نەوەی نوێ و پزدانەکەی گۆڕان …. کامیار سابیر

خەڵکی کوردستانی عێراق، لە شەستەکانەوە تا ئێستا، فێڵی سیاسیی و درۆی سیاسییان لەگەڵدا دەکرێ. بێئومێدیی و بێ متمانەییەکی زۆر دروست بووە و خەڵک بە تەواویی ماندوو بووە. هەر حیزبێک لە شەستەکان بە دواوە، دروست بووبێت، لینکێکیان بە مەلایی و جەلالییەوە، هەبووە. باشتریین و زەقتریین نموونە، کۆمەڵەی رەنجدەران، ئەو رێکخراوە مارکسیستییە-شێخ مێنتاڵیتییە بوو کە راستەوخۆ، گەورەتریین درۆی سیاسیی لەگەڵ دەیان هەزار لە گەنجان و خەڵکانی چەپ و ئازادییخوازی کوردستاندا، کردووە. هەر لە دروستبوونی کۆمەڵەوە لە سەرەتای حەفتاکاندا، ماستەرمایندەکەی، تاڵەبانیی بووە و کۆمەڵێ نوخبەی خوێندەواری ئەفەندیی و گەنجی شێخزادەی ئەو سەردەمەی، تێدا زەرع کردبوو. خاڵە شەهاب، ئەنوەر، جەعفەر و فەرەیدوون عەبدولقادر، جگە لە واجیهەیەک بۆ شاردنەوەی مانیفێستە سیاسیی و کولتوورییەکانی تاڵەبانیی، جگە لە شاردنەوەی مەغزای تاڵەبانیی روو بە خەڵک، ئەوان هیچ کارە بوون.

تەنیا سیاسییەکی گەنج لەناو کۆمەڵەدا، دوای لە سێدارەدانی سەرکردەکانی کۆمەڵە، بەجدیی و بە ئەجێنداوە، پێچەوانەی سیاسەتەکانی مام جەلال جوڵابێتەوە، شەهید ئارام، بوو. بێگومان، کوشتنەکەیشی هەزار و یەک گومانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و هیچ کام لە لایەنگرەکانیشی جورئەتیان نەکردووە، پیلان و پلانی کوشتنەکەی، بۆ رای گشتیی، روون بکەنەوە. بەدەستی جاشەکانی بەعث، شەهید کرا، بەڵام بە دڵ و بە ویستی ئەوانە بوو کە کوردایەتیی ئەفەندییان لەژێر جامانەی چەپ و فەرەنجیی مارکسیزمدا، دەکرد.

سەرەنجام، دەرکەوت، کۆمەڵە و بزوتنەوە و خەتی گشتیی، دواتر کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان، جگە لە تاکتیک و ستراتیژی یەک شەخص، ئەویش تاڵەبانییە، وەکو سیاسییەکی موحەنەک(sophisticate ) و پڕ ئەزموون، شتێکی تر نەبوون. ئەو هەموو خوێن، ئیعدام و زیندانیی و قوربانییانە بە ناوی چەپ، مارکسیزم، ماویزم، کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوە، بۆ رزگاریی نیشتمانیی! و بازرگانیینەکردن بە کێشەی سیاسیی کوردەوە، دژی بنەماڵەی بارزانیی و دژی فیۆدالیزمی کوردایەتیی( دەرەبەگایەتیی) لە لاوان و گەنجانی حەفتا و هەشتاکانی کوردستان رۆیشتن، بۆ ستراتیژ و ئەجێندای مام جەلال، بوو. پەمپی ئەو هەموو قوربانییانە، لەژێر سەری رائیدی تەکییە و شێخە سیاسییەکانی کوردستاندا بوو کە ناوی رائیدی کوردایەتیی ئەفەندیزم ( الافندیة)ی لێدەنێم.

دوای تەصفییەکردنی ئارام، شەخصی نەوشیروان موصطەفایش-نم، بە رەسمیی و بە ئەجێندایەکی ستراتیژییەوە، لە لایەن تاڵەبانییەوە، تەعیین کرا و مەئمورییەتی کۆنترۆڵکردن و جڵەوگرتنی ئەو گەنجە چەپ و یاخییانەی ناو کۆمەڵەی پێ ئەسپێرا کە سەریان بۆ تاڵەبانیی، نەدەلەقاند. بە کورتییەکەی، کۆمەڵەی رەنجدەران، جگە لە درۆیەکی زۆر گەورەی سیاسیی و کەیدی موحەنەکەکانی کوردایەتییە ئەفەندیزمەکە لەهەمبەر ماڵی بارزانیی( کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە)، شتێکی تر نەبووە. کاتێکیش لە دەیە و نیوێک کەمتر، رۆڵی ئەو مەئمورییەتە بە ئاکام گەیشت، کۆمەڵەیان بۆ ئەبەد، ناشت و بەشێکی زۆریش لە قیادییە جەلالییەکانی کۆمەڵە، ئێستا بوونە بە میلیاردێری مافیا و لەگەڵ ماڵی بارزانییدا شەریکی بیزنسی نەوتفرۆشتنن و بەیعەتی بەردەوامی پێدەدەن.

ئێستا، بەرەی کوردایەتییە ئۆریجناڵەکە( بارزانیی) سەری هار و ماری لە پۆپۆلیزمی سیاسیی تێدایە. حیزبی شیوعیی و یەکگرتووی ئیسلامیی، وەکو سەروپێ، لە قازانی کوردایەتییەکەی بارزانییدان. هەروەها لە نوخبە عەلمانیی و تەکنۆکراتە موبایەعەچییەکانەوە بیگرە، بۆ نووسەر و رۆشنبییرەکانمان!، بۆ مەلایانی ئایینیی و نوخبە موهەڕیجەکانی کورد کە رانتی ویلایەتی رەیعیی، کەرامەتی مرۆییشی لێئەستاندوونەتەوە، بۆ صەدان هەزار دەربار لە کادیرانی سیاسیی حیزبە جۆراوجۆرەکان( لە راست و چەپ) تا بە عولەما و فوقەهاکانی هەموو پارادایمەکانی کوردایەتیی دەگات، هەموویان، بە کۆرس بۆ ماڵی بارزانیی و خورافاتە نەتەوەیی و بیزنسە جۆراجۆرەکانی وەکو ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئابووریی، قییڕەقییڕیان بە کەشکەلانی فەلەک دەگات و مۆبەڵایزی سیاسیی بۆ مەرجەعی خورافیی سیاسەتی کوردیی، دەکەن. بە کورتییەکەی، پارتیی بیزنسێکی زۆر زییرەکانە و جوان دەکات بەناوی پۆپۆلیزم و جەماوەرییبوونەوە، سیاسەتەکانی خۆی تەواو، ئۆرگەنایز و سێنترەڵایز، کردووە.

لەبەرەکەی تر( ئەفەندییەکان)، ئاڵای شۆڕش-ئاش لە هەشتاکاندا، جودا بووەوە، دواتر گۆڕان جودا بووەوە یان وەکو کۆمەڵە، دروستیان کرد! دەی هەر ئێستا، ئەو گۆڕانەی خەڵکێکی زۆر، ئومێدی پێی هەبوو کە لە رێگەی فشاری جەماوەریی و پارلمانییەوە، دەتوانێ ژیانی خەڵک باش بکات و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، کەمێک بەرقەرار بکات، تەنیا ژیانی هەندێ سیاسییان لە حیزبەکەی خۆیان و ماڵباتی نم، گۆڕیی. وێڕای ئەوەی گۆڕان، دارێکی بەدەستەوەیە هەردوو سەری پیساییە ( بەشدارییکردن و نەکردن لە حکومەتدا)، نەک هەر نابێتەوە بە گۆڕانی ٤ ساڵ لەمەوبەر، بەڵکو “نم”ش بمایە لە ژیاندا و ئەم بێ فیکریی و بێ بەرنامەیی، بێ روئییەیی و بێ روئیاییەی، ئەم پاسیفیست و بێ جورئەتییەی هەروەکو ئێستا دەبوو. بە کورتییەکەی لە هەموو مێژووی سیاسیی کورد لە عێراقدا، هیچ حیزبێک وەکو گۆڕان، ئیستیحماری( کەرکردن=کەراندن) شەقامی ناڕازیی نەکردووە و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، نەبووە. قەومی ئاشیش، نییوەی عەڕابی پارتیین و نییوەکەی تر، بە دەستی دوو خزمەتی ئەجێنداکانی فاشیزمی کوردایەتییە ئەصیڵەکە دەکەن.

هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکیش ئەوەندەی گۆڕان، زەبری کاریی لە خەباتکردن بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، نەداوە. یەکێتیی ئەگەر چەند قیادییەکی بەرهەم هێنابێت کە لێرە و لەوێ خۆیان بۆ پارتیی ساغکردەوە، ئەوە بەشێکی زۆری قیادەی گۆڕان و کادیرەکانی، موبەلیغ، موطیع و سامیعی پارتیین. هاوکات، ئەوەندەی پارتیی لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، مورتەزیقەی لەناو گۆڕاندا، زەرع کردووە( ئیخوانییەکان و نەتەوەییەکان)، لە شەستەکانەوە تا ئێستا، هیچ حیزبێکی ئەوەندە بە خێرایی و بە کارامەیی، خەرق نەکردووە. وێڕای خەرقکردنی گۆڕان لەلایەن، یەکێتییەوە. ئەم پرسیارانە بۆ ئەو شوێنە خۆیان دەکوتن، ئەی نن، چۆن خەرق ناکرێ بەو هەموو بەتاڵیی و بێفیکرییەوە، بەو هەموو کەلێن و شاشییەوە و سەرەنجامیش بەو هەموو پۆپۆلیزمە لیبراڵییەوە؟

وێڕای ئەوەی پۆپۆلیزم، مەرج نییە هەمیشە رەهەندی نێگەتیڤی هەبێت، بەڵکو زۆر جار سیاسییەکی عەقڵانیی، دەتوانێ لەپاڵ شەپۆلی پۆپۆلیزمدا، ئەجێندا سیاسییەکانی خۆی بە قازانجی بەرنامە و فیکری سیاسیی خۆی، بۆ خزمەتی گشتیی، ساغ بکاتەوە. کارەسات ئەوەیە پۆپۆلیزم لە کوردستان کە زۆریینەی خەڵک بە گاڵە هاتوون لەم چەتەگەرییە ئابوورییە و لەم مافیایانەی کوردایەتیی، بۆ قازانجی گشتیی و خەڵک، نییە. سەرەنجام، پۆپۆلیزمەکەیان بۆ بنەماڵەکەی خۆیان، کوڕەکانی خۆیان، بیزنسەکەی خۆیان و بەرژەوەندییە شەخصیی و حیزبییەکانی خۆیانە.

با واقیعیی بیین و خاڵ لەسەر حەرفەکان دابنێنین. لە توێژیینەوەی ئەکادیمییدا، ئارێشەیەک هەیە پێیدەگوترێ “گرفتی لێکۆڵیینەوە= Research problem”، ئەم گرفتە لە توێژیینەوەدا بەو کۆنتێکستانە دەگوترێ لە رووبەرێکی گەورەدا( لێرەدا سیاسەتی کوردیی، مەبەستە) دەنگ و رەنگیان هەیە، بەڵام سەریان بۆ بییرکردنەوە و ئاراستەکردن، نییە. گرفتی توێژیینەوە لە سیاسەتی کوردیی، گرفتێکی ثیۆریی، مێژوویی، فیکریی و مەعریفییە. دەبێ مێژووەکەی، کارکردەکەی و ئاوەزە سیاسییەکەی سەرلەبەر هەڵتەکێنێت و ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسیی رۆشن بەدەستەوە بدەیت. ئەم گرفتە( لێرەدا توێژیینەوە و قسەکردن لەسەر کوردایەتیی) پێویستی بە عەقڵی گەورە، تۆلێرانس، بەرچاوڕوونیی و جەرائەت هەیە کە کۆی تانوپۆی ثیۆریی و پراکتیکیی ئەم گرفتە( ئەم ئایدیۆلۆژییە) بەسەریەکدا بهاڕێت و تەقدیسی مێژووە پڕ لە عەمالەتە ئیقلیمییەکەی بشکێنێت و پرۆژەیەکی نیشتمانیی( نەک فاشیزمی نەتەوەیی) سەردەمییانە، بۆ پێکەوەژیانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، لەبری فاشیزمی کوردایەتیی، رۆ بنێیت. دەرمانی سیاسیی و فیکریی ئەم گرفتە نەدۆزرێتەوە، نەک هەر نن، هەر حیزبێکی تر لە کەشوهەوای پۆپۆلیزم و پزدانی حیزبەکانی کوردایەتییدا، پەیدا ببێت، نەک ئەوەندەی گۆڕانی پێناکرێت، بەڵکو ناتوانێ بە نییوەی ئەو رێگەیەش بگات کە گۆڕان پێیدا دەڕۆیشت.

نم، بەو هەموو جەبەروتەیەوە، بەو هەموو کاریزما عەسکەریی و سیاسییەیەوە، صەدان کادیری عەسکەریی لە دەور بوون( لە گۆران و لە ناو یەکێتییدا)، ئەمانە، توانای مانۆڕی عەسکەریی گەورەیان هەبوو، توانای ئیفلیجکردنی موئەسەسەی عەسکەریی یەکێتییان هەبوو، تەنانەت توانای ئینقیلابی عەسکەریی و دەستبەسەراگرتنی حیزب و ناوچەیەکی گەورەیشیان هەبوو، وێڕای پۆپۆلیزمە گەورە شەخصییەکەی خۆی، بەڵام سەرەنجام پاش ٨- ٩ ساڵ، داری بەسەر پەردوویەوە نەما. هۆکاری سەرەکیی، مردنی رێکخەری گشتیی-رگ ( پێشوو) نەبوو، جەبانیی و داوەشاویی خانەی راپەڕاندن نەبوو، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی ئەوە بوو کە گۆڕان، نەیتوانی تەجاوزی ئەو حەلەزۆنە سیاسییەی کوردایەتیی بکات کە لە پزدانی پارتیی، یەکێتیی و دێمۆکراتەکانی کوردستانی ئێران…تاد بەربووەتەوە و هەر لەناو ئەو سیستەمەیشدا، لە دایک بوو، بە کەمتر لە دەیەیەک، بەشێنەییش مرد. بەدڵنیاییەوە، خورافەیەکی زۆر گەورەیە، هەرکەس پێیوابێت، جارێکی تر گۆڕان، راست دەبێتەوە.

گۆڕان، جگە لە کۆمەڵێ دروشمی موسەکین و مەطاطیی، لە چەشنی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، ئەنتی گەندەڵیی، بە دامودەسگاییکردنی دەسەڵات، گۆڕیینی سیستەم! و هەندێ وردۆکە شیعاری پۆپۆلیستانە، نەیتوانی، دوای نم، یەک قائیدی سیاسیی، یەک نووسەر، یەک کەس دروست بکات کە بییربکاتەوە و جەرائەتی تێدا بێت، تەحەدای ئەو دونیا خورافییە بکات کە فاشیزمی کوردایەتیی، ٨٠ ساڵە بەڵمی لەسەر دادەنێت.( جگە لە هەندێ گەنج کە بییرکردنەوەیان باشە، بەڵام جادووی سیاسەتی شاعیرانە و چەمکی رەوانشاد، بڕستی لێ بڕییون و توانای تەحەداکردنیان نییە). نن، لە پزدانەکەی گۆڕانەوە پەیدا بوو کە خۆیان پێیدەڵێن حیزبە تەقلیدییەکان! ئایا نن، بەو بێ تفاقیی و بێ ذەخیرەییەوە، لە ناو ئەو هەموو قاتوقڕییەی سیاسەتی کوردیی و حیزبە تەقلیدییەکاندا( چەمکێکی شاعیرانە و ناسیاسییانەیە)، لە ناو پزدانەکەی کوردایەتییدا، دەتوانێ چیی بکات؟ ئایا لەناو ئەم هەموو بێئومێدییە سیاسییە و ئەم هەموو بێ ئاسۆییەدا، بەبێ فیکرێکی سیاسیی رۆشن و جەرییئانە، بە شەکرۆکەی نیۆلیبراڵیزمی بازاڕ، دەتوانێ دڕ بە سیستەمی سیاسیی و ئابووریی چەتەکانی کوردایەتیی و سیستەمەکەیان، بدات؟

درێژەی هەیە…




ئامانجی هونەر هوشیاركردنەوەی مرۆڤە* (گەعدە) جنسێكی غەریب لەناو هونەردا -1- … نەبەز گۆران

بەشی یەکەم …

هونەر چییە؟ ئەركی هونەر چییە؟ ئەو رووبەرەی هونەر كاریتێدا دەكات، چ رووبەرێكە؟ ئایا ئیشی هونەر خزمەتكردنە بە دیدگا چەقبەستووەكە، یان بەرهەمهێنانەوەی روانینی نوێیە؟ ئایا هونەر دەردە دڵە، ستایشكردنی ئەویتری دەرەوەی خۆتە، یان پانتاییەكە تا لەوێوە دەسكاری دونیا بكەیت؟ ئەو زمانە شەعبییەی لەیەككاتدا، بە (عەباسی كەمەندی) دەڵێت: هونەرمەند و بە (گەعدەچی)یەكیش دەڵێت: هونەرمەند، چۆن سەیری هونەر دەكات؟ میدیای بەكاڵاكردنی هونەر و شیعر، بۆچی پشت لە هونەر دەكات و خەریكی بازاڕی (گەعدە)یە؟ ئەی ئەوانە كێن بە (گەعدە) دەڵێن: هونەری میللی؟ جیاوازییە گەورەكانی هونەری میللی و (گەعدە) چین؟ ئەو دۆخە سایكۆلۆژییەی دەرك بە خۆونبوون دەكات، بۆچی تەماهی لەگەڵ (گەعدە) دەكات و پشت لە هونەر دەكات؟ سایكۆلۆژیای شێواو بەدوای چ چێژێكدا دەگەڕێت؟ بۆ ئەوەی هونەری میللی بناسین دەبێت لە كوێدا بۆی بگەڕێین؟ هەر كارەكتەرێك دەنگی خۆشبوو هونەرمەندە؟ گەر دەنگخۆشی هونەربێت، ئەی هونەر خۆی چییە و ناهونەربوون چییە؟
لەم وتارەدا تەنها ئیش لەسەر هونەری گۆرانی و هونەری شیعر دەكەم.

دەمەوێت بە پشت بەستن بە كۆمەڵێك تێزی فەیلەسوفان بۆ وەڵامی پرسیارەكان بگەڕێم و، پاشان لەسەر ئەو دۆخە سایكۆلۆژییە شێواوە بوەستم، كە هونەری گۆرانی و هونەری شیعر ناناسێت و لە لاوازی هوشیارییەوە سەرقاڵی وێرانكردنی ئەو دوو هونەرەیە. لەتەنیشت ئەم دۆخەوە قسە لەسەر ئەو میدیا نمایشكار و بەكاڵاكردنە دەكەم، لەرێگای ئاستە لاوازەكەی خۆیەوە دوای وێرانكردنی هونەری گۆرانی، ئێستا سەرقاڵی وێرانكردنی هونەری شیعرە و، لە رێگەی (گەعدەی شیعری)ییەوە، ئاستی شیعر و ئاستی زمانی دابەزاندوەتە شوێنێك، تەنها دەكرێت ئەو ئاستە لەچوارچێوەی (گەعدەدا) ناوی بهێنین. لەتەنیشت ئەمەوە لەناو هونەری گۆرانی كورییدا، لە (سەید عەلی ئەسغەر)ەوە، تا ئێستا بەدوای هونەر دەكەوین و دەپرسین لەكام وێستگەی هونەردا، بە هونەری میللییشەوە، (بەند و گەعدە) بوونی هەبووە؟ ئەم مۆدێلە چیبوو هات و لەناو كام چیندا گرنگی پێدەرێت؟ ئەو چینە لەرووی سایكۆلۆژییەوە خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، یان لەرووی هونەرییەوە؟ چێژ و سەلیقەی ئەو چیینە چۆنە؟ ئەم جنسە غەریبە لەناو هونەردا بۆ رێیدەبێتەوە و، ئەو زمانە شەعبیە بۆ ریزكردنی وشە بۆ ناوینراوە شیعر؟
“هونەر بریتییە لە دیتنی راستییەكان، یان بیرێك لە فۆڕمی دیمەنی فەنتازیا. هیگڵ.” ئەو راستییانەی لەناو ژیانی واقیعیدا هەن، دەبنە دینەمۆیەك بۆ بینینێكی جیاواز لای هونەر. هونەر لەگەڵ راستییەكاندا دەرگیردەبێت، سەرلەنوێ‌ خوێندنەوەیان بۆ دەكات و، ئەم خوێندەوەیە گومان و پرسیار لەسەر خودی راستییە بینراوەكان دروستدەكات، گومان و پرسیارەكان لای هونەر دەبنە دروستكردنی جۆرێكی دیكە لە راستی، كە ئەو راستییە نییە دەبینرێت و راستییەكە هونەر خۆی دەیخولقێنێت.

بە دیوێكی تردا، خولقاندنەوەی راستیییەكی نوێ‌یە پێچەوانەی راستییە بینراو نەریتییەكە. ئەگەر هونەر ئاوەژوكەرەوەی راستی نەریتی و بینراو نەبێت بۆ خولقاندنی راستییەكی نوێ‌، دەبێتە كۆپی كەرێكی ئەو راستییە و، كۆپیكردنەوەی راستی هەرچییەك بێت هونەر نییە. بە دەر لە راستی بوونەكە، بیرێكە لە ناو هەرێمی خەیاڵدا. هێزێكی گەورە لەناو هونەردایە هێزی خەیاڵە، ئەم هێزە بەردەوام سنوورەكان تێدەپەڕێنێت و لەرێگەی خەیاڵەوە جیهانێكی دیكە دروستدەكات، ئەم جیهانە زۆر جار لەسەرووی جوانی جیهانە واقیعیەكەوەیە. ” كەسیەتی هونەرمەند، كەسێكە پەی بە نهێنییەكانی سروشت دەبات. بلینسكی.” پەیبردن بە نهێنییەكان، پەیبردنێكی ئاسایی نییە، لەناو سروشتدا كۆمەڵێك نهێنی بوونی هەیە، ئەم نهێنیانە كەسی ئاسایی پەیان پێنابات، تەنها هونەرمەند پەی بەم نهێنیانە دەبات، چونكە كەسیەتی هونەرمەند سەروكاری لەگەڵ ئەندێشەدایە، ئەندێشە وەك مەكینەیەكی بەرهەمهێنان بۆ هونەرمەند، دەبێتە چەقێك تا پەی بەو نهێنیانە ببات ئەویتری ئاسایی دەركی ناكات. هەر ئەم پەیبردنە لەرێگەی ئەندێشەوە كەسێك لە كەسێكی ئاسییەوە دەكات بە هونەرمەن.

گەر هونەرمەند وەك ئەوانیتر سروشت ببینێت، وەك ئەوانی تر وێنای دەرەوەی خۆی بكات، وەك ئەوانی تر لەگەڵ دۆخەباوەكاندا بیگوزەرێنێت، ئیدی نەهونەرمەندە و نە هونەرێك لە ئەودا بوونی هەیە. جیاكردنەوەی هونەرمەند و ناهونەرمەند راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەندێشەوە هەیە. ئێمە بۆ ئەوەی هونەرمەندێك بناسین، سەیری بەرهەمەكەی دەكەین و لەرێگەی بەرهەمەكەیەوە ئەندێشەی دەناسین، ئەو كەسەی بەرهەمەكە بڵاو دەكاتەوە ئەندێشەیەك لەبەرهەمەكەیدا نەبێت پەی بە نەبینراوێك نەبردبێت، بێگومان ئەو كەسە بەرهەمێكی پیشاننەداوین ناوی هونەری لێبنرێت، لەبری ئەوە لەناو دونیا بینراوە ئاساییەكەدا بە بێ‌ پەیبردن بە نەبینراوەكان، لاسایكردنەوەیەكی خستوەتە بەردەستمان و ئەم لاسایكردنەوەیە بە هونەر وێنادەكات، لەكاتێكدا تەنها لاسایكردنەوەیەكە، بەبێ‌ پەیبردنبێك بە نهێنییەك و بەبێ‌ هونەرێك سەروكاری لەتەك ئەندێشە هەبێت. لەناو جەوهەری هەر بەرهەمێكی هونەریدا ئەندێشەیەك بوونی نەبێت، وەزەیەك بخاتە ناو بەرهەمەكەوە ئەو وزەیە خولقاندنێكی نوێ‌ بخاتە روو، ئەو بەرهەمە و خاوەن بەرهەمەكە نەیانتوانیووە كارێكی هونەری بكەن، تەنها لەژێر ناوی هونەردا، بەرهەمێكی ناهونەریان خستوەتە سەركۆی ئەو بەرهەمانەی دیكە هونەرێكیان تێدا نییە.

“هونەر تەنها كاتێك بە مەبەستی خۆی دەگات، لە دیاردە تایبەتەكاندا، پرسی گشتی و پێویستی عەقڵانی ئاشكرابكات و گشتییەتی نادیاری دیاردەكان، لەگەڵ گشتییەتی بەرهەستی ئەواندا دەربخات. هیگڵ.” ئەو دیاردە تایبەتیانەی لەناو فەزای تایبەتدا ماونەتەوە، ئەركی هونەرە لە رێگەی عەقڵگەڕاییەوە ئەم پرسە نادیارانە سەرلەنوێ‌ شەنبكاتەوە و بیانكاتە پرسێكی گشتی و دیار. پرسە نادیارەكان پرسگەلێكن لە رووبەری تایبەتی خۆیاندا كار لەسەر مانەوەی تاك و كۆمەڵگە دەكەن لەشوێنێكی چەقبەستوودا، هونەر دەرك بەم نادیاری و چەقبەستوویەدەكات، دەرك بەم تایبەتی بوون و وەستانە دەكات، لە رێگەی هونەری ئەندێشەوە ئەم نادیاریانە كەشفدەكات و لە تایبەتی بوون دایاندەماڵێت و دەیانكاتە پرسی گشتی و دیار. كاتێك دەبنە پرسی گشتی و دیار، دەبنە شوێنی گفتوگۆكردن و خوێندنەوە، شوێنی بینین و بیرلێكردنەوە، شوێنی سەرلەنوێ‌ دارشتنەوە و مانادانێكی نوێ پێیان. هونەر لەم دیاردە تایبەتیانەدا دەورێكی گرنگ دەبینێت و، تەنها ئەوی هونەرە دەتوانێت لە رێگەی هونەری بیركردنەوە و خەیاڵكردن جارێكی دیكە ئەم نادیاریانە بدۆزێتەوە و، پرسەكە بكاتە پرسی گشتی.

هەردیاردەیەكی تایبەت ویستی فەزاكەی خۆی فراوانبكات و لە وەستاندا بەردەوام بێت، لەو ساتەدا ئەركی هونەر دێتە پێش بۆ هەڵتەكاندنەوەی ئەو فەزا وەستاوە و گۆڕینی بۆ پرسێكی گشتی. “هەرگیز هونەر بە مانای لاسایكردنەوە نایەت. هیگڵ.” هونەر كاتێك دەبێتە هونەر لاسایی كەرەوە نەبێت، ئەو لاسایكردنەوە چ بۆ لاسایكردنەوەی سروشت بێت، یان خودی ژیانی گشتی، یان دووبارەكردنەوەی رابردوو، ئیشی ئەوانی دی. ئەگەر هونەر لە چوارچێوەی لاسایدا مایەوە، لە مانا راستەقینەكەی خۆی دادەماڵدرێت و دەبێتە ناهونەر. هونەربوون لەو چركەساتەوە دەستپێدەكات، دووبارەكردنەوە و لاسایكردنەوە تێدەپەڕینێت و بە جۆرێكی دیكە وێنای سروشت و ژیان و دیاردە و نەبینراوەكان دەكات، بیركردنەوە و دونیابینیەكی نوێ‌ بەرهەمبهێنن. یانی: (هیگڵ) وتەنی: ” هونەر راستییەكان دەخولقێنێتەوە، كۆپییان ناكات.”
هیچ كام لە فەیلەسوفان، لەسەر هونەر و جوانی ناسین لە هونەردا، هونەر ناكەنە دەرەوەی ئەندێشە. بەردەوام ئەندێشە لە هونەردا رووبەرێكی فراوان داگیردەكات و، هونەر راستەوخۆ كاتێك دەبێتە هونەر، ئەندێشەیەكی تێدابێت لەناو پانتایی ئەندێشەدا بەشوێن ماناكاندا بگەڕێت. ئەندێشەش تەنها پەیبردن نییە بە نەبینراوەكان، ئەندێشە سەرلەوێ‌ خوڵقاندنەوەیە. بەڵام هونەر و هونەرمەند دانابڕدرێن لە فەزا كۆمەڵایەتییەكە. ئەو فەزایەی هەیە، وەك (ئانتۆنی گرامشی) كاتێك نائومێد دەبێت لە فۆرمێكی باوی هونەر، دەڵێت: “دەبێت باس لە خەبات بۆ فەرهەنگی نوێ‌ بكەین، یانی خەبات بۆ ژیارێكی ئەخلاقی نوێ‌ و روانینێكی نوێ‌. روانگەیەك كە دەبێت بە شێوەیەكی نوێ‌ راستییەكان ببینین، تا لەسەرئەنجامدا جیهانێك بخولقێنین لەگەڵ هونەرمەندی شیاو، بەرهەمی هونەری شیاو بێتە ئاراوە.” ئەم دیگایە دەمانبات بۆ پرسیاركردن لەسەر فەرهەنگی نوێ‌. بە بروای ئەم فەیلەسوفە ناتوانین هونەر داببرین لەو فەرهەنگەی لەناو كۆمەڵگەدا هەیە و داوای لێبكەین پەرجومان پیشانبدات بۆ ئەوەی فەرهەنگەكەمان گۆڕانكاری بەسەردابێت.

پێش ئەوەی خەباتبكەین بۆ بەرهەمهێنانی هونەرێكی بەرز، پێویستە خەبات بۆ گڕینی فەرهەنگ بكەین. گۆڕینی فەرهەنگ لەگەڵ خۆیدا گۆڕینی هونەریش دەهێنێت. بەبێ‌ دەسكاریكردنی فەرهەنگی كۆمەڵگە، هونەر بەتەنیا ناتوانێت دەستكاری خۆی و فەرهەنگیش بكات. ئەشێت ئەم دیدە پشت بەوە ببەستێت، ئەوەی ناوی لێنراوە هونەر و هونەر نییە، بەرهەمی فەرهەنگی كۆمەڵگەیە. بۆ ئەوەی هونەر مانا راستەقینەكەی خۆی بۆبگەڕێتەوە، پێویستە دەسكاری فەرهەنگەكە بكەین. ئەما كاتێك هونەر خۆی بووییە خزمەتكاری ئەم فەرهەنگە نەریتییە وەستاوە، ئەوكات چی دەبێت؟ لێرەدا پێچەوانەی ئەو بروایەوە، ئەكرێت باس لەوە بكەین، هونەر یەكێك لە ئەركەكانی گۆڕینی فەرهەنگی كۆمەڵگەیە.

گەر هونەرخۆی فەرهەنگی كۆمەڵگە لە شەعبی بووندا بیخاتە ژێر سێبەری خۆی، لەم دۆخەدا ئیدی هونەرێك نەبووە و تەنها لاسایكەرەوەیەك بووە ویستوویەتی لەناو ئەو فەرهەنگە شەعبییەدا شوێنی خۆی بكاتەوە و خزمەت بەو تێگەیشتنە باوانەبكات فەرهەنگەكە وزەی لێوەردەگرێت. پێچەوانەی دیدگاكەی (گرامشی) بۆ ئەوەی فەرهەنگ بگۆڕێت بەر لەهەمووشتێك پێویستە هونەر خۆی جیابكاتەوە لە ناهونەر بوون، یان هونەر خۆی بگۆڕێت. پاش خۆ جیاكردنەوەی لەناهونەربوون و رۆیشتنەوە شوێنەكەی خۆی، ئەركێكی هونەر دەستكاریكردنی فەرهەنگە. ” یەكێك لە باڵاترین ئامانجەكانی هونەر ئەوەیە دەبێت گەشە بە هوشیاری مرۆڤ بدات. چرنیشۆفسكی.” بەم لۆژیكە هونەر دینەمۆیەكە بۆ گەشەكردنی هوشیاری، لە رێگەی ئەم گەشە هوشیارییەوە فەرهەنگیش ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت. پیچەوانەی (گرامشی) دەبێت هونەر خۆی پایەیەكبێت بۆ گۆڕینی فەرهەنگەكە، نەك لە چوارچێوەی فەرهەنگدا بیر لە گۆڕینی هونەربكرێتەوە. ئەگەرچی (گرامشی) پێی وایە: هونەر خەباتە بۆ ژیانێكی نوێ‌.” بەڵام كاتێك دێتە سەر گۆڕینی فەرهەنگ، كەمتر ئەركێك دەخاتە سەر هونەر لەم گۆڕینە و، لەچوارچێوەی گۆڕینی فەرهەنگدا بیرلە گۆڕینی هونەر دەكاتەوە.

بە پێچەوانەی تێزەكەی ئەویشەوە، (چرنیشۆفیسكی) ئەركە باڵاكەی هونەر كاتێك دەبینێت، بتوانێت هوشیاری نوێ‌ بخاتە شوێنی ناهوشیاری، یان هوشیاری باو. گۆڕینی ناهوشیاری بۆ هوشیاری نوێ‌، لە تەنیشتیدا گۆڕینی فەرهەنگی كۆمەڵگەشە، لە فەرهەنگێكی وەستاوە بۆ فەرهەنگێكی نوێ‌.ئەركی هونەر لێرەدا ئەركێكی گەورەترە، ئەركێكە دوای شوێنگرتنی خۆی وەك پاییەكی كلتووری، دەبێت دەست بۆ دونیاو هوشیاری مرۆڤەكان ببات و ئاڵوگۆڕی دونیابینی دورستبكات. تەنها لەم چوارچێوەیەشدا ناوەستێت و یەكێكی دیكەی ئەركەكانی، بەرنگارییە دژی سیستەمی دەسەڵات. هونەری راستەقینە هەرگیز رووبەری خۆی ناخاتە خزمەتی سیستەمی دەسەڵاتە و، لە رووبەرەكەی خۆیدا دژی سیستەم دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی كردەیەكی بەرگریكارانە ئەنجام بدات، لە پێناو ژیانی گشتی و فراوانكردنی مەودای ئازادی.

پرسێكی دیكەی هونەر، جوانی بینە، جوانی ناسینە، وێناكردنەوەی جوانی و دروستكردنەوەی جوانییەكی نوێیە. ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری لەسەرەو هەریەك لە فەیلەسوفان بەجۆرێك لەسەر پرسی جوانی لە هونەردا قسەی خۆیدەكات. لە هەموویان زیاتر(هیگڵ) كە جوانی هونەر باڵاتر دەكات لە جوانی سروشت. باوەڕی وایە ئەو جوانییەی هونەر دەیخولقێنێت جوانییەكی مانەوەیە، جوانییەكە لەو جوانییەی سروشت باڵاترە. دیدی ئەم فەیلەسوفە بۆ جوانی هونەر بە جۆرێك تیۆریزە دەكات، جوانی سروشتی بە جوانی كاتی دەبینێت. دیمەنەكان لەبەرچاو دەرۆِن و كۆتاییان دێت، بەڵام هونەر جۆرێك لە جوانی دەخولقێنێت دەمێنێتەوە، ئەمە چ لە هونەری شیعربێت، یان هونەری نیگاركێشان، یان هونەری ئاواز…هتد ، لەم جوانییەدا هونەر كۆپی ناكاتەوە، خۆی جوانییەك دەخولقێنێت جوانییەكە جیاوازییەكی جەوهەری هەیە لەگەڵ جوانی سروشتدا. بەڵام (هۆگۆ) دەڵێت: ” هونەر بۆ هونەر رەنگە جوانبێت، بەڵام هونەر بە پێشكەوتن جوانترە.” ئەو تێزەی هونەر لەناو هونەردا بۆی بگەڕێین، تێزی بەشێك لە بیریارانبوو، تا لەهونەردا وێنای هونەربكەنەوە. ئەم تێزە هونەری دادەماڵی و دەیخستە ناو رووبەرێكی تایبەتەوە كە زیاتر وێنای خۆی لە خۆیدا ببینێت، كاتێك (هۆگۆ) دێت، هونەر دەبەستێتەوە بە پێشكەوتنەوە، پێشكەوتن بەو واتایەی، جۆرێكی نوێ‌ لە بیركردنەوە، جۆرێكی نوێ‌ لە وێناكردن، جۆرێكی نوێ‌ لەخوڵقاندنی هوشیاریی و چێژ، جۆرێكی نوێ لەبەرنگاری و كردەی شۆرشگێرانە لەرێگەی ئەندێشەی هونەرییەوە. مەبەستییەتی رووبەری هونەر بهێنێتەوە شوێنە راستەقینەكەی و دای نەبڕێت لە رووبەری كۆمەڵایەتی. جوانی ناسینەكەش لەوەدا نابینێت وێنەیەكی نوێبێت لە دەرەوەی جوانی سروشت، لەوەدا دەیبنێت پێشكەوتن لەگەڵ خۆی بهێنێت و هەموو پێشكەوتنێكیش وێناكردنێكی جیاوازە لەوەی پێش خۆی. بەم واتایە، رووبەری هونەر بینینێكە بۆ سەرجەم رووبەرەكانی دیكە، ئەندێشەیەكە لەو رووبەرەوە بەردەوام چاودێری رووبەرەكانی دیكە دەكرێت، تا وزەی نوێیان پێبدات و روانینی نوێ‌ بخاتە ناویانەوە.

” لەناو هونەردا هوشیاری پێشخانی بەرهەم، جێی لێوردبوونەوەیە، ئەو هوشیارییە راستەقینەیە یان درۆینە. گەر هوشیاریەكە راستەقینە نەبوو ناتوانین ئەو بەرهەمە بایەخی هونەری پێدەبین. چرنیشۆفسكی.” لەناو بەرهەمی هونەریدا پاشخانێكی هوشیاری بوونی هەیە، ئەم پاشخانە لەسەر بنەمای بینینی راستی دروستدەبێت. گەر لە ناو بەرهەمدا پاشخانێكی هوشیاری بوونی نەبێت، بناغەیەكی بیركردنەوە بوونی نەبێت، ئەو بەرهەمە بەرهەمێك نابێت لە چوارچێوەی هونەردا سەیربكرێت. بەرهەم كاتێك دەبێتە بەرهەمی هونەری پاشخانێكی هوشیاری لەسەر بنەمای راستی تێدا بەدیبكرێت. ” بەرهەمی هونەری بێجگە لە پیشاندانی راستییەكان، ئاسۆی راستییەكان دادەرێژێت و ئاراستەیاندەكات و بنەمای فاكتەكان _وەستان و گۆڕان_ پیشاندەدات. جۆرج لۆكاچ.” بەرهەمی هونەری لە دیدی (لۆكاچ) تەنها راستییەكان پیشان نادات، بەڵكو ئاسۆی راستییەكان فراواندەكات و سەرلەنوێ‌ دایاندەرێژێتەوە. تەنانەت بەجۆرێك كار لەسەر ئاسۆكان دەكات، فاكتە وەستاوەكان دەگۆڕێت و فاكتی گۆڕاو دەخاتە شوێنیان. ئەم جوڵەیەش كاتێك دەكرێت هونەر رۆحی سەردەمەكەی خۆی بناسێت. ئەو سەردەمەی هونەر لەگەڵی دەرگیردەبێت، ئەركی هونەرە لەگەڵ ناسینی سەردەمەكەدا، دەرگیربوونەكەی بكاتە وێستگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی دونیایەكی نوێ و راستییەكی نوێ‌ بخاتە شوێنی راستییە نەریتییەكە. هەڵبەت ئەو راستییەی هونەر بەیانیدەكات، گەر راستییەكی دەمامكداربێت، یان تەنها لە چوارچێوەی فۆڕم و رەواڵەتدا بێت، زوو كەشفدەبێت و كەشفبوونەكەی هونەرەكە لە هونەر دەخات. ئیشی هونەر نییە بەشوێن رەواڵەت و راستی ناراستییدا بگەڕێت، ئیشی هونەرە لەسەر راستییەك بوەستێت جەوهەرەكەی مانایەكی جیاواز بە دونیابدات‌. ئیشی هونەر نییە خۆی دابەزێنێت بۆ ئاستێكی بێمانا، ئیشی هونەرە كۆمەڵگە و فەرهەنگەكەی لە ئاستی نزم یان ناوەندەوە بەرزكاتەوە بۆ ئاستێكی بەرز.

بەپێی ئەم كۆمەڵە روانینەی فەیلەسوفانبێت. تێدەگەین رووبەری هونەر رووبەرێكە پەیوەندی بە ئەندێشەوە هەیە. ئەم رووبەرە رێگانادات لەشوێنێكی نەریتی و چەقبەستودا بمێنێتەوە و، بەردەوام لە دەسكاریكردنی دونیاكەی خۆی و دەرەوەی خۆی ناوەستێت. رووبەرێكە هوشیاری تێیدا باڵادەستەوە و، ئەم هوشیارییە دەرك بە نەبینراوەكان دەكات و دەرك بەو دیاردانە دەكات لە سەردەمەكەی خۆیدا روودەدەن، لەرێگەی دەرككردنەكەوە كەسی هونەرمەند جارێكی دیكە بە پشتبەستن بە هوشیاری دەرككراوی خۆیەوە، وێنەی نوێ‌ و دونیابینی نوێ‌ دەخولقینێت. رووبەرێكە وزەیەكی گەورەی خەیاڵ و ئەندێشەی تێدایە، وزەكە بەردەوام لە جوڵەدایە تا شتەكان لە بێمانایی رزگاربكات و مانایەكی تازەیان بكات بەبەردا. هونەركاتێك دەبێتە هونەر لەسەر ئەم بنەمایانە سەیری خۆی و دونیای دەرەوەی خۆی بكات. بەم پێیە ئێمە لێرەدا دەپرسین: (گەعدە) چ هیی گۆرانی، چ هیی شیعری شاشەیی، هیچكام لەم خەمانەی هەڵگرتووە؟ ئایا كەسی گوێگر، یان خوێنەری ئەو مۆدێلە هوشیارییان لەرێگەی (گەعدە)ی گۆرانی و شیعری شاشەییەوە گۆڕانێكی بەسەردا هاتووە دەركبكەن ئەم گۆڕانە لە رێگەی (گەعدە)وە بەرهەمهاتبێت؟ ئایا ئەم جنسە غەریبەیە توانای ئەوەی هەیە ئەم بەپرسیاریییەتە هەڵبگرێت و حەقی ئەوەی هەیە وەك هونەر سەیربكرێت؟ هەردوو تایپەكەی بەند و گۆرانی، شیعری شاشەیی ناو بەرنامە تافیهەكان هیچ لەم جەوهەرەیان تێدایە ئێمە لێرەدا بەشێكی كەممان خستە ڕوو؟

درێژەی هەیە …..
1-2




كه‌سێك هه‌ر دێت .. منیش ده‌یبینم … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ ده‌ستپێكی نمایشی ( كه‌سێك هه‌ر دێت ) له‌ نووسینی ( جۆن فوسه‌) و ده‌رهێنانی (مه‌هدی حه‌سه‌ن ) ئه‌كته‌رێكی ژن و یه‌كێكی پیاو، به‌ سواری پایسكلێكه‌وه‌ له‌ تاریكییه‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر شانۆ، له‌ سه‌ر ئه‌رزێكی چنراو به‌ گه‌ڵای زه‌ردی هه‌ڵوه‌ریوی پایز، به‌ ده‌وری پیره‌ دارێكی وشكی بێ‌ گه‌ڵا ده‌سوڕێنه‌وه‌، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆدا چه‌قیووه‌، به‌ده‌م گفتو گۆ كردنه‌وه‌ به‌ره‌و دورگه‌یه‌كی دابڕاو له‌ هه‌موو دنیا، خانوویه‌ك بۆ نیشته‌جێ‌ بون ده‌كڕن، كه‌ بێجگه‌ له‌وان هیچ بنیاده‌مێكی لێ‌ نیه‌، پێیان وایه‌ ئه‌و شوێنه‌ دووره‌ په‌رێزه‌ گونجاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ خۆشه‌ویستی خۆیان بده‌ن و ژیانێكی ئارامی تێدا بگوزه‌رێنن.

نمایشه‌كه‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكدا ، كۆمه‌ڵێ‌ ئاماژه‌ت بۆ ده‌رده‌خا، تا تۆش وه‌ك بینه‌ر بچیته‌ ناو ئه‌تمۆسفیری نمایش و رووداوه‌كانی، كاتێ‌ چاوت به‌و گه‌ڵا وه‌ریوه‌ پایزیانه‌ ده‌كه‌وێت ئه‌و دوو كاراكته‌ره‌ به‌ ده‌م گفتوگۆ كردن له‌ سه‌ر ئه‌و هیوایه‌ی بۆی ده‌چن، ئه‌و وشكه‌ داره‌ بێ‌ گه‌ڵایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆدا ده‌بینی ره‌سمی ژیانێكی بێ‌ هوده‌ت بۆ ده‌كێشێ‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت ئه‌و شوێنه‌ شوێنی هیوای هه‌ڵوه‌ریووه‌، بۆیه‌ زوو خه‌یاڵت بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵێ‌ ئه‌و ژن و مێرده‌ش له‌ ئاكامی ئه‌و بێ‌ هیواییه‌، راده‌كه‌ن و ئه‌و شوێنه‌ به‌جێ‌ دێڵن ..به‌ڵام ئاخۆ راكردن و روو كردنه‌ گۆشه‌گیریی ، چاره‌ی برینی ئه‌وان ده‌كات ؟
نه‌خێر كه‌ ئه‌وان ده‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست، له‌ پڕێكا هه‌ستێكی نامۆ ژنه‌كه‌ داده‌گرێ‌، ترسێك ئه‌و شوێنه‌ داده‌پۆشێ‌، نیگه‌رانیه‌ك وه‌ك سێبه‌ر به‌دوایانه‌وه‌ دێت، نیگه‌رانی ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌ر دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت له‌وه‌ی، كه‌سێك هه‌ر دێت، بۆیه‌ له‌ ناو شه‌پۆلێك له‌ ترس و رارایی، چه‌ند جارێك به‌ پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: چ روو ده‌دات ئه‌گه‌ر كه‌سێ‌ بێت ؟ راده‌كشێ‌ و گوێ‌ له‌ زه‌ویه‌كه‌ ڕاده‌گرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوێ‌ ی له‌ خشپه‌ پێی هاتنی ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ دێت :
(پێ‌ ده‌چێ‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌ ئاوا بێت كه‌ به‌ته‌نیا نه‌ژیین ! نه‌خێر لێ‌ ناگه‌ڕێن ئێمه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بین !ئا ئه‌وه‌تا كه‌سێكمان لێ‌ په‌یدا ده‌بێت ..)
دواتر نه‌خۆشی ئه‌و گومانه‌ له‌ ژنه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ پیاوه‌كه‌، نیشانه‌ی تووش بوون به‌و نه‌خۆشی گومانه‌ لای پیاوه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كات، ئاخۆ چۆن ئه‌و ژنه‌ مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك هه‌ر دێت ئه‌گه‌ر خۆی به‌و هاتنه‌ نه‌زانێ‌ ؟ بۆیه‌ به‌ توڕه‌یی هێرشی بۆ ده‌بات و پێی ده‌ڵێ‌ : پێم بڵێ‌ كێیه‌ دێت ؟
به‌ڵام دیسان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و هیستریایه‌ی ژنه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌، پیاوه‌كه‌ په‌نا بۆ دڵ نه‌وایی و له‌ ئامێز گرتن ده‌بات، ته‌نیا به‌ له‌ ئامێز گرتن ده‌توانێت ئارامی به‌ ژنه‌كه‌ ببه‌خشێت و له‌ناو ئه‌و ترس و گومانه‌ هێوری كاته‌وه‌ ..

ده‌رهیَِنه‌ریش به‌ هه‌مان فۆرم له‌گه‌ڵ له‌ ئامێز گرتنه‌كه‌، رووناكی كز ده‌كات و ده‌یانخاته‌ ناو گه‌رووی تاریكی، له‌وێ‌ جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ‌، هه‌ردوكییان به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌ر جاره‌و قومێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌كه‌ هه‌ڵده‌مژن و دوكه‌ڵه‌كه‌ی به‌با ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ئه‌تمۆ سفیره‌ ئارامه‌، هه‌م ریتمی هه‌ڵچوونی ده‌روونیی لای كاراكته‌ر هێور كاته‌وه‌، هه‌میش بینه‌ر ئارام بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته‌ كاتیه‌ش دادیان نادات و گومانه‌كه‌ به‌توندتر له‌ جاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

وه‌همه‌كه‌ ده‌بێته‌ راستی، كه‌سێكی نامۆ په‌یدا ده‌بێت كه‌ فرۆشیاری خانووه‌كه‌یه‌ و باوكو باپیرانی له‌و خانووه‌دا نیشته‌جێ‌ بوونه‌، ده‌چێته‌ ناو ژیانیان، وه‌ك گه‌رده‌لولێك ده‌یانخاته‌ گێژه‌نه‌یه‌ك، وێڕای توڕه‌بوونی پیاوه‌كه‌ و ئه‌و هه‌سته‌ پڕ له‌ ئازاره‌ ده‌روونییه‌ی تووشی ده‌بێت ، ئه‌مجاره‌ زۆر له‌ ژنه‌كه‌ زێتر، گومان ده‌ست ده‌خاته‌ قاقای و به‌ره‌و شێت بوونی ده‌بات، ئه‌وه‌تا به‌ گومانه‌وه‌ به‌ كچه‌كه‌ ده‌ڵێت: تۆ داوات كرد له‌ ته‌نیشتته‌وه‌ دانیشێ‌، چاو ببڕیته‌ ناو چاوی ؟ به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ قه‌بوڵی ئه‌وه‌ ده‌كات پیاوه‌كه‌ به‌ ده‌ستی خۆی ژماره‌ی ته‌له‌فونه‌كه‌ی بخاته‌ نێو سوخمه‌كانییه‌وه‌، ئه‌ویش قه‌بوڵی بكات، هه‌موو ئه‌وانه‌ ترس و دڵه‌ راوكێیه‌ك لای پیاوه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گرێ‌ كوێره‌ ده‌روونییه‌ی ئازاری ده‌دات و ناوه‌ ناوه‌ به‌ ژنه‌كه‌ بڵێ‌: پێم بڵًێ‌ زه‌روری بوو كه‌ تۆ چاو ببڕیته‌ ناوچاوی ؟
ژنه‌كه‌ش ده‌یه‌وێت له‌و گومانه‌ی دابڕێنێ‌ و چه‌ند جارێك دووپاتی ده‌كاته‌وه‌: (بڕۆ بابچینه‌ ژووره‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ غه‌ریزه‌كانی خۆیان هه‌ڵڕیّژن و كۆتایی به‌ نیگه‌رانیه‌كانیان بێنن.
به‌ڵام بینه‌ر هه‌ر زوو ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست ده‌بێت، ئاخۆ هۆكاری نه‌رمی نواندنی ژنه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پیاوه‌ خانوو فرۆشه‌كه‌ چی بوو؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن پاره‌ بوو؟ یاخود له‌ بڕوا به‌خۆ بوونی ژنه‌كه‌ بوو به‌ خۆی، چونكه‌ له‌ دایه‌لۆژێكا ده‌ڵێ‌: من نه‌ نه‌فره‌تی لێ‌ ده‌كه‌م، نه‌ خۆشیشم ده‌وێ‌، به‌ڵام ئه‌و بڕوا به‌ خۆ بوونه‌ به‌هایه‌كی نه‌بوو لای پیاوه‌كه‌، تا له‌ ئاكامدا به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌ر گومان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو تاریكیه‌كه‌ و خانوو فرۆشكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سوڕ خواردنه‌وه‌ به‌ ده‌وریاندا .

شوێن له‌جوگرافیای نمایشدا

شوێن له‌ نمایشه‌كه‌دا پرسیاری زۆر دروست ده‌كات، ئایا شوێن ده‌توانێت ئاسووده‌ییه‌كی ره‌ها ده‌سته‌به‌ر بكات ؟ یا شتێ‌ له‌ هاوكێشه‌ ده‌روونی و مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بگۆڕیێت ؟ یان جێ‌ گۆڕكێ‌ به‌ شوێن وه‌همێكه‌و هه‌موو شوێنه‌كان وه‌ك یه‌كن بۆ خۆشه‌ویستی و ئارامی ؟ تۆ بڵێ‌ ی سوچێك هه‌بێت به‌ گۆڕانی شوێن كۆتایی به‌ گومان و نا ئارامی بێنێت ؟
یان ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ نه‌خێر هه‌موو شوێنه‌كان وه‌ك یه‌كن مادام بنیاده‌م له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌كا ده‌ژیت كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ دایه‌
ده‌رهێنان:

هه‌ر شانۆكارێك بیه‌وێت كار له‌ سه‌ر شانۆگه‌رییه‌كانی (جۆن فۆسه‌) بكات، ئه‌وه‌ ده‌بێت پێشتر ئه‌و نووسه‌ره‌ شانۆكاره‌ نه‌رویجیه‌ بناسێت كه‌ به‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌بسن ـ ناونراوه‌، به‌ هۆی لێك نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ هونه‌ری (ئه‌بسن) و ( بیكیت ) و كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیدا.
به‌ هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ( فۆسه‌) هه‌یه‌تی، ره‌نگه‌ بۆ ده‌رهێنه‌رێكی كوردی وه‌ك ( مه‌هدی حه‌سه‌ن ) كارێكی ئاسان نه‌بیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌، كه‌ ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌كان به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی فۆسه‌ـ هه‌یه‌تی ، نه‌توانن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ن، بۆیه‌ خۆ لێدانی مه‌هدی له‌و به‌رهه‌مه‌، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازه‌ و كارێكی ئاسایی نه‌بووه‌.

زۆربه‌ی شانۆگه‌رییه‌كانی (فۆسه‌) وه‌ك : پاڵتۆی زه‌رد، چه‌ترێك بۆ باران، خه‌ونی پایز، سۆزان ، به‌چه‌ندین زمانی جینهانیی له‌شانۆ ئه‌وروپیه‌كاندا نمایش كراون، مه‌هدی حه‌سه‌ن له‌ نێوان 30 ده‌قی شانۆیی ـ جۆن فۆسه‌ ـ شانۆیی ( كه‌سێك هه‌ر دێت ) ی ده‌ست نیشان كردووه‌، كه‌ فۆسه‌ـ ساڵی 1994 نووسیویه‌تی و یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و له‌ لایه‌ن ( هاوده‌م ساڵح جاف) له‌ نه‌رویجیه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی، ده‌رهێنه‌ر به‌ سێ‌ ئاراسته‌ كاری له‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ كرۆكی به‌رجه‌سته‌ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ : له‌وانه‌ :

1.موزیك :

ئه‌و فۆرمه‌ نمایشانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو ئه‌تمۆسفیرێكی سایكۆلۆژی و ده‌روونی له‌ ترس و نیگه‌رانی و رارایی له‌ چه‌شنی ستایله‌كانی (بیكیت ) پێویستی زۆریان به‌ موزیك هه‌یه‌ بۆ گوزارشت كردن له‌ ناخی كاراكته‌ره‌كان و به‌رجه‌سته‌ كردنی رووداوه‌كان، واش باشتره‌ كه‌ موزیكی زیندوو تایبه‌ت به‌ نمایشه‌كه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ موزیك ژه‌نی درامی مان نیه‌، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت موزیك هاوشان بێت له‌گه‌ڵ ریتمی نمایشه‌كه‌، له‌و نمایشه‌دا موزیكێكی گونجاو له‌ گه‌ڵ ریتمی نمایش هه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ ئه‌لته‌رناتیفی موزیكی زیندوو، بینه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ موزیك كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه‌ به‌ جێ‌ هێشتووه‌ له‌ سه‌ر سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ .

2. تاریكی و رووناكی:

له‌ نمایشه‌كه‌دا شوێن له‌ گه‌ڵ زه‌مه‌ندا لێك گرێ‌ دراون، زه‌مه‌ن ئێستایه‌، ته‌ماشای چوار ده‌وری فه‌زای شانۆ بكه‌، هیچ دیكۆرێك نابینی جگه‌ له‌ باگ راوندێكی ره‌ش نه‌بێت ، كه‌ فه‌زای نمایش به‌ ره‌شی بنوێنێ‌ ، له‌ به‌ر دوو هۆ : یه‌كێییان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ وه‌ك بینه‌ر له‌وه‌ بگه‌یت كه‌ ره‌نگی ره‌ش ره‌نگی زه‌مه‌نێكی تاریكه‌ .
دووهه‌میان: فه‌زای ره‌ش ده‌توانێ‌ به‌رجه‌سته‌ی ره‌نگه‌كانی تر بكات و ئاوێزانی هه‌ر ره‌نگێكی تر بێت ، به‌ تایبه‌ت بۆ رووناكی سوورو شین و ئاوێته‌ بوونێكی هارمۆنی دروست بكات ..به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و نمایشه‌ كه‌ تاریكی و رووناكی، دوو هێمای بنه‌ڕه‌تی ره‌نگه‌كانن بۆ دوو رووی جیاوازو دوو فه‌لسه‌فه‌ی دژ به‌ یه‌ك ، به‌ڵام تاریكی له‌م نمایشه‌دا زۆرینه‌ی فه‌زاو پانتایی نمایشه‌كه‌ی داگیر كردووه‌ و له‌ ئاستی سینۆگرافیاو ستاتیكای شانۆیی جوانتر كردووه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نه‌كان، ئه‌وه‌تا ده‌سپێكی نمایش به‌ تاریكی ده‌ست پێ‌ ده‌كات و كۆتایی هاتنه‌كه‌شی به‌ تاریكی كۆتایی دێت .

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گومان ساراپای نمایشه‌كه‌ی داپۆشییووه‌ ، هه‌میشه‌ پێویستیت به‌ تاریكی ده‌بێت، بۆ ده‌ربڕینی حاڵه‌ته‌كانی ترس و كڵپه‌ ده‌روونییه‌كان و سایكۆلۆژیه‌تی شوێن ، له‌ هه‌مان كاتیشدا حاله‌ته‌كانی ئارام بوونه‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێ‌ دیمه‌ندا ریتمی نواندن به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و كاراكته‌ره‌كان ده‌گه‌نه‌ پۆپه‌ی نیگه‌رانی و ترس و توڕه‌بوون و پیاوه‌كه‌و ژنه‌كه‌ بۆ خۆ رزگار كردن له‌و حاڵه‌ته‌ هیستیریییانه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی یه‌كتر ئه‌و ریتمه‌ خاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و حاڵه‌تێكی رۆمانسی دروست ده‌كه‌ن، دیسان ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌ تاریكی ده‌بێته‌وه‌ .
ده‌رهێنه‌ر بایه‌خێكی ئه‌وتۆی به‌ دیكۆر نه‌داوه‌،به‌ڵكو سه‌راپای فه‌زای شانۆی به‌ ره‌نگی ره‌ش داپۆشیووه‌، تیشك و سێبه‌ری به‌كار هێناوه‌، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گۆشه‌گیر بوونی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، هه‌ردوو ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ تاریكییه‌وه‌ دێن .

ئه‌كته‌ر :

ئه‌كته‌ر كرۆكی نمایشه‌كه‌یه‌و هه‌موو هیواكان به‌ توانست و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌وه‌ به‌ندن، ئه‌گه‌ر داینه‌مۆی نمایش كه‌ ئه‌كته‌ره‌ هاوسه‌نگ نه‌بێت له‌ گه‌ڵ ئه‌و چوارچیوه‌ ستاتیكییه‌ی بۆ ئه‌كته‌ر ئاماده‌ كراوه‌ ، ئه‌وه‌ هیچ له‌ ئامرازه‌كانی دیكه‌ی سینۆگرافیا ناتوانن ببن به‌ ئه‌لته‌رناتیلف بۆ ئه‌كته‌ر.
ده‌رهێنه‌ر به‌ ده‌ستپێكێكی دروست ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ سێ‌ ئه‌كته‌ری به‌ توانای ده‌ست نیشانكردووه‌ بۆ رۆڵی كاراكته‌ره‌كان كه‌ بریتین له‌
یوسف عوسمان ( فرۆشیاری خانوو) :
ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌، ته‌مه‌نی ئه‌و و ئه‌و توانایه‌ی له‌ رووی نواندنه‌وه‌ هه‌یه‌تی، هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ یاریده‌ده‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كان بۆ بینینی رۆڵی كاراكته‌ره‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان، له‌م به‌رهه‌مه‌دا كه‌ كه‌سی سێه‌می نمایشه‌كه‌یه‌، رۆڵی ئه‌و پیاوه‌ خاوه‌ن خانووه‌ ده‌بینێت ، كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری دروست كردنی گومان و دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌، بۆ روخاندنی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان ژن و مێرده‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی ترس و مردنه‌، ته‌نانه‌ت تا ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ دابێت ئه‌و كاراكته‌ره‌ وه‌ك ئه‌هریمه‌ن به‌ دوای تێكدان و ۆدروست كردنی گومان له‌ سه‌ر رۆحی مرۆڤایه‌تی دا هه‌ر ماوه‌و هه‌ر ده‌مێنێ‌ .

یوسف عوسمان ـ له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ جیاوازییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌ گه‌ڵ ژنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی دروست كردنی په‌یوه‌ندییه‌كی سۆزداری له‌ گه‌ڵدا ببه‌ستێت، به‌ حوكمی پاره‌و سه‌رو سامان كه‌ زۆر جاران ده‌یوست بیكات به‌ كارتێك بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كه‌ بستێنته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، چونكه‌ ئه‌و پێی وابوو پاره‌ زۆر له‌ هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ بێت ، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا نه‌بێته‌ ئه‌لته‌رناتیف بۆ دابین كردنی ژیانێكی ئارام و به‌خته‌وه‌ر، بۆیه‌ بینه‌ر وا هه‌ستی ده‌كرد خه‌ریكه‌ به‌ نه‌رمی نواندنی ئه‌م گومانه‌ ژنه‌كه‌ ببێته‌ ئه‌مری واقیع ، ئه‌گه‌رچی نه‌رمی نواندنه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ زۆر لێكدانه‌وه‌ی جیا جیای بۆ ده‌كرێت .

چاوان خه‌لیل :

كه‌ به‌ داینه‌مۆی بنه‌ڕه‌تی نمایشه‌كه‌ ده‌هاته‌ به‌رچاو، به‌ ئه‌داو نواندنی بوێرانه‌و داهێنه‌رانه‌ی خۆی ، هه‌میشه‌ ریتمی نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر شانی خۆی راگرتبوو، وه‌ك ئه‌كته‌رێك تێگه‌یشتوو له‌ كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی و رۆڵه‌كه‌ی ئازادییه‌كی ره‌های له‌ نواندندا به‌ خۆی به‌خشیبوو، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ست به‌ هیچ گرێیه‌ك نه‌كا له‌ به‌رجسته‌ كردنی نواندنه‌كه‌ی و دیمه‌نه‌كان تێر كات له‌ ستاتیكاو سینۆگرافیای شانۆیی به‌ جه‌سته‌و ئیلقاو ده‌نگ، چێژێكی زۆری به‌ بینه‌ر به‌خشی، به‌ تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه‌ راجفرین و ترس و نیگه‌رانی لێ‌ ده‌كه‌وته‌وه‌ ، یا له‌ كاتی له‌ ئامێز گرتن و ئاوێزان بوونه‌ رۆحیه‌كان له‌ گه‌ڵ دلًَداره‌كه‌ی دا .
بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت به‌ چاوان ببه‌خشرێت ، كه‌ وا ده‌رنه‌چوو، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ لای بینه‌ر بوو كه‌ میدالی خۆشه‌ویستی به‌و ئه‌كته‌ره‌ داهێنه‌ره‌ به‌خشی كه‌ شایه‌سته‌ی زۆرتر بوو .

دلشاد شه‌هاب:

ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بۆ (دلشاد)* ده‌رفه‌تێكی له‌ بار بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توانستێكی خۆی وه‌ك ئه‌كته‌ر نیشان بدا، ئه‌گه‌رچی كارێكی سه‌خت بوو بۆ ئه‌و له‌ته‌ك ئه‌و توانسته‌ فره‌ جه‌مسه‌ره‌ی (چاوان) بتوانێت خۆی رابگرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌ك هه‌ر توانی هاوسه‌نگییه‌كه‌ رابگرێت، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی به‌ كاراكته‌ره‌كه‌ی به‌خشی بوو، به‌شدار بوونێكی دیاری كرد، له‌ چێژ وه‌رگرتن و تێر كردنی سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ .




ڕۆحانییەت، لە نامەکانی پێشەوا کاکەییدا…. سارا فەقێ خدر

—————
بە ھۆی شیعرەڕێیەکانی پێشەوا کاکەییەوە، گەشتێکم بۆ ئەفریقا و ئەمریکا کرد و، وتەیەکی ئاینشتاینم ھاتەوە یاد، کە باسی ئایینی گەردوونی دەکا: «تێگەیشتن لەو ئایینە کارێکی گرانە بۆ کەسێک، کە لە ناخەوە ھەستی پێنەکا.»١
دوای خوێندنەوەی «ئەفریقانامە و زمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر» ھەستمکرد ئەمریکانامە زیاتر تامی شیعر دەدا. جا نازانم ئەمریکا لە ئەفریقا خۆشترە یان لەبەر ئەوەیە کە نووسەر لە ئەمریکانامەدا زیاتر گرنگی بە ڕۆحانییەت داوە؟
لە ھەردوو گەشتەکەدا، نووسەر وڵاتەکان بە ھەرێمە بێنازەکەی خۆی بەراورد دەکا و ڕەخنە لە دەسەڵاتە گەندەڵەکانی ئێرە و ئەوێ دەگرێ. لە ھەمانکاتدا پەیامی ئەدەبیی وڵاتەکەی پێیە و دەیەوێ بە دنیای بناسێنێ:

«دوایی زانیان کە من کوردێکم بۆ وە ھاتووم،
لە گشت وڵاتانی ئەفریقادا:
ھەردوو نامەکەی نالی و سالم بخوێنمەوە!.»۲

ھەر لەو گەشتانەیدا، ناوی زۆرێک لە نووسەر و شاعیرە کۆن و نوێیەکانی کوردستانی باشوور دێنێ وەک «نالی، سالم، گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڕەفیق سابیر، ئەحمەدی مەلا، ھیوا قادر، د. سالار باسیرە، ھتد…» لێرەدا، ھیچ ژنێک لە گەشتەکە لە گەڵیدانین و ناویان نەھاتووە! بەڵام کاتێک سەردانی وڵات و شارانی دیکە دەکا و، نووسەر و شاعیران دەبینێ و لەگەڵیان دەدوێ، لە گۆیانای بەڕازیل و ھەرێمی ئاماپا، باسی ژنە شاعیرەکانی خەڵکی پالیکور دەکا، دەکرێ ئەمە ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگای نەریتی خۆمان بێ، کە لە دەرەوە زیاتر مرۆڤەکان دەکرێنەوە لە باسی ئەواندا دەڵێ:

«دووسێ شاعیری سوننەتگەراییی تێدابوون،
باسیان لە خۆڵەمێش دەکرد، وڕێنەیان بە گۆزە دەکرد،
پەنجەکانیان… کاری جوانکارییان دەکرد،
ژنێک، نەیدەزانی چۆن قەرزی بولبول بداتەوە،
چەهچەهە، تا ئەوسەری ڕۆحی بردبوو.»۳

نووسەر، کەمتر خۆی لە قەرەی سەرکردە و کەسە سیاسییەکان داوە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە دڵسۆزی گەل و نیشتمانبوون و خزمەتی ھەژارانیان کردووە، وەکوو: «خۆسێ مۆخیکا»ی سەرۆکی ئۆرۆگوای، کە بەیەکەوە سواری تراکتۆر دەبن و زەوی جوتیاران دەکێڵن.
دوو خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەمریکانامە، تێکەڵبوونە لەگەڵ سروشت و شۆڕبوونەوەیە بۆ ڕۆحانییەت.
– کە تێکەڵی سروشت دەبێ:
١- سروشت بە نەخشی دەستی خوا دەبینێ و، وەک ھونەرمەندێکی مەزن لێی دەڕوانێ. بۆ نموونە، دەڵێ:

«خودا، ھەندێکجار بە شێوەی شەستەبارانە،
وێنەی سوریالی دەکێشا.
ھەندێکجار، نم نم، وێنەی دوو عاشق و،
ماوەماوەش،
بەلێزمە، وێنەی سێڵاوی نێو کۆڵان و شەقامەکانی دەکێشا.»٤

٢- سروشت وەک ڕۆحێکی زیندوو دەبینێ و، وتووێژی لەگەڵ دەکا:

«تۆ ئەی گیا، ئەگەر ڕۆژێک لە ناو پاوانی تۆدا ونبووم و،
شین نەبوومەوە،
باران وەک مەقامبێژێک، دڵنەواییی من ناداتەوە.»٥

شاعیر، لەگەڵ مەسەلە دنیایی و ماددییەکاندا دانووی ناکوڵێ و، گرنگی بە لایەنی گیانیی دەدا. ھەر کە دەگاتە بەڕازیل، بە خەڵکی ئەوێ دەڵێ، دەمەوێ لەگەڵ پاوڵۆ کۆیلۆ دابنیشم. دوای گوتوبێژێکی زۆر، لە ماڵئاواییدا پێی دەڵێ:
«چ لە مرۆ دەکەی، کە ڕۆح نەبینێت.»٦

نموونەی دیکە:
* «دوابەخشینی من لێرە: نزاکردنە وەک عاشقانێک، کە ھیچیان لە خودا مەتڵەب نییە، جگە لە نوور بەخشین.»۷
* «ھاتووم لەو دیو شەڕانگێزییەوە، بە چۆڕێک ئاو و بستێک خۆڵ و دڵێکی پڕ بڵێسە و، بە ھەناسەیەکی قووڵەوە، ڕووناکیی ببەخشم!.»۸
* پێشەوا، لە گەشتەکەیدا بە گاتاکانی زەردەشتەوە بە ڕێ دەکەوێ، بە شانزە گزنگی جیا جیا، بە وڵاتاندا تێدەپەڕێ.
«ئەی ئاھوورا،
ڕوو لە کوێ بکەم، ھێزم بدەرێ،
جیھان وەختە لە ڕۆح دەردەچێ.»۹

* باسی عەشقی ستوونیی دەکا، کە مەبەستی بەرزبوونەوەیە بۆ لای خودا؛
«دەی ڕۆحم لە ھەر لایەک بێ،
دەیەوێ بە ستوونیدا بچێتەوە سەرەوە.»۱۰

دواگەشتی نووسەر، لە کەنەدا، لە ناو سەھۆڵبەنداندایە و تاکە شتێک لە بیری مابێ «لاوکی ھەڵەبجە»ی ڕەفیق سابیرە. لێرەدا، سەرەڕای ئاماژەکردن بە کارەساتەکە، ھەڵەبجە دەکاتەوە بە دەستەخوشکی قەڵادزێی زێدی خۆی، لە ڕێگای شاعیرەکەی لاوکی ھەڵەبجە، کە ئەویش خەڵکی قەڵادزێیە.
ئەو پڕوژە نوێیەی پێشەوا کاکەیی، بە گەردوونیکردنی ئەدەب و ھونەرە، کە لە ڕێیەوە، ھەنگاو بۆ مرۆڤدۆستیی و گیانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی داباشکردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئایین و مەزھەب و ئایدیۆلۆجیا، دەنێ.
وێڕای دەستخۆشیی، بە ئومێدی بەردەوامیی و بەخشینی زیاترین.

کانونی دووەمی ٢٠١٩

…………
١- العالم کما أراە: ألبرت أینشتاین، ت. فاروق الحمید.
٢- ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر: پێشەوا کاکەیی، پڕۆژەی یەکەم و دووەم، چ. کارۆ، سلێمانی، ل. ۱۸، ۲۰۱۸.
٣- ئەمریکانامە، بە تامی شیعر، پڕۆژەی سێیەم و چوارەم، چ. کارۆ، سلێمانی، ل. ۷۰، ۲۰۱۸.
٤- هەمان سەرچاوە… ل. ۱۹.
٥- هەمان سەرچاوە… ل. ۲۸.
٦- هەمان سەرچاوە… ل. ۱٦.
٧- هەمان سەرچاوە… ل. ٤٤.
٨- هەمان سەرچاوە… ل. ۱۲۷.
٩- هەمان سەرچاوە… ل. ۱۳۰.
١٠- هەمان سەرچاوە… ل. ٣٧.




خواردنەوەی وەھم … ئامادەکردن/سەروین دەروێش

وینستۆن تشرشڵ دەڵێت:ڕاستی زۆر بەنرخە بەڕادەیەک دەبێت بەکەژاوەیەک لە درۆ بپارێزرێت.

بە ھۆی پێویستی مرۆڤ بە فاکتەرەکانی ڕۆشنبیرکردن وفێرکردنی جیاجیاوە،ڕاگەیاندنی جیاواز دروست بوو کە ئەڵقەیەکی بەستنەوەیە بە خەڵک.وە کاری ڕۆشنبیر کردنە نەک تەنھا گوستنەوەی ھەواڵەکان.
تەڵەکەبازی میدیاکارەکانیش لەپشت مایکرۆفۆنەکانەوە ولەکەناڵە ئاسمانیەکان،دوور لە بەھای کارکردن و بەدوژمن کردنی دۆست وە بە دۆست کردنی دووژمن و بەکارھێنانی ھونەری کارتێکردن لە ھزرو شوشتنەوە مێشک و ڕیکلام کردن بۆ شتی پووچ…

میدیا دەتوانێت یاری بە ژیانی کەسانێک بکات ھەروەک چۆن زانیاری سەبارەت بەکەسە ناودارەکان دەدرێت و بەمەبەستی ناو زڕاندن،جا ئەو زانیاریانە ڕاست بن یاخود ھەڵبەستراو یان تەنھا بۆچونێک بن،زۆر جار وەک خەوی موگناتیسی دەبێتە ھۆی سەپاندنی بیرۆکەو کەلتور بەسەر کۆمەڵگا،خەڵک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەوتۆتە بەر کاریگەری میدیاو باوەڕ بە ھەموو ئەو شتانە دەکەن کە دەیبینن ودەبیستن ،بەبێ ئەوەی ڕاستیەکان بزانن.

لە ڕووی زانستیەوە مرۆڤ زۆر بە ئاسانی توانای بیرکردنەوە لەدەست دەدات کاتێک دووچاری پاڵەپەستۆی مرۆیی و سۆزداری دەبێت تەنانەت ھەندێک جار وای لێدێت کە باوەڕ بە وەھم و زێدەڕەوی بکات کە بە ھیچ شێوەیک ئەقڵ قبوڵی ناکات…
ڕۆبەرت فیسک دەڵێت:
میدیای ھاوچەرخ تاوانێکی گەورەیە،چونکە وەک دار دەستی جادووکەر وایە کە کۆنترۆلی مێشکی خەڵک دەکات وەبەرەو ڕاستیەکی خەیاڵیان دەبات.
میدیا جەنگێکی وەھمی لە ناو سەرمان دروست دەکات و ھەڕەشەیە بۆ سەر ھزرمان ئەوەش بۆ خزمەت کردنی ئەجندای جیاواز و بۆ بەرژەوەندی بەھێزەکانە،زۆر جار لە پشت ھەر دەزگایەکی میدیادا ئایدۆلۆژیایەک ھەیە کە بۆ مەبەستی تایبەت بەکاردێت.

بێگومان نەبونی چاودێری لە میدیادا لەسەر ئەو ھەموو پێشێلکاریانەی دەکرێت کاریگەری خەراپی ھەیە لەسەر ھەڵسوکەوتی کۆمەڵگا،بینین یان بیستنی ھەواڵی کوشتن ودەست درێژی و توندوتیژی سێکسی و جنێوو ھەڕەشەو سوکایەتی کردن بووە بە شتێکی ئاسایی و قبوڵ دەکرێت،کاریگەری نێگەتیڤ بەجێدەھێڵێت لەسەر دەرونی تاک و دەبێتە ھۆی لە دەست دانی بەھاو بنەماکان…
بەداخەوە تا ئێستا میدیا دەستبەسەرە و نەیتوانیوە ئالنگیری ئایدۆلۆژیاو ھۆکارە کۆمەڵایەتیەکان بکات و ئازاد بێت و ڕاستگۆیی و بوێری لەدەست نەدات.




هەڵکردنی ئاڵا! …. دابین ڕەمەزان

پیرۆزتانبێ
خێرو بێری ئەم ووڵاتە
بەدەستکەووتی ،
سەدان ساڵەی باوانتانبێ
هەتا ماوون شەختەبەند و
هەورازوو لێژی ڕێتان بێ
کاسەی شەرابی سەرمێزتان
پڕخوێناو بێ
دڕک و داڵی گۆڕی شەهید
پشکۆی ئاگر ،
بەسەرین و سەرجێتانبێ

پیرۆزمان بێ
خوێنی شەهید ناڵەی دایک
شەڕوو کووشتار بەنۆشمان بێ
پیرۆزمان بێ …
ماراسۆنی شارو شارمان
هەڵپەو شادی و
ئاگر بارانی شەوانمان
وەک شیری دایک حەڵاڵبێ
پیرۆزمانبێ ..
هەتا ماوین ،
گەورەترین دەستکەووتمان
هەر هەڵکردنی ئاڵابێ!

Dabin Ramazan