خەیاڵی ئەدەبی و مرۆڤی بێ خەیاڵ … نیهاد جامی

تێکستی ئەدەبی نووسینەوەی مێژوو نیە، وەک چۆن وێنەگرتنەوەیەک نیە بۆ دنیای واقیع، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەیەکی نوێیە، وا دەکات هەر یەکە لە مێژوو واقیع لەناو تێکستەوە بخوێنرێنەوە، نەوەک تێکست لەنیگای واقیعەوە سەیر بکەینەوە، ئەو تێگەیشتنە ئەدەبیەی دەیەوێت تێکستی ئەدەبی ئاوێنەیەک بێت بۆ وێنەی واقیع و مێژوو، لەبنەڕەتدا بێبەهاکردنی تێکستی ئەدەبی و کوشتنی ڕۆحی داهێنانە، چونکە تێکستی ئەدەبی دەیەوێت ژیان لەناو ژانری تێکستەکەوە ببینرێت، نەوەک تێکست دادگایی بکرێت لەناو دیکۆمێنتی مێژوویدا.

ئەدەب نووسینەوەی مێژوو نیە، ئەدەب خوڵقاندنەوەی دنیابینیەکی نوێیە، ئەوانەی دەیانەوێت ئەدەب تێکستی مێژوویی بنوسێتەوە، باشتر وایە بگەڕێنەوە ناو کتێبە مێژوویەکان، ئەدەب خوڵقاندنەوەی چیرۆک و نووسینەوەی ساتەوەختێکی کەشف نەکراوە، ئەوە لادانە لە مێژوو.. وەک چۆن لێدانیشە لەتۆماری ڕوداوەکان.. چونکە ئەدەب مێژوو ناگێڕێتەوە، ھێندەی مێژوو دەکاتە بیانوویەک بۆ چوونە ناو تێکست.

ئەو دیدگا ڕەخنەییەی تێکست دادگای دەکات لەڕوانگەی مێژوودا، دیدێکی دەروونیە نەوەک میتۆدی، کێشەی لەگەڵ تێکست نیە، بەڵکو کێشەکە لەدەرەوەی بونیادی نووسینەوەیە، کێشەیە لەتەک شوناسی نووسەردایە، کوردیی بوون بۆتە گرفتی ئەو دیدگا ڕەخنەییە، دێت بەپێی لۆژیکی مێژوویی و دنیای واقیع سەیری تێکستی نووسەری کورد دەکات، بەڵام لەسەیرکردنی بۆ تێکستی جیهانی ئەو لۆژیکە فەرامۆش دەکات، لەسەر بەرواری ڕووداوێکی مێژوویی نێو ڕۆمانێک باس لەوە دەکات کەوا مێژوو شێوێندراوە، بەڵام هەرگیز بوێری ئەوەی نیە بەهەمان لۆژیک قسە لەڕۆمانێکی جیهانی بکات، ئەویان وەک بەرهەمی خەیاڵی نووسەر دەیبینێت، بەڵام بۆ تێکستی کوردی وەک شێواندنی مێژوویی سەیری دەکات.

بۆیە ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە لەدەرەوەی خوێندنەوەی تێکستەوە هاتۆتە بوون، هێندەی بڕوا نەهێنانە بەتوانای نووسەری تێکست، نەک خودی تێکستەکە، ئەوەش چەندە پەیوەندی بە دۆخی دەرونی ئەو بانگەشەکارە ڕەخنەییەوە هەیە، هێندەش وابەستەی کورتبینی دیدی ئەدەبیە، توانای جیاکاری نێوان تێکستی ئەدەبی و تێکستی مێژوویی نیە، ئەدەب ڕووبەرێکی زمانەوانی سەربەخۆیە، پەیوەندیە دەلالی و سەستمە زمانەوانیەکەی وێنای سەر لەنوێی پەیوەندیەکان دەکات، لێرەوە مرۆڤەکان بەرهەمی دۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی و مێژوویی نین، هێندەی وابەستەی دنیای ناو تێکستن، رووداوێک نیە ڕوویدابێت، ئەوە دنیایەکە لەناو تێکست دێتە بوون، دنیایەک هەڵگری گوتارێکی جوانیناسیە، دەرخستنی قێزەونی دنیایەکە، وەک کاردانەوەیەکی ئەخلاقی ناو تێکست، ئەوەش بۆ خۆی گومانکردنە لە مەعریفەی زانراوی مێژوو، گومان دەگۆڕێت بە پرسیار لەبارەی نووسین و جوانی.

لەو کاتەدا نووسین به‌ته‌نیا پێویستی به‌عه‌قلێكی بیركه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، عه‌قلێك په‌یوه‌ست بێت به‌دیدی‌ جوانیناسیانه‌، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ نوسینانه، ڕه‌نگه‌ نه‌گه‌ڕێن به‌دوای سواڵكردنی خوێنه‌ر، هێنده‌ی ڕووبه‌رێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ خۆی خوێنه‌ر هه‌ڵبژێرێت، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نووسه‌رو خوێنه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان تاك نیه‌ به‌ كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی دوو مرۆڤ ده‌بێت كه‌ هه‌ردووكیان به‌دوای جوانی ده‌گه‌ڕێن، لێره‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ وه‌ك كرده‌ی نووسین دێته‌ بوون، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌دایكبوونه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ی ئه‌فلاتون كه‌ مرۆڤ له‌فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی له‌یه‌كتر جیابۆوه‌، له‌سه‌ر زه‌ویش به‌دوای ئه‌ویتری له‌ده‌ست دراو ده‌گه‌ڕێت، لێره‌دا نووسین دابه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر نووسه‌رو خوێنه‌ر، ئه‌گه‌ر پۆلینێكی ده‌روونشیكاری بۆ بكه‌ین ده‌بێت بڵێین له‌و كاته‌دا نوسه‌روخوێنه‌ر مرۆڤێك بنیات ده‌نێن، به‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌بێت به‌ (عه‌قڵی مرۆڤه‌كه‌) و خوێنه‌ریش به‌ (نه‌ستی مرۆڤه‌كه‌) بۆیه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌بنه‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی مانا له‌ناو تێكستدا.

پرسیاركردن له‌باره‌ی جوانی، داڕشتنه‌وه‌ی ماناكانی بوونی مرۆییه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت به‌و پرسیاره‌دا بچینه‌وه‌: جوانی چیه‌؟ ڕاستر وایه‌ پرسیارەکەمان فراوانتری بكه‌ین به‌وه‌ی چی جوانیه‌؟ چۆن سه‌یری جوانی بكه‌ین؟ لێره‌وه‌ وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ ڕه‌نگه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، بۆشاییه‌كی تر بخوڵقێنێت، تاوه‌كو گومانه‌كانمان بۆ جوانی بنوسینه‌وه، گومان له‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوی بنێین جوانی له‌ڕاستیدا گومانه‌ له‌مه‌عریفه‌ی جوانی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌همی جوانیه‌، جوانیه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه‌ موزه‌یه‌فه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌.

لێره‌دا كاتێ ده‌مانه‌وی بزانین جوانی چیه‌؟ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌وه‌ی هه‌مانبووه‌ جوانی نه‌بووه‌، چونكه‌ جوانی ئه‌و بابه‌ته‌ نووستوه‌ی ناو ناخی مرۆڤه‌، كه‌ هه‌موومان به‌هۆی وه‌همه‌كانه‌وه‌ جوانیمان خنكاندووه‌، بۆیه‌ به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانێك هه‌ن كه‌ بتوانن ئه‌و جوانیه‌ی ناو خۆیان نه‌خنكێنن، خه‌ڵكانێك به‌ ماتریاله‌كانه‌وه‌ خۆیان فریو ده‌ده‌ن به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی جوانی ئه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی باس له‌جوانیه‌كی شاراوه‌ ده‌كه‌یت‌‌‌، ڕه‌نگه‌ وه‌ك شێت سه‌یرمان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان هیچ نیه‌ جگه‌ له‌خۆفریوودان ودرۆكردن به‌ناوی جوانی‌.

كه‌واته‌ چی جوانیه‌؟ جوانی بریتیه‌ له‌كۆی ئه‌و چالاكیه‌ رۆحیانه‌ی مرۆڤ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ونه‌وه‌، خه‌ون زینده‌گی سرووشتیانه‌ی مرۆڤه‌، كه‌واته‌ سه‌یركردنمان بۆ جوانی ده‌بێت به‌ڕوانینی شاعیریانه‌، زینده‌گی شاعیریانه‌ هه‌وڵدان نیه‌ بۆ شاعیربوون، به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ له‌وه‌ی چۆن شاعیریانه‌ بژین وعاشقانه‌ خه‌ونی ژیانمان هه‌بێت.

خەونی ژیان وێناکردنەوەی بوونە لەناو تێکستدا، زیندەگی شاعیریانە تێپەڕینە بەناو زمان، کێشەی ئەو جۆرە مرۆڤە ئەوەیە ناتوانن بوناو زمان تێپەڕن، بۆیە تۆمەتی مێژوویی و زمانەوانی دەبەخشنەوە، ئەوان کە لەبونیادی کەڕنەڤاڵی تێکست و فرە ئاستی زمان تێنەگەیشتن.. خێرا لیستی تۆمەت بەخشینەوەیان هەیە، ئەوە کێشەیەک نیە لەگەڵ تێکست، کێشەی فراوانی زمانی نووسەرە کە تێکستێکی بەرهەم هێناوە سنوری عەقڵی ئەو جۆرە مرۆڤەی تێپەڕاندووە، بۆیە دێت دەکەوێتە سەنگەری دادگایی کردنی نووسەر لەناو تێکستدا، پڕۆسەی دادگایی کردنەکە هەوڵێکە بۆ کوشتنی خەیاڵ و گەڕانەوەی تێکست بۆ ناو بونیادی مێژوویی و واقعی، لەو ساتەشدا ئەوەی دەکوژرێت خەیاڵی ئەدەبیە، کە نایەڵن زیندەگی خۆی بژیێت.

لێرەدا ڕووبەری ئەو پرسیارە دەبینەوە، مرۆڤی بێ خەیاڵ بۆچی دەیەوێت، ئەزموونی بێ خەیاڵی خۆی بگوازێتەوە ناو زیندەگی تێکست؟ ئاخۆ ژیانی دەرەوەی خەیاڵ و نووسینەوە لەناو ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویداوە، نەک وەک ئەوەی تێکست پێیدا تێدەپەڕیت، چی بە مەعریفەی ئێمە دەبەخشێت و چێژی گێڕانەوەو خولقاندنەوەی نووسین لەکوێدایە؟ ئەوە پرسیارێک نیە لەهیچ خوێنەرێکی بەئاگا بکرێت، بەڵکو پرسیارێکە بۆ گێڕەرەوەکانی نێو مێژوو کە خوازیارن تێکستی ئەدەبی تێکستی مێژوویی بێت، لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن؛ ئێستابوونی تێکستێکی ئەدەبی لەکوێدایە کە سەر لەنوێ مێژوو بنووسێتەوە؟ با نەچینە سەر ئەدەبی نوێ، هەر چاوێک بە ئەدەبی کلاسیک بگێڕین، چەندین نووسەر هاتوون کاریان لەتەک ڕووداوێکی مێژوویی کردووە و سەردەمی نوێی خۆیان پێ خوێندۆتەوە ئاخۆ ئەو کەسانە بوێری ئەوەیان هەیە بلێن بۆچی مێژوویان شێواندووە؟ بەدلنیاییەوە جگە لەبێدەنگی هیچی تریان لێ نابیستین، بۆیە گرفتەکە لە بێ بەهرەیی مرۆڤە بێ خەیاڵەکانە کە خوازیاری کوشتنی خەیاڵی ناو تێکست و بونیادە زمانەوانیەکانن.




پەیوەندی نێوان موسڵمان ومەسیحی لە گەڵ خودادا …. تاهیر ڕەحیم

پەیوندی نێوان ئیماندار و خودا، لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر دەگۆڕێت,لە ئایینی ئیسلامدا، پەیوەندی خودا لەگەڵ مرۆڤ پەیوەندی نێوان خاوەن کۆیلە و کۆیلەیە. لە هیچ سەردەمێکیشدا خاوەن کۆیلە بەزەیی بە کۆیلەدا نەهاتووەتەوە. پەیوندی خاوەن کۆیلە لەگەڵ مرۆڤ، پەیوندییەکی دڵڕەقانە و بێبەزەیییانەیە.

لە ئیسلامدا ئیماندار لەبەردەم خودا؛ کۆیلەیەکی بێدەسەڵات و بێئیرادەیە. موسڵمان خۆی تەسلیم بە خودا دەکات. وەک هیگڵ دەڵێت: تەنها شتێک موسڵمان دەتوانێت بیکات، لەپێناوی خودا خۆی بەکوشت بدات.
کەسایەتیی کۆیلەش هەردەم کەسایەتییەکی لاواز و بێئیرادە و بێدەسەڵاتە. ئەم پەیوندییەی نێوان خودا و مرۆڤ یان خاوەن کۆیلە و کۆیلە لەناو ژیانی واقیعی موسڵمانەکاندا، بۆ پەیوندی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات بەرجەستە بووە. تاک، کەسایەتییەکی لاواز و کۆمەڵگاش توانای گۆڕینی نییە. کەسایەتییەکە هەردەم لەبەردەم شکست و بێئومێدییە. لە چاوەڕوانی گۆدادایە. تەنها شتێک، کە بتوانێت بیکات، چاوەڕوانییە. چۆن لە خودا دەترسێ، ئاوهاش لە دەسەڵات دەترس واتا ژیانێکە پڕە لە ترس و بێئومیدی.

شیعە هەنگاوێگ زیاتریش دەچێتە دواوە و پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ بۆ پەیوەندی نێوان خۆی وەک کۆیلە لەگەڵ مەرجەع وەک خاوەن کۆیلە دەگۆڕێت ، واتا خۆیان هەر بە کۆیلەی خودا نازانن، بەڵکوو خۆیان بە کویلەی محەمەد و عەلی و حەسەن و حوسێن دەزانن. زۆر جاریش ناو منداڵەکانیان دەنێن.

عەبدلنەبی، عەبدلعەلی، عەبدلحەسەن یان عەبدلحوسێن … واتا کویلەی پەیامبەر، کۆیلەی عەلی، کۆیلەی حەسەن و حوسێن…
موسڵمان وا هەست دەکات بەردەوام لەژێر چاودێڕیدایە. بڕوایان وایە، خودا دوو فڕیشتەی لەسەر شانی داناوە بۆ چاودێری. هەر وەکوو چۆن لە قورئاندا هاتووە، رۆژی کۆتایی دەستەکانی، قاچەکانی دێنە قسە و شایەدی لەسەر دەدەن، ئاوهاش لە ژیانی رۆژانەیدا لە ترسێکی گەورەدایە و وا هەست دەکات، لەژێر چاودێریی دەسەڵات و ئاساییشدایە. هەر وەکوو خۆیان دەڵێن: دیواریش گوێی هەیە چۆن لە خودا دەترسێ، کە لە جەهەنەم خودا هەر کات پێستی بسووتێنێ، پێستی نوێی بۆ دروست دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوام ئازار بچێژێ ئاوهاش لە دەسەڵات دەترسێ. هەر ئەمەش وایکردووە. هاوڵاتی لە وڵاتانی موسڵمان توانای گۆڕینی نەبێت. گەر گۆڕانکارییەکیش دروست بێت، ئەوە تەنها لە گۆڕینی دەموچاوەکانە، نەک گۆڕینی بنچینەیی.
واتا شۆڕشکردن بۆ گۆڕینی کەسایەتیی تاک نییە، لە تاکی هیچەوە بۆ تاکی باڵا. لە تاکی سووک و بێدەسەڵات بۆ تاکی بەئیرادە و خاوەن بڕیار.
بەڵام پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ لە ئایینی مەسیحیدا، پەیوەندی نێوان کوڕ و باوکە. باوکیش هەردەم حەز بە ئاسودەیی کوڕەکەی دەکات. باوک حەز ناکات کوڕەکەی ئازار بچێژێ.
مەسیحییەکان بڕوایان وایە، عیسا لەپێناوی مەسیحییەکان لەخاچ دراوە. لە ژیانی کۆتاییشدا خودا لە هەموو گوناحەکانی مەسیحییەکان خۆش دەبێت. هەر لەبەرئەمەیە کاتێک قەشەکان لەکاتی سەرەمەرگی یەکێکدا ئامادە دەبن پێی دەڵێن: تۆ دەچیتە ژیانێکی نوێوە و عیسای باوک چاوەڕوانتە، عیسا/ باوک هەموو گوناحەکانی ئێمەی هەڵگرتوو!!!! لەبەر ئەوە ئیمانداری مەسیحی کەمتر لە مردن دەترسێت.

هەستێکی وای لەلا درووست دەبێت، کە گەشتێک دەکات و ژیانێکی نوێ دەستپێ دەکات، نەک عەزابی قەبر و ئاگر …
بە پێچەوانەوەی مەسیحییەکانەوە، ئیمانداری موسڵمان چۆن لە واقیعیدا هەموو ژیانی هەر ناخۆشی و ئازار و دڵەڕاوکێ و بێئومێدییە، لە سەرەمەرگیشدا لە ترسی عەزابی گۆڕ و سووتاندن بەئاسوودەیی نامرێت. چونکە هێشتا لەوە دڵنیا نییە، کە ناچێتە ناو ئاگر و ئازار نادرێ.
هیگڵ دەڵێت: مرۆڤ لە ئیسلامدا لەبەردەم خودایەکە، ناتوانێت پەیوندی پێوە بکات. تاکە شتێک، کە دەتوانێت بیکات، خۆی تەسلیم بکات و گوێ رایەڵی بێت. لە ئیسلامدا مرۆڤ ناتوانێت بەرزبێتەوە لەگەڵ خودا پێکەوە بێت.

لەناو ئایینەکان، ئایینی مەسیحی بە ئایینێکی عەقڵانی دەزانێت و ئایینی ئیسلامیش وەک دینێکی بەربەر و ناماقووڵ و بێڕوحانییەت وێنا دەکات. بە پێچەوانەی هیگل، ماکس ڤێبەر بڕوای وایە، ئەوە عەلمانییەتە ئایینی مەسیحی کردۆتە ئایینێکی عەقڵانی بە پێچەوانەی هیگل و ڤێبەر، فەیلەسووفی بەناوبانگ نیتشە دەڵێت: لە کوێ دین هەبوو، لەوێ ژیانی لێ نییە، ئامادەگی دین مانای وێرانبوون و داخزانی تەواوەتی ژیانە.

تێبینی:
وتەی فەیلەسوفەکان لە کتێبی ( ئایین و علمانیەت) لە نووسینی مەریوان وەریا قانع وەرگیراوە.




Cab Driver storiesئەو دەستە خاڵییەی كە پڕ لە عەشق بوو(تاکسی) :

جەلال قادر

ئەم بەیانییە لە ( حەسیرەكە) دایكێك وكوڕێكی هەرزەكار داوایان لێكردم بیانگەیەنمە گەڕەكی (رەحیم ئاوا).
لە كوڕە هەرزەكارەكەم پرسی: ببورە ئێوە لە رەحیم ئاوا دادەنیشن؟
_ نەخێر..ئێمە خەلكی (سلێمانین).
هەركە ناوی شاری سلێمانی هێنا بروسكە بەر دڵم كەوت.
لە ئاوێنەكەوە سەیرێكی دایكەكەم كرد چاوەكانی فرمێسكی لێ دەباری…یەكسەر ناسیمەوە (سەیران ) بوو…ئەو كچەی هەر كە چاو بچووقێنم ڕووخساری دەبینم… دلم كەوتە لێدان و برینم كولایەوە
كوڕە هەرزەكارەكە سەرگەرمی تێكست كردن بوو…من و سەیرانش ناو ناوە تێكستی چاوی یەكترمان دەخوێندەوە:-
ئاخ بۆ ئەو ڕۆژە خۆشانە چ زوو تێپەڕین ..كە هەر شەو یەكترمان لەباوەش دەكرد و بە گریانەوە لەیەكتر دادەبڕاین…ئاخ چەند خۆش ناوی دەبردم و هاواری دەكرد : (بەختیار بەخەكەم خۆشمدەوێی ).
لەبیرمە ئەو ڕۆژەی گواستیانەوە بە كول بۆی دەگریام. بۆ یەكەمینجار كۆپڵە شعرێك لەناخمدا هەڵقولی:
لەپاش تۆ
دەتوانم بە هەموو كۆلانەكانی شار بسوڕێمەوە
لەشەقامەكان پیاسە بكەم
بە بەردەم ماڵتان سەدان جار
هاتووچۆ بكەم
بەلام من بە بێ تۆ تەنیام
كەسش ناتوانێت وەك تۆ
بە عەشقەوە ناوم بهێنێت و
هاواركات:، (بەختیار بەخەكە) خۆشمدەوێت.
نزیك بە گەڕەكی رەحیم ئاوا بووینەوە…سەیران لە پشتەوە بە هێواشی وتی: كاكی شوفێر بۆ وا بێدەنگی كەمێك باسی كەركووكت نەكردین؟
بە دڵتەنگییەوە و وەلامیم دایەوە : بەخێربێن بۆ ئەم شارە داماوە. كەركووك وەك ئەوە وایە عاشقێك لە مە عشوقەكەی دابڕابێت!.
كوڕە هەرزەكارەكە قسەكەی پێ بڕیم : من هەموو جار كەدێم بۆ سەردانی ئەم شارە دڵتەنگ دەبم.
سەیران : لە پشتەوە سەری هێنایە پێش و وتی : بە پێچەوانەوە من هەر كە دەگەینە (قەرە هەنجیر و چیمەن ) دڵم دەگەشێتەوە..
كەمێك بێدەنگ بووین وەك ئەو بێدەنگیەی نێوان دوو دڵبەر!.
نزیك بە بازاڕی رەحیم ئاوا كەوتینەوە…سەیران دەمی خستە بن گوێم بە دەنگ و ئاوازی ڕۆژگاری عەشقەوە ، بە ناسكی وتی : بەختیار بەخەكەم كوڕە شیریینەكەم با ئێمە لێرە دابەزین..
بە ناو هێنانی (بەختیار ) ئاگری لە جەرگم بەردا….ئاخ عەشق چ دەردێكە.
خێرا ماشێنەكەم ڕاگرت و لەكوڕە هەرزەكارەكەم پرسی: تۆش ناوت بەختیارە؟
_ بەلێ….
پێشئەوەی دابەزن. سەیران دەستی درێژ كرد و وتی: فەرموو كاكی شوفێر ئەمەش كرێكەت ..
ئاگام لە خۆم نەمابوو دەستم بۆ پان كردەوە .. ئەویش شەیتانانە وەك سەردەمی هەرزەكاریمان بە دەستی خاڵی تووند دەستی گووشیم.
ئەو دەستە خاڵییەی كە پڕ لە عەشق بوو!.




نامه‌كانی ئیشق … 14 .. سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

30 – ئه‌م به‌یانییه‌ ژنێك له‌ باران ده‌چێ و منی شله‌ هه‌ور، له‌ كۆژانی فیرقه‌تمه‌وه‌ هاوێر بووه‌ و په‌رتبوونم ده‌شواته‌وه‌، ژوانمان روونتر له‌ زنه‌ ته‌قیوێكی ته‌لیسماوی كه‌نار زه‌نوێرستانی نیشتیمان ده‌چێ، روحمان له‌ هه‌ڵم بوونیشا ئۆقره‌ی نه‌گرت تا نه‌ڕژاینه‌ سه‌ر عاردی، ئه‌وینمان به‌ باڵی كۆتره‌ په‌ڕه‌ نه‌خشین و سه‌رمه‌سته‌كانی دونیای ناگایی جووتبوونا سپارد و پێكه‌وه‌ خه‌ونێكین هێشتان زه‌مه‌نمان ڕۆنه‌چۆته‌ جۆگه‌ و دۆڵ و ڕووبار و ده‌ریا و زه‌ریاكان، ئه‌و خه‌ونانه‌ی به‌ر له‌ زمستان به‌ پارساریمانه‌وه‌ ده‌دیت، له‌ گڵه‌ شینه‌ و باران ڕه‌شماڵی غوربه‌تی ئیشقمان ڕه‌وانده‌وه‌ و ئه‌وینمان به‌ باڵه‌كانی ساسه‌وه‌ لكان، ئیدی هه‌ر له‌ خۆوه‌ گومانه‌كان ڕه‌وینه‌وه‌، نیگاكانمان به‌ سه‌ر گه‌ڵا و گوڵا پرژاندۆراندۆرمان پڕپڕ بوو له‌ ئاپۆڕای ده‌سله‌ملانێی ئاشقان، وانه‌ی رۆمانسیه‌تمان ده‌گوته‌وه‌، هێدی هێدی ته‌مه‌ن ئێمه‌ی بچوك كرده‌وه‌ و ئه‌وان باڵا، له‌ سه‌ر ڕففه‌ شینه‌كانی ئاسمان دڵۆپ دڵۆپ داباراینه‌ خوارێ بووینه‌ باران و به‌سه‌ر لێوی ئاشقان نیشتینه‌وه‌، بوینه‌ سه‌ربورده‌ی گوێ ئاگردانی زمستانان و چیرۆك و نۆڤێلت و ڕۆمان گه‌نجان ده‌مانخوێننه‌وه‌ …. ئه‌وه‌ نوخشه‌ و نوقڵانه‌ی له‌ گوڵ گوڵتری تۆیه‌ په‌خش ده‌بێ….. 31/ 3

31 – به‌یانییه‌ك هێشتا ناگات به‌ جوانی تۆ ، هه‌ر ده‌بێ بێژم له‌ تۆ ده‌چێ، به‌یانییه‌ك له‌ تۆ به‌كه‌یفتر ، له‌ تۆ به‌جۆشتر بۆ خه‌ڵوه‌تی زه‌ماوه‌ندێ …. ڕه‌شبه‌ڵكی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و كۆرپه‌ڵه‌یی، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئازاری دایك و چریكه‌ی گریانی تۆ، به‌ درێژایی شه‌و خه‌یاڵدانم له‌ خه‌نه‌به‌ندانی هاوێربوونتدا خه‌مڵی بوو مه‌له‌ی ده‌كرد، له‌ دڵه‌ی سه‌فین به‌ نێو دۆڵی شه‌قڵاوه‌ و نزرگای پیاو چاكانی ئاشقانه‌ی كیژان و كوڕانییه‌وه‌ له‌ سۆراغی هه‌گبه‌ی پیرۆزی ساڵێكی دادێی به‌خششی موحیبه‌ت و جوانیتا پیاسه‌یه‌كی ئه‌ویندارانه‌م ده‌كرد، به‌ نێو تووله‌ ڕێ و ئه‌و ڕاسته‌ ڕێیانه‌دا له‌ ته‌ك شنه‌ی باغی شه‌قڵاوه‌دا په‌نجا و یه‌ك نمه‌ی ته‌ڕته‌ڕی ئاونگی سپێدان كه‌ زمزمی ژینمه‌ له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ ڕه‌یحانه‌كانی شه‌ونخونیم بۆ ئه‌مڕۆت ده‌كه‌مه‌ سوورخه‌ڵاتی ته‌ریقه‌تی ئیشقم، به‌ شه‌وچه‌ره‌ی پایته‌ختی به‌فری ده‌به‌ستمه‌وه‌، ژنه‌ به‌خشنده‌كه‌ی دڵم له‌ دایكبوونت پیرۆز و سپێده‌یه‌كی خۆشده‌ورانیت نه‌غمه‌ی گۆرانی كوردی هۆبه‌ و خانوو و ئه‌پارتمانت لێوانلێو له‌ تریفه‌ی دڵ ئارامی و شادی و به‌خته‌وه‌ری كا….. 1 / 4

32 – ئه‌م به‌یانییه‌ نامه‌وێ نه‌غمه‌ی بولبولمان لێ ئاوا بێ، خه‌ونه‌ په‌مه‌ییه‌كانت له‌ ئامێزی بێشكه‌ی ئاوه‌زم ڕاده‌ژه‌نم، لێره‌ له‌ به‌ر نمه‌ ته‌وژمی ئه‌و شنه‌ی شه‌ماڵه‌ی ئاونگی ئه‌م به‌یانییه‌وه‌ چاوه‌ شه‌پۆله‌ به‌لرفه‌كانت ماچ ده‌كه‌م، دروێنه‌ی خرمژنی به‌یانیانت ته‌ی ده‌كه‌م، سرته‌ و چرپه‌ به‌ حه‌سره‌ته‌كانت به‌ ئاوی سۆمام ده‌شۆمه‌وه‌، چراخانی ته‌مه‌نت داده‌گیرسێنم ، فوو له‌ ڕه‌شه‌بای شووم ده‌كه‌م ، ئاو به‌ گێژه‌ڵوكه‌دا، ته‌پوتۆزی به‌ر پێت ڕاده‌ماڵم، فه‌توا ده‌ده‌م كه‌ڵچه‌ری دوێنێ مه‌حوو كه‌نه‌وه‌ و بشۆنه‌وه‌، پرچی ئیشق ده‌كه‌مه‌ كه‌زێ و ده‌یهۆنمه‌وه‌، شۆڕشێ بۆ ئه‌وین به‌رپا ده‌كه‌ین، جه‌ساره‌تبارانی خانمان ده‌كه‌ین، پرچی په‌شمه‌كینت به‌ به‌ شانه‌ی برژانگه‌كانم دادێنم، باخچه‌ و دره‌ختی مه‌یله‌كان ئاو ده‌ده‌م، شه‌قامی شۆڕه‌ بی به‌ هه‌ناسه‌كانمان سێبه‌ر ڕێژ ده‌كه‌ین، ده‌نگیش تێكه‌ڵ به‌ دۆل و نساران و چه‌م و قاسپه‌ی كه‌و و باڵنده‌ خۆشخوانه‌كان ده‌كه‌ین، وڵاتی خه‌زانمان ده‌كه‌ینه‌ به‌هار و پێكه‌وه‌ گۆرانی ئاشق ئاشقێنه‌ بۆ هه‌ساره‌ی گه‌نج ده‌ڵێینه‌وه‌…….. 2 / 4

ئه‌لِمانیا




خەونەکان لە خومان باشتر دەژین … دانا ئەحمەد

بە جورێک کات بەسەر دەبەین
ژیانمان بە درۆ خستەوە
بەوەی ژیان جگە لە ژیان
بۆ شتی دیکەش دەست دەدات

لە شەو تاریکتر
ئەو ئاسویە بوو
چاوی هیوامان تێبڕی

لێرە هەموو رێگاکان یەک ئاراستەیان هەیە
ئایەتەکان لە تەفسیرێک زیاتر هەڵناگرن
هەموو گورانیەکان وەک مردن لە یەک ئەچن

بێداری جگە لە راکردن لە خەوێکی درێژ
هیچی جوڵەیەکی بۆ ژیان تێدا نەبوو
خەونەکانمان کرد بە چیرۆک
تا لە سەرزەنشتی داهاتوو دوربین
کە شتێکمان نەبێت بە کەڵکی گێرانەوە بێت!




له‌ لێواری مه‌رگه‌وه‌ بۆ بوون به‌ پزیشك

چیرۆكی په‌نابه‌رێكی عێراقی له‌ به‌له‌مێكی قاچاخی كۆچبه‌راندا

ماڵپه‌ری هه‌واڵی ده‌یلی مه‌یڵ ، چیرۆكی پڕ نه‌هامه‌تی خێزانێكی عێراقی له‌زاری یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م له‌ساڵی 2000 دا ڕوویان له‌ ئوسترالیا كردووه‌ و دواتر و له‌ ئێستادا ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌و خێزانه‌ عێراقییه‌ بووه‌ته‌ پزیشك و خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگای ئوسترالی ده‌كات.

به‌تول، ناوی ئه‌و كچه‌ په‌نابه‌ره‌ عێراقییه‌یه‌ كه‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ به‌له‌مێكی قاچاخدا خه‌ریك بوو ژیانی كۆتایی بێت به‌جۆرێك له‌پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌و به‌له‌مه‌دا ، ئیتر خۆراك و ئاویان لێده‌بڕێت و به‌له‌مه‌كه‌شیان كون ده‌بێت.
به‌تول، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ئه‌وه‌ ده‌گێڕته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری به‌سره‌ بوون به‌ڵام له‌ده‌ست ڕژێمی سه‌دام حوسێن هه‌ڵهاتوون و ده‌بوایه‌ به‌ هه‌ژاری له‌ هه‌ردوو ووڵاتی مالیزیا و ئیندۆنیسا بژیانایه‌، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی بڕیاریاندا به‌ به‌له‌مێكی قاچاخ ڕوو له‌ ئوسترالیا بكه‌ن. نقومبوونی به‌له‌می قاچاخ كۆچبه‌ران له‌و ساڵانه‌دا بووبووه‌ هه‌واڵێكی دڵته‌زێنی ڕۆژانه‌ و له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵی ئه‌وانیشدا به‌له‌مه‌كه‌یان تێكده‌شكێ‌ و له‌ دوورگه‌یه‌كی نزیك ئیندۆنیسیا له‌نگه‌ر ده‌گرن كه‌ به‌ ووته‌ی به‌تول، ده‌ریاكه‌ پڕ بووه‌ له‌ گیانداری ترسناكی وه‌ك تیمساح و گیانداری ئاوی تری ترسناك. له‌پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ نامێنێت، خانه‌واده‌ی به‌تول واده‌زانن ئه‌وان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ چونكه‌ نه‌مانی هه‌واڵی ئه‌وان هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ نقومبوونی به‌له‌مێكی تری په‌نابه‌ران له‌و كاته‌دا، بۆیه‌ خانه‌واده‌كه‌یان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ دانانی پرسه‌ بۆیان.

پاشان قاچاخچییه‌كان به‌له‌مێكی تریان بۆده‌هێنن كه‌ لێوان لێو بووه‌ له‌ په‌نابه‌ری تر و ئه‌وانیش ناچار ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌له‌مه‌دا بڕۆن.
له‌ پاش ڕوودانی نقومبوونی ده‌یان به‌له‌می په‌نابه‌ران له‌ پێش گه‌یشتنیان به‌ ئوسترالیا، حكومه‌تی ئوسترالیا ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر گرتن و گێڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ ، واته‌ له‌ ئێستادا ، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بكات ، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی داوه‌ لێوه‌ی بچێت بۆ ئوسترالیا یان ڕه‌وانه‌ی ووڵاتی خۆی ده‌كرێته‌وه‌.
به‌ڵام له‌و ساڵانه‌ی سه‌ره‌تای 2000 دا ، په‌نابه‌رانی وه‌ك به‌تول، له‌پاش نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ سنوره‌ ئاوییه‌كانی ئوسترالیا كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ختیان هه‌بووایه‌ و نقوم نه‌بوونایه‌ ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوری ئوسترالیاوه‌ ده‌بران بۆ دوورگه‌ی كریسمسی ئه‌و ووڵاته‌.
له‌پاش گه‌یشتنیشیان به‌ ئوسترالیا، به‌تول له‌ساڵی 2001 دا مافی په‌نابه‌رێـتی وه‌رگرتووه‌ و له‌پاش خوێندنی له‌و ووڵاته‌، له‌ ئێستادا پزیشكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و ووڵاته‌. به‌تول، ده‌ڵێت كه‌ زۆر خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئوسترالیا پێشوازی لێكراوه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ ببێت به‌ پزیشك له‌و ووڵاته‌.

ئامادەکردنی: هەژار تەها