بزوتنەوەی خەڵکیی زۆر زەروورە بە هاوپشتی چینی کرێکاران … زاهیر باهیر

نزیکەی چوار دەیەیە هاوپشتی چینی کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانی کەرتە پیشەسازییەکان و کۆمپانییە زەبەلاحەکان بۆ بزوتنەوەی خەڵکی کە ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە, یا نەبینراوە یاخود زۆر دەگمەن بوووە.
ئەم دیارەدیە زۆر بە ئاسانی دەبینرێت. با هەر دوور نەڕۆین تەماشای بزوتنەوەی سەوزی حوزەیرانی 2008ی ئێران، ئەوەی پار کە هێشتا هەر ناو بەناو دەردەکەوێتەوە، بکەین ، هەروەها ولاتانی ” بەهاری عەرەبیی”ش. هەر ئاواش ئەم دیاردەیەمان لە ئەردەن و بەحرەین و خۆپیشاندان و پرۆتیستە گەورەکەی گازی پارکی تەقسیمی تورکیا، ساڵی 2013 و فەرەنسای 2005 یش، بینیوە کە بێ پشتوپەنای کرێکاران ماونەتەوە .

لەو هەموو خۆپیشاندان و پرۆتێستانەی عێراق–یش بە کوردستانیشەوە کە هەر لە داگیرکردنەکەی 2003 وە سەری هەڵدا، تەنانەت ئەمانەی ئەم دوایەی مانگی تەموز و سێبتەمبەری شاری ‘بەسرە’ی ساڵی پار، 2018، لێرەش هاوپشتی کرێکارانمان نەبینی. لە وڵاتانی بلۆکی شەرقی کە سەر بە شورەویی جاران بوون ، خۆپیشاندانێك و پرۆتێستێکی زۆر لەم ساڵانەی دواییەدا هەتا ئەم دوایەش دەرکەوتن بەڵام هێشتا هەر کرێکاران وەکو پێویست پشتگیرییان نەکردن . لەمانەش گرنگتر ئەوەی فەرەنسایە کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری پارەکەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە ، چینی کرێکاران هەر خەریکی کاری خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەن بۆ خاونکارەکان و خاوەنکۆمپانیاکان .

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیهانگیریی [گڵۆبەلایزەیشن/ عەولەمە] و قەبارە و جۆرێتیی [ کواڵەتی] چینی کرێکاران لەم چەرخەدا ، هەموو ئەمانە دەبوایە ئێمەی بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستیی ببردایە یاخود لانی کەم هارکاریی و هاوپشتی ئەو بزوتنەوانەی خەڵكییان بکردایە کە بە بەردەوامی و لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن.
بەڵام مەخابن ئەوەی کە لەم چوار دەیەیەدا دەیبینین، چینی کرێکاران یا هاوپشتییان نەکردون یاخود هەر زۆر کەم. من وای دەبینم کە زەمینەی هەنووکەیی پیشەسازیی ، تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتوو، جیهانگییریی ، هەمو ئەمانە دەبوایە ئامادەکاریی بۆ شۆڕش بکردایە.

گرفتەکەش هەر ئەوە نییە کە شۆڕش ڕووینەداوە ، بەڵکو خودی بزوتنەوەی کرێکارانیش لە زۆرێك لە وڵاتانا هەر بوونی نییە. هەلومەرجی ئێستایی کرێکاران گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەدوور لە بزوتنەوەی خەڵکی بگرێت. پرسیار دەکرێت بۆچی تا ئێستا شۆڕش ڕوینەداوە؟ من لێرەدا هەوڵنادەم کە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە چونکە من لە هەندێك لە وتارەکانی پێشترما خۆم لە قەرەی وەڵامەکەی داوە. بەڵکو من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەو بارودۆخەی کە گەمارۆی کرێکارانی داوە، بەم نوسینە گەر کورتیشە، لێکبدەمەوە، ئەمەش بەگوێرەی بۆچوون و تێگەیشتن و ئەزموونەکانی خۆمن .
من باوەڕم وایە ئەم هەڵوێستەی چینی کرێکاران کە پاڵپشتی بزوتنەوەی خەڵکی ناکات زۆر بە توندی گرێدراوەتەوە بە جیهانگیرییەوە [ گڵۆبەلایزەیشن] . بۆ من ئەوە ئاشکرایە بە فراوانبوونی شەپۆلی جیهانگییریی، بە گەیششتنە وڵاتانی زیاتر، چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بوون . بۆ سەلماندنی ئەمەش دەکرێت سەرنجی ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بدەین:

کەی جیهانگییریی دەستیپێکرد؟ بە واتایەکی دیکە لەکەیەوە چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوانی ئابوورییناسان و مێژووناسەکانا ڕایەکی هاوبەش و یەکگرتوو نییە سەبارەت بە سەردەمی یاخودی مێژووی دەستپێکردنی جیهانگییریی. هەندێکیان دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای چەرخی نۆزدە. هەندێکی دیکەیان بۆ چەرخەکانی شازدە و حەڤدە، بەتایبەت بۆ یەکەم ئیمپایەری پورتوغالیی و ئیسپانییەکان ، دواتریش بۆ ئیمپایەری ‘دەچەکان’ و بریتانییەکان کە دەستیان بە کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان، کرد. ئەم گروپە باوەڕیان وایە ئەمە لە سەرەتای چەرخی حەڤدەدا، بەدیاریکراوی پاش دامەزاندنی کۆمپانیا فرە قەومییەکەی کە ناوی کۆمپانیای بریتانی لە ڕۆژەهەڵاتی هندستانا بوو، کە لە ساڵی 1600 دا، دامەزرا ، ئەمە سەرەتای جیهانگییریی بووە.

لەگەڵ ئەم ڕایانەدا زۆرێكیش کە لەم بوارەدا کاردەکەن ئەوە دەسەلمێنن کە جیهانگییریی سەردەمیانە [مۆدێرنانە] لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستیپێکردووە.. ئەمەش کاتێك کە ڕێگادراوە کە کاڵای هەرزان لە بەرهەمێنانا و بەکارهێنانی هێزی بازووی هەرزان، کەوتە بەردەست ، ئەم دیاردەیە زۆر یا کەم ، پاڵنەرێك بوو بۆ پێشەوەچوونی ئابووریی هەنگاوێك زیاتر.
کاپیتاڵیزم لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پێی نایە قۆناخێکی نوێوە و هاوکاریی جیهانگییریی کرد. ئەمەش سەرەتایەك بوو بۆ دۆزینەوە و و دامەزراندنی کۆمەلێك دامەزراوەی جیهانیی. یو ئێن [United Nation ] ، فراوانبوون و زیادبونی ژمارەی کۆمپانیای فرەنەتەوەیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ، ڕیکەوتنی یا پەیمانی گشتی لەسەر گومرگ و بازرگانیی General Agreement on Tariffs and Trade (GATT),] ، پەیمانی/ڕێکەوتنی ئازادی بازرگانیی باکوریی ئەمەریکا، [North American Free Trade Agreement (NAFTA) ] ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی[World Trade Organization (WTO)] ، پەیمانی ماستریخت [Maastricht Treaty ] و لە کۆتایشدا یەکێتی ئەوروپا [European Union]. تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کە نرخی یاخود تێچوونی بازرگانی کەمکردەوە ، بڕی گوومرگ و سنووریی زۆنی بازرگانیی لابرد یا هەر زۆر کەمیکرندنەوە ، هەموو ئەمانە هاوکار و یارمەتیدەری ئەو دامەزراوانە بوون کە لە سەرەوە باسمکردن.

ئاڵوگۆڕکردنی زانست و پێشکەوتنی لەسەرجەمی دونیادا ، تەکنەلۆجیا و بەرهەمەکان ، ماسمیدیا، پێشەوچوون و تەشەنەکردنی هاتووچۆی جیهانیی ، پەیوەستکردنەوەیی تەلەفونیی و بەشەکانی ئەلەکترۆنیی ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و کاربڕیان لە جیهانگیریی سەردەمدا ، گێڕا.

بۆچی جیهانگیریی ، چینی کرێکارانی لەبری چالاکبوون پاسیڤکرد؟

ئەوانەی کە لەسەرەوە پەنجەم بۆڕاکێشان سوود و زیانی خۆیان بە چینی کرێکاران گەیاند. بەڵام بەڕای من بۆ سەرمایە و سەرمایەداریی زۆر زیاتر تاکو چینی کرێکاران، بەسوودتر بوون.
من بۆ وەلامی ئەو پرسیارەی سەرەوە دوو هۆکاری سەرەکی دەبینم:
یەکەم: جیهانگییریی سەردەم بەهەر شوێنێك گەیشتبێت تەواوی ستراکتوریی چینی کرێکارانی گۆڕیوە. ئەوەی کە بۆ کرێکاران ماوەتەوە و هاوبەشە تەنها ناوەکە و فرۆشتنی هێزی بازوو و مێشکیانە ، نە زۆر نە کەم. ئێمە ئەم دیاردەیە لە بریتانیادا زۆر بە ئاشکرا دەبینین. کرێکاران لەسەر کار بۆ توێژاڵی جیا جیا و بەهەلومەخی جیا دابەشکراون. ئیدی چی تر یەکێتی چینی کرێکارانی، تەنانەت لە هەمان کۆمپانیادا یا کارگەدا ، یا هەمان سۆپەرمارکێتا، یاخود لە خەستەخانەکانا، شارەوانییەکانا، بەهۆی دامەزراندنی کەرتی جیاوازەوە ،لەناوبردووە ، لانی کەم تا ئێستا.

کەرتی ئای تیی ، بەرهەمهێنان، کەرتی دۆزینەوەی بازاڕی فرۆشتن ، ڕێکلامە، بەشی دامەزراندنی کرێکار و کارمەند، ئەدمین ، کرێکارانی سەر کاسەکان ، کرێکارانی پاراستن و پاککەرەوە و پاسەوانی شوێنەکانی سەر کار ، تەکنیشنەکانی پاراستن و چاککەرەوەی ئامرازەکان و ماشێنەکانی کار… ئەمانە چەند کەرت و بەشێکن لە هەمان کۆمپانیادا، کارگەدا یا لە شارەوانییەکان و خەستەخانەکان و ..تد . ئەم کرێکارانە و ستافەکانی دیکە کە لەو شوێنەدا کاردەکەن هەلومەرجی کار و سەر کاریان و موچەیان جیاوازە. ئەمەش هۆکارێکە کە بە دەگمەن دەیبینینن کە کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیایەك یاخود کارگەیەك بەیەکەوە مانبگرن بۆ هاریکاریی کرێکارنی دیکە و هەتا بەشێكی خودی کرێکارانیش لە بەشەکانی کۆمپنایەکە یا شارەوانییەکە کە لە مانگرتنان .

گومانیش لەوەدا نیە کە لێرەدا نقابەش ڕۆلێکی گەورە یاریدەکات بە ڕازیبوونی دابەشکردنی کرێکاران بەسەر چەند نقابەیەکی جیاوازدا . ڕەنگە یەكێك بلێت ئەوە لە بریتانیادا بەهۆی یاسای دژە نقابەوەیە بۆیە کرێکاران ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا گەر کرێکاران لە بناخەدا بەهێز و یەکێتییان هەبوایە، چالاکی جددیان دژی مارگرێت تاچەری سەرەکوەزیرانی ئەوکاتەی بریتانیا ، بکردایە، کە ئەو بوو یاسای دژە نقابەی چەسپاند ، هەرگیز تاچەر زاتی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم یاسایە بخاتە گەڕ. تاچەر ئەمەی کرد لەبەرئەوەی کە کرێکاران خۆیان لاواز ، بەش بەش، بێ ورە، بوون، مرۆڤگەلێکی نەیار بە خۆشیان بوون. بێ گومان ئەمە نەدەکرا گەر نقابەی مەرکەزیی و پارتی کرێکارانی بریتانیی یارمەتیدەری تاچەر نەبوونایە.

مێژوی کرێکاران لە چەرخەکانی هەژدە و نۆزدەدا، تەنانەت لە نیوەی چەرخی بیستی-شدا ئەوە دەسەلمێنێیت کە چینی کرێکاران زۆر چالاک و یەکگرتوو بوون لەو سەردەمانەدا. هۆکاری ئەمەش، لای من ، تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرمایەداریی وەکو ئەم دواییە پێشنەکەوتبوو و جیهانگییریی سەردەمیانەش نەهاتبووە کایە. هەنووکە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆچیا و قەبارە و جۆرێتیی چینی کرێکاران کە شۆڕشگێڕە پێشەنگ و قەدیمەکان لە نێوانیشیانا کارل مارکس-ش ڕایانوابووە کە ئەو مەرجانە دەکرێت بەس بن بۆ ڕوودانی شۆڕش. ئەی بۆچی ڕووی نەدا ؟ وەڵامی پرسیارەکە بۆ خودی خوێنەر بەجێدەهێڵم .

فاکتی دووەم، جیهانگییریی جوتێك پێشکەوتنی لەتەك خۆیدا هێنا: یەکەم: زۆرێك لە بەڕیوەبەرانی ناونجیی درووستکرد ، هەروەها ڕۆبۆت، زۆرینەیەك لە خەڵک کە ئێستا لە بەشەکانی وەکو : کڕینی شمەکی جیا جیا [ دووکان و بوغازە و سوپەرمارکێتەکان]، بەشی هاتووچۆ، گەشتکردن ، بەشەکانی دیکەی وەکو : باڕەکان، شوێنەکانی دیکەی خۆاردنەوە، هوتێل، قاوەخانە، چێشتخانە، جۆرەکانی دیکەی خواردەمەنی، هێنایە ئاراوە . هەندێك لە ڕاپۆرتە نوێیەکان ڕێژەی سەدیی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کەلەم شوێنانەی سەرەوە کاردەکەن بە لە سەدا 26 ی سەرجەمی کرێکارانی بریتانیای خەمڵاندووە . هاوکاتیش بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی نقابەی مەرکەزیی بریتانیی تەنها 2.6 ملیۆن کرێکار لەبەشەکانی پیشەسازییدا کاردەکەن.

کاری پیشەسازیی واتە کارکردن لە کارگە و کارخانەکانا لە ساڵەکانی حەفتاکانی چەرخی ڕابووردووەوە بەشێکی بچوکی ئابوریی بریتانیا پێکدەهێنن. دووەم: جیهانگییری بە ڕۆڵی خۆی بێکارییەکی یەکجار زۆر، پەنابەر و کۆچبەر ، خەڵکانی هەژار هەر زۆر هەژار، کرێکارێکی زۆر بە بە پارەیەکی یەکجار کەم کە هیچ زەمانەت و ئایندەیەکیان لەسەر کارەکانیان، نییە ، دروستکردووە. تا ڕادەیەك لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەك هەر بەتەنها لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی پیشەسازیی گەشەکردوو، ئەم دیاردەیە دەبینین. جیهانگییریی کارێکی وای کردوە کە خەڵکێکی زۆر لەدامێنی کۆمەڵ-دا بژین و پەرواوێز بکەون.

خەڵکانی فەرامۆشکراو، پەراوێزخراو کە من لەگەڵ سەرجەمی کرێکارانا بە چینی پڕۆلیتارییان دەزانم و دەناسم کە: بێکاران ، خانەنشیکراوان، قوتابی و خوێندکاران، پیاوان و ژنانی تەنیا باڵ لەگەڵ منداڵەکانیانا کە کار دەکەن یا لەسەر بیمەکانن ، ئەوانەی لەسەر بیمەکانن ، کەمئەندامان و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتیی، دەسگێڕەکان، خاوەندووکانە بچووکەکان .. تد . هەرە زۆرینەی پڕۆلیتاریان ، ئەمانە لەم جیهانەدا لەسەر هێڵی برسێتی دەژین و هەندێکیشان لە خوار ئەو هێڵەوە ژیان دەبەنەسەر. دەتوانین پەنجە بۆ زۆرێك لە وڵاتە جیا جیاکانی بەشەکانی جیهان یا کیشۆرە جیاوازەکانی دونیا ڕاکێشین کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانیان داهاتی ڕۆژانەیان یا تاکە دۆلارێکی ئەمریکییە یا دوو دۆلارە.

ئەم خەڵکانە لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆمەڵایەتییەوە، داراییەوە باری ژیانیان زۆر خراپترە لەو کرێکارانەی کە کەم تا زۆر کارێکیان هەیە و داهاتیان باشترە لەوان، هاوکاتیش گەلێکیان شوێنیێك ، خانویەكیان هەیە کە تیایدا دەژین گەر چی بە کرێش بێت. بەم جۆرە ئێمە دەبینین کە پڕۆلیتاریا بەشە زۆرەکەی کۆمەڵن لە هەر شوێنێکی ئەم دوونیایەدا، بن، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بێ چارە ماونەتەوە. ئەمانە ژیانێکی ناڕەحەت دەچێژن ، ژیانیان کولەمەرگییە . خۆشبەختانە زۆرێك لەمانە لەپێناوی باشکردنی ژیانیانا لە خەباتدان دژ بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە. هەر ئەم هۆکارەشە واتە زۆرینەی پڕۆلیتاریا لە کۆمەڵدا، کە من باوەڕم وایە یا شۆڕش نابێت یاخود دەبێت شۆڕشی پڕۆلیتاریا و کۆمەڵایەتیی، بێت ، نەك بە تەنها شۆڕشی چینی کرێکاران.

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ، مانای ئەوە نییە کە چینی کرێکاران ڕۆڵیکی کەمدەبیننن لە شۆڕشی سۆشیالیستیی-دا . لە ڕاستیدا شۆڕش بێ بەشداریکردنی ئەوان و هاوپشتییان کە زۆر زەرووری و بناخەییە، مەحاڵە، چونکە یا بزوتنەوەکە ، ڕاپەڕینەکە ڕەنگە بەرەو جەنگی ئەهلی بڕوات ، یاخود لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوکانەوە ، یا لە لایەن گروپە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکانەوە وەکو ئەوەی کە لە ” بەهاری عەرەبی”دا بینیمان ، کۆنترۆڵدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کرێکاراندا، ئەگەری ئەوەش هەیە زۆر درێژە بکێشێت کە لەم بارەشدا خەڵکیی هیلاك و بێ ئومێد و پەردەوازە دەبێت و دواتریش لە لایەن دەوڵەتەوە بزوتنەوەکە تێدەشکێت.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر – لەندەن
04/01/2019




ترسان لە دونیای نوێ‌، ترسان لە رەواڵەتی دونیای نوێ‌ … 2 … نەبەز گۆران

_2_

لە دونیای نوێی_سیستەمی سەرمایەداری_ دا فەزای نوێ‌ دروستدەبن. فەزای شوێن و كاریگەری لەسەر مۆدێلی ژیان، ئیشی ئەم بەشەی وتارەكەیە. دەمەوێت لێرەدا لەسەر فەزای شوێن و ترس لە دونیای نوێ‌ كەمێك بوەستم، پاش روانینێكی خێرا لەسەر فەزای شوێن، پرسیاری ترس لە دونیای نوێ‌ و ترس لە سڕینەوە و كاڵكردنەوەی كلتوور دەبێتە چەقی بەرهەمهێنانەوەی پرسیارەكانمان. پێشوەخت گرنگە بزانین ئەو فەزایانەی دونیای نوێ‌ دروستیدەكات چ جۆرە فەزایەكن و، مەترسییەكانیان چیین؟ ئایا لەم فەزا نوێیانەدا كلتوور چی بەسەردێت و نەریتخوازی بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات؟ بەرگریكارانی رابردوو بە كەرەستەیی نەریتییەوە چۆن لەم دونیا نوێیە و لەم فەزا نوێیانە دەروانن؟ بۆچی واعیز بەردەوام دونیا بارگاوی دەكات بە ئاكار و، هەموو نوێیەك بە دژە ئاكار دەزانێت؟ ئایا دونیای نوێ‌ دونیایەكی نا ئاكارییە و كلتوورەكەی ئێمە كلتوورێكە تەنها لە چوارچێوەی ئاكاردا دەبینرێت؟
(لۆفیڤرە) دەڵێت: “سیستەمی سەرمایەداریی فەزا بەرهەم دەهێنێت.” فەزای ئایدیالی، فەزای مەجازی، فەزای گشتی، فەزای تایبەت، فەزای جیاواز… هتد. هەریەك لەم فەزایانەش دونیاكەی بەستراوە بە سیستەمەكەوە، بەڵام فەزاكان لەشوێنی خۆیاندا تاسنوورێك ئازادییان هەیە.

دونیای نوێ‌ ناتوانێت بەبێ‌ بەرهەمهێنانی فەزا درێژە بە بازاری خۆیبدات، بۆیە بەردەوام دەبێت فەزا بەرهەمبهێنێت تا بازاری نوێ‌ بەرهەم بهێنێت. كۆی فەزاكان لە دونیای نوێدا، فەزایەكن بۆ بازار و لەناو ئەم بازاری فەزایانەدا كلتوور و مۆدێلی ژیان و مەعریفە و هونەر و فەرهەنگ، جوڵەی خۆیاندەكەن. ئەوەی گرنگە جێی سەرنجبێت فەزاكان بۆ سڕینەوەی كلتوورەكان دروست نابن، بەڵكو بۆ بازار دروستدەبن و، مەودایەكی ئازادی لەم فەزایانەدا هەیە تا كلتوور و هونەر و فەرهەنگ و مەعریفە بتوانن كاری خۆیان بكەن. بۆ ئەوەی كەمێك لەسەر چەمكی _فەزا_ بوەستین دەگەڕێینەوە لای (سیتوارت ئێلدن) ئەم بیركرەوەیە بە پشتبەستن بە ئاماژەكەی (فۆكۆ) كاتێك دەڵێت: ” كەڵكەڵەی سەدەی بیست فەزایە.” بەشوێن مانا جیاوازەكانی ئەم چەمكەدا دەگەڕێت و لەهەر ئان و ساتێكدا كار لەسەر ماناكانی دەكات، لەم كاركردنەدا بۆ ئێمە روندەبێتەوە_فەزا_ چەندین گۆڕانكاری بەسەر ماناكانیدا هاتووە. “وشەی فەزا، لە وشەیەكی لاتینییەوە وەرگیراوە_ مانا راستەقینەكەی مەودا، یان درێژییە. خودی وشەكە لە خولانەوەی گالیسكەی ئەسپ سوارییەوە وەرگیراوە. لە سەدەكانی ناوەراستدا نووسەران ئەم وشەیان بۆ دەفر بەكار دەهێنا، پاشان بۆ فەزای ئاسمان. لەسەردەمی دیكارتدا مانایەكی دیكە وەردەگرێت، كە مانایەكی بیركاریانەیە. بەڵام بەهەموو ئەو مانا جیاوازانەوە پەیوەندی وشەكە بەستراوە بە _كات و شوێن_ەوە. ستیوارت ئێلدن.”

لەم ئیقتیباسەوە بەرچاومان روندەبێت، فەزا لەگەڵ بەكارهێنانی وشەیەكی دیكە لەگەڵییدا، مانایەكی دیكە وەردەگرێت. كاتێك لە سەر _فەزای شوێن_ قسە دەكەین، مەبەستمانە لەسەر ئەو ژینگەیە قسەبكەین لەو شوێنەدا بەرهەمدێت. بۆ یارمەتیدانی خۆمان دوونمونەی سادە وەردەگرین. ئەم دوو نمونەیە لەیەك شاردا وەردەگرین. یەكێكیان بەرهەمی دونیای نوێیە، ئەویدكەیان بەرهەمی ژینكە ئاساییەكەی ناو ژیانە ئاسیی و میللییەكەیە. هەردوو شوێنەكە لەناو یەك شاردان، هاوڵاتییەكانی هەردوو شوێنەكە خەڵكی یەك شارن، بەڵام شوێنێكیان جۆرێك لە ژیان جۆرێك لە ژینگەی پەیوەندی و نەریت بەرێدەكات، ئەویدیكەكان جۆرێكی دیكە، كە هیچ كات مرۆڤەكانی ناو ئەم دوو ژینگەیە، ژیانیان بەراورد ناكرێت. ئەم دوو نمونەیە ئەشێت لە زۆربەی شارەگەورەكاندا هەبن و بەهۆی گەشەی سیستەمە جیهانییەكەوە وردە وردە ئەو فەزایانەش دەگوازرێنەوە بۆ شارۆچكەكان و پاشان بۆ گوندەكانیش. (لەم دوو نمونەیە قسە لەسەر جیاوازی چینایەتی ناكەین، قسە لەسەر فەزای شوێن دەكەین، لە دونیای نوێداو، ئاوەژوكردنەوەی ئەو ترسەی واعیزی نەریتخواز بۆ دونیای نوێ هەیەتی و ترسەكەی دەبەستێتەوە بە كلتوورەوە.)
نمونە: شاری سلێمانی، لەناو ئەم شارەدا، گەڕەكی (وڵوبە) لەگەڵ (قەیوان سیتی) وەردەگرین. گەڕەكی (وڵوبە) لەسەر ژینگەیەكی ئاسایی كۆمەڵایەتی دەژی و (قەیوان سیتی) فەزایەكی نوێ‌یە بەرهەمی ئەم دونیا نوێییە. بە روانینێكی خێرا لەسەر شێوە ژیان و ژینگەی ئەم دوو شوێنە، نزیكدەكەوینەوە لە فەزای شوێن و كاریگەرییەكانی لەسەر ژیان و پەروەردەی تاكەكان و جۆرێكی دیكە لە كلتووری پێكەوەبوون.

(قەیوان سیتی_ خانوەكانی بەشێوەیەكی هەندەسی رێكوپێك دروستكراون، لەرووی قەبارە، لەرووی رەنگ، لەرووی یەكسانی هەندەسی، هەموو كۆڵانێك دیمەنی تایبەت بە خۆی هەیە و دیمەنەكان خاڵی نین لە ستاتیكای بیناسازی نوێ‌. خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان، لە ئاو، كارەبا، رێگەوبان، لولەكەشی غاز، ئاوەڕۆ، هیچ كێشەیان نییە و، گەر كێشەیەكیش هەبێت، بە یەك زەنگ بۆ ئیدارەی كۆمپانیاكە بە خێرایی كێشەكە چارەسەر دەكرێت. هەر لەناو ئەو كۆمەڵگەیەدا، باخچەی ساوایان، پارك، كافتریا، مەلەوانگە، ماركێت، دایەنگە، خوێندنگە لەسەر سیستەمی پەروەردەی جیهانی.. هتد. هەیە. هەرهەموو ئەو شوێنانەی پێویستن بە شێوە ژیانێكی نوێوە لەم دونیانوێیەدا، لەم كۆمەڵگایەدا گرنگی پێدراوە، تەنانەت تا سەنتەری وەرزشی و سەنتەری جوانكاری و..هتد.(هەموو ئەم شوێنانەش ناومان هێنان، دەچنە ناو چوارچێوەی فەزای شوێنەوە لە دونیای نوێدا.)
لەناو كافێكان و باخچەكاندا كچان و كوڕان، ژنان و پیاوان، خیزانەكان پێكەوە دادەنیشن و هیچ جیاكارییەك نەكراوە بۆ دروستكردنی گرێی رەگەزیی. ئاسایشی كۆمەڵگەكە پارێزراوە. منداڵەكان لە باشترین خوێندنگە كە سەر بە كۆمپانیاكەیە دەخوێنن. منداڵەكان لە كافێكان یادی لە دایك بوونیاندەكەنەوە و فەزایەكی خۆشیان بۆ رێكدەخرێت.

ئاسایشی خەڵكەكە لەلایەن تیمی _ سیكوریتی_ كۆمپانیاوە دەپارێزرێت. خەونی منداڵەكان بەدەستهێنانی بروانامەی بەرز و گەیشتنە بە ئاستێكی بەرزی خوێندن. زۆربەیا زمانی دیكە دەزانن، بەتایبەت ئینگلیزی. هیچ كات كۆڵانەكان شوێنێك نین بۆ دانیشتنی ئێوارانی ژنان و هاتنە دەرەوەی منداڵان بۆ یاریی كۆڵان ، بەڵكو بەرادەیەك بێدەنگ و ئارامن هەستناكەیت كەسی تێدا دەژیت. كێشە و شەڕ زۆر بە دەگمەن روودەدات، گەر رووشبدات دەبێتە شوێنی سەرسوڕمان و پرسیاركردن كە بۆچی روویداوە و دۆخی سایكلۆژی لەم كۆمەڵگە نوێیەدا لە تائاستێك جێگرە. دیاردەی چەكداری نابینرێت و ئەو بەرپرسانەی لەم كۆمەڵگەیەدان شەوان لەگەڵ خەڵكی ئەو كۆمەڵگەیە بەسەر شەقامەكاندا وەرزشدەكەن و پێویستیان بەوە نییە چەكبەدەست لە دەوریان بن. كچ و كوڕەكان لەو زانكۆیانە دەخوێنن زمانی ئینگلیزی بناغەی خوێندنە و سیستەمی خوێندن سیستەمی نوێیە، بە هەمان شێوە كۆی خوێندنگاكان لەسەر سیستەمی نوێیە و هیچ پەیوەندی بە سیستەمە كلاسیكیەكەی حوكومەتەوە نییە. پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بنەمای كات رێكدەخرێن و بەبێ‌ دروستكردنی كات، هیچ ناسراوێك خۆی ناكات بە ماڵی ئەویتردا… هتد)

ئەم شوێنە،یەكێكە لەو فەزا نوێیانەی لە دونیای نوێدا بەرهەم دێت. ئێمە جارێ ناپرسین، ئایا ئەم فەزا نوێیە، كە بەرهەمی دونیای نوێیە، مەترسیی بۆ كلتوور دروستدەكات یان كلتوور گەشە پێدەدات؟ لەبری ئەم پرسیارە و وەڵامەكەی دەچینە لای ناساندنی گەڕەكی (وڵوبە)
(وڵوبە گەڕەكێكی ئاسایە و مێژووی گەشەكردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاكان. شێوەی دیزاینەكەی دەبەسترێتەوە بەو شێوە دیزاینەی سیستەمی فاشی_بەعس_ بۆ ئۆردوگاكانی دروستدەكرد. خانوەكانی ئەم گەڕەكە هیچ ستاتیكایەكیان تێدا نییە. هەركەسەو بەپێی سەلیقەی خۆی قەبارەی خانوو، رەنگی خانوو، بەرزونزمی خانووی دروستكردوە. پڕە لەناڕێكی هەندەسی و جوانی. لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی، ئاو، كارەبا، نەوت، رێگەوبان، ئاوەڕۆ، لەو پەڕی خراپیدایە و سیستەمی دەسەڵاتەكە ناتوانێت بۆیان دابینبكات و جۆرێك لە دۆخی شێوانی سایكۆلۆژی بۆ خەڵكی نیشتەجێبووی ئەم گەڕەكە دروستكردوە. باخچەی ساوایان، دایەنگە، خوێندنگەی تایبەت، پارك، كافێ‌، مەلەوانگە، شوێنی وەرزش و لەشجوانی، ماركێت، هیچ كام لە م شوێنانە كە شوێنن دونیای نوێ‌ دروستیاندەكات بۆ ئاسانكردنی ژیان، لەم گەڕەكەدا بوونی نییە.

لەرووی ئاسایشەوە دڵنیاییەك لە ئارادا نییە. لە زۆرشوێنی كۆڵانەكان بەرپرسی بچكۆلەی حیزبی لەبەردەرگای ماڵەكانییان قولەی پاسەوانێكیان قوتكردوەتەوە و لەبەردەرگای ماڵەكانیان تاسەیەكی گەورە هەڵدەكەنن بۆ رێگریكردن لە تیژرۆیی ئۆتۆمبێل. بەشێكی گەڕەكەكان كۆڵانەكانی خۆڵە. لە دەرەوەی گەڕەكەكە تەنها پاركێكی بچكۆلانە هەیە تا گەنجە بەدبەختەكان_كوڕەكان_ كچەكان نا، شەوان تێیدا كۆببنەوە و جگەرە بكێشن. بەشێكی زۆری گەنجەكان لەناو بازارە میللییەكەی شار خەریكی كاری دەستفرۆشی و عەرەبانچیەتین و خەونی بەدەستهێنانی بروانامەیان جێهێشتووە بۆ پەیداكردنی بژێویان.

دەمەوعەسران بەردەرگای ماڵەكان پڕدەبن لەژن و منداڵەكان دەرٍژێنە كۆڵان. دیاردەی چەكداری و چەقۆهەڵگرتن لای بەشێك لە گەنجەكانییان جۆرێكە لە نمایشكی شكۆمەندانە! خوێندنگەكانیان بە مۆدێلە كۆنەكەی دەسەڵات دروستكراوە و بە مۆدێلە كۆنەكەش وانە دەوترێتەوە، بۆیە كەمترین خۆشەویستی دەبینی لە لایەن خوێندكارێكەوە بۆ خوێندنەكەی. پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی چڕ رژاون بەسەریەكدا و هاتووچۆكردن بۆ ماڵی یەكتری، وەك هاتووچۆكردنە بۆ ماڵی خۆت و، هیچ بنەمایەكی كاتدانان بوونی نییە. خەڵكێكی سادە لە جل و بەرگ، سادە لە روانین بۆ دونیا، سادە لە ژیانكردن. گەر كێشەیەك یان شەڕێك رووبدات، نابێتە حیكایەت، بەڵكو وەك دیمەنێك لێدەروانرێت كە پێشتر روویدابێت.

لە چەند كۆڵانێك بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە دوژمندارەكان دیواریان لەناوەراستی كۆڵانەكە هەڵچنیوە و بەردەوام پاسەوانی خۆیان دەكەن… هتد)
ئەم شوێنە شوێنێكە بەرهەمی دونیای نوێ‌_سیستەمی سەرمایەداری_نییە. شوێنێكە بەرهەمی دەسەڵاتێكی فاشییە بۆ كۆكردنەوە خەڵكی ناوچە سنوورییەكان، تابتوانێت بە شێوەیەكی باش كۆنترۆڵیان بكات. شوێنێكە نەریت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە ئاستێكی توندان و، قۆناغێكی درێژی پێویستە تا ئەم دیدگایە ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت. ئەوانەی ترسیان لە دونیای نوێ هەیە، ئەشێت دونیای نوێ‌ نەناسن، ترسەكەیان ترسێكی مەعریفی نییە، ترسێكە لە چوارچێوەی رەواڵەتدا. جیاوازی دونیابینی خەڵكەكەی ئەم دوو شوێنە، لە هەموو قوژبنێكی ژیانەوە دەرك دەكرێت، تەنانەت ئەو گۆرانیانەی لە شوێنە نوێیەكە گوێیان لێدەگیرێت، هەرگیز ئەو گۆرانیانە نین لە شوێنە كۆنەكە گوێیان لێدەگیرێت.

تەنانەت ئاستی گوێگرتنیش بە هۆی فەزای شوێنەوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. ئەم گۆڕانكارییانە تەنها لە ئاستی ژیان و سەلیقە و گوێگرتندا نییە، گەر وردببینەوە لە هەموو رووەكانەوە شوێنەكان دەسكارییەكی زۆری دونیای تاكەكانی كردوە، لەكاتێكدا گومانم نییە، خێزانێكی گەڕەكی (وڵوبە) بهێنە، دووساڵ لە كۆمەڵگەی (قەیوان سیتی) بژیت، بەشێكی زۆری دونیابینی و شێوە ژیان و روانینی دەگۆڕێت و، لانیكەم هەوڵدەدات لەگەڵ ئەو ژینگە نوێیەدا بگونجێت شوێن بۆی دروستدەكات. یانی كاریگەری فەزای شوێن لەسەر پەروەردە و كلتوور، یەكێكە لە كاریگەرییە بنەرەتییەكان. ئێستا بەشێك لە كۆمەڵناسەكان پەروەردە تەنها نابەستنەوە بە خێزانەوە، لە دەرەوەی خێزان چەندین فەزا هەیە، هەریەك لەو فەزایانە كاریگەری خۆی دروستەكات، یەكێك لەو فەزایانەش كاریگەری لە پەروەردە و كلتووردەكات، فەزای شوێنە.

ئێمە لە رێگەی بەراوردێكی ئاسایی ئەم دوو شوێنەوە تێدەگەین، فەزا نوێیەكە ژینگەیەكی دیكە و جیهانێكی دیكەیە، كە ئەم ژینگەو جیهانە نوێیە لەرووی پەروەردە و دونیابینی و كلتوورەوە، جیاوازییەكی گەورەی هەیە لەگەڵ گەڕەكەی بەرامبەری هەیە. بێگومان خۆمان لەوە لانادەین ئەمە جیاوازی چینایەتییە، بەڵام ناشتوانین بەو رستە نەریتیانە رازیبین ترسمان لە دونیا نوێ‌ هەبێت و نەزانین بۆچی لێیدەترسین. ئەگەر نمونەی: ئەم شوێنە نوێیە مەترسی بێت لەسەر كلتوور، كەوایە گەرەكە میللییەكە خزمەت بە كلتوور دەكات! هاوڵاتییانی هەردوو شوێنەكە، لەناو یەك كلتوور و زمان و ژینگەی شاردا دەژین، لێ‌ جیاوازییەكانیان لە شێوە ژیاندا بەهۆی فەزای شوێنەوە پەروەردەی خەڵكەكەی گۆڕیووە.

ئەمە ئەو فەزایە كە (لۆفیڤرە) باسیدەكات. سیستەمی سەرمایەداریی بەبێ‌ دروستكردنی فەزای نوێ‌، نابێتە سیستەمێكی درێژ ماوە. بێگومان لە پشت ئەم فەزا نوێیەوە كۆمەڵێك فەزای دیكە هەیە بە هۆی خراپ بەكارهێنان و كەمهوشیارییەوە بوونەتە مەترسی لەسەر پەروەردە و زمان و دونیابینی. نمونە: فەزای مەجازی_دونیای شاشەكان_ ئەم فەزایە بە تایبەت تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، دوێكی كراوەتە فەزایەكی جەنگەڵیی. فەزایەكە بەكارهێنەرانی لە دونیای واقیع دادەبڕێت و دەیانخاتە ناو دونیایەكەوە لەیەك چركە ساتدا چەندین دیمەن و چەندین فریودان و حەقیقەت بەرچاویان دەكەوێت و، دۆخێكیان بۆ دروستدەبێت ئەكرێت بە دۆخی_ناڕوونی_ ناوی ببەین و، لەم ناڕونبوونەدا زۆرجار بەكارهێنەر راستی و ناراستی، جوانی و ناشیرینی، خود و ونكردنی خود، ئەویتری دەمامكدار و ئەویتری حەقیقی بۆ جیاناكرێتەوە.

ئاستی دابەزینی هوشیاری لە دونیای شاشەكان، رووبەرێكی زۆری ئەم فەزایەی داگیركردوە. هەموو بەكارهێنەرێك بۆخۆی میدیاییەكی هەیە، لەم میدیاییەدا پەیوەندییەكی بەردەوامی لەگەڵ ئەوانیتری دەرەوەی خۆی هەیە. ئەشێت ئەو بەكارهێنەرە لەم میدیاییەی خۆیەوە مەعریفە و ستاتیكا و هونەر و دونیابینی نوێ‌ بخاتە روو، ئەشێت پێچەوانەكەی بكات و سەرقاڵی پەخشكردنی ژەهر و ئەویتر شكاندن و ئەویتر سڕینەوە و وێرانكردنی خۆی و پیسكردنی ژینگەی فەرهەنگ و توندوتیژی بێت. لە هەردوو دیوەكەدا فەزای دونیای شاشەكان، وەك فەزای شوێن، بەرهەمی دونیا نوێیەكەیە وەك ئەو فەزایەی لەسەرەوە باسمكرد. لەیەكێكیاندا سەرمایەدارێك دێت ژینگەیەكی نوێ‌ لەگەڵ دونیانوێیەكەدا بگونجێت دروستدەكات و لەویتریاندا بەكارهێنەر خۆی سەرپشكە چ جۆرە جیهانێك بۆ خۆی دروستدەكات و دەیەوێت بەپێی هوشیاری خۆی چی بەرهەم بهێنێت.

لێرەدا وەك كەوانەیەك جیاواز لە باسەكە پێویستە بڵێم: من بۆخۆم لە دونیای نوێ_سیستەمی سەرمایەداری_ بروای تەواوم بەم تێگەیشتنەی (ژیل دۆلِۆز_) هەیە كە دەڵێت:” لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها یەك شت جیهانییە، ئەویش بریتییە لە بازار. دەوڵەتی جیهانیش بوونی نییە و تەنها بازار جیهانییە، دەوڵەتەكان ماركێتی ئەم بازارەن.” بێگومان گەر دیدگاكەمان لە دوو شوێنی شارەوە بگوازیینەوە بۆ نەخشەی هەرێم و دەوڵەت، دەبێت بیر لە بازار بكەینەوە. دونیای نوێ دونیای بازارە، دەوڵەتەكان وەك چوارچێوە و وەك سیاسەت و ئایدیای تایبەت بەخۆیان و ژینگەی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام دواجار ماركێتێكن بۆبازاری سیستەمە جیهانییەكە. هەرچۆن سەرمایەدارێك دێت لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا كۆمەڵگەیەكی نوێ‌ و ژینگەیەكی نوێ‌ دروستدەكات تا ببێتە بازارێكی نوێ‌ و ژیانێكی نوێ‌، بە هەمانشێوەش دەوڵەتەكان لە چوارچێوە گەورەكەی خۆیاندا نایانەوێت ئەركی بە ماركێت بوون لە دەست بدەن و بخرێنە دەرەوەی سیستەمە جیهانییەكە.
ماركێت و كافێكان و هۆڵی لەشجوانی و هۆڵی جوانكاری لەش و بانكەكان و… هتد بەرهەمی دونیای نوێن. دەوڵەتەكانیش وەك ماركێتێك بەدەرنین لەم بە بازاركردنەدا. كێشە ئەوەیە لەناو سیستەمە جیهانییەكەدا دەوڵەت وەك ماركێت نەناسی و هەموو ئەو فەزانوێیانەی دونیای نوێ‌ بەرهەمیاندەهێنێت نەناسی و لەشوێنیی خۆتەوە نەریتخوازانە باس لە بەرگری لەكلتووربكەیت و نەشتەوێت تێبگەیت كلتوور چییە و مەترسییەكان لەسەری لەم دونیانوێیەدا چین! پاشان ئامەدەنەبی بۆ ساتێك بیر لەم دونیانوێیە بكەیتەوە و لەرێگەی زمانێكی میللیەوە تەفسیری بۆ بكەیت! (بەرێزیان:بە پێی سیستەمە جیهانییەكە ئێمە هەرێمین هێشتا ماركێت نین، مینی ماركێتین.)
با لەم نەخشەیە بێینە دەرەوە جارێكی دیكە بچینەوە سەر پرسیارەكەی خۆمان. بەراست بە پێی ئەو نمونانەی لەسەر فەزای شوێن هێنامانەوە، مەترسی لەسەر كلتوورە؟ ئەو ژینگەیی لەو شوێنە نوێیانەدا دروستبووە ژینگەیەكە كلتوور بسڕێتەوە یان ژینگەیەكە بەرگێكی نوێ‌ دەكات بە كلتووردا؟ هاواركەرانی نەریتخوازیی دەیانەوێت لەناو ئەم بەبازاربوونەی جیهاندا بە چ كەرەستەیەكی مەعریفی بەرگری لە كلتووربكەن؟ هەریەك لەو هاواركەرانە دەتوانن خۆیان لەم نمونانە بكەنە دەرەوە و بەشێك نەبن لەم مۆدێلی ژیانە؟ ئەگەر كارەكتەرێك لەناو شار بژیت، یان لە شارچكەیەك و تارادەیەك لە گوندیش، نەچێتە كافێ‌، نەچێتە هۆڵی لەشجوانی، نەچێتە ناو شاشەكان بە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە، نەچێتە مەلەوانگەكان، نەچێتە یاریگاكان، نەچێتە رێستورانتەكان، نە چێتە ماركێت و مینی ماركێتەكان، نەچێتە بانكەكان، دوربێت لە هەموو كەرەستەو كاڵایەك بەرهەمی دونیای نوێیە، دوربێت لە هەموو فەزایەك دونیای نوێ‌ دروستیدەكات، پێویستە پێمان بڵێت: چۆن دەژیت و چ جۆرە كلتوورێكی هەیە؟

بێگومان ئەوانەی بە دیدگایەكی نەریتیی و ئاكارییەوە سەیری دونیای نوێدەكەن، دیدگاكەیان بەكەڵكی ئەوەنایەت ئەم دونیا نوێیەی پێبخوێنیتەوە. بە پێچەوانەی ئەو نەریتخوازانەوە، لەبەشی یەكەمی ئەم وتارە باسم لە رەواڵەتكرد و ترس لە رەواڵەت ترس نییە لە وێرانكردنی كلتوور، لەم بەشەدا باسی فەزای شوێنمانكرد، كە ئەم فەزایە وزە بە بەرهەمهێنانەوەی پەروەردە و كلتوور و جۆرێكی دیكە لە جوانبینین، دونیا بینی، جۆرێكی دیكە لە ژینگەی جیاوازی ژیان دروستدەكات و، مەترسییەك نییە بۆ كلتوور. نەك هەر مەترسییەك نییە بۆ كلتوور، فەزایەك لە جیهاندا هەیە، ئەم فەزایە لە رێگەی بازارەوە دابەشدەبێت بەسەرشوێنەكاندا و، لەم فەزایەدا كلتوورەكان لەیەكتری نزیك دەبنەوە و كلتوورەكان گەشە بە خۆیان دەدەن و، ژینگەیەكی كلتووری دروستدەبێت، لەم ژینگە كلتوورییەدا كلتوورە جیاوازەكان هەوڵی سەرلەنوێ‌ خۆ رەنگكردنەوە دەدەن.

بەكارهێنەرانی ئەم فەزایانە كە زۆربەیان فەزای گشتین، گەر كەمێك بەباشی فەزاكان و كلتوور بناسن، زۆر بە ئاسانی بە پێی قۆناغێكی كەم دەتوانرێت رەنگێكی دیكە بدرێتەوە بە كلتوور و پەروەردە، كە جیاوازبێت لەو رەنگە نەریتیەی بۆ كلتوور و پەروەردە دروستكراوە. بارگاویكردنی كلتوور و پەروەردە بە ئاكار، نەناسینی كلتوور و پەروەردەیە. ترسان لە دونیای نوێ لە دیدێكی ئاكارییەوە، ترسانە لە ئاكارێك خۆی هیچ رەگوڕیشەیەكی نییە و نەریت بەزۆر سەپاندویەتی.
هەرئاكارێك رەگوڕیشەی هەبێت لەناو كلتووردا لەترسی نەریت بەرهەم نەهاتبێت، لە دونیای نوێدا گەشە بەخۆی دەدات، هەرئاكارێكیش لەترسی نەریت بەرهەم هاتبێت، لەم دونیانوێیەدا بەپێی كات كاڵدەبێتەوە. تەماشاكردنی دونیای نوێ‌ وەك دژە ئاكارێكی _نێرسالارانە_ نەناسینی دونیای نوێیە و، كورتنكردنەوی كلتووریش بۆ بۆ ئاكار، مەترسیدارترە لە هەموو ئەو تەوژمانەی رووبەرووی كلتوور دەبنەوە. (من لێرەدا تەنها قسەم لەسەر ئەو ترسە بێبنەمایە كردوە لە دونیای نوێ بۆ سەر كلتوور، قسەم لەسەر دیوەكەی تری سەرمایەداری نەكردوە، كە جیاوازی چینایەتی و نائینسانییەت و شێواندنی ژینگە رووبەرێكی گەورەی ئەو سیستەمەیە. ئەكرێت لە شوێنی دیكە سەرنجی لەسەر بدەم، بەڵام فەزا نوێیەكان وەك نەریتخوازان بانگەشی بۆ دەكەن، ترس نین لە كلتوور، ترسن لەو دونیابچوكەی نەریتخواز وەعزەكانی خۆی تێدا دەدات.)

درێژەی هەیە …..




سه‌وڵ له‌ به‌رمۆدای (خود- عیشق‌- نیشتیمان) دا …. سۆران محه‌مه‌د

لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی:

سه‌رده‌مانێك له‌مه‌وپێش شاعیرانێك هه‌بوون گیانیان لێك نزیك بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و کۆڕی ئه‌ده‌بی و شوێنی کۆبوونه‌وهی دیاریکراو هه‌بوون‌ پێکه‌وه‌ی گرێ ده‌دان، ئه‌وانیش ژماره‌یان به‌ په‌نجه‌کان ده‌ژمێردران، به‌ڵام مه‌خابن هه‌ر زوو لێشاوی ته‌کنه‌لۆژی ئای تی و گۆڕانکارییه‌ خێراکانی جیهانی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و ساتانه‌ی له‌ زیهن و ژیاندا خێرا کوژانده‌وه‌و شاعیره‌کانیشی په‌رتکرد هه‌ریه‌ك به‌لایه‌کدا؛ ره‌نگه‌ له‌م ساته‌دا هه‌ندێکیانم له‌یاد بێت و هه‌ندێکیشیان نا، بۆیه‌ نامه‌وێت ناوی که‌س بهێنم، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم شاعیر (سیروان ناشاد) یه‌کێك بوو له‌و ده‌نگه‌ گه‌رم و گوڕو پڕ هه‌ڵچوونانه‌ی ده‌یویست به‌ شیعر جیهان وێنا بکات.‌

له‌م رۆژانه‌دا که‌ ده‌قی (سه‌وڵ)ی شاعیر سیروان ناشادم خوێنده‌وه‌، توشی رامانی کردم، ئیدی سه‌رکۆنه‌ی خۆمم کرد که‌ بۆچی ده‌قێكی وا سه‌رنجڕاکێش و پڕ ره‌هه‌ندو کراوه‌ هیچی ده‌رباره‌ نه‌نووسراوه‌؟ وابزانم ئه‌و ده‌قه‌ش دوا ده‌قی ئه‌و شاعیره‌یه‌ که‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌ گۆڤاری (نووسه‌ری نوێ) بڵاوبووه‌وهو من ئاگاداری بم‌، ده‌قێکه‌ له‌ چه‌ند روویه‌که‌وه‌ جێی تێڕامان و لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌رکردنه‌.
رۆڵان بارت وای ده‌بینێت: ئه‌ده‌ب کورتهه‌ڵناهێنێت له‌ باش و خراپدا، یان پۆلێنکردن و ڕیزکردنی ره‌گه‌زه‌کان، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌رینه‌وه‌و جوڵه‌‌ به‌ر‌پا ده‌کات له‌ناو پۆلێنه‌ کۆنه‌کاندا، بۆیه‌ ئه‌و وای ده‌بینێت ده‌ق وه‌ستاو نییه‌و هه‌میشه‌ له‌ جوڵه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ که‌ ده‌بێته‌ هۆی تێپه‌ڕاندن و ئاوهاش ده‌قی چێژبه‌خش له‌ له‌ده‌ستدانه‌کانه‌وه‌ حاڵه‌ت ده‌خولقێنێت و پشوو ده‌گۆڕێت به‌ شه‌که‌تیی.‌

پاش خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌م ده‌قه‌ بڕیارمدا له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئاسته‌کانی لێدوان ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و شیعره‌‌ دابه‌شی ئه‌م چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌‌ بکه‌م، که‌ خودی جیاکاریه‌کان زه‌مینه‌خۆشکه‌ری ئه‌م ده‌ستنیشانکردنه‌ بوون:

1- ئاسته‌کانی گوتاری شیعریی.، 2- سێکوچکه‌ی بونیاتی مانا. 3 – ئاسته‌کانی ڕێزمان. 4- ئاسته‌نگه‌کانی ناو ده‌ق. 5- پارادۆکسه‌کان (لایه‌نی هونه‌ریی).
ئه‌م ده‌قه‌ داده‌نرێت به‌ ده‌قێکی فر‌ه‌ ده‌نگ و چڕ، که‌ هه‌ڵگری زیاتر له‌ ماناو ده‌لاله‌تێکه‌، ئاسته‌کانی گوتار تیایدا هه‌ڵبه‌زو دابه‌زین ده‌کات له‌ نێوان لێدوان له‌ خود، بانگکردنی که‌سی نادیار، خودا، شۆخ، هاوڕێ، ئه‌وان، تۆ….
شاعیر له‌م شیعره‌دا سه‌ره‌تاو کۆتا کۆپله‌ی به‌ (ماراسا) ده‌نووسێ، ئیتر ئایا مه‌به‌ست له‌مه که‌‌‌سیه‌تیه‌کانی ناو شانۆی ماراسادی نووسه‌ر (پیته‌ر وایس)ی فه‌ره‌نسییـه که‌ له‌ شه‌سته‌کاندا له‌ واقیعیکی جۆشدراوی شۆرشدا نووسراوه‌، پێشی ده‌گوترێت: (شانۆی شۆڕش و کوشتن و گۆرانی و شێتی)،که‌ باس له‌ رۆلی نه‌خۆشانی ده‌رووونی و رۆشنبیری به‌رزو توانای داهێنه‌رانه‌ ده‌کات ، به‌ گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌ره‌، یان ئه‌وساو ئێستای وڵات.
ناوی (ماراساد)یش پێکهاته‌یه‌که‌ له‌ کۆتایی هه‌ردووناوی که‌سایه‌تی ناو شانۆکه‌ : (جان پۆل مارا) و (ماركيز دى ساد) پێکهاتووه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌مه‌ هه‌ر گریمانه‌یه‌که‌و شاعیر ره‌نگه‌ بۆ خاتری زمانی شیعریی پیتی (د)ی له‌ کۆتایی ناوه‌که‌دا نه‌نووسیبێت، یان ره‌نگه‌ ناوێکی جوانی خه‌یاڵی بێت و شاعیر وه‌ك تازه‌گه‌رییه‌ك به‌کاریهێنابێت، وه‌ك چۆن ماراسا ساروفار بورتيكو – هوتێلێکی ناوداری ناوچه‌ی (راجكوت) ـه‌ له‌ هندستان.
به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ زیاتر بۆ به‌رچاو روونی خوێنه‌ران بوو، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا گه‌ر مانای تریشی هه‌بێت هیچی ئه‌وتۆ له‌ ئاستی دیدو خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌ ناگۆڕێت.

/ چۆن ده‌توانین ماراسا به‌سه‌ر رایه‌خی د‌ڕکه‌ زییا بخزێنینه‌ نێو پێچه‌کانه‌وه‌
که‌ شه‌لاڵی برینانین/
یه‌که‌م/ ئاسته‌کانی گوتاری شیعریی:
له‌م شیعره‌دا به‌ چڕی به‌ر کۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی ماناداری ناسۆراوی ده‌که‌وین له‌سه‌ر هه‌ر سێ هێڵی( ویژدان، سۆز، هزر) ده‌جوڵێن، که‌ له‌ پشت هه‌ر یه‌که‌یانه‌وه‌ سه‌رگوزشته‌و به‌سه‌رهاتێك ره‌نگه‌ هه‌بێت، که‌ شاعیر توانیویه‌تی به‌ زمانێكی جوانی شیعریی وه‌سفه‌کان بهۆنێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ هه‌ڵبه‌زو دابه‌زه‌کانی ده‌قه‌که‌دا بمانبات و ئه‌و جیهانه‌ کاولانه‌مان نیشان بدات که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه‌ دادو فیغانێکی بی ئاکامیان ده‌رباره‌ ده‌کات که‌ زه‌مه‌نیش تیایاندا په‌رت بووه‌ به‌سه‌ر: (رابردووه‌کان، ئێستا)دا. له‌م جه‌نجاڵیه‌دا شاعیر چاوی ئاسۆکانی لێڵ ده‌بن و سه‌ر ئه‌وه‌ی ناپه‌رژێت بیرێك له‌ نه‌خشه‌ی پرۆژه‌کانی داهاتوو بکاته‌وه‌، کاتێك باس له‌ داهاتووش ده‌کات هه‌موو ڕێگاکان له‌به‌رده‌میدا ده‌گیرێن و تاکه‌ وه‌ڵامێك ده‌ست ده‌خات که‌ له‌سه‌ر دیوارو ده‌رگاکانی به‌خته‌وه‌ریی نووسراوه‌: (هه‌رگیز)
/ کامه‌رانی له‌ نوکته‌ ئێکسپایه‌ره‌کانی ژیان ده‌چێ/

*

/ هێشتا نه‌مانزانیوه‌ سه‌رابه‌ ڕێی ئه‌م غوربه‌ته‌ نامانگه‌یه‌نێته‌ هیچ
له‌ نزای چه‌پڵه‌کانیش نه‌گه‌شتین
ئومێدی گوڵه‌ دالیاکان به‌ هه‌ڵه‌تی هه‌ڵدێریان بردین/
هه‌رچه‌نده‌ بشیه‌وێت به‌ کامه‌رانی بگات، به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌م ئاکامه‌ مه‌حاڵه‌و مه‌گه‌ر هه‌ر داواخوازی ئه‌وه‌ بێت له‌ راناوی نه‌ناسراوی (ئه‌و) که‌ به‌ مه‌رگێکی هێمنی بسپێرێت. (مادام نه‌یتوانی دڵی چۆله‌که‌یه‌ك ئاشتکاته‌وه‌و فرمێسکی مناڵه‌کان بسڕێت و نوزه‌ی مێرووله‌ پانبووه‌کان ژیر بکاته‌وه‌)
/ خودایه‌!
تازه‌ دڵی چۆله‌که‌یه‌کمان پێ ئاشت ناکرێته‌وه‌
به‌ لیواری گۆسه‌بانه‌که‌وه‌ بوو به‌ چلووره‌
ئیدی فرمێسکی ئه‌و منداڵه‌ لیمان خۆش نابێ
بێ گوناهـ له‌ ره‌حمی زه‌مه‌ندا مه‌یی
نوزه‌ی ئه‌و مێرووله‌یه‌ نابڕێته‌وه‌ به‌ گه‌وره‌یی پێمان لێنا/
سه‌یروره‌تی تاوان ده‌رحه‌ق ئه‌م بوونه‌وه‌ر و شته‌ بچوکانه‌ ئیکۆیه‌کی ئازاراوی هه‌میشه‌یی له‌ زه‌ین و ناخی به‌ ئاگای شاعیردا جێهێشتووه‌ که‌ هه‌رگیز چاك نابێته‌وه‌و هه‌رگیزیش ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ریان و بیانگۆڕێت، ئه‌مه‌یه‌ ده‌سه‌وسانی شاعیر به‌رانبه‌ر قه‌ده‌ری زاڵ ده‌رده‌خات و خود له‌به‌رده‌م ئه‌م به‌رداشه‌ مه‌زنه‌دا زۆر سست و گرمۆڵه‌و بێتوانا و ده‌روون ساکاو ده‌بێت.
به‌ڵام گه‌ر بێینه‌ سه‌ر شێوه‌ی ئه‌م مانایه‌ وه‌ك (بونیاتگه‌راکان) به‌ مه‌یدانێکی ئه‌زمونیی کاری خۆیانی ده‌زانن، ئه‌وا ده‌توانین به‌م جۆره‌ شێوه‌ گشتیه‌که‌ نیگار بکه‌ین وه‌ك به‌ره‌نجامێکی خوێندنه‌وه‌ی کۆپله‌که‌:

نادادیی له‌گه‌ڵ لانه‌وازان——کۆتاییهاتوو———-ئازار———بێکۆتایی
شاعیر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ یه‌کسه‌ر به‌ وه‌سفی موعاناته‌کان ده‌ستپێده‌کات پاشان دێته‌ سه‌ر کارتێکه‌ریی ئه‌م موعاناتانه‌ له‌سه‌ر خودی شاعیرو دواتر دێته‌ سه‌ر هۆنینه‌وه‌ی ئازارو به‌شێک له‌ موعاناته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خودو هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ وه‌ك ئه‌و خاوه‌نی زاتێکی مه‌رگه‌ساتاوین، ئه‌مه‌ش چۆن کارتێکه‌ریی بووه‌ به‌سه‌ر بنیاتنانی بێهوێدییه‌کی قووڵ به‌سه‌ر شیعره‌که‌و هه‌ستی شاعیره‌وه‌، جارانێك ده‌مانباته‌وه‌ بۆ رابردوویه‌کی دوورو کۆسته‌کانی ئه‌نفال. جارانێکیش ده‌مانهێنێته‌وه‌ بۆ واقیعێکی تاڵ به‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ له‌ تاوان و سێبه‌ری خیانه‌ت و وێستگه‌ی کاڵبوونه‌وه‌و له‌ده‌ستدانی قه‌ناعه‌ت و ئایدیاکان که‌ ساڵانێک له‌ خه‌وندانی شاعیردا جموجۆڵیان بووه‌، ئاوها شاعیر درك به‌ فه‌رامۆشکردنی بوونه‌وه‌ره‌ لاوازه‌کان ده‌کات و سه‌رکۆنه‌ی خۆی له‌سه‌ر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ گێڕانه‌وه‌ی چرکه‌ ساته‌کان و هه‌ڵدانی کۆلاره‌ی منداڵی به‌ په‌تی خۆشنوودیی و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی به‌رائه‌تی منداڵی:
/ به‌م قرچه‌ی سووتانه‌ ئه‌سه‌ف که‌ ناتوانین
کۆلاره‌کان به‌ په‌تی خۆشنوودی هه‌ڵده‌ینه‌وه‌/
ئاوها سه‌وڵه‌کان له‌ کار ده‌که‌ون و له‌ سێ کوچکه‌ی به‌رمۆدای (خود- عه‌شق- نیشتیمان)دا شاعیر له‌ ده‌ست و پێ ده‌که‌وێت و ته‌می ده‌سه‌وسانیی باڵی ره‌شی به‌سه‌ر ده‌قه‌که‌دا ده‌کێشێت. ‌
دووه‌م/ سێکوچکه‌ی بونیاتی مانا:
ئه‌م ده‌قه‌ به‌ سه‌ر سێ بابه‌تی سه‌ره‌کیدا دابه‌ش ده‌بێت، که‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ته‌واوکه‌ری ئه‌وه‌ی تره‌و به‌ هه‌رسێکیان سێگۆشه‌یه‌ك دروست ده‌که‌ن و که‌شی گشتی قه‌سیده‌که‌ ده‌خه‌مڵێنن، له‌ هه‌ندێك جێدا خوێنه‌ر ده‌بێت له‌ پشت زاراوه‌کانه‌وه‌ ئه‌م سێ ره‌هه‌نده‌ که‌شف بکات، له‌ هه‌ندێك جێشدا ئاشکرا ره‌هه‌نده‌کان ماناکانیان ته‌عبیر له‌ خۆ ده‌که‌ن و ئاسانتر خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ده‌ستیان بهێنێت. که‌ ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك له‌ (خود، عه‌شق، نیشتمان)ن. به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی هه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌که‌ له‌خۆی کۆده‌کاته‌وه‌ ده‌بێته‌ خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان بریتییه‌ له‌ ناسۆرو ئازارو شکست و موعاناته‌کان، که‌ ده‌توانین ئا لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ به‌کارهاتووه‌کانی هه‌ر یه‌ك له‌م کۆڵه‌کانه‌ ڕیز به‌ند بکه‌ین که‌ له‌ شیعره‌که‌دا به‌کارهاتوون تاکو زیاتر به‌ دنیابینی شاعیر و دۆخی ده‌روونی شاعیر له‌ ساتی نووسینی ده‌قه‌که‌دا ئاشنا ببین.
-خود: / مه‌مله‌که‌تێکم له‌ کۆس و قۆچ/
-/ نیشتیمان: حه‌رفێك بوو نه‌خوێنرایه‌وه‌/
– / عیشق: نوشته‌یه‌ك بوو به‌تاڵکرا/
ئه‌لف/ خود: وه‌سفه‌ جۆراوجۆره‌ به‌کارهاتووه‌کانی خودی بێژه‌ر یان دانه‌ر، زیاتر له‌م ده‌سته‌واژانه‌ی شاعیردا چڕ ده‌بنه‌وه‌:
(جه‌سته‌ی سوتاو، له‌رزین، پێی شه‌قار، پێکراو، کفت و که‌مجوڵه‌و که‌توو، سیغاری ژه‌نگاویم، به‌رچنه‌یه‌ك ژان، بۆکڕوزی نێڵه‌کانم، باڵا شه‌نگه‌بی له‌رزیو و ته‌زیو وتۆقیو و ڕچیو، تۆپه‌ به‌فرینی وه‌هم).
بێ/ نیشتمان: نیشتیمان به‌ هه‌ردوو رووه‌ مه‌جازیه‌که‌ی (ناخی شاعیرو نیشتیمانی واقیعی) یان ئه‌و وێنانه‌ی بۆ نیشتیمان کێشراون له‌ چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌کدا ده‌ربڕینیان لێکراوه، که‌ ئه‌وانیش له‌سه‌ر هه‌مان ره‌زم و ئیقاعی مانا به‌رجه‌سته‌کراون، که‌ ئه‌مانه‌ن:‌
(تاریکستانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵچو، ته‌مێکی ڕێ ونکه‌ر، سارای سه‌راباوی، بیابانی لماوی، نیشتمانی ته‌پکه، حه‌رفێکی نه‌خوێندراوه، نیشتیمان لاله‌نگییه‌کی پاککراو، سه‌رابه‌ ڕێی غوربه‌ت، ویستگه‌ی کاڵبوونه‌وه، گۆڕێکی به‌ کۆمه‌ڵ، داره‌مه‌یت،مه‌مله‌که‌تی کۆس و قۆچ)
جیم/ عیشق:
ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ عه‌شق و مه‌عشوقه‌وه‌ لێره‌دا پۆلێن ده‌که‌ین، جا ئایا ئه‌و عه‌شقه‌ ره‌ها بێت و مه‌عشوقیش زیاد له‌ زاتێك بێت، یاخود ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مرۆڤیشدا بێت ئاوها به‌رجه‌سته‌ ده‌بن و له‌ ده‌قه‌که‌دا جێیان پێ ده‌درێت، یان به‌ له‌گه‌ڵ دوان یان به‌ وه‌سفکردن به‌کارهێنرابن‌:
( سواخم ده و دامپۆشه‌ با ئه‌م درزانه‌ نه‌بینی،‌ روو وه‌رگێڕه، سوێره‌شکی عیشق، عیشق نووشته‌بوو به‌تاڵکرا، خواردنه‌وه‌ی دوا نوزه‌م له‌ پیاڵه‌یه‌کی شکاودا بخۆره‌وه‌)
له‌ ئاکامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌که‌ جوداکانی ئه‌م سێ ره‌هه‌نده،‌ ده‌گه‌ینه‌ یه‌ك راستی ره‌ها که‌ هه‌ر سێ کوچکه‌که‌ پێکه‌وه‌ گرێ ده‌دات و له‌ خاڵی (ناسۆرو ئاکامی مه‌رگه‌ساته‌ جیاوازه‌کاندا سێگۆشه‌یه‌ك پێکدێنن که‌ من به‌ (به‌رمۆدای ناسۆر) ناوی ده‌به‌م، وه‌ك له‌ هێڵکاریی ژماره‌ یه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت:‌

سێیه‌م/ ئاسته‌کانی ڕێزمان:

ناو/ ڕاناو/ جێناوه‌کان:
گیانی په‌ژموورده‌ی شاعیر له‌ سه‌رجه‌م کۆپله‌و دێڕه‌کاندا به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆ ده‌رده‌که‌وێت، ته‌نانه‌ت گۆڕین و هه‌مه‌جۆریی ڕاناوی که‌سانی بانگکراو و وتوێژ له‌گه‌ڵکراو‌ ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنن، که‌ چۆن شاعیر ته‌نانه‌ت جارانێك په‌نا ده‌باته‌ به‌ر به‌کارهێنانی ڕاناوی ئه‌و، ئیتر به‌ (ئه‌و)ێکی ئاڵۆزو نه‌ناسراو ده‌مێنێته‌وه‌ تاکۆتایی ده‌قه‌که‌و لێره‌وه‌ خوێنه‌ر چێژ ده‌با له‌ خه‌مڵاندن و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی (ئه‌و)ی به‌کارهاتوو، کێیه‌و رۆڵی له‌م ده‌قه‌دا چییه‌؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت:
(ئێی به‌سته‌زمان) که‌ ره‌نگه‌ هه‌ر خودی شاعیریش بێت وه‌کو منێکی سایکۆلۆژی بووبێته‌ (ئه‌و)و وتوێژی له‌گه‌ڵدا بکرێت، که‌ ئه‌مه‌ش جۆرێکه‌ له‌ شێوازی مه‌نه‌لۆگی شیعریی.
– ناو و جێناوه‌کان:
* خودایه: 4جار
/ خودایه‌ چ حیکمه‌تێکه‌ ئه‌م بوونه‌
چ سڕێکه‌ ئه‌م گه‌ردوونه/‌
*شۆخ:
/ ئه‌ی شۆخ …دوانوزه‌م له‌ پیاڵه‌یه‌کی لێو شکاودا بخۆره‌وه/
* هاوڕێ 2جار:
/ هاوڕێکانیش له‌ بیابانێکی لماویدا جێیان هێشتین/
* نه‌نك 2جار:
/ زینده‌گی له‌ حیکایه‌ته‌کانی نه‌نکم ده‌چوو نیوه‌ شه‌وان/
* باپیر:
/ سوتووی جغاره‌ عاره‌بییه‌که‌ی باپیره‌م/
* تۆ:
/ وه‌تده‌زانی به‌رسیله‌ی کامه‌رانی ده‌چنی/
* من:
/ من تۆزی ئه‌ودیو مێژووم پێوه‌یه/‌
* ئه‌و:
/ جا چۆن کچی پاشای به‌خته‌وه‌ریی ماره‌ بکه‌ین؟/
/ ته‌عاروفێك له‌گه‌ڵ راهیبه‌یه‌کدا بکه‌ین/
تێبینی: گه‌ر ورد سه‌رنج بده‌ن ده‌بیننن چۆن شاعیر ره‌شبینییه‌کان باڵیان به‌سه‌ردا کێشاوه‌، یان وه‌کو مه‌حوی ره‌نگه‌ به‌ خۆی بڵێت (له‌ناکه‌س کاریا) یان (به‌ زایع چوو له‌ مالایه‌عنیا) بۆیه‌ بۆ به‌خته‌وه‌ریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، له‌کاتێکدا له‌ زۆربارداو لای زۆرێك له‌ زاناکان وا باسکراوه‌ که‌ له‌ ناخه‌وه‌ دروست ده‌کرێت. که‌چی لێره‌دا شاعیر ته‌نانه‌ت په‌نا بۆ ئه‌فسانه‌کانیش ده‌بات به‌و مه‌رجه‌ی بگاته‌وه‌ به‌خته‌وه‌ریی.. ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ی هیوا دروست ده‌کات و مانا به‌ ژیان ده‌به‌خشێت.. ره‌نگه‌ ئه‌م حاڵه‌تی هه‌ستکردن به‌ تاوانیش به‌س ده‌روونی بێت و ئاوهاش لای شاعیر چه‌که‌ره‌ی کردبێت.

* ئێمه:

/ تۆپه‌ به‌فرینه‌کانی وه‌همین به‌سه‌رخۆدا داده‌چۆڕێین /

هه‌روه‌ها کاراکته‌ری ئاژه‌ڵه‌ لاوازو بچوك و پاکو دڵڕفێنه‌کانیش که‌ هێمای ئازادی و ساده‌یی و جوانین بێبه‌ش نه‌بوون له‌م ده‌قه‌دا وه‌کو که‌ره‌سه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی رازاندنه‌وه‌و گه‌یاندنی ماناکانی ده‌ق که‌ ئه‌وانیش:
(که‌و، سوێسکه‌، ماسی، پۆڕ، باڵنده‌، مێرووله‌)ن.

4چواره‌م/ ئاسته‌نگه‌کانی ناو ده‌ق:

وه‌ك چۆن شاعیر له‌سه‌ره‌تاو دوا کۆپله‌دا له‌ پڕکردنه‌وه‌ی پێچه‌کان به‌ دوای خه‌می ‌فریادڕه‌س عه‌وداڵ ده‌بێت، له‌ کاتێکدا زه‌مین رایه‌خی دڕکه‌ زییه‌و برینانیش شه‌لالی خوێنن، ئه‌وا شاعیر رووبه‌رووی چه‌ند ئاسته‌نگێکی جودا ده‌بێته‌ که‌ بڕسکی لێده‌بڕن و هه‌موو ساتێك جۆرێکی جیاواز ناهومێدیی تێدا ده‌ڕوێنن که‌ له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ گه‌وره‌یی ئازاره‌کان رابمێنین و له‌گه‌ڵ شاعیردا به‌شداری کۆسپ و خه‌مه‌کان بین، تا که‌مێك باری سه‌رشانی سوک بێت.
له‌ سه‌راپای تانوپۆی ده‌قه‌که‌دا ئه‌م ئاسته‌نگانه‌ ده‌رده‌که‌ون و هه‌ر جارێك له‌ وێنه‌یه‌کی شیعری جیاوازو مانایه‌کی تراژیداویدا خۆیان نمایش ده‌که‌ن:
/ به‌م قیبله‌ نوما ژه‌نگاوییه‌وه‌ چۆن له‌ تاریکستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵچووه‌ ڕێ ده‌رکه‌ین
که‌ غه‌ریقی به‌حری تاوانین/
*
/ له‌ کام ره‌زا به‌رچنه‌یه‌ك ژانی یاقوتییت چنی لێم بگه‌ڕێ
که‌ به‌سه‌ر که‌لاوه‌یه‌کی سوتاوه‌ی گه‌رمێندا که‌وتی من ڕازه‌ چاو خۆڵه‌مێشییه‌که‌م/
ئه‌م توخمانه‌ش ئاوها دابه‌ش ده‌بن و لیکدانه‌وه‌یان بۆ ده‌کرێت:
(1- قیبله‌نومای ژه‌نگاوی: نه‌خشه‌ڕێی جوڵان و دۆزینه‌وه‌کان.
2-ده‌ڤه‌ری هه‌ڵچوو: به‌مانای شوێن وه‌ك سه‌نته‌رێك بۆ سه‌رلێتێكچوون.
3-خیانه‌ت: له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان.
4- گوناهـ: له‌سه‌ر ئاستی خودی وتوێژکه‌رو دانه‌ر.
5- موعاناته‌کان و مه‌رگه‌ساته‌کان: به‌ره‌نجامی کۆی ئه‌و 4 پێکهاته‌ی سه‌ره‌وه‌ن که‌ شاعیر وه‌كو زات و بابه‌ت توشی قه‌یرانی هیواو به‌خته‌وه‌ریی دێت) وه‌ك ده‌ڵێت:
/ ئه‌ی پاشماوه‌ی مه‌رگه‌ساته‌کان
روو وه‌رگێڕه‌ فریای بۆکڕوزی نێڵه‌کانم ناکه‌وی
سیغاره‌ ژه‌نگاویه‌که‌ی ڕۆژگارم/
که‌ لێره‌شدا ده‌توانین به‌ هێڵکاری ژماره‌ دوو ئه‌م مه‌به‌سته‌ زیاتر روون بکه‌ینه‌وه‌:

پێنجه‌م/ پارادۆکسه‌کان (لایه‌نی هونه‌ریی):

له‌م ده‌قه شیعریه‌دا به‌ر چه‌ند پارادۆکسێکی نوێ ده‌که‌وین، که‌ زیاتر وێنه‌ شیعریه‌کان تازه‌ ده‌که‌نه‌وه‌و به‌های ئیستاتیکی ده‌قه‌که‌ به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ له‌ وێنه‌ی شیعری سه‌رنجڕاکێشدا جێیان کراوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ به‌م دوو وێنه‌یه‌ ده‌ده‌ین:

1. / وه‌ره‌ هاوڕێ له‌ ژێر ئه‌م (بی)یه‌ ره‌زا قورسه‌دا
دیژله‌مه‌یه‌کی کامه‌رانی فڕ که‌ین/
لای هه‌موو شاعیرانی تر (داربی) به‌ رووه‌ جوان و شۆخه‌که‌ی به‌کاردێت و ده‌شوبهێنرێت، به‌ڵام لێره‌دا به‌ هۆی دنیابینی و که‌شی ره‌شی قه‌سیده‌که‌وه‌ (دار بی)یه‌کانیش ره‌زایان قورسه‌، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌میشه‌ چای تاڵ ناخۆش و دڵتنه‌گکه‌ره‌، که‌چی لێره‌دا به‌کاردێت وه‌ك هۆکاری فه‌راهه‌مهێنانی کامه‌رانی، که‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌و مانا له‌م پارادۆکسه‌دا پێچه‌وانه‌ ده‌کاته‌وه‌و ئاوها کۆکراونه‌ته‌وه‌:
داربی: ناشرین——دیدگای مه‌رگه‌ساتاویی
چای تاڵ: کامه‌رانی——– که‌واته‌ خۆشی و ناخۆشییه‌کان هه‌ر یه‌کن که‌ تاڵن

*

2. / شاتووه‌کانی فیراق لێره‌ به‌ر ده‌گرن

دره‌خته‌کانی موعانات هه‌میشه‌ سه‌وز/
جارێکی تر شاتوو و دره‌خت مایه‌ی ئاسووده‌یی و گه‌شه‌و خۆشیهێنه‌، به‌ڵام لێره‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی مانای خۆیانه‌وه‌ سوودیان لێبینراوه‌ به‌ خستنه‌ پاڵی فیراق و موعانات بۆ هه‌ردووکیان، که‌ دووباره‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر خزمه‌ت به‌ سیاقی گشتی ماناو که‌ش و دیدگای شیعریی شاعیر ده‌کات. که‌ تونراوه‌ له‌ شوێنی خۆیاندا شیاو به‌کاربهێنن و شاعیر داهێنانیان تیا بکات:

3- ئه‌ودیوی ره‌شبینی:

ئه‌وه‌ی لای زۆربه‌مان خوێندراوه‌ته‌وه‌و زانراوه‌ به‌کارهێنانی خۆڵه‌مێشی(ماتریال)ـه بۆ جه‌سه‌دی(ماتریاڵ) و وه‌کو دوو هاوتا به‌کاردێن و به‌مه‌ش مانا باوه‌که‌ی به‌دیدێنێت، که‌چی زۆر ناوازانه‌ لێره‌دا به‌ر ئه‌و مه‌جازه‌ ناوازه‌یه‌ ده‌که‌وین که‌ راده‌ی تراژیدی و ناسۆره‌کان چۆن نه‌ك به‌س ئێسقانی کون کردووه‌، به‌ڵکو رۆحی (میتافیزیك)یشی سووتاندووه‌و کردوویه‌تی به‌ خۆڵه‌مێش که‌ ئه‌مه‌ به‌س له‌ دنیای فانتازیدا ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌مه‌ش ره‌وانبێژییه‌کی جوانه‌ بۆ ده‌رخستنی ڕێژه‌ی قوربانی و سووتان. لیره‌دا شاعیر داوا ده‌کات و به‌ هاوڕێیه‌ك که‌ نازانین کێیه‌و له‌ چ ئاراسته‌یه‌که‌وه‌ هاوڕێی شاعیره‌و له‌سه‌ر چ ڕێیه‌ك رۆژێك له‌ رۆژان کۆبوونه‌ته‌وه‌ یان له‌ دۆخی ئێستادا هاوڕێن (چونکه‌ له‌ ده‌قه‌که‌دا باس نه‌کراوه‌) به‌لام ئاوها به‌ شێوه‌یه‌کی فانتازیائامێز داوای لێده‌کات: ‌
/ ببه‌ نه‌رمه‌(با)یه‌کی ته‌زیو خۆڵه‌مێشی ئه‌م رۆحه‌ بڕه‌قسێنه‌/

—————————————
‌سه‌رچاوه‌کان:
……………..
Roland Barthes ,The Pleasure of the Text.. Translated by: Richard Miller, 23rd prnt-1
Marat/Sade Written by Peter Weiss, 2012-2
3-گۆڤاری نووسه‌ری نوێ . ژماره‌ 65. تشرینی یه‌که‌می 2013، هه‌ولێر.




فیزیای شیعر له‌ دیوه‌خانی ئوده‌با …. ئاراس هه‌مه‌وه‌ندی/ رۆسته‌م عینایه‌تی

زۆرجار خودی هه‌ڵخه‌له‌تێن وامان فێرده‌کات خۆمان وه‌کو فریشته‌ وێنا بکه‌ین، تاکو ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له‌ ناخماندا خۆی حه‌شارداوه‌و چرۆی کینه‌و ئیره‌یی و توانجدانمان تێدا ده‌ڕوێنێت ناهێڵێت تامی ژیان و جوانی و گیانی هاریکاری بکه‌ین، دان به‌ به‌ره‌نده‌ییدا بنێین و ناقۆڵاییه‌کانیش وه‌کو خۆیان ببینین، بێ ئه‌وه‌ش تێکدانی ئه‌م هاوتایی و هاوکێشه‌یه‌ زاتێکی ناجۆرمان لێ دروست بکات و که‌سانی ده‌وروبه‌رمان هه‌ست به‌و له‌قبوونانه‌ بکه‌ن و به‌ڵام خۆمان هه‌ر وه‌کو سووره‌ی به‌ر له‌شکر ته‌ماشای خۆ بکه‌ین و دان به‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌نێین.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ له‌م پێشه‌کییه‌دا: تیشکخستنه‌ سه‌ر دیارده‌یه‌کی زۆر ناشرینه‌، که‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر ڕشتێکی تری ژیاندا ببینرایه‌، ئه‌وا نه‌ده‌بوو له‌ ڕشته‌ی ئه‌ده‌بدا بوونی هه‌بووایه‌، چونکه‌ ئه‌دیب به‌ حساب که‌سی هه‌ست زیندوو و خاوه‌ن ویژدانه‌، کرۆکی به‌رهه‌مه‌کانی دژی ئه‌و ناشرینیانه‌یه‌ که‌ خۆی له‌ده‌قه‌کانیدا وا نیشانی ده‌دات که‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت.

لێره‌دا وه‌ك نموونه‌ چه‌ند به‌رهه‌م و وته‌ی که‌سێکی زانستی ده‌هێنینه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌مانکاتدا خامه‌که‌شی بۆ بابه‌تی ئه‌ده‌بی و شیعر به‌کاردێنێت، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌راوردی هه‌ردوو بواره‌ تیۆری و پراکتیکیه‌که‌ی ئه‌و جۆره‌ له‌ نووسین و نووسه‌ر ده‌که‌ین و له‌ کۆتاییدا با پێکه‌وه‌ ببینین و بڕیاریش بۆ خوێنه‌ر جێده‌مێنێت و هه‌ر ئه‌ویش سه‌ر پشك ده‌بێت بۆ قبوڵکردن و ره‌فزکردنی ئه‌م بیروبۆچوون و ڕایانه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌ لایه‌ك ڕه‌خنه‌ له‌ کاڵوکرچی ده‌قه‌کان ده‌گرێت، له‌ لایه‌کی تر ره‌خنه‌ له‌ وتارو داڕشتن ده‌گرێت، دوایی دێته‌وه‌ سه‌ر وێنه‌ی شیعریی و لووسوپووسیی!! نازانرێت به‌ ته‌واویی ده‌یه‌وێت چی بڵێت، که‌چی له‌ لایه‌کی تر که‌ دێینه‌ سه‌ر نووسینه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره‌ که‌ به‌ ناوی شیعر پۆلێنی ده‌کات، ده‌بینین هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی نووسیونی وه‌کو توانجدان ئه‌وا به‌سه‌ر شیعره‌کانی خۆیدا دێنه‌ دی و له‌و بواره‌شه‌وه‌ نموونه‌ی شیعره‌کانی ده‌هێنینه‌وه‌، سه‌ره‌تا با دیقه‌ت له وته‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ بده‌ین، ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕای خۆی وا ده‌نووسێت:
{{ بەداخەوە لە ئەدەبی کوردیدا زۆر کەس ھەن نەخۆشیی (بەرزەمن)یان ھەیە و وا دەزانن ھەرچی ئەوان دەینووسن دوڕ و گەوھەرە، لەکاتێکدا زۆربەی دەقەکانیان یان کرچوکاڵ و وشەڕیزکارییە یان ھەندێک لەملاو بڕێک لەولا ھێنراون و ھەڵەی جۆراوجۆریان تێدایە و ھیچ سیفاتێکی نووسینی دەق و وتار و داڕشتن و وێنەی شیعری و چێژبەخشی و تەشویق و گرێچنی و لووسوپووسیی ڕستەسازی و تێگەیشتن و واتایان تێدا نییە}}.

پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ سه‌ر قسه‌کردن له‌سه‌ر شیعره‌کان، با سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌شی بده‌ین که‌ چۆن له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ ره‌خنه‌گران ده‌گرێت و به‌ {خه‌سیو و فیشاڵ و به‌ربووك و که‌شوفش و چه‌نه‌لێده‌ر…} باسیان ده‌کات، خوێنه‌ر له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وته‌یه‌دا راده‌ی فشاره‌ ده‌روونیه‌کانی سه‌ر ناخی داته‌پیو و کاول ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌وه‌ی چۆن ئه‌م قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بووه‌ له‌ ڕشانه‌وه‌ ده‌ریبدات و شوێنگه‌ی خۆشی بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌وه‌ی ئایا که‌سێك له‌ شوێنگه‌ی به‌رپرسیاری ئه‌ده‌ب و ئه‌دیباندا بێت چۆن ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وایانه‌ ده‌کاته‌ سه‌ر ره‌خنه‌نووسان؟ له‌ کاتێکدا ئه‌ده‌بی کوردی هه‌ژارترین ئه‌ده‌به‌ له‌ ره‌خنه‌دا، جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌مه‌ داده‌نرێت به‌ (مۆتیڤی کورهاندن) که‌ به‌ پێی یاساکانی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: هه‌موو جۆره‌ مۆتیڤێکی کورهاندن تاوان و قه‌ده‌غه‌کراوه‌، جا چ ره‌گه‌زیی بێت یان به‌ هۆی ئینتیماوه‌ بێت، یاخود به‌هۆی بیروبۆچوونی جیاوازه‌وه‌….هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ ئه‌و میسداقییه‌ته‌ی (ئیتیحادی ئوده‌با) ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ که‌ به‌وه‌ی ئایا ده‌بێت ئه‌مه‌ نه‌کرابێته‌ واجیهه‌یه‌ك بۆ بره‌ودان به‌ باڵێکی شیعریی دژی ئه‌وی دی؟ هه‌ر ئه‌م ته‌کتیکه‌ش له‌ پشت به‌ره‌نده‌بوونییه‌وه‌ بێت بۆ ئه‌و پێگه‌ ئیداریی و شوێنگه‌یه‌‌؟ (چونکه‌ ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌و به‌س وه‌کو رایه‌کی شه‌خسی لێکنادرێنه‌وه‌) بێ ئه‌وه‌ی له‌ بیری ئه‌وه‌شدا بن که‌ ئه‌م جه‌نگه‌ له‌ پێناوی چیدا ده‌که‌ن؟ له‌ کاتێکدا ئه‌وه‌ی حسابی فاریزه‌ی دوای نوقته‌شی بۆ ناکرێت له‌ (کوردستاندا) هه‌ر ئه‌ده‌به‌… له‌ ده‌ستدانی ئه‌و میسداقییه‌ته‌ش کۆی بوونی ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ به‌وه‌ی ئایا به‌ شایسته‌و توانای ئه‌ده‌بی ئه‌و که‌سانه‌ گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌؟ یان ئه‌و جێگایانه‌ش وێرانه‌یه‌کن خراپتر له‌ باره‌گا سیاسییه‌کان؟ جا گه‌ر که‌سێك له‌ ده‌زگا ره‌سمییه‌کاندا چه‌ند کارێکی گرنگی هه‌بێت، ئیتر چۆن ره‌خنه‌ له‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت که‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان ئه‌وان کۆڵه‌که‌یه‌کن تیایدا؟ هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی پێگه‌ی ئیداریی بۆ سوکایه‌تیکردن به‌ که‌سانی لاوازو ده‌ره‌تان و بێ په‌نا هیچ ئازایه‌تی تێدا نییه‌و ئه‌م جۆره‌ش له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ هێجی که‌میر نییه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌کانی تر، هه‌ر له‌ مه‌حرومکردنی ژه‌مه‌ خوانێكه‌وه‌ بیگره‌ تا گه‌وره‌ترو گه‌وره‌تر… به‌هه‌رحاڵ ئه‌و له‌ وته‌که‌یدا ئاوه‌ها ده‌نووسێت:

{{ ڕەخنەگری بەربووکی بواری ئەدەب، ھەمیشە نووسەری خەسیون، ئەمان بارستایییەک لە فیشاڵ و بەتاڵی بەسەر خوێنەری داماوی بڵاوکراوە پڕ لە ھەڵەوپەڵەکاندا دەبەشنەوە و بەردەوام دەسخەڕۆکەر و خوێنەر فریودەرن، ئەم بەربووکانە لە درێژدادڕی و چەنەلێدانی بێناوەڕۆک و کەشوفشی بێ بنەما و خۆھەڵکێشان بەولاوە ھیچی دیکە نین، نەکەی بخەڵەتێی بکەویتە ژێر کاریگەریی زبڵە نووسینەکانیانەوە، ئەوان ھەمیشە وەک بەرگدرووێکی قەڵپ، بەڕادان کار بۆ چەواشەکردنی خوێنەر دەکەن و گوێلەمستی دەقنووسی کۆڵەوار و وشەڕیزکردنەکانیانن، قەت ناتوانن ڕستە و وشەڕیزکاران بە بەرگی جوان داپۆشن، نە خولیا و خەونێکی گەورەیان ھەیە، نە بانەڕۆژێکی گەشاوە، ھاکا گوێبیستی پووکانەوە و بزربوونیان بوویت}}.
ئێستا با بێینه‌ سه‌ر شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره‌و بزانین چ تازه‌گه‌ریی و داهێنانێکی تێدایه‌و چ کاردانه‌وه‌یه‌ك له‌ ناخی خوێنه‌ردا جێده‌هێڵێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسینه‌که‌ دابه‌شی ئه‌و سه‌بتایتله‌‌ سه‌ره‌کیانه‌ ده‌که‌ین که‌ شایسته‌ی له‌سه‌ر دوانن و به‌ زه‌قی له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌:

– وشکیی خه‌یاڵدانی شیعر:

به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ ره‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی داهێنانی شاعیره‌، که‌ ده‌توانێت به‌ هۆیه‌وه‌ تازه‌گه‌ریی و نوێبوونه‌وه‌ به‌ یه‌که‌ شیعریه‌کان ببه‌خشێت، له‌ فه‌زای داهێناندا خامه‌ ئازادییه‌کی ره‌هاش به‌ده‌ستدێنێت، که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ناو ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌دا هیچ زاراوه‌و وشه‌و پنتێکی نوێ نابینرێنه‌وه‌ که‌ زاده‌ی خه‌یاڵی خودی شاعیر بێت، و له‌ ئه‌نجامدا کۆی شیعره‌که‌ش سه‌رنجمان راناکێشێت و وا هه‌ست ده‌که‌ین زۆر له‌مه‌وپێش ئه‌و ده‌قه‌و ده‌قی ئاوهامان زۆر خوێندووه‌ته‌وه‌، له‌و شیعرانه‌دا که‌ باسی شته‌کانیشی تیا ده‌کرێت و به‌کاردێن ، ئه‌وا هه‌ر راسته‌وراست باسی حه‌قیقه‌تی خودی شته‌کان ده‌کرێت، نه‌ك به‌س ناکرێن به‌ سیمبوڵ و به‌ هونه‌ره‌کانی وه‌ك پارادۆکس و میتافۆڕ ئاوێته‌ ناکرێن و به‌ سه‌لیقه‌ی هونه‌ریی و هۆنینه‌وه‌ی وه‌ستایانه‌ مانای تریان لێ فه‌راهه‌م نایه‌ت، به‌ڵکو ده‌بینین ده‌قێکی ره‌ق و وشك له‌به‌رده‌مماندا ده‌یه‌وێت فێڵ له‌ هه‌سته‌کانمان بکات و خۆی به‌ شیعر ناوزه‌د بکات، به‌ڵام سه‌لیقه‌ی به‌رزی شیعریی خوێنه‌ر له‌ کۆتاییدا جڵه‌و ده‌گرێته‌ ده‌ست و حه‌قیقه‌تی ساده‌یی و راسته‌وخۆیی ئه‌و شیعره‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت.هه‌رچه‌نده‌ که‌سانێکی روپاماش ده‌ستخۆشی به‌رهه‌می وا بکه‌ن، که‌ ره‌نگه‌ له‌ ئاستلاوازیی ئه‌و که‌سانه‌ش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌کی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه، با نموونه‌یه‌کی ئه‌م شێوازه‌ بهێنینه‌وه‌ که‌ چۆن شاعیر خه‌می مردنییه‌تی و بۆ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات چه‌ند کتێبی هه‌ن و چۆن خۆی رۆشنبیرکردووه‌و خوێندونییه‌تیه‌وه‌، ئاوها له‌ ئێستاوه‌ شینی کتێبه‌کانی ده‌کات:

ئەوان، ژووری كتێبخانەكانمان
بەتاڵ دەكەن
سەرجەم كتێبەكان دەخەنەناو
فەردەی گەنم و
گووشی پەتاتەو
كیسەی چیمەنتۆ و
عەلاگەی نایلۆنی پێڵاو و
كارتۆنی قەبەوە،
لەلاژوورێكی هەورەبانەكەی كەڵەكەدەكەن

– گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌کانی رابردوو:

‌مرۆڤ که‌ نه‌یتوانی له‌ قه‌وان و به‌رگی خۆی ده‌رکه‌وێت وه‌کو شاعیر، هه‌میشه‌ یاده‌وه‌رییه‌کانی کانگایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی لێیان ده‌ربهێنێت و بیانکات به‌شیعرو شیعره‌کانیش زۆر نزیك ده‌که‌ونه‌وه‌ له‌ زمانی قسه‌کردنی رۆژانه‌، به‌س جیاوازییان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م شیعرانه‌ لاپه‌ره‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی مرۆڤ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و داخ و حه‌سره‌تی ئه‌و رۆژه‌ ره‌سه‌ن و ساده‌و خۆشانه‌ی پێ هه‌ڵده‌ڕێژێت و مادام خوێنه‌ر یاده‌وه‌ریی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژو شوێن و که‌سانه‌دا، ئه‌وا له‌ ئه‌نجامدا حه‌ماسه‌تی بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ ده‌جوڵێت، به‌ڵام ئایا له‌ راستیدا شیعرن؟ به‌س به‌وه‌ی که‌ له‌ شێوازی ستوونی شیعردا داڕێژراون؟ ئه‌گینا وه‌ك چڕبوونه‌وه‌و گرنگی دان به‌ فره‌مانایی، ئه‌وا خاڵیین له‌ داهێنان و هیچ زیاده‌یه‌ك ناخه‌نه‌ سه‌ر خه‌رمانه‌ی شیعری ره‌سه‌ن و نوی و ناوازه‌.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای تێکستی [خانووەکەی عەونی یووسفیان]ی شاعیر بکه‌ین، ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانی به‌ر ئه‌م شێوازه‌ ساده‌یه‌ ده‌که‌وین و خه‌م و ئاوات و توانای شیعرنووسینی شاعیر له‌م باره‌دا زیاتر وه‌دیار ده‌که‌وێت ، ئه‌و له‌و تێکسته‌دا ده‌ڵێت:
خانووه‌که‌ی عه‌ونی یووسفیان
له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت کرد
*
بولبولێکی خۆشخوانی
گۆرانیی کوردی و تورکمانیی
*
ئێستا زانیم
جێوڕێ و سوکناشمان
ده‌ده‌نه‌ به‌ر ده‌وه‌ شۆفلان

– هه‌وێن و تێمای سواو:

شاعیر کاتێك نۆستالیژییانه‌ له‌ شیعر بگات و بخوێنێته‌وه‌ و راهاتبێت، هه‌میشه‌ هه‌ر له‌و بازنه‌ داخروانه‌ی بابه‌ته‌ پێشینه‌کاندا ده‌خولێته‌وه‌و ده‌ترسێت لییان ده‌ربچێت و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ شیعردا هه‌ر له‌و بازنه‌ داخراوه‌دا ده‌کات، نه‌ك ته‌نیا به‌ نووسین؛ به‌ڵکو هه‌ر ئه‌و شیعرانه‌ش به‌ جوان و په‌سه‌ند ده‌زانێت که‌ ئاوها و وه‌کو شێوازی خۆی شته‌ دووباره‌کانی تیا به‌کارهاتبێت، چونکه‌ سه‌لیقه‌ی شیعریی ئه‌و وا ده‌گه‌شێته‌وه‌ که‌ گوێبیستی ئه‌و جۆره‌ له‌ نووسین بێت که‌ تاکڕه‌هه‌ندیی سیمای سه‌ره‌کی ناسینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌یه‌، ئێمه‌ که‌ ئه‌م راستییه‌ ده‌نووسین توشی هیچ روپاماییه‌ك نابین به‌وه‌ی شوێنگه‌ی ئیداریی شاعیر له‌ پێشچاوبگرین و چاو له‌ خودی ره‌هه‌ندی شیعره‌کان‌ بنوقێنین، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ قسه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی شاعیر ده‌کرێت نه‌ك خودی خۆی، چونکه‌ مرۆڤ خۆی له‌ خۆیدا ڕێزدارو پایه‌داره‌.

هه‌میشه‌ ئاسان و که‌م مه‌سره‌فه‌ خۆماندوونه‌کردن و نه‌گه‌ڕان به‌ دوای سه‌ریه‌شه‌ی نوێگه‌ریی و داهێنان و به‌کارهێنانی شێوازی جودا و جۆراوجۆردا، هه‌رواش ئاسانه‌ ده‌ستبردن بۆ شته‌کانی ده‌وروبه‌ر که‌ له‌ به‌رچاوانن، زۆربه‌ی شاعیره‌ که‌مئاسته‌کان هه‌ر په‌لاماری ئه‌و شته‌ سادانه‌ ده‌ده‌ن و هه‌ر له‌ قاڵبی خۆشیاندا ده‌یاننوسنه‌وه‌، واتا باڵنده‌ هه‌ر باڵنده‌یه‌، تیشکی خۆر هه‌ر تیشکی خۆره‌….هتد(به‌و مانایه‌ی وشه‌ زیاتر رۆڵی کامێرایه‌کی فۆتۆگرافی ده‌بینێت)، بۆ نموونه‌ لێره‌دا له‌ چه‌ند شیعرێکی جیاوازه‌وه‌ هه‌ژاریی توانای شاعیر و به‌هره‌ی ئه‌م شاعیره‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر تیشکی لێدوانه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش دووباره‌کردنه‌وه‌ی وه‌رزه‌کانی ساڵه‌ له‌ زۆربه‌ی شیعره‌کاندا وه‌کو به‌هارو پایزو هاوین وزستان، ئاوهاش خیتابی کۆنی ئه‌م شیعرانه‌ زیاتر بێزارمان ده‌کات و به‌لای هه‌ندێکیشه‌وه‌ وایه‌ به‌س ڕێکخستنی (سه‌روا) ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شیعر له‌دایك بێت، که‌ ئه‌مه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌: نموونه‌کان/

(یه‌که‌م: پاییز)

بای وەشت ھەڵدەکا لێرانە
بە نەغمە و نەیژەنینەوە
پاییز پڕ دەکا لە حوزن
بە ھەڵبەستی غەمگینەوە

(دووه‌م: به‌هار، هاوین)
گەر تۆ نەبای
سەرەتای ھەموو بەھاران
سەوزایی لە گیا دەتۆرا
لە ھاوینا
قرچە گەرمایی نەدەما

گەر تۆ نەبای
سەرەتای ھەموو بەھاران
سەوزایی لە گیا دەتۆرا
لە ھاوینا
قرچە گەرمایی نەدەما
گڕ قەت کڵپەی نەدەبینی
ئاسۆ بێ زەردەپەڕ دەما
پاییز ڕەنگە نارنجییەکەی
لە گەڵا و گوڵ دەسەندەوە

(سێ: خه‌زان)
گەڵا لە ھەڵوەرین یاخی
درەخت بڕیاریدا چیتر
بۆ خەزانی زەردەوەبوو
نەکاتەوە
خەمی ئاڵۆزی نێو ناخی

(چوار: زستان و پاییز)
تەنیایی
گەڵایەکی وشکەوەبووی
پاییزەیە
زستانی ساردی
بەسەرا دادێ

– هه‌ڵه‌ی خوازه‌و زمانه‌وانی:

گرنگی نه‌دان به‌ ورده‌کاریی و بیرنه‌کردنه‌وه‌ی پێویست له‌ بونیاتی تۆکمه‌و بنه‌ماکانی شیعرییه‌تی هۆنراوه‌و به‌کارنه‌هێنانی زمانی هونه‌ریی و خۆ ماندوونه‌کردن و رۆنه‌چوون به‌ گوتنی نه‌گوتراوه‌وه‌، وا له‌ زمانی شیعر ده‌کات شلۆق بێت و بگره‌ هه‌ڵه‌ی زه‌ق و شتی پێچه‌وانه‌ش‌ له‌ ناو یه‌ك تێکسدا کۆ بکاته‌وه، نه‌ك به‌س په‌له‌کردن و پێدانه‌چوونه‌وه‌ی ‌تێدا هه‌ست پێده‌کرێت، به‌ڵکو لاموبالاتی شاعیر ده‌رده‌خات و ئه‌و تێگه‌شتن و پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌کیانه‌ی تێدا‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ که‌ بووه‌ته‌ هۆی له‌ دایك بوونی تێکستی ئا له‌و جۆره‌ی پڕ هه‌ڵه‌و نوستالیژیایی، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هه‌ر ئه‌م نووسه‌ره‌ له‌ وته‌که‌ی سه‌ره‌تادا گازنده‌ له‌و شاعیرو وتارنووسانه‌ ده‌کات که‌ ‌شیعره‌کانیان کرچوکاڵ ده‌نووسن و چێژبه‌خش نین و پڕ هه‌ڵه‌ن، خۆ ره‌نگه‌ شاعیری ساده‌و خوێنه‌ری ساده‌ش ئه‌م سه‌رنجانه‌یان لا گرنگ نه‌بێت و هیچ حسابێکیشی بۆ نه‌که‌ن، چونکه‌ سه‌لیقه‌ی ساده‌یی له‌ شیعردا هه‌ر ئه‌وه‌یان پێ ده‌خوازێت ، و سه‌ریان ته‌قه‌ی دێت له‌گه‌ڵ تێکستی ئاست به‌رزو هه‌ر له‌م روانگه‌شه‌وه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی به‌ ئاست و زه‌وقی ئه‌وان ناخوات ئاوها تاوانبار ده‌کرێن به‌ کاڵوکرچی و وشه‌ڕیزکردن! ببینن ئه‌و چۆن له‌ جێیه‌کدا ده‌بێته‌ زمانناس و ره‌خنه‌ له‌ مامۆستایه‌کی زمانزانی زانکۆ ده‌گرێت، به‌ڵام چ ره‌خنه‌یه‌ك؟ باخوێنه‌ر بڕیار بدات:
* ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه‌:
(شیعری یەك دێری یا شیعری نانۆ لە بیستەكان و هەشتاكانی شیعری كوردی ئامادەگی نەبوو)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه‌:
(شیعری تاك دێڕی یان شیعری نانۆ لە بیستەكان و هەشتاكانی شیعری كوردی ئامادەیی نەبوو)
* دووباره‌ ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه‌ که‌ شیعرێکی گۆرانه‌:
(هەر چەند ئەكەم ، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه‌:
(هەر چەن ئەكەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،)
* جارێکی تر ئه‌و ئه‌م رسته‌یه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی پێ هەڵەیه‌:
دووجاران نووسراوە: (نەفەس كورتی)
ده‌ڵێت ڕاستكردنەوەکه‌ی ئاوه‌هایه‌:
(هەناسە كورتی).

***

ئێستا با بێین ئه‌م هه‌ڵانه‌؛ به‌ هه‌ڵه‌کانی خۆی به‌راورد بکه‌ین و بزانین کامیان گه‌وره‌ترن؟
1-کورد یان ده‌ڵێت پشتی خۆیم لێ ده‌کا، یان پشتی خۆیم تێ ده‌کا، به‌ڵام بزانن شاعیر چی ده‌ڵێت:
(تاشەبەردێکی بنار کێوێکم
ئەوەی دێ، پشتی خۆیم پێ دەکا)
2-ئه‌و خوازه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ بۆ گه‌ڵای زه‌ردی وشكبوو به‌کاردێنێت، که‌ ده‌ڵێت قه‌د هه‌ڵناوه‌رێت، له‌مه‌دا پێچه‌وانه‌ی سروشته‌ و ناچێته‌ زیهنی هیچ خوێنه‌رێکه‌وه‌، ئه‌مه‌ش راده‌ی که‌متوانایی و شاعیرێتی و بێ سه‌رنجیی ئه‌م شاعیره‌ ده‌رده‌خات که‌ که‌س پێش ئه‌و ئاوهای نه‌گوتووه‌:
تەنیایی
گەڵایەکی وشکەوەبووی
پاییزەیە
زستانی ساردی
بەسەرا دادێ
لە ماڵی پاییز پێی ڕێ ناگرێ
بۆ دەشت و دەرێ
وەیشوومە سەری پێ نەوی ناکا
ئەو یاخی بووە و
بڕیاری داوە
قەت ھەڵنەوەرێ.
3- له‌م کۆپله‌یه‌دا هه‌ڵه‌ی مانا هه‌یه‌، جگه‌ له‌ به‌کارهێنانه‌وه‌ی (کۆترو به‌هار) هیچ جوانی و ناوازه‌ییه‌کی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر خاڵخاڵۆکه‌ ببێته‌ کۆتره‌ شینکه‌؟ بۆچی و چۆن؟ هه‌م له‌ دنیای واقیعدا مه‌حاڵه‌، هه‌م له‌ دنیای شیعردا ره‌فزکراوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ خزمه‌ت به‌ هیچ ئیستاتیکایه‌ك ناکات و هیچ بیرۆکه‌یه‌کی ئافراندنی تێدا نییه‌، دواتر ئه‌گه‌ر خاڵخاڵۆکه‌که‌ یه‌که‌م پیتی ناوی ئه‌وی دۆزیبێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بوو بینووسیایه‌ سێ پیته‌که‌ی تری ناوتی نه‌خشاند، ئه‌مه‌ش هه‌ر لاموبالاتی شاعیر ده‌خات له‌ نووسینی شیعردا، دووباره‌ وا لێکده‌درێته‌وه‌ که‌ گرنگی ئه‌م شاعیره‌ زیاتر له‌ ڕێکخستنی سه‌رواکاندایه‌ وه‌ك (باڵ و ساڵ) نه‌ك ئایدیاو بیرۆکه‌ی به‌هێزی نوێ و شیعریی.. پاشان وا ده‌زانێت به‌ به‌کارهێنانی ناوی خاڵخاڵۆکه‌ و کۆتره‌ شینکه‌ شیعره‌که‌ ناسك و سۆزدارو رۆمانسی سه‌رده‌چێت، که‌ له‌ راستیدا وانییه‌، یان ره‌نگه‌ له‌ ژێر کاریگه‌ریی شێرکۆدا بێت که‌ ده‌ڵێت:

(شێرکۆ:
ئه م کاته و باش
من ناوم کۆتره شینکه یه و کچم
ماڵه که م وا له و گه ڕه کی مناره یه)

با بێینه‌وه‌ سه‌ر شاعیره‌که‌مان که‌ ده‌ڵێت:
خاڵخاڵۆکه‌یه‌کی باڵ مه‌یله‌و نارنجی
ئێواره‌یێ
به‌ نیو باخی شیعره‌کانما
گوزه‌ری کرد
له‌ نێو کووچه‌ی دێڕه‌کانیا
به‌ دوای ناوی تۆدا وێڵ بوو
کاتێ گه‌یشته‌‌ ترۆپکی یه‌که‌م پیتی
به‌ خاڵه‌کانی سه‌ر باڵی
هه‌ر چوار پیتی ناوتی نه‌خشاند
که‌ لێبۆوه‌
هه‌ر له‌وێ دای له‌ فڕکه‌ی باڵ
وه‌ختێ له‌سه‌ر چڵی دره‌ختێ نیشته‌وه‌
بووبووه‌
کۆتره‌ شینکه‌ی به‌هاری ساڵ

– زۆر به‌کارهێنانه‌وه‌ی واژه‌کان:

ئه‌و واژه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی شیعر‌ له‌ ده‌وریدا ده‌خولێنه‌وه‌ بنه‌ڕه‌ت و بڕبره‌ی پشتی شیعره‌که‌ پێکدێنن، هه‌میشه‌ش بۆ یه‌که‌مجاری خوێندنه‌وه‌کان؛ ته‌رکیزکردنی خوێنه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌بێت بۆ‌ گه‌ڕانه‌ پێشینیه‌کانی به‌ تانوپۆی هه‌ر ده‌قێکدا، به‌ گه‌ڕان له‌ دوای ئه‌م خاڵه‌ زۆر ئاسان‌ شیعری ساده‌و دووباره‌ جیاده‌کرێته‌وه‌ له‌ شیعری تازه‌و نه‌گوتراو، لێره‌وه‌یه‌ سه‌رنج ده‌ده‌ین ئه‌م شاعیره‌ خاوه‌نی هیچ دنیابینی و گه‌مه‌ی زامانه‌وانی و روئیای شیعریی نییه‌و له‌ به‌ره‌نجامیشدا هیچ مۆرکێكی جیاکاریی و ئافراندن به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه‌ دیار نابێت ، ئێوه‌ وردببنه‌وه‌ له‌ په‌لاماردانی ده‌سته‌واژه‌ باوه‌کانی ناو په‌ڕتووکه‌کانی قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خوێندن له‌م شیعرانه‌دا، هه‌ر شیعره‌کانیش سیمای دنیای منداڵان و نێوجه‌وانانیان پێوه‌ دیاره‌، ئه‌و ئه‌گه‌ر هیچ بابه‌ت وهه‌وێنی شیعری ده‌ستنه‌که‌وێت یه‌کسه‌ر دنیای ته‌یرو ته‌وار، باڵنده‌و په‌له‌وه‌ڕ له‌به‌رده‌ستیدا حازر ده‌بێت و بێ هیچ سێ و دوو کردنێك په‌لاماریان ده‌دات و به‌کاریان ده‌هێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌قه‌کانی پێشووتری خۆشیدا به‌کاری هێنابن هه‌ر لای گرنگ نییه‌، وه‌کو به‌کارهێنانه‌وه‌ی (چۆله‌که‌و ڕیشۆڵه‌و کۆترو کۆترشینکه‌و په‌ره‌سێلکه‌و ….هتد)، باسه‌یری لێكچوونی نێوان ئه‌م دوو ده‌قه‌ جیاوازه‌ بکه‌ین؛ بزانین بۆچی کردوونی به‌ دوو شیعر. له‌کاتێکدا خاوه‌نی هه‌مان خاڵی هاوبه‌شی سه‌ره‌کین:
یه‌که‌میان:-
ڕیشۆڵەیەکی تەریوەی
سەرکزۆڵەی دڵ پڕ لە خەم
سەرگەردان و دیدە پڕ نەم،
نزایەکی بۆ خۆر ھەنارد،
خۆر ئێوارە
ڕووناکترین تیشکی خۆی لە
گڕکانەکانی زستانە
بە شنەی ئێوارە بۆ نارد،
دوای چەند ساتێ
ڕیشۆڵەی تەرەی ڕێ ونبوو
بە باڵی تیشکی زستانە
بە باوەشێ بریقەوە
بە چەپکێ جریوەی تازە
گەیشتەوە نێو ھێلانە
***
دووه‌میان:-
چۆلەکەیەکی گەردەن زەرد
لە بنچکی لێڕەوارێ
ویستی ھێلانەیێ چێکا،
لەودیو دوندێ
نوقم لە بۆی مێرخوزارێ
چەپکێ پرشنگی لە خۆر خواست،
خۆر بە کزەبای ئێوارە
گۆلمێ تیشکی نارنجیی
لە کەزیی زەردەپەڕ بۆ نارد..
لەو ڕۆژەوە
چۆلەکە و خۆر بوونە ھاوڕێ،
کە چۆلەکە، ھەموو ڕۆژێ
لەگەڵ تاریک و ڕوونی بەرەبەیانا
بای باڵی خۆی دەدا.. ئینجا
خۆر سەری لە کەل دەردێنا
…………..
لێره‌دا سه‌یر بکه‌ن سه‌ره‌کیترین خاڵی هاوبه‌ش که‌ هه‌ردوو کۆپله‌ پێکه‌وه‌ گرێده‌دات و خوێنه‌ر واده‌زانێت هه‌ر یه‌ك کۆپله‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، بریتین له‌ ده‌سته‌واژه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و ئاوهاش بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ هه‌ر پاشوپێش به‌ زاراوه‌کان کراوه‌و بنیاتی ده‌قه‌که‌ بۆش و مردوو ده‌رده‌چێت، ده‌رده‌که‌وێت که‌ دنیای ئه‌م جۆره‌ ده‌قه‌ چه‌نده‌ کۆن و خاوه‌نی مانای سواو و دوور له‌ نوێگه‌رییه‌.
له‌ یه‌که‌م کۆپله‌ ریشۆڵه‌یه‌و له‌ دووه‌مدا کراوه‌ به‌ چۆله‌که‌.
نه‌ك هه‌ر هێنده‌ش‌ که‌ هه‌ردووك باڵنده‌ن ، به‌ڵکو (هێلانه‌)ش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و خاڵێکی تری هاوبه‌شی نێوانیانه‌ له‌ هه‌ردوو شیعره‌که‌دا.
هه‌روه‌ها له‌یه‌که‌مدا ئێواره‌ و له‌ دووه‌مدا گۆڕدراوه‌ به‌ به‌ره‌به‌یان.
4 جاران وشه‌ی خۆر له‌ کۆپله‌یه‌کی کورتی وه‌ك کۆپله‌ی 2دا به‌کارهاتووه‌، له‌ کۆپله‌ی یه‌که‌میشدا 2 جاران.
ئیتر لێره‌دا ئێمه‌ش سه‌رزه‌نشتی خۆمان کرد که‌ گوایا خه‌ریکی چیین و کاتی خۆمان به‌ چییه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ین؟ بۆیه‌ هه‌ندێك کۆپله‌ی تر ده‌هێنینه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌له‌وه‌ر‌ که‌ دواییش له‌ گۆڤاری رامان دا بڵاویشی کردوونه‌ته‌وه‌! با خوێنه‌ر خۆی سه‌رنجی دووباره‌یی و لاوازیی ئاستی وتاری شیعریی و دنیابینی شاعیر بدات تیایاندا:
(ده‌رباره‌ی : په‌ره‌سێلکه‌)
تا پەڕەسێلکەی ڕەوەزان
زەردەپەڕ بەخاک نەسپێرن
بە دەنووک و
شاپەڕی پڕ لە تیشکەوە
نەگەنەوە نێو ھێلانە،
خۆر لە شەرمان
ئاوا نابێ بەم زووانە
*
(جارێکی تر چۆله‌که‌)
چۆلەکەیەکی چۆماوان
لە دیدارێکی پڕ شکۆ
خاڵە زەردەکانی ملی
بە خۆر بەخشی،
خۆر قەفتەیێ تیشکی دایێ
لەبن بنچک و گەزەڵێن
ھێلانەیێ بۆ خۆی چێکا
جاویدان بێ تا ھەتایێ
*
(ئه‌مجاره‌ شینە شمقاڕ و خۆر)
شینە شمقاڕێکی زەلان
بۆ دیدارێکی لەگەڵ خۆر
دەوەنێکی کردە جێژوان،
له‌ کۆتاییدا داوا ده‌که‌م له‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ وه‌ك ڕێزێك له‌ شیعر ، با وه‌ستانێك وه‌ربگرێت و ماوه‌یه‌ك شیعری تیادا نه‌نووسێت با پشوویه‌ك وه‌ربگرین و سه‌لیقه‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی و بشزانێت ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی شیعره‌وه‌ ده‌ینووسێت چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه‌ له‌سه‌ر خوێنه‌رانی شیعرو ئه‌وانیش کاردانه‌وه‌یان چی ده‌بێت، که‌ لێره‌دا به‌شێك له‌و راو کاردانه‌وانه‌مان به‌ راشکاوی خستووه‌ته‌ روو، هه‌ر هیچ نه‌بێت با ڕێزێکیش بۆ شیعر بهێڵینه‌وه‌ ..

ستۆکهۆڵم




ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا …. ناڵە حەسەن

_ تێگەیشتنێک بۆ ئەدەب

بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب دەکرێ ئەو قسەیەی ( تێری ئیگڵتن ) بە نموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ‘تیۆری ئەدەبیدا ‘ لە وەڵام بە پرسیاری ئەدەب چییە دا ؟ دەڵێ ( تۆ دەتوانی ئەدەب وەک نووسینی خەیاڵی لە تێگەیشتنی داستانەوە پێناسە بکەیت ، واتە نووسینێک کە دەقاودەق ڕاستی نییە بەڵام ، کورترین سەرنجدان لەوەی خەڵک بە گشتی دەیخەنە ژێر ناونیشانی ئەدەبەوە ، نیشانی دەدات ، ئەوە پێناسەیەکی تەواو نییە بۆ ئەدەب ..! ) . دروست وایە ، ئەوەی کە پێناسەکردنی ئەدەب کارێکی گونجاو نییە .

چونکە ئەدەب لە چوارچێوەی یەک مانادا جێگەی نابێتەوە ، زێتر لە گۆشە نیگا و مانایەک لەخۆ دەگرێت . چونکە بە یەک مانا و بەیەک بینین ، ناتوانین پەی بە ڕووبەرە فراوانەکەی ئەدەب ببەین . ئەدەبیش وەک شیعر و مۆسیقا و عەشق بوونێکی گەردوونی هەیە ، هەموو ئەو چەمکانەش کە بوونێکی گەردوونییان هەیە ، ناتوانین لە یەک ئاستدا بیانخوێنینەوە و مانایان بۆ دیاری بکەین . دەکرێ ئەدەب / هەوڵدانێک بێت بۆ بە سیستەماتیککردن و چڕکردنەوەی زمان تا ئاستی جیاکردنەوەی لە قسەی ڕۆژانە .. یان وەک لەلای فۆرمالیستەکان ،( ئەدەب بە شێوەیەکی گەوهەری بریتی بوو ، لە جێبەجێکردنی زانستی زمان لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا .. ، ) لەم گۆشەنیگایانەوە ئەو ڕاستییە دەبینین کە / ئەدەب هێندەی بایەخدانە بە بنیاد و ڕێکخستنی زمان ، هێندە بێشکە و هەڵگری هیچ بیروباوەڕێک و لەهەمانکات ئاوێنەی ململانێ و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان نییە . چونکە لە بنەڕەتدا ئەدەب نووسینەوەی ژیانە یان دیوە نادیار و شاراوەکانی مرۆڤە بە تواناکانی خەیاڵ ، ئێمە لەم وتارەماندا خۆمان نابەستینەوە بەوەی کە ماناکانی ئەدەب چین ؟ بەڵام بۆمان گرینگە تێگەیشتنێکی دروستمان بۆ ئەدەب هەبێت . ئەدەب هەر مانایەکی هەبێت ، بە بڕوای من ( چەقی ئیشکردنی ئەدەب لەسەر مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە …! ) ، واتە هەر ئەمە ئامانج و هێڵە سەرەکییەکانییەتی .

بۆیە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەدەبەوە هەوڵدەدا ، تەعبیر لە ئارەزووەکان و خەونەکان و غەریزەو حەزەکانی خۆی بکات ، وێنەی / خولیا و ئومێد و خۆزگەکانی خۆی بکێشێ .. بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە ، بەداوێک ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی خۆی بەیەکەوە گرێبدات . دەتوانێ پەیوەندییەکانی خۆی / بە ناوەوە و دەرەوەی خۆی دیاری بکات و ڕێکییان بخات ، ئەدەب دەتوانێ قسە لەسەر هەموو ئەو چەمک و گۆشە و ڕووبەرانە بکات کە پەیوەندییان بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم / ئەدەب لەو ڕووبەرە فراوانە ئیشدەکات کە بە ئەندازەی ژیان یان خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، کە هیچ سنووربەندی و چوارچێوەیەک ، ناتوانن بیگرنە خۆ . وە بۆ هیچ مەبەست و مەرامێکیش ناتوانین بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین و ڕووبەرە فراوانەکەی بچووک بکەینەوە .

_ ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا

دیارە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، هەموو ئایدیۆلۆژیایەک مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو ئەو ئاراستەیە بەرێت کە ئاسۆ و ڕێگاکانی لە بەرنامەکەیاندا نەخشەی بۆ کێشراوە . بۆ نموونە / ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم ، مەبەستییەتی کۆمەڵگە بەرەو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم بەرێت و لەم ڕێگایەوە هەوڵدەدەن دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە بهێننە ئاراوە ، دیارە ئیدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و ئاینگەراکانیش هەر بەهامنشێوە . هەرئایدیۆلۆژیایەک پێویستی بە حیزبێک هەیە کە بیکەن بە ئامرازێک ، بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامەکەیان و گەیاندنی پەیام و نەخشە ڕێگاکانییان ، لەو سەرەوەش هەنگاونان بەرەو دوا خاڵی ئامانجییان کە گەیشتنە بە ترۆپکی دەسەڵات . لەم پێناوەدا سوود لە هەموو چاڵاکییە مرۆییەکان دەبینن . بۆ نموونە / ئەدەب ، هونەر ، شانۆ ، مۆسیقا ، وەرزش ، … . هەوڵدەدەن ئەم چاڵاکییە مرۆییانە لە ڕیگەی حیزب و ڕێکخراوەکانییان بەکاریان بهێنن .. بۆ بردنە پێشەوەی بەرنامە و بەرفراوانبوونی پێگەیان لەنێو جەماوەردا . لەوێوەش گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەیان و پێکهێنانی دەوڵەتێک بەو شوناسەی لە چوارچێوەی بەرنامە دیاریکراوەکەی خۆیان . کەواتە ئەدەب وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، ئایدیۆلۆژیا و ئایدیۆلۆژیستەکان وەکو هۆکارێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، واتە لای ئەوان ئەدەب ( هۆکارە نەک ئامانج ) .

لێرەدا ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا . چونکە لە بنەرەتدا ، ئەدەب ( ئامانجە نەک هۆکار ) . ئەدەب ئامانجە بۆ گەیشتن بە ڕووبەری جوانی ، ئامانجە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوەی زمان ، ئامانجە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی مرۆڤ و پڕکردنی لە چێژ ، ئامانجە بۆ بەها مرۆییەکان و زۆر شتیتر …! بەڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ بەهایەک بۆ ئەم ئامانجانەی ئەدەب دانانێت و وەک هۆکارێک بەکاری دەهێنێت . واتە ئەدەب لە هەموو بەها و ئامانجەکانی دادەشۆرێت .. تا ئەو ئاستەی ئەگەر ئەدەب بەو ئاراستە دیاریکراوەی ئایدیۆلۆژییەکان ئیش نەکات بە ئامرازێکی بێ کەڵک و بێ بەها چاولێدەکرێت . نووسەر و ئەدیبەکانیش مەحکوم دەبن بەلادان و دەیان ناو و ناتۆرەی دروستکراو..! بۆ نموونە مارکسیستەکان بە نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان دەڵێن ( نووسەری بۆرژوازی ، لیبراڵ ، ڕۆشنفیکر …. ) زۆر ناویتر ، هەرچەندە ڕۆشنفیکر بەمانای ڕووناکبیر دێت بەڵام ئەوان ، بە دیدێکی نێگەتیڤ بەکاری دەهێنن بە مانای ( کەسێکی لاتەریک و بێئاگا ، دوور لە سیاسەت و خەبات ، قەڵەم بەدەستێکی ناجەماوەری … ) ئیسلامییەکانیش نووسەرەکانی دەرەوەی خۆیان بەتایبەت ، نووسەرە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ، بە کافر و مولحید لە قەڵەم دەدەن و نوسینەکانیشییان بە شتێکی بێبەها چاولێدەکەن ، ناسیۆنالیست و نەتەوەپەرستەکانیش بەهەمانشێوە ، باس لە تابووری پێنج و خائین بەخاک و نیشتیمان و دەستی دەرەکی و زۆر توهمەت و ناو و ناتۆرەیتر . لێرەدا دەبینین ، هەموو ئایدیۆلۆژییەکان بەبێ جیاوازی هیچ بەهایەک بۆ ئەدەبی دەرەوەی بازنەکانی خۆیان دانانێن …! هەموویان ئەدەب وەک هۆکارێک و وەک دەزگایەک یان ڕێکخراوێکی حیزبی سەیر دەکەن ، نووسەر و ئەدیبەکانیش وەکو کەسانی وابەستە و کۆیلە و ملکەچ دەبینن . ئەوان نایانەوێت لەوە تێبگەن کەوا ئەدەب یان نووسین هەوڵێکی تاکە کەسییە ، نووسەرەکان لەنێو ئەدەبدا قسەی دڵی خۆیان دەکەن..! ئەوان نایانەوێت گوێبیستی ئەوەبن کەوا ئەدەب کردەیەکی زمانەوانییە و بارگاوییە بە مەعریفە ، ڕەنگە ئەو مەعریفەیە و ئەو ئاگاییە بۆ نووسین و داهێنان ، بۆ کەسایەتی و سەربەخۆیی تاک ، ڕیگە نەدات نووسەر قەڵەمەکەی کۆیلە و وابەستە بێت بۆ ئایدیۆلۆژیا و لایەنێکی دیاریکراو ..! بۆیە هەروەک لەسەرەتا باسمانکرد ، ئەدەب لە ڕووبەرێک ئیشدەکات کە بە ئەندازەی خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، بەهیچ دەلیل و هۆکار و ئایدیۆلۆژیاییەک ناتوانین ئەم ڕووبەرە فراوانە لە ئەدەب بەرتەسک بکەینەوە یان بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین .

لەماناو تێگەیشتنە مرۆییەکەی دووری خەینەوە و دایببڕێنین . ئەدەب ڕەگوڕیشە و قەدوباڵای خۆی بەهیچ ڕەنگێکی دیاریکراو ڕەنگ ناکات ، ناتوانێ هیچ ماسکێکی دایاریکراو بپۆشێ ..! ئەدەب بە بیانووی هیچ مەبەست و ئایدیۆلۆژیایەک پۆلین ناکرێ و ناتوانین ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی بەبەردا بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم ، لە نووسینێک یان ڕۆمانێک یان هەر دەقێکی ئەدەبی کاتێک ، ناوەڕۆکەکەی هاوتەریب و هاوڕا دێتەوە لەگەڵ بەرنامە و ئاسۆ و ئامانجەکانی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبەکەی بخاتە خزمەت و ژێر ڕکێفی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ، ناوێک یان پاشگرێک بە ئەدەبەکەیە بلکێنێ .. بۆ نموونە ڕۆمانی ( دایک ) ی مەگسیم گۆڕکێ ، ڕاستە بە دیدگایەکی سۆشیالیستانە نووسراوە و بە پراکتیکی نەخشەی خەباتی چینی کرێکارانی ڕووس دەکێشێ ، بەڵام کرێکارانی ڕووس بەشێکن لە کرێکارانی دنیا ، دەکرێ ئەم شاکارە جیهانییە ئاوێنەیەک و سەرچاوەیەکی لەزەتبەخش بێت بۆ هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیا ، دوای ئەوە ، هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیاش سۆشیالیست نین ، بەبڕوای ئێمە وا پێویست دەکات ، ئەم شاکارانە لەنێو رووبەرە گەردوونییەکە بهێڵێنەوە پێویست بەوە ناکات بە ئەدەبی سۆشیالیستی ناویان بەرین و لە ماهییەتە گەردوونیەکەیان کەم بکەینەوە ، چونکە کرێکار هەر کرێکارە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت ، یان سەر بە هەر ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک بێت ، لە بەرامبەر کێشەی ( کار و سەرمایە ) دەرگیری هەمان کێشە و گرفتن ، وە دواجاریش / شاکارە گەردوونییەکان موڵکی هەموو مرۆڤایەتین نەک دەستە تاخمە و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، یان بۆ نموونە ئەدەبەکەی ( بەختیار عەلی ) لەنێو ڕۆمانەکانی لە زۆرشوێن ، باس لە ئەنفال و کۆڕەو و شۆڕشی کورد و جەور و ستەمی کورد بەدەست ڕژێمی بەعسەوە دەکات بەڵام ، ناتوانین ئەدەبەکەی بەختیار عەلی بە ئەدەبی ناسیۆنالیستی ناوبەرین ، چونکە ڕۆمانەکانی بەختیار لە بنەڕەتدا ، بە دیدگایەکی گەردوونی و بە خەیاڵێکی گەردوونییەوە نووسراون بۆیە ، دوورنمایەکی مرۆیی و گەردوونییان هەیە ، هەر لەنێو ئەم ڕووبەرە گەردوونییەش دەمێننەوە .

وەک چۆن ئەدەبەکەی ( ڤۆلتێر و ژانژاك ڕۆسۆ) ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە گۆڕانە سیاسی و ئابوورییەکانی فەڕەنسا تا ئاستی گۆڕینی سیستەمی دەرەبەگی و ئەریستۆکراتی ، لە پێناو ژیانێکی ئازاد و ڕەهادا ، داوای ڕزگاربوونییان دەکرد لەدەست دابونەریتە کۆنەپارێزەکەی ئەوکاتە و بۆ ئەم مەبەستە شەڕی خورافە و ئایین و کلێساکانییان دەکرد ، لەم پێناوەدا بە تایبەت ڤۆلتێر ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن و زیندان و مەنفا دەبوویەوە ، بەڵام ئەدەبەکەیان جگە لە ئەدەب و جگە لە شوناسی مرۆڤایەتی هیچ پاشگرێکی پێوە نەلکا ، دیارە بۆ ئەدەبی ( شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و گابریل کارسیا مارکیز و … ) ، ئەدەبی هەموو گەورە نووسەرانی جیهانیش بەهەمانشێوە .

لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە هەرچی پاشگرێک و ناوێک بۆ ئەدەب ڕەتکەینەوە ، هەندێک پاشگر و ناو بەهۆی تایبەتمەندییانەوە بە ئەدەبەوە دەلکێن ئەوە ئاساییە چونکە ، هیچ سنووربەندییەک بۆ ئەدەب دانانێن و لە بەهاو ڕووبەرە فراوانەکەی کەم ناکەنەوە ، بۆ نموونە ( ئەدەبی منداڵ ) ، دیارە بەهۆی تایبەتمەندی منداڵان و باری تەمەن و دەروون و بیرکردنەوە و ئاستی وەرگرتنییان ، دەبێ بە شێواز و فۆڕمێکی تایبەت و گونجاو بە منداڵان بنووسرێت ، یان ( چیڕۆکی خۆشەویستی ) یان ( ئەدەبی لیریک ) ، ئەمانە بە فۆڕم و شێوە زمانێکی تایبەت دەنووسرێن و لەهەمانکات شوناسە مرۆیی و گەردوونییەکەیان لەدەست نادەن .

بەڵام ئەگەر بڵێین ئەدەبی ( ژنان و پیاوان ) ، ئەم جۆرە پۆلین و ناوبردنە لە تایبەتمەندی دەچێتە دەرەوە و دەچێتە خانەی سنووربەندی ، وەک چۆن ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک ( سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و … هتد ) ئەم پاشگرانە دەچنە خانەی سنووربەندییەوە ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئەم ئیزمانە ، بەڵام ئیزم و پاشگری قوتابخانە ئەدەبییەکان وەک ( سومبولیزم ، داداییزم ، سوریالیزم ، فۆرمالیزم … هتد ) لێرەدا دەبینین ، ئەدەب هاوتەبا و ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەم ناو و ئیزمانە چونکە ، ئەم ناوانە بەهۆی تایبەتمەندی زمان و شێوازی جیا و داهێنانی نوێوە دێنە بوون ، ئەمانە ڕووبەری ئەدەب فراوانتر دەکەن و خشتێک دەخەنە سەردیواری ئەدەب و پەیکەرەی ئەدەب توندوتۆڵتر دەکەن . لەلایەکیترەوە ، ناتوانین ناتەبایی و شەڕ و ململانێی نێوان ئایدیۆلۆژییەکان بگوازینەوە نێو پانتایی ئەدەب ، بۆ نموونە / ( ئەدەبی سۆشیالیستی ) لەلایەن کەسانی ئاینپەروەر و نیشتیمانپەروەر ، داهێنان و جوانییەکانی ئەم ئەدەبە نابیندرێ ..! لە هەمانکات وەکو ئەوانیش چێژی لێنابینن ، چونکە لە بنەڕەتەوە خۆیان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازن و ئایدیۆلۆژییەکەشیان لە شەڕو ململانێیەکی ڕیشەیی و سەختدان ، ڕەنگە داهێنانەکانی یەکتر بێبەها چاولێبکەن .

یان ئەگەر بەهۆی پاساوی ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوە و ڕزگارکردنی چینیك بە دەستی چینێکیتر و یان ڕزگارکردنی ئاینێک بە دەستی ئاینێکی ترەوە … ، ( ئەدەب لە پێناو ئەدەب ) ڕەتکەینەوە و وەک چەکێکی شۆشگێڕانە ئەدەب بخەینە خزمەت مرۆڤ بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئازادی و ژیانێکی خۆشبەخت بەڵام ، دەبێ لەوە تێبگەین کەوا ، ئەدەب ئازادی و ڕزگاری بۆ مرۆڤەکان بە دەست ناهێنێ ، هەروەک ( سارتەر ) یش بڕوای وابووە کە ، ئەدەب دەتوانێ مرۆڤەکان والێبکات بیر لە ئازادی و ڕزگاری بکەنەوە . ئەدەب ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە بەدەستبهێنێ ، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو وشیاری و مەعریفەیە بەدەستبهێنن کە بیر لە ژیانێکی خۆشبەخت و بیر لە ئازادی و لە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چاوسانەوە بکەنەوە .. لیرەوە بەوە دەگەین کەوا ئەدەب ملکەچ و وابەستەیی بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەیەکی دیاریکراوی تایبەت نییە ، لە ئەدەبدا هیچ بیرکردنەوەیەک بە تەنها بوونێکی ڕەهای نییە ، ئەدەب لە ڕێگەی زمانەوە ئیش لەسەر وڕوژاندنی پرسیار و گومان و نامۆبوون دەکات ، لەبەرگێکی جوانکاری و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .. جوانیش هەم لە ئەدەب و لە هەموو شتەکانیتر بوونێکی ڕێژەیی هەیە . نامۆبوونیش دۆخێکە کە مرۆڤ لە جەوهەری ڕەسەنایەتی خۆی دادەبڕێنێ یان دووریدەخاتەوە . بۆ ئایدیۆلۆژیاش ( گومان و نامۆبوون ) دوو چەمکی توورەهات و بێمانان .

چونکە گومان و نامۆبوون تەنانەت پرسیاریش دۆخێکی ناجێگیر و شلۆق و ناتەبایان هەیە لە پێگەی ئایدیۆلۆژیادا ، مانەوە لە نێو گومان و ڕاڕایی لای مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان بە عەیبوعارێکی گەورە چاولێدەکرێت . چونکە لە ئایدیۆلۆژیادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دیاریکراوەدا ، وەڵامی پرسیارەکان دراونەتەوە و ڕێگاچارەکان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و خۆشبەختی دیرایکراون ، مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان دەبێ وابەستەی ئەم بەرنامەیە بن و لەسەری بڕۆن ، کەچی لە بنەڕەتدا ، ( ڕێگاچارە بۆ کێشەکان هەڵنابژێردرێ بەڵکو دادەهێندرێ ..! مرۆڤ خۆی دەتوانێ ڕێگاچارە بۆ کێشەو گرفتەکانی خۆی دابهێنێ ، نەک ڕێگایەکی پێشوەختە بە ئاسۆیەکی دیاریکراو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هەڵبژێرێ ) . ئەدەب بەم ماسک و بەم جەستە ڕێکخراوەییە و بەم قەڵەمە وابەستەییە ناتوانێ ئیش بکات و داهێنان بکات . نووسەر ناتوانێ بە پەنجەکان و قەڵەمەکەی خۆی ، سنوورێک یان بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی بکێشێت .

ناتوانێ بوخچەی ئارەزووەکان و بارە دەروونییەکەی خۆی فەرامۆش بکات ، تۆ ناتوانی بەسەر دیوی ناوەی خۆت بازبدەیت و دیوی ناوەوەی ئەوانیتر بکێشیت ، وەکچۆن ، ناتوانی زنجیر لە دەست و پەنجەکانی خۆت بکەیت و لەهەوڵی پچڕاندنی زنجیری دەستی ئەوانیتر بیت . چونکە ئەدەب لە بنەڕەتدا / فڕینە لە نێو ڕووبەری زمان و خەیاڵ و بیرکردنەوە ، فڕینە لەنێو بۆشایی دەروون و حەزوئارەزووەکانی خود ، نووسینەوەی گومانەکان و نائومێدییەکان و دەروونە تێکشکاوەکانە . یان رەسمکردن و نووسینەوەی وڕێنەکانە ، نووسینەوەی ئەم جوولە و شەپۆلانەیە کە ناوەوەی مرۆڤ دەجوولێنێ و ئاراستەی ڕۆیشتنی دیاریدەکات . بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا خۆشلکردن بۆ گرفت و موعاناتە تاکەکەسییەکان دۆخێکی نەخوازراو و بارێکی نێگەتیڤە .

چونکە لە بەها پیرۆزەکانی ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەکە دووردەکەوییەوە . یان بە کەسێکی( لادەر ) ناوزەد دەکرێیت . هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) دا هاتووە و دەڵێ ( ئەگەر مارکس سەیری دەرئەنجامەکانی پێداویستی ئێمە بۆ کارکردن بکات ، لە ڕوانگەی پەیوەستکردنییەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شێوازانەی سیاسەتەوە کە بەدوایاندا دێت ، ئەوا فرۆید سەیری تێوەئاڵاندنی ئەو پێویستییە دەکات بە ژیانی دەروونییەوە ، ئەم ناتەبایی و پارادۆکسە کە کارەکەی ئەوی لەسەر دەوەستێت ، ئەوەیە کە نابین بەوەی کە هەین ..! ) . دەبینین ( فرۆید ) سەیری تێوەئاڵاندن و پەیوەندییەکان و پەیوەستییان دەکات بە باری دەروونیی و ململانێیە دەروونییەکانەوە ، دەکرێ ئەم بیرکردنەوەیەی فرۆید ببێتە بیرکردنەوەی نووسەرێک کە لەنێو دەقێکی شیعری یان لە نێو چیڕۆک و ڕۆمانێک ئیشی لەسەر بکات ، بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا / ئیشکردن لەسەر ئەم بارە دەروونییە و کێشە دەروونییانەی خود کارێکی نەخوازراو و ناتەندروستە . چونکە ئایدیۆلۆژیا نووسەر و ئەدیبی گوشەگیر و یاخی ناوێت . باوەڕیان بە جیاوازی و ڕەتکردنەوە نییە ، بەڵام لە بنەڕەتدا / قسەکردن لەسەر سروشتی غەریزەکانی مرۆڤ و وەهم و نائومێدییەکانی خود ، بە بڕوای ئێمە ئەوە یەکێکە لە هێڵە سەرەکییەکانی ئەدەب . چونکە ئەدەب ئیش لەسەر دروستکردنەوەی مرۆڤ دەکات .. دواجار دەتوانین بلێین / کاریگەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر ئەدەب بەمانای ، کوشتنی ئەدەب و بەرتەسککردنەوەی سنووری خەیاڵ و بیرکردنەوەکان و داشۆرینی بەهاکانی جوانی و نوێبوونەوە دێت .

_ ئایدیۆلۆژیا و ( زمان و ئازادی و ڕەخنە )

زمان سەرەکیترین بنیاد و پێکهاتەی ئەدەب و نووسینە ، لەدەرەوەی زمان هیچ ئەدەبێک بوونی نییە . لەنێو ئەدەبیشدا زمان دەیەوێت ڕۆلی خۆی ببینێت ، زمانی ئەدەبی لە ئاکامی گەشەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ خۆیەوە هاتۆتەبوون و پەرەی سەندووە . لە ئاکامی ململانێکان لە پێناو مانەوەدا . ئەویش دەکرێ بڵێین ، مێژووی گەشەی مرۆڤ لە ئەنجامی بەریەککەوتنی ژیان و ئەو واقیعەی ڕووبەڕووی بۆتەوە ڕێکخستنیان لە پەیوەندییەکی زمانەوانیدا بووە . ( بە باوەڕی ( چۆمسکی ) یش نەک هەر زمانی ئەدەب / بەڵکو هەموو زمانە مرۆییەکان ڕەسەنن ، لەوەدا کە بەهۆیانەوە هەموو بیرەکانی مرۆڤ لەبارەی خۆیان و دەورو بەریانەوە دەگەنە مرۆڤی تر ، ڕەسەنایەتیش هەربەوە نایەت کە مرۆڤ یاساکانی زمانەکەی جێبەجێ بکات بەڵکو ، هەندێجار لە ڕێگەی بەزاندن و شکاندنی یاساکانەوە دروست دەبێ …! ) ، دەکرێ لەنێو ئەدەبدا بە شێوەیەکی ئەبستراکت ئیش لەسەر زمان بکرێت ، بێ گوێدانە هیچ یاسا و ڕێسایەک و هیچ سیستەمێکی ڕێزمانی و خاڵبەندی و هیچ سیستەمێکی تر .

ئەدیب دەتوانێت بەشێوەیەک ئیش لەسەر زمان بکات تا بەزاندن و لادان ، بۆ جیاکردنەوەی زمانی ئەدەبی لەگەڵ زمانی ئاسایی ڕۆژانە و بە شێوەیەکی چاڵاکانە ئیش لەسەر نوێبوونەوە دەکات . هەروەک لە کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) دا هاتووە و دەڵێ ( بە پێچەوانەی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە زمانی چیڕۆک و زمانی زانستەکان ، زمانی شیعر ، دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزە نە کات ( مێژوو ) ، نە شوێن ( جوگرافیا ) نە ڕێزمان ، نە یاساکانی واتا سازی ، نە ڕێنووس ، سنووری بۆ ناکێشن و لە دەسەڵاتی کەم ناکەنەوە ) ، چونکە ئەدەب زێتر بابەتێکی جوانناسییە ، نەک پیادەکردن و بەرجەستە کردنی کۆمەڵایەتییانە و بیروباوەڕی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی .

چونکە دواجار ئومێد و ئارەزووەکانی مرۆڤ دەبنە سەرچاوەیەکی پڕ وزە بۆ جوولەی ئەدەب و شارستانێتی . بەمانایەک زمان لە ئەدەبدا ، ئەو ڕووبەرەیە کە بیر و مەعریفە و خەیاڵی مرۆڤ تێیدا گەشە دەکات ، دواجار نەک هەر لە ئەدەبدا بەڵکو زمان دەبێتە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ ، مرۆڤ بە گشتی بە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوەو ئایینەکانەوە . وەکچۆن منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتادا ، کاتێک مێشکی لەژێر کاریگەری ناخودئاگایی دایە ، هەر کەلوپەلێکی بکەوێتە دەست یاری پێدەکات و لەناخی ناخەوەی ئارام و دڵخۆش دەبێ ، نووسەریش / ( زمان و وشە ) ئەو کەلوپەلانەن یاری پێدەکات ڕۆحی پێیان ئارام دەبێتەوە و لەزەتییا لێ دەبینێت ، وەک قوڕی دەستکرد ، وشەی نوێ و ڕەنگی نوێیان لێ دروست دەکات ، وەقسەیان دەهێنێ دەنگی نوێیان لێ دەبیستێ ، زمان بۆ نووسەر ئاوێنەیەکە ، دەتوانێ هەموو نهێنی و دیوە شاراوەکانی خۆی تیا ببینێ ، نووسەر لە نێو ئەم ئاوێنەیەدا کۆلۆمبسێکە ، هەموو ئەو رووبەرە تاریکە نەبیندراوانە و هەموو کوچەو کۆڵانە نەدۆزراوەکان ، دەدۆزێتەوە و بەسەرییان دەکاتەوە .

بێ گوێدانە هێز و جوولە و کاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەوکاتەدا تەنها هەرخۆیی و خەونەکانیەتی ، خۆی وەک بوونێکی رەسەن لەنیو ئەم ڕووبەرە کاردەکات .. ئازاد لە هەموو گاریگەرییە دەرەکییەکان ، لەم ڕووبەرە نووسەر بە تەواوی مانا ئازادە و مومارەسەی ئازادییەکانی خۆی دەکات ، وەک مرۆڤێکی یاخی خۆی بۆ هیچ بیروباوەڕ و کەلتوور و دەسەلاتێک شل ناکات ، ئەدەب و نووسین / ئەو شوێنانەن کە مرۆڤ دەتوانێ لەوێدا تەواو ئازاد بێ لە قسەکردن و لە ڕەفتار و لە دەربڕینی هەر شتێک کە بیەوێت ، ( نەک هەر ئەوە بەڵکو شاعیر یان ئەدیب بۆیان هەیە هەموو زمانە مرۆییەکان بە سەرچاوەی خۆیان دابنێن و فەرهەنگی ئەم هەموو فەرهەنگەکانی جیهانی بەهەر زمانێک بن و لە هەر سەردەمێکدا کۆکرابنەوە ) ، دواجار / ئازادیش ئەوکاتە مانایەکی هەیە کە مرۆڤ دەتوانێ مومارەسەی بکات ، هەروەها / ئازادی ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو بارەدۆخانەیە کە بوونی مرۆڤ دەشێوێنی و پڕی دەکات لە نامۆیی . بەڵام ئایدیۆلۆژیا ئەم ئازادییەی نووسەر لەنێو ڕووبەری ئەدەب و زمان بە یاخیبوون و لادەر لە قەڵەم دەدات ، ئایدیۆلۆژیا گەمەی زمانەوانی و ئیشکردن لەسەر میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و پرسیار و گومان و پێکهاتە ڕەوانبێژییەکان .. و ئەمانە بۆ ئەو بەهایەکی ئەوتۆیان نییە ، هێندەی زمانێکی شەفاف و ڕوونی لە نووسەر دەوێت هەندێکجاریش زمانێکی دروشمئامێز ، بۆ گەیاندنی مەبەست و پەیامێکی دیاریکراو . چونکە بۆ ئایدیۆلۆژیا ئەدەب جگە لە هۆکارێک هیچی تر نییە ، ئامانج نە داهێنانە نە جوانکاری .

بە دیوێکی تریش ، ڕەنگە / زۆرێک لە نووسەران لە ڕێگەی ئەو عەشقەیان بۆ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکەیان ، بێ هیچ فشار و کاریگەرییەکی دەرەکی بکەونە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژییەکەیان و لەزەت لەوە ببینن کە ، بەم شێواز و ستایلە بنووسن کە هاوتەریب دێنەوە لەگەڵ مەبەست و ئامانجی ئایدیۆلۆژییەکەیان . بە مانایەک نووسەرانێک خۆیان زنجیری ئایدیۆلۆژی و کاریگەرییەکانی دەرەکی لە دەستی خۆیان دەکەن و ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و شێواز و ستایل و زمانەکەیان بەرتەسک دەکەنەوە ، بە بڕوای من / ئەم نووسەرانە کۆیلە و وابەستەن ..! چونکە دەبێ لەوە بەئاگابین ، ئایدیۆلۆژیا نەک هەر بەرامبەر بە گەمە زمانەوانییەکان و ستایل و جوانکارییەکان بەڵکو ، هەوڵدەدات ئازادی نووسەر سنووردار بکات ، چونکە ئایدیۆلۆژیا ناتوانێ لەوە تێبگات ( ئەدەب بە زمانی ئەندێشە و فەنتازیا دەنووسرێ ، ئەندێشە و فەنتازیاش سیفاتی دیالەکتیکییان هەیە …! ) ، نەک هەر ئەمە بەڵکو ، ئایدیۆلۆژیا بەرامبەر رەخنەش هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت .

ڕەخنە بۆ ئایدیۆلۆژیا ، یەک مانای هەیە ، ئەویش / دەبێ رەخنە لە ئەویتر بگریت و داکۆکی سەرسەختانە لە بیروباوەرەکەی خۆت بکەیت . ڕۆڵی ڕەخنەگر هەرەسهێنان و تێشکانی لەشکری بەرامبەرە .. ! قسەیەکی تەقلیدیش هەیە بەرامبەر رەخنە بۆ هەموو ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەرەکان ڕاستە ، کە ئەویش / ئەگەر ڕەخنەکە هاوتەریب بوو لە گەڵ ئاسۆ ئامانجەکانی ئەو ، واتە گەر لەبەرژەوەندی ئەودا بوو ، ئەوا ڕەخنەیەکی ( بونیادنەرە ) ئەگەرنا دەبێتە ڕەخنەیەکی ( ڕووخێنەر ) ..! بەبێ هیچ لەبەرجاوگردتنی میتۆد و جدییەت و بنەمای مەعریفی و زانستی ڕەخنەکە .. گرینگ ئەوەیە ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ تۆ دێتەوە یان نا ..! رۆژانە ئەوە دەبیستین لە ڕەخنەکانی بەرامبەر بە یەکتری بە ( ژەهر ) ناوزەد دەکەن ، پێیان وایە ڕەخنەکان و نووسینەکانی دژبەیەک ژەهرێکە بە دژی یەکتری بڵاوی دەکەنەوە ، لەولاوەش هەموولایەن و ئایدیۆلۆژییەکان بە ماسکێکی ناشیرین و ڕەزا قوڕسەوە / باس لە ئازادی و دیموکراسی و گرینگی ئەدەب و ڕەخنە و بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەن . ئەوەش بەو مانایە نایێت کە / دەستی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ببڕین لەنێو ئەدەبدا یان ئەدەب نەتوانێ قسە لە سیاسەت بکات . بەڵکو هەموو نووسەرێک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە و یان هەڵگری چ بیروباوەڕیک و ئایدیۆلۆژیایەکە بەڵام ، گرینگە کە ئەدەبەکەی نەخاتە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، واتە / ئەدەبەکەی نەبیتە هۆکار بۆ ئایدیلۆژیایەکی دیاریکراو . مەبەستی تایبەتیشمان تەنها ( پاراستنی ڕووبەرە گەردوونیەکەی ئەدەبە ) ، لێرەدا بە باشی دەزانین کەوا / نووسەر خاوەن ڕوئیاو بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بەخۆی بێت ، چونکە بە پێویستی دەزانم لێرەدا پێ لەسەر ئەم وتە گرینگەی ڤۆڵتێر دابگرم کە دەڵێ ، ( ڕەنگە لە بیر و بۆچووندا جیاواز بین ، بەڵام ئامادەم بمرم لە پێناو داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونت ..! ) دواجار ئەدەب بەرهەمی بیری مرۆڤە و هاوتەریبە لەگەڵ مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، حەقیقەتیش ( بە تەنیا ) لەلای هیچ لایەنێک و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە ..!

دیسەمبەری ٢٠١٨
———————————–
سەرچاوەکان :
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوود لەم سەرچاونە وەرگیراون .
١/ کتیبی ( تیۆری ئەدەبی )
نووسینی / ( تێری ئیگڵتن ) .. وەرگێڕانی ( عەتا قەرەداغی )
٢/ کتێبی ( ئەدەب چییە ) .. نووسینی ( ژان پۆڵ سارتەر )
وەرگێڕانی ( مستەفا غەفوور )
٣/ کتێبی ( نامەیەک لەبارەی لێبووردەییەوە )
نووسینی ( ڤۆڵتێر ) .. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە ( عەبدولڕەزاق عەلی )
٤/ کتێبی ( لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان ) .. نووسینی / ( پڕۆفیسۆر د.محەمەد مەعروف فەتاح )
کۆکردنەوە و ئامادەکردنەوەی / ( شێروان حسێن خۆشناو ) ، ( شێروان میرزا قادر )