جوگرافیای شوێن و ئەدەبی نائومێد … نیهاد جامی

شوێنەکان لەخەیاڵی مرۆڤدا زادەی فانتازیان، شارەکان هێندە دوورن مەودای نێوان ئێمە و شارەکان ڕووبەری خەیاڵین، گەیشتن بەشارەکان ڕزگاربوونە لەبێمانایی ئێرە، ئەو بیرکردنەوەیە لەکوێوە هات کەوا خۆرئاوا شوێنەکە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ؟
هەر چەشنە پرسیارێکی لەم جۆرە کاتێک لەساتەوەختێکی بەرایی تەمەن داگیرمان دەکات، وابەستەی یەکەم ساتەوەختەکانی خەون بینینە، کتێبێک یا فیلمێک بەسە بۆ ئەوەی لەڕێی خەیاڵەوە بفڕین و سەفەر بکەین بۆ دوورترین شوێنی دنیا، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ نێو مناڵی، هەڵدانەوەی لاپەڕەی لەیادکراوی تەمەنە، بۆ ڕۆژگارێک کە خەون بینین بە پایتەختەکان هێندە فانتازی بوون، کاتێک دەچینە ناو شارەکان تێدەگەین، لەنێوان فانتازیاکانی ئێمە و جوگرافیای شوێن، جیاوازیەکی گەورە هەیە، ئەوە ئێمە بووین شارەکانمان هێندە جوان کردبوو، دەنا شوین چەندە هەڵگری مانای ئازادی و جوانی بێت، هێشتا ئەو مانا فانتازیە ناخوڵقێنێت کە لەزهنی ئێمەدا بوونی هەیە.

ئەوە خوێندنەوەی کتێب و سەیرکردنی فیلمەکان بوو وای لەشارەکان کرد وێنەی فانتازیمان بۆ بخولقێنن، دەنا لەواقیعدا شوینێک نیە هەڵگری فانتازیا بێت، دەبێت خۆمان فریوو نەدەین، شارە خەیاڵیەکان زادەی ناو ئەدەب و هونەرە، لەدەرەوەی بونیادە خەیاڵیەکەی، شوێن هەڵگری بونیادی جوگرافی خۆیەتی، وێناکردنی خۆرئاوا وەک شوێنی خەیاڵ پەیوەست نیە بە شوێنەوە، بەڵکو زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، ئەوە گەشەسەندنی کولتوور وئازادبوونی فەردە، وایکردووە تێکەڵبوونی مرۆڤ بە شوێن وێنەی دنیایەکی نوێ بخوڵقێنێت، دنیایەک لەدەرەوەی فیکری توند وتیژی بژیێت.

کاتێک لەناو دڵی خۆرئاوا رووبەرووی پرسیار دەبیتەوە، شوێن بەتەنیا شتێک نیە، ئەوە مرۆڤە وای لەشوێن کردووە، وەک چۆن بێمانایی ژیان لەخۆرهەڵات و تراژیدیە بەردەوامەکانی، دیسان ئەوە مرۆڤەکانن بۆ خۆیان شەرعیەتێکی دواکەوتویان بۆ ژیان وێناکردووە، توندو تیژی دینی و ئازادنەبوونی تاک و بەرپرسیاربوون لەیەکتری، بنەمای وێرانبوونی دنیایەکە وایکردووە خۆرهەڵات و دنیای ئێمە وەک دۆزەخ ببینرێت، لەکاتێکدا پێویستە ئەو وێنەیە بخەینە ئاستی گومانەوەو بپرسین: کێ ئەو دۆزەخەی خولقاند؟ چۆن دۆزەخ لەژیان بکەینە دەرەوە؟
پرسیاروگومان سەرەتای کۆتایی هاتنە بەلۆژیکی بە دۆزەخبینین، بۆیە چیتر ناکرێت لەترسی وننەکردنی شوناسی کۆمەڵایەتیمان بێدەنگی لەو بیرکردنەوەیە بکەین، کە خولقێنەری تراژیدیایە، ئەوە بێمانایی ژیانی ئێمەیە لەخۆرهەڵات وای لەخۆرئاواکردووە، خۆی وەک نمونەی باڵا بخاتە ڕوو، ئەوەش جەندە دنیای ئەوانیتر درێژەیان پێداوە، بەڵام گاڵتەجاریەکەی ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی درێژکراوەی ئەوان بێت، ئێمە گەر نیشتمان بخەینە ناو گومانەوە، ئەو گومانە پاککردنەوەیەتی لە وێنەی دۆزەخ، کە وێنەیەکی دینی و عەرەبیە، پەیوەست نیە بە ئێمەوە، بەڵکو وابەستەی عەقڵیەتی ئەویتری عەرەبیە، ئەو دەمەی بە پڕۆژەی ستراتیژی ویستمان گۆڕان بخولقێنین، تێدەگەین نیشتمان چۆن وێنای بەهەشتی بۆ دەکەین، دەتوانین وەک ئەویتری خۆرئاوایی ببینە جێ سەرنجی ئەوانیتر.
دیارە لەو نێوەندەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئێمە ئەدەب و هونەرەکەشمان هەر زادەی ئەو دۆخەی کولتووریەمانە، کێشەی کولتووری ئێمە ئەوەیە نەمانتوانیووە کولتوور بەشداری لەگۆڕانکاریە عەقڵیەکانمان بکات، تێکستە ئەدەبی و کارە هونەریەکانمان دڕیژەی بە دۆزەخ بینینی کۆمەڵگای کوردیە، بۆیە نەمانتوانییووە ئەو وێنەیە لەزهنی مرۆڤی کوردیی بگۆڕین.

نیشتمان لەئەدەبی نوێی ئێمەدا چیتر خاکی گەوهەر نیە و ئاوی کەوسەر نیە، نیشتمان شوێنێکە بۆ نائومێدی مرۆڤی کوردیی، رۆژە بەراییەکانی ڕاپەرین سەرەتای تێگەیشتنی ئەدەبی ئێمەیە لەو نائومێدیە، ئەوە لێدانە لەگەشبینی ودڵەڕاوکە خستنە ناو خەونە، کاتێک بەختیار عەلی لەدیوانی گوناه وکەرنەڤاڵ دەمانخاتە بەردەم وێنەیەکی جیاوازی نیشتمان، دواتر ئەو وێنەیە لە “ئیشکردن لەدارستانەکانی فیردەوس و کتێبی پیاو کوژان” تێماندەگەیەنێت، شوێن ئەو ڕووبەرە جوگرافیەی ئێمە تیایدا دەژین، ڕووبەرێک نیە بۆ ژیان، ژیان لەدەرەوەی ئێرەیە، لێرەوە نیشتمان دەبێتە شوێنی خائین و پیاوکوژەکان، ئەو نەوە نوێیە کە ئەدەبەکەی و دەنگی نەوەکەی رووبەری دۆخێکی تاریکی نێو ژیانی دەکاتەوە، زادەی دۆخە کولتووریەکەی کۆمەڵگای کوردیە، کۆمەڵگایەک کولتوور ناتوانێت بەشداری لەبەرەو پێشچوونی بکات، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، وەک لەلای شێرزاد حەسەن لە ڕۆمانی “تەمی سەر خەرەند” هەموو گەڕانەوەیەک تەنیا سۆزێکە بۆ ڕابردوو لەناو مناڵی کوژراودا، چوونەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، سرووشتی کوژراو لەلای شێرزاد حەسەن و شێرکۆ بێکەس وێنەیەکی دیاری ئەدەبی نوێی ئێمە پێکدێنێت، سرووشتێک گەر لای شاعیرێکی وەک گۆران مانای جوانی بگرێتە خۆی و بکەوێتە ستایشکردنی، بەلام لەلای شێرزاد سروشتێکی کوژراوە بەهۆی دۆخی سیاسی لەلایەک و لەلایەکیتریش کولتوور هۆکارێکیتری ئەو مەرگەیە، چونکە نایەوێت بەسەر خۆیدا بکرێتەوە، وەک لە چیرۆکی “تێکئاڵان” سەرەنجام دوو عاشقەکە دەگەڕینەوە دڵی سرووشت، ئەو بێئومێدیە وابەستەی داخرانی کولتووریە، وەک چۆن لەلای شێرکۆ لە “دەربەندی پەپوولە” خودی سرووشت خۆی کوژراوە، بۆیە گەڕانەوەی شێرکۆ بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ ناو سرووشتی کوژراو.

ئەوە تەنیا شیعر و ڕۆمان نین وێنای نیشتمان لەو فۆڕمە دەخەنە ڕوو، فیلمی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” ی بەهمەنی قوبادی وێنەیەکی تری شوێنە وەک ڕووبەری نائومێدی مرۆڤ، جیتر ئومێد خاڵێک نیە ئێمە لێی بڕۆینە ناو ژیان، بەڵکو ئەوە ئازار وکارەساتەکانن، خەونی ئێمە لەژیاندۆستیەوە دەگۆڕن بۆ خەونی مانەوە لەژیان، ئەوەی هەیە خەون نیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نەمردن، دووبارەکردنەوەی هاوارێکیتری دڵداری شاعیرە بۆ ئەوەی کەس بەئێمە وەک نەتەوە نەڵێت مردووین، بەڵکو زیندووین، بەڵام بەڕاست ئێمە زیندووین؟ ئاخۆ جێهێشتنی نیشتمان هەڵەیەکە و گەنجان پێی هەڵدەستن؟ لەکاتێکدا نیشتمان وێنەیەکی نێو کولتوری ئێمەیە بۆ جێهێشتن، ئەوەش دەرگا لەنووسینیتر و قوڵبونەوە دەکاتەوە کە بچینە نێو بابەتی ترەوە، هەوڵ دەدەین لەداهاتوودا سەر لەنوێ بگەڕێینەوە سەری، تاوەکو لەوێنەی نائومێدێکەوە سەیری ئومێدێک بکەین لەدەرەوەی ناشوێن.

بەبێ تاریکردنی وێنەی ئومێد سەختە بتوانین خەون ببینین، ئەوەی ئێمە لەبەردەم نائومێدی ڕادەگرێت، ئەو وێنەیە نیە، بۆچی سەریاسی سوبحدەم لەدواهەمین هەناری دونیا وەک نەوەیەک نەک هەر خاکەکەی سوتاوە، بەڵکو خۆشی سوتاوەدا ڕامانبگرێت، بەڵکو ئەو پرسیارەی گرنگر ئەوەیە، ئایا ئێمە وەک موزەفەری سوبحدەم لەدەریادا ڕووداوەکان دەگێڕینەوە، نیشتمان جێدێلین و ڕووەو دەریا هەنگاو دەنێین، ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە کێن؟ ئاخۆ ئێمە ئەدەبێکمان هەیە وێنەی نیشتمان وەک شوێنی ئومێد بخاتە ڕوو؟ کاتێک باس لەئومێد دەکەین، قسەمان لە ئومێدە وەک خەونی مرۆڤ، نەوەک فریودانی مرۆڤ بێت، بەوەی جوانی نیشتمان بە ئاستێکە لەدەرەوەی ستایش ناتوانین شتێکیتری لێ بکەین.
کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەدەبی ئێمە وێنەیەکی بۆ نیشتمان خستە ڕوو، ڕووبەرێکی بۆ ئومێد نەهێشتەوە، ئەو نائومێدیە وایکرد “جوگرافیای شوین ببێت بە منداڵدانی ئەدەبی نائومێد”

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ؟ تێبینییه‌کی زمانه‌وانی …لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری

🔸پێشه‌کی
زمان له‌دوای پێشکه‌وتنێکی دوور و درێژ و دڕۆنگانه پێک‌هاتووه و هەر نەتەوەیەک زمان و ئه‌دەبی نەتەوایەتیی خۆی بپارێزێ، بە نەتەوەیەکی زیندوو ده‌ژمێردرێ.(۳) وادیاره که ئاخا‌وتن واتا تواناییی مرۆڤ بۆ قسەکردن که ڕووداوێکی لە نه‌کاو و کتوپڕی نییه، سروشتیه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێگه‌یشتووه.
سەبارەت به هۆی پەیدابوونی زار و سەرهه‌ڵدانی زمان، زۆر شت ڕوون کراوه‌ته‌وه. هه‌ندێ که‌سێش ده‌ڵێن که له سەرەتاوە به جیاوازی دەربڕین و کۆکردنی دەنگەکان و وشەکان ده‌ست‌پێدەکات و لەگه‌ڵ بڵاوبوونەوە و فراوان‌بوونی سنووری بەکارهێنانی زمانەکه گەشه ده‌ستێنێ.(۱) کۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕه‌وتی پێک‌هاتنی وشه‌کان (کە لێرەدا زمانی کوردی مەبەستە‌) زۆر شتمان بۆ ده‌رده‌خات.

🔸تێبینی
لێرەدا بۆ نموونە بەکورتی باسێک لەسەر وشەیه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌رنج‌ڕاکێش ده‌خه‌ینه ڕوو که له بنه‌ڕه‌ت‌دا بۆ کوێستانێکی ناوچه‌یه‌کی کوردستان (باشووری ڕۆژئاوای شاری دیوانده‌ره) گوتراوە؛ به‌ڵام سه‌رده‌مانێکه به سێ شێوه‌ی جیاوازی ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ ده‌نووسرێت. له‌و ناوچه‌یه له‌ وه‌رزی به‌هاردا کوێستانەکانی‌ سه‌رسه‌وز و پڕگوڵ و کانیاو لەوێ‌دا، دیمه‌نێکی جوان پێک‌دێنێ و هەروها له‌و ناوچه‌دا ئاسه‌واره زۆر کۆن و مێژووییه‌کان وه‌ک: ته‌پۆڵکه کۆنه‌ و شێوه‌کارییه به‌ردینه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه.
ئێستا ده‌مانه‌وێ درووستیی پێک‌هاتنی ناوی ئه‌و ناوچه‌یه (واتا “ساڕاڵ/Saral”) پشت‌ڕاست بکه‌ینه‌وه.
1-ساراڵ: سار-Sar (ن/پ)، لێره‌دا وشه‌یه‌کی فارسییه و له فه‌رهه‌نگه‌کاندا به واتای باڵنده‌ی ڕه‌شیڵه-گاوانی هاتووه(۲) که پێکه‌وه ده‌بن به “گاوانیی [ڕه‌نگ] سووری گه‌ش”. که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌وه‌و نییه.
2-ساڵاڵ: ساڵ-Sal (پ)، که لێره‌دا به‌رانبه‌ری “سال”ی فارسییه که پێکه‌وه ده‌بن به “ساڵی سووری گه‌ش!”. که دیسان ئه‌مه‌ش بێ‌واتایه و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ هیچ شتێک نییه.
3- ساڕاڵ: تێکه‌ڵ-لە دو وشەی ساڕ و ئاڵ [ساڕ+ئاڵ] پێک‌هاتووه(٤).
(3-1): ساڕ-Sar’ (ئاوه‌ڵناو)، ئه‌م وشه‌یه له زاراوه‌کانی کورمانجیی ژوور‌دا واتا “سارد” (٥) و بۆ شوێن یان مەڵبەندێکی فێنک و سارد که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. له فه‌رهه‌نگه‌کانی: “کانی، فه‌رهه‌نگا کورمانجیی پاک‌سرشت-عومه‌رزاده و هه‌نبانه‌بۆرینه”ش‌دا به واتای سارد هێنراوه. هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی شێخانی‌(٦)، دوو وشه‌ی “سارد” و “شوێن” له‌به‌رانبه‌ری‌دا بۆ نووسراوه.
(3-2): ئاڵ-al: ئاوه‌ڵناوه و واتا ڕه‌نگی سووری گه‌ش یان کاڵ. “ئاڵ” له پاشگره نەناسراوه‌کانی زمانی کوردییه که له زۆربه‌ێ وشه‌کانیش‌دا به ناوه‌وه ده‌لکێت و واتای وێک‌چوونی و ڕێژه‌یی لێ زیاد ده‌کات و ده‌یکاته ناوێکی نوێ. وه‌کوو: هه‌رزاڵ-قرژاڵ-چه‌نگاڵ و هتد.
نموونه‌ واتاکانی: “ده‌نکی هه‌نار ئاڵه..”
یان:
له ئه‌شکی خوێن به‌یادی لێوی ئاڵت
که‌نارم بوو به کانی له‌عل و یاقووت.. (دیوانی سالم)

به‌س ده‌بێ به‌وه‌ش ئاماژه بده‌م که وشه‌ی “ئاڵ”، له زمانی کوردی‌دا به چه‌ند جۆری تریش تێکه‌ڵ ده‌کرێ و زۆرجاریش ڕه‌نگه هه‌مان واتای هه‌بێ؛
میناک:
1-ئاڵایی/al’ayî: [ئاڵ+ئایی]، شتی ڕه‌نگاوه‌ڕه‌نگ.
2-ئاڵبوونه‌وه/albûnewe، (ئاڵ+بوون+ه‌وه).(۷)
مه‌ته‌ڵی کوردی: “هه‌موو که‌س ددانی به تورشی ئاڵ ده‌بێته‌وه، قازی نه‌بێ به شرینی..”

🔸ده‌ره‌نجام
هه‌روا که ده‌زانن زمانی کوردی پڕه له پێشگر-پاشگری ڕەسەن یان نەناسراو که ده‌بێ بدۆزرێتەوه و لێکۆڵینەویان لەسەر بکرێ؛ له‌م باسه‌دا و‌شه‌کانی ساراڵ و ساڵاڵ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی-زمانی ـیان به‌و ناوچه و کوێستانه‌وه نییه و درووستی وشه‌که ده‌بێته “ساڕاڵ”. واتا: “دەشت و کوێستانی فێنک و [پڕ لە گوڵ و کانیاوی] سووری گه‌ش”. مەولەوی کورد (1882-1806) له شێعرێکی دیوانه‌که‌ی‌دا ئاماژه به‌م جوانییه‌ دەدا و ده‌فه‌رموون:
هه‌ر ساڕاڵ وه خوسووس وه‌ته‌ن بۆ
ئه‌رچی سه‌فای ڕۆح، ڕاحه‌تیی ته‌ن بۆ
به‌ڵام دووری تۆ یه‌ند زۆر ئاوه‌رده‌ن
ده‌ردێ وه ده‌روون هامده‌ردان به‌رده‌ن
وه هه‌رجا ته‌شریف تۆ ئه‌رزانییه‌ن
هه‌ر دیده په‌ی تۆ هه‌زار کانییه‌ن..

——————————————————

🔸سه‌رچاوه‌کان
۱- د. شوانی، چەند بابەتێکی زمان و ڕێزمانی کوردی، ۲۰۰۱.
۲- فەرهەنگی فارسی-کوردی کاوە.
۳- د. کاکل تۆفێق، ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان، ۲۰۰۷.
٤- ح، کاکەوەیس، لسان الکرد، ۱۹۸۷.
٥- هەژار، هەنبانە بۆرینە.
٦- فەرهەنگی فارسی-کوردی زانستگای کوردستان.
۷ـ فەرهەنگی کوردی-کوردی درنج-Dirinc.
┄┄┄❅✾❅┄┄┄

ئه‌م نووسراوه، له ڕێکه‌وتی 1ی گوڵانی 2719دا ئاماده کراوه.
zanko.yari@yahoo.co.uk




منداڵانی توخمی پیاوە داعشییەکان بێ تاوانن… جیهاد موحەمەد

لە ناو کولتووری ئیسلامدا، قسەیەک هەیە، دەڵێت”بەزۆرگاین لەش پیس ناکات”، لەم ئیدیۆمەوە دەمەوێت بچمە ناو بابەتەکەوە!
پێش هەموو شت، ئەم ئیدیۆمە، تەنها بە قسەیە و بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەوتا وەک چۆن ئەو ژن و کچانەی لەسەر خۆشەویستیی و عەشق دەکوژرێن، بە هەمان شێوە ئەو کچ و ژنانەشی، کە دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر، ئەگەر نەشکوژرێن، چ لای خەڵکی بێگانە، چ لای کەسوکاری خۆیان،بە چاوێکی نزم تەماشا دەکرێن، واتا تیرۆری کەسایەتیان دەکرێت.
ئەم کولتوورە باو و ناشیرینەی کۆمەڵگای ئیسلامیی لە ناو ئێزیدیەکانیشدا هەمان کولتوورە، لە بیرمان ناچێت، چۆن دۆعایان بەردباران کرد. ئێستاش بەرامبەر بە ژنە ئێزیدییە سکپڕەکانی پیاوە دڕندەکانی داعش و ئەو ژنانەی منداڵیان لە داعشەکان بووە، ئێزیدیەکان هەمان ڕەفتار دەکەن.

داعش، لەسەر بنەمایەکی زەقی ئیسلام، کە هەموو سەروەت و سامان و کچ و ژنی ئێزیدیەکانی حاڵ کرد و بە دەستکەوت(غەنیمە)ی دانا. کارەسات و تاوانێکی هێندە قێزەون و گەورەیان ئەنجام دا، ڕووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو دین و بیروڕا ئایدۆلۆجییەی دژی ئەم بێ ڕەوشتیی و ئابڕوویە نەوەستانەوە، ڕەش کرد. هەرچ کەسیک و هەرچ ئایدۆجیی و دین و ئاینزایەک لایەنگری ئەم کارە قێزەونە بووبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پەڕی دڵڕەقیی و بێ ویژدانییە.
ئایا تەنها داعش، یان ئەو گروپە تووندڕوە تیرۆریستییە ئیسلامییانە خاوەنی ئەم عەقڵیەتە دڕندەیەن؟ یان لای ئێزیدیەکانیش هەمان دڕندەیی و عەقڵیەت هەیە. بە بڕوای من لای زۆرێک لە دین و ئایدۆلۆجییە دۆگماتیزمییەکان، لای هەموو گروپە تیرۆریست و سیکتاریزمیەکان هەمان عەقڵیەت هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی و جێبەجێنەکردنی کەوتوەتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو دینە، یان ئەو گروپە تیرۆرستی و سیکتاریزمیانە دەسەڵاتیان هەیە. هەرچ کات دەسەڵاتیان هەبوو لە هیچ جۆرە ستەم و تاوانێک بەرامەبەر بە دین و بە بیروباوەڕەکانی دەرەوەی خۆیان سڵ ناکەنەوە.
دڕندەیی و تاوان لای هەرچ گروپێکی سیکتاریزمیی، لای هەرچ نەتەوەیەکی نەژاد پەرست، لای هەرچ ئاینزایەکی وەک سوننیەکان و شیعەکان بەرامبەر بە یەکتری، لەسەر کات و دەسەڵات وەستاوە، هەرچ لایەنێک لەم لایەنانە دەسەڵاتی هەبوو، هەستی بە هێز کرد، سڵ لە هیچ نامرۆڤبوون و تاوان و دڕندەییەک ناکاتەوە بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی، تا دەگاتە ئەوەی کە تاوانی پاکتاوکردنیش بکات.

داگیرکارییەکانی ئیسلام، هەر لەسەر دەمی پەیامبەر(محەمەد)ەوە تا دەگات بە ٦٠٠ ساڵەی تەمەنی عوسمانیەکان، جگە لەوەی سەدان وڵاتانیان داگیرکرد، دەیان دین و ئاینزایان پاکتاو کرد، دەیان گروپ و نەتەوەیان پاکتاو کرد، هەزاران مەکتەبە و شوێن و پێگەی ڕۆشنبیرییان سوتاند، بە هەزاران و دەیان هەزار ژن و کچیان حەڵاڵ کرد بۆ خۆیان و کردیانن بە کەنیزەک، یان بە گوێرەی شەرعەکەی خۆیان مارەیان بڕین. ئەمانە هەمووی لەو کاتەوە بوون کە دەسەڵاتیان پەیدا کرد، پێش ئەوە نەرم و نیان بوون و داوای پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانەیان دەکرد و ڕێزیان لە هەموو دین و بیروباوەڕێکی دیکە دەگرت.

کاتێکیش دەوڵەتگەلێکی عەرەبیی ئیسلامیی و دەوڵەتی سەفەویەکان و فارسەکان و تورکەکان دروست بوون و هەڵگری دینی ئیسلام بوون، ئەمانیش هەر یەکەیان لای خۆیەوە و لە ژێر قەڵمڕەویی خۆیدا دەیان نەتەوە و کەمەنەتەوییان پاکتاو کرد. کورد یەکێک بووە لەو نەتەوانەی هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندا بووە، بۆ چەندین جار لێرە و لەوێش گروپی گەورە و ژمارەی گەورەی لێ پاکتاو کراوە، تەنانەت زمانەکەی لێ قەدەغە کراوە، تا ئێستاش تاوان بەرامبەر بە گەلی کورد نەوەستاوە. کەمەنەتەوایەتی عەرەب لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە، ئازەریەکان کە نەتەوەیەکی گەورەن لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەرشە و چەوساندنەوەدان، لە تورکیادا چەرکەسەکان پاکتاو کران، ئەرمەنیەکان بە سەدان هەزاریان لێ پاکتاو کرا، گەلی کورد نەک چەندین جار پاکتاو کراوە، تا ئێستاش لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندایە.

سوننیەکان و شیعەکان، کە دوو ئاینزای ئیسلامن و یەک خوا و یەک قورئان و یەک پەیامبەریان هەیە، ١٤ سەدە زیاتر لە شەڕ و پێکداداندان و تیرۆر و پاکتاوی نەک زیندووکانی یەکتری دەکەن، تیرۆری کەسایەتی ئەوانەی چەندین سەدەشە مردوون بەردەوامە.
فینیقیەکان و کلدانیەکان و ئاشوریەکان و قبتیەکان و ئەماغیزیەکان، بە تەواوەتی لە لایەن داگیرکاریی ئیسلامەوە پاکتاو کراون.
ئەگەر تۆزێک وردبینەوە لە مێژووی خوێناوی دینەکان و نەتەوەپەرستەکان، بە چاوێکی بێ لایەنییەوە سەیر بکەین، هیچ نەتەوە و دین و ئاینزایەک، چ وەک خۆیان دەڵێن ئاسمانی بێت یان زەوینیی لە کاتی دەسەڵاتیدا سڵی نەکردوەتەوە لە تاوان و دڕندەیی بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی. کەواتە ئەمە عەقڵێتێکی نەخۆشی نامرۆڤییە هەموو ئەمانەی گرتوەتەوە. هەتا ئەم عەقڵیەتە بەردەوام بێت، دڕندەیی و سڕینەوە و پاکتاوکردن و تاوانی مرۆڤیی بەردەوام دەبێت.

زۆربەی خەڵک، وا سەیری ئێزیدیەکان دەکەن، کە گوناح و بێ تاوانن، وەلێ ئەگەر لە سۆنگەیەکی عەقڵانییەوە سەیری تاوان بکەین، سەیری کۆمەڵگە و گروپی مەدەنیی بکەین، سەیری عەقڵیەتی مرۆڤبوون بکەین، هەڵسەنگاندنمان لەسەر بنەمانی مرۆڤبوون و عەقڵانیی و پێکەوە ژیان بێت، ئێزیدیەکانیش هەر ئەوەندە ستم و زوڵم ناکەن، کە دەسەلاتیان نییە، بەڵام کە دەسەڵاتیان هەبوو ئیسلام چیی دەکات، ئەوانیش کەمتر ناکەن. لایەنداریی ئێزیدییەکان و هەرچ دین و ئاینزا و گروپ و نەتەوەیەک، دەبێت لەسەر بنەمای دژایەتی چەوساندنەوەیان بێت، نەک لایەندارێتیەکە سەرمان لێ بشێوێنێت و ئەم دین و ئاینزا و گروپە سیکتاریزمیی و نەتەوە پەرستییانە برەو پێ بدات. ئازادیخوازان، ئەوانەن کە بە بیرکردنەوەیەکی مرۆڤییانە و عەقڵانییانە دژایەتی هەرچ جۆرە چەوساندنەوە و تاوانێک دەکەن، نەک لایەندارێتیە کە ئەوە لە بیر بەرێتەوە، کە لە ڕاستیدا،عەقڵیەتی هەموو ئەمانە، یەک عەقڵیەتە،لە کاتی دەسەڵات و هێزیاندا هەمان شتن.

بیروباوەڕیکی دینیی وەک ئێزیدیەکان، ئەگەر دڵی نەسوتێت بەو کەسانەی لە گۆشت و ئێسکی خۆیین، دڵی نەسوتێت بە جگەرگۆشەکەی خۆی وەک ئێزیدیەکان، ئەبێت چۆن جێگەی بڕوا و متمانە بن کە دەسەڵاتیان هەبوو لە داعش خراپتر ناکەن؟
ئاخر وەک ئەو ئیدۆمەی ئاماژەم پێدا: “ئەوی بە زۆر بیگێن لەشی پیس نابێت” لەو ڕووەوە زۆر ڕاستە، کە کەسانێک بە زۆر دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان، بە زۆر دزیی پێ بکرێت، بە زۆر سواڵی پێ بکرێت، بە زۆر هەرچی پێ بکرێت گوناحبار و تاوانبار نییە. کچ و ژنێکی داماو و بێ دەسەڵات کە کەوتوونەتە دەستی داعشە دڕندەکان، بە زۆر سکیان پڕکردوون، کردوونیان بە ژنی خۆیان، ئەبێت چ تاوانێکیان هەبێت، ئێستا بە چاوێکی قێزەونەوە لە لایەن دایک و باوکیانەوە سەیر دەکرێن و وەریان ناگرنەوە. ئەم تاوانە بە بڕوای من هیچی کەمتر نییە لە تاوانی داعشەکان، هیچیش کەمتر نییە لەو منداڵانەی لە پیاوە ئەڵەمانیاکان لە دایک بوون لە وڵاتانەی داگیریان دەکردن، بەڵام کۆمەڵگا و وڵاتانی ئەوساش بە منداڵی”نەشیاو” دایان دەنان و وەریان نەدەگرتنەوە ـ لە بابەتێکی دیکەدا باسی کۆمەڵێک لەو منداڵانە دەکەم ـ .

ئەوەی ئەمرۆ ئێزیدیەکان دەیکەن بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان، کە منداڵە باوک داعشەکانیان پێ فڕێ دەدەن گەورەترین تاوانە، ئەم تاوانە لە سەربڕینی منداڵ و ژن خراپترە. ئەم تاوانە دەمێکە ساڵە دەگوزەرێت و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ چاندنی دڵەڕەقیی و نامرۆڤیی لە هەموو جیهاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢١/٤/٢٠١٩




نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” … نیهاد جامی

نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” لەئێستادا لەسەرجەم کتێبفرۆشیەکانی کوردستان دەست دەکەوێت لەداهاتووشدا وەک کتێبی ئەلکترۆنی لە دەنگەکان بلاو دەبێتەوە .




په‌ریا … ئه‌حمه‌دی شاملو … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

یه‌كێ بوو ، یه‌كێ نه‌بوو
له‌ژێر گومبه‌زێكی شینا
بانگی شێوان
ڕووت و قووت
سێ په‌ری ڕونیشتبوون
به‌ كوڵ ده‌گریان په‌رییه‌كان
وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران
فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران
كه‌زییه‌كانییان ، قه‌دی كه‌وان ، ڕه‌نگی شه‌به‌ق
شكۆفه‌یان له‌ داركه‌موون زیاتر ده‌ركردووه‌
له‌ ڕه‌نگی شه‌به‌ق تۆخترن
به‌ره‌و ڕوویان ،
ڕێك شاری كۆیله‌ی دیله‌
پشته‌وه‌شیان سارد و سڕ قه‌ڵای ئه‌فسانه‌ی پیره .
له‌ ئاسۆوه‌ زرینگ زرینگ ، زڕه‌ی زنجیر ده‌هاته‌ گوێ
له‌و دیویشدا ، له‌ناو قولله‌ ، ناڵه‌ ناڵی ئێشكچیێ .

  • فریشته‌كان برسیتانه‌ ؟!
    فریشته‌كان تینووتانه‌ ؟!
    فریشته‌كان ماندوو بوون ؟!
    یا باڵنده‌ی په‌ڕبه‌سته‌ن ؟
    چییه‌ ئه‌و هایهایه‌تان ؟
    گریان و وای وایه‌تان ؟
    فریشته‌ چییان نه‌ده‌گوت هه‌ر ده‌گریان
    وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران
    فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران ..
  • فریشته‌ نازه‌نینه‌كان !
    چیتانه‌ ئاوه‌ها ده‌گرین ؟
    له‌م بیابانه‌ دووره‌دا
    ئا به‌م بانگی شێوانه‌
    ناڵێن به‌فر ده‌كه‌وێ ؟
    ناڵێن بارانێ ده‌بارێ ؟
    ناڵێن گورگ دێ و ده‌تانخوا ؟
    ناڵێن دێو دێت و ده‌تانكا به‌ یه‌ك پاروو
    ئێوه‌ ناترسن په‌رییه‌كان ؟
    نایه‌ن بۆ شاره‌كه‌مان ؟
    شاری ئێمه‌ ده‌نگی دێ ، زڕه‌ی زنجیره‌كانی دێ ..

فریشته‌كان
باڵای ڕێكی من ببینن
ئه‌سپی سپیم ببینن
ئه‌سپی سپی ناڵ زیوین
كلك و بژی ڕه‌نگی هه‌نگوین
تیژڕه‌و و خۆشبه‌زۆكه‌ی من
ئاسكی ده‌مارئاسنی من
په‌ل و گه‌ردن
با ی تفنكانی ببینن ..
ئه‌مشه‌و له‌ شار هه‌رایه‌
مۆڵگه‌ی دێوان داخ كراوه‌
ئاده‌میی میوانمانن
به‌ به‌زم و هه‌را دێنه‌ شار
دۆڵ و زوڕنایێ لێ ده‌ده‌ن
ده‌له‌یزن و ده‌له‌یزێنن
خونچه‌ی پێكه‌نین په‌رش ئه‌كه‌ن
نوقڵی بیابان ده‌ڕێژن
های ده‌كێشن ، هۆی لێ ده‌ده‌ن :

  • شار بووه‌ جێگای خۆمان
    جه‌ژنی ئاده‌مییانه‌ ، دێو به‌گله‌یین
    دونیا دونیای خۆمانه‌ ، دێو به‌گله‌یین
    سپییه‌تی پاشایه‌ ، دێو به‌ گله‌یین
    ڕه‌شایی ڕوو سیایه‌ ، دێو به‌ گله‌یین .

فریشته‌كان
ئیتر ئه‌وا خۆر له‌ ئاوابووندایه‌
ده‌روازه‌ی قه‌ڵا داخراوه‌
بۆیه‌ تا زووه‌ هه‌ستن
سواری ئه‌سپی من ببن
ده‌گه‌ینه‌ شاری ئاده‌مییان
سه‌یر كه‌ن ده‌نگی دێ
قڕ قڕ پچڕانی زنجیری كۆیلان دێ
ئه‌دی زنجیری گران و ستوور ، ئه‌ڵقه‌ به‌ ئه‌ڵقه‌ لا به‌ لا
هه‌ڵده‌وه‌رێن له‌ ده‌ست و پا
ڕزیو له‌ باڵ یه‌كدی ده‌ردێن
دێو و درنج به‌دبه‌خت ده‌بن .

سه‌ر به‌ دارستاندا بكه‌ن ، دارستانێ به‌ دڕكستان ده‌بینن
سه‌ر به‌ بیاباندا بكه‌ن ، تراویلكه‌ و( شۆره‌زارێ) ده‌بینن
له‌ باتی وه‌ش له‌ شاری ئێمه‌ ، ( ئاخ فریشته‌ینه‌ نازانن )
ده‌رگای قوللان ده‌كرێنه‌وه‌
كۆیله‌داران ڕیسوا ده‌بن ، كۆیله‌ ئازاد
ئاوا ده‌بنه‌وه‌ وێرانه‌
هه‌ر كه‌س خه‌مێكی هه‌بێ
خه‌مه‌كه‌ی له‌ بن گڵ ده‌نێ
حه‌سیر ده‌بن به‌ مافوور
دیل ئازاد
دیل داخ له‌ دڵن
ده‌ست بۆ داسه‌كانییان ده‌به‌ن
ده‌بنه‌ لافاو ، شڕ شڕ شڕ
ده‌بنه‌ ئاگر ، گڕ گڕ گڕ
له‌ دڵی شه‌وا كه‌ ناشیرنه‌
ئاگربازی چه‌ند جوانه‌
ئاگر ئاگر ! چه‌ن چاكه‌
ئێستا كه‌ بانگی شێوانه‌
چی وا به‌ شه‌و
به‌ جۆشی گه‌رمی نه‌ماوه‌
های ڕاپه‌ڕین
له‌ حه‌وزی زێڕین ده‌رقولین .

ئێستا كۆیله‌كان وه‌ستان ، ڕووی چرایان وه‌ربگێڕن
له‌ گیانی شه‌و به‌رببن ، دڕ به‌ تاریكایی بده‌ن
مامۆ زنجیران ده‌چنێ ، با ئاپۆره‌ی خه‌ڵكی ڕێ ده‌ن(1)
بیهێننه‌ مه‌یدان و
له‌ جێیێ هه‌ڵیپه‌ڕێنن
بیكه‌نه‌ بایی یه‌ك پوول
ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك بنێن
له‌ ده‌وری یار بكه‌ونه‌ سه‌ما
(( حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، هه‌ستن و دانیشن ))(2)
لاسایی بكه‌نه‌وه
(( سندووق و قفڵیان هه‌یه ، هه‌ستن و دانیشن ))
لاسایی بكه‌نه‌وه‌
فریشته‌كان
ئیدی به‌سه‌ های هایتان
گریان و وای وایتان
هیچیان نه‌گوت ، به‌ كوڵ ده‌گریان فریشته‌
هه‌وری به‌هاران ئاسا ، فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران ..

فریشته‌ خه‌ت خه‌تییه‌كان(3)
ڕووت و قووت و پا په‌تییه‌كان
شه‌وانی چله‌ی بچووك
له‌ ژێر كورسیدا قرچ قرچ
برێشكه‌مان ده‌قرتاند و بارانیش دای كردبوو
له‌ سولاوكه‌وه‌ ده‌نگی ده‌هات
نه‌نه‌گیانیش هه‌قایه‌تی ده‌گێڕانه‌وه‌
قسه‌ی پڕ له‌ نهێنی
چیرۆكی فریشته‌ی سه‌وز و فریشته‌ی زه‌رد ..
چیرۆكی خاتونی شای په‌رییان
ئه‌وه‌ ئێوه‌ن فریشته‌كان
هاتونه‌ته‌ دونیای ئێمه‌
ئێستا ته‌ماح گرتوونی كه‌ف و كوڵتانه‌
كڕ كڕ بێده‌نگ خه‌م ده‌خۆن
دنیای ئێمه‌ خاڵ خاڵییه‌ ،
ده‌رد و خه‌می تێدا نییه‌
دنیای ئێمه‌ چیرۆك و سه‌ربرده‌ نه‌بوو
په‌یامێكی سه‌رمۆر نه‌بوو
هه‌ر كه‌س بییه‌وێ بزانێ
دونیای ئێمه‌ ئاشكرایه .‌

دنیای ئێمه‌ دڕكاوییه‌
بیابانی پڕن له‌ مار
هه‌ر كه‌س كاری به‌ویدییه
دڵی باخه‌به‌ر ئاگادار ..
دنیای ئێمه‌ بوزورگه‌
پڕ له‌ چه‌قه‌ڵ و گورگه‌
دنیای ئێمه‌ – هێ هێ هێ
ئه‌ودیو ئاگر – لێ لێ لێ
ئاگرت ده‌وێ – له‌ باڵا گرمۆڵه‌ بووه‌
تا پاژنه‌ی پێت ده‌ستت له‌خۆ شوشتووه‌
دنیای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌
بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ !

باشه‌ فریشته‌ی چیرۆكان
باڵداره‌ باڵ شكاوه‌كان!
ئاوتان نه‌بوو ، چایی و نێرگله‌تان نه‌بوو؟
كێ پێی گوتن بۆ دونیای ئێمه‌ بێن ؟
دنیای واوه‌یلای ئێمه‌
كێ پێی وتن قه‌ڵای چیرۆكتان وێڵ بكه‌ن
كێشه‌ بۆ خۆتان دروست كه‌ن
هیچیان نه‌گوت ، به‌كوڵ ده‌گریان فریشته‌‌‌
وێنه‌ی هه‌وری به‌هاران ، فرمێسكیان هه‌ڵده‌باران
ده‌ستم برد بۆ شانیان یه‌كاڵایان بكه‌مه‌وه
‌قیژاندیان ، هاواریان كرد
جادووگه‌ر بوون ، بوون به‌ دووكه‌ڵ
ژۆرداچوون تاریك بوو
ژێرداگه‌ڕان ، دره‌وشانه‌وه‌ .. پیر بوون
بوون به‌ گریان ، بوون به‌ ڕۆح ، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌
بوون به‌ خان ، به‌ زیندانی ، به‌ كه‌ڵه‌شێری سه‌ركه‌نده‌
بوون به‌ میوه‌ ، به‌ دانی میوه‌ ،
بوون به‌ هه‌ناری سه‌ربه‌سته‌ ،
به‌ ئومێد ، به‌ یه‌ئس
بوون به‌ ئه‌ستێره‌ی نه‌حس ..
وه‌ختێ دییان ئه‌ستێره‌
كاری به‌ منه‌وه‌ نییه‌
ده‌بینم و حاشا ده‌كه‌م
ته‌ماشای گه‌مه‌یان ده‌كه‌م
سه‌رسام و گێژو وڕ نابم
به‌ جادووگه‌ر نابم به‌ به‌رد ..

یه‌كێ بوو به‌ گۆزه‌ی شه‌راب
یه‌كێ بوو به‌ ده‌ریای ئاو
یه‌كێكیش بوو به‌ كێوی برنگ و
چه‌قیه‌ ئاسمان ..
شه‌رابه‌كه‌م هه‌ڵقوڕاند
كه‌وشه‌كانم توند كردن
له‌ ده‌ریام دا ته‌ڕ بووم و په‌ڕیمه‌وه
ڕام كرد ، ڕام كرد
گه‌یشتمه‌ سه‌ر چیا
‌له‌وبه‌ری چیا ، ساز و ئاوازیان لێ ده‌دا :
( ترینگ ترینگ شاد بووین ..
له‌ ده‌ست سته‌م ئازاد بووین ..
خۆره‌خان تاوی هاوێت
فه‌رده‌ی برنجی ده‌ ئاوێ كرد )

خۆره‌خاتۆن بفه‌رموو
له‌و به‌رزاییه‌ وه‌ره‌ خوارێ
ئێمه‌ زوڵم و زۆرداریمان تێكشكاند
( ئازادی)مان كرد به‌ قیبله‌ ..

له‌و ده‌مه‌ی خڵكی ڕاپه‌ڕین
ژیان بووه‌وه‌ هی خۆمان
له‌ شادی بێزار نابین
چیتر به‌نده‌ و دیل نابین

به‌رز و نزم بووینه‌وه‌
له‌ حه‌وزی زیوین كه‌وتین
سێوی ئاڵتونمان ڕنی و
به‌ ماڵی خۆمان گه‌یشتین

سه‌ركه‌وتین دۆ بوو
چیرۆكی بێ ترس درۆ بوو
ژێرداگه‌ڕاین ماست بوو
چیرۆكی ئێمه‌ ڕاست بوو
چیرۆكمان گه‌یشته‌ سه‌ر
مێرده‌زمه‌ نه‌گه‌یشته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی
هه‌ڵبه‌زین ، دابه‌زین
زنجیره‌كانمان هه‌مووی پێچایه‌وه‌ .

ئاماژه‌ و سه‌رچاوه‌
(1)مامۆ زنجیران ده‌چنێ ، كه‌سییه‌تیه‌كی دژمنانه‌یه‌ له‌ یارییه‌كی منداڵاندا.
(2)حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ له‌ یاری نا ، به‌ڵكو جۆره‌ ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌كی ساده‌دڵه‌ كه‌ له‌ ناو هاوته‌مه‌ناندا باو بووه‌ ، ئه‌وان ده‌ستیان
له‌ نێو ده‌ستی یه‌كتر ده‌نا و ده‌ستیا تێك ده‌گرت و حه‌ڵقه‌یه‌كیان دروست ده‌كرد و له‌ كاتی وه‌رچه‌رخانداده‌یانگوت :
حه‌مامۆك مێرووله‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌وانی دیش ده‌نگیان له‌ ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌ و
ده‌یانگوت : هه‌ستن و دانیشن .
بۆ دێری دووه‌میش ، هه‌ر به‌و جۆره‌ كه‌ هه‌ندێ ده‌یانگوت
سندوقۆكه ‌و قفڵیان هه‌یه‌ .. ئه‌وانی دی لێیان ده‌گێڕانه‌وه‌ :
( هه‌ستن و دانیشن .. ) ئه‌وه‌ش وه‌ك وتمان ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پاكدڵانه‌یه‌ .
(3)په‌رییه‌ خه‌تخه‌تیه‌كان: ڕاستیی ئه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ك بوو ، كوڕه‌ بچكۆله‌كه‌م له‌ كاتی نووسینی ئه‌م شیعره‌مدا دووباره‌ی ده‌كرده‌وه‌
منیش به‌ ته‌واوی په‌سندم كردكه‌ ئه‌و به‌ چه‌ندخه‌تێك ته‌عبیری لێ ده‌كرد ، دوایش به‌كارم هێنا .

  • ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ له‌ ئه‌سڵی فارسییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی
    بڕوانه‌ : احمدی شاملو – هوای تازه‌ ( كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی هه‌ڵبژارده‌ ) – بڵاوكردنه‌وه‌ی ( نیل ) تاران چاپی پێنجه‌م
    1355ی هه‌تاوی لاپه‌ڕه‌ 172- 182
    شاملو شیعره‌كه‌ی پێشكێشی ( فاتی ئه‌لبه‌تحی ) كردووه‌ .

‌‌