خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن –دووەم …. ئەمجەد شاکەلی


بەشی دووەم ….

-جێگر-

جێگر، دەستەواژە و ناونیشانێکە، پلەیەکی کار و پۆستێکە، هیچ کەسێک نییە لە کوردستان نەیزانێ، تەنانەت مرۆڤ دەبینی ناوی “جێگر”یان لێ نراوە و خەڵکیش دەبینی ناوی”ڕێگر”یان لێ نراوە، کە نە ئەویان جێگرە و نە ئەمیشیان ڕێگر و ڕەنگیشە هۆردووکیشیان هەو بن!
سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حوکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، لە وەزیر خوارەوەتر، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆکی شارەداری، سەرۆکی دادگە، ئوستاندار، سەرۆکی زانستگە، سەرۆکی تەندروستی شار، بەڕێوەبەری پۆلیس، سەرۆکی یانەیەکی وەرزشی، میراو، سەرۆکی ئەلەکتریک، سەرۆکی فرۆشگە، تەنانەت بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرەتایی و سەرپەرشتیاری چاپخانە و چایخانە و مەیخانە و چێشتخانە و نازانم چی، هەموو جێگریان هەیە و جێگرەکان، جێگریان هەیە و جێگری جێگرەکان، جێگریان هەیە و ئەوانیش سکرتێریان هەیە و سکرتێرەکان، جێگریان هەیە و ئیدی ڕەنگە تا کوێخا(موختار)ی ئاواییش بەردەوام بێت و ئەویش جێگری هەبێت. لە کوردستان لەشکرێک جێگر هەن و ئەوانیش پلەوپایەی خۆیان هەیە و بودجە و تایبەتمەندیی و کەشوفش و بەزمی خۆیان هەیە.

وەڵاتگەلێکی جیهان، کە کارگێڕیی تێیاندا لەسەر بنەمای خزمەتکردن بە هاووڵات و بە مرۆڤ دانراوە، هێندە گرنگیی بە دروستکردنی کورسی و پۆست و پلەوپایە، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی کەسێک و پڕکردنەوەی کورسییەکدا، نادرێت. وەڵاتێک، ژیانی دانیشتووانی وەڵاتەکەی، خۆشگوزەرانی ئەوان، پێشکەوتنی ئەوانی مەبەست و ئامانج بێت، هەرگیز پلەوپایە بۆ دەسەڵاتدارانی بە گرنگ نابینێت. لە کوردستان، پلەوپایە، بێ ئەوەی پێویست بن و بێ ئەوەی سوودێک بە هاووڵاتێکی کوردستان بگەیەنن، دادەتاشرێن و مووچە و دەرماڵە و نێوماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و دەیان جۆرە پارەی دیکە دەخرێنە خزمەتیانەوە و دەسگە و دامەزراوەی زەلام و قەبەیان بۆ چێدەکرێن و کۆشک و تەلاریان بۆ تەرخان دەکرێن و پاسەوان و ئاژۆر و نۆکەر و چایلێنەر و چێشتلێنەریان بۆ مسۆگەر دەکرێن.

لە وەڵاتی سوێد، کە من بۆ خۆم ساڵانێکە تێیدا دەژیم، سەرۆکی حوکوومەت، جێگری نییە. هەرکاتێک لە دەرێی وەڵات بێت و مانەوەی درێژە بکێشێت، کە هەرگیز ڕوونادات، و لەو کاتەدا لە وەڵات پێشهاتێک بێتە پێشێ و ڕووداوێکی گرنگ بێتە گۆڕێ، کە وەها ڕەوشێکیش هەرگیز نە هاتووەتە پێش و نەش دێتە پێش، ئەودەمی یەکێک لە وەزیرەکانی حوکوومەتەکەی، لەبری ئەو سەرپەرشتیی کارەکانی دەکات. واتە: جێگری سەرۆکی حوکوومەت، کە کاری ئەو تەنێ جێگریی بێت و هیچی دی، وەک کار و پلەیەکی دیاریکراو، هەرگیز نییە. ئیدی لەوێوە وەرە خوارێ تا دەگەیتە بەڕێوەبەری خوێندنگە، کە جێگری نییە. واتە: وەک چۆن کارگوزار(فەڕاش) لە سوێد نین، هەر بەو جۆرەش جێگر نین، ئەگەریش هەبن، یەکجار دەگمەنن. وەک ڕیزپەڕێک لەوانە، سەرۆکی پەرلەمان جێگری هەیە. دیارە ئەو نموونەی سوێدە، وەڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەگرێتەوە و ئەوانیش هەر وەهان. ئێستا لە عیراقیشدا جێگری سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەماوە. لە باشووری کوردستانیش، کە بە قانوون هێشتا بەشێکە لە عیراق، دەبوو جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەمابا و وەک عیراقی لێ کرابا.

دانانی جێگر لە کوردستان، داتاشینی پۆستێکە، بۆ ڕازیکردنی ئەم حیزب و ئەو حیزب و ئەو باڵ و ئەم باڵە، نەک بەهرە و کارایی و شارەزایی ئەو جێگرانە. نەبوونی ئەو جێگرانە، چ بۆشاییەک ناهێنێتە گۆڕێ، ڕێک بەپێچەوانەوە، بارسووکییەکە بۆ سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی هەرێم، چون دەستیان دەکاتەوە و لە کارەکانیاندا سەرپشک دەبن و ئازادانە و ئاسانتر، دەتوانن بیربکەنەوە و کار و ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. گەلێ جار جێگر، ئیدی جێگری هەرکێ بووبێت، بەهۆی ئەوەی سەربە حیزبێکی جیاواز بووە لەوەی سەرۆکەکەی، بووەتە ڕێگر و بەربەست، لەبەردەم جووڵانەوە و چالاکی و کارایی ئەو کارگێڕییەی کاری تێدا کردووە.
ئەگەر بڕیارە و هەر دەبێ جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان هەبن، ئەوا هیچ پێویست ناکات جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت بدرێن بە یەکیەتی یا گۆڕان، کە هەردوو ئەو حیزبانە، کون بە کون وەدووی وەدەستهێنانی ئەو پۆستانەوەن، نەک هەر ئەو دوو حیزبە، بە من پێویست ناکات بدرێن بە هیچ حیزبێکی دیکەی کوردی. باشترین و ڕاستترین هەڵبژادەیەک بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت ئەوەیە، کەسێک لە نەتەوەی تورکمان و کەسێک لە کریستیانەکان بن. دیارە پۆستی کێهە لەو جێگرانە، جێگری سەرۆکی هەرێم یا جێگری سەرۆکی حوکوومەت گرنگترە، بدرێ بە نوێنەری تورکمان و بێجگە لەو جێگرە، چەند وەزارەتیکیش بدرێن بە تورکمان. بەشی تورکمان لە هەموو دەسگە و کارگێڕییەکاندا، تەنانەت لە ڕیزی لەشکر و پۆلیسیشدا دابین بکرێ، چون تورکمان لە کوردستاندا نەتەوەی دووەمن. مرۆڤ، کاتێک باس لە تورکمان دەکات، گەرەکە جیۆگرافیای باشووری کوردستان لەبەرچاو بگرێت و تەلعەفەر، هەولێر، پردێ،کەرکووک، تاوغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا(قەرەخان)، خانەقین، قزڕەبات و مەندەلی لە یاد بێت و بخوێنێتەوە، کە خەڵکی نەتەوەی تورکمانی تێدان، دیارە کریستیانیش هەر بەو جۆرە، لە دەڤەری بادینان، هەولێر، کەرکووک و سلێمانی هەن و ئەوانیش لە پاش تورکمان دەبنە پێکهاتەی سێیەم، چون کریستیانەکان وەک ئایین، هەموو یەک ئایینیان هەیە، لێ وەک نەتەوە، چەند نەتەوەیەکن. بە هۆردوویانەوە، تورکمان و کریستیان، دوو پێکهاتەی سەرەکی کوردستانن.

لە حاڵێکدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت، جێگریان هەبوون و جێگرەکان دران بە تورکمان و کریستیان، ئەگەر جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان، بدرێن بەو حیزبە کوردییانەی، پارتی لەگەڵیاندا پێکدێت، ئیدی یەکیەتی، گۆڕان، ئیسلامی یا هەر لایەنێکی دیکەیە، ڕەنگە ئەوە چارەسەرێک بێت بۆ قایلکردنی ئەوان، لێ ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت جێگریان نەبوو، ئەوا جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدرێن بە تورکمان و کریستیانەکان، ئەوەش باشترین هەڵبژاردەیەکە، کە دەبێ بکرێ و هیچ پێویست ناکات حیزبێکی کوردی ئەو جێگرییە وەرگرێ.
کە مرۆڤ باس لە تورکمان دەکات، هیچ گومانێک لەوەدا نییە، ئەگەر ژمارەی تورکمانی هاووڵات و دانیشتووانی کوردستان ڕەچاو بکرێن، ئەوا بە هەموو پێوەرێک لە حیزبی یەکیەتی و گۆڕان زیاترن، ئیدی بۆ ئەوان مافی وەرگرتنی ئەو جێگرانەیان نەبێت و یەکێتی و گۆڕان هەیانبێت! ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەدا بە ڕادەستکردنی کەرکووک و دۆڕاندنی لەنیوەزێتری خاکی باشووری کوردستان و گێڕانەوەی پرسی کوردستان بۆ خانەی یەکەم و تەواوی ئەو نەگبەتی و بەدبەختییەی بەسەر کوردستانیاندا هێنا، هەرگیز تورکمان نەبوون، بەڵکە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کەچی “چەرمی ڕووی هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕێ…” ، هێشتا ئەوانن ناز دەکەن و دەیانەوێ مەرج و پێشمەرج و خواست و داواکانی خۆیان بەسەر حوکوومەتی زۆرینەدا بسەپێنن!

لەنێو جڤاکی کوردستاندا، تەنانەت لەنێو کوردەکەیشیدا، هەندێ بەشی خەڵکی کورد هەن، تایبەتمەندیی ئایینییان هەیە، کە بێگومان لەبەرچاوگرتنیان و گرنگیدان پێیان، بەهێزکردن و سەقامگیری و یەکگرتنێکی پتری جڤاکی کوردستان و دڵنیاییەکی زیاتر و مەزنترە بۆ ئەو خەڵکانە، نموونەکانیشیان: کوردانی فەیلی(کە لە خوارووی کوردستان و بەغدا دەژین و لە ڕووی ئایینزایشەوە شیعەن)، ئێزدییەکان(چ ئەوانەی خۆ بە کورد نازانن و چ ئەوانەیشی خۆ بە کورد دەزانن) و کوردانی یارسان(کاکەیی).
سیاسەتی ڕاست و دروست ئەوەیە، بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەی لەبەرچاو بگیرێت و دانیشتووانی وەڵات بێ جیاوازی، وەک هاووڵات سەیر بکرێن. ئەڵبەت پێوەری یەکەم بۆ پێشاندانی ڕەسین و پێگەیشتن و پێشکەوتن و ئاستی ئەخلاقی و شارستانەتی هەر جڤاکێکیش، چۆنیەتی مامەڵە و بەرخوردی ئەو جڤاکەیە، لەگەڵ نەتەوەکانی دووەم و سێیەم و کەمینە و گرۆ و خەڵکانێک، کە خودان تایبەتمەندییەکی بڕێک جیاوازن لە زۆرینە،

2019 – 01–13




خاوەند پرۆژەكانی هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكانی كوردستان چییان وت و چییان كرد … عەلی مەحمود محەمەد

ئەمساڵ 10 ساڵی تەواوە جوڵیەكی بە بەرهەم لە كوردستاندا دروست بووە لە پێناو دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامان و كەمكردنەوەی جیاوازی موچەو نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵاكان و ئیمتیازاتەكانیان، كاردانەوەكان بەرامبەر بە داخوازی ئەم بزووتنەوەیە توانی روی راستەقینەی هەمووان لە هەڵوێست و بەڵێن و پرۆژەكانیان ئاشكرا بكات، ئەمرۆ خواستی دادپەروەری ئابووری بەهۆی ئەو جوڵانەوە بۆتە خواستی گشتی و نەمانی متمانە بە بەڵێنی هەڵخەڵەتێنەری پۆپۆلیستیانە.

دوای 10 ساڵ لەم داواكاریانە، جێی خۆیەتی بپرسین، باشە چۆن متمانە بە قسەو بڕیارو یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بكەین كە گیرفان و ورگ خەونی یەكەمی پێكهاتەكانی بێت، لە تارمایی شاراوەداو لە ژێرەوە دەبێت لە گەڵ چەند لە دانا غازەكانی ناوخۆیی و دەرەكی رێكەوتبێتن و دیسانەوە لە خزمەتی گیرفان و ورگ، چۆن متمانە بەمانە بكەین دادپەروەر بن و یاسای دادپەروەرانە بۆ كۆمەڵگا بنووسنەوە كە خەونی یەكەمیان خۆیان و دواتر دوكانە سیاسییەكەیان كە ناوی حیزبە بێت، كە بۆتە ئامرازی خۆژیاندن و دەوڵەمەندكردن و پاراستنی دەسەڵات، چۆن لە ئێستا بەدواوە باوەڕ بە لافاوی پرۆژە درۆزنانە كانیان بكەین و شەویش لە بەر درۆكانی سەر شاشەكانیان دابنیشین، كە یەكەم یاسایان بودجەی حیزبەكانیان بوو هەرچەندە یەكەم بەڵینی پیش دەرچونیان رەتكرنەوەی موچەی فەلەكی فیرعەونی خۆیان بوو، ئەگەر دە خولی دیكەو دە جاریش بچونایەتە پەرتوكی گینزەوە بەلایدا ناچوون،ئەمانە تەنها خۆیان خانەنشین نەبوون بگرە لە گەڵ خۆیان یەك سوپا لە كوڕو براو زاواو خەزور و برازاو خوارزایان بە تەمەنی هەرزەكاریەوە خانەنشین كردووە بە ناوی حیمایەو شۆفێرییەوە، ئەمانە نەبوونە باوكی خەڵك و دەنگدەرانیان، تەنانەت ئەو گەنجانەی شەو رۆژ دەنگیان بۆ كۆدەكردەوە، تەنها باوكی كەسوكاری خۆیان و هاوسەرەكانیان بوون، تەنها باوكی كوڕو زاواو خەزورەكانیان بوون.

زۆریان پێش گەیشتن بە پەرلەمان باسی نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵاكانیان دەكرد و پرۆژەیان دەنوسییەوەو بەڵێننامەیان واژۆ دەكردو سوێندی ئاینی و نیشتمانیان دەخوارد تا ئاستی گۆڕی شەهیدان و قوربانیان و هەموو موقەدەساتێكیان تێپەڕاند, بەڵێنەكان گەیشتنە ئاستی هەڵنەمژینی ئۆكسجینی ناو پەرلەمان, ئێستا بۆمان دەركەوت خول لە دوای خول تەڵەكابازترو فێڵبازتر دەردەچن, لە خولی رابردووەوە 16 تەڵەكەباز بۆ هەوێنی فرت و فێڵ بۆ ئەم خولە ماونەتەوە, بە كردارەكانیان دیموكراسی درۆزنانەی نوێنەرایەتیشیان خستە ژێر پرسیارەوە, تا كار گەیشتە سەر ئەوەی كەمتر لە نیوەی خەڵكی كوردستان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی رابردوو, ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە بە سستەم و قسەو بەڵێن و كردارو درۆو پرۆژەكانیان, ئەوانەشی چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان زۆرینەیان لەوانەن لە سایەی دەسەڵاتدا توانیویانە موچەیەك بپچرنەوە بۆ خۆیان وەك خەڵك نەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە لە سایەی ئینتمایەكی نا مەبدەئی بۆ دەسەڵاتداران, ئەوانەی هیچیان نییە باوەڕیان بەوە نەما گروپێك بازرگانی سیاسەتی دیكە دەوڵەمەند بكەن, زیاتر لە 90%یان لە ماڵەكانیان دەرنەچوونە دەرەوە, زەماوەندی دیموكراسی رۆژی هەڵبژاردنیان گۆڕی بۆ زەماوەندی مانگرتن, ئەمەش پەرچە كردارێكی هوشیارانەی چینایەتییە لە بەرامبەر گەندەڵی و درۆی پۆپۆلیزم.
دەمەوێت لە كۆتاییدا هەڵوێستی خۆم لەسەر كۆی ئەو بابەتانەی كە تایبەت بە خانەنشینی پلە باڵاكان و وەرگرتنی 6 موچەی كۆتایی دەرببڕم:

1- وەرگرتنی موچەی 6 مانگ لە لایەن وەزیرو پلە باڵاكان و پەرلەمانتارانەوە بێ پاشەكەوت, بۆ خۆی جیاكردنەوەی ئەم توێژەیە لە خەڵك و كارێكی نا دادپەروەرانەیە, كە بە یاسای نا عەدالەتی دەسەڵاتداران رێكخراوە.

2- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی دەرچونەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان, گەندەڵی و نا عەدالەتییە, گەندەڵییە چونكە خانەنشین نەبوونە وەریان گرتووە, نا عەدالەتییە چونكە زۆرەو بە یاسای نا دادپەروەرانە كە خۆیان بۆ خۆیان و لە خزمەت خۆیان نووسیویانەتەوە وەریدەگرن, هاوكات بێ پاشەكەوتیشە جیاكارییكردنە لە گەڵ عامی خەڵكی.

3- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ پەرلەمانی عێراقی ەرچونەتەوە, دووجار گەندەڵی نا دادپەروەرانەیە, دەبوایا بیان زانیایە كاری ئەوان لە كوردستان تەواو بووە و نابێت هیچكە دەست بۆ قوتی خەڵكی كوردستان ببەن, هاوكات خانەنشین نەبوونە و لەو بەغدایەی ئەوان بوونە بە پارێزەری یاسا تیایدا شتی عاجباتی وا نەبووەو ناشبێت.

4- ئەوانەی وەریانگرتووەو دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان گەندەڵی و نا عەدالەتییە, چونكە ئەو 6 موچەیە تەنها بۆ ئەوانەیە خانەنشین دەبن.

5- ئەوەی خانەنشینی وەرناگرێت و موزایەدە دەكات بەناوی گەڕانەوە بۆ سەركاری پێشوو, وەلێ لە ژێرەوە خۆی بۆ پۆستی باڵا هەڵگرتووە كارێكی بێ ئەخلاقی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكات لە ژێر ناوی دادپەروەریدا.

6- ئەوانەی پێشتر پەیمانیان دابوو, سوێندیان بە بەها باڵاكان خواردبووو هەمووو ئیمتیازات و خانەنشینیەك رەتبكەنەوە, ئێستا پەیمان شكێنی دەكەن, یان ئەوانەی بەڵێنیان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دابو, یاخود واژۆیان لەسەر پرۆژە یاساكان بۆ هەڵوەشاندنەوەو چاكسازی خانەنشینی پلە باڵاكان كردبوو, كاری نا ئەخلاقی دەكەن پشت بكەنە قسەو بەڵێنەكان رابردویان .لە كۆتادا دەڵێم ئێمەش ئەوەندە خۆشباوەڕین هەموومان بە وتەكانی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كەوتینە سەماو روبارێك دەستخۆشیمان بۆ نووسی, سەبارەت بە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی عێراقی كە دادگای باڵای فیدراڵی دەریكرد, لە كاتێكدا خۆی پۆستەكەی بە 30 ملیۆن دۆلار كریوەو دەیەوێت كەلەبەرێكی گەندەڵییەكانی خۆی بەو موزایەدەیە پڕ بكاتەوە, دادپەروەری ئەركی جێبەجێكردنی بە گەندەڵكاران ناكرێت, وەك چۆن لە كوردستان نەكرا ئاواش لە عێراق ناكرێت, با هیچكە بە بەڵێنی دزو گەندەڵ و …… هەڵنەخەڵەتێین .




یەکشەممە، شینە! …. شیعری مەحموود دەروێش — و: پشکۆنەجمەدین

لە سترانمدا، ژنێک دانیشتووە و تەشی دەڕێسێ،
چا تێدەکات و پەنجەرەش لەسەر ڕۆژان ئاواڵە،
زەریاش دوورەدەست.
ژنێک، یەکشەممە، شینی پۆشیوە،
لەگەڵ گۆڤار و نەریتی گەلان، خۆی دەخجڵێنێ،
شیعری ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و
لەسەر کورسییەک خۆی دەڕازێنێ…
پەنجەرە بەڕووی ڕۆژاندا واڵا،
زەریاکەش دوورە!
دەنگێک دەژنەوێت، چاوەڕواننەکراو،
دەرگا واز دەکات،
کەسێک دەبینێت لەسەفەردایە،
دەرگا دادەخات،
وێنەی دەبینێ،
پرسی پێ دەکات:
من خۆم بکوژم؟
موزیکی مۆزارت، لەبەر دڵ دەنێ و
لەگەڵ زەوینە ئاسمانییەکەدا،
ئاسوودە و دڵشاد،
پەنجەرەش بەڕووی گشت ڕۆژەکاندا،
ئاواڵە و گوشاد،
زەریاکەش هەر دوور،
ئێمەش پێک گەیشتین…
زەریام خستە نێو قاپێکی فەخفوور،
سترانم ون بوو،
نا تۆم لێ ون بوویت،
نەک گۆرانییەکەم،
دڵیش ئاواڵە بەرەو ڕۆژەکان،
زەریاش بەختەوەر!




شەڕی براکان لەسەر دەسەڵات …. جەمال کۆشش

تالانی وفەرهوودو تیرۆر زیندانی وسەرکوت بەرهەمدەهێنێتەوە
هەروەها ئاشتیشیان

لەدوای ریفراندۆم(٢٥.٠٩،٢٠١٧) بەدواوە کێشەکانی نێوان یەکێتی وپارتی، دەورەیەکی نوێێ دەستپێکردووە.یەكێتی هەستی بە کەم سەنگی وبەحەواچوون دەکرد وخەریک بوو دەستی لەهەموو شت دەقرتاو بەئاسماندا بەرزدەبوەوە . حکومەتی عیراقی سەرکەوتنی گەورەی لەبەرامبەر داعشدا بەدەستهێنابوو، ڕایفراندۆمیش (سەرەڕای هەموو خیانەت وسەرکوت ونانبڕین ودزو تاڵانبڕۆیەی)، کەژاوەیەکی پیرۆزی بەدەوری پارتی دا کێشایەوە. پارتی لە هەردوو هەڵبژاردنی عێراق(١٢.٥.٢٠١٨) وکوردستانیشدا(٣٠،٠٩.٢٠١٨) سەرمەستی هەڵدانی پێکی سەرکەوتن و تەکاندنی تەپوتۆزی ڕیفراندۆم و بەستنەوەی پەلکوتانی یەکێتی وئۆپۆزسیۆنی کۆن بوو.
لەپاش دەستکێشانەوە مەسعود بارزانی ،(کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) وەک بابەتێکی فۆرماڵی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەتی هەرێمدا، پارتی تەماحی لە یەکێک لە پۆستە هەرە باڵاکانی بەغدا (لەوانە سەرۆک کۆمار) بوو. نێوماڵی کوردی جاڕێ تر دەورەیەکی تری شەڕەجنێو خۆگیڤکردنەوە کەوتەوە نێو براکان. . تا دەهات لایەنە براوەکانی پەرلەمانی عێراق ، گوشاریان بۆ سەر یەكیتی وپارتی زیاد دەکرد بۆبەربژێرکردنی کاندیدكیان یان ڕێککەوتن لەسەر تاکە کاندیدێک.

پارتی ملینەدا،بە کاندیدی یەکێتی وئەوەبوو دکتۆر فوئاد حسێن وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ سەۆک کۆماری ئایندەی عێراق دەسنیشانکرا. بەڵام یەکێتی پێشتر لەلایەن ئەندازیارانی سیاسەتی عیراقەوە دڵنییایەکی بەدەستهینابوو. ئەوە بوو کاندیدی یەکێتی دکتۆر بەرهەم سالح ، لەبەرامبەر دکتۆر فوئاد حسێن کاندیدی بازرانی کەوتنە کێشمەکێشێکی کۆمیدییەوە، کە بەشێوەیەکی تراژیدیی بە شانسی دکتۆر فوئاد کۆتایی هات.(بەرهەم ٢١٩ دەنگ ، فوئاد ٢٢دەنگ )

لەڕاستیدا ٢.ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ رۆژی دەنگدانی پەرلەمانی عیراق رۆژی سەرکەوتنی بەرهەم سالح بە سەرۆککۆمار، نەک ١٦ ئۆکتۆبەر ٢٠١٧، هاوکیشەیەکی تری سیاسی لەکوردستانی عێراقدا دەستپیدەکات. بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەلای یەکێتی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا لەسەر کاندیدیک ڕێکناکەون و هەموو ئەو کاندیدانەی تریش لە لەلیبوکێک زیاتر نین، حکومەتی عیراقی و لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراقی، داوایەکی دیایکراویان جێبەجێ ببوو ، بەدەستەوەدانی کەرکوک وئارایشدانەوەی کەرکوک وناوچە سنورییەکانی کە پێشتر بەهاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەولەشکری عێراقی کۆنترۆڵکرابوو، پاش شکانی لەشکری عیراقی لەبەرامبەر داعشدا، هەندێ ناوچە هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعشدا بەرگرییان کرد وڕاوەساتانەوە. یەکێتی یان چەند باڵ وماڵباتێکی ناو یەکێتی لە پلان و لە مامەڵەیەکی ناشیریندا دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا کرد بوو.
دەورەیەکی دی شەڕە جنێوی نێوان یەکیتی وپارتی بەبەهاراتی توندی ژماردنی خیانەتەکان وملهوڕی وپێشلەشکری گەرمکرا. ئەمجارە دەستی پارتی لە تۆڵەکردنەوەی یەکێتی بەهانەیەکی گونجاوتری بەگیرهێنا. ئیدی بەخیانەتی نەتەوەیی گەورەو بزاندنی خەتی سوور، تۆڵە لە ملنەدانی یەکێتی بۆ تەسلیمبوون بەقەدەروقوەتی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار .

لەسەرەتای ساڵی تازەد٢٠١٩ ا، پارتی هیچ نەرمیەکی لە بەرامبەر لایەنە براوەکانی پەرلەمانی کوردستاندا نەنواند، وە زۆر بێباکانە مەرجەکانی خۆی بۆ هێزەکانی نێو پەرلەمان بۆ بەشداری لە دەسەڵات دیاریدەکرد وهەردوو پۆستە گرنگەکانی سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) ، قۆرخکرد وپرس وڕای بەکەس نەکرد. پۆستی نەوت و دەرەوەش هەر بۆ خۆی دەبێت، وە بێدەنگیەکی گشتی کە نیشانەی ڕازیبونێکی ترسناکەخەریکە دەکاتە ئەمری واقیع. یەکێتی پەرچەکرداری بێدەنگی کە متبوونی تووڕەبوونێکی لەخۆێدا شاردبوەوە، چەند رۆژەی گۆڕی بۆ دەستیبرد بۆ گرتن وڕاونانی ئەندامان وکادرانی پارتی ، بەهەمان شێوازو هەندێک قەهراوەی تر، پارتیش دەستی برد بەبارمتەگرتنی کادرەکانی هەولێری یەکێتی. ئۆپۆزسیۆنی پاکێجەکانی سەردەمی ١٧ شوبات وملخواروشکستخواردوەکانی ئەم دەورەیە، دەستەوەستان تەماشای حەمەی حاجی مەحمودیان دەکرد، نێوەندگیری بکات وتوندوتیژییەکە خاو کاتەوە ئەوە بوو بەگۆڕینەوەی دیل بە دیل دەرگای گتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کرایەوە. لە پرێسە کۆنفرەنسەکاندا هەواڵی ئەوەمان بیست بەهۆی نەخۆشیەوە بەڕێز هیرۆ خان نەیتوانیەوە بەشداری وەفدەکەی یەکێتی بکات.

یەکێتی دەستی برد بۆ ڕاگەیاندنی قەدەخەکردنی تەڤگەری ئازادی وڕێکخراوە نزیکەکانی سەر بەتەڤگەر وداخستنی بنکەو ئۆفیسەکانیان لە ناوچەی سلێمانی. هاوکات سەرککۆماری عێراق سەردانی تورکیای کرد ولە پریسە کۆنفرنسەکەی لەگەڵ ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا کە بەرهەم ساڵحی وەک دۆستی ئازیزم یان هاوڕێی بەوەفام تاریف کرد، ڕووبەرڕوبونەوە و بنەبڕکردنی تیرۆریان وەک ئامانجی هەردوڵا باسلێوەکرد. ئەو هەنگاوانەی دواتری یەکێتی لە گرتن وزیندانی کردنی ئەندامان ولایەنگرانی تەڤگەری ئازادی وداخستنی سینەما سالم ونەهێشتنی مەراسیم وئەم کردەوانە بۆ ئەوەیە کە پشتیوانی ئەردۆگان بەدەستبهێنی بۆ گوشار خستنە سەر پارتی کە چێگەوڕێگەیەکی شیاوتری لە پەیکەرەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم پێبدات.
لێرەوە دەتوانین باشتر لە ڕەوەندەکە ولە پرۆسەکە ووردبینەوە.. چ شەری یەکترو چ شەڕی نێوخۆیی لەگەڵ لایەنەکانی دیبکەن، ئامانج پاوانی دەسەڵات وگومرگ ودزینی نەوت وسەروەت وسامانە، چ ڕیکبکەون وئاشتی بکەن هەر هەمان کارەسات بەرهەمدەهێنەوە.




ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیا …. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

كاتژمێر ده‌به‌مه دواوه و ڕوخساری نوێژێك هه‌بوو
شان و ملی دایكی تامه‌زرۆیی شێلا و وه‌ك شیر هه‌وێنبوو
خودای دڵی خۆی ناسی و نه‌بووه په‌ڵه‌‌یه‌كی هه‌ڵبزڕكاو
له نزیك ڕێگایه‌ك دانیشتووم و هێز ده‌خه‌مه‌وه ئه‌ژنۆم
ڕۆژ سپێده بدات ده‌چمه ناو شار
ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵدێ و جێ به ئه‌ستێره نه‌مه‌یوه‌كان چۆڵ ده‌كات
ئه‌ستێره‌ی ده‌شتایییه‌ك كه خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه
ڕوخساری گه‌رمی سروشتخوازانیش‌
ده‌رگای شار كلیل و قفڵی نه‌كه‌وتووه
له‌ سێبه‌ری كلكی ئه‌ژدیها داندراوه‌
هاتوچۆی تێدا ناكرێ
جگه له نه‌ریت و ڕێوڕه‌سمی پشیله‌
له‌به‌ر ئاگری حه‌وت ماڵان به‌چكه‌ چاونه‌پشكوتووه‌كانی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌
مۆسیقای پێی ئاشنا نابیسترێ
ئاوی شار لێڵ و گرانه
به‌ڕۆژوو ناتوانی بیخواته‌وه
شیعر و نوێژی شاعیرێك
دواڕكات فرمێسكه له چاوێكی گه‌رمدا
یان شكۆی ئاهه‌نگێكه‌ دڵی بۆمان ده‌كاته‌وه‌ و جوانی ده‌هێنێته‌ ناومان
ده‌ستێك ده‌بێته‌ هه‌ڵگری هه‌موو ناو و میوه‌ی دره‌خته‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان
به ده‌شتایییه‌كی تابڵێی ڕوون ڕاوه‌كا و هه‌ناسه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ
چاوی به‌رزده‌كاته‌وه و ئه‌ستێره‌یه‌كی لێ هه‌ڵدێ
ئێمه‌ین به ده‌ورییه‌وه گه‌رمایی گیانین
هێز ده‌خاته‌وه ئه‌ژنۆی و دێته‌وه شار
په‌یكه‌ری ناوداره‌كان كه‌سمان ناناسنه‌وه و ده‌پرسن ئێوه پشتێنی كام پشتن
پێش به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ستی دوا ماڵئاوایییان
برینه‌كانیان پاراو نه‌كراون
خۆیان له‌بیرچووه‌ته‌وه و ته‌ماشای باڵنده‌یه‌ك ده‌كه‌ن
به‌سه‌ر هێلكه‌ی به‌سه‌رچوودا كڕكه‌وتووه
ناوچه‌وانی دره‌وشاوه‌ی ده‌بێته ده‌شتایییه‌ك كه خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه
باڵنده‌یه‌كی ونبوو دێته‌وه ناوی و سه‌رگه‌ردان نافڕن
له‌ گه‌رمایی باڵه‌كانیدا
دره‌خت و شه‌قام و گوڵدانی زه‌ماوه‌ند و ڕۆژی هه‌ستانه‌وه‌ دڵیان بۆمان ده‌كه‌نه‌وه‌
دژی باڵه‌كان شه‌ڕ ڕاناگه‌ینین
فڕین خودا له‌خۆ ڕازیكردنه و ئاواتت ده‌دا
گوڵه‌كان له به‌یانییه‌وه چاوه‌ڕوانن ببیندرێن
به ته‌نێ ده‌نكه هێلێك بشكێنه ناو چاپه‌ست و ئاگری حه‌سره‌تێكی كۆن خۆشكه
ده‌ركه‌وتن دێت و ده‌بێته خاوه‌نی ئاگری پاگژكراوه‌
ئومێد له هێڵه‌كانی ئه‌مپه‌ڕ و ئه‌وپه‌ڕت ده‌ڕژێنه ناویه‌ك و له‌ بۆنی گوڵ ناترسی
مشتێك گه‌نم له‌بن كووپه‌ی ماڵ ده‌چێنیت
زانیت چی له بیرخۆت ببه‌یته‌وه
چیش به‌بیر خۆت بهێنیته‌وه
دووریییه‌ك وه‌ك ساده‌یی گوێت لێ ده‌گرێ
له‌ناو چاوترووكانه‌كان وه‌رتده‌گرێ و ده‌تباته ماڵێك
به‌خته‌وه‌ریی تێدا نووستوون
جانتاكه‌ت له شانت داگره و كه‌لوپه‌لی پێویست جیابكه‌ره‌وه
دوودڵ به‌سه‌ر پرددا‌ مه‌وه‌سته‌
تكا ده‌كه‌م په‌له‌ بكه‌ كاتژمێر بخوێنه‌وه‌ و بپه‌ڕه‌وه‌
كیژه‌كانمان كه‌زییان به‌ ئاڵای به‌سێبه‌ر و هه‌تاوی تۆوه‌ ده‌نووسێنن
له‌ ئاواز و یه‌كه‌م ته‌زووی دره‌وشانه‌وه‌دا نقوومن
كه‌وان ده‌شكێن و تیر ده‌كه‌ونه‌ خوارێ
له‌قله‌قێك له‌ هه‌ولێردا هه‌ڵده‌فڕێ و دڵه‌ڕاوكێی هه‌رگیز دوایی نایه‌ت
زێد ناوكه‌ له‌ سێوێكی ئاڵدا
وه‌ك منداڵ گه‌وره‌ ده‌بێ و شاخه‌كانیش به‌رزن

كانوونی یه‌كه‌می 2018 هه‌و‌لێر




ئەوینێک لە غوربەت …. کتێبێکی شیعری سەردار جاف


ناوی كتێب: ئه‌وینێك له‌ غوربه‌ت
بابه‌ت: شیعر
نووسه‌ر: سه‌ردار جاف
دیزاینی ناوه‌ڕۆك و به‌رگ: فه‌هد شوانی
هه‌ڵه‌چن: فه‌هد شوانی و خودی شاعیر
تیراژ: 500

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …




کێشە گەورەکە … جیهاد محەمەد

گەورەترین کێشەی گەلی کورد وسەرجەم گەلانی ناوچەکە دین و نەتەوەپەرستییە.
ئەم دوو ئایدیۆلۆجیە سەرچاوەی هەموو پێکدادان و ئاژاوەکانن لە نێوان خەڵکی ناوچەکەدا. گەلانی ناوچەکە بە هۆکاری ئەم دوو عەقڵیەتە بەردەوام لە شەڕ و پێکداداندان.
هەرچی حکومەت و دەوڵەت و حیزبی فاشی و دیکتاتۆر هەیه لەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە ژێر ناوی دین و خواپەرستیی و نەتەوە پەرستیدا دەیان ساڵ درێژەیان بە حوکمی خۆیان داوە.

حیزبە ستەمکارەکانی کوردستانیش وەک پارتی و یەکێتی دەیان ساڵ خەڵکی کوردستانیان بە کوشتدا، هەرچی ماڵوێرانی و جینۆساید و جەنگی دژە مرۆڤ هەیە بەسەر گەلی کوردا هێنایان، ئەنامەکەشی دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی زوڵم زۆر و فاشیەتی بەعسیکان، ئەمان جڵەوی حوکمیان لە خەڵک سەندەوە، هەمان کارەسات و تاوانیان بەسەر خەڵکدا هێنایەوە. ئەم حوکمە فاشیانە هەرچ ڴکاتێکیش ڕوخابێتن حوکمەکە کەوتۆتەوە دەست کۆمەڵێکی دیکە کە هەمان عەقڵیەتیان هەبووە، بە هۆکاری نەزانین و نا هۆشیاری خەڵکی گشتیەوە، ئەمانیش لە ژێر ناوی ڕزگارکردنی دین و نەتەوەدا جارێکی تر دەستیان کردۆتەوە بە چەوساندنەوە و ستەمکاریی.

هەتا خەڵکی ئەم ناوچەیە خۆیان خۆیان ڕزگار نەکەن لەم دوو عەقڵێتە ساختەکارییە مەحاڵە ڕۆژێکیان بۆ بێتە پێشەوە ئۆخەی لە ژیان بکەن. هەر ئەم دوو عەقڵێتەشە کە خەڵکی ناوچەکەی بە گشتی خستۆتە خزمەتی حوکمڕانە ستەمکارەکانی ناوچەکەو سەرمایەداری جیهانیەوە. هیچ کات و لە هیچ سەردەمێکدا نە دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیای ئەمڕۆ نە سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی جاران و نە حوکمڕانەکانی ناوچەکە خۆی لە بەرژەوەندی خەڵکی گشتی نەبوون و ناشبن. هەرچ کەسێک و هەرچ بیر و ڕاو بۆچوونێک و هەرچ حیزب و بزاوتێک چەند گەورە و زەبلاح بێت چەند جەماوەرەکەی زۆرینەی خەڵک بێت، ئەگەر نەیتوانیبێت مەسەلەی نەتەوە پەرستیی و سەپاندنی حوکمی خوا تێپەڕێنێت ناتوانێت هیچ شتێک بکات کە بەڕاستی لەبەرژەوەندی خەڵکی گشتی بێت. ئەم حیزب و حوکڕانانە نە بۆ خوای دەکەن نە بۆ ڕزگارکردنی نەتەوە لە چەوساندنەوە، ئەمانە سیاسەتێکی ناشەریفانە و درۆزنانە بە ناوی خوا و دین و نەتەوەوە دەکەن.

جیهاد محەمەد/ نەرویج




دووری … چرۆ زه‌ند

ئەی چەند ستەمە دووریی، بۆچی زۆبەی خۆشەویستیەکان دوورن
مانگ و خۆر هەردوو لە ئاسمانێکدان، لە دووری یەك دەردەکەون
ئێمەش لە دوورەوە دەیان بینین
پێدەچێ دەریاو ئاسمان لە ئاسۆیەکی زۆر دووردا بەیەك بگەن،
هەردوو لە خۆشەویستی یەکدا یەك رەنگ دەگرن
چاو وەختە پێی هەڵدەخڵەتی، لە بری چاوم منیش وەختە دڵم هەڵخەڵەتی
دەمەوێ لەوان فێربم، لە دوورەوە خۆشەویستی بکەم
لە دوورەوە لە باوەشت کەم، لە دوورەوە هەواڵت بپرسم،
لە تورەی شەپۆلی دەریادا، گوێم لە دەنگتی تورەییتە
ئەو کاتی لە خەو ڕامام، یەکەم وشە لە گوێمدا چرپەتە
لە یادەوەری ژینمدا زۆرینەی وێنەکەتە
لەسەر زمانم هەموو ساتی ناوەکەتە
لە م هەموو دووریەدا،
تۆ لە دڵم نزیکتری.

چرۆ زه‌ند
zandchro@hotmail.com