خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن … چوارەم … ئەمجەد شاکەلی

باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.


چوارەم ….
ئەمجەد شاکەلی

-کەرتی تایبەت-

ئەو بەشەی باشووری کوردستان، کە پێی دەگوترێ هەرێم، تا ساڵی 1991، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەشێک بوو لە عیراق و تەواوی قانوونەکانی عیراقی تێدا پێڕۆ دەکران. دیارە ئێستاش هەر بەشێکە لە عیراق، لێ بڕێک جیاوازیی لەنێوان ئەو هەرێمە و عیراقدا هەیە، چون هەرێم، لە هەندەک بواردا، جۆرێک سەربەخۆیی هەیە. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، بواری ئابوورییە. ئابووریی عیراق و کوردستانیش ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای “ئابووریی ئازاد، ئابووریی بازاڕ، بازاڕی ئازاد”، دامەزراوە و ئەوەی بۆ کراوە بە بناخەی ئابووری. ئابووریی بازاڕ، لە هەموو جیهاندا پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێ و پشت دەکاتە کەرتی گشتی. وەها ئابوورییەک، دەکاتە: سەرمایەداری.
کەرتی تایبەت، پێچەوانەی کەرتی گشتییە. کۆمپانیا، ئیدی گەورە یا گچکە، لە کەرتی تایبەتدا، کەسێکی تایبەت، خێزانیک، یا چەند کەسانێکی تایبەت، یا چەند خێزانێک، خاوەنداریەتی دەکەن، لێ لە کەرتی گشتیدا، دەوڵەت، کارگێڕییە گشتییەکان، ئوستانداری یا شارەداری، خاوەنداریەتی دەکەن. وەک نموونە، لە سوێد کۆمپانیاکانی ئیکییا(Ikea)، ڤۆڵڤۆ (Volvo)، هۆئێم (H&M) و کۆمپانیا گچکە ئاساییەکان، هەموو کەرتی تایبەت خاوەنیانن. کۆمپانیای وزە(ئەلەکتریک) و تاڤگەکان، دوو کۆمپانیان، سەدلەسەد سەربە کەرتی گشتین و لەلایەن دەوڵەتی سوێدەوە خاوەنداریەتی دەکرێن. کۆمپانیای دیکەش هەن، وەک کۆمپانیای خانووبەرە، لەلایەن هەموو شارەدارییەکانەوە خاوەنداریەتی دەکرێن، ئەوانەش هەر سەر بە کەرتی گشتین. کەرتی تایبەت، بەگوێرەی پێناسەکەی، هی کەسانێکی تایبەت یا خێزانگەلێک یا کۆمەڵە و ڕێکخراوگەلێکی پێکهاتوو لە کەسانێکی قازانجخواز، کە لە چوارچێوەیەکدا خڕدەبنەوە، هەموو ئەمانە وەدووی دەسکەوتی ئابووری و قازانجدا وێڵن. هەندێ جار لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، کەرتێکی دیکە هەیە، کەرتی سێیەمی پێ دەگوترێ، یا کەرتی خێرخوازی و کاری جڤاکی و کاری هەرەوەزی و خانەی هزر و ئەو جۆرانە، کە نە هی دەوڵەتن و نە هی کەسی تایبەت، بەڵکە خەڵکانێک پێکەوە خاوەنداریەتی دەکەن، هێندە وەدووی قازانجەوە نین. ئەو جۆرە کۆمپانیانەی کەرتی سێیەمە، هەندێ جار دەخرێنە خانەی ڕێکخراوەیل و کۆمپانیایەیلی ناحوکوومەتییەوە، کە(NGO)یشیان پێ دەگوترێن.

سەرمایەداری، بە دابەشکردنێکی نادادوەرانە و پشتگوێخستنی زۆرینەی نەداران و پشتبەستن بە چینە باڵا دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕەکان و دەسەڵاتەوە، گرێدراوە. سەرمایەداری پاماڵی بازاڕ دەکات و ئەوەیشی ئەو پاماڵ و داگیرکارییە دەکات، کەمینەیەکی نێو جڤاک و وەڵاتە، کە تەنانەت حوکوومەتیش دەگرێتەوە و وەها حوکوومەتێکیش دەبێتە حوکوومەتی کەمینە، کە لە بازاڕی سیاسەتدا، حوکوومەتی ئۆلیگارکی (Oligarchy) پێ دەگوترێ. وەها حوکوومەت و دەسەڵاتێک، خەڵکانێک دەستی بەسەردا دەگرن، کە: پایەی باڵای چینایەتییان هەبێت، وەک ئەوەی سەربە چینێکی ئەریستۆکرات و ناسراو بن، ساماندار و دارا بن، ڕایەڵە و پێوەندێکی خێزانی توندوتۆڵ و خزمایەتی و خوێن لەنێوانیاندا هەبێت، خوێندەواری بەرز و خاوەن بڕوانامەی باڵا بن، خاوەنی کۆمپانیای مەزن و سەرمایە بن، ڕوومەتێکی ئایینی بن و دەسەڵاتێکی ئایینییان هەبێت، پلەوپایەیەکی سیاسییان هەبێت، خاوەنی هێزی چەکدار بن یا خەڵکیان، ئیدی بە هەر هۆیەکەوە، وەدووکەوتبن. ئەو جۆرە خەڵکانە، کە کەمینەشن، هەم پاماڵی بازاڕ(ئابووری) و هەم پاماڵی دەسەڵات (سیاسەت) دەکەن، ئیدی بەو دووە، کە لفانەی یەکدین، گەل، وەڵات، زۆرینەی ڕەهای خەڵک و هەرچی بوارێکی ژیانە، دەیخەنە بندەستی خۆیانەوە. وەها هەژموون و دەسەڵاتێک، هەندێ جار لەنێو خێزانەکاندا، وەک بۆماوەیی، نەوە لە دوای نەوە دەمێنێتەوە و گەلێ جاریش، بۆماوەیی، مەرج نییە بۆ گەیشتن و بوون و پاراستنی وەها دەسەڵاتێک!

سیستمی سیاسی و ئابووریی سەرمایەداری، خاوەنداریەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پێشەسازی، دەداتە دەست تاک و کۆمپانیا تایبەتەکان، کە تەنیا ئامانجیان قازانجە و هیج دەرفەتێک بۆ حوکوومەت ناهێڵرێتەوە و بنەما و پایەکانی ئەو ئابوورییە، موڵکییەتی تایبەت، کەڵەکەکردنی سەرمایە، هەڵپەی قازانج و بازاڕی ڕکابەرییە. بۆشایی نێوان موڵکدار و موڵکنەدار، دارا و نەداران، بە هۆی دابەشکردنی ناڕەوای داهاتەوە، هەمیشە فراوانتر دەبێت. سەرمایەداری مافی تاکی بۆ گرنگە، کە دەتوانێ هەڵبژێری، کاڵا، ماددە، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ئۆتۆمۆبیل، شەمەندەفەر، خواردنگە، قاوەخانە، مەیخانە، جل و پۆشاک، خواردنەوە، جگەرە، گەشت، ئامێر، تەکنۆلۆگی، بازاڕ و فرۆشگە و هەزاران شتی دیکە هەڵبژێرێ، لێ کێن ئەوانەی هەڵدەبژێرن؟ باشترینی ئەو کاڵا و خزمەتانە، ئەو تاکانە هەڵیاندەبژێرن، کە دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕن و خاوەن پارەوپووڵن، هەژاران توانستی هەڵبژاردنیان نییە و هەمیشە لەو هەڵبژاردنانەدا مایەپووچ و بێبەش دەبن و هیچیان دەستناکەوێت. سەرمایەداران دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کاریگەر بن لە بڕیاردان بەسەر نرخ و بازاڕدا و لەبەر دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، یا لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەسەڵاتن و دەسەڵاتیش ئەوانە، چ ڕێگرییەکیان لێ ناکرێ، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکان بە زیانی زۆرینەی خەڵک و وەڵاتییانیش بگەڕێنەوە، کە لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە. سەرمایەداران، تەنانەت کەونەکۆمۆنیستەکانیانیش، کە ئیدی بوون بە سەرمایەدار و کە شارەزایی و پسپۆرییەکی باشیان لە ئابووری بازاڕ و ڕکابەری بازاڕ و نێونەتەوەییدا هەیە، تەنانەت ئەو کۆمۆنیستانەشیان، هەرگیز وێژدانیان نابزوێ و تێرکردنی زگێکی برسی و پۆشتەکردنەوەی ڕووتێکی سەرمابردەڵە و تیمارکردنی نەخۆشێکی گیرفانبەتاڵ، بەخێوکردن و گرتنەخۆی زارۆکێکی بێ سەرپەرشت، بەبێ بەرانبەر و مفت، بە دواکەوتوویی و بێمێشکی و لەدەستدانی ئاوەز، دەزانن.

ئەوەی سەرێ، کە تا هەنووکە گوترا، ڕێک ئەو ڕەوش و واقیعەیە، کە لە کوردستاندا پیادە دەکرێ.
ئەمڕۆ لە کوردستان، تەندروستی، نەخۆشخانە، دەرمان و هەموو ئەو شتانەی بەندن بەو بوارەوە، بە زۆریی کەوتوونەتە بندەستی کەرتی تایبەت. سەدان نەخۆشخانەی گەورەی بواری جیاواز، سەدان تاقیگە و دەرمانخانە و کارگەی دەرمانسازی، هی سەرمایەداران و لەنێویشیاندا بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات، کە ئەوانیش هەر سەرمایەدارن. بژیشک، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کار دەکات، دوای یەک دوو ساڵێک لەوەی خوێندن تەواو دەکات و پسپۆریی لە بەشێکی تەندروستیدا وەردەگرێ، ئیدی دەتوانێت خاوەنی کلینیکی خۆی بێت و کارەکەی لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکەشدا هەر هەبێت و مووچەی ئەویش وەرگرێت. لە سوێد، بژیشک ئەگەر لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کاری کرد، ناتوانێت و بۆی نییە، کلینیکی خۆی هەبێت.

ئەو بژیشکەی کوردستان، کە خاوەنی کلینیکی خۆیەتی و لە نەخۆشخانەی گشتیی دەوڵەتدا کار دەکات، نەخۆشەکانی، ئەگەر نەخۆشییەکیان هەبێت لەو بوار و بەشەیدا، کە کاکی بژیشک پسپۆریەتی، لە نەخۆشخانەگشتییەکە چارەسەریان ناکات و کلیاندەکات بۆ کلینیکەکەی خۆی، بۆوەی بە پارە تیماریان بکات و دوو سێ کیلۆ دەرمانیان بۆ بنووسێت و بیاننێرێ بۆ ئەو دەرمانخانەیەیشی، کە هی خۆیەتی یا هاوبەشە لەگەڵ کەسێکدا تێیدا، بۆ کرینی دەرمان. ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە، کە هی کەرتی تایبەتن، پارەی خەیاڵیی لە نەخۆش وەردەگرن بۆ چارەسەرییەکی تەنانەت گچکەیش.

لەو نەخۆشخانانەدا بۆ نەشتەرگەرییەک، باس لە چەندین هەزار دۆلار دەکرێ. ئێستا لە کوردستان، وەک بڵێی بەشێکە لە ئەمەریکا، کە باس لە پارە دەکرێ، خەڵک بە دۆلار قسە دەکات، تەنێ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمەریکادا ئەوەیە، لە کوردستان بۆ دۆلار، زمانی گەڵا و دەفتەر و بلۆک بەکاردەهێنرێت. بەرپرسان و سەرمایەداران، کە ئەو هەموو بەڵایەیان بۆ خەڵکە هەژارەکە ساز کردووە، بۆ خۆیان، بۆ چارەسەر و تیماری نەخۆشییەکانیان، دەچنە دەرێی وەڵات. ژمارەی نەخۆشخانەی تایبەت لە باژێڕەکانی کوردستاندا، تا دێ لە زیادبووندایە. بێجگە لە بەرپرس و سەرمایەداری کوردستان، دەیان نەخۆشخانەی وەڵاتانی دەوروبەری کوردستان و دەرەکی، کە ئەوانیش هەر هی سەرمایەدارانی ئەو وەڵاتانەن، لە کوردستان هەن. بە پارەی زۆر و خەیاڵیی، سەرمایەداران لە ڕێگەی بەڵێندەر و ئۆفیسی تایبەتەوە، گەشتی بژیشکی و تیماری نەخۆش بۆ دەرێی کوردستان، بۆ تورکیا، ئێران، هیندوستان و ئەوروپا، ڕێکدەخەن.

شەل و کوێر و کەڕ و لاڵ و سەقەتکردنی نەخۆش، گەلێ جاران، لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کوردستاندا ڕوودەدەن و کەس خۆی لێ ناکات بە خاوەن. بژیشکی ئوردونی، ئێرانی، تورکیایی و شوێنانی دیکە، لە ڕێگەی بەڵێندەر و خەڵکانی دیکەوە دەهێرێنە کوردستان و بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازی وەڵاتدا دەیانکەن بە جالینۆس و ئیبنولهەیسەم(إبن الهیثم) و ئیبنوننەفیس(إبن النفیس) و ئەلکیندی(الکندي) و بە ماوەی چەند ڕۆژێکی مانەوەیان لە کوردستان، هێندەی ساڵێکی وەڵاتی خۆیان پارە خڕدەکەنەوە و بە گیرفانی هەڵتۆبزاوەوە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ئەوەیشی هێناونی بۆ کوردستان، ئەویش لەو ئاهەنگی ڕووتاندنەوەی هەژاراندا، پارووی چەوری خۆی دەگلێنێ. هاوردنی دەرمان، لە دەرێ ڕا، کە ئەویش بازرگانییەکە بیلیۆنان دۆلاری تێدا قازانج دەکرێ، لەنێویاندا سەدان جۆری خراپ و بێکەڵک و کاتبەسەرچوو و زیانبەخش هەن، کە لە هەموو قوژبنێکی ئەم دنیایەوە، بێ گوێدانە هیچ مەرجێک بێجگە لە قازانج، وەک ژار و دەرد، دەرخواردی نەخۆشی کوردستان دەدرێن، تەواوی ئەمانە ڕووتاندنەوەی خەڵکە هەژارەکە و کوشتنیان و هەڵئاوسانی گیرفانی سەرمایەدارانی کوردستانە.

بواری خوێندن و خوێندنگە و زانستگە، بوارێکی دیکەی بازاڕی کەرتی تایبەتە. باژێڕ و شارۆکە نییە لە کوردستاندا، زانستگە و لەتەزانستگە و شتێکی لەو جۆرەی تێدا نەبێت. دەیان زانستگەی بیانی، تورکی، لبنانی، ئەمەریکایی، ئینگلستانی، فرانسی و شوێنانی دیکە کراونەوە و خوێندکار بە پارە تێیاندا دەخوێنێت. دیارە ئەو خوێندکارە بێچووە دەوڵەمەندانەی، لە زانستگە دەوڵەتییەکاندا بەهۆی کەمیی نمرەوە وەرناگیرێن، لە زانستگە تایبەتییەکاندا بە پارە جێگەیان دەکرێتەوە و دوای چەند ساڵێک، بە هەر شێوەیەک بێت، خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و ڕکابەری خوێندکارانی زانستگە دەوڵەتییەکان دەکەن و لەبەر ئەوەی لە بنەمادا بۆ خۆیان بەچکە دەوڵەمەندن، بواری وەرگرتنی کار بۆ ئەوان نەک هەر ئاسانترە، بەڵکە تا ڕادەیەک مسۆگەریشە. تەنێ زانستگەی تایبەت نییە، کە لە کوردستان پەرەی پێ درابێ و زۆر بن، بەڵکە خوێندنگەی تایبەتیش هەموو ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە.

لە دایەنگە و باخچەی زارۆکان و سەرەتاییەوە تێیدایە تا دەگاتە ئامادەیی و دواتر. ئەو خوێندنگە تایبەتانە و ئەو زانستگە تایبەتانە، بێجگە لەوەی دامەزراوەیلێکن بۆ قازانج و خڕکردنەوەی پارە کراونەوە، بەشێکیشیان، لە پەنای کارەکانیاندا، کاری مسیۆنەری و بڵاوکردنەوەی ئایینی عیسایی دەکەن و مێشکی زارۆک و خوێندکاری کوردستان دەئەوروپایێنن و دەخۆراوایێنن. خوێندن لەو خوێندنگە و زانستگە تایبەتانەدا، بە زمانی ئینگلیزییە، وەک بڵێی کوردستان بەشێک بێت لە وڵاتانی کۆمنوێڵس و بەشێک بێت لە ئەمەریکا، ئینگلستان یا ئەوسترالیا. خێزانی کورد وای لێهاتووە شانازی بەوەوە دەکات، کە منداڵەکەی وا لە خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەییە تایبەتەکاندا دەخوێنێ، هەموو وانەکانی بە زمانی ئینگلیزییە و کوردی نازانێ! ئەوانەیشی منداڵیان لە زانستگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، ئەوانیش گەلێکیان پێ باشە، لەو زانستگەیە زمانی خوێندن ئینگلیزییە! کورد، کە لە زمانەکەی زیاتر هیچی دیکەی نییە و تەنێ زمانەکەیشیەتی لە تواندنەوە دەیپارێزێ.

شاعیری عەرەب مەحموود دەرویش(محمود درویش)، لە شیعرێکیدا بە ناوی “کورد بێجگە لە با هیچی تری نییە”، دەڵێ:”سێبەری سەر ناسنامەکەی دەتەکێنێت: ناسنامەکەم زمانەکەمە. من..و من. من زمانەکەمم. من دوورخراوەی نێو زمانەکەمم” . کورد، دەبوو کوردینەزانین و کوردینەخوێندنی پێ شەرم بووایە. دەبوو تەواوی بابەتەکانی بە زمانی کوردی بخوێندایە و کە کوردییەکەی ڕەوانکرد، ئەودەمی لە زمانە بیانییەکاندا، زمانی عەرەبی بە پلەی یەکەم، ئەوجا زمانی فارسی و ئەوجا زمانی تورکی خوێندبا و فێربووایە، چون ئەو سێ زمانە هێ سێ نەتەوە و چوار دەوڵەتن، دەوری کوردستانیان داوە و کوردستان و ئەو دەوڵەتانە لە یەک جیۆگرافیادا دەژین.

کوردستان نە لە ئەوروپایە، نە لە ئەفریقا و ئەمریکای سەروو و خواروو! بە گوێرەی هەندەک ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 16 زانکۆ (زانستگە، ڕاستترە لە زانکۆ)ى حکوومەتى هەن، کە بەسەر شارەکانى کوردستاندا دابەش بوون، لێ هەر بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، 19 زانستگە و لقەزانستگەی تایبەت و 14 پەیمانگەی تایبەت، کە دەبنە 33 زانستگە و پەیمانگەی کەرتی تایبەت و ئەهلی، لە شار و شارۆکەکانی هەرێمدا هەن. واتە ژمارەی زانستگە دەوڵەتی و حوکوومەتییەکان لە کوردستان لە نیوەی ژمارەی زانستگە و پەیمانگە تایبەت و ئەهلی و نادەوڵەتی و ناحوکوومەتییەکان، کە تەواویان هی کەرتی تایبەتن، کەمترن. تێکڕای زانستگە و پەیمانگە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و تایبەتەکان دەکەنە 49دانە. ئەوە تەنێ زانستگە، خۆ ئەگەر تەماشایەکی ژمارەی دایەنگە، باخچەی زارۆکان، خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بکەین، ئەوا سەیروسەمەرەی زیاتر دەبینین.

دانیشتووانی سوێد، سەرووی دە(10) میلیۆن کەسن و دوو هێندە و بڕێکیش زیاترن لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە بڕێک لە پێنج (5)میلیۆن زیاترن. بە گوێرەی ئامارەکان، لە سوێد 48 زانستگە و خوێندنگەی باڵا هەن و 36 لەوانە حوکوومەتین و سەر بە دەوڵەتن و 12یشیان نادەوڵەتین و سەربە کەرتی تایبەتن، لە کاتێکدا ژمارەی زانستگە و پەیمانگە لە کوردستان زیاترن لە سوێد و ژمارەی زانستگە و پەیمانگەی تایبەت و نادەوڵەتی لە کوردستان دوو هێندەی ئەوانەی سوێدن. سوێد یەک هەزار ساڵ دەبێت وەک قەوارەیەک، وەک دەوڵەتێک، هەبووە. کوردستان نە دەوڵەت بووە نە ئێستاش دەوڵەتە. سیستمی سیاسی و ئابووریی لە سوێد، سەرمایەدارییە، لێ سەرمایەدارییەکی مەرجدار و تایبەت بۆ سوێد خۆی. بە بەراورد لەتەک وەڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکای سەرمایەداریدا، سوێد تا ڕادەیەک بڕێک بنەمای سۆسیالیستی و دادپەروەری و یەکسانی تێدایە. کوردستان لاسایی سوێد و وەڵاتێن مانەندی ئەو ناکاتەوە، بەڵکە لاسایی ئەمەریکا دەکاتەوە!

لە وەڵاتێکی وەک ئینگلستان، کە وەک بنگەی سەرمایەداری و دیموکراتی و لیبرالیزم، سەیردەکرێت، لە وتارێکدا لە 12 فێبریوەری 2019دا، لە ڕۆژنامەی گاردیان(The Guardian)ی لەندەنیدا، خوێندنگە تایبەتییەکان بە “مۆتۆری نادادی” یا “بزوێنەری نادادی” ناو دەبات و پێیوایە، ئەو خوێندنگەیانە ،جیاوازیی لەنێوان خوێندکاراندا چێدەکەن و دەبنە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕێبەر و کارگێڕ و میدیاکار و هونەرمەند و پەرلەمانتار و سیاسی و دادوەر و وەرزشکار و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەوە، خوێندکارانی خوێندنگە دەوڵەتییەکان، پشتگوێ دەخرێن و دوا دەکەون. خوێندنگە تایبەتییەکان لە ئینگلستان 6%ی ژمارەی خوێندکارانی ئەو وەڵاتە فێردەکەن و باردەهێنن، کە دەکەنە625000 شاگرد و بەسەر 2600 خوێندنگەدا دابەش دەبن. ئەوە لە ئینگلستان، خەڵکی بەتەنگەوەهاتووی وڵات و مرۆڤی ئەوێ بەو جۆرە دەنۆڕنە ئەو مژارە، لێ لە کوردستانە تا بیناقاقا لە گەندەڵیدا چەقیو و خنکاوەکەی لەمەڕ خۆمان، هەرگیز باسێک لەو بابەتە نییە و هەرگیز کەس بەلای ئەوەدا ناچێت، کە پلەوپایەی جڤاکی و دەسەڵات و هەژموونی مرۆڤێک، بۆماوەیی سامان و دەوڵەمەندی، لە باوکودایک و باوانەوە دیاری دەکات و هەمیشە ئەو خێزانە دارایانە دەبنە خودانی دەسەڵات و هەژموون و پایە و خێزانە هەژارەکانیش وەک پاشکۆ دەمێننەوە .

بواری گوازتنەوە، یەکێکە لە کارەساتاویترین بوارەکانی ژیان لە کوردستان، کە هەر هەمووی کەرتی تایبەت داگیری کردووە. هاتوچۆی نێو شارەکان، هاتوچۆی نێوان شارەکان و دەرێی شارەکان، هاتۆچۆی دەرێی کوردستان، هەمووی کەرتی تایبەت ئەنجامی دەدات. ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمۆبیل دەهاوردرێن بۆ هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی یەک گەردیلە بیر لە ژینگە، شەقام، ڕێگەوبان، ڕووداوی ناخۆش و زیانی گیانی و ماددی بکرێتەوە. لەبری سەدان هەزار تاکسی و مینیبووس و ئەوانەی کەرتی تایبەت، کە بۆ هاتوچۆی خەڵک، لەسەر جادەکانن، دەشێ حوکوومەت، نەک کەرتی تایبەت، بە یەک لە سەدی1%ی ئەو ژمارەیە، ماشێنی گەورە، بووس، مینیبووس، ترام و هی دیکە، بخاتە بواری هاتوچۆی خەڵکەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیل لەو وەڵاتەدا بهێنێتە سەر نیوە و چواریەک و ژیانی هەزاران خەڵک بپارێزرێ و ژینگە پاکژتر بێت. دەگوترێ، کە تەنێ لە شاری هەولێردا نزیکەی یەک میلیۆن ماشێنی تایبەت هەن و ڕۆژانە بەسەر ئەو شەقامانەدا دەخولێنەوە، ئەوجا لەوە گەڕێ، کە چەندی هی حوکوومەت و چەند تاکسی و هی دیکەش هەن. دیارە لە باژێڕەکانی دیکەش حاڵ لەوە باشتر نییە.

بواری کشتوکاڵ لە کوردستان، دەکرێتە قوربانی بەرهەمی کشتوکاڵی وەڵاتانی دەوروبەر. هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵیی تەنانەت ئەوانەیشی لە کوردستان فرەن، بازرگانان بێ گوێدانە ئەوە هەر دەیانهێنن. زەوی کشتوکاڵ و کێلگە دەکرێنە خانوو و دەفرۆشرێن. گوڵ لە هۆڵاند و کینیاوە، مریشک لە برازیلەوە، هێلکە و ساوەر لە تورکیاوە، گوشتی مەڕ لە نیوزیلاندەوە، ڕانکوچۆغەی دووراو لە چینەوە و لە هەموو دنیاوە، بازرگانانی کورد دەیانهێن، بێ ئەوەی بیرێک لە وەرزێر و جووتیار و ئاژەڵدارانی کوردستان بکرێتەوە. پێستی ئاژەڵ، کە دەشێ دەیان شتی لێ دروستبکرێ، دوای سەربڕینی ئاژەڵەکە و خواردنی گۆشتەکەی، فڕێدەدرێ! خوری مەڕ و مووی بزن، کە جاران دەڕێسران و جاجم و خورج و کڵاش و هۆڕ و نەوو و فەرەنجی و کەڕەک و دەیان شتی دیکەیان لێ دروستدەکران، ئێستا لە کوردستان دەسووتێنرێن! هەرچی کاڵایە، تەنانەت ئەو کاڵایانەیشی کوردستان بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، لە دەرێ ڕا دەهاوردرێن. ئەوە هیچ لە تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقەوە، لە چین و ئەڵمانیا و برازیل و ئەمەریکا و نیوزیلاندەوە تا دەگاتە بنی دونیا بازاڕەکانی کوردستانیان لێ پڕ دەکرێن. تەواوی ئەو ماڵوێرانییەیە بە پێزانینی حوکوومەت و بە بەشداریی سەرمایەدارانی حیزب و ئەوانی دیکە دەکرێ.

لە هەموو جیهاندا، باس لە خراپی و زیانی جگەرە دەکرێ و لە زۆرێک لە وەڵاتانی جیهانێ، لە شوێن و جێگە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ڕیستۆرانت و مەیخانەکانیشدا، سیغارکێشان قەدەغەدەکرێت، کەچی لە کوردستان، بازرگانیکردن بە جگەرەوە دەگاتە ترۆپکی برەو. کوردستان، جاران بۆ خۆی گارگەی جگەرەدروستکردنی لە هەولێر و لە سلێمانیش هەبوون و تووتنی خۆماڵیی لەو کارگانەدا بەکاردەبران. ئێستا و ساڵانێکە، لەودەمەوە، کە ئیدی هەرێم هەیە، بازرگانی کوردستان، لەوپەڕی دنیاوە جگەرە دێنێتە نێو کوردستانەوە و لەوێشەوە بۆ قازانج دەینێرێتە هەندەران. بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حوكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بایی نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار جگەرە هاوردراوەتە هەرێمی كوردستان. هاوردەی جگەرەش ساڵ بەساڵ زیادی كردووە، بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 51% زیادی كردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان نزیكەی 170 ماركە و جۆری جگەرە لە 42 وڵاتەوە دەهاورێنە کوردستان. هەندەک جۆری جگەرە لە کوردستان بەرچاو دەکەون، لە هیچ جێیەکی دنیادا نابینرێن. هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێك بۆ هەناردنی جگەرە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، مانگانە پتر لە 100 هەزار كارتۆن جگەرە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە دەهەناردرێت بۆ ئێران و توركیا و سووریا و عیراق. بازرگانی کورد، فەرهەنگی نێرگەلەکێشانیانیشیان هێناوەتە کوردستانەوە و بە سەدان نێرگەلەخانە لە کوردستان پەیدابوون.

جگەرە و نێرگەلە ئێستاکە کلاسیکن، دەرمان و حەبی مەستبوون و گێژبوون و ماددەی هۆشبەر و بەنگکێشانیش کوردستانی تەنیوەتەوە و هەڕەشەیەکی گەلێ گەورە لە دانیشتووانی وەڵاتەکە دەکات. تەنێ جگەرە و نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر نییە، کە بازرگانانی کوردستان، کوردستان و وەڵاتانی دەوروبەریشیان لێ پڕ کردووە، خواردنەوە ئەلکهوولییەکانیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە کوردستان بازاڕیان گەرمە و لە کوردستانەوە ئاوەودیوی ئێران دەکرێن، چون ئێران بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەلکهوول تێیدا قەدەغەیە. ئەو کۆڵبەرە کوردانەی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، ئەمدیو و ئەودیو دەکەن و هەر بەینێ جارێک بڕێکیان لێ دەبنە قوربانی، بەشێکیان خواردنەوە ئەلکهوولییەکان دەگوێزنەوە. زۆرینەمان فیلمی”ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان”ی بەهمەنی قوبادیمان دێتەوە یاد، کە باس لەو کۆڵەبەرانە و باری ئەسپ و هێسترەکانیان دەکات.

لە سوێد، کە بە وەڵاتێکی گەلی لیبرالی ئەوروپا دەژمێردرێت و لە هەرە پێشکەوتووەکانیشیەتی، کڕین و فرۆشتن و تەواوی وردەکارییەکانی پێوەنددار بە ئەلکهوولەوە، بە کۆمپانیایەکەوە گرێدراوە، سەر بە دەوڵەتە. ئەو کۆمپانیایە، کە پێی دەگوترێ سیستێم بوڵاگێت (Systembolaget)، لە ساڵی 1955ەوە دامەزراوە، خاوەنی سەرمایەیەکە، کە نزیکەی 31 بیلیۆن کرۆنی سوێدییە و دەکاتە نزیکەی سێ بلیۆن و سێسەدوسی میلیۆن (3330000000 دۆلاری ئەمەریکی و نزیکەی 3500کەس کاری تێدا دەکەن. بێجگە لە ئەلکهوول(بە هەموو جۆرەکانییەوە، سووک و قورس و مەی و بیرە)، ئەو کۆمپانیایە کار لە کڕین و فرۆشتنی وردەواڵەی دیکەشدا دەکات. لە ساڵی 1994دا بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا یا نەبێت، دەنگدان کرا و بە زۆرینەی دەنگی دانیشتووانی سوێد، دەنگ بە چوونە نێو یەکیەتیی ئەوروپا درا. لە یەکیەتیی ئەوروپادا ئەلکهوول لە بازاڕدا و لە هەموو فرۆشگەیەکدا ئازادانە وەک کۆکاکۆلا و ئاوی خواردنەوە و جاجکە و ڕۆژنامە و هەموو شتێکی دیکە دەفرۆشرێت، لێ سوێد ئەوەی قەبووڵ نەکرد و سستێم بۆڵاگەکەی خۆی پاراست و هێشتەوە و تەواوی قانوونگەلێکی پێوەندداری بە ئەلکهوول و خواردنەوەی و کڕین و فرۆشتنییەوە و تەواوی بازرگانی و چالاکییەکانی ئەو بوارە و ئەو کۆمپانیایە لە دەستی دەوڵەتدا هێشتەوە.

بوارێکی دیکەی کەرتی تایبەت لە کوردستان، بازرگانیکردنە بە نەفتەوە. لەو خاڵەسنوورییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ئێرانێدا، بە پێی ئامارگەلێک، کە کەسانێکی شارەزا و زیتەڵە و وریای دانیشتووانی ئەو خاڵەسنوورییانەی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران، دەیگێڕنەوە، ڕۆژانە نزیکەی 900 تانکەر نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتەکان، کە “نەفتا”یشی پێ دەگوترێ، دەبرێنە دیوی ئێرانەوە و لەوێوە ڕەوانەی بەندەر ئیمام، بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە پەروێزخانەوە، ڕۆژانە 700 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئیمام دەکرێن. لە پێنجوێن و باشماخەوە ڕۆژانە 25 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە 150 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. هەر یەک تانکەر لەوانە 25 تەن(تۆن) نەفت دەگرێ. هەر یەک تەن لەو نەفتە بە 600 دۆلارێک دەفرۆشرێت. ئەو نەفتەی دەنێردرێتە بەندەر ئیمام، بە کۆمپانیای بیانی دەفرۆشرێت، چون ئێران ئەو بەرهەمانە ناکڕێ. ئەگەر داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە بژمێرین، دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارێ:

لە پەروێزخانەوە هەر ڕۆژەی 700 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەر یەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دەمیلیۆن و پێنجسەدهەزار( 10500000) دۆلار.
لە پێنجوێن و باشماخەوە هەر ڕۆژەی 25 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: سێسەدوحفتاوپێنج هەزار(375000)دۆلار.
لە حاجی ئۆمەرانەوە هەر ڕۆژەی 150 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دوومیلیۆن و دووسەدوپەنجا هەزار(2250000) دۆلار.
سەرجەمی داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە لەو سێ خاڵە سنوورییەوە، دەکاتە: سێزدەمیلیۆن و سەدوبیستوپێنج هەزار (13125000) دۆلار. تەواوی ئەو بازرگانییەی ئەو نەفتە ڕەوانەکردن و فرۆشتن و پارەوەرگرتنە هی دوو کۆمپانیان: کۆمپانیای”قەیوان/ Qaiwan Group” کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنیەتی و کۆمپانیای “عیراق ئۆیڵ/Iraq Oil” کە پارتیی دیموکراتی کوردستان خاوەنیەتی. کۆمپانیای قەیوان، نەفتەکەی خۆی لە ڕێگەی پەروێزخان و باشماخەوە ڕەوانە دەکات، هەرچی عیراق ئۆیڵە لە حاجی ئۆمەران و جارجار کەمێکیش لە باشماخ و پەرێزخانەوە دەنێرێت. ئەو دوو کۆمپانیایە، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، چون حیزب خاوەنیانە، نەک دەوڵەت و حوکوومەت. تەواوی ئەو داهاتانەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزب.

کەرتی تایبەت، لەم ساڵانەدا گرنگییەکی فرە بە کردنەوە و دامەزراندنی بازاڕی یەکجار مەزن دەدات، کە (مۆڵ)یان پێ دەگوترێن. ئەم مۆڵانە، بازاڕەیلێکن، هەرچی کاڵایە تێیاندا، لەهەندەرانەوە هاوردراون. کاڵاگەلێکی تێیاندا دەفرۆشرێت، لە بازاڕەکانی سوێددا، گەلێک لەو نرخانەی کوردستان هەرزانترن. مۆڵ، دەکاتە لەنێوبردنی فرۆشگە و دوکانی گچکەی خۆماڵی و نەریتی. مۆڵ، تەنێ خزمەت بە چینە دارا و بەرکپڕەکان دەکات.
سەرمایەداری کوردستان، وڵاتەکەی پڕکردووە لە مەساجخانە، کە هەموو شتێکی دیکەیە، بێجگە لە مەساج. هەزاران ژنی نیپالی، ئەفریقایی، تایلاندی و شوێنانی دیکە، لە لایەن بەڵێندەر و سەرمایەدارانەوە، دەهێنڕینە کوردستان، بۆ کارکردن لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا، بۆ کارکردن لەمەساجخانەدا، بۆ کارکردن لە بواری ئاوڕووبەری دیکەدا، کە تەواوی ئەوانە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و بە ژنان بە تایبەت. ڕێکخستنی هەڵبژاردنی شاجوان، لە کوردستان بووەتە نەریتێک، کە لە مۆڵەکاندا دەکرێ و سەرمایەداران بە میلیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەکەن. بانگهێشتنی چەندین سترانبێژ و بەناو هونەرمەندی وەڵاتێن عەرەب، تورکیا و شوێنانی دیکە، بووەتە ئامرازێکی دیکەی تێکدانی جڤاک و خڕکردنەوەی پارە.

بەرێوەبەریەتی گشتیی كۆمپانیاكان لە کوردستان. لە ساڵی 2017دا، باس لە بوونی21000 كۆمپانیای ناوخۆیی و3100كۆمپانیای بیانی لە کوردستان دەکات، کە تێکڕا دەکەنە 24100 کۆمپانیای تایبەت، ئەهلی، ناحوکوومەتی سەربە کەرتی تایبەت.
فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro ،13/08/1926-25/11/2016)ی شۆڕشگێڕی ڕێبەری شۆڕشی کووبا، لە 25ی نۆڤەمبەری 2016دا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد. لاشەکەی سووتێنرا و خۆڵەکوو(خۆڵەمێش)ەکەی لە هاڤانای پێتەختی کووباوە بە کەژاوە و کاروانی هەزاران مرۆڤ و ماشێنەوە، بە هەمان ڕێگەی کە لە جەنیوەری 1959دا، کاروانی ئازادی، شۆڕشگێڕانی کووبای، بە ڕێبەریی کاسترۆ، پێدا هاتبوون بۆ هاڤانای پێتەخت و جاڕی ڕزگاری و سەرکەوتنی شۆڕشیان بەسەر ڕێژیمی باتیستا(Fulgencio Batista)دا، دا و کاسترۆ و هاوڕێیانی دەسەڵاتیان گرتەدەست، بە درێژایی 900 کم خۆڵەکووەکەی کاسترۆ، بەنێو باژێڕ و ئاوایی و جەماوەری خەڵکدا، برایەوە بۆ سانتیاگۆ دی کووبا (Santiago de Cuba)، ئەو باژێڕەی کاسترۆ تێیدا هاتبووە دنیاوە و لەوێ لە گۆڕستانی سانتا ئیفگێنیا (Santa Ifigenia Cemetery)، دوای 9 ڕۆژان لە تازیەباری، بە خاک سپێردرا.

هاوڕێیەکم، کە لە سوێد دەژی، لەو کاتەدا لە کووبا بوو و لەگەڵ ڕەوتی کەژاوەی گێڕانەوەی خۆڵەکەوەی لاشەسووتێنراوەکەی کاسترۆدا ڕۆیشتبوو و هەموو ئەو ڕۆژانەی تازیەبارییەکە بەشداریی کردبوو، تا بەخاکسپاردنی. هاوڕێیەکەم گێڕایەوە و گوتی:”کاسترۆ، ماوەیەک پێش مردنی، کە نە لە دەسەڵات و نە لە ڕێبەریی حیزب مابوو، لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و ڕێبەرانی دەوڵەتدا،کۆبووبووەوە و پێێ گوتبوون، من دەزانم جیهان لە گۆڕاندایە و ئەمەریکا و ڕۆژاوا، لە دوای سەردانەکەی ئۆباما(Obama)وە بۆ کووبا، ئیدی هاتوونەتە نێو کووباوە و هەژموونی خۆیان لەم وڵاتەدا دەبێ و ڕەنگە ئیدی نەکرێ بەریان پێ بگیرێت.

ئەوەی من داواتان لێ دەکەم، ئەگەر دەسبەرداری تەواوی بەها و دەسکەوتەکانمان دەبن و ئابووری و شێوازی ژیان و کارگێڕی دەگۆڕن و دەسکاری دەکەن، هەرچەندە من حەز ناکەم و لەگەڵی نیم، لێ گرنگ نییە بەلامەوە چ دەگۆڕن، ئەوەی بۆ من گرنگە، دوو شتە، هەردوو کەرت و بواری تەندروستی و خوێندنە. ئەو دوو بوارە، کە بوارەیلێکن پێوەندیان بە ژیانی خەڵکەوەیە، جەماوەرەکە، خەڵکە فراوانەکە، ئێمە لە کووبادا تێیاندا سەرکەوتوو بووین و لە هەردوویاندا خەڵک، هەموو خەڵک، سوودمەند بوون و نموونەیەکی ڕەنگینمان بە مرۆڤایەتی پێشانداوە، داواتان لێ دەکەم هەرگیز مەیانگۆڕن و دەسکارییان مەکەن و وەک خۆیان بیانهێڵنەوە”.

باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.

حوکوومەت و دەوڵەت، ئەگەر بۆخۆی موڵکی حیزب نەبێت و حیزبیش کەرتی تایبەت و سەرمایەدار نەبێت، بەرپرسە لە سنووردانان بۆ ئەو نایەکسانی و نادادییە و دەتوانێت لە ڕێگەی نەخشە و بەرنامەگەلێکەوە، کە بۆ هەژاران سوودبەخش بن، بەرنامەگەلێکی وەک: خوێندنی بەخۆڕایی، خزمەتی تەندروستی و لەشساغی و دەرمان و نەخۆشخانە بە خۆڕایی، کۆمەکی جڤاکی و بیمەی ژیان بە پەککەوتە و پیران و نەداران، وەرگرتنی ڕێژەیەکی بەرزتری باج لە دەوڵەمەندان، دابینکردنی جێگەی ژیان و خانوو و ماڵ بە مفت یا بە نرخێکی هەرزان بۆ دەستکورتان، هاتوچۆکردنی بە خۆڕایی یا هەرزان، بە ئامرازەکانی گوازتنەوە بۆ نەداران، کورتکردنەوەی دەستی کەرتی تایبەت و ڕادەستکردنی هەموو بوارە گرنگەکانی، کە پێوەندن بە ژیانی خەڵک و داهاتوویانەوە بە کەرتی گشتی و بە دەوڵەتیکردنیان و زۆری دیکە، لەسەر بنەمای نەخشەدانانی ئابووری ناوەندەکییەوە، کە یەکسانی دێنێتە گۆڕی و هانی یەک جۆرە دەرفەت بۆ هەمووان دەدات، دەتوانێت چارەسەری ئەو ماڵوێرانییە بکات و هەژموونی چینی سەرمایەدار نەهێڵێت. ئەگەر وا نەبێت و بەو جۆرە نەبێت، چ تام و چێژ و خۆشی و ئۆمێدێک لەو نیشتمانەدا هەیە؟
سوارەی ئێلخانیزادەی شاعیر (1937-1976)، له‌ شيعرى “شار” دا، کە يه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترين شيعره‌كانى و بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە و من لێرەدا تەنێ یەک دوو کۆپلەیەکی دەگوێزمەوە، دەڵێ:

گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرشە قۆنەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم

لە نیشتمانێکدا، کە بەدەست کەرتی تایبەت و بەرپرسی سەرمایەدار و سەرمایەداری مەعموولییەوە، پڕ بێ لە گزی و باوی ڕێوی بێت و شێر تێیدا زەلیل، دەڤەرێک بێت بۆ زۆنگ و زەل، کەوشی پارەوپووڵ لە بانی عەرش بێت و هەژارکوژ بێت، دەبێ ژیان بۆ نەداران و چینەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک ج واتایەکی هەبێت؟
فیلۆسۆف و دەوڵەتمەداری ئایرلەندی ئێدمۆند بورک(Edmund Burke)/ 1797-1729)، کە لەلایەن زۆرێکەوە بە دامەزرێنەری بیری کۆنسێرڤاتیزم دادەنرێ، دەڵێ:”بۆ ئەوەی نیشتمانمان خۆش گەرەک بێت، دەبێ شتگەلێک لە نیشتماندا هەبن پاڵمان پێوە بنێن بۆ خۆشویستنی. ئەگەر لە نیشتماندا، ئەو شتگەلە پاڵنەرانەی، کە وامان لێ دەکەن خۆشیمان بووێت و هەست بە ئینتیما بکەین بۆی، نەبن، ئەوا ئەوەی ناوی نیشتمانی لێ دەنێین درۆیەکەی گەورەیە”.

2019-02-19

پەراوێزەکان:

شیعرەکەی (مەحموود دەرویش)، بە عەرەبی ناوی”لیس للکرد إلا الریح”ە و بە (سەلیم بەرەکات) پێشکەش کراوە.
https://www.theguardian.com/commentisfree/2019/feb/12/the-guardian-view-on-private-schools-motors-of-unfairness




ئه‌رسه‌لان ده‌روێش مێژوی كورد ده‌باته‌ … پاریس ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

زۆر جار له‌هه‌ر تابلۆیه‌كی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاردا( سه‌ره‌تا ، كۆتایی ، جوڵه‌ ، رووناكی ، سینۆگرافیا ، ململانێ ،ره‌نگ ، كه‌سایه‌تی ، دیالۆگ ..) به‌دیده‌كرێت به‌ تایبه‌تی له‌ تابلۆكانی واقعیدا هه‌ر بۆیه‌ له‌ كاتی سه‌ردان كردنم بۆ زۆربه‌ی پیشانگای هاورێیه‌ شێوه‌كارانم دا ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ روونی ده‌بینم بۆیه‌ له‌و ده‌فته‌ره‌ی كه‌ بۆ را و تێبینیه‌كان له‌ هه‌موو پیشانگایه‌ك دانراوه‌ من یه‌كێك له‌ راو سه‌رنجه‌كانم دوای سه‌یركردنی تابلۆكان بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ده‌نووسم كه‌ له‌ هه‌ر تابلۆیه‌ك شانۆگه‌رییه‌كم بینی كه‌ پڕه‌ له‌ ململانێ ، سینۆگرافیا ،ره‌نگ ، روناكی.. چونكه‌ وه‌كو ده‌قێكی شانۆیی سه‌یری تابلۆكان ده‌كه‌م ، هه‌ر تابلۆیه‌ك چه‌ندین بابه‌تی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی له‌ خۆ ده‌گرێت .

له‌ شانۆگه‌ری ” تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ” له‌ نووسینی (دكتۆر دڵشاد مسته‌فا) و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) من زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی نووسه‌ر دكتۆر دڵشاد مسته‌فام خوێندۆته‌وه‌ یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌كانی ده‌قه‌كه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر بناماكانی بونیادی ده‌قه‌كانی له‌ئاست ده‌قی جیهانین به‌تایبه‌تی له‌ رووی هه‌ره‌می ده‌ق (سه‌ره‌تا ، ململانێ ، لوتكه‌ ، چاره‌سه‌ر ، كۆتایی)
له‌ ده‌قی ” تاریكتر له‌شه‌وه‌ زه‌نگ” نووسه‌ر له‌ رێگه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كار كه‌خه‌ریكی نیگاری تابلۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و تابلۆیه‌ به‌شداری پیشانگایه‌ك بێت له‌ پاریسی پایته‌ختی فرنسا له‌ نێو ئه‌و تابلۆیه‌ چه‌ندین بابه‌ت ،روداو ، كه‌سایه‌تی.. به‌شێوه‌یه‌كی زیندوو ده‌رده‌كه‌ون ده‌بنه‌ هێلی سه‌ره‌كی گقتۆگۆ له‌گه‌ڵ نیگار كێشه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌،نووسه‌ر زۆر به‌ وردی باس له‌ مێژوی و پرسی كورد (خه‌بات ، شۆرش ، نه‌هامه‌تی ، مه‌رگه‌سات ، جینۆساید ، ئه‌نفال ، هه‌ڵبجه‌ و كیما ، خیانه‌ت ، ئابرووی هتكراو ، نیشتمانی پارچه‌ پارچه‌كراو..) ده‌كات بێگومان لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌كو توندتیژی دژی ئافره‌تان و باوك سالاری پشكی خۆی هه‌بوو، خاڵێكی تری نووسه‌ر هه‌رده‌م ترۆپكی بابه‌ته‌كان یان چیرۆكه‌كان په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ دۆزی گه‌له‌كه‌ی به‌واتایه‌كی تر خوێنه‌ر یا خود بینه‌ر بابه‌ته‌كانی نووسه‌ری له‌لا نامۆ نیین و خۆی تیا ده‌بینێته‌وه‌ و زۆر نزیكه‌ له‌ ناسۆرییه‌كانی به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ده‌قه‌كانی نووسه‌ره‌ نابێ زمانی نووسینیش له‌ بیر بكه‌ین كه‌هه‌م ساده‌یه‌ هه‌میش زمانێكی پاراوه‌.
ده‌رهێنه‌ر زۆر زیته‌ڵه‌نه‌ و زۆر به‌وریایی له‌ رێگه‌ی تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری زیندوو كاری له‌ سه‌ر ده‌قه‌كه‌ كردبوو كه‌ گوزارشتی له‌ چه‌ندین لایه‌نی دۆزی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی ده‌كرد به‌ تایبه‌تی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ رابردوو به‌سه‌ر كورد هاتوون ئه‌وه‌ی زۆر گرنگیش بوو ئه‌رسلان ده‌روێش ئه‌و هه‌موو رووداو مه‌رگه‌ساتانه‌ی كورد به‌دیقه‌ته‌وه‌ به‌زه‌مه‌نی ئێستا به‌ستۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئێستای سه‌ركێش و یاخی…

ده‌توانین بڵێین ده‌رهێنه‌ر ، دوو هاوكێشه‌ی هاوته‌ریب و هاوسه‌نگ (فكری و جوانناسی ) به‌رجه‌سته‌كردبوو به‌تایبه‌تی كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاست وه‌كو نه‌ته‌وه‌ و وه‌كو تاك بۆنموونه‌ یاخی بوونی گه‌نج و كۆچكردنی تاكی كورد له‌و ده‌قه‌دا بوونی هه‌بوو به‌ جۆرێك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی بریتی بوو له‌ به‌ئاگاهاتنی تاكی كورد تا سیاسیه‌كانیش به‌ تایبه‌تی له‌و گۆرانكاریانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ده‌وری به‌ری كوردستان و ناوچه‌كه‌ هه‌ن .
ده‌رهێنه‌ر سه‌ركه‌وتوونانه‌ كاری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ده‌رهێنان كردبوو ،ئه‌وه‌ی زۆ رسه‌نجی منیش راكێشا ئه‌و ره‌هه‌نده‌ شانۆییه‌ بوو كه‌ له‌سه‌ر شانۆ له‌رێگای به‌كارهێنانی موزیكی وێنه‌یی و رووناكییه‌كی گونجاو تا ئه‌و راده‌یه‌ی بینه‌ر هه‌ستی به‌ چه‌ندین ره‌های فه‌لسه‌فی و ئیستاتیكی ده‌كردزۆر جار جوڵه‌ی تابلۆیه‌كه‌ وه‌كو گوزارشتێك له‌ دیالۆكه‌كان چێژی به‌ بینه‌ران ده‌به‌خشی چونكه‌ ریتمی نمایشه‌كه‌ دوور بوو له‌ هات هاوار.

بابه‌تێكی زۆر گرنگ و گه‌رم به‌ڵام هێمن ئارام ده‌گه‌یشته‌ بینه‌ران به‌ بۆچوونی خۆم ئه‌مه‌ش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر كپ وبێده‌نگ بێت به‌سه‌لیقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ش وهه‌وای شانۆگه‌رییه‌كه‌ بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی وه‌رز بوون بێت، ئه‌وه‌ش بۆ خوێندنه‌وه‌ی معریفی ده‌رهێنه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ توانی بووی به‌جوانی ئه‌وه‌ی له‌ هزروفكری خۆی هه‌یبوو به‌ خوێنده‌یه‌كی ده‌قی نمایش بۆمان به‌رجه‌سته‌ بكات .

هیچ گومانی تێدانیه‌ ئه‌كته‌ری باش ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر ئاسانتر ده‌كات به‌واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ری باش له‌ ژێرده‌ستی هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك بێت چه‌مك و خواستی ده‌رهێنه‌ر باشتر ده‌كات بۆیه‌ ئه‌رسلان ده‌روێش بۆ گه‌یاندی په‌یامه‌كه‌ی سوودێكی باشی له‌ توانستی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند(به‌هه‌مه‌ن حاجی ، پشكۆشێخ عه‌لی ، رۆزه‌ فرهاد ) هاوكارێكی باش بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رسێ ئه‌كته‌ر له‌ رێگه‌ی توانستی ده‌رهێنه‌ر له‌م نمایشه‌دا زۆر جیاواز بن به‌تایبه‌تی له‌ رووی ده‌نگ و جوڵه‌ و ئاماژه‌كان وه‌ به‌تایبه‌تیش رۆزه‌ خان (په‌ری) كه‌ له‌گه‌ڵ زۆ به‌ی نواندنه‌كانی رابردووی جیاواز بوو بێگومان مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌نیه‌ نواندنه‌كانی رابردووی وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ له‌وانه‌یه‌ رۆڵه‌كه‌ی له‌م شانۆگه‌رییه‌دا وای خواستبێت كه‌ كاركته‌رێكی هێمن و ئارام بێت من بۆخۆم یه‌كه‌مین جاره‌ ئه‌م جۆره‌ نواندنه‌ی به‌رێزیان ببینم.

ناكرێت باس له‌ رۆڵی هه‌ردوو ئه‌كته‌ری به‌توانا (به‌همه‌ن حاجی و پشكۆ علی) خاوه‌ توانستێكی زۆرن به‌تایبه‌تی له‌ رووی نواندن و ده‌موودوو چونكه‌ ده‌نگی شانۆیین توانیان ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بوو بگه‌ینیه‌ بینه‌ران به‌لڵام من پێم باش ئه‌و رۆڵه‌ی درا بوو به‌ پشكۆ(خانی له‌پ زێڕین ) به‌همن حاجی به‌رجه‌سته‌كرا به‌ پێچه‌وانه‌ش رۆڵی گه‌نجه‌كه‌ی یاخی (به‌همه‌ن حاجی) پشكۆ علی به‌رجه‌سته‌كردبا ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆمه‌ چونكه‌ هه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ ده‌نگ و ئاماژه‌ و جوڵه‌ و نواندنیان زۆر باش ئاشنام.. نابێ رۆڵی ئه‌كته‌ره‌كانی ناو تابلۆیه‌كه‌ له‌ بیر بكه‌ین راسته‌ دیالۆگیان نه‌بوو به‌ڵام جوڵه‌ و هێماكانیان زۆر جوان به‌شێوه‌یكی ئیستاتیكی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد به‌تایبه‌تی هه‌ندێ جوڵه‌ی جێگیر چونكه‌ هه‌ندێ له‌ جوڵه‌كان پێوستی به‌ وزه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو ئه‌وانیش سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ هه‌موو نمایشێكدا (دیكۆر ،جلوبه‌رگ ، روونكی ، میوزیك ، مه‌كیاژ) هاوكاری ئه‌كته‌ر بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیان و سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌، له‌م نماشه‌دا مه‌كیاژ به‌ووردی كرا بۆ كرابوو ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ده‌كه‌م به‌هیوای به‌رده‌وامی.

شانۆگه‌ری” تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ” به‌ره‌هه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر و تیپی شانۆی سالار بوو له‌ رۆژانی 27/28/29/12/2018 له‌ هه‌ولێر نمایش كرا .




سۆراخ … ستار ئه‌حمه‌د

ده‌فڕم له‌گه‌ڵ په‌روانه‌یا …..
بۆت ده‌گه‌ڕێم هه‌موو شوێنێ .
ده‌ڵێم به‌ڵكوو وه‌كو گوڵێك “
له‌باخچه‌یه‌ك سه‌ر ده‌ربێنێ .
…………………………
جێگه‌ نه‌ما مۆری شوێن پێم ..
برینێكی لێ نه‌دابێ .
گه‌ڵای داره‌كان ماچ ده‌كه‌م “
به‌و نیازه‌ی رۆحتی تیابێ .
………………………….
بولبولێك لار ببێته‌وه‌ ..
له‌لانه‌كه‌ی گیانی ده‌رچێ .
به‌فرمێسك پاك ده‌یشۆمه‌وه‌ “
واهه‌ست ده‌كه‌م له‌تۆ ده‌چێ .
……………………………
شنه‌ی بایه‌ك به‌ئاسته‌م دێ ..
باوه‌شی بۆ ده‌گرمه‌وه‌ .
ده‌ڵێم به‌ڵكوو ئه‌مه‌ خوایه‌ “
له‌ئاسمانا بتدۆزمه‌وه‌ .
………………………..
تنۆكی بارانێك وێڵبووی ..
به‌ناخی زه‌مینا رۆچووی .
مردم هێنده‌ بۆت بگه‌ڕێم “
ناتبینمه‌وه‌و له‌ده‌ستم چووی .
…………………………
له‌پاش تۆ تابلۆی ژیانم ..
جوانییه‌كی تیا نه‌ماوه‌ .
به‌جه‌سته‌مدا دێیت و ده‌چی “
وه‌كوو خوێناوو هۆنراوه‌ .
………………………..
له‌چی سۆراخت بپرسم ..؟
له‌با “گه‌واڵه‌ یان زریان .
له‌و رۆژه‌وه‌ی لێم دابڕای “
بێ مانایه‌ بوون و ژیان .

ستار ئه‌حمه‌د




تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە و نمایشی ” شانۆی دکتۆر فاوست

شوێن: هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی

کات: 4:00ی ئێوارە

ڕێکەوتی: 28/2/2019




بانگه‌وازی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان

بانگه‌وازی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی
بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان
رۆژی هه‌ینی:1/3/2019
کاتژمێر:2 ی پاش نیوه‌ڕۆ
شوێن: به‌رده‌م نوسینگه‌ی نۆینه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
2 Hobart place- Belgravia – London SW1W0HU
نزیکترین ئێستگای قیتاری ژێرزەوی: Victoria Station
کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوانی شیلادزی و دهۆک و بادینان راگەیەنراوە. ئێمە بەشداری دەکەین و پشتوانی له‌ داخوازیه‌کانی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ ده‌که‌ین وە داوا لە هەموو ئازادیخوازان و داکۆیکاران له‌ ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین بۆ بەشداریکردن لەم ناڕەزایەتیەدا له‌پێناو ده‌ستبه‌جێ ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوه‌کانی شیلادزێ و بەرەسمیەتی ناسینی ئازادی رادەبڕین و خۆپیشاندان لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمەوە .
له‌گه‌ڵمان داخوازیه‌کانی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ گه‌رم ڕاگرن
رێکخراوی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان




تاڵەبانیی، چۆن ٣٥ ساڵ، نەوشیروانی بەکارهێنا؟ …2 … کامیار سابیر

بەشی-٢- لەسەر کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانیی-هک

زۆریینەی سیاسییەکانی کورد، بەتایبەتیی ئەوانەی مەلۆتکەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیین، ژیان و گیانیان هەمووی کۆنترادیکتە( تەناقوضە). هەڤاڵ کوێستانیی-هک، لە حەفتاکاندا کە موراهیقێکی خوێندەوار بووە، باوەڕی بە عێراقییبوون نییە و لە ٢٠١٧ دا، دووبارە بەوپەڕی جەهلی سیاسییەوە، جەختی لێدەکاتەوە و پۆزی شاعیرانەی پێوە لێدەدات. لە کاتێکدا، بۆ پارەخواردن و بەشدارییکردن لە سەروەرییەکانی کوردایەتیی کە چەتەگەریی ئابوورییە، خۆی دەخزێنیتە ناو لیستی گۆڕانەوە و دەبێتە ئەندام پارلمانی عێراق و پارەیەکی موفت و مۆڵ، لەسەر حیسابی کەرکردنی دەیان هەزار گەنج کە بە دوای عەدالەتی کۆمەڵایەتییدا وێڵ بوون، نۆشی گیان دەکات و گەنجانی سەرگەردانی گۆڕانیش، هێشتا بە سیاسییە ناعوقەلاکانی شاخ و هەندێ سیاسیی گەنجی گییرفان قووڵدا، هەڵدەدەن.

وێڕای ئەوەی دونیایەک پرتەوبۆڵەی لەسەرکردایەتیی یەکێتیی و لە شەخصی نم، هەیە، کەچیی پاش ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەوەی دەگاتە هەندەران، دووبارە و بۆ هەریسی کوردایەتیی و دەستڕاگەیشتن بە پۆستێک( ئەندام پارلمانیی پڕ لە غەزوبەزی عێراق)، بە شانازییەوە رەگەزنامەی عێراقیی و تەسکەرەی عێراقیی، تەجدید دەکاتەوە و بەیعەت بە نم دەداتەوە و لەپاڵ لیستەکەیدا خۆی کاندید دەکات و بە مورادی ماکیاڤیلییانەی خۆی حاصڵ دەبێت. جا مرۆڤ ئەگەر بە چاوی ناسیۆنالیزمی کەرەدێزەوە، بە چاوی ناسیۆنالیزمی گامێشەوە* یاخود بە چاوی ناسیۆنالیزمی نەژادیی بێفیکری کوردایەتییەوە، لە ئەکت و لە ئەجێندای ئەم جۆرە سیاسییانە بڕوانێت، بێگومان نە لە پێرێ، نە لە دوێنێ، نە لە ئەمڕۆ و لە ئاییندەیش، تێدەگات. بە واتایەکی تر نە لە رابردوو، نە لە هەنووکە و نە لە ئاییندە، هەرگیزاوهەرگیز نەک تێناگات، بەڵکو وەکو کەرەدێز و گامێش، زیانی بۆ خۆی، بۆ مەزرا و خاوەنەکەیشی دەبێت.

ئەوەتا عێراقیش وەکو هەرێمی کوردستان، وێرانەیە و لەوێش کۆمەڵێ مافیای (شیعە و سوننە) حوکمڕانیی دەکەن، ئەگەر نا، هەر لەسەر ئەو ناڕاستگۆییەی نووسەر، لەسەر ئەو هەموو کۆنترادیکت و درۆ شاعیرانەیەی کە پاش نزیکەی ٤٠ ساڵ، وڕێنەکەی تەسویق دەکاتەوە و لە ٢٠١٧ دا گوایە باوەڕی بە عێراق و ناسنامەکەی جیۆگرافیاکەی نەبووە و نییە، پاش ئەوەی چوارساڵیش ئەندام پارلمانی عێراق بووە، ئەوە دەکرێ ئێخەی بگییرێ و بڵێی، ئەی بۆچی درۆت لەگەڵ خۆت و لەگەڵ خەڵکی عێراق و کوردستان کرد، کاتێک لە ٢٠١٠ بوویت بە ئەندام پارلمانی عێراق، بە کەلامی قورئان، سوێندت بە یەکپارچەیی و سەروەریی و پاراستنی خاکی عێراق خوارد؟ ئەها، پارە، سامان و بەرژەوەندیی شەخصیی، کورد گۆتەنی” دایکم پارە، باوکم پارە”، چەند درۆی گەورە بە شاعیری شاخ و سیاسیی گەندەڵ دەکەن؟ بە گەڕانەوە بۆ بەشی یەکەمی ئەم نووسیینە، جەخت لەوە دەکەمەوە، سیاسییەکان لە پێناوی پارە و پۆستدا بۆ شەخصی خۆیان و بۆ ژیانی تایبەتیی ماڵومنداڵیان، ئامادەن سەری هەزار کوردستان بۆ بەڵتەجیی و دیکتاتۆری پایتەختەکانی ئەملاوئەولا بگرن کە بە دوژمن وێنەیان دەکەن! هەموو ئەمانەیش لە ژێر حەماقەتی کوردایەتیی و دەوڵەتی فشەی کوردییدا، سواغ دەدەن و دەیشارنەوە.

غوبنی تاڵەبانیی:

تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد، سەرەڕای ئەوەی خۆیان داینەمۆی ئەو چەتەگەرییەی شۆڕشی! ئەیلول، بوون، بەڵام ئیعجابی زۆریان بە بارزانیی و موراهیقبوونی ئەفەندییانەی خۆیان، وایکرد، بارزانیی رەئیس قەبیلەیەک بە سەرۆکی خۆیان و بە سەرۆکی پارتییش ئەژمارد بکەن. بگرە دەسگا موخابەراتییەکان، مەئمورییەتەکانی مۆساد، ساواک و سی ئای ئەی، بەم دووانە بسپێرن و لە عەبدولکەریم قاسم تەمەڕودیان کرد و پشتی ئاغا پیاوکوژ و چەتەپیاوکوژەکانی کوردیان گرت. دواتر کاتێ زوو زانیتیان لەگەڵ عەقڵییەتی خێڵ و عەشایەرییدا ناتوانن سیاسەت بکەن و بگرە بارزانیی، حیسابی جدییشی بۆ ناکردن، کێشەی بەناو! سیاسییان، دروست کرد.

دەڵاڵخانە و جاشخانەی ئەیلولیان ناو ناوە”شۆڕش”، دەی بە ویژدانی کێ، بە ستاندەردی کام توێژیینەوە و کام شاهێدی مردوو و زیندوو، لە دروستبوونی عێراقی نوێیەوە، لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە، عێراق، سیاسییەکی عەقڵانیی، شەریف، دەستپاک، ویژدان زیندوو، پڕتۆلێرانس و عەقڵکراوەی وەکو زەعیم عەبدولکەریم قاسمی بەخۆیەوە بیینییوە؟ لەو چوارساڵەی ژیانی سیاسیی ئەودا، بە ئەندازەی ٩٤ ساڵ لە دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا، عێراقی گەشەپێداوە( بە کوردستانیشەوە). خزمەتگوزاریی و پرۆژەی گەورەی لە صەدان نەخۆشخانە، هەزاران خوێندنگە و پرۆژەی ئابوویی لە کشتوکاڵیی و پیشەسازییەوە بۆ بەنداوی ئاو و رێگەوبان، بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی… و…تاد، دروست کردووە. کورد، وەکو نەتەوەی دووەمی عێراق ناسراوە و هیچ ستەمێکی میللیی لەسەر نەماوە، بگرە کورد گێچەڵی بە قاسم کردووە! ئەی بۆچی چەتەکانی کوردایەتیی، مونەوەرە سیاسییە ئەفەندییەکانی کوردایەتیی( ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانیی، بەتایبەتیی)، دژایەتیی عەبدولکەریم قاسمیان کرد و عێراقیان بەرەو هەڵدێرێک برد، تا ئێستایش، ئەم هەڵدێرە هەر درێژەی هەیە؟ بێگومان، بە عەمالەتی ئیقلیمیی و جیهانیی، ئەمە کرا. لێرەدا، قسەیەک بۆ دز بکەین، مەلا موصطەفا، دوای ئیشتیهای ئاغا و دەرەبەگەکانی کورد کەوت و شەڕەکەیش لە لایەن موراهیقە ئەفەندییە نەتەوەییەکانی ئەوسەردەمەوە، ئاگرەکەی خۆش کراوە. بە واتایەکی تر، بارزانیی، لەگەڵ شەڕکردندا نەبوو، دواتر بەهۆی بەرژەوەندیی ئاغاکانەوە، تێوەگلاو کۆنترۆڵی شۆڕشیشی! لە ئەستۆ گرت.

چوارساڵی نەبرد، تاڵەبانیی و ئەحمەد، لە لایەن بارزانییەوە راونراون، سەرەتا ویستیان بچن بۆ لای دەسگای ساواک و شاهەنشای ئێران( هەمەدان)، بۆ ئەوەی شەفاعەتیان بۆ بکات، بەڵام کارتەکانی بارزانیی بەهێزتربوون و رۆڵە ئیقلیمییەکەی کەوتبووە سەر سکەی خۆی، کارێکیان بە گەنجە رادیکاڵەکان، نەمابوو. ئەم غوبن و پەراوێزخستنە، وایکرد گرووپەکەی تاڵەبانیی، رووبکەنەوە بەغداد و ئەوەی پیاوکوژ و جاشخانەکەی ئەیلول پێیان دەڵێن جاشایەتیی ٦٦، لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، دژی شۆڕشەکەی پێشوو خۆیان وەکو مورتەزیقەی داخیلیی، دژی مورتەزیقەی بیانیی( شۆڕشگێ-ڕەکانی ئەیلول) بووەستنەوە. بەهۆی باڵانسی هێز و قورسایی موخابەراتی جیهانییەوە، هێزی تەرازوو بەلای بارزانییدا شکایەوە و حکومەتی عێراق، ناچاربوو، موفاوەضات لەگەڵ بارزانیی و مەلاییەکاندا بکات و جەلالییەکان، ئاوت بکات و بیانکوژێنێتەوە.

تاڵەبانیی، دووبارە بەغوبن و عەزم-شکاندنی رادیکاڵانەی خۆیەوە، بە ناچاریی چووەوە خزمەت بارزانیی و رۆژگاری بەڕێکرد و لە ژێریشەوە، خەریکی دروستکردنی کۆمەڵە بوو، تا ئاشبەتاڵ رووی دا. لە هەموو مێژووی کوردستاندا، کەس ئەوەندەی تاڵەبانیی، پێیخۆش نەبوو، مورتەزیقەخانەکەی ئەیلول کۆتایی پێبێت کە بە دەستی خۆی بناغەی ئەو عەمالەت و تەمەڕودەی رۆنا. ئەم خۆشحاڵییەی بۆ ئەوەبوو، هەلێکی زێڕیینی بۆ بەرجەستەکردنەوەی خۆی و نیشاندانی توانا سیاسییەکانی خۆی، بۆ هەڵکەوتەوە. چۆن تاڵەبانیی، بەشداریی راستەوخۆ و بگرە ماستەرمایندی هەڵگیرساندنی چەتەگەرییەکەی ئەیلول بوو، هاوزەمان ئوستاذ، رائید و قائیدی هەڵسانەوەی شۆڕشی نوێیش بوو؟ ئەم هەلە مێژووییەی نەدەبووایە لەدەست بڕوات کە پێشتر هەر خۆی کۆمەڵەی مارکسیی-لێنینیی، دروست کردبوو.

مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەر بناغەی کۆمەڵە ( دواتر بوو بە رەنجدەران) دروستکرد و ئەو تەتکەوپەتکانەی تر لە چەشنی بزوتنەوە و خەتی گشتیی و دواتر شۆڕشگێڕان…تاد، هەمووی یاریی و چوارڕسکێنی خۆی بوون. خاڵەشەهاب و ئەنوەر و جەعفەر، پیازی سوورەوەکراوی سەر ساوەر بوون کە مام جەلال بە چێشتلێنەرێک سووری کردوونەتەوە و ساوەرە سوورەی کۆمەڵەی پێڕازاندبوونەوە. خۆی یەکەمیین سکرتێری کۆمەڵە بووە. ئارام، وەکو گەنجێکی رادیکاڵ و سەرکێش، سنووری جیۆگرافیا سیاسییەکەی هەر بەری قەراغ بوو، ئەوەندەیش گەنج و بێ تەجروبە بوو لە لوعبە سیاسییەکانی مام جەلال و پیاوەکانی نەدەگەیشت. جگە لە عەلی عەسکەریی کە جەبەروتی سیاسیی و عەسکەریی هەبوو، مام جەلال حیسابی بۆ هیچ کەسێکی تر نەکردووە و یەک بەیەکی قیادەی یەکێتیی، کۆمەڵە، بزوتنەوە، …تاد، تەعیین و تەوظیف کردوون( بە نەوشیروان موصطەفایشەوە-نم).

هک، لەوەدا راست دەکات، بۆ ئەوەی تاڵەبانیی دەست بەسەر کۆمەڵەدا بگرێ و هەندێ گەنجی یاخیی و سەرکێش، رست بکات و تەواوی کۆمەڵەیش کۆنترۆڵ بکات، پێویستی بەکەسێک دەبێت وەکو سکرتێری کۆمەڵە تەعیینی بکات و ئەم مەئمورییەتەی پێ بسپێرێ( لا ٨٤-٨٥ ). ئەم کەسە، نم دەبێت و بە تۆبزیی و بەهۆی کاریزمای تاڵەبانییەوە، لەسەری سەرەوە، بێئەوەی لە دوورونزیکەوە پێوەندیی بە کۆمەڵە و رێکخستنی کۆمەڵە و بییروباوەڕی کۆمەڵەوە، هەبێت، بۆ ئەجێندای شەخصیی خۆی”مام”، نم تەعیین دەکات و دەیخاتە رییزی کەسایەتیی و ویقاری عەلی عەسکەرییەوە( بۆ ئەوەی باڵانس رابگرێت). موراهیقەکانی کۆمەڵەیش( بە تایبەتیی ئەوانەی دواتر بوون بە ئاڵای شۆڕش-ئاش)، جگە لە ئارام، هەموویان موبارەکەی ئەم تەعیینکردنەیان کرد. دواتر گرووپی زیندانیش( ئەوانەی لەگەڵ عومەری سەیید عەلییدا بوون) کران بە پاڵووی ئەو تەعیینکردنەی نم، ئەمەیش هەر بە دەستوری شەخصیی و موبارەکەی مام جەلال، تەصدیق کرا. هک، حەقیقەتێکی تری مێژوویی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ” خەباتە چینایەتییەکەی کۆمەڵە، خەباتی کرێکاران بەرامبەر سەرمایەداریی نەبوو، بەڵكو خەباتە چینایەتییەکەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەیش، دژ بە دەسەڵاتی ماڵی بارزانیی بوو. درێژەی دەداتێ و دەڵی ئەوکاتەی لەشاخیش بووین، زۆرێک لە کادیران و سەرکردەکانی کۆمەڵە لەسەر هەمان قەناعەت بوون. ( لا ١٠٤-١٠٥). ئەم جەختکردنەوەیەی نووسەر، حەقیقەتی ئەو ئەجێندا شەخصییانەی تاڵەبانیی، باشتر بەیان دەکات.

پاش ئەوەی بە قەولی مام جەلال، باڵی جووجە رەسوڵی بزوتنەوەی سۆشیالیست لە یەکێتیی جیادەبنەوە، مام جەلال دەیەوێ پێڕێکی تر لەسەرکردایەتیی یەکێیتدا تەعیین بکات( بە خۆیەوە ٧ کەس، دوو دوو لە کۆمەڵە، بزوتنەوە و خەتی گشتیی)، زۆریینەی قیادە گەنجەکانی کۆمەڵە، ناوی جەمال ئاغا و عەلیی حەوێز، رەت دەکەنەوە، مام هەڕەشە دەکات، خۆی تووڕە دەکات و گوایە وازدەهێنیت! و کوردستان بەجێدەهێڵێت!، ئا لێرەدا بە دەستوری چاوهەڵتەکاندنی مام، فریادڕەس، نم فریای ئەجێنداکانی مام دەکەوێت و ئەو دوو ناوە غەصبەن لەسەر کۆمەڵە و بزوتنەوە فەرض دەکرێن! نووسەریش لەوێوە تێدەگات، نم تەواوکەری مام جەلالە( لا ١١٨-١١٩).

تاڵەبانیی، هەرچەند لاو هەرزەکار بوو لە شەستەکاندا، بەڵام بە مانای کەلیمە قائید بوو، توانای دروستکردنی رووداوی هەبوو، پیاوێکیش بووە، هەرگیز بێئومێد نەبووە و بەردەوام ئومێدی بەهەموو قیادەی یەكێتیی و پێشمەرگەکانی دەبەخشی، بەڵام تەواوی یەکێتیی، کۆمەڵە، بزوتنەوە و خەتی گشتیی… هەمووی بۆ ئەجێندای تایبەتیی خۆی دروست کردوون و تەواوی ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا کاریان کردووە( جگە لە عەلی عەسکەریی و تا رادەیەکیش ئارام) سەرجەمیان بە ورد و درشتیانەوە، لەسەروو هەموویشیانەوە، نم، غوڵامی سیاسیی خۆی بوون و بەبێ مام، هیچ توانایەکی قیادیی و سیاسییان بە حەدیی تێدا نەبووە. لە هەموو مێژووی ئەو ٣٥ ساڵەی نم لەناو یەکێتییدا بووە، هەمیشە مام بۆ ئەجێندای خۆی و حیزبەکەی بەکاری هێناوە. کاتێکیش تەمەنی نم، دەچێتە سەر و لە دوایین قۆناغدا لەساڵی ٢٠٠٦ دا، دوا هەوڵی خۆی لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکاندا تاقی دەکاتەوە و فەشەلێکی قورسی تووش دەبێت، بییر لە دروستکردنی شتێک دەکاتەوە کە تەحەدای تاڵەبانیی پێ بکات کە دواتر ناوی “گۆڕان”ی لێدەنێت. بە کورتییەکەی گۆڕان، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیی و توڕەیی خەڵکی بەرامبەر دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی، ئیستیغلال کرد بۆ پرۆژەیەکی شەخصیی کە هیچ کەس سوودمەند نەبوو لێی، جگە لەوانەی لە رێگەی گۆڕانەوە، دەستیان بە غەزوبەزەکانی کوردایەتیی و دەسەڵاتداریی گەیشت، وێڕای بە تەوریثکردنی گۆڕان و بەجێهشتنی صەدان میلیۆن دۆلار لە موڵک و ماڵ و پارە، بۆ کوڕەکانی…

ئەم باسە درێژەی دەبێت..

• ناسیۆنالیزمی گامێش Buffalo Nationalism ، کتێبی ثیۆریستی سیاسیی، پرۆفێسەر کانچا (Kancha Ilaiah)یە کە رەخنە لە رۆحییانەتی فاشیزمی نەتەوەیی دەگرێت.




ترامپ و راگەیاندنی جەنگی جیهانی دژ بە سۆسیالزم …عەلی مەحود محەمەد

رۆژی دوو شەمە 18ی فیبوریوەری ترامپ لە زانكۆی میامی” شوێنی گردبونەوەی توندڕەوە راستڕەوە كوبی و ئەمەریكاییە لاتینیەكان” هەرێمی فلۆریدا بە ئامادە بوونی ئەندامانی پارتی كۆماری و ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فەنزوێلی و كوبی, شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزمی راگەیاند, كە پێشتریش لە مانگەكانی رابردوودا لە چەند بۆنەو كاتدا وەك لە وتاری ساڵانەی حالەتی ئیتحاددا ئەم سەرۆكە ملیاردێرە پەلاماری بیری سۆسیالستی دابوو, ئامادە بووان بە دروشمی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ….. ترامپ ترامپ پێشوازیان لە هەڵمەتەكەی كرد, ئاوازەكانی پشتیوانی نەك هەڵمەتی مەكارسی 1950ی ئەمەریكای وەبیر دەهێنایەوە, بەڵكە دروشمەكان هاوتای دروشمەكان هیتلەر و مۆسۆلۆنی ساڵی 1930 بوو, ئیدعای ترامپ بەوەی سۆسیالزم بە كەڵكی مرۆڤایەتی و حوكمڕانی نایات, لە گەڵ سەرەتایترین باوەڕی دیموكراسیەت یەك ناگرێتەوە, كە هەڵبژاردنی شێوازی حوكمڕانی بۆ هاووڵاتیانی هەر وڵاتێك دەهێلێتەوە.

هێرشكردنە سەر سۆسیالزم سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2020, دەیەوێت لە رێگای هێرش بۆ سەر سۆسیالزم پەلاماری پارتی دیموكرات بدات تاكو بیخاتە حالەتی داكۆكی و دوبەرەكییەوە, كە باڵێكی بەهێزی خۆیان بە چەپ و پێشكەوتنخواز و سۆسیالست دەزانن, ئەمە دەرخەری ئەوەیە سۆسیالزم دەبێتە میحوەری سەرەكی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, دیارە راستگەراكانی ئەمەریكا هەر هەنگاوێك بۆ بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان و پاراستنی ژینگەو خوێندنی خۆڕایی و پشتیوان دەوڵتی بە سۆسیالزم دەزانن, رۆژگارێكی ساڵی 1961 بەرنامەی میدیكیر وەك تەندروستی سۆسیالستی سەیر دەكرا, لە لایەن پارێزگارە كۆمارییەكانەوە دەوترا بە هاتنی ئازادی ئەمەریكی لەناو دەبردرێت بۆیە رەتی بكەنەوە.
ئەنجامی پەلامارەكانی ترامپ هەرچیەك بێت لە قازانجی سۆسیالزمدایە و خۆی وەك ئەلتەرناتیفی سەرمایەداری لە پێشكەوتووترین و بەهێزترین وڵات لە مێژوودا دەناسێنێت, بە تایبەتیش ئەمرۆ سۆسیالزم لای ئەمەریكییەكان وەك جاران ترسناك نییە بەڵكە بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتیان پشتیوانی لێدەكەن.

پەلامارەكانی ترامپ بە دوای بڵاو بونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەدا هات بیرنارد ساندەرز بڵاوی كردەوە و تیایدا رایگەیاند خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا لە 2020 كاندید دەكات, بۆ رۆژی دوای راگەیاندنی شەڕی جیهانی ترامپ دژ بە سۆسیالزم, هەڵمەتی خۆی لە هەرێمی فۆرمۆنتەوە بە فەرمی راگەیاند, بەو دەستەواژەو داواكاریانەوە هەڵمەتەكەی دەست پێكرد كە ترامپ بە سۆسیالزمیان دەزانێت وەك بیمەی تەندروستی گشتی, خوێندنی زانكۆ بە خۆڕایی, 15 دۆلار بۆ لانی كەمی سەعاتێك كار ……, ترامپ و ستافەكە تیئۆرسیۆنەكەی وا لە سۆسیالزم ترساون باوەڕ ناكەم لە ماوەی حوكمڕانیاندا سەردانی وڵاتێكی ئەسكەندەنافیش بكەن كە زۆر لەو بەهایانەی تێدا پراكتیزە كراوە.

پەلامارە یەك لەدوای یەكەكانی ترامپ بۆ سەر سۆسیالزم, كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی خۆی هەیە, ترامپ گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی سۆسیالزم و كۆمۆنیزم لە 9ی نۆڤەمبەری 1989 بە روخانی دیواری بەرلین كۆتایی نەهاتووە وەك ئیدعا دەكرا, بەڵكە شەڕەكە بە نیوەچڵی بەجێ هێڵراوە, ئەمڕۆ وەك قارچك لەهەموو كونج و كەلەبەرێكەوە سەری دەرهێناوەتەوە, تەنانەت فۆكۆیاماش خاوەند تیۆری لیبرالیزم كۆتایی مێژوو ئەمڕۆ دەڵێت سۆسیالیزم پێویستە, دوای 26 ساڵ لە راگەیاندنی مەرگی یەكجاری سۆسیالزم, ئێستا تۆبە دەكات و بە پێویستی دەزانێت بۆ مرۆڤایەتی, ئێستا سۆسیالزم وەك بەرنامەیەكی ئابووری بۆتە ئەلتەرناتیڤی ئەنتەرناسیۆنالی سستەمی سەرمایەداری, لە هەموو شوێنێك بوونی هەیە و سنور ناناسێت و نازانێت وەك ترامپ لە میامی رایگەیاند, گرنگترین ئەو هۆكارانەی پاڵنەری ترامپن بۆ راگەیاندنی شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزم ئەمانەی خوارەوەن:1-لە ناو ئەمەریكا تەواوی پارتە سۆسیالست و ماركسی و شیوعیەكان لەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی ترامپ لە روی ئەندامگیرییەوە گەشەی بەرچاویان كردووە, نموونە پارتی سۆسیالست دیموكرات ژمارەی ئەندامانی بۆ 18ی دیسەمبەری 2018 گەیشتۆتە 55 هەزار ئەندام, 900% گەشەی كردووە, لە زۆربەی هەرێمەكان ستافی گەنج و چالاكیان هەیە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان, لە گەڵ حیزبی شیوعی و پارتی ئەلتەرناتیفی سۆسیالستی نزیك 65000چالاكوانیان بۆ پارتی دیموكرات زیاد كردووە لە هەڵبژاردنەكان بە تایبەتیش بەهێزكردنی باڵی پێشكەوتنخواز, ئەم 3 پارتە باوەڕیان وایە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان لە ریزەكانی پارتی دیموكرات بەرنە پێشەوە.
2- كیشما سوانت 35 ساڵەی بە رەچەڵەك هیندی لە شوباتی ساڵی 2013 بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی شاری سیاتل لەسەر لیستی پارتی ئەلتەناتیفی سۆسیالستی”ترۆتسكیست”, ناوبراو هەرچەندە تەنها بوو وەلێ توانی 15 دۆلار بۆ سەعاتێكی كار بسەپێنێت لە شارەكەی خۆیدا, لە ساڵی 1916ەوە یەكەم ماركسییە لەم شارە دەیباتەوە, بۆ ئەوكات 6 ساڵ لەمەوپێش ئەمە خەون بوو, لێ لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەمەریكا پارتی سۆسیالستی دیموكراتی ئەمەریكا 104 پۆستی بردەوە لەناویاندا دوو پۆستی كۆنگرێس, بەمەش ژمارەی پۆستەكانی بۆ 139 پۆست بەرز بوەوە, لە گەڵ هەڵبژاردنەكاندا ژمارەی پۆستەكانی دەچێتە سەر و زیاتر ریشە لەناو دەزگاكانی حكومەت دادەكوتێت, دوو ئەندامەكەی كۆنگرێس كێشەی زۆریان بۆ ترامپ لە راگەیاندنەكان دروست كردووە, بۆیە ترس هەیە ئەم هەڵكشانە بەردەوام بێت.

3- لە دوا هەڵبژاردنی كۆنگرێسدا 104 كۆنگرێسمانی پێشكەوتنخواز لە لیستی دیموكراتەكان دەرچوون, هەندێكیان بە نزیكایەتی لە شیوعییەكان و ماركسییەكان ناسراون, بۆچونەكانیان لە داواكارییەكانی بیرنی ساندەرز و سۆسیالستەكان نزیكە وە تا هەنووكە ئەو دیموكراتانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تەرحەكانیان نزیكە لە پێشكەوتنخوازەكانەوە, بەشێوەی گشتی تێكەڵەیەك لە بیری سۆسیالستی و پێشكەوتنخوازی باڵی بەسەر ژینگەی بەرنامەكانیان كێشاوە.

4-ئۆكاسیۆ كۆرتیز لە گەڵ رەشیدە تڵێب ئەندامانی پارتی سۆسیالست دیموكرات بۆنەتە ئەندامی كۆنگرێس, كۆرتیز گەنجترین ئەندامی كۆنگرێسە و سۆسیالستخوازێكی پەیگیرو كەلە رەق و ئازایە, بۆتە ئەستێرەی سەر كەناڵەكانی راگەیاندن, ئێستا دوای ترامپ خاوەند زۆرترین جامەوەر و پشتیوانی خەڵكیە لە سەرتاسەری ئەمەریكا و جەماوەری لە هەڵكشاندایە.

5-بە پێی راپرسی دەزگای گالوب , كەمتر لە نیوەی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ هەڵوێستی باشیان هەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری , رێژەی گەنجان كە بە پۆزەتیف سەیری سەرمایەداری دەكەن لە 68%ەوە لە ساڵی 2010 ەوە دابەزیووە بۆ 57% لە ساڵی 2016بۆ 45% لە ساڵی 2018, واتا لە ماوەی 8 ساڵدا بە رێژەی 323% دابەزیووە, ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری سۆسیالیزم دەكەن گەیشتۆتە 51% , واتا پشتیوانی سۆسیالیزم لەناو گەنجان 6 خاڵی زیاترە لە سەرمایەداری, لێ لەناو سەرجەم ئەمەریكیەكان بە رێژەی 56% پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەكرێت, بەڵام لەناو دیموكراتەكان و بێلایەنەكان لەسەرجەم تەمەنەكان 57% بە باشە سەیری سۆسیالزم دەكەن.

هاوكات بە پێی راپۆرتێك پێگەی ئەكسیۆس بڵاوی كردۆتەوە, لەناو دەنگدەرانی پارتی دیموكرات لە هەرێمی ئەیوا سۆسیالزم زۆرینەیە, بۆیە لە ژینگەیەكی وا دا زەحمەتە دیموكراتە پێگەی سیاسی ناوەند و دەوڵەمەندەكان بتوانن بچنە پێشبڕكێی سەرۆك كۆمارییەوە.

ئەم راپرسی و ئامارانە مەترسیدارن بۆ سستەمی سەرمایەداری ئەمەریكی , تەنانەت رقی خەڵك لە ۆڵستریت گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز, بە هەڵكشانی سامانی ملیاردێرەكان رقە چینایەتیەكان زیاد دەكات و متمانە بە سستەمی سەرمایەداری دادەبەزێت, بزووتنەوەی ۆڵ ستریت داگیر بكەن لە ساڵی 2011 نموونەیەكی سەرەتایی بوو, ئیتر 99%ی كۆمەڵگا بەرەی خۆیان لە گەڵ 1% و 99,99% لە گەڵ 0,01% جیاكردۆتەوە, لێكگرێدانەوەی ئەستەمە لە كاتێك 3 هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا سەروەت و سامانیان زیاترە لە داهاتی نیوەی هەژاری هاووڵاتیانی وڵاتەكە كە بە بەهەشتی خەونەكان ناسراوە.

6- خۆ كاندیدكردنەوەی بیرنی ساندەرز كە پێشتر لە ساڵی 2016ەدا زۆرینەی گەنجان و زیاتر لە 13,5 ملیۆن كەس دەنگیان پێ دا, لە 9 یەكەم كاتژمێر خۆكاندید كردنەكەی 6 ملیۆن دۆلار كۆمەكی لە 225 هەزار بەخشەر كۆكردەوە لە كرێكاران و قوتابیان و هاووڵاتیانی هەژار,كە بێوێنەیە لە مێژووی ئەمەریكا, هاوكات چاوی لەسەر كۆكردنەوەی ملیۆنێك خۆبەخشە بۆ ستافی بانگەشەی هەڵبژاردن, ئەو كۆمەك لە كۆمپانیا زەبلاحەكان و ملیاردێرەكان رەت دەكاتەوە, كاندیدكردنی ساندەرز تەكانێكی دیكە بە بڵاو بونەوەی بیری سۆسیالزم لە كۆمەڵگای ئەمەریكا دەدات ئەگەر بە ناتەواویش بێت, كە ئێستا یەكێكە لەو وشانەی زۆرترین گەڕان بۆی هەیە لە گۆگڵ و شوێنەكانی دی لە وڵاتەكە.

كەواتا سۆسیالزم لەو وڵاتەی رۆژێك ئومێد نەبوو ببێتە رێبازێكی سیاسی كۆمەڵایەتی ئەمرۆ لەناو كۆنگرێس و دەزگاكانی حكومەت و سەر كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆیی و شەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمارییە, ئەمرۆكە لەناو زانكۆكان و لەناو دڵی گەنجانە و لە بەرزبونەوەی بەردەوامیشدایە, بۆیە شەڕەكە شەڕێكی بێ هودەیەو سۆسیالزم دوارۆژی مرۆڤایەتییە.

7-ترامپ لە هەڵمەتەكەی مەیامی سەرباری غەرق بون لە فاشیزم وەك ملیاردێرێك, هاوكات گەڕایەوە بۆ عەقیدەی مۆنرۆی ساڵی 1823 ی ئەمپریالستی, بە پێی ئەو عەقیدەیە بێت ئەمەریكای لاتین موڵكی تایبەتی ئەمریكایەو دەبێت خۆی تەنانەت شێوازی دەسەڵاتەكەی دیاریبكات بۆ وڵاتەكانی , وەك لە میامی رایگەیاند سۆسیالزم لە ئەمەریكای لاتین جێگای نابێتەوە, “سەرۆك جیمس مۆنرۆ لە ساڵی 1823 بۆ بەرەو روبونەوەی داگیركاری فەرەنسا و بەریتانیا بۆ ئەمەریكای لاتین دوای رزگاربونیان لە داگیركاری ئیسپانی باوەڕی مۆنرۆی داهێنا, بە پێی ئەم باوەڕە ئەمەریكای لاتین بە موڵكی ئەمەریكا دەزانن لە ژێر دروشمی ئەمەریكا بۆ ئەمەریكییەكان , لە نێوان 1846 بۆ 1848 مەكسیك نەك تیكساس بگرە كالیفۆرنیای سەرو و نیومەكسیكۆ و ئۆتاواو نیڤادا و ئەریزۆناو كوالادۆری رۆژئاوای لە دەست دا بۆ ئەمەریكا , لە نێوان ساڵانی 1898 بۆ 1994 دا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا 41 حكومەتی لە ئەمەریكای لاتین روخاند كە 17یان بە بەشداری سەربازی راستەوخۆ بوو”, لێ ئەم هەوڵەی ترامپ بێهودەیە كە سۆسیالزم لە ئەمەریكای لاتین داببڕێت, بزاوتەكە بزووتنەوەیەكی جەماوەری رەگ داكوتاوە نەك پارتی مۆز وەك ئەوروپای رۆژهەڵات لە شەو رۆژێكدا هەرەس بهێنن, سۆسیالزم بەشێكەلە كلتوری ئەمەریكای لاتین و لە ریشە دەرهێنانی ئەستەمە.

ئەم شەڕەی ئەمجارەی ترامپ دژ بە سۆسیالزم دیوارەكان تیایدا ناروخێن, شەڕی مێشك و گیرفانەكانە, بۆیە سەركەوتن تیایدا ئەستەمە, تا گیرفانەكان زەبلاحتر بن, پروپاگەندەی ئازادیخوازی گاڵتەجاڕتر دەبێت, تاكە رێگا بۆ بەرگرتن بە گەورەبوونی زیاتر سۆسیالزم تا نەگەیشتۆتە بەرهەم هێنانی مرۆڤێكی باڵاتری بایەلۆجی سۆسیالزمێكی ئینسانییە.

عەلی مەحود محەمەد




نامه‌ی نێوان ئه‌دیبان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

نامه‌ی (عیسا چیایی بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

برای به‌ڕێز كاك سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: زۆر هه‌واڵت ده‌پرسم. لای من شیعر بۆخۆی قسه‌یه‌كه‌، كه‌ ده‌چێته‌ ته‌نزیره‌وه‌ ده‌بێته‌ قسه‌یه‌كی تر، كه ئاراسته‌كه‌شی گۆڕا به‌ره‌و نوێگه‌ریی ده‌چێته‌ تۆڕێكی بێ ئه‌ژماری قسه‌كردنه‌وه‌.
ئه‌زموونی تازه‌گه‌ریی لای ئێمه‌، ته‌كانێكه‌، وه‌ڕسبوونێكه‌ له‌و ته‌نكه‌ ئاوه‌ی كه‌: (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) باسی لێوه‌ ده‌كات، گوڕی ئه‌و وه‌ڕسییه‌ زۆر جار بازێكی گه‌وره‌ دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌ چه‌ند قۆناغێك زۆر كه‌می ده‌مێنێته‌وه‌ ببێ به‌ په‌شیمانبوو، نه‌وه‌ك له‌و ده‌رپه‌ڕێنه‌‌ی یه‌كه‌م جار. ئه‌گه‌ر: (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)، (به‌ڕێزێكی یه‌كجار زۆره‌‌وه)‌ نموونه‌یه‌ك بێ بۆ پێوانه‌كردن، ئه‌گه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ ئه‌زموونی: (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان) ده‌ستی پێكردبێت، ئه‌وه،‌ ناتوانین دان به‌و ڕاستییه‌ نه‌نێین كه‌ ئه‌زموونی: (پرچی ئه‌و كچه‌ ڕه‌شماڵی گه‌رمیان و كوێستانی منه‌، گه‌رده‌وولی سپی) له‌تیف هه‌ڵمه‌تیان كردووه‌ به‌و شاعیره‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌. ئه‌و ئه‌زموونانه‌ش كه‌‌ ئه‌مڕۆ له‌تیف هه‌ڵمه‌تیان له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان: (پرچی ئه‌و كچه‌ ڕه‌شماڵی گه‌رمیان و كوێستانی منه‌، گه‌رده‌وولی سپی)ن. نه‌ك : (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان). ته‌نیا ئه‌زموونێك كه‌ مه‌رجیش نییه‌ من. (به‌ڕێزێكی یه‌كجار زۆره‌وه‌) هاوسۆز بم له‌گه‌ڵیدا، توانیویه‌تی (به‌ تێبینی زۆر زۆری هه‌مووانه‌وه‌) به‌ هه‌مان ڕێژه‌ی گه‌رموگوڕی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه‌ درێژه‌ی به‌ هه‌مان ئه‌زموون و هه‌ڵكشانی دابێت: (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی)ــه،‌ كه‌ هێڵی به‌یانی ئه‌زموونی ئه‌و به‌ هه‌مان ته‌ره‌دووده‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، به‌بێ (په‌شیمانبوونه‌وه‌)، (كه‌ من ده‌سته‌واژه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌ له‌م نامه‌یه‌دا بۆ دیاریكردنی سنووری جیاوازی و ئه‌‌زموونه‌كان، وه‌ك ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ناچاریی به‌كارده‌هێنم).
ئه‌زموونی شاعیرانی هه‌ولێریش ئه‌زموونێكی جیاواز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كه‌ لكوپۆپی ئێجگار زۆره‌ و ڕێژه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌شیان جیاوازه،‌ لێره‌دا مه‌به‌‌ستم وته‌كه‌ی: (ئه‌دۆنیس)ـه،‌ كه‌ ده‌ڵێت: (یه‌كێك له‌‌ خاڵه‌ لاو‌ازه‌كانم ئه‌وه‌یه‌‌، كه‌ له‌ كاتی نووسینی هه‌ندێك شیعردا، كه‌سێكم پێشنیازكردووه‌، كه‌ بۆ ئه‌و ده‌نووسم، كه‌ من بۆ خۆم زۆرجار له‌گه‌ڵ ئه‌و تێبینییه‌ی تۆدۆرڤدا: (مانای گه‌یاندن هه‌م كۆمه‌ڵگا له‌خۆده‌گرێت، هه‌م ئاماژه‌شه‌ بۆ ئه‌و. هه‌میشه‌ مرۆڤ گوتاره‌كانی خۆی به‌ ته‌واوه‌تی ئاراسته‌ی كه‌سێك ده‌كات. ئه‌م‌ كه‌سه‌ش كه‌ گوتاری ئاراسته‌كراوه‌، وا زه‌ن ناكرێت كه‌ ڕۆڵێكی ناكاری هه‌بێ). به‌راوردی ده‌كه‌م ده‌مگه‌یه‌نن به‌ كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی ئاڵۆز، كه‌ ته‌نیا شیعر هاوسه‌نگییان پێده‌به‌خشێ.
ئه‌زموونی ئێوه‌ش له‌ نێوان (زێوان) و دوا شیعرتدا، كه‌ له‌ (ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ)دا زۆر نییه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌م زۆر گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌، گۆڕانكاریی له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ ڕایه‌ڵت كردوون له‌ قۆناغی ئێستاتدا. هه‌م له‌ به‌كارهێنانی زه‌خیره‌ی شیعریی خۆتدا: (زمان، میتافۆر، پێكهاته‌ی ڕسته، دنیابینیی، بیركردنه‌وه‌). هه‌م له‌و نزیكبوونه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وانی تر/ خوێنه‌ر/ كۆمه‌ڵگا، به‌ خۆلادان له‌ پێوانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ گریمانكراوه‌ی باسمان كرد، په‌شیمانبوونه‌وه‌، كه‌ تۆش كه‌م و زۆر لێی بێبه‌ش نیت، تۆ ئه‌زموونێكی سوودت له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا وه‌رگرتووه‌ و له‌ قۆناغی په‌شیمانبوونه‌وه‌دا، كه‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی‌ تۆش، ئه‌گه‌ر كه‌متر نه‌بێت، ئه‌وا پردێك بووه‌ بۆ نیشته‌جێبوون له‌و وێستگه‌یه‌دا، كه‌ پێویسته‌ شیعر شتێكی هه‌بێ بۆ وتن له‌ نێوان ئه‌و وێستگه‌یه‌ و ئیشراق و ته‌كان و هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، ئه‌زموونێك دروستبووه،‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زۆرانبازیی و پێهه‌ڵدان و شكاندن بخوێندرێته‌وه‌‌.

عیسا چیایی
27/3/2017 كفری

نامه‌ی (ئه‌حمه‌د مسته‌فا نه‌جمه‌دین بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

ڕەنجدەری برا و هاوڕێی دێرین:
باوەشێ ئەستێرەی شیعرییت گەیشتن، مانگی سەرماوەزە و كەپرە و ئاراسن خەریكە بەتەواوی پشت دەكەنە گەڵا و درەختەكان و ئامێز بۆ بەفرانباری ئێرە دەگرنەوە.
بەرگی یەكەم و دووەمی دیوانەكەت لێرەن، لە یەكێك لە جوانترین ماڵی كتێبەكانمدان، وەلێ (سروودی زەوی) و (زێوان) و دەیان دەق و ئەزموونە شیعرییەكانت زووتر ئاوەدانیان لە ماڵەكەم چێكردبوو، بەڵام ئەم دوو دیارییە شەوچەرەی زۆربەی شەوانی خوێندنەوە و خەیاڵكردنی شیعریی و تام و چێژی كتێبیان بۆ نۆژەن كردمەوە.
هەرچەندە دەمێكە لەبارەی دەق و دوا ئەزموونەكانی تۆوە نەمانتوانیوە، یان چێتر وایە بڵێم دەرفەتمان نەبوو قسە بكەین و ڕا و سەرنجەكانمان بخەینە ڕوو، ئەوەتا هەنووكە هەردوو بەرگی دیوانەكەت شەوانە دەبنە مایەی تێڕامان و وردبوونەوەی قووڵمان لەو كەڵە ئەزموونەی لەبارەی دەقی شیعریی و وێنا و فەنتازیای شیعرییەوە كە خستووه‌تته‌ بەردیدەی خوێنەری ڕاستەقینەی شیعریی.
كاكه‌ ڕەنجدەر تۆ وەك تەزووی كارەبا دەچیتە گیانی زمان و وشەوە، بۆیە دایم شەوە نوتەكەكانی شیعرییت دادەگیرسێن و چرا چرا لە ماڵی ئەدیبان دادەیسێن.
من لە ناوەڕاستی ئەزموونەكانتدام و لە بەشێكی كۆڵانەكانی دیوانەكەتدا دەستی لامپایەكی خوێندنەوەم گرتووە و دەمەوێ لە پەنجەرەكانی وێنە شیعرییەكانت بچمە ژوورێ، ئەوێ خەیاڵكردنێكی ترسنۆكانە نییە لە بەرانبەر داهێنان و گەڕانەوە بۆ زێدی مرۆڤ، وەلێ هەنووكەش نیشتیمان لە ئازاری سیاسەتدا گەمارۆ دراوە، شیعر لەو پانتاییەدا ستەمی لێدەكرێ، شاعیر تا ئێرەش لە گەمەیەكی شێتانەدا بزرە، هەر بۆیه‌ وشە و داڕژانی شیعریی تیرێكە لە كەوانی وێناكردنی شاعیرانەدا ستەمی سیاسی دەبڕن و دەچنە خەڵوەتی بەرائەته‌وه‌.
ئازیزم: من لێرەم لە باوەشی سروشتی سێبەری كەپرە و ئاراسن، ئەوان تا ئەم چركە ساتەش گریانی منداڵەكانی ئەنفال و كەفی ژن و پیر و كەنەفتەكانی ناو كیمیاباران و هەڵوەرینی تەمەنی ئینسان دەبینن، هێشتان زەمەنی تراژیدیایە، بۆیه‌ تا ئایین هەبێت، شیعریش دەبێ و زۆرانبازی جوانی و كرێتی دەقی شیعریی بوونی نامۆ نابێ.
دیوانەكانت دەگەنە ناو هەناسەی ئەم مەملەكەتە، كە خوازیاری شیعری سركن، تۆ داناكاسێی، هەمیشە دەتەوێ ( لەو وڵاتی خەون بژیم) من درەنگ لەسەر ئەم وێنانە لادەكەوم (ئافرەتی بەهەشت لایتی دەستی هومان، كەسێك هاتووه‌تە ئێرە لە من دەچێت، ئەگەر خۆر ماڵەكەمی لە خۆیدا نقووم كرد بە مۆمێك ڕازیم و تەماشای یاڵی نەرمی ئەسپی ڕاو دەكەم، نیشتیمان كپ تاجی سروشتی لەسەرنا، كێیە خاوەنی هەموو زەوی؟ لە ژوورێكی لاكەوتە ئێمەیان دۆزیەوە ….)
ڕەنجدەر: ئەم هەڵبژاردنانەم لە به‌رگی یه‌كه‌می دیوانه‌كه‌تدا چركاندن، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوی نەپرژامە سەر تەواوی دەقەكانی به‌رگی یەكەم، چجای به‌رگی دووەم، بە دڵنیاییەوە بەرخوردێكی دانسقەن لە ڕێبەندانی ئەم زستانەدا كە گۆمی ڕوئیا و دنیابینیی شیعرییم لەو گەمارۆیە سیاسیە قورتار دەكەن، دەبوو ئاخافتنم قووڵتر و زێدەتر با، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئەوەندە بەس بێت و نەچینەوە سەر نووسین، بەڵام بە پێویستم زانی لەم چەند ڕستەیەی ئەم نامەیەدا بچووكترین تێڕوانینم بۆ بەشێك لە شیعرەكانت ئاشكرا بكەم . دەستی شاعیرانەت ڕادەتەكێنم. هەر بمێنیت بۆ ژیان و شیعر.

                            ئەحمەد مستەفا نەجمەدین 
                            13/11/2018  بالیسان  

نامه‌ی (عه‌بدولڕه‌زاق بیمار بۆ سه‌باح ره‌نجده‌ر)

شاعیری هه‌ڵكه‌وتووی نوێخوازی تایبه‌ت، كاكه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: ڕۆژباش.
هه‌واڵت ده‌پرسم، هیوادارم هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بیت له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانت. كانیی به‌هره و توانات هه‌ر له‌ گه‌شه ‌و ئاوداری هه‌میشه‌یی بێت و ئاوێنه‌یه‌كی هه‌سته‌وه‌ر بیت.
هاتمه‌ هه‌ولێر نه‌متوانی گیربم، بۆیه‌ ئه‌وه‌ به‌ ده‌ستی: (یادگار)ی كوڕم كتێبه‌كه‌ی: (نان و ده‌ریای- بابلۆ نیرۆدا)م بۆ ناردی ، جێگای شانازییمه‌ به‌ ده‌ستت بگات و په‌سندی هه‌ستی وردت بێت.
به ‌ده‌ستی به‌ڕێز :(دكتۆر له‌تیف محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) دیوانه‌كه‌تم له‌ دوو به‌رگدا پێگه‌یشت. به‌ چێژ و هونه‌ركاریی: (نالی) و (حاجی قادری كۆیی) و (گۆران) خوێندمه‌وه‌.
داوات لێده‌كه‌م ئه‌و متمانه‌ شیعرییه‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌یت و به‌ره‌و باڵاتریشی ببه‌یت، ئه‌و بڕوایه‌ت لا قایم كردووم، هه‌رچی هیوایه‌ك له‌ به‌هره‌ و توانای تۆ بخوازرێت دێته‌دی.

عه‌بدولڕه‌زاق بیمار
17/11/2018 كۆیه‌




بە بۆنەو ڕۆ گەردوونی زوانی ئەڎایەو … موختار کەریمی

                       
  • زوان نە تەنیا ئامرازوو پێوەنڎی بەینوو مرۆڤەکان، بەڵکوو چانەیە گرنگتەر ئەرمانەروو فەرهەنگوو خەڵکانێوەن کە قسێش پەنە کەرا. زوان بەشێوە گرنگ جە وێبیەی(هویت) مرۆڤین و دنیاو ئاڎی نیشانە مڎۆ و شیش کەرۆوە.
  • یۆ چی زوانە کە کەوتەن وەرو ھەڕەشێ سیاسەتوو زوانکوشی داگیرکەراو وەڵاتەکەیما، زوانی هەورامین، کە نە تەنیا کۆنتەرین زوانی نووسیا و وچیای مەحاڵە کوردستانیەکان، بەڵکوو یۆ جە کۆنتەرین زوانە ئێرانیەکایچەن. ئی زوانە کۆنەو هەورامیەکا بە گردوو بایەخی ویەردەیی(مێژویی) و ئەدەبی هەزاران ساڵەێشەو کەوتەن وەروو زەبرو و ئەستەمی دوەلایەنەی زوانی.
  • یونسکۆ(UNESCO) هۆکاروو ئی زوانفۆتیایە گێڵنۆوە پەی گەمەی سیاسی و سیاسەتی چەوتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەراوەروو زوانە بێ دەسەڵاتەکا و ناداڎپەروەری زوانی دەسەڵاتدارە زاڵ و ملهۆڕەکا.

بە پاو ڕاپۆرتوو یونسکۆی(UNESCO) جە 6000 زوانێ کە تا ئارۆ مەنێنێ و کەم تا فرە پەنەشا منویسیۆ و قسێشا پەنە کریا، نیمەشا کەوتێنێ وەروو هەڕەشێ فوتیای. دوێ حەفتێ جارێو زوانێو فوتیۆ و دلێنە مشۆ. نامێ 2474 زوانا ئینا دلێ ئەتلەسوو(نەخشە) زواناو یونسکۆینە کە هەڕەشێ نەمەنەیشا ئینا سەرەو. هەرپاسە نامێ 230 زوانا دلێ ئی ئەتلەسینە هەنە کە جە ساڵەو 1950 یەو تا ئیسە بە تەمامی فوتیاینێ. 200 زوانێ جە یەرێ(3) نەوێ ویەردێنە دلێنە شیەنێ. هەڕەشێ فوتیای سەرو 1700 زوانا فرە جدین. زیاتەر جە 600 زوانێ کەوتێنێ پەراوێزەو و هیچ هەرمانێوەشا پەنە نمەکەریۆ. زیاتەر جە نیمەو ئی 6000 زوانەیە، زوانوو ئا کەمینانە کە کەمتەر جە 10000 قسەپەنەکەرێشا هەنێ. یونسکۆ(UNESCO) هۆکاروو ئی زوانفۆتیایە گێڵنۆوە پەی گەمەی سیاسی و سیاسەتی چەوتی زوانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەراوەروو زوانە بێ دەسەڵاتەکا و نادادپەروەری زوانی دەسەڵاتدارە زاڵ و ملهۆڕەکا.

دەورانوو فرەتەرین ژمارەو زوانا جە ئاستوو جەهانینە گێڵۆوە پەی سەدەو 15 زایینی وەڵێ دەسپەنەکەردەو دەورانوو کۆلۆنیالیسمی گەردوونی زلهێزەکا جە ئافریقا و ئاسیا و ئامریکای لاتین و ئامریکای باشوو و ئۆستەرالیاینە. بە باڵادەسی کۆلۆنیالیستەکا سەپنای زوانەکاشا جە ناوچە چێردەسەکاشانە دەسش پەنە کەرد و زوانە یانەویەکا(محلی) وزیای پەراوێزەو. ئی سیاسەتە کۆلۆنیالیستیە جە لاو داگیرکەراو کوردستانیچەو پەێڕەو کریا و زوانە کوردیەکا جە گردوو بەشەکاو کوردستانیەنە کەوتێ وەروو سیاسەتوو زوانکوشی(Linguicide) کۆلۆنیالیستە ناوچەیەکا.
یۆ چی زوانا کە جە پاڵوو زوانە کوردستانیەکانە کەوتەن وەرو هەڕەشێ سیاسەتوو زوانکوشی داگیرکەراو وەڵاتەکەیما، زوانی هەورامین، کە نە تەنیا کۆنتەرین زوانی نووسیا و وچیای ئی مەحاڵە کوردستانیانە، بەڵکوو یۆ جە کۆنتەرین زوانە ئێرانیەکایچەن. کۆنتەرین بەڵگەی نووسیا قەواڵەکاو هەورامانیەنێ کە زیاتەر جە 2100 ساڵێ چیوەڵتەر نوسیاێنێ و ئیسە ئینای جە یۆ جەموزەخانەکاو شاروو لەندەنی. پەڕاو(کتێب)و پیرۆزو ئایینوو یارسان و کاکەیەکا، کە کۆنتەرین ئایینوو کوردان، بە هەورامی نوسیان. بە پەیلواو فرە کەسێ شارەزاێ و باوەڕمەندێ ئەوێستا بە زوانی کۆنی هەورامی نووسیان. هێڕشوو عەرەبەکا پەی کوردستانی و ئێرانی و ئاکامی وناڵیو ئی هێڕشیە بە هەورامی تۆمار کریان:
هۆرمزگان ڕمان، ئاتران کوژان وێشان شاردەوە گەورەی گەورەکان
زورکاری ئارەب کردنە خاپوور گونا و پاڵەی هەتا شارەزوور
شەن و کەنیکا وە دیل بشینا مەرد ئازا تلیا وەڕووی هونیا
ڕەوشی زەدەشت مانۆوە بێ کەس بەزیکا نیکا هورمز و هیچ کەس
دوکتور محمد معین گلێرەوکەروو واچە(واژە)نامەی فارسی (فرهنگ معین) جە بارەو زوانی هەورامیەو منویسۆ: ” برای آشنایی بیشتر با زبان پهلوی باستان زبان کردی اورامی یک منبع مهم است. پهلوی با وزنی بخصوص و همانند گورانی خوانده ‌شده است وگاهی آن را پهلوی وبرخی اوقات آن را اورامه، اورامن و اورامنانیان میگفته اند.
شاید برای دریافت این موضوع که، اورمنان، همان گونه‌ی فارسی (هورامه نان) اورامی است و با واژه‌ی (هه ورامان) یکی است، به تلاش چندانی نیاز نباشد. هورامه‌نان – هورامانان = هور + امان (امدند) + آن – زمان طلوع خورشید. همچنان که می‌گویند: (به یانیان) بامدادان، (ئیواران) زمان عصر”.

حسن عمید گلێرەوکەروو واچەنامەو فارسی(فرهنگ عمید) ماچۆ: ” اورامان، اورامین، اورامە، یکی از آهنگهای قدیم موسیقی، یکی از آهنگهای فارسیان کە اشعار آنرا بە زبان پهلوی یا لهجەهای محلی فهلویات میخواندند. لحن اورامین و بیت پهلوی زخمە رود و سماع خسروی (بندار رازی).”
ئی زوانە کۆنەو هەورامیەکا بە گردوو بایەخی ویەردەیی(مێژویی) و ئەدەبی هەزاران ساڵەێشەو کەوتەن وەروو زەبرو و ئەستەمی دوەلایەنەی زوانی. جە لایەوە زەبری کۆلۆنیالیستانەو داگیرکەراو کوردستانی و جە لایەتەریچەو جە لاو دەسەڵاتوو باشوروو کوردستانی و بڕێو جە حێزبەکاو وەرکەتەو کوردستانی بەلای کەمەوە وزیان پەشتەو گۆشی و ڕاو گەشەکەردەیش پەنە نمەدریۆ و تەنانەت بڕێو لایەنی وەرچەم تەسکێ و ناوچەگەراێ بە ئاشکارا دژایەتی و وەرگێریش چەنە کەرا. ئاگادارکەردەی دڵسۆچانەو هەورامیەکاو ئەوەگژیای شارستانی(خەباتی مەدەنی) پێسەو گلێرەوکەردەی ئیمزای( ئیمزاو نزیکەو 1400 دڵسۆچێ زوانی هەورامی پەی پارلمانوو کوردستانی) و داواو وانای و پەروەدە بە زوانی هەورامی جە فێرگەکانە و وەردەس وستەی ویەری مێدیایی دادپەروەرانە پەی هەورامی زوانەکا و……. تا ئیسە بێ جواوێ مەنێنێوە.

گرینگی زوانی ئەڎایی

وەڵتەر جی بارەوە بابەتێوەم جە بارەو گرنگی زوانی ئەدایی وەڵاو کەردەنەو. جە بەشێوشەنە پی جۆرە ئامان:
زوان نە تەنیا ئامرازوو پێوەندی بەینوو مرۆڤەکان، بەڵکوو چانەیە گرنگتەر ئەرمانەروو فەرهەنگوو خەڵکانێوەن کە قسێش پەنە کەرا. زوان بەشێوە گرنگ جە وێبیەی(هویت) مرۆڤین و دنیاو ئاڎی نیشانە مدۆ و شیش کەرۆوە. زوان دیاردێوەن کە پێسەو گیاندارێوە چەنی قسەپەنەکەرەکاش ژیوۆ. یاردیدەروو ئاڎیشان پەی ئەشناسای دنیاو دەورووبەریشا و ئەنەیاوای جە دیاردە کۆمەڵایەتی و سروشتیەکا. زوان کەرەسێوەن پەی بەروەستەی هەست و سۆز و هەرپاسە ویروو پەیلواو مرۆڤی. تەماموو ماناکا، بەها کۆمەڵایەتیەکا و بە گردی سەروەتووسامانی مەعنەوی کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی جە ڕاو زوانیەو، چ بە نویسیای چ بە واتەی و دەم بەدم جە نەوێوە پەی نەوێوەتەری ڤاڕیۆوە. مێژوو کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی هەر بە زوان تۆمار کریۆ و شی کریۆوە. عێلم و زانایی و دەسکەوتە زانستیەکا، چ جە ویەروو تەکنیکینە و چ جە ویەرە کۆمەڵایەتیەکانە، جە نەوێوە پەی نەوێوەتەری هەر بە زوان ڤاڕیۆوە. ماناو دیاردەکا و تاقیکریایەکاو(تجربیات) ژیوای ڕوانەی کە یاوا بە مەژگوو مرۆڤی و چاگەنە تۆمارێ کریا، تەشک(شکڵ) و نامێوەشا پەی دیاری کریۆ و چاگەنە یاگێ وێشا گێرا و نامێشا “ویر” ەن، جە ڕاسیەنە ئی تەشک ونامێ هەر ئا زوانەنە.

ئەڎا بە زوان کورپەکەیش لاونۆوە و دنیاو دەورووبەریش پەنە مشناسۆ و پەروەردەش کەرۆ. زاڕۆیچ هەر بە زوان دیاردەکا مشناسۆ و جە ماناکاشا یاوۆنە و بۆ بە گیاندارێوە کۆمەڵایەتی. هەر چی وینگەوە زوانی ئەڎایی مانا پێدا کەرۆ و بۆ بە بەشێوە جیاوەنەکریا جە وێبیەو مرۆڤی و گرنگی پارێزنایش و گەشە پەنەدایش بە زەقی گنۆ وەرووچەما. پەشتگێری جە پارێزنای زوانی ئەڎایی ئەرکوو گردوو مرۆڤدۆسا و ئازادیوازا و دادپەروەرەکان و وێپارێزنای چی پەشتگێریە هیچ پاساوێو هۆر نمەگێرۆ و قەبووڵیچ نمەکریۆ.

بە پەیلواو یۆهان ئاموس کۆمنیوسی کە جە ئاستوو جەهانینە بە تاتەو پەروەردەو فێرکەردەی نۆباوی(مۆدێڕن) ئەشناسیان، پەروەردە جە فێرگەنە بەلای کەمەوە تا ١٢ ساڵەگی مشۆ بە زوانی ئەڎایی بۆ. زوانشناسێ و دەروونشناسێ سەلەمنانشا کە زاڕۆ تا ١٢ ساڵەگی ئینا دەورانوو ئەشناسای دەروبەری و وێگونجنای دلێ کۆمەلگاینە. ئی پرۆسە بە فێربیەی زوانی ئەڎایی دەس پەنەکەرۆ و هەر پا زوانیە یاگێ وێش گێرۆ و سیستموو ویریش قەوارە گێرۆ. سەروو بنەماو ئی گرنگیە مافشناسەکێ فێربیەی و پارێزنای و پەروەردە بە زوانی ئەڎایی بە مافێوە سەرەتایی جە مافەکاو مرۆڤی مدا قەڵەم و مشۆ جە یاساو بنەڕەتی گرد وەڵاتێوەنە پەسەند کریۆ و بە کەردە ویەروو گەشەیش جە گرد ویەرێوەنە پەی ئامادە کریۆ.

سەروو ئی بنەمایا و تایبەتمەندیا کە پەی گەشەکەردەی کەسایەتی زاڕۆی دەورێو گەورە وینا، مافشناسەکێ و داکۆکیکەراو مافەکاو مرۆڤی سەروو پەروەردەی و وانای بە زوانی ئەڎایی پاگێرارە و ئی مافیە بە مافێو سەرەتایی و جیاوەنەکریا جە مرۆڤی مدا قەڵەم. ئی مافە هەرپاسە جە ڕێککەوتنامە تەمامکەرەکاو جاڕنامەی گەردوونی مافەکاو مرۆڤی گونجیان. یونسکۆێج پی بۆنەوە گرد ساڵێو جە ڕۆ 21 فوریەی، کە بە ڕۆ جەهانی زوانی ئەڎایی نامێ نریان، سەروو پارێزنای ئی مافیە پاگیری کەرۆ و جە وەرپەرسە دەسەڵاتدارەکا، بە تایبەت جە وەڵاتە فرەزوانیەکانە،داوا کەرۆ کە ئادیشایچ ئی مافیە دلێ یاساو بنەڕەتی وێشانە گونجنا و کەراش بە یاسا و بەیاسایچ چەنیش جماوە.

خەسارشناسی زوانە هەڕەشە وەنە کریاکا

جە کۆمەڵشناسی زوانینە(sociolinguistics)، زوانی هەڕەشە وەنە کریا زوانێوەن کە جە فێرگەکانە، پێسەو زوانی ئەڎایی پەنەش نمەونیۆ، پاڵوو زوانە زاڵەکانە گنۆ پەراوێزەو، ڕۆ بە ڕۆ قسەپەنەکەرێش کەمتەرێ باوە و ئەڎا و تاتەیچ چەنی زاڕٶڵکاشا قسێش پەنە نمەکەرا. ئی زوانە دماو نەوێوە فۆتیۆ و ملۆ ڕێزوو زوانە فۆتیایەکا.
یونسکۆ بە تێرووتەسەڵی جە نەخشە زوانانە(UNESCO Atlas of the World’s Languages in Danger ) هەڕەشێ فۆتیای زواناش ڕێژەبەندی کەردەن و 6 قوناغێش پەی دیاری کەردەن:
1… زوانی پارێزیا(safe): ئی زوانە نەوە بە نەوە بە بێ هیچ لەمپەڕ و گیروگرفتێو فاڕیۆوە وجە گردوو ویەرەکاو ژیواینە، پسەو پەروەردەی و ڕاوەبەری و مێدیایی و… هەرمانەش پەنە کریۆ.
2.. زوانی خەساروین (vulnerable): هەرچن ئی زوانە قسەپەنەکەرێ فرێش هەنێ وسینە بە سینە و نەوە بە نەوە فاڕیۆوە، بەڵام گەشەکەردەیش سنوردارەن و زوانی ئیداری ناوچەکەیش نیەن و جە فێرگەکانە پەنەش نمەونیۆ و کەمتەر هەرمانەی ڕایاونەریش(مێدیای) پەنە کریۆ.
3.. زوانی خەساروەنەکەوتە (definitely endangered): ئی زوانە جە چوارچێوەو بنەماڵەینە پیسەو زوانی ئەدایی جە لاو ئەڎا و تاتەیەو فێروو زاڕۆڵا نمەکریۆ و زاڕۆڵێچ حەسابو زوانی ئەڎاییش پەی نمەکەرا.
4.. زوانی بە جدی خەساروەنە کەوتە (severely endangered): ئی زوانە تەنیا مرۆڤە بەتەمەنەکا قسێش پەنە کەرا. ئەڎا و تاتە تا ڕادێوە چەنەش یاوانە، بەڵام نمەتاوا قسیش پەنە کەرا و چەنی زاڕۆڵەکایچشا پەنەش نمەدوا. نەوەی تازەیچ زوانی زاڵ و دەسەڵاتدار فێر بۆ.
5.. زوانی سەرەمەرگ (critically endangered): ئی زوانە قسەپەنەکەرێ یەکجار کەمێش هەنێ و ئادێچ کەسانێ بەتەمەنێنێ و تەنانەت سەروو زوانەکەیچشارا زاڵێ نیەنێ.
6.. زوانی مەردە (extinct): ئی زوانە بە تەمامی فوتیان و ئیتر قسەپەنەکەرێش نەمەنێنێ
ڕێژەبەندی 2 تا 5ی گنا چێروو چەترەو زوانە هەڕەشە وەنە کریایەکا.

هۆکارێ کزبیەی و فۆتیای زوانەکا

بە پاو پەیجوری(Cambridge Handbook of Endangered Languages) 4 فاکتورێ سەرەکیێ با بە هۆکاروو فوتیای و هەڕەشێ سەروو زوانە بێ دەسەڵاتەکا.
1.. کارەساتێ سرووشتیە پێسەو بوومەلەرزەی و سونامی و ئەورای و دەردووبەڵای وەروەڵاو و گردگیر کە ڕەنگەن جە ماوێو کورتەنە دەیان هەزار مرۆڤێ دلێنە بەرا.
2.. جەنگ و ژێنۆساید(گەل کوشی، رەگەزکوشی)
3.. گوشار و زەبروزەنگی ئاشکرای نەتەوەپەرستی و شۆوینیسمی زوانی و پەیڕەو کەردەی سیاسەتو تاونایەو جە لاو دەسەڵاتدارێ و فەرمانڕەواێ وەڵاتێوە فرە زوانینە.
4.. برەودای بە زوانوو دەسەڵاتی و فەراهەم کەردەی ئێمکاناتی فەرهەنگی و ئابوری و سیاسی پەی گەشەو ئی زوانە زاڵەیە و بێ بەش کەردەی زوانەکاتەری چی ئێمکانیاتا.

                       موختار کەریمی- ئاڵمان



بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی” ڕێكـ نەکەوتون!؟ … فەرەیدون کونجرینی

هەروەك چۆن دوابەدوای ڕێکەوتــننامەی دەباشان ڕەخنەکانمان لە ڕوی یەکێتی رانەگرت و بەردەوام بوین ، لەباش ڕێکەوتنە سیاسیەکەی گۆڕان و پارتی لە 18 شوبات ی 2019 لە پیرمام واژۆکرا بێدەنگ نابین و هەمو ئەوانەی لەڕابوردودا ڕویانداوە وەبیریاندێنینەوەو دەشبین بەبەربەست بۆداهاتویان. وەك چۆن ڕێکەوتننامەی دەباشان کرایە گەمەیەکی سیاسی و خەڵکی پێ سەرقاڵکرا” ڕێکەوتنی سیاسی گۆڕان و پارتی هاوشێوەیەتی و پارتی دەیەوێ هەگبەی سیاسی خۆی وەك یەکێتی نمایشکات”

واژۆکردنی ڕێکەوتنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بەومەبەستە ئەنجام نەدراوە گۆڕان لە هەموو پێشنیارو پێشنیازو پڕۆژەکانی ڕابوردوی پاشگەزبێتەوەو بێدەنگبێت لەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامیانداوە” ڕێککەوتنی سیاسی 18ی شوبات بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پشویەکە تا باشتر هەناسەبدات لە ماراسۆنی سیاسی داهاتو” گۆڕان لانادات لەبەرنامەی خۆی چونکە بەپێی ئەوبەرنامە دامەزراوەو بۆتە ویستگەی بزوتنەوەکە”

لە ئەرشیفی 10ساڵی رابوردوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە کەلە هەوڵی سزادانی پارتیدابوە بە ڕێگەی دادوەری یاسایی و سەربەخۆ لە
١. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس زەردەشت عوسمان و پێشێلکاری و قۆرخکردنی ئازادی و هەمو ئەوانەی بێسەروشوێنکراون لە ماوەی دەسەڵاتی ئەو پارتەدا.
٢. ڕێگیری کردنی سەرۆکی پەرلەمان و دورخسنەوەی وەزیرەکان
٣. نانبڕاوانی فەرمەنگەکان
٤. داهاتی نادیاری ساڵانی ڕابوردوی نەوت و کانزاییەکان
٥. کارەساتی 17ی شوبات و ڕۆژانی دوایی
٦. ڕادەستی شەنگال بە داعش
٧. ململانێکردن و کێشەی نیشتمانی و نەتەوەیی نێوان باکورو خۆرئاوا بەهەمو پێوەرەکان.
٧. ناردنە دەرەوەی ئەوپارانەی بەناوی دوبنەماڵەوە لە بانکەکانی دەرەوە حەشاردراون.
٨. دەیان نمونەی وەك ئەو 50 ملیۆن دۆلارەی بەناوی حکومەتەوە لە ولاتی ترکیا وەرگیاراوەو هتد…زۆرن کەلە دروستبونی گۆڕانەوە ئاشکراکراوە.
٩ . ساختەکاری هەڵبژاردنەکان

ئامانجی پارتی شـ” لە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی سیاسی 18ی شوبات” بەو مەبەستەنیە چیدی دزی و تاڵانی و سەروەت و سامانی هەرێم بەهەدەرنەدات و بێــ پرسی حکومەت و خەڵك ئیتفاقی سەربەخۆی بازرگانی ڕاگرێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕادەستکردنی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و گەرانەوەی زەویە داگیرکراوەکان و دەستبەرداربون لە کێڵگە نەوتیەکان” پارتی چاکسازی پێناکرێ چونکە ئەو چاکسازیەیی بزوتنەوەی گۆڕان دەهەوێت پارتی پێ لاواز دەبێت و دەسەڵاتی ڕەهای نامێنێت.

واژوکردنی ڕێکەوتنی سیاسی لەلایەن پارتیەوە هەوڵدانە بۆ بێدەنگ کردنی بزوتنەوەی گۆڕان و قۆرخکردنی هەمو ئەو سەدان پڕۆژەی هەیبوە لە سەرەتای ڕێخراوەیی تا ئێستای دەسەڵات” پارتی و یەکێتی بەداهاتی نەوت و گومرک نەبێت ناتوانن لەو دەسەلاتەدانەبن کە تا ئێستا هەیانبوە” ئەوەی پارتی مەبەستیەتی بێدەنگ کردنی بزوتنەوەی گۆڕانە بانگێشتکردنیەتی بۆ گۆماوی گەندەڵی هەرچەند یاساکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێگەنادات ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هەر بەرپرسێکی پارتی یان یەکێتی بیرکاتەوە بزوتنەوەی گۆڕان هێڵی سوری هەیە، لایەنەکانیتر سنوریان نیە” گۆڕان بەبنەما سیاسیەک لەسەرەتاوە هاتوە کاردەکات پشتیوانی خەڵکی مەدەنی و ڕۆشنبیران و سیاسەت مەدارو هەمو ئەوهاوڕێیانەی پشتیوانیانکرد لە ڕێکخراوەییەوە بۆ قۆناغەکانی ترو تا گەیشتە بەشێك لەدەسەڵات. سپاسی خەك و هەمو ئەوانە دەکات لە قوڵایی ترین مەترسی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری دو حیزب سەری هەڵدا” گۆڕان بەرنامەی سیاسی و ئامانجی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆیی هەیە کە دەیان بڕگەو سەدان تەوەر لەخۆ دەگرێ وەك ١ ـ ئاسایش ٢ـ سامانی مرۆیی ٣ـ ئامانجەنیشتمانیەکان ٤ـ ڕۆشنبیری و داهێنان ٥ـ ئامانجە دیموکراسی یەکان ٦ـ ئابوری قەڵاچۆکردنی گەندەڵی ٧ـسامانی سروشتی و دەیان و سەدان پڕۆژەی ئەم بزوتنەوەیە کەهەموان ئاگادارن لە نۆ ساڵی ڕابوردودا خراوەتە ڕوو داواکاری و پێشنیارەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێك هاتون لە سەدان پڕۆژەو بڕگەی خزمەتگوزاری بەهەمان شێوە دەسەلاتی ئەوکات هێشتا لەژورەتاریکەکاندا حەشاریداون و گرنگی پێ نایات. بە هێزی چەك سەدان پێشێلکاری ئەنجامدراوە، هەتا مافیاگەرێتی هێزی حیزب و تاکڕەوی بونی هەبێت کاتی زۆرترمان دەوێت لەوەی خەڵك هۆشیارکرێتەوە تا بەهزرو بیری ئایندەی گەلەکەی بزانێت چۆن بەدی دەهێندرێت ، ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان مەبەستیەتی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە و بەپێی پلاتفۆڕمی کاری یاسایی کردوە.

پارتی و یەکێتی بەجۆرێك نەخشەڕێگای حکومەت و پەرلەمانیان داڕشتوە” گەر هەمو لایەنەکان دەرچن لە حکومەت بێ هیچ کێشەیەك دەتوانن حکومەت بەرن بەریوە بەڵام ئیرادەی گەل توانای هەڵوەشاندنەوەی هەیە” لەماوەی 27 ساڵی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کێشەو گرفت نەبوە بۆ حکومڕانیکردنی پارتی و یەکێتی بەڵکو بونەتە کێشە بۆ خەڵك لە هەموی کاریگەرتر! بەبرچاوی خەڵکەوە بەرهەمی کانزاهی دەردەکەن و سامانی سروشتی دەفرۆشن و باج و سەرانیەکی زۆر کە ڕۆژانەی بەدەیان ملیۆن دۆلار مەزەنە دەکرێ” لە هەمانکاتدا هاوڵاتیان لاوازدەبن و چینی هەژاری سەردەکەوێ”

پارتی و یەکێتی دەسەڵاتێکی وەها ڕەهادیکتاتۆری ئەنجام دەدەن ئاساییە بۆیان” نەك هەر ئەوەی لە چوارساڵی رابوردو بە گۆڕان کرا بەڵکو دەتوان گردەکەش داگیربکەن و گۆڕانیش دوربخەنەوە لە هەموو کاروبارێك تەنانەت کاری ئۆپۆزسیۆن نیشیان لێ قەدەغە دەکەن و مێدیاو ڕۆژنامەکانیشیان پێدادەخەن” هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن بون دژایەتیکردنی حزبی دەسەڵات نییە بەتەنها” هەموان لە واقعی ئەو دو بنەماڵە گەیشتوین کە زادەی یەكن و ئامانجیان چۆنە، من وەك خۆم کاتێك ڕەخنەم ئاراستەی پارتی و یەکێتی کردوە و دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییان نوسیومە بونی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو ، ئەوکات ڕەوانشاد جێگیری سکرتێری یەکێتی بوو ” بەڵێ ئەوکات خراپتر لەئێستا دەسەڵاتیان هەبوو بەڵام مێدیاو گروپێکی کارا بونی نەبوو تا هەمو راستیەکان ئاشکراکات” دەبێت سپاسی هەمو ئەو هاوڕێیانە بکەین کە ئەم ئازادیە ڕەهایەی ئێستایان بەرپاکرد” گۆڕان پشتی بە نوسەری بوێربەست و دامەزرا” کێــش دەتوانێ لە بزوتنەوەی گۆڕان و هاوڕێیانی باشتری پێبکرێ بابچن جوڵاوەیەکی نوێ دامەزرێنن و خۆیان لەو گۆمە ڕەشە مەنگە بهاوێژن”




ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه‌ دابران دایبڕێت ؟ … عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر به‌گه‌شبینیه‌وه‌ ته‌ماشای چالاكیه‌كانی پلاتفۆرمی دابران بكه‌ین، كه‌ تاوه‌كو ئێستا وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سكیۆلاری و رۆشنگه‌ری (نه‌ك فه‌لسه‌فی) جه‌ماوه‌ری تا راده‌ی رێكخراو دێته‌ به‌رچاو.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ده‌ستخۆشین، له‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژوییدا، بۆ تۆماركردنی هه‌ر هه‌ڵوێستێكی ده‌گمه‌نی مۆدیرن به‌به‌راورد به‌ باری گشتی سه‌پێنراو و گوشاره‌ی كۆی گشتی بیری خه‌ڵك و، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی فه‌لسه‌فی وئاینییه‌وه‌، هه‌میشه‌ سه‌رمه‌شقانی ئه‌و پرسه‌ باجی خۆیان له‌ زۆر روه‌وه‌ داوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر سروشتیه‌ كه‌ هه‌ر تازه‌گه‌ریه‌ك تا زه‌مینه‌ی نه‌ره‌خسیت به‌ نامۆ ده‌بینرێت له‌ ناو خه‌ڵكدا پرسی كۆنی خۆسه‌پێن به‌ هیلاكی لاده‌برێت.
ئه‌م كۆنفرانسانه‌ی دابڕانیش له‌ سلێمانی هه‌وڵیكی رۆشنبیری گشتیه‌ له‌ نێو بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ و پشێوی رۆشنگه‌ری له‌كوردستاندا، كه‌ كه‌مینه‌یكی خه‌ڵكی نوخبه‌ ده‌ستیداوه‌تێ و تێكه‌ڵی زۆر شتیتری كراوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری حساب ده‌كرێت و دیاره‌ له‌ نێو خودی چالاكیه‌كاندا زیانی به‌خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند ره‌فتار و بۆچونێكی هه‌مه‌چه‌شنی چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی خودی چالاكیه‌كانه‌، چی له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ بێت یان كاروباره‌ له‌ قاڵبدراوه‌ به‌ناو فه‌لسفه‌یه‌كه‌، كه‌ هیوادارم به‌ سنگ فراوانیه‌وه‌ لێم وه‌رگرن:

  • جارێك، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دانانی هه‌ر خه‌تی سورێك به‌ هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر سیاسی بێت زیاتر له‌وه‌ی بیروبۆچون و فكر و فه‌لسه‌فه‌ی خودی ده‌سه‌ڵاتدارنی چالاكیه‌كه‌ش بێت، خۆی له‌ خۆیدا دژی دروشمه‌ سه‌ره‌كیه‌ی خودی پلاتفۆرمی دابرانه‌ ( ئایین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هه‌مووان)، دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئایین بۆ تاك بێت، ئازادی و مه‌نتق وا فه‌رز ده‌كه‌ن كه‌ بێئاین یان نا ئایینیش هه‌ر بۆ تاك بێت له‌رووی ئازادی تاكه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و مه‌رج و هیڵه‌ سورانه‌ی ئازادی تاك زه‌وت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش قوفڵكردنی عه‌قڵی ئازاده‌ و ته‌نانه‌ت له‌ هۆڵی كۆنفرانسه‌كاندا خه‌ڵك به‌ ترس و وریاییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات نه‌وه‌ك له‌وباره‌وه‌ له‌ هێڵی سوره‌كه‌ ده‌رنه‌چێت، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی له‌ ناو خه‌ڵك و هه‌وڵی تێكه‌لبون و كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ سه‌ر كۆی بیری گشتی كۆمه‌ڵ چه‌ند ده‌بێت.
    *ئه‌گه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ بێت یان نائاگایه‌وه‌ و له‌به‌ر هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی سه‌رقاڵبوانی ئه‌م كارانه‌ له‌ نێو كایه‌ی سیاسیه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ روونی ئه‌وه‌ش ده‌بینین كه‌ نه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشیارانه‌وه‌ به‌ ته‌نها به‌ڵكو زۆر جار ته‌نانه‌ت له‌ كاتی مشتومر و موداخه‌له‌كانی خه‌ڵكیش زیاتر بۆچونی سیاسی ده‌رده‌خرێت و خۆی ده‌سه‌پێنێت و ئه‌و توێژینه‌وه‌ی كه‌ خۆی له‌ باری سیاسی بدات نه‌ك توێژینه‌وه‌ فه‌لسفیه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی نێو كۆنفرانسه‌كان گفتوگۆی زیاتر له‌سه‌ر ده‌كریت ( من بۆ خۆم توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد و پر به‌های یه‌كێك له‌ كچه‌ توێژه‌رێكانم به‌ناوی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم (شارا)وه‌ بینی كه‌ شایانی ئه‌وه‌ بوو قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر بكرێت هاوشان به‌ناوتوێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌مان قسه‌ سواوه‌ سیاسیه‌كانی ده‌رباره‌ی عیراقی دوای روخانی دكتاتۆر دووباره‌ كرده‌وه‌، كه‌چی زۆرترین گفتوگۆكان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كرا)، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای خاترانه‌ی پێدانی كات بۆ قسه‌كردن بۆ خه‌ڵكانیك بۆ خۆنیشاندان هاتبوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیاریش!
    *هه‌وڵی هێنانی ژماره‌یه‌كی خه‌ڵكی زۆری دوور له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ و ئه‌گه‌ر دووریش بن له‌ پسپۆرێتی و ئامانجی دابران، ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌ی زاڵبونی فكر و بۆچۆنی سیاسیه‌ به‌سه‌ر ره‌وتی به‌رێوه‌بردنی كۆنفرانسه‌كاندا، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زانستیانه‌ به‌راوردی واقع و پێكهاته‌ی رۆشنبیران و خه‌ڵك له‌ گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ پسپۆریه‌تیه‌ بكرێت، ده‌بینیت ژماره‌كه‌یه‌كی كه‌می خه‌ڵك سه‌رقاڵی ئه‌م كاره‌ن له‌ ژیانیاندا و هه‌ر واش بووه‌ له‌ مێژوودا، له‌م باره‌وه‌ نوخبه‌ عه‌وامی گۆریوه‌، به‌ڵام زۆری هێنراوان نه‌ك هه‌ر قازانج ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو زه‌ره‌ر له‌ باری كات و له‌ چڕكردنی باسه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت و، زۆر جار ئاراسته‌كان به‌ره‌و شتی لاوه‌كی ده‌بات.
  • ئه‌گه‌ر به‌ هۆكاری كه‌م ده‌رامه‌تیشه‌وه‌ بێت، توێژینه‌وه‌كان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون تاوه‌كو ببن به‌ جێگه‌ی مشتومری خه‌ڵكانی سه‌رقاڵی ئه‌م بوارانه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی دیاری ئه‌م بوارانه‌ له‌ كوردستان تا راده‌یه‌ك هه‌ن كه‌ بتوانن كۆنفرانسه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن، به‌ڵام وجودیان نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاستی توێژینه‌وه‌كان زۆر جیاواز بوون و هه‌ندێكیان له‌ ئاستی ئه‌وه‌دا نه‌بوون ته‌نانه‌ت له‌وێدا دابنرێن و دوباره‌كردنه‌وه‌ی قسه‌ سه‌رتاییه‌كانی خه‌ڵكی تازه‌ ده‌ستبه‌كاربوی ئه‌م بوارانه‌بوو.
  • نه‌بونی رایه‌ڵه‌یه‌كی واقعی و دووری قسه‌كانی چالاكیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ مه‌سه‌له‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌و بۆچون و بابه‌ته‌ زه‌قانه‌ی بیری خه‌ڵكی به‌گشتی له‌م بارانه‌وه‌ داگیر كردووه‌، به‌ تایبه‌تی پرسیاره‌ سه‌ره‌تاییه‌ فه‌لسه‌فیه‌كان( خۆنه‌دان له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ و خودا و ئایین و ورده‌كاریه‌كانی و پێغه‌مبه‌ران، هیچی بۆقسه‌ كردن له‌سه‌ر فكر و فه‌له‌سه‌فه‌ی نه‌هێشتبووه‌وه‌).
  • حسابی له‌راده‌به‌ده‌ر بۆ كاردانه‌وه‌ی لاهوتیه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی و موجامه‌له‌كردنیان، كه‌ هه‌رگیز ئه‌مه‌ وایان لێناكات باوه‌ر به‌ ئازادی بكه‌ن له‌م بارانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌لای میانره‌وترین لایه‌نیانه‌وه‌ له‌ رووی فكریه‌وه‌، پره‌نسیپه‌كانیان رێگه‌ به‌م چالاكیانه‌ نادات، تا ئێستاش له‌ مێژوودا هه‌روا هاتووه‌ .
    بۆیه‌ ده‌كرێت به‌ سودوه‌رگرتن له‌ كه‌موكوریه‌كانی ئه‌م چالاكیانه‌ بۆ ساڵانی داهاتوو، ده‌كرێت به‌ شێوه‌یكی چرتر و مكورتر زۆر شتی تر له‌به‌رچاو بگیرێت:
    *هه‌وڵ بدرێت كۆنفراسه‌كانی داهاتوو، توێژینه‌وه‌ی جۆری و خه‌ڵكی نوخبه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ فروانكردنی بازنه‌ی روماڵی راگه‌یاندنی چالاكیه‌كه‌ بۆگه‌یاندنی به‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان قازانجی زیاتر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م كاره‌ له‌ باره‌ی كه‌می خه‌رجی ئیداریشه‌وه‌ بێت باشتره‌.
    *ته‌كلیف كردنی خه‌ڵكی پسپۆر له‌م بواره‌ بۆ به‌شداریكردن، نه‌ك ته‌نها خه‌ڵكی بیانی به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی خۆشمان كه‌ ئاوێته‌ی كۆی گشتی بیری خه‌ڵك بوون له‌ كوردستان و له‌ هه‌وڵی خۆیاندان بۆ دانانی كاریگه‌ری بواری فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ .
    *بۆ تێكه‌ڵكردنی خه‌ڵك به‌م چالاكیانه‌، هه‌و‌ڵ بدرێت چالاكی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ستنی ئه‌م كۆنفرانسه‌ بكرێت و، داوا له‌ وه‌زاره‌ته‌كان بكرێت به‌شداری جدی و راسته‌وخۆیان له‌و باره‌دا هه‌بێت، بۆ تێكه‌ڵبون و كارلێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا.
    هیوادارم ئه‌و توله‌ رێگه‌ روناكه‌ی ئه‌م بواره‌ و ئه‌و نوزه‌ نوزه‌ی نێو ئه‌م جه‌نجاڵی و پشێویه‌ی فكر و فه‌لسه‌فه‌ له‌ كوردستان رێچكه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی بگرێت و كاروانه‌كه‌ی به‌ڕێكه‌وێت بۆ ئه‌و ئاسۆ زۆر ته‌سكه‌ی له‌ دووره‌وه‌ دیاره.‌

عیماد عه‌لی




پرسە​ … پشکۆ ناکام



….بە غەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی (ب.گۆڕان)مان بیست ، بە خەسارەتێکی گەورەی موعارەزەی هەرێم ئەژمێردرێت ، کە لە 19/ی شوباتی ئەمساڵ لە “پیرمام” کۆچی دوایی کرد …(ب.گۆڕان) کە زڕ برای “ی.ن.ک” و براگەورەی ​
” باڵی ڕیفۆرم” بوو لە تەمەنی کورتی خۆیا ئەکتیڤ و جێی هیوا بوو​
تا ئەو کاتەی تووشی نەخۆشی” شێر پەنجەی بنەماڵە بوون” بوو،​
ئیتر بەدەست ئەو دەردەوە ئەیناڵی تا دوا ساتەکانی ژیانی، جگە لە​
نەخۆشییەکەی کەووتبوە ململانییەکی توند و بوو بو بە دووبەشەوە، بەشێکیان پێیان وابوو نەخۆشییەکەی لە نەخۆش​
خانەی ” پیرمام ” چارەسەر ئەکرێت و بەشەکەی تریان پێیان وابوو لە نەخۆشخانەی ” خەڵک ” چارەسەری پێویست هەیە ،​
دوا جار لایەنگرانی ” پیرمام” سەرکەوتن و بوونە هۆی کۆچی دوایی​
لە نەخۆش خانەی ” پیرمام/بەشی پلە و کورسی” و دوای خۆی سێ نەوەی بە جێ هێشت بە ناوەکانی : سەلەفی، پارلەمانی،​
ئینتیهازی، کە ڕۆڵی بەرچاوویان هەبوو لە گیرسانەوەی لە نەخۆش​
خانەی پیرمام و دواتر گیان لەدەست یانی……………………….​
خوای گەوەرە سەبووری بات بە هەموو لایەک ​
” انا للعائلة و انا الیها راجعون “​

هاوڕێیانی لاوێتی ” ب.گۆڕان “​




من کۆیلەی تۆم … عیسا بۆتانی

گەر دەتەوێ
ئاسمانت بۆ گەسک دەدەم،
غوبار دەڕژێنمە سەر رووی ئاو،
گەر دەتەوێ تروسکایی دەکوژێنمەوە
تاریکایی دەتوێنمەوە
لە گلێنەی چاو.
هەرچی دەڵێی فەرمایشتە
ئەمن کوێرم لە ئاستی تۆ
پێمبڵێ خونچە هەڵوەرێ
بیقرتێنە باڵی جوانی،
گوێت داخە لە ئاست چریکە
باکت نەبێ بە گۆرانی…
زریانێک هەڵکە لە ئاگر
وشککە رەنگوبۆی چیمەن
دەریا بکە بە بەستەڵەک
با شەپۆل نەبێت بە دیمەن،
نیگاری پڕ لە رەنگ بێنە
بیهاوێژە نێو کوانوو،
عەورەتی شەونم داپۆشە
با بۆت نەبێتە بیانوو.
بڵێ بڵێسە بانگهێشت کە
بیخەرە نێو کۆڕی یاران
گڕی نەورۆز دامرکێنە
هەڵتەکێنە هەور و باران..
فەرمان بکە
چیت لێم دەوێ؟
گەر دەتەوێ
مز دەکەمە گەرووی شمشاڵ
کەو راودەکەم
قاسپەی دەبڕم
فڕین چ حاجەت پەڕ و باڵ…
گەر دەتەوێ هەنگوینی لێو
لێوانلێو بێ لە عیللەت و
مێشومەگەز،
تەورێک دێنم
پێی دادەپاچم رۆحی رەز…
دنکە هەنار دەدەم لە خاچ
برینی کۆن دەکولێنمەوە
دەپسێنم
ملوانکەی ماچ،
دەنووکی زاجل دەشکێنم
نامە نەگاتە یاری دوور،
لەجێی مێخەک،
دڕک دەدەم لە سێوی سوور.
گەر دەتەوێ
شوشە و گوڵدان
ببن بە تەلیسم و جادوو
فەرمان بکە بێ یەکودوو،
لەبن دێنم بۆنی عەتر
ئاوێتەی دەکەم بە گلێش،
نەفرەت لە هەرچی گوڵزارە
با هەڵوەرن
لە داخا ببنە خۆڵەمێش.
من چیم هەیە بێجگە لەتۆ
تۆ فەرمان کە
فەنایدەکەم
دیوان و دەستنووسی خانی،
کاکەمەم لەگۆڕ وەدەر نێم
تفکەم لەخۆی و باوانی.
هەر چیت بوێ فەرمان بکە،
من وادەکەم
خەون ببێ بە پارووی تاڵ،
خولەکێکی ئەم ژیانە
ببێ ساڵ،
گەر دەتەوێ من وا دەکەم
لم و تاوێر
ببن بە خواردنەوە و خۆراک
لە نێو مێژوو هەستیتەوە
ببیتەوە هەمان سوارچاک..

عیسا بۆتانی
۱٥ی شوبات2019




ویستم بتپارێزم … حازم جەعفەر

بە یەختێكی كۆن و ڕزيو،
ویستم لە گێژەنی ئاوەكان بتپارێزم.
بە حوشترێكی ددان كەوتوو،
ویستم لە گێژەلۆكەی بیابان بتپارێزم.
كە گەیشتیتە دەشتی غوربەت،
ترسم لە گورگە برسیەكانی ئەوێبوو ..
دەزانم؛
سەفەر لە شەمەندەفەردا ماندووت دەكات،
ئاگادارم تا ئێستا ناوێریت بە فڕۆكە بفڕیت.
وەك دار قامیشت لێھاتووە،
كەچی حەز بە وەرزشی بەیانیان دەكەی.
جاری یەكەم بوو چاوەكانم بینی توشی دەردە سەریتكردم.
كاتێكیش باڵا عەجیبەكەت نیشاندام وەك داڕمانی بەفر لە بەرزایی، وەك سوتانی ئاگر لە جەھەنم تیاچووم.
ئێستا؛
تێدەگەی ھیچ شوێنێك لەسەر سنور خۆشتر نیە ..

حازم جەعفەر




دیموکراسی بۆرژوازی کامڵترین بەرگی سیاسی سەرمایەداری یە … نوسینی – (ن . ف. عبداللە)

    لە کاتێکی زۆر لەوەو پێشەوە دەمویست ئەو
نووسینەی لەبەر دەستدایە . بخەمە سەر ڕووی پەڕەکانی نووسراوێک . بەڵام کات خەریک
بوو دەی بڕین ، بە هەر حاڵ ئێمە کاتمان بڕی و توانیمان، ئەم نووسراوەیە، لە منداڵدانی
فیکری ئێمەدا لە دایک ببێت .

    ئەم نووسراوەی کە چەند موضوعی لە خۆگرتووە و چەند سەرباسێکی هەیە ، بەڵام هەر هەموویان لە دەرگای یەک ناوەڕۆک دەدەن قسە لەگەڵ یەک واقعدا دەکەن و لەگەڵ یەک تەواوکەری یەکن و یەک واتا دەگەیەنن . کە دیموکراسی بۆرژوازی، دەخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنەی دیموکراسی پرۆلیتاریاوە ، بێ گومان ئەو بەکارهێنانەی کە بەناوی (دیموکراسی پرۆلیتاریا)وە بەکارهاتوون ، بۆئێمە یەک واتای هەیە لەگەڵ (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا) چونکە دیموکراسی خاسیەتی دەسەڵاتی چیناییەتی یە . ئیتر هەر پێناسێکی تری بۆ بکرێت ، لە لای ئێمە بێ بەهاو ڕیاکارانەیە ………

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن …….




کوڕێکی دەست ڕەنگین لەسەردەمی دیکتاتۆرێکدا … هۆشیارجەمال

هەرکاتێک ناوی عێراق بەر گوێی هەرکەسێک دەکەوێت ڕاستەوخۆ خەیاڵی بۆ وڵاتی خوێن ڕشتن و ئازار و مەینەتی و جەنگی بەردەوامی ناوخۆیی وجەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەچێت. لێکەوتەکانی جەنگەکانی وڵاتی عێراق ماڵوێرانیەکەی بۆ هەموو پێکهاتەو ڕەگەزەکان بووە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەبی ئاینی و ئاینزای جیاوازە.

ڕۆمانی ”وردوخاشی پەرتەوازە“ لەلایەن نوسەری عێراقی (محسن ئەلرەمی) نوسراوە، کە لەوڵاتی ئیسپانیا دەژی، وە لەلایەن (ڕەنجدەرجەبار)ەوە، بە زمانێکی ڕەوان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە کتێبکی بە قەبارە بچوک و لاپەرەکەمە، بەڵام هاوار و ئازاری هاوڵاتیانی عێراقە لەژێرسایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و شەرەنگێز، چ بۆهاوڵاتیانی خۆی و چ بۆ وڵاتانی دراوسێشی.

نوسەر ئازارەکانی پێکهاتەکانی عێراقی کۆکردۆتەوە لەڕووداوەکانی ناو خێزانێکی گوندێکدا، کەچەندین بۆچوونی جیاواز لەنێوان منداڵەکان و دایک و باوکی خێزانەکەداهەیە کە زۆرجار دەگاتە ئاستی بەریەک کەوتنی ئەندامەکانی خیزانەکە لەناو یەکتریدا.

کە گرنگترین بەریەک کەوتنیان بەریەک کەوتنی کوڕە گەورەکەی ماڵە بەناوی قاسم لەگەڵ باوکی، چونکە کوڕە گەورەکە وێنەکێش و دەست ڕەنگینە، باوکیشان نیشتیمان پەروەرێکی زۆر توندە کە داوا لە کوڕەکەی دەکات وێنەی سەرۆک بکێشێت، بەڵام قاسم ڕەتی دەکاتەوە، دواتر توڕەبوونی باوکی و شەڕی لێدەکەوێتەوە.

لەم ڕۆمانەدا ڕووداوەکانی کاتی جەنگ باسکراوە کەچۆن کاریگەریەکانی ڕۆچۆتە ناو خێزانەکانەوە، ڕۆژانە تەرمی ڕۆڵەکانی عێراق دەنێردرایەوە بۆکەس و کاریان و دیاری و ئاڵتونی ژنەکانیش کۆدەکرایەوە بەناوی کۆکردنەوەی خەرجی بۆ سوپا، هەروەها گەنجەکان ڕاپێچی بەرەکانی پێشەوەی شەڕدەکران، دواجار ئەوەندە کوژراو زۆرئەبێت خەڵک گۆڕستانەکان ڕوونتر دەبینن وەک لەماڵەکانیان.

قاسمی وێنەکێشیش لە بەرەکانی جەنگ هەڵدێت و دەگەڕێتەوە لادێکەی خۆیان و دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەو بکوژرێت لەوە باشترە کەسێک بکوژێت، دواتر دەستگیری دەکەن و وەک سەربازی هەڵاتوو بە بەرچاوی خەڵكی گوندەوە دەیکوژن و بۆماوەیەکی زۆر تەرمەکەی دەهێڵنەوە بۆئەوەی هەموو کەسێک بترسێت و ببێت بە وانەیەک بۆ ئەوانی تریش.

قاسم کوژرا، بەڵام ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و وێنەی سەرۆکی دروست نەکرد و لە سەربازیش هەڵات، کاتێک وێنەی نیشتیمانیشی کێشا، ڕەنگی سوری تیدا بەکارهێنا وەک هێمای خوێن.

ئەو لەکاتێکدا گیانی بەخت کرد دەیتوانی وەک زۆربەی شاعیر و نوسەر و هونەرمەند و گۆرانی بێژەکانی تر کە شیعر وگۆرانی و وتاریان بەباڵای سەرۆکدا دەنوسی و دەگوت بۆدەستکەوتی مادی بێت بە بەشێک لەوسیستەمە گەندەڵ و ستەمکارە، بەڵام ئەم هونەرەکەی نەخستە خزمەتی سەرۆک و سیستەمە گەندەڵەکەی!

هۆشیارجەمال




ئاشكرابوونا وێنەیەكا – با – ی لدەرڤەی ركەهێ‌ … ئەمین بۆتانی

( هەكە ئاشتیێ عەبدەك هەبیت، بێ شك ئەڤدلسەلامە)
ئەڤ هەلبەست؛ دیاری بۆ جانێ‌ شێخێ‌ شەهیدان “ئەڤدلسەلامێ‌ بارزانی”
كەد و رێچا وی، بەهەشتا هزرا وی، تژی نوور و نێرگز…


خودانێ‌ پیر
هێڤدكەتە زیر و زناران،
كەڤر كەڤر ڤێڕادچیت و
حیكمەتا تەقن و غوبارێ‌
بۆ هەستییان ڤەدگێڕیت،
بەلگ بەلگ
داتینیت پرچا داروباران.
وێ‌ گاڤێ‌
چیایێ شرینێ‌
مژومۆران دكرە ناڤ مەشكا فەساحەتێ‌،
دەوا جامێری یێ
لبەر دنیایێ دادنا و
نڤیشكا جەسارەتێ
هەلدگرت بۆ تەنگاڤی یا.
دناڤبەرا
جەبرا پیسیێ و
ئختیارا تافیلبوونێ‌؛
وی گومانا ئاڤێ‌.
دناڤبەرا
جەبرا كیڤیبوونێ‌ و
ئختیارا كەهییان؛
وی نەمانا راڤێ‌.
دناڤبەرا جەبرا هەوارێ‌ و
ئختیارا بێدەنگیێ؛
وی ستران.
هێی شێخێ‌ من
تە خۆلی یا نەساخا
كرە بن قرۆمكێن هناران،
ژێكجودا كر
خێ یا شەرەفێ‌ و
تێشتا ئەڤینداران.
تە زڤڕۆكێن تێهنی یا
دا بنكەفشێن دەربازبوونێ‌؛
و تە دزانی
هێژ ئاڤ
مراریەكا رازاندی بو
لهەمێزا فەلەكێ‌؛
دەراڤێن وێ‌
سواخدابوون بخەندقینێ‌،
تە كەلا روومەتێ‌
رادەستی
باوەشینا مەعنایێ كر؛
و تە دزانی
هێژ ئاگر
نەخشەكا گولگولی بو
بدەهمەنا پەرییانڤە؛
بهێجەتا عیففەتێ‌
نامووس بەردابوونە ئەڤینێ‌.
شێخێ‌ من؛
ئەڤەیە فقها پێكڕابەردانا
باران و برینێ‌،
ئەڤەیە فقها پیرۆزكرنا
ژان و خوینێ‌،
ما تە دیت
چەوا مازی ڤڕێكرن
بۆ خۆشكرنا پیستێ‌ لێقەومیانێ‌،
دۆل و نهال راچاندن
پشت و پال شاندن
بۆ خەساندنا
كەڤرێن نشیڤی یا.
وی دەمی
هێژ زێمار
حەرفەكا بێدەنگ بو
دناڤ بوخچكا ئێش و ژانا.
هێژ عەڤرا؛
لێمشت نەڕستبوون
بتەشیا تۆفانێ‌،
هێژ فریزیێن ئولفەتێ‌
رپنی هناڤا نە ب بوون،
دبێژن؛
وی وەختی
كو مەلكەزەن
مژوولی مەهاندنا
عەقیقا رەغبەتێ‌ بوون،
بێدەستی
گۆزكەكا خوینێ‌ دكەڤیتە خار و
ئەڤ بێهنا گەنی
بەردبیتە خەلیقەتێ‌.
بێهنا گەنی
بەردبیتە خەلیقەتێ‌ و
ئێدی شعوب و قەبائل
رادبنە چەپا،
دلڕەقی دبیتە جغسیێ قەدەرێ و
هەر ئاسنەكی
ب رەنگێ‌ گوللەی تەفسیر دكەت
هەر تیرەكێ ژی ب رەنگێ خیانەتێ‌.
ئەزبەنی
ب دلخاسی نەدەركەڤە؛
كۆسەیێن رۆم و عەجەمان
گەلەك خوینا رێتی.
لیانا نێرگزا بكێ‌ و
خۆ بگەهینە دەمارێن دلۆڤانیێ،
هەبیت نەبیت
سكرا مەعریفەتێ‌
یا پەقی.
تە چولیێن زۆزانا
هاڤێتە سەر ملا و
بابەلیسكا دۆلا ڤاژی
كرە گۆپال،
شكێڕ و لاتێن
پیرس و سەرێ‌ بازێ‌؛
(وەی..وەی..وەی
بازی یێن بارزان
قەبینا ربادان
سیسنۆكێن شەنگ و شەپال).
لبیرا تە یە؟
نەقلا دی ژی
ئاگر بەردابوونە ئاقارێن هۆگری یێ،
تایكێت كەسك نەبانە
چپكەكا شەرمێ‌
دمەنجەلۆكا ڤەمریانێ‌ دا نەما بو
دویكێلا زولمێ‌ پێ ڤەمالین.
شێخێ‌ من
پشتی ڤێ‌ حێبربانێ‌؛
ما تو بێژی
مسكا ئاڤەدانیێ
ل عەردەكی مابیت؟!
من دزانی
تو باوەر ناكەی،
لێ پا جارەكا دی
تە كراسێ خۆ
لبەر ئاگرێ‌ وێ‌ خەمێ‌
زوها كر و
بووی رێڤینگێ‌ خەونا،
و تە دزانی
ڤەدیتنا كەسكەسۆرێ‌
نە بساناهی یە
دناڤ ئەلفبێتكا بێڕەنگیێ،
نەخاسمە هێژ
سیپەلەكا ڤەدەر نەببوو كانی و
چریسكەكا بەرزە
چرایەك لێ‌ نەببوو خودان.
هێی شێخێ‌ من
خەلافەتێ‌
خلفا سێدارێ‌
لبەر سیناهی یا سەرا
ڤەدا بو؛
تە دا رێكێ‌ و
چ دبیت بلا ب بیت،
تە دناڤ لەوەندیێن خۆ دا
جۆتەكا كانیێن نێر و مێ‌ ڤەشارتبوون؛
تە دڤیا بقەچاغی
بگەهینیە كەربەلایێ.
تە بڕەكا پەزكویڤی یا
كربو دناڤ شویتكا خۆ دا؛
تە لبەر بو
جەندرمێن خەلیفەی پێ نەحەسن
بۆ نەڤیێن ئیبراهیمی
بگەهینیە دەشتا حەڕانێ.
تە ناوسكێن تازە قەوراندی
تژی باهیڤ و هنگڤین
دناڤ پاخلا خۆ دا
هەلگرتبوون بۆ كەنعانییا.
بەربنی و بەربنی یا لائیكراهێ‌
تە كاروانەكا
دەسمالێن رەنگین بار كربو؛
دا بگەهینیە
ئەناتۆلیا خودێ
بۆ رۆندكێن ئەرمەنی یا.
هەمی هەمی
تە دڤیا
سیناهیەكا هەدارێ‌
ژقەرەم و عەڕعەڕا
ڤەگەڕینی بۆ دل و چاڤان.
لێ لسەر تخویبێ‌
دناڤبەرا حەلال و حەرامێ‌
هاتیە گرتن.
دەما تە لسەر كەڤرەكێ‌ رەش
ب كولنگەكێ‌ سۆر د نكراند:
بژی براتی یا گورگ و پەزان.
جارا ئێكێ‌ نەبو
ئەزبەنی جارا ئێكێ‌ نەبو
دناڤبەرا
رەوشەن و تاریگەوركێ‌
تو دیت بووی
یێ سەخبێری یا ئەلندێ‌ دكەی،
وە دیارە
تە زێدە ل حەددی
ستێر كربوونە دناڤ
پارزینكێن شۆڕەشڤانا؛
تێرا رەجماندنا بندەستیێ نەما بو.
ئەزبەنی
بەری تە بگرن؛
گەلەك وێنەیێن تە یێن قەچاغ
ب دیوارێن ئستەنبۆل و
چالدیران و مووسلێ ڤە
هاتبوونە هلاویستن،
ل بلنداهیەكا جودی
تە وێنەیەكا خۆ
دگەل (با)ی كێشا بو
لسەر چەنگێن فڕینێ‌.
ل جهەكێ‌ دی و
بڕەخ هەلامەتا تێهنیبوونێ‌؛
تە دەستێ‌ خۆ
دانابو سەر ملێ ئاڤێ‌ و
هنگۆ هەردووا دكرە كەنی.
وێنەیەكا دی ژی
كو سولتان گەلەك پێ عاجز ب بو؛
چو بوویە سەر
قلیقانكێن عەقل و نەقلا و
ب هەردوو دەستا
تە سلاڤ دكرە مەتنا جەدوایێ.
و ل خڕەكا خرابتر
وێنەیەكا تە بو ئەزبەنی
دگەل چرایەكا ڤەمراندی
دناڤ كۆلانكەكا تەنگ و تاری،
و لپشت تە
گرنژینا زارۆكێن
گەرمیان و قوشتەپە
دێرسم و هەلەبجە
قارنا و شەنگالێ‌
عامودا و رۆبۆسكێ‌
باش خویا دكر.
ئەزبەنی
ڤەدگێڕن؛
گونەها تە ئەو بوویە
تە قەسەكا خراب گۆتبو ژیانێ‌،
تە لێحەیتاند بو و گۆتبویێ؛
هەكە ئازادی
ل نك تە هندا گران بیت؛
پا بۆچی ل نك مرنێ‌
قەهرەمانی یا كوردان بەلاشە؟!
وێ‌ گاڤێ‌
حاكمێ‌ حوكمێ‌
سەرێ‌ خۆ نەڤی دكەت؛
سەرێ‌ خۆ نەڤی دكەت
حاكمێ‌ حوكمێ‌.
رووپەلا دوماهیێ ژی
حبرا دوماهیێ
ددەتە دەستێ‌ دوماهیێ و
دبێژتێ؛ بنڤیسە:
ها ئەڤەیە؛ بەراهی یا درست
ئەڤەیە بەراهی یا درست…

ئەمین بۆتانی
14/1/2019




بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە تەرمی ژنێکی تر!! ئەم دەستەواژەیە هەتا کەی؟ … سەرگوڵ ئەحمەد

ئەمە سەردێری هەواڵەکان و میدیاو تۆرە کۆمەڵایەتی یەکانە لە هەر چرکەساتێك و کاتژمێرێك ، هەر ڕۆژێك گوێ بیست و بینەری دەبین ، کە بەداخەوە بە شێوەیەکی جدی ڕامان ناچڵەکێنێت ؟ زۆرێک لە ئێمە دەزانین کە هۆکاری سەرەکی ئەم کوشت و کوشتارەی ژنان چیەو لە کوێ وە سەرچاوە دەگرێ ، بەڵام ئە م تاوان و کوشت و کوشتارە هەتا کەی ؟ وە دەبێت چەندی تر درێژەی هەبێت؟
ماوەی زیاتر ٢٧ لە ساڵە لە ژێرسایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی (یەکێتی و پارتی) ژنان و کچان دەکوژرێن و ناچار بە خۆ کوشی دەکرێن و لاشەکانیان لە شارو شارۆچکەو کوچەو کۆڵانەکان ولە دەریاو گۆم و زەلکاوەکان وپارکە کانەوە فرێ دەدرێن، بە قیزەوەنترین پاساو بۆ زۆربەی زۆری ئەو تاوانانە بەناوی پارێزگاری لەشەرەف وپاکردنەوەی شەرمەزاریەوە(غسل العار) ئەنجام ئەدرێن وە بەم بۆنەیەشەوە دەمی زۆرێك لە خەڵکی پێدادەخرێت.
بە شێوەیەك شەرعیەت بە کوشتنەکە دەدەن ، تاوانبارەکەش واتە بکوژەکە کە نزیکترین کەسی کوژراوەکەیە کە شایەت هاوژینەکەبێت یان باوك براکەکەیەتی وە یاخود کەسانی تری لە چەشنی ئامۆزاو خاڵۆز اکە خۆیان کردوە بە خاوەنداری یەتیان زۆر بێ باکانە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن. وە بە پی ی ئەو زانیاریانە کە پێشووتر لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا بڵاوکراوەتەوەو ڕاگەیەنراوە لە کاتێکدا ئەگەر زیندانیش بکرێن پاش چەند ڕۆژێك ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لەژێر هەر ناوێکدا بوو بێت یا لە ڕێگەی لێبووردنی گشتی یان هەر هۆکارێکی ترە وە ئازاد دەکرێن و دەستی ئەمان و سەدان کەسی تریشی ئاوەڵا کردوە بۆ ئەنجام دانی تاوانی تر. لەم لاشەوە بە قانوون و یاسا شەرعیەت بە کوشتنی ژنان دەدات لە ژێر ناوی شەرەف و نامووسدا .
وە لە لایەکی ترەوە بنەماڵەو کۆمەڵگا ی ئەم مەملەکەتە لە ڕێگەی مزگەوتەکان و بانگخوازەکانەوە کەڕۆژانە بەردەوام باسی کەم ئاوەزی و کەم دینی(ناقص عقل ودین) دوانیان بەشاهیدێک حیساب دەکرێن و ئەوان شەرفی ئیوەن و ئەبێت پاریزگاریان لێ بکەن!! وا ڕایان ئەهێنێنن کە ئاستی ووشیاریان لە بەرامبەر ژناندا بە شێوەیەك بێتە خوارەوە چاویان کوێر دەبێت و ئەقڵیان لەدەست دەدەن وەڵ جانەوەری جانگەڵەکان ژنان دەکەنە نێجیری خۆیان .لە کاتێکدا ئەوان هەموو ئەو ڕااستیە نەبین کە ئیستا ژنان کاردەکەن ودەخوێنن وسیاسەت دەکەن و زۆربەزوری جومگە هەستیارەکانی کۆمەڵگەیان بەدەستە ،ژن مەلیکەی گەورەترین وپێشکەوتوترین وڵاتەکانی جیهانن سەرۆک وەزیران ووەزیری دەرەوەو وەزری بەرگری وەزیری پەروەردە وپڕۆفیسۆر ودۆزەرەو زانا ومامۆستا ودوکتۆرەو کریکارن .
ئیستا سەدەکانی ناوەڕاست نیە،هەرچەندە لە سەرەتایی میژووی درووست بونی مرۆڤایەتیەوە ژنان هەر بەشی شێری دروست بونی ژیان و ئیدارەی ماڵ وکۆمەڵگەیان لەئەستۆدابووە ،فێریان دەکەن ئەوان خاوەنی دایك و خوشك و ژنەکانیانن و دەبێت هەمیشە لەژێر ڕیعایەت و چاودێری ئەواندابن ، وە لە هەر سەرکێشی یەك دەبێت سزایان بدەن بە لێدان و توندووتیژی و سەرەنجام کۆتاییان پێبهێنرێت بە کوشتن . ئەو کلتورە ئەوەندە دواکەوتوو قیزەوەنە کە ڕێگە بە تاوانبارە کە بدات کە شانازی بەو تاوانانەو بکات و بە ئازادی لە ناو کۆمەڵگادا بسوورێتەوە .
ئە مە چ جەنگەڵستانێکە !کە ئینسانەکان وا باربهێنرین کەدەستیان بچێتە گیانی ئازیزانی خۆیان و حەقی ژیانیان لێ بسێننەوە. ئەمە ئەو کۆمەڵگایەیە کە خاوەنی ئەقڵیەت و فەرهەنگی پیاوسالاری و خێلەکی یە کە بەداخەوە هەر دەبێت چاوەروانی ئەو کارەسات و تاوانانە بین لە بەرامبەر ژنان دا.
بەڕاستی کاتی لە بەرامبەر ئەم تاوانە دژی ئینسانی یانەی ژناندا بیردەکە یتەوە ، پێت وایە تۆش وەک ئەوان تاوان باریت و هاوبەشیت لە و کارەساتانە کە ڕۆژانە گوێ بیست و بینەری دەبین لە تۆرە کۆمەڵایەتی یەکانەوە پۆستی هاوخەمی دەنوسین و بە پیشاندانی وێنەی قوربانی یەکەو پاش چەند ڕۆژێکی تر هەمان کارەسات دووبارە دەبێتەوە .
ئەو کۆمەڵگایە کە بە هۆی فەسادی ئیداری و سیاسی و پارەو پولەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردی یەوە کە ( یەکێتی و پارتی ) کە ماوەی ٢٧ ساڵە پەروەدە دەکرێن و تەنها کێشە یان دزی و گەندەڵی و چاوچنۆکی وبرسی چنسی وپارەو پۆستە . ئەوەی مەسەلەیان نەبێت کێشەی ژنان و کوشتنی ژنانە لە ژێر دەسڵاتی ئەم دوو حیزبە دا، دینیان کردۆتە سەرچاوەی کلتورێك کە شەرعەیەت بە ژن کوژی دەدات و دڵ و دەرونی ئینسانەکان پڕ بکات لە رق و کینەو تۆڵەسەندنەوە، عیشق و علاقەو خۆسەوستی نێوان کچان و کوڕان و ماچ و گۆڕینەوەی هەست و خۆشی یەکان تاڕادەی سێکسیش وەك تابۆ تەماشادەکرێت و دەخرێتە قاڵبی حەرام و حەڵالەوە و ئیتر ژنە کە یان کچەکان دەبێت قوربانی یەکەم بن . وە هەر بەو قانوونەی کە سەرچاوەی لەم دینەوە وەرگرتوە . هەمیشە ژنان وەك نێچیرێك تەماشا دەکرێت.
لە و کۆمەڵگایەدا کار زۆر کراوە بە شێوەی جۆراوجۆر لە پەیوەند بە مەسەلەی ژنان و وە بەرداوامە بەڵام هێشتا لە بەرامبەری ئەو ڕەوتە کۆنەپەرست و دواکەوتوە دا نەتوانراوە لە یاساکانی باری کەسێتی بگۆرێت بە یاسایەکی ئینسانی و سەردەمیانە کە لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان. هەر بۆیە دەبێت بە پرۆژەو پلاتفۆرمی جدی یەوە بروانینە ئەم مەسەلەیەو کاری جدی تری بۆ بکەین. یەکێ لەو کارانەی کەپێوستە دەستی بۆ ببرێت جیاکردنەوەی وانەی دینە لە پەروەردەو خوێندن ولە جیاتی وانەی ترس و تۆقاندن و بە کەم سەیرکردنی ژنان و کچان ،وانەی ڕێزو خۆشەویستی و یەکسانی نێوانی ئینسانەکان و کچان و کوڕان بخوێنرێت و بە تایبەتی کوران وا پەروەردە بکرێن کە لە بەرامبەر ژنان و کچان کە ئەوانیش ئینسانن و هیچ جاوازی یەکیان نی یە لەگەڵتاندا. دەکرێ لە ماڵ و لە قوتابخانەکان لە ناو کۆڵان و شەقامەکاندا هەر هێرش و دەستدرێژی یەك بۆ سەر کچان و ژنان دەکرێ کۆمەڵگا هەمووی خۆی بکات بە خاوەنی لێ ی بەرپرسیار بێت ،بێ دەنگی کێشەکان زیاتر و زیاترو خراپتر دەکات ،بهێنە بەرچاوی خۆت کە چەند ئەستەمە ئەوە خوشکت بێت ،ژنەکەتە بێت ،کچەکەتە بێت ، دراوسێکەتان بێت ، خزمەکەتان بێت . کە دەستی توندوتیژی و دەست درێژی و سوتاندن و کوشتنی بۆ درێژ دەکرێت .بێ دەنگ مەبن بچن بە هاواریانەوە .
لە لایەکی ترەوە ئەوە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان و خەڵکانی ئازادی خوازو پێشکەوتووخوازە پێویستە بە گروتینێکی ترەوە بێنە مەیدان بێدەنگ نەبین وە دەبێت بە جدی کار لەسەر ئەم مەسەلەیە بکە ین بۆ دەست کۆتا کردنی دەستی کۆنەپەرستی و دواکەوتووی لە کۆمەڵگادا .

سەرگوڵ ئەحمەد
قسەکەری
رێکخراوی ڕزگاری ژنان لە عێراق
١٢/٢/٢٠١٩




ماڵان …. مارف عومه‌ر گوڵ

-1-
ماڵی په‌پووله‌
به‌سه‌ر دیواری مردنه‌وه‌ بم
به‌مدیودابێ‌ یا به‌ودیوه‌كه‌یدا
هه‌رنایه‌مه‌وه‌ ،
به‌و دیوه‌كه‌یدا لافاوی مه‌رگ ڕاپێچم ده‌كات
به‌مدیوه‌كه‌یدا دڕكی ژیانه‌ ، هێواش ده‌مكوژێت !
خۆ ئێره‌ ماڵه‌ ،ماڵی په‌پووله‌
ژین ده‌رفه‌تێكه‌ .
نه‌ بۆم ده‌مێنێت
نه‌بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مان نه‌مرن !

-2-
ماڵی مۆزه‌خانه‌
بڕۆین بۆ ماڵی مۆزه‌خانه‌یه‌ك
رابردوو چۆن بوو ،لێ‌ ی وردبینه‌وه‌ ،
فیرعه‌ونه‌كانی زه‌مانه‌ بێن و
پیت و سامانی سه‌ر زه‌ویش له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌رن
مرۆڤه‌كانی دوای ئێمه‌ دێن و ده‌یدۆزنه‌وه‌
چاكتریش وایه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌
ئه‌م نیشتمانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ك !
…………………………………………………………………………….
-3-
ماڵی عاشقان
خوڕه‌ی كانیاوی دامێنی به‌فره‌
وا به‌ كوێستانی دڵاندا ده‌ڕوات
گه‌ڵا بۆ كه‌پرو بۆ هه‌وار ده‌بات
دیده‌نیی ماڵی عاشقان ده‌كات !

-4-
ماڵی دڵ
هیچ حیكایه‌تێك
وه‌كو چیرۆكی له‌یه‌ك دابڕان
نامباته‌وه‌ بۆ ناو تۆڕی ئه‌وین
با باوه‌ش به‌سه‌ر سنگی تۆوه‌نێم
له‌ماڵی دڵا پێشوازیم بكه‌یت !
………………………………………………………………………………………………..
-5-
ماڵی روح
چوومه‌ هه‌ر ماڵێك
تاریك و روونێ‌ یه‌خه‌یان گرتم
چوومه‌ هه‌ر شارێك
سه‌رماو گه‌رماكه‌ی شڕ شڕیان كردم
نه‌حه‌سامه‌وه‌ ،
ته‌نها له‌ ماڵی روحمدا نه‌بێت !

-6-
ماڵی دره‌خت
گه‌ڵای وه‌ریوی دره‌ختی ئه‌وین
به‌لق و پۆپی په‌لی خۆزگه‌دا
به‌رده‌بێته‌وه‌ سه‌ركانی و ئاوی
كه‌ناری چه‌مێك ،
به‌جێم ده‌هێڵێ‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ .
په‌نجه‌ی مناڵیم به‌مشت گرتووه‌ و
به‌ كه‌وانه‌كه‌ی ده‌وری خه‌رمانه‌ی مانگی ژینمدا
ده‌یبه‌م ، ده‌یهێنم
له‌ ماڵی ئاودا ، یا ماڵی دره‌خت
مشت ده‌كه‌مه‌وه‌ ، هێلانه‌یه‌ك بۆ
گه‌ڵارێزانی ئه‌ستێران ده‌كه‌م !

-7-
ماڵی ئاگر
ئه‌وه‌نده‌ی روانین له‌ خۆڵبارانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا
دورو نزیكی یه‌ك مه‌ودا ته‌مه‌
چاو هه‌ته‌ر ده‌كا !
ژیان ناسكه‌ ،
هه‌روه‌كو شووشه‌ی دوای بوومه‌له‌رزه‌ی په‌نجه‌ره‌ی نێوماڵ
دونیا كۆن بووه‌ ،
وه‌كو دیواری كۆنه‌ هه‌واری ته‌لاری خه‌یاڵ
ته‌خت و تاراجی ئه‌م مه‌رزوبوومه‌
هێلانه‌یه‌كی لێ‌ چێ‌ ناكرێ‌
بۆ كۆتره‌ شینكه‌ی په‌یامهه‌ڵگری لانه‌ شێواوان !
ئه‌و دره‌ختانه‌ی به‌ قه‌راخ ڕێوه‌ گڕیان تێچووه‌
ئه‌وه‌نده‌ جوانن ! هه‌رمنیان كه‌مه‌ له‌و سوتانه‌دا
خۆمن ده‌مێكه‌ ماڵم ئاگره‌
ئه‌وه‌ چی بووه‌ ، وا گڕ نامگرێ‌
له‌نێو شه‌پۆلی ئه‌م گریانه‌دا ؟!

-8-
ماڵی ڕوناكیی
نیوه‌شه‌و ئیتر ،
له‌ تاریكیدا نوقم ده‌بم و
له‌ چراخانی وشه‌گه‌لێكدا سه‌رده‌نێمه‌وه‌،
بۆ دیدارێكم ،
وه‌رنه‌ سه‌ردانی ماڵی روناكیی !
…………………………………………………………………………….

-9-
ماڵی ته‌نیایی
له‌ ژاوه‌ ژاوی
فڕكان فڕكان و چاوچنۆكی دا
له‌سه‌رخۆ و ئارام
له‌ دیوه‌خانی رازاوه‌ی شیعرا
چوومه‌ حوزوری ماڵی ته‌نیایی !

-10-
ماڵی باران
دیسان سه‌رسه‌ختیم روی تێكردمه‌وه‌
گوێ‌ له‌ هاواری بێده‌نگیم بگره‌
به‌یانیان لاوك ، ئێواران حه‌یران
نیوه‌شه‌و ئای ئای ، دادو بێدادی
دڵ له‌ به‌هاری ته‌مه‌ندا سووتا
چاو له‌ هه‌ڕه‌تی بینیندا كزبوو
سه‌ر كه‌وته‌ داوی گڕوهاڵاوی،
پووشه‌ڵانێكی گڕتێبه‌ردراو
له‌ هیچ ماڵێكدا ناحه‌سێمه‌وه‌ !
سه‌رده‌نێمه‌وه‌ ،
وه‌ك یاخی بووه‌كه‌ی رۆژگاری جاران
له‌ماڵی ده‌شت و چۆڵه‌وانی دا
بۆ ماڵی باران .

-11-
ماڵی تریفه‌
له‌ تاریكایی شه‌وه‌زه‌نگێكدا
بێ‌ ماڵ و داڵده‌
كه‌وتمه‌ سه‌ر رۆخی ترسێكی سامناك
ماڵم له‌ پرچی تریفه‌ چنی
مانگ بووه‌ هاوڕێم ،
وه‌ك جاری جاران
ڕێی خۆم دیه‌وه‌
چون ده‌مه‌و به‌یان .

-12-
ماڵی ئارام
ئه‌وه‌نده‌ سووتام
ئه‌وه‌نده‌ ده‌شت و بیابان گه‌ڕام
له‌ نێو گه‌رداوی خه‌یاڵاتێكدا
ده‌حه‌سێمه‌وه‌ ،
یه‌ك پارچه‌ بوومه‌ ئاوازی ته‌نیاو
سه‌ڵای دووره‌ ده‌ست ،
ده‌شت و ده‌رێكی پڕ به‌رده‌ڵانه‌
ماڵی ئارام و ئۆقره‌و ته‌نیاییم
ژێی ئه‌وینێكه‌ له‌ دووری تۆدا
ده‌نگی باڵنده‌ی نیوه‌شه‌وێكه‌
سۆراخی خواستێك هه‌ڵی گرتووه‌
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هێلانه‌كه‌ی !

-13-
ماڵی هه‌ور
له‌ دارو په‌ردوی ، دوای مێژویه‌كی
ساڵ له‌ دوای ساڵی ئه‌م گه‌ردونه‌وه‌
لاوكبێژانی ئاگربارانی سه‌ده‌ی خوێن رشتن
به‌ تووله‌ رێگه‌ی هه‌ڵزنانێكا
پایز دوای پایز ،
له‌به‌رده‌م ماڵی هه‌ورو هه‌تاوا
بوكه‌بارانێ‌ ، بۆ كۆته‌ره‌ی دار
چه‌پڵه‌رێزانی ئاوی ژیانه‌ .
ئێستاكه‌ش به‌دوای غه‌دری مرۆڤدا
وه‌چه‌ی به‌هاران
ده‌مه‌و ئێواران
ده‌بنه‌ داره‌وان !

-14-
ماڵی ئاسمان
ئه‌ستێره‌یه‌كی یاخی و سه‌رگه‌ردان
كۆشی ئاسمان و ئه‌وینی جوانی ئه‌ستێرانی دی
به‌جێ‌ ده‌هێڵێ‌ ،
نوقمی سێبه‌ری ته‌نیایی ده‌بێ‌
بۆ مه‌مكی چه‌پی هاوسه‌فه‌ری ژین
له‌ هه‌ورا چاوی پڕ گریان ده‌بێ‌ .
راز نیازی سه‌رتاپای ته‌مه‌ن
له‌ جریوه‌یدا ، ده‌گه‌شێته‌وه‌
مانگ به‌جێ‌ دێڵێ‌ ،
له‌ تیشكی رۆژدا ده‌رژێته‌ دونیای
خۆڵه‌مێشینی ئه‌رز و ئاسمانی
دیار و په‌نهانی !
ئه‌ستێره‌یه‌كی یاخی و سه‌رگه‌ردان
خۆی دایه‌ ده‌ستی هه‌وره‌ بروسكه‌ ،
خۆی نه‌سپارده‌ حوكمی ئه‌ستوری فه‌رمانی سوڵتان
له‌ خۆرهه‌ڵاتا ، بوو به‌ نوری خوا

له‌ خۆرئاوادا ،
چووه‌ كاروانی هه‌ورو ئه‌ستێران
گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵی ئاسمان .

…………………………………………………………………………………………….
-15-
ماڵی دارستان
ماڵی دارستان دیمه‌نی جوانه‌
دڵم به‌ ته‌نیا له‌وێ‌ میوانه‌
له‌نێو سێبه‌رو خۆره‌ تاوێكدا ،
نازانم بۆچی وا چاوه‌ڕوانه‌ .
…………………………………………………………………………………………….
-16-
ماڵی مانگ
مانگ خه‌رمانه‌ی دا ،
ئه‌ستێره‌ هه‌موو بانگی یه‌ك ده‌كه‌ن

له‌م لا یه‌كێكیان ده‌كشێ‌ و ونده‌بێ‌
له‌ولا گه‌لاوێژ شای ئه‌ستێرانه‌
رێگه‌ی كاكێشان
مه‌ودای ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی دونیا
مانگ به‌تریفه‌ له‌كانی و ئاوا بسكی ته‌ڕده‌كات
به‌ئاوازی با ورشه‌ی داروبار .
ناچێته‌ ماڵی كچی عه‌یار و كوڕی چاوباشقاڵ
نه‌ سینه‌ی ئاسمان به‌جێ‌ ده‌هێڵێ‌ ،
نه‌ باوه‌شی ئاو ،
هیچ هێلانه‌یه‌ك نادۆزێته‌وه‌
كه‌ ئه‌و نه‌یه‌ته‌ ماڵی دڵمه‌وه‌ ،
ده‌چمه‌وه‌ ماڵی خه‌رمانه‌ی مانگ و
ورده‌ ئه‌ستێره‌ی كه‌وانه‌ی ئاسمان لێم كۆده‌بنه‌وه‌
یه‌ك یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی شایه‌دی مێژوی
دوێنێ‌ و ئه‌مرۆكه‌ی مرۆڤ دێنن و
شه‌ڕو وێرانه‌ی لێ‌ ده‌رده‌هاون !

                                                                                         سلێمانی –  كه‌ركوك
                                                                                                                مانگی 4/2016 -5/2018  



دەستگیرکراوانی بادینان بە زوترین کات ئازاد بکەن

ڕاگەیاندنی
کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەەیی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکراوەکانی بادینان

رۆژی ٢٣ی ژانویە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، لە دوو بۆردوومانی جیاوازادا لە گەلی رەشاڤە ( كەمەری ئامێدی) لە ناحیەی دیرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی شەش هاوڵاتی ناوچەكەیان كردە قوربانی. ئەو شەش هاولآتیيە كە بەمەبەستی ڕاوە ماسی چووبونە ئەو ناوچەیە ، لەو بۆردومانەدا چواریان گیاننیان بەخت کرد و ە دووانیان برینداربوون.
لەكاتی مەراسیمی ناشتنەكەیاندا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ناوجەکە ، جگە لە کەس وکاری قوربانيان بەشداریانكرد. لەدوای ناشتنی تەرمەكانیان، گەنجانی ناوچەكە بە خۆپیشاندان بەرەو بنكەی سەربازی( سیرێ) كە لە كۆمەڵگەی سیرێیە بەڕێكەوتن.
سەربازانی ناو بنكە سەربازیەكە بەبێ ئەوەی هيج بەهايەك بۆ خەڵکی ناوجەکە دابنێن، تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەكەن و لە ئاکامدا حەووت هاووڵاتی بريندار دەبێت و يەکێكيش گيانی بەخت دەکات کە تا ئێستاش هيج کەس لەوانەی کە تەقەيان کردووە بەسەر خۆپيشاندەراندا، لێپرسينەوەيان بەرامبەر نەکراوە ئەمە لەکاتێکدایە ئەرکی سەرەکی دامودەزگای دەوڵەتي پاراستنی هاووڵاتيانی خۆیە بەرامبەر بە هێزێکی دەرەکی, بەلام بەپێجەوانەوە هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان چەندین هاوولاتی لە خۆپيشاندەران دەسبەسەر دەکەن.
رۆژی ١١ی شوبات دادگای دھۆک بڕياری مانەوەی چەند کەس لە دەستبەسەرکراوەکان درێژ دەکاتەوە کە چەندین کەسيان گواسترانەوە بۆ دادگای دیرەلوک بە ھۆکاری “تایبەتمەندی شوێن” وە دۆسییەی شەش ده‌ستگیركراوی تر بە ناوەکانی شێروان شێروانی ، تاکوور زەردەشتی، رێکان رەشید، ئەیاز کەرەم وموستەفا بامەڕنی ، بە ناوی ئاردال زاخویی لە دادگای دهۆك هێشتراونەتەوە.
بەپێیی زانياريەکان لە ميدياکانی باشووری کوردستانەوە بریار وایە ئەم دەستبەسەرکراوەانە بە ماددەی ١٥٦ی سزادانی عێراقی کە “خیانەتی نیشتیمانی و تێکدانی ئاسایشی وڵات”ە و سزاکەی “لەسێدارەدان”ە حوکم بدرێن. لە کاتێکدا ئەو دەستبەسەرکراوەانە دژ بەو سوپای تورکیا لە هەرێمیی کوردوستان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بۆتە مەترسی بۆسەر ژيان و ئاسایشی خەڵکی ناوجەکە وە بە پێ ئامارەکان لە ماوەی تەنیا چوارساڵی رابردوو ٨٢٣جار هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگای فڕۆكه‌ و تۆپخانه‌كانی تورکیاوە بۆردوومان كراوە وە زیاتر لە ٢٠ھاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
بۆیە دۆسیەی ئەو چەند کەسە دەستبەسەرکراوەانە کراونەتە دۆسیەیەکی سیاسی و رێچکەی یاسایان نیە، لە راستیدا دەبوو ئەو چەند دەستبەسەرکراوەانە کە لە خۆپیشاندەرەکە بشداریان کەردوە بە پێ یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ی رێکخستنی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵ بکردرايت و ئەو شەش دەستبەسەرکراوەانە دھۆک کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارنەبوون هەر لە سەرەتاوە دەسبەسەر نەدەبون.
بە پێی یاسای ژمارە دەی ئاسایشی نیشتمانی عیراق و هەریمی کوردستان و یاسا بنەرەتیەکانی مافی مروڤ وەکو بەندەکانی ١٠، ١٨، ١٩ ، ٢١ ، ٢٧ کە بە روونی باس لە مافی بەشدار بوونی هاوونيشتمانيان لە کۆر و کۆمەڵدا دەکات، کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە حکومەت و دەستگای داددی هەریمی کوردستان ئەکات کە بە زووترین کات بەندەکانی مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرێت و ئەو دەسبەسەرکراوانە بە بێ مەرج ئازاد بکات.
هەر وەها کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی ک ن ک داوا لە هاونیشتمانیانی باشوری کوردوستان دەکات کە نەهیڵن مافە بنەرەتیەکانیان لە لایەن هیج دەستگایکی ئەمنی و سیایسەوە پێشێل بکریت، وە بۆ سیستەمیکی شارستانی و دادپەروەرانە کە مافەکانی مرۆڤی تیدا گونجا بێت و شایانی ژیانی هاونیشتمانیانی باشوری کوردستان بێت، تێکوشانی هەمەلایانە بکەن.

کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەەیی کوردستان
22.02.2019

 Rue Jean Stas 41, 1060 Bruxelles, Tel : 00 32 2 647 30 84   fax : 00 32 2 647 68 49 

Homepage: www.kongrakurdistan.net e-mail: kongrakurdistan@gmail.com




هۆنراوە بۆ منداڵان.. زمانی کوردیـم خۆشدەوێت.. رەزا شوان

زمــــانی کـوردیــــــم شـــــیـرینە
شـــــــیـرینـتر لـە هەنگـویـــــــنە
کۆنــتـریـن زمـــــانی زەمـیــــــنە
زمـانی خوێــندن و نووسـیــــــنە
* * *
کــوردی زمــــــانی دایــــــــکـمە
گـەشـــــــــــەکـردنی بـــــــــاکـمە
هـــەردەم لـە دڵــــی پــــــــــاکـمە
پێـناســەی گــــەل و خــــــــاکـمە
* * *
کـوردم و کوردیـــم خـۆشــدەوێت
هــــــــــیـوادارم پێـشــــــــکەوێت
بـۆ جـیـــــهانـیش دەرکـــــــەوێت
کــــوردی قـــەت دوانـاکـــــەوێت
* * *
مـن رێکــنووس و جـوانـــــوسـم
بـە پێـنـــــووس لـە لـێـنــــووسـم
بـە کــــــــــــــوردی دەنـــــووسـم
کــــــــــــوردیـیە چـارەنـــــووسـم
* * *
بـە کـــــوردی دەخـوێـــــــنـمەوە
هـۆنــــــــراوە دەهــۆنـــــــــمەوە
بـە کــــــوردی دەیـگـــــــێـڕمەوە
کــــوردی چـۆتـە خـوێـنــــــمەوە
سـوید: ٢٠١٥




میوان …. ستار ئه‌حمه‌د

چه‌پكێ تاریكی ده‌ده‌م به‌سه‌رما
ده‌بمه‌ سێبه‌ری چڵه‌ هه‌نارێ
هێلانه‌ی رۆحت له‌سه‌ر لقێكه‌
ده‌ترسم مه‌لی خۆزگه‌ت بتارێ
……………………………..
ئاونگی دیده‌م به‌قه‌د لاسكه‌وه‌
تینووی مژێنی ماچێكی رووته‌
چه‌ند جوانه‌ ترپه‌ی ناخی ده‌روونم
له‌گه‌ڵ ئاوازی شه‌وانتا جووته‌
…………………………..
پاییزه‌و گه‌ڵا نه‌رم نه‌رم ده‌بارێ
ده‌بنه‌ كفنی خۆزگه‌و ئاواتم
من له‌نسێی خه‌م تاسه‌م چنیوه‌
به‌ره‌و پرشنگی عه‌شقی تۆ هاتم
……………………………….
رستێك په‌پووله‌ی ته‌مه‌ن هه‌ڵوه‌ریو
ئه‌گریجه‌ی رۆژه‌و ده‌یده‌م به‌شانتا
نه‌بادا زستان سه‌ردانیت بكاو
به‌فر ببارێت له‌رۆژی ژوانتا
………………………..
من وه‌ك دیده‌ی رۆژ هه‌میشه‌ لاتم
لاسكۆڵه‌ی خه‌زان له‌خۆت راماڵه‌
بۆنایه‌ی ره‌زی دڵم ته‌ی بكه‌ی
بۆ به‌سته‌ی حه‌زت جوانترین ماڵه‌
…………………………………..
ته‌مه‌ن رێبواره‌ میوانی رێیه‌
ده‌ترسم رۆژێك له‌تۆ دابڕێم
ژینی ژاكاوم له‌گه‌ڵ خه‌م رۆیی
تۆ نه‌بیت هیچ كه‌س نابێت به‌هاوڕێم
…………………………….
ستار ئه‌حمه‌د




زمانی من … ڕۆستەم خامۆش

زمــانــی مـــن شــیـرینـە
کـوردیـیـە و زۆر دێرینـە
خــۆشــــمدەوێ زمــانــم
ئــازیـــزە وەکـــو گیـانــم
بەڵـێ هـەر چـەنـدە وردم
مــن منــداڵـێـکـی کـوردم
مــنــی بـچــــووک و زارۆ
هــەر بـە کوردیی دێمەگۆ
بـە زمـانـی کوردیی باوان
دەنووسـم جوان و ڕەوان
ســەربـەرز و شـادومــانـم
منـیـش خــــاوەن زمــانـم

ڕۆستەم خامۆش

        هەولێر ۲٠۱۹/۲/۲٠



راستیەكان دەربارەی فەنزوێلا – ئەفسانەی سەركوت و دكتاتۆریەت … عەلی مەحمود محەمەد

مێژووی فەنزوێلا مێژووی زەبرو زەنگ و یاخی بوونەوەی چەكداری و دكتاتۆریەتە, راستە شافێز كاسترۆیەك بوو بۆ خۆی, لێ جیاوازی نێوانیان سێ شت بوو, ئەم بەچكە هەژارێك بوو, لە برسێتیەوە هوشیاری چینایەتی هەڵگرت, كاسترۆ رۆشنبیرێكی شۆڕشگێڕی خاوەند زەوی زادەبوو, دووەم نەوتی هەبوو كاسترۆیەكی دەوڵەمەند بوو, سێیەم لە جیاتی زیندان و چەك چڵە زەیتون بە دەست بوو, میهرەبان بوو لەگەڵ نەیارەكانی كە بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنیدا بوون, هەرچەندە خۆی وەك ئەفسەریك لە ساڵی 1992 هەوڵی كودەتای دا و برایەكیشی گەریلایەكی ناسراوی چەكداری چەپگەرای یاخی بوو, زۆربەی كۆنە گەریلا چەكدارەكان شوێنی خۆیان لە حزب و حكومەتەكەی گرت, بێسڵەمینەوە دەتوانین بڵێین سەردەمی شافێز سەردەمی كەمترین زەبرو زەنگ و دكتاتۆریەتە لە مێژووی فەنزوێلادا, ئەمە قسەی من نییە, بەڵكە قسەی خوێندنەوەی مێژوو و ژمارەی ئامارەكانە بە وردی نەك هەڵپەڕین و سەما بۆ درۆكان, لێ نابێت ئەوەش لە یاد بكەین ئەوەی لە فەنزوێلا پیادە كراو دەكرێت سۆسیالزم نەبووە, هەوڵێك بووە بۆ حكومەتی موئەسەسات بە عەدالەتەوە وەك شافێز ناوی بردووە, لە راستیدا عەدالەتی زیاتر بووە لە جاران نەك كۆتایی عەدالەت, نامەوێت بكەومە ناو هەڵەیەكەوە وەك چۆن پیاهەڵدان دەكرا بۆ ئەزموونی سۆسیالستی وڵاتانی سەر بە ئۆردوگای سۆڤیەتی, دوای دیواری بەرلین روخا بەسەرخاوەنەكانیان و ناشرینییەكان دەركەوتن, شانسی ئەوەیان هەبوو سەرمایەداری بەرەو ناشرینی زیاتر دەڕوات, حوكمڕانی بۆ خۆی وەك چێشتی بۆگەنە چۆن سەرقەپاغی هەڵی دەیتەوە بۆنی كاست دەكات, هەموو ئەزموونەكان وەك كۆمۆنەی 72 رۆژەی لایەك پاریس نین, سنورەی دەسەڵاتەكەی هێندە بچوك و ماوەی فەرمانڕەواییەكەی ئەوەندە كەم بوون فریای كەوتنە ناو هەڵە نەكەوتن .

فەنزوێلا لە ساڵی 1830 ەوە سەربەخۆیی وەرگرتووە پاش 308 ساڵ لە داگیركردن و جینۆسایدگردن لە لایەن ئیسپانی و هەندێك وڵاتی ئەوروپیەوە, تاكو ساڵی 1958 لەسایەی دەسەڵاتی دكتاتۆریەتی راستەوخۆدا بووە, كە تا سەدەی بیست كۆدیلۆكان” سەركردە سەربازییە بەهێزەكان” بەڕێوەیان بردووە, دەسەڵاتی رەهایان لە كوشت و بڕو سەركوتدا هەبووە, تەنها لە سەردەمی خۆسیە ئەنتۆنیۆ بایز 1830-1863 دا لە 800 هەزار دانیشتووان سەدان هەزار كەس كراوە بە سوتەمەنی شەڕ, لە ساڵی 1854 كۆیلەداری قەدەغەكراوە لە فەنزوێلا, تا ئەوكاتە وڵات بازاڕێكی باشی كۆیلە رەشپێستەكان بووە.

ئەمەریكا گوێی نەداوە لەناو باخچەی پشتەوەی وڵاتەكەی ئەمەریكای لاتین چی گوزەراوە لە سەركوت و تاڵان و بڕۆ, گرنگ حكومەت رازی بێت وڵاتەكەی بە باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا بمێنێتەوە, سەرەتای سەدەی بیست ئەمەریكا لە قەیرانی نێوان فەنزوێلا و هۆڵەندادا, هێزی دەریاوانەكەی هاوكاری جێگیری ئەوسای سەرۆكی فەنزوێلی خوان فیسنتی غۆمێزی كرد تا ئەوكاتەی مرد خۆی یان بوكە شوشەكانی تاكو ساڵی 1935 حوكمی وڵاتیان راستەوخۆ كرد, دەسەڵاتێكی وەحشیانەی چاخی ناوەڕاست ئاسای سەپاند و لە دوای خۆشی 3,6 ملیار دۆلار بە نرخی ئێستا میراتی لە دوا بەجێ ما لە گەڵ 10%ی سەرجەم خاكی فەنزوێلا.

پارتی كاری دیموكراتی و پارتی كریستانی كۆمەڵایەتی لە ساڵی 1952ەوە بە هاوبەشی حكومەتیان بەڕێوە بردووە بۆ ماوەی چل ساڵ, لەسایەی دەسەڵاتیان سەركوت و گەندەڵی بەردەوام بوو, پارەی نەوتیان لە نێوان خۆیان دابەش دەكرد و لە بانكەكانی سویسراو ئەمەریكا دەیان خەواند, وڵات بێ نەخۆشخانە و ریگاو بان و قوتابخانە مایەوە ئەوەی كراش بایی پێداویستی هاووڵاتیانی ناكرد, هەرچەندە هەندێك تەلاری بەرز دروستكران, لە ساڵی 1966 زیاتر لە 66%ی هاووڵاتیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون , خەڵك بێ ئاو كارەبا لە قەراخ شارەكان لەناو چینكۆدا دەژیان.

لە ساڵی 1983 بۆ 84 كە نەوت نرخی دابەزی دیسانەوە قەیران دروست بوەوە, لە هەڵبژاردنی ساڵی 1988دا, كارلۆس ئەندرێز پیریز توانی رێژەی 52,91%ی دەنگەكانی بهێنێتەوەو بوو بە سەرۆك كۆماری فەنزوێلا, بۆ دەرچوون لە قەیران كە ئەوساش نەوت نرخی دابەزیبوو, 4500 ملیۆن دۆلار قەرزی كرد لە بانكی نێو دەوڵەتی, لەسەر رێنوێنی بانكی نێودەوڵەتی, سیاسەتی سك گوشینی پەیڕەو كرد, ئاو كارەباو تەلەفۆن و گاز نرخیان زیادیكرد, نرخی بەنزین 100% چووە سەر, لە بەرامبەردا گومرك لە بەرامبەر هاوردەكان هەڵگرترا, دژ بەم هەنگاوانە لە بەرواری 27-2-1989 بزاڤی كاركازۆ سەری هەڵدا دژ بە هەنگاوە نیو لیبراڵییەكانی حكومەتی كارلۆس ئەندرێزی سۆسیال دیموكرات, لە ئەنجامدا 3500 كەس بە دەستی پیاوانی ئاسایش لەسەر شۆستەكانی كاراكاس كوژران و تەرمەكانیان لە پاڵ یەكتریدا كەوتبوون, 300 كەسیش شوێنبزركران, گەورەترین كۆمەڵكوژی لە سەدەی بیستدا لە فەنزوێلا بەڕێوە چوو.

تەنانەت ئەوكاتیش شافیزو كاسترۆ تاوانبار كران, گوایە قەناس بەدەستەكانی كوبا بە ناوی دۆڵفین فیدل تەقەیان كردووە, بەم هۆیەشەوە نەخشەی فیلا جێبەجێكرا , رێگا درا بە سوپا بۆ بەكارهێنانی چەك دژ بە خەڵك, ژەنەراڵ كارلۆس بنیالۆزا بۆ ئەمكارە ئەركدار كرا, ئەمەریكاش لایەنگیری لە حكومەت كرد, شافێز ساڵی 2006 قەرەبووی قوربانیانی كەراكاسی كردەوە,ساڵانە یادی كاراكازۆ وەك راپەڕینی گەل لە لایەن حكومەتەوە دەكرێتەەوە, ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا بۆ شێواندنی یادەكە هەر جارە چالاكیەك ئەنجام دەدات و نایاتە سەر زاریان وەك راپەڕینی گەل ناوزەدی بكات, ئێستا كە باسی فەنزوێلا دەكرێت وەك ئەوەی پێش شافێز بە 10 ساڵ وڵات كەرەكازۆی بەخۆوە نەبینیبێت .

زەبروزەنگەكانی 20 ساڵی رابردوو بە دواوە شاری كەرەكاس یەكێكە لەو شارانەی زۆرترین زەبروزەنگی تێدا ئەنجام دەدرێت لە جیهاندا, لە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێزیش هەروا بووە, ئەمە میراتی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی فەنزوێلایە لە 497 ساڵی رابردوودا بۆ ئەمڕۆ ماوەتەوە, وڵاتانی دی ناوچەكەش هەر وان, لە ساڵی 2017 ەدا لە ئەمەریكا 1,248,185 تاوانی زەبروزەنگاوی ئەنجامدراوە, مەكسیكیش لەوە زیاتری بەخۆوە بینیوە, ئەوە باسی هندۆراسیش مەكەن.

سەبارەت بە زەبرو زەنگی سیاسیش, ئەم وڵاتە وەك ئەمەریكا حوكمی ئیعدامی تێدا نییە و هیچ باوەڕێكی سیاسی یاساغی لەسەر نییە, ئەوەی بە دەست نەیارانی حكومەتی فەنزوێلاوەیە بەكار هێنانی زەبرو زەنگە بەرامبەر خۆپیشاندەران,وەلێ رێكخراوی مافی مرۆڤی سور غێنتس لە بڵاڤۆكێكی خۆیدا رایگەیاند 38%ی خۆپیشاندانەكان فەنزوێلا زەبروزەنگاوین, وە 28,5%یان بەرەو روبونەوەیان تێدا بووە لە گەڵ پۆلیس بە چەك, نەك تەنها خۆپیشاندەران چەكیان بەكار هێناوە بگرە زۆرجار كەسانی تاوانكاریشیان بەكرێ گرتووە بۆ ئەنجامدانی تاوان.
تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن ئاماری كوشتنە سیاسییەكانی 20 ساڵی رابردووی بڵاو نەكردۆتەوە بەناو بەروار و دۆكۆمێنتەوە, وەلێ ژمارەی كوژراو تیرۆركراوەكانی حكومەت بە دەست ئۆپۆزسیۆن زیاترە, زۆربەی تێوە گلاوەكان سەر بە ئۆپۆزسیۆنن, هاوكات بەشی زۆریشیان كەسانی تاوانكارن روداوە سیاسیەكان و ئاڵۆزییەكان دەقۆزنەوە بۆ دزی و تاڵان لێرەدا چەند نموونەیە دەهێنمەوە ” لە خۆپیشاندانەكانی 20-21ی نیسانی 2016 ەدا 12 كەس لە كاتی تاڵانیدا كوژران “, هاوكات نموونە زۆرە لەسەر تیرۆركراوانی بەرەی حكومەت تا ئاستی سوتاندنیان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی راستەوە” لە هەرێمی میرندا لە 24ی نیسان 2016 سەركردەیەكی پارتی سۆسیالست كوژرا, 3ی ئایاری هەمان ساڵ ئەفسەرێكی پۆلیس لە باریناس و لایەنگرێكی حكومەت بەناوی جوانتشۆ لە مۆنتۆیا كوژران و تەرمی یەكێكیشیان سوتێنرا… ” .

هاوكات لە 40 كوژراوەكەی 23ی مانگی یەكی 2019ەدا تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن یەك ناوی لە كوژرانی خۆپیشاندەران دەستنیشان نەكردووە, ئەوەی هەبووە ئۆپۆزسیۆن هانی كەسانی تاوانكاریان داوە بۆ ئەنجامدانی تاڵانی و شێواندنی شار لە ئەنجامدا 18 كەس لەوانە لە بەرەو روبونەوە لە گەڵ پۆلیس كوژراون.
ئەوان هەر كەسەكانیان بۆ ئەنجامدانی تاوان بە كرێ نەگرتووە, بگرە بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانیش”كەسێك بەناوی تشینۆ ” بە رەگەز چینی ” لە ساڵی 2016 لە شاری تشاكاو دەستگیركرا بە تاوانی ئەوەی بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندان 800 دۆلاری بۆ هەفتەیەك داوە بەوانەی رازیبونە بەشداری خۆپیشاندان بكەن”, بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن ئۆلیگارشیەكانەوە سەركردایەتی دەكرێن, بۆیە 70% راگەیاندنی وڵات و بازاڕو ئابورییەكی زەبلاحیان لە بەردەستە, بۆ دژایەتی رژێم كەڵك لە هەمووی وەردەگرن.
هاوكات لە 15 ساڵی رابردوودا 300 روداوی كوشتن و بزركردنی جوتیاران رویداوە لە فەنزوێلا لە لایەن خاوەند زەوییەكانەوە, پاش ئەوەی حكومەت بڕیاریدا زەویەكانی دەوڵەت ئەوانەی بەكار نەهێنراون بەسەر ملیۆنێك جوتیاردا دابەش بكات, تەنانەت پۆلیسیش زۆر جار لە خزمەت مەلاكەكاندا كاری كردووە بە تایبەت ئەو هەرێمانەی ئۆپۆزسیۆن حوكمڕانیان كردووە, واتا قوربانیانی زەوی دوو هێندەو زیاتر قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بوونە لە فەنزوێلا.

كەواتە هەردوو بەرە, شافێزییە رەنگاورەنگە هەژارەكان و سپی پێستە دەوڵەمەندە ئۆپۆزسیۆنەكان چەك لە شانن, زۆرجاریش كە چەك دێتە قسە یاسا نامێنێت .لە لایەكی دیكەوە, مادۆرۆ لە 17-7-2017 ەوە هێزێكی پۆلیسی مەترسیداری دروستكردووە بە ناوی ئێف ئی ئەی سی بۆ بەرەو روبونەوەی تاوان, جار جارەش لە سەركوتی خۆپیشاندەران بەكاریان دەهێنێت, بە پێی ئاماری رێكخراوی پرۆڤیا كە تایبەتە بە مافی مرۆڤ , هێزەكانی كاری تایبەت ئێف ئەی ئی سی سەر بە دەزگای پۆلیس لە ساڵی 2018 بەرپرسە لە كوژرانی 205 كەس .

هەڵبژاردنەكان دوای شافێز تا هەنووكە

لە ماوەی 20 ساڵ دەسەڵاتدارێتی شافیستەكان لە فەنزوێلا” ئۆپۆزسیۆنی سپی پێستی دەوڵەمەندەكان كە بە مەیمونستەكان ناویان دەبەن” 25 هەڵبژاردن ئەنجامدراوە, هێزەكان خۆیان تاقیكردۆتەوە, سستەمی هەڵبژاردنی فەنزوێلاش بە یەكێك لە سستەمە شەفافەكانی جیهان تەنانەت لە لایەن دەزگای كارتەرەوە ناسێنراوە, دادپەروەری هەلبژاردن لە فەنزوێلا زیاترە لە كەنەداو ئەمەریكا.

شافێز بۆ یەكەمجار كە خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری وڵات كە لە 6ی كانوونی یەكەمی 1998 بەڕێوە چوو, شاجوانی فەنزوێلا ئیرین سایز پێشبڕكێی دەكرد, راپرسییەكان دەریان دەخست دەدۆڕێت بە شا جوان, كەچی بە هێنانی 56,20%ی دەنگەكان و 3673685 دەنگ بردییەوە و شا جوان چووە ریزبەندی سێیەمی دەنگە بە دەست هاتووەكانی هەڵبژاردنەكەوەو تەنها 2,82%ی دەنگەكانی بە دەستهێنا, لە هەڵبژاردنەكە لە كۆی 6537304 دەنگدەر, 63,45%ی بەشدارییان كرد.

مادۆرۆ لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای مەرگی شافێز بە هێنانی 50,61%ی دەنگەكان سەركەوت, لە كۆی 18904364 دەنگ 7587579 دەنگی هێنایەوە , لێ لە هەڵبژاردنی 20ی ئایاری 2018ەدا , لە كۆی 20527571 دەنگدەر تەنها 6244016دەنگی هێنایەوە, هەرچەندە 67,84%ی دەنگەكانی هێنایەوە , بەڵام تەنها 46,07%ی دەنگدەران پشكداریان لە هەڵبژاردنەكە كرد, لە راستیدا ئەویش وەك پشتیوانی جەماوەری دۆڕابوو, لە 60 ساڵی دوایندا كەمترین رێژەی بەشداریكردن بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە فەنزوێلا.
هەرچی هەڵبژاردنی 6ی كانوونی یەكەمی 2015ی پەرلەمانە , یەكەمجار بوو لە ماوەی 17 ساڵدا لە كۆی 23 هەڵبژاردن ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا سەر بكەوێت, بە هێنانی 56,21%ی دەنگەكان توانی ببێتە خاوەند 109 كورسی لە كۆی 167 كورسی پەرلەمان, لیستی جەمسەری گەورەی نیشتمان تەنها 55 كورسی و 40,92%ی دەنگەكانی هێنایەوە, 44 كورسی كەمتر لە پێشوو, ئەم هەڵبژاردنە ورەی ئۆپۆزسیۆنی بەرز كردەوەو كەوتنە داواكردنی هەڵبژاردن و پێشخستنی , وەلێ رۆژە خۆشەكانیان زۆری نەخایاند تا لە هەڵبژاردنەكانی 10ی كانوونی یەكەمی 2017ی شارەوانیەكان كە چاوەڕوانی زۆرینەی كورسیەكانیان دەكرد, جارێكی دیكە توشی شكست بونەوە, بەرەی جەمسەری بەرفراوان 6517506 دەنگ و 71,13%ی دەنگەكانی هێنایەوە, كۆی گشتی 306 شارەوانی لە كۆی 331 شارەوانی بەدەست هێنا, ئۆپۆزسیۆنی راستگەراش تەنها 25 شارەوانی بردەوە, هاوكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەكان جەمسەری گەورەی نیشتمان 18 لە كۆی 23 هەرێمی بردەوە, لە گەڵ 55,07%ی دەنگەكان, لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەكان لە ساڵی 2017 ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ 90%ی دەنگەكان دانابوو, كەچی پارتی سۆسیالست 18 لە كۆی 23 هەرێمی بردەوە, ساڵی 2000 بۆ یەكەمجار لە فەنزوێلا پارێزگاری هەرێمەكان بە هەڵبژاردنی راستەوخۆو نهێنی ئەنجامدرا.

دوای ئەم دۆڕانە “بەرەی ئۆپۆزسیۆن Mud بیرۆی یەكێتی دیموكراتی” كەوتنە پەلاماردانی یەكتر تا شەڕە جنێو گەیشتە سەر فەیسبووك, هەر ئەمەش بو گەیشتە ئەوەی نەوێرن بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 20ی ئایاری 2018 بكەن, مادۆرۆش لە بری ئەوەی بەدوای شەرعیەتی زیاترەوە بێت , كەوتە ناو خۆشی بەشدارینەكردنی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییەوە.

ئۆپۆزسیۆن پەرت و بڵاو بوون, هەرچەندە خۆیان داوای هەڵبژاردنیان كرد لە دانیشتنی نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی دۆمەنیكان, رێكەوتن لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2018 ەدا ئەنجام بدرێت, لە فەنزوێلا هەڵبژاردن ئازادانەیە بەشداری كردن و نەكردن تیایدا, بە هەمان شێوە بۆ پارتە سیاسییەكانیش.

لە دوا هەڵبژاردندا دەنگی مادۆرۆ بە نزیك 1,6 ملیۆن لە چاو هەڵبژاردنی ساڵی 2013 كەمی كرد, بەشێوەی گشتی دەنگی بەرەی حكومەت بە رێژەی 43,4% كەمی كردوە لە چاو یەكەم هەڵبژاردن كە شافێز گەیشت بە دەسەڵات لە ساڵی 1998ەدا, بۆیە مەسەلەكە سندوق پڕ كردن نییە, جەمسەرگیری بەرفراوان لەسەر بنچینەی چینایەتی و رەنگی پێست دروست بووە, دەسەڵات لە سپی پێستە دەوڵەمەندەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ هەژارە دو رەگەكان ” میستیزۆ”, چوار سەدە دەسەڵاتدار بوون, دوو دەیەی هەژارەكان تەحەمول ناكەن, ناڕەزایەتیەكان رەگەز پەرستانەیە, هاوارە كەن شافێزو مادۆرۆ مەیمونن, ئەوەی دەگوزەرێت لە فەنزوێلا شەڕی چین و رەگەزەكانە وێڕای هەڵە كوشندەكانی دەسەڵات, پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن زۆربەیان سپی پێستن وەك بەفر, ئەوانەی پشتیوانی مادۆرۆ دەكەن هەژارو ئەسمەرو رەنگاو رەنگ و رەشن, هەژارەكان نان نییە بخۆن, لەم قەیرانی داراییە ئەوان لێیان قەوماوە, بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی 1998, شۆرشی برسیەكان بە سەرۆكایەتی سەرمایەدارو ئاغاكان ئەنجام نەدرا, ئێستا غوایدۆ لە هەڵبژاردن دەترسێت, بۆیە وڵات بەجێ هێشتنی مادۆرۆیان كردۆتە داواكاری سەرەكی بە ئەمەریكاوە, نەك ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە, چونكە زۆرینەی مستیزۆ دەنگی پێدەدەن, دوای ئەویش پارتەكەی قەدەغە دەكەن و ئیرادە لە هەژارە رەنگاو رەنگە ئاڵا سورەكان دەسێننەوە ئەگەر پلانەكەیان سەر بگرێت.

غوایدۆ یەكسەر دوای پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ ترامپ, بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانیش خۆی وەك سەرۆك ناساند, بۆیە ئەو بوكە شوشەی ئەمەریكایە, وەلێ ئەمەریكا چەندە زەبلاح بێت ئیرادەی فەنزوێلییەكان دوای ئەم قەیرانە, مادۆرۆ ئەگەر دەرچێت گەورەتری دەكەن, چۆن شافێزی كردە وێنەی رزگاریبەخشی ئەمەریكای لاتین, سەرجەم كاندیدە ناڕازییەكانی لە 20 ساڵی رابردوو لە وێنەی ئەوەوە دەناساند.

تا ئێستا جەماوەری مادۆرۆ نەك لە دابەزین نییە, بەڵكە تارمایی بەرگ سورەكان كاراكاسی داگیر كردووە, بە پێی راپرسی 3ی شوباتی 2019, 33%ی فەنزویلیەكان خۆیان بە شافینیزم دەزانن, 19% خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن, 48%یش سەر بە هیچ لایەكیان نین, كەواتە هێشتا ئۆپۆزسیۆن زۆر لە دوایە .

وتارە ئاگرینەكانی بەردەوامەكانی مادۆرۆ رزگاری ناكات, ناتوانێت بەرەو روی سەربازی ئەمەریكا ببێتەوە , بە سوپایەكی لاوازەوە كە لە پلەی 45ی سوپاكانی جیهاندایە, سیناریۆكان زیاتر لە شەڕی عێراق و لیبیا دەچن نەك ڤێتام و سوریا, بە تایبەتیش ترامپ لە فلۆریداوە شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزمی لە جیهان بە گشتی و فەنزوێلاو ئەمەریكای لاتین بە تایبەتی رگەیاند, لەو رۆژەی بیرنی ساندەرز خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید كردەوە, سۆسیالزم بۆتە بابەتی شەڕەكان, كەواتە هێشتا سۆسیالزم شەڕی سەرەكی چینە كۆمەڵایەتییەكانە .

ماویەتی ……..




ئاخ! لە فایەق بێكەسەوە تا سەر جەلال تاڵەبانی … کارا فاتیح

نەوشیروان مستەفا لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت: (لەو سەردەمەدا كە ئێمە بە دڵی شــكاو و دەروونی بــریندارەوە بـاسی ئەوەمان ئــەكرد، چـــۆن هەوڵی ئــازادكردنی هەڵەبجە، بـوو بە كارەساتێكی ئینسانی، ئــاغای تاڵەبانی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئــەیـــوت: كیمیابارانی هەڵەبجە مەسەلەی كوردی بــردە ناو مەیــدانی نێودەوڵەتییەوە… ئــــــاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر.)
بێگومان (ئاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر!) خۆزگەخواستنە بۆ ڕوودانی كارەساتێكی تر لە شێوەی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، ئەمەیش لەو بڕوایەوە بوە كە بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجەوە، كێشەی كورد بە دونیا ناسراوە و ئەمیش وەك نوێنەری ئەم كێشەیە دەناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و حسابی بۆ دەكرێت.
لە لایەكی ترەوە و لە سەردەمێكی تردا، گۆرانی شاعیر كاتێك قەسیدەیەك بۆ مەرگی هیوای كوڕی دەنووسێت و ئەم قەسیدەیە پیشانی فایەق بێكەسی شاعیر دەدات، بێكەس هێندەی بە لاوە جوان دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو شیعرەوە، كە دەمودەست و بێ سڵەمینەوە بە گۆران دەڵێت، خۆزگە كوڕەكەی تریشت دەمرد تا قەسیدەیەكی تری ئا وا جوان و نایاب بنووسیت.
ئەم دیدەی تاڵەبانی و بێكەس، بە جیاوازیی سیاقی هەر دووكیان و بە جیاوازیی قوربانییەكانی، دوو دیدی نزیك یەك و تەنانەت لە جەوهەردا كۆپیی یەكترن، ئەو لە سیاسەتدا دەیەوێت كاراكتەری سیاسیی خۆی بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجە بەهێز بكات و لە هاوكێشە سیاسییەكانی پەیوەست بە كورد ڕۆڵی هەبێت یان بخوێنرێتەوە، ئەوی تریشیان لە ئەدەبدا دەیەوێت كاریگەریی مەرگی ڕۆڵەكەی بكاتە هەوێنی شیعری غەمگین و كاریگەر و توانایی و لێهاتوویی خۆی لە شیعردا بسەلمێنێت و خوێنەرانی بە هەست و وێنەی شیعری و دەربڕینەكانی سەرسام و داگیر بكات.

ئەم دوو دیدە لە سیاسەت و لە ئەدەبدا، لە ڕواڵەتدا كەمێك جیاواز دەردەكەون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا نزیكن لە یەكەوە، لێرەدا خاڵە لەیەكچوەكان دیاری دەكەین، ئەو خاڵانەیش كە وەك جیاوازیی دەردەكەون هەر دەخەینە بەرچاو و پیشانی دەدەین كە ئەوانیش سەرەنجام دەچنەوە سەر یەك كۆتایی:

١- بەزەیی: سیاسەتمەدار لە كاتی كاركردن لە پرسە تراژیدییەكان و تاوانە گەورەكاندا لە سەر ئاستی دەرەوە بۆ ڕاكێشانی سۆز و بەزەیی ئەوانی تر كار دەكات، بەمەیش تاوان لە كارێكی سیاسییەوە بۆ مرۆیی دەگۆڕن، زۆر جار بە ناوی كاری مرۆیی و خێرخوازی و گۆڕینی پرسی قوربانییان بۆ بابەتی داواكاریی ڕزگاركردن و ژیانی شاییستە، پرسی تاوان و كۆمەڵكوژی لە سیاسەت دەخرێت، لە سیاسەتخستنی هەر شتێك خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی ئەو سیاسییانەیە كە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دەدزنەوە و ئەستۆی خۆیان لە هەموو گوناه و تاوانێك پاك دەكەنەوە و پرسەكە بە لاڕێدا دەبەن و هەندێ جاریش بازرگانیی پێوە دەكەن و دۆخێك دروست دەكەن، كە كەس ئارەزوو و ئومێدی بە كاركردن نەبێت تێیدا.
ئەدیبیش لە بەردەم كارەساتە شەخسییەكانیدا كە ئامانجی بە پلەی یەكەم جوڵاندنی هەستوسۆز و، دروستكردنی بەزەیی بوو لای ئەوانی تر، ئیتر ئەم كارە بە كەوتنی ڕۆڵی فیكر و هۆشیاری تەواو دەبێت، شكستی عەقڵ لە بەردەم سۆزدا لە پێناو زۆرترین كاریگەری و مسۆگەركردنی زۆرترین ڕێژەی وەرگردایە.

٢- هێشتنەوەی ئازار: كاركردنی ساسەتمەداری لە سەر كارەسات و كۆمەڵكوژی و تراژیدیاكان، هەمیشە بۆ هێشتنەوەی ئەو زامانەی ڕووداوەكان و ناسۆری كارەساتەكانە تا بۆ هەمیشە و بۆ مەودایەكی دوور، ئامانجە تایبەتەكانیان بەم هۆیەوە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەم سیاسەتەیش بە ئاراستەی چەقین و خولانەوە و كۆتایی نەهاتنی كارەساتەكان كار دەكات و باكی بە كولانەوەی هەمیشەیی زامەكان و ساڕێژنەكردنیان نییە، هەر بۆیە دەبینین پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ، هێشتا كورد بە تایبەت ناوچە كارەساتبارەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و كۆمەڵكوژیییەكانی تر، دۆخ و كاریگەرییەكانی ئەو كارەساتانەیان تێنەپەڕاندوە و بەو برینانەوە دەژین، ئەدیب و شاعیری كوردیش بەو شیوەن و ماتەمەی بە ڕێی دەكات، نیازی هەیە بۆ هەمیشە بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەكەی، دۆخی پرسەداری و ماتەمینیی تازە ببێتەوە و كۆتایی نەیەت، ئەو جۆرە سیاسەتە بە ئاراستەی باشتركردنی ژیانی قوربانییانی زیندوو و نەوە و كەسوكاریان نەبووە و بە ئاستەم هەلومەرجی ژیانیانی لە ترس و چاوەڕوانی و كێشەی دەروونی و یاسایی و ئابووری گۆڕیوە، ئەو جۆرە نیگا ئەدەبییەیش، دید و هۆشیاریی مرۆڤی بۆ مەرگ و شیوەن و لەدەستدانی ئازیزێك نەگۆڕیوە، لە بریی پرسیار و گومان لە ژیان و مردن، هەستی خۆخواردنەوە و گۆشەگیریی بەهێز كردوە.

٣- تووڕەیی: هەندێ جار سیاسەتمەدار و خەڵكی تریش لە بەرانبەر كارەسات و ئەو ڕووداوانەی وەك زوڵم و تاوانی گەورە دەردەكەون، جۆرێك پەرچەكرداری خێرا لە وێنەی تووڕەیی دەنوێنن، بە هەمان شێوە لە ڕووداوی مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك، ماتەمگێڕ و كۆستكەوتوو لە ناو شیوەندا، هەستی تووڕەییی پەنگی خواردوەتەوە و بە گریان و لاڵانەوە دەری دەبڕێت، بۆ سیاسەتمەدار، تووڕەیی سیاسەتێكی كاتی و تێپەڕ و زووهەڵچوو دەخوڵقێنێت، تەنها كینە لە ئاست ئەوانی تر و ڕق پیشان دەدات، نەك كاركردن بۆ پرسەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و كارەساتەكە، تووڕەیی لە سیاسەتدا، واتە بیرنەكردنەوە و قووڵا كار نەكردن لە ناو پرسەكەدا، كە سەرئەنجام بۆ ماوەیەكی زۆر وەك خۆی یان خراپتر لە دۆخی خۆی دەیهێڵێتەوە، بە هەمان شێوە تووڕەیی بۆ ئەدیبێك لە ئاست مەرگ و لەدەستداندا، واتە بیرنەكردنەوە لە مەرگ و نزیكنەبوونەوە لە پرسیاری فەلسەفی و ئەنتۆلۆژی.

٤- دیدی میتافیزیكی و عیرفانی: سیاسەتی كوردی لە ئاشت تراژیدیاكانیدا، جۆرە سیاسەتێك بوە، كە ڕەنگە بشێت (گەر ناونانەكە هەڵە نەبێت) بە سیاسەتێكی عیرفانی و میتافیزیكی ناوی ببەین، بەردەوام خۆی بە مەزڵووم زانیوە، بە بێكەس و بێپشتوپەنا و غەدرلێكراو خۆی ناساندوە، هەر چاری نەبووبێت، پەنایەكی لە وێنەی خودا و چیاكان یان دۆستی وەهمی دۆزیوەتەوە، زۆرینەی ئەدیب و شاعیرانی كوردیش، میتافیزیكی و عیرفانییانە لە مەرگ و شیوەن و كارەساتەكان دەڕوانن، بەزۆریی گلەییی لە چارەنووسی خۆیان دەكەن و فرمێسك بۆ واقیعی حاڵ هەڵدەژێژن، سكاڵا لە گەردوون دەكەن، هاوار دەبەن و دەستی نزا هەڵدەبڕن، هەندێك جار گلەیی و ڕاز بۆ خودا بەیان دەكەن، خاوەنی ئەم ڕوانینە بۆ مەرگ و شیوەن، هەمیشە بریندارە و لە گیانەلڵادایە، دوا جار بە ڕاژەنینی ئازارەكانی و جوانكردنی برینەكانی و چیرۆكی وەهمی، بە شێوەیەكی ساختە دەیەوێت زامەكانی خۆی ساڕێژ بكات.
سیمای ئەم ئەدەبە سیمایەكی عیرفانییە، بۆیە بەردەوام لە ئاست تراژیدیا و تەنانەت زۆر كێشە و ئازاری بچوكی تایبەتیشدا سیفەتی تاك و بێكەسی دەدات بە خۆی و لەم ڕێیەوە تایبەتمەندی و تاكێتیی خودامان بیر دەخاتەوە.

٥- مەنەلۆج و دایەلۆگ: زمانی شیعری شاعیری كورد لە دۆخی گوزارشتكردن لە مەرگدا بە سەر خۆیدا دادەخرێت، ئەوەی قسە دەكات خۆی دەدوێنێت، واقیعی حاڵی خۆی دەردەخات، ئەمەیش تەنها مەنەلۆجە و لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، كە بریتییە لە شكست و كەوتنی وجودی و سیاسی و ڕۆحی، ئەم بنەمایە پانتایییەكی زۆری مێژووی گرتوە، مەنەلۆجی شاعیر و ئەدیبی كورد تەعبیر بوە لە شكست و ئەركی گۆڕینی واقیع نەبینیوە، سیاسەتمەداری كوردیش لە كاتی سیاسەتكردن بە كارەسات و تراژیدیاكانەوە، دایەلۆگی لەگەڵ دەرەوە بە هەمان سیفەتی ئەو مەنەلۆجە بوە، بەڵام سیاسەتمەدار هاواری بۆ خۆی گەڕاوەتەوە، لە سەر هەمان پایەی شكست و كەوتن لە بەرانبەر دەرەوەدا ڕاوەستاوە، تەنها خۆی بانگەوازی خۆی بیستوەتەوە و هەوڵی دایەلۆگی سیاسەتمەدار لەگەڵ دەرەوە لەم ئاستەدا هەر بە وێنە یان نزیك لە مەنەلۆجی شاعیر بوە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە مرۆیییەكانی تراژیدیاكان.

٦- بەسروشتیكردنی تراژیدیا: سیاسەتمەداری كورد هەوڵی ڕازاندنەوەی تراژیدیاكانی كوردی داوە، خۆی وەك مەزڵومێكی تەواو نیشان داوە، بەردەوام جەختی لە زۆریی ژمارەی قوربانییەكان و ژمارەی ئاوارە و شاری خاپوور و گوندی وێران كردوەتەوە، كاتێك هیچی ئەوتۆی لە سیاسەتەكانی نەچنیوەتەوە و نەیتوانیوە ئەم پەیامە بگەیەنێت، چارەنووسی كوردی وەك قەدەر زانیوە، شاعیر و ئەدیبی كوردیش وەك بەرهەمهێنەری ئیستاتیكا پێی وایە بە فۆڕم و ڕیتم و خەیاڵ و وێنەی شیعرییەوە بەرگری لە جوانی دەكات، شیعرەكەی بریتییە لە ناسكی و دڵڕفێنی و هەستبزوێنی، بەڵام كە بەم هەست و میكانیزمە باس لە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان دەكات، بێ هۆشیاری و فیكرێكی قووڵ تەنها بیری لای جوانییە، بە دەرەنجامێكی تەواو پێچەوانە گەییشتوە، چونكە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان، لە ڕووداوی مێژووییەوە دەكرێن بە ڕووداوی سروشتی، لە تراژیدیاوە دەكرێن بە كارەسات و لە زوڵمێكی سیاسی و دەستدرێژی بۆ سەر مافی مرۆڤەوە دەكرێن بە ڕووداوگەلێك كە لە چارەنووسی ئەو خەڵكانەی تووشی بوون نووسراوە، هەموو ئەوانەیش بەوە دەكرێن كە شاعیر لە ناو وەسفێكی درێژ و سەرنجڕاكێش و وشەی هەستبزوێن و كاریگەردا، ئەو ڕووداوانە جوان دەكات و كاراكتەر و بەرپرسانیشی دەكاتە پاڵەوان.
ئەم جۆرە شیوەن و تەعبیركردنە لە تراژیدیا، شێوەیەكی عیرفانیی هەیە و هەوڵ و تەقەلایە بۆ جوانكردنی ئازار و مەینەتی كە بە سەر مرۆڤ دێت، وشەی وەسفی و وێنەی شیعری و دەستەواژەی هونەری كۆششێكی زۆر دەكەن، تا شین و ئازاری مرۆڤ بۆ هەمان مرۆڤ خۆی بكەنە بابەتی چێژ و لاواندنەوە، هەموو شتێك دەكەن تا مرۆڤ بە سەر خۆیدا دابخەن و بە دەست خەم و ئازارەكانییەوە بەردەوام و هەموو كات بتلێتەوە و چێژ لە خەم و فوغان ببینێت، ئەمەیش كارەسات لە ڕووداوێكی مێژوییەوە هەڵدەكەنێت و مۆركێكی سروشتیی پێ دەدات.

٧- ئازار و خەم: شاعیر و ئەدیبیی كورد بە خەم و دڵتەنگی گوزارشت لە ناخۆشی و كارەساتەكانی دەكات، بێ گومان خەم و دڵتەنگی هەستێكی ئاسایی و سادەی مرۆڤن و ڕووبەڕوویی هەموو تاكێك دەبنەوە و زۆر جار هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرایشیان نییە، دەكرێت هەموو مرۆڤێك بە شێوەی جۆراوجۆر تووشی خەم و دڵتەنگی ببێت، كە بێگومان هەندێ جار سەرچاوەكەی ڕەنگە شت و هۆكاری زۆر سادە و ناگرنگ و بێنرخیش بن، بەڵام تراژیدیا بریتییە لە ڕووداوی ناخۆش تا ئاستی مەرگەسات و كارەسات و ماڵوێرانیی سروشتی و دەستكردی مرۆڤ، ئەوەی بە جێی دەهێڵێت ئازارێكی قووڵە لە جەستەی ئەوانەی بە سەریاندا دێت یان دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو ڕووداوەوە، بێگومان شاعیر و ئەدیب پێویستە تەعبیر لەم ئازارە بكەن نەك تەنها خەم بەرهەم بهێنن، چونكە خەم و دڵتەنگی تەنها پیشووخواردنەوە و خۆخواردنەوە و سەرگەرمی و مەستبوونە بە گریان و ماتەم و شیوەن، بەڵام گوزارشتكردن لە ئازار هەوڵێكە بۆ دەرچوون لێی، ئەوەی هەست بە ئازار دەكات، ئەو هەستە دەیخاتە جووڵە بۆ نەهێشتن یان كەمكردنەوەی سەرچاوە یان سەرچاوەگەلی ئازار، بەڵام خەم و دڵتەنگی وا نیین، مرۆڤی غەمگین و دڵتەنگ، مرۆڤی بێ دەسەڵاتە و تەنانەت چێژ لە غەمگینی و دڵتەنگیی خۆی وەردەگرێت.
ئەو هونەرەی تەنها خەم بەرهەم دەهێنێت و دەیەوێت بە چیرۆكی دڵتەزێن ئەوانی تر دڵتەنگ بكات، تەنها خۆی نماییش دەكات و ئامانجی سەرگەرمكردنی ئەوانی ترە، بەڵام ئەو هونەرەی گوزارشت لە ئازار دەكات، جۆرێك لە هۆشیاری دروست دەكات بۆ دەرچوون لەو ئازارە، سیاسەتمەداری كوردیش بە هەمان شێوە بۆ دەرەوەی خۆی تەنها ویستوویەتی كاریگەرییەكی ویژدانی دروست بكات، ئەوەی كردوویەتی بۆ جووڵاندنی هەستوسۆزی ئەوانی تر بوە، بۆیە ئەگەر ئەم كاریگەرییەیشی دروست كردبێت، هیشتا نەیتوانوە هیچ لە واقیعی تراژیدیاكان بگۆڕێت، چونكە ئەم واقیعە پێوەندیی بە كاریگەریی عەقڵی و بڕیاری سیاسی دەبێت نەك بە كاریگەریی ویژدان.

٨- بۆچوونی باو: بە دەر لە لایەنە ئیستاتیكییەكان و خەیاڵ و وێنە شیعرییەكان، ئەو ئایدیا و بۆچوونانەی شاعیر و ئەدەبی كورد لە سەر مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك بەیانی كردوون هەمان بۆچوونی با و تێڕوانینی سادەی خەڵكین، ئەو هەوڵانەی شەعیر و ئەدیبی كورد بە گشتی لەم لایەنەوە ئەو سنوورەیان تێنەپەڕاندوە لەو تێكستانەیشدا بە هەندێ ئارایشتی ئەدەبییانەوە هەمان دیدگا بەرهەم هاتوونەتەوە، واتە ئەوەی لەو جۆرە تێكستانەدا دەیانخوێنینەوە، هەر چەقین و گیرخواردنە لە ناو ئەو تێگەییشتنە باوەی خەڵك بۆ مەرگ و دۆخی ماتەمینی هەیەتی، ڕاستە ئەوانە باس لە ئازار و كۆژان و مەینەتییەكانی مرۆڤ دەكەن، بەڵام نەك بە هەمان تێگەییشتنی باو و ئاساییی عەوامییانە بۆ ئازار و كۆژان و مەینەتیی مرۆڤ، بەڵكوو پێویستە ئەو بابەتە بە شێوەیەك بەرهەم بهێنرێتەوە، كە لە ناو خۆیدا بەرەنگاری و دژایەتی ئەو سیستم و زەمینەیە بكەن كە بوونەتە هۆی ئەو ئازار و مەینەتییانە بۆ مرۆڤ، سیاسەتمەداری كورد هەمان دیدی باو و ئاسایی بۆ ڕووداو و كارەسات و كۆمەڵكوژییەكان هەیە نەك بە زانستی سیاسەت و خوێندنەوەی عەقڵانی و دیدی نوێ.

٩- سادەیی: زاڵكردنی زمانی سادە لە هونەر و هەر بوارێكی تردا بۆ گوزارشتكردن لە تراژیدیا و ڕووداوی تریش، خۆی لە خۆیدا تەنها ئیفلیجكردنی زمانە، ئەویش بەوەی نەهێڵێت لە ئاستێكی بەرز و قووڵدا كار بكات و گەوهەری داهێنانی خۆی بەرجەستە بكات.
لەقاڵبدانی زمان بەوەی كە هەر دەبێت زمانێكی سادە بێت و بە ناوی ئەوەی كە دەبێت بۆ زۆرینە و تەنانەت بۆ هەموو خەڵك بێت، لە ڕاستیدا خنكاندنی ئەركە ڕاستەقینەكەی زمانە، كە بەشێكی گوزارشتكردنە لە پانتاییی بەرفراوانی نەست و بەشە چەپێنراوەكەی مرۆڤ، گوێنەدان و خۆگێلكردنە لەو حەقیقەتەی كە گۆڕینی دۆخی تراژیدیا و هێوركردنەوەی مەرگەساتەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیانی قوربانییانی زیندوو، لە گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، نەك تەنها كاركردن لە سەر هەست و ئیحساسی مرۆڤ و بزواندنی هەستی بەزەیی و شیوەن و گریان، گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤیش بەشێكی لە گۆڕینی زمان و بیركردنەوەوە دێت كە لە ڕێگە تێكستی ئەدەبییەوە بۆی ئاراستە دەكرێت، نەك تەنها هەمان زمان و بیركردنەوەی لە ڕێگەی كاری هونەرییەوە بە كەمێك ئاراییشت و جوانكارییەوە پێ بدرێتەوە، تێڕوانین و میتۆد و كاركردنی سیاسەتمەداری بۆ تراژیدیاكان بە هەمان شێوە سادە لە بیركردنەوە و سەرپێیی لە ڕوانیندا بوە.

١٠- تاكڕەهەندی: تێكستی ئەدەبی لە بەردەم مەرگدا بە ئاراستەی غەمگینكردن كار دەكات، دەیەوێت پەیامێكی خەماوی بگەیەنن. ڕاستە مەرگ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش و ئازاربەخشە، تراژیدیا و كۆمەڵكوژییەكانیش بریتین لە زوڵم و تاوان و كوشتن و ئەشكەنجەدان لە ئاستێكی بەرز و دڵڕەقانەدا، هەردووكیان پڕن لە چیرۆكی غەمگین و مەرگەسات و جەرگبڕ، بەڵام گەر سیاسەت و ئەدەب، تەواوی ڕەهەندەكانی ئەم ڕووداوانە لە یەك ئاراستە و فۆڕمێكی خەمناكدا كورت بكەنەوە و تەنها بیكەنە هەوێنی غەمگینی و شیوەن و گریان و سیاسەتی بەزەیی پێداهاتنەوە، سەرەنجام ئەوە دەبێتە هۆی بچوككردنەوەی ڕووداوەكە و تیشكخستنەسەر تەنها یەك دیوی ئەو مەرگ و تراژیدیا گەورەیە و بەجێهێشتنی ڕووبەرێكی زۆری ڕووداو و كاریگەرییەكانی لە تاریكیدا، كە بێ گومان مەرگ و تراژیدیا لە یەك ئاراستەدا كورت ناكرێتەوە، هەڵەیە وەها سەیری ئەو ڕووداوانە بكرێت و لە ڕێگەی سیاسەت و ئەدەبەوە وەها مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كە ئەو ڕووداوانە تەنها شیوەن و خەمناكیی بۆ بە جێ هێشتووین، كاری ئەدەب و سیاسەت ئەوەیە یان پێویستە هەر ئەوە بێت، بەردەوام ئەم دڵتەنگی و حوزن و ماتەمە بەرهەم بهێنێتەوە و بیری هەموانی بخاتەوە و یادكردنەوە و هێنانەوەئارای هەر بریتی بێت لە شیوەن و ناڵە و گریان، بێ گومان ئەم كورتكردنەوەیەی ڕووداوی مەرگ و تراژیدیاكان بۆ یەك ئاراستە، جگە لە كورتبینی و هەوڵ نەدان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دیدگای ئەدەب و سیاسەت و خۆپێناسەكردنەوە لە هەمبەریان و خۆدزینەوەی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئەخلاقی و ئەدەبی و مرۆیی و پڕكردنەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە بە جۆرێكی تر و بە شتی تر، لە هەمان كاتدا ئەو جۆرە كاركردنە زوو دەیەوێت و بێوچان تێ دەكۆشێت تا كار بكات و لە ڕێی كاریگەری و هەژاندنی لایەنی سۆز و دەروونییەوە بەوەی بیانخاتە ژێر باری جووڵاندنی هەستی بەزەیی و خەم و شیوەن و خێرا بینەر و وەرگرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات.
لەم ڕوانگەیەیشەوە كە ئەم جۆرە كاركردنە و بەو دیدگایە كە مەرگ و تراژیدیاكان تەنها بەو ئاراستەیەدا دەبات و دەیكاتە كەرەستەی بەرهەمهێنانی خەم و ماتەم و جووڵاندنی سۆز، بۆیە دوا جار لە ئەدەبدا ئەم دیدگایە بەو پێیەی زۆرترین هەوڵ و زۆرترین پێشبڕكێی بۆ ئەوەیە خەم و دڵتەنگی بەرهەم بهێنێت و زۆرترین خوێنەر خەمناك بكات و لە ئاستێكی زۆر و بەرزیییشدا ئەم خەم و ماتەم و شیوەنە بهەژێنێت، بۆیە ئەم دیدە بۆ مەرگ و تراژیدیا لە ئەدەب و سیاسەتدا لە چۆنێتیی ڕوودانەوە بۆ چەندێتیی ڕوودان دەگۆڕێت، لەوەی كە چۆن ئەو زوڵمە دروست بووە بەشێنەیی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چەند زوڵم دروست بووە، بۆی گرینگ نییە چۆن ئازار بەرهەم هاتوە، بەڵكوو بە لایەوە تەنها گرنگ ئەوەیە چەند ئازار بەرهەم هاتوە، ئەم جۆرە كاركردنە ڕووناكی ناخاتە سەر ئەوەی چۆن مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە و چیرۆكەكانی تاوان و دەستدرێژیكردن چۆن بوون، بەڵكوو تەنها یاخود بەزۆری تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چەند مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە، چەند گوند و شار ڕووخاوە، چەند كەس دیار نەماوە و نەگەڕاوەتەوە.
دیدی یەك ئاراستەیی، دیدێكی هەڵە و ناتەواوە و قەبارەی تراژیدیا بچوك و ڕەهەندە جیاجیاكانی كاڵ دەكاتەوە و تەنها لە سەر سۆزی وەرگر و بینەر كار دەكات و دەیەوێت بە هۆی تراژیدیاكەوە زۆرترین وەرگر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.

دوای ئەم خاڵانە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین، ئاخ و داخ و حەسرەت خواستن بۆ ڕوودان و زۆربوونی مەرگ و تراژیدیا لە پێناو كردنیان بە كەیس و بەكارهێنانیان بۆ ئامانجی تایبەت یان كردنیان بە كاری هونەری و ئەدەبی، لە پاڵ هەرەسە مۆراڵی و سیفەتە نامرۆییەكەی جۆرێكە لە مەستبوون بوون بە مەرگ تا ڕادەی بەهێزكردنی پایەكانی كەلتووری، ئەوەی بەختیار عەلی ناوی ناوە (مەرگدۆستی) ئەم كەلتوورە لە هەموو كایەكاندا بەهێزە و بێكەس لە ئەدەبدا بەیانی كردوە و تا سەر جەلال تاڵەبانی لە سیاسەتدا هاتوە، بگرە پێشتر و دواتریش هەبوە و هەیە.




شاعیری ژیاندۆست شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر (هاشم سه‌ڕاج وه‌ك نموونه‌(


عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر) سه‌بتایتلی دووه‌م له‌وێوه‌ قسه‌ له‌ سیحر ده‌كات، كه‌ هێزی خه‌یاڵ سنوره‌كانی واڵا ده‌كات، وه‌ك چۆن له‌وێوه‌ خه‌یاڵ ده‌خاته‌ ناوه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی وزه‌ی مه‌عریفه‌، بێ‌ وزه‌ی خه‌یاڵ نه‌توانێ‌ رێگاكانی داهێنان بگرێته‌به‌ر، له‌وێوه‌ش قسه‌ له‌ داهێنان ده‌كات، كه‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كانی زمان مه‌عریفه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و كراوه‌ بنوێنێ‌… به‌ڵام چه‌مكی تێگه‌یشتن وه‌ك جوڵێنه‌ری ئه‌و گوته‌زایه‌ خۆی له‌ فیكری (گادامێر) جیا ناكاته‌وه‌! به‌و مانایه‌ له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ ده‌شێ‌ راڤه‌كردنی سیحر و جێبه‌جێكردن وه‌ك ئاكامێكی مه‌عریفی شیعری (هاشم سه‌ڕاج) ته‌ماشا بكه‌ین…
ئه‌گه‌رچی ده‌متوانی له‌و سه‌بتایتله‌دا له‌ بری وشه‌ی (سیحر) وشه‌ی (مه‌عریفه‌) به‌ كار بهێنم، به‌ڵام ویستم له‌ رێگای ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ هه‌م قسه‌ی خۆم له‌ باره‌ی زاڵبوونی مه‌عریفه‌ له‌ شیعردا بكه‌م، هه‌م ئه‌و هێله‌ (هایدگه‌ری گادامێرییه‌) بۆ خوێنه‌ران له‌ چه‌مكی (تێگه‌یشتن)ه‌وه‌ زێتر روون بكه‌مه‌وه‌.
(1)
شیعر هه‌ر چه‌نده‌ له‌ خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه‌، ساده‌تر و شیعریتر خۆی وازی ده‌كات، شیعر هه‌ر چه‌ند زێتر له‌ خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه‌، زێتر تێكه‌ڵی سیحر ده‌بێت و كه‌متر به‌ لای بنبه‌ستبوون و مانایه‌كی دیاریكراودایه‌! بنه‌مای شیعر زمانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (فیكر و سۆز و خه‌یاڵ و شێواز…) به‌نێو یه‌كدا شۆڕبنه‌وه‌! به‌ڵام ناتوانین خه‌یاڵ وه‌ك سیحر نه‌بینین، له‌ به‌رانبه‌ریشدا شێواز وه‌ك ته‌ماشا كردنی دنیای مه‌عریفه‌ و ئاگایی شیعری… به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ شیعر نه‌ له‌ فیكر و سۆزدا ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌ سه‌ر به‌ فیكر و سۆزیشه‌، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له‌ فیكر و سۆز به‌ رێژه‌یه‌ك له‌ شیعربوون و بونیادی شیعریدا به‌شدارن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بوونی شیعر به‌ بوونی زمانه‌وه‌ گرێ‌ بده‌ین، به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ له‌ به‌ هه‌ڵمبوونی مانا ده‌یبینینه‌وه‌، نه‌ك له‌ فیكر و سۆزدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوونی به‌ بوونی فیكر و سۆزه‌وه‌ گرێ‌ بده‌ین، ئه‌وه‌ زێتر له‌ چوارچێوه‌گیری و سه‌رده‌مێكی دیاریكراو و سۆزی گوزه‌ركه‌ردا نزیك ده‌بینه‌وه‌، نه‌ك له‌ سیحری دنیاییه‌كی دره‌وشاوه‌ و هاڕمۆنی…

شیعر له‌ دنیای بڵندی زماندا مه‌له‌ ده‌كات، زمانیش هه‌رگیز ناگیرێ‌! هه‌ر شتێك نیشانه‌ بێت، بۆ فیكری سه‌رده‌مێكی دیاریكرا و مانای دیاریكراو، ئه‌وه‌ له‌ شیعرییه‌ت به‌ده‌ره‌، چونكه‌ شیعرییه‌ت سه‌ر به‌ جیهانی ماددی نییه‌، به‌ڵكو سه‌ر به‌ سیحری زمانه‌، سیحری زمانیش هه‌میشه‌ به‌ باڵی خه‌یاڵ ده‌فڕێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ماددی بوونی زمانه‌وه‌، دنیای سیحر، دنیاییه‌كی دره‌وشاوه‌ و هاڕمۆنییه‌، ناتوانین له‌و دنیایه‌دا ره‌گه‌زه‌كان به‌ره‌و شوێنی خۆیان به‌رینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ناتوانین زمان له‌ گه‌شه‌كردن رابگرین… شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر ته‌نها له‌ سنوری گه‌شه‌كردن و هاڕمۆنیكیدا وازی ده‌كات، زمان تێیدا سنوری نییه‌! ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بۆ ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی فیكر مانایه‌كی به‌رزی دیكه‌ی و شیعرییه‌ت وه‌ك ره‌گه‌زێك له‌ ره‌گه‌زه‌كان ده‌بینرێت.
(2)
شیعره‌ كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج) ده‌لاله‌ته‌ زمانه‌وانییه‌كان تا ئه‌و سنوره‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بشێ‌ زمان خۆی له‌ قسان رووت بكاته‌وه‌، رووتبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و چێژ و ئازادكردنی وسبه‌لێكراوه‌كان… كه‌واته‌ له‌ شیعره‌ كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج)دا ئه‌وه‌ زمانه‌ قسان ده‌كات، بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵی زمانه‌وه‌! هه‌ر له‌میانی رووتبوونه‌وه‌ی زمان و قسه‌كردنی ساته‌وه‌خته‌ وسبه‌لێكراوه‌كانی زمان، چێژ له‌ جوانی ژیان و هونه‌ری ژیان وه‌رده‌گرین! له‌و ته‌عبیره‌ كورتبڕانه‌ له‌ یه‌ككاتدا هه‌م قسه‌كردنی زمان ده‌بینین (زمان گوڵی ده‌مه‌) و هه‌م ئه‌و قه‌واره‌یه‌ ده‌بینین، كه‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ران ده‌چینه‌ ناوییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای راڤه‌كردن و خزینه‌كانی خۆمانه‌وه‌ ببینه‌ تاكێك له‌ تاكه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی زمان… به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و دنیا، له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌، جاچ دنیا ده‌ق بێ‌، یان ده‌ق دنیا بێ‌، به‌ڵكو زمان فه‌زایه‌كه‌ له‌ ئازادی، ئازادیش خودی بوونه‌!!
دنیا ده‌ق بێ‌، یان ده‌ق دنیا بێ‌… زمان سه‌ر به‌ هه‌بووییه‌كی هاڕمۆنی و فره‌چه‌شنه‌، وه‌ك چۆن فره‌چه‌شنی دنیاش پێكده‌هێنێ‌. (چێژ و خه‌یاڵ و وشه‌) به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ نه‌سه‌قێكی كورتبڕی هاڕمۆنییه‌، ده‌لاله‌ت له‌ فۆڕمگه‌لێك له‌ بینراو و بیستراو و هه‌ستپێكراو ده‌كات. ئاوێته‌یه‌ك له‌ شته‌ وه‌همی و واقعییه‌ رووته‌كان، نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نێودژئامێزه‌كان.
(3)
ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین له‌ (هونه‌ری ژیان)، ده‌شێ‌ وه‌ك پرنسیب بمانخاته‌وه‌ سه‌ر رێگای زمانێكی نوێ‌، كه‌ بواری جوله‌ و گۆڕین و وه‌رگێڕانی فره‌ ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و بواره‌ فره‌ و جیاوازه‌، شوێنێ‌ له‌ زمان وه‌به‌رهه‌مدێنێ‌، شوێنێ‌ كه‌ نه‌خشی (ئێستا و رابردوو و داهاتوو) له‌ پڕشنگێ‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پڕشنگه‌ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێودژیه‌یه‌ كه‌ تێیدا زمان قسان ده‌كات!! به‌و مانایه‌ش زمان له‌ كه‌ناری مێژووی خۆیدا په‌رتبوونی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌، په‌رتبوونێك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ دایك دووره‌ مه‌گه‌ر خوازه‌ فریای هه‌ندێ‌ له‌ نیشانه‌كانی بكه‌وێت.
(4)
زمان قسان ده‌كات (زمان رووته‌ و تاكئامێزه‌)… من قسان به‌ زمان ده‌كه‌م (زمان ماددییه‌ و جه‌ماعییه‌) هه‌ردووكیان وه‌ك دوو شێوه‌ له‌ كاركردنی چوون ده‌ق به‌رهه‌م بهێنن، به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق له‌ پێناو (بوون)…
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (من) به‌ مانای زمان وه‌ك ماددی و جه‌ماعی بیری له‌ گرامه‌ر و موڵكی گشتی یان هه‌ڵوێستی مێژوویی ده‌كرده‌وه‌، چه‌ندان چه‌وسانه‌وه‌ و ژانوژوار و چه‌رمه‌سه‌ری و شه‌ڕ و وێرانه‌یی…. هێنا به‌رچاوی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی جوانترین گۆشه‌نیگا بۆ (بوون) بدۆزێته‌وه‌ و ده‌قی تێدا بكێشێ‌!
كه‌چی (قسه‌) به‌ مانای زمان به‌و شێوه‌ی كه‌ ئه‌بستراك و تاكئامێزه‌ بیری له‌ هیچ له‌وانه‌ نه‌كرده‌وه‌، خه‌می هه‌ڵبژاردنی نه‌بوو، چونكه‌ زمان چۆن قسان بكات، گۆشه‌نیگایه‌ك داده‌مه‌زرێنێ‌ و دیمه‌نه‌كه‌ی بوون ده‌كێشێ‌!!
لێره‌دا ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌عبیر له‌ژانوژواری تاك و ئازاری گشتی بكات، ئه‌وه‌ دۆزینه‌وه‌ی له‌پڕی دووه‌م ته‌عبیر له‌ رووتی و ساده‌یی ده‌كات.

ژیان
دارستانێكی شینه‌ له‌ ئاماژه‌
بیابانێكی سپی له‌ مانای به‌تاڵ !
+++
ژیان
ده‌ریچه‌یه‌كی شینی ژماره‌ییه‌
بوونه‌وه‌ره‌كان
به‌ژماره‌ دێن و به‌ژماره‌ پێده‌كه‌نن
گۆرانی ده‌ڵێن سێكس ده‌كه‌ن
بێ ژماره‌ش لێی ده‌رده‌چن !
+++
ژیان
جیوه‌ی جه‌لاتینی جوانی گیانتی نۆشیووه‌
بۆیه‌ شكاری فڕنده‌ی شینی مه‌رگ ده‌كا!
+++
ژیان
نوسینگه‌یه‌كی شینی بێكۆتایه‌
مرۆڤ وشه‌یه‌تی و
به‌ره‌نجامی لێكخشانی پیتگه‌لێكی پرته‌قاڵییه‌!
+++
ژیان
هه‌ڵمژینی گوڵاوی ئاڵی
فوستانی شین و جه‌سته‌ی سپی و برۆنزیه‌تی ڕۆحته‌
له‌ شه‌وێكی كه‌سكی ئه‌رخه‌وانیدا!
+++
ژیان
رستێ‌ ژماره‌ی بێگیانی ماتماتیكییه‌
له‌ رێگای جووڵه‌ سپییه‌كانییه‌وه‌
درێژه‌ به‌ گه‌مه‌ی خاڵه‌ شینه‌كانی
نێو خشته‌ی مه‌رگ ده‌دا!
+++
سه‌رچاوه‌ی شیعره‌كان:
هاشم سه‌ڕاج
(شه‌به‌نگی شینی ژماره‌كان)




بۆ رەگەزپەرستانی تورکیا رقیان لە “ئۆرهان پاموک”ە؟.. رەزا شوان

نووسەر و رۆماننووسی بە ناوبانگی تورکی (ئۆرهـان پامـوک) لە (٧ی/ یونی/١٩٥٢) لە شاری (ئەسـتەنبوڵ) لە تورکیا لە خێزانێکی خۆشگوزەرانی رۆشـنبیر لە دایکـبووە.
ئۆرهـان پامـوک سێ سـاڵ لە کۆلـێژی ئەنـدازیـاریی بێناسـازی لە زانکـۆی ئەسـتەنـبوڵ خوێندی، وازی لێهێنا و تەوای نەکرد. چووە بەشی رۆژنامەوانی و تـەواوی کـرد، بەڵام ئەم زیاتـر هۆگـری جیهـانی خوێنـدنەوە و نووسـین بوو.. ئۆرهـان دەڵـێت:” رۆژێکـیان پەرتووکـێکم خوێنـدەوە.. هەموو ژیانمی گـۆڕی”
پامـوک دوای حـەوت سـاڵ لـە خوێنـدنەوە و نووسـین، لـە سـاڵی (١٩٨٢) دا یەکەمین رۆمـانی خـۆی لەژێـر نـاوی (جـەودەت بـەگ و کوڕەکـانی) چاپکـرد و بڵاوی کـردەوە.

دوابەدوای ئەم رۆمـانەی تا ئەمـڕۆ چەنـد رۆمانـێکی تری نووسی و بڵاوی کـردنەوە. تەنها ئاماژە بە نـاوی رۆمانەکـانی دەدەین، کە ئەمانـەن:(جـودەت بەگ و کوڕەکـانی، ماڵـێکی هـێمن، قـەڵای سـپی، پەرتـووکی رەش، گوڵێـک لە دیمەشق، ژیانـێکی تـازە، مـن نـاوم سـوورە، ئەستەنبوڵ ـ بیرەوەرییەکـان و شار، مۆزەخانەی بێتاون، شتـێکی نامـۆ لە هۆشـم دا، ژنـە قـژسـوورەکە، رەنگـەکـانی تـر، مـن دارێـکـم).

تا ئەمـڕۆ رۆمانەکـانی ئۆرهـان پاموک وەرگـێڕاون بۆ (٤٠) زمانی جیهانی، لەوانەش بۆ زمـانی کـوردی، لە سـەد وڵاتی جیهانیشدا رۆمانەکـانی پامـوک بڵاوکـراونەتـەوە و دەخوێنرێنەوە. تـا ئیسـتاش رۆمـانەکـانی نمرەیـەکی بـاڵای فـرۆشـتـنیان لـە تـورکـیادا تۆمارکـردوون، سەرەڕای ئەو رێگرییانـەش بۆ بڵاونەکـردنەوەیـان.
لە (١٠ی/ یانوار/٢٠٠٦) ئاکادیمیای سویدی لە ستۆکهۆڵم خەڵاتی (نۆبڵ)ی ئەدەبـیان، بەخشی بە ئۆرهـان پاموک لەسەر رۆمانی (من ناوم سوورە). بەمەش ئۆرهـان پاموک تا ئـێستا یەکـەمین نووسـەری تورکە کە ئەم خەڵاتەیـان پێبەخشیبـێت.. ئەمەو لـە چـەند وڵاتێکی ئەوروپیشدا، چەند خەڵاتێکی باڵایـان پێشکەش کـرد لەسەر رۆمانەکـانی.
ئۆرهـان پامـوک نووسەر و رۆمانـووس و رەخـنەگـرێکی بوێر و چاونەتـرسە، خـاوەن هەڵـوێستە، داکۆکـیکەرێـکی سەرسـەختی مافـەکـانی مـرۆڤ و ئـازادی رادەربـڕینە.. داکۆکی لە کێشەی رەوای گەلی کوردمان کرد.. بۆیە لە لایەن رژێمەوە غەزبلـێگیراوە.

ئۆرهـان پامـوک، ئەردوگـان بـەوە تاوانبـار دەکـات کە سەرکوتکـەری ئـازادیـیە، وتی:
“هەست بە دڵـەڕاوکی دەکـەم لە رووی سـیاسەتی ستەمکـارانەی ئەردۆگـان” وتیشی:
“خەلکی راماون و سەریان سوڕماوە، چۆن لە گفتوگۆی ئاشتی دابین و لە هەمان کاتدا لە شەڕدابین لەگەڵ کورد دا. من بەڕاستی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەم، چونکە ئەردۆگان دەیەوێت تەنها خۆی فەرمانڕەوایی وڵات بکات، درەبەستیش نیە هـەرچییەک رووبدات، ئاکـامیش هەرچیـیەک بێت، ئـەو نایـەوێت کەس لەگەڵـیدا بەشـداریی دەسـەڵات بکات” ئۆرهـان پامـوک هـەر دەربارەی ئەردۆگـان و سەرکردەکـانی پـارتی داد و گەشەکـردنی دەسەڵاتدار، دەڵـێ: “بەکارهێنانی وشـەی ئیسلام بۆ رازانـدنەوەی وتارەکـانیان”
سەرتـای بەرەنگـاربـوونەوە و ناکـۆکیی ئۆرهـان پامـوک لەگـەڵ دەسەڵاتـدارانی رژێمی تورکـیا و لەگەڵ رەگەزپەرستە توندڕەوەکـانی تورکیا، دەگـەڕێتەوە بۆ ئـەو قسـانەی کە ئۆرهان پاموک لە دیمانەیەکی دا، کە لە مانگی فـێبرواری ساڵی (٢٠٠٥) دا، لە هەندێ سەرچاوەیەکی تر نووسراوە لە فـێبرواری ساڵی (٢٠٠٣) دا، کە گـۆڤــارێکی سویسری لەگـەڵـیدا سـازی دا، گـۆڤـارەکە دەقـی قسەکـانی پامـوکی بڵاوکـردەوە، لـەم دیمانــەیەدا، ئۆرهـان پاموک دەربارەی ئـەو تـاوانە قـێزەوەن و نامرۆیی و نامەردانـەی تورکیای بۆ گۆڤارەکە باس کرد، کە سوپای دڕندەی دەوڵەتی عـوسمانی بـە نـاوە ئیسـلام و تورکیای مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، دەرهـەق بە گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی و گـەلی بێتاوانی ئەرمەنی ئەنجامیان دان، کە تا هەتایە بوونەتە مایەی شەرمەزاری و پەڵەیەکی زەق و قـێزەوەن بە تەوێڵی تورکیاوە، تاوانی سەربڕینی (ملـیون و نیوێک ئەرمـەنی) و (کۆمەڵکـوژی هـەزارن کـورد) و راگـواستـنەوەی بـە هــەزاران کـورد لـە کوردسـتان.

ئۆرهـان پاموک دەقی ئەم قسانەی بۆ گۆڤـارە سویسرییەکە کـرد:” ملـیونێک ئەرمـەنی و سی هـەزار کـورد لەسەر ئەم خـاکەدا کـوژران، بـەڵام بێجـگە لـە مـن هـیچ کەسێکی تـر ئـەو غـیرەتـەی نیـیە کـە ئەمـە بڵـێـت” مەبەسـتیشی لەسـەر ئـەم خـاکە تورکـیایە. ئەگـەرچی پامـوک لە ژمـارە راستییەکەی کەمتری وت، چۆنکە نـەک ملـێونێک، بەڵکو (ملیون و نیوێک) ئەرمەنیـیان سەربـڕی، لە باکووری کوردستانیشدا تەنها لە دەرسـیم (٣٠) هەزار کوردیـان کوشت. لە کاتی عوسمانییەکانەوە تا ئەمڕۆش دەستیان لە کورد کوشتن هەڵنەگـرتوون.. تا ئێستا زیاتر لە سەد هـەزار کـوردی سڤیلیان کوشـتوون.

ئەم دان پێنانەی ئۆرهان پاموک، دووبارە تاوانەکانی تورکیای بە بیری جیهان هێنایەوە. قسەکانی ئۆرهان پاموک لەگەڵ ئەو گۆڤارە سویسری یەدا، رق و هـەرایـەکی گـەورەی خسـتە تورکیاوە، قسەکـانی وەک چقـڵی تـیژ چەقـینە چاوەکـانی رژێـم و رەگـەزپـەرستە توندڕەوکانی تورکـیا.. چونکە ئەوان نە دان بە ناسنامەی کورد دا دەنێن و نەدانـیش بە کۆمەڵکـوژیی ئەرمەنییەکـاندا دەنێن، بەڵکو لە تورک زیاتر دان بە هیچ نەتەوەیـەکی تر نانێن لە تورکیادا. ئۆرهـان پامـوک باشیش ئەوەی دەزانی کە قسەکـانی لە لای رژێـم و رەگەزپەرستەکـان و یاساکانی تورکیاوە سـنوور بەزانــدنە. بـەڵام پامـوک ویسـتی بـەم قسانەی ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات، خۆزگە هەموو تورکێک بوێری پاموکیان ببوایە. کەچی ماوەیـەک پێـش ئەمـڕۆ، ئەردۆگانی باغـر و درۆنەخـشین بەبێ شەرمـانە هاشای لەم تاوانـە قـێزەوەنـانەی باپـیرانی خوێـنڕێـژی کـرد و بـە درۆی هـەڵبەسـتراوی دانـان. بەڵام کـورد وتـەنی: ” بـەری تیـشکەکـانی خـۆر، بـە بـێژنــگ ناگـیرێن”
ئۆرهـان پامـوک، لەسـەر ئـەو قسـانەی کـە بـۆ گـۆڤـارە سویسرییـەکە کـردی و لەسەر داکۆکیکردنی لە کورد و لە ئەرمەنییەکان، رژێم و رەگەزپەرستەکان، ئۆرهان پاموکیان بە تاوانبار و بە ناپاک تاوانبارکرد، تومەتی ئەوەیـان دایـە پـاڵی گوایە (سووکـایەتی بە ناسنامەی تورکی) کردووە، سووکایەتیی بە مستەفا کەماڵ کـردووە، کە ئەوان وەک پت دەیپەرستن. پێشێلی یاساکانی تورکیای کردووە.. چونـکە لە تورکـیادا کـەس بـۆی نیـیە رەخنە لە سەرکردەکانی تورکیا بگرێت، تەنانەت گەر بڵێن ماستیش رەشە، کـەس بـوێ نییە رەخنە لە سوپای تورکیا بگرێت، کە بۆچی خەڵی سڤیل و بێتاوان دەکوژن و شار و دێی کوردستان وێران دەکـەن، کەس بۆی نییە کە بڵـێت بۆ تورکیا بووە بە زیندانستان، بە هەزاران کورد و رۆژنامەوان و سیاسەتمەدار و ئازادیخـواز و راجـیاواز بە تـاوانی درۆ و هەڵبەسـتراو زینـدانی کراون، دادگـایی ناکـرێن.

ئەگەرچی دادپـەروەری لە تورکیادا بوونی نییە و جڵـەوی بڕیار و دەسـەڵاتی دادگـا، بە دەستی رژێمی دەسەڵاتدارەوەیە. لە ئەمڕۆدا تورکیا لە سایەی پارتی تاکڕەوی و حوکمی تاکە کەسی، لە سایەی عەسکەرتاری و پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی شکستخواردوو دا، ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، دیالۆگ لە تورکیای زیندانسـتان دا بوونیان نییە.. تورکیا لە ریزی پێشەوەی ریـزبەنـدی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دایە، سەرکوتکردنی ئاشکرا و کوشتنی بە سەدان رۆڵەی کورد، تاسانـدنی ئـازادی و ئـازادی رادەربـڕین و دیموکـراتی و زیندانیکـردنی زیاتـر لە دوو سەد رۆژنامەنووسی ئۆپوزسیۆن، گرتنی چەنـدین پەڕلەمانتـاری کـورد و سەرۆک شارەوانییەکانی شارەکـانی باکـووری کوردسـتان، بەندکـردنی (سەلاحـەدین دەمیرتـاش) سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ئەمانە هەمووی بەڵگەن لە دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان. ئەردۆگـان گەر بۆی بکـرایە سێـبەرەکـەی خۆشی دەگـرت و دەیخـستە زینـدانەوە.

لەسەر ئەو قسـانەی کە ئۆرهـان پامـوک بۆ گۆڤـارە سویـسرییەکە کردی، لەسەر داوای رەگەزپەرستە تونـدڕەوەکـان و بە بڕیـاری فەرمی رژێـمی تورکـیا هەمـوو پەرتـووک و رۆمانە چاپکراوکـانی ئۆرهـان پاموک لە تورکـیا سووتێـنران، هەڕەشـەی کوشتنیشیان لێکرد.. ئەم کـردەوە قـێزەوەنـانە هـەر خۆیان تـاوانن بەرانبەر بە ئـازادی رادەربـڕین.

ئۆرهـان پاموک لەسەر ئەو قسانەی درایە دادگـا بۆ دادگایی کردنی، بەڵام لە ژێـر فشار و داکۆکیکـردنی یەکێتی ئەوروپا و ناڕەزایی ئـازدیخوازانی جیـهان بۆ دادگایی نەکردنی ئۆرهان پاموک، تورکیا بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دەستە خوێناوییەکانی و پاشـەڵی بۆگـەنی دەرنەکەوێـت، بۆ ئەوەی زیاتر رووبەڕووی شەپۆڵی ناڕەزایی جیهانی نەبێـتەوە، ناچار بوون کە فایلی دادگایی کردنی ئۆرهـان پاموک دابخەن و واز لە دادگایی کردنی بهـێنن.
ئۆرهـان پامـوک دادگـایی کـردنی پێ سەیـر نەبـوو، دەڵـێ:” مـن ناتـوانم ئـەوە بڵـێم کـە پێـم سەیـرە دەدرێـم بـە دادگـا” مەبەسـتی ئەویـە، کە گـرتنی و دادگـایی کـردنی لە لایەن
دەسەڵاتدارانی تورکیاوە شتێکی چـاوەڕوان کراوبوو.
ئۆرهان پاموک دەڵێ:”من خۆم بە بەختەوەر دەزانم، گەر لەگەڵ ئەو نووسەرانە خۆم بـەراورد بکـەم، کە بەنـدکـران و دوورخـرانەوە بەڵکو کـوژراشن”
ئۆرهان پاموک ك دەڵێ:”قسە لەسەر تورکـیای تازە دەکەن، ئا ئەمەیە تورکـیای تـازە، کە درێـژەدانە بە تورکـیای کـۆن، ئەوتـا نووسەرەکـان لەبـەر دەرگـای داداگـا دان”
ئۆرهان پاموک داکۆکی لە رۆژنامەنووس (مـوراد بلـج) کـرد، کە لەسەر ئەوە گرتیان، وتارێـکی لـە (٢٠١٥) دا لـە رۆژنـامەی (تـەرەف) دا بـڵاوکـردەوە، کـە نووسیـبووی:
“سەرۆکی تورکـیا ئەو لە هاوینی رابردوودا لە خـوارووی رۆژهـەڵاتی وڵاتـدا، شەڕی لەگـەڵ کـورد دا هەڵگـیرسانـد، لە پێـناوی دەسـتکەوتی هەڵـبژاردن دا”
شایەنی باسیشە، ئۆرهـان پاموک، یەکەمی نووسەرە لە هەموو جیهانی ئیسلامـیدا کە داکـۆکی لە نووسەری بەریتانی بە رەگەز هـیندی (سەلمـان روشـدی) کرد، پرۆتستۆی فتواکەی خومێنی کـرد، کە کوشتنی سەلمان روشدی ی رەواکرد، لەسەر پەرتووکەکی (ئایات شەیتانیە) کە بەوە تاوانباری کرد، گوایە سوکـایەتی بە ئاینی ئیسـلام کـردووە.

هەر لەسەر ئەم هەڵوێستەی، لە ئێراندا قەدەغەکرا کە رۆمانەکانی وەرگێڕن بۆ فارسی.
لە فێبرایەری ساڵی (٢٠٠٧) دا، لە دوای کوشتـنی رۆژنامەنووسێکی تورکی بەەڕسەن ئەرمـەنی (هـرانـت دیـنک) سەرنـووسـەری رۆژنـامەی (ئـۆغـوس) لـە لایـەن میلیـشیا مافییەکانی سەر بە نەتەوەییە شۆڤێنییەکان. لەسەر بڵاوکردنەوەی زنجیرە وتـارێک کە داکۆکی لە ناسنامەی ئەرمەنییەکان دەکرد و داواشی دەکرد کە تورکیا بە فـەرمی دان بە ژینۆسـایدی ئەرمەنییەکـان دا بنـێت. گەرچی بکـوژانی ئاشکرابوون، بـەڵام وا دوانگـزە
ساڵە دۆسییەکەی کۆتایی پێنەهـێنراوە چونکە دەستی رژێمی لە پشت بکوژەکانەوە بوو.
ئۆرهـان پامـوک پرۆتستۆی کوشتنی هـرانت دینک ی کـرد و بە تـاوانی زانی.

رەگەزپەرستە تونـدڕەوەکـانی تورکیا، لە دوای کوشـتنی رۆژنـامەنـووس هـرانت دینـک. هـەڕەشەی کوشتنیان لـە ئۆرهـان پامـوک کـرد، دەزگـای ئاسـایشی تورکـیا ئۆرهـان یان ئاگـادار کـردەوە، کە هـەڕەشـەکە بە راستییە.
ئۆرهـان پامـوک لـە سـاڵی (٢٠٠٧) دا، ملیـۆنـێک دۆلاری لـە سەرمایـەکـەی لـە بانـک دەرکـرد و هەڵهـات بۆ ئەمریكـا.. سێ سـاڵ لە ئەمریکـا مایەوە. لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرک وانەی ئـەدەبی دەوتـەوە و خەریکی نووسـین بـوو.

تورکیا بەوەش ئۆرهـان پامـوک یان تاوانبارکـرد کە چۆتە نێو (لـۆبی ئـەدەبی جیهانی)
دوای سێ سـاڵ لە ئەمریکـا، ئۆرهـان پامـوک گەڕایـەوە بۆ تورکـیا، چونکە ئەو بـەبێ ئەستەمبوڵ نەیدەتوانی هەڵبکات، ژیـانی و بیرەوەرییەکـانی هەمووی لە ئەستەنبوڵـن. رۆمانی (ئەستەنبوڵ.. بیرەوەرییەکـان و شار) گوزارشتە لە ژیاننامەخۆی لەم شارەدا.

رەزا شوان




جەرائەتی سیاسی … چالاك ئاغجەلەری

مێژووی ٢٧ ساڵی هەرێمی کوردستانی عێراق پڕە پڕە لە بگرە و بەردەی سیاسی و هەندی جاریش سەربازی ، لەو ماوەیەدا زۆرترین بەریەکەوتن بەرۆکی هەردوو پارتی سیاسی ( یەکێتی و پارتی)گرتوە ، دوو هێز هەمیشە هاوشانی یەکبون لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا بۆ کۆی جومگەکانی دەوڵەتداری لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

بەڵام ئەگەر بەووردی ڕۆچیتە ناو هۆبە بە هۆبەی ئەم یەکە سیاسی و ئیدارییەوە هەست بە لاسەنگی ئەم دابەشکاریە دەکەیت لە پەیوەند بە دەستڕاگەیشتن بۆ کۆی بەشەکان ، هەردەم لەم ژوورە تەنگەبەرەدا ( بەراوورد بە جیهانی بەڕیوەبردنی دەسەڵات) هێزێک کە خۆی بە خانەخوێی و دەمڕاستی هەموولایەک دەزانێت ( بە خۆشی بێت یان پێچەوانەکەی) پشکی شیێری بردوە( نەوەک بەریکەوتبێ) ئەوێش پارتی دیموکراتی کوردستانە بەسەرۆکایەتی( بنەماڵەی بارزانی).

لێرەدا پێویستە بزانین هۆکاری ئەم باڵادەستیەی ئەم هێزە بۆ چی دەگەڕێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر کەمێک بۆ مێژووی ئەم پارتە بگەڕیینەوە کە ڕۆژاگارێک ماڵئاواییان لە سیاسەت کرد، بەڵام سیحری مانەوە و گەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانەکە هێندەی پاڵپشت بە پشتیوانی دەرکی و بەکارهێنانی هێزی دەرەوە بۆ سەپاندنی خۆی بەسەر بەرامبەردا ، نەیتوانیوە و نەبینراوە بە شکۆ و ئاکاری نۆرمێکی دروست بە سیاسەت بەرخودی کردبێت و ئەم بەرکەوتەیەشی بەری ڕەنجی ماندبوونەکەی بێت.

لەلایەکی ترەوە هێزە ڕکابەرەکەی ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بۆ خۆی بەرهەمی جەرائەتێکی سیاسی بوو دوای بەجێهێشتنی پارتی لەساحەی سیاسی کوردستان، بەدوای تەواوی ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوویاندا، یەكێتی بە هێزەوە لەگەڵ سەرەتای ئەو ئازادییەی کوردستاندا دا دەرکەوت ، نموونەی خەسڵەتی خەڵکەکەی جۆرێک دڵسافانە لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەڵسوکەوەتی کرد کە بەشێکی زیندو و دەستکراوە نەبوون لە سەرەتاکانی ڕاپەڕییندا.

دوای دروست بوونی کابینەی یەکەمی حکومەت و شەڕی ناوخۆ و دەرکەوتنی سەرەتاکانی شکستی عەسکەری پارتی ، زیرەکانە ( بۆ خۆی) پارسەنگی هێزی گۆڕی ، هەر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک زادەی خیانەتی نیشتمانی مایەوە درێژە بە ئەجندای هەمان سیاسەت دەدات کە نەیهێشت بگلێ، هەر بۆیە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە یەكێتی سازشی زۆری بۆ پارتی کردوە و هەموو کاتێکیش دارەکە لەسەری خۆیدا شکاوە، هاوکات بە درێژایی ئەو ماوەیە کۆمەڵێک لە کەسانی دەست ڕۆیشتی ناو یەکێتی سیاسەتیان کردە بەشێک لە کەسابەتی ڕۆژ و بەدواییدا چەند باڵاێک دروست بوو ، تا کار گەیشتە جیابوونەوەی کاک نەوشیروانی ڕەوان شاد، تەواوی ئەم کێشانە بوونە هۆکاری لە دەستدانی باڵانسی سیاسی بەرامبەر دەسەڵاتی پارتی.

⦁ ئەو کێشمەکێشەی یەکێتی وەکو حزب پێیدا تێپەڕی ئەگەر هێزێکی مێژژوو کرد و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری تۆکمە و ماندو نەبوایە زەحمەت بوو بتوانێت جارێکی تر بەم گڕوتینەی هەیەتی هەناسە بدایە. ئەمڕۆ ش لەسەر و بەندی دروست کردنی ئەم کابینەیەدا یەکێتی و پارتی جارێکی تر دەگەڕێنەوە سەر هەمان هاوکێشە، یەکێتی پێویستی ڕوحی بە بەرنامەیەکی ڕاست و شەفاف بۆ خەڵک و جەماوەرەکەی هەیە، یەكێتی باش لەوە دەگات جەماوەرەکەی بە ئاگان لە ڕەفتار و گوفتاریان، نموونەی سزادانی ئەم هێزە لەلایەن جەماوەرەکەیەوە مێژووەیەکی دوور نیە هەر بۆیە ناتوانێت لەسەر دوو ئاست سازش بکات ، یەکەم … بەڵێنەکان بە جەماوەرەی ئەم هێزە .

دووهەم… کەرکوک ، ئەم شارە بۆ یەكێتی دڵی پەیکەرە سیاسیەکەیەتی هەر بۆیە ئیمکانی شازش کردن لێی جۆرێکە لە ئینتیحاری سیاسی، کەواتە ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆیان زۆر واقعی و دروستە جەرائەتێکە کە دەکرا زۆر لەمێژ بوو بەرخودی لەگەڵ بکرایە، پاشگەز بوونەوە و سازش بۆ لایەنی بەرامبەر یەکێتی مۆفەق ناکات بەڵام سووربونیان جیا لەوەی جەرائەتێکی سیاسی پێوستە و بەم هەڵوێستەش دڵی دۆست و جەماوەرەکەی شاد دەکات.

⦁ چالاك ئاغجەلەری




ئینسایکلۆپیدیا، پوختەی عەقڵانییەتی مۆدێڕن…. کاوان محەمەدپوور

سەبارەت بە زەروورەتی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بۆ کورد

ئەگەر
ئاوڕێکی خێرایی لە سەردەمی ڕووناکبیری ئۆرووپا بدەینەوە، یەکێ لەو بەرهەمانەی –کە ڕەنگە
زیاتر لەوانی تر- دێتە بەر چاومان و بەهیچ روو ناتوانین کاریگەری ئەو بەرهەمە
لەسەر ڕۆشنگەری چ وەک ڕەوت و چ وەکوو ئاگاییکەرەوەی کۆمەڵگا پشت گوێ بخەین، (ئینسایکلۆپیدیای
زانست، هونەر و پیشەکان)ی فەیلەسووفی فڕانسی (دەنی دیدرۆ)یە. ئەم بەرهەمە وەکوو
یەکەم ئینسایکلۆپیدیا(Encyclopedia) گشتی لە زانستدا ناودێر دەکرێت. دەنی دیدرۆ بیست و
شەش ساڵ لەتەمەنی خۆی بۆ ئەم بەرهەمە بیست و هەشت بەرگییە تەرخان کرد. کۆبەندێک لە
زانست و دەستکردەکانی مرۆڤ کە ئاست و پلەی هۆشیاری و ڕەخنەی مرۆڤ لەمەڕ ئۆتۆریتە(هێز)ی
کلیسا و ناعەقڵانی مرۆڤ دەباتە سەر.

 ئەوەی کە لە سەرەتای ئەم یادداشتەدا ئاماژەم بە
سەردەمی ڕووناکبیری و نووسین و سەرپەرەشتیاری دەنی دیدرۆ بۆ ئینسایکلۆپیدیا کرد
تەنیا یەک مەبەستی تێدایە، ئەویش کاریگەری ئینسایکلۆپیدیا لەسەر زانستی گشتی
کۆمەڵگا و تێکشکاندنی ئۆتۆریتەی زاڵی، جیا لە عەقڵانییەت مرۆڤ. ئەم بەشە ڕێک
پێوەندی بە ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری کوردی ئێمەوە هەیە و زەروورەتی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا
لە مێژووی کورددا دیاری دەکات. هەڵبەت بە هیچ ڕوو نە لە توانایی زانستی من دایە و
نە ئەم کورتە یادداشتە دەیهەوێت شێوە و مێتۆدی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا نیشان بدات.
ئەم یادداشتە تەنیا دەیهەوێت بە ئاوڕدانەوەیەکی 
مێژوویی لە ڕەوتی ڕووناکبیری ئۆرووپا، گرنگی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بۆ کۆمەڵگا
باس بکات. بۆ ئەو مەبەستە ئاوڕێکی خێرایی لە مێژوویی ڕووناکبیری ئۆرووپی دەدەمەوە
و پاشان پێداویستییەکانی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بە پێی مێژووی ئەزموون کرا و هاو
مژاری ڕەوتی زانستی کوردی باس دەکم. دیارە مێژوویی زانستی و مەعریفی ئۆرووپا
هەڵگری نووسین و باسکردنی زۆرە و من لێردا بە پێی پێوسیت و مەودای ئەم وتارە،
تەنیا بەشێکی زۆر کورت، کە بە واتایەک بۆ ناسینی هۆی نووسینی یەکەم ئینسایکلۆپیدیا
زەروورەتی هەیە باس دەکم.

سەردەمی
ڕووناکبیری و نووسینی یەکەمین ئینسایکلۆپیدیا

هیچ
بەرهەم و زانستێکی جیهانی بێ پاشخان بەدی نایەت. تەنانەت ئەگەر وەکوو واڵتەر بنیامین
فەلسەفەی مێژووی خۆمان لەسەر چەمکی (دابڕان)یش بوەستێنین و پێمان وابێت بە
پێچەوانەی هێگێلەوە مێژوو هەمیشە بەرەو پێشکەوتن ناچێت و ناتوانین پێشکەوتن وەکوو
بەرجەستە بوونەوەی مادییانەی عەقڵ پێناسەبکەین، بەڵکوو دروست بوونی سەرتا نوێکانی
مێژوو لە دابڕان لە ڕەوتی پێشینەی مێژوو دایە، دابڕان وەکوو ساتەوەختێک وایە کە
مێژوو چیتر ناتوانێت خۆی دووپات بکاتەوە. بە وتەی بنیامین ئەم دابڕانە شتێکی سانا
و ئاسایی نییە و هەمیشە لەگەڵ خۆی وێرانکاری و توندوتیژ و تێشکانی پێیە. واتە بە چەشنێک
تێکشکان و وێرانی مێژووی پێشوویە. ئەمە بەو مانایەیە کە تەنانەت لە چەمکی
دابڕانیشدا پاشخانی مێژوو و کۆبەندێک لە پێش مەرج بۆ دابڕانی مێژوویی هەیە. واتە ڕەوت
و مێژوویی تایبەت، دوخێکی تایبەت بەرهەم دێنن کە ساتەوەختی دابڕان لەودا بقەومێت.

 یەکێ لە گرنگترین ساتەوەختەکانی دابڕان لە
مێژوویی ئۆرووپا، تێکشکان و وێران کردنی ئۆتۆریتە(هێز)ی کلیسا لە لایەن
عەقڵانییەتی مرۆڤە. لە سەدەکانی ناویندا(Middle Ages) گشت زانست و زانیاری لە ژێر
چاوەدێری کلیسای کاتۆلیکدا پەروەردە دەبوو، گوتاری زاڵ، گوتاری زانستی کلیسا بوو.
بە دەستەواژەی میشێل فۆکۆیی، لەو سەردەمەدا حەقیقەت یان زانست و مەعریفە، ئەو
چەمکە بوو کە کلیسا پێناسەی دەکرد، ئۆتۆریتەی کلیسا لە گشت لق و پۆ فەرهەنگییەکانی
کۆمەڵگادا گەریانی هەبوو و تەنانەت کێشە لەگەڵ ئەم ئۆتۆریتەیە ئەگەری گیان لە دەست
دانی لێدەکەوتەوە. بەڵام ئەگەر لە خوێندنەوەیەکی مێژوویدا (ڕێنێ دێکارت) وەکوو
باوکی سەردەمی عەقڵانییەت و یەکێ لە باوکانی سەردەمی ڕووناکبیری ئۆرووپا بزانین کە
لەمەڕ ئۆتۆریتەی کلیسا ڕادەوەستێت و بە جێگەی وتەکانی پاپ و کلیسا عەقڵی پەتی
دەکاتە تەنیا سەرچاوەی زانستی بەشەری، بۆمان دەردەکەوێت کە پێش ئەو، نووسەرانی تر
وەکوو (دانتێ ئەلیگیێری) و (جووانی بوکاچیۆ) بە نووسینی چیرۆک-هەڵبەت نە بەمانا
مۆدێڕنەکەی-ڕێگە خۆشکەری گوتاری نوێ، واتە عەقڵانییەتی مۆدێڕنن بۆ دێکارت. لەم
تاقمە نووسەرانە بە وتەی کۆندرا بە هیچ روو ناکرێت سێروانتێس (نووسەری دۆنکیشۆت)
بسڕێنەوە. بەڵام دانتێ وەکوو پێشەنگی بەرهەم هێنانی یەکەمین بەرهەمی داستانی کە
خوڵقێنەری (خودی نووسەر)ە، نە داستان و وتە ئۆستوورەیی و مەزهەبییەکان، خۆی وەکوو
(دابڕان)ێکی مێژووی پێناسە دەکا. (کۆمێدیای یەزدانی) بەرهەمی جیهانی زەهنی
نووسەرەکەی، واتە دانتێ ئەلیگیێرییە. لێردا دانتێ و لە پاشان بوکاچیۆ (نووسەری
دێکامێرۆن) و سێروانتێس (نووسەری دۆنکیشۆت)، بۆ یەکەمین ڕا لە مێژووی ئۆرووپا نووسەر
یان (ئۆرتۆر) بەدیدێنن. بەر لەم نووسەرانە هەرچی بەناوی چیرۆک و ڕۆمانسەوە لە
ئۆرووپا نووسراوە، گێڕانەوەیی پاتەکراوی کتێبی پیرۆز و ئۆستوورەکان بووە.

ئەگەر
جیهانی واقیع خوڵقاوی خواوەندە، جیهانی چیرۆک نووس، خوڵقاوی نووسەرە. بە چەشنی
ئیستعاری نووسەر لەمەڕ بەرهەمەکەی وەکوو خوایەک وایە کە جیهان پێکدێنێت و سەرو سامانی
دەدات، واتە ئۆتۆریتەی نووسەر بە دەقی بەرهەم هاتوو بەدی دێت. لێردایە کە وردە
وردە ئۆتۆریتەی کلیسا و شرۆڤەی کلیسا لە کتێبی پیرۆز و ئاکاری مرۆڤ و جیهان
دەکەوێت ژێر تیشکی ڕەخنەوە. بەدی هاتنی نووسەر وەکوو کەسایەتییەک کە بۆ پێکهێنانی
جیهانی نوێ لە ژێر ئۆتۆریتەی کلیسا و پاپ دا نییە و خۆی بە خەیاڵی خۆی بەرهەم
هێنەری جیهانێکی نوێیە. بەگشتی لەم سەردەمەدا خولقاوەکان/بەرهەمەکان-ئەوانەی
ئاوێنەی ئۆتۆریتەی نووسەرن-، بە چیرۆک دێنە ئەژمار، واتە بەرهەم یان دەستکردێکی زانستی
بە چەشنێکی شیاو بوونی نییە. لە سەدەکانی دواییدایە شرۆڤەی نوێی (مارتین لۆتێر) و(جان
کالڤین) لە کتێبی پیرۆز و هاتنەکایەیی چاکسازیی پرۆتیستانتی، ڕێگەیەکی بەربڵاوتر
بۆ بەدی هاتنی عەقڵانییەتی دێکارتی دەکاتەوە. دێکارت وەکوو نوێنەری عەقڵانییەتی
مۆدێڕن، تەنیا ئەو دەستکەوتە بە شیاوی زانست و مەعریفە دەزانێت کە بەرهەم هاتوویی
عەقڵی پەتی مرۆڤ بێت و لە ژێر سێبەری گومانەوە پێناسە کرابێت. بە ڕوانگەیەک
عەقڵانییەتی مۆدێڕن هەنگاوێک ئۆتۆریتەی خولقێنەر دەباتە پێش. ئەگەر سەرەتای
تێکشکانی ئۆتۆریتەی کلیسا بە نووسینی چیرۆک بزانین، بە عەقڵانییەتی دێکارتەوە،
فەلسەفە و ماتماتیک(بیرکاری) و زانستی سروشتیش دەگرێتەوە. ئەم پاشخان و دابڕانە
مێژوویە لە دەیەکانی دوواییدا سەردەمێک لە ئۆرووپا پێکدێنێت کە بە ناوی سەردەمی
ڕووناکبیری یان سەردەمی ڕۆشنگەری (Age of Enlightenment) دەناسرێت. سەردەمی ڕوشنگەری پەروەردەی پاشخانی
مێژوویی تایبەتی ئۆرووپا و کۆیەک لە نووسەر و فەیلەسووفی وەکوو دێنی دیدرۆ، ئێمانۆیل
کانت، ڕۆسۆ، مارکی دۆساد، مۆتێسکیۆ، فرانسیس بەیکن و …هتدە. گشت ئەم
فەیلەسووفانە بە چەشنێک درێژەدەری عەقڵانییەتی مۆدێڕنن کە بە شێوەی فەلسەفی لەلایەن
دێکارتەوە دێتە پانتای مەعریفی جیهانەوە. دیارە هەر کام لەم فەیلەسووفانە، ئەم
عەقڵانییەتە بە چەشنێکی تایبەت پێناسە دەکەن و زۆربەیان لەگەڵ دەسکەوتە
فەلسەفییەکانی دێکارت کێشەیان هەیە، بەڵام لە چەمکی بەنەڕەتیدا لەگەڵ ئەو هاوڕان،
ئەویش بەکار هێنانی عەقڵی مرۆڤ لەمەڕ پێناسەکردنی جیهان و دژایەتی لەگەڵ ئۆتۆریتەی
کلیسایە، ڕەخنەی ڕۆشنگەری لە بۆچوونەکانی کلیسا و پێناسەکردنی مرۆڤ وەکوو وێنایەک
لە گۆشت و پێست و خوێن، مرۆڤ لە بازنەی یەزدانیدا دەکێشێتە دەرێ و وێنایەکی زەوینی
پێ دەبەخشێت. مرۆڤی ئەم سەردەمە، مرۆڤی تەنیا و وێڵ لە پانتای بەربڵاوی بوون دایە،
لێرەدا هیچ ئۆستوورە و قارەمان و خودایەک بۆ مرۆڤ بووونی نییە کە لە تاریکستانی ژیاندا
فریای بکەوێت و ڕزگاری بکا، هەر بۆیە تەنیا خۆی دەبێت بە فریایی خۆی بکەوێت. کە
واتە بە وتەی سەردەمی ڕۆشنگەری، هیچ دەرەتانێک بۆ ڕزگاری مرۆڤ جگە لە بەکار هێنانی
عەقڵ نییە.

عەقڵانییەتی
ڕۆشنگەری بە دابەزانی مرۆڤ بۆ سەر زەوی بوو بە هۆی بەدی هاتنی زانستگەلی نوێ.
مرۆڤێکی وێڵ و تەنیا لە پانتای ژیاندا بێگومان بۆ ناسین و تەحەمول کردنی ژیان،
پێویستی بە ناسینی جیهان هەیە. ئەم مرۆڤە خاوەن دەروون و مێشکە، خاوەن شار و کۆمەڵگایە،
بەرەوڕوویی نەخۆشی دەبێتەوە، دژواری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ دێتە پێش. بیرکردنەوە
لەم چەشنە مرۆڤە و بێکەسی ئەو لە پانتای بووندا، بوو بە هۆی بەدی هاتنی زانستگەلی
جیاوازی مرۆڤ. دەروونناسیی و کۆمەڵناسیی پێکدێت، شارسازی و ئەندازیاری بەشێوەی
زانستی بەرهەم دێت، پزشکی پێش دەکەوێت و دەستووری پەروەردەیی مناڵ و کۆمەڵگا دێت
ئاراوە، شێوەی سیاسەتی مۆدێڕن و جیاکردنەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ نەزم و ڕێسایی
کۆمەڵایەتی دروست دەبن. دەیان دەستکەوت و دەستکردی هونەر و زانستی لە ژێر سێبەر
بەکار هێنانی عەقڵی بەشەر و تێکشکانی ئۆتۆریتەی کلیسا بەرهەم دێت. هەر لەم
گەریانەدایە کە (دەنی دیدرۆ) و هاوکارەکانی پرۆژەیەکی زانستی بە ناوی (ئینسایکلۆپیدیای
زانست، هونەر و پیشەکان) دەست پێدەکەن، هۆی نووسینی ئەم پرۆژیە پۆلێن کردنی
زانستەکانی مرۆڤ بوو. ئەوەی کە هەم کۆمەڵگا و هەم بیرمەندەکان ئاگاداری
دەستکەوتەکانی مرۆڤ ببنیەوە. بە چەشنێک پێناسەی ئەوەی بکرێت عەقڵانییەتی مرۆڤ چ
دەستکەوتێکی هەبووە کە کلیسا و دەستووراتی کلیسا لە پاش چەندین سەدە نەیانتوانیەوە
بەرهەمی بێنن. ئینسایکلۆپیدیا، ناسین و پۆلێنکردنی زانستی مرۆڤە، بۆ پێشکەوتنی
زیاترو ناسینی ئەو چەمک و ئاستەی کە بیرمەندەکان دەبێت کاری تێدا بکەن و بیناسن.
بە نووسینی ئینسایکلۆپیدیای زانست، هونەر و پیشەکان، ڕۆشنگەری هەنگاوێکی تر دەچێتە
پێش. ئەم هەنگاوە ڕێک لەمەڕ کۆمەڵگادا مانا دەبێتەوە. مرۆڤی کۆمەڵگا لەگەڵ بەشێکی
زۆر لە زانستەکانی جیهانی ئاشنا دەبێت و شێوەی بیر و بۆچوونیان تا ڕادەیەک فێر
دەبێت، ئەو جار خۆیی خۆ، بۆ زانستی نوێ پەروەردە دەکات. لێردایە کە ئینسایکلۆپیدیا،
ڕۆڵی بەخشینی زانست بە کۆمەڵگا کایە دەکات و ئیتر عەقڵانییەتی ڕۆشنگەری پێی وانییە
کە زانست چەمکێکی قەتیس ماو لە ناو بیرمەندان و فەیلەسووفان دایە، بەڵکوو زانست و
هونەر، بە گشت چەمک و لق وپۆیەکانی دەبێت بێتە ناو پانتای بیری کۆمەڵایەتی و
مرۆڤەکانی کۆمەڵگا لە زانیاری و زانست بەهرەمەند بن. ئەم بەهرەمەندییە خۆی پەرەوەردە
کردنی کۆمەڵگا و ڕێگەخۆشکەری پرس و ڕووناکبیری نوێ بە دەستکەوتی نوێیە. بەم پێیە
یەکێ لە گرنگترین دەستکەوتەکانی عەقڵانییەتی مۆدێڕن کە لە جەستەی ئینسایکلۆپیدیای
سەردەمی ڕۆشنگەریدا خۆ دەنوێنێت، “بەخشینی زانیاری و پەروەردەکردن و هاودەنگ
کردنی کۆمەڵگا بە زانستی مۆدێڕن”ە.

زەروورەتی
نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بە زمانی کوردی

بە پێی
دەرەنجامی سەرەوە، نووسینی ئینسایکلۆپیدیا لە زمانی کوردی دا بە چەند هۆوە پێویست
دەنوێنێت. ئەگەر بە پێی پێناسەی ئەمڕۆیی ئینسایکلۆپیدیا(زانیارینامە)، کۆمەڵە
نووسراوەیەکی بەربڵاو و گشتگیر بزانین کە لە ھەموو زانستەکان یان زانستێکی تایبەتی
بەشێوەی پوخت و ھەڵبژاردە تێدایە و پێکهاتوویە لە کۆمەڵێ وتاری زانستی تایبەت،
ئەوە دەبێت ئەم چەشنە بەرهەمە بەجۆرێک سەرچاوەی زانستی دابنێین کە بەگشتی توانستی
ئەوەمان پێدەدات هەم هەنگاوی زانستی‌تر هەڵبهێنینەوە و هەمیش خۆمان زیاتر بە نەتەوەکانی
تر بناسێنین.

بێ‌گومان
مێژووی ئێمەی کورد، دەستکەوتێکی وەها شیاوی زانستی تێدانییە کە بتوانین پێی بەشداری
گەشەی زانستی جیهانی بین.-هۆی نەبوونی ئەم دەستکەوتەش لق و پۆیی زۆری لێدەبێتەوە
کە ئەم وتارە بە هیچ ڕوو مەبەستی تاوتوێ کردنی نییە-. بەڵام ئەوەی دیارە بەشە هەر
گرنگی زانستی جیهانی بە زمانەکانی (ئینگلیسی و ئاڵمانی و فڕانسی و چینی) نووسراوە.
پێویستی ئێمەیە  ئەم زانستە لە ڕێگەی
وەرگێڕان بۆ کۆمەڵگای خۆمان هەناردە بکەین، جیا لە وەرگێڕانی کتێب و وتاری زانستی
بەشێک لە وەرگێڕانی ئینسایکلۆپیدیاکانی زانستی جیهان وەکوو پێویستی پەروەردە کردنی
زمانی زانستی کوردی زەرووری دەنوێنێت. هەڵبەت نەتەنیا وەرگێڕان بەڵکوو خۆی نووسینی
ئینسایکلۆپیدیای کوردی کە لەوەدا باس لە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵناسیی کورد و
دەستکردەکانی کورد دەکا وەکوو پێویست دەبێت هەبێ. بەڵام باسەکەی من زیاتر دێتە ئەو
چەشنە لە زانست کە بۆ کورد و زۆربەی گەلەکانی جیهان بوونی نییە و ناچارن لە ڕێگەی
وەرگێڕان ئەم زانستانە فێر بن. خۆی وەرگێڕانی ئینسایکلۆپیدیاکانی زانستی جیهان بە
چەشنێک پەروەردەکردنی زمانی کوردی لەمەڕ زانستە نوێیەکانە. ڕەنگە ئەو ڕستەی کە “ئێمەی
کورد دەستەواژەی زۆر شیاومان بۆ زانستگەلی وەکوو شیمی و فیزیک و زمانناسی و
فەلسەفی مۆدێڕن و…هتد نییە”، پاتەکردنەوەی دەیان جار بێت. بەڵام بێ‌گومان ئەم
(بێ زمانییە!)، چ هەنووکە و چ لە داهاتوودا وەکوو خەسارێکی زانستی گەورە خۆ
دەنوێنێت کە ئەمڕۆکە بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. تەواو لەگەڵ ئەمە هاوڕام کە بەپێی
دەستکەوتەکانی زمانناسیی کەس بۆی نییە بڵێت فڵانە زمان لە زات و سروشتی خۆیدا لاوازە،
تەنیا ئەگەر زمانێک-بۆ نموونە کوردی- توانستی نووسینەوەی زانستێک وەکوو فیزیک یان
شیمی بە شێوەی شیاو نییە و ناچارە لە زمانەکانی تر کەڵک بگرێت، هۆیەکەی ئەوەیە کە
لەم پانتایەدا گەمەی زانستی پێنەکراوە، دیارە کاتێکیش زمان لە شێوەی دەربڕین و
وشەسازیی تایبەتەوە دور دەکەوێتەوە هیچ کات شتێکی شیاوەی تەنانەت بە شێوەی لاسایی
کردنەوەش بۆ جیهان پێی نییە.

 بەرهەم هێنانی ئەم زمانە بێ‌گومان ڕێگەی زانستی
زۆری هەیە کە یەکێکیان نووسینی ئینسایکلۆپیدیای زانستییە، جا چ بە شێوەی وەرگێڕان
چ بەشێوەی نووسین بێت-هەڵبەت نووسین لەو بەشانەی کە توانستمان هەیە-. بێ‌گومان
بەخشینی زانیاری نوێ لە جەستەی کۆبەندێک وەکوو ئینسایکلۆپیدیا چ بۆ بیرمەندان و چ
بۆ جیلی نوێ شێوەیەکی ساناترە، چوون لە تووێی چەند بەرگ‌دا بەشێکی زۆر لە پێشەکی
زانستی ئەتوانین هەناردە بکەین. ئینسایکلۆپیدیا دەتوانێت سەرچاوەیەکی زانستی چ لە
بواری وشە و ڕستەسازی بێت، چ لە بواری بەرهەم هێنانی عەقڵانییەتی نوێ. ئەمڕۆکە
بەدڵخۆشییەوە پرسی نوێ –بە گشت کەم و کۆڕیەکانی مێتۆد و گریمانەوە-لە ناو
کۆمەڵگادا بوونی هەیە، ئەم پرسە خۆی خەریکی ئامادەکردنی خۆیەتی بۆ زانست و
مەعریفەی نوێ، کەواتە نووسینەوە و بەرهەم هێنانی ئینسایکلۆپیدیا لە چەشنی زانستی
ئەتوانێت ڕێگە خۆشکەر و مژدەدەری جیلی زاناتر بە پرسیاری شیاوتر بێتەوە. وێدەچێت
هەنووکە لە کوردستاندا تەنیا یەک ئینسایکلۆپیدیا هەبێت کە خەریکی نووسینەوەی بین،
ئەوەیش (ئینسایکلۆپیدیای کوردستانیکا)یەکە بە پێی پێناسەی دەستەی
نووسەرانی : “پوختەی هەموو زانیارییەكان لەبارەی كورد و كوردستانەوە بەپێی
بابەت، ناونیشان، ڕوودا، دیاردە و ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ڕۆشنبیری
لە خۆیدا كۆدەكاتەوە”. ئەم چەشنە لە ئینسایکلۆپیدیا بێ‌گومان زەروورەتی زۆری هەیە،
بەڵام بە هیچ ڕوو نە تەواوکەری پڕۆژەی نووسین ئینسایکلۆپیدیایە و نە ئەو بەشە کە
لەم وتارە مەبەستمانە دەگرێتەوە. بێ‌گومانی نووسینی وەها بەرهەمێک پێویستە، بەڵام
ئەوەی کە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئەم بەرهەمە بنووسرێت/وەرگێڕێتەوە، ئینسایکلۆپیدیای
لە چەشنی هونەر، مێژوو و زانستە. وەها دەنوێنێت دورکەوتنەوە لە شێوە نوێیەکانی
بەرهەمی جیهانی-کە هەڵبەت بۆ کورد نوێیە- جگە لە دواکەوتن هیچی تری بۆ نەتەوەکان
لێنەبێتەوە. ئەم دوا کەوتنە نە تەنیا لە ئاستی جیهانیدا خۆی وەکوو خەسارێکی گەورە
وایە، بەڵکوو شێوە و ئاکاری تایبەتیشی لێدەبێتەوە، ئەم ئاکارە تایبەتە کە بۆ ئێمەی
کورد پاساوەکەی بۆتە (بە مل داکردنی ئەویتر)، تەنیا دەبێتە گلەیی و گازەند و چاو
لە دەستی نەتەوەکانی‌تر بین کە بزانین چ بە کورد دەڵێن کە ئەوکات لە چەشنی
قارەمانێکی زانستی بێین وڵامیان بدەینەوە، دیارە وەها وڵامێک نە زانستی پێوەیە نە
بە سەر مێژووی خۆیدا دەڕوات. بە وتەی بیرمەندانی دژە پۆست کۆلۆنیالیزم ئەم ئاکارە
بەچەشێکی‌تر کەوتنە ژێر گوتار و هێژمۆنیایی ئەویترە، چوون ئەم وڵام و پاساوە، هۆی
پرسیاری زانستی نییە بەڵکوو هۆیەکەی دەگەرێتەوە سەر ڕوانگەی چەوسێنەرانی ئەویتر،
کە واتە تۆ خۆت دووبارە پرسیاری خۆت هەڵنابژێری.




شیعری كوردی و سته‌می سیاسی! … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

   ()

به‌درێژایی مێژوو، كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌میشه‌ له‌پاڵ داگیركاری سیاسی وجینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یی، ڕووبه‌ڕووی داگیركاری فه‌رهه‌نگی و كلتووریش بۆته‌وه‌.
له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه‌هه‌میشه‌ دوژمنانی ئێمه‌هه‌وڵی له‌نێوبردن، یاخود بێ به‌هاكردن، یانیش توانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی كوردییان داوه‌ له‌بۆته‌ی فه‌رهه‌نگی ناسیۆنالیزمییانه‌ی خۆیان. ناونانی كوردبه‌توركه‌ كێوییه‌كان، به‌ئاگرپه‌رست، ناساندن ونیشاندانی زمانی كوردی به‌زمانی فارسی وعه‌ره‌بی، وێناكردنی شیعری كلاسیكی كوردی به‌لاساییكردنه‌وه‌و پاشماوه‌ی شیعری فارسی وعه‌ره‌بی، ته‌ماشاكردنی نوێخوازو داهێنه‌رێكی وه‌ك(گۆران)ی شاعیر به‌لاساییكه‌ره‌وه‌ی شاعیرانی وه‌كو شیلی وجۆن كیتس و سه‌دان نموونه‌ی تر، ئاستی شۆفێنیزمی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌رامبه‌ربه‌ فه‌رهه‌نگ وئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌ی كوردده‌رده‌خات. چونكه‌ بێگومان كاتێ نه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رشاڵاوی داگیركاری، ئه‌وا پرۆسه‌ی له‌نێوبردنی كه‌سیه‌تی كوردو تێكشكاندنیشی پیاده‌ ده‌كێت. ئه‌گه‌ردوژمنانی كوردنه‌یانتوانیبێت كۆی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌نێوبه‌رن، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌هه‌وڵی ڕووخاندنی مرۆڤی كوردو به‌نامۆكردنیان داوه‌ له‌ئاست سیماو فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆی.به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌ ڕه‌گی خۆبه‌كه‌مزانین له‌ئاست ئه‌وانی تردا، له‌ناخ و هزری مرۆڤی كورد بڕوێنن.به‌داخه‌وه‌ دوژمنان له‌وه‌دا تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆرسه‌ركه‌وتووبوونه‌. هه‌میشه‌ سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌شێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی گه‌لانن له‌یه‌كتری.
ئه‌وسیمایانه‌ كه‌فه‌رهه‌نگ و زمان، كلتوورو داب ونه‌ریت، ئه‌ده‌بی سه‌رزاره‌كی و نووسراو پێكدێننن، به‌خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان دائه‌نرێن. سنووری نێوان نه‌ته‌وه‌كانی دنیا چه‌ند كاڵبێته‌وه‌،گلۆبالیزم چه‌ند به‌هه‌ژموونه‌وه‌ گه‌لان بته‌نێته‌وه‌، هێشتا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ئه‌وانی تر، جێی شانازی نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤه‌كانه‌. له‌ یارییه‌كانی جامی جیهانیدا، كێ كرواتییه‌كی بینی حه‌زبكات وڵاته‌كه‌ی بدۆڕێت و فه‌ره‌نسابباته‌وه‌؟ كه‌س هاووڵاتییه‌كی به‌ناسنامه‌ به‌لجیكی بینی حه‌زبكات ئینگلترا له‌وان بباته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، سنووری نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپاچه‌ندین ساڵه‌ نه‌ماوه‌ومرۆڤ ده‌توانێت چه‌ندین وڵات ببڕێت به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌. به‌ڵام كه‌پرسه‌كه‌ دێته‌ سه‌رنه‌ته‌وه‌و نیشتمان، ماكه‌كانی نه‌ته‌وه‌، ئیدی ئه‌وان له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كانی خۆیانن. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌سه‌دان ساڵه‌ قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌، ئاڵاو خاك و زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی هه‌یه‌،به‌وشێوه‌یه‌ بڕوانێته‌ناسنامه‌، ده‌بێ بۆئێمه‌ی بێ گه‌ل و خاك چۆن بێت؟ ده‌بێ چه‌ند په‌یوه‌ست بین به‌زمانی كوردی، كه‌به‌درێژایی مێژووكوردی له‌سڕینه‌وه‌ونه‌مان پاراستووه‌. له‌ڕاستیدا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب وكلتووری نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆیه‌تی. ئه‌ده‌بی كوردی و فه‌رهه‌نگی كوردی، هیچی له‌نه‌ته‌وه‌كانی دنیاكه‌متر نییه‌.

جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وان ده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌و ئێمه‌ نا. شیعرو ژانره‌كانی دیكه‌ی كوردی له‌ڕووی مانا،چێژ، ناوه‌ڕۆك و په‌یام،هیچی له‌نووسه‌رانی دیكه‌ی دنیا كه‌متر نییه‌. به‌ڵام كه‌نه‌توانراوه‌ ئه‌وسه‌رمایه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ ببینرێت وبه‌دنیا بناسرێت له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ژێرده‌سته‌ی داگیركه‌ره‌كان بووینه‌. ئه‌وانیش وێرای هه‌وڵدان بۆ به‌كه‌م ناساندنی ئه‌وفه‌رهه‌نگه‌، هاوكات هه‌وڵی له‌نێوبردنیشیان داوه‌.كه‌ئه‌ده‌بی كوردی یاخود شیعری كوردی به‌جیهانی نه‌بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌كورد داهێنه‌ری نییه‌، شاعیری به‌توانای نییه‌،عه‌ره‌به‌كان یاخود توركه‌كان هه‌یانه‌،به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ئه‌و شاعیره‌به‌ناسنامه‌ كورده‌. كوردیش ده‌وڵه‌تی نییه‌، كه‌واته‌خاوه‌نی هیچ شتێك نییه‌.
كه‌ محمود ده‌روێش له‌سه‌رئاستی جیهان ده‌بێته‌ ناو، به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ كه‌له‌ شێركۆ بێكه‌س جواننووسترو به‌تواناتره‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌میان فه‌له‌ستینییه‌، ئه‌میشییان كورد. جیهان هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین، به‌ڵام له‌ئاست توانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، ویژدانی مردووه‌.

ئه‌گه‌رناخوێنه‌رده‌توانێ بۆڕاستی قسه‌كانی من، شیعری هه‌ردوو شاعیرله‌ئاستی بونیادی ده‌قی شیعری به‌راورد بكات.به‌جیهانیبوون به‌خه‌ڵاتی گه‌وره‌و به‌هادارنییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌مێژوو،به‌ڕابردوو هه‌یه‌. تائێستا فارسه‌كان خه‌ڵاتی نۆبَلیان نه‌بردۆته‌وه‌. تۆ بڵێی فارسه‌كان كه‌پێنچ هه‌زار ساڵه‌خاوه‌نی فه‌رهه‌نگن نوسه‌رێكی شایسته‌ به‌و خه‌ڵاته‌یان نه‌بێت؟ به‌ڵام گیتارژه‌نێك ئه‌و خه‌ڵاته‌ وه‌ربگرێت.یاخود نووسه‌رێكی نه‌ناسراوو په‌راوێزكراوی چینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ وه‌رگرێت.مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی به‌جیهانی بوو،ئیدی داهێنه‌ره‌.

ئه‌مه‌ زۆرجارپه‌یوه‌سته‌ به‌پرسی سیاسی و ململانێی سیاسییه‌وه‌. كه‌شاعیرانی كورد له‌سه‌رئاستی دنیادا به‌جیهانی نه‌بوونه‌، له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ تێكستی جوان، داهێنه‌رانه‌و جیهانییانه‌یان نه‌بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌په‌یوه‌ندی به‌وسته‌مه‌سیاسی ومێژووییه‌وه‌ هه‌یه‌كه‌له‌كوردكراوه‌.
كوردئه‌گه‌رژێرده‌سته‌ی دوژمنان نه‌بووایه‌، خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت،ئاڵاونیشتمانی خۆی بووایه‌،دڵنیام ئێستانووسه‌رانی له‌ ئاست نووسه‌رانی دنیاده‌بوون. ئه‌ده‌بی كوردی كه‌زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مدانه‌بووه‌ببێته‌ ئه‌ده‌بێكی جیهانی، له‌لایه‌كه‌وه‌به‌هۆكاری سیاسی و داگیركاری بووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌خۆمانه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌هه‌وڵمانه‌داوه‌ تێكستی نووسه‌رانی كورد له‌ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه‌ به‌دنیا بناسێنین.به‌تایبه‌تیش له‌قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕیندا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ خوێنه‌ری كوردچونكه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌زمانی دایك به‌رهه‌می نووسه‌رانی دنیابخوێنێته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خوێنه‌ری كورد، ته‌نها زمانی كوردی ده‌زانن، ئیدی له‌ڕووبه‌رێكی كه‌مدا ئاشنای ئه‌ده‌بی جیهانی بووه‌. یاخود واهه‌ست ده‌كات كه‌شاعیرانی دنیا داهێنه‌رتربوونه‌ له‌شاعیرانی كورد، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ شوناسی جیهانیبوونیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام شاعیرێكی كورد ته‌نها له‌ئاست جوگرافیاكه‌ی خۆی ناسراوه‌.ئه‌وه‌شی كه‌وه‌رگێردراوه‌ ڕه‌نگه‌ به‌رهه‌می نووسه‌رانێكی دیاریكراوبێت بۆنموونه‌ وه‌ك:( سوهراپ و فروخ) له‌ ئه‌ده‌بی فارسی.
ئیدی ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌خوێنه‌ری كورد، له‌ڕووبه‌رێكی بچووكدا ئاشنای شیعری جیهانی ببێت. له‌وماوانه‌ی ڕابردوودا، چه‌ندان كۆمه‌ڵه‌ شیعری بیانیم به‌زمانی كوردی خوێندنه‌وه‌، كه‌له‌لایه‌ن وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه‌وه‌ وه‌رگێردرابوون. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعرانه‌ بژارده‌ی شیعری جیهانی بوون له‌ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسی و ئیسپانی وعه‌ره‌بی و ڕوسی وزۆر نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ش.
كاتێك ئه‌و شیعرانه‌م به‌زمانی كوردی خوێندنه‌وه‌، له‌به‌شێكی هه‌ره‌زۆریان گه‌یشتمه‌ ئه‌وبڕوایه‌ی كه‌شیعری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا له‌ڕووی فۆڕم، گوتاری شیعری و په‌یامی شیعریانه‌وه‌، له‌شیعری كوردی جوانترو به‌چێژتر نین.
به‌گشتی شیعره‌كان ساده‌ن، له‌ڕووی ناوه‌رۆك و وێنه‌ی هونه‌رییه‌وه‌ داهێنانێكی ئه‌وتۆیان تێدا نییه‌، هونه‌ریترله‌شیعری كوردی. به‌ڵام كه‌شیعری ئه‌وان به‌جیهانی بوونه‌و شیعری كوردیش ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت ماوه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌كورد ده‌وڵه‌تی نه‌بووه‌. سته‌می سیاسی لێكراوه‌. سته‌مێك هه‌رته‌نها خاك و نیشتمانی نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌ڵكوئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگیشی گرتۆته‌وه‌.چونكه‌ سته‌می سیاسی له‌كورد ده‌كرێت، ئیدی سته‌می فه‌رهه‌نگیشی لێده‌كرێت.
كاتێك ئه‌زموونی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ به‌راورد ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ شیعری كوردی، ڕه‌نگه‌ جیاكارییه‌كی ئه‌و تۆ نه‌بینین.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌رئه‌زموونی شاعیرانی كوردیش وه‌ربگێڕدرێته‌ سه‌رزمانه‌ ناسراوه‌كانی دنیا، ئیدی خوێنه‌رانیش درك به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌كوردیش شیعری جوان و شاعیری به‌توانای هه‌یه‌.بۆ نموونه‌:(ژاك برێڤه‌ر) كه‌یه‌كێكه‌ له‌ ناسراوترین شاعیرانی دنیاله‌ كۆپله‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

قاوه‌كه‌ی كرده‌ ناو فنجانه‌كه‌وه‌..
شیره‌كه‌ی كرده‌ ناو قاوه‌كه‌وه‌..
شه‌كری كرده‌ شیرو قاوه‌كه‌وه‌..
به‌كه‌وچكێك تێكیدا..

ئه‌گه‌رخوێنه‌ر به‌وردی ئه‌وكۆپڵه‌ شیعریه‌ بخوێنێته‌وه‌، به‌رهیچ ئستاتیكاو ناوه‌ڕۆكێكی جوان ده‌كه‌وێت؟ بونیادی زمان له‌وده‌قه‌دا هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ بونیادی زمانی ئاسایی هه‌یه‌؟ كام وێنه‌ی شیعریانه‌ی جوان له‌وكۆپڵه‌یه‌دا هه‌یه‌چێژ شیعری به‌خوێنه‌ربدات؟. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا نموونه‌یه‌كی كورت له‌شیعری (شێركۆ بێكه‌س) دێنینه‌وه‌. كاتێ له‌شیعرێكیدا ده‌ڵێت:_

ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌كانما گوڵ ده‌راوێژنه‌ ده‌ره‌وه‌..
له‌چواروه‌رزوه‌رزێكم ئه‌مرێ..
گه‌ر یار بێننه‌ ده‌ره‌وه‌..دووانم ئه‌مرن..
گه‌ر نان بێننه‌ ده‌ره‌وه‌… سێیانم ئه‌مرن..
گه‌رئازادی بێننه‌ده‌ره‌وه‌..ساڵم ئه‌مرێ و خۆشم ده‌مرم…

هه‌ردووده‌قه‌كه‌ له‌ئاستی زمان و فۆڕمدا ساده‌ن. وشه‌كان ئاسان و ناسراون. به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ خوێنه‌رده‌توانێ سه‌رنج بدات كه‌ شێركۆ چ وێنه‌یه‌كی شیعرییانه‌ی پڕمانای له‌ڕێگه‌ی ئه‌وزمانه‌ ساده‌ییه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.
شاعیرچ به‌هایه‌كی به‌چه‌مكی ئازادی داوه‌. بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین ده‌قێك به‌ته‌نها نابێته‌ پێوه‌ر بۆبه‌راورد كردنی ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكی جیهانی به‌شاعیرێكی كورد( له‌داهاتوودا زۆرتركارله‌سه‌رئه‌وبه‌راوردكارییانه‌ ده‌كه‌ین). به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی شیعرییانه‌ی ورد بكرێت، ئه‌وكات ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی بونیادی شیعرییه‌وه‌ خوێنه‌ر درك به‌ جیاوازی زۆرتر بكات.كه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌و به‌راوردكارییه‌ له‌ نێوان ئه‌زموونی شیعری كوردی و شیعری جیهانی نه‌ڕه‌خساوه‌، وه‌ك سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان پێكردله‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌كه‌ خوێنه‌ری كورد نه‌یتوانیوه‌ به‌زمانی كوردی ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی دنیا بخوێنێته‌وه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ شیعری كوردیش وه‌ك پێویست وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته‌ سه‌رزمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا.بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری بیانیش بزانێت له‌ئه‌ده‌بی كوردی و شیعری كوردی شاعیری داهێنه‌رو به‌تواناهه‌ن، كه‌هیچیان له‌شاعیرانی دنیا كه‌متر نییه‌. وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ باجی بێ ده‌وڵه‌تی، سته‌می سیاسی و مێژوویی ده‌ده‌ین..


تێبینی:_
*خوێنه‌رده‌توانێت بۆئاشنابوون به‌شیعری جیهانی كتێبی(هه‌موو شه‌وێك وه‌ره‌لام) بخوێنێته‌وه‌، كه‌بژارده‌یه‌كه‌ له‌شیعری جیهانی وئازاد به‌رزنجی له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا وه‌ریگێڕاوه‌..

*له‌ ڕۆژنامه‌ی(هه‌واڵ) ژماره‌(762)ی ڕۆژی 8-9-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




هه‌ڵبژاردن و داسه‌پاندن ! … عه‌بدوڵا ساڵح

سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌به‌رده‌وامی له‌هه‌وڵی درێژه‌دان ومانه‌وه‌ی خۆیه‌تی وه‌ك دوا سیستمی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی. له‌درێژه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دا په‌نای بردۆته‌ به‌ر دڕندانه‌ترین شێوازی به‌رده‌وام بوون كه‌ خۆی له‌ ( نیولیبرالیزم ) دا ده‌بینێته‌وه‌ . ئه‌م جۆره‌ له‌سیستم‌ شتێك به‌ناوی كه‌رتی گشتیه‌وه‌ ناهێلێ و هه‌موی ده‌كاته‌ كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌لێنی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار فراوان و فراوانتر ده‌كا، په‌لامارێكی دڕندانه‌تره‌‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش به‌پله‌ی یه‌كه‌م ، بگره‌ توێژاڵه‌ مامناوه‌ندیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ تا وورده‌ وورده‌ سه‌رمایه‌ و داهات له‌ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كی كه‌مدا كۆ ده‌كاته‌وه‌ باجه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵ، له‌ئه‌نجامدا و له‌درێژه‌ی ئه‌م مودێله‌ له‌ حوكمڕانی، به‌ناچاری پێكدادان و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ دێته‌كایه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی هێله‌ك زه‌رده‌كانی فه‌ره‌نسا كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه‌ ، نمونه‌یه‌كی زه‌قی ئه‌م پێكدادانه‌یه‌ ‌ .

له‌ نیولیبرالیزمدا ده‌وڵه‌ت جگه‌ له‌ چاودێریكردنی ئه‌م پێكدادانه‌و ئه‌م په‌لاماره‌ و دواتر ڕاگرتنی ئه‌و سیستمه‌ ئابوریه‌ به‌قازانجی سه‌رمایه‌داره‌ زه‌به‌لاحه‌كان وه‌ له‌ كاتی پێویستدا به‌كارهێنانی هێزبۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌، ده‌ورێكی دیكه‌ی نیه‌، وورده‌ وورده‌ شانخاڵی ده‌كاته‌وه له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو به‌رپرسیاره‌تیه‌ك له‌ئاست كۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌تی له‌ سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانداو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ .

ئه‌م ژێر خانه‌ ئابوریه‌ی كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی به‌ دواكه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێن ( جیهانی سێیه‌م )، جۆرێك سه‌رخان و جۆرێك له‌ سیستمی حوكمڕانی ده‌خوازێ كه‌ داسه‌پاو ویه‌كده‌ست بێت، به‌ڵام نه‌ك له‌ڕێگای كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیه‌وه‌ كه‌ دواترحوكمێكی دیكتاتۆری تاكه‌ كه‌سی بسه‌پێنێ وه‌ك له‌ چه‌رخی بیسته‌مدا له‌زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ ڕویاندا، به‌ڵكو بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌مان مه‌به‌ست‌ ده‌بێ په‌نا ببرێته‌ به‌ر هه‌ڵبژاردن و دروست كردنی به‌ناو(ده‌وڵه‌تی موئه‌سه‌سات)‌! واته‌ یه‌ك ده‌ست بوون و هێنانه‌كایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری داسه‌پاو به‌ڵام له‌ڕێگای ده‌نگدانی گشتی وهه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه‌، ووڵاتی میسر وه‌ك نموونه‌.

كوردستانی ئێمه‌ش به‌ده‌ر نیه‌ له‌م هاوكێشه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك حوكمڕانی تێدا ده‌كرێ كه‌ نمونه‌كه‌ی زۆر ده‌گمه‌نه‌ . حوكمڕانیه‌ك كه‌ په‌رله‌مان و( ده‌وڵه‌ته‌ موئه‌سه‌ساته‌كه‌ی ) ده‌بێ له‌دوولاوه‌ شه‌رعیه‌تیان پێبدرێ ، یه‌كه‌م به‌ ده‌نگدانی گشتی خه‌ڵك و دووه‌میش ، كه‌ ئه‌ویان چاره‌نوس سازه‌، شه‌رعیه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌وده‌سته‌و تاقمانه‌ كه‌ له‌ بناغه‌وه‌ داسه‌پاون شه‌رعیه‌تیان له‌ ڕێگای لوله‌ی تفه‌نگی شاخه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌ حه‌قیان داوه‌ به‌خۆیان كه‌ به‌ڕاست و چه‌پ لێده‌ن !! ئه‌وه‌تا بۆ چوار مانگ ده‌چێ هه‌ڵبژاردنێك كراوه‌ ، به‌هه‌موو ته‌زویراتێكه‌وه،‌ په‌رله‌مانێك هه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ گوایه‌ ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان بێ، به‌ڵام له‌ولاوه‌ هه‌ندێك ده‌زگای هه‌ڵنه‌بژێردراو و داسه‌پاو كایه‌كه‌یان گرتۆته‌ ده‌ست و ئه‌وان ده‌بێ ( ڕوح ) بكه‌ن به‌به‌رئه‌و په‌رله‌مانه‌ی فڕی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ نیه‌ وله‌ بنه‌ڕه‌تدا دارده‌ستی هێزه‌ داسه‌پێنراوه‌كانه‌ بۆیه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وانه‌ ئاوی زیندوكه‌ره‌وه‌ی بده‌نێ‌ !

ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كوردستان نه‌ك ته‌نیا ده‌گمه‌نه‌ به‌ڵكو زۆر به‌ئاشكرا پێمان ده‌ڵێ چاره‌نوسی هه‌موو كۆمه‌ڵگا به‌نده‌ به‌ گفتو گۆی نێوان كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ده‌زگا داسه‌پاوانه‌ ده‌كه‌ن ، كه‌سانێك كه‌فڕیان به‌سه‌ر دواكه‌وتوترین سیستمی حوكمڕانیشه‌وه‌ نیه‌ !

هێزه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری ئه‌م خه‌رمانه،‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر ناوی ئۆپۆزسیۆنیان له‌ خۆیان نابوو ، چاوه‌ڕێ ( ڕه‌حمه‌تی ) خاوه‌ن خه‌رمانن چنگێكیان بۆ فڕێدا . ‌
سه‌یرو سه‌مه‌ره‌تریش له‌‌ هه‌موو ئه‌م شانۆگه‌ریه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ك ڕۆژانه‌ بگره‌ هه‌موو سه‌عاتێك به‌به‌رده‌م خه‌ڵكه‌وه‌ نمایشده‌كرێ، خۆخزاندنه‌ ژێر په‌رده‌ی ( كوردایه‌تی وبه‌رژه‌وه‌ندی كورد ) ه‌ ! وبۆشیان ده‌چێته‌ سه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌ سیاسه‌ته‌ چاره‌نوس سازه‌كانیشدا هه‌ندێك له‌و هێزانه‌ی كه‌خۆیان به‌چه‌پ ده‌زانن له‌ دوا فارغۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی ئه‌واندا خۆیان هه‌ڵده‌واسن ! ڕیفراندۆمه‌كه‌ شكستخواردوه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ وه‌ك نموونه‌ .

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌م‌ كایه‌ گاڵته‌جاریه‌دا، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانن، كه‌ گوایه‌ كارتی ده‌نگی جه‌ماوه‌ریان پێ یه‌ ونوێنه‌ری ئه‌وانن و شه‌رعیه‌تیان له‌وان وه‌رگرتوه!!‌ به‌ڵام ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ و بێئیراده‌ چاوه‌ڕێن تا شه‌رعیه‌تی دووه‌م ده‌رگای په‌رله‌مانیان بۆ ده‌كاته‌وه‌و له‌ژێر سایه‌ی (لوتف و مه‌رحه‌مه‌تی) ئه‌واندا بچنه‌ سه‌ركورسیه‌كانیان !
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئێكسپایه‌ر بووه‌ به‌ خۆی و هه‌موو دام و ده‌زگاكانیه‌وه‌ ، دوور و نزیك ، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌وه‌ نیه‌ و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ئه‌م ڕاستیه‌ باشتر خۆی ئاشكرا ده‌كا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ پێویستی به‌ سیستمێكه‌ كه‌ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تیادا پیاده‌بكرێ دام و ده‌زگاكانی هه‌ڵبژێردراوی ڕاسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ر بن ، كه‌ره‌سته‌ی به‌دیهێنانی ئه‌م سیستمه هه‌ر ئێستا بوونی هه‌یه‌ به‌ڵام چاوه‌ڕێ ماتۆڕی به‌گه‌ڕ خستنیه‌تی.‌ ‌

عه‌بدوڵا ساڵح
18 / 2 / 2019




کۆتایەکی غەمبار … جەلال بەرزنجی

بۆمبەک ،
ئەوبانەی،
پێش من،
چەتری باوکم بوو،
تەختی کرد
درەختی حەوشە،.
کە نەمام بوو،
وەک ئەوەی منداڵی من بێت
دەمگرت،
تا خۆی بگرێت
سوتا.
گۆرستان،
گەڕەکێک بوو،
لە شار
سەد ساڵ دەبوو،
باپیرم،
لەێندەربوو،
خاپوورە.
منیش، بەوهەموو خەمەوە
لە ژێر چادر،
کۆتایم هات…

جەلال بەرزنجی




ئالبوم … فەتاح حەسەن

کەزاخاوی چاوم
بەوێنەکانت ئاوئەدەم..
هاوڕێکانتا سەما دەکەیت لەتەك
لەهەمویان، شۆخ وشەنگتر.. ئەتۆی
هاوڕێت هەیە،موزیکیستە
توانیوێتی، وێنەی ئەتۆ
خەندەی، تێکەڵ بە ئاوازی پیانۆ بکا ؟؟
گۆرانیبێژە
وەلێ.. توانیوێتی سۆزی دەنگی
وەکو ئەتۆ
تێکەڵ بە شەپۆلی دەریاکا؟
شانۆکارە
بڕواناکەم ،بەچەشنی تۆ
لەناخەوە
ڕۆبچێتە نێو رۆڵەکەی.

فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی
2016




تارمایی سووتان … ستار ئه‌حمه‌د

ته‌نهاییه‌ك له‌ گه‌رداو
دابڕانێك له‌ دووكه‌ڵ
ڕێگایه‌كی پۆڵایین
ئه‌نجامێكی گڕاوی
حه‌سره‌تن له‌ دڵما خه‌رمانی سووتاو به‌ڕێده‌خه‌ن
شه‌ماڵێك له‌ هه‌ناسه‌ی عاشقان
تریفه‌یه‌ك له‌ تیشكی ئازادی
ئاورنگێك له‌ دانه‌ی فرمێسك
هیوایه‌ك له‌ زریوه‌ی خۆری گیراو
نه‌مریین.. گۆڕێك له‌ فه‌رشی ئاورێشم
به‌سه‌ر ده‌روونما راده‌خه‌ن
سه‌مایه‌ك له‌ گوڵه‌حاجیله‌
ورشه‌یه‌ك له‌ شه‌خته‌ی گیان
دیلانێك له‌ ئاورنگه‌ خوێن‌و سه‌رمای زستان
سه‌رچۆپیه‌ك له‌ مه‌زاری ده‌روون
بۆشاییه‌ك له‌ مۆمی نیگاما هه‌ڵده‌واسن
به‌یانییه‌ك له‌ هه‌وره‌ دووره‌كان
برینێك له‌ ماڵئاوایی‌و پرشنگی ئاسمان
رایه‌خێك له‌ هاتن
شه‌وێك له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌و تارمایی راهاتن
له‌ لانه‌ی جگه‌رما گولزاری ته‌مه‌نم ده‌ناسن
به‌ڵام خه‌مێك له‌ خۆم ئاڵۆزتر
تروسكه‌یه‌ك له‌ خۆڵه‌مێشی ئاواره‌ی ئاگر
به‌ رووما دێن‌و چاوانم ماچده‌كه‌ن
نازانم بۆچی كۆشكی زریوه‌یی به‌هه‌شت
رێگای كاكێشانی روانگه‌
دانه‌ی بارانی به‌زه‌یی‌و ژینگه‌
خاكی هه‌ڵقرچاوی بڵێسه‌
خاچی هه‌ڵواسراوی جگه‌ری كه‌نیسه‌
له‌ پێشوازی ئاوێته‌ بوونما له‌ تۆ ده‌كه‌ن

ستار ئه‌حمه‌د




درۆ و راستییەکانی شۆڕش و نیشتمان! ….کامیار سابیر

لە سایەی حوکمڕانی چەتەگەریی کوردییدا، لەسایەی ئۆپۆزسیۆنێکی توڕەهاتی کوردییدا، ئێوەی گەنجی بێکار و بێ پارەی کوردستان، ئێوەی گەنجی هەژار، بێ ئاسۆ و بێ دەرامەت، بەسەر رووداوەکانی ئەم کتێبەدا دەکەون،

ئەم زنجییرە نووسیینە لەسەر کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانیی-هک ە کە چۆن دەریایەک لە راستیی و لە چەواشەکاریی بە شیعرکردن( خۆڵکردن) بەسەر رووداوەکاندا، تێکەڵکردووە. هاوکات لەسەر درۆ گەورەکانی کوردایەتیی و فشە ئایدیۆلۆژییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانە کە نووسەر یەکێک بووە لەوانەی لە رادیۆی شۆڕشەوە! رەنگڕێژی هەمەجییەت و ستراتیژی طاغوتەکانی کوردایەتیی کردووە. ئەم زنجییرەیە، هەرجارە و لە ژێر سەردێڕێکدا، بەش بەش، بڵاو دەبێتەوە.

خوێندنەوەی کتێب، بەتایبەتیی ئەگەر لەسەر پرسێکی گشتیی نووسرابێت و بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی عێراق و ناوچەکەی، بە قسەیەکی رۆمانسیی و حەماسییەوە( شۆڕش) سەرقاڵ کردبێت، نابێ هەر بە خوێندنەوەی کۆتایی پێبهێنین و زانیارییەکانی، درۆکانی و راستییەکانی ناوی لە دۆڵابەکانی مێشکی خۆماندا، کڵۆم بدەین. بە پێچەوانەوە، دەبێ بەر سەرنج و رەخنە بدرێن، تەتەڵە بکرێن و دێڕی پشت دێڕەکان و ئاقاری ئارگیومێنتەکان و رووداوەکانی بەر لێکۆڵیینەوە و وردبوونەوە بدرێن. هک، لە کتێبەکەیدا ( ئەو رۆژانەی نشتیمان هیی هەمووان بوو)- ٢٠١٧، کۆمەڵێ وردەکاریی و زانیاریی باس کردووە، کەم تا زۆر بەشێکیان بۆ یەکەمجارە دێنە ناو ئەدەبییاتی سیاسییەوە. پێشتر،هەموو ئەوانە، هەر دەماودەم و گوتی-گوتی بوون، هک، وەکو تێکست لە بازاڕی کۆڵەواری ئەدەبی کوردایەتیی، خستن و بە کتێب، بڵاوی کردنەوە.

پێشەکیی، دەستخۆشیی لە هک، دەکەم پاش ئەو ماوە زۆرە لە بێدەنگیی و سەرکزکردن، ئیلهامی شیعریی بۆ هات و بەشێکی زۆر لە پۆغڵەوات و مەنهۆڵی زێرابەکانی کوردایەتیی و صندوقە نهێنییەکانی هەندێ لە طاغوتەکانی کوردایەتیی، هەڵدایەوە. بۆ ئەوەی بەشێک لە بۆچوونەکان و کارکردەکانی سیاسییەکانی کورد لەم کتێبەدا بەر رۆشنایی زیاتر بدرێن و ئارگیومێنتی زیاتریان لەسەر بکرێت، من لایەنە مێژووییە- فیکرییە-سیاسییە-کولتوورییەکەی ئەم کتێبە، بەهەند وەردەگرم و قسەی لەسەر دەکەم.

ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، زۆریینەی رەهای ئەوانەی قسەیان لەسەر کردووە، لایەنە ئەسثێتیکییەکەی( جمالي- aesthetic ) ئەم کتێبەیان زەقکردووەتەوە و خۆیان لە پۆغڵەواتەکانی نەداوە. گوایە بە زمانێکی شاعیرانە و رۆمانسییانە، بە میثۆدی جوانناسیی، توانیویەتی، هەموو ئەو ناشیریینییانەی شۆڕش و طاغوتەکانی کوردایەتیی، بشارێتەوە، یان بە لوغزەوە بە خوێنەریان بگەیەنێت. بە باوەڕی من، ئیمکانییاتی کولتووریی نووسەر، بەسەر زماندا لە چوارچێوەی کوردییزان و زمانزان زیاتر تێناپەڕێت، نەیتوانیوە، بابەتی زمان، وەکو رەهەندێکی کولتووریی گەورە، ئاوێزان بە کۆنتێکستە سیاسیی و فیکرییەکە بکات. راستە، کۆمەڵێ موفرەداتی جیاوازی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی لە کۆنتێکستە، ئاخنیوە و جوانییەکی بە تێکستەکە داوە، بەڵام ئاستی مەعریفیی و کولتووریی نووسەر، لەسەر زمان، شیعر، فیکر، مەعریفە و ثەقافەی سیاسیی، لە قۆناغی حەفتاکان و هەشتاکان، تێپەڕ ناکات.

نووسەر، پتر لە دەیە و نیوێک لە من بە تەمەنترە، زۆر بە زەییم بەخۆم و دەیان هەزار گەنجی ئەو سەردەمەدا دێتەوە کە رۆژگارێک لە هەڕەتی هەرزەکارییماندا بەو گوتارە کرچ و کاڵ و بێناوەڕۆک، عوصابیی و قولابییانەی رادیۆی دەنگی شۆڕشی عێراق( دواتر گەلی کوردستان)، حەماسەت دەیگرتین! بەشێکی زۆریش لەو گەنجانە بەهۆی ئەو رادیۆ لەعنەتییەی شۆڕشەوە، ژیانی خۆیان و کەسوکار و خاووخێزانیان، بۆ دۆزێک کە کۆمەڵێ دز و چەتە و مافیای نەوتی بەرهەم هێنا، گیانی خۆیان بەخشیی.

بە باوەڕی من، نەوشیروان موصطەفا-نم لە ژیاندا بمایە، ئەم کتێبە دوا دەکەوت و نووسەر نەیدەوێرا، بڵاوی بکاتەوە. تاڵەبانیی ناڵێم، وێڕای ئەوەی تاڵەبانیی، لەشاخ و لە شاریش، خۆی ماستەرمایندی هەموو عەنکەبووتەکانی کوردایەتیی و شوڕشەکەی( شوڕشی نوێ) بووە، بەڵام مرۆڤ قسەیەکیش بۆ دز بکات، تاڵەبانیی لەم ساڵانەی دواییدا، عەقڵانییبوون، واقیعییبوون، تەجرەبەی دوورودرێژی سیاسیی، تۆلێرانس و یەکترپەژراندنی سیاسیی، وایلێکردبوو کە زۆر لە رەخنە نەترسێت. لە کاتێکدا نم، لەم ساڵانەی دواییشدا، دەهریی دەبوو، رەخنەت لە مێژووی سیاسیی (رابردوو) ئەو بگرتایە، لە رێگەی مێدیا سێبەر وغوڵامەکانی خۆیەوە، تێرۆری مەعنەویی و سیاسیی ئەو کەسەی دەکرد. سەرەڕای ئەوانەیش، زمانی شیعریی ئەم کتێبە، چەند پێوەندیی بە مێنتاڵیتیی شیعریی نووسەرەوە هەیە؟ دەیانجار پێوەندیی بە موجامەلات، شاردنەوە و پێچانەوەی راستییەکان و رووداوەکانەوە هەیە کە قورسایییە سیاسیی و مێژووییەکەی بجەڕێنێت. بە واتایەکی تر، نووسەر چونکە لە حیزبەکەی نم بوو، بۆ ئەوەی خۆی لە بەڵای ناگەهان لابدات و لای کەم دڵی نەئێشێت و ئازاری نەدات، ئەم کتێبەی هەڵدەگرت بۆ دوای مردنی یان لای کەم، دەبوو تەواو دڵنیابووایە لە باری فیزیکیی و تەندروستییەوە، توانای خوێندنەوەی نەماوە، ئەوکات بڵاوی دەکردەوە.

لە سایەی حوکمڕانی چەتەگەریی کوردییدا، لەسایەی ئۆپۆزسیۆنێکی توڕەهاتی کوردییدا، ئێوەی گەنجی بێکار و بێ پارەی کوردستان، ئێوەی گەنجی هەژار، بێ ئاسۆ و بێ دەرامەت، بەسەر رووداوەکانی ئەم کتێبەدا دەکەون، دەبێ هەزاران دەرگە لەسەر عەقڵ و ویژدانتان بکەنەوە و بە وردیی و بە گومانەوە، دێڕ بەدێڕی ئەو مێژووە پڕ لەخوێنە، پڕ لەیەکترسڕیینەوە و چاڵهەڵکەندنانەی کوڕانی شۆڕش بۆ یەکتریان، دادەڕشت و ئێسقانەکانی یەکتریان دەکرۆشت، بخوێننەوە. لە پێش هەموو شتێکدا، دەبێ لە جوغزی ئابوورییەوە سەیری ژیانی خۆتان و کەسوکارتان و برادەرەکانتان بکەن، سەیری ناوماڵ و کەلوپەلەکانتان بکەن، سەیری سەیارە و مومتەلەکاتەکانتان بکەن( کە زۆریینەی گەنج هەر نییانە)، سەیری ژیانی ئەو هەموو قوربانییەی ئەنفال و کەسوکاری زۆریینەی پێشمەرگە( نەک سەرکردەکانیان) بکەن، سەیری ژیانی باوک، دایک، مام، پوور، خاڵ و خزمە بە تەمەنەکانتان بکەن، سەیری هەموو ئەوانە بکەن بە هۆی شۆڕشەوە، بوون بە قوربانیی و ژیانی شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکانیانیشیان رۆیشت و ژیانی ئێستا و نەوەکانیشیان بە هەدەر رۆیشت.

هەموو ئەمانەیش بەراورد بکەن بە ژیانی کۆمەڵێ تاجیر و طاغوتی کوردایەتیی، بە ناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە! لەپاڵ دزیینی دەیان و صەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی نیشتمانیی، چ دۆزەخێکیان بۆ خەڵکی کوردستان داخستووە و چ بەهەشتێکیشیان بۆ خۆیان، کوڕەکان و نەوەکانیان رازاندووەتەوە؟ لەسەر رێگەی ئەم بەهەشتەیشدا، هەزارانی وەکو نووسەری ئەم کتێبە،هەزاران عەڕاب و موبایەعەچیی تر، باغ، ڤێلا، مەزرەعەی شەوانی سووری پڕ لە شیعرباریین، بیزنس و مەعاشی باش و فەخفەخەی ئاریستۆکراتییانەیان بەرکەوتووە.

ئاستی ثەقافیی نووسەر ئەوەندە کڵۆڵە کە تا ئێستایش نە لە ناوەڕۆکی تۆتالیتارییانە و ئایدیۆلۆژییانەی ئەو چەپە موشەکەلەی حەفتا و هەشتاکان و نە لە جەوهەری فاشییانەی کوردایەتیی، نەک هەر نەگەیشتووە، بەڵکو هێشتا بەسەر هەردووکیاندا دەشیعرێنێت! و وەکو دۆ و دۆشاو( بەرنامەی نەتەوەیی و چینایەتیی کۆمەڵە!!!)، تێکەڵیان دەکات. لەهەمووی قەباحەتتر ئەوەیە کە نووسەری ئەم کتێبە، مێنتاڵیتیی و ئاستی تێگەیشتنی سیاسیی و فیکریی، لە کۆتایی شەستەکانی تەمەنیدا، بۆ مەسەلەی نەتەوەیی و نەژادیی! لەگەڵ ئەو گەنجە موراهیقانەدا جیاوازیی نییە کە لە ریفراندۆمەکەی ئەردۆغاندا، بەهۆی ئێثنۆناسیۆنالیزمی کوردیی- سونییەوە، تەسکەرە و رەگەزنامەی عێراقییان دەسوتاند؟ لەگەڵ ئەو حاکمەی لە بادینان، سەری لووتی خۆی رەش کردبوو، کەوتبووە کێوان و وڕکی ئەوەی گرتبوو تا دەوڵەتی کوردیی نەیاتە چێکردن، ئەو لە کێوان دانابەزێت، بە موو، جیاوازیی نییە؟ ئەمە پاش ئەو هەموو تەجرەبەیە، پاش ئەو هەموو فەشەل و مێژووە پڕ لە خیانەت و ملشکاندن و ئەستۆشکاندنەی یەکتر، پاش پێکەوەنانی ئەو هەموو بەرژەوەندیی و غەزوبەزەی بەرهەمی شۆڕش( بۆ هەندێ سیاسیی) هەمان قەوانی بیدعەچییەکانی ریفراندۆم و دەوڵەتی لەعنەتیی نەتەوەیی، لێدەداتەوە.

لەسەر ئەم خاڵە، زیاتر دەوەستم، چونکە ئەمە مۆتیڤی سەرەکیی بوو بۆ من کە بکەومە وێزەی قودسییەتی ئەم کتێبە پڕ لە درۆ و پڕ لە راستییە( هەردووکیانی تێدایە). ئەم کابرایە، ئێستا دەبووایە لەوپەڕی عەقڵانییەت و حیکمەتی سیاسییدا بووایە، بە تایبەتییش پاش سکانداڵی ریفراندۆمە تەکلیفکراوەکەی ئەردۆغان کە وەکو کارتێکی گوشار و کارتێکی بەدییل بۆ داعش، بە عەڕابەکانی ریفراندۆمی، تەوظیف کرد. طۆفان و رەشەبایەکی پڕ لەحەماسەتی شۆڤینییانەی نەژادیی هەڵیکردبوو، زۆریینەی هەرە زۆری حیزبەکان، سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، نووسەر و نوخبەکانی، لە رەگەوە هەڵتەکاند، باس باسی طەڵاقوەرگرتن و طەڵاقدان بوو، باس باسی ئەوە بوو کەمتیار، چەقەڵ و رێویی دەمانخۆن، باس باسی سوتاندنی ناسنامە، رەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراقیی بوو، باس باسی گەڕانەوەی ویلایەتی موصڵ، بۆ سەر تورکیای عوظمای نیۆعوثمانییە-ئەردۆغانییەکان، بوو.

ئەوە ئاساییە لە گەنجییەتیی و موراهیقییدا، رەگەزنامە عێراقییەکەی لەناو ئاگری شوانێکدا دەسوتێنێت و بە تەڵفیسەوە، شوانەکە گاڵتەی پێدەکات کە پێشمەرگایەتیی بە لووسکەی وا ناکرێت! نووسەر، بۆ ئەوەی حەماسەت و ئیرادەی سیاسیی خۆی بەیان بکات، ئەکت و نمایشی سوتاندنی رەگەزنامەکە دەکات. ئەوەیش ئاساییە کە ئەوکات لەناخیدا ئینتیمای بۆ عێراقییبوون نەبووبێت و لە هاویینی ١٩٧٠دا، وەکو بێگار رەگەزنامەی دەرکردبێت. تەنانەت، بۆ ئێستایش ئاساییە و دەیان هەزار ئەحمەقی نەتەوەییمان هەیە، ئەم فشە نەتەوەییانە دەکەن و خۆیان بە عێراقیی نازانن، لە کاتێکدا وەکو واقیع و ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان، جگە لە گۆترەی حەماقەتی کوردایەتیی نەبێت، بە خۆشیی بێت یان بە ترشیی، هەموو کوردێکی کوردستانی عێراق، عێراقییە. هەموو ئەمانەیش، بە هۆکاری ماکیاڤیلیزمی کوردایەتیی، ئامادەن، ملی خۆیان و ماڵومنداڵی خۆیان بۆ پۆستوەرگرتنێک لە بەغداد، بشکێنن.

کارەسات و ریوایەتی شاعیرانەی ئەم عەلامەیەی کوردایەتیی لێرەوە دەردەکەوێت. دەکرا بیگوتایە ئەوسا لە حەفتاکاندا، رام وابووە، بەڵام بە زمانی ئێستایشەوە، هەمان کولتووری پڕ نێرجسییەتی سیاسیی و پڕ لە غوبن، جەهل و ئیستیحماری سیاسیی، لە ٢٠١٧دا، دووبارە دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم پیاوە، موستەفید بووە لە ئەندام پارلمانیی عێراق، سەردەمی ئەندام پارلمانیی ئەو( گۆڕان) لە بەغداد، مانگانە دەیان میلیۆن دینار( بە مەعاش، موستەحەقات و خواردنی پارەی پاسەوانە وەهمییەکانیەوە) ی وەردەگرت و ئێستایش پارەیەکی زۆر باش لە خانەنشیینیی پارلمان، لە حکومەتی عێراقیی وەردەگرێت! لەپاڵ ئەو ئیمتیازاتانەی بەهۆی پارلمانتارییەوە دەستی کەوتووە، ژیانێکی شاهانە و هایلایڤی هەیە کە ٩٥٪ی خەڵکی کوردستان، بە خەونیش ئەو ژیانە پڕ لە نازو نیعمەتەی ئەم شاعیرە نەتەوەییە-نەژادییە موجامەلەچییەیان نییە.

لەوەش وێرانتر ئەوەیە، ئایا بەهۆی ئەوەوە بوو بە ئەندام پارلمان کە گەلی کورد، رقی لە عێراقە و دەنگدەرانی گۆڕان، دەنگیان پێیدا بۆ ئەوەی ئەو وەهمە سیاسییە موراهیقانەیەی لە حەفتاکاندا بۆی مەیسەر نەبوو، لە ٢٠٠٩ دا بیکات؟ ئایا دەنگدەرانی گۆڕان، بۆ ئەوە دەنگیان پێی نەدا ئەم ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و گەندەڵییە زۆرەی هەیە، کەمێک فەضح بکات؟ ئەی ئێستا بۆچی، بە غوبنە سیاسیی و شاعیرانەکەیەوە دژی دروشم، پەیام و بەرنامەی حیزبەکەی خۆیشی دەوەستێتەوە؟ دەی کەواتە وەکو خۆی لە میثۆدی ماکیاڤیلیزمەوە دەیگێڕێتەوە” ئەو شتانە بڵێ کە خەڵک دەیەوێ، بەڵام ئەو شتانە بکە خۆت دەتەوێ”، یان ” تا ئەو کاتەی هەلت دەست دەکەوێ، خەریکی فریودان و فێڵ و تەڵەکە بە”. ئایا لە راستییدا، ئەم شاعیرەیش، لە گۆڕاندا، وەکو ماکیاڤیلی Machiavelli بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازیی کوردستان و خەڵکی بەگاڵەهاتوو لەدەست ئەو هەموو ناعەدالەتیی و گەندەڵییە، بۆ مەعاشەکەی خۆی و ژیانی خۆی، بۆ پارە و ئیمتیازاتی شەخصیی، هەمان شتی نەکرد و ئێستایش لەسەر ئیستیحماری( کەرکردنی) سیاسیی خەڵکی کوردستان، بە لوغزی شاعیرانە، هەر بەردەوام نییە؟

——————————————-

درێژەی هەیە…
لە بەشی ئاییندەدا، دێمە سەر ئەوەی چۆن کەسایەتیی سیاسیی تاڵەبانیی و نم، لەژێر لێفەی شیعرەوە، وێنە دەکات؟ چۆن تاڵەبانیی، تەواوی شۆڕشی لەدەستی خۆیدا قۆرغ کردووە و ئەوانی تر هەموویان یان غوڵامی بوونە یاخود لە باشتریین دۆخدا، نەمرودی تاڵەبانیی بوونە، بە پیاوکوشتن و دییلکوشتن، لەقەبی کاریزمایان وەرگرتووە؟




كتێبی هه‌موو شه‌وێك وه‌ره‌ بۆ لام … ڕانانی/ سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

شیعری جیهانی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵا ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب وه‌ك چیڕۆك وڕۆمان، كه‌متروه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌رزمانی كوردی. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ست بێت به‌وه‌ی كه‌وه‌رگێڕانی شیعربه‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانره‌كانی دیكه‌، كارێكی قوڕستر بێت. به‌وپێیه‌ی شیعر له‌وێنه‌ی هونه‌ری وڕیتم و شعریه‌ت پێكهاتووه‌.

جیاوازله‌ڕۆمان وچیڕۆك كه‌ ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌ بینای سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه‌ پێكده‌هێنن. بێگومان گێڕانه‌وه‌ش كردارێكه‌ ئاسانتروه‌رده‌گێڕدرێت به‌به‌راوردله‌گه‌ڵ دالێكی شیعری، یاخود ڕه‌مزو وێنه‌یه‌كی هونه‌رییانه‌ی شیعر. بۆیه‌زۆرجار ده‌بینین وه‌رگێڕانی شیعروه‌ك هونه‌رێكی قوڕسی وه‌رگێران وێنا ده‌كرێت.

به‌وه‌ی كه‌ناتوانرێت ناوه‌ڕۆكی شیعرله‌ڕووی هونه‌ریی و ڕیتمی شیعرییه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش شیعری ئازاد كه‌كێش وسه‌روای نییه‌،وه‌كو خۆی وه‌ربگێڕدرێت و بگه‌ینرێته‌ خوێنه‌ر. لێره‌وه‌ش ده‌بینین كه‌شیعركه‌متروه‌رگێڕدراوه‌. ئه‌وه‌شی كه‌وه‌رگێڕدراون ده‌قی چه‌ندشاعیرێكی دیاریكراوه‌. بۆیه‌خوێنه‌ری كورد ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م نه‌رخساوه‌، كه‌به‌ئه‌زموونی شیعری دیكه‌ی شاعیره‌ ناسراوه‌كانی دنیائاشنا بێت.به‌تایبه‌تیش كه‌خوێنه‌ری كورد به‌گشتی ته‌نها زمانی دایك ده‌زانێت وناتوانێ به‌زمانی نووسراوی ده‌قه‌كان، ده‌قه‌كان بخوێنێته‌وه‌.لێره‌وه‌ش كاتێ ئه‌زموونی شاعیران ونووسه‌رانی دنیابه‌زمانی كوردی ده‌خوێنینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ به‌رجیاوازییه‌كی گه‌وره‌و داهێنانێكی

جوانترله‌ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی كورد نه‌كه‌وین. من ده‌زانم ڕه‌نگه‌كه‌سانێك سه‌یریان به‌وبۆچوونه‌ی من بێت. به‌ڵام كاتێ ده‌گه‌ڕٍێنه‌وه‌ سه‌رده‌قه‌كان وبه‌راوردی یه‌كتریان ده‌كه‌ن، ئه‌وكات ئه‌و گومانه‌یان ده‌بێته‌یه‌قین.كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك نه‌ك ته‌نها خاك و جوگرافیاو مێژووی داگیر كراوه‌، به‌ڵكو هه‌وڵی له‌نێوبردنی فه‌رهه‌نگه‌كه‌شی دراوه‌. بۆیه‌ هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆنه‌ڕخساوه‌ ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆی به‌دنیا بناسێنێت.

كه‌(محمود ده‌روێش) به‌جیهانی ده‌بێت وتا ڕاده‌یه‌ك شێركۆبێكه‌س نا، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌جیهان هاوسۆزی گه‌لی فه‌له‌ستینه‌، به‌ڵام هاوسۆزی كوردنا. ده‌روێش وه‌ك شاعیرێكی بێ خاك و ده‌وڵه‌ت ده‌بینن وله‌په‌راوێزی سیاسه‌ته‌وه‌، ده‌بێته‌ شوناسێكی جیهانی گه‌وره‌. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌كورد ڕه‌وانابینن، بۆیه‌ئه‌زموونی شێركۆ له‌ئاست ئه‌زموونی ده‌روێش شوناسێكی جیهانی وه‌رناگرێت. ئه‌گه‌رناخوێنه‌ر ده‌توانێ شیعره‌كانیان به‌راورد بكات.

كتێبی(هه‌موو شه‌وێك وه‌ره‌ بۆلام) هه‌ڵبژارده‌یه‌كه‌ له‌شیعری جیهانی و وه‌رگێڕی به‌تواناو دیاری كورد( ئازاد به‌رزنجی) وه‌ریگێڕاوه‌. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه‌ كۆكراوه‌ی بژارده‌ی شیعری جیهانییه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی دنیا. كتێبه‌كه‌چه‌ندان ده‌قی شیعری جیهانی له‌شیعری نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب وفارس وفه‌ڕه‌نسی وئه‌مریكی وڕوسی هی شاعیرانی وه‌ك:(لۆركاژاك برێڤه‌رواڵت ویتمانئانا ئاخماتۆڤامحمد ماغوت_ ئه‌حمه‌دی شاملۆ_ به‌درشاكرسه‌یابئیدگارئالان پۆپۆل ئێلوار)و چه‌ند شاعیرێكی دیكه‌ش له‌خۆده‌گرێت. هه‌ریه‌ك له‌وشاعیرانه‌، چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌شیعره‌كانییان به‌زمانێكی كوردییانه‌ی جوان وساده‌، بێ گرێوگۆڵ وه‌رگێڕدراون.

خوێنه‌ركاتێ ئه‌وشیعرانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات ده‌قه‌كان به‌زمانی ڕه‌سه‌نی خۆیان ده‌خوێنێته‌وه‌. وه‌رگێڕی شیعره‌كان هه‌وڵیداوه‌ مۆركی ده‌قه‌كان وشیعریه‌ت وچێژ و ڕیتمی ده‌قه‌كان، له‌كاتی وه‌رگێڕاندا به‌زمانێكی كوردییانه‌ بگه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌ری كورد وتیاشیدا سه‌ركه‌وتووبووه‌.

شیعره‌كان به‌گشتی بژارده‌ی شیعری جوان وسه‌رنج ڕاكێشن. له‌زماندا ساده‌ن، له‌ناوه‌ڕۆك و ده‌ربڕیندا شیعری ساكارن، به‌ڵام وێنه‌ی شیعرییانه‌ی جوانییان تێدایه‌. خوێنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ كه‌پێشتریش چه‌ندان ده‌قی شیعری دیكه‌ی وه‌رگێڕدراوم به‌زمانی كوردی هی هه‌مان وه‌رگێڕخوێندبوونه‌وه‌، بۆمن جێگه‌ی بایه‌خ و سه‌رنج بوو وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعروئه‌ده‌ب دۆستێك.

له‌دووڕوانگه‌وه‌، ئه‌م شیعرانه‌ بۆمن جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ن. یه‌كه‌مییان: وه‌ك خوێنه‌رێك ئاشنای شیعری شاعیره‌ ناسراوه‌كانی دنیا كه‌پێشتر نه‌متوانیوه‌ به‌زمانی خۆیان شیعره‌كانییان بخوێنمه‌وه‌ ده‌بم، دووه‌میشیان: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری جیهانی وشیعری كوردی وشاعیرانی كوردوجیهان به‌راوردبه‌ یه‌كتری بكه‌م. من كاتێ ئه‌وكۆمه‌ڵه‌ شیعره‌م خوێنده‌وه‌، گه‌رچی بژارده‌ی شیعری جوانن، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێك دركیشم به‌وه‌كردكه‌ شاعیرانی دنیا ئه‌وانه‌ی له‌ئاستی جیهاندا شوناسێكی جیهانییان وه‌رگرتووه‌،شیعره‌كانییان له‌شیعری شاعیرانی كوردجوانتروهونه‌ریترو بگره‌ پڕماناتریش نییه‌.

ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك ئه‌و بۆچوونه‌ی منیان به‌لاوه‌ سه‌یر بێت،به‌ڵام ده‌توانن شیعره‌كان بخوێننه‌وه‌و به‌راوردی یه‌كتریان بكه‌ن.ئه‌گه‌ركوردوه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ژێرده‌سته‌وچه‌وساوه‌ نه‌بووایه‌، خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی بووایه‌، ئه‌وابێگومانم شیعری شاعیرانی كوردیش له‌ئاستی شیعری شاعیرانی دنیا ده‌بوو. به‌ڵام مرۆڤ كه‌ خاك و نه‌ته‌وه‌ی داگیركرابێت، ئه‌وا فه‌رهه‌نگ و كلتووریشی له‌نێوده‌برێت.

یاخود ڕووبه‌ڕووی سڕینه‌وه‌و توانه‌وه‌له‌فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌بێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك جارزمانی كوردی به‌لقێكی زمانی فارسی ده‌زانن. له‌شیعری شاعیرانی كورد، هه‌زاران ده‌ربڕین و وێنه‌ی هونه‌ری شیعرییانه‌ی جوان هه‌یه‌، كه‌زۆر له‌ شیعری شاعیرانی دنیا به‌چێژترو سه‌رنج ڕاكێشترن.وه‌لێ چونكه‌ شیعری كوردی وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته‌ سه‌رزمانی بیانی، یاخود شیعری بیانیمان به‌زمانی كوردی نه‌خوێندۆته‌وه‌، ئیدی واهه‌ست ده‌كه‌ین شاعیرانی دنیا له‌شاعیرانی كورد داهێنه‌رترن. ئه‌مه‌ڕه‌نگه‌ بۆئه‌زموونی شاعیرانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراویش وه‌ها بێت.

بۆنموونه‌ هه‌رله‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا، چه‌ندان شیعری شاعیری جواننووسی فارس(بێژه‌ن جه‌لالی) تێدایه‌. خوێنه‌ركاتێ ئه‌وشیعرانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، سه‌رسام ده‌بێت له‌ تواناوئه‌زموونی شیعری ئه‌وشاعیره‌. ئه‌وكات تێده‌گات كه‌ته‌نها سوهراپ وفروخ له‌ئه‌ده‌بی فارسیدا نین كه‌ده‌یان ساڵه‌ به‌شێكی زۆر له‌وه‌رگێڕه‌كانی كورد ده‌یانه‌وێت واپیشانی بده‌ن وله‌خوێنه‌ری بگه‌یه‌نن كه‌فارس ته‌نها ئه‌و دوو شاعیره‌ی هه‌یه‌.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌شێ شاعیری به‌توانای دیكه‌ش هه‌بن، كه‌له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعره‌كانیان وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته‌ سه‌رزمانی كوردی، ئیدی گومناوو نه‌ناسراون.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌ركی وه‌رگێڕه‌كانی كورده‌ كه‌چه‌ند هه‌وڵییانداوه‌ ده‌قی نووسه‌رانی دنیا به‌خوێنه‌ری كوردبناسێنن، ئه‌وه‌نده‌ش هه‌وڵی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می نووسه‌رانی كورد له‌شیعرو چیڕۆك وڕۆمان بده‌ن.بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی دنیاش بزانن كه‌كوردیش چه‌ندان شاعیری به‌تواناوجواننوسی هه‌یه‌ كه‌هیچیان له‌شاعیره‌ ناوداره‌كانی دنیاكه‌مترنییه‌، وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ باجی بێ ده‌وڵه‌تی و بێ نیشتمانی ده‌ده‌ین. له‌كۆتاییدا ده‌ست خۆشانه‌ له‌(ئازاد به‌رزنجی) ده‌كه‌م. هیوادارم یه‌رده‌وام بێت له‌ وه‌گێڕانی ئه‌زموونی نووسه‌رانی دنیا بۆ سه‌ر زمانی كوردی و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش.

ڕانانی/ سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

—————————————
*په‌راوێز:_
ناوی كتێب(هه‌مووشه‌وێك وه‌ره‌ بۆلام)/بابه‌ت/ هه‌ڵبژارده‌ له‌شیعری جیهانی/ وه‌رگێڕانی(ئازادبه‌رزنجی)/بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م 2018..




بێشکچی نووسەرێکی ئازادیخواز … ڕیاز حاجی

بێشکچی دەڵێت :بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی پێویستە دوو کاری گرنگ ئەنجام بدات
یەکەم خاڵە ڵاوازەکانی ڕابردووی خۆی بزانێت و هەڵیان بسەنگێت،
دووەم یەکێتی نەتەوەی هەبێت و کاری بۆ بکەن.

…ئیسماعیل بێشکچی نووسەری ناوداری تورک خەڵکی (چروم)ە خاوەنی ٤۰ کتێب و دەیان وتار
و لێکۆڵینەوەی سیاسیە، زیندانچەشتووە لەسەر داکۆکی لە پرسی کورد، بێشکچی وەک نووسەرێکی ئازادیخواز کە هەمیشە دژی داگیرکاری و بە کۆیلەکردنی مرۆڤە لە هەر گۆشە و سوچێکی دونیا
دا بێت،بە جۆرێک دەربارەی کورد دەنوسێ وەک ئەوەی ماوەیەک لە پێستی نەتەوەکەی خۆی هاتبێتە دەرو بوبێتە کورد و هەموو ئەو ئازار و مەینەتیانەی چەشتبێت کە خۆمان_ وەک کورد هێندە لە ئاستیدا خۆش دەبووین دەشێ هەستی پێ نەکەین،بێشکچی لە غەفڵەتێکی ترسناک و خەونێکی قوڵ بێدارمان دەکاتەوەو ئاوێنەیەکمان دەداتە دەست و بێدارمان دەکاتەوە.

بێشکچی جیاوازی لەنێوان دوو جۆر کۆلۆنیالیزمدا دەکات یەکێکیان زادەی هەڵپەی وڵاتە پیشەسازیە سەرمایەدارەکانە لەپێناو دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ کاڵا بازرگانی و بەرهەمە پیشەسازیەکانیان و دەستگەیشتنیان بە سەرچاوەکانی وزەو مادە خامەکان لە جیهاندا،ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمە دوو قۆناغی سەرەکی پیادە دەکات،
یەکەمیان داگیرکاری ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سوپاوە،

دووەمیان داگیرکاری ناڕاستەوخۆ لەڕێگای پاشەکشێ و بوژاندنەوەی ئیکۆنۆمی وڵاتە کۆڵۆنیەکان تاوەکو مادە خامەکانیان بە نرخێکی کەم لێ بکڕێ و سەرچاوە پیشەسازیەکانی بە نرخێکی گران پێ بفرۆشێ، ئەو مامەڵەیە کە ئەمریکاو خورئاوا بە گشتی لەگەڵ وڵاتە پۆست کۆڵۆنیەکانی دونیایی خۆرهەڵات ئەنجامی دەدەن لە دیدی بێشکچی هەرچەندە مەبەستی ئەم جۆرە کۆڵۆنیالیزمە هەڵپەو قازانجی ئابوورییە بە پڵەی یەکەم، بەڵام دیوێکی پۆزەتیڤیشی هەیە کە بریتیە لە گەشەی ئابووری وڵاتە کۆڵۆنیاڵەکان وکرانەوەیان بەسەر جیهانی دەرەوەدا، بەڵام جۆری دووەمی کۆڵۆنیالیزم کە ترسناکترین و بەدترین جۆری کۆڵۆنیالیزمە کەبریتین لەو داگیرکارییەی کە لەپێناو خودی ئەو داگیرکاری و سڕینەوەی کوڵتورییدایە، خاوەنی هیچ غایەتێکی ئابووری،بازرگانی،پیشەسازی نییە جگە لە غایەتی بە کۆیلکردنی بەرامبەر و تێکشکاندنی سەروەری مرۆی و کولتووری و نەتەوەیی، بە دەربڕینێکی تر ڵایەنی کۆڵۆنیالیست هەرگیز هەوڵ نادات ئابووری وڵاتە داگیرکراوەکان ببوژێنێتەوە بەڵکو کار بۆ داتەپاندنی زیاتری باری ئابووری و شارستانیان دەکا تاکو نەیانپڕژێتە سەر بیرکردنەوە لە ناسنامەو حەقیقەتی خۆیان و لەتاو هەژاری نۆکەرایەتی قبوڵ بکەن و لەبری شەڕی داگیرکەر شەڕی یەکتر بکەن، بێشکچی سیاسەتی ئەم جۆرە کۆڵۆنیالیزمە ناودەنێ سیاسەتی”پەرتکەـ زاڵبە” واتە پەرتیان بکە ئیدی بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵ دەبیت، چونکە بۆ مانەوەی سەروەری لایەنی داگیرکەر دەبێ کۆیلە بندەستەکان هەست بە ناسنامەی هاوبەشی خۆیان نەکەن و هەمیشە سەرقاڵی بوغز گۆڕینەوە و شەڕی یەکتر بن، ئەو سیاسەتەی بە شێوەیەکی جەهەنەمی لە دژی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێڕەو کراوە.

بێشکچی دەڵێت :بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی پێویستە دوو کاری گرنگ ئەنجام بدات
یەکەم خاڵە ڵاوازەکانی ڕابردووی خۆی بزانێت و هەڵیان بسەنگێت،
دووەم یەکێتی نەتەوەی هەبێت و کاری بۆ بکەن. بێشکچی لە ساڵی ۱۹۹٦ لە ئەستەنبۆڵ کتێبی “کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە” بڵاوکردەوە، بێشکچی کەسێکی دەروەستە(مڵتەزم) بە میتۆدی لێکۆلینەوەی زانستی و پشتگیری لە کێشەی گەڵان و نەتەوە چەوساوەکان دەکات ، ئیسماعیل بێشکچی چەندین ساڵ پێش ئێستا نوسیوێتی:کاتێک گەیشتمە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەچاوی خۆم میلەتێکم بینی لە ڕووی زمان و مێژوو نەریتەوە لە ئێمەی تورک جیاوازە، ئەم میلەتە بە خۆیان ناڵێن (تورکی چیا) هەروەک تورک پێیان دەڵێن، بەڵکو بەخۆیان دەڵێن ئێمەی “کورد” لە حەقیقە کۆنکرێتیەکانی مێژووی کۆن و نوێ و هاوچەرخی کوردستان حەقیقەتێک بەرجەستە دەبێت ئەویش کورد بۆ دەوڵەتە دراوسێکان و خەڵکانی تر مڵکەچ ناکات، هەروەها
لە هەمان کاتیشدا نەیتوانیوە سەربەخۆی سیاسی بەدەست بهێنێ و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکات، بەڵکو تاکە نەتەوەیە ژمارەی دانیشتوانی لە (۳۰) ملیۆن کەس زیاتر دەبێت بەڵام قەوارەیەکی سیاسی نیە (۳۰ ملیۆن کەس بەپێی خەمڵاندنەکانی سالی ۱۹۹٦).

ئیسماعیل بێشکچی ئەم لایەنە بابەتیانە شی دەکاتەوە ودەست دەخاتە سەر ڵایەنی لاواز و پارچە پارچەبوون و پێکهاتەی چینایەتی و ڕەفتاری کارێزما سیاسی و ئاینییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و تیشک دەخاتە سەر ئەو فاکتەرە دەرەکی و ناوەکیانەی پەیوەندیان بە تراژیدیایی ئەم میلەتە کڵۆلەوە هەیە و چارەسەرکردنی کێشە درێژ خایەنەکانیش دەستنیشان دەکات، کوردستان دەکەوێتە ناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە ئەمەش مانایەکی گرنگی هەیە کاتێک میڵەتێک لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی نزیک پەرتەوازەو دابەشدەکرێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی نەوتی کوردستان بەپێی ئەو سیاسەتەی دژ بەکورد بەکار دەهێنن ناسنامەی کورد لەناوببەن لەم حاڵەتە پێویستە قەڵاچۆ بکرێن و کۆتایی بە بوونیان بهێنرێ واتە هەموو شێوازێک ئەگرنەبەر بۆئەوەی ئەو کەسانەی خەبات لەپێناو داواکاریەکان و مافەکانی کورد دەکەن پاکتاوی جەستەی بکرێن.

مافەکانی مرۆڤ و کورد لەتورکیا کورد بە مەرجێک چێژ لە ئازادییە گشتییەکان و یەکسانی وەردەگرێت کە نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەی خۆی بکات لەبەر ئەوەی لەتورکیا پڕەنسیبی یەکسانی کە پڕەنسیبێکی بنەڕەتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی
و مافی ئابووری و کۆمەڵایەتیە لەسەر کورد پیادە ناکرێت ئەگەر نکۆڵی لەناسنامەی کوردایەتی خۆی نەکات، بێگومان ڕەنگە بەزۆر ئەم کردارە ئەنجام بدرێت.
بێشکچی دەڵێت: ئێران کوردستانێکی هەیە
تورکیا کوردستانێکی هەیە، سوریا کوردستانێکی هەیە عێراق کوردستانێکی هەیە،
کەچی کوردەکان بۆخۆیان کوردستانێکیان نیە.




ئیکۆنۆمیست دەنووسێت: سۆسیالیزم وەڵام نیە بۆ ئەم بار و رەوشەی سەرمایەداری ئێستامان!!!

سالار حمەسەعید

لە ١٤ی شوباتدا گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە بەرگریکردن لە سەرمایەداری و داکۆکیکردن لە چینی دارا و سەردەستی ئەم سیستەمە پڕ لە قەیران و کێشەیە هاتۆتە دەنگ و دەڵێ ئەم چەپەی سەریهەڵداوە بەتایبەتی لە ئەمریکا چارەسەر نیە و وەڵامدەرەوەی ئەو گێژاوە نیە کە سەرمایەداری تیا نقووم بووە و سەرهەڵدانی تێڕوانینەکانی باڵی چەپ وەڵام نیە بۆ کێشەکانی سەرمایەداری ئەمڕۆ. کە دەگونجێ ئەوەی نووسەری ئەم وتارە نووسیویەتی سەبارەت بەو چەپە ڕاست بێت و هیچی لەبارا نەبێت بەڵام مەسەلەکە لەوێدا نیە. مەسەلەکە دیفاع و داکۆکیکردنە لە کاپیتاڵیزم و هەوڵی پاریزگاریکردن لەو سیستەمەیە کە هەر بەقسەی خۆشیان لە قەیرانێکی قووڵ دایە و بەپێی راپۆرت و ئامارە رەسمیەکانی خۆیان هەر ئێستا لە ریسیشن دایە واتە لە رکودێکی ئابووری قووڵ دایە.

ڕاستە بەو چەپە لەرزۆک و لاوازەی ئەمریکا و لەیبەرەی بەریتانیا ئەم سیستەمە سەرنگووم ناکرێ. سەرنگوومکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی وەک لینن دەڵێ ” وەک چینێکی تایبەت تەنها بە پرۆلیتاریا ئەنجام دەدرێ بەهۆی بارودۆخی ئابووری وجودی ئەم چینە ئامادەیە بۆ ئەم کارە و دەرفەت و توانای ئەنجامدانی ئەم کارەی پێدراوە”.
وەڵام بە ئیکۆنۆمیست کە دەڵێ سۆسیالیزم وەڵام نیە بەم بار و ڕەوشەی سەرمایەداری دەبێ بوترێ بە فێرکردن و وشیارکردنەوەی حزبی کرێکاران بە مارکسیزم دەکرێ پێشەنگی پرۆلیتاریا پەروەردە بکرێ کە دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و تەواوی خەڵک بەرەو سۆسیالیزم بەرن.

لەوەڵام بە سۆسیالیزم بۆچی چارەسەرە نەک کێشە، لینن دەڵێ: ” ئێمە دەڵێین، ئامانجمان بەدیهێنانی سیستەمێکی سۆسیالیستییە لە کۆمەڵگادا کە لەڕێگەی لەناوبردنی دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ چینەکان، وە لەناوبردنی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە یا وڵاتێک (خەڵکانێک) لەلایەن وڵاتێکی (خەڵکانێکی) ترەوە، کە بەشێوەیەکی حەتمی ئەگەری ڕوودانی شەڕ و جەنگ ناهێڵێ”. ئەوەی کە کاپیتاڵیزم بەرەو سۆسیالیزم دەڕوات شتێکی حەتمی یە و هەروەک لینن دەڵێ: ”هەموو وڵاتان دەگەن بە سۆسیالیزم، ئەمە حەتمییە. بەڵام هەموویان بەهەمان شێواز و ڕێگە پێێ ناگەن”.

گۆڤارەکە دەڵێ وا پێدەچوو کە کێبەڕکێ و ناکۆکیە ئایدیۆلۆژیەکانی سەدەی ٢٠ کۆتایی پێ هاتبێ بە داڕمانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ١٩٩١. بەپێی نووسەری ئەم وتارە کاپیتاڵیزم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سۆسیالیزم یش بووە جێگەی گاڵتەجاڕی و نموونەی تێکشکان ودۆڕان و سەرکوتی سیاسی. کەواتە ئەگەر وایە کە سۆسیالیزم کۆتایی پێهاتووە و بووەتە گاڵتەجاری، کەواتە ئەم دووبارە ڕووکردنە سۆسیالیزم بۆچی؟ وە بۆچی کاپیتاڵیزم وەک سیستەم و بۆرژوازی وەک چینی فەرمانڕەوا و میدیای بۆرژوازی وا نیگەران کردووە؟ گۆڤارەکە بەناچاری و لە غەم و پەرۆشی بۆ سەرمایەداری دەڵێ: ئێستا پاش ٣٠ ساڵ تازە سۆسیالیزم وەک مۆدی رۆژ دێتەوە پێشەوە و خۆی نمایان دەکات. وەک گاڵتەپێکردن بەو کەسانە و ئەو ڕەوتانەی کە ئەم رێبازە دەگرنە بەر و پرسیاریان لیدەکەن کە بۆچی دەگەڕێنەوە بۆ ڕیبازێک کە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە. دڵنیام ئەگەر ئەو ڕێبازە بەو شێوەیە بێت کە ئیکۆنۆمیست باسی دەکات بەم ئاکامە نەدەگەیشتن کە پێی گەیشتووین ئەویش روو هێنانەوەیە بەرەو مارکسیزم و سۆسیالیزم.

ئایا نووسەری ئەم گۆڤارە پرسیاری لەخۆی نەکردوە کە بۆچی سۆسیالیزم پاش ئابڕووچوونی ئاوا کەباسی دەکات ڕووی تێدەکەنەوە؟ بەڕای من وەڵامیان لایە و دەزانن هەوەک مارکس لە بەرگی سێیەمی کاپیتاڵ دا دەیگووت: ڕێگری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، سەرمایە خۆیەتی”. ئەوان ئاشنان بە کاپیتاڵی مارکس و لە سیستەمەکەی خۆشیان تێدەگەن کە سەرمایە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکانە بەڵام هەر داکۆکی لێدەکەن چونکە چارەیەکیان نیە جگە لە بەرگریکردن لێی. ئەلێکسێندرا ئۆکاسیۆ کۆرتیز کە تازە هەڵبژێردراوە بوتە ئەندامی کۆنگریسی ئەمریکی و بە سۆسیال دیمۆکراتێک خۆی دەناسێنێ و بۆتە حەماس و شۆڕو شەوق بۆ کاندیدەکانی حزبی دیموکرات بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە بەرەو چەپ گۆڕاون. هەروەها ئەم ڕەوتە بەریتانیاشی گرتۆتەوە لەبەرئەوەی، جێرمی کۆربنی وەک سەرۆکێکی توندڕەوی حزبی لەیبەر دەناسرێ لای باڵی کۆنسێرڤەتیڤی بۆرژوایی وە ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کلیلی ژمارە ١٠ داونینگ ستریت بەدەست بێنێ. سۆسیالیزم بە تەوژم دەگەڕێتەوە لەبەرئەوەی ڕەخنەیەکی توندی هەیە لەم سیستەمە و ڕەخنەگرە لە

تەواوی سیستەمەکە، لەبەرامبەر ئەو شکستەی لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا ڕوو دەدات. نووسەری ئیکۆنۆمیست دان بەوەدا دەنێ کە ئەمە لەکاتێکدا سیاسەتمەدارە ڕاست ڕەوەکان شەڕی ئایدیۆلۆژیان دۆڕاندوە وە پاشەکشەیان کردوە و بەرەو شوڤینیزم مل دەنێن و غەریبی رابردوو دەکەن. چەپ سەرزەنشت دەکات بەوەی کە ڕەخنەکانیان چەقیان بەستوە لە سەر نایەکسانی لە کۆمەڵگادا و ژینگە وە دەسەڵاتدان بە هاوڵاتی لە جیاتی نوخبە. هەروەها دانی پیادەنێن کە چەپ لەهەندێ لایەنەوە ڕاست دەکەن بەڵام ” ڕەشبینیان بەرامبەر بە جیهانی مۆدێرن زۆر زێدە ڕەوی تیاکراوە”. هەروەها دەڵێن: ”سیاسەتەکانیان سادەیی و پێ نەگەیشتوویی پێوەدیارە لە مەسەلەی بودجە و بازرگانی و بەڕێوەبردن دا”. بەڵام راستیەکە ئەوەیە کە سەرمایە و گەشەسەندن و بەرین بوونەوەی واپێدەچیت خاڵی سەرەتا وک ۆتایی بێت، لەبەرئەوەی پاڵنەر و مەبەست لە بەرهەمهینان لە سیستەمی کاپیتاڵیزم دا تەنها سەرمایەیە و نەک بەپێچەوانەوە واتە ئامانج لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پڕکردنەوەو دابینکردنی پێداویستیەکانی کرێکاران و تەواوی خەڵک نیە، بەڵکو تەنها سەرمایەیە واتە قازانج. کە ئەمە بەپێچەوانەی سۆسیالیزمە کە ئامانج تیایدا سەرمایە نیە.

شوباتی ٢٠١٩

لە ١٤ی شوباتدا گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە بەرگریکردن لە سەرمایەداری و داکۆکیکردن لە چینی دارا و سەردەستی ئەم سیستەمە پڕ لە قەیران و کێشەیە هاتۆتە دەنگ و دەڵێ ئەم چەپەی سەریهەڵداوە بەتایبەتی لە ئەمریکا چارەسەر نیە و وەڵامدەرەوەی ئەو گێژاوە نیە کە سەرمایەداری تیا نقووم بووە و سەرهەڵدانی تێڕوانینەکانی باڵی چەپ وەڵام نیە بۆ کێشەکانی سەرمایەداری ئەمڕۆ. کە دەگونجێ ئەوەی نووسەری ئەم وتارە نووسیویەتی سەبارەت بەو چەپە ڕاست بێت و هیچی لەبارا نەبێت بەڵام مەسەلەکە لەوێدا نیە. مەسەلەکە دیفاع و داکۆکیکردنە لە کاپیتاڵیزم و هەوڵی پاریزگاریکردن لەو سیستەمەیە کە هەر بەقسەی خۆشیان لە قەیرانێکی قووڵ دایە و بەپێی راپۆرت و ئامارە رەسمیەکانی خۆیان هەر ئێستا لە ریسیشن دایە واتە لە رکودێکی ئابووری قووڵ دایە. ڕاستە بەو چەپە لەرزۆک و لاوازەی ئەمریکا و لەیبەرەی بەریتانیا ئەم سیستەمە سەرنگووم ناکرێ. سەرنگوومکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی وەک لینن دەڵێ ” وەک چینێکی تایبەت تەنها بە پرۆلیتاریا ئەنجام دەدرێ بەهۆی بارودۆخی ئابووری وجودی ئەم چینە ئامادەیە بۆ ئەم کارە و دەرفەت و توانای ئەنجامدانی ئەم کارەی پێدراوە”.
وەڵام بە ئیکۆنۆمیست کە دەڵێ سۆسیالیزم وەڵام نیە بەم بار و ڕەوشەی سەرمایەداری دەبێ بوترێ بە فێرکردن و وشیارکردنەوەی حزبی کرێکاران بە مارکسیزم دەکرێ پێشەنگی پرۆلیتاریا پەروەردە بکرێ کە دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و تەواوی خەڵک بەرەو سۆسیالیزم بەرن.
لەوەڵام بە سۆسیالیزم بۆچی چارەسەرە نەک کێشە، لینن دەڵێ: ” ئێمە دەڵێین، ئامانجمان بەدیهێنانی سیستەمێکی سۆسیالیستییە لە کۆمەڵگادا کە لەڕێگەی لەناوبردنی دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ چینەکان، وە لەناوبردنی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە یا وڵاتێک (خەڵکانێک) لەلایەن وڵاتێکی (خەڵکانێکی) ترەوە، کە بەشێوەیەکی حەتمی ئەگەری ڕوودانی شەڕ و جەنگ ناهێڵێ”. ئەوەی کە کاپیتاڵیزم بەرەو سۆسیالیزم دەڕوات شتێکی حەتمی یە و هەروەک لینن دەڵێ: ”هەموو وڵاتان دەگەن بە سۆسیالیزم، ئەمە حەتمییە. بەڵام هەموویان بەهەمان شێواز و ڕێگە پێێ ناگەن”. گۆڤارەکە دەڵێ وا پێدەچوو کە کێبەڕکێ و ناکۆکیە ئایدیۆلۆژیەکانی سەدەی ٢٠ کۆتایی پێ هاتبێ بە داڕمانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ١٩٩١. بەپێی نووسەری ئەم وتارە کاپیتاڵیزم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سۆسیالیزم یش بووە جێگەی گاڵتەجاڕی و نموونەی تێکشکان ودۆڕان و سەرکوتی سیاسی. کەواتە ئەگەر وایە کە سۆسیالیزم کۆتایی پێهاتووە و بووەتە گاڵتەجاری، کەواتە ئەم دووبارە ڕووکردنە سۆسیالیزم بۆچی؟ وە بۆچی کاپیتاڵیزم وەک سیستەم و بۆرژوازی وەک چینی فەرمانڕەوا و میدیای بۆرژوازی وا نیگەران کردووە؟ گۆڤارەکە بەناچاری و لە غەم و پەرۆشی بۆ سەرمایەداری دەڵێ: ئێستا پاش ٣٠ ساڵ تازە سۆسیالیزم وەک مۆدی رۆژ دێتەوە پێشەوە و خۆی نمایان دەکات. وەک گاڵتەپێکردن بەو کەسانە و ئەو ڕەوتانەی کە ئەم رێبازە دەگرنە بەر و پرسیاریان لیدەکەن کە بۆچی دەگەڕێنەوە بۆ ڕیبازێک کە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو نەبووە. دڵنیام ئەگەر ئەو ڕێبازە بەو شێوەیە بێت کە ئیکۆنۆمیست باسی دەکات بەم ئاکامە نەدەگەیشتن کە پێی گەیشتووین ئەویش روو هێنانەوەیە بەرەو مارکسیزم و سۆسیالیزم. ئایا نووسەری ئەم گۆڤارە پرسیاری لەخۆی نەکردوە کە بۆچی سۆسیالیزم پاش ئابڕووچوونی ئاوا کەباسی دەکات ڕووی تێدەکەنەوە؟ بەڕای من وەڵامیان لایە و دەزانن هەوەک مارکس لە بەرگی سێیەمی کاپیتاڵ دا دەیگووت: ڕێگری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، سەرمایە خۆیەتی”. ئەوان ئاشنان بە کاپیتاڵی مارکس و لە سیستەمەکەی خۆشیان تێدەگەن کە سەرمایە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکانە بەڵام هەر داکۆکی لێدەکەن چونکە چارەیەکیان نیە جگە لە بەرگریکردن لێی. ئەلێکسێندرا ئۆکاسیۆ کۆرتیز کە تازە هەڵبژێردراوە بوتە ئەندامی کۆنگریسی ئەمریکی و بە سۆسیال دیمۆکراتێک خۆی دەناسێنێ و بۆتە حەماس و شۆڕو شەوق بۆ کاندیدەکانی حزبی دیموکرات بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە بەرەو چەپ گۆڕاون. هەروەها ئەم ڕەوتە بەریتانیاشی گرتۆتەوە لەبەرئەوەی، جێرمی کۆربنی وەک سەرۆکێکی توندڕەوی حزبی لەیبەر دەناسرێ لای باڵی کۆنسێرڤەتیڤی بۆرژوایی وە ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کلیلی ژمارە ١٠ داونینگ ستریت بەدەست بێنێ. سۆسیالیزم بە تەوژم دەگەڕێتەوە لەبەرئەوەی ڕەخنەیەکی توندی هەیە لەم سیستەمە و ڕەخنەگرە لە تەواوی سیستەمەکە، لەبەرامبەر ئەو شکستەی لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە کۆمەڵگای رۆژئاوادا ڕوو دەدات. نووسەری ئیکۆنۆمیست دان بەوەدا دەنێ کە ئەمە لەکاتێکدا سیاسەتمەدارە ڕاست ڕەوەکان شەڕی ئایدیۆلۆژیان دۆڕاندوە وە پاشەکشەیان کردوە و بەرەو شوڤینیزم مل دەنێن و غەریبی رابردوو دەکەن. چەپ سەرزەنشت دەکات بەوەی کە ڕەخنەکانیان چەقیان بەستوە لە سەر نایەکسانی لە کۆمەڵگادا و ژینگە وە دەسەڵاتدان بە هاوڵاتی لە جیاتی نوخبە. هەروەها دانی پیادەنێن کە چەپ لەهەندێ لایەنەوە ڕاست دەکەن بەڵام ” ڕەشبینیان بەرامبەر بە جیهانی مۆدێرن زۆر زێدە ڕەوی تیاکراوە”. هەروەها دەڵێن: ”سیاسەتەکانیان سادەیی و پێ نەگەیشتوویی پێوەدیارە لە مەسەلەی بودجە و بازرگانی و بەڕێوەبردن دا”. بەڵام راستیەکە ئەوەیە کە سەرمایە و گەشەسەندن و بەرین بوونەوەی واپێدەچیت خاڵی سەرەتا وک ۆتایی بێت، لەبەرئەوەی پاڵنەر و مەبەست لە بەرهەمهینان لە سیستەمی کاپیتاڵیزم دا تەنها سەرمایەیە و نەک بەپێچەوانەوە واتە ئامانج لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پڕکردنەوەو دابینکردنی پێداویستیەکانی کرێکاران و تەواوی خەڵک نیە، بەڵکو تەنها سەرمایەیە واتە قازانج. کە ئەمە بەپێچەوانەی سۆسیالیزمە کە ئامانج تیایدا سەرمایە نیە.
شوباتی ٢٠١٩




موسڵمانه‌كانی ڕوسیا و شۆڕشی سۆشالیستی ئۆكتۆبه‌ر!

نه‌یاره‌كانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆكتۆبه‌ر و ئازادی ویه‌كسانی وكۆمۆنیزم هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕاست ونه‌سه‌لێمنراو خه‌ڵكی سته‌ملكراو فریو بده‌ن وژه‌هر خواردیان بكه‌ن به‌ بیری چه‌وت وناواقعی، یه‌ك له و‌ پڕوپاگه‌ندانه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن : كۆمۆنیسته‌كان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ موسڵمانه‌كان له‌ ناو ده‌به‌ن چونكه‌ ئه‌وان دیكتاتۆری پرولیاتاریا داده‌مه‌زرنن .من لێره‌دا ده‌مه‌وئ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پروپاگه‌ندانه‌ به‌ ‌ به‌ڵگه‌وه‌ نیشان بده‌م .
پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ئیسلامه‌كانی روسیا له‌ ژێر زه‌برو زه‌نگێكی زۆردا بوون زۆریان لێ ده‌كوژراو زیندانی ده‌كراو مزگه‌وته‌كانیان دا‌ده‌خرا وقورئان و ئاسه‌وارو كتێبه‌ دینیه‌كان به‌ تاڵان ده‌بران وته‌نانه‌ت كاتێك ئیسلامه‌كانی قه‌وقاز بڕیاریاندا به‌شدا‌ر ی شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م نه‌كه‌ن ڕژێمی قه‌یسه‌ر ٨٣٠٠٠كه‌سی لێ كوشتن . به‌ڵام بزانین مامه‌ڵه‌ی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان چۆن بوو له‌ كاتی شۆڕش ودوای شۆڕش :
له‌ مانگی ئایاری ١٩١٧ موسڵمانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری روسیا یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆیان له‌ مۆسكۆ ئه‌نجامدا ١٠٠٠ موسڵمان به‌شداری تێدا كرد له‌وانه‌ ٢٠٠ كه‌سیان ژن بوون جگه‌له‌ باسه‌كان كۆنگره‌ چه‌ند بڕیاڕێكی په‌سه‌ند كرد له‌وانه‌ : سه‌عاتی كاركردن ده‌بێ ٨ سه‌عات بێ له‌ ڕۆژێكدا ، خاوه‌ندارێتی زه‌وی وزار ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ وده‌ست بگیرێت به‌ سه‌ر مولكه‌ گه‌وره‌كاندا‌به بێ به‌رابه‌ر، یه‌كسانی له‌ نێوان ژن وپیاودا له‌ ته‌واوی مافه‌ كانیاندادابین بكرێ ،فره‌ ژنی قه‌ده‌غه‌ بكرێت ، حیجابی زۆره‌ ملێ قه‌ده‌غه‌ بكرێت ،وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كۆت وبه‌ندانه‌ ی له‌ سه‌ر ژنان هه‌یه‌ له‌ ووڵاتانی تر ی ئیسلامیدا نابێ لێره‌ بمێنن .
له‌ ٢٥ ی دیسه‌مبه‌ری ١٩١٧ دائه‌و قورئانه‌ كه‌ به‌ قورئانی پیرۆز وعوسمانه‌وه‌ ناسراوه‌ له‌و كاته‌دا ده‌گه‌ڕێنرێته‌و بۆ ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی پیترۆگراد ، سه‌رجه‌م ئه‌و كتێب و ئاسه‌وارانه‌ی ئیسلام كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كانی قه‌یسه‌ره‌وه‌ تاڵان كرابوون گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ جێگای ئه‌‌سڵی خۆیان ، ڕۆژی جومعه كرایه‌ ‌ ڕۆژی بۆنه‌ی ئایینی وپشووی ڕه‌سمی بۆ ته‌واوی موسڵمانه‌كان له‌ ته‌واوی ئاسیای ناوه‌ڕاستدا.
له‌ساڵی ١٩٢٠ له‌ ٣ی نیساندا لینین بروسكه‌یه‌ك ده‌نێرێ بۆ (ئۆرجوندز) سه‌رۆكی به‌ره‌ی قه‌وقاز وتێدا ده‌ڵێت : ده‌بێ به‌ كرده‌وه‌ بیسه‌لمێنت بۆ موسڵمانه‌كان كه‌ ئێمه‌ هاوپشت وهاوسۆزی ئه‌وانین بۆ سه‌ربه‌خۆییان وبه‌ڕێوه‌ بردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان .
له‌ ٢٤ ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٢٤ لینین له‌ بانگه‌وازێكدا به‌ موسڵمانه‌كانی روسیای ڕاگه‌یاند :ئێوه ئه‌ی موسڵمانه‌كانی ڕوسیا وسیبریا وتوركمانستان وقه‌وقاز‌ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕژێمه‌كانی قه‌یسه‌ر مزگه‌وته‌كانی تێكدان وسووكایه‌تیان كرد به‌ عه‌قیده‌ وبیروباوه‌رو كولتورتان ئێستائیتر ئێوه‌ ئازادن له‌ ده‌ربڕینی عه‌قیده‌ و بیرباوه‌ڕ وكولتوری نه‌ته‌وه‌یتان وده‌توانن ژیانی میللی خۆتان ڕیك بخه‌ن ئازادبن به‌ بێ بوونی هیچ به‌ندو كۆسپێك. ئه‌وه‌ش بزانن كه‌ شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌مان وشورای نوێنه‌رانی كرێكاران وسه‌ربازان وجوتیاران مافه‌كانی ئێوه‌ وته‌واوی خه‌ڵكی ڕوسیا ده‌پارێزێت ، پشتیوانی له‌م شۆڕشه‌ بكه‌ن .هه‌ر ئه‌م شورایه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌یدا به‌ ناوی (offinmative action) واته‌ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر جیاكاری، كه‌ به‌ پێ ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ خه‌ڵكی ئه‌سڵی ناوچه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ جێگای ئه‌سڵی خۆیان وئه‌وانه‌ی به‌ ناوی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن ده‌بێ له‌م ناوچانه‌ نه‌مێنن وه‌ك كه‌نیسه‌ ئه‌رسۆدۆكسیه‌كانی روسه‌كان و قۆزاكیه‌كان ، زمانی روسی وه‌ك زمانی یه‌كه‌م نابێت وزمانی ئه‌سڵی ناوچه‌كان ده‌بێته‌‌ زمانی یه‌كه‌م و قوتابخانه‌ ئیداره‌اكانی حكومه‌ت وچاپكراوه‌كانیش ، هه‌ر به‌ پێ ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ كۆمه‌ك ده‌كرێت به‌كه‌سانێك كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م ناو‌چانه‌ن تابتوانن خۆیان ئه‌م ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن وخه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ش سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌ كۆمۆنیسته‌كانی خۆیان بكه‌ن هه‌ر به پێی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ وه‌زیفه ‌كان ده‌درێن به‌ خه‌لكی ئه‌م ناوچانه، زانكۆكان بۆ‌ پێ گه‌یاندنی خه‌لكی ده‌بن له‌م ناوچانه‌دا.
ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ بارودۆخێكی دیاری كراو واته‌ سه‌رده‌می لینین وحوكمی به‌له‌شه‌فیه‌كان ، به‌ دوای ئه‌م مێژووه‌دا هه‌رچی ڕووی دابێ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ هه‌ڵوێستی لینین و به‌لشه‌فیه‌كانه‌وه‌ بۆ نمونه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمی ستالین و ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و هاتوون چ له‌ ڕووسیا یا له‌ ووڵاتانی تر چونكه‌ ئه‌وان نه‌یان توانی درێژه‌ به‌ به‌رنامه‌ و ڕێبازی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان بده‌ن له‌ جیاتی سۆشیالیزمی كرێكاری ئه‌وان سوشیالیزمی بورژوازیان په‌یڕه‌و ده‌كرد هه‌ر به‌ ناوی دیكتاتۆری پرۆلیتاریاوه‌ كه‌ تا ئێستایش به‌رده‌وامن له‌ سه‌ ری له‌ زۆر ووڵات دا.
ئازادی بێ كۆت وبه‌ند بۆ كاری سیاسی وبۆ عه‌قیده‌ و بیروڕا ڕاده‌ربڕین له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری پرۆلیتاریا دا مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كرێكاری وسۆشیالیزمه‌ بۆ گه‌یشتن به‌كۆمه‌ڵگایه‌ كی یه‌كسان و ئازاد له‌ هه‌موو جیهاندا وه‌ ئه‌مه‌ش رێبازی لینین وبه‌لشه‌فیه‌كان بوو كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ كانی ڕێبازی ماركس وه‌ ئه‌نگلس بوو .

سه ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
٩\٢\٢٠١٩
سه‌رچاوه‌كان كه‌ سوودیان لێ بینراوه‌ بۆ ئه‌ م بابه‌ ته‌:
گۆڤاری internationalist socialist no 110 spring 2006 وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی نادیه‌ عه‌بدوالقادر كه‌ له‌ نیسانی٢٠٠٧داله‌ اوراق الاشتراكیه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ وه‌ له‌ لایه‌ن ماڵپه‌ڕی حزب العمال_ تونس له‌ ٣٠ ته‌موزی ٢٠١١ دا دانراوه‌




مام هۆمەری داربڕ … گۆڕینی : محەمەد بەرزی

منداڵە ئازاکان ، مام هۆمەر پیاوێکی زۆر بە هێزی داربڕ بوو ، ماوەیەک بێ ئیش بوو ، بۆیە ڕۆژانە بە تەورەکەیەوە بە دوای ئیشێکدا دەگەڕا . بە ڕێکەوت لای بازرگانێکی دارفرۆش کارێکی دەستکەوت . بازرگانەکەش خاوەنی دارستانێکی گەورەی چڕی پڕ لە دار و درەخت بوو . مام هۆمەری بە تەورەکەیەوە نارد بۆ ناو دارستانەکەی ، تا داری بۆ ببڕێتەوە .
ڕۆژی یەکەم مام هۆمەر توانی هەژدە داری گەورەی بۆ ببڕێتەوە . بازرگانەکە ، کە ئەو هەموو دارەی بینی زۆر دڵی بە ئیشی مام هۆمەر خۆشبوو ، بۆیە سوپاسیکرد و پێی وت : ( هیوادارم بەردەوام ئاوا ئیشی باش بکەیت و بەرهەمی زۆرت هەبێت ) .
مام هۆمەر بەو قسانە شاگەشگە بوو ، بۆیە ڕۆژی دووەم ویستی داری زیاتر ببڕێتەوە ، بەڵام هەرچەندی کرد ، نەیتوانی لە پازدە دار زیاتر ببڕێتەوە . ڕۆژی سێیەمیش توانی تەنها دە دار ببڕێتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش هێز و توانای دەهاتە خوارەوە و داری کەمتری دەبڕییەوە .
مام هۆمەر زۆر دڵگرانبوو ، کە نەیدەتوانی داری زیاتر ببڕێتەوە ، بۆیە خێرا چوو بۆ لای بازرگانەکە و وتی : ( بەڕێزم : لەوەدەچێت هێز و توانای یەکەم ڕۆژم نەمابێت ، بۆیە ناتوانم داری زۆرتر ببڕمەوە ، بە ڕاستیش خۆشم نازانم بۆچی هێز و توانام دابەزییوە ، جا نامەوێت لەمە زیاتر شەرمەزاری بەڕێزتان بم ، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەم و دەمەوێت واز لە ئیشەکەم بهێنم ) .
بازرگانەکە بە ڕوویەکی خۆشەوە پرسیارێکی لە مام هۆمەر کرد و وتی : ( تکایە پێم ناڵێیت ، دواهەمینجار کەی تەورەکەت تیژکردۆتەوە ؟ ) … مام هۆمەر لە وەڵامدا وتی : ( تیژکردنەوە ، بە ڕاستی چونکە ماوەم نەبووە و بەردەوام سەرقاڵی داربڕینەوە بووم ، بۆیە هەر لە بیرم نەماوە کەی تەورەکەمم تیژ کردۆتەوە !! ) .
ئنجا بازرگانەکەش وتی : ( کەواتە کێشەکە لە هێز و توانای تۆدا نییە ، بەڵکو لە تیژنەکردنەوەی تەورەکەتدایە ، دەی بڕۆ دەمی تەورە کولەکەت بـاش تیژبکەرەوە و سەرلـەنـوێ وەرەوە سـەر ئیشەکـەی خۆت ) .
مام هۆمەر بە قسەی بازرگانەکەیکرد و خێرا چوو دەمی تەورەکەی بە جوانی تیژکردەوە و گەڕایەوە بۆ سەرئیشەکە خۆی و توانیشی بە ئاسانی لە یەکم ڕۆژی ، زۆر زیاتر دار ببڕێتەوە .


جا منداڵە ژیرەکان : ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت ، ژیانمان وەک ئەم چیرۆکە وایە ، هەندێک جار ئەوەندە سەرقاڵین کاتمان نییە دەمی تەوەرکەمان تیژبکەینەوە . لەوەدەچێت هەموومان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە جاران سەرقاڵتربین ، بەڵام کەمتر لە جاران بەختیارتربین . باشە دەبێ هۆکار چیی بێت ؟ . ئایا بۆ دەبێ هەمیشە تیژنەبین ؟ . دیارە نابێ بارودۆخ و ئیشوکاری قورسی ئەمڕۆ ، ببێتە هۆکاری لە بیربردنەوەی زۆر شتی گرنگی وەک : ژیانی تایبەتی خۆمان ، تەرخانکردنی ماوەی تەواو بۆ خێزانەکانمان ، بۆ نیشتمانەکەمان ، بۆ هاوڕیێ کانمان ، گرنگی دان بە خوێندنەوە و وەرزش و گەشتو گەڕان و …. هتد .
کەواتە هەموومان پێویستمان بە پشودان و بیرکردنەوە و خوێندنەوە و ڕامان و فێربوونە ، جا ئەگەر ماوە بۆ هەموو ئەوانە تەرخان نەکەین ، ئەوا وەک دەمی ئەو تەورە کول دەبین و لە ئەنجامیشدا بێ توانا و تەپۆ و تەمبەڵ و بێ کەڵک دەبین .


تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .




بەهار لەپێشوازی نەورۆزدا … نوسینی.. ئاکۆ محەمەد سابیر

بە شنە بای ئە وکوێستانە
بەهار پرچی کرد شانە
فەرشی سەوزی ڕاخستوو
نە خشاندی بە ڕێحانە
بەکلی ئاوی کانی
ڕشتی چاوانی جوانی
وەک بوک خۆی ڕازاندەوە
لالەو نێرگزی هانی
لەگەڵ نمەی باراندا
لێی دەڕژا خەندەو جوانی
لە پێشوازی نەورۆزدا
کەوتە سەماو گۆرانی

نوسینی.. ئاکۆ محەمەد سابیر




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی وێرانه‌پیاو … سه‌دیق سه‌عیدڕواندزی

مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌گشتی، كاتێ ڕوو له‌خۆر ئاواده‌كات و ده‌یه‌وێت وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك ژیان له‌وێ به‌رێته‌سه‌ر،هه‌رته‌نها به‌رشوێن ودنیایه‌كی دیكه‌ی جیاوازناكه‌وێت كه‌له‌ڕووی ژیاریی و بیناسازی و پێكهاته‌ی شارسازییه‌وه‌، زۆرله‌وڵاته‌دواكه‌وتووه‌كه‌ی خۆی پێشكه‌وتووتره‌. به‌ڵكوگرفتی سه‌ره‌كی له‌وه‌دایه‌كه‌به‌ركلتوورو په‌روه‌رده‌یه‌كی دیكه‌ی جیاوازده‌كه‌وێت، كه‌ته‌واوناكۆكه‌ به‌وپه‌روه‌رده‌وشێوه‌ژیانه‌ی ئه‌وله‌سه‌ری ڕاهاتووه‌. مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی كه‌ڕه‌گی به‌قوڵایی ئه‌و كلتووره‌دا ڕۆچووه‌، نه‌ك ته‌نها ناتوانێت له‌گه‌ڵ كلتووری ئه‌وشوێنه‌ڕابێت كه‌ئیدی سه‌ر زه‌مینی ژیانی ئه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بگره‌ له‌به‌ریه‌ككه‌وتنێكی سایكۆلۆژی گه‌وره‌دایه‌، كه‌نه‌ده‌توانێ شوناسی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌و ئیسلامییانه‌ له‌ خۆی دابماڵێت، نه‌ده‌شتوانێ ببێته‌ هه‌ڵگری شوناسی عیلمانیانه‌و خۆرئاوایانه‌.

تاهیربن جه‌للون له‌كتێبی(بابه‌ تیرۆرزم چییه‌؟) كه‌ گفتۆگۆیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌كه‌ی ده‌ڵێت: گرفتی كۆچبه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌دێنه‌ فه‌ڕه‌نسا، به‌ئه‌قڵی وڵاتی خۆیان بیر ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن كه‌ئیدی خۆیان له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌وێ بگونجینن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌ڕه‌نسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وێ، بێننه‌ سه‌ربیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی خۆیان. به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌بیریان دابێت كه‌ ئه‌وان له‌وڵاتێكی دیكه‌ن، كه‌به‌هه‌موو پێوه‌رێك جیاوازه‌ له‌ووڵاته‌ی لێیه‌وه‌هاتوون.كه‌واته‌ یا ده‌بێ ڕازیبن به‌وه‌ی هه‌یه‌، یا ده‌بێ بچنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان. به‌مه‌ش تووشی نامۆبوونێكی گه‌وره‌ی ڕوحی و كلتووری ده‌بن و گه‌لێك جارئه‌ونامۆبوونه‌،ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكی ده‌روونی كه‌هانیان ده‌دات به‌رچه‌كرداریان بۆكلتووری ئه‌وێ لادروست بێت.

لێره‌وه‌شه‌ ده‌بینین دوای ساڵانێكی درێژله‌ژیانكردن له‌خۆرئاوادا، هێشتا مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی كه‌ پاشخانێكی ئایینی هه‌یه‌، ناتوانێت له‌گه‌ڵ شَوه‌ ژیانی ئه‌وێ هه‌ڵبكات. ته‌نانه‌ت هه‌وڵده‌دات منداڵه‌كانیشی ئه‌وانه‌ی له‌وێ له‌دایك ده‌بن و گه‌وره‌ده‌بن، به‌په‌روه‌رده‌ی خۆرهه‌ڵاتییانه‌ی خۆیان گۆش بكات. له‌كاتێكدا له‌وێ له‌دوای هه‌ژده‌ساڵی، هه‌ردوو ڕه‌گه‌زئازادن له‌هه‌ڵبژاردنی ژیانی خۆیان. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ باوكێكی ئیسلامی و عه‌ره‌ب تاچه‌ند ئه‌وكلتووره‌ وه‌رده‌گرێت، كه‌كچه‌كه‌ی له‌دوای هه‌ژده‌ساڵی هاوماڵێكی هه‌بێت وله‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێساو یاساكۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كان، له‌گه‌ڵی بژیت؟ ڕۆمانی(وێرانه‌ پیاو) هه‌ڵگری ئه‌وكێشه‌ ده‌روونی كلتووریه‌یه‌ كه‌مرۆڤی عه‌ره‌ب له‌خۆرئاوادا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

گه‌رچی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ته‌كنیكی ئالۆِز نووسراوه‌و له‌سه‌ریه‌ك ڕیتمی گێڕانه‌وه‌ ناڕوات. هاوكات كات و شوێن و ڕووداوه‌كان، له‌ڕێی ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه‌ گۆرانیان به‌سه‌ر دادێت و ڕووداوه‌كان جۆرێك له‌هارمۆنی له‌نێوان خۆرئاواو ولاتی سودان وه‌رده‌گرن. ئه‌مه‌ ێرای ئه‌وه‌ی كه‌گێڕه‌ره‌وه‌ له‌هه‌ندێ كاتدا، ده‌نگی ڕۆماننووسه‌و له‌هه‌ندێ كاتیشدا، ده‌روێشی پاڵه‌وان خۆی ده‌بێته‌بگێره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك گرنگه‌ هه‌ڵه‌وه‌سته‌ی له‌سه‌ربكه‌م، تیمه‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه‌، كه‌به‌شێكی سه‌ره‌كی هه‌ڵگری ئه‌وئاریشه‌ ده‌روونی و خێزانیانه‌یه‌ كه‌مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی له‌ئه‌وروپاڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.ئه‌م ڕۆمانه‌ باسی پیاوێك ده‌كات كه‌له‌باوكێكی سودانی و دایكێكی میسری له‌دایك بووه‌.

(حوسنی جه‌لاله‌ددین ده‌روێش) كه‌ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی پزیشكی ته‌واو ده‌كات، ئیدی له‌پێناو ژیانێكی باشترهاوشێوه‌ی هه‌موو كۆچبه‌رانی دیكه‌ی دنیا،بیرله‌چوونه‌ هه‌نده‌ران ده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ڕێگه‌ی یاساغ وبه‌ڕێنوێنی چه‌ند قاچاغچییه‌ك ده‌چێته‌ توركیاو له‌وێوه‌ش بۆ یۆنانی وێستگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی په‌نابه‌ران. تادواجار به‌یاوه‌ری ژنێكی دیكه‌ كه‌وه‌ك ئه‌و ده‌یه‌وێت بچێته‌ ئه‌وروپا، به‌بارهه‌ڵگرێكی گواستنه‌وه‌ی(به‌راز)دوای ده‌ڕۆژ ڕێكردن، له‌ یۆنانه‌وه‌ ده‌گاته‌ نه‌مسا. ئیدی له‌وێ ژیانێكی دیكه‌ دوای ئه‌مسه‌رو ئه‌و سه‌ركردنی كه‌مپه‌كان، ده‌ست پێَده‌كات.لێره‌دا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مرۆڤێكداین كه‌یه‌كه‌م ئیسلامه‌، دووه‌م عه‌ره‌به‌، سێیه‌میش خه‌ڵكی سودانه‌.

كه‌واته‌ شوناسی ئه‌ومرۆڤه‌مان بۆده‌ركه‌وت. چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین سودانییه‌كان له‌وكه‌سانه‌ن كه‌پابه‌ندبوونێكی پته‌وی ڕوحیان به‌ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌وله‌هه‌ندێ كاتدا ئه‌وتێگه‌یشتنه‌یان فۆرمێكی ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژوه‌رده‌گرێت. دیاره‌ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شوناسی ناسیۆنالیزمی ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌وڵاتێكی خێڵه‌كی و ئایینی وتوندڕۆیه‌. حوسنی بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌درێژه‌ رزگاری بێت، ناوێكی نه‌مسایی بۆخۆی هه‌ڵده‌بژێرێ به‌ناوی(هاینرش). واته‌ ده‌روێش له‌یه‌ك كاتدا، پێیه‌كی له‌نێو شوناسه‌ سودانییه‌كه‌یه‌، پێیه‌كی دیكه‌شی له‌نێو شوناسه‌ نه‌مساییه‌كه‌ یه‌. له‌نێوان ئه‌ودووشوناسه‌شدا، ده‌هاڕدرێت و ناتوانێت خۆی به‌سه‌ریه‌كێكیاندا ساغ بكاته‌وه‌. ده‌روێش دوای ئه‌وه‌ی مافی په‌ناهه‌نده‌ی وه‌رده‌گرێت، ده‌بێته‌ گووپێكه‌ری سه‌گه‌گان و پاشانیش (نورا شۆلدز) ده‌ناسێت وده‌بێته‌ هاوسه‌ری. ده‌روێش تائێره‌ئاسایی ژیان ده‌گوزه‌رێنێت.

به‌لام نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌و، هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆری پیاوی خۆرهه‌ڵاتی، ئه‌و كاته‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌له‌سی دیسه‌مبه‌ری ساڵی1995(میمی) كچه‌تاقانه‌كه‌یان له‌دایك ده‌بێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی مۆته‌كه‌یه‌كی ده‌روونی گه‌وریه‌ بۆ ده‌روێش، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ردڵی و دواجاریش به‌مه‌رگی خۆی كۆتایی دێت. میمی، به‌منداڵی نازێكی زۆری له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌ پێ ده‌درێت و گه‌وره‌ ده‌كرێت. ده‌روێش كه‌ هێشتاگرێیه‌كی بچووكی ده‌روونی له‌ ژیاندا هه‌یه‌ كه‌ئه‌وعه‌ره‌به‌و په‌روه‌رده‌ی كلتوورێكی تره‌،مه‌به‌ستیه‌تی میمی به‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی ئه‌وده‌یه‌وێت گه‌وره‌ بكات. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ بۆمنداڵێك كه‌له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپا له‌دایك بووبێت، ده‌توانێ تاكوێ بڕبكات؟.

میمی دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ هه‌ژده‌ساڵی، كه‌ئه‌و ته‌مه‌نه‌ سه‌ربه‌ستی ئه‌وه‌ به‌كچ و كوڕه‌كان ده‌دات هاوڕێ و هاوماڵێكیان هه‌بێت، ئه‌ویش ده‌بێته‌ هاوڕێی تۆنی.تاكو ڕۆژێك تۆنی دێته‌ ماڵی ده‌روێش. كاتێ ده‌روێشیش پرسیار له‌ژنه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ئه‌وبۆچی هاتووه‌، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: (نازانم ڕه‌نگه‌ بیانه‌وێ ئیشه‌كه‌ بكه‌ن).ده‌روێش كه‌هاوشێوه‌ی هه‌مووپیاوه‌كانی دیكه‌، ده‌زانێت هاتنی كوڕێكی گه‌نج بۆلای كچه‌كه‌ی بۆچ مه‌به‌ستێكه‌، ده‌كه‌وێته‌ بارێكی ده‌روونی ئالۆزه‌وه‌ به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ڵێت: (ئیشی چی؟) تۆنی و میمی ده‌چنه‌ ژووره‌كه‌ی میمی،ده‌روێش بیرده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ركچ و كوڕله‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێساكانی شه‌رع و ئایین سێكس بكه‌ن، ئیدی ئه‌مه‌ زینایه‌.

به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دایك و باوكی ده‌چنه‌ جه‌هه‌ننه‌م.بۆیه‌ ده‌ڵێت:_ (ئه‌گه‌ر میمی كوڕ بووایه‌ هێنده‌ی ماندوو نه‌ده‌كردم).تۆنی ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك میمی كچی به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه‌ بانگی ده‌روێشی باوكی ده‌كات. كاتێ ده‌روێش ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ ده‌بینی كچه‌كه‌ی به‌ حه‌په‌ساویه‌وه‌ وه‌ستاوه‌و ده‌ستی تۆنی گرتووه‌و ده‌ڵێت_ تۆنی بووه‌ موسڵمان. ده‌روێش لێره‌دا، ئاهێكی به‌ردادێته‌وه‌و شادومانه‌ كه‌تۆنی له‌سه‌رده‌ستی كچه‌كه‌ی بۆته‌ موسڵمان. به‌ڵام نه‌ك له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ بۆئیسلام زیادده‌كات، به‌ڵكو له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ئیدی تۆنی له‌سه‌رده‌ستووری ئیسلام له‌گه‌ڵا كچه‌كه‌ی جووت ده‌بیت. بۆیه‌ ده‌روێش له‌ تۆنی ده‌پرسێت:_( چی وایلێكردی ببیته‌ موسڵمان؟) ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: -(كه‌له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی سه‌یری چه‌ندبه‌رنامه‌و دیمه‌نێكیان كردووه‌).

لێره‌دا جارێكی دیكه‌ ده‌روێش ده‌كه‌وێته‌وه‌ بارودۆخێكی ده‌روونی دژوارتر. چونكه‌ ئه‌مجاره‌یان گومان ده‌كات له‌وه‌ تۆنی كچه‌كه‌ی هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنی و خۆی ببێته‌ موجاهیدێك و كچه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی ببات بۆ جیهادو ئیدی چه‌ندین كه‌س به‌ناوی(هاوسه‌رگیری نیكاح) له‌گه‌ڵی جووت بن. بۆیه‌ به‌تۆنی ده‌ڵێت:_(كچه‌كه‌م نامووسی منه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌ست بۆ كچه‌كه‌م ببات كارێكی پێ ده‌كه‌م بابه‌ده‌واری شڕی نه‌كردبێت). به‌م جۆره‌ گه‌رچی تۆنی له‌ڕوانگه‌ی ده‌روێشه‌وه‌ ده‌بێته‌ موسڵمان، به‌ڵام ده‌روێش له‌نێو ئه‌و هه‌موو گومان و دوودڵیه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ داده‌ڕمێت و ده‌بێته‌ پیاوێكی وێران. یاساكانی نه‌مساش ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێ ناده‌ن، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ژن و كچه‌كه‌ی بنوێنێت، چونكه‌ سكاڵای پۆلیس و ده‌ستگیركردنی هه‌میشه‌ ئاماده‌ن، هاوكات ناشیه‌وێت كچه‌كه‌ی له‌سه‌رڕێساو كلتووری خۆرئاوایانه‌ بژیت، بۆیه‌ ژیانی لێ تێكده‌چێت، تادواجار له‌گه‌شتێكدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات تۆنی له‌لوتكه‌ی چیایه‌كه‌وه‌ بخاته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام تۆنی نامرێت و سه‌ره‌نجام ژیانی ئه‌ویش له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی پێدێت.

ئه‌م ڕۆمانه‌گوزارشت له‌به‌ریه‌ككه‌وتنی مرۆڤێكی عه‌ره‌ب و موسڵمان ده‌كات له‌گه‌ڵ ژینگه‌و په‌روه‌رده‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی خۆرئاوا. مرۆڤێك كه‌خۆیان به‌ئاره‌زووی خۆیان ژیانه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام له‌بڕی ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به‌كلتووری ئه‌وێ بن،ده‌یانه‌وێت كلتووری ئه‌وێ بگۆڕنه‌ سه‌رژیانی خۆیان. ئه‌مه‌ش كارێكه‌ له‌مه‌حاڵ مه‌حاڵتر. له‌كۆتاییدا ده‌ست خۆشانه‌ له‌ برای وه‌رگێڕ سه‌باح ئیسماعیل ده‌كه‌م، كه‌جارێكی دیكه‌ له‌ڕێی وه‌رگێڕانه‌ جوانه‌كانییه‌وه‌ به‌ڕۆمانێكی دیكه‌ی ئاشناكردم.هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم.

————————————————–
په‌راوێز:- وێرانه‌ پیاو/ڕۆمان/عه‌بدولعه‌زیز بن به‌ره‌كه‌/ وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل/ بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م 2018..

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌وال ژماره‌ 775ڕۆژی 15-12-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




ئیسلامیه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیه‌ت و به‌رماوه‌ی مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوان …. عه‌لی سیرینی

له‌ ده‌یان وتار، شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌م كردووه‌. لێره‌ خوڵاسه‌یه‌ك دێنمه‌وه‌ سه‌ر باس و خواس. به‌ڵێ ئه‌و ته‌وژمه‌ی ناوی لێینراوه‌‌ “فیكری سیاسیی ئیسلامیی” نه‌ك هه‌ر شكستێكی گه‌وره‌ی هێناوه‌، به‌ڵكو له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی ئیسلام كاره‌ساتێكی پڕ به‌ پێست بوو. له‌وانه‌یه‌ بڵێیت به‌ڵام ئیسلامی سیاسیی شتی باشی هه‌یه‌ و خه‌ڵكی باشیان له‌ گه‌ڵدایه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ ئاوا هه‌ڵناسه‌نگێنرێت. به‌ڵكو ده‌بێـت له‌ ڕووی زه‌مینه‌ و كۆی به‌رهه‌م و عاقیبه‌تی ئه‌م ئیسلامی سیاسییه‌، بێین دابنیشین، تێرامان و پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ین. چونكه‌ غه‌یره‌ ئیسلامیه‌كانیش ده‌كرێت بڵێن ئێمه‌ش كاری چاك و خه‌ڵكی چاكمان هه‌یه‌. ئنجا سه‌باره‌ت به‌ شكسته‌كه‌ش، شكستێكی موڕه‌ككه‌به‌ چونكه‌ له‌ لایه‌ك زه‌ڕبه‌یه‌كی كوشنده‌ی له‌ ئیسلامدا، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م ته‌وژمه له‌ به‌رگی حزبی سیاسیی مۆدێرن (به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌)، له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تدا بوونی هه‌یه‌، دۆڕان له‌ سه‌ر دۆڕانی دروێنه‌ كردووه و هه‌ر شكستی هێناوه‌‌.

با سه‌ر و بورده‌یه‌كی ئه‌م چیڕۆكه‌ باس بكه‌ین.

ته‌وژمی ئیسلامیی له‌ كوردستان، به‌شێكه‌ له‌ ته‌وژمی ئیسلامیی جیهانیی كه‌ له‌ میسر سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م ته‌وژمه‌ باشترین پێناسه‌ بۆی ئه‌وه‌یه‌ به‌ (الإحیائیة الإسلامیة) پێناسه‌ بكرێـت، واته‌ زیندوو كرنه‌وه‌ی ئیسلام!! باوكی ئه‌م ته‌وژمه‌ ئیسلام نیه‌! ئه‌م قسه‌یه‌ی ده‌یكه‌م جارێ هێشتان زووه‌، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی هه‌بێت، ئیسلامیه‌كان بتوانن هه‌زمی بكه‌ن و وتوێژ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌نجام بده‌ن. جارێ ناكرێت ئیسلامیه‌كان باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌ن بڵێن كه‌ ئیسلام سه‌رچاوه‌ی جم و جۆڵ و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وان نیه‌!
چۆن ئیسلام باوكی ئه‌م ته‌وژمه‌ نیه‌، یان مه‌ڕجه‌عی ئه‌م ته‌وژمه‌ نیه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانی بكه‌م بۆ خوێنه‌ر، هه‌ندێك لینكی وتاره‌كانم به‌ كوردیی و عه‌ره‌بیی له‌ دوای ئه‌م وه‌ڵامانه‌م داده‌نێم، ئه‌گه‌ر ویستی زیاتر وه‌ڵامه‌كانی منی ده‌ست بكه‌وێت ده‌توانێت چاوێك به‌ لینكه‌كاندا بخشێنێت.

ئیسلام بۆ ئه‌م ته‌وژمه‌ ته‌نها دیكۆری ده‌ره‌وه‌یه‌، واته‌ جبه‌ و مێزه‌ر، به‌ڵام زه‌مینه‌ و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ته‌وژمه‌ شتێكی تره‌. دوو ڕووداو یان دوو باروزروف، له‌ ڕێڕه‌ویاندا پێك گه‌یشتوون، بوونه‌ته‌ ئه‌و زگه‌ی له‌ ناو هه‌ناویدا ته‌وژمی ئیسلامیی له‌ دایك بووه‌. یه‌كه‌میان، كه‌ ئه‌مه‌یان ڕووداوه‌ گرنگه‌كه‌یه‌، ئه‌ویش لاواز بوون و به‌ره‌و ڕووخانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌ (خه‌لافه‌تی عوسمانیی)، له‌ ئاستی سیاسه‌ت و سه‌ربازیی و زانسته‌ نوێیه‌كانی ئه‌وروپا، كه‌ مسوڵمانان تیایدا دواكه‌وتن. لێره‌دا له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌مه‌وه‌، له‌ توركیا، جوڵانه‌وه‌یه‌ك دروست بوو كه‌ زه‌مینه‌ی عه‌لمانیه‌ت و ئیلحاد بوو.

ئه‌م بزوتنه‌وه‌، به‌ ناوی چاكسازیی له‌ ده‌ستور و ژیانی سیاسیدا سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ له‌ لوتكه‌دا خۆی له‌ ئیتیحاد و ته‌ره‌قیی بینیه‌وه‌، كه‌ دواتر بووه‌ دایكی ئه‌تاتۆركیه‌ت (بۆ زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، تكایه‌ بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر لینكه‌كان). له‌ میسر ، له‌ ژێر سێبه‌ری (محمد علی باشا)، له‌ ژێر كاریگه‌ریی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاواگه‌ریی، به‌ چاودێریی خدێوی ئیسماعیل، ده‌ستی پێكرد. یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ كاریگه‌ره‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، ڕه‌فاعه‌ ڕافع طه‌هطاویی بوو. له‌م نێوه‌شدا، له‌ هه‌ناوی ته‌شه‌ییوعی صه‌فه‌ویی، كه‌ هه‌میشه‌ دوژمنه‌ سه‌ر سه‌خته‌كه‌ی ئیسلام بوو (واته‌ ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ت) ده‌جالێكی ده‌مامكدار هاته‌ نێو جه‌رگه‌ی ئیسلام، له‌ ئیسته‌نبول و میسر. ئه‌م دوو سه‌نته‌ره‌ گه‌وره‌ی ئیسلام، كه‌وتنه‌ ژێر قوڕسایی گۆڕانكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی ئه‌وكات و ئێستاش!

ئه‌م ده‌جاله‌ ناسراوه‌ به‌ جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانیی (ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌فغانیی نیه‌ و ئێرانیه‌ و ئه‌سه‌دئابادییه‌) و شیعه‌یه‌كی دوازده‌ییه‌ و دواتر هه‌م بووه‌ته‌ ماسۆنیی و هه‌میش به‌هایی (واته‌ ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی به‌هایی كاری بۆ ده‌كرد، ئه‌فغانیی دان ده‌نێت كه‌ ئه‌ویش بۆ هه‌مان ناوه‌رۆك كار ده‌كات). له‌ میسر ئه‌فغانی مه‌حفه‌لی كه‌وكه‌ب شه‌ڕقی ماسۆنیی دامه‌زراند. له‌م مه‌حفه‌له،‌ كه‌سانی به‌ ناو بانگی میسر بوونه‌ ئه‌ندام تیایدا، وه‌كو شێخ محه‌ممه‌د عه‌بدۆ و ته‌وفیق پاشا و…هتد. شێخ محه‌ممه‌د عه‌بدۆ مامۆستای شێخ حه‌سه‌ن به‌ننایه‌. به‌ننا (به‌ ڕه‌حه‌ت بێـت)، كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریی قووڵ و فراوانی ئه‌م بار و زروف و ته‌وژمه‌ به‌ هێزه‌ی ڕۆژئاواگه‌ریی له‌ میسر. هه‌روه‌ها وه‌كو قوتابیه‌كی زیره‌كی شێخ محه‌ممه‌د عه‌بدۆش، له‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا، كه‌وته‌ جم و جۆڵی سیاسیی. هه‌ر له‌م ته‌مه‌نه‌، نازناوی موڕشید و ئیمامی بۆ خۆی ڕه‌واج پێدا. به‌ڵام، به‌ننا زانای شه‌رع و فقهـ نه‌بوو، به‌ڵكو مامۆستای زمانی عه‌ره‌بیی بوو. له‌ میانی سیاسه‌تكردنیش، ڕۆژنامه‌یه‌كی دامه‌زراند و وتاری تیادا ده‌نوسی، به‌م شێوه‌ش بووه‌ ڕۆژنامه‌نوس. ئێمه‌ وه‌كو مسوڵمان، پێویسته‌ گومانی خراپ به‌ مامۆستای به‌ڕێز حه‌سه‌ن به‌ننا نه‌به‌ین، به‌ڵكو بڵێین به‌ نیه‌تێكی پاك ویستی خزمه‌تی ئیسلام بكات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت هه‌ڵه‌ی كردووه‌. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ حیجاز، بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیه‌ت سه‌ری هه‌ڵدا بوو.

ئه‌م بزوتنه‌وه‌ توند و تیژه‌ی به‌ ته‌كفیری مسوڵمانان ده‌ستی پێكرد، بۆ ته‌مكینكردنی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود باڵی كێشا، به‌ ناوی (الإخوان المسلمون) دامه‌زرا. شێخ حه‌سه‌ن به‌ننا، كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م دوو سیاقه‌، سیاقی ڕۆژئاواگه‌ریی به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌فغانیی و عه‌بدۆ و ئه‌وانیتر، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیه‌ت. ئیتر به‌ننا له‌ ژێر كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی (یخوانولمسلمینی وه‌هابیش) كۆمه‌ڵی ئیخوانولمسلمینی دروست كرد. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ش بووه‌ دایكی هه‌موو بزوتنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵ و حزبه‌ ئیسلامیه‌كانی جیهان له‌و كاته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ (جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له‌ توركیا، كه‌ ڕه‌گ و ڕیشاڵیی له‌ په‌یامه‌كانی نوره‌وه‌ داكوتاوه‌ و حاڵه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌). كه‌واته‌ به‌ننا، به‌م دوو ڕه‌هه‌نده‌ كاریگه‌ر بوو: ڕۆژئاواگه‌ریی و ئه‌ده‌بیاتی ماسۆنیه‌ت و مۆدێرنیزم، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ و ئه‌ده‌بیاتی وه‌هابیه‌ت. ئه‌م دوو كه‌لتوره‌ش، له‌ نێو كۆمه‌ڵی ئیخوانولمسلمین، به‌ ئاسانی ده‌بیندرێت بێ ئه‌وه‌ی باسی لێوه‌ بكرێت.

قووڵایی ته‌وژمی ئیسلامیی میسریی (دواتر جیهانیی)، له‌ نێویشیدا به‌شه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی پڕۆتێستانتیزمی ئه‌وروپیی و دواتر شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیی. “پڕۆتێستانتیزمی ئیسلامیی” ده‌یه‌وێ دین مۆدێرن بكات و ئیجتیهاد بكاته‌ گاڵته‌جاریی هه‌موو كه‌سێك و دینیش بخاته‌ ژێر بیر و بۆچوونی جیاوازی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت، دین به‌ هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆی تێ بگات (لێره‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌یر نیه‌ مولحیدی گه‌وره‌ له‌ نێو هه‌ناوی ئیسلامیی سیاسیی سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و له‌ كوردستانیش هه‌ن!). هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ حاڵه‌تێك په‌یدا بووه‌، ده‌بینین خه‌ڵك هه‌یه‌ ته‌واو جاهیله‌، به‌ڵام دێت باس له‌ هه‌موو كایه‌كانی دین و شه‌رع ده‌كات.

ئه‌م پڕۆتێستانتیزمه‌ ئیسلامیه‌ به‌ چه‌ند شێواز خۆی نمایش ده‌كات، جارێك به‌ناوی سه‌له‌فیه‌ته‌وه‌ (واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوسخه‌ی یه‌كه‌می ئیسلام له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه‌كانی، ئه‌مه‌ش ڕێك مونته‌ڵه‌قی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیی بوو (مارتن لۆته‌ر و پێشه‌وایانی تری پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیی)، كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوسخه‌ی یه‌كه‌می مه‌سیحییه‌ت هه‌نجه‌تی خۆ نمایش كردنه‌كه‌یان بوو)، جارێكیش به‌ناوی عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌، جارێكی تر به‌ ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌نها بۆ قورئان (قوڕئانیه‌كان)، زۆربه‌ی جارانیش به‌ ناوی نوێخوازیی و ئیسلامێكی سه‌رده‌میانه‌.

له‌م ڕووه‌وه‌، واته‌ مۆدێرن بوون، ته‌نها سه‌له‌فیه‌كان ئیستیسنای ئه‌م ته‌وژمه‌ن، كه‌ ئه‌وانیش بۆ خۆیان توند پابه‌ندی ته‌علیماتی محه‌ممه‌د بن عه‌بدولوه‌هاب و ئیبن ته‌یمیه‌ن كه‌ سیاقێكن نامۆن به‌ مێژووی مسوڵمانانی 14 سه‌ده،‌ كه‌ تێكڕای ئوممه‌ت كۆك بووه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ی هه‌ردوو ئیمام (ئه‌شعه‌ریی و ماتوریدیی) ته‌دوینیان كردووه‌ و عه‌قیده‌ی سه‌له‌فه‌، هه‌روه‌ها له‌ فیقهدا چوار مه‌زهه‌به‌كه‌ (حه‌نه‌فیی، مالیكیی، شافعیی و حه‌نبه‌لیی) كه‌ ته‌دوینی فیقهی پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه‌ و تابعینه، وێڕای به‌شێكیش به‌ ناوی (أهل الحدیث) كه‌ شوێنكه‌وته‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌لن‌. واته‌ لێره‌دا وه‌هابیه‌ت له‌ گه‌ڵ پڕۆتێزتانتیزمی مه‌سیحیه‌ت له‌ مێتۆدا یه‌كده‌گرنه‌وه،‌ ئه‌ویش لێدانی توڕاسی دینه‌كه‌یه‌.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ ده‌بینیت، زانایانی ئیسلام (واریسی توڕاسی پێغه‌مبه‌ر درودی خودای له‌ سه‌ر بێـت) پشتگوێ خران و ڕیسوا كران. لێره‌دا پێویسته‌ ئاگادار بین، وه‌هابیه‌ت تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین له‌ گه‌ڵ مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لیی و ڕێچكه‌ی ئه‌هلی حه‌دیس له‌ عه‌قیده‌دا، چونكه‌ هه‌ر زانا به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌ ڕه‌ددی وه‌هلبیه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌. ته‌نها قسه‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی ئیبن ته‌یمیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ هه‌ڵه‌ حاڵیی نه‌بێـت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موجته‌هیدێكی گه‌وره‌ی مێژووی ئیسلامه‌ و جیاوازیی زۆری هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ محمد بن عه‌بدولوه‌هاب. به‌ڵام هه‌میشه‌ سودی خراپ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئیبن ته‌یمیه‌ بینراوه‌ له‌ لایه‌ن گروپه‌ ئیسلامیه‌كان.

بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كان به‌ كۆڵكه‌ و دواكه‌وتوو، ناو و ناتۆره‌ی له‌م زانایانه‌ی ئیسلام نا. وه‌هابیه‌كانیش به‌ بیدعه‌چیی و موشریك و جاهل و…هتد مامه‌ڵه‌ی ئه‌م زانایانه‌یان كرد! ته‌وژمی (الإحیائیة الإسلامیة)، به‌وه‌ی كوردستانیشه‌وه‌، له‌م سیاقه‌ی 14 سه‌ده‌یه‌ ده‌رچووه‌ و بووه‌ته‌ شتێكی تر. مه‌ڕجه‌عیه‌تی ئیخوان و بزوتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كانی تر مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوایه‌. ئیسلام ته‌نها شوناس و كه‌لتوره‌ بۆیان. واته‌ ئیسلامیه‌كان عه‌لمانیی ته‌واون ئه‌گه‌رچی دانیش به‌مه‌ نه‌نێن‌. چونكه‌ خودی ژیانیان له‌ نێو سیاسه‌ت و مۆدێرنیزم به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌. ئه‌وان به‌شێكن له‌ گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و حزبایه‌تیی و…هتد كه‌ دروستكراوی ڕۆژئاوایین. ئه‌گه‌ر نوێژ بكه‌ن و ڕۆژوو بگرن، خه‌ڵكیش هه‌یه‌ له‌ نێو پارتی و یه‌كێتی نوێژ ده‌كات و ڕۆژوو ده‌گرێـت.

كه‌چی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئیسلامیه‌كان باسی عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی بۆ په‌رله‌مانێك عه‌لمانیه‌! مه‌ڕجه‌عی وه‌هابیه‌كانیش له‌ ئاستی دین بن عه‌بدولوه‌هاب و ئیبن ته‌یمیه‌یه‌ و هیچی تر، له‌ سیاسه‌تیشدا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌كراوی ئال سعود بوون (هه‌ر چه‌نده‌ دواتر هه‌ندێك گڕوپی وه‌هابیی له‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ ڕاست بوونه‌وه‌). له‌ ئاستی سیاسیشدا هه‌ردوو لا له‌م ده‌یان ساڵه‌ی دواییدا، ده‌سكه‌لای زلهێزه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ بوون، وه‌كو ئه‌مریكا، ئه‌وروپا، سعودیه‌، پاكستان، ئێران…هتد.

ده‌سكه‌لابوونیش له‌ وه‌هابیه‌كان ته‌نها جامیی و مه‌دخه‌لیی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ ده‌ره‌جه‌ یه‌ك ئه‌و به‌ ناو سه‌له‌فیه‌ جیهادیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئوممه‌تی ئیسلامیان توشی شكستێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ كرد، بوونه‌ هۆكاری ڕاسته‌وخۆی خاپوركردنی زۆرێك له‌ وڵات و شاری مسوڵمانان هه‌ر له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ (1979) تا ئه‌مرۆ! یه‌كێكیش له‌ گه‌وره‌ترین شكسته‌كان كه‌ هێنایان به‌ سه‌ر مسوڵمانان، 11ی سێپتێمبه‌ر بوو، كه‌ ئه‌مریكا خۆی ئه‌م تاوانه‌ی ئه‌نجام دا، كه‌چی خستیه‌ ملی قاعیده‌، قاعیده‌ش ده‌ستی له‌ ملی خۆی دا و ئه‌شهه‌دوبیللای به‌ سه‌ر لێدا! كاره‌ساته‌كه‌ش له‌و ڕۆژه‌وه‌ زۆر به‌ خه‌ستیی، به‌ سه‌ر ئێمه‌ی مسوڵمانی بێ چاره‌، وه‌ك بارانێكی به‌ خوڕ ده‌بارێ، هه‌ر تاوێك بوه‌ستێ به‌ لێشاو ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.

به‌ڵام، با جارێ ئه‌م باس و خواسی ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت و سیاسه‌تی ده‌سكه‌لابوون بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌، با باسی ناوخۆی كوردستان و ئیسلامیه‌كان بكه‌ین. تۆی حزب یان گروپی ئیسلامیی هاتووی واقیعه‌كه‌ت به‌ دڵ نیه‌ و ده‌ته‌وێ بیگۆڕیت، دید و بۆچوونی جیاوازت هه‌یه‌، به‌رنامه‌ی جیاوازت پێیه‌، پلانت له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی تر جیاوازه‌. ئێ باشه‌ با بزانین تۆ چۆن كار بۆ ئه‌م دید و پلان و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌یت، له‌ سه‌قفێكی زه‌مه‌نیی، كه‌ قابیلی ئه‌وه‌ نیه‌ به‌ موده‌تێكی كراوه‌ په‌تی بۆ شل بكه‌یت؟ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر باشتر حاڵی بێت، نمونه‌یه‌كی ساكار ده‌هێنمه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت. با بڵێین تۆی تاك، ده‌ته‌وێ ببیته‌ خاوه‌ن كارێكی بچوكی وه‌ك وه‌ستای بیناسازیی یان شیرنه‌مه‌نیی یان چاككردنه‌وه‌ی سه‌یاره‌…هتد. چی ده‌كه‌یت؟ ئه‌و ڕێگا و پلانانه‌ ده‌گریته‌ به‌ر، كه‌ به‌ره‌و ئه‌م ئامانج و ئه‌نجامه‌ به‌ڕێت ده‌خه‌ن. بۆ نمونه،‌ سه‌ره‌تا ده‌بیته‌ شاگرد، دواتر هێواش هێواش كه‌ل و په‌لی خۆت ده‌كڕی. كه‌ سه‌رمایه‌ی كارت لا كۆ بوویه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌یت شوێنێك به‌ كرێ بگریت یان بیكڕیت و ئیتر ببیته‌ خاوه‌ن كاری خۆت. ئه‌مه‌ نمونه‌یه‌كی ساده‌ی ژیانی تاكه‌ له‌ دونیا.

ئێمه‌ میلله‌تێكین، له‌ پانتایه‌كی جوگرافیی دوور و درێژ و شاخاویی و دژوار ،به‌ سه‌ر چوار وڵات دابه‌شكراوین. هه‌زار و یه‌ك گرفتی سیاسیی و ئابوریی و كه‌لتوریی و زانستیی و …هتد مان هه‌یه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستان (باشوری كوردستان) له‌ ساڵی 1991وه،‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا، ڕه‌وت و حزب و گروپی ئیسلامیی هه‌ن‌. باشه‌ له‌ 1991وه‌، پلان و كاری ئه‌م حزب و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ چیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی
به‌ره‌و ئامانجی سیاسیی و دینیی بیانبات؟ له‌ 1991وه‌، به‌رده‌وام ئه‌م ته‌وژمه‌ زیاتر به‌ره‌و لێك ترازان و جیاوازبوون و په‌رته‌وازه‌یی ده‌ته‌قێته‌وه‌، به‌ هه‌ر چوار لادا، ده‌بێته‌ كه‌ف و كول و گاڵته‌جاریی ده‌وروبه‌ر. به‌یانیان له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستن، نان و ماست و په‌نیره‌كه‌یان ده‌خۆن، به‌ره‌و باره‌گا حزبیه‌كانیان (دیواخانه‌كانیان) ده‌ڕۆن، له‌وێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن، بزانن هه‌واڵ و ده‌نگ و باس چی هه‌یه‌. شه‌وانیش له‌ به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆن داده‌نیشن، وه‌ك خه‌ڵك، ته‌ماشای هه‌واڵه‌كان ده‌كه‌ن. له‌ نێویشیاندا، له‌ ئاستی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی هه‌یانه‌ خه‌ریكی پرۆژه‌ی شه‌خصی خۆیه‌تی وه‌كو نوسینی كتێب، یان وتار پێشكه‌شكردن…هتد.

له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنیش، هه‌ر چوار ساڵ جارێك دێن، به‌ به‌كار هێنانی سۆزی خه‌ڵك بۆ دین، بۆ په‌یداكردنی كورسی په‌رله‌مان، كه‌ له‌ ساڵی 1992وه‌وه‌ تا ئێستا، ڕێژه‌كه‌یان زیادی نه‌كردووه‌ به‌ڵكو كه‌می ‌كردووه‌. ڕاستیه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ كورتیان داوه‌. چونكه‌ نه‌یاره‌كانیان خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و زاڵمن، خه‌ڵك له‌ ده‌ستیان ده‌ناڵێنێت، كه‌چی ئیسلامیه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ سود له‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ ببینن بۆ په‌یداكردنی ده‌سته‌ڵات. ئیسلامیه‌كان، نه‌بووه‌ جارێك دوور له‌ سیاسه‌ت، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بێن، چه‌ندین كه‌س ته‌رخان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی بۆ واقیعی كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چۆن ده‌ست پێبكه‌ن و چی بكه‌ن. ئه‌ی سه‌یر نیه‌، 350 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاعیر و زانایه‌كت، به‌ ناوی ئه‌حمه‌دی خانی، باسی واقیعی كوردستانت بۆ بكات، وه‌ك بڵێی باسی ئه‌مرۆ ده‌كات، تۆی ئیسلامیش نه‌توانی بێیت هه‌موو توانات سه‌رف بكه‌یت له‌ سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌ نێو ئه‌م ده‌ووامه‌ خول لێنه‌ده‌یته‌وه و مێژووت هه‌میشه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ نه‌بێـت‌! ئه‌ی عه‌یب نیه‌، چه‌ندین حزب و گروپی ئیسلامیت هه‌بێت، كه‌چی هێشتان واقیعه‌كه‌ت هه‌مان ئه‌و واقیعه‌یه‌، كه‌ خانی پێش 350 ساڵ باسی ده‌كات؟!

باسی لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌م كرد، وایه‌؟

با پرسیار بكه‌ین، له‌م 30 ساڵه‌ی دوایی، ئه‌ی نه‌ده‌بوو ئیسلامیه‌كان، هه‌رچی پاره‌ و پولی هه‌یانه‌، ئه‌وه‌نده‌ی تریشی بخه‌نه‌ سه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دان كادیری باڵا پێ بگه‌یه‌نن له‌ هه‌موو بواره‌كان؟ بۆ نمونه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ 100 گه‌نجی به‌ توانای خۆیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ناردبووا، بۆ خوێندن و به‌ ده‌ستهێنانی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ ئابوریی، 100 قوتابی بۆ خوێندنی زانسته‌كانی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، 100 كه‌س بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه‌، 100-200 كه‌سێكیش بۆ خوێندنی زانسته‌ جۆرا و جۆره‌كانی تر له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ئوستڕاڵیا. جگه‌ له‌ مه‌ش، په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌ گه‌ڵ مه‌لا و زانایانی كوردستان و ژیان دابینكردنیان و دانانی قوتابی له‌ لایان به‌ به‌رده‌وامیی، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانسته‌ شه‌رعیه‌كان. له‌وانه‌یه،‌ ئیسلامیه‌كان بڵێن، جا ئێمه‌ ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌مان نه‌بووه‌.

ڕاستیه‌كه‌ی وانیه‌ و ئیمكانیات هه‌بووه،‌ به‌ڵام چونكه‌ عه‌قڵێكی گه‌وره‌ له‌ نێو ئیسلامیه‌كان نه‌بووه‌، جگه‌ له‌ هۆكاری تر (وه‌كو نه‌بوونی خه‌مخواری و پلان!)، بۆیه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیووه‌ ببنه‌ خاڵێكی جیاواز و به‌رچاو، كه‌ بكرـێ خه‌ڵك هیوای پێیان بێـت بۆ ئاینده‌ی كوردستان. به‌ڵام له‌ به‌ر خاتری وتوێژ، با بڵێین، ڕاسته‌ ئیمكانیه‌تیان نه‌بووه‌ شتێكی له‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن. ئێ باشه‌ تۆ ئه‌م ئیمكانیه‌ته‌ت نیه‌، بۆ سه‌ر و ملت ده‌خه‌یته‌ نێو مه‌عمه‌عه‌ی سیاسه‌ت و دێیت دیواخان به‌ ناوی حزبی ئیسلامیه‌وه‌ دروست ده‌كه‌یت، خۆت و ئیسلامی پێ ڕیسوا ده‌كه‌یت و ماڵی خه‌ڵكیش وێران ده‌كه‌یت؟! بۆ ئیسلامیه‌كان وا ده‌كه‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه،‌ ڕاسته‌ سه‌ره‌تا به‌ هۆی سۆز و دڵسۆزیی ئه‌م حزب یان ئه‌ویتر دروست بووه‌، به‌ڵام دواتر ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كان و تێپه‌ڕبوونی كات، به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خصیی و هه‌ستی نۆستاڵیژیای له‌ نێو ئه‌م حزبه‌ ئیسلامیانه‌ دروست كردووه،‌ كه‌ كردوونی به‌ حزبی دۆگما (به‌ كورتیی وه‌كو ئه‌فسانه‌ی سیزیف هه‌میشه‌ به‌رده‌كه‌ به‌ كۆڵیه‌وه‌یه‌ و سه‌ر ده‌كه‌وێـت، له‌ نیوه‌ی ڕێگا خل ده‌بێته‌وه‌ خواره‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ هه‌مان پڕۆسه‌ و بێزار نابێت. بیر ناكاته‌وه‌ ئه‌م ڕێگا بێ هوده‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌كوتێته‌وه‌ و شتێكی جیاواز بكات!). هه‌ستی نۆستاڵیژیاش ئه‌وه‌یه‌ ئیتر ده‌كه‌وێته‌ نێو عیشقی ئه‌م حزبه،‌ چونكه‌ یاده‌وه‌ریی خۆی له‌ نویدا هه‌یه‌ و حزب و شوێن و پله‌ و ئیمتیازاته‌كان ده‌بنه‌ به‌شی هه‌ره‌ ئازیز له‌ ژیانیدا، ناتوانێت بێ ئه‌م به‌شه‌ ئازیزه‌ هه‌ڵبكات!

باسی ئێران و توركیام كرد!

له‌م سێ ده‌یه‌ی دوایی، له‌ نێو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان، چه‌ند بنكه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و دیڕاساتت بیستووه‌، كه‌ دامه‌زرا بێت، بۆ خوێندنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م دوو وڵاته گرنگه‌ی كه‌ مێژووی سه‌دان ساڵیان له‌ گه‌ڵ كورد هه‌یه‌‌؟! باشه‌ بۆ توركیا و ئێران ده‌یان، گه‌ر نه‌ڵێین سه‌دان، بنكه‌یان هه‌یه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی كورد و كوردستان، كه‌چی به‌ هه‌موو ئیسلامیه‌كان بنكه‌یه‌كیان نیه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دوو وڵاته‌؟! باشه‌ دیسانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر توانایان نیه‌، ئه‌ی ئه‌م ناوه‌ قه‌به‌ و زله‌ چیه‌ ده‌ینێن به‌ خۆیانه‌وه‌ و ناوی دین خه‌سار ده‌كه‌ن؟! تۆ چۆن ده‌توانیت سیاسه‌ت بكه‌یت، له‌ كاتێك، بنكه‌ و مه‌ڵبه‌ندی زۆری لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ت نیه،‌ بۆ واقیعی خۆت و ده‌ور و به‌رت؟ له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك بڵێت، له‌وانه‌یه‌ ئیسلامیه‌كان عه‌قڵیان پێ نه‌شكابێت! هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ سیاسه‌ت فه‌شه‌لێكی گه‌وره‌یان هێناوه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش ڕاست نیه‌. چونكه‌ خه‌ڵكی دڵسۆز هه‌یه‌ (هه‌ر له‌ نێو خۆیان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان)، پڕۆژه‌ی له‌ پێش داناون، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئاوڕیان لێی نه‌داوه‌ته‌وه‌!

ساڵی 2006 هه‌ندێك بیرۆكه‌ و موفره‌داتی ساكارم له‌ به‌ر ده‌م سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامیی باسكردن، به‌ ته‌نزه‌وه‌ گوتی “منیش ده‌توانم لێره‌ دانیشتووم، به‌ خه‌یاڵ پڵاویی، 100 ده‌وڵه‌تت بۆ دروست بكه‌م”. ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌و شتانه‌ی باسم كردن په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌ت دروستكردنه‌وه‌ نه‌بوون، به‌ڵام هه‌ندێك پرۆژه‌ی واقیعیی بوون، كه‌ ئه‌گه‌ر حزب یان گروپێكی ئیسلامیی تاقه‌تی نه‌بێت بیانكات، بچنه‌وه‌ ماڵی خۆیان خه‌ریكی عیباده‌ت بن، خێریان زیاتره‌ له‌وه‌ی سه‌ری خه‌ڵك گێژ بكه‌ن!

قسه‌كردن له‌ سه‌ر فه‌شه‌ل و تێكشكانی ئیسلامیه‌كانی جیهان به‌ گشتیی، كوردستان به‌ تایبه‌تیی، بابه‌تێكی دوور و درێژه‌ و به‌ كتێب نوسینیش ته‌واو نابێـت. دیارترین ڕه‌فتاری ئیسلامیه‌كان كه‌ فه‌شه‌ل و تێكشكانیان زۆر به‌ ڕوونی نیشان ده‌دات، هه‌ڵس و كه‌وت و مامه‌ڵه‌یانه‌‌ له‌ نێوان خۆیان. تۆ ته‌ماشای بزوتنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و سه‌له‌فیی و ئیسلامیه‌كانی تر بكه‌، بزانه‌ به‌ چ بوغز و غه‌ره‌ز و ڕك و كینه‌یه‌ك و شه‌ڕه‌ جنێوێك به‌رامبه‌ر یه‌كتری ده‌خوێنن! ئایا به‌م شێوه‌ پرۆژه‌ و به‌دیلی ئیسلامیی دێننه‌ پێشه‌وه‌؟

ئه‌ی له‌ ڕووی زانسته‌ شه‌رعیه‌كان، كه‌ له‌وه‌تای ئیسلام سه‌ری هه‌ڵداوه‌،‌ صیفه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی ئوممه‌تی ئیسلامه‌، وه‌زعی ئیسلامیه‌كان چۆنه‌؟! قسه‌كردن له‌ سه‌ر ئه‌م بواره‌ كاره‌ساتێكی ته‌واوه‌. چونكه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م ئیسلامیه‌ هاوچه‌رخانه‌ی دونیای ئه‌مرۆ، نه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و ڕۆژئاواگه‌رین، بۆ خۆیان فقهـێكی سه‌رده‌میانه‌ی خۆیان هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌، فقهی ئیمامه‌كان و زانایانیان پێ شتێكی دواكه‌وتوو و ئێكسپایه‌ره‌! خۆیان پێ زاناتره‌ له‌ زانایانی 14 سه‌ده‌ی ئیسلام! ئه‌مه‌ش ڕێك ناوه‌ڕۆكی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیه‌ته، له‌ ڕێگای مه‌دره‌سه‌ی ئه‌فغانی و عه‌بده‌،‌ بۆ ئیسلامیه‌كان گواستراوه‌ته‌وه‌!

ئێمه‌ مسوڵمانین. ئه‌وه‌ی كۆمان ده‌كاته‌وه‌ ئیسلامه‌. ئه‌ركی مسوڵمان له‌ ژیاندا، دوای باوه‌ڕ هێنان به‌ ئیسلام، دوو شتی سه‌ره‌كیه‌. یه‌كه‌م عیباده‌تكردنی خودای گه‌وره‌یه‌، دووه‌میش بانگه‌وازكردنه‌ بۆ ئه‌م دینه‌. ئیسلامیه‌كانی كوردستان، سێ ده‌یه‌یه‌ له‌ ئه‌رزی واقیعدا هه‌ن. كه‌چی میلله‌تی كورد، رۆژ به‌ ڕۆژ، له‌ ئاستی ویژدان و ئه‌خلاقدا به‌ره‌و خراپیی و دژواریی، سه‌ری ناوه‌ته‌ ڕێگای شۆر بوونه‌وه،‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی دۆزه‌خاویی. ڕۆژانه،‌ كوشتن و داوێن پیسیی و زوڵم و سته‌م، زیاتر په‌ره‌ ده‌ستێنێت. كه‌چی ئه‌و به‌ناو بانگه‌وازه‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌یكه‌ن، گوایه‌ بۆ ئیصڵاحكردنی خه‌ڵكه‌، وه‌كو چاندنی گه‌نمه‌ له‌ سه‌ر ئاوی ده‌ریا، هیچ به‌روبومێكی ئه‌وتۆی نیه‌. لێره‌دا، هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان دوو شتن و هۆكاری تریش هه‌ن.

یه‌كه‌م چونكه‌ ئیسلامیه‌كان وازیان له‌و توڕاسه‌ی ئیسلام هێناوه‌، كه‌ پێش سه‌رهه‌ڵدانی (الإحیائیة الإسلامیة)، هه‌میشه‌ ژیان و ده‌ستور و شێوازی هه‌ڵس و كه‌وتی مسوڵمانان بووه‌. دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌، بانگه‌واز بۆ ڕێگای خودا بووه‌ته‌ قوربانی ئه‌م وازهێنانه‌، چونكه‌ له‌ جێگه‌ی ئیسلام، بیر و بۆچوونی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌یه‌ هاتووه‌ جێگای ئیسلامی گرتووه‌ته‌وه‌، وه‌كو وه‌هابیه‌ت (لقێكی بچوكه‌ له‌ نێو شوێنكه‌وتووانی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی سه‌ری هه‌ڵداوه،‌ كه‌ به‌ پێی فوقه‌ها و زانایانی ئه‌م مه‌زهه‌به‌، ئه‌م وه‌هابیانه‌ هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌ بازنه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ت نه‌ماون. دیاره‌ گروپه‌ وه‌هابیه‌كانیش له‌ نێو خۆیان ئه‌م پێناسه‌ بۆ یه‌كتری به‌كار دێنن، وه‌كو بۆ نمونه‌: خه‌واریج‌).

هه‌وره‌ها جگه‌ له‌ وه‌هابیه‌ت، ئه‌م دید و تێڕوانینه‌ سیاسیه‌ مۆدێرنانه‌ی ئیسلامیه‌كانه،‌ كه‌ به‌ ڕاستیی دوور له‌ ئیسلام، وه‌ها خۆیان له‌ سیاسه‌ت و بیر و بۆچوونه‌ سه‌رده‌میه‌كان وه‌رداوه‌، بوونه‌ته‌ ئه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ره‌و چاكه،‌ بوونه‌ته‌ بنێشته‌ خۆشه‌كه‌ی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت سه‌ر لێشوێواندنیان له‌ ئاست ئیسلامدا. ئنجا لێره‌شدا، بانگه‌وازكردن بۆ ڕێگای خودا و فه‌رمان به‌ چاكه‌ و نه‌هی له‌ خراپه‌، كراوه‌ته‌ قوربانی ململانێی سیاسیی و شه‌ڕه‌ كورسی هه‌ڵبژاردن، نه‌ك هه‌ر له‌ نێوان ئیسلامیه‌كان و ئه‌وانیتر، به‌ڵكو له‌ نێو خودی ئیسلامیه‌كانیش!
حزبه‌ ئیسلامیه‌كان وه‌كو پارتی و یه‌كێتی و ئه‌وانی تر، گیرۆده‌ی ئه‌و واقیعه‌ ته‌پیوه‌ی كوردستانن، كه‌ بنه‌ماڵه‌ و سه‌ركرده‌ و ململانێی نێوان كه‌سایه‌تیه‌ باڵاكان و حه‌سودیی و بوغز و غه‌ره‌زی نێوانیان، ڕۆڵی زۆری هه‌یه‌ له‌ دامه‌زراندن و وێناكردنی بوون و هه‌بوونیان، وه‌كو ته‌وژم و حزب و گروپ و بزوتنه‌وه‌. لێره‌دا، به‌ڵێ ئیسلامیه‌كان فۆڕمێكی تری سه‌د باره‌ بووه‌وه‌ی میلله‌تی كوردن، كه‌ ماتۆڕێكی به‌هێز نیه‌ گه‌ڕی گۆڕانكاریه‌كی ڕیشه‌یی بدات له‌ نێو پێكهاته‌كانی، له‌ به‌ر هۆكاری زۆر، له‌م لینكانه‌ باسی ئه‌م هۆكارانه‌م كردوون:

http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=364

http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=373

http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=380

سه‌باره‌ت به‌ خه‌ونی ده‌وڵه‌تبوونیش له‌ كوردستان، ئه‌م خه‌ونه‌ هه‌ر ده‌مێنێت و په‌یوه‌سته‌ به‌ گۆڕانكاریه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌رێمیه‌كان. هه‌ر چه‌نده‌ ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیی ته‌واو شڕ بووه‌ و ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌ بوو ئوممه‌تی ئیسلامی ته‌فروتونا كرد و كردیه‌ مه‌سخه‌ره‌ی دوژمنانی، به‌ڵام هێشتان زه‌مینه‌ی هه‌ر ماوه‌ له‌ نێو مسوڵمانان و له‌ جیهانیشدا، چونكه‌ به‌دیله‌ واقیعیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیی،‌ له‌ ڕۆژئاوا و‌ له‌ جیهانی ئیسلامدا، هێشتان بوونی نیه‌. له‌ ڕۆژئاوا، یه‌كێتی ئه‌وروپا نمونه‌ی ئه‌م به‌دیله‌ بوو بۆ به‌ره‌و (حكومه‌تی جیهانیی یان ده‌وڵه‌تی جیهانیی)، كه‌چی ئێستا له‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ ده‌ژیێت و نه‌بووه‌ته‌ به‌دیل. له‌ جیهانی ئیسلامیش، هیچ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تێكی به‌ هێز نیه‌ جگه‌ له‌ ئیسلام نه‌بێـت، ئه‌ویش جارێ له‌ واقیع دووره‌.

له‌ كۆتایی قسه‌یه‌ك ماوه‌ بیكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، گه‌وره‌ترین خزمه‌ت بۆ ئیسلام و مسوڵمانانی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حزبه‌ به‌ناو ئیسلامیانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی خۆمان كه‌ مسولمانین و ته‌نها ئیسلام بازنه‌ی كۆ كه‌ره‌وه‌مان بێـت‌. لێره‌شدا، زانایانی شه‌رع بهێنرێنه‌ پێشه‌وه‌، ببنه‌وه‌ رابه‌ڕ و ڕێ پیشانده‌ری مسوڵمانان. له‌م میانه‌شدا، بانگه‌واز بكرێـت و په‌رته‌وازه‌یی و بوغز و كین و ناحه‌زیی له‌ نێو مسوڵمانان نه‌مێنێت، ئیعتصام به‌ په‌تی خودای گه‌وره‌وه‌ بێـت.

به‌م شێوه،‌ كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر خه‌ڵكی تری ده‌سته‌ڵات و شوێنكه‌وتووانیان به‌ هێزتر ده‌بێـت. كه‌ تا ئێستاش ئه‌م كاریگه‌ریه‌ نه‌بووه‌، چونكه‌ ئیسلامیه‌كان خۆیان وه‌ك ڕكابه‌ری سیاسیی و نه‌یاری ده‌سته‌ڵات هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ هه‌ستی ترس و ئاساییشی لای هێزه‌كانی ده‌سته‌ڵات بردووه‌ته‌ پله‌یه‌كی باڵا، تیایدا هێز و زه‌بر و زه‌نگ دژی ئیسلامیه‌كان به‌كار هاتووه،‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی بێن ده‌سته‌ڵات لا بده‌ن. له‌ هه‌مانكاتدا، له‌ به‌ر ئه‌م ترسه‌ ئه‌منیه‌، ده‌سته‌ڵات په‌نای بردۆته‌ به‌ر ئه‌و داروده‌سته‌ چڵكاوخۆر و به‌رژه‌وه‌ند په‌رست و نزمه‌‌، كه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو تیرۆرێك دژ به‌ میلله‌ت ئه‌نجامبدا، بۆ هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێك بێت، له‌ پێناو پێكانی ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان. لێره‌شدا، سه‌باره‌ت به‌ ئیسلامیه‌كان، بانگه‌واز و قسه‌ی خێریان وه‌رنه‌گیراوه‌ چونكه‌ ئه‌وان له‌ مه‌وقیعی ناصح و چاكخوازیه‌وه‌ ئه‌مه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌ك مه‌ترسیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو بۆ سه‌ر ده‌سته‌ڵاتێك، ئه‌وان هه‌میشه‌ به‌ كافر و گه‌نده‌ڵ و نا ئیسلامیی وه‌صفیان كردووه‌. تۆ كه‌ بوویته‌ حزب و ڕكابه‌ری هه‌ڵبژاردن، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانیت، كه‌ بانگه‌وازت بۆ دین له‌ لایه‌ن خه‌ڵك به‌ گشتیی، به‌ تاكتیكی سیاسیی و هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌ڵات مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌كرێت.

ئه‌م بانگه‌وازه‌ش هه‌میشه‌ شكست ده‌هێنێت. له‌ مێژووه‌وه‌ نمونه‌ی موعته‌زیله‌كان باشترین به‌ڵگه‌یه‌، كه‌ وه‌ك گروپێكی تینوو بۆ ده‌سته‌ڵات هه‌وڵیان ده‌دا. ده‌سته‌ڵاتیشیان گرته‌ ده‌ست و بانگه‌وازه‌كه‌ی خۆیان به‌ زۆر به‌ سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاند، كه‌چی عاقیبه‌ته‌كه‌ی له‌ ناو چوونیان بوو. به‌ڵام ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل به‌ ته‌نیا، توانی هه‌موو خه‌ڵكی به‌غدای ئه‌وكات و شار و شارۆچكه‌كانی جیهانی ئیسلام، ته‌نها به‌ وشه‌ و وه‌ره‌ع و ته‌قوا بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و به‌ ته‌نیا ببێته‌ ئوممه‌تێك. ده‌سته‌ڵات، هه‌ر چه‌نده‌ ئیسلامییش بوو، پاره‌ و پول و مه‌نسه‌بی به‌ سه‌ر ئه‌م ئیمامه‌ فه‌ڕز ده‌كرد، ئه‌ویش هه‌تا مرد هه‌ر ڕه‌تی ده‌كرده‌وه‌ و به‌ نانه‌ وشكه‌ ده‌ژیا. نمو‌نه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل، ئیمام سه‌عیدی نوڕسیه‌، كه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌مان مێژووی دووباره‌ كرده‌وه‌. كه‌ی ئیسلامیه‌كان بوونه‌ شوێنكه‌وته‌ی ئه‌م دوو ئیمامه‌ و ئیمامه‌كانی تری هاوشێوه‌یان، ئه‌وكات ده‌توانن ببنه‌ ڕوناكی بۆ خۆیان و بۆ مسوڵمانان به‌ گشتیی.

بێ ئه‌م ڕێگایه‌، ئه‌وه‌ی من به‌ نه‌زانین و فه‌قیرحاڵیی خۆم ده‌یبینم (واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان و باقی شته‌كانی تریش كه‌ باسم كردوون)، دیمه‌نێكه‌ له‌ شێوازی قۆچ لێدانێكی چه‌ند به‌رانێك له‌ دامێنی شاخێكی سه‌ر سه‌خت، به‌ هیوای ڕوخاندنی. قۆچ لێدانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، شاخه‌كه‌ش هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی و عیبڕه‌تیش جێگای نیه‌ له‌ نێو ئه‌م به‌رانانه‌. له‌ نێو ئاپۆڕای ته‌قه‌ته‌قی قۆچ لێدان و هه‌راوهۆریای ئه‌م به‌زمه‌، ئامۆژگاریش وه‌ك شنه‌ بایه‌كه،‌ له‌ نێو پێچه‌ زل و دژواره‌كانی گه‌رده‌لولی تۆزاویی ئیسلامیه‌كان ون ده‌بێت.

عه‌لی سیرینی
30 ئۆكتۆبه‌ری 2018
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
هه‌ندێك لینكی ئه‌و وتارانه‌ی ترم كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌م وه‌ڵامانه‌:

http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=1906

http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=1962

به‌ عه‌ره‌بیی، وتارێكی سێ به‌ش به‌ ناونیشانی (الطریق نحو نهضة الأمة الإسلامیة):
https://www.sasapost.com/author/846/

هه‌روه‌ها:
https://issuu.com/alisirini




ڕێوڕەسمی ڕۆژی کۆمەڵە لە کەنەدا


کات: ٢٣/٢/٢٠١٩
کاتژمێر:
19:00 تا 24:00
شوێن:
Thornhill Community Centre

7755 Bayview Ave
Thornhill, ON L3T 4P1





لە شەوێکی پڕ لە بادا …. کرمانج فەتاح

ماڵەکەمان
نە “با” جارێکی تر لە دیوەتاریکیەکانیەوە گۆرانیمان بۆ دەلێت.
نە شەم شەمە کوێرەکانی نیشتمانیش ئاوازی حەقیقەت ئەلێنەوە.

ماڵەکەی ئێمە حەقیقەتی لێ وون بووە
تا “ئاو” ئەدۆزرێتەوە گەڵایەکان ئەوەرن
تۆ بلێ ئەم شەوە خوێناویانە بچن بۆ کوێ ؟

تا ئێمە بێدەنگیەکان نە دوێنین

ناتوانین حەقیقەتکانی” با ” بناسینەوە
بەم ڕێیەدا حەقیقەتەکانمان ساوان

بەم ڕێیەدا گوێ بۆ ژەنینی شمشالێکی چیای دەگرم
پێم دەلێت وەرنەوە چیا
ئێوە حەقیقەتی خۆتان لێ وون بووە.

ئەوێ جێژوانی رووناکیە.

بە تەنها هەر “با ” پێمان نالێت

لەم ماڵەدا حەقیقەتێک دا بگرسێنە
گەڵا و شیعر
کانی
رووبار و چەم
پرسیاری وەچیێکی نوێی پڕ لە حەقیقەتمان لێدەکەن

چیایەکان پێمان دەلێن ئێمە مەراقەکانی تووڕەی ئەنێرینەوە بۆ دۆزخ
سەر ئەخینە سەر سەرینێکی پڕ لە حەقیقەت.
بۆ ئەوەی هیچ نەبێت دەستمان بگات بەخودا.
تا لە تەنیای ئێمە بگات
کەچی کەسمان دەستی چیایەکانمان نەگرتووە
بۆیەحەقیقەت وون بوو.

لەم شەوانەدا ئایندە ئەخنێکی
هیوابوون ورد و خاش دەبێت.
“با “دەمان خاتە بەردەم مێژووێکی پڕ لە ترس .
گەر هێواش هێواش حەقیقەت نەدۆزینەوە، هێواش هێواش ئەمرین.

================




ڕەوینێك بۆ دوور …. ڕەها ئەبوبەکر

‎پیاوێكی شكستخواردوو
‎لەناو هەرای بێدەنگی و
‎لەژێر ڕۆشنایی تاڤهەیڤ،
‎بەدەم خواردنەوەی كوپێك ئاوەوە
‎لە قاوغێكی مەستدا؛
‎دەیویست یاخی ببێ.
‎بەشێوەیەك
‎وەك بڵێی تروسكاییەك
‎لەنێو ئاسمانی تاریك و نوتەك بەدی بكا و
‎هەویادارانە شوێنی كەوت.
‎دەیویست لەخۆی یاخی ببێ و
‎دوور لەخۆی ڕاكات
‎تا بوونی ناخۆیی، ڕەنگ بداتەوە
‎تا
‎خۆشبویسترێ، بویسترێ.
‎كە كوپەكەی بەجێهێشت
‎دیتم نیلوفەرێكی سیسبوو، لەناویدا
‎بێ شەرمانە و ڕوو لە مانگ
‎یاخی بووە.
———
‎نیلوفەر: گوڵێكی ئاوییە، هەر خۆر هەڵبێت سەری لە ئاو دەردێنی، لەگەڵ ئاوابوونی خۆریش سەر دەخاتەوە بن ئاوێ




نامه‌كانی ئیشق له‌ په‌نای قایلبوونه‌وه‌ … سه‌ردار جاف

له‌ ته‌ك متبوونی هه‌وری سپیدا، یا له‌ گه‌ڵ سه‌مای نمه‌باران، بشێ به‌ هاوده‌می له‌نجه‌ی به‌فر گه‌ڵا ماچه‌كانت سپارد بێ ، وڕێنه‌كانم ساغكه‌وه‌ ، با ئۆغری ئه‌ملاولا نه‌بن و نه‌تارێن و كێواوكێو نه‌ڕۆن، تا رووتبوونه‌وه‌م به‌ گه‌ڵا سه‌وزه‌كانی لێوه‌ته‌ڕه‌كانته‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ری یه‌كێكیاندا بێت، چما سبه‌ی به‌ شه‌ونمی شنه‌ی روحت ته‌ڕته‌ڕی ناكه‌ی ، ئاوازی گریانه‌كانی پارساڵی وه‌ك ئه‌ورۆم به‌ بزه‌ و خه‌نده‌ سیحراوییه‌كانته‌وه‌ بلكێنم، چراتۆرێ بۆ ڕه‌شبه‌ڵه‌كی جه‌ژنی ئه‌وینمان هه‌ڵبكه‌ین .

تۆ له‌ كام ئه‌ستێره‌ی خواوه‌نده‌وه‌ غلۆری نێو ته‌مه‌ن بووی ، له‌ كام باڵه‌ فره‌ی ئاسمانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ته‌ختی فڕگه‌خانه‌ی سینه‌ما نیشتیته‌وه‌ ، له‌ سه‌ر باڵی كام باڵنده‌ی نامۆوه‌ ختوكه‌دانی هه‌سته‌كانت په‌ی پێبرد، له‌ كام ئۆقیانووسی دوور دووره‌وه‌ بنه‌وبارگه‌ت بۆ ناو په‌ڕه‌ی ده‌فته‌ری سه‌فه‌ری بێ ناونیشان پێچایه‌وه‌ و تیای ڕاكشای ، له‌ كام رووباری ته‌نگه‌به‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریای چاوه‌نواڕی ملی رێت نا ، له‌ كام زنه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوی و شانامه‌ی فیرده‌وسی ده‌نوسیته‌وه‌، له‌ كام دارستانه‌وه‌ لق و پۆپه‌كانت رووت رووت كرده‌وه‌ و پاییزت به‌ ئاودامانی رووح ئاشنا ده‌كه‌یت و به‌هار به‌ چاوه‌كان.

وا سبه‌ی حه‌ره‌فه‌كانی ته‌مه‌ن ده‌نووسرێته‌وه‌، تۆ هێشتان جه‌للاده‌كانی روحت لا قێزه‌ونترین گیانله‌به‌رن، مشتێ خۆڵی متبوونی هه‌ڵچووه‌كانی ڕۆژگاره‌ تاڵه‌كانم به‌ سه‌ردا كردی ، متبوونی شكۆفه‌یی و تریفه‌یی چاوه‌كانت له‌و دیو برژانگه‌كانته‌وه‌ به‌ ده‌ركه‌وتن ، ئه‌شكه‌كانی دوێنێ له‌ بوخچه‌ شڕاوییه‌كان ده‌نێی و بریسكه‌ی گۆرانییه‌كانیش بۆ سبه‌ی ده‌ڕازێنیته‌وه‌، ئه‌و ئه‌ستێره‌ بچوك و پر تیشكه‌ بووی له‌ گه‌ڵ كه‌وتنی گه‌لاوێژ له‌ ئامێزا خۆت گرته‌وه‌، سه‌رنجه‌كان نوقمی وشه‌ ڕه‌نگاڵییه‌ په‌لكه‌ زێرینه‌ییه‌ شاراوه‌كانی ناخت بوون، هه‌ر له‌ دوور ڕا ئیشق ئاوه‌زی ماچكرد تا كڕنووش له‌ به‌ر پێیه‌كانتا به‌رێ، ناخی پڕ هه‌سره‌ت و سه‌ركێش و گرینۆك بۆ باڵا و جوانی و بسكی شاراوی بن پاڵتۆ ئه‌ستووره‌كه‌ی وڵاتی به‌فر خرمژنێ بوون، ئارام و هێمن و ئاسووده‌ ده‌بوو گوێ له‌ گریانه‌كانی ڕادێری، ناڵێن گریانی پیاو پڕ واتایه‌ ، ده‌بێ ئیشقت چ گێژه‌ڵوكه‌یه‌ك بێ وا هه‌راسانی كردووه‌، تا ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ هیچ ژنێ فرمێسكی نه‌چۆڕاوه‌ ، ئاشقی هیچ ژنێكی سه‌ره‌رۆ و سه‌رشێت نه‌بووه‌، وا ناخ جێی ئه‌و ژنانه‌ی گرتۆته‌وه‌ به‌ سه‌ر په‌نجه‌ پێی رووحتا داده‌چه‌مێ و غوباری رابردووی ڕاده‌ماڵێ، به‌ ته‌نها به‌فر ناتوانێ نیشتیمان پاك بكاته‌وه‌، خه‌نده‌كانی من و تۆ ، قریوه‌ی من و تۆ ، ته‌نانه‌ت ماچه‌كانیشمان گه‌رچی ژووریِ رۆشن ده‌كاته‌وه‌ وه‌لێ نیشتیمانێك له‌ بوغز و كینه‌ پاك ده‌كاته‌وه‌، نیشتیمانێك فێری راستگۆیی، نیشتیمانێك ئاشقی ته‌مه‌ن و ئه‌وینداری كاروانێك ده‌كا …….

13 / 2 / 2019
سه‌ردار جاف




راستییەكان دەربارەی فەنزوێلا – ئەفسانەی نەوتەكەی … عەلی مەحمود محەمەد

ئەوەی هەواڵەكان فەنزوێلا رۆژانە دەخوێنێتەوە, وا دەبینێت مادۆرۆ ستالینێكەو كۆلاكەكانی لە سۆفخۆزو كۆلخۆزەكان زیندانی كردوەو و بەرازو مانگاكانی لێسەندونەتەوە و سەنتیمەترێك زەوی بە دەستیانەوە نەماوەو سەرجەم كارگاو كارخانەكان دەستیان بەسەردا گیراوەو موڵكداری تایبەتی تەیریشی بە ئاسمانەوە نەهێشتووە, ئەم خەڵكە پێش شافێز هەموو لە بەختیاری و خۆشی و دیموكراسیدا بە ئارامی ژیاون, كەراكاس جیهانی دیلمۆنێك بووە بۆ خۆی, شارە ئەفسانییەكەی ئارامی و ئاسایشی و یەكسانی و بەختەوەری بووە, ئەم دێوەزمەیەی ناوی شافیز بوو هەمووی تێكداو بەسەر یەكدا وێرانیكرد, ئێستا ئەوەی لەل بكات زمانی دەبڕێتەوەو رۆژانە لەسەر شەقامەكان سعودیە ئاسا هەر سەرەو بە دەستی شمشێر بەدەستەكان دەپەڕێنرێن, هەر دەستەو لە بنەوە فت دەكرێت, لەم وڵاتە پێشتر برسێتی و جیاوازی چینایەتی نەبووە, رۆژهەڵات و رۆژئاوای كاراكاس بە سەنتیمەتر باڵەخانەكانیان لە یەكتری بەرزتر نەبووە, هەنووكە رۆژانە زیاتر لە سعودیەو روسیا نەوتی هەناردە كردووەو بە ناوی میرەكانی كەراكاسەوە لە بانكەكانی سویسراو ئەمەریكا هەڵگیراون, لە هەڵبژاردنەكان شافێزو مادۆرۆ بە رێژەی 99,99% دەرچوونەتەوە, بۆ وەڵامدانەوەی ئەم خاڵانەو دەرخستنی راستییەكان ئێستاو پێش سەركەوتنی شافیز لە چەند بەشێك كۆمەڵێك زانیاری دەخەمە بەردەستان كە راگەیاندنەكان خۆیان لە بڵاوكردنەوەی دەپارێزن.

راگەیاندنەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2017ەدا 3880 هەواڵی لەسەر فەنزوێلا هەبووە, 11 هەواڵ لە رۆژێكدا, كە 91%ی بە خراپە باسی فەنزوێلای تێدا كراوە, راگەیاندنی ئەڵمانیا لە هەمان ساڵدا 630 هەواڵ , مەكسیك و كۆڵۆمبیا 4200 هەواڵ هەموو تیایدا بە خراپە باسی دەسەڵاتی ئێستای فەنزوێلا كراوە, راگەیاندنی شیلی 3133 هەواڵی لەسەر فەنزوێلا بڵاو كردۆتەوە زۆرینەی بە خراپە, تەنها رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی سعودی ساڵی 2018 زیاتر لە 500 هەواڵ و وتاری لەسەر فەنزوێلا بڵاوكردۆتەوە, یەك هەواڵی بە چاكە نەبووە, هیچیان باسی ئابلوقەیان نەكردووە بەسەر فەنزوێلادا سەپاوە, ئامارو زانیاری ورد و زانستیان بڵاو نەكردۆتەوە, بە تایبەتیش راگەیاندنی كوردی زۆر كۆڵەوارن لەو ئاستەدا, ئەوەی باسكراوە سۆسیالزم دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمەریكای لاتینی بەرەو برسێتی و ئاوارەیی بردووە, ئەدی دەبێت ئاماری هەواڵەكانی ساڵی 2019 بگاتە چەند؟.

لە سەرەتای سەدەی بیست و تا ناوەڕاستەكەشی بە تایبەت ساڵی 1928 دا فەنزوێلا یەكەم بەرهەم هێنەری نەوت بووە لە جیهاندا, تەنانەت لە جەنگی جیهانی دووەم نەوتی فەنزویلی رۆڵی گرنگی گێڕا لە بڵاو بونەوەی سوپای ئەمەریكا لە جیهاندا, ماشینی جەنگی سوپای هاوپەیمانانی بە ئیش خستبوو.

راستە فەنزوێلا خاوەند 300,878 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكە و لە پلەی یەكەمی جیهاندایە, وەلێ یانزەهەمین بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهان و شەشەمی ئۆپێكە, رۆژانە 2276967 هەزار بەرمیل نەوتی لە ساڵی 2018 بەرهەم هێناوە كە دەكاتە تەنها 20%ی بەرهەمی سعودیە, لەو بڕەش لە ساڵی 2014 ەدا تەنها 1,514,000 بەرمیلی لێ هەناردە كردووە ئێستاش لە خوار ئەو ئاستەیە, ئەوەی شایانی باسە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێز فەنزوێلا رۆژانە 3,2 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردووە, لە بەشەكانی داهاتوودا دەبینین ژیانی هاووڵاتی ئەوكات باشتر بووە یان لەسەردەمی شافێز , پێشبینی دەكرێت لە سەپتەمبەری ئەمساڵ هەناردەی نەوت بۆ 2,5 ملیۆن بەرزی بكاتەوە, واتا فەنزوێلا لە ئێستادا تەنها 18,24%ی سعودیە نەوتی هەناردە كردووە, یەدەك كاتێك دەبێتە پارە كە بەرهەم بهێنرێت و ساغ بكرێتەوە لە بازاڕ, وەلێ كاتێك خاوەو لە ژێر زەویدایە و نەكراوەتە پارە, سەرمایەی دوارۆژە نەك ئەمڕۆ, بەڵام تێچووی بەرمیلێك نەوتی فەنزویلی 23,5 دۆلارە بۆ دەرهێنان و ناردنە دەرەوە, كەچی لە كوەیت 8,5 دۆلار, سعودیە 9,9 دۆلار, عێراق 10,7 دۆلار, ئێران 12,6 دۆلارە , …. بە تایبەتیش نەوتی قورس لە هەرێمی ئۆرینكۆی فەنزوێلی نرخی تێچوی دەرهێنانی وەك نەوتی لمی كەنەدایە, كە 41,1 دۆلارە بۆ بەرمیلێك لە ساڵی 2015ەدا, كە لە هەمان ساڵدا نەوتی ئۆپێك نەك فەنزویلی بەشێوەی گشتی 51,06 دۆلار بووە, بۆیە پارەی سافی ماوەی نەوتی فەنزوێلی كەمترە لە وڵاتانی دی, راستە هەموو نەوتن, وەلێ لە روی تێچووی دەرهێناندا جیاوازن, بۆیە پارەی بە دەستهاتووی نەوتی فەنزوێلی و كەنەدی و ئەمەریكی و ئیكوادۆری كەمترە لە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, لە هەندێك كاتدا بە تایبەت ئەو كاتانەی نرخ دابەزی دەبینین نرخی دەرهێنان و هەناردەكردنی خۆی دەرنەهێناوەتەوە, ئەمە سەرباری ئەوەی حكومەتی فەنزوێلا هەرزانترین بەنزین و سوتەمەنی لە جیهاندا پێشكەش هاوڵاتیەكانی دەكات, لیتری بە یەك سەنت, ئەمەش وەك باوەڕێك شافێز هەیبوو نەوتی خەڵكە دەبێت بۆ خەڵك بە خۆڕایی بێت, كە بەشی زۆری بە قاچاغ بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت كۆڵۆمبیا دەڕوات, كە بۆ خۆشی بەرهەم هێنەری نەوتە, بۆ رێگریكردن لەمە حكومەت بڕیاری داوە لە رێگای كارتی هۆملاندەوە هاوكاری هاووڵاتیان بكاتەوەو نرخی بەنزین گران بكات, ئەوانەی كارتی هۆملاندیان هەیە بە نرخی جاران بەنزینیان پێ دەدرێت, كارتی هۆملاند كارتێكە هاوتای كۆپۆنی خۆراكی لەمەڕ خۆمانە دەدرێت بە هەژارانی فەنزوێلا.

هەمیشە كۆمپانیا ئەمەریكیەكان باڵادەست بوونە بەسەر نەوتی فەنزوێلاو تاڵانیان كردووە, تەنانەت ئێستاش 41%ی نەوتی فەنزوێلا بۆ ئەمەریكا دەڕوات, بۆیە نەوت ناوەندی مامەڵەی ئەمەریكا بووە لە گەڵ فەنزوێلا, بە تایبەتیش پاش دۆزینەوەكانی ساڵەكانی 2000 بە دواوە, كە فەنزویلای گەیاندە خاوەند یەكەم یەدەك لە جیهان ئەم وڵاتە گرنگی زیاد بوو بۆ ئەمەریكا, تەنانەت لە 11ی ئەبرێلی 2002 دا بیدرۆ كارمۆنا جەنەراڵی نەوت كودەتای كرد بەسەر شافێزدا, كۆمپانیای نەوت ناوەندی كێشمە كێشەكان بوو, كرێكارانی نەوت دژ بە شافێز دەستیان دایە مانگرتن و بەرهمیان كەمكردەوە, لێ لە 14-4ی هەمان ساڵدا پاش 48 كاتژمێر لە كودەتاكە, بە پشتیوانی خەڵك شافێز گەڕایەوە “میرا فلۆریس” كۆشكی كۆماری” و كارمرناش بووە پەنابەر لە كۆڵۆمبیا.
فەنزوێلا سەدەیەك زیاترە لەسەر نەوت ژیاوە بە بونی جیاوازی زۆری زەقی چینایەتیەوە, هەمیشەش سەرچاوەی نەخۆشی كوشندەی هۆڵەندی بووە لەم وڵاتە وەك كوردستان, چۆن كوردەكان گۆشتی برژاو لە ئەرجەنتینی زیاترە خۆن, بەهەمان شێوە ئێستاش فەنزوێلییەكان ویسكی لە سكۆتلەندییەكان زیاتر دەخۆنەوە, جیاوازیەكە ئەوەیە جاران هەژاران ناڕازی بوون بە بەشی خۆیان, ئێستا ئۆلیگارشی و سەرمایەداران, رێك پیچەوانەی كوردستانەكەی خۆمان كە بۆتە بەهەشتی سەرمایەداران.




سەردەمی وەلیعەهدەكان …. نەبەز گۆران

مۆدێلێك لە حوكومڕانی لەبەردەمماندایە، ئەم مۆدێلە لە باوكەوە بۆ كوڕ جێماوە. هیچ كام لەو كوڕانە_وەلیعەهدەكان_ بە شێوازی سروشتی خۆیان نەگەیشتوونەتە سەردەسەڵات و، لەبری ئەوە ئیشكردنی باوك و بوونی باوك لە دەسەڵاتدا، دەبێتە میراسێك بۆ نەوەكانی پاش خۆیان. لێرەدا پرسیار دەكەین، دەسەڵاتی باوكەكان چ جۆرە دەسەڵاتێك بوو؟ دەسەڵاتی نەوەكانییان_وەلیعەهدەكان_ چ جۆرە دەسەڵاتێك دەبێت؟ چاوەڕواندەكرێت ئەو میراسە خراپەی باوكەكان لە دەسەڵاتدا جێیانهێشت _وەلیعەهدەكان_ چاكی بكەن؟ یان بە پێچەوانەكەیەوە مۆدێلێكی مەترسیدارتر لەوەی باوك دروستدەبێت؟

مێژووی حوكومڕانی باوكەكان لەم باشووری كوردستان، مێژووێكبوو جێگای شانازی نییە، نە بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، نە بۆ ئەوانەی حەقیقەتی حوكومڕانییەكە دەناسن. مێژووێك بوو پڕ لە ناكۆكی حیزبی، شەڕی براكوژی، دروستكردنی حوكومڕانییەكی _پیسخۆر_ هەوڵی یەكتر سڕینەوە، تیرۆركردنی كەسایەتی و جەستەیی ئەویتری دەرەوەی حیزب، كۆنترۆڵكردن و لێدان لە فراوانبوونی فەزای ئازادی و دیموكراسی و، مافی هاوڵاتی، بە سەتحیكردنەوی شتەكان و خاڵیكردنەوەیان لە مانا. دروستكردنی جیاوازی چینایەتی و خزمەتكردن بۆ ئەوی بێگانە لەبەر مانەوەی دەسەڵات. دواهەنگاویش گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ نەوەكان _وەلیعەهدەكان_.

چاوەڕوانناكرێت لەو مۆدێلەی دێتە پێش، بەرهەمەكەی لە هی باوكەكان باشتربێت. ئەشێت وەك فۆڕم، یان وەك نمایشێكی كاتی كۆمەڵێك جوڵەی پێچەوانە بكرێت، بەڵام كۆی جوڵەكان بۆ دروستكردنی سیستەمێكی تەندروست نییە، هێندەی بۆ _تەسفیە_كردنی یەكدییە. ئەو توندییەی _وەلیعەهدەكان_ بەرامبەر بە یەكتری هەیانە، بۆ نەچوونە ژێرباری یەكتری، زۆر فراوانترە لەو توندییەی باوەكانییان بۆ یەكتر هەیانبوو. ئایدیای دروستكردنی سیستەمی حوكومڕانی لە بنەرەتدا ئایدیایەكی كۆنترۆڵكەرانە و وێرانكەری سیستەم بووە. باوكەكان هەمیشە كاریان بۆ _بەكاریزما بوونی خود_ كردووە و بوونی كاریزماش، واتە نەبوونی سیستەم. هەمیشە لەو شوێنەی كاریزمایەكی حیزبی، یان شۆرشگێڕ، یان حوكومڕان بوونی هەبێت، لەو شوێنەدا سیستەم بوونی نییە.

(لێرەدا سیستەم مەبەست لە دروستكردنی دامەزراوەی تەندروستە.) سیستەم پرۆژەیەك و ئادیدیایەكە گەورەترە لە كاریزما و، دەسەڵاتەكان جیادەكاتەوە و كۆی دەسەڵاتەكان نابەستێتەوە بەیەك كەسەوە. حیزبی كوردیی لەم هەرێمە، لەبری دروستكردنی سیستەم، كاریزمای حیزبی بەرهەم هێناوە و، ئەم كاریزمایەش باوكەكانی _وەلیعەهدەكان_ بوون. تەواوی گوتار و دونیابینیشیان بۆ حوكومڕانی بەو ئاراستەیەدا رۆیشتووە، هەمیشە هەڕەمێك هەیە و كەسێك لە لوتكەی هەڕەمەكەدایە و كۆی دەسەڵاتەكان لای ئەو كۆدەبنەوە. كاتێك ئەمە ئایدیای باوكەكان بێت بۆ دروستكردنی حوكومڕانی، بێگومان نەوەكانییان _وەلیعەهدەكان_ دونیایەكی باشتر بەرهەم ناهێنن و چاوەروانناكرێت(ئۆدیب) دروستبێت.*

ئەم نەوەیەی دێتە سەر حوكومڕانی، بەر لەهەمووشتێك لە حەوشەی حیزبەوە دێت. لەوەش مەترسیدارتر، ئەو تایپانەیان حوكومڕانییەكە دەگرنە دەست، پەروەردەكراوی دەزگا سیخورییەكانی حیزبن. پەروەردەی ئەو دەزگایانە پەروەردەیەكی گوماناوی، پەروەدەیەكی ئەویتر قبوڵنەكردن، دژ بە دیموكراسی، بۆچوونی جیاواز، هاوسۆزی بۆ كۆنترۆڵكردن و خۆكردن بە پاڵەوانی بەرێوەبردن، بنەوانی ئەم پەروەردەیەیە. لەناو ئەو دەزگا سیخوریانەی حیزبی كورییدا پەروەردەیەك بوونی هەیە، هەموو ئەوێكی تری دەرەوەی حیزب، وێنەی دوژمنی هەیە. پاشان مەكینەیەكی گەورەی راگەیاندنی _ئاوەژوكەر_ لەپشت ئەم دەزگایانەوەیە، لە رێگەی ئەم مەكینەیەوە هەوڵدەدەن بۆ تیرۆركردنی كەسایەتی و نەهێشتنی دیدگای جیاوازیی ئەویتری دەرەوەی حیزب.

(هەڵبەتە هەموو ئەو حیزبە بچوك و تازە هەڵتۆقیوانەی ناو شاشەكان، كە ئابوورییەكەیان هی حیزبە دەسەڵاتدارەكانە، بەهەمان زمان و ئاستی سەتحی بوونی ئەو راگەیاندنانەوە قسە لەسەر ئەویتری دەرەوەی خۆیان دەكەن، كە ئەم دەزگا مەترسیدارانە پێویستییان پێەیەتی. كۆی ئەو تۆمەت و سوكایەتیانەی لەلایەن حیزبی بێئەسڵ و فەسڵی شاشەیی دژی ئەویتری دەرەوەی خۆی دروستیدەكان، خزمەتكردنە بە _وەلیعەهدەكان_ی دەسەڵات. حزمەتكردنە بەو ئایدیدیاییەی نابێت جیاوازی دیگا بوونی هەبێت و، كوشتنی هەموو جیاوازییەكی دیدگا، وزەیەكە بۆ درێژكردنەوەی دەسەڵاتی كۆنترۆڵكەر.)

هیچكات ناتوانین بەرگری لە دەسەڵاتی باوكەكان بكەین، وەك نمونەیەكی دروست وێنای بكەین. هەریەك لە ئێمە شاهیدی ئەو مۆدێلە زۆر خراپەی حوكومڕانی باوكەكان بوو، لە رابردوودا بینیمان. ئەما مۆدێلی حوكومڕانی نەوەكانییان_وەلیعەهدەكان_ زۆر لە مۆدێلی باوكەكان كۆنترۆڵكەرانەتر دەبێت. لەروی پەیوەندی و نزیكی لە كۆمەڵگە و تاكەكان، باوكەكان نزیكایەتییەك و پەیوەندییەكی پتەویان هەبوو، كە ئەم پەیوەندی و نزكیایەتییە رەگوڕیشەكەی لەناو مێژوودا بوو. بەڵام نەوەكانییان بەشێكی زۆریان لە رۆژئاوا ژیاون و سەر بە جیهانێكی دیكەن، ئەو جیهانە لەبری ئەوەیی تێگەیشتنیان بگۆڕێت، خەونی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی بۆ دروستكردون.(هەڵبەت بە داهاتی ئەم وڵاتە لە دەرەوە ژیاون.) بێباكانە و بێماندووبوون هاتوونەتە سەر حوكومڕانی. هیچ كام لەوانەی دێنە پێش، نە ئەهلی ناسینی كلتوورن، نە ئەهلی فەرهەنگ و، نە ئەهلی كاركردن لەناو كۆمەڵگەی مەدەنی و دونیابینی نوێدا. ئاستی گوتار و ئاستی جوڵەكانیشیان، دووبارە كردنەوەیەكی سەتحی ئاستی باوكەكانییانە لەرێگەی پەروەردەی دەزگای سیخوڕێی حیزبییەوە! لەوەش گرنتگرت جەوهەرەكەیان لە باوكەكانیان زۆر _بوخزاوی_ترە.

بیركردنەوەی كۆنترۆڵكردنی حیزب و لەوێشەوە گواستنەوەی بۆ حوكومەت و حوكومڕانی، یەكەم پایەی ئەم وەلیعەهدانەیە. لە ئێستاوە هەریەكەیان سەرقاڵی دروستكردنی مەكینەیەكی راگەیاندنە، ئەم مەكینەی راگەیاندنە بۆ ئاوەژوكردنەوەی حەقیقەت و كۆنترۆڵكردنی دیدگای گشتییە. بۆ كوشتنی دیدگای گشتی و پارچەپارچەكردنی كۆمەڵگە، تا ئاستی _تۆ لەگەڵمی_ تۆ دژمی_ ئەم مەكینەی راگەیاندنانەی دروستیدەكەن زمانەكەی هەمان زمانی باوكەكانە، دونیابینیەكەش هەمان دونیابینینە ئایدۆلۆژییە حیزبی و خێزانییەكەی دەسەڵاتە. كەسیان نە خەمی فەرهەنگی هەیە، نە خەمی كلتووریی. لەبری ئەمە میدیا بووەتە شوێنێك تا لەوێوە وەك پاڵەوان و وەك سەركردە خۆیانی لێنمایش بكەن. دژەكانیشیان لەناو حیزبە پەراوێزخراوەكانی ئێستادا جگە لە كۆمەڵێك نمایشكاری دەمكراوە، هیچی كە نین. هەرچۆن باوكەكانییان میدیایەكی گەورە لە خزمەتیاندابوو، ئێستا _وەلیعەهدەكان_ بەو میدیایەی حیزب رازی نین و، لە تەنیشت ئەوەدا میدیای تایبەتی بە خۆیان دروستدەكەن. چونكە هەر یەكیان لە ئایدیای خۆیدا بیر لە شەڕەی ئایندەی خۆیدەكاتەوە و، دەیەوێت میدیایەكی هەبێت ئەم شەڕە تایبەتییەی بۆ بكات و كۆی میدیاكانیش لەسەر _داهاتی هەرێم_ بەرێوە دەبرێن.

لەم مۆدێلەی_وەلیعەهدەكان _پەڕلەمان_ وەك شوێنێكی پەراوێزخراو دەمێنێتەوە. ئەوەی دەسەڵاتی هەیە و چاودێرە بەسەر دەسەڵاتەوە، تەنها و تەنها _وەلیعەهدەكان_ خۆیان دەبن. ئەكرێت لەناوخۆی خۆیاندا وردە شەڕێكی میدیایی لە رێگەی میدیاكانی خۆیانەوە بكەن، ئەما بەرژەوەندییەكانییان لەوە گەورەترە ئەم شەڕە لە دونیای شاشەكانەوە بگوازنەوە بۆ ناو واقیع. بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش، لەرێگەی كۆنترۆڵكردنی حوكومەتەوە، بێدەنگییەك دروستدەبێت. ئەم بێدەنگییە قۆناغێكە نووسەران و رۆشنبیران و خاوەن بۆچوونەكان، لەشوێنی خۆیانەوە دەوەستن بیر لەم مۆدێلە دەكەنەوە تا سیما راستەقینەكەی خۆی دەرخات. پاش ئەم قۆناغە، چاوەڕوانكراوە دەنگ هەڵبڕین و نارەزایەتی چینە پەراوێزخراوەكان دەچێتە ئاستێكی توند، كە ئەو ئاستە هەم بۆ _وەلیعەهدەكان_ جێگای نیگەرانییە، هەم بۆ حیزبە پەراوێزخراوەكان و ناچاركراوەكان بە ئۆپۆزسیۆن. دەسەڵاتی نەوەكان دەسەڵاتێكی نەرم نابێت، دەسەڵاتێك دەبێت بە زمانێكی شەعبی دور لە فیكر، مامەڵە لەگەڵ هەموو دەنگێكی جیاواز دەكات. حیزبە بچوكەكانی دیكە لەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدا دەبنە دوو بەش، بەشێك پرۆژەی خۆگونجاندن لەگەڵ دەسەڵاتەكەدا دەبێتە بنەمای كاریان و، بەشی دووهەمیش دەچنە ناو دونیای شاشەكان و، بەهەمان زمانی لەشكری _وەلیعەهدەكان_ەوە، مامەڵە هەم لەگەڵ دەسەڵاتەكە دەكەن، هەم لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵ ئەو ئاستە لاوازەی زماندا نین بۆ خوێندنەوەی ئەم مۆدێلە.

لێرەدا بۆ ئەم قۆناغە تا وێنەكە بەباشی رونبكاتەوە، پێویستم بە چیرۆكێكی (سادقی هیدایەت) هەیە. چیرۆكی (ئاوی ژیان) ئەم چیرۆكە وێنایەكی واقیعی قۆناغەكەمان بۆ دروستدەكان. (حەسەن پشتكۆم دەچێتە مەملەكەتێك، خەڵكەكەی هەموو كوێرن و زەویەكەیان زێڕە. حەسەن دەبێتە فەرمانرەوای ئەو مەملەكەتە پڕ زێڕە. بەڵام لە تەنیشت ئەو مەملەكەتەوە، مەملەكەتێك هەیە ئاوی ژیانی تیادەفرۆشرێت. هەركەس ئەو ئاوە بدات لە روخساری چاوی چاك دەبێتەوە و، ئەو نادادییە دەبینێت لە مەملەكەتەكەی خۆیان دروستبووە. بەڵام خەڵكەكە شەڕێكی گەورە دەكەن بۆ ئەوەی دەستیان نەگاتە ئەو ئاوە و، بە كوێری بمێننەوە و زێڕی خۆیان بفرۆشن و ژیانی خۆیان بەو جۆرە كوێرییە درێژە پێبدەن و حەسەن پشتكۆمیش فەرمانڕەوایان بێت. ئەم قۆناغە درێژە دەكێشێت تا شوێنێك و، لە شەڕێكی گەورەدا بەر ئەو ئاوی ژیانە دەكەون و چاویان دەكرێتەوە و دژی فەرمانڕەوا نادادەكەی خۆیان دەكەونە بەرگرییەوە. لە كتێبی زیندە بەگۆڕ.)*

هەمان دیمەنی چیرۆكەكە، لەم قۆناغەدا دووبارە دەبێتەوە. ئەهلی بەرگریكار لە حوكومڕانی _وەلیعەهدەكان_ توندتر و زبرتردەبن لە ئەهلی بەرگریكاری باوكەكان. ئەو لەشكرەی لە رێگەی حیزبەوە كۆنترۆڵكراون و بوونەتە بخۆرێك بە شێوازێكی چێژبەخشانە دەكەونە بەرگریكردن لەو مۆدێڵە حوكومڕانییە و، نایانەوێت چاویان بكرێتەوە تا حەقیقەتەكان ببینن. غیابی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دور لە دەنگە دەنگی شاشەكان، فەزایەك بۆ مۆدێلە نوێیەكە دروستدەكات، زیاتر كار لەسەر كۆنترۆڵكردنی كۆی دامەزراوە حوكومڕانییەكان بكرێت. ئەو حیزبە شاشەییانەش كە بە گوتارێكی سەتحی دەكەونە دەنگە دەنگەوە، ئەركەكەیان دروستكردنی وزەی نوێ‌ و بیركردنەوەی نوێ‌ نییە، بەڵكو لە گرێی پەراوێزخستندا شاشە دەكەنە شوێنی خۆ خاڵیكردنەوە و تاماوەیەك شەقام بەچۆڵی دەمێنێتەوە.

دەكرێت بڵێین: وزەی بەرگریكردن و ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی سەر شەقام لەناو هیچ كام لە حیزبەكاندا بەدیناكرێت، كە دەرك بكەین ئایدیای دەستكاریكردنی ئەم دونیا چەقبەستووەیان هەیە كۆمەڵگەی كوردیی لەم باشوورە تێیكەوتووە. حیزب بووە بە كەرەستەیەك بۆ گەیشت بە دەسەڵات و تەواوی گوتاری حیزب _كلتوور، فەرهەنگ، هونەر، دونیابینی نوێ‌_ فەرامۆشكردوە و، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، كۆی ئەو ئایدیایانەیە حیزبی كوردی پێیەوە سەرقاڵە و لە جەوهەردا جیاوازییەك نابینی لەنێوانیاندا و، هەر یەكەشیان خۆی لە ئەویتر بە جیاواز دەزانێت! ئەما لەكۆتاییدا بەو زمانە سەتحییەی خۆیان و بەو نەبوونی فیكرە لە ماهییەتیاندا خزمەت بە هەمان ئەو دەسەڵاتە دەكەن، خۆیان شەڕی بۆ دەكەن پێی بگەن! ئەمەش پێی ناوترێت دونیابینی نوێ‌ و پێی ناوترێت حیزبێك بیەوێت رادیكاڵانە لە كێشە بنەرەتییەكانەوە دەست پێبكات و دوربكەوێتەوە لە ئایدیای _حیزب یانی دەسەڵات_.

وەك _برتراند راسڵ_ دەڵێت: ” كە مێشكم لەكار كەوت، ئیتر سەرقاڵی سیاسەت بووم.”* ئەم جۆرە لە حیزب و لە سیاسیی، هەمان ئەو رستە هەم تراژیدی و هەم كۆمیدییەیە، _برتراند راسڵ_ بۆ وێناكردنی سیاسەت دەیخاتە روو. هەڵبەت ئەم جۆرە لە سیاسەت ئێمە رۆژانە بەریدەكەوین، نە هونەرێكی تێدایە، نە سیاسەتە بەو واتایەی فیكرێك و ئایدیایەكی گەورەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبێت. بەڵكو حیزب و بەرهەمەكەی بریتییە لە كۆمەڵێك گوتاری فاشیی سواوی دووبارە لە رێگەی شاشەكان و ئەهلی حیزبییەوە دەرژێت بەسەر كۆمەڵگەدا. رووداوەكانیش كە روودەدەن، گەر بەو ئاراستەیەدا رۆیشتن سەركەوتنی لەگەڵ خۆی هێنا، حیزب وێنای پاڵەوان بۆ خۆی دروستدەكات و گەر بە ئاراستەی پێچەوانەو شكستدا تێپەڕین، دوژمنێك دادەتاشرێت تا شكستەكانی پێداهەڵواسێت. لەرووی پەروەردە، زمان، تێگەیشتن بۆ دونیای سیاسەت و كێشەكانی كۆمەڵگە، جیاوازییەك لەنێوان كۆی حیزبەكاندا نییە. جیاوازییە بچوكەكان لەوەدان، ئەو بەشانەیان نەبوون بە دەسەڵات، لەو بەشانەیان ناچن لەناو دەسەڵاتدان، ئەما ئەوانەیان هێشتا نەبوون بە دەسەڵات و ببن بە دەسەڵات، بێگومان هەمان فەزا دووبارە دەكەنەوە، كە ئەوانەی پێشخۆیان ئەنجامیانداوە.

ئێستا لە قۆناغێكداین، حیزبەكانی نەوەی _وەلیعەهدەكان_ لە ئاستی بێمنەتییدان، بێمەنەتی بەرامبەر بە حیزبەكانی دیكە. جوڵەكانی پێشو بۆ پێكهێنانی حوكومەت، مانوڕگەلێك بوو هەردوو پارتەكەی دەسەڵات دژی یەكدی دەیانكرد و، مانۆڕەكەش بۆ ناچاركردنی یەكدی بوو، نەك بۆ گرنگیدان بە حیزبەكانی دیكە. كۆی ئەو حیزبانەی لە قۆناغی پێشودا لە دۆخی ئۆپۆزسیۆنبوون، یان لە نیوە دەسەڵات و نیوە شەقام خۆیان دەبینییەوە، بەو حیزبە نوێیەشەوە كە لە ئێستای هاوار هاواركردندایە، گەر ببنە ئۆپۆزسیۆنیش، ئۆپۆزسیۆنبوونیان ناچارییە. ناچاردەكرێن لە چوارچێوەی خۆیاندا لە ناو شاشەكاندا فەزایەكی قسەكردنی دووبارە دروستبكەن، كە ئەو فەزایە وزەی زیاتر بە دەسەڵاتی_وەلیعەهدەكان_ دەدات، چونكە فەزایەك نییە ترس بۆ دەسەڵاتەكەیان بخولقێنێت.

ئەشێت خۆیان واوێنای بكەن دەبنە بەرگریكاری خەمی گشتی و چینە پەراوێزخراوەكان، ئەما لە راستیدا پەراوێزخراون لەلایەن دوو حیزبەكەی دەسەڵاتەوە و هیچ فەزایەك شكنابەن تا كاری تێدابكەن، ناچار دەچنە دۆخی قسەكردنی سەتحییەوە. باشتر بڵێن: لە فۆرمدا دەخولێنەوە نەك پرۆژەیەكی جەوهەریبێت و بیانەوێت مۆدێلێكی نوێ لە ئۆپۆزسیۆن دروستبكەن. گەر هەر دۆخێكیش دروستبێت هەندێك لەوحیزبە پەراوێزخراوانە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، بێگومان ئۆپۆزسیۆنی شاشەیی دەبن و تەنها شاشەكان قەرەپاڵەغ دەكەن و توانای جوڵەیەكیان نییە، رایدیكاڵبێت و پەیوەندی بە دەستبردنبێت بۆ رەگوڕیشەی كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە. كۆی گوتارەكەیان لە چوارچێوە دووبارەكردنەوەی پۆلۆلیسبوونی شاشەیی دەبێت لەسەر _پیسخۆری، قۆرغكاری، بە بنەماڵەیكردنی دەسەڵات_ وەك كۆی قسەكانی ساڵانی رابردوو، بەڵام بە ئاستێكی سەتحیتر.

ئەوەی لە قۆناغی ئایندەدا وزەیەكی نوێ‌، دونیابینییەكی نوێ‌ دروستدەكات، ئەو قۆناغەیە كۆمەڵگە و كێشەكان و قەیرانەكان دەگەنە شوێنێك، هێزی رادیكاڵ دروستبێت. هێزێك بە زمانێكی قوڵ، بە تێگەیشتنێكی جیاواز، بە رادیكاڵبوونێك بتوانێت دەست بخاتە سەر كێشە جەوهەرییەكان، ئەو قۆناغە و دروستبوونی ئەو هێزە رادیكاڵە، وزەیەكی تەواو دەدات بە فەرهەنگ و كلتوور و پەروەردە و حوكومڕانی نوێ‌. بەبێ‌ هاتنی ئەو هێزە نوێیە كە لە جەوهەری خۆیدا فیكرێكی هەڵگرتووە و تەنها خۆی نابەستێتەوە بە گەیشتن بە دەسەڵاتەو، تەنها خۆی نابەستێتەوە بە وتنەوەی شتەكانەوە، گۆڕانكاری نەوعی دروست نابێت و، كۆی گۆڕانكارییەكان لە چوارچێو فۆڕم و تۆمەت و پەلاماردانی زمانی سەتحیدا دەبن. دەسەڵاتی نەوەكان_وەلیعەهدەكان_ تا ئەو قۆناغە درێژە بە مانەوەی خۆیدەدات و، زۆر بێباكانە تەماشای كۆی ئەو حیزبانەی ئێستا دەكات، كە دەیانكات بە دووبەشەوە و، دەیانخاتە دۆخێكەوە هیچ مەترسییەك نەبن بۆ سەر دەسەڵاتە نوێیەكە.

نەبەز گۆران
——————————-
پەراوێزەكان

_*(ئۆدیب) ئەفسانەیەكە باس لە كوشتی باوك دەكات. (فرۆید) لەرووی دەرونناسییەوە،بەشێوەیەكی چڕ قسە لەسەر ئەم چەمكە دەكات و، كوشتنی باوك، لەناو ئەدەب و فیكری نوێدا، چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت.

_* چیرۆكی (ئاوی ژیان) لە كتێبی كۆچیرۆكەكانی نووسەری ئێرانی (سادقی هیدایەت) لە لایەن بەرێز فەرشید شەریفی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و، ناوەندی ئەندێشە چاپی كردوە.

_* ئەم رستەیەی _برتراند راسڵ_ م وەك كۆمیدیاییەك بەكار هێنا بۆ كۆی ئەو سیاسییانەی لە غیابی فیكردا، سیاسەتیان لێبووە بەو جوڵە بێكەڵكانەی رۆژانە پیشانی خەڵكی دەدەن.




سەبارەت بە سێکسفرۆشی نووسینی سوسان دۆدیلێت (١) … وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

پێشەکییەکی کورت:

هەندێک پرسیار هەن کە لە جەدەلەکانی سیاسەتدا جێگای هەمەڕۆژە داگیرناکەن، بەڵام وزەیەکی گەورە و نهێنی سەیریان لە ناوخۆیاندا حەشارداوە.
پرسەکانی ئیعدام و سێکسفرۆشی لەم پرسیارانەن.
ئەم وتارەی بەردەستتان نووسینی (سوسان دودیلێت)ە کە یەکێک لە دەنگە ڕادیکاڵەکانی فێمێنیزمە لە سویددا. تەوەری باسەکانی سوسان لێکؤلێنەوەیە لە سەر پرسیاری سێکسفرۆشی لە سوید و ئەڵمانیادا. سوسان تێروانینێکی سەنجڕاکێشی لەبەرانبەر سیاسەتی رەسمی دەوڵەت و فێمێنیزمی سویددا هەیە کە خۆی لە خستنەژێرپرسیاری سیاسەتی سێکسفرۆشی سویدا دەبینێتەوە. ئەو پێیوایە پرسیاری چەقبەستن لەدەوری ئەوەی کە هەمیشە پێتوابێت کارێکی دزێوە پیاوان سیکس بکڕن، دەکرێ بە جۆرێکی دیکە بکرێت: بۆچی پیاو دەبێ هەمیشە سێكسی بەلاشی دەستبکەوێ.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سوید لە ڕیگای یاسای “سێکسکڕین”دا سزا بۆ کڕیاردەبڕێتەوە و ئەم کردەی کڕینە بە تاوان لەقەلەمدەدات. لە ئەڵمانیاشدا لە رێگای سەرنجدان لە سێکسفرۆشسیەوە وەک کارێک، بیمەی بێکاری و خزمەتگوزارییە دەرمانی و خانەنشینییەکانی کرێکارانی سێکس فەراهەمکراوە.

چی وادەکات فێمێنیزمی ئەلمانی لە پشت ئەم سیاسەتەوە دەوەستێت، لە کاتێکدا فێمینیستەکانی سوید پێیانوایە ئەوەی لە ئەلمانیا دەگوزەرێت، بێحورمەتیکردنە بە فێمینیزم و بە ژنان. من لەم وەرگیرانەدا وشەی سێکسفرۆشیم لەبەرانبەر لەشفرۆشیدا بەکارهێناوە. ئاخر فرۆشتنی هێزی کاریش بە خۆفرۆشی ناونەبراوە. بۆ دەبێ سیکسفرۆشی بە لەشفرۆشی ناوزەدبکرێت. لە کاتێکدا لە باری میژووییەوە، جێیداخە کە سیکسفرۆشی بە یەکێک لە کۆنترین کارەکانی میژوو لە قەلەمدەدرێت.

سەبارەت بە سێکسفرۆشی

هاوزەمان کە سوید یاسای بەتاوانهەژمارکردنی کڕینی خزمەتگووزارییە سێکسییەکانی لە پەرلەماندا پەسەندکرد، ئەڵمانیا پەیڕەوی لە یاسایەکی دیکە کرد کە سێکسفرۆشی دەکاتە یەکەیەکی ئاوێزانبوو لە کۆمەلگادا.

خەلک زۆر جار ئەو پرسیارە دەکەن کە من کام سیاسەتی سێکفرۆشییەم لا پەسەندە، ئەوی سوید یاخود ئەوی ئەڵمانیا. من دەبوایە ئەم وەلامەم باش بزانیایە چونکە مێژوویەکی درێژە خەریکی لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە. بەڵام وەلام هەروا ئاسان نییە.
کاتێک لە سویدم، من پاریزگاری لە سیاسەتی ئەلمانی دەکەم و ئەوە دەگێڕمەوە کە چۆن ئەم سیاسەتە زامنی مافەکانی سێکسفرۆشان دەکات. لە ئەڵمانیا سێکسفرۆشان مافی بیمەی بێکاری و خانەنشینی و باشترکردنی هەلومەرجی کارییان بەدەستهێناوە.

کاتێکیش کە لە ئەڵمانیام، داکۆکیکی لە یاسای سێکڕینی سوید دەکەم. لێرەدا سێکسفرۆشی لە ناشیرینترین سیماکانیدا بەرجەستە دەکرێت کە یانی چەوساندنەوەی ژنانە و ئەمەش لەلایەن سیاسەتەوە لە سوید تیشکیخراوەتەسەر.
ئەوەی کە سیاسەت لە ئەلمانیادا جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ سویددا هەبوو بۆ من واهی ڕاڤەی لێدەکرا کە ئەڵمانیا کەمتر وڵاتێکی فێمێنیستییە. ئاخر ئەگەر ئینسان بەشوێن یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەیە، ناکرێ سێکسفرۆشی قبووڵبکات. ئەمە ئەو لایەنەیە کە چەندەها ڕاڤەکەران و سەرنجدروستکەرانی سویدی جەختییانلێکردۆتەوە. بۆیەش لای من ناکرێ تۆ فێمینیست بیت و هەبوونی شوێنەکانی سێکسفرۆشیت پێقبووڵبێت.

بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ واش بێت.

من لە ڕێگای توێژینەوەکانمەوە ئەوە فێربووم کە کەسانێکی فێمێنیست هەن کە پێیانوایە لە ڕیگای سێکسفرۆشیشەوە دەکرێ بەسەر چەوساندنەوەی ژناندا زاڵ ببیت. ئەمەی دواییان، ئەو جۆرە فێمێنیستانە بوون کە بوونە ئیلهامبەخشی سیاسەت لە ئەڵمانیادا.

ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە بە ناوی ” کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا” دەستبەکار بوو، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەڵمانیادا زۆر چالاک بوو. ئەم کامپینە، بە تەنیا وەک هۆکاری سەرەکی ئەوە نەبووە ئەڵمانییەکان مافەکانی سێکسفرۆشانیان پەسەند کرد، بەلام کاریگەریی گرنگی هەبوو.

گرنگترین تێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە بریتی بوون لە:

یەکەم: سێکسی ترادیسیۆنی کارێکە بۆ خۆی.
دووەم: سێکسفرۆشی وزەیەکی شۆڕشگێرانەیە.
سێیەم: سێکسفرۆشان نموونە چاولێکراوەکانی فێمێنیزمن.

لە لێکۆڵینەوەکانی خۆمدا، وێنەیەکم دەستکەوتووە کە تیایدا ژنانی “کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا”، لە بەرلینی خۆرئاوا و لە کۆتایی حەفتاکاندا، خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریین. لە وێنەکەدا هەتاو دەدرەوشێتەوە و ڕوخسارەکان دڵشاد و بڕیاردەرانە دەردەکەون. لەو کاتەدا لێکۆڵینەوەیەک بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە خانمانی ناوماڵ لە ئەڵمانیای خۆرئاوا چلوپێنج تا پەنجا ملیارد سەعات کاری بێکرێ ئەنجامدەدەن. هاوکاتیش سێیەکی کاری بەکرێی ئەو وڵاتە کە بە نزیکەی پەنجاو دوو ملیارد سەعەتکار دەخەملێنرێت، لە لایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت. بە کورتیەکەی، ژنان دوو لەسەر سێی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگایان لەسەر شانە. پشکی پیاوان، تەنها سێیەکی کاری ئەنجامدراوی ناو کۆمەلگا بووە. لەسەر لافیتە و پلاکاردەکانیان، ژنانی ئەم بزووتنەوەیە ئەم زانیاریانەیان بۆ خەلکی دووپاتدەکردەوە. ئەوان بەو دەرئەنجامە گەیشتبوون کە هەر سەعاتێکی کاری ناو ماڵ کە کرێی نادرێت و وەرناگیرێت و لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت، بایی هەزار و نۆسەد مارکی ئەلمانییە لە مانگێکدا. پرسیاری سەرەکیشیان ئەوە بوو: ئەم پارەیە بۆ کوێ دەچێت؟

ژنان دەیانووت: لە ڕێگای خۆشەویستییەوە ناتوانین کرێی ماڵ و پێداویستییەکانی دیکەی مانگانە بدەین”. بە پیتی گەورە دەیاننووسی:کاری ناوماڵ بناغەی پیشەسازی کۆمەڵگایە. ئێستاش وەختییەتی کە داوا لە دەوڵەت و پیاوان بکرێت ئەم سەرمایە کەڵەکە بووەی بە هۆی کاری ناو ماڵەوە پێکەوەنراوە، بگێردرێتەوە بۆ ژنان و تێچووەکانی مانگانەی خۆیانی پێبدەنەوە.
یەکێک لەوانەی کە لە وێنە فوتوگرافییەکەی لای مندایە، (پیئێکێ بییەرمان)ە. ئەمڕۆ ئەو یەکێک لە روخسارە ناسراو و نووسەرە خەڵاتکراوەکانی بواری رۆمانی پۆلیسییە لە ئەلمانیادا. بەڵام ئەو لەو ڕۆژگارەدا، نەک هەر رێکخەرێکی بزووتنەوەی “کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا” بوو، بەڵکو وەک سێکسفرۆشێکیش کاری دەکرد.

لە وێنەکەدا (پیئێکی) زەردەخەنەیەکی گەورەی لەسەر لێوە و لە پشتی (گیسیلا بۆک)وە ڕاوەستاوە. گیسیلا لە وێنەکەدا خەریکی توندکردنەوەی بەرکۆشەکەی خۆیەتی و یەکێک لە روخسارە ناسراوەکانی بزووتنەوەکە بوو و ئێستاش پرۆفیسۆری مێژووە.

من کاتێک لە بەرلین (پیئێکێ)م بینی بۆ ئەوەی باسی ئەو سەردەمە بکەین، ئەو جەختی لەوەدەکردەوە کە پەیامی بزووتنەوەکە بە هیچ جۆرێک لە گەورەکردنەوەی ئایدیۆلۆژی خانمانی ناو ماڵدا نەبووە. بە هیچ جۆرێک باس لەسەر ڕازیبوونی ژنان نەبوەوە لەسەر وەزعییەتی ژیانی خۆیان. داخوازی قەرەبووکردنەوەی کاری کرێپێنەدراوی ژنان لە ناو ماڵدا تەنها وەک خوڵقاندنی زەمینەیەکی گونجاو سەرنجی دراوەتێ بۆ ئەوەی لە کاری ناو ماڵ ئازادبکرێن.

ئێمە لە ڕێگەی کرێی کاری ناو ماڵەوە دەمانویست ژنانێک کە پێشووتر لە وابەستەییەکی تەواوی ئابووری پیاودابوون ئازادی و دەسەلات بەدەستبهێننەوە.

پەیامی بزووتنەوەکە لە پێناسەکردنی کاری ناوماڵدا بەرفراوان بوو. بەڕۆشنیش ئەوە دیار بوو کە کامپینی کرێی کاری ناوماڵ ، بە تەنها کامپینێکی خانمانی ناو ماڵ نییە. بەڵکو بزووتنەوەیەکی بەربڵاو بوو بۆ هەموو ژنان. ژنانێک کە بە تەنها لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەژین و ئەوانەیشی لە پەیوەندییەکی خێزانیدان، بێمنداڵان و دایکان، هێترۆ و هۆمۆکان، هەرهەموویانی لەخۆیدا جێدەکردەوە.

کاری ناو ماڵ هەموو کارێکی کراوی پێویستی ناو ماڵی دەگرتەوە کە ژنان بێکرێ ئەنجامیدەدەن بۆ ئەوەی کۆمەلگا بتوانێت هەڵسوڕێت. کارەکان بریتی بوون لە بەرهەمهێنانی کرێکاری نوێ، یانی دووگیانی و منداڵخستنەوە، شیرپێدان و پەروەردەی منداڵ، وەهەروەها دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کرێکاری کۆن، یانی ئەو هەمو کارو کۆمەکەی کە بۆ پشتیوانی کردنی پیاوی کرێکاری ناوماڵ دەسازێنرێت تا بتوانێت بچیتەوە سەرکار، چێشتلێنان و بازارکردن، ماڵپاککردنەوەو هتد. تەنانەت ئەو ژنانەیشی لەدەرەوی ماڵدا کارییاندەکرد، لە شوێنکارەکانی خۆشیاندا هەندێک لەو کارە بێکرێیانەیان ئەنجامدەدا، هەر لە قاوەدروستکردن و هەندێک لە کارو شتی دیکە کە پیاوان نەیاندەکرد و پێیانوابوو ئەمە کارێکی ژنانەیە، ژنانی کارکردووی شوێنی ئەم کارانە ئەنجامییان دەدا.

بەڵام هەر لەخۆ و بەڕێکەوت نەبوو کە (پیئێکێ) بووە یەکێک لە ڕوخسارە بەرجەستەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئاخر سێکسیش لە دۆخە ترادیسیۆنییەکەی خۆیدا یەکێک لەو کارانەی ناو ماڵ بوو کە لە ژنان چاوەڕواندەکرا بە بێکرێ ئەنجامی بدەن.

لە کاتێکدا سێکسفرۆشان بۆ ئەم جۆرە لە کار پارەیان وەردەگرت و بەمەش ئەوان بۆ ژنانی دیکە وەک ئایدیالێک یان کەسانێکی نموونەیی دەردەکەوتن لەم پەیوەندەدا.

(پیئێکێ بییەرمان) دەگێڕێتەوە و دەڵێ کە ئەو کاتێک لە پۆڕکلووبەکانی هانۆڤەردا کاریدەکرد: “هەستمکرد کە سێکس لە فۆرمە نوێیەکەی خۆیدا جۆرێکە لە کار. سێکسفرۆشان کرێی شتێک وەردەگرن کە ژنانی دیکە وا لێیان چاوەڕواندەکرێت بە خۆرایی و بە ناوی خۆشەویستییەوە ئەنجامی بدەن.”

بە تێڕوانینی (پیئێکێ)، ئەو سێکسەی سێکسفرۆشان لە کلووبەکاندا پارەی لە بەرانبەردا وەردەگرن، جیاوازییەکی گەورەی نییە لەگەڵ ئەو سێکسەی ژنان لە پەیوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا ئەنجامیدەدەن.
ئەو بیروخەیاڵە فێمینیستییەی لەو کاتەدا واهی بوو کە ئەگەر سێکسفرۆشان وخانمانی ناوماڵ پێکەوە کارێک ئەنجامبدەن، بە قازانجێکی گەورە بۆ ژنان تەوادەبێت. ئەو کات ژنان دەیانتوانی نەرێ بە سێکسێکی نابەدڵ بڵێن کە بە مەرجەکانی پیاوانە و داخوازییەکانی خۆیان بنێنەپێش و پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیشیان بەدەستبێنن.

ئیلهامبەخشی ئەم بیرکردنەوەیە بۆ (پیئێکێ) و ژنانی دیکەی ناو کەمپینی کرێی کاری ناوماڵ یەکێک لە فێمێنیستە رادیکاڵەکانی ئەمریکا بوو بە ناوی (ئاننێ کودێت).

(کودێت) لە رۆژنامەیەکی شۆڕشگیرانەدا ئەوەی دەرخستبوو کە ئەوەی پێی دەوترێت: “ئەفسانەی ئۆرگازمی مەهبەلی” بە پێی تێڕوانینی کودێت، ژنان تەنها لە رێگەی بەجۆشخستنی قیتکەیانەوە ئۆرگازمییان پێدەگات و چیرۆکی ئۆرگازمی مەهبەلییانە بە تەنها ستراتیجییەکی پیاوانە بووە بۆ خوڵقاندنی سێکسوالیتیتێک کە بە تەنها پیاوان ڕەحەتدەکات و لەزەت بەوان دەبەخشێت.
ئەم تێزەی کودێت لە ناو فێمێنیستەکانی ئەلمانیادا سەدایەکی گەورەی هەبوو.

(پیئێکێ بییەرمان) یەکێک بوو لەوانەی بروای وابوو سێکس بە زۆرییەکەی پیاوان ڕەحەتدەکات. ئەو دەڵێ: “ژنان دەمێکە ئەوە دەزانن کە سێکسوالیتێتی ترادیسیۆنیانە چ ئەرک و زەحمەتێکی بەسەر ئەوانەوە هەبووە” ، ئەمە ئەو لە حەفتاکاندا نووسی بووی، پیاوان لەبیریانچۆتەوە کە پێداویستییە سێکسییەکانی ژنان بهێننە دی.”
(پیئێکێ بییەرمان) لە گەڕان بە شوێن چارەسەری ئەم گرفتەوە بەو دەرئەنجامە گەیشتبوو کە:”سێکسفرۆشان دەتوانن ئەوە نیشانی دەستەخوشکە بێکرێکانییان بدەن کە ئەوان دەتوانن کرێ وەربگرن و بێئەوەی ئەم کارەیان، کاراکتەرییان بشێوێنێت و بە زەرەر بۆیان بگەڕێتەوە”.
فیکرەکە ئەوە بوو کە ئەگەر ژنان ملنەدەن بۆ ئەو سیکسە بێکرێیەی کە لە دەوری ئارەزووە سێکسییەکانی پیاوان چەقیبەستووە، ئەوا دەتوانن دانووستاندن بکەن بۆ بەدەستهێنانی جێگاوڕیگایەکی باشتر تەنانەت لە شوێنی خەوتنیشدا.

بێگومان ئەوەی کە سێکسفرۆشی زیانی نەبێت بۆ ژنان، کە لە ئەلمانیای ئەوسادا وەک ئەرگومێنتێک دەوترایەوە، لەلایەن توێژینەوەران و کەسانی سویدییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ نالەقێنرێت. ئاخر لە سوید و زۆر شوێنی دی ئینسان پێیوایە کە سێکسفرۆشی، سیکسوالیتێتێکی لە هەست و داخوازیدابڕاوە کە تەنها و تەنها بە خواست و مەرجەکانی پیاوان دەچێتە پێش و زیانی بۆ ژنان هەیە.

بەڵام ئایا ئەو فێمینیستانەی لە بزووتنەوەی:” کرێ لەبەرانبەر کاری ناوماڵدا” کاریان دەکرد، ئەو جیاوازییەیان نەدەبینی کە لە نێوان سێکسێک کە لەگەڵ کەسی خۆشەویستتدا ئەنجامدەدرێت و سێکسێک کە بە کەسێکی نەناسراو دەفرۆشرێت؟

بێگومان ئەم جیاوازییە لای ئەوانیش ڕۆشن بوو. بەڵام بە جیاواز لە فێمینیستەکانی سوید، ئەوانەی ئەلمانیا پێیانوابوو: کە سیکسی بە پارە کەلکی بۆ ژنان زیاترە. ئاخر ئەوە چییە کە ئێمە لە بەرانبەریدا بەدەستی دێنین کاتێک بەناوی خۆشەویستییەوە دەبێ سێکس بکەین.؟
فێمینیستەکانی ئەڵمانیا پێیانوابووکە لە دۆخی دووەمیاندا، سێکسی ناوماڵ، دەستکەوتەکان هێندە گەورە نین.

ئەو سویدیانەی لەم جەدەلانەدا چالاکن، پێیانوایە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای خۆشەویستی لە باری پرەنسیپەوە یەکسانترە لە پەیوەندییەکی سارد وسڕی بێخۆشەویستیدا. بەڵام ئەوانەی لە ئەلمانیا ئەم جەدەلەیان دەبردەپیش، بە گومان بوون لە کاریگەرییەکانی وزەی خۆشەویستییدا کە بتوانێت پەیوندییەکی پارسەنگئامێز بهێڵێتەوە لە پەیوەند بە پرسی یەکسانیدا لە ناو ئەم پەیوەندییەدا. بە پێچەوانەوە ئەوان پێیانوابوو کە خۆشەویستی وابەستەیی بەهێزدەکات بە تایبەتی کاتێک یەکێک لە تەرەفەکانی خۆشەویستی هەستی بەهێزتری لەبەرانبەر ئەوی دیکەیاندا هەبێت. بۆ ژنانی کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵدا، جەختکردنەوە لە خۆشەویستی ستراتێژییەکی پیاوانە بووە بۆئەوەی ژنان لە پەیوەندییە پاتریارکارەکالەکاندا بهێڵێتەوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە دەدا کە هەموو پەیوەندییەکی پێکەوەیی زۆر جار لەسەر هەستی خۆبەقوربانیکردنی خۆشەویستی ژنان بنیات نراوە لە بەرانبەر دەسەلاتی پیاودا کە بەخێوکەری ئابووری ماڵە. بەڵام لە کردەی سێکسفرۆشیدا ژنان لە بەرانبەر کاری ئەنجامدراوی خۆیاندا کرێ وەردەگرن و زیاتر سەربەخۆن. سەربەخۆبوون و ئازادی، نەک خۆشەویستی، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی کامپینی بزووتنەوەی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا بوو.

بۆ ژنانی ئەم کامپینە، سروود و پیاهەڵدانەکان بە خۆشەویستیدا بە تەنها تاکە حیلەی پیاوان نەبوە بۆ ئەوەی ژنان بەردەوام بن لە بە خۆڕایی کارکردن لە مالدا، بەڵکو ستیگماتیزەکردنی (مۆرلەناوچاواندانی) ژنانی سێکسفرۆش، وەک هۆکارێکی دیکەی کاریگەربەکاردەهێنرا لە بەرانبەر ژناندا تا شەرم بیانگرێت داوای کرێ نەکەن لە بەرانبەر هەر خزمەتێکی سێکسیدا کە دەبوایە پێشکەشی بکەن. تەنانەت وەسفکردنی کردەی سێکسفرۆشی وەک سووکایەتیکردن بە ژنان و سێکسفرۆشان وەک قوربانییەکی بیدەسەڵاتی تەواو ژیردەستە، لەلایەن ژنانی کامپینەکەوە وەک ستراتێژییەکی پیاوانە سەیردەکرا تا ژنانی پێبتۆقێنرێت و داوای کرێ نەکەن.

هەر بۆیەش کاتێک پیاوان بەشوێن ئەوەوە بوون کە سێکسفرۆشی وەک ڕیگایەکی مەترسیداربۆ ژنان وەسفبکەن، لە ڕاستیدا بەشوێن زامنکردنی سێکسێکی بەلاشەوە بوون بۆ خۆیان.
خالێکی دیکە کە (پیئێکێ) ئاماژەی پیدەدا و وەک هۆکارێکی دیکە لە پشت ئەوەوەی کە بۆچی پیاوان دەیانەوێ ژنان لە کاری سێکسفرۆشان بتۆقێنن: سێکسفرۆشان چاوێکی کراوە و زانیارییەکی گەورەیان لە بارەی پارەی ناو کۆمەلگاوە هەبوو. بۆیە کاتێک ژنان دەیانویست داوای کریی کاری ناو ماڵ بکەن و دەوڵەت لەوەلامدا بیوتایە: بوودجە نییە و پارە نییە، ئەوا سێکسفرۆشان خێرا دەهاتنە وەڵام ودەیانوت: پارە زۆرە، وەرن لە ئێمە بپرسن، ئێمە هەموو کات دەیبینین.

کاتێک ئینسان ئاگاداری ئەو مێژووە بێت کە لە پشتی سیاسەتی سێکسفرۆشی ئەلمانیایەوەیە، ئەو کات تێدەگات کە بۆچی یاسای سێکسکڕینی سویدی کە دەربڕی سیاسەتێکی فێمینیستییە لە سویددا، بۆچی هەستێکی هێندە دژە ژنانە لە ئەڵمانیادا دەخوڵقێنێ.

فێمینیستەکانی ئەڵمانیا لە کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ناو ماڵدا پێیانوانەبوو کە ژنان بەکاردەهێنرێن و دەچەوسێنرێنەوە کاتێک لە بەرانبەر خزمەتگوزارییە سیکسییەکاندا پارە وەردەگرن. سێکسفرۆشی وەک کارێکی نێوماڵ کە کرێکەی وەردەگیرێت سەرنجدەدرا.
ئەوەی کە لە سویددا پیاوان سزا دەدرێن کاتێک سێکس دەکڕن، لە دیدی کامپینی کرێ لە بەرانبەر کاری ماڵدا، بە هێچ شێوەیەک یەکسانییەکی زیاتر ناخوڵقێنێ. سزادانی ئەو پیاوانەی کە پارە دەدەن لەبەرانبەر سێکسدا، دەبێتە بەهێزکردنی ئەو پیاوانەی کە پێیانوایە و مافی خۆیانە سێکسی خۆڕاییان دەستبکەویت.
یاسای سێکسکڕینی سویدی لەم گۆشەنیگایەوە، ڕێگریدروستکەرە لە بەرانبەر ژنانێکدا کە دەیانەوێ کرێ لەبەرانبەرخزمەتەکانیاندا وەربگرن. لەم گۆشەنیگایەوە، پەرلەمانی سوید هاوکاریکەری درێژەپێدان بە چەوساندنەوی ژنانە نەک ڕزگاریکەری ئەوان.

پرسیار ئەوەیە: ئینسان دەکرێ چی بکات کاتێک دوو لێکۆڵینەوەی فێمینیستی بە دوو دەرئەنجامی تەواو جیاواز دەگەن؟

رێگایەکیان ئەوەیە کە تێڕوانینی بەرانبەرەکەت کە بە دژی تێڕوانینی تۆیە بێدەنگ بکەیت.
ئەم شیکردنەوە فێمینیستییە ئەڵمانییە تا ئێستا لە جەدەلەکانی سویددا بە تەواوەتی پشتگوێخراوە. ئەمەش تا ئێستا قازانجی خۆی هەبووە، ئاخر کاتێک ئینسان بە تەنها لە یەک گۆشەنیگاوە سەیری شتەکان دەکات، ئاسانتر و کەمدەردیسەریتر دێتە بەرچاو کە بڵێی کامە ڕاست و کامە هەڵەیە. بەلام لە زۆر لایەنی دیکەوە، ئەم پشتگوێخستنە زۆر خراپ دەکەوێتەوە.
ئەم فێمینیزمە باڵادەستەی ئێستای سوید دەتوانێت هەندێک لە لایەنەکانی ژیردەستەیی ژن لە کۆمەلگادا دەستنیشانبکات و هەندێکی تریشی لە ناڕۆشنیدا بهێڵێتەوە.

بۆ نموونە ئەوەی کە خۆشەویستی وا لە ژن دەکات یارمەتیدەری سێکسی پیاو بێت لە جیاتی ئەوەی بەشوێن پێداویستییە سێکسییەکانی خۆیەوە بێت، ئەم تێڕوانینە لە گۆشەنیگای فێمینیزمی سویدەوە لەبەرچاونەگێراوە. کامپینی کرێ لەبەرانبەر کاری ماڵی ئەلمانیدا توانای تەواوکردنی ئەم شیکردنەوەیەی هەیە لە سویددا. بۆیە کارێکی باش نییە ئەم گۆشە نیگا ئەلمانییە هەرئاوا بە ئاسانی بخرێتەلاوە.
فێمینیستبوون بە مانای کەشفکردن و دواتر خستنەژێرپرسیاری ئەو شتەی کە وادەکات ژن و پیاو جیاواز رەفتاربکەن. ئەگەرچی من تەواو لەگەڵ (پیئێکی بیریمان)دا نیم بەوەی چی نووسیوە و وتووە، بەڵام دڵنیام کامپینی کرێی ئەلمانیا کۆمەککەرێکی باش دەبێت بۆ سەرنجدان لەو ستراکچەرە دەقپێوەگرتوانەی لای خۆمان هەن.

بۆیەش هەموو ئاشکراکردن و ڕۆشناییخراوەسەرەکانی فێمینیستی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەهای خۆیان هەیە چونکە ئەو دەرفەتە فەراهەمدەکات کە خەڵکانێکی زیاتر بتوانن لە بەرانبەر نۆرم وچاوەڕوانییە جیاوازەکاندا هەڵوێستوەربگرن و ڕێگای وشیارانە ترهەڵبژێرن.
هیچ تیۆرییەکی فێمینیستی بە تەنها ناتوانێت وەسفی ئەو هەمەرەنگییە بکات کە لە تاقیکردنەوە و فانتازیا و خولیاکانی کۆمەلگایەکدایە. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کاتێک ئینسان دەیەوێ خەبات لە بەرانبەر ژێردەستەیی ژناندا بکات، تەنها خۆی لە قاڵبی یەک تەفسیردا گیربکات.
بۆیەش وەلامی من لە بەرانبەر ئەوەی کە کامە سیاسەت باشترە، من دەڵێم کە ئینسان دەبێ گوێبیستی تەفسیرە ئەلتەرناتیڤەکانی دیکەیش بێت. لە جیاتی ئەوەی خەریکی پێناسەکردن و بەرزڕاگرتنی ئەو سیاسەتە بێت کە گوایە یەکاسانیترە لەوی دی.

—————————
سوسان دۆدیلێت، مامۆستای زانکۆی یۆتیبۆرییە لە بواری مێژووی هزردا .
ئەم وتارە لە کتێبی
Petra Östergren, F-Ordet mot en ny feminism, Norhaven A/S 2009

—————–
سەبارەت بە سێکسفرۆشی
نووسینی سوسان دۆدیلێت (١)
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد




ئایا گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ .؟ … حیكمه‌ت نامیق

دیاره‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌شێ ببێته‌ research problem كێشه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ر كه‌س و پسپۆرو لایه‌نێك ده‌یكات .كاتێ ئێمه‌ قسه‌له‌سه‌ر بوونی گه‌نده‌لێ ده‌كه‌ین وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی یا گه‌ردونی به‌و مانایه‌ی به‌شێوه‌ی جیاجیا له‌نیۆ گشت جیهان و كۆمه‌ڵه‌كان بوونی هه‌یه‌.كاتێك دیسكۆرسی discuss ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین له‌ڕوانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسی یه‌وه‌ یه‌كسه‌ر بیری دواوده‌زگاكان و كه‌لتورو سیستمی كۆمه‌ڵایی و به‌هاكان ده‌كه‌ین به‌گشتی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا .یان به‌مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیمان بینی ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌یری شله‌ژانی ئه‌و وه‌زیفه‌ و ڕۆله‌ كۆمه‌لایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ین ،كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ تاكه‌كان تیادا ده‌یگێڕن .چونكه‌ گه‌نده‌ڵی وه‌ك باسمانكرد په‌یوه‌ندی به‌ داموده‌زگاو ڕۆڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌
The idea of corruption is tied to
institutions, roles

ده‌شێ وا پێناسه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌ین به‌وه‌ی ,كه‌ ڕه‌فتاری گروپێكه‌ له‌ نێو داوده‌زگاكانی كۆمه‌ڵ، ئامانجی ئه‌و گروپه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی ئه‌و شوێنه‌یه‌ ,به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان واتا ده‌كرێ بلێین جۆری ڕه‌فتاری ئه‌و تاكانه‌ی، كه‌ به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ دزیكرن وێنای بكه‌ین .چونكه‌ گه‌نده‌لێ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ڕه‌فتاری تاكه‌كان ، یان ڕه‌نگه‌ ببَیته‌ كاراكته‌ری به‌شێك له‌ تاكه‌سه‌كان ئه‌وانه‌ی ,كه‌ له‌ ده‌زگایه‌كی میری كارده‌كه‌ن.وه‌ختێ ئه‌ركه‌كه‌ی خراپ به‌كارهێنا یا دووركه‌ته‌وه‌ له‌ورێساو ده‌ستوره‌ی كه‌ بۆی دانراوه‌ ئه‌وا ده‌بیته‌ كه‌سێكی گه‌نده‌ ڵ وده‌زگاكه‌ بۆ بۆسودی كه‌سی به‌كاردێنێ ,ره‌نگه‌ كه‌سه‌كه‌ به‌رپرسێك بێت یاتاكێكی ئاساییی بێت یا ئه‌وه‌تا له‌شوێنێك كارده‌كات كه‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت .

بابێنه‌ سه‌ر كرۆكی پرسیاره‌كه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی بریتی بێت له‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وا به‌پێی لۆژیكی دۆركایم و گروپه‌كه‌ی ئه‌وكات ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ نۆرم و كه‌لتور دواتر ده‌بێته‌ SOCISLIZATION یا به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بوون .. ئه‌گه‌رچی من پێم وایه‌ گه‌نده‌لێ سیستمی سیاسی یان حكومه‌ت به‌پله‌ی یه‌كه‌م دروستی ده‌كات نه‌ك به‌هاو نۆرمێك بیت مروڤ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌نانه‌ت دواكه‌وتوش موماره‌سه‌ی ناكات .چونكه‌ هه‌رگیز كۆمه‌ڵ ناخوازێ به‌رپرسه‌كه‌ی دز بێت ،راسته‌ گه‌نده‌لێ بوونێكی ڕاستی نێو كۆمه‌ڵه‌ به‌ڵام به‌پله‌ی یه‌ك ئه‌و بوونه‌ په‌یوه‌ندی زیاتری به‌ حكومه‌ت رێكخستنی بزنسس و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌هه‌یه‌ , له‌گه‌ڵ

ئه‌وه‌شدا تاك خاوه‌ندارێتی ده‌كات له‌نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا .كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكی دانێڵ لیتڵ DANEIL LITTLE پێی وایه‌ كه‌ گه‌نده‌لی پراكتیزه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و پشتگیریه‌كی كه‌لتوری هه‌یه‌ )له‌دونیابینی ئه‌و نوسه‌ره‌ گه‌نده‌ڵی ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری كۆمه‌ڵگا سه‌پۆرتی ده‌كات به‌ڵام چۆن و به‌ ج شێوازێك ئایا ئامرازی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵگاكان، تاكی گه‌نده‌ڵ به‌رهه‌م دێنێ ؟ئه‌وه‌ش ده‌شێ ببێته‌ كێشه‌ی توێژینه‌وه‌ .من پێم وایه‌ گه‌نده‌لێ خه‌سڵه‌تی چوارچێوه‌ی رێكخراوێكه‌ ORGANIZATION كه‌ شكستی هێناوه‌ له‌ خزمه‌ت و به‌رپرسیاری و پابه‌ندبوون به‌رَیساكان ،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كرێ ئه‌و رێكخراوه‌ یا ده‌زگایه‌ ته‌به‌نی رێساكان بكات و مرۆڤ وكۆمه‌ڵه‌كه‌ی بپارێزێ له‌ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی وه‌ك دیارده‌ نه‌وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌..ئه‌گه‌رچی من پێم وایه‌ گه‌نده‌ڵی به‌رمه‌بنای سیستمی سه‌رمایه‌داری و مۆدێرنه‌یه‌ به‌ومانایه‌ی كه‌وا هه‌موو شتێك به‌ پێوه‌ری پاره‌ وسامان ده‌پێورێت وه‌ك ماركس ده‌ڵی پاره‌ وه‌ك سۆزانی جیهانی وایه‌ ) money as the universal whore ئه‌وه‌ی ،كه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی له‌وه‌تێپه‌ڕیوه‌ ته‌نها به‌رمه‌بنای سیستمی سیاسی و ئیداری بێت به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ نێو ڕه‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی له‌ ئێستادا له‌نێو هه‌مو سێكته‌ره‌كانی ژیان بوونی هه‌یه‌ ، چه‌مكێكی وه‌ك nepotismخزمحزمێنه‌ یا واسته‌ یا ئه‌وه‌تا په‌یوه‌ندی كه‌سی به‌گشتی ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ بره‌وسه‌ندنی ئه‌و دیارده‌ نێگه‌تیفه‌ .

له‌كۆتای ئه‌و ووتاره‌ كورته‌ دا ده‌كرێ به‌و ئه‌نجامه‌ بگه‌ین ،كه‌گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ هاوته‌ریب نیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كایه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ. چه‌ندین گروپ و توێژ هه‌ن له‌نێو كۆمه‌ڵ نه‌باوه‌ڕی پێیه‌تی نه‌ موماره‌سه‌ی ده‌كات یا به‌مانایه‌كی تر ئه‌و دیارده‌یه‌ نه‌بۆته‌ سۆشڵه‌زه‌یشن.




خۆشترین بەشی ڕۆژ … نووسینی: عەتا میرەکی

یادداشتێک لەسەر ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ(کازوو ئیشیگورۆ)

ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژ (The Remains of the Day)سێهەمین بەرهەمی ڕۆماننووسی بەریتانیایی (کازوو ئیشیگورۆ) یە کە نۆبێلی ئەدەبیی ساڵی ٢٠١٧ی پێ بەخشرا. هەروەک دوو ڕۆمانی پێشتری خۆی، پاشماوەی ڕۆژ
لە گۆشەنیگای(Point of View) یەکەم کەسەوە دەگێڕدرێتەوە کە کەسایەتی ستیڤێنزە(Stevens) و وەکوو باتلێرێکی(butler) ئینگلیزی لە گەورەماڵێێکی ئەشرافیدا کار دەکا.

خاوەن ماڵەکە کەسێکی ناودار و دەست ڕۆیشتوویە بە ناوی لۆرد دارلینگتن کە لە میانەی ڕۆمانەکەدا بە وردی باسی کەسایەتیی دەکرێ. لە کولتووری ئینگلیزیدا باتلێر وەکوو سەرپەرشتیاری خزمەتکاران لە ماڵەئەشرافیەکاندا ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماڵی پێ دەسپێردرێ و بێجگە لەوەش سەرپەرشتیی خزمەتکاران دەکا.

ئیشیگورۆ خۆی دەڵێت بۆ ئەوەی لە شێواز و زمانی ئاخاوتنی باتلێرەکان کەڵک وەربگرم زۆرم هەوڵ دا بەڵام لەو بارەیەوە هیچم دەست نەکەوت، چۆنکە هیچ باتلێرێکم نەبینییەوە کە یادەوەرییەکانی خۆی نووسیبێتەوە، بۆیە بە ناچار شێوازی قسەکردنی باتلێرێکم لە مێشکی خۆمدا خۆڵقاند کە وەک لە ڕۆمانەکەشدا دەردەکەوێ زمان و لەحنی ستیڤێنز زمانێکی شەق و ڕەق و فەرمییە و هەمیشە دەرخەری ڕێزی تایبەتی باتلێرێکە وەکوو ژێردەستەیەکی گوێڕایەڵ بۆ گەورەی خۆی.

چیرۆکی ڕۆمانەکە لە کۆتایی پەنجاکاندا و بە گەیشتنی نامەیەک لە هاوکارێکی کۆنەوە دەست پێ دەکا. لەو نامەیەدا میس کێنتن(Miss Kenton) باسی ژیانی هاوبەشی خۆی دەکا کە ستیڤێنز بەوە تێدەگا کە گوایە لە ژیانی هاوبەشی ناڕازییە و بۆیە بە هەلی دەزانی بە بیانووی هێنانەوەی خاتوو کێنتن بۆ سەرای دارلینگتن دیسان بچێتەوە سەر سۆزدارییە کۆنەکەی و هەستی بەرانبەر خاتوو کێنتن کە هیچکات نەیویست ئەو سۆزە بدرکێنێ.

ئێستە ئیتر سەردەمی لۆرد دارلینگتن کۆتایی هاتووە و خاوەنی تازەی سەرای دارلینگتن کابرایەکی دەوڵەمەندی ئەمریکاییە بەناوی فارادەی. فارادەی بە پێچەوانەی دارلینگتن باوەڕی بەو دیسیپلین و نەزم و نەسەقە ئینگلیزییە نیە کە پێشتر وەکوو یاسا و ڕەوشت لە هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی سەرای دارلینگتندا پەیڕەو دەکرا. فارادەی ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆی بە ستیڤێنز دەدا بۆوەی چەند ڕۆژێک وەکوو پشوو سەفەر بکا و ڕایبوێرێ.

ستیڤێنز ئەو سەفەرە وەکوو دەرفەتێک وەردەگرێ و جارێکی دیکە لە مێشکی خۆیدا بە ئەمەگناسیی و وەفاداریی هەمیشەیی خۆی بۆ لۆرد دارلینگتن وەک دەرخستنی مانای شکۆمەندیی(dignity) و پێوەندی خۆی و تەنانەت باوکیدا بچێتەوە کە ئەویش پێشتر باتلێر بووە و بۆماوەیەکیش لە سەرای دارلیگتندا کار دەکا و لەوێیش دەمرێ. لای ستیڤێنز وەفاداریی بۆ دارلینگتن و بەتەواوی ڕێک و پێکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی باتلێرێکی سەرکەوتوو دەرخەری مانای شکۆمەندییە.(dignity)

هەموو ئەمانە و هاوکات وردەکاریی ڕووداوەکانی ناو سەرای دارلینگتن لە ساڵەکانی پێش شەڕی جیهانی دووەم، کەسایاتیی لۆرد دارلینگتن و پێبەندیی لەڕادەبەدەریی ستیڤێنز بە یاسا و دەستووری وشکی ئەشرافیی ئینگلیزی و سۆزداریی هەرگیز نەگوتراوی بۆ خاتوو کێنتن لە ڕێگەی تەکنیکی فلەش بەک(flash back) و پێداچوونەوەی ڕووداوەکان لە مێشک و یادەوەریی ستیڤێنزدا بە چڕوپڕی دەگێڕدرێتەوە و خوێنەر لە دەلاقەی زەینی ستیڤێنەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە ئاگادار دەبێتەوە.

دواتر لە دیداری ستیڤێنز و کێنتندا دەردەکەوێ کە کێنتن ساڵانێکە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و ئێستە ناوی خانمی بێنە (Mrs.Benn). سەرەڕای ئەوەی بڕێجار خانمی بێن بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر خۆشەویستی ئەو و ستیڤێنز بێ سەمەر نەدەمایەوە و پێکەوە دەژیان ئاخۆ ژیانیان چۆن دەبوو؟ بەڵام ئێستە مێردەکەی خۆش دەوێ و چاوەڕێی لەدایکبوونی نەوەکەیان دەکا.

ستیڤێنز لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا بیر لەو دەرفەتانە دەکاتەوە کە تازە لەدەستی چوون. دەرفەتی خۆشەویستی و ژیان لەگەڵ کێنتندا، دەرفەتی ئەوەی کە دەیتوانی جۆرێکی تر لەگەڵ ڕووداو و دۆخە جیاجیاکاندا ڕووبەڕوو بێتەوە بەڵام ئێستە وەک مایەپووچێک لە ڕابردوو دەڕوانێ و تووشی حەسرەت بووە. هەرچەند سەرەڕای ئەو حەسرەتە خوێنەر قەت پێی وا نیە ستیڤێنز لەو شێوازە بیرکردنەوە ڕزگاری بێ کە لە ماوەی تەمەنیدا بەو باوەڕەوە ژیاوە و تەنها شتێک کە گرنگی پێداوە بەرجەستەکردنی شکۆمەندییە(dignity) و خزمەتکردن بە گەورەکان کە لە ناخودئاگای خۆیدا باوەڕی بەوە هێناوە کە لە ڕێگەی هەرچی باشتر خزمەتکردنەوە ڕۆژێک ئەویش دەبێتە خاوەن ئەو شکۆ و گەورەییە.

کاتێک دیداری لەگەڵ کێنتندا کۆتایی دێ و بەهەڵکەوت تووشی پیرە پیاوێک دێ کە ئەویش سەردەمانێک خزمەتکار بووە و پێکەوە قسە دەکەن. دوایی سەیری ڕیزەچراکانی قەراخ دەریا دەکا کە هەڵکراون و لەبەرخۆوە دەڵێ هێشتا تۆزێک لە ڕووناکایی ڕۆژ ماوە. ڕەنگە قسەکانی ئەو کابرایەش ڕاست بێ کە وتی بۆ زۆر کەس خۆشترین بەشی ڕۆژ شەوە، بەشێک کە بە درێژایی ڕۆژ چاوڕوانی دەکەن.
ئەگەر وا نیە بۆ ئەو جەماعەتە بە هەڵکردنی چراکان گەشکە دەبن و خۆشیی دەکەن. پیاوە بەساڵاچووەکە پێی دەڵێی ئەو ڕێگایەی تۆ گرتووتەبەر هەڵەیە، کەم چاوت لە ڕابردوو بێ، حاڵت خراپ دەکا. هەموومان واین، سەرەنجام دەبێ قاچمان ڕاکێشین. دەبێ چاوت لە ئایندە بێ، بۆخۆت خۆش بە، خۆشترین بەشی ڕۆژ شەوە.

بەڵام دوا دێڕەکانی ڕۆمانەکە دیسان ئەو تۆزقاڵە ڕووناکییەش دەکوژێنێتەوە کە وەکوو هیوایەک بۆ گۆڕان لە بیرکردنەوەی ستیڤێنزدا بەدی دەکرا؛ کاتێ ستیڤێنز دەڵێ: بەڕای من هیچ کێشە نیە ئەگەر گەورە و خاوەن سەرا لە خزمەتکارەکەی خۆی کە لە کار و ئیشی خۆیدا سەرکەوتووە چاوەڕێی گاڵتەوگەپ بکا، هەڵبەت من بۆخۆم ماوەیەکی زۆرم کات بۆ فێربوونی گاڵتە سەرف کردووە بەڵام لەوانەیە بە جدییەتی تەواوەوە وەدوای ئەو ئیشە نەکەوتبم. سبەی کە بگەڕێمەوە سەرای دارلینگتن بەڕێز فارادەی تا حەفتەیەک نایەتەوە، بۆیە زۆرتر دەرفەتم هەیەوە خۆم ئامادە بکەم ڕەزامەندیی بەڕێزیان وەدەست بێنم.

ئەوەوی دەکرێ وەکوو بەرچاوترین تێم(Theme) لە ڕۆمانی پاشماوەی ڕۆژدا ئاماژەی پێ بکرێ گرنگترین لایەنی ژیانی ستیڤێنزە کە هەمان شکۆمەندیی(dignity) باتلێرێکی ئینگلیزییە. لای ستیڤێنز ئەو دەرکەوتنانەی لە شکۆمەندییەوە سەچاوە دەگرن بەتایبەت لە دۆخە دژوار و چارەنووس سازەکاندا سەرخزمەتکارێکی سەرکەوتوو وەدی دێنن.
ئەم هەست بە شکۆمەندیی کردنە کارتێکەریی بەرچاوی دەبێ لەسەر ژیانی ستیڤێنز بەتایبەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مەرگی باوکیدا کە لەگەڵ ئەوەی لە مردنی باوکی ئاگادار دەکرێتەوە ئەو میوانی و ئاهەنگەی هاوکات خەریکە لەسەرای دارلینگتندا بەڕێوە دەچێ بەجێ ناهێڵێ، یان ئەوەی کە هەست بە خۆشەویستی کێنتن دەکا و تەنانەت کێنتن لێی نزیک دەبێتەوە کەچی ستیڤێنز لە درکاندنی هەستی خۆی خۆ دەبوێرێ و دواجار شکۆمەندیی پیشەکەی هەڵدەبژێرێ.

لە بەکگڕاوندی گێڕانەوەکەی ستیڤێنزدا چەن بڕگەی گرنگی مێژووی ئەورووپا و جیهان هاوپێچ دەکرێ و باسی لێوە دەکرێ کە دەگەڕێتەوە بۆساڵەکانی نێوان شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم و بە تایبەت چەند ساڵی پێش دەسپێکی شەڕی دووەم.

بیرەوەرییەکانی ستیڤێنز دوو بەشن: یەکەم ئەوانەی پەیوەستن بە ژیانی تاکەکەسیی خۆی کە چیرۆکی عیشقێکی بێ ئاکامن کە هیچکات تەنانەت دەریشی نەبڕی، دووەمیش ئەو ڕووداوانەن کە لە سەرای دارلینگتندا و لە پێش چاوی ستیڤێنز ڕوو دەدەن کە ئەو زۆر لێیان تێناگا و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆبوونەوە سیاسییانەی لایەنە کانسێرڤاتیڤەکانی ئینگلیز کە لەو سەردەمەدا هەوڵی لێکتر نزیک کردنەوەی دەوڵەتی ئینگلیز و ئاڵمانیان دەدا.

ئەم بەکگراوندە مێژوویی و سیاسییەی لە ڕۆمانەکەدا بوونی هەیە مرۆڤی فەرمانبەردار و گوێڕایەڵی وەکوو ستیڤێنز بەرهەم دێنێ کە وەک دەبینین تەنانەت پاش تەمەنێک چاوپۆشی لە حەز و ویستی خۆی وەک ئینسانێک، دواجار حازر نیە دەست لەو شکۆخوازیی و مەزن ویستییە پوچ و بێ ئەنجامەکە خۆی هەڵگرێ.

Ata




شیعر: خۆشم دەوێی … نووسینی/پۆڵ ئێلواڕ… وەرگێرانی/حەمە ھیوا

‎لەپێناوی ئەو ئافرەتانەی کە نەمناسیون خۆشم دەوێی
‎لە پێناو ئەو کاتانەی کە تێیدا نەژیاوم خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی ھەوای پاکژ و بۆنی نانی
‎گەرم
‎لە پێناوی ئەو بەفرەی کە دەتوێتەوە
‎لە پێناوی گوڵە پێگەیشتوەکان
‎لە پێناوی گیانلەبەرە پاک و بێگەردەکان
‎ئەوانەی کە مرۆڤ ئارەزویان لێ ناکات
‎خۆشم دەوێی لە پێناوی خۆشەویستی
‎خۆشم دەوێی لە پێناوی ئەو ئافرەتانەی
‎کە ھەرگیز خۆشم نەویستون

‎کێ پێچەوانەی من بێت…تەنھا تۆ نەبیت
‎تەنھا کەمێکی منی بینیوە
‎بەبێ تۆ ھیچ شتێک نابینم بە درێژایی
‎ماوەی ئەمرۆ و دوێنێ
‎ھەموو مردوەکانم تێپەڕاند لەسەر کا
‎نەمتوانی کون کەمە دیواری ئاوێنەکەم
‎وشە بە وشەم پێویست بوو
‎بۆ پاراستنی ژیان
‎لە پێناوی ئەو داناییەی تۆدا
‎کە من نیمە خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی تەندروستی دژ بە ھەمو وەھمێک
‎خۆشم دەوێی
‎لە پێناوی ئەو دڵە نەرمەی
‎ھەمە و خەیاڵ دەکات کە تۆ گومان و یەقینی
‎تۆ خۆری بەرزی منی تا سەرم
‎بەرزم دەکەیتەوە
‎کاتێک تەواو دڵنیا دەبیت لە من

————————————–
سەرچاوە:

I Love You (Je t’aime), by; Paul Eluard




دوا گاڵته‌جاڕترین دەقى دنیا …. سەلام عەبدوڵڵا

چەند سەرخەتێک لەسەر نووسینێکی بەختیار عەلی ……

ئێستا ئەم دەقەى بەختیار عەلى لە فێسبوکی هاوڕێیه‌کم بەرچاو کەوت:(کۆچ یاخیبوونێکی ڕەمزیی بێئامانجە، جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات، نەوەک بەرامبەر چینێک یان توێژێک یان دەسەڵاتێک بەڵکو بەرابەر هەموو کۆمەڵگا. نائومێدیی نییە لە سیاسەت بە تەنیا بەڵکو نائومێدییە لە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی، نائومێدیی نییە لە ئێستای ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە، بەڵکو لە داهاتووشی. بەڵام نائومێدییەکی بێزمانە، نائومێدییەکە کە لە شێوەی ڕقێکی نەپاڵێوراو و نەسازێنراودا دێتەدەرێ. کۆچ بە شێوەیەک لە شێوەکان تەعبیرە لەو بێزمانییەی مرۆڤی ئێمە، لەو ئاستە نزمەی تەعبیرکردن. مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە شتێک توڕەیە، دەیەوێت خۆی لە شتێک ڕاپسکێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕقە بخاتە سەر زمانێکی ڕوونی قسەکردن، ناتوانێت بە ڕوونی پاڵنەر و مۆتیڤەکانی دیاریبکات… کۆچ تێکستێکە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت.
“بەختیار عەلی” له کتێبی فیکریی «ناشوێن»ەوە
لە پەیجی Negative وەرگیراوە)

لێرەدا”عەبقریەتی”رستە بە رستەكه‌ی پیشاندەدەم :

1 ـ (کۆچ یاخیبوونێکی رەمزی بێئامانجە)

لەراستیدا کۆچ دیاردەیەکی زۆر کۆنە و هەموو گەلانی دونیای گردۆتەوە و لەکاتی جەنگە جۆراوجۆرەکان و هەژارى و بڵاوبوونی پەتا یان کەم ئاوی یان رەگەزپەرەستى یان…هتد روودەدات و ئامانجی زۆر زەق و دیارى پر ِ ئامانجی هەیە، بۆ نموونە وەک: پاراستنى ژیان، ئازادی، دابینکردنی بژێوی. هەروا بۆ نموونە کۆچکردنى ناوو ڵات هەیە لە شارێکەوە یان هەرێمێکەوە بۆ شار و هەرێمێکی تر.

2 ـ (جۆرە شۆرشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات ، جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات، نەوەک بەرامبەر چینێک یان توێژێک یان دەسەڵاتێک بەڵکو بەرابەر هەموو کۆمەڵگا.) .

هەندێ جار پرسیارکردن پاشترین وڵامە و لێرە پرسیاردەکەم: لە کوێی دنیا کۆچکردن بە شۆڕِش شوبهێنراوە؟ بۆچی هەر تاکی ئێمە کۆچ دەکات؟. هۆکارى پەنابردن بۆ کۆچکردن لە وڵات دیسان فرە لایەنە و هەیە لەبەرامبەر چینێک یان توێژێک و هەیشە لەبەرامبەر دەسەڵاتێک و کەسانی وایش هەن شێوە ژیانی ئێرەیان پێقبووڵ نیە،بۆیە لەبەرامبەر هەموو کۆمەڵگا رێگاى کۆچکردن دەگرنەبەر.

3 ـ (بەڵام نائومێدییەکی بێزمانە، نائومێدییەکە کە لە شێوەی ڕقێکی نەپاڵێوراو و نەسازێنراودا دێتەدەرێ)

دیاردەى کۆچکردن پەیوەندی نیە بە ئومێد و نائومێد و،(کەم تەختەییە) یەکێک هۆکار جیوپۆلەتیک و کۆمەڵایەتییەکانى پشتگوێ بخات. زۆربە بەخۆیان دەرفەتى هەڵبژاردنیان لەبەردەست نیە، بەڵکو هێزێک لە دەرەوەى ئیرادەى تاکەکان خۆى دەسەپێنێت، بۆ نموونە داعش موسلى داگیرکرد و لە ئەنجامیدا، دەیان هەزار کەس پەنایان برد بۆ کۆچکردن بەرو شار یان وڵاتەکانى تر. زۆرێک لە دانیشتوانى باشوورى ئیتالیا یان وڵاتانی ئەمریکاى لاتین بەخۆى بێکارى کۆچیان کرد بۆ و لاتانی تر.

4 ـ (کۆچ بە شێوەیەک لە شێوەکان تەعبیرە لەو بێزمانییەی مرۆڤی)

نەخێر کۆچکردن تەعبیرە لە هیواى مرۆڤ بۆ خۆدەربازکردن لە مەرگ، برسێتی، (سەبی)کردن، بێکارى، وێرانی ژینگە و قڕکردن و هەیشە لە پێناو هەلێکی باشتر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە یان پاش(خۆشەویستى بە رێگاى تۆرە کۆمەڵایەتییەکان)وە بۆ گەیشتن بە خۆشەویست یان لە پێناو سەرمایەگوزارى.

5 ـ (.مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە شتێک توڕِەیە، دەیەوێت خۆی لە شتێک ڕاپسکێنێت)

رستەیەکی زۆر پێکەنیناویە… پەیوەندی نێوان کۆچکردنى ئێزدیەک و توڕەیى چییە؟ پەیوەندی نێوان تورەیى و کۆچکردنی سریلانکییەکان چییە؟ پەیوەندی نێوان توڕەیی و کۆچکردنی زۆرێک لە گەنجە بەدبەختەکانى خانەقین یان خورماتو و کەرکوک چییە؟
مرۆڤی ئێمە یەعنی چی؟ ئاخر هەزاران جۆرى مرۆڤى مرۆڤ هەیە بە تێڕوانینی جۆربەجۆر کە هەر یەکەیان مۆتیڤی تایبەتى هەس، ئاخر بە چ پێوەرێکی زانستى هەرهەمووى بە یەک چاو سەیر دەکرێت؟

6 ـ (ناتوانێت بە ڕوونی پاڵنەر و مۆتیڤەکانی دیاریبکات)

مناڵیکیش ئەم قسەیە ناکات و خۆى بەدرۆ دەخاتەوە. خۆى نووسیویەتى(کۆچ یاخیبوونێکی ڕەمزیی بێئامانجە، جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات)..پرسیار لە هەر کۆچبەرێک بکەیت هەزار یەک پاڵنەرت بۆ دەهۆنێتەوە. بۆ ئاگاداریتان(پاڵنەر واتە مۆتیڤ) بەڵام بلیمەتەکە هەردووکی بەکارهێناوە وەک بڵێی ماناى جیاوازیان هەیە!.. کاتى خۆى زۆر زۆر وشەى بیانی بەکاردەهێنا بەڵام زۆربەیان یان هەڵە و لە وتارێکدا بەسەر یەک بە یەکیان چوومەتەوە.

7 ـ (کۆچ تێکستێکە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت)

وەک دەبینن، بەختیار بەخى تێکستەکەى بە قاچ نووسیوە و سەلماندی شایانی زۆرترین پەیگەرە و بەخێر بمێنن!




کتێبێکی شیعری: خۆر نشینان بارانی وشە سوورەکان تەڕم دەکا …. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..خۆرنشینان




وڵاتی شەیدایی … مارف عومەر گوڵ

ناحەوێتەوە ،
دڵ دێوانەیە لە دووریت ،
چرایەکی بەدەستەوەیە ،
بردمی بەرەو سنورێکی دوور دوور ،
ئێوارە چوومە باوەشی هەور
ئەوەندە باسی ئەستێرەی بۆ کردم ،
تا تاریک داهات و کەوتە جریوە بەسەر سەرمەوە
هێشتا مەیە ، عەشق و شەیدایی
لەودیو هەورەوەیە ،
هەتا باڵ نەگری مەیە !
ئەو ڕێگایە پێدەزانی ،
دەگاتە خەرمانەی مانگی شەیداییم
یا هێشتا باڵی فڕینت بێ پەڕە ؟
هێشتا لەماڵ مەیە دەرێ ،
تەپوتۆزی لەناکاوی جەنگی ژیان
بیناییت ڵێڵ و چاوی منیش کوێر دەکات
جارێ چاوەڕێ بە ،
هەتا عەشق ئەبێتە سنەوبەرێکی کەڵەگەت
جارێ چاوەڕێ بە ،
لە دەمەو بەیانیەکا من بە تەپڵی شادمانیەوە
مژدانەیەکم پێیە بۆم هێناویت
تۆ بە پەڕوباڵی خۆتەوەو
من بەڕێگایەکی تردا ،
دەچینەوە بۆ وڵاتی شەیدایی !
هێشتا مەیە ، عەشقت زەرنەقوتەیە
ئەم جەنگی باروتە دەتپڕوکێنێ
خەرمانەی شەیداییم وێران مەکە
بێ ماڵ و حاڵ دەمێنمەوە
هێشتا مەیە
هێشتا پەپولە ناوێرێ قۆزاخەی گوڵ جێ بهێڵێ ،
ماڵی خۆت و ماڵی منیش وێران مەکە ، مەیە
سەرتاپای ژینم ،
بەسەر باڵەخانەی شەیداییمەوە
هێلانەیەکم بۆ تۆ دروست کردوە ،
هەر من دەزانم باڵی بەختەوەریت
بۆ کوێم دەبات !
لەم پەرێشانیەدا خۆت بگرە ،
لەو خەڵوەتی بێ پەڕ و باڵیەدا بحەوێوە ،
لە دەمەو بەیانێکدا پەیدا دەبم !

٢٦ – ٢٧ / ٦ / ٢٠١٨
کەرکوک – سلێمانی
تێبینی: ئەم شیعرە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ / ئەدەب و هونەر ، ژمارە (٧٧٦٦) لە ١٧/١/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.




گه‌شتێک بۆ ئاسمان … ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر

هه‌ڵۆیه‌کی گه‌وره‌وجوان
هات نیشته‌وه‌ له‌سه‌ربان
منیش وتم..به‌خێربێیت
باڵه‌کانم پێ ده‌ده‌یت؟
سوڕێک بفڕم بۆ ئاسمان
بچمه‌ لای ئه‌ستێره‌کان
هه‌ڵۆکه‌ وتی فه‌رموو
بۆم بهێنه‌ره‌وه‌ زوو
باڵه‌کانم کرده‌ شان
چوومه‌ قوڵایی ئاسمان
بینیم یه‌ک دنیامنداڵ
په‌رین و ئه‌فڕن به‌ باڵ
ماڵیان ئه‌ستێره‌کانه‌
ڕازاوه‌و چراخانه‌
که‌وتوونه‌ به‌زم ویاری
خه‌نده‌یان لێ ده‌باری
ئه‌وه‌ی له‌لام سه‌یربوو
جلوبه‌رگیان کوردی بوو
وتم..ئێوه‌ خه‌ڵکی کوێن؟
به‌زمانی کوردی ده‌دوێن
وتیا..خه‌ڵکی هه‌ڵبجه‌ین
بۆیه‌ واده‌م به‌خه‌نده‌ین
مندڵانی گه‌رمیانین
ناسک ونه‌رم ونیانین
له‌ساڵانی هه‌شتاکان
له‌زوڵمی زۆرداره‌کان
فڕین بۆلای ئه‌ستێره‌
زۆردڵخۆش ئه‌ژین لێره‌
وتم.. مژده‌ بۆ هه‌موو
کوردوستانمان ئازادبوو
کردیان به‌چه‌پڵه‌ڕێزان
به‌سرودی کوردوستان
منیش فڕیم له‌ سه‌رخۆ
هاتمه‌وه‌ بۆ لای هه‌ڵۆ
چیم دی بۆم گێڕایه‌وه‌
با ڵه ‌کا نم دایه‌وه‌

نوسینی ..ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر.فاڵكنبێری




تێڕامانێک لەسەر ھێز لەناو ژیاندا …. سۆران ئازاد

وشەکان هێزی هەژێنەریان هەیە و هەر لەبەر هەمان مەبەست ئێمە پێویستە ئاگامان لە خۆمان بێت. وشەکان بە تەنیا کۆمەڵێک پیتی لێکدراو نین، بەڵکو زیاتر لەوەن؛ بیرۆکەن، دیدگان، هزرن، بیرکردنەوەن، فانۆسی دەستی ژیانن بەنێو تاریکیدا و بۆشایی شینی ئاسمانن، لەو کاتەی خۆر بە هێزی ئاگراوی خۆی ژیان دەبەخشێت و ڕووناکی دەخاتە ناو ڕێگای بوونمان. ئێمە نازانین بۆچی مرۆ وشەی داهێنا، بەڵام هەر ئەو ڕستەیە پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ وشەی داهێنا. وشەکان نەبان، ئێمە تەنیا ئاژەڵی گیاندار دەبووین، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکی داهێنەرانە بە جیهان و بە یەکتر دابمەزرێنین و هەمان پێوەندیی بمانبەستێتەوە و جیامان بکاتەوە. لەژێر ئەو ڕۆشناییە دایە، کە پێوەندیی بەستن و پەیوەستبوونی بوونمان لە ڕێگەییەوە وەکو خەسڵەتی دانەبڕاوی وشەکان دەمێننەوە.

ئەو داهێنانە هەتا ئێستا درێژ بووەتەوە و درێژیش دەبێتەوە هەتا ناو هەمیشەیی و ناکۆتا، لەو ئاستەی بوون دەکەوێتە ناو قووڵاییە بێ بنەکانی خۆی. هێزی وشەکان تا ڕادەیەکە، کە لە دوای نەمانی کەسی قسەکەر یان نووسەری داهێنەر، دەبن بە تیشکی ڕووناکی و کات و شوێن دەبڕن؛ وەک تیشکی ڕووناکی ئەو ئەستێرە و هەسارانەی ملیۆنان ساڵە خۆیان لەنێوچوون و ڕووناکییەکانیان لەنێو بۆشایی گەردووندا هێشتا ماون و بەرەو شوێنی نادیار لە گەشت دان، تا ڕادەیەک، هیچ تەنێک ناتوانێت ڕێگە لە گەشتەکانیان بگرێت. هەر کەسێک لەسەر زەمین ژیابێت، ژیان و بوون دیاری هێزی وشەکانی پێ بەخشی بێت، خۆی نەک هەر بە تەنیا لەسەر زەوی بینیووەتەوە، نەک بە تەنیا لەنێو هەوا و پانتایی و بۆشایی گەردووندا، بەڵکو خۆی لەنێو ئەشکەوتی ئەندێشەکانیشیدا بینیوەتەوە؛ ئەو ئەشکەوتەی، کە ئەگەر تەواوی ڕێگای دارستانە چڕ و دڕەکان، شاخە سەخت و زنجیرەییەکان، ئۆقیانووسە قووڵ و بێ بنەکان، ببڕین، نایدۆزینەوە، لە هەرە قووڵایی هەرێمەکانی ناو بیرکردنەوە نەبێت. بۆیە گرنگ نییە وشەکان یەکەمجار لەکوێدا دەست بە گەشت دەکەن، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە بە چ هێزێکەوە خۆیان دەخەنە ناو بوون و تا کوێی هەمیشەیی تیشکی ڕووناکیان دەبن بە نوێنەری بوون. لێرەوە دەبینین نەک بە تەنیا لە ڕێگەی وشەکان مرۆڤ دەتوانێت پێگەیەک لە شانشینی نەمرییدا داگیر بکات، بەڵکو لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ڕووناکی داهێنانەکانی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

دارستانی ژیان چڕە و لەو چڕیەتییەدا مرۆکان خەریکی ژیانکردنن. بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا، هەر یەکێک لە مرۆکان نوێنەرایەتی ئەو جیهانە دەکات، کە تێیدا بیر دەکاتەوە. لەو ڕێگەیەوە، جیهانی بیرکردنەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئێمە چۆن لە جیهانی بەرجەست پێوەندەییەکانمان لەگەڵ یەکتر دادەمەزرێنین یان تێکیان بدەین. لەو جیهانەی تێیدا بیر دەکەینەوە، وزە و هێزە شاراوەکان پێویستیان بەوەیە لە لایەن وشەکانەوە نوێنەرایەتی بکرێن و هەر ئەو نوێنەرایەتییەش ڕاستەوخۆترن چالاکی بیرکردنەوە خۆیەتی.
دەمێکە پێوەندیی بیرکردنەوەی ئێمە بە ژیان نامۆ بووە. لەنێوەڕاستی ڕێگەی ژیاندا، نە دەزانین لە کوێوە بە ئێرە گەیشتووین، نە دەشزانین بەرەو کوێ دەچین. دیارە مەبەستمان لە لەکوێ هاتن و بۆ کوێ چوون لەناو جیهانی بەرجەست نییە، بەڵکو لەناو جیهانی بیرکردنەوەمانە. لەو ڕوانگەیەشەوە و بۆ جارێکی تر ڕێگاگرتن، پێویستیمان بەوەیە پەنا بۆ وشەکان ببەین لەپێناو ئەوەی ئەو جیهانانەمان بۆ بدۆزنەوە، کە بیرکردنەوەی ئێمە هێشتا دەستی پێ نەگەیشتوون، بۆیە غەرقی نامۆیی و ڕووبەڕووی ڕۆژە ترسناکەکان بووەتەوە. ئەو پەنابردنەمان بۆ ئەوەیە وردە وردە کەشتیوانی ژیان، سەرەڕای ئەزموونکردنی مردنی خۆی، کەشتییەکەی لە دوورگەی ژیان، چ بە هێزی سیحراوییەکان بێت، چ بە خۆ-ئاڕاستەکردن، لەنگەر بگرێت و بە مردنیشی، هەموو هێزەکان لەنێو گۆی ژیاندا نوێنەرایەتی مەزنیی بکەن و وەک ڕووناکییەکیش بۆ ژیانی ئەوانی تر بدرەوشێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا وا پێویست دەکات ئەو بەرزەفڕینەی وشەکان سەرکۆنە بکەین و ناچاریان بکەین لەسەر زەمینی ڕاستەقینە و بە کێشە ڕاستەقینەکان دەست بە گەشتی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر لەوێوە دەروازەیەک بۆ فڕینی باڵاتر بدۆزنەوە و باڵ بگرن، ئەگەرنا ناچاربن وێستگەی فڕین لە نەبوونەوە دابهێنێت و کەشی باڵابوون بکەن بە نەریتی باو.

****

ئەو مرۆڤەی، کە بوونی هەیە، لە بەردەم بوونێک دایە، کە سەرەڕای پڕیەتی لە ئەگەرە گەورەکان، لەبەردەم ئەگەری کارەساتیش دایە. ئەو ڕەهەندە وەکو هەڵوێستێکی دانەبڕاو لە خودی ژیانی بوونی ئەو مرۆڤە ماوەتەوە، لە کاتێکدا لەژێر سایەی هەبوونی ژیانە، کە کارەسات لە سەرزەمینی نەبوونەوە دێتە بوون . کارەساتەکان دەشێت بە ڕیژەیی ڕێگەیان لێ بگرێت یان دوابخرێن، بەڵام ڕەهەندی کارەسات، کە سەر بە ژیانە، وەکو پێکهاتەیەکی دانەبڕاو بەهەمیشەیی دەمێنێتەوە و لە دواین ئاستیشدا، بە مەرگ و مردن هەڕەشەمان لێ دەکات. هەر بوونەوەرێک، کە خاوەن ژیانە، خاوەن هەموو ئەگەری کارەساتە گەورەکانیشە. بەڵام بەربەستێک، کە ڕێگرە لەوەی ئەو ڕەهەندە بناسین ئەوەیە، کە پێمان وابێت ژیان کامڵ و تەواوە. هەتا ئەو کاتەی ڕووداوەکانی ناو ژیان لە ژیان داببڕێنین، نامۆیی ئێمە لە ئاست ناسینی ژیان وەکو دیاردەیەکی گومانهەڵنەگر دەمێنێتەوە. ئەو نامۆییە وەکو دیوارێک خۆی لەبەردەم ئازادیی ئێمە لە تێگەیشتنی بوونی خۆمان بەرز دەکاتەوە. لە ئاکامدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ ژیان، لە یەکەم شوێندا و بەر لەوەی خۆمان بە هیچ بۆچوون و دیدگایەکی گەشبینانە و ڕەشبینانە ببەستینەوە، بڕیار لەسەر کرانەوەی ئێمە بە ڕووی ناسینی خۆمان دەدات. لەناو ژیاندا، کێشەگەلی هەمەجۆر خۆیان گەمارۆ داوە و بە درێژایی ژیان، خۆیان لە شێوە و ماسکی جیاوازدا دەردەخەن. ئێمە دەشێت لە ئاست ناسینی ئەو کێشانەدا سەرمان لێ بشێوێت، وەکو چۆن دەشێت لە ئاست پرسە گەورەکاندا بێ وەڵام بین. بەڵام ئەو سەرلێ شێوان و بێ وەڵامییە پێ دەچێت نیشانەی پوشکوتنی ئاستی سەرەتایی هۆشیاریمان بێت.

وەکو چۆن ئەو پوشکوتنە سەرەتای ژیانی گوڵێکە، بەو شێوەیە خۆ لکاندن بە سەرلێ شێواوی و بێ وەڵامی، بەبێ خستەنگەڕێ هێز و گوڕوتینەکانمان جاڕی مردنی ئەو هۆشیارییە لە هەڕەتی ساوابوونی خۆیدا لێ دەدات. بۆیە، ناسینی ژیان وەک ئازار یەکێکە لە ڕەهەندەکانی، نەک سەرجەمیەتیی ژیان. ئازار دەتوانێت دەستپێک بێت و لەو دەستپێکەدا، مرۆڤ لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی ئاقارەکانی بیرکردنەوەی بوونی دایە. خۆ-چەقبەستن لە یەک ئاستی ژیان ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئاقارە لاوەکیانەیە، کە بەبێ هیچ هەوڵێکیش، ژیان بە هێزی خۆی، ئەو بوونەوەرە بەرەو ڕوویان پەلکێش دەکات. لە کاتێکدا، بۆ ئەوانەی ئارەزوویەکی ئاگراویان بۆ ناسینی بوون و ژیان هەیە، نەک ئەگەرە لاوەکییەکان، بەڵکو ڕووە ئەگەرە نائەگەرەکانیش هەنگاو دەنێن، بۆیان دەچن و ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئەو بۆ چوونە و ڕووبەڕووبوونەوەیە ترسناکە، چونکە مرۆڤ لە دۆخی سەقامگیریی ئێستایدا دادەبڕێت و دەیخاتە بەردەم نادیار. لە ڕاستیدا، ئەوە دابڕاندنی هۆش نییە لە سەقامگیری، بەڵکو ڕاهاتن و خۆ-گونجاندنی هۆشە بەو دۆخەی، کە تێی دایە. وەکو تر، پێویستە ئامانج بریتی نەبێت لە دامەزراندن و گەیشتن بە ئاکامێک، بەڵکو دامەزراندنی تێگەیشتن و دۆزینەوە بێت بۆ ئەو بوونە، کە بیرکردنەوەی ئێمە لە ئاستیدا بێگانەیە. هەر لەو ئاستە دایە، کە ناکۆکی و دژ بەیەکەکان هەڕەشە لە یەکانگیری و باڵادەستی بوون ناکەن. بەڵام بۆ ئەوەی بۆچوونەکان ئاستی بیرۆکەیی خۆیی تێبپەڕێنن، پێویست دەکات لێرەدا تایبەتتر و بنەڕەتیانەتر لە ژیان بڕوانین، تا ئەو ئاستەی ئەگەری تێگەیشتمان لێی، لە سەرووی بۆچوونە بیرۆکەیەکان خۆی لە سەرزەمینی ڕاستەقینەدا بەرجەستە بکات.

یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکان ئەوەیە، کە ئێمە چین و کێین؟ چۆن دروست بووین و چۆن هاتووینەتە بوون؟ ئەگەر ئێمە بەر ئەو پرسیارە بنەڕەتیانە نەکەوین، جگە لە کۆمەڵێک ئەگەری تر، یان ئەوەتا واتای وایە، کە ئێمە لەوەی زیاتر پێویستە لێرەبوونمان لەسەر خاکی جیهاندا و لە گۆی هەوا و گەردووندا بە شایستە خۆمان دەبینین، یان ئەوەتا بەلامانەوە ئەو پرسە لەوە بێ بنەما و بێ واتاترە ئێمە بەلایدا بڕۆین.
هەر دەستپێکردنێکیش لەمەڕ ئەو پرسانە، گومڕاکەر و ناپێویست دەبێت، ئەگەر لە بوونی جەستەوە دەست پێ نەکەن، چونکە ئێمە لە جیهاندا بە جەستەوە هەین و بەبێ جەستە، نە ئەزموونی بوونمان کردووە، نە ئەگەری کردنی وەها ئەزموونێک بوونی هەیە. بەڵام، بۆ ئەو دەستپێکە، ئێمە نەک هەر دەگەڕێینەوە بۆ لەدایکبوونی هەر کەسێک، بەڵکو بۆ ئەو دۆخەی، کە بوون تەنیا بیرۆکە یان چەمکە، وەک ئەوەی، کە لە لە نەریتی بیرکردنەوە و ئایینی بوودیزمدا هەیە؛ ژیان، واتە ژیانی مرۆڤ لە چەمک(conception) ەوە دەست پێ دەکات (1). ئەو کاتەی ئێمە دەزانین، کە ئافرەتێک دوو گیانە، ئەوا ژیانی ئەو کۆرپەلەیە لە چەمکی بوونی ئەو دەستی پێ کردووە، بەر لەوەی لەدایک بێت. هەر لە یەکەم ڕۆژی چەکەرەکردنی هۆکردی دروستبوونی ئەو کۆرپەلەیە، بە کارلێکی سپێرم-هێلکە، ژیان هاتووەتە بوون. ئەو کاتەی منداڵ لە دایک دەبێت، نزیکەی ساڵێکی تەمەنی بڕیووە. هۆکاری ئەوە ئەوەیە، کە کۆرپەلە بە ئامادەییەوە دێتە ناو ژیان؛ ئەندامەکانی دروستبوون و جەستەی مرۆڤێکی هەیە. بە واتایەکی تر، ئەو کۆرپەلەیە ئافرێندراوێکی تەواوە بۆ ژیان. لە زۆربەی کەلتوورەکانی تردا، پرۆسێسی ئەو دروستبوونەی کۆرپەلەی منداڵ لەناو سکی دایکدا گرنگی پێ نەدراوە، چ لە لایەنی فەلسەفییەوە و چ لە لایەنی کەلتوورییەوە. وەکو تر، هەر خوێندەوەیەکی تری بوودیزم لەبارەی بوون لەو باسە بەدوور دەگرین، بە هۆکاری ئەوەی، کە بە ناپێویستی دەزانین و لێرەدا دەروازەی زیاترمان بەڕوودا واڵا ناکەن.

ئەو کاتەی کۆرپەلە، یان هێلکەی کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا دەست بە گەشەکردن و دروستبوون دەکات، پرۆسێسەکە لەڕووی زانستییەوە درێژخایەن و درێژە. ئەو کۆرپەلەیە بەردەوام هەوڵ دەدات بمێنێتەوە و زیندوویی خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام ئەو پرۆسێسە پێشتر ئامادەکراو و بەرنامە بۆ دارێژڕاوە. من وەکو کەسێک خاوەن پێناسی کەسی و شوناسی چ نەتەوەی یان نێونەتەوەی بێت-م. دیاردەیەکی ئاساییشە، کە خۆم وەکو کەسێکی جیاواز لە ئەوانی تر ببینم. بەڵام ئەو جیاکارییە لە ئاست بوونی بایۆلۆگیی من ناپەیوەستە. بەر لەوەی من کەسێک بم وەک ئەوەی، کە هەم، بە لەدایکبوونم وەکو مرۆڤ، ئەگەری بوونم بەوەی، کە هەم، کە خۆمم، هەیە. ئەگەر لە بنچینەدا من وەکو مرۆڤ لەدایک نەبوومایە، ئەو (من)ە بوونی نەدەبوو، کە ئێستا وەکو ڕاناوی کەسی یەکەم بۆ بوونی کەسیەتیم بە کاری دەهێنم. واتە مرۆڤبوون پێشمەرجی ئەوەیە، کە ئەو (من)ە لە نەبوونەوە بێتە بوون و دووەم ئەو (من)ە ناسنامە وەربگرێت. ئەو پێشمەرجە شتێک بەسەر مندا دەسەپێنێت، کە ئەویش ئەوەیە من وەک مرۆڤێک سەر بە ڕەچەڵک و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیم و هەموو ئەگەرەکانیشم لە چوارچێوەی ئەو ڕەچەڵەکە دایە.
ڕەچەڵەکی مرۆڤبوون لەڕووی بایۆلۆگییەوە لە دۆخی بوونی مندا شتێکی پێشتر ئامادەکراوە. ئەو ئامادەکردنە پرۆسێسێکی لەخۆوە نەبووە و نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بڕینی قۆناغی ڕووخێنەر و ئازاربەخشە. بۆ ئەو باسە، (چاڕڵز داروین) لە پەرتووکەکەی (لەبارەی ڕەچەڵەکی بوونەوەر) شیکارییەکی زانستیانەی بایۆلۆگی بۆ دابین کردووین و بەو شێوەیە باسی ئەو پرۆسێسە دەکات:

“هەر بوونەوەرێک، کە بە درێژایی ماوەی ژیانی کۆمەڵێک هێلکە یان توخم بەرهەم دەهێنێت، دەبێت بە درێژایی ماوەیەک لە ماوەکانی بە داڕووخان تێپەڕێت…”(2)
ئەو داڕووخانە، هەر بەپێی دۆزینەوەکانی (داروین) بێت، لەپێناو پەرەپێدانی ئەو ڕەچەڵەکەیە، کە بۆ مانەوە تێدەکۆشێت. ئامانج لەو تێکۆشانە ئازار نییە، بەڵکو مانەوەیە. بەڵام، ئەوە بەو واتایە نایەت، کە پرۆسێسەکە بەبێ ئازارە. وەک خۆی دەنووسێت:
“هیچ ئەندامێک شێوە ناگرێت… بە مەبەستی ئازاردان یان بریندارکردنی خاوەنەکەی.” (3)

ئەو دۆزینەوەیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە هەم پرۆسێسی تێپەڕاندنی داڕووخان، هەم داینامیکی (هەڵبژاردەی سرووشتی) لە ئامادەکردنی ئەو چەشنە بۆ ژیان، هەرچەند لە ئازاربەدەر نەبێت، لە دژی پێکهاتەی ئەو بوونەوەرە نییە بۆ ژیان. بە واتایەکی تر، ئازار ڕەهەندێکی ڕووخێنەری نییە. لەپاڵ ئەوەدا، ئاماژەدانێکی ڕاستەوخۆیە بەو ڕاستییەی، کە هەر چەشنێک لە بوونەوەر شەڕ بۆ مانەوە و زیندوویەتی دەکات. سەرکەتوویی و شکست لەمانەوەدا وابەستەیە بە یەکێتی و تۆکمەیی هێزی ئەو چەشنە. ئێمەدا دەزانین، کە مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی ئامادەکراو بۆ ژیان بوونی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لەو تێکۆشانە درێژخانە و ملیۆنەها ساڵەی زیندەوەران لە جیهاندا. بەڵام ئەوەش دەزانین، کە ئەوەی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی گەیاندووە بەو ئاستەی ئێستا تێکۆشانی بەردەوامی چەشنەکەی بووە بۆ مانەوە. لە هەمان کاتدا، پرۆسێسی ئەو مانەوەیەوە، لە دیدی (داروین)، هاوپەیوەستە بە پەرەسەندن (evolution). تێکۆشان لەپێناو مانەوە هەر بە تەنیا زەمینەی مانەوە خۆش ناکات، بەڵکو ئەو تێکۆشانە لە ئەنجامدا پەرە دەسێنێت. ئەو پەرەسەندنە بە گۆڕانی هێواش و یەک بە دوای یەک زنجیرە دەگرێت. تا ئەوەی ئاستی تێکۆشانی ئەو چەشنە بڕیار لەسەر پێکهاتە سرووشتییەکەی و هەڵگەڕاندنەوەی (transmutation) دەدات.
لەبەر ئەوەیە لە گۆی ژیان (bio-atmosphere )، چەشنی مرۆڤ توانیوویەتی بۆ ئاستێکی باڵا پەرەبستێنێت.

لێرەدا، من نامەوێت ئاڕاستەی باسەکە بەرە خوێندنەوەیەکی زیندەوەرزانیانە بۆ بوونی مرۆڤ بەرم، بەڵکو دەمەوێت باسەکە سەبارەت بە هێزی مانەوە ئاڕاستە بکەم. گومانی تێدا نییە، کە خودی تێکۆشان و هەوڵدان بۆ مانەوە پێویستی بە هێز هەیە. ئەو ‌هێزە چ ڕاستەوخۆ بێت، بەو واتایەیە، کە ئەو چەشنە بە کردەی ڕاستەوخۆ هەوڵی مانەوە دەدات، چ ناڕاستەوخۆ، بەو واتایەی، کە ژینگە و ئەو هۆکارانەی، کە ئەو چەشنە لەبارەیانەوە هۆشمەند نییە، گوزاشت لە پێکهاتە شاراوەکەی ئەو هێزە دەکەن. مەبەستمان لە هەوڵی ناڕاستەوخۆ و ناهۆشمەند ئەوەیە، کە مەرج نییە ئەو چەشنە هۆشمەندانە یان بە ڕاستەوخۆییەوە بۆ مانەوە تێبکۆشێت. بۆ نموونە، کە ئێستا من دەنووسم، بێئاگام لە هەزاران پرۆسێسی زیندەوەرزانیانە، کە لە لەناو جەستە و دەورووبەرووی من ڕوو دەدەن. من دەزانم، کە ئەو خواردنەی خواردوومە، ئەگەر تەندروست بێت و سیستەمی هەرەسکردنی جەستەشم تەندروست بێت، لە جەستەمدا هەرس دەبێت، دواتر ئەوەی ناپێویستە دەبێت بە پاشماوە. دەشزانم، کە جەستەی من بەردەوام لە هەوڵی مانەوە دایە و بۆ ئەو هۆکارە میکانیزمی بەرگری لە دژی مەترسییەکان بەکار دەهێنێت. بەڵام من ئاگام لێ بێت، یان بزانم و نەزانم، جەستەی من بەو ئەرکە هەر هەڵدەستێت.

یان بۆ نموونە، لە دەرەوەی جەستەی مندا، گۆڕانی بەردەوام ڕوو دەدەن. ئەگەر هەوای دەرەوە ژەهرای بێت، لەناوچوونی من ئەگەری زۆرە. ئەو دارەی بەردەمم، بەبێ ئەوەی من ئاگام لێی بێت، لە ڕێگەی پاککردنەوەی هەوا خزمەت بە مانەوەی ژیان دەکات. لە ئاکامدا، هۆکارە ناڕاستەوخۆکان هێزێکی گەورە و بنچینەیان لە مانەوەی من و ئەوانی تر وەک مرۆڤ، لەگەڵ زیندەوەر و گۆی ژیان هەیە. لەو ڕووەوە، ئاگامەندی ئەو گەنجینە شاراوەیە نییە، کە وەکو بنەڕەت بۆ بوون داندراوە.
هێشتا، هێزێک هەیە لەناو مرۆڤدا، کە ڕاستەوخۆ بۆ مانەوە و پەرەسەندن تێدەکۆشێت. بە واتایەکی تر، هێزێک هەیە، کە بەردەوام دەیەوێت هەلومەرج و دۆخەکانی خۆی بگۆڕێت. ئەو هێزە دەتوانێت هێزی خۆی لە دژی خۆی بە کار بهێنێتەوە. مرۆڤایەتی بە قۆناغی سەخت و هەژێنەری زیندەوەرزانیانە تێپەڕێوە. جگە لەوە، توانیویەتی هەلومەرجەکانی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئاسایش بۆ مانەوەی خۆی بەهێزتر بکات. هەر لە ژیانێکی ئاژەڵانەی بە کۆمەڵ، لە سەردەمی ڕاو و کۆکردنەوە و ژیان لە ئەشکەوتدا، هەتاوەکو بونیادنانی خانوو و بە ماڵیکردنی ئاژەڵان و کوشتوکاڵ. ئێمە دەزانین، کە تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجانە پێویستی بە هێزە، چونکە بەبێ هێز، نەکردەیە مرۆڤ بتوانێت دۆخەکان تێبپەڕێنێت و بگۆڕێت.

لێرەدا، شیکارییەکەی (میشڵ فوکۆ) یارمەتییەکی گەورەمان دەدات بۆ ئەوەی بتوانین هێز لە دۆخە جیاوازەکاندا ببینین و بیخەینەر بەر ڕۆشنایی باس. ئەگەرچی دەستەواژەی (هێز-power)، لە زۆر نووسینی کوردیدا، بە نووسینەکانی پێشووی خۆشمەوە، بە (دەستەڵات) وەرگێڕدراوە، بەڵام وەرگێڕانە دروستترەکە، (هێز)ە. دەستەڵات فۆڕمێکی ‌هێزە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، (دەستەڵات-authority ) هێزێکی ڕەوایەت پێدراوە. دەشێت هێزێک خاوەن ڕەوایەت (legitimacy) نەبێت، بەڵام ڕۆڵی ناڕەوایەتداری خۆی لە گۆیە جیاوازەکاندا بگێڕێت. هەرچی دەستەڵاتی خاوەن ڕەوایەتە، دەتوانێت ‌هێز وەکو کەرەستە، بۆ نموونە ملکەچکردن (coercision) بە کاربهێنێت.(4) دیارە لێرەدا مەبەستمان زیاتر لە دەستەڵاتی دەوڵەتە و حومکڕانییە. (فوکۆ)، بە پێچەوانەوە، لە هەرە ڕەگ و داینامیکی هێز دەکۆڵێتەوە. لە دیدی ئەو، هێز ناکرێت لە سیستەمەکانی دەوڵەت، دامودەزگا، کۆمەڵە و تاکەکان کورت بکرێتەوە، چونکە ‘هێز لە هەموو شتێکەوە دێت’ و لە هەموو لایەک و دیوەکانی کۆمەڵگە هەڵدەستێت، کە وای لێ دەکات پێکهاتەکەی ئاڵۆز بێت. تەنانەت بەکارهێنانی وشەی (هێز)یش، لە دیدی (فوکۆ)، ئاماژەدانە بەو ‘دۆخە ئاڵۆزە ستراتیژی’یانەی لە کۆمەڵگەدا هەن.(5) بەکارهێنانی هێز، بە نەرێنی و ئەرێنی لە ناوەڕۆک و گرنگییەکەی کەم ناکاتەو، لەکاتێکدا، هەردوو بەکارهێنانەکە گوزارشت لە یەکانگیرییە باڵاکەی ‌هێز دەکەن. لەوە زیاتر، (فوکۆ) پێی وایە، کە هێز فاکتۆرەکانی دەستەڵات دروست دەکات.

(6) ئەو فاکتۆرانە رۆڵی ئەوە دەگڕێن، کە ئێمە چۆن ڕاستەقینە یان واقیعی ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی خۆمان ببنین، کە بە هۆی ئەو زانینەی لە پێکهاتەی بەرهەمهێنانەکەیدا دێت، شێوە دەگرێت. بە واتایەکی تر، ئەو زانینەی، کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیوی بەرهەمهێنانی هێز بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، کە ئێمە خاوەن چ جۆرە دیدگایەک بین بۆ ڕاستەقینە یان واقیع (7) و چۆن جارێکی تر لە ڕێگەی ئەو دیدگایانەوە، هەم پێوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ڕاستەقینە دابمەزرێنین، هەمیش پێوەندییەکانی ڕاستەقینە یان واقیع بخەینە ئاستی تێگەیشتینمان. لە ئاکامدا، (فوکۆ) مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات، کە لە لایەکەوە ئاماژەدانە بە پێوەندییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ وەک بوونەوەر، لە لایەکی ترەوە گواستنەوە و ستراتیژە جیاوازەکانی هێزە بەپێ ئەو سیستەم و پێوەندیانەی هێزی تێدا پێ بە کار دەهێندرێت. هێز نەک هەر بڕیار لەسەر کایەکانی ژیان دەدات، بەڵکو لە ڕێگەی لایەنی زانینییەوە ئێمە ناچار دەکات بەو شێوەیە ڕاستەقینە یان واقیع ببینین، کە خۆی دەیخوازێت. وانەبێت، هەمیشە سەرکوتکردن کەرەستەی هێزە، لە کاتێکدا خەسڵەتی زگماکیەتی.

(فوکۆ) لە شیکارییەکەی لەبارەی هێز پەنا بۆ (فریدریک نیتچە) دەبات. ئەو پەنابردنەی هۆکارێکی زۆر بنەڕەتی هەیە. لە کاتێکدا زۆربەی فەیلەسووفەکان شیکارییەکانیان لەبارەی هێز لەسەر لێکۆڵینەوە لە دەستەڵات و دەوڵەت، یان جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان دەست پێ دەکەن، (نیتچە)، بە پێچەوانەوە، مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ هێزدا لە ئاستە هەرە پەتیەکەی دایە. (نیتچە) هێز بۆ ڕەسەنیەتی خۆی، کە ناوەوەی بوونی مرۆڤە، دەگەڕێنێتەوە. بۆیە نووسینەکانی ئەو، ئەگەرچی بووەتە سەرچاوەی گەورە بۆ زۆرێک لە فەیلەسووفانی بواری ڕامیاریش، هێشتا ناتواندرێت بخرێتە هیچ چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆگی. هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە لایەک (نیتچە) گشتگیرانە مامەڵەی لەگەڵ هێز کردووە، لە لایەکی ترەوە، لە کڕۆکی هێز، لەو دۆخەی، کە هێز هێشتا هیچ جۆرە پێوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ دنیای دەرەوە دروست نەکردووە، دەکۆڵێتەوە. (نیتچە) هیچ جۆرە ناکۆکییەک بەرانبەر بە دۆزینەوەکانی (داروین) تا ئەو کاتەی باسەکە پێوەندیی بە ڕاستییە زانستییەکانەوە هەیە، پێکناهێنێت. بەڵام، ناکۆکییەکانی (نیتچە) لەو کاتەدا دەست پێ دەکەن، کە (داروین) دیدی وایە مانەوە ئامانجی تێکۆشانی بوونەوەرانە.

(نیتچە)، بە پێچەوانەوە، پێی وایە بوونەوەران بۆ مانەوە نا، بەڵکو بۆ هێز تێدەکۆشن.(8) جگە لەوەی، کە هێز و ویستی هێز لە هەرە بنەڕەترین ئەو چەمکەیە، کە (نیتچە) لە کارەکانیدا پێداگری و پەیڕەوی کردووە، خوێندنەوەی گشتگیرن بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر گۆی ژیان. ئەو چالاکییانە نەک بە تەنیا بەرانبەر بە ژیانی ڕۆژانەیە، بەڵکو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) و لەژمارنەهاتووە بۆ ناو گۆی ژیان و هەمان دۆخ و ساتەکان. بۆیە باسی هێز نەک بە تەنیا لە خۆ-سەپاندن بەسەر جیهانی دەرەوەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو زاڵبوون و گەشە ناوەکییەکان، کە پێوەندییان بە ژیانی ڕۆژانە و چارەنووسی ئەو بوونە هەیە لەنێو تۆڕی گەڕانەوەی هەمیشەییدا، دەبن بە دەرکەوتە و ڕۆڵەکانی هێز. لەو ڕوانگەیەوە، هێز ناوەکییە و لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت، لە لایەکەوە هەم بۆ زاڵبوون و بەربڵاوکردنی هەژموون بەسەر جیهانی دەرەوەدا، لە لاکەی ترەوە، بۆ بەردەوام خۆ-تێپەڕاندن و زاڵبوون. ئەو پرۆسێسە بەردەوام دەبێت و پێویستە بەردەوام بێت تا ژیان دەگات بە پڕیەتی؛ لەو شوێنەی خۆ لە بەرزاییەوە ئازادانە و خۆزاڵبووانە دەڕوانێتە ژیان، وەک تێڕامانی شاخەوانێک لەسەر لوتکەیەتی بەرز و نیگا خستنەسەر ئەو هەورانەی بوونەتە ئاسمان بۆ دۆڵە نزمەکان و تەم بۆ ڕوانینی ئەو. لێرەدا، هێز ئاڕاستەکردنی ژیانە بەرەو پڕیەتی و کامڵیی خۆی. مەبەستمان لەو پڕیەتییە ئەو دۆخە و ئاستەیە، کە کەسێک لە ژیاندا پێی گەیشتووە. ئەو پێگەیشتنە هەوڵێکی ئافرێنەرانەیە، چونکە لەو هیچیەتی بوون، ئەو کەسە شتێک یان ئاستێکی ئافراندووە، کە بوونی ئەو کەسەی پڕ کردووە لە ویستی ژیان. ئەو ویستە دەرئەنجامی جووڵاندن و ئاڕاستەکردنی داهێنەرانەی هێزی بوونە. گرنگ نییە ئێمە لە چ هیچیەتییەکەوە هاتووین، بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕۆڵگێڕانێکی داهێنەرانە و باڵایانەیە لەناو یەکانگیرییەک، کە بوونە و لە بوون دایە.

بەڵام زۆرن ئەوانەی خۆیان لە ویستی ژیان بێ بەش کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو جیهانە ڕاستەقینەی ئێستا وەکو کاروانسەرایەک دەبینن بۆ گەیشتن بە جیهانێکی دی. ئەوەیش وایکردووە هەڵوێستێکی ڕووخێنەرانەیان بەرانبەر بە ژیان و مرۆڤایەتی و جیهان هەبێت. وەک تۆڵەیەک لەو خاڵیبوونە لە ویستی ژیان، پەنا بۆ دۆگما و باوەڕی چەقبەستوو و سواو دەبەن. بەڵام چونکە تامەزرۆی پڕیەتی ژیانن، وەها ژیان دەبەخشن بەو باوەڕە چەقبستوو و سواوانە، وەک ئەوەی ڕاستی ڕەها و گومانهەڵنەگر بن. لە هەمان کاتدا، بیرۆکە و دیدگاکانیان ڕووخێنەرانەیە بەرانبەر بە ژیانی ڕاستەقینە و بەرجەست. ئەو نەریتە بە درێژایی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە و هەیە.
ئەو کەسانە کێن و بۆچی هەڵگری وەها دیدێکن بۆ ژیان؟ وەڵامەکان زۆرن، بەڵام یەکێک لە وەڵامە ناوەڕۆکدارەکان ئەوەیە، کە هێزی ئەو کەسانە لە تێکدانی ژیان دایە، ژیانێک، کە شایستەی ژیانکردن نییە. بە واتایەکی تر، ئەگەر ئەو دیدگا و بۆچوونانەیان بۆ ژیان نەبێت، توانای ئەوەیان نابێت بەردێکیش بخەنە ناو قووڵایی دەریای ژیان. ئەو کەسانە بە هۆکاری جیاواز وەها نەریتێکی بیرکردنەوە دادەهێنن. لە پەرتووکی (کازیوەی یەزدان)، (نیتچە) نموونەیەکمان بۆ دابین دەکات، نموونەی (سۆکرات). وەک دەزانین، کە (سۆکرات) بە سوپاسگوزارییەوە جامی ژەهرەکەی خواردەوە و ڕووەو مردن ڕۆیشت. تەنانەت مردنی خۆی وەکو چارەسەری نەخۆشیی ژیان بینی. (نیتچە) هۆکاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، کە (سۆکرات) لەناو کۆمەڵگەکەی خۆیدا پێگەیەکی بایەخدار و گرنگی نەبوو؛ لەناو خەڵکدا، گاڵتەی پێ دەکرا، چونکە ڕوخساری ئەو ناشیرین بوو.

بە دیدی ئەو، کەلتوورناسەکان و لەنێویشاندا تاوانبار ناسەکان پێیان وایە، کە زۆربەی تاوانبارە ترسناکەکان، کەسانی ڕووخسار ناشیرینن. (نیتچە) ئەو گوزارشتە لاتینییە بۆ ئەو دیاردەیە بە کار دەهێنێت، “ڕوخسارێکی دڕندە، گیانێکی دڕندە.” لە هەمان کاتدا، زاراوەی قسەکردنی (سۆکرات) لای ئەسیناییەکان مایەی گاڵتە بوو. بەشێکی زۆری گوێگرتن لە (سۆکرات)، لە دیدی (نیتچە)دا، دەگەڕێتەوە بۆ ویستی فزوڵیانەی ئەسینیەکان سەبارەت بەو میکانیزمانەی (سۆکرات) بە کاریان دەهێنێت بۆ بەرگەگرتنی گاڵتە و سوکایەتییەکان.(9) خوێندنەوەکەی (نیتچە) سینیکاڵانەیە، یان بە واتایەکی تر نەگریسانەیە، بەڵام ئەو خوێندنەوەیەی (نیتچە) فێرمان دەکات، کە سەیری ژیان و سەربوردەی ئەوانە بکەین، کە فێری ئەوەمان دەکەن ژیان بە بێ بەها و هیچ وەربگرین. بە واتایەکی تر، (نیتچە) هۆکار و پاڵنەرە شاراوەکانی ئەو نەریتە بیرکردنەوەیە دەدۆزێتەوە و لە ئاست دوو ڕووییەکان ئاگادارمان دەکاتەوە. وەکو تر، (سۆکرات) توانیویەتی ببێت بە ڕێبەرێکی گەورە، ئەویش بەو نەریتە جیاوازانەی بواری بۆ لەدایکبوونی فەلسەفەی سیستەماتیکی ڕەخساند. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پەرەپێدانی نەریتی دایەلۆگ بەر لەوەی حوکمێک هەر لەخۆوە بدرێت، وەکو داهێنانێکی پڕشنگدار لە جیهانی بیرکردنەوەدا درێژ بووەتەوە و ئاقاری گەورەی بیرکردنەوەی ئاوەدان کردووەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە سینیکاڵەکانی (نیتچە)یە، هەڵوێستی نەرێیانەی (سۆکرات)ە بەرانبەر بە ژیان، کە ڕەگ و ڕێشەی خۆی هەیە و بەبێ خستنەبەر باسی ئەو هۆکردانە، نەکردە دەبێت ئێمە لەو جۆرە هەڵوێستانە تێبگەین، کە بیرکردنەوە و دنیابینی ئێمە سنووردار دەکەن و هێزە گەورەکان یان لەناو دەبن.

دامەزراندنی گوتاری ڕەها دژ بە ژیان دەشێت میکانیزمێکی باشی ئەو کەسانە بێت، کە توانای ئاوەدانکردنەوەی ئاقارە گەورەکانی بیرکردنەوەیان نەبووە، بەڵام گواستنەوەی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، یان هەلومەرجدارکردنی بیرکردنەوەی ئەوانی تر بۆ ئەوەی ژیان لە چوارچێوەی هەمان ئەو دیدگا سنووردارە ببینن، لەپێناو ئەوەی بە ڕاکێشانی ئاگایی ئەوانە بەرەو ئەو دیدگایانە هێزی گوتارەکەیان یان پێگەیان بەهێزتر بێت، بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ئەوانی ترە وەکو کەرەستەیەکی کەسی. هەمان بەکارهێنان ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ویستە خۆپەرستییەکان. ئەوەیش وا دەکات ئەو کەسە خاوەن هەمان ئەو گوتارە بێت، کە دژ بەرەو پێشچوونی ڕەچەڵەکی مرۆڤایەتییە. کەسێک لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هاتبێتە دنیا، جەستە و ژیانێکی مرۆڤانەی هەبێت، خاوەن زمان و کەلتووری مرۆڤایەتی بێت، بە گشتی هیچ شتێکی نەبێت لە دەرەوەی بوونی مرۆڤ بێت و بۆ هێز تێبکۆشێت، وەک هەمیشە، ئەوەی لە مێژوودا بۆ ئەو مەبەستە کراوە و دەکرێت، بە کراوەیی دەیانگرێتەبەر و لەو گرتنەبەر، یان لەناو دەچێت، یان ناچار دەبێت سازش لەسەر هەندێک لە ویستەکانی بکات، یان دەبێت بە خاوەن هێزی گەورە و هەژموونی. بەڵام، ئەگەری تریش ئەوەیە، کە ببێت بە کەسێک دژ بە ژیان. وا پێدەچێت، کە مرۆڤ بەرگەی پەراوێزخستن نەگرێت، بۆیە بەدوای دەرچەی جیاوازدا دەگەڕێت تا ئەو بەرگەنەگرتنە پڕ بکاتەوە.

تەنانەت پەنابردنیش بۆ ئایین لە زۆربەی دۆخەکاندا دووبارە بۆ تێکۆشانە بۆ هێز، بەڵام بە زانینی جیاوازتر. هیچ ئایینێک نییە لە ڕێگەی زانینەوە هێزی دەست نەخستبێت و لە ڕێگەی هێزەوە زانینەکەی نەچەسپاندبێت. وەک (فوکۆ) بۆمان شی دەکاتەوە، هێز ئەو زانینە بەرهەم دەهێنێت، کە دەیەوێت باڵادەست بێت بەسەر دیدگای ئەوانی تر بۆ ڕاستەقینە و ژیان. هیچ زانینێکیش ناتوانێت بەردەوام بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات، ئەگەر بەردەوام هەوڵی پاراستن و بەهێزکردنی خۆی نەدات.(10) بابەتەکە ئەوە نییە چ ئایینێک ڕاستە، بەڵکو چ ئایینێک بەهێزە. لە چوارچێوەی ئەو جۆرە زانینانە دایە، کە ئێمە دنیابینی خۆمان دادەڕێژینەوە. بەڵام لە چوارچێوەی هەمان زانینیشە، کە ئەو کەسانە چاوەڕێی ئەوەن خوداوەند بێتە خوارەوە، نەک بە تەنیا هەموو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، بەڵکو ببێت بە خزمەتکارەی یەک بە یەکی تاکەکان. ئەو بۆچوونەیش، ئەگەر فوکۆیانە لێی بڕوانین، دووبارە دەرئەنجامی ئەو زانینەیە، کە باڵادەستە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت بگەڕێت بە دوای ئەو هێزانەی لەدەستی چوون و نەماون، پێویستە بەر لە هەر شوێنێک ڕوو بکاتە ناو ئەو ئەشکەوتەی، کە لەناو هۆشی خۆی دایە، بۆ ئەوەی بزانێت ئەوە چ سەرچاوەیەکە دزەی کردووەتە ناو ئەشکەوتی بیرکردنەوە و ئەندێشەکانی و بەردەوام هێزە گەورەکانی لێ دەبات. دەشێت ئەو دزەی هێزەکان دەبات بەردەوام بە ترس و تۆقاندن هێزەکان ببات، یان دەشێت خۆشباوەڕی و باوەڕی سواو بێت، یان دیدی لاواز بەرانبەر بە پرسەکان و خۆ-سنووردارکردن لەپێناو کۆمەڵێک ئاسایش و مانەوە. هەر شتێک بێت، بێگانەبوون لەناو ماڵی خۆتدا، کە بوونی خۆت بێت، لەناو خاک و ژینگەکەتدا، لەناو ئەشکەوتی پڕ گەنجینەی بیرۆکە و ئەندێشە داهێنەرەکانتدا، مردنە، بەر لەوەی مردن گەیشتبێت.

****

کەس نازانێت بۆچی کاتێک بەلای ڕووباڕێکدا تێدەپەڕین، یان کاتێک ڕووبارەکە بەلاماندا تێدەپەڕێت، یان هەردووکی لە یەککاتدا و هیچیان لە هیچ کاتدا، ناپرسین، کە ڕووباری مەزن لە کوێوە بۆ کوێ دەچێت. ئێمە دەزانین، کە ئەو ڕووبارە سەر بە نیشتیمانی ئاوە؛ لە هەرە پێکهاتە گەورەکەیەوە بگرە بۆ بچووکترین پێکهاتە، کە بوونی ئەو پێک دەهێنن. هەر بڕێکیش لە ئاو خاوەن پێکهاتەی ئاوبوون بێت، گرنگ نییە چەندە جیاواز بێت و سەر بە چ شوێنێکی تر بێت، کاتێک لەگەڵ بڕێک ئاوی تر تێکەڵ دەبێت، جگە لە پێکهێنانی یەکانگیرییەکی گەورەتر لە بڕدا، ساتی یەکگرتنیان ئەزموونی هیچ بەرەنگارییەک ناکات. یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکان دەشێت ڕاهاتنی ئاو بێت بە بەردەوام خۆ-گواستنەوە لە مردن و ژیاندا بۆ دۆخ و شێوەی تر؛ لە دەریاوە بۆ هەڵم، لە هەڵمەوە بۆ هەور، لەوێشەوە بۆ بەفر و باران و تەرزەبارین لە سەرزەمین و سەرئاوی جیاوازتر لە شوێنی ڕەسەنی خۆی، یان تێکەڵبوون بە خاک، یان دەستپێکردنی گەشت بەناو لەشی بوونەوەران و بەردەوامیدان بە ژیانی کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاواز و ڕووخاندنی کۆمەڵێکی تر. بەناو هەموو ئەمانەدا، ئاو لە ئەزموونی بەردەوامی ژیان و مردن دایە. لەبەر ئەوەی خۆی بەردەوام لەو ئەزموونە دایە، کەس ناتوانێت گلەیی لە ئاو بکات، کاتێک کەسێک لەناو دەبات، یان ئێمە ناتوانین دادگایی ئاو بکەین و کردارەکەی بە خراپە دابنێین، چونکە ئەو هاوکێشەیە لە دەرەوەی بوونیەتی. ڕوانینێک، کاتێک دەکەوێتە سەر گەشتی ڕووبارێک، دەشێت ملیارەها چیرۆکی بۆ گێڕانەوەی سەربوردە و ئەزموونە جیاوازەکان هەبێت. ئێمە دەزانین لەناو ئەو کاتە بێکۆتاییەی ژیان، لەناو لەژمارنەهاتووی مێژووی ژیان، ئەو ڕووبارە لەو دۆخە و شوێن و کاتەدا، بە تەنیا یەکجار لەو دۆخە دایە و خاوەن ئەو یەکێتییە گەورە و یەکانگیریی بڕی جیاوازی و نەبیندراوی خۆیەتی. ئەو ڕوانینەش، لەناو بێکۆتای کات و بووندا، یەکجار و دواجار سەرنجی دەچێتە سەر ئەو گەشتەی ئاو لەناو ڕووبارەکەدا.

هەموو گەشتەکان، هەموو ڕوانین و ساتەکان، هەموو ڕۆیشتن و تێپەڕبوون و مانەوەکان، هەمووی بە تەنیا یەکجار و دواجار ڕوو دەدەن. هێشتا زنجیرەی دووبارەبوونەوە لە دۆخ و ساتی جیاوازدا، ئەو سات و دۆخە تەنیایانە دەخاتە ناو یەک یەکێتیی باڵا و لەخۆگر، بەڵام نەک بەو واتایەی لە تایبەتمەندییە تاقانەکانی خۆیانیان داببڕێت. ژیان هەمیشە و بەردەوام پڕیەتی لەو ساتە تاقانەیانە، کە ئەگەرچی وا دەردەکەون، کە دووبارە بن، بەڵام هیچ کات هەمان پێکهاتە و بڕ نین و هەمیشە پەیامی زیندوو و پڕ لە ژیان و مردنیان پێیە؛ ناگرنگ لەوەی ئێمە هەستی پێ دەکەین، یان ئاگاییمان دەچێتە سەریان یان نا، هەن و دەبن و نابن. ئەو خستنەگەڕییە بنەڕەتییە و هاوتاگیرییە نەبێت، لە قووڵاییە نەزاندراوەکانی نەبوون؛ لەو شوێنەی ئاگایی یان بوونی نییە، یان بۆ هەمیشە کوژاوەتەوە، هیچ شتێک و هەموو شتێکیش، جگە لە هیچیەتی، ڕووەو و لەناو هیچ کوێیەک نییە.

ژیان بەخشین و بە زیندوویەتی هێشتنەوە خەسڵەتی بنەڕەتی ئاوە. لە هاوینێکی گەرم و پڕوکێندا، کاتێک خۆر بە بڵاوەپێکردنی باڵەکانی زەردەپەڕ بەسەر ئاسماندا نیشانەی تەواوبوونی ئەرکی ئەو ڕۆژەی بەسەر ئەو خاک و زەویەدا دەدات، بۆ جووتیارێک، ئەوە گونجاوترین کاتی ئاودانی ڕەز و باخەکەیەتی. بۆیە دەشێت بڕوات بۆ بەردانەوەی ئاو بەسەر ئەو خاکەی لە گەرماییدا زەرد هەڵگەڕاوە و وشک بووە. ئەو کاتەی جۆگەلەکە دەست بە گەشتی خۆی بۆناو ڕەز و باخەکە دەکات، یەکەمجار خاکی تولە ڕێگەکەی تەڕ دەکات، وەک ئەوەی ژیان بخاتە بەر شتێکی بێ گیان. ئەو بڕە ئاوە بەردەوام دەبێت تا شەتڵ و بن داری هەموو بەروبومێک تەڕ دەکات و دەچێتە ناو ڕەگ و خانەکانیان. گەشتی ئەو ئاوە نە لەوێوە دەست پێ دەکات و نە لەوێشدا کۆتایی پێ دێت؛ ئەو بڕە ئاوە دەبێت بە بەشێک لە ژیان ئەو بەروبومە و خاکە. ئەو ئاوە لە سەرچاوە و شوێنی دییەوە دێن و گەشتەکانیان هەمیشە بۆ یەکانگیرییەکی باڵاترە. دەشێت دەریایەک ببێت بە سەرچاوەی تێکەڵبوونی چەندین ڕوبارە و جیابوونەوەی چەندانی تر بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، بەڵام هەموو ئەوانە سوڕی ژیانن. هەر بۆیە، کەس هێندەی جوتیار دڵی بە وشەکەساڵی و بێ بارانی تەنگ نابێت، چونکە ئەو دەزانێت ڕەز و باخەکەی پێویستی بە ژیانە. ئەو دڵتەنگبوونە لەهەرە قووڵاییەکانی خۆشەویستی و خەمخۆری ئەو جووتیارە بۆ ژیانەوە دێت. لێرەدا، ویستی زیندوویەتی و ژیان نەک خۆڕسکێکی ئاژەڵیانە نییە، بەڵکو ڕەهاترین ئامانجە لە خۆیاندا. هەر ئەوەش بەسەرمان دەسەپێنێت، کە ژیان پێویستە بەردەوام بێت تەنانەت دوای ئەو کاتەیشی کە ملیۆنان سەدە بەسەر نەمانی ئێمە تێپەڕیون، وەک تێپەڕبوونی یەک نیگا بۆ یەکەمجار و دواجار بەسەر شتێک، کەسێک، یان ڕووداوێک، کە هێزی ئەوەی هەبێت لە ئاگاییماندا خۆی نەمر بکات.

دەشێت کەس بەر لە (هیراکلیتۆس) گەواهی لەسەر ئەو بنەما گەردوونیە نەدابێت، بە تایبەت لە بۆچوونەکەی لەبارەی ڕووبار، کە پێدەچێت وەرگێڕانێکی نزیکراوە ئەوە بێت: “کاتێک پێ دەنێنە هەمان ڕووبار، ئاو و ئاوی تازەتر ڕەت دەبن”(11). بە هەمان شێوە، ئەو وتەیە بەو شێوەیەش ڕاڤەی بۆ کراوە: “کەس ناتوانێت دووجار پێ بخاتە ناو هەمان ئاوی ڕووبار”.(12) بەڵام، بە گشتی، (هیراکلیتۆس) گۆڕانی بەردەوام و تازە و نوێ بە پڕۆسێسی بەردەوامی گۆڕانی گەردوون دادەنێت. هیچ شتێک جێگیر و هەمیشەیی نییە، بەڵکو ئەوەی هەمیشەییە، ئەوەیە، کە هیچ شتێک هەمیشەیی نییە. لەو گۆڕانە بەردەوامە، نە هیچ شتێک خراپە، نا باشە، چونکە ئەو پێوەرانە هۆشی مرۆڤ دایناون و گوزارشت نین لە (لۆگۆس)، کە بنەمای لە بنەمابەدەرە و تاکە هۆکار و دوا هۆکاری خستنەگەڕی گوڕ و تینی ئاگری گۆڕانە.(13)
لێرەوەیە، کە (هیراکلیتۆس) لەناو هەموو پێکهاتەکانی تردا، ئاگر بە پێشەنگ دادەنێت. ئەو بە پێشەنگدادانە لە خۆوە نییە. ئاگر خەسڵەتی هەمەچەشنی هەیە. لە لایەک پێکهاتە لاوەکییەکان دەکات بە خۆڵەمێش، لە لایەکی ترەوە توانای هەڵگەڕان و گواستنەوەی فۆڕمی پێکهاتە پتەوەکانی هەیە، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و هێزی کەم ببێتەوە. لە ڕاستیدا ئاگر هیچ شتێک لەناو نابات، بەڵکو پێکهاتە و یەکێتییەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

تەنانەت کاتێک جەستەی مرۆڤیش لە دوای مردنیدا کە دەسووتێندرێت، ئەو جەستەیە لەناو ناچێت، بەڵکو یەکێتی و تێکەڵاوبوونی پێکهاتەکانی هەڵدەوەشێتەوە. ئەوەی سەر بە هەوایە، لە دۆخی دووکەڵبووندا دەبێتەوە بە موڵکی هەوا، ئاو بە شلەمەنی و ئەوەی سەر بە زەویشە، دەبێتەوە بە پێکهاتەیەکی خاک. بەڵام ئەوەی سەر بە ئاگرە، خودی ئاگر خۆیەتی و وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی خۆی دەمێنێتەوە. ئاگر ئەوەیە، کە هەیە. بە واتایەکی تر ئاگر ئەوەیە، کە هەڵدەستێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییە، بەڵام خودی خۆی پێکهاتەیەکی شاراوەیە؛ خاوەن گوڕێکی سیحراوییە. هەموو شتەکان خەسڵەتی سووتانیان هەیە. لە دەروونی مرۆڤیشدا، ئەوەی وەکو ئاگر لە ناوەوەدا نەسووتێت، توانای گواستنەوەی مرۆڤی لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر نابێت. بۆیە ئەوانەیشی، کە ئارەزوویەکی ئاگراویان بۆ گواستنەوەی خۆیان لەناو دۆخ و هەلومەرجی جیاواز و دەوروبەریاندا هەیە، هەتا شتە لاوەکییەکان نەکەن بە خۆڵەمێش و شتە پتەوەکان هەڵنەگەڕێنەوە، بڕیار نییە گەشتی گەیشتن بە ئامانجەکەیان دەست پێ بکات. قسە، کردار و بۆچوونی نەخوازراوی ئەوانی تر بەرانبەر بەو هۆشە لەو ئاگرەدا دەبن بە خۆڵەمێش بەر لەوەی پێگەیەکی دیاریکراو لە ئاگاییدا داگیر بکەن. ئەوە نەبێت، هۆش بە کێشەی لاوەکی و هەوایی بە زریانە تەمەن کورتەکانیش بەربڵاو و سەرگەردان دەبێت؛ دەکەوێتە هەرێمێک، کە نیشتیمانی ڕەسەنی ڕۆڵگێڕانی ئەو نییە. لە کاتێکدا، ئەوانەی خەسڵەت و گوڕی ئاگر لەناو خۆیاندا گەورەتر دەکەن، شەپۆلی ئەو زریانانە یارمەتیدەری ئەوە دەبەن، کە ئاگر خۆی بگەیەنێتە ئەو هەرێمانەشی، کە دژ بە هەلومەرج و دۆخی گەشەکردنی ئەون لەپێناو ئەوەی خۆڵەمێشبوونی دیاردەکان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی بەربەستەکان بۆ خۆی فەراهەم بکات، ئەو هەلومەرجانەی هەڕەشەن بۆ باڵابوونی ئەو مرۆڤە بەسەر ئەو بەربەستە کوشندانەی لەبەردەمی مرۆڤبوونیدا خۆیان بە قووڵی چەقاندووە.

ئێمە بە دامرکاندنەوەی هێزە ئاگراوییەکانمان، لەبەر ترس و ویستی خۆپەرستانە، لەپێناو ئەوەی ئەگەر ژیانی ئەودیو هەبوو، جێگەی ڕەزامەندی خوا بین، مردوین و ژیانمان لەدەست داوە، بەر لەوەی بمرین. باسەکە ئەوە نییە، کە چارەنووسی ئێمە مردنە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانە بە مردن، بەر لەوەی مردن لە نیشتیمانی ژیاندا بوونی هەبێت. بە واتایەکی تر، ئێمە بەرلەوەی بمرین، مردنمان لە ژیاندا داهێناوە و جگە لە ئەزموونکردنی ئەو داهێنانە ڕووخێنەرە، نیگامان نەکەوتووەتە سەر ژیان. ئەو نیگاکەوتنەسەرە پێویستی بەوەیە مرۆڤ ئازادانە ڕێگە بدات ئاگری ناوەوەی بسووتێت، بەر لەوەی خۆی بە هیچ بیرۆکە و باوەڕێک ببەستێتەوە، کە هێزەکەی لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە مەزنە دایە.
لە کاتێکدا هیچ هێز و شتێک ناتوانێت گۆڕانە بەردەوامەکانی گەردوون، کە لەدەرەوەی باش و خراپەن (، کە جگە لە مرۆڤ، هیچ بوونەوەر و شتێکی تر خاوەن بابەتی باشە و خراپە نییە، چونکە گوزارشت نییە لە ڕاستیەتی خستنەگەڕە گەردوونییەکان و ژیان)، ڕابگرێت؛ کەس ناتوانێت ڕێگە لە باران بارین، سەرچاوەگرتنی کانییەک، هەڵکردنی گەردەلوول و ڕەشەبا، لافاو، هەڵاتن و ئاوابوونی دیوە جیاوازەکانی زەوی بە ڕووی خۆردا، گەشت و جووڵەی بەردەوامی ناو گەردوون و خودی گەردوون بەرەو نادیار و لەناو دیاردا، بگرێت، پرسی سەرەکی ئەوە نییە ئێمە لەدوای مردن چیمان بەسەر دێت و بەرەو کوێ دەچین، بەڵکو ئاگایی خستنەسەر ئەو گۆڕانە و دیاردە سەرسوڕهێنەرانەیە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، ئاگردانە گەورەکەی گەردوون، کە خودی گەردوون خۆیەتی، پڕوشکێک لەخۆی فڕی بداتە ناو بیرکردنەوەی ئێمە، تا هەم ئاگری ناوەوەی ئێمە بە گوڕتر بکات، هەمیش بواری تێگەیشتنمان لە پێکهاتە سیحراوییەکەی ئەو پڕوشکە هەبێت، بۆ ئەوەی لە تەواوی ئاگرە مەزنەکە تێبگەین، کە ئێمە لە بنەڕەتدا هەر بەشێکین لێی. ئەو تێگەیشتنە نەک بە تەنیا تێکشکاندنی هێزی مردنە، بەڵکو پەڕینەوەی ئاشتەوایانەی ئێمەیە بۆناو مردن و بەسەر مردندا. لەو ڕوانگەیەوە، زیندوویەتی نەک بە مردن سنووردار ناکرێت، بەڵکو لەناو مردن خۆیشدا هەڵدەستێت و دەیکات بە کەرستەی ژیان. بە مردنی من، ژیانگەلێک سەرچاوە دەگرن، هەر لە گواستنەوەی جەستەی من بۆ خاک بێت یان بۆ ئاو و دووکەڵ و خۆڵەمێش، کە وا دەکەن ژیان بەردەوام بێت و زیندوویەتی لە شتە مردووەکانیش هەستێت.

کاتێک ئاگاییمان بەسەر تەواوی ئەو پڕۆسێسە بەردەوامانەی گەردوون خەوتبێت، بە هیوای ئەوەی لە ساتی مردندا لەو خەوە هەستین و بە دیداری ئەو خوایە شاد بین، کە خاوەنی هەموو نهێنییەکانە و لەو دیدارەدا یەک بە یەک پێمان دەڵێت، هەر بە دیدی (هیراکلیتۆس) بێت، ڕاکردنە لە بینینی خوا. وەک ئەوەی (پیتەر سلۆتەردایک) ڕاڤە بۆ ئەو بۆچوونە دەکات، “ئەوان [ئەو جۆرە خەڵکە ئاگایی-خەوتووە] وا هەڵسوکەوت دەکەن، کە بەدوای خوادا دەگەڕێن، لە کاتێکدا خوا لەبەردەم ئەوانە.”(14) ئەگەر ئێمە تەواوی دیاردە جیهانی و ژیانییەکانی ئێستا و ئێرە بەلاوە بنێین، بە بیانووی ئەوەی، کە تاکە فاکتۆری ناسینی خوا، کە مەبەستمان لە بنەما بنەڕەتییەکانی بوون و ژیانە، لە دوای مردنە، ئەوا لە بنەڕەتدا تەواوی هەبوونی ئەم ژیانە بە تەنیا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک باوەڕی سواو و ڕووت، دژ بە تەواوی بنەماکانی بوون خۆیەتی. ئەو دژبوونە، نەک ئەو جۆرەی، کە گوزارشت لە یەکانگیری و یەکێتیی بوون دەکات، دەبێتە دەربڕینێک بۆ هۆکارە ساواییەکانی فاکتۆری بوون و مردن. بەڵام، ئەو جۆرە ڕاڤەیە تەنیا لای ئەوانە هێزی خۆی جێگیر دەکات، کە خاوەن وەها بیرکردنەوەیەکی ساوان. وەک چۆن منداڵێکی ساوا ناتوانێت بەبێ یارمەتی دەرکی بمێنێتەوە، بەو شێوەیە ئەو جۆرە بیرکردنەوە ساوایانە بەرانبەر بە پرسگەلی قووڵ و بنەڕەتی تێکشکاو و بێ سەرپەرشتن، بۆیە هەم ترس و هەم شەیدابوونیان بۆ پرسی مەرگ هەمیشە سەرەتا و کۆتا وەڵامە بۆیان، بەبێ ئەوەی بۆ جارێکیش لەناو ساتەکانی ژیاندا بەر ئەو هێزە شاراوە و قووڵانەی بیرکردنەوە بکەون، کە مرۆڤ پەلکێش دەکەن بۆ تێڕامان لەسەر هەمیشەیی و بێکۆتادار.

سۆران ئازاد

————————–
پەراوێزەکان بەپێی ژمارە

1. Kritzer, R. (2008). Life in the Womb: Conception and Gestation in Buddhist Scripture and Classical Indian Medical Literature. In Imagining the Fetus (p. Imagining the Fetus, Chapter 5). Oxford University Press.

2. Darwin, Charles. 1872. On the Origin of Species by means of natural selection. Arcturus Publishing in UK, 2017. P. 69

3. هەمان سەرچاوەی پێشوو. P.180

4. Andersen & Kaspersen (2000). On Weber. ch. 6 (Selective from CBS)

5. Foucault, M. (1976). The Hstory of Sexuality (Vol. 1). (R. Hurley, Trans.) New York: Pantheon Books.

6. Foucault, M. (1975). Discipline and Punish . (A. Sheridan, Trans.) New York: VINTAGE BOOKS. (p. 194)

7. Foucault, M. (2000). Power (Essential works of Foucault 1954-1984 3). New York: The New Press. P. 345

8. Nietzsche, Friedrich. (1889, 1895). Twilight of the Idols and The Anti-Christ. Translated by R. J. Holldingdale. Penguin Classics Publishing in UK, 1968. P. 87

9. Nietzsche, Friedrich. (1889, 1895). Twilight of the Idols and The Anti-Christ. Translated by R. J. Holldingdale. Penguin Classics Publishing in UK, 1968. P. 39-44

10. Foucault, M. (2000). Power (Essential works of Foucault 1954-1984 3). New York: The New Press. P. 345

11. وتەکە ئاماژەدانە بە گۆڕان و گواستنەوەی نەوەستاوی گەردوون. بۆ ئەو مەبەستە، من پشتم بەو توێژینەوە زانستییە بەستووە، کە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە:

Helin, J., Hernes, T., Hjorth, D., Holt, R., & Nayak, A. (2014). Heraclitus (540–480 BC). In The Oxford Handbook of Process Philosophy and Organization Studies (p. The Oxford Handbook of Process Philosophy and Organization Studies, Chapter 003). Oxford University Press.

12. هەمان سەرچاوەی پێشوو.

13. Smith, C. (1966). Heraclitus and Fire. Journal of the History of Ideas, 27(1), 125-127.

14. Sloterdijk, Peter. (2009). You Must Change Your Life. Translated by Wieland Hoban. Published by Polity Press- UK 2013. P. 171




کتێبێکی نوێی کاروان کاکەسوور بەناوی: گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام

کتێبی گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام …..

کتێبێکی نوێی نووسەر و ڕۆشنبیر کاروان کاکەسوورە. ماڵی وەفایی چاپی کردووە بە قەبارەی ٤۳٠ لاپەڕە..

كتێبێکی فکریی ڕەخنەییە لە شێوەی نامە نووسراوە. نووسەر هەوڵی داوە لە دیدگەیەکی جیاوازەوە باسی ڕەخنە بکات.
بۆ ئەو مەبەستە زۆر سەرچاوەی فەلسەفی و فیکری بەکارهێناوە.

ئەم کتێبە لە ئێستادا لە کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت …….




ڕانانێک بۆ کتێبی بازرگانی کردن بە شوێنەوار …. هۆشیارجەمال

بۆئەوەی گەلێک بناسی پێویستە مێژوویەکەی بناسیت، هەربۆیە خوێندنەوە و شارەزابوون لە مێژوو زۆرگرنگە جاچ بە خوێندنی ئەکادیمی بێت لە بواری مێژوو یان بە خوێندەوەی کتێب بیت یاخود گەڕان بیت بە دوای شوێنەوارە مێژوویەکانی وڵاتەکەی خۆت یان وڵاتانی تر،کە هێما ونیشانەی شارستانیەتەکانی پێش خۆمانن کارێکی گرنگە کەلەلایەن پسپۆرانی بواری مێژوو وشوێنەوارناسیەوە لێکۆلینەوەی وردی لێبکرێت و دواتر لە مۆزەخانەکاندا بپارێزرێت، کەهێمان بۆ ژیان وگوزەران و داهێنانەکانی ڕابردووی مرۆڤ.
هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لەخاکی عیراق ناوەندی شارستانی بووە لە ڕابردوودا و گەرلێکۆلینەوەی وردبکرێت چەندین شوینەواری گرنگی دۆزراوە و نەدۆزراوەیە هەیە، کەبەداخەوە لەدوای ڕاپەرینەوە بەهەزاران پارچە شوێنەوارلەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە کەبەشێك لەوکەسانە بەرپرسیش بوونە یارمەتیدەربوونە بۆفرۆشتن وبە تاڵانبردنی شوێنەوارەمێژوویەکانی هەرێمی کوردستان.

کتێبی بازرگانی کردن بە شوێنەوار یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی کەلایەن(سابیرعبدللە)وە کراوە بەکوردی، ولەلایەن دەزگایی ئایدیا بۆفکرولێکۆلینەوە چاپ کراوە کەبەزمانیكی سادە ولەکتێبیکی قەبارە بچوک ولاپەرە کەمدا زۆرترین زانیاری تێدایە سەبارەت بە بازرگانی کردنی نایاسای شوێنەوارە مێژوویەکان لەسەرئاستی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی.

کێ بەرپرسە لەبازرگانی کردنی نایاسایی بە شوێنەوارە مێژوویەکانەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕابردووداهەردەم میدیای کوردی خۆی لێ لاداوەو کەمترین بابەتی لەسەرهەبووەکە ئەم کتێبە وەڵامی دەداتەوە،ڕوونی دەکاتەوە کە ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەرئاستی جیهان پلەی یەکەمی وەرگرتوە لەبازاڕی بازرگانی کردن بەشوێنەواری وڵاتانی ترەوە.
لەساڵی (٢٠٠٣)ولەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن وە تائیستا دزینی شوێنەوارە مێژوویەکانی عێراق وەک ناوەندێکی شارستانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، دیارترین پارچە شوێنەوارێک کەلەساڵی (٢٠١٥)ئاهەنگی گەیشتنی بۆخاکی ئیسرایل بۆئەنجام درا،ئەویش نوسراوێکی کۆنی عێراقە کە لەسەرپێستی ئاسک نوسراوە.
ئەم شوێنەوارە کاتێک ئەمریکاهاتە عێراق لەیەکێک لەبنکەکانی ئاسایشی ئەوکاتە بینویانەو دواتربەناوی چاک کردنەوە دەیبەنە ئەمریکا دواتردەیبەخشن بەوڵاتی ئیسرایل!.

هەرلەساڵی (٢٠٠٣)دائەمریکا زیاترلە(١٠)هەزارپارچەشوێنەواری گرنگی عێراقی بردوە بۆ مۆزەخانەکانی پەسلفانیاو نیۆرک،هەروەهابەریتانیاش وەک هاوپەیمانیکی ستراتیژی ئەمریکا لەشەری عێراق زیاتر لە (٨٠)هەزارپارچە شوێنەواریان بۆدەوڵەمەندکردنی شارستانیەتی خۆیان بردۆتەوە وڵاتەکەیان،کەبەیارمەتی مافیا ئیسرائیلەکان بردویانە وسەرجەم ئەو ئەرشیفانەی پەیوەندی بەگواستنەوەی جولەکەکانەوە بوولەسەدەی ڕابردوودالەعێراق هەموویان بردوە و تەسلیمی ئیسرائیلیان کردۆتەوە.

تەنهالەوڵاتی عێراقدازیاتر (٤٠٠)هەزارپارچە شوینەوار دزراون،و وڵاتی سوریا زیاترلە(٢٥)هەزار پارچە شوێنەواردرزاون ولەیەمەن لەدوای دروست بونی ئالۆزیە سیاسیەکان ئەمریکازیاترلە(٨)هەزار پارچە شوێنەوارکەدواتر لە ڕێگای چەندمامەڵەیەکەوە گەیشتۆتەئەوروپاوئەمریکا.
لەدوای دەرکەوتنی دەسەڵاتی تیرۆرستی داعش زۆرینەی شوێنە مێژوویەکان وێران کران وپارچە شوێنەوارە گرانبەهاکانیش فرۆشران وبەخاکی حەوت وڵاتداگەیشتنە ئەمریکا،ڕێکخراوی داعش لەم بازرگانیەدا زیاتر لە(٤٠)ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە،کەزۆربەی ئاسەوارەکانی لەخاکی سوریا وعێراق بەدەستهێناوە،ولەڕێگای دەوڵەتی تورکیاوە فرۆشتوویەتی.

لەجیهاندا چەندین ڕێگای جیاوازبۆبازرگانی شوێنەواربەکاردە‌هێنرێت کە گرنگترین وسەرنجڕاکشترین جۆریان لە ڕێگای نێردە وباڵوێزەکانەوە دەکرێت کەزۆرترین ڕۆڵیان هەیە لەدزین و تالان کردنی شوێنەوارە مێژوویەکاندا،بەڕێوبەری مۆزەخانەی (کلیڤالاند)ئەمریکاڕایگەیاندوەکە(٩٥)%ی ئەو پارچە شوێنەوارەیانەی دەستمان کەوتووە لەڕێگەی نێردە دیبلۆماسیەکان و باڵوێزەکانەوە بووە، چونکە جانتای نێردە دیبلۆماسیەکان و باڵوێزەکان پشکنینی بۆناکرێت.




قەسیدەی بەیانیی خۆشەویستی…. شیعری غادە سەمان … وەرگێڕانی: پشکۆنەجمەدین

منداڵی “با”!
لەنێوانی من و تۆدا:
هۆگرییەکی تامەزرۆ گەشە دەکا،
هەستێکی چڕ، هەستێکی قووڵیش شین دەبێ،
هەستێک، کە من ناوێکی بۆ نابینمەوە،
بەڵام هەندێک لە ناوی ئەو، ئەوین و خۆشەویستییە!
لەو ساتەوەی تۆم ناسیوە،
خۆشبەختی لام جێگیر بووە،
چوونکە ئێمە، لەسەر یەک ئەستێرە دەژیێین،
هەر یەک خۆریش بەسەرماندا پەخش دەبێ!
چ جوانە کە من تۆم ناسی،
ناوم لێ نایت، “شادی” و “خۆشی”!
گشت بەیانێک، لە خۆڵەمێشم ڕادەبم،
بە دەنگی خۆم وەئاگا دێم،
من پێت دەڵێم:
بەیانیت عیشق، ئەی “شادی”یەکەم!

***

کە عاشقم،
هەموو شتێک لە دەستمدا،
دەبێت بە تیشک!
لەبەر ئەوەی عاشقی تۆم،
گشت پیاوانی ئەم دونیایەم، هەر خۆش دەوێن!
هەموو منداڵانی دونیا،
درەختەکان، زەریاوانان،
بوونەوەران، ڕاوچییەکان،
تاوانکاران، ئەنگاوتەکان،
دەست و پەنجەی بەتەباشیر داپۆشراوی مامۆستاکان،
پەنجەرە بێ پەردەکانی تیمارگەکان…
هەر هەموویانم خۆش دەوێن!
لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێی..
شێتیی هاتەوە نێو ناخم،
لە کیشۆری ڕووحە کوژاوەکەی مندا،
خۆشی و شادی داگیرساون!

***

چوونکە ئەمن تۆم خۆش دەوێ…
دونیا هەموو ڕەنگەکانی وەرگرتنەوە،
پێشتر، مینا فیلمە کۆنە بێدەنگەکان،
هەر ڕەش و خۆڵەمێشی بوو!
گۆرانی بۆ کێڵگە و گەروو، گەڕایەوە،
دڵم بە گۆرانیچڕین،
وەک ئاسکۆڵەیەکی یاخی و تینتیانەماوی دارستان،
گوڕ و تینی تێ زایەوە!
لە پێکهاتەی کەسەکیی تۆ،
ڕەهەندەکان بێکۆتان و
هەموو ڕۆژێک پیاوێکی نوێیت،
لە کن منیش، لەگەڵ تۆدا،
هەموو ڕۆژێک، ئەوینێکی نوێ دەپشکوێت!
بەردەوامیش، لەگەڵ خۆت خیانەت دەکەم،
لەززەتی ئەم ناپاکییەش، من هەر بە تۆوە دەیچێژم!
…….

هەموو شتێک هەر ناوی تۆ،
هەر دەنگی تۆ،
هەتا ساتێک بەرەو سارای خەوتن بڕۆم،
بەنیاز بم، لە تۆ هەڵیێم،
مەچەکم نزیک گوێچکەمە و
چرکەچرکی دەمژمێریش، هەر ناوی تۆ!
من ناخلیسکێمە نێو ئەوین…
بە هەنگاوی پتەومەوە،
بە چاوی ئاواڵەمەوە،
بەرەو وی چووم.
ناکەومە نێو گۆمی ئەوین،
من لە ئەڤیندا وەستاوم..
من تۆم دەوێ!
…..

بە پاکی هۆشمەندیمەوە،
( یان ئەو بەشەی پاش ناسینت، ماوەتەوە!)
بڕیارم دا، بە خواستی خۆم، نەک تێکشکان،
خۆشم بوێیت.
ئەوا ئێستا، نەفسی پەرژینکراوی تۆ،
بە گشت هۆش و شێتیمەوە، دەبەزێنم،
خۆ من پێش وەختیش دەزانم؛
لەسەربانی کام ئەستێرە،
ئاگر خۆش کەم،
چ زریانێک لەنێو هەگبەی گوناهەوە،
وە ڕێ بخەم.
تاسەت دەکەم،
سنووری من لەنێو مەرزت، ون دەبێت و
هەر پێکەوە، لەسەر هەورێکی تەنک، دەفڕین و
بانگت دەکەم: هۆ “من”ەکەم…
تۆ وەکوو فیشەکەشێتە،
بە جەستەمدا، سەفەر دەکەیت،
ساتێکیش کە جێم دەهێڵی،
هەر وەک دزێک، چۆن دەستکەوتی خۆی دەژمێرێت،
شوێنەوەرای دەستبازییەکەت، بە شەوقەوە،
لەسەر جەستەم، چاو لێ دەکەم.
پیرۆزە هەموو جەستەی من، کە خستمە نێو باوەشی تۆ،
پیرۆزن هەموو ژنانێک، کە تۆ پێش من، خۆشت ویستوون!
پیرۆزن؛
گشت ئەو لێوانەی ماچت کردوون،
ئەو زگانەش، کە منداڵەکانی تۆیان تێدا چێ بوون!
خەون بە هەر چی دەبینی،
هەر چییەکیش لەبیر دەکەی،
هەر پیرۆزن!
……

بەخاتری تۆ:
گیا لە چیاکان شین دەبێ.
شەپۆلەکان لەداییک دەبن،
نیگاری زەریا، بە ئاسۆوە دەنەخشێنن.
لە هەموو کوێرەگوندێکدا، منداڵەکان پێدەکەنن!
بەخاتری تۆ،
ژنان خۆ دەڕازێننەوە.
لەبەر تۆش بوو،
ماچ داهێنرا!
بەیانیان لە خۆڵەمێشم ڕادەبم.
هەر بۆ ئەوەی خۆشم بوێیت…
خۆشم ئەوێیت، خۆشم ئەوێیت!
بە ڕووی پۆلیسدا، هاوار دەکەم:
( تا ئەو شوێنەی پێوەندیی بە ئێمە هەبێت،
هەموو خەڵک، هەر پۆلیسن!)
هاوار دەکەم:
بەیانیت خۆشەویستی بێ،
ئەی “شادی”یەکەم!




ئەدەبی منداڵان …. دوو هۆنراوە ….. فەرهادئەحمەد بەرزنجی


وەرزش دەکەین

وەرزش دەکەین ڕۆژانە
ئای چەند خویەکی جوانە

بەیاری و جوڵەو بازدان
جوانیی دەدەین بەلەشمان

ئاسودەو دڵپڕخۆشی
بەدوورین لە نەخۆشی

چوست وچالاک و گورجین
ژیرانە دێین و دەچین

وەرزش بۆتە پیشەمان
بۆیە بەهێزە لەشمان۰

سوڕی ئاو

سوڕی ئاوم بۆژیان
لەڕووبارودەریاکان
تیشکی خۆرگەرمم دەکات
دەمکات بەهەڵم ودەمبات
بۆناوقوڵایی ئاسمان
چڕدەبمەوە هەمدیسان
دەبم بەهەورێکی ڕوون
دێم ودەچم لەگەردوون
بەدڵۆپەی بارانم
دڵخۆشکەری هەمووانم
کاتێک کەدادەبارێم
نمنم،یان بەلێزمەدێم
زەویتان پاراودەکەم
ئاوی کانی زۆردەکەم
دووبارە بەتیشکی خۆر
دەبمە هەڵمی جۆربەجۆر
دەڕۆمەوە بۆئاسمان
دەبمەوە بەباران.

فەرهادئەحمەد بەرزنجی




ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان …. نووسینی: محفوزابی یعلا … و. له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: یاسین له‌تیف

ده‌مانه‌وێت له‌م گوتاره‌دا ڕه‌خنه‌ له‌ ڕوتێكی فكری بگرین كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ر فره‌وان ده‌ستی به‌ بڵاو بوونه‌وه‌ كردووه‌ له‌ نێو گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌م پێنج ساڵه‌ی دوایی له‌ سه‌ر سه‌كۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. ئه‌م ڕه‌وته‌ فكریه‌ ناوی خۆی ناوه‌ (كۆنه‌په‌ره‌ستی نوێ‌) . (neoreactionary) ,, له‌م گوتاره‌ كوته‌دا ده‌كارین هه‌ندێك له‌ ئه‌فكاری كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان و هه‌ندێك له‌و فه‌لسه‌فانه‌ی كه‌ ده‌ربڕینه‌كانیانی تێدا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت بخه‌ینه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت وڵامی دوو پرسیاریش بده‌ینه‌وه‌ و ته‌وه‌ری ئه‌و دوو پرسیاره‌ش بریتیه‌ له‌ :

ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ چیه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان گوتاره‌كانیانی له‌ سه‌ر بونیاد ده‌نێین ؟ فاكته‌ره‌كانی شوێن كه‌وتنی فیكری كۆنه‌په‌ره‌ستی چییه‌؟ ناكرێت قسه‌ له‌ سه‌ر كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان بكه‌ین وه‌كو ڕه‌وتێكی فیكری گه‌وره‌ و كارێگه‌ر , به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی سنورداره‌ , گوزاره‌ی ئه‌م هزره‌ له‌ پاش تێك شكانی به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ركه‌وت. كه‌واته‌ هزری ئه‌م ڕه‌وته‌ دیارده‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ دونیای عه‌ره‌بدا له‌ گه‌ڵ دیاره‌ده‌ی ((پاش به‌هاری عه‌ره‌بی)) . ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین زۆربه‌ی لایه‌نگرانی كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێَكان وئه‌وانه‌شی سه‌رسامن به‌ ده‌ربڕین و تیۆره‌كانیان له‌ كاتی خۆیدا بریتی بوون له‌ ماركسیه‌كان و ,لیبراڵیه‌كان , یان له‌ ڕابردووی نزیكدا نوێگه‌ری بوون . چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ بیروبۆچونی ئایدۆلۆژیا كۆنه‌كانیان, هه‌ندێك پێیانوایه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان پیرو به‌ ساڵا چوه‌كانن و گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئینسان له‌م ته‌مه‌نه‌دا پتر مه‌یلی كۆنسێرفاتیزم و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی هه‌یه‌ , هه‌رچه‌نده‌ خۆیان پێیانوایه‌ گه‌نجن و زۆربه‌یان هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ نێوه‌ڕاستی سی یه‌كان . كاتێك ده‌نواڕینه‌ ئه‌و هزرانه‌ی كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت هزرگه‌لێكن دژ به‌ هه‌موو نه‌ریت و كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی و نوێگه‌ریه‌ .

ئه‌وان دژ به‌ هه‌موو هزرێكی پێشكه‌وتوخوازی و دیمۆكراسی و یه‌كسانیخوازی ژنان و ……..هتد . مه‌رجه‌عی زۆربه‌یان دژ به‌ نوێگه‌ری و دیمۆكراسی بریتیه‌ له‌ نوسه‌رو فه‌یله‌سوفی كۆڵه‌مبی نه‌ناسراو ((نیكۆڵاس كۆمیز دافیلا)) Nicolas Gomez Davil__ 1913 _1994 یه‌كێك بوو له‌ دژ كاره‌كانی نوێگه‌ری. ئه‌م دافیلایه‌ هزره‌كانی به‌ ناو بانگ نه‌بوو تا پاش مردنی به‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌م نه‌بێت دواجار ناسرا , پاش وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زمانی ئه‌ڵمانی , له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا بیروبۆ چونه‌كانی بڵاو بوونه‌وه‌ی سنورداره‌ له‌ جیهاندا . ده‌كرێت ناوی فه‌یله‌سوفی ئیتالی ((یولیوس ئیفولا)) بێنین له‌ 1974 _ 1898 julius evola وا دا ده‌نرێت ده‌ركه‌وته‌ ترین تیۆرسێنی فاشیزمه‌و شانازی به‌ كولتوری فاشیزمه‌وه‌ ده‌كات .

ئه‌گه‌ر دوایان بكه‌وین و بزانین كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان چی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌, ده‌بینین كارێگه‌رن به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌واقیه‌كان كه‌ له‌ سه‌ر ده‌می هه‌ره‌سهێنان و له‌ ناو چوونی ڕۆحی یونانیه‌كان ده‌ر كه‌وتن . ئه‌و هه‌ره‌سهێنانه‌ی كه‌وا گومان ده‌كرا كه‌ كۆتایی به‌ جه‌وهه‌ر و سروشتی فه‌لسه‌فه‌ بێنێت ,وه‌كوئه‌وه‌ی سوقرات و خوێندكاره‌كانی ده‌یانبینی . ڕه‌واقیه‌كان ڕویان كرده‌ خود و وایان ده‌بینی ئایدیای به‌رز له‌ ئه‌خلاقدا بریتیه‌له‌ پێداویستی ژیان له‌ سروشدا. ئاكاری ڕه‌واقیه‌كان ئاكارێكی پۆزه‌تیڤیان نه‌بوو وه‌كو ئاكاری سوقرات و ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ , ئه‌خلاقێكیان هه‌بوو كه‌ پتر به‌ خوده‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بوو و ده‌ستیان ده‌كرد به‌ قاوغ بوونه‌وه‌ به‌ سه‌ر خود دا به‌ ڕه‌وشتێكی سۆفیانه‌ كه‌ سرودی ئاشتی ده‌رونی ده‌ڵێته‌وه‌ .

وه‌كو ئه‌و گوفتاره‌ به‌ ناو بانگه‌ی كه‌ ده‌ڵێت ((كاتێك هه‌ست به‌ ئازار ده‌كرێت سۆفی ده‌ر ده‌كه‌وێت )) ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ سه‌ر ڕه‌واقی و ڕه‌واقیه‌كان و ئه‌و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌ی كه‌ تێیدا ژیاون پراكتیك ده‌كرێت ، بریتیه‌ له‌ ماوه‌ی ئازاره‌كان .. ڕه‌واقیه‌كان له‌ سه‌رده‌می هلینستی ده‌ركه‌وتن , ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ پاشه‌ كشه‌ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی یونان, وا سرنجی ده‌درایه‌ ریسكێكه‌ پێویستی به‌ هه‌ستانه‌وه‌و ئازایه‌تی هه‌یه‌ , به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌می هلینستی كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دان و چاوه‌نواڕی و به‌رگه‌ گردن كاری ده‌كرد . برتراند راسل ده‌ڵێت : (له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ سه‌رده‌می هلینستیه‌ پایه‌كانی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌و لێژ ده‌بوه‌وه‌ و خه‌ڵكی به‌ دوای ئاسایشدا ده‌گه‌ڕان، له‌ كاتێكدا به‌ ئاسانی ئاسایشیان بۆ فه‌راهه‌م نه‌بوایه‌ خۆ ڕاگریان ده‌كرده‌ چاكه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌مانه‌ی كه‌ خۆ پارێزیان تێدا نییه‌ )) .

به‌و مانایه‌ی ده‌كرێت له‌ نهێنی كارێگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌واقیه‌كان له‌ سه‌ر كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان تێبگه‌ین . پاش ڕوداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی نائومێدی و پوچگه‌رایی باڵی كێشا بوو به‌ سه‌ریاندا هه‌ستیان به‌وه‌ كرد ئه‌و به‌هایانه‌ی ئه‌وان داوایان ده‌كرد نه‌هاتنه‌ دی و , بگره‌ زۆر تریش , كۆمه‌ڵ گه‌لێك ده‌ركه‌وتن ده‌سه‌ڵات و حوكمیان كه‌وته‌ ده‌ست كه‌ دژ به‌ بیرو بۆچونه‌ تازه‌ گه‌ریه‌كانی ئه‌وان بوون, هیچیان بۆ نه‌مایه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ دژ به‌ بیروباوه‌ره‌كانی خۆیان وه‌كو په‌رچه‌ كردارێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ڕویدا . یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان گوزارشت له‌ ڕۆحی سه‌رده‌مه‌كه‌یان ده‌كه‌ن ، وه‌كو ڕه‌واقیه‌كان گوزارشتیان له‌ ڕۆحی قۆناخی هلنیستی كرد . له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بینیت له‌ بڵاو كراوه‌كانی كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان زۆر سه‌رسامن به‌ فردریك نیتشه‌و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی، ئاشكرایه‌ ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ تیۆرسێنێكی نهلیزمی ڕۆژئاوایه‌ ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ویستی هێزو ململان له‌ پێناوی بووندا تێدا ده‌ر ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی میتۆدی سایكۆلۆژیه‌وه‌ بۆی بنواڕین فه‌لسه‌فه‌ی پیاوێكه‌ ژیان تێكی شكاندووه‌ ,به‌و ئاكارانه‌ی كه‌ ناویان ناوه‌ ئاكاری پیاوی مه‌زن به‌وپه‌ڕی تیژیه‌وه‌ ڕووبه‌ ڕوو ده‌بوونه‌وه‌, له‌ واقیعدا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م گوتاره‌وه‌ جه‌ختمان له‌ سه‌ری كرده‌وه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان نوێنه‌رایه‌تی ڕه‌وتێكی فكری به‌ هێز ناكه‌ن به‌ پێی بۆ چونی ئێمه‌ گوزارشته‌ له‌ نا ئومێدی و تێكشكان كه‌ دوچاری هه‌ندێك نوخبه‌ی ڕۆشنبیر بوه‌ته‌وه‌ له‌ دونیای عه‌ره‌بدا به‌ تایبه‌تی پاش تێكشكانی ئه‌م ئه‌نتلجنسیایه‌ له‌ به‌ ده‌ست هێنانی داواكاریه‌ پێشكه‌وتنخوازو نوێگه‌ریه‌كانیان .

ئاشكرایه‌ كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی له‌پاش به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ ئاشنا بوو به‌ كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانكاری فیكری, وه‌ له‌ نێویاندا به‌ ته‌نها فكری بنه‌ڕتگه‌رای سه‌له‌فی په‌ڕگیرو توند ڕه‌و ده‌ر نه‌كه‌وت ، دیسان ڕه‌وتی ڕادیكاڵ و ئیلحادی و نهلیزم ده‌ركه‌وتن كه‌ گوزارشتیان له‌ بیرۆكه‌ی دژ به‌ هه‌موو ئه‌فكارێكی نوێگه‌ری بوون . بۆیه‌ بیر له‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ پاشه‌ ڕۆژدا ڕه‌وت گه‌لێكی توندڕه‌و ده‌ر بكه‌ون , نه‌ك به‌ ته‌نها ڕه‌وته‌ ئاینیه‌كان ، به‌ڵكو ڕه‌وتگه‌لێكی كۆنه‌په‌ره‌ست كه‌ بڕوایان به‌ هێزو سته‌مكاری و چه‌وساندنه‌وه‌ و چاودێری هه‌یه‌ . ڕه‌نگه‌ ئه‌م گریمانه‌یه‌ ئه‌وڕۆ ڕوو نه‌دات ,به‌ڵام ئه‌وه‌ جێگای پرسیاره‌ به‌ بۆ چونی ئێمه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتودا ڕوو بده‌ن . بۆیه‌ ئێمه‌ به‌وه‌ ئاشناین ئاراسته‌ی نوێگه‌ری كه‌ ئامانجی خزمه‌ت كردنی ئینسانه‌ بوونی نییه‌, له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌هاكانی نوێگه‌ری ئه‌خاته‌ خزمه‌تی نا ئینسانیه‌وه‌ .

له‌ كۆتایدا كۆنه‌په‌ره‌سته‌ نوێكان ڕه‌خنه‌كانیان ئاراسته‌ی دیمۆكراسی و هه‌موو به‌هاكانی نوێگه‌ری ده‌كه‌ن . پێیانوایه‌ دیمۆكراسی به‌ كه‌ڵكی سیسته‌می سیاسی نایه‌ت ، لێره‌دا ئێمه‌ش له‌ كۆتایی قسه‌كانمان پێمانوایه‌ دیمۆكراسی باشترین سیسته‌م نییه‌ ، هه‌روه‌ها باشترین ئه‌گه‌ری سیاسه‌تیش نییه‌، به‌ڵام لانی كه‌م ئه‌وڕۆ ئێمه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر دیمۆكراسی ده‌كه‌ین به‌ ته‌نها قسه‌ له‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان ناكه‌ین ، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان سیسته‌می نوێگه‌ریه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ست پێده‌كات و به‌ هه‌ڵبژاردن و مافی ده‌نگدان كۆتایی دێت . بۆ پارێزگاری له‌ نوێگه‌ری پێوست به‌ خه‌باتێكی نه‌پساوه‌ هه‌یه‌، خه‌باتێك دژ به‌ دوژمنه‌ ئایدۆلۆژیه‌كان و دژ به‌ چۆك دادان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕۆحی نهلیزم كه‌ هه‌موو شتێك په‌ك ده‌خات بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بونیاد بنێت ..

—————————————-
لێكۆڵه‌ری تونسی ـ یاسین عاشور به‌م گوتاره‌دا چوه‌ته‌وه‌
محفوزابی یعلا ـــ الاوان ـــ 5 . یونایر . 2019
و . له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ (یاسین له‌تیف)




کاتژمێر سفر …. ئارام ئازاد

زەمینەسازی بۆ هەر ئەگەرێک ،بەرنامەیەک ، بەند دەبێ بە ڕابردوو و ئاکاری ئەو زاتەی ئامادەکاری زەمینەکەیە ، بە بوون و نەبوون ، لەم ڕێڕەوەدا متمانەی خەڵک بە جۆرێکدروست دەبێ بە سەرکردەی پێشەوا(قائد) کە دوای بکەون و هەوڵی سەرخستنی ئەوە بدەن کە پێشەوا باوەڕی پێیەتی و ئەوەش لە پێناو ئەوەی ژیانێکی باشتریان بۆ فەراهەم بکا وئەو خەونە ژیانەی تێیدا دەژین وەک سوارچاکی شاری خەونەکان بکاتە ڕاستی یاخود بە دیوە بەرامبەرەکەی کەسێکی ون بو لە شاری خەونەکان بیهێننەوە جیهانی ئەمرۆ و تێیبگەیەنن خەیاڵ شتێکە و واقیع شتێکی تر پێش ئەوەی کاتژمێر سفری بەسەر دا تێپەڕ ببێ بۆیە وا باشترە ئاوا لە خۆمانی بگەیەنین کە پیشە هەر پیشەیە هەر کەسێ بیکا و لە هەرشوێنێک دا بێ بەڵام داهێنان لە پیشە بەهرە و بەهرەمەندی دەوێ لە هەر شوێنێک دا بێ ، ئەمە دەکرێ وەک پێوانەی ژیری بۆ دەست نیشان کردنی رابەر پێوانە بکرێ ، ئەم پێوانەکردنە مەجالی رەخنەی روخێنەر کەم دەکاتەوە ، چونکە ئەوەی دەبێتە حاکم و فەرمانرەوا بە ویستی من و تۆ و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەبێت ، بۆیە هەر سیاسەتێکی هەڵە یا هەرلادانێک لە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان من و تۆیش بەرپرس دەبین لێیەوە ، لەو ئاراستەیەدا باشترین جۆری بیرکردنەوە ئەوەیە یەک بەرژەوەندی گەل لە ڕێگەی هەڵبژاردنیرابەرێکی شیاو بۆ رێگری کردن لە پەککەوتنی پرۆسەی دیاری کردنی رابەر و هەبوونی کەسێکە کە هەموان بتوانن وەک پشت ناوی ببەن دوو هەر بەرژەوەندی گەل لە رێگەی چاودێری کردنی رابەر و بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر بەسەر ئەو رابەرەوە.

شێوازی بەڕێوەبردن کە ئەو دیوەیە هەموو تاکێک دەیبینێ و راستەوخۆ رەخنەی ئاراستە دەکا بەڵام ئەوەی خەڵک نایبینێ و راستەوخۆ پەیوەستە بە لێکدانەوە و هۆشیاری تاک بۆلێکدانەوە ‘یاریە ترسناکە نێودەوڵەتیەکانە سەبارەت بە ئایندە و چارەنوسی وڵات’ ئەو دیوە بەندە بە بەهێزی و پێشکەوتنی وڵاتێک بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێ بەسەر ئەو وڵاتەی بێهێزتر و کەم پێشکەوتو ترە، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە تەنگژەیە چارەنوسی وڵات نەخاتە مەترسیەوە پێویستە بە ژیری مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بکرێ نەک مامەڵەی پێوە بکرێ کەئەمەش خۆی لە خۆیدا پێویستی بە رابەری سیاسی و سەرکردەی کارێزمای خاوەن دەسەڵات هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەم چەشنە مامەڵە پێوە کردنە بکا و کارێزمایەکەی وەکتیرێکی کاریگەر بۆ ناوەڕاستی ئامانجەکەی بەکاربێنێ بۆ ئەم مەبەستە دەتوانێ سوود لە ڕستەی سەرەتای هەموو بابەتێک کۆتایەکەی دیاری دەکات وەربگرێ ، لێرەوە چەند خاڵێکپێویستە ئاماژەی پێ بدرێ ئەوانیش ئەوەن پێویستە رابەر کۆمەڵە کەسانێک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە کە لە داهاتودا زاتی ئەوە بکا بە شانازیەوە باسی ئەو ئەرک و لێپرسراوێتیەبکا کە پێی سپاردوون و بتوانێت بەرامبەر گەلەکەی بەو شێوەیە ئاماژەیان پێ بدا کە ‘لەگەڵ ژانی گەل ژان گرتونی و لەگەڵ برسێتی گەل برسی بوون و لە کاتی خۆشیش لەگەڵگەل ئاهەنگیان گێڕاوە’، پرەنسیپی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەیڕەو بکا، بۆ پێدانی ئەرک و لێپرسراوێتی بە کەسی شارەزا و خاوەن بەهرە لە جێبەجێکردن و ڕاپەڕاندنی ئەوەیپێویستە بکرێ و بە وردی رابپەرێنرێ، بڕیاری دروست لە کاتی دروست ، ئەوەی ئەرکی پێ دەسپێردرێ پێویستە توانای ئەوەی هەبێ لە کاتی یەکلاکەرەوە بڕیاری ژیر ویەکلاکەرەوەی لە ژێر دەست بێ ، ئەمانە هەموو لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە تیمێک لە گەنجی خوێن گەرم بۆ کارکردن و پیری بە ئەزمونی دنیا دیدە بۆ پرس و ڕا لە سەرەتایکارکردندا بە فعلی بونیان هەبێ نە بادا ئەرک و لێپرسراوێتی بکەوێتە دەست کەسانێک کە تەنها توانای ستایشی رابەریان هەبێ بۆ خواردنی لەتێک لە کێکەکە (ئەوەش ئەگەرکێکەکە لە ئەساسدا بوونی هەبێ) و هیچیان پێ نەبێ بۆ پێشکەش کردن چونکە بنچینەی کێشەکان لەو خاڵانەوە سەرچاوە دەگرن کە بنبڕ کردنیان کۆتایەکی پڕ بەرهەم بە دەستدەخات.

ترسناکترین جۆری پیا هەڵدان کام جۆرەیە؟! ئەوەی لێی دڵنیا بین و پەی پێ ببەین ئەوەیە کە ئەو پێدا هەڵدانە نیە کە دایک و باوکێک بە منداڵە لاسارەکەیانی بدەن کە منداڵێکی لەدەست دەرچوو بە دەست دەخات یا نەخۆشێکی بارودۆخ بەرەو خراپتر بە دکتۆرەکەی دا هەڵبدات کە نەخۆشی تر بەرەو خراپتر دەبات یا جوتیارێک بە بەرهەمە خراپەکە پڕنەخۆشیەکەی دا هەڵبدات کە نەخۆشخانەکان پڕ دەکات بەڵکو پێدا هەڵدانی کەسانێکی بێ بەهرە و هیچ لەبار دا نەبووە بە ڕەش و سپی و بە پیرۆز کردنی فڵان کەسە ، دروستکردنیئەم جۆرە ژینگەیە بینین بەر تەسک دەکاتەوە و دەرفەتی موناقەشەی کاریگەر ناهێلێ ، ڕەنگە بۆچونی باشیش لەسەر بەشێک لە کارەکانی فڵان کەس هەبێ بەڵام بە بۆنەی کەسیپێداهەڵدەر ئەو بەشەی رەئیە باشەکە لەبەر چاو ناگیرێ وەک نەکراو و بزر دەمێنێتەوە ، هەرچەندە کۆک بوون لەسەر بابەتێک دروست دەبێ بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەتەکەیەتی ئەیناواخنەکەی ! هەمیشە بیرو بۆچونی وەک یەکیش لە لق و پۆیەکانی بەریەک کەوتن لە بیروڕا دروست دەکات ئەمە خۆی لە خۆی دا ئاماژەیەکی تەندروستە بۆ ئەو تێگەیشتنەیپێویستە شێلگیرانە بەرگری لە بابەت و کەسەکان بکرێ و پێویست بە پیرۆز کردنیان ناکا.




فیوز …. کاوان عبدالرحمن

لەناو بووندا، “شت”ـی سادە نەماوە,
سادەیی “شت”ــێک نەماوە.
نەماوە سانایی،
سانایی بووە بە عەدەم
بوون زۆر لەوە ئاڵۆزترە،
بونەوەر بە سادەیی تێیپەڕێنێت هەر بۆیە:
ئێمە فیوز دەکەین
من…تۆ… ئەو…
کات…زەمەن… شوێن…
ڕابردوو لەگەڵ ئێستادا
ئێستا لەگەل مایکرۆ-تەکنەلۆژیادا
مایکرۆ-تەکنەلۆژیا لەگەڵ هزردا
هزر لەگەڵ کاتدا.
کات لەگەڵ ئێمەدا
بەڵێ ئێمە
ئێمەی “ئێستا”
هۆشی ئێمەی ئێستا، لەگەڵ سەدەدا
هەموومان پێکداچووین
لە هەمووماندا پێکداچووە
فیوزمان پێکرا
ئێمە بووین کردمان،
مرۆڤ فێرە، لە دەرەوە و ناوەوە دەیکات.
فیوز دەکات, شتی تر دەکات.
جەنگ ئەکات
جەنگ لەگەل خۆی و پاشان
لەگەڵ خۆیدا دەیکات.

سوژە لە نێوانی بوون و نەبووندا
تەنها جەنگی بۆ ماوەتەوە
سوژە بونێکە لە هەڵە،
پێکهاتەیەکی نە-مردووە
راگەیاندنی بێ دەسەڵاتی خوداکانە
“جەنگ” لەسەر “جەنگ”
لە دژی هەیمەنەی خودا دەکات.
ئەوی تری گەورە تینووە بە جەنگ
لە نێوان ئاگایی و فرە-ئاگاییدا
لە نێوان نا ئاگایی و ئەویتردا
لە ئێمەوە بۆ ئەویتری گەورە
لە نێوان کردەوە و “ژێست”ــدا
ئەوە جەنگە، خۆی مەڵاس داوە
جەنگ ئارەزووە
بۆ نواندن لە پێش ئارەزووکردنی ئەویتر
ئەو خەسڵەتە فیوز ئەکات.
ئەو خەسڵەتە دەگوازرێتەوە
لەمنەوە بۆ ئەو
لە ئەوەوە بۆ…
لە ئەوەوە بۆ ئەویتر!
من لەناو خۆمدا پێکدادەچم
ئەو لە ناو مندا
ئەویتر لە ناو هەردووکماندا و
هەموومان لەناو “بوون”ــدا

لەناو ئێمەدا کات درز دەبات.
درزێکی گەورە، گەورەتر لەوەی
کە گەردوون پێی لەت و پەت بوو.
ئەو درزانەی کە کات،
لەناوماندا دروستی دەکات
پڕ نابێتەوە،
بۆمان ناگیرێت،
مرۆڤ هەموو شتێکی پێ دەگیرێت
جگە لە کات
جگە لە درزی کات
لەنێوان ئێستا و ئایندەدا
ڕۆچوویی نێو وەهمە پەتیەکان بووین
کات بۆشایی خستە ناومانەوە،
کەوتینە ناو بۆشاییەوە!
کەوتینە ناو عەدەمەوە
لە سنوری ئێستای عەدەمدا
تلۆر ئەبینەوە بەرەو ….
بەرەو عەدەمیەتی ڕەها.

لە ناو ئێمەدا درز کات دەبات
کەلێن کەوتۆتە ڕۆژەکانمانەوە
ڕۆژەکانمان، کەوتۆتە ناو کەلێنەوە
دووبارەیی تەنگی بە دووبارەیی هەڵچنیوە
هارمۆنی چینەکانی دەوروبەرمان ئاڵۆزن
ڕیتمی ڕێڕەوەکانمان چونیەک نین
پێیەکان ئەلەرزن, ئەوە “بوون”ــە ئەلەرزێ
لە ژێر پێیەکانماندا.
نامۆیی بووە بە ڕوخساری سێیەممان
ئێمە لەناکاو خۆمان بە تەوێڵی “ئێستا”ــدا کێشاوە
ئێمە بە پرتاو هەڵدێین
دێین و دەچین و بێ هۆ دەوەستین
دوبارە دەست بە هەنگاونان دەکەینەوە,
بێ ئەوەی بەرەو “هیچ شوێنێک” بچین
بەرەو “هیچ شوێنێک” هەنگاو دەنێین
بەرەو بەردەوام بوون
لە رابردوودا،
بە غافڵبوون،
بە ئێستاوە.
بەردەوام دەبین، بەڵام
شتێک نییە بۆ بەردەوام بوون
شتێک نییە بۆ وەستان
شتێک نییە ناوی رابردوو بێت.
“ئێستا” ئەڕوات و ئێمە ناڕۆین
“ئێستا” لەناوماندا ڕەگی داکوتیوە،
ئێمە لە “ئێستادا” ڕەگمان داکوتیوە

زەوی گەر جارێک بەدەوری خۆردا بسورێتەوە
ئەوا ملیۆنان جار لە بێ ئیشی خۆیدا ئەسورێتەوە
ئەو دەمەی بەیانیەک خۆر هەڵدێ
– چونکە ئیشی هەموو سبەینانێکیەتی –
دوا بە دوای خۆی
تاریکیەکی نەبراوە دەهێنێت.
ئێمە و کات، لە شەودا دەبینەوە بە ئێمە
لە نیو نیگادا، دەگەین بە شەو
تاریەکیەک;
لێوانلێوە لە ڕەنگی “ڕەش”
تاریک و تۆقێنەر…
ترسناکە تاریکی ئەو
ئەو تاریکی تۆقێنەرە
لە کرۆکیدا، تەمە،
تەمێک کە ناڕوات و کۆتایی نایەت.
ئێمەیش کە جێگیرین و بیر دەکەینەوە
بیر لە خۆمان دەکەینەوە
لە ناو خۆماندا بیر دەکەینەوە
لە جوڵەدا بیر لە جێگیربوونمان دەکەینەوە
لە گۆڕینی هەستدا; هەست لە تاریکیی زەمەن
هەست لە بیرکردنەوەی چێژ
هەست دەبێت بە تارمایی و تاریکی
لە تاریکی هەستەکاندا،
نەست، سەرجەمیان دەبنەوە بە تاریکی
تاریکی لە خۆی ئەترسێ
ئەترسێ لە تاریکی خۆی…
ئیدی کات ئەبێت بە میلێکی شکاو
نە دەڕوات، نە دەشوەستێت
هاوار و ناڵەی لە ناو خۆیدا دەنگ دەداتەوە
ئەو لە ناو خۆیدا دەگات بە ئەوپەڕی،
ئەوپەری ترس
ئەوپەری ئێستا
ئەوپەری چەقین
ئەوپەری مەرگ…
ئەوپەری هەموو خواستەکان
ئەوپەڕی هەموو ویستەکان
مەرگ لە ناسینیدا ئامادەیی هەیە
ئیدراکی مەرگ، خودی مەرگە.
مەرگ لە چاوەڕوانیدا, چاوەڕوانی ناسینیەتی
ئێمە لە چاوەڕوانی ناسینیداین.
هەنگاوێک بەرەو مەرگ ئەرۆین
دوو هەنگاو دێینە دواوە
دوو هەنگاو بەرەو مەرگ ئەرۆین
بەلام نایگەینێ و لە لێواری سنووری سەرەتادا ئەچەقین، هەنگاوەکانمان
هێواشترن لەوەی هەستیان پێ ئەکەین
تێڕوانینەکانمان، نەزانترن لەوەی ئەیزانین.
بۆچونەکانمان، هەڵەترن لەوەی بروامان پێیەتی.
مەرگ، رۆتینیەتی نهێنیەکانە
تاسەی ئەکەین
ئەو تاسەمان ئەکات
کات نامانبڕێت
ئێمە کات نابڕین، ئێمە لە جەنگداین
جەنگێک لە دژی “بوون”
لە دژی ئەودیوی “بوون”




ڕاكێشانی ده‌ستی دۆستایه‌تی عه‌ره‌ب! …. مسته‌فا جه‌لال خۆشناو

په‌سه‌ند كردنی مادده‌ی ( 10 ) فه‌ قه‌ره‌ی ( بڕگه‌ی ج ) له‌ یاسایی بودجه‌ی عێڕاق راكێشانی ده‌ ستی دۆستایه‌تی عه‌ره‌ب نییه‌ بۆ كوردبه‌ڵكو فشاری ئه‌مه‌ریكایه‌ ناچاری كردن بۆ ڕێگریكردنی كورد له‌ بازرگانی كردن له‌ گه‌ڵ ئێران و نه‌هێشتنه‌وی هیچ بیانویه‌كی كورد بۆ پڕۆسه‌كه‌ و وه‌ كورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ ئێستاشه‌وه‌.به‌ پێی زانیاریه‌كان و سه‌رچاوه‌ دروسته‌كان ( مه‌كگۆرگ ) پێش ئه‌وه‌ی دوا سه‌فه‌ری خۆی بكات به‌ سه‌رانی ( یه‌كێتی و پارتی ) و كورده‌كانی خۆرئاوای وتووه‌ ئه‌مه‌ریكا هیچی پێ‌ نییه‌ بۆتان خۆتان له‌ ناو خۆتان رێك كه‌ون , له‌ ساڵی ( 1922) له‌ دواین دانیشتنی ( شێح مه‌حمود) و ( مێجه‌ر نۆئێل ) ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ شێخ مه‌حمودی وتوه‌ (ئینگلیز ) هیچی نییه‌ بۆتان خۆتان مشووری خۆتان بخۆن , روسه‌كانیش له‌( كۆماری مه‌هاباد ) كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردیان وتووه‌ ئێمه‌ ئیشمان لێره‌ نه‌ماوه‌ خۆتان چاره‌یه‌ك بۆ خۆتان بدۆزنه‌وه‌.

له‌ هیچ كام له‌م قۆناغانه‌ ئێمه‌ مشوری خۆمان نه‌خواردووه‌و له‌ جیاتی یه‌كبوون و خۆ ڕێكخستن و یه‌كخستنی ناو ماڵی كورد هێنده‌ی تر به‌گژیه‌كتری داچووین و هه‌ندێكیشمان ده‌سكێشی دوژمنمان كردووه‌ بۆ ناو ماڵی خۆمان,ئه‌مه‌ وته‌یه‌كی تاڵه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ حه‌قیقه‌ته‌ , ئه‌مه‌ریكاوئینگلیزوروسیا نه‌فام نین ئه‌وانیش ئه‌مه‌ ده‌زانن و له‌ خۆیان ده‌پرسن باشه‌ كورد هێنده‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك خراپ بن خۆ ئێمه‌ له‌ كورد كوردترنابین بۆ وه‌فامان بۆیان هه‌بێت ! , ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ قسه‌كانی (فوئاد عجمی ) یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌لاوه‌نانی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ودروستكردنی قه‌واره‌یه‌ك كه‌ دیموكراسی تێدا په‌یڕه‌وبكرێت و گه‌نده‌ڵی دابه‌زێندرێت بۆ كه‌مترین ڕاده‌ و گه‌ره‌نتین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك متمانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ متمانه‌ی خه‌ڵكیش گه‌ڕایه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر حیسابت بۆ ده‌كرێت , كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریش حیسابت بۆ كرا ئه‌وه‌ ( ئه‌مه‌ریكاوئینگلیزوروسیا) ( ئه‌خڵاقیه‌ن) و ( به‌رژه‌وه‌ندیه‌ن ) مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌ن !

له‌ ده‌وروبه‌ر حیسابت بۆ ده‌كرێت , كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریش حیسابت بۆ كرا ئه‌وه‌ ( ئه‌مه‌ریكاوئینگلیزوروسیا) ( ئه‌خڵاقیه‌ن)
و ( به‌رژه‌وه‌ندیه‌ن ) مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌ن !




چه‌ند شیعرێك له‌ ( چارڵز بۆگۆفسكی )یه‌وه‌ … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1) گه‌ڵای دارخورما

نیوه‌شه‌وی 1973- 1974
سه‌عات دوانزه‌ونیوی ته‌واو له‌ لۆس ئه‌نجلۆس
له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌كه‌م ،
باران ده‌ستی پێكرد
به‌سه‌ر گه‌ڵای دارخورمایاندا دای كرد ..
هۆڕنی ئۆتۆمبیلان و چه‌خماخه‌ی ئاگره‌گه‌مه‌..
ئاسمان بروسكه‌ی ده‌دا .
من
له‌ سه‌عاتی نۆی‌ ئێواره‌وه‌
چووبوومه‌ ناو جێ و چرام كوژاندبوونه‌وه‌
له‌ناو جێدا به‌خۆم دادابوو
له‌ژێر پێخه‌فه‌وه‌
گوێم بۆ هه‌را و
خۆشی و به‌ختییارییان ڕادێرا بوو..
هاوارییان
شه‌پقه‌ كاغه‌زینه‌كانیان
ئۆتۆمبێل ، ئافره‌ته‌كانیان و
سه‌رخۆشه‌ تازه‌ ده‌ستپێكردووه‌كان ..

هه‌میشه‌ سه‌ری ساڵ ده‌مترسێنێ
ژیان هیچ له‌ ساڵان نازانێ

ئێستا هۆڕنه‌كان دامركانه‌وه‌
ئاگره‌گه‌مه‌ وبروسك ….
هه‌موو شتێك له‌ پێنج خوله‌كدا
كۆتایی هات .
به‌سه‌ر گه‌ڵای دارخورماوه‌
له‌ باران زیاتر نابییه‌م
بیر ده‌كه‌مه‌وه‌
هه‌رگیز ناتوانم له‌ ئاده‌مزاد بگه‌م
به‌ڵام بۆ ژیان ،
به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانیه‌وه‌ ژیام .

(2) بێگومان

له‌ ژیاندا
له‌وه‌یش خراپتر هه‌یه‌ ته‌نیا بی
لێ ئه‌وه‌ زۆر جاران
ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێ
ده‌ركی پێ بكرێ
زۆر جاریش كه‌ ده‌ركی پێ ده‌كرێ
كات به‌سه‌رچووه‌
هیچ شتێكیش له‌ كات به‌سه‌رچوون خراپتر نییه‌ .

(3) دانپێدانان

چاوه‌ڕێی مه‌رگم
وه‌ك پشیله‌یه‌ك
خۆی بۆ پێخه‌ف هه‌ڵداوێ .

خه‌م بخۆم ، زیاتر خه‌م بۆ ژنه‌كه‌م ده‌خۆم
ئه‌و ،
ئه‌م جه‌سته‌ سپییه‌ خامۆشه‌ ده‌بینێ
یه‌كجار ده‌یجولێنێ
ڕه‌نگه‌ جارێكی دیكه‌ش بیبزوێنێ :
(( هانك! ))
هانك وه‌ڵام ناداته‌وه‌ .
مردنم نیگه‌رانم ناكا
ژنه‌كه‌م نیگه‌رانم ده‌كا
كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بارسته‌ له‌ هیچه‌دا
ده‌مێنێته‌وه‌ ..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ،
ده‌مه‌وێ بزانم
من
به‌ درێژایی ئه‌وان شه‌وانه‌ی
له‌ نزیكیدا نوستووم
ته‌نانه‌ت
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخانه‌ خۆڕاییانه‌شدا
هه‌ر جوان بوو
وشه‌ی قورسی
كه‌ هه‌میشه‌ ده‌ترسام بیڵێم
ده‌توانرێ ئێستا بگوترێ :
خۆشم ده‌وێی !

(4) نامه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه‌

له‌ ژوورێكی بچكۆلانه‌ی نزیك ( سین ) ـه‌وه‌
نامه‌یه‌كی بۆ نووسیم
ده‌ڵێ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ خولێكی فێربوونی سه‌ما
ده‌ڵێ سه‌عات پێنجی سپێده‌ له‌ خه‌و ڕابووه‌ و
هه‌ندێ قه‌سیده‌ی به‌ ئامێری چاپ نووسیوه‌
یا وێنه‌ی كێشاوه‌
دوایی هه‌ستی كردووه‌ گریانی دێ
چووه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌ دڵگره‌كه‌ی
له‌ كه‌نار ڕووبار دانیشتووه‌ .
كتێبی ( گۆرانییه‌كان ) ی
پاییز بڵاو ده‌بێته‌وه‌
نه‌مزانی چی بڵێم
له‌وه‌ی به‌ده‌ر
خۆی له‌ ددانی نه‌خۆش ڕزگار بكا و
له‌ عاشقه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كان وریا بێت .

وێنه‌كه‌یم به‌ ڕادیۆوه‌
نزیك پانكه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سارد
وه‌ك شتێكی زیندوو ده‌جوولایه‌وه‌
دانیشتم ته‌ماشام كرد
تا ئه‌و پێنج شه‌ش جگه‌ره‌ی مابوومم كێشا
پاشان هه‌ستام
چووم نووستم .‌

(*) چاڕلس بۆگۆفسكی ساڵی 1920 له‌ شاری (ئا‌ند‌رناخ) ی ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه‌ ، به‌ڵام زۆری نه‌بردووه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان چووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا .
بۆگۆفسكی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌لێك چیرۆك و شانۆیی و ڕۆمانی نووسیوه‌ به‌ڵام زیاتر وه‌ك شاعیر ناسراوه‌ .
ئه‌م شیعرانه‌ی له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌وه‌كراون به‌ كوردی كه‌ ده‌زگای ( الجمل) ساڵی 2009 به‌ ناوی ( الحب كلب من الجحیم )ـه‌وه‌ بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌




هەڵەبجەییەکان چی بکەن؟ …. فەرەیدون کونجرینی

یه‌کێک‌ له‌ کەندەکانی بەردەم ئابوری ‌و گه‌شه‌دان به‌ سه‌رمایه‌ی مرۆیی و بونیاتنانی ژێرخانی هه‌رێمی کوردستان نەبونی چاکسازییە، هەربۆیە پێویست دەکات لە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان پلانسازی بۆ چاکسازی ئەنجامبدرێت، بەتایبەت هەڵەبجە کە بوەتە پارێزگا بەمەش پلانی ژێرخانی ئابوری یەکەم قۆناغییەتی بۆ بەئەنجام گەیاندنی پارێزگابون” پارێزگای هەڵەبجە تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوری و کەندی بازرگانی و فه‌رهه‌نگی خۆیان هه‌یه، بەڵام گرنگی پێنادرێت و پڕۆژه‌ و پێشنیازی هاوڵاتی به‌هێند نازاندرێت لەلایەن حکومەتی هەرێم.

‌پێویسته”‌ له‌ دانانی ده‌روازه‌ و سێکته‌ره‌کان هاوڵاتی لە سنوری ناوچەکەیدا پێشکاربکات و پڕۆژەیان هەبێت تا لە پێشبڕکێی پارێزگاکاندا سەرکەوتوبن بەتایبەت هەڵەبجە سەرەتای دامەزراندنێتی، مافی به‌رگریکردن له‌ به‌رکه‌وتی ناوچەیی بۆ هه‌مو پارێزگا و شاره‌وانی پارێزراو بێت. پێویسته‌ کار به‌و نه‌ریته‌ بکرێت که‌ هه‌مو هاوڵاتیه‌ک بۆی هه‌یه‌ به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و خێزان و ناوچه‌ و شار و گه‌ڕه‌که‌که‌ی بکات، چونکه‌ ئه‌و به‌ژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تانه‌ ناکۆک نین له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا، به‌ڵکو ته‌واوکا‌ری به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانین و کۆڵەکەی بەهێزن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکان.

لە رۆژئاوای باشوری کوردستان سنوری تورکیا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەیە، کە بەگەورەترین دەروازەی بازرگانی هەرێمی کوردستان هەژمارکردەکرێت، هەڵەبجەی یەکان هاوشێوەی ناوبراو دەروازەی سنوریان بۆ ئێران بەدەستبێنن” بەم پڕۆژەیە، پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە یەکێك لە ناوچە بەپیت و پڕ بەرهەمەکان و ئاوەدان دەکرێتەوە باشتر لەو چاوەڕوانیەیی ساڵەهای ساڵە باس لە ئێش و ئازارەکانیان دەکەن و دەرنجامی نەبوە”

هەمو ساڵێک لە (16)ی سێ هاوڵاتیانی دانیشتوی هەڵەبجە داواکاریانیان دەخەنەڕو تا قەرەبوی تاوان و بەسەرهاتی سەردەمی ڕژێمی بەعس بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێهودەیە و کاریگەرنەبوە و ئامانجیان نەپێکاوە بەناڕەزایی دەربڕین و قسەکردن لەسەر کەمتەرخەمییەکان سودی نییە و دەبێت خۆیان هەوڵبدەن و نوێنەریان رەوانەی بەغدا بکەن تا پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی ئێران ببسرێت” ئەم پڕۆژەیە ئاستی شارستانی پارێزگای هەڵەبجە بەرەوپێش دەبات و کێشەی ناوەکی کارگوزاری و رێگیری لە چون بەرەو شارستانی نوێ ناهێڵێت بەمەش ئابوری و بنیاتنانی ژێرخان پێش دەکەوێت”

لە رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل” بڕی رۆژانەی داهاتی پتر لە یـەك ملیۆن دۆلارە” گەر لە پارێزگای هەڵەبجە هاوشێوەی ئیبراهیم خەلیل” لە سنوری ئێران هەمان دەروازە بکرێتەوە بڕی داهاتی رۆژانەی کەمتر نابێت لە نیو ملیۆن دۆلار” ئەمەش سودێکی باشی دەبێت بۆ پارێزگای (هەڵەبجە).

بۆ بەپارێزگا کردنێك کە بتوانرێت سود لە داهاتی ناوچەکەتان وەربگرن جگە لە داهاتی کشتوکاڵی “بەم پێشنیازە هەڵەبجە بکەنە نمونە”، پشت مەبەستن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاڵە نەوتەکانی هەرێم و بەڵێنی بەرپرسی حیزبی و متمانەیان پێ مەکەن تا ئیدارەکانی هەڵەبجە دابمەزرێنێت و بیکەنە پارێزگایەکی نمونەیی، هەڵەبجە دەوڵەمەندە لە ڕوی کشتوکاڵی “کانزایی و لەهەرکاتێدا دەتوانرێت نەوت بەرهەم بێنێت” جا گرنگی بدەن بەم پڕۆژەیە و چاوەڕوانی بەغدا و هەولێر مەبن تا دەیـــگەیــەنە لوتکەی “خواستەکانتان و پاداشتی خانەوادەکانتان و خاکی پیرۆزی هەڵەبجە ئەدەنەوە، پێداگیریی بکەن تا حکومەتی هەرێم سەرجەم سنورەکانی لەگەڵ ئێران دابخات و مەرزێکی نێودەوڵەتی دروستبکات لە سنوری هەڵەبجە بۆ ئێران و دەروازەیەکی بەسودی بازرگانی هاوشێوەی ئیبراهیم خەلیلێکی تر بکەنەوە کەدەبێتە قاسەی بوژانەوەی هەمو جاوەڕوانیەکانتان و بەهیواکانتان دەگەن.

یاساکانی سنوری ئیبرایم خەلیل بزانە

1/ هەر هاوڵاتیەك لەچون و گەڕانەوەدا باج و سەرانە نادات.
2/ بڕی هەر ئوتۆمبێلێک بۆ گەشت لەچون و گەڕانەوە بۆ وڵات باج و سەرانە نادات بەڵام باجی هەر کەلوپەلێک دەدات زیاد لە پێویستی خۆی بێت” لەوادەی تێپەڕی کاتی رۆژانەی بڕی سێ دۆلار دەدات.
3/ هەر لۆریەك تانکی زیادەی هەیە “هەر تانکێکی 600 لیتر گاز هەڵدەگرێ” بڕی هەربارهەڵگرێك بە بەتاڵی باجی ئەو گازە دەدات کە پێیەتی و تێپەڕبونی بەسنورەکەدا”.
4/ بڕی هەر بارهەڵگرێکی نەوت هەڵگر لەسەر حکومەتی هەرێم (1800) دۆلار گومرگیەتی
5/ بڕی هەر بارهەڵگرێت بە بارەوە پتر لە (2500) دۆلارە
6/ بڕی هەر ئوتۆمبێلێل بۆ بازرگانی زیاترنیە لە (1800) دۆلارە
7/ مانەوەی هەر بارهەڵگرێك لە رۆژێکدا پتر لە (80) دۆلارە
8/ باجی کەلوپەل بەهەمو جۆرەکانیەوە” جۆری کەلوپەل 1930 جۆری هەیە”
9/ خواردەمەنی و خواردنەوە گومرکی بەرچاوی هەیە
10/ پۆشاك بە ئاستێکی زۆر رەوانە دەکرێ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی
11/ کەلوپەلی ناوماڵ یەکێکە لە سەرچاوە بازرگانییەکانی سەردەم کە بەڕێژەیەکی زۆر دێتە هەرێمی کوردستان و رەوانە دەکرێت بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق.
12/ پێداویستی کارگە و بیناسازی کە رۆژانە بەسەدان هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارانەی بە من گەیشتوە لە کاربەدەستانی ئەو سنورە، رۆژانە داهاتی ئیبراهیم خەلیل پتر لە یەك ملیۆن دۆلار واتا مانگانە 30 ملیۆن دۆلار داهاتییەتی.

خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل، یەکێکە لە خاڵە سنورییە گرنگەکانی باشوری کوردستان، ئەم سنورە باشوری کوردستان و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێت. لە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە مانگانە نزیکەی (150) هەزار هاوڵاتی بە مەبەستی کاروباری بازرگانی، گەشتیاری و سەردانکردن هاتوچۆ دەکەن و لە کاتی چونیان بۆ تورکیا ئاستەنگ و گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت لە کاتی زۆر مانەوەیان و باج دەدەن ئەمەش شۆفێران و هاونیشتمانیانی دڵگران کردوە، بۆ مەبەستی زیاتری لای سەرەوە، دەروازەی سنوری هەڵەبجەو ئێران بەو جۆرەی ئیبراهیم خەلیل بکرێتەوە گەشتوگوزاری فڕۆکە و بازرگانی بارهەڵگر بە ئاراستەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات و باجی کەمترە لە بازرگانی دەریایی و دەشبێتە باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەڵەبجە بێ هیچ بەربەستێک ئێران بەم پڕۆژە رەزامەند دەبێت.

رۆژانە لە سنوری ئیبراهیم خەلیل پتر لە دە هەزار هاوڵاتی و سەدان تانکەر و بارهەڵگر و سەدان ئۆتۆمبێل لە سنوری تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان و دەچنە ناو خاکی تورکیاوە بەمەبەستی کار لەڕوی ئەو پەیوەندیە بازرگانیەی لەنێوان هاوڵاتیانی هەرێم و تورکەکاندا هەیە، بەڵام بەداخەوە ناوچەکە لە وێرانکاریدایە و گرنگی پێ نەدراوە، داهاتی ئەو سنورە بۆ گیرفانی حیزبێکە و بەس، کە تا ئەم ساتەوەختە خەڵکی ناوجەکە و هەرێمی کوردستان سودبەخش نەبون، بەڵکو لەسەر داهاتی ئیبراهیم خەلیل بە هەزاران هاوڵاتی لە جەنگی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی کوژران و بێ سەروشوێن کران.

سنوری هەڵەبجە بۆ کاروباری بازرگانی گونجاوترە لە باشماخ و ناوچەکانی پێنجوێن کە رێگا کورت و نزیک دەکاتەوە، هەڵەبجە بۆ شاری سنە و مەریوان و ناوچەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان سەدان کیلۆمەتر جیاوازی هەیە لەگەڵ سنوری پێنجوێن، باشترکردنی ئەم پڕۆژەیە و کردنەوەی دەروازەیەکی وەها بەسود بە دو تونێلی حەوت بۆ دە کیلۆمەتر لە سنوری نێوان هەردو وڵات کار ئاسانی باشتر دەکات.

فەرەیدون کونجرینی




“ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”ی بەهمەن قوبادی لە ناو 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” لە ناو لیستی 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان دایە.

فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” و براوەی خەڵاتی “کامێڕای زێڕین” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی 2000 کە تا ئێستا زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوە، بەم دوایانە شەشەمین فیلمی لە ناو لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری فیلمە غەیرە ئینگلیزییە زمانەکانی مێژووی سینەمای جیهان لە لایەن “نیکۆلاس باربێر” Nicholas Barber ڕخنەگری ئاژانسی هەواڵنێری جیهانی “بی.بی.سی” BBC بۆ خۆی مسۆگڕ کردووە.

لە سەرەتای ڕاپۆڕتی “نیکۆلاس باربێر” لە بەشی ئینگلیزی ئاژانسی هەواڵنێری جیهانی “بی.بی.سی”دا BBC هاتووە: ڕاپرسی فیلمی غەیرە ئینگلیزییە زمانەکانی بەشی کەلتووری “بی.بی.سی” BBC ئەو فیلمانە لەخۆدەگرێت کە لە 66 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان دەستنیشانکراون و بە ناچار، بەرهەمی هەندێک لەم وڵاتانە باشتر لەوانی دیکە بوون. چەندین فیلم لەم لیستەدا بوونیان نییە، بەڵام ئەوە بەوم مانایە نییە کە ’ئەوان شاکار نەبن. ئەوە تەنیا بەم مانایەیە کە ئەوانە ئەو فیلمە شاکارانەن کە چاوەڕوانی ئەوەن کە کەشف بکرێن و بناسێندرێن.

لەم ڕاپۆڕتەدا، “نیکۆلاس باربێر” سەبارەت بە فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” کە پێگەی شەشەمی لە لیستی 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهانی بۆخۆی مسۆگڕ کردووە، نووسیوییەتی: ژێرنووسێک لە سەرەتای فیلمی قارەمانەی “بەهمەن قوبادی” ڕایدەگەیەنێت کە ئەم فیلمە “ڕێزلێنانێکە بۆ میراتی کەلتووریی من” و “ئەم کەسانە، لە زاکیرەی مندا خەیاڵی نین”. شکێک سەبارەت بەوە بوونی نییە، قوبادی مومکینە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و بێوێنەی لەم فیلمەدا وێنە گرتبێت. بەڵام چیرۆکی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” کە لە شاری قوبادی بۆ بینەر دەگێڕدرێتەوە، وەکوو ڕاپۆڕتێکی زۆر گرینگ لە ژیانی کوردەوارییە و هەر بەم هۆیەوە کاریگەرییەکی یەگجار زۆری هەیە. “ئەیووب” پاڵەوانی فیلمەکە، کوڕێکی هەتیوە کە دەچێتە ناو کۆڵبەرە ستەم لێکراوەکانی ناوچەکەوە تاکوو بتوانێت مەسرەفی عەمەلیاتی “مادی” برا کەمئەندامەکەی دابین بکات. هەر بەو شێوەیەی کە ئەوان بەسەر شاخەکانی کوردستاندا تێدەپەڕن، باوبۆرانێکی توند دێت، تا ڕادەیەک کە ئەسپەکان بۆ درێژەپێدان بە ڕێگاکەیان، عارەقیان پێدەدرێت کە ناوی فیلمەکەش هەر لەم مەسەلەیەوە هاتووە.

ناوی فیلمەکانی لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان، بریتین لە: 1 ـ “ڕەشنووس” Black Orpheus لە دەرهێنانی “ماڕسێل کامووس” Marcel Camus بەرهەمی ساڵی 1957 لە وڵاتی بڕازیل، 2 ـ “من کووبام” I Am Cuba لە دەرهێنانی “میخائیل کالاتۆزۆڤ” Mikhail Kalatozov بەرهەمی ساڵی 1964 لە وڵاتی کووبا، 3 ـ “تۆپی ئاور کووژێنەوە” The Firemen’s Ball لە دەرهێنانی “میلۆش فۆرمەن” Miloš Forman بەرهەمی ساڵی 1967 لە وڵاتی چێکئۆسلۆڤاکی، 4 ـ “گەمارۆ” Siege لە دەرهێنانی “گیلبپرتۆ تۆفانۆ” Gilberto Tofano بەرهەمی ساڵی 1969 لە وڵاتی ئیسڕائیل، 5 ـ “ماپانتۆسلا” Mapantsula لە دەرهێنانی “ئۆلیڤێر ئێشمیتز” Oliver Schmitz بەرهەمی ساڵی 1988 لە وڵاتی ئەفریقیای باکوور، 6 ـ “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” بەرهەمی ساڵی 2000 لە وڵاتی ئێران، 7 ـ “ڕاکەریی خێرا” Atanarjuat: The Fast Runner لە دەرهێنانی “زاکارایاس کۆنۆک” Zacharias Kunuk بەرهەمی ساڵی 2001 لە وڵاتی کەنەدا، 8 ـ “دارێت” Daratt لە دەرهێنانی “محەمەد سەلاح هاڕوون” Mahamat Saleh Haroun بەرهەمی ساڵی 2006 لە وڵاتی چاد، 9 ـ “مامە موونمی، کەسێک کە دەتوانێت ڕابردووی خۆی بە یاد بێنێتەوە” Uncle Boonmee Who Can Recall His Past Lives لە دەرهێنانی “ئاپیچاتپۆنگ ویراستاکۆل” Apichatpong Weerasethakul بەرهەمی ساڵی 2010 لە وڵاتی تایلەند، 10 ـ “وەجدە” Wadjda لە دەرهێنانی “هەیفا ئەلمەنسوور” Haifaa al-Mansour بەرهەمی ساڵی 2012 لە وڵاتی عەڕەبستانی سعوودی، 11 ـ “نۆڕتی، کۆتایی میژوو” Norte, the End of History لە دەرهێنانی “لاڤ دیاز” Lav Diaz بەرهەمی ساڵی 2013 لە وڵاتی فیلیپین و هەروەها 12 ـ “لە باوەشی ماردا” Embrace of the Serpent لە دەرهێنانی “کیرۆ گیووڕا” Ciro Guerra بەرهەمی ساڵی 2015 لە وڵاتی کۆلۆمبیا.

بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی ناوی فیلمەکانی لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان، سەردانی لینکی ژێرەوە بکەن:
http://www.bbc.com/culture/story/20181029-twelve-amazing-lesser-known-films-from-around-the-world




بەفر باری … محەمەد بەرزی

ســـاردە بـــەفــر دەبــارێ
وەک لـۆکـە دێـتە خـوارێ

کـڕێــوەیـە و شــار چـۆڵــە
بـەهـەشـتـە بـۆ ریـشـۆڵــە

شــاخـی گــوێــژە سـپـیـیە
دار و بـەردی دیـار نـیـیـە

ڕێــگـا هـەمـووی گــیــراوە
بــاخــچـەمــان داخــراوە

ئـۆخـەی ئـەمـڕۆ لـە ماڵـیـن
هـەمـوو خـەریـکـی یــاریـن

لـە نـاو بـەفـرا بـە کـۆمـەڵ
دەیـکەیـن بـە شـەڕە تـۆپـەڵ

٥ / ٢ / ٢٠١٩




سه‌رنجێك له‌باره‌ی كتێبی ڕواندز مێژوو وبیره‌وه‌ری … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

(ڕاستكردنه‌وه‌ی مێژووێكی ناته‌واو)

یه‌كێك له‌وبواره‌گرنگانه‌ی پێویستی به‌قوڵبوونه‌وه‌ و ورده‌كاری و ساغكردنه‌وه‌هه‌یه‌، بواری مێژووه‌. نووسین و توێژینه‌وه‌له‌بواری مێژوودا، ئه‌رك وبه‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئاكاری وكۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌یه‌. چونكه‌ له‌ڕێگه‌ی مێژوو، ئێمه‌ئاشنای ڕابردوو، ڕووداوو دیارده‌كانی ژیانی پێشوترمان ده‌بین. له‌مێژوودا، گرنگترین بنه‌ما كه‌پێویسته‌ ڕه‌چاوبكرێت، بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆبوونه‌. واته‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌ك خۆی نه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری مێژووده‌یه‌وێت. له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا، نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت كه‌مێژوو ئه‌وه‌یه‌كه‌ڕوویداوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ده‌گێردرێته‌وه‌. ئه‌گه‌رمێژوو، نووسین وگێڕانه‌وه‌ بێت، ئه‌وا هه‌موومان ده‌بینه‌ مێژووناس. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ ئه‌وه‌مێژووه‌، كه‌ده‌بێ ته‌نها له‌دیدگایه‌كی مێژوویی، به‌ده‌ر به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌رتایبتمه‌ندییه‌كی كه‌سی،یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی، یاخود سیاسی و ئایدۆلۆژی بیبینین. بۆیه‌شه‌ ده‌بینین زۆرجار له‌میانه‌ی خوێنه‌وه‌ی مێژووی ڕووداوێك ئێمه‌ جۆرێك له‌گومانمان بۆ دروست ده‌بێت.

چونكه‌ هه‌رمێژووه‌ ده‌توانێت ڕاستییه‌كان وه‌ك خۆی بنووسێته‌وه‌، یاخودچیڕۆكێك له‌چه‌واشه‌كاری دروست بكات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، مێژوو وه‌ك ناونیشان هه‌رته‌نها بوارێكی دیاریكراوناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوچه‌ندان لایه‌نی دیكه‌ی وه‌ك سیاسی وجوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌خۆده‌گرێت. بۆیه‌گرنگه‌ ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ له‌بواری مێژوودا كارێك بكه‌ن، سه‌ره‌تا میتۆدوچوارچێوه‌ی ئه‌وكاركردنه‌یان دیاربكه‌ن.چونكه‌ زۆئه‌سته‌مه‌ به‌ته‌نها له‌دووتوێی ڵاپه‌ڕه‌كانی كتێبێكدا،بتوانرێت هه‌موولایه‌ نه‌شاراوه‌كانی مێژووی شارێك یاخود كه‌سایه‌تییه‌ك بخرێنه‌ڕوو. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كارێكی له‌وشێوه‌یه‌، ده‌بێته‌ مێژووێكی نیوه‌چل و ناته‌واو. له‌وڕوانگه‌یه‌وه‌ كتێبی(ڕواندز مێژوو بیره‌وه‌رییه‌كان) یه‌كێكه‌ له‌وكتێبانه‌ی كه‌له‌ڕووی ناونیشانه‌وه‌، ناونیشانێكی فراوان و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ چه‌ندین كه‌موكورتی و ناته‌واوی هه‌یه‌. ئه‌گه‌رنووسه‌ری كتێبه‌كه‌، ته‌نها لایه‌نێكی فه‌رهه‌نگی، یاخود سیاسی، یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی یان هه‌رلایه‌نێكی دیكه‌ی وه‌رگرتبا، به‌بڕوای من نه‌ئه‌كه‌وته‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌وه‌.وه‌لێ چونكه‌ هه‌وڵیداوه‌ زۆرترله‌بوارێكی مێژووی وه‌ربگرێت، ئیدی سه‌ره‌نجام مێژووێكی ناته‌واوی بۆنووسیونه‌ته‌وه‌. له‌ڕاستیدا، مێژوو زانینه‌، هوشیاریه‌كی قووڵی ده‌وێت.

ده‌بێ ئه‌وه‌ی كاری تێدا ده‌كات به‌بیرتیژی وهه‌ستیارییه‌وه‌ توێژینه‌وه‌ بكات. بۆئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام مافی هیچ لایه‌كییان پشتگوێ نه‌خات. له‌مێژوودا بێلایه‌نی گرنگه‌.نابێ ئه‌وه‌ی مێژوو ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ژێركاریگه‌ریه‌تی هیچ دیدگایه‌ك حوكم به‌سه‌رشتێك دابدات. ئه‌م كتێبه‌ له‌چه‌ندین لایه‌نه‌وه‌ پێویستی به‌ڕاستكردنه‌وه‌یه‌. پێشترییش چه‌ندنووسه‌رێكی دیكه‌ له‌باره‌ی لایه‌نێكی دیاریكراوی شاری ڕواندز كتێبیان نووسیوه‌، وه‌ك لایه‌نی جوگرافی و سرووشت و به‌ربوومه‌ كشتوكاڵی و ناوی كارێز و دیارده‌ سرووشتییه‌كان و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌(وه‌ك نووسینه‌كانی مامۆستا ئومێد شێركۆ كه‌ جێگه‌ی پێزانینن). بۆیه‌ سه‌رله‌نوێ باسكردنه‌وه‌یان له‌و كتێبه‌دا، هیچ خستنه‌ سه‌رێك بۆخوێنه‌ران زیادناكات.ده‌بوو ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، له‌مێژووی ئه‌ولایه‌نانه‌ی كۆڵیباوه‌ كه‌تاكوئێستا به‌رباس نه‌دراون. ئه‌م كتێبه‌ له‌دووبه‌شی سه‌ره‌كی كه‌چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌یان لێده‌بێته‌وه‌، پێكهاتووه‌.

له‌به‌شی یه‌كه‌مدا به‌گشتی مێژووی ڕواندزومیرانی سۆران به‌رباس دراون.هه‌رچی به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یه‌ كه‌ئه‌ویان زۆرترجێی سه‌رنجی ئێمه‌یه‌، باسی سنووری جوگرافی و كارگێڕی شار، باسی كه‌سایه‌تییه‌كان، پیشه‌وه‌ره‌كان، خوێندن، هونه‌رو شاعیره‌كان ده‌كات.ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، چۆنی مه‌به‌ست بووبێت به‌وشێوه‌یه‌ له‌باسه‌كان دواوه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی هیچ بنه‌مایه‌كی لۆژیكی و زانستی بكات. بۆنموونه‌: ده‌كرێ بپرسین ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، له‌سه‌رچ بنه‌مایه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كانی شاری دیاریكردووه‌؟ كامانه‌ن تایبتمه‌ندییه‌كان؟ ئایاكه‌سێك كوتاڵ فرۆش بێت به‌سه‌بۆئه‌وه‌ی ناوی بچێته‌ ڕێزی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌؟ده‌بوو نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ئاگایی ئه‌وه‌ی هه‌بووایه‌ كه‌كه‌سایه‌تی ئه‌ومرۆڤانه‌ن كه‌ڕۆڵێكی داهێنه‌رانه‌یان له‌مێژوودا گێڕاوه‌وخزمه‌تیان به‌شاره‌كه‌كردووه‌.دواتر ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌ به‌لای نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ كه‌سایه‌تی بن، به‌ڵام ئایا لای هه‌مووان وایه‌؟ بێگومان نه‌خێر.له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ له‌م وتاره‌دا به‌كورتی و پوختی به‌شێك له‌ كێماسییه‌كانی ئه‌و كتێبه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ته‌نها له‌سه‌ربه‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌ ده‌وه‌ستین و به‌شی یه‌كه‌می بۆ كه‌سانی پسپۆر له‌وبواره‌ جێدێڵین.

لێره‌وه‌ش برگه‌به‌برگه‌ی بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، دواتریش ئه‌وهه‌ڵانه‌ ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ تێی كه‌وتووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرس و ڕاوێژی به‌كه‌س نه‌كردووه‌، كه‌به‌داخه‌وه‌ په‌تایه‌كی گه‌وره‌ی زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌یه‌ كه‌شه‌رم له‌پشته‌وه‌یتی. به‌ومانایه‌ی چۆن ده‌بێت كه‌سێك له‌وشاره‌زاتربێت و ئه‌وخۆی هه‌مووشتێك ده‌زانێت. له‌به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا، نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌چه‌ندلایه‌نێك كردووه‌، كه‌له‌خواره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ین:_

یه‌كه‌م:_ سنووری جوگرافی و كارگێڕی ڕواندز:_

نازانم نووسه‌ر له‌دیاریكردنی سنووری جوگرافی و كارگێڕی شاری ڕواندز، پشتی به‌چ نه‌خشه‌و ئامارێك به‌ستووه‌.ئایا له‌یه‌كه‌ی كارگێڕی شار، یاخود به‌شی ئامارو به‌دواداچوون پرسیویه‌تی چ شوێنێك سنووری ڕواندزه‌؟ بۆنموونه‌: له‌ڵاپه‌ڕه‌(226)دا نووسیویه‌تی(دۆڵی ئاڵانه‌و دۆڵی بێخال). سه‌ره‌تا ده‌بوونووسه‌رئه‌وه‌ بزانێت گونده‌كانی دۆڵی ئاڵانه‌ نه‌له‌ڕووی كارگێڕی، نه‌له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌قه‌زای ڕواندزه‌وه‌نییه‌.به‌ڵكوئه‌مانه‌ سه‌ربه‌ناحیه‌ی خه‌لیفان وقه‌زای سۆرانن. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆرم پێ سه‌یره‌ كه‌سێك له‌ڕواندز ژیاو گه‌وره‌ بێت وله‌بواری مێژووی شاریشدا كتێب بنووسێت، به‌ڵام نه‌زانێت شتێك نییه‌ به‌ناوی(دۆڵی بێخاڵ). به‌ڵََكوته‌نها گوندێك هه‌یه‌به‌ناوی بێخاڵ. نووسه‌رهه‌رله‌وبه‌شه‌دا، ناوی چه‌ندگوندێكی نووسیوه‌ كه‌ده‌كه‌ونه‌ سنووری قه‌زای ڕواندز. به‌ڵام سه‌یرله‌وه‌دایه‌، قه‌ڵه‌مبازی كردووه‌. بۆ نموونه‌:باسی كه‌ڵێته‌و وه‌رتێ ده‌كات،به‌ڵام پیروسوان و به‌رسیرینی بازداوه‌، كه‌نیوئه‌وه‌نده‌ی وه‌رتێ له‌ ڕواندزدوورنینه‌. هه‌میشه‌ش وه‌رتێ و دۆڵی خانه‌قا، له‌باڵه‌كایه‌تی نزیكه‌ وه‌ك له‌ده‌وروبه‌ری ڕواندز.هاوكات ناوی ئه‌وگوندانه‌شی بیر چووه‌كه‌هه‌موویان سه‌ربه‌ڕواندزن. ئه‌وانیش:_( پیروسوان_به‌رسیرین_ زه‌روا_ جنێراوه‌_ چنێران. زارگه‌ڵی_ بۆكریسكان_پرده‌شاڵ_بێلینگر_به‌رسول _چۆمه‌رخین_بانه‌سارد).ڕه‌نگه‌ هی تریش هه‌بن، وه‌لێ ئێمه‌ به‌خه‌یاڵمان دانه‌یه‌ت. هه‌رله‌و بابه‌ته‌دا، نووسه‌ر به‌ئاره‌زووی خۆی سنووری دۆڵ و شاخ و گردی دیاریكردووه‌. نووسیویه‌تی:_( دۆڵی خاڵه‌ ڕه‌ش له‌خه‌لان بیاوكۆتایی دێت). له‌كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین دواسنوورو خاڵی گه‌لی خاڵه‌ ڕه‌ش، سه‌رچاوه‌ی ئاوی بێخاڵه‌ له‌و شوێنگه‌ی تێكه‌ڵ به‌ئاوی ڕووباری كاولۆكان ده‌بێت.به‌هه‌مان شێوه‌ نووسه‌رله‌ناساندنی ناوی كانیاو ئه‌شكه‌وته‌كاندا، ده‌یان كارێزی به‌ناوبانگ و ئه‌شكه‌وتی بیرچووه‌ كه‌زۆرله‌وانه‌ ناسراوترن كه‌له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوون.

دووه‌م:_ كه‌سایه‌تییه‌كان:_

پڕكه‌موكورترین به‌شی ئه‌وكتێبه‌، كه‌سایه‌تییه‌كانه‌. نازانم كه‌سایه‌تی له‌ڕوانگه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌وه‌چ شوناسێك ده‌گرێته‌وه‌. كێ كه‌سایه‌تییه‌؟ بۆكه‌سایه‌تییه‌؟ چۆن بۆته‌كه‌سایه‌تی؟ ناكرێت له‌ناساندنی كه‌سایه‌تییه‌كانی شاردا، ڕه‌چاوی هیچ شوناسێك بكرێت و بكرێته‌پێوه‌ر. وه‌ك خزمایه‌تی و براده‌رایه‌تی وده‌وڵه‌مه‌ندی وكوێخایه‌تی و زۆرشتی دیكه‌ش. نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، هه‌ركێی ئاره‌زوو كردبێت، وه‌ك كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگی شاربه‌خوێنه‌رانی ده‌ناسێنێت. بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك و هاووڵاتییه‌كی شاریش،ئاسایه‌ ئه‌وانه‌ هه‌لاوێرد بكه‌م. به‌ڵام بۆخوێنه‌رێكی دیكه‌ی ناڕواندزی، ڕه‌نگه‌ وابزانێت ئه‌مانه‌ هه‌موویان داهێنه‌روبلیمه‌ت وخزمه‌تكاری ڕواندزبوونه‌.بێگومان ئه‌مه‌م به‌لاوه‌ئاساییه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕه‌خنه‌وڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ئه‌وه‌یه‌كه‌ تۆ بێی خۆت له‌كه‌سانێك ببوێری كه‌شاری ڕواندزبه‌مێژوو قه‌رزاریانه‌.كه‌ ڕۆڵێكییان هه‌بووه‌ له‌به‌رزكردنه‌وه‌و نه‌خشاندنی مێژووی ڕواندزله‌ دووتوێی ڵاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا.نووسه‌رله‌كتێبه‌كه‌یدا،ئه‌گه‌رچی له‌په‌راوێزی بابه‌تێكه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ناوی(مامۆستاوهونه‌رمه‌ندی پێشه‌نگ زرارمحمد) داوه‌، وه‌لێ به‌بڕوای من ده‌بوو له‌بابه‌تێكی درێژو له‌ پاژێكی سه‌ربه‌خۆدا، ده‌یان ڵاپه‌ڕه‌ی له‌سه‌رژیان و داهێنانه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ بنووسیبا.

نازانم ئه‌گه‌رناوبراو له‌ڕێزی كه‌سایه‌تییه‌كانی شارنه‌بێت كێی تركه‌سایه‌تییه‌؟ ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ ڕۆڵێكی هه‌ره‌گرنگ و بناغه‌دانه‌ری بینیوه‌ له‌ده‌سپێكی هونه‌رله‌شاری ڕواندزبه‌هه‌موولقه‌ جیاوازییه‌كانییه‌وه‌. مامۆستا زرارچه‌ندین نه‌وه‌ی له‌بواری هونه‌رییه‌وه‌ پێگه‌یاندووه‌ كه‌ئێستا كه‌سانی داهێنه‌رن له‌سه‌رئاستی كوردستان. هه‌ركه‌سێك باسی ڕواندزو هونه‌ربكات، باسی مێژووی شاربكات، وه‌لێ مێژووی ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ نه‌بینیت، به‌بڕوای من هه‌وڵێكی بێهوده‌ی داوه‌. مێژووی هونه‌رله‌ڕواندزبه‌ستراوه‌ به‌ناوی ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌وه‌، ئیدی چۆن ده‌بێت به‌یه‌ك دوو دێڕوله‌په‌راوێزدا ناوی بهێنین؟من ده‌زانم و ئاگادارم له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی كۆمه‌لاِیه‌تیدا، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی مامۆستا زرار پێی گه‌یاندن، چ كه‌سانێكی بێ وه‌فاو هه‌ڵپه‌رست وخۆپه‌رست به‌رامبه‌ربه‌وده‌رچوون، به‌ڵام نابێ ئێمه‌ له‌نووسینه‌وه‌ی مێژوودا هه‌مان ڕێگه‌ی ئه‌وان بگرین و سته‌می لێبكه‌ین.مامۆستا زرارشایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندین كتێبی له‌باره‌وه‌ بنووسرێت، نه‌ك ته‌نها له‌په‌راوێزی بابه‌تێكدا ناوی بهێنین. دیسانه‌وه‌ نووسه‌رناوی كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی وه‌ك خوالێخۆشبوو( عه‌لی مه‌كته‌به‌)ی بیرچووه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌كورتی ئاماژه‌ی به‌ویش كردووه‌. به‌ڵام من ده‌پرسم كه‌سێك له‌ساڵی 1943دا، كتێبخانه‌ بكاته‌وه‌هه‌وڵی خوێندن وبه‌كلتووریكردنی خوێندنه‌وه‌ بدات، له‌كاتێكدا ئه‌وسه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ئایینگه‌رایی و دواكه‌وتوویی بووه‌،ئاخۆ ڕۆڵ له‌وه‌نیشتمانی ترومێژووییترده‌بێت؟ نازانم نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ به‌كورتی و ڕاگوزه‌رله‌باره‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌وه‌ بدوێت له‌كاتێكدا چه‌ندین ڵاپه‌ڕه‌ی بۆكه‌سانێك ته‌رخانكردووه‌ كه‌نیوئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وانه‌ ناوبانگییان له‌شاردا نییه‌و سه‌رقاڵی ژیانی زه‌نگینی وتایبه‌تی خۆیان وكۆكردنه‌وه‌ی پاره‌بوونه‌. له‌ڕاستیدا له‌باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌رنجی زۆرم ماون، وه‌لێ مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه‌.

سێیه‌م:_ كوردایه‌تی و خه‌بات له‌ڕواندز:_

بێگومان وه‌ك حوێنه‌رێك و هاووڵاتییه‌كی شاریش،تووشی شۆك بووم كاتێ بینیم نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، ته‌نها به‌دووڵاپه‌ڕی ئه‌ی فۆڕباسی كوردایه‌تی وپێشمه‌رگه‌ی كردووه‌. نووسه‌ربیری چووه‌ باسی شارێك ده‌كات كه‌مه‌ڵبه‌ندی كوردایه‌تی و خه‌بات و قوربانیدانه‌.بێ ئاگابووه‌ له‌وه‌ی باسی شوێنێك ده‌كات هه‌رگیز پۆڵووی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی تێدا نه‌بۆته‌ سووتو، به‌ڵكو به‌شنه‌بایه‌ك گه‌شاوه‌ته‌وه‌. شاری ڕواندز له‌ مێژووی شۆڕشه‌كانی كورددا، یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ هه‌ره‌دیاره‌كان. چ له‌ شۆڕشی ئه‌یلول،چ له‌شۆڕشی دوای نسكۆش سه‌دان ڕۆڵه‌ی تێكۆشه‌ری پێشكه‌ش به‌نیشتمان كردووه‌. كوردایه‌تی له‌ڕواندز، ئه‌نسكلۆپیدیاو فه‌رهه‌نگه‌، نه‌ك ته‌نها به‌دووسێ ڵاپه‌ڕه‌یه‌ك باس ناكرێت، به‌ڵكوته‌نها قۆناغێكی شۆڕش چه‌ندبه‌رگی كتێبێكی ده‌وێت. هه‌ربۆنموونه‌:ته‌نها شه‌هیدانی سه‌نگه‌ری یه‌كێتی سه‌دان شه‌هیده‌، ئه‌مه‌ وێرای شه‌هیده‌ تێكۆشه‌ره‌كانی هاوڕێیانی شیوعی وپارتی و سۆسیالست و هێزه‌كانی دیكه‌.كه‌چی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ به‌ته‌نهاناوی چه‌ندشه‌هیدێكی نووسیوه‌. له‌ئه‌نفاله‌كاندا، پێشمه‌رگه‌كانی دۆڵی ئاكۆیان بۆماوه‌ی سێ مانگ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌یان كردوو كێل كێل و جوانه‌گایان جێ نه‌هێشت. تاكودوایین هێزله‌ئه‌نفالدا پاشه‌كشه‌یان كرد.كوردایه‌تی له‌ڕواندزئه‌وه‌نییه‌كه‌نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ تێی گه‌یشتووه‌و به‌رباسی داوه‌. ڕواندزوخه‌بات، ڕواندزوكوردایه‌تی و پێشمه‌رگه‌،دووانه‌یه‌كن هه‌رگیزله‌یه‌كتری جیاناكرێنه‌وه‌. ناكرێت باسی بابه‌تێكی قووڵ ومێژوویی له‌وشێوه‌یه‌بكه‌ین به‌ڵام مافی خۆی نه‌ده‌ینێ. چۆن ده‌بێت باسی كوردایه‌تی به‌دووسێ ڵاپه‌ڕه‌بكه‌ین وناویشی بنێین مێژوو.ڕه‌نگه‌ به‌كورتی مافی بابه‌تێكی له‌وشێوه‌یه‌ نه‌ده‌ین. بۆیه‌باشتربوونووسه‌ری كتێبه‌كه‌، مه‌سه‌له‌ی كوردایه‌تی و تێكۆشانی خه‌ڵكی ڕواندزبۆكه‌سانێك جێبێڵێت كه‌زانیاریی ومێژووی زیاتریان لایه‌له‌م ڕووه‌وه‌.نه‌ده‌بوو نووسه‌رناوی چه‌ندشه‌هیدێكی تێكۆشه‌ربنووسێت، به‌ڵام سه‌دانی تر نه‌نووسێت.

چواره‌م:_ شاعیره‌به‌ناوبانگه‌كانی ڕواندز:_

له‌وباسه‌یدا، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ناوی چه‌ند به‌ڕێزێكی نووسیوه‌، وه‌ك شاعیرانی هه‌ڵكه‌وتوو به‌ناوبانگی ڕواندزده‌یانناسێنێ.ڕێزم بۆئه‌وبه‌ڕێزانه‌وبه‌رهه‌مه‌كانیان هه‌یه‌وله‌وه‌دا هیچ كۆمێنتێكم نییه‌. ته‌نها ده‌مه‌وێ له‌سه‌رئه‌وه‌ بووه‌ستم كه‌شاعیری به‌ناوبانگ یانی چی؟ ئایابه‌ناوبانگ بوون به‌شیعره‌یابه‌ناو؟ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ به‌پێی كام توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له‌شیعری ئه‌وشاعیرانه‌داگه‌شتۆته‌ ئه‌وده‌ره‌نجامه‌ی ئه‌وشاعیرانه‌ به‌ناوبانگ نیشانبدات،به‌ڵام ده‌یان شاعیری جواننووسی دیكه‌ی شاره‌كه‌مان پشت گوێ بخات.ئێمه‌مانان كه‌ساڵانێكه‌ له‌نێوكایه‌ی شیعروخوێندنه‌وه‌ی شیعرداین، تاكوئێستا ئه‌ومافه‌مان به‌خۆمان نه‌داوه‌ به‌هیچ كام له‌وشاعیرانه‌ بڵێین به‌ناوبانگ.بێگومان نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌تواناوده‌قی جوانیان نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی شوناسێكی له‌وشێوه‌یه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئه‌ده‌بی ومێژوویی گه‌وره‌یه‌. كه‌چی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ هاتووه‌ناوی چه‌ند به‌ڕێزێكی نووسیوه‌و به‌شاعیری به‌ناوبانگ ده‌یانناسێنێت كه‌هه‌ندێكییان تاكو ئێستا ته‌نها له‌فه‌یسبووك شیعرده‌نووسن و تاكه‌یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ شیعری بڵاوكراوه‌شیان نییه‌و بگره‌ شیعره‌كانیشیان له‌ئاستی ناوه‌ڕۆكدا شیعری یه‌كجار لاوازوناهونه‌رین. وێرای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌له‌كاتێكدا باسی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كات، به‌ڵام چاوی له‌ئاست چه‌ندین شاعیری دیكه‌ی شاری ڕواندز نووقاندووه‌.

له‌ڕواندزچه‌ندین شاعیری دیكه‌ هه‌ن.وه‌ك:_(ئاكۆ ئاكۆیی_ ئازاد جوندیانی_ تالب سه‌رانه‌یی_ مسته‌فای سۆفی عه‌لی_ _یاسین برایم كه‌زۆرتر شیعربۆ مناڵان ده‌نووسێت _ )و چه‌ندانی تریش.هه‌رله‌بابه‌تی شاعیرانی به‌ناوبانگی ڕواندز، ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یری وایكردووه‌، جێگه‌ی شۆخین. بۆنموونه‌: پارچه‌ شیعرێكی (خه‌یام)ی شاعیری كردووه‌ به‌هی (نه‌زهه‌ت)ی شاعیر. یاخودپێرستی ناوی شیعره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی (ئیسماعیل كورده‌)ی كردووه‌ به‌هۆنراوه‌و ناوی ناوه‌ هۆنراوه‌ی یه‌كه‌م. نووسه‌ر له‌وه‌دوورتریش ده‌ڕوات وده‌نووسێت شیعره‌كانی هه‌ندێكییان قوڕسن وهه‌ندێكیشیان قسه‌وباسی ئاسایین. وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی شیعر،ده‌مه‌وێ له‌نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بپرسم قسه‌وباسی ئاسایی شیعره‌؟.شایه‌نی ئاماژه‌كردنه‌كاك سالح خۆشی خستۆته‌ڕێزی ناوی ئه‌وبیست شاعیره‌هه‌ڵكه‌وتووه‌وبه‌ناوبانگه‌ی شاری ڕواندز!!.گه‌رچی داوای لێیبووردنیش له‌وانی ترده‌كات كه‌ناویانی نه‌نووسیوه‌،به‌ڵام ده‌كرێ كه‌سێك مێژووبنووسێته‌وه‌، به‌ڵام به‌نیوه‌ناچڵی و ناته‌واوی؟یان چ لایه‌نێكی مه‌به‌ست بووئه‌وه‌بنووسێت، ئه‌وانی تریش فه‌رامۆش بكات؟.

پێنجه‌م:_ قوتابخانه‌كانی ڕواندز:

نووسه‌رله‌كتێبه‌كه‌یدا، چه‌ندڵاپه‌ڕه‌یه‌كی بۆناوی قوتابخانه‌كان و په‌روه‌رده‌وفێركردن، ته‌رخانكردووه‌. تیایداله‌ئامارێكدا ناوی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی نووسیوه‌. وه‌لێ چونكه‌ هیچ شاره‌زایه‌كی له‌ناوی قوتابخانه‌كان نه‌بووه‌وڕاوێژیشی به‌كه‌س نه‌كردووه‌ ئیدی كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه‌.كه‌لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:

1-نووسیویه‌تی:_( قوتابخانه‌ی دڵدار). ئێستا هیچ قوتابخانه‌یه‌ك له‌سنووری په‌روه‌رده‌ی ڕواندز نییه‌ ناوی قوتابخانه‌ی دڵداربێت. گریمان ئه‌گه‌رنووسه‌رپاساوی ئه‌وه‌ بێت كه‌ئه‌و، ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ كاتێكدا تۆماركردووه‌ كه‌قوتابخانه‌كه‌هه‌بووه‌، ئه‌واپاساوێكی لاوازه‌. چونكه‌ ئه‌وباسی قوتابخانه‌ی دیكه‌ده‌كات، كه‌دووساڵه‌ له‌سنووری په‌روه‌رده‌ ی ڕواندزكراونه‌ته‌وه‌.
2_دووجارناوی قوتابخانه‌ی گه‌رده‌گه‌ردی نووسیوه‌.
3_نووسیویه‌تی:_(قوتابخانه‌ی پێنووس بۆكوڕان وكچانه‌). بێگومان ئه‌مه‌هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ئه‌وقوتابخانه‌یه‌ ته‌نها ڕه‌گه‌زی كوڕله‌خۆده‌گرێت و پۆله‌كانی هه‌فت و هه‌شت و نۆی بنه‌ڕه‌تی ده‌گرێته‌وه‌.
4_نووسیویه‌تی:_(قوتابخانه‌ی كاولۆكان) هه‌ڵبه‌ته‌ كاولۆكان نییه‌و ئێستابۆته‌قوتابخانه‌ی تاتانی بنه‌ڕه‌تی.
5_له‌گوندی بێخال، ته‌نها قوتابخانه‌ی بێخاڵ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسیویه‌تی، به‌ڵكوقوتابخانه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌به‌ناوی ئاریا.
6_نووسه‌رقوتابخانه‌ی سیسته‌می خێرای به‌(نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری نووسیوه‌). له‌كاتێكدائه‌مه‌سیسته‌مێكی تایبه‌ته‌ونه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌رتێی گه‌یشتووه‌.
7_نووسیویه‌تی:_(سێ قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی له‌سه‌نته‌ری شارهه‌ن). بێگومان هه‌فت قوتابخانه‌ن نه‌ك سێ.
8_ نووسه‌رشوناسی سه‌ره‌تایی له‌جیاتی بنه‌ڕه‌تی بۆقوتابخانه‌كان نووسیوه‌، له‌كاتێكدا یانزه‌ساڵه‌ قوتابخانه‌كان بوونه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تی و به‌ناوی سه‌ره‌تایی نه‌ماوه‌.

شه‌شه‌م:_ هونه‌رو هونه‌رمه‌ندان:_

له‌كتێبه‌كه‌یدا، نووسه‌ر بابه‌تێكی به‌ناوی هونه‌رو هونه‌رمه‌ندانی ڕواندز نووسیوه‌. به‌ڵام ته‌نها باسی مۆزیك وشانۆ ده‌كات. باسی شێوه‌كاری و وێنه‌ كێشان وهونه‌ره‌كانی دیكه‌ ناكات.وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ناچنه‌خانه‌ی هونه‌ره‌وه‌. وێرای ئه‌مانه‌ش، له‌وبابه‌ته‌یه‌دا كاك سالح چه‌ندهه‌ڵه‌یه‌كی كردووه‌، كه‌ ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_
1_نووسیویه‌تی:_(تیپی پاشای گه‌وره‌ له‌ساڵی 1979) بووه‌ ناسراوترین تیپ. له‌كاتێكدا ئه‌م تیپه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می له‌ساڵی 1983 تۆماركردووه‌، ئیدی نازانم چۆن له‌و ساڵه‌دا بۆته‌ ناسراوترین تیپ؟.
2_ نووسیویه‌تی:_( تیپی پاشای گه‌وره‌ بووه‌هۆی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رو وێژه‌ی كوردی). نازانم كه‌سێك له‌بواری مێژوودا كتێبی قه‌به‌بنووسێت، چۆن ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان نییه‌. كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رو وێژه‌ی كوردی له‌ 20_8_1978 دامه‌زراوه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌تیپی مۆزیكی پاشای گه‌وره‌ نه‌بووه‌. به‌ڵكو ڕێكخراوێكی هونه‌ری سه‌ربه‌خۆبوو، كه‌مه‌ڵبه‌ندی گشتی له‌هه‌ولێربووه‌.
3_ نووسیویه‌تی:_( په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی ڕواندز به‌شی شانۆو وێنه‌و مۆزیك له‌خۆده‌گرێت). به‌ڵام بۆ زانیاریی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌و ڕاستكردنه‌وه‌ بۆخوێنه‌رانیش، به‌شی شانۆ له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی ڕواندز نییه‌.

شه‌شه‌م:_ هه‌ڵه‌ی دیكه‌:_

له‌ڕاستیدا، كتێبه‌كه‌ی كاك ساڵح له‌زۆرڕووه‌وه‌ پێویستی به‌ ڕاستكردنه‌وه‌و بژاركردن هه‌یه‌. چ له‌ڕووی زمان وداڕشتن وڕێنووس ڕێساكانی نووسینه‌وه‌، كه‌له‌وباره‌یه‌وه‌هیچ شتێك ناڵێین چونكه‌ ده‌زانین ئه‌زموونی نووسینی نییه‌. به‌ڵام ده‌یان هه‌ڵه‌ی دیكه‌ی مێژووی ڕووداوه‌كان و به‌رواره‌كانی كردووه‌.ناوی چه‌ندان پیشه‌وه‌روئه‌وانه‌ی له‌بواره‌جیاوازه‌كانی دیكه‌به‌سه‌ریكردوونه‌ته‌وه‌، بیرچووه‌. كه‌هه‌ندێكییان له‌كاروپیشه‌كه‌یان ناسراویشن.كه‌ نامه‌وێ ئاماژه‌ یان پێ بده‌م چونكه‌ كاتی ده‌وێ و ئه‌مه‌ش بۆئێمه‌ده‌بێته‌ دابڕان له‌خوێنه‌وه‌ی به‌رهه‌می دیكه‌. ناكرێ مێژوو به‌نیوه‌ ناچڵی بنووسرێته‌وه‌.ده‌بوونووسه‌ری كتێبه‌كه‌، بوارێكی دیاریبكردایه‌ كه‌له‌گه‌ڵ توانستی ڕۆشنبیری و بواری كاركردنی ئه‌ویه‌كبگرێته‌وه‌. نه‌ك چه‌ندان لایه‌نی جیاواز و مێژوو، ڕووداوی هه‌مه‌جۆربئاخنێته‌ كتێبه‌كه‌ی.زۆرزه‌حمه‌ته‌ ته‌نها له‌بوارێكدا، هه‌موولایه‌نه‌مێژووییه‌كانی كه‌سانێك و شارێك به‌سه‌ربكه‌ینه‌وه‌و مافی ته‌واوی خۆشی بده‌ینێ. به‌ڵام پێده‌چێ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی دابێت و به‌داخه‌وه‌ تیاشیداسه‌ركه‌وتوونه‌بووه‌. ئاخركورده‌واری وته‌نی (پێنچ كاڵه‌ك به‌ده‌ستێك هه‌ڵناگیرێن)…

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
———————-

*په‌راوێز_ ناوی كتێب( ڕواندز مێژوو بیره‌وه‌رییه‌كان)/ نووسینی( سالح محمد سالح) بڵاوكراوه‌ی كتێبخانه‌ی ئه‌حمه‌دی خانێ_ سۆران 2018..

تێبینی/ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ دووبه‌ش له‌ هه‌فته‌نامه‌ی(ڕێگای كوردستان) ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستان ژماره‌كانی(1152و1153)ی ڕۆژانی 11-18ی 12-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…..




چ ژیانێکە …. ئەحمەد حاجی سامی

بێ ئارەزوو و
بێ ویژدانانە،
کەوتینە بۆسەی تەمەنەوە.

لە وەھمی خودایەکی مێھرەباندا
فڕێدراینە دۆزەخ و
لە دوورگەکانی ھەقیقەت سووتاین.

سەیرکە چەندە پەشۆکاوین،
ئاخر ئێمە،
باڵندەکانمان بێ ڕەنگ نەکردبوو،
سەوزاییەکانی بەھەشتمان پیس نەکردبوو،
فریشتەی گیانکێشانمان بەدیل نەگرتبوو،
تەنھا؛
ویستمان
توێنوێتی ئاوەکان بشکێنین،
نانی بێسەرپەرشتان بدەین،
گەڵا نەوەریوەکان بدەینە با و
بەفری چەندین ساڵەی نێوانمان بتوێنینەوە.

نەفرەت کراین و
ڕمەکانیان خستە دڵمان،
دیوارێکی مۆدێرنیان لە نێوانمان درووستکرد.
زیندان؛
قوتیداین و فووی کردە ناخمان،
بەستەلەکی کەڵەکەبووی دەردخوار داین.
برین؛
لە فۆڕمێکی نوێ خۆی نیشاندا و
ئەھریمەن بووە ناونیشانی دوو گەڕیدە.

زەمەنێکە
ئاینخوازان؛
دەماندەنە دەستی قەدەر و
مرۆڤە ماددیەکان دەمانخەنە ناو قتوو.
بازرگانەکان؛
ئەندامەکانی لاشەمان دەفرۆشن و
کارگەکان؛
وەک ماددە کیمیاویەکان بۆ ھەمیشە بەکارمان دەھێنن.
سەرمایەدارەکان دەمانکەنە کاڵا و
تەلەڤیزیۆنەکان وەک ئایکۆنێک لێمان دەڕوانن.
مرۆڤە تۆتالیتارەکان سەرخۆشمان دەکەن و
پڕۆلیتارەکان بە داس و پەڕۆی بۆگەن برینمان دەپێچن.

ئەو ڕۆژانەی؛
مرۆڤەکان لە پێناو پەیامی ئایندا
پستی ئەسپەکانیان ھەڵدڕی و
قەدەری سپی ڕووبارەکانیان بە شینایی ئاسمان سپارد،
ئێمە لەژێر باراندا دەگریاین.
ئەو کاتانەی؛
مرۆڤەکان بۆ تێگەیشتن لە پەرتووکە ئاسمانیەکان
چوونە ناو جەنگێکی خوێناوی و
بە خەتی بزماری کلێسەکانیان سوور کرد،
ئێمە لەسەر ھەورەکان خۆمان دەشاردەوە.

ھەموو ئەوەی ویستمان
ژیانێک لە مەککە و شەو و ڕۆژێک لە شام،
ئاخر؛
غوربەت تەنھا مەنزڵگەی ئێمە نەبوو،
ئێوەش دەھاتنە سەر رێگەی کاروانچیەکان.
ئێمە؛
بێزارین لە ژیانی ماددیەت،
کارگە بۆگەنەکان ھەناسەیان بڕین،
ئەگەر ژیان؛
کێشمەکێشی نەوێت و
ڕووی دووبارە بوونەوەی ھەبێت،
ئەو کتێبانە لە کۆڵ دەکات کە ئێوەی گریاند،
ئەو مرۆڤانە لە باوەش دەکات کە شۆرشگێری بووە ناسنامەیان.

ژیان؛ لە کۆتاھەمین نەفەسی خۆیدا،
پێتان دەلێت:
بە نەفرەت بن عەزازیلە ماددیەکان،
بە نەفرەت بن فۆڕمە مۆدێرنەکان.

ئەحمەد حاجی سامی




سێ هۆنراوە بۆ مناڵان … ..ئاکۆ محمەد سابیر

پێویستە نوسین بۆمنداڵان بەپێی خواست و ئارەزوی منداڵان بێت ، نەک بەپێی پێویستی نوسەران . مەکسیم گورکی.

ئاکۆ محەمەد سابیر
میوان

پشیلە جوانەکەی کۆڵان
وەرە بۆماڵی خۆمان
میاو میاو ی چیتە
دەزانم زۆر برسیتە
دایکم چێشتی لێناوە
بەشی تۆشم داناوە
ئای چەند نەشمیلەو جوانی
بچوکترین میوانی
هەرگیز ئازارت نادەم
کلک و گوێچکەت بانادەم
لەسەر بانی ماڵەکەم
جێی پشوت بۆ ساز دەکەم
دەی خۆت هەڵدە باوەشم
خنجیلانەی چاو گەشم

—————-

ژمارە ی گوێزەکان

نۆ دانە گوێزم ڕیزکرد
دوو سمۆرە دەست برد
هەریەکەو دانەیەکیان برد
من زانیم برسیانە
دڵخۆش بووم هیچم نەکرد

قەلێکش لە کولانە کە
سەری هێنایە دەرێ
وتی کیژە جوا نە کە
برسیمە گوێزم بە رێ
دوو دانە گوێزم پێدا
یەکسەر خواردی قوتیدا
خۆشم یەک دانەم شکان
کاكڵە کەیم دا کرمان
منداڵە خۆشەویستەکان
ئێستا دە پرسم لێتان ؟
ئە وگوێزانەی پێم ماون
لەگیرفانما دامناون
دەزانن چەند دانە یە؟
بینوسن بە ژمارە یە

——————

پشیلەلەکە

پشیلەکە پشیلەکە
پشیلە بچکۆلەکە
وەرە ژورێ خێراکە
ئێوارەیە ،دە ی ڕاکە
دای دەخەم دەرگاکە
پشیلەکە پشیلەکە
پشیلە بچکۆلەکە ە
ئەوەچیتە ئە وەچیتە
وابزانم برسیتە
خەپە گیان خەپە گیان
هانێ شیرهانێ نان
دەی بازدە چاو گەشم
خۆت هەڵدە باوەشم
پشیلەکە پشیلەکە
پشیلە بچکۆلەکە

..ئاکۆ محمەد سابیر




زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی… کاوان محەمەدپوور

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی 

“کورتەیەک لەسەر شانۆنامەنووسیی کوردی”

هێرتا مولەر لە چیرۆکی (بەڵێنی دیدەنییەکە)(1997) دەڵێت: “هەندێ شت کێشەیان نییە، تاکوو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. ڕەنگە هەر کات ئێمە بیر لە هونەری کوردی بە عام و بە تایبەت -شانۆی کوردی- دەکەیەوە زیاتر مانای ئەم ڕستەی مولەرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بیرکردنەوە لە چییەتی شانۆی کوردی بە هۆگەلی جیاواز هەمیشە وەکوو گرفتێکی سەرەکی بۆمان دەردەکەوێت. ئەم گرفتە هەر لە سەرەتای پرسیارکە زەق دەبێتەوە. نەبوونی هیچ بنەمایەکی فەلسەفی و پاڵپشتێکی زانستی لە ئارگیومنتەکانی کورد و لە سەرێکیشەوە، نەبوونی ئارشیوگەلێک لە شانۆگەری کوردی، کە توێژەر و ڕەخنەگر، لانیکەم بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی، بتوانێت ئیماژی ئەم هونەرە لای کورد بە جیهانەوە بدۆزێتەوە، تەنیا لە کێشە سەرەکییەکانی وڵامدانەوە بەو پرسیارەیە. لە درێژەی دەستەویەخەبوون لەگەڵ ئەم پرسیارە، ئەمجا خودی  گرفتی (زمان) زەق دەبێتەوە، ئایا تەنیا نووسینی شانۆنامە بە کوردی، شانۆی کوردییە؟ تەنانەت ئەگەر هیچ چەمک و ئایدیایەکی کوردیشی تێدا نەبێت؟

 بەڵام بەم هەموو کێشە و گرفتە کە ڕووبەرووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە، کاتێک پرسیارەکەی وەگڕدەخەین، ناچار دەبین چەمکێک وەکوو بنەما بگرین و لە تاوتوێی ئەم چەمکە، مەودا و دەرەتانێک بۆ وڵامدانەی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە، ڕەنگە خودی پرۆسەی تاوتوێ کردن لە ئاکامدا ئەوەشمان بۆ دەربخات کە تاکوو ئێستا ئێمە چەندە بە هەڵەداچووین و خودی پرسیار لە شانۆ بەم شێوە نابێت و ئێمە کێشەکەلی زانستی و مێتۆدۆلۆژیکمان لەگەڵ شێوەی پرسیار لە شانۆ هەیە. لە هەر ڕووەوە دەستنیشان کردنی چەمکێک بۆ بیرکردنەوە یەکەم هەنگاو بۆ دۆزینەوەکانە؛ چ دۆزینەوەی وڵامێک بۆ دیاری کردنی چوارچێوی شانۆی کوردی و چ دەرخستنی هەڵە تێۆریەکانی خۆمان.

من لەو وتارە کورتەدا (زمان) وەکوو چەمکی بنەڕەتیی گێرانەوە ڕەچاو دەگرم و لە پێناو زماندا هەوڵ دەدەم دەلاقەیەک بۆ بیرکردنەوە لە مانای شانۆی کوردی یان بە گشتی هونەری گێڕانەوەی کوردی بدۆزمەوە. جەختی ئەم وتارە لە سەر (زمانی گێڕانەوە)یە و مەبەست لە زمان لێڕەدا (زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە) نییە، زمانی گێڕانەوە، زمانێکە کە ئێمە لە سیستەمی گێڕانەوەدا بە کاری دێنین. ئەم زمانە بە پێی سیستەمی زاڵی گێڕانەوە خۆی هەڵگری چەندین چەمک و لق و پۆیە کە لە زاتیاندا تەکنیک و فۆرمی بەکار هێنانی زمان دیاری دەکەن. دیارە لە کاتی گێڕانەوەدا، نووسەر یان بێژەر بۆ بەیانی چیرۆکی خۆی کەڵک لە کەرەستەگەلێکی تایبەت دەگرێت، چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم کەرەستەیە خۆی لە خۆیدا فەزایەکی تایبەت لە چیرۆک و زمان دەخولقێنێت کە ڕەنگە تەنیا لای ئەم نووسەر/بێژەرە دەست کەوێت. زمانی ڕۆژەزار، هەمیشە تێکەڵاوی سیستەمی سەپێندراوی بیری -هزرییە کە پشت ئەستوور بە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتە، لە لایەکی ترەوە زارەکی بوونی ناخافتنی ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی (دەق) و کارکردی نەستی بەکۆمەڵ لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا، باشترین شوێنە بۆ کارتێکەری ئایدیۆلۆژی و هێژمۆنی زاڵ. هەر بۆیە ئەم زمانە (واتە زمانی ڕۆژەزار) بە بێ پاڵپشتی زمانی بەدەق‌کراو (جەستەمەند)، کە وێنای زیاتر لە (زمانی گێڕانەوە)دا دەبینێتەوە ناتوانێت گوشار و هێژمۆنی زاڵ تاوتوێ بکات و دەرەتانێکی هزری بۆ بدۆزێتەوە،

کۆستیکا براداتان، پسپۆری فەلسەفەی ئاکسفۆرد، لە وتارێکدا لەسەر بەرهەمەکانی هێرتا مولەر، دەڵێت: “زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە”. مەبەست لە (پیسی زمان) لە بۆچوونی براداتان، ئالوودەبوونی زمان بە دژە حەقیقەتەکانە، واتە زمان جیا لەوەی دەتوانێت دژ بە سیستەمی تۆتالیتار بوەستێت، لە هەمان کاتیشدا توانستی ئەوەی هەیە بە پێچەوانە بێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی سیستەمی دژە حەقیەقەتدا بێت. ڕۆڵان بارت لەم بارەوە دەڵێت: “زمان ڕواڵەتێکی فاشیستی هەیە، شکاندنی ئەم ڕواڵەتە و دۆزینەوەی مەودایەک بۆ دەربازبوونی زمان لە فاشیزم، تەنیا بە گێڕانەوە دەکرێت”. لێردا گێڕانەوە (Narration)  هەمان -بەپێچەوانە کردنی زمانە-، واتە سیستەمی سەپێندراو خۆی زمانێکی تایبەت بە مانایەکی تایبەت، بەرهەم دێنت کە لە پرۆسەی ئاخافتن و بەکار هێنان وەکوو هێژمۆنیای زاڵ گشت مانا و چەمکەکان دەباتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لێرەدا گێڕانەوە- کە همیشە گێڕانەوەی شتێکە- لە هەوڵی ختۆکەدانی هێژمۆنیای زاڵە. شەری دەستەویەخەی -گێڕانەوە و هێژمۆنی زاڵ- لانیکەم یەک چەمک بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە: ئەویش جیاوازی بیرکردنەوەی (من گێڕەوەر) و سیستەمی بە هێژمۆنی‌کەری زمانە. کەواتە -پیسی زمان- تەم و ڵێڵ بوونی حەقیقەتە، بە زمانێکی‌تر، پیسی زمان، پێشگری لە وەدەرخستن و وەگڕخستنی منی گێڕەوەرە. زمانی گێڕانەوە بە شێوەی ناراستەوخۆ -هەندێ جاریش ڕاستەوخۆ- فەزای بیر و هەست و ئارگیومنت تا ڕادەیەکی بەرچاو زەق دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەو زمانە لە چەمکێک بدوێت کە هیچ پێوەندی بە ژین ـ جیهانەوە نەبێت. بۆ نموونە کاتێک زمانی کوردی بۆ گێڕانەوە- لێرەدا جەخت لەسەر گێڕانەوەیە، نە زمانی ئاسایی ئاخافتن- بەکار دێنین بە شێوەی نەستەکی دەکەوینە ناو بازنەیەکی بیری و هزری لە فامستی ئێمەی کورد بە (جیهان، مرۆڤ و بوون). تەنانەت ئەگەرچی منی کورد ئەزموونێک کە کامۆ و سامۆئێل بێکێت، پاش چەند سەد ساڵ فەلسەفە و ئەندێشە هەیانبووە، نیمە، بەڵام کاتێک منی کورد بە فەزای زمانی گێڕانەوەی کوردی لەگەڵ ئەم نووسەرانە بەروروو دەبمەوە، ئەوە دیسانەکە دەرکی منی کورد-تەنیا منی کورد- لەو نووسەرانە و کێشەکانیان بەرجەستە دەکاتەوە. کەواتە لێرەدا بە کارهێنانی زمانی گێڕانەوەی کوردی نە تەنیا جیاوازی دەرک و فامی من لە جیهان بە عام و لە هونەر بە تایبەتی زەق دەکاتەوە، بەڵکوو دەرەتانێکی تەکنیکیش بۆ من دەخولقێنێت. چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم تەکنیکە لە کاتی گێڕانەوەی بەردەوامدا بە باشترین شێوە خۆی وەدەردەخات، بۆ نموونە لە شانۆدا جەخت کردن لەسەر مانایەکی تایبەت و نیشاندانی ئەم مانایە بە بەردەنگ پێویستی بە داڕشتنێکی تایبەتیش هەیە و ئەم داڕشتنە پێویستی بە کەرەستەی تایبەتەوە هەیە. بەم پێیە پرسیار لە زمانی گێڕانەوە دەکەوێتە پێش پرسیار لە هونەر/شانۆی کوردی. واتە زمانی گێڕانەوەی ئێمە چییە؟ کاتێک مرۆڤێکی کورد دەست بە گێڕانەوە دەکات، فەزای چیرۆکی چۆن دادەڕێژێت؟ و لە کەرەستەکانی گێڕانەوە چۆن سوود وەردەگرێت؟ بێگومان بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت گشت دەقگەل و دەنگبێژیی کوردی کە شێوەیەک لە گێڕانەوەی پێوە دیارە، تاوتوێ بکرێن تا بتوانین ئارگیومنتەکانی کورد بە جیهان و مرۆڤ و بوون بدۆزینەوە.

هەمیشە یەکێک لە گرفتەکانی شانۆنامەنووسی و شانۆگەری کوردی، کەوتنە ژێر ڕکێفی جیهانبینیی غەیری کورد بووە. هەڵبەت مەبەستی من لێرەدا نەک ڕوانینێکی ناسیۆنالیستی بۆ ئەو پرسە، بەڵکوو ئاوردانەوە لە ژین ـ جیهانەکانە کە بێ ئەوەی هیچ بریارێکی فەلسەفی لەسەر بێت، لەسەر جیهانی تاک بە تاکی مرۆڤەکان کاریگەری هەیە. یان بە واتایەکی‌تر لە ژێر ڕکێف‌بوونی جیهانی کوردی، بیر و هەڵسەنگاندی جیهان لە لایەن مرۆڤی کورد بە سیستەم و هێژمۆنیای زاڵە. بێگومان یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ژێر ڕکێف کەوتنە، دەگەڕێتەوە سەر نەناسینی زمانی گێڕانەوەی کوردی. بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ شانۆنامەیەک کە بەکوردی نووسراوە بەروڕوو دەبینەوە، لایەنەکانی ئەم باسەمان زیاتر بە لاوە ڕوون دەبێتەوە؛ تەنیا بە سەرنجدانی ڕاوێژی کاراکتێرەکان بۆمان دەردەکەوێت ئەم زمانە زمانی گێڕانەوە نییە و زیاتر وەکوو زمانی وتارنووسین و وتاربێژی دەچێت تا زمانێک کە خەریکە بۆ ئێمە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، ئەم گرفتە لە دەقی وەرگێڕدراو بۆ کوردی زیاتر بەرچاوە. نەبوونی دەرک و تاوتوێ لە چییەتی زمانی گێڕانەوە شانۆنووس بەرەو زمانێک دەبا کە نموونەکەی بە هیچ ڕوو لە گێڕانەوەدا ڕوو نادات و نایەتە هیچ خانەیەکی گێڕانەوەیی. ڕەنگە لە ڕواڵەتدا ڕاوێژی کاراکتێر وەکوو زمانی ڕۆژەزار بێت، بە پێی بۆچوونی گێڕانەوەناسی ئەمە کەم‌وکۆڕی بە هیچ چەشنێک بۆ ڕاوێژی چیرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو بەرزی ئاستی گێڕانەوەش دەگەیەنێت، زمانی گێڕانەوە شێوەیەک لە بەکارهێنانی ڕاوێژ و چەمک و نموونەی دەست نیشانکراو نییە، بەڵکوو لێرەدا، مەبەست سیستەمی گێڕانەوەیە کە لە کۆی گشتی چیرۆکدا پێک دێت، ئەم سیستەمە ڕوانگەی منی نووسەر بە جیهان و ماناکانی ڕوون دەکاتەوە. ڕەنگە هەر بە هۆی نەناسینی زمانی گێڕانەوەیە کە ئێمە کاتێک شانۆیەک بە زمانی کوردیش دەخوێنینەوە، دیسانەکە ناتوانین ئارگیومنت و ئیماژەکانی مرۆڤی کوردی تێدا ببینینەوە، هەر بۆیە هەر کات باس لە شانۆی کوردی دەکرێت بێ یەک و دوو بیر لە شانۆیەک دەکەینەوە کە یان خەریکی گێڕانەوەی بەیت و حەقایەتەکانی فۆلکلۆری کوردییە یان سەرقاڵی گێڕانەوەی کارەساتەکانی کوردە. واتە زیاتر خودی ناوەرۆک و بابەتی شانۆ بۆمان دەردەکەوێت تا چۆنییەتی بە کارهێنانی کەرەستەی گێڕانەوە و تەکنیک و فۆرمی نوێ کە لە ئاکامدا بیرو هزر بە نسبەتی جیهان و مرۆڤ و بوون ڕوون دەکاتەوە. بەم پێیە شانۆنووسی کورد حوکمی لەسەر دەکرێت کە (تۆ کاتێک شانۆی کوردیت نووسیوە کە تەنیا یەکێک لەم جیهانانەی کورد باس بکەی)!، کەواتە بەم دەرکە، باس کردن لە گرفت و کێشەکەلی ئەمڕۆی کۆمەڵگا یان ورووژاندنی باسێکی فیکری نایەتە خانەی شانۆی کوردی. ئەم بۆچوونە بە پێی گێڕانەوەناسی و زانستگەلی مرۆیی تا سەرئێسقان هەڵەیە، چونکە هەر کات من وەکوو کورد یان هەر نەتەویەکی‌تر بە زمانی گێڕانەوە – هەڵبەت بەو مەرجە کە من زانستم بە سەر زمانی گێڕانەوەدا هەبێت- بە شێوەی نەستەکی ئەو ڕوانینەم بە سەر جیهاندا زاڵ دەکەم؛ ڕوانگەیەک کە لە ژیانی ژیندراومدا سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت بە ڕوانگەیەکی پۆست کۆلۆنییالەوە، ئەگەر نووسەرێک لە زمانی چیرۆک و نووسینەوە خەریکی وێناکردنی جیهانی ئەویتریش بێت، دیسانەکە شێوەیەک کە جیهانی خۆی وێنا دەکا، ئەویش جیهانی کۆلۆنییال کراوی خۆیەتی، کەواتە بەردەوام‌بوون لە گێڕانەوەدایە کە توانستی ئەوەی پێدەدات لەم جیهانە کۆلۆنییالە بێتە دەر.

بە پێی بۆچوونەکانی سەرەوە، پێویستە ئێمە ئارشیوێک لە دەقگەل و دەنگبێژی/بەیت بێژیی کوردیمان هەبێت کە لە تاوتوێی ئەم دەقانە شێوە گێڕانەوەی کوردی تا ڕادەیەک دیاری کەین. ڕەنگە ئەم کارە کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام بە مانای نەکران نییە. نموونەگەلی بەرچاومان لە چیرۆکی جیهانی و تەنانەت شانۆی جیهانی هەیە کە بێ ئەوەی ناوی نووسەرەکەی بزانین تەنیا بە خوێندنەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم چیرۆکە هی فڵانە شوێنە. ڕیالیزمی سیحراویی ئەمریکای لاتین بە ساکاری لە ڕیالیزمی سیحراویی ئەڵمانیا جیا دەکرێتەوە. یان شانۆی ژاپۆن تەواو لە شانۆی بریتانیا جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە تەواوی شێوەکانی گێڕانەوەدایە، لە سینەماوە بگرە تا ڕۆمان و نیگارکێشی.

(کاوان محەمەدپوور)

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان




نەوەی نوێ و گوتاری کوردایەتیی … کامیار سابیر

ئەوەی یەکێتیی و گۆڕانی تووشی ئیفلیجبوون کرد، بە پلەی یەکەم، شەخصی یەکەمی حیزبەکان بوون کە حەزیان نەدەکرد کەس لە خۆیان باشتر، ناسراوتر و بەتواناتر بن. حەزیان دەکرد هەموو ئەوانەی بەدەوەرییانەوەن، لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بن. هەردووکیشیان زادەی سوسیۆلۆجیا، ئەنثرۆپۆڵۆجیا و ئێثنۆگرافیای مێژوویەکی پڕ لە کارەساتی خوێناویی و کوردایەتییەکی موقییت، رەشۆکیی، بێفیکر و بێ روئییە بوون. بۆ پارتیی، وێرانەکە کەمتر دیارە، چونکە مەرجەعی خێزانیی، چەندیین چەرخە، جێکەوت بووە. هاوکات، بە مردنی دواهەمیین مەرجەعی کوردایەتیی، دۆخەکە بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە لە دۆخی یەکێتیی و گۆڕان بچێ و دوو میلیاردێری سیاسیی کە پارە و ئیمکانییاتێکی زۆری ئابووریی و عەسکەرییان لەژێر دەستدایە، مەگەر هەر ئاشی نەزانی ئەم سیستەمە چەتەگەرییە، فاڵی بۆ بگرێتەوە کە چیی روودەدات؟

نەوەی نوێ-نن، بە یەک قائید و بە یەک سەرمایەدار، بە یەک مێنتاڵیتیی و بییرکردنەوە، نەک بەڕێوە ناچێت، بەڵکو زۆر خراپیش دەپووکێتەوە. سەردەمی قیادەی جەماعیی و کاری بەکۆمەڵە، سەردەمی هێنانەپێشەوەی کۆمەڵێ گەنجە کە جورئەت و روئییە و فیکری سیاسییان هەبێت، جیاواز بێت لە باکگراوندی حیزبەکانی کوردایەتیی و مێژووی پڕ لە فەشەل و عەمالەتی ئەم سیستەمە چەتەگەرییە. لێرەوە دەکرێ، نەخشەڕێگەی سیاسیی نەوەی نوێ، بە کەمتریین ماوە جێکەوت بکرێ و پرۆژەکەیان بکەن بە پرۆژەی گەنجانێکی زۆری خاوەن ( وزە و سەلیقەی سیاسیی و تەحەداکردن).

ریفراندۆم و ویلایەتی موستەعمەرەی شێخنشیینیی کوردایەتیی، ئەو تاقیگە گەورەیە بوو، زۆریینەی رەهای حیزبە کوردییەکانی کوردستانی( ئێران و عێراق)، لە راستەوە بۆ چەپ، هەروەها جاش-مەرگەکانی رۆژ و …تاد، وەکو موبایەعەچیی و مورتەزیقەی تورکیا کە ماستەرمایندی ریفراندۆم بوو، مامەڵەیان دەکرد. لە ناو هەموو کورددا، بە عەوام و نوخبەوە، چەند دەیان کەسێک بە جورئەتەوە، تەحەدای ریفراندۆمیان کرد و بە دەق و بەسەردێڕ، گوتیان” نا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی”. زۆریینەی رەها، یان لەگەڵیدا بوون بەهۆی کوردەنامووسیی و بێفیکرییەوە، یان لە ترسی هەژموونی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی و تەخوینەکەی، نەیاندەوێرا سەر دەربکەن، یاخود بەهۆی جەهلی سیاسیی و کەمیی لە مەعریفەی سیاسییدا، خەڵکیان سەرپشک کرد بە “نا” و بە “بەڵێ” دەنگ بدەن، یاخود، کەمپەینی بایکۆتیان، بەگەڕ خست. نن، ئەو شانازییەی پێدەبڕێ دوای ئەو کەسانەی کەمپەینی “نا”یان بۆ ریفراندۆم کرد، ئەویش بە کەمپەینی “نەخێر لە ئێستادا”، بۆچوون و ئەکتی سیاسییان تێکەڵ کرد، بەڵام ئایا دەتوانن بە بێ فیکر و روئییەی سیاسیی، درێژە بەو تاکتیکە بدەن و بەرە و ستراتیژی سیاسیی، بەرن؟

ئەمە لە کاتێکدایە، مەبنای بییرکردنەوەیان پێش راگەیاندنی ریفراندۆم، نەک هەر رۆشن نەبوو، بەڵکو بە ئەدەبییاتەکەی کوردایەتیی، دانیشتنیان لەگەڵ مالیکیی و عەبادیی رەت دەکردەوە و گاڵتەیان پێیان دەکرد. هاوکات، لە نییەتپاکیی بارزانیی، دڵنیا نەبوون بۆ ئەوەی بە جدیی بچنە پشت کەمپەینی بەڵێی رێفراندۆمەوە و لایەنگریی لە راستگۆیی ! و نییەتی سەربەخۆیی بکەن! بە کورتییەکەی لەسەرەتاوە، بە وەهمی دەوڵەتسازیی، خۆشخەیاڵ بوون. تەنانەت، بەکارهێنانی “نا لە ئێستادا”( نەخێر بە لۆکاڵیی و زمانی شەعبیی)، نیشانەی ناڕۆشنییان بوو لەسەر ئەجێنداکانی پارتیی و ئاکپارتی، هەروەها خۆشخەیاڵیی و حەنینیان بۆ ریفراندۆم و عاطیفەی سەربەخۆیی، هەبوو بەڵام لە کاتێکی تردا دەیانویست و لە ئێستادا( سەردەمی ریفراندۆمەکە) نەیاندەویست. عەقڵانییبوون،ئەوەیە نەک هەر کاتی ریفراندۆم نەبوو، بەڵکو ناکرێ بە مەسەلەیەکی هەستیاری نەژادیی و نەتەوەییە، سەرمایەگوزاریی سیاسیی لەسەر ئەو بابەتە بکرێ، ئەم قییڕەقییڕەی قازەکانی کوردایەتییش، بە ئەجێندای ئەردۆغانیزم، بێت.

وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان و ناڕۆشنییەکان، کۆمەڵێ گەنج، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی کورددا، بە جورئەتەوە، تەحەداکردنیان لە سیاسەتدا لەسەر مەسەلەیەکی نەتەوەیی کە تا رادەی کەڵت، قودسییەتی پێدراوە، تەوظیف کرد و بە شەهامەتەوە، بە ریفراندۆمیان گوت” نا”، ئەمە نەک هەر جێگەی دەستخۆشییە، بەڵکو رچەشکێنییەکی گەورەی سیاسییشە. ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، چۆن سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکەیت و ئیدامە بە پرۆژە، بە فیکر و مەعریفەی سیاسیی و مانیفێستە سیاسییەکانی خۆت دەدەیت؟

بۆ ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا، سەرکەوتووبیت، دەبێ تەواوی ئەو تەجروبە فاشیلانەی لە سەردەمی ژێکاف، کاژیک، پارتیی و شۆڕشە چەتەگەرییە عەمالەتەکەی ئەیلولەوە کەڵەکە کراون، بە شۆڕشی نوێ و گۆڕانیشەوە، بە ئیسلامییە رادیکاڵ و ئیخوانییەکانیشەوە، بە چەپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستەکانیشەوە، تێپەڕێنیت و نموونەیەکی عەقڵانییتر، واقیعییتر، نیشتمانییتر و عەمەلییتر، جێکەوت بکەیت.

ئەوەی یەپەگە و یەپەژە، یان هێزەکانی سوریای دێمۆکراتیی لە کوردستانی سوریا کردوویانە، لەناو ئەو هەموو جەهەننمە سیاسیی و عەسکەرییەدا، لەناو ئەو هەموو وەحشە ئایدیۆلۆژییەی داعش، نوصرە و مورتەزیقە جۆراوجۆرەکانی ئەردۆغان( بە جاشەکانی ئەنەکەسەیشەوە) و هێزەکانی بەشار ئەسەددا، نەک هەر جێگەی دڵخۆشیی و دەستخۆشییکردنە، بەڵکو نموونەیەکە لە جیهاندا وێنەی نییە. نموونەی ئاوەدانیی، ئاشتەوایی، پێکەوەژیان، نموونەی جەرائەتی شەڕکردن و پرۆفێشناڵیزم لە ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەدانی ناوچەکەدا، لە ناو ئەو هەموو هاوکێشە سیاسیی و عەسکەرییە ئاڵۆزەدا، لە نێوان جەبەروتی ئەمێریکا و روسیا، جەبەروتی میلیشیاکان و هەژموونگەریی ئێران، وێڕای هەڕەشەکانی داعش و ئەردۆغان، بەڵام بەهەموو ستاندەردێک، یەکێک لە سەرکەوتووتریین نموونەی تەحەداکردن، بەرگریی و ئاوەدەنکردنەوەیان، بە ئاکام گەیاندووە. تەنانەت ئەگەر سبەی رۆژ ببن بە قوربانیی سیاسەتی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییش، لەماوەی ئەم ٨ ساڵەدا، نموونەیەکیان پێشکەش بە خەڵک و جیهان کرد، بەشانازییەوە، مێژوو، تۆماری دەکات.

ئەو ئازایەتیی و خۆڕاگرییەی قەسەدە( قوات سوریا الدیموقراطیة)، ئەو تۆلێرانس و ئیدارەدان و بەڕێوەبەرایەتییە، چەند جەرائەتی سیاسیی و عەسکەریی پەکەکەی لەپشتەوەیە؟ چەند عەقڵی گەورە و بە تەجروبەی لە پشتەوەیە؟ بەڵام لە هەموویان گرینگتر، بە تایبەتیی ئەوەی تورکمانەکان، عەرەبەکان، ئێثنیکەکان و مەذهەبەکان و طائیفەکانی تر لە مامەڵەی سیاسیی و عەسکەریی کوردەکانی سوریا رازیین، بۆچوونە فیکرییەکانی ئۆجەلانیان لە پشتەوەیە. بە کورتییەکەی، ئەو هەموو سەرکەوتنە سیاسیی، عەسکەریی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییە، لە ناو ئەو هەموو شەڕوشۆڕ و گەمارۆیەدا، بتوانێ دەیان هەزار عەرەب، تورکمان، ،چەرکەس، مەسیحیی و صەدان لاوی بیانیی لە جیهانەوە، تەجنید بکەن، ئەمێریکای لاتینیی، ئەوروپایی، ئوسترالیایی، ئاسیایی و تەنانەت باکگراوندی جوولەکەیش، تەجنید بکەن و لە کوردەکان باشتر داکۆکیی لە سیستەم و لە قەوارەکە بکەن، بۆ ئازایەتیی، عەقڵانیی و واقیعیی فیکر و دیدە سیاسییەکانی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە. بۆ کتێبەکانی ئۆجەلان، بۆ ئەو فیکرە ساغڵەم و پڕ لە جەرائەتەی ئەو و فیکری نیشتمانیی و عەقڵانیی ناو کتێبەکانی دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی نەتەوەیی رەت دەکاتەوە و قەوارەیەکی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی هاوبەش و رێزگرتن لە ئیرادەی سیاسیی یەکتر، جێکەوت دەکات. سەرکەوتنی کوردەکانی سوریا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فاشیزمی نەتەوەیی جێکەوت ناکەن، بەڵکو تۆلێرانسی نیشتمانیی، ئازادیی و دێمۆکراسیی جێکەوت دەکەن( ئەم دێمۆکراسییە، جاشمەرگەی کوردایەتیی رۆژ ناگرێتەوە، چونکە مورتەزیقەی ئەردۆغانن).

بۆ نموونە لە کوردستانی عێراق، زۆریینەی تورکمانەکان، مەسیحییەکان، بگرە بەشێکی زۆری ئێزیدییەکان و ژمارەیەکی زۆری عەرەبیش( لە سوننە و لە شیعە) کە رقیان لە حیزبی کوردیی و لە کوردە، تا رادەی راسیزم و فاشیزم، حیقدیان بەرامبەر بە کورد هەیە، هەر بۆ خراپیی ئەوان ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەو فاشیزمەی کوردایەتیی دەگەڕێتە کە نەک نەیتوانیوە، پێکەوەژیان و رێزگرتن لەیەکتر بکات بە مەبنای کاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆی، بەڵكو هەمان ئەو فاشیزمەی عوروبە بەرامبەر گەلی کورد دەیکرد، فاشیزمەکەی کوردایەتییش هەمان کاری بەرامبەر ئەوان دەکرد. بە دڵنیاییەوە نوخبەی موحەقەق ئەحمەقی کوردیش لە کوردستانی عێراق و تاراوگەیش، بەشێکی زۆر لەم حەماقەتەی کوردایەتییان بەر دەکەوێت کە ناسیۆنالیزمی کوردایەتییان دەمەزەرد دەکردەوە و ئاویان لە ئاشەکەی رائیدی فاشیلی کوردایەتیی و میرنشیینییە- شێخنشیینییە- قوبرصییە- رەیعییە ئەفسووناوییەکەی دەکرد. بە پێچەوانە، زۆر زۆر بە دەگمەن لە کوردستانی سوریا، عەرەبێک، مەسیحییەک، تورکمانێک و چەرکەسێک دەدۆزیتەوە کە رقی نەژادیی و طائیفیی لە کورد بێت، هۆکارەکەی ئازایەتیی ئەمان نییە کە فاشیزم و راسیزمیان بەرامبەر بە کورد نییە، بەڵکو ئازایەتیی پەکەکە، یەپەگە و یەپەژەیش نییە، تەنیا و تەنیا ئازایەتیی و تۆلێرانسی فیکریی و عەقڵانیی کتێبەکانی ئۆجەلانە کە ئەو دونیایەی لە مۆزائیکی سیاسیی، نەژادیی و نەتەوەیی جیاواز دروست کردووە کە یەکتریان خۆش بوێت و رقیان لەیەکتر نەبێتەوە. جارێکیتریش جەخت لەوە دەکەمەوە، تەنیا و تەنیا جاشمەرگەکانی رۆژ، رقیان لە ئیدارەی کوردیی و دەسەڵاتی قەسەدەیە لە کوردستانی سوریایە کە بە نەژاد ئەم مورتەزیقانەی کوردایەتیی، بە حیساب کوردیشن.

یەکێک لە هەرە هەڵە زەقەکانی نن، ئەوە بوو، قورسایی خۆیان خستە سەر هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستان، لە کاتێکدا دەبووایە بیخەنە ئاستی عێراق. ئابووریی و سیستەمی سیاسیی کوردستان، بە بەغدادەوە بەستراوە. دەبێ لە رێگەی دەوڵەتی فیدراڵییەوە، سیاسەت بکرێت. وێڕای گەندەڵیی و خراپی هەلومەرجی سیاسیی عێراق، وێڕای ئەوەی کۆمەڵێ دزی گەورەی طائیفیی لە بەغداد، حوکمڕانیی دەکەن، بە رای من، حکومەتی هەرێم، جگە لە کۆمەڵێ چەتە کە طاعون بڵاو دەکەنەوە و تاڵانچیین بە قەبارەی دەیان میلیاردۆلار، هیچ شتێکی باشیان بۆ هەرێمی کوردستان نەکردووە. بۆ ئەوەی نەوەی نوێ سەرکەوتوو بێت، دەبێ بوعدی عێراقیی هەبێت و واز لە گغوگاڵی سیاسەتی کوردیی لە چوارچێوەی هەرێمدا بهێنیت. سەرکردایەتیی پارتیی لە دۆخەکە باشتر تێگەیشتوون، وێڕای حەماقەتی ریفراندۆم، ئێستا بە توندیی و بە تیژیی، بە خێرایی و بە حەماسەوە، بۆ بەغداد گەڕانەوە. تەنیا و تەنیاش لە رێگەی دەوڵەتی عێراق و سیادەی عێراقەوە( بە کوردستانیشەوە)، دەکرێ ئەم وەرەمە خەبیثەی کوردایەتیی کە رێک رۆڵی میرەکانی سەردەمی عوثمانییەکان دەبینن، وردە وردە کیمیاویی لێ بدرێ و نەهێڵرێت لەوە زیاتر بڵاو ببێتەوە، لای کەم ئاییندەی نەوەکانی دواتر، وەکو ئێستا، یەخسیری ئەم سیاسییە فاشیل و دزانەی کوردایەتیی نەبن. بە کورتییەکەی ئەم سەرخەتە سیاسیی و ئەم مانیفێستە سیاسییانەی لەم زنجییرە وتارانەدا باسکران، سەرمەشقی سەرکەوتن یان فەشەلی نن بەیان دەکەن، لە ئاییندەی نزیک یان دووردا، ئەوە روون دەبێتەوە کە تا چەند لە گوتاری حەماقەتی کوردایەتیی نزیکن یان دوورن؟

———————-
ئەمە کۆتایی ئەو زنجییرە وتارانەبوون لەسەر نن، نووسران.

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم باسە کلیکی ئەو لینکانەی خوارەوەبکەن ……

بەشی یەکەم …..

بەشی دووەم …..

بەشی سێیەم …..




مانگرتنی بێسنوور وه‌كوو چالاكییه‌كی ده‌گمه‌ن ….. كاردۆ بۆكانی

مانگرتنی بێسنوور چالاكییه‌كی ئاسایی نییه‌؛ ته‌واو چالاكییه‌كی بانئاسایی و ده‌گمه‌نه‌. ئه‌گه‌ر به‌ سه‌ركه‌وتووی به‌ڕێوه‌ بچێت، ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌كی قووڵ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ دۆزه‌ بكات كه‌ مانگرتووان به‌رخۆدانی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌و چالاكییه‌ چه‌نده‌ خزمه‌ت و ڕاژۆی دۆزێكی ئاسایی بكات، دوو هێنده‌ی ئه‌وه ڕاژۆی دۆزێكی ده‌گمه‌ن ده‌كات.

له‌ په‌رتووكی’ دۆزی ده‌گمه‌ن، دۆزی كورد ‘دا من تێۆری ده‌گمه‌نم شرۆڤه‌ كردووه‌ و ده‌گمه‌نبوونی دۆزی كوردم نیشان داوه‌‌. به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ دۆزی كورد دۆزێكی ده‌گمه‌نه‌‌، چالاكی ده‌گمه‌ن ده‌توانێت به‌ ده‌یان ساڵ پێشی بخات و قه‌ڵه‌مبازی مێژوویی پێ بدات. له‌ مێژووی تێكۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی كوردستان دا، چالاكی ده‌گمه‌ن و به‌رخۆدانی ده‌گمه‌ن هه‌بوون. یه‌كێك له‌و چالاكییانه‌ به‌رخۆدانی گرتووگه‌ی ئامه‌ده‌ له‌ ساڵی ١٩٨٢ دا.

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٠ دا ژێنڕاڵه‌ توركه‌كان كووده‌تای سه‌ربازیان كرد، ڕه‌پۆشه‌ و جه‌و‌ی ترسیان به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگا دا سه‌پاند، هه‌موو ده‌نگێكی دژبه‌ریان كپ كرد و، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كۆم و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانیان له‌ناو برد. ته‌نانه‌ت گورزێكی كاریگه‌ریان له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانیش دا. به‌ڵام له‌ گرتووگه‌ی ئامه‌د دا گورزی كاریگه‌ریان لێكه‌وت و پاشه‌كشه‌یان پێكرا. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گورزه‌ی لێدان چالاكی ده‌گمه‌نی پێشه‌نگانی په‌كه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ خۆسووتاندنی مه‌زڵووم دۆغان ده‌ستی پێكرد و به‌ شه‌هیدبوونی كه‌ماڵ پیر و هه‌ڤاڵانی له‌ مانگرتنی بێسنوور دا به‌ ئه‌نجام گه‌یشت. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رخۆدانه‌ ده‌گمه‌نه‌ نه‌بوایه‌، په‌كه‌كه‌ نه‌یده‌توانی له‌و قۆناخه‌ هه‌ستیار و ده‌گمه‌نه خۆی ده‌رباز بكات و به‌و ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ بگات.

به‌رخۆدانی گرتووگه‌ی ئامه‌د له‌ قۆناخی سه‌ره‌تایی په‌كه‌كه‌ دا بوو و دۆزی كوردیش به‌ گشتی، پاش ئاشبه‌تاڵه‌كه‌ی بارزانی له‌ باشووری كوردستان، له‌ ئاستێكی زۆر نه‌زم و لاواز دا بوو. وه‌كوو چالاكی و هه‌ڵمه‌تێكی ده‌گمه‌ن، ئه‌و به‌رخۆدانه‌ هه‌م په‌كه‌كه‌ی له‌ مه‌ترسی له‌ناوچوون ده‌رباز كرد و، هه‌میش دۆزی كوردی به‌ ده‌یان ساڵ پێشخست.

مانگرتنه‌كانی ئه‌م جاره‌، كه‌ له‌ ٧ی نۆڤامبری ٢٠١٨ به‌ پێشه‌نگایه‌ی له‌یلا گۆڤه‌ن ده‌ستیان پێكردووه‌، له‌ قۆناخ و به‌ستێنێكی دیكه‌ی مێژوویی دا جێده‌گرن؛ قۆناخێك كه‌ تێیدا ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین تووشی قه‌یرانی سیسته‌م بووه‌ و به‌ره‌و ڕووخانی یه‌كجاری ئاراسته‌گیر. له‌ ڕه‌وشێكی ئاوا دا، جێگیربوونی سیسته‌مێكی نوێ گرێدراوی ڕێكخسته‌بوونی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ له‌ دژی سیسته‌می كۆن سه‌ریهه‌ڵداوه‌. سیسته‌می كۆن هه‌رچه‌ند له‌ قه‌یران و گێژاوه‌ دا بژی، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی سیسته‌می نوێ ڕێكخسته‌ نه‌بن و فه‌داكارانه‌ ئاماده‌ی نرخ و ره‌نج دان نه‌بن، سیسته‌می كۆن ده‌توانێت خۆی له‌ نوێوه‌ دا‌بڕێژێته‌وه‌ و به‌ نێوێكی دیكه‌ و به‌ ته‌شه‌یه‌كی تر‌‌ خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دا بسه‌پێنێته‌وه‌.

پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م، گه‌لی كورد له‌ ئاستی پێویست بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ گۆڕپان دا نه‌بوو و، به‌و پێیه‌، ئه‌وانیدی چاره‌نووسیان بۆ دیاریكرد؛ چاره‌نووسێك كه‌ پارچه‌بوونی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌ و ڕیزێك له‌ كۆمه‌ڵكوژی به‌ دوای خۆیدا هێنا كه‌ هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌. ئێستا كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ كه‌وتووه‌ته‌ قه‌یران و بناغه‌كانی سیسته‌مێكی نوێ له‌ ڕۆژاوای كوردستان داڕێژراوه‌، پێویسته‌ گه‌لی كوردستان به‌ گوێره‌ی پێویست له‌ گۆڕپان دا بێت و سیسته‌می خۆی دامه‌زرێنێت. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئێستا سیسته‌می پاش لۆزان له‌ قه‌یران دایه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی پێویست‌‌‌ تێنه‌كۆشین و پێداگری له‌سه‌ر هێڵی ئازادی نه‌كه‌ین، چاره‌نووسمان هه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌بێت.

تێكۆشانی ئازادی پێویستی به‌ به‌شداری هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌. یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕش له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدان دا چینێك یان دوو چینی كۆمه‌ڵگا به‌شداری ده‌كات، به‌ڵام له‌ شۆڕش دا هه‌موو یان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا تێیدا به‌شداری ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و چینانه‌ چینی ڕۆشنبیر و پسپۆره‌‌. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ڕۆشنبیر كاری هزری ده‌كات و هزر ڕۆڵی گرینگی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵگیرسان و سه‌ركه‌وتنی شۆڕش دا‌، ڕۆشنبیر ده‌توانێت له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی شۆڕش دا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌كان و ڕێكخراوه‌ ڕامیارییه‌كانی كوردستان بكه‌ین، یه‌كه‌م شتێك كه‌ سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت ڕۆلی لاواز یان نه‌بووی چینی ڕۆشنبیره‌. هۆكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ش دوو شته‌: یا ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌كان كراوه‌ نه‌بوون بۆ به‌شداری ڕۆشنبیر، یان ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆشنبیر بۆخۆی به‌شداری ڕێكخراوه‌ی شۆڕشگێڕی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئێستا، چاره‌سه‌ركردنی دۆزی ده‌گمه‌نی كورد چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌مان لێده‌خوازێت. هه‌ر بۆیه‌، چه‌نده‌ ڕێكخراوه‌كان پێویسته‌ باوه‌شی خۆیان بۆ ڕۆشنبیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پێویسته‌ كه ڕۆشنبیر ڕوو له‌ شۆڕش بكات و به‌شداری ڕێكخراوه‌ی شۆڕشگێڕ ببێت.

ڕۆشنبیرێك كه‌ هه‌ست به‌ ژێرده‌ستی كۆمه‌ڵگاكه‌ی و پارچه‌بوونی وڵاته‌كه‌ی نه‌كات، هه‌موو پێكهاته‌‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. چونكه‌ كۆمه‌ڵگا چه‌نده‌ی پێویست به‌ تاكه‌كه‌س بێت بۆ دامه‌زراندن و به‌رده‌وامكردنی هه‌بوونی خۆی، تاكه‌كه‌سیش ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ بۆ واتادان به‌ خۆ و بۆ پاراستنی خۆ.

په‌رگالی هزریی كلاسیك، كه‌ به‌سه‌ر لیبڕالیسم و سۆسیالیسم دا دابه‌ش ده‌بوو، شرۆڤه‌یه‌كی ڕاستی له‌و دوو پۆلێنه‌ نه‌خسته‌ به‌ر چاومان. لیبرالیسم له‌ هه‌وڵی سه‌پاندنی تاك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دا بوو و، له‌و پێناوه ‌دا، هه‌موو مافێكی پێشكه‌ش به‌ تاك ده‌كرد و چێژگرتنی تاكی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ماف و كرده‌وه‌یه‌ك به‌ ڕه‌وا ده‌زانی، ته‌نانه‌ت ئه‌و ماف و كرده‌وانه‌ی كه‌ خه‌ساریان له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌دا. به‌ پێچه‌وانه‌ی لیبرالیسم و هاوشێوه‌ی ئه‌و‌، سۆسیالیسم كۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر تاك دا ده‌سه‌پاند و هه‌موو مافێكی به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌دا بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاك‌ به‌ گوێره‌ی خۆی. له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی سۆسیالیستی ئه‌م ڕێبازه‌ هه‌تا ئاستی دیكتاتۆڕی و ماریسێتی چوو.

چه‌نده‌ لیبرالیسم و هه‌وڵه‌كانی پێشترێتی دان به‌ تاك‌ هه‌ڵه‌ بن، سۆسیالیسم و هه‌وڵه‌كانی پێشترێتی دان به‌ كۆمه‌ڵگاش ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵه‌ن. له‌ ڕاستی دا، پرسیاری’ گه‌لۆ تاك له‌ پێش كۆمه‌ڵگا دا له‌ دایك بووه‌ یان كۆمه‌ڵگا له‌ پێش تاك دا هاتووه‌‘ له‌ فه‌لسه‌فه‌ دا بێواته‌ بووه‌، هه‌ر وه‌ك پرسیاری ’ گه‌لۆ هێلكه‌ له‌ پێش مریشك دا هاتووه‌، یا مریشك له‌ پێش هێلكه ‌دا ‘. هه‌ر هه‌وڵێك بۆ پێشترێتی دان به‌ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو پۆلێنه‌، له‌ ڕاستی دا، هه‌وڵه‌ بۆ سه‌پاندنی ئه‌و به‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دیكه‌ دا؛ سه‌پاندنێك كه‌ بێجگه‌ له‌ خه‌سار و ڕووخاندن هیچ سوودێكی بۆ هیچیان نییه‌.

ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ خۆمان له‌ دووپه‌كییه‌‌ كلاسیكییه‌ ده‌رباز بكه‌ین و له‌و ڕاستییه‌ تێبگه‌ین كه‌ ڕێبازی‌ دیكه‌ی هزریش هه‌ن كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت وه‌كوو هێڵی سێهه‌م، هێڵی چواره‌م و ته‌نانه‌ت هێڵی پێنجه‌میش ناودێریان بكات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ زۆنگاوی ئه‌مڕۆ دا گیر نه‌كات و ڕاستییه‌كانی سبه‌ینێ ببینێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوێر بین و خۆمان له‌و‌ زۆنگاوه‌ی دوێنێ ده‌رباز بكه‌ین كه‌ تێیدا تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌ك دا ده‌ژیان و، ڕاستییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌به‌ر چاو بگرین، ده‌بینین كه‌ ئه‌و دوو پۆلێنه‌ له‌ ناو یه‌كتری دا ده‌ژین و له‌ پێوه‌ندییه‌كی هاوژینی و سیمبیۆتیك دا یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. بۆ دامه‌زراندن و پاراستنی هه‌بوونیان پێویستیان به‌ یه‌كتری هه‌یه‌ و، هیچیان به‌ بێ ئه‌وه‌ی دیكه‌‌ نه‌ ده‌توانن له‌ دایك بن و نه‌ ده‌توانن هه‌بوونیان بپارێزن.

ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان‌ له‌و چوارچێوه‌یه ‌دا شرۆڤه‌ و داهووراندن بكه‌ین له‌ ڕاستییه‌كان نزیكتر ده‌بینه‌وه‌. هیچ تاكێكی كورد، به‌ ڕۆشنبیره‌وه‌، ناتوانێت خۆی له‌ كوردبوون بشواته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیشیكات، ئه‌وانیدی دان به‌‌و خۆشوشتنه‌وه‌یه‌ دا نانێن و له‌ پێگه‌ی كوردبوونه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن و هه‌ڵسووكه‌وتی له‌گه‌ڵ دا ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌، له‌ باتی خۆداشوشتن له‌ كوردبوون و خۆدابڕاندن له‌ كۆمه‌ڵگا و شۆڕشی كوردستان، پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی كورد، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ڕۆشنبیر و پسپۆر، له‌ ڕێپێوان و مه‌شی ئازادی دا جێبگرن و له‌ سه‌رخستنی دا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

چینی ڕۆشنبیر و پسپۆری كوردستان له‌ چه‌ندین كێشه‌ دا ژیان ده‌كات كه‌ هه‌تا لێواری نه‌خۆشی چووه‌. یه‌كێك له‌و كێشانه‌‌ خۆدابڕاندن له‌ كۆمه‌ڵگایه‌؛ خۆدابڕاندنێك كه‌ تێیدا ڕۆشنبیر خۆی له‌ پێگه‌ی ژوو دا ده‌بینێت و كۆمه‌ڵگاش له‌ پێگه‌ی ژێر‌، خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ بچووك، خۆی به‌ زانا ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ نه‌زان، یا خۆی به‌ ئازاد ده‌زانێت و كۆمه‌ڵگاش به‌ كۆیله‌. به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای تۆ بچووك، نه‌زان و كۆیله‌ بێت، چۆن تۆ ده‌توانی به‌ ئازادی، زانایی و ‌گه‌وره‌یی بژی؟ تۆ كه‌ بستێكت خاك نییه‌ تێیدا بژی، خۆ به‌ گه‌وره‌ زانینت له‌ چییه‌؟!

له‌ تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی دا نابێت هیچ كه‌س پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی وه‌كوو پاساوێك به‌كاربێنێت بۆ ناچالاكبوون. پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك چه‌نده‌ مه‌زنتر و ڕژدتر بێت، پێویسته‌ تاك خۆی له‌ كاری مه‌زنتر و ڕژدتر بدات. ڕاسته‌ پێگه‌ی رۆشنبیربوون و پسپۆربوون له‌ بواره‌كانی زانستی دا پێگه‌گه‌لێكی به‌رزن‌. كه‌س ناتوانێ نكوڵی له‌ به‌رزبوونی پێگه‌ی دوكتور، پرۆفسۆر و ئه‌ندازیار بكات، به‌ڵام ئه‌و پێگانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و‌ پێگه‌ نه‌زمه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری‌ تێیدا ده‌ناڵێت زۆر ناكۆك و دژبه‌یه‌كه‌. پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان زۆر به‌رزه‌، له‌ لووتكه‌ دایه‌، له‌ هه‌موو شوێنێك پێمان خۆشه‌ به‌چاوی كۆمه‌ڵگایدا بده‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دوكتور بین له‌ كه‌سی قه‌بووڵ ناكه‌ین كه‌متر له‌ دوكتورمان پێبڵێت و، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ كه‌سه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ نازناوی پرۆفسۆر بانگمان نه‌كات ئه‌گه‌ر پرۆفسۆر بین. به‌ڵام سه‌د حه‌یف و مه‌خابن، پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان ئه‌وه‌نده‌ نه‌زمه كه‌‌‌ له‌ هیچ شوێنێك پێمان خۆش نییه‌ باسی لێ بكه‌ن و‌ وه‌بیرمانی بێننه‌وه‌.

واته‌ ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت درزێكی پان و به‌رینه‌‌ له‌ نێوان پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان دا. ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت نكوڵی لێبكات و ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ژانه‌ كه‌ هیچ مرۆڤێكی خاوه‌ن ویژدان ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت. جا بۆیه،‌ داوا له‌ هه‌موو ڕۆشنبیران و پسپۆرانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ خۆیان دا بچنه‌وه‌ و خاوه‌نداری له‌ شۆڕشی كوردستان و ئه‌و قۆناخه‌ هه‌ستیار و میژووییه‌ بكه‌ن كه‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بین. با هه‌موومان ڕوو له‌ به‌ره‌كانی شۆڕش بكه‌ین و به‌بێ خۆ به‌گه‌وره‌ زانین و به‌كار هێنانی ئاستمان له‌ به‌رامبه‌ری ده‌ورووبه‌رمان ڕۆڵی مێژووی خۆمان بگێڕین. با پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییشمان به‌ ئاستی پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان بگه‌یه‌نین و هه‌ر وه‌ك چۆن شانازی به‌ پێگه‌ی تاكه‌كه‌سیمان ده‌كه‌ین ئاواش شانازی به‌ پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یشمان بكه‌ین.




شه‌كیب شه‌قشه‌قه‌ … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

شەکیب شەقشەقە، فەرمانبەرێکی بەوەجی حوکوومەت بوو، ملەستوورێکی کەتەی سەر چوارقولینچکی کەپوو بەرانانیی گوێ دەفی لچەستووری سمێڵ و ئەبرۆ بۆیاغکەرەوە بوو. برادەرەکانی بە شەکۆ شەقشەقە بانگیان دەکرد، چونکە لەماڵەوە لەگەڵ کچەزاکانی ھەر خەریکی شەقشەقانێ بوو. شەکۆ سێ کچی ھەبوو و ھەرسێکی بەشوو دابوو، خۆی و مامزی ژنی لە ماڵەوە مابوونەوە. شەکۆ لە حوکوومەت دەسڕۆییو بوو، نێوانی لەگەڵ گەورە بەرپرسان مشە بوو، بەشەو بەردەوام پێیەکی لای وەزیرێک یان بەرپرسێکی گەورەی حیزب بوو، سبەینانیش لە دەوام بوو و ھێوارانیش دەچووە بارەگای حیزب و لەوێ سەری مەجلیسی چەقەچەقە سییاسییەکانی دەگرت و دەمودووێکی ھەبوو تڕەتڕی بە ھەمووان دەخست. شەکۆ ھەفتەیەکی مابوو خانەنشین بێت، چونکە دوای ئەو ھەفتەیە تەمەنی لە شەست و سێ دەپەڕییەوە و بەپێی بڕیاری پەرلەمانیش ھەر دەبووا تەقاویت بێت، پرسی تەقاویتییەکەی ھەراسانی کردبوو و شەوانە خەوی نەدەچووە چاوی. شەکۆ شەقشەقە لەگەڵ ئەوەی خاوەن نۆ باڵەخانەی گەورە بوو لەناو شەستمەتریی ھەولێر و مانگانە داھاتی چەندین ڕیزە دوکانیشی بۆ دەھاتە ماڵەوە لە شاری خەونەکان، بەڵام ئەوەندە دەسقوچاو و پیسکە و چڕدۆ و ڕەزیل و چاوچنۆک بوو، گەر ڕۆژێک سووکە مەسرەفێکی ھەبا، بۆ شەوەکەی بە داڵغەی ھەندێ، خەمی دونیای دەھاتە کۆڵ.

ماوه‌یه‌ك بوو دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئاو، گێچی ئاوپێویان له‌ ماڵان به‌ستبوو، نێوانی له‌گه‌ڵ مامز هه‌ر قڕه‌وبڕه‌ بوو، چونكه‌ شه‌كۆ دوای به‌ستنی ئاوپێوه‌كه‌، داوای له‌ مامز كرد چیتر ڕۆژانه‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌ نه‌شوات، به‌ڵكوو بیكاته‌ هه‌فته‌ی جارێك، چونكه‌ ئیتر وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆت ئاو سه‌رف بكه‌یت، چونكه‌ ئاوپێوه‌كه‌ پاره‌ی زۆریان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كات.
شەکۆ لەجییاتیی ئیسراحەت و ئازادبوونی له‌ ده‌وام و دائیره‌ و كه‌وتنه‌ ژیانێکی ئاساییی ئادەمییانە، خەفەتی تەقاویت بوونەکەی، دنیای لێ کردبووە چەرمی کێشکە. چاوی بە ھیچ تێر نەدەبوو. ئەو گوێی لێ نەبوو ڕۆژانە دەبووا بە تڕومبێل نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە ماڵەوەڕا ببڕێت تا دەگاتە فەرمانگەکەی كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌ڵه‌ك بوو، بیری لەوە دەکردەوە ساڵێكیتریش خزمەتەکەی نوێ بکاتەوە، کە ئەمەش لەدەست سەرەک وەزیرانە.

سەری ھەفتە شەکۆ مەوعیدێکی لە نووسینگەی سەرەک وەزیرانی وەرگرت و لە دیدارەکەی لەگەڵ جەنابی سەرەکدا، داوای کرد ساڵێکی وەزیفەکەی بە پێچەوانەی باقی فەرمانبەران بۆ نوێ بکاتەوە. سەرەک وەزیرانیش بێئەوەی بۆ یاسا بگەڕێتەوە، یەکسەر بە بڕیارێکی سەر پارچە قاقەزێک، شەکۆ شەقشەقەی گەڕاندەوە فەرمانگەکەی، ڕۆژی پاشتر شەکۆ بەر لەوەی بچێتەوە سەر کارەکەی، بڕیاریدا ھەندێ لە فەرمانبەرانی کاربەدەستی فەرمانگەکەی دەعوەتی سه‌یرانه‌گه‌شتێكی مەی خواردنەوە بکات. ئێوارەکەی سندووقی قەمەرەکەی پڕ کرد لە ئارەق و ویسکی و بیرە و بڕاندی و شه‌مپانیا و ڤۆدگا، بەڵام لەگەڵ بابەکری ژمێریاری فەرمانگەکەی وەک چۆن لەمێژ بوو بۆ پارەوپوول کلکیان توند لێک گرێدابوو، لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە سەرجەم مەسرەفی مەی و خواردنەکانی بۆ بکات بە پسوولەی کەلووپەلی پێویستی فەرمانگەکەی. ڕۆژی ھەینی گەشتێکی خۆشیان بۆ لای کورداوە کرد و شەکۆ و برادەرەکانی و چەند بەرپرسێکی حیزبیش کە ھێنابوونی، تا مڕ بوون بەدەم چه‌قه‌چه‌ق و فڵته‌فڵتی سییاسه‌ت و حیزب و سوێند بە خاکی پیرۆزی کوردستان و گۆڕی شەھیدان و ھەڵوێستی پاک و مەردانەیان بەرامبەر گەندەڵی و گەندەڵان، پەیمانە لەدوای پەیمانە ھەڵیاندەقوڕاند.

شەکۆ دەستی بە دەوام کردەوە. سێیەم ڕۆژی دەوامی دوای بڕیاری گەڕانەوەکەی، شەکۆ شەقشەقە لە گەڕانەوەی لە دەوام، لەگەڵ لۆرییەک تامپۆنیان کرد و شەکۆ بە سەختی بریندار بوو. بە بڕیاری حیزب و سەرەک وەزیران شەکۆیان بۆ چارەسەری ناردە ئەڵمانیا، دوای ھەفتەیەک مانەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھانۆڤەر، شەکۆ گیانی بە خاکی پاکی کوردستان بەخشی، حوکوومەتیش بڕیاریدا ناوی لە لیستی شەھیدان بنووسرێ و ژنەکەشی تا ماوه‌، مانگانه‌ شەھیدانەی بدرێتێ.

دوای ھەفتەیەک کە پرسە ھەڵگیرا، ھەر سێ زاوای شەکۆ، ھاتنە سەر شانۆ و لەسەر وەرگرتنی کرێی ڕێزە دوکانەکان و باڵەخانەكانی شەكۆ پاک و پوختە و بێ قڕەقڕ پێکھاتن و سەڵاواتێکیان لەدیداری شەکیب شەقشەقە خوێند و بڕیاریاندا شەوی ھەینی مەولوودێکی گەورە لە مزگەوتی جەلیل خەیات بگێڕن و پڕیکەن لە ئەشڕافی شار و شارستانانی ھەولێر.
خۆزگە شەکۆ چاوێکت لەوێ دەبوو.

•ع.ف•




ئەو برینانەی بۆم پینە نەکران … هه‌ژار حوسێن

پێشکەشە بەجوانترین برینی من

پینە
منداڵێکی دەست خوساو
دۆشداماو لەکلێنسەکانی بەردەمی
تارافیک لەدایکی دەچو
شارەوانی وازی لەگەڕانی قەڵەڕەشەکان هێنا
گۆشتی بەرازیش شیفای مایەسیری نەداین
تێی هەڵدە منداڵی پووچ بوون یارییەکانی کۆڵان
دەبێژمەوە کەسم خۆشناوێت
ئەو دراوسێیەش ئاشتناکەمەوە کەپەنجەره‌کەیانم شکاند
منداڵی و ڕەش گەڕەکێکی هیچوو پووچ
سەرم بەستوویەتی
چاوەکانیشت لەو بەردە بێدەنگانە دەچوون
سەمفۆنییای مەرگم بۆ بژەنن
ڕۆیشتنی ئاو برینی
بیرهاتنەوەی خەندەکانتە
منداڵ دەبمەوە و بیری پەسیرەی دارمێوەکەی حەوشەتان دەکەم
غەریبی دزینی قەیسی دەکەم لەباخچەکان
منداڵ دەبمەوە و بیرم لای ئەوشەربەتەیە ناوی ئەخشۆبو
خوادا چارەی برینەکانی بۆدەکرا لێ نەیکرد
ئەوژنانەی بەهەنجەتی جوانی لەماڵ دەرکران
دووایین پێغەمبەری ئێمەبوون
ئەو برینانەی سەدەیەک گۆرانییان بۆ دەوتین
دواین ڕازەکانمان بوون لەگەڵ تەنیاییدا

برین
بم ناسەوە بە ونبوون لەنێو ڕێگاکاندا
بەماندوو نەبوون بەو یارییەی ناوی بوونە
بەچڕینی گۆرانییەکەی فەیروز بگەڕێوە
منیش لە کوچەی غەریبدا
ئەو وڕێنانەت بەگوێدا دەچرپێنم
تادەبیتە تامی ئەی دلبەرێی فەقێ تەیران
تادەبیتە وێرد بۆزمان
سورەتی فەتحت بۆ دەخوێنم
تا ئازادبی
دادەخورپێ ئەو دڵە قەڵەبارغەی من
برین دێنێتە پەیڤین و پلاستەریش بە لۆکە
دەزانی عەشق هیچ و پووچ ترین برینی مێشکی ئێمەیە
کۆنترین یارییه مرۆڤ بەخوادای دەکا
ئێستا خۆکوژی کایەیێکە دەبێ مردن نیشانی ژیانی بدات
ئەڤین مەرگ نییە
ئەو شەقامانەی ئێمەیان بریندار دەکرد
ئێستا چۆلەکەیێکی هەڵاتوو لە تفەنگ
ڕیقنەیان پێدا دەکات
ئەو شەوانەی من دەگریام تۆ وەک شاخێک دەتلاوەندمەوە
سەحکێ خەونەکانم چ فراڤینێک ئامادە دەکەن
بڕوانە ئەو ئەومێدە ژەنگ گرتووەی
لەڕوخساری زبرم دیارە
دەبینی لەنێو پرسیارەکانما بویتە چ تامێک
سەیرکە ئەو وشانەی یارییان پێدەکەم
چ تامێک بەلاشەت دەدەن

هه‌ژار حوسێن .




ئیندێکسی نوێی گەندەڵی …. و. هەڵۆ بەرزنجەیی

ڕێکخراوی شەفافییەتی جیھانی:لە سەرتاسەری جیھان دا قەیرانی دیموکراسی” دەبینێت.
گەندەڵی لەدنیا وەک کێشەیەکی گەورە دەمێنێتەوە: زۆرینەی وڵاتانی جیھان لە راپۆرتی Transparency International -TI- پلەیەکی خراپ بەدەست دێنن. لە ئەڵمانیا بارودۆخەکە کەمێک خراپتر بووە – لە ئەمەریکا زۆر خراپتر بووە.
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ، ڕێکخراوی ناوبراو TI دوای ئەوە کەسانی شارەزا و پسپۆر لێکۆڵینەوەیان کردووە لە 180 وڵاتدا ، ئیندێکسی ئاماژەی گەندەڵی Corruption Perception index CPI نمرە یاخود پلەی 0 – 100 واتە سفر تا سەد، دانان بۆ ھەڵسەنگاندنی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەکان دا. تا ژمارەکە زۆر بێت، نیشانەی باشی بارودۆخەکەیە. واتە کەمی دیاردەی ئاماژەی بوونی گەندەڵی زۆر و نەرێنییە.

بە تێکڕا ٢/٣، واتە دوو لە سێی وڵاتان دەکەونە خوار تێکڕای پلە 50 وە. ئەمەش نیشانەی بارودۆخێکی خراپ و شێواو دەنوێنێ. تەنیا 20 وڵات توانیویانە لە 2012 وە بەرەو باشتر بڕۆن. لەوانە Guyan+9 لە 2012 ەوە، Argentin+8 لە 2015 ەوە، Elfbeinküste ساحل العاج+8 لە 2013 ەوە.16 نەتەوە زۆر دابەزیون لە نێوانیان دا: ھەنگاریا – 9 لە 2012 ەوە، تورکیا – 9 لە 2013 ەوە و مەکسیک – 8 لە 2013 ەوە.
دانیمارک لە پلەی یەکەم دا و ئەڵمانیا پلەی یازدەیەم.

لەم میانەدا دانیمارک ئەم وڵاتەی سکەندەناڤیا باشترین پلەی بەدەست ھێناوە 88.
نیوزلەندە87 و فینلەندە و سەنگاپوور و سوید و سویسرا85 و سۆماڵ خراپترین پلە 10 بەدەستهێناوە لەدوای ئەوەوە سوریا و باشووری سودانەوە ھەریەکەیان 13 و یەمەن و کۆریای باکور 14.
ئەڵمانیا لە پارەوە کەمێک خراپتر بووە لە 81 ەوە بووە بە 80. ئەمەش ناکاتە ئەو 10 باشترینەی ریزبەندە جیھانییەکە. ئەڵمانیا پلەی 11 لەگەڵ بەریتانیا بەش دەکات. ھەروەک شێڤی ئەڵمانیای TI Edda Müllerدەڵێت.
ئەمەریکا بۆ یەکەمجارە لە ساڵی 2011 ەوە دادەبەزێ لە Top 20 واتە لە 75 ەوە بووە بۆ 71.

لە ڕاستیدا وەک شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، بارودۆخەکە ھەمووی پەیوەندی بە ھەلومەرج و دۆخی سیاسییەوە ھەیە. ڕاپۆرتەکە بە ئاشکرا وابەستەیی دیموکراسییەکی تەندروست و بەربەرەکانی سەرکەوتووانە دژ بە گەندەڵی لە ناوچەکاندا دەبەستێتەوە بە دیموکراسییەوە.
سەرۆکی جیھانی Ferreira Rubio TI دەڵێ : دیموکراسی سنووردار نەکراو لە پلەی 75 دایە و سنووردار کراو لە 49 دا. لای ڕژێمە ھەجینییەکان 35. و لای ڕژێمە ئۆتۆکراتەکان 30 . دۆخە تابێت بەرەو شلۆقی و خراپیدەڕوات.
ئەگەری زۆری گەندەڵی لەوێدا زیاد دەکات، کەوا بنچینەی دیموکراسی لاوازە. وەک ئەوەی ئێمە لە زۆر وڵاتانی دنیادا بینیومانە، سیاسەتی نادیموکراتی و پۆپۆلیستی بۆ سوودی خۆیان بەکار دێنن. Rubioوا دەڵێت.
ڕاپۆرتەکە زۆر بەوردی جەخت لەسەر ناوچەکانی جیھان دەکاتەوە. ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەک ناوچە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە. بەدەستھێنانی تێکڕای 66 ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەم ناوچەیە. ناوچەکانی ئەفەریقا و خوارووی بیابان بە پێچەوانەوە بەتێکڕا 32 یان بەدەست ھێناوە.

و. هەڵۆ بەرزنجەیی ٣٠/١/٢٠١٩
—————–
سەرچاوە:
http://www.spiegel.de/politik/deutschland/transparency-sieht-weltweite-krise-der-demokratie-korruptionsindex-a-1250456.html




نــــــامــــــــــە … نووسینی: محەمەد بەرزی

تێبینی: چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی (ئەحمەد)یش ناوێکی خوازراوە

١

ئەحە دراوسێی و ھاوڕێیی قوتابخانەم بوو ، کورێکی زۆر قسەخۆش و قۆشمە بوو ، بەڵام لە قوتابخانە زیرەک نەبوو . باوکیشی پیاوێکی رەنجدەری ماندوونەناسی ئازابوو ، لە سپیدەی بەیانییەوە لە دووکانە پچکۆلەکەیدا شانووبازووی دەکوتا ، شەوانیش لە گومرگە سووتاوەکە پاسەوان بوو . لەگەڵ ئەوەشدا بەجوانی ماڵومنداڵی خۆی بەخێودەکرد ، بەڵام پیاوێکی توڕەی قسە ڕەقی تەنگەتیلکە بوو ، ھیچ کاتێک ڕووناکی لەڕوویدا نەبینراوە و باوەڕناکەم بەختوکەش پێکەنیبێت . لەژێر خەمی تەمەڵی ئەحەدا چەمابۆوە ، ناھەقیشی نەبوو ، چونکە ئەحە لە پۆلی سێی ناوەندیدا چەقینێک چەقی ئێستاو ئەوساش لێی نەھاتەدەرێ ، تا دەریانکرد ، ئنجا چووە قوتابخانەی شەو ، لەوێش ھەر دەرنەچوو . ئەم پۆلی سێی یە بوو بوو بەشاخێکی ھەڵەمووتی ھەزار بەھەزاری سەختی عاسی و بە ئامان و زەمان نەی دەتوانی بەسەریدا سەربکەوێت . ھەموو جارێک بەئێمەی دەووت : ( تا لەم پۆلی سێ نەگریسە دەرنەچم قەت پێم مەڵێن ئەحمەد ، ھەر بڵێن ئەحە ) . ئەوی ڕاستی بێت ئێمەش ھەر وامانکرد . باوکی لۆمە و سەرزەنشتی زۆری دەکرد و لەبەرچاوی ئێمە تەریقی دەکردەوە ، جارێکیان پێی ووت : ( تۆ گایەکی گێرەنەکەری گەلۆری ) . دیارە ئەمەش وانەبوو ، چونکە ئەحە زۆرجار یارمەتی باوکی دەدا ، بەڵام بۆی نەدەھات وا لەبەرچاوی ڕەِش بوو بوو بەکارە باشەکانیشی قاڵس دەبوو ، خوا خوای بوو ھەڵەیەک بکات و جامی ڕقی خۆی بەسەردا بڕژێنێت . بێگومان مێشکی ئەحە بۆ خوێندن نەکرابوو ، ئەو لە ناخەوە حەزی لە دوو شت بوو ، سیاسەت و دڵداری .

لە بیرمە لە پێش ھەموومانەوە بوو بە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ، زۆر بە جوانی ئەرکەکانی سەرشانی رادەپەڕاند و کۆی لە ھیچ نەدەکرد و لە کۆبوونەوەکان دوانەدەکەوت ، ئەو ھەموو کۆبوونەوانەی دەکرد ، بەڵام لەترسی باوکی نەی دەوێرا تەنھا کۆبوونەوەیەک لە ماڵی خۆیاندا بکات… ڕۆژێک دڵی نووسا بە کیژێکی زۆر شۆخ و ناسکی قوتابی ناوەندیدا ، بۆی شێت بوو ، ماخۆلان کەوتە کۆڵی و نەیدەزانی چۆن چۆنی و بە چ ڕێگایەک خۆی بگەیەنێتێ ، چونکە ئەو کیژە لەھاتن و ڕۆیشتنی دا دوو دەستە خوشکی خۆی لەگەڵدابوو . بۆیە ئەحە نەتوانی نامەی بداتێ ، نە بیدوێنێ . ناچار ڕۆژێک پێی بەجەرگی خۆیدا نا و نامەیەکی پەپوولەداری ڕەنگاوڕەنگی بۆنخۆشی بەجوانی پێچایەوە و خستییە ناو لاپەڕە بیستی گۆڤارێکی (بوردە) ی بەھاری خوشکێوە و لەسەر ڕێگای کچە وەستا ، ھەر کاتێک لەگەڵ دەستە خوشکەکانی دا گەیشتنە ڕاستە کۆڵانەکەی ماڵی خۆیان ، ئەحە لە بەردەمیاندا قنج و قۆز قووت بۆوە و بەبێ ئەوەی خۆی تێک بدات ، یان دەمی تێکەڵ و پێکەڵ بێت ، یان بشڵەژێ ، گۆڤارەکەی بۆکچەکە ڕاگرت و زۆر لەسەرخۆ ووتی : ( ئەم گۆڤارەیان بۆ بەڕیزتان ناردووە ، بەڵام تکایە ڵاپەڕە بیستتان لە یاد نەچێ ) .

کچە گۆڤارەکەی لەدەست وەرگرت ، ئەحەش بروسکەئاسا ئاوا بوو . لەو نامەیەدا بەدەستوخەتە ناشیرینەکەی زۆر شتی جوانی نووسیبوو : دڵ ئاوێنەی دڵە ، تۆم بۆ ژیانی ھەتا ھەتای دەوێت ، شیعریشی بۆ نووسیبوو : ھەموو ڕۆژێک لەبەر سەیری بتی ئەو بەژنو باڵایە ، لەسەر رێتا ئەوەستم من ھەتاکو ئاوی پێم دایە . لە سووچێکی دا دڵێکیشی کردبوو بە تیرێکی خوار سمی بووی . لە دوای نامەکەشدا نووسیبووی : ( دڵە شیرینەکەم سبەینێ خۆشترین ڕۆژی ژیانمە ، چونکە لە ھەمان شوێندا چاوەڕوانی وەڵامم ) … باۆڕناکەم ئەحە ھیچ کاتێک بەقەدەر ئەو ڕۆژە دڵی خۆش بووبێت ، ھەموو گیانی پێدەکەنی ، ڕەنگە لەپۆلی سێ دەربچوایە ، ھەر ئەوەندە شاگەشگە بوایە .

دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لەنزیک گەڕاجی ئەسحابەسپی پێشمەرگەیەکی قارەمان جلخوارێکی چڵکاوخۆری رژێمی کوشت ، بەجارێک شار قڵیشایەوە ، ھەر زوو دوکان و بازاڕ پێچرانەوە . باوکی ئەحەش وەکو ھەموو کەسێکی تر زوو گەڕایەوە بۆ ماڵەوە ، ئەو ئێوارەیە خۆی بە باخچە پچکۆلانەکەیانەوە خەریککرد ، ئەحەش گورجوگۆڵو چالاکانە بەردەستی دەکرد و بە پێی ئارەزووی دڵی ئەو دەجوڵایەوە و لەو باشتر باخچەکەی بژار دەکرد ، بەو ھیوایەی تۆزێک سۆزی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و نەختێک ڕقی ئەستوری ناخی کەم بکاتەوە . لە ڕاستیشدا ھەموو ھۆش و ھەستی لای دڵدارەکەی بوون ، زۆر پەلەی بوو ، دەت ووت لەسەر پشکۆ دانیشتووە ، خوا خوای بوو زوو سبەینێ بێت و وەڵامێکی پڕ لەشادی وەربگرێت . لەپڕ زەنگی ماڵەکەیان لێدرا ، ئەحە نزیک دەرگاکە بوو ، دەرگای کردەوە . ھەر دەرگای کردەوە وەک بروسکە لەسەری لووتی دابێت ڕاچڵەکی ، تەماشایکرد کچەو و دایکی و سێ زرتە زەلامی زەبەللاح رێک لە بەردەمیا وەستاون . کچە ئاماژەی بۆ ئەحە کرد و ووتی : ئا ئەمەیە ! . ھێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو زەلامێکیان توند قورتمی ئەحەی گرت و وەک فەردە کایەک ڕایکێشایە دەرەوە . ئەحە بوو بە تەڵەوە ، وەک کارەبا لێی دابێت وشک بوو ، ھەموو ھۆش و ھەست و خەیاڵی لای باوکی بوو ، خوا خوای بوو زەوی قووتی بدات و ئەو بەم گۆڵمەز و بەزم و ھەرایە نەزانێت . بەڵام ھەرئەوەندەی بڵێی یەک و دوو ، باوکی بە فالینەیەکی نیوقۆڵ و دەرپێیەکی سپی درێژەوە ھاتە دەرێ ، تەماشایکرد ئەو سێ زەلامە ئەحەیان بەگیرھێناوە . یەکێکیان روویکردە باوکی و ووتی : ( ئەم کوڕە بێ ئابڕووەی تۆ نامەی بە کچەکەمان داوە ، دیارە لەمردن گڕ دەخوات !!) .

باوکی ئەحە بەم قسەیە دەت ووت ھەموو شاخی پیرە مەگرون بۆتە خرە بەردێک و رێک بەر کاژەلاکی سەری کەوتووە ، راپەڕی ، ھەتا توانی تفێکی وای گرتە ناوچەوانی ئەحە پڕیشکی بەر ئەوانیش کەوت . ئنجا ڕووی دەمیکردە زەلامەکان و ووتی : ( ئەو بێ ئابڕو نییە ، ئێوە بێ ئابڕون ، ئەگەر خۆتان بە پیاو دەزانن و تووکی سمێڵَەکانتان بە مەردی ڕواوە ، دە فەرموون دوو فیشەک تەق تەق بنێن بە ناو دەمە بۆگەنەکەیەوە و خۆشتان و ئێمەش لە دەست ئەم تەمەڵی دڵداریکەری کرمۆڵە رزگار بکەن ، لای منیشەوە ھەزارجار گەردنتان خۆش و ئازاد بێت ، گوێتان لێی بوو ھەزارجار ئازاد بێت )… ئنجا پشتی لە ھەموویانکرد و بە شەقاوێک چووە ژوورەوە وبەجێیھێشتن .
ئەحە تووش بوو بوو بەڵام چۆن تووش بونێک ، لە تەریقیدا نەی دەتوانی سەر بەرزبکاتەوە ، دەت ووت پڕ باخەڵی پشکۆیە و تک تک ئارەقی شەرمەزاری دەردەدا ، وا دەمی بەسترابوو ھیچی بۆ نەدەوترا ، لە تالووکە و داوێکی گەلێک دژواری سەختی ئاڵۆزدا بوو ، کارێکیان پێکرد ھەر مەگەر ئەو خوایە خۆی بزانێت … باشبوو ھیمەتی کاک ئەحمەدی شێخ و پاراندنەوە و گریانە بەکوڵەکەی دایکی بە ھانایەوە ھاتن و لەو چورتمە قورسەیان قورتارکرد .

٢

ئەو ئێوارەیە ژیان لە ماڵی ئەحەدا ھیچ مانایەکی نەما ، دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بەسەری یەک بە یەکی ئەو خێزانەدا . خەمێکی گەورە و گران ناخی ھەموویانی داگرتبوو ، باوکیان لە تووڕەیدا جووتەی لە ناوچەوانی خۆی دەدا و چەند جارێک ویستی خۆی بگەیەنێتە ئەحە و چەند شەقێکی قایم قایم لە پاشەڵی ئەو تەمەڵە ھەڵبدات ، بەڵام ھەمووجارێک دایکی بە گریان و پاڕاندنەوە ھێوری دەکردەوە ، کەچی پاش کەمێک سەرلەنوێ دەھاتەوە کوڵ و دەستیدەکردەوە بە ھاوار ھاوار و خۆ ڕاپسکاندن ، بە ڕادەیەک دایکی ئەحە لە تاقەتیدا نەما و گەیشتە تینی و بە گریانەوە ھاواریکرد : ( دەبەسە ، توخوا بەسە و ئیتر لە توانا و تاقەتمدا نەما و ئەوەندە فووی خۆڕایی بەم ئاگرە کوژاوەیەدا مەکە و خەریکە لە پێستەکەی خۆم دەچمەدەرەوە و ئەوەندە سەر مەکەرە سەر ئەم کوڕە با لە دەستمان دەرنەچێت ، کێشەیەک ڕوویدا و بە سەلامەتی تێپەڕیی و بڕایەوە و ئیتر ئەوەندە لەسەری مەڕۆ و بێ دەنگ بە با لە داخی تۆ یەخەی کراسەکەی خۆم دانەدڕم و ئەم ماڵە کاولبووەت بۆ چۆڵ نەکەم ) . باوکی ئەحە ئەوەندەی تر بەو قسانە قوشقی بوو ، بۆیە شەقێکی لە تەپڵەکەکەی بەردەمی ھەڵدا و بەوپەڕیی توڕەییەوە ووتی : ( کچێ ئافرەت ئەم ھەتیوە سەرسەرییەی تۆ نامەی داوە بە کچی ماڵی شەفە شیلە ، جا دەزانی شەفە شیلە کێیە ؟ ) . دایکی ئەحەش بە سەرسوڕمانەوە ووتی : ( ئەیەڕۆ شەفە شیلە کێیە ؟ ) . باوکی ووتی : ( شەریفە شیلە کابرایەکی چەقۆ وەشێنی شەلاتی و شەڕەنگێزە و وەک شیلە وایە و بەھەرچ کەسێکدا بنووسێت تا ھەموو پێستی لەشی دانەماڵێت واز ناھێنێت ) .

ئەحە لە ژوورەکەی سەرەوە گوێی لە ناوی شەفە شیلە بوو ، بەڵام ئەو نە شەریفە شیلەی بە خەیاڵدا دەھات و نە ھاتوھاواری باوکی . ھەموو ھۆشوھەستی لای گریان و فرمێسکەکانی دایکی بوو ، وەی کە دڵی بەو دایکە میھرەبانەی خۆی دەسووتا و لەو کاتەدا حەزیدەکرد بچێت و باوەشێکی گەرم گەرمی پێدا بکات و تێر تێر دەست و چاوە تەڕەکانی و بنی قاچەکانی ماچ بکات و بە دڵ پێی بڵێت : ( دایە گیان لەو کارەی خۆم پەشیمانم و نەمزانی کچەکەی شەریفە شیلە ڕێز لە ھەستونەستی پاکوبێگەردی ناخی دڵم ناگرێت و ئەم بەزم و گۆڵمەزە دەھێنێتە ماڵەکەمانەوە ) .
ئەو ئێوارەیە باوکی ئەحە دەمی بۆ خواردن نەبرد ، بە ھەناوی برسی و دڵێکی لێوان لێو لە خەم و خەفەتەوە خێرا چوو خۆی گۆڕیی و دەستی دایە تفەنگە یازدە تیرەکەی و بەرەو گومرگە سووتاوەکە ملینا و تا بەیانی بە خەمی ئەحەوە گێنگڵی دەدا و دەتلایەوە و جارجارێکیش لەبەر خۆیەوە دەیووت : ( چاوت لەم بەخت و ناوچەوانە ڕەشەی من بێت تووشی چیی بووم ، لە بەیانییەوە تا ئێوارە وەک سەگێکی پیێ سووتاو لە ناو بازاڕدا دێم و دەچم و شانوبازوو دەکوتم و شەوانیش وەک کوندەپەپوویەکی پیر بە تەنھا لەم گومرگە سووتاوە کاولەدا شەو دەکەمەوە ، ئاخر بۆ کێش ؟ ، بۆ ئەو تەمەڵەی کوڕم تا بیدات بە قەڵەم و کاغەز و نامەی بۆ کچەتیوەکەی شەریفە شیلە پیێ بنووسێت ، منداڵی خەڵکیش ، کە نیو ئەوەندەی من ماندوو نابن دەچنە زانکۆ و دەبن بە پزیشک و مامۆستا ) .

لەو لاشەوە دایکی ئەحە بە درێژایی ئەو شەوە ناخۆشە خەو چاوەکانی نەگرت و تا مەلای مزگەوتەکەی خانەقا ووتی : ( ئەڵلاھو ئەکبەر ) ، ئەو ھەر بەخەبەر بوو . بەیانییەکی درەنگیش ئەحە لە ژوورەکەی خۆی ھاتە خوارەوە و لە تەریقیدا نەیتوانی ماوەیک قسە بکات ، پاشان روویکردە دایکی و ووتی : ( دایە گیان لەم ڕۆوە خۆم ئامادە دەکەم بۆ تاقیکردنەوەی سەری ساڵ بە ھیوای ئەوەی لەم پۆلی سیێ نەگریسە دەربچم و تۆزێک دەمارە ڕەقەکانی دڵی باوکمی پیێ نەرم بکەم و خۆشم و ئێوەش ئاسوودە بکەم ) . بێگومان ھەر واشیکرد ، ئیتر ھەر ئەو ڕۆژە لە ژوورەکەی خۆیدا کەوتە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی کتێبە کۆنەکانی . ئەم ژوورەی ئەحە خۆشترین ژووری ماڵەکەیان بوو ، کەوتبووە نھۆمی سەرەوە و پەنجەرە گەورەکانی بەسەر ھەموو گەڕەگدا دەیڕوانی و بە جوانی حەوشە و سەربانی زوربەی زۆری ماڵە دراوسێکانی لێوە دیار بــوو . نزیکەی مانگێک کەوتە کۆششێکی بەردەوام و جگە لە وانەکانی بیری لە ھیچ شتێکی تر نەدەکردەوە و ھەموو ئێوارەیەکیش پێش ھاتنەوەی باوکی لە ماڵەوە بوو .

بەڵام سەرلەبەیانییەکی ڕۆژی ھەینی پیکابێکی سپی سەرلەنوێ ژیانی ئەحەی سەرقاڵکردەوە . ئەو پیکابە بە کۆمەڵێک کەلوپەلی ناو ماڵەوە لە بەردەمی خانووە چۆڵەکەی ئەوبەریانەوە وەستا و چەند کەسێک کەوتنە داگرتنی کەلوپەلەکانی ناوی ، ئەمەش نیشانەبوو کە کرێچییەکی تازە ھاتۆتە گەڕکەکەیانەوە . ئەحە چاوی لەسەر ئەو کچە قژزەردە لانەدەبرد کە چالاکتر لەپیاوەکان کەلوپەلەکانی دادەگرد و بەردەوام چاوی بە ئاڕاستەی ئەودا دەڕۆیشت ، بەمەش ماخۆلان کەوتە گیانی و خوا خوای بوو زوو بزانی ئەم ماڵە تازەیە کێین . ئیتر لەو کاتەوە ئەم ئەحە نەگبەتە ئەگەر جارێک تەماشای لاپەڕەیکی بکردایە ئەوا سەدجار تەماشای ئەو ماڵەی دەکرد و خوێندنی لە بەرچاوکەوت و ئارامی نەگرت تا ئەو ڕۆژەی بەھاری خوشکی باسی ئەو ماڵەی بۆ دایکی دەکرد : ( ئەم ماڵە بریتین لە دایکێک و کوڕ و کچێک و بووکەکەیان ، کچەکەیان ناوی فریشتەیە و تا پۆلی شەشی سەرەتای خوێندووە و وازی لە خوێندن ھێناوە ، کوڕکەیان لە کارگەی چیمەنتۆ کرێکارە و خێزانەکەشی ژنی ماڵەوەیە … ) . ئەحە ھەر ئەوەندە گوێی لە بەھاری خوشکی گرت و ڕێک چووەوە ژوورەکەی خۆی و لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت فریشتە ، بە ڕاستی ناوێکی خۆشە و لە دوورەوە ھەر لـــە فریشتەش دەچێت . ڕۆژی دوایی بە ڕێکەوت ئەحە لە ناوەراستی کۆڵانەکەی ماڵی خۆیاندا لووتی بوو بە لووتی فریشتە و براژنەکەیەوە و بۆی دەرکەت ، کە فریشتە بە ڕاستی فریشتە یەکە بۆ خۆی و جوانییەکەی و دوو چاوە سەوزە گەشەکانی بە جارێک کاریان لە ڕۆحیکرد .

ئیتر بە تەواوەتی زەوقی لە کۆششکردن نەما و بە یەکجاری وانەکانی فەرامۆشکرد و لە ژوورەکەی خۆیەوە کەوتە سەرەتاتکێ و چاودێری فریشتە ، بە جۆرێک فریشتەش ھەستی پێکردبوو . پاشان بە دەست کەوتە ئیشارەتکردن و سڵاوکردن ، ئەوەی سەیر بوو فریشتەش حەزی لەو بەزمە بوو . ئەحە لە خۆشیدا جێگای بە خۆی نەدەگرت و کەمترین کات ئەو ژوورەی چۆڵدەکرد و ھەموو خەون و خولیای ئەوەبوو ئەو نێچیرەی لە دەست نەچێت ، کەچی دایکی و بەھاری خوشکیشی بەردەوام دوعایان بۆدەکرد و لە خوا دەپاڕانەوە لە کۆششکردن پشتی ساردنەبێتەوە ، ھەتا بەیانییەکی چوارشەممە دایکی بە دڵێکی پاکەوە دەستنوێژیگرت و چوو بۆ مزگەوتی گەورە و بە گەرمی مەزارە پیرۆزەکەی کاک ئەحمەدی شێخی چەند جارێک ماچکرد و بە پەرۆشەوە ڕوویکردە ئاسمان و ووتی : ( ئەی خوای پەروەردگاری تاکوتەنیای ڕەبوالعالەمین بیکە بە خاتری گەورەیی خۆت و خۆشەویستەکەی خۆت کە پێغەمبەری نازدار محەمەد مستەفایە و ڕوحیانەتی پاکوبێگەردی ئەم کاک ئەحمەدی شێخە ، ئەو تاقە کوڕەم لە قەزاوبەڵڵای دنیا بە دوور کە و دەرگای سەرکەوتنی ئەو پۆلی سێیەی بە جوانی بۆ بکەرەوە و مەڕێکم مەولودی پێغەمبەرە خۆشەویستەکەی خۆت بێت ) . لەو لاشەوە ئەحە پەڕە کاغەزێکی خەتداری گەورەی بە سنگییەوە گرتبوو لە لایەکی پەنجەرەکەوە پیشانی فریشتەی دەدا و بەدەم و دەست ئیشارەتی بۆ کاغەزەکەی دەکرد و دەیویست پێی بڵێ نامەیەکم بۆ نووسیویت و سبەینێ سەعات دووی پاش نیوەڕۆ وەرە سەربان تا ئەو کاغەزەت بۆ ھەڵبدەم . بە ھەزار حاڵ فریشتەی تێگەیاند و ئەویش زۆر بە جوانی سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند . ئەحە ئەو شەوە نامەیەکی زۆر جوانی نووسی ، ڕۆژی دوایی نامەکەی بە بەردێکی سافەوە بەست و چووە سەر سەربانی ماڵی خۆیان و فریشتەش لەو کاتەدا ھاتبووە سەر سەربان .

ئەحە بە جوانی سەیرێکی ئەملاولای کۆڵانەکەی کرد ، کاتێک زانی کۆلانەکە چۆڵە و کەس دیار نییە ھەتا توانی گوڕیی بەستەوە و زۆر بە قایم کاغەزەکەی بۆ ھەڵدا ، بەڵام لە بەختی ڕەشی ئەحەدا نامەکە بەر تەلی کارەبای کۆلانەکە کەوت و ڕێک لە بەردەمی جەبارە شەلدا کەوتە خوارەوە . جەبارە شەل پێش تۆزێک ئەحەی بە سیلەی چاو لە سەربان بینیی بوو ، زانی ئەو نامەیە نامەی ئەحەیە ، بۆیە بێ سێودوو نامەکەی ھەڵگرد و لێیدا ڕۆیشت و ھەر بە دەم ڕیگاشەوە نامەکەی کردەوە و تێر تێر بە ئاوەزی ئەحە پێکەنی . لەو نامەیەدا زۆر وشە و ڕستەی جوان جوانی نووسیبوو : ( گیانە شیرینەکەم لەو ڕۆژەی ئێوە ھاتوون ئەم گەڕەکەتان بە تەواوی ڕووناککردۆتەوە ، یاخوا بە خێربێن… ھەر لە یەکەم ساتەوە تۆم خۆشویستووە و بەڕاستی تۆ پەری و فریشتە و گوڵێکی قەشەنگ و دانسقەیت و لە بەرچاوی من لە ھەموو کەسێک جوانتری و لە ناخی مندا چووزەرەت دەرکردووە .. ھیوادارم دڵی تۆش وەک دڵی من وابێت و شەو نییە خەو بە تۆوە نەبینم … تکات لێدەکەم سبەینی لە کۆڵانەکەی پشت ماڵی خۆتاندا وەڵامی ئەم نامەیەم بدەرەوە … تکایە وەڵام .. تکایە وەڵام چونکە دەڵێی لەسەر ئاگرم و ھۆشوھەستم لای خۆم نەماوە …. ) . ھەر نامەکە کەوتە خوارەوە ئەحە گورج خۆی شاردەوە و خوا خوای بوو جەبارە شەل نەی بینێ ، ئەوەندە پەست بوو خەنجەرت لێبدایە خوێنی لێنەدەھات و ئاراموئۆقرەی لەبەربڕا و جێگای بە خۆی نەدەگرت و نەیزانی چۆن چۆنی ئەو جەبارە شەلە نەعلەتییە لەوکاتەدا پەیدابوو ، ئەوەی سەیر بوو ڕۆژی دوایی لەسەر شەقامی کاوە و نزیک کەبابخانەکەی کاکە عومەری ئەجێ جەبارە شەل ئەحەی بینی و لێی نزیک کەوتەوە و بە پێکەنینەوە بە ئەحەی ووت : ( ئەرێ خاڵۆ خۆمان وەڵامی نامەکەت بدەینەوە ) . ئەحە خوا خوای بوو ببێت بە تنۆکێک ئاو و بە ناخی زەویدا ڕۆبچێت ، بۆیە لە تەریقیدا سەری داخست و بەبێ ئەوەی قسەیەک بکات بە خێرایی لە جەبار دوور کەتەوە . جەبار بوو بەگرێ کوێرەی سەر دڵی ئەحە ، لە ھەرچ شوێنێکدا بیبینیایە خۆی لیێ دەشاردەوە . زوو زووش لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( سەرباری خەمی باوکم خەمی جەبارە شەلیش ھاتە سەر دڵمان ) .

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندی ئەحە و فریشتە زیاتر پەرەی دەسەند ، چەند جار ێک لە کۆلانە تەسک و درێژەکانی سەرشەقامدا یەکتریان دەبینی و قسەیان پێکەوە دەکرد و بە جۆرێک فریشتە تێکەڵ بە ناخی ئەحە بوو بوو ، تاقیکردنەوەی ھەر لە بیر نەمابوو ، بەلام لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکاندا و لەبەر خاتری دایک و باوکی چوو ھەموو تاقیکردنەوەکانی تەواوکرد و لە ئەنجامدا بە چوار سفرەوە گەڕایەوە . کاتێک دایکی بەو سفرانەی زانی خەریکبوو لە داخدا لە پێستی خۆی دەربچێت و بە ئەحەی ووت : ( خۆ تۆ بە ناخێری گیانت ساڵی پار باشتر بوویت ، پار بە دوو سفرەوە گەڕایتەوە ، کەچی ئەمساڵ کردت بە چوار و بەخوا ئەگەر باوکت بەمە بزانێ حەیا و شەرەفت دەبا ، ئەی خوای گەورە ئەمە چ چاوێکی پیسە وا کاری لەم ھەتیوەم کردووە) . ماوەیەک ئەو سفرانەیان لە باوکی شاردەوە ، بەلام کە ئەویش زانی تەنھا چوار تفی خەستوخۆڵی گرتە تەختی ناوچەوانی ئەحە و ووتی : ( حەیفە کەسێکی تەپۆ و بوودەڵە و بێ خێروبێری وەکو تۆ کوڕیی کابرایەکی داما و ماندووی وەک من بیت ، خۆزگە دەمتوانی بە تفەنگە یازدە تیرەکەم یازدە فیشەکم بەو کەللە پووتەدەوە دەنا و لە دەستت ڕزگارمان دەبوو ، بڕۆ لە بەرچاوم مەمێنە ھەی پێستی سەرت بە نەحلەت بێ ) . ئەحە ھەر دەتوت قوڕقوشمی کراوەتە ناو گویێ و وەک کاسەی چەوری لێھاتبوو بە ھیچ قسەیەکی باوکی تەڕ نەدەبوو ، چونکە ئەوە یەکەمجاری نەبوو بە تفی باوکی دەمووچاوی سواخ بدرێت ، بۆیە باکی نەبوو ، بە سەرشۆڕیی پشتیکردە ھەموویان و چووەوە بۆ ژوورەکەی خۆی ، ھەر کە لە پەنجەرەکەوە ماڵی فریشتەی بینی ، نە تفەکانی باوکی لە بیرما و نە خەمە گەورەکانی دڵە میھرەبانەکەی دایکی .

پەیوەندی ئەحە و فریشتە ئەوەندە بە ھێز بوو ، ڕۆژێکیان فریشتە کلیلی دەرگای دەرەوەی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە تا وێنەیەکی لە بەربگرێتەوە . لە لایەکی ترەوە فریشتە خۆیکرد بە ھاوڕێی بەھاری خوشکی و جار جار سەردانی یەکتریان دەکرد ، ئەحەش بەم ھاوڕێیەتیان شادمان بوو . ئەوەی ئەحەی زۆر پەست و بێزار دەکرد تەنھا جەبارە شەل بوو ، چونکە جار جار دەیبینی و دەبوایە لە ترسیی تانە و تەشەر و قسەکانی لە حەوت کون خۆی بشاردایەتەوە . ئەو ساڵە گەرمەی وتووێژ و دانوسانی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی عیراق بوو . پێشمەرگەکان گەڕابوونەوە بۆ ناو کەسوکاریان ، نامیقیش بە خۆی و بڕنەوێکی درێژەوە گەڕابۆوە . نامیق کاتی خۆی لەگەڵ ئەحەدا لە یەک قوتابخانەدا بوون ، زۆر بزێو و جەربەزە بوو . سەرلە ئێواران پیاوان و کوڕانی ئەو گەڕەکە لە نامیق کۆدەبوونەوە و ئەویش بە خۆی و بڕنەوەکەیەوە لە ناویاندا دەوەستا و باسی پێشمەرگایەتی بۆ دەکردن . ڕۆژێکیان نامیق لە ناو کۆمەڵێکدا یاریی بە تفەنگەکەیدەکرد ، لە پڕ فیشەکێکی لە دەست دەرچوو و ڕێک سەردڵی جەبارە شەلی ئاگردا و شەبەقێکی سوری گەورەی لە پشتدا کردەوە و یەکسەر ھەناسەی لێبڕیی و ھەر لە وێدا دەمی دا بەیەکدا و ساردبۆوە . بەمەش ئەحە خەمی جەبارە شەلیشی لە کۆڵبۆوە ، کە بوو بوو بە مۆتەکەی سەر شانی . ئیتر ئەحە ھیچ شتێک نەبوو لێی بترسێت ، چونکە باوکی بە تەواوەتی فەرامۆشی کردبوو و نامیقیش جەبارە شەل و نھێنی نامەکەی بە یەک فیشەک بۆ خستە ناو گۆڕێکی گردی سەیوانەوە .

تا دەھات بڵێسەی ئاگری دڵی ئەم دوو دڵدارە زیاتر کڵپەی دەسەند و پڕیشکی دەھاویشت ، بە جۆرێک نەعیمەی براژنی فریشتە بەو پەیوەندییەی زانی بوو و بە تەواویش یــارمەتی و ھـاوکاریشی دەکردن .
بۆیە فریشتە بە پشتی نەعیمە بە ئەحەی ووت : ( شەوانی شەممە و یەک شەممە و دووشەممان کاکم شەوانە کاردەکات و لە ماڵەوە نییە و دایکم و براژنیشم لە سەربان دەنوون ، ئەگەر ئارەزوو بکەیت دەتوانم لە نیوە شەودا دەرگات بۆ بکەمەوە و سەردانم بکەیت ، ئەمەش لەوە چاکترە لە ناو کۆلاناندا یەکتریی ببینیین ) . ئەحە ئەمەی لە خوا دەویست و زۆر زۆری پێخۆشبوو ، دەمێکیش بوو دەیویست ئەو ئەم پێشنیارە بۆ فریشتە بکات ، بەلام باشبوو وا خۆی کردی . ئنجا فریشتە ووتی : ( کەواتە ئەگەر کاتژمێری دووی شەوی شەممەی داھاتوو گڵۆپەکەی بەردەرگای ماڵی خۆمانم کوژاندەوە و دام نەگیرسانەوە ئەوە مانای وایە لەو دیو دەرگاکەمانەوە چاوەڕوانت دەکەم و دەتوانیت بێیت و ماوەیەک پێکەوە بین ) . ئەحە لە خۆشیدا قاچەکانی نە دەکەوتە زەوی و زۆر دەمێک بوو چاوەڕوانی ھەلێکی وا خۆشیدەکرد و لە چوونە دەرەوەی شەویشدا ھیچ کێشەیەکی نەبوو ، چونکە باوکی بە خۆی و تفەنگە یازدە تیرەکەیەوە پاسەوانی گومرگە سووتاوەکەی دەکرد و دایک و بەھاری خۆشکیشی شەوانە زوو دەنووستن .
ئەحە ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕا و ھەموو سەعاتێکی بە ساڵێک لیێ دەڕۆیشت و نەیدەزانی تا شەوی شەممە چۆن چۆنی کاتەکانی بەسەربەرێت و بە دیار میلی کاتژمێرەکەیەوە وەک مۆم دەتوایەوە .
شەوی شەممە ھات و ئەحە بە جوانی خۆی ئامادەکرد و چاوەکانی بڕیبووە گڵۆپەکەی سەردەرگای ماڵی فریشتە ، کە وەک دڵی ئەحە دەسووتا ، لە کاتژمێری دووی نیوە شەودا گڵۆپەکە خامۆشبوو ، ئەحە ئاوێکی سارد و فێنکی زۆر خۆش کرا بەسەر دڵیدا و بە ھیواشی و بەبێ ئەوەی دەنگی پێکانی بێت ھاتە خوارەوە و لە ماڵ چووە دەرەوە و بە خێرایی ملینا بۆ بەردەمی ماڵی فریشتە ، کە لەو کاتەدا لە درزی دەرگاکەوە چاوەڕوانی دەکرد . ھەر ئەحە گەیشت گورج دەرگاکەی بۆ کردەوە و بێ پرس و بێ ترس چووە ژوورەوە و لە داڵانەکەدا بەیەک گەیشتن و نیگای چاوەکانیان پێکەوە یەکانگیربوون و باوەشێکی ئێجگار گەرمیان بە یەکدا کرد و پاشان چوونە ژوورەوە و بە ئارەزووی دڵی خۆیان یەکتریان ماچکرد و ئاگایان لە دنیا نەما . ئەحە لەگەڵ ھەر ماچێک و گوشینی مەمکە تورتە بچکۆلەکانیدا ، دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی و بە دڵ خۆیدەکرد بە قوربانی و زوو زووش دەیوت : ( لە ئێستاوە لە پێناوی بەختیاری تۆدا دەژیم و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە خۆشە دەکەم بە یەک بگەین ) . ئەو شەوە ھەتا بازن و تەوقە و گوارەکانیشی ماچکرد و خۆشترین شەوی ژیانی ئەحە بوو ، کە گەڕایەوە ماڵەوە ئەوەندە ماندوو بوو نە یدەتوانی لەسەر لاقەکانی خۆی ڕابگرێت ، بۆیە ئەو نووستنەی لێی نووست ، تا نیوەڕۆیەکی درەنگ چرچەی نەکرد و باوەڕی بەوەش نەدەکرد دڵداریی ئەوەندە خۆشبێت . ئیتر ئەحە ھەموو ھۆش و ھەستی لای ئەو کچە بوو تەنھا ساتێک شێوەی شیرینی لە بەرچاو لا نەدەچوو .

لە ماوەی مانگێکدا دوو جاری تر توانی بچێتە ژووانی فریشتەوە و خۆشترین کات پێکەوە بە سەربەرن . بەلام ئەم خۆشییەیان تــا ســەر نەبوو ، ڕۆژێکیان فریشتە بە دەمووچاوێکی پەستەوە ، کە تک تک خەمی لیێ دەباری بە ئەحەی ووت : ( دوو شت ھەیە دەمەوێت پێت بڵێم ، جا تکایە خۆ ڕاگر و ھێمن بە تا قسەکانم تەواو دەکەم ، یەکەمیان خوازبێنی کەرم ھەیە ، ئەو کەسەش کوڕێ ناسیاوێکی ھاوڕیێەکی کاکمە و ھەمووش حەزدەکەن شووی پیێ بکەم ، دووەمیشیان ھەفتەی داھاتوو لەم گەڕەکە دەگوێزینەوە و دەچینە نزیک سەرچنار ، جا بە ڕاستی من دڵم بە تۆوەیە ئەگەر دەتوانیت بە زوترین کات وەرە بۆ داخوازیم ) . ئەحە کسپەی ئازارێک لە ھەناوی ھەستا و وا بەو قسانە تاسا دەتووت دنیا بەسەریدا ڕوخاوە و پێش ئەوەی بە وشەیەک دەم بکاتەوە فریشتەی بە دووچاوی پڕ لە فرمێسکەوە لیێ دوور کەوتەوە . ئەحە لە ژێر باری ئەو خەمەدا خەریکبوو شێت بێت و باوەڕی بە خۆی نەدەکرد و بە تەواوی پەشۆکا و خۆشی نەیزانی چۆن چۆنی گەیشتەوە ماڵەوە و یەک تەختە لێی پاڵکەوت و بەردەوام بە خەمی قسەکانی فریشتەوە دەتلایەوە و کەوتە وڕێنەکردن : ( وەرە بۆ خوازبێنیم ، ئاخر ئەگەر بە چوار سفری چاو زەقەوە داوای ژن بکەم ، یان باوکم شێت دەبێت و بە تفەنگە یازدە تیرەکەی ھەموومان دەکوژێت ، یان ئەم خانووەمان بە سەردا کاولدەکات ، خوایە گیان من تووشی چیی بووم ) . ئیتر وەک نەخۆشێکی گێژیی لێھات و مێشکی بوو بە شارە زەردەواڵە و تاقەتی نەبوو نە تەماشای ماڵی فریشتە بکات و نە نانیش بخوات و کەوتە ناو گێژاوی کێشەیەکی ئێجگار قورسەوە بەردەوام تیایدا دەسووتا.
پاش چەند ڕۆژێک پیکابە سپییەکە بە بەرچاوی ئەحەوە کەلوپەلی ماڵی فریشتەیان لیێ بارکرد ، ئەحە دەتووت لە پەنجەرەکانی دۆزەخەوە تەماشای ئەو پیکابە دەکات و ناخی دڵی بوو بوو بە گڕکانێک و پشکۆی بە ھەموو گیانی ئەحەدا پەرشوبڵاودەکردەوە . خۆ کاتێک شەو ھات و گڵۆپە کوژاوەکەی بەردەرگای ماڵە چۆڵەکەی فریشتەی بینی ، بە تەواوی ڕوخا و ھەزار بیرۆکەی خراپ و ترسناک بەردەوام مێشکیان دەهاڕی .

٣

ئەحە بە جۆرێک تێکچوو، جێگای بە خۆی نەدەگرت و لەو ماڵەدا بە کژ داروبەرددا دەچوو و بوو بە ئاگر چووە گەردنی دایکی و بەھاری خوشکی و بە تەواوی لە تامی دەرکردبوو ، بۆیە بە دڵ لێی بە گازندە بوون . خۆشی نەیدەزانی چیی دەوێت و چیی دەکات ، وەک گابەردێک وا بوو لە تروپکی شاخێکی ھەزار بە ھەزارەوە گلۆر بووبێتەوە و کەس نەیدەزانی لە کوێدا دەگیرسێتەوە و کەی ئارامدەگرێت . جارێکیان دایکی ھاتە تینی و ووتی : ( ئەگەر مردم و لەسەر تاتە شۆرەکەم ئاو بە دەممدا ھاتە خوارەوە ، ئەوە بزانن زوخاوی ڕەشی ئەم ھەتیوە سەرشینەیە ، کە نەیھێشت ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ماڵەدا بە خۆشی نانێک بخۆین ) . ئەحە بەم قسانەش ئەوەندەی تر باری دەروونی تێکدەچوو ، خۆ کاتێک لە دوورەوە خانووە چۆڵەکەی فریشتە و گڵۆپە کوژاوەکەی سەر دەرگاکەیانی دەبینی ، بە جارێک ھۆشوھەستی لا نەدەما و ئەقڵی لە دەستدەدا .

بە تایبەتی ئەو گڵۆپە ئەوەندە کاری کردبووە سەری ، شەوێکیان بە پرتاو چووە دەرەوە و ماوەیک لە بەردەمی ماڵی خۆیاندا وەستا و کاتێک زانی کەس دیار نییە بە یەک ھەنگاو خۆی گەیاندە بەر دەرگای ئەو خانووە و بە خێرایی دەرگاکەی کردەوە و چووە ژوورەوە و گڵۆپەکەی داگیرسان و گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە بەرخۆیەوە دەیووت : ( حەزدەکەم ئەو گڵۆپە ھەمیشە داگیرساو بێت تا ئەو ساتانەم بیرنەکەوێتەوە کە چاوەڕوانی ژووانی فریشتەم دەکرد و دەم گرتە باوەشی دڵم ) . بێگومان ئەمەش کەفەکوڵی خەموپەژارەی ناخی ئەحەی دانەمرکاندەوە و گلاراو لە عومری کەوتبوو و وەک شێت و ھاری لێھاتبوو و ھەزار بیرۆکەی خراپ خراپ لە مێشکیدا مێروولەی دەکرد و لە دواجاردا ھاتە سەر ئەوەی ئەو خانووە بسووتێنێت و لە بەرچاوی نەمێنێت . بۆیە ھەموو خەون و خولیا و ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو کارە پڕ مەترسییە بوو ، دەتووت میزە پشیلەیان لە بنی قاچەکانی دراوە و جێگای بە خۆی نەدەگرت و خوا خوای بوو بە زوترین کات ئاگر لەو خانووە بەربدات و تاڤگە و گڕ و کڵپە و بڵێسە و داوە دوکەڵی بەرەو ئاسمان بەرزببێتەوە و سەرتاپا ببێت بە سوتوو و خۆڵەمێش و ڕەشەبایەکی قایمیش ھەر ھەمووی لەگەڵ خۆیدا ڕاماڵێت و جگە لە چوار دیوار و کەلاوەیەکی چۆڵوھۆڵی وێران ھیچی تری لە بەرچاو نەمێنێت . بەڵام ئەوەی بوو بوو بە کۆسپ و دەستەکانی ئەحەی بەستبوو تەنھا باوکی بوو .

چونکە پێش چوار شەو دوو دز خۆیان لە گومرگە سووتاوەکەدا مەڵاس دابوو بۆ دزیکردن ، باوکی ئازایانە لێیان ڕادەپەڕێت تا دەسگیریان بکات ، بەڵام یەکێکیان لە پشتەوە و بە چەقۆیەکی ڕووتەوە پەلاماری دەدات و بە سووکی شانی چەپی زامدار دەکات و ئەویش مەردانە ئاوەڕیی لیی دەداتەوە و بە ھەموو ھێز و توانای خۆیەوە قۆناخە تفەنگێک لە سەر دڵی دەسرەوێنێت و دەی تاسێنێ و بە پشتا دەیخات ، دزی دووەم دەیەوێت بچێت بە ھانای ھاوڕێکەیەوە ، بەلام باوکی ئەحە گوللەیەک بە سەر سەریدا دەتەقێنێت ، ناڵەی ئەو گوللەی یازدەتیرە دوابڕاوە ئەوەندە بەھێز دەبێت کابرا بە جارێک ئەتۆقێ و لە جێگای خۆی ئەوق دەبێت و لە ترسی گیانی خۆی دەکەوێت بەسەر پێلاوەکانیدا و باوکی ئەحەش زوو زوو دەڵێت : ( قەستەم بەخوا بجوڵێنەوە سەردڵتان پڕدەکەم لە دووکەڵ و بارووت ) . لەو شەوە کشوماتەدا و لەگەڵ ئەو ناڵەیەدا پاسەوانەکانی نزیک گومرگە سووتاوەکە دەکەونە فیکە فیک و لەگەڵ پۆلیسدا بەدەم تەقەکەوە دەچن و دوو دزەکە دەستگیردەکەن و باوکی ئەحەش دەبەن بۆ نەخۆشخانە و تیماری برینەکەی دەکەن و لە پاداشتی ئەو ئازایەتییەیدا ھەفتەیەک ئێشکی پیێ ناگرن . ئیتر ڕۆژانە دەچوو بۆ سەر دوکانەکەی و شەوانیش بۆخۆی لەماڵەوە پاڵی لێدابۆوە و دەستە دەستە ھاوڕێی و ناسیاوەکانی سەردانیان دەکرد ، ئەحە کە ئەو قەڵەباڵغییەی لە دەوری باوکی دەبینی خەریکبوو شێت دەبوو ، لە داخی دڵی خۆی ولە بەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت : ( تۆ چاوت لەمە ناکەی لە چ کاتێکدا دزم بۆ دەگرێت ، دزێکیش نا ، بە جارێک دوو دز ، ئاخر ئەگەر لە بەختی ڕيشی مندا نەبێت ، کەی ئەو گومرگە سوتاوە کاولە بە حەیاتی دزی چۆتە سەر ) .

ئەحە دەتووت لەسەر ئاگرە بۆ سووتانی ئەو خانووە ، ترسی ئەوەی ھەبوو سەرلەنوێ بدرێتەوە بە کرێ ، بۆیە بەبێ ئەوەی گویێ بداتە بوونی باوکی بڕیاریدا شەو بەو کارە پڕ مەترسییە ھەڵبستێت و ئیسراحەت بە مێشکی ماندووی خۆی بدات . بۆ ئەمەش یەکەمجار چوو گۆچانە حەیزەرانەکی باوکی ھانییە ژوورەکەی خۆی و تەلێکی ڕووتی نەختێک درێژی بە بنیەوە بەست ، پاشان بە دزیی دایکییەوە یەک شووشەی پڕ لە نەوتی ئامادەکرد و بڕیاریدا لە نیوەشەودا ئاگر بەربداتە ئـــەو خانووە . ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی ھاوین بوو ، جگە لە ئەحە ھەموویان بە شەو لە حەوشەکەدا دەنووستن ، بەڵام ئەحە لەبەر باوکی لە ژوورەکەی خۆیدا دەمایەوە ، جگە لە باوکی ماوەی ھەفتەیەکبوو سەبری خوشکی بە تۆراویی گەڕابۆوە ماڵی ئەمان . ئەو شەوە جێگای سەبری نزیک دەرگای دەرەوە یان بوو ، ئەحە لە نیوەشەودا کە دڵنیابوو ھەموو خێزانەکەی لە خەوی شیرینی خۆیاندان ، تەپەدۆرێکی بە جوانی سووتان و ڕیش و سمێڵێکی ئەستور و ڕەش ڕەشی قەترانی بۆ خۆی دروستکرد و کڵاوجامانەکەی باوکی نایە سەری و لە سووچی پەنجەرە کراوەکەی خۆیەوە ، کە نزیک بە دیواری دەرەوە بوو ، دار حەیزەرانەکەی درێژکرد بۆ تەلەکانی کارەبا ، کە بە دیوارەکەیانەوە قایمکرابوون و سارد و گەرمی لە یەکدا و کارەبا شۆرتیکرد و کوژایەوە و گەڕەک بەجارێک بوو بە تاریکستانێکی ئەموستەچاو . ماوەیەک وەستا و کاتێک زانی کەس بە خەبەر نییە ئنجا پێڵاوە لاستیکەکانی باوکی لە پێکرد و شقارتەیەک و بوتڵە نەوتەکەی ھەڵگرد و زۆر بە ئەسپایی چووە خوارەوە ، ئەوەندە بە ھێواشی ھەنگاوی پچکۆلەی دەنا خۆشی گوێی لە دەنگ وترپەی قاچەکانی خۆی نەبوو . گەیشتە بەردەمی دەرگای دەرەوە و ویستی لەسەرخۆ بیکاتەوە ، ئا لەو ساتەدا و بۆ نەگبەتی ئەحە سەبری خوشکی کە لەبەر کێشەی خۆی بە تەواوی نەنوستبو ، بەو تاریکییە لە جێگەکەی خۆی ڕاپەڕی و بە ھەموو ھێز و توانایەوە پەلاماری ئەحەی دا و ئامبازی بوو وایزانی دزە و کەوتە ھاوار ھاوار . باوکی بە یەک قەڵەمبازد گەیشتە سەری و گورج بە قۆڵی ڕاستی ملی ئەحەی بەستەوە و نەیھێشت جووڵە بکات و خەریکبوو ھەر ھەموو دەمــارەکــــانی ملی بپچڕێنێت و سەری لە لەشی جوێ بکاتەوە و ووتـــی : ( کەرباب من خۆم بە شەو تا بەیانی دز ڕاو دەکەم ، کەچیی گەوجێکی وەک تۆ دێیتە سەر ماڵی من بۆ دزی ) . ئەحە زەندەقی چوو ، وا ساکابوو فززەی لێوە نەھات . بەھار و سەبریش بەو تاریکییە ، وەک دزێکی ڕاستەقینەیان گرتبێ بە نەعل و چەپۆک کەوتنە سەروگوێلاکی ، باوکی وەک لاشەیەکی بێ گیان کێشیکرد بۆ بەردەمی ھەیوانەکە و بە بەھاری ووت ، ئا بڕۆ لە ژوور سەرینەکەم ئەو لایتەم بۆ بێنە .

بەھار لایتەکەی ھانی و دای لە دەمووچاوی . تەماشایانکرد خۆ ئەمە کاکە ئەحەی خۆیانە . ھەموو بە جارێک حەپەسان و باوکی کە بەو شێوەیە ئەحەی بینی ھۆش لە کەللەیدا نەما و ئاگر لە چاوەکانی دەباری و ھەتا توانی زللەیەک و شەقێکی قایمی وای تێھەڵدا یەک بستی بەرزکردەوە . سەبری دەستی باوکی گرت و لێی دەپاڕایەوە بێ دەنگ بێت تا دراوسیێکان نەیەنە سەیریان . دایکی دەگریا و ڕوومەتەکانی خۆی دەڕنییەوە و دەیووت : ( کوڕە بۆ خاتری خوا تۆ بۆ واشێت بوویت ، ئاخر بەم نیوە شەوە ئەم دەمووچاوەی خۆتت بۆ وا ڕەشکردووە ، ئەی ئەو قاپە نەوت و کڵاووجامانەیەی باوکت چیدەکات لە لای تۆ ) . بەھار و سەبری باوکیان گرتبوو و بەردەوام دەستیان ماچدەکرد تاھێور بێتەوە ، بەڵام ئەو دامرکانەوەی بۆ نەبوو ، دەتووت شێرێکی تووڕەیە و لە ھەزار لاوە بریندارە ، بۆیە بە ھەموو ھێز و تین و توانایەوە لە دەستی سەبری و بەھار خۆی ڕاپسکان و چوو بۆ تفەنگە یازدە تیرەکەی تا لە کەللەی پووتی ئەحەدا خاڵی بکاتەوە ، بە خێراییەکی تیژی ئێجگار زۆری واوە خۆیکرد بە ژوورەکەدا ، لایەکی شانی بەر لاشیپانی دەرگاکە کەوت و بە قایمی گەڕایەوە بۆ دواوە و بەپشتا کەوت و گرمۆڵە بوو . بەو تاریکییە دایکی و سەبری و بەھار بە خێرایی چوون بە ھانایەوە و ویستیان ڕاستی بکەنەوە ، ھەر دەستیان دایە شانی پرخەیەکی قایمی لیێ بەرزبۆوە و ھەناسە لە سنگیا تاسا و سارد بۆوە و بە تەواوی نوزە و نرکەی لێ بڕا و سەری پڕ خەموخەفەتی بە یەکجاری نایەوە و دەستی لە دنیا بەردا و گیانی پاک و دڵۆڤانی بۆ بەھەشت فڕی . ئەحە بەو کارەساتە واقی وڕمابوو ، وەک ژن دەگریا و نەیدەزانی چیی بکات و چاوەکانی بوو بوون بە دوو جۆگای فرمێسک و لەگەڵ ڕەشی دەمووچاویدا تێکەڵ بوو بوون و سەروکەللەیەکی ئێجگار سەیر و ناشیرین و بێزوەری ھەبوو .

بەو شەوە تاریکە زیڕە لە ماڵی ئەحە ھەستا و قژڕنینەوە و ھاوار و زریکە و گریانی دایکی و بەھار و سەبری گەیشتە کەشکەلانی فەلەک و دڵی بەردیان دەکرد بە ئاو و بە یەک چرکە ھەموو گەڕەک و خەڵک و خوایان بە سەردا داباری و کەوتن بە کۆستی خۆیاندا . ئاخر ئەو مردنە لە ناکاوە مردنێک بوو دڵی بەردیشی دەکرد بە ئاو . بۆ بە یانی تەرمی ئەو پیاوە باشە ماندووەی ھەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ خۆشی مناڵەکانی بەرەو سەیوان بە ڕیێکرا و ئەو گەڕەکە ھەر ھەموویان لە ناشتنیا بەشداربوون و بە ڕێکەوت گۆڕەکەی چەند ھەنگاوێک لە گۆڕەکەی جەبارە شەلەوە دوور بوو . ئەحە کە گۆڕەکەی جەباری بینی برینەکانی کولایەوە و لە بەرخۆیەوە ووتی : ( خۆزگە ئەو ڕۆژەی نامەکەم کەوتە بەر پێڵاوە خۆڵاوییەکانی تۆوە ، وازم بھێنایە و دەستم لە کتێبەکانم ھەڵنەگرتایە ، خۆزگەش گڕیی فیشەکە بڕنەوەکەی نامیق بەر سەردڵی من بکەوتایە و سنگی منی ھەلاھەلا بکردایە و ئەم ڕۆژە ناخۆشەم بە چاوی خۆم نە بینیایە ) .

٤

لە دوای ئەو کارەساتە ناخۆشەوە ماڵی ئەحە بوو بە کورەیەک لە کورە پڕ لە پشکۆکانی دۆزەخ و بەردەوام تێیدا دەسووتان ، بە تایبەتی دایکی ئەحە بە سفت و سۆ دەگریا و ئاراموئۆقرەی لەبەر بڕابوو ھێوربوونەوەی بۆ نەبوو ، بەردەوام دامێنی سەرپۆشە کرێشە ڕەشەکەی لە فرمێسکی تەڕی چاوەکانی ھەڵکێشرابوون ، خۆ ئازارەکانی سەبری لە ئازارەکانی دایکی زۆر خراپتر بوو . چاوەکانی بوو بوون بە دوو گۆمی خوێن ، ئاخر ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کۆستە گەورەکەی باوکی ، خەموپەژارەی ھاوسەر و منداڵەکانیشی لە ناخی ئاڵابوون . بەڵام بەھار لە وان باشتر بوو ، چونکە گیانێکی بە ھەستوسۆزی گەرموگوڕی ھاوڕیێ دڵسۆز و خۆشەویستەکانی بوو ، کە بۆ ساتێکیش دەوریان چۆڵنەدەکرد و بەردەوام دڵنەواییاندەکرد . ئەحەش پەشیمانی وەک گوێزانێکی تیژ ناخی ئەنجن ئەنجن دەکرد و بیرکردنەوە لە باوکی وەک بەرداشێک مێشکی دەھاڕیی و لە تەریقیدا ڕووی نەدەھات خۆی نیشانی دایک و خوشکەکانی بدات . حەزیدەکرد چاوەکانی کوێرایی دابێت و جلە ڕەشەکانی دایک و خوشکەکانی نەبینێ ، ئەو چاکدەیزانی کۆڵەکەی ماڵەکەیان باوکیان بوو ، ھەر تەنھا ئەو سەرچاوەی بژێوی ئەو ماڵە بوو ، ھەر تەنھا ئەویش بوو مشوری ھەموو داوایەکی ورد و درشتی یەک بە یەکی ئەو خێزانە دەخوارد ، کەچی بەھۆی گەمژەیی ئەمەوە ئەو کۆڵەکەیە لە ئانوساتێکدا ڕوخا و ئەمانی بە تەنھا بەجێھێشت و ژیانی تاریککردن .
ئەوەی تۆزێک تروسکایی دەدا بەم خێزانە کۆسکەوتووە خاڵی ئەحە و دراوسێ دوکانەکانی باوکی بوون ، کە سەراپا ناخی دڵیان باخی گوڵبوو ، ئێجگار پەرۆشی ژیانی ئەو خێزانە بوون . ھەر زوو بە ھانایانەوە ھاتن و بە پێی توانا و دەرەتانیان ھەموو ھاوکارییەکی خۆیان خستە بەر دەستیان . ئەوان دەیانزانی دەبێت یەکێکی تر ھەبێت سەرپەرشتی ژیانی ئەو خێزانە ڕوخاوە بکات ، بۆیە ھەر پاش چەند ڕۆژێک ھەموو لە ماڵی ئەحە کۆبوونەوە و داویان لە ئەحە کرد بچێتە سەر دوکانەکەی باوکی و درێژە بە کارەکەی بدات و ئەوانیش بە ھەموو شێوەیەک پشتییوانی دەکەن و یارمەتی پێویستی پێشکەش دەکەن . بێگومان ئەوەش تەنھا چارەسەر بوو کە بەردەوامی بە ژیانی ئەو خێزانە بدات .

ڕۆژی دوایی ئەحە لەگەڵ خاڵیدا ، کە تا خوا حەزبکات پیاوێکی ئازا و دڵسۆز و مەردبوو چوون دەرگای دوکانەکەیان کردەوە و دراوسیێکانیان بە پەرۆشەوە لە دەوریان کۆبوونەوە و ھەر یەکەیان بە جۆرێک ورەی ئەحەی بەرزدەکردەوە . خاڵیشی چەند ڕۆژێک لێی دوور نەکەوتەوە و ھاوکارییەکی چاکی کرد و پاشان بڕێک پارەشی خستە ژێر دەستییەوە تا بتوانێت کەلوپەلی تازەی پیێ دابین بکات و ناوی باوکی لەو گوزەرەدا کوێر نەکاتەوە .
ناخی پڕ خەمی ئەحە و ویژدانی برینداری وزەی دەدایە بەری تا لەو کارەیدا سەرکەوتوو بێت ، خۆ یارمەتی بێ سنوری ئەو دراوسیێ ئەمەکدارە زۆر چاکانەی لە دنیادا وێنەیان نەبوو ، تا دەھات کاری ئەحەی ئاسانتردەکرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر دەبوو ، لە ھەمان کاتدا لە ھەوڵی ئەوەدا بوو گابەردێکی گەورە لەسەر ڕابووردووی خۆی دابنێت و بیری لیێ نەکاتەوە ، ئەو تەنھا ھیوا و ئاواتی ئەوە بوو دڵی شکاوی دایکی و خوشکەکانی ئاشتبکاتەوە و کارێک بکات بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت و ژیانێکی نوێ دەستپێبکاتەوە .

بێگومان ھەر واشیکرد و لە ھیچ چاکەیەک خۆی نەدەبوارد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا وردەکارییەکانی کارەکەی باوکی شارەزابێت و دڵی مشتەرییەکانی بە جوانی ڕابگرێت ، ئێوارانێکی درەنگیش کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بە گەرمی دەستی دەکردە ملی دایک و خوشکەکانی و ماچ و دڵنەوایی دەکردن ، توانی وردە وردە دڵی ئەوان تا ڕادەیەک ئاشتبکاتەوە و بەڵگەش بۆ ئەمە دوعا و نزا زۆرەکانی دایکی بوو ، کە دوای ھەموو نوێژێک و لەسەر بەرماڵەکەی و ڕوو لە یەزدان داوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ دەخواست . ژیانی تازە وای لە ئەحە کرد ببێت بە کوڕێکی تر و ھەموو ھۆشوھەستی لای بژێوی خێزانەکەی بێ ، بە جۆرێکی ئەوتۆش گۆڕڕابوو ئیتر ھی ئەوە نەبوو پێی بڵیێت ئەحە . جا لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانە سەرقاڵی کاروکاسپی خۆی بوو ، بەڵام ھەر وازی لە سیاسەت نەھێنا ، ئەوەبوو پاش ماوەیەکی کەم وەک کاسبکارێک لە یەکییەتی قوتابیانی کوردستانەوە گوێزرایەوە بۆ ڕێکخراوی کاسبکارانی پارتی و بوو بە ئەندامێکی چوستو چالاک و تێکۆشەری ئەو ڕێکخراوە .

ئەحە ھێشتا ماوەی ساڵێکی لەسەر دوکانەکەی باوکی تەواو نە کردبوو ، دەنگۆی جیابوونەوە و دووبەرەکی لە نێوان سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولدا سەریھەڵدا و باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرکردایەتی جەلال تالەبانی بە بیانوی ئەوەی بارزانی کوردی بە پرتەقاڵ بە حکومەتی عیراق فرۆشتووە و نەیتوانیوە مافە ڕەواکانی کورد وەربگرێت ، جیابوونەوە . شەڕ و کوشتار لە نێوان ئەو دوو باڵەدا سەریان ھەڵدا ، خوێنی کورد بە دەستی کورد ڕژا و ئاوێکی خراپیان بۆ دواڕۆژی کورد ڕشت ، میللەت باوەڕی بەو شەڕە چەپەڵە نەبوو ، ھەر بۆیە ئەو دوو لایەنەیان ناو نا مەلایی و جەلالی . ئیتر پشێوی و نائارامی و خەم و پەژارە و دڵەڕاوکێ ھەموولایەکی گرتەوە ، ئەندامان و ھەوادارانی پارتیش بوون بە دوو بەشەوە . ئەحە ھەر زوو خۆی یەکلایی کردەوە و و باوەڕی تەواوی بە جەلالییەکان بوو ، بۆیە ھەر زوو بە وانەوە نووسا و بە گەرمیش داکۆکی لیێدەکردن ، ھەرکەسێکیش پرسیاری لە ئەحە دەکرد ( تۆ بۆچی جەلالییت ؟ ) ، ئەویش بەردەوام وەڵامێکی کورتی ئامادەکراوی ھەبوو دەیوت ( لەبەر پرتەقاڵ ) . ئەوەندە وشەی پرتەقاڵی بەکارھێنابوو ، دراوسێ مەلاییەکانی ناو گوزەرەکە ناویان لێنابوو ئەحە پرتەقاڵ .

شەڕی براکوژی بەردەوامبوو ، لە ئەنجامدا پێشمەرگە مەلاییەکان توانیان لووتی جەلالییەکان زۆر بە خراپی بشکێنن و ڕاویان بنێن و تا شاری ھەمەدانی ئێران خۆیان نەگرنەوە .
ئەحە پرتەقاڵ ئەو شکستەی زۆر پێناخۆشبوو ، لە دڵی خۆیدا جار جارێک دەیوت : ئاخ ئەگەر باوکم بمایە و کێشەی ئەو دایک و خوشکانەم نەبوایە ئێستا منیش لەگەڵ ئەواندا دەبووم و ھەقی ئەو ھەموو پرتەقاڵانەم لە مەلاییەکان دەکردەوە ، بەڵام خەم و پەژارەی ئەحە زۆری نەخایاند و جەلالییەکان بە شکستێکی گەورەوە گەڕانەوە و لە باوەشی بەعسدا خۆیانگرتەوە و دژی پێشمەرگە چەکیان کردە شان و شان بە شانی سوپای عیراق و جاشە سەرشۆڕەکان کەوتنە پەلامار و تەقەکردن لە شاخە سەربەرزەکانی کوردستان ، ئەو شاخانەی بە درێژایی مێژوو پشتوپەنای کوردی بێ چارە و بێ دەرەتانبوو . حکومەت لە ساڵی ١٩٦٨ دا و لە پاداشتی ھاوکاریی جەلالییەکاندا جگە لە پارە و چەک و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە ، چەند دەستکەوتێکی تری پیێ بەخشین ، یەکێک لەو دەستکەوتانە بریتی بوو لە کردنەوەی دوو خول لە بەغداد بۆ ئەندامەکانیان ، خولی مفوەزی و ئەفسەری ، ھەر ئەندامێکی سەر بە جەلالییەکان پۆلی سیێ ناوەندی تەواونەکردبوو دەیتوانی ڕاستەوخۆ لە خولی مفەوەزیدا وەربگیرێت ، کە ماوەکەی تەنیا شەش مانگبوو ، ئەوانەشی لە پۆلی پێنجی دواناوەندیدا دەرنەچووبوون دەکرا لە خولی ئەفسەریدا وەربگیرێن . ئەمەش بۆ ئەحە دەسکەوتێکی گەورە بوو قەرەبووی چەند ساڵی تەمەڵیی و دواکەوتن و دەرنەچوونی بۆ دەکردەوە . بۆیە ھەر زوو بە زوو چوو خۆی ناونوسکرد و لە خولی مفەوەزیدا وەرگیرا . لەمەشدا خاڵی ھاوکارییەکی زۆریکرد و لە شوێنی ئەحە کوڕە گەورەکەی خۆی لەسەر دوکانەکەی دانا و بەمەش ھیچ گرفتێک ڕووبەڕووی خێزانی ئەحە نەبۆوە و ھەمووش بە وەرگرتنی ئەحە شاد و کامەران بوون .

ئەحە چەند لە خوێندندا تەپۆ و تەمەڵ بوو ، کەچی بە پێچەوانەوە لەو خولەدا یەکێک بوو لە قوتابییە ھەرە زیرەکەکان ، ئەو لەشولارێکی ڕێکوجوانی ھەبوو دەتوت وەرزشوانێکی تۆپی باسکەیە . زیرەکی و لەش جوانییەکەی سەرنجی مامۆستا و ھاوڕێکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو . لەم لاشەوە دایک وخوشکەکانی بەردەوام دەست بە دوعاوە بوون تا خوای گەورە دەرگای سەرکەوتنی بۆ واڵا بکات و قەرەبووی ئەو چەند ساڵەی پۆلە سیێ نەگریسەکەی بۆ بکاتەوە ، کە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانی ئەحە و بنەماڵەکەی بوون .

پاش شەش مانگ خوێندن و مەشقکردن ئەحە سەرکەوت و بەرگی مفەوەزی لەبەرکرد و بەو پەڕیی خۆشییەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە . دایک و خوشکەکانی لە خۆشیدا شامەرگ بوون و زۆر بە گەرمی باوەشی خۆشەویستیان بۆ کردەوە . ھەموو ئاواتە خوازبوون باوکیان بمایە و بە چاوی خۆی ئەحەی بەو بەرگ و تەپلە سەوزەوە ببینییایە . ئەحەش بە شادی ئەوان شادمانبوو ، بەڵام ئەوەی ئەحەی نیگەران کردبوو تەنھا ئەوەبوو لە پارێزگای بەغداد و دوور لە سلێمانی دامەزرێنرابوو . بەڵام دایک و خوشکەکانی ئەوەیان پێخۆشبوو ، چونکە ھیچ نەبوایە لە شەڕ و شۆڕی نێوان حکومەت و پێشمەرگە و ھەراو وھوریا و قڵیشانەوەی سلێمانی بە دوور دەبوو .
پاش ھەفتەیەک ئەحە خۆی و جانتایەک بەرەو بەغداد ڕۆیشت ، ڕۆژی دوایی چوو بۆ ئەو بنکەی پۆلیسەی بۆی دیاریکرا بوو . کارەکەی کارێکی ئاسان و خۆشبوو ، ڕۆژانە لە پێشی ئوتومبێلێکی فریاکەوتندا دا دەنیشت و دوو پۆلیسیش لە دواوەی بوون و ھاتووچۆیان بەو ناوچانەدا دەکرد کە بۆیان دیاریکرابوو ، جارجارێکیش لە شوێنێکدا ڕادەوەستان . ھیچکاتێک ئەحە ئەوەندە دڵی خۆش و گەش نەبووە ، چونکە لە لایەک کارەکەی بە دڵی خۆی بوو ، لە لایەکی تریشەوە ئەو ژوورەی لە گەڕەکی تەل محەمەد و لە ماڵێکی مەسیحیدا بە کریێ گرتبوو ، ژوورێکی ھێمن و بێ کێشە و جێگای حەسانەوە بوو . ئەو ماڵە زۆر بەڕێزەش وەک کوڕی خۆیان تەماشایاندەکرد و یارمەتی زۆریشیان دەدا . ھەتا جارێکیان دایکی و بەھاری خوشکی سەردانی ئەحەیانکرد ، ئەو ماڵە خزمەتێکی وایانکردن خوشک بۆ خوشک و برا بۆ برای خۆی نەدەکرد .

دوا نیوەڕۆیەکی چوارشەممە ئەحە خۆی و مەفرەزەکەی نزیک شۆرجە وەستابوون . لە ئوتومبێلەکەیان ھاتبوونە دەرەوە ، ئەو بە وردی تەماشای لێشاوی ئەو خەڵکە زۆرەی دەکرد کە وەک ڕێچکەی مێروولە سەردانی بازاڕەکەی ناو شۆریجەیان دەکرد . ئا لەو ساتەدا و لە سەر شۆستەکەوە ژنێکی چاو سەوزی قژ زەردی باڵا جوان ، کە دڵی وەک دڵی باڵندەیەک دەلەرزی ، ھێدی ھێدی بە ھەنگاوەکانی لە ئەحە نزیکدەکەوتەوە و لە بەردەمیدا وەستا و بە دوو چاوی نەختێ تەڕەوە وتی : ئەرێ تۆ ئەحمەد نیت ؟ . بریقەی ئەو دوو چاوە جوانە وەک بروسکە بەر ڕۆحی ئەحە کەوت ، مووچڕکێک لە تەپڵی سەرییەوە تا کەڵەموستی پێی ناخی ھەژاند و بە پەشۆکاوییەوە وتی : ئەی فریشتە خان تۆ چیی گەیاندیتە شۆریجە ؟ .

فریشتە لە وەڵامدا وتی : ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت لــە بەغداد دەژین . لەگەڵ قسەکانیدا خۆشییەکی زۆر بە روخساریەوە دیار بوو ، ئەگەر چی نەختێک تەمەنی ھەڵکشابوو ، بــەڵام وەک جـاران جوانبوو . ئنجا دوای گفتوگۆیەکی کەم داوای لە ئەحە کرد سەردانیان بکات تا لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا یەکتری بناسن ، ھەر لەوێشدا ناونیشانی ماڵی خۆیانی دا بە ئەحە ، ئەحەش لە وەڵامدا وتی : زۆرم پێخۆشە و ئەگەر لەسەر ئەژنۆش بێت دێم بۆ لات . ئەوەش بزانە زوربەی زۆری ڕۆژانی چوارشەموان خۆم و مەفرەزەکەم لەم نزیکانەدا دەوەستین . فریشتە بەم وەڵامە ھەوای عەشقێکی شێتانە چووە سەریەوە و بە ڕوویەکی پڕ لە خەندە و شەرمەوە لەگەڵ ھاوڕیێکەیدا لە ئەحە دوور کەوتنەوە . جوانییەکەی سەرلەنوێ کاری لە ڕۆحی ئەحەکرد و تا دوور کەوتەوە چاوی بە ئاڕاستەی ھەنگاوەکانی ئەو ڕۆیشت .

ئەوەی ھەرگیز بە خەیاڵی ئەحەدا نەدەھات ئەوەبوو پاش ئەو ھەموو ساڵە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ بێت و لە شوێنێکی دووری وادا بۆ یەکەمجار چاوی بە فریشتە بکەوێتەوە .. مێشکی ئەحە وەک شارە زەردەواڵە وژەی دەھات و بە درێژایی ئەو شەوە و تا بەرەبەیان بیری لە ژیانی ڕابوردوی خۆی دەکردەوە و یادگارییەکانی فریشتە یەک لە دوای یەک وەک خەوێکی خۆش دەھاتنەوە بەرچاوی . ئای لەو ساتەی یەکەم نامەی کەوتە بەر دەستی جەبارە شەل ، ئەو شەوانەی چاوەڕوانی کوژانەوەی گڵۆپی بەردەرگای ماڵەکەیان بوو ، ئەو ٍشەوانەی ھەموو گەڕەک لە شیرین خەوێکی شیریندا بوون ، کەچی ئەو مەست و سەرقاڵی ماچکردنی لا مل و گەردن و گۆنا و گوارە جوانەکانی فریشتە بوو . ئەو نیوە شەوە ھاوینەی ، کە لە داڵانی سەر حەوشەکەیاندا فریشتەی لە باوەشدا بوو سەرگەرمی ماچکردنی سنگە ڕووت و تورتەکەی بوو ، ئا لەو کاتەدا دایکی فریشتە بە نکە نک دەیویست لە سەربانەوە و بە پەیژەکەدا بێتە خوارەوە . ئەمان زوو پیێان زانی و خێرا خۆیانکرد بە ئاودەستەکەی حەوشەکەدا و دەرگاکەیان لەسەر خۆیان داخست و فریشتەش وایدەزانی دایکی وەک جاران خەوی لیێ زڕاوە و دەیەوێت بچێتە ژووری سەر داڵانەکە و بنوێتەوە .

بەڵام بۆ نەگبەتی ئەوان کاتێک ھاتە خوارەوە ، ڕاستەوخۆ ڕوویکردە ئاودەستەکە ، کاتێک گڵۆپە کزەکەی ناوی و دەرگا داخراوەکەی بینی بە دەنگێکی نزمەوە وتی : ئەوە کـێ لێرەیە ؟ . فریشتەش بە دەنگێکی پڕ لە مەکرەوە وتی : دایکە گیان ئەوە منم و نەختێک سکم ژاندەکات و وا زووش نایەمە دەرەوە . دایکیشی بە ناچاری لە نزیک دەرگای ئاودەستەکە دانیشت و بە نکە نک خووش کاریی خۆیکرد و پاشان سەرکەوتەوە بۆ سەربان ، ئای خوایە گیان ئەو شەوە چۆن لە ترساندا دەلەرزین و چۆن خەریکبوو زارەترەک بن و بتۆقن . یادەوەرەکانی ئەحە ئەو شەوە ناخۆشەی مردنی باوکیشی ھێنایەوە بەرچاوی ، کە تارماییەکەی وا بە ناخییەوە نووسابوو ھەرگیزا و ھەرگیز بیرچوونەوەی بۆ نەبوو … لەو لاشەوە فریشتە بە بینینی ئەحە زۆر شاد و مەست بوو ، ھەموو گیانی لە خۆشیدا پێدەکەنی و ھەر زووش بە ھاوڕیێ دراوسێکەی وت : ئـەحمەد خـــزمێکی نـــزیــکـمـانــە . کاتێکیش لای ئێوارە خەسرەوی ھاوسەری گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بە پەرۆشەوە باسی بینینی ئەحەی بۆ کرد واش لە خەسرەوی گەیاند کە خزمیانە و یەکێک بووە لە خۆشەویستەکانی دایکی خوالێخۆشبووی . ئەوەندە بە گەرمی باسی چاکە و پیاوەتی ئەحەی بۆ کرد ، خەسرەویش پەرۆشی بینینی بوو .

خەسرەو بە تەمەن چوار ساڵ لە فریشتە گەورەتر بوو ، ئەو کوڕی ناسیاوێکی دووری ھاوڕێیەکی کاکی بوو ، خەڵکی خانەقین بوون ، حکومەت ڕاوی نابوون بۆ سلێمانی ، باوکی خەسرەو لە کارگەیەکی شاری سلێمانیدا بوو بوو بە کرێکار و ھەتا خوا حەزبکات پیاوێکی چاکبوو . ھاوڕێیەکەی کاکیشی فریشتەی ھەڵدا بوو بۆ خەسرەو . چونکە فریشتە کچێکی بزێوی جرپن بوو و نەیتوانیبوو خوێندنی سەرەتایی تەواو بکات و سڵی لە ھیچ نەدەکردەوە و ھەر خەریکی خۆی بوو ، کاکی و دایکی خوا خوایان بوو زوو لەگەڵ کوڕێکی باشدا داوی دابمەزرێت و بچێتە ماڵ و حاڵی خۆیەوە . کاتێکیش دڵنیا بوون خێزانەکەی خەسرەو خێزانێکی بەڕێزن ھەر زوو قایل بوون و فریشتەیان پێشکەشکرد . خەسرەو لاوێکی ڕێکوپێک و جوانبوو ، ئەویش تا پۆلی شەشی سەرەتای خویندبوو ، لە سلێمانیدا شاگرد نانەوا بوو ، لەبەر ئەوەی بارودۆخی نا ئارامی سلێمانی پیێخۆش نەبوو ، ھەر بۆیە پاش چەند ساڵێک خۆی و فریشتە لە شاری بەغداد خۆیان گرتەوە . لە بەغدادیش بە شاگرد نانەوایی ژیانێکی ھەژارانەیان دەبردە سەر و ژیانیان سەخت بوو ، ئەوەندە ھەویری شێلا بوو دەفەی شان و بازووەکانی لە یاریکەری ئاسن دەچوو .

مەراق و خەموخەفەتی قورسی ژیان گیرۆدەی مەیخواردنەوەی کردبوو ، زوربەی شەو تا نەیخواردایەتەوە خەوی لێنەدەکەوت ، کە خەویشی لێدەکەوت ھەموو ماڵەکەیان بارکردایە بە خۆی نەدەزانی و بەیانیانیش بە زۆری فریشتە نەبوایە خەبەری نەدەبۆوە . ئەمەش بە تەواوی فریشتەی بێزارکردبوو و بە دڵ ڕقی لێی بوو ، دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا و لە شووەکەشی پەشیمانبوو و بەردەوام ئاژاوە و پشێوی لە نێوانیاندا بوو . لاوازی وخواردنەوەی خەسرەو کارێکی وایکردبوو فریشتە زاڵ بێت بە سەریدا و چیی بیویستایە دەیکرد و حسابی پووشێکی بۆ نەدەکرد ، ئەویش ھیچکاتێک نەیدەتوانی لە قسەی دەربچێت . بەکورتی خەسرەو گەنجێکی ئارەق خۆر و جگەرەخۆرێکی خراپبوو ، ھیچ پاساوێکیشی بۆ ئەو کارانەی نەبوو ، بۆیە ھەمیشە لە بەرامبەر فریشتەدا کەسێکی بێدەسەڵاتی تەپۆ بوو ، جگە لە بێدەنگی و خۆ خواردنەوە ھیچی تری نەبوو خوا خوای بوو فریشتە بە دیارییەوە دانیشێت . ھەر بۆیە کاتێک فریشتە ئەحەی بینی وەک گوڵ گەشایەوە و لە خۆشیدا ئاگای لە خۆی نەما و شنەی شادی سەرلەنوێ لە ناخیدا ھەڵیکردەوە و یادەوەرییەکانی سەرلەنوێ باوەشێنی ڕۆحی کردەوە .

لەولاشەوە بینینی فریشتە بە جارێک ھۆشوھەست و بیرکردنەوەی ئەحەی داگیرکردەوە و سەرتاپا ژیانی ھێمنی ئەحەی گۆڕی ، خۆشی نەیدەزانی چۆن فریشتە وا لە پڕ خۆیکردەوە بە ژیانیدا . جارجارێک دەیویست بیری لیێ نەکاتەوە و بە تەواوی لە بیر خۆی بباتەوە ، کەچی ھەر زوو پەشیماندەبۆوە … ھەفتەی یەکەم توانی خۆی ڕابگرێت و سەردانی فریشتە نەکات ، بەڵام ھەفتەی دووەم نەیتوانی لەوە زیاتر خۆی ڕابگرێت و بڕیاریدا ئەو سەردانە بکات . سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بە دوو زەرفی پڕ لە میوەوە ڕۆیشت و ماڵی فریشتەی دۆزییەوە . فریشتە دەرگای لێکردەو و لە خۆشیدا ھەموو گیانی پێدەکەنی و سەرکوڵمەکانی وا ئاڵبوو بوون دەتوت دوو دەنکە گێلاسی پاکی بریقەدارن .

خەسرەویش ھات بە پیرییەوە و پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد . ئەحە مناڵە پچکۆلەکەشیانی بینێ کە تەمەنی نزیکەی ساڵێکبوو . خانووەکەیان خانوویەکی زۆر کۆن بوو ، بە کریێ گرتبوویان ، پێکھاتبوو لە دوو نھۆم، نھۆمی سەرەوەیان کرێچییەکی تری تێیدا بوو ، بەڵام دەرگایان جیابوو . شوێنەکەی ئەمان شوێنێکی پچوکبوو ، بریتیی بوو لە دوو ژوور و دانیشتنێکی پچکۆلە ، کە وەک مەتبەخیش بەکاریاندەھێنا . ئەحە پێیخۆشبوو باسی کارەکەی بکات و ھەتا توانی باسیکرد ، فریشتەش بە درێژایی ئەو دانیشتنە وا پیشانی دەدا کە ئەحە خزمە و پێخۆشحاڵە کە ئەمشەو میوانیانە . خەسرەویش باسی کارەکەی خۆی و چۆنییەتی ھاتنیان لە خانەقینەوە بۆ سلێمانی و لە سلێمانییەوە بۆ بەغداد کرد . ئەحە و فریشتە لە ناخدا وەک دوو عاشق سەیری یەکتریاندەکرد و نیگاکانیان سەرمەستی کردبوون ، مەگەر ھەر ئەو خوایە بزانێ تا چ ئەندازەیک تامەزرۆی یەکتری بوون . خەسرەویش ئاگای لە نھێنی دڵی ئەوان نەبوو ، کەچی وەک ئەوان دڵخۆشبوو ، ھۆکاری ئەم دڵخۆشییەشی دەگەڕایەوە بۆ دڵخۆشی فریشتە و دەمێکبوو ماڵەکەشیان میوانی بە خۆیەوە نەدیبوو ، کە تاریک داھات خەسرەو لە خۆشی میوانەکەیان سفرەیەکی پچکۆلەی ڕازاندەوە و قاپێ ئارەقی ڕەش و دوو پەرداخی دەرھێنا ، فریشتەش ھەر زوو زەڵاتە و چەند قاشێکی لیمۆ و دوو سێوی بۆ دانان . ئەوە یەکەمجار بوو فریشتە مەزەی بۆ ئامادەبکات ، ھەرچەند ئەحە وتی : من ناخۆمەوە ، بەڵام خەسرەو زوو زوو دەیوت من بە خۆشی تۆوە دەخۆمەوە .

ئەحە سوربوو لەسەر نەخواردنەوە و نەشی خواردەوە ، ھەر بە ڕاستیش ئەحە ھیچکات حەزی لە خواردنەوە نەبووە . پاشان خەسرەو وردە وردە دەستیکرد بە خواردنەوە و جگەرەکێشان ، جگەرەکێشانێک کە بە تەواوەتی ژوورەکەی بە دووکەڵ قانگدا ، جارجارێکیش مژێکی لە قاشە لیمۆیەک دەدا و لەگەڵ خواردنەوەکەشدا باسی ژیانی خۆی بۆ ئەحە دەگێڕایەوە ، کە چۆن کاتی خۆی باوکی نەبووە بە بەعسی و چۆن لە خانەقینەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و چۆن لە گەڵ سلێمانیدا ڕاھاتوون و چۆن فریشتەیان بۆ دۆزیوەتەوە و چۆنیش بڕیاریداوە بێن بۆ بەغداد . لەولاشەوە فریشتە خۆی خەریککرد بە ئامادەکردنی نانی ئێوارە ، کە بریتی بوو لە برنجێکی درێژی سپی و شلەیەکی باینجان . ئەحە بە دیمەنی خەسرەو خەریکبوو شەق بەرێت و بە دڵ خەفەتی بۆ فریشتە دەخوارد کە ئەو شەوە لە گوڵێکی ژاکاوی زۆر جوان
دەچوو ، کە تووشی کەسێکی وا بووە . کاتی نانخواردن ھات ، چونکە خەسرەو سەرقاڵی خواردنەوە بوو ، نانی نەخوارد و ئەحە و فریشتە بە تەنیشت خەسرەوەوە کەوتنە نانخواردن و جارجارێک ئاڕاستە و نیگای چاوەکانیان پێکەوە دەنووسان و ناخیان دەھەژا . ئەحە بە دڵ پیێخۆشبوو لەگەڵ فریشتەدا لەسەر یک سفرە نان دەخۆات. ئەوە یەکەمجاربوو تامی خواردنی دەستی بکات . دوای نانخواردن ئەحە ویستی ماڵئاوایی بکات و بڕوات ، بەڵام فریشتە و خەسرەو زۆریان لێکرد ئەو شەوە لای ئەوان بمێنێتەوە ، ھەتا خەسرەو وتی : کاکە خۆ منیش ڕۆژانی ھەینی کارناکەم و تکایە ئەمشەو لای ئێمە بمێنەرەوە . ئەحە بە دڵ حەزیدەکرد لە ماڵێکدا بێت ھەناسەی فریشتەی تێدا بێت ، بەلام چونکە یەکەم سەردانی بوو ، زۆریش لە ھەڵسوکەوتی خەسرەو بێزار بوو ، بۆیە ویستی بڕوات . بەڵام ھەرچۆنێک بوو بە زۆری فریشتە و خەسرەو مایەوە و دانیشتەوە . خەسرەو لە خواردنەوەدا بەردەوامبوو ، سەرخۆشی پێوە دیاربوو ، ئەحەش بۆ ئەو بەھانەیەکی لە باربوو تا زیاتر بخواتەوە ، بە سەرخۆشی ڕوویەکی ناشیرین و بێزوەری ھەبوو ، ئەوەندەی خواردەوە وردە وردە دەمی تێکەڵوپێکەڵدەبوو ، فریشتە دیمەنی خەسرەوی پیێ ناخۆشبوو ، ئەوەندە غەمبار بوو دەتوت دەرگای جەھەنەمی لیێ خراوەتە سەرپشت .

ئەحەش بە دڵ خەمی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد و جەرگی ژانیدەکرد بۆی و تا سەرمۆخ نیگەران بوو ، کە تووشی کەسێکی ئارەقخۆری وا بۆتەوە ، لەوەش بێ ئاگا بوو کە تا چ ئەندازەیەکی ئێجگار زۆر فریشتە ڕقی لە خەسرەوە ، شەو درەنگبوو ، خەسرەو بە تەواوی پەکی کەوت و ئاگای لە خۆی نەما و لە شوێنی خۆی لاربۆوە و خەوی لێکەوت ، فریشتە بە باتانییەکی کۆن دایپۆشی و کەوتە پرخە پرخ . ئنجا فریشتە دەرگای دڵ و مێشکی خۆی بۆ ئەحە خستە سەرپشت و وتی: خۆ بە چاوی خۆت بینیت من تووشی چ بەڵایەک بووم ئەمە ژیانی منە و زۆر لەم شووەی خۆم پەشیمانم و ئەم پیاوەم خۆشناوێت و گیرمخواردووە بە دەستییەوە . ھەر لە وێدا و لە تەنیشت خەسرەوەوە زۆر بە خێرایی دەستیکردە ملی ئەحە و وتی : خۆزگە ژنی تۆ بوومایە .

ئەحە تەماشایەکی خەسرەویکرد و بە سرتە قسەی کرد و لەوە دە ترسا خەسرەو بە ئاگا بێت ، بەڵام فریشتە وتی : ئەوە تۆ تەماشای چیی دەکەیت ، ئەوە مێردی خۆمە و کلکیم کێشاوە چەندە و تۆ خەمی ئەوت نەبێ و ئەو ئێستا تەنھا لاشەیەکە و ھەناسە دەدات و چاک دەیناسم و تا بەیانی خۆم خەبەری نەکەمەوە بێ ئاگایە . فریشتە ڕاستی دەکرد و دەتوت سەد ساڵە مردووە ، بەڵام ئەحە ھێشتا ترس زمانی گرتبوو ، بۆیە ھەر نەوێرا بە تەنیشت خەسرەوەوە بە ھەمان ھەست وەڵامی بداتەوە ، ئنجا فریشتە ھەر زوو چوو جێگای بۆ ئەحە لە ژوورەکەی تەنیشت ژوورەکەی خۆیان بۆ ئامادەکرد . ئەو شەوە بۆ ئەحمەد و فریشتە شەوێکی زۆر سەیری بوو لە شەوەکانی جارانیان نەدەچوو ، خۆشیان باوەڕیان بەوە نەدەکرد بە ئازادی لە ژێر سەقفی ماڵێکدا ئاوا پێکەوە بن . ھیچیان خەو بەرچاوی نەگرتن ، یادەوەرەکانی جاران لە گلێنەیان نەدەبۆوە، کەچی بە پێچەوانەی ئەمانەوە خەسرەو و کۆرپەکەیان ئەو نووستنەی نووستبوون چرچەیان بۆ نەدەکرد . ئاخر خەسرەو ناھەقی نەبوو چونکە جگە لە کاریگەری ئارەقەکە ھەموو گیانیشی ماندوو بوو .

ئەحە خەیاڵی بە فریشتەوە نووسابوو لە دڵی خۆیدا دەیوت : تۆ بڵێی ئێستا ئەو بیر لە چیی بکاتەوە ، ئا لەم کاتەدا فریشتە بە بێ ترس و بەبێ ئەوەی شەرم بکات خۆیکرد بە ژوورەکەی ئەحەدا و ڕێک لە پاڵیا پاڵکەوت و وتی : تۆش بە خەبەری ؟. ئەحەش لە وەلامدا وتی : ئەستەمە ئەمشەو ساتێک خەو چاوم بگرێت . ھێشتا ئەحە قسەکەی تەواو نەکردبوو فریشتە چووە پاڵی و باوەشی پێداکرد ، ئەحە چاوەکانی باوەڕیی نەدەکرد و لە پێشدا ترسی مێردەکەی لە خەیاڵی ئاڵابوو ، بەڵام کە گەرموگوڕی فریشتەی بینی و پرخە و مرخە مرخی خەسرەوی گویێ لێبوو ، ئیتر لەوە دڵنیابوو خەسرەو جگە لە پرخە پرخ ھیچی تری نییە . بە ئارەزووی دڵی خۆیان لە یەک ئاڵان و کاتێک سنگی وەک بەفری فریشتەی بینی ئاگای لە خۆی نەما و بە ھەموو ھێزی خۆیەوە پێوەی نووسا ، ئەوەی لەوەپێش نەیانکردبوو کردیان و شنەی شادی و ئارەزوویەکی بەتین لە ناخیاندا ھەڵیکردبوو و ھیچ شوێنێکی لەشە بێگەردەکەی فریشتە نەما ماچی نەکات ، ئەوەندە تامەزرۆی باوەشی یەکتری بوون ئاگایان لە ھیچ نەمابوو ، جارێک کڕوزانەوە و نووکە نووکی منداڵەکە بێزاری کردن ، بەڵام خێرا فریشتە بە ڕووتوقووتی لە باخەڵی ئەحە ھاتە دەرەوە و ژیری کردەوە و سەرلەنوێ و گەرمتر لە جاری پێشوو ھاتەوە باوەشی و بە یەکترییەوە نووسانەوە و چەندین جار گەیشتنە لوتکە و تروپکی خۆشییەکی بێ ھاوتای ئەوتۆ ، کە ھەتا ھەتایە لە یادەوەریاندا دەمێنێتەوە . فریشتە لەگەڵ ماچکردنی ئەحەدا گڕی ئاگری ڕقو کینە لە دڵ و دەروونیدا کڵپەیکرد و وتی : زۆرم پێخۆشە خیانەت لە مێردێک دەکەم کە لەم ماڵەدا وەک لاشەیەکی بێ گیان ڕاکشاوە و ئاگای لە عەشقی ئێمە نییە و پرخە پرخ و مرخە مرخی ناخۆشی تێکەڵ بەشڵپەی ماچەکانمان دەبێت . ئەمە پاداشی کەسانی وا گێلە ، کە ھەست بە ئازار و خواست و ئارەزووی بەرامبەرەکەی ناکات . ھەردووکیان تا بەرەبەیان بە ڕووتوقوتی لە باخەڵی یەکتریدا بوون و تا ماندوو بوون لە ناو یەکتریدا تووانەوە ، بەرەبەیانیش جگە لە پرخە پرخی خەسرەو و ھەڵوەرینی گوناھەکانییان ، دەنگی ھیچی تر نەدەھات . بەیانی فریشتە لەبەرچاوی ئەحە بە ھەزارحاڵ خەسرەوی خەبەرکردەوە ، کە ئەحەی بینی وتی : ئەوە تۆش ھەستاوی ؟ . ئەحە بە دڵ خەفەتی بۆ چارەنووسی فریشتە دەخوارد .

خەسرەو بە ھەزارحاڵ بەرزبۆوە و چوو دەموچاوی شت و ھەموو پێکەوە نانی بەیانیان خوارد ، پێش ئەوەی ئەحە ماڵئاواییان لیێ بکات فریشتە زۆر بە پەرۆشەوە داوای لێکرد سەردانیان بکاتەوە .
ئەو شەوە یەکێکبوو لە شەوە سورە زۆر خۆشەکانی ئەحە ، کە ئەستەمە دووبارە ببێتەوە ، یەکەمجاری بوو ژنێک بە ڕووتووقووتی تا بەیانی لە باوەشیدا بێت ، خۆشی باوەڕی بەوە نەبوو ئەو فریشتە جوان و ناسکە ئەوەندە ئەمی خۆشبوێت و حەزی لە بەزمی وا بێت . ئەوەندەش چاونەترس و جەربەزەبێت لە پاڵ ھاوسەرەکەیدا ئاوا بکات و باکی لە ھیچ نەبێت . ئەحە زۆر ماندوو بوو ، ئەوەندە وزەی لە دەستدابوو ، نەیدەتوانی بە باشی بیربکاتەوە ، بۆیە ھەر گەیشتەوە ماڵەوە بە جلەکانییەوە یەک تەختە لێی ڕاکشا و تا تاریک داھات چرچەی بۆ نەکرد .

بەسەرھاتی ئەو شەوە سەرلەنوێ مێشکی ئەحەی سەرقاڵکردەوە ، بۆ یەک سات فریشتە لە ئاوەزی نەدەبۆوە . نەیدەزانی چ خەمێک و ڕقێکی ئەستورە پاڵدەنێت بە فریشتەوە ، کە بە تەنیشت ھاوسەرەکەیەوە ئاوا ھەڵسوکەوت بکات . ئیتر بیرکردنەوە بەردەوام مێشکی ئەحەی داگیرکرد ، جارجارێک بڕیاریدەدا کە سەردانی فریشتە بکاتەوە و جارجارێکیش بڕیاریدەدا کە لێی نزیکنەبێتەوە و ژیانی نەشێوێنێ و پێی شەرمبوو لەسەر سفرەیەک نانبخوات کە بە ماندووبوونی خەسرەو ئامادەکرابێت و ئەمیش بە تەنیشت ئەو سفرەیەوە خیانەت لە ھاوسەرەکەی بکات . بەڵام فریشتە کڵپەی ئاگرێک لە ناخیدا بوو خوا خوای بوو ئەحە سەردانی بکاتەوە و ژیلەمۆی ئەو ئاگرەی بۆ خامۆش بکات ، کە خەسرەو نەیدەتوانی بۆی خامۆشبکات ، بۆیە پاش سێ ھەفتە و دوو ڕۆژ لەسەر یەک سەردانی دەورووبەری شۆڕجەی کرد و ڕۆژی دووەم مەفرەزەکەی ئەحەی بینی و خۆی گەیاندە ئەحە و زۆر قسەی بۆکرد تا سەردانیان بکاتەوە . فریشتە ئەوەندە بە پەرۆشەوە قسەی بۆ کرد نەیتوانی داواکەی ڕەت بکاتەوە و پەیمانی پێدا کە شەوی ھەینی سەردانیان بکاتەوە .
بێگومان ھەرواشیکرد ، ئەو شەوە بە زەرفێکی پڕ لە میوە و دیاری بۆ منداڵەکەیان و یەک قاپ ئارەقی ڕەشەوە خۆیکردەوە بە ماڵی فریشتەدا . فریشتە پێشوازییەکی گەرمی لێکرد ، بەڵام خەسرەو ھێشتا نەگەیشتبۆوە ماڵەوە . فریشتە بە ھەلی زانی زۆر باسی حاڵی خۆی بۆ ئەحە بکات . باسی ئەوەی کرد کە ھاوسەرەکەی کەسێکی ساروسڕە و بە تەنگ سۆز و ئارەزووی ئەوەوە نییە ، ھەتا وتی : جاری ئەوتۆ بەشێوەیەکی جوان خۆمی بۆ دەڕازێنمەوە و بە دڵ حەزدەکەم وەک ھاوسەرێک بێت بە پیرمەوە ، بەڵام ئەو کەسێکی ساردە و کاتێکیش سەرخۆشدەبێت ئاگای لە دنیا نامێنێت . بە دڵ حەزناکەم ھاوسەرم بێت و ڕقم لیێ یەتی بە ھۆی نەمانی دایکم و ئەم منداڵەمەوە دەستم بەستراوە نا توانم وازی لیێ بێنم ، ئەوش بزانە تۆ یەکەم کەسێکیت لە دڵی مندا ھەوارت ھەڵداوە و تێکەڵ بە ڕۆحم بوویت ، تکایە زوو زوو سەردانم بکە و کەمێک لە کێشەکانم کەم بکەرەوە ، چونکە تۆم بە دڵ خۆشدەوێت و ھەرگیز لە بیرم ناچیتەوە . ئەحە زۆر دڵی بۆ ئەو فریشتە جوانە دەسووتا و پەیمانیدا کە فەرامۆشی نەکات .

پاش ماوەیەک خەسرەو ھاتەو و بە بینینی ئەحە شادبوو . بە کورتی ئەحە بە ھەمان شێوەی شەوی پێشوو لەگەڵ پرخە پرخی خەسرەودا ئەوەی ویستی کردی . ھەتا ئەو ڕۆژەی بەیانی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێدا خوێندرایەوە ئەحە چەند جارێک لە باخەڵی فریشتەدا ڕۆژی کردەوە . دوای ئەو بەیانە و بە ماوەیەکی کەم ئەحە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و بە تەواوی لە فریشتە دوور کەوتەوە . ھاتنەوەی ئەحە ماڵەکەیانی پڕکرد لە خۆشی و شادی ، دایکی و خوشکەکانی بەو ھاتنەوەیە ئێجگار دڵخۆشبوون . بەھاری خوشکی ساڵێکبوو لەگەڵ سۆزانی ھاوڕێیدا مامۆستای سەرەتایی بوون ، سۆزان کیژێکی چاوشینی باڵابەرزی شۆخبوو ، ڕۆژێک سۆزان سەردانی بەھاری کرد ، ئەحە سۆزانی بینی و عاشقی بوو . دڵی خۆی لای بەھار کردەوە ، بەھاریش ئەوەی زۆر پیێ باشبوو . لای دایکی باسی ئەحەیکرد کە دڵی بە سۆزانەوەیە ، دایکی بەو باسە دڵودەروونی کرایەوە و حەزیدەکرد ئەحە داوی دابمەزرێت و لە کێشەی سۆزداری دوور بکەوێتەوە ، چونکە کێشە کۆنەکانی ئەحەیان لە بیرنەچووبۆوە ، کە سەرچاوەی نەھامەتییەکانیان بوو . بەھار باسی نھێنی دڵی ئەحەی بۆ سۆزانکرد ، سۆزانیش ھەمان ھەستوسۆزی ھەبوو بۆی .

جا ھەر زوو دایکی وخوشکەکانی خوازبێنی سۆزانیان بۆ کرد و ژیانی ھاوسەریان پێکھێنا ، خۆشەویستی سۆزان کارێکی وایکرد ھەموو ژان و دەرد و ڕابوردووی لە بیر بباتەوە و بە تەواوەتی فریشتەشی لە بیربچێتەوە و ژیانی فریشتەش لە ژیانی خۆیدا بۆی بوو بە وانەیەکی ناوازە و نایاب و تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار بە نرخ ، کە سوودی زۆری لێوەرگرت و ئێستاش ئەحە ژیانێکی ئێجگار زۆر خۆش و بەختیاری ھەیە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچە و چەند نەجمەیەکیش بەسەر شانییەوە دەبریسکێنەوە و ئەوەی بیریشی لێنەکاتەوە فریشتەیە .

*****
تێبینی : چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ڕوویداوە .. ناوی ( ئەحمەد ) یش ناوێکی خوازراوە .




مانگرتنی یوسف ئیبا لە نانخواردن, پێی نایە ٢٢ هەمین ڕۆژی خۆیەوە لە شاری تۆرۆنتۆ

مانگرتنەکەی یوسف ئیبا لەخواردن پەیوەستبوونە بەو گروپ و کەسایەتیانەوە کەلە ١٧ ی دیسەمبەری ٢٠١٨ ەوە لە ستراسبۆرگ دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئامانجی ئەم چالاکیە بۆ هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیریە نامرۆییە بەردەوامەیە کە دەوڵەتی تورک بەسەر بەڕێز ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دا سەپاندوویەتی، هەروەها مامەڵەکردنی خراپی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا.

یوسف ئیبا لەم ناونیشانەی خوارەوە درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە:

Toronto Kurdish Community
1290 Finch Ave W, North York, ON M3J 3K3




کتێبخانە …. عەلی حەمەڕەشید

کتێبخــانە شــــیرینە
رازاوەیـــە و ڕەنگـــینە
بۆ خۆزگە و خەونی منداڵ
بووە بە خـــۆشترین ماڵ
شوێنێکە تــــەواو دڵگیر
بۆ ئێمەی بچکـــۆلە و ژیر
وەکو پێشەنگە دیـــــارە
پڕ کتێب و گۆڤـــــــارە
ھی چیرۆکی جــۆراوجــۆر
ھۆنـــراوەی تایبەت و زۆر
یان زانیاری ھەمـــەڕەنگ
لەگەڵ وێنەی ڕەنگاوڕەنگ
بۆیە ھـــەر کتێبخــــانە
خۆشترین جێی ھەمـــووانە

١٢/٧/٢٠١٨




شاعیری نه‌فره‌تلێكراو (ئه‌نسی ئه‌لحاج و قه‌سیده‌ی په‌خشان) …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(1)

شاعیر ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ شیعری (لن) هه‌ر ته‌نها شاعیرێكی یاخی نییه‌، به‌ڵكو شاعیرێكی نه‌فره‌تلێكراویشه‌… هه‌ر ته‌نها هاوارێكی جیاوازی شیعری نه‌بوو، به‌ڵكو هێرشێكی دۆزه‌خی بوو، بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی شیعری و كلتوری سونه‌تگه‌رایی… ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ نێوان هۆشیاری ره‌خنه‌یی و قه‌سیده‌ی شیعری ئازاد و قه‌سیده‌ی په‌خشاندا ئاگاییه‌كی نوێی له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشاندا هێنا ناوه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئاگایی ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یوه‌ندی به‌ رۆشنبیریی شیعری جیهانییه‌وه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ وه‌ك رووداوێكی ئه‌ده‌بی له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی قه‌سیده‌ی په‌خشان و چۆنێتی گه‌یاندنی به‌ خوێنه‌ران زۆر به‌ جوانی ره‌نگی دایه‌وه‌.
قه‌سیده‌ دنیایه‌كی داخراوه‌ به‌سه‌رخۆیدا، هیچ ئامانجێكی زه‌مه‌نی نییه‌. شیعر دڵ له‌ دڵدانه‌. په‌خشان گێڕانه‌وه‌یه‌… قه‌سیده‌ كورتبڕی له‌ هه‌موو هۆیه‌كانی ده‌ربڕین ده‌كات. ره‌گه‌زی یه‌كه‌می شیعر موزیكایه‌. شیعر ئه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ كه‌ گوتراوه‌ و په‌خشان روو له‌ شتێ‌ ده‌كات و ده‌یدوێنێ‌، هه‌موو چركه‌كانی گوتار به‌ هی خۆی ده‌زانێت، موزیكا له‌ پێكهاته‌ی په‌خشاندا بوونی ده‌كه‌وێته‌ له‌رزه‌وه‌. له‌ شیعردا شاعیر پێش خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ ناس ده‌كات، كه‌ شیعری پێدروست ده‌كرێت، هه‌میشه‌ شیعر له‌ رێگای له‌ره‌ی موزیكاوه‌ ده‌چێته‌ دڵی خوێنه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی شاعیرێكی كۆنه‌په‌رست و خوێنه‌رێكی كۆنه‌په‌رست به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ چاره‌نووسه‌!
ئه‌گه‌رچی له‌ نێوان داڕشتنی شیعر و په‌خشاندا جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی گومان نییه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌موو كه‌له‌پوره‌ زیندووه‌كانی دنیا شیعری مه‌زنیان له‌ په‌خشان پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ئه‌مڕۆ شیعر به‌ كێش و سه‌روا ناناسرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام رێگا له‌ شیعری په‌خشان و قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌گرێ‌ كێش و سه‌روایه‌. لێره‌دا شیعری به‌ په‌خشانكراو، په‌خشان نییه‌، وه‌ك چۆن قه‌سیده‌ی به‌ په‌خشانكراو، په‌خشان نییه‌.

شیعری لیریكی هه‌یه‌، به‌ڵام په‌خشانی لیریكی نییه‌، قه‌سیده‌ی په‌خشانی نزیكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، قه‌سیده‌ی په‌خشانی بێ‌ ریتمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی (سان جۆن پێرس) ده‌ینوسی… قه‌سیده‌ی په‌خشان خاوه‌نی جیهانبینییه‌، ئه‌زموونێكی قووڵ و به‌هێزه‌، به‌و پڕشنگانه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك قه‌سیده‌كانی هینری میشۆ و ئاڕتۆ…!
هه‌موو قه‌سیده‌یه‌ك وه‌ك پێویست كورته‌، به‌ڵام كورتبڕی زێتر له‌سه‌ر په‌خشان جێبه‌جێ‌ ده‌بێت، نه‌ك قه‌سیده‌… قه‌سیده‌ی كێشدار زێتر پێویستی به‌ یه‌كگرتنه‌، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌… قه‌سیده‌ی په‌خشان پێویستی به‌ ئامرازی گێڕانه‌وه‌، وه‌سف، ئه‌زموون، جیهانبینی… هه‌یه‌.
سوزان بیرنار ده‌ڵێت پێویسته‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان له‌ پێناو دره‌وشانه‌وه‌، كورتبڕی بكات! هه‌موو قه‌سیده‌یه‌كی په‌خشان پاڵنه‌رێكی ئاژاوه‌یی له‌ پشته‌، رووخێنه‌ره‌، وزه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی تێدایه‌، راپه‌ڕینه‌ به‌ دژی كۆتوبه‌ند… رامبۆ ده‌یویست به‌سه‌ر زماندا زاڵ بێت و كورتبڕی له‌ (بۆن، ده‌نگ، ره‌نگ…) بكات… قه‌سیده‌ی په‌خشان له‌سه‌ر دره‌وشانه‌وه‌، نه‌فره‌ت، شێتایه‌تی… وه‌ستاوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی خۆی نیشان ده‌دات! قه‌سیده‌ی په‌خشان كاری شاعیری نه‌فره‌تلێكراو و به‌رهه‌می نه‌فره‌تلێكردنه‌… له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشاندا شتێك نییه‌ پێی بڵێن كۆتایی.

(2)

ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یامبه‌ری دۆزه‌خی زمان، به‌رده‌وام به‌ دوای ئامانجه‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌یه‌، به‌ دوای خۆشه‌ویستی، به‌ دوای مرۆڤدۆستی… شیعر لای ئه‌و خۆراكی خوده‌، ئافره‌ت لای ئه‌و ئه‌لته‌رناتیفی ژیانه‌، منداڵی لای ئه‌و پشتگوێخستنێكی فریشته‌ییانه‌یه‌ له‌ ره‌شه‌با ده‌مانپارێزێ‌، له‌ نێوان ناپاكیكردن له‌ زمان و پووچگه‌رایی ژیان و وێرانكردنی شته‌كان هه‌میشه‌ وه‌ك بیابان تینووه‌.
ئه‌نسی ئه‌لحاج شاعیری رچه‌شكێن و هه‌رێمه‌ ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كان، شاعیری نه‌ست و ناخ و زمان… قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی له‌ نێو زماندا چه‌سپاند، ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كانی له‌ زمان و له‌ سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ كرد…
به‌ڵام شیعر هه‌ر ته‌نها به‌ مه‌سه‌له‌ قه‌ده‌غه‌كراو و ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ست نییه‌، شیعر به‌ حه‌قیقه‌ت و ژیان و خه‌ونه‌وه‌ به‌نده‌، شیعر هه‌ر ته‌نها راستگۆیی و بوێری نییه‌، شیعر چۆنێتی ته‌عبیركردنه‌ له‌ ژیاندۆستی، له‌ مرۆڤدۆستی، گه‌ڕانی به‌رده‌وام و به‌جێهێنانی زێتری خۆشه‌ویستی و چێژ و خۆشییه‌…
مه‌رج نییه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان هه‌میشه‌ قه‌یران بنێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو رچه‌شكێنییه‌ك ئامانجی رچه‌شكاندنه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ هه‌میشه‌ وزه‌ی ژیان به‌ هێزتره‌ له‌ مردن، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ یاخیبوون كۆتایی نییه‌.

(3)

تێگه‌یشتنی باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌خشان په‌خشانه‌ و شیعر شیعره‌، كه‌واته‌ ئه‌و میكانیزمانه‌ چین كه‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان به‌ره‌و شیعر ده‌بات، یان شیعر له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان خه‌لق ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی وه‌ك پرنسیبێكی بنه‌ڕه‌تی به‌ سه‌رچاوه‌ی په‌خشانه‌وه‌ گرێ‌ بدرێت! ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی (لن) به‌رانبه‌ر ئه‌و دیده‌ باوه‌ی كه‌ شیعر و په‌خشان لێكجیا ده‌كاته‌وه‌ پێیوایه‌ له‌ نێوان شیعر و په‌خشاندا پردی به‌یه‌كگه‌یشتن هه‌یه‌! ئه‌گه‌رچی پێیوایه‌ په‌خشان و شیعر نكۆڵی له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، چونكه‌ شیعر ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌خشاندا ده‌نوسرێت، به‌ڵام په‌خشان نه‌رم و كراوه‌یه‌، شیعر رێكخراو و مه‌به‌ستداره‌، په‌خشان هێمن و جێگیره‌، شیعر گرژه‌، شیعر نه‌ زه‌مه‌نییه‌ و نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی په‌خشانه‌. په‌خشان به‌رهه‌می عه‌قل و ئاگاییه‌، به‌ڵام شیعر به‌رهه‌می ده‌روونه‌، په‌خشان گه‌یه‌نه‌ر و رازیكه‌ره‌ و شته‌كانمان بۆ ده‌سه‌لمێنێ‌، به‌ڵام شیعر دره‌وشاوه‌ و ئاماژه‌خوازه‌…

كه‌واته‌ ئایا ده‌كرێ‌ له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌و پرسیاره‌ ئیشكالئامێزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرسیاره‌ ئاڵۆزه‌كانی پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ شیعری (لن). به‌ بڕوای من ئه‌و پرسیاره‌ ته‌مومژاوییه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌كرێ‌ له‌ بری (ئایا) به‌ (چۆن) پرسیاره‌كه‌ راست كه‌ینه‌وه‌: چۆن له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌گه‌رچی پرسیاری دووه‌میش مه‌رج نییه‌ راست بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یبردن به‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان زێتر ده‌گونجێ‌… پرسیاری دووه‌م پرسی تایبه‌تمه‌ندی و تاكگه‌رایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌… ئه‌نسی ئه‌لحاج پرسیاری یه‌كه‌م به‌ (نه‌رێ‌) وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: نه‌خێر ناتوانین له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین. له‌ پشت ئه‌و وه‌ڵامه‌شدا پرنسیبێكی چه‌سپاو هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنه‌مای شیعر په‌خشانه‌! پرسیاری یه‌كه‌م پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان به‌ په‌خشانه‌وه‌ به‌نده‌ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری جۆره‌كانی وه‌سف و ناونانه‌وه‌، به‌ڵام پرسیاری دووه‌م ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌وڵی فۆرمه‌له‌كردنمان داوه‌ پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی له‌ سه‌ر په‌خشان نه‌چه‌سپاوه‌، به‌ڵكو قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی شیعره‌، دواجاریش ده‌مه‌وێ‌ تۆختری بكه‌مه‌وه‌ و بڵێم په‌خشان ره‌گه‌زێكه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌كانی شیعر… شیعری داهێنه‌رانه‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی قه‌سیده‌ و په‌خشان له‌ ئاستێكی باڵادا خه‌لق ده‌كات، داهێنانیش له‌ ئاسته‌ باڵاكانی زماندا ده‌دۆزێته‌وه‌.
كه‌واته‌ له‌ نێوان شیعر و په‌خشان مه‌سافه‌یه‌كی ئیستێتیكی و ده‌ربڕینێكی به‌رفره‌وان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن مه‌سافه‌یه‌كی جوانی له‌ وه‌رگری جۆراوجۆردا دروست ده‌كات. به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ پرسیاری ئه‌نسی ئه‌لحاج: ئایا ده‌كرێ‌ له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ مه‌به‌ستی له‌ په‌خشانێك بێت، كه‌ مه‌سافه‌یه‌ك له‌ شیعر نزیك ده‌بێته‌وه‌…

(4)

شیعری ئه‌نسی ئه‌لحاج رووته‌ وه‌ك ئاده‌م و حه‌وا به‌ر له‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت ده‌ربكرێن، وشه‌ رووته‌كانی بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ شه‌رم بكه‌ن، روو به‌ رووی دنیا ده‌بنه‌وه‌، هه‌موو وشه‌ رووته‌كانی له‌ قه‌سیده‌كانیدا سه‌ر به‌رزانه‌ ده‌وه‌ستن، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ جوانكاری خه‌ریك بكه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌مامك بده‌ن، هه‌ر ته‌نها به‌ رووتی سه‌ما ده‌كه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی كراسی خوازه‌ و چوارشێوی ره‌وانبێژی بپۆشن! وشه‌كان له‌و مانایانه‌ ده‌رده‌چن، كه‌ ئێمه‌ ده‌یانزانین، ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ نێوان شیعر و خۆشه‌ویستی، یه‌كه‌میان به‌ گوتنی بێده‌نگ داده‌نێ‌ و دووه‌میان به‌ كردار… ئه‌و چه‌ند شیعره‌ی ئه‌نسی ئه‌لحاج به‌ بێده‌نگی بخوێننه‌وه‌:

پلان
له‌ نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، بای ده‌نگت به‌ره‌و ناوه‌وه‌م ده‌هات، بێده‌نگیت هه‌ڵگرتبوو
خۆت له‌ په‌نا سنۆبه‌ره‌كاندا حه‌شاردابوو، ده‌گه‌مه‌ هاوارت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینیت
له‌ نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، ئازیزه‌كه‌م وه‌ره‌
من له‌ په‌نا سنۆبه‌ره‌كانم، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینی، له‌ هیكه‌وه‌ به‌ره‌و رووت ده‌بمه‌وه‌، تۆ راده‌كه‌ی

سه‌رچاوه‌:
*أنسی الحاج دیوان (لن )- المقدمه‌.گ3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..
——

به‌یانی و نیو
(1)
هه‌ر له‌ به‌یانییه‌وه‌ ده‌رگا له‌ به‌ر ده‌مت كراوه‌یه‌ تا به‌یانی و نیو
(2)
به‌ كراسه‌كه‌ته‌وه‌ وه‌كو گردۆڵه‌ دانیشتوویت. باران هه‌ڵده‌كا و ده‌پاڕێیته‌وه‌، مارێ‌ ده‌خزێ‌ وه‌ك شیر له‌ گردۆڵه‌كه‌ قیت ده‌بێته‌وه‌، به‌ تووندی هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ی.
(3)
ره‌نگی ده‌مت، بۆنی ده‌ڵێی سێوه‌.
(4)
كاتژمێر شه‌وه‌ دوای شه‌و و نیو، خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ بان ئه‌و شه‌وه‌ ماڵێكی هه‌یه‌، له‌و ماڵه‌كه‌دا ژوورێكی له‌ نیوه‌ شه‌و دروست كردووه‌، له‌وێ‌ سه‌یرم ده‌كا و نامبینێ‌، كاتێ‌ ده‌ڕۆم ده‌ڕوا و نامبینێ‌، چرا هه‌ڵده‌كا و نامبینێ‌.
له‌ كاتی خۆی ده‌خه‌وێ‌، خه‌ون به‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌بینێ‌، ده‌ترسێ‌ له‌وه‌ی شه‌ماڵ داگیریكا.
(5)
له‌ تاریكی چاوم لێبكه‌، ده‌نگت كزكه‌ و بڕۆ
ده‌نگت له‌ گه‌رووم وه‌ك مێووژ دیاره‌.
سه‌رچاوه‌:
*- أنسی الحاج دیوان (ماژا صنعت بالژهب ماژا فعلت بالورده‌) گ2 دار الجدید. بیروت 1994ص51.




یاخی بوون،یان مانەوەلەناوخەیاڵی کۆتایی مافیاگەری..! … سەروەرکەریم

زۆرینەی زۆری فیکروئایدیاکان ،لەسەرئەوبنەمایە بەووجودهاتوون کاتێک کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دووچاری زوڵم وزۆروچەوساندنەوەی دەسەڵاتەجۆراوجۆربووەتەوە.فکروئایدیابەرهەم هاتوەکان زۆربەی جارگشتگیربوون و تایبەت نەبوون بەکۆمەڵگایەکی دیاری کراو،بەقەدەرئەوەی گشتگیربوون بۆکۆتایی هێنانی چەوسانەوەکان بەگشتی .
گەیشتنی مرۆڤ بەبیرکردنەوە لەشۆڕش وڕاپەڕین ،ئەگەر زۆرنەگەڕێینەوە بۆ سەرتای مێژوو،لەسەردەمی ڕاپەڕینی سپارتاگۆسەوە سەیری مێژوو بکەین ،ئەوڕاستیەمان بۆئاشکرادەبێت لەهەرشوێنێک چەوساندنەوە زوڵم هەبێت یاخی بوون و بەرنگاربوونە بەشێوەی جۆراوجۆر دێتەبوون دەبێتە جێگای ئومێدی تاکەکان و ئەوتاکانی سەرەتا یاخی بوون هەڵدەبژێرن دەبنەسمبوڵی بەرنگاربوونەوە لای چەوساوەکان .

زۆرن ئەومرۆڤانەی بوونە تەسمبوڵی بەرنگاربوونەوەی زوڵم وزۆروچەوساندنەوەی دەسەڵات دارانو بەردەوام ئامادەییان هەیە لەنەستی چەوساوەکاندا.مانەوەی سپارتاکۆس و لەسەدەی بیست دا گیڤاراو دەیان کەسی یاخی و شۆڕشگێری تر ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت تاچەوساندوە بوونی هەبێت بیری یاخی بوون و شۆڕش و سمبوڵەکانی بەردەوامی هەیە.
لەدنیای ئێستای ئێمەدا چەوساندنەوەکان گەیشتونەتە لوتکەی ستەمگەری ونادادپەروەری ،کەواتە بۆچی تاخی بوون و شۆڕش وەک سەدەی بیست ئامادەیی نی یە ،ئەمە ئەوپرسیارەیە کەدەبێت چەوساوەکان بەشوێن وەڵامەکەی دابچن بیرۆکەی یاخی بوون وشۆڕش بژێننەوەو هەوڵی کۆتایی بەچەوساندنەوەکان بدەن .
ڕەنگە بەشێکی ئەوەی ئێستا شۆڕش ئامادەیی نی یە دەگەڕێتەوە بۆ بەشێک لەشۆڕشەکانی ڕابوودوو،بەرلەسەرکەوتنیان بەڵێنی گەرەیان بەچەوساوەکان دا،بەڵام کەسەرکەوتن پێچەوانەی بەڵێنەکانیان بەهەمان ئەندازەی دەسەڵاتی چەوسێنەری پێشوبەربووەگیانی چەوساوەکان و دووچاری ڕەشبینی کردن بەوەی چارێکی ترپەنا بۆشۆڕش و یاخی بوون نەبەبەن کەهەمان دەرئەنجامی هەبێت ،وەک نوسەرێکی ئیسپانی دەڵێت شۆڕشگێرەکان وایان لێکردنین بەناچاری بیرۆکەی شۆڕش ڕەتبکەینەوە.

بێ ئومێدبوون بەشۆڕش و ڕاپەڕین و یاخی بوون تارماییەکی گەورەیە بەربینی چەوساوەکانی گرتووە،ناتوانن لەخەیاڵ و وەهمی نەبینینی گۆڕانکاری کۆتایی هاتن بەچەوساندنەوەو مافیاگەری دەربچن و خۆشخەیاڵ بن بە سیناریۆی دەسەڵات ستەمگەرومافیاکان بەناوی دیموکراسی و گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن.
خامۆش بوونی دەنگەکانی بەرەوشۆڕش جیهانی گەیاندوەبەئاستێک هەژاری و برسێتی و جەنگەکانی جەمسەرەکانی دنیای سەرمایەداری بڕسکیان لەهاوڵاتیان بڕیوە،بەجۆرێک ملیۆنان ئینسان لەخوارهێڵی هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێنن ..ملیۆنان مرۆڤ بەهۆی جەنگ و کاولکاری زلهێزەکانی سەرمایەداریەوە ئاوارەبوون و لەووڵاتان لەژێرخێمەو بێ مافی داژیان دەگەوزەرێنن .ئەم هەموو بێ مافیە بەچی کۆتایی دێت خەیاڵکردن بەچاکسازی و ڕیفۆرمی باڵەجۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری و بەڵێن دان بەبەهەشتی دیموکراسی ،یان جیهان دەبێت بیرلەڕێگاچارەتربکاتەوەو لە بیابانەکانی خەیاڵ دەربچێت و هەنگاو بۆشۆڕش بنێت.

گەیشتنی نیزامی سەرمایەداری و مافیاگەری بەبەربەریرت ،لەئەمریکای باوکی نیزامی سەرمایەداری تادەگات بەدەسەڵاتی مافیاگەری بنەماڵەکانی کورد یەک شت دەگوزەرێت هەژاری و نەداری و نەبوونی ئازادی و دادپەروەری و هەمووپاساوەکانی ئەم نیزامە نامرۆڤانەیە دیموکراسیەت و گاڵتەجاری هەڵبژاردنی هەرچوارساڵ جاڕیکە بۆمانەوە بەردەوام بوونی چەوسانەوەکان ..لەکاتێک دائەو ڕاستیە دەمێکە سەلماوە دیموکراسیەتی سەرمایەداری و سیناریۆی گاڵتەجاری هەڵبژاردنی چوارساڵ جاڕیک و گۆڕینی ئەم دەمووچاو بە هاوشێوەکەی ،تەنها خۆشخەیاڵیەو هیچ لە بنەماکانی چەوساندنەوە بێ مافی نەبوونی ئازادیەکان ناگۆڕێت .

ژیان لەخەیاڵی چاکسازی ڕیفۆرمی ئابوری هیچ نی یە،جگە لەگەوجاندنی ئینسانەکان و وادارکردنیان بەوەی بەخەیاڵی ژیانێکی باشتر چاوەڕوان بن ،لەکاتێدا هەرگیز دەسەڵاتە مافیاگەریەکانی سەرمایەداری باوەڕیان بەماف و ئازادیەکانی ئینسانەکان نی یە و تەنها بەئومێدی ژیانێکی باشتر فریویان دەدەن و مانەوەی خۆیان مسۆگەردەکەن .
جەنگەکان هەڵدەگیرسێنن بەناوی مافی مرۆڤ و هەزاران ئینسان دەکەنە قوربانی کەڵەکەکردنی زیاتری سامان و فراوانکردنی دەسەڵاتیان ،ئەمەش بە خزمەت بەمرۆڤایەتی بەمرۆڤ دەفرۆشنەوە.ئەم ڕاستیە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی سەروئیرادەی خەڵک ڕاستە ،ئەوەتا لەژێرسایەی دەسەلاتی سەرانی مافیای هەردووبنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دا ٢٨ساڵە خەڵکی کوردستان دەگەوجێنن بەناوی چاکسازی باشترکردنی ژیان ،لەکاتێک دا لەماوەی دەسەڵاتی مافیای و سەرکوتگەریان ملیارەها دۆلاریان لەسەرژیان و قوتی خەڵکی کوردستان کەڵەکەکردوەو هەرچوارساڵ جارێکیش لەڕێگەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەوە و بەهاوبەشی لەگەڵ تەواوی سەرانی مافیای کورددا شەرعیەت بەدەسەڵاتی هۆڤیانەیان دەدەن و خەڵکی کوردستانیشیان لە خەیاڵی باشبوونی ژیاندا ڕاگرتوە.

کاتی ئەوەیە خەڵک خۆیان ڕزگارکەن ،لەخەیاڵی چاکسازی و گۆڕانکاری لەژیانیان لەسەردەسەڵاتی مافیاگەری کوردی و هاوبەشەکانیان ،دەبێت خەڵکی کوردستان پەننا بۆ دەرچون لەخەیاڵ بەرن و کۆتایی بە نەهامەتیەکانیان بهێنن ،هیچ بوارێک بۆ خەیاڵی چاکسازی بوونی نی یە ،یان دەبێت ئەو دەسەڵاتە مافیاگەریە بەوشیوەیە قبووڵ بکەن و بەهەمووسوکایەتی و بێ مافیەکان ،یان دەبێت لەوەهم و خەیاڵی چاکسازی دەربچن و کۆتایی بەدەسەڵاتی مافیاگەری بهێن و بەماف و ئازادیەکانتان بگەن.

هۆڵەندا
٢٨/١/٢٠١٩




کتێبی: وزە…. نووسینی: ڕۆندا بایرن…. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: د. تریسکە محەمەد دەشتی


ناوی كتێب: وزه‌
بابه‌ت: زانستی
نووسه‌ر: رۆندا بایرن
وه‌رگێڕ: تریسكه‌ محه‌مه‌د ده‌شتی
هه‌ڵه‌چن: نووسه‌ر
نه‌خشه‌سازی: جه‌وهه‌ر فه‌تاح
تیراژ: 500 دانه‌
چاپ: چاپی یه‌كه‌م.

لــه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تــی گشــتی كتێبخانــه‌ گشــتییه‌كان ژمــاره‌ی ســپاردنی ) (ی
ســاڵی )2018)ی پێــدراوه‌.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ………




کتێبێک بە زمانی ئینگلیزی__ خۆت بدۆزەرەوە… نووسینی: د. تریسکە دەشتی

Find Yourself

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێڤبە کلیکی ئێرەبکەن ……




لە ڕەخنەی ئاسمانەوە بۆ ڕەخنەی زەوی! … نوسینی: کارل مارکس

وەرگێڕانی بۆ کوردی : سەردار عەبدوڵا حەمە ….

لە پاش ئاشکرا بوونی نەبوونی دونیای ئەودیوی ڕاستی دەبێ ڕاستی ئەم دونیایە هەڵسەنگێنرێت ئەمە بە ئەرکی مێژوو دائەنرێت لەپێشدا ئەمە ئەرکی فەلسەفەیە کە دەبێ ئەم خزمەتە بە مێژوو بکات . بنچینەی ڕەخنەی نائاینی ئەوەیە ؛ کە مرۆڤ ئایین دروست دەکات نەک ئایین مرۆڤ دروست ئەکات ، لە ڕاستیدا ئایین هوشیاری وپێشبینی خودیە لە لایەن مرۆڤەوە لەوکاتەدا کە هێشتا خودی خۆی نەدۆزیوەتەوە یا خۆی وون دەکاتەوە جارێکی تر ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە مرۆڤەکان دابڕاو نین ولەجێگایەکدا نین لە دەرەوەی ئەم دونیایەدا بن .

مرۆڤ دونیای مرۆڤە ،دەوڵەتە ، کۆمەڵگایە وە ئەم دەوڵەت و کۆمەڵگایەش ئایین بەرهەم دێنن ؛ هوشیاریەکی پێچەوانە ( لنگەوقوچ) دەدەن سەبارەت بەم دونیایە چونکە خۆیان دونیایەکی پێچەوانەن .ئایین تیۆری گشتی ئەم جۆرە دونیا یە، بە کورتیەکەی ئاین دەتوانێ پێگەی خۆی لە ناو خەڵک بکاتەوە بەوەی کە گیانێکی شەرافەت مەندانەیە ،هاندەرێکی باشەبۆ خەڵک ، پاداشی بۆ ڕەوشتی خەڵک داناوە ، ترس دەخاتە دڵی خەڵکەوە ،مەراسیم وپرسەی مردووانی خەڵک دائەنێ ئەمانەن جێگای ئایین دەکەنەوە لە ناو خەڵکدا .

ئایین جێبەجێ کاری خەیاڵاتی جۆرە مرۆڤێکە کە بوونی نیە لە واقیعدا ، ئەنجا دەتوانین بەوە بگەین وەستانەوە لە بەرانبەر ئاییندا بەوە دەبێت کە لەبەرانبەر ئەو دونیایەدابوەستیتەوە کە ئایین لە هەناویدا دروست دەبێت .ئەو خۆشیە ی ئایین وەک مژدە دەیداهەر لەم واقێعەوە ولە م دونیایەوە وەری گرتووە کەچی خۆی ناڕازیە لەم دونیایەدا بەدەست بێت لە بەرانبەریدا دژایەتی دەکات .ئایین بە کار دێت بۆ فریودانی خەڵکی ستەملێکراو ، ئایین دڵی جیهانێکی بێ دڵە ،ئایین گیانی هەلومەرجێکی بێ گیانە ، ئایین تلیاکی(بێ هۆشکەری) خەڵکە .

کاتێ ئایین نامێنێ واتە بەهەشتی خەیاڵی نامێنێ وبەهەشتی واقیعی دێتە بوون واتە مرۆڤ واز لەوبیرانە دێنێ کە ناواقعین لە سەر بارودۆخی خۆی ، لەهەمان کاتدا واز لەو باردۆخە دێنێ کە بیری ناواقعی بەرهەم دێنیت ، هەر بۆیە ڕەخنە لە ئایین ڕەخنەیە لە دۆڵی( شیوی) ئەو فرمێسک وناخۆشیانەی کە ئایینی تیدا لە دایک بووە .

ڕەخنە لە ئایین بۆ ئەوەیە ئەو کلێشە وەهمیانە لاببات کە گوڵەکانیان داپشیوە لە بە ر ئەوە نیە کە دیمەنی گوڵەکانی ناشرین کردووە بەڵکو لە بە ر ئەوەیە هەر کلێشکان نەهیڵێت و لە جیاتی گوڵی دروستکراومرۆڤ گوڵی زیندوو بەرهەم بێنێت ، ڕەخنە لە ئایین ، ئەفسانەکانی مرۆڤ تێک دەشکێنێت تا بیر بکاتەوە ، تا چالاک بێت ، تا واقعی مرۆڤ بوونی خۆی دروست بکات بەو سیفەتەی مرۆڤێک بێت بە بێ بیری ئەفساناویانە بژی و بگاتە حالەتی ژیری وکامڵ بوون ، وە بۆ ئەوەی بە دەوری خۆیدا بسوڕێتەوە واتە سوڕانەوە بە دەوری خۆری ڕاستەقیەنەی خۆیدا،چونکە وای لی کراوە لە لایەن ئایینەوە بە دەوری خۆرێکی نادیاردا بسوڕێتەوە .

لە پاش ئاشکرا بوونی نەبوونی دونیای ئەودیوی ڕاستی دەبێ ڕاست ئەم دونیایە هەڵسەنگێنرێت ئەمە بە ئەرکی مێژوو دائەنرێت لەپێشدا ئەمە ئەرکی فەلسەفەیە کە دەبێ ئەم خزمەتە بە مێژوو بکات،ئەمەش بەوە دەبێت ئەو ڕواڵەتە پیرۆزەی کە بە مرۆڤ دراوە وەک کۆیلەیە ک سەیری خۆی بکاو خۆی تێدا بینێتەوە ،ڕیسوا بکرێت ، وەئەو ماسکەی بە مرۆڤەوە کراوە بۆ ئەوەی خۆی بەخۆی نامۆ بێت، لێ کرێتەوە بە پیرۆزی نەزانێت ، بەوشێوەیە دەکرێت ڕەخنەکان لە ئاسمانەوە داگیرین بۆ سەر زەوی ، ڕەخنە کان لە ئایینەوە دەبن بە ڕەخنە لە مافەکان ، ڕەخنەکان لە خوا ناسی و خواپەرستیەوە دەبن بە رەخنە لە سیاسە ت.

————————————-
بەشێک لە لەپێشە کی ” ڕەخنە لە فەلسەفەی مافەکان لە لایەن هیگڵەوە”

وەرگێڕانی بۆ عەرەبی گۆڤاری “النقطة ” چاپی باریس ١٩٨٣ .
وەرگێڕانی بۆ کوردی : سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٩/١/٢٠١٩




خۆشەویستی …. چرۆ زەند

وا خەریکم بەدوای سێبەرەکەتا دەگەڕێم
بەو باخچەیەدا دەڕۆم کە پێکەوە پیادەرۆیشتین
دەچمە رێی قوتابخانەکەت، بەردەم ماڵی هاوڕێکانت
هەندێ جاریش بەشەقامەکاندا دەرۆم، کە پیاڕۆشتوی
دەرۆم بۆ شوێنی کە تۆی لێ بووی، نەبا بەڕێکەوت بچیتەوە
کەدەبینم کەسێ شێوەی تۆی هەیە، رادەوەستم
تا ئاوڕ دەداتەوە، کە بۆم دەرکەوت تۆنیت
پاشەو پاش دەگەرێمەوە.

چومە سەرچەم ورۆخی دەریا، لەویش نەبوی!
جار جار گۆێ قوڵاغم دەرگاکەم بکەیتەوە
لەسەر خوانو لە بانیژەو رارەو دانیشتنی ژوورەکەدا
هەر وێنەی تۆ دەبینم
لەسەر دەرگاو پەنجەرەو دیوارو دار ناوەکەت دەنوسمەوە
بەتەنیشتیەوە یەک وشە،
خۆشم دەوێتتتتتتتتتتتتتت

گوڵان ٢٠١٦
zandchro@hotmail.com




هۆنراوە بۆ منداڵان.. پەپـوولە …. رەزا شوان

پەپـوولە

پەپـــــوولەی بـــــاڵ نەخـــــشـینم
جــوان و رووخســــار شـــــیرینم
* * *
هـۆگــــری وەرزی بـەهــــــــــارم
شەیــــدای گــــوڵ و گوڵــــــزارم
* * *
گـــوڵ و گوڵــــزار لـە کــوێ بێت
لـە شــــــــــــاران یـا لــە دێ بێت
* * *
خـۆشــــــی و شـــــــادیـم لەوێـیە
ماڵـیشـــــــــــــم وا لــــــەو جـێـیە
* * *
مــن بـێـــــــوەی بــێ زیــــــــــانم
هـــــێمن و نـــــــەرم و نیــــــــانم
* * *
کوردســـــــــتانـە بەهـەشــــــــــتم
شـــوێنی فڕيــــن و گـەشـــــــــتم

سوید: ٢٠١٩




هەڵدانەوەی دیوێکی تری شۆرشی کوردی لەڕۆمانی وێرانەدا …. هۆشیارجەمال

ڕۆمانی وێرانە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی شۆرش وڕۆژگارەکانی کیمیاباران و شاڵاوی ڕەشی ئەنفال وێرانکردنی گوندەکانی کوردستانە لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕوخاو،نوسەری ئەم ڕۆمانە بەهادین نوری کەسایەتی دیاری چەپی کوردستان وئامادەبووی ناوی ناوبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە،حزوری هەبووە لەناوئازارەکانی ئەوێ ڕۆژێ نوسەردەڵێت وێنەگرنەبووم تاوێنەی تاوان وئازارەکان بگرم بەڵام توانیم ئازاروبرینەکان نیشانی هەموان بدەم.
ئەوەی ڕووداوەکانی ناوئەمڕۆمانە لەکتێب و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی ناوگۆڤار وڕۆژنامەکان و بەرنامەی کەناڵە تەلەفزیونیەکان یان وتەی بەشێک لەپێشمەرگە یان شایەتحاڵەکان وبەرپرسەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە لەکاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، کۆمەڵیک ڕاستی مێژووی کەم باسکراودەخوێنیتەوە کەپێشتر ڕاگەیاندنی کوردی کاریان لەسەرنەکردەوە یاخودلەکەناری بابەتەکەدواون، لەجیاتی دەست خستە سەرکۆی برینەکان زیاتر کاریان لەسەر ستەم زۆڵم وتاوانەکانی سەدامی دیکتاتۆرو حکومەتەکەی کردۆتەوە.

دەست بردن بۆئازارەکان

نوسەرلەم ڕۆماندا زیاتردەستی خستۆتەسەربرینەکانی ناوجەستەی نەتەوەی کوردخۆی کەتائیستاش سارێژنەبوون،لەکاتیکداکەهەمووحزبەکان دڕەندەی بەعسیان زانیەەوە وئاگاداری پلانی وردی بوونە،کەئەو دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستە هەمووهەوڵیک دەدات بۆلەناودانی نەتەوەی کورد چ لە ڕووی کلتور وزمان ودیمۆگرافیای شارەکانیەوە بێت یان کوشتنی لاوەکانی راپێچکردنیان بۆناوزیندان، بەڵام هێزەکوردیەکانی بەژدار لەجوڵانەوەی کوردیدا لەوسنورەجوگرافیا داخراوەکەمەی کەدەسەڵاتداربوونە تێدا زۆربەی کاتەکانیان بە شەری براکوژی وئازاردانی ئەندامانی حزبەکانی تر ویەکتر قبوڵنەکردنەوە بەسەر بردەوە،وگیانی ڕق تۆڵەیان لەناخی کەسەکاندا چاندوەکەتائیستاش کاریگەری هەیە و بەردەوامە.

هاوڕێی کۆمەڵە دەبێت کەچووە گوندەکان دەست وداوێن پاک بێت
پێشمەرگە لەخەیاڵی نەوەی ئێمەی دوای ڕاپەریندا وەک مرۆڤێکی پیرۆز سەیرکراوە،بەڵام ئەم ڕۆمانە ڕوویەکی تری بەشێک لەوکەسانەدەردەخات کەبەهەرهۆکارێک بووبێت کەڕەنگە بەشێکی هەرباوەری بە خەباتی کوردیش نەبووبێت چەکی لەشان کردنەوە وخۆی خزاندبوە ناو ڕێزەکانی پێشمەرگەوە،ئەوکەسانە لەکاتێکداکەخەڵکی گوندەکان شەو ڕۆژ خزمەتی کردوەن نان و جلوبەرگ وشوێنی حەوانەوەی بۆدابین دەکردن بەچاوی خیانەتەوە سەیری ماڵ و خیزان و کچی هەندێک لەگوندنشینیاکردەوە،ئەمکارەی ئەوکەسانە کە ڕەنگە کەمینەش بووبێت هەمان ئەودێرانەی بیرخستەمەوە کە نەوشیروان مستەفا لەنامیلکەی هاوڕێی کۆمەڵەدا بۆپێشمەرگەکانی دەنوسیت”هاوڕێی کۆمەڵە دەبێت کەچووە گوندەکان دەست وداوێن پاک بێت بەرامبەر بەو کەس وماڵ وخێزانانەی کەخزمەتیان دەکەن”

ڕاوکردن و بەرپرسەکان

ڕاوکردن لەخەڵکی گوندەکان قەدە‌غەکرابوو،لەودەمەدا لەلایەن ‌هێزی پێشمەرگەوە بەڵام زۆربەی ئاژەڵەکێویەکان ڕاودەکران لەلایەن پێشمەرگەوە،ئەمە ئەگەر بۆدابین کردنی پێداویستەکانی ڕۆژانەی خۆیان بوایە تاڕادەیەک ئاسای بوو بەڵام زۆربەی ڕاوکردنە بۆ بەرپرسەکانیان بوو،ئەم کلتورە دوای ڕاپەرینیش بەردەوام بووە تائیستاش کە وەزارەتی ناوخۆ کارمەندی ئەمنی بۆ پاراستنی ژینگەو دارستان وئاژەڵەکان دامەزراندەوە بەردەوامەو بەرپسەکان دەستیان لێ هەڵنەگرتوە.

خەڵکی گوندەکان گەورەترین قوربانی بوون

دێربەدێری ئەم ڕۆمانە ئازارو هاوار ومەینەتی وهەژاری وماڵوێرانی خەڵکی گوندەکانە ،هەتا بەوردی بیخوێنتەوە تێدەگەیت چەند قوربانیانداوە،هەرلەساتەوەختی دەست پێکردنی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە لەباشوری کوردستان هەتاوەکو سەرجەم ژیان وماڵو کچ و کوریان لەدەستداوە،کەچەندین ڕۆژومانگ لەکونە تەیارە دابەسەربردوە لەڕۆژگاری ئەنفالدا بە برسێتی وماندوێتی ولێکدابڕانی ئەندامەکانی خیزانەکان لەیەکتر، وگواستنەوەی بەشیکیان بۆ ئۆروگازۆرەملیەکان وبەشیکی تریان بۆزیندان و ئەنفال کردن،کەدواتر زۆربەی هەرزۆری پیاوان وکوران یان کوژران و زیندەبەچاڵ کران وکچ وژنەکانیش هەرچرکەو خولەکێکیان مردن و ئەنفال کردبوە ،چونکە بەرپرسە ئەمنیەکانی حکومەتی بەعس دەستدرێژی سێکسی دەکردە سەریان.
“لەوئێوارەبەسامەدا سەگەکەمان کەوتە قسە،بەلام سەگەکەمان مەردبوو وتی چی ئەکەن با بیکەن بەڵام من نابم بە بەعسی”

پیکهێنەرێکی تری ئەم ڕۆمانە جاشە کەهەرلەسەرتاوە ڕۆڵیان هەبوە لەوێران کردن وڕوخان وسوتاندی گوندەکان دزی شرەخۆری تاڵانکردنییان پێش سەربازانی ڕژێم،ئەنفال بەهاری ١٩٩٨ دەستی پێکرد وەرزی کۆکردنەوەی بەروبوومەکان بوو ئالەوکاتەدا سەرلقی جاشەکان سەرجەم بەرهەمی دانەوێلەی جوتیاریانی یان دەسوتان یاخود بۆخۆی دەی دەورەیوە دەی برد.

ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام لەڕۆمانەکدالەکاتی چونە ناوماڵێک لەیەکێک لەگوندەکان بۆتاڵانی ودزی سەگی خاوەن ماڵەکە چەندین جارهەوڵدەدات نەهێڵت دەست بۆکەلوپەلەکانی ماڵەکە ببرێ لەلایەن جاشەکانەوە هەتا جاشەکە دی کوژێن و ئەفسەرێکی عەرەب بەجاشەکەدەلێت”ئەوسەگەی کوشتت لە تۆمەردترە،چونکە ئەو وەفای بۆ خاوەنەکەی هەیە بەڵام تۆ وەفات بۆ کەس وکاری خۆشت نیە ئەم دێرانە کتێبی” گۆڕستانی چراکان” ی شاعیری گەورە شێرکۆبێکەسی بیرخەستمەوە کە لەبەشێکیدا دەلێت
“لەوئێوارەبەسامەدا سەگەکەمان کەوتە قسە،بەلام سەگەکەمان مەردبوو وتی چی ئەکەن با بیکەن بەڵام من نابم بە بەعسی”

تاوانەکانی ئەو ڕۆژانە ئەوەندە زۆرن و ئەوەندە گەورەن لە ڕانانیکی لەم شێوەیە یاخود ڕۆمانێکدا جێگایان بکرێتەوە، برینەکان هەرئەکولینەوە وئازارەکان بەردەوامە زۆربەی سەرپک جاشەکان ئێستا ڕێزی زیاتر لێدەگیری وبەشێک جاشەکانیش خانەنشینی وەردەگرن.
گوندەکانیش لەجیاتی ئاوەدان کردنەوە پڕۆژە کەسەرچاوەی پرکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵن دووبارە چۆڵ کران،بەهۆی نەبوونی پلانەوە،پێشمەرگە ڕاستەقینەکانیش ئەوانەی خۆیان و کەسوکاریان ببونە قوربانی و زۆترین ماندوونیان دیوە هیچیان بۆنەکرا وکەمینەیەک بەهۆیانەوە گەورەبوو، بوونە بازرگانی نەوت.

کەسوکاری ئەنفالیش چاوی چاوەڕوانیان کوێربوو نەک هەرڕٶڵەکانیان نەگەڕایەوە نەبوونە خاوەنی ژیانێکی سایشتەش لەچارەکەسەدەی حکومرانی کوردیدا.




کانت …. حەیدەر هەمەوەند

ئیمانوێل کانت Emanuel Kant لە ساڵانی نێوان (1724-1804 ) لە ئەڵمانیا ژیاوە کە خاوەنی رووانگەی تایبەتی خۆیەتی لە زۆربەی بوارە فەلسەفیەکاندا . تێزەکانی سەبارەت بە مەعریفەتناسی چەند تەوەرەیەک لەخۆ دەگرێت . هەر دوو رووانگەی ژیرگەرایی Rationalism و رووانگەی ئەزموونگەرایی Empiricism لای کانت وەکو دووتای هاوسەنگی یەک تەرازوون و تەواوکەری یەکدین . ئەم رووانگەیەی کانت تەواو پێچەوانەی فەیلسووفەکانی پێشی خۆی بوو کە پێیان وابوو کە ئەم دوو رووانگەیە بەیەکەوە ناگونجێن و بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە پێویستە تەنیا پشت بە رووانگەیەکیان ببەسترێت . بۆیە کانت پێیوابوو کە شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسیانە Copernican Revolution کردووە بە پێکەوە گونجاندنی ئەم دوو رووانگەیە . ئەو هەردوو رووانگەکەی وەکو یەک بە گرینگ دەزانی کە پێویستن بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە چونکە سروشتی پرۆسەی تێگەیشتن لای مرۆڤ بەندە بەو کەرەستانەی کۆی دەکاتەوە لە رێگەی ئەزموونەوە و ئینجا بەهۆی کارکردنی ژیرمەندانەوە هەوڵی تێگەیشتن و دەرەنجامگیری دەدات .

جۆرەکانی مەعریفە لای کانت Kant and the Kinds of Knowledge
کانت باوەڕی وابوو کە مەعریفەت لای مرۆڤ سێ جۆرن :
یەکەم : پێشەنی شیتەڵکارانە Analytic a priori
کاتێک خەسڵەتێك لەناو جەوهەری ووشەکە هەڵگیراوە ئەوکات چەمکی شیتەڵکارانە Analytic بەکاردێت .

بۆ نموونە کە دەڵێین:
– هەموو جەستەکان قەبارەیان هەیە . یان
– هەموو پشیلەکان ئاژەڵن
لە نموونەی یەکەمدا هەبوونی قەبارە خەسڵەتێکی پێویست و جەوهەری جەستەکانە چونکە جەستەیەک نییە بێ قەبارە .
لە نموونەی دووەمدا پشیلەیەک نییە کە ئاژەڵ نەبێت .

دووەم : پێشەنی دەستکردانە Synthetic a priori

دەستکرد واتە ئێمە دامانهێناوە لەسەر بنەمای مەعریفەیەکی پێشینی رێکەوتووین لەسەر حاڵەتێکی تایبەت جێبەجێکراوە و پێویست بە ئەزموون کردن ناکات ، بۆ روونکردنەوەی ئەمە سێ نموونە دەهێنینەوە:
1- ئەم ژوورە سێ رەهەندی هەیە . یان
2- 5+7 = 12 یان
3- کورترین دووری لە نێوان دوو خاڵدا هێڵێکی راستە .
لە نموونەی یەکەمدا ئاشکرایە کە هەموو تەنێک یان جەستەیەک سێ رەهەندی Dimension هەیە کە درێژی و پانی و بەرزییە ( 3D ( و ئەم مەعریفەیە لەرێگەی دەرەنجامگیری ژیرگەراییەوە بەدەست هاتووە , هەروەها لەم نموونەیەکدا ژوورەکە حاڵەتێکی دەستنیشانکراوە لەلایەن ئێمەوە .
لە نموونەی دووەمدا 5+7 = 12 ئاشکرایە کە ماتماتیک مەعریفەیەکی نائەزمووە و لە رێگەی دەرەنجامگیری ژیرگەراییەوە بەدەست هاتووە ، واتە پێویستە بە ئەزموون کردن ناکات . ئەم حاڵەتەش لەلایەن ئێمەوە دەستنیشان کراوە ئەگینا 10+2 , 9+3 ,6+6 , و هتد بەهەمان شێوە دەرەنجامەکانیان یەکسانە بە 12 .
نموونەی سێیەم بەڵگەنەویستێکی ئەندازەییە بەڵام هەردوو چەمکی خاڵ و هێڵی راست هەڵگری دەستەواژەی کورتترین دووری نین بەڵكو ئەم دەستەواژەیە لەلایەن مرۆڤەوە داهێنراوە واتە دەستکردە Synthetic .
سێیەم : پاشەنی دەستکردانە Synthetic aposteriori
دەستکرد واتە ئێمە چەمکێکمان داهێناوە ئینجا لە رێگەی ئەزموونەوە مەعریفەیەکمان بەدەستهێناوە .

بۆ نموونە کە دەڵێین :

– خێرایی دەنگ ٣٣٣ مەترە لە چرکەیەکدا ،
لێرەدا مەتر و چرکە بەشێک نین لە جەوهەری دەنگ بەڵكو مرۆڤەکان رێککەوتوون کە ئەم دوو چەمکە بۆ پێوانی خێرایی و کات بەکاربهێنن واتە دەستکردن .ئینجا دوای داهێنانی ئەم چەمکانە بە ئەزموون دەرکەوتووە کە خێرایی دەنگ ٣٣٣ مەترە لە چرکەیەکدا .
دیدی کانت بۆ واقیع Kant’s View on Reality
کانت پێیوایە کە بوونی شتەکان لە سروشتدا دوو رەهەندیان هەیە سەبارەت بە دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفە .
# ( شتەکە -لەناو-خۆی) : (The Thing -in- Itself) یان (noumena),واتە بوونی شتەکان پشت نەبەستوو بە ئێمە و لێکدانەوەکانی ئێمە سەبارەت بەم شتانە . لەم رەهەندەدا مرۆڤ دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفە ی نییە سەبارەت بە جەوهەر یان خودی شتەکان لەناو خۆیاندا .
کانت ئەو شتانەی کە ناکەونە بەر هەستەوەرەکانمان یان لەدەرەوەی مەودای ئاگایی Consciousness ئێمەدان ناودەنێت ترانسدێنت ( یان مەودابەدەر) Transcendent ،وەک نموونە بۆ ترانسدێنت یان مەودابەدەر دەتوانین ئاماژە بە خودا بکەین چونکە خودا لەدەرەوی مەودای ئاگایی ئێمەدایە و ناکەوێتە بەر هەستەوەرەکانمان وەک بینین و بیستن و هتد .

# (شتەکە-بۆ-ئێمە) : ( The Thing – for – Us) ، یان چۆنیەتی بەدیارکەوتنی شتەکان بۆ مرۆڤ (phenomena). لەم حاڵەتە مرۆڤ دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفەی هەیە سەبارەت بە شتەکان کە چۆن بۆ ئێمە دەردەکەون . ئەو مەعریفەیەی کە مرۆڤ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت سەبارەت بەو شتانەی کە دەکەونە بەر هەستەوەرەکانمان و لە مەودای ئاگایی ئێمەدان کانت ناویان دەنێت ئیمانێنت Immanent . نموونە بۆ ئیمانێنت ، مەعریفەی مرۆڤە سەبارەت بە کەرەستە بەکارهاتووەکانی رۆژانەمان ، دەریاکان ، شاخەکان ، ئاژەڵان و هتد .

کاتیگۆریەکانی کانت Kant`s Categories
پۆلبەندی (یان کاتیگۆری) Category لای کانت واتە چەمکێکی پاراویPure Concept تێگەیشتن و خەسڵەتەکانی دەرکەوتنی شتەکان بە گشتی پێش ئەزموونکران .

کانت دوازدە کاتیگۆری دەستنیشان کردووە بەم شێوەیەی خوارەوە :
1- چۆنایەتی (Quality ) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
واقیع Reality ، نەفی Negation ، سنوورداریەتی Limitation.

ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشان کردنی هەبوون یان نەبوونە لە واقیعدا یان هەبوونێکی سنووردار لە واقیعدا .

2- چەندایەتی ‌(Quantity ) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
یەکتایی Unity ، فرەیی Plurality ، گشتگیریەتی Totality.

ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی شتەکانە ، یەک یەکە یان زۆر یان گشت
3- شێواز ( Modality) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
بوون Existence ، شیان Possibility ، پێویست کردن Necessity
ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی بوون یان نەبوون ، شیان و نەشیان ، پێویستکردن و پێویست نەکردنە.

4- پەیوەندی (Relation ) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
جەوهەر و خەسڵەت Inherence and Subsistence ، هۆکاریەتی و کاریگەریەتی
Causality and Dependence ، هاوبەشیەتی Community .

ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندی نێوان جەوهەر و خەسەڵەت ، هۆکاریەتی و کاریگەریەتی ، هاوبەشیەتی نێوان دوو بژاردە .




حیزبە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی كوردستان …عەلی مەحمود محەمەد

لە هەڵبژاردنی 30ب سەپتەمبەری 2018 ەی پەرلەمانی كوردستاندا, جگە لە نەوەی نوێ ئەویش بێ مایەی پێشوو چووە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە, سەرجەم پارتە بەشداربووەكانی دی دۆڕان, بە پارتی و یەكێتیشەوە كە ئیدعای بردنەوەو زیادبوونی ژمارەی كورسیەكانیان دەكەن, هەڵبژاردن تەنها بە ژمارەی كورسی پێوانە ناكرێت, بەڵكە بە كەمی و زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانیش دەپێورێت, براوە ئەوەیە لە ماوەی نێوان دوو هەڵبژاردندا بتوانیت متمانەی ژمارەیەك دەنگدەری نوێ زیاد بكات, ئەگەر پارتێكی سیاسی بەردەوام ئەندام و لایەنگری زیاد نەكات ئەوە مانای وایە لە پاشەكشەدایە و لە قۆناغی متبوندایە, دوای ئەو قۆناغەش پوكانەوە دێت, كە ئێستا پارتە سیاسییەكانی كوردستان پێیدا تێدەپەڕن بەهۆی نەمانی متمانەوە, دیارە پێوانەیەك هەیە لە كوردستان ئەویش ئەوەیە, هەمیشە حیزب لەم هەرێمە براوەیە ئەگەر ئاغای سكرتێر بە تەنیاش بمێنێتەوە.

لە ماوەی دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا, كە 5 ساڵ 9 رۆژ كەمی پێچووە, 5 موالیدی نوێ هاتونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە, بۆیە لانی كەم 15% ژمارەی دانیشتوان زیادی كردووە لەو ماوەیەدا, چونكە رێژەی گەشەی دانیشتووان لە كوردستان نزیك 3%یە بە وردەكاری زیاترەوەیە.
لەم هەڵبژاردنە ” پارتی 688070 دەنگ, یەكێتی 319219 دەنگ, گۆڕان 186903 دەنگ, نەوەی نوێ 127115 دەنگ, كۆمەڵی ئیسلامی 109491 دەنگ, یەكگرتوو 78912 دەنگ, شیوعی 8063 دەنگ”یان هێناوەتەوە, هەرچی هەڵبژاردنی پێشووی 21ی سەپتەمبەری 2013 ەیە” پارتی 743984 دەنگ, گۆڕان 476173 دەنگ, یەكێتی 3500500 دەنگ, یەكگرتوو 186741دەنگ, كۆمەڵ 118,575 دەنگ, بزووتنەوەی ئیسلامی 21834 دەنگ, شیوعی 12392 دەنگ”یان هێناوەتەوە.

بەم شێوەیە “پارتی 55914 دەنگ, گۆڕان 289270 دەنگ, یەكێتی 31281 دەنگ, كۆمەڵی ئیسلامی 9084 دەنگ, یەكگرتوو و بزووتنەوە 129663 دەنگ و شیوعی 4358 دەنگ”یان كەمی كردووە, كە دەكاتە ” 7,5% ی دەنگەكانی پارتی, گۆڕان 60,7% و یەكێتی 8,9% و كۆمەڵی ئیسلامی 7,7% و یەكگرتوو و بزوتنەوە 62,2% و شیوعی 35,2%ی دەنگ”ەكانیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشوەوە لە دەستداوە.

لێ ئەوەی پارت و لایەنەكان حیسابی بۆ ناكەن و قورقۆشم دەكەنە گوێیانەوە لە ئاستیدا و خۆ لە بەرامبەری لە گێلی دەدەن, ئەو زیادیوونی 15% زیاتری ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە لەو 5 ساڵەی رابردوودا, كە دەبوایا بە پێی دەنگەكانیان لەو ژمارەیە بە لانی كەمەوە بە ئەندازەی رێژەی دەنگەكانیان لەو 15% دەنگیان بهێنایەتەوە, بۆیە رێژەی لە دەستدانی دەنگەكانیان وای لێدێت ” پارتی 8,55%, گۆڕان 69,85%, ینك 10,2%, كۆمەڵی ئیسلامی 8,9%, یەكگرتووو بزووتنەوەی ئیسلامی 77,4% و شیوعی 40,4%ی دەنگ”ەكانیان لە دەست داوە”.

بە پێی رێژەی لە دەستدانی دەنگەكان بێت,پارتە سیاسییەكان بەم شێوەیە ژمارەبەندی دەكرێت ” یەكگرتوو یەكەم 77,4%, گۆڕان دووەم 69,85%, شیوعی سێیەم 40,4%ی دەنگەكان, ینك چوارەم 10,2%ی دەنگەكان, كۆمەڵ پێنجەم 8,9%ی دەنگەكان و پارتی شەشەم 8,55%”ی دەنگەكانیان لە دەستداوە.
هەەرچی نەوەی نوێیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق توانی 153263 دەنگ لە 3 پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت, لەم هەڵبژاردنە كەمی كردەوە بۆ 127115 دەنگ , بەمەش 26148 دەنگی لە دەستداوە , كە دەكاتە 17,06%ی دەنگەكانی لە ماوەی 4 مانگ و 18 رۆژ دا .

كەواتا هەموو دۆڕاون بە رێژەی كەم و زۆر, لە دەستدانی متمانە گەورەترین دۆڕانە بۆ خۆی لە پرۆسەی سیاسیدا.ئەم ژمارەو رێژانە بە پێی ئاماری فەرمییە, منیش باوەڕم بە گزی و فرت و فێڵی پارتە دەسەڵاتدارەكان لە هەڵبژاردندا , ئێستا و رابردوو و داهاتوو هەیە, وێڕای نەبوونی دادپەروەری هەڵبژاردن لە كوردستاندا.




ئەوەی خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤبوون دەکات چییە؟ … جیهاد موحەمەد

فەیلەسوفی پراگماتیکیی و پەروەردەناس(جۆن دێوی) دەڵێت: هەموو شتێک لەم دنیایەدا دەبێت لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، بەو واتایەی مرۆڤ ئەو خۆریە، کە هەموو ئەوەی هەیە لە سەر گۆی زەوی دەبێت بەدەوری مرۆڤدا بسوڕێتەوە، هەرچ بیر و ئایدایەک، یان هەرچ دیین و ئاینزایەک، هەرچ زانستێک لە خزمەتی مرۆڤدا نەبوو، پوچە. هەڵبەت ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەو هەموو لێکدانەوەیە نەبێت. بەڵام مەبەستی دێوی ئەوە نییە هەموو سروشت و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و خاک و ئاو وێران بکرێت بە ناوی ئەوەی بخرێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە، چونکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وێران دەبێت بە وێران بوونی ژینگەی سروشت و ئەوەی لە سروشتدا هەیە، سروشت و هەموو ئەوانەی لە سەروشتدا هەن بە مرۆڤیشەوە، پێکەوە بەهایەکی گەورە دەدەن بە گۆی زەوی، دەنا گۆی زەویش لە وێرانەیەک زیاتر نابێت بە بێ بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو و هەوا و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە. دیین، کە مرۆڤ بە ئەفرێندراوێکی خوداوەند دەزانێت و دەناسێت، لای وایە کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پیرۆزترن، چونکە خودا ئەم پیرۆزیی و باڵاییەی داوە بە مرۆڤ، بۆچوون و دیدگای دیین وایە کە خودا مرۆڤی بە تەواوکۆیی لەسەر باشترین شێواز دروستی کردووە، (لقد خلقنا الانسان في أحسن التقویم). بۆیە کاتی خۆی بۆچوونیان وا بوو کە هەموو گەردوون بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە، چونکە زەوی مرۆڤە ئەفرێندراو و باڵاکەی خودای تیا دەژی، وەلێ کۆبرنیکۆس شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، کە سەلماندنی گۆی زەوی ناوەندی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی و مانگ بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خۆر ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی. بە هەرحاڵ ئەمەی باسمکرد وەک پێشەکیەک بۆ ئەوەی بچمە ناو مەبەست و باسەکەی خۆمەوە لەم نووسینە کورتەمدا.

بۆ ئەوەی بشچمەوە سەر باسەکەم، وەک هەموو جارێک ئەم پرسیارە دەکەمەوە! بۆچی گەلان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی بەختەوەر نین لە ژیانیاندا، بەردەوام خوێنڕشتن و جەنگ و ئاژەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا هەیە، بەردەوام بە دەست هەژاری و کەمدەرامەتیی و نەخۆشی و پەککەوتن و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن؟

بە بڕوای من، کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هەرچی دەوڵەت و حکومەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان و حیزبی چەتەگەر و فاشییەکان هەیە، کە فەرمانڕەوا و حوکمڕانن، لە هەرچ شوێن و وڵاتێکدا، کە بە سەدان هەزار و ملوێنان لە خەڵکی ستەمدیدە خۆیان بوون بە کۆیلەیان و ئاو و خاکێکی بە پێزن بۆ بووژانەوەیان، ئەمانە هەموویان، هەرچیەک بێت ئایدۆلۆژیەکانیان، دینیی بێت، یان بە ناو عەلمانی و زانستیی بێت، نا دیموکراسیی بن، یان بە ناو دیموکراسیی بن، هەموویان لە یەک پارادیمدا دەسوڕێنەو. دەیان سەدەیە ئەم پارادایمە بووە بە بەردە ئاش و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەموو سروشت وەک یەک دەهارێت. وەک ئاماژەشم پێدا ئاوی ئاشەکە خەڵکە ستەمدیدەکە خۆیەتی، ئاشەوان و هەڵسورێنەری ئاش و خاوەن ئاشیش حوکمڕانە ستەمکارەکانن. بێگومان لەم وڵاتانەدا، دەیان ئاشی جۆرا و جۆر نراوەتەوە بۆ هاڕینی مرۆڤ و سروشت، بۆ هاڕینی هەموو شتێک لە پێناوی کەمینەیەک لە حوکمڕانەکان و حیزب و دەسەڵاتە چەتەییگەرەکان. هەڵبەت لە نێوان خاوەنی ئەم ئاشانەدا کە لە هەرچ وڵاتێکدا دەیان حیزب دروست بوون بۆ گرتنەدەستی ئاشەوانێتی و بوون بە خاونی ئاش، بەردەوام لە ململانێی دەسەڵات وەرگرتندان کە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار کەسی لە پێناودا بەهەدەر دەڕوات. هەمووشیان بە ناوی ڕزگاری و ئازدی مرۆڤەوە ئەم شەڕو پێکدادانانە بەرپا دەکەن.

ئەمەوێت ئەوە بڵیم و پێی لەسەر دابگرم کە ئەو پارادایمە، ئەو بازنە و تەوقە خنکێنەرە، ئەو گۆماوە ئاو لەبەر نەڕۆشتووە، بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبە فاشیەکان، حکومەت و دەوڵتە فاشیەکان، چ لەگەڵ یەکتری و چ لە ناو خۆیاندا، تەنها یەک ئەنجام زیاتری نابێت، ئەویش نوێکردنەوە و تۆکمەکردنی بازنەی هەمان پارادایمە و هیچی تر، واتا هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری درێژە پێدەدات لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. بە واتایەکی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەگەر یەک لە دوای یەکی ئەم حکومەت و حیزب و دەوڵەتانە بە دوای یەکدا هەڵبوەشێنەوە، ماددام شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لە پشتەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نییە، کە بتوانێت ئەو عەقڵیەتە کۆنباو و کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنێتەوە و پارادایمێکی نوێی زانستی و مرۆڤدۆستیی و سروشتدۆستیی بهێنێتە جێگەی. هەرچی بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و گۆڕانکارییەوە کراوە لە ناو ئەم کۆمەڵگە و گەلانەدا، دووبارە هەمان عەقڵیەت تووندتر و بە‌هێزتر فەرمانڕەوایی گرتۆتەوە دەست. بەو پەڕی جەختکردنەوەوە دەڵێم، لە سەد ساڵی ڕابردووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەدا و لە دەیان سەدەی پێشووتریشدا یەک گۆڕانکاری نەکراوە بتوانێت ئەو بازنە و تەوقە بەهێزەی پارادیمە کۆنباوەوەکە نەک هەڵبوەشێنێتەوە بەڵکو لەقیشی نەکردوە و نەیلەرزاندووە.

هەتا بزاوتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست نەبێت دژی ئەو پارادیمە، مەحاڵە هیچ کام لەگەل و کۆمەڵگەکانی ناو ئەو پارادایمە ئازدیی و ڕزگاریی بە خۆیانەوە ببینن. لێرەوە ئەمەوەێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە حکومڕانە شیعەییەکانی ئەمڕۆی عێراق و سەدام حسەینی جاران و پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان بەوانەی لە حوکمڕانییدان و بەوانەشی لە دەرەوەی حوکمڕانییدان، ئەنجامن، ئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە کە ناتوانێت ئەو بازنە ئەستورە تێکبشکێنێت.

بە تەواوەتی گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی، کە تا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی بەرپانەکرێت، ناتوانرێت ئەو بازنە پتەوە، ئەو عەقڵیەتە ڕەقهەڵاتووە، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە بەسەرچووە بسڕێتەوە و لە جێگەیدا عەقلێتێکی سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانەی سروشتدۆسانە بونیاد بنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرەتای دیموکراسیی ڕاستەقینەوە و پەروەدەیەکی هاوچەرخانە و تەندوستییەکی باش نە بۆ مرۆڤ مسۆگەر بکرێت، نە خۆشەویستی سروشت و بونەوەرەکانی دیکە لای مرۆڤ بەرجەستە بکرێت. تەنها ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە دەتوانێت مرۆڤ و مرۆڤبوون بخاتە سەر ڕێگەی دوور و درێژی کۆتا نەهاتوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن. تەنها کار و ئەرکی شۆرشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری، ئەوەیە، کە شۆڕشێکی پەروەردەیی بخولقێنێت، هەتا مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە لە ژیاندا بێت، شۆڕشی پەروەدەیش بەردەوام دەبێت. واتا شۆرش و مرۆڤ پێکەوە پەیەوەست دەبن بۆ هەتا هەتایە. پەروەردەی سەردەمیانە، پەروەدەیەک کە ژیاندۆستی و خۆشەویستی سروشت و دادەپەروەریی و یەکسانیی دروستدەکات بەردی بناغەی هەموو گۆڕانکاریەکانە. قسەکەی جۆن دێوی تەواو دەسلمێنم، کە دەڵێت:”پەروەردەی سەردەم وەک شۆرشە زانستیەکەی کۆبرنیسکۆس، شۆڕشێک بەرپا دەکات، کە فێرخواز دەکات بە خۆر و هەموو فێرگە و سیستمی پەروەردە بە دەوریدا دەسوڕێتەوە”. هەتا ئەم شۆڕشە پەروەدەییە دروست نەبێت، سایکۆلۆجیەتی تاک و کۆمەڵگە مەحاڵە بتوانێت ئازاد بێت لە چینەکانی ژێرەوەی مێشکی کە لەسەر بناغەیەکی غەریزەیی و دینیی دروست بووە.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٣/١/٢٠١٩