” تەنها ڕۆژێک بۆ فریودانی کچانی حەوا”…شێرزاد حەسەن

هەشتی مارت” بۆ هەر خەڵكێک و نەتەوەیەک مانایەکی کەم و زۆری هەبێت، بۆ ئێمەی نیشتەجێ لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” ناتوانێت خەمی تاکە بێوەژنێک و تەنیایی قەیرە کچێک بڕەوێنێتەوە،

هیچ بەروارێک و بۆنەیەک قەرەبووی ئەو ئازار و ژان و ستەمە ناکاتەوە کە کچان و ژنانی ناو مەملەکەتی نێرینەکان بە درێژایی ژیان و مێژووی خۆیان دەیچێژن. هەر بە ڕاست لە کۆنەوە گوتراوە کە هەموو دونیا کراوەیە و ماڵی پیاوانە، بە تەنها یەک ماڵ یان خانوو کە پتر لە زیندان دەچێت هی ژنان و کچانە، گەرچی کۆمپیالە و تاپۆ ڕەشەکەی لە ناو گیرفانی پیاوەکانە، بە واتا خانمان لە ناو ئەو ماڵەشدا کرێگرتە و کرێچی پیاوانن، لەوەش قەباحەتر و ناشیرینتر هەر هەموو ژوورەکان هی پیاوانن، بە ژووری نووستنیشەوە کە گوایە بۆ خانمان ڕازاوەیە، دیارە مووبەق/ ئاشپەزخانەش کە ژنانی کەیبانوو تیایدا دەسووتێن هەر وەک ژوری خەوتن شانشینی پیاوانە بۆ چێژبردن، وەلێ لەسەر تەختی خەوتن ژنان تا هەنووکەش پتر لە بووکەشووشەکانی سێکس دەچن، یان تەنەکە و سەتڵی خۆڵ و خاشاکی شەهوەتی مێردە مۆنەکان. نەک بنیادەم و ژنانی سەرمەست بە سۆز و عیشق. تەرخانکردنی ڕۆژێک و بگرە مانگ و ساڵێکیش ناتوانێت ئەو مێژووە پڕ لە ستەم و چەوساندنەوەیە بسڕێتەوە، یان کاڵی بکاتەوە، کە خودی هەر هەموو بزاف و گوتار و ڕابوون و هەڵگەڕانەوەی فێمنیستەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی چەندین سەدەیە بە جۆرەها زمان و شێوە و بە ئامرازی جیاواز تێدەکۆشن تاوەکو بنەبڕی بکەن، بە تایبەتی ئەو خانمانەی کە خۆیان بە ڕادیکال دەزانن، کە گومانی قووڵیان لە کۆی میراتی فیکری و کولتووری مرۆڤایەتی هەیە کە هەر هەمووی دەستکردی پیاوە و هەر بۆ خۆشی و بەرژەوەندی خۆی دروستی کردووە، کە دیارە خودی “زمان” لە لایەن باوکە ئەبەدییەکانەوە قۆرغ کراوە کە بووەتە بۆتە و هەڵگری رۆحی ستەمکار و دەستەڵاتخوازانەی نێرینەکان، هەڵبەتە ئەوەشمان لە یاد نەچووە کە لە هەموو دونیادا بۆ زمانی هەر نەتەوەیەکی جیاواز (زمانی دایک) بووەتە ناسنامەی منداڵەکان کە وەک هەر شتێکی دیکەی زکماک و خۆرسک دەبێت بە مۆرکی هەمیشەیی، بەڵام خودی ئەو زمانە بار دەکرێت بە هەموو ئەو تین و تەوژم و کۆد و رەمز و هێما و مانا و میراتە فیکری و ئێتێک و رۆحی ستەم و نامرۆیانەی پاتریارکەکان کە خودی نەخشەی ژیانێکی نایەکسانی و جیاکاری لەسەر ئاستی رەگەز و توخم لە ناو هەناوی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیدی لەوە دەشۆرێت زمانی دایکە زەبوونەکانی ئێمە بێت.. ئاخر کە نێرینەکان یاسا و ڕێسا و شەرعیان دادەڕشت و دەنووسییەوە، یەک ژن لە ناو ئەو ئەنجوومەنی نێرگەل و کەڵەگایانە بە میوانیش بانگهێشت نەکرابوو.

هەڵبەتە لەمڕۆکەدا کۆمەڵێک لە پیاوان کە بە ژمارە کەمن بوونەتە خەمخۆری ڕەسەن و ئەمەکدار بۆ بانگەشەی ئازادی خانمان، لەتەک ئەو پیاوانەی کە دروشمی یەکسانیان بەرز کردۆتەوە کە ڕەنج دەدەن لەسەر بنەمای ڕەگەز جیاوازی لە نێوان مێینە و نێرینە نەکرێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ملیۆنەهای دیکە کە بڕوای بە نایەکسانی و جیاوازی هەیە: هەر دوو تای تەرازووەکە زۆر لاسەنگ و سەرە و ژێرە. هەڵبەتە لە نێو هەندێک نەتەوە و وڵاتدا ئەو تێکۆشانە بەرهەمی هەبووە، لەسەر ئاستی ژیانی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەڵام گەر ڕاستگۆ بین هێشتا دەستەڵاتی ستەمکارانەی باوکسالاری یان پیاوسالاری هێز و هەژموونی خۆی زاڵ کردووە و تا هەنووکەش پیادەی دەکات، چ لە خۆرئاوا و چ لە خۆرهەڵات، بێ سڵکردنەوە دەڵێین کە لە ناو کایەی سیاسەت و ئایین و سەرمایەگوزاری و کولتووریدا هێشتا پیاوان زاڵترن و کەمترین پانتایی و هەل و بوار و زەمینەسازی بۆ خانمان خۆش نەکراوە کە بێنە مەیدانێ و ببن بە کارەکتەری سەرەکی ناو ژیانێکی شکۆمەندانە. هەر بۆ نموونە: نۆهەد نۆ دەر سەدی سەرمایەی دونیا هی پیاوانە، یەک دەر سەدی سەرمایەی دونیا لای خانمانە، دیارە لە ناو کایەی ئایین و ڕامیاری و پەروەرددە و کۆی خانە و کایەکانی دیکەی چالاکی مرۆیی هەر ئەوان سەردەستە و بڕیادەرن بە پێوانە و ڕێژە هەرە زۆرەکەی پیاوانن نەک ژنان.

ئایا ئەوەیان چ ڕۆژێکی ڕەشە کە ساڵانە لە “هەشتی مارت”دا خەڵکانێک گوڵ دەبەخشنەوە و ئاهەنگ ساز دەکەن، کە بە ملیۆنەها لە ژنان لە ماڵەکانی خۆیان زیندانین، جا چ کۆشک-نشین بن یان کەلاوە نشین، یان ئاوارە و ماڵ بە کۆڵەوەن دەرئەنجامی ئەو جەنگانەی کە پیاوەکان بە ناوی کڕینەوەئ ئابڕووی تکاوی خودا یان درۆی خۆشەویستی نیشتمان و یان بە ناوی نەتەوەپەرستی و خەڵک و خاکپەرستی لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”دا نەک “ڕۆژهەڵاتی ناوەراست” بەرپایان کردووە، هاوکات بە ملیۆنەهاش ئاوارە و دەوارنشینن، تلاوە و کوشتەی کۆچ و ڕەوی ملیۆنین، کە بەرهەمەکەی ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستانەکان بووە، کاولکاری و دۆزەخ سازکردن و گۆڕینی مەملەکەتەکان: کە بوون بە قەسابخانە و شێتخانە و بەندیخانە و خەستەخانە کە تیایدا هەرزانترین شت مەرگی مرۆڤ خۆیەتی، کە دوا جار باجەکەشی ژنان و منداڵان دەیدەن و دەبن بە سووتووی جەنگ و پێخوست و قوربانی، هەڵبەتە هەر وا بووە، پياوەکان شەڕ دەنێنەوە و جەنگە خوێناوییەکان بەرپا دەکەن، لە ئاکامدا ژنان ڕەشپۆش دەبن و ناچارن بەوەی کە بێوەژنکۆشی بکەن و کچەکانێش پرچی سپی بهۆننەوە.

هێشتاکە لە دونیای ئێمەدا ژن کانگا و سەرچاوەی فیتنە و ئاشووب و ئاژاوەیە، بە سەدەها مەلا و ئاخوند لەسەر مینبەرەکانیان لە سەدەی بیست و یەکدا ئەم وێنە و تابلۆ ناشیرینە بەسەر خەڵکی و پیاوەکاندا پەخش و بڵاو دەکەنەوە. فێمینستە ڕادیکاڵەکان لەوە تووڕەن کە لە هەر سێ کتێبە ئاسمانییەکاندا ئەوە خودی “ئادەم”ی باوکە کە پێش “حەوا” دەخوڵقێت، گوایە “حەوا” لە پەراسووی چەپی ئادەم دروست کراوە کە خواریشە، بۆیە هەمیشە دایکم دەیگوت: کوڕەکەم ئێمەی كچانی “حەوا’ گوناهبارین کە دایە گەورەمان وای کرد بەهەشت بدۆڕێنین، لە پەراسوویەکی خوار دروست بووین و مەحاڵە ڕاست ببینەوە، بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی سەر ڕووی زەمین بە ڕێز و ترسەوە بڕوایان بەم خورافەت و خەیاڵە ناشیرینە هەبووە، بە درێژایی مێژوو، دیارە هەنووکەش لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی هێشتاکە ئەم وێنە ناشیرینە لە خەیاڵدانی خەڵکانی ئێمەدا ماوە و لە چوارچێوەی زێڕیندا هەڵدەگیرێت و بە دیواری ماڵەکاندا هەڵدەواسرێن، کە بەیانیان کار و ئەرکی کچان و خوشکان و دایکانی ئێمەیە کە بە فرمێسکی چاوان شووشەی سەر ئەو تابلۆیە ناشیرینە پاک بکەنەوە کە هەقایەتی ڕسوایی خۆیان دەگێرێتەوە، لە ڕۆژگاری داستانی “هەزار و یەک شەوەی” (شەهرەزاد)ەوە تاوەکو ئێستا. دیسانەوە ئەوە “ئادەم” بووە کە ناو لە شتەکانی دەوروبەری خۆی دەنێت، ناونانی هەر هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر زەمین و ئاسمان دەیانبینێت، داخەکەم کارەسات ئەوەیە کە سەرەتا “حەوا” خۆی نازانێت لە پێناو ڕەواندنەوەی تەنیایی ئادەم خوڵقاوە، هەر خودی “ئادەم” خۆی ئاوڕێک لە ” “حەوا” خان دەداتەوە و پێیدەڵێت: خانمی خرتێ.. لەمڕۆکەوە تۆش ناوت “حەوا”یە.

ئا لێرەوە کارەساتی خانمان دەست پێدەکات کە هەر لە سەرەتاوە خۆیان نازانن لە پێناو چی دروست کراون، لەوەش کوشندەتر ئەو مافەیان نەبێت ناوێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە وەک دایکە حەوا کە هەقی نەبووە نە خۆی ناو لە خۆی بنێت، نە مافی ئەوەشی هەبووە وەک “ئادەم”ی دڵخوازی ناو لە دیاردە و شتەکانی دەوروبەر بنێت. بیرمان نەچێت کە گەورەترین سووکایەتی بۆ من ئەوەیە کە لە هەموو دونیادا تا هەنووکەش کچان و کوڕان بە ناوی باوکیانەوە یان مێردەکانیانەوە بانگ دەکرێن. ئەوەی ئەو مافەش دەدات بە “ئادەم” کە ناو لە شتەکان بنێت و بگرە خۆی فێری دەکات و بەدەم زمان پژانەوە زار هەڵبێنێت: خودی یەزدان خۆیەتی.

چش لەوەی کە “حەوا” دەکرێت بە ڕەمزی فریودانی “ئادەم” بە یارمەتی و تەفرەدانی شەیتان بۆ حەوا کە ئەو وێنەیەش زەق و زاڵ دەچەسپێت کە بووەتە یاوەری شەیتان بۆ دەستخەڕۆکردنی “ئادەم” کە هەڵبەتە دەکرا “حەوا” ببێت بە نموونەیەکی ئازایەتی و یاخیگەری و قەدەغەشكێنی کە یەزدان خۆی دەستی نەگرتووە، چونکە ئیدی ‘حەوا”ی سەرکێش و دڵئازا حەز بە ئەزموونێکی تازە دەکات، کەچی لە خەیاڵدانی مرۆڤایەتی بووە بە ڕەمز و سومبولی فیتنە و فریودان نەک سەربەستی، کە ئەوەش بۆ خۆی کاری نێرەوز و پیاوەکان بووە کە وای بهۆننەوە، لە کاتێکدا یەزدان دەیتوانی دەستی ئادەم و حەوا بگرێت و نەهێڵێت دەست بۆ میوە حەرامەکە ببەن، بەڵام دەکرێت وای شی بکەینەوە کە یەزدان حەزی بە گەمەی ئازادی و سەرکێشی کردووە کە بە ملیۆنەها ئاییندار خۆیان لەم وێنە پاک و جوانە دەدزنەوە و پشت لە حیکمەتی ئیلاهی دەکەن کە ڕەنگە و دەکرا مرۆڤ بیکات بە سەرمەشقی سەربەستی نەک گوناهباری، بەڵام پیاوانی ترسنۆک و تۆقیو لە جوانی و سەرکەشی و سەرکێشی ژنان و کچان هەر دەبوو بەم چەشنە ڕاڤەی بکەن و دایکە حەوا و کچەکانی بکەن بە کەتنکەر و خاوەنی یەکەمین گوناه، لەوساوە و بۆ هەتاهەتایە!

ئایا “هەشتی مارت” کە یاد-رۆژی ژنانە لەسەر زەمین توانیوییەتی ئەم وێنە ناشیرینە لە خەیاڵدانی ملیۆنەها بسڕێتەوە، بە تایبەتی لەم دەڤەرەی کە ناوی “ڕەشهەڵات”ە یان جیهانی عەرەبی و ئیسلامی؟ من گومانێکی گەورەم لە دڵدایە. بیرمان نەچێت کە ئیسلامی سیاسی بە درێژایی سەدەی بیست نەخشە و ئەندازەسازییەکی هێنایە کایەوە کە بێجگە لە فۆبیا و ترس وتۆقین لە ژنان هیچی دیکەی نەبووە، کە مەرجە بزانین کە ئەو وێنە ناشێرینەی بۆ ژنان کرد بە وێنەیەکی زاڵ و ئەزەلی کە چەندەها سەدە و سیا ساڵی گەرەکە و دەوێت کە کەمەكێ کاڵتر ببێتەوە. ڕێک لەوە دەچێت کە خودی ژن یان گیانی کە بە “عەورەت” ناوزەد کراوە و من و تۆ لەو دەروازەیەوە بووین بە میوانی ئەم دونیایە، ئەم دامێن و کانگای ژیان و سەرتۆپی هەر هەموو چێژەکانیش وەها ترسناک وێنائ کراوە کە لە سێگۆشەی ” بێرمیودا / پەرمۆدا” دەچێت کە کەوتۆتە ناو “ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک”. گوایە گێژەنێکی زێدە قووڵ و دەریالووش و ترسناکە کە هەرچی کەشتی و گەمی و پاپۆڕ هەن: کە نزیک دەبنەوە قووتیان دەدات و هەڵیاندەلووشێت، بگرە فرۆکەکانی ئاسمانیش کە بەسەر ئەو سێگۆشەیەی “بێرمیودا/ پەرمۆدا”یە تێدەپەڕن، بە هەر هەموو سەرنشینەکانییەوە لە ناو خۆیدا نوقمیان دەکات و هەرگیز نادۆزرێنەوە. لە مڕۆکەدا ئەم وێنەێەی کە لە لایەن ڕەهبەرانی ئاییندارە توندڕۆکان بۆ خانمان ڕەسم کراوە زۆر ترسناکترە لەوەی خەیاڵی “ئیبلیس”یش بیگاتێ.

“هەشتی مارت” بۆ هەر خەڵكێک و نەتەوەیەک مانایەکی کەم و زۆری هەبێت، بۆ ئێمەی نیشتەجێ لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” ناتوانێت خەمی تاکە بێوەژنێک و تەنیایی قەیرە کچێک بڕەوێنێتەوە، یان فرمێسکی کچۆڵەیەکی برسی و بنێشتفرۆش بسڕیتەوە لەسەر شەقامێکی سیخناخ بە ماشێنی دوا مۆدێل کە ڕەنگە تاوەکو ئێوارەیەکی تاریک هیچ خواپێداوێک بە ڕێکەوت جامی ماشێنەکەی دانەداتەوە و میهرێک بنوێنێت.

لەمڕۆکەدا (هەشتی مارت) چی پێدەکرێت کە لەسەر ئاستی هەر حەوت کێشوەرەکە قازانجی بازاڕی لەشفرۆشی لە هی چەکی کۆکوژ و و تفاقی جەنگ یەکجار زۆرترە، کە لەمڕۆکەدا کەس لە ڕۆژئاوا بە لەشفرۆش و سۆزانی و قەحپە ناویان نابات، چونکە شوورەییە، بەڵکو پێیان دەگوترێت ” کۆیلەی سپی” کە خۆی هەڵگری مانایەکی ناشیرینترە!

چیرۆک و ئەفسانە ئاسمانی و سەرزەمینییەکان سەبارەت بە “مـێ” هەرچۆنێک بن، مێژوو سەلماندوویەتی کە مرۆڤایەتی بە گشتی کانیاو و سەرچاوەکەی ژن بووە. هەرچی شتە جوان و ئەزموونە گەورەکانی ناو ژیان و بوون هەن پشکی ژنان تیایدا زۆرتر بووە، کەچی پشکی لە ئازار و کارەسات و فرمێسک خوێن و ئارەقە و ڕەنجی بەباچوو پتر بووە. ئەو کاتەی خانمان بە دەستێک لانکە و بێشکەیان ڕاژەندووە، بە دەستەکەی دیکەیان هەر هەموو دونیایان ڕاژەندووە. کانگا و سەرچاوەی خۆشەویستی بووە، کەچی ڕق و کینە و مەرگەمووشی چنیوەتەوە، هیچ شتێک نییە ڕەنگ و بۆن و دەنگ و تامی خۆشی ژنانی تێدا نەبێت، ئیلهامبەخشی داهێنانی ناوازە بوون، کەچی هێشتا ئێمەی پیاو بۆ خۆمان نەمانتوانیوە ژنان وەک خۆیان بناسین، پتر وەک بوونەوەرێکی سێکسواڵ دەیانبینین نەک مرۆڤ، کانگای هەوەس و شەهوەت و بەس. ژن نەزۆک بێت یان سک و زا بکات، پشکی زۆری هەر هەموو خەم و بەرپرسیارییەتی بەخێوکردن تاوەکو ساڵانێکی دوور و درێژ لە ئەستۆی ئەودایە.

“هەشتی مارت” چی لەو ملیۆنەها ژنە دەکات کە شەوانە بە زۆردارەکی لە لایەن مێردەکانیانەوە ئەتک دەکرێن؟ ئەوەیان لە دونیای ئێمەدا تێرۆرێکی دەستەجەمعی و گشتگیرە و بە ناوی شەرع و یاسا و ڕێساوە پیادە دەکرێت، بگرە بە ناوی ئاسمانەوە، ئاخر دوا جار گوتمان “حەوا” لە پێناو “ئادەم” خوڵقاوە نەک پێجەوانەکەی، ئادەم کە هێشتا لە ئاسمان بووە، نە ڕاوچی بووە و نە جەنگاوەر، بەڵام کە لەتەک “حەوا”دا سزا دەدرێن و تووڕ هەڵدەدرێنە سەر زەوی، دوای سکوزای دایکە حەوا بێچوویان دەبێت، کەچی ‘`قابیل” دەستی دەچیتە خوێنی ‘‌هابیل” ی برای و دەیکوژێت، گەرچی هەر هەموو ئەم ئەستێرە نازدارە میراتی خۆیان بووە. هەڵبەتە سک سووتانەکە هەر بۆ حەوا بووە، لەوساوە تاکو ئێستا فەرزەندەکانی ئادەم وازیان لە جەنگ نەهێناوە و بەردەوامیش ڕاوچی بوون، یەكیک لەو خووە خراپانەی ئەو سوارچاک و ڕاوکەرانە “ڕاوەژن” بووە، جا چ لە میانەی جەنگەکان بووبێت کە لەسەر وەختی داگیرکردنی وڵاتان کردوونی بە کۆیلە و کەنیزەک، یان لە کاتی ئاشتییدا کە لە بازاڕەکاندا وەک “کۆیلەی سپی” کڕیونی.

ئایا بە ڕاست شوورەیی نییە کە تاکە یەک ڕۆژ بدەین بە خانمان کە زۆرێک لەوان (٣٦٥) ڕۆژ لە ساڵیکدا دەتلێنەوە؟ چ بە بیانووی ئاهەنگ و شادی بێت، یان بە ناوی ڕۆژی ژنان، کەچی هەر ئەمڕۆ بە ملیۆنەها ژن لە پرسەی نەبڕاوەدا گەرمە شین و واوەیلا دەکەن و شیوەن دەگێڕن، کە بەدەم گریە و زاری و داد و فوغانەوە عەرشی فەلەک دەلەرزێنن، کەچی دڵی پیاوە دڵبەردینەکان نالەرزن کە جەنگەکان بەرپا دەکەن و ناسرەون.. هەرگیزا و هەرگیز!

چ سەیرە کە لەوەتەی ئێمەی مەردمگەل هەین بە “ئادەمیزاد” ناوزەد دەکرێین، نەک حەوازادە، هەر هەموو شتەکان موڵکی پیاوەکانە، بگرە مەرگ و ژیانیش بە دەستی ئەوانە، خواهانە و شاهانە فەرمان و سزا دەردەکەن، جەنگەکانیش بە فەرمانی ئەوان بەرپا دەکرێن.. بەڵام کە ماڵئاوایی لەم دونیایە دەکەین بە ناوی دایکمانەوە “تەلقین” دەدرێین، نەک لەبەر ئەوەی کە من و تۆ کوڕی دایکمانین.. هەرگیز.. بەڵکو گومان و ترسێکە لەوەی نەکا پلکە “زارێ” دایکم و دایکی تۆی چەلەنگ فاڵیان لە پیاوێکی دیکە خواردبێت و نەک باوکانی خۆمان.. من بۆ خۆم زۆر جاران شەرمێ لە خۆم دەکەم و تەریق دەبمەوە کە سەر بە توخمی ئادەمیزادانم.. ئاخر پشکی ئێمەی نێرینە لە پیسکردنی هەوا و ئاو و خاک: پشکی شێرە، ئەم ئەستێرەیە بە دەستی ئێمە بۆگەنی کردووە و وا بڕوات دەکوژێتەوە، گوایە مرۆڤ جێگر و خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین، دەی باشە.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە ج وێرانە خاک و کاولکاری و خوێنبارنێکی دیکەی ساز و گەرم دەکرد، بەڵام ناشزانم ئاخۆ چۆن دەبووم گەر سەر بە توخمی حەوازادە بوومایە.. بەڵام دڵنیام کە تووڕە و غەمگین و یاخی دەبووم، بۆ هەمیشە لەو میوە قەدەغەکراو و حەرامانەم دەخوارد کە بۆ یەکەمجار “دایکە حەوا”ی نەبەرد و سەرکەش و دڵئازا و یاخی دەمی بۆ برد..!!!

( شێرۆ-ی پلكه‌زارێ)
هەشتی مارت/٢٠١٩




ڕوانینێک بۆ کتیبی بازرگانی کردن بەژنانەوە …. هۆشیارجەمال

باندەکانی لەشفرۆشی بەشێوەیەکی ئاسان ژنان لەوڵاتیکەوەدەگوازنەوەبۆ وڵاتێکی تر،هەرباندێک لەوباندانە دەست وپێوەندی خۆی هەیە،لەناوجومگەکانی دەسەڵات وناوەندەبەهێزەکانی وڵات

کتێبی بازرگانی کردن بە ژنان یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی کەلایەن (شاکارشکارقادر)ە،وە کراوە بەکوردی، ولەلایەن دەزگایی ئایدیا بۆفکرولێکۆلینەوە چاپ کراوە کەبەزمانیكی سادە ولەکتێبیکی قەبارە بچوک ولاپەرە کەمدا زۆرترین زانیاری وداتای تێدایە سەبارەت بە بازرگانی کردنی نایاسای بەژنان لەسەرئاستی جیهان بەگشتی.
لەسەرەتای کتێبەکەداداتاو زانیاری خراوەتە ڕوو کە دەڵێت بەگوێرەی ئامارەکان لە جیهاندا نزیکەی (٢٧)ملیۆن مرۆڤ کەڕێژەی (٨٠)%ژن ومنداڵن گەورەترین بازرگانی ناشەرعی ویاسایان پێوەدەکرێت،داهاتی ساڵانەی بازرگانی کردن بەژنان ولەشفرۆشی بەنزیکەی (٢٨)ملیاردۆلارمەزەندە دەکرێت،ئەمە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی،هەروەها داهاتی ساڵانەی کارکردنی ناچاریش بەنزیکەی (٣٢)ملیاردۆلارمەزەندە دەکرێت.
باندەکانی لەشفرۆشی بەشێوەیەکی ئاسان ژنان لەوڵاتیکەوەدەگوازنەوەبۆ وڵاتێکی تر،هەرباندێک لەوباندانە دەست وپێوەندی خۆی هەیە،لەناوجومگەکانی دەسەڵات وناوەندەبەهێزەکانی وڵات،بەتایبەت هەندێک لەوکارمەندانەی لەفەرمانگەکانی کۆچ و کۆچبەری یان پۆلیسی و کارمەندانی فرۆکەخانەکان کاردەکەن،ئەمانە پارەیەکی زۆروەردەگرن لەوکەسانەی سەرپەرشتی ئەم جۆرەبازرگانیە نایاسایە دەکەن،هەرئەمەشە وای کردوە بەردەوامی بەم بازرگانیە بدەن،هەروەها تەکنەلۆجیای زۆرپێشکەوتووبەکاردەهێنرت لەلایەن ئەوباندانەوە وەبەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراوکارەکانیان ئەنجام دەدەن.

کیشوەری ئەوروپاوەک نەخشەیەک وایە بۆدابەش کردنی ئەم بازرگانیە کە دابەش دەبێت بۆ وڵاتانی هەناردەکان کەبریتین لە (ڕوسیا،ئۆکرانیا،ڕۆمانیا) وڵاتانی نێوەندگیریش بە گشتی کۆمارەکانی یوگسلافیای پێشوون.وڵاتانی هاوردەکاریش وەک(ئەڵمانیا،فەرەنسا،ئیتالیا) ئەمجۆرەبازرگانیە بەشێوەیەکی زۆرسەرنج ڕاکێش ئەنجام دەدرێت لەنێوان ئەو وڵاتانەدا ودەست کەوتێکی یەکجارزۆر دەست باندەمافیاگەریەکان دەکەوێت.

ڕوسیا یەکێکە و وڵاتانەی کەبازارەکانی ئەڵمانیا وپۆلۆنیا وهەندێک وڵاتی ئاسیا پردەکات لەوژنانە بەگوێرەی ئامارەکان روسیا ساڵانە (٥٠٠٠٠)ژن ڕەوانەی ئەو وڵاتانەدەکات،هەروەها خۆرهەڵاتی ئەوروپاش بازرگانی کردن بە ژنانەوە بەڕیژەیەکی یەکجارزۆر بەربڵاوە بە هۆخراپی باری ئابوری و داروخانی سیستەمی شیوعیت، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان وڵاتانی (ئۆکرانیا،چیک،پۆلندا،هەنگاریا،رۆمانیا)بەرهەم هێنی چالاکی بازرگانی کردنن بە ژنانەوە کە گەیشتۆتە ئاستێک کە کچی خوار (١٣)ساڵ بازرگانی پێوەدەکرێت وڕەوانەی وڵاتانی تردەکرێت.

وڵاتەعەرەبیەکانی ناوچەکەش بەدەرنین لەم بازرگانی کردنە بەژنانەوە،کەبریتین لە وڵاتانی بەحرەین،ئیمارات ،ئوردون، مەغریب،لوبنان وهەروەهاعێراقیش بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی سوریا هاتنی داعش بۆعێراق وچەندین حاڵەتی دەستدرێژی و بازرگانی کردن بە ژنانەوە هەبووە بە تایبەت لەکەمپی ئاوارەکان بە گوێرەی ڕاپۆرتێک ژنانی سوری وعیراقی سوکایەتیان پێکراوەو بازرگانیان پێوەکراوە لەرابردودا.

هەروەها ڕێکخراوی داعش ڕۆلی هەبووە لەبازرگانی کردن بەژنانەوە نرخی داناوە لەسەرژنانی یەزیدی و مەسیحی بۆ هەرژنێکی تەمەن ٣٠بۆ٤٠ساڵ (٧٥٠٠٠)دیناری عێراقی و (١٠٠٠٠)دیناری عێراقی بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نیوان ٢٠تا٣٠یە.
جۆرێکی تری بازرگانی کردن بە ژنان لەوڵاتەعەرەبیەکان ئەنجام دەدرێت بەناوی هاوسەرگیرەوە کەلەوڵاتانی کەنداو و ئێران ئەنجام دەدرێت،کەزۆبەری جاربەگرێبەستی ساختەوناشەرعی ناچاربەزەواج دەکرێن،هەروەها بازرگانی کردنی بەژنان لەڕێگەی هاوسەرگیری گەشتیاریەوە کەزۆربەی ئەوکچ وژنانەی ڕازی دەبن بەم کارە هەژارن و خێزانەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە،وڵاتی میسر زۆرترین ئەم هاوسەرگیرەی تێدائەنجام دەدرێت،تەنها لەساڵی ٢٠٠٦ڕیژەی هاوسەرگیری گەشتیاری گەیشتوە بە (٤٠٠٠٠)حاڵەت.

بازرگانی کردن بەژنان چەندین لێکەوتەی هەیە وەک ئەوژنانە توشی دەستدریژی سێکسی دەبن ڕێژەیەکی زۆریشیان توشی نەخۆشی ئایدزدەبن بۆنمونە ئەوژنانەی ڕوانەی وڵاتی ئیتالیاکراون ڕێژەی (٥٠)%توشی نەخۆشی ئایدزبوون،هەروەها، (٧٠)% ئەوژنانەی لەکەمبۆدیالەخانەکانی لەشفرۆشی ڕزگارکراون توشی هەمان نەخۆشی بوون.
هەروەها ئەم بازرگانیە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بەگشتی وچەندین لیکەوتەی دەرونی خراپیشی لێدەکەوێتەوە،کەهەردەم هەستی شەرم و ڕوخانی دەرونی وهەست کردن بەتاوان و بەشێکیان ئالودەی مادەهۆشبەرەکان دەبن.

لەپێش هاتنی ئیسلامدا ئافرەتی لەشفرۆش باجی لێوەردەگراکەئەمەش بازرگانی بووبەژنانەوە کەتائیستاش بوونی هەیە بەڵام ئیسلام بەهەمووشیوەیەک داوێن پیسی قەدەغەکرد.
عامرئەلهوشیان بەراودێکی کردوە لەنێوان چارەسەری ئیسلامیانە بۆئەم دیاردەیە کە پێی وایە”ئیسلام چارەسەرێکی هێواش و هەنگاوبەهەنگاوە بۆئەم دیاردەمەترسیدارە،لەچوارچیوەی کارنامەیەکی ڕوون کەئازادکردنە،ئەمەلەکاتیکدایە چارەسەری ڕۆژئاوای بۆئەم دیاردەیە نامرۆڤانەیە کەیاساکان وادەکات تاوانبار بەئاسانی دەربازی ببێت لە لێپرسنەوە”.

دکتۆرعامر ئاماژەی بەوەش کردوە کەوشت کردنی سەرچاوەی کۆیلەکردن یەكێکە لەدیارترین سیماکانی چارەسەری ئیسلام،ئەمەش لەڕێگای قەدەغەکردن وسەرکۆنەکردنی بە کۆیلەکردنی مرۆڤەئازادەکان بەهەرڕێگاوشێوازێک بێت.




بۆچی ژنان ئاوارەی ووڵاتانی بە ناو جیهانی سێ یەم و ئیسلامی نابن ؟… سەردار عەبوڵا حەمە

زۆر ئەو پرسیارە رۆژانە لێرەو لەوێ دەکرێ باشە هۆکار چیە ژنا ن بەگشتی لە ووڵاتە ئیسلامیەکانەوە ڕوو لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەکەن ؟ بۆچی ڕوو لەو ووڵاتانە ناکەن کە جیهانی سێیە من ویان کە شەریعە بنەمای دەسەڵاتەکاتیانە ؟ ئەمەنەک بۆ کەسانێکی وەک (رهفة محمد ی ١٧ ساڵە کە لە سعودیەوە هەڵهات ) و وازی لە ئایینی ئیسلام هێناو گەیشتە کەنەدا ومافی پەنابەرێتی وەرگرت لەم ووڵاتە بەڵکو بۆژنانێکێش کە ‌هێشتا پەیڕەوی لە ئیسلام دەکەن ئەم ووڵاتانە جێ دەهێڵن ڕوو لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن واقعیە وڕاستیە . دیارە هۆکاری کۆچ کردن لە جیهاندا زۆرن ، جەنگ ، لافاو، بومەلەرزە ، کارەساتە سروشتیەکانی تر و، خراپی باری ئابوری ، زەبروزەنگ وپەلاماری سەربازی و سەرکوتی سیاسی ئەم هۆکارانە زۆر باس کراون بەڵام لێرەدا باس لە زبرو زەنگی کۆمەڵایەتی دەکەین .
ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانیین لەو ووڵاتانەی ئایینی ئیسلام هەژموونی هەیە مرۆڤ لە قاڵب دەدەرێت ، مرۆڤ وبە تایبەت ژن ناتوانێت لە چواچێوە ی ئەوکوڵتورو یاسایە بچێتە دەرەوە کە لەو ووڵاتەدا زاڵە . ئەو کۆلتورویاسایەش نابێت دەسکاری بکرێن هاوتەرییب بکرێ لە گەڵ ڕەوتی بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگا ، چونکە بە پیرۆز دادەنرێن ، پیرۆزیەکانیش ڕەهان و دەسکاری کردنیان بڤەیە . کەوایە لەو کۆمەڵگایە دەبێت هۆش وبیری مرۆڤەکان فریز بکرێت نابێت ڕەوتی مێژووی شارستانیەت ببینێ. بەڵام ئەم کارەش زه‌حمەتە چونکە ئەمڕۆ تەکنۆلۆجیا وئەنترنێت رێگا نادا بیرو زەینی مرۆڤەکان فریز بکرێ بۆیە لە ئەنجامی بەریەک کەوتنی ئەم دووانە واتە پیرۆزیەکان و زانست یاخی بوونی مرۆڤەکان دروست ئەبێت مرۆڤ لە هەلێک دەگەڕێ ئەو دەرگاو پەنجەرانە بکاتەوە کە لێ ی داخراوە تا هێزی بێت ڕابکات وخۆی بگەیەنێتە جێگایەک کە پیرۆزیەکان ڕێگر نەبن لە بەردەم ژیانی مرۆڤایەتی ئەودا..
لە ڕاستیدا پێداویستیەکانی کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری وا دەخوازێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەم جۆرە دابەش بکرێ ، لە هەندێ ووڵات بڕێک ئازادی و مافەکانی مرۆڤ زیاتر بێت لە هەندێ ووڵاتیش کەمتر وتا ئاستی نەبوون بن ، کاریگەری رێنیسانس لە سەر ووڵاتانی ڕۆژائاوا و ڕوو نەدانی ڕێنیسانس لە ووڵاتانی بە ناو ئیسلامی وجیهانی سیەمی ئەم دابەش کردنەی دروست کردووە خاڵی هاوبەش لە هەردوو شێوەکەی دەسەڵاتدا بوونی کۆمەڵگایەکی چینایەتی پڕ لە زوڵم وستەم وچەوساندنەوە وبێ مافیە چونکە یەک سیستەمی ئابوری سەرمایەداری بەرێوە دەبرێت بۆیە تا ستەمی ئابوری لە سەر مرۆڤ هەبێت مافەکانیشی زەوت دەکرێ وەک مرۆڤ .
هەندی ئازادی ومافی مرۆڤ لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا یه‌ بەرهەمی خەبات تی کۆشانی خەڵکی ئەو ووڵاتانەیە کە لەماوەی سێ سەد ساڵی رابووردودا کاریان بۆ کردوە هەندێکی تریش بەرهەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەری روسیایە.، یەکێ لەوانە مافەکانی ژنانە ،. وە به‌ دیارکراویش مافە کۆمەڵایەتیەکانی ژنانە ، نەمانی دەستی باڵای پیاوەبە سەر ژناندا ونەمانی دەستی ئایین بە سەرژیانی کۆمەڵایەتی ژناندا لە دەسکەوتە گرنگەکانن . لەم کۆمەڵگا یانەدا خۆشەویستی ئازادە نە دین ئەتوانێ کاریگەری هەبێت لە سەری نەپیاوان ،ئەوە نەماوە باوک ڕازی نەبێت کچەکەی نەدات بە کەسێک خۆشی بوێ مەرجی ئەوە نەماوە دەبێ کورەکە خزمی خۆی بێت یا هاودین وهاونەتەوەی خۆی بێت یا ڕەش وسپی بێت یا خاوەن پارە دەوڵەمند بێت خۆشەویشی داتەکاوە لەم پیسیانە .
زۆر لە ژنان ووڵاتانی خۆیان بە جێ ده‌هێڵن ڕوو لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن لە بە ر ئەو هۆکارانەیە باسم کردن ، دەبینین بە هۆی نەبووونی ئە و مافانە ووڵاتانی خۆیان لە جیهانی سێ یەم و ووڵاتانی ناوزەد بە ئیسلامی جێ دەهێڵن و روو لە ووڵاتانی ڕۆ ژئاوا دەکەن، چونکە ووڵاتانی خۆیان زیندانێکە بۆیان یا دۆزەخێکە بۆیان چیترناتوانن ژیانی تێدا بکەن . زۆرێک لە و ژنانە بەهۆی بوونی مەترسی لە سەر ژیانیان هەڵهاتوون ئەگەر لەوێ بوونایە ئێستا لە ژیاندا نەمابوون.
ژنان ناتوانن ئەو بێ مافیە قەبوڵ بکەن کە دینەکان بۆیان داناون ، ناتوانن ئەوە قەبوڵ بکەن بە منداڵی بدرێن بەشوو یا باوک ودایکیان بیانفرۆشن بە پارە یا بیاندەن بەخزمی خۆیان ، ژنان ناتوانن زوڵمی مێردەکانیان قەبوڵ بکەن کە ئایین بۆی داناون لە قسەی مێردەکانیان دەرنەچن ، ژنان ناتوانن ئەوە قەبوڵ بکەن مێردەکانیان ژنی تریان هەبێت ، دیارە من مەبەستم هەموو ژنەکان نیە ژن هەیە هەموو ئەمانەی قەبوڵە چونکە دین پێ ی ووتوە ئەمە ئەمری خوایە ئەگەر قبوڵی ناکەی خوا لێت ڕازی نابێت وبەهەشت نابینین وبە ئاگری چەهەنەم دەتسوتێنن ، ژنیش هەیە قەبوڵی ناکا لە بەر بێ ئاگایی توشی بارێکی دەرونی وا خراپ دەبێت خۆی دەکوژێ یا خۆی دەسووتینێت ، ژنیش هە ێە هۆشیارانە لە بەرانبەریدا ڕادەوەستێ ومافەکانی خۆی بە دەست دینێ . ژنیش هەیە لێ ێ یاخی دەبێ خۆی دەگەیەنیتە جێگایەک کە کەمێكیش بێت مافی کەرامەتی وئینسانی پارێزراو بێت ، دیارە جێگایەکیش بۆ ئەوان کۆمەڵگاکانی ڕۆژائاویە نەک ئەو ووڵاتەنەی حوکم وکەلتوری ئایینی تێدا زاڵە وەک ووڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێ یەم و ووڵاتانی ئیسلامی.
دوا ووتەم ئەوەیە با هەموومان ڕوو لە گوڕینی هەژموونی یاسا وحوکمە دینیەکان بکەین و داواکار بین دین لە حوکم و یاسا ودەوڵەت وپەروەردە جیا بکرێتەوە دین وەک کاری تاکە کەسی چاو لێ بکرێ و ئازاد بکرێ بۆ هەر کەسێک پەیڕوەی لێ دەکات تا زوڵم لەسەر ژنانیش نەمێنێ و چیتر ئاوارە نەبن. هەر ژنێک یا هەر ڕێکخراوە یەکی ژنان کە بۆ ئازادی یەکسانی خەبات دەکات دەبێ بە دوای ئەمە وە یێ ولە م ٨ ی مارسەوە دەست بە کار بێت بۆی .

سەردار عەبوڵا حەمە
٥ ی مارس ٢٠١٩