ڕۆمانی پۆست مۆدێرن، جۆرە نوسینێکی تایبەتە …. ڕیاز حاجی

ئەوە ڕاستە کە لە ڕۆمانی پۆست مۆدێرندا پەیوەندیەکانی هۆ و هۆکار دەڕوشێن و لێک دەترازێن و ناتوانرێت ڕۆمانەکە ئاراستە بکرێ و بناسێنرێ، ڕستەکان تا ئاستێک نادیار و نهێنی ئامێزن، وەکو خودی نووسەرەکە(مرۆڤ) پارچە پارچەو ناڕێک و پێکە، هەرچەندە زاراوەی پۆست مۆدێرنزمی لە ۱۹٦۰ بەدواوە ببوە شتێکی باو، بەڵام بەشێوەیەکی دیار (ژان فرانسۆ لیۆتار ) بوو کە لە ساڵی ۱۹۷۹ دا پەیدا بوونی ڕێبازی پۆست مۆدێرنیزمی ڕاگەیاند، ڕۆمانی پۆست مۆدێرن ڕیشەکەی بۆ پەیدابوونی ڕۆمانی شەپۆلی هۆش و ڕۆمانی نوێ لە فەرەنسا دەگەڕێتەوە تاوەکو ئێستا چەند کەسێکی وەک(دیڤید لاج،ئەیهاب حەسەن، دەیڤید لۆج، باری لیویس، دور فۆکما، برایان ماک هێل، میلان کۆندێرا) تایبەتمەندیەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرنیان خستۆتەڕوو، ئەو تایبەتمەندییانەی، کە میلان “کۆندێرا” کە یەکێکە لە نوسەرە ناسراوەکانی پۆست مۆدێرنیزم، ئەو تایبەتمەندیانەی خوارەوە بۆ ڕۆمانی پۆست مۆدێرنیستی داناوە:

• پچڕ پچڕی (Discontinuty). گێڕانەوە پارچە پارچە و پچڕ پچڕە لەسەر شێوەی کۆلاژە، یەکێک لە تەکنیکەکان یادداشت نوسییە.
کاتێک خوێنەر ڕۆمانی(هاوزێ ) دەخوێنێتەوە توشی سەرلێشێوان دەبێت و هەست بە بزربوون دەکات، بە ڕادەیەک ڕووداوەکان پەرت کراون پێکەوە لکاندنیان
بۆ خوێنەر ئاسان نییە، بۆ وێنە:

دڵاوەر ڕەحیمی، ل۱۷

” گیڕۆدەو ئاڵوودەی ڕابردوویەکت کردم کە لێی هەڵدەهاتم، گیرۆدەی ئەو چیا و دۆڵ و کەندانەت کردم کە بێباکانە و بە چاوی نووقاوەوە تیایاندا گوزەرم کردبوو، یانژی لێی بپرسم، ئەرێ تۆ ئاقڵتری، ئەمەی من پیایدا دەگوزەرێم ناوی چی یە؟ ئەو چی دەگووت ؟ زارا چی دەکرد ؟ ئەو چی کردبوو ؟ ئەو دەموچاوی دەدا بەیەک سەیرێکی دەوروبەری دەکرد و دەیگوت: من؟ چیم لەتۆ کردووە؟ هاااا چی؟
• گێڕانەوەی باڵا(metanarration). گێڕانەوە هێلەکی و ڕاستەوخۆ و ڕاستاو ڕاست نییە.
لێرەدا بە ڕوونی خوێنەر درک بەوە دەکات کە ڕۆمانی ناوبراو کۆتایەکەی دەستنیشانکراو و ڕوون نیە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەنووسی کارەکتەرەکان لەم ڕۆمانەدا زۆر تەموومژاوییە.

• سەروو ـ دەقی، یا دەقی بە باڵابوو(Metatexuality) لە خودی دەقەکەدا، هەمان دەق شرۆڤە دەکەن.
یەکێکی تر لەو تایبەتمەندییانەی کە ڕۆمانی پۆست مۆدێرنی پێ دەناسرێتەوە لە خودی دەقەکەدا، هەمان دەق شرۆڤە دەکەن
بۆ وێنە:دلاوەر ڕەحیمی ل.ل. ٨۹ ـ ۹۰

“دەنگێک نە ژەنگاوی، نە لە ڕەنگی خۆڵەمێشی و ڕەساسی، نە ڕەش و بۆر و مۆر، دەنگێک وەک دووکەڵ بەرز دەبووەوە، دەبوایە لەو گشتە دەنگ و بۆن و ڕەنگە، ببیستم و بۆنی پێوە بکەم. ڕەنگە ویستبێتم ئەویش لە کەڵێنێکەوە بێتە ناومەوە و ماڵێک چێ بکات. ڕەنگە پەست بووبم یان توڕە، بۆ نایەت لە کاسەی سەرمدا کە لە نیشتیمانێک بەرینترە ماڵێک چێ بکات، باڵەخانەیەک بینا بکات. تا نێزیکتر دەکەوتمەوە شپرزەتر دەبووم، بۆ نایناسم؟ جگە لەو گشتە دەنگ و بۆن و ڕەنگە، تەنیا دیوارێکی نزم و کۆن مابوو بگەمە لای. ناسیمەوە، بەڵام بە دیوارەکەدا ناسیمەوە. ساڵ ساڵ ساڵ چ ساڵێک بوو، ساڵ ساڵی چەند بوو، سی ساڵ لەمەوبەر بوو، سی ساڵ لەمەوبەر تا ئێستا ئەو دووکەڵە بەرز دەبێتەوە و کەس نایبینێ، کەس هەناسەی تەنگ نابێت. ئەو دەنگە بەرز دەبێتەوە و کەس گوێی کەڕ نابێت.
ئەم ڕۆمانە دابەشی سێ بەش دەبێ لە هەردوو بەشی یەکەم و دووەم دابەشی چەند وردە ئیشێک دەبن لە بەشی سێییەمدا باسەکە بەیەک ئاراستەش دەڕوات و نووسەر لەناو دەقەکە ئامادەیی هەیە، فۆڕمالیستە ڕووسییەکان بەو بابەتەیان دەگوت(ئاشکرا کردنی تەکنیک).

جارێکیتر ئەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی کە گوێزانەوەی سەرگەردانی و پەشێوی بۆ خوێنەر چونکە خوێنەر لە درککردن و تێگەیشتنی تەواوی دەقەکەدا تووشی سەرگەردانی و سەراسیمەی دەبێت، بۆ وێنە یەکێک لە تەکنیکەکانی ئەم کارە ئەمەیە نوسەر کاتەکان و ڕووداوەکان تێکەڵ بە یەکتری دەکات. بۆ وێنە لە سەرەتای بەشی یەکەم (فاروق) بریندارەو لەسەر جێیەو لەپڕ ئەم کارەکتەرە لە چیا زیندەگی دەکات، دوواتر لەناکاو کەسێکی کورتەبالا لە کارەکتەر بەدیار دەکەوێت ڕەوتی گێڕانەوەی لێ وەردەگرێ دەست دەکات بە گێرانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی خۆی ، بەمەش فەزایەکی سەرسامکەر و پڕ لە ئیستاتیکا لەناو دەقەکەدا دروست دەکات کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن کارەکتەرەکانی (هاوزێ) لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا دەژین لەپڕ خۆیان بەناو گێڕانەوەی چیڕۆکی یەکتر دەکەن،لەهەمان کاتدا بە شێوەیەکی گشتی پاڵەوانانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن تەنیاو ڕەشبینن.

کاتێک باس دێتە سەر مرۆڤایەتی نوسەر ئەیەوێت ڕاستی ڕووداوەکان ون نەکرێن، بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەی تا ئێستا تاکەکان نەیان توانیووە سنورە ئاینی و نەریتیەکان تێبپەڕێنرێن بە گێڕانەوەی کۆمەڵە چیڕۆکێک لەگەڵ خۆت پیاسەیەکت پێ دەکات گەر بێتە سەر بابەتی مرۆڤایەتی خوێنەر وا هەست دەکات قۆناغەکانی تێپەڕاندوون وەلێ ڕووە ڕاستەقینەکان دەشارینەوە و خۆمانی لێ بێ بەری دەکەین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا باسکردنی ورد و درشتی ئەم ڕۆمانە پێویستی بەوەیە خوێنەری بیت هەرجارەو ببیت بە ( فایەق، زارا، ئارام، فاتێ، گەڵاوێژ، سەرداری کەماڵ ئاغا، پێشمەرگە، جاش، عاشق، بێ وەفا، بە وەفا) کەچەندین چیڕۆکی شارەوە لەپشت (هاوزێ ) هەن ئەستەمە بەبێ خوێندنەوەی بیانبینین.

——————————–
سەرچاوەکان:

۱ـ ڕێبازە ئەدەبییەکان، د.سیروس شەمیسا.
۲ـ هاوزێ، دلاوەر ڕەحیمی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕیاز حاجی




کاتژمێری رۆژی فەنابوون …. جەلال بەرزنجی

Doomsday Clock ….

” ئەگەر شتێک لە لیستی ناو سەبەتەکەت ماوە، نەتکردووە، ئێستا بیکە”
لە کۆبوونەوەی دەوری، زانایانی ئەتۆمی و روناکبیرانی جیهانی، کە رۆژی پێنجشەمە ٢٤-١٢٠١٩ کرا، لە وانە ١٥کەسیان هەڵگری خەڵاتی نۆبلن. بە هۆی ئەو هەڕەشانەی چەکی ئەتۆمی و گۆڕانی کەش وهەوا، لە گێتی دەکەن .

کاتژمێری رۆژی فەنابوون: ئەوە کاتژێرەی، دەیان ساڵ ئایکۆنی شەڕی ساردبوو. وەک میتافۆرێک بۆ ئەو هەڕەشانەی چەکی ئەتۆمی و گۆرانی کەش و هەوا لە گێتی دەیکەن،لە سەر ١١:٥٨شەو دایاناوە.

ئەم کاتژمێرە، بە پێی هەڕەشەکان میلەکەی خێرا دەبیت و بە پێچەوانەش رادەوەستێت، یان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ وە.٢٨ دەقیقەی تێپەڕاندووە. لە ٢٠١٩ دوو دەقیقەی ماوە بۆ نیوەشەو، سەعاتی سرێنەوە گێتی؟




پرد … شیعر: ایرج جنتی عطائی — وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پشکۆ ناکام

بۆ خەوی بێ تاوانیی عەشق
کۆمەک بکە
ژوورێک لەگوڵ دروست بکەین
بۆ کۆچی شەو ، کاتی ترس
کۆمەک بکە
بە هەموومان “پرد”ێک دروست بکەین

بۆ خەو ئاوریشم دروست بکەین

كۆمەک بکە
بە ووتەی عاشقانە
بۆ زامی ” شەو ”
مەڵحەم دروست بکەین

لێگەڕێ
تەنهاییمان بەش بکەین
لە نێوان من و سفرەی شەوی تۆ
لێگەڕێ
لە نێوان دەستی من و تۆ
پردێک هەبێ بۆ تێپەڕ بوون لە خودی خۆمان

تۆ ئەناسم ئەی ” پاسەوانی شەوانەی ” عاشق
تۆ بە ناوی ” نهێنی ” م ئاشنای
تۆ چاوت لە غەمەوە پەیا بووە
لە خێڵ و وەچەکانی عاشقەکانی
ئەتناسم ئەی سەرکێش
دوورە پەرێزی مەکە لە هەنسکی من
جەستەی شەکەتت بسپێرە
بەدەستی دڵنەوایی دەستە عاشقەکانی من
بە دوای کام ووتە و قسەوەیت !!
بێ دەنگیت
درکانی هەموو قسەکانە

تۆم لە لێدانی دڵتەوە ناسی
لەو دڵەی ، دڵی عاشقانی دونیایە
تۆ بە خۆ پۆشینت بە پەڕی گوڵ و ماچەوە
منت گەیانە جەژنی ئاوێنە و ڕووناکی
چۆن لە سێبەرەکانی شەو بترسم
كە تۆ خۆت سپارد بە دەستم

كۆمەک کە
جادەکان بە گرفتن
منی ڕێبوار لە تۆ نەسەنن
كۆمەک کە
تا کۆترە شەکەتەکان
ڕووەو سەهۆڵ بەنگانی چڵەکان نەڕۆن
كۆمەک کە
لە ڕێبوارە عاشقەکان
سۆراغی میهرەبانی بکەم
كۆمەک کە
تا بۆ هەمووان بمێنینەوە
كۆمەک کە
تا بۆ هەمووان بمرین
لێگەڕێ
لە نێوان من و سفرەی شەوی تۆ
تەنهاییمان بەش کەین
لە نێوان دەستی من و تۆ
پردێک هەبێ بۆ تێپەڕین لە خودی خۆمان
بۆ تێپەڕین لە خودی خۆمان




یەکەم بووم … ڕۆستەم خامۆش

ســــڵاو ئــازيــزانــی مـــاڵ
دايــەو بـابـەی لـە خـەيــاڵ
ئێوەن خـۆشـەويستی مــن
لــە نێو بيرو هـەستی مــن
ئێـوە بــــۆ مـن ئــاوێـنــەن
لـــە چـــاكيـدا بــێ وێـنــەن
پـێـتـان گـوتـــم بـخــوێـنـە
زانـيــاری بـەدەســت بێنـە
منـيش خـوێـنـدم بـە وردی
تـــا ئـــاواتــــــم بــێــتــەدی
ئـــامــۆژگـــاری ئێـوە بـــوو
كــەوا مـنـی پـێ دەرچــوو
ئەوەش كـارتی دەرچوونــم
كـۆشش و ماندوو بـوونــم
يەكەم بــووم وەكـو سـاڵان
شـــــادم لـــە نێـو مـنـــداڵان
سەيرمكەن چەند ئاسوودەم
دڵخــۆش و لێـو بـە خەندەم

ڕۆستەم خامۆش