شەپۆلی نوێ شۆڕشێک لە فۆرم و ناوەرۆکدا …. عەتا میرەکی

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی ڕەهەندە بەرجەستەکانی گۆڕانکارییە مەزنەکەی سینەمای فەڕانسە لە ساڵانی پەنچا و شەستدا کە بە شەپۆلی نوێ ناسراوە.
یەکەم جار لە فستیڤاڵی فیلمی کەن لە ساڵی 1959 دابوو فیلمی چوارسەد لێدانی(The 400 Blow) فڕانسوا ترۆفۆ سەرنجی ڕەخنگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و دوایەش لە ئەورووپا و ئەمریکا ئەو فیلمە نمایش کرا و بووە دەستپێکی ڕەوتێکی نوێ لە سینەمای فەڕانسەدا کە بە شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە ناسراوە.
پێشەنگەکانی ئەو ڕەوتە نوێیە بریتین بوون لە فڕانسوا ترۆفۆ، ژان لوک گودار، ئێڕیک ڕۆمر،ژاک ڕیوت، ئالێن رێنە و کڵۆد شابڕۆڵ کە لە پێشدا وەکو ڕەخنەگر لە گۆڤاری کایە دو سینەما(cahiers du cinema) چالاکیان دەکرد کە ئاندرێ بازن بەڕێوەی دەبرد.

دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە هەوڵەکانی سینەمای هالیوودیان لە بواری تەکنیک دا ستایش دەکرد و هۆگری کەسانی ناوداری وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک و جان فۆرد و ئۆرسن وێڵز بوون.
پێویستە بوترێ پێشتر سینەمای فەڕانسە ببووە پاشکۆی شانۆ و بە وەرگرتن لە دەقە ئەدەبیەکان درێڕەی بە ژیانی خۆی دەدا.
بە پێچەوانەی ئەو دۆخە شەپۆلی نویی فەڕانسە باوەڕی بەوە بوو کە کامێرا و دەرهێنەر دەبێ خۆ لە ستۆدیۆکان دەرباز کەن و بچنە نێو دڵی دنیای دەرەوە بە شێوازێکی زیندوو و چالاک جموجوڵی شەقام و کووچە و کۆڵان تۆمار بکەن. ئەوان پێیان وابوو سینەما نابێ لە نیشاندانی توندوتیژی خۆ ببوێرێ و جەسارەتی هەڵبژاردنی هەموو بایەتێکی هەبێ بۆ چاککردنی فیلم.

شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە لە دوو دەورەدا ڕووی دا. دەورەی یەکەم لە نێوان ساڵەکانی 1958 تا 1962 بوو کە یەک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی گرنگیدان بە خوڵقێنەری بەرهەم واتا دەرهێنەرو هەروەها میز ئان سێن(mise en scene) بوو. فیلمسازەکانی ئەو خولە پشتیان لە یاساکانی فیلمسازیی دەیەی پەنجا کرد هەم لەڕووی گێڕانەوە و هەمیش لەڕوۆی تەکنیک و نواندنەوە. گێڕانەوە و سەرەتا و کۆتاییەک بۆ فیلمەکان لەبەرچاو نەدەگیرا تەنها بڕگەیەک لە ژیان نمایش دەکرا. وەرگرتن لە بەرهەمە ئەدەبییەکان شوێنی خۆی دا بە چیرۆکی ژیانی خەڵکانی ئاسایی ناو کۆمەڵگا و زیاتر گرنگیی بە چەمکی زەمان درا. بێ سڵەمینەوە باسی گەنجان و حەز وئارەزووی سێکسی دەکرا کە دەرخەریی چەمکی خۆشەویستیی ئازادانە بوو و باسی شوناسی کەسایەتیی ناو فیلمەکان دەکرا، ڕێگە بەوە دەدرا ژنان وەکوو یەک لە تەوەرەکانی گێڕانەوە لە فیلمەکاندا بوونیان بێ.

هەڵبەت تەنها هێمایەک کە لە سینەمای شەپۆلی نوێدا وەکوو خۆی مایەوە هەمان شاری پاریس بوو. لەجیاتی نمای ئاسایی کە نیشاندەری کات و شوێن بوو ئەو جار لە تەکنیکی جامپ کات(Jump cut) کەڵک وەردەگیرا.
لە تەکنیکی جامپ کاتدا وەکوو تەکنیکێکی ئیدیتی فیلم کە جۆرێک پەڕاندنی نەما یان شاتە(Shot) لەبری بەردەوامیی دیداریی، دوو شات دادەنرێ کە ئێلێمانەکانی زۆر لەیەکتر دەچن یان لە یەک لە شاتەکاندا جووڵەیەک دەگۆڕدرێ و بەمەش لە پڕۆسەی ئیدیتدا پەڕاندنێکی دیداریی بەرهەم دێ.
شەپۆلی نوێ پێداگر بوو لەسەر شکاندنی نۆرمی ڕەوایەتی خەتی و تەکنیک و شێوازی نوێ لە ڕەوایەت دا هاتە ئاراوە.

دەورەی دووەمی شەپۆلی نوێ دەکەوێتە نێوان ساڵانی 1966 تا 1968 کە لەو خولەدا بۆ نموونە گوتارەکان لە جاران زۆر سیاسیتر بوون، ئوستوورەکانی بورژوازی نەمان، بابەتی وەکوو هاوسەرگیری و خانەوادە باسی لێوە نەدەکرا و ئیدی ناوەندێتی خۆی لەدەست دا. باوی بابەتی نوێ بوو، لەوانە چالاکیی و دیدگای سیاسی خوێندکاران، باڵغبوون، مەسرەف گەریی و شەڕی ڤیەتنام.
کێشەی تاکەکەسیی و کێشە سیاسییەکانی لاوان تێم و ناوەرۆکی فیلمەکانی ئەو دەورەیان پێک دەهێنا.
شەپۆلی نوێ هەوڵی بەکارهێنانی سووژەی نوێ و شێوازی گێڕانەوەی جیاوازی دەدا و بەپێچەوانەی سینەمای کلاسیکی ئەمریکا ئەکتەری بەناوبانگ و ئەستێرەکانی سینەمای بەکار نەدەهێنا. لەو فیلمانەدا تەماشاچی لە خوێندنەوە و بڕیاردان لەسەر فیلمەکان سەربەست بوو.

ئەوەمان لەبیر نەچێ کە تا پێش سەرەڵدانی شەپۆلی نوێ، سینەمای دنیا ماوەیەکی دوورودرێژ لەژیر قورسایی هێژمۆنی هالیوودا بوو. لەڕووی فۆرمەوە نۆرمگەلێکی تایبەت بە فیلمساز، ئیدیت و بەرهەمهێنان لەگۆڕێدا بوو کە دەرهێنەرەکان دەبووایە لە چێوارچێوەی ئەو نۆرمانەدا کار بکەن.
بۆ نموونە وەرگرتنی چیڕۆکی فیلم لە بەرهەمە بەناوبانگە ئەدەبییەکان، هەروەها گێڕانەوە لە گوشەنیگای زانای گشتیەوە و هەبوونی کاراکتێریکی تایبەت کە ڕۆڵی پاڵەوانی لە فیلمەکاندا دەبینێ کە خاوەنی کەمترین خاڵی لاوازی کەسایەتی بوو و لە درامێکدا بە باشترین شێوە کۆتایی بە ڕووداوەکان دێنا. ئەوانە بەرچاوترین کڵێشەکانی سینمای هالیوودی ئەو سەدەمە بوون.

نووسەرانی کایە دو سینەما بە باشی ئەم کڵێشە چەندپاتکراوانەیان لە سینەمای هالیوود و تەنانەت لە سینەمای ئەو دەمی فەڕانسەدا دیاری کرد. هەڵبەت پێویستە بگوترێ کە لەهەمانحاڵدا بایەخ و پێگەی تایبەتیان دادەنا بۆ کەسانیک وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک، هاوارد هاکس و جری ڵویس.
ژان لوک گۆدار لە گفتوگۆیەکدا کە ساڵی 1967 لە کایە دو سینما بڵاو بۆوە ئاوا باسی جێری ڵویس دەکا: “تاکە کەسێک کە بە شێوەی جیاواز کار دەکا” “تەنها کەسێک کە پێبەندی هیچ تاقم و دەستە و چوارچێوەی باو نیە” “تەنها کەسێک کە بوێرانە فیلم ساز دەکا”.

سەیر ئەوەیە کە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکانی ئەو کۆمەڵە فیلمسازەی شەپولی نوێ و ناسینەوەی ئەو شێوازە سینەماییە تایبەت و نوێیە، دوایی شەپۆلی نوی کاریگەرێتی لەسەر کەسانێکی بەناوبانگ وەکوو فۆردکاپۆلا، مارتین سکۆرسیزی و ئارتور پێن دانا.
وەکوو نموونە بەرجەستەکانی ئەم ڕەوتە گرنگەی سینەما دەکرێ ئاماژە بە چەن فیلم بکرێ, لەوانە: چوارسەد لێدان(فرانسوا ترۆفۆ), لەپێ کەوتوو( ژان لوک گۆدار،) سێرژی جوان(کڵۆد شابڕۆڵ و) هیرۆشیما عیشقی من(ئالێن رێنە.

وەک باسی لێوە کرا دەکرێ تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێ بەسەر سێ پاژ دا دابەش بکەین: یەکەمیان شێوازی دروستکردنی فیلمەکان، دووەم فۆرم و سێهەمیش لە ڕووی ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەوە.
ڕەخنەگرانی گەنجی کایە دو سینەما ئیمکان و پارەی وایان بەدەستەوە نەبوو هەر بۆیە بە کەمترین پێداویستییەکان و کەرەستەوە دەستیان دایە فیلمسازی. تەنانەت کەسانێک کە ئەکتەری پرۆفشناڵ نەبوون لە فیلمەکاندا ڕۆڵیان دەبینی.
ئەو دەرهێنەر گەنجانە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئایدیای تازەیان لە مێشکا بوو کە دەیانویست بیخەنە بواری کردارەوە.
تەنانەت خۆدی ئەو فیلمسازانە بە هەموو چەشنێک هەوڵیان دەدا گۆشەیەک لە ئەرکەکانی فیلمسازی ئەنجام بدەن.
بۆ نموونەی لە فیلمی “پاریس هی ئێمەیە” کە ژاک ڕیوت دەرهێنەری بوو لە سێکانسێکدا گۆدار وەکوو کافەچییەک یارمەتیی کەسایەتی یەکەمی فیلمەکەدا دەدا بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی.

وەکوو لایەنی فۆرمیک دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێ کامێرا لەسەردەست لەگەڵ ئەکتەرەکاندا بە شەقام و کۆڵاناندا دەگەڕان و بینەر بە ئاشکرا هەستی بە ئامادەبوونی کامێرا دەکرد وەکوو کەسایەتییەک کە بوون و تەنانەت هەستی هەیە.
کامێڕای فیلمەکانی شەپۆلی نوێ بێدەنگ و بێ جووڵە نیە، زیندووە و لە گێڕانەوە ناوەستێ. هەروەها دەبێ ئاماژە بکرێ کە لە بڕێک لەو فیلمانەدا تەکنیکی freez frame بەکار دەهێنرا، واتە فیلمەکە لەسەر دیمەنێکی تایبەت ڕادەوستا، لە فیلمی “چوارسەد لێدان”ی ترۆفۆ و “پاریس هی ئێمەیە” ی ژاک ڕیوت دا ئەو تەکنیکە بە باشی بەدی دەکرێ.
وەک کوترا لایەنی ناوەرۆک لەو فیلمانەدا دەپەرژێتە سەر کەسایەتی فیلم وەکوو ناوەندی سەرنجدان کە زۆربەی کاتەکان بیر و باوەڕ و ئارەزووەکانی دەرهێنەری دەردەخست.
سەرنج دەخرایە سەر لایەنی سێکسی، خۆشەویستیی ئاسمانی بوونی نیە. ئەگەر حەز لێکردن و هەستێک لەنێوان ژن و پیاوێکدا هەیە جوانی ژن و ویست و حەزی سێکسی هاندەریەتی. فیلمی “لەپێکەوتوو”ی ژان لوک گۆدار دا کەسایەتی یەکەمی فیلمەکە سەرەڕای ئەوەی حازرە لە پێناو خۆشەویستەکەیدا فیداکاری بکا بەڵام نایشارێتەوە کە ئەوی بۆ حەزی سێکسی دەوێ.

شەپۆلی نوێی سەرلەنوێ گیانی وەبەر سینەمای فەڕانسە هێنایەوە و بووژاندییەوە و وەکوو سەرچەشن لە لووتکەی سینەمای دنیای دانا. کاری کردەسەر سەرجەم لاوانی سەرکێشی شەیدای سینەما و دەرفەتی بۆ خوڵقاندن.
شەپۆلی نوێ سنوورەکانی سینەمای فەڕانسەی تێپەڕاند و سینەمای چەندین وڵات لەوانە بڕازیل و ژاپۆن و چێکۆسلۆڤاکیا لەو شەپۆلەیان وەرگرت و گۆڕانکاری بەرسە ڕەوتی سینەمایاندا هات.
نموونەکانی شەپۆلی نوێ زۆرن بەڵام هیرۆشیما عیشقی من (Hiroshima mon amour) کە ساڵی 1959سازکرا و ئالێن ڕێنە دەرهێنەری بوو و ڕۆماننووسی ناودار مارگرێت دۆراس فیلمنامەی فیلمەکەی نووسی، وێڕای فیلمی لەپێکەوتووی(Breathless) ژان لوک گۆدار لە بەرجەستەترین نوێنەرانی ئەو ڕەوتە سینەماییەن.
لە هیرۆشیما عتشقی مندا بەکورتی چیڕۆکی فیلمەکە باسی ئەکتەرێک دەکا) ئێمانوێلا ڕیوا( کە بۆ سازکردنی فیلمێکی دژەشەڕ دەچێتە ژاپۆن و لەوێ لەگەڵ پیاوێکی ژاپۆنی(ئیجی ئوگادا) ئاشنا دەبێ و پێوەندیی سۆزداریی لە نیوانیاندا دروست دەبێ. لە میانەی ئەو چاوپێکەوتنانەدا وێڕای عیشقبازی و دیالۆگی نیوان دوو خۆشەویست باسی بۆمبارانی هیرۆشیما دەکەن و هەر کامەیان لە ڕوانگەی خۆییەوە باسی ئەو ڕووداوە و قوربانیانی دەکا و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ئاکامە تاڵەکانی شەڕ دەخەنە ڕوو.

لە بەشێکی فیلمەکەدا وەکوو فلاشبەک ژنەکە باسی خۆشەویستییەکی ڕابوردووی خۆی دەکا کە لە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا و لە کاتی داگیرکردنی فەڕانسەدا لەگەڵ سەربازێکی ئاڵمانیدا عاشقی یەکتر دەبن و پاش کوشتنی سەربازەکە ژنەکە تووشی ناڕەحەتی و کێشە دەبێ و ئەوجا سیمای مەعشووقە مردووکە لەو پیاوە ژاپۆنیەدا دەبینێتەوە.
وەکوو نموونەی ناسراوی شەپۆلی نوێ فیلمەکە ساختارێکی فۆرمیکی هەیە و فیلمێکی تەواو دژەشەڕە و تێیدا لە یەک کاتدا باسی مەرگ وعیشق و فەرامۆشی دەکرێ. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە گرنگی بە پێوەندیە ئینسانییەکان دەدا مەودا و سنوورەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاڵ دەبێتەوە. قوورسایی کارەساتی بوردومانی ئەتۆمی زەنگێکە تەواو مرۆڤەکان وە ئاگا دێنێتەوە. لە سێبەری ئەم قورساییەدا دوو کەس لە دوو کولتووری جیاواز لێک نزیک دەبنەوە و هەستیان بەریەک دەکەوێ. لە پەنای ئەو لایەنانە کە تا ڕادەیەک رەنگی تاکەکەسی دەگرێ لە سەرانسەری فیلمەکەدا بەکگراوندێک لە کارەساتی ئەتۆمی بوونی هەیە.
پێگەی ڕاوەستان یان باشترە بڵێێن جوولەی بەردەوامی کامێڕا پێ بە پێ ئەکتەرەکان دەڕوا و ڕاناوەستێ. دەڵێێ کامێراش یاک لە ئەکتەرەکانە کە تەنانەت هەست بە بوونی دەکرێ.

لێرەدا وەکوو گرنگیی تێمی فیلم و پڕۆسەی بیچمگرتنی لەلای دەرهێنەر بە بیرەوەرییەکی ئالێن رێنە سەبارەت بە دروستکردنی فیلمەکە کۆتایی بەو باسە دێنم.
ئاڷێن رێنە لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مارگرێت دۆراس سەبارەت بەو فیلمە دەڵێ:
سەرانسەری ئەو پاش نیوەڕۆیە باسی ئەوەمان کرد کە بۆ من فیلمێک لەبارەی بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەم و بۆ وەها فیلمێک دروست ناکرێ. لە میانەی قسەکاندا کوتم:
پێکەنینم دێ کە ئێمە سێ چوار سەعاتە قسە دەکەین و لەو ماوەیەدا فرۆکەکان بە سەر زەوییەوە دەسووڕێنەوە و ئامادەی ئەوەن بۆمبە ئەتۆمییەکانیان داخەن کەچی ئیمە هیچ گۆڕانێک لە کردارماندا ناکەین چای دەخۆینەوە و ژیانی ڕۆژانەمان دەکەین.
ڕەنگە ئەو فیلمەی دەبێ دروست بکرێ هەمان فیلم نەبێ کە بیری لێدەکەینەوە و سووژەی سەرەکی فیلمەکە بۆمبی ئەتۆمی بێ. بەپێچەوانەوە لەوانەیە پیویست بێ چیرۆکی عیشقێکی کلاسیک بەرهەم بێنین کە بۆمبی ئەتۆمی بەکگڕاوندی ئەم چیرۆکە بێ و جیا لە کاراکتێرەکان بێ. شتێک وەکوو دیمەنێکی دوور.




هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە چی لێهات؟ … عەلی مەحمود محەمەد

دەسەڵاتداری بە بێ دەنگی بۆ نەوەی سێ و دووی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان گواسترایەوە، جەماوەر سەیركەرێكی زەبوونە و دەسەڵاتدارانیش بە بەشی خۆیان چ لە ناو بنەماڵە یاخود لە سەر ئاستی كوردستان رازی نین، چونكە كەمتریان لە پێش خۆیان بەركەوتووە، میراتەكان دابەشكراون، بۆیە كەوتونەتە كێشمە كێشەوە، ئەم كێشمە كێشە بەرگێكی سیاسی ئایدۆلۆجیان پێ بەخشیوە، ململانێی ئۆلیگارشیەكان لە بری دەسەڵاتی دیموكراتی دەسەڵاتی بلۆتۆقراتی بەرهەم دەهێنێت، گەل خراوەتە دەرەوەی كێشمە كێشەكان، بنەماڵەكان بەشێوەی مۆدێرنانە دەسەڵاتی خۆیان دەبەنە پێشەوە، ئارم و بەرنامەو حیزب و راگەی ندنی جۆراوجۆرو، رەنگی جیاوازی خۆیان هەیە، كاریگەری جیاوازی ئایدۆلۆژیا و رەنگی ئاڵاكانیان بە ئەندازەی جیاوازی رەنگی ئاڵای شیوەنی حوسێنییەكانە تەنها بۆ ناسینەوەیە نەك جیاكردنەوە،لەبەر ئەوەی بەكارهێنانی دەستەواژەی دیموكراسیەت و ئازادی لە كوردستاندا لای ئەم پارت و دەستەو بنەماڵانە تەنها بۆ رێكلام و پاراستنی بەرژەوەندیەكانە نەك پیادەكردنی، ئەوان كار بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی پلۆتۆقراتی دەكەن، خێزانە دەوڵەمەندە سیاسییەكان درێژە بە حوكم بدەن، ئەوان خاك و خەڵك وەك موڵكداری تایبەتی خۆیان سەیرە كەن ، دیموكراسیەت لای ئەوان لاستیكییە كەی ویستیان رایدەكێشن و دواتریش خاوی دەكەنەوە، دیموكراسیەت و ئازادی واتا بە ئازادانە داكۆكی لە بەرژەوەندیەكانم بكە، شەوان هەموو لە كەناڵەكانەوە ئەم مومارەسەیە دەبینن، بۆیە وەك بازاڕی پشك لە كاتی ق ەیران و تەقینەوەی بڵقدا بە خێرایی سەوزو سورە كات، لێرەوە ئێستا پەرلەمان لە خۆ ئامادە كردندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەو شەڕەی پێشتر دەكرا لەسەر ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت یان خەڵك هەڵیبژێرێت كۆتایی پێ هات، چونكە قەیران و ئاڵانگارییەكان پێشوو كۆتایی پێ هاتووە، منداڵەكان زۆرینەیان دەرچووی یەك زانكۆن بە تایبەت هارفارد، ئەوان لە قازانجەوە سەیری سیاسەت دەكەن، ترامپیانە بیرە كەنەوە، سەفقات دەزانن بەس، دەزانن شەڕ بەشە چۆرەكەكەیان دەسوتێنێت، هەموو پێكەوە بە دیار بەشكردنی چۆركەكەوە گرمۆڵە بوونە و گەمەیەكی شەیتانیش لە راگەیاندنەكانەوە دەبەنە پێشەوە.

پارتی دەزانێت لەناو پەرلەمان پارسەنگ گۆڕاوە بە بەخشینی ئیمتیازاتێك بە سانایی بە زۆرترین دەنگ پۆستەكە مسۆگەرە كات، بۆیە نایكاتە شەڕێكی نا مسۆگەرەوە كە ناوی دەنگی خەڵكییە، نەك لە دوای شاییەكەی 30 ی ئەیلولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بری شەمامە گوژاڵكی دەرخوارد بدرێت، ئەوەی پێشتر دەیوت مافی هەڵبژاردن بدرێتە خەڵك كۆتایی بە موزایەدەكەی هات، خەڵكیشی بۆ بەدەست هێنانی كورسیەكان دەوێت، بەرەكەی تریش ئیتر شەرمە كەن دەسەڵات لە ئامۆزاكان لە یەكیان كەمبكەنەوە بیدەن بەوی تریان، بە وەرگرتنی شیرنیەك كۆتایی بە چەلەحانێی نا سیاسیەكان دەهێنن، سستەمەكانی جیهان چۆننزۆربەی وڵاتانی دیموكراسی جیهان سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتیە, ئەمانیش كە دابەش دەبن بەسەر 4 جۆر , لەوانە 43 وڵات راستەوخۆ سەرۆك لە لایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی تەواوی بێ ركابەریان هەیەو هاوزەمان سەرۆكایەتی حكومەتیش دەكەن, وە 22 وڵات سەرۆكی بەهێزیان هەیە كە خەڵك هەڵیان دەبژێرێت بە بوونی سەرۆك وەزیرانی لاواز لە وڵات كە سەرۆك كۆمار دیاریان دەكات, هاوكات 29 وڵات سستەمی سیاسیان نیمچە سەرۆكایەتییە( سەرۆكێكی بەهێزی هەڵبژێردراو و سەرۆك وەزیرانی لاواز ) كە پەرلەمان هەڵی دەبژێردرێت بە كەمتر لە دەسەڵاتی سەرۆك, بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتییە لە جیهان دەگاتە 96 وڵات لە كۆی 193 وڵاتی جیهان , كە نزیك 49,7%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن .

هەر لەم پەیوەندەدا 8 وڵات راستەوخۆ لەناو پەرلەمان سەرۆكی بەهێزی وڵات هەڵدە بژێرن بە بێ بوونی سەرۆك وەزیران (نموونە باشوری ئەفریقیا), بەمەش ژمارەی وڵاتە سەرۆكایەتییەكان بەرز دەبێتەوە بۆ 103 وڵات لە جیهان.
هاوكات لە جیهان 45 وڵات كۆماری پەرلەمانی هەیە(زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەشنەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دووجۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, كە ئەمانەش بە هەردوولایان كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن , هەروەها 29 وڵاتی پاشایەتی دەستوری پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە(ئەوروپا و یابان و وڵاتانی كۆمۆنۆلس), وە 8 وڵاتی پاشایەتی پەرلەمانی بە بوونی پادشای بەهێزەوە كە ئەمانەش ناتوانرێت بە سستەمی پەرلەمانی و وڵاتانی دیموكراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مەلەكی عەرەبین), هاوكات دیكتاتۆریش نین .

بەمەش لە كۆی گشتی 169 وڵاتی دیمكراسی لە سستەمەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە, نزیك بە 57 %یان كۆمارییەو 43%ێشی پەرلەمانییە بە كۆماری و پاشایەتی, گروپی یەكەم زیاتر لە ئەمەریكای لاتین و وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئەفریقیاو ئەمەریكای باكور و وڵاتانی دەریای كاریبی ..ن , وەلی گروپی دووەم زیاتر لە ئەوروپا و وڵاتانی نیمچە كیشوەری هیندی و وڵاتانی دەوروبەری و ئەسیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایە…زۆربەیان ئەو وڵاتانەن دیموكراسیەت زیاتر چەسپیوەو یاساكانی هەڵبژاردن پێشكەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە لە پێناو دادپەروەری زیاتر لە نوێنەرایەتی, دیارە لەم وڵاتانەش بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دیموكراسیەت تیایاندا نە چەسپوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی هەیە , نموونە ئێستا ناڕەزایەتی لە نیپاڵ هەیە داواكارن سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت , لە عێراقیش نارەزایەتی هەیە , لام مسۆگەرە لە كوردستانیش ئەم داواكارییە لە داهاتوو دێتە پێشەوە , ئەگەر بژاردەی ناو پەرلەمان دیاریبكرێت كاتێك دەموچاوە سیاسییەكان رابردوو نامێنن, ئەمەی ئێستا كاردانەوەی ململانێی مێژویی بنەماڵەكانە.

ئەمەو لەناو وڵاتانی جیهاندا, 2 وڵاتی ئاینی(ئێران و ڤاتیكان), 6 وڵاتی پاشایەتی دكتاتۆری, 8 وڵات تاك حیزبی هەن لە دەرەوەی بازنەی وڵاتانی دیموكراسی, كە ژمارەیان 18 وڵاتە نزیك 9,9%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنێت.بەهۆی ئەوەی سستەمە سەرۆكایەتییەكانی وڵاتانی دواكەوتووی چەشنی كوردستان بەشێكی زۆریان بەرەو دكتاتۆریەت چوونە, نموونە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا …., بۆیە بۆ گرنتی مانەوەی دیموكراسی لە كوردستان , سستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە, بە بروای من لەناو ئەویشدا هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە دەسەڵاتی تەشریفاتیەوە.

بۆ كوردستان كامە باشەئێستا ململانێ و كێشمە كێش كۆتایی هاتووە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەم خولەدا, بەرژەوەندیەكان یەك دەگرنەوە, بۆ بەرژەوەندی خۆشیان بێت لەم چركە ساتە كەس نەماوە داكۆكی لە دەنگی خەڵك بكات, هەموو دەیانەوێت پۆشاكی دیموكراسی بە پێی باڵای بەرژەوەندیەكان خۆیان بدورن, بۆیە ئەوەی هەیە كێشمە كێشە لەسەر پۆشاكەكە نەك دیموكراسیەتەكە.

هەرچەندە مەرج نییە هەموو كات دیموكراسیەت و دەنگی خەڵك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت, لە سایەی دیموكراسی راستەوخۆی سویسرادا تا ساڵی 1972 پیاوانی وڵات نەیان هێشت ژنان بەشداری دەنگدان بكەن, بە دەنگدان هیتلەر هاتە سەر حوكم, نموونە زۆرە, وەلێ ئەم نموونانە وا ناكەن ساردمان كەنەوە لە داكۆكی لە بەكارهێنانی دەنگی خەڵكی لە هەڵبژاردنەكاندا, وەلەو كۆی دیموكراسی نوێنەرایەتی كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, دوای هەڵبژاردن ئیتر حیزبی براوە وەك ئێستای كوردستان منەتی بە دەنگدەران نامێنێت, بۆیە وردە وردە باوەڕ بە دیموكراسی راستەوخۆ لە جیهان زیاد دەكات, هەرچەندە لە سویسرای پیشەنگی دیموكراسی راستەوخۆ كەم رودەدات دەستپێشخەرییە رادیكاڵەكان دەنگی پێویست بە دەست بهێنن, ئێستا دەستپێشخەریەك هەیە بۆ ئەوەی ستافی حكومەتیش بە دەنگدان بێت واتا خەڵك هەڵیان بژێرێت وەلێ بە مەرجەوە , كەچی لە كوردستان بنەماڵەكان لە بەرژەوەندی خۆیان مافی دەنگدان لە خەڵك دەسێننەوە بۆ سات و سەوداو مامەڵەی ناو پەرلەمان, چونكە ئەگەر گەمەی ناو پەرلەمان نەبێت ئەوا حیزبی دۆڕاو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەست بەتاڵ بۆی دەرە چێت.

سەرۆك ناو خەڵك هەڵبژێردرێت, ئەگەر دەسەڵاتی تەشریفی بێت ئەوا لە تایبەتمەندی پەرلەمانی بوونی سستەم ناگۆڕێت, هەڵبژاردن لەناو خەڵك گرنگە لەبەر :

-1هەموو تاكێك دەتواننێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ خۆ كاندید كردن بۆ ئەو پۆستە, مافی هەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پارێزراوە, بە پێی ئەوەی دەستور و یاسا دیارییان دەكات .
2 – هەموو تاكێك دەتوانێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك . 3 – سستەم هەمە رەنگتر دەبێت , مەرج نییە ئەو لایەنەی حكومەت پێك دەهێنێت سەرۆكی هەرێمیش بباتەوە, لە جیاتی بژاردەیەك دوو بژاردە لەبەردەم گەلدا دەبێت بۆ حیزبی حوكمڕان, دیارە لە ئێستادا لە جیاتی بنەماڵەیەك دەبێتە دوو بنەماڵە.
4- زۆرجار لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا, سەركەوتن لە دەرەوەی موئەسەسەی سیاسی باو رودەدات, بەمەش گۆڕانكاری گرنگ دێنێتە پێشەوە.بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناو پەرلەمان بە قازانجی پارتە رامیاریەكانە بە تایبەت گەورەكان , بەوەی دەتوانن كاندیدی خۆیان دیاریبكەن بۆ پۆستەكە كە پێشتر مامەڵەیان كردووە, بەمەش پۆستەكە لە نێوان خۆیان پاوان دەكەن , هاوكات لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆك مامەڵە بە ژمارەی كورسیەكانیانەوە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پشتیوانی كاندیدێك , بەمەش ئیمتیازاتی زیاتر بە دەست دەهێنن لە بەرامبەر دەنگدانیان بە كاندێك, لێرەدا ئازادی و دیموكراسیەت لە بەرژەوەندی حیزب بە تایبەتیش حیزبی گەورە دەكرێت بە قوربانی , وە ئەگەر دەنگدان نهێنی بێت دەنگ فرۆشتنی پەرلەمانتاران, كورسی فرۆشتن و كورسی كڕین دەبێتە دیاردە.
هاوكات بۆ بارودۆخی كوردستان بەهۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سیاسەتی بەرچاو تەنگی حیزبایەتی, دەكرێت كۆمەڵێك پێوانە بۆ سەرۆك دیاریبكرێت بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانییەوە, لەوانە :
1 – سەرۆك لە پارتەكەی دەست لە كار بكێشێتەوە.
2- سەرۆك بارەگای سەرەكی كارەكەی لە پایتەخت دەبێت و تەنها لە كۆشكی سەرۆكایەتی كە لە پایتەختە پێشوازی لە میوانەكانی دەكات.
3 – سەرۆك ئەجندای كارەكانی رون بێت و سەرۆكی تەواوی گەل بێت و بەشێك لە كاتەكانی بۆ دیداری خەڵك دیاریبكات .
4 – نابێت دوو كەسی نزیكی یەكتر هاوكات دوو پۆستی سیادی وەربگرن.
5- نابێت كەسە نزیكەكانی سەرۆك كاری بازرگانی و خێرخوازی بكەن و پرۆژە لە حكومەت وەربگرن و كەناڵی راگەیاندنیان هەبێت.
6- سەرۆك سەروەت و سامانی خۆی و كەسە نزیكەكانی ئاشكرا دەكات و بڵاوی دەكاتەوە بۆ ئاگادار بوونی هاووڵاتیان, چاودێری وردی خەرجی و بەخششەكانی دەكرێت.
7- لە هیچ بارودۆخێك نابێت لە دوو خول زیاتر بەهیچ بەهانەیەك پۆستەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە, یان خۆی كاندید بكاتەوە لە قۆناغەكانی دواتری ژیانیدا بۆ هەمان پۆست.
8- نابێت هیچ ئیمتازێك زیاتر لە موچەو ئیمتیازاتەكانی سەرۆكایەتی هەبێت.ئەوەی دەگوزەرێت لە هڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان, پاشەكشەی ژیانی سیاسییە لە كوردستان بە روكەشیەكەشی , لەو كەمەش پەشیمان دەبنەوە بەهۆی فشاری خەڵكەوە سەپێنراوە, حیزبی بۆرژوازی نەتەوەیی بوونە بە حیزبی ئۆلیگارشی , سستەمی سیاسی لە بری دیموكراسی بۆتە بلۆتۆقراتی, هەموو فەزاكانیان داگیر كردووە, سیاسەت, ئابووری, رۆشنبیری و راگەیاندن.دیموكراسی راستەوخۆ باشترینە , لێ تا دەگەین بەو رۆژە , بۆ رێگا گرتن لە مامەڵەی بنەماڵەكان و درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان , بۆ خولقاندنی هەلی زیاتر بۆ هەمووان, بۆ گەڕاندنەوەی كەرامەت و ئیرادە بۆ تاك, یەكێك لە دەرگا بچوكەكان سستەمی پەرلەمانییە بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە كەمترین دەسەڵاتەوە.




سیمۆن دو بۆڤوار، نمونەی ژنێکی ئازاد … مامۆستا هەرمێ حەمەخالید

سیمۆن دو بۆڤوار لە فەرەنسا ناسرا وەک هاوڕێ و هاوسەری فەیلەسوف و نووسەری فەرەنسی ” ژهن پۆل سارتەر” لەبەر ئەوەی زۆر بەرهەم و چالاکییان پێکەوە ءەنجام داوە ……

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




فڕینەکانی جەمشیدخانی مامم … هۆشیارجەمال

جەمشیدخانی مامم ڕۆمانێکی نوسەروڕۆمانوسی گەورەی کورد(بەختیارعەلی)ە،کەلەساڵی(٢٠١٠)لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە بڵاوکرایەوە،ئەم ڕۆمانە سەرەتای ڕووداوەکانی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی حکومڕانی بەعس،ئەودەمەی ئەودەمەی جەمشیدخان دەستگیردەکرێت چونکە گەنجێکی کۆمەنیستە،لەزیندان ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆردەدرێت کەوادەکات کێشی لەشی زۆر دابەزێت و هەرهەم ڕووداوە لەژیانی جەمشیدخان دەبیتە خولقێنەری ڕووداوەکانی ژیانی چونکە لەدوای دابەزینی کێشی لەشی توانای فڕین پەیدادەکات.

جەمشیدخان پێش دەستگیرکردنی کەمترین گفتوگۆی لەگەڵ کەسانی چواردوری دەکرد چونکە کەسەکانی تری وەک ستەمکارێک دەبینی،هەردەم بەتەنیادەژیا،بەڵام دواتربەشێک لەیادەوەرەکانی لەدەست دەدات لەدوای هەڵهاتنی لەزیندان وپەیداکردنی توانای فڕین،وازلەبیرو باوەڕی کۆمەنیست دێنێت، وگاڵتەش بەرنامەکەی دەکات لە ڕۆمانەکەدا جەمشیدخان چەندین جاردەفڕیت و دەکەویتە خوارەوە ، کە لەهەر کەوتنە خوارەوەیەکیدا بۆچون و یادەوەریەک لەدەست دەدات،و واز لە باوەر و ئایدۆلۆجیایە دێنیت کەباوەڕی پێی بووە کە ئەمەش هێمایە بۆئەوەی نوسەر لەڕێگای ئەم بابەتەوە دەیەوێت باس لەتاکی کورد بکات کە هەردەم مرۆڤێکی خۆش باوەڕبوە لەکاتی بڕواهێنان بە بابەتەکان لە دوایشداهیچ ئاین و ئایدۆلۆجیایەکی لەناخەوە وەرنەگرتوە وگرنگ نیەلای.

جەمشیدخان و جەنگ

جەمشیدخان لەدوای هەڵهاتنی لەزیندان فڕینی بە سەرناوچەکاندا دەست سەربازانی ڕژێمی عێراق دەکەوێت و ئەوان وەک ڕێبەریک لە ئاسمانەوە بەکاری دەهێنن لە دیاری کردنی سەنگەری هیزەکانی ئێران ،ودواتر دەکەوێتە دەست هێزەکانی ئێران و ئەوانیش بە کاری دەهێنن لەئاسمانەوە دژی هێزە عێراقیەکان ئەگەری چی ئێرانیەکان دەترس هەوڵی ڕاکردن بدات بەڵام جەمشیدخان دەڵێت “کارواناکەم چونکە جەنگ هەرجەنگە ولەهەربەریەکی شەڕبێت دەرئەنجامەکەی کوشتنی مرۆڤە کەلەدەرەوەی ویستی خۆم ئەوکارەم پێدەکرێت.”

جەمشیدخان وئاین

جەمشیدخان لەیەکێکی ترلەکەوتنەخوارەوەکانیدادووبارە بیروبۆچونەکانی دەگۆڕین و دەبێتەکەسێکی ئاینی و لەئاسمانەوە وتاربۆخەڵکی دەدات وەمەلایەک بۆمەبەستی خۆی بەکاری دەهێنێت،تەنانەت جارێکیان کەقسەلەسەرحەرامەکان دەکات جەمشیدخان دەڵێت”ئەمجۆرەی عەترحەرامە وئەوجۆرەی حەڵالە “، کەدواتر دەردەکەوێت هۆکارئەم قسەیەمەلای مزگەوتەکەیە کەلەگەڵ یەکێک لەبازرگانەکانی بۆداڕێک کەوتووە بۆئەوەی بازاڕی بۆن فرۆشەکانی تر بشکێنیت، کەئەم بەشەی ڕۆمانەکە هێمایە بۆئەوی کە چۆن لەکوردستاندا ئاین بەکاردەهێنرێت بۆحەزو ئارەزو قازانجی کەسی لەلایەن بەشێک لەتاکەکانی کۆمەڵگاوکەسانی ئاینیشەوە وخاڵی دەکرێتەوە لەپەیامە ڕوحیەکەی خۆی کەپەیوەندی نیوان مرۆڤ و خوایە.

جەمشیدخان وسەفەر
لەیەکێکی ترلەفڕینەکانیدا جەمشیدخان سەفەردەکات بۆئەوروپاو دەڵێت”تەلەسنوری ئەم وڵاتەدابین ناتوانین بیربکەینەوە،هەوای بەعەقڵ ناکەوێت ودڵنیام لەودیو سنور ئیلهامی زیاترمان بۆدیت.”کەئەم تێگەیشتە زۆرواقعیە بۆدۆخی هەرێمی کوردستان چونکە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی خاڵیە لە بیرکردنەوەی ئەقڵانی،گەرلێرەو لەوێش دەنگێک هەبێت کپ دەکرێت.

جەمشیدخان وگەڕانەوە بۆنیشتمان

لەدوای سەفەری بۆئەوروپاجەمشیدخانیش وەک هەرتاکی خۆرهەڵاتی سەرباری جیهێنشتنی نیشتمان دواجاربەهەمووکەم وکورتەکانیەوە گەر هەلی گەڕانەوەی بۆڕێکەوێت دەگەڕێتەوە و ئاژانسێکی ڕاگەیاندن دادەمەزێنێت، جەمشیدخان لە ژوورەکەیدا بە چەندین شێوە ڕاپۆرتی رٶژنامەنوسی ئامادە دەکات و دەنوسێت ودەردەکەوێت لەهەرفڕینیکدا حیکمەتێک هەبووە،لەکارکردنی ئاژانسەکەش هەروای کرد، شەوێک وەک کەسێکی دینی وشەوێک وەک کەسێکی توندڕەو،شەوێک وەک ناسیونالیزمێکی توندڕەوی کورد قسەی دەکرد،شەوێکی تر وەک کەسێک که هەڵگری پەیامی توندوتیژیەو جارێک وەک کەسێک کە باوەڕی بە لێبووردەیە،لەم تەناف بازی ودووفاقیەوە ئیشی لەسەردۆخی شیواوی کۆمەڵگای کوردی ودۆخی ڕاگەیاندی کوردی دوای ڕاپەڕین وبەتایبەت دوای روخانی بەعس کردوە لە هەرێمی کوردستان.




چەپ و مێژوو لە کوێدان … نوسینی:- نەجمەدین فارس

سەرەتایی مانگی ئازاری ٢٠١٩
چاپی دووەم

چەپ و مێژوو لە کوێدان !
بەشی یەکەم
هەلوو مەرجی جیهان وکاریگەری ڕووداوەکان

 سەرەتا وا باشترە کە ئینسان بۆ لێکدانەوەکانی و لێکۆڵینەوە لە هەر بارێکی ئەزمە گرتوو، لێکدانەوەی دیالێکتیکی بۆ بکرێت . چونکە ئەنجامی ئەو کاریگەریانە لەسەر ئەزمە ئەتوانێت بە تەواوەتی دەست نیشان بکات . 
لێرەدا هەڵوێستەیەک لەسەر مێژووی ئەو ڕووداوانە وەردەگرین و دەچینە سەرلێکدانەوەیان ، بێگومان وا باشترە کە ئێمە لە مێژووی پێش ئێستاوە دەست پێبکەین کە ئەتوانێت ڕەهەندی ئیستای ئەزمەمان بۆ دەست نیشان بکات. لە شەڕی جیهانی یەکەم و دوای ئەو شەڕەو شەڕی جیهانی دووەم و دوای ئەو جەنگە، سۆسیالیزم بوو بووە باسێک یان بوو بووە ڕەهەندێک کە زۆرترین کەس لە دنیادا هیوای خۆی پێوە گرێ دابوو ، بێگومان سۆسیالیزم لەو کاتانەدا بە چەندین جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرا، بەڵام بە هەر هەموویان بێجگە لە ڕەهەندی هزری بەلشەفیزمی ئەو کاتەی لینین، ئەیان ویست لەو ڕەهەندە دەربچن کە سۆسیالیزمی بۆرژوازی بە سۆسیالیزمی زانستی بەیان بکەن . بەڵام ئەو هەوڵە هەر زۆر زوو ئاکامەکانی شکستی پێوە دیار بوو، یان ڕوونتر بڵێین گەرای بۆگەن بووی ناخۆی هەڵگرتبوو. بە هەموو ئەو لێکدانەوانەی کە لە مەڕ سەرمایەداری دەوڵەتی و ئەو تەشکیلەیەی لە پەیوەندی ئابووری صینیدا و ئەو ڕەهەندەی کە ئەووروپای ڕۆژهەڵاتی گرتبوو، ئەمانە بە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی لەو ڕاستییە کەم بکەنەوە کە گەواهی ئەوەیان ئەدا ، ئەم مۆدیلە لەگەڵ ئەو مۆدیلەی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بێخەوش نووقمی سەرمایەداری بوو بوون . واتە تەنها جیاوازی لەوەدا هەبوو دەوڵەتی سەرمایەداری ئەیتوانی سەرمایە بۆ کاری بازرگانی و پەیوەندی کارو سەرمایە بەکار بهینێت.
واتە هەوڵدان بۆ دەرچوون لە شکستێک پێویست بە دۆزینەوەی هۆکاری ئەو شکستە دەکات. واتە کاتێک دەتەوێت ئەو هەوڵانە جێ بە جێ بکەیت، دەبێت باش لەوە گەشتبیت کە سەرچاوەکانی لە کوێوە دێتە کایەوە بە هەر حاڵ.......... بە ڕای من ئەم دوو مۆدیلە لە پێک هاتنی نیزامی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهانی و بە ناوی جیاوازەوە مل ملانێیەکی گەورەیان لە نێواندا هەبووە ، واتە هەر ئەو کاتەی کە سەرمایەداری دەوڵەتی دەیویست بە ناوی سۆسیالیزمەوە دەست بە سەر کارتێلەکانی ناو بازاڕی جیهانیدا بگرێت، لە هەمان کاتدا مۆدیلەکەی تری بەربەرەکانێی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت ئەم شێری مەیدان بێت.

هەموو ئەو ئەرکانەی سەرمایەداری پێویستییان بەوە هەبووە زیاتر قوڵ ببنەوە بۆ بەهێز کردنی توانا سەربازییەکان و کۆکردنەوەی گەورەترین بەهای بەرهەم هاتووەکان و قەتیس مانیان لە چوار چێوەی بەرهەم هێنانی سەربازیدا : بە ڕاستی کارەسات لێرەوە دەست پێ ناکات بەڵکو لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە شۆڕشی کرێکاری ڕووسیا لە دوای دەست بەسەردا گرتنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و هەر لەو کاتەشدا گەرای پێچەوانەی ئیش کردن بۆ سۆسیالیزم دەستی پێکردووە . واتە هەر ئەو کاتە لەسەر ئاستی جیهان، هەردوو لا پێویستییان بەوە هەبووە کە هەر یەکە لە لایەن خۆیەوە هاوپەیمان بۆ خۆیان تووندو تۆڵ و تۆکمە دروست بکەن ، لەسەر ئاستی بەکاربردنی ئینسانەکان . ئەمانە هۆکارێک بوون کە ئەیان توانی نفوسی گەورە بۆ خۆیان ڕابکێشن لەسەر ئاستی دەوڵەتان و ئەندامانی ناو دەووڵەتە جیاجیاکان . واتە هەر لایەک بیر کردنەوەیەکی جیاوازی وەردەگرێت لەسەر ئەو دوو مۆدیلە.

ئەو دوو مۆدێلەش پەخشی بەحپ و تێڕوانینەکانی خۆیان دەکرد لە ناو ژهنی ئینسانەکاندا، کە ئەتوانن ئەمەیان بەم ڕێگەیە ئەوی تریان بە ڕێگەی خۆی خۆش گوزەرانی بۆ ئینسانەکان دابین بکەن . کاتێک جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هاتە ناو کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە و هەردوو مۆدێلەکە مۆری تەئیدی خۆیان لێدا ، کە بەڕاستی داوەریی کار بوو لەسەر بە پیرۆز ڕاگرتنی خاوەندارێتی تایبەتی . واتە ئەم خاوەندارێتییە تایبەتەش لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی خۆیدا بنەڕەتی بێ مافییەکانی ئینسان و نا عەدالەتی و چەوساندنەوەی ئینسان بوو. هەموو ئەمانە و گەلێک لە دیدو بۆچوونەوەکان ولێکدانەوەکان وبەها کۆمەڵایەتییەکانی تر کە چوو بوونە چوار چێوەی بیرکردنەوەی گەلێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە ڕەووتی مێژوودا هەڵپەسارد بوو، دەیان ویست  لەو کەناڵانەی خۆیانەوە کە بە باشییان دەزانی کاری شۆڕشگێڕی بە حیسابی خۆیان جێ بە جێ دەکەن . واتە ئەگەر چەند لێکۆڵەرەوەیەک لەسەر ئاستی جیهانی بۆچوونەکانی شیکردبێتەوە ، نەیتوانیوە بەدەر بوو بێت لەو کاریگەرییانەی کە بە بەردەوامی لەسەریان بووە . یان خودی ئینسانی توێژەرەوە خۆی لە بنەڕەتدا بە ناوی اجتهادەوە کاریگەری خراپی لە بنەڕەتی فەلسەفەی سۆسیالیزمی زانستیدا بەجێهێشتووە .  
                                   
ئەمانە بەشێکیان ، خۆیان بە ڕەووتی فکری و سیاسی و ئابووری ئەو کاتەی مۆدێلی سۆڤێتاتەوە گرێ دابوو کە نەی ئەتوانی بە هیچ جۆرێک کاریگەری پۆزەتیڤانەی لەسەر ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەکانیان بە پێی هەلوو مەرجێک کە واقع بووە ، بە پێی ئەو واقعەش ڕێگا چارەی ناو لێکدانەوەکانی خۆیان بۆخود هۆشیاری ئینسانەکان پرۆسیس کرد بێت ، یان ئەوانەی بە ناوی اجتهادەوە  شێوانێکی گەورەی لە ڕەهەندی هزری بە ئاکارێکی خراپ ئاڕاستە کردووە . واتە ئەمانە خۆیان دەبوونەوە هۆی تەنگەژە لە لێکدانەوەکان و هەڵوێستەکانی ئینساندا .
 بێجگە لەوەی کە کۆمنترن شکستی خواردو لە جێگای ئەو فدراسیۆنی کرێکاریان کردووە بە ئەلتەرناتیڤ، ئەمانە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی ئەلفێک بخەنە سەر هزری ئینسان و ئاڕاستەی بزووتنەوەی چینی کرێکاری پێ دەوڵەمەندوو یەکگرتوو هاو هەڵوێست بکەن . کەواتە پێویست بوو لەو کاتانەدا کار لەسەر ئەوە بکرایە کە کۆمنترن شکست ئەخوات ئەبێت پرۆسیسێک کارامە و شیاو ترو زانستی تر بهاتایەتە پێشەوە لەسەر ئاستی هاوکاری و هاوخەباتی بزووتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالیستی چینی کرێکار .

ئەمانە پێویستیان بە تیۆرییەک هەیە کە بتوانێت ئاستی ڕابەریانەی لە کەسێکی تیۆریسەندا بەرجەستە بکات . واتە ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە یان پاشکۆی ڕووداوەکان بووە یان بە پێی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئاوێزان  بووە و بەرژەوەندییەکانی یەک چینی پان و بەرینی خستوەتە چوار چێوەی یەک بەرژەوەندی تەسکی کۆمەڵێک کەسی ترەوە . بەم هۆیەوە کاتێک ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی بیرکردنەوەی دیالێکتێکیدا مامەڵەمان دەکەین پێویستە بە دیالێکتێک وەڵام بدەینەوە . بەم پێیە ناکرێت هەموو ئەو خەباتی ڕزگاری نیشتمانییانەی کە لە دەورانی پێشووتردا بە خەباتی سۆسیالیستی و یان بە پێش مەرجی ئەو خەباتە بەیان دەکرا، هەروا سووک و ئاسان بەسەرماندا تێپەڕێت و هیچ قسەیەکیش لە بارەیانەوە نەکرێت ، کە چەندە ئینسانی وابەستەی نیشتمان و هەوڵدان لە چوار چێوەی نیشتماندا دەکرد . 
کاریگەری بزووتنەوەی پەرلەمانتاریستی لە ناوەندی چەپی ئۆپۆزیسیۆندا و بوو بوونە ڕێبازێکی زۆر تازەو شیاوتری بزووتنەوەی چەپ . هەروەها ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە بوو بوونە ناوەڕۆکی ئەرکە دەست بە جێکانی چەپ لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهاندا . واتە بەکارهێنانەکان لە دەورانی پێشووتردا ئەوەیان ڕوون دەکردەوە کە ئەزمەکە لە ساتەوەختی خۆیدا گەرای خۆی هەڵگرتووەو هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە . هەموو هەوڵەکان لە دوای کۆلۆنیال کردنەوە سەرچاوەی دەگرت و دەیانویست بە ناوی ئەوەی کە بەشێک لە سۆسیالیزم ، ڕزگاری بۆرژوازی کۆڵۆنیاڵ کراوی خۆ ووڵاتییە ، وە بتوانێت خۆی بە هێزو بازووی چینی کرێکار ڕزگار بکات ، لە دەست ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکاندا دەهات بە پێی ئەو پەیوەندیە جیهانییە سەرمایەداریەی ئیمپریالیزمی جیهانی بەسەر بازاڕی جیهاندا هەیبووە .

هەموو ئەو لێکدانەوانە لە دوای لینینەوە تائێستا هیچ لێکدانەوەیەکی تری بۆ نەکراوە، هەر بۆیە بۆرژوازیش توانیویەتی ئەو کوێرەوەرییانە لە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە بەشێک لە ژهنی ئینسانی ئەم سەر زەمینە بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات . ئیتر هەموو بزووتنەوەکان لەو چوارچێوەیەدا قەتیس مابوون . واتە ئەوەندەی ڕووداوەکانی جیهان کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان هەبووە ، ئەوەندە بزووتنەوەکان نەیان توانیوە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو سیستەمە دابنێت و بزووتنەوەی گۆڕانی ئەو سیستەمە بە ئاڕاستەی خۆی تاو بدات . بەم پێیە ئەزمە ئابوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک کاری نەگەتیڤانەی بۆ بزووتنەوەکانی چینی کرێکار بە جێ ئەهێشت ، یان کاریگەریەکانیان دەبوونە هۆی ئەوەی کە هەموو بزووتنەوەکان دۆش دامێنن لە بەرامبەر بێ وەڵامییاندا ، چونکە ناکرێت وەک ئەوەی کە کردیان ، گۆڕان لە شکڵدا بە گۆڕان لە بنەڕەتدا بە حساب بهێنن .
ئەزمەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری کاریگەری بۆ خۆی و بزووتنەوەکانی تری دژی ڕەهەندی سەرمایەداری بە جێ دەهێڵێت، هەر لە ئاستی بیرکردنەوەو تێڕوانیەکان و هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە سەر ئاستی ڕەهەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پلانی بزووتنەوەی کرێکاری جێ بە جێ دەبێت . هەروەها بەرهەم هاتووەکانیان هاوکێشەی تیۆری بۆ بەرهەم هێنانیان ، هاوکێشەی نا یەکسان و نا هاوتای ڕەهەندی واقعی دەبێت .
 واتە نەبوونی پلانی گونجاو لە ناو ئەو بزووتنەوانەی کە لە بەشە جیا جیاکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری لە جیهاندا هەن، تا بتوانێت پلانێکی گونجاو لە پێناو خزمەتێکی گەورەی بزووتنەوەکە بە ئەنجام بگەیەنرێت . ماوئیزم هەرگیز نەبووەتە ئەلتەرناتیڤی گونجاو تروو شیاو ترو زانستی تری ڕەهەندی ئێستاو ئەوسای سۆسیالیزم . وەیان ئانارشیزم و هەروەها ترۆتسکیزم و ئیکۆنۆمیزم و بە گشتی ڕڤیژنیزم ناتوانێت ، هەڵووێستی وەک کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستێکی گونجاو زانستی بێت لە مەڕ بەرەو پێش چوونی بزووتنەوەی کرێکاری . ئەمانەو هەر هەموویان کە لە دەورانی پێشووتردا کاریگەریان لەسەر ڕەهەندی هزری بزووتنەوەکانی ناو چینی کرێکار هەبووە  ، کاریگەری خراپی لەسەر ژهنی ئەندامانی ناو کۆمەڵ بەجێ هێشتووە .

 ئەوەش بزانین هەوڵدراوە بە حیساب بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارە لە ڕڤیژنیزم لە ناو بزووتنەوەکاندا. بەڵام بە بارێکی تر گوباویانەو میتاڤیزیکانەی ڕڤیژنیزمێکی کۆن و بە مۆدێکی تازە ، هەوڵی بۆ دراوە ، کە ئەنجام هەر هەمان هەڵوێست و هەمان چوار چێوەی سیاسی بۆ بزووتنەوەکە دادەڕێژێت  ، کە لەدەورانی پێشووتردا لە ژیاندا واقع و لە واقعدا بەرجەستە بووە .  کەواتە بۆ هەموو تێپەڕاندنێک لەو ئاستەی پێشووتر دەبێت تێپەڕاندنێکی زانستییانە و هۆشیارانە ئەو هەلومەرجانە تێ پەڕێنین ، واتە مارکسیزم تەنها وەڵامەو تەنها بە دیالێکتێکی خۆی ئەتوانێت لە دیالێکتێکی ئێستادا جێگای بکاتەوە......... بە مەرجێک ئەم دیالێکتیکە بتوانێت بەهای فەلسەفی خۆی بپارێزێت و دیالێکتیکی تیادا تاو بدرێت . واتە هەموو هەوڵەکان هەوڵی پۆزەتیڤانە نین و ناشتوانن ئەو هەلومەرجە لە ژیانی خۆیان جێگیر بکەن ، چونکە تێڕوانینی ماوئیزم ناتوانێت اجتهادێکی گەورەو بچووکی ناو مارکسیزم بێت و هەروەها ناشتوانێت وەڵام دەرەوەی هەلومەرجی ئەزمەی ڕەهەندەی هزری و پراکتیکی ئەو ڕەهەندە بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک خەون و خەیاڵ جێ بە جێ بکات .

ئەمانەو هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەنها نین لە کاریگەریەکانیان لەسەر ڕەهەندی سۆسیالیزمی زانستی لەجیهاندا هەیە کە دەتوانن دەورێک بگێڕن و وە ئێمەش لە بەهەند گرتن و لێکدانەوەمان لە سەر ئەزمەی بزووتنەوەی چەپ لە جیهاندا ، بە هەندییان نەگرتن . یان تەنها بە لێکدانەوەیەکی ژهنییانە لەسەر ڕووداوەکان بەکارییان بەرین . واتە ئێمە چەند کاریگەریەکانی لە دەرەوە ببینین  ئەوەندە زیاتر پەیوەندی بە ناوەوەی کاریگەرییەکان هەیە . چونکە ئەو کاریگەریانە قوڵ ترو بە هێزتر دەبن لە سەر ئاستی بزووتنەوەکە .

سەرمایەداری بە سوودی خۆی دەیەویت لە بەرامبەر دووژمەنەکەیدا بە جۆری جیاواز کاریگەری لەسەر بەهای هۆشیاری چینی کرێکاری دابنێت ، کە ئەمانە پاشماوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ لای ئێمەش . واتە ئێمەش بەشێکین لەو گشتە لە جیهاندا کە تایبەت بوونمان لە ڕێگەی پەیوەندی گشتیبوونمانەوە کاریگەری گشتمان لەسەر دەبێت . واتە بەو مانایە ناڵێم کە ئێمە چوارچێوەی تایبەتی بوونمان بە بەردبوو بکەین و لە دەوریدا بسوڕێنیەوە . بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی تایبەتیمان کە گشت بوونمانە بکەینە پەیوەندییەک کە کاریگەری پۆزەتیڤانەی هەبێت لەسەر بزووتنەوەکە . لێرەوە دەردەکەوێت کە بەهای تێڕوانینەکان بۆ بزووتنەوەکانیان ، نەیان توانیوە ئەو کاریگەریانە بە شێوەیەکی هەتاهەتایی بنبڕ بکەن هەرچەندە نەگەتیڤی ئەو کاریگەریانە بە سنووری خۆی ئەمێنیت لە سەرمان . بەڵام ئێمە خوازیارین ئەو کاریگەرییە کاریگەری تا سەر ئیسقانمان نەبێت بەڵکو  ئەگەر کاریگەریشی هەبوو ئەوا زۆرزۆر بێبەها بێت لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەمان .

لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و عێراقیش بێبەش نین لەو بزووتنەوانەی کە لە جهیاندا کاریگەری هەموو دۆخەکانیان لەسەرە ، واتە نەیان توانیوە پەیوەست بن بە میتۆدێکەوە کە هەڵئێنجاوی میتۆدێکی ڕڤیژنیستی نەبێت . هەتا ئێستا چەپ لە مالی خولیایەکی سەرگەردان بوودا سووڕدەخوات ، بێ گومان ئەویش هەروەک بەشەکانی تری جیهان بێ ئاکامی لە هەلومەرجی تیۆریدا هەیەو پاشکۆی ڕەهەندی ناو ڕەهەندەکانی جیهانی سەرمایەدارییە . نەیتوانیوە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستی جیهانی و گونجاو و شیاوی خۆی لە خزمەتی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی دا وەربگرێت و پرۆسیسی بکات . ئەم چەپە ئەوەندە بێ توانایە کە خۆی بیر ناکاتەوە........ خۆی نانووسێ....... خۆی هەڵوێست ناگرێت..... خۆی لێکدانەوە ناکات....... ! بیری بۆ دەکەنەوەو بۆی دەنووسن و هەڵوێستی پێدەگرن و بۆی لێکدەدەنەوە...... حیزبی بۆ دروست دەکەن ، بیر کردنەوەیان بۆ میتۆد لێ حەرام دەکەن ، یان خۆشیان لە خۆیان حەرام دەکەن .

 لە گشت ئەم حاڵەتانەدا..... چەپ لە دنیا و لێرەدا نەیتوانیوە اجتهاد بکات ، نەیتوانیوە بە واقعی سەرمایەداری هەڵبسەنگێنێت ، نەی توانیوە ئەو مەرحەلانەی کە تیایدا دەژین چۆن بەکاری بهێنێت . لە لای ئەمانە ڕەهەندێکی میتۆدی زانستی بوونی نییە ، وە جێگاشی نابێتەوە لە لایان . بە هەر حاڵ ئەمانە هەر هەموویان دوگماتیزم پێک دەهێنن ، هەر هەموویان دەبنە لایەنێک کە دیالێکتێک بەکار ناهێنن بۆ لێکدانەوەی مادییانەی پەیوەندییەکانی ئێستاو ئاستی بزووتنەوەکە . لە ڕووی تیۆریشەوە هەر باس ناکرێت کە حاڵ و ئەحواڵیان لە کوێدا ئەگوزەرێت کە چەندە هەژارن لە باری میتۆدییەوە ، چەندە بێ باکن لە ئاستی میتۆدو قۆناغە هزرییەکانی ناو میتۆدی سۆسیالیزم . هەموو هەڵوێستەکانیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن. فەرهەنگەکەیان فەرهەنگی بێ زانستن...... فەرهەنگی داتاشراوی ئەندێشەی ئەندێش مەندێکی بیرکۆڵ و ووردە بۆرژوازیە . بەشێک لە چەپی جیهان کاریگەری جەنگی ساردو جەنگی ئاسمانی یان  جەنگی ئەستێرەکان دەبوونەوە ئەوەی کە هەموو هیواو ئاواتەکانیانی پێوە ببەستنەوە . ئاکامی خراپی لە سەر بیرکردنەوەیان دادەناو لێکدانەوەی جۆر بە جۆریان لەسەر دەکرا کە گوایە بردنەوەی لە ئاسماندا ئەتوانرێت بردنەوە بێت لەسەر زەمین و سۆسیالیزمی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی دابمەزرێنێت . ئەمانە هەر هەموویان کارکردی خراپی کلک بوونی چەپە بە سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانەوە . هەروەها گومان لەوە ناکرێت کە بەشێکیان بەرژەوەندییان تیایدا هەبوو، بەشەکەی تریشیان بیرکۆڵ بوون .

بەشی دووەم
{یەکێتی سۆڤێت و هەلومەرجی هەڵوەشانەوە}
بێ گومان لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دامەزراندنی دەوڵەتی شوراکانی ڕووسیا ، ئەو قۆناغە ئەوەی سەلماند کە کرێکاران ئەتوانن دیکتاتۆریەتی خۆیان دابمەزرێنن ئەگەر بتوانن بە باشی و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لە گەڵدا بکەن . بەڵام ئەم دیکتاتۆریەتە نەیتوانی ئەرکە مێژووییەکانی خۆی جێبەجێ بکات . ئەمانەو چەندین هۆکاری تری ناو پەیوەندی یە کۆمەڵایەتی و ئابووری یە دامەزراوەکانییان ، نەیان ئەتوانی تێپەڕی بارێکی سیاسی ناهەمواری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە دامەزراوەکانییان. نەیان ئەتوانی تێ پەڕی بارێکی سیاسی نا هەمواری ئەو پەیوەندییە سەرمایەدارییە بکەن، بە جۆرێکی تر پرۆسیسی ژیانی خۆی دەکرد کە شیاوو دەقاو دەق لەگەڵ سۆسیالیزمدا نا جۆر جیاواز بوون ئەو دەورانە .
لە لای زۆری لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسۆنەکان ، کە ناوی خۆیان بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست لە قەڵەم ئەدا، ئەو بارانەیان لە لا بە دۆزینەوەی کنزێکی ( گەوهەرێکی ) بە نرخ لە قەڵەم ئەدا . واتە هەموو ئەمانە بوو بوونە ئەو سەرچاوەیەیەی کە (مرجع)یان لەو دەوڵەتەوە سەرچاوەی دەگرت ، کە مۆدێلێکی تازەی هێنا بووە ناو گەمەی سیاسی و ئابووری و سیاسەتی سەرمایەداری جیهانی یەوە . واتە لە لای بەشێک لەم ئۆپۆزیسیۆنە داکۆکی لێ دەکراو بەشێکی تریش بە جۆرێکی تر دژایەتی دەکرد ، نەشیان ئەتوانی لە چوارچێوەی سیستەمی بیر کردنەوەی ووردە بۆرژوازی تێپەڕ بکەن . چونکە ئەم مەنهەجانە (میتۆد) لەسەر ئاستی دنیادا ، مەنهەجێکی (میتۆدی) داهێنەرانە نەبوون بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکار، سیستەمی بیرکردنەوەی دۆزەرەوەی ڕێگا چارەکانی تێپەڕاندن نەبوون لەو هەلومەرجە ناهەموارانەی کە دەکەوتنە دوای دیفاع کردن (بەرگریکردن) لە مۆدێلێکی تری سەرمایەداری .

ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندی خۆیان گرێ دابوو بە یەکێتی سۆڤێتەوە هەتا باران بارینی مۆسکۆ کاریگەری لەسەر ئەوە دادەنا لە لای ئەمان چەتر هەڵ بدەن لە ڕۆژانی دەرکەوتنی تیشکی ڕۆژیشدا ، یان جلو بەرگی سیبریا لەبەربکەن . یان بە بەرهەم هێنانێکی تری چەکە سەربازییەکانییان شاگەشکەو شایی و لۆغانی بۆ بکەن . کە گوایە سەرچاوەی میتۆد و ڕابەرایەتی چینایەتی چینی کرێکار لەو دەزگا دەوڵەتیە سەرمایەدارییەدا پێکهاتی خۆی توند و تۆڵ ڕاگرتووە .

ئەو حیزبانەی کە مەرجەعیان سۆڤێتی جاران بوو …. دەرس (وانە) خوێندنیان لەو دەزگایانەی ئەواندا بە سەرچاوەی یارمەتی و کۆمەکی مەعنەوی و تیۆری بەیان کراوە . کە ئەشێت لەم دەزگایانەدا بێجگە لە فێرکردنێکی ووردەبۆرژوازییانەی لێکۆلەرەوەکان ، هیچ مەنهەجێکی مارکسیستی زانستی بەیان نەکرا بێت یان ئەو خەڕەکەی کە ئیشی دەکرد لە سەر بیروبۆچونی ڕزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابووری نیشتمانی و گەلێکی بەختیارو زۆر بابەتی تری لەو تووڕەهاتانە ، ئەو قوتابخانەیە هیچ وانەیەکی تریان تیا نەئەووترایەوە . ئەمانە کاریگەریان لەسەر یەک بە یەکی ئەو لایانانە هەبووە کە پەیوەندی تووندو تۆڵیان لەگەڵ ئەو مەنهەجەدا بەستبوو . واتە کاریگەریەکە لەسەر ئاستی جیهان هەبووە نەوەکو تەنها یەک شوێنی جیا جیای گرتبێتەوە . لە لای ئێمە دەورانی ڕابردوو ئەم کاریگەریانە هەبوون و ئێستاش ئاسەواری کاریگەرییەکانی بەسەر جەستەی فکری ڕەهەندێک لە لای ئێمە بە جێ هێشتووەو خاڵی خاڵ کوتراوی ئەو خاڵانە ئێستاش لەسەر لاشەیان شین دەکاتەوە . لە لایەکی ترەوە ڕەهەندەکانی تری جیاواز بەم مەیل و بۆچوونە لە هەوڵەکانیاندا ئەوەندە سەرکەوتوو نەبوون توانیبێتیان جیاوازییەکی دیارو کاریگەر بۆ هەموو بزووتنەوەکە هەبوو بێت . واتە خاڵی تێپەڕاندنی ئەمان خاڵی جیاوازی ڕیشەیی بۆ دروست نەکردبوون ، بەڵکو تەنها دروست کردنی چوار چێوەیەک بووە بە کۆمەڵێک هەڵوێستی زۆر لاوەکی و بێ کاریگەر، هەوڵەکانی خۆیان بە کاریگەر ڕەچاو کردووە و چواندووە .

بە بڕوای من ئەبێت هەوڵەکان لە جیاوازی بنەڕەتیدا خۆی ببینێتەوە و خوێندنەوەیەکی دیالێکتیکییانەی مارکسیستیانە بۆ هەل و مەرجەکانی گوزەراندنی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بزووتنەوەی کرێکاری و اجتهاد کردنێکی زانستییانەی دەوێت کە بتوانێت لە ناوەڕۆکی ماکسیزم و بنەرەتی جیاوازییەکەی خۆی بگات ، لەگەڵ ڕەهەندی جیاجیای دەوروپشت و وە هەروەها خوێندنەوە بۆ واقعی عەینی واقعەکەی خۆی بکات . ئەمانە ئەتوانن کاریگەری ئەو ژوورنالیزمە جیهانیە لەسەر بەهای ڕەهەندی خۆی کەم ڕەنگ بکاتەوە . واتە ئەو هێرشەی کە بە هۆی داڕوخانی سۆڤیەتەوە دەکرایە سەر بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەسەر ئاستی جیهاندا ، هەر هەمووی پێویستی بە وەڵامی تیۆری و سیاسی و فکری خۆی هەبووە . کە هەتا ئێستا ئەو وەڵامانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری ئەو داروخانە لەسەر ژهنی ئینسان لابەرێت . بێ گومان ئەمانەش پێویستیان بە بەحپ و پلیمیک هەبوو کە نەکراوون لەو ئان و ساتانەدا یان کە کراون بێ کاریگەر بوون لەسەر ژهنی ئینسانەکان (مرۆڤەکان) . واتە بۆ داڕوخانی مۆدێلێکی تری سەرمایەداری ، بوون بە هۆی هێرشێکی گەورە بۆ سەر کۆمۆنیزم بە دروست بوونی حیزب وەڵام نەئەدرایەوە ، کە حیزب نەتوانێت ئەرک و مەهامەکانی خۆی وەک حیزبی چینی کرێکار جێبە جێ بکات . تەنها دروست کردن ناتوانێت کاری جێبەجێ کەری ئەو هەلومەرجانە لە ڕەوینەوەی کاریگەری میدیاکانی جیهاندا بێت لەسەر ژهنی ئینسانەکان .

بە هەر حاڵ حیزب تەنها بە گۆڕانی تیۆری و جۆری ڕێکخستنەکەی و هەوڵی ستراتیژو جۆری ستراتیژەکەی دەتواتێت ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێت ، کە بێگومان جۆرەکانیان بە پێی دیالێکتێک جیاوازن . بۆ ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤیەت من ناچمە قوڵای باسەکەوە ، چونکە جێگایەکی تر دەخوازێت کە باسی لێوە بکرێت . بەڵام بە هەر حاڵ دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە بۆ لاچوونی کاریگەرییەکانی ئەو داڕووخانە و لاچوونی ئەو فریاد ڕەسەو ئەو ئاواتەی کە هەندێک لە لایەنە جیهانییەکانی بزووتنەوە جیا جیاکان خەونیان پێوە دەبیبێ ، ئەمڕۆکە بووەتە مۆتەکەو لە دەست چوونی ئاواتەکانیان ، یان هەر بێژانێک کە دێتەوە سەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزم ئەوان وەڵامت دەدەنەوە کە کۆتایی یەکجارەکی ئەو سیستەمە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە . بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆتایی پێهات ، یان کۆتایی مێژووە !؟ بەڵام نەیان دەزانی یان دەیانویست لەو ڕێگەیەوە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بخەنە ژێرکاریگەری لێکدانەوەکانی خۆیانەوە ، چونکە ئەم مۆدێلە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە سەر بنەڕەتی کاری بە کرێ و سەرمایە جێگیر بووە .

هەروەها ناتوانێت تەنها لە شکڵدا نەبێت بانگەواز بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بکات . هەتا ئێستا کاریگەری ئەو شکستە بە شێوەیەکی زانستی بەیان نەکراوە . هەروەها چەپ لە جێگەو ڕێگەی لە پەرلەمانتاریستیدا و یان پیادەکردن و نەگونجاندن لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەی سەرمایەداریدا . ئیتر لە دوای ئەو حەرەکەتەوە بەهای بوونی چەپ وەک خۆی لە دەستی داوە . لێرەوە دەردەکەوێت کە چەپ بەوە دەناسرێتەوە کە تێکەڵ بە بۆرژوازییە و ناتوانێت جێگەو ڕێگەی خۆی بۆ ناو چینی کرێکار ئاڵوگۆڕ پێ بکات . هەر لێرەوە و لە بەرامبەر ئەو بزووتنەوانەدا ئێمە مارکسیست بوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری بە گرنگ و بە بەها دەزانین و هەروەها شیاو ترو گونجاو ترە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئەزمەیە لە سەردەمی ئێستادا ، بۆیە دەبێت چەپ بوون لە حیساباتی ( هەژماری) بۆرژوازیدا جێگایان بۆ بکەینەوە ، نەوەکو پەیوەندی داری بکەین بە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی چینی کرێکارەوە . خودی چەپ نەیان توانیوە دەربچن لە چەپ بوونیان و مارکسیستێکی زانستی و واقعی سەردەمەکەی خۆیان بن و کاریگەری ئەو ڕووداوانە لەسەر ژهنی هاوکارو هاوخەبات جەماوەرێکی بەرینی چینی کرێکار لابەرن . ئەوەندەی خەریک بوون بە کاری ڕیفۆرمی ڕۆژانەوە ، ئەوەندە بە ڕۆشن کردنەوەی ژهنی ئینسانەکانەوە تێکەڵ نەدەبوون . هەر بەحپێک کە دەردەچێت ناتوانێت قۆناغی ناهەموواری ئەو کاریگەریانە لەسەر شانی چینی کرێکار بە دروستی هەست پێ بکات . ئەزانێت کە بارێکی گران هەیە بەڵام نازانێت گرانی و چەقی قورساییەکەی لە کوێدایەو چۆن ئەتوانێت ئەو هێزی نوێڵە بە جووڵە بەکار بهێنێت . بە بڕوای من کۆمۆنیزمی زانستی چەندە پەیوەندی بە واقعی پێکهاتووی ئەو پەیوەندیەوە هەیە ، ئەوەندەش پەیوەندی بە ژهن ڕۆشنی ئینسانەکانەوە هەیە . ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە زیاتر ئاکامی شکستەکانی ئەم ڕەهەندە لە دوای جەنگی کەنەداوەوە بەرجەستە و واقع بووە . هەرچەندە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ پێشووتر ، کە نەتوانراوە لەسەر ئاستی جیهاندا هێزێکی بەرینی هۆشیاری چینایەتی چینی کرێکار پەروەردە و ئامادە بکرێت ، کە گرفتیان نەبێت لە هەلومەرجی داڕوخانی ئەو سیستەمە لە سەرمایەداری . وە مەسەلەی (پرسی) بزووتنەوەی ناو پەرلەمانتاریزم لە لای هەندێک ڕەهەندەی هزری بوو بوونە ئەلتەرناتیڤی ئەزمەکە و دەیان کردە خاڵی دەرچوونیان ، کە ڕەهەندی سۆڤێتاتیش ئەتوانێت بە بەشێک لەو پەرلەمانتاریزمە دابنرێت .

ئەم کاریگەریانە نەیان ئەتوانی کوردستانیش نەگرنەوە ، بەڵکو ئەوانیش بەشێک لەو گشتە لە جیهاندا بوون کە ئەم کاریگەریەیان لەسەر هەبووە ، چونکە کاریگەریەکە زیاتر لەو ناوچانەدا ڕوویاندا کە نزیک بوون ، بێجگە لەوەی کە دووریش بووایە هەروەک ئێستا دەبوو ، لەبەرئەوەی هەر ئەو کاریگەرییە نزیکەی لای ئێمەیە کە کاریگەری لەسەر جیهان هەیە ، لەبەر ئەوەی تێکستەکان لەسەر ئاستی جیهاندا شکست خواردووە . هەروەها لەسەر ئاستی جیهاندا ڕەهەندێکی زانستی بۆ لێکدانەوەی ئەم شکستە ڕێچکەی نەگرتبوو و نەگرتووە ، تا بتوانێت لە لای ئێمەش ئەم ڕەهەندە هەبێت .
ئەوەندەی پاشکۆیەتی چەپی ووردەبۆرژوازی بۆ سیاسەتی بۆرژوازی لە لای ئێمە و لە جیهاندا هەیە ، ئەوەندەش بۆرژوازی بوونی چەپ بەرجەستەیە ، بەو مانایانە نییە کە لە شوێنە جیا جیاکاندا وەک یەک و لە یەک ئاستدا کاریگەرییەکان وەک یەکە ، ئەمەش یەک لایەنی نیسبی هەیە لە ناوچە جیا جیاکانی جیهاندا . بێجگە لەوەی کە هەلومەرجی ناهەمواری ئابووری و دروست بوونەوەی کۆمەڵێک خڵتەو خاڵ و کۆمەڵێک ڕەهەندی کۆنە پارێزی کۆمەڵ و ڕەهەندی ناسیۆنالیستی دواکەوتوو ، هەروەها بێ وەڵامی ڕەهەندی چەپ لە بەرامبەریاندا . چونکە هەموو گفتوگۆیەک ناتوانێت ئامانجی زانستی لێوە سەرچاوە بگرێت یان دروست ببێت . کە ئەمە قۆناغێکی زۆر گرنگ و بەشێکە لەو هەلومەرجەی کە بۆ وەڵام دانەوەی ڕەهەندی ژورنالیزمی جیهانی و هێرشەکانی بۆ سەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم قۆناغێکی جیا نەکراوەیە . لێرەدا هەتا ئێستا میتۆدێکی زانستی و سەربەست نی یە . کە توانیبێتی لەو دیاردانە بە ووردی بکۆڵێتەوە ، ئەوەشی هەیە نەیتوانیوە زانستی بێت …. و نەی توانیوە لە خۆ پارێزی ووردە بۆرژوازی دەربچێت.. ئەم هەلومەرجانە بێ ئامانجی داوە بە ڕەهەندی فکری سیاسی و کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی چەپ لەم ناوچانەو لە جیهاندا . کە ئەویش داپۆشراوی سەر کاریگەری ئەزمەی سیاسی و کۆمەڵایەتی چەپ خۆیەتی . ئەو کلک بوونەی چەپی ئێرە بۆ چەپی ووردە بۆرژوازی ئێران و ڕەوتی ناسیونالیستی چەکدار و چەکداری ، کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەجێ هێشتوون ، کە تا ئاستی گەوجبوون گەوجی کردوون . هەروەها بێ ئیرادەیی لە نێوەندیاندا بووەتە بەشێک لە هەڵسوڕانی سیاسییان کە تەنها بە بەرز کردنەوەی دەماری مل و بێ ووشەی شۆڕشگێڕی و بێ ئەوەی بتوانێت ئەلفێک بخاتە سەر ڕستەی لەوەو پێشی وەرگیراویان ، دەماری ملیانی بۆ فەلەت کردوو .
کەواتە لەم بەشەیاندا هەتا وەکو چەپ لە هەموو ئەو کاریگەریانە ئاگادارو ووریانە بێت و لە ژێر کاریگەریان دەرنەچێت ، ناتوانێت کارێک بۆ ئێستاو ئایندەی کۆمۆنیزم جێبە جێ بکات لە ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا .

بەشی سێیەم

داڕوخانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی

داڕوخانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی هەر سیستەمێک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە توانای بەرهەم هێنان تیایدا دەبێت بە سفر یان نزیک بە سفر دەبێتەوە . ئەویش لە ڕێگەی بەرهەم هێنانی بەرهەمێکی زۆر و زەبەندی کاڵاییەوە کە لە بازاڕدا زۆرییەکەی بە پێی داواکردن نییە ، واتە ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان پێشاندان یا خستنەڕو و خواست یا داواکردندا هەیە ، پەیوەندییەکەی بە پێی زۆری بەرهەم هێنان داواکردن لەسەریان کەم دەبێتەوە ، یان کاتێک کە کارگەکان لە کار دەکەون لەو ڕێگەیەی پێشووترەوە ، توانای کڕینی کاڵایی توانایەکی لاوازو سست دەبێت بۆ ئینسانی بەکاربەری کاڵاکان . لە لایەکی ترەوە بێ توانایی گەشەی ئاستی بەرهەم هێنان ، بە جۆرێکی تر دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرهەم هاتوویەکی زۆری جیهانی یەوەو هەمان کاری پێشوو لە پەیوەندی یەکانیاندا ڕوو دەداتەوە . واتە کاری بەرهەمهێن بە پێی پلانێک ئەکەوێتە کەنارەوە ، یان هەر هەموویان بەرهەم هێنان تیایدا سفر دەبێت . بۆ داڕوخانی ژێرخانی ئابووری هەر چوارچێوەیەک ، بەهای بازرگانی کەم تا زۆرێک ئەبێتە سەرچاوەی داهات و کۆکردنەوەی قازانجی زیاتر. واتە دەرەوەی ناوچەی ئەزمەگرتوو کاڵای بەرهەم هاتووی ناوچەیەکی ترو گوێزانەوەی و کۆنترۆڵ کردنی بەرهەم هێنانی ناوچەی ئەزمە گرتووی بەرامبەر دەکات و دەبێتە مایەی بێ کارکردن و لە توانای کڕینی ئینسان کەم دەکاتەوە . هەروەها لە ئاستی هەموو جیهانیشدا ، بەشێوەیەکی فراوانتر و کاریگەر تر فشار دەخاتە سەر بژێوی مرۆڤ . کەواتە ئەزمە لە چوار چێوەی ململانێکانی سەرمایەداران و توانای بەرهەم هێناندا بەرجەستە و واقع دەبێت .
ئەزمە حەتمەیەتی مانەوەی پەیوەندییە چینایەتییەکان دەکاتە کەناری پەیوەندییەکانی خۆیەوە ، واتە ئەزمە واقعی پەیوەندییە چینایەتییەکانەو لەهەمانکاتدا دەرخەری لەناوچوونی پەیوەندییە چینایەتییەکانیشە . بەو مانایە نا کە ئەزمە ئەتوانێت لە ساتەوەختی خۆیدا پەیوەندییە چینایەتییەکان لە ناو ببات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە تەواوی تووندو تیژی دەکاتەوە .
لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە سیستەمێک ژیانی لەگەڵ ئەزمەدا ئاوێزان بێت ، لەبەرئەوەی سیستەمی سەرمایەداری ، لەگەڵ نەخۆشی درێژخایەنی ئەزمە دەرگیرە و دەژی ، دەبێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت ، ئینسان لە دواتریدا یان لە ساتە وەختی ئەزمەدا هەوڵی لە پێناوی لە ناوبردنی ئەو پەیوەندییە چینایەتیە دایە . یان دەیەوێت ئەزمەکان نەمێنن و کاریگەریان لەسەر ژیانی ملوێنەها ئینسان بێ بەها بێت . کەواتە سیستەمێک ژیانی هەموو ئەزمە بێت ئەوا ئینسان هەوڵی لە پێناوی ئەوەدا دەبێت کە بتوانێت ژیانێک بە سەر بەرێت کە کاریگەرییەکان و بێ مافییەکانی ژیانیان لەسەر خۆیان لابەرن . ئەزمە بووەتە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری واتە ئەزمە بە مانای سەرمایە داری دێت و سەرمایەداریش ئەزمە ناوەڕۆکی دەبێت . واتە حەتمەیەتی مێژوویی بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم پەیوەندی بە کۆمەڵگای چینایەتی ئێستاوە هەیە ، کە ئەو حەتمیەتە دەبێتە ناوەڕۆکی جوڵانێکی ماددی و دیالێکتێکی مێژوویی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئابووریەکان . بەڵام لە لای ئێمە ئەزمە سەرچاوەکەی بە هەمان سەرچاوەوە بەندە کە لە سیستەمێکی پان و بەرینی سەرمایەداریدا ژیانی بەند بووە بە ژیانی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییەوە .

بێجگە لەوەی کە لە پێش جەنگی کەنەداودا سەرتاپای بەرهەم هێنانی سەرمایەداری ڕوو لە ئەزمەیەکی بێ سنوور بوو بوو، چونکە بەرهەم هێنانی کاڵایی لە ڕێگەی تەکنۆلۆجیاوە بەهای کاڵایی دابوو بە هەموو شتەکان و کاڵایەکی بێ شووماری لە بەرهەم هێناندا بەرهەم هێنا بوو . واتە ڕەهەندی گەمارۆی ئابووری ئیمپریالیستی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و کرێکاران لە عێراقدا ، چڕ بوونەوەی ئەزمەی سەرمایەداری جیهانییە لەو ناوچەیەدا . هەروەها پەیوەندی بەوەشەوە هەیە کە چەکێکی تووندو تۆڵی سەرمایەدارییە ، یان چەکێکی کاریگەرترە لە چەکە کۆکوژەکانی وەک چەکی بایەلۆژی و ئەتۆمی و چەکی هایدرۆجینی کە دەتوانێت پاوانی ناوچەی بەرهەم هێنەری ووڵاتانی تر بکات . یان سەرەڕۆییەکانی سەرمایەداری لە ژێر ڕکێفی هەمان سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی بخاتە چوارچێوەیەکەوە کە خودی ئەزمە لەسەر خۆی کەم ڕەنگ و بێ بەها بکاتەوە .

واتە لە لایەک ڕەوینەوەی ئەزمە لەسەرخۆی و لە لایەکی تریش پاوان کردنی هەمان سیستەم بۆ خۆی و ئایندەی هەمان سیستەم ، گوێ ڕایەڵ کردنی ئەو چوارچێوەیەیە بۆ سیاسەتی مۆنۆپۆڵی خۆی . لە لایەکی تریش پیشاندانی هەمان ئەو کاریگەریانە لەسەر چینی کرێکار کە دەست نەدەنە هیچ شۆڕش و جوولانەوەیەک ، ئەگینا ژیان لە ژێر کاریگەری گەمارۆی ئابووریدا ژیانێکی مەترسیدارو خنکێنەری بەرەبەرەی پەیوەندیەکان و ژیانی چینەیە . بێجگە لەوەی کە هەر لایەک ڕابەرایەتی ئەو سیاسەتەی کرد ، ئەوا ئەتوانێت ئەوە پیشانی ئەو سیستەمە بدات ، کە سیاسەت و مەنهەجی ئابووری بە پێی پلان و سیاسەتەکانی خۆی دەبرێت بە ڕێوە . هەر وەک ئەوەی کە ئەمریکا بەسەر (UN) و (مجلس أمن) دا سیاسەتی میلتارێتی و ئابووری خۆی لە چوارچێوەی بڕیارنامەکانی خۆیدا سنووردار دەکاتەوە ، ئەو دەیەوێت خۆی بەرهەمهێن و ئەوانی تر بەکاربەر (مستهلک) بن ، واتە دەیەویت شوێنە جیاجیاکانی جیهان ، شوێنی جیاجیای بازاڕی کاڵاکانی ئەو بێت ، زۆرترین وەبەرهێنانی تیادا بکات . ئەم سیاسەتە ناتوانێت لەسەر حسابی گۆشت و ئیسقانی خەڵکی تر پارێزگاری لە کەسانی تر بکات . کەواتە ئەوەی لە عێراقدا ڕووی داوە بە پێی پلانێک ، بۆ پارێزگاری لە کەمێک لە ئینسانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر ئینسان دەخاتە ژێر کایگەری و ڕەحمی چەکە پێشکەوتووەکان و تەقینەوە گەورەکانییەوە .

واتە ئەوەش لە پێناو فراوان بوونی هاوپەیمانێتیەکەیدا لە ئەوروپا هەمان سیاسەتی تۆقێنەرانەی داسەپاند بوو بەسەر صربیادا، کە ئەتوانێت بڵێین لێرەدا لە پێناوی ئایندەیەکی بێ ئەزمەی خۆیدا ئەیەوێت ئەو کارە جێ بە جێ بکات . ئەمەش مەحاڵە ، چونکە ناتوانیت ئەزمە و دەرگیریەکانی بۆ هەتا هەتایە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و لەناوببات ، واتە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا یان سەرمایەداری جیهانی ڕوو بە ڕووی ئەزمە بوو بوونەوە ، زۆر بە شێوەیەکی سیستماتیک ، ئەو ئەزمەیان ، گوێزایانەوە بۆ ناو عێراق ، ئەمە ناکاتە ئەوەی کە لە دەورانی پێشووتردا ، عێراق ڕووبەڕووی ئەزمە نەبوو بووە ، بەڵکو بە پێچەوانە عێراق سەرتاپای دەرگیری ئەزمە بوو بوو .

بەڵام لێرەدا دەمانەوێت گەمارۆی ئابووری بەچی لێکبدەینەوە ؟ بێ گومان دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت کە سیاسەتی گەمارۆی ئابووری چ ئامانجێکی هەیەو دەیەوێت لە پلانی خۆیدا چ هەڵبگرێت ؟! ئەوە ڕۆشنە کە ئەو سیاسەتە دەیەوێت ناوچەیەک بکات بە نفوسێکی بەکاربەر(مستهلک) ، بۆ ئەوەی لەئەنجامدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەم هێنانی خۆی بەردەوامیان هەبێت . ئەم سیاسەتە هەتا وەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر ئەو لایەن و بزووتنەوانە هەیە ، کە نەیان توانیوە ئامانجی ئەم سیاسەتە لە بۆچوونەکانی خۆیاندا هەڵ بهێنجێنن ، واتە سیاسەتە کە کاریگەری خراپی داناوە لەسەر بیرو کردەوەکانیان و دەربڕینەکان ، کە بێ گومان لایەنی چەپ زۆر گێلانەو ساوێلکە ئاسا شانی خۆیان لەوە خاڵی کردووەتەوە کە لێکدانەوە لەسەر ئەم ئاستانە بکەن و بتوانن ئەو ئامانجەی کە ئەم سیاسەتە هەیەتی ڕوون بکەنەوە .
کەواتە بەشێکی ئەزمەی چەپ ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی چەپ ناتوانێت خۆی لە ناو ئەو کایەدا بدۆزێتەوە ، کە ئەویشی هەڵپێچی سیاسەتەکانی خۆی کردووە . واتە دەبێت تۆ لێکدانەوەیەکی تیۆری زانستی بۆ هەموو ڕووداوەکان بکەیت و دواتریش ڕێگا چارەی دەرچوون هەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتێک کە ئیمپریالیزمی جیهانی دەیەوێت جێ بە جێ بکات . بەم پێیە بزانێت ئەرکی ئێستا لەسەر شانی چییە و دەبێت چ کارێک لە خولگەی ئامانجەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بخوولێتەوە . دەبێت ئەوەندە ڕۆشنیت لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ئەم کاریگەریانە هەبێت کە بتوانێت دەوورو پشت بە ئاگا بهێنێتەوە . بە ڕاستی بەیان نامەیەک یان شیعارێک (پلاکارتان) ناتوانێت ئەم ئەرکە جێبە جێ بکات ، بێجگە لەوانەی کە هەمووکارەکانی خۆیان لە چوارچێوەی بۆنەکان و بەیان نامەیەکدا کۆتایی پێدەهێنن . هەتا ئێستا لە ناوەندی چەپی ووردە بۆرژوازیدا کارێک بۆ ئەوە نەکراوە کە بحپێکی تێرو تەسەل لەسەر بەهای کاریگەرییەکانی گەمارۆ و ئەزمە لەسەر بزووتنەوەکەو چینی کرێکار بڕەوێنێتەوە …… واتە کارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕۆژنامەی خەبەری و بەیان نامەدا جێبەجێ کراوە ، کە ڕەهەندی ئەو ڕەهەندە لە کاریگەرییەکانی بۆرژوازی و ئەزمەی بۆرژوازی دەربچێت . واتە ڕەنگدانەوەی ئەزمەی سەرمایەداری لەسەر چەپ ، دەڵێیت وەک ڕەنگدانەوەیەکە کە لازم و مەلزوومی یەکتری بن . کەواتە ناکرێت ڕەهەندەکانی بۆرژوازی تۆش لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ بکات . بەڵام ئەمە لە لای چەپ بەو شێوەیەیە کە لە پێشەوە باسم کردن .

هەتا ئێستاش پلانێک لەناو چەپدا نییە ، بۆ دەرچوون لە چوار چێوەی ئەو ئەزمەیەی کە ئەزمەی سەرمایەداری کاریگەری دانەوە لە سەریان . دەرچوون لە ئەزمە میپاق و وحدە عمل و هاوکاری ناتوانێت وەڵامیان پێ بداتەوە ، بەڵکو جیهان بینی چەپ ، کاتێک ئەتوانێت جیهان بینیەکی زانستی بوو وەڵام بە ڕەوینەوەی ئەزمە بداتەوە . بۆ خۆم بە هیچ جۆرێک بڕوام بە هزرو ووتەزای (چەپ) نییە ، چونکە چەپ بەو مانایە دێتە پێش چاوم و دەگرێتەوە ، بە مێژووی لەوەو پێشەوەی چەپی هێگلی دەبینم . بەڵام لە ئێستاشدا چەپ هەر بەو جۆرە پڕاوپڕی دەزگای ئیعلامییەکانی چەپە . چونکە هەتا ئێستاش لە خەوشی هێگڵییەت و بە هەڵگەڕاوەیی دیالێکتێک بینین ، دەربازیان نەبووە و بەشێک لەو میتۆدە سەرچاوەی بیرکردنەوەیانە .

هەتا چەپ نەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەک کە مارکسیزم چوارچێوەی بیرکردنەوەو میتۆدی هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنەکانی بێت ، بێگومان چەپ هەر بە بەردەوامی دەرگیری ئەزمە دەبێت . ئەوان دەیانەوێت بە سیاسەتێک کار بکەن کە سەرو بەر ئاوێزانی سیاسەت و سیستەمی بیر کردنەوەی ووردە بۆرژوازییەو درۆزنی لە لێکدانەوەکانیاندا و هەوا کردنە ناو پێستی قسەو باسەکانیان و ڕەچاو نەکردنی ئەزمەکانیان و بە چاک لێکدانەوەی هاوکارەکانیان کە لەوانەیە زۆر زۆر کەمیان لەو کارانە جێگای ڕەزامەندی بزووتنەوەیەکی کرێکاری بێت . دامەزراندنی ڕۆژنامەکان ناتوانێت هەوڵێک لەهەوڵەکانی دەرچوون لە ئەزمەی چەپ بێت ، بەڵکو لێکدانەوەکانی ئەو دیفاکتۆیە و پلانەکانیان لەو دیفاکتۆیەدا ، دەتوانێت ئەوەمان پیشان بدات ، کە ئەتوانن دەربچن لە هەموو ئەو ئەزمەیەی کە بەهۆی سەرمایەدارییەوە ڕەنگی داوەتەوە لە سەریان .
بە کورتی چەپ پاش کەوتەی ڕووداوەکانە . نەوەکو لێکدانەوەی ئەوان درکیان لەسەر ئەزمەی ئێستا نییە و وەک خۆی لێکبدەنەوە ، بەڵکو پەشوکانوونی ، شەتەکی داوون بەخۆیەوە . چەپ دڵی بەوە خۆشە ، بە ڕیفۆرمەکان دەتوانێت بزووتنەوەکەی خۆیان ببەنە پێشەوە ، واتە جووڵانێکی خود بە خودی بە هەمو شت دەزانن ، ناتوانن گەشە بکەن بەڵکو وەکو کوتاڵ ئەچنە ئاو .

گەواهی ئەو باسانەی ئێمە بەوەوە گرێ دەدەم ، کە بزووتنەوەی کۆنەپەرستی مەژهەبی بووەتە هێزێک ، کە خەریکە خودی هێزەکانی تری ناو ڕەهەندی ناسیۆنالیستی ئەخوات . ئەمانەش هەموو ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەریانەی کە پەیوەندی بە داروخانی سۆڤیتاتەوە هەبووە و ئەو ئەزمەیەی کە لە عێراقدا هەبووەو هەیە ، واتە جارێکی تر ئینسانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی کە ئامۆژگاری بە پێی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەکرد ، جێگای ئومێدی ڕزگار بوونیان بوون ئێستا بوونی نەماوە ، فریاد ڕەس لە بزووتنەوەی مەژهەبیدا دەبینرێتەوە ، ئیسلامی سیاسی بوونەتە ئەو فریاد ڕەسەی کە هیچ کاتێک فریاد ڕەس نابێت لەم دەردوو مەینەتیە . ئەوان بە پێی ئەوەی لە ناوچەیەکی وەک ئێرەدا ئەتوانن سۆز و هەستی ئینسان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بیان کەن بە هەواداری خۆیان ، بە هۆی ئەوەی کە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێمە ڕوویەکە لەو ڕووانەی کە تێکەڵ و پێکەڵە بە تیۆری مەزهەبەکان و لەگەڵیدا ئاوێزانە . ئەم ڕاستییە نامان کات بە دوژمن ، بەڵکو دەمان گەیەنێتە ئەوەی کە ئێمە دەبێت توێژینەوەو لێکدانەوەی ڕۆشنمان لەسەر هەمو لایەنەکان هەبێت ، چونکە لەگەڵ کۆلکە مەلایەکدا نابێت بکەوینە گفتووگۆیەکەوە ، بە سەرچاوەی گفتووگۆکانی فەلسەفەیەکی ماددی لە قەڵەم بدەین و بمانەوێت ئەو تارماییە لەسەر سەری چینی کرێکار لابەرین . بێجگە لەوەی ئەزمەکان بە بەردەوامی دەبنە پانتاییەک کە لایەنە کۆنەپارێزەکان ئامانجەکانی خۆیانی تیادا تاو دەدەن و دەیکەنە دەست کەلای گەشە کردنیان .

کەواتە ئامادەنەبوونی تێئوورییەکی مارکسیستی و کۆمۆنیستی زانستی ، ئەو هەوڵانەی ئیسلامی سیاسی بۆ ئامانج و سیاسەتی خۆی ئامانجدار کردووە . هەروەها زیندوو بوونەوەی ئەو ئیحساساتە لە جزائیریشدا ، گەشەی ڕەهەندی مژهبی تیایاندا دروست کردووە ، پێش هەموو شتێک پەیوەندی بە ئەزمەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەبووە . واتە ئەمانە ئەڵێن ئەوەی کە هەبووە فریاد ڕەس نییە ، بەڵکو ئێمە فریاد ڕەسین ئەویش لەو ڕێگەیەوە کە لە کاتی خۆیدا ئێمە لە جزیرەدا شۆڕشمان کردوو کۆتاییمان هێنا بە قۆناغێکی تری کۆمەڵایەتی و هەلومەرجێکی ترمان تیایدا جێگیر کرد . لە بنەڕەتیشدا لەو کاتەدا ، نەی توانیوە گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت ، بێجگە لەوەی کە زۆری پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا ، چوەتە ناوو شەریعەتێکەوە و ئیتر بە پیرۆز دانرا . من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر خاڵە ووردو درشتەکانی ئەو لایەنە ، بەو مانایە نا کە خۆ پارێزی بکەم بەڵکو ئەو مەسەلەیە جێگەیەکی تایبەتی دەوێت .

بە هەر حاڵ لێکدانەوەکان نەیان توانیوە ، جێگە بەو مەنهەجە کۆنە پارێزییە چۆڵ بکەن ، بەڵکو لە گەڵیاندا لە گەمەیەکی مناڵانەدا بوون . ئەمانە هەر هەموویان بەش بەشی ئەزمەکانی چەپن ، بەش بەشی بێ توانای یەکانی چەپن ، دەرچوونیشیان لێکدانەوەی دەوێت ، دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە ڕەهەندی هزری ئێستای چەپدا چ بکرێت بۆ ئەوەی کە ئەو ڕووەی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی تێ بپەڕێنن ! بتوانرێت هەڵسوڕان و تێڕوانین و لێکدانەوە و کارەکان بە شێوەیەکی جدی ترو هەمە لایەنە تر هێرش بکاتە سەر ئەزمەکەو قۆزا‌غەی ئەو ئەزمەیە نەبێت بە صدفی هەتا هەتای ڕەق و بەهێزی و گەرای ناوی نەپوکێتەوە بەبەردبوون ڕوونەدات . کەواتە دەبێت چەپ گەرای ناو قۆزاغەی خۆیان ببەنە سووڕێکی تری ژیان و تا دواین گەشەی خۆی ببەن . بەم پێیە چەپ ، دەبێت کاریگەری ئەزمەی ئابووری و هزری و سیاسیەکان لەسەرخۆیان لابەرن ، ژیانی خۆیان بە ئاڕاستەیەک تاوبدەن کە ئەزمەی ئابووری ئەم سیستەمە گەمەیان پێ نەکات و قوتیان نەدات .

بەشی چوارەم

میتۆدی لێکدانەوەکانی چەپ

بێ گومان هەموو بزووتنەوەیەک سیستەمی فکریەکەی خۆی ئاڕاستەی بزاوتنی دەست نیشان دەکات . هەروەها هەر سیستەمێکی فکریش بزووتنەوەیەکی دەبێت . بێ گومان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ، چەپی ووردەبۆرژوازی بزووتنەوەی دژیان بە ئاکاری هەمان سیاسەت و بەرژەوەندییە و تیایدا بەرژەوەندی ئەو دەستەیە دەست نیشان دەکات ، دەیەوێت بەشی پەیدا بکات لە سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتیدا . لە لایەکی ترەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی ، بەرامبەر دەسەڵات ، بە ئاڕاستە جیاواز لەگەڵ واقعدا و بە میتۆدیش جیاواز لەگەڵ دیالێکتێکی واقعی ئابووری سیاسی ئەم سیستەمەی ئێستا ، ئەمەشیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی چینێک دەبێت ، لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵێکی پان و بەرین ، یان بە شێوەیەکی تر بڵێین چینی پان و بەرینی چینی کرێکار ، ئاڕاستەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆی تاو دەدات .
بەکورتی هەموو بزووتنەوەیەک دەبێت سیستەمێکی فکری ڕێنوێنی کەری سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بێت . لەگەڵ ئەوەشدا بە سیستەمی هزرییەکەی بزووتنەوە پراکتیکییەکەی ئەدۆزرێتەوەو دەتوانرێت هەر لە هەمان ئاسۆوە دەست نیشانی ئامانجەکانی بکرێت . هەموو ئەمانە لە چەپدا بە شێوەیەکی سستماتیک نابینرێت ، یان ئەوەندەی پابەندی بزووتنەوە فکرییە ووردە بۆرژوازیەکانە ئەوەندە لەگەڵ بزووتنەوە و سیستەمی فکری مێژوویی و میتۆدی چینی کرێکاردا تێکەڵ و جووت نییە .
لەلایەک بزووتنەوەی هزری ووردەبۆرژوازی بە ناو نیشان کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوەندەی دووبارە کەرەوەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی پێشووتریانە ، ئەوانەی تری دەرەوەی ئەوانیش ، هەریەکەیان و بەجۆرێک و بە ئاکارێک و لۆجیکێکی ناسیونالیستی چەکداری و ووردەهیگڵیەت و هەندێکیشیان خۆیان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەبێت چی بکات ، لەلایەکی تر گروپێکی بێناونیشانی ئاڕاستە ئانارشیست دەردەکەون و بیردەکەنەوە ،ئەوەندە لەگەڵ سیستەمی بیرکردنەوەی تازەو زیندووی مارکسیزم ئاوێزان نیین . ناکرێت تۆ ناوی ڕۆبۆت بەریت و نەزانیت ڕۆبۆت چۆن لەگەڵ دیالێکتیکی مارکسیزم بەکار بهێنرێت . ئەمانە نەیان کردووەتە تازە بوونەوە بەڵکو جۆرێکی ترە و پەیوەندییەکی تووندو تۆڵییان لەگەڵ ڕیڤیژنیزمدا هەیە . بەو مانایەی کە سیاسەت و میتۆدەکانی برنیشتایین و بەشێکیش هیگلیەت و بەشێکی تر ئیکۆنۆمیزم و تا سنوورێک لەگەڵ ئانارشیزمدا تێکەڵ یەک بوون و میتۆدی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوانەی تریان پێک هێناوە ، بێجگە لەو جۆراوجۆریەی تری ڕیڤیژینیزم کە بەناوی مارکسیزمەوە ئەدوێت .

ئەم تێڕوانینانە ئەوەندەی بوونەتە دواکەوتن و ئەزمەی بزووتنەوەکە ، ئەوەندە نەیان توانیوە ئەزمەی چەپ بڕەوێننەوە . چونکە ئەم تێگەشتنانە لەگەڵ بحپ و پلمیکی ناو مارکسیزم نایەتەوە ، چارەسەری کێشەکانییان بە ڕێگەی بەیان نامەو پلاکارتان وەڵامی پێدەدەنەوە . لێرە ئەوەندەی ئەو ڕەهەندە پاشکۆیەتی بۆ ڕەهەندی چەپی ئەزمە گرتووی ئێران دەکات و کردویەتی ، ئەوەندە بیر ناکاتەوە ئەوەندە ئاوەزی بەکار ناهێنیت . بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە داڕێژراوە میتافیزیکیە کە بیرکردنەوەی دۆگمایانەو بێ گۆڕان ، پەیوەندی خۆی گرێ ئەدات بە هەلومەرجەکانەوە ، ئەوەندەی لەگەڵ دیدوتێڕوانینەکانی بۆرژوازیدا مامەڵە دەکات ئەوەندە ئەو درککردنەی تێناپەڕێنێت . بێ گومان هەموو ئەو بەهایانەی کە لە بەرنامەی دنیای باشتر و بەرنامەکانی تری حیزبە چەپەکانی تر و مینی بەرنامەکانیاندا هەیە هەر هەموو دەرخەری لایەنە خراپەکانی ناو بزووتنەوەی فکری و پراکتیکی ئەو بزووتنەوە ووردە بۆرژوازییە بە بەرد بووەیە . واتە ئەمانەیان بەشێک لەو چەپەیە کە تواناکانی خۆی تەنها بەوەوە دەست پێ دەکات کە تەنگوچەڵەمەکانی ئەو بزووتنەوانەو دیاردەکانی بەشێوەیەک دەکۆڵێتەوە لەگەڵ شێوەی سەرمایەداری ئەخاتە ژێر ڕەخنەیەکی شکڵییەوە . کەواتە میتۆدەکان دەبێت بە پێی پێویستی کاریگەری خۆی تا سەرمۆخ لەگەڵ دژەکانی خۆیدا بەکاربهێنێت یان کاریگەریان لەسەر دابنێت ، نەوەکو لە ڕووی دەرەوەی دیاردەیەکی شارەوەوە قسە بکات و بە ترۆپکی ڕەخنەشی بەهەند وەرگرتبێت .

واتە ئەو ڕەهەندەی هەر بە هەمان ناوەوە دەداتە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دەرەوەی حیزبەکەیەو ئیدعا و بانگەوازی پێکهێنانی حیزبێکی تر دەکات ، نەی توانیوە جیا بوونەوەکەیان جیابوونەوەیەکی دیالێکتێکی جیاوازی خۆی ڕابگەیەنێت . بەڵکو لەڕوی ڕوخساریەوە جیابوونەتەوە ، هەر وەک چۆن میتۆدەکەیان لەگەڵ ڕوکاری دەرەوە مامەڵە دەکات . واتە ئەوەی لە فەلسەفەی سۆسیالیستە خەیاڵییەکاندا هەبووبێت ، ئەو بەکارهێنانەی ئەوەندەی بە خەیاڵەوە بەندن ئەوەندە بە واقعەوە بەند نین . بێ گومان واقع بە پێی دیدو بڕواکان و هەڵسەنگاندنی ئێمە ئێستا واقعێکی حەقیاتی نییە بۆ پەیوەندیەکانی ژیانی ئینسان ، بەڵکو بە پێ ی تێڕوانینەکانی کۆمۆنیزمی زانستی واقعێکە دەبێت لەبنەڕەتەوە هەڵبووەشێتەوە ، نەوەکو ئارایشتی واقعەکەی بدرێتەوە . ئەوانەی کە لە پێشەوە باسم کردن میتۆدی بەشێکی چەپە کە بێ گومان جیاوازی و جیابوونەوەکانی لە ڕێگەی ئەزمەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە ، میتۆدی ئەم بزووتنەوە هزرییە ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە میتۆدی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری .

بەم پێیە بۆ هەموو تێپەڕاندنێکی ئەزمە ، پێویستە درکی ڕۆشنت لەسەر ئەزمە هەبێت و کاریگەریەکانی دەست نیشان بکریت و بتوانرێت لەو چوارچیوەیە دەربچن ، یان دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە دنیای ئەزمە گرتووی چەپ بە تێپەڕاندنی وەڵام بدرێتەوە . ئەوەش تەنها تێزەکانی کۆمۆنیزمی زانستی دەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . چونکە چەپ وەڵامی خۆیان وەرگرتووەتەوە ئەوان بە هەموو مانایەک پرۆژەیەکی بەرنامەیی یان کۆمەڵێکیان وەکو خۆیان دەڵێن مینی بەرنامەیان هەیە و دەردەکەن ، بە پرۆژەیەکی بەیاننامەیی هەمووی لە بنەڕەتەوە هەڵئەوەشێنێتەوە . کاتێک لە ئەزمەیەکدا پرۆژەیەک دەردەکرێت دەبێت ئەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت کە وەڵام بە ئەزمەکە بداتەوە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە وەک ئەو مێژووەی کە لە دەوورانی پێشووتری ئەم بزووتنەوەیەوە هەتاوەکو ئێستا ڕوویداوە .

کەواتە ئەم باڵەی ئەزمە گرتووی چەپ نەیتوانیوە وەڵام بە ناوەڕۆکو ڕووی ئەزمە گرتووی خۆی بداتەوە ، لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە بەشەکانی تردا باسم کردووە . ئەوەندەی کاریگەری ئەزمەی سەرمایەداری لەسەر ئەو ڕەهەندە هەبووە ئەوەندە ئەم ڕەهەندە نەیتوانیوە شیکردنەوە و لێکدانەوەی خۆی لەسەر ئاستی ڕەوینەوەی ئەو ئەزمەیە و تێپەڕاندنی لەناو ژهنی خۆیاندا بڕەوێنێتەوە و لەناوببات . واتە دەرچوونیش پێویستیان بەوە هەیە کە لە باسی میتۆدی ئەزمە گرتووی ئەم لایەنەی چەپ دەردەچێت و جیهان بینییەکەی جیاوازو مەحکەمتر لەسەر بناغەو بنەڕەتی مارکسیزم پێداگرێت و بوەستێت ، پێشکەوتنێکی میتۆدی بە خۆیەوە ببینێت .
ساختمانی ئەو بیرکردنەوانە دەبێت زانستییانە نەخشە ڕێژبکرێت ، تا بتوانێت تەلاری هزری و میتۆدی خۆی نەکەوێتە ژێر کاریگەری سروشتی ئەو کۆمەڵگایانەوە کە سیستەمە فکرییەکەی دەیەوێت یان هەوڵ دەدات بۆ لەناو بردنی هەموو بەهایەکی شۆڕشگێڕی . واتە ناکرێت تۆ دیالێکتێک بە میتافیزێک ناو زەند بکەیت ، یان میتافیزێکت بەیان کرد بێت و لە دیالێکتێکیدا جێگات بە بەرزو بەڕێز دابنێت و بەهەندی وەرگریت . دیالێکتێک لایەنێک و ڕوویەکی بیرکردنەوەی زۆر زۆر جیاوازە لەو بیرکردنەوە میتافیزیکانەی کە شتەکان بە نەگۆڕو وەستاو دەبینێتەوە ، یان دەیانەوێت نەفی گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی بکەنەوە ، یان نەبینینەوەی گۆڕانی چەندایەتی مێژوویی بۆ چۆنایەتی مێژوویی ، هەروەها بەپێچەوانەشەوە .

پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە ناهەمووارەی چەپی ئەزمە گرتوو ، دیالێکتێکی خۆمان لەناو ماتریالیزمی دیالێکتێکدا تاو بدەین و ماتریالیزمی مێژوویی خۆمان بە شێوە ڕاست و ڕەوانەکەی گۆڕانی قۆناغەکەی پێ بکەین . واتە کاتێک کە دیالێکتێک بوو بە بەهای لێکدانەوە ماددییەکان ، ئەوەی دۆزییەوە کە گۆڕانکاریەکان پێویستیان بە جارێکی تر داڕشتنەوەی ماددی گۆڕاو هەیە ، یان ماددەی گۆڕاو واتاو مانایەکی تری هەیە لەناو ماتریالیزمی دیالێکتیکدا . ئەویش بەو مانایایە نا کە ماددە خاسیەتی خۆی لە دەست دابێت لە ڕووی فیزیاوی و کیمیاوییەکەیەوە .

بەم پێیە ئەمە بۆ تازە بوونەوەو گۆڕانی هەلومەرجەکەی ، زیندوو ڕاگرتنی وەک دیالێکتێک پێویستە بەهای پەیوەندییەکان لە لامان ڕوون و ئاشکرا بێت ، ئەگینا بەسەر سەردا دەمانخاتە چاڵەوە . کەواتە هەموو بەها گۆڕاو و نەگۆڕاوەکان لە ڕێگەی نوێ بوونەوەو گۆڕانە بەردەوامەکانی سیستەمی هزری ماتریالیزمی دیالێکتیکەوە دەدۆزرێتەوە . یان دیالۆگی ناو ماتریالیزمی دیالێکتێک ئەتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات . ئەمانەش دەبنە سەرچاوەی فکرو میتۆد و بەرچاو ڕۆشنی ئەم سەردەمەی ئێمە ، ئیش کردن بۆ ئایندەیەکی تەواو گۆڕاو و پەی پێنەبراو لە لایەن دەورو بەرەوە ، هەر بەم پێیە ناتوانرێت پەی بە خودی میتۆدێکی لەو جۆرە ببڕێت ، ئەگەر وا نەکرێت ، ئەوا قۆناغ و ڕووەکەی هەر وەک ئێستای لێ دێت کە چەپ ئاوێزانی ئەزمەیەکی گەورەو قووڵ کردووە . هەروەها بێ وەڵامیشە لە بەرامبەریدا ، چونکە چوارچێوەی میتۆدەکەیان دەرناچیت لەو چوارچێوە ئەزماوییەی کە خودی چەپ هەڵیگرتووە .

ڕوکارێک لە ڕووەکانی تری چەپ ئەو لایەنانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە ، ئەوانیش بە هەمان شێوەی بێ دیسپلین و بێ میتۆد ، کاری خۆیان زۆر هەڕەمەکییانە دەست داوەتێ ، یان لە شیعاریاندا هەروەک کۆمۆنیزمی کرێکاریین و لە لێکدانەوەکانیاندا کە لێکدانەوە نین بە جۆرێکی تر خەڕەکی شکاویان خستووەتە گەڕ . واتە ئەمانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نەیان توانییووە بیر کردنەوەیەک کە بە جۆرێکی تەواو و کەماڵ جێگرتوو و جیاواز لەڕووی فکری و سیاسی خۆیان تاو بدەن . بەڵکو هەتا ئێستاش ناتوانرێت دەست نیشانی بەهای میتۆدی ئەمانەش بکرێت ، یان هەر هیچ نەبێت بحپێکی قووڵ و دروست وبەنرخیان هەبێت لەسەر دنیاو جیهان بینی ڕۆشنیان دەرخستبێت . هەندێک دەیانەوێت بە کلک بوونیان بۆ دەرەوەی مارکسیزم ، بنیادی فکری و میتۆدی خۆیان بەیان بکەن و یان بزووتنەوەیەکی جیاواز نیشان بدەن . ئەمەیان بە ڕاستی کارێکە هەروەک بیرکردنەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری وایە و لەبەرگیکی تردا ، کارێکە و هەوڵێکیانە کە ناتوانێت ئەو جیاوازییە دیالێکتێکییە نیشان بدات کە پێویستە پیشان بدرێت ، یان پێک بێت . ئەمانەش ناتوانن ئەزمە لە ئەستۆیان دەربهێنن و بە تاڵ کەنەوە ، یان ئەو ئەرکە جێ بە جێ بکەن . بەڵکوو بە پێی خۆیان بە تەواوی دەرگیرییەتی . تێپەڕاندن بەو شێوەیە نییە کە کلک بیت بۆ دیدو بۆچونەکانی دەرەوەی مارکسیزم ، بەڵکو بەو شێوەیە دەبێت کە بیرکردنەوەیەکی زانستی و دروست بدەیت بە دەستەوە بیخەیتە ڕوو بۆ کۆمەڵگا ، لەسەر ئاستی ئەزمەکە پلانی گونجاوت هەبێت ، ئاڕاستەی بیروبۆچونەکانیان لەسەر تیرەی بیری مارکسیزم داڕێژن و تاوبدەن ، ئەمەیان نەکردووە ، تا سەد دەرسەد دەریان بکات لە ئەزمەکەدا . کەواتە ئەوانیش هیوا پێوە گرێدانیان بێ سوودە ، یان ئەو ئاسۆیە ئاسۆیەکی تاڵ و ناخۆش دێنێتەوە بەردەم بزووتنەوەی چەپ . بەم پێیە یان سیستەمی فکریان نییە یان هەیە و ئاوێزانی ڕڤیژنیزمە ، یان ئەوەی کە جێبەجێ دەکرێت وەک یاریەکی مناڵانە دێتە پێش چاو . بە ڕاستی ناوەڕۆکی سیستەمە فکرییەکان زۆر زۆر گرنگن بۆ خاڵی جیا بوونەوەی بزووتنەوەکان . ئەم چەپە لە بەشێکیدا سیستەمی فکری هەیە ، ئەو سیستەمە خۆی لە خۆیدا گەرای ئەزمەی هەڵگرتووەو بە ئەزمەش ژیان ئەگوزەرێنێت ، بێگومان ژیانیشیان زۆر درێژ نابێت . ئەم چەپە ئەوەندەی لە مەرگەوە نزیکە ئەوەندە لە گەشەو ئاواتەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی زانستیەکانەوە نزیک نییە . بەم پێیە مەرگی ئەمان سیستەمی فکرییان دەست نیشانیان دەکات ، واتە سیستەمی فکری هەر بزووتنەوەیەک گرنگییەکەی بە ئاستی گرنگی بوونی ماتریالی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئابووری بزووتنەوەکە هەیە .

بەشی پێنجەم

ڕۆژنامە و ڕێکخراوەکان

ڕۆژنامەی هەر دەزگاو ناوەندێک بە ساختمانی ئەو ناوەندە دەست نیشان بکرێت هەڵەیەکی کوشندەیە ، ناتوانێت وەک بەشەکانی تری گۆڤار ئەو ڕۆڵە بگێڕن ، واتە ئەوەندەی ڕۆژنامەکان دەبنە ڕۆژنامەیەکی هەواڵنامەیی ئەوەندە ناتوانن بحپ و جدلی تیادا بکرێت . بەم پێیە هەرهەموو ئەو ڕووداو و کارانەی کە دەکرێت بە هەواڵی ڕۆژانەو تۆزێک لێکدانەوە لە گەڵیاندا ، ناتوانێت هۆشیاری بدات بە دەووروو پشت . بەڵام کاتێک گۆڤارێک پێکدێت بۆ ناوەندێکی سیاسی ، هزری ئەو گۆڤارە دەتوانێت هەوڵە فکری و میتۆدییەکانی خۆی بە گوێرەی توێژینەوەکانی دەزگایەک بۆ ڕۆشنبیرکردن دروست بکات . بەم پێیەش بەهێزی و لاوازی ئەو ناوەندەش بە پێی بێهێزی و بەهێزی لێکدانەوەکان دەردەکەون . لە ژیانی کاروچالاکیەکانی ڕێکخراو و حیزبیشدا لە پاڵ پراکتیکدا ، یەکێک لە پێویستییەکانی حیزب لایەنی تیۆرییە کە ئەتوانرێت لەوێوە جێگەوڕێگەی لە ناو چینەکاندا دەست نیشان بکرێت . واتە بە پێی پێویستییەکان دەتوانرێت لێکدانەوەی خۆتییان لەسەر بکەیت و خەروارێک لە تیۆری و لایەنی سیاسی و هزری خۆت بۆ جێگا جیاوازەکان بگوێزێتەوە ، یان فکر ڕۆشنی بدەیت بە چینەکەت و لە گەڵیدا ئاسۆی بە ئیرادەوە بۆ ڕۆشن بکرێتەوە . واتە هەم دەتوانێت قسەی ڕۆشن لەسەر لایەنە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سیستەمی حازر بکەیت و ناوەندی ئەو پەیوەندییە بە ڕۆشنی لە لای ئەندامەکان و دەوورووبەر جێبەجێ بکات . بەم پێیە چەندە ماتریالی پێکهێنەری ڕێکخراو گرنگە ئەوەندەش پێک هاتووی ڕۆشن کەرەوەی ژهنی و ئاوەزی ئەو ماتریالە گرنگە . واتە خودی حیزب و ڕێکخراو بەوە دەبینرێتەوە کە دەتوانێت کارێک بۆ ئایندە بکات ، یان لە خولگەی بۆشی خۆیدا ماڵی خولیایەتی . کەواتە لایەنی توێژینەوە و تیۆری گرنگیەکەی لەو شوێنەدا بێت ، ناکرێت بە هیچ جۆرێک فەرامۆش بکرێت .

بەڵام لە لای چەپ ئەم کارە هەتا ئێستا نەهێنراوەتە بەرنامەی کارکردنیان . واتە چەپ بە هیچ جۆرێک دەستی بۆ ئەم کارە نەبردووە ، کە پێویستی بەوە هەبووە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکدا ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات . هەروەها لە لایەک ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بحپی ڕۆشن و قاڵ بووی تیۆری ، کەم زانی لە تیۆری مارکسیزمدا ، جێگای چۆڵ کردووە بۆ هەموو ئەو لێکدانەوە نامارکسییانەی کە هەتا ئێستا باڵادەستیان بەسەر ڕەووتی جووڵاندنی ئەو بزووتنەوەیە هەبووە . بێگومان کاڵ فامییەکی بەرچاو بەسەرجەمی هەموو ڕێکخراوەکانەوە دیارە . ئەمەش بەشێکە لە گەشە نەکردن و گەڕانەوە بۆ دواوە و دەرنەچوون لە چوار چێوەیەکی تەسکی ڕێکخراوەیەکی بێ میتۆد .

ئەوەی لە لای ( حیزبی ک . ک . ع ) و ئێران و حیزب و گرووپەکانی ترەوە گرنگە ئەوەیە کە ئەوان بەحسابی خۆیان بڕوای زیاتریان بەوە هەیە کە بەیان نامەیەک دەتوانێت وەڵامی دان شکێن بێت بۆ دیاردەو ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵ . بێگومان ئەمە تەنها گەوجی دروستی کردووە یان بە هەوڵی ڕۆشن کردنەوەی بیری هاو ئەندامانیانەوە نین و ئەلفێکیشیان بۆ ناخرێتە سەر واوێکی تر . کەواتە ئەوەندەی ئەم لایەنە زاڵە بەسەر ناوەڕۆکی لێکدانەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و بیرکردنەوەکانی تری حیزب و ڕێکخراو و گروپەکانی تری چەپ ، کە هیچ مانایەکی بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر پرسی نەتەوایەتی و پرسی ئافرەتان و پرسەکانی تری هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان نەهێشتووەتەوە ، تەنها ئەو گێژاوەی بۆ دروست کردوون کە (UN) دەخالەت لە ڕێفراندۆمی جیابوونەوە ، بۆ جیانەبوونەوەی کوردستان دوای حیزبەکانی لەدەسەڵاتدا بکەوێت . بێگومان ئەم وێنا کردنە لە بنەڕەتەوە بێ مانایە ، چونکە ناکرێت کاری کۆمۆنیستەکان لەگەڵ (UN) دا هاوتاو هاویەک بکەیت ، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە هەتاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە سەر ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووری سیستەمی سەرمایەداری بوونییان نییە . یان لەسەر مەسەلەی ئافرەتان تەنها لە چوار چێوەی ڕۆژنامەکاندا ، قسەو قسەڵۆکی لێرەو لەوێ دەکرێ و هیچ مانایەکی بۆ مێژوو و گۆڕانی مێژوویی نەهێشتووەتەوە ، کە چۆنیەتی گۆڕانەکان چۆنە ، یان ئەوەی کە لەسەر ئاین دەکرێتە چەکی خۆدەرخستن تەنها هەواڵ نامەی ڕۆژنامەییە ، کە ئەم هەواڵی ئەفغانستان و ئەوی تری جەزائیر و ئەوانی تریان لەسەر میصرو هیچی تر . هەموو ئەمانە کاریگەری خراپیان لە سەر جووڵەو جەوهەری کارکردن و دیدگایان داناوە . بێگومان ئەم کارانە بێدەربەست بوونە بە مەسەلەی کرێکارانەوە ، یان کاتێک دەکرێت لە پێناوی کرێکاراندا نییە ، بەڵکو کاری دەستەگەرایی ووردە بۆرژوازییە . هەموو ئەو واتایانەی کە هەتا ئێستا هەن واتای بێ ناوەڕۆکن . چونکە ناتوانێت ئەندامانی خۆشیان تۆزیک ئاگایی لێ وەربگرێت لە بارەی ئەو پرسانەوە کە بووەتە سەرچاوەی هەواڵ نامەی ڕۆژنامەکانیان .

بێگومان بڕوانەبوون بە دیالێکتێک و دەستەوەستان لە بەرامبەر دووگماتیزمدا بەرهەم دەهێنێت . واتە ناکرێت ڕۆژنامەکانی ئەمانە بەوە لە قەڵەم بدەین کە شیکردنەوەی تیۆری بۆ ڕۆشن کردنەوەی ژهنی کرێکاران بەرهەم دەهێنن ، هەم لە باری میتۆدەکەی خۆیەوەو هەم بەحپ لە چوارچێوەی ئەو میتۆدەیاندا . ئەوەی کە لە ڕۆژنامە و پەیج و ماڵپەڕەئەلەکترۆنیەکانی ئەم حیزب و گروپ و ڕێکخراوانەدا دەبینرێت ، چاو پێکەوتنی فڵان و بە بۆنەی فیسار بۆنەوە ، فڵان کەس قسەی خۆی دەکات ، یان ئەو هەواڵانەیە کە لە هەموو ڕۆژنامەکانی تردا دەیان بینین ، یا نوسین و لێکدانەوەکانیان فڕی بەسەر بۆچونەکانی مارکسیزمەوە نیە . هەتا ئێستاش بیر لەوە ناکرێتەوە کە چی دەتوانێت ئینسان لە دەست ئاین و مەژهەب ڕزگار بکات ، یان بۆ بەتاڵ کردنەوەی فکری ئاینی چی بکرێت و دەست بدرێتە چ کارێک !؟ بێگومان هەر هەموویان ناتوانن ئەوەمان پێ بڵێن کە بۆچی هەتا ئێستا کارێکی لەو جۆرە نەکراوە .

بەڵام لە لای ئێمە ئەم کارانەی ئەوان ڕۆشنەو دەزانرێت لە پێناوی چیدایە . واتە ئەوەندەی بە هەوڵی هەڵخڕاندنی بەشێک لە ئەندامانی خۆیانن بە دوای چونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندان و دانەخستنی دوکانەکانیان ، ئەوەندە بۆ هەوڵدان لە پێناوی شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا لە مەیداندا نین . ئەمانە کاریگەری ئەزمەیەکی فکرییە لەسەر ئەم ڕەهەندە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە ، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەواندنەوەی ئەزمە هەبێت . ئەم ئاوەز و هزرە لە بنەڕەتدا هەڵگری ئەزمەیە ، هەر بۆیە لە چوار چێوەی ئەزمەدا گیانی ئەزماوییان کرمۆڵ دەبێت . هەموو ڕۆژنامەکانیان ناتوانن ئەلفێک زیاد بکەنە سەر هزری بەستەلەک بوویان . یان لە چوار چێوەی میتۆدێک کە بە هەموو ماناکانی ڕڤیژنیزم و ئانارشیزم و ئۆپۆڕتۆنیست و ئیکۆنۆمیزمی هەڵگرتووە کاردەکەن هیچی تریان ئەنجام نەداوە . (بۆ پێشەوە) بێجگە لە ڕۆژنامەیەک (بۆ دواوە) هیچی تر نییە ، یان (الشیوعیه‌ العمالیه‌)ش تەرجەمە کراوی بۆ پێشەوەیە (النچال الشیوعی) هەر بە هەمان شێوە تا دەگات بە (یەکسانی) و (المساواه‌)کە کۆمەڵێک هەواڵ نامەی هەواڵ نامەکانی تری یان تێدایە . تەنها ئەمانە نین ، بەڵکو هەموو ئەو ماڵپەڕ و کەناڵە ئەلەکترۆنیەکانی بەناوی چەپ و مارکسیزمەوە خۆیان بەیان کردوەو ، بەدەرنین لە ئەزمەی هزری و بەپێچەوانەی دیدو بۆچونی مارکسیزمەوە کارکردن . واتە دەبێت لێکۆڵینەوەو شیکاری تێرو تەسەلی هەلومەرجەکان هەبێت و بکرێت ، بۆ ڕۆشن کردنەوەی ژهنی چینی کرێکار لە ئارادا بێت ، یان بەحپەکان لەسەر ئاستی تێپەڕاندنی ئەزمەکان بێت و هەوڵی جدیش لەو پێناوەدا بنرێت .

ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو حیزبە ، کە چەند گروپ و ڕێخراوێک هەبوون و هەن بە ناوی جیاوازەوە کار دەکەن هەر لە (پەیامی کۆمۆنیزم) لەپێشوتردا ، تا (پەیڕەوی نوێ) و (بڵێسە) و (سیمای کۆمۆنیست) و ئەوانەی تریش…… بێجگە لەوەی کە دەیانەوێت جیاوازییەک لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن ، یان هەیانە بە پێی خۆیان لە ڕووی میتۆدییەوە جیاوازن ، نەیان توانیوە لەو ڕاستییە دەربچن کە لە پەیڕەوی نوێ دا لە ژمارە (٢) یاندا لەسەر ڕۆژنامەوانی چەپ ڕاستیەکی درکاندووەو دەڵێت لەم سەری چەپەوە بۆ ئەو سەری بە مانای پڕاو پڕی ڕۆژنامەوانی بێ بەهاو بێ لیاقەیە ، هەروەها پەیڕەوی نوێش بەشێکە لەو بەشانەی کە ڕۆژنامەوانی چەپ پێک دەهێنن . هەروەها ئەمانە بە هەمان جۆری نەخۆشی حیزبی ک.ک.ع . بەچەپی کۆن نوێوە ناتوانن لەو چوارچێوە تەسکەی ڕۆژنامەوانی و هەواڵییانە دەربچن کە حیزب و گروپ و ڕێکخراوەکان تێییدا دەژێت ، یا ئەو هیگڵیەتەی بەمارکسیزم بەخەڵکی دەفرۆشنەوە ، لەگەڵ تووڕەهاتی باسەکانیان ، هیچ نیە بێجگە لە بزووتنەوەیەکی ووردەبۆرژوازیانەی خۆپەرست نەبێت .

کەواتە بەشێک لەو ئەزمانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ، تا بتوانێت قسەی زانستی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا بکات . بەم پێیە هەر هەموو بەهاکان یەک مەبەست ئەنرخێنن ، ئەویش نرخەکانییان زۆر زۆر کەمەو لە وەرگرتندا بێ بەها و بێتوانایە . واتە دەزگای ناوەندی ڕۆشنبیری ئەو حیزب وگروپ و ڕێکخراوانە نەیان توانیوە لە ڕووانگەی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەزمەداری ژیانی خۆیان تێپەڕ بکەن ، بەڵکو گێرەی بەردەوامی تێدا دەکەن . چ لایەک باسی لە ئەزمەی خۆی کردووە ، بێجگە لەوەی کە بەشان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدەن ، هیچیان نەکردووە . ئەو جۆرە لەکار و بیرکردنەویان هەر هەمووی مایەی دەرنەچوون و گنگڵ خواردن و خۆخواردنەوەیانە لە ئەزمەکانیاندا ، هەروەها هۆکاری زیاتر برەودانە بە ئەزمەی خۆیان ، نەوەکو لە ئەزمەی خۆی بکۆڵێتەوە . لێکۆڵینەوە لە ئەزمەکان چ ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتی ، چ کۆمەڵایەتی ئابووری بێت گرنگە و دەبێتە پێویستی بۆ هەموو بزووتنەیەک . لەکاتێکدا ئەمانە بە ئەزمەی تێئوری و ئابووری سەرمایەدارییەوە گیرۆدە بوون و ئەزمەیان لە گیانی خۆیاندا ژیاندووەتەوە ، نەیان توانیوە بنجبڕی بکەن . ڕاستی ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕو پەیجە ئەلەکتترۆنیەکان و ڕۆژنامەکانیانەوە هەوڵ و تەقەلاکانی ڕێکخراوەکان ببینرێتەوە یان لە ڕێگەی ناوەندی ڕاگەیاندنەکانیانەوە ئەوەت لە لا ڕۆشن بێتەوە چ ئەنجامگیریەکیان کردووە و دەبێت . ئەزمە دەبێتە ژیانیان و ژیانیان بە ئەزمەوە بەسەر دەبەن .

بەشی شەشەم
بحپ و پلمێک

هەروەکو لە پێشترەوە باسم کرد ، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی هەلوومەرجی دەوروبەرت و جێگەی ڕێکخراوەکان لە کۆمەڵگادا ، بەشێکی گرنگە لە گەشەو باڵا بوونی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ناو حیزبدا . دەبێت ئێمە بەحپەکانیشمان لە ئاستێکی وادا بێت کە توانای گەشەی ڕێکخراوەکان بەرجەستە بکات .
زیاتر مەبەست لەوەیە کە بتوانێت ئاوەز ڕۆشنیەک بدات بە ئەندامەکان و لەسەر دیاردەکان و ڕووداوەکان درکی ڕۆشن و واقعی و دروستیان یان هەبێت و لەبەرامبەریشیدا ڕێگا چارەی چارەسەری بنەڕەتیان هەبێت . واتە بە پێی ئەوەی کە توێژینەوە دەبێتە بەشێکی کاریگەر لەسەر زیاد بوونی ئەندامان و فراوان بوونی دووربینیە فکرییەکان و زیاد بوونە ماتریاڵیەکەی ، دەبێت ئێمە بە ڕۆشنی و بە پێویستەوە لە گەڵیدا مامەڵە بکەین . واتە تاودانی دیالێکتێک لە توێژینەوەکاندا دەبێت بە زیندوویەتی مانەوەی ژیانی ڕێکخراوو هەلومەرجی پەیوەنی ئەندامێتی و زیاد بوونی تواناو دوورییە هزریەکان .
بەم پێیە دەبێت دیالێکتێک بۆ ئەو ئامانجە کار بکات کە دیالێکتێک بپارێزێت . واتە ئەو ئامانجە بێت کە لە دیالێکتێکدا دەبێتە زیندوو ڕاگرتنی چوارچێوەی دوورییە هزرییەکان و گەشەی ناو دیالێکتێک . بەڵام لێرە هەموو ئەو ڕووانگانە بە یەک نامە دەکرێن بە سفر و دەبێتە لایەنێکی وەستاو ، هەروەها دەبێتە دروست کردنی نا ڕۆشنییەکان لەسەر واقع و هەروەها لە ڕووداوەکانیش ناگەن .

دەبێت ئێمەش بڵێین صڵاوات لە دیداری ئەزمەیان بێت ، کۆمۆنیزمی کرێکاری و چەپی دەرەوەی ئەم ڕەووتە ، هیچ توێژینەوەیەک و نووسراوێکی وایان نییە ، لە چوارچێوەیەکدا بێت ، بتوانرێت بە بەحپ ناوی ببرێت . یان هەندێک بحپی کەم کەم هەیە ، ئەم بەحپانە ئەوەندەی بە پێچەوانەوە ئەدوێن و هەروەها لە هزری خۆیانەوە و هیگڵیانە و ئۆپۆرتۆنیستانە دادەتاشرێن و لەگەڵ واقعدا ناتەبان . واتە ئەوەندەی ناڕاست ئەدوێن و دەکرێت ، ئەوەندەش ڕاستی ناووترێت . هەروەها لە لای ئەم ڕەووتانە ئەوە بە خاڵێکی باشی وەردەگرن یان دەیکەنە ئەوەی کە ئەتوانن ئەنتی ئەمریکا بن . هەڵبەت بۆ هەر ڕووداو دیاردەیەک کە دەبینرێت یان ڕوودەدات ، پێش هەموو شتێک دەبێت ، پشتەوەی ئەو ڕووداو دیاردانە بزانرێت و لە ناوەڕۆکەکەی گەیشتبێت ئینجا ئەتوانرێت بە ڕاستی و دروستی هەڵبهێنجرێتە سەر کاغەزو لێکۆڵینەوەی خۆتی تیادا تاو بدەیت . کەواتە دەبێت ئێمە ڕاست گۆیانە بەحپەکان جێبەجێ بکەین . بۆ ئەوەی بە ئامانج بین لە بەحپەکانماندا ، دەبێت دوور بین لە هەر ناڕاستییەک و ئەقڵخوازانە نەبێت ، لەبەرئەوەی لەو جۆرە بەحپانەدا لە ئامانجی ناو بەحپەکان بێ هیواو لەڕاستیەکان دوورمان دەخاتەوە . دەبێت لەگەڵ بەحپەکاندا میتۆدێک بە دەستەوە بگیرێت کە تەواو ڕۆشن کەرەوەی ڕووداو گۆڕان کارییەکانی ناو دیاردەکان بێت . ئەگینا ئێمە لێکدانەوەو توێژینەوەیش بکەین ڕاست گۆ نابین ، ناشتوانین تێپەڕی ئەو دیاردە ناهەمووارانە بکەین .

ئەو ڕەهەندانەی لە گۆنگرەکانیاندا ، هیچ وردبونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دنیای سەرمایەداری تێدا بەدی ناکرێت ، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک لە قسەو باسی ڕۆژانەی ناو خۆیان دەکردو کردبووە ووتاری سکرتێرو مەکتەبی سیاسی و هیچ پلانێکی گرنگ و حەیاتی بۆ ئەزمەکەیان نەخستبووە بەردەستیان . بەرەڵای لەناو حیزبدا ببوە ئامانجی گەشەکردن و پچراندنی دیسپلینەکانی حیزبایەتیان بە مۆدێلێکی ئەورووپیانە ئەیانووت شیاوی زیاد بوونی ئەندامێتییە لە حیزبدا (بەڕەڵای مەبەستم لە باری ئەخلاقی یەوە نیە) . ئەمانە کاڵ فامییەکی گەورە و قسەیەکی کورت و بێ ناوەڕۆکی وەڵامی پرسیارەکانی ئەوان بوون ، کە بێگومان بێجگە لە ئایندەی هەڵوەشانی ئەو حیزب و ڕێکخراو و گروپانەی چەپ هیچی تر نی یە .

ژیانی قۆزاغەییان هەمان کرمی متبووی تێدایە ، یان هەمان گەرای هەڵگرتووەو هاتووەتە ئەوەی کە لە ژیاندا ژیانێکی کەمیان لەو قۆزاغەیەدا مابێت ، ئەمەیان بەو جۆرە نا کە قۆزاغە تێپەڕێنێت . بەڵکو بەو مانایەی کە لەناو سووڕی قۆزاغەیدا بپوکێتەوە . بێ گومان دەبێت چ شتێک سووڕی قۆناغەیی تێک بشکێنێت !؟ پێش هەموو شتێک ئەگەڕێتەوە بۆ بەهێز بوونی زیندەوری ناو قۆزاغەو گونجاندنی لە هەلوومەرجی سروشتی دەوروبەردا . ئێمە نامانەوێت بە پێی دەووروبەر ژیان بگوزەرێنین خۆی لەگەڵدا بگونجێنین ، بەڵکو دەمانەوێت ژیانی دەووروبەر گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا بهێنین . ئێمە گلەییمان لە بحپ و پلمیکەکانی چەپ نییە ، بەڵکو ئەوە دەبینین کە بحپ و پلمیکەکان ڕەنگدانەوەی میتۆد و هزری نووسەرەکانیانە ، یان ئەو میتۆدەی کە نووسەر دەستی پێوەگرتووە و لە ناوەڕۆکی بەحپەکانییاندا هەیە هەر ئەوەندەی لێوە بەرهەم دەهێنریت ، یان بەحپەکانیان ڕاستی و دروستی ئەوە دەردەخەن کە ناوەڕۆکی میتۆدەکان کارئەنجامی بۆ چ چین و توێژێک بە ئەنجام دەگەیەنێت !؟ کەواتە دەبێت بەحپەکانی ئێمە لە دەرگای هەموو باسەکانی ناو سیاسەت و ئابووری و فەلسەفی بدات و دیالێکتێکی خۆی لەو شوێنانەدا ببینێتەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی ئابووری و سیاسی سیستەمی ئێستا بکات . بێ گومان دەتوانێت ئەنجامی ژیری میتۆدی و سیاسی و ڕێکخراوەیی لێوە ئەنجام بگرێت . ئەم ئەرکانە ئەنجام نەدراوە لەناو چەپدا بۆیە نەتوانراوە ڕێچکەی واقعی و زانستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بگیرێتە بەر . دەبێت هەوڵەکان لە پێناوی ڕۆشن کردنەوەی ئاسۆی شۆڕش بێت ، تا بتوانێت دیدگاو سیاسەتێکی ڕوون و ڕێکخراوەیی دروست ببێت . چەپ بە هیچ جۆرێک ناتوانێت لەو ئەنجامەی ئێستا کە پێیگەشتووە دەربچێت هەتا دەست بە میتۆدی مارکسیزمەوە نەگرێت . هەتا میتۆدی کۆمۆنیزمی زانستی ، نەبێتە میتۆدی ڕزگاری چینی کرێکار وپراکتیک و دیالۆگی ئەو میتۆدە بەرەوڕووی هەموو لایەنەکانی ناو ئەو سیستەمە نەکاتەوە ناتوانێت ژیانی قۆزاغەیی ئێستای تێپەڕێنێت . دەبێت دیالۆگی لەسەر گۆڕانی بنەڕەتی ئەم سیستەمە بێت و تێئورو پراکتیک و هەوڵەکانی لە ئێستاو ئایندەدا ڕوون و ئاشکرا پیشان بدات .

بەشی حەوتەم

ڕووداوەکان و نەبوونی درک

درککردنی هەر ڕووداوێک لە هەلوومەرجێکدا ، دەبێتە هۆی هەڵسانگاندنی واقعی ئەو ڕووداوە ، کارکردن لە سەر کارکرد و بەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی زانستی بۆ زیاتر گەشەدارکردنی ئاستی ڕێکخراوەیی و هەڵووێستی مێژوویانەی ڕێکخراو یان حیزب دەبێت . ئەو کاتەی کە ئەم درکە ناچێتە شوێنێکی باش هەر ئەو کاتە ئاستی لێکدانەوەکان بێ ئامانج و دوور لە واقع دەبن ، یان دەبنە درۆکردن لەگەڵ خۆت و دەوورو بەرەکەت . هەروەها ناتوانێت یەک هەنگاو بچێتە پێش و بە ئاڕاستەی واقعی جووڵانەوەکاندا بڕوات . واتە ئەم کارانە لە لایەکییەوە هۆی درک نەکردنەو کەم تواناییە لە هەڵسەنگاندنەکانداو ڕووێکی تریشیان هەواکردنە پێستی خۆتەوەیە و ئاستی ئەو زانیاریانەش کە لێکدانەوەکانی پێدەکرێت ، تا ئاستێک کەم توانایە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و هەلومەرجەکانی ناو واقعێکی عەینی و کارکردن تیایدا . ئەمانەش بنەڕەتی ئەزمەکان دەست نیشان دەکەن ، ئەزمە لە هزری خۆیاندا بەرهەم دەهێننەوە . ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر چەپ لە لای ئێمە ئەو بەهایەی چەپ بەپێی ئەزمەکەی نەی توانیوە بەهایەکی شیکەرەوەو هەڵسەنگێنەری واقعی ئەزمەکان بێت . لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە تا دەگات بە ووردە هیگڵیەکان و بەو پەڕی باڵی ئانارشیزمی ناو بزووتنەوەی چەپ .

هەڵوێستگیریەکانیان لە بەیان نامەو پلاکارتاندا بەرجەستەو دەربڕاوە ، نەیتوانیوە بە تەواوی لە بارو لایەنەکانی ناو ئەزمە و ڕووداوەکان بکۆڵێتەوە ، نەیتوانیوە ڕاستی ڕووداوەکان درک پێ بکات . بەم پێیە ئەو بەیاننامەی کە لەسەر گەمارۆی ئابووری دەردەکران و ئەو بەیاننامانەی لەسەر پرسی ئافرەتان و یەکسانی خوازی پیاوان و کێشەی نەتەوایەتی و هەلوومەرجی ئاینی و مەژهەبی داپۆشراوی بەشێکی کۆمەڵ و دەست درێژیەکانی عێراق و مەترسی ئەو مۆتەکەیە و دەست درێژیەکانی تورکیا بۆ سنوورو ناوەوەی کوردستان و هەروەها قسەو باس لەسەر شەڕی ناوخۆی کوردستان و بێکاران و دەست فرۆشان و لاوان و هەموو ئەو بەیاننامانەی کە لەسەر هەلوومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەردەکران . هەروەها ئەو بەیاننامانەی کە لە بارەی چالاکی حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە دەردەکران یان لەسەر یەکی ئایار و (٨ی مارس ) و ڕۆژی یادکردنەوەی مەرگی ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی و …………. هتد نەیان توانیوە و ناش توانن بە تەواوی لە گۆشەنیگایەکی مارکسیستیانەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەهایانەدا بدوێن و یان دەربڕینیان بۆی هەبێت . هەروەها بەیان نامەش ناتوانێت زۆر لایەنی ڕۆشن کەرەوەی ئاوەزی ئینسانەکان بێت ، یان ناتوانێت ئاگاییەکی هۆشیارانە بخاتە نێوەندی هەڵووێستەکان و ئیرادەی ئینسانەکان بباتە پێشەوە و بە واقعی لە دنیای ماددی بگات . ئەوان لەگەڵ ئەوەی ئەزانن پرسێک هەیە ناوی کێشەی نەتەوایەتیە ، یان کێشەی ئافرەتان هەروەها کێشەی بێکاری و هەلوو مەرجی ژیانی ئینسانەکانە ، بەڵام ناتوانن بە تەواوی و زانستی یان نایانەوێت ئەو کارە ئەنجام بدەن و لەم بارەیانەوە بدوێن ، یان ئەدوێن هەر هەمووی لەگەڵ بەرژەوەندی فکری و سیاسی خۆیاندا جووت و یەکلایەنە خزمەتیان پێدەکات . واتە هەموو تێکستەکانی ناو دەربڕینەکانیان نەی توانیوە لە گۆشەنیگای چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیەوە سەرچاوە بگرێت .
ئەمەش بە پێی خۆی پەیوەندی بە جێگە و ڕێگەی ئەم حیزب و لایەنانەوە هەیە کە لە هەلوومەرجی بزووتنەوەی چەپدان و جێگەو ڕێگەی ووردە بۆرژوازیانەیان هەیەو دیدگاکانیشیان ڕەنگ دەرەوەی جێگیر بوونیانە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیەکانیان لە کۆمەڵگا و ناوەندی چەپدا . لەبەرئەوەی میتۆدی بیرکردنەوەیان لە ماجەرای بۆچوونەکانی ووردە بۆرژوازیدا خولگەی خۆی هەیە و دەسوڕێتەوە .

چەکی دەستی ئەمانە فیشەکی ناوەوەی دەنگی هەیەو پێکانی نییە، واتە چرووکە . هەروەک لەوەو پێش باسم کرد پرۆتۆکۆڵی گەورەی بەرنامەیی ئەوان بە بەیاننامەیەکی ناسیوونالیستی و دەسەڵاتداران لە زەوی دەدرێت . هەروەها کارکردن لە چوار چێوەی ڕێکخراوە جەماوەری یەکانییاندا ، زۆر لاوەکی ترە لەو ڕێکخراوە جەماوەرییانەی تری بۆرژوازی ، چونکە پلانی ووردە بۆرژوازی لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا پلانێکی بێ ئاسۆو بێ ئامانجی خۆیانە . بێجگە لەوەی کە ستراتیژێکی زۆر کۆن و بێ ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازییان هەیە ، جیاوازییەکانیان لەگەڵ بۆرژوازیدا لە ئاستێکی زۆر نزم دایە ، ناتوانێت جیاوازی بنەڕەتی لە هەڵوێست گیریەکانیاندا ببینرێت . چەپ ئێستا چەپی ئۆپۆزیسیوون نیە و چەپی بۆرژوازییەو هیچی تر ، ناتوانرێت لەگەڵ ووتەزاکانی ناو ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکسیزم دا حسابیان بۆ بکەیت .

بەم پێیە ئەم هەڵوێستانەی ووردە بۆرژوازی چەپ لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەی خۆشیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن ، چەپ بە هەموو ئەم مانایانە دەرگیری ئەزمەیەکی بنەڕەتی و قوڵی فکری خۆیەتی کە ناتوانێت لەم هەڵوێستە تەریک کەوتووانە دەربچێت ، هەتا ڕووی فکری و چینایەتی خۆی تێنەپەڕێنێت و لە جێگەو ڕێگەیەکی چینایەتی تری چینی کرێکاردا جێگیر نەبێت و لەگەڵ میتۆد و دەربڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا جووت نەبێت و بە میتۆدی مارکسیزم کار نەکات .
کەواتە چەپ بە هەر هەموو باڵەکانییەوە چەپی دوور لە ڕێو ڕۆشتنێکی واقعی و نۆرمەڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی و چینی کرێکارە . بەڵام لەڕووی ئەزمە گرتووی چەپ خۆیەوە ئەو سروشتەی ئەندامان و تێڕوانینەکانی چەپ و واقعی و سروشتییە . چونکە ئەم چەپە ئەوەندەی لە هەگبەکەیدا هەیە ، بۆیە بەم شێوە شەق و شڕەی خۆی ناتوانێت بمێنێتەوە ، چونکە مێژوو نایان گرێتە خۆی لەم سەردەمەداو حوکمی مەرگی ژیانی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی ئەدات بەسەریاندا ، لەبەر ئەوە ئەزمەی چەپ مەرگی ئایندەی چەپ ڕادەگەیەنێت .

بەشی هەشتەم

دەرچوون لە ئەزمەی چەپ چۆن دەبێت ؟!

بە بڕوای من دەرچوون لە هەر هەلوومەرجێکی ئەزماوی ، پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو هەلوومەرجە هەیە ، وە تێپەڕاندنیش پێویستی بە ئیش کردن لەناو ئەو هەلوومەرجەدایە ، واتە گۆڕانی چۆنایەتی و چەندایەتی دەوێت تا تێی بپەڕێنێت . بەم پێیە دەبێت لەو چەندایەتییەی کە هەیە ، چۆنایەتییەکی دیالێکتیکی و ماددی زیندوو پێک بێت . گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی تەنها گۆڕان لە شکڵدا نییە ، بەڵکو بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک ، پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی بەها تیۆرییەکان و جێگەو ڕێگەی چینایەتی هەیە . لێرەوە دەچینە سەر ئەوەی کە میتۆد گۆرانکاری بەسەردا بێت ، دەبێت مادییانە بێت و شێوازێکی گونجاو زانستی وەربگرێت . سەرتاپای گۆڕانکارییەکان دەبێت هەموو ئاستی بزووتنەوەکە بگرێتەوە ، تا بتوانێت لە ژیانی ئەزمە گرتووی خۆی دەربچێت . ئەو بەشانەی کە لە پێش ترەوە باسم کردن و بە سەرچاوەی ئەزمەی چەپم زانیوە ، دەبێت هەموو ئەو بۆشاییانە پڕبکرێتەوە و داهێنان لە خودی دیالێكتێک بە دیالێکتیکی مارکسیزم ئەنجام بدرێت .

چەپ چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی گۆڕانکاریە شێوازییەکانەوە ئەو ئەزمەیە تێپەڕێنێت ! ئەزموون زۆرن ، چەپی ئێرانی یەکێک لەو ئەزموونە نزیکانەن و تەنها لە ناودا گۆڕانییان کرد ، ناوەڕۆکیان هەر وەک خۆی مایەوە . بێگومان گۆڕانیش دەبێت بە ڕووکاری پۆزەتیڤی خۆیدا بڕوات نەوەک نەگەتیڤانە ئەنجام بدرێت . لەبەرئەوە دەبێت هەموو گۆڕانەکان کە بەسەر چەپدا دێت لەڕووی میتۆدییەوە زۆر زۆر وریا بن و مارکسیزم بەهەڵەوگێڕاوی بەیان نەکەن ، ئینجا دەتوانن هەوڵی دروست بۆ جێگەو ڕێگەیەکی دروست بدرێت یان لۆجێکێکی زانستی هەبێت . هەروەها من اتحاد عەمەل بە کاری گونجاو نابینم بۆ دەرچوونی چەپ لە ئەزمەکەی چونکە میپاقەکان گەواهی لەسەر ئەوە ئەدەن کە یەک میتۆدی نەبێت ناتوانێت کاری گونجاو بە ئەنجامی گۆڕانکاری باری ئێستای چەپدا گۆڕانکاری دروست بکات . دەبێت ئەوەمان لە لا ڕۆشن بێت چەندە گرنگی هەیە گۆڕانی ناوەڕۆک و ڕووکاری میتۆدی ، ئەوەندەش جێگەو ڕێگەی ئەو میتۆدە لەناو جەرگەی چینی شۆڕشگێڕدا گرنگی هەیە . کەواتە دەبێت میتۆد پەیوەستییەکی توند و تۆڵی بە بەهای چینایەتی و پەیوەندییە چینایەتییەکانی چینی کرێکارەوە هەبێت . ئەگینا پاراستنی میتۆد لە ڕێکخراوی جیاواز جیاوازی هاوپەیماندا ناتوانێت زامنی دەرچوونی چەپ لە ئەزمە بکات ، هەروەک هەندێک لە چەپ بە هەوڵی ئەوەوەن کە بیکەن بە ئەلتەرناتیڤی ناوەڕۆک و ڕووی ئێستای ئەزمە سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خۆیان . یەک ڕیزی و یەک دەستی و یەک میتۆدی زانستی مارکسیستی بە پێی دیفاکتۆی ماددی دەتوانێت ئەو لایەنە درەوشاوەیە بێت بۆ دەرچوون لەم هەلومەرج و قۆناغەی ئێستای چەپ .

هەتا ئێستا چەپ لەگەڵ زانستەکانی مارکسیزمدا جووت نییە ، چ جای دروست کردنی اتحاد عەمەل ، دەبێت چ کارێک بە ئەنجام بگەیەنێت !؟ هەروەها دەبێت ئێمە ئەوەش بزانین گۆڕانکاریەکی دیالێکتیکیانە بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک لەناو دیالێکتیکی مارکسیزم بە پێی هەلوومەرجی کارکردن جێبە جێش بێت ، ئینجا ئەتوانین کاریگەری و هەوڵی میتۆدی مارکسیزم وەک ناوەڕۆکی دیالێکتیک بپارێزرێن و لە چوارچێوەی کارەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا ئاسۆیەکی ڕۆشن بە بزووتنەوەکەی بدەن . چونکە گەڕانەوە بۆ تێزو تێگەشتنەکانی بۆرژوازی ئەورووپا و بە مارکسیزم لەقەڵەمدانی کارێکی زۆر زۆر بێ مانایە ، هەروەها خاڵی دەرچوونیش نیە لەو ناوەڕۆکەی ئێستا . ئەم تێڕوانینە وەک پرۆیسترۆیکا وایە ، لەبەر ئەوەی دەرچوون لە ئەزمەی میتۆدی و بێ وەڵام مانەوەی میتۆدی ، بتوانیت بەوە جێبە جێی بکەی ، کە گوایە ئێستای لۆژیکێکی ئەوروپی ئەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . بێگومان تەنها لە داماوی چەپەوە سەرچاوەی گرتووەو بەشێکە لە کارە مناڵانەیەکەی چەپ . دەیەوێت ئەو حیزبەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە میتۆد وهەڵسوڕان و ئەندامێتی حیزبەکەشی تووشی تەنگژە بووە ، بە حیزبێکی تر لە دەرەوەی ئەم حیزبە وەڵامی بداتەوە و بڵێت من جیاوازی میتۆدی و فکریم نییە لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاریدا . بە پێی ئەوان جیاوازییەکەیان تەنها لە ڕووی سیاسییەوە دەبینن . درکی ئەم بەشە ئەوەندە دووبارە و ساویلکانەیە تێڕوانینوو کارێکی میتافیزکی بە بناغەی دیالێکتیکی دەبێنێتەوە . پێی وایە ئەتوانێت دەوورووپشتی پێ هەڵ خەڵەتێنێت . واتە حیکمەتی ئەم دەرچوونە چی یە !؟ بێجگە لەوەی چەپێکی ووردە بۆرژوازی هەیەو خواست و وویستی شوێن داخوازییە لە کۆمەڵگا و پلەوپایەکانی ناو حیزبەکانیاندا . ئەمانە هەر هەموویان ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازی دەردەخەن و پێمان ئەڵێت ئەو جۆرە لە کارکردن و بیر کردنەوە هەر پیرۆزی ووردە وردە بۆرژوازی خۆی بێت .
کەواتە چۆن دەرچوونێک لەو ئەزمەیە دەردەچێت ؟ بێگومان تەنها درکیان لە چوار چێوەی فکری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا جەڕیووەو هیچی تر. ئەگینا ئەوەندەی ئەم میتۆدە لەگەڵ ڕڤیژینیزمدا مامەڵە دەکات و سەروسیمای لە هەموو ئاست و پلەکانی ڕڤیژنیزمدا هەیە . ئەوەندە لەگەڵ دەرچوون لەو چوارچێوەیەدا کار ناکات . کارنامەی ئەم میتۆدە تەنها ڕیسوا بوونیانە لە ئایندەدا ، هەر ئێستا ئەوەش دیارە بە جیابوونەوەو لێک ترازانی هەموو ئەو کەسانەی کە وەختی خۆی پێک هێنەری بوون .

لێرەدا چەپ خۆی بیرناکاتەوە بەڵکو بیردەکەنەوە بۆی ، ئەو ناوەڕۆکە لە سیاسەت و کارکردن ، بێ گومان ناتوانێت لەو ئەزمەیە دەربچێت کە ئێستا تیایدان . بەڵکو دەرچوون تەنها بە گۆڕانی ناوەڕۆکیانەی لۆجیکی ئەو میتۆدەیە کە ناتوانێت تەنها هەنگاوێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی بەرێتە پێشەوە . چونکە ئەم خاڵە خاڵێکی گرنگی دەرچوون و وەڵام دانەوەیە بە ئەزمەی چەپ ، هەروەها تێپەڕاندنی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستییە لە ناو زەند کردنی بە چەپ . لەبەرئەوەی چەپ ئێستا لە جیهاندا لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی و دیوی ئەدیوی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداریە ، ئیتر لەم سەردەمەی ئێستادا ، چەپ ووتەزایەکی شەرم هێنەرە بۆ بزووتنەوەی چینی کرێکار وکۆمۆنیستە زانستیەکان .

هەروەها لایەنێکی تری دەرچوون لەم ئەزمەیە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕاست گۆبن لەگەڵ واقعی عەینی و درکی ڕۆشنیان لەسەر هەموو ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەی زانستییانە بۆ هەموو ڕوویەکی ناجۆر و کەمو کوڕییەکانی بزووتنەوەی چەپ بە زانستییانە ئەنجام بدرێت . هەروەها حساب لەسەر جێگەو ڕێگەی خۆیان لە ناو چینی کرێکاردا بکەن کە تا چەندە و چۆن توانیویانە پەیوەندی خۆیان بەو چینەوە گرێ بدەن . کەواتە دەبێت سەرتاپای میتۆدی چەپ بگۆڕێت بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی و کۆمۆنیزمی زانستی کە میتۆدی ڕزگاری چینی کرێکارە . نەک ئەو میتۆدە بەکارهێنراوانەی کە تا سەر مۆخیان ڕیڤیژنیزم و ئۆپۆرتۆنیزم و ئیکۆنۆمیزم و ئانارشیزم و هیگڵیەت و ……………. دا ڕۆچووە .

هەرچەندە لەوە دەچێت ئەم کارە تۆزێک گران بێت ، یان ئەم یان ئەو بە چوار چێوەی میتۆدەکەی خۆیەوە قەتیس بمێنێتەوە بەڵام دواتر لە بەردەم حکومی مێژوودا ، دەبنە تاوان باری ڕەوتی گۆڕانی مێژوویی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم و مێژوو. کەواتە دەبێت دەست لە کاری وەحدە عمل و دەرچوون لە چوارچێوەیەکی سیاسی ومیتۆدی بە دروستکردنی حیزبێکی سیاسی و بێ گۆڕان لە میتۆدی دا نەبینینەوە و خۆش باوەڕ نەبین وەک (بزووتنەوەی بنیات نانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – عێراق) لەڕابردوودا و ووردە گرووپەکانی کۆن و نوێی چەپ . بەڵکو دەبێت یەک دەست بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ئیش بکەین و ئاڵوو گۆڕی چینایەتی پێک بهێنین . دەبێت پێناسەیەکی زانستییانە بۆ هەموو دیاردەکان بکەینەوە ، ئینجا دەتوانن لە ئەزمە تێپەڕببن ، بۆ ئەمەش ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکس و ئنجلس باشترین چەکی ئەو ئاڵووگۆڕەن . هەروەها لە پێشەوەش لە ناو بەشە جیاجیاکانی ئەم نووسراوەیەدا ، ڕێگا چارەکان بە سنوورێک باسم کردوون .

سەرەتایی مانگی ئازار / ٢٠١٩
نەجمەدین فارس




ماركسیزم له‌ دیدی به‌شێك له‌ ڕۆشنبیرانه‌وه !… سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌

به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران ده‌یانه‌وێ وا نیشانی خوێنه‌رانیان بده‌ن كه‌ ماركسیزم و ئیسلام دووڕووی پاره‌یه‌كن هیچ جیاوازیان نیه‌ له‌ باره‌ی توندڕه‌وی و سه‌ركوت وزه‌بروزه‌نگدا ! یا ده‌ڵێن هه‌ردووكیان دوو ئایدیۆلۆژیان و وه‌ك یه‌ك كاریگه‌ری خراپیان هه‌یه‌ ! لێره‌وه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ لایه‌ك به‌ خۆیان بڵێن بێ دین ومولحید وه‌ له‌ لاكه‌ی تریشه‌وه‌ بڵین ئێمه‌ ماركسیسیت نین ودژی ماركسیزمین . ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وان ئازادن چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام گرنگ سه‌لمماندنی ڕاو بۆچونه‌كانیانه‌ نه‌ك ته‌نها ڕازاندنه‌وه‌ی بۆچونه‌كانیان به‌ ووته‌ی بریسكه‌دارو به‌ كارهێنانی ووشه‌ی بیانی وناو و كه‌سانی بیانی .

لێره‌ دا‌ ئه‌و پرسیاره‌ هه‌یه‌ ئایا ئه‌وان ‌ پشتیان به‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌سڵیه‌كان به‌ستوه‌ له‌م باره‌وه‌ ؟ ئایا كه‌مێك خۆیان ماندوو كردوووه‌ تا بزانن لانی كه‌م به‌رنامه‌كانی وه‌ك مانیڤستی حیزبی كۆمۆنیست (ماركس_ ئه‌نگلس) وه‌ {یه‌ك دونیای باشتر)ی كۆمۆنیزمی كرێكاری چی ده‌ڵین؟ بێ گومان نه‌خێر ، چونكه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ و سه‌رچاوه‌كان بكه‌نه‌ پێوه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یان نه‌ده‌بوو له‌ سه‌ر ماركسیزم ، كه‌سی مه‌نتیقی به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ ناكات له‌ گه‌ڵ تێڕوانینی نه‌یاره‌كانی خۆی كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئه‌سڵیه‌كانیان وبه‌رنامه‌كانیان بۆ ناسینی ڕه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نه‌ك بێت ده‌سه‌ڵاته‌كان یا حیزبه‌كان یا ‌ گروپه‌كان یا كه‌سه‌كان به‌ نموونه‌ بێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی ڕاووبۆچوونه‌كانی.
پێمان ده‌ڵێن ئه‌ ی ئه‌وه نیه‌ ستالین وماوتسی تۆنگ و پۆلپۆته‌كان قه‌تل عامی خه‌ڵكیان كرد ئیتر جیاوازی چیه‌ له‌ گه‌ڵ قه‌تل عامه‌كانی داعش والقاعیده‌ وده‌وڵه‌ ئیسلامیه‌كانی تر كه‌ له‌ مێژوودا ئه‌نجامیان داوه نمونه‌ی وه‌ك ستالین وماوتسیتۆنگ وچین وكۆریای باكور پۆلپۆت و ئه‌وحیزب وگروپ وتاقمانه‌ی سه‌ر به‌مانه‌ن هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رنامه‌ی ماركسه‌وه‌ نه‌ماوه‌ وهاوڕێبازی ئه‌و نین، ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌ به‌شێكی بورژوازین كه‌ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیه‌ و به‌ ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزم ودیكتاتۆری پرۆلیتاریاوه‌ .

حوكم ده‌كه‌ن هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ ماركسیزم وبه‌رناماكه‌یه‌وه‌ نه‌ماوه‌ هۆی ئه‌م گۆڕانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری روسیا بۆرژوازی له‌ جیهاندا به‌ چه‌ندین شێوه‌ ویستی ێه‌م شۆڕشه‌ له‌ ناوببات به‌ هێرش وپه‌لاماری سه‌ربازی نه‌یتوانی به‌ڵام به‌ سیاسه‌ت و پیلان گێڕی توانی و سه‌ركووتو بوو ، بورژوازی توانی ستالین له‌ كۆمۆنیسته‌وه‌ بكاته‌ ناسیونالیست به‌رگری كاری بوۆرژوازی روسی هه‌ر بۆیه‌ ستالین و سۆڤیه‌ت بووه‌ قه‌ڵایه‌كی تری بوۆرژوازی جیهانی و هه‌موو ئه‌جێنداكانی بورژوازیان برده‌ پێشه‌وه‌ وه‌ هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاته‌ بورژواكۆنه‌په‌رسته‌كان سزای ئیعدام وكوشتنی مرۆڤیان خسته‌ به‌رنامه‌ی خۆیانه‌وه‌ كه‌ دوور بوو له‌ به‌رنامه‌ی كۆمۆنیستی ماركس…. ناتوانین لۆژیك له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌دا بدۆزیته‌وه‌ ده‌بێ بپرسین ئایا ئه‌و نمونانه‌ی ئێوه‌ باسیان ده‌كه‌ن هاتوون به‌رنامه‌ی ماركسیزمیان جێ به‌جێ كردووه‌ یا خود به‌رنامه‌یه‌كی تر ؟ ! بێ گومان ‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ت وحیزب وگروپ وكه‌سانه‌ به‌رنامه‌یه‌كی غه‌یره‌ ماركسیستیان پیاده‌ كردووه ئیتر ناهه‌قی ده‌كه‌ن ماركسزمی پێ ناوزه‌د ده‌كه‌ن.

ته‌نها كۆمۆنه‌ی پاریس و روسیای پاش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌رتا ساڵی١٩٢٤له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ماركسیستی بوو گرنگه‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ هه‌روه‌ك چۆن كۆمۆنیسته‌كان به‌ لاڕێدا ده‌چن وله‌ سه‌رچاوه‌ وبه‌رنامه‌ی ئه‌سڵی خۆیان لا ده‌ده‌ن بۆ ئیسلامه‌كانیش هه‌مان لادان دووركه‌وت‌نه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئه سڵیان ڕووی داوه‌ وبه‌رده‌وامیش ڕوو ده‌دات هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وته‌كانی مرۆڤه‌ له‌ بواری مافه‌كانی ویا به‌ هۆكاری پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاو شارستانیه‌ته‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك خۆی به‌ ده‌سه‌ڵای ئیسلامی ناو ببات یا هه‌ر حیزب وگرپێك یا هه‌ركه ‌سێك باسی په‌رله‌مان بكات وباسی ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ژن و یه‌كسانی ژن وپیاو جیابوونه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت سه‌رنه‌بڕین مرۆڤ بكات ئه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام لایداوه‌و به‌رنامه‌ی ڕه‌وتێكی تر ده‌بات به‌ڕێوه‌ چونكه‌ به‌رنامه‌ ئه‌‌سڵیه‌كه‌ دژی ئه‌مانه‌یه ‌بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ده‌وڵه‌تێك به‌ ئیسلامی بناسین ده‌بێ بزانین چه‌نده‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام ده‌بات به‌ڕێوه‌ د بۆ نمونه‌ خه‌لافه‌تكانی ئیسلام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ده‌وڵه‌تی عوسمانی وتاسعودیه‌ وئێران و داعش به‌رنامه‌ی ئیسلامیان به‌ڕێوه‌ بردوه‌ .

له‌ به‌رناه‌مه‌ی ئیسلامدا وله‌ قورئان وحه‌دیسه‌كان وته‌فسیره‌كاندا ده‌توانین ئه‌وه‌ په‌یدا بكه‌ین ئیسلام باس له‌ كوشت وكوشتار ده‌كا باس له‌ دیل كوشتن وسه‌ربڕینی دیل ده‌كا باس له‌ ده‌ست بڕین و تاڵان بڕۆ ده‌كات به‌ڵام له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ناتوانین یه‌ك ووشه‌ په‌یدا بكه‌ین كه‌ باس له‌ كوشتن و ئازاردانی مرۆڤ بكات .

ته‌نانه‌ت سزای تاوانباریش ناكرێ له‌ سێداره‌ دان بێ سزای سێداره‌ یا ئیعدام كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ی ئیسلامدا ڕێگه‌ پێدراوه‌ كه‌ چی له‌ ماركسیزمدا قه‌ده‌غه‌یه‌ ‌.له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ته‌نها مرۆڤ پیرۆزه‌ .هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌های مرۆڤ بۆ خۆی بگێڕیته‌وه‌ و ژیانێكی مرۆڤانه‌ی بۆ دابین بكرێ وهه‌موو یه‌كسان بن به‌ڵام له‌ به‌رنامه‌ی ئیسلامدا مرۆڤ هیچ نیه‌ و خوداو پێغه‌مبه‌ر خاوه‌ن به‌هان ومرۆڤ له‌ پێناو ئه‌واندا ده‌بێ قوربانی بێ وژیان بۆ مرۆڤ .

گرنگ نیه‌ به‌ڵام له‌ ماركسیزمدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه‌ ژیان ده‌بێ بۆ مرۆڤ بێت به‌ بێ جیاوازی له‌ ڕه‌گه‌زی نێرو مێدا ، ژن له‌ ئیسلامدا ته‌نها بۆ غه‌ریزه‌ی پیاوه‌ وچوار دانه‌یان ده‌كرێ بۆ پیاوێك بێ له‌زه‌تی جنسیان لێ وه‌رگرێ وبه‌ نیو مرۆڤ حساب ده‌كرێ ته‌نانه‌ت له‌ ڕیزی كه‌رو سه‌گدایه‌ كه‌چی له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا ژن مرۆڤه‌ ومافی ته‌واوی مرۆڤی ده‌بێ هه‌بێت .

منداڵ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه‌ به‌ ئایدۆلژیای ئیسلام مێشكی پڕ ده‌كرێت وكچ كور منداڵ مامه‌ڵه‌‌ی جیاوازی له‌‌گه‌ڵ ده‌كرێت وتوندوتیژیان له‌ به‌رانبه‌ردا به‌ كاردێ له‌ به‌رنامه‌ی ماركسیزمدا پێچه‌وانه‌یه‌ وئایدلۆژیا نابێ فێری منداڵ بكرێ تا خۆی ده‌گاته‌ ١٨ ساڵ هه‌ر باوه‌ڕێك هه‌ڵبژێرێ . مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ كچ و كوڕ وه‌ك یه‌ك ده‌بێت هه‌ر له‌منداڵیه‌ وه‌ .

به‌ گشتی ماركسیزم وئیسلام نه‌ك دوو ڕووی پاره‌یه‌ك نین به‌ڵكو دووهێڵی ته‌ریبن هه‌رگیز ناگه‌ن به‌یه‌كتر ، ئیسلام ده‌یه‌وێ مرۆڤ لنگه‌ وقوچ بكاته‌وه‌ ماركسیزم ده‌یه‌وێت ڕاستی بكاته‌وه‌ ، ئیسلام ده‌یه‌وێ مرۆڤ نامۆ و كۆیله‌ بكات ماركسزم ده‌یه‌وێت ‌ ڕزگاری بكات.ئازاد بێت خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی بێت .
ئه‌ی ده‌بێ بۆچی ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ به‌م جۆره‌ له‌ ماركسیزم گه‌یشتبن كه‌ ده‌ڵێن وه‌ك ئیسلامه ‌؟ هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ توێژێكی كورت بینن وچونكه‌ مه‌وقعیه‌تیان له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا وورده‌بۆرژوازیه‌ و مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رژوه‌ندیانه‌ بۆیه‌ ده‌بێ دژایه‌تی ماركسیزم بكه‌ن چونكه‌ ماركسیزم ده‌یه‌ وێ لانه‌كه‌یان لێ تێك بداوبه‌رژوه‌ندیان ده‌خاته‌ ته‌ لێژیه‌وه‌.

ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ خۆیان به‌ مولحید ده‌زانن ودژایه‌تی ماركسیزم ده‌كه‌ن بزانن یا نا ده‌كه و‌نه‌ سه‌نگه‌ری بورژوازی و ئیسلامه‌وه‌ چونكه‌ ماركسیزم دیه‌وێ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌نجام بدات وئه‌و واقعه‌ ماددیه‌ بگۆڕێ كه‌ مرۆڤ مانایه‌كی نیه‌ تێ یداو پێناسه‌ی مرۆڤ بوونی نیه‌ تێ یدا و دونیای پێچه‌وانه‌ بگوڕێ به‌ دونیایه‌كه‌ی باشتر به‌ڵام ئه‌م ڕۆشنبرانه‌ به‌رهه‌ڵستكاری ده‌كه‌ن ڕێگا به‌م گوڕانكاریه‌ ناده‌ن كه‌واته‌ ئه‌وان ده‌كه‌ونه‌ هه‌مان ریزی بورژوازی وئایینه‌وه‌ بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌نجامدا هه‌وڵه‌كه‌یان دچێته‌ گیرفانی بۆرژوازی و ئیسلامه‌وه.‌‌

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌

٢٥\٢\٢٠١٩‌




بەشی دووەم / چەپکێ لە وتە و پۆستەکانم لە ڕیفەڕاندۆمە و تا ساڵوەگەردی ڕیفەڕاندۆم … هەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی دووەم / چەپکێ لە وتە و پۆستەکانم لە ڕیفەڕاندۆمە و تا ساڵوەگەردی ڕیفەڕاندۆم
هەڵۆ بەرزنجەیی
بەندە، پرۆسە و شێواز و بڕیاری ریفەراندۆم بۆ ئەو هەڵکەوتە تاڵەی کوردی تێخزێندراوە و هەلومەرجی جیهانی سازی داوە، بە یەکێ لە میتۆدە دروستەکانی خەباتی گەیشتنە ئامانجە ڕەواکانمان لەم قۆناغەدا دەزانم. هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو، بەدڵ و کوڵ پێشوازی و داکۆکیم لێکرد و بە ڕووداوێکی بەرزی دەنرخێنم و جێی شانازیی کوردبوونمە. لەو ساتەوەختەدا و پاشتریش لە ڕێگەی هەندێ پۆستەوە، بەشداریی و ئامادەیی خۆمم لەم کارەدا نواندووە. لێرەدا ئەو پۆستانە، پێشکەش بە ئێوەی هێژای دەکەم.
سەرنجێکی لێرەدا شایانی ئاماژە پێدان بێت، ئەوەیە بڕەک لە پۆستەکان پەیوەستن بە چرکەساتی رووداوەکانی کوردستان یاخود هەڵوێستی دەستەوتاقمێکی دیاریکراوە، یانژی بارودۆخی ناوچەیی و جیهانییەوە.
مێژووی ئەو ڕۆژگارەش هێندە کۆن نییە، لەیادەوەری هەمووان دا بە جۆرێک لە جۆرەکان هێشتا دەزرنگێنەوە. جار هەبووە لە ڕۆژێکدا چەند پۆستم بڵاوکردۆتەوە، بۆیەکا بەرواری ڕۆژەکانیشم داناوە، تا ڕیزبەندی ڕووداوەکان بپارێزم. بەداخەوە بۆم نەلوا لە ساڵرۆژی ریفەڕاندۆم دا بڵاویان بکەمەوە.
هەڵۆ بەرزنجەیی ١/٣/٢٠١٩

بەشی (١ ـ٣)
٢٥/٩/٢٠١٧
ـ لەگەڵ “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی دا،سڵاوی گەرمی خەبات بۆ پێشمەرگە لەیاد نەکەن،تکایە و زۆر تکایە.
ـ بەڵێی سەربەخۆیی،باشترین و بەنرخترین پاداشتە بۆ ساڕێژکردنی ڕەوانی گیانبەختکردووە نەمرەکانی ڕێی ڕزگاریی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
ـ لە گەرمیانی ئەنفالکراوەوە بە قەتار و ئەڵاوەیسییەوە پێشوازی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت. ئەوان وێرانکەر و ئێمە ئاوەدانکەری ژیانین.
ـ بەر لە 56 ساڵ لای دایک و باوکم و پێش لە 39 ساڵ لای پاسۆک و بیروباوەڕی نەتەوەیی فریچکم بە سەربەخۆیی کوردستانەوە گرت. ئێستا بەختەوەرم گرتنەبەری ئەو ڕێبازە .
ـ هاوڕێیان: کەرنەڤاڵ و گۆڤەندی سەربەخۆییە،کەچی من بە قووڵپ گرانم دێت. بنۆڕە چ بارودۆخێکی دەروونی سەیر ئابڵوقەی داوم؟!.
ـ سڵاو لەو برایانەی “گۆڕان” کە دەنگ بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی دەدەن، بەس تکایە دەنگی نەخێرتان لە دژی گەندەڵی و نادادپەروەریی با بڵندتر بێت.
ـ سڵاو لە ڕۆڵی کۆسرەت ڕەسوول، د. نەجمەدین و ڕێبوار تاڵەبانی، کە لەدوا چرکەساتەکان دا، شاری کەرکووکیان وەک دڵ بەخشێیەوە بە کوردستان.
ـ نەتەوەکەم،بە هەست و خرۆشێکی بەرز و جلوبەرگی کوردیی و ئاڵای کوردستان و خواردنی برنج و قەیسیی جەژن و بەخشینەوەی شیرینی بۆ سەربەخۆیی دەچێت.
ـ ئەرکەکانی ئایندەی بەردەم کورد، هەروەک ڕابووردووی سەخت دەبێت. بە دەوڵەتبوون پرۆسەیەکی قورس و هەستیارە، دەست لەدەست و هێز لە نەتەوە.
ـ بەرپرسان تکایە: پانۆڕامایەکی گەورە وەک شورای چین دروست بکەن و وێنەی تاکە تاکەی گیانبەختکردووانی کوردستانی پێدا هەڵواسن.
ـ گەر حیزب و ڕێبازێ، تاکەکانی بۆ کوردستان و کوردایەتی پەروەردە نەکات، ئەو ئاکامە بەدەستەوە دەدات، کە ڕێژەی نەخێرەکانی ئیمڕۆ نیشانیان دا.
ـ ئەوانەی بە هەر هۆکارێک دەنگی “بەڵێ”یان نەدا، دەبێ ئەوە بزانن ، ئەوە مومارەسەی مافی دیموکراسی نەبوو، بەڵکوو دژ وەستانەوەی مافی نەتەوەیەک بوو.
٢/١٠/٢٠١٧
ـ هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە، ڕۆشنبیری هەلپەرست و حیزب و سەرکردەی هەناسەسوار و ڕاڕا، بتوانن سەرکردایەتی خەباتی رزگاریخوازی بکەن.
ـ بەناوی فشەکردن بە کوردایەتییەوە، سنگی خۆی بۆ ئامەد و قامیشلۆ دەکوتێ،کەچی حەز دەکات داعش هەولێر،داگیر بکات و مەهابادیش نادیدە دەگرێ. پەکووووووو!!.
ـ کە تۆپ و فرۆکەی داگیرکەر بۆمبارانی کوردستانی کرد، ناپرسێ زەرد دەکوژم و سەوز دەبەخشم و مۆر هاوڕێمە و شین بێ لایەنە. ئەو کورد دەکوژێ.
ـ گوایە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا داوای دیموکراتیمان لێ دەکەن،کەچی سادەترین بنەمای دیموکراسی دەنگدانی %٩٢ نەتەوەکەمان بوو بۆ سەربەخۆیی،لێمان پەسەند ناکەن.
ـ داگیرکەران هەموو شتێکمان لێ قبووڵ دەکەن،بەس کوردبوون نەبێت.
ـ کورد ساڵانێکە دژی تیرۆریستانی داعش لە جەنگ دایە،کەچی پاداشتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێدەنگی و فەرامۆشییە، بەرامبەر بە خواستەکانی.
ـ دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، بەرهەمی خەباتی میللەتەکانیان نین، بەڵکو بەچکەی زۆڵەکی ناشەرعی مامە ئینگلیز و فەرەنسا و ڕووسیان.
٣/١٠/٢٠١٧
ـ مەخابن بۆ ئەو کەس و لایەنانە گەوجێندراوانەی، گووتاری دژە سەربەخۆیی و دژە دەوڵەت ختووکەی فیزیان دەدات.
ـ چەمک و مانا و گوتار و کرۆکی “کوردبوون” داوای یەکێتی و یەکڕیزیی و تۆکمەییمان لێ دەکات، مامۆستا و هاوڕێ ئێوە وان لە کوێ؟.
ـ هەر هێز و کەسێک دژی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بێت، بانگاشەکانی درۆزنانە و دروشمەکانیان چەواشە کارانەن.
ـ هاوڕێ! من باش دەتبینم،خۆت و حیزب و باوەڕەکەت،لەئاست پرسی نەتەوەیی کورد دا، مێشک و دەست و هەگبە بەتاڵن. ئیتر گارە گاری چیتە؟!.
ـ ئیدی کورد لە کایەی مێژوودا گەمە دەکات،بۆیەکا چیدی بەخۆیی و مێژووی پڕ لە شانازییەوە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە.
٨/١٠/٢٠١٧
ـ نهێنی سەرکەوتنی کورد دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی و تەبایی ریزەکانی،نەک فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای حیزب حیزبێنە.
ـ ئەگەر کورد موعجیزە نەبێت،وا لە میانەی 27سەدەی داگیرکراوی و چەوسانەوەدا، وا ئێستا باسێکی مێژوو و کەرەسەیەکی مۆزەخانە دەبوو.
ـ مەرگی مام جەلال سنوورە دەستکردەکانی سڕییەوە و پرسی نەتەوەی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان دا،یەکخستەوە.
ـ ریفەراندۆمی سەربەخۆیی بووە هەڵگری هیوای کورد و هێزەکانی باوەڕی یەکخست. بۆیەکا داگیرکەران هەراسان بوون و بەردەوام پلانگێرێ دەکەن.
١٣/١٠/٢٠١٧
ـ هەر هێزێک یەکڕیزی کورد ببەزێنێ،یاری بەئاگر دەکات و خۆی بەر لەهەر لایەکی تر دەسووتێنێ و بەر نەفرەتی مێژووش دەکەوێ.
ـ کورد بە یەکڕیزیی سەرکەوتنی دەبێتە شا سەرکەوتن و ژێرکەوتنیشی دەبێتە مەدالیای شەرەفی مێژووی مرۆڤایەتی. کەواتە هەر سەرکەوتووە.
ـ خەباتی بوونە دەوڵەتی کوردستان سەختە و مەرجی سەرکەوتنیشی یەکڕیزیی و حیکمەتی سیاسییە. لەبەرئەوە هەموو ورە و خۆڕاگرییەکی گەورەمان پێویستە.
ـ سڵاو لەو ڕۆڵە بە ڕوومەت و سەربڵندەکانی کەرکووک، ئەوانەی لاشەیان دەکەنە شورای پاراستنی شار و وڵاتەکەیان.
ـ گەر کورد کەرکووک لەدەست بدات، سەربەخۆییەکەی ئیفلیج دەبێت و دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم.
ـ کەرکووک ڕیفەڕاندۆمەکەی سەرخست و کەرکوویش سەربەخۆییەکەمان دەپارێزێ و مسۆگەری دەکات.
ـ هەستی ئێرانچێتی هێندە شۆفێنیزمی لێ دەتکێ، پاسدارێک و چەپێکی دژە پاسداری ئێرانی خستۆتە یەک سەنگەریی دژ بە سەربەخۆیی کوردستانەوە.
ـ پێویستە هێزی جەماوەر و ڕۆشنبیران،حیزب و دەسەڵاتی کوردی ناچار بکەن نە پاشەکشە و نەهەڕاجی دەنگ و هەڵوێستی سەربەخۆخوازییان بکەن.
ـ کەش و هەوا و سەرکەوتنی بەرچاوی بەڵێی سەربەخۆیی، نەخێرخوازەکانی کشومات کرد. ئێستا کە دوژمن هەڕەشە دەکات، ئەوانیش دیسان سەرە جوقەیانە.
١٧/١٠/٢٠١٧
ـ مێژووی کورد جاشایەتی و ناپاکی 31.8.1996 و 16.10.2017هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.
ـ کەرکووفرۆشان جگە لە خۆتان، هەستی کوردبوونی 60 ملیۆن کوردتان بریندار کرد. ڕووتان بۆ هەتا هەتایی ڕەش بێت.
ـ ئەگەر ئەندام و لایەنگریی حیزبەکان هەڵوێست نەنوێنن, بەرامبەر بە کەرکوکفرۆشان, وا دەبێت هەر لە نێو ناپاکی دا تلاوتل بکەین.
ـ ئەوەی کەرکووکی فرۆشت, ناپاکی لە ماڵی خۆیشی دەکات.
ـ ئەرێ! بڕیاردەران و بکەران و لایەنگرانی ناپاکییەکەی رۆژی16.10.2017 ، لەمەوپاش چۆن باس لە 31.8.1996 دەکەن !؟.
ـ بێدەنگی لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان, بەرامبەر بە کوردستان فرۆشان نیشانە و ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ ئێستا و ئایندە.
ـ کەرکووک, کرایە قوربانی چەند تەنکەرێک نەوت و بڕەک فەردە دۆلاری قەرسیلی.
ـ کەرکووکفرۆشان باش بزانن، ئێستاش بە پشتیوانی داگیرکەران کارتان مەیسەر بێت،وا لەدەست نەوەی ئاییندە و مێژوو هەرگیز ڕزگارتان نابێت.
ـ مۆری ناپاکی لە نەتەوە و نیشتمان،هەرگیز کاڵ نابێتەوە و هیچ هێزێکیش ناتوانێ بیسڕێتەوە.
ـ سەیرە نیشتمانێک کەسێک یان دووان بتوانێ گەمە بە چارەنووسی بکات؟! ئەی شێرە کوڕ و مامۆستا و فەیلەسوفەکان ئێوە وان لە کوێ؟!.
ـ سەرکەوتن و ژێرکەوتنی بە کۆمەڵمان،دەبووە گەورەتین وانەی مێژوو. مخابن یەکڕیزی تێک درا.
ـ دوای 10.10.2017،وا چاوەڕوانم دەکرد، زۆر ئەندام مەکتەبی سیاسی و پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک و ئەندام واز لە حیزبەکەیان بهێنن.
ـ ئەگەر ئەم تێکشکانەی16.10.2017 وەرچەرخان لە بیر و تێڕوانین و پەیکەرسازی کورد دا دروست نەکات، مانای وایە ئیدی مایەپووچ بەدیار مێژووەوە ژیان دەگووزەڕێنین.
ـ وتاری سەرۆکی هەرێم زۆر لاواز و وەڵامدەری کێشە و ڕووداوەکانی 16/ ی ئۆکتۆبەر نەبوو.
ـ کورد نەتەوەیەکی زوڵملێکراو و تەنیای ئەم گەردونەیە، %٩٢ی دەڵێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ، کەچی بە چوار دەوڵەت پەلامار دەدرێ و دنیاش تەماشای دەکات.
ـ بەریتانیا دایکی ئەوروپا و جیهان چونکە دەوڵەتە،BREXIT ی لەیەکێتی ئەوروپا کرد،لێیان قبوڵ کرد. کەچی کورد و کاتالۆنی پەلامار دەدرێن.
ـ تۆ بڵێی ئیسرائیل و ئەمەریکا رازی بن، ئێرانی خاوەن چەکی ناوکی، عێراقیش وەک سووریا و لوبنان و یەمەن بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکات؟.
ـ داگیرکەرانی کوردستان یەکگرتوویی کوردیان ناوێ، بۆیەکا بەردەوام بایەخ بە لایەکی دەدەن، تا میکانیزمی خۆخۆری لەگەڕ نەکەوێ.
١٨/١٠/٢٠١٧
ـ لەنێو داگیرکەرانی کوردستان دا، ئێران مەترسیدارترینیانە، چونکە بەناوی زڕبرا و دۆستەوە، وەک هەژدیها دەستی خستۆتە ناو جەرگ و هەناوی کوردەوە.
ـ ئێران بە درێژایی بوونی خۆی هەوڵی پاراستنی میکانیزمی کوردکوژی لەنێو پارتە کوردییەکاندا داوە، تا دوا بڕیار و کۆنتڕۆڵ لای خۆی بێت.
ـ کورد هەزارجاری دیکەش بکەوێ، هەر هەڵدەستێتەوە و ڕۆژێ دێت بە ئاواتەکانی بگات.
ـ هەزاران ناپاکی ناوخۆ و هەڕيشە و گەمارۆی داگیرکەران، ناتوانێ نەتەوەیەک لەناوبەرێ، کە 2717 ساڵە بە مەرگ خۆی ژیان دەڕسکێنێ.
ـ کوردبوون و خەبات و قوربانییەکانی بۆ بنەبڕکردنی ناپاکی،لە هەمووان داوای هەڵوێست دەکەن.
ـ نەبوونی سوپایەکی کوردستانی، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکانی شکستمان.16 ی ئۆکتۆبەر بە نموونە.
ـ کەسێک تامی ئازادی چەشتبێ، بەسانایی کۆیلە ناکرێتەوە. بنۆڕە ڕاپەڕینی ئەمرۆی کورد.
ـ لە سێبەری ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی دا، نەتەوەی کورد یەکگرتووترین چرکەساتەکانی ژیانی دوو دەیەی ڕابووردووی خۆی بەسەر برد.
ـ بێ کەرکووک، نابێت کورد بیر لە هیچ دانووساندن و پرۆژەی چارەسەرێک بکاتەوە.
ـ دەبێت ئێستا باری دەروونی پاڵەوانانی کەرکوکفرۆش چۆن بێت؟
ـ حەشدی شەعبی،داعشی شیعەیە بۆ کورد.
ـ سەیرە د. نەجمەدین لەسەر کوردایەتی دەردەپەڕێندرێت و بێ بڕیاری ئەنجومەنی کەرکووک دەیگۆڕن؟
ـ سڵاو لە هاوزمان و هاوخوێنەکانم لە شاری خانەقینی/ حەشدای شەعبی بەزێن.
ـ سڵاو لە گەڕەکی ڕەحیمئاوای بابەگوڕگوڕ کە نایەڵن، ئاڵای کوردستان لەکەرکووک نەوی بێت.
ـ تکایە بەپەلە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕاپەڕیوەکانی ڕەحیمئاوا و خانەقین بنێرن بۆ کەرکوکفرۆشان.
ـ بەو هیوایەی ناپاکی 16/ ی ئۆکتۆبەر.بۆ هەمیشە، بێتە دوا وانەی هەڵکێشانی ڕەگوڕیشەی ناپاکی و خۆفرۆشی لە کوردستان دا.
ـ ڕاپەڕینی سەرتاسەریی لە کوردستانی بندەستی حەشدی شەعبیدا، چەخماخەی دایەوە.
١٩/١٠/٢٠١٧
ـ خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەری کەرکووکی بابەگوڕگوڕ، بە شکۆ و شایستەوە پێشوازی لە د. نەجمەدینی پارێزگار و دڵسۆزان و ئاوارەکان بکەنەوە.
ـ جەماوەر پێشمەرگەیە و پێشمەرگەش کراوەتە تەماشاوانی گاڵتەجاڕکە. چ سەیرێکە یاران!.
ـ سەعدی پیرە: یەکێتی لە پێناوی کەرکووک لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێک کەوتووە، ئەی بۆ کاک کۆسرەت و د.نەجمەدین شەڕیان لەدژی حکومەت کرد؟!.
ـ کەرکووکفرۆشان بەپشتیوانی داگیرکەران توانیان بە OFFSID گۆڵێک بکەن. ئێستا خۆبەخشەکان بە شانازییەوە لەهێڕشدان و گۆڵبارانیان دەکەنەوە.
ـ هەوڵی داتاشینی هەر حیلەشەرعییەک بۆ ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دەکاتە عوزر لە قەباحەت خراپتر.
ـ گەلۆ کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ڕیفەڕاندۆمیشی نەکردووە،کەچی هەر دەکوژرێ و لەسێدارە دەدرێ.
ـ هیچ بەدووری نازانم (ئەبوبکر بەغدادی)لە سوریا و ئێران بێت،وەک زۆربەی سەرکردەکانی دیکەی القاعدە.
٢٠/١٠/٢٠١٧
ـ هەرچی چەرمی دنیایە بیخەنە سەر ڕووم، هێشتا زات ناکەم، وەک بەرپرسی حیزبەکان درۆ بکەم.
ـ پێمان دەڵێن: بۆ ئەوەی کەرکووک وەک موسڵ و حەڵەبی لێ نەیەت، دامانە دەست حەشدی شەعبی، سبەینێ دەڵێن: با سلێمانی و هەولێریش وەک کەرکووک لێ بکەین.
٢٢/١٠/٢٠١٧
ـ بینیم، بە دڵی سارد و گیانی سڕ و باوەڕی لەرزۆکەوە، بەشەلەشەل بەرەو ڕیفەڕاندۆم دەچیت، دڵم کرمێ بوو و ترسیشم لێ نیشت، وتم دەیقەومێنێ.
ـ خەڵکینە تێناگەم: میللەت و حیزب و بەرپرسەکانی یەکێتی ناوی کەرکوکفرۆشیان هێنا، کەچی ئەوان هێشتا لە کوردستانن و بەرپرسی یەکێتیشن؟!.
ـ کورد بە گوڵ و عەرەب بە گوللە، پێشوازی لە ئەمەریکا دەکەن، کەچی هەر عەرەب لای ئەوان لەپێشترە. گەر کورد وەک عەرەبی بکردایە، چی دەبوو؟!.
ـ ٢٣/١٠/٢٠١٧
ـ ئێران بە حیزبوڵڵا ژیانی سیاسی لە لوبنان ئیفلیج و کۆنتڕۆڵ کردووە، کوردستانیش لە ڕێی کوردستانفرۆشانەوە لە هەوڵ دایە.
ـ ڕۆشنبیرانی پایتەختی ڕۆشنبیریی کوا قیڕەکانتان!؟، قەڵەمتان شکاوە و شەوەزەنگ بیرتانی داپۆشی، یان هەریەکەتان نرخی حیزبێکتان پێوەیە؟.
ـ ئێران هەموو خەونەکانی لە باشووردا بۆ نەهاتۆتە دی، بۆ نموونە براکوژی، بۆیەکا دەست لە پلانگێڕی هەڵناگرێ.
ـ کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی و سەرکەوتنە مەزنەکەی بە %٩٢ و مەراسیمی بەخاک سپاردنی مام جەلال شکۆی کوردی سەنگین کرد، خۆفرۆشان هەموویان سڕییەوە.
ـ یاران چ کارەساتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییە دەنگ و ڕەنگی لەشکری قەڵەمفرۆشان دژ بە داگیرکەران و خۆفرۆشان نە دێت و نە دیارە.
ـ چ دەقەومێ گەر بێت و گرووپێکی جولەکە، پەلکێشی حیزبوڵڵا بۆ ناو ئیسرائیل بکەن، یان گرووپێکی فەلەستینی هی ئیسرائیل بۆ غەززا و ڕامەڵڵا بکات؟!.
٢٤/١٠/٢٠١٧
ـ ناڕۆشنبیرمان هەیە بە یەکقۆڵی و دووقۆڵیش شت دەنووسن بۆ ئەوەی “گەڵاکان”هەمیشە وەک پاداشت بەسەوزی و مفتی بەدەستیان بگات.
ـ ئەگەر خۆت بە بیر ڕۆشن دەزانی، ئەوە شەوەزەنگی نەتەوەکەت داهات، هەر هیچ نەبێ ڕێگا ڕووناککەرەوە، پەلی کوێرێ بگرە و دژی خۆفرۆشێ بوەستەرەوە.
ـ گەر زانین و زانیاری و باوەڕ و ئایدۆلۆژیا و چەک و حیزب و ڕێباز ، خزمەتی کورد و کوردستانی پێ نەکرێ، سەلکێ پیازی ڕزیو ناهێنێ.
ـ کوان ئەو تاریک بیرانەی وەک پاڵەوانی شاشە، بەردەوام خەریکی نائومێدکردنی تاکی کورد و قووڵکردنەوەی قەیران و میکیاجکردنی دەسەڵاتداران بوون؟!.
ـ ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین، ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین! سەرفرازین، وەک ڕانەمەڕ لەناو گەلەگورگی چاو تەنگا تێربین و وەکو وردەماسی لەناو هەناوی نەهەنگا ئارام بگرین.
ـ لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە باش و جاش، خەباتگێڕ و نیشتمانفرۆش وا تێک ئاڵاوکراون، بەدروستی لێک جیا ناکرێنەوە.
٢٥/١٠/٢٠١٧
ـ دەرکەوت زۆر کەس پێشمەرگە بووە بۆ حیزب و شۆڕشیشی بۆ حیزب بووە. بۆیەکا ئەوانە ناتوانن بڵێن پێشمەرگە بوون و شۆڕشیان کردووە.
ـ حیزبەکان بۆ کورد و کوردستان و کوردایەتی کەسییان پەروەردە نەکردووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەموو بازرگانییەکیان کردووە.
ـ ئەو پرۆژەیەی لە16 ی ئۆکتۆبەردا پێماندا هەڵپژا،هی چڵکاوەکەی ساڵی 66 بوو.
ـ داگیرکەرانی کوردستان بەتاک و بە کۆ، بەردەوامن لەسەر پلانگێڕی دژی کورد. تاکە چەک و قەڵغانی دەستمان یەکڕیزیی و تەبایی و کوردایەتییە.
ـ داگیرکەران و دنیا دژی ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەرکەوتن، ئەم ڕاستییە دەیسەلمێنێ، ئەو بڕیارە مێژووییە، بەس هی کورد خۆی بووە.
٢٦/١٠/٢٠١٧
ـ شانازیکردن بە تەنیا شارێکی نیشتمانەوە، لە ڕێبازی کوردستانی و بیری کوردایەتی و چەمکی کوردبوون دا جێگە و سەنگ و بەهای نییە.
ـ بەو هیوایەی مێژووی هاوچەرخمان، بە قەڵەم و ویژدانێکی پاک و دڵسۆزەوە بنووسرێتەوە.
ـ نیشتمان لە کۆمەڵێ شار و شارۆچکە و ناوچە و هەرێم و گوند پێک دێت، شار بریتییە لە چەند گەڕەکێک . کەواتە نیشتمان گەورەتر و پیرۆزترە.
٢٨/١٠/٢٠١٧
ـ کورد وەک قوربانییەکی داگیرکاریی و فەرامۆشکراوێکی نێودەوڵەتی، ئەگەر ژیانی لێ تێک بدرێ، ئەوانیش! هەموویان نابێ و ناتوانن بە ئاسوودەیی بژین.
ـ ئەگەر کورد ئەمجارە لە باشووردا شکست بخوا، دەرفەتی خەباتێکی نوێی قورس دەبێت، چونکە چیدی بەغدا و تاران وەک جاران ناکۆک نین، بەڵکو یەکن.
ـ دوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان بوونە یەک، کەچی پارچەیەکی کوردستان خەریکە بکرێتە دوو پارچە و کە نیوەشی هەر داگیرکراوە.
٣٠/١٠/٢٠١٧
ـ تا16 ی ئۆکتۆبەر باوەڕم وابوو حیزبەکان ڕەفتار مافیائاسان، کەچی لەو ڕۆژەدا دەرکەوت مافیای ناو حیزبیش هەیە و دەستبەکار و بڕیاردەریشە.
ـ هەزاران چیرۆک و ڕۆمان بگێڕنەوە و شا وەستای پینەچییان و مکیاجسازان بهێنیتەوە، ناتوانی ڕووی ڕەشی ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر سپی بکەیتەوە.
ـ مەلای عەجەم وەک هەژدیهای حەوت سەر، بەخۆیی و چەندەها پلانی جەهەنەمییەوە شاڵاوی بۆ تێکشکاندنی شکۆی کورد و کوردستان هێناوە. یەکریز بن.
ـ ئەوەی هەوڵی پاساوهێنانەوە بۆ ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر دەدات،خۆی دەکاتە بەشێک لەتاوانەکە و(خوش امدی)ی لەداگیرکەر دەکات.
ـ سەردەمی سەدام مووچە بە ئیمتیازەوە هەبوو،کەچی شۆڕشمان کرد! و ویستمان لە قەندیلەوە بیرۆخێنین! بۆ؟!.
ـ شەڕی کوردکوژی پشێوی نانەوە و پارچەپارچەکردنی کوردستان و لەناوبردنی تاکە دڵسۆزەکانی و کڕینی جوامێرەکانی…تاد،ئەجێندای مەلای عەجەمن.
ـ هەموو دەرک بەو گوشارانە دەکەین کە ڕووبەڕووی کوردستان بۆتەوە، بەڵام سەروەری لەوەدا بوو بەیەکڕیزی سەرکەوتن یان ژێرکەوتن بنووسینەوە.
ـ ئەگەر لە 16ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکووک بەرگری بکرایە، ئێستا کوردستان یەک کڵپە ئاگر و داگیرکەر ریسوا و جیهان ڕوو زەرد و شەرمەزار دەبوون.
ـ بنۆڕە دنیا چەند سۆزانییە بەرامبەر بەنەتەوەی کورد و کاتالانییەکان. دوژمنەکانی ئێمە داگیرکەران و ئەمەریکا و ئەوان ئیسپانیا و ئەوروپا.
٣١/١٠/٢٠١٧
ـ ڕاستگۆیی و هەقپەرستی دوو پرنسین لە ژیانی حیزبایەتی کوردستان دا تابوون، چونکە حیزبەکان دەروێشن، ترسنۆک و بەرژەوەندی پەرستن.
ـ ناپاکەکان بوونەتە خاوەنی زۆر شت، کوردبوونیان دۆڕاندووە. میللەت دڵشکاو وە دەربەدرە،لێ کوردبوون چەک و سەرمایە و شانازی بوون و هەبوونێتی.
ـ گەر هێزە هاوپەیمانەکان ڕاستگۆ و خاوەن مۆڕاڵ و بە پەرۆشی مرۆڤایەتین، ئێستاش دەتوانن بە بەدیلەکانیان کار بۆ چارەسەری کێشەی کورد بکەن.
ـ ٢/١١/٢٠١٧
ـ ڕاگەیاندنی بلفۆڕ بەر لە 100 ساڵ دراوە. تا ئێستا فەلەستینییەکان داوای هەڵوەشانەوەی دەکەن. هەندێ کوردیش داوای تۆخکردنەوەی سایکس پیکۆ دەکەن.
ـ نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەوین: ئیسرائیل بەرامبەر بە عەرەبی یەکنەگرتوو، کوردی دابەشکراو ڕووبەڕووی 4 داگیرکەری دڕندە وی نامرۆڤ.
ـ لە چڵکاو و ژەهراو بەولاوە، حیزبەکان چ شتێکی تریان نەکردووە بە گەرووی ئەندامەکانیان دا، بۆیەکا زۆرجاران ڕێگای ڕۆشنشییان لێ تاریک بووە.
ـ بەپێی ڕاپرسییەک%١٣ ئیتالییەکان لە وڵاتەکەیان دا ئاسوودەن .کەچی کەسیشیان هەوڵی ڕووخانی دەوڵەتەکەیان نادەن و پەلکێشی دوژمنیش ناکەن.
٣/١١/٢٠١٧
ـ ئەگەر کاتالۆنیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ژێر خولگە و هەژموونی ڕوسسیادا بوایە، ئێستا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی سەربەخۆییان لێ دەکرد.
٥/١١/٢٠١٧
ـ گەر دوای سەرەداوی ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بکەوی، پاش مەلای عەجەم، دەگەینە مام ئینگلیز لە داون ستریت/ لەندەن .
ـ ئاغای گەورە “ئینگلیز”دروستکەری عێراقە، بۆیەکا دوای ڕیفەراندۆم ی سەربەخۆیی بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەی گاردەکانی سنووری سایکس پیکۆی خستەگەڕ.
٩/١١/٢٠١٧
ـ هەتا کێشەی ڕەوای کورد چارەسەر نەبێ، مەحاڵە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەکەدا، بێتە دی و بەرقەرار بێت.
ـ لە ترسی ئەنفالی حەشد و سوپای عێراق 15 هەزار کەس لەدوای ناپاکییەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک و ناوچەکانی ترەوە ئاوارە بوون.
ـ مادام ژیان و گوزەران لە کورد تێکچووە، وا بە دڵنییایەوە داگیرکەرانیش ناتوانن ئاسوودە بن.
ـ هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان بە یاسا و دەستوور ڕەفتاری لەگەڵ کورد دا نەکردووە، هەتا کەی کورد چاوەڕێیە داری زڕ بەری بۆ بگرێ.
ـ بارودۆخی ئێستا بەرهەمی سەرەکی ناپاکییەکە لە ئەقڵی خێڵەکی و حیزب حیزبێنە و سیاسەتی سەقەت و نەزانی و گەندەڵی و هەڵەکردن و نادڵسۆزییشی تێدایە.
ـ نەبوونی حیزبێکی نەتەوەیی و سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی و پرۆژەیەکی نەتەوەیی، لە کەماسییە هەرە مەترسیدارەکانی کوردستانە.
ـ دبلۆماسێت و لۆبی کوردی هەر نییە، گەر هەش بێت، هی حیزبەکانە، ئەویش لە جێی نەبوانە.
ـ لە ئایندەدا کورد دەبێ: سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی بەدیسپلین ، حیزبی پۆڵاینی خاوەن ستراتیژ و لەشکرێکی یەکگرتووی، پشتبەستوو بە نەتەوە و چیاکان پێک بهێنێت.
ـ ئەقڵێتی ناپاکی 16ی ئۆکتۆبەر و ئەوانی دیکەش، کتومت وەک ئەوە وایە: کەسێک لە داخ و ڕقی باوکی ، پیاوێکی بێگانە سواری دایکی خۆی بکات.
١٧/١١/٢٠١٧
ـ دەوڵەتی ئێرانی ساڵانە چەندەها ملیارد دۆلار بۆ حیزبوڵای لوبنان دەنێرێ، کەچی خێوەت و پەتووی پێویست بۆ قوربانییەکانی کرمانشان دابین ناکات.
ـ فارس دەوڵەتی میدیای ڕووخاند، سمکۆی شەهید کرد، پێشەوای لەسێدارە دا، قاسملۆ و سەرەفکەندی تیرۆر کرد،ئەندازیاری چەندین 16ی ئۆکتۆبەریشە.
٢٠/١١/٢٠١٧
ـ عێراق دەوڵەتێکە سەرەککۆمارەکەی بووە بە گاڵتەجاڕی خەڵک، جا چاوەڕوانی چی لە دادگاکەی و ئەقڵێتی داگیرکاریی و چ زڕەخەونێکی دیموکراسی دەکەیت!؟.
ـ هەروەک کورد ئەنفال و کیمیابارانی کرد بێو هەزارانی لە سێدارە دابێ، وا دادگای فیدڕاڵی پەیتاپەیتا بڕیار لە دژمان دەردەکات.
ـ ئەو واقیعە کۆمێدییەی دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقی تێیدایە، هەر ئەقڵێتی دەسەڵاتدار لێی بەرپرس نییە، بەڵکو ئەوانەیشی کە خەونی پەمەیی تێدا دەبینن.
ــ گەر ئینگلیزی ئاغای گەورە، دەوڵەتی بۆ عەرەب و دروست نەکردایە، وا بەیەک ملیۆن ساڵی تریش لە پەراوێزی خێڵ دەرباز نەدەبوون.
ـ میللەتێکی، عێراقی، سوریایی، لیبیایی، لوبنانی،میسری،جەزائیری،مەغریبی نییە. با هەزار ساڵی تریش دەوڵەت بن، ناتوانن میللەت دروست بکەن.
ـ شانازی بە یەک چرکە بیرکردنەوە و خەبات و دروشمی هیچ کەس و لایەنێکی کوردەوە ناکەم، بۆ وڵاتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بێت..
ـ هاوسۆزێ کورد بۆ جولەکە ئۆباڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ موسڵمانی عەرەب و فارس و تورک. ئەوان شەیتانی یەکتر قبوڵ دەکەن و ڕەحمانی کورد ڕەت دەکەنەوە.