وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

بەشی پێنجەم….

ڕیشەی ئایین

پێموایە بەشی پێنجەم گرنگترین بەشی ئەم کتێبەیە، بە تێگەیشتین لێی وەڵامی گەلێک پرسیاری ڕیشەییمان لەسەر ئاین دەستدەکەوێت.

له‌ سه‌ره‌تادا نوسه‌ر لە پرسیارێکی سەرەکییەوە دەستپێده‌کات، به‌ پرسیارێک، کە پێشترێتیی (أسبقية) هەیە لەبەر هۆگەلێک، کە دەیبینین: پرسیاری داروینی لەبارەی هەڵبژاردنی سروشتییەوە. نوسه‌ر دەڵێت دەکرێت پرسیار بکەین، چ فشارێک یان فشارگەلێک لە بنەچەوە، لەلایەن هەڵبژاردنی سروشتییەوە کراوە بە سوودی پاڵپێوەنانی ئایین. ئەم پرسیارە بەپێی لێکدانەوەی پێوانەییی داروینیی بەفیڕۆنەدان جێگەیەکی پڕبایەخ پەیدا دەکات. ئایین زۆر بەهەدەردەرە، زۆر دەستبڵاوە و هەڵبژاردنی سروشتی هەمیشە لە دژی بەفیڕۆدانە و لەناوی دەبات.

سروشت ژمێریارێکی پیسکەیە، دەست بە فلسەسوورێکەوە دەگرێت، چاوی بڕیوەتە چرکە و خولەکی کاتژمێر و بچووکترین خەرجیی ناپێویست، بێسزا لە دەستی دەر ناچێت. وەک داروین ڕوونی کردۆتەوە، لاسارانە و بێبڕانەوە “هەڵبژاردنی سروشتی ڕۆژانە و کاژێرانە بەناو جیهاندا، لە هەموو شتە جۆراوجۆرەکان، هەتا لە وردترینیان ورد دەبێتەوە؛ ئەوەی خراپە ڕەتی دەکاتەوە، ئەوەی چاکە دەستی پێوە دەگرێت و فرەی دەکات؛ لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا هەل هاتە پێشەوە، بێدەنگانە و بێبەزەیییانە کاری خۆی دەکات بۆ باشترکردنی هەر بوونەوەرێکی ئۆرگانی.” ئەگەر ئاژەڵێکی دڕندە خووی گرتووە بە ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی بێکەڵکەوە، ئەوا هەڵبژاردنی سروشتی یارمەتیی تاکە ڕەقیبەکانی دەدات، کە کات و توانای خۆیان تەرخان کردووە بۆ گیانبەدەر بردن و فرەکردن، لەجیاتی ئەو. سروشت ناتوانێت لەگەڵ بێبایەخی هەڵبکات. بەكەڵکێتیی سەرسەخت سەر دەکەوێت، هەتا ئەگەر ئەمە هەمیشە وەهاش دەرنەکەوێت.

لە یەکەم نیگادا، وا دەر دەکەوێت کلکی تاوس دەستبڵاوییەکی بێهاوتایە. بەدڵنیایییەوە خێری تێدا نییە بۆ گیانبەدەربردنی خاوەنەکەی. بەڵام سوود دەگەیەنێت بەو جینانەی ئەم جیا دەکاتەوە لە ڕەقیبە کەمبەرچاوەکانی. کلک پڕوپاگەندەیە، کە لەناو بازاڕی سروشتدا جێگەکەی دەکڕدرێت لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشانی مێیینەکانەوە. نمونه‌یه‌کی تری وه‌ک “مێروولەبازی anting”، خوویەکی سەیری باڵندەی وەک قەلەباچکەیە، کە لەناو شارەمێروولەدا “حەمام دەکات” یان بە جۆرێک مێروولە بەر دەداتە ناو پەڕەکانی. هیچ کەسێک نازانێت کەڵکی مێروولەبازی چییە – لەوانەیە جۆرێک لە پاکوتەمیزی بێت، پاککردنەوەی پەڕەکان بێت لە خۆژێن؛ گریمانی جۆراوجۆری تر هەیە، بەڵام بۆ هیچکامیان بەڵگەی بەهێز بەدەستەوە نییە. بەڵام گومان لەم وردەکارییانەدا، ڕێگر نییە – نابێت ببێتە ڕێگری – گریمانی بەمتمانەی داروینییەکان، کە دەبێت مێروولەبازی “لەپێناوی” شتێکدا بێت.

لەم حاڵەتەدا، دەکرێت هزری تەندروست بەوە ڕازی بێت، بەڵام ژیربێژیی داروینی هۆی تایبەتی خۆی هەیە، کە وا بیری لێ بکاتەوە، ئەگەر باڵندە ئەمە نەکات، لەوانەیە بوارگەلێکی ئاماری سەرکەوتنی جینی زیانی پێ بگات، هەرچەند هێشتا ئێمە بەوردی نازانین ئەم زیانبینینە چ ڕێگەیەک دەگرێت. سەرئەنجامەکەی لە گریمانێکی دووانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەڵبژاردنی سروشتی سزای بەفیڕۆدانی کات و وزە دەدات و کە باڵندە بەبەردەوامی دەبینرێت، کات و وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ مێروولەبازی. ئەگەر مێروولەبازی کەڵکێکی ئەرێنیی نەبووایە بۆ گیانبەدەربردن و زاووزێ، هەڵبژاردنی سروشتی لەمێژ بوو یارمەتی تاکەکانی دەدا، کە خۆیان بەدوور بگرن لێی.

لەوانەیە داروینییەک کەڵکەڵەی ئەوەی بچێتە سەرەوە، هەمان شت بڵێت لەبارەی ئایینەوە؛ لەبەر ئەوە ئەم گفتوگۆیە پێویست بوو. بۆ گەشەگەرێک، ڕێوڕەسمەکانی ئایین “لە تاوس دەچێت لەنێو ڕووتەنی هەتاوی دارستانێکدا” (بە وتەی دان دێنێت). ڕەفتاری ئایینی هاوئاستی گەورەکراوی مرۆڤی مێروولەبازییه. کاتبەرە، وزەخۆرە، زۆرجاریش وەکوو ڕازاندنەوەی دەستبڵاوانەی پەڕی باڵندەی بەهەشت وایە. ئایین دەتوانێت ژیانی تاکێکی ئایینمەند بخاتە مەترسییەوە و هەروەها ژیانی کەسانی تریش.
بە هەزاران ئەشکەنجە دران لەسەر وەفادارییان بۆ ئایینێک، ڕاو نران لەلایەن دەمارگیرانی تایەفەیەکی ترەوە، کە لە زۆر حاڵەتدا بیروباوەڕێکی ئایینی جێگرەوەی بەئەستەم جیاواز ههبووە. هەندێک جار ئایین بە پێوەرێکی ئێجگار فراوان، سامان هەڵدەلووشێت. کەنیسە سەرەکییەکانی سەدەی ناوەڕاست بۆ چەندین سەدە، هێزی کاری سەدان پیاوی بردووە بۆ دروستکردنیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز بەکار نەهێنران بۆ نیشتەجێبوون یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، کە وەها چاوی لێ بکرێت بەکەڵک بێت. ئایا ئەمە جۆرێک لە خانووسازیی کلکی تاوس نەبووە؟ ئەگەر وا بووبێت، ئەم پڕوپاگەندەیە ڕوو بە کێ بووە؟ مۆسیقای ئایینی و وێنەکێشانی خواپەرستی، بەهرەکانی ڕێنێسانس و سەدەکانی ناوەڕاستیان بە شێوەیەکی فراوان پاوەن کردبوو بۆ خۆیان.

خەڵکی ئایینمەند لەپێناوی خواکانیاندا کوشتاریان بەڕێ خست و خۆیان بە کوشت دا؛ سوێندیان خوارد، کە بۆ هەموو ژیانیان بەسەڵتی و تەنیا ژیان بکەن، هەموو ئەمانە بۆ خزمەتی ئایین بوو. هەموو ئەمانە لەپێناوی چیدا؟ باشە کەڵکی ئایین چییە؟ بە شێوەیەکی گشتی، مەبەستی داروینییەک لە “کەڵک،” هەندێک هێزدانە بە توانای ژیانبەدەربردنی جینی تاکێک. ئەوەی لێرەدا دەر نەکەوتووە ئەو خاڵە گرنگەیە، کە کەڵکی داروینی سنووردار نەکراوەتەوە بە جینەکانی ئۆرگانیزمێکی تاک.

دەکرێت سێ ئامانجی جێگرەوەی کەڵک لە ئارادا بێت. یەکەم، لە بیردۆزی هەڵبژاردنی گروپەوە group selection دێتە کایەوە، دووەم، لە بیردۆزێکەوە دێت، کە نوسه‌ر لە بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا The Extended Phenotype خستوویه‌ته‌ بەردەست: ئەو تاکەی تۆ چاودێریی دەکەیت، لەوانەیە کار بکات لەژێر کاریگەریی گۆڕاوی جینگەلی تاکێکی تردا، نموونەگەلێکی زۆر هەیە لە ئاژەڵدا، کە کەوتوونەتە ڕەفتار بە شێوازێک وەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی گواستنەوەی خۆژێنێک بێت بۆ خانەخوێی داهاتووی. ئەم خاڵەی لە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی central theorem بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا” فۆرمولە‌ی کردووە: “هەڵسوکەوتی ئاژەڵێک بۆ به ئهوپهڕگەیاندنی گیانبەدەربردنی ئەو جینانەیە، که ‹یارمهتی›ی مانەوەی ئەو هەڵسوکەوتە دهدات، ئیتر بەجیا لەوەی ئەو جینانە دەکەونە لەشی ئەو ئاژەڵە دیارکراوەوە کە ئەو هەڵسوکەتە دەکات یان نا.
” سێیەم، لەوانەیە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی،” جێی “جین” بگرێتەوە بە چەمکێکی زێتر گشتیی “خۆکۆپی.” ئەو ڕاستییەی، کە ئایین لە هەموو شوێنێکدا هەیە، ڕەنگە بە واتای ئەوە بێت، کە کاری کردووە بە قازانجی شتێک، بەڵام لەوانەیە ئەو شتە ئێمە یان جینەکانمان نەبێت. لەوانەیە تەنیا بە سوودی هزرەکانی ئایین خۆیدا بێت، تا ئەو ئاستەی کەم تا زۆر ڕەفتار بکەن وەکوو جین، وەکوو “خۆکۆپی.” دواتر، لەژێر ناونیشانی “بەهێواشی هەنگاو بنێ، چونکە تۆ پێ دەنێیت بە میمەکانمدا،” نووسەر ئەمە باس دەکات. تا ئەو کاتە، قووڵ دەبێته‌وه‌ لەسەر لێکدانەوەی نەریتییانەی داروینیزم، کە تێیدا “کەڵک” وا لە بەرچاو دەگیرێت، کە بە واتای بەکەڵکهاتن دێت بۆ گیانبەدەربردن و بەرهەمهێنانەوەی تاک.

ئایین وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر

نووسه‌ر یه‌کێکه‌ له‌و زیندەوەرزانانایه‌ی، کە ئایین دەبینێته‌وه‌ وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر. ئه‌و بیرۆکەی بەرهەمی لاوەکی ڕۆشن ده‌‌کاته‌وه‌ بە بەراورد لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئاژەڵ، کە مەیدانی کاری خۆیه‌تی. فڕینی خورک(جۆرێک لە مێشوولەیە‌، کە له‌ په‌پووله‌ ده‌چیت) ‌‌بۆ ناو ئاگری مۆم، وا دەر ناکەوێت ڕێکەوت بێت. لە ڕێگەی خۆی لادەدات و خۆی بە سووتاندن دەدات. دەکرێت ئەمە بە “ڕەفتاری خۆسووتاندن” ناو بنێین و لەژێر ئەم ناوە تەنگاوکەرەدا بپرسین، ئاخر چۆن دەکرێت هەڵبژاردنی سروشتی ڕێگە بەمە بدات. ئەوەی مەبەستیه‌تی ئەوەیە، کە پێویستە لەسەرمان جارێکی تر پرسیارەکە بنووسینەوە، هەتا لەپێش ئەوەی لە هەوڵی وەڵامێکی زیرەکانەدا بین. خۆکوژی لە ئارادا نییە. خۆکوژی بە ڕواڵەت، وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی یان بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر دەر دەکەوێت. بەرهەمی لاوەکی… چی؟ لێرەدا یەک بوار هەیە، کە کۆمەک دەکات بە ڕوونکردنەوەی خاڵەکە.

ڕووناکیی دەستکرد بەم دوایییانە هاتۆتە شانۆی شەوەوە. تا ئەم دوایییانە تەنیا ڕووناکیی شەو، ڕووناکیی ئەستێرەکان ومانگ بووە. ڕووناکیی ئەمانەش لە دوورییەکی بێکۆتایییەوە دێن، بەو هۆیەوە تیشکەکانیان بە شێوەی تەریبی دەگات. ئەمە وایان لێدەکات وەکوو ڕێنما بەکار بهێنرێن. ئەوە زانراوە، کە مێشوولە لە شتی ئاسمانی وەکوو ڕۆژ و مانگ، کەڵک وەر دەگرێت بۆ ئاڕاستەکردنی خۆی بە شێوەی هێڵێکی ڕاست و دەتوانێت هەمان ڕێنما بەکار بهێنێت وەک نیشانەی ئاوەژوو بۆ گەڕانەوە بۆ لانەی خۆی لەپاش گەڕان بەناو سروشتدا. سیستمی هەستەدەماری مێشوولە، ئاڕاستەی خۆی دەکات بە دانانێکی کاتیی ڕێسای پەنجەگەورەی بەم جۆرە: “بە جۆرێک ئاڕاستەی خۆی دەکات، کە تیشکی ڕووناکی بە گۆشەی سی پلە لە چاوی بدات.

” لەبەر ئەوەی مێشوولە چاوی لێکدراوی هەیە (بە بەشەچاوی ڕێک یان ڕووناکیگەیەنەر، کە لە چەقی چاوەوە پرشنگ دەداتە دەرەوە، هەر وەکوو دڕکی سەر پێستی ژیشک)، دەکرێت لە کرداردا ئەمە بە شتێکی زۆر سادە ئەژمار بکرێت، وەک پاراستنی ڕووناکی لە یەک بەشەچاو یان ڕووناکیگەیەنەرێک. بەڵام ڕێنمای ڕووناکی بەتەواوی پشت دەبەستێت بە شتی ئاسمانی لە دوورییەکی بێپایانەوە. ئەگەر وەهانەبێت، تیشکەکانی تەریبی نابن، بەڵکوو لە یەک جیا دەبنەوە، هەر وەکوو تەلی تایە (وەک تەلی تایەی پاسکیل – و.). سیستمی هەستەدەمار گۆشەی سی – پلەی ڕێسای پەنجەگەورە پەیڕەو دەکات (یان هەر گۆشەیەکی نووکدارتر) لە نزیک مۆمێک، وەک ئەوەی مانگ بێت لە دوورییەکی بێپایانەوە ئاڕاستەی خورکەکە بکات بە ڕێڕەوێکی فەنەری (مارپێچی – و.) بەرەو ئاگری مۆمەکە.

هەرچەند لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا ڕێسای پەنجەگەورە بۆ خورک کوشندەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەتێکڕا بەکەڵکە، چونکە بۆ خورک بینینی مۆم حاڵەتێکی دەگمەنە بە بەراورد لەگەڵ بینینی مانگدا. ئێمە سەرنجمان بۆ لای ئەو سەدان خورکە ناچێت، کە بەبێدەنگی و چالاکانە بە هۆی مانگ یان ئەستێرەی پرشنگدارەوە یان هەتا ڕووناکی لە شارێکی دوورەوە، ئاڕاستەی خۆیان دەکەن. ئێمە تەنها ئەو خورکانە دەبینین، کە بەدەوری مۆمەکەماندا دەخولێنەوە و پرسیارێکی هەڵەش دەکەین: بۆچی هەموو ئەم خورکانە خۆکوژی دەکەن؟ لەجیاتی ئەوەی بپرسین، بۆچی سیستمێکی هەستەدەماریی وایان هەیە، کە ئاڕاستەی خۆیان دەکەن بە ڕاگرتنی گۆشەیەکی جێگیر بۆ تیشکی ڕووناکی، تاکتیکێک تەنیا کاتێک سەرنجمان ڕادەکێشێت، کە بە هەڵەدا بچێت.
کاتێک پرسیارەکە فۆرمولە دەکرێتەوە، ڕازەکە دەڕەوێتەوە. هەرگیز ڕاست نییە، خۆکوژیی پێ بوترێت. بەرهەمێکی لاوەکی هەڵەی ڕێنمایەکی بەکەڵکە لە حاڵەتی ئاساییدا. سه‌باره‌ت به‌ بەرهەمی لاوەکی، لە پەیوەند بە ڕەفتاری ئایینی لە مرۆڤدا. ئێمە ڕێژەیەکی زۆر دەبینین لە خەڵک – لە هەندێک ناوچەدا، دەگاتە لە سەددا سەد – کە هەڵگری بیروباوەڕگەلێکن بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، ئاشکرا پێچەوانەی بەڵگەی زانستین، هەر وەکوو ئایینە ڕەقیبەکانی تر، کە لەلایەن خەڵكی ترەوە پەیڕەوی دەکرێن. خەڵک نەک تەنیا هەر بە دڵنیایییەکی قووڵەوە دەستیان بەو بیروباوەڕانەوە گرتووە، بەڵکوو کات و سامان تەرخان دەکەن بۆ ئەو چالاکییە پڕخەرجییانەی، کە خۆیان بوونەتە هۆی پەیدابوونیان. لەو پێناوەدا، کوشتار بەڕێ دەخەن یان خۆیان بە کوشت دەدەن.

ئەمەمان بۆ سەیرە، هەر وەکوو چۆن “ڕەفتاری خۆکوژی”ی خورکمان پێ سەیر بووە. بەسەرسووڕمانەوە دەپرسین، بۆچی؟ قسەکە‌ی نوسه‌ر ئەوەیە، کە لەوانەیە پرسیارێکی هەڵە بکەین. ڕەفتاری ئایینی لەوانەیە کارێکی سەرنەگرتوو بێت، بەرهەمێکی لاوەکیی جێی داخی مەیلێکی زگماکی دەروونیی بنچینەیی بێت، کە لە هەلومەرجێکی تردا بەكەڵکە یان بەکەڵک بووە. لەم گۆشەنیگایەوە، مەیلی زگماکی، کە سروشتییانە لەناو باووباپیرانماندا هەڵبژێردراوە، لە خۆیدا ئایین نەبووە؛ بەکەڵک بووە لە هەندێک بواری تردا و تەنیا بەڕێکەوت بەیانی خۆی دەکات وەکوو ڕەفتارێکی ئایینی. ئێمە لە ڕەفتاری ئایینی تێدەگەین، تەنیا پاش ئەوەی کە ناوێکی ترمان لێناوە.

ئینجا ئەگەر ئایین بەرهەمی لاوەکیی شتێکی ترە، ئەو شتەی تر چییە؟ “هاوشت” ی خووی ئاڕاستەکردنی خورک، بە هۆی ڕێنمای ڕووناکیی شتی ئاسمانییەوە، چییە؟ ئەو تایبەتمەندییە کەڵکدارە سەرەتایییە چییە، کە هەندێک جار هەڵە دەر دەچێت و ئایینی لێ دەکەوێتەوە؟ نوسه‌ر لێره‌دا بۆ ڕوونکردنەوە‌ی بابه‌ته‌که‌ی نموونە له‌ سه‌ر منداڵان ده‌هێنته‌وه، نوسه‌ر ده‌ڵێت ئێمە بە هۆی ئەو ئەزموونە کەڵەکەبووەی باووباپیرانمانەوە، ژیان بەدەر دەبەین و بۆ ئەمەش پێویست دەکات ئەو ئەزموونانە بگوێزرێنەوە بۆ منداڵان، بۆ پارێزگاریکردن و خۆشگوزەرانییان. لە ڕووی بیردۆزییەوە، دەکرێت منداڵان بەپێی ئەزموونی کەسیی خۆیان فێر ببن، زۆر نزیکی قەراغی کەندەڵان نەکەونەوە، تووتڕکی سووری نائاشنا نەخۆن، لەناو ئاوێکدا مەلە نەکەن، کە تیمساحی تێدایە. بەڵام پێویست بە وتن ناکات، مێشکی منداڵ بژاردەیەکی بەكەڵک دەکات، ڕێسای پەنجەگەورە بەهەند وەر بگرێت و بڵێت: بێ هیچ چەندوچوونێک، گەورەساڵان هەرچییەکیان وت، باوەڕیان پێ بکە. گوێڕایەڵی دایکوباوکت بە، ملکەچی بەساڵاچووانی خێڵەکەت بە، بەتایبەتی کاتێک کە بە دەنگێکی غەمناک و ترسێنەرەوە دەدوێن. بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، متمانە بکە بەوانەی لە خۆت گەورەترن. ئەمانە بەگشتی یاسایەکی بەکەڵکن بۆ منداڵ. بەڵام، هەر وەکوو ئەوەی لە خروکەکان دەقەومێت، دەکرێت بۆ منداڵانیش هەڵەی لێ بکەوێتەوە.
هەڵبژاردنی سروشتی مێشکی منداڵانی بەو مەیلەوە پێک هێناوە، کە دایکوباوکان و سەرۆکخێڵەکانیان هەرچی شتێکیان وت، ئەمان باوەڕیان پێ بکەن. گوێڕایەڵییەکی وەها متمانەدارانە بەکەڵکە بۆ گیانبەدەربردن: ئەمە هاوجۆری ئاڕاستەکردنە لەلایەن مانگەوە بۆ خورک. بەڵام ڕووی پشتەوەی گوێڕایەڵییەکی متمانەدارانە، خۆشباوەڕییەکی کۆیلەنەیە. بەرهەمێکی لاوەکی، کە هەر دێتە ئاراوە، لەرزۆکە بەرامبەر تووشبوون بە ڤایرەسی بیروباوەڕ. لەبەر بەڵگەگەلێکی زۆر باشی پەیوەنددار بە گیانبەدەربردنی داروینییەوە، پێویستە لەسەر مێشکی منداڵ، متمانە بە دایکوباوکی بکات و بەو گەورەساڵانەی دایکوباوک ڕای دەگەیەنێت، ببنە جێگەی متمانە.
ئاکامێکی خۆبەخۆیی ئەوەیە، کە متمانەکەر هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ جیاکردنەوەی ئامۆژگاریی باش لە خراپ. منداڵ ناتوانێت بزانێت، کە ئامۆژگاریی “لەناو ڕووباری لیمپۆپۆ مەلە مەکە، پڕیەتی لە تیمساح،” باشە، بەڵام ئامۆژگاریی “کاتێک کە مانگ دەچێتە چواردەوە، دەبێت بزنێک بکەیت بە قوربانی، ئەگینا تووشی وشکەساڵی دەبین،” لە باشترین حاڵەتدا، بەفیڕۆدانی کات و بزنە. هەردوو پێوتنەکە، وا دەر دەکەون وەکوو یەک جێگەی متمانە بن. هەردووکیان لە سەرچاوەیەکی بەڕێزەوە دێن و بە جیددییەتێکی فرە گرنگەوە دەگەیەنرێن، کە ڕێز و داوای جیبەجێکردنیان پێ دەبەخشێت.
هەمان شت دەکرێت بوترێت لەبارەی جیهان، گەردوون، ڕەوشت و سروشتی مرۆڤەوە. هەروەها زۆر ڕێی تێدەچیت، کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و منداڵی خۆی دەبێت، هەموو ئەو شتانەی لە هەمانەکەیدا، بە چاک و خراپەوە پێی بدات – بە بەکارهێنانی هەمان ڕەفتاری بەشکۆی درمهەڵگرەوە. ڕابەرانی ئایینی زۆر باش ئاگاداری ئەم خاڵە لاوازەی مێشکی منداڵن و ئەو گرنگییەن، کە دەبێت هەر لە زووەوە گۆش بکرێت. هەر لەم پەیوەندەدا، جیژوێت ێک شانازی بە خۆیەوە دەکات، ”حەوت ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵێکم پێ بدە، پیاوێکت پێ دەدەم”.




هەڵەبجە دۆزه‌خێك بۆ رۆژهەڵاتییەكان —بەشی یەكەم …عەلی مەحموود محەمەد

1-

ناكرێت مێژووی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا, لە مێژووی گشتگیری پەیوەندییەكانی لایەنە كوردییەكان لە گەڵ ئێرانیەكان جیابكەیتەوە, باجی ئەم پەیوەندییانە ئەوەندە گەورە بوون, وێڕای ئەوەی سەرتاپای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی بۆ كۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی ناشرین كرد, هاوكات بونیادی كۆمەڵگای گەلی كوردی سەرتاپا گۆڕی, تەنانەت پریشكی زیانەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیشی گرتەوە, لە كیمیاباران و بۆمبابارانكردنی شارە سنوورییەكانەوە بگرە تا دەگاتە كیمیابارانكردنی بۆتێ و شەهید كردنی پێشمەرگەكانی گوردانی شوانی كۆمەڵە و پێشمەرگەكانی دیموكرات و سوپای رزگاری .

لە كوێوە بچیتە ناو تاوان و تراژیدیاكانی ئەو مێژووە ڕەشەوە خوێن بەرت پێ دەگرێت, ئەو كەس و لایەنانە پێیان وایە سەرتاپای مێژوویان پاكیزەییە و هیچ لەكەیەكی بەسەرەوە نییە, تەنها بەوەی لە بەر ئەوەی پێشمەرگە و لە بەرەی نەیاری بەعسدا بوونە, لە حەقیقەتدا ڕاست ناكەن و دەیانەوێت فێڵ لە مێژوو و گەلەكەمان بكەن, ناشرینیەكانیان تنۆك تنۆك شەرمەزاری لێ دەتكێتەوە, ئەو مێژووە هەر دەكەوێتە بەر خوێندنەوەی نوێ و نهێنیەكانی ئاشكرا دەبن, بۆیە نابێت باوەڕ بە قسەو یاداشتەكانیان بكەین كە سەرتاپای تژییە لە پاكانە بۆ هەڵەو تاوانەكانیان و راست كردنەوەی بە درۆ, ئەو مێژووە پێویستی بە خوێندنەوەی راستگۆیانە هەیە .
ئەكتەرە سیاسییە بڕیار بە دەستە باڵاكان هەمیشە شكست و تراژیدیایان خولقاندووەو قوماریان بە كۆمەڵگاوە كردووە, ئەمەش بۆتە بەشێك لە نەرێت و كلتوری سیاسیان, وای پیشان دەدەن شكست و هەڵە گەورەكان پەیوەندیان بەوانەوە نییە, ئەوان نوخبەیەكی بێ هەڵەو تاوان لە ئاسمانەوە دابەزیون و تاوانبار تەنها داگیركەرانن, بە دان نەنان بە راستیەكان و هۆنینەوەی حكایەتی درۆ خۆیان دەخەنە دەرەوەی روداو تاوانەكان, دەروێشەكانیشیان شاباشی شكستە گەورەكانیان دەكەن, ئەمە لە خوێندنەوەی وردی تاوانی هەڵەبجە دەردە كەوێت, كارەكتەر و بكەر و بڕیار بە دەستەكانی شەڕی هەڵەبجە, نهێنییەكانی, وردەكاریەكانی تا ئێستا دوای 31 ساڵ وەك خۆی ماوەتەوە.باسكردنی هەڵەكان , پەنجە خستنە سەر حەرامەكان ئازایەتی و دەستپێشخەری دەوێت, هەرچەندە ئەوان ئەو ڕێگایەیان بە ترس و بە شاردنەوەی ڕاستییەكان لە گەل گرتووە, بەڵام دەبێت دەرگا داخراوەكانی بكرێنەوەو زانیاری و نهێنییەكانی ئاشكرا بكرێن .
هێرشی فەجری 10 كە بە نهێنی یارەسواللە بۆ داگیركردنی هەڵەبجە دەستی پێكرد” یەك و نیوی شەوی 12 لەسەر 13ی 3-1988 هێرش بە رەمزی یا رەسولەڵا دەستی پێكرد. لە ناكاو چاومان لە چەخماخەو ئینجا تەقە لەسەر قوللەی چادرگە (بەفری میری) سەر لوتكەی شنرۆێ دەستی پێكرد لە لایەن سوپای پاسدارانەوە- گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014 ل79 ” كەواتە یەكەم تەقە پاسدار كردویەتی “, بووە هۆی ئەوەی ئێران سەركەوتن تۆمار بكات پاش زنجیرەیەك شكست لە باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە, بە دوایدا هەردوو هێرشی زەفەری 7 لە خورماڵ و بەیت المقەدەس 4 لە بەرزاییەكانی شەمێران و سورمڕ لە سەر دەریاچەی دەربەندیخان ئەنجام بدات, 5 شاری عێراقی بۆ یەكەمجار لە گەڵ نزیك 1000 كم دووجار خاك بكەوێتە ژێر دەستیان, هەڵەبجە گەورەترین شاری عێراقی بوو ئێران لە ماوەی جەنگی 8 ساڵەی عێراق – ئێران داگیری بكات, دوای شەڕەكە هیچ زەوییەك بە دەست كوردەكانەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەما كە تا ئەوكات ناوچەی نەوسود لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی دیموكراتدا بوو, بەمەش ئێران كۆمەڵێك ئامانجی پێكا.

ئەو لایەنانەی بوونە قۆنتەراتچی هێنانی پاسدار بۆ سەر ناوچەكە, تەنها قوماریان بە خەڵكی سڤیلی شاری هەڵەبجەو ناوچە ئەنفالكراوەكانەوە نەكرد, بەڵكە بە كوردی پارچەكانی دیكەشەوە كردیان, لەو هەموو شەڕانەدا ئەگەر بۆ خۆیان بە زیانێكی كەم دەرچوون” لە هەموو ئەو بەناو داستانەدا 8 پێشمەرگەی ینك , 6ی سۆسیالست و 4ی پارتی بوونە قوربانی , دیار نییە چەندیان بە گازی كیمیاوی گیانیان بەخت كردووە”گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014 , ل184″”, ئەو فەرماندانەی خەڵكی ناوچەی هەڵەبجەو دەوروبەری بوون ماڵ و مناڵیان پارێزرا چونكە پێشتر ئاگادار كرانەوە, لێ مەرگە ساتیان بۆ ئەو خەڵكە ساز دا.

یەكێك لە لایەنە شەرمەزارییەكانی دیكەی شەڕی هەڵەبجە, وێڕای تاڵانكردن و بە بارمتە گرتنی خەڵكی سڤیلی شارەكە بوو كە بۆ خۆی بە پێوەری جیهانی تاوانی جەنگە, شەهید بوونی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵات و داگیركردنی بارەگاكانیان بە سانایی و بێ بەرامبەر تەسلیم بە كۆماری ئسلامی ئێران كرانەوە .با لە گەڕان بە ناو وتەی شایەد حاڵەكاندا بزانین ئەندازیارانی شەڕی هەڵەبجە, هەڵوێستیان چۆن بووە لەسەر هێزەكانی ڕۆژهەڵات.

لە 28 ساڵ لەمەوپێشەوە, كە خەڵكی شاری هەڵەبجە و تەواوی كوردستانیان ساڵانە یادی 5000 قوربانی هەڵەبجە دەكەنەوە, پێویستە لە گەڵ ئەواندا یادی هەموو قوربانیەكانی رۆژهەڵات بكەنەوە كە لە هەمان پرۆسە گیانیان بەخت كردووە, هاوكات ناویان لە لیستی قوربانیانی هەڵەبجە بنوسرێت, كە بریتین لە 72 پێشمەرگەی كۆمەڵەو 5ی دیموكرات, 52 پێشمەرگەی سوپای رزگاری” هێزی رزگاری لە ناو بیارە 7 كوژراو 45 دیلیان دا ” كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران عێراقدا- هەڵەبجە 16-3-1988 بە نموونە ل 295″ “, سەرباری رەشبگیری ئەو خەڵكە سڤیلە رۆژهەڵاتیانەی لە ناوچەكە بوون ” كۆی گشتی 350 دیل, 27 تەسلیم بوونەوە” كۆمەڵكوژی كورد لە جەنگی ئێران عێراقدا – هەڵەبجە 16-3-1988بە نموونە ل 291 “, هاوكات دۆكۆمێنتەكانی بەعسیش لە هەڵەبجە گرتران كە ناوی زۆر لە نەیارانی كۆماری ئیسلامی تێدا بوو, دواتر كەوتنە بەر پەلامار و هەڕەشەكردن لە ناوخۆ, سەرباری ئیعدام و زیندانی دی كە ئامار نەكراون, واتا زیانی رۆژهەڵاتیەكان لە تاوانی هەڵەبجە زۆر لەوە زیاترە كە باسی لێوە دەكرێت.

سەرەتای گەشتی هێنانی پاسدار بۆ سەر هەڵەبجە و گفتو گۆكان لە بارەیەوە
شەوكەتی حاجی مشیر كە بە ئەندازیاری سەربازی شەڕەكە دێتە ژماردن , لە پەرتووكەكەیدا سەبارەت بە دۆسیەی رۆژهەڵاتییەكان لە تاوانی هەڵەبجەدا بۆ خۆی دان بەوەدا دەنێت كە:
1- راستەوخۆ لایەنەكان لە هێرشەكە ئاگادار نەكراونەتەوە, بەڵكە وەك گریمانەی سەربازی هەواڵی هێرشەكەیان پێ گەیەنراوە لە ڕێگەی خۆی و فەرماندە هەرێمییەكانەوە, نەك وەك ئەوەی هێرشێكی سەربازی سەرتاپاگیری نەخشە داڕێژراوی بەرفراوان بەڕێوەبێت.
2 – سەركردایەتی ئەو لایەنانە كە پەیوەندییەكی گەرم و گوڕیان لەگەڵ ینك هەبوو, دەشیا لە لایەن سەركردایەتییەوە بە شێوەی فەرمی ئاگادار بكرانایەتەوە لەو هێرشە بەرفراوانە,ڕاستییەكانیان پێ بوترایا,جدییەتی زیاتر دەبوو .” نەدەكرا ڕاستەوخۆ بەرنامەكەی خۆمانیان پێ بڵێین , لەبەر پاراستنی نهێنی چالاكی یەكەو ئاشكرا نەبوونی . دیاربوو زۆریان پێ ووتبون بەڵام لایەنی دیموكرات گاڵتەیان بە هەواڵەكە هاتبوو ووتبویان پڕوپاگەندەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ چەواشە كرنی ئێمە , لە ڕاستیدا لەم لاشەوە چونكە هێز كۆكردنەوەكانی ئێمەو ئێرانیش ئەوەندە بە نهێنی بوو كە بە شەو جموجۆڵمان ئەكرد و بە تایبەتی حكوومەتی ئێران هێزەكانی زۆر بە نهێنی ئەجوڵان بە ئۆتۆمۆبێلی داخراو بە شەو لە ناوچەكانی نێوان (( پاوەو جوانڕۆو باینگاندا)) بڵاوەیان پێ كردبوو لە دۆڵ و شیوو ناو دارستانی ناوچەكەدا جێگایان چاك كردبوو , هاتوو چۆشیان لەو ناوچەیە قەدەغە كردبوو ((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل106). (( لە هەمان ڕۆژیشدا نامەیەكیان ناردبوو بە كەسێكی دڵسۆزدا كە بیگەیەنێتە لێپرسراوەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی ئێران -((كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 106 ), باسی هێزی رزگاری ناكات چونكە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەوان كرابوو وەك كۆمەڵەو دیموكرات لە قاو نەدرابوو, بە هۆی لاوازی پێگەی سیاسی و پەیوەندیەكانی سوپای رزگاری لە گەڵ بەعس , زیاتر وەك هێزی پاشكۆ دەناسران .

(( ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی تیپی 11 ی هەورامانی ینك ئەوە ئەنجام درا (كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل105 ) .ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ حدكا دانیشتوون و پەیامی هێرشەكەیان پێ گەیاندوون, كاك شەوكەت بەم شێوەیە ڕیزبەندییان دەكات ((ئەوانەی لە گەڵ دیموكرات دانیشتن بریتی بوون لە شەوكەت حاجی مشیر , مامۆستا ساڵەح قادر, قادر كۆكۆیی, محەمەد حەمە سەعید- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 107 )).
وەلێ كاك حەمەی حەمە سەعید دەڵێت”قسە كردن لە گەڵ حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی ئێران و سوپای رزگاری, ئەویش سپێردرابوو بە ( من و كاك حامید و نیازی). گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014 ل71″, كەواتە ئەم برادەرانە لە ژیاندا ماون دەبێت رونكردنەوەی زیاتر بدەن لەسەر پەیوەندیكردن بە كۆمەڵەو رزگارییەوە, بۆ سەلماندنی وتەكانیان هەر ئەوەندە بەس نییە بڵاویان كردۆتەوە, بە دانپێنانی خۆیان بەرپرسی یەكەمن.

((كۆمەڵە ئەگەر چی دوورتر بوون لە سنوری ئێمە و تێكەڵاویشمان زۆر كەمبوو پێكەوە لەو سەردەمەدا, هەندێ ساردیش هەبوو لە نێوان هەندێ لێپرسراوانی ئەو سنورەی ئێمە و ئەواندا ئیتر هەر باوەڕیان بە هەواڵەكە نەكرد و گاڵتەشیان پێ هاتبوو و هیچ وەڵامیشیان نەداینەوە نە بە نامە و نە بە نوێنەریان – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل107.((, وەلێ حەمەی حەمە سەعید هەواڵەكە دەكات بە نامەو نامەبەریش ناوی دیار نییە, كەسیش نازانێت گەیاندویەتی یان نا؟, هاوكات نازانرێت كە لەو چركە ساتەدا پەیوەندی كۆمەڵەو رزگاری چۆن بووە, كە پێشتر باش نەبوو, دوو لایەنیش پەیوەندیان باش نەبێت چۆن بە یەك نامە هەردوولا ئاگادار دەكرێنەوە, ئاوا باسی دەكات “….. نامەیەكمان بۆ كۆمەڵەو گوردانی شوان لە بیارە ناردوو هەمان قسەو باسمان بۆ نووسیبوون وە لە نامەكەدا داوامان كردبوو ئەوان خۆیان لە گەڵ سوپای رزگاری قسە بكەن ” گازبارانی هەڵەبجە و راستی روداوەكە – حەمەی حەمە سەعید 2014 ل 73″….. ” كۆمەڵە وەڵامیان نەبوو, دووبارە من و كاك شەوكەت و چەند كەسێكی تر چووینەوە بۆ لای دیموكرات بۆ بارەگای سەرەكیان لە گوندی دەرەتفێ لە گەڵ مەنسوری فەتاحی و كاوەی بارامی و حەمەی وەلەدبەگی و حەمەی مزەفەری دانیشتین, ئەمجارە بە جدی داوامان كرد هەرچەندە ئەمە قسەی ئێرانییەكانە گوایە لێرەوە پەلامار نادەن – گازبارانی هەڵەبجەو راستی روداوەكە, حەمەی حەمە سەعید, 2014 ل 74″ باشە دیموكرات بەو هەموو كۆبونەوەیە باوەڕو متمانەیان پێتان نەكردبێت, كۆمەڵە وەڵامی چی هەبێت بە نامەیەكی نەسەلمێنراو, كە وەڵامیان نەبووە بە دواداچونیان نەكردۆتەوە بۆ جاری دی وەك ئەوەی بۆ حدكا كردیان چوار جار لە گەڵیان دانیشتوونە.لە بەر ئەوەی خۆیان بەشكن لە ئاگادار كردنەوەی گوردانی شوان و سوپای رزگاری بۆیە هەر بەڵگەی نا رون و جیاواز دەهێننەوە, تەواوی بەڵگەكانیش بكەر كە گەیەنەری نامەیە یاخود ناردنی هەواڵە نا دیارە ” كاوەی بارامی دەڵێ: ئەو كەسەی ناردمان بەدوای هێزی بەیاندا پێمان وت داوا لە كۆمەڵەش بكات بێن پێكەوە دەردەچین بەڵام وەڵامیان نەبوو- ” گازبارانی هەڵەبجە و راستی روداوەكە – حەمەی حەمە سەعید 2014 ل 97″لێرەشدا هەر كەسەكە نادیارە, وەلێ زۆربەی سەركردەكانی ئەوكاتی كۆمەڵە كە من پرسیارم لێكردوون , هاشا لەوە دەكەن كە هێزەكەیان لە بیارە ئاگادار كرابێتنەوە لە هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران.

لە راستیدا هۆنینەوەی ئەم چیرۆكی نامەو هەواڵە تەنها هەوڵێكە بۆ خۆدەرباز كردن لە ئابڕوچونێكی گەورە تا ئاستی تاوان و خیانەتی نەتەوەیی, كەسیش باوەڕ بەم چیرۆكانە ناكات تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەیەكی وردی بەڵگەدار نەكرێت .هەرچەندە لە جێگەیەكی دی و لە لێدوانی بۆ بەڕێز یۆست هلتەرمان دەڵێت ((…. لە مارتی 1988دا جەنگاوەرانی حدكا و كۆمەڵە, لە شاخەكانی سەروی هەڵەبجەوە بوون و لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە دەپارێزران, ئەوان ئەگەر هۆكاری سەرەكیی داگیركردنەكەی ئێران نەبووبن, ئەوە بە دڵنیاییەوە یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی بوون .

هەر كە هێزەكانی ئێران هاتنە ناو عێراقەوە, هێزێكی تایبەت یەكسەر چووە سەر ئەم دوو گروپە, بەڵام ینك, كە پەیوەندیەكی باشی هەبوو,لانیكەم لە گەڵ حدكادا, هەردوو حیزبەكەی ئاگادار كردبوەوە لەو پەلامارەی بەڕێوەبوو, وەك هەوڵێك بۆ دەرباز بوونیان, هەموو فەرماندەكانی ینك لەسەر ئەوە كۆك بوون و بۆ نموونە, شەوكەتی حاجی مشیر (لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی2002دا)وتی كەوا ویستووییەتی دۆستەكانی لە حدكا ڕازی بكات بۆ ئەوەی ئەو ناوە بەجێبێڵن, چونكە بنكەو بارەگایان لە گوندەكانی هاوار و دەرەتفێ بوولە نزیك جەنگاوەرانی ینك ەوە((من چوار كۆبونەوەم لە گەڵ كردن و نەمدەتوانی بڵێم ئۆپەراسیۆن لە كات و ساتدایە.

هەموو ئەوەی توانیم كە بیڵێم ئەوەبوو كە عێراق پلانی بۆ ڕووخاندنی هەڵەبجە داناوەو ڕەنگە شەڕ بەرپا ببێت.ئەوان باوەڕیان پێ نەكردین و بێجگە لەوەش لە ژێر فشاری عێراقدا بوون بۆ مانەوە-كارێكی ژەهراوی ,ل255 )).حاتەم مینبەری یەكێك لە كادیرانی حدكا لە بە شی یەكەمی یاداشتەكانی ئەو ڕۆژگارەیدا, بە ناوی لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا, بەم شێوەیە ئەم هەوڵانەی یەكێتیمان بۆ دەگێِرێتەوە ((ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ باسی که‌م زیاتر نه‌قش و رۆڵی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان له‌ پێکهاتنی ئه‌م وه‌زعه‌ دا و به‌سه‌رهاتی زیاتر له‌ هه‌زارپینجسه‌د پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌م رووداوه‌دایه‌ که‌ زیاتر له‌ سه‌دکه‌سیان کوژران و به‌ سه‌دانیان ناچار بوون خویان راده‌ستی ریژیمی ئێران که‌نه‌وه‌ )).((هه‌رچه‌ند زۆر جار هاتووچووی پاسدار و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌رته‌شی ئێران بۆ بنکه‌کانی یه‌کیه‌تی ئه‌بووه‌ هۆی نگه‌رانی و ناڕازی بوونی ئێمه‌ به‌ڵام چه‌ند که‌س له‌ به‌رپرسانی ی.ن.ک. ئێمه‌یان له‌ هه‌موو جمووجووڵێکی ده‌وڵه‌تی ئێران ئاگادار ئه‌کرد و له‌به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌ی ئێمه‌ش دا بۆ هاتووچووی ئێرانیه‌کان بۆ بنکه‌ی ئه‌وان به‌پێکه‌نینه‌وه‌ ئه‌یانوت که‌ ده‌ستتان بۆ به‌رن ده‌ستیان ئه‌بڕین!).

((دووحه‌فته‌ پێش هێرشی ئێران بۆ سه‌ر شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌ دوو به‌رپرسی یه‌کیه‌تی هاتنه‌ لای ئێمه‌ و به‌رپرسانی ئێمه‌یان ئاگادار کرد که‌ ریژیمی ئێران به‌نیازه‌ هێرشێکی به‌رین بکاته‌ سه‌ر هه‌موو پارێزگه‌ی سلێمانی و نه‌ک هه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق به‌ڵکوو دوورنیه‌ سلێمانیش بگرن و یه‌کیه‌تی، پارتی و حه‌ره‌که‌ ئیسلامیش هاوکاری ده‌که‌ن و قه‌راره‌ دوای ئازادبوونی، ناوچه‌که‌ بده‌نه‌ ده‌ست هێزه‌ کوردیه‌کان! بۆیه‌ پێشنیارتان پێده‌که‌ین که‌ هێزه‌که‌تان یان هیچ نه‌بێ ژن و مناڵه‌که‌تان له‌مناوه‌ دوور خه‌نه‌وه‌ با تووشی له‌گه‌مارۆ که‌وتن و گیر و گرفتی خراپ نه‌بن! ئێمه‌ پێمان وانه‌بوو له‌ده‌سڵاتی سپای ئێران دا هه‌بێ ” شنروێ”، ”سوونێ” و ”باڵامبۆ” که‌ هه‌رکامه‌یان هه‌زاران سه‌رباز و سه‌نگه‌ری بتۆنی و کاناڵ و جێگای سه‌ختی لێ هه‌ڵکه‌نرابوو ده‌ربێنێ، چوونکه‌ پێشتریش ده‌یانجار هێرشیان کردبوو و تێکشکابوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دۆستانی یه‌کیه‌تی زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ قسه‌یان ئه‌کرد و زۆریش دڵخوش بوون که‌ حه‌تمه‌ن ناوچه‌ییکی به‌رین ”ئازاد ” ئه‌بێت و ئه‌وان ئه‌بنه‌ حاکمی ( ساڵێک دواتر هه‌رکه‌ ئه‌مقسانه‌م بیر ئه‌هاتنه‌وه‌ قسه‌ییکی خوشی ک- فه‌تاح کاویانم وه‌بیر ئه‌هاته‌وه‌ و له‌به‌ر خومه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی دڵبریندارییه‌وه‌ نه‌م ئه‌توانی پێشی پێکه‌نینی خوم بگرم) به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ به‌قسه‌ی دۆستانمان نه‌کرد، ژن و مناڵ و پیر و په‌ککه‌وته‌ له‌وێ مانه‌وه‌ و رۆژی ده‌ستپێکرانی شه‌ڕیش تازه‌ کار له‌کار ترازابوو، نه‌ک ده‌ربازکردنی ئه‌و گشت خه‌ڵکه‌ بێدیفاعه‌، به‌ڵکوو رزگاربوونی خوشمان که‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و خه‌ریک بوو هه‌موو له‌به‌ین بچین و گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی میژوی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌سه‌ر ئێمه‌ تۆمار بکرێ )).

پێشمەرگەكانی یەكێتی لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ قەناعەت پێ هێنانی حدكا بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە (( تێبینی: نابێت لە یادمان بچێت حدكا لەو كاتە لە ناوچەكە بارەگای گەورەی هەبوو بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نەوسوود, كۆماری ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دەدا لەو ناوچەیە دەریان بكات , بەهۆی پەیوەندی ینك و ئەو لایەنانە لە گەڵ ئێران ,دەشێت ئەو هەوڵانە وەك فێڵێك بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە سەیر كرابێت و بە پڕۆژەی كۆماری ئیسلامی زانرابێت)) و بەڕێز شەوكەت حاجی مشیر بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات (( دوای چوار ڕۆژ جارێكی تر وەفدێكی ترمان چووینەوە بۆ لایان كە ئەمجارەیان “شەوكەت حاجی مشیر+مامۆستا ساڵەح قادر+ قادر كۆكۆیی+ محەمەد حەمە سەعید”بووین و چووینە بارەگاكانیان لە “دەرە توێ” هەموو لێپرسراوەكانیان كە لەوێ بوون لە گەڵمان دانیشتن و دوو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییان كە ” مەنسور ڕەشید هەورامی + كاوەی بارامی “بوون لە گەڵ “محەمەدی وەلەد بەگی “دا ئەمجارەیان زۆر بە جدیتر پێمان ووتن برایان تكامان وایە بە گوێمان بكەن و ئەم سنورە چۆڵ بكەن بۆ ماوەیەك خراپ نییە با دوا ڕۆژ توشی زیان نەبین هەمو لامان . ئەگەر باوەڕیش ناكەن پەیوەندی بكەن بە سەركردایەتی خۆتانەوە چونكە ئەوان ئەتوانن پەیوەندی بكەنبە سەركردایەتی یەكێتی و باشتر باوەڕ ئەهێنن- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر,ل107 )) .كاك شەوكەت دان بەو ڕاستییەدا دەنێت كە بەو هەموو تەم و مژو دەر نەخستنی ڕاستی و دڵنیا نەبوون لە یەكتری و گومانەوە, نەیان توانییووە قەناعەتیان پێ بێنن لە مەترسی پەلامارەكە ((هەموو ئەو هەوڵ و كۆششەی دامان لەگەڵ “دیموكرات و كۆمەڵەدا” ” هەرچەندە هەوڵەكەیان لە گەڵ كۆمەڵە تەنها ناردنی نامەیەكی نادیارە”بە هیچ شێوەیە باوەڕیان پێ نەكردین و هێز و ماڵ و مناڵیان لەو سنورە دوور نەخستەوە ئەمەش لەبەر چەند هۆیەك بوو:

1- هیچ هەستیان بە جموجۆڵی هێزی گەورەی ئێرانی نە ئەكرد لەسنورەكەدا و بیریان لای ئەوە نەبوو كە حكوومەت ئەگەر بیەوێت لەماوەی 24 كاتژمێردا گەورەترین هێز كۆئەكاتەوە و بەڕێی ئەكات.
2 – زۆر جار حكومەتی ئێران بۆ چەواشە كردنی هێزەكانی عێراق هێزی كۆ ئەكردەوە لە سنورێك دا بەڵام لە پڕ لە شوێنێكی ترەوە هێرشی ئەكرد كە دوور بوو لەو شوێنەی دەنگ و باسی بڵاو بونەوەی هێزی كۆكراوەی هەبوو.
3- زستان بوو سەرمایەكی سەخت بوو ئاسان نەبوو ئەو هەموو بارەگایانە بگوازنەوە. لەو لاشەوە باوەڕیان نەبوو ئێران بەو زستانە جموجۆڵ بكات لەو ناوچە شاخاوییە ساردەدا.
4- وەك پێشتر باسمان كرد “500”پێشمەرگەی شەڕ كەریان بە باشترین چەكەوە لە سنورەكەدا بوو , جگە لە هێزی بەرگری و لایەنگری حیزب كە نزیكەی 250-300 كەس چەكداریان هەبوو. هەموو شاخە بەرزەكانی دەورو پشتی خۆشیان گرتبوو قایمیان كردبوو, زاتا زۆر باوەڕیان بە خۆیان بوو ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەریان ئەی شكێنن, جگە لەوەش باوەڕیان هەبوو كە هێزی ینك لە گەڵ هێزی ئێران ناچنە سەریان و شەڕیان ناكەن.
5- دیاربوو ئەم پروپاگەندەو دەنگ و باسەش كەوتبووە بەر گوێی حكومەتی عێراق و ئەویش هەواڵەكانی بە درۆ ئەدا لە قەڵەم لای دیموكرات رێگەی پێ نەئەدان هەروا بە ئاسانی ئەو سنورە چۆڵ بكەن .

چونكە بە لای عێراقەوە ئەوە تەنها پرۆپاگەندەی ئێرانە بۆ چەواشەكردنی هێزی سەربازی عێراق كە سەر قاڵی شەڕی سەركردایەتی بوو-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 108 )).نەك تەنها لایەنە سیاسییەكان , بگرە لە لایەكی دیكەوە كۆنترۆڵی جوڵەی خێڵەكانی ناوچەكەشیان كردووە (( لە پێشدا هەوڵماندا”حیزبەكانی دیموكرات و كۆمەڵە”ی ئێران تێ بگەیەنین سنوورەكە چۆڵ بكەن و بەڵێنمان پێدان ئەم جموجۆڵەی بە هیواین لەم سنورەدا دژی ئەوان نابێ بەمەرجێ بە گوێمان بكەن و هاوكاریمان بكەن. داواشمان كرد ئەو ماوەیەی ئێمە پێویستمان بەو سنورە هەیە با خەڵكی ئەوان لەو ناوەدا هاتووچۆ نەكات.لەو لاشەوە بۆ عەشیرەتەكان لە چەندین شوێن پاسەوانمان دانا ناوچەكە كۆنترۆڵ كەین و نەهێڵین هاتووچۆی تێدا بكرێ بۆ ئەوەی هەواڵەكانمان دەرنەچێ لەو عەشیرەتانەی سنوورەكە پێك هاتبوون لە “ایناخی+امامی+كڵاشی+باوەجانی+بەلەبزانی+تاو گۆزی”كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل113 )).كاك حاتەم مینبەری لە درێژەی یاداشتەكانیدا بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات و پشكێك لە ڕاستییەكان دەخاتە بەر دەست و دەڵێت: سێ رۆژ پێش ده‌ستپێکرانی هێرشی ئێران جارێکیتر به‌رپرسێکی ی.ن.ک. هاته‌ بنکه‌ی کومیته‌که‌ی ئێمه‌ (کومیته‌ی کرماشان) و به‌وردی باسی هێرشی ریژیمی کرد و وتی زیاتر له‌ بیست هه‌زار که‌سی هێناوه‌ته‌ پاوه‌ و مه‌ریوانیش پڕه‌، دڵنیابن هێرشه‌که‌ جددییه‌! .

من نازانم به‌رپرسانی ئێمه‌ چۆن ئه‌م وه‌زعه‌یان بۆ ده‌فته‌ری سیاسی و شه‌خسی د. قاسملوو باسکردووه‌ و ناشزانم که‌ رێنوێنی و بڕیاری ئه‌وان چیبووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئێمه‌ هه‌روا له‌ جیگای خۆمان دا مه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ئێواره‌یه‌ که‌ به‌یانییه‌که‌ی هێرشه‌که‌ ده‌ستی پێکرد که‌م که‌م ژماره‌ییک ژن و مناڵ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێ کران، به‌ڵام تازه‌ دێرببوو و به‌یانی سه‌عات چوار شه‌ڕ له‌ هه‌رچوارلاوه‌ ده‌ستی پێکرد و ناوچه‌ بوو به‌ یه‌ک پارچه‌ ئاور.شەوكەتی حاجی مشیر دەڵێت ((كە ئێمە گەیشتینە دێی بوێن بۆ دواجار هەواڵمان نارد بۆ ئەو دەستەیەی دیموكراتی ئێران كەئیتر بەبەرییەوە نەماوە پێویستە حسابی تەواو بۆ خۆیان بكەن , بەڵام ئەوان كە بەهێزی خۆیانەوە شانازییان ئەكرد و دەوروبوریان باش قایم كردبوو ئەمجارەش زۆر گرنگیان نەدابوو بەم هەوڵەی ئێمە ,لە ڕاستیشدا چونكە هاتووچۆی خەڵكمان بە باشی قەدەغەكردبوو ,جگە لەوەش زۆربەی جموجۆڵەكانمان بە تاریكی شەو بوو بۆیە هەوڵێكمان لانەبوو كە بیسەلمێنێ لەم ناوچەیەدا شەڕێكی قوورس هەڵگیرسێ , واتە هەمان زانیاری یان هەبوو كە حكومەتی عێراق هەی بوو لەسەر ناوچەكە و لەوەش دڵنیابوون كە ئێمە بە تەنیا جێیان ناهێڵین.ئێمە بۆ ئەوەی چارەسەری كەم تەرخەمی “دیموكرات”بكەین .دوو دەفتەر وەرەقەی خۆمانمان بە “مۆری تیپی11ی هەورامانی ینك”مۆر كرد و ئامادە كرد, كە ئەگەر هەر لایەنێك و كەسێكی كوردی ئێران ی لە كاتی شەڕەكەدا ڕووبكەنە لێپرسراوەكانمان بۆ داوای یارمەتی یەكسەر وەرەقەی بۆ بكرێ بۆ ئەوەی تووشی گرتن و دەردی سەری نەبێ .

بە پێی ڕێككەوتنامەكەی نێوان ئێمەو نوێنەرانی حكومەتی ئێران كە لە كرماشان بڕیاریان لەسەر دابوو, پێشتر واشمان كرد كە هەموو بەرواری كۆنی لێ بدرێت بۆئەوەی “حیسابی”بۆ بكرێت كە لە كۆنەوە ئەو كەسە بڕیاری خۆی داوە, ئەم وەرەقە مۆركراوانەمان دابەش كرد بەسەر لێپرسراوی رەِتلەكان و بارەگاكانی ناوچەكەدا بەشێكمان نارد بۆ ناو شار لای ڕێكخستن بێت بۆ هەمان مەبەست-كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل120 )), ئیتر نازانرێت ئەو كاغەزە مۆركراوانە دواتر بەكار هاتووە یان نا ؟, هیچ كەسێكی رۆژهەڵاتی وەریگرتووە ؟.كە گەیشتنە ڕۆژە ڕەشەكە , كە كار لە كار ترازا , هیچ پێشمەرگەیەكی ڕۆژهەڵات ئەو نامە مۆردارانەیان نەبینی .
هەرچەندە لە گۆڤاری لڤیندا بەرپرسێكی یەكێتی كە ناوی دیاری نەكراوە, وا قسە دەكات كە ئەو كاغەزە مۆردارانەیان داوە پێیان ((گۆڤاری لڤین لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا لە ژێر سەر دێری “ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارانی لێكەوتەوە”ڕاپۆرتی یاسین ڕەسوڵ عوسمان , بەم شێوەیە ئاماژە بە كێشەی ئەو تێكۆشەرانە دەدات, بەوەی كۆماری ئیسلامی لە پەلاماری هەلەبجە جگە لە ئێراق بە دوای لێدانی ئەوانیشەوە بوووە و بۆ ئەم مەبەستە جاشی بۆ پەلاماریان هێناوە, لە ڕاپۆرتەكەی لڤیندا هاتووە: “… بە وتەی بەرپرسێكی ینك شەوی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە سێ بەرپرسی ینك لە گوندی هەوارە كۆن چوونەتە لایان(دیموكرات) و لە نیازی ئێران ئاگاداریانییان كردوون, دیموكراتەكان ڕێگەی شەڕو بەرگرییان هەڵبژارد و پاشان داوای چەند بەڵگەیەكی مەرەخەسیان كردووە, تا لە تەنگانە وەك هێزە كوردەكانی باشوور بەكاریان بهێنن…… )).

بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموودیش لە یاداشتەكانی خۆیدا, بەم شێوەیە بەسەرهاتی ڕۆژە سەختەكانی ئەو تێكۆشەرانەمان بۆ دەگێڕێتەوە (( … كاك شەوكەت و كاك حامید ووتیان ئێران دەزانێ هێزی دیموكرات لەو ناوەیە و ئێستا هەرچی بەسیج و كوردی لای پاوە و جوانڕۆ هەیە هێناویانە بۆ ئەوەی بیانناسن و ئەگەر بگیرێن دەبێتە عەیبەیەكی گەورەو ئابڕومان دەچێت ووتیان ئێمە هیچمان پی َناكرێت و مەسئولەكانیان لە عەبابەیلێ لە (2-3) جێگا شاردومانەتەوە, من لە ڕۆژی 21-3-1988 دوای نیوەڕۆ ڕۆیشتمە عەبابەیلێ لە ژێرزەمینێكدا بون هەموویان نزیكەی (25) كەس لە مەسئولەكانیان لەوێ بوون زۆر وەزعیان خراپ بوو زۆر ناڕەحەت بوون گلەییان لە كاك شەوكەت و یەكێتی كرد كاك شەوكەت پێی وتوون هیچ چارەیەك نییە یا شەڕ بكەن تا دەكوژرێن یا تەسلیم بن بە ئێران ئەگەر خێزانەكانیان تەسلیم بێت هیچیان لێ نایات یا بۆیان دەبەنە سەردەشت یەكێتی من كە چووم هەندێك دڵخۆشیم دانەوەو ووتم هەوڵ دەدەم كە هیچ تان تووش نەبێت ووتیان (900) كەسین ووتم با (2) هەزار كەسیش بن لەوانە كاك موزەفەری میتران ئەندامی سەركردایەتی دیموكراتی ئێران و زۆری كەش بوون كاك كەماڵ دشەیی لە هۆڵە بەگیەكان جیهازێكی بی سیمی هێنا ووتی دكتۆر قاسملو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات و سوپاست بكات من یەكسەر ئەوەم وەبیر هاتەوە جارێك لای واوان و لە مەقەڕی مەكتەبی سیاسی دیموكرات دكتۆر قاسملو بە كاك ڕەسوڵ و دكتۆر محمود و برادەرانی ئێمەی وتبوو حمەی حاجی محمود سەربەخۆو لەسەرحیسابی كورد پەیوەندیەكی توند و تۆڵی لەگەڵ ئێران لە سنوری مەریوان دامەزراندوەو برادەرانی ئێمەی ئیحراج كردبوو كاك ڕەسوڵ وتبوی ئێمە خۆمان ئاگادارین لە پەیوەندییەكانیان یەكسەر ئەو قسەیەم وەبیرهاتەوە ووتم كاك كەماڵ سڵاوی لێبكە چونكە جیهازەكان هەموو كۆنترۆڵ بون ووتم ئێمە كوردین و لە هەموو ناخۆشیەك لەگەڵ میلەتی خۆمانین لە هەر جێگایەك هەبێت لەناو ژووەكە هەموویان دەستیان دەكرد بە پشتێنەكەمدا لە ناو عەشائیری ئەو مەعنای ئەوەیە كە ڕجا دەكەین دكتۆر قاسملو بە جیهازەكە هاواری دەكرد دەیوت حیزبی دیموكرات مردن و زیندوبونەوەی بە دەستی كاك مەحمودی حاجی محمەدە ئیتر منیش (2-3) پێشمەرگەی خۆمم نارد مەلا فائیق و چەند كەسێكی تر بە سەیارەكانی خۆمان هەموو مەسئولەكانیان لە گۆمە لار و خورماڵەوە لە بەری هێلان پێ وە و لە ناو هەموو سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە گەیاندە مەقەڕەكانی سورێن لە میری سورەوە بۆ شەوی دوایی كاك شەوكەت و كاك حامید هێزەكەی دیموكراتیان گەیاندبووە نزیك خورماڵ لەوێ تەسلیم بە برادەرانی ئێمەیان كردبوو ( ڕۆژمێری پێشمەرگەیەك – محمد حاجی محمود – بەشی سێ یەم – ل117-118).
كاك حاتەم مینبەری لە بەشی دووی یاداشتەكانیدا “لە پەراوێزی خنكانی هەڵەبجەدا” دەڵێت: ((سپای ئێران به‌ره‌و سه‌ید سادق و شانه‌ده‌ری له‌ حاڵی پێشڕه‌وی دابوون و رادیۆ تاران مزگێنی گیرانی سلێمانی به‌ بیسه‌رانی ئه‌دا؛ نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ زیاتر له‌ سی (30) کیلۆمه‌تر ده‌بوو، واتا ئێمه ‌و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ سی کیلۆمه‌تر له‌ پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌ گه‌مارۆدا و سه‌رگه‌ردان سه‌عاتمان بۆ رووداوی چاوه‌ڕوانکراو ئه‌ژماردن.

ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ی.ن.ک و پ.د.ک بیانویستبا ئه‌یانتوانی پێشی خه‌ڵک به‌رده‌ن و لانیکه‌م له‌شار چووبانایه‌ ده‌ره‌وه‌ تا ئه‌گه‌ر شار بۆمبارانیش کرا خه‌ڵک نه‌کوژرێ؛ به‌ڵام ئه‌وان له‌لایه‌ک فریوی فروفیشاڵی ته‌بلیغاتی ئێرانیان خوارد و له‌لایکیتره‌وه‌ دڵڕه‌شی سه‌دام و به‌عسیان به‌که‌م گرت، تا ئه‌و به‌ڵایه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیرواندا هات.
لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژگارە پڕە لە خیانەت و مرۆڤ فرۆشتن, پڕە لە دەڵاڵی كردن بەسەری براكانەوە, با بزانین كاك حاتەم لە بەشی سێیەمی یاداشتەكانیدا چۆن باسی لاپەڕەیەكی ناشرینمان بۆ دەگێڕێتەوە,ئەو لاپەڕەیەی لە باشووردا لە سەردەمی ئەنفالدا دەیان كەلەسەری بردەوە بۆ ئەنفالچییەكان, پێویستە كاك حاتەم ئەو كەسە دیاری بكات, دەنا ئۆباڵی مێژوو لێی نابورێت((رۆژیک پاش شیمیایی بارانه‌که ‌”موحسین ره‌زایی” فه‌رمانده‌ی سپای پاسدارانی ئێران، خوی هاتبووه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و کێشه‌ی ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستاندا باس کردبوو، ئه‌وانیش که‌سێکیان بۆ لاێ ئێمه‌ نارد و وه‌زعه‌که‌یان له‌گه‌ڵدا باس کردین، یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی ی.ن ک پێشنیاری کردبوو که‌ ئێمه‌ بچینه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ چه‌ند ماڵی به‌رزدا که‌ به‌ “شۆقه‌ سپیه‌کان” به‌ ناوبانگ بوو خومان حه‌شار ده‌ین و ئه‌و به‌ڕێزه‌ قه‌ولیشی دابوو که‌ ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌کانیش بزانن کاریان پێمان نابێ! دیاره‌ ئه‌مه‌ پلانێکی خاوی ئه‌و به‌ڕیزه‌ و ”براده‌ر ره‌زایی” بوو تا هه‌موومان له‌و ماڵانه‌ که‌ن و دوایه‌ به‌ به‌رنامه‌ بێنه‌ سه‌رمان و بێزیان له‌ به‌ینمان به‌رن، بۆیه‌ ئێمه‌ قه‌بووڵمان نه‌کرد.

ئێواره‌که‌ی هه‌لیکۆپته‌رێکی ئێران نزم نزم هات به‌سه‌رماندا فڕی و ئه‌وانه‌ وه‌ک من چاویان کز نه‌بوو ئه‌یان وت به‌ کامێرای ڤیدیۆ فیلمیان لێ گرتووین، ئێمه‌ به‌یه‌ک فیشه‌ک ئه‌مان توانی ئه‌م کۆپته‌ره‌ی دژمن بخه‌ینه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م کاره‌ وه‌ک درۆخاندنی هێلانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌ وابوو، پاش چه‌ن ده‌قێقه‌ هه‌زاران سه‌ربازی ئێرانیمان وه‌سه‌ر ده‌گه‌ڕان و تووشی شه‌ڕیکی نه‌خوازراو ئه‌بووین.

پێویستە كاك حاتەم پیاوی نەخشەی شوقە سپییەكان ئاشكرا بكات , دیارە لاپەڕەكان هەموو ڕەش نین, مرۆڤە خاوەند باوەڕەكانیش جێگەی ستایشن, كاك حاتەم لە بەشی پێنجی یاداشتەكانیدا, بەم شێوە باسی ڕۆڵی كۆمەڵێك لە تێكۆشەر دەكات و دەنووسێت ((سه‌رئه‌نجام لای ئێواره‌ هه‌روه‌ک رۆژی پیشوو به‌ هاوکاری حه‌مه‌سیاسی و هاوڕێیانی له‌ سه‌فێکی رێک و پێک دا به‌ره‌ خورماڵ به‌ بناری کێوه‌کان دا که‌وتینه‌ڕی، هێشتا نیوسه‌عات رێگامان نه‌بڕیبوو له‌سه‌ر جاده‌ی ته‌وێڵێ – هه‌ڵه‌بجه‌ تووشی ستوونێکی سپاێ ئێران بووین! یه‌کیه‌تییه‌کان چوونه‌ پێشی سپاکه‌ی ئێران، داوایان لێکردن رێگامان بده‌ن و وتیان ئێمه‌ هێزی یه‌کیه‌تین و ئه‌چین بۆ میری سوور! ئێرانیکانیش بێ گیر و گرفت رێگایان بۆ کردینه‌وه‌ و به‌ نێوان ستوونه‌که‌ دا تێپه‌ڕین و درێژه‌مان به‌ رێگا دا، نزیکه‌ی سێ سه‌عاتێک روویشتین، به‌ناو ده‌یان دۆڵ و چه‌ندین چۆم دا تێ په‌ڕین و به‌رپرسان هه‌ر هاواریان ئه‌کرد که‌ ئاو نه‌خوه‌نه‌وه‌ ئاوه‌که‌ ” مه‌سموومه‌” به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی ماندووی تینووی هێز لێبڕاو که‌ی گوێ له‌م هاوارانه‌ ئه‌گرت! چه‌ندین که‌سم بینین مشتیان پڕ ده‌کرده‌ ئاوو و دوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌یانوت ئاو چۆن ” مه‌سمووم ئه‌وێ”.

یۆست هەلتەرمان بەمشێوەیە ئەو گەشتە سەختەی دیموكراتەكان دەگێڕێتەوە لو ڕۆژە ڕەشە پڕ لە خیانەتەدا (( كوردە ئێرانییەكان دوو ڕۆژ شەڕیانكرد لەگەڵ ئەوانەی پەلاماریان دان و تەنها 3 پیاویان لە دەستدا و دوا جار بەرەو خورماڵ پاشە كشەیانكرد, لەوێوە مەفرەزەیەكی ینك كەوتنە تەك جەنگاوەرەكان و خێزانەكانیان بۆ پارێزگارییان لە گەشتێكی مەترسیداردا وماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە بوون تەنها بە شەو ڕێیان دەكرد, بە درێژایی زنجیرە شاخ و بە دەوروپشتی ڕەبایەی تازە دامەزراوی ئێراندا و بەسەر هێڵی بەرەدا , لە نزیك شارۆچكەی سەید سادقەوە, گوزەركردن بە ناوچەكەدا زۆر سەخت و دژوار بوو, چونكە بە خەستی مینڕێژ كرابوو.

پێشمەرگەكانی ینك بەو هۆیەوە كە چەند ساڵ بوو نەچوبوونە ئەو ناوچەیە, شارەزای ئەو شوێنانە نەبوون كە مەترسیدار بوو, هەر چۆنێك بوو سێ جەنگاوەری حدكا بە مین بریندار بوون لە كاتی كشانەوەیاندا, بەڵام پێش ئەوەی بپەڕنەوە بۆ بەری عێراق , بە بێتەل سەركردەكانی خۆیان لە بۆلێ, بە چیای قەندیلەوە, ئاگادار كرد و داوایان لە سەركردەكانیان كرد بە فەرماندەكانی عێراق بڵێن لە سەید سادق لە كاتی تێپەڕینی ئەماندا تەقە نەكەن –كارێكی ژەهراوی ,یۆست هلتەرمان ,كۆمپانیای ئاوێنە,ل256 )).
ئەم هاوكارییانە بۆ پێشمەرگەكانی حدكا جێگای پێشوازی سەركردایەتی یەكێتی نەبووە, تەنها دەسپێشخەری دڵسۆزانە بووە,بۆیە پێی ناچێت هەڵوێستی حیزبی بووبێت , ئەگەر لەكاتێكدا ئەم وتانەی كاك شەوكەت دوور بێت لە تاكتیكی دیبلۆماسیەتەوە ((یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر یارمەتیدەر بوو بۆ حدكا و شەوكەت سەرزەنشتكرا لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە ڕزگار كردنیاندا گێڕای و لە كەدار بونی پەیوەندی دواتری لەگەڵ ئێرانییەكاندا –كارێكی ژەهراوی ل256 )). هاوكات بەهۆی هاوكاری كوردەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ ماوەیەك حەمە سیاسی و حامیدی حاجی غالی لە ئێرانییەكان قاچاغ دەبن وەك خۆیان دەڵێن, وەلێ لەو رۆژانە كاك حامید سەفەری ئێران دەكات بۆ هێنانی كۆسرەو مەكینەی كارەبا.




ڕۆشنبیره‌ خاوه‌ن ته‌ریقه‌ته‌كان! … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن

دوو جۆر هه‌ژاریى هه‌ن: یه‌كێكیان له‌ ناوه‌وه‌مانه‌ و ئه‌وه‌ى تریشیان له‌ ده‌ره‌وه‌. دوو جۆره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیش هه‌ن: یه‌كێكیان له‌ ناوه‌وه‌ و ئه‌وه‌كه‌ى تریان له‌ ده‌ره‌وه‌. هاوكێشه‌كه‌ له‌و خاڵه‌دا هاوسه‌نگیى له‌ ده‌ستداوه‌، كاتێ ئه‌وانه‌ى له‌ ناوه‌وه‌ هه‌ژارن سواڵ له‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ژارن سواڵ له‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ دەره‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن.
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر سواڵى ڕۆشنبیریى به‌رده‌وام بێ و هه‌رده‌م چاوى له‌ده‌م و ده‌ست و قه‌ڵه‌مى كۆمه‌ڵێك خوێنده‌وار بێ له‌ مێشكى بئاخنن، هه‌رگیز ناچێته‌ خانه‌ى خوێنه‌ر و فێرخوازى جیددییه‌وه‌، خوێنه‌رى ڕه‌سه‌ن ئامانجى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیشى په‌یوه‌ستن به‌و ئازادیى و سه‌ربه‌خۆییه‌ى ڕۆشنبیریى ده‌بوایه‌ یا ده‌بێ بۆى فه‌راهه‌م بكا یا كردبێ.

ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌میشه‌ چاودێریى قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز و كتێبى جۆره‌ نووسه‌رێكن ناوه‌ ناوه‌ تیژیان كه‌نه‌وه‌، كه‌سانى بیركه‌ره‌وه‌ نین و خاوه‌نى دید و ڕوانینى خۆیان نین نه‌ بۆ ژیان و نه‌ بۆ ده‌ربازكردنى ساته‌وه‌خته‌كانى ڕۆژانه‌ى خۆیان. ئه‌وان له‌و سواڵكه‌رانه‌ جیا نین كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان یا شوێنه‌ گشتى و تایبه‌تییه‌كان ده‌ست له‌به‌ر خه‌ڵك پان ده‌كه‌نه‌وه‌. چون خوێندنه‌وه‌ و كرده‌ى خۆ ڕۆشنبیركردن كرده‌كانى به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردن كه‌ خێزان و ئۆرگانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى دیكه‌ پێیهه‌ڵده‌ستن به‌هێز ده‌كات و ده‌یانخاته‌ سه‌ر ڕاسته‌ هێڵى ئه‌و چالاكییانه‌ى سه‌ره‌نجام به‌رهه‌م له‌ بیركردنه‌وه‌ و هزرین وه‌ده‌ست دێنن.

ئه‌وانه‌ هه‌رگیز ناگه‌نه‌ ئاستێكى به‌رز له‌ ڕۆشنبیریى كه‌ وه‌ك ده‌روێش له‌ ده‌ورى شێخه‌كانى ته‌ریقه‌تى جۆره‌ ڕۆشنبیرییه‌كى عابدانه‌ بخولێنه‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ زیكر و فیكرى ئه‌واندا بن و بێ ئه‌وان هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر هه‌رچى ڕووداو هه‌یه‌ له‌ ژیانى تایبه‌تى و گشتى خۆیان پێ وه‌رنه‌گیرێ.

له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خاوه‌ن ته‌ریقه‌تانه‌ هه‌رگیز له‌وه‌ قه‌ڵس نابن خوێنه‌رانیان تادێ پیرۆزیان ده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ نێو سرووت و كه‌شى ده‌روێشانه‌وه‌، جارێك هه‌ڵوێستێكى كرده‌یى به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕه‌فتاره‌ نا ڕۆشنبیریانه‌ى خوێنه‌رانیان وه‌رناگرن و به‌ نووسین بێ یا به‌ گوتار یا به‌ خوتبه‌یه‌ك ناپیرۆزیى خۆیان بۆ ئه‌وان ئاشكرا بكه‌ن و تێیان بگه‌یه‌نن كه‌ ڕۆشنبیرى جیددى ئه‌و كه‌سه‌یه‌ هه‌روه‌ك (ڕیتشارد ڕۆڕتى) ده‌یووت یه‌كه‌م ئیشى داماڵینى پیرۆزى و قه‌داسه‌ته‌ له‌ مرۆڤ و هێنانه‌وه‌یه‌تى بۆ ئاسته‌ ئاساییه‌ ئینسانییه‌كه‌ى خۆى.

ڕۆشنبیرانى خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت له‌ نێو ئێمه‌دا هه‌روه‌ك كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ ناسیونالیستییه‌كان و پیاوانى ته‌كییه‌ و خانه‌قاكان چوونه‌ته‌ زه‌ین و یاده‌وه‌ریى خوێنه‌رانه‌وه‌ و وه‌ك ئه‌وان به‌شان و باڵیان دا هه‌ڵده‌درێ و لێیان گرد ده‌بنه‌وه‌ و خواخواى ئه‌وه‌یانه‌ خوتبه‌یه‌ك یا وه‌عزێكیان بۆ دادەن!!.

ڕۆشنبیرانى خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت به‌م ڕه‌فتاره‌ ده‌روێشیانه‌ى خوێنه‌ر و هه‌وادارانیان كه‌وتوونه‌ته‌ نه‌شئه‌یه‌كى عوسابیانه‌وه‌ و خۆیان لێبۆته‌ ئایه‌توڵاهولعوزما یا ده‌لایلاما یا به‌تریاركێك و له‌ دووره‌وه‌ پڕشنگى نوورانى خۆیانیان به‌ شێوه‌ى جیاجیا بۆ په‌خش ده‌كه‌ن.

كه‌ى ڕۆشنبیر یا بیرمه‌ند یا هه‌ر كه‌سێكى نێو كایه‌ى فه‌رهه‌نگ و هزر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ ده‌نگى حه‌شد و عه‌وام خه‌نى بكات و بیخاته‌ حاڵى زیكر و ته‌هلیله‌وه‌؟، ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ (كاڕڵ یۆنگ) پێمان ده‌ڵێ هه‌میشه‌ گۆنگه‌ڵ و حه‌شد زه‌مینه‌ى سه‌ره‌كى په‌تا ده‌روونییه‌كانن؟ لۆبۆن و فڕۆیدیش ده‌یانووت: تاك له‌ گۆنگه‌ڵدا وه‌ك خۆى ڕه‌فتار ناكات و دواى ڕه‌فتارى گشتى ده‌كه‌وێ، شیله‌ر و كێركیگۆر و هایدگه‌ریش ئه‌و جۆره‌ عه‌وامگه‌رییه‌یان پێ ونبوون و نامۆبوون بوو؟.

خوێنەری دەروێش ئەو تاکە ونانەن کە دواتر وەک مەڕ و ماڵات دەکەونە دوا ڕۆشنبیران و وەک سیاسییەکان دکتاتۆریان لێ درووست دەکەن.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرانى شوناسى ڕۆشنبیریى به‌رانبه‌ر هه‌ڵوێستى عه‌وام و گۆنگه‌لّى خوێنه‌ره‌ مه‌سته‌كان له‌ پیرۆزكردن و په‌یكه‌ر بۆدرووستكردنیان به‌ده‌نگ نه‌یه‌ن و ئه‌و جۆره‌ ده‌روێشییه‌ نه‌كه‌ن به‌ بابه‌تێكى ڕۆشنبیرى و له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌نووسن و لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وا جگه‌ له‌ هه‌ڵگرى ئیجازه‌ى ته‌ریقه‌ت چیدى نین و ئه‌وه‌مان بۆ زیاتر ده‌چه‌سپێ كه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ گرێى ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌ و كه‌ پێشى گه‌یشتن ئیدى (خه‌م و خه‌ونى ڕۆشنبیری)یان نامێنێ و وه‌ك ئه‌و سیاسیانه‌یان لێدێ كه‌ گرێى ڕۆشنبیرییان هه‌بوو و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌رزه‌ ڕۆشنبیرانه‌ له‌ دانوستانى به‌رده‌وام دابوون.




(خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان یان كۆپیكردنه‌وه‌ی وتاری نووسه‌رانی تر؟) … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

  

یه‌كێك له‌سیمادیاره‌كانی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌گشتی و ڕۆمانیش وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌تی،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌كرێ له‌ كڵاوه‌ڕۆژنه‌ی جیاوازه‌وه‌وهه‌رخوێنه‌رێك به‌پێی دنیابینی و ئاستی چێژوه‌رگرتنی له‌ ده‌قه‌كه‌، بیخوێنێته‌وه‌.به‌تایبه‌تیش كه‌هه‌ندێك ڕۆمان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆرلای خوێنه‌ران جێگه‌ی چێژوخوێنه‌وه‌ن.بێگومان تائێره‌ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌و ده‌بێ ڕه‌خنه‌ بكرێت و ڕه‌تبكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌سانێك كاوێژی نووسینی نووسه‌رانی تر بكه‌نه‌وه‌ به‌هه‌ندێك ئارایشتی ساده‌وه‌ كه‌ڕه‌هه‌نده‌ مانایه‌كه‌ی ناشارێته‌وه‌.یاخود بیرۆكه‌و ده‌سته‌واژه‌و ده‌ربڕینه‌كان، به‌هه‌ندێك ده‌ستكارییه‌وه‌ وه‌ربگرێت و بوێری ئه‌وه‌شی هه‌بێت ناوی لێبنێت خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان، یان لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی.كه‌به‌داخه‌وه‌ خه‌ریكه‌ وه‌كو شیعرهیچ سه‌نگ و به‌هایه‌كی مه‌عریفی و ڕه‌خنه‌یی نامێنێت، چونكه‌ كه‌سانێك به‌ پاشخانێكی لاوه‌زه‌وه‌و له‌په‌راوێزی هه‌ندێك وتاری ساده‌و ساكاره‌وه‌، به‌ناوی ڵێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، وتار ده‌نووسن.ڕۆمانی له‌مه‌ككه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانه‌ دیارانه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر بڵاوبووه‌وه‌.

كه‌ڕۆمانێكی سه‌رنج ڕاكێشه‌و به‌شێكی زۆری خوێنه‌رانیش خوێندوویه‌تیانه‌وه‌، كه‌هه‌ندێكییان له‌باره‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه‌، وتاریشیان نووسیوه‌. له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ش وه‌كو خوێنه‌رێك له‌ژماره‌(1144ی ڕۆژی 9-10-2018)وتارێكمان به‌ناوی(حه‌جكردنێك به‌خه‌یاڵ له‌ڕۆمانی له‌مه‌ككه‌) له‌ هه‌فته‌نامه‌ی(ڕێگای كوردستان) بڵاوكرده‌وه‌. به‌ڵام دوای چه‌ند مانگێك له‌ پاشكۆی (ئه‌ده‌ب و كلتووری) هه‌فته‌نامه‌ی ڕووداو ژماره‌(108له‌ 11-3-2019) وتارێكی (بۆتان له‌تیف) ناوێكمان بینی، كه‌به‌ناوی خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانه‌كه‌ نووسیویه‌تی. كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌و وتاره‌م خوێنده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ستم به‌وه‌كردكه‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره‌، ده‌ق له‌و وتاره‌ی پێشووتری من وه‌رگیراوه‌، به‌هه‌ندێك ده‌ستكارییه‌وه‌.به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا، له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌به‌رزۆری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و زۆربوونی كۆلكه‌ نووسه‌ر،به‌لێشاو نووسین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵسه‌نگاندن وسانسۆرو ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت.ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێنێت كه‌ئه‌گه‌ر كه‌سانێك(به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ له‌خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كانی ئه‌ده‌ب وكلتوور) دزی ئه‌ده‌بیش بكه‌ن، یاخود كاوێژو كۆپی نووسینی نووسه‌رانی تر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا بۆیان ده‌لوێت و ده‌چێته‌ سه‌ر. چونكه‌ له‌نێو نێوه‌ندێكی گه‌ڕه‌لاوژێی نووسینی له‌و شێوه‌یه‌دا، كێ به‌ پێویست ده‌زانێت له‌سه‌ر وتاره‌كان بوه‌ستێت و به‌راوردی یه‌كتریان بكات.یاخود به‌دوای سه‌رچاوه‌ ئۆرگیناڵه‌كه‌ی دابگه‌رێت. ناكرێ كه‌سانێك نووسینی كه‌سانی دیكه‌ كاوێژبكه‌نه‌وه‌، له‌په‌راوێزی ئه‌مه‌شه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن ببنه‌ نووسه‌ر. بێگومان ده‌بێ دڵنیا بن كه‌به‌و ڕێگه‌یه‌ نابنه‌ نووسه‌رو پێویست به‌وه‌ ناكات خۆیان ماندووبكه‌ن.ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ق بیسه‌لمێنین كه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌، وتارێكی ئێمه‌ی كۆپیكردۆته‌وه‌،ده‌قی په‌ڕه‌گرافه‌كان وده‌ربڕینه‌كان ده‌نووسینه‌وه‌،ئیدی دادوه‌ری بۆخوێنه‌رانی ئه‌و هه‌فته‌نامه‌ سه‌نگینه‌ جێدێڵین.

من له‌وتاره‌كه‌مدا كه‌له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ی كردووه‌ نووسیومه‌:(بۆیه‌ ژنه‌كه‌ی و مه‌حبوبه‌ی خوشكی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌شابانووی دایكی هه‌راسان نه‌كه‌ن وڕه‌چاوی باری سایكۆلۆژی و هزری بكه‌ن) بۆتانیش له‌وتاره‌كه‌ی خۆیدا كه‌له‌ ئه‌ده‌ب و كلتوور بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌نووسێت:(بۆیه‌ داوا له‌خێزانی و خوشكی ده‌كات به‌پێی هه‌ستی دایكیان بجوڵێنه‌وه‌و بێزاری نه‌كه‌ن). من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:(دایكی تووشی نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فان بووه‌ بۆیه‌ بۆ ئه‌وسه‌خته‌ كه‌شه‌ش سه‌عات به‌فڕۆكه‌ گه‌شت بكات و بچێته‌ لای كوڕه‌كه‌ی له‌هۆڵه‌ندا).كه‌چی بۆتان له‌وتاره‌كه‌یدا ئه‌مه‌ی نووسیوه‌:(دایكی پیرو كه‌نه‌فت بووه‌ توانای بڕینی ڕێگای دووری نییه‌ تاكو بچێته‌ ئه‌مستردام).من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:(بۆیه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕێكه‌وتی ڕۆژی مردنی شێخ زایده‌و هه‌زاران كه‌س له‌ژن وپیاو به‌جل و به‌رگێكی سپی تایبه‌ته‌وه‌ دێنه‌ ناو مزگه‌وتی شێخ زایده‌وه‌). بۆتانیش له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:(وارێكده‌كه‌وێت ساڵیادی كۆچی شێخ زایدیش ده‌بێت،خه‌ڵكێكی زۆر له‌گه‌شتیارو شوێنكه‌وتووئاپۆڕای خه‌ڵك به‌جلی سپی دێنه‌ مزگه‌وت).

من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:( كه‌دایكی به‌و پۆشاكه‌ سپییه‌وه‌ له‌ مزگه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ واهه‌ست ده‌كات حه‌جی كردووه‌). بۆتانیش له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:(ئیدی له‌خه‌یاڵ وبوخچه‌ی دایكه‌ شابانووئێره‌مه‌ككه‌یه‌).من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:(به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دایكی تووشی نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فان بووه‌). بۆتانیش له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:(دایكییان تووشی نه‌خۆشی له‌بیر چوونه‌وه‌و خڵه‌فان بووه‌).ته‌نانه‌ت وشه‌ی خه‌ڵه‌فانیشی به‌هه‌ڵه‌ نووسیوه‌. من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:(تاڕۆژێكییان به‌ڕێكه‌وت دایكی له‌په‌نجه‌ره‌ی هوتێله‌كه‌وه‌ سه‌یری بیابان ده‌كات و مه‌ككه‌ی به‌خه‌یاڵ دادێت). ئه‌ویش له‌وتاره‌كه‌ی خۆیدا كه‌له‌ئه‌ده‌ب و كلتوور بڵاوبۆته‌وه‌ نووسیویه‌تی:(دایكی له‌ هوتێل له‌په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌یڕوانیه‌ بیابان و وێنای مه‌ككه‌ی ده‌كرد).من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌(چێژم له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وڕۆمانه‌ بینی هه‌رچه‌نده‌ ڕۆمانێكی ساده‌و ساكاریشه‌). بۆتانیش له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:(به‌گشتی ڕۆمانێكی خۆش و به‌تام و چێژه‌به‌زمانێكی ساده‌و ڕه‌وان نووسراوه‌).

من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:( ڕۆماننووس باس له‌ ململانێی ئێران و وڵاتانی كه‌نداوده‌كات).بۆتانیش نووسیویه‌تی:(ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی ململانێی فارس و عه‌ره‌به‌).من له‌وتاره‌كه‌مدا نووسیومه‌:(خوێنه‌ر كه‌ڕۆمانه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ واهه‌ست ده‌كات به‌كوردی نووسراوه‌).ئه‌ویش له‌وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:_(به‌زمانێكی كوردی جوان نووسراوه‌). بێگومان زۆرده‌ربڕینی دیكه‌ش ماون كه‌ ئێمه‌ ئاماژه‌یان پێ ناده‌ین و هیوادارم خوێنه‌ران خۆیان هه‌ردوو وتاره‌كه‌ بخوێنه‌وه‌وبه‌راوردی یه‌كتریان بكه‌ن. دواجارده‌ڵێم مه‌به‌ستمان له‌ نووسینی ئه‌م به‌دواداچوونه‌،شكانه‌وه‌وڕووشاندنی هیچ كه‌سێك نییه‌. به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌، ناكرێ كه‌سانێك له‌سه‌رهه‌وڵی خوێنه‌وه‌ی كه‌سانی تربۆ ڕۆمان یان هه‌رژانرێكی دیكه‌،خوێنه‌وه‌ی دیكه‌ بكه‌ن و به‌ناوی خۆشیان بڵاویبكه‌نه‌وه‌. من ئه‌م وتاره‌م (پێنچ مانگ و دووڕۆژ) به‌رله‌وتاره‌كه‌ی بۆتان له‌تیف نووسیوه‌.ڕه‌نگه‌ ئه‌و وتاره‌كه‌ی منی له‌هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان نه‌بینیبێ،به‌ڵام دڵنیام كه‌له‌ماڵپه‌ڕی (ده‌نگه‌كان) كه‌ماڵپه‌ڕێكی ئه‌ده‌بییه‌، وتاره‌كه‌می بینیوه‌. چونكه‌خۆشی له‌وماڵپه‌ڕه‌ هه‌ندێك جار وتاروهه‌ندێ جاریش قسه‌ی ساده‌و ساكاربه‌ناوی ده‌قی شیعری بڵاوده‌كاته‌وه‌هه‌ركه‌سێك گومانی له‌و بۆچوونه‌ی من هه‌یه‌ ده‌توانێ بچێت هه‌ردوو وتاره‌كه‌ ببینێت. ئامۆژگاریشم بۆ ئه‌ده‌ب و كلتوور ئه‌وه‌یه‌، بابه‌تی كۆپیكراوی نووسه‌رانی ترله‌ ژێر هیچ پاساوێك بڵاو نه‌كاته‌وه‌….

*تێبینی/ ئه‌م به‌دواداچوونه‌ وه‌ك نه‌ریتێكی نووسین، بۆ ئه‌ده‌ب و كلتووری ڕووداو نێردراوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بڵاوینه‌كرده‌وه‌.كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م كه‌سانی ترزیاترده‌ره‌خسێنێ كۆپی وتاری نووسه‌رانی تر بكه‌ن….




نامه‌كانی ئیشق هه‌موو به‌یانییه‌ك … سه‌ردار جاف

2 – هه‌موو به‌یانییه‌ك ئینجانه‌یه‌ك خه‌ونی په‌مه‌یی به‌ دیاری له‌ گه‌ڵ ده‌ستی خۆما دێنم، شه‌ن و كه‌وی خه‌ونم به‌، چه‌پك چه‌پك هیواكانمان باڵا پێ بكه‌، به‌ری ڕه‌نج و ماندوێتی ئیشق بدوورینه‌وه‌، هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بمه‌ شوانێكی بێ ده‌ره‌تانی گوندێكی نیشتیمان تا په‌نجه‌كانی شه‌نگه‌بێریم بۆ مه‌ڕ دۆشینێ سه‌ره‌ ڕێی نیوه‌ڕوانی ئیشقم لێ بگری، لێوه‌كانم ته‌ته‌ڵه‌ بكه‌ن ببنه‌ پریاسكه‌ی شه‌ونم و به‌ سه‌ر كوڵمه‌ تونده‌كانتا داچۆڕێن، چه‌شنی گه‌ڵا و په‌ڕی گوڵه‌كانی سپێدان ته‌ڕ ته‌ڕ و بۆندار بن.
هه‌موو به‌یانییه‌ك ژنێك له‌ خه‌وی غه‌فڵه‌تیم وه‌ئاگا دێنێته‌وه‌، هێنده‌یش لێم دووره‌ ماچه‌كانی به‌ غیابیش ناگه‌نه‌ رۆخی ده‌ریای هیشكه‌وه‌ بووی لێوه‌كانم ، له‌ ته‌ك بوخچه‌یه‌ك خۆرا سه‌ما بۆ تیشكی چاوه‌كانی ده‌كه‌م ، ئه‌و ده‌مانه‌ گوڵیش هه‌ڵپه‌ڕكێ داده‌به‌ستێ دره‌ختیش چه‌پڵه‌ ده‌ژه‌نێ، ئه‌زیش گوێ گری ئاواز و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی سبه‌ینان و شه‌وان و گشت ساتێكی ده‌بم .
به‌یانیت خه‌رمانێ جوانی گوڵه‌كه‌م ، له‌ گوڵ گوڵتر .
3 – له‌ سه‌ر ژێی میلۆدی دڵما ئه‌م به‌یانیه‌ ژنێك له‌ باڵی فریشته‌ ، شۆخێ جوانتر له‌ گوڵ به‌ سه‌ر لقی نیگاكانمه‌وه‌ ڕۆنیشتووه‌ و ده‌نگی به‌ سۆزیم بۆ ده‌كاته‌ گۆرانی بۆ دوو سبه‌ی تا به‌ هه‌سته‌كانمی بفرۆشێته‌وه‌، ده‌رای جوان و ڕنگ شینی بۆ هه‌سته‌كانم هه‌ڵخستووه‌، گوڵه‌باغ ملی بۆ كه‌چ ده‌كا و ئاونگ بریسكه‌ی بۆ ڕاده‌گرێ، به‌یانیه‌كه‌ ته‌نها ده‌نگی ئه‌و ژنه‌ شۆخه‌ جوانی كردووه‌، ده‌رگاكه‌ت بكه‌وه‌ با تێَر تێر بۆنی هه‌ناسه‌ی ماڵه‌كه‌ت بكه‌م، رۆحم له‌ ئۆغری شاره‌ پڕ به‌فرینه‌كه‌ت بێ و له‌ سه‌ر بالكۆنی داڵه‌نه‌كه‌تا ڕۆ بنیشێ و گۆرانی ده‌ردی ئیشقت بۆ بچڕێ و به‌ چرپه‌یه‌ك بڵێ ……
شه‌و خه‌وم نایه‌ له‌ به‌ر خێڵی خه‌یاڵی خاوی تۆ
تا سه‌حه‌ر مه‌ستم به‌ یادی جووتێ لیمۆی كاڵی تۆ
به‌ یانیت جوان گوڵه‌كه‌م ، له‌ گوڵ گوڵتر …..

ئه‌ڵمانیا
18 / 2 / 2019




بزووتنه‌وه‌ی شورایی وبزووتته‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆمدا … سه‌ردار عه‌بدولا حه‌مه‌

پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی ٨ی مارسدا له‌ ناو زیندانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ئازاد كرام وبه‌خێزان وهاوڕێ ودۆسته‌كانم شاد بومه‌وه‌ . ڕووم كرده‌ وه‌ چالاكی نواندن له‌ شوراكاندا ، ،سه‌ردانی شورای شیخ محی الدین وسه‌رشه‌قام وكانیسكانم كرد زۆربه‌ی هاورێكانی خۆم دۆزیه‌وه‌ كه‌ پێشتر ده‌مناسین . یادی هه‌ڵه‌جه‌ له‌ ١٦ی مارسدا كرایه‌وه‌ به‌ڕێپێو‌ان ده‌ستی پێ كرد كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ شوراكانی گه‌ڕه‌ك وكارگه‌كانه‌وه‌ ڕوویان ده‌كرده‌ به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی له‌وێ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌ك دانرا بۆ مه‌راسیمه‌كه ‌له‌ نێو به‌رناماكه‌دا له‌ لایه‌ن چه‌ند هاورێیه‌كی زیندانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ولیژنه ی‌ مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ من دیاری كرام ووته‌یه‌ك به‌ ناوی سه‌رجه‌م زیندانه‌ سیاسیه‌ئازادبووه‌كانه‌ وه‌ پێشكه‌ش بكه‌م له‌ ووته‌كه‌مدا وێرای سوپاس و ستایشی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوم كرد كه‌ ده‌رگای زیندانیان له‌ ئێمه‌ كرده‌وه‌ ووه‌ ووتم خه‌ڵكی شۆڕشگێر هه‌ر كات ئیراده‌ی یه‌كگرتوانه‌یان هاته‌ مه‌یدان هیچ هێزیه‌ك به‌رگه‌ی ناگرێ پێشتریش شۆڕشگێران له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسادا توانیان ده‌رگای زیندانی باستیل بشكێنن و زیندانیه‌كانئازاد بكه‌ن ..هتد. شایانی ووتنه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها یاد كرده‌نه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌و ساڵه‌دا بزووته‌نه‌وه‌ی كوردایه‌تی وبه‌ره‌ی كوردستانی به‌ره‌سمی ئه‌و یاده‌یان نه‌كرده‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ هێزی جه‌ماوه‌ریان نه‌بوو وه‌ك شوراكان .

ڕۆژانی دواتردرێژه‌م دا به‌ كارو چالاكیم له‌ شورای گه‌ڕه‌كی كانیسكان كه‌بنكه‌كه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی كانیسكانی سه‌ره‌تایی بوو له‌سه‌ر جاده‌ی كانیسكان خوار فولكه‌ی ئاسكه‌كان .بڵند گۆیه‌ك دانرابووله‌ سه‌ربانی بنكه‌ بۆ بانگه‌واز وسرووده‌ كرێكاریه‌كان وشیعری شۆڕشگێڕانه‌ . له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌م بنكه‌یه‌ باره‌گایه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیشهه‌بوو به‌ڵام خه‌ڵك ڕووی له‌ ئه‌وان نه‌ ده‌كرد زیاتر ڕوویان له‌ بنكه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌كرد وه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك گوێیان له‌ ئێمه‌ ده‌گرت ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاگاداری وبانگه‌وازیان هه‌بوایه‌ به‌ ئێمه‌یان ده‌ووت ئه‌و ه‌مان بۆ بخوێننه‌وه‌ له‌ بڵندگۆكه‌ی خۆتانه‌وه‌ ئێمه‌ش یاره‌ماتیمان ده‌دان له‌و بارانه‌وه‌ .

دواتر من پێشنیاری كوۆبونه‌وه‌ی گشتیم كرد بۆ خه‌ڵكیگه‌ڕه‌ك ، بانگه‌وازه‌كه‌مان له‌ بڵند گۆوه‌ خوێنده‌وه‌ بۆ ڕۆژی دواتر خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك به‌ ژن وپیاو و به‌ ‌گه‌نجیانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت مه‌لای مزگه‌وتی بن ته‌به‌قیش هاتن وبه‌شداریان كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتیه‌كه‌دا . كۆبونه‌كه‌مان له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌ كرد مێز وكورسی پۆله‌كانمان دانابوو بۆ دانیشتن، پاش ئه‌وه‌ی خۆم ناساند وه‌ك یه‌كه‌م قسه‌كه‌ریكۆبونه‌وه‌كه‌ هات‌مه‌ سه‌ر باسی شورا چیه‌؟ ئامانجی چیه‌؟ باسی ئه‌وه‌م كرد شورا بۆ به‌ڕێوه‌یبردنی كۆمه‌ڵگایه‌ و سیسته‌مێكی دیمكراسی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكه‌ ونوێنه‌ران له‌ كۆبونه‌وه‌ گشتیه‌كاندا هه‌ڵده‌بژێردرێن وهه‌ركات باش نه‌بووون كۆبونه‌وه‌ی گشتی ئایینده‌ ده‌نگیان پێ نادرێ .له‌ پاش قسه‌كانی من مه‌لای گه‌ڕه‌ك هات و ووتی شورا شتێكیزۆر باشه‌ وخواش له‌ قورئاندا باسی كردووه‌ بۆیه‌ ده‌بێ پشتیوانی لێ بكه‌ین ،ده‌نگدان ده‌ستی پێ كرد له‌ ١١ كاندید ٧ كه‌س هه‌ڵبژێردران وخۆم ثێكرای ده‌نگه‌كانم به‌ ده‌ست هێنا دوای ده‌نگه‌كان سوپاسی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كم كرد وكه‌مێك باسی به‌رنامه‌ی شورام به‌ ڕونتر كرد باسی یه‌كسانی ژن و پیاوم كرد باسی مافی ته‌ڵاقم كرد كه‌ نابێ ته‌نهاپیاو ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت ده‌بێ ژنیش خاوه‌ن ئه‌و مافه‌ بێت ، له‌ كاتی ئه‌م قسانه‌مدا مه‌لاو دوو پیاوی تر كۆبوونه‌وه‌كه‌یان جێ هێشت چونكه‌ زانیان ئه‌مه‌ ئه‌و شورایه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌وان لێی تێ گه‌یشتوون . دواتر كۆتایمان به‌ كۆبوونه‌نوه‌ گشتیه‌كه‌ هێنا ،.

ڕۆژانه‌ خه‌ڵك زیاتر ڕووی تێ ده‌كردین وه‌ك تاكه‌ هێزێكی جه‌ماوه‌ری گه‌ڕه‌ك بووین چه‌ندین گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكمان چاره‌سه‌ر كرد .چه‌ند ڕۆژ دواتر به‌ره‌ی كوردستانی به‌یانێكیان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ شوراكان داخرێن به‌یانه‌مه‌یان له‌ دیواری بنكه‌كه‌ی ئێمه‌یش هه‌ڵواسی وچه‌ند چه‌كدارێكی یه‌كێتی به‌ ئێمه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ده‌بێ وازله‌ شورا بێنین ئێمه‌یش پێمان ووتن شورا به‌رده‌وام ده‌بێ ئێوه‌ ئه‌و مافه‌تان نیه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن شورا داخه‌ن به‌یانه‌ماكه‌مان لێ كرده‌وه‌ وبه‌رده‌وام بووین له‌ سه‌ر كاری خۆمان .

ڕۆژی دواتر خه‌ڵكێكی زۆر له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ئاواره‌ی سلێمانی بوون به‌هۆی هێرشی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك وناوچه‌كانیانی داگیر كردبووه‌ وه‌، ئیتر كاری شورابوو به‌ كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م ئاوارانه‌ ژه‌مه‌كانی خواردن وجلو به‌رگ وپێداویستیكان له‌ خه‌لكی گه‌ڕه‌ك وه‌ر ده‌گرت و ده‌مانگه‌یانده‌ ئه‌وان (بۆ زانین ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ ده‌مان كرد بۆ ئاواره‌كان به‌ره‌ی كورادیه‌تی نه‌ی ده‌كرد بۆیان ). كه‌چی به‌ره‌ی كوردستانی سوور بوون له‌ سه‌ر داخستنی شوراكان تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ ووتووێژ ڕاگه‌یانراله‌ نێوان وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتی و وه‌فدیكی باڵای شورا له‌و بنكه‌ی ئێمه‌ كۆبونه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بیرم بێت خه‌سره‌ وسایه‌ له‌ وه‌فده‌كه‌ی شورا بوو ، شورا ته‌سلیم به‌ داواكه‌ی یه‌كێتی نه‌بوو هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند بنكه‌یه‌ داخران بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ڕوو نه‌دا به‌ڵام ئێمه‌ بنه‌كه‌كه‌مان دانه‌خست . دوای چه‌ند ڕۆژێك ده‌نگۆی ئه‌وه‌هات كه‌ ڕژێم هێرشی هێناوه‌ وگه‌یشتوه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ هێزێكی چه‌كداری شوراكان به‌ره‌و بازیان به‌ڕی كه‌وتن كه‌ به‌ پاسێكی ڕیم خۆیان گه‌یانده‌ ده‌ربه‌ندی بازیان بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ی به‌عس ئه‌و كاته‌ خه‌ڵك پێ ی وابوو هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیش ده‌چن بۆ شه‌ڕ كردن له‌ گه‌ڵ سوپاكه‌ی به‌عسدا كه‌چی وا ده‌رنه‌چوو ته‌نهاهێزه‌كه‌ی شورا چوو بوو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بینیمان پێشمه‌رگه‌ و مه‌سوله‌كان له‌ پێش خه‌لك كه‌وتوون به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار ڕووه‌و ئه‌زمه‌ڕو عه‌ربه‌ت ده‌ڕۆن تومه‌ز بڕیاری پاشه‌كشه‌یان داوه‌ . هێشتا تاریك نه‌بوو بوو ئێمه‌ وه‌ك شورای كانیسكان بازگه‌مان له‌ به‌رده‌م بنكه‌ وله‌سه‌ر جاده‌ی كانیسكان دانا خه‌لكێكی زۆر به‌ئۆتۆمبیل به‌ پیاده‌ به‌ڕێكه‌ووتبون بۆ ده‌رچون بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار ئێمه‌یش هه‌ر كه‌س گومانمان لێ بكردایه‌ داوای هه‌ویه‌و ئه‌حوال مه‌ده‌نی جنسیه‌مان لێ‌ ده‌كردن له‌وانه‌ چه‌ندین به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بوون پێمان ده‌ووتن كاكه‌ ئێوه‌ بۆ كوێ ئه‌چن ؟ده‌یان ووت فه‌رمانمان پێ كراوه‌ شه‌ڕ نه‌كه‌ین له گه‌ڵ‌ حكومه‌ت كه‌ زۆر ی پێ ده‌چوو به‌ ڕێكه‌وتنسه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌م بڕیاره‌ی پاشه‌كشه‌ی دابێت . هه‌رچه‌ند پێمان ده‌ووتن كاكه‌ مه‌ڕۆن با شار ته‌سلیمی به‌عس نه‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌یانووت نه‌خێر ناتوانین بمێنینه‌وه‌ بۆ شه‌ر كردن فه‌رمانمان پێ نیه‌ ووتمان باشه‌ چه‌كاكانتان بده‌ن به‌ ئێمه‌ چونكه‌ ئێمه‌ شار ته‌سلیم ناكه‌ین.

شه‌و به‌ سه‌رداهات وهه‌واڵ گه‌یشته‌ لامان سوپای حكومه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ربه‌ندی بازیان وهێزه‌كه‌ی شوراش له‌ بازیان شكستی هێناوه‌ چونكه‌ هێزه‌كه‌ زۆر كه‌م بوو له‌ به‌رانبه‌ر سوپاكه‌ی حكومه‌ت كه‌ به‌ده‌یان ده‌بابه‌و ومودره‌عه‌و ته‌یاره‌ی سه‌متی به‌شدار بوو تێدا به‌داخه‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا نزیك به‌ ده‌ كه‌س له‌ هێزه‌ چه‌كداریه‌كه‌ی شوراكانگیانیان به‌خت كرد ئه‌وه‌ی له‌ بیرم بێت ناوی نه‌وزاد وشوان له‌ ڕیزی گیانبه‌ختكرداوندا بووو. به‌ بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ جگه‌ له‌وه‌ ی زۆر خه‌مبار ونیگه‌ران بووین ئێمه‌یش بڕیارمان دا ئه‌و ناوه‌ چۆڵ‌ بكه ین‌ ، من له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێ یه‌كه‌م له‌ شورای شیخ محی الدین وشورای سه‌رشه‌قام وخه‌بات به‌ڕێ كه‌وتین به‌ره‌وه‌ ناوشار ڕوو له‌سه‌یته‌ره‌كه‌ی عىه‌ربه‌ت به‌ڵام هێشتا بڕیارمان نه‌دابوو شار چۆڵ بكه‌ین به‌ ته‌واوی من چه‌كه كه‌م ده‌مانچه‌یه‌ك بوو كه‌ هاوڕێم حه‌مه‌ قه‌دۆ پێی دابووم خۆشی له‌گه‌ڵ هاورێكانی تر كڵاشینكۆفیان پێ بوو ئه‌و شه‌وه‌ پێكه‌وه‌ بووین تا به‌یانی .

له كاتی نیوه‌ شه‌ودا بوو شار چۆڵ بووبوو بیستووبوومان هێزێكی چه‌كداری موجاهدین خه‌لقی ئێراندزه‌یان كردووه‌ له‌ ناوشاردان ئێمه‌یش به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕاین له‌ سه‌ر جاده‌ی كاوه‌ كه‌سێكمان بینی له‌ دووره‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی ئێمه‌ ده‌هات له‌ پڕێكدا هاوارمان كرد به‌ سه‌ریدا له‌ جێگایی خۆت نه‌جوڵێی بوه‌سته‌ میلمان لێ هێنایه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ستا ووتمان زه‌لام تۆ كێی ؟ ووتی كاكه‌ من كوردم وخه‌ڵكی قه‌ڵادزه‌م نه‌متوانی بڕۆمه‌وه‌ بۆ قه‌لادزه‌سه‌یاره‌ نه‌بوو له‌ گه‌راج .ئه‌و‌یش ووتی : ئه‌ی ئێوه‌ كێن ؟ووتمان هێزی چه‌كداری شوراین ئه‌ویش ووتی ده‌ك ئافه‌رین بۆ ئێوه‌ خۆ مه‌سوله‌ كانی به‌ره‌ی كوردستانی گه‌یشتوونه‌ته‌ سنوری ئێران كه‌چی ئێوه‌ هشتا لێره‌ن ، .ڕێگه‌ماندا بڕوات ، له‌ جاده‌ی كاوه‌ به‌ڕی كه‌وتین به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی خه‌بات وحاجیاوا كه‌مێك له‌ خوار شار نزیكسه‌یته‌ره‌كه‌ی سلێمانی عه‌ربه‌ت توشی هێزێكی پێشمه‌ره‌گه‌ی یه‌كێتی بووین نزیك دووی سه‌ر له‌به‌یانی بوو ووتیان ئێوهه‌ كێن ؟ ووتمان شوراین مه‌سوله‌كه‌یان ووتی یا وه‌رن له‌ گه‌ڵمان ئه‌چین بۆ شه‌ڕ به‌ره‌و چه‌مجه‌ماڵ یا چه‌كه‌كانتان بده‌ن به‌ ئێمه‌ ده‌مانزانی درۆ ده‌كه‌ن ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ چه‌كمان بكه ن و چه‌كه‌كانمان لێ بسه‌نن .پێمان ووتن نه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ دێین بۆ شه‌ڕ نه‌ چه‌كیشتان ئه‌ده‌ینێ .مه‌سوله‌كه‌ فه‌رمانی كرد به‌ پێشمه‌ر گه‌كانی ئاده‌ی ئه‌و چه‌كانه‌یان لێ بسه‌نن له‌ پڕێكد میلمان هێنایه‌وه‌ لێیان یه‌كێ له‌ چه‌كداره‌اكانمان ژن بوو قیژانی ووتی هه‌ركامتان بێبێنه‌ پێشه‌وه‌ كوژروان كه‌چی مه‌سوله‌كه‌ ووتی های ئه‌و خۆ ئافره‌تیشه‌ وچه‌كی پێ یه‌ كوا ئافره‌ت و چه‌كداریانوتوه‌ ‌ ئاده‌ی ئه‌و چه‌كه‌ی لێ بسه‌نن ،ئه‌ویش ووتی ئێوه‌ ناتوانن ئه‌و چه‌كه‌ له‌ من به‌بسه‌نن مه‌گه‌ر به‌ سه‌ر لاشه‌كه‌مدا بڕۆن ئه‌و چه‌كه‌م به‌ خوێن به‌ ده‌ست هێناوه‌ ‌هه‌ر مه‌گه‌ر به‌ خوێنیش دایینێم. كاكی مه‌سولی پێشمه‌رگه‌ زانی كه‌ ناتوانێ به‌ ئاسانی چه‌كمان بكات وووتی لێیان گه‌ڕێن با بڕۆن .

كات نزیك به‌یانیه‌و من و چه‌ند هاوڕێیه‌كوه‌ك له‌ بیرم بێت من وحه‌مه‌ قه‌دۆو عه‌زیز یادی به‌خێر بڕیاڕمان دا بچینه‌وه‌ بۆ كانیسكان بۆ ماڵ ئێمه‌ بۆ نان خواردنی به‌یانی نزیك سه‌عات ٨ی به‌یانی بوو خه‌ریكی نان وه‌ ماست خواردن بووین ته‌قه‌ درا له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان ووتم بوه‌ستن باسه‌یر بكه‌م بزانم كێ یه‌ له‌ قاتی سه‌روه‌ ده‌ژیاین بینیم هه‌ردوو هاوڕێ م سامان كه‌ریم و وه‌ستاسابیره‌ به‌ دوو كڵاشنكۆفه‌وه‌ دوای چاك وجۆنی ووتیان كاكه‌ ئێوه‌ خه‌ریكی چین وا به‌ ئیسراحه‌ت لێی دانیشتوون وا سوپا گه‌یشتووه‌ ته‌ قه‌راخ شار خێرا ئێره‌ به‌جێ بهێڵن ووتیان وه‌رن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌رئه‌چین له‌شار ووتمان ئێوه‌ بڕۆن ئێمه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ر ئه‌چین ڕوویان له‌ من كرد ووتیان كاكه‌ وه‌رن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ سروه‌ی هاوسه‌رت ومناڵكه‌شتان لای ‌ئێمه‌ن تا ئه‌و كاته‌ش من نه‌ ئه‌مزانی هاوسه‌رم ومناڵه‌كه‌م له‌ كوێن ،ئیتر وا ڕێكه‌وتین من له‌ گه‌ڵ ئه‌وان بڕۆم دوو هاوڕێ یه‌كه‌ی تر به‌ره‌و سنوری عه‌ربه‌ت بڕۆن زۆه‌ به‌ په‌له‌ هه‌نگاومان ده‌ نا به‌ره‌و ماڵی هه‌ڵاڵه‌ رافیع كه‌ له‌ نزیك ئه‌زمڕ بوولای تووی مه‌لیك كاتێ گه‌یشتینه‌ ماڵكه‌یان پڕ بوو له‌ هاوڕێیانیشورا وسروه‌ وهێڤی كچم كه‌ ئه‌و كاته‌ ساوا بوو له‌وێ بوون له‌ هاوڕێ‌كانی تریش وه‌ك بیرم بێته‌وه‌ هاورێ جه‌بار موسته‌فا یادی به‌ڕێز بێت و هاورێ ئاسۆ كه‌مال و هه‌ڵاڵه‌ رافع وج رێنوارو جه‌مال ی به‌له‌دیه‌ وسامان كه‌ریم و وه‌ستا سابیرو سه‌رجه‌م ئه‌م هاوڕێیانه‌ ش خێزانكانیان له‌وێ كۆ بوو بونه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ له‌ شار ده‌رچین ودواتربه‌ڕێ كه‌وتین به‌ره‌و چیای ئه‌زمڕ كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر چیا به‌ هێلی كۆپتر وسه‌متیه‌كانی ڕژێم هێرش كرایه‌ سه‌رمان به‌ دۆشكه‌و ڕه‌شاش ده‌سترێژیان لێ كردین بێجگه‌ له‌ ئێمه‌ خه‌ڵكی تریشی لێ بوو چه‌ند ئاربجیه‌ك نرا به‌ هیلۆكۆپتره كانه‌وه‌ كه‌مێك به‌رگری كرا سه‌ره‌نجام هاوڕێكانی خۆمان هیچ كه‌سمان هیچی لێ نه‌هات .

سه‌ردار عه‌بدولا حه‌مه‌

١٣\٣\٢٠١٩ ‌




داربه‌ڕوو … هۆمەر نۆریاویی

ڕۆژێک ته‌نیا
ڕێبواری ڕێگای سووتان بووم،
مه‌لێکی ڕه‌نجه‌ڕۆی شاخ و به‌ندیی ده‌واری گریان بووم.
ڕێگام بڕی، که‌لار گه‌ڕام،
گۆپکه‌ی ده‌رکرد
زاری هۆنراوه‌ی به‌ستراوم،
هاته‌ به‌رهه‌م چڵی دره‌ختی تاساوم.
زۆر شتم دی،ده‌مێک ڕامام،
به‌ڵام به‌ژنی لاوازی
داربه‌ڕووی لاپاڵێکی نیشتمانم که‌وته‌ به‌رچاو.
بێ پێشه‌کی خۆم تێکه‌ڵ کرد
به‌ لق لقی به‌ساڵاچووی
ئه‌و شاداره‌،
پڕ ئازاره‌،
دڵ نازاره‌.
سه‌وزه‌ گه‌ڵای فرمێسکی ڕشت،
خۆم ڕانه‌گرت،پرسیارم کرد:
ئه‌رێ هۆ مه‌شخه‌ڵی بریان،
سه‌رچاوه‌که‌ی سۆزی کوێستان،
کام ته‌وری دژ، چاوی تاوان
بۆتی هانی به‌رگی خه‌زان؟!
داربه‌ڕوو وا هاته‌ وه‌ڵام:
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی
هه‌واری سووتان و گریان،
خاک و خۆڵی گوند به‌ گوند
و
شار به‌ شاری نیشتمانی به‌رده‌باران،
بوو به‌ کێڵگه‌ و گڵکۆی یاران.
په‌ڕم نه‌ما، سووتام،برژام
بۆیه‌ وه‌ها کز ئه‌نوێنێ،
لق و باڵام، لق و باڵام.

سه‌رنجێک: تەمەنی ئه‌م هۆنراوه‌یە دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە 30 ساڵ له‌مه‌وپێش‌ که‌ به‌دیار مه‌زاری کۆرپه‌له‌یه‌کی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌وه‌ نووسراوه‌. ئه‌م تابلۆیه‌، یه‌کێکه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانی شێوه‌کاری ناوداری کورد “ڕێبوار سه‌عید” که‌ گوزارشت له‌ هێمای “هه‌ڵه‌بجه‌” و تاوانه‌ دژه‌ مرۆیی و دڵهه‌ژێنه‌که‌ی ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عسی سه‌ددام ده‌کات.




ستایشی سێبەرە بەرزەکە … شیعر : محمود درویش … وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

تا ئەم خەڵکە
جارێکی تر تۆبە ئەکا
و
خۆکوشتنەکەم ڕوون ئەبێتەوە
تا (ڕۆم)ەکان ئەگەڕێنەوە
تا پاسەوانی تەلبەنگەکانی قەڵاکەمان وەدەرئەنێین
و
كۆڵەکەی پاپۆڕەکە ئەشکێ
تا لە شەقامی بازرگانی شەرەف
چەپڵە بۆ ” ئەتک کردن”ی ئافرەتەکانمان لێ بەین
ساتێک بنوو ، خۆشەویستم ..بنوو
تا بمرین
ئەوە ساتی : هەرەسە
ئەوە ساتی : ڕوون بوونەوەمانە
ساتی مەتەڵ ئاسای لەدایک بوونی ڕۆژە
كوڕی دایکم ، چەن تەنیا بوویت
کوڕی زیاتر لە باوکێک
………..چەن تەنیا بوویت

گەنم تاڵە لە بێستانەکانی ئەوانی ترا
و
ئاو سوێرە و هەور پۆڵا
و
ئەم ئەستێرەیە زام هێنەرە
و
ئەبێ بژیت..و هەر بژیت
و
لە بەرامبەر دەنکێ زەیتون
پێستی خۆت بەیت
…چەن تەنیا بوویت…
هیچ شتێ نامان شکێنێ ،
بەتەواوەتی غەرق نابیت
لەو خوێنەی تیامانا ماوە
با بچینە ناو ڕۆحی ئابڵۆقەدراوی
شوبهان و هەتیوەکان
تۆ: كوڕی هەوای نەلەقیو “ڕەق”
كوڕی: یەکەم زمان پژانی دوورگە کۆنەکان
كوڕی خانمی دەریاچە دوورەکان
كوڕی پارێزەر لە هەڵەی پێشینان
و
لە ڕووخسارە ڕەقەکەیا
بروسکە یان کۆترێک وێنا ئەکا

گۆشتم لەسەر دیوارەکان
گۆشتی تۆیە ، کوڕی مام
لەشێک بۆ تاریکایی
و
ئەبێ ” بێ رێگا” هەنگاو بنێیت
لە پشتەوە ، یان لەبەر دەم
لە باکوور..لە باشوور
بە تەرازوویەکەوە هەنگاوەکان بنێیت
تا ئەوانەی باڵ بەستویان کردوویت
بتکێشن و بتبەن بۆ کۆگاکان
تا میوانەکان ” شاناز”یت ببینن
چەن تەنیا بوویت..!!
چەن تەنیا بوویت. !!

كۆچێکی ترە
سڵاو و دوا وەسیەت مەنووسە
تۆ بەرز بوویتەوە
و
ڕووخانیش ، ڕووخا
جگە لە نا روونیەکی ڕەش لە تۆیا
هیچ دەریایەک نیە…
بچۆ ناو شتەکانەوە
تا شتەکان بچنە هەنگاوە حەرامەکانتەوە
سێبەرت لە دەرباری فەرمانڕەوا بکشێنەوە
تا وەک ” خەڵات” هەڵنەواسرێ
و
سێبەرت تێک بشکێنە
تا نەیکەن بە فەرش ، یان بە تارکایی

شکانیانیت…
چەن جار شکانیانیت
تا لەسەر قاچەکانت” عەرش” دروستکەن
لەگەڵتا بوون و ئینکارییان کردی و شاردیتیانەوە
سوپایەکیان بۆ دەستت دروستکرد
زیندانیان کردیت ووتیان : خۆت مەیە بەدەستەوە
فرێیان یایتە بیرەوە
ووتیان : خۆت مەیە بەدەستەوە
و
هەزاران هەزاران هەزاران ساڵە
بە ڕووناکی ڕۆژ
کاتێ “قەمە” کەت راکێشا
ئینکاریان کردیت
چونکە ئەوان جگە لە ” خوتبە و ڕاکردن “
……………چیتر نازانن
ئێستا : پێستت ئەدزن
ووریای سەر و چاویان و ڕەختەکەت بە
كوڕی دایکم ، چەن تەنیا بوویت
كوڕی زیاتر لە باوکێک
……چەن تەنیا بوویت

“””””””””””””
MARS/2019




گوڵی “نێرگز” لەئامێزی “بوهوتوکاوا”دا: …بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پایان

لەو دورگەیە؛
دوورە دەست لەنیشتیمانم ڕوو لەڕووگەم..
ناشارەزا؛ پشتم وەدرەختی “کاووری” داوە!..
لەحەوشەی مزگەوتێکا
بۆنی ئەو دوای بارانە ئەکەم؛
کە “بــا” لەباخە دوورەکانەوە هێناویەتی و
دزەکوژە!..
لەو دورگەیە؛
منارەیەکی بێدەنگ و واق وڕماو
لەکاتی داهاتنەوەیدا شکێندراو
لەپڕ؛ پەنگخواردنەوەی دەنگی؛
بووە هاوارێکی بێ فریا!..
ئیلاهی..
ژیان چەند سەیرە!..
هەتا تیرۆر هاوار بکات؛ بەس خۆی دەمرێت!..
هەر گوڵ دەڕوێت!..
هەر گوڵ دەڕوێت!..
وەک ئەو هەورەتریشقەیەی بەهار دێنێ؛
گوڵی ئاڵ وواڵاش هاری لەبن دێنێ!..
وەرن سەیرکەن..
“کیوی” هاتووەو
خونچەگوڵەکانی “بوهوتوکاوا”ی کردۆتە چەپکەگوڵ..
سەرم بادا!..
دیتم؛ “نێرگز” لەئامێزی “بوهوتوکاوا”دایە!..
دوایێ؛ بێدەنگیم شکاندو پێکەنیم!..
ئااای خودایە!..
ئاسمان بۆ هەندە بەرزە لێرانە؟!..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پایان”
١٦-٣-٢٠١٩ هەولێر




ھەڵەبجە قوربانیەکی بێ تاوان … حـەمـە ھـیـوا

لەم یادە ناھەموارەدا کە لە چرکەساتێکدا ھەزاران مرۆڤی بێ گوناھ لە ھەردو ڕەگەز و ھەمو چین و توێژەکان بونە قوربانی سیستەمێکی فاشیست و خۆ سەپێنی بەعس و دەساڵەتەکەی گەورە مرۆڤی قێزەوەن سەددام حوسێن.ئەوەی سەراسیمەمان دەکات ئەو ڕوە قێزەوەنە نیە،کە ھەمیشە دەخوازێت خۆی وەک باشترین بەڕێوبەری وڵات ھەژمار بکات،بەڵکو ئەوەیە لە چرکەساتێکدا سەدان و ھەزاران مرۆڤی سڤیل و بێ تاوان بەرەو ڕوی مەرگ دەکات،ئەوەی لای بەندە شایەنی ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە:ئێمە لە ئەزەلەوە قوربانی دەستی وڵاتە داگیرکارەکان بوین،ھاوکات تاوەکو ئێستا ھیچ کامێک لەم وڵاتانە چاوی بەوە ھەڵنایەت،گەلێکی چەوساوە بەڕەوای دەبینێت خاوەن کلتور و پیرۆزی و زمانی خۆی بێت.
لە ڕێکەوتی ١٦/٣/١٩٨٨ ھەڵەبجە یەکێک لە گەورەترین تراژیدیا سەختەکانی بە خۆیەوە بینی،ئەم روداوە تەنگەژە ئامێزە تاوەکو ئێستا وەک زامێکی ئەبەدی لە قورگی ھەر یەکێکمان ماوەتەوە.
دەبێ کەسمان ئەوە لە یاد نەکەین کورد لە ھەر حاڵەتێکدا بێت دواجار خاوەن شوناسی خۆیەتی،لەم رۆژە دژوارەدا دەبێ ئەوە بە ھیچ جۆر و شێوەیەک لە یاد نەکەین ھەڵەبجەی شەھید فەخرێکە بۆ ھەمو ئەوانەی نیشتیمانپەروەرن،بە داخەوە ئەو وڵاتە سیاسیانەی بانگەشەی بە دیموکراتی بون و مافی مرۆڤ بونمان بۆ نمایش دەکەن،زیاتر لە سێ دەیە بێ ئاگایانە مامەڵەیان لەگەڵ گەلی کورد و بە تایبەت ھەڵەبجەی شەھید دەکەن.

(حـەمـە ھـیـوا)
١٥/٣/٢٠١٩