چیرۆکى “تەتەر”ى حسێن عارف … کاوە جەلال

                                                  1

کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکى “تەتەر” گەنجێکە بە ناوی سەردار، کە وەک کەسێکى هەڵوێستنوێن، واتا وەک پێشمەرگە، بەنێو پەیوەندییەکانی زێدی خۆیدا زیتبۆتەوە. لێ گۆڕانی ژیانی ئەم پیاوە گەنجە، هەروەها ڕووداوەکانى نێو کۆمەڵەکەى، هێندە خێرا و هەمەلایەنین، کە ئیدی بەهۆی ئەوانەوە هۆشی ئالۆزکاوە و وەڵامێکى دروستى بۆیان چنگ بکەوێت. جیهان لەنێو سەرداردایە، هەروەها سەردار لەنێو جیهاندایە.

سەردارى تەتەرى نێو چیا و دۆڵەکان بوونى خۆى لا بووە بە کێشە: ئەو لە بەختیارى دەهزرێت، بەو ڕێیەشەوە دەخزێت بۆ نێو وڕێنەى فەلسەفەیى لەبارەى هەبوونى یان نەبوونى بەخت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئیدیۆلۆژییەکەی فێری کردووە کە بەخت نییە و ڕێکەوت هەیە، ئیدی ئەوی نابەختیاریش بڕیار دەدات کە بەخت نییە. ئەمە ئەو گێژاوەیە کە حسێن عارف سەردارى فڕێداوەتە نێوییەوە.

سەردارى وریا و هۆشرایەڵ ئەرکێکى پێ سپێردراوە: ئەو گەرەکە بڕوات بۆ “مارانێ” کە دەکەوێتە پشتى چیایەکى سەخت و بڵندەوە، لێ ڕێگەى ڕووەو مارانێ بەسەر گوندی “لانجـێ”دا تێدەپەڕێت. بە سەردار گۆتراوە، کە شەو لە مزگەوتەکەى لانجێ لاى سۆفى رەحمان بمێنێتەوە و ئامۆژگارییەکانى سۆفى بەهەند وەربگرێت، چونکە سۆفى دنیادیدەیە و هەرگیز پشتى ئەوانى لە زەوى نەداوە.

کاتێک سەردار لە لانجێ بە سۆفی ڕەحمان دەگات، یەکسەر سۆفى دەزانێت سەردار کێیە پێش ئەوەى دەمى هەڵهێنابێتەوە. سۆفى هەروەها دەزانێت سەردار شەکەتە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێى دەبێژێت کە شەرم نەکات، پێخەفى ئامادە هەیە و با بڕوات بحەوێتەوە. سۆفى ئەوەش دەزانێت کە میوانەکەى دەبێت ڕۆژى ئایندە زوو بکەوێتە ڕێ. ئەم ئەدگارانەى سۆفى وا لە سەردار دەکەن کە لە خۆی بپرسێت: سۆفى ڕەحمان “تۆ منت ناسى”، لێ “ئەى تۆ کێیت؟”.

سەردار لە میانەی گفتوگۆی شەویاندا تەنیا ئەوەندە لە سۆفی دەبیستێت کە گۆیا ئەو کۆیلەى خودایە و لە دێرزەمانەوە بڕیارى داوە خزمەتکارى ماڵى خودا بێت. لێ بۆی ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی ئەو بڕیارەی داوە. هاوکات سۆفى لە ڕەوتى گفتوگۆکەیاندا ئامۆژگاریى سەردار دەکات، کە سەرکێشى بۆ کەسانى وەک ئەو باش نییە، بەڵکو خراپە؛ مرۆڤ دەبێت بزانێت چۆن خۆى لە گێچەڵ دەپارێزێت: “دەبێت هەموو شتێکتان بە پێوانە بێ و لە هەموو کردارێکیشدا ئەقڵ بەکاربهێنن، ئەوجا دواى ئەوە خواتان لە پشت دەبێ”، ئاخر “خوا پشتى مرۆڤێک ناگرێ کە ئەو ئەقڵەى پێى بەخشیوە ئیشى پێ نەکا و کاروبارى ژیانى خۆى بە ڕێکوپێکى پێ مەیسەر نەکات”.

هەروەها سۆفى پێناسەى مرۆڤ و ئاژەڵى بۆ دەکات. مرۆڤ، یان وەک سۆفى دەبێژێت: ئادەمى، تەنیا بە بەزەیى و سۆزى ئاوەزمەندانە لە ئاژەڵ جیا دەبێتەوە. بێگومان سۆز و بەزەیى لاى ئاژەڵیش هەن، لێ ئەمانە لاى ئاژەڵ ڕەمەکین. ئەم دوو توانستە خودا بەخشیوەى سۆز و بەزەیى دەبێت لاى مرۆڤ لەتەک ئاوەزدا ببزوێنرێن و هەر ئەمەشە کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە. وەکو دى جیاوازیان نامێنێت.

سۆفى بەم چەشنە ئامۆژگاریى سەردار دەکات: ئەو بۆ ڕۆژى داهاتوو پتر لە ڕۆژى ڕابوردوو پێویستیى بە بەکارهێنانى ئاوەزی دەبێت، چونکە ڕێگەى سبەینێ سەختترە. ئاخر مارانێ بە وشە دەکەوێتە پشتى چیایەکەوە، لێ لە ڕاستیدا گەیشتن بەو گوندە ئاسان نییە، چونکە ڕێگەى ڕووەو مارانێ سەختە، جگە لەوە کات و وریایى و خستەگەڕى ئاوەزی گەرەکە. تەنیا کەسانێکى دەگمەنى وەک سەردار ڕێگەیەکى بەو چەشنە دەگرنە بەر. لێ کرۆکیترین ئامۆژگاریى سۆفى بۆ سەردار ئەوەیە، کە دەبێت لەو ڕێگەیە زۆر بەئاگا بێت، چونکە لە هەندێک جێدا شوێنەوارى دەکووژێتەوە. جگە لەمانە تەنیا سەرکەوتن زەحمەتە و شۆڕبوونەوە بە ئەودیودا ئاسانە.

سۆفى خۆى شارەزاى ڕێگەکەیە! لێ ئەو تەنیا یەک جار لە ئەودیوەوە بۆ ئەمدیو پێیدا هاتووە و چیدى ڕێى تێنەکەوتۆتەوە! هاوکات “پیرەمێرد”ێکى دنیادیدەش شارەزاى ئەم رێگە سەختەیە. کاتێک سەردار بەیانى زوو لاى سۆفى رەحمانەوە دەکەوێتە ڕێ، گەماڵەکەى پیرمێرد لە کەنارى لانجێدا پێى دەوەڕێت و سەغڵەتى دەکات، بۆیە پیرەمێرد ناچار دەبێت گەماڵەکەى لێ دووربخاتەوە. بەدووى ئەوەدا هەردووکیان دەکەونە گفتوگۆ.
لێ پیرەمێرد لێرەدا هۆشسامیى خۆى بۆ مەبەستەکەى سەردار دەرنابڕێت، بەڵکو سەرەتا لێى دەپرسێت کە داخۆ “سۆفى ڕەحمان ئاگادار” بێت و پێى گۆتبێت لە ڕێگە “وریا” بێت. پیرەمێرد بەدووى ئەوەدا بە خوداى دەسپێرێت و هاوشێوەی سۆفى پێى دەبێژێت، کە لە رێگە وریا بێت.

سەردار بە بنارى چیا دەگات و بە چاوى خۆى دەیبینێت: بڵندییەکەى ناى حەپەسێنێت، بەڵکو سەختییەکەى کە دیوارئاسا بە ئاسماندا هەڵکشاوە. سەردار لە ڕەوتی سەرکەوتندا بە کانییەکى کێوى دەگات و هەندێک ڕووداوی رابوردووى دەهێنێتەوە یاد: ماوەیەک لەوەوبەر بە سێ کیسە چیمەنتۆ و بەردى مەئافى، هەروەها بە “خاکەنازى دەستى خۆى”، لە کانییەکى کێوى حەوزێکى کۆنکرێت بە سێ جوڕنەوە دروست دەکات و بە دەوریدا سەوزە و میوە دەچێنێت. هەڤاڵانى ڕێز لەم کارەى دەنێن و بەرهەمەکەى ناو دەنێن سەردارئاوا.

سەردار ئەم کارەى بە حەزێکى دێرینى خۆى ڕوون دەکاتەوە، لێرەشدا ڕۆ دەچێت بۆ یادوەریی دیکە: سەردار کوڕى خێزانێکى هەژارە و لە ژیانیدا بۆى هەڵنەکەوتووە حەزەکانى خۆى بەدى بهێنێت، بە پێچەوانەوە هەردەم لە خانووە کۆنەکانى شاردا ژیاوە، بەبێ ئەوەى هەرگیز بۆى لوا بێت لە حەوشەکەیاندا باخچەیەک بسازێنێت. ئەمەى تەنیا جارێک لە ماڵى پوورە بێوەژنەکەیدا بۆ بەدیهاتووە، لێ دوای ئەوە کە پوورى شووى کردۆتەوە، ئیدی ناچار بووە لەتەک ژنەکەى و منداڵەکەیدا لەو ماڵە بگوازنەوە.

سەردار سەرلەنوێ بۆ نێو جیهان بێدار دەبێتەوە و بڕیار دەدات دەست بە ئاوى کوێرەکانیدا بهێنێت تاکو بڕێک پەرەى پێ بدات. ئەزموونى سەختى ژیان فێرى کردووە بەڵێنەکانى بەجێبگەیەنێت. جارێک لە شار دەیەوێت بڕوات بۆ لاى “حەمە سەعى” و پێى ڕابگەیەنێت کە بڕیاردراوە بیکوژن، لێ ناڕوات بۆ لای، جا گەرچى دەزانێت کە ئەو بێتاوانە. ڕۆژى ئایندە دەبیستێت کە حەمە سەعى کوژراوە. ئازارى ویژدان بەو هۆیەوە واى لێ دەکات کە “یێق”ى لە خۆى بێتەوە، بەڵێ دەگاتە ڕادەیەکى ئەوتۆ کە تاوانى کوشتنى حەمە سەعى بخاتە ئەستۆى خۆى و بببێژێت: “من کوشتم”. ئەم ڕووداوە بۆى دەبێت بە ئەزموونێکى سەخت و نەخۆشى دەخات، تەنانەت وەک برینێک لە ناخیدا هەر دەمێنێتەوە.

سەردار ئێستا لە ڕێ شتێکى زۆر سەیرى دێتەوە یاد: کاتێک گەماڵەکەى پیرەمێرد لە کەنارى لانجێدا بەگیرى دەهێنێت و پاشان لەتەک پیرەمێرددا دەکەوێتە گفتوگۆ، لەو ساتەدا ئاوڕێک لە ئاوایى دەداتەوە و سۆفى دەبینێت. نەخێر نایبینێت، بەڵکو: “وام هاتە بەر چاو کە دەیبینم و لە سەربانى مزگەوتەکە ڕاوەستاوە و ڕووەو من دەڕوانێ”! پرسیارەکەى سەردار کە داخۆ سۆفى “کێ” بێت، بەردەوام سەرهەڵدەداتەوە.
بەڵێ، سۆفی تەنانەت سۆزی کوڕانەی دەبزوێنێت و هەتیوکەوتنی خۆی لە تەمەنى هەڤدەساڵاندا دەهێنێتەوە یاد: سەردار بە مردنی باوکى تووشى “هەستى تاوان” دەبێت و خۆى بەرانبەر باوکى قەرزبار دەبینێت، بۆیە لەو تەمەنەى لاوێتییەوە شان دەداتە بەر کارکردن تاکو دایکە بێوەژنەکەى و سەروەرى براى لە مەینەتى ڕزگار بکات. لێ دواى هەڵبژاردنى پێشمەرگایەتى وەک ژیانێکى دى، ئەو ئەرکە بۆ سەروەرى برا بچووکى کامڵبووى جێدەهێڵێت. بە هەر حاڵ، ئێستا سەرداری پێشمەرگە بێگومانە لەوە کە سۆفیی پڕ هەست و سۆزی باوکانە مجەورێکى ئاسایى نییە، بۆیە بڕیار دەدات دوای بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە گەڕانەوەیدا سەردانى بکاتەوە و تێر “دانوستان”ى لەتەکدا بکات.

سەردار لە ڕەوتی سەرکەوتندا دەبینێت کە لەسەر ڕێگەى خۆیەتى و لاى نەداوە. لێرەوە “ئاودڕێک” لە لاوە دەبینێت بەبێ ئەوەى سەرنجی ڕابکێشێت. لێ سەردارى تەنیا و هۆشئاڵۆزکاو بەردەوام ڕۆدەچێتەوە نێو یادوەریەکانی، کە ئیدی دواى گومبوونى لە نێویاندا، ئەوجا دواى ئەوە کە دەگاتە ڕادەى ساویلکەبوون و گۆرانى بۆ چیاکە دەچڕێت، لەم ڕەوتەشدا هێدى هێدى بۆ نێو چاوى جەستەیى و دەرککردنی خودی چیاکە دەگەڕێتەوە، دەبینێت کە شوێنەوارى ڕێگە کووژاوەتەوە.

ئێستا لە بەشى دووەمى چیرۆکەکەداین. سەردار لە جێی خۆی ساکاوە، باوەڕ بە چاوانى خۆى ناکات. چەند جارێک هەوڵ دەدات جەمسەرى ڕێگەکە بدۆزێتەوە، لێ بێسوودە. جگە لەوە گەڕانەوە بۆ بنارى چیا ناشێت، چونکە کاتێکى زۆری لێ دەبات. لە لێهزرین و چاوگێڕاندا سەرنجى ڕووەو “ئاودڕ”ەکە دەڕوات. لێ ئایا کێ دەڵێت ئەم ئاودڕە سەرى دەخاتە سەرەوە، یان گەر سەرى خستە سەرەوە، ئایا کێ دەڵێت بە ئەودیودا ڕێگەى چوونە خوارەوەى دەبێت؟ سەردار سەرەڕاى ئەوە چارى ناچارە.

سەردار لە بەشى سێیەمى چیرۆکەکەدا بەڕێوەیە ڕووەو ئاودڕەکە. ئەم بەشەى کۆتایى بەم وشانە سەرەتا دەگرێت: “هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دوو بۆ دواوە. دیارە لەوەى لێ ڕووداوم!”. سەرەڕاى ئەوە سەردار پاشگەز نابێتەوە و بڕیار دەدات ئەم تاقیکردنەوەیەش بکات. بۆ سەردار یەکخستنى ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە و بەکارهێنانى ئاوەز دەبێت بە مایەى داهێنان، داهێنانى ئێستاشى ئەوەیە کە چوارپەلى بۆ گەیشتنە ئاودڕەکە بەگەڕدەخات: “من سەر لەو تێک دەدەم (…). دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و هەنگاوێک بۆ دواوە. بڕۆ گرەوت بردەوە”.

سەردار سەرلەنوێ ڕۆدەچیتەوە نێو ئەزموونەکانى ڕابوردووى. ئاودڕەکە مام برایمى تەتەرى دەهێنێتەوە یاد. ئەم پیاوە ئەزمووندارە پێى گۆتووە، کە سەرکەوتن بە لاڕێدا وەک شکاندنى تەلیسم وایە. مام برایمى شارەزای حیکایەتخوانى سەردار دەباتەوە بۆ تەمەنی منداڵیى. ئێستا خۆى لە دیمەنێکى ناسکى ژیانیدا دەبینێتەوە: وەک منداڵ شەوانە دەچێت بۆ چایخانەیەکى “جادەى سابونکەران”، چونکە لەوێ هەموو شەوێک مەلا سمایل سەرگوزشتەى ڕۆستەم و زۆراب دەخوێنێتەوە.

سەردار لە بەردەمى منداڵانى نێو دەرگەی چایخانەکەدا دادەنیشێت و هۆشى خۆی بۆ ئەو سەرگوزشتەیە رایەڵ دەکات، لێ ڕۆژى داهاتوو هەر خۆی دەبێت بە مەلا سمایلى دووەم، بێگومان بە جیاوازییەکەوە: کاتێک مەلا سمایل لە کتێبدا سەرگوزشتەکەى دەخوێنێتەوە، ئەوا سەردار بە پێچەوانەوە دەبێت بە ڕێژیسێر (فیلمدەرهێنەر) و رۆڵى کردارنوێنانی سەرگوزشتەکە بەسەر منداڵاندا بەش دەکات. ئەم هەڤالانە کێ بوون؟ سەردار ئەمانیش دەهێنێتەوە یادى خۆى: نەریمان کوڕێکى دەمدرێژ و خۆهەڵکێشی لێ دەردەچێت، کەچى هەقیقەتى دواى “گۆڕانى هەوا” ئاشکرا دەبێت و فس دەداتەوە. لێ کاتێک نەریمان هیچ نەبێت مرۆڤێکى گۆشەگیرى لێ دەردەچێت، ئەوا ئازادى عەلى فەنى بە پێچەوانەوە دەبێت بە ئاگرێک و بەر دەبێتە گیانى هەڤاڵانى. هەڤاڵێکى دیکەیان مچە کۆڵى لەڕ و لاواز دەبێت کە سەردار هەمیشە لە کاتى دەرهێنانى فیلمەکانیدا تەریکى دەخست. لێ سەردار و مچە کۆڵ لە تەمەنى هەرزەکاریدا یەک دەگرنەوە، بەڵێ مچە کۆڵ تەنانەت ژیانی سەردار دەگۆڕێت.

سەردار دواى مردنى باوکى شان دەداتە بەر کارکردن، ئەوجا دواى هاتنی کاتى سەربازی، دەڕوات بۆ بەجێگەیاندنی ئەو فرمانە. رۆژێک سەردار پاسەوانى بەر زیندان دەبێت و دەبینێت کە چۆن مچە کۆڵ بە کەلەپچەکراوى، لێ بە هەستێکى شانازەوە، ڕووەو زیندانەکە دێت. لەو کاتەدا کە گەرەکە سەردار دەرگاى زیندانى بۆ بکاتەوە و “بیکات بەودیودا”، ئەو بە زەردەخەنەوە لە سەردار دەڕوانێت. ئاخر سەردارێک کە کوڕێکى هەتیو و خاوەنی ئەرک و بەرپرسیاریى خێزانییە، هەقى چییە بەسەر ئەم جۆرە کەسانەوە! جگە لەوە ئەو لە ساڵێک و نۆ مانگ خزمەتى سەربازى تەنیا پێنج مانگى ماوە و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵى خۆى!
مچە کۆڵ تەنیا دوو مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە و تاوانەکەى بەسەردا ساغ نابێتەوە. دواى ئەوە کە لە زیندان بەردەبێت، پەیوەندیى نێوانیان نوێ دەبێتەوە و نەک تەنیا دەبن بە “برادەرى گیانى بە گیانى”، بەڵکو هەروەها پەیوەندییان لەپاڵ ئەوەدا دەبێت بە هینى “سەرکردە و سەرباز”. ئێستا سەردارى پێشمەرگە زۆرى پێ خۆش دەبوو لەتەک “کاکە مچە”دا بووایە نەک لاى “مامۆستا خدر”، جا گەرچى هیچ لارییەکى لە مامۆستا خدر نییە.

سەردار هەروەها کەسانى دیکەى دێتەوە یاد. یەکێک لەوانە عەزەیە کە مامۆستا خدر تەنیا لەبەر تەمەنەکەى بڕیارى کوشتنى نادات، لێ لەبریى ئەوە بە سووکایەتى پێکردنەوە نەفرەتى لێ دەکات. عەزە بەرگەى ئەو هەڵوێستەی مامۆستا خدر ناگرێت و دەڕوات بە ئەنجامدانی “کارێک” خۆى بەکوشت دەدات.

ئەم هەموو مرۆڤە جیاوازە لەنێو یادوەرییە دێرین و نوێکانى سەرداردان! هەر یەکەیان ڕێگەیەک دەگرێتە بەر! ئەى سەردار خۆى؟ “ئەى من کێم؟”. ئایا ناشێت “ئەو”یش ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤێکى بەدى لێ دەربچێت و وەک ئازادى عەلى فەنى بەر بێتە گیانى هەڤاڵانى؟ سەردار وەڵامێکى دروستى چنگ ناکەوێت، لێ باوەڕ ناکات وەک ئەو جۆرە کەسانەی لێ دەربچێت. ئەی ئایا بۆچى کەسانى دی دەبن بە مرۆڤى بەد و بەر دەبنە گیانى هاوڵاتی و تەنانەت هەڤاڵانیان؟ ئێستا سۆفى لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بە هانایەوە دێت: هەموو مرۆڤێک دەتوانێت هەم “چاکە” و هەم “خراپە” بکات، ئەمەش لە بنەڕەتدا پیشەى زۆرینەى خەڵکە. لێ ئەو زاتانە کە “تەنیا”، “بە رەهایى”، چاکە دەکەن، زۆر دەگمەنن. کەچى ئەوەى سەیرە، ئەو زۆرینەیەی خەڵک خۆى بە کەمە-تەواو-دەگمەنەکە دەزانێت، جا گەرچى لە بنەڕەتدا ناسینى کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکە هێندە ئاڵۆز و ستەمە، کە مەگەر هێزە-ستەم-و-ئاڵۆزە-نادیارەکە خۆى بیزانێت. سەردار ئەوها گۆتەکانی سۆفیی دێتەوە یاد: “وەهاى ووت؟! ئا… دڵنیام. ویستم بەگیرى بهێنم و پرسیارى لێ بکەم، بەڵام ئەو قسەى بەسەردا هێنا و واى لێکردم لەبیرى بکەم. ئێستا دێتەوە یادم. سۆفى لە گەڕانەوەمدا ئەمە یەکەم پرسیارم دەبێ. یەکەم باسم دەبێ و لەگەڵتدا لێى دەدوێم. سۆفى تۆ مجەورێکى ئاسایى نیت…”.

سەردار لە ڕەوتى ئەم یادوەریانە و سەرکەوتندا لە لوتکەى چیا نزیک دەکەوێتەوە. ئێستا بەچاوى خۆى لوتکەى چیاکە دەبینێت. لە “لاڕێ”وە بەسەر چیایەکى سەخت و سەرکەشدا سەرکەوت و گەیشتە لوتکەکەى. ئێستا لەسەر لوتکەى چیا دەبینێت کە شۆڕبوونەوە بە ئەودیودا ئاسانە. هەروەها ئێستا لەسەر لوتکەى چیا ئەو ڕێگە هەبووە دەبینێتەوە کە گەرەک بوو بەسەریدا ڕووەو ئامانج بڕوات. لێ ئەو خۆى لاڕێیەکى تاقیکردەوە و گەیاندییە لوتکە. لاڕێکەى خۆیشى لەسەر لوتکە لەتەک ڕێگە هەبووەکەدا یەکدەگرێتەوە.

                                            2

حسێن عارف لە چیرۆکی “تەتەر”دا ڕۆ دەچێتە ناخی مرۆڤەوە تاکو لە کێشەکانى مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نزیک بکەوێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی شێوازى هزرینی سوننەتییە کە مرۆڤ وەلاوە دەنێت و سەرچاوەی کێشەکانى تەنیا لەنێو جیهانی دەرەکیدا، جودا لە کردار و دەستوەردانەکانى ئەو لە جیهان، دیارى دەکات.

چیرۆکى “تەتەر” بەرهەمى پەرچەکردارێکی حسێن عارفە لەسەر ڕوانگە و تێڕوانینەکانى یەکێک لە ئاڕاستە سیاسی و مۆدەیی-کولتوورییەکانی نەوەیەک کە لە دەرەوە بۆ زەمینەی هزرین و هەڵوێستى سیاسی دەگەڕێت، لێ بەبێ ئەوەی لە خۆى بپرسێت، کە داخۆ بەو شێوەیە بە هەڵوێستی سیاسیی بناغەڕێژراو بگات، ئەوجا داخۆ ئەو تێڕوانینە بنەماییە داڕێژراوانە کە وەریگرتوون، لای ئەو بووبن بە ئیدیۆلۆژی! نووسەر ئێستا بە چیرۆکى هونەرى دژى ئەو ئاڕاستە ناوبراوەی نەوەیەک، بەڵی تەنانەت دژی خودی سوننەگەرایی هزرین و وەرگرتنی هەڵوێستی سوننەگەرا دەوەستێتەوە، لێرەشدا لە فیگورى سەردارەوە سەرجەمى “نەوەیەکى قاڵبووی نێو تێڕوانینە وەرگیراوەکان” دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێ سەیر و سەمەرە ئەوەیە، کە خوێنەرانى ئەو نەوەیە و نەوەکانی دواتری، یان خۆ بە هزرمەند دانەرانی ئەو نەوەیە، کە لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یان لەسەر قەڵای هەولێر لاپەڕەی کتێبە فەلسەفەیی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکانی خۆرئاوا بەدەم هەلهەلەوە دەشەکێننەوە، هیچ ئاگایەکیان لەوە نییە کە حسێن عارف ئەوانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، کە ئیدی لە لایەنی خۆیانەوە “وەک کەسی ڕاستگۆ” هەڵوێستەیەک بکەن.
نەخێر، ئەوان هێشتا هەر سکۆلاییستیانە بۆ پەیامهێنى نوێ دەگەڕێن و سوننەگەرییانە تەفسیریان دەکەن: لێنینێک، مارکسێک، هایدێگەرێک یان سارترێک، فوکۆیەک یان چەندین ناوى دیکە. زۆر حەزیان لە ناوە. کەسی سوننەگەرای چالاکبوو ناتوانێت بەبێ پەیامهێن هەنگاو بنێت، بەڵێ لەنێو تەنگژەی سەردەمدا کە مرۆڤێتیی ئەو خۆی دەگرێتەوە، ناتوانێت و ناوێرێت پرسیارێک ئاڕاستەی خۆی بکات. ئێستاش حسێن عارف لە چیرۆکێکی هونەریى مەبەستداردا تەحەدای دەکات و زۆر سانا پێی دەبێژێت: “گەر ئاوەزت بەکاربهێنیت، ئەوا ڕێگەى خۆت دەدۆزیتەوە”.
لێ نووسەر هاوکات دەرچەیەکی جیهانبینیانەی بۆ دەچەسپێنێت: “خودایەتی و بنەما ئەزەلییەکانی چاکترین پاڵپشتى ئەم هەنگاوەتن”.
ئێمە لەم چیرۆکەدا تەنیا سەردارى پێشمەرگەمان هەیە کە وەک تەتەر ئەرکێکی بۆ بەجێگەیاندن پێ سپێرراوە: ئەو گەرەکە بڕوات بۆ گوندی “مارانێ”ى پشت چیایەکى سەخت، لێ ڕێگەی ڕووەو “مارانێ” بەسەر گوندى “لانجـێ”دا دەڕوات؛ ئەو گەرەکە گورج بێت و لە ڕێگە خۆى نەخافڵێنێت، جگە لەوە شەو لە مزگەوتەکەى لانجێ لاى سۆفى ڕەحمان بەسەربەرێت و سۆفى هەر ئامۆژگارییەکى ئەوى کرد، بەجێى بگەیەنێت، چونکە سۆفى دنیادیدەیە و هەرگیز پشتی ئەوانی لە زەوى نەداوە، ئەوجا رۆژى داهاتوو لە لانجێوە بەرەو مارانێ بکەوێتە رێ. ئەمە هێڵى چیرۆکەکەیە. لێ سەرداری تەنیای نێو جیهان زۆر لەنێو ناخی خۆیدا دەژی و یادوەریەکانی بواری نادەن، واتا بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ ڕابوردووی دوور و ئەوجا نزیک کە بەیەکگەیشتییەتی لەتەک سۆفیدا. ئەو هەروەها وەک کردارنوێنێکى نێو جیهان بەردەوام لە لایەن خودى جیهانەوە بێدار دەکرێتەوە. بۆیە لەم ڕەوشانەدا یادهێنانەوەی هەڵچوو بە ئاڕاستەی جیاوازی لێشاوەکانییەوە سووڕ بەدەورى بابەتەکانیدا دەخوات، لەم ڕەوتەشدا داڕشتنى هونەرى فۆرم وەردەگرێت و حسێن عارف وەستایانە وەک سپیرال (حەلەزۆنی) دایدەڕێژێت. کەواتە ئەو چیرۆکێکی هونەریى نوێ دەئافرێنێت، نەک کلاسیکییانە چیرۆکێکى ڕاستەوانە بنووسێت، کە بە هەڵچوون و داچوون بەرەو پێشى بەرێت و لە نێوەنددا بیئاڵۆزکێنێت، پاشان ئاڵۆزکانەکان خاوبکاتەوە و چیرۆکەکە بەرەو کۆتایى بەرێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بۆچى حسێن عارف لە دوو بەشى یەکەم و سێیەمی چیرۆکەکەدا ئەم فۆرمەى ئافراندووە کە تێیدا فۆرم و ناوەرۆک لە ژیانی ناخەکیی سەردارەوە یەکدی دەشێنن، لێ لە بەشى دووەمدا خودی خۆى ڕاستەوخۆ داڕشتووە؟ بە بڕواى ئێمە حسێن عارف لە لایەک چیرۆکێکی هونەریى دانسقەى ئافراندووە و هاوکات تێکى داوە! ئاخر ئێمە لە “تەتەر”دا دوو فۆرممان هەیە، کە بێگومان بۆ نووسینی چیرۆک نەشیاو نییە، لێ ئەوە بە مەرجێک، کە نووسەر فۆرمەکان لەنێو یەکدیدا یان لەنێو سەراپاییەکى هونەریانەى چیرۆکەکەدا بتوێنێتەوە، نەک وەک حسێن عارف لەم چیرۆکەیدا “بەپاڵ یەکدییەوە” دایان بنێت. جوانتر دەبوو، واتا تەواو هونەرى دەبوو، گەر چیرۆکى “تەتەر” لەسەر ڕەوتى دوو بەشى یەکەم و سێیەم بەدیبهێنرایە. لێ ناشێت لێرەدا فۆرمى دووەمى چیرۆکەکە وەک ئەلتەرناتیڤ وەربگیرێت، چونکە فیگورە ئافرێنراوەکەى سەردار دەرفەتى پێنادات. حسێن عارفى وەستاى چیرۆکنووسین ئەوەى نەکردووە، ئەوەش مایەى هۆشسووڕمانە.

مەبەستى حسێن عارف لەم چیرۆکەدا ئەوەیە، کە سەردارى هەڵوێستنوێن وەک هەڵگرى ئیدیۆلۆژییەکى وەرگیراو بخاتە ناکۆکییەوە لەتەک خۆیدا، بۆ ئەو مەبەستەش پاڵهێزێکى داناوە کە سۆفى ڕەحمانە. حسێن عارف لە لایەک سەردار بەسەر کڵافەى پڕکێشەی مرۆڤییانەی ژیانى “خۆى”، لە لایەکى دى بەسەر هەڵوێستنوێنى سەر ڕێبازێکى وەرگیراودا بەشدەکات. ئاشکرایە ئەمە دژبەرییەکە و مرۆڤ تێیدا دەڕەنجێت، بۆیە دەبێت چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە. سەردارەکان دەبێت لە خۆیان و ژینگە مێژوویى و کولتووریەکەیان بڕوانن، ئەوجا بەدووی ئەوەدا دەبینن کە چۆن لە ڕەوتی کرداری ئاوەزمەندانەیاندا ئەلتەرناتیڤی ڕێگە وەرگیراوەکەیان ئاشکرا دەکەن. بێگومان دەشێت هەردوو ڕێگەى وەرگیراو و ئاشکراکراوی خۆیی ئەوان بەرەو ئامانج بەرن، کەواتە بە بڕواى حسێن عارف مەرج نییە ڕێگەیەکى وەرگیراو هەڵە بێت. لێ کێشەی ڕێگەی وەرگیراو ئەوەیە کە مرۆڤ هانای بۆ بردووە، بەڵێ مرۆڤى شێواو تەنیا خۆى لەسەری ڕادەگرێت، بەبێ ئەوەی لەتەک من-ى خۆیدا بیخاتە بەراوردەوە تاکو بزانێت داخۆ بە ئەو دەگونجێت یان نا. لەبەر ئەم هۆیە مرۆڤی سەر ڕێگەی بەو چەشنە هەمیشە لە بەردەم مەترسیی بزربووندایە، بەڵێ تەنانەت نەشیاو نییە کە “ملى بە شکاندن نەدات”. بە پێچەوانەشەوە ڕێگەیەک کە مرۆڤ بە ئاوەزى خۆی لەنێو کردەکێتیدا ئاشکرای دەکات، لایەنى کەم ئەو خۆی ئەزموونی کردووە. لە بنەڕەتدا ئەو کەسانە زۆر دەگمەنن کە شارەزاى ڕێگەی ئەزموونکراون، بۆ نموونە سۆفى رەحمان یەکێکە لەو دەگمەنە کەسانە! لێ ئێمە گەرەکە جارێ لاى سەردار بمێنینەوە، چونکە سەردار فیگوری سەرەکیی چیرۆکەکەیە نەک سۆفى.

سەردار تەنیا بە خۆیەوە خەریکە، لێ نازانێت خۆى بەتەواوى “کێ”یە، بۆیە پرسیار لەبارەى منداڵیى خۆى دەکات کە داخۆ چۆن خنابێتەوە. حسێن عارف سەردار بە هەڵچوونى ناتەبا بۆ نێو منداڵیەکەى دادەزنێنێت، ئەوجا بۆ سەردەمی گەنجێتى و پێشمەرگایەتییەکەی هەڵیدەزنێنێت. لێ سەرداری حسێن عارف کوڕى خێزانە هەیەپارێزە (کۆنزەرڤاتیڤە) نوێکانی شار نەبووە، کە باوک و دایکى لە ماڵەوە بیبەستنەوە، بەڵکو کوڕی خانەوادەیەکی میللی بووە و باوک و دایکی ڕێیان پێداوە تەنانەت شەوانە بچێتە دەرەوە: بڕوات لە چایخانەیەک گوێ لە سەرگوزشتەکانى حیکایەتخوانێکی میللى بگرێت.

سەردار لە چایخانەکە لە ڕیزى پێشەوەى منداڵاندا دادەنیشێت، ئەوجا هەموو ڕۆژێکى داهاتوو دەبێت بە ڕێژیسێرى ئەو سەرگوزشتانە کە مەلا سمایل تەنیا لە کتێبدا دەیان خوێنێتەوە. کەواتە سەردار منداڵێکى چوست و ژییر بووە. لێ بوونى جیهانیى پڕە لە ڕێکەوت: لە هەڕەتى لاوێتیدا باوکى دەمرێت و ئەو کارەساتەش ناچارى دەکات شان بداتە بەر کارکردن. لێ گەرچی سەردار لە چاوی باوکێتی ئازاد دەبێت، کەچی ئەو هێشتا هەر وەک کوڕى باوانی خۆى دەمێنێتەوە، چونکە هاوشێوەی گوندنشینان، کەواتە بە پێچەوانەی شارییەکانەوە، زوو ژن دەهێنێت. مۆرکێکى دیکەى سەردار ئەوەیە، کە هەتا کاتەکانی خزمەتی سەربازى مرۆڤێکى دوورەپەرێزە و بەرپرسیاریی بۆ ژیانى خێزانەکەی و خۆی وەرگرتووە. لێ ژیانى ئەو بە نوێبوونەوەى پەیوەندییەکەى لەتەک مچە کۆڵدا وەرچەرخانێکى بنەڕەتیی بەسەردا دێت، چونکە مچە کۆڵ هەڵوێستنوێنى سیاسیە و سەردار “ڕادەکێشـێت”، ئەوجا نەک تەنیا دەبن بە “دوو هەڤاڵى گیانى بەگیانى”، بەڵکو پەیوەندییان دەبێت بە هینى “سەرکردە و سەرباز”.

بێگومان سەردار وەک کەسێکی ترادیسیۆنی هاوکات حەز و ئەندێشەى بیناکارانەی هەیە: ئەو بە هێزى خۆى سروشتى خاو بۆ سروشتى سازێنراو وەردەگۆڕێت: لە کوێرەکانییەک حەوزێک دروست دەکات و بە دەوریدا ڕووەک دەچێنێت. بەگشتى سیماکانى سەردار بریتین لە بزێوى، دڵپاکى، بەویژدانى. لێ دیاریکردنى سەردار وەک دڵپاک و بەویژدان هاوکات دەیکات بە دژبەرى ناپاکى و بێویژدانى. پاکژی، وەک کێشەیەکى مێتافیزیکى، سەردار بۆ پرسیار و گەڕان بەدوویدا دەبات. جگە لەوە سەردار وەک هەتیو کەسێکى گەرەکە تاکو “دەست بەسەریدا بهێنێت”! ئەمە ئەو کارەکتەرەیە کە حسێن عارف دەیئافرێنێت، ئەوجا فڕێی دەداتە نێو گێژاوەوە و لە نێویدا سۆفى ڕەحمانى بەرەنگار دەکاتەوە.

حسێن عارف پرسیارى ئاوەز دەهێنێتە نێو چیرۆکى “تەتەر”ەوە. لێ ئەوە سەردارى لاو و پێشمەرگە نییە کە نوێنەرایەتیى ئاوەز دەکات، بەڵکو ئەوە سۆفى ڕەحمانە کە ئەم پرسیارەی ئاوەزی ئەزەلی لە هۆشى سەرداردا دەوروژێنێت. ئاخر وەک گۆتمان، سەردار سەر لە زۆر ڕووداوی جیهانەکەی دەرناکات، بەڵێ ئەو تەنیا وەک سوننەگەرایەک خۆی بە مارکسیزم-لێنینیزمەوە گرێداوە، کەواتە ناتوانێت لەنێو خۆیەوە پرسیاری ئاوەز ئاوەڵابکات. بۆ ئەو تیۆرییەکی تەواو داڕێژراو هەیە و تەنانەت پرۆگرامییانە بۆی ئامادە کراوە، ئەویش سووک و ئاسان وەریگرتووە – و ئاو بێنە و دەست بشۆ! لێ سەردار وەک کوڕێکی سەلار خۆی داوەتە دەست ڕێبازێکی وەرگیراو، کەواتە لەو دەرووننەخۆشانە نییە کە تەنیا بۆ خاتری دەرکەوتن دەکەونە جومناستیکی ئیدیۆلۆژییانە، هەر بۆیە سۆفی هێندە ئاسان ناخی دەهەژێنێت. سەردار بێگوێ نییە!

ئێمە لەم ڕوانگەیەوە لە چیرۆکی “تەتەر”دا لاى دوو مرۆڤى سەردەمین: یەکێکیان لاوێکى هەڵوێستنوێنى هۆشئاڵۆزکاوە، ئەویدیکەیان پیرێکى دنیادیدەى کۆیلەى ئەزەلیەت و نوێنەری ئاوەزە. ئەم پیرە نوێنەرایەتیى جۆرێکی ئاوەز دەکات کە خودا بە مرۆڤى بەخشیوە. بێگومان کێشەى حسێن عارف ئایین نییە، بەڵکو ژیانى زەمینییە. ئاخر سۆفى ڕەحمان هەرگیز دەست بە ڕووى سەردارەکانەوە نانێت، هەروەها شارەزاى ئەو ڕێگەیەیە کە کەسانێکی دەگمەنى وەک سەردار بەسەریدا سەردەکەون. جگە لەوە سۆفى بە سەردار نابێژێت: “کوڕم، خۆ تۆ شەیتان نەچۆتە بن کڵێشەتەوە وا دەڕۆیت بۆ مارانێ!”، “کوڕم، بگەڕێرەوە و بکەوە خوداپەرستى!”، “کوڕم، وەرە بەرەى ئێمەوە تاکو بە دەروونى پاکژەوە بچیتە بەردەم خوداى مەزنت!”. نەخێر. سۆفى ڕەحمان وەک باوکێک بە پیرییەوە دەچێت، وەک باوکێک ئامۆژگاریى دەکات، وەک باوکێک بێدارى دەکاتەوە و بەڕێى دەکات. گرنگترین ئامۆژگاریى سۆفی بۆ سەردار ئەوەیە کە سبەینێى داهاتوو پتر لە ئەمڕۆى پێداتێپەڕیو ئاوەزى گەرەکە.

کەواتە سۆفی تێگەیشتنى بۆ ڕووداوەکانى جیهانی مێژوویی هەیە، جا گەرچی چالاکانە دەست نانێتە نێویانەوە. لێ پێدەچێت گلەیى لە سەردارەکان هەبێت، چونکە بە ئاوەزی خۆیان ژینگەى خۆیانیان نەناسیوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە شێواون و ناتوانن تێگەکانى هزرە وەرگیراوەکەیان ڕوون بکەنەوە، کەواتە هاوکات ناتوانن دانوستانی پرسە هەنووکییەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی خۆیان بکەن. ئاخر گەر ئەو داماوانە جارێ نەیان توانیبێت لە ژیانی خۆیان تێبگەن، ئیدی چۆن دەتوانن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی و ڕێبازی سیاسییان تێبگەن؟

کێشەکەى حسێن عارف زەمینییە، لێ بە دیدی ئەو گەرەکە ژیانی زەمینی پابەندی پرنسیپ بێت تاکو مرۆڤ بتوانێت بە “چاکى” بژى. پرنسیپەکانى حسێن عارف، لەپاڵ دراوە خودایەتییەکەى ئاوەزدا، بریتین لە ویژدان، دڵسۆزى (بۆ هاومرۆڤان)، خۆشەویستى (بۆ کەس و کار و برادەران، هەروەها بۆ ژینگەى سروشتى). بێگومان ئەم توانست و سۆزانە لە هەموو مرۆڤێکدا هەن، لێ مرۆڤ بەبێ توانستى زەینی (ئینتەلەکتوێلی) و ئەزموون ناتوانێت لەبارەیان بزانێت و وەک دەرچەی کردارەکانی دایانبنێت.

حسێن عارف ئەم تەوەرە لای سۆفیى ئیماندار و ئاوەزمەند و ئەزموندار دادەنێت، هەر لێرەشەوە دەتوانین لە فیگورە لاوەکییەکەی پیرەمێرد تێبگەین کە سەردار لە کەناری لانجێدا پێی دەگات: ئەمیش پیرێکی دنیادیدەیە، لێ وەک سۆفى لە ڕووی توانستی زەینییەوە “کامڵ” نییە، هەر بۆیە ئۆتۆرێتییەکى وەک سۆفى بە شایانى پشتپێبەستن دەزانێت. ئەوجا جیاوازیی کرۆکییانەی سەردار -ی دڵساف و بەویژدان و خاوەن هەستی بەرپرسیاری – لە سۆفی و پیرەمێرد ئەوەیە کە ئەو لەنێو ڕووداوەکانی جیهانی مێژووییدا “سەرى لێ شێواوە”، بۆیە نەک تەنیا پێویستی بە سۆفییە، بەڵکو هاوکات ئەزموونى پترى گەرەکە تاکو ڕێگەی خۆى بدۆزێتەوە: سەردار بە کووژانەوەی توولەڕێ سەختەکەی ڕووەو مارانێ تووشی شۆک دەبێت، لێ ئەزموونى ئاودڕەکە پێیدەگەیەنێت.

حسێن عارف مۆرکى زۆر سەرنجڕاکێش بە سۆفى ڕەحمان دەدات: سۆفى خزمەتکاری خودایە، لێ مجەورێکى ئاسایى نییە. ئەدگارەکانی سۆفى بریتین لە نوورانێتى، پیرێتى، لایەنگریى ئاوەز، ئەزمووندارى. بە دیدی سۆفى هەموو کەسێک دەتوانێت لە جیهانی ژیاندا چە چاکە و چە خراپە بکات، لێ ئەو کەسانە کە لە ژیانیاندا “تەنیا” چاکە دەکەن، زۆر دەگمەنن. کەچی سەرەڕای ئەم ڕاستییە زۆرینەى خەڵک خۆى بە کەمە-تەواو-دەگمەنەکە دەزانێت، جا گەرچی ناسینى کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکە کارێکى هێندە ئاڵۆزە کە مەگەر هێزە-ستەم-و-ئاڵۆزە-نادیارەکە، واتا خودا، خۆى بیزانێت. خوێنەر بەچاکى دەتوانێت سۆفى ڕەحمان بخاتە خانەی کەمە-تەواو-دەگمەنە-ڕەسەنەکەوە.

کەواتە لە لایەک سۆفی ی کاریزمایی وەک نوێنەری چاکە و دژبەری خراپە، لە لایەکی دی سەرداری دڵسۆز و گەلخواز و خاوەن هەستی بەرپرسیاری، بەیەکدەگەن. سەردار کە لەژێر فشاری ئاڕاستەکانی سەردەمدا هەڵوێستی وەرگرتووە، خۆی پتر بە پرسی وەک بەخت و ڕێکەوت و واژەی ئەبستراکتی دیکەوە خەریک دەکات، نەک هەستی چاکەخوازانەی خۆی وەک مایەی بەئاگاهاتن ببینێت و بیکات بە پرسیاری بێدارکەرەوە. لە بنەڕەتدا حسێن عارف ئەم فیگورە پۆزەتیڤ و گوێرایەڵەی سەرداری کردووە بە کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکەکەی، چونکە بەهۆی ناخی پۆزەتیڤییەوە دەشێت لە سۆفی نزیک بخرێتەوە. ئاخر دەتوانین بپرسین کە ئایا بۆچی ئەو “ئازادی عەلی فەنی” ی نەکردووە بە کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکێک، واتا ئەو کەسە نێگەتیڤە کە وەک ئاگر بەربۆتە ژیانی هەڤاڵانی و وەک ئەوەش فیگورێکی زۆر گونجاوی ئەدەبییە؟ هەروەها “کاکە مچە”ش فیگورێکی زۆر لەبارە بۆ دانانی وەک “پاڵەوان”ی چیرۆکێک. لە بنەڕەتدا حسێن عارف دەیەوێت بەڕێی بەیەکگەیاندنی سەردار و سۆفییەوە ئەلتەرناتیڤی دروستی خۆی بۆ ئاڕاستە توندڕەوەکانی سەردەم بهێنێتە پێشەوە. ئێمە بەڕوونی دەبینین کە چۆن سەردار ڕۆ دەچێت بۆ ژێر کاریگەریی هزری سۆفی.

ئێمە لێرەدا دەگەین بە دژبەرییەکی هزری ی حسێن عارف لە چیرۆکی “تەتەر”دا، واتا ئەو دەخزێتە نێو نەسازیى پێشکەوتنخوازى و هەیەپارێزییەوە (کۆنزەرڤاتیڤیزمەوە). ئاخر سەردارى تەتەر لە لایەک حەزی بە ژیانی مۆدێرنە و سروشتى خاو بۆ سروشتى سازێنراو وەردەگۆڕێت، لە لایەکى دى کەسێکی هۆشرایەڵ و نەریتییە، بۆیە هێندە ئاسان ڕۆ دەچێت بۆ ژێر کاریگەریی سۆفی ڕەحمان. بەڵێ، حسێن عارف لە لایەک بوێرانە ڕوو دەکاتە سەردارەکان و داوای هەڵوێستێکیان لێدەکات کە بە هزرین و ئەزموونی خۆیی پێی گەیشتبن، لێ هاوکات ئەم هەڵوێستە بە بنەمایەکەوە گرێ دەدات کە بریتییە لە ئۆتۆرێتیى خودایەتى و نوێنەرە سەرزەمینییەکانى.

بێگومان گەرەکە لەم جێیەدا کەوانەیەک بکەینەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ئێمە ئەم کێشەیەى پێشکەوتنخوازى و هەیەپارێزی وەک خوازراو یان نەخوازراو بۆ ئەفراندنی ئەدەبی دانانێین (ئاخر زۆر دەشێت تەنانەت ئەدەبێکی پاشڤەروو جوان بێت!)، بەڵکو تەنیا وەک تایبەتمەندێتییەکى حسێن عارف لە قۆناغێکی تایبەتیی ئەفراندنی ئەدەبیی ئەودا وەرى دەگرین، کە چە لەم چیرۆکە و چە لە چیرۆکەکانى ساڵانی هەشتاکانی ئەودا بەدیدەکرێت.

لەم ڕوانگەیەوە بەرەڵابوونی سەردار لە بەرپرسیاریی خێزانی و بوونی بە پێشمەرگەی نێو چیا و دۆڵەکان، نایگەیەنن بە ئاگایی ئازادی، بەڵکو بە شێواوی لای سۆفی ڕەحمان دەگیرسێتەوە. ئەوجا دوای ئەوە کە سۆفی پرسیاری ئاوەز لە هۆشی ئەودا دەوروژێنێت، هەروەها دوای ئەوە کە توولەڕێی چیاکە دەکوژێتەوە و ئەویش بەناچاری بڕیار بۆ ئاودڕەکە وەک رێگەى سەرکەوتن دەدات، ئیدی گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا دێت، واتا: سەردار دواى پێکەوەلکاندنى هۆشى بزواو و کردارى خۆیى بڕواى بە لێنینیزم نامێنێت: “… بڕۆ، گرەوت بردەوە”، “… من سەر لەو تێک دەدەم: دوو هەنگاو بۆ پێشەوە و هەنگاوێک بۆ دواوە”. ئەمە ئامانجی چیرۆکى “تەتەر”ى حسێن عارفە، کە بێگومان پرسیارێکی پڕبایەخە، لێ نووسەر هاوکات وەڵامێکى ئیدیۆلۆژیانەى پاکژێتی لەسەر کێشەکانى نەوەیەکى هەڵوێستوەرگرتووی سەرلێشێواو بەدەستەوە دەدات و تێیدا ڕێکخراوى باوکسالارى لەنێو چاکیی پێشبینیکراویدا هەڵدەچنێتەوە. ئەم کێشەیە ڕوونکردنەوەی پتری گەرەکە.

گەر لە ڕووی ژیانی ڕیالەوە بڕوانین، ئەوا گەرەکە ببێژین، کە هەڵوێستی کوڕانەی ناسک و بەوەفا بەرانبەر باوکی ناسک و بەوەفا بەجێیە، دروستە، لێ ئەم ڕەوشە لە چیرۆکی هونەریدا جێی گومانە، هاوکات ئاشکرایە کە گومانەکە لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا پتر پەرەدەسێنێت. ئاخر هەموو کوڕ و کچێک سەربارى خۆشەویستییان بۆ باوک و دایکیان (گەر هەیان بێت)، هەمیشە لارییان لێیان هەیە، جا گەر تەنانەت دەرى نەبڕن.

لێ ئەمە ئەو هەقیقەتەیە کە بەتایبەتى لە ئەدەب و هونەردا شیاوى پێشاندانە. ئێمە کارێکی بەم چەشنە لای حسێن عارف نابینین، بە پێچەوانەوە سۆزى ڕۆمانتیکی بۆ باوکان و جیهانەکەیان سەراپا تێڕوانینى ئەوى تەنیوە. بێگومان نووسەر ڕووە بەدەکانى ئەو جیهانە لەپاڵ ڕووە چاکەکانیدا پێشان دەدات، لێ ڕووناکاتە داڕزاویەکانى باوکان و کوڕانیان، یان شەڕەسەگى باوکان و بۆگەنکردنى کوڕان و کچان و ژنانیان، کە ئاشکرایە بە دەسوێژی بنەما باوکسالارییەکان وەک دەسکەلای پاراستنی دەسەڵاتیان ئەنجامی دەدەن.

نەخێر، ئەو دەیەوێت باوکان ڕزگار بکات – باوکان کە خۆیان هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەو تەنگژە دەروونی و ئەخلاقیانە کە لە ژینگەکەیاندا تەنیونەتەوە. ئاخر گەر لە ئەدەب و هونەردا نەبێت، ئیدی لە چە بوارێکدا چاکترین دەرفەت هەیە بۆ پێشاندانى جیهانێک کە چیدی وەک خۆى نەماوە، بەڵکو بە ڕیشەیی خزاوەتە نێو تەنگژەی ئەخلاقی و دەروونییەوە؟ ئەوجا ئاشکرایە کە پیرانیش لێرەدا بە ڕیشەیی دەکەونە ژێر ڕەخنەوە، جا گەرچى مرۆڤ لە ژیانى ڕۆژانەدا ڕێزمەندیەکانى خۆى بۆ تەمەندارانى شایانى ڕێزلێگرتن ڕابگرێت. ئێمە هەر لە کایەی ئەدەبدا بۆ نموونە دەبینین، کە شێرزاد حەسەن لە “حەسار”دا باوکێکى زۆردار و کوڕێکى مەنکووب دادەڕێژێت و کوڕە لە کۆتاییدا بەناچاریى باوکی خۆی دەکوژێت. نموونەیەکى دیکەى نێو کەلەپوورى ئەدەبى بریتیە لە “پیسکەى تەڕپیر”.

لێ ئێمە بەو تێڕوانینەی سەرەوە هێندە ئاسان لە کێشەی حسێن عارف (و نووسەرانی هاوشێوەی ئەو) نابینەوە. ئاخر کێشەى حسێن عارف تەنیا بزربوونى دیدى خۆ نییە لە بەردەم لاوانى سەرلێشێواو و بێچارەدا، بەڵکو هاوکات لە ڕووی ئۆبژێکتیڤییەوە کێشەى گەلێکى کەللەڕەقە کە دەسەڵاتدارییەکى دەرەکی بە سەختی لێی دا و تەواو کەرامەتی شکاند (کوشتن و گرتن و بۆمبارانکردن، ئەوجا درەنگتر لە ساڵانی دوای سەرهەڵدانی “تەتەر”دا تەنانەت ئەنفال و ژارباران و هتد)، ئەوەش کێشەیەکە کە هەموو نووسەرێک ی ڕەسەن لە ژێریدا دەیناڵاند. جگە لەوە لەژێر ڕکێفى بەئسدا نووسەرانی ڕەسەن بەدەگمەن دەرفەتیان هەبوو خۆیان بە شێوەیەکى کۆنکرێت دەرببڕن، بۆیە بەهۆی ئەم فشارەوە هێدی هێدی شێوازە ڕوو لە دەرەوە کردووەکەی ئەدەب و هونەری ئەیلوول بەرەو داخراوی و داخراوتری ڕۆیشت، بەڵێ گەر نەبێژین زۆرینە، ئەوا دەتوانین لایەنی کەم ببێژین کە بڕێکی زۆری نووسەران و هونەرمەندان دەیان ویست لە لایەنی خۆیانەوە وەک پەرچەکردار بەهاکان بپارێزن، بەوەش دەستیان دایە کنەکردن لە کولتوور و کەلەپووردا، جا گەرچی ناشێت فشاری بەئس وەک تاکە هۆکاری ئەو شێوە هەڵوێستە ئەدەبی و هونەرییە دابنرێت، بەڵکو هاوکات سوونەگەرایی خۆرهەڵاتیانە لە شێوەی لاسایی و مۆدەچێتی و هتد کارا بوو با مرۆ لێرەدا لە بانگەشە ڕەوانبێژییەکانی وەک کلاسیک و رۆمانتیک و ریالیزمی ڕەخنەیی و هتد بهزرێت، کە سووک و ئاسان لە ئەوروپیەکانیان وەرگرت و خۆیان پێوە با دەدا.

بە هەر حاڵ، وەک گۆتمان ئێمە لاى حسێن عارف دژوەستانەوەی ئەو سوننەگەرییە دەبینین، لای هاوکات لای ئەو و زۆر نووسەرى دیکە دەبینین کە ئەوان حەزیان نەکردووە “بەهاکان زۆر بریندار بکەن”. گەر بەگشتى بڕوانین، ئەوا دەبینین کە کوردەکانى ئێراق لەتەک خلیسکانە چەکدارییەکەی 1961دا خۆیان “گرمۆڵە” کرد و توند بە کولتوورەکەیانەوە ڕاگرت، ئەوە بێگومان سەرباری تەنینەوەی فراوانتری دامەزراوەی دەوڵەتی و بەئەفەندیبوون و سفووربوون.

بەڵێ ئەوان تەنانەت پرۆسەی ئازادکردنی زمانی کوردییان لە کاریگەریی زمانی ئەرەبی بە ڕادەیەک گەیاند، کە ئیدی لە ڕێچکەی دروستی خۆی لای دا، ئەوەش بە چەشنێک کە ئیدی بڕی یەکجار زۆر واژەی پووچ و بێمانای کوردی زیتکرانەوە و تا ئەمڕۆ گەورەترین کۆسپن لە بەردەم پێگەیاندنی ئاوەزمەندانەی فێرخوازانی فێرگەیی و زانستگەییدا؛ بەڵێ ئەوان لۆگیکیان لە زماندا نەهێشت، بە پێچەوانەوە لای ئەوان ڕەوانبێژیی رواڵەتی کە تێیدا وشەسازیی پلاستیکی پێگەیەکی تایبەتیی وەرگرت، بوو بە شێوازە سەرەکییەکەی نووسین؛ بەڵێ، لای ئەوان پۆشاکی میللی وەک لەبەرکراوی ڕۆژانە هەمیشە پتر کرا بە مۆدە و وەک هێما دەرخرا، ئەوە تەنانەت لای فێرخوازانی زانستگەکانیش کە تەنانەت بوون بە سەرچۆپیگری بەمیللیبوون! لەم پەیوەندییەدا حسێن عارفیش وەک هەیەپارێزێک لەناخى خۆیدا کنە دەکات، دەیەوێت بە شێوازی خۆی لە ئەدەبەکەیدا ئەو پەیوەندییانە بپارێزێت کە بە بڕواى خۆى باشن. کەواتە نووسەر وەک کوڕى ئاغرى باوانى دەمێنێتەوە و هەر وەک ئەم کوڕە ڕەخنەکانى دەگرێت: لێ بە هێنانى پرسی چاکە و خراپە بۆ نێو ئەدەبەکەى.

                                           3

واتاى چیرۆکى “تەتەر” لە ئەمڕۆدا ئەوەیە کە دەمان بزوێنێت بۆ خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مرۆڤى تەنگژاویی نێو جیهانی مێژووییەوە. مرۆڤێک کە نەزانێت خۆی بە تەواوی کێیە، نەتوانێت وەڵامی ئاگامەندانەی ئەو پرسیارانەی نێو ناخی بداتەوە، کە هەستەکییانە سەریانهەڵداوە، ئەمەش بە تایبەتی لە سەردەمانی تەنگژەی ئەخلاقی ترادیسیۆنیدا، ئەوا ناتوانێت لە ژینگەی خۆی تێبگات و هزریانە پێوەی خەریک ببێت. لێ ئێمە گەرەکە هاوکات چیرۆکی “تەتەر” وەک ڕاگەیاندنێکی هزری وەربگرین، بەمەش وەک بەرانبەرێکی جیهانبینیانە لێی بڕوانین و بە پێچەوانەی ئەو ببێژین: هەرگیز هیچ تەنگژەیەک بەو بنەما جیهانبینییانە چارەسەر ناکرێت، کە لە سەردەمی کارایی سانای ترادیسیۆندا پێش تەنگژەکە چواندنیان پێدرابوو، چونکە هەموو سەردەمێکی تەگژاوی هاوکات نیشانەیە بۆ تەنگژەی بنەما چواندووەکانی رابوردوو. بۆیە گەڕانەوە بۆ نوورانێتییەکی پێشبینیکراو هەوڵێکى ترساوە لە ڕەوشەکانی سەردەمی هەنووکە، یان ترسە لە دۆخگۆڕییەکانی نێو ناخی خۆ، کە نەشیاوە بتوانێت ئەو مرۆڤە بینابکاتەوە کە کەم یان زۆر لەنێو جیهانە سوننەتییەکەیدا خۆى ژێردەخست و وەک کوڕێکى / کچێکی سەلار ڕێنوماکانى ژیانی کۆمەڵایەتیی بەرهەمدەهێنایەوە.

لە بنەڕەتدا خۆدەربڕینی ئەوپەڕی سانای زارەکی، تەشەنەى ڕەفتارەکانی فێڵ و بێدادى یان هەڵپەی دەرکەوتن و وەرگرتن، بەڵێ لەوەش ستەمتر: تەشەنەی بەدڕەفتارییەکی وەک ماچ-پاشقول، نیشانەن بۆ قرچەڵۆکبوونی سەرجەم بنەماکانی چاکەی ڕابوردوو، کەواتە شێواوییەکی رواڵەتی نین و بە هەوڵى دڵسۆزانەی بەویژدان بخرێنەوە سەر ڕێچکەی خۆیان. ئاخر مرۆڤ خۆى بەبێ هیچ بنەمایەک لەنێو داوێکدایە کە ئەو خۆیەتى، بۆیە لەنێو بێگوناهیى خۆخەتاباردا فێڵ لە خۆى و دەوروبەری دەکات، کە گۆیا لە ڕێگەى باوان و دایکانى لاى نەداوە. لێ لە بنەڕەتدا زۆر لاى داوە، ئەوەش بۆ نێو شێواوی، بێئاسۆیی، بۆیە تەنانەت بە رواڵەتیش لەنێو پۆشاکی میللی باوکانی یان دایکانیدا بە ناسکی جێى نابێتەوە، نەخێر، ئەو وەک ژن هەبوویەکى کۆمەڵایەتیی نووزن و زیقاوڵەیە، وەک پیاو دەنگگڕێکى گرینۆکە بۆ جیهانێک کە ئەو خۆى لە بنەڕەتدا ئەو جیهانەى ناوێت، لێ هاوکات ناتوانێت دەسبەردارى بێت. هەردوو ڕەگەز لەنێو جیهاندا تلیساونەتەوە و لەم ڕوانگەیەوە تەواوکەرى یەکدین.

لێ هەردووکیان هاوکات خیانەتیان لێکراوە: لە لایەن باوانیانەوە، لە لایەن ئایینەکەیانەوە، ئەوجا تێڕوانینەکان کە ئەوان سوننەگەرایانە وەریانگرتوون، لە خشتەیان بردوون – بەتایبەتى کوڕان، چونکە ئەمان سەرەتا هەڵوێستنوێنە سەرەکیەکانن، کە داماوانە بەسەر بێزەمینەیی سوێبەخشەوە بەردەوام بەبێ ئاسۆ گینگڵ دەخۆن. بۆیە کەوتنەڕێی ئەو کەسە کە ساکارێکى نامۆبووە، زۆر دەشێت ڕێگەی ڕووەو لەناوچوون بێت، یان هیچ نەبێت لە سەرەنجامدا وەک کەنارکەوتوویەک بە خەمۆکی ژیان بەڕێ بکات. بە پێچەوانەشەوە ئەو کەسە کە چەقاوەسوویەکی نامۆ بووە، دەسەڵاتى پێ دەسێنێت: “مارکس” و “ئۆتۆمبێل” لاى ژمارەیەکى فرەى چالاکانى نێو ژیانى سیاسی یان کولتووری یەک ئەدگاریان هەیە: هەردووکیان بەها بۆ مرۆڤ دەسازێنن و شیاوى ئالوگۆڕن: گەر مرۆڤ نەتوانێت بە بڕوانامە یان ئۆتۆمبێل پرێستیژێک بۆ خۆی دابین بکات، ئەوا دەرفەتى هەیە مارکس وەک دەسوێژی گەیشتن پێی دابنێت. بەهاکان لە هەردوو سەرەوە مایەى “خۆنواندنن”، بەڵێ هەردووکیان رواڵەت بەسەر رواڵەتى کۆمەڵایەتیدا دەپەخشێنن و ئەمەش کاراییەکی جیاکەرەوە بە مرۆڤ دەدات، کە ئیدی مرۆڤ دەشێت پەنجەی بۆ ڕابکێشرێت. ئاخر بەها وەرگیراوەکان مرۆڤ لە نێوئەڵقەیى دەردەکێشن، دیارى دەهێنن، رواڵەتێکى پێدەبەخشن کە ئەو خۆى وەک بوون ڕایدەگەیەنێت و هاوکات داواکارییەک بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەى وەک بوون لێى وەربگرن.

بێگومان مەسەلەکە ئەوە نییە کە لەپاڵ رواڵەتگەرا و مۆدەچییاندا سەبژێکتانى بێدار نەکەوتبنە سەر ڕێگەیەکى ئەوتۆ، کە بەرپێى خۆیان ببینن، بەڵکو کێشەکە لە لایەکی دییەوە ئەوەیە، کە شێواویی کۆمەڵایەتی هەمیشە پتر مرۆڤ لە خۆی دووردەخاتەوە. بۆیە نەشیاوە مرۆڤ بە تێگە مێتافیزیکیەکانى وەک پاکژ و دڵسۆز بخرێتە سەر کەڵکەڵەى ژیانێکى پاکژ. مرۆڤ هەرگیز پێى ناکرێت پەیڕەوی “پاکژییە” هەمیشە تەڵخەکان بکات.

ئەوەى پێ ناکرێت، هاوکات زەبرى ریالێتی هەمیشە پتر لەم ئیدێیەى دوور دەخاتەوە، چونکە ئەم زەبرەیە کە لەتەک خۆیدا ئەو ڕادەپێچێت، لە خۆیى بزر دەکات، نایەڵێت بگەڕێتەوە بۆ لاى خۆى و تەفروتوناى دەکات. هەروەها ئەوە هەر نوێنەرانی ئەو زەبرەن کە ڕووپۆشى کۆنى ڕزیو لەسەر خۆیان دەنەخشێنن و خۆیان وەک بێتاوان کەلا دەخەن – ئاخر ئەوان سەرچاوەی زەبرە نامرۆڤییەکان نین، بەڵکو ئەوە هێزە غەریبە دەرەکییەکانن کە ژیانی گرووپ، “کوردەواری”، دەشێوێنن و نایەڵن کوڕانی خیپش و کچانی نەشمیل ژیانیان لەنێو ژینگەی پڕگازی ژەهراوی و خانووی بلۆکی چمەنتۆدا هێدی هێدی بمرێنن!!

سەرچاوە:

حسێن عارف. گەلە گورگ. چوار چیرۆک. 1982.

تێبینی:

  • ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و تەواو گۆڕراوە.
  • سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە. لێ ژمارەی لاپەڕەیان لەسەر نییە، ئەمەش پێدەچێت کاتی خۆی بەهۆی کورتیی چیرۆکەکەوە ڕووی دابێت. بۆ ئەمە دەبێت داوای لێبوردن لە خوێنەر بکەم. لێ ئەو دەتوانێت لە کوردیپێدیا کتێبی “حسێن عارف، چای شیرین و سەرجەم چیرۆکە کورتەکان” بکاتەوە یان دابگرێت کە تێیدا چیرۆکی تەتەر لە نێوان لاپەڕە 246-271دا چاپکراوە.
    ک.ج.



ڕێكه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار له‌ گه‌مه‌ی وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كاندا … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ڕ
مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی تر
ئه‌گه‌رچی نه‌ته‌وه‌ی كورد و نیشتمانه‌كه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام تاكو ئێستاش به‌و مافه‌ی خۆی نه‌گه‌یشتووه‌ و له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی به‌رده‌وامه‌، زۆرجار ده‌گوترێ كورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه‌، تاكو ئێستا به‌ مافه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌گه‌رچی له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوون به‌خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، كوردیش به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆییان پێدرابوو، به‌ڵام كه‌ ئه‌وروپاییه‌كان نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كێشا، له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌م داخوازی چاره‌نووسی نیشتمانی كوردیان پشت گوێ خست، له‌و كاته‌وه‌ خه‌بات و ئاواتی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆ به‌ربه‌ره‌كانی یه‌كێتی یه‌ك پارچه‌یی وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كانه‌، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ وڵاته‌ ‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ئیحتمالیدا بوون، وه‌ك توركیا و ئیران و ئیسرائیل دۆستی ئه‌مریكا و ئوردن بۆ خۆپارستن نزیك ده‌بووه‌وه‌ و عیراقیش دوژمن‌ و هه‌ندێك جار ئاره‌زووی دۆساتایه‌تی هه‌بوو.

 مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌، ناكۆكی و ململانێیه‌كی زۆری له‌نێوان ده‌وڵه‌تانی په‌یوه‌ند به‌باسه‌كه‌وه‌ هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، ڕیشه‌ی ئه‌و ناكۆكیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌ردوو ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و فارسی، پێش چوارسه‌د ساڵ، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین ڕێكه‌وتنامه‌یان له‌نێوان خۆیاندا كردووه‌، هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتنامانه‌ سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و فراوانخوازی، دۆزی كورد بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كی بووه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی ئاژاوه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌ڤه‌ره‌ سنوورییه‌كانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌بووه‌، كوردیش باجی ئه‌و ناكۆكیانه‌ی داوه‌. 

ده‌وڵه‌تی تازه‌ دامه‌زراوی عێراق و كێشه‌ی كورد

 له‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و له‌ژێر ئینتدابی به‌ریتانی دا له‌ چوارچێوه‌ی سنووری هه‌رسێ ویلایه‌تی عوسمانی (به‌سرا، به‌غدا، موسڵ) ده‌وڵه‌تی تازه‌ دامه‌زراوی عێراق بووه‌ میراتگری ناكۆكیه‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی، هه‌ر له‌و پێودانگه‌وه‌ بوو نۆساڵ به‌سه‌‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا تێپه‌ڕی بوو، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه‌ دانی پێدا نه‌ده‌نرا، به‌و بیانووه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانین، دواتر له‌ ساڵی 1929 له‌ ژێر گوشاری به‌ریتانیا دانی به‌ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراق دانا. 
 ده‌وڵه‌تی عێراقی تازه‌ به‌ هۆی جیاوازی كه‌لتوری سیاسی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌بووه‌، جگه‌له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا، له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا ناچاربووه‌ ڕێگا له‌ته‌شه‌نه ‌كردنی ناكۆكیه‌كان بگرێ، هه‌روه‌ك گوشار و كارئاسانی كرد بۆ ناردنه‌وه‌ی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و سمكۆی شكاك بۆ ئێران و دواتر له‌ناوبردنیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

 ئێران وعێراق به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیا هه‌ندێك لێك نزیك بوونه‌وه‌یان هه‌بووه‌، دوای سێیه‌م شكستی شۆڕشه‌كه‌ی، شێخ مه‌حمود ڕووی له‌ سنووری ئێران كرد، به‌ڵام به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا، ئێران شێخ مه‌حمودی ڕاده‌ست كرده‌وه‌، " كاپتن هۆڵت"ی سكرتێری كۆمیساری باڵای به‌ریتانی له‌ عێراق ڕۆڵی ئاسایی بوونه‌وه‌ی له‌ نێوان عێراق و ئێراندا بینی، به‌ڵام له‌سه‌ر گرفتی سنوور نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام و له‌ ساڵی 1934 هه‌ردوولا له‌سه‌ر كێشه‌ی ته‌نگه‌به‌ری یه‌كاوی عه‌ره‌ب (شه‌تولعه‌ره‌ب) یاداشتنامه‌ی خۆیان داوه‌ته‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان.

له‌ساڵی 1955 په‌یوه‌ندی هه‌ردوو وڵات پێشكه‌وتنی باشی به‌خۆوه‌ بینی، دواتر هه‌ردوولا له‌ (په‌یمانی به‌غدا) كه‌ له‌لایه‌ن ولاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، عێراق، ئێران و پاكستانه‌وه‌ به‌سترا، به‌ڕه‌سمی چوونه‌ یه‌ك به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی سه‌ربازییه‌وه، له‌م په‌یمانه‌دا عێراق به‌دارده‌ستی ڕۆژئاوا هه‌ژمار كرا، تا ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ به‌رده‌وام بوو، له‌دوای شۆڕشی 14ی ته‌موزی ساڵی 1958 په‌یوه‌ندیه‌كانیان تێكچوو، هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌وتنه‌ دوای ئاراسته‌ی دوو جه‌مسه‌ری جیاوازه‌وه‌، ئێران به‌ده‌وڵه‌تێكی پاشایه‌تی و ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆ مایه‌وه‌، به‌ڵام عێراق ڕژێمی كۆماری ڕاگه‌یاند و له‌ په‌یمانی به‌غدا كشایه‌وه‌، دۆستایه‌تی ده‌وڵه‌تانی به‌ره‌ی سۆشیالیستی ڕاگه‌یاند و دروشمی دژ به‌ ئیستعماری ڕۆژئاوای به‌رزكرده‌وه‌، هه‌ردوو وڵات كه‌وتنه‌ نێو دوو به‌ره‌ی ناكۆكی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد.

شۆرشی ئه‌یلول و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران

سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ هه‌ردوو وڵات، ئێران له‌ناوبردنی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌ عێراق به‌خه‌ته‌رێك له‌سه‌ر ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری و ئاسایشی ئێران (ساواك) كه‌وته‌خۆ بۆ پیلان دانان دژی ئه‌زمونی ڕژێمی كۆماری له‌ عێراق، دواتریش هه‌نگاوه‌كانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌رباره‌ی چاكسازی كشتوكاڵ و دۆستایه‌تی كۆمۆنیسته‌كانی عێراق و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی له‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌ كورد و ناكۆكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ناسیونالیسته‌كانی عه‌ره‌ب، كه‌ عه‌بدولسه‌لام عارف نوێنه‌رایه‌تی ده‌كردن و دیكتاتۆریه‌تی دواتر عه‌بدولكه‌ریم قاسمی به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ برد، ئێران ئه‌و بارودۆخه‌ی قۆسته‌وه‌ بۆ لاوازكردنی عێراق، كه‌وته‌ پشتگیری ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌ كوردانه‌ی له‌په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی شیوعیه‌كان و ڕیفۆرمی كشتوكاڵی نیگه‌ران بوون، كه‌ دواتریش بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ 11ی ئه‌یلولی ساڵی 1961 و بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد.

نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق له‌ سۆڤیه‌ت و به‌ره‌ی سوشیالیستی ڕۆژهه‌ڵات، نیگه‌رانی لای ئێران و به‌ره‌ی ڕۆژئاوا دروست كردبوو، گرفتاركردنی عێراق به‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ناوخۆ باشترین‌ ڕێگاچاره‌ بوو بۆ لاوازكردنی عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێران هه‌وڵیدا له‌سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول نزیك ببێته‌وه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌رییه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دواتر له‌ مانگی تشرینی ساڵی 1963 وه‌فدی سه‌ركردایه‌تی (پ. د. ك) سه‌ردانی ئێرانی كردووه‌ و په‌یوه‌ندی و هاوكاری له‌ ئێران وه‌رگرتووه‌، له‌و كاته‌وه‌ شۆڕشی كورد بووه‌ خاڵی گرنگ له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته، ئێران هه‌میشه‌ هانده‌ری سه‌ركردایه‌تی كورد بووه‌، بۆ درێژه‌دان به‌ شۆڕش له‌ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق، بێگومان له‌به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خواسته‌ ستراتیژیه‌كانی خۆی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی گرژی نێوان عێراق و ئێران، كورد بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی خۆی چه‌ند جارێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عێراق كردووه‌، هه‌ر حكومه‌تی عێراقیش كوردی ناچار به‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ كردووه‌ و ئێرانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستۆته‌وه‌ و كوردیش ناكۆكی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێناوه‌.

له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1965 ه‌وه‌ (35) هه‌زار پارچه‌ چه‌ك به‌یه‌كجار مانگانه‌ش چاره‌كه‌ ملیۆنێك دینار دراوه‌ته‌ (پ. د. ك) سه‌ره‌ڕای ناردنی كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی و خۆراك بۆ باره‌گاكان. هانده‌ری شا بۆ ئه‌م یارمه‌تیدانه‌ ئه‌وه‌یه‌ شا هه‌وڵ ده‌دات دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی خۆی واتا عێراق، له‌ ڕێی كورده‌كانه‌وه‌ لاواز بكات. له‌ ماوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات (عێراق و ئێران) ته‌بایی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ژێره‌وه‌ هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی عێراق، ئێران، توركیا هه‌میشه‌ كۆك بوون له‌سه‌ر دژایه‌تی و له‌ناوبردنی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگایخوازی كوردستان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان ده‌یویست داوای په‌یوه‌ندی و هاوكاری له‌ ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌مریكا هاوكاری شۆڕشی كوردستانی له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ یاداشتنامه‌یه‌كی كارمه‌ندی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا (به‌ڕێز هاڕۆڵد هـ ساندێرز) بۆ یارمه‌تیده‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی (به‌ڕێز بۆندی) ده‌نووسێت: هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێشتر داواكاری ئه‌وان(كورد)مان بۆ یارمه‌تی سه‌ربازی ڕه‌ت كردۆته‌وه‌، به‌هه‌رحاڵ به‌بۆچوونی ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی گرنگتر بۆ ئه‌مریكا له‌م په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمی نوێی عێراق وه‌ڵامده‌ر بین، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كورده‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق وتوێژ بكه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر ئه‌م وتوێژانه‌ سه‌رنه‌كه‌وێت، به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ باشتر ده‌پارێزرێت، كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بتوانێت كورده‌كان كۆنتڕۆڵ بكات نه‌ ئه‌وه‌ كه‌ شۆڕشی كورد ئه‌وه‌نده‌ سه‌ربكه‌وێت،‌ ببێته‌ هۆی ده‌ستێوه‌ردانی سۆڤیه‌ت یا ئێران له‌ كێشه‌كه‌دا.
شۆڕشی كورد و ده‌سته‌ڵاتی به‌عس

دوای هاتنه‌سه‌ر حوكم به‌عسیه‌كانیش هه‌وڵی ئاشتیاندا، به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌رده‌وام بن و شه‌ڕ له‌ نێوان به‌عس و شۆڕشی كورد هه‌ڵگیرسا، به‌درێژایی ساڵی 1969 شه‌ڕ و پێكدادانی گه‌رم له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و حكومه‌تی عێرق ده‌ستی پێكرد، مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ درێژه‌دانی شۆڕش دژی به‌عس داوای هاوكاری و پشتیوانی له‌ ئه‌مریكا كرد. له‌ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا هاتووه‌: له‌ساڵی 1969وه ڕێبه‌ری كورده‌كانی عێراق، مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی دژی به‌عس چه‌ند جار داوای یارمه‌تی له‌ ئیداره‌ی نیكسۆن كرد، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا، ئه‌م داواكارییه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا نایه‌وێت له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیكه‌دا ده‌ستوه‌ردان بكات و ئامانجی ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كورد دابمه‌زرێت، كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا وا هه‌ست ده‌كه‌ن، كورده‌كان ده‌توانن ئه‌و یارمه‌تیه‌ له‌ ئێران و ئیسڕائیل وه‌ربگرن.

دواتر ئێران توانی په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلو‌ل دروست بكات، هه‌تا 11ی ئازاری 1970 ئێران ویستویه‌تی كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ردوو باڵی (پ. د. ك) ڕابگرێ، به‌درێژایی ساڵانی (1966- 1968) ئێران له‌ ڕێگای مسته‌فا بارزانیه‌وه‌ پشتیوانی له‌شۆڕش كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ بۆ ئێران گرنگ بووه‌، به‌وردی و به‌ره‌دوامی شا بۆ چاودێری ڕووداوه‌كان له‌ په‌یوه‌ندی دابوو، به‌هۆی پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی ئێران بۆ كورد عێراق به‌ڕه‌سمی ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕاگه‌یاندووه‌.

له‌گه‌رمه‌ی لاف و گه‌زافی به‌عسیه‌كان بۆ عروبه‌ و خاوه‌نداریه‌تی به‌سه‌ر كه‌نداو، ئێران له‌ 19- 4- 1969 ڕێكه‌وتنامه‌ی (سه‌عدئاباد)ی ساڵی 1937ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌بیانوی هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق به‌سه‌ر كه‌شتیه‌ ئێرانیه‌كاندا له‌كاتی تێپه‌ڕبوون له‌ شه‌تولعه‌ره‌ب، كه‌ له‌و په‌یمانه‌دا هاتووه‌، بۆئه‌وه‌ی ئیمتیازاتی زیاتر له‌ شه‌تولعه‌ره‌بدا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش وای كرد له‌ژێر گوشاری ئێران و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌عس ناچار بوو بیر له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد بكاته‌وه‌.

زه‌قبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی هه‌ردوو وڵات (عێراق و ئێران) له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد، سۆڤیه‌ت ده‌یویست له‌ كه‌نداو باڵاده‌ست بێت، سۆڤیه‌ت چالاكانه‌ هه‌وڵی ده‌دا په‌یوه‌ندیه‌كانی ڕژێمی به‌عسی عێراق و ڕژێمی به‌عسی سوریا ئاسایی بكاته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای هاندانی عێراق هه‌موو وڵاتانی كامپی خۆرهه‌ڵات بۆ به‌یه‌ك گه‌یاندنی كورد و عێراق، سوڤیه‌ت كه‌وته‌ ناوبژیوانی كورد و عێراق له‌پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌لایه‌كی دیكه‌ سۆڤیه‌ت به‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌یویست دۆستایه‌تی كورد بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی ناوخۆ، به‌ ناوبژیوانی سۆڤیه‌ت به‌یانی 11ی ئازای 1970 كۆتایی هات.
كورد و ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازار

جوڵانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كورد له‌باشووری كوردستان له‌به‌هێزیدابوو، هه‌ردوو باڵی (پ. د. ك) له‌ڕووی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ به‌ره‌و پێش چووبوون، ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌دا بێ هێز بوو حزبی به‌عس بوو، هێشتا دوو ساڵ نه‌بوو هاتبوونه‌ سه‌ر حوكم و جێ پێی خۆی نه‌گرتبوو، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری لاوازبوو، له‌ناو به‌رپرسه‌ باڵا سه‌ربازیه‌كان ناكۆكی هه‌بوو، له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ لاواز بوو، په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ كز بوو، پێویستی به‌ مانۆڕی سیاسی هه‌بوو، شۆڕشی كوردی به‌مه‌ترسی گه‌وره‌ داده‌نا، له‌به‌رامبه‌ردا پێویستی به‌ پشودان و خۆڕێكخستنه‌وه‌ هه‌بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ حكومه‌تی به‌عسی عێراق له‌هه‌وڵی ئاگربه‌ست دابوو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول، ئاگربه‌ستێكی نیوه‌چڵ به‌رده‌وام بوو تا ئه‌وه‌ی له‌ 11ی ئازاری 1970 حكومه‌تی عێراقی یه‌كلایه‌نه‌ پێشنیاری ڕێكه‌وتنی ئاشتی كرد، كه‌زۆربه‌ی داواكارییه‌كانی كوردی له‌خۆده‌گرت.

له‌ 11ی ئازاداری 1970 به‌غدا و ڕێبه‌ری شۆڕشی كوردستان مسته‌فا بارزانی ڕێكه‌وتن جیاوازییه‌كانیان نه‌هێڵن و عێراق به‌وه‌ ڕازی بوو ده‌وڵه‌تێكی فره‌ ڕه‌گه‌زی و ئۆتۆنۆمی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا بۆ كورد پێك بێنێ، ‌له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی نه‌یاردا ئۆتۆنۆمی بۆ بارزانی هه‌نگاوێك بوو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، له‌ولاشه‌وه‌ بۆ سه‌دام حسین ڕیكه‌وتنه‌كه‌ هه‌نگاوێكی تاكیكی بوو، تا به‌بیروباوه‌ڕێكی به‌عسیانه‌ ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو ناوه‌ندی سازبكا.

هه‌رچه‌نده‌ كورد به‌م ڕێكه‌وتنه‌ ڕازی بوون، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ندێ له‌ شه‌رت و مه‌رجه‌ كه‌لتوریه‌كانی به‌ڕاستی جێبه‌جێ كرا، له‌ ئه‌یلولی 1971 پیاوه‌كانی سه‌دام حسین ئه‌لتكریتی هه‌وڵیاندا له‌ ڕێگای ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێك مه‌لا مسته‌فا بكوژن و پێش ئه‌وه‌ش ته‌قه‌‌یان له‌ كوڕه‌كه‌ی واته‌ ئیدریس بارزانی كرد، ئیدی پاش ئه‌و هه‌موو ڕێككه‌وتنه‌ درێژخایه‌نه‌ هیچ كات له‌ لایه‌نه‌كان متمانه‌ی به‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌ما.

وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا سۆڤیه‌ت له‌ ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنامه‌ی ئازار له‌نێوان عێراق و شۆڕشی كوردا ڕۆڵی باشی گێڕا، ئه‌م به‌شداری كردنه‌ی سۆڤیه‌ت كاریگه‌ریه‌كی گرنگی هه‌بوو، له‌سه‌ر ڕازی بوونی بارزانی بۆ چوونه‌ ناو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆشیالیستی دا، هه‌روه‌ها به‌شداری كردنی سۆڤیه‌ت ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاوی هه‌بوو له‌نزیك كردنه‌وه‌ی باری سه‌رنجی هه‌ردوولا له‌ دانوستانه‌كانیدا له‌ڕووی ڕه‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.

ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤیه‌ت، له‌ئاستی ناوخۆش حزبی به‌عس به‌واژۆكردنی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ ئومێدی وابوو كارتی كوردی له‌ قازانجی خۆی له‌ده‌ست شا ده‌رهێنابێت، ئێرانیش له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار زۆر نیگه‌ران بوو، چه‌ندین نامه‌ و وه‌فدی ناردۆته‌ لای سه‌ركردایه‌تی بارزانی هه‌تا په‌شیمانی بكاته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ:” شا له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ به‌رده‌وام نامه‌ی ده‌نارد، هه‌تا دوا نامه‌ جۆرێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تێدابوو” سه‌ركردایه‌تی شۆڕش تا ساڵێكیش دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران پچڕاند.

دوای هه‌وڵه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌ ڕێكه‌وتنی ئازاردا، بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی حكومه‌تی عێراق ویستی زیاتر په‌یوه‌یندی له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌ت به‌هێزبكات، له‌ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هاتووه‌: به‌هۆی زیاتر نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق، ده‌ستڕۆیشتوویی‌ سۆڤیه‌ت زۆرتر بووه‌، سۆڤیه‌ت سه‌رمایه‌گوزاری له‌عێراق كرد بوو به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌هێزتر بكات، ئه‌مه‌ بووبه‌ مه‌ترسیه‌كی زیاتر بۆ ئه‌مریكا، كاتێ سه‌دام حسین به‌سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌یه‌ك پێكهاتوو له‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌عس له‌ شوباتی 1972 سه‌ردانی مۆسكۆی كرد و له‌ ئه‌نجامدا ڕاگه‌یاندننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان واژۆكرد، بۆ ئه‌وه‌ی پاشان په‌یماننامه‌یه‌ك مۆر بكه‌ن، پێشمه‌رجی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ ئه‌وه‌ بوو، ده‌وڵه‌تی به‌ره‌ی نیشتمانی عێراق پێك بێت، كه‌ شیوعی و كورده‌كانی تێدا به‌شداربن، هاوكات سۆڤیه‌ت بارزانی هان بدات تا په‌یوه‌ست بێت به‌م به‌ره‌ نیشتمانیه‌، به‌ڵام مه‌لامسته‌فا بارزانی چوونه‌ناوی ئه‌و به‌ره‌ی به‌ زیان بۆ كورد ده‌زانی، بۆیه‌ كورد جارێكی دیكه‌ له‌ ڕێگای (CIA) وه‌ له‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا نزیك بوونه‌وه‌ و پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ یارمه‌تی نه‌درێن ناچارده‌بن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ڕێك بكه‌ون، “شا”ش پشتیوانی له‌م داوایه‌ی بارزانی كرد و هۆشداری دا،‌عێراق كه‌وتوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت. به‌ڵام جارێكی تر كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا یارمه‌تیدانی كوردیان ڕه‌ت كرده‌وه‌، به‌ڵكو ڕایان وابوو ئێران و ئیسڕائیل ده‌توانن یارمه‌تی كورده‌كان بده‌ن.

وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌پشتیوانی ڕاسته‌وخۆ له‌ كورده‌كان خۆی ده‌بوارد، به‌ڵام به‌ڵێنی دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌كانی دیكه‌ هاوكاری بكات كه‌ یارمه‌تیان ده‌دا به‌ كورده‌كان. شا وه‌بیر ئه‌مریكای هێنابووه‌وه‌ كورده‌كان له‌ژێر گوشاری سۆڤیه‌تدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌عسی عێراق ئاشت ببنه‌وه‌، كه‌وابوو ده‌بێ كورده‌كان له‌به‌رامبه‌ری كاریگه‌ری كۆمۆنیزم بپارێزرێن.

له‌و كاته‌دا ئه‌مریكا شه‌ڕی ڤێتنامی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌مریكا خۆی له‌هه‌ر تێوه‌گلانی شه‌ڕێكی دیكه‌ ده‌پاراست، لیژنه‌كانی كۆنگرێس ڕازی نه‌بوون كارگێڕێتی نیكسۆن له‌گه‌ڵ شۆڕشی كوردا بۆ هێنانه‌دی ئۆتۆنۆمی هاوكاریان بكات، هه‌روه‌ها هێرشیان كرده‌سه‌ر كارگێڕێتی فۆرد به‌وه‌ی وای نه‌كرد شا ده‌ست له‌ یارمه‌تیدانی كورده‌كان هه‌ڵگرێ، ئه‌و كه‌ین و به‌ینه‌ی كۆنگرێس یه‌كێك له‌و ڕێگایانه‌ بوو گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكایی خۆیان پێ ده‌په‌ڕانده‌وه‌ له‌ ده‌ستهه‌ڵگرتنیان له‌ هیندی چینی، چونكه‌ تاوانه‌كه‌یان ده‌خسته‌پاڵ كۆنگرێس نه‌ك خۆیان.

ئه‌گه‌رچی كورد بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌، وزه‌ و توانستی كورد بۆ وه‌دیهێنانی ئاواته‌كانی گرنگی پێنه‌دان و ده‌ستبه‌ردابوونیان بدۆزێته‌وه‌، له‌لایه‌كی تر گرنگی كوردستان له‌كاتێكدا ناوچه‌كه‌ وه‌ك كانگای نه‌وته‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كوردستان وه‌ك خانوویه‌كی دووپه‌نجه‌ره‌یی وایه‌، په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و په‌نجه‌ره‌یه‌كیش به‌سه‌ر ڕۆژئاوادا ده‌ڕوانی، به‌ڵام یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ ئاڵۆزه‌كانی هاوكاری ئه‌مریكا بۆ كورد ده‌بوایه‌ له‌ڕێگای یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركره‌كانی كوردستان و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ئه‌نجام بدرێ، ئێران و توركیا هاوبه‌شی ئامانجی ئه‌مریكا بوون، تا نه‌هێڵن كۆمۆنیست یا ده‌وڵه‌تێكی خراپ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌ كوردیه‌كاندا بگرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ ناوه‌ندی ستراتیژی ئه‌مریكا بوون، به‌ڵام كه‌مترین به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دابوو بڵێسه‌ی ڕاپه‌ڕینی كورده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ژێر ئاڵایه‌كدا به‌ره‌و ئامانجێكی یه‌كگرتوو هه‌نگاو بنێن، یا ده‌وڵه‌تێكی كوردی دابمه‌زرێنن.

تێكه‌ڵاوی و ته‌قه‌لای ئه‌مریكیه‌كان له‌ناوچه‌ كوردیه‌كانی عێراق دیاری ده‌كرد، وڵاته‌ دراوسێكانی وه‌ك توركیا و ئێران یارمه‌تی كوردیان ده‌دا تا خۆیان له‌ گێچه‌ڵی عێراق بپارێزن، ئه‌گینا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بوون له‌دایك بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی قبوڵ بكه‌ن. ئه‌مریكاش هه‌رگیز پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كورد نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ی داواده‌كرا تائێستاش ئۆتۆنۆمیه‌ك بێت یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بپارێزێت، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك پارچه‌ بوونی عێراق ببێته‌ مایه‌ی سه‌ریه‌شه‌ی داهاتوویان.

به‌ڵام دوای بێنیاز بوونی به‌عس له‌مافی كورد و دوای به‌ستنی په‌یمانی (هاریكاری و دۆستایه‌تی عێراقی – سۆڤیه‌تی) له‌ 9- 4- 1972 كه‌ حزبی به‌عس له‌بواری سه‌ربازی و ئابووری خۆی به‌هێزكرده‌وه‌ و نه‌یاره‌كانی له‌ سوپا له‌ناوبردن و له‌گه‌ڵ دابین كردنی دۆست بۆ حكومه‌ت و پێشێلكارییه‌كانی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ كورد، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد دروست كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد‌ په‌یوه‌ندی كورد و ئێران له‌ مایسی ساڵی 1972 له‌ دوای سه‌ردانی ریچارد نیكسۆن و هێنری كیسنجه‌ر بۆ تاران ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.
هاوپه‌یمانیه‌تی عێراق و سۆڤیه‌ت و هه‌ڵویستى كورد

هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سۆڤیه‌ت بۆ ناوبژیوانی كورد و حكومه‌تی عێراقی بووه‌ هۆی زیادبوونی پێگه‌ی سۆڤیه‌ت له‌ عێراق، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌لای ئه‌مریكا دروست كرد، ڕۆڵی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌سه‌قامگیری ئاشتی و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له‌ عێراق به‌دیار كه‌وت، له‌ دوای ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و سۆڤیه‌ت گه‌شه‌ی سه‌ند، له‌ نیسانی 1972 سه‌رۆك وه‌زیرانی سۆڤیه‌ت ئه‌لیكسن كۆسجین سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌ 9ی نیسانی 1972 په‌یمانی (هاریكاری و دۆستایه‌تی) له‌نێوان هه‌ردوو وڵات واژۆكرا، له‌ په‌یمانه‌كه‌دا هاتبوو عیراق چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی زۆری له‌ سۆڤیه‌ته‌وه‌ پێده‌گات، به‌م شێوه‌یه‌ عێراق خۆی خسته‌ بازنه‌ی جیۆسیاسیه‌وه‌، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چوو ببێته‌ هاوپه‌یمانێكی بنه‌ڕه‌تی سۆڤیه‌ت له‌ناوچه‌كه‌، به‌مه‌ش ده‌روازه‌یه‌ك بۆ عێراق كرایه‌وه‌، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ سۆڤیه‌ت بكڕێت، و په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابووری له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێبدات، ئه‌مه‌ بۆ عێراق ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوو، بۆ خۆبه‌هێزكردن به‌تایبه‌ت دوای خۆماڵی كردنی نه‌وتی عێراق له‌ یه‌كی حوزه‌یرانی 1972، ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌مریكا به‌سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌.

به‌عس به‌هۆی هاوپه‌یمانیه‌تی سۆڤیه‌ت و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی، له‌ 15ی ئایاری 1972 دوو وه‌زیری دایه‌ (حزبی شیوعی عێراق = حشع)، به‌مه‌ش هه‌ڵوێستی ئه‌و حزبه‌ گۆڕا، دوایی شیوعی ڕاكێشایه‌ ناو به‌ره‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ، یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تیش هانی (حشع) داوه‌ به‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌عس دروست بكه‌ن، به‌ناوی (به‌ره‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌وتنخواز) له‌ 17- 7- 1973 ڕاگه‌یه‌نرا، داوا له‌ پارتی كرا بێته‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می حزبی به‌عس له‌ جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتنامه‌ی 11ی ئازار قبوڵی نه‌كرد بچێته‌ ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌، به‌عس له‌مه‌دا مه‌به‌ستی بوو خۆی وه‌كو حزبێكی پێشكه‌وتوخواز و گونجاو له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بخاته‌ڕوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌عس هه‌موو قورسایی خۆی له‌ناو به‌ره‌ به‌ر‌جه‌سته‌ كردبوو، به‌ڵام (حشع) ئه‌مه‌ی قبوڵ بوو. (پ. د. ك) ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو هێرشی ڕاگه‌یاندنی (حشع) كه‌سایه‌تی شۆڕش له‌ وڵاتانی به‌ره‌ی سۆشیالیزم بشێوێنێ، ئه‌گینا له‌ دوای چوونه‌ به‌ره‌ی به‌عس (حشع) سه‌نگی جارانی له‌ناو جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌ده‌ستدا.

سه‌ره‌تا بارزانی وا خۆی پیشاندا به‌ به‌یاننامه‌كه‌ ڕازیه‌ و بروسكه‌ی پیرۆزبایی بۆ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر نارد، به‌ڵام بڕیاری كورد زیاتر به‌ده‌ست هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان بوو، به‌تایبه‌تی ئێران، ئه‌گینا له‌بنه‌ڕه‌تدا بارزانی به‌م ڕێكه‌وتنه‌ ڕازی نه‌بوو، چونكه‌ بارزانی هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردییه‌كانی ده‌دا له‌به‌غدا، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ هه‌ر زوو كاری پێنه‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حزبی به‌عس هه‌وڵی دا پارتی ڕابكێشێته‌ ناو به‌ره‌ی ناسیونالیزمی‌ پێشكه‌وتوو (جبهه‌ قومیه‌ التقدمیه‌) به‌ڵام بارزانی ڕازی نه‌بوو، چونكه‌ وا ده‌بینرا كورد زه‌ره‌ر ده‌كات له‌و ڕێككه‌وتنه‌، هه‌ر زوو په‌لاماری شیوعیه‌كانی دا له‌ كوردستان، زۆر دژی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ وه‌ستا كه‌ له‌ نێوان عێراق و یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت به‌سترا.
ململانێكانی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا و چاره‌نووسی شۆڕشی كورد

مانگێك به‌سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تی (عێراق و سۆڤیه‌ت)‌ تێنه‌په‌ڕی، (نیكسۆن) سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و (كیسنجه‌ر)ی ڕاوێژكار بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ردانی ئێرانیان كرد و له‌گه‌ڵ شا كه‌وتنه‌ وتوێژ بۆ دانانی ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌ عێراق، له‌ مانگی ئایاری 1972 وڵا‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاریدا له‌به‌رامبه‌ر پێگه‌ی سۆڤیه‌ت له‌ناوچه‌كه‌ دا پشتگیری ئێران بكات، به‌تایبه‌ت كه‌ نیكسۆن و كیسنجه‌ر تازه‌ له‌ سه‌ردانی سۆڤیه‌ت گه‌ڕابوونه‌وه‌، سیاسه‌تی كیسنجه‌ریش له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕوون بوو، به‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تدا هه‌بێت ده‌بێ هه‌وڵی لاوازكردنی بدرێت.
پشتیوانی و یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو، كارگێڕێتی نیكسۆن و فۆرد پشتیوانی ده‌ره‌وه‌یان دروست نه‌كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاواتی ئۆتۆنۆمی كورده‌كان بێته‌دی، به‌ڵام هه‌ردووكیان ڕاسته‌وخۆ به‌ماڵ و دارایی له‌ خزمه‌تیان دابوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێران و ئیسرائیل ده‌ستیان خستبووه‌ كاروباری ئه‌وانه‌وه‌ ده‌بوایه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌نیوان ئاشكرایی و دیبلۆماسی په‌رده‌ی به‌سه‌ردا بدرێ.

 كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكا ڕایان وابوو یارمه‌تی ماددی یا سه‌ربازی ئه‌مریكا‌ بۆ ‌بارزانی ده‌بێت به‌وپه‌ڕی ئاسایش و نهێنیپارێزی ئیداری و فیزیكییه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، یارمه‌تی به‌كورده‌كان نابێ ئه‌وه‌نده‌ زیادبێت، نه‌توانن ڕۆژێ له‌ ڕۆژان حاشای لێ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م یارمه‌تیه‌ له‌هه‌ندێ چوارچێوه‌ی تایبه‌ت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ حاشا كردن لێی مومكین نیه‌.

ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌كارو‌باری كورده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ردانی نیكسۆن بۆ تاران له‌ ساڵی 1972 و كۆبوونه‌وه‌ی نیكسۆن و بریجنێف، له‌ مۆسكۆ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زۆرترین جێگای موناوه‌رات له‌جیهانی مونافه‌سه‌ی سیاسیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه‌ ئه‌مریكا هه‌رگیز ده‌ستی لێ هه‌ڵنه‌گرتووه‌.
جه‌نگی سارد له‌ نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕؤژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا دۆخێكی مه‌ترسیداری هێنایه‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كێ به‌ر كێی له‌سه‌رده‌كرا عێراق بوو، له‌به‌رده‌می لوتی شادابوو، كه‌ له‌ دوای سعودیه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین كانی نه‌وت بوو، لێره‌وه‌ هاوكێشه‌ی تایبه‌ت به‌ڕۆژهه‌ڵات ئه‌مریكا پێوه‌ی په‌یوه‌ست بوو، حزبی به‌عس له‌عێراق له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سوشیالیستی دژ به‌ڕۆژئاوا خۆی ده‌رخست، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌بوو عێراق له‌ژێرڕكێفی سه‌دام حسین ببێته‌ ده‌ستوپێوه‌ندێكی نزیكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا ئامانجی ستراتیژی كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت بوو له‌ناوچه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ سۆڤیه‌ت ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی پێكهات له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازی كورد، به‌ڵام به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌ حزبی شیوعی عێراقی و سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وی كورد گۆڕا، بزوتنه‌وه‌ی كورد كه‌وته‌ په‌یوه‌ندی كردنێكی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، به‌تایبه‌تی ئێران و وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حزبی به‌عس كه‌وته‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كوتله‌ی ڕۆژهه‌ڵات و حزبی شیوعی عێراقی و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پخوازی به‌گشتی.

سه‌ركێشی عێراق بۆ ده‌وڵه‌تانی دۆستی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ (ئێران و ئوردن و ئیسرائیل) نیگه‌ران بوون له‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیانه‌ی له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه‌ هاوكاری سه‌ربازی ده‌كران، هه‌رسێ ده‌وڵه‌تیش هاوكاری كوردیان ده‌كرد، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستان وه‌ك كێردیك ته‌ماشا بكه‌ن، تاگێچه‌ڵی وزه‌ی به‌عس له‌ سنووری وڵاتی خۆیان به‌دووربگرن، ئه‌م وڵاتانه‌ش دۆستی ئه‌مریكا بوون و هاوكاریان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پێده‌گه‌یشت، بۆیه‌ كوردی به‌سته‌زمان ئاساییه‌ كه‌وا بزانێت دۆستی ئه‌مریكایه‌.
شۆڕشی كورد و نزیك بوونه‌وه‌ی زیاتر له‌ ئێران و ڕۆژئاوا‌

له‌ پێش هاوپه‌یمانیه‌تی نێوان عێراق و سۆڤیه‌ت ئێران ته‌نیا له‌بیری كارتی ناكۆكی نێوان شۆڕشی كورد و به‌عس دابوو،‌ تا به‌قازانجی خۆی سوودی لێوه‌ربگرێت، به‌ڵام ڕیكه‌وتنی 11ی ئازاری 1970 شای نیگه‌ران كرد، چونكه‌ ده‌بووه‌ ده‌رفه‌ت بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی عێراق، هه‌تا ده‌گاته‌ باڵا ده‌ستی كه‌نداو، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ بوو شۆڕش له‌ كوردستانی ئێران سه‌رهه‌ڵبدا و مسته‌فابارزانیش ناچار نه‌ده‌بوو له‌به‌رامبه‌ر دۆستایه‌تی ئێران به‌رهه‌ڵستی بكات، هاوپه‌یمانیه‌تی عێراق و سۆڤیه‌تیش مه‌ترسی له‌سه‌ر ئێران گه‌وره‌تر كرد، بۆ ئاستی نیگه‌رانی ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێك بوو ئێران سوود له‌ نیگه‌رانی ئه‌مریكا وه‌ربگرێت، بۆیه‌ ڕێككه‌وتنی عێراق و سۆڤیه‌ت ناكۆكیه‌كانی عێراق و ئێرانی قوڵتر كرده‌وه‌.

له‌ ئاكامی شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 و كشانه‌وه‌ی عێراق له‌ حلفی به‌غداد و زیادبوونی هێزی چه‌پ له‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئێران زۆر باش تێكچووبوو، كه‌ حزبی به‌عس هاته‌ سه‌رحوكم په‌یوه‌ندیه‌كان به‌ره‌و خراپتر چوون، شای ئێران ده‌ترسا له‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی عه‌ره‌بی له‌ عێراق، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی جه‌مال عه‌بدولناسر و هێز و ده‌سه‌ڵاتی له‌ناو وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا له‌لایه‌كی تر به‌هۆی پشتگوێ خستنی ئۆتۆنۆمی و چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ و كاری تێكده‌رانه‌ كورد نائومێد بوو، ئۆباڵه‌كه‌یان خسته‌سه‌رعێراق و دواتریش كه‌ عێراق ویستی حكومه‌تێكی نیشتمانی له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان پێكبێنێ كوردی گۆشه‌گیركرد، ئه‌مه‌ ئێران و ئیسرائیلی ده‌ست كراوه‌تركرد له‌ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ شۆڕشی كورد، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر گه‌رموگوڕ كه‌وته‌ یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ گورز وه‌شاندن له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی عێراقی، به‌ڵام له‌ناو لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌نگی چه‌په‌كانی حزب له‌سه‌ركردایه‌تی (پ. د. ك) به‌رزبووه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمی ئێرانی و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی هاوكارییه‌كانی، بۆ په‌نجه‌ ڕاكێشان بۆ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ زیان ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام تای ته‌رازووی ئه‌وانه‌ی ڕه‌زامه‌ندیان بۆ قبوڵ كردنی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی ئێران هه‌بوو زیاتربوون به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا، به‌هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌ره‌و ڕووی كورد بۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ تین و تاوی شه‌ڕه‌كاندا له‌نێوان شۆڕش و حكومه‌تی عێراقیدا، یارمه‌تیه‌كانی ئێران بۆ شۆڕش زیادی كرد، له‌تشرینی دووه‌می 1971 و مارتی 1972 شای ئێران هاواری بۆ نیكسۆن برد، له‌ یارمه‌تیدانی بارزانیدا هاوكاری بكات، له‌ 28ی مارسدا به‌هۆی پاشای ئوردنه‌وه‌ بارزانی هاواری خۆی گه‌یانده‌ نیكسۆن، له‌ولاشه‌وه‌ ئیسرائیل نیگه‌رانی ئه‌وه‌بوو به‌رژه‌وه‌ندی عێراق به‌ هۆی ئۆتۆنۆمی ناوچه‌ی كوردستان په‌ره‌بستێنێ.
به‌ڵام ئه‌مریكا یارمه‌تیدانی كوردی ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ نه‌یانده‌ویست به‌و هۆیه‌وه‌ سۆڤیه‌تیه‌كان چه‌ك و سیاسه‌تیان له‌ناوچه‌كه‌ زیاتر بڵاو بێته‌وه‌ و په‌ره‌بستێنێ، جۆزێف فارله‌ند باڵوێزی ئه‌مریكا له‌ تاران ئه‌مه‌ی یه‌كلاكرده‌وه‌ كه‌ یارمه‌تیدانی نهێنی بۆ كورده‌كان ده‌بێته‌ سه‌رچڵیه‌كی بێ كۆتایی، وه‌ستانیشی ده‌بێته‌ هۆی نائومێدی و تێگه‌یشتن له ‌بیروباوه‌ڕی هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن كورده‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا.

شا وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكای هێنایه‌ ناو تابلۆكه‌وه‌، له‌ ساڵی 1971 دا په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ڕێگای شای ئێرانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، له‌لایه‌كی دیكه‌ وه‌رگرتنی چه‌كێكی زۆر له‌سۆڤیه‌ت عێراقی هاندا هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان ئه‌مه‌ش له‌وه‌ زیاتر بوو،‌ ئێران و ئیسرائیل هاوكێشه‌كه‌یان ڕاگرتبوو، له‌ئه‌نجامدا پێكهڵپژانی عێراق و ئێرانیه‌كان به‌درێژایی سنوور سه‌ریهه‌ڵدا.

ڕووداوه‌كانی ناو ئه‌و ململانێیه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، هه‌ریه‌ك له‌ عێراق، ئێران، سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا و ئیسرائیل حیسابیان بۆ ئه‌گه‌ره‌كان كردووه‌، ڕای وا هه‌یه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌تی و پشتیوانی شۆڕشی كورد باوه‌ڕ به‌ئێران نه‌كراوه‌، ئه‌مریكا ترسی ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی ڕه‌واندۆته‌وه‌، به‌ڵام باری قورسی شۆڕشی كورد له‌سه‌ر شانی ئێران بووه‌، سه‌ركردایه‌تی كورد ئاگاداربووه‌، ئه‌و بایه‌خه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای شابووه‌، جۆناتان ده‌نووسێت: ” شای ئێران سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تیدانی شۆڕشگێره‌كورده‌ بارزانیه‌كان بۆ دژایه‌تی حكومه‌تی عێراقی ڕای واشنتۆنی گۆڕی”

ئه‌مه‌ وای كرد له‌ 20-21ی ئایاری 1972 دا نیكسۆن سه‌ردانی شای كرد له‌تاران، پێشوازی ئێرانیه‌كان تاوی باشی هه‌بوو له‌ گه‌شته‌كه‌، له‌لایه‌ن ئیرانیه‌كان به‌ گه‌رمترین چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازی لێكرا. نیكسۆنیش ویست و پشتگیری خۆی له‌ دۆسته‌كانی ئه‌مریكا دووپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌رچڵیه‌كانی سۆڤیه‌ت به‌دووربگیرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین زۆرانبازیه‌ ناوچه‌ییه‌كان په‌ره‌نه‌ستێنن و نه‌بنه‌ زۆرانبازی كه‌ڵه‌گایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی.دیسان ئێمه‌ ڕێگا ناده‌ین هاوكێشه‌ی هێز له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌قازانجی دوژمن ته‌واو بێ، به‌ڕاستی تێده‌كۆشین هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان ته‌واو بێت، ئه‌مریكا ده‌یویست ڕێگانه‌دا سۆڤیه‌ت هیچ سه‌رچڵیه‌ك بكات و له‌هه‌ركوێیه‌ك بیانه‌وی كێشه‌ی بۆ دروست بكه‌ن.

له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1972 سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كه‌وته‌ نێوان به‌رداشی دوو جه‌مسه‌ری ناكۆك، له‌وێوه‌ شۆڕش چووه‌ سه‌ر ڕێگایه‌ك كۆتایی داخرابوو، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاماژه‌ هه‌یه‌ (م.س) و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی (پ. د. ك) لێی بێئاگابوون، له‌و باره‌یه‌وه‌ (جۆناتان) ده‌نووسێ:”بارزانی نه‌له‌پێش و نه‌یه‌كسه‌ر له‌كاتی هه‌ره‌سی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1975 دا و نه‌دوای ئه‌ویش نه‌یده‌ویست هیچ كام له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی خۆی له‌بڕیاردان به‌شداری بكه‌ن” ئه‌مه‌ش له‌پشت نهێنی كه‌وتنی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ بوو‌.
له‌سه‌ردانێكدا بۆ ئه‌مریكا له‌ ته‌موزی 1973 شا سه‌رنجی نیكسۆنی بۆ نیگه‌رانیه‌ك ڕاكێشا، كه‌ پێی وابوو سۆڤێتیه‌كان ئیئتیلافێك له‌نێوان كورده‌كان و به‌عسیه‌كان و كۆمۆنیسته‌كان پێكدێنن، كێشه‌ی كورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌نجه‌رێكی دژایه‌تیان بێت، ده‌بێته‌ هێزێكی پاڵپشتی كۆمۆنیسته‌كان.

نیكسۆن گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی شۆڕشی كورد له‌ دژی به‌عس بێ هاوكاری ئه‌مریكا تێكده‌شكێ، بۆ پاراستنی وره‌ی مه‌عنه‌وی وڵاته‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان وه‌ك ئێران و ئوردن، پێویسته‌ بۆ لابردنی بێ هیوایی وه‌ك بیانوویه‌كی ئه‌وان، هاوكاری ماڵی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌. بۆیه‌ پێویست بوو ماندووكردنی گه‌نجینه‌ی عێراق به‌سه‌رده‌وڵه‌ته‌وه‌ ببێته‌بار و به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ودای كورده‌كان مه‌به‌ستی ئه‌مریكا بوو، عێرق ڕازی بكرێ دۆخه‌كه‌ هێوربكرێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیربێ و كورد ئۆتۆنۆمی هه‌بێ، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌مریكا به‌ كلیل ده‌زانرا. بۆیه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاته‌كان ده‌یانویست په‌یوه‌ندی بایه‌خداری له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌بێ.

هه‌موو پڕۆژه ‌نهێنیه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ به‌تایبه‌ت كورده‌كان له‌لایه‌ن كۆشكی سپیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوون و به‌نهێنی كاره‌كان ئه‌نجام ده‌ران. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ نه‌بوون دیبلۆماسی گونجاو بیانگرێته‌وه‌، شۆڕشی كورد له‌ دژی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی هاوپه‌یمانی سۆڤیه‌ت به‌رپا ببوو، له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكاوه‌، پشتگیری ده‌كرا، مه‌ترسیه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو ڕۆڵی سه‌دام حسین به‌هێز بكا وناوچه‌كانی كوردستانی عێراق ببێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ ئاڵۆزی وڵاته‌ دراوسێكان. كورده‌كان به‌كاربێنێ له ‌دژی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا. به‌تایبه‌ت ئێران و توركیا.

دۆخی ناوچه‌كه‌ و هاوكێشه‌ی هێز له‌ناوچه‌كه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو، بیر له‌وه‌ نه‌ده‌كرایه‌وه‌ به‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك لایه‌ن گۆڕانكاری سه‌یر و بنه‌ڕه‌تی چی ڕووده‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌ كورده‌كان به‌ڕاڕا و ناجێگیر سه‌یرده‌كران، ئامانجیان سه‌ربه‌خۆیی یا ئۆتۆنۆمیه‌ و كامیان بۆ گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ڕێك ده‌كه‌ون، ئازایه‌تیان وای لێكردوون واده‌زانن هه‌رچیه‌كیان بوێت ده‌توانن به‌ده‌ستی بێنن، بۆیه‌ ئه‌م به‌هره‌یان هانیان ده‌دات نه‌رمیان كه‌م تێدابێت. له‌هه‌ر گۆڕانكاریه‌كیشدا كورده‌كان بۆ به‌زه‌یی سه‌دام حسین جێده‌هێڵران.

سۆڤیه‌ت چه‌كی زیاتری له‌ناوچه‌كه‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌، له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی ئێستا و ئاینده‌، هی ئاینده‌ سه‌رنجڕاكێشتر و مه‌ترسیدارتربوو، له‌ 1ی ئابی 1972 نیكسۆن فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی پرۆگرامه‌ نهێنیه‌كه‌ی ئیمزاكرد، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان 250 هه‌زار دۆلاری مانگانه‌ بۆ ساڵی مالی 1973 بۆ كورد دیاری كرد، له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن بۆ چه‌ك و جبه‌خانه‌، هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی 5 ملیۆن دۆلار ته‌رخان كرا، شا به‌ مه‌بله‌غێكی زۆرتر هاوبه‌شی كرد، به‌گشتی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هی ئیسرائیل و به‌ریتانیا و كۆمه‌كی ئێرانیه‌كان مانگانه‌ ده‌گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار به‌گوێره‌ی جه‌نگی سارد ئه‌وه‌ كۆششێكی سه‌ره‌كی بوو.
هه‌ڵوێستی سادات و ڕه‌نگداوه‌ی له‌سه‌ر شۆڕشی كورد

كاتێك ئه‌نوه‌ر‌سادات له‌ئه‌نجامی جه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێمنی به‌ره‌و وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌نگاوی نا، له‌كاتێكدا بیر له‌هاوبه‌شی ئه‌مریكا ده‌كرایه‌وه‌ بۆ یارمه‌تی كورده‌كان له‌ته‌موزی 1972 دا سه‌رباز و ڕاوێژكاره‌كانی سۆڤیه‌ت له‌ میسر وه‌ده‌رنران، ئه‌مه‌ گرنگیه‌كی زیاتری دا به‌عێراق له‌ سیاسه‌تی ستراتیژی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌مه‌ وای كرد په‌یوه‌ندی سۆڤیه‌ت به‌ڕژێمی به‌غداوه‌ به‌هێزتربێ، له‌ كۆتایی ئابدا مایكل سۆسلۆڤ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی وای له‌بارزانی كرد هاوبه‌شی حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی عێراق بكا كه‌ سه‌دام حسین له‌هه‌وڵی دامه‌زراندنی دایه‌.

به‌لای بارزانیه‌وه‌ ئه‌و داواكاریه‌ی سۆسلۆڤ ئاگاداركرده‌وه‌ (انذار) بوو، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ میسر وه‌ده‌رنرا، سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق پته‌وتر كرد، پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌تی به‌غدا به‌هێزتر و پێوه‌ندی بازرگانیشی پته‌وتركرد، زیاتر پێداگری له‌سه‌ر بایه‌خی عێراق كرد، بۆ یه‌كه‌مجار سۆڤیه‌ت ده‌ستی كرد به‌ناردنی تۆپخانه‌ی قورس بۆ سه‌دام حسین، ستراتیژی عێراقی دژ به‌كورد به‌هێزكرد، له‌ زستانی 1973- 1974 سوپای عێراق له‌و شوێنانه‌ خۆی جێگیركرد كه‌ پێشتر لێی نه‌ده‌مایه‌وه‌، ئه‌وه‌ مانای وابوو له‌ ئاینده‌ شاڵاوی قولی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر به‌كورد ده‌ست پێده‌كات، عێراقیه‌كان به‌ئاشكرا ده‌یانویست شۆڕشی كورد به‌ره‌به‌ره‌ لاواز بكه‌ن، چونكه‌ تۆپه‌ قورسه‌كانی سوڤیه‌ت سوپای والێ كردبوو ده‌توانن شوێنه‌ سه‌خت و دووره‌ كان ئابڵوقه‌بده‌ن.

له‌ ئه‌نجامی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ شا و مه‌لیك حسین له‌ كۆشكێك له‌سه‌ر ده‌ریای قه‌زوێن له‌ 31ی ته‌موزی‌ 1972 كۆبونه‌وه‌ و خۆشحاڵی خۆیان بۆ هاوكاری ئه‌مریكا ده‌ربڕی و گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی دووبه‌دوو بارزانیان ئاگاداركرده‌وه‌ كارێكی دراماتیكی ئه‌وتۆی وه‌ك ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كا، عێراق وای لێ بێ هێرشی فراوان ده‌ست پێ بكا، هه‌ردووكیان پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتبوو پشتیوانی به‌هێزی كورد بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌باشترین شێوه‌ ئۆتۆنۆمی خۆیان بپارێزن، به‌درێژایی ساڵی 1973 شه‌ڕ له‌په‌ره‌سه‌ندن دابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ داخوازی مالی كورد گه‌وره‌تربوو، ئه‌مریكا ڕازی بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق بووه‌ هاوكارێكی سه‌ره‌كی سۆڤیه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، حكومه‌تی به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسین به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی به‌ڕێكخراوه‌ ئیرهابیه‌كان له ‌شوێنه‌ دووره‌كان تاده‌گاته‌ پاكستان، عێراق ببووه‌ هێزێكی پاڵپێوه‌نه‌ر بۆ به‌ره‌ی ناڕازی، كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا هیچ جۆره‌ ئاشتیه‌ك له‌نێوان ئیسرائیل و عه‌ره‌ب پێك نه‌یه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌پێویست زانرا كۆمه‌كی كورد له‌پێنج میلۆن دۆلار به‌ره‌و ژوورتربێ، شاش به‌ڵێنی دا یارمه‌تیه‌كه‌ی زیاتر بكات، تانزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ یارمه‌تی سه‌ربازی تۆپ و جبه‌خانه‌ له‌لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ كورده‌كان كارێك بكه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌یان بگاته‌ سه‌روو به‌رگرییه‌وه‌، چونكه‌ ده‌یانه‌ویست به ‌بارزانی بڵێن ئه‌م یارمه‌تیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ تاسه‌ر به‌رده‌وام نابێت و له‌داهاتوودا ده‌بێته‌ شێوه‌یه‌كی مانگانه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 1973 ئه‌فسه‌ره‌كانی پێوه‌ندی ئیسرائیل ڕایان وابوو به ‌كورد بڵێن هێرش بكاته‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق و دایته‌پێنن، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا ڕه‌ت كرایه‌وه‌، كه‌هێرش كرا سه‌ر ئیسرائیل شۆڕشی كورد چه‌كی كه‌میان هه‌بوو، كه‌ ئێرانیه‌كان پێیان دابوون، له‌ده‌شته‌كان نه‌یانده‌توانی له‌به‌رامبه‌ر سوپای عێراقی پڕچه‌ك كراوی به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوی سۆڤیه‌ت بووه‌ستن، به‌ڵام له‌شاخه‌كان ده‌یانتوانی له‌هێرشی فڕۆكه ‌و تانك خۆیان بپارێزن، هێرشی به‌ولاوه‌ی هێڵی به‌رگری ده‌بووه‌ هۆی تێكشكانی هێزه‌كانی كورد.

ساڵ و نیوێك دوای ڕیكه‌وتنی ئازار ئه‌مریكا، ئێران و سه‌ركردایه‌تی كورد، ده‌چنه‌ یه‌ك به‌ره‌و ئیسرائیلیش ده‌بێته‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌، ئیسرائیل ده‌ست پێشخه‌ری هه‌بووه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد به‌مه‌به‌ستی هاندانی كورد تا گوشار بێت له‌سه‌ر عێراق دروست بێت نه‌په‌ڕژێته‌ سه‌ر بایه‌خدان به‌ هاوبه‌ندی عه‌ره‌بی بۆ شه‌ڕی ئیسرائیل، مه‌حمود عویسمان ده‌ڵێت:” سێ گۆشه‌یه‌ك هه‌بوو (ئێران، ئیسرائیل، ئه‌مریكا) شای ئێران كۆڵه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌ بوو، هه‌ر یه‌كێك ببوایه‌ هاوپه‌یمان له‌لایه‌ك ده‌چووه‌ ناو سێگۆشه‌كه‌وه‌، كورد له‌ ڕێگای ئێرانه‌وه‌ چووه‌ ناو سێگۆشه‌كه‌وه‌، دواتر په‌یوه‌ندی كرد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و دواتر ئه‌مریكا”. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ لای سه‌ركردایه‌تی كورد ناچاری نه‌بووه‌.
شۆڕشی كورد و شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسڕائیل

له‌شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل (ئۆكتۆبه‌ری 1973) تیپێكی سوپای عێراقی نێردرا بۆ شه‌ڕی ئیسرائیل ئه‌مه‌ وه‌ك شتێكی ڕه‌مزی بوو، له‌كاتێكدا هێنده‌ به‌خێرایی به‌ڕێ نه‌كه‌وت تا بگاته‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ، دوایش به‌خێرایی كشایه‌وه‌، ئیسڕائیل لای خۆیه‌وه‌ پێی وابووه‌، تازه‌ كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران له‌ شه‌ڕی (ئۆكتۆبه‌ری 1973) كورده‌كانیش كارێك ده‌كه‌ن هیچ نه‌بێت هێزه‌كانی عێراقی ده‌وه‌ستێنن، نه‌توانێ به‌شداری به‌ره‌ی شه‌ڕ بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌كرا و ئیسڕائیل بێ ئومێد بوو.
له‌ڕاستیدا سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌یده‌ویست به‌هۆی شه‌ڕ و ناكۆكی خۆی له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی تێك بدات، ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕی ئۆكتۆبه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ی بهاویشتایه‌ بێگومان ناكۆكیه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق فراوان تر ده‌بوو بۆ ناكۆكی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئیسڕائیل چاوه‌ڕوانی ده‌كرد كورد له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بجوڵێت، پێش شه‌ڕی ئۆكتۆبه‌ری 1973 له‌ ڕێگای باڵوێزی میسر له‌به‌غدا ئه‌نوه‌ر سادات، داوای له‌ بارزانی كردبوو له‌ حاڵه‌تی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئیسڕائیل عه‌ره‌ب دان به‌خۆدا بگرن له‌ شه‌ڕ دژی‌ سوپای عێراقی، هه‌تا عێراق به‌ناوی سه‌رقاڵی شه‌ڕی كوردستانه‌وه‌ بیانوو نه‌هێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی كۆچێرا ڕاپۆرتی (پایك) بارزانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرسی به‌ كیسنجه‌ر كردووه‌.

كیسنجه‌ریش له‌و بایه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ نۆیه‌مین ڕۆژی شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل په‌یامێكی به ‌په‌له‌مان له‌بارزانیه‌وه‌ پێگه‌یشت، باوه‌ڕی ئه‌مریكای ده‌پرسی سه‌باره‌ت به‌ ئامۆژگاری ئه‌فسه‌ره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل، كه‌ داوایان كردبوو هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ده‌شتاییه‌كانی عێراق، ئه‌وه‌ پێشنیازێك بوو ئه‌فسه‌ره‌ ئیسرائیلیه‌كان چاوه‌نواڕی بوون، به‌ڵام (CIA) ئه‌مه‌ی به ‌په‌سند نه‌ده‌زانی، شاش ئه‌مه‌ی پێ باش بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ توڕه‌یی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به‌كورد ئابڵوقه‌ ده‌دا، له‌ 16 تشرینی یه‌كه‌می 1973 ئه‌مریكا بارزانی ئاگاداركرده‌وه‌ هێرشی سوپایتان له‌سه‌رداخوازی ئه‌فسه‌ره‌ ئیسرائیلیه‌كان كارێك نیه‌ بیری لێ بكرێته‌وه‌.
كۆتایی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازار و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ

سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی یه‌ك ساڵه‌ی شۆڕشی كورد و به‌عس، له‌ 12- 2- 1974 عێراق یاداشتنامه‌یه‌كی له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر سنووره‌كانی عێراق بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان نارد، له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ بۆ ناوبژیوانی نێوان عێراق و ئێران له‌ مانگی ئابی 1974 ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت ده‌ست پێشخه‌ری ناوبژیوانی بوون، وه‌فدی عێراق و ئێران، سه‌عدون حه‌مادی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و عه‌لی خه‌لعه‌تبه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ ڕۆژانی 12-18ی ئابی 1974 له‌ئه‌سته‌مبوڵ كۆبوونه‌وه‌ و له‌وێدا بڕیاری درێژه‌دان به‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان درا.

له‌ 11ی ئازای 1974 چوارساڵی ڕه‌به‌ق تێپه‌ڕی به‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی 11ی ئازار و به‌ڵێنی ئۆتۆنۆمیدا، عێراقییه‌كان پلانێكی تازه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانی كوردستان ڕاگه‌یاند، له‌كاتێكدا به‌سه‌رزاره‌كی به‌رده‌وامی ئۆتۆنۆمیان ده‌سه‌لماند، به‌ڵام له‌ڕاستیدا كۆنتڕۆڵی سیاسی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ توندتركرا، له‌سه‌ره‌تای نیسانی ساڵی 1974 به‌ڕه‌سمی شه‌ڕ له‌ كوردستان له‌ ئاكامی هێرشی سوپای به‌عس ده‌ستی پێكرده‌وه‌، به‌عس شاڵاوی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له‌ناوچه‌كانی بادینانه‌وه‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ست پێكرد، سه‌ره‌تا به‌رگری كرا، به‌ڵام دوایی هێزه‌كانی حكومه‌ت توانیان ده‌ست به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كان دابگرن، ناوچه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای به‌عس، پێشمه‌رگه‌ پاڵیان دایه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، تا وای لێهات به‌ درێژایی سنووری ئێران و توركیا له‌ ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا مابۆوه‌. له‌م شه‌ڕانه‌دا عێراق پشتی به‌ فڕۆكه‌ی سۆڤیه‌تی به‌ستبوو، له‌به‌رامبه‌ردا ئێران پشتگیری شۆڕشی كوردستان بوو.

هه‌ر كه‌شه‌ڕ ده‌ستی پێ كرده‌وه‌ هه‌موو باس و خواسه‌ سیاسیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد له‌ واشنتۆن كه‌و‌تنه‌ به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌، شا هۆشداری دا تێكشكانی كورده‌كان ده‌بێته‌ هۆی تێكچونی هاوسه‌نگی هێز له‌ عێراق و هێزه‌ ده‌مارتونده‌كان و سۆڤیه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێران و كه‌نداو ده‌كه‌ن، ئیسرائیل هاواری خۆی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی زیاتر له‌ كورده‌كان بكرێ، بارزانی ئاماده‌بوو بچێته‌ مه‌یدانی زۆرانبازییه‌كه‌وه‌ وه‌ستاندنی گفتوگۆی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌هه‌لێك ده‌زانی بۆ ده‌ستكراوه‌یی خۆی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی به‌ویستی خۆی جۆره‌ ئۆتۆنۆمیه‌ك دامه‌زرێنێ زیاتر له‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بچێت، له‌ 16ی ماتی 1974 بۆ جێبه‌جێ كردنی ستراتیژی خۆی دووبژارده‌ی خسته‌ به‌رده‌می ئه‌مریكیه‌كان 180 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆنۆمی ڕاسته‌قینه‌، 360 ملیۆن دۆلار به‌حسێبی بۆ زه‌مینه‌ی ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیی.

بارزانی لێكدانه‌وه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ی هه‌بوو، مه‌سه‌له‌كان له‌ئه‌ستۆی خۆی بوو، بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا بكا، هه‌میشه‌ باوه‌ڕی به‌ خۆی هه‌بوو، له‌به‌رامبه‌ر زلهێزه‌كاندا ڕاده‌وه‌ستا، ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌ به‌ند بوو به‌پشت به‌خۆبه‌ستن و قه‌ده‌ره‌وه‌، وه‌ك له‌وه‌ی حیسێب بۆ هاوكێشه‌ی هێزه‌كان بكرێ، تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی كوردستان هیچ كات له‌لایه‌ن شاوه‌ پشتیوانی لێ نه‌كراوه‌، یا له‌لایه‌ن توركیاوه‌، وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانیش له‌و پێگه‌ و جێگایه‌دا نه‌بوو كۆمه‌ك و پشتیوانی هه‌میشه‌ییان بۆ مسۆگه‌ر بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و داهاته‌ی بارزانی داوای له‌ ئه‌مریكا ده‌كرد له‌سه‌رووی هه‌موو عه‌مه‌لیاته‌ نهێنیه‌كانه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌مریكا له‌ئه‌ستۆی بوون، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وكاته‌دا به‌ جه‌نگی ڤێتنام گرفتار بوو هه‌رداوایه‌كی كورده‌كان ده‌درایه‌ دواوه‌، بارزانی داوای كه‌ره‌سته‌ی زۆری په‌یوه‌ندی (اتصالات)ی كرد، به‌ڵام كۆڵبی ئاماده‌نه‌بوو كۆمه‌كی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كان زیاد بكرێ.

له‌سه‌ره‌تای نیسانی 1974 هیلمز و سكۆكڕۆفت دوا ئه‌نجامگیری خۆیان پێشكه‌ش كرد، ئه‌و كۆمه‌كه‌ مالیه‌ی هه‌بوو بكرێ به‌نزیكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌، كۆمه‌كی نهێنی ئه‌مریكا له‌ 5 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ بكرێ به‌ 8 ملیۆن دۆلار، سه‌رچاوه‌ ئاشكراكانی دیكه‌ش 1 ملیۆن بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی كورد، شا ڕازی بوو ساڵانه‌ به‌شه‌كه‌ی خۆی له‌ 30 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ بكاته‌ 75 ملیۆن دۆلار، به‌ریتانیا و ئیسرائیل لای خۆیانه‌وه‌ درێژه‌ی پێ بده‌ن، بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ زه‌مینه‌ی كوره‌ی هاوبه‌ش، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی هاو‌به‌ش، به ‌شا و بارزانیان ڕاگه‌یاند له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا ئاوایه‌:
1- هێنده‌ هاوكاری كورده‌كان بكرێ زه‌مینه‌یه‌كی شیاویان هه‌بێ، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیان له‌ده‌وڵه‌تی عێراق.
2- حكومه‌تی ئێستای عێراق به‌رده‌وام سه‌رقاڵ بكرێ.
3- نابێ هه‌میشه‌یی عێراق دابه‌ش بكرێ، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆی ناوچه ‌كوردییه‌كان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ دروست نیه‌ و توانای ژیان و گه‌شه‌ كردنی نابێ، له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و ئه‌مریكاش نیه‌ ده‌ركه‌ی په‌یوه‌ندی چاك له‌گه‌ڵ عێراقێكی ژیر سایه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێدا پێوه‌بده‌ن.
فراوان بوونی به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كان

به‌درێژایی ڕۆژگار خه‌باتی كورده‌كان سنوری داخوازی خۆی دیاری كردبوو، هه‌ندێك جار نائومێد ده‌بوون و هه‌ندێك جار شاگه‌شكه‌ ده‌بوون، له‌ 27ی ته‌موزی‌ 1974 شا هاوارێكی به‌په‌له‌ی بارزانی گه‌یانده‌ ئه‌مریكا و داوای كۆمه‌كی ده‌كرد، شا هاواری خۆشی خستبووه‌سه‌ر له‌ئه‌نجامی تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ ئێران و بۆ سه‌رانسه‌ری كه‌نداو به‌ ئاگای هێناینه‌وه‌.
به‌درێژایی ساڵی 1974 ئێران له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌شێكی قورسایی شه‌ڕی كوردستانی به‌ئه‌ستۆوه‌ گرت، له‌به‌رامبه‌ردا په‌شێوی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ بڵاوبووه‌ و شه‌ڕ زیاتر بووه‌ به‌كارهێنانی چه‌كی قورس، له‌و بارودۆخه‌دا هه‌ر ‌لایه‌نێك مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو (CIA) ده‌یویست به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا بپارێزێ، بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆگرامێكی نوێ، شا مه‌به‌ستی بوو ڕێكه‌وتنێكی به‌رگریانه‌ و خۆپارێزبه‌ده‌ست بێنێ، بارزانیش سه‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ پاراستنی قه‌ڵا سه‌خته‌كانی ده‌خواست. ستراتیژیه‌تی كوڵبی ئه‌وه‌بوو خۆی له‌ گێچه‌ڵی لیژنه‌كانی كۆنگرێس به ‌دوور بگرێ، وه‌ك له‌وه‌ی گرنگی به‌ بارودۆخی واقع بدات، كێشه‌ له‌گه‌ڵ ستراتیژ‌یه‌تی بارزانی ئه‌وه‌ بوو به‌ ته‌نیا به‌جه‌نگی ئاسایی كاری ته‌واو ده‌كرد، نه‌ك شه‌ڕی پارتیزانی، كێشه ‌له‌گه‌ڵ ستراتیژی كۆشكی سپی و ئێرانیه‌كان ئه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌نده‌ یارمه‌تی نهێنی بزوتنه‌وه‌كه‌ بده‌ن، ئۆتۆنۆمی كورد بكه‌نه‌ ته‌گه‌ره‌یه‌كی نزیك به‌ هه‌میشه‌یی، ته‌گه‌ره‌ی دژی ناحه‌زانی سیاسه‌تیان له‌ناوچه‌كه‌.

له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ گۆڕانكاری زۆر هاته‌دی له‌وانه‌ وه‌رگرتنی چه‌كی قورسی ئێرانی و به‌شداری كردنی ڕاسته‌وخۆی پسپۆره‌ ئێرانیه‌كان له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌پاڵ فه‌رمانده‌ پێشمه‌رگه‌كان، دژی حكومه‌تی عێراقی به‌ڕاده‌یه‌ك هاوكاری ئێرانیه‌كان زیادی كرد، وه‌ك هه‌ندێ ده‌ڵێن سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی كوردستان ناڕاسته‌وخۆ كه‌وته‌ ده‌ستی ئێران، له‌ولاشه‌وه‌ عێراق به‌هاوكاری چه‌ك و فڕۆكه‌ی سۆڤیه‌تی شه‌ڕی ده‌كرد، سوپای عێراق له‌ هێرش بردنه‌وه‌ كه‌وته‌ حاڵه‌تی به‌رگری، تاڕاده‌یه‌ك شاره‌كانی كوردستان چۆڵ بوو، په‌ناهینده‌ی كورد ڕووی كرده‌ ئۆردوگاكانی ئێران، ئه‌وه‌ش باری سه‌رشانی شۆڕشی قورس تر كرد، سه‌ركردایه‌تی زیاتر ناچار كرد زیاتر له‌ ئێران نزیك بێته‌وه‌.
كیسنجه‌ر ئاماژه‌ بوه‌ ده‌كات: بارزانی ده‌ست تێوه‌ردانی ئێرانی به‌ پاڵپسشتی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا داواكرد، به‌هاتنی هاوینی 1974 هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر كوردستان له‌ پێشكه‌وتندابوو، هاوارێكی به‌په‌له‌ی كورده‌كانمان پێگه‌یشت داوای هاوكاری زیاتریان ده‌كرد، شاش پشتگیری ده‌كردن، به‌ڵام له‌ (CIA) ده‌درانه‌ دواوه‌، كۆمه‌كی ئه‌مریكا بۆ كورده‌كان ساڵی 1973و 1974، 1975 به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ 20 بیست ملیۆن دۆلار بوو، به‌ 1250 هه‌زار دوسه‌دو په‌نجا تۆپخانه‌وه‌.
هێمن بوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان و گفتوگۆی نهێنی نه‌یاره‌كان

له‌م بارودۆخه‌دا عێراق هێدی هێدی له‌ پێشكه‌وتندابوو، شا بێ پێشه‌كی هه‌وڵیدا له ‌پڕ باوه‌ڕی خۆی بگۆڕێ، ئێرانیش نه‌یده‌توانی سنووری دوورو درێژی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بخاته‌ پشت گوێ، ئه‌گه‌ر پشتیوانی ئه‌مریكای له‌ده‌ستدا نه‌بوایه‌ و به‌ڵێنی لێوه‌رنه‌گرتایه‌، ئه‌مریكاش له‌ جێگا‌ و ڕێگایه‌كی وادانه‌بوو ئه‌مه‌ی بۆ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ شا بڕیاریدا به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ پاشه‌كشه‌ بكات، له‌گه‌ڵ گه‌وره ‌پیاوی عێراق سه‌دام حسین خه‌ریكی ته‌داره‌كات بوو، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند ناتوانی قه‌واره‌ی شێوه‌ سه‌ربه‌خۆی كورده‌كان قبوڵ بكا، نه‌بادا بكه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی كۆمۆنیستی عێراقه‌وه‌، له‌وه‌ش ده‌ترسێ عێراق كێشه‌ له‌سه‌ر سنووری عێراق ئێران بنێته‌وه‌، ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد بگاته ‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، بۆیه‌ ده‌یویست له‌گه‌ڵ سه‌دام بگاته‌ ڕیكه‌وتنێك.

هه‌ر خۆیشی ستراتیژی به‌عس له‌هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ئازاری ساڵی 1974 زۆر ڕوون بوو‌، وه‌كو سه‌دام حسین له‌سه‌ره‌تای ئازاری 1974 وتبووی: ” ئه‌گه‌ر دوای یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی كورد سه‌رنه‌كه‌وتین ئه‌وه‌ سازش ده‌كه‌ین له‌سه‌ر شه‌تولعه‌ره‌ب، به‌و سازشه‌ له‌مه‌ترسی شۆڕشی كورد ڕزگارده‌بین”، بۆیه‌ دوای ساڵێك له‌شه‌ڕ حكومه‌ت بێ ئومێد بوو، ‌به‌سه‌ر شۆڕشی كوردا زاڵ بێ، په‌نای بۆ ڕێككه‌وتن برد له‌گه‌ڵ شای ئێران، ئه‌وه‌بوو له‌ مارتی 1975 عیراق و ئیران په‌یمانێكیان به‌ست و ئۆتۆنۆمی كوردستان له‌به‌رخاتری به‌رژه‌وه‌ندی دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ ته‌فروتوناكرا.

له‌مانگی تشرینی دووه‌می 1974 شای ئێران سه‌ردانی مۆسكۆی كرد و یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كانی گفتوگۆی شا له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیه‌كانی شابووه‌ له‌گه‌ڵ عێراق. له‌ زستانی 1974 له‌ نیۆیۆرك هینری كیسنجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵا‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عێراق له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كۆبووه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌یه‌كی گونجاو دابنێن بۆ باش كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان، له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌ی پێگه‌ی سۆڤیه‌ت، ئاسایشی كه‌نداو و ناردنی نه‌وت بۆ ڕۆژئاوا و هه‌مواركردنی هه‌ڵوێستی عێراق، له‌ كێشه‌ی فه‌له‌ستین له‌ چوارچێوه‌ی مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكی، به‌ئاماده‌بوونی (غانم عه‌بدولجه‌لیل) سكرتێری تایبه‌تی سه‌دام حسین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌نهێنی وتوێژه‌كان ته‌واوكران.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان عێراق و ئێران و سۆڤیه‌ت یا ئه‌مریكا و لایه‌نه‌كانی تر به‌نهێنی ئه‌نجام دراون، بۆیه‌ سه‌خت بوو سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ ئاكامه‌كانی تێ بگات، كێشه‌ی كورد و شۆرشی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عس لایه‌نێكی گرنگی ڕاستیه‌كان بووه‌، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ نه‌هێنراوه‌ته‌ گۆڕێ، مه‌گه‌ر وه‌ك پاشكۆ و له‌په‌راوێزدا باس كرابێت، ته‌نیا ناوی كێشه‌ی نێوان عێراق و ئێران هێنراوه‌.
كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك و كۆتایی شۆڕشی كورد
شۆڕشی كورد درێژه‌پێدانی بزوتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ستوه‌ردانی ئاشكرای ئێرانی ده‌ویست، ئه‌وه‌ش به ‌پشتیوانی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌چووه‌سه‌ر، له‌ ئاستی ناوخۆوه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی ساڵی 1974 و سه‌ره‌تای ساڵی 1975 شه‌ڕه‌كان به‌ره‌‌و سه‌ختی چوون، هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت نه‌یان ویستووه‌ پێكه‌وه‌ بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌وه‌، بۆیه‌ به‌بێ ئاگاداری بارزانی كه‌وتونه‌ته‌ گفتوگۆ. شانشینی سعودیه‌ هانده‌ری پێكهاتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، هه‌تا به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، شاحسین شای ئوردن و ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی میسر و هه‌واری بۆمیدیه‌ن سه‌رۆكی جه‌زائیر ڕۆڵیان هه‌بوو‌ له‌ ناوبژیوانی هه‌ردوو وڵات، به‌ڵام پوخته‌ و دوا هه‌نگاوی پێكهێنانه‌وه‌ بۆمیدیه‌ن تۆماری كرد، به‌رده‌وام له‌ هاتوچۆ و گفتوگۆ دابوون، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ ئه‌و جموجۆڵه‌ دیارنیه‌.

هه‌واری بۆمدیه‌ن پێشتر له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی (ئۆپیك) بۆ مه‌به‌ستی نه‌خشه‌ی ڕێگا خۆش كردن بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی عێراق و ئێران له‌ 26- 10- 1974 له‌گه‌ڵ سه‌دام حسین كۆبۆوه‌، دواجار له جه‌زائیر له ‌په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نه‌وت (ئۆپیك) له‌ 6- 3- 1975 هه‌واری بۆمدیه‌ن و شای ئێران و سه‌دام حسین به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لاوه‌كی كۆتاییان پێهێنا و له‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا یه‌كیان گرته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك به‌پێكی ڕێكه‌وتنه‌وه‌ جیهان واقی وڕما به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ شا له‌شه‌تاوی عه‌ره‌ب ئیمتیازی وه‌رگرت. له‌ئه‌نجامدا هه‌موو سنووره‌كانی له‌ڕووی كوردا داخست و ده‌ست به‌رداریان بوو، له‌سه‌ر ئاستی مرۆڤایه‌تی كاره‌كه‌ی شا دڕندانه‌ و بێ به‌زه‌ییانه‌بوو.

ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه‌ تایبه‌ت نه‌بوو به‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی چه‌ند ساڵه‌ی عێراق و ئێران، به‌ڵكو سه‌ودایه‌كی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بوو، له‌سه‌ر حیسابی كورد، خاك و ئاو به‌رامبه‌ر تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد. پوخته‌ی ئه‌و ده‌قه‌ی به‌ناوی په‌یمانی سنووری نێوده‌وڵه‌تی و مافی هاوسێیه‌تی نێوان عێراق و ئێران (معاهدة الحدود الدولية و حسن الجوار بين العراق و ايران) واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام زیاتر به‌ناوی (ڕێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر) ناسراوه‌.

كاتێ كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ كیسنجه‌ر هه‌ستی به‌وه‌ كرد ده‌بێ هاوپه‌یمانیه‌ك له‌گه‌ڵ شای ئێران مۆر بكات، كه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر نیگه‌رانی سنووره‌كانی ڕۆژئاوای وڵاته‌كه‌ی بوو، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ناكاو یارمه‌تیه‌كه‌ی پچڕاند، خه‌ڵكی كورد ده‌وری “سه‌رباز” یان له‌م كایه‌ی شه‌ترنجه‌دا گێڕا، كاتێ وه‌زیری دره‌وه‌ كیسنجه‌ر ده‌ڵێت:” ناهێڵێت نیگه‌رانی مافی مرۆڤ به‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا زاڵ بێت”، ڕه‌نگه‌ بیر له‌ خه‌ڵكی كورد بكاته‌وه‌ كه‌چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك خه‌باتیان كردووه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌ك كه‌ سه‌ره‌تا ئه‌نجامێكی باشی وێنا ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئاكامی ڕێكه‌وتنێكی دیبلۆماتیكی خێرا له‌پشت په‌رده‌وه‌ خنكێندرا.

له‌ 17ی نیسانی 1975 ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی كورده‌كان، (Mr. KOCH) له‌ ئه‌یاله‌تی نیۆیۆرك له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكان وتی: په‌یماننامه‌ی جه‌زائیر كه‌ له‌نێوان عێراق و ئێران واژۆكرا، هه‌ڵوێستی بێ به‌زه‌ییانه‌ی شای به‌نیسبه‌ت كورده‌كان خسته‌ڕوو.شا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكه‌وت كۆتایی به‌هه‌موو یارمه‌تیدانێك به‌كورد بهێنێ و‌ له‌ 1ی نیسانی 1975 سنووره‌كانی به‌ڕووی ئاواره‌ كورده‌كان داخست، له‌ ئاكامدا شا حوكمی مه‌رگی ئه‌و كوردانه‌ی واژۆكرد كه‌له‌ وڵاتی خۆیاندا مابوونه‌وه‌.تراژیدیای ئه‌م خیانه‌ته‌ له‌گه‌ڵ بێده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تێكه‌ڵ بووه‌، له‌كاتێكدا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زۆر به‌باڵای یاسر عه‌ره‌فاتدا ده‌یخوێند، به‌ساردی له‌گه‌ڵ كورده‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی كرد و به‌توندی نوێنه‌ره‌ كورده‌كانی ڕه‌ت كرده‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت بوون، ئه‌مه‌ دووڕووییه‌.
كۆتایی شۆڕشی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی تر

كۆتایی هاتنی شه‌ڕ و تواندنه‌وه‌ی شۆڕشی كوردستان، به‌دبه‌ختی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو نه‌یاره‌كانی كوردی تێدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌، عێراق له‌لای خۆیه‌وه‌ پێی وابووه‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر مه‌ترسی شه‌ڕی عێراق – ئێرانی له‌خۆی دوورخستۆته‌وه‌، ئێران لای وابوو به‌شێك له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ شه‌تولعه‌ره‌ب به‌ده‌ست دێنێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ هۆكاری به‌شداری ئه‌و وڵاتانه‌ی ڕۆڵیان هه‌بوو، له‌ سازدانی قۆناغه‌كانی ناوبژیوانی عێراق و ئێران بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان، سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر بڕیاری نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بووه‌، بۆ به‌پیره‌وه‌چوونی سكاڵای عێراق، هه‌ڵبژاردنی توركیا بۆ كۆبوونه‌وه‌ بڕیارێكی سه‌رپێی نه‌بووه‌، توركیا هاوپه‌یمانی بلۆكی ڕۆژئاوا و هاوهه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ عێراق و ئێران بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی كورد ناسراوه‌، بۆ سه‌ربڕینی شۆڕشی كورد له‌لایه‌ن ئه‌وسێ وڵاته سه‌ره‌كیه‌‌ی كوردیان به‌ردا دابه‌ش كراوه‌. وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ویستویه‌تی عێراق له‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستی به‌تاڵ بێت بۆ دژایه‌تی سوریا، تا پرۆسه‌ی ئاشتی عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل سه‌ربگرێ، سۆڤیه‌ت ده‌یویست هاوپه‌یمانی عێراق بێت و جوڵانه‌وه‌ی كوردیش چیدیكه‌ به‌ره‌و ئه‌مریكا نه‌چێت، هه‌ردوو وڵاتی زلهێزیش نه‌یانوویستوه‌ درێژه‌دانی شه‌ڕ له‌ سیمای شه‌ڕی سارد تێپه‌ڕێت بۆ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی هه‌ردوولا له‌شه‌ڕی گه‌رم.

خواستی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ وه‌ستانی ئه‌و شه‌ڕه‌ و هه‌ردوولا پێك بێن، له‌ كاتێكدا ئوردن له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌هاریكاری ئه‌مریكی و ئێرانی و كورد خۆشحاڵ بووه‌، چونكه‌ له‌و مه‌داره‌ خولاوه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ پێشوه‌خت میسر ویستوویه‌تی له‌ ڕێگای باڵوێزه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ بێروت كورد ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری لێك نزیك بوونه‌وه‌ی عێراق و ئێران و باسی كورد له‌و گفتوگۆیانه‌دا، سادات به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دابوو حه‌زی ده‌كردعێراق بكه‌وێته‌ خاڵێكی سازشه‌وه‌ تا سازشی حكومه‌تی میسر له‌بیربكرێت، كه‌ به‌هۆی ڕێكه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل، میسر تووشی گازنده‌ی شه‌قامی عه‌ره‌بی ببوو.

له‌سه‌ر گه‌رم و گوڕی هه‌واری بۆمدیه‌ن چه‌ند هۆكارێك باس ده‌كرێت، له‌وانه‌: گوایه‌ جه‌زائیر ترساوه‌ له‌ ئاكامه‌كانی درێژه‌كێشانی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ببێته‌ مه‌یدانی ناكۆكی و ململانێكان، یان وه‌ك (دریه‌ عونی) ده‌نووسێت: ” جه‌زائیر له‌مه‌ودای سه‌ركه‌وتنی كورد ده‌ترسا، نه‌بادا گه‌یشتنی به‌مافه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی عێراق هانده‌ر بێت بۆ (به‌ربه‌ر) له‌ هه‌رێمی قه‌بائیل له‌ جه‌زائیر، ئه‌وانیش داوای هه‌مان ماف بكه‌ن، كه‌ كورد داوای كردووه‌.”پێده‌چێت هۆكاری ئابووری له‌ هه‌موو بۆچوونه‌كانی دیكه‌ نزیكتربێ، به‌پشت به‌ستن به‌ڕاپۆرتی هه‌واڵگیری ئه‌مریكی ده‌ڵێ: بومدیه‌ن پێویستی به‌پشتگیری دارایی هه‌ردوو وڵات هه‌بووه،‌ بۆ دانانی پڕۆژه‌یه‌كی ئابووری په‌یوه‌ست به‌په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌می نه‌وتی خاو، یان به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌رسێ وڵات به‌یه‌كه‌وه‌ سێكوچكه‌یه‌كی به‌هێز بن له‌ناو ڕێكخراوی (ئۆپیك) ناوی بومدیه‌ن وه‌كو ناوبژیوان و سه‌رپه‌رشتیار له‌گه‌ڵ ده‌قی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌دا بێت، له‌ دوای سێ پڕۆتۆكۆڵی پاشكۆی ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر له‌نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی جه‌زائیر واژۆ بكرێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌مانخاته‌ ژێر باری وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی سه‌رۆكی جه‌زائیر ئه‌و كاره‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، شوێنی كورد له‌ كوێی هۆكاره‌كانی ئه‌و شێلگیریه‌ی بۆمدیه‌ن دایه؟‌.
به‌رپرسیارێتی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد

 دوای خه‌باتێكی بێ پلان  و قوربانی دانێكی زۆر له‌ ئه‌نجامی پیلانگێڕی وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌نخوازه‌كان شۆڕشی كوردستان كۆتایی هات، زۆرجار له‌خۆمان ده‌پرسین ئایا پێویسته‌ له‌سه‌ر شۆڕشێكی سه‌ركه‌وتو تا ڕۆژی ڕێككه‌وتنی مارتی 1975 سوپای عێراق له‌به‌ر یه‌كتری هه‌ڵبوه‌شێنرێ، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی داوای چه‌ك فڕێدان له‌و هێزه‌‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌ی پێشمه‌رگه بكات و..، سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌م شۆڕشه‌ بڕوا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و گه‌ل و هێزی پێشمه‌رگه‌ جێبێڵێ  له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی چوار سوپای دڕنده‌دا...؟، بێده‌نگیه‌كی جیهانیش له‌ولاوه‌ وه‌ستابێ، وه‌كو ڕایه‌كی ساده‌ ئه‌گه‌‌ربكرێ ده‌ری ببڕین ئه‌وه‌یه‌: بارودۆخی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌رچۆنێك بووبێ، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی سه‌رۆك بارزانی و هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره‌ و به‌رچاوه‌ له‌و كاره‌ساته‌ مێژووییه‌دا.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
 1- 3- 2019

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌‌:
1- د. حامید مه‌حمود عیسا، كێشه‌ی كورد له‌ عێراق (2)، وه‌رگێڕانی: سواره‌ قه‌ڵادزه‌یی، چایخانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری – هه‌ولێر، 2013.
2- كامه‌ران بابان زاده‌، ڕێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیرو ڕه‌هه‌نده‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ كوردستانی باشوور، چاپخانه‌ی كه‌مال، سلێمانی. 2013.
3- لۆكمان میهۆ، كورد و كوردستان له‌به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیه‌كانی ئه‌مریكادا (كوردستانی باشوور)، وه‌رگێڕانی: وریا ڕه‌حمانی، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ولێر، 2009.
4- هێنری كیسینگه‌ر، كاره‌ساتی كورده‌كان، وه‌رگێڕانی: صباحی غالیب، باسكار، ژماره‌ 3، هاوینی 1999، (سه‌رچاوه‌ی ئه‌لكترۆنی).




فەرمانبەران و کرێکاران کێن؟ … تاهیر حاجی حەسەن

فەرمانبەر هەر ئەندامێکە لەخودی چینی کرێکاران، چونکە،ئەویش بەشێکە لەهێزی کارو ڕۆژانە دەبێت لەڕێی مێشک و جەستەیەوە چەندین کات ژمێر لەژیانی خۆی بدات بەخاوەن کارەکەی،جالەهەر بەشێک و هەر پیشەیەکدا بێت،تائەوەی دواتر خاوەن کارەکەی بڕێک پارەی پێبدات،تابژێویەکی مام ناوەندی پێ پەیدابکات. ئەوی ناوی فەرمانبەری داهێناوە،خودی دەوڵەتدارانی سەربەچینەچەوسێنەرەکان بون،تالەو ڕێگەیەوە،جیاوازی بخەنە نێو خودی کۆی چینێک کەدەچەوسێنرێتەوەو خودی ژیانیش تەنها لەلایەن ئەو چینەبەرهەمهێنەرەوە ڕۆژانە هەڵدەسوڕێنرێت.
گەر خودی ئەو زۆرینەیە نەبێت،ئەوا ژیان دەوەستێت و کۆی جومگە سەرەکیەکانی ڕۆژانەی ژیان بردنەپێشەوە توشی تێک شکان و ئاڵۆزی دەبێت.

دابەش کردن و پارچەپارچەکردنی چینەبەرهەمهێنەرەکان بەپێی پیشەو نیڤۆکانیان،تەنها لەپێناو قازانج و بەرژەوەندی مانەوەی چینەدەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکاندایە،نەک ئەوەی فڵانە ڕشتە نیڤۆکەی بەرزەو ئەوی خوارتر لەو دەبێت چاولەدەستی خاوەن بڕوانامە بەرزەکان بێت. کاتێک دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆ کۆی تاکەکان و پەروەردەیەکی زیندو فێری تاکەکان دەکرێت،هەرئەوکاتە دەتوانرێت کۆی مرۆڤەکان لەئاستێکی هۆشیارو خاوەن چالاکی مێشکی کراوەدا بەرهەمبهێنرێت.

جاتائەو چینە یەکگرتو ڕێکخراو نەبێت،هەمیشە لەلایەن دەوڵەت و حکومەتی بۆرژواکانەوە،ڕسوا دەکرێت. حزبە جۆراوجۆرەکان و میدیاکان بەگشتی و بەشێوەیەکی،کۆ،بەشێکن لەپارێزەرانی سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان. ئەوی ڕۆژانە ژیان هەڵدەسوڕێنێت،خودی چینەداراو بۆرژواکان و دەسەڵاتەکانیان نیە،بەڵکو ئەوە خودی ئەو ملیۆنان لەمرۆڤە کارگەرو بەرهەمهێنەرانەن کەهەر بەشەو لەبوارێکدا ژیان ڕێک دەخەن و برەو بەبەردەوامی دانیەکەی دەدەن.
دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیۆنالیزم – دینی کوردی و عەرەبی بۆخۆیان مێژوویەکە،چینی چەوساوەو کرێکاری عێراق و هەرێم دەڕەتێنن و دەیچەوسێننەوە،ئەویش تەنها لەپێناو خۆیان و سیستەمی دەوڵەتداریەکەیاندایە. کرێیەک کەدایان ناوە بۆ ئەو بەشەی بەناوی فەرمانبەرەوەیە تادەگات بەنادیاری هەقدەستی کرێکارانێک ڕۆژانە لەمەیدانی کاردان،تەنها بەئەندازەیەکە،کەهیچ کات نەتوانن بژێویەکی شایستە بۆ خۆیان و مناڵەکانیان دابین بکەن،مەگەر ئەوەی تەنها بەشی ئەو بژێویە بکات کەنەمرن و بتوانن بەردەوام نەوە بخەنەوەو بیخەنە خزمەتی چینی بۆرژواکان و دەرەبەگەکان.
ئەم سیستەمی سەرمایەداریە،کەلەڕێی تۆڕە ئاڵۆزەکانیەوە،کەوەک تۆڕی جاڵ جاڵۆکە وایە،هەمیشە و بەردەوام لەپلان و بەرنامەڕێژیدایە،تەنها و تەنها،تائەوەی ئەو چینەبەرهەمهێنەرە زەبەلاحە پچڕ پچڕ کراوە،بەئاگانەیەتەوەو نەیپەرژێتە سەر ئەوەی پچڕانەکەی خۆی گرێ بداتەوە بەدەوری خۆیدا.

هەمیشە دەتوانرێت کار بۆ کۆی مرۆڤەکان دابین بکرێت و هیچ کەس بێکارو بێ ژیان نەبێت،بەڵام سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان بەردەوام بەپێچەوانەی ئەو خواستەوە کار دەکەن و بەردەوام سوپایەک لەبێکار جێگیر دەکەن و بێ ژیان دەیانهێڵنەوە،تائەوەی لەلایەک بیان کەن بەکێبەرکێ کاری ئەو بەشەی کاریان هەیەو لەجومگە جۆراوجۆرەکاندا ڕۆژانە ژیان هەڵدەسوڕێنن،لەلایەکیترەوە،بەهێشتنەوەی سوپایەک لەبێکار،خودی حزب و دەوڵەتدارانی چینەبۆرژاکان،زۆر بەئاسانی و بەتێچویەکی زۆر کەمەوە،ئەو سوپا لەبێکاران دەخەنە خزمەتی مانەوەی دەوڵەتەکانیان و بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریان دەهێنن،جا لەڕێگەی بەسەربازی کردنەوە بێت یان بەپۆلیس کردنیانەوە بێت تادەگات بەقۆناخێک،ئەو سوپا لەبێکاران،بەمەمنونیشەوە ئامادە بن،کەحکومەت هەرچ ئەرکێکیان پێ بسپێرێت بۆیان جێ بەجێ بکەن. هەروەک ئەو هەلومەرجە دژوارەی لەعێراق وهەرێم و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیشدا بونی هەیەو نمونەی زیندون.

سیاسەتی حکومەت و دەوڵەتە سەرمایەداریەکان،لەقۆناخە جۆراوجۆرەکانی مێژووی دەسەڵاتداریەتیاندا،هەمیشە،قەیران و گێژاویان بەرهەمهێناوەو ڕێگەیان نەداوە کەئابوری و بەرهەمهێنان پێش بکەوێت و بچێتە ئاستێکەوە،کەببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان و کارێکی وابکات کەببێتە هۆکارێک بۆ خۆ هۆشیار کردنەوەی چینەچەوساوە بەرهەمهێنەرەکان. بۆیە،قەیرانە ئابوری و دارایەکانیش کەهەر چەند ساڵ جارێک دەبینرێت و ڕودەدات،لەسەپاندنی کارێکی قەدەر ئاساو ئەزەلیەوە نیە،بەڵکو پەیوەندی بەخودی سیستەمی سەرمایەداری و کێبەرکێی نێوان دەوڵەتان و شەریکاتە قۆرخ کارەکانیان و بازاڕو ئەو سودو قازانجانەوە هەیە،کەدەیانەوێت بەدەستی بهێنن.
لەکاتی قەیرانەکان و کۆتای قەیرانەکانیشدا،جائابوری بێتن یان هەڵگیرساندنی جەنگ بێت لەنێو دەوڵەتاندا،تەنها،ئەوی سود مەند دەبێت،خودی سیستەمەکەیە،هەندێک جار ڕودەدات،لەڕێگەی قەیرانێکی ئابوریەوە یان جەنگێکەوە،دەوڵەتێک یان حکومەتێک بڕوخێنرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە،بەڵام ئەوی نەیان هێشتوە لەناو بچێت خودی سیستەمی باوی سەرمایەداریە بوە،وەزەرەرمەندی گەورەو باجدەری گەورەی نێو کۆی مێژووی قەیرانەکان و جەنگەکان،تەنها،هەر چینەچەوساوەکان و مرۆڤە بەرهەمهێنەرە واقعیەکان بون.

ڕێکخراوبونی چینی کرێ وەرگرەکان،کەناوی کرێکارو فەرمان بەر یان فەرمان جێبەجێکاریان پێ بەخشراوە،تەنها کارێکە،دەتوانێت کۆتای بەژیانێک و سیستەمێک بێنێت،کەبۆ هەرچرکەیەک ژیانی ئەمی خستۆتە بەردەم لێژبونەوەو تێک شکانەوە. سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان ئەبەدی نین،بەڵکو ئەوی دەتوانێت ئەبەدی یان بۆهەتایە بونی هەبێت خودی مرۆڤ و کۆتای هێنانیەتی بەبونی سیستەمێک کە پێک هاتبێت لەچینێکی سەرووارو چینێکی ژێر دەستە. بۆ هەر ساتێک بێت،مرۆڤایەتی و خودی چینەبەرهەمهێنەەکە،کۆتای بەم جەنگەڵستانە دەهێنێت،کەبەرهەمهێنەرەکەی تەنها خودی ناهۆشیاری سیاسی چینەچەوساوەکانە کارێکی وای کردوە،جەچینێکی چەوسێنەری دڕندە بکاتە حاکم وەکیلی خۆی. دەوڵەت و پێکهاتەکانی دەوڵەت،بەکۆ تەنها لەپێناو مانەوەی چینەچەوسێنەرە حاکمەکاندا دروست کراون یان بنیات نراون.

تاهیر حاجی حەسەن
10/03/2019




کۆلارەی بێ دەزوو … و: محەمەد بەرزی

منداڵە ژیرەکان : جارێکیان باوکێک منداڵەکەی خۆی برد بۆ باخچەیەکی گەورە ، بۆ بینینی پێشبڕکێیەکی هەڵدانی کۆلارە . منداڵەکە ، کە ئەو هەموو کۆلارە ڕەنگاوڕەنگانەی بە ئاسمانەوە بینی ، زۆر شاد و کامەرانبوو ، هەر بۆیە بە ڕوویەکی خۆشەوە داوای لە باوکی کرد کۆلارەیەکی بۆ بکڕێت و خلخلۆکەیەکی پڕ لە دەزووشێ بۆ پێوە ببەستێتەوە ، تا ئەویش وەک منداڵەکان کولارەیەک هەڵبدا . باوکێشی خێرا چوو لە دوکانێکی ناو باخچەکەدا کۆلارەیەکی جوانی کلک درێژی ڕەنگاوڕەنگی بۆ کوڕەکەی کڕیی و زۆر بە چاکیش دەزووەکەی بۆ پێوە بەستەوە .
کوڕەکەی گورج کەوتە هەڵدانی کۆلارەکەی و وردە وردە کۆلارەکەش کەوتە بەرزبوونەوە ، پاش ساتێکی کەم کۆلارەکە گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرزی ئاسمان و لەو بەرزاییەشدا ڕاوەستا و مایەوە . پاشان کوڕەکە بە باوکی ووت : ( بابە گیان : لەوە دەچیت تەواو بوونی دەزووەکە ، ئیتر ڕێگا نەدا لەوە زیاتر کۆلارەکەم بەرزببێتەوە ، بەڵام ئەگەر ئەم دەزووە بپچڕێنم ، ئەوا کۆلارەکەم ئازاد دەبێت و لەوانەشە زۆر زیاتر لە ئاسماندا بەرزبێتەوە ، ئایا دەکرێت ئــەم دەزووە بپچڕێنین ؟ ) . باوکەکەشی بە قسەی منداڵەکەیکرد و گورج دەزووەکەی بۆ پچڕاند و کۆلارەکەش کەمێک بەرزبۆوە ، کوڕەکەشی بە مە زۆر دڵی خۆشبوو … بەڵام ئەوەی سەیر بوو پاش تۆزێک ، کۆلارەکە لە ئاسماندا دەستیکرد بە دابەزین و نزمبوونەوە و لە ئەنجامیشدا لەسەر سەربانێک کەوتە خوارەوە . کاتێک منداڵەکە ئەو دیمەنەی بینی زۆر سەرسامبوو . لە دڵی خۆیدا ووتی : ( باشە دەبوو پاش قرتاندنی دەزووکە باشتر کۆلارەکە بەرزببێتەوە ، کەچی لە جیاتی ئەوەی بەرزتربێتەوە ، نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە ) . ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد و ووتی : ( بابە گیان : من وامئەزانی دوای پچڕاندنی دەزووەکە ، کۆلارەکەم زیاتر بەرزدەبێتەوە ، باشە بۆچی لە جیاتی ئەوەی بەرزتر بێتەوە ، کەچی نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە ؟ ) .

باوکیشی ویستی ئەمەی بە جوانی بۆ ڕوونبکاتەوە ، تا وانەیەکی زۆر بە نرخی فێربکات ، بۆیە لە وەڵامدا ووتی : ( گیانەکەم : لە گەرمەی ئەم ژیانەدا ، کە ئێمە تێیدا دەژین ، زۆر جار وا هەستدەکەین ، کە زۆر شت وەک ئەو دەزووە ، ئێمەیان بە خۆیانەوە بەستۆتەوە و ڕێگا نادەن بکەوین و تووشی شکست بین . دەزووەکە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری کۆلارەکە نەبوو ، بەڵکو تەنها یارمەتی کۆلارەکەی دەدا بە بەرزیی بمێنیتەوە و نەکەوێتە خوارەوە ، کاتێکیش هەوا هەڵی دەکرد ، تۆ لە ڕێگای دەزووەکەوە یارمەتی کۆلارەکەت دەدا بە شێوەیەکی جوان بەرزببێتەوە ، بەڵام کاتێک دەزووەکەمان قرتاند ، ئەوەبوو کۆلارەکە بەبێ یارمەتی تۆ مایەوە ، کە لەڕێگای دەزووەکەوە کۆلارەکەت بە بەرزی ڕاگرتبوو ، هەر بۆیە کەوتە خوارەوە ) . منداڵەکە لە قسەکانی باوکییەوە هەڵەکەی خۆی زانی و زۆر سوپاسی باوکیشی کرد .


جا منداڵە ژیرەکان : ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت : هەندێکجار وا هەستدەکەین ، ئەگەر بە خێزان و مامۆستا و کەسە نزیکەکانمانەوە نەبەسترێینەوە ، ئەوا دەتوانیین بەبێ یارمەتی ئەوان ، بە خێرایی پێشبکەوین و لە ژیاندا بگەینە ئاستێکی بەرز . بەڵام ئەوە لە یاد دەکەین ، کە تەنها کۆمەک و پشتگیریی و هاندانی خێزان و کەسوکار و مامۆستا و هاوڕیێ خۆشەویستەکانمانە ، کە لە کاتی کێشە و تەنگانەدا یارمەتیدەری مانەوەی ئێمەن ، تا لە ژیاندا سەربکەوین و بگەینە ئـاستێکی بـەرزتر و لەو بەرزییەشدا بمێنینەوە . ئەوان خاوەنی ئێمە نیین ، بەڵام یارمەتیدەری بەرزی و سەرکەوتنی ئێمەن . جا هەر بۆیە پێویستە بەردەوام هەوڵبدەین ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕ و گـرنـگانـــە نەپچڕێنین .


تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .