پرسی شۆڕش – 3 – … کاوە جەلال


بەشی سێیەم

1

پەیوەند بە پرسی شۆڕشەوە ئەو پرسیارە کرۆکییە زیت دەبێتەوە، کە داخۆ چۆن تاکەکەس لە شێوەی ڕەفتار و هزرینی سوننیگەرا “دەر-بچێت”، ئاخر بەبێ خۆدنەفیکردن، واتا وەک پێشتر گۆتمان، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییەکەی خۆ و بنیاتنانەوەی کەسێتییەکی نوێ، کەسێتیی شۆڕشگێڕ چێنابێت. (ئەمە پرسیارێکە کە گەرەکە بناغەی بڕێژرێت و لە بەشەکانی دیکەدا بە وردی ڕووی تێدەکەین).
سەرەتا گەرەکە پەیوەند بە شۆڕشەوە ببێژین، کە ناشێت یەک پێناسەی ئیدیۆلۆژییانە بۆ شۆڕش زیتبکرێتەوە و بسەپێنرێت، واتا دەشێت شۆڕش بە شێوەی جیا بگێڕرێت. بۆ نموونە شۆڕش هەیە لەژێرەوە، وەک شۆڕشی فەڕەنسی و ڕوسی کە لەژێرەوە بە ڕاپەڕینی خوێناوی دەسەڵاتی دێرینیان ڕووخاند؛ یان شۆڕش هەیە لە سەرەوە، وەک لە ژاپۆن کە ئەو وڵاتەی بە ئیجرای سیاسی ڕووەو سەرمایەگەری (کەپیتالیزم) پەڕاندەوە؛ لێ لە سەردەمی هەنووکەدا هاوکات دەشێت شۆڕش کرداری ئازادیخوازانەی بەرپاکراو بێت لەدژی کەسێتیی سۆسیۆکولتووریی خۆ، لێرەشدا بەبێ ئەوەی مرۆڤ بپەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سۆسیال و لەتەک هاوهزرانیدا خەبات بۆ گۆڕانی یان هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی بکات. بێگومان دەشێت ئەم جۆرەی شۆڕشگێڕێتی لە ڕووی ئێتیکەوە (ئەخلاقناسییەوە) شایانی سەرزەنشتکردن بێت، چونکە کەس بەبێ وەرگرتنی بەرپرسیاریی سۆسیال ژیانی خۆی بە ئازادی بەڕێوەدەبات، لێ بەڕێوەبردنەکە سەرەڕای ئەوە هێشتا هەر شۆڕشگێڕانەیە، چونکە لە شێوە هزرین و ڕەفتاری سووننیی دەر-چووە. جگە لەوە ڕێنیسانسێکی زەردەشتایەتیش گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانەیە، چونکە مرۆ ڕەخنەییانە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە سوننییەکەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەو ڕەوتەشدا هێدی هێدی هەڵیدەوەشێنێتەوە و “خۆی بکەرییانە” دەکات بە کەسێتییەکی دی کە لە ناخییەوە جەخت لە بڕیاری ئازادی خۆیی دەکات. ئاخر ئەوە کەسێتییەکە کە چیدی لەخواترس نییە، بەڵکو خودای خۆی خۆش دەوێت، هەروەها وەک زەردەشتی، واتە وەک ناسێنەری سروشت، لە کەسێتییەکی سوننیانەی وێرانکەری سروشتەوە بووە بە کەسێتییەکی ژینگەپارێز.

لێ ئێمە گەرەکە سەرباری ئەم شێوە جیاوازانەی شۆڕش وردتر مۆرکە کرۆکییەکانی دیاربهێنین. شۆڕش لە پەیوەندییە داکەوتییەکانی ئەو دەڤەرە جیانابێتەوە کە شۆڕشی لێ دەگێڕرێت، جگە لەوە شۆڕش هەردەم گۆڕانکارییە ڕووەو ئایندە. لەم ڕوانگەیەوە ناشێت بزاوتە پاشڤەرووەکان شۆڕش بن، بۆ نموونە ناشێت بزاوتە جیهادییەکان ناوبنرێن شۆڕشی ئیسلامی، چونکە کەسانی نێو ئەم جۆرە بزاوتانە خۆیان سەرەتا وەک مرۆڤ بە تەنگژە ئەخلاقییەکانی سەردەم بارگاوی بوون، لێ لەبەر ئەوەی کوڕان و کچانی باب و باپیرانیانن، کەواتە لەبەر ئەوەی هەیەپارێزن، ئەوا ناوێرن خۆیان ڕەخنەییانە بەو تەنگژانەوە خەریک بکەن، بەڵکو وەک کەسێتیی ترساو هانا بۆ ڕابوردوو دەبەن، واتا پەرچەکردار (ڕێئەکسیۆن = ڕەجعە) دەنوێنن. ئەوان بەم هەنگاوە پاشڤەرووەیان ڕووەو سەردەمانی دێرین و بنەما ئاینییە چواندووەکانی ئەو سەردەمانە دەگەڕێنەوە و وەک نموونەی باڵا دایاندەنێن، ئەوەش بۆ خاتری ڕزگارکردنی سەردەمی هەنووکە لە تەنگژەکانی. هەروەها ڕاپەڕینی ئێرانییەکان لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لەدژی دەسەڵاتی شاهەنشاهی شۆڕش نییە، چونکە لە سەرەتاوە وەک ڕاپەڕین لایەنێکی بەهێزی ئاینی لە خۆ گرتبوو، جگە لەوە نەدەشیا ڕێکخراوە بەناو چەپەکانی نێوی بەهۆی ئەدگاری ئیسلامییانەی (واتا سۆسیالیزەکراویی شیعی یان سوننییانەی) خەباتگێڕانیانەوە شۆڕشگێڕ بن. ئەوە لە بنەڕەتدا یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بۆچی ڕاپەڕینی گەلانی ئەو وڵاتە لە ئاکامدا بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تیۆکراتی دامرکایەوە. هەروەها ناشێت ڕاپەڕینی چەکداری و یاخیبوونە کوردییەکان شۆڕش بن، بۆ نموونە بزاوتە چەکدارییەکەی 1961 یان دەستپێکردنەوەی زۆرانی چەکداری دوای ئاشبەتاڵ ی 1975 لای کوردەکانی ئێراق، یان شەڕی چەکدارییانەی هێزە سیاسییەکانی کوردانی ئێران (ح.د.ک و کۆمەڵە و شێخ عیزەدینی حوسەینی) دوای ڕووخانی شا لەو وڵاتە. ئەم بزاوتە ناوبراوە کوردییانە لە ئێراق و ئێران هێشتا قەرزبارن بە ساغکردنەوەی ئەو پرسە کە داخۆ ئەوان بزاوتی “ڕزگاریخوازی ی ناسیۆنالیستی” بن یان بریتی بن لە “یاخیبوونی چەکداری بە ئامانجی بەشداریکردنی سیاسیی کوردان لە دەسەڵاتی مەرکەزیی دەوڵەتدا”. لەم ڕوانگەیەوە دەستەواژەی “شۆڕشە کوردییەکان” هیچی دیکە نییە جگە لە ڕەوانبێژی.

2

واژەی کوردستان لە بنەڕەتدا دوو واتاییە: کوردستان لە لایەک وەک تێگە بریتییە لە “پرۆژە”، کەواتە بەدیهاتوویەکی ئایندەییە. لەم ڕوانگەیەوە ئەرەبەکان ڕاست دەبێژن کاتێک ئەوان لە “ئەلخەتەر ئەلکوردی” دەدوێن؛ واتا کورد پڕمەترسییە بۆ سەرجەم قەوارە دەوڵەتییەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین. نەشیاوە نکۆڵی لەم ڕاستییە بکرێت. لێ کوردستان لە لایەکی دی ڕێزمانیانە واتای “خاک” ی “کورد” دەگەیەنێت و هەر وەک ئەم خاکەیە کە زۆرینەی کوردانی سوێندخۆر سوێندی پێ دەخۆن، یان بەبێ ئاسۆ لەسەری دەژین و بەزۆریی وێرانی دەکەن.
ئەمڕۆ ناسیۆنالیزم، کە دەشێت دێمۆکراتیگەرا بێت بە ڕاگەیاندنی بنەمای دەسەڵاتی پەرلەمانی لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی یان فرەنەتەوەییدا، چیدی ناشێت بە میللییبوون بانگەشەی بۆ بکرێت و هەستەکییانە پیادە بکرێت. میللیبوون و هەستەکێتی لە پرسی نەتەوەییدا دەشێت زۆر بەلاوەکی، بۆ نموونە لە هۆزان و سرووددا، بەپیت بکرێن. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە ئاڕاستەی نەتەوەچێتی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاشکرایە دەمێکە سەردەمی نەتەوەچێتیی کوردی بەسەرچووە، واتا سەردەمی نەتەوەخوازی بە حیکایەت، بە هۆزان، بە کردنی ئەندێشەییانەی ئەم یان ئەو گرووپی ئێتنی (بۆ نموونە لوڕ) بە کورد، یان حیکایەتی سنووری کوردستان و هتد. بە کورتی، کوردایەتی لە شێوەی حیکایەتخوانیی شەوچەرەی زستاندا بەسەرچووە. “کوردایەتیی هۆزانی” لە بنەڕەتدا تەنیا پەیوەندییە خێڵەکی و خانەوادەییەکانی کوردانی بەرهەمهێنایەوە، ئەمەش ڕووداوێکە کە لە هەناوی دووڕوو و مشەخۆری شێخایەتیی تەریقەتەوە سەریهەڵداوە. ڕوونتر ببێژین: بەچکە شێخەکانی کوردایەتی دووڕوویی و خۆحەشاردان و دەروونی مشەخۆری باب و باپیرانی خۆیان لە سیاسەتدا پەیڕەو کرد، واتا چۆن باب و باپیرانیان گەورەترین دوژمنی هەر ئابوریگەرییەکی پشت بە خۆ بەستوو بوون، بۆ نموونە کاری سەپان لای ئاغا لە پێناوی مسۆگەرکردنی بژێویی خێزاندا، یان کرێکاری، مامۆستایەتی، قۆنتەراتچێتی، دوکانداری و هتد.، کەواتە چۆن باب و باپیرانیان کەمترین عیززەتی نەفسیان نەبوو بۆ ئەوەی بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین، بەڵکو ساختەچییانە بە دوعانووسین و جادووگەری و هتد گیرفانی خەڵکی “ئۆمی”یان بە مایەی داهاتی خۆیان دادەنا، بە هەمان شێوە لە 1961 بەدوواوە ئەم بەدڕەفتارییەی شێخایەتیی تەریقەت بە تەواوی لە بزاوتی کوردایەتیی هۆزانیدا پیادە کرا: بەچکە شێخەکان کە هاتبوونە مەیدانی سیاسەتەوە و دەسەڵاتیان هەبوو، هاوشێوەی باب و باپیرانیان وەک دوژمنی خوێنەخۆی پشتبەخۆبەستن چالاک بوون، ئەوجا وەک بەچکە شێخ لەم یان لەو دەوڵەت (ئێران، ئەمەریکا، تورکیا، سوریا، لیبیا و هتد) سواڵی پارەیان دەکرد و هاوکات سواڵکەرێتیی خۆیان وەک کوردایەتی بە گەل دەفرۆشتەوە. ئەوجا ئەم دەروونە سواڵکەرەی بەچکە شێخەکان سەرجەمی ئەو سیاسەتکارانەی بارگاوی کرد کە هاتبوونە نێو خەباتی کوردایەتییەوە، بەڵێ تەنانەت “کۆمەڵە” نامەی بۆ دەوڵەمەندانی شار دەنارد پارەی بدەنێ، لێ لەبەر ئەوەی داهاتەکە مفت بوو و ڕەنجی پێوە نەدرا بوو، ئەوا زۆرینەی هەرە زۆری دەچووە گیرفانی مەسئولەکانەوە.

هەقیقەتێکی دیکەی ئەم ڕووداوەی “کوردایەتیی هۆزانی” ئەوەیە کە ڕەفتاری سوننەگەرای نەتەوەچییان، بەڵێ تەنانەت ڕەفتاری ناسیۆنالیستانی سوننەگەرا، ڕێیان بۆ سەرکەوتنێکی بەو چەشنەی خانەوادەکان خۆش کرد. ئاخر ئەوان بۆ نموونە بە هەستی هۆزانڤانی، هەروەها بە میللیبوون و ڕەفتاری خێڵەکییانەی خۆیان و هتد، هاتبوونە نێوەندی سیاستکردنەوە، لێرەشدا بە لایانەوە ئاسایی و تەنانەت مایەی شەرەف بوو کە شوێن ئەم یان ئەو کوڕە شێخ یان کەسی ناوداری خێڵەکی بکەون، کە ئیدی سەرەنجام زۆرینەیان لای ئەم یان ئەو بەرپرسی خێڵەکی و خانەوادەگەرا گیرسایەوە – وەک پەرلەمانتار یان میدیاکار، وەک شایەر یان ڕستە سازێنەری لەخشتەبەر و هتد. لەنێو ئەم لیستەدا دەیان و بگرە سەدان ناوی هەڵگری دکتۆرا هەیە! بەمەش دەردەکەوێت کە تا چەند ئەم خۆژێرخستنە کەرامەتی مرۆڤ دەپووکێنێتەوە.

3

ناسیۆنالیزم، کە دەشێت وەک خەباتی چەپی مارکسیستی بە ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی یان فرەنەتەوەیی بەربخرێت، هەرگیز لەسەر “بنەما”ی نووسینەکانی مارکس و لێنین و تەفسیرکردنی ئاوەزمەندانەیان بنیات نانرێت، چونکە ئەو نووسینانە خۆیان گەرەکە لە هەنووکەدا بخرێنە ژێر سەنگاندنی ڕەخنەییەوە. بێگومان دەشێت تەفسیرکردنی ئاوەزمەندانە سوودی بۆ فراوانکردنی ئاگایی تاکەکەسی خەباگێڕ هەبێت، لێ بنەڕەتی نییە بۆ بنیاتنانی شۆڕشگێڕی چەپ لەنێو کردەکێتیدا.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەروەها پەیوەند بە شۆڕشەوە پرسیاری جیاواز ئاڕاستەی چەپەکان بکەین. لەم پەیوەندییەدا بە تایبەتی ئەو پرسیارە پڕبایەخە کە بۆچی ئەوان تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ببن بە هێزی کارای سیاسی. ئەوان کە پەیوەند بە مارکس یان هەر تیۆریڤانێکی مارکسیستییەوە زۆر جەخت لە “ڕیالێتی” (واقع) و گۆڕانی دەکەن، هەرگیز شۆڕشگێڕانە ڕوویان لەو ڕیالێتییە نەکردووە، چونکە بە خۆیەتیی مەڵاسدراو و شەرمنانە لە نێویدا کردار دەنوێنن. لە بنەڕەتدا ئەوان بە پاساوەکانیان هێشتا لە دۆخی بەرهەڵستیکردنی جیابوونەوەدان لە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە کوردی-خۆرهەڵاتییەکەیان، کەواتە چەپ نین، واتا ئەوان دەر-هاویشتەیەکی بە بکەربووی “واقعەکە” نین، کە ئیدی وەک دەر-هاویشتە چیدی بەو ڕیالێتییە نەگونجێن و لەبەر ئەو هۆیە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بەرانبەری وەربگرن. لێرەدا مەبەستمان لەوەیە کە مرۆڤ پێش جومناستیکە واژەییەکانی وەک سەرخان-ژێرخان، شۆڕشی سۆسیالیستی، بۆرژوازیی کوردی و هتد، ناچارە خۆی ڕەخنەییانە بە هەرە کێشە توخمییە مرۆڤییەکانی کوردان خۆیانەوە خەریک بکات، نەک ڕۆمانتیکییانە سەحابە موسڵمانەکانی نیوە دورگەی ئەرەبی بۆ شۆڕشگێڕەکانی دێرینی ڕوسیا تەرجومە بکات و هاوشێوەی ئەوان “ئیدیالیزەیان بکات”! ئەو پرسە توخمییانە کە سەرەتا بەرۆکی هەر کەسێک دەگرن کە بەڕێوەیە ببێت بە کەسێتییەکی چەپ، بۆ نموونە بریتین لە: فەزای / سپەیسی ژیان و شێوەی دەرککردنی لە لایەن تاکەکەسەوە، واتا داخۆ ئەو هەستمەندانە لە جیهاندا دەبزوێت یان بە ئاگاییەوە ستوونیانە بەنێویدا بێداربۆتەوە؛ ئەوجا ئاگامەندیی تاکەکەس لە هەنووکەدا یان هەستمەندی و سۆزداریی کەس و خەونبینین بە ئایندەوە؛ جگە لەوە لاوازیی و ترسداریی یان تەنانەت ترسنۆکیی پیاو کە وا دەکەن ئەو هەمیشە پتر ژن بچەوسێنێتەوە، بەڵێ تەنانەت هاوشێوەی مەلی سەر چڵەدار یان ئاسکە کێوی بیکوژێت؛ هەروەها خەتەنەکردنی کیژان کە نوێنەرە سەرەکییەکانی تاوانەکە ژنان (دایکان و نەنکان) خۆیانن، هەروەها چڵێسیی ژنان بۆ زێڕ و زیو یان شەیدابوونیان بۆ سیلیکۆن و دانانی لەنێو لەشی سروشتیی خۆدا، کەواتە دوژمنایەتیکردنی سروشت؛ ئەوجا کوڕ و کچی بەردەوام کڕووزاوە، یان تەمەڵی بۆ کار و هەڵوێستی سیاسی و هتد، لێ بەقەد ئەوەش دەمەوەری لە گشت بوارێکدا؛ هەروەها ئەگەری زۆر شیاوی ئەوە کە کرێکار یان فرۆشیاری دەستگێڕ و هتد موڵکدار بێت یان هیچ نەبێت دۆخی گوزەرانی باشتر بێت لە هینی فەرمانبەر؛ توخمی دیکەی زۆر کرۆکی بۆ نموونە بریتین لە: ئیجتماعێتیی بەردەوامی کەسان وەک دوژمنی سۆسیالێتی؛ خانووی بلۆکی چیمەنتۆ کە دوژمنی ژیانی مرۆڤە؛ پەککەوتنی زانستگەکان و بەمەش پەککەوتنی پیشە پسپۆرییەکانی وەک پزیشی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد؛ پیسبوونی ژینگە کە ئاشکرایە ژینگەی مرۆڤە و هتد.

ئەمانە لە بنەڕەتدا سەر بە توخمە بنەڕەتییەکانی “سۆسیۆلۆگیی شۆڕشن بە کوردی”، کەواتە نەک نووسینە دێرینەکانی لێنین یان ماو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمەڵی کوردییەوە نییە. گومانی تێدا نییە کە خوێندنەوەی ڕەخنەیی مارکس، بێگومان هینی خەباتگێڕانی دیکەی مارکسیستیش، گرنگ و پێویستە، لێ خوێندنەوەی ڕەخنەیی دژبەری خوێندنەوەی سوننەگەرایە کە هاوشێوەی خوێندنەوەکانی فەقێی حوجرە ئەنجام دەدرێت. لە بنەڕەتدا چێنەبوونی پەیوەندییەکی توخمی ی بەناو چەپەکان لەتەک ئەو پرسە ناوبراوانەی سەرەوەدا بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەوان هێشتا هەر لە کرۆکەوە هەیەپارێزن (کۆنزەرڤاتیڤن)، چونکە نایانەوێت و ناوێرن لە گرفتاریی ناخەکییان بۆ وەرگرتن و ناساندنی نێویەکی دووربکەونەوە، یان بۆ ستایشکردنیان وەک کوڕی یان کچی چاک – هەروەها وەک زیرەک. ئەم گرفتارییە بۆ وەرگرتن و ناساندن هێندە هۆشقاڵی کردوون کە ئیدی نەتوانن هەستناسک بن بۆ پرسە هەرە نامرۆڤی و تەنگژاوییە ناوبراوەکان کە ئیدی لە کرۆکەوە دەرکیان بکەن، ئەوجا لە هەڵوێستی ڕۆژانە و نووسیندا بییانتەقێننەوە، بەڵێ تەنانەت لەسەر ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە “بیکەن بە ڕۆژی حەشر”. ئەوە ناخی هەیەپارێزیانە کە وا دەکات نەوێرن بە کردار و نووسین هەڵوێست دژی ئەو چەوسێنەری و خۆچەوسێنەرییانە وەربگرن، کە “واقیعەکە ڕێ بە هەڵوێستوەرگرتنی ئاشکرا لەدژیان نادات”. لەم ڕووەی هەیەپارێزانەوە گەرەکە هەروەها ئاماژە بۆ ئەو ڕەوشە بدەین، کە هزری مارکس بەهۆی جەختکردنییەوە لە پرسە سۆسیالەکان و خۆڕێکخستن، زۆر چاک دەگونجێت بۆ ئەوەی هەیەپارێزانی سوننەگەرای خۆرهەڵاتی تەواو یەکلایەنی بۆ مەبەستی سیاسی وەریبگرن، بەوەش درێژە بە سوننەگەراییەکەی حیزبی شیۆعی و “کۆمەڵە” بدەن.

ئێمە بەم شێوەیە لە ڕەوتی خەریکبوونی ڕەخنەییماندا بە چەپەکانەوە دەکەوینە بەردەم چەند کێشەیەکی کرۆکی لای ئەوان، کە گرنگترینیان بریتین لە: شێوەی کارکردنی سوننەگەرا کە تەفسیرە، بە تایبەتیش تەفسیری تەفسیرە، ئەوجا، دووەم، جوینەوەی گۆتراو یان نووسراوەکان، کە بەزۆریی گۆتنەوەی تەفسیری تەفسیرەکانە؛ جگە لەوە، سێیەم، گەرەکە کێشەی خۆهەڵواسین بە “ناو”ی زانا یان تیۆریڤان یان فەیلەسوفەوە دیاربهێنین، چونکە ناو بەهابەخشە، بەوەش لە کۆمەڵی رواڵەتگەرای کوردیدا کە پڕە لە هەستی کەمنرخی (شعور بیلنەقس)ی خۆیی، جێ بۆ هەر کەسێک دەکاتەوە کە خۆی بە ناوێکەوە هەڵدەواسێت.

پێش ئەوەی ڕوو بکەینە کێشەی تەفسیری تەفسیر گەرەکە ڕەخنەییانە دوو کێشەکەی دی دیاربهێنین، واتا گۆتنەوەی بیستراوەکان و خۆهەڵواسین بە ناوی مەزنی خۆرئاواییەوە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا کەسێتیی بێپرسیارمان هەیە کە بە هەست و سۆز تەنراوە. مرۆ بۆ نموونە لە کەسێکی بە “زیرەک” دانراو تێڕوانینێک دەبیستێت، کە دەشێت ڕوونکردنەوەی تەفسیرێکی ئەرەبی یان فارسییانەی لێنین بێت، پاشان مرۆ لەنێو کۆڕی هەڤاڵانی یان لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا دەیڵێتەوە. ئەمە لەنێو کوردانی ئێراقدا زۆر بڵاوە. ئاخر هەر ئەوەندە کە کەسی بێپرسیار لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یان دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، دێتە نێو ژیانی دەرەکیی کۆمەڵایەتییەوە و لەنێو بازاڕ، یان لەنێو چایخانە و قاوەخاناندا چاوەڕوانی وەرگرتن دەکات، یەکسەر بەر ڕەفتاری باو و ئەقڵیەتی ڕۆشنبیرگەریی، یان شێوەی سیاسەتکردنی بە باوبووی نێو ئەو پەیوەندییانە دەکەوێت. لێ ئەوی هەرزەکار کە لە ڕووی مرۆڤییەوە هاوکات پێویستی بە ناساندنە (ئیعتیراف پێ کردنە)، واتا لەبەر ئەوەی کەوتۆتە بەردەم پرسی وەرگرتن لە لایەن ئەوانیدییەوە، ئەوا “زۆر دەشێت” یەکسەر بکەوێتە بەردەم ئەم بنەمایەی خوارەوە و بە ناچاری قبووڵی بکات: “من ئەوها دەهزرێم و جیهان دەبینم، چونکە ئەوان ئەوها دەهزرێن و جیهان دەبینن”.

ئەم بنەمایەی بوونی نێو گرووپ، جا گەر تەنانەت گرووپی دوو کەسیی بێت، لە کارابوونیدا وا دەکات کە کەسی هەرزەکار بەڕێی “ئەوانیدی”یەوە هێزی کۆمەڵایەتی وەربگرێت، بەوەش ڕێی بۆ خۆش ببێت کە لەم نێوەندی کولتووری یان لەو گۆڵمزەدا دەربکەوێت. لێ ئەم ڕەوشە لە بنەڕەتدا خزانە نەک هەڵچوونی ئەوی هەرزەکار، چونکە لەم ساتانە بەدوواوە وەک هەڵوێستنوێنێکی باوەڕ بە خۆ بوو کردار نانوێنێت، بەڵکو وەک “ئەوان” کردار دەنوێنێت و خۆی دەردەبڕێت. بەڵێ، لە بنەڕەتدا ئەم کەسێتییە پێناگات، بەڵکو دەخزێتە نێو دۆخێکی دژواری جووتەنییەوە: لە لایەک هاوشێوەی ئەوانیدی قایلە بە “وتی وتی” و دانەوەی تێڕوانینە بیستراوەکان، لە لایەکی دی پێداویستییە مرۆڤییەکانی داوای لێدەکەن کە خۆیەتییەکەی بژێنێت، لێ ئەوی وەرگیراوی نێو ئاگایی و ڕەفتاری مێگەل، لە ترسی چاو و دەمی ئەوانیدی ناوێرێت جەخت لەو خۆیەتییەی بکات، بەڵکو دەیچەپێنێت. لەم ڕوانگەیەوە چەپچێتیی ترادیسیۆنی لای کوردەکان شێواندنی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییە، کەواتە کارکردنی ڕەخنەیی نییە لەو کەسێتییەدا بە ئاڕاستەی بنیاتنانی کەسێتییەکی بکەری ئاگامەند (وەک چۆن بۆ نموونە پ.ک.ک. بە “شێوازی خۆی” کردوویەتی و دەیکات). بۆیە ئێمە لای بەناو چەپەکانی کورد کەسێتییەکی جووتلایەنمان هەیە: کەس لە لایەک سوننیگەرا و هەیەپارێزە، لە لایەکی دی شێوێنراوە. گەر لەم جۆرە پەیوەندییەدا باسی شۆڕش بکرێت، ئەوا شۆڕش تەنیا ڕەوانبێژییە یان جوینەوەی گۆتراوی نێو کتێبەکانە.

هەروەها هزرمەندانی خۆرئاوایی سەنگی تایبەتییان لەنێو کۆمەڵی لاساییکەرەوەی کوردیدا هەیە. مەسەلەکە لەم پەیوەندییەدا خۆخەریککردنی ڕەخنەییانەی بکەرێکی ئاگامەند نییە بە هەر هزرێکی خۆرئاواییەوە، بەڵکو کەسی بێ پرسیار کە کەسێتییەکی لەنگ یان من-لاوازی هەیە، زۆر سانا تەسلیمی ناوی بیانی دەبێت، چونکە ناوی بیانی دەرخەرترە لە ناوی خۆماڵی: چە بە زرنگە وشەییەکەی، چە بە سەدای نێونەتەوەییانەی هزرڤانی خاوەن ناو. لێرەشەوە ئیدی دەشێت هاڤرکێی فرەشێوە لەسەر ناوەکان سەرهەڵبدات (1). ئێمە لەم پەیوەندییەشدا دانانی لەبرییەکمان بۆ محەمەد و سەحابەکانی هەیە، کە کەسێتیی سوننیگرا ئەنجامی دەدات، چونکە وەک سوننیگەرا لەوە زیاتری پێ ئەنجام نادرێت.
لێ گرنگترین کێشەی چەپەکان یان بەناو چەپەکان تەفسیرە وەک شێوەی کارکردنی سوننیگەرا. مرۆ بۆ نموونە بابەتێک وەردەگرێت و ئاقڵانە ڕاڤەی دەکات، بەبێ ئەوەی ڕەخنەیانە ڕۆبچێتە نێوییەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا دابێکی درێژخایەنی فێرگەییە و دەشێت لە حوجرەی مەلا یان لە زانستگەیەکی خۆرهەڵاتیدا پراکتیزە کرابێت. بێگومان هەروەها دەشێت گەنجی فێرکراوی ئەم دابە لە زانستگەی خۆرئاوایشدا درێژەی پێ بدات، کە ئیدی بە کۆششی خۆی، یان بە یاریدەی فێرخوازێکی ئەو وڵاتە کە لێی دەخوێنێت، یان بە پارە، خوێندنی زانستگەیی تەواو بکات. بە هەر حاڵ، ئەمە تەواو دژبەری هزری ڕەخنەیی مارکسە کە لە لێکخشانی نێویەکییانەی تاکەکەس و “پەیوەندییەکانی ژینگە مێژوویی و کولتووری ئەو خۆیەوە” پێدەگات.
گونجاو دەبێت گەر ئێمە لە پرسی تایبەتیتری تەفسیردا لای چەپەکان یان بەناو چەپەکان ڕووبکەینە مەنسوری حیکمەت وەک تەفسیرکارێک کە بڕێکی چەپە کوردەکان تەفسیری دەکەنەوە. لە بنەڕەتدا نووسینەکانی ئەو بەڕێزە هیچ تەجاوزێکی خۆرهەڵاتییانەی مارکس و لێنین لە خۆ ناگرن. ئەو زۆر لەنێو سیاسەتی لێنینیستیدا قاڵ بووە (پرسی حیزبی سیاسی و جیاوازیی “کومۆنیستەکان” لەم یان لەو لایەن). لێ بۆ دەرخستنی شێوەهزرینی ئیسلامییانەی مەنسوری حیکمەت، نووسینێکی ئەو بە ناونیشانی “بۆلشەفیزم و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە. دەربارەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین” بە نموونە وەردەگرین، کە نوسینێکی خۆرهەڵاتییانەی باشە لە بواری نووسینی ئیسلامییانەی (واتا تەفسیری سوننی یان شیعییانەی) چەپەکاندا.

مەنسووری حیکمەت لەو نووسینەدا وای دەبینێت کە جیاوازیی نێوان لێنین و مەنشەفیکەکان جیاوازییەکی مێتۆدۆلۆژییانەی (ڕێبازناسییانەی) خەریکبوونە بە مارکسەوە. ئەو دەبێژێت: زەمینەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین و “کەپیتال”ی مارکس بریتییە لە “تێزەکانی مارکس لەبارەی فۆیەرباخ” و “ئیدیۆلۆژیی ئەڵمانی”. ئەم نووسینانە خۆیان بە ئابووری سیاسییەوە خەریک ناکەن، بەڵکو ڕەخنەن لە ماتەریالیزمی میکانیستی و سکۆلاییزم. ئەوجا مەنسووری حیکمەت دەیەوێت بۆ تێگەیشتن لە لێنین لەو تێزانەوە دەربچێت نەک لە پەرەسەندنی سەرمایەگەریی ڕوسیاوە. ئاخر بە دیدی ئەو لێنین بەوەفا بووە بۆ ماتەریالیزمی مارکس کە ماتەریالیزمی پراکتیکییە، واتا ماتەریالیزمێکی دیالێکتیکیی خۆخەریکردووە بە پەیوەندیی نێوان پراکتیکی مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانە ی خودی مرۆڤەوە. لەم ڕووەوە مێتۆدی هزرینی لێنین لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی جیادەبێتەوە.

مرۆڤ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت: ئایا ئەمە چییە کە خەباتگێڕێکی ئێرانی خۆی پێوە خەریک دەکات؟ ئایا ئەمە پرسە؟ گومانی تێدا نییە کە هزری مارکس، یان پوختتر ببێژین، دیالێکتیکی خۆخەریککردوو بە کرداری مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانەی مرۆڤەوە دەتوانێت لە چەندین بواری جیاوازدا بەرجەستە ببێت و بەرهەمی ڕەخنەیی یەکجار بەواتا بخاتەوە، لێ ئەو دیالێکتیکە سەرەتا تەحەدای “سکۆلایزمی خودی مەنسوری حیکمەت” دەکات کە نموونەکەی سەرەوە بەڵگەیەتی. ئاخر سەرەتا گەرەکە مەنسووری حیکمەت هزرینی مارکسیستیانەی خۆی لەو پەیوەندییە جووتەنییەی نێو وڵاتی ئێرانەوە بنیات بنێت، کە پاشان بە زەرووری ئەو پەیوەندییە ئێرانیانە ڕۆشن دەبنەوە کە ئەو خۆی لەنێویاندا سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە / بە کەسی کولتورێکی تایبەتی کراوە). گرنگترین کێشە لە خەریکبوونی مارکسیستی یان ڕەخنەییدا بە ئێران و ڕەفتاری سوننەتیی ئێرانییەوە بریتییە لە خەریکبوونێکی ڕۆشناییدەر بە مرۆڤی ئەو وڵاتەوە، بە تایبەتی بە ئەجەمەوە کە مێنتالێتی و کولتوورەکەی مۆتۆڕی ئێرانە، واتا کێشە بەراییەکە دەستبردنی ڕەخنەییە بۆ ناخی خۆحەشاردەری شیعەیی (هەروەها سوننی)، چونکە ئەمە بووە بە نەریت و کەسێتییەکی جووتەنیی هێناوەتە گۆڕێ کە ڕاستەوخۆ وەک کێشە لە بەردەم بنیاتنانی کەسێتیی مارکسیستیدا زیتدەبێتەوە. کێشەیەکی دیکەی کرۆکی ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەخنەییانە “فەزیلە” هەرە باڵاکەی ئەجەم بخرێتە ژێر پرسیارەوە کە بریتییە لە “بکەرێتیی ماچ و پاشقول”.

سەرەتا لەم پەیوەندییەدا ئاشکرایە، کە لەبەر ئەوەی ڕەفتارەکە گەورەترین “فەزیلە”ی ئەجەمە، ئەوا ئەجەم نەک هەرگیز نایشارێتەوە، بەڵکو بە ئەوپەڕی شانازییەوە پێشانی سەرجەم جیهانی دەدات! ئەوجا پرسیار ئەوەیە کە ئایا چۆن لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییانەوە کە لە دابی باب و باپیرانیانەوە شانازیی بە “بکەرێتی ی ماچ و پاشقول”ەوە دەکەن و ئەو بەدڕەفتارە وەک “فەزیلە” لای ئەوان لە منداڵییەوە شکۆفەی پێدەدرێت، سەبژێکتی شۆڕش بنیاتدەنرێت؟ بەدووی ئەم ڕۆشناییدانەدا پرسیارانی دی سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە ئەو پرسیارە کە داخۆ چۆن لەو پەیوەندییانەوە، هەروەها لەو کەسێتییانەوە کە سۆسیالیزەکردنێکی شیعەیی یان سونییان هەیە، سۆسیۆلۆگییەکی شۆڕش گۆڕان پێدەدرێت و تێیدا پێگە و رۆڵی توێژەکانی نێو ئێران، ئەوجا دیدی کەسان بۆ جیهان و هتد دیاری کرابن. پرسێکی دی بە گشتی لەم پەیوەندییەدا پان-ئیرانیزمە کە لە بنەڕەتدا واژەیەکی دیکەیە بۆ پان-فارسیزم و لە تێڕوانینی لێنینیستانەی “کۆمەڵگەی فرە نەتەوە” تێپەڕ دەکات.

بەکورتی: گەر مرۆڤ لە پەیوەندیی ئێرانیانەی ئەوهادا بژی، ئیدی ئایا گەڕان بەدووی جیاوازیی مێتۆدیانەی لێنین لە مەنشەفیکەکان، ئەوجا بینینەوەی ئەو جیاوازییە لە تێزەکانی مارکسدا دژی فۆیەرباخ، چە واتایەکی هەیە؟
ئاشکرایە ئەم کێشانە واتایان بۆ ئەو کوردانەی ئێراقیش هەیە کە خۆیان بە مەنسوری حیکمەتەوە خەریک دەکەن یان لە هزرین و سیاسەتکردنیاندا لە ئەوەوە دەردەچن. لێ کێشەکانی ئەمان لەوانەی ئێرانییەکان یان کوردانی ئێران ئاڵۆزترە، چونکە ئەمان، بە پێچەوانەی کوردانی ئێرانەوە، لە کۆمەڵێکدا دەژین کە تێیدا داب و نەریتە ترادیسیۆنییەکان لە ڕیشەوە شێواون، بەڵێ گەندەڵ بوون. ڕوونتر ببێژین، چەپەکانی کورد گەرەکە بزانن کە کوردانی ئێراق، کەواتە ئەوان خۆیشیان، لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە خزاونەتە نێو تەنگژەی قووڵی ئەخلاقییەوە، کە سەرەنجام لای ئەوان رواڵەتگەرییەکی ترسناک سەریهەڵداوە. ئاخر ئەمان نەک تەنیا هاوشێوەی موسڵمانانی دی گیرۆدەی تەنگژەی ئەخلاقی ئیسلامی-سوننین، بەڵکو لە کاتی خلیسکانە مرۆڤ داماوکەرەکەی 1961 بەدوواوە لە “دۆخی جەنگ”دان، ئەوجا ژمارەیەکی زۆری ئەم کوردانە لە هەشتاکاندا بە تەواوی شەرەف و کەرامەت و عیززەتی نەفسی لەدەست دا و بوو بە جاش، موستەشار، ئەمن و ئیستیخبارات. پاشان هەر ئەم جۆرە کوردانە دوای “راپەڕین” لەنێو دوو پارتە ترادیسیۆنییەکەی یەکێتی و پارتیدا درێژەیان بە بەدڕەفتاری چەکەرەکردووی خۆیان دا. لەم پەیوەدییەدا گەرەکە داتەپینی دۆخی ئابووریی کوردەکانی ئێراق لە سەردەمی حەساری نەوەدەکاندا ڕەچاو بکەین، چونکە کاریگەریی پسیکۆلۆژیانەی زۆر گەورەی لەسەر ئەوان بەجێهێشت. جگە لەوە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کوردانە بەرژەوەندییان لەتەک پارتە ترادیسیۆنییەکانی هەرێمەکەیاندا تێکەڵ بووە و لەتەک ڕەوتە سیاسییەکەی ئێراقی “وڵاتیان”دا ملدەنێن. کێشەیەکی دیکەی کوردانی ئێراق ئەوەیە کە زۆرینەی گەنجانیان تاقەتی سیاسەتی نەماوە، چونکە بێهیوا بووە لە هەر گۆڕانێک.
ئەو کێشە دیارهێنراوانەی سەرەوە سەراپا ئاستەنگی بەرجەستەن و وەک پرسیار دەکەونە بەردەم هەر کەسێک کە بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی چەپ، جگە لەوە گەرەکە ڕەخنەییانە لە پرسی شۆڕشدا دەربخرێن.

کەواتە چیدی مەسەلەکە بە تەنیا ئەوە نییە کە چۆن کەسێتییەکی سوننیی خۆرهەلاتی دەبێت بە کۆمونیست، بەڵکو هاوکات ئەوەیە، داخۆ چۆن کەسێتییەک کە لە ژینگەیەکی رواڵەتگەرادا دەژی، دەبزوێنرێت ڕووەو بوون بە بکەرێکی ئەو سۆسیالێتییە کە ئیدیۆلۆژیانەیە پێناسەکراوە. چەپەکان دەبێت پێش هەموو شتێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە بە کۆمونیست بوون هەروا گۆڕانێکی ئاسان نییە، بەڵکو لە نەفیکردنی (نێگاسیۆنی = هیچاندنی) کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییەوە سەرهەڵدەدات، بەو ڕێیەشەوە ئیدی کەسێتییەکی کردارنوێنی سۆسیالی نێو پەیوەندییەکانی جیهان سەرهەڵدەدات، بێگومان کردارنوێنێک کە زۆرینەی کێشە توخمییە مرۆڤی و کۆمەڵایەتییەکانی بە زمانی دایک بۆ شرۆڤەکراون! ئاخر ئاشکرایە کە ئاگایی مارکسیستی لە پەیوەندیی تاکەکەس و ژینگەکەیەوە بێداردەبێتەوە، ئەو پەیوەندییەش پێویستی بە شرۆڤەی وردە. مرۆڤی ئەو دەڤەرە تەنگژاوییە سەرەتا وەک کەسێکی ئارام لێ هەڵگیراو چالاک دەبێت، نەک بە قریوەی نێو هەڤاڵان قۆڵی لێ هەڵبکات و وەک شاگەشکەبوویەک لەنێو چایخانە و سەر شۆستەی شەقامان دیاربدات، هەروەک پێمان ببژێت: “کوڕینە، منیش لێرەم!”.

بە هەر حاڵ، مرۆڤ لە جیهانبینیی سووننیدا ناتوانێت ڕەخنەیی بێت. لە بنەڕەتدا چەپی (یان خوێندکاری) سوننەگەرا هاوشێوەی ئیمانداری سوننی ڕەفتار دەنوێنێت: چۆن پیاوى ئایین ڕەهایەتى بە نووسراوى سەر کاغەز، واتا بە قورئان دەدات و لە ناخەوە بۆی دەچەمێتەوە، ئەوجا هێدى هێدى ئەو قورئانە کە نەشیاوە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە و دەرخى دەکات، بە هەمان شێوە چەپەکان (خوێندکارى خوێندنگە و زانستگەکان) مامەڵە لەتەک نووسراوی بەردەمیاندا دەکەن، واتا هەر نووسراوێک وەک وشەى تۆمارکراوی نێو ڕستە وەردەگرن، نەک وەک گوزارشتی هزرڤانێک، جا ئەوە گوزارشتێکی زانستی بێت، ڕەخنەی کۆمەڵگە یان تیۆریی شۆڕش بێت. ئاخر هەموو نووسراوێک (کەواتە چە قورئان و چە نووسینەکانی مارکس و لێنین) دوو لایەنی هەیە: لە لایەک وشەى ڕیزکراوى نێو ڕستەیە، لە لایەکی دی تێیدا پسیکۆلۆژییانە دەربڕینێکی خۆیی هەیە، واتا تێیدا هۆشێک بەرجەستەکراوە، کە گەرەکە بکرێت بە بابەتی پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی.

بێگومان پێویستە لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و ببێژین، کە تەفسیرگەریی یان تەنانەت تەفسیرچێتی بەد نییە، بۆیە ناشێت وەک بێسوود دابنرێت. مرۆ با ئیبن ڕوشد بهێنێتە بەر دیدی خۆی کە لە ئاستی جیهاندا وەک “تەفسیرکارە مەزنەکەی ئەڕیستۆتێلیس” ناسێنراوە. لێ هەروەها دەتوانین لە مێژووی نزیک و هەنووکەشدا نموونەی گونجاو بهێنینەوە، جا گەرچی نەشیاوە بگەن بەو ئاستە باڵایەی ئیبن ڕوشد، وەک: تەفسیرەکانی مەنسوری حیکمەت، تەفسیرە ئەرەبیستییە ئەدەبییەکانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، یان زۆر دکتۆرای ڕەسەنی سوننەگەریی کە خاوەنەکەی بە کۆکردنەوەی تێڕوانینی نێو کتێبەکان نووسیوێتی. ئێمە جگە لەوە دەتوانین ببینین کە چۆن بە تایبەتی خوێندکارانی زانستگەیی دێرین (تا ڕادەیەکی “زۆر” کەم خوێندکارانی ئەمڕۆش) بە دەرخکردن و تەفسیری زانستەکان بە ڕێژەی بەرچاو هەڵکەوتوون، بەڵی لە نێویانەوە پزیشک و ئەندازیاری باش، یان مامۆستایانی فێرگەیی باش لە سەرجەم بەشە زانستییەکاندا هەڵکەوتوون. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت ببێژین کە سووننەگەریی توانیوێتی بەرهەمی تا ڕادەیەک گونجاو بخاتەوە. لێ ئەمڕۆ لە گشت بوارەکانی خوێندنی فێرگەیی و زانستگەیی، بازرگانی و پیشەی دەستی، یان فەرمانبەری و کرێکاری و هتد جۆرە کەسێتییەک دەبینین، کە جیاوازە لەو کەسێتییانە کە لە سەردەمی کارایی ساناتری ترادیسیۆنیدا پێدەگەیشتن. ئەم جۆرە کەسێتییە بەتایبەتی رواڵەتخوازە، بەپەلەیە، سەری خۆی زۆر کەم بەگەڕ دەخات، ئەوجا لەکوێ بکەوێتە بەردەم کاری سەر، هانا بۆ ئینتەرنێت دەبات و بەڕێیەوە هەر وەڵامێکی بۆ مەبەستەکەی دەست دەکەوێت (کە بێگومان دەشێت خێرا بیدزێت). گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕەوشانە لە پرسی شۆڕشدا ڕاستەوخۆ کۆسپی هەڵچنراون و دەبێت ڕەخنەییانە هەڵبووەشێنرێنەوە.

4

ئاشکرایە جیاوازیی گەورە لە نێوان کوردەکاندا هەیە. تورکیزەکردن پەیوەند بە کوردانی تورکیاوە لە ئاکامدا بە پۆزەتیڤ کەوتەوە (2)، چونکە بەو ڕێیەوە لای ئەوانیش کەسێتیی کەمالیستی بنیاتنرا، بەوەش دەرفەت بە تایبەتی بۆ شاری و شارنشینانی ئەوان ڕەخسا کە لە کوردێتیی خێڵەکیانە و هەستی هەڵئاوساوی پەخشانی دووربکەونەوە، لەم ڕەوتەشدا کەمالیزمی تورکی بۆ بزاوتی ڕزگاریخوازییان تەرجومە و بە ستالینیزم تەجاوزی بکەن (پ.ک.ک). کوردانی ئێراق زۆر کەم لەم کێشەیە تێدەگەن یان تێگەیشتنیان بۆی هەیە، ئەمەش سەرلەنوێ یەکێکە لە نیشانەکان بۆ جیاوازیی گەورە لە نێوان کوردانی تورکیا و ئێراقدا. بە هەر حاڵ، کوردانی تورکیا لەو بنەمایانەش تێپەڕیان کرد، ئەمەش بەوەدا ڕووندەبێتەوە کە ئوێجەلان گۆڕانی بە تیۆریی دێمۆکراتیی خۆسەری دا. لە لایەک گومانی تێدا نییە، کە زۆر پێویستە پ.ک.ک. و خوشکە پارتەکانی لە ڕوانگەی جیاوازەوە بنرخێنرێن و لە نێویاندا ڕوانگەی ڕەخنەیی پێگەیەکی دیار وەردەگرێت، لێ لە لایەکی دی نرخاندنە جیاوازەکان هێشتا هەر ناتوانن ئەو ڕاستییە نەدرکێنن کە کوردانی تورکیا (یان “کوردانی باکوور” بەگوێرەی فەرهەنگی یان ئیدیۆلۆژیی پ.ک.ک) بەو هەڵچوونە ڕێکخراوەیی و ستراتیژی-سیاسی و میلیتارییە کاریگەریی یەکجار ترسێنەریان نواند: ئەوان، یان پوختتر ببێژین، پ.ک.ک.، لە لایەک نەک تەنیا ترسی لای دەسەڵاتدارانی سوننەتیی کوردستانەکانی دی هێنایەگۆڕێ، کە ئیدی کەوتنە مشوورخواردن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ترادیسیۆنییان، بەڵکو هەروەها لای دەوڵەتانی ناوچەکەش. ئاخر پ.ک.ک. فێنۆمێنە، بەڵگەی ئەم دەربڕینەش ئەوەیە کە ئەو لە سەرجەم گۆی زەویدا “دەرککراوە”، یان “هۆشسامی” پێی لە ئاستی جیهاندا دەرخراوە، هەروەها ئەو خۆیشی “لەسەر ئاستی جیهان” سیاسەت دەکات! لێ لە لایەکی دی پ.ک.ک. بۆ کوردان بەگشتی بوو بە مایەی هۆشسامی، ئەوەش پتر دەرفەتی بۆ ڕەخساند تاکو مەبەستمەندانە لە کوردستانەکانی دیکە و دەرەوەی ئەوانیش کارا ببێت.

ئەوان لەم ڕەوتەدا بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر کوردانی سوریا نواند و هەر لەوێ تێگەی “ڕۆژئاڤا” لە فەرهەنگی سیاسییانەوە بەرجەستە بوو، لێ ئەوان تا ڕادەیەکی گونجاو بەڕێی “پژاک”ەوە کاریگەرییان لەسەر کوردانی ئێرانیش نواند، بەڵێ لە سنووری “سابڵاخ”-“سەنەندەج” تپەڕین و ئەولاتریش شۆڕبوونەوە، کە ئیدی بەو ڕێیەوە پێگەی “حیزبی دیموکراتەکان” و “کۆمەڵەکان”یان تا ڕادەیەکی بەرچاو لەق کرد. لەم پەیوەندییەدا گەرەکە ببێژین کە کاریگەریی پ.ک.ک. لەسەر کوردانی ئێراق کەمترە وەک لەسەر کوردانی دوو کوردستانەکەی دی، چونکە کوردانی ئێراق بەرگەی کرداری بە دیسپلینی ئوێجەلانیزم (“مرۆڤە-مەکینە”ی ستالین) ناگرن. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، ئەوان پتر بوون بە دیلی رواڵەتگەری، جگە لەوە ئەوان (تا ڕادەیەک کوردانی ئێرانیش) هێشتا هەر گیرۆدەی ئاگایی خێڵەکی و دەسەڵاتگەریی خانەوادەکانن، هەروەها لە ڕووی خەباتی جددیی نەتەوەییەوە نەیانتوانیوە ڕەخنەییانە کار لە جەمال نەبەز یان مەسعود محەمەددا بکەن، یان لە ڕووی خەباتی فرەنەتەوەییەوە پابەندی تەفسیرەکانی نووسەرانی ئەرەب یان ئەجەمن. ئەمە لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ ئاستنزمی کولتووریانەی کوردانی ئێراق بە تایبەتی، لێ هەروەها کوردانی ئێرانیش، چونکە هیچ کامیان تا ئەمڕۆ بە پێچەوانەی کوردانی تورکیاوە نەیتوانیوە لە لایەنی خۆیەوە گۆڕان بە سۆسیۆلۆگییەکی شۆڕش بدات، بەڵکو هەردووکیان بە “ئۆخخەی!” باوەشیان بۆ شێوە هزرینی ئیسلامییانەی ئەرەب یان ئەجەم گرتۆتەوە و سوننەگەرایانە کاریان پێدەکەن.

-ماویەتی-
کاوە جەلال
———————-
پەراوێز

(1) مرۆ بۆ نموونە “لە ڕکی تاقمێک” کە زۆر باسی مارکس و لێنین یان ترۆتسکی دەکەن، وەک کەللەڕەقێک پەرچەکردار دەنوێنێت، لێ لەبەر ئەوەی کەللەی “ڕقە” و هاوکات هەیەپارێزێکی خۆرهەڵاتییە، ئەوا دەشێت ئەوپەڕی نەفامانە هانا بۆ ناوی هەرە یاخییەکانی هزری فەڕەنسی بەرێت، بۆ نموونە سارتر. ئەم ڕەوشە زۆر ڕوونتر لە خۆگرێدان بە مارکس یان تیۆریڤانانی مارکسیستییەوە هەقیقەتی هەیەپارێزان دەردەخات، چونکە لە هزری ساتردا یاخیبوونی تاکگەرایانەی تاکەکەسمان هەیە، لێ لای وەرگرانی خۆرهەڵاتییانەی ئەم هزرە بە تایبەتی هەیەپارێزی دەروونپەژارە و خەفەتخۆری مازۆخیستی یان “کوڕی عائیلە”مان هەیە. لەم ڕەوشەدا دژبەرییەکە زۆر درشتە: لەم هزرەدا تاکەکەس لە پەیوەندیی خێزانی دەر-پەڕیوە و لە هەر بەرپرسیارییەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە باوەکان و هتد دابڕاوە، لێ تاکەکەس ی دەر-پەڕیو هاوکات ئاگامەندانە لێرەبوونی مرۆڤدۆستانەی خۆی بنیاتدەنێت، ئەوەش شێوەیەکی یاخیبوونە کە لەتەک خۆیدا هەڵوێستی یاخی بەرانبەر سەرجەم میکانیزمەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤی و چینایەتی دەهێنێت. لەبەر ئەم هۆیەیە کە کلوود لێڤی-سترۆس دەبێژێت: سارتر جیاوازی لە نێوان مرۆڤایەتیدا چێدەکات، چونکە فەلسەفەکەی بە تەنیا تایبەتە بە مرۆڤی ئەوروپی. لێ لە خۆرهەڵاتی کوردیدا بە پێچەوانەوە کەس دەخزێتە نێو “جومناستیکی واژە”وە، چونکە منێتییەکەی شکۆفەی نەکردووە، هەروەها پرسیاری نییە. بۆیە گەر کەسێکی بەو چەشنە بنووسێت، ئەوا بەهۆی سۆسیالیزەکراوییە سوننییەکەیەوە تەنیا تەفسیری ئەرەبیستانەی سارتری پێ دەکرێت، ئەوەش بێگومان بە زمانێکی پەخشانی نەک فەلسەفەیی، جگە لەوە وەک هەیەپارێز لە دەرکەوتنی کۆمەڵایەتیشدا بە لای سەرجەم چەوسێنەری و بەدێتی و قێزەوەنیی مرۆڤیدا ڕەت دەبێت، واتا تەواو پێچەوانەی هزری سارتر ڕەفتار دەنوێنێت. لێ کەس، وەک ئەرەبیستێکی تەفسیری، دەشێت وەک بێهەڵوێستێکی هەیەپارێز توخمیتر لە مارکسیستەکان درێژە بە جیهاندیدیی باو بدات، بۆ نموونە ئەویش، هاوشێوەی مەسئولە سیاسییەکان، بەخشکەیی تێبکۆشێت بۆ مەزناندنی خۆی و وەک “کوڕی عائیلە” بە یاریدەی کەس و کاری بۆی چالاک ببێت.
(2): ئەمڕۆ زۆر ناسیۆنالیستی تورک بەهۆی گیرخواردنیانەوە بە پ.ک.ک. و بزاوتی ڕزگاریخوازیی کورد لەو وڵاتە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە تورکیزەکردنی کوردەکان (“تورکە کێوییەکانی ئەنادۆل”) هەڵەیەکی گەورە بووە، چونکە کوردەکان بەو ڕێیەوە فێربوون جیهان ڕوونتر ببینن و ڕێکخراوی مۆدێرن بهێننە گۆڕێ، هەروەها سوپای کارا دابمەزرێنن! بە هەر حاڵ گومان لەوە ناکرێت کە پ.ک.ک. بەبێ پەروەردەی کەمالیستیانەی دامەزرێنەران و ئەندامانی نەیدەتوانی لە پرسی مۆدێرنێتی (نەک مۆدێرنیزەکردن!) نزیکبکەوێتەوە، ئەوجا وەک پارتێکی مۆدێرن سوپای مۆدێرن دابمەزرێنێت.




وێناكردنی نیشتیمان….وه‌ك لۆكه‌یشنی فلیمێكی ترسناك ! له‌”ڕۆمان”ێكی كوردیدا … مقداد شاسواری

نه‌ ئه‌م نوسینه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ، نه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییشه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكی “ڕۆمانه‌كه‌”و ، نه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا نیاز و مه‌رامی منیش ئه‌وه‌یه‌ دنه‌ی داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بده‌م تاوه‌كو سنوورێك بۆ ئازادی نووسین و ئازادی ڕا ده‌ربڕین دابنێن. چونكه‌ هێچێك له‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم كرد كاری من نیه‌ و مافی ئه‌وه‌ش به‌خۆم ناده‌م خۆم تێهه‌لقورتێنمه‌ نێو كارێك كه‌ له‌ پسپۆری و شاره‌زایی مندا نیه‌. به‌ڵام وه‌كو خوێنه‌رێك ئه‌و مافه‌ به‌خۆم ده‌ده‌م كه‌ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی ده‌خوێنمه‌وه‌، جا شیعر بێ یان چیڕۆك بێ یان ڕۆمان یان هه‌ر شتێكی دیكه‌ی له‌و بابه‌ته‌ ، سه‌رنج و تێبینی خۆمی له‌سه‌ر بده‌م. یه‌كێك له‌و چوارده‌ ڕۆمانه‌ (كوردی و فارسیه‌ی) له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له‌ هه‌ولێر، كه‌ ساڵانه‌ ده‌زگای خانه‌ی مه‌دا به‌ڕێوه‌ی ده‌با كڕیم و خوێندمه‌وه‌ ناوی”خوێنه‌كه‌ی به‌رپێی سنه‌وبه‌ر ” بوو.

دیاره‌ ئه‌و ڕۆمانه‌ گه‌نجێكی كورد نووسیوێتی و ، له‌ هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌یدا به‌ “هه‌رێمی تیرۆری ڕۆژنامه‌نووسان و كوشتنی ده‌نگی ئازاد” پێناسه‌ی كردووه‌، ژماره‌ی سپاردنی پێ دراوه‌ و چاپ كراوه‌ و به‌و په‌ڕی ئازادیشه‌وه‌ له‌ سه‌ر ڕه‌فه‌ی كتێبفرۆشه‌كان داندراوه‌ وله‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێبیشدا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێم به‌ ئاسایی ده‌فرۆشرا و كه‌سیش ڕێگری له‌ فرۆشتنه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد. كاتێك ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ی كرد، هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تایدا له‌وه‌ گه‌یشتم باس له‌ كوژرانی ڕۆژنامه‌ نووس”كاوه‌ گه‌رمیانی” ده‌كات، كه‌ ئێستا هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ خێرو به‌ره‌كه‌تی خوێنه‌كه‌ی ئه‌ودا و به‌سه‌ر پێپلیكانه‌كانی رۆحی ئه‌ودا سه‌ركه‌وت و به‌هه‌موو ئیمتیازاته‌ چه‌وره‌كانیه‌وه‌ بۆته‌ ئه‌ندام له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه‌ نووسه‌ری رۆمانه‌كه‌ وه‌كو دۆزه‌خێك وێنای كردووه‌ كه‌ گوایه‌ “جێگه‌ی ئینسان نیه‌”.

كاتێكیش تینم دایه‌ به‌رخۆم و “رۆمانه‌كه‌”م هه‌تا كۆتایی خوێنده‌وه‌ هه‌ستم به‌جۆرێك له‌ هه‌ناسه‌ بڕكێ و نه‌فه‌سته‌نگی كرد له‌وه‌یا كه‌ نه‌مزانی “رۆمانێكی ئه‌ده‌بیم” خوێنده‌وه‌ یان گوێبیستی وتارێكی توندی كادیرێكی پڕباكراوی ئۆپۆزسیۆنی هاروهاجی ساڵانی 2009 به‌دواوه‌ بووم له‌سه‌ر كه‌ناڵێكی گڕگرتووی ئۆپۆزسیۆن یان سه‌یری فلیمێكی ترسناكی ئالفرێد هیتشكۆكم كرد كه‌ لۆكێشنه‌كه‌ی ئه‌م “هه‌رێمه‌ تۆقێنه‌ره‌”ی له‌مه‌ڕ خۆمان بێ. یانیش هه‌ر به‌راستی ئه‌وه‌ “رۆمانێكی كوردی”بوو نووسه‌رێكی كورد نوسیبووی! له‌ماوه‌ی پتر له‌ چل ساڵی رابردوودا له‌ ئێران و له‌ كوردستان، به‌هه‌رسێ زمانی كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی هێنده‌م رۆمان خوێندۆته‌وه‌ له‌ ئه‌ژمار و حیساب ده‌رچووه‌. مه‌گه‌ره‌م چۆن رۆمانێك “به‌تایبه‌تی كوردی و فارسی” له‌به‌رده‌ستم ده‌رچووبێ و نه‌مخوێندبێته‌وه‌. جا به‌ دید و تێڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆم، تیایاندا بووه‌ رۆمانی پڕ چێژ بووه‌ و زیاتر له‌ جارێك خوێندوومه‌ته‌وه‌ و تێشیاندابووه‌ زۆر بێ كه‌ڵك بووه‌ و ته‌نها كاتی خوێندنه‌وه‌كه‌ی لێم به‌ فیڕۆ داوه‌.
چیڕۆك و رۆمانی ئه‌و نووسه‌رانه‌شم زۆر خوێندۆته‌وه‌ كه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان و رژێمه‌ حوكمڕانه‌ دیكتاتۆر و سته‌مكاره‌كان نووسیویانه‌ به‌ڵام قه‌ت هێنده‌ی ئه‌م “رۆمانه‌” كوردیه‌ی گه‌نجێكی كورد نوسیوێتی و په‌لاماری نیشتیمان و وڵاته‌كه‌ی خۆی داوه‌، هه‌وڵی سووكایه‌تیپێكردن و ناشیرینكردن و به‌دۆزه‌خ وێناكردنی وڵات و نیشتیمانی خۆیان نه‌داوه‌. له‌ بڕگه‌یه‌كی مێژوویی كۆندا هاتووه‌ “له‌دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ، ناپلیۆن ده‌چێته‌ نێو سه‌ربازه‌ برینداره‌كان تا وره‌یان به‌رز بكاته‌وه‌ و دڵنه‌واییان بداته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر لێواری مردنن وایان لێ بكات به‌ شانازییه‌وه‌ بمرن. كاتێك به‌دیار سه‌ربازێكی برینداره‌وه‌ ده‌وه‌ستێ كه‌ دوا هه‌ناسه‌كانی ده‌دات و له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌، خۆی پێ ده‌ناسێنێ‌ و قسه‌ی بۆ ده‌كات، سه‌ربازه‌كه‌ پێی ده‌ڵێ : من تۆ ناناسم… من له‌پێناو وڵاته‌كه‌مدا جه‌نگام. با دوا قسه‌شم ئه‌وه‌بێ: بژی فه‌ره‌نسا.

***
كاره‌كته‌ری “باران”له‌ “رۆمانی” خوێنه‌كه‌ی به‌رپێی سنه‌وبه‌ردا، كه‌ ئه‌ویش رۆژنامه‌نووسه‌، به‌ قسه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ “چه‌ندانجار ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌ و به‌توندی ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار ده‌درێت، له‌ژێر زه‌بر و شه‌للاقی جه‌للاد وشه‌قی پۆستاڵی ئه‌فسه‌ردا ئێسكه‌كانی جه‌سته‌ی ورد و خاش ده‌بن، به‌تایبه‌ت پشت وپه‌راسووه‌كانی. كاتێكیش كه‌ ئازاد ده‌بێت دووباره‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی ئاسایش و كارمه‌ندی نهێنی سه‌ر به‌ حیزب و به‌پرسه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی ده‌درێت، ته‌نانه‌ت دووجار له‌ مردن رزگاری ده‌بێ” سه‌ره‌نجام سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ئه‌و نیشتیمانه‌ی “جێی ئینسان نیه‌” بۆ نائینسانه‌كان جێی دێڵێ و له‌ به‌ریتانیا له‌ گه‌ڕه‌كێكی له‌نده‌ن ده‌گیرسێته‌وه‌.
ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ خراوه‌ته‌ نێو دوو كه‌وانه‌وه‌ وه‌سفێكی هێنده‌ نه‌قۆڵاو بازاڕی و نائه‌ده‌بیانه‌یه‌ هه‌م له‌رووی ته‌كنیكی نووسین و هه‌م داڕشتن و هه‌م جوانیی رسته‌سازی له‌ئاستێكی زۆر خراپ و بێ سه‌روبه‌ره‌، تۆی خوێنه‌ر له‌ پڕێكدا هه‌ست ده‌كه‌ی له‌نێو لاپه‌ڕه‌و دێڕه‌كانی “رۆمانێكی ئه‌ده‌بی” ده‌رچوویته‌ته‌ ده‌رێ و له‌نێو ژاوه‌ژاوی شه‌قامێكی له‌نگه‌و كۆنه‌فرۆشاندا، یان له‌به‌رامبه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵێكی بێ ئه‌ته‌كێتی ئۆپۆزسیۆنێكی بێ ئه‌زمووندا دانیشتوویت و گوێت رادێراوه‌ بۆ ئاخاوتنی “رۆشنبیرێكی” جنێوده‌ر و ده‌روونناساغ كه‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی “فه‌رمایشته‌كانیدا” ته‌نها رسته‌یه‌كت به‌دی نه‌كرد سوودێكی پێت گه‌یاندبێ له‌ به‌هه‌ده‌ردان و به‌ فیڕۆدانی كاتت زیاتر.
چونكه‌ ئه‌م شێوه‌ داڕشتنه‌ بێ كه‌ڵكه‌ له‌و په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌دا قه‌ت له‌ زمان و داڕشتن و نووسینێكی ئه‌ده‌بی ناچێ.

رۆماننوسێك كاتێك وه‌سفی ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان و زوڵمی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی رژێم یان حكومه‌تێكی سته‌مكار ده‌كات ده‌بێ له‌ قاڵب و چوارچێوه‌ی داڕشتنێكی ئه‌ده‌بی مه‌به‌ستی خۆی به‌ خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێ نه‌ك له‌ شێوه‌ی وتاردانی كادیرێكی بێ سه‌وادی حزبێكی به‌هه‌ڵستكار.
نووسه‌ری “رۆمانه‌كه‌” له‌ سلێمانی و گه‌رمیانه‌وه‌ قه‌ڵه‌مبازێكی هه‌ولێریش ده‌داو قه‌ڵه‌مێك له‌ خوێنی “سه‌رده‌شت”یش وه‌رده‌دا كه‌ گوایه‌ له‌سه‌ر مانشێتی “من عاشقی كچی سه‌رۆكم” رفێندراوه‌ و كوژراوه‌.
من له‌و كاتیدا كه‌ “سه‌رده‌شت” كوژرا، سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێكی ئه‌هلی بووم و به‌هاوكاری ستافی گۆڤاره‌كه‌ به‌دواداچوونێكی وردمان بۆ كه‌یسه‌كه‌و رووداوه‌كه‌ كرد. نووسه‌ری ئه‌م “رۆمانه‌” هێشتا ماوێتی به‌ بنج و بناوانی حه‌قیقه‌تی رووداوی كوشتنی “سه‌رده‌شت” بكه‌وێ. به‌ڵام مخابن ئه‌و چه‌ند گه‌نجه‌ی لێره‌و له‌وێ به‌ رووداوگه‌لێكی ته‌مومژاوی كوژران بوونه‌ كه‌ره‌سته‌ بۆ به‌كارهێنان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك لایه‌نی سیاسی و “چاودێر و چالاكوان” و هه‌میش بوونه‌ پێپلیكانه‌ی به‌ “نان و رۆن” گه‌یشتنی كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر كه‌ له‌ پێناو مه‌رامه‌كانی خۆیان به‌رده‌وام قه‌تماغه‌ی ئه‌و برینانه‌ ده‌كولێننه‌وه‌ و خودێك نمایش ده‌كه‌ن و له‌ پاڵیدا كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن.
له‌ شوێنێكی ئه‌م “رۆمانه‌”دا هاتووه‌: ” ئه‌وه‌ی به‌دڵی ئه‌و به‌رپرسانه‌ نه‌نووسرایه‌و نه‌وترایه‌ ئه‌وه‌ چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سه‌ رفاندن وشێواندن و كوشتن بوو”… ئه‌وانه‌ی تۆسقاڵێك شاره‌زاییان له‌ داڕشتن و زمانی نووسینی كوردی هه‌بێ قه‌ت رێگه‌ ناده‌ن ئه‌و رسته‌سازییه‌ خراپه‌ بچێته‌ نێو مه‌جلیسی رسته‌سازی كوردی. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ زێده‌ڕۆییه‌كه‌ی له‌ رفاندن و”شێواندن” و كوشتن!

رووبه‌رێكی زۆری نووسینه‌كانی من ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ ئه‌داو كه‌م و كورتی و ناكارامه‌ییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌موو كابینه‌كانییه‌وه‌. هه‌ر له‌ سه‌دان گۆشه‌ی ته‌نز و دوو كتێبی چاپكراوی ته‌نز و، تا ده‌گاته‌ كاره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانم. له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌وانیی ده‌یان جار بانگهێشتی بنكه‌كانی پۆلیس كراوم و به‌ كه‌له‌پچه‌كراوی راپێچی به‌رده‌م حاكم و دادوه‌ران كراوم ته‌نانه‌ت راشگیراوم له‌ به‌ندیخانه‌دا. رۆژنامه‌نووسی دیكه‌شم له‌گه‌ڵدا بووه‌ له‌ زیندان. به‌ڵام ” چه‌كمه‌ و پۆستاڵ و ئه‌شكه‌نجه‌و لێدان و هه‌ڕشه‌ی مه‌رگ و خوێنی كوڵاو و گۆشتی كاڵ و هاڕینی ئێسقانه‌كانی تێدا نه‌بووه‌”!!
سه‌رله‌به‌ری “رۆمانه‌كه‌” به‌دگۆیی و په‌لاماردان و سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ وه‌ك “نووسه‌ری رۆمانه‌كه‌” ده‌ڵێ “تۆسقاڵێك ئازادی تێدا به‌دی ناكرێ و تنۆكێ هه‌وای تێدا نیه‌ بۆ هه‌ناسه‌دانێكی ئازاد و، شوێنێك نیه‌ بۆ ژیان” كه‌چی، رۆمانه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ر له‌م هه‌رێمه‌دا ژماره‌ی سپاردنی پێ دراوه‌ و له‌م هه‌رێمه‌دا به‌سه‌ر هه‌مو كتێبفرۆشه‌كانی سه‌رانسه‌ری وڵاتدا دابه‌ش كراوه‌ و له‌ پایته‌ختی ئه‌م هه‌رێمه‌شدا له‌ پێشانگای ساڵانه‌ی كتێبدا نمایش كراو منیش یه‌كێك بووم له‌ كڕیاره‌كانی. نه‌ كه‌س و نه‌هیچ ده‌زگایه‌كی چاودێری و سانسۆر و، نه‌ هیچ لایه‌نێكی حیزبی، نمایشكردن و فرۆشتنی كتێبه‌كه‌یان قه‌ده‌غه‌ نه‌كرد. منیش ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی “رۆمانه‌كه‌” هه‌یه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ كوشتن و راوه‌دوونان و ئه‌شكه‌نجه‌دان و نانبڕاوكردن و تیرۆركردن و دادگاییكردنی رۆژنامه‌نووسان ده‌گرێ. من به‌خۆم یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ بوومه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێكی رۆژنامه‌وانیدا خراومه‌ته‌ زیندان و له‌گه‌ڵ بكوژاندا له‌ یه‌ك ژووردا بوومه‌. هیچ به‌رگرییه‌كیش له‌و ره‌فتاره‌ ناڕه‌واو نادروستانه‌ی به‌شێك له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم ناكه‌م و، پێمخۆشه‌ هه‌موو نووسه‌رێك به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌ چیڕۆك و رۆمان بنووسێ و هه‌موو شاعیرێك به‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌ستییه‌وه‌ شیعر و هۆزان بنووسێ و هه‌مووان له‌كارو پیشه‌كانیان ئازاد بن وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی ئازاد و بێ سانسۆر.

به‌ڵام تا قووڵایی ناخ و تا سه‌ر ئێسقان ده‌مئێشێ و ئازارم پێ ده‌گات كاتێك رۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ گه‌نجێكی كورد نووسیویه‌تی “نه‌ك غه‌یره‌ كوردێكی دوژمن به‌ كورد” له‌ ده‌سپێكه‌وه‌ تا كۆتاییه‌كه‌ی بێ رێزیكردن و په‌لاماردان و ناشیرینكردن و به‌دۆزه‌خكردنی باشووری كوردستانه‌.
“ئه‌ده‌بیاتی په‌لاماردانی خود” ره‌گ و ریشه‌یه‌كی كۆنی نیه‌ له‌ناو كورداندا و هه‌ر ته‌نها گرێیه‌كی زه‌مه‌نی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بێ و، ” ئه‌م میتۆده‌ له‌ نووسین زیاتر له‌ ناوچه‌كانی سلێمانی سه‌ری هه‌ڵداو به‌ دیاریكراویش له‌ ساڵی 2009 به‌ دواوه‌، بوو به‌ زمانی نووسین و وتاردان و ته‌نانه‌ت ئاخاوتنی ئاسایی و، پێموایه‌ نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه‌ش” به‌ خه‌ستی كه‌وتۆته‌ بن باندۆر و كاریگه‌ری ئه‌م جۆره‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی نووسین. “رۆشنبیرێكی” ئه‌وێش، له‌ ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆیدا به‌رامبه‌ر كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی ئه‌و “رۆمانه‌”ی له‌سه‌ر نووسراوه‌ زێده‌ڕۆیی ده‌كات، گوایه‌ ” له‌پاش كوشتنی كاوه‌ گه‌رمیانی حه‌زناكات ناوی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافیاش ببینێ”!
هه‌مدیسان ته‌نزنووسێكی ئه‌وێ له‌م ڕۆژانه‌دا و له‌ كاتێكدا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، له‌ڕووی ئه‌منی و خۆشگوزه‌رانی و ئازادیدا هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشه‌نگدایه‌ ، له‌ بڕگه‌یه‌كی نووسینێكی ته‌نز ئامێزدا : وه‌سیه‌ت ده‌كات “ئه‌گه‌ر مرد ئاڵای كوردستان بكه‌ن به‌ كفنه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌لائیكه‌ته‌كان بزانن – له‌ چ جه‌هه‌نه‌مێكه‌وه‌ – هاتووه‌” !

بۆچوونی هه‌ردوو”ڕۆشنبیره‌كه‌ی” سه‌ره‌وه‌ و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م “ڕۆمانه‌”ی وا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ده‌ربڕینێكه‌ هه‌م گوزارشت له‌ هه‌بوونی ئازادیه‌كی بێ سنوور ده‌كات و، هاوكاتیش بێ ویژدانی و زێده‌ڕۆیی و ڕه‌شبینییه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری نووسه‌ره‌كانیشی تێدایه‌ . كه‌س نكۆڵی له‌ هه‌بوونی گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆر ناكات له‌ هه‌موو بوار و جومگه‌و سێكته‌ره‌كاندا له‌ هه‌رێم، به‌ڵام ئێجگاریش ئه‌وها دۆزه‌خ نیه‌ وه‌ك ئه‌و “ڕووناكبیر و نووسه‌رانه‌” وێنای ده‌كه‌ن، كه‌ یه‌كێكیان له‌ به‌ریتانیا ده‌ژی و دووانه‌كه‌ی تریش هه‌ر یه‌كه‌یان زیاتر له‌ پۆستێكی پڕ چه‌ور و چه‌ند ورده‌ پۆستێكی كه‌م چه‌وریشیان هه‌یه‌ و به‌ زگی تێره‌وه‌ خه‌م له‌ برسێتی خه‌ڵكی تر ده‌خۆن ! هه‌موو ئه‌وانه‌ی شتێك ده‌نووسن و “من” ده‌یانخوێنمه‌وه‌، كه‌واته‌ منی خوێنه‌ر مافی ئه‌وه‌ به‌خۆم ده‌ده‌م دیدو سه‌رنجی خۆم له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌ ده‌رببڕم. مادامه‌كێ بڕێ پاره‌م بۆ كڕینی داوه‌ و كاتێكم بۆ خویندنه‌وه‌ی ته‌رخان كردووه‌، له‌ هه‌رشوێنێك بزانم ئازاری ده‌روونیم پێ گه‌یشتووه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یدا، ده‌بێ نووسه‌ره‌كه‌یش وه‌كو منی خوێنه‌ر، ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێ، ئازارێكی ده‌روونی پێ بگات. به‌تایبه‌ت له‌و شوێنه‌دا كه‌ په‌لاماری نیشتیمان ده‌درێ. چونكه‌ هه‌موومان ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین نیشتیمان موڵك و تاپۆی هیچ كه‌س و هیچ حزب و هیچ هۆز و هیچ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانێك نیه‌.

ئه‌گه‌ر به‌رپرسێكی خراپ كه‌تنێكی ناماقوڵ ده‌كات و ته‌نانه‌ت ده‌ستی ده‌چێته‌ ڕشتنی خوێنی كه‌سێك ئایا ده‌بێت من نیشتیمانم له‌به‌ر چاو بكه‌وێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌ چه‌وته‌ له‌ روانگه‌ی ئه‌و “نووسه‌ر و رۆشنبیرانه‌وه‌” راست بێ، ئه‌وا ده‌بێ له‌ سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وی هیچ كه‌سێك له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی نه‌مێنێ و هه‌مووان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرن و به‌ره‌و هه‌ساره‌یه‌كی تر كۆچ بكه‌ن. چونكه‌ هیچ وڵاتێك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ بوونی نیه‌ ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ ده‌یان و سه‌دان تاوانی گه‌وره‌و تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و زێده‌ڕۆیی به‌سه‌ر ماف و ئازادیه‌كانی هاوڵاتیانی تێدا روو نه‌دات. ئه‌مه‌یش قه‌ت پاساو هێنانه‌وه‌ نیه‌ هێنده‌ی راستییه‌كه‌و نكۆڵی لێ ناكرێ. ئه‌م ” نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌” له‌ به‌شێكی “رۆمانه‌كه‌یدا” ده‌ڵێ: ” ئێره‌ هه‌رێمی تیرۆری رۆژنامه‌نووسان و كوشتنی ده‌نگی ئازاده‌”!.
یان ده‌ڵێ: ” ژیانی هیچ كه‌سێك له‌م هه‌رێمه‌دا پارێزراو نیه‌”!
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ” ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌سه‌ر نووسینی چه‌ند وشه‌یه‌كی حه‌ق و راستی ئاماده‌یه‌ گۆشاو گۆش سه‌رت ببڕێت”!
هه‌روه‌ك پێیوایه‌ ” له‌م هه‌رێمه‌دا ژیانی هه‌موومان له‌ مه‌ترسیدایه‌” !
له‌ باسكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیشدا ده‌ڵێ: ” ئه‌وانه‌ بێ شه‌ره‌ف و حه‌رامزاده‌ن، ده‌ستیان ده‌چێته‌ خوێنی هه‌موو كه‌سێك” !
ده‌شڵێ: ” ئه‌وانه‌ هه‌موو شتێكن به‌ڵام مرۆڤ نین”!
له‌ شوێنێكی تر ده‌نووسێ: ” ئه‌وان به‌نیاز نین هه‌روا به‌ ئاسانی وازم لێ بهێنن، هه‌تا، وه‌كو هاوڕێكانم سه‌رم له‌ جه‌سته‌م جیا نه‌كه‌نه‌وه‌ لێناگه‌ڕێن”!
نازاندرێ ئه‌مه‌ جنێونامه‌یه‌ یان مه‌لایه‌كه‌و وه‌سفی دۆزه‌خ بۆ ئیمانداران ده‌كات یان هه‌ڵڕشتنی رق و بوغزێكی ده‌رونییه‌. به‌ڵام به‌ بۆچوونی من به‌ هیچ پێوه‌رێك ناچێته‌ ناو رۆمانێكی ئه‌ده‌بی.

***
نووسه‌ر، كه‌ له‌م “رۆمانه‌”دا رۆڵی كاراكته‌ری “باران” ده‌بینێ له‌ گه‌شتێكیدا له‌ وڵاتی مه‌غریب، له‌نێو پاسێكی گه‌شتیاریدا ده‌بێته‌ هاوگه‌شتی كه‌سێك به‌ناوی “ئه‌نتۆنیۆ دێلگادۆ” كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیایه‌ له‌ ئیسپانیا. ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی له‌ “باران”ی كوردی ده‌پرسێ ” ئایا رۆژێك له‌ رۆژان به‌ڕنامه‌ت هه‌یه‌ كه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ خاكی خۆت و ژیان كردن له‌ نیشتیمانی خۆت”؟ “باران”یش پاش كه‌مێك بێده‌نگی ده‌ڵێ: ” له‌ ئێستادا نیشتیمانێكی سه‌ربه‌خۆم نیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ نه‌بوونی باشتره‌”!!
ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی، كه‌ ئاگاداره‌ له‌ رابردوو، له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس چی به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ ده‌ڵێ: ” له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌وه‌ وه‌ڵامی كوردێك بێت له‌پاش ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی به‌سه‌رتان هاتووه‌”!
“باران” روو له‌ ئه‌نتۆنیۆ ده‌كات و ده‌ڵێ: ” برینه‌كانی ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ قووڵتر و به‌ ئازارتره‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك هه‌ستی پێ بكات”!

ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی سه‌ری له‌م ” كورده‌ عه‌نتیكه‌یه‌” سووڕ ده‌مێنێ، كه‌ ئاوها وڵاته‌كه‌ی خۆی بۆ بێگانه‌یه‌ك وێناو پێناسه‌ ده‌كات و وه‌كو ته‌رزه‌ داده‌بارێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌رێمه‌كه‌ی خۆی و، پێی ده‌ڵێ: ” بۆ، مه‌گه‌ر له‌مه‌ش زیاتره‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ “میدیاكانه‌وه‌” بینیومانن”؟ لێره‌دا “نووسه‌ره‌ كورده‌كه‌” به‌ ئانقه‌ست ئه‌م پرسیاره‌ی خستۆته‌ سه‌ر زمانی كاراكته‌ری “ئه‌نتۆنیۆ” تا به‌ خوێنه‌ر بڵێ “خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ئاگادارن له‌و غه‌در و زوڵم و سته‌م و بێدادییه‌ی كه‌ ” رژێمی كوردی” به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ی خۆیدا ده‌یهێنێ!
بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ ته‌رزه‌ ئاسا دابارێته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی خۆی، روو له‌ ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی ده‌كات و ده‌ڵێ: “بێگومان ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ ده‌یزانن به‌شێكی زۆر زۆر كه‌مه‌ له‌باره‌ی خه‌م و ئازاره‌كانی میلله‌تی كورده‌وه‌. ئێمه‌كه‌ هێشتا ئه‌و خه‌مانه‌مان سارێژ نه‌بووه‌ كه‌ داروده‌سته‌كه‌ی سه‌دام حوسێن به‌سه‌رماندا هێناویه‌تی، به‌ڵام له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا به‌ده‌ست رژێمێكی كوردییه‌وه‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی سه‌دان كۆسپ و ته‌نگژه‌ ده‌بینه‌وه‌. كێشه‌كان گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ هیچ ئاسۆیه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ گه‌شبین نیم. هێنده‌ خه‌م و ئازارمان چه‌شتووه‌ به‌ده‌ست حووكمڕانه‌كانی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی كوردی چیتر ئه‌و خۆزگه‌یه‌مان نه‌ماوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی. دروستكردنی وڵاتێكی كوردی به‌ ده‌ستی ئه‌م سیاسییانه‌ی ئێستا، هیچ دڵخۆشم ناكات”!

دیسانه‌وه‌ی له‌و په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌ رووبه‌ڕووی داڕشتنێكی سه‌قه‌ت و خراپ ده‌بینه‌وه‌ و، هه‌میش دیسان وه‌كو خوێنه‌ر ده‌كه‌وینه‌ جۆلانه‌ی نێوان چاوه‌كان و گوێچكه‌كانماندا. نازانین ئایا چاوه‌كانمان خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی رۆمانێكن یان گوێچكه‌كانمان وتارێكی ژه‌هراوی له‌سه‌ر شاشه‌ی فه‌زاییه‌كی ئۆپۆزسیۆن ده‌بیستن. چونكه‌ ئه‌مه‌ زیاتر له‌ وتار ده‌چێ هه‌تا نووسینێكی ئه‌ده‌بی. ئه‌ویش بۆ كه‌سێكی بیانی!
“باران”ی كوردی، هێشتا گڕی دوژمنكارانه‌و رشتنی رق و كینی به‌رامبه‌ر وڵاته‌كه‌ی دانه‌مركاوه‌و، دڵی گڕگرتووی هێشتا فێنك نه‌بۆته‌وه‌ و، به‌ ده‌روونه‌ داڕووخاوه‌كه‌یه‌وه‌ روو له‌ ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی ده‌كات و ده‌ڵێ: ” به‌ڕێز ئه‌نتۆنیۆ، ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئازارمان به‌ ده‌ستی داروده‌سته‌كه‌ی سه‌دام حوسێنه‌وه‌ چه‌شتووه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ كورده‌كان سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی تر ئازاریان داوین.ئه‌وانه‌ی ئێستا كه‌ به‌ ناوی كورده‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نمان،هیچ جیاوازیه‌كیان نیه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی پێشووی عێراق.ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ دڕنده‌ن و چه‌ته‌ و سیاسیی بازرگانن، له‌ هه‌مان كاتدا جاش و نیشتمانفرۆشن. ئه‌وان ژێرخاك و سه‌رخاكیش ده‌فرۆشن به‌ دراوسێكان، له‌ پاداشتی ئه‌وه‌شدا سزای میلله‌ت ده‌ده‌ن. له‌دوای زیاتر له‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌ك حوكمڕانی، هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هاوڵاتی فه‌راهه‌م بكه‌ن وه‌ك ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاری. ئه‌وه‌ تاكه‌ شتێك نیه‌ كه‌ ڕه‌شبینم ده‌كات، ده‌یان ئاریشه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ باسی بكه‌م، به‌ڵام له‌ سه‌روو هه‌موو كێشه‌كانه‌وه‌، گرفتێكی له‌وانه‌ش گه‌وره‌تر هه‌یه‌ كه‌ نه‌بوونی ئازادی و دادپه‌روه‌ریه‌، ئێمه‌ هێشتا كولتووری لێبوورده‌یی و خۆشه‌ویستی و ئازادیمان دروست نه‌كردووه‌”!!

“باران”ی كوردی، لێره‌دا، داوای لێبوردون له‌ ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنی ده‌كات كه‌ چیتر نایه‌وێ له‌وه‌ زیاتر سه‌ری بیه‌شێنێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی مابێتی هێشتا وێرانی بكات.
دیاره‌ ئه‌و، “باران” بێئاگایه‌ له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ر بێگانه‌یه‌كدا دابنیشێ و بێ ماندوبوون بكه‌وێته‌ زه‌مكردن و سووكایه‌تی پێكردن و ناشیرینكردنی وڵاته‌كه‌ی خۆی، ئه‌ویش له‌ به‌رامبه‌ر كه‌سێكی وه‌ك ئه‌نتۆنیۆی كه‌ته‌لۆنیدا، كه‌ هاوده‌رده‌ له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان له‌ گرێی “هه‌رێمبوون” و هاوئامانجه‌ له‌گه‌ڵ كورد بۆ “سه‌ربه‌خۆیی”و، ئاگاداره‌ له‌ پێشكه‌وتنه‌كان له‌ باشووری كوردستان و هه‌روه‌ها له‌ ئازادی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئێره‌، ئه‌وا ته‌نها خۆی ناشرین ده‌كات و ره‌زای خۆی قورس ده‌كات و، خۆی ده‌خاته‌ خانه‌ی گومان له‌وه‌یا كه‌ دوور نیه‌ به‌چاوی سیخوڕی وڵاتێكی دوژمن سه‌یری بكرێ. به‌ڵام “باران”ی كورد له‌پاڵ داڕووخانه‌ ده‌روونییه‌كه‌ی و بێ هیوایی و رقئه‌ستووریه‌كه‌ی، تاكه‌ شتێكیشی هه‌یه‌ كه‌ شانازی پێوه‌ بكات، كه‌ ئه‌ویش بۆ ئه‌نتۆنیۆ ده‌خاته‌ڕوو: ” تاكه‌ شتێك كه‌ شانازی پێوه‌ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز وێنه‌م نه‌گرتووه‌ له‌گه‌ڵ هیچ سیاسییه‌كی كورد و سه‌رسام نه‌بووم به‌هیچ سیاسی و پارتێكی كوردی، سه‌ربه‌رزم كه‌ هه‌رگیز به‌شێك له‌و حیزبانه‌ نه‌بووم”. “باران”ی كورد له‌ هه‌موو ئه‌و نیشتیمانه‌ی، كه‌ هیچ خۆشه‌ویستی و ئینتیمایه‌كی بۆ نیه‌، پنتێكی جوان و رۆشن به‌دی ناكات و له‌ راستیدا چاوه‌كانی نایبینێ تا به‌و بیانیه‌ واق وڕماوه‌ بڵێ كه‌ ناوی ئه‌نتۆنیۆیه‌.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌یشدا كه‌ ئه‌نتۆنیۆ به‌ باران ده‌ڵێ “هێشتا ئه‌وانه‌ پاساو نین بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شبین نه‌بیت به‌رامبه‌ر به‌ خاك و ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمانه‌كه‌ت،” پێی ده‌ڵێ: ” به‌ڕێز ئه‌نتۆنیۆ، نان و ئازادی و خزمه‌تگوزاری له‌ به‌ها سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤه‌ (دیاره‌ مه‌به‌ستی نووسه‌ر – مافه‌ سه‌رتاییه‌كانی مرۆڤه‌). ده‌بێت ئه‌وانه‌ فه‌راهه‌م بكرێت پاشان زه‌مینه‌سازی بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكرێت… من وڵاتێكم ناوێت كه‌ ماف و ئازادیم لێ داگیر بكات. ئه‌گه‌ر من ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بكه‌م هیچ جیاوازییه‌كم نابێت له‌گه‌ڵ كۆیله‌دا”!
ئه‌مه‌ چۆن لۆژیكێكه‌ كه‌سێك له‌ نه‌بوونی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا هه‌ست به‌ ئازادی بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ، ده‌بیته‌ كۆیله‌!!
“باران”ی كورد ته‌نانه‌ت په‌ند و وانه‌ی له‌ شۆفێری پاسه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ وه‌رنه‌گرت كه‌ ئه‌وانی ده‌برد بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و “زۆر به‌ شانازییه‌وه‌ قسانی ده‌كرد و وه‌سفی جوانیی و به‌پیتی خاك و به‌هه‌شتی نیشتیمانه‌كه‌ی ده‌كرد”. كه‌چی ئه‌و هه‌تا بۆی كرا وڵاتی خۆی به‌ دۆزه‌خ و ناشیرین وه‌سف ده‌كرد و ده‌یگوت: ” نیشتیمان، مه‌مكی دایكێك بوو به‌ده‌ست سیاسییه‌كانه‌وه‌ وشكی كرد”.

یان ده‌یگوت: “له‌ راستیدا هه‌رشوێنێك بێت ده‌توانێت رۆحی تێدا ئاسوده‌ بێت ته‌نها هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت”!
یان ده‌ڵێ: ” له‌وه‌ته‌ی فامم كردۆته‌وه‌ هه‌ر هه‌مان هه‌ستم هه‌یه‌ بۆ ئه‌م خاكه‌، ژیان له‌و هه‌رێمه‌دا كاره‌ساته‌ كاره‌سات”.
له‌ شوێنێكی تردا ده‌ڵێت: ” ژیان له‌م خاكه‌دا نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌، نه‌خۆشیه‌كی به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن”.
دیسان ده‌ڵێ:” ئه‌م خاكه‌ كاره‌ساتباره‌ هه‌رێمی مه‌رگی رۆژنامه‌نووسانه‌”.
هه‌روه‌ها له‌ وه‌سفی هه‌رێمی كوردستان دا ده‌ڵێ: ” ئێره‌ جێگه‌ی ئینسان نیه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ من لێره‌ بینیمن، هه‌موو دڕنده‌ بوون، له‌ توخمی ئاده‌م نه‌بوون… لێره‌ ناتوانیت هه‌ناسه‌ هه‌ڵمژیت، هه‌رزوو ئه‌خنكێیت”!
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: ” ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتێك هه‌بوایه‌ بۆ پووچترین و درۆزنترین مرۆڤی سه‌ر زه‌وی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سیاسیه‌كانی باشووری كوردستان له‌ به‌ده‌ستهێنانی، ركابه‌ریان نه‌ده‌بوو”!

***
ئه‌و (499) لاپه‌ڕه‌یه‌ی من خوێندمه‌وه‌ هیچی له‌ “رۆمانێكی ئه‌ده‌بی” نه‌ده‌چوو. نه‌ له‌ داڕشتنی و نه‌ له‌ فه‌زاسازییه‌كه‌ی و نه‌ له‌ ته‌كنیكی رۆماننوسی و نه‌ له‌ رووی رسته‌به‌ندییه‌وه‌. ته‌نها خۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ رقئه‌ستووری و بوغز و كینه‌یه‌كی په‌نگخواردووی نێو ناخی كه‌سێكی دارووخاو و بێ هیواو ده‌روونپه‌رێشان بوو به‌رامبه‌ر به‌ وڵاته‌كه‌ی.
ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێ بابه‌تی تێكهه‌ڵكێشی “رۆمانه‌كه‌”ی كردووه‌، كه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی رۆماننوسی ناژمێردرێن و قسه‌ی رووتی سه‌ر هه‌ندێ كه‌ناڵی بێ ناوه‌ڕۆكه‌، وه‌ك:
“سه‌رۆك به‌ نایاسایی له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی مابووه‌وه‌”.
” له‌هه‌موو ناخۆشتر راكردن و به‌رگرینه‌كردنی چه‌كداری حیزبێكی كوردی له‌ شه‌نگال”
“سوپای عێراق چوبووه‌ ناو هه‌ولێری پایته‌خت و په‌رله‌مانیان داگیركردبوو”!
“جووت حیزبی كوردی”.
“رۆژێك دێ (ئه‌وانه‌ی تۆیان كوشت) وه‌كو كه‌لاكی تۆپیو بۆگه‌نیان بڵاو بێته‌وه‌”.
له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم له‌نێو ئه‌و هه‌موو رۆمانه‌ی خوێندوومه‌ته‌وه‌ ته‌نها په‌شیمانم له‌وه‌ی “خوێنه‌كه‌ی به‌رپێی سنه‌وبه‌ر”م به‌ داشكانه‌وه‌ به‌ چوار هه‌زار دینار كڕی و چه‌ند كاتژمێرێكم له‌كاتی خۆم به‌خوێندنه‌وه‌ی دا به‌ فیڕۆدا.




خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن – سێیەم- ئەمجەد شاکەلی

3–

-ئابووری بازاڕ-

جڤاکی باشووری کوردستان وەک هەموو جڤاکێکی ئەم جیهانە، لە کۆمەڵێک چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. جاران، کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، بنگەی ئابووریی کوردستان بوون، تەنێ دوو چینی سەرەکی: ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار(چینی سەرەوە) و وەرزێر و ڕەشایی و کرێکار و ڕەنگە بەشێکی دیکەیشی وەک سوعلووک بۆ زیاد بکرێ(چینی خوارەوە) هەبوون و لەنێوان ئەو دوو چینەشدا، کەموکەیەکیش چینی ناوەند هەبوون.
دوای 14ی تەممووزی 1958 و گۆڕانی ڕێژیم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری و دواتریش بزاڤی چەکداریی کورد و دەسەڵاتی حیزبی بەعس، ئیدی ئەو دابەشبوونە چینایەتییە گۆڕدرا. گوند و ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار و وەرزێر، نەمان. زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تۆبزی و هەندێکیش بە ئارەزوو، ڕوویان کردە شاران و بوون بە “شلەشاری”. ئیدی لەبری بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە دانەوێڵە، میوە، سەوزە، شیرەمەنی، گۆشت، هێلکە، هەندێک پۆشاک و جلک و کاری دەستیی و شتی نێوماڵ، کە تەواوی ئەوانە پێداویستییەکانی خۆیانی دەشتەکی پڕدەکردەوە و شارییەکانیشیان پێیان دەژیان، تەواوی ئەو شلەشارییانە، لە بەرهەمێنەرەوە بوونە بەرخۆر.

ئەوان، لەوەی لە ئاواییدا خاوەنی جێگە و خانوو و ماڵی خۆیان بوون، لە شاردا بوونە کرێنشین. ئەوان لە فرۆشیارەوە بوونە کڕیاری هەموو شتێک. دەبوو ڕیز بگرن بۆ نانکڕین و هێلکە، مامر، ڕۆن، میوە، شیرەمەنی، نەفت، سەوزە، ئارد، ساوەر، دانەوێڵە، گۆشت و هەموو خۆراکێک و تەواوی شتەکانی دیکەش بکڕن. دەبوو لەبری، وڵاخ(هێستر، کەر، ئەسپ و مایین)، ئۆتۆمۆبیل، ماتۆرسایکل و پایسکیل، بەکاربهێنن و سواری تاکسی ببن. دەبوو لەبری خانووی قوڕ و و دار و قامیش و دارسووتاندن بۆ گەرمی و چێشتلێنان، بلۆک و چیمەنتۆ و ئاسن(بۆ زستان سارد و بۆ هاوین گەرم) و نەفت و گاز و کارەبا بەکارببەن، کە تێچوون و خەرجییەکی زیاد بوو بۆیان. دەبوو منداڵیان لە خوێندنگەکانیاندا لەبری جلکی کوردی یا دشداشە، پانتۆڵ و جلکی ئەوروپایی لەبەر بکەن، چون ئیدی شارنشێنن و ئەو جلکە لادێیانە “شەرمهێنەر” بوون بۆیان. دەبوو لەبری مەڕ و بزندۆشین و شیری چێڵ خواردنەوە و پەنیر و ژاژی و کەرێ و ماست و ڕۆن و دۆینە و قەرەخەرمان وجاجم و بەڕە و لباد و تەلیس و هۆڕ و شەڵتە…دنیایەک شتی تری دەسکردی خۆیان، ببنە کڕیاری تەواوی ئەوانە لە بازاڕدا.

دەبوو لەبری خوری و بەرگن و موو و پەڕ و گۆرەوی و پووزەوانە و دەستەوانە و کڵاو و فەرەنجی و کەڕەک و کڵاش، ئیدی وەدووی کەوشی ئیتالی و تورکی و شتی پلاستیکی و تەتکەولەرزانەدا غار بدەن. دەبوو لەبری دروستکردنی ترشی و ترخێنە و ساوەر و قەرەخەرمانی خۆماڵی، هاوردەی تورکیا بکڕن و لەبری بەستووقە و دەفری گڵینی جوان و خاوێنی کەرکووک و خورماتوو، پەقرەجە نایلۆن و پلاستێکی ژاراویی ئێران و تورکیا بەکار ببەن. ئیدی دەیان دەبووی دیکەی لەو جۆرە..
بەهۆی لەنێوچوون و تێکشکانی ئاواییەوە، کە بنگەی ئابووری کوردستان بوو و بەهۆی شێواندنی چەمکی ئاوایینشینییەوە، ژینگەی وڵات گۆڕا. بیرکردنەوە و جیهانبینیی مرۆڤی باشووری کوردستان، لە مرۆڤێکەوە، کە خۆی پشتوپەنای خۆی و بەخێوکەری خۆی و وەدەستهێنەری بژێوی خۆی بوو، گۆڕا بۆ مرۆڤێکی چاولەدەست خەڵک بوو و مشەخۆری چاولەدووی مووچە و کۆمەکی دەوڵەت و خۆراکی پاکەت و قوتووخۆر و چاولەڕێی شتی ئامادەکراو.

لە وەها بارێکدا، چینێکی مشەخۆری هەلپەرستی ناوەند(بۆرژوازی) لە شاردا لەسەر حیسابی زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان، لەسەر حیسابی گوندی و وەرزێران، لەسەر حیسابی ڕووخان و دادەپینی گیانی هەرەوەزی وەرزێر و ڕەشایی و لادێیی، هەلی قۆستەوە و بە هەموو جۆر و ڕێگەیەک، نایاسایی و تەنانەت بێڕەوشتانەیش، گەشەی کرد و بۆ سەرەوە هەڵکشا و دەستی بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت. ئەم چینە، چینی ناوەند بوو، کە چینێکە لەنێوان”سەرمایەدار و چینی باڵا” و “کارگەر و ڕەشایی و سوعلووک”اندا. چینی ناوەند، کە چینی بۆرژوازیشی پێ دەگوترێ، بۆ خۆی یەک پێکهاتە نییە، بەڵکە چینی ناوەندی باڵا(بۆرژوازی گەورە) و چینی ناوەندی ناوەند (بۆرژوازی ناوەند) و چینی ناوەندی خوارێ(بۆرژوازی بچووک یا وردەبۆرژوازی)، ئەمەی دواییان لە کارگەر و نەدار و وەرزێرانەوە نزیکە، لێ سروشتێکی هەلپەرستانەی هەیە و وەدووی خوانی چەور و پووڵی مفتدا دەگەڕێ و مشەخۆر و بێ بەڵێن و بێ ئاوڕووە، ئەو دووانەی سەرێش، لە سەرمایەدار و موڵکدارانەوە نزیکن و دەزانن چۆن قۆڵ ببرن.

ئەم چینی ناوەندە ئابوورییەکی تێکشکاوی پووچەڵی خزمەتگوزاری (services) و بەرخۆریی لە کوردستاندا بەرهەمهێنا، کە جۆرە ئابوورییەکە، چ سامانێکی ماددی، چ بەرهەمێک، بە وەڵات نابەخشێ و ئەوەی دەیهێنێتە دەست، سامان نییە، چون خزمەتگوزاری لە بنەمادا، وەک نۆکەر و پاشکۆ (subservient)ی بەرهەمهێنانی کاڵا هاتووەتە گۆڕێ و لە خزمەتی سەرمایە و سەرمایەداریدایە. ئەو ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری و کەڵەکەکردنی فرەتری سامانی سەرمایەداران دەکات. خزمەتگوزاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی کاڵا و بەرهەمەکانی سەرمایەدارییە، ئەو، کاڵا فرۆشراوەکانی وەک ئۆتۆمۆبیل، جلشۆری، ماشینە ئەلەکتریکی و ئەلیکترۆنییەکان خاس دەکاتەوە و دەپارێزی، خانووبەرە و تەلار و باڵەخانە بەکرێ دەدا، ئۆتۆمۆبیل و ماشینی دیکە بەکرێ دەدا، بیمە و پارێزەری و کۆمەکی قانوونی دابین دەکات، بە ماشین ئۆتۆمۆبیل دەشۆرێ، ژمێریاری بۆ خاوەن کۆمپانیا و فرۆشگە و شوێنی دیکە دەکات، ڕاوێژکاری قانوونی و خزمەتی دارایی و خزمەتی هەناردن و هاوردن و خزمەتی گەشتوگوزار، خزمەتی هوتێل و سینەما و یانە و جێگەی کار دەکات، ماڵ و ئۆفیس و پەنجەرە و بنمیچ و دووکەڵکێش و مێز و ئاودەستخانە و حەمام و زۆری دیکەش خاوێن دەکاتەوە، ئاهەنگ و زەماوەند و تازیەباری و ئەو بەزمانە ساز دەکات و هۆڵ و جێگە بۆ گێڕانی ئەو بەزمانە بە کرێ دەدا، ڕێکلام و بانگەشەی هەموو جۆرە کاڵایەک تەنانەت ئەگەر کاڵاگەلێکی زیانبەخشیش بن بۆ جڤاک و تاکی مرۆڤیش دەکات، بانگەشەی ئایین و دژەئایینیش لەیەک کاتدا دەکات، تەنانەت نووسینی سیڤیش بۆ ئەوانەی وەدووی کاردا دەگەڕێن، ئیدی هەر جۆرە کارێک بێت، ئەوەش دەکات و هەموو ئەوانە و زۆری تریش دەکات.
خزمەتگوزاری بەرهەم نییە، واتە: بەرهەمێکی ماددی نییە، کە بەهایەکی بەکارهێنانی هەبێت. مارکس، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە کار بە تەنیا، تاکە سەرچاوەی سامانی ماددی نییە، هەر شتێک بەهای بەکارهێنانی هەبێت، کار باوکیەتی و زەویش دایکی. ئەو دەیگوت: کار و زەوی (یا سروشت) و نەیدەگوت خزمەتگوزاری، چون ئەو بێ دایکە.

کە دەڤەری نەفڕین لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواوە بۆ بەشێک لە باشووری کوردستان پەسەند کرا، ئیدی هێزە سیاسییەکانی کورد لە 1991دا، لە کەژوکێوان هاتنە خوارێ و شۆڕبوونەوە نێو باژێڕان و بوون بە سەرداری ئەو دەڤەرە. ئەوان دەستیان بەسەر وەڵاتێکدا گرت، کە ڕێژیمی بەعس تەواوی ژێرخانی ئابووری تێکشکاندبوو و وەڵاتێکی بەدگۆڕاوی لێ چێکردبوو. بەعس، بنەما و بنگەی ئابووریی باشووری کوردستانی لە ئابوورییەکی دامەزراو لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوایی خۆبەخێوکەر و بەرهەمهێنەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، کاری دەستیی و بەرهەمهێنانی هەندێ کاڵای وەک پۆشاک و کەوش و کڵاش و کاری دار و تەختە و شیرەمەنی، کارگەی وردەبەرهەمهێنەری کاڵای ناوماڵ و زۆری دیکە، کە سەرچاوەی تەواوی ئەوانە ئاوایی و خاک و ئاو و ئاژەڵ و وەرزێر وکارگەر بوون، گۆڕیبوو بۆ وێرانەیەک، کە تێیدا نە ئاوایی و نەخاک و نەئاو و نەئاژەڵ و نەوەرزێر و نەکارگەری، هێشتبوو، هەمووی سڕیبووە. خاک و ئاوایی، وێران کرابوون و سووتێنرابوون و ڕووخێنرابوون، ئاو، ژاراو کرابوو، ئاژەڵ، لەگەڵ کاولکردنی گونددا، نەمان و ئاژەڵداران، ناچارکرابوون بە فرۆشتنیان و لەبەینبردنیان و وەرزێر و کارگەریی لادێییش، ناچاری بارکردن و ڕاگوێزتن کرابوون بۆ شاران یا بۆ ئۆردووگە زۆرەملێیەکان. حیزبە کوردییەکان، بەسەر ئەو ڕەوشەدا هاتنە سەر کار.

پاش دامەزراندنی پەرلەمان و حوکوومەت، دەسەڵاتە کوردستانییەکە، لەبری تێکدان و سڕینەوەی تەواوی شوێنەواری بەعس و کردە و نەخشە و بەرنامە و ئەنجامی کارەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر جڤاکی کوردستان، بەوەی گوندەکان چێبکەنەوە و کۆمەک بە وەرزێرەکان و لادێییانی پەڕیوەی شاران بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ ئاواییەکانیان و بۆ نێو خانووە قوڕەکانیان، کە خاوێنترین ژینگە بوون و لەبری ڕووخاندنی تەواوی ئۆردووگە زۆرەملێیەکان و لەبری ئەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەنە بنەمای ئابووری وەڵات، ئەوان، ئابوورێیەکی بێ بەرنامە و بێ نەخشە و پاشکۆی هەر چوار دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستانیان هێنایە گۆڕێ. ئابووری خزمەتگوزار(Service economy) وەک لە ئەدەبی بۆرژوازیدا پێی دەگوترێ، ئابووری بەرخۆر نەک ئابووری بەرهەمهێنەریان چێکرد. ئابوورییەکیان پیادەکرد، لە هیچ نەدەچوو و نموونەی لە جیهاندا نەبوو.

زۆرینەی سەران و بەرپرسانی حیزب، ئەوانەی لە چیا، خۆیان بە مامۆستای شۆڕشگێڕی و جەنگاوەری دەزانی و گەلێ جاران لەسەر سۆسیالیزم و مارکسیزم و ماویزم و زۆرێکی دیکە لەو ئیزمانە، ڕایان لە کەس نەبوو و خۆیان بە ڕاستینەی ئەو هەموو ئیزمانە دەزانی، لە ساڵانێکی کەمدا، لەگەڵ چینە بۆرژوازییە هەلپەرستەکەی نێو شار، دەستیان تێکەڵ کرد و دەستیان بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت و بۆ خۆیان، دەمامک و جلکی شۆڕش و جەنگ و مامۆستایی و سۆسیالیستییان تووڕدا و گیرفانەکانیان بەرین بەرین کردەوە و سەرتاپای لەش و جلکیان بوونە شەڵتە و خورج و هۆڕ و هەرچی کونوقوژبنێکیان لەو دنیایە شک دەبرد، پڕیانکرد لە پارەوپووڵ. پارەیان بە ژوور و هۆدەی پڕاوپڕ، بە لۆری، بە میلیۆن و بیلیۆن دۆلار دەژمارد و شانازییان بە بوونی میلیۆنێر و بیلیۆنێرانی کوردستانەوە دەکرد. زەوییان داگیرکرد. خانوو و تەلار و کۆشک و باخیان، دروستکرد. کۆمپانیایان بە میلیۆنان دۆلار پێکەوەنا. بۆ سڕینەوەی بازاڕی کۆنی جاران و فرۆشگەی گچکە و کاری دەستی و خۆماڵی، ئەمان مۆڵی زل و زەلام، نەک دانەیەک دەیانیان قوتکردەوە، کە یەک شتی خۆماڵیی تێدا نییە و سەرلەبەری هاوردەیە. ژن و زارۆکیان، هەموو کرانە مووچەخۆر و هەموو تایبەتمەندییەکیان بۆ دابین کران. سەدان پاسەوانیان وەدووی خۆ خست.

ئەوان بۆ خۆیان بەکون فەیەکوون”کن فیکون”ێک، لە چەکدار و شۆڕشگێڕ و جەنگاوەر و سۆسیالیستەوە، کە لەڕاستیدا هیچ یەکێک لەوانە نەبوون و تەنێ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بوون بە سەرمایەدار و هاوپشکی سەرمایەدار. بەو جۆرە چینێکی مشەخۆری مرۆڤخۆری پێکهاتوو لە: سەران و بەرپرسی حیزب و دەسەڵاتداران+ چینی نێوەندی بۆرژوازی، چینێکی نوێیان پێکهێنا، کە ڕەنگە ئەگەر ڕەوانشاد کارڵ مارکس، ئێستا لە ژیاندا بووایە، نەیتوانیایە ناوێکی لێ بنێ. ئەم چینە نوێیە بوو بە خودانی ئەو ئابوورییە مشەخۆرە، کە تا هەنووکە شیرازەی جڤاکی کوردستانی شڕ کردووە و هەڵوەشاندووەتەوە و هەرچی ڕایەڵە و پێوەندە کۆمەڵاتەییەکان و یادەوەرییە مێژووییەکان و فەرهەنگە ساکار و باو و ڕەسەنە گوندییەکانە، هەمووی لوولداوە و بەرەبەرە دەیانخاتە چاڵی فەرامۆشییەوە. هاتنەگۆڕێ و سەرهەڵدانی وەها چینێکی نوێ، لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتەیە، لە هیچ هەژمار و لێکدانەوەیەکدا بە بیری هیچ کەسێکدا نەدەهات.

ئەو چینە نوێیە تێکەڵەیەی دەسەڵاتداران و بۆرژوازییە ناوەندەکان، بە هەردوویانەوە، کە ئیدی دەشێ وەک سەرمایەدار سەیر بکرێن، هەموو ئاوەز و چالاکی و زانیاری خۆیان خستە بواری خزمەتگوزارییەوە نەک بەرهەمهێنان. وەک ئاشکراشە، هەموو زیادەکردنێک لە بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاریدا، زیادەکردنیشە بۆ تێچوونی ئەو کاڵانەی بەرهەمدەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕ. بە تێچوونی سامانێک بۆ تەنێ خزمەتگوزارییەک، کە چ پێوەندێکی بە بەهای بەکارهێنانەوە نییە، باری سەرشانی کاڵاکان و کڕیار و بەکارهێنەرانیان گران دەکات. کاتێک کەسێک کاڵایەک لە بازاڕ دەکڕێت، دەبێ تێچووی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی، وەک: پێچانەوە، پڕکردن، گوازتنەوە، پارەی باج و بانک و گومرک و گەنجینە، هەڵگرتن و دابەشکردن، کە ئەو کاڵایە تەواوی ئەوانەی لەنێو خۆدا هەڵگرتووە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆی هەبێت، دەبێ بیدات. ئەمە ئەو سیستمە ئابوورییە نوێیەیە، کە ئابووری بۆرژوازی، مژدەدەرێتی و هەردەمە بە ناوێکەوە، دەمێک وەک ئابووری بازاڕ و دەمیک وەک ئابووری زانیاری و دەمێکیش وەک ئابووری ئازاد. دەردەکەوێ.

دەسەڵات و بۆرژوازییانی کوردستان(واتە: چینە مشەخۆرە نوێیەکە)، وەها ئابوورییەکیان بۆ کوردستان کردە دیاری. ئەوان، مۆبایل، کاڵای ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمۆبیل، جلکی مۆدەی ئەوروپایی، خۆراکی لە قوتووکراوی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە، هوتێل، گازینۆ، قومارخانە، مەیخانە، مەساجخانە، نۆکەر و کارگەری بیانی، ژنی فلیپپینی و ئەسیووپیایی و تایلاندی، هەزاران باڵەخانە و تەلارخانەی بیست و سی نهۆمی، سەدان کەناڵی تەلیڤزیۆنی بێ کەڵک و وێرانکەری جڤاک، سەدان دەسگە و پەخشخانەی پەخش و بڵاوکردنەوەی بێبایەخ، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها، کە تەنێ چینە دەوڵەمەندە باڵاکە سوودمەندە لێی، خوێندنگە و زانستگەی تایبەت، کە بۆ منداڵە تەنبەڵ و تێڕە و تەوەزەلەکانی خێزانە دەوڵەمەندەکانە، هەزاران چێشتخانە، نێرگەلەخانە و بازاڕی جگەرەی قاچاخ، کە نموونەیان لە هیچ وەڵاتێکی جیهاندا، بێجگە لە کوردستان نابینییەوە و سەدان شتی بێبایەخ و ناپێویستی دیکەیان بۆ خەڵکی کوردستان، کردنە دیاری، کە تەنێ سوودیان بۆ گیرفانی خۆیان و زیانیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە و هەیە.
ئەو ئابووریی بازاڕە، ئازادە، زانیارییە، کە ئەو چینە نوێیە کردیانە پۆشاکی جڤاکی کوردستان، بەو هەموو ڕەنگ و ناوە جوداکانییەوە، لەسەر یەک پایە و بنگە و ڕێباز ڕاوەستاوە، ئەویش هێشتنەوەی پتر لە نیوەی هێزی کارە، هێزی کارگەر و جووتیار و وەرزێر، هێزی بەرهەمهێنەر، بە بێکاری. چون ئەو هێزی کارە پڕتوانست و پڕهێز و وزە و هیوا و ئامانجە، لە لایەن چینە باڵادەستەکەوە(بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات و چینە ناوەندەکەوە) بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنران، ئەوان کران بە، پاسەوان، شوان، گاوان، باخەوان، قەلەوان، چایدانەر، چێشتلێنەر، سەگەوان، ئاژۆر، دەرگەوان، پۆلیس و دەیان کاری بێکەڵکی بێنرخی دیکە، لە ماڵ و جێی کار و شوێنی ڕابواردنی ئەو چینە باڵادەستە. ئەوەی، چینە باڵادەستەکە، بەناوی کارەوە، بۆ هێزی کار دەیژمێرێت، تەنێ پاراستنی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیانە و کەڵەکەکردنی پتری سەرمایەیە و بێجگە لە بێکاری بۆ چینە هەژارەکەش، هیچی دیکە نییە. ئەو هێزی کارە، سەرگەرمی شتێک دەکرێ، کە بێ بەرهەم و وزەفەوتێن و سستکردن و مراندنی توانست و ئومێدەکانە. بێکارییەکە، بەرهەمهێنەری هیچ بەهایەک نییە، کە بشێ بگۆڕدرێتەوە و سوودێک بە جڤاکی کوردستان و مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوەش ڕێک پەکخستن و زیانپێگەیاندنی بەرهەمهێنەرە ڕاستینەکانە (کارگەران و وەرزێران).

گرنگیدان بە خزمەتگوزاری و بانگەشەی ئەوەی، کە مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستی بە خوێندن و بارهێنان و فەرهەنگ و مۆسیقا و وەرزش و مۆبایل و تەلیڤزیۆن و ئۆتۆمبیل و خۆراکی قوتوو و مۆدەی پۆشاکی ئەوروپایی و نێرگەلە و شامپۆ و دارودەرمانی ڕوومەت و پرچ و ئارایشتگە و دیکۆر و نەخش و نیگاری بیانی نەگونجاو و مۆبیلە و…سەدان پۆخڵەواتی دیکەی جڤاکی بۆرژوازی، هێندەی پێویستی بە کەوش وکراس و جلک و نان و ئاو و گەرمی و ساردی و ئەو شتانە نییە، تێزێکە چینە باڵا بۆرژوازییە سەرمایەدارە حیزبییەکەی کوردستان وەک هەموو چینە ناوەندەکان و سەرمایەداران و سۆسیالدیموکراتەکان لە جیهاندا، پەرەی پێدەدەن و پشتی دەگرن.
چینی نێوەند، چینێکی مشەخۆرە و مارکس بە چینی بۆرجوازی بچووک یا وردەبۆرژوا(Petty Bourgeoisie)ناوی دەبات. ئەو چینە، هەرگیز ناتوانێت وەک هێزیکی بەرهەمهێنەر لە جڤاکە نوێیەکاندا، پێگەی سەروەری وەدەستبهێنێت و بۆ وەها ئەرکێک سست و بێ وزەیە. چینی نێوەند، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئامرازێکی بەرهەمهێنان نییە، کە بتوانێت هەموو پێویستییە بنەڕەتییەکانی جڤاک دابین بکات، بۆیە ناتوانێت سیستمێکی جڤاکیی سەقامگیر و چەسپاو دابمەزرێنێت. ئەم چینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە خودانی زانیارییە، بۆیە ئاڵای”ئابووری زانیاری” هەڵدەکات، لێ زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە. زانیاری، لە کۆمەكکردن بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زیاتر، تێناپەڕێت، مرۆڤ هەر لەمێژە بەبێ زانیاری نەیتوانیوە ساکارترین ئامێرەکانی بەرهەمهێنان بەکاربهێنێت. دیارە ئەو زانیارییانەی پێویست بوونە بۆ دروستکردنی چەرخ لەو زانیارییانەی، کە ئەمڕۆ پێویستن بۆ دروستکردنی مووشەک یا بۆمبی ئەتۆم، پێشکەوتووتر و باڵاتر بوونە. زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە و تایبەتیش نییە بە دابەشکردنی کار، تا چینێکی جڤاکی پسپۆر لە بەرهەمهێنانی زانیاریدا چێ ببێت. پێوەندی دیالیکتیکی کارگەر بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، ئەو پزدانەیە، کە هەموو زانیارییە جیاوازەکانی تێدا دەئافرێن، چون چینی ناوەند بێجگە لە خزمەتگوزاری هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت. ئەو چینە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نییە تا بتوانێت سامانی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت.
بەم ئابوورییە خزمەتگوزارییە مشەخۆرە، وابەستەیەی داهاتی نەفت و هاوردەی هەموو شتێک، لە تەماتە و هێلکە و ساوەر و هەزاران پێویستی دیکەوە لە هەندەرانەوە، بەم ئابوورییە، کە تەلار و باڵەخانە بۆ حەلحەلەی ئاسمان بەرزدەکاتەوە، بەم ئابوورییە، کە شانازی بە زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمۆبیل و کۆمپیووتەر و مۆبایلەوە دەکات، بەم ئابوورییەوە، کە هەژار هەژارتر دەکات و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر و بە…بە…بە و هەزاران بەی دیکە، هەرگیز کوردستان ناگاتە جێگەیەک و تا دێت پتر دادەتەپێ. چارەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵییە وەک بنگە و بیناکردنی پێشەسازییەکە لەسەر ئەو بنگەیە. ئابوورییەک دەوڵەت، دەوڵەتی خەڵک و مرۆڤە ئاسایی و هەژارەکانی کوردستان، بەڕێوەی ببات. ئابوورییەک هێزی کار تێیدا نۆرەی خۆی ببینێ و بەرهەمهێنەر و وزەبەخش بێت و دواڕۆژ دروست بکات. ئابوورییەک ئەگەر سەدلەسەدیش سۆسیالیستی نەبێت، ڕێژە زۆرەکەی سۆسیالیستی بێت. ئابوورییەک دەستی بەرپرس و حیزب و دەسەڵاتدار و ئەو چینە ناوەندە، کورت بکاتەوە و لە دواییدا بیبڕێ، ئابوورییەک بەها بۆ مرۆڤەکانی خوارێی پلەکانی جڤاک بگێڕێتەوە، نەک هێندەی دی لە قوڕیان بگرێ.
قانیعی شاعیر(1898 – 1965)، لە شیعرێکیدا بە ناوی”پێنج خشتەکی لەسەر شیعری موفتی پێنجوێنی” دەڵێ:
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لە شیعرێکی دیکەیشیدا بە ناوی “بۆ چییە؟” دەڵێ:
تا کڵاشی بەنچنی ژێرمەحکەمی خۆم دەسبدا
قۆندەرەی تەسک و تروسک و لار و خوارم بۆچییە؟
تا سەبیلی زەرد و سووری فیتکەدووری خۆم ببێ
فڵتەفڵتی نێرگەلە و تۆپی سیغارم بۆچییە؟
شەربەتی هەرمێ لەت و دۆشاوی شۆکەم دەسکەوێ
ئارەق و تریاکی هەروەک ژەهرەمارم بۆچییە؟
نەی کە شومشاڵە عەزیزم، سەد گرامافۆن ئەژی
سۆزی شومشاڵم ببێ من عوود و تارم بۆچییە؟
ڕانک و چۆخەم دەسکەوێ، چیمە لە فاسۆن و حەریر؟
جاوی خۆماڵیم ببێ چیتی توجارم بۆچییە؟
(بانی خێڵان) ئاوەدان بێ بۆ قەڵەم بۆ کوردەکان
تازە ئیتر ئووچی پیسی بەدنیگارم بۆچییە؟
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن ئێڵاخی خۆم
ئاوی سوێر و دڕکەزەردەی گەرمەسارم بۆچییە؟
حەفتا ساڵێک پێش ئەمڕۆ، قانیعی شاعیر، ئەوەی گوتووە، ئەو قسانە بۆ ئێستاش کۆن نین و کاتیان بەسەر نەچووە. ئێستاش کۆمەڵی کوردستان پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ خۆ، بە دۆزینەوەی خۆ، بە لەسەرپێی خۆ ڕاوەستان. کۆمەل و نەتەوە و گەل و خەڵک و وەڵاتی پاشکۆ و تەوەزەل و بێبەرهەم و خۆهەڵواس و چاولەدەست و چاولەدووی کۆمەک و خێری ئەم و ئەو و بەرخۆر، هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئامانج و هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە.

22 – 01 – 2019




ژن ، له‌ قوربانییه‌وه‌ بۆ مرۆڤێکی بوێر، له‌ رۆمانی ( رۆژ لێره‌وه‌ هه‌ڵدێ )1 …. سارا فه‌قێ خدر

“رۆمان به‌وه‌ گه‌شه‌ ناکات ،که‌ تێکستێک بهێنین و عاشقانه‌ به‌باڵایدا هه‌ڵبڵێین ، یان رۆژنامه‌نووسانه‌ هه‌واڵ وراپۆرت له‌باره‌یه‌وه‌ بڵاوبکه‌ینه‌وه‌ ، یان به‌ پشبه‌ستن به‌هه‌ستی خۆمان رووکه‌شانه‌ لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین . رۆمان به‌ کۆمه‌گی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ و ره‌خنه‌ی سه‌نگین ،به‌ره‌و پێش ده‌چێ “2
” رۆژ لێره‌وه‌ هه‌ڵدێ ” ناونیشانی نوێترین رۆمانی خاتو رووناک شوانییه‌ ، وه‌ک خوێنه‌رێک ، ویستم چه‌ند سه‌رنجێکی له‌سه‌ر بنووسم . خۆزگه‌ ناونیشانه‌که‌ی ( خۆر لێره‌وه‌ هه‌ڵدێ ) بایه‌ . چونکه‌ خۆر به‌رامبه‌ر (شمس )ی عه‌ره‌بییه‌ و رۆژ به‌رامبه‌ر (یوم) واته‌ رۆژه‌کانی هه‌فته‌ یه‌ .
ئه‌م رۆمانه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و رۆمانانه‌ی که‌پێشتر له لایه‌ن ژن یان پیاوانه‌وه‌ نوسراون ، ژن ته‌نیا وه‌ک قوربانی وێنا ناکا ، به‌ڵکو له‌ کۆتاییدا به‌ هه‌وڵدانی خۆی شکۆ و ئیراده‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ . پێمان ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بیه‌وێ ده‌توانێ ده‌روازه‌ی ئازادی خۆی و ئه‌وانی دیکه‌ش بدۆزێته‌وه‌ .ئاماژه‌یه‌کیشه‌ بۆ ئه‌و ئاسته‌ی ژنی کورد له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌کوردستان و جیهاندا پێیگه‌یشتووه‌ .

پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ کچێکه‌ به‌ناوی “سه‌راب ” سه‌ره‌تا وه‌ک هه‌ر ژنێکی ئه‌م وڵاته‌ ، قوربانی ده‌ستی کلتووری باوی کۆمه‌ ڵگه‌ یه‌ و ژیانیکی سه‌خت و کۆیلانه‌ ده‌ژی . وه‌ک که‌رسته‌یه‌کی بازرگانییی بۆ خزمه‌ت و تێرکردنی ئاره‌زووه‌کان ته‌ماشاده‌کرێ .هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌مێک ده‌یداته‌ ده‌ست خه‌میکی دیکه‌ و چه‌ندجارێک کۆستی ده‌که‌وێ وکه‌سانی نزیکی له‌ ته‌مه‌نێکی زوودا له‌ده‌ستده‌دا . قۆناغه‌کانی ژیانی له‌ وێستگه‌ی جیاجیا دا به‌سه‌رده‌با . منداڵیی له‌گه‌ڕه‌کی بابولشه‌یخی به‌غدا ، هه‌رزه‌کاریی له‌ خانوویه‌کی له‌شفرۆشی له‌ سلێمانی ، له‌ هه‌ولێر به‌ بازرگانێک ده‌فرۆشرێ . ودواجار له‌ که‌رکوک خۆی ده‌بینێته‌وه‌ . ناوه‌که‌ی پڕ به‌پێستی ژیانییه‌تی . له‌ماڵه‌که‌ی که‌رکوک به‌هۆی روداوێکه‌وه‌ هه‌لی بۆ ده‌ڕه‌خسێ و ده‌توانێ رابکا و رۆژنامه‌ نووسێکیش که‌له‌وێ به‌ندکراوه‌ ، ئازادبکا .ماوه‌یه‌ک له‌ ماڵی پووری رۆژنامه‌ نوسه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ ژنێکی ته‌نیایه‌ وگرنگیی زۆر به‌ سه‌راب ده‌دا . له‌وێ هه‌ست به‌مرۆڤبوونی خۆی ده‌کاو ناوه‌که‌شی ده‌گۆرێ به‌ ( ئه‌وین ) . “له‌گه‌ڵ هه‌مو جوڵه‌یه‌کی میمکه‌ ئاهوودا دڵی ده‌بزوا ، هه‌ستی ده‌کرد مرۆڤێکی ئاساییه‌ وله‌ ماڵێکی ئاساییدایه‌ ، ئه‌و ماڵه‌ی خه‌ونی پێوه‌ده‌بینی و ته‌مه‌نێک بوو لێی ونببوو .”3
هه‌ر له‌و ماڵه‌وه‌ کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێکی دیکه‌ ده‌ناسێ که‌ له‌ رێخراوێکدا کارده‌که‌ن وهاورییه‌کی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ .به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ به‌رچاوی رۆشنتر ده‌بێته‌وه‌ . پێشتریش سه‌رکه‌شی رۆژنامه‌نووس کاریگه‌ری له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی داناوه‌ ، بۆیه‌ رێکخراوه‌که‌ تینوێتی ئه‌و ناشکێنێ رۆژێک به‌ته‌نیا رێگای ده‌ره‌وی شار ده‌گرێته‌ به‌ر وده‌چێته شاخ و په‌یوه‌ندی به‌ کچانی خۆره‌وه‌ ده‌کا .

چیرۆکه‌که‌ ته‌نیا گێڕه‌ره‌وه‌یه‌کی هه‌یه‌ ، که‌ به‌ شێوه‌ی که‌سی سێیه‌م ده‌دوێ . له‌ ده‌ستپێکی رۆمانه‌که‌دا ، شوێن ژوورێکه‌ له‌ قه‌دپاڵی چیایه‌کدا ، پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ به‌هۆی گۆرانییه‌کی ( تارا جاف ) ه‌ وه‌ ، خه‌یاڵی ده‌چێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می منداڵیی . ئیدی بێ پسانه‌وه‌ ، رووداوه‌کان به‌دوای یه‌کدا دێن و له‌ کۆتایی ده‌چینه‌وه‌ هه‌مان شوێن .له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به‌ بێزاریی ناکه‌ی و حه‌زده‌که‌ی به‌ دوای ژیانی پاڵه‌وانه‌که‌دا بڕۆی .نوسه‌ر که‌متر خه‌یاڵی به‌کارهێناوه‌و واقیعیانه‌ و بێ ئاڵۆزی به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌ .
خاڵێکی دیکه‌ که‌ده‌مه‌وێ باسی بکه‌م ، زمانی نوسینی رۆمانه‌که‌یه‌ . نوسه‌ر به‌سه‌ر زماندا زاڵه‌ و له‌ وشه‌ی کوردیی په‌تیی په‌کیناکه‌وێ . به‌ڵام له‌ هه‌ندێ شوێندا له‌زمانی ستاندارد دوور ده‌که‌وێته‌وه‌ و زاراوه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌ک به‌کاردێنێ . له‌و کاته‌دا که‌ رووداوه‌کان دێنه‌وه‌ که‌رکوک ، زمان پاراوتره‌ له‌ چاو به‌شه‌کانی دیکه‌ .
راناوی لکاوی (ن) ی کۆ، له‌هه‌ندێک شوێنی رۆمانه‌که‌ به‌ زیاده‌ به‌کارهاتووه‌ . بۆ نموونه‌؛
* ” هه‌واڵی رووداوی کۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌که‌ی باب ئه‌لشێخ ، سه‌ردێڕی هه‌واڵی تیڤی ورادیۆکان ، رووپه‌ڕی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی پڕکردن “4
ده‌بوو بنوسرێ ( پڕکرد ) چونکه‌ بکه‌ر (هه‌واڵ یان روداو) تاکه‌ . هه‌واڵی یه‌که‌میش زیاده ، ‌ده‌کرا به‌م شێوه‌یه‌ بایه‌ ؛
(روداوی کۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌که‌ی بابولشێخ ، سه‌ردێڕی هه‌واڵی تیڤی ورادیۆکان و رووپه‌ڕی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی پڕکرد ) .

* ” ژنێکی باریکه‌له‌ی به‌ژن مامناوه‌ندی مایکرۆفۆنێکی به‌ده‌سته‌وه‌بوو و ده‌دوا ، ئه‌وانی تریش جارجارێ چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دان .”5
ده‌بوو بنوسرێ ؛ چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دا . چونکه‌ ژنه‌که‌ تا که‌ و چه‌پڵه‌کان بۆ ئه‌و لێدراون .
له‌کۆتاییدا ده‌ستخۆشی زۆرم بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ خاتو رووناک شوانیی ، به‌ ئومێدی به‌رده‌وامیی و به‌رهه‌می دیکه‌ بۆ خزمه‌تی ئه‌ده‌بی کوردی و دۆزی ژنان و ئازادی تاک .

سارا فه‌قێ خدر
کانوونی دووه‌می2019
——————————————

سه‌رچاوه‌ کان :-

– رۆژ لێره‌وه‌ هه‌ڵدێ – رۆمان – نووسینی رووناک شوانی – چاپی یه‌که‌م 2018 – چاپخانه‌ی ئه‌ندێشه‌
2 – ( رۆمان و ژیننامه‌ ) – توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی – نوسینی حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن – چاپی یه‌که‌م 2018 – ناوه‌ندی ئاوێربۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ – لا 46
3- رۆژ لێره‌وه‌ هه‌ڵدێ – لا 123
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌ – لا 65
5- هه‌مان سه‌رچاوه‌ لا 93




مانادێراس ….. چیرۆک …نووسینی:موئەیەد مەحمود (کاردۆ)

ئێوارەیەکی درەنگ بوو، دونیا کش و مات.ژنان خەریکی ئامادە کردنی سفرەی ئیوارە بوون،پیاوانیش بەدیار تیڤییەکانەوە تەماشای ئەو دراما و پڕۆگرامانەیان دەکرد کە کەناڵە زۆر و زەبەندەکانی سەتەڵایت پەخشی دەکردن.ڕۆژێکی ئاسایی بوو، جگە لە درۆی نێو هەواڵەکان و گێڕانەوەی پڕوپاگەندەکان و دەرچوونی ئاخ و حەسرەتەکان لە سینگی گەلێکی غەزەب لێ گیراو ،هیچی تری تیا نەبوو.ئەو ئێوارەیە کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە شتێک چاوەڕوانی دەیان ساڵیان بۆ تەکاندانێک بەو وەزعە نالەبارەی کە تێی کەوتوون بهەژێنیت.لە پڕ دەنگێکی بەرز کە قەت لە مێژوودا دەنگی وا نەبیستراوە ،گوێی تاک بە تاکی خەڵکی عێراقی لەراندەوە.دەنگێک شووشەی بە هیچ پەنجەرەیەکەوە نەهێشت.خانوویەکی زۆر درزی تێکەوت و هەندێکیشیان داتەپین.ترسێک کە بە ترسی پێش مردن ئەچوو لە دڵی تاک بە تاکی ئەو ووڵاتە نیشت.دوعا و پاڕانەوە وەک باران ئاسمانی گرتەوەو مەلاکانیش کە خۆیان بۆ بانگی مەغریب ئامادە کردبوو لە مایکریفۆنەکانەوە بە ناوی خەڵکێکی ڕەش و ڕووت و بەد بەخت و بێچارەوە داوای شەفاعەتیان دەکرد.کەرەکان زۆرترین چاویان لەسەر بوو،خەڵکەکە چاوەڕوانی کەری دەجالیان دەکرد،چونکە مەلاکان بە جۆرێک لە خوا دەپاڕانەوە کە ئەمە ئاخری زەمان بێت.لە تیڤییەکانەوە بانگەواز بۆ ئەوانە دەکرا کە کەری دەجال ئەبینن بە زووترین کات شوێنەکەی دەست نیشان بکەن.خەڵکێکی زۆریش چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی بوون.نەجەف و کەربەلا کەسێکی تریان نە دەگرت.بەشێکی زۆریان بە پێیان و زۆریشیان بە پێی پەتی خۆیان گەیانبووە ئەوێ،بێ گومان خەڵکێکیش بە پڕادۆ و ئەڤەڵۆن.

ئەو بۆچوونە پووکایەوە.بۆمبی ئەتۆمییە،ئەمە ڕای زاڵ بوو پاش پووکانەوەی ئەگەری ئاخر زەمان.هەندێک دەیان ووت ئەمریکایە و لە وەزعەکە توڕەیەو تۆڵەی ئەو سەربازانە ئەکاتەوە کە لە هەردوو شەڕی کەنداو و شەڕەکانی تر لە دەستی داون و ئەو پارانەش کە لە عێراقدا خەرجی کردووە.هەندێک دەیان ووت ڕووسیایە و کەمیش نەبوون ئەوانەی کە پێیان وابوو بەریتانیایە.بۆ وەرگرتنی زانیاری هەموو بە دیار کەناڵە بیانییەکانی هەواڵ دانیشتن و چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە گرێی ئەم ڕووداوەیان بۆ بکەنەوە.`

ساتە وەختی تەقینەوەکە :-
لە بیابانەکانی عێراقدا دەعبایەکی بێ شومار دەرکەوتن ،ئەمەنە زل و زەبەلاح بوون دەیناسۆڕیان دەکرد بە پاروویەک .ئەم دەعبایانە تواناییەکی لە ڕادە بەدەریان هەبوو ،هەستەکانیان هەزاران جار لە هەستی مرۆڤ بەهێزتر بوو.لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە بۆنی شتیان دەکرد و چاویشیان بە قەد ئەوە حوکمی دەکرد.ئەمانە لە یەک کاتدا توانای بۆمباران کردنی چەندین شوێنیان هەبوو.دیقەتی پێکانی ئامانجەکان لای ئەوان وەک هیچ چەکێکی ئەم سەردەمە نەبوو.ئەوان هەڵەیان نەدەکرد،چیان بویستایە لە چەند ساتێکدا دەیان کردە ئامانج و هەپروون بە هەپروونیان دەکرد.تا بڵێی زیرەک و بە ئاگا بوون گوێیان لە دەنگی پێی مێروولەش دەبوو.ئەوان نەدەخەوتن هەمیشە چاوکراوە و بەخەبەر بوون و هیچیشیان نەدەخوارد ،تێکەڵەیەک بوون لە ڕۆبۆت و بوونەوەر.
لە نێو ئاپوورای ئەو دەعبایانەوە بوونەوەرێکی کەڵەگەت دەرکەوت،بەژن و باڵای سێ بەقەد بەژن و باڵای کەڵەگەترین مرۆڤ دەبوو.،چاوەکانی دەبریقانەوە و لەپی دەستیشی بە قەد سەرە بێڵێک دەبوو.ڕیشێکی پیاوانە دەم و چاوی شاردبۆوە و قژێکی ژنانەش بەسەر و شانیدا هاتبووە خوار، بە جۆرێک کەس نەیدەزانی ژنە یان پیاو.کە ئەو دەرکەوت دەعباکان هەموو چاویان تێبڕی و چاوەڕوانی فەرمان بوون.دەستی ڕاستی هەڵبڕی و هێنایە خوارەوە.دەعباکان هەموو لەسەر ئەژنۆ دانیشتن.بە دەنگێکی گڕی ئەفسووناوی کەوتە قسە کردن بۆ دەعباکان.
( بیرتان نەچێت ئێمە بۆچی لێرەین،کارێکم ناوێت پێچەوانەی ئەو ئامانجە بێت کە بۆی هاتووین.کەس بەبێ پرسی من خاڵی سەر باڵی پەپوولەیەکیش ناڕوشێنیت.کەمێکی تر بەرەو بەغا بەڕێ دەکەوین،بەشێکتان لەگەڵ من دێن و ئەوانی تریش بە شار و شارۆچکە و لادێکاندا بڵاو دەبنەوە.ئاگادار بن ئەمەنە نەرم بڕۆن بەڕێوە زیان بە زەمینی بەر پێتان نەگەیەنن،خۆتان لە خانوو و باڵەخانە بەرزەکان بپارێزن.بەدەم کەسەوە پی مەکەنن و مۆڕەش لە کەس مەکەن.کەس تاوانبار نییە تا من بڕیاری لەسەر نەدەم.ئێستاش هەریەکە و بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆی بچێت.
هەموویان هەستانە سەر پێ و هەر کۆمەڵەو بەلایەکدا ڕۆی هەندێکیشیان لەگەڵ بوونەوەرە کەڵەگەتەکە بەرەو بەغا بەڕێ کەوتن.

بەغا/مەیدانی ئازادی
بوونەوەرە کەڵەگەتەکە وەستاوە دەعباکان چوار دەوریان گرتووە.کەس دیار نییە.خەڵکی بەغا و بگرە خەڵکی شارەکانی تریش لە ماڵ خۆیان حەشار داوە. ترسێکی گەورە دای گرتوون و هەزار و یەک خەیاڵ و لێکدانەوە و بۆچوون مێشکی بەگیر هێناون.کێن ئەمانە ،بۆ چی و لە کوێوە هاتوون؟ بۆچوونێک کەبەسەر هەموو بۆچوونەکانی تر خۆی زاڵ کردبوو ئەوە بوو کە ئەمانە لە ئەستێرەیەکی ترەوە بۆ داگیرکردن و تاڵان کردنی زەوی هاتبن.هەندێک دەیان ووت هەموومان دەکوژن،هەبوو دەی ووت هەموومان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەستێرەکەی خۆیان،هەشبوو دەی ووت کەشفێکی زەوی دەکەن و لێی دەکۆڵنەوە و هەرچیان پێویست بێت دەیبەن و دەڕۆن،بەڵام ئەوەی کە لە هەموو ماڵێک میوان بوو ،ترسێکی بێ سنوور، بەڵکو تۆقین بوو.
دڵەراوکێیەک بە خەڵکەوە دیار بوو کەس نانی بۆ نەدەخورا.
بوونەوەرە کەڵەگەتەکە دەنگێکی بەرزی ئەفسوناوی هەبوو ،گەر بیویستایە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دەنگی دەبیسترا و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێش گوێیان لێی دەبوو..ئەو دەیزانی هەمووان دەترسن و دەشی زانی کەس بۆ بینی نایەت ،بۆیە دەستی کرد بە قسە کردن.
من ناوم مانادێراسە، ئێمە لە هەسارەی ڤاناتۆنیسەوە هاتووین.هەزاران ساڵە چاودێری زەوی و چەند هەسارەیەکی تر دەکەین کە ژیانی تیایە،بەڵام قەت نەمان ویستووە تێکەڵ بە کار و بار و ژیانی هیچێک لەو هەسارانە بین،چونکە هیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ئێمە و ئەواندا نییە.ئێمە زیرەکترین بوونەوەری گەردوونین ،تواناییەکانمان بە بەراورد بە تواناییەکانی ئێوە ملیۆنەها جار زیاترە.ئەزانم هەمووتان دەتانەوێ بزانن ئێمە بۆچی هاتووین و نیازمان چییە.بۆیە باش گوێ بگرن.

هەسارەکەی ئێمە پڕە لە بوونەوەری زیرەک و لێهاتوو،ساڵانە پێشبڕکێیەک بۆ دەستنیشان کردنی زیرەکترین و بەتواناترین بوونەوەر بەڕێوە دەچێت. بۆ ماوەی سەد ساڵ من بە پلەی یەکەم دەردەچووم .ئەمساڵ بوونەوەرێکی تر ململانێیەکی سەرسەختانەی لەگەڵا کردم ،ئەو ناوی ماناڤۆریسە .من و ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ بە چەندین شێوە تاقی کراینەوە.لە هەموویاندا دەرچووین،هەزارەها پرسیارمان ئاڕاستە کرا وەڵامی هەموو پرسیارەکانمان بە دروستی دایەوە..هیچ ڕێگایەک نەما بیگرنە بەر بۆ تاقی کردنەوەمان، بەڵام هیچمان بەسەر ئەوی تردا سەر نەکەوت.ئەبوایە کەسێکمان وەک براوە دەست نیشان بکەن..بۆ یەکلا کردنەوەی ئەم کێشەیە پەنایان بردە بەر ئێراڤاراس ،ئەو کاروباری ئەستێرەکەمان بەڕێوە دەبات،ئەوەی کە` ئێوە پێی دەڵێن سەرۆکی حوکمەت یان دەوڵەت .ئەو پێشنیارێکی کرد کە بریتی بوو لە ناردنی ماناڤۆریس بۆ ناوچەیەک لە هەسارەی تۆکانۆسار و منیش بۆ عێراق.ئێراڤاراس پێی ووتم،لەسەر زەوی وڵاتێک هەیە بە ناوی عێراق ،پڕیەتی لە شتی سەیر و سەمەر،ئەوان حکومەتیان هەیەو بڕیاریان نییە،پەرلەمانیان هەیەو یاسایان نییە،نەوتیان هەیە و خەڵکەکەی لە زستاندا سەرمایەتی،بودجەیەکی زەبەلاحیان هەیەو خەڵکەکەی برسییە،ووتی ئەمانەو چەندین کێشەی تر کە مەحاڵە بەخۆیان چارەسەر بکرێت.ووتی تۆ ئەڕۆیت و پێنج ساڵ ماوەت هەیە بۆ بوونیات نانەوەی ئەو ووڵاتە و بنبڕ کردنی کێشەکانیان و دابین کردنی خۆش گوزەرانی بۆ هاوڵاتییەکانی.ماناڤۆریسیش بۆ هەمان مەبەست ئەچیت بۆ ئەو ناوچەیەی هەسارەی تۆکانۆسار کە کێشەکانیان هاوشێوەی کێشەکانی عێراقە.هەر کامێکتان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا توانیتان کارێکی باشتر ئەنجام بدەن ئەو نازناوەکە دەباتەوە.
من بەر لەوەی بێم بۆ ئێرە یەک سەعات لێکۆڵینەوەم لەسەر هەسارەکەتان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی کرد.ئێستا هەموو شتێک دەربارەی ئێوە ئەزانم.

ئەبێ ئەوە بزانن کە لەم ساتە وەختەوە من بڕیار دەری یەکەمم لەم وڵاتە ،کەس بۆی نییە گفتوگۆ لەسەر هیچ بڕیارێکم بکات.سوپایەکم هێناوە نەک هەر ووڵاتەکەتان بەڵکو دەتوانن لە چەند خولەکێکدا تەواوی زەوی بکەن بە خۆڵەمێش.،بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بزانن من دیکتاتۆرم و هاتووم بە پڕاکتیکێکی دکتاتۆرانەوە ئێوە بخەمەوە سەر ئەو سکەیەی کە بەرە و خۆشگوزەرانی و داد پەروەریتان ئەبات.تا بڵێیت میهرەبان دەبم و تا بشڵێیت بێ بەزەیی.میهرەبان لە ڕویی هەموو ئەوانەی کە بڕیار و فەرموودەکانم جێ بە جێ ئەکەن و کار و کردارەکانیان دەخەنە خزمەتی و بێ بەزەیی بەرامبەر ئەوانەی کە تەگەرە دەخەنە بەردەم ئامانجەکانم.
من بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکانتان پلانێکی پێنج ساڵیم داڕشتووە کە بریتییە لە:

یەکەم :
هەرچی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنییە هەڵدەوەشێتەوە.
دووەم:
هەڵوەشاندنەوەی حوکمەت و پەرلەمان و هەموو دام ودەزگاکان.
سێیەم:
هەڵوەشاندنەوەی سوپا و میلیشیا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەموو هێزە چەکدارەکانی تر.
چوارەم:
پێکهێنانی حوکمەتێکی کاتیی لە کەسانێک کە پێشتر هیچ پۆستێکی دەوڵەتی و سیاسییان نەبووە و ئەندامی هیچ حیزب و گرووپێک نەبوونە
پێنجەم:
هەر کەسێک لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ناشەرعی و نا یاسایی هەر بڕە پارەیەکی حوکمەتی خواردووە یان کەوتۆتە لا پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا ڕادەستی حوکمەتە کاتییەکەی بکاتەوە.دڵنیاشتان دەکەینەوە کە هەموو دۆکیومێنتەکانمان لەلایە و هەرکەسێکیش بەدەم ئەم داواکارییەوە نەیەت سزا دەدرێت.
شەشەم:
تا پێنج ساڵی تر هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت،وڵات ئەو حوکمەتە بەڕێوەی دەبات کە ئێمە هەڵی دەبژێرین.
حەوتەم:
پاش تەواو بوونی پێنج ساڵەکە ئێمە عێراق جێ دێڵین و حوکمەت دەست دەکات بە ئامادەکردنی زەمینەکانی هەڵبژاردن و لە پاش هەڵبژاردنیش حیزبی براوە دەتوانێت حوکمەت پێک بێنێت.
هەشتەم:
لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا هەر گروپێک دەتوانێت حیزبی تازە پێک بێنێت لەسەر بنەمای خزمەت کردنی تەواوی خەڵکی عێراق و بەدەر لە هەستی تایەفەگەری و نەتەوەیی.هەموو حیزبێکیش دەبێت پڕۆژەیەکی دە ساڵیی بۆ بەڕێوە بردن و پێشخستنی عێراق و تەواکردنی کارەکانی حوکمەتە کاتییەکە هەبێت و دەتوانێت لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا ئەندام گیری بکات و بەرنامە و پڕۆژە چاکسازییەکانی خۆی بە خەڵک بگەیەنێت
نۆیەم:
لەمڕۆوە دەست دەکەین بە وەرگرتنی سیڤییەکانتان.هەرکەسێک لە خۆی ڕادەبینێت دەتوانێت سیڤی بۆ هەر پۆستێک کە دەیەوێت پێشکەش بکات.هیج مەرجێکمان بۆ خۆ کاندید کردن نییە جگە لە دەست پاکی و دڵسۆزی و نییەت چاکی.سیڤی وەرگرتن لە پاش دوو هەفتە کۆتایی پێ دیت.
ئەمە پووختەی پلانەکەی منە و چاوەڕوانی سیڤییەکانتان دەکەین بۆ پۆستەکانی حوکمەتە کاتییەکە.سوپاس بۆ گوێ گرتنتان.

خەڵکی عێراق کە ئەمەیان بیست دڵنیاییەکیان لەلا دروست بوو و وەڵامی زۆر پرسیاریان وەرگرتەوە و خۆشحاڵ بوون کە ئەوان بۆ مەرامێکی خراپ ڕوویان تێ نەکردوون.
خەڵکێکی زۆر دەستیان کرد بە ئامادە کردنی سیڤییەکانیان.حیزب و ڕێکخراو و سیاسەت مەدارەکانی عێراق دەیان زانی بەرانگار بوونەی مانادێراس خۆ کوژییە ،بۆیە هەر زوو هەمووان حیزبەکانیان هەڵوەشاندەوە . پەیتا پەیتا هێزە چەکدارەکان چەکەکانی خۆیان تەسلیم دەکردەوە تا وای لێهات ماڵەکان خاڵی بوونەوە لە هەموو جۆرە چەکێک.گەندەڵەکانیش بەو سەدان ملیار دۆلارەی کە هەڵیانلووشی بوو خەزێنەی دەوڵەتیان گەرم کردەوە.
ڕۆژی یەکەمی پاش ووتارەکە مانادێراس هەزارەها سیڤی بەدەست گەیشت و تا دوو هەفتەکە کۆتایی هات ژمارەکە گەیشتە سەدان هەزار سیڤی.
مانادێراس کە لە بەهێزترین کۆمپیوتەری ئەم سەردەمە زیرەک تر بوو بە خێراییەکی ڕادەبەدەر مامەڵەی لەگەڵ سییڤییەکان کرد و کەسی شیاوی بۆ حوکمەتە کاتییەکە دەست نیشان کرد.ئەوانەی کە هەڵی بژاردبوون هەموو کەسی سادەو ساکاری نێو کۆمەڵگا بوون .دەیزانی هەڵبژاردنی ئەوان دەبێتە جێی سەرسوڕمانی هاولاتیان بۆیە لە ڕۆژی ئاشکەرا کردنی ناوەکاندا ووتی:
ئەمڕۆ پۆستەکانی حوکمەت دابەش دەکەین، هەروەها پوختەیەکیش لە سیڤی کاندیدکراوەکان دەخەینە بەرچاو.ئەزانم پێتان سەیر ئەبێت کە ئەوانمان بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژاردووە،بۆیە پێم خۆشە پێتان بڵێم کە لای من نییەت و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی دەکەوێتە پێش بڕوانامە و توانایی و لێهاتووییەوە.لە ئەنجامی کار کردندا دەتوانی ئەمانەی دوایی بەدەست بێنیت،بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە.هەروەها ئەوانەی کە پۆستەکان وەردەگرن گەر دوو دڵ بوون لە هەر بڕیارێک کە دەیانەوێ بیدەن،دەتوانن ڕاوێژ بە کەسی لێهاتووی بواری بڕیارەکە بکەن .

مانادێراس زۆر خۆی بە سیڤییەکانەوە خەریک نەکرد.ئەو کە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و نیەت چاکی لە هەر شتێکی تر بۆ گرنگتر بوو چەند سیڤییەکی هەڵبژارد کە خاوەنەکانیان کەسانی سادەو ساکار بوون و هیچ بڕوا نامەیەکیان نەبوو بگرە هەندێکیشیان نەخوێندەوار بوون.بۆ نموونە ئەو پیاوەی کە بۆ سەرۆکایەتی حوکمەت هەڵی بژاردبوو بەشێک لەسیڤییەکەی بەم شێوەیە بوو
(من یانزە مناڵم هەیە.لە پاش لەدایک بوونی مناڵە بچووکەکەمان هاوسەرەکەم بە نەخۆشییەک هەردوو چاوی لەدەستدا..من سەرباری ئەوەی کەدە سەعات لە نانەوا خانەیەک گونکم ئەبڕی ،کە دەهاتمەوە بۆ ماڵ ئەرکە بەجێماوەکانی ماڵەوەشم ڕائەپەڕاند.هەر یانزە مناڵەکەم کۆلیژیان تەواو کردووە.کچ و کوڕێکم دکتۆرن و دوو کوڕو کچێکی ترم ئەندازایار و دوو کچ و کوڕێکیشم مامۆستان و کوڕێکم شانۆکارە و کچێکم ڕۆمان نووسە و کوڕەکەی تریشم پارێزەرە.ژنم بۆ هەموو کوڕەکانم هێناوە و کچەکانیشم هەموو شوویان کردووە.تا توانیبێتم نەم هێشتووە کاتم بە فیڕۆ بڕوات و بەیارمەتی مناڵەکانم خۆم فێری خوێندن و نووسین کردووە.لەو ئابلووقە ئابووریەی کە بەسەر عێراقدا سەپێنرابوو من جۆرێکی تازەم لە ئارد داهێنا کە تێکەڵەیەک بوو لە چەند دانەوێڵەیەکی هەرزان و تەندروست،خەڵکێکی زۆر سوودیان لێ دەبینی.خانوویەکم بە شان و بازووی خۆم و مناڵەکانم درووست کردووە و هەموویانم لەوێدا پێ گەیاندووە.چیرۆک دەنووسم و تا ئێستا دوو کۆمەڵە چیرۆکم لە دوو توێی دوو کتێبدا بڵاو کردۆتەوە و ئێستاش سەرقاڵی لە چاپدانی کتێبی سێیەمم.لە پاش پێگەیاندنی مناڵەکانم سەفەرێکی زۆرم کردووە و بەچاوی فێربوونەوە لە کەلتور و فەرهەنگی گەلانی ئەو وڵاتانە ڕوانیوومە کە سەفەرم بۆ کردوون.مێژووی زۆربەی گەلانم خوێندۆتەوە و لە سەرکەوتن و شکستەکانیانم کۆڵیوەتەوە.من دەزانم هەموو کارێک بە پارە ئەنجام دەدرێت،بەڵام ئەگەر من ببم بە سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان لەسەر ئەوە ڕادێنم کە بە کەمترین پارە باشترین کار ئەنجام بدەن)
سیڤی وەزیری کارەبا کە هی ئافرەتێک بوو کە ژنی ماڵ بوو زۆر لەوە سادەتر بوو. لە بەشێکیدا هاتبوو
(من سێ جار کارەبا گرتوومی وپەنجەیەکم بەو هۆکارەوە قرتاوە.مناڵێکم لە بەفر و سەرما زۆرەکە بەدەم هیتەرێکی کوژاوەوە ڕەق بۆتەوە.هەموو مانگێک سی هەزار لە مەعاشە دووسەد هەزارییەکەم دەدەم بە موەلیدەی گەڕەک.لەو چوار ئەمپێرەش کە لە بەرامبەردا وەری دەگرم دوو ئەمپێری دەدەم بە دراوسێ نەدارەکەمان.قەدری کارەبا لای منە و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی کارەبای بیست وچوار سەعاتی بگەیەنمە هەموو شار وشارۆچکەکان و بگرە لادێکانی عێراقیش)
ئەوەشی کە بۆ وەزیری توجارەت هەڵی بژاردبوو سیڤییەکەی کەمتر لەوانی تر سادە نەبوو
(من عارەبانەیەکم هەیە میوە و سەوزەی لەسەر دەفرۆشم .هەموو بەیانییەک سەعات سێ لە خەو هەڵدەستم وخۆم دەگەیەنمە علوە، تاوەکو بە نرخێکی گونجاو باشترین میوە و سەوزە بەدەست بێنم.من هەمیشە لە پاش یەکسان کردنی هەردوو تای تەرازووەکەوە بە میوەیەک یان چەند چڵە سەوزەیەک لایەکیان قورستر ئەکەم.بە قەرزی کورت خایەن و درێژ خایەن ڕزقەکانم دەفرۆشم .من کە عارەبانەکەم سەرچاوەی بژێوی ژیانمە بە باشی دەیپارێزم .میوە و سەوزە ڕزیو و تەپیوەکان جیا دەکەمەوە و دەیدەم بە باڵندەکان.کە هەست دەکەم شتەکانم دەمێننەوە، یان هەرزان فرۆشیان دەکەم، یانیش بە خۆڕایی دەیدەم بەوانەی کە توانای کڕینیان نییە)
بەم جۆرە مانادێراس پۆستەکانی دابەش کرد وحکومەت دەستی بە کارەکانی کرد.مانادێراس بڕیاری دابوو هیچ دەست تێوەردانێک لە کار و باری حکومەتدا نەکات تەنها ئەو کاتانە نەبێت کەدەست تێوەردانەکە دەبێت بە زەرورەت.

لەبەر ئەوەی عێراق لە هەموو ڕووەکانەوە وێران بوو، هەر کارێک دەکرا جێگای خۆی دەگرت.وەزیرەکان هەرکەسەو لای خۆیەوە ئەوەی بە پێویستیان زانی کردیان.سەرەتا بە هۆی نەشارەزاییەوە دووچاری هەندێک گرفت بوون، بەڵام پاشتر بە یارمەتی خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا کارەکانیان ئاسانتر بۆوە.ووڵاتانی دراوسێ لە سەرەتادا نەیان دەویست هاوکاری بەدیهێنانی ئامانجەکانی مانادێراس بکەن ،ئەویش کە گرەوی تەنها لەسەر عێراق کردبوو بۆی نەبوو دەست لە کاروباری ئەوان وەردات،بەڵام دواتر ووڵاتانی دراوسێ و هەموو ووڵاتەکانی دونیا ملیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان کەچ کرد و کەوتنە بازرگانی کردن و وەبەرهێنان لەعێراق.زۆری نەبرد ووڵات پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.جووتیارەکان هەموو بوون بە خاوەنی تراکتۆر و دەڕاسە و ئۆتۆمۆبیلی پێویست بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان.بەرهەمە کشتوکاڵیەکان ئەمەنە زیادیان کرد ،بەشێکی ڕەوانەی ووڵاتانی دراوسێ دەکرا.کارگەیەکی زۆر دامەزراو خەڵکێکی زۆری لە بێکاری ڕزگار کرد.کارەبا لە هەموو شارو شارۆچکە و لادێکان بیست و چوار سەعات هەبوو، تەنانەت ڕەوەندەکانی بیابانیش کە لەنێو چادرەکاندا دەژیان بەهرەمەند بوون لە کارەبا.هێزی چەکداری بە شێوەیەکی مۆدرن دروست کرایەوە و ئاسایش بەشێوەیەک بەرقەرار بوو دەتتوانی لە نێو کۆڵاندا فەردەیەک زێڕ بکەیت بە تەختی خەوتن.جادە و بانەکان هەموو بە شێوەیەکی سەردەمیانە قیرتاو کرانەوە و خەستەخانەیەکی زۆر درووست کرا کە توانای چارەسەر کردنی نەخۆشییە هەرە قورسەکانیان هەبوو.خوێندنگاکان بوون بە شوێنی پەروەردەیەکی مۆدرن و تەندروست.

عێراق بە شێوەیەک کەوتە خێر و خۆشییەوە خەڵکی ووڵاتانی دونیا دەهاتنە سەر شەقام و داوایان لە مانادێراس دەکرد کە هەرچی بۆ عێراق کردووە بۆ ئەوانیشی بکات،بەڵام ئەو ئامانجەکەی سنووردار بوو، عێراق و بەس.
شان بە شانی دەست بەکاربوونی حکومەت چەند حیزبێکی سیاسی پێک هێنران و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەکرد.هەموو پڕۆژەی دە ساڵییان ئامادە کردبوو کەتەواوکەری ئەو کارانە بوون کە لە هەموو بوارەکاندا ئەنجام درابوون.پێنج ساڵەکە کۆتایی هات وهەموو شتێک بە دڵی مانادێراس و خەڵکی عێراق بەڕێوە چوو.مانادێراس هەستی بە خۆشییەکی بێ هاوتا کرد،هەستێک کە بارگاوی بوو بە خۆشی سەرکەوتن لە ناخیا دەهات و دەچوو .دەیزانی وادەکەی بەرەو تەواو بوون دەڕوات و ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەستێرەکەی خۆیان.ووتاری ماڵئاوایی خۆی پێشکەش کرد.
(خەڵکی عێراق من وادەی گرەوەکەم کۆتایی هاتووە.کاتی ئەوەیە خۆم و سوپاکەم بگەڕێینەوە بۆ هەسارەکەی خۆمان.ئەوەی مایەی دڵشادی و خۆشییە بۆ من ئەوەیە کە کارەکان وا بەڕێوە چوون کە هیوام بۆ دەخواست..ئێوە ئێستا خاوەنی حکومەتێکی کارامە و دڵسۆز و تەندروستن، خاوەنی ژێرخانێکی بەهێز و حاشاهەڵنەگرن.شەمەندەفەری پرۆسەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیتان کەوتۆتە سەرسکەی خۆی و گەلانی دونیا ئیرەییتان پێ دەبەن.ئێمەدەڕۆین و ئێوەش بە هەڵبژاردن دەبن بە خاوەنی حکومەتێکی نوێ.دڵنیام ئەم حکومەتەی ئێستا لەسەر خستنی پرۆسەی هەڵبژاردن درێخی ناکات.هیوادارم حکومەتی نوێی عێراق جێ پێی ئەم حکومەتە هەڵگرێت و عێراق بەردەوام بێت لە هەڵنانی هەنگاوی دروست و تەندروست بۆ پێشکەوتنی زیاترو خۆش گوزەرانی زیاتر بۆ هاوڵاتییەکانی.من هەر ئەمڕۆ سوپاکەم کۆ ئەکەمەوەو عێراق جێ دێڵین .ماڵ ئاوا و سەرکەوتنتان ئاواتمە.

پاش مانادێراس:

مانادێراس و سوپاکەی عێراقیان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ هەسارەکەی خۆیان.کۆمسیۆنێک بۆ بەڕێوبەردنی هەڵبژاردن دامەزرا و دەستی کرد بە کارەکانی.سەرەتا حیزبێکی زۆر خۆی ناونووس کرد و تا دەهات ژمارەی حیزبەکان ڕوو لە زیاد بوون بوو.کە وادەی تۆمار کردن تەواو بوو ژمارەی حیزبەکان گەیشتبووە دوو سەد و پێنج حیزب.بەرنامەی حیزبەکان زۆر بەیەک دەچوون، هەمووشیان سوێندیان بە مانادێراس دەخوارد و گرەویان لەسەر جێ بەجێ کردنی ڕێبازەکەی دەکرد.
کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کرد حیزبەکان بارەگاکانیان پڕ کرد لە وێنەی مانادێراس،لە خوار وێنەی هەر کاندیدێکیشەوە ووتەیەکی مانادێراس دەبینرا.ئەم لێکچوون و نزیک بوونە لە بەرنامە و دید و بۆچوون و داکۆکی کردنە لە ڕێبازی مانادێراس، سەری لەخەڵکی شێواند ،نەیان دەزانی دەنگ بە کامە حیزب بدەن ،کامیان نزیکترن لە ڕێباز و ئامانجەکانی ئەو.

من یەکێک بووم لەوانەی کە سەرم سوڕمابوو و نەم دەزانی کام حیزب شایستەی بردنەوەی هەڵبژاردنە و کامیان دەتوانن کارەکانی مانادێراس تەواو بکەن.دەستم کرد بە گەڕان و سوڕان و پرسیار کردن.سیاسەت مەدارێکی زۆرم دوواند،لەگەڵ ڕۆشەنبیرێکی زۆر گفتوگۆم کرد،ڕای چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و بگرە ئەدیب و هونەرمەندم وەرگرت،بەڵام نەگەیشتم بە هیچ ئەنجامێک.تێگەیشتم کە ئەوانیش وەکو من بەدەم هەمان کێشەوە دەناڵێنن.تووشی بن بەست بووم و نائومێدییەکی بێ سنوور دای گرتم.دواتر تروسکاییەک ئومێدم بەدەست هێنایەوە، کاتێک پێیان ووتم پیرەمێردێکی گوند نشین بە ڕاو بۆچوونە دروستەکانی بەناوبانگە.ئەیان ووت ئەو زۆر دونیا دیدەیە و پرسیاری زۆر قورس بەشێوەیەکی زۆر سادە وەڵام ئەداتەوە..تەمەنی نزیک بە سەد ساڵە ،شایەتی زۆربەی شۆڕش و هەڵچوون و داچوونەکانی عێراقە..خۆم کۆ کردەوە و وەک دوا چارە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکەم ڕووم لە لادێکە کرد.
پیرەمێردەکە لە ژوورێکی بچکۆڵانەدا ئەژیا کە جگە لە دوو بەڕە و سەرینێک و سۆپایەکی دار هیچی تری تیا نەبوو.پێشتر پێیان وتبووم کە ئەو پیاوە زۆر کەم قسە ئەکات و زەحمەتە وەڵامی پرسیارەکەت بداتەوە،بۆیە کە چووم هیوایەکی زۆرم نەبوو کە بە وەڵامێکەوە بگەڕێمەوە.من ئەم ووت پیرەمێردێکی نەخوێندەواری سەد ساڵە لە کوێ دەتوانێت وەڵامی پرسیارێک بداتەوە کە مێشکی ملیۆنەها کەسی جەنجاڵ کردووە.من پێم وابوو وەڵامی ئەو پرسیارە لای فەیلەسوفەکانە ،لای قاڵ بووەکانی ناو دونیای سیاسەت، لای ئەوانەی کە دەیان کتێب لە ساڵێکدا دەخوێننەوە،بەڵام لەوانە هەموو نا ئومێد ببووم .کە خۆم کرد بە ژووری پیرەمێردەکەدا، ئەو پاڵ کەوتبوو ،نە بزەیەک بە لێویەوە دەبینرا و نە بچووکترین ئومێد بە ڕووخساریەوە دیار بوو.کە منی بینی حاڵەتی دانیشتنی وەرگرت ،بە ووشەیەک بەخێرهاتنی کردم، سوپاسم کرد و ئەو هیچی نەووت..زانیم من ئەبێ ئەو بدوێنم .ووتم خاڵە گیان من زۆر کاتت لێ ناگرم تەنها بۆ وەڵامی یەک پرسیار هاتووم هیچی تر.ئەزانم حەزت بە قسە کردن نەماوە و ئەزانم گفتوگۆ لەگەڵ کەسدا ناکەیت،ئەشزانم لە مێژە ڕای خۆت بەکەس نەوتووە و لەسەر هیچ قسە ناکەیت،بەڵام هاتوومەتە ماڵەکەت و ئەرکی خانە خوێییت بە وەڵامدانەوەی تەنها یەک پرسیار جێ بە جێ بکە.
سەرەتا هیچی نەووت دواتردیار بوو بیر لە داواکارییەکەم ئەکاتەوە، سەری هەڵبڕی و سەیری کردم .
– لە ڕێیەکی دوورەوە هاتوویت دڵت ناشكێنم ،بەڵام لە پرسیارێک زیاتر وەڵام نادەمەوە،
خۆشییەک سەرتاپای جەستەی داگرتم و پێم ووت.
خاڵە گیان وەک ئەزانی عێراق لە سەر و بەندی هەڵبژاردنە و زیاتر لە دوو سەد حیزبیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکە ئەکەن.ئەم حیزبانە هەموو خۆیان بە میراتگری مانادێراس ئەزانن و هەمووشیان جەخت لەسەر پەیڕەو کردنی بەرنامەکەی ئەکەنەوە.من ئەمەوێ وەکو هاوڵاتییەک بەشداری لە پرۆسەی گەشە کردن و بەرەو پێشچوونی عێراق بکەم،بەڵام نازانم کامێک لەم حیزبانە شایستەی ئەوەن کە متمانەی خۆمیان پێ بدەم.هاتنەکەم بۆ لای تۆ تەنها بۆ ئەو مەبەستەیە و هیچی تر.
پیرە مێرد سەرەتا هیچی نەووت.پێم وابوو وەڵامی پرسیارەکەم ناداتەوە، دواتر بۆ یەکەم جار بزەیەکم لەسەر لێوەکانی بینی.تێگەیشتم کە گاڵتەی بە عەقڵم دێت و چوونەکەشم بۆ لای ئەو بە نەفامی و بێ ئەقڵی ئەزانێت،لەگەڵ ئەوەشدا بزەکەی سەر لێوی خۆشییەکی لە ناخمدا چاند.دەستی برد بۆ قوتوی جگەرەکە و جگەرەیەکی قەمیشی داگیرساند و قومێکی لەجگەرەکە داو ڕووی تێ کردم
کوڕم؟
بەڵێ؟
ئەگەر ئەو حیزبانە هەموو خۆیان بە میراتگری مانادێراس ئەزانن و ئەیانەوێت هەنگاوەکانی ئەو هەڵگرن،ئەی بۆچی دابەش بوونەتە سەر دوو سەد حیزبی جیاواز؟ ڕاستە مانادێراس بۆ گرەو بۆ ئێرە هاتبوو،ڕاستە ئەو لەو ماوە کەمەدا کە لێرە بوو نموونەیەکی جوانی نیشان داین،بەڵام مانادێراس حکومەتەکەی گٶڕی و ئەقڵی خەڵکەکەی نەگۆڕی،.مانادێراس کتێبێک بوو هەمووان پیشتر خوێندبوویانەوە ،بەڵام نەیان دەویست دەقەکەی بکەن بە کردار.تاکە کەس کە شایانی ئەوە بێت دەنگی پێ بدرێت مانادێراس خۆیەتی،چونکە ئەو خەڵکی هەسارەیەکی تر بوو.
ئەمەی ووت و سەری داگرت و دەستی کرد بە قومدان لە جگەرەکەی،دواتر بە دەستی ڕاستی دوو جار لە شانی چەپی دام .زانیم ئەمە کۆتایی قسەکانییەتی و ئیتر منی لەوێ ناوێت،منیش پێویستم بە ڕوون کردنەوەیەکی زیاتر نەبوو و ئەوەی کە بۆی چوو بووم بەدەستم هێنا.سوپاسم کرد و ماڵ و لادێکەم جێ هێشت.
لە ڕێ هەر دەمویست بیانوویەک بۆ دەنگدان بە حیزبێک بدۆزمەوە،بەڵام ئەو چەند دێڕەی پیرەمێرد وەکو دیوارێک لە نێوان من و بڕیارەکەم وەستابوو.هەرچیەکم شی دەکردەوە و هەرچییەکم لێک دەدایەوە بەر ئەو دیوارە ئەکەوت و لە بەین ئەچوو.من یان دەبوایە باجی گەمژەیی خۆم بدەم و حیزبێک هەڵبژێرم یانیش بە حەسرەتەوە چاوەڕوانی ڕووداوەکانی داهاتوو بکەم.یەکەمیانم هەڵبژارد و کەسم هەلنەبژارد.

پاش هەڵبژاردن

هەڵبژاردن تەواو بوو،لەبەر ئەوەی حیزبێکی زۆر بەشداری لە هەڵبژاردن کردبوو وە بەرنامە و پڕۆژەی داهاتوویان هەموو بە یەک دەچوون و هەموو خۆیان بە قوتابی مانادێراس دەزانی،هیچ حیزبێک نەیتوانی بە تەنها حکومەت پێک بێنێت.لە ناو یەکتردا کەوتنە گفتوگۆ.خولیای پۆست وەرگرتن سیاسەت مەدارێکی زۆری لە بازنەی ململانێکان چەقاند.وڵاتانی دراوسێ هەلێکی باشیان بۆ ڕەخسا تاوەکو جێ پێی خۆیان لە بازنەی بەڕێوەبردنی عێراقدا بکەنەوە و ووڵاتانی دونیاش کەوتنە خۆیان و دۆستیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان پەیا ئەکرد.تا دەهات ئاگری ململانێکان زیاتر کڵپەیان دەسەند.حیزبە براوەکان بە لادان و پشت کردن لە ڕێبازەکەی مانادێراس یەکتریان تۆمەت بار دەکرد.حکومەت کە بە نەمانی مانادێراس بە باڵندەیەکی بێ پەڕ ئەچوو،بوو بە تەماشاچی و نەکەس گوێی لێ دەگرت و نەکەسیش ڕاوێژی پێ دەکرد.
ماوەیەکی زۆر تێپەڕی،هەرچۆنێک بێت چەند حیزبێک نێچیری حکومەتیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد و هەندێک زۆر و هەندێک کەمی بەرکەوت.حکومەت دەست بەکار بوو.وەزیرەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان کار و بارەکانیان جێ بە جێ دەکرد،لە ماوەیەکی پێوانەییدا خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ بوو.دەزگاکانی دەوڵەت پر بوون لە تووتی و ڕێوی.جۆگەڵەی خزمەتگوزارییەکان وەک ساڵی بێ باران کەمیان کرد.،پڕۆژەکان زۆربەیان ئیفلیج بوون و بۆڕیە نەوتەکانیش زیاتر نەزیف بوون.بە هەر چوار لادا نەوت دەڕۆی،نە ڕێژەکەی دیار بوو نە داهات.کارگەکان لە پەل و پۆ کەوتن و کرێکارەکانیش بوون بە هاوڕیی گیانی بە گیانی تەسبیح و فەیس بووک.بەها و ئاکارەکان وەک داری پێکراو بەخەزان گەڵاکانیان دەوەری و (من) کورسی لە (ئێوە) زەوت کرد.ڕەفەکان بە کاغەزی یاساکان باڵایان کرد و ئاشتی و ئارامی و ئاسایش وەک کۆتری تەرە هەموو عێراق دەگەڕان و شوێنێکیان بۆ نیشتنەوە بەدی نەئەکرد.نائومێدیش وەک سێبەر پێ بە پێ و سات بە سات هاوڕیی هاوڵاتیان بوو.کەس نەیدەزانی دەستی تۆمەت بۆ کێ ڕاکێشیت.هەموو دەیان ووت حیزبەکانی تر ناهێڵن بەرنامەکانی مانادێراس جێ بە جێ بکەین .عێراق بووەوە بە کەلاوەکەی پێش هاتنی مانادێراس و تروسکاییەک بۆ بۆ گٶڕانکاری بەدی نەئەکرا.

ئەمڕۆ ئێوارە

ئیوارەیەکی درەنگە ،دونیا کش و مات. ژنان خەریکی ئامادە کردنی سفرەی ئێوارەن،پیاوانیش بە دیار سەتەلایتەکانەوە دانێشتوون،بەڵام هەمووان چاوەڕوانی دەنگێک دەکەن ،دەنگێک کە لە مێژوودا نەبیسترابێت،دەنگێک بە ئاخری زەمان بچێت و سەرەتای زەمانێکی تر بێت ،دەنگێک لەگەڵ پریشکی پەڕیوی شووشەی پەنجەرەکان ئاهێک بە سینگی تاک بە تاکیان بێنێت و بزە بخاتەوە سەر لێوان و خوێن بخاتەوە بەر دڵان ،دەنگێک هەموو سیحرەکان بەتاڵ بکاتەوە و هەموو دوعاکان بگرێت،هەور بێنێتەوە بۆ ئاسمان و باران بەرێتەوە بۆ بیابان.
دەنگێک……………………….

موئەیەد مەحمود(کاردۆ)
٢٤/١/٢٠١٩




زەرورەتی شۆرش …. جیهاد موحەمەدا

(٣)

فەیلەسوفی پراگماتیکیی و پەروەردەناس(جۆن دێوی) دەڵێت: هەموو شتێک لەم دنیایەدا دەبێت لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، بەو واتایەی مرۆڤ ئەو خۆریە، کە هەموو ئەوەی هەیە لە سەر گۆی زەوی دەبێت بەدەوری مرۆڤدا بسوڕێتەوە، هەرچ بیر و ئایدایەک، یان هەرچ دیین و ئاینزایەک، هەرچ زانستێک لە خزمەتی مرۆڤدا نەبوو، پوچە. هەڵبەت ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەو هەموو لێکدانەوەیە نەبێت. بەڵام مەبەستی دێوی ئەوە نییە هەموو سروشت و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و خاک و ئاو وێران بکرێت بە ناوی ئەوەی بخرێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە، چونکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وێران دەبێت بە وێران بوونی ژینگەی سروشت و ئەوەی لە سروشتدا هەیە، سروشت و هەموو ئەوانەی لە سەروشتدا هەن بە مرۆڤیشەوە، پێکەوە بەهایەکی گەورە دەدەن بە گۆی زەوی، دەنا گۆی زەویش لە وێرانەیەک زیاتر نابێت بە بێ بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو و هەوا و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە. دیین، کە مرۆڤ بە ئەفرێندراوێکی خوداوەند دەزانێت و دەناسێت، لای وایە کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پیرۆزترن، چونکە خودا ئەم پیرۆزیی و باڵاییەی داوە بە مرۆڤ، بۆچوون و دیدگای دیین وایە کە مرۆڤ لەسەر باشترین شێواز و بە تەواوکۆیی خودا دروستی کردووە، (لقد خلقنا الانسان علی أحسن التقویم). بۆیە بۆچوونیان وا بوو کە هەموو گەردوون بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە، چونکە زەوی مرۆڤە ئەفرێندراو و باڵاکەی خودای تیا دەژی، وەلێ کۆبرنیکۆس شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، کە سەلماندنی گۆی زەوی ناوەندی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی و مانگ بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خۆر ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی. بە هەرحاڵ ئەمەی باسمکرد وەک پێشەکیەک بۆ ئەوەی بچمە ناو مەبەست و باسەکەی خۆمەوە لەم نووسینە کورتەمدا.

بۆ ئەوەی بشچمەوە سەر باسەکەم، وەک هەموو جارێک ئەم پرسیارە دەکەمەوە! بۆچی گەلان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی بەختەوەر نین لە ژیانیاندا، بەردەوام خوێنڕشتن و جەنگ و ئاژەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا هەیە، بەردەوام بە دەست هەژاری و کەمدەرامەتیی و نەخۆشی و پەککەوتن و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن؟
بە بڕوای من، کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هەرچی دەوڵەت و حکومەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان و حیزبی چەتەگەر و فاشییەکان هەیە، کە فەرمانڕەوا و حوکمڕانن، لە هەرچ شوێن و وڵاتێکدا، کە بە سەدان هەزار و ملوێنان لە خەڵکی ستەمدیدە خۆیان بوون بە کۆیلەیان و ئاو و خاکێکی بە پێزن بۆ بووژانەوەیان، ئەمانە هەموویان، هەرچیەک بێت ئایدۆلۆژیەکانیان، دینیی بێت، یان بە ناو عەلمانی و زانستیی بێت، نا دیموکراسیی بن، یان بە ناو دیموکراسیی بن، هەموویان لە یەک پارادیمدا دەسوڕێنەو. دەیان سەدەیە ئەم پارادایمە بووە بە بەردە ئاش و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەموو سروشت وەک یەک دەهارێت. وەک ئاماژەشم پێدا ئاوی ئاشەکە خەڵکە ستەمدیدەکە خۆیەتی، ئاشەوان و هەڵسورێنەری ئاش و خاوەن ئاشیش حوکمڕانە ستەمکارەکانن. بێگومان لەم وڵاتانەدا، دەیان ئاشی جۆرا و جۆر نراوەتەوە بۆ هاڕینی مرۆڤ و سروشت، بۆ هاڕینی هەموو شتێک لە پێناوی کەمینەیەک لە حوکمڕانەکان و حیزب و دەسەڵاتە چەتەییگرەکان. هەڵبەت لە نێوان خاوەنی ئەم ئاشانەدا کە لە هەرچ وڵاتێکدا دەیان حیزب دروست بوون بۆ گرتنەدەستی ئاشەوانێتی و بوون بە خاونی ئاش، بەردەوام لە ململانێی دەسەڵات وەرگرتندان کە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار کەسی لە پێناودا بەهەدەر دەڕوات. هەمووشیان بە ناوی ڕزگاری و ئازدی مرۆڤەوە ئەم شەڕو پێکدادانانە بەرپا دەکەن.

ئەمەوێت ئەوە بڵیم و پێی لەسەر دابگرم کە ئەو پارادایمە، ئەو بازنە و تەوقە خنکێنەرە، ئەو گۆماوە ئاو لەبەر نەڕۆشتووە، بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبە فاشیەکان، حکومەت و دەوڵتە فاشیەکان، چ لەگەڵ یەکتری و چ لە ناو خۆیاندا، تەنها یەک ئەنجام زیاتری نابێت، ئەویش نوێکردنەوە و تۆکمەکردنی بازنەی هەمان پارادایمە و هیچی تر، واتا هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری درێژە پێدەدات لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. بە واتایەکی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەگەر یەک لە دوای یەکی ئەم حکومەت و حیزب و دەوڵەتانە بە دوای یەکدا هەڵبوەشێنەوە، ماددام شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لە پشتەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نییە، کە بتوانێت ئەو عەقڵیەتە کۆنباو و کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنێتەوە و پارادایمێکی نوێی زانستی و مرۆڤدۆستیی و سروشتدۆستیی بهێنێتە جێگەی. هەرچی بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و گۆڕانکارییەوە کراوە لە ناو ئەم کۆمەڵگە و گەلانەدا، دووبارە هەمان عەقڵیەت تووندتر و بە‌هێزتر فەرمانڕەوایی گرتۆتەوە دەست. بەو پەڕی جەختکردنەوەوە دەڵێم، لە سەد ساڵی ڕابردووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەدا و لە دەیان سەدەی پێشووتریشدا یەک گۆڕانکاری نەکراوە بتوانێت ئەو بازنە و تەوقە بەهێزەی پارادیمە کۆنباوەوەکە نەک هەڵبوەشێنێتەوە بەڵکو لەقیشی نەکردوە و نەیلەرزاندووە.

هەتا بزاوتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست نەبێت دژی ئەو پارادیمە، مەحاڵە هیچ کام لەگەل و کۆمەڵگەکانی ناو ئەو پارادایمە ئازدیی و ڕزگاریی بە خۆیانەوە ببینن. لێرەوە ئەمەوەێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە حکومڕانە شیعەییەکانی ئەمڕۆی عێراق و سەدام حسەینی جاران و پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان بەوانەی لە حوکمڕانییدان و بەوانەشی لە دەرەوەی حوکمڕانییدان، ئەنجامن، ئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە کە ناتوانێت ئەو بازنە ئەستورە تێکبشکێنێت.

بە تەواوەتی گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی، کە تا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی بەرپانەکرێت، ناتوانرێت ئەو بازنە پتەوە، ئەو عەقڵیەتە ڕەقهەڵاتووە، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە بەسەرچووە بسڕێتەوە و لە جێگەیدا عەقلێتێکی سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانەی سروشتدۆسانە بونیاد بنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرەتای دیموکراسیی ڕاستەقینەوە و پەروەدەیەکی هاوچەرخانە و تەندوستییەکی باش نە بۆ مرۆڤ مسۆگەر بکرێت، نە خۆشەویستی سروشت و بونەوەرەکانی دیکە لای مرۆڤ بەرجەستە بکرێت. تەنها ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە دەتوانێت مرۆڤ و مرۆڤبوون بخاتە سەر ڕێگەی دوور و درێژی کۆتا نەهاتوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن. تەنها کار و ئەرکی شۆرشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری، ئەوەیە، کە شۆڕشێکی پەروەردەیی بخولقێنێت، هەتا مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە لە ژیاندا بێت، شۆڕشی پەروەدەیش بەردەوام دەبێت. واتا شۆرش و مرۆڤ پێکەوە پەیەوەست دەبن بۆ هەتا هەتایە.
جیهاد موحەمەدا/ نەرویج




عززه‌ت سارایلیچ شانسێك له‌ سه‌رایڤۆدا ….. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ سه‌رایڤۆدا
بەهاری 1992
هەموو شتێك دەكرێ‌ ببێ‌
لە ماڵ دێیە دەرەوە
لە ڕیزی نان دەوەستی و
خۆت لە ژووری ئەمبۆلانسدا
دەبینیەوە ،
قاچت بڕاوە !!
لەگەڵ هەموو ئەمەیشدا
دەڵێن :
تۆ زۆر بەختت هەبوو .

* عیزەت سارایلچ : شاعیری بۆسنایی بەناوبانگ بەتایبەتیش بەم شیعرە كورتەی كە زیاترین بەختی هەبووە لە وەرگێڕان بۆ زۆربەی زمانەكانی دونیا و كە باری ناهەمواری وڵاتەكەی و كارەساتەكانی شەڕ دەگێڕێته‌وه‌‌ .
بڕوانه‌ :

http://www.poetryletters.com/mag/%d9%82%d8%b5%d8%a7%d8%a6%d8%af-%d9%85%d8%aa%d8%b1%d8%ac%d9%85%d8%a9/%d8%ad%d8%b8-%d9%81%d9%8a-%d8%b3%d8%b1%d8%a7%d9%8a%d9%8a%d9%81%d9%88/




ئای له‌و كاته‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست له‌كوردستان له‌دایكده‌بێت؟ … عیماد عه‌لی

پێش ماوه‌یه‌ك له‌ نوسینێكمدا ئه‌وه‌م به‌ باشزانی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت و، ئه‌وه‌تا ده‌ركه‌وت به‌ هه‌ر نرخێك بێت ده‌یه‌وێت له‌م خوله‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌شداریبكات و ده‌ءتی خۆش بێت. به‌ بۆچونی له‌خۆبوردوانه‌ی من له‌ رووی بارودۆخی سیاسی و پرۆسه‌ی كه‌وتنه‌ سه‌ر سكه‌ی حكومرانی كوردستان كارێكی باشه‌ و به‌ قازانج بۆ پێكهێنانی حكومرانی ( واته‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی) ی دروست ده‌گه‌یه‌نێت و بوارێكی فراوان بۆ خه‌ڵكی تر دروست ده‌بێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ وته‌ندروست هه‌ڵسه‌نگاندنی رێره‌وی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بكه‌ن و ئه‌و بۆشاییه‌ پر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ و پاك و بێگه‌رد و دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی هه‌چه‌شن له‌ كوردستان له‌ ئارادایه‌، ئۆپۆزسیۆنێكی نوێ دروستبوی نێوه‌خنی بارودۆخی ئاسایی خه‌ڵك و له‌دایكبوی كلتوره‌ تیابه‌ته‌كه‌ی كوردستان و هه‌ڵقوڵاوی ژانی گه‌ل بێت، نه‌ك به‌ هاندانی ئه‌م و ئه‌وی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی وله‌ ده‌رئه‌نجامی ململانێی نێوخۆیی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان یان به‌ مه‌رامی ئابووری یان تموحی تاكه‌ كه‌سی و كوتله‌ و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك به‌ شێوه‌یه‌كی شكڵی هاتبێته‌ئاراوه‌.

تا ئێستا هیچ ئاسۆیه‌كی نزیكی روون بۆ ئه‌و پرسه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌ ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكی نائاسیی و له‌ ده‌رفه‌تێكی كتوپر و له‌ نێو ململانێی ده‌سه‌ڵاتدا به‌ ناره‌زایه‌تی هه‌مه‌چه‌شنی كه‌سی و كوتله‌بازی و خزمایه‌تی و عه‌شیره‌تگه‌ری و یه‌كتربڕی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مه‌لایه‌ن دروستبووه‌، نه‌ك ژانێكی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ راسته‌رێكردنی باری حكومرانی كوردستان و پركردنه‌وه‌ی بۆشایی نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنی راست و دروستی ئاسایی و پێویستی ئه‌مسه‌رده‌مه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سێ حزبی ده‌سه‌ڵات هه‌ن؛ پارتی و یه‌كێتی و گۆران، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر كات و قۆناغێكدا ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست ده‌ربچێت بونیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و له‌ قوناغێكی ته‌سكدا گلؤڵه‌ ده‌بن و لێژده‌بنه‌وه‌ به‌ره‌و دۆلێكی ناروون و تا راده‌یه‌ك تاریك كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دونیا ئازاد و دیموكراتی و پێشكه‌وتنخواز ناتوانن په‌یره‌وی پرۆسه‌ی جێگۆركێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆوزسیۆن بكه‌ن.

ئه‌وانی تری به‌ده‌ر له‌م سێ پێكهاته‌یه‌، تا ئێستا جێگه‌ی خۆیان نه‌گرتووه‌ و هه‌ر یه‌كه‌و له‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ ئیسلامی و لیبراڵیانه‌وه‌ یان له‌گه‌ڵ واقع و زه‌مینه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستاندا نایه‌نه‌وه‌، یان ماوه‌ی ئه‌كتیڤیان كزبۆته‌وه‌ و له‌ دوا گیانه‌ڵادان یان هه‌ڵكه‌وت رێگه‌ی دروستبونی داون و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی نارۆن.
ئه‌گه‌ر تۆ ته‌ماشای بۆچونه‌كانی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بكه‌یت كه‌ به‌ ئاشكرا باسی چی ده‌كه‌ن و به‌ نهێنی چی ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌ت بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان په‌یداكردنی بژێوی ژیان و ره‌فاهیه‌تی ئه‌ندام م كادر و لایه‌نگرانیانه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بێت و گه‌لی كوردستان دوا بابه‌ته‌ بیری لێبكه‌نه‌وه‌ ( لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر شتی زاره‌كی نیه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت ره‌خنه‌شی لێبگرێت) باسه‌كه‌مان له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری ئه‌م حزبانه‌یه‌ كه‌ تا راده‌یه‌كی باش له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌یه‌كتر نزیكن ئه‌گه‌ر بواری یه‌كگرتن هه‌بێت و بره‌ژه‌وه‌ندیه‌كانیان رێگه‌ بده‌ن ده‌توانن به‌ یه‌ك رۆژ له‌سه‌ر یه‌كگرتن رێكبكه‌ونن و ببن به‌ یه‌كی حزب و هیچ فكر و فه‌لسه‌فه‌ و راوبۆچونێكی هیچ لایه‌كیان رێگریان لێناكات.

ئه‌و خاڵانه‌ له‌به‌ر چاو بگرن كه‌ بێ گفتوگۆ هه‌رهه‌مویان له‌سه‌ری رازین و به‌ خه‌ڵكی ده‌فرۆشنه‌وه‌: كار به‌كارنامه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ین، قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌هێز ده‌كه‌ین و په‌وه‌ندیه‌كیانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی ده‌كه‌ینه‌وه‌،به‌ لێدانی قه‌وانه‌ی یاساسه‌روه‌ربێت؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێبازه‌ دیاری بكه‌ن كه‌ رێكاری یاساسه‌روه‌ری چۆن ده‌كه‌ن و حزبه‌كانیان ده‌سه‌لاتداره‌ نه‌ك حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، بژێوی ژیانی خه‌ڵك چاك ده‌كه‌ین و له‌ راستیدا و به‌نهێنی له‌ نێوان خۆمان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بژێوی لایه‌نگران و كادر و ئه‌ندامانی خۆمان مه‌یسه‌ر بێت و سواری شه‌پۆڵی داواكاری خه‌ڵك ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ێمان توره‌ نه‌بن و، بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی هاویارانی خۆمان، متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ داموده‌زگاكانی خه‌ڵك ده‌گه‌رێنینه‌وه‌ و شه‌فافیه‌ت فه‌راهه‌م ده‌كه‌ین و به‌خۆمان له‌ نێو رێكخستنه‌كانی خۆماندا شه‌فافیه‌ت بڤه‌یه‌، داوای چاكسازی ده‌كه‌ین و له‌ كاتی گفتوگۆكانماندا ئه‌گه‌ر هه‌ر چاكسازیه‌كی بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ رێگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانمان بگرێت به‌ هه‌زار فرتوفێڵ رێگه‌ی لێده‌گرین، داوای بچوككردنه‌وه‌ی حكومه‌ت و ته‌رشیقی ده‌كه‌ین و له‌ولاوه‌ پێداده‌گرین له‌ سه‌ر پۆستێكی لاوه‌كی كه‌ بونی ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و پاره‌ په‌یداكردنه‌ بۆ حزب. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی داواكاری سیاسی ته‌نها دابینكردنی پۆست و پله‌دایه‌ و هیچی تر.

به‌م شێوه‌یه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها گفتوگۆكان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه‌ ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ له‌ ئارادا نیه‌ و ته‌نها سێ حزبی باڵای ده‌سه‌ڵاتدار گفتوگۆ له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كێكه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وانیتریش چاوه‌رێی به‌شه‌كه‌یانن كه‌ چۆن رازیان ده‌كه‌ن.

لێره‌دا ئه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ڕێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و بونی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ته‌نها خه‌یاڵپڵاویه‌ و كاروانی ژیانی سیاسی كوردستان نه‌قسێكی گه‌وره‌ی تێدایه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌یه‌ و تا ئێستاش روون نیه‌ كه‌ كه‌ی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ دروست ده‌بێت بۆ هاتنه‌ ئارای ئۆپۆزسیۆنی راست له‌ منداڵدانی گه‌لی كوردستان و له‌ ژانێكی سروشتی و به‌ دوور له‌ كتوپری و رێكه‌وت و پاڵنانی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی هه‌مه‌جۆر و، زاده‌ی باری ئاسایی به‌ره‌وپێشچونی واقعی سیاسی و هه‌ڵقوڵاوی پێویستیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری كوردستان بێت، چاوه‌رێی هاتنه‌ئارای قۆناغه‌كه‌ و هه‌ڵچونی منداڵدانی وه‌زعه‌كه‌ و تێكچرژانی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی خه‌ڵكین كه‌ به‌ره‌و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بمانبات.‌

بۆیه‌، كه‌له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع خه‌ڵكی نارازی ناحزبی له‌ خه‌ڵكانی مونته‌می حزبی و به‌ناو رازی زیاتره‌، به‌به‌ڵگه‌ی رێژه‌ی كه‌میی به‌شداری خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردن و نه‌مانی ئۆپۆزسیۆنی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و كزبونی وه‌زعی گۆڕان و تا ئه‌مرۆكه‌ نه‌بونی ئه‌ڵته‌رناتیڤی راسته‌قینه‌ی خاوه‌ن پێگه‌ و پایه‌ و ته‌ندروست، له‌و باوه‌ره‌دام كه‌ كاتی دروستبونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی ته‌ندروست تا راده‌یه‌ك هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ و ته‌نها له‌ هه‌لێكی دیاریكراوی نادیار له‌ رووی كاته‌وه‌ و له‌ شڵه‌ژانێكی جه‌ماوه‌ری و سه‌رهه‌ڵدانی بابه‌تێكی هانده‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و له‌ ده‌ركه‌وتنی نوخبه‌یه‌كی له‌خۆبردوی عاقڵمه‌ند و دڵسۆز و لێهاتووی هه‌مان شێوه‌ی بژارده‌كانی وڵاتان ئه‌و پرۆسه‌ ئاڵۆزه‌ پێویسته‌ جێبه‌جێ ده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی راست و دروست. ئه‌گه‌ر واقیعی بین و ئاستی بیركردنه‌وه‌ و رۆشنبیری خه‌ڵك بخوێنینه‌وه‌ كاته‌كه‌ی زۆر زۆر نزیك نابینین. كوردستان به‌م شێوه‌ی ئێستای به‌دوور ده‌بێت له‌ ئۆپۆزسیۆن و زۆرجار ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سه‌كه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ره‌خنه‌ به‌ نرخی ئۆپۆزسیۆنبون ده‌گرن و هه‌زار و یه‌ك ته‌كتیكی سیاسی ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ بچوكانه‌. چاوه‌رێی له‌دایكبونی ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ ته‌ندروست ده‌بین. له‌وكاته‌شدا ئه‌م حزبانه‌ وه‌كو پۆری له‌ ئاوخراویان لێدێت، به‌ڵام له‌ناوناچن.