ڕیفۆرم یان شۆڕش ….. نووسینی: کریس هێجز … وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە ….
https://dengekan.info/archives/315


کریس هێجز ئەم وتارەی لەسەر سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ “رۆزا لوکسمبۆرگ” لە یانەی فۆرمی چەپ لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا پێشکەشکرد .

————————

شەوی 15/1/1919 کۆمەڵێک چەکداری فریکۆرپس کە گروپێك بوون لە کۆنە سەربازە راستڕەوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم درووستکرابوو (لەلایەن سۆسیال دیموکراتەکانەوە)، بە پەلەپروزکە ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگی تەمەن ٥٠ سالەیان گرت، کە ژنێکی بەباڵا بچکۆلە بوو کەمێك بە نەرمی دەشەلی، بردیان و گەیاندیانە ئوتێلی ئیدن لە بەرلین، کە بنکەی سەرەکی فیرقەی پاسەوانە ئەسپسوارەکانی ( فریکۆرپسی سۆسیال دیموکراتەکان) بوو.

دوای ئەوەی بردیانە ژورێکی ئۆفیسی نهۆمی سەرەوە کاپتن ڤالدیمار پابست رووی تێکرد و لێی پرسی:” تۆی خانمی ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ؟”
لە وەڵامدا بە نەرمییەوە وتی: “تۆ خۆت بڕیار بدە.”
ئەویش وتی:”بەپێی وێنەکان بێت تۆ ئەویت.”
ئەمیش بە ئارامییەوە وتی:”چۆن دەڵێیت با وابێت.”
پابست پێی وتبوو کە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی مۆبییت (لە بەرلین)، بەڵام لە ڕێگای چونە دەرەوەیان لە ئوتێلەکە خەڵکێکی زۆر وەستابوون بە قەرەباڵخی و تـێکەڵ و پێکەڵی گردببونەوە و تێکڕا بەرامبەر رۆزا هاواریان دەکرد و جنێویان پێدەدا وەك “ئەی لەش فرۆش”، هاوکات لەگەڵ هاوارو هوتاف و هوها پێکەوە تفیان لێدەکرد.
سەربازێک بەناوی ئۆتۆ رونجی 50 مارکی بەرزکردەوە کە بیدات بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت لە رۆزا بدات و هاواری کرد: ” بە زیندویی لێرە ناچێتە دەرەوە”، ئا لەو کاتەدا بوو بەقۆناغی چەکەکەی کێشای بە پشتی سەری ڕۆزادا و بەدەما خستی و خوێن بەدەم و لوتیدا فیچقەی کرد.

ڕۆنجی بۆ جاری دووەم پێیدا کێشایەوە هەتاوەکی کەسێکی دیکە بەردەمی گرت و وتی:” ئەوەندەی بەسە”.
سەربازەکان ڕۆزایان بەکێشکرد بۆ لای ئوتومبیلێکی خۆیان کە چاوەڕێی هاتنیانی دەکرد.
تاکێك لە پێڵاوەکانی رۆزا لەو کاتەدا لە دوای جەستەی بەجێما، یەکێك لە سەربازەکەکان جارێکی دیکە لە کاتی بەکێشکردنیدا لێیدا.
کاتێك ئوتومبیلەکە بە خێرایی دوور کەوتەوە، نەقیب کورت ڤۆگیڵ دەمانچەکەی بەرزکردەوە و لەسەری رۆزا خاڵی کردەوە.
سەربازەکان لاشەکەی ڕۆزایان فڕێدایە ناو ئاوی نۆکەندی لاندڤێڕ.

کارڵ لیبکنیخت، ئەو کەسەی کە بڕوای بە ڕۆزا هێنابوو بەشداری راپەڕینەکە بکات، چەند ساتێک بەر لە رۆزا کوژرا بوو.
لیکبنیخت ئەو کەسە بوو کە بڕوای بە رۆزا هێنا بچێتە ناو شۆڕشەکەوە، هەرچەندە رۆزا بە گومان بوو چونکە دەیزانی راپەڕینەکە سەرکەوتوو نابێت بەڵام چووە ناوی و ئیتر هەردووکیان بەوشێوەیە کوژران و راپەڕینی سپارتاکۆسیەکان (چەپە سۆسیالیستە شۆرشگێرەکان لە ئەڵمانیا) سەرکوتکراو فاشیزم لە ئەڵمانیا لە دایك بوو.
بکوژەکانی ئەو دوو شۆرشگێرە لەئەڵمانیا هەروەکو پۆلیسەکانی ئێرە کە چۆن لە شەقامەکانی شارەکانی ئەمریکا خەڵكانی بە رەنگ (رەش پست و ئەوانەی سپی نین) دەکوژن ، هەروەکو ئەم پۆلیسانەی ئێرە ئەو بکوژانەی ئەوێش لە ئەڵمانیا دادگایی کران، بەڵام دادگا تەنیا هۆشیاری پێدان چونکە دەوڵەت (دەوڵەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیا) هیچ مەبەستی نەبوو بکوژەکان سزا بدات چونکە بکوژەکان بە کوشتنی رۆزا و لیکبنیخت ئەو کارەیانکردبوو کە دەوڵەت خوازیاربوو بیکەن.

ئەوە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو کە هەستا بە درووستکردنی فریکۆرپس، کە دواتربووە هەوێنی درووستبوونی پارتی نازی.
ئەم هێزە چەکدارە میلیشیایە و سوپا هەردووکیان بەکارهێنران بۆ سەرکوتکردنی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەی لەلایەن بزوتنەوەی چەپەوە ڕێکدەخران و بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەیانبینی. (سۆسیال دیموکراتەکان بە باڵی راستی ئەڵمانەکان لەم قۆناغە دەناسرێن، چەپ لێرە مانای سۆسیالیستە شۆرشگێرەکانی رێکخراوی سۆسیالیستە سپارتاکۆسیەکانە).
کوشتنی ڕۆزا ئەوپەڕی دڵسۆزی نوخبەی لیبڕاڵی دەرخست بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە رووبەروی مەترستی ببوەوە لەلایەن چەپەکانەوە.
ئەو کاتەی سۆسیالیزم لە شەقامەکاندا خۆی نمایش دەکرد ئەو نوخبەیە ئامادەبوو هەموو کاتێکیش ئامادەیە بۆ دروستکردنی بەرە لەگەڵ توخمە هەرە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگەدا بۆ سەرکوتکردنی ئامانجەکانی چینی کرێکار و (بزووتنەوەکانی خەڵك).

لیبڕاڵیزم، کە ڕۆزا شیاوترین پیناسەی بۆکردوە و و وەک “ئۆپۆرتۆنیزم ” (هەلپەرستخواز) ناساندی، بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی سەرمایەداریە.
هەرکاتێک جەماوەری خەڵك بەرەو وچان دەچن لە خەبات و تێکۆشان ، لیبڕالیزم دەست دەکات بە رەخنەگرتنی زێدەڕۆییەکانی سەرمایەداری، بەڵام وەک رۆزا باسی لێوەکردوە سەرمایەداری دۆژمنێکە هەرگیز ناکرێت هێرشەکانی نەرم بکرێتەوە.
سەرمایەداری دەست دەبات بۆ ریفۆرمی لیبڕالەکان بۆ هێورکردنەوەی نارەزایەتییەکان، ئەو کاتەش کۆمەڵگە ئارام دەبێتەوە، ئیتر دووبارە کار لەسەر دوا ڕێڕەوی خۆی بەرەو سەرمایەداری دەکات، کە بە کۆیلەکردنی کرێکارانە.
خەباتی کرێکارانی ئەمریکا لە سەدەی ڕابردوودا تەواو درووستی بۆچونەکانی ڕۆزا دەسەلمێنێت.
سیاسەت وکەلتور و دەزگا دادوەریەکانی سیستەمی سەرمایەداری هەموویان کار بۆ پاراستنی مافەکانی موڵکدارێتی تایبەتی دەکەن.
هەر وەکو ئادەم سیمس (بیرمەندی سەرمایەداری) پێناسەی کردووە: “دامەزراندنی حکومەتی مەدەنیە بۆ پاراستنی ئارامی بۆ مۆڵکدارێتی تایبەت. لە ڕاستیدا بەرگریکردنە لە دەوڵەمەندەکان بەرامبەر هەژاران، یان ئەوانەی خاوەنی چەند بەشێك موڵکن لە بەرامبەر ئەوانەی بێ موڵکن”.

سیستەمی سەرمایەداری هەر لەسەرەتاوە ئەم یارییەی کردووە، هەر بۆیە بۆچونەکانی رۆزا زۆر گرنگن ، هەروەکو چۆن کۆمپانیا گەورەکان ئێستا بەتەواوی لە هەموو کۆتوبەندێك ئازادبوون لە ئاستی ئابوری جیهاندا، بەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە، کە ئێستا زیاتر لە سیستەمی سەرمایەداریەوە بووە بە فۆرمێکی زێدە بێڕەحمی دەرەبەگایەتیەکی نوێ (نوێ فیوداڵیزم).
لە سیستەمێکی لەوشێوەیەدا،(کە ئەمریکا بەڕێوەی دەبات) کاری کرێگرتە بە پێی یاسا دەستنیشان ناکرێت بەڵکو بە پێی پێویستیەکانی بازاڕ دەستنیشان دەکرێت.
ئەوە بازاڕە کرێکار بە چۆکدا دێنێت لە پێناو قازانجی بازاڕی جیهانی و ئەم خواستە بۆ قازانج هەرگیز لە رێگای یاسا و بە یاسایکردنەوە چارەسەرناکرێت.
دیموکراسی لەم سەردەمەی سەرمایەداریدا بەشێوەیەکی یاسایی گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی بەرتیل وەرگرتن .
هەموو دامودەزگا حکومیەکان لەگەڵ دادگا و سیستەمەکانی خۆشگوزەرانی کات بەسەربردنی خەڵك و دەزگاکانی هەواڵ هەموو لەلایەن دەزگا ئابوریەکانی کۆمپانیا گەورەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
سیاسەتەکانی هەڵبژاردن تەنها نمایشکردنی بوکەڵەکانە، واڵ ستریت (ناوەندی بازاڕی سەرمایەداری ئەمریکا) یان سوپا هەرکامیان بێت، ئینجا دۆناڵد ترەمپ یان کلینتۆن، هەریەك لەوان (لەو بوکەڵانە) لەو نمایشەدا دەیبەنەوە.

ڕۆزا دەڵێت:”سەرمایەی کەڵەکەبوو بۆ جوڵەی خۆی پێویستی بە شوێنێك هەیە سەرمایەی تێدا نەبێت. سیستەمی سەرمایەداری تائەوکاتە دەتوانێ بەردەوامبێت کە زەمینەی جوڵەکرددنی لەو شوێنانە هەبێت.”
سەرمایەداری لە جیهاندا دەگەڕێت بۆ قۆرخکردنی کاری هەرزانی کرێکارانی ناڕێکخراو هاوکات سامانی سروشتی بۆ قازانجی خۆی تا کردنی سروشت بە زبڵدان بەفیڕۆ دەدات.
نوخبە خۆجێیەکانی ئەو شوێنانەش (ئەو وڵاتانەی بە تاڵان دەبرێن) دەکڕدرێن یان لادەبرێن بە ئارەزووی سیستەمەکە خۆی، بەمەش رێگری دەکات لەوەی ئەو وڵاتانەی خەریکە لە گەشکەردندان نەگەن بە قۆناغی پشت بەخۆبەستنیان.

لە هەمانکاتدا، کرێکار لە وڵاتە پیشەسازیەکاندا ناچارکراون بە کاری قورس و بێبەشن لە کرێی شیاو و بیمەی تەندروستی و پارێزبەندی یاسایی، بۆیە لە پێناوی ژیان و گوزەران ناچارکراون بەوەرگرتنی قەرز لە بانکەکان، ئەو قەرزەش بە قازانجی دەوڵەمەندە جیهانیەکان دەشکێتەو (کە خاوەنی بانکە جیهانیەکانن).
رۆزا پێشبینی ئەوەی دەکرد کە ئابوری لەسەر بنەمای قەرزکردن لەگەڵ خۆیدا زنجیرەیەك قەیرانی بچوکی یەك لەدوای یەك بەرەوە قەیرانی ئابوری نارێك دەبات، هەروەك ڕوویدا لە سەرەتای ئەم سەدەی بیست و یەكە لە ئەمریکا، وەک قەیرانە سەرەتایەکانی بازاڕی ئینتەرنێت لە سالێ 2000 و دواتر توانەوەی بازاڕ بەتەواوەتی لە سالی 2008دا.

لێرەش بەدواوە بەرەو قەیرانێکی دیکە دەڕۆین و لە کۆتایدا ئەنجام هەر کۆیلەبوون و خزمەتکاری ئاغاکانە جا چی لێرە (لە ئەمریکا) یان لە وڵاتانی دەرەوە بێت.
تێگەشتنێکی تری گرنگی رۆزا دەربارەی ئەوانەی خۆیان قەتیس کردوە لە ناو خولەکانی هەڵبژاردندا ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ناو سەندیکا کرێکاریەکان وەک پرۆسەیەکی هۆشیارکردنەوە کار دەکات لەناو سیستمی سەرمایەداری، بەڵام ئەو هەڵبژاردنەی سەندیکا کرێکاریانەش کە خۆیان تەڵاقدا لەگەڵ “هۆشیاری شۆرشگێرانەی سۆسیالیستی” بۆ تەواو ریشەکێشکردنی سیستەمی سەرمایەداری، ئیتر رۆزا وەک “کرێکاری سیسیفوس” ناویبردن. (سیسیفوس لە ئەفسانەی یۆنانی دێریندا کارەکتەرێکە کە بەهۆی ناڕێکی کارەکانیەوە خوداوەند وەک سزا تۆپێکی پێدەدات بیباتە سەر شاخێك و تۆپەکە کە دەگاتە سەر لوتکەی شاخەکە خل دەبێتەوە خواروە و دیسان دەیباتەوە سەرەوە و ژیانی سیفوسیس وەك ئەشکەنجە لەو خولانەوەیەدا سوڕدەخوات، میتۆلۆژیاکە لە ئەدەبیتای سەدەی بیستەم زۆر بەکار هاتەوە دیارترینیان دەقێکی ئەلبیرت کامۆ یە بە بەناوی داستانی سیسیفوس).

ئێمە کە باس لە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ دەکەین کە بێتە مەیدان وەك هێزی سێهەم، دەبێت ئەوە بزانین ئەمە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات نییە لە ئێستادا چونکە گرتنی دەسەڵات لە باشترین کاتدا دەبێ لە ئێستاوە تا دە ساڵی دیکە کاری بۆ بکرێت، هەروەك ڕۆزا بە بیرمان دێنێتەوە کە “شۆڕش کاتی دەوێت”.
بێرنی ساندەرس (بەربێژریی دیموکراتەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ هیلاری کلینتۆن لە پێشبڕکێدان بۆ بوون بە کاندینی پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا)، خۆی و لایەنگرەکانی وەك نەعامە سەری خۆیان خستۆتە ناو لم و خۆیان دەدزنەوە لەوەی ئەمریکا وەکو هێزێکی ئیمپریالیستی رەخنە بکەن.
باسێکی رۆزا هەیە کە بەسەریاندا تێپەڕیوە ئەویش کە پێی وابوو سۆسیالیزم و ئیمپریالیزم بەیەکتر ناتەبان و ئیمپریالیزم نەک تەنها ئامێری جەنگە، بەڵکو سەرمایەدارێکی جیهانیە کە خاوەنی گەورەترین بازاڕی چەك و ئایدۆلۆژیایەکی ژەهراویە، کە رایت ماکدۆناڵد وەک “ئالودە بە جەنگی بەردەوام” پێناسەی ئەم ئیمپریالیزمەی کردووە و ئەمەش هۆکارە بۆئەوەی سۆسیالیزم مەحاڵبێت.

نەتەوەییەکان، بە ناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە ئێستا داوای کەمکردنەوەی ئازادییە مەدەنیەکان دەکات و ئۆپۆزسیۆن بە خیانەت دەزانێت، ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکاری هاتنەئارای – مەرکەزیەت (سەنتڕالیزمی) دەسەڵات کە دەرەنجامەکەی هێزی ئیمپراتۆرییە نەک دیموکراسی.
لە جیاتی هێزێکی دیموکرات، ئیتر دیموکراسی دەبێتە گاڵتەجاڕی یان وەک ئەم بارودۆخەی ئێمەی لێدێت لەنێوان دوو لە نابوترین کەسەکانی مێژووی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی بێنە گۆرەپانەکە، وەك ئەوەی کارل مارکس وتی:” کانیدی پەرلەمانیی ئیفلئج”، یان وەك سیاسەتمەدار شەڵدن وەڵن دەڵێت:” تۆلیتاریزمی سەربەرەوخوار” کە تیایدا دیموکراسی دووڕوویەکی دەمامکدارە.
سەرمایەداری لەسەر دوو بنەمای ئاسنین یاساکانی خۆی داڕشتووە، بە دەستهێنانی قازانجی زۆر و کەمکردنەوەی تێچووی حەقدەست، ئێستاش کە سەرمایەداری پێشڕەوی کردووە لە چەسپاندنی هێز لە جیهاندا باجە مرۆیی و ژینگەییەکە بۆ بەدەستخستنی قازانج زۆر زیادی کردوە لە جاران بەوەی سەرچاوەکان زۆر کەمن لەکاتێکدامیکانیزمەکان (بە تەکنەلۆژیاوە) زۆر پێشکەوتوون.

ڕۆزا نووسیویەتی:” چەوسانەوەی کرێکار وەك پرۆسەیەکی ئابوری لەناوبردنی یان نەرمکردنەوەی لەڕێی یاساوە ناکرێت لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا”. هەروەها سەبارەت بە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیش وتی ریفۆم ” داگیرکاری ناوەندەکانی چەوساندنەوەی سەرمایەداری نییە، بەڵکو ڕێکخستن و ڕێکوپێککردنی ئەم چەوساندنەوەیەیە بە قازانجی خودی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.”
سەرمایەداری بۆخۆی دژی سیستەمی دیموکراسییە و ڕێگرە لەوەی کرێکاران ئامرازەکانی وەبەرهێنان بەدەستەوەبگرن یان چۆنیەتی خەرجکردنی قازانجی ئەوەی بەرهەمیان هێناوە دیاری بکەن. کرێکارانی ئەمریکا بەڕاست و چەپەوە پشتیوانی لە گرێبەستە بازرگانێکان ناکەن، پشتیوانی لە حکومەتی فیدراڵیش ناکەن کاتێك پارەیەکی زۆر دەخاتە خزمەتی ڕزگارکردنی بانکە گەورەکان و کۆمپانیا داراییەکانەوە بۆ ڕزگارکردنیان لە مایە پوچی، بەڵام گوێ بە کرێکاران نادرێت. هەتاوەکو کرێکارانی ژن و پیاویش بە زەحمەت گوێیان لێبگیرێت، کارکردن و ژیان و فۆرمەکانی کۆنتڕۆلکرندیان قورستر و توندوتیژتر دەبن لەلایەن ئەو دەوڵەتەی کە دەوڵەتی کۆمپانیاکانە.

ڕۆزا لە ناسیۆنازمیش باش تێگەشتبوو، زۆر زیاتر تێگەشتبوو لەوەی کە بەسەر لینیندا تێپەڕی، لە پێناسەکردنی ناسیۆنالیزمدا رۆزا دەڵێت” دروشمێکی پڕ لە هەرای بەتاڵی وردە بۆرجوازییە” کە کاری دابەشکردنی چینی کرێکارانی وڵاتێکە بەسەر نەتەوەی جیاوازدا، ئەمە بۆ خۆی ئامانجێکی بنەڕەتی چینی سەرمایەدارانە.
هەردوو پارتی (ئەمریکا) کۆماریەکان و دیموکراتەکان پێشبڕکێ دەکەن لەوەی کە کامیان نیشتمان پەروەرترن لەوی دیکەیان، دیارە دەزگا سەربازیەکان و ئاسایشی ناوخۆش بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و یاساوە بەربەست بۆ ئازادییە مەدەنیەکان درووست دەکەن. ئەم هەرایەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر جەماوەر وەک دەبینین چۆن فاشیزم خۆی دەنوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی (دۆناڵد تەرم)دا.
وەک ئەوەی ڕۆزا ئاماژەی پێداوە ” نەتەوەپەرستی هەمیشە ئامرازێکە لەلایەن بەرەی دژە شۆڕشەوە بەکار دەهێنرێت بۆ پەرتەوازەکردنی چینی کرێکار”.
پەتای ناسیونالیزم لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم دەرکەوت، پارتە لیبڕالەکانی ئەوروپا و تەنانەت پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیاش زۆر زوو تەسلیم بە باڵی ڕاست بوون لە ژێر ناوی بەرگریکردن لە نیشتمان، لە کاتێکدا بەرەی چەپ زۆر پێش ئەوە قسەی ڕۆشنیان هەبوو لەو بارەیەوە.

ڕۆزا ئەم بەلارێدانەی وەك نیشانەی ناپاکی و مایەپوچی لیبڕاڵیزم لە سیستەمی سەرمایەداری پێناسەکرد.
ئەو کاتەی شەڕ کۆتایی هات 11 ملیۆن سەرباز لەهەردوو لای بەرەی شەڕ کوژران کە زۆربەیان لە چینی کرێکاران بوون. سەرمایەداری لە ڕێی کوشتارەوە کەڵەکەی سەرمایەکەی دەکات، هیچ قازانج و ڕەوایەتییەکی بۆ چینی کرێکار پێنییە و نانێك کە پێیداون لە لولەی چەکەکانیانەوە بووە.

ڕۆزا باوەڕی بە لینین نەبوو لەسەر نوخبەی دیسپلینی شۆڕشگێر، ئەوەی لینین پێی دەوت ڤانگارد (شۆڕشگێڕی پێشکەوتوو)، هەروەها راشکاوانە ئیدانەی بەکارهێنانی تیرۆری دەکرد وەکو ئامرازێک بۆ شۆڕش، هۆشداریشیدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بڕوای بە دیموکراسییەت نەبێت هەر زوو دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر.
ئەو باش لە لایەنەکانی جوڵەی شۆڕش تێگەشتبوو، سەبارەت بە هەڵچونی شۆرش وتی:” زۆر زەحمەتە هەر ئۆرگانێکی بزووتنەوەی پرۆلیتاریا بتوانێ پێشبینی ئەو هۆکار و هەلومەرجانە دیاری بکات کە دەبێت یان نەبێت بە هۆکاری تەقینەوەی شۆڕش.” لەبارەی ئەوانەشەوە کە لە قاڵبێکی ئایدۆلۆژیدان و لەو دۆگمەوە هەلومەرجەکان دەکەن یان لە ڕێگای هێزەوە رووداوەکان درووست دەکەن وەک ئیفلیج بوو بە ” کۆنسێپتێکی توندی میکانیکی بیرۆکرات” ئەژماری کردن.
شۆڕش لای ڕۆزا بەرهەمی خەباتی بەردەوامی جەماوەرە نەك ئەوەی بە هاندان درووست دەبێت و باش دەیزانی شۆرش قەوارەیەکی زیندووی هەیە و چوار چێوەکەی لە سەرەوە دانەڕێژراوە، بەڵکو لە ئاکامی چوونە سەرەوەی هۆشیاری لە خوارەوە دێت، ئەم هۆشیاریەش ساڵانێکی دەوێت بۆ ئەوەی درووست بێت. شۆڕشگێرەکان دەبوایە وەڵام بەو هەست و باوەرە چاوەڕواننەکراوانەی جەماوەر بدەنەوە کە لەسەردەمی شۆڕشدا تووشی دەبن.
لینین لە کاتی رابەریکردنی شۆرشی 1917ی ڕوسیادا لە زۆر کاتدا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شۆڕشگێر گوێڕایەڵی ئامۆژگاریەکانی ڕۆزا بوو، دەستبەرداری بەشێك لە بیرو بۆچون و دەقە ئایدۆلۆژیەکانی خۆی بوو لە پێناو وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ژیانی روسەکان لەسەروبەدنی شۆڕشدا، هەروەك ڕۆبەرت لووکەر لەوبارەیەوە نووسیویەتی: “لینین سەرباری خۆی لە ناخەوە لوکسبۆرگیست بوو”.
لە کۆتاییدا جەماوەر ڕادەپەرێت بەرامبەر بەم سیستمە بەسەرچووە کە نەک تەنیا لە هۆشیاریانەوە دەبێت لەسەر شۆڕش بەڵکو وەک ئەوەی رۆزا ئاماژەی پێداوە ڕێگایەکی تر نامێنێتەوە لە بەردەم جەماوەری خەڵك.
تەقینەوەی شۆڕش تەنیا بە کارکردنی شۆرشگێڕەکان بەدی نایەت بەڵکو ئەوە داخرانی ڕێگاکانی ئەم ڕژێمە کۆنەیەیە دواجار کڵپەی پێدەدات. ڕەنگە زۆرێك لە شۆڕشەکان سەرکەوتوو نەبن، بەڵام گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیاندا درووست دەکەن.
سەبارەت بە شۆڕشی 1905ی ڕوسیا رۆزا وتی: “هیچ ئامادەکارییەکی پێش وەخت یان پلانێك لە ئارادا نەبوو ، چونکە پارتەکان ببون بە بەشێك لە هەڵچونە جەماوەریەکان، بەدەگمەن رابەر هەبوو پەلەی نەکردبێت لە دروشمەکانیاندا، شۆڕش لەسەر داواکاری ناکرێت و ئەمە کاری پارت نییە داوا بکات. ئەرکی ئێمە لە هەموو کاتێکدا ئەوەیە ڕاشکاوانە و بێترس بدوێین بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ڕۆشنی کاریگەری هەبێت لەسەر گەل لە ساتەوەختە مێژوییەکاندا، تا بتوانرێت بانگەشەی بەرنامەی سیاسی بکرێت بۆ کارکردن و بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەی کە دەربڕی راستەقینەی هەلومەرجەکانن. نیگەرانی لە بارودۆخەکە و کەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر رێچکەی خۆی بەرەو سەرەوە دەگرێت دەبێت بە دڵنیای و بە ئەمانەتەوە بۆ مێژوو بەجێبهێڵدرێت. خەڵکانێك پێیان وایە سۆسیالیزم وەک کروزانەوە وایە لە ناو دارستانێکدا، بەڵام ئەم مۆراڵەو ئەم ئەخلاقە سیاسیە لە کۆتایدا بەرهەمی خۆی هەیە ئەو کاتەی ساتەوەختە مێژووییەکە لە باردەبێت و زۆرینە گرنگی پێدەدات.”
من روماڵی هەواڵی زۆربەی ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکانم کردوە لە جیهاندا و (وەک رۆژنامەنوسێک تیایاندا بەشدار بووم)، هەر لە یاخیبونەکانی 1980ی ناوەڕاستی ئەمریکای لاتینەوە تا ڕاپەرینەکانی فەلەستین ، شۆڕشی 1989ی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، چیکسلۆفاکیا و ڕۆمانیا تا خۆپیشاندانەکانی سربیا کە سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچی لە دەسەڵات هێنایە خوارێ.

هەموو ئەو ساتەوەختە مێژژوییانەی بینیومن، درووستی تێگەشتنی ڕۆزا لۆکسبۆرگی بۆ سەربەخۆبوونی شۆڕش پشتڕاستکردۆتەوە.
کۆمیتە مەرکەزی بەلشەفیەکان چونکە بێڕەحم و نهێنیکار و زۆر بەدیسپلین بوون، ئەمە وایکرد دژەشۆڕش دەسەڵات بگرێت و ئاواتی دیموکراسیانەی کرێکاران تێکبشکێنرێت، بەڵام لە راستیدا ئەم ناوەندانە بزوێنەری بنەڕەتی شۆڕش نین. لەگەڵ هەموو ئەو ئاژاوەو تێکشکانانەدا هێشتا شۆڕش بە زیندوێتی دەمێنێ و هیوای ژیانە چونکە دەتوانێت خەڵك لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە دەسەڵاتدارانی ناوەند بپارێزێت.
لە شوێنێکی تردا ڕۆزا لوکسمبۆرگ دەڵێت:” بەبێ هەڵبژاردنی گشتی، بێ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربرین، بێ ئازادی کۆبونەوە، بێ ململانێی بۆچوونە جیاوازەکان، دام و دەزگا جەماوەریەکان ژیانیان تێدا نابێت و دەبن بە دەزگایەکی کاریکاتۆریانە و بیرۆکراتیەت وەک تاکە فاکتەر گەشەیان تیادا دەکات”.
ئاکامی شۆرش نەکردن لە بەرانبەر داسەپاندنی هەیمەنی کۆمپانیا گەورەکندا (corporatism) بۆ خۆی کارەساتە.
لێرەدا گرنگی ڕۆزا دەردەکەوێت کە ئاگاداریکردینەوە لە قەیرانەکاندا نوخبەی لیبراڵ دەبن بە دوژمنمان، هۆشداریدا بەرانبەر بە تیرۆر و توندوتیژی و هانیداین بۆ پارێزگاریکردن لە بنەما راستیەکانی دیموکراسیەت و دڵنیا بوون لەوەی کە ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵك نین.
رۆزا لە مەترسی ئیمپریالیزم تێگەشتبوو، بە بیری هەموو ئەو سۆسیالیستانەی دەهێنایەوە کە بەدوای بنیادنانی سۆسیالیزمەوەن کە چۆن دەبێت دونیایەکی باشتر درووست بکەن، بەتایبەت بۆ چەوساوەکان، دەبێت دەست بەم ئەرکە مۆراڵییە نەگۆرانەوە بگرین وەکو ئەو لێیان تێگەشتبوو،ئەگەر سازش بکەین، هیوا لەناودەبەین.

—————————————–

سەرچاوە:
http://www.truthdig.com/




دوانامەی براتیگان… سەدای گیانە بزربووەکان به‌شی2 …. سۆران محه‌مه‌د

(بو، تا ئەبەد)

دەسوڕێمەوە وەك خێو
لە بنەوەی سەرەوە
من داگیرکراوم لەلایەن
هەموو ئەو بۆشاییانەی
تیایدا ئەژیم بێ
تۆ

– ڕیچارد براتیگان-

ڕەنگە بزربوونی توتکەکەی ڕیچارد بە ناوی (بو) تەنیا بزربوونێکی ماددی نەبووبێت، بەڵکو بزربوونی گیان، یادەوەریی، خود، تەمەن… یش بووبێت.
ڕۆژێك پزیشكێکی ڤێرتینەری باسی کەسێکی گێڕایەوە سەگێکی بزر کردبوو، ئیدی لەوساتی لە دەستدانەوە چاوی بەهەڵەیدا دەبرد لە تەماشاکردنی هەر شتێکدا بیبینیایە، ئەمەیە هەستی دووبارەبووی لەدەستدان کە بناغەی لەسەر نەدۆزینەوەی شتانی عادەتییش دادەکوتێت ، ئەمەیە مانای بێهیوابوون کە زیاتر دەچەسپێت لە ڕێی جیابوونەوەی هەستەکی، ئەمە بەهێزترین بەشی ئازاری خەمناکییە، لێرەوە یادەوەریی دەبێتە ستەمکار لەو زەمەن و شوێنانەی تیایدا دەجوڵێین، چونکە بەرەو پێشەوەو بەرەو دواوە درێژدەبێتەوە لە ساتی تایبەتی خۆیاندا.

لە مایسی ١٩٣٤داو تەنیا هەشت مانگ پێش لە دایك بوونی ریچارد: (بێرنارد فریدریك براتیگان١٩٠٨-١٩٩٤)ی باوکی ڕیچارد کە کرێکاری کارگە بوو و دایکی (لولو ماری١٩١١-٢٠٠٥) لێك جودابوونەوە، پاشتر دایکی لەگەڵ ئارسەر مارتین تیتلاند ژیاو لە ساڵی ١٩٣٩ دا (باربرا ئان) ی خوشکی لەدایك بوو، ڕیچارد دەڵێت جارانێك بووە دایکم بۆ ماوەی ٢ رۆژ ئێمەی بەجێدەهێشت لە ژوورەوە لە کاتێکدا تەمەنی من ٧ ساڵان و خوشکەکەم ٢ ساڵان بوو. دواتر لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ جاری سێهەم بووە هاوسەری رۆبەرت پۆرتەرفیڵدو کچێکیان بوو بە ناوی ساندراو لە١٩٤٦ جیابوونەوەو لە ساڵی ١٩٥٠دا بۆ دواجار دایکی بووە هاوسەری ولیەم دەیڤید فۆڵستۆن و کوڕێکیان بوو.

ڕیچارد براتیگان لەگەڕان بە دوای سۆزی لەدەستچوویدا لەساڵی ١٩٥٣دا دایکی باشترین هاوڕێی خۆی (پیتەر وێبستەر) ی کردە دایکی خۆی و ساڵێك لەگەڵیاندا ژیاو پاشان لە بێ پارەییدا سەری خۆی بۆ سانفراسیسکۆ هەڵگرت و چەند جارێكیش گەڕایەوە بۆ ئۆریگۆن.
خانەوادەی ریچارد رۆژانێكیان بەسەربردووە هیچ خواردن نەبووە بیخۆن، ڕیچارد ناچار دەبوو بە قولاپی ماسیگرتنەوە لە کەناری دەریا چاوەڕوانی ئەو ماسیانە بێت بەزەییان پێیدا بێتەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن و خۆیان بکەن بە قولاپەکەیەوە، تا خۆی و خانەوادەکەی لە برسێتی رزگاریان بێت.
لەساڵی ١٩٥٥دا و لە نەخۆشخانە چیرۆکێکی ٦٠٠ وشەیی نووسی و بۆ دوو بڵاوکراوەی ناردن، وەلێ مەخابن ئەوان بە هێندیان نەگرت و هیچیان بڵاویان نەکردەوە، لەمساڵانەی دواییدا کۆپی ئەم چیرۆکە لە لای (هاری مووتۆن) دۆزرایەوەو رووناکی بینی.

ریچارد بە هۆی قەموریی پشتیەوە بۆ خزمەتی سەربازیی رەفزکراو ئەم هەلەی ژیانیشی لە دەستچوو… بەڵێ، ئاوها لە نێوان دڵڕەقی ژیانێکی بێویژداندا مرۆڤەکان بە دڵشکاوی دەگرین و کەس لێیان تێناگات و ئاوڕێکیان بەلادا ناداتەوە، تەمەنێکی کورتی چەند چرکەیی بۆچی دەبێت لێوانلێو بێت لە ئازاردان و ئەم تراژیدیانەش کەسانێك دڵخۆشبکات؟ لەبن چەتری شەقامەکانداو لەناو بیبلۆگرافیای چرکەکانی پیرەمێردێکی مۆم فرۆشی کوێردا چەندان حەسرەت خۆیان داڵدە داوە، یەك یەك تەپەی پێی مرۆڤەکان دەژمێرێت تا دەستێکی میهرەبان مۆمێك دەکڕێت، ئەو گڕی پێ بەردەداتە چرای شەوە تاریکەکانی ژیان، ئەمیش نانێکی گەرمی پێ دەکڕێت و لە برسێتی ڕزگاری دەکات. یان ئەو مرۆڤە کەمئەندامەی لە گۆشەیەکی قەرەباڵغی بازاڕی لەشساغەکانەوە بە پاڵنان زیاتر و زیاتر دەیخەنە کەنارەوەو ئەویش چاوەڕوانی کەسێك دەکات بە مرۆڤێکی تەواوی خاوەن هەست و فرمێسك و زەردەخەنە تەماشای بکات و کارتێکی مۆبایلی لێبکڕێت، تا بە پەیوەندیکردن ڕێگای دوور بۆ ئەو نزیك بکاتەوەو ئەمیش پاتری عەرەبانەکەی پێ شەحن بکاتەوە.
چەند ڕۆژێك دوانامەی ڕیچارد براتیگان کە بۆ (تەکاکۆ شینا)ی هاوڕێی نووسی بوو لە ناخەوە هەژاندمی و ڕووبەڕووی ئەو فرمێسکە گەرمانەی دەکردمەوە کە لە ئازارەکانی ڕیچارد تێدەگەشت، لە کاتێکدا ئەو دوور لە مرۆڤەکان بەرەو ڕۆخی دەریا لە سپێدەیەکی زوودا کە زێڕینگەرەکان دەرگای دوکانەکانیان دەکردەوە ئەویش بەرەو دەریای شینی بێ بن هەنگاوی دەنا، ڕەنگە دەریا هەناسەیەکی ڕۆژە میهرەبانەکانی یابانی پێ بێت، تا گیانی نامۆ و تەنیای بگەشینێتەوە، نازانرێت رەنگە دوا سەردانیش بێت بۆ ئۆقیانووس.

/ ئۆقیانووسی ئارام تەمومژێکی پشوبەخشی لەگەڵ خۆدا هەڵگرتبوو، و هەواکەش بەرامەیەکی تازەی خۆشی پێبوو./

ئێمە زۆرجار بە هۆی سەرقاڵیی بوونمان و بە ڕۆتینبوونی ژیان لە دیدگاو دنیابینینەکانمانەوە، زۆر شتی گچکە لە بیر دەکەین کە رەنگە ماناکانی ژیانیان پێ تەواو بێت، بۆ نموونە ئێمە زۆرجار سەفەری کورت و درێژ.. بە ویست و بە ناچاری دەکەین، بەڵام ڕەنگە زۆر کەمتر ئەو دنیایەی بە جێی دێڵین بە تەبایی و لە هارمۆنییەتدا ماڵئاوایی لێ بکەین، کە ئەم حاڵەتەش ئاسوودەییەکی سایکۆلۆجی لێ فەراهەم دێت، لە مێژە شاعیری مێردمنداڵی فەرەنسی بەناوبانگ (ئارسەر رامبۆ ١٨٥٤-١٨٩١) لە شیعری کۆچ دا پەی بەم حاڵەتە پەنهانە گرنگە بردووە لە کۆچ و سەفەرداو رەنگە لەبەر ئەمەش بێت لە کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت :

/ کۆچ لە ناو سۆزو درەوشانەوە /

چەند خۆشە بە دڵشکاوی ماڵئاوایی نەکەین، دنیا زوویرەکان ئاشتبکەینەوە، ئەوسا هەمیشە یادەوەریەکان هیوایەکمان بەبەردا دەهێننەوە، ئاسوودەییەکمان پێ دەبەخشن، وەك ئەوەی بەشێك لە گیانمان لەو جێیانەدا جێهێلا بێت بۆ موتابەعەی گۆڕانکاریەکان تیایاندا، پرسینی هەواڵی ئەزیزان و جۆرێک لە ژیان لەگەڵیاندا، یان یادەوەری مۆنیمێنتی ئەو دەستە میهرەبانانەی تیایدا ڕوابوون، هەرواش هزرە لۆژیکیە داناکان کە لەبەهای مرۆڤ تێگەشتبوون و بە گومانی بەد ناخیان تاریك نەکردبوو.
ڕیچارد براتیگان، مرۆڤێك تا سەر ئێسقان وەدەرنراو لە بازنە تاریك و نوستالیژیاکانی کۆمەڵگا، برسێتی و چەرمەسەریی مامۆستا دڵسۆزەکانی بوون، کەمئەندامێتی ئەو شێتییە زاناییەی پێ بەخشی کە رەخنەنووسە ئۆروستوکرات و بڵاوکەرە بورجوزاکان چاویان پێدا هەڵنەدەهات، رەنگە ئەوان لە زمانی موعاناتەکانی تێنەگەشتبن.

ئەو؛ سەگە دەریاییەکانی پێ جوان و سەرنجڕاکێش بوون، بە هێمنی و تەنیایی تێی دەڕوانین، دوور لە مرۆڤەکان لە قوڵایی ئۆقیانووسەکانەوە هاتبوون و یارییان دەکردو بێ پەساپۆرت بە مەلەوانی لە سەرو بنی دەریادا دەهاتن و دەچوون، لە دیدگای فەلسەفی و ئەفراندنی ڕیچاردەوە ڕەنگە لەگەڵ کەسایەتی هەنێك لە مرۆڤەکاندا تێکەڵاوبووبن وا زیاتر بە شێوازی سەگی دەریایی قسەیان دەکرد! ئەوان لە زمانی شەڕ نازانن، بەیانییان بە یاریکردنەوە بەڕێکرد. رەنگە پەیامی ڕۆخەکانی یابانیان بۆ ریچارد هێنا بێت، خۆ سەگە دەریاییەکانی هەردوو لا وەك یەکن و جیاوازی لە ناو خۆیاندا ناکەن وەك مرۆڤەکان.
کێ لە خەمەکانی ریچارد براتیگان تێدەگات؟ خشتەی نەخشەی ژیانی لای سپێدەش شاراوەیەو ڕەنگە جیابوونەوەو مەلەکردنی ئەو دوو سەگە دەریاییە جوانە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا هەر ئاماژەیەکی تیل نیگا ئاسا بێت بۆ دوا قەسیدەکەی ئازاد سوبحی مرۆڤ و شاعیر کە دەڵێت:
/ بێزاربووم هێندە ژیام
نامەوێ یاری بەم قوڕە بکەم…
ناگەڕێمەوە بۆ نیشتمان…
تازە من ڕۆشتم
بێزاربووم هێندە ژیام
ئەمەوێ یاری بەم گەڵا کۆنانە بکەم…/

لەو لێکدانەوەیە جوانترم بۆ ئەم حاڵەتانە نەدۆزیەوە وەك ئەوەی رەخنەگرێك لە ژێر ناونیشانی (کەوتنی رۆشنبیرێك)دا لێکیداوەتەوەو نووسیویەتی: ” شوێن وزەمەنی مانەوەو ژیان كردن لە لای ئەو لە دەرەوەی بازنەی زەمەن وشوێنە خودیەكانی ئەودا بوون..”
رەنگە ڕیچارد زانیبێتی بۆ دوا جارە سەردانی دەریا دەکات، حەز دەکات بچوکترین دیمەن و خێراترین چرکەشی لە دەست نەچێت، ئێدی لەگەڵ سوبحیدا و دوای تاوتوێکردنێکی درێژ گەشتبێتە سەر ئەو بەرەنجامەی بڵێت بێزاربووم هێندە ژیام.. شتەکان دووبارەن، قێزەونن، گیانم ئازار دەدەن، هەر بە نامۆیی ژیام و بە نامۆییش ئەمرم، ئەمە جیهانی من نییە، با کەمێك لەو شەپۆلانە رابمێنم کە بەشێك لە گیانمی تیا ئاوێزان بووە، رەنگە میهرەبانیەکم لێ بەجێمابێت لە تۆکیۆ، با بۆ دواجار کەمێك بەو هەوایە هەناسە هەڵمژم کە لەو ئاراستەیەوە دێت، با کەمێك لە هارمۆنییەتدا زەردەخەنە بۆ کۆتاییەکان بکەم.




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن -1- … ئەمجەد شاکەلی


یەکەم

– هێزی چەکداری حیزب –

هێندەی لە کوردستان، لە میدیا و لەنێو خەڵکی سەرجادە و هەموو کون و قوژبنێکدا، باس لە دیموکراتی دەکرێ، ڕەنگە لە هیچ وڵاتێکی دەوروبەری کوردستان و تەنانەت ئەوروپاش، نیوهێندە باسی لێوە نەکرێت. دیموکراتی، بە واتا گشتییەکەی، هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، جڤاکی و تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤ، چ وەک کۆمەڵ و چ وەک تاک، دەگرێتەوە، لێ لە کوردستان، کە باس لە دیموکراتی دەکرێ، تاکە یەک دیوی دەبینرێ، تەنێ ئەو دیموکراتییەی گرێدراوی سیاسەتە و مەبەست لێی سیستمی پەرلەمانتاریزمە، لەبەرچاو دەگیرێت، واتە: هەڵبژاردنی خەڵکانێک لە حیزب و گرۆ و دەستە و ڕێکخراو و نەتەوە و ئایین و تەنانەت تاکیش، کە بەرنامە و نەخشەڕێگەیەکیان هەبێت، وەک نوێنەری خەڵک، بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان و دواتریش بۆوەی ئەوانە ببنە پارێزەری سیستمە سیاسییەکە و داڕێژەری قانوون لە وڵاتدا و بەڕێوەبردنی وڵات و کارگێڕی و دەسەڵات.

لە سیستمی دیموکراتی پەرلەمانتارییدا، زۆرینە و کەمینە، بنەمای سەرەکی دەسەڵات و هەموو بڕیارێکە. لە کوردستان، دیموکراتی تەنێ لەو هەڵبژاردن و پەنجەمۆرکردنەدا دەبینرێ، کە ڕۆژی هەڵبژاردن و لەسەر سندووقەکان، پێشاندەدرێن. ئیدی لەوە بەولاوە، دیموکراتی لە هیج شتێکی دیکەدا نییە و دیموکراتی ڕۆنەچووەتە خوارێ بەنێو کۆمەڵ و هەموو دەمار و جمگەکانی ژیاندا، بەنێو خێزان و بیرکردنەوە و ئاوەزی تاکدا، بەنێو ئابووری، جڤاک، فەرهەنگ، دادوەری، پەروردە و بارهێنان و خوێندن، تەندروستی و لەشساغی، گواستنەوە، کشتوکاڵ، میدیا و…تەواوی بنەما و ڕایەڵەکانی دیکەی ژیاندا و وەدی ناکرێ.

لە هەڵبژاردنی مانگی سێپتەمبەری 2018ەدا، لەنێو حیزب و هێزەسیاسییەکانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین دەنگ و زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری هێنا و لەگەڵ دووەم حیزبدا، کە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانە جیاوازییان 24 پەرلەمانتارە واتە:(پارتی 45 – یەکیەتی 21). بە دوای ئەوانیشدا حیزبەکانی دیکە دێن.
بە گوێرەی هەموو پێوەرێکی سیستمی پەرلەمانتاریزم، دەشێ پارتی، وەک بەرەندە و مافی بەرەندەیی، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ، حوکوومەت پێکبهێنێت. پارتی، دەتوانێت لەگەڵ یەک حیزبی دیکەدا، کە خاوەنی شەش نوێنەر بێت لە پەرلەماندا، یا لەگەڵ چەند وردیلەحیزبدا، کە بە هەموویانەوە شەش ئەندامی پەرلەمانیان هەبێت، حوکوومەت دامەزرێنێت، چون ئەودەمە ژمارەی پەرلەمانتارانیان(پارتی و ئەو حیزبە یا ئەو وردیلەحیزبانە) دەبنە 51، ئەوەش دەکاتە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان. ئەمەی دەیڵێم، وەک قانوون و ڕێسایەک، لە هەموو سیستمێکی دیموکراتی پەرلەمانتاریزمی جیهاندا، پێڕۆ دەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ، لێ لە کوردستان وەها باسێک، دەبێتە مایەی هەڕەشە و ماسولکە دەرپەڕاندن و خۆگیڤکردنەوە و هێزپێشاندان.

ئەوەی مرۆڤ لە کوردستان دەیژنەفێ و خەڵک دەیڵێنەوە، ئەوەیە، کە دەبێ پارتی لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی حوکوومەت پێکبهێنێت و یەکیەتییش بەگەزی خۆی بیپێوێ، ئیدی فڵانە پۆستی گەرەکە و بە فڵانە پۆست ناڕازییە و دەبێ حوکوومەتەکە وا بێ و وا نەبێ و زۆری تریش. ئەوەی وا دەکات، هەم یەکیەتیی خۆی و هەم خەڵکیش بەو جۆرە بیربکەنەوە، تاکە یەک شتە، کە وەها بۆچوونێک دێنێتە گۆڕێ، ئەوەش بوونی هێزی چەکدارە. هەردوو حیزبی پارتی و یەکیەتیی خاوەنی هێزێ چەکدارن و هیچ یەکێک لەوان ئەگەر بەرەندەش بێ و ڕێژەی پەرلەمانتارانی بگاتە 70%یش، بەگوێرەی ئەو پێوەرە نادروستە باوەی کوردستانێ، هەر ناتوانێت بە تەنێ خۆی حوکوومەت پێکبهێنێت، چون لەوی دی دەترسێ، لەوەی یاخیبوونێک، کوودێتایەکی سەربازی، چەکداری، سیاسی بەسەردا بکات یا جاڕی جیابوونەوەی دەڤەری کەسک و زەرد لەیەکدی بدات. تەواوی بەڵا و نەهامەتی و نەگبەتی و سیابەختیی پرۆسێسی سیاسی لە کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە چەکدارە حیزبییانە.

70 و 80، ناوی دوو هێزی چەکداری یەکیەتیی و پارتیین و ئەو هەموو”حەفت و هەشتە”یشی دەیکەن، هەر بەهۆی ئەو دوو هێزەوەیە. بێجگە لەو دوو هێزە چەکدارە حیزبییە، هێزی دژەتێرۆر و ئاساییش و پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاساییش هەن، کە هەر هەموویان حیزبین. هێزی چەکدار، لە وڵاتێکی فرەحیزبیدا، هەرگیز نابێ سەر بە حیزب بێت. لە سۆڤیێتی جاران، چین یا کووبا، کە تاکە حیزبێک فەرمانڕەوا بوو، لەشکر و هێزی چەکدار، بە دەست ئەو تاکە حیزبەوە بوو و ئیدی چ مەترسییەک چاوەڕوان نەدەکرا، چون ئەو حیزبە هەموو تاکێکی ئەو وڵاتەی خۆی، بە هزر و ئایدیۆلۆگیی تایبەتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارە باردەهێنا و پەروەردە دەکرد. لە کوردستان، تا سەردەمی سەرۆک مستەفا بارزانی، وەها هێزێکی چەکدار هەبوو، چون یەک ڕێبەر، یەک حیزب، یەک هێزی پێشمەرگە هەبوون. ئێستاش لە هەموو جیهاندا، هەموو دەوڵەتێک، یەک هێزی چەکداری تێدایە، کە لەشکری وڵاتە و بۆ داکۆکی لە وڵات و پاراستنی خەڵک و وڵات، دامەزراوە و یەک فەرماندار و ڕێبەری هەیە. ئەو ڕێسایە نە تەنێ وەڵاتێن پێشکەوتووی وەک ئەوروپا، ئەمەریکا، چین، ژاپۆن و…ناگرنەوە، بەڵکە تەنانەت وەڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، سووریا، سعوودییە، پاکستان، تەنانەت عیراقی سەردەمی سەددام حوسەین و ئەم عیراقە فشۆڵ و بێسەروبەرەی ئەمڕۆش، دەگرێتەوە.

دەسەڵاتی پاش 1991ی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژەوە، کە هەموو ئەو حیزبانەی چیا، گەڕانەوە و هەریەکە کۆمەڵێک چەکداری خۆی هێنایە شارەوە، ئیدی هەر یەکە کەوتە هەڵپەی بەهێزکردنی هێزەکەی خۆی، بۆ پاراستنی حیزبەکەی خۆی، نەک بۆ پاراستنی کوردستان. لەبری دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، لەشکرێکی ناحیزبی، هێزێکی سەربازیی چەکداری وەک هەموو ئەو هێزانەی جیهانێ، کە وەلاء تێیدا تەنیا بۆ خاک و وڵات و نیشتمان، واتە: کوردستان، بێت، نەک بۆ حیزب. ئەوە نەکرا. ئەوان، هەر حیزبە و چەکداری خۆی وەک دابەستە بەخێو کرد، هەرچی چەکداری خۆی هەبوو، هەموو بەناوی پێشمەرگەی دێرین و سەرکردە و بنکردە و شەهیدی سەنگەر و…دەیان ناوی دیکەوە، خانەنشینییان بۆ بڕایەوە. کۆنە شوان، کۆنە گاوان، کۆنە سەربازێکی ئاسایی هەڵاتووی لەشکری عیراق، کۆنە دێوەرە، کۆنە کۆترباز، کۆنە چەقۆکێش، کۆنە خوێندکارێکی تەنبەڵ، کە شەشەمی سەرەتایی تەواو نەکردووە، کۆنە 16، 17 ساڵانێک، کە لەگەڵ باوکیدا تێکچووە و هەڵاتووە، کۆنە گەنجێک، کە حەزی لە کچێک کردووە و بۆی نەبووە و بە گەیشتنتی شاد نەبووە، کۆنە کوڕی گەڕەکێک، کە لە کوڕانی گەڕەکەکەی ئەولایانەوە هەڕەشەی لێکراوە، کەسانێک تەنێ وەک میوان و بۆ ماوەیەکی کەم لە چیا، وەک وێستگەیەک بۆ پەڕینەوە بەرەو هەندەران ماونەوە و زۆر جۆری دیکەی مرۆڤ، لەتەک ڕێزمدا بۆ هەموو ئەو جۆرە مرۆڤانە و هەر پیشە و پاشخانێکیان بووبێت، هەموو ئەمانە، بە گوێلێک تاج و ئەستێرە و شمشێر و داڵ و پلەی خەیاڵیی عەقید و جەنراڵ و فەریق و ڕائید و دەیان ناوی قەبەی دیکە، کە من نایانزانم، خانەنشین کران و مووچەی خەیاڵییان بۆ تەرخان کران.

هەموو یەکێک لە ئێمە دەیان لەو ئەفسەرە قوللابی و ساختانە دەناسین، کە تەنێ بەهۆی حیزبیبوونیانەوە بوون بە ئەفسەر یا وەک ئەفسەر خانەنشین کراون، کە زۆرینەیان تاکە ڕۆژێکیش نە ئەفسەر بوون و نە شتێک لە ئەفسەری و زانستی جەنگ دەزانن و تەنانەت سەربازییشیان نەکردووە و ڕەنگە فیشەکێکیشیان لە ژیانیاندا نەتەقاندبێ، ئەوانە و چەندین جۆری دیکە هەن، تەواوی ئەوانە، تەنیا دەمچەورکردن و کڕینی ئەو مرۆڤانە بوون و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبەکان وەها کردەیەک جێبەجێ کراوە.

لە کوردستان، لە 1991ەوە، کە ئیدی دەسەڵاتێکی کوردیی نیمچەسەربەخۆ، جێی عیراقی گرتەوە، تا هەنووکە نەتوانراوە هیزی چەکداری پێشمەرگەی سەر بە حیزب و هێزی ئاساییش و هێزی دژەتێرۆر و هێزی پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاسایی، بکرێن بە یەک لەشکری ناحیزبی. یەک ئاساییش، یەک دژەتێرۆر، یەک پۆلیس. تا ڕەوشەکە بەو جۆرە بێت، وەک هەیە، تا ئەو هەموو ئەفسەرە پلەدارە، پلەباڵا خانەنشینکراوە ساختانە هەبن، تا هەر حیزبەو هێزی چەکداری خۆی هەبێت، تا ئەو هەموو پارەوپووڵە بەو چەکدارە حیزبییانە بدرێن و ئامادەبکرێن بۆ جەنگی حیزبەکە یا حیزبەکانی ڕکابەریان، هەرگیز شەوە و تارمایی هەڕەشەی دابەشکردنی دەڤەرەکان، بەگوێرەی ڕەنگ، ناڕەوەێتەوە و هەرگیز ئارامی و ئاسوودەیی، جێگیر نابێت و هەرگیز چەمکی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانتاریزم پێڕۆ ناکرێت و پرۆسێسی سیاسییش هەر لە خانەی یەکەمدا، بۆ هەمیشە لە سمکۆڵان لەجێی خۆیدا، ناکەوێ. ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو ڕەوشە هەبێت ئەوەیە: ئەو دەسەڵاتەی(سەرۆکایەتی حوکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان) کە لە کوردستان دێتە سەر کار، یەکەم کارێک، گەرەکە لە زووترین کاتدا بیکات، هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزێکی چەکداری حیزبییە لە کوردستان و دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، یەک لەشکری نیشتمانیی کوردستانییە.

01-04 -2019




خەیاڵە شێتەكانی (هاوزێ) … كەریم سمكۆ

ڕۆمانەكە نەك تەنها فێری خود خوێندنەوە، یان گەڕانەوە بۆ جەوهەری بیری ئاڵۆزی مرۆڤەكان دەتخشێنێ، بەڵكو وا لە خوێنەر دەكات دیاریكردنی كات و شوێنی خوێندنەوە لەپێش خوێندنەوەی رۆمانەكە دابنێت.
كە (هاوزێ)ـی (دلاوەر رەحیمی)ـم خوێندەوە، گەیشتمە ئەو بڕیارەی دەبێت شوێنی ئارام بۆ ئاشنابوون بە چەند لاپەڕەیەك، گرنگتربێت لە درێژەدان بە خوێندنەوەی هاوزێ.
نڤاری چكۆلانە هەر تەقەیەكی بەگوێدا گەیاندبام، زنجیرەی خەیاڵی ئاڵۆز دەكردم و لە هاوزێ دایدەبڕاندم، هاوزێ بە جیڕەیەكی دەرگا دەبێتە دوژمنت، بە كەشێكی ئارامیش بە (خۆت) ئاشنات دەكات و ناتوانی دەستبەرداری بیت.
دوای هەموو دابڕانێك لە كارە دووبارەبووەكانی رۆژانە، دوای ساردكردنەوەی قاوە و چایی و پڕبوونی میزڵدان و شكاندنی ژوانە دیاریكراوەكان، بە هاوزێدا تێگەیشتم مەستبوون بە مەی چی لە بیری مرۆڤەكان دەكات.

لە 2005 ئەوكاتەی بە (سەد ساڵ تەنیایی) ئاشنابووم، رەنگە بڵێم چوار تا پێنج جار، ئێوە بڵێن حەوت، دەستم بە خوێندنەوەی كردووە و نەمتوانیوە تەواوی بكەم، ئاخر كە (خۆسێ ئەركادیۆ پۆندا) ژووری ماڵەوە جێدەهێڵێت و لە كوختەكە، یانژی لە ژووری حەسارەكەیان خەریكی تاقیكردنەوەكانی دەبێت، خانەوادە و خەڵكی لادێكەشیان نەك بەشێتی دەزانن، بگرە شێتی دەكەن، بەڵام ئەو كۆڵنەدان و پەیوەستبوونەی پۆندا بە ئامانجەكانی، وایلێدەكات شەوانە لەگەڵ خەیاڵەكانیدا ژیان دروست بكات.

ئیدی لە خەیاڵی منیشدا كە هاوزێ بەم جەنجاڵی و ئاڵۆزیی و لێڵەواریەی بە ئەندێشەی بەخشیم، وایكرد لای من پێش شاكارەكەی (ماركیز) بكەوێت و زریزەی هزرم نەپچڕێنێ، رەنگە كەمی قەبارەی رۆمانەكە منی بە هەڵە بردبێتم، نا..نا وایە.
وەك (عاشقان بەپێوە دەمرن) نازانی چۆن دەستی پێكردووە، لە كۆتاییشدا وەك كۆڕەكەی (تاگو) لە فیلمی (پی كەی) بەچیرۆكێك كۆتایی پێ دێنێت و ماڵئاوایی دەكات، بێ ئەوەی زیاتر روونی بكاتەوە، خوێنەر كێش دەكات بۆ ئەوەی هەر بەخۆی خەیاڵ و چیرۆك و بەسەرهاتەكە كۆتایی پێ بێنێت، یان درێژەی پێ بدات.
ڕەنگە لە هزری مندا بە جۆرەها سیناریۆ هێشتاش نەگەمە كۆتایی، خۆ رەنگە ئەمە ژیانی هەموومان بێت! رەنگە ژیانی كەسیشمان نەبێت! كە هاوزێ دەخوێنیتەوە ئیدی ئاساییە تووشی ئەو خەیاڵانەش بیت! رەنگە خەڵكیش بەمە بڵێن (شێتی).

چیرۆكە پۆڕنۆكان تەنها بۆ درێژەدان یان بۆ تاموبۆی رۆمانەكە بۆ حەسانەوەی مێشك داندراون، دەنا لەناو ئەو دیمەن و مەشهەدە خەیاڵی و تراژیدیایانە ئەستەمە خوێنەر بۆ ورووژاندن راكێشێت.

داڵغەو خەیاڵ، گەڕانەوە بۆ رۆژانی رابردوو، یان رۆیشتن بۆ ژیانی داهاتوو، كەڵكەڵەی مێشك و پەستانی هزر لەسەر مرۆڤ لە ساتێكی دیاریكراودا وادەكات مرۆڤ بیری بۆ شتی جیاواز و سەیر سەیر بچێت.
وەك بیركردنەوەی ناوی ئەو كانیاوەی كە فاروق بیری لێ دەكردەوە و نەیدەزانی لەلایەن دایكی یان پووری ناوەكەی پێی گوتراوە و ئێستایش لەسەر زاری سەما دەكات و بیری ناكەوێتەوە.

ئەم لۆكەیشنانە زۆرجار لەژیانی خۆماندا پەییمان پێبردووە، كە بە شەوانە دەست لەملانێی هاوزێ دەكەیت هەر لە خۆتەوە دەگەیتە ئەو رایەی كە ئێمەش ئەو خەیاڵ و بیركردنەوە پووچانەمان زۆر جار نا، هەموو كات تووش بووە. چۆن؟ ئەها ئاوڕێك لە ژیانی رابردووی كۆمەڵایەتی، رامیاری، ئابووری، فەرهەنگی خۆت بدەوە، ساتێك بوەستەو هەموو شتەكان وەك ئاوێنە بهێنەوە بەرچاوی خۆت و لەكن هزری خۆت دایانبنێ.. چۆن بوو؟ بەراست تووشی ئەو بیركردنەوانە نابیتەوە؟ راست دەكەیت.

خۆزگە چیرۆكی سكپڕی ئەسمەر لەسەرەتای رۆمانەكە بوایە و بەم ئەفكارانەی فارووق و بەم بیرلەخۆكردنەوە و وڕێنانەوە دەستی پێ بكردایە.
پرسیاركردن لە خۆت، وەڵامدانەوە لە خۆت زۆرجار چۆڵی وەتاغ دەكاتە شەقامێكی تەژی قەرەباڵغ، هەر یەكەی بە كاری خۆیەوە سەرقاڵ دەبێ و كەس ئاگای لە كەس نییە، زۆرجار لەبیركردنەوەكانی ژیان تەوژم و بیری ئاڵۆز لەناو خانەكانی مێشكت شەپۆل دەدەن، ئینجا لە شەقامەكەدا پڕیەتی لە كەسی جیا.. یەڵڵا تەماتە، خەیار، وەرەوە بۆ شێلمەی كوڵاو، تەق..تەق.. ئەو سەماوەرە چاك نابێتەوە، وڕەی كوورە و جیڕەی ئامێرەكانی دارتاش و زرینگ زرینگ.. خەریكی بیور كوتانەوەن. عارەبانەیەك لە دواوە پاڵت پێوەدەنێ “لاچۆ كاكە.. رێگاكەت گرتووە بێكار بۆ لێرە وەستاوی؟” پێم دەڵێت.

لەناو مشتومڕی خەیاڵدا منیش بە ئاگادێمەوە، سەیری لای راست و چەپ و سەروو و ژووری خۆت دەكەیت. هەر لە خۆتەوە هەست بە خێرایی دەنگەكان و زرینگانەوەیان لە گوێچكەدا دەكەیت، خێرایی وێنەی دەموچاوەكان، خێرایی كات، ژیان زیاتر خێرایی پێوە دیار دەبێت، خێراتر بیر دەكەیتەوە.. ئیتر دوای كاتێكی دوورو درێژ دێیتەوە سەر بنەڕەتی جارانی خۆت كە لە ژوورێكی چۆڵی وەك كوێژیلە تێیدا خوێندبێتی! ئیدی خەیاڵەكانی خۆت و هاوزێ ژوورەكان دەكاتە حەمامی ژنان!

گفتوگۆی ئەسمەر و فارووق لەسەر پرسیاركردن و بڵێ و ناڵێم و چی؟ هەزاران مانا بە خوێنەر دەگەیەنێ..
-كاكە فارووق؟
+سەرم هەڵدەبڕم و هیچم نەگووت!
-كاكە فارووق، دەڵێم..
+ئێ بڵێ. دەی؟
-هیچ
+بۆ هیچ؟
-هیچ، چونكە تۆ ناتەوێ!
+یانی چی؟
-تۆ ناتەوێ من قسە بكەم.
+بڵێ چیت دەوێ، بڵێ!
-چی، خەندەیەكی تاڵ و درێژ… ل (164)

رەنگە ئەمجۆرە وتووێژە، ئەمجۆرە بێدەنگییە هەزاران مانا ببەخشێتە ئەو كەسەی لە زمانی ئەم ئاخاوتنە تێدەگات. ئیدی هاوزێ پڕیەتی لەم خەیاڵە، بەڵام دواجار شێتت دەكات و هەر لە خۆتەوە دەڵێیت: ئەرێ (رەحیمی) شێت نییە؟
“من چركەم بەڕێ كرد، نەك سەعات، نەك رۆژ. ئەو چركانەم هەر ماوەیەك بە شتێكەوە بارم دەكردن، تەسبیحێكی درێژی قەزوانم دەگرتە دەستم و دەنك دەنك دەمژماردن؛ رزگارم دەبێ ڕزگارم نابێ، ڕزگارم دەبێ ڕزگارم نابێ، ڕزگارم دەبێ ڕزگارم نابێ، دەبێ نابێ، دەبێ نابێ، دەبێ نابێ، دەبم نابم، دەبم نابم، دەبم نابم! كەمجار گەیشتوومە كۆتایی، بەڵام ڕزگارم نەبووە!” ل (139)
هەموومان واین، بەڵام خۆمان لە گێلی دەدەین، كە (هاوزێ) دەخوێنیتەوە، دەگەیتە حەقیقەتی خۆت، زۆرجار قسەكردن لەگەڵ خۆت دەتگەیەنێتە ناوەڕۆكی گرێكوێرەكان، كە كردوومانەتە پەڵەی رەش و بەبەر پەردەی هیوا و ئامانجەكانی ژیان هەڵمانواسیوە.




قوربانیه‌ك له‌ ناو چێژی به‌ كۆمه‌ڵدا .!! … جوتیار

ماوه‌یه‌كه له‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، به‌ڵكوو به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستاندا دیارده‌یه‌كی ناوازه‌ بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنج بۆ كات به‌سه‌ربردن و به‌شێكی زۆری له‌ خه‌ڵكی سه‌رقاڵ و توشی ئه‌نگیزه‌ كردووه‌ به‌ خۆیه‌وه‌، تا ئاستێك كه‌ مرۆڤ ناتوانێت له‌ نێوان حه‌قیقه‌ت و گاڵته‌جاڕیدا لێكی جیا بكاته‌وه‌، دیارده‌یه‌ك كه‌ بۆ به‌شێكمان پڕاوپڕه‌ له‌ پرسیاری مۆڕاڵی و تا ئاستێك له حه‌ژمه‌تی نا دنیابینیه‌كی ڕه‌ش و نا ئینسانی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و چه‌مكه‌ خودنه‌فره‌تیانه‌ی كه‌ ماهیه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، ئه‌ویش ده‌ركه‌وتنی گه‌نجێكی نادیده‌ له‌ ژیان و تێكشكاو له‌ ڕووی ده‌روونی و نا ته‌ندروست له‌ ڕووی بایۆلۆجیشه‌وه‌، چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ندبێژه‌ی كه‌ به‌ ناوی (خدر بێگه‌ڵاسی) ناسراوه،‌ تا ئه‌و ئاسته‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ من ناتوانم ته‌نها جارێك به‌ دیار قسه‌كانیشی دابنیشم و گوێی لێ ڕابگرم، چونكه‌ مرۆڤی ته‌ندروست بۆ جارێك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ چه‌نده‌ بێتاوان له‌ ژێر چه‌قۆی ده‌ستی كۆمه‌ڵگایه‌كی دڵڕه‌قی ناته‌ندروستدا بۆته‌ قوربانیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌ستی نا ووشیاری و بێویژدانی مرۆڤه‌ نه‌خۆش و سه‌رگه‌ردانه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.

من زۆر جار له‌ بۆچونه‌كانمدا ئه‌وه‌م باس كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی چه‌نده‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ بونیادو كه‌مهێنه‌ له‌ ئاستی چه‌مكه‌ گشتگیره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵی مرۆیی، لای ئێمه‌ (مۆڕاڵ) ڕه‌وشت ته‌نها له‌ جوغزه‌ ئیرۆتیكیه‌كه‌یدا قه‌تیسكراوه‌و زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك ته‌نها ئه‌و بۆچونه‌ باوه‌ ڕیتواڵیه‌ به‌ ‌ بنه‌ما وه‌رده‌گرن بۆ قسه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر چه‌مكی مۆڕاڵ.

ئێمه‌‌ ناتوانین دیارده‌یه‌كی مۆڕاڵی بخوڵقێنین له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا و وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ بیخه‌ینه‌ ڕوو وه‌ك فاكت و بونیاد؛ ناتوانین تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌یه‌كی مرۆیشمان بۆ دیارده‌ مۆڕاڵیه‌كان هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پڕیه‌تی له‌ دیارده‌ و شته‌ ناكۆكه‌كان به‌یه‌كتری، پڕیه‌تی له‌ فیگور و كاراكته‌ری سه‌یرو سه‌رنج ڕاكێش كه‌ ته‌نها له‌ ڕووی شێوه‌وه‌ جیاوزن، به‌ڵام هه‌موو شتێكیان وه‌ك یه‌كه‌و له‌یه‌ك ده‌چێت، له‌ سروشت و بیركردنه‌وه‌ و سه‌لیقه‌و تێڕوانیندا، له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌یاندا و له‌ گریان و پێكه‌نیندا، من به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یره‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك بتوانێت له‌سه‌ر قوربانیدان به‌ تاكه‌كانی خۆی كۆمێدیا بخوڵقێنێت و چێژو ئاسوده‌یی لێ وه‌ربگرێت، به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یره‌ له‌زه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای تێكشكان و وێرانبوونی باری ده‌روونی مرۆڤێكی نه‌خۆش و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌رهه‌مبێنێت و ئاسوده‌یی له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ر بكات، كۆمه‌ڵگایه‌ك بتوانێت ته‌نها له‌ پێناو پێكه‌نینێكدا قوربانی به‌ تاكه‌كانی خۆی بدات ، ده‌بێت به‌ڕاستی بمانخاته‌ به‌رده‌م تێڕامان و هه‌ڵوێستێكی قوڵی مرۆیانه‌وه‌.
منیش بروای زۆرم به‌ به‌سه‌ربردنی كات و ساتی چێژبه‌خش هه‌یه‌ بۆ ژیانی هه‌ركه‌سێك، چونكه‌ چێژوه‌رگرتن ده‌توانێت به‌شێك له‌ خۆشبه‌ختی له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌مبێنێت و به‌شێكه‌ له‌ بنما سه‌ره‌كیه‌كانی ئیرۆسیه‌ت و بوونێكی به‌خته‌وه‌ر و ته‌ندروست بۆ تاكه‌كان.

موسیك وه‌ك هه‌ر ڕه‌گه‌زێكی تری ستاتیك له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا پێویستیه‌كی سه‌ره‌كیه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆحیمان و هه‌ندێك جاریش له‌ جیاتی هه‌موو ژه‌مه‌ ناته‌ندروسته‌كانمان پێویسته‌ له‌سه‌ر مێزه‌كانمان گوێچكه‌كانمان تێربكات و و ساڕێژی هه‌موو ئه‌و برینانه‌مان بكات كه‌ ده‌روون و زیهنمان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ، موسیك پێویسته‌ له‌ هه‌موو شوێنكدا وه‌ك به‌شێك له‌ هۆشیاری مرۆڤه‌كان ببیندرێت و ببێت به‌ به‌شێك له‌ به‌رخوردو هه‌ڵسوكەوت به‌ مه‌رجێك مرۆڤ بتوانێت وه‌ك كولتورێكی ئینسانی پێشكه‌ش به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكات،
ئێمه‌ خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ( ئیبن ڕوژد) ین وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی، كه‌ ئه‌و به‌شێكی زۆری ژیانی له‌گه‌ڵ میوانداریكردن به‌ قه‌رجه ‌میوسیكژه‌نه‌كانی ئه‌نده‌لوس به‌سه‌ر برد، ئه‌و هه‌رده‌م پێی وابوو كه‌ میوسیك شتێكی جیاكراوه‌ نییه‌ له‌ فیكرو فه‌لسه‌فه‌ و پێی وابوو دوو چه‌مكن كه‌ به‌ بێ یه‌كتری هیچ مانایه‌كیان نییه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ناتوانینن فێری ببین ته‌نها نه‌بینینی مرۆڤه‌ وه‌ك خۆی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ڕێزو كه‌رامه‌تی مرۆیی پێ ببه‌خشرێت له‌ ئاستی وجوده‌ سروشتیه‌كه‌ی خۆیدا ، مرۆڤێكی ناكامڵ و نا ته‌ندروست كه‌ پێویسته‌ له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كان و كۆمه‌ڵگا‌وه‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتی بكرێت ئێمه‌ بێین و بۆ ساته‌ بێكه‌ڵكه‌كانی خۆمان كۆمێدیای لێ به‌رهه‌م بێنین و بیكه‌ین به‌ مه‌هزه‌له‌ی سۆشیال میدیاو واش نیشانی بده‌ین و بڕوا به‌ویش بهێنین كه‌ ئه‌و نمونه‌ی باڵای میوسیكی كوردیه‌، به‌ڕاستی من پێم وایه‌ ئه‌وه جۆرێكه ‌ له‌و ‌‌ depression) ) گۆشه‌گیریه‌ی كه‌ خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌نجامی بێ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگادا و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی سیستماتیك توشی ده‌بێت.




هەڵوێستی ” لینین” سەبارەت بەئازادی خۆشەویستی و هاوسەر گیری چی بووە ؟ …. و: سەردار عەبدوڵا حەمە

لە ساڵی ١٩١٥یەکێ لەو پرسیارانەی لە ‘لینین”کرا سەبارەت بە خۆشەویستی و هاوسەر گیری بوو لە لایەن ژنە خەباتکاری بزووتنەوەی ژنانی جیهانیەوە “ئینیسا ئەرماند” کە دواتریش سەرجەم وەڵامەکانی کردە نامیلەیەک بۆ ژنانی کرێکار سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتیەکانیان .

پاش وورد بوونەوە لە پرسیارەکە “لینین ” پرسیارەکەی بە جۆرێکی تر لێ کرد : ئایا مەبەست لەمە جودا کردنەوەی خۆشەویستیە لە بەرژوەندیەیە ماددیەکان( پارە وسامان )؟ یا لە خورافات؟ یا زۆرداری باوکان ودایکان؟ یا لە خورافاتی کۆمەڵگا (داب ونەریتە کۆنەکان) ؟ یا لە تەسک بینی ووردە بۆرژواکان ( جوتیاران یا ڕۆشنبیران)؟ یا لە کۆت و بەندی یاسا ودادگا وپۆلیس ؟یا لە جیدیەتی خۆشەویستی؟یان ئامانجی منداڵ دروست کردن ؟یا ئەوەی بە ئازادانە خیانەت لە هاوسەر گیری بکرێت؟ ئەگەر وەڵام بەم پرسیارانە بدەینەوە سێ خالی دوایی پەیوەندیان نیە بەم مەسەلەوە بۆ ئەوەی خوێنەر بە ئاسانی لە هەڵویستی کۆمۆنیزم تێ بگات لەم بارەوە ،دەبی ئەوە بلێین بە بێ جیاکردنەوەی خۆشەویستی لەمانە هەڵوێستەکە دوور دەبێت لە هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت ئازادی خۆشەویستی.

لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە خۆشەویستی ڕاستەقینە نابەستریتەوە بە هیچ شتێکی ترەوە، ئازادی خۆشەویستی بە مانای جیا کردنەوەیەتی لە ئامانجە مادیەکان (پارە وسامان )، لە خورافات لە هەر جۆرێکی بێت ، لە دوو ڕوویی ودرۆ کردن ، لە زۆرە ملێ ی باوکان ودایکان ، لە یاسا دژە یەکسانیەکان، بە مانایەکی تر ئازادی خۆشەویستی ڕەها بە مانای هەڵبژاردنی هاوژین چ ژن بێت یا پیاو وە بەستنی گرێ بەست تەنها دەبێ لە سەر بنەمای خۆشەویستی بێت وهیچی تر، ئەگەر ببەسترێتەوە بە هەر شتێکی ترەوە ئەوە خۆشەویستی نیە، هەر هاوژینی دروست کردنێک لە سەر بەرژوەندە ئابوریەکان بێت ئەوە سەرکەوتنی تیا نابێت، بە تایبەت ئەوە لە بەرچاو بگیرێت هاوژینەکە ت دەوڵەمە ندەو خاوەن پارەو سامانە لە کاتێکا ئەو کەسە هەڵگری هیچ بنەمایەکی ئینسانی نیە بۆ هاوژینی پێک هێنان ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی درۆ ودووڕووی و ستەم کردن، خۆشەویستی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕاستگۆیی وگۆڕینەوەی هاوسۆزی بۆ یەکتر هەیە .
لە خۆشەویستیدا دوو کەس بەشدارن بەڵام سێ یەمیش دێتە بوون ئەویش ژیانێکی نوێ یە، لێرەشەوە بەرپرسیارەتی دەبێتە ئەرک لە بەرانبەر مرۆڤدا ( لە بەرانبەر منداڵی خۆشەویست وەنەوەکان وئەنجا لە بەرانبەر کۆمەڵگاش ) .

سەردار عەبدوڵا حەمە

لەزمانی عەرەبیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی ئەمەش لینکی نوسینەکەیە :
https://bnibou3iyach3.skyrock.mobi/817ماڵپەڕی ( سکایڕۆک)




ولیەم بتلەر یێتس .. نزیك باخچه‌ی گشتی …. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

لە باخچە گشتییەكاندا
ژوانم لەگەڵ خۆشەویستەكەم دانا
بە هەنگاوی بەفراوی بێگەردی لەسەرخۆوە ..
ئامۆژگاری كردم
خۆشەویستی بە نەرمی وەربگرم
وەك ئەوەی
گەڵای داران پێدەگه‌ن .
بەڵام من
وەك هەر گەنجێكی ساویلكە
باوەڕم نەهێنا
لە كێڵگەدا ، نزیك ڕووبار
لەگەڵ خۆشەویستەكەمدا وەستام
دەستی سپی بەفراوی
لەسەر شانم دانا
ئامۆژگاری دەكردم :
ژیان بە نەرمی وەربگرم
چوون گیا
لەسەر بەنداوان پێدەگا
بەڵام من
وەك هەر لاوێكی گەوج مامەوە
ئەوەتا ئەمڕۆیش پڕم لە ئەسرین .

——————————
(*)ولیەم بیتلر ییتس : شاعیری ئێرلەندی ییتس ، لە دبلن لە دایك بووە . جگە لە شیعر شانۆنووس و كەسایەتییەكی نیشتمانیش بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی بەریتانیا بووە .. یێتس بۆ یەكەمین جار قەسیدەكانی لە تەمەنی بیست ساڵیدا لە ڕۆژنامەیەك لە دبلن دا بڵاوكردوونەوە .
بڕوای بە سیحر و دونیای ڕۆحانی هەبووه‌ ساڵی 1923 خەڵاتی نۆبلی وەرگرتووه‌ ساڵی 1939 لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه‌.

بڕوانه‌ ماڵپه‌ڕی adab.com
.




ده‌شێت باوه‌ڕ به‌ ترامپ بكه‌ین؟ …. عیماد عه‌لی

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی توند و راسته‌وخۆ له‌ هاوئه‌ندامێكی له‌ هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی بكات و نه‌خاسما توركیای كۆنه‌ كوڕه‌ به‌نازه‌كه‌ی خۆی و خاوه‌ن پێگه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی له‌ ململانێی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤێت و روسیای ئێستادا. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ترامپ ئاسایی بێت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ره‌فتارو قسه‌ و لێدوانه‌كانی تردا به‌راورد بكرێت، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ بێ وێنه‌یه‌ زۆر شتی نهێنی په‌وه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌ نوێكانمان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ لێكه‌وته‌ی كارلێكه‌ تازه‌كانی گۆڕانكاریه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی جیهان به‌ گشتی و ناوچه‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی.

هه‌رچه‌ند ده‌توانرێت هۆكاری كورتمه‌ودای خودیی ترامپ و ئه‌مریكای پشت ئه‌م بریاره‌ باس بكرێت، ئه‌گه‌ر زۆر ره‌شبین بین به‌ خۆقوتاركردنی ترامب له‌و فشاره نێوخۆییه‌ی له‌ ده‌ره‌ئه‌نجامی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مركیا بێت له‌ سوریا بیخوێنینه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ ماوه‌یه‌كه‌ زۆرێك له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی له‌كارخراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ته‌نها پاساو بۆ ئه‌و لێدوانه‌ نادات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشهاته‌ نوێیه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ روونی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ركه‌وته‌ی زۆری لێ ده‌بینرێت.
به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ترامپ راستگۆیه‌ و ده‌شێت باوه‌ڕی پێ بكه‌ین یان قسه‌یه‌كی سه‌رپێیه‌ و بۆ دره‌بازبون و زه‌مینه‌سازی و ئاسانكاریه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌ سوریا و خۆ سه‌رقاڵكردن ترامپه‌ به‌ ئێرانه‌وه‌.

لێره‌دا ده‌بێت له‌ روانگه‌ی چۆنێتی دروستبونی بڕیار له‌ ئه‌مریكا و هه‌ڵبواردنی ترامب له‌وباره‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین، یان له‌ جموجوڵ و لێدوان و ره‌فتاره‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی بڕوانین، ئینجا ده‌كرێت لێدوانه‌كه‌ی ترامپ وه‌كو خۆی بخوێنینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر گۆڕانی كتوپری ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادابێت و ئه‌مریكا و روسیا ژوورێكی پرۆسه‌كان و موبه‌قێكی هاوبه‌شی نهێنی بۆ جێگیربون و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دورمه‌وداكانیان ریكخستبێت، ئه‌وا به‌و پێیه‌ ده‌بێت به‌رژوه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورد له‌ نێو هاوكێشه‌و پێشهاته‌كان بخوێنرێته‌وه‌ و ره‌فتاری پشت لێدوان و جموجوڵه‌كان بخوێنرێته‌وه‌ و راڤه‌ بكرێت و زه‌مانی رێكه‌وتنه‌ی سایكس بێكۆ بێنینه‌وه‌ یادی خۆمان و لێی بروانین. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێتی ترامپ وه‌كو بازرگانێكی سیاسی رووت و قسه‌كانی سه‌رزمانی به‌و سه‌رپێیه‌ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌ پێشتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و قسه‌ راسته‌وخۆیانه‌ی وه‌كو خۆی و به‌ تۆزێك دوور له‌ دیبلۆماسیه‌تی بێ پێشینه‌ جێبه‌جێ كردووه‌، به‌ڵام لێره‌دا قسه‌یه‌كی ئاوا له‌ مه‌ڕ توركیا ده‌بێت زۆر به‌ وردی بخوێنرێته‌وه‌.

بۆیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌ توندانه‌ی رووبه‌رووی ترامپ بۆته‌وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌ تایبه‌تی زۆر گه‌روه‌بوون و به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكای پیشتر له‌مه‌ڕ داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیاوه‌. هه‌ر بۆیه‌ راستگۆیی ئه‌مریكا له‌ رووی په‌یوه‌ندی هاورێتی و هاوپه‌یمانێتی له‌م بریاره‌ی ترامپ كه‌وته‌ ژێر پرسیارگه‌لێكه‌وه‌ كه‌ وا ده‌ركه‌وت كاریگه‌ریه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوورودرێژ له‌ سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌روه‌ و ناوه‌وه‌ی ئه‌مریكا بمێنێته‌وه‌. بۆیه‌ په‌شیمانبونه‌وه‌ به‌ رووسوری له‌ ره‌فتاره‌ پراگماتیه‌كانی سه‌ركرده‌كانی سه‌رده‌مه‌ و به‌ تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك ئه‌خلاقی سیاسی و ره‌فتاری رۆژهه‌ڵاتانه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌شێت ترسمان له‌وه‌ بێت كه‌ رێكه‌وتنێكی توركیا ئه‌مریكا به‌خۆی سیناریۆمان بخاته‌وه‌ بیر، كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی چاوه‌روانكراوی پاش گه‌رمكردنی مه‌یدانه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش بۆ گه‌لی كورد نه‌كه‌وێته‌وه‌ و ترامپ و ئه‌ردۆگانیش چه‌ندین چۆله‌كه‌ به‌ یه‌ك به‌رد بكوژن و ببن به‌ تاكه‌ هێزی عاوبه‌شی ناوچه‌كه‌ له‌ كارێكدا كه‌ شۆك بێت بۆ هه‌مووان.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ بێت و، لێدوانه‌كه‌ی ترامپ قازانجی هه‌بێت بۆ ئێمه‌ومانانی كورد، ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كانی بخوێنرێته‌وه‌ و هێزه‌كانی رۆژئاوا دووباره‌ هێلكه‌كانیان به‌ ته‌نها نه‌خه‌نه‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكاوه‌ و پاڵی لێبده‌نه‌وه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ كردنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا كه‌مته‌رخه‌م بن و له‌ كاتی رووگیری ئاوادا به‌ هه‌ڵه‌كه‌داوان روو بكه‌نه‌ حكومه‌تی سوریا بۆ پاراستنیان له‌ توركیا..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌ تا رادیه‌یه‌كی باش به‌ جوانی هاوكێشه‌كانی خوێندۆته‌وه‌ و دڵسۆزی و یه‌كانگیری و دیسپلینی نێوخۆیی و به‌دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و خۆخۆری وای لێكردووه‌ دوور بێت له‌ شكست و نسكۆ، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی باشه‌ بۆ دووباره‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ و پشتبه‌ستن به‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌توانرێت ته‌كتیكیان له‌گه‌ڵ بكات.

ده‌كرێت بڵێین ده‌بێت زۆر خۆشباوه‌ر نه‌بین و ره‌شبینیش نه‌بین و ئه‌م قۆناغه‌ی ناوچه‌كه‌ و ره‌فتار و جموجوڵه‌ تازه‌كان و به‌ تیابه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كورد به‌ گشتی و رۆژئاوا به‌ تایبه‌تی هه‌بێت، لێكبده‌نه‌وه‌ و له‌مه‌شدا له‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوور باشتر بوون تاوه‌كو ئێستا و ده‌توانن له‌ و قه‌یرانه‌ كاتیه‌ ده‌ربازیان بێت و هه‌ردوو بڕیار و لێدوانه‌كه‌ی ترامپ وه‌كو خۆی بخوێننه‌وه‌.




گۆرانی هیوا … ستار ئه‌حمه‌د

تۆ گریان هاوسه‌رته‌
فرمێسك ساویلكه‌ی هۆگریت
كه‌ كۆشت له‌ خه‌ما بخنكێ
چاوه‌كانت بۆ ژوانی ئه‌شكی روون
ده‌تكه‌ن به‌ گڕ.. ئاو.. ده‌ریای بێسنوور
تۆو فرمێسك پێكه‌وه‌ له‌دایكبوون
دیده‌كانت بوونه‌ مه‌نزلی ئارامگه‌و
لانه‌یه‌ك بێشكه‌ی خه‌می شه‌وانێتی
تۆی لانه‌وازی كووچه‌ی ئازار
كه‌ ئارامێك ده‌روونت راده‌ژه‌نێ
كه‌نارێكی ده‌م لێشاوی‌و هه‌ره‌س دێنێ
بۆ نازانی شاعیرێك له‌ ناخی خۆزگه‌ی تووڕه‌ بێ
به‌ هێمنی داده‌نیشێ
گۆرانی بۆ هیوای وونی ده‌ڵێته‌وه‌
شه‌یدایه‌ك له‌ خۆشه‌ویستی دوور خه‌نه‌وه‌
له‌گه‌ڵ شیعرا شه‌وگاری تاڵ به‌ڕێده‌خا
شاعیر له‌گه‌ڵ عه‌شقی پاكیا
زۆر مه‌حاڵه‌ وه‌ك تۆ بكا
ده‌زانم به‌ چرپه‌
روومه‌تت.. ده‌بێته‌ سایه‌ی گڕ
ده‌روونت.. بڵێسه‌ی تینی خۆر
چاوانت.. له‌ خه‌نده‌ی خۆزگه‌ت داده‌بڕێ
حه‌ز ناكه‌م گلێنه‌ت له‌ ئاوا بخنكێ‌و
نه‌توانێ بۆ باخچه‌ی ئه‌نجامێك هه‌ڵفڕێ
تۆو گریان
ئه‌وین‌و شیعری جوان
فرمێسكێك چاوانت بكاته‌ جێژوان
به‌ دڵم ئاشنان
ناتوانم ساتێك له‌ بوونیان بڕه‌نجێم
بۆ سكاڵای نه‌رمه‌ وه‌نه‌وزی سۆزی تۆ
گۆرانی ئه‌شكاوی خه‌م ده‌ڵێم

ستار ئه‌حمه‌د




نوێترین پرۆژه‌یان راگه‌یاند …. شه‌هێن سابیر

له‌ده‌ستپێكی ساڵی نویَدا، تیپی (شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌)، به‌رهه‌مێكی نوێیان راگه‌یاند‌و بریاره‌ له‌ناوه‌راستی مانگی شوبات دا نمایشی بكه‌ن.
له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونی پارێزگاری سلیمانی (د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر)‌و به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری (بابه‌كر دره‌یی)و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان‌و به‌به‌شداری كه‌ناله‌كانی راگه‌یاندن، نوێترین به‌رهه‌می تیپی (شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌) به‌ناوی (دكتۆر فاوست) راگه‌یندرا كه‌ ده‌قئاوێزان‌و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (رێباز محه‌مه‌د)ه‌.
له‌مه‌راسیمه كه‌‌دا پارێزگاری سلێمانی وێرای پیرۆزبایی، ده‌ستخۆشی له‌ستافه‌كه‌كرد‌و پشتگیری خۆی دوباره‌كرده‌وه‌ بۆهه‌ركارێكی فه‌رهه‌نگی‌و هونه‌ری كه‌ خزمه‌ت به‌مێژووی هونه‌ری میلله‌تی كورد بكات.
لایخۆشیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (گه‌زیزه‌ عومه‌ر)، باسی مێژووی كاركردنی تیپه‌كه‌ی كرد، كه‌تائێستاو بێ دابران‌و به‌ده‌یان گرفتی نه‌بونی شوێن‌و نه‌بونی پشتگیری دارایی، به‌لام به‌رده‌وامبون له‌كاری به‌رهه‌مهێنانی دارماو شانۆ .
ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی شانۆییه‌كه‌ش (رێباز مه‌حه‌مه‌د) وتی:” دکتۆر فاوست دەقێکی ئاوێزان ـ میکسی نێوان چەند دەقێکی جیهانیە و هەریەکە لەو دەقانە کەم و زۆر بەکار هاتوون لەناو ئەم تێکستەداو تێهڵکێشکراون لەدەقەکانی هەریەکەلەنووسەران (کریستۆڤەر مارلۆ ، گۆتە، د.عبدالکریم برشید)و منیش هەم وەک نووسینەوەو هەم وەک کاری دەرهێنان ، بەگونجاوم زانیوە هەندێ تێگەیشتنی کوردیانەی بۆشانۆ تێکەڵبکەم”
له‌و شانۆییه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ (دکتۆر سەردار ، لیناعوسمان ، شادی ئارام ، گلێنە حەمە علی ، محمد تاھیر ، سەنگەرمحمد، ئەژدەرسازگار فواد، ، محمد حسن) وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵی تێدا ده‌بیننن هه‌روه‌ها به‌رێوبەری شانۆ(بێستان سالار)ه‌و كاری موزیكیش له‌لایه‌ن (مشتاق فازل)ه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، دیكۆری شانۆییه‌كه‌ش (وه‌ستا سه‌باح) كاری بۆده‌كات.

شه‌هێن سابیر
به‌رپرسی راگه‌یاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌.