وڵاتی شەیدایی … مارف عومەر گوڵ
ناحەوێتەوە ،
دڵ دێوانەیە لە دووریت ،
چرایەکی بەدەستەوەیە ،
بردمی بەرەو سنورێکی دوور دوور ،
ئێوارە چوومە باوەشی هەور
ئەوەندە باسی ئەستێرەی بۆ کردم ،
تا تاریک داهات و کەوتە جریوە بەسەر سەرمەوە
هێشتا مەیە ، عەشق و شەیدایی
لەودیو هەورەوەیە ،
هەتا باڵ نەگری مەیە !
ئەو ڕێگایە پێدەزانی ،
دەگاتە خەرمانەی مانگی شەیداییم
یا هێشتا باڵی فڕینت بێ پەڕە ؟
هێشتا لەماڵ مەیە دەرێ ،
تەپوتۆزی لەناکاوی جەنگی ژیان
بیناییت ڵێڵ و چاوی منیش کوێر دەکات
جارێ چاوەڕێ بە ،
هەتا عەشق ئەبێتە سنەوبەرێکی کەڵەگەت
جارێ چاوەڕێ بە ،
لە دەمەو بەیانیەکا من بە تەپڵی شادمانیەوە
مژدانەیەکم پێیە بۆم هێناویت
تۆ بە پەڕوباڵی خۆتەوەو
من بەڕێگایەکی تردا ،
دەچینەوە بۆ وڵاتی شەیدایی !
هێشتا مەیە ، عەشقت زەرنەقوتەیە
ئەم جەنگی باروتە دەتپڕوکێنێ
خەرمانەی شەیداییم وێران مەکە
بێ ماڵ و حاڵ دەمێنمەوە
هێشتا مەیە
هێشتا پەپولە ناوێرێ قۆزاخەی گوڵ جێ بهێڵێ ،
ماڵی خۆت و ماڵی منیش وێران مەکە ، مەیە
سەرتاپای ژینم ،
بەسەر باڵەخانەی شەیداییمەوە
هێلانەیەکم بۆ تۆ دروست کردوە ،
هەر من دەزانم باڵی بەختەوەریت
بۆ کوێم دەبات !
لەم پەرێشانیەدا خۆت بگرە ،
لەو خەڵوەتی بێ پەڕ و باڵیەدا بحەوێوە ،
لە دەمەو بەیانێکدا پەیدا دەبم !
٢٦ – ٢٧ / ٦ / ٢٠١٨
کەرکوک – سلێمانی
تێبینی: ئەم شیعرە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ / ئەدەب و هونەر ، ژمارە (٧٧٦٦) لە ١٧/١/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
گه‌شتێک بۆ ئاسمان … ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر
هه‌ڵۆیه‌کی گه‌وره‌وجوان
هات نیشته‌وه له‌سه‌ربان
منیش وتم..به‌خێربێیت
باڵه‌کانم پێ ده‌ده‌یت؟
سوڕێک بفڕ‌م بۆ ئاسمان
بچمه لای ئه‌ستێره‌کان
هه‌ڵۆکه وتی فه‌رموو
بۆم بهێنه‌ره‌وه زوو
باڵه‌کانم کرده شان
چوومه قوڵایی ئاسمان
بینیم یه‌ک دنیامنداڵ
په‌رین و ئه‌فڕن به باڵ
ماڵیان ئه‌ستێره‌کانه
ڕازاوه‌و چراخانه
که‌وتوونه به‌زم ویاری
خه‌نده‌یان لێ ده‌باری
ئه‌وه‌ی له‌لام سه‌یربوو
جلوبه‌رگیان کوردی بوو
وتم..ئێوه خه‌ڵکی کوێن؟
به‌زمانی کوردی ده‌دوێن
وتیا..خه‌ڵکی هه‌ڵبجه‌ین
بۆیه واده‌م به‌خه‌نده‌ین
مندڵانی گه‌رمیانین
ناسک ونه‌رم ونیانین
له‌ساڵانی هه‌شتاکان
له‌زوڵمی زۆرداره‌کان
فڕین بۆلای ئه‌ستێره
زۆردڵخۆش ئه‌ژین لێره
وتم.. مژده بۆ هه‌موو
کوردوستانمان ئازادبوو
کردیان به‌چه‌پڵه‌ڕێزان
به‌سرودی کوردوستان
منیش فڕیم له سه‌رخۆ
هاتمه‌وه بۆ لای هه‌ڵۆ
چیم دی بۆم گێڕایه‌وه
با ڵه کا نم دایه‌وه
نوسینی ..ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر.فاڵكنبێری
