دەوڵەت*: -2 – نوسینی جۆزیف پرۆدۆن … و: زاهیر باهیر


نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی دوو:

Louis Blanc و Pierre Leroux دڵنیایی لەسەر پێچەوانەکەی دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی توانای ئەم دووانە لەناو سۆشیالیستەکانا دیارە، ئەمەیان لە سیاسییەکانەوە بۆ ماوەتەوە، ئەمانە پیاوانی حکومەت و دەسەڵاتن، پیاوانی دەوڵەتن.

بۆ ئەوەی جیاوازییەکان لابەلابکەینەوە دەبێت ئێمە دەوڵەت وەکو پرسێك بەرچاو بگرین، نەك لە ڕوانگەی کۆمەڵە کۆنەکەوە کە ئاساییانە و بە زەروورە بەرهەمیهێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی نەمانی دەبێتەوە، بەڵکو لە دیدی کۆمەڵە نوێیەکەوە کە ئاوایە و دەشبێت ئەنجامی کردنی ئەو دوو چاکسازییە بنەڕەتییە و بەیەکەوەگرێدراوی وەکو سیستەمی متمانە و ڕەسید [ کرێدت] و باجگەریییە، ئەو کێشانە لابەلابکرێنەوە.

سەبارەت بەمەی دووهەم کە دەوڵەتە، گەر ئێمە ئێستا ئەوە بسەلمێنین کە خودی دەوڵەت بە سروشتی بە تەواوی لەسەر گریمانێکی بێ بنەما ڕاوەستاوە، لە پێگەی یا هەنگاوی دووەمدا لە خودی پلان و وجودیی دەوڵەتا هیچ پاساوێك بۆ هەبوونی و پاراستنی نادۆزرێتەوە کە زیانبەخش نەبێت. لە گریمانی دووهەمیشدا دەوڵەت لە هەردو بارەکەدا یەکسانە بە درۆ و دواتریش هۆکارەکانی بۆ بەردەوامبوونی، تەنها دەتوانێت پەنا بۆ گریمانێک وەکو دوانەکەی دیکە بەرێت کە ئەمەش هەر بێ بنەمایە، بەم جۆرە کە ئەم سێ خاڵە، سێ لایەنە،[ پرۆدۆن مەبەستی ئەو 3 لایەنەی دەوڵەتە کە لێرەدا هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی قسەی لەسەر دەکرێت – وەرگێڕ] ڕوونکرانەوە پرسەکە/ کێشەکە لابەلا دەکرێتەوە و دەوڵەتیش ناپێویست و لە زیادە حسابی بۆدەکرێت، سەرەنجامیش ئامرازێکی زەرەرمەند و شتێکی مەحاڵ دەبێت، بوونیی حکومەت لەخۆیدا ناکۆكە.

لێگەڕین با بە تەواوی شیبکەینەوە:

1- سەبارەت بە سروشتی دەوڵەت:
Louis Blanc پرسیار دەکات “دەوڵەت چییە؟”
وەڵام دەداتەو و دەڵێت:
” دەوڵەت لەسای تەختی پادشایەتیی –دا دەسەڵاتی تەنها پیاوێکە ، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری تاکە کەسێکە.
“دەوڵەت لەژێر فرمانداریی ئۆلیگارکیدا، دەسەڵاتی ژمارەیەکی کەمی پیاوانە، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری چەند کەسێکە .
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەرستۆکراتەکانا، دەسەڵاتی چینێکە، حوکمی زۆردارانەی زۆرینەیەکە.
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەنارکییەتا، دەسەڵاتی ئەوەی یەکەم جار هاتووە کە وا ڕێکەوت هەرە ڕۆشنبیر و بەهێزەکەیە، حوکمی زۆردارانەی بێ سەروبەرەیە[ فەوزایە].
“دەوڵەت لەسای دیمۆکراتەکانا دەسەڵاتی هەموو خەڵکە کە لە لایەن بەربژێرەکانیانەوە خزمەتیان دەکرێت، حوکمی سەردەمی ئازادییە”

لەم پێناسەیەی Louis Blanc بۆ دەوڵەت لە بیست وپێنج هەزار یاخود سی هەزار خۆێنەری خۆی، ڕەنگە دە کەسیان ئەم پێناسەیەیLouis Blanc یان، بۆ دەوڵەت، لەلا تەواو و لابەلاکەرەوە نەبێت و لە دوای مامۆستاکەیانەوە نایڵێنەوە: کە دەوڵەت دەسەڵاتی کەسێکە، هەندێکە، یاخود زۆربە ، هەمووان، یاخود ئەوەی یەکەمجار هاتووە. بەگوێرەی وشەکان دەوڵەت بە یەکێك لەم ئامرازانە وەسفکراوە : پاشایەتیی، ئۆلیگارکیی، ئەرستۆکراتیی، دیمۆکراتیی یاخود ئەنارکیی. نێردراوەکانی [مەندوب] لۆکسەمبەرگ کە خۆیان باوەڕیان وایە کە فێڵ و دزییان لێکراوە – بەوەی کە ئاوای دەبینن گەر کەسێك بیەوێت ڕایەکی جیاواز لەوان دەربڕێت سەبارەت بە مانا و ئاڕاستەکانی شۆڕشەکەی شوبات.- لە نامەیەکدا کە بڵاوکرایەوە شەرەفمەندیان کرودم کە ئاگەداریان کردمەوە کە وەڵامەکانی Louis Blanc زۆر سەرکەوتوانە بوو کە من ناتوانم شتێکم لە وەڵامیا هەبێت.

لەوە دەکات هیچ کام لە هاووڵاتییە نێردراوەکان هەرگیز دیراسەی یۆنانییان نەکردبێت. گەر بیانکردایە ئەوەیان دەبینی کە مامۆستاکەیان، برادەرەکەیان، Louis Blanc ، لەبری پێناسەکردنی دەوڵەت تەنها هاتووە وشەکانی یۆنانیی، وەکو: monos ، یەک دانە، aligoï ، هەندێك یا چەند دانەیەك، aristoï, ، گەورە یاخود مەزن، demos ، خەڵك، هەروەها privative a ، یانی نا، نەخێر-ی بۆ فەرەنسی وەرگێڕاوە. ئەرستۆ بە بەکارهێنانی ئەم چەمکە [کۆنسێپت] شیاوانە فۆرمەکانی دەوڵەتی جیاکردۆتەوە، کە پێناسەی بە بەکارهێنانی وشەی archê ، [ وشەیەکی کۆنی یۆنانییە کە بۆ دەسەڵات یا یەکەم شوێنی دەسەڵات بەکارهێنراوە-وەرگێر] بە واتای دەسەڵات، حکومەت، دەوڵەت، کردووە و چواندووە. داوای لێبوردن لە خوێنەرمان دەکەین، ئەوە هەڵەی ئێمە نییە ئەگەر زانستی سیاسەت لە لۆکسەمبەرگ نەیتوانیبێت توێژینەوەی سەرچاوەی وشە بکات، کە لەو ڕێگایەوە دەزانرێت مانای ئەم وشانە لە ڕێڕەوی مێژوودا، گۆراون.

درێژەی هەیە
……………
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




لە هەولێر لە گەڵ (باوك) بە یەك گەیشتین … حه يده ر عه بدولره حمان

واتێ‌ بگەم راستەوخۆ بچینە نێو كرۆكی بابەتی شانۆگەری ( باوك) باشترەو و دوو سێ‌ قسە لە سەر ئەو نمایشە بكەین، ئەوەندە لە سەر تێكستەكەی ئۆگیست سترانبیرگ ـ ی گەورە نووسەری سویدی نەوەستین ، چونكە فەلسەفەو ئامانجی شانۆیی (ئۆگیست سترانبیرگ ) وەك خاوەن میتۆدێكی سروشتی و واقیعی ، پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە لە بواری رۆمان و شانۆ و ئەدەبی جیهانی و پرسی ململانێی كۆمەڵایەتی و دەروونی، بە تایبەت دوای نمایش كردنی شاكارە مەزنەكەی ( باوك ) كە زۆرینەی شانۆكانی جیهانی هەژاندووە.
ئۆگیست سترانبیرگ ـ ئەو نووسەرە بلیمەتەی ئەدەب و كولتوورو، شانۆی سویدی و شانۆی جیهانیی بە هزرو رۆمان و بەرهەمە بە پێزەكانی دەوڵەمەند كردووە، یەكێكە لە سێ‌ جومگەكانی وەك چیخەف و ئەبسن، كە پێشەنگی شانۆی نوێی جیهانی بوونە، تا سەدەی بیستەم.

سترانبیرگ ساڵی 1887 ئەم شانۆگەریەی بڵاو كردۆتەوە، كە یەكێكە لە دیارترین ئەو شانۆگەریانەن لە ئەدەبی جیهانیدا زۆر بە تێرو تەسەلی بەرجەستەی ملمڵا نێ‌ ی نێوان پیاوو ئافرەت دەكەن، ناوداریەتێكی زۆری بە هەردوو شانۆگەری سروشتی و تەعبیر ییەكانی وەك ( باوك ) و (خاتوو جولیا ) و چەند شانۆگەری تر، دەربارەی ملمڵانێی ئافرەت و پیاو پەیدا كرد، دواتر بوو بە پێشەنگی شانۆی دەروونی، بە تایبەت دوای نووسینی شانۆگەری (خەون و ئەقلی قوڵایی)
چمكی نمایشەكەی (باوك) ی سترانبێرگ ، سەربوردەی ( ئەدۆلف ) ی كابتنە، كەسێكی بە مەعریفەو زانست پەروەرە، ئەو پیاوەی هەموو ژیانی بۆ بایەخ پێدان بە توێژینەوە زانستیەكان تەرخان كردووە، بە بەردەوامی بە دوای كتێبدا دەگەڕێنت و ماڵەكەی پڕ كردووە لە فەلسەفەو زانست، هاوسەرگیری لە گەڵ ( لۆرا ) ی خوشكی قەشە كردووە، بیست ساڵی تەمەنیان بە یەكەوە بە سەر بردووە، كچێكیان كەوتۆتە نێوان بە ناوی (بیرتا) كە سەرچاوەی سەرەكی كێشەی نێوانیان بووە.

لورا ـ ئارەزووی ئەوەی دەكرد ( بیرتا ) لە گەڵیاندا بژی و فێری هونەری رەسم كردن بێت، بەڵام ئەدۆلیفی باوكی بە پێچەوانەوە دەیویست كچەكەی لێیان بە دوور كەوێتەوەو لە گەڵ ژنانی تر دابڕێ‌ ، ببێت بە مامۆستا،تا ئەگەر هاوسەرگیریشی نەكرد، بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات
كابتن لە سەر بیرو ڕاكەی خۆی مكوڕە، چونكە خۆی بە بەرپرسی یەكەم دادەنێ‌ بەرامبەر بەئایندەی كچەكەی،
لورا ـ دڵگرانە بەوەی كابتن هەموو ئەو پارەو پوولە بۆ كڕینی كتێب و توێژینەوەی زانستی خەرج دەكات و دژایەتی ژنەكەی دەكات بۆ پەروەردەكردنی كچەكەی.

ئەم كێشەیەی پەروەردە كردنی منداڵ و و رێكخستنی كاروباری نێو خێزان، كێشەی سەرەكی مل مڵانێی نێوان ئەو ژن و مێردە بوو، ئەو كاتە كابتن لە پۆپەی دەسەڵات بوو، قسەی یەكەم لەو ئیمپراتۆریەتە بچووكەی ماڵ، قسەی ئەو بوو، بەڵام دواتر كە پەتای گومان و رارایی رووی تێ‌ كرد و هەست و دەروونی داگیر كرد، بە هۆی گومان كردن لەوەی بیرتا ـ كچی راستەقینەی ئەو بێت و ژنەكەی خیانەتی لێ‌ نەكردبێت ، گومان ئەدۆلیفی كابتنی خستە قۆناغێكی ترسناك لە ژیانیدا، تەنانەت كاتێ‌ پزیشك سەردانیان دەكات ، لورای هاوسەری ئەدۆلیف بە شێت بوون لە قەڵەم دەدات، چونكە ئەدۆلیف گومان لەوە دەكات كە بیرتا كچی ئەو بێت، بەڵام كاتێ‌ پزیشك دەیبینێ‌ ، زۆر پێی سەرسام دەبێت و رێز لە توێژینەوەكانی دەگرێ‌ ، ئەدۆلف وا لە پزیشك دەگەیەنێت كە هۆكاری توڕە بوونی ئەوەیە خاوەن كتێبخانەكات كەمتەرخەمن لە ناردنی كتێب بۆ توێژینەوەكانی، ئەگەرچی چەندین نامەی بۆ ناردوون.
بۆیە پزیشك بە لورا دەڵێت كە ئەو هەست بەهیچ نیشانەیەكی شێت بوونی ئەدۆلیف ناكات، ئەو توێژینەوانەش هەمووی نیشانەی بیرمەندی مێردەكەیەتی.
بەڵام (لورا) پێداگری دەكات لەسەر بە شێت بوونی مێردەكەی و داوای لێ‌ دەكات چاوەڕوانی بكات تا نیشانەكانی شێتی تیا دەردەكەوێت.

كاتێ‌ كابتن لە پۆستە خانە دەگەڕێتەوەو دەزانی ژنەكەی ناردنی هەندێ‌ نامەی لێ‌ قەدەغە كردووە، توڕە دەبێت ، ئەوەندەی تر لورا دەیهەژێنێ‌ كە پێی دەڵێ‌ هەموو دۆست و برادەرانی بە شێت بوونی ئاگادار كردۆتەوە و بەم زووانە دەست بە سەر سەرو سامانیدا دەگرێ‌
ئەدۆلیف ئاگاداری ژنەكەی دەكاتەوە ئەگەر ئەو مەبەستی شێت كردنی بێت ، ئەوە پێش ئەوەی ئەوە روو بدات خۆی دەكوژێت، بەمەش ئاواتی دەست بە سەر داگرتنی قرۆشێكی بۆ نامێنێتەوە لە سەرو سامانەكەی .لە ئەنجامی ئەو روو بە روو بوونەوە توندو تیژە ئەدۆلیف لە حاڵەتێكی توڕە بووندا،چرایەكی هەڵگیرساوی بۆ داوێ‌ ..
(لورا) قەشەی برای و پزیشك بانگ دەكا، بۆ ئەوەی رووداوەكەیان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە پزیشك داوا دەكات بە زووترین كات بۆ چارەسەر كردنی شێت بوونەكەی ئەدۆلیف رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، داواش لە مارگرێتی دایەن دەكات كراسی شێتخانەی لە بەركات، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە.
(ئەدۆلیف) بە تەنیا لە ژوورەكەی خۆی دادەنیشێ‌ و دەردە دڵی خۆی دەكات، یادی ئەو ئافرەتانە دەكاتەوە كە لە ژیانیدا خیانەتیان لە گەڵدا كردووە،
ئینجا (بیرتا)ی كچی دێتە ژوورو لە هۆكاری پەلامارەكەی باوكی دەپرسێ‌ بۆ سەر دایكی ..ئەویش لە تاو گەورەیی كارەساتەكە لەویش توڕە دەبێت و بە بێ‌ ئەوەی ئاگای لە خۆ بێت بە دەمانچە هەڕەشەی لێ‌ دەكات، بۆیە (بیرتا) هاوار دەكا كە باوكی شێت بووە.

دواتر (مارگرێت)ی دایەن دێت و بە دەم گێڕانەوەی یادگارە كۆنە بە چێژەكانی، بە ئەسپایی كراسی شێتخانەی لە بەر دەكات و بەو كراسەوە دەیبەستێتەوە، كابتن كە هەست بە بەستانەوەی خۆی دەكات ، بە گلەییەوە بە مارگرێت دەڵێت : تۆش مارگرێت ؟
ئەدۆلیف ـ تووشی داهێزران دەبێت و بە دەم ئێش و ئازارە دەروونییەكانی، خەو دایدەگرێ‌،كاتێ‌ دەزانێ‌ پاڵتۆكەیان لە بەر كردۆتەوە، كە ئەو بە پێستی شێر ناوی دەبات، دەزانێ‌ ئیدی هەموو شتێ‌ بەرەو كۆتایی هاتن دەچێت ، بۆیە داوا لە مارگرێتی دایەن دەكات، رانی بۆ بكاتە سەرین، بۆ ئەوەی پشوویەك بدات و بە ئارامی رادەستی مەرگ بێت.
بەم دیمەنە كۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی كابتن دێت لە ماڵەكەو ژنەكە سەركەوتوو دەبێت لە بەدی هێنانی خەونەكانی و دەست بە سەرداگرتنی دەسەڵات و سەرو سامانی كابتن.

سترانبیرگ نەیویستووە واقیع رتوش بكات، بەڵكو وێنەیەك وەك خۆی نیشان بدات، چونكە ئەو هەمیشە مۆركی بە ململانێ كۆمەڵایەتیەكانەوە گرتبوو، بە تایبەت ئەو نەخۆشییانەی لە ناو خودی خێزانەوە تەشەنە دەكەن.
ململانێی ژن و مێرد لە شانۆیی ( باوك ) دا ئەو دژایەتیە فیكری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و دەروونی و پەروەردەییەیە، كە دەرهاوێشتەی زەمەنێكە لێواو لێوە لە نیگەرانی و گومان و دوو دڵی ، لە دوای روخانی خۆشەویستی بە ئەلتەرناتیفی خۆپەرستیەتی و نەرگزیەت و تەماعكاری
زەمەنێك نغرۆی گومانە، لە بۆشاییەكدا كە مرۆڤ هەموو شتێك دەكات لە پێناو سەپاندنی غەریزە ئەهریمەنیەكانی خۆی، ئەم گومانە لە یەكەم رۆژی ناوك بڕانی مرۆڤایەتیەوە هەیە، تا ئەو دەمانەش و دوای ئەو دەمانەش ، بەردەوام دەبێت.

لە شانۆیی ( باوك) دا ئەو گوتارەی سترانبیرگ بۆ سەردەمی خۆی هەیبووە، رەنگە درێژەی هەبێت بۆ زۆر لە سەردەمەكانی دوای خۆشی، لە سنووری كۆمەڵگایەكی دیاری كراوەوە بپەڕێتەوە بۆ زۆر لە كۆمەڵگاكانی جیهان، لە زەمەنێكەوە بۆ چەندین زەمەنی تر.. بێ‌ ئەوەی سترانبیرگ بە سنوورێكی جوگرافی و زەمەنێكی دیاری كراوەوە بەسترابێتەوە.
بە هەمان شێوەش ( باوك) تەنیا ئەو رەسمە نامێنێتەوە كە سترانبیرگ كێشاویەتی ، لەوانەیە دەرهێنەرێكی هۆڵەندی لە رەسمی باوكدا وێنەو چمكێكی تر هەڵێنجێ‌، كە پێشتر بە رەنگێكی تر نیشان درابێت، دەرهێنەرێكی كوردیش ، بۆی هەیە بەو شێوەیە باوك نیشاندا كە لە خەیاڵی ئەو دایە، گرنگ ئەوەیە ئەو داهێنەرێكی تر بیت جودا لەوانی تردا
ئەوەی گرنگە ئەوە یە، دەرهێنەر ئاشنا بە عالەمی سترانبیرگ بێت و بزانێت ستایلی سترانبیرگ جیاوازی هەیە لە گەڵ ئەوانی تر، چونكە زۆر لەوانەی پێشتر ئاشنا بە عالەمی چیخەف و ستایلەكەی نەبوونە، هەمیشە شكستییان خواردووە، تۆ وەك دەرهێنەر پێویستیت بە میتۆدی تایبەتی هەر یەك لەوانە، كە لە رێگەی بە بە پراكتیك كردنی تیۆرو بە پیشە بوونی شانۆییەوە ئاشنایان دەبیت، رەنگە كەم دەرهێنەری كوردیش ئەگەر ئەكادیمی و دەرهێنەرێكی پیشەیی نەبێت بتوانێت بچێتە ناو دنیای هەندێ‌ لەو بلیمەتانەی كە میتۆدو ستایلی تایبەتی خۆیانیان هەیە
سترانبیرگ ، شێوازی سروشتی خۆی هەیە لە شانۆدا، لە پاڵ ئەندریە ئەتوان ، چیخەف ، ئەبسن ، بە دوای گەڕان بە دوای ئەشكەنجەو ئازارەكانی كۆمەڵگاو نەخۆشییەكانیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەو ئەكتەرانەش كە لەو جۆرە نمایشانەدا كار دەكەن، دەبنە وێنەیەك لەو ستایلە سروشتیە، دەبێت خۆیان دوورە پەرێز رابگرن لە گوتار بێژی و دایەلۆژی راستەوخۆ و دوور لە هاتو هاوارو جولانەوەی زێدە ڕۆیی.

دەرهێنان:
دەرهێنەر( سدیق عەزیز) كەمتر وەك دەرهێنەر بە بینەری كورد ئاشنایە، تا ئێستا هیچ بەرهەمێكیمان لە كوردستاندا نەبینییووە، ناشزانین لە كوێوە چۆتە ناو پیشەی دەرهێنانی شانۆییەوە، بەڵام ئەركی ئێمە گەڕان بە دوای ئەو باگ راوندەدا نیە، هەڵسووكەوت لە گەڵ بەرهەمێكی شانۆیی دەكەین كە ئەو دەرهێنەرەكەیەتی، ئەو توانی وێنەیەكی ترمان لە شانۆی واقیعی نیشان بداتەوە ، بەڵام هەموو ئەزموونێكیش مەرج نیە لە هەموو بۆشاییەك بە دەر بێت،بۆیە من وا هەست دەكەم شوێن پەنجەی هەندێ‌ خاڵی لاواز لەسەر پانتایی نمایشەكەدا دەبیندرێت ، لەوانە:
1.رانەگرتنی هاوسەنگی لە ریتمی نمایش، بە هۆی چارەسەر نەكردنی كێشەی تێكست و دیالۆگی درێژو دادڕ
2.لاوازی لە بونیاتنانی ئەو دیمەنانەی هەمە رەنگی لە فۆرم دا دروست دەكەن، نمایش رزگار دەكەن لە فۆرمی چەقیوو.

  1. لاوازی لە سینۆگرافیا و ستاتیكای شانۆیی و بەجێ‌ هێشتنی فەزای شانۆ بە رووناكی و رەنگی كراوەو فلات، سوود وەرنەگرتن لە تەكنیكی شانۆیی ، بە تایبەت بۆ نمایشێكی دەروونی و سایكۆلۆژی بۆ بەرجەستە كردنی ناخی ئەكتەر بە سینۆگرافیا، كە رەنگە هەندێ‌ جار نمایش هەر تەنها جەستەو ئەدای ئەكتەر بەس نەبێت بۆ دەرخستنی هەندێ‌ هێمای دەروونی.
    4.لە دەست دانی چێژ بە هۆی ریتمی چەسپاوو بۆشایی سینۆگرافیا، لە هەندێ‌ دیمەندا.
    5.بە گشتی دەرهێنەر هەموو پشت بەستنێكی بە ئەكتەر بوو، زۆرینەی پێكهاتەكانی دیكەی فەرامۆش كردبوو، رەنگە ئەگەر رەگەزەكانی دیكەی ستاتیكای شانۆیی كارا بوونایە، ئەوە نمایشەكە ئاستێكی تری وەردە گرت ، كە زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت.
    6.كاتێ‌ دەرهێنەر بڕیاری بژاركردنی ئەو تێكستەی دا، خۆی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی زۆر سەخت ، كە رەنگە هەموو دەرهێنەرێك دەرەقەتی نەیەت، بە هۆی پێداویستیە هونەرییەكانی ، كێشەی هەرە گەورەی دەرهێنەرێك كە خۆی لە قەرەی شانۆیی (دیالۆگ ) دەدات ئەوەیە، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت دیالۆگ لە چوارچیوەی تەنیا وشەو رستەو دەستەواژە دەربێنێ‌ و بیخاتە نێو چوارچیوەیەكی هونەریی ئەوتۆ بینەر دووچاری خاوبوونەوە نەكات، كاتێ‌ بینەر سەعات و نیوێك لە سەر كورسیەكی رەق دادەنیشێ‌ ، لە چاوەكانیشەوە چێژ وەرگرێ‌، خۆ بینەر هەر تەنها بۆ گوێ‌ گرتن نایەتە هۆڵی شانۆیی ئەگەر رەگەزەكانی تر نەیوروژێنن و هەست بە تێپەڕبوونی كات نەكات.
    بۆیە بینەر چۆن پێویستی بە بیستنە، زێتر لەوەندەش پێویستی بە بینینە، خۆ ئەگەر لە نمایشی باوك دا بەراوردی نێوان بیستن و بینین بكەین، بە روونی هەست بە لەنگ بوونی هاوسەنگی دەكەین و لەوە بە ئاگاین كە سێ‌ بەشی رووبەری نمایش بە دیالۆگ داگیر كراوەو تەنیا بەشێكی بۆ چاو و رەگەزەكانی دیكەی وروژاندن ماوەتەوە.
    ئەكتەر :
    راستە هەر پێكهاتەیەكی شانۆیی كاریگەری تایبەتی خۆیان بە سەر نمایشەوە هەیە، بەڵام هەندێ‌ لەو پێكهاتانە جومگەیەكن لە هەیكەلی شانۆیی دا،بۆ راگرتنی ریتمی نمایش .
    ئەو ئەكتەرانەی لە باوك ـ دا دەركەوتن بە گشتی ئەكتەری پرۆفیشنالن و زۆرینەیان ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە چ لە گەڵ شانۆی كوردستان چ لە گەڵ شانۆی ئەوروپا، ئەم چانسەی گرد بوونەوەی ئەو كۆمەڵە ئەكتەرە بە توانایە لە دەوری ئەو نمایشەدا، بوون بە فریاد رەزی نمایشەكەو رزگار كردنی لە تاقیكردنەوە سەختەكە.
    دەرهێنەر لە كاتی هەڵسووكەوت كردن لە گەڵ ئەكتەری پرۆفیشنال و خاوەن ئەزموون ، ئەركە هونەرییەكانی ساناتر دەبێت ، لە رووی وەرگرتن و لە رووی ئیزافەی نوێ‌ لە لایەن ئەكتەرەكان خۆیانەوە، بەو ناوەی كە ئەوان خاوەن مەعریفەن بۆ ناساندنی ستایلی كاركردن و ناسینی كاراكتەرەكانی خۆیان، ئەگەر دیقەت بدەیت دەبینی كە جگە لە شەماڵی عەبە رەش كە ئەو لە دەرەوەی بازنەی بەراورد پێكردن بوو، ئەوە زۆرینەی كاراكتەرەكانی دیكە، ئەكتەری ئامادە بوون ..دەكرێ‌ بڵێن نمایشەكە نمایشی ئەكتەر بوو، چونكە ئەكتەر بوو بە ئەلتەرناتیف بۆ پڕ كردنەوەی هەموو بۆشاییەكان، سەرچاوەی چێژ لای بینەر لە پێرفۆرمانسی ئەكتەر دابوو، ئەگەر شەماڵی عەبە رەش دیارترین نیشانەی نواندن بێت ، ئەوە خەرمان هیرانی ، سیروان جەمال، دلشاد ئەحمەد ، شادان فوئاد ، دییە عەلی و ئەوانی تر هەر یەكەو بە قەد رۆڵی خۆی كاریگەری هەبووبە سەر ئاستی نمایشەكە.
    ئەكتەرەكان لە نێًوان خۆیاندا هێزیان بە یەكتر دەبەخشی، بۆ ئەوەی ویًَڕای ئەو بارە قورسەی لە دیالۆگدا لە سەر شانیان بوو، ریتمی نمایشەكە لە دەست نەدەن .
    شەماڵی عەبە رەش كە هەموو پێكهاتەكانی جەستەی هەر لە ئەداو ئیلقاوە ، تا دەگاتە سیماو روخساری سپی رەنگی، لەو نمایشەدا شوێنەوارێكی لە دوا تاقیكردنەوەكانی تەمەنی هونەری خۆی بە جێ‌ هێشت، كە لەو بڕوایە دانیم هیچ لە ئەكتەرەكانی شانۆی سترانبێرگی لە ئەوروپا دەسەڵاتی ئەو ئەدا بەرزو بڵندەی بووبێت ، بۆیە هەر كات ناوی نمایشی (باوك) بێت، ئەوە ئەو دیمەنەی كۆتایی شەماڵ بە زاكیرەماندا دێتەوە، جارێكی تر چێژێكی دیكەمان پێ‌ دەبەخشێتەوە.



پرسی شۆڕش … کاوە جەلال .. بەشی چوارەم

1
ئێمە بۆ نزیکبوونەوە لە پرسی شۆڕش گەرەکە سەرەتا تێگەی “ستاتۆی سروشتی” (natural state) دیاری بکەین، کە یەکێکە لە تێگە کرۆکییەکانی “تیۆری ی مافی سروشت” (natural law) و فەیلەسوفانی وەک هۆبس، لۆک، ڕووسۆ، لە نوێنەرە سەرەکییەکانین. لەم تیۆرییانەدا، سەرباری جیاوازیی ئەنترۆپۆلۆژییەکانیان، ستاتۆی سروشتی وەک هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا وەردەگیرێت، ئەمەش بەو ئامانجە کە گرفتەکانی ئەو جۆرە دەوڵەتە وەردتر دیاربهێنرێن. پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەوایەتی (لێگیتیماسیۆن) بە دەسەڵات دەدرێت.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا ژیانیان بەگوێرەی یاسای سروشتی بەڕێوەدەبەن، لێ “مافی بەهێزتران” بریتییە لە گرنگترین مۆرکی ئەو ستاتۆیە. لێرەدا مەبەست لەو کەس و گرووپانەیە کە خاوەنی هێزی فیزیکین (لەشەکی یان باندی تاڵانی)، هەروەها هێزی ئابووری، کۆمەڵایەتی-ئابووری یان هەردوو هێزی ناوبراو پێکەوە لەتەک هێزی سەربازیدا. ئەوان هێزەکەیان وەک ماف ڕادەگەیەنن و بەسەر بێهێزەکان یان کەمهێزەکاندا (“خەڵک”دا) دەیسەپێنن. لەم ڕوانگەیەوە موڵکدار بە هێزی توانستی ئابوورییانەی بەهێزترە لە بێموڵک؛ گرووپی چەکدار، بۆ نموونە پارتێکی سیاسی کە بە چەک خەریکی شەڕ و شۆڕە، بەهێزترە لە باقییەکەی نێو ئەو کۆمەڵە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە لە هەلی هەڵکەوتوودا بۆی دەلوێت “ویستی تایبەتی”ی خۆی (ڤۆلۆنتێ پارتیکولاری خۆی) بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. کەواتە دەسەڵاتداران “خۆیان” ماف بە “خۆیان” دەدەن ڕێگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاری بکەن.

لە ستاتۆی سروشتیدا تەنیا یاسا سروشتییەکان سەروەرن، وەک: مافی بەرگری لە موڵکی خۆ، ئەوە تەنانەت بە هێزی چەک، ئەوجا تۆڵە، یان مۆڕە وەک دیاریکەری سنوور بۆ کەسانی دی و هتد. لێ هەروەها یاسای دیکە هەن، وەک سوڵحکردن، ئاشتکردنەوە، هەستان لەبەر میوان یان بەڕێکردنی و هتد. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو یاسا سروشتییانە نەشیاوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.
لێ ئەو یاسایانە کە دەسەڵاتداران بە هەر شێوازێک دایاندەنێن، چواندنیان بۆ خۆیان و کەس و کاریان نییە، بەڵکو تێیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کراوە و لە دەرەوەی خۆیان بەسەر “خەڵک”دا دەیانسەپێنن. بۆ نموونە ئەو دەسەڵاتدارانە کە وەک گرووپ بە دەسەڵات دەگەن و تەواو هەوەسئاسا دەسەڵات دەئاژوێن. لێرەدا دەسەڵاتدارانی گرووپی چەکدار ویستی خۆیان بەسەر کۆمەڵدا دەسەپێنن، ئەوجا هەر بە ویستی خۆیان و سەرۆکیان پۆستە دادوەری و بەجێگەیەنەری و بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاری دەکەن، یان بە ویستی سەرۆک دەسەڵاتی باڵا بە کوڕەکانی ئەو دەدەن، بە ویستی خۆیان زەوی بەسەر ئەندامانی گرووپەکەیان یان لایەنگرانیاندا دابەش دەکەن، جگە لەوە بە ویستی خۆیان کارەبای زیاد لە پێویست بۆ ماڵی خۆیان ڕادەکێشن، ئەوجا گەر حەزیان چووە سەر باخی کەسانی دی، ئەوا دەشێت بەزۆر لێیان بکڕن یان تەنانەت لێیان داگیر بکەن، هەروەها زۆر دەشێت دەسەڵاتدار خۆی و کوڕەکانی، یان پیاوەکانی نزیکی بە کوڕەکانیانەوە، تەعدا لە کچی خەڵک بکەن و دەست بۆ شکۆی ژن لە ماڵی خۆی یان لە دامەزراوەیەکدا ببەن و هتد.

ئێمە لەم جێیەدا گەرەکە جیاوازی لە نێوان “زەبری دەسەڵاتداری ڕاستگۆ و نامەرد”دا بکەین: دەسەڵاتداری ڕاستگۆ هەرگیز نکۆڵی لە زۆرداری یان دیکتاتۆرێتیی خۆی ناکات، نەخێر، ئەو بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە لە وڵاتی ئەودا تەنیا جێی دیکتاتۆری دەبێتەوە. لێ دەسەڵاتداری نامەرد ئەو ناکەسەیە کە لە کرۆکەوە دیکتاتۆر و مافخۆر و درۆزنە، هەروەها ڕێ نادات هیچ یاسایەکی وڵاتەکە چواندنی بۆ خۆی و نەوەکانی هەبێت، بەڵێ تەنانەت چواندنی بۆ خزم و کەس و دەستوپێوەندەکانی هەبێت، کەچی هەمیشە جەخت لە پێچەوانەی دەروون و ڕەفتاری دیکتاتۆریانەی خۆی دەکات، بۆ نموونە لە دێمۆکراتی، یان لە ڕاستگۆیی و نەبوونی هیچ کەس لە سەرووی یاساوە. دەتوانین لەبارەی ئەم بەدڕەوشە ببێژین، کە لێرە “بەدجۆربوونی (پێرڤێرزیۆنی) دەسەڵاتی سروشتی” چووەتە جێی دەسەڵاتی ڕاستگۆیانەی سروشتی لای سەرۆکی هۆز و تیرە یان ئاغای چەوسێنەر و هتد.

گومانی تێدا نییە کە هەردوو ستاتۆی ناوبراو سەر بە ژیانی ڕیالی کوردەکان بوون: شار و شارۆچکەکانیان لە سەردەمانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، لێ بە تایبەتیتر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە، لەژێر ڕکێفی پەیوەندیی دەوڵەتیانەی مۆدێرنیزەکراودا بوون و تا ساڵی 1991 بە شێوەی سەنترال لە بەغدادی پایتەختی ئێراقەوە ڕێکدەخران، بە پێچەوانەشەوە لەو ناوچانەدا ستاتۆی سروشتی بە ڕەهایی یان نزیکەی بە ڕەهایی باڵادەست بوو، کە بە دەست پێشمەرگەوە بوو، یان گوندی عەشایەری بوون و سەرۆک عشیرەت پەیوەندییەکانیانی بە هەماهەنگی لەتەک دەسەڵاتی دەوڵەتیدا ڕێکدەخست. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە دەوڵەت لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی خۆیدا هێشتا هەر نەیتوانی بوو بە یاسای پۆزەتیڤ (واتا دانراوی مرۆڤ) یاسا سروشتییەکان لەکاربخات، بۆ نموونە یاسای تۆڵە. بە هەر حاڵ، گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە دوای ڕاپەڕین ی 1991 ستاتۆی سروشتی لە لایەن پارتە کوردییەکانەوە درایە پاڵ ئەو ستاتۆ دەوڵەتییە، کەواتە ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتییان هێنایەگۆڕێ. ڕوونتر ببێژین، چەکدارانی نێو چیاکان کە نوێنەر و پیادەکەری شەڕانگێزی بوون، جگە لەوە لە ڕەوتی پیادەکردنی یاسا سروشتییەکاندا گەیشتبوون بە ئەزموونی چێژبینین لەو ڕەوشە دەروونییە شەڕانگێزەی خۆیان و بەو ڕێیەشەوە کەسێتییان پتر تێکچوو بوو یان تەنانەت بەدجۆر )پێرڤێرز) بوو بوو، دەستیان بەسەر شارەکاندا گرت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان خستە ژێر ڕکێفی ویستی خۆیانەوە. ئاشکرایە کە ئەوان بەهۆی تێکچوون و بەدجۆربوونی کەسێتییانەوە تەنیا لەنێو دەسەڵاتدارییەکدا جێیان دەبۆوە کە بە کەسێتییان بگونجێت. ئەوان کە شەیدا و ڕاهاتووی بەڕێوەبردنی سروشتی بوون، لە بارەگای پارت و ماڵ-دیوەخانی خۆیاندا دەستیان کرد بە ئاژووتنی دەسەڵات، هەروەها تا ئەمڕۆ بە ویستی خۆیان دەیئاژوێن، لێ هاوکات بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەیی سیاسییان “وەک لاوەکی” بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر تەرخان کرد. لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ دامەزراوەی دیوەخان بدەین کە مەسئولی حیزبی وەک میراتێک لە ئاغایەتیی وەردەگرێت و دەیکات بە نێوەندی ئاژوتنی دەسەڵات: ئەم دامەزراوە ترادیسیۆنییەی گوند دەهێنێتە نێو سیاسەتی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەوە، ئەوەش بە چەشنێک کە کاریگەرییەکەی تەنانەت دەگات بە ژووری سەرۆکی زانکۆکان.

بێگومان چێبوونی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لای کوردەکان سەرەنجامی ئەقڵیەتی باڵادەستی قەومگەلەکە بوو کە گشت بوارەکانی تەنی، واتا سیاسەت، بەڕێوەبەرایەتی، کاری مەلایەتی، دەرکردنی گۆڤار، کاری ئەکادیمی، پیشەی پزیشکی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد. جگە لەوە هەر ئەم ئەقڵیەتە بوو کە لەتاو هەڵپەی دامرکاندنەوەی حەزە کەسییەکان بە تەواوی لە بەردەم بەددۆخی ئابووریانەی نەوەدەکاندا وشکهەڵهات. لە بنەڕەتدا بەهۆی چێژی دەسەڵاتەوە کە هۆبس واتەنی ئەندێشەی چێژبینینی پتری ئایندەیی لەتەک خۆیدا دەهێنێت (ئەوە کە کوردەکان ناوی دەنێن “بەهیچ دانامرکێتەوە”)، هەر نەیدەبینی کە چۆن ئەو دۆخە کۆتایی پێدەهێنرێت.

ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا پەزڵێکی کەسێتی لە پێناوی دەرخستنی ڕەوشی ئەخلاقیدا بنیاتبنێین. گرنگیی ئەم پەزڵە لەوەدایە کە پێکهاتەکانی لە پەیوەندیی پاڵیەکییاندا دەرفەتمان پێ دەدەن گۆڕانی کەسێتیی کوردەکان لە 1961 بەدوواوە ڕوونتر ببینین. ئێمە “ئەمڕۆ” لەم پەزڵەدا سەرەتا جۆرە کەسێتییەکی ترادیسیۆنییانەی کەم یان زۆر سەقامگیر دەبینین، کە ڕەوشتمەندە، کۆششکەرە، کەم یان زۆر گلەییکەرە، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان ترادیسیۆنییە، ئەوا بەدەرە لە ئاگایی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە، جا گەرچی تەسلیمی ویستی دەسەڵاتدارانی تێکچوو یان بەدجۆربوو نابێت؛ ئەوجا جۆرە کەسێتییەکی دیکەی دەرکەوتوو بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە هەیە کە نەوسنە، ملنەوێنە بۆ مەسئولی دەرکەوتوو، دەیەوێت بە هەر شێوازێک بێت بە پەلە پارە پەیدا بکات، ئەمڕۆ چەپە و سبەینێ ڕاست، ئەمڕۆ ڕاستە و سبەینێ چەپ، هەروەها وەک جرپن و پەتپەتێنکەر عەوداڵی دەرکەوتن یان خۆنواندنە. ئەم جۆرە کەسێتییە لەنێو سەرجەم پارتەکاندا بە “گۆڕان”یشەوە زۆرینەیە، هەروەها هەر لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییە زۆرینەیەدا ئاڕاستەی دی هەن، بۆ نموونە: دەنگزلی ڕەخنەگر کە لە کرۆکەوە هەیەپارێزە، یان کەسانی خۆ دانەر بە ڕۆشنبیری بلیمەت و دژبەری چەوساندنەوە و دەسەڵاتی ناڕەوا، لێ لە کرۆکدا موخەننەتتر و نەخۆشترن لە مەسئولە بەردەوام پەنجە بۆ ڕاکێشراوەکان و هتد.

توخمێکی دیکەی پەزڵەکەمان بریتییە لە کەسێتییەکی نەخۆش، ئەمانە ژن و پیاوی نەخۆشی حیجابدار و ڕیشنی سەلەفین؛ مۆرکی ئەم کەسێتییە نەخۆشە ئەوەیە کە ترسنۆکە، وەک هەیەپارێز تۆقیوە لە دەرهاویشتە نوێکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەروەها خۆویست و تەمەڵە و هاوکات ئەرەبیستانە جیهان و ژیان دەبینێت. پاشان توخمێکی دیکە بریتییە لە کەسێتییەکی بەردەوام بەرهەمهێنراوەی ترادیسیۆنی؛ ئەم کەسێتییە خاوەنی نەریتێکی دێرینی حەزەرمەندییە، بۆیە لە شار یان گوند بە خشکەیی دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، واتە هەقی بەسەر سیاسەتەوە نەبووە و نییە، یان هەرگیز گرنگیی بە کوردایەتیی چەکداریی نێو چیاکان نەداوە، بە پێچەوانەوە لەو سەردەمانەی شەڕی چەکداریدا بەرژەوەندیی خۆی لای حکومەتەکانی دەوڵەتی مەرکەزی بینیوە، ئەمڕۆش درێژە بە ژیانی ڕاهاتووی خۆی دەدات. ئێمە هەر لە پەزڵەدا گەرەکە ئاماژە بۆ جۆرێکی دیکەی کەسێتی بدەین کە ئاڵۆز و خاوەن ناوەرۆکی ڕەخنەییە، لێ کەمینەیە، جا گەرچی کەسانی سەرجەم نەوەکان لە پیرەوە تا گەنج لە خۆ دەگرێت و نەک تەنیا تەسلیمی ڕەوشی هەنووکە نابن، بەڵکو تەنانەت هەڵوێست بەرانبەری وەردەگرن.

بە چاوخشاندنمان بەم پەزڵەی کەسێتییانی کۆمەڵایەتیدا خێرا بەدگۆڕانێک لە ئەخلاقی سوننەتیدا دەبینین: شێوان. لێ شێوان تەنیا ئەدگارێکێتی، چونکە ئەو بەدگۆڕانە تا ڕادەی داوەشان بڕدەکات، بۆ ئەمەش نموونەی بەرجەستە زۆرن، وەک: هەوڵی پاشقولگرتن لە هەڤاڵ و تەنانەت برای خۆ، ئەنجامدانی یەکجار نابەرپرسانەی کاری پزیشکی لە چارەسەری نەخۆشدا، تەزویرکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، فەوتاندنی نووسینی وەرگێڕراوی کەسێکی دی یان دزینی هۆزانی (شیعری) کەسێکی دی و بڵاوکردنەوەی بە ناوی خۆوە، ئەوجا گۆڵمزی سادە بەپاڵ ئۆتۆمبێلەوە لە کەناری ڕێگە دەرەکییەکانی شار، یان پەیداکردنی پارە “عەلسەریع” کە تێیدا نزیکەی لەکارکەوتنی “قودسیەتی وەستای ترادیسیۆنی” دەردەکەوێت کە سەرەتا شانازیی بە “دەستڕنگینی”ی خۆیەوە دەکرد و هتد؛ بەڵێ بێکولتووریی کەس دەگات بە ڕادەیەک، کە ئیدی مرۆ بێشەرمانە سەر شەقامەکان دەگرێت و بە بەر چاوی کامێرای تەلەڤیزیۆنییەوە سکاڵا دەکات کە پارەی نییە ژن بهێنێت، یان ڕایدەگەیەنێت کە دەرەقەتی ڕێژەی زۆری بابەتەکانی خوێندن لە فێرگە و زانستگەدا نادات!!!

ئێمە لەنێو هەمان ئەو ڕەوشەدا هەروەها بەڕوونی دەبینین کە چۆن نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لەتاو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و نەوەکانیان تەواو شپرزە بوون و لە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن بێئابڕووانەتر تەزویر دەکەن. ئەوان بەهۆی تاوانەکانیانەوە کە لە شێوەی کوشتن و فڕاندن و هتد ئەنجامیان داون، هەروەها بەهۆی کەڵەکەبوونی لەڕادەبەدەری سەروەت و سامان لایان، تەواو تێوه‌گلاون و لە ترسدا تۆقیون، بۆیە نەشیاوە بتوانن لە خۆیانەوە واز لە دەسەڵات بهێنن، بەوەش هێندەی دی بوون بە تۆپی پێی دەوڵەتانی دراوسێ، کە گرووپ گرووپ یەکیان پێ گرتوون و پێکڕا لەنێو دوو میرنشینی بچووکی مۆدێرنیزەکراوی “نێو” کوردستانی “نێو” ئێراقدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئەوان دەکەن.

ئێمە بە یاریدەی دەستەواژەی “باندی کریمینێل” (ئیجرامی) دەتوانین ئاساتر لە تاقم-تاقمێنەی نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی نزیک بکەوینەوە. ئاشکرایە کە باندی کریمینێل جیاوازە لە کتلەی نێو پارتی سیاسی. ئاخر کتلە بۆ بەرژەوەندیی سەرجەمەکە کە پارتە، پێکدەهێنرێت، واتا ئامانجی کتلە بەرەوپێشبردنی سەرجەم قەوارەکەیە، لێ باند تەنیا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم قەوارەکە (پارتەکە) دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دادەنێت. کەواتە لەم ڕەوشەدا “ویستی تایبەتی” (ڤۆلۆنتێ پارتیکولار) بە شێوەی جیاواز لەگۆڕێیە، نەک “هەرێمێک” کە گەر هەبێت، ئەوا لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی “ویستی گشتی”یە (ڤۆلۆنتێ ژێنێرالە). بەڵێ، باند خۆی ویستێکی تایبەتیی هەیە و لەنێو پارتدایە، کە ئەویش وەک پارت خاوەن ویستێکی تایبەتییە لەنێو قەوارەیەکی گەورەتردا کە گەلێکە. ئەمە بە تایبەتی بەوەدا ڕوون دەبێتەوە کە بەرپرس وەک سەرۆک باند کوڕانی خۆی دەهێنێتە نێوەندی بڕیاری سیاسییەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گرنگییەک بەو “شتە” بدات کە ناو دەنرێت پەیرەوپرۆگرامی پارت یان یاسای پەرلەمان (!!)، بەڵێ ئەو هەروەها هاوشێوەی هەر باندێک پیاوەکانی بەگەڕ دەخات و دەیانکاتە سەر ئەم و ئەو، تەنانەت دەیان نێرێتە نێو پەرلەمانەوە تاکو سزای پەرلەمانتار بدەن، یان هانیان دەدات دەستڕێژ لە بارەگای پارتی دیکە بکەن، هەروەها بە ئارەزووی خۆی بازرگانی دەکات، دەکوژێت و دەبڕێت بەبێ ئەوە هیچ ئینستانسێک هەبێت بتوانێت لێی بپرسێتەوە. جگە لەوە باندەکانی دەسەڵات “تەواو پێرڤێرزانە” شایی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەگێڕن، هەروەک گەل دێمۆکراتییانە بە دەنگی خۆی ئەو ڕەوایەتییەی پێدابن! ئەوجا ئەو لایەنانە کە کەمتر تەزویریان پێکراوە، بەگوێرەی یاسای مافی بەهێزترانی نێو سروشت هەڵوێست وەردەگرن و دەبن بە ئاستەنگ لە بەردەم تەزویرچییە درۆزنەکەدا، کە ئیدی ناهێڵن هێندە ئاسان حکومەت پێکبهێنێت. لێرەدا فێڵلێکراو تەواو پێڕڤێرزانە، لێ هاوکات تەواو “ڕەوایانە” دەنگهەڵدەبڕێت: “شێتیش بیت ئەو زۆرێتییەی کورسییەکانت لێ قبووڵ ناکەم، چونکە تۆ زۆردارانە تەزویرەکانت کردووە ڕێژەکەیت بێشەرمانە تەقاندۆتەوە! لێ من بەهۆی هاڤرکێی پارتانی دیکەوە ئەو دەرفەتەم نەبووە، کەواتە بۆت نییە بە کەیفی خۆت حکومەت پێکبهێنیت. تەنیا شەراکەتی ڕاستەقینە چارەسەرە!”

به‌م شێوه‌یه‌ لای کوردەکانی ئێراق سەرباری دۆخگۆڕیی کۆمەڵایەتی، ئەتککردنێکی باندئاسای دەسەڵات هەیە، بەوەش دامه‌زراوه‌کان، واتا: په‌رله‌مان، دادگاکان، زانکۆکان، میدیاکان و هتد‌ پڕ ده‌بن لە که‌سانی چڵێس کە ئاشکرایە بە ملنەوێنی و سەرشۆڕی بۆ سەرۆکباندەکان پێی دەگەن، ئەوجا هەر ئەو جۆرە بیچمانە دێنە نێوەندی دامەزراوەکانەوە یان تەنانەت دەبن بە بەڕێوەبەریان. لێ گەرەکە لێرەدا جەخت لەوە بکەین، کە ئەم جۆرە بەدڕەوشە ناگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی سەرۆکباند و باندەکانیان، واتا لەنێو ئەوانەوە بۆ نێو بوارە ناوبراوەکان و خەڵک نەتەنیوەتەوە، بەڵکو ئەوە بەرژەوەندیی کەسێتییە چڵێس و بەدجۆربووەکان یان بۆ ئەمڕۆ ژیاوەکانە کە ئەو باند و سەرۆکباندانە دەهێنێتە گۆڕێ.

2
ئێمە گەرەکە لە پرسی شۆڕشدا وردتر ئاستەنگی مرۆڤی دیاربهێنین کە دروستکەری ئەو پەیوەندییە دیارهێنراوانەی سەرەوەیە.
لە چەند جێیەکی دی ڕوومان لە کێشەی ئاستگەرایی لای کوردەکان کردووە، ئێستاش سەرلەنوێ ڕووی تێدەکەینەوە و لەم کۆنتێکستەی ئێرەدا پتر تایبەتمەندیی پێدەدەین. ئاستگەرایی لای کوردەکان ئامانجێکی چەسپێنراوە لەنێو هۆشی هەرکەسدا، وەک ئەوەش مایەی هەستی کەمنرخی یان شانازییە. بۆ نموونە کاتێک سیاسییەکان شەڕی پۆستی جیاواز دەکەن، یان پارتە سیاسییەکان لە دانوستانەکانیاندا تەرکیز ناخەنە سەر پرۆژەی چاکسازی و هتد، بەڵکو دەیخەنە سەر پۆستەکانی پەرلەمان و بەجێگەیاندن (حکومەت) و بەرێوەبەرێتی، ئەوە تەنیا مۆرکی ئەوان نییە، بەڵکو کێشەیەکی کەسێتیی کوردە کە ئەوها جیهانی سیاسی دەبینێت و بۆیە تەنیا بەو شێوەیە سیاسەتی پێدەکرێت. بێگومان خوازیاربوونی سەرکەوتنی لە هەموو کۆمەڵگە و کولتوورێکدا هەیە، هەروەها هەموو مرۆڤێک پێویستی بە ناساندنە بەگوێرەی توانستەکانی، لێ کاتێک ئێمە تایبەت بە کوردەکانەوە پێوەی خەریک دەبین، ئەوا دەبینین کە کوردەکان پۆستی بەرز لە ژیانی کەسی و سیاسیدا وەک “ئامانجی ژیان” دادەنێن، واتا ئەوان پێویستیی بۆ کارکردن وەک لاوەکی دەبینن، کە ئاشکرایە دەشێت پۆستێک بێت و بەگوێرەی لێهاتوویی بە کەسێک درابێت: پۆستێکی نزم، ناونجی یان باڵای فەرمی.

لە بنەڕەتدا لای زۆرینەی هەرە زۆری کوردانی ئێراق “دەمێکە” پرسی لێهاتوویی و حەوسەڵەی هەر کارێکی شیاو وەلاوەنراوە (ڕەنگە هەڵە نەبێت گەر ببێژین لە 1991 بەدوواوە ڕووی داوە)، بە پێچەوانەوە، لای ئەوان گەیشتنی “سانا و خێرا” بە بڕوانامە، بوون بە وەستای بینا یان وەستای پی-ڤی-سی و بۆیاخچی، بە تەنکی-ساز و دارتاش و دەلاک و هتد، بووە بە نەریت. بەڵێ، خوێندنی زانستگەیی بە سەرجەم ئاستەکانی بەکالۆریا و ماستەر و دکتۆراوە لای زۆرینەی هەرە زۆری خوێندکاران بۆ مەبەستی گەیشتنە بە بڕوانامە نەک کۆشش بێت بۆ بوون بە زانای بوارێکی دیاریکراو. بڕوانامە بە تایبەتی دەسوێژێکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی فەرمی، کە نزیکەی ئامانجی سەرجەم خوێندنی خوێندکارانە.

لەم جێیەدا تەواو گونجاو دەبێت کە وردتر ڕووبکەینە دیاردەی “ڕق”، چونکە نزیکەی سەرجەم پۆستخوازانی تەنیوە و مەهزەلەیەکی کۆمەڵایەتیی خستۆتەوە. لێ ئێمە گەرەکە هاوکات واتای جیاواز بە “رق” و “کیین” بدەین، تاکو دیاردەی یەکەمیان ڕوونتر دیاربهێنین. ئێمە کیین تەرخان دەکەین بۆ کیینی هەڵگیراو لە پەیوەندیی بێداد، لە درۆزنی و ساختەچێتی و جەبانی، لە جیاوازیی چینایەتی و مافخۆریی لە لایەن دەسەڵاتداران و هتد. لە بنەڕەتدا ئەوە کیین بوو کە شۆڕشگێڕەکانی ڕوسیای لە باقییەکەی دیکەی گەل جیاکردەوە و بوو بەهۆی تەفروتووناکردنی دەسەڵاتی تسار، ئەوە کیین بوو کە پاڵهێزی کردارەکانی ڕۆبسپیا و سان ژەست بوو. کەواتە دەشێت کیین مرۆڤ لە بەرژەوەندیی گشتیدا چالاک بکات. لێ مرۆڤی ڕقاوی تەنیا خۆی دەبینێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی بوێریی بۆ ژیان نییە، ئەوا بەزۆریی تاقمئاسا یان لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا خۆی پێ ڕادەگیرێت – ئەوە بێگومان لەنێو پارتی بەناو سیاسیشدا. کەسی ڕقاوی تەنانەت وەک دوورەپەرێز، هێشتا هەر لە سادەترین کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا حسسی و خەمۆک و جەبانە، یان حسسی و ملگرژ و چاودەرپۆقیوە.

گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە ڕق هاوکات لای سیاسەتکارانیش بە هەمان شێوە کارایە – سیاسەتکاران کە هەمان کارەکتەر و کەسێتیی کولتوورییانەی خەڵکیان هەیە. بۆ نموونە: “سەرۆک”ی چەند دەستە و تاقمێک کە پێكرا بەرەیەکی سیاسی پێکدەهێنن، بەگوێرەی کارەکتەری تەنیا پێی دەکرێت میرۆچکەی دانراو بێت لە لایەن دەسەڵاتی دەرەکییەوە، یان لە باشترین هەلی ڕەخساودا تەنیا پێی دەکرێت میر بێت، کەچی وەک نامۆبوویەک هێندە لە خۆی ڕازییە، کە لە ڕقی هەموو لایەک دەست دەکات بە پرتەوبۆڵەی پۆستێکی تایبەتی، لایەنگرانیشی دەخوازن بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان پۆستێکی ناڕەوای وەک “بارەگای تایبەت” لە سەرووی پۆستەکانی سەرۆکایەتی و سەرۆکوەزیران و هتد بۆ زیتبکەنەوە. یان کوڕەکەی بە ڕقەوە دێتە نێو ژیانی سیاسییەوە، تەنانەت داشەکانی لە ڕقی خزمی نزیکی خۆی بەگەڕدەخات، خزمی نزیکیش لە ڕقی ئەو و باوکی و سەرجەم گەل شەقاوانە بەرەو پێش هەڵمەت دەبات. کوڕە شێخی سیاسەتباز کە کەمترین دیدی ئایندەیی لە سیاسەتدا نییە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەمڕۆ دەژی و بۆ ڕەحەتکردنی دەروونی خۆی پێگەیەک لە ئەمڕۆدا دەخوازێت، لە ڕقی دژبەرەکانی چاو لە جیهانی مۆدێرنی دەرەکی دەکات، ئەوجا دەستەواژەی “سکرتێری گشتی” قبووڵ دەکات و بە شانازییەکی شارراوەوە بەسەر ناخی تەواو شێخانەی خۆیدا هەڵدەواسێت. هەروەها: ئەندامانی ڕقاوی لەم حیزبدا لە ڕقی ئەندامانی ڕقاوی لەو حیزبدا کە لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا هەراسانیان کردووە، پێداگری لە هەموو شتێکدا دەکات و بەردەوام پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی چەکە، حیزبی هەراسانکەریش تۆڵەی بەجێنەگەیاندنی ڕێککەوتنێکی نێوانیان و دۆڕاندنی دەنگەکانی خۆی لە حیزبی گڕۆز و شەقاوە دەکاتەوە، ئەویش بەوە کە لە ڕقدا دەچێتە چاوبازییەوە لەتەک ئەو پارتەی خێڵەکییەکاندا کە خۆی وەک مایەی نەهامەتییەکانی سەرجەم گەل دەیبینی. لێ بەدڕەوشە ڕقاوییەکە لای تاکەکەسانیش لەگۆڕێیە: ئەمی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە لە ڕقی ئەوی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە گوڕدەبەستێتەوە. لە گشت لا مرۆڤی ڕقاوی لەژێر زەردەخەنەی وڵاتانی دراوسێوە کەوتۆتە هەڵپەی پۆست و دەرکەوتن: ئەم لە ڕقی ئەو دەچێتە پارتێکی دیاریکراوەوە، لێ ئەو لە ڕقی ئەم دەبێت بە ئەندامی پارتی دژبەر. ئەم لە ڕقی ئەوی مارکسی دەبێت بە وجودی، ئەم لە ڕقی هەردووکیان ناوی فەیلەسوفێک دەدۆزێتەوە هەر نەبیسترابێت. ئەم لە ڕقی نزیکترین مامۆستایانی هەڤاڵی دەبێت بە ئەندامی پارتێک تاکو پۆستی ڕاگری کۆلێژ بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەو لە ڕقدا سەختتر دەکەوێتە مەرایی سەرانی پارتێک تاکو بە پۆستی سەرۆکی زانکۆ بگات.

لێ ئێمە بەڕاستی دەتوانێن ئەم بەدڕەوشە بگەیەنین بە ئاستی بێهودەیی (ئەد ئەبزوردوم) و ببێژین: ئەم لە ڕقی ئەو گۆشت ناخوات، ئەویش لە ڕقی ئەوێکی دی پاشەڵی بە سیلیکۆن زل دەکات؛ ئەو سمێڵ دەهێڵێتەوە، لێ ئەم لە ڕقی ئەو نەک سمێڵ، بەڵکو ڕیشیش دەتاشێت؛ ئەو لە ڕقی دراوسێکان خانووەکەی دەکات بە سێ قات، لێ براکەی لە ڕقی ئەو خانووەکەی لە بناغەوە تێکدەدات و یەکێکی نوێ هەڵدەچنێتەوە، هەروا لە ڕقیشدا کاشیی ئیتالیی تێدەگرێت. ئەم ڕانکوچۆغەی شاڵی هەورامی بەکرد دەدات، ئەو لە ڕقدا خۆی دەکات بە تەوێڵەدا و باشترین شاڵ دەکڕێت، ئەوجا لە نزیکی ئەوەوە دەیسووتێنێت. ئەم و ئەو کە لە ناخەوە ڕقیان لە یەکدییە، لە ڕقی ئەم و ئەوانی دی گۆڤارێک دادەمەزرێنن و تێیدا هزری بە ئارەبی خوێنراوەی ئەوروپی دەدەنەوە، لێ ئەم و ئەوی دیکەش لە لاوە، لە ڕقی ئەوان گۆڤارێک بۆ خۆیان زیتدەکەنەوە. ئەم تەلارسازیی کۆنی ئیتالی دەدزێت، ئەو لە ڕقدا تازەترین تەلارسازیی دوبەیی کۆپی دەکات و تێکهەڵکێشی ڕێنیسانی ئیتالیی دەکات… و هتد.

بە هەر حاڵ، مەهزەلەتر لەم مەهزەلە کوردییە ئێراقییە ئەوەیە، کە گەر کەسێک بە هەر یەکێکی ئەو ڕقاوییانە ببێژێت، گۆیا ئەوان نەخۆشن، ئەوا هەموویان نزیکەی هەمان وەڵام دەدەنەوە: “ئەشهەدو ئاوایە”. ئاخر کەسیان سەر بە نەخۆشەکان نییە! ئەوجا گەر مرۆ لێیان بپرسێت کە بۆچی ناتوانن بۆ خاتری ئایندەی زارۆکانیان کەمێک ژیان سەوز بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنانەت لە گوندەکانیش هەوای ژەهراوی هەڵدەمژن، ئەوا پێکڕا بە یەک دەنگی جەسوور وەڵامدەدەنەوە: “هەمووی خەتای مەسئولەکانە”.

بە کورتی، ئەم بەدڕەوشە کوردییە خاڵسە پێکڕا لەتەک سەرجەم دەرهاویشتەکانیدا ئۆبژێکتی پرسی شۆڕشن، چونکە هەر تاکێکی ئەو دەڤەرەی کوردان خۆیان دەگرنەوە. ئاخر ئاشکرایە شۆڕشگێڕ لەو جیهانبینییە کوردییە خاڵسە و دەرهاویشتەکانییەوە “سەر-هەڵ-دەدات”، لێرەشدا چەندپاتی دەکەینەوە کە ئەو ڕەوشە هێندە ئاسان نایەتە گۆڕێ، وەک چۆن زۆر کەس بە سانایی پێشبینیی دەکەن!

-ماویەتی –




كروزانه‌وه‌و نوزانه‌وه‌ له‌ شیعری كوردیدا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

كۆمه‌ڵه‌ شیعری چۆڕاوی تریفه‌ به‌نموونه‌

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ئێستادا،دابڕانێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان شیعرو خوێنه‌ری شیعردا هه‌یه‌. به‌شێكی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی ئه‌م دابڕان و تۆرانه‌ له‌شیعر، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی ئێستای شیعری كوردیدا، خاڵییه‌ له‌ چێژی شیعری و مانای شیعری. له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا، له‌قۆناغی كلاسیكه‌وه‌ بۆ ڕیالیزم و بۆ ڕۆمانسییه‌ت و بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شیعر له‌ سه‌رده‌ستی گۆرانی داهێنه‌رو پاشان شه‌سته‌كان و قۆناغی ڕوانگه‌ و هه‌شتاكانی سه‌رده‌می سیمبولیزم و كه‌مێكیش دوای ڕاپه‌ڕین، ئه‌زموونی شیعری كوردی هه‌ڵگری چێژی شیعری و په‌یامی شیعری بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ كاتدا، شاعیرانی ئێمه‌ ڕۆڵی منه‌وه‌ڕو ڕێ نیشانده‌رو كه‌سایه‌تییه‌كی ڕیفۆرمخوازده‌بینن له‌ شیعره‌كانیاندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ش، له‌ ڕێی گوتاری شیعری و دنیابینی شیعرییه‌وه‌ بووه‌.شیعر لای ئه‌وان، هه‌ر ته‌نها پانتایه‌ك نه‌بووه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز،به‌ڵكو ماناو په‌یامێكیشی هه‌بووه‌.

قانع به‌ شیعره‌كانی به‌گژ جیاوازی چینایه‌تی و نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی دادێته‌وه‌. بێكه‌س ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی دۆگماو دواكه‌وتووی كۆمه‌لگه‌ ده‌كات و هانی تاكه‌كان ده‌دات چاو له‌ غه‌رب بكه‌ن و كه‌شتی دروست بكه‌ن. ئه‌حمه‌د موختارجاف خه‌ون به‌ ڕاكێشانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بینێت. گۆران سروشت جوان و ڕازاوه‌ترده‌كات، ڕه‌فیق سابیرو شێركۆ بێكه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو، نیشتمان ده‌كه‌نه‌ دایكی دووه‌می مرۆڤه‌كان و ئه‌و هه‌سته‌یان لادروست ده‌كه‌ن كه‌ هیچ زێدێك شوێنی نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ ناگرێته‌وه‌. چه‌ندین نموونه‌ی دیكه‌ش.بۆیه‌شه‌ به‌ درێژایی زه‌مه‌ن ئه‌وشیعرانه‌ له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌ ماونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێك بوونه‌.ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی چێژو ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ گونجاو نه‌بێت به‌راوردی شیعری ئێستا به‌وهه‌موو پێشكه‌وتنه‌ ژیاریی و ئاڵۆزه‌ی ژیانه‌وه‌، به‌ شیعری هه‌شتا ساڵ له‌مه‌و به‌ربكه‌ین. به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا، دنیا دنیای تاكگه‌رایی وبه‌ ڕۆبۆتكردنی مرۆڤ و دابڕانه‌ له‌ ژیانی گشتی و ئه‌زموونی گشتی كۆمه‌لگه‌.

به‌ڵام پرسیارئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئاخۆله‌ هه‌رقۆناغ و كات و ساتێك دابێت،خوێنه‌ران بۆ چی شیعرده‌خوێننه‌وه‌؟ئه‌گه‌رشیعرله‌ پێناو په‌یامێك و ئامانجێكیش نه‌بێت، ئه‌وا دواجار نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌ شیعرچێژو جوانی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. وه‌ك چۆن له‌ خوێنه‌وه‌ی ڕۆمان وچیڕۆكیشدا هه‌مان چێژ وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام كاتێ شیعر داده‌ماڵدرێت له‌ هه‌موو سیمایه‌كی هونه‌ری و ئستاتیكی و زمانی ئه‌وه‌نده‌ تیادا ساده‌ و میللی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ شیعرله‌ شیعربوونی خۆی ده‌كه‌وێت، بێگومان خوێنه‌ر ناتوانێت ئه‌وجۆره‌ ده‌قانه‌ بخوێنێته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی ئه‌مڕۆی شیعری كوردی، خاڵییه‌ له‌ چێژوجوانی و مانا. بگره‌ كاتێ خوێنه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات هه‌رگیز ئه‌وه‌ شیعر نییه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌رده‌ دڵێكه‌ له‌ نموونه‌ی فه‌یسبووكه‌ شیعر كه‌ بینینی هه‌ر ئه‌و ساتانه‌یه‌ كه‌ به‌ریده‌كه‌وین. له‌كاتێكدا، ده‌قی داهێنه‌رانه‌ ده‌بێ زه‌مه‌ن ببڕێت و سنووری قۆناغه‌كان ته‌ی بكات، وه‌ك: لاوكی هه‌ڵه‌بحه‌و ئه‌ی ڕه‌قیب و شیعره‌كانی پیره‌مێرد.كۆمه‌ڵه‌ شیعری(چۆڕاوی تریفه‌)ناونیشانی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی(عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی)یه‌. كه‌ چه‌ند ده‌قێكی شیعری له‌ خۆده‌گرێت، كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌ زمانێكی ساده‌ و ساكار نووسراون. كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی كه‌می شیعرییان لێ ده‌ربهێنین و له‌ بێژینگییان بده‌ین، ئه‌وا به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك شتێكی ئه‌و تۆی لێ نامێنێته‌وه‌ به‌ ناوی شیعر، جگه‌ له‌ چه‌ند ده‌رده‌ دڵێك كه‌ سیمای سه‌ره‌كییان كروزانه‌وه‌ و نووزانه‌وه‌یه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ له‌ پانتایی گۆرانی كوردی و به‌شێكی یه‌كجار زۆری ئه‌و بنووسانه‌ ده‌یبینین كه‌ گوایه‌ شیعری لیریكی و شیعری گۆرانی ده‌نووسن. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی، له‌ به‌شێكی زۆری شیعره‌كانیدا زمان تا ئاستێكی هێنده‌ فراوان ساكارو ساده‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هیچ خاسیه‌تێكی زمانی شیعری نه‌مێنێت. له‌ كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی زمان له‌ شیعردا، به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه‌ كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشێ. شیعر له‌ڕێی زمانه‌وه‌ چێژبه‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت.چونكه‌ چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌ تا گێڕانه‌وه‌ی تێدا بێت. كه‌رسته‌ی شیعری لای فه‌رهادی، هه‌مان ئه‌و وشه‌ ساده‌و بێ ناوه‌ڕۆك و نائستاتیكیانه‌ن، كه‌ ده‌شێ مرۆڤ ڕۆژانه‌ سه‌دان جار گوێبیستیان ببێت.له‌كاتێكدا، ئه‌گه‌ر له‌ نێوان زمانی شیعرو زمانی میللی ڕۆژانه‌، هیچ جیاوازییه‌ك نه‌مایه‌وه‌، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت شیعر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵڕشتنی ده‌رده‌ دڵه‌كانی ژیانه‌ له‌ زماندا وه‌به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌. نابێ له‌نێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانه‌ و زمانی شیعردا وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی، هیچ خاسیه‌تێكی هونه‌ری نه‌مێنێت له‌ یه‌كتریان جیابكاته‌وه‌. به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی گوایه‌ شیعر ده‌نووسن، درك به‌و خاسیه‌تانه‌ ناكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه‌ شیعره‌كانیان وه‌ك قسه‌ی میللی و ڕۆژانه‌، هیچ پرسیارو هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك لای خوێنه‌ر جێناهێڵن. بگره‌ خوێنه‌وه‌ و نه‌خوێندنه‌وه‌یان وه‌ك یه‌كترییه‌. لێره‌وه‌ش كاتێ سه‌رنج له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ ده‌ده‌ین، زۆر به‌ ئاسانی هه‌ست به‌و میللیی بوونه‌وه‌ی زمان ده‌كه‌ین لای فه‌رهادی. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

بیری منداڵیم ده‌كه‌م..
ئه‌و كاته‌ی ده‌ستی عه‌بدولره‌زاقی برامم ده‌گرت و..
به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چووینه‌ مه‌كته‌بی بۆتان..

بڕواناكه‌م هیچ شاعیرێكی كورد هه‌بێت به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان و له‌ده‌مێك له‌ده‌مه‌كان، خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵی نه‌كات.به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵی له‌ شیعردا ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئێمه‌ ڕۆژگارێك له‌ ڕۆژگاره‌كان ده‌ستی براكه‌مان گرتووه‌ و بردوومانه‌ته‌ قوتابخانه‌، ئه‌وا ئێستا هه‌موومان شاعیر ده‌بووین. چونكه‌ كه‌س نییه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌ستی براكه‌ی نه‌گرتبێت و نه‌یبردبێته‌ قوتابخانه‌.جا باوكی بێت یان براكه‌ی. ئه‌و وێناكردنه‌ بۆ منداڵی له‌ شیعردا، هیچ چێژو جوانییه‌كی شیعری تێدا نییه‌ كه‌ بشێ له‌ خانه‌ی شیعردا پۆڵینی بكه‌ین. فه‌رهادی هه‌ر له‌و به‌ ناو شیعره‌یدا، هه‌رچی دیارده‌كانی سه‌رده‌می منداڵی وه‌ك: كرێمستی و نازانم چی و چی، ئاخنیویه‌تییه‌ ده‌قه‌كه‌ی، ناویشی ناوه‌ شیعر. له‌ كاتێكدا په‌شێو له‌ شیعرێكدا خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای كێ ده‌كات؟ بێگومان بۆ لای شێته‌كان. واته‌ لانه‌وازترین وپه‌رپووترین مرۆڤه‌كان. ئه‌مه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌چی؟ له‌فراوانی دنیابینی په‌شێو و ژیاندۆستی ئه‌و شاعیره‌ كه‌ شیعر ده‌كاته‌ مینبه‌رێك بۆ نیشاندانی خه‌مه‌كانی مرۆڤ.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ ده‌شێ زمان له‌ شیعردا ساده‌ بێت، به‌ڵام ئه‌و زمانه‌ چه‌ند هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وێنه‌ی شیعری باڵا بخوڵقێنێت. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی شیعریم لایه‌، كه‌ زمان تیایاندا زۆر ساده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌ڕی چێژی و جوانیش به‌ خوێنه‌ر ده‌ده‌ن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌رفه‌ت نییه‌ نموونه‌یان لێبێنینه‌وه‌.به‌ڵام گرفتی به‌شێكی زۆری له‌ وانه‌ی شیعر ده‌نووسن له‌وه‌ دایه‌،كاتێ زمان ساده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، مانا ونده‌كه‌ن.بێ ئاگا له‌وه‌ی شیعرئه‌گه‌ر ساده‌ش بێت، ده‌بێ هه‌ڵگری ماناو په‌یامێك بێت. من لێره‌دا نموونه‌یه‌ك له‌ ساده‌یی زمان له‌ شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س ده‌هێنمه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ئیبداعی ئه‌و شاعیره‌ له‌ ساده‌یی زماندا پیشان بده‌ین. شێركۆ له‌ شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_

ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌كانما گوڵ ده‌راوێژنه‌ ده‌ره‌وه‌
له‌ چوار وه‌رز وه‌رزێكم ده‌مرێ…
گه‌ر یار بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ دووانم ده‌مرن..
گه‌ر نان بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ سیانم ده‌مرن
گه‌ر ئازادی بێننه‌ ده‌ره‌وه‌ ساڵم ده‌مرێ و خۆشم ده‌مرم..

هه‌موو ئه‌م وشانه‌ی له‌و كۆپڵه‌ شیعرییه‌ی بێكه‌سدا به‌كارهاتوون، كه‌رسته‌ی وشه‌ی ساده‌ن كه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ هه‌زاران جار گوێبیستییان ده‌بین. به‌ڵام ده‌بینین شێركۆ له‌ پاڵ ئه‌و وشه‌ سادانه‌وه‌،چ ماناو چ مه‌دلولێكی قووڵی شیعرییانه‌ی به‌ چه‌مكی ئازادی داوه‌، كه‌ ئازادی هاوتا كردووه‌ به‌ مه‌رگی مرۆڤه‌كان.به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر ئازادی نه‌بێت، ژیانیش نابێت. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵئه‌دات كه‌ ئه‌وه‌ چییه‌ وا ده‌كات شاعیرێك له‌ زمانێكی ساده‌ شیعرێكی پڕ مانا بخوڵقێنێت و یه‌كێكی تریان نه‌توانێت؟ بێگومان خه‌یاڵ و وزه‌ی شیعرییه‌ كه‌ زمان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كییه‌تی.چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌نێوان زمانی ئاسایی ڕۆژانه‌ و زمانی شیعرییانه‌ هیچ سنوورێك نه‌ما،ئه‌وا دواجار ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت شیعر نییه‌ به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ وه‌ك هه‌ر قسه‌كردنێكی دیكه‌ی ئاسایی.فه‌رهادی له‌ به‌شێكی زۆری ده‌قه‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌ی به‌زمانێك شیعر ده‌نووسێت كه‌ هیچ داهێنانێكی تێدا نییه‌، بگره‌ هه‌موو كه‌سێك و به‌ ئه‌وانه‌شی ئه‌لف و بێی شیعری نازانن، ده‌توانن به‌و شێوه‌یه‌ گوزارشت له‌ ده‌رده‌ دڵی خۆیان بكه‌ن. ئاخر ئه‌گه‌ر شیعر بووه‌ ده‌رده‌ دڵ، ئیدی چیتر ئه‌و ئاسكه‌ ڕامنه‌كراوه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو نێچیرێك نه‌توانێت ڕاوی بكات. ئه‌گه‌ر نووسینی شیعر ئه‌وه‌ بێت كه‌ فه‌رهادی له‌ به‌شێكی زۆری ده‌قه‌كانیدا گوزارشتی لێكردووه‌،ئه‌وا مانایه‌ك بۆ شیعرو شاعیربوون نامێنێته‌وه‌.چونكه‌ ئێستا به‌ هۆی زۆربوونی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌رفراوانبوونی سه‌كۆكانی بڵاوكردنه‌وه‌، ڕۆژانه‌ هه‌زاران ده‌رده‌ دڵ له‌ ڵاپه‌ڕه‌كانی فیسبووك بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

گوتاری زه‌قی ئه‌و نووسینانه‌ش كروزانه‌وه‌ و نووزاننه‌وه‌یه‌ بۆ یار تا ئاوڕێكییان لێبداته‌وه‌، یاخود ته‌ماشایه‌كییان بكات. بگره‌ هه‌ندێكییان ئاماده‌ن ببنه‌ كۆیله‌ش،بێ ئاگا له‌وه‌ی مه‌سیح وته‌نی:(چی به‌كه‌لكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا به‌ڕێته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت). بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌ ئاساییه‌ ئه‌وجۆره‌ له‌نووسین لای له‌شكرێك له‌ بنووسه‌كان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسایی نییه‌ شاعیرێك كه‌ گوایه‌ ته‌مه‌نێكی درێژه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و شیعر له‌ ده‌ست له‌ملانێدایه‌،هه‌مان ئه‌و ده‌رده‌ دڵانه‌ به‌ شیعر به‌ خوێنه‌ر بفرۆشێته‌وه‌ و به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌ودڵشكاوانه‌ شیعربنووسێت، كه‌ له‌داخی دۆڕانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان شتێك به‌ناوی شیعر ده‌نووسن.من كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ندین نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌م له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری چۆڕاوی تریفه‌ دیت،له‌ڕاستیدا وه‌ك خوێنه‌رێك ته‌ریق بوومه‌وه‌.چونكه‌ شاعیری داهێنه‌رو خاوه‌ن په‌یام، ناچێ به‌دیار هاتنی یاره‌وه‌ دۆش دابمێنێت، به‌ڵكو ژیان و مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێت،شیعر ده‌كاته‌ په‌یامێك بۆ هوشیاری كۆمه‌لگه‌،ده‌سه‌ڵات ڕاده‌چله‌كێنێ وه‌ك بیست و هه‌فت ساڵه‌ی بێكه‌س.شیعر ده‌بێت هه‌ڵگری خه‌مێكی گه‌وره‌ی ئینسانی بێت،ده‌بێ ئاوێنه‌یه‌ك بێت خۆی و خه‌مه‌كانی تیادا ڕه‌نگبده‌نه‌وه‌،ده‌بێ هه‌وڵی جوانتركردنی ژیان بدات.ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ دڵ و خه‌مه‌كانی ڕۆژ له‌ژانری شیعردا پۆڵین بكه‌ین،ئه‌وا هه‌موومان ده‌بینه‌ شاعیر. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:

ئه‌و شاعیره‌ سه‌رشێته‌ی خۆت…
كه‌ نان و ئاوی ڕۆژانه‌…هه‌رگریان و زارییه‌ بۆت..ڵا119
شك له‌وه‌ دانییه‌ ئه‌گه‌ر شاعیرێك نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی هه‌رشین و واوه‌یلا بێت بۆ یار، ئه‌وا نه‌ ده‌توانێ داهێنان بكات، نه‌ ده‌شتوانێت شتێكی جیاوازتر له‌كه‌سانی تر بڵێت.سه‌یرم پێدێت وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌سێك خۆی پێ شاعیرێكی به‌ناو و ده‌نگ بێت و ساڵانێكی زۆره‌ گوایه‌ شیعر ده‌نووسێت،كه‌چی ده‌رده‌ دڵی ڕۆمانسییانه‌ی هێنده‌ ساده‌، كه‌ خه‌می ڕۆژانه‌ی هه‌زاران هه‌رزه‌كاری دڵشكاوی ئێمه‌یه‌،به‌ناوی شیعره‌وه‌ بنووسێت. ئایا هیچ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ ئاستی زمان، په‌یام، ماناو ناوه‌ڕۆكی شیعری له‌ نێوان ئه‌و نووسینه‌ی فه‌رهادی له‌گه‌ڵ هه‌زاران ده‌رده‌دڵی تركه‌ ڕۆژانه‌ ڵاپه‌ڕه‌ بێ ماناكانی به‌شێك له‌ په‌یحه‌كانی فه‌یسبووك ده‌گرن؟ ئایا كاری شاعیر ئه‌وه‌یه‌ بكروزێته‌وه‌ یان یاخی بێت؟ په‌یامی هه‌بێت و شیعر له‌ پێناو مرۆڤ بنووسێت یان خه‌می ڕۆژانه‌ی ببێته‌ چاوه‌ڕوانی یار. به‌ڕاستی جێگه‌ی پێكه‌نینه‌ له‌نێو ئه‌و هه‌موو خه‌مه‌ مه‌زنانه‌دا،له‌نێو ئه‌و هه‌موو بێ مانایی و ئاڵۆزییه‌ی ژیاندا، له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ هه‌موو جوانییه‌كان و پیرۆزییه‌كانی خه‌ریكه‌ تیادا نامێنێت، كه‌سێك هه‌بێت نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی خه‌می یار بێت! ئاخر بۆیه‌ كه‌س شیعری ئێستا ناخوێنێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن له‌ خه‌می ڕۆژانه‌و ده‌رده‌ دڵی بنووسه‌كانیان تائه‌و لاوه‌ ناڕوات. شاعیر له‌ بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی جوانتركردنی ژیان بدات، داوای یه‌كسانی و نه‌بوونی جیاوازی چینایه‌تی و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بۆ ئه‌وانی تربكات،دێت ده‌كروزێته‌وه‌.به‌ڵام بابزانین كاتێ ئه‌مه‌ حاڵی شاعیره‌، ئایا هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سه‌ چۆنه‌ كه‌ نان و ئاوی ڕۆژانه‌ی له‌ شاعیر كردۆته‌ خه‌م و خه‌فه‌ت؟ ئایا ئه‌ویش هه‌مان هه‌ست و هه‌مان خۆشه‌ویستی و هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌؟ یان بێ ئاگایه‌ له‌شاعیر؟ تۆبڵێی ئه‌و ئاگاداری حاڵی شاعیر بێت و به‌زه‌یه‌كی پێدا نه‌یه‌ته‌وه‌؟ ئێمه‌ لێره‌دا هیچ ناڵێین، به‌ڵكو هه‌ر به‌ شیعره‌كانی ئه‌مه‌ ده‌رده‌خه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:_

كه‌به‌سه‌یاره‌ی جام ڕه‌ش پێچ ده‌كه‌یته‌وه‌…
بۆماڵه‌وه‌..حه‌زده‌كه‌م چاوێكم لێبكه‌ی…ڵا47
شاعیر ته‌نانه‌ت به‌وه‌ش ڕازییه‌، یار تیله‌ چاوێكی بداتێ.ئه‌م هه‌ژارییه‌ له‌ده‌ربڕین له‌ ڕووی زمانی شیعرییه‌وه‌،ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی خه‌یاڵی شیعرییه‌.یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی شاعیرانی ڕاسته‌قینه‌ بوونی خه‌یاڵێكی به‌رفراوانی شیعرییه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌موو گه‌ردوون به‌هه‌موو پێكهاته‌ فیزیكییه‌كانه‌وه‌ له‌ خۆبگرێت.دنیابینی هیچ شاعیرێك، نابێ هێنده‌ دۆگماو قه‌تیس كراوبێت كه‌ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی وێنه‌یه‌كی ناشیعری و ناهونه‌ری خۆی ببینێته‌وه‌.هه‌رشاعیرێك نه‌یتوانی ئه‌و خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌ فراوانتربكات، بێگومان ناشتوانێت ڕووبه‌ری زمان و ده‌ربڕین له‌ شیعردا مه‌زنتر بكات.شێركۆ بێكه‌س بۆیه‌ تا مردیش توانی له‌ لوتكه‌ی شیعری كوردی بمێنێته‌وه‌،چونكه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌ی هه‌بوو.پێچه‌وانه‌ی به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌پووكێنه‌وه‌. چونكه‌ شیعر وزه‌ له‌زمان وه‌رده‌گرێت.چه‌ند زمان به‌ چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕینی نوێ تازه‌ بێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش شاعیر ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌ شیعر بدات.له‌نێو ئه‌و هه‌موو دیارده‌ جه‌نجاڵانه‌ی ژیان و ئه‌و هه‌موو شه‌كه‌تییه‌ی بووندا، خه‌یاڵی شاعیر لای ئوتومبێلی جام ڕه‌شه‌!به‌ومه‌رجه‌ی كچێكی تیابێت. بیرم ناكه‌وێته‌وه‌ كێیه‌ ده‌ڵێت:

(له‌دوای هۆلۆكۆست نووسینی شیعر كارێكی بێ مانایه‌).وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تیدا،كه‌چی له‌لای ئێمه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی گوایه‌ شیعرده‌نووسن،دێن له‌ شیعره‌كانیان ڕیكلام بۆ(وه‌نه‌وشه‌ و لیگزز) ده‌كه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌یرانی وشه‌ و ده‌ربڕین بێت له‌ شیعردا.شاعیرله‌ ده‌مێكدا ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ ،كه‌ هیچ ماڵێكی ئه‌م كوردستانه‌ نه‌بوو ڕۆژانه‌ شه‌هیدێكییان بۆ نه‌چێته‌وه‌ به‌رده‌رگا. ئه‌و له‌ كاتێكدا ئه‌م ده‌رده‌ دڵانه‌ به‌ناوی شیعر بڵاو ده‌كاته‌وه‌،كه‌ خه‌ریك بوو ڕێكخراوێكی تیرۆرستی وه‌ك داعش هه‌موومان سه‌رببڕێت و ئافره‌ته‌كانمان بكاته‌ كه‌نیزه‌ك. چه‌ند كیلۆمه‌ترێك مابوو شاره‌كه‌ی ئه‌و داگیربكات. كه‌چی ئه‌و تازه‌ به‌ تازه‌ فۆكسی له‌سه‌ر ئوتومبێلی جام ڕه‌شه‌و شه‌و و ڕۆژ شین و واوه‌یلایه‌تی بۆ یار.خوێنه‌ر كاتێ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ناشرینی و ئاڵۆزییه‌ی ژیاندا،خه‌یاڵی به‌شێك له‌ به‌ناوشیعری هه‌ندێك شاعیر ده‌بینێت،نزیكه‌ له‌وه‌ی هه‌رچی شیعری دنیا هه‌یه‌ له‌ به‌رچاوی بكه‌وێت.ئه‌فلاتوون كه‌ شاعیرانی فڕێداوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆماره‌كه‌ی، بڕوام وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وجۆره‌ شیعرانه‌ بووه‌.شاعیربه‌رده‌وام ده‌بێت له‌ڕشتنی كه‌ف و كوڵی ناخی به‌ناوی شیعرو له‌ شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:
تاڵێ له‌ قژت ده‌دزم..
تا له‌ جیاتی ناسنامه‌كه‌م..
له‌نێوجانتای گیرفانم بێت…ڵا41

باس له‌وه‌ناكه‌ین كه‌ چۆن جزدان و جانتای تێكه‌ڵ كردووه‌،چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ گیڕفان هه‌ڵده‌گیرێت جزدانه‌ نه‌ك جانتا، ته‌نها ده‌پرسین ئایا ده‌كرێت مرۆڤ هه‌مووناسنامه‌ی خۆی له‌ ژنێك و له‌ ژنیشدا له‌ تاڵه‌ قژێكی ببینێته‌وه‌؟هیچ كه‌سێك هه‌یه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌بكات ببێته‌ كۆیله‌ و ده‌سته‌مۆی تاڵه‌ قژێكی یاره‌كه‌ی بێت؟ئه‌گه‌ر مرۆڤ چه‌ند ئاشقی مه‌عشوقه‌كه‌شی بێت،هیچ سنوورێكی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بێت كه‌ خۆشی ده‌وێت، ئایا مانای وایه‌ ناسنامه‌ی خۆی له‌ ئه‌ودا بتوێنێته‌وه‌ و هه‌موو بوون و ژیانی خۆی له‌ تاڵه‌ قژه‌كه‌ی ببینێته‌وه‌،تا سه‌ره‌نجام بوونی خۆشی نامێنێت.لۆركا كه‌ فاشسته‌كان شه‌هیدیان كرد، ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ تاڵه‌ قژێكی یاره‌كه‌ی له‌ گیرفاندابوو،یان داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ مرۆڤ ده‌كرد؟تۆبڵێی ئه‌گه‌ر هه‌رته‌نها له‌و جۆره‌ شیعرانه‌ی بنووسیبا، ئێستا لای مرۆڤایه‌تی نه‌مرببا؟یان ده‌كه‌وته‌ په‌راوێزی مێژوو. له‌ ئه‌زموونی ڕابردووی شیعری ئێمه‌دا،شیعر په‌یامێك بووه‌ كه‌ زۆرجار وه‌ك ڕیفۆرمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵی بینیوه‌ له‌ نێوكۆمه‌لگه‌دا.نه‌وه‌د ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر، بێكه‌س داوا له‌ مرۆڤی كورد ده‌كات چاو له‌ ڕۆژئاوا بكه‌ن و كه‌شتی دروست بكه‌ن،كه‌چی تازه‌ به‌تازه‌ گوتاری به‌شێك له‌ شیعری ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن، له‌ده‌وری تاڵه‌ قژو قردێله‌ی سوورو كوڵمه‌ی ئاڵ ده‌خولێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌لاشیانه‌وه‌ جێی نیگه‌رانی بێت كه‌ بۆچی له‌باره‌ی شیعره‌كانییانه‌وه‌ هیچ نانووسرێت.زمانی به‌شێكی زۆر له‌و شیعرانه‌ چ له‌ ڕووی فۆڕمی شیعریی، یاخود له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌،زمانێكی ساده‌ و میللین،وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌كان،هیچ جوانكارییه‌ك به‌ده‌قه‌كه‌ ناده‌ن كه‌ بشێ خوێنه‌ر ڕابگرن.به‌ڵكو ده‌توانرێت هه‌مان ئه‌و وشانه‌،له‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسیندا، به‌ده‌ر له‌ ژانری شیعر ده‌رببردرێن. ئیدی ناونانیان به‌ شیعر نازانم چ نوێكارییه‌كی تێدایه‌.بۆنموونه‌ له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

ژووری كتێبخانه‌ی ماڵه‌وه‌مان..
ده‌كه‌ن به‌ ژووری نان خواردن..
پڕی ده‌كه‌ن له‌كاونته‌ر،كه‌وچك و پلیت وقازان..
ڕۆژانی هه‌ینی ده‌عوه‌تی قه‌به‌ قه‌به‌ی لێده‌كه‌ن..ڵا78

خاڵێك كه‌ بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌،كه‌ هه‌موویان دواجار جۆرێك له‌ بره‌ودان به‌ تێركردنی گه‌ده‌ و خواردن ده‌ده‌ن. ئێمه‌ له‌ ئێستادا به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كانی ژیانمان بۆته‌ خه‌می خواردن و گه‌شت و سه‌یران. له‌ هه‌ر شارێك ڕوو له‌ هه‌ر كوچه‌ و كۆڵانێك بكه‌ین، مه‌حاڵه‌ چه‌ندین چێشتخانه‌ نه‌بینین.ئه‌و هه‌مووبایه‌خدانه‌ به‌خواردن، به‌بڕوای من گوزارشته‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤی كورد خه‌می گه‌ده‌یتی نه‌ك هزر. ده‌یه‌وێت گه‌ده‌ی تێر كات نه‌ك مێشكی.ئاشكراشه‌ كاتێ به‌شێكی زۆری تاكه‌كان،خه‌می سه‌ره‌كی ژیانیان بووه‌ پێداویستییه‌ جه‌سته‌ییه‌كان،ئه‌وا هزر هیچ بایه‌خێكی نامێنێت. كه‌ هزریش بایه‌خی نه‌ما،ئه‌وا گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتن و به‌ره‌و ژیاریی چوون نایه‌نه‌ ئاراوه‌.كه‌م شیعری ئێستام بینیوه‌،به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، دواجار شاعیره‌كانیان نه‌یانگێڕابێته‌وه‌ سه‌رخواردن.

نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ هه‌موو بوونه‌وه‌رێك به‌خواردن ده‌ژیت،به‌ڵام ئایا ده‌بێ مرۆڤ خه‌می سه‌ره‌كی خواردن بێت؟بۆچی ده‌بێ خه‌یاڵی به‌شێكی زۆر له‌ شاعیرانی ئێمه‌ له‌ ئێستادا هه‌رته‌نها لای چێشتخانه‌ و كه‌وچك و قاپ وده‌عوه‌ت بێت؟ یاخود دنیابینی شیعرییان هێنده‌ سنووردارو بێ هێز بێت، ته‌نها ئه‌و كه‌رسته‌ و دیارده‌ سواو و بێ به‌هایانه‌ی ژیان ببینن؟ له‌كاتێكدا نیو سه‌ده‌ زیاتر له‌مه‌وبه‌ر، قانع له‌ ڕێی شیعره‌كانی به‌گژ هزری جیاوازی چینایه‌تی دادێته‌وه‌ و داوا له‌مرۆڤه‌كان ده‌كات پارووی نانه‌كانیان له‌گه‌ڵ براكانیان به‌ش بكه‌ن. له‌ڕاستیدا، هه‌موو ژانرێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌بێ دۆزێكی هه‌بێت و په‌یامێكی هه‌بێت. سه‌یری شانۆی كوردی بكه‌ن له‌ هه‌فتاكان وبه‌راوردی بكه‌ن به‌ شانۆی ئێستا، سه‌یری هونه‌ری گۆرانی و به‌شێكی زۆری شیعری ئێستا بكه‌ن به‌ به‌راورد به‌ قۆناغی هه‌شتاكان. ئه‌و كات چونكه‌ دۆزێك هه‌بوو، مرۆڤ چه‌قی بابه‌ته‌كان بوو، هه‌موو شتێك له‌ پێناو مرۆڤ و بۆ ئه‌ویش بوو،شانۆو گۆرانی و شیعر چه‌ند به‌هایان هه‌بوو، چه‌ند پیرۆز بوون و چۆن جه‌ماوه‌رێكی بێ شووماریان هه‌بوو.به‌ڵام له‌ ئێستادا چونكه‌ هه‌ڵگری په‌یامێك نین، چونكه‌ له‌ خزمه‌ت ئینسانیه‌ت وجوانتركردنی ژیان دانین و هه‌ر ته‌نها ده‌رده‌ دڵێكی ساده‌ و ساكارن به‌زمانێكی هه‌ژار، ده‌بینین چۆن شیعر باوی نه‌ماوه‌ و چۆن هۆڵی شانۆكانمان خاڵین.چۆن شیعر له‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دایه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی دوایین ژانره‌ بیر له‌ چاپكردنی بكرێته‌وه‌ له‌ نێوه‌نده‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا، له‌ به‌ شێكی زۆری شیعره‌كاندا نووسه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی بووه‌ كێش و سه‌رواو ڕیتمی شیعره‌كه‌ی تێكنه‌چێت، ئه‌وه‌نده‌ وێنه‌ی هونه‌ری و ڕه‌هه‌ندی واتایی شیعره‌كانی مه‌به‌ست نه‌بووه‌. به‌ده‌ربرینێكی تر،شاعیربه‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵی دابێت كه‌ هاوتاكردنی سه‌رواكان گۆڕانكاری له‌مانای وشه‌كان دروست ده‌كات یاخودنا،وشه‌كانی هاوسه‌روا كردووه‌.بۆنموونه‌:له‌دێره‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

مه‌دالیاوكلیله‌كانم…
سه‌عاته‌ زنجیرداره‌ سێ قورمیشیه‌كه‌ی…
باسكم….ڵا113

بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ڕووی ریتمی ناوه‌كییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی كلیله‌كانم بێته‌وه‌، هاتووه‌ كاتژمێری خستۆته‌ باسكی.چونكه‌ هه‌ردووكیان به‌پیتی میم كۆتاییان دێت.واته‌ جیاوازی نه‌كردووه‌ له‌نێوان باسك وده‌ست. چونكه‌ ده‌بووبزانێت سه‌عات له‌ده‌ست ده‌كرێت نه‌ له‌ باسك. هه‌رگیز ناوترێت سعاتێكی له‌باسك دابوو، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ده‌وترێت سعاتێكی له‌ده‌ست دابوو.چونكه‌ ده‌ست و ئانیشك و قۆڵ،هه‌موویان هه‌رباسكن،به‌ڵام سێ واتای جیاوازو ئاماژه‌ن بۆسێ شوێنی جیاواز له‌ قۆڵی مرۆڤ.به‌هه‌مان شێوه‌ له‌شوێنێكی تریشداده‌ڵێت:(نه‌ی بژه‌نن)له‌كاتێكدا،نه‌ی ناژه‌ندرێت به‌ڵكولێده‌درێت.چونكه‌ نه‌ی له‌ئامێره‌ ژێداره‌كان نییه‌،به‌ڵكو له‌ فووداره‌كانه‌.ژه‌نین بۆئامێره‌ ژێداره‌كانه‌.ئه‌م ورده‌كاریانه‌ له‌ده‌ربڕین له‌ زماندا، بێگومان وردبینی و هه‌ڵوه‌سته‌كردنی ده‌وێت. چونكه‌ زمانی نووسین به‌گشتی یه‌كه‌یه‌كی بابه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراوه‌،به‌هه‌ڵه‌ نووسینی هه‌ر وشه‌یه‌ك، ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گۆڕینی ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌. خاڵێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بكه‌م له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا خوێنه‌ر به‌ به‌ر سه‌دان وشه‌ی دووباره‌بووه‌وه‌ ده‌كه‌وێت.به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشانه‌ له‌ شیعره‌كان ده‌ربهێنین، ڕه‌نگه‌ شتێكی ئه‌وتۆیان له‌په‌یڤی شیعری لێ نه‌مێنێته‌وه‌.له‌كاتێكدا زمان فابریكای به‌رهه‌م هێنانی شیعره‌.شاعیرچه‌ند له‌ زماندا پێشبكه‌وێت و نوێبێته‌وه‌،ئه‌وه‌نده‌ ده‌توانێت به‌رده‌وامی به‌شیعر نووسین بدات.ده‌نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وجه‌نگاوه‌ره‌ی لێدێت كه‌ به‌ چه‌ند گولله‌یه‌ك ده‌یه‌وێت شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بكات و سه‌ره‌نجامیش ده‌دۆڕێت.دنیابینی به‌شێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ له‌ئاست وشه‌دا هێنده‌ هه‌ژارو سنوورداره‌،وشه‌یه‌ك ده‌یان جار دووباره‌ و سه‌دباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌شیعر وهه‌رجاره‌ و به‌شێوه‌یه‌كیش.بۆ ئه‌وه‌ی واپیشانی خوێنه‌ری بده‌ن، كه‌ شتێكی جیاوازییان نووسیوه‌.له‌ چۆڕاوی تریفه‌دا،ده‌یان وشه‌دووباره‌كراونه‌ته‌وه‌.وه‌ك:(شالوور-قژ-قردێله‌مه‌ره‌كه‌بقه‌له‌می شیڤه‌رو پاندانخۆرشوهبتیشك
پاییزتاڵ-ڕوخسارخه‌زه‌ڵ_تریفه‌).ئه‌مانه‌ و گه‌لێك وشه‌ی دیكه‌ش كه‌ ئه‌گه‌رله‌ دیوانه‌كه‌یان ده‌ربهێنین،شتێكی ئه‌وتۆ له‌شیعره‌كان نامێنێته‌وه‌.له‌كاتێكدا وه‌ك باسمان كرد زمان بنه‌مای سه‌ره‌كی شیعره‌.هیچ شاعیرێك ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌شیعرنووسین بدات و داهێنان بكات ئه‌گه‌ردنیابینی ته‌نها له‌ده‌وری چه‌ند وشه‌یه‌كی دیاریكراوخولایه‌وه‌.دواجارده‌مه‌وێ ئاماژه‌به‌وه‌ بده‌م كه‌ شیعرژانری نوخبه‌یه‌.شیعربه‌ندبێژی میللی نییه‌ هه‌زاران و ملیۆنان گوێگری هه‌بێت. بۆیه‌ ده‌بێ به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن ئه‌وه‌ بزانن كه‌ خوێنه‌ر ناتوانێت ده‌رده‌ دڵه‌كانیان به‌ ناوی شیعر بخوێنێته‌وه‌.شیعر په‌یام و جوانی و مانایه‌.ده‌بێ خوێنه‌ر ڕابگرێت و هه‌ستی ڕامان و بیركردنه‌وه‌ی لا دروست بكات.ده‌نا هه‌رگیزاو هه‌رگیزخوێنه‌ره‌ وشیاره‌كانی شیعر ناتوانن ده‌رده‌ دڵه‌كان له‌ شیعردا پۆلین بكه‌ن وببینن. چونكه‌ بڕواناكه‌م هیچ كه‌سێك نه‌بێت له‌ ئێمه‌ ده‌رده‌دڵێكی نه‌بێت،جا تایبه‌تی یاخود گشتی.ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ دڵیش به‌ شیعر بزانین، ئه‌وا دواجار هه‌موومان بێ جیاوازی شاعیرین!!!!…

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز/چۆڕاوی تریفه‌/شیعر/ عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی/ساڵی چاپ 2017_هه‌ولێر…

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر) ژماره‌(3069)ڕۆژی 24_4_2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




برياروابوو ئەم بەهارە زەويەكە بژار بكەین، نەك تەرمەكەت دفنكەن!

بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف

لە یەکەمین چرکەساتەکانی بینینیدا لە سیمای ئەم ئينسانەدا ھەستم بە ماندویەتی و خەمۆکیەکی یەکجار گەورە دەکرد…. سیَ مانگ لەمەوبەر بەهۆي برادەريكمەوە هەوالی ئەوەم بیست کە فەریدون گۆمانی ئەوەی لی دەکریت کە دەرمانخواردکرابیت و ئیستە لە خستەخانەیەکی سلیمانی کەتووەو دەیەویت بگەریتەوە بۆ فینلاند. بەلام لەوی دەبیت کەسیک هاوکاری بکات بۆ ئەوەی کە تا چەند رۆژیک کارەکانی دەکەویتە سەرپی خۆی …. پاش گەرانەوەی بۆ فینلاند هەمان رۆژ چووم بەدەمیەوە… ھێشتا دەستووپەنجەم لە نێو دەستیدا بوو بەکشانەوەی دەستی ئەو پەیامەی پێگەیاندم کەناتوانیت ئەوەندە نزیکی ھیچ کەسیک بیتەوە…

دواتر بەمەبەستی گەرانەوە بۆ مالی خۆمان چووین بۆ مێترۆو گەڕاینەوە بۆ ماڵی خۆمان… بەریگەوە دەمووێست ئەو دیواری نائاشنابوون یەکترنەناسینە تێکبشکێنم و واھەست نەکات کە دەچێتە ماڵی کەسێکێ زۆر نائاشناو نامۆوە… دەستمکرد بە قسەوباسو هەوالپرسی… بەڵام ئەو ھەندێجار بە ’’ بەڵێ، ڕاستە، وایە، ئەیچی و جاجارەش بەبادانی سەری وەڵامی دەدامەوە…’’ پیَشوەخت کەمیکم لە نەهامەتیەکانی ژیانی ئەم ئینسانە لە زمانی کەسە نزیکەکانی خۆیەوە بیستبوو، کەمیَک ئامادە بووم بۆ تیَگەشتن لەحالەتەکە. درەنگ وەختیَک لە هۆلی دانیشتنەکەی مالەوەمان بۆ تیکشکانی ئەو بیدەنگیە تەلەفزیونەکەم داگیرساندو کەوتمە قسەکردن… لەراستیدا ئەو هەر لەسەر سکەی خۆی بوو بەهەمان شێوە لەگەل بێدەنگیدا ژوانی دەگرت…

بۆ ئەوەی هەست بەگوشاریکی ئەوتۆ نەکات من کەمیک خۆم بە پرکردنەوەی فۆرمی شوینی وەرگیرانەکانی سبەینیمەوە مشغول کردو دواتر ووتم حەتمەن کەمیک ماندویت ئەگەر حەزدەکەیت پشوو بدەیت ئەوا پیداویستیەکانت بۆ دینم و لیرەدا پشوو بدەو پاشان بخەوە …. هیشتا قسەکەم لە دەما تەواو نەکردبوو لیوەرگرتم و بەخیرا ووتی ئەریوەلا هەر زۆر ماندو باشترە بخەوم، ئەگەر بتوانم…. بەهەرحال بۆ سبەی بەیانی زوو من لەخەو هەستام و چوم بۆ سەرکارەکەم… دوای نیوەرؤی رۆژی دواتر لە دەرەوە تەلفونیکم بۆ کردو ووتم وەرە دەرەوە بە بچین بەدەم کارەکانەوە…. ئاخەر ئەو کاتیک کە گەرایەوە بۆ فینلاند لەسەر تەختی نەخۆشخانە هەستابووەوەو دەبوو فەحس و چاودیریەکی تەواوی بکریت، چونکە حالەتیکی گوماناوی هەبوو بەوەی کە ئایا دەرمانخواردکراوە یان خۆی دەرمانی خواردوە… بۆیە دەبوو دەست بەجی بیگەیەنینە لای پزیشك، دواتر چوین بۆ ئیدارەی سوسیال و بانک و بەدواچوونی ئەوەی کە پیشتر کەمیک قەرزاربوو… بۆ ئەوەی کە ناوی رەش نەبیتەوە چوین پارەکەمانداو کیشەی بانک و هەندی کاری تری ئیداریمان تەواوکردو دواین کاریک کە زۆر ماندوی کردین دۆزینەوەی خانوویەک بوو کە سەرئەنجام پاش دوو هەفتە خانووشمان دۆزیەوە ئیتر فەریدون چوون مالی خۆی !

زۆرم بۆ گرنگ بوو لەو ماوەیەدا کۆدی قسەکردنی فەریدون بدۆزمەوە بزانم بە چ باس و بابەتیک دیتە سەرخەت، دەبیت دان بەوەدا بنیم کە کاریکی ئاسان نەبوو… بەلام ئاگاداربووم کە پیشتر برایەکی لەنیو ریزەکانی پیشمەرگەی کۆمەلەدا گیانی لەدەست دابوو… دواتر بە گیرانەوەی دەورانی رابردو باسی مالەوەو براکانی و دایکی… لیرەوە ئیتر زمانی پژاو هەندیک جار بە رۆچونیکی زۆر پر تاسەو حەسرەتەوە دەکەوتە سەر گیرانەوەی باسەکان… لەهەموو شت ناخۆشترو پر ئازارتر شیوازی ژایان وهەژاریەک بوو کە هەر لە مندالیەوە دامنگیری ئەم خیزانە ببوو… فەریدون باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن بەهۆی برا پیشمەرگەکەیەوە ئیتلاعات و دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی وەک ریگەی کانی بە دەستگیرکردنی ئەم دایکی مالەوەیان ئاشناببوون… بە تایبەت ئەمە لەکاتیکدابوو کە دایکیشی ژنیکی زۆر چالاکو هەلسورابووەو هەواداری کۆمەلە بووە… دەیگیرایەوە کە یەکەمین جار کە لەگەل دایکیدا زیندانی کرا تەمەنی 13 سال بوو بەلام بەهۆی نەبوونی خواردنی پیوست لە زیندانا جاربەجار ریگەیان پێدەدا کە بچیتە دەرەوە شتێک بکرێت…

لەبەر نەبوونی دایکی هەرجارە دەینارد بۆ لای ئاشنایەکی کەمیک پارەی بەقەرزو پیبدات بۆ کرینی هەندیک نان و تەماتەو خەیار بیهینیتەوە بۆ زیندان… کاتیَک کەباسی ئەشکەنجەی زیندانیەکانی تری دەکرد بەشیوەیەک سیمای دەگۆرا کەهەستت بە ژان و جێی ئەشکەنجەکە بە جەستەی ئەمەوە دەکرد … لەکاتیکدا کە ئەم تەنیا داستانی نیو زیندانەکەی دەگیرایەوە… بە کورتی داستانی ژیانی پر نەهامەتی ئەم ئینسانە یەکجار زۆر پر ئازاربوو، هەستم دەکرد هەندیک جار پیخۆش بوو وەک دەردە دلیەک باسیان بکات و ئاوریکیان لی بداتەوە… ئەوەی جیگەی سەرنج بوو لە گیرانەوەی داستانی ژیانی دایکیدا جۆریک دلخۆشکردن بوو بەوەی کە چۆن دایکی وەک تەنیا ریگەیەک بۆ بژیوی ژیانیان پەنای بردوەتە بەر جل شتن و نانی کردنی مالان، بەجۆریک کە هەندی جار نیوەی پارەکەی وەردەگرت و بەشیکیش چەند مووچەیەک نانی لەباتی پارەکە وەردەگرت و چەند رۆژیک لەگەل قابلەمەیەک ماست و کەمیک تەماتەدا ژیانیان لەگەلدا بەسەر دەبرد ….
لەماوەی ئەو دوو هەفتەدا ئەوەی کە لەهەموو شتیک زیاتر منی ئازار دەدا ئەوە بوو کە شەوانە دەخەوت بەدەم خەوەوە دەینالاندو هاواری دەکرد دایە گیان دایە گیان… دواین رۆژیک کە ئەو ئیتر چووە مالی خۆیان پیکەوە چووینە دەرەوە، من بۆ سەر کارو ئەویش بۆ پاك کردنەوەو شتنی مالەکەی خۆی… پیمووت فەرە گیان من تەنیا بەرۆژدا تەلفونت بۆ دەکەم بەلام هیوادارم تۆ هەرگیز سەیری سەعاتەکەت نەکەیت کەی ویستت تیلیم بۆبکە… لەوەلامدا ووتی هەول دەدەم ئەگەر کاریکم هەبوو تەلفونت بۆ بکەم، بەلام بەراستی زۆریش بۆ سەختە … ووتم بۆ وادەلیت…

وتی کاک ریبوار تۆ زۆر جیاواز بیر لە ژیان دەکەیتەوەو منیش هەست دەکەم میوای ئەمرۆ سبەیم لەم ژیانەدا…. زۆرباش لە پەیمامەکەی حالی بووم بەلام خۆم کرد بە گیل و ووتم ’’ ئی کاکە گیان خۆ ئیمە ژیانمان قۆنتەرات نەکردوە ئیمەش ئەمرۆ سبەی هەر ئەم ژیانە بەجی دیلین، بەلام مرۆڤ تا ئەو شوینەی کە هەیە دەبیت لەهەولی بنیادنانی ژیاندا بیت…’’ دواتر ووتی من کاتیک کە سەیری ئەو گرتەیەم کرد کە بۆ مەرگی ئەو خزمەتان قسەت کردوە لەمە حالی بووم … کە دیاربوو مەبەستی گرتەیەک بوو کە پیشتر بۆ چلەی کاکە ریهاتی حەمە عەزە قسەمکردبوو … لە وەلامدا ووتم بۆ خراپم کردوە؟ ووتی نا تۆ خراپت نەکردوە بەلام تۆ نەتوانی ریگە لە بریاری ئەو بگریت تا دەستی نەچیتە خۆی و کۆتای بە ژیان بهینیت… بەجۆریک قسەکەم گوری و بەلام لەو ساتەوە بەردەم لە دلە خورپەی چارەنووسی ئەم ئینسانەدا بووم… هەربۆیە دەموویست ریگەو رەوشتی جیاواز بگرمەبەر بۆ بینین و بەسەر کردنەوەی بەلام بەداخەوە زۆر بە ئاساتەم ریگەی نزیک بوونەوەی دەدا کاتیکیش کە دەمبینی ئەوەندە بیدەنگ وجوڵە بوو هەستم بەوە دەکرد کە من فشار بۆ ئەم ئنیسانە دینم. ئاخەر دوانین ریگەیەک کە گرتمەبەر لەگەلیا ئەوەبوو کە بە جموجۆل و مەلەو ریگە رۆشتن مشغولی بکەم، بەلام بۆئەوەی کە ریگەم لی بگریت دەیگوت کاک ریبوار من هەموو رۆژیک چوار سەعات بە تەنیا دەچم بۆ پیاسەکردني نيو دارستان…

دواین جار کە بینیم پیشنیاری ئەوەم پیکرد کە زەویەک لە شارەوانی بگرین بەکریَ بۆ ئەوەی ئەم بەهارە سەوزەی تیدا بکەین… پیشنیارەکەمی پەسەندکرد بەلام بەداخەوە فریای بژارکردنی زەویەکە نەکەوت لەگەلماو ئەو بيشتر گەرايەوە بؤ كوردستان و دوینی ( پۆلیسی راپەڕین ئااشکرای کرد کە تەرمی کەسێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی رانیە، کە ڕەگەزنامەی فینلاندی هەیە بە نای ( ف. ئـ) … هەرچەندە لێکۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌ به‌رده‌وامه‌و تائیستە روون نەبووتەوە کە ئەو کەسە خۆی خنکاندووه‌ یان خنکێندراوه. بەهەرحال بەدەر لەوەی کە لیکولینەوە بە چ ئەنجامیک دەگات، بەلام لە مەرگی ئەم ئینسانەدا زۆر بەداخەوە دەبیت بلیم فەرە گیان یادت بەرزو بەریز بیت ئەی ئینسانە ستەمدیدەو ژیان پرکارساتەکە، خۆزگە بەلێنەکەت دەبردە سەرو ریگەت دەدا ئەم بەهارە پیکەوە بژاری ئەو زەویەمان بکردایە کە لەخەیالی خۆمدا هەنگاویکی باش بوو بۆ بژارکردنەوەی ژیانی خۆشت بە دەر لە هەر مناقەشەو قسەوباسیک کە تۆ ئەهلی نەبوویت، وویستم لە ریگەی چاندن و تووکردن و ئاودان و بژارەوە جاریکتر پیکەوە تۆی سەرلەنوی ژیانەوە بچینینەوە… بەلام بەداخەوە فەرە گیان من سەرکەوتوو نەبووم و ئاخەر تۆ بەلینەکەی خۆت نەبردە سەرو پەلەت بوو بۆ مال ئاوای کردنی تەواوەتی لە ژیان!




لكه‌كان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ڕێژه‌ن

ئاشنای هه‌موو پیته‌كانی هێمای چاوبووم

دڵم گه‌لێك ئارامه‌و هه‌سته‌كانم كه‌وتوونه‌ته‌خه‌ونبینین

پشوویه‌ك به ‌ئه‌سپه‌كه‌م ده‌ده‌م و ئه‌و شادییه‌ده‌دره‌وشێنمه‌وه‌

فرمێسكی به ‌تاسه‌گه‌یشتن به‌ڕوومه‌ته‌كانمه‌وهببینن

به‌هیوام ڕۆژێك له‌زه‌نگ و ده‌فی فرمێسكه‌كانمدا

من له‌خودادا و خودا له‌مندا شه‌ڕ بكه‌ین

سوپه‌ری به‌رگری بشكێ و یه‌ك یه‌كمان شه‌هید بكه‌ین

باوه‌شێنه ‌حه‌سیره‌كه‌م له‌سه‌ر به‌ردێكی به‌هره‌مه‌ند داده‌نێم

گۆزه‌یه‌ك شه‌رابی قه‌رد وه‌رده‌گرمه‌وه‌

ده‌ستنوێژ ده‌شۆم و ڕۆژووی پێ ده‌شكێنم

خه‌یاڵم بۆ هه‌موو شوێنێك ده‌ڕوا

له ‌هه‌موو شوێنێكیش دێته‌وه‌

ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و گوڵانه‌ده‌گێڕم به‌هار پشكووتنی دواخستوون

هێزی پشكووتنیش مێوانی وه‌خته‌و پرسیارێكم له‌به‌رده‌م باڵنده‌یه‌كی خۆشبێژ

جارێكی تر ده‌رده‌كه‌وم و به‌رهه‌وا ده‌كه‌ومه‌وه‌

من به‌ناو دڵسۆزییه‌ك كه‌هه‌مه‌تێده‌په‌ڕم و ده‌چمه‌ئه‌نوای

تا هه‌ست به‌ئاوێنه‌ی به‌رانبه‌ر بكه‌م

ئه‌میش به‌ناو مندا دێته‌وه‌و دیارییه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێ

شه‌و و ڕۆژ له‌جوانی به‌دی هاتووه‌و به‌ده‌ستیده‌هێنین

چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری ویست تا مرۆڤ هاته‌ناو ئاوێنه‌

به ‌ده‌ستی به ‌نێرگزه‌وه‌له‌گه‌ڵی دوام

ئاداری 2019 هه‌ولێر

خودا

ڕێبوارێكی خومار و به‌ختیارم له‌شه‌قامی تۆدا

خۆر له‌سه‌ر ناوچه‌وانم ماوه‌ته‌وه‌و هه‌زار جیهانی تێدا دره‌وشاوه‌یه‌

هه‌زاریش شاراوه‌

هه‌موو خواستێكی خۆم له‌بیركردووه‌

ته‌نیا بیر له‌ئه‌ستێره‌گوێڕایه‌ڵه‌كانی‌تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌

له ‌زاتتدا بوێر ده‌ژیم و مۆسیقای تاسه‌م لێ ده‌تكێت

مه‌یه‌كم ناسی و خواردمه‌وه‌

واتای تاهه‌تایی دامێ

تاهه‌تایی ته‌واوی هه‌قیقه‌ته ‌‌و نه‌ناسراوم پێ ده‌ناسێنێ و خۆم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه‌

ڕیزێك مۆم له‌سه‌ر سینی ماڵ داده‌گیرسێت

مۆم دڵی ده‌هێنێته‌ناو دڵمان و خوماری هه‌مووانه‌

ئاداری 2019 هه‌ولێر

نزایەك بۆ دیدار

بای چاوسووربوو زەوی بریندار دەكات

هێلكەش لە هێلانەی خۆشنوود دەترووكێ

باڵندە لە هەوای پاراودا باڵی تەواو دەكاتەوە و بۆنی خۆشی خودا چاوی گەورە دەكات

گوللەش لە ئاسمان ڕووەو ناپاكی دەڕوا

زەوی بریندار چاوەڕوانی قوربانییەكانییەتی

گوللەی ناپاكیش ڕێوڕەسمی چاوەڕوانی نازانێت

چی چلچرا لە ناوچەوانی كۆشك هەڵواسراوە فریودەرە

چاو دادەخەم گوڵ و خەون دەسووتێن

چاوی ڕوونی پێغەمبەر لە خەوهەڵسا و نەرم و سووك پەنجەیبە پێڵوومدا هێنا

چاوی گوڵەبەڕۆژەی لەچاومدا چاند و بە هەموو دەنگێك لەگەڵم دوا

شاعیرێكی شەهید بەسەر زینی ئەسپەكەیەوە دێتەوە

دەڵێت خوێنم بۆ كۆكردنەوەی پەراوێزەكان بەكاربهێنن

حیكمەتی بەكارهێنان هەزار و یەك جەزبەی هەیە

یەكەمینیان نزا و نوێژی منە بۆ دیدار و بۆنی خۆشی خودا

تا زووە كەشتییەكەم دەخەمە ئاوەوە

وەك نائومێدی بەپەلە دەگەمە قووڵایی

قووڵایی له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له‌جیهان و زه‌منناسین به‌رانبه‌ره‌

                                            نیسانی 2019 هەولێر

جەللاد

بە كراسێكی سووف و چاوی خومارەوە

لە جەستە و گیانی خۆمدا خەوتم

كوشتمی و خەنجەرەكەی لەسەر كتێبەكانی دانا

لە كتێبخانەی لەیادچوواندا

لە هەواڵەكە بپرسن و خەنجەرەكە ببەنە پزیشكی دادوەریی

كەسێك لە بیرەوەرییە سەرپەڕه‌كان مابێتەوە و لە گۆرانی سەرچاوەكاندا ئاواز بێت

بە گەرمایی نیگایەك بەهرەی بە شاخی كەڵەكێویی وەبكات

پیت لە حیكمەتی ناوی ئەو پاراوتر نییە بۆ ناوێكی بەختیار

دەبینین لە ڕاوی دووپشككوژیی دێتەوە

دەچێت ژێر كووپەی غەزەل دەڕشێنێ

لە مەیخانەی مەحوی مێزێكی تاكییم خەمڵاندووە

پیاڵە ئه‌ی ئاگری گه‌وره‌ی ڕێبواری ته‌نیا لە دڵەوە دەمناسی

بۆ پڕ نابی

تكایە دڵڕاگرییم بكە

تا لێت نەڕژێ ناتخۆمەوە

  • * *

تاوانبارم داوای پەقرەجێكی كرد ئازاد نەمڕشتێ و جۆنیم نه‌كوتا

چووم له ‌ڕووناكترین شوێنی جیهان

له ‌په‌نا شیعردا وه‌ستام

  • * *

هەموویان هەتاوی پڕی سەر شووشەی كتێبخانە دەناسن

تەنیا له‌گه‌ڵ دڵی خۆم دانیشتووم و زۆر بیردەكەمەوە

شیعر ژیانی ڕووناك كردم بینیم

ڕوخساری لەبیرناكەم

مانگ لە ڕوخسارە لەبیرنەكراوەكان پشكووتووه‌و په‌ڕۆی نه‌زری به‌ستووه‌

نیسانی 2019 هەولێر

پرسیاری سپی

لە هەموو جەنگەكاندا جەنگام و لە ناوی سەركەوتووی تۆم پرسی

گەیشتمە خەونی جوانكردنی جیهان

ناشمەوێ ناوی پاشاكان بزانم

وەڵامدەر خاوەنی هیچ زمانێك نەبوو

شكۆی چاوەڕوانی بۆڕژاندم

تكایە بەردەوامبە

لە ماندووبوونی خۆم نزیك بوومەوە

بێهاوتایی هەمووڕۆژێ لە دایك نابێت

نازانم چارۆگە هاوڕێی بایە یان بەگژیدا دەچێتەوە

وریابە ئەی پرسیاركار

قەقنەس قەتاوقەت لەوە بە گومان نییە كە نافڕێ

باڵندە لەئاسماندا خاچی بە دەنووكەوەیە

هێلانەی زەینی پێ دادەنێ

نامەردان سڕ و داماو دەبێ چاویان بشۆن

ئاویش لە حەوز و گۆزەیان نییە

ئایاری 2019 هەولێر




فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی وارش نمایش ده‌کرێت

مه‌نووچێهر جیهانی ـ به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” نمایش ده‌کرێن.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش”، نۆهه‌مین خولی ئه‌م رووداوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ به‌ ئامانجی به‌هێزکردن و پاڵپشتی کردن له‌ به‌رهه‌م گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بابه‌تی خه‌ڵکناسی، جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری گشتی و په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن و به‌ستێنی شارستانییه‌تی میراتی کلتووریی هاوبه‌ش، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان نمایش ده‌کات.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” Varesh هه‌روه‌ها بابه‌ت گه‌لێکی وه‌کوو؛ دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری، گوتاری و ژین و ژیاری خه‌ڵک له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌پێی بانگه‌وازی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداریی خه‌ڵک پێکهاتووه‌ له‌؛ فیلم گه‌لێکی سینه‌مایی و به‌ڵگه‌یی سه‌باره‌ت به‌ بۆنه‌ و رێوڕه‌سمه‌کان، شێوازه‌کانی ژیان، دابونه‌ریت و ره‌سه‌نایه‌تییه‌کان، هۆگری و خوو خده‌ و عاده‌ته‌ باوه‌کان، جه‌ژنه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی، یارییه‌کانی گشتیی و خۆماڵی جه‌ماوه‌ری و هتد.
فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری چیرۆکه‌کانی گشتیی خه‌ڵک، چیرۆکه‌کانی ئه‌خلاقی، په‌ند و نه‌سیحه‌ت ئامێز و ئه‌ویندارانه‌، لای لایه‌کان، سۆز و ده‌نگ و ئاوازه‌کان، به‌سته‌ و مه‌قام و گۆرانییه‌کان‌‌، شینگێڕییه‌کان، هۆزان و شیعره‌کانی خۆجێیی و خۆماڵی، ئه‌فسانه‌ کۆنه‌کان و په‌ند و مه‌ته‌ڵ و ته‌مسیل و هتد ده‌چنه‌‌ ده‌سته‌ی نه‌ریته‌ ره‌سه‌نه‌کانی گوتاری و ئاخاوتنی و هه‌روه‌ها به‌شی ره‌سه‌نایه‌تییه‌کانی ژیان پێکهاتووه‌ له‌ فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بیناسازیی خۆماڵی، شێوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ژیانی کشتوکاڵی، ئاژه‌ڵداری و ڕاوکردن و که‌ڵک وه‌گرتن له‌ جه‌نگه‌ڵ و دارستانی چڕ، پیشه‌ ده‌ستییه‌کان و مافووره‌ و ده‌ستچنه‌کان و جلوبه‌رگ، فه‌رهه‌نگی چیشت و خواردنه‌کانی خۆماڵی، بازاڕ و ئاڵوگۆڕ کردنی شتومه‌ک.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “مێهدی قوربان پوور” له‌ مانگی ئه‌پڕیلی 2019 رێکه‌وتی گوڵانی 1398ی هه‌تاوی له‌ هه‌ندێک له‌ شاره‌کانی پارێزگای مازه‌نده‌ران له‌ باکووری وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.