زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی… کاوان محەمەدپوور

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی 

“کورتەیەک لەسەر شانۆنامەنووسیی کوردی”

هێرتا مولەر لە چیرۆکی (بەڵێنی دیدەنییەکە)(1997) دەڵێت: “هەندێ شت کێشەیان نییە، تاکوو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. ڕەنگە هەر کات ئێمە بیر لە هونەری کوردی بە عام و بە تایبەت -شانۆی کوردی- دەکەیەوە زیاتر مانای ئەم ڕستەی مولەرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بیرکردنەوە لە چییەتی شانۆی کوردی بە هۆگەلی جیاواز هەمیشە وەکوو گرفتێکی سەرەکی بۆمان دەردەکەوێت. ئەم گرفتە هەر لە سەرەتای پرسیارکە زەق دەبێتەوە. نەبوونی هیچ بنەمایەکی فەلسەفی و پاڵپشتێکی زانستی لە ئارگیومنتەکانی کورد و لە سەرێکیشەوە، نەبوونی ئارشیوگەلێک لە شانۆگەری کوردی، کە توێژەر و ڕەخنەگر، لانیکەم بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی، بتوانێت ئیماژی ئەم هونەرە لای کورد بە جیهانەوە بدۆزێتەوە، تەنیا لە کێشە سەرەکییەکانی وڵامدانەوە بەو پرسیارەیە. لە درێژەی دەستەویەخەبوون لەگەڵ ئەم پرسیارە، ئەمجا خودی  گرفتی (زمان) زەق دەبێتەوە، ئایا تەنیا نووسینی شانۆنامە بە کوردی، شانۆی کوردییە؟ تەنانەت ئەگەر هیچ چەمک و ئایدیایەکی کوردیشی تێدا نەبێت؟

 بەڵام بەم هەموو کێشە و گرفتە کە ڕووبەرووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە، کاتێک پرسیارەکەی وەگڕدەخەین، ناچار دەبین چەمکێک وەکوو بنەما بگرین و لە تاوتوێی ئەم چەمکە، مەودا و دەرەتانێک بۆ وڵامدانەی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە، ڕەنگە خودی پرۆسەی تاوتوێ کردن لە ئاکامدا ئەوەشمان بۆ دەربخات کە تاکوو ئێستا ئێمە چەندە بە هەڵەداچووین و خودی پرسیار لە شانۆ بەم شێوە نابێت و ئێمە کێشەکەلی زانستی و مێتۆدۆلۆژیکمان لەگەڵ شێوەی پرسیار لە شانۆ هەیە. لە هەر ڕووەوە دەستنیشان کردنی چەمکێک بۆ بیرکردنەوە یەکەم هەنگاو بۆ دۆزینەوەکانە؛ چ دۆزینەوەی وڵامێک بۆ دیاری کردنی چوارچێوی شانۆی کوردی و چ دەرخستنی هەڵە تێۆریەکانی خۆمان.

من لەو وتارە کورتەدا (زمان) وەکوو چەمکی بنەڕەتیی گێرانەوە ڕەچاو دەگرم و لە پێناو زماندا هەوڵ دەدەم دەلاقەیەک بۆ بیرکردنەوە لە مانای شانۆی کوردی یان بە گشتی هونەری گێڕانەوەی کوردی بدۆزمەوە. جەختی ئەم وتارە لە سەر (زمانی گێڕانەوە)یە و مەبەست لە زمان لێڕەدا (زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە) نییە، زمانی گێڕانەوە، زمانێکە کە ئێمە لە سیستەمی گێڕانەوەدا بە کاری دێنین. ئەم زمانە بە پێی سیستەمی زاڵی گێڕانەوە خۆی هەڵگری چەندین چەمک و لق و پۆیە کە لە زاتیاندا تەکنیک و فۆرمی بەکار هێنانی زمان دیاری دەکەن. دیارە لە کاتی گێڕانەوەدا، نووسەر یان بێژەر بۆ بەیانی چیرۆکی خۆی کەڵک لە کەرەستەگەلێکی تایبەت دەگرێت، چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم کەرەستەیە خۆی لە خۆیدا فەزایەکی تایبەت لە چیرۆک و زمان دەخولقێنێت کە ڕەنگە تەنیا لای ئەم نووسەر/بێژەرە دەست کەوێت. زمانی ڕۆژەزار، هەمیشە تێکەڵاوی سیستەمی سەپێندراوی بیری -هزرییە کە پشت ئەستوور بە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتە، لە لایەکی ترەوە زارەکی بوونی ناخافتنی ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی (دەق) و کارکردی نەستی بەکۆمەڵ لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا، باشترین شوێنە بۆ کارتێکەری ئایدیۆلۆژی و هێژمۆنی زاڵ. هەر بۆیە ئەم زمانە (واتە زمانی ڕۆژەزار) بە بێ پاڵپشتی زمانی بەدەق‌کراو (جەستەمەند)، کە وێنای زیاتر لە (زمانی گێڕانەوە)دا دەبینێتەوە ناتوانێت گوشار و هێژمۆنی زاڵ تاوتوێ بکات و دەرەتانێکی هزری بۆ بدۆزێتەوە،

کۆستیکا براداتان، پسپۆری فەلسەفەی ئاکسفۆرد، لە وتارێکدا لەسەر بەرهەمەکانی هێرتا مولەر، دەڵێت: “زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە”. مەبەست لە (پیسی زمان) لە بۆچوونی براداتان، ئالوودەبوونی زمان بە دژە حەقیقەتەکانە، واتە زمان جیا لەوەی دەتوانێت دژ بە سیستەمی تۆتالیتار بوەستێت، لە هەمان کاتیشدا توانستی ئەوەی هەیە بە پێچەوانە بێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی سیستەمی دژە حەقیەقەتدا بێت. ڕۆڵان بارت لەم بارەوە دەڵێت: “زمان ڕواڵەتێکی فاشیستی هەیە، شکاندنی ئەم ڕواڵەتە و دۆزینەوەی مەودایەک بۆ دەربازبوونی زمان لە فاشیزم، تەنیا بە گێڕانەوە دەکرێت”. لێردا گێڕانەوە (Narration)  هەمان -بەپێچەوانە کردنی زمانە-، واتە سیستەمی سەپێندراو خۆی زمانێکی تایبەت بە مانایەکی تایبەت، بەرهەم دێنت کە لە پرۆسەی ئاخافتن و بەکار هێنان وەکوو هێژمۆنیای زاڵ گشت مانا و چەمکەکان دەباتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لێرەدا گێڕانەوە- کە همیشە گێڕانەوەی شتێکە- لە هەوڵی ختۆکەدانی هێژمۆنیای زاڵە. شەری دەستەویەخەی -گێڕانەوە و هێژمۆنی زاڵ- لانیکەم یەک چەمک بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە: ئەویش جیاوازی بیرکردنەوەی (من گێڕەوەر) و سیستەمی بە هێژمۆنی‌کەری زمانە. کەواتە -پیسی زمان- تەم و ڵێڵ بوونی حەقیقەتە، بە زمانێکی‌تر، پیسی زمان، پێشگری لە وەدەرخستن و وەگڕخستنی منی گێڕەوەرە. زمانی گێڕانەوە بە شێوەی ناراستەوخۆ -هەندێ جاریش ڕاستەوخۆ- فەزای بیر و هەست و ئارگیومنت تا ڕادەیەکی بەرچاو زەق دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەو زمانە لە چەمکێک بدوێت کە هیچ پێوەندی بە ژین ـ جیهانەوە نەبێت. بۆ نموونە کاتێک زمانی کوردی بۆ گێڕانەوە- لێرەدا جەخت لەسەر گێڕانەوەیە، نە زمانی ئاسایی ئاخافتن- بەکار دێنین بە شێوەی نەستەکی دەکەوینە ناو بازنەیەکی بیری و هزری لە فامستی ئێمەی کورد بە (جیهان، مرۆڤ و بوون). تەنانەت ئەگەرچی منی کورد ئەزموونێک کە کامۆ و سامۆئێل بێکێت، پاش چەند سەد ساڵ فەلسەفە و ئەندێشە هەیانبووە، نیمە، بەڵام کاتێک منی کورد بە فەزای زمانی گێڕانەوەی کوردی لەگەڵ ئەم نووسەرانە بەروروو دەبمەوە، ئەوە دیسانەکە دەرکی منی کورد-تەنیا منی کورد- لەو نووسەرانە و کێشەکانیان بەرجەستە دەکاتەوە. کەواتە لێرەدا بە کارهێنانی زمانی گێڕانەوەی کوردی نە تەنیا جیاوازی دەرک و فامی من لە جیهان بە عام و لە هونەر بە تایبەتی زەق دەکاتەوە، بەڵکوو دەرەتانێکی تەکنیکیش بۆ من دەخولقێنێت. چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم تەکنیکە لە کاتی گێڕانەوەی بەردەوامدا بە باشترین شێوە خۆی وەدەردەخات، بۆ نموونە لە شانۆدا جەخت کردن لەسەر مانایەکی تایبەت و نیشاندانی ئەم مانایە بە بەردەنگ پێویستی بە داڕشتنێکی تایبەتیش هەیە و ئەم داڕشتنە پێویستی بە کەرەستەی تایبەتەوە هەیە. بەم پێیە پرسیار لە زمانی گێڕانەوە دەکەوێتە پێش پرسیار لە هونەر/شانۆی کوردی. واتە زمانی گێڕانەوەی ئێمە چییە؟ کاتێک مرۆڤێکی کورد دەست بە گێڕانەوە دەکات، فەزای چیرۆکی چۆن دادەڕێژێت؟ و لە کەرەستەکانی گێڕانەوە چۆن سوود وەردەگرێت؟ بێگومان بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت گشت دەقگەل و دەنگبێژیی کوردی کە شێوەیەک لە گێڕانەوەی پێوە دیارە، تاوتوێ بکرێن تا بتوانین ئارگیومنتەکانی کورد بە جیهان و مرۆڤ و بوون بدۆزینەوە.

هەمیشە یەکێک لە گرفتەکانی شانۆنامەنووسی و شانۆگەری کوردی، کەوتنە ژێر ڕکێفی جیهانبینیی غەیری کورد بووە. هەڵبەت مەبەستی من لێرەدا نەک ڕوانینێکی ناسیۆنالیستی بۆ ئەو پرسە، بەڵکوو ئاوردانەوە لە ژین ـ جیهانەکانە کە بێ ئەوەی هیچ بریارێکی فەلسەفی لەسەر بێت، لەسەر جیهانی تاک بە تاکی مرۆڤەکان کاریگەری هەیە. یان بە واتایەکی‌تر لە ژێر ڕکێف‌بوونی جیهانی کوردی، بیر و هەڵسەنگاندی جیهان لە لایەن مرۆڤی کورد بە سیستەم و هێژمۆنیای زاڵە. بێگومان یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ژێر ڕکێف کەوتنە، دەگەڕێتەوە سەر نەناسینی زمانی گێڕانەوەی کوردی. بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ شانۆنامەیەک کە بەکوردی نووسراوە بەروڕوو دەبینەوە، لایەنەکانی ئەم باسەمان زیاتر بە لاوە ڕوون دەبێتەوە؛ تەنیا بە سەرنجدانی ڕاوێژی کاراکتێرەکان بۆمان دەردەکەوێت ئەم زمانە زمانی گێڕانەوە نییە و زیاتر وەکوو زمانی وتارنووسین و وتاربێژی دەچێت تا زمانێک کە خەریکە بۆ ئێمە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، ئەم گرفتە لە دەقی وەرگێڕدراو بۆ کوردی زیاتر بەرچاوە. نەبوونی دەرک و تاوتوێ لە چییەتی زمانی گێڕانەوە شانۆنووس بەرەو زمانێک دەبا کە نموونەکەی بە هیچ ڕوو لە گێڕانەوەدا ڕوو نادات و نایەتە هیچ خانەیەکی گێڕانەوەیی. ڕەنگە لە ڕواڵەتدا ڕاوێژی کاراکتێر وەکوو زمانی ڕۆژەزار بێت، بە پێی بۆچوونی گێڕانەوەناسی ئەمە کەم‌وکۆڕی بە هیچ چەشنێک بۆ ڕاوێژی چیرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو بەرزی ئاستی گێڕانەوەش دەگەیەنێت، زمانی گێڕانەوە شێوەیەک لە بەکارهێنانی ڕاوێژ و چەمک و نموونەی دەست نیشانکراو نییە، بەڵکوو لێرەدا، مەبەست سیستەمی گێڕانەوەیە کە لە کۆی گشتی چیرۆکدا پێک دێت، ئەم سیستەمە ڕوانگەی منی نووسەر بە جیهان و ماناکانی ڕوون دەکاتەوە. ڕەنگە هەر بە هۆی نەناسینی زمانی گێڕانەوەیە کە ئێمە کاتێک شانۆیەک بە زمانی کوردیش دەخوێنینەوە، دیسانەکە ناتوانین ئارگیومنت و ئیماژەکانی مرۆڤی کوردی تێدا ببینینەوە، هەر بۆیە هەر کات باس لە شانۆی کوردی دەکرێت بێ یەک و دوو بیر لە شانۆیەک دەکەینەوە کە یان خەریکی گێڕانەوەی بەیت و حەقایەتەکانی فۆلکلۆری کوردییە یان سەرقاڵی گێڕانەوەی کارەساتەکانی کوردە. واتە زیاتر خودی ناوەرۆک و بابەتی شانۆ بۆمان دەردەکەوێت تا چۆنییەتی بە کارهێنانی کەرەستەی گێڕانەوە و تەکنیک و فۆرمی نوێ کە لە ئاکامدا بیرو هزر بە نسبەتی جیهان و مرۆڤ و بوون ڕوون دەکاتەوە. بەم پێیە شانۆنووسی کورد حوکمی لەسەر دەکرێت کە (تۆ کاتێک شانۆی کوردیت نووسیوە کە تەنیا یەکێک لەم جیهانانەی کورد باس بکەی)!، کەواتە بەم دەرکە، باس کردن لە گرفت و کێشەکەلی ئەمڕۆی کۆمەڵگا یان ورووژاندنی باسێکی فیکری نایەتە خانەی شانۆی کوردی. ئەم بۆچوونە بە پێی گێڕانەوەناسی و زانستگەلی مرۆیی تا سەرئێسقان هەڵەیە، چونکە هەر کات من وەکوو کورد یان هەر نەتەویەکی‌تر بە زمانی گێڕانەوە – هەڵبەت بەو مەرجە کە من زانستم بە سەر زمانی گێڕانەوەدا هەبێت- بە شێوەی نەستەکی ئەو ڕوانینەم بە سەر جیهاندا زاڵ دەکەم؛ ڕوانگەیەک کە لە ژیانی ژیندراومدا سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت بە ڕوانگەیەکی پۆست کۆلۆنییالەوە، ئەگەر نووسەرێک لە زمانی چیرۆک و نووسینەوە خەریکی وێناکردنی جیهانی ئەویتریش بێت، دیسانەکە شێوەیەک کە جیهانی خۆی وێنا دەکا، ئەویش جیهانی کۆلۆنییال کراوی خۆیەتی، کەواتە بەردەوام‌بوون لە گێڕانەوەدایە کە توانستی ئەوەی پێدەدات لەم جیهانە کۆلۆنییالە بێتە دەر.

بە پێی بۆچوونەکانی سەرەوە، پێویستە ئێمە ئارشیوێک لە دەقگەل و دەنگبێژی/بەیت بێژیی کوردیمان هەبێت کە لە تاوتوێی ئەم دەقانە شێوە گێڕانەوەی کوردی تا ڕادەیەک دیاری کەین. ڕەنگە ئەم کارە کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام بە مانای نەکران نییە. نموونەگەلی بەرچاومان لە چیرۆکی جیهانی و تەنانەت شانۆی جیهانی هەیە کە بێ ئەوەی ناوی نووسەرەکەی بزانین تەنیا بە خوێندنەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم چیرۆکە هی فڵانە شوێنە. ڕیالیزمی سیحراویی ئەمریکای لاتین بە ساکاری لە ڕیالیزمی سیحراویی ئەڵمانیا جیا دەکرێتەوە. یان شانۆی ژاپۆن تەواو لە شانۆی بریتانیا جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە تەواوی شێوەکانی گێڕانەوەدایە، لە سینەماوە بگرە تا ڕۆمان و نیگارکێشی.

(کاوان محەمەدپوور)

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان




نەوەی نوێ و گوتاری کوردایەتیی … کامیار سابیر

ئەوەی یەکێتیی و گۆڕانی تووشی ئیفلیجبوون کرد، بە پلەی یەکەم، شەخصی یەکەمی حیزبەکان بوون کە حەزیان نەدەکرد کەس لە خۆیان باشتر، ناسراوتر و بەتواناتر بن. حەزیان دەکرد هەموو ئەوانەی بەدەوەرییانەوەن، لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بن. هەردووکیشیان زادەی سوسیۆلۆجیا، ئەنثرۆپۆڵۆجیا و ئێثنۆگرافیای مێژوویەکی پڕ لە کارەساتی خوێناویی و کوردایەتییەکی موقییت، رەشۆکیی، بێفیکر و بێ روئییە بوون. بۆ پارتیی، وێرانەکە کەمتر دیارە، چونکە مەرجەعی خێزانیی، چەندیین چەرخە، جێکەوت بووە. هاوکات، بە مردنی دواهەمیین مەرجەعی کوردایەتیی، دۆخەکە بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە لە دۆخی یەکێتیی و گۆڕان بچێ و دوو میلیاردێری سیاسیی کە پارە و ئیمکانییاتێکی زۆری ئابووریی و عەسکەرییان لەژێر دەستدایە، مەگەر هەر ئاشی نەزانی ئەم سیستەمە چەتەگەرییە، فاڵی بۆ بگرێتەوە کە چیی روودەدات؟

نەوەی نوێ-نن، بە یەک قائید و بە یەک سەرمایەدار، بە یەک مێنتاڵیتیی و بییرکردنەوە، نەک بەڕێوە ناچێت، بەڵکو زۆر خراپیش دەپووکێتەوە. سەردەمی قیادەی جەماعیی و کاری بەکۆمەڵە، سەردەمی هێنانەپێشەوەی کۆمەڵێ گەنجە کە جورئەت و روئییە و فیکری سیاسییان هەبێت، جیاواز بێت لە باکگراوندی حیزبەکانی کوردایەتیی و مێژووی پڕ لە فەشەل و عەمالەتی ئەم سیستەمە چەتەگەرییە. لێرەوە دەکرێ، نەخشەڕێگەی سیاسیی نەوەی نوێ، بە کەمتریین ماوە جێکەوت بکرێ و پرۆژەکەیان بکەن بە پرۆژەی گەنجانێکی زۆری خاوەن ( وزە و سەلیقەی سیاسیی و تەحەداکردن).

ریفراندۆم و ویلایەتی موستەعمەرەی شێخنشیینیی کوردایەتیی، ئەو تاقیگە گەورەیە بوو، زۆریینەی رەهای حیزبە کوردییەکانی کوردستانی( ئێران و عێراق)، لە راستەوە بۆ چەپ، هەروەها جاش-مەرگەکانی رۆژ و …تاد، وەکو موبایەعەچیی و مورتەزیقەی تورکیا کە ماستەرمایندی ریفراندۆم بوو، مامەڵەیان دەکرد. لە ناو هەموو کورددا، بە عەوام و نوخبەوە، چەند دەیان کەسێک بە جورئەتەوە، تەحەدای ریفراندۆمیان کرد و بە دەق و بەسەردێڕ، گوتیان” نا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی”. زۆریینەی رەها، یان لەگەڵیدا بوون بەهۆی کوردەنامووسیی و بێفیکرییەوە، یان لە ترسی هەژموونی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی و تەخوینەکەی، نەیاندەوێرا سەر دەربکەن، یاخود بەهۆی جەهلی سیاسیی و کەمیی لە مەعریفەی سیاسییدا، خەڵکیان سەرپشک کرد بە “نا” و بە “بەڵێ” دەنگ بدەن، یاخود، کەمپەینی بایکۆتیان، بەگەڕ خست. نن، ئەو شانازییەی پێدەبڕێ دوای ئەو کەسانەی کەمپەینی “نا”یان بۆ ریفراندۆم کرد، ئەویش بە کەمپەینی “نەخێر لە ئێستادا”، بۆچوون و ئەکتی سیاسییان تێکەڵ کرد، بەڵام ئایا دەتوانن بە بێ فیکر و روئییەی سیاسیی، درێژە بەو تاکتیکە بدەن و بەرە و ستراتیژی سیاسیی، بەرن؟

ئەمە لە کاتێکدایە، مەبنای بییرکردنەوەیان پێش راگەیاندنی ریفراندۆم، نەک هەر رۆشن نەبوو، بەڵکو بە ئەدەبییاتەکەی کوردایەتیی، دانیشتنیان لەگەڵ مالیکیی و عەبادیی رەت دەکردەوە و گاڵتەیان پێیان دەکرد. هاوکات، لە نییەتپاکیی بارزانیی، دڵنیا نەبوون بۆ ئەوەی بە جدیی بچنە پشت کەمپەینی بەڵێی رێفراندۆمەوە و لایەنگریی لە راستگۆیی ! و نییەتی سەربەخۆیی بکەن! بە کورتییەکەی لەسەرەتاوە، بە وەهمی دەوڵەتسازیی، خۆشخەیاڵ بوون. تەنانەت، بەکارهێنانی “نا لە ئێستادا”( نەخێر بە لۆکاڵیی و زمانی شەعبیی)، نیشانەی ناڕۆشنییان بوو لەسەر ئەجێنداکانی پارتیی و ئاکپارتی، هەروەها خۆشخەیاڵیی و حەنینیان بۆ ریفراندۆم و عاطیفەی سەربەخۆیی، هەبوو بەڵام لە کاتێکی تردا دەیانویست و لە ئێستادا( سەردەمی ریفراندۆمەکە) نەیاندەویست. عەقڵانییبوون،ئەوەیە نەک هەر کاتی ریفراندۆم نەبوو، بەڵکو ناکرێ بە مەسەلەیەکی هەستیاری نەژادیی و نەتەوەییە، سەرمایەگوزاریی سیاسیی لەسەر ئەو بابەتە بکرێ، ئەم قییڕەقییڕەی قازەکانی کوردایەتییش، بە ئەجێندای ئەردۆغانیزم، بێت.

وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان و ناڕۆشنییەکان، کۆمەڵێ گەنج، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی کورددا، بە جورئەتەوە، تەحەداکردنیان لە سیاسەتدا لەسەر مەسەلەیەکی نەتەوەیی کە تا رادەی کەڵت، قودسییەتی پێدراوە، تەوظیف کرد و بە شەهامەتەوە، بە ریفراندۆمیان گوت” نا”، ئەمە نەک هەر جێگەی دەستخۆشییە، بەڵکو رچەشکێنییەکی گەورەی سیاسییشە. ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، چۆن سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکەیت و ئیدامە بە پرۆژە، بە فیکر و مەعریفەی سیاسیی و مانیفێستە سیاسییەکانی خۆت دەدەیت؟

بۆ ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا، سەرکەوتووبیت، دەبێ تەواوی ئەو تەجروبە فاشیلانەی لە سەردەمی ژێکاف، کاژیک، پارتیی و شۆڕشە چەتەگەرییە عەمالەتەکەی ئەیلولەوە کەڵەکە کراون، بە شۆڕشی نوێ و گۆڕانیشەوە، بە ئیسلامییە رادیکاڵ و ئیخوانییەکانیشەوە، بە چەپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستەکانیشەوە، تێپەڕێنیت و نموونەیەکی عەقڵانییتر، واقیعییتر، نیشتمانییتر و عەمەلییتر، جێکەوت بکەیت.

ئەوەی یەپەگە و یەپەژە، یان هێزەکانی سوریای دێمۆکراتیی لە کوردستانی سوریا کردوویانە، لەناو ئەو هەموو جەهەننمە سیاسیی و عەسکەرییەدا، لەناو ئەو هەموو وەحشە ئایدیۆلۆژییەی داعش، نوصرە و مورتەزیقە جۆراوجۆرەکانی ئەردۆغان( بە جاشەکانی ئەنەکەسەیشەوە) و هێزەکانی بەشار ئەسەددا، نەک هەر جێگەی دڵخۆشیی و دەستخۆشییکردنە، بەڵکو نموونەیەکە لە جیهاندا وێنەی نییە. نموونەی ئاوەدانیی، ئاشتەوایی، پێکەوەژیان، نموونەی جەرائەتی شەڕکردن و پرۆفێشناڵیزم لە ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانی ناوچەکەدا، لە ناو ئەو هەموو هاوکێشە سیاسیی و عەسکەرییە ئاڵۆزەدا، لە نێوان جەبەروتی ئەمێریکا و روسیا، جەبەروتی میلیشیاکان و هەژموونگەریی ئێران، وێڕای هەڕەشەکانی داعش و ئەردۆغان، بەڵام بەهەموو ستاندەردێک، یەکێک لە سەرکەوتووتریین نموونەی تەحەداکردن، بەرگریی و ئاوەدەنکردنەوەیان، بە ئاکام گەیاندووە. تەنانەت ئەگەر سبەی رۆژ ببن بە قوربانیی سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییش، لەماوەی ئەم ٨ ساڵەدا، نموونەیەکیان پێشکەش بە خەڵک و جیهان کرد، بەشانازییەوە، مێژوو، تۆماری دەکات.

ئەو ئازایەتیی و خۆڕاگرییەی قەسەدە( قوات سوریا الدیموقراطیة)، ئەو تۆلێرانس و ئیدارەدان و بەڕێوەبەرایەتییە، چەند جەرائەتی سیاسیی و عەسکەریی پەکەکەی لەپشتەوەیە؟ چەند عەقڵی گەورە و بە تەجروبەی لە پشتەوەیە؟ بەڵام لە هەموویان گرینگتر، بە تایبەتیی ئەوەی تورکمانەکان، عەرەبەکان، ئێثنیکەکان و مەذهەبەکان و طائیفەکانی تر لە مامەڵەی سیاسیی و عەسکەریی کوردەکانی سوریا رازیین، بۆچوونە فیکرییەکانی ئۆجەلانیان لە پشتەوەیە. بە کورتییەکەی، ئەو هەموو سەرکەوتنە سیاسیی، عەسکەریی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییە، لە ناو ئەو هەموو شەڕوشۆڕ و گەمارۆیەدا، بتوانێ دەیان هەزار عەرەب، تورکمان، ،چەرکەس، مەسیحیی و صەدان لاوی بیانیی لە جیهانەوە، تەجنید بکەن، ئەمێریکای لاتینیی، ئەوروپایی، ئوسترالیایی، ئاسیایی و تەنانەت باکگراوندی جوولەکەیش، تەجنید بکەن و لە کوردەکان باشتر داکۆکیی لە سیستەم و لە قەوارەکە بکەن، بۆ ئازایەتیی، عەقڵانیی و واقیعیی فیکر و دیدە سیاسییەکانی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە. بۆ کتێبەکانی ئۆجەلان، بۆ ئەو فیکرە ساغڵەم و پڕ لە جەرائەتەی ئەو و فیکری نیشتمانیی و عەقڵانیی ناو کتێبەکانی دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی نەتەوەیی رەت دەکاتەوە و قەوارەیەکی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی هاوبەش و رێزگرتن لە ئیرادەی سیاسیی یەکتر، جێکەوت دەکات. سەرکەوتنی کوردەکانی سوریا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فاشیزمی نەتەوەیی جێکەوت ناکەن، بەڵکو تۆلێرانسی نیشتمانیی، ئازادیی و دێمۆکراسیی جێکەوت دەکەن( ئەم دێمۆکراسییە، جاشمەرگەی کوردایەتیی رۆژ ناگرێتەوە، چونکە مورتەزیقەی ئەردۆغانن).

بۆ نموونە لە کوردستانی عێراق، زۆریینەی تورکمانەکان، مەسیحییەکان، بگرە بەشێکی زۆری ئێزیدییەکان و ژمارەیەکی زۆری عەرەبیش( لە سوننە و لە شیعە) کە رقیان لە حیزبی کوردیی و لە کوردە، تا رادەی راسیزم و فاشیزم، حیقدیان بەرامبەر بە کورد هەیە، هەر بۆ خراپیی ئەوان ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەو فاشیزمەی کوردایەتیی دەگەڕێتە کە نەک نەیتوانیوە، پێکەوەژیان و رێزگرتن لەیەکتر بکات بە مەبنای کاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆی، بەڵكو هەمان ئەو فاشیزمەی عوروبە بەرامبەر گەلی کورد دەیکرد، فاشیزمەکەی کوردایەتییش هەمان کاری بەرامبەر ئەوان دەکرد. بە دڵنیاییەوە نوخبەی موحەقەق ئەحمەقی کوردیش لە کوردستانی عێراق و تاراوگەیش، بەشێکی زۆر لەم حەماقەتەی کوردایەتییان بەر دەکەوێت کە ناسیۆنالیزمی کوردایەتییان دەمەزەرد دەکردەوە و ئاویان لە ئاشەکەی رائیدی فاشیلی کوردایەتیی و میرنشیینییە- شێخنشیینییە- قوبرصییە- رەیعییە ئەفسووناوییەکەی دەکرد. بە پێچەوانە، زۆر زۆر بە دەگمەن لە کوردستانی سوریا، عەرەبێک، مەسیحییەک، تورکمانێک و چەرکەسێک دەدۆزیتەوە کە رقی نەژادیی و طائیفیی لە کورد بێت، هۆکارەکەی ئازایەتیی ئەمان نییە کە فاشیزم و راسیزمیان بەرامبەر بە کورد نییە، بەڵکو ئازایەتیی پەکەکە، یەپەگە و یەپەژەیش نییە، تەنیا و تەنیا ئازایەتیی و تۆلێرانسی فیکریی و عەقڵانیی کتێبەکانی ئۆجەلانە کە ئەو دونیایەی لە مۆزائیکی سیاسیی، نەژادیی و نەتەوەیی جیاواز دروست کردووە کە یەکتریان خۆش بوێت و رقیان لەیەکتر نەبێتەوە. جارێکیتریش جەخت لەوە دەکەمەوە، تەنیا و تەنیا جاشمەرگەکانی رۆژ، رقیان لە ئیدارەی کوردیی و دەسەڵاتی قەسەدەیە لە کوردستانی سوریایە کە بە نەژاد ئەم مورتەزیقانەی کوردایەتیی، بە حیساب کوردیشن.

یەکێک لە هەرە هەڵە زەقەکانی نن، ئەوە بوو، قورسایی خۆیان خستە سەر هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان، لە کاتێکدا دەبووایە بیخەنە ئاستی عێراق. ئابووریی و سیستەمی سیاسیی کوردستان، بە بەغدادەوە بەستراوە. دەبێ لە رێگەی دەوڵەتی فیدراڵییەوە، سیاسەت بکرێت. وێڕای گەندەڵیی و خراپی هەلومەرجی سیاسیی عێراق، وێڕای ئەوەی کۆمەڵێ دزی گەورەی طائیفیی لە بەغداد، حوکمڕانیی دەکەن، بە رای من، حکومەتی هەرێم، جگە لە کۆمەڵێ چەتە کە طاعون بڵاو دەکەنەوە و تاڵانچیین بە قەبارەی دەیان میلیاردۆلار، هیچ شتێکی باشیان بۆ هەرێمی کوردستان نەکردووە. بۆ ئەوەی نەوەی نوێ سەرکەوتوو بێت، دەبێ بوعدی عێراقیی هەبێت و واز لە گغوگاڵی سیاسەتی کوردیی لە چوارچێوەی هەرێمدا بهێنیت. سەرکردایەتیی پارتیی لە دۆخەکە باشتر تێگەیشتوون، وێڕای حەماقەتی ریفراندۆم، ئێستا بە توندیی و بە تیژیی، بە خێرایی و بە حەماسەوە، بۆ بەغداد گەڕانەوە. تەنیا و تەنیاش لە رێگەی دەوڵەتی عێراق و سیادەی عێراقەوە( بە کوردستانیشەوە)، دەکرێ ئەم وەرەمە خەبیثەی کوردایەتیی کە رێک رۆڵی میرەکانی سەردەمی عوثمانییەکان دەبینن، وردە وردە کیمیاویی لێ بدرێ و نەهێڵرێت لەوە زیاتر بڵاو ببێتەوە، لای کەم ئاییندەی نەوەکانی دواتر، وەکو ئێستا، یەخسیری ئەم سیاسییە فاشیل و دزانەی کوردایەتیی نەبن. بە کورتییەکەی ئەم سەرخەتە سیاسیی و ئەم مانیفێستە سیاسییانەی لەم زنجییرە وتارانەدا باسکران، سەرمەشقی سەرکەوتن یان فەشەلی نن بەیان دەکەن، لە ئاییندەی نزیک یان دووردا، ئەوە روون دەبێتەوە کە تا چەند لە گوتاری حەماقەتی کوردایەتیی نزیکن یان دوورن؟

———————-
ئەمە کۆتایی ئەو زنجییرە وتارانەبوون لەسەر نن، نووسران.

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم باسە کلیکی ئەو لینکانەی خوارەوەبکەن ……

بەشی یەکەم …..

بەشی دووەم …..

بەشی سێیەم …..




مانگرتنی بێسنوور وه‌كوو چالاكییه‌كی ده‌گمه‌ن ….. كاردۆ بۆكانی

مانگرتنی بێسنوور چالاكییه‌كی ئاسایی نییه‌؛ ته‌واو چالاكییه‌كی بانئاسایی و ده‌گمه‌نه‌. ئه‌گه‌ر به‌ سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه‌ بچێت، ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌كی قووڵ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ دۆزه‌ بكات كه‌ مانگرتووان به‌رخۆدانی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌و چالاكییه‌ چه‌نده‌ خزمه‌ت و ڕاژۆی دۆزێكی ئاسایی بكات، دوو هێنده‌ی ئه‌وه ڕاژۆی دۆزێكی ده‌گمه‌ن ده‌كات.

له‌ په‌رتووكی’ دۆزی ده‌گمه‌ن، دۆزی كورد ‘دا من تێۆری ده‌گمه‌نم شرۆڤه‌ كردووه‌ و ده‌گمه‌نبوونی دۆزی كوردم نیشان داوه‌‌. به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ دۆزی كورد دۆزێكی ده‌گمه‌نه‌‌، چالاكی ده‌گمه‌ن ده‌توانێت به‌ ده‌یان ساڵ پێشی بخات و قه‌ڵه‌مبازی مێژوویی پێ بدات. له‌ مێژووی تێكۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی كوردستان دا، چالاكی ده‌گمه‌ن و به‌رخۆدانی ده‌گمه‌ن هه‌بوون. یه‌كێك له‌و چالاكییانه‌ به‌رخۆدانی گرتووگه‌ی ئامه‌ده‌ له‌ ساڵی ١٩٨٢ دا.

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٠ دا ژێنڕاڵه‌ توركه‌كان كووده‌تای سه‌ربازیان كرد، ڕه‌پۆشه‌ و جه‌و‌ی ترسیان به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگا دا سه‌پاند، هه‌موو ده‌نگێكی دژبه‌ریان كپ كرد و، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كۆم و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانیان له‌ناو برد. ته‌نانه‌ت گورزێكی كاریگه‌ریان له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانیش دا. به‌ڵام له‌ گرتووگه‌ی ئامه‌د دا گورزی كاریگه‌ریان لێكه‌وت و پاشه‌كشه‌یان پێكرا. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گورزه‌ی لێدان چالاكی ده‌گمه‌نی پێشه‌نگانی په‌كه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ خۆسووتاندنی مه‌زڵووم دۆغان ده‌ستی پێكرد و به‌ شه‌هیدبوونی كه‌ماڵ پیر و هه‌ڤاڵانی له‌ مانگرتنی بێسنوور دا به‌ ئه‌نجام گه‌یشت. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رخۆدانه‌ ده‌گمه‌نه‌ نه‌بوایه‌، په‌كه‌كه‌ نه‌یده‌توانی له‌و قۆناخه‌ هه‌ستیار و ده‌گمه‌نه خۆی ده‌رباز بكات و به‌و ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ بگات.

به‌رخۆدانی گرتووگه‌ی ئامه‌د له‌ قۆناخی سه‌ره‌تایی په‌كه‌كه‌ دا بوو و دۆزی كوردیش به‌ گشتی، پاش ئاشبه‌تاڵه‌كه‌ی بارزانی له‌ باشووری كوردستان، له‌ ئاستێكی زۆر نه‌زم و لاواز دا بوو. وه‌كوو چالاكی و هه‌ڵمه‌تێكی ده‌گمه‌ن، ئه‌و به‌رخۆدانه‌ هه‌م په‌كه‌كه‌ی له‌ مه‌ترسی له‌ناوچوون ده‌رباز كرد و، هه‌میش دۆزی كوردی به‌ ده‌یان ساڵ پێشخست.

مانگرتنه‌كانی ئه‌م جاره‌، كه‌ له‌ ٧ی نۆڤامبری ٢٠١٨ به‌ پێشه‌نگایه‌ی له‌یلا گۆڤه‌ن ده‌ستیان پێكردووه‌، له‌ قۆناخ و به‌ستێنێكی دیكه‌ی مێژوویی دا جێده‌گرن؛ قۆناخێك كه‌ تێیدا ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین تووشی قه‌یرانی سیسته‌م بووه‌ و به‌ره‌و ڕووخانی یه‌كجاری ئاراسته‌گیر. له‌ ڕه‌وشێكی ئاوا دا، جێگیربوونی سیسته‌مێكی نوێ گرێدراوی ڕێكخسته‌بوونی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ له‌ دژی سیسته‌می كۆن سه‌ریهه‌ڵداوه‌. سیسته‌می كۆن هه‌رچه‌ند له‌ قه‌یران و گێژاوه‌ دا بژی، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی سیسته‌می نوێ ڕێكخسته‌ نه‌بن و فه‌داكارانه‌ ئاماده‌ی نرخ و ره‌نج دان نه‌بن، سیسته‌می كۆن ده‌توانێت خۆی له‌ نوێوه‌ دا‌بڕێژێته‌وه‌ و به‌ نێوێكی دیكه‌ و به‌ ته‌شه‌یه‌كی تر‌‌ خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دا بسه‌پێنێته‌وه‌.

پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م، گه‌لی كورد له‌ ئاستی پێویست بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ گۆڕپان دا نه‌بوو و، به‌و پێیه‌، ئه‌وانیدی چاره‌نووسیان بۆ دیاریكرد؛ چاره‌نووسێك كه‌ پارچه‌بوونی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌ و ڕیزێك له‌ كۆمه‌ڵكوژی به‌ دوای خۆیدا هێنا كه‌ هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌. ئێستا كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ كه‌وتووه‌ته‌ قه‌یران و بناغه‌كانی سیسته‌مێكی نوێ له‌ ڕۆژاوای كوردستان داڕێژراوه‌، پێویسته‌ گه‌لی كوردستان به‌ گوێره‌ی پێویست له‌ گۆڕپان دا بێت و سیسته‌می خۆی دامه‌زرێنێت. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئێستا سیسته‌می پاش لۆزان له‌ قه‌یران دایه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی پێویست‌‌‌ تێنه‌كۆشین و پێداگری له‌سه‌ر هێڵی ئازادی نه‌كه‌ین، چاره‌نووسمان هه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌بێت.

تێكۆشانی ئازادی پێویستی به‌ به‌شداری هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌. یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕش له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدان دا چینێك یان دوو چینی كۆمه‌ڵگا به‌شداری ده‌كات، به‌ڵام له‌ شۆڕش دا هه‌موو یان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا تێیدا به‌شداری ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و چینانه‌ چینی ڕۆشنبیر و پسپۆره‌‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ڕۆشنبیر كاری هزری ده‌كات و هزر ڕۆڵی گرینگی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵگیرسان و سه‌ركه‌وتنی شۆڕش دا‌، ڕۆشنبیر ده‌توانێت له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی شۆڕش دا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌كان و ڕێكخراوه‌ ڕامیارییه‌كانی كوردستان بكه‌ین، یه‌كه‌م شتێك كه‌ سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت ڕۆلی لاواز یان نه‌بووی چینی ڕۆشنبیره‌. هۆكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ش دوو شته‌: یا ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌كان كراوه‌ نه‌بوون بۆ به‌شداری ڕۆشنبیر، یان ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆشنبیر بۆخۆی به‌شداری ڕێكخراوه‌ی شۆڕشگێڕی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئێستا، چاره‌سه‌ركردنی دۆزی ده‌گمه‌نی كورد چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌مان لێده‌خوازێت. هه‌ر بۆیه‌، چه‌نده‌ ڕێكخراوه‌كان پێویسته‌ باوه‌شی خۆیان بۆ ڕۆشنبیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پێویسته‌ كه ڕۆشنبیر ڕوو له‌ شۆڕش بكات و به‌شداری ڕێكخراوه‌ی شۆڕشگێڕ ببێت.

ڕۆشنبیرێك كه‌ هه‌ست به‌ ژێرده‌ستی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و پارچه‌بوونی وڵاته‌كه‌ی نه‌كات، هه‌موو پێكهاته‌‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. چونكه‌ كۆمه‌ڵگا چه‌نده‌ی پێویست به‌ تاكه‌كه‌س بێت بۆ دامه‌زراندن و به‌رده‌وامكردنی هه‌بوونی خۆی، تاكه‌كه‌سیش ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ بۆ واتادان به‌ خۆ و بۆ پاراستنی خۆ.

په‌رگالی هزریی كلاسیك، كه‌ به‌سه‌ر لیبڕالیسم و سۆسیالیسم دا دابه‌ش ده‌بوو، شرۆڤه‌یه‌كی ڕاستی له‌و دوو پۆلێنه‌ نه‌خسته‌ به‌ر چاومان. لیبرالیسم له‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی تاك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دا بوو و، له‌و پێناوه ‌دا، هه‌موو مافێكی پێشكه‌ش به‌ تاك ده‌كرد و چێژگرتنی تاكی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ماف و كرده‌وه‌یه‌ك به‌ ڕه‌وا ده‌زانی، ته‌نانه‌ت ئه‌و ماف و كرده‌وانه‌ی كه‌ خه‌ساریان له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌دا. به‌ پێچه‌وانه‌ی لیبرالیسم و هاوشێوه‌ی ئه‌و‌، سۆسیالیسم كۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر تاك دا ده‌سه‌پاند و هه‌موو مافێكی به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌دا بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاك‌ به‌ گوێره‌ی خۆی. له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی سۆسیالیستی ئه‌م ڕێبازه‌ هه‌تا ئاستی دیكتاتۆڕی و ماریسێتی چوو.

چه‌نده‌ لیبرالیسم و هه‌وڵه‌كانی پێشترێتی دان به‌ تاك‌ هه‌ڵه‌ بن، سۆسیالیسم و هه‌وڵه‌كانی پێشترێتی دان به‌ كۆمه‌ڵگاش ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵه‌ن. له‌ ڕاستی دا، پرسیاری’ گه‌لۆ تاك له‌ پێش كۆمه‌ڵگا دا له‌ دایك بووه‌ یان كۆمه‌ڵگا له‌ پێش تاك دا هاتووه‌‘ له‌ فه‌لسه‌فه‌ دا بێواته‌ بووه‌، هه‌ر وه‌ك پرسیاری ’ گه‌لۆ هێلكه‌ له‌ پێش مریشك دا هاتووه‌، یا مریشك له‌ پێش هێلكه ‌دا ‘. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ پێشترێتی دان به‌ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو پۆلێنه‌، له‌ ڕاستی دا، هه‌وڵه‌ بۆ سه‌پاندنی ئه‌و به‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دیكه‌ دا؛ سه‌پاندنێك كه‌ بێجگه‌ له‌ خه‌سار و ڕووخاندن هیچ سوودێكی بۆ هیچیان نییه‌.

ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ خۆمان له‌ دووپه‌كییه‌‌ كلاسیكییه‌ ده‌رباز بكه‌ین و له‌و ڕاستییه‌ تێبگه‌ین كه‌ ڕێبازی‌ دیكه‌ی هزریش هه‌ن كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت وه‌كوو هێڵی سێهه‌م، هێڵی چواره‌م و ته‌نانه‌ت هێڵی پێنجه‌میش ناودێریان بكات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ زۆنگاوی ئه‌مڕۆ دا گیر نه‌كات و ڕاستییه‌كانی سبه‌ینێ ببینێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوێر بین و خۆمان له‌و‌ زۆنگاوه‌ی دوێنێ ده‌رباز بكه‌ین كه‌ تێیدا تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌ك دا ده‌ژیان و، ڕاستییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌به‌ر چاو بگرین، ده‌بینین كه‌ ئه‌و دوو پۆلێنه‌ له‌ ناو یه‌كتری دا ده‌ژین و له‌ پێوه‌ندییه‌كی هاوژینی و سیمبیۆتیك دا یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. بۆ دامه‌زراندن و پاراستنی هه‌بوونیان پێویستیان به‌ یه‌كتری هه‌یه‌ و، هیچیان به‌ بێ ئه‌وه‌ی دیكه‌‌ نه‌ ده‌توانن له‌ دایك بن و نه‌ ده‌توانن هه‌بوونیان بپارێزن.

ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان‌ له‌و چوارچێوه‌یه ‌دا شرۆڤه‌ و داهووراندن بكه‌ین له‌ ڕاستییه‌كان نزیكتر ده‌بینه‌وه‌. هیچ تاكێكی كورد، به‌ ڕۆشنبیره‌وه‌، ناتوانێت خۆی له‌ كوردبوون بشواته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیشیكات، ئه‌وانیدی دان به‌‌و خۆشوشتنه‌وه‌یه‌ دا نانێن و له‌ پێگه‌ی كوردبوونه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن و هه‌ڵسووكه‌وتی له‌گه‌ڵ دا ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌، له‌ باتی خۆداشوشتن له‌ كوردبوون و خۆدابڕاندن له‌ كۆمه‌ڵگا و شۆڕشی كوردستان، پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی كورد، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ڕۆشنبیر و پسپۆر، له‌ ڕێپێوان و مه‌شی ئازادی دا جێبگرن و له‌ سه‌رخستنی دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

چینی ڕۆشنبیر و پسپۆری كوردستان له‌ چه‌ندین كێشه‌ دا ژیان ده‌كات كه‌ هه‌تا لێواری نه‌خۆشی چووه‌. یه‌كێك له‌و كێشانه‌‌ خۆدابڕاندن له‌ كۆمه‌ڵگایه‌؛ خۆدابڕاندنێك كه‌ تێیدا ڕۆشنبیر خۆی له‌ پێگه‌ی ژوو دا ده‌بینێت و كۆمه‌ڵگاش له‌ پێگه‌ی ژێر‌، خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ بچووك، خۆی به‌ زانا ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ نه‌زان، یا خۆی به‌ ئازاد ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ كۆیله‌. به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای تۆ بچووك، نه‌زان و كۆیله‌ بێت، چۆن تۆ ده‌توانی به‌ ئازادی، زانایی و ‌گه‌وره‌یی بژی؟ تۆ كه‌ بستێكت خاك نییه‌ تێیدا بژی، خۆ به‌ گه‌وره‌ زانینت له‌ چییه‌؟!

له‌ تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی دا نابێت هیچ كه‌س پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی وه‌كوو پاساوێك به‌كاربێنێت بۆ ناچالاكبوون. پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك چه‌نده‌ مه‌زنتر و ڕژدتر بێت، پێویسته‌ تاك خۆی له‌ كاری مه‌زنتر و ڕژدتر بدات. ڕاسته‌ پێگه‌ی رۆشنبیربوون و پسپۆربوون له‌ بواره‌كانی زانستی دا پێگه‌گه‌لێكی به‌رزن‌. كه‌س ناتوانێ نكوڵی له‌ به‌رزبوونی پێگه‌ی دوكتور، پرۆفسۆر و ئه‌ندازیار بكات، به‌ڵام ئه‌و پێگانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و‌ پێگه‌ نه‌زمه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری‌ تێیدا ده‌ناڵێت زۆر ناكۆك و دژبه‌یه‌كه‌. پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان زۆر به‌رزه‌، له‌ لووتكه‌ دایه‌، له‌ هه‌موو شوێنێك پێمان خۆشه‌ به‌چاوی كۆمه‌ڵگایدا بده‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دوكتور بین له‌ كه‌سی قه‌بووڵ ناكه‌ین كه‌متر له‌ دوكتورمان پێبڵێت و، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ كه‌سه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ نازناوی پرۆفسۆر بانگمان نه‌كات ئه‌گه‌ر پرۆفسۆر بین. به‌ڵام سه‌د حه‌یف و مه‌خابن، پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان ئه‌وه‌نده‌ نه‌زمه كه‌‌‌ له‌ هیچ شوێنێك پێمان خۆش نییه‌ باسی لێ بكه‌ن و‌ وه‌بیرمانی بێننه‌وه‌.

واته‌ ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت درزێكی پان و به‌رینه‌‌ له‌ نێوان پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان دا. ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت نكوڵی لێبكات و ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ژانه‌ كه‌ هیچ مرۆڤێكی خاوه‌ن ویژدان ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت. جا بۆیه،‌ داوا له‌ هه‌موو ڕۆشنبیران و پسپۆرانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ خۆیان دا بچنه‌وه‌ و خاوه‌نداری له‌ شۆڕشی كوردستان و ئه‌و قۆناخه‌ هه‌ستیار و میژووییه‌ بكه‌ن كه‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بین. با هه‌موومان ڕوو له‌ به‌ره‌كانی شۆڕش بكه‌ین و به‌بێ خۆ به‌گه‌وره‌ زانین و به‌كار هێنانی ئاستمان له‌ به‌رامبه‌ری ده‌ورووبه‌رمان ڕۆڵی مێژووی خۆمان بگێڕین. با پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییشمان به‌ ئاستی پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان بگه‌یه‌نین و هه‌ر وه‌ك چۆن شانازی به‌ پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان ده‌كه‌ین ئاواش شانازی به‌ پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یشمان بكه‌ین.




شه‌كیب شه‌قشه‌قه‌ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

شەکیب شەقشەقە، فەرمانبەرێکی بەوەجی حوکوومەت بوو، ملەستوورێکی کەتەی سەر چوارقولینچکی کەپوو بەرانانیی گوێ دەفی لچەستووری سمێڵ و ئەبرۆ بۆیاغکەرەوە بوو. برادەرەکانی بە شەکۆ شەقشەقە بانگیان دەکرد، چونکە لەماڵەوە لەگەڵ کچەزاکانی ھەر خەریکی شەقشەقانێ بوو. شەکۆ سێ کچی ھەبوو و ھەرسێکی بەشوو دابوو، خۆی و مامزی ژنی لە ماڵەوە مابوونەوە. شەکۆ لە حوکوومەت دەسڕۆییو بوو، نێوانی لەگەڵ گەورە بەرپرسان مشە بوو، بەشەو بەردەوام پێیەکی لای وەزیرێک یان بەرپرسێکی گەورەی حیزب بوو، سبەینانیش لە دەوام بوو و ھێوارانیش دەچووە بارەگای حیزب و لەوێ سەری مەجلیسی چەقەچەقە سییاسییەکانی دەگرت و دەمودووێکی ھەبوو تڕەتڕی بە ھەمووان دەخست. شەکۆ ھەفتەیەکی مابوو خانەنشین بێت، چونکە دوای ئەو ھەفتەیە تەمەنی لە شەست و سێ دەپەڕییەوە و بەپێی بڕیاری پەرلەمانیش ھەر دەبووا تەقاویت بێت، پرسی تەقاویتییەکەی ھەراسانی کردبوو و شەوانە خەوی نەدەچووە چاوی. شەکۆ شەقشەقە لەگەڵ ئەوەی خاوەن نۆ باڵەخانەی گەورە بوو لەناو شەستمەتریی ھەولێر و مانگانە داھاتی چەندین ڕیزە دوکانیشی بۆ دەھاتە ماڵەوە لە شاری خەونەکان، بەڵام ئەوەندە دەسقوچاو و پیسکە و چڕدۆ و ڕەزیل و چاوچنۆک بوو، گەر ڕۆژێک سووکە مەسرەفێکی ھەبا، بۆ شەوەکەی بە داڵغەی ھەندێ، خەمی دونیای دەھاتە کۆڵ.

ماوه‌یه‌ك بوو دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئاو، گێچی ئاوپێویان له‌ ماڵان به‌ستبوو، نێوانی له‌گه‌ڵ مامز هه‌ر قڕه‌وبڕه‌ بوو، چونكه‌ شه‌كۆ دوای به‌ستنی ئاوپێوه‌كه‌، داوای له‌ مامز كرد چیتر ڕۆژانه‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌ نه‌شوات، به‌ڵكوو بیكاته‌ هه‌فته‌ی جارێك، چونكه‌ ئیتر وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆت ئاو سه‌رف بكه‌یت، چونكه‌ ئاوپێوه‌كه‌ پاره‌ی زۆریان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات.
شەکۆ لەجییاتیی ئیسراحەت و ئازادبوونی له‌ ده‌وام و دائیره‌ و كه‌وتنه‌ ژیانێکی ئاساییی ئادەمییانە، خەفەتی تەقاویت بوونەکەی، دنیای لێ کردبووە چەرمی کێشکە. چاوی بە ھیچ تێر نەدەبوو. ئەو گوێی لێ نەبوو ڕۆژانە دەبووا بە تڕومبێل نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە ماڵەوەڕا ببڕێت تا دەگاتە فەرمانگەکەی كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌ڵه‌ك بوو، بیری لەوە دەکردەوە ساڵێكیتریش خزمەتەکەی نوێ بکاتەوە، کە ئەمەش لەدەست سەرەک وەزیرانە.

سەری ھەفتە شەکۆ مەوعیدێکی لە نووسینگەی سەرەک وەزیرانی وەرگرت و لە دیدارەکەی لەگەڵ جەنابی سەرەکدا، داوای کرد ساڵێکی وەزیفەکەی بە پێچەوانەی باقی فەرمانبەران بۆ نوێ بکاتەوە. سەرەک وەزیرانیش بێئەوەی بۆ یاسا بگەڕێتەوە، یەکسەر بە بڕیارێکی سەر پارچە قاقەزێک، شەکۆ شەقشەقەی گەڕاندەوە فەرمانگەکەی، ڕۆژی پاشتر شەکۆ بەر لەوەی بچێتەوە سەر کارەکەی، بڕیاریدا ھەندێ لە فەرمانبەرانی کاربەدەستی فەرمانگەکەی دەعوەتی سه‌یرانه‌گه‌شتێكی مەی خواردنەوە بکات. ئێوارەکەی سندووقی قەمەرەکەی پڕ کرد لە ئارەق و ویسکی و بیرە و بڕاندی و شه‌مپانیا و ڤۆدگا، بەڵام لەگەڵ بابەکری ژمێریاری فەرمانگەکەی وەک چۆن لەمێژ بوو بۆ پارەوپوول کلکیان توند لێک گرێدابوو، لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە سەرجەم مەسرەفی مەی و خواردنەکانی بۆ بکات بە پسوولەی کەلووپەلی پێویستی فەرمانگەکەی. ڕۆژی ھەینی گەشتێکی خۆشیان بۆ لای کورداوە کرد و شەکۆ و برادەرەکانی و چەند بەرپرسێکی حیزبیش کە ھێنابوونی، تا مڕ بوون بەدەم چه‌قه‌چه‌ق و فڵته‌فڵتی سییاسه‌ت و حیزب و سوێند بە خاکی پیرۆزی کوردستان و گۆڕی شەھیدان و ھەڵوێستی پاک و مەردانەیان بەرامبەر گەندەڵی و گەندەڵان، پەیمانە لەدوای پەیمانە ھەڵیاندەقوڕاند.

شەکۆ دەستی بە دەوام کردەوە. سێیەم ڕۆژی دەوامی دوای بڕیاری گەڕانەوەکەی، شەکۆ شەقشەقە لە گەڕانەوەی لە دەوام، لەگەڵ لۆرییەک تامپۆنیان کرد و شەکۆ بە سەختی بریندار بوو. بە بڕیاری حیزب و سەرەک وەزیران شەکۆیان بۆ چارەسەری ناردە ئەڵمانیا، دوای ھەفتەیەک مانەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھانۆڤەر، شەکۆ گیانی بە خاکی پاکی کوردستان بەخشی، حوکوومەتیش بڕیاریدا ناوی لە لیستی شەھیدان بنووسرێ و ژنەکەشی تا ماوه‌، مانگانه‌ شەھیدانەی بدرێتێ.

دوای ھەفتەیەک کە پرسە ھەڵگیرا، ھەر سێ زاوای شەکۆ، ھاتنە سەر شانۆ و لەسەر وەرگرتنی کرێی ڕێزە دوکانەکان و باڵەخانەكانی شەكۆ پاک و پوختە و بێ قڕەقڕ پێکھاتن و سەڵاواتێکیان لەدیداری شەکیب شەقشەقە خوێند و بڕیاریاندا شەوی ھەینی مەولوودێکی گەورە لە مزگەوتی جەلیل خەیات بگێڕن و پڕیکەن لە ئەشڕافی شار و شارستانانی ھەولێر.
خۆزگە شەکۆ چاوێکت لەوێ دەبوو.

•ع.ف•




ئەو برینانەی بۆم پینە نەکران … هه‌ژار حوسێن

پێشکەشە بەجوانترین برینی من

پینە
منداڵێکی دەست خوساو
دۆشداماو لەکلێنسەکانی بەردەمی
تارافیک لەدایکی دەچو
شارەوانی وازی لەگەڕانی قەڵەڕەشەکان هێنا
گۆشتی بەرازیش شیفای مایەسیری نەداین
تێی هەڵدە منداڵی پووچ بوون یارییەکانی کۆڵان
دەبێژمەوە کەسم خۆشناوێت
ئەو دراوسێیەش ئاشتناکەمەوە کەپەنجەره‌کەیانم شکاند
منداڵی و ڕەش گەڕەکێکی هیچوو پووچ
سەرم بەستوویەتی
چاوەکانیشت لەو بەردە بێدەنگانە دەچوون
سەمفۆنییای مەرگم بۆ بژەنن
ڕۆیشتنی ئاو برینی
بیرهاتنەوەی خەندەکانتە
منداڵ دەبمەوە و بیری پەسیرەی دارمێوەکەی حەوشەتان دەکەم
غەریبی دزینی قەیسی دەکەم لەباخچەکان
منداڵ دەبمەوە و بیرم لای ئەوشەربەتەیە ناوی ئەخشۆبو
خوادا چارەی برینەکانی بۆدەکرا لێ نەیکرد
ئەوژنانەی بەهەنجەتی جوانی لەماڵ دەرکران
دووایین پێغەمبەری ئێمەبوون
ئەو برینانەی سەدەیەک گۆرانییان بۆ دەوتین
دواین ڕازەکانمان بوون لەگەڵ تەنیاییدا

برین
بم ناسەوە بە ونبوون لەنێو ڕێگاکاندا
بەماندوو نەبوون بەو یارییەی ناوی بوونە
بەچڕینی گۆرانییەکەی فەیروز بگەڕێوە
منیش لە کوچەی غەریبدا
ئەو وڕێنانەت بەگوێدا دەچرپێنم
تادەبیتە تامی ئەی دلبەرێی فەقێ تەیران
تادەبیتە وێرد بۆزمان
سورەتی فەتحت بۆ دەخوێنم
تا ئازادبی
دادەخورپێ ئەو دڵە قەڵەبارغەی من
برین دێنێتە پەیڤین و پلاستەریش بە لۆکە
دەزانی عەشق هیچ و پووچ ترین برینی مێشکی ئێمەیە
کۆنترین یارییه مرۆڤ بەخوادای دەکا
ئێستا خۆکوژی کایەیێکە دەبێ مردن نیشانی ژیانی بدات
ئەڤین مەرگ نییە
ئەو شەقامانەی ئێمەیان بریندار دەکرد
ئێستا چۆلەکەیێکی هەڵاتوو لە تفەنگ
ڕیقنەیان پێدا دەکات
ئەو شەوانەی من دەگریام تۆ وەک شاخێک دەتلاوەندمەوە
سەحکێ خەونەکانم چ فراڤینێک ئامادە دەکەن
بڕوانە ئەو ئەومێدە ژەنگ گرتووەی
لەڕوخساری زبرم دیارە
دەبینی لەنێو پرسیارەکانما بویتە چ تامێک
سەیرکە ئەو وشانەی یارییان پێدەکەم
چ تامێک بەلاشەت دەدەن

هه‌ژار حوسێن .




ئیندێکسی نوێی گەندەڵی …. و. هەڵۆ بەرزنجەیی

ڕێکخراوی شەفافییەتی جیھانی:لە سەرتاسەری جیھان دا قەیرانی دیموکراسی” دەبینێت.
گەندەڵی لەدنیا وەک کێشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە: زۆرینەی وڵاتانی جیھان لە راپۆرتی Transparency International -TI- پلەیەکی خراپ بەدەست دێنن. لە ئەڵمانیا بارودۆخەکە کەمێک خراپتر بووە – لە ئەمەریکا زۆر خراپتر بووە.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ، ڕێکخراوی ناوبراو TI دوای ئەوە کەسانی شارەزا و پسپۆر لێکۆڵینەوەیان کردووە لە 180 وڵاتدا ، ئیندێکسی ئاماژەی گەندەڵی Corruption Perception index CPI نمرە یاخود پلەی 0 – 100 واتە سفر تا سەد، دانان بۆ ھەڵسەنگاندنی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەکان دا. تا ژمارەکە زۆر بێت، نیشانەی باشی بارودۆخەکەیە. واتە کەمی دیاردەی ئاماژەی بوونی گەندەڵی زۆر و نەرێنییە.

بە تێکڕا ٢/٣، واتە دوو لە سێی وڵاتان دەکەونە خوار تێکڕای پلە 50 وە. ئەمەش نیشانەی بارودۆخێکی خراپ و شێواو دەنوێنێ. تەنیا 20 وڵات توانیویانە لە 2012 وە بەرەو باشتر بڕۆن. لەوانە Guyan+9 لە 2012 ەوە، Argentin+8 لە 2015 ەوە، Elfbeinküste ساحل العاج+8 لە 2013 ەوە.16 نەتەوە زۆر دابەزیون لە نێوانیان دا: ھەنگاریا – 9 لە 2012 ەوە، تورکیا – 9 لە 2013 ەوە و مەکسیک – 8 لە 2013 ەوە.
دانیمارک لە پلەی یەکەم دا و ئەڵمانیا پلەی یازدەیەم.

لەم میانەدا دانیمارک ئەم وڵاتەی سکەندەناڤیا باشترین پلەی بەدەست ھێناوە 88.
نیوزلەندە87 و فینلەندە و سەنگاپوور و سوید و سویسرا85 و سۆماڵ خراپترین پلە 10 بەدەستهێناوە لەدوای ئەوەوە سوریا و باشووری سودانەوە ھەریەکەیان 13 و یەمەن و کۆریای باکور 14.
ئەڵمانیا لە پارەوە کەمێک خراپتر بووە لە 81 ەوە بووە بە 80. ئەمەش ناکاتە ئەو 10 باشترینەی ریزبەندە جیھانییەکە. ئەڵمانیا پلەی 11 لەگەڵ بەریتانیا بەش دەکات. ھەروەک شێڤی ئەڵمانیای TI Edda Müllerدەڵێت.
ئەمەریکا بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 2011 ەوە دادەبەزێ لە Top 20 واتە لە 75 ەوە بووە بۆ 71.

لە ڕاستیدا وەک شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، بارودۆخەکە ھەمووی پەیوەندی بە ھەلومەرج و دۆخی سیاسییەوە ھەیە. ڕاپۆرتەکە بە ئاشکرا وابەستەیی دیموکراسییەکی تەندروست و بەربەرەکانی سەرکەوتووانە دژ بە گەندەڵی لە ناوچەکاندا دەبەستێتەوە بە دیموکراسییەوە.
سەرۆکی جیھانی Ferreira Rubio TI دەڵێ : دیموکراسی سنووردار نەکراو لە پلەی 75 دایە و سنووردار کراو لە 49 دا. لای ڕژێمە ھەجینییەکان 35. و لای ڕژێمە ئۆتۆکراتەکان 30 . دۆخە تابێت بەرەو شلۆقی و خراپیدەڕوات.
ئەگەری زۆری گەندەڵی لەوێدا زیاد دەکات، کەوا بنچینەی دیموکراسی لاوازە. وەک ئەوەی ئێمە لە زۆر وڵاتانی دنیادا بینیومانە، سیاسەتی نادیموکراتی و پۆپۆلیستی بۆ سوودی خۆیان بەکار دێنن. Rubioوا دەڵێت.
ڕاپۆرتەکە زۆر بەوردی جەخت لەسەر ناوچەکانی جیھان دەکاتەوە. ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەک ناوچە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە. بەدەستھێنانی تێکڕای 66 ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەم ناوچەیە. ناوچەکانی ئەفەریقا و خوارووی بیابان بە پێچەوانەوە بەتێکڕا 32 یان بەدەست ھێناوە.

و. هەڵۆ بەرزنجەیی ٣٠/١/٢٠١٩
—————–
سەرچاوە:
http://www.spiegel.de/politik/deutschland/transparency-sieht-weltweite-krise-der-demokratie-korruptionsindex-a-1250456.html




نــــــامــــــــــە … نووسینی: محەمەد بەرزی

تێبینی: چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی (ئەحمەد)یش ناوێکی خوازراوە

١

ئەحە دراوسێی و ھاوڕێیی قوتابخانەم بوو ، کورێکی زۆر قسەخۆش و قۆشمە بوو ، بەڵام لە قوتابخانە زیرەک نەبوو . باوکیشی پیاوێکی رەنجدەری ماندوونەناسی ئازابوو ، لە سپیدەی بەیانییەوە لە دووکانە پچکۆلەکەیدا شانووبازووی دەکوتا ، شەوانیش لە گومرگە سووتاوەکە پاسەوان بوو . لەگەڵ ئەوەشدا بەجوانی ماڵومنداڵی خۆی بەخێودەکرد ، بەڵام پیاوێکی توڕەی قسە ڕەقی تەنگەتیلکە بوو ، ھیچ کاتێک ڕووناکی لەڕوویدا نەبینراوە و باوەڕناکەم بەختوکەش پێکەنیبێت . لەژێر خەمی تەمەڵی ئەحەدا چەمابۆوە ، ناھەقیشی نەبوو ، چونکە ئەحە لە پۆلی سێی ناوەندیدا چەقینێک چەقی ئێستاو ئەوساش لێی نەھاتەدەرێ ، تا دەریانکرد ، ئنجا چووە قوتابخانەی شەو ، لەوێش ھەر دەرنەچوو . ئەم پۆلی سێی یە بوو بوو بەشاخێکی ھەڵەمووتی ھەزار بەھەزاری سەختی عاسی و بە ئامان و زەمان نەی دەتوانی بەسەریدا سەربکەوێت . ھەموو جارێک بەئێمەی دەووت : ( تا لەم پۆلی سێ نەگریسە دەرنەچم قەت پێم مەڵێن ئەحمەد ، ھەر بڵێن ئەحە ) . ئەوی ڕاستی بێت ئێمەش ھەر وامانکرد . باوکی لۆمە و سەرزەنشتی زۆری دەکرد و لەبەرچاوی ئێمە تەریقی دەکردەوە ، جارێکیان پێی ووت : ( تۆ گایەکی گێرەنەکەری گەلۆری ) . دیارە ئەمەش وانەبوو ، چونکە ئەحە زۆرجار یارمەتی باوکی دەدا ، بەڵام بۆی نەدەھات وا لەبەرچاوی ڕەِش بوو بوو بەکارە باشەکانیشی قاڵس دەبوو ، خوا خوای بوو ھەڵەیەک بکات و جامی ڕقی خۆی بەسەردا بڕژێنێت . بێگومان مێشکی ئەحە بۆ خوێندن نەکرابوو ، ئەو لە ناخەوە حەزی لە دوو شت بوو ، سیاسەت و دڵداری .

لە بیرمە لە پێش ھەموومانەوە بوو بە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ، زۆر بە جوانی ئەرکەکانی سەرشانی رادەپەڕاند و کۆی لە ھیچ نەدەکرد و لە کۆبوونەوەکان دوانەدەکەوت ، ئەو ھەموو کۆبوونەوانەی دەکرد ، بەڵام لەترسی باوکی نەی دەوێرا تەنھا کۆبوونەوەیەک لە ماڵی خۆیاندا بکات… ڕۆژێک دڵی نووسا بە کیژێکی زۆر شۆخ و ناسکی قوتابی ناوەندیدا ، بۆی شێت بوو ، ماخۆلان کەوتە کۆڵی و نەیدەزانی چۆن چۆنی و بە چ ڕێگایەک خۆی بگەیەنێتێ ، چونکە ئەو کیژە لەھاتن و ڕۆیشتنی دا دوو دەستە خوشکی خۆی لەگەڵدابوو . بۆیە ئەحە نەتوانی نامەی بداتێ ، نە بیدوێنێ . ناچار ڕۆژێک پێی بەجەرگی خۆیدا نا و نامەیەکی پەپوولەداری ڕەنگاوڕەنگی بۆنخۆشی بەجوانی پێچایەوە و خستییە ناو لاپەڕە بیستی گۆڤارێکی (بوردە) ی بەھاری خوشکێوە و لەسەر ڕێگای کچە وەستا ، ھەر کاتێک لەگەڵ دەستە خوشکەکانی دا گەیشتنە ڕاستە کۆڵانەکەی ماڵی خۆیان ، ئەحە لە بەردەمیاندا قنج و قۆز قووت بۆوە و بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدات ، یان دەمی تێکەڵ و پێکەڵ بێت ، یان بشڵەژێ ، گۆڤارەکەی بۆکچەکە ڕاگرت و زۆر لەسەرخۆ ووتی : ( ئەم گۆڤارەیان بۆ بەڕیزتان ناردووە ، بەڵام تکایە ڵاپەڕە بیستتان لە یاد نەچێ ) .

کچە گۆڤارەکەی لەدەست وەرگرت ، ئەحەش بروسکەئاسا ئاوا بوو . لەو نامەیەدا بەدەستوخەتە ناشیرینەکەی زۆر شتی جوانی نووسیبوو : دڵ ئاوێنەی دڵە ، تۆم بۆ ژیانی ھەتا ھەتای دەوێت ، شیعریشی بۆ نووسیبوو : ھەموو ڕۆژێک لەبەر سەیری بتی ئەو بەژنو باڵایە ، لەسەر رێتا ئەوەستم من ھەتاکو ئاوی پێم دایە . لە سووچێکی دا دڵێکیشی کردبوو بە تیرێکی خوار سمی بووی . لە دوای نامەکەشدا نووسیبووی : ( دڵە شیرینەکەم سبەینێ خۆشترین ڕۆژی ژیانمە ، چونکە لە ھەمان شوێندا چاوەڕوانی وەڵامم ) … باۆڕناکەم ئەحە ھیچ کاتێک بەقەدەر ئەو ڕۆژە دڵی خۆش بووبێت ، ھەموو گیانی پێدەکەنی ، ڕەنگە لەپۆلی سێ دەربچوایە ، ھەر ئەوەندە شاگەشگە بوایە .

دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لەنزیک گەڕاجی ئەسحابەسپی پێشمەرگەیەکی قارەمان جلخوارێکی چڵکاوخۆری رژێمی کوشت ، بەجارێک شار قڵیشایەوە ، ھەر زوو دوکان و بازاڕ پێچرانەوە . باوکی ئەحەش وەکو ھەموو کەسێکی تر زوو گەڕایەوە بۆ ماڵەوە ، ئەو ئێوارەیە خۆی بە باخچە پچکۆلانەکەیانەوە خەریککرد ، ئەحەش گورجوگۆڵو چالاکانە بەردەستی دەکرد و بە پێی ئارەزووی دڵی ئەو دەجوڵایەوە و لەو باشتر باخچەکەی بژار دەکرد ، بەو ھیوایەی تۆزێک سۆزی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و نەختێک ڕقی ئەستوری ناخی کەم بکاتەوە . لە ڕاستیشدا ھەموو ھۆش و ھەستی لای دڵدارەکەی بوون ، زۆر پەلەی بوو ، دەت ووت لەسەر پشکۆ دانیشتووە ، خوا خوای بوو زوو سبەینێ بێت و وەڵامێکی پڕ لەشادی وەربگرێت . لەپڕ زەنگی ماڵەکەیان لێدرا ، ئەحە نزیک دەرگاکە بوو ، دەرگای کردەوە . ھەر دەرگای کردەوە وەک بروسکە لەسەری لووتی دابێت ڕاچڵەکی ، تەماشایکرد کچەو و دایکی و سێ زرتە زەلامی زەبەللاح رێک لە بەردەمیا وەستاون . کچە ئاماژەی بۆ ئەحە کرد و ووتی : ئا ئەمەیە ! . ھێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو زەلامێکیان توند قورتمی ئەحەی گرت و وەک فەردە کایەک ڕایکێشایە دەرەوە . ئەحە بوو بە تەڵەوە ، وەک کارەبا لێی دابێت وشک بوو ، ھەموو ھۆش و ھەست و خەیاڵی لای باوکی بوو ، خوا خوای بوو زەوی قووتی بدات و ئەو بەم گۆڵمەز و بەزم و ھەرایە نەزانێت . بەڵام ھەرئەوەندەی بڵێی یەک و دوو ، باوکی بە فالینەیەکی نیوقۆڵ و دەرپێیەکی سپی درێژەوە ھاتە دەرێ ، تەماشایکرد ئەو سێ زەلامە ئەحەیان بەگیرھێناوە . یەکێکیان روویکردە باوکی و ووتی : ( ئەم کوڕە بێ ئابڕووەی تۆ نامەی بە کچەکەمان داوە ، دیارە لەمردن گڕ دەخوات !!) .

باوکی ئەحە بەم قسەیە دەت ووت ھەموو شاخی پیرە مەگرون بۆتە خرە بەردێک و رێک بەر کاژەلاکی سەری کەوتووە ، راپەڕی ، ھەتا توانی تفێکی وای گرتە ناوچەوانی ئەحە پڕیشکی بەر ئەوانیش کەوت . ئنجا ڕووی دەمیکردە زەلامەکان و ووتی : ( ئەو بێ ئابڕو نییە ، ئێوە بێ ئابڕون ، ئەگەر خۆتان بە پیاو دەزانن و تووکی سمێڵَەکانتان بە مەردی ڕواوە ، دە فەرموون دوو فیشەک تەق تەق بنێن بە ناو دەمە بۆگەنەکەیەوە و خۆشتان و ئێمەش لە دەست ئەم تەمەڵی دڵداریکەری کرمۆڵە رزگار بکەن ، لای منیشەوە ھەزارجار گەردنتان خۆش و ئازاد بێت ، گوێتان لێی بوو ھەزارجار ئازاد بێت )… ئنجا پشتی لە ھەموویانکرد و بە شەقاوێک چووە ژوورەوە وبەجێیھێشتن .
ئەحە تووش بوو بوو بەڵام چۆن تووش بونێک ، لە تەریقیدا نەی دەتوانی سەر بەرزبکاتەوە ، دەت ووت پڕ باخەڵی پشکۆیە و تک تک ئارەقی شەرمەزاری دەردەدا ، وا دەمی بەسترابوو ھیچی بۆ نەدەوترا ، لە تالووکە و داوێکی گەلێک دژواری سەختی ئاڵۆزدا بوو ، کارێکیان پێکرد ھەر مەگەر ئەو خوایە خۆی بزانێت … باشبوو ھیمەتی کاک ئەحمەدی شێخ و پاراندنەوە و گریانە بەکوڵەکەی دایکی بە ھانایەوە ھاتن و لەو چورتمە قورسەیان قورتارکرد .

٢

ئەو ئێوارەیە ژیان لە ماڵی ئەحەدا ھیچ مانایەکی نەما ، دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بەسەری یەک بە یەکی ئەو خێزانەدا . خەمێکی گەورە و گران ناخی ھەموویانی داگرتبوو ، باوکیان لە تووڕەیدا جووتەی لە ناوچەوانی خۆی دەدا و چەند جارێک ویستی خۆی بگەیەنێتە ئەحە و چەند شەقێکی قایم قایم لە پاشەڵی ئەو تەمەڵە ھەڵبدات ، بەڵام ھەمووجارێک دایکی بە گریان و پاڕاندنەوە ھێوری دەکردەوە ، کەچی پاش کەمێک سەرلەنوێ دەھاتەوە کوڵ و دەستیدەکردەوە بە ھاوار ھاوار و خۆ ڕاپسکاندن ، بە ڕادەیەک دایکی ئەحە لە تاقەتیدا نەما و گەیشتە تینی و بە گریانەوە ھاواریکرد : ( دەبەسە ، توخوا بەسە و ئیتر لە توانا و تاقەتمدا نەما و ئەوەندە فووی خۆڕایی بەم ئاگرە کوژاوەیەدا مەکە و خەریکە لە پێستەکەی خۆم دەچمەدەرەوە و ئەوەندە سەر مەکەرە سەر ئەم کوڕە با لە دەستمان دەرنەچێت ، کێشەیەک ڕوویدا و بە سەلامەتی تێپەڕیی و بڕایەوە و ئیتر ئەوەندە لەسەری مەڕۆ و بێ دەنگ بە با لە داخی تۆ یەخەی کراسەکەی خۆم دانەدڕم و ئەم ماڵە کاولبووەت بۆ چۆڵ نەکەم ) . باوکی ئەحە ئەوەندەی تر بەو قسانە قوشقی بوو ، بۆیە شەقێکی لە تەپڵەکەکەی بەردەمی ھەڵدا و بەوپەڕیی توڕەییەوە ووتی : ( کچێ ئافرەت ئەم ھەتیوە سەرسەرییەی تۆ نامەی داوە بە کچی ماڵی شەفە شیلە ، جا دەزانی شەفە شیلە کێیە ؟ ) . دایکی ئەحەش بە سەرسوڕمانەوە ووتی : ( ئەیەڕۆ شەفە شیلە کێیە ؟ ) . باوکی ووتی : ( شەریفە شیلە کابرایەکی چەقۆ وەشێنی شەلاتی و شەڕەنگێزە و وەک شیلە وایە و بەھەرچ کەسێکدا بنووسێت تا ھەموو پێستی لەشی دانەماڵێت واز ناھێنێت ) .

ئەحە لە ژوورەکەی سەرەوە گوێی لە ناوی شەفە شیلە بوو ، بەڵام ئەو نە شەریفە شیلەی بە خەیاڵدا دەھات و نە ھاتوھاواری باوکی . ھەموو ھۆشوھەستی لای گریان و فرمێسکەکانی دایکی بوو ، وەی کە دڵی بەو دایکە میھرەبانەی خۆی دەسووتا و لەو کاتەدا حەزیدەکرد بچێت و باوەشێکی گەرم گەرمی پێدا بکات و تێر تێر دەست و چاوە تەڕەکانی و بنی قاچەکانی ماچ بکات و بە دڵ پێی بڵێت : ( دایە گیان لەو کارەی خۆم پەشیمانم و نەمزانی کچەکەی شەریفە شیلە ڕێز لە ھەستونەستی پاکوبێگەردی ناخی دڵم ناگرێت و ئەم بەزم و گۆڵمەزە دەھێنێتە ماڵەکەمانەوە ) .
ئەو ئێوارەیە باوکی ئەحە دەمی بۆ خواردن نەبرد ، بە ھەناوی برسی و دڵێکی لێوان لێو لە خەم و خەفەتەوە خێرا چوو خۆی گۆڕیی و دەستی دایە تفەنگە یازدە تیرەکەی و بەرەو گومرگە سووتاوەکە ملینا و تا بەیانی بە خەمی ئەحەوە گێنگڵی دەدا و دەتلایەوە و جارجارێکیش لەبەر خۆیەوە دەیووت : ( چاوت لەم بەخت و ناوچەوانە ڕەشەی من بێت تووشی چیی بووم ، لە بەیانییەوە تا ئێوارە وەک سەگێکی پیێ سووتاو لە ناو بازاڕدا دێم و دەچم و شانوبازوو دەکوتم و شەوانیش وەک کوندەپەپوویەکی پیر بە تەنھا لەم گومرگە سووتاوە کاولەدا شەو دەکەمەوە ، ئاخر بۆ کێش ؟ ، بۆ ئەو تەمەڵەی کوڕم تا بیدات بە قەڵەم و کاغەز و نامەی بۆ کچەتیوەکەی شەریفە شیلە پیێ بنووسێت ، منداڵی خەڵکیش ، کە نیو ئەوەندەی من ماندوو نابن دەچنە زانکۆ و دەبن بە پزیشک و مامۆستا ) .

لەو لاشەوە دایکی ئەحە بە درێژایی ئەو شەوە ناخۆشە خەو چاوەکانی نەگرت و تا مەلای مزگەوتەکەی خانەقا ووتی : ( ئەڵلاھو ئەکبەر ) ، ئەو ھەر بەخەبەر بوو . بەیانییەکی درەنگیش ئەحە لە ژوورەکەی خۆی ھاتە خوارەوە و لە تەریقیدا نەیتوانی ماوەیک قسە بکات ، پاشان روویکردە دایکی و ووتی : ( دایە گیان لەم ڕۆوە خۆم ئامادە دەکەم بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ بە ھیوای ئەوەی لەم پۆلی سیێ نەگریسە دەربچم و تۆزێک دەمارە ڕەقەکانی دڵی باوکمی پیێ نەرم بکەم و خۆشم و ئێوەش ئاسوودە بکەم ) . بێگومان ھەر واشیکرد ، ئیتر ھەر ئەو ڕۆژە لە ژوورەکەی خۆیدا کەوتە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی کتێبە کۆنەکانی . ئەم ژوورەی ئەحە خۆشترین ژووری ماڵەکەیان بوو ، کەوتبووە نھۆمی سەرەوە و پەنجەرە گەورەکانی بەسەر ھەموو گەڕەگدا دەیڕوانی و بە جوانی حەوشە و سەربانی زوربەی زۆری ماڵە دراوسێکانی لێوە دیار بــوو . نزیکەی مانگێک کەوتە کۆششێکی بەردەوام و جگە لە وانەکانی بیری لە ھیچ شتێکی تر نەدەکردەوە و ھەموو ئێوارەیەکیش پێش ھاتنەوەی باوکی لە ماڵەوە بوو .

بەڵام سەرلەبەیانییەکی ڕۆژی ھەینی پیکابێکی سپی سەرلەنوێ ژیانی ئەحەی سەرقاڵکردەوە . ئەو پیکابە بە کۆمەڵێک کەلوپەلی ناو ماڵەوە لە بەردەمی خانووە چۆڵەکەی ئەوبەریانەوە وەستا و چەند کەسێک کەوتنە داگرتنی کەلوپەلەکانی ناوی ، ئەمەش نیشانەبوو کە کرێچییەکی تازە ھاتۆتە گەڕکەکەیانەوە . ئەحە چاوی لەسەر ئەو کچە قژزەردە لانەدەبرد کە چالاکتر لەپیاوەکان کەلوپەلەکانی دادەگرد و بەردەوام چاوی بە ئاڕاستەی ئەودا دەڕۆیشت ، بەمەش ماخۆلان کەوتە گیانی و خوا خوای بوو زوو بزانی ئەم ماڵە تازەیە کێین . ئیتر لەو کاتەوە ئەم ئەحە نەگبەتە ئەگەر جارێک تەماشای لاپەڕەیکی بکردایە ئەوا سەدجار تەماشای ئەو ماڵەی دەکرد و خوێندنی لە بەرچاوکەوت و ئارامی نەگرت تا ئەو ڕۆژەی بەھاری خوشکی باسی ئەو ماڵەی بۆ دایکی دەکرد : ( ئەم ماڵە بریتین لە دایکێک و کوڕ و کچێک و بووکەکەیان ، کچەکەیان ناوی فریشتەیە و تا پۆلی شەشی سەرەتای خوێندووە و وازی لە خوێندن ھێناوە ، کوڕکەیان لە کارگەی چیمەنتۆ کرێکارە و خێزانەکەشی ژنی ماڵەوەیە … ) . ئەحە ھەر ئەوەندە گوێی لە بەھاری خوشکی گرت و ڕێک چووەوە ژوورەکەی خۆی و لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت فریشتە ، بە ڕاستی ناوێکی خۆشە و لە دوورەوە ھەر لـــە فریشتەش دەچێت . ڕۆژی دوایی بە ڕێکەوت ئەحە لە ناوەراستی کۆڵانەکەی ماڵی خۆیاندا لووتی بوو بە لووتی فریشتە و براژنەکەیەوە و بۆی دەرکەت ، کە فریشتە بە ڕاستی فریشتە یەکە بۆ خۆی و جوانییەکەی و دوو چاوە سەوزە گەشەکانی بە جارێک کاریان لە ڕۆحیکرد .

ئیتر بە تەواوەتی زەوقی لە کۆششکردن نەما و بە یەکجاری وانەکانی فەرامۆشکرد و لە ژوورەکەی خۆیەوە کەوتە سەرەتاتکێ و چاودێری فریشتە ، بە جۆرێک فریشتەش ھەستی پێکردبوو . پاشان بە دەست کەوتە ئیشارەتکردن و سڵاوکردن ، ئەوەی سەیر بوو فریشتەش حەزی لەو بەزمە بوو . ئەحە لە خۆشیدا جێگای بە خۆی نەدەگرت و کەمترین کات ئەو ژوورەی چۆڵدەکرد و ھەموو خەون و خولیای ئەوەبوو ئەو نێچیرەی لە دەست نەچێت ، کەچی دایکی و بەھاری خوشکیشی بەردەوام دوعایان بۆدەکرد و لە خوا دەپاڕانەوە لە کۆششکردن پشتی ساردنەبێتەوە ، ھەتا بەیانییەکی چوارشەممە دایکی بە دڵێکی پاکەوە دەستنوێژیگرت و چوو بۆ مزگەوتی گەورە و بە گەرمی مەزارە پیرۆزەکەی کاک ئەحمەدی شێخی چەند جارێک ماچکرد و بە پەرۆشەوە ڕوویکردە ئاسمان و ووتی : ( ئەی خوای پەروەردگاری تاکوتەنیای ڕەبوالعالەمین بیکە بە خاتری گەورەیی خۆت و خۆشەویستەکەی خۆت کە پێغەمبەری نازدار محەمەد مستەفایە و ڕوحیانەتی پاکوبێگەردی ئەم کاک ئەحمەدی شێخە ، ئەو تاقە کوڕەم لە قەزاوبەڵڵای دنیا بە دوور کە و دەرگای سەرکەوتنی ئەو پۆلی سێیەی بە جوانی بۆ بکەرەوە و مەڕێکم مەولودی پێغەمبەرە خۆشەویستەکەی خۆت بێت ) . لەو لاشەوە ئەحە پەڕە کاغەزێکی خەتداری گەورەی بە سنگییەوە گرتبوو لە لایەکی پەنجەرەکەوە پیشانی فریشتەی دەدا و بەدەم و دەست ئیشارەتی بۆ کاغەزەکەی دەکرد و دەیویست پێی بڵێ نامەیەکم بۆ نووسیویت و سبەینێ سەعات دووی پاش نیوەڕۆ وەرە سەربان تا ئەو کاغەزەت بۆ ھەڵبدەم . بە ھەزار حاڵ فریشتەی تێگەیاند و ئەویش زۆر بە جوانی سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند . ئەحە ئەو شەوە نامەیەکی زۆر جوانی نووسی ، ڕۆژی دوایی نامەکەی بە بەردێکی سافەوە بەست و چووە سەر سەربانی ماڵی خۆیان و فریشتەش لەو کاتەدا ھاتبووە سەر سەربان .

ئەحە بە جوانی سەیرێکی ئەملاولای کۆڵانەکەی کرد ، کاتێک زانی کۆلانەکە چۆڵە و کەس دیار نییە ھەتا توانی گوڕیی بەستەوە و زۆر بە قایم کاغەزەکەی بۆ ھەڵدا ، بەڵام لە بەختی ڕەشی ئەحەدا نامەکە بەر تەلی کارەبای کۆلانەکە کەوت و ڕێک لە بەردەمی جەبارە شەلدا کەوتە خوارەوە . جەبارە شەل پێش تۆزێک ئەحەی بە سیلەی چاو لە سەربان بینیی بوو ، زانی ئەو نامەیە نامەی ئەحەیە ، بۆیە بێ سێودوو نامەکەی ھەڵگرد و لێیدا ڕۆیشت و ھەر بە دەم ڕیگاشەوە نامەکەی کردەوە و تێر تێر بە ئاوەزی ئەحە پێکەنی . لەو نامەیەدا زۆر وشە و ڕستەی جوان جوانی نووسیبوو : ( گیانە شیرینەکەم لەو ڕۆژەی ئێوە ھاتوون ئەم گەڕەکەتان بە تەواوی ڕووناککردۆتەوە ، یاخوا بە خێربێن… ھەر لە یەکەم ساتەوە تۆم خۆشویستووە و بەڕاستی تۆ پەری و فریشتە و گوڵێکی قەشەنگ و دانسقەیت و لە بەرچاوی من لە ھەموو کەسێک جوانتری و لە ناخی مندا چووزەرەت دەرکردووە .. ھیوادارم دڵی تۆش وەک دڵی من وابێت و شەو نییە خەو بە تۆوە نەبینم … تکات لێدەکەم سبەینی لە کۆڵانەکەی پشت ماڵی خۆتاندا وەڵامی ئەم نامەیەم بدەرەوە … تکایە وەڵام .. تکایە وەڵام چونکە دەڵێی لەسەر ئاگرم و ھۆشوھەستم لای خۆم نەماوە …. ) . ھەر نامەکە کەوتە خوارەوە ئەحە گورج خۆی شاردەوە و خوا خوای بوو جەبارە شەل نەی بینێ ، ئەوەندە پەست بوو خەنجەرت لێبدایە خوێنی لێنەدەھات و ئاراموئۆقرەی لەبەربڕا و جێگای بە خۆی نەدەگرت و نەیزانی چۆن چۆنی ئەو جەبارە شەلە نەعلەتییە لەوکاتەدا پەیدابوو ، ئەوەی سەیر بوو ڕۆژی دوایی لەسەر شەقامی کاوە و نزیک کەبابخانەکەی کاکە عومەری ئەجێ جەبارە شەل ئەحەی بینی و لێی نزیک کەوتەوە و بە پێکەنینەوە بە ئەحەی ووت : ( ئەرێ خاڵۆ خۆمان وەڵامی نامەکەت بدەینەوە ) . ئەحە خوا خوای بوو ببێت بە تنۆکێک ئاو و بە ناخی زەویدا ڕۆبچێت ، بۆیە لە تەریقیدا سەری داخست و بەبێ ئەوەی قسەیەک بکات بە خێرایی لە جەبار دوور کەتەوە . جەبار بوو بەگرێ کوێرەی سەر دڵی ئەحە ، لە ھەرچ شوێنێکدا بیبینیایە خۆی لیێ دەشاردەوە . زوو زووش لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( سەرباری خەمی باوکم خەمی جەبارە شەلیش ھاتە سەر دڵمان ) .

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندی ئەحە و فریشتە زیاتر پەرەی دەسەند ، چەند جار ێک لە کۆلانە تەسک و درێژەکانی سەرشەقامدا یەکتریان دەبینی و قسەیان پێکەوە دەکرد و بە جۆرێک فریشتە تێکەڵ بە ناخی ئەحە بوو بوو ، تاقیکردنەوەی ھەر لە بیر نەمابوو ، بەلام لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکاندا و لەبەر خاتری دایک و باوکی چوو ھەموو تاقیکردنەوەکانی تەواوکرد و لە ئەنجامدا بە چوار سفرەوە گەڕایەوە . کاتێک دایکی بەو سفرانەی زانی خەریکبوو لە داخدا لە پێستی خۆی دەربچێت و بە ئەحەی ووت : ( خۆ تۆ بە ناخێری گیانت ساڵی پار باشتر بوویت ، پار بە دوو سفرەوە گەڕایتەوە ، کەچی ئەمساڵ کردت بە چوار و بەخوا ئەگەر باوکت بەمە بزانێ حەیا و شەرەفت دەبا ، ئەی خوای گەورە ئەمە چ چاوێکی پیسە وا کاری لەم ھەتیوەم کردووە) . ماوەیەک ئەو سفرانەیان لە باوکی شاردەوە ، بەلام کە ئەویش زانی تەنھا چوار تفی خەستوخۆڵی گرتە تەختی ناوچەوانی ئەحە و ووتی : ( حەیفە کەسێکی تەپۆ و بوودەڵە و بێ خێروبێری وەکو تۆ کوڕیی کابرایەکی داما و ماندووی وەک من بیت ، خۆزگە دەمتوانی بە تفەنگە یازدە تیرەکەم یازدە فیشەکم بەو کەللە پووتەدەوە دەنا و لە دەستت ڕزگارمان دەبوو ، بڕۆ لە بەرچاوم مەمێنە ھەی پێستی سەرت بە نەحلەت بێ ) . ئەحە ھەر دەتوت قوڕقوشمی کراوەتە ناو گویێ و وەک کاسەی چەوری لێھاتبوو بە ھیچ قسەیەکی باوکی تەڕ نەدەبوو ، چونکە ئەوە یەکەمجاری نەبوو بە تفی باوکی دەمووچاوی سواخ بدرێت ، بۆیە باکی نەبوو ، بە سەرشۆڕیی پشتیکردە ھەموویان و چووەوە بۆ ژوورەکەی خۆی ، ھەر کە لە پەنجەرەکەوە ماڵی فریشتەی بینی ، نە تفەکانی باوکی لە بیرما و نە خەمە گەورەکانی دڵە میھرەبانەکەی دایکی .

پەیوەندی ئەحە و فریشتە ئەوەندە بە ھێز بوو ، ڕۆژێکیان فریشتە کلیلی دەرگای دەرەوەی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە تا وێنەیەکی لە بەربگرێتەوە . لە لایەکی ترەوە فریشتە خۆیکرد بە ھاوڕێی بەھاری خوشکی و جار جار سەردانی یەکتریان دەکرد ، ئەحەش بەم ھاوڕێیەتیان شادمان بوو . ئەوەی ئەحەی زۆر پەست و بێزار دەکرد تەنھا جەبارە شەل بوو ، چونکە جار جار دەیبینی و دەبوایە لە ترسیی تانە و تەشەر و قسەکانی لە حەوت کون خۆی بشاردایەتەوە . ئەو ساڵە گەرمەی وتووێژ و دانوسانی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی عیراق بوو . پێشمەرگەکان گەڕابوونەوە بۆ ناو کەسوکاریان ، نامیقیش بە خۆی و بڕنەوێکی درێژەوە گەڕابۆوە . نامیق کاتی خۆی لەگەڵ ئەحەدا لە یەک قوتابخانەدا بوون ، زۆر بزێو و جەربەزە بوو . سەرلە ئێواران پیاوان و کوڕانی ئەو گەڕەکە لە نامیق کۆدەبوونەوە و ئەویش بە خۆی و بڕنەوەکەیەوە لە ناویاندا دەوەستا و باسی پێشمەرگایەتی بۆ دەکردن . ڕۆژێکیان نامیق لە ناو کۆمەڵێکدا یاریی بە تفەنگەکەیدەکرد ، لە پڕ فیشەکێکی لە دەست دەرچوو و ڕێک سەردڵی جەبارە شەلی ئاگردا و شەبەقێکی سوری گەورەی لە پشتدا کردەوە و یەکسەر ھەناسەی لێبڕیی و ھەر لە وێدا دەمی دا بەیەکدا و ساردبۆوە . بەمەش ئەحە خەمی جەبارە شەلیشی لە کۆڵبۆوە ، کە بوو بوو بە مۆتەکەی سەر شانی . ئیتر ئەحە ھیچ شتێک نەبوو لێی بترسێت ، چونکە باوکی بە تەواوەتی فەرامۆشی کردبوو و نامیقیش جەبارە شەل و نھێنی نامەکەی بە یەک فیشەک بۆ خستە ناو گۆڕێکی گردی سەیوانەوە .

تا دەھات بڵێسەی ئاگری دڵی ئەم دوو دڵدارە زیاتر کڵپەی دەسەند و پڕیشکی دەھاویشت ، بە جۆرێک نەعیمەی براژنی فریشتە بەو پەیوەندییەی زانی بوو و بە تەواویش یــارمەتی و ھـاوکاریشی دەکردن .
بۆیە فریشتە بە پشتی نەعیمە بە ئەحەی ووت : ( شەوانی شەممە و یەک شەممە و دووشەممان کاکم شەوانە کاردەکات و لە ماڵەوە نییە و دایکم و براژنیشم لە سەربان دەنوون ، ئەگەر ئارەزوو بکەیت دەتوانم لە نیوە شەودا دەرگات بۆ بکەمەوە و سەردانم بکەیت ، ئەمەش لەوە چاکترە لە ناو کۆلاناندا یەکتریی ببینیین ) . ئەحە ئەمەی لە خوا دەویست و زۆر زۆری پێخۆشبوو ، دەمێکیش بوو دەیویست ئەو ئەم پێشنیارە بۆ فریشتە بکات ، بەلام باشبوو وا خۆی کردی . ئنجا فریشتە ووتی : ( کەواتە ئەگەر کاتژمێری دووی شەوی شەممەی داھاتوو گڵۆپەکەی بەردەرگای ماڵی خۆمانم کوژاندەوە و دام نەگیرسانەوە ئەوە مانای وایە لەو دیو دەرگاکەمانەوە چاوەڕوانت دەکەم و دەتوانیت بێیت و ماوەیەک پێکەوە بین ) . ئەحە لە خۆشیدا قاچەکانی نە دەکەوتە زەوی و زۆر دەمێک بوو چاوەڕوانی ھەلێکی وا خۆشیدەکرد و لە چوونە دەرەوەی شەویشدا ھیچ کێشەیەکی نەبوو ، چونکە باوکی بە خۆی و تفەنگە یازدە تیرەکەیەوە پاسەوانی گومرگە سووتاوەکەی دەکرد و دایک و بەھاری خۆشکیشی شەوانە زوو دەنووستن .
ئەحە ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕا و ھەموو سەعاتێکی بە ساڵێک لیێ دەڕۆیشت و نەیدەزانی تا شەوی شەممە چۆن چۆنی کاتەکانی بەسەربەرێت و بە دیار میلی کاتژمێرەکەیەوە وەک مۆم دەتوایەوە .
شەوی شەممە ھات و ئەحە بە جوانی خۆی ئامادەکرد و چاوەکانی بڕیبووە گڵۆپەکەی سەردەرگای ماڵی فریشتە ، کە وەک دڵی ئەحە دەسووتا ، لە کاتژمێری دووی نیوە شەودا گڵۆپەکە خامۆشبوو ، ئەحە ئاوێکی سارد و فێنکی زۆر خۆش کرا بەسەر دڵیدا و بە ھیواشی و بەبێ ئەوەی دەنگی پێکانی بێت ھاتە خوارەوە و لە ماڵ چووە دەرەوە و بە خێرایی ملینا بۆ بەردەمی ماڵی فریشتە ، کە لەو کاتەدا لە درزی دەرگاکەوە چاوەڕوانی دەکرد . ھەر ئەحە گەیشت گورج دەرگاکەی بۆ کردەوە و بێ پرس و بێ ترس چووە ژوورەوە و لە داڵانەکەدا بەیەک گەیشتن و نیگای چاوەکانیان پێکەوە یەکانگیربوون و باوەشێکی ئێجگار گەرمیان بە یەکدا کرد و پاشان چوونە ژوورەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆیان یەکتریان ماچکرد و ئاگایان لە دنیا نەما . ئەحە لەگەڵ ھەر ماچێک و گوشینی مەمکە تورتە بچکۆلەکانیدا ، دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی و بە دڵ خۆیدەکرد بە قوربانی و زوو زووش دەیوت : ( لە ئێستاوە لە پێناوی بەختیاری تۆدا دەژیم و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە خۆشە دەکەم بە یەک بگەین ) . ئەو شەوە ھەتا بازن و تەوقە و گوارەکانیشی ماچکرد و خۆشترین شەوی ژیانی ئەحە بوو ، کە گەڕایەوە ماڵەوە ئەوەندە ماندوو بوو نە یدەتوانی لەسەر لاقەکانی خۆی ڕابگرێت ، بۆیە ئەو نووستنەی لێی نووست ، تا نیوەڕۆیەکی درەنگ چرچەی نەکرد و باوەڕی بەوەش نەدەکرد دڵداریی ئەوەندە خۆشبێت . ئیتر ئەحە ھەموو ھۆش و ھەستی لای ئەو کچە بوو تەنھا ساتێک شێوەی شیرینی لە بەرچاو لا نەدەچوو .

لە ماوەی مانگێکدا دوو جاری تر توانی بچێتە ژووانی فریشتەوە و خۆشترین کات پێکەوە بە سەربەرن . بەلام ئەم خۆشییەیان تــا ســەر نەبوو ، ڕۆژێکیان فریشتە بە دەمووچاوێکی پەستەوە ، کە تک تک خەمی لیێ دەباری بە ئەحەی ووت : ( دوو شت ھەیە دەمەوێت پێت بڵێم ، جا تکایە خۆ ڕاگر و ھێمن بە تا قسەکانم تەواو دەکەم ، یەکەمیان خوازبێنی کەرم ھەیە ، ئەو کەسەش کوڕێ ناسیاوێکی ھاوڕیێەکی کاکمە و ھەمووش حەزدەکەن شووی پیێ بکەم ، دووەمیشیان ھەفتەی داھاتوو لەم گەڕەکە دەگوێزینەوە و دەچینە نزیک سەرچنار ، جا بە ڕاستی من دڵم بە تۆوەیە ئەگەر دەتوانیت بە زوترین کات وەرە بۆ داخوازیم ) . ئەحە کسپەی ئازارێک لە ھەناوی ھەستا و وا بەو قسانە تاسا دەتووت دنیا بەسەریدا ڕوخاوە و پێش ئەوەی بە وشەیەک دەم بکاتەوە فریشتەی بە دووچاوی پڕ لە فرمێسکەوە لیێ دوور کەوتەوە . ئەحە لە ژێر باری ئەو خەمەدا خەریکبوو شێت بێت و باوەڕی بە خۆی نەدەکرد و بە تەواوی پەشۆکا و خۆشی نەیزانی چۆن چۆنی گەیشتەوە ماڵەوە و یەک تەختە لێی پاڵکەوت و بەردەوام بە خەمی قسەکانی فریشتەوە دەتلایەوە و کەوتە وڕێنەکردن : ( وەرە بۆ خوازبێنیم ، ئاخر ئەگەر بە چوار سفری چاو زەقەوە داوای ژن بکەم ، یان باوکم شێت دەبێت و بە تفەنگە یازدە تیرەکەی ھەموومان دەکوژێت ، یان ئەم خانووەمان بە سەردا کاولدەکات ، خوایە گیان من تووشی چیی بووم ) . ئیتر وەک نەخۆشێکی گێژیی لێھات و مێشکی بوو بە شارە زەردەواڵە و تاقەتی نەبوو نە تەماشای ماڵی فریشتە بکات و نە نانیش بخوات و کەوتە ناو گێژاوی کێشەیەکی ئێجگار قورسەوە بەردەوام تیایدا دەسووتا.
پاش چەند ڕۆژێک پیکابە سپییەکە بە بەرچاوی ئەحەوە کەلوپەلی ماڵی فریشتەیان لیێ بارکرد ، ئەحە دەتووت لە پەنجەرەکانی دۆزەخەوە تەماشای ئەو پیکابە دەکات و ناخی دڵی بوو بوو بە گڕکانێک و پشکۆی بە ھەموو گیانی ئەحەدا پەرشوبڵاودەکردەوە . خۆ کاتێک شەو ھات و گڵۆپە کوژاوەکەی بەردەرگای ماڵە چۆڵەکەی فریشتەی بینی ، بە تەواوی ڕوخا و ھەزار بیرۆکەی خراپ و ترسناک بەردەوام مێشکیان دەهاڕی .

٣

ئەحە بە جۆرێک تێکچوو، جێگای بە خۆی نەدەگرت و لەو ماڵەدا بە کژ داروبەرددا دەچوو و بوو بە ئاگر چووە گەردنی دایکی و بەھاری خوشکی و بە تەواوی لە تامی دەرکردبوو ، بۆیە بە دڵ لێی بە گازندە بوون . خۆشی نەیدەزانی چیی دەوێت و چیی دەکات ، وەک گابەردێک وا بوو لە تروپکی شاخێکی ھەزار بە ھەزارەوە گلۆر بووبێتەوە و کەس نەیدەزانی لە کوێدا دەگیرسێتەوە و کەی ئارامدەگرێت . جارێکیان دایکی ھاتە تینی و ووتی : ( ئەگەر مردم و لەسەر تاتە شۆرەکەم ئاو بە دەممدا ھاتە خوارەوە ، ئەوە بزانن زوخاوی ڕەشی ئەم ھەتیوە سەرشینەیە ، کە نەیھێشت ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ماڵەدا بە خۆشی نانێک بخۆین ) . ئەحە بەم قسانەش ئەوەندەی تر باری دەروونی تێکدەچوو ، خۆ کاتێک لە دوورەوە خانووە چۆڵەکەی فریشتە و گڵۆپە کوژاوەکەی سەر دەرگاکەیانی دەبینی ، بە جارێک ھۆشوھەستی لا نەدەما و ئەقڵی لە دەستدەدا .

بە تایبەتی ئەو گڵۆپە ئەوەندە کاری کردبووە سەری ، شەوێکیان بە پرتاو چووە دەرەوە و ماوەیک لە بەردەمی ماڵی خۆیاندا وەستا و کاتێک زانی کەس دیار نییە بە یەک ھەنگاو خۆی گەیاندە بەر دەرگای ئەو خانووە و بە خێرایی دەرگاکەی کردەوە و چووە ژوورەوە و گڵۆپەکەی داگیرسان و گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە بەرخۆیەوە دەیووت : ( حەزدەکەم ئەو گڵۆپە ھەمیشە داگیرساو بێت تا ئەو ساتانەم بیرنەکەوێتەوە کە چاوەڕوانی ژووانی فریشتەم دەکرد و دەم گرتە باوەشی دڵم ) . بێگومان ئەمەش کەفەکوڵی خەموپەژارەی ناخی ئەحەی دانەمرکاندەوە و گلاراو لە عومری کەوتبوو و وەک شێت و ھاری لێھاتبوو و ھەزار بیرۆکەی خراپ خراپ لە مێشکیدا مێروولەی دەکرد و لە دواجاردا ھاتە سەر ئەوەی ئەو خانووە بسووتێنێت و لە بەرچاوی نەمێنێت . بۆیە ھەموو خەون و خولیا و ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو کارە پڕ مەترسییە بوو ، دەتووت میزە پشیلەیان لە بنی قاچەکانی دراوە و جێگای بە خۆی نەدەگرت و خوا خوای بوو بە زوترین کات ئاگر لەو خانووە بەربدات و تاڤگە و گڕ و کڵپە و بڵێسە و داوە دوکەڵی بەرەو ئاسمان بەرزببێتەوە و سەرتاپا ببێت بە سوتوو و خۆڵەمێش و ڕەشەبایەکی قایمیش ھەر ھەمووی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵێت و جگە لە چوار دیوار و کەلاوەیەکی چۆڵوھۆڵی وێران ھیچی تری لە بەرچاو نەمێنێت . بەڵام ئەوەی بوو بوو بە کۆسپ و دەستەکانی ئەحەی بەستبوو تەنھا باوکی بوو .

چونکە پێش چوار شەو دوو دز خۆیان لە گومرگە سووتاوەکەدا مەڵاس دابوو بۆ دزیکردن ، باوکی ئازایانە لێیان ڕادەپەڕێت تا دەسگیریان بکات ، بەڵام یەکێکیان لە پشتەوە و بە چەقۆیەکی ڕووتەوە پەلاماری دەدات و بە سووکی شانی چەپی زامدار دەکات و ئەویش مەردانە ئاوەڕیی لیی دەداتەوە و بە ھەموو ھێز و توانای خۆیەوە قۆناخە تفەنگێک لە سەر دڵی دەسرەوێنێت و دەی تاسێنێ و بە پشتا دەیخات ، دزی دووەم دەیەوێت بچێت بە ھانای ھاوڕێکەیەوە ، بەلام باوکی ئەحە گوللەیەک بە سەر سەریدا دەتەقێنێت ، ناڵەی ئەو گوللەی یازدەتیرە دوابڕاوە ئەوەندە بەھێز دەبێت کابرا بە جارێک ئەتۆقێ و لە جێگای خۆی ئەوق دەبێت و لە ترسی گیانی خۆی دەکەوێت بەسەر پێلاوەکانیدا و باوکی ئەحەش زوو زوو دەڵێت : ( قەستەم بەخوا بجوڵێنەوە سەردڵتان پڕدەکەم لە دووکەڵ و بارووت ) . لەو شەوە کشوماتەدا و لەگەڵ ئەو ناڵەیەدا پاسەوانەکانی نزیک گومرگە سووتاوەکە دەکەونە فیکە فیک و لەگەڵ پۆلیسدا بەدەم تەقەکەوە دەچن و دوو دزەکە دەستگیردەکەن و باوکی ئەحەش دەبەن بۆ نەخۆشخانە و تیماری برینەکەی دەکەن و لە پاداشتی ئەو ئازایەتییەیدا ھەفتەیەک ئێشکی پیێ ناگرن . ئیتر ڕۆژانە دەچوو بۆ سەر دوکانەکەی و شەوانیش بۆخۆی لەماڵەوە پاڵی لێدابۆوە و دەستە دەستە ھاوڕێی و ناسیاوەکانی سەردانیان دەکرد ، ئەحە کە ئەو قەڵەباڵغییەی لە دەوری باوکی دەبینی خەریکبوو شێت دەبوو ، لە داخی دڵی خۆی ولە بەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت : ( تۆ چاوت لەمە ناکەی لە چ کاتێکدا دزم بۆ دەگرێت ، دزێکیش نا ، بە جارێک دوو دز ، ئاخر ئەگەر لە بەختی ڕيشی مندا نەبێت ، کەی ئەو گومرگە سوتاوە کاولە بە حەیاتی دزی چۆتە سەر ) .

ئەحە دەتووت لەسەر ئاگرە بۆ سووتانی ئەو خانووە ، ترسی ئەوەی ھەبوو سەرلەنوێ بدرێتەوە بە کرێ ، بۆیە بەبێ ئەوەی گویێ بداتە بوونی باوکی بڕیاریدا شەو بەو کارە پڕ مەترسییە ھەڵبستێت و ئیسراحەت بە مێشکی ماندووی خۆی بدات . بۆ ئەمەش یەکەمجار چوو گۆچانە حەیزەرانەکی باوکی ھانییە ژوورەکەی خۆی و تەلێکی ڕووتی نەختێک درێژی بە بنیەوە بەست ، پاشان بە دزیی دایکییەوە یەک شووشەی پڕ لە نەوتی ئامادەکرد و بڕیاریدا لە نیوەشەودا ئاگر بەربداتە ئـــەو خانووە . ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی ھاوین بوو ، جگە لە ئەحە ھەموویان بە شەو لە حەوشەکەدا دەنووستن ، بەڵام ئەحە لەبەر باوکی لە ژوورەکەی خۆیدا دەمایەوە ، جگە لە باوکی ماوەی ھەفتەیەکبوو سەبری خوشکی بە تۆراویی گەڕابۆوە ماڵی ئەمان . ئەو شەوە جێگای سەبری نزیک دەرگای دەرەوە یان بوو ، ئەحە لە نیوەشەودا کە دڵنیابوو ھەموو خێزانەکەی لە خەوی شیرینی خۆیاندان ، تەپەدۆرێکی بە جوانی سووتان و ڕیش و سمێڵێکی ئەستور و ڕەش ڕەشی قەترانی بۆ خۆی دروستکرد و کڵاوجامانەکەی باوکی نایە سەری و لە سووچی پەنجەرە کراوەکەی خۆیەوە ، کە نزیک بە دیواری دەرەوە بوو ، دار حەیزەرانەکەی درێژکرد بۆ تەلەکانی کارەبا ، کە بە دیوارەکەیانەوە قایمکرابوون و سارد و گەرمی لە یەکدا و کارەبا شۆرتیکرد و کوژایەوە و گەڕەک بەجارێک بوو بە تاریکستانێکی ئەموستەچاو . ماوەیەک وەستا و کاتێک زانی کەس بە خەبەر نییە ئنجا پێڵاوە لاستیکەکانی باوکی لە پێکرد و شقارتەیەک و بوتڵە نەوتەکەی ھەڵگرد و زۆر بە ئەسپایی چووە خوارەوە ، ئەوەندە بە ھێواشی ھەنگاوی پچکۆلەی دەنا خۆشی گوێی لە دەنگ وترپەی قاچەکانی خۆی نەبوو . گەیشتە بەردەمی دەرگای دەرەوە و ویستی لەسەرخۆ بیکاتەوە ، ئا لەو ساتەدا و بۆ نەگبەتی ئەحە سەبری خوشکی کە لەبەر کێشەی خۆی بە تەواوی نەنوستبو ، بەو تاریکییە لە جێگەکەی خۆی ڕاپەڕی و بە ھەموو ھێز و توانایەوە پەلاماری ئەحەی دا و ئامبازی بوو وایزانی دزە و کەوتە ھاوار ھاوار . باوکی بە یەک قەڵەمبازد گەیشتە سەری و گورج بە قۆڵی ڕاستی ملی ئەحەی بەستەوە و نەیھێشت جووڵە بکات و خەریکبوو ھەر ھەموو دەمــارەکــــانی ملی بپچڕێنێت و سەری لە لەشی جوێ بکاتەوە و ووتـــی : ( کەرباب من خۆم بە شەو تا بەیانی دز ڕاو دەکەم ، کەچیی گەوجێکی وەک تۆ دێیتە سەر ماڵی من بۆ دزی ) . ئەحە زەندەقی چوو ، وا ساکابوو فززەی لێوە نەھات . بەھار و سەبریش بەو تاریکییە ، وەک دزێکی ڕاستەقینەیان گرتبێ بە نەعل و چەپۆک کەوتنە سەروگوێلاکی ، باوکی وەک لاشەیەکی بێ گیان کێشیکرد بۆ بەردەمی ھەیوانەکە و بە بەھاری ووت ، ئا بڕۆ لە ژوور سەرینەکەم ئەو لایتەم بۆ بێنە .

بەھار لایتەکەی ھانی و دای لە دەمووچاوی . تەماشایانکرد خۆ ئەمە کاکە ئەحەی خۆیانە . ھەموو بە جارێک حەپەسان و باوکی کە بەو شێوەیە ئەحەی بینی ھۆش لە کەللەیدا نەما و ئاگر لە چاوەکانی دەباری و ھەتا توانی زللەیەک و شەقێکی قایمی وای تێھەڵدا یەک بستی بەرزکردەوە . سەبری دەستی باوکی گرت و لێی دەپاڕایەوە بێ دەنگ بێت تا دراوسیێکان نەیەنە سەیریان . دایکی دەگریا و ڕوومەتەکانی خۆی دەڕنییەوە و دەیووت : ( کوڕە بۆ خاتری خوا تۆ بۆ واشێت بوویت ، ئاخر بەم نیوە شەوە ئەم دەمووچاوەی خۆتت بۆ وا ڕەشکردووە ، ئەی ئەو قاپە نەوت و کڵاووجامانەیەی باوکت چیدەکات لە لای تۆ ) . بەھار و سەبری باوکیان گرتبوو و بەردەوام دەستیان ماچدەکرد تاھێور بێتەوە ، بەڵام ئەو دامرکانەوەی بۆ نەبوو ، دەتووت شێرێکی تووڕەیە و لە ھەزار لاوە بریندارە ، بۆیە بە ھەموو ھێز و تین و توانایەوە لە دەستی سەبری و بەھار خۆی ڕاپسکان و چوو بۆ تفەنگە یازدە تیرەکەی تا لە کەللەی پووتی ئەحەدا خاڵی بکاتەوە ، بە خێراییەکی تیژی ئێجگار زۆری واوە خۆیکرد بە ژوورەکەدا ، لایەکی شانی بەر لاشیپانی دەرگاکە کەوت و بە قایمی گەڕایەوە بۆ دواوە و بەپشتا کەوت و گرمۆڵە بوو . بەو تاریکییە دایکی و سەبری و بەھار بە خێرایی چوون بە ھانایەوە و ویستیان ڕاستی بکەنەوە ، ھەر دەستیان دایە شانی پرخەیەکی قایمی لیێ بەرزبۆوە و ھەناسە لە سنگیا تاسا و سارد بۆوە و بە تەواوی نوزە و نرکەی لێ بڕا و سەری پڕ خەموخەفەتی بە یەکجاری نایەوە و دەستی لە دنیا بەردا و گیانی پاک و دڵۆڤانی بۆ بەھەشت فڕی . ئەحە بەو کارەساتە واقی وڕمابوو ، وەک ژن دەگریا و نەیدەزانی چیی بکات و چاوەکانی بوو بوون بە دوو جۆگای فرمێسک و لەگەڵ ڕەشی دەمووچاویدا تێکەڵ بوو بوون و سەروکەللەیەکی ئێجگار سەیر و ناشیرین و بێزوەری ھەبوو .

بەو شەوە تاریکە زیڕە لە ماڵی ئەحە ھەستا و قژڕنینەوە و ھاوار و زریکە و گریانی دایکی و بەھار و سەبری گەیشتە کەشکەلانی فەلەک و دڵی بەردیان دەکرد بە ئاو و بە یەک چرکە ھەموو گەڕەک و خەڵک و خوایان بە سەردا داباری و کەوتن بە کۆستی خۆیاندا . ئاخر ئەو مردنە لە ناکاوە مردنێک بوو دڵی بەردیشی دەکرد بە ئاو . بۆ بە یانی تەرمی ئەو پیاوە باشە ماندووەی ھەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ خۆشی مناڵەکانی بەرەو سەیوان بە ڕیێکرا و ئەو گەڕەکە ھەر ھەموویان لە ناشتنیا بەشداربوون و بە ڕێکەوت گۆڕەکەی چەند ھەنگاوێک لە گۆڕەکەی جەبارە شەلەوە دوور بوو . ئەحە کە گۆڕەکەی جەباری بینی برینەکانی کولایەوە و لە بەرخۆیەوە ووتی : ( خۆزگە ئەو ڕۆژەی نامەکەم کەوتە بەر پێڵاوە خۆڵاوییەکانی تۆوە ، وازم بھێنایە و دەستم لە کتێبەکانم ھەڵنەگرتایە ، خۆزگەش گڕیی فیشەکە بڕنەوەکەی نامیق بەر سەردڵی من بکەوتایە و سنگی منی ھەلاھەلا بکردایە و ئەم ڕۆژە ناخۆشەم بە چاوی خۆم نە بینیایە ) .

٤

لە دوای ئەو کارەساتە ناخۆشەوە ماڵی ئەحە بوو بە کورەیەک لە کورە پڕ لە پشکۆکانی دۆزەخ و بەردەوام تێیدا دەسووتان ، بە تایبەتی دایکی ئەحە بە سفت و سۆ دەگریا و ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕابوو ھێوربوونەوەی بۆ نەبوو ، بەردەوام دامێنی سەرپۆشە کرێشە ڕەشەکەی لە فرمێسکی تەڕی چاوەکانی ھەڵکێشرابوون ، خۆ ئازارەکانی سەبری لە ئازارەکانی دایکی زۆر خراپتر بوو . چاوەکانی بوو بوون بە دوو گۆمی خوێن ، ئاخر ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کۆستە گەورەکەی باوکی ، خەموپەژارەی ھاوسەر و منداڵەکانیشی لە ناخی ئاڵابوون . بەڵام بەھار لە وان باشتر بوو ، چونکە گیانێکی بە ھەستوسۆزی گەرموگوڕی ھاوڕیێ دڵسۆز و خۆشەویستەکانی بوو ، کە بۆ ساتێکیش دەوریان چۆڵنەدەکرد و بەردەوام دڵنەواییاندەکرد . ئەحەش پەشیمانی وەک گوێزانێکی تیژ ناخی ئەنجن ئەنجن دەکرد و بیرکردنەوە لە باوکی وەک بەرداشێک مێشکی دەھاڕیی و لە تەریقیدا ڕووی نەدەھات خۆی نیشانی دایک و خوشکەکانی بدات . حەزیدەکرد چاوەکانی کوێرایی دابێت و جلە ڕەشەکانی دایک و خوشکەکانی نەبینێ ، ئەو چاکدەیزانی کۆڵەکەی ماڵەکەیان باوکیان بوو ، ھەر تەنھا ئەو سەرچاوەی بژێوی ئەو ماڵە بوو ، ھەر تەنھا ئەویش بوو مشوری ھەموو داوایەکی ورد و درشتی یەک بە یەکی ئەو خێزانە دەخوارد ، کەچی بەھۆی گەمژەیی ئەمەوە ئەو کۆڵەکەیە لە ئانوساتێکدا ڕوخا و ئەمانی بە تەنھا بەجێھێشت و ژیانی تاریککردن .
ئەوەی تۆزێک تروسکایی دەدا بەم خێزانە کۆسکەوتووە خاڵی ئەحە و دراوسێ دوکانەکانی باوکی بوون ، کە سەراپا ناخی دڵیان باخی گوڵبوو ، ئێجگار پەرۆشی ژیانی ئەو خێزانە بوون . ھەر زوو بە ھانایانەوە ھاتن و بە پێی توانا و دەرەتانیان ھەموو ھاوکارییەکی خۆیان خستە بەر دەستیان . ئەوان دەیانزانی دەبێت یەکێکی تر ھەبێت سەرپەرشتی ژیانی ئەو خێزانە ڕوخاوە بکات ، بۆیە ھەر پاش چەند ڕۆژێک ھەموو لە ماڵی ئەحە کۆبوونەوە و داویان لە ئەحە کرد بچێتە سەر دوکانەکەی باوکی و درێژە بە کارەکەی بدات و ئەوانیش بە ھەموو شێوەیەک پشتییوانی دەکەن و یارمەتی پێویستی پێشکەش دەکەن . بێگومان ئەوەش تەنھا چارەسەر بوو کە بەردەوامی بە ژیانی ئەو خێزانە بدات .

ڕۆژی دوایی ئەحە لەگەڵ خاڵیدا ، کە تا خوا حەزبکات پیاوێکی ئازا و دڵسۆز و مەردبوو چوون دەرگای دوکانەکەیان کردەوە و دراوسیێکانیان بە پەرۆشەوە لە دەوریان کۆبوونەوە و ھەر یەکەیان بە جۆرێک ورەی ئەحەی بەرزدەکردەوە . خاڵیشی چەند ڕۆژێک لێی دوور نەکەوتەوە و ھاوکارییەکی چاکی کرد و پاشان بڕێک پارەشی خستە ژێر دەستییەوە تا بتوانێت کەلوپەلی تازەی پیێ دابین بکات و ناوی باوکی لەو گوزەرەدا کوێر نەکاتەوە .
ناخی پڕ خەمی ئەحە و ویژدانی برینداری وزەی دەدایە بەری تا لەو کارەیدا سەرکەوتوو بێت ، خۆ یارمەتی بێ سنوری ئەو دراوسیێ ئەمەکدارە زۆر چاکانەی لە دنیادا وێنەیان نەبوو ، تا دەھات کاری ئەحەی ئاسانتردەکرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر دەبوو ، لە ھەمان کاتدا لە ھەوڵی ئەوەدا بوو گابەردێکی گەورە لەسەر ڕابووردووی خۆی دابنێت و بیری لیێ نەکاتەوە ، ئەو تەنھا ھیوا و ئاواتی ئەوە بوو دڵی شکاوی دایکی و خوشکەکانی ئاشتبکاتەوە و کارێک بکات بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت و ژیانێکی نوێ دەستپێبکاتەوە .

بێگومان ھەر واشیکرد و لە ھیچ چاکەیەک خۆی نەدەبوارد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا وردەکارییەکانی کارەکەی باوکی شارەزابێت و دڵی مشتەرییەکانی بە جوانی ڕابگرێت ، ئێوارانێکی درەنگیش کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە گەرمی دەستی دەکردە ملی دایک و خوشکەکانی و ماچ و دڵنەوایی دەکردن ، توانی وردە وردە دڵی ئەوان تا ڕادەیەک ئاشتبکاتەوە و بەڵگەش بۆ ئەمە دوعا و نزا زۆرەکانی دایکی بوو ، کە دوای ھەموو نوێژێک و لەسەر بەرماڵەکەی و ڕوو لە یەزدان داوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ دەخواست . ژیانی تازە وای لە ئەحە کرد ببێت بە کوڕێکی تر و ھەموو ھۆشوھەستی لای بژێوی خێزانەکەی بێ ، بە جۆرێکی ئەوتۆش گۆڕڕابوو ئیتر ھی ئەوە نەبوو پێی بڵیێت ئەحە . جا لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانە سەرقاڵی کاروکاسپی خۆی بوو ، بەڵام ھەر وازی لە سیاسەت نەھێنا ، ئەوەبوو پاش ماوەیەکی کەم وەک کاسبکارێک لە یەکییەتی قوتابیانی کوردستانەوە گوێزرایەوە بۆ ڕێکخراوی کاسبکارانی پارتی و بوو بە ئەندامێکی چوستو چالاک و تێکۆشەری ئەو ڕێکخراوە .

ئەحە ھێشتا ماوەی ساڵێکی لەسەر دوکانەکەی باوکی تەواو نە کردبوو ، دەنگۆی جیابوونەوە و دووبەرەکی لە نێوان سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولدا سەریھەڵدا و باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرکردایەتی جەلال تالەبانی بە بیانوی ئەوەی بارزانی کوردی بە پرتەقاڵ بە حکومەتی عیراق فرۆشتووە و نەیتوانیوە مافە ڕەواکانی کورد وەربگرێت ، جیابوونەوە . شەڕ و کوشتار لە نێوان ئەو دوو باڵەدا سەریان ھەڵدا ، خوێنی کورد بە دەستی کورد ڕژا و ئاوێکی خراپیان بۆ دواڕۆژی کورد ڕشت ، میللەت باوەڕی بەو شەڕە چەپەڵە نەبوو ، ھەر بۆیە ئەو دوو لایەنەیان ناو نا مەلایی و جەلالی . ئیتر پشێوی و نائارامی و خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ ھەموولایەکی گرتەوە ، ئەندامان و ھەوادارانی پارتیش بوون بە دوو بەشەوە . ئەحە ھەر زوو خۆی یەکلایی کردەوە و و باوەڕی تەواوی بە جەلالییەکان بوو ، بۆیە ھەر زوو بە وانەوە نووسا و بە گەرمیش داکۆکی لیێدەکردن ، ھەرکەسێکیش پرسیاری لە ئەحە دەکرد ( تۆ بۆچی جەلالییت ؟ ) ، ئەویش بەردەوام وەڵامێکی کورتی ئامادەکراوی ھەبوو دەیوت ( لەبەر پرتەقاڵ ) . ئەوەندە وشەی پرتەقاڵی بەکارھێنابوو ، دراوسێ مەلاییەکانی ناو گوزەرەکە ناویان لێنابوو ئەحە پرتەقاڵ .

شەڕی براکوژی بەردەوامبوو ، لە ئەنجامدا پێشمەرگە مەلاییەکان توانیان لووتی جەلالییەکان زۆر بە خراپی بشکێنن و ڕاویان بنێن و تا شاری ھەمەدانی ئێران خۆیان نەگرنەوە .
ئەحە پرتەقاڵ ئەو شکستەی زۆر پێناخۆشبوو ، لە دڵی خۆیدا جار جارێک دەیوت : ئاخ ئەگەر باوکم بمایە و کێشەی ئەو دایک و خوشکانەم نەبوایە ئێستا منیش لەگەڵ ئەواندا دەبووم و ھەقی ئەو ھەموو پرتەقاڵانەم لە مەلاییەکان دەکردەوە ، بەڵام خەم و پەژارەی ئەحە زۆری نەخایاند و جەلالییەکان بە شکستێکی گەورەوە گەڕانەوە و لە باوەشی بەعسدا خۆیانگرتەوە و دژی پێشمەرگە چەکیان کردە شان و شان بە شانی سوپای عیراق و جاشە سەرشۆڕەکان کەوتنە پەلامار و تەقەکردن لە شاخە سەربەرزەکانی کوردستان ، ئەو شاخانەی بە درێژایی مێژوو پشتوپەنای کوردی بێ چارە و بێ دەرەتانبوو . حکومەت لە ساڵی ١٩٦٨ دا و لە پاداشتی ھاوکاریی جەلالییەکاندا جگە لە پارە و چەک و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە ، چەند دەستکەوتێکی تری پیێ بەخشین ، یەکێک لەو دەستکەوتانە بریتی بوو لە کردنەوەی دوو خول لە بەغداد بۆ ئەندامەکانیان ، خولی مفوەزی و ئەفسەری ، ھەر ئەندامێکی سەر بە جەلالییەکان پۆلی سیێ ناوەندی تەواونەکردبوو دەیتوانی ڕاستەوخۆ لە خولی مفەوەزیدا وەربگیرێت ، کە ماوەکەی تەنیا شەش مانگبوو ، ئەوانەشی لە پۆلی پێنجی دواناوەندیدا دەرنەچووبوون دەکرا لە خولی ئەفسەریدا وەربگیرێن . ئەمەش بۆ ئەحە دەسکەوتێکی گەورە بوو قەرەبووی چەند ساڵی تەمەڵیی و دواکەوتن و دەرنەچوونی بۆ دەکردەوە . بۆیە ھەر زوو بە زوو چوو خۆی ناونوسکرد و لە خولی مفەوەزیدا وەرگیرا . لەمەشدا خاڵی ھاوکارییەکی زۆریکرد و لە شوێنی ئەحە کوڕە گەورەکەی خۆی لەسەر دوکانەکەی دانا و بەمەش ھیچ گرفتێک ڕووبەڕووی خێزانی ئەحە نەبۆوە و ھەمووش بە وەرگرتنی ئەحە شاد و کامەران بوون .

ئەحە چەند لە خوێندندا تەپۆ و تەمەڵ بوو ، کەچی بە پێچەوانەوە لەو خولەدا یەکێک بوو لە قوتابییە ھەرە زیرەکەکان ، ئەو لەشولارێکی ڕێکوجوانی ھەبوو دەتوت وەرزشوانێکی تۆپی باسکەیە . زیرەکی و لەش جوانییەکەی سەرنجی مامۆستا و ھاوڕێکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو . لەم لاشەوە دایک وخوشکەکانی بەردەوام دەست بە دوعاوە بوون تا خوای گەورە دەرگای سەرکەوتنی بۆ واڵا بکات و قەرەبووی ئەو چەند ساڵەی پۆلە سیێ نەگریسەکەی بۆ بکاتەوە ، کە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانی ئەحە و بنەماڵەکەی بوون .

پاش شەش مانگ خوێندن و مەشقکردن ئەحە سەرکەوت و بەرگی مفەوەزی لەبەرکرد و بەو پەڕیی خۆشییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە . دایک و خوشکەکانی لە خۆشیدا شامەرگ بوون و زۆر بە گەرمی باوەشی خۆشەویستیان بۆ کردەوە . ھەموو ئاواتە خوازبوون باوکیان بمایە و بە چاوی خۆی ئەحەی بەو بەرگ و تەپلە سەوزەوە ببینییایە . ئەحەش بە شادی ئەوان شادمانبوو ، بەڵام ئەوەی ئەحەی نیگەران کردبوو تەنھا ئەوەبوو لە پارێزگای بەغداد و دوور لە سلێمانی دامەزرێنرابوو . بەڵام دایک و خوشکەکانی ئەوەیان پێخۆشبوو ، چونکە ھیچ نەبوایە لە شەڕ و شۆڕی نێوان حکومەت و پێشمەرگە و ھەراو وھوریا و قڵیشانەوەی سلێمانی بە دوور دەبوو .
پاش ھەفتەیەک ئەحە خۆی و جانتایەک بەرەو بەغداد ڕۆیشت ، ڕۆژی دوایی چوو بۆ ئەو بنکەی پۆلیسەی بۆی دیاریکرا بوو . کارەکەی کارێکی ئاسان و خۆشبوو ، ڕۆژانە لە پێشی ئوتومبێلێکی فریاکەوتندا دا دەنیشت و دوو پۆلیسیش لە دواوەی بوون و ھاتووچۆیان بەو ناوچانەدا دەکرد کە بۆیان دیاریکرابوو ، جارجارێکیش لە شوێنێکدا ڕادەوەستان . ھیچکاتێک ئەحە ئەوەندە دڵی خۆش و گەش نەبووە ، چونکە لە لایەک کارەکەی بە دڵی خۆی بوو ، لە لایەکی تریشەوە ئەو ژوورەی لە گەڕەکی تەل محەمەد و لە ماڵێکی مەسیحیدا بە کریێ گرتبوو ، ژوورێکی ھێمن و بێ کێشە و جێگای حەسانەوە بوو . ئەو ماڵە زۆر بەڕێزەش وەک کوڕی خۆیان تەماشایاندەکرد و یارمەتی زۆریشیان دەدا . ھەتا جارێکیان دایکی و بەھاری خوشکی سەردانی ئەحەیانکرد ، ئەو ماڵە خزمەتێکی وایانکردن خوشک بۆ خوشک و برا بۆ برای خۆی نەدەکرد .

دوا نیوەڕۆیەکی چوارشەممە ئەحە خۆی و مەفرەزەکەی نزیک شۆرجە وەستابوون . لە ئوتومبێلەکەیان ھاتبوونە دەرەوە ، ئەو بە وردی تەماشای لێشاوی ئەو خەڵکە زۆرەی دەکرد کە وەک ڕێچکەی مێروولە سەردانی بازاڕەکەی ناو شۆریجەیان دەکرد . ئا لەو ساتەدا و لە سەر شۆستەکەوە ژنێکی چاو سەوزی قژ زەردی باڵا جوان ، کە دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی ، ھێدی ھێدی بە ھەنگاوەکانی لە ئەحە نزیکدەکەوتەوە و لە بەردەمیدا وەستا و بە دوو چاوی نەختێ تەڕەوە وتی : ئەرێ تۆ ئەحمەد نیت ؟ . بریقەی ئەو دوو چاوە جوانە وەک بروسکە بەر ڕۆحی ئەحە کەوت ، مووچڕکێک لە تەپڵی سەرییەوە تا کەڵەموستی پێی ناخی ھەژاند و بە پەشۆکاوییەوە وتی : ئەی فریشتە خان تۆ چیی گەیاندیتە شۆریجە ؟ .

فریشتە لە وەڵامدا وتی : ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت لــە بەغداد دەژین . لەگەڵ قسەکانیدا خۆشییەکی زۆر بە روخساریەوە دیار بوو ، ئەگەر چی نەختێک تەمەنی ھەڵکشابوو ، بــەڵام وەک جـاران جوانبوو . ئنجا دوای گفتوگۆیەکی کەم داوای لە ئەحە کرد سەردانیان بکات تا لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا یەکتری بناسن ، ھەر لەوێشدا ناونیشانی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە ، ئەحەش لە وەڵامدا وتی : زۆرم پێخۆشە و ئەگەر لەسەر ئەژنۆش بێت دێم بۆ لات . ئەوەش بزانە زوربەی زۆری ڕۆژانی چوارشەموان خۆم و مەفرەزەکەم لەم نزیکانەدا دەوەستین . فریشتە بەم وەڵامە ھەوای عەشقێکی شێتانە چووە سەریەوە و بە ڕوویەکی پڕ لە خەندە و شەرمەوە لەگەڵ ھاوڕیێکەیدا لە ئەحە دوور کەوتنەوە . جوانییەکەی سەرلەنوێ کاری لە ڕۆحی ئەحەکرد و تا دوور کەوتەوە چاوی بە ئاڕاستەی ھەنگاوەکانی ئەو ڕۆیشت .

ئەوەی ھەرگیز بە خەیاڵی ئەحەدا نەدەھات ئەوەبوو پاش ئەو ھەموو ساڵە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ بێت و لە شوێنێکی دووری وادا بۆ یەکەمجار چاوی بە فریشتە بکەوێتەوە .. مێشکی ئەحە وەک شارە زەردەواڵە وژەی دەھات و بە درێژایی ئەو شەوە و تا بەرەبەیان بیری لە ژیانی ڕابوردوی خۆی دەکردەوە و یادگارییەکانی فریشتە یەک لە دوای یەک وەک خەوێکی خۆش دەھاتنەوە بەرچاوی . ئای لەو ساتەی یەکەم نامەی کەوتە بەر دەستی جەبارە شەل ، ئەو شەوانەی چاوەڕوانی کوژانەوەی گڵۆپی بەردەرگای ماڵەکەیان بوو ، ئەو ٍشەوانەی ھەموو گەڕەک لە شیرین خەوێکی شیریندا بوون ، کەچی ئەو مەست و سەرقاڵی ماچکردنی لا مل و گەردن و گۆنا و گوارە جوانەکانی فریشتە بوو . ئەو نیوە شەوە ھاوینەی ، کە لە داڵانی سەر حەوشەکەیاندا فریشتەی لە باوەشدا بوو سەرگەرمی ماچکردنی سنگە ڕووت و تورتەکەی بوو ، ئا لەو کاتەدا دایکی فریشتە بە نکە نک دەیویست لە سەربانەوە و بە پەیژەکەدا بێتە خوارەوە . ئەمان زوو پیێان زانی و خێرا خۆیانکرد بە ئاودەستەکەی حەوشەکەدا و دەرگاکەیان لەسەر خۆیان داخست و فریشتەش وایدەزانی دایکی وەک جاران خەوی لیێ زڕاوە و دەیەوێت بچێتە ژووری سەر داڵانەکە و بنوێتەوە .

بەڵام بۆ نەگبەتی ئەوان کاتێک ھاتە خوارەوە ، ڕاستەوخۆ ڕوویکردە ئاودەستەکە ، کاتێک گڵۆپە کزەکەی ناوی و دەرگا داخراوەکەی بینی بە دەنگێکی نزمەوە وتی : ئەوە کـێ لێرەیە ؟ . فریشتەش بە دەنگێکی پڕ لە مەکرەوە وتی : دایکە گیان ئەوە منم و نەختێک سکم ژاندەکات و وا زووش نایەمە دەرەوە . دایکیشی بە ناچاری لە نزیک دەرگای ئاودەستەکە دانیشت و بە نکە نک خووش کاریی خۆیکرد و پاشان سەرکەوتەوە بۆ سەربان ، ئای خوایە گیان ئەو شەوە چۆن لە ترساندا دەلەرزین و چۆن خەریکبوو زارەترەک بن و بتۆقن . یادەوەرەکانی ئەحە ئەو شەوە ناخۆشەی مردنی باوکیشی ھێنایەوە بەرچاوی ، کە تارماییەکەی وا بە ناخییەوە نووسابوو ھەرگیزا و ھەرگیز بیرچوونەوەی بۆ نەبوو … لەو لاشەوە فریشتە بە بینینی ئەحە زۆر شاد و مەست بوو ، ھەموو گیانی لە خۆشیدا پێدەکەنی و ھەر زووش بە ھاوڕیێ دراوسێکەی وت : ئـەحمەد خـــزمێکی نـــزیــکـمـانــە . کاتێکیش لای ئێوارە خەسرەوی ھاوسەری گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بە پەرۆشەوە باسی بینینی ئەحەی بۆ کرد واش لە خەسرەوی گەیاند کە خزمیانە و یەکێک بووە لە خۆشەویستەکانی دایکی خوالێخۆشبووی . ئەوەندە بە گەرمی باسی چاکە و پیاوەتی ئەحەی بۆ کرد ، خەسرەویش پەرۆشی بینینی بوو .

خەسرەو بە تەمەن چوار ساڵ لە فریشتە گەورەتر بوو ، ئەو کوڕی ناسیاوێکی دووری ھاوڕێیەکی کاکی بوو ، خەڵکی خانەقین بوون ، حکومەت ڕاوی نابوون بۆ سلێمانی ، باوکی خەسرەو لە کارگەیەکی شاری سلێمانیدا بوو بوو بە کرێکار و ھەتا خوا حەزبکات پیاوێکی چاکبوو . ھاوڕێیەکەی کاکیشی فریشتەی ھەڵدا بوو بۆ خەسرەو . چونکە فریشتە کچێکی بزێوی جرپن بوو و نەیتوانیبوو خوێندنی سەرەتایی تەواو بکات و سڵی لە ھیچ نەدەکردەوە و ھەر خەریکی خۆی بوو ، کاکی و دایکی خوا خوایان بوو زوو لەگەڵ کوڕێکی باشدا داوی دابمەزرێت و بچێتە ماڵ و حاڵی خۆیەوە . کاتێکیش دڵنیا بوون خێزانەکەی خەسرەو خێزانێکی بەڕێزن ھەر زوو قایل بوون و فریشتەیان پێشکەشکرد . خەسرەو لاوێکی ڕێکوپێک و جوانبوو ، ئەویش تا پۆلی شەشی سەرەتای خویندبوو ، لە سلێمانیدا شاگرد نانەوا بوو ، لەبەر ئەوەی بارودۆخی نا ئارامی سلێمانی پیێخۆش نەبوو ، ھەر بۆیە پاش چەند ساڵێک خۆی و فریشتە لە شاری بەغداد خۆیان گرتەوە . لە بەغدادیش بە شاگرد نانەوایی ژیانێکی ھەژارانەیان دەبردە سەر و ژیانیان سەخت بوو ، ئەوەندە ھەویری شێلا بوو دەفەی شان و بازووەکانی لە یاریکەری ئاسن دەچوو .

مەراق و خەموخەفەتی قورسی ژیان گیرۆدەی مەیخواردنەوەی کردبوو ، زوربەی شەو تا نەیخواردایەتەوە خەوی لێنەدەکەوت ، کە خەویشی لێدەکەوت ھەموو ماڵەکەیان بارکردایە بە خۆی نەدەزانی و بەیانیانیش بە زۆری فریشتە نەبوایە خەبەری نەدەبۆوە . ئەمەش بە تەواوی فریشتەی بێزارکردبوو و بە دڵ ڕقی لێی بوو ، دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا و لە شووەکەشی پەشیمانبوو و بەردەوام ئاژاوە و پشێوی لە نێوانیاندا بوو . لاوازی وخواردنەوەی خەسرەو کارێکی وایکردبوو فریشتە زاڵ بێت بە سەریدا و چیی بیویستایە دەیکرد و حسابی پووشێکی بۆ نەدەکرد ، ئەویش ھیچکاتێک نەیدەتوانی لە قسەی دەربچێت . بەکورتی خەسرەو گەنجێکی ئارەق خۆر و جگەرەخۆرێکی خراپبوو ، ھیچ پاساوێکیشی بۆ ئەو کارانەی نەبوو ، بۆیە ھەمیشە لە بەرامبەر فریشتەدا کەسێکی بێدەسەڵاتی تەپۆ بوو ، جگە لە بێدەنگی و خۆ خواردنەوە ھیچی تری نەبوو خوا خوای بوو فریشتە بە دیارییەوە دانیشێت . ھەر بۆیە کاتێک فریشتە ئەحەی بینی وەک گوڵ گەشایەوە و لە خۆشیدا ئاگای لە خۆی نەما و شنەی شادی سەرلەنوێ لە ناخیدا ھەڵیکردەوە و یادەوەرییەکانی سەرلەنوێ باوەشێنی ڕۆحی کردەوە .

لەولاشەوە بینینی فریشتە بە جارێک ھۆشوھەست و بیرکردنەوەی ئەحەی داگیرکردەوە و سەرتاپا ژیانی ھێمنی ئەحەی گۆڕی ، خۆشی نەیدەزانی چۆن فریشتە وا لە پڕ خۆیکردەوە بە ژیانیدا . جارجارێک دەیویست بیری لیێ نەکاتەوە و بە تەواوی لە بیر خۆی بباتەوە ، کەچی ھەر زوو پەشیماندەبۆوە … ھەفتەی یەکەم توانی خۆی ڕابگرێت و سەردانی فریشتە نەکات ، بەڵام ھەفتەی دووەم نەیتوانی لەوە زیاتر خۆی ڕابگرێت و بڕیاریدا ئەو سەردانە بکات . سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بە دوو زەرفی پڕ لە میوەوە ڕۆیشت و ماڵی فریشتەی دۆزییەوە . فریشتە دەرگای لێکردەو و لە خۆشیدا ھەموو گیانی پێدەکەنی و سەرکوڵمەکانی وا ئاڵبوو بوون دەتوت دوو دەنکە گێلاسی پاکی بریقەدارن .

خەسرەویش ھات بە پیرییەوە و پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد . ئەحە مناڵە پچکۆلەکەشیانی بینێ کە تەمەنی نزیکەی ساڵێکبوو . خانووەکەیان خانوویەکی زۆر کۆن بوو ، بە کریێ گرتبوویان ، پێکھاتبوو لە دوو نھۆم، نھۆمی سەرەوەیان کرێچییەکی تری تێیدا بوو ، بەڵام دەرگایان جیابوو . شوێنەکەی ئەمان شوێنێکی پچوکبوو ، بریتیی بوو لە دوو ژوور و دانیشتنێکی پچکۆلە ، کە وەک مەتبەخیش بەکاریاندەھێنا . ئەحە پێیخۆشبوو باسی کارەکەی بکات و ھەتا توانی باسیکرد ، فریشتەش بە درێژایی ئەو دانیشتنە وا پیشانی دەدا کە ئەحە خزمە و پێخۆشحاڵە کە ئەمشەو میوانیانە . خەسرەویش باسی کارەکەی خۆی و چۆنییەتی ھاتنیان لە خانەقینەوە بۆ سلێمانی و لە سلێمانییەوە بۆ بەغداد کرد . ئەحە و فریشتە لە ناخدا وەک دوو عاشق سەیری یەکتریاندەکرد و نیگاکانیان سەرمەستی کردبوون ، مەگەر ھەر ئەو خوایە بزانێ تا چ ئەندازەیک تامەزرۆی یەکتری بوون . خەسرەویش ئاگای لە نھێنی دڵی ئەوان نەبوو ، کەچی وەک ئەوان دڵخۆشبوو ، ھۆکاری ئەم دڵخۆشییەشی دەگەڕایەوە بۆ دڵخۆشی فریشتە و دەمێکبوو ماڵەکەشیان میوانی بە خۆیەوە نەدیبوو ، کە تاریک داھات خەسرەو لە خۆشی میوانەکەیان سفرەیەکی پچکۆلەی ڕازاندەوە و قاپێ ئارەقی ڕەش و دوو پەرداخی دەرھێنا ، فریشتەش ھەر زوو زەڵاتە و چەند قاشێکی لیمۆ و دوو سێوی بۆ دانان . ئەوە یەکەمجار بوو فریشتە مەزەی بۆ ئامادەبکات ، ھەرچەند ئەحە وتی : من ناخۆمەوە ، بەڵام خەسرەو زوو زوو دەیوت من بە خۆشی تۆوە دەخۆمەوە .

ئەحە سوربوو لەسەر نەخواردنەوە و نەشی خواردەوە ، ھەر بە ڕاستیش ئەحە ھیچکات حەزی لە خواردنەوە نەبووە . پاشان خەسرەو وردە وردە دەستیکرد بە خواردنەوە و جگەرەکێشان ، جگەرەکێشانێک کە بە تەواوەتی ژوورەکەی بە دووکەڵ قانگدا ، جارجارێکیش مژێکی لە قاشە لیمۆیەک دەدا و لەگەڵ خواردنەوەکەشدا باسی ژیانی خۆی بۆ ئەحە دەگێڕایەوە ، کە چۆن کاتی خۆی باوکی نەبووە بە بەعسی و چۆن لە خانەقینەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و چۆن لە گەڵ سلێمانیدا ڕاھاتوون و چۆن فریشتەیان بۆ دۆزیوەتەوە و چۆنیش بڕیاریداوە بێن بۆ بەغداد . لەولاشەوە فریشتە خۆی خەریککرد بە ئامادەکردنی نانی ئێوارە ، کە بریتی بوو لە برنجێکی درێژی سپی و شلەیەکی باینجان . ئەحە بە دیمەنی خەسرەو خەریکبوو شەق بەرێت و بە دڵ خەفەتی بۆ فریشتە دەخوارد کە ئەو شەوە لە گوڵێکی ژاکاوی زۆر جوان
دەچوو ، کە تووشی کەسێکی وا بووە . کاتی نانخواردن ھات ، چونکە خەسرەو سەرقاڵی خواردنەوە بوو ، نانی نەخوارد و ئەحە و فریشتە بە تەنیشت خەسرەوەوە کەوتنە نانخواردن و جارجارێک ئاڕاستە و نیگای چاوەکانیان پێکەوە دەنووسان و ناخیان دەھەژا . ئەحە بە دڵ پیێخۆشبوو لەگەڵ فریشتەدا لەسەر یک سفرە نان دەخۆات. ئەوە یەکەمجاربوو تامی خواردنی دەستی بکات . دوای نانخواردن ئەحە ویستی ماڵئاوایی بکات و بڕوات ، بەڵام فریشتە و خەسرەو زۆریان لێکرد ئەو شەوە لای ئەوان بمێنێتەوە ، ھەتا خەسرەو وتی : کاکە خۆ منیش ڕۆژانی ھەینی کارناکەم و تکایە ئەمشەو لای ئێمە بمێنەرەوە . ئەحە بە دڵ حەزیدەکرد لە ماڵێکدا بێت ھەناسەی فریشتەی تێدا بێت ، بەلام چونکە یەکەم سەردانی بوو ، زۆریش لە ھەڵسوکەوتی خەسرەو بێزار بوو ، بۆیە ویستی بڕوات . بەڵام ھەرچۆنێک بوو بە زۆری فریشتە و خەسرەو مایەوە و دانیشتەوە . خەسرەو لە خواردنەوەدا بەردەوامبوو ، سەرخۆشی پێوە دیاربوو ، ئەحەش بۆ ئەو بەھانەیەکی لە باربوو تا زیاتر بخواتەوە ، بە سەرخۆشی ڕوویەکی ناشیرین و بێزوەری ھەبوو ، ئەوەندەی خواردەوە وردە وردە دەمی تێکەڵوپێکەڵدەبوو ، فریشتە دیمەنی خەسرەوی پیێ ناخۆشبوو ، ئەوەندە غەمبار بوو دەتوت دەرگای جەھەنەمی لیێ خراوەتە سەرپشت .

ئەحەش بە دڵ خەمی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد و جەرگی ژانیدەکرد بۆی و تا سەرمۆخ نیگەران بوو ، کە تووشی کەسێکی ئارەقخۆری وا بۆتەوە ، لەوەش بێ ئاگا بوو کە تا چ ئەندازەیەکی ئێجگار زۆر فریشتە ڕقی لە خەسرەوە ، شەو درەنگبوو ، خەسرەو بە تەواوی پەکی کەوت و ئاگای لە خۆی نەما و لە شوێنی خۆی لاربۆوە و خەوی لێکەوت ، فریشتە بە باتانییەکی کۆن دایپۆشی و کەوتە پرخە پرخ . ئنجا فریشتە دەرگای دڵ و مێشکی خۆی بۆ ئەحە خستە سەرپشت و وتی: خۆ بە چاوی خۆت بینیت من تووشی چ بەڵایەک بووم ئەمە ژیانی منە و زۆر لەم شووەی خۆم پەشیمانم و ئەم پیاوەم خۆشناوێت و گیرمخواردووە بە دەستییەوە . ھەر لە وێدا و لە تەنیشت خەسرەوەوە زۆر بە خێرایی دەستیکردە ملی ئەحە و وتی : خۆزگە ژنی تۆ بوومایە .

ئەحە تەماشایەکی خەسرەویکرد و بە سرتە قسەی کرد و لەوە دە ترسا خەسرەو بە ئاگا بێت ، بەڵام فریشتە وتی : ئەوە تۆ تەماشای چیی دەکەیت ، ئەوە مێردی خۆمە و کلکیم کێشاوە چەندە و تۆ خەمی ئەوت نەبێ و ئەو ئێستا تەنھا لاشەیەکە و ھەناسە دەدات و چاک دەیناسم و تا بەیانی خۆم خەبەری نەکەمەوە بێ ئاگایە . فریشتە ڕاستی دەکرد و دەتوت سەد ساڵە مردووە ، بەڵام ئەحە ھێشتا ترس زمانی گرتبوو ، بۆیە ھەر نەوێرا بە تەنیشت خەسرەوەوە بە ھەمان ھەست وەڵامی بداتەوە ، ئنجا فریشتە ھەر زوو چوو جێگای بۆ ئەحە لە ژوورەکەی تەنیشت ژوورەکەی خۆیان بۆ ئامادەکرد . ئەو شەوە بۆ ئەحمەد و فریشتە شەوێکی زۆر سەیری بوو لە شەوەکانی جارانیان نەدەچوو ، خۆشیان باوەڕیان بەوە نەدەکرد بە ئازادی لە ژێر سەقفی ماڵێکدا ئاوا پێکەوە بن . ھیچیان خەو بەرچاوی نەگرتن ، یادەوەرەکانی جاران لە گلێنەیان نەدەبۆوە، کەچی بە پێچەوانەی ئەمانەوە خەسرەو و کۆرپەکەیان ئەو نووستنەی نووستبوون چرچەیان بۆ نەدەکرد . ئاخر خەسرەو ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کاریگەری ئارەقەکە ھەموو گیانیشی ماندوو بوو .

ئەحە خەیاڵی بە فریشتەوە نووسابوو لە دڵی خۆیدا دەیوت : تۆ بڵێی ئێستا ئەو بیر لە چیی بکاتەوە ، ئا لەم کاتەدا فریشتە بە بێ ترس و بەبێ ئەوەی شەرم بکات خۆیکرد بە ژوورەکەی ئەحەدا و ڕێک لە پاڵیا پاڵکەوت و وتی : تۆش بە خەبەری ؟. ئەحەش لە وەلامدا وتی : ئەستەمە ئەمشەو ساتێک خەو چاوم بگرێت . ھێشتا ئەحە قسەکەی تەواو نەکردبوو فریشتە چووە پاڵی و باوەشی پێداکرد ، ئەحە چاوەکانی باوەڕیی نەدەکرد و لە پێشدا ترسی مێردەکەی لە خەیاڵی ئاڵابوو ، بەڵام کە گەرموگوڕی فریشتەی بینی و پرخە و مرخە مرخی خەسرەوی گویێ لێبوو ، ئیتر لەوە دڵنیابوو خەسرەو جگە لە پرخە پرخ ھیچی تری نییە . بە ئارەزووی دڵی خۆیان لە یەک ئاڵان و کاتێک سنگی وەک بەفری فریشتەی بینی ئاگای لە خۆی نەما و بە ھەموو ھێزی خۆیەوە پێوەی نووسا ، ئەوەی لەوەپێش نەیانکردبوو کردیان و شنەی شادی و ئارەزوویەکی بەتین لە ناخیاندا ھەڵیکردبوو و ھیچ شوێنێکی لەشە بێگەردەکەی فریشتە نەما ماچی نەکات ، ئەوەندە تامەزرۆی باوەشی یەکتری بوون ئاگایان لە ھیچ نەمابوو ، جارێک کڕوزانەوە و نووکە نووکی منداڵەکە بێزاری کردن ، بەڵام خێرا فریشتە بە ڕووتوقووتی لە باخەڵی ئەحە ھاتە دەرەوە و ژیری کردەوە و سەرلەنوێ و گەرمتر لە جاری پێشوو ھاتەوە باوەشی و بە یەکترییەوە نووسانەوە و چەندین جار گەیشتنە لوتکە و تروپکی خۆشییەکی بێ ھاوتای ئەوتۆ ، کە ھەتا ھەتایە لە یادەوەریاندا دەمێنێتەوە . فریشتە لەگەڵ ماچکردنی ئەحەدا گڕی ئاگری ڕقو کینە لە دڵ و دەروونیدا کڵپەیکرد و وتی : زۆرم پێخۆشە خیانەت لە مێردێک دەکەم کە لەم ماڵەدا وەک لاشەیەکی بێ گیان ڕاکشاوە و ئاگای لە عەشقی ئێمە نییە و پرخە پرخ و مرخە مرخی ناخۆشی تێکەڵ بەشڵپەی ماچەکانمان دەبێت . ئەمە پاداشی کەسانی وا گێلە ، کە ھەست بە ئازار و خواست و ئارەزووی بەرامبەرەکەی ناکات . ھەردووکیان تا بەرەبەیان بە ڕووتوقوتی لە باخەڵی یەکتریدا بوون و تا ماندوو بوون لە ناو یەکتریدا تووانەوە ، بەرەبەیانیش جگە لە پرخە پرخی خەسرەو و ھەڵوەرینی گوناھەکانییان ، دەنگی ھیچی تر نەدەھات . بەیانی فریشتە لەبەرچاوی ئەحە بە ھەزارحاڵ خەسرەوی خەبەرکردەوە ، کە ئەحەی بینی وتی : ئەوە تۆش ھەستاوی ؟ . ئەحە بە دڵ خەفەتی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد .

خەسرەو بە ھەزارحاڵ بەرزبۆوە و چوو دەموچاوی شت و ھەموو پێکەوە نانی بەیانیان خوارد ، پێش ئەوەی ئەحە ماڵئاواییان لیێ بکات فریشتە زۆر بە پەرۆشەوە داوای لێکرد سەردانیان بکاتەوە .
ئەو شەوە یەکێکبوو لە شەوە سورە زۆر خۆشەکانی ئەحە ، کە ئەستەمە دووبارە ببێتەوە ، یەکەمجاری بوو ژنێک بە ڕووتووقووتی تا بەیانی لە باوەشیدا بێت ، خۆشی باوەڕی بەوە نەبوو ئەو فریشتە جوان و ناسکە ئەوەندە ئەمی خۆشبوێت و حەزی لە بەزمی وا بێت . ئەوەندەش چاونەترس و جەربەزەبێت لە پاڵ ھاوسەرەکەیدا ئاوا بکات و باکی لە ھیچ نەبێت . ئەحە زۆر ماندوو بوو ، ئەوەندە وزەی لە دەستدابوو ، نەیدەتوانی بە باشی بیربکاتەوە ، بۆیە ھەر گەیشتەوە ماڵەوە بە جلەکانییەوە یەک تەختە لێی ڕاکشا و تا تاریک داھات چرچەی بۆ نەکرد .

بەسەرھاتی ئەو شەوە سەرلەنوێ مێشکی ئەحەی سەرقاڵکردەوە ، بۆ یەک سات فریشتە لە ئاوەزی نەدەبۆوە . نەیدەزانی چ خەمێک و ڕقێکی ئەستورە پاڵدەنێت بە فریشتەوە ، کە بە تەنیشت ھاوسەرەکەیەوە ئاوا ھەڵسوکەوت بکات . ئیتر بیرکردنەوە بەردەوام مێشکی ئەحەی داگیرکرد ، جارجارێک بڕیاریدەدا کە سەردانی فریشتە بکاتەوە و جارجارێکیش بڕیاریدەدا کە لێی نزیکنەبێتەوە و ژیانی نەشێوێنێ و پێی شەرمبوو لەسەر سفرەیەک نانبخوات کە بە ماندووبوونی خەسرەو ئامادەکرابێت و ئەمیش بە تەنیشت ئەو سفرەیەوە خیانەت لە ھاوسەرەکەی بکات . بەڵام فریشتە کڵپەی ئاگرێک لە ناخیدا بوو خوا خوای بوو ئەحە سەردانی بکاتەوە و ژیلەمۆی ئەو ئاگرەی بۆ خامۆش بکات ، کە خەسرەو نەیدەتوانی بۆی خامۆشبکات ، بۆیە پاش سێ ھەفتە و دوو ڕۆژ لەسەر یەک سەردانی دەورووبەری شۆڕجەی کرد و ڕۆژی دووەم مەفرەزەکەی ئەحەی بینی و خۆی گەیاندە ئەحە و زۆر قسەی بۆکرد تا سەردانیان بکاتەوە . فریشتە ئەوەندە بە پەرۆشەوە قسەی بۆ کرد نەیتوانی داواکەی ڕەت بکاتەوە و پەیمانی پێدا کە شەوی ھەینی سەردانیان بکاتەوە .
بێگومان ھەرواشیکرد ، ئەو شەوە بە زەرفێکی پڕ لە میوە و دیاری بۆ منداڵەکەیان و یەک قاپ ئارەقی ڕەشەوە خۆیکردەوە بە ماڵی فریشتەدا . فریشتە پێشوازییەکی گەرمی لێکرد ، بەڵام خەسرەو ھێشتا نەگەیشتبۆوە ماڵەوە . فریشتە بە ھەلی زانی زۆر باسی حاڵی خۆی بۆ ئەحە بکات . باسی ئەوەی کرد کە ھاوسەرەکەی کەسێکی ساروسڕە و بە تەنگ سۆز و ئارەزووی ئەوەوە نییە ، ھەتا وتی : جاری ئەوتۆ بەشێوەیەکی جوان خۆمی بۆ دەڕازێنمەوە و بە دڵ حەزدەکەم وەک ھاوسەرێک بێت بە پیرمەوە ، بەڵام ئەو کەسێکی ساردە و کاتێکیش سەرخۆشدەبێت ئاگای لە دنیا نامێنێت . بە دڵ حەزناکەم ھاوسەرم بێت و ڕقم لیێ یەتی بە ھۆی نەمانی دایکم و ئەم منداڵەمەوە دەستم بەستراوە نا توانم وازی لیێ بێنم ، ئەوش بزانە تۆ یەکەم کەسێکیت لە دڵی مندا ھەوارت ھەڵداوە و تێکەڵ بە ڕۆحم بوویت ، تکایە زوو زوو سەردانم بکە و کەمێک لە کێشەکانم کەم بکەرەوە ، چونکە تۆم بە دڵ خۆشدەوێت و ھەرگیز لە بیرم ناچیتەوە . ئەحە زۆر دڵی بۆ ئەو فریشتە جوانە دەسووتا و پەیمانیدا کە فەرامۆشی نەکات .

پاش ماوەیەک خەسرەو ھاتەو و بە بینینی ئەحە شادبوو . بە کورتی ئەحە بە ھەمان شێوەی شەوی پێشوو لەگەڵ پرخە پرخی خەسرەودا ئەوەی ویستی کردی . ھەتا ئەو ڕۆژەی بەیانی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێدا خوێندرایەوە ئەحە چەند جارێک لە باخەڵی فریشتەدا ڕۆژی کردەوە . دوای ئەو بەیانە و بە ماوەیەکی کەم ئەحە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و بە تەواوی لە فریشتە دوور کەوتەوە . ھاتنەوەی ئەحە ماڵەکەیانی پڕکرد لە خۆشی و شادی ، دایکی و خوشکەکانی بەو ھاتنەوەیە ئێجگار دڵخۆشبوون . بەھاری خوشکی ساڵێکبوو لەگەڵ سۆزانی ھاوڕێیدا مامۆستای سەرەتایی بوون ، سۆزان کیژێکی چاوشینی باڵابەرزی شۆخبوو ، ڕۆژێک سۆزان سەردانی بەھاری کرد ، ئەحە سۆزانی بینی و عاشقی بوو . دڵی خۆی لای بەھار کردەوە ، بەھاریش ئەوەی زۆر پیێ باشبوو . لای دایکی باسی ئەحەیکرد کە دڵی بە سۆزانەوەیە ، دایکی بەو باسە دڵودەروونی کرایەوە و حەزیدەکرد ئەحە داوی دابمەزرێت و لە کێشەی سۆزداری دوور بکەوێتەوە ، چونکە کێشە کۆنەکانی ئەحەیان لە بیرنەچووبۆوە ، کە سەرچاوەی نەھامەتییەکانیان بوو . بەھار باسی نھێنی دڵی ئەحەی بۆ سۆزانکرد ، سۆزانیش ھەمان ھەستوسۆزی ھەبوو بۆی .

جا ھەر زوو دایکی وخوشکەکانی خوازبێنی سۆزانیان بۆ کرد و ژیانی ھاوسەریان پێکھێنا ، خۆشەویستی سۆزان کارێکی وایکرد ھەموو ژان و دەرد و ڕابوردووی لە بیر بباتەوە و بە تەواوەتی فریشتەشی لە بیربچێتەوە و ژیانی فریشتەش لە ژیانی خۆیدا بۆی بوو بە وانەیەکی ناوازە و نایاب و تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار بە نرخ ، کە سوودی زۆری لێوەرگرت و ئێستاش ئەحە ژیانێکی ئێجگار زۆر خۆش و بەختیاری ھەیە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچە و چەند نەجمەیەکیش بەسەر شانییەوە دەبریسکێنەوە و ئەوەی بیریشی لێنەکاتەوە فریشتەیە .

*****
تێبینی : چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی ( ئەحمەد ) یش ناوێکی خوازراوە .