زمانی گەردوونی ئێسپێرانتۆ: کورتەیەک لە مێژوو و هزر … نووسینی: کامۆ ئاراز ئەحمەد

زمان خاسیەتێکی بایۆلۆژی ئاڵۆزی مرۆڤە. بە شێوەیەکی کلاسیکی و گشتی زمان وەکو کەرەستەیەکی پەیوەندی پێناسەکراوە، بەڵام باوکی زمانەوانی مۆدێرن ‘نۆوام چۆمسکی’ دیدەمانی بە تەواوەتی دەربارەی زمان سەراوژێرکرد، کاتێک مەبەستی پەیوەندی زمانی بە سەرەکی دانەنا، چونکە لای چۆمسکی ئەرکی سەرەکی زار بریتییە لە ڕێکخستنی هزری مرۆڤ، ئەمە واتای ئەوە نییە پەیوەندی کەم بایەخ بێت.

کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی توانستی ئاخافتن کە لە ئاژەڵانمان جیادەکاتەوە، ڕێگەی پێداوین باشتر ژیانمان ڕابپەڕێنین. ئاژەڵان زیاتر لە ئێستاییدا پەیوەندی دەکەن، بۆ وێنە کاتێک ئاژەڵێک وا هەستدەکات مەترسی هێرشبردنی بۆ سەر هەیە، ئاماژەیەکی دڕندانە بەدیاردەخات، جا بە پێی جۆری ئاژەڵەکە، نینۆک یاخود ددانە تیژەکانی وەک ئاماژەی بەرگری و هێرشبردن نیشان دەدات، یانیش دەنگێكی ئاگادارکەرەوە لێی دەنگ دەداتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئاژەڵانەوە، ئێمەی هۆمۆ سەیپیەنس دەتوانین باسی شتانێک بکەین کە ماوەیەکی دوورودرێژە ڕووی داوە، یاخود هێشتاکە ڕووینەداوە و لە داهاتوودا ڕوودەدات، یانیش لە تواناماندایە باسی شتانێك بکەین کە هەر بوونیان نییە لە جیهانی ڕاستیدا.

ئەو ڕۆڵانەی زمان بۆ ڕێکخستنی هزری مرۆڤ و بەتایبەتیش بەستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بۆتێگەیشتنی هزری یەکتری، کەچی هەندێک جار تووشی کێشەی لێکتێنەگەیشتن دەبین بەهۆی بوونی چەندەها زمانی جیاواز، ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە زمان هەردەم لە گۆڕاندایە و بە پێی کات زمانەکان دەمرن، نۆژەن دەبنەوە و تەنانەت زمانی نوێ چاو بە دنیا هەڵدەهێنن. ئەم کارلێکە زمانەوانییە سرووشتیانە نابنە هۆی بەیەکگەیاندنی ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی زەوی.

لە ساڵی ١٨٨٧ پزیشکێکی جوی پۆڵەندی بە ناوی ‘لودڤیک لایزە زامێنهۆف’ هەستا بە دانانی زمانێکی دەستکردی مرۆڤ بە ناوی ‘ئێسپێرانتۆ’ و داهێنانەکەی لە دووتوێی کتێبێک بە ناوی unua libro بە کوردی واتە ‘یەکەمین کتێب’ بڵاوکردەوە، نووسەر لەسەر کتێبەکە ناوی خۆی لە ژێر نازناوی ‘دکتۆر ئێسپێرانتۆ’ داتاشی، جێگەی سەرنجپێدانە کە وشەی ‘ئێسپێرانتۆ’ بە واتای ‘هیواخواز’ یان ‘هیوادار’ دێت. زامنهۆف چەند هۆکارێکی هەبوو بۆ درووستکردنی ئەو زمانە، ئامانجی سەرەکی ئەو بریتیبوو بۆ ئاشتی گەردوونی.

دکتۆر زامنهۆف پێیوابوو یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ئاشتی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا بریتییە لە نەبوونی زمانێکی هاوبەش، یاخود لە یەکتر تێنەگەیشتن؛ کەرەستەیەکی سەرەکی لە پەیبردن بە هزری یەکتر و ئەوەی لە ناو کەلەسەرماندا هاتووچۆیەتی، زمانە.

زامنهۆف ویستی زمانێک بونیادبنێت کە ئاسان بێت و مرۆڤ بە خێرایی و بێ کێشەی بەرچاوی زمانەوانی فێریببێت. چونکە بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەراربکەیت لە نێوان ئەو ژمارە زۆرەی مرۆڤ، پێویستە دڵنیابیت کە زمانەکە دەگات بە زۆرترین کەس لە چینی جیاواز لە تەواوی جیهان.

زمانی ئێسپێرانتۆ هەندێکجار پێشی دەگوترێت auxiliary language واتە زمانی یاریدەدەر، چونکە زمانی ئێسپێرانتۆ جیا بۆ مەبەستی ئاشتی، زمانێکی گەلێ سوودبەخشیشە بۆ ئابووری، بڵاوکردنەوەی زانیاری، و لێکتێگەیشتنی نێوان تاکە جیاوازەکان. زامنهۆف لە ‘یەکەمین کتێب’ەکەیدا سێ ئامانجی سەرەکی بۆ زمانی ئێسپێرانتۆ نووسیبوو، بەڵام دواتر بۆ حەوت خاڵ درێژدەکردرێتەوە لەلایەن بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ لە مانفێستۆی پراگی ئێسپێرانتۆ. بەهەرحاڵ، سێ نیازەکەی زامنهۆف بۆ زمانەکەی بریتیبوون لە:

1. ئاسانکردنی فێربوونی زمان بە ڕادەیەک کە فێرخواز بۆی وەکو یاریەکی بێ ماندووبوون بێت.
2. پێدانی توانای بەژداریپێکردنی زانیاری فێرخواز لەگەڵ تاکی هەر نەتەوەیەک؛ بێگوێدانە ئەوەی زمانەکە لەسەر ئاستی گەردوونی پەسند کراوبێت. بە واتایەکی دیکە، ئێسپێرانتۆ ئامرازێکی ئاڵوگۆڕی دووانی جیهانییە.
3. دۆزینەوە و خێرا ڕەتکردنەوەی ئەو کەمترخەمییە سرووشتیانەی مرۆڤایەتی. وە بەکارهێنانەی زمانەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان وەکو زمانێکی زیندوو.

مەبەست لە خوڵقاندنی ئێسپێرانتۆ جێگە لەقکردن نەبوو بۆ زمانەکانی دیکە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی زامنهۆف وابوو کە زمانەکەی ببێتە زمانی دووەمی هەر تاکێکی سەر ڕووی زەوی، چونکە پێیوابوو کە زۆربەی کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر دەکات، لە گیروگرفتە گەورەکانی مرۆڤایەتییەوە، کێشەی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی وەک نموونە، بۆ کێشە خوددیەکان، بۆ وێنە بڕوا بەخۆنەبوون لە فێربوونی زمانی دووەم. زمانەکەی زامنهۆف بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و مەعریفە و ئاسانکاری ئابووریش گرنگە.

لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری پڕاگی کۆماری چیک، ڕەشنووسی مانیفێستۆی بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ خرایە ڕوو، کە خۆی لە حەوت بنەمای سەرەکی دەبینیەوە، بنەماکان بریتیبوون لەم خاڵانە:

1. دیموکراسیەت: لەم خاڵە بزووتنەوەکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە نایەکسانیبوونی زمان کۆمۆنیکاسیۆنێکی نایەکسان بەرهەم دەهێنێت لە هەموو ئاستەکان، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. بۆیە ئەمان خۆیان بە بزوتنەوەیەک ناوزەند کرد کە گرنگی بە دیموکراتیزەکردنی پەیوەندی دەدەن.
2. پەروەردەی جیهانی: لەم خاڵە ڕایانگەیاند کە زمانی هەر نەژادێک بەندە بە کلتور و لایەنەکانی دیکەی وەک جیۆگرافی و ڕامیاری و، هتد. بۆیە بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ خۆی بە بەستنەوەی نەژاد و ئیتنیکێکی دیاریکراوەوە بێبەری کرد و ئاستی جیهانبینیان بە نێودەوڵەتیبوون ناساند.
3. پێداگۆگی چالاک: بزووتنەوەکە پێی وایە کە تەنها ژمارەیەکی کەم لە فێرخوازانی زمانی دووەم دەتوانن بگەنە ئاستێکی باڵا، بەڵام خوێندنی ئێسپێرانتۆ ئاسانە کە هەموو کەسێک دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی زمانەوانی زاڵبێت بەسەر زمانەکە، بۆیەش بزووتنەوەکە پێداگربوو کە زمانی ئێسپێرانتۆ کارایە بۆ بەرەوپێشبردنی توانای پەروەردەیی فێرخوازانی زمانی دووەم.
4. مەڵتایلینگواڵیزم (فرەزمانخوازی): زۆرینەی قسەکەرانی زمانی ئێسپێرانتۆ خاوەنی دووزمان یان زیاترن، بەمەش ئێسپێرانتۆ بە نزیکەیی تاکە کۆمەڵەی جیهانە کە تاکەکانی هۆگری زیاد لە زمانێک بن و فرەزمانخوازبن. بزووتنەوەکە پێی وایە پێویستە قسەکەرانی هەر زمانێک هەلی ئەویان بۆ بڕەخسێندرێ کە فێری زمانی دووەم ببن تاوەکو ئاستێکی ئاڵوگۆڕی گفتوگۆی باڵا.
5. مافە زمانەوانییەکان: بزووتنەوەی زمانی ئێسپێرانتۆ پێداگرە لە پاراستنی هەر زمانێک، چ قسەکەرانی زۆر بن یاوخود کەم، چ زمانی فەرمی بن یاخود بە پێچەوانەوە. ئامانجیان بریتییە لە پاراستنی مافی زمانەوانی زمانەکان و دژی پێشێلکاری نەژادین دژی زمانێکی دیاریکراو.
6. هەمەجۆری زمانەوانی: ئیدانەی هەموو سیاسەتێکی لەناوبردنی زمانێکی دیاریکراویان کرد، چونکە ئەمان لایان وایە پاراستنی هەمەجۆری زمان دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی مرۆڤایەتی و جیهانییە. بۆیە لایان وایە کە هەموو زمانێک دەبێت جێگەی ڕێز، داکۆکی و پشتگیریکردن بێت.
7. ڕزگارکردنی مرۆڤ: ئێسپێرانتیستەکان لە مانفێستۆیەکەیاندا پێیان وابوو کە زمان پاردۆکسێکە لە نێوان ئازادکردن و بەدیلگرتنی بەکارهێنەرانیدا، بۆ نموونە کاتێک تۆ بە زمانێکی دیاریکراو قسە دەکەیت هێزێکی زۆرت پێدەبەخشێت لە پەیوەندیکردن بە تاکەکانی تری ناو کۆمەڵگاکەت، بەڵام لە هەمان کاتتدا وەکو زیندانیکردنێک وایە ئەو دەمەی قسەکەری زمانێک دەیەوێت کارلێک لەگەڵ قسەکەری زمانێکی دیکەدا بکات؛ کۆمۆنیکاسیۆن پەکیدەکەوێت.

بۆیە ئیسپیرانتیستەکان خۆیان بە ڕزگارکەران لە قەڵەم دەدەن، زمانەکەیان بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە بەربەستەکانی پەیوەندی نەهێڵێت، ڕەگیش دابوکتێت لە کلتوری ناوچەیەکی دیاریکراو بەڵام نەبێتە بەندەی نەژادەکە، بەم شێوازە مرۆڤایەتی چتر وابەستەی سنوورە دیاریکراوە زمانییەکان نابێت.

لە مانیفێستۆکەدا بە چڕی دیارە کە ئێسپێرانتۆ ئایدیۆلۆژیایەک نییە زمانێک وەکو زارێکی پیرۆز بسەپێنێت، وەکو ڕۆمانی جۆرج ئۆروێڵ نییە، زمانی Newspeak تاکە زمان و کەرەستەی ڕێکخستنی هزری ئۆسیانیا بێت و بۆ سوودی لایەنێکی دیاریکراو بەگەڕبخرێت. زمانەکەی زامنهۆف دەرە-ئایدیۆلۆژیایە، وە زمانێکە پێویستی بەوە نییە خزمەتیبکرێت و پیرۆزەبکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوەیە زمانێکە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە و هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی هۆمۆ سەیپییەنسەکان لەو تەنگەژانەی لە سەر هەسارەی زەوی درووستیانکردووە.

زمانی ئێسپێرانتۆ بە سەرکەوتووترین زمانی درووستکراو دادەنرێت، زمانەکە دوو ملیۆن قسەکەری هەیە، لەگەڵ هەزار بۆ دوو هەزار کەس کە زمانەکە ئاخافتنی ڕەسەنیانە، واتە لە منداڵیەوە وەکو زمانی سەرەکی فێریبوون. لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ئێسپێرانتۆ یەکێکە لە زمانە فەرمییەکان لە پاڵ زمانە سرووشتییەکانی ترەوە.
زمانی ئێسپێرانتۆ بە ڕادەیەک تەشەنەی سەند، کە ئێستا ئێسپێرانتیستەکان خاوەنی جۆرە کلتورێکی جیهانین، خاوەنی وێژەی ڕەسەنن. چەندان پەڕتووک و ڕۆمان هەیە لەسەرەتاوە بە زمانەکە نووسراون، زمانێکە دەتوانرێت هۆنراوە و ڕۆمان و شانۆگەی پێبنووسرێت. زمانێکە گۆرانی پێدەوترێت. واتە زمانێکە لە ئاستی زمانە سرووشتییەکاندا، تەنها ئەوەنەبێ زمانێکە زۆر ئاسانە بۆ فێربوون، وە سوودی گەلێ زیاتر بۆ گەیشتن بە خەونی مرۆڤگەرایی گەردوونی.

بەداخەوە ئەو خاڵانەی ئێسپێرانتۆ وەکو ئەوەی زامنهۆف و بزووتنەوەکە لە سەرەتای درووستبوونی زمانەکەوە هیوایان بۆ دەخواست نەهاتەجێ بە تەواوی. وەلێ، هێشتاکە ساڵانە کۆنفرانسی ئێسپێرانتۆ دەبەسترێت و تاکی زیاتریش هەوڵی فێربوونی دەدەن، جا تەنها لەبەر ئەوەی حەزیان لە فێربوونی زمانێکی نوێ و سەرنجڕاکێشە، یاخود هۆگری ئاشتی و لێکتێگەیشتنی گەردوونین.




دەوڵەت …4… نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی چوار

ئێستاش هەر ئەو چەمکی بەجەماعییبوونەیە، کە لە ژیانیانا،لە چالاکییانا، لە یەکێتییانا، لە خودی تاکایەتییانا، کەسایەتییانا – لەناو کۆمەڵیشا وەکو کەسێك سەراپای مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەکو ئەوەی کە هەموو مرۆڤایەتی تاکێك بێت-. ئەمە ئەو چەمکەیە، ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و بوونی مرۆڤایەتییە کە ئەوان باسی لێوە دەکەن و ئێمە ئەمڕۆ نکوڵی لێدەکەین و ڕەتیدەکەینەوە ، هەر بەو هۆکارەشە کە نکوڵی لە دەوڵەتیش دەکەین، نکوڵی لە حکومەت دەکەین و لە کۆمەڵ وەدەری دەنێین، کاتێك کە شۆڕشی ئابووریانە ڕوودەدات هەموو دەستورەکانی دەسەڵاتە پۆپیلەرەکە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە لەناو خودی جەماوەرەوە یاخود دەرەوەی جەماوەرەوە بێت ، لە ڕێگای میراتگەریی پادشاییەوە، بێت، یا دەزگەی فیوداڵییەوە، یاخود نوێنەری دیمۆکراتیانەوە، بێت، ڕادەماڵی و ڕەتی دەکاتەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەوە[ پرۆدۆن مەبەستی نەیارەکانێتی- وەرگێڕ] ، ئیمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین کە خەڵك ، کۆمەڵ، جەماوەر، دەتوانێت و دەیەوێت کە حوکمڕانی خودی خۆی بکات ، کاری خۆی بکات، ئەدای خۆی هەبێت، گەشە بکات و بە پێوە ڕاوەستێ وەکو مرۆڤ، بۆ دەربڕین و ئاشکراکردنی خۆی بەباشی، لە پەروەردە و ڕۆشنبیرییدا هەروەها لە مۆراڵی تاکێتیدا، بە بێ یارمەتی و هاریکاری ئەم هەموو قسەکەرانەی کە پێشتر زۆردار بوون و ئێسستا ئەرستۆکراتن، کە ناو بەناو خۆیان بە نوێنەریان نیشاندەدەن. ئەم نوێنەرانە خۆیان گەندەڵن یاخود لە حوکمکردنی خەلکیدا، گەندەڵ بوون، ئەوانەی کە بە ئاسانی و بە سادەیی پێیان دەڵێین ختوکەدەرانی جەماوەر، دیماگۆگییەکان .

لە دوو وشەدا:
ئێمە هەردك دەوڵەتیش و حکومەتیش ڕەتدەکەینەوە چونکە دڵنیایی ئەوە دەکەینەوە (کە هەرگیز پیاوی دەوڵەت باوەڕی پێنەکراوە، یاخود بڕیاری لەسەر نەدراوە) کە خۆڕسکیانە لەناو جەرگەی جەماوەرەوە و چالاکی و کردەی خودی جەماوەر بێت.
لەبەر ئەمەش ئێمە ئەنارشییەت پەسەند دەکەین کە هەر وەکو بەڵگەکان نیشانی داوە لە نێو ئەوانەی کە وتراوە ئەنارشی باڵاترین سنوری ئازادیی و ڕژێمێکە کە مرۆڤایەتیی دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. ئەنارشی حکومەتی خودی خەڵکییە و لە خۆیانەوە و بۆ خۆیان بێ دەستوەردانی پاشاکان ، ئەرستۆکراتەکان یاخود دیماگۆگییەکان، خۆبەڕیوەبەریی فۆرمیلەیەکی ڕاستینەی کۆمارییە. Voix du Peuple, Dec. 3 1849

بە کورتی:

ئێمە نکوڵی حکومەت و دەوڵەت دەکەین، پەیگیریی و دڵنیایی ئەوە دەکەینەوە کە خوازیاران و دروستکەرانی دەوڵەت هەرگیز باوەڕیان بە شوناسنامەی کەسایەتی و سەربەخۆیی[ئۆتۆنۆمی] خەڵك، جەماوەر، نەبووە .
ئێمە پێداگریی لەوە زیاتریش دەکەین کە هەموو دەستورێکی دەوڵەت هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە بەکێشکردنی کۆمەڵ بەرەو بارودۆخی ئۆتۆنۆمی کە فۆرمێکی جیاوازە لە هەموو شێوەکانی دەوڵەت هەر لە حوکمی پادشایەتی ڕەهاوە تا دەگاتە نوێنەرایەتی دیمۆکراسیی، کە هەموویان هەلومەرجێکی کاتییان هەیە، نالۆژکانە و هەروەها پێگەیەکی ناجێگیریشیان هەیە. هەموویان یەك بەدوای یەکدیدا دێن قۆناخێك یاخود هەنگاوێك بەرەو ئازادیین، ئەوان جەولەکانی پەیژەی سیاسین بەسەر کۆمەڵانەوە کە بەرەو خودهۆشمەندی و خۆدروستکردن دەڕۆن و کۆمەڵ بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبەن.
.
لە کۆتاییدا دڵنیاییی لەوە دەکەینەوە ئەم ئەنارشییەی کە ئێمە باسی دەکەین و کە ئێستا دەیبینین بەرزترین پلەی ڕێکخستن و ئازادییە کە لەوێدا مرۆڤایەتی دەیگاتێ، فۆرمیلەیەکی ڕاستینەیە لە کۆماریی، کە ئامانجی بەرەو شۆڕشە یاخود بەرەو ئەوەی شوبات داوامان لێدەکات، کەواتە لە نێوانی کۆماریی و حکومەتا و لە نێوانی دەنگدانی گشتی و دەوڵەتا، ناکۆکی هەیە .

درێژەی هەیە
…………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




ڕۆژنامەی شانۆکار ژمارە 5

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە … 5

لاپەرەی یەکەم ……..

لاپەڕەی دووەم ……….

لاپەڕەی سێیەم …………

لاپەڕەی چوارەم …………

بۆ خوێندنەوەی ژمارەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن …………….




سلێمانی و ئەفسانە … د. مەولود ئیبراهیم حەسەن

ئەم بابەتەلەسەرەتادا، لەسەر داوای بەڕێزان نووسەرانی – ئینسیکلۆپیدیای سلێمانی نووسراوە، بەهۆی ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا نووسرا زۆر کورتترەلەوەی ئەگەر بەبەتەواوی ئەفسانەکانی شاری سلێمانی خۆشەویست کۆ بکەینەوە، هه روەها درێژتریش دەرچوو لەوەی کەبەڕێزان دەیانویست، بۆیەبڕیاریاندا کورتی بکەنەوە، بەداخەوەئەوەبۆ سێ ساڵ ئینسیکلۆپیدیای سلێمانی هه‌والێکی نیە! بۆیەمن پێم باش بوو ئەو بابەتەم چێتر دوانەکەوێ و وەک دیاریەک بۆ شاری سلێمانی لێرەلەڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ ) بڵاوی بکەمەوە.
ئەگەر هه‌ر میللەت و ئایین و وڵاتیک ئەفسانەی خۆی هەیە، ئەوا هه‌ر شارو ناوچەو گوندێکیش خاوەنی ئەفسانەی خۆیەتی و لەوەش وردتر هیچ شاخ و ئەشکەوت و دارودۆڵێکیش بێ ئەفسانەنیە! جگەلەشوێنە(شوێنەوار) یەکان ئەوانیش جگەله‌ڕووەمێژووییەکەی – ئەفسانەی مێژوویی – خۆشیان هه‌یە. سلیمانیش وەک شارو دەوروبەر ئەویش بێشک خاوەنی ئەفسانەی خۆیەتی. کەئەفسانەکەی بەشێکەلەکۆی ئەفسانەی کوردی و ئەفسانەش بەشێکەلەبەشەزۆرەکانی فۆلکلۆری کوردەواری.
وشەو چەمکی ئەفسانە
ئەفسانە: لەبنەڕەتدا ئەم وشەیەڕیشەیەکی – ئاوێستایی کوردی هەیەو دەچێتەوەسەر وشەی – ئاڤەدستا– ی کۆن و ماناکەشی والێکدراوەتەوە کارلێکەری ئایینی و ستایشی بەدەستەو دوعا وەستانەوەو بەجێهێنانی سروتی ئایینی بەپیرۆزی و هیمنییەوە(گەڕان بەدوای نەمرییدا).. لـ ١٥-١٦ئیستا ئەم وشەیەلەکوردەواریدا بو زۆر مانا بەکاردێت، بۆ نمونە:-
ئەفسانە: ئەو چیرۆکەکۆنەی کەپاڵەوانی نائاسایی وەک (دێو، ئەسپی باڵدار، جنۆکەو زۆری تر) ڕۆلی تێدا دەبینن و کەرەستەی ئەفسانەیی جادوکاری وەک (ئاوینەی دنیابین، کڵاوی سەخرەجن، ئاوی نەمریی و زۆری تر) رۆلی تێدا دەگێڕن و تییدا بەکار دین .
ئەفسانە: ئەو چیڕۆکەکۆنانەی پاڵەوانەکانیان خوداوەندن .
ئەفسانە: بەرزترین ئاستی داهێنان و جوانی.
ئەفسانە: شتێک لەواقیعدا نەبووبیت و ئیستاش دەستنەکەوێ .
ئەفسانە: شتی نهینی و نەزانراو.
ئەفسانە: شتی بێ بنەماو ناراست و پروپوچ .
ئوستورە: ئوستورەش لەکوردەواری بەکاردێت، ئەم وشەیەش وەک هه‌ندیک بۆی دەچن عه‌ره‌بی‌ نیه ! لەوشەی (اسطوره‌)ەوەنەهاتووەو لەبنەڕەتدا وشەیەکی (سانسکریتی )یەو لەوشەی (سوترا =)وەهاتووەگۆڕاوە– سوترا، ستورە، ستر– و زۆر وشەی تری لێدروستبووە(هیستۆری =) و (ستۆری =)، واتەوشەی میژوو و چیرۆکی لێکەوتووتەوە، لەکوردیشدا وشەی (ستر = ستران)ی ڵێدروستبووە.
زمانی ئەفسانەی سلیمانی
زمانی فۆلکلۆر بەگشتی و ئەفسانەبەتایبەت زمانی خەڵکەو هه ربۆیەههموو زارو بنزارو زارۆچکەکان هاوبەشن لەبەرهه‌مێنانی فۆلکلۆردا، هه‌ر بەم هۆیە بەهیچ شێوەیەک لەفۆلکلۆردا (زمانی یەکگرتوو = زمانی ستاندارد)نیە! زمانی ئەفسانەکانی سلیمانیش زمانی شێوەزارو بنزارەجیاجیاکانی شاری سلیمانیو دەوروبەریەتی و ئەوانەی لەکۆندا بەکارهاتوون و ئێستاش بەکاردین .
پێناسەی ئەفسانە:- دەقی ئەفسانەکان
لەلێکۆڵینەوەی زانستی و ڕێبازو پسپۆرییەجیاجیاکاندا ئەفسانەزۆرترین پێناسەی بەرکەوتووە، کەچی هێشتا زانایان لەپێناسەکردنی ئەفسانەدا داماون و ناگەنەپیناسەیەک کەتەواوی پێکهاتەوگرنگییەکانی ئەفسانەبخاتەبەرچاو! ئێمەلێرەئەم پێناسەیەبەشێاو دەزانین: (ئەفسانە.. کۆنترین وبەرزترین و گرنگترین ئاستی بی
رکردنەوەی مرۆڤە).
دەقی ئەفسانەکان
باشترین دەقی هه‌رەکۆنی پێش زایین کەبۆ سلێمانی دەستنیشانی بکەین، دەقی ئەفسانەی لافاوی سۆمەرییە، کەلەم دەقەدا نیشتنەوەی کەشتی لەسەر چیای (پیرەمەگروون) ی نزیک سلێمانییەو تییدا ئۆتۆناپشتم ئاوا ئەفسانەکەدەگێرێتەوە:-
شەش ڕۆژو شەش شەو تێپەڕی
هیشتا کەف و کولی لافاو شەپۆڵان دەداو هه موو خوارووی وڵاتی داپۆشیوە.
کەگەیشتینەڕۆژی حەوتەم شڵپ و هۆڕی لافاو کەمی کردەوە
وەک لەشکری دۆڕاوی جەنگ لێکداپچڕا
پاشان دەریاو ڕەشەبا نیشتنەوەلەگەڵ کەف و کوڵی لافاو
ینیم دنیا ئارامە
خەڵکم بینی هەموویان گەڕاونەتەوەبۆ قوڕ
زەوی وەک سەربان پان و لووس بووە
دەمامکم کردەوەتیشک بەر ڕووم کەوت
کڕنۆشم بردوو دەستمکرد بەگریان
فرمیسک بەڕوومدا هاتەخوارەوە
سەیری قەراغەکانی دەریام کرد
لەهه‌رچوارلاوەچیای-جەزیرە- دەرکەوت
کەشتی لەسەر چیای (نەسیر– پیرەمەگروون) نیشتەوە
چیای پیرەمەگروون توند کەشتییەکەی گرت و لێنەگەڕا بڕوا
(…..)
ڕۆژی حەوتەم کۆترم بەرەڵاکرد
کۆتر هه ڵفری … دواتر گەڕایەوە، گەرایەوەو هیچ جیگایەکی دەستنەکەوت لێی بنیشیتەوە
پاشان قەلەڕەشکەم هه لدا.. سوڕاو لەوەڕاو نەگەڕایەووە
ئەوکات ههموو ئەوانەی لەکەشتی دابوون .. دەرمهینان
کوشتیم کوشتەوەو ئاوی پیرۆزم بەسەر(زەقورە- زەقایی- لوتکە)ی چیاداکرد.. (تەها باقر،ل١٥٧-١٥٩).
ئەوەی لەم ئەفسانەیەی سۆمەریدا گرنگە، کەشتیەکەلەسەر چیای (پیرەمەگروون) دەنیشێتەوەنەک چیای (گوتی ) و کەشتیکەپڕەلە- هه‌وێنی ژیان– لەوێ باری خۆی ههلدەریژی.
باوکی مێژووی کۆن (ته‌ها باقر) لەپەراویزدا دەنووسێ: زانراوەکەشتی لەسەر چیای– ئەڕاڕات– ئورارتو دەنیشێتەوە، ئەگەر بەوردی ناوی داستانەکەمان خویندبیتەوە(نەسیر) مانای (ڕزگاربوون) بدا، ناوی چیای نەسیر لەهه‌واڵەکانی (ئاشورناسرپال -٨٨٣-٨٥٩ پ.ز)ی دووەم پاشادا هاتووە، کەدەکەوێتەخوارووی زێی بچوک، لەگەڵ ناوی گوتیەکان ناوی هاتووە، ههندێک لەلێکۆڵەران بە(پیرەمەگروون)ی دەزانن، چیای ناوداری نزیک سلێمانی، کە٤٥کم لەباکووری – شروباک-ی زێدی ئۆتۆناپشتم دوورە، ئەو چیایەی کەشتیەکەی نوحی بابلی لەسەرنیشتەوە، بەقسەی (بیرسۆس) نووسەری سەدەی سێیەمی پێش زایین، بەناوی(چیای کوردۆیین) واتەچیای کوردەکان ناسراوە، کەلەقورئان و نووسراوەسریانیەکاندا کەشتی لەسەر چیای – گوتی – دەنیشێتەوە(گلگامش.ل١٥٧-١٥٩) .
ئەفسانەی جولندی
ئەم ئەفسانەیەڕووداوو کەسایەتیەکانی ڕیک کەسایەتی سەرەتای هاتنی ئیسلامەبۆ کوردستان، جولندی پاشایەکەلە(قەڵای جولندی) نزیک سلیمانی حوکم دەکات و لەدوورەوەههواڵی (ئیسلام و محەمەدی پیغه‌مبه‌ری خودا و عه‌لی‌) دەبیستێ و زۆر خەمبار دەبێت و لێی دەپرسن بۆچی خەمبارە؟ لەوەڵامدا دەڵێ: (ئەمن دەمرم و حه‌مەدەمینەک پەیدا دەبی و ولاتی من داگیردەکات!!) ئەم ئەفسانەیەدوو دەقی لەبەردەستە، لەدەقی (تحفه‌ی‌ مڤفریه‌) جولندی بەیارمەتی – شەیتان- لەشکری خۆی دەباتەمەدینەولەوێ شەڕ لەگەڵ لەشکری ئیسلام دەکات .
جولندی بەلەشکرێکی گەورەدەوری مەدینەدەدات وبیلالی عه‌به‌شی‌ کەئەمەدەبینێ ناتوانێ بانگ بدات و خۆی دەگەینێتەمحەمەد و دەڵێ: (یاڕەسوڵڵا سەرێ منت بێ بەقوربانی سەرییە، بانگم نەدا چارم چیە؟ لەشکرێکی زۆرم دییە!).
نەبی دەفەرمووێ بڕۆ بزانەچیە؟ بیلال دێتەوەدەڵێ: سەرکردەی ئەو لەشکرەی کافرێکی جولندییە! پیغەمبەر لەخوای دەپاڕێتەوەمەلایکەتی بۆ بنیرێ و خەندەقی بۆ هه ڵکەنن. جولندی کەخەندەق دەبینێ دەڵێ: (سیحری عەلی زۆر تەواوە، ئەو خەندەقەچییەبنیاتنراوە؟) جولندی بەئ سپی خۆی لەخەندەقی چل گەزپان دەپەڕێتەوەو کۆڵان بەکۆڵان لەمەدینەی دەگەڕێ و کەس نابینێ، دوازدەئەسحابەلێی دەچنەمەیدانێ جولندی ههر دوازدەیان دەکوژێ.
پیغەمبەر تەنگاو دەبیت و جوبرائیل بەدوای ئیمامی عەلی دا دەنێرێ.
(حەزرەتی جوبرایل هات بەقاسیدیە، گوتی هاتووم بەرەزای ڕەبییە)
ناگەڕێتەوەههتا تۆلەی دوازدەئەسحابەی نەکاتەوە.
عەلی دەڵێ:
جولندی، جولندییەپەڕقۆزە
ئەتۆ ئەو شەش پەڕەت لەسەری نەبێ پیرۆزە
ئەتۆ مەدینەت بۆ لەمامی من کردووەئاڵۆزە؟
جولندی دەڵێ ئەمن ڕۆڵەم ڕۆڵەی شێری،
هیچ کەسم پێ ناویری .
هه‌ردوکیان بەئازایەتی خۆیاندا هه‌ر دەڵێن: جولندی پێشدەستی دەکات و گورزێک لەعەلی دەدات: (جولندی گورزێکیدا لەتەوقی سەرییەهه‌تا سینەبەندی بەدوڵدوڵەوەبەئەرزی ڕەق و ئیشکی دابردییە)
ئەوجارەعەلی تانی زولفوقاری دەدات:
کەشیرێکی دەدا لەتەپلی سەری جولندییە
ئەزرەتی جوبرایل پەڕی وەبەر نەدابا بەڕەزای ڕەبییە
ئەوێ جاری دنیا وەردەگەڕا بەیەکجارییە
بەو شیرلێدانەی جولندی بەئەسپەوەدوو کەرت دەبی، ئەسحابەبەناو لەشکری جولندی دەکەون و ئەلی دەڵێ:
بەو خودایەی لایەزانە
دەست هه ڵناگرم لەو کافرانە
هه‌تا خوین نەبا سەرانە
بۆ ئەوەی قسەی شێر ئەلی نەشکێ:
هاتەئاسمانێ هه‌وری تاری
رەشێنی بارانێ لێ دەباری
هه‌روا خوێن دەهات رای دەمالی سەرو جەندەکی لاری تحفه‌ی‌ مظفریه‌.ل 222-252
پاش ئەوەی هه‌موویان دەکوژن ئیمام دەلێ: بانوێژەکەم نەچێ، دەچێ نوێژێ دەکات !!
لەم ئەفسانەیەدا بنەمایەکی میژوویی هه‌یە، ڕەگەزەکانی ئەفسانەزۆرن، شەیتان یارمەتی جولندی دەدات، مەلایکەت خەندەقی بۆ پیغەمبەر لێدەدەن، جوبرایل بەرەزامەندی خوای لەسەرداخوازی پێغەمبەری و داوای لێدەکات بگاتەهاواری مەدینەی !
لەدەقی (تۆفیق وەهبی)دا بەپێچەوانەی تحفه‌ی‌ مڤفریه‌ لەشکری ئیسڵام دەورەی قەڵای جولندی دەدات و لەشەڕێکی گران بەسەرکردایەتی جولندی شەڕی مان و نەمان دەکەن، ئەمەیەک ساڵ دەخایەنێ ! سەرکردەی ئیسلام نامەیەک بۆ ئیمامی عەلی دەنووسێ و دەڵێ : (لەتوانای هیچ مرۆڤێک نیەئەم قەڵایەداگیر بکات، لەشکری موسلمانان شپرزەبووە، ناتوانرێ داگیربکرێ، مەگەر بەموعجیزه‌یه‌كی‌ ئاسمان! ئێمەچاوەڕێی موعجیزه‌یه‌كی‌ ئێوەین، یا ئەوەتەبفەرموون تابگەڕینەوەبۆ مەدینە). تۆفیق وەهبی ل١٩٢
ئیمام کەئەمەدەبیسی توڕەدەبێت و داوای بەردەقانی دەکات و لەمەدینەی ڕادوو بەرد بۆ کوردستانێ دەهاوێ، بەرد لەئاسمانێ دەبیت جولندی و خەلکەکەموسلمان دەبن، بۆ پاراستنی خەڵکەکەجوبرایل بەفەرمانی خوای باڵی دەداتەبەر بەردەکان، لێناگەڕێ زیان بەخەڵکەکەبگات. جوبرایل که‌مێک باڵی بریندار دەبیت و بەردەکان لەبەردەمی قەڵاێی دەچەقن !! ئیستا بەبەردەعەلی ناسراون.
لەم دەقەشدا ڕەگەزی ئەفسانەههن..ههڵدانی دوو بەرد لەمەدینەوەبۆ قەڵای جولندی لەکوردستان پەڕدانەبەر بەردەکانی جوبرایل.. کاری ئەفسانەیین .
تۆفیق وەهبی لەلێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا شوێنی (شوینەوار)ی میژوویی قەڵای جولندی دۆزیتەوەو دەڵێ دەکەوێتەدوورایی (٢ کم ) لەدۆڵی (سورەقاوشان) لەڕۆژئاوای باکووری ڕۆژئاوادا، لەیەکێ لەپێچەکان کەڵاوەیەک ههیە، خەڵکەكه دەڵێن: قەڵای جولندی کەیەکێ لەکۆنترین پاشماوەکانە..تۆفیق وەهبی .ل١٧٩
ئەفسانەی ناوی سلێمانی
دەگێڕنەوەلەڕۆژانی یەکەمی دروستکردنی شاری سلێمانی، لەگەڵ یەکەم قەزمەکەلەزەوی دەکوتن..ئەنگوستیلەیەک دێتەدەرەوە، کەسەیری دەکەن دەبینن لەسەری نووسراوە– سلێمان– خەڵکەکەبەئەنگوستیڵەی موعجیزه‌ئاساو ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی‌ حەزرەتی سلێمانی دەزانن و هه‌ربەم بۆنەیە شارەتازەکەناودەنێن( سلێمانی) .
ئەفسانەی کەسایەتی مەلیک مەحمود:
مەلیک مەحمود سەرکردەی شۆڕش و ڕاپەڕینی سەرەتاکانی سەدەی بیست. وەک کوردێک و شێخ و موسلمانێک و مەلیکی کوردستان شۆڕشی دژی داگیرکەران و ئینگلیز ده‌كرد، بەم بۆنەیەوەپیرۆزیەکی زۆری لەنێو خەلک بۆ پەیداببوو، هه‌ر بۆیەکراوەتەپاڵەوانی زۆر ئەفسانە. دایکم زۆرجار دەیگێرایەوەدەیگوت: شیخ مەحمود – روحم بەقوربانی بی – کەدەچووەشەڕێ و دەهاتەوە.. پشتبەندەکەی دەکردەوەگوله‌ بەردەبووەوە، چونکەگولەشێخی نەدەبڕی ! کەچی هه موو لایەک دەزانن شێخ لەپەنا بەردەقارەمان برینداربوو.
نەسوتان لەنێو ئاگردا
خەڵک دەگێڕنەوە.. شێخ نەفی کرابوو بۆ هیند، لەوێ زۆری ئازاردەدەن و دواجار ئاگرێکی گەورەدەکەنەوەو – کافرەکان – ئینگلیز – شێخ دەخەنەناو ئاگر. کەچی ئاگر کار لەشێخ ناکات و هاوار دەکات: سەگ باوکینەقەسریم دەرم بێنن !!
لێرەتەواوی چیرۆکەئەفسانەییەئایینیەکەی ئیبراهیم پێغەمبەر گواستراوەتەوەو شێخ کراوەتەپاڵەونی ئەفسانەکە.
لەم ئەفسانەیەش ڕەگەزی ئەفسانەهه‌یەو نەسوتانی شێخ لەنێو ئاگر بۆ خۆی ئەفسانەیەکی مێژوویی و ئایینی و کۆن و ناسراوە. هه‌ر ئەم ئەفسانەیەنیشانەی ئەوەیەکەئەفسانەڕانەوەستاوەو بەردەوامە.

2019-04-26
د. مەولود ئیبراهیم حەسەن

———————————————————————–
سەرچاوەکان :
تحفەئ مزفریە. ئۆسکارمان، هینانەسەر ڕێنووسی کوردی هێمن، چاپی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا ١٩٧٥
گەڕان بەدوای نەمرییدا، مەولود ئیبراهیم حەسەن دەزگای ئاراس، هه ولیر2002
الاپار الكامله‌, توفیق وهبی‌, جز‌و الاول, اعداد رفیق صالح, بنكهی‌ زین, السلیمانیه‌ 2006
ملحمه‌ كلكامش, گه باقر, وزاره‌ الپقافه‌ والاعلام, بغداد 1980




شەهید …. شیعر: پشکۆ ناکام

“”””””””””
لەو شوێنەی خوێنی تۆ ڕژا
لەو خاکەی
تیا گەوزایت
گوڵاڵە سوورە ، ڕوا
هەر زوو لێکرایەوە
بۆ جوانی
بۆ بۆن خۆشی شەوانی سوور
بە یەخەی یارا کرا
چەپڵەی زۆر بیسترا
بە فرمێسکی تیمساحاوییەوە
لەسەر تۆ زۆر ووترا
چەپڵە بۆ تۆ
گوڵاڵەکەش بۆ ئەوان
بۆ ئەو شەوانەی
بە ڕەنگی خوێنی تۆ
تا شەبەق بەزمە
بەزمی شەوانەی ئەوان
و
هەرگیز لە یاد نەبوونی تۆ

لەو شوێنەی
خوێنی تۆ ڕژا
زیاتر لەو خوێنە
فرمێسکی دایکت ڕژا
فرمێسکیان هێنا
كردیانە پۆستەر
كردیانە کتێب
كردیانە لیست
دوا جار کردیانە دراو
قاسەکانیان پێ پڕکرا
تا ئەو لێوارەی لێی ڕژا
بژی شەهید….!!
نەمرە شەهید…!!
بونە دروشم
و
هەر جارەی لە بۆنەیەکا
مێشکمان کاس ئەکا

بۆ نەهێشتنی سەهۆڵبەنگانی
….ژیان
خوێنت ڕژا
ئەمڕۆ بۆتە کورەی گەرما
بۆ جێ خەوی
ئەوان

پەڵە هەوری بەهاریش
لە ئاست خوێنی تۆ
گریا….و گریا
ویژدانیش
وەک دایکە جل رەشەکەی تۆ
واقورماوو..مات
ئینسان بۆ ئەبێ بکوژرێ
…..بۆ
پێش ئەوەی بشکوێ
گوڵ بۆ هەڵوەرێ
….بۆ

ئەمڕۆ ئەوان
بەناوی تۆ
و
هەزارانی تریش

بە وێنەی تۆ
و
سەدان هاوڕێی تریش’
دەنگیان بەرز…
قوڕگی پڕ لە شۆڕشگێڕی
و
شتی تریش
مایک بەر ناکەوێ
بژی شەهید..سەربەرزە شەهید
دوای چەپڵە و سروودیش
كێ لەبیرێتی
كەی کوژرای تۆ..!!!
بەس دایکت ئەزانێ
یەکەم بڵێسەی سووتانی جەرگی
ئەو ساتە وەختە بوو
كە خوێنت تێکەڵ
بە خاک بوو
بوو بە ئارامگای تۆ
دوێنێ سوێند بوو
ئەمڕۆ دروشمە خوێنی تۆ
ژیانیش
بۆ ئەوان هەر دروشمە
تۆش بووی بە ڕەگ
بۆ خاک
وەک ئەو گوڵاڵەیەی لێی ڕوا
تۆ شەهید
و
ئەوان ، ئەوان و شتی تریش
“”””””””””””’
MAY/2019




پیاوێک بە چراوە … گۆڕینی: محەمەد بەرزی

   منداڵە زیرەکەکان :  ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گوندێکی پچکۆلەی ئاوەداندا ، پیاوێک  بە تەنها دەژیا ، بەڵام  بە داخەوە  ئەم پیاوە نەیدەتوانی هیچ شتێک ببینێت ، چونکە هەردوو چــاوەکــانی  کـوێـربـوون .  جا  هەر کاتێک بەشەو بهاتایەتە دەرەوە ، چرایەکی ڕووناکی  لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا . 

شەوێکیان ، کە زۆر تاریکبوو لە میوانی خێزانێک دەگەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان ، بە لای چەند گەنجێکدا تێپەڕی . کاتێک گەنجەکان چراکەیان بە دەست ئەم پیاوە نابینایەوە بینی ، کەوتنە پێکەنیین و گاڵتە پێکردن پێی . یەکێکیان وتی : ( ئەرێ مامە گیان ، خۆ تۆ لای خۆت کوێریت و هیچ نابینێت ، جا توخوا پێم ناڵێیت ئەو چرایەت بۆ هەڵگرتووە ؟ ) . پیاوەکەش لە وەڵامدا وتی : ( بەڵی ڕاستە من کوێرم و هیچ شتێک نابینم ، بەڵام ئەوی ڕاستی بێت ، ئەم چرا ڕووناکەم بۆ کەسانی بێ ئاگاو و نەزانی وەک تۆ هەڵگرتووە ، کە لەوانەیە بە دوو چاوی ساخەوە کەسێکی نابینای وەک من نەبینی و خۆتم پێدا بکێشیت و تووشی زیان و ئازارم بکەیت ، جا ئێستا تێگەیشتیت بــۆچــی ئـــەم چــرایــەم هــەڵــگرتووە ؟ ) .
پیاوە نابیناکە بەم وەڵامە زۆر جوانەی ، هەموو گەنجەکانی تەریقکردەوە و دەستبەجێ چوون داوای لێبوردنییان لێکرد .

جا منداڵە ئازیزەکان : پەندی ئەم چیرۆکە لە وەدایە ، ئێمە نابێ بەر لە تێگەیشتنی ڕاستییەکان بڕیابدەین . بۆیە پێویستە فێربین بە دواداچوون بۆ ڕاستییەکان بکەین و ئنجا بڕیاری خۆمان بدەین .


تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .




نامه‌كانی ئیشق … 15 … سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

33 – به‌یانیت به‌ تریفه‌ی هه‌سته‌كانم جوان ، به‌یانیه‌ك خه‌مڕه‌وێنی دڵته‌نگیت بێ، به‌یانیه‌ك ئیدی ئه‌م ژنكوشتنه‌ی نیشتیمانی خۆمان نه‌بینین، ئیدی ئه‌وه‌ باهۆزه‌ و گێژه‌ڵوكه‌ی خه‌ره‌ندی كه‌ڵچه‌ری من و تۆیه‌، نازداره‌كه‌م ده‌زانم چه‌ند خه‌م له‌ خۆ كوشتنی ژن یا له‌ ژنكوشتن ده‌خۆی ، باڵات به‌ بارته‌قای ئه‌و له‌ پاشینه‌ی بیر و ئاوه‌زی هاوه‌ڵانمان ڕۆنیشی خاك ده‌بن، ده‌زانم ئاسوده‌ییه‌كانتان ده‌شێوێنێ، ئه‌دی له‌م سپێده‌وه‌ بۆ به‌ كۆڵێ هومێده‌وه‌ به‌ر ده‌رگات لێ ده‌گرم، ئه‌وه‌ له‌ هه‌گبه‌ و فه‌رهه‌نگی منا نه‌ك كاڵ بۆته‌وه‌ بگره‌ هه‌ر بوونی نه‌بووه‌، ئاسووده‌ و بێ خه‌م به‌ له‌ بری كوشتن ژیانی به‌خته‌وه‌ری و خۆشه‌ویستی و ئیشق و ڕێزگرتنم به‌ دیارییه‌ك بۆ هه‌ڵگرتووی تا هه‌تایه‌ له‌ ئامێزتا بخه‌مڵێ، ئه‌وه‌ وشه‌ گوڵه‌كانن ده‌بنه‌ چه‌پكه‌ ده‌ستی تووڕه‌ بوونم و له‌ به‌رۆكت ده‌درێن، ئه‌وه‌ شایی و ڕه‌شبه‌ڵه‌كی پێكه‌وه‌ییمانه‌ خه‌م له‌ دوێنێی رۆژهه‌ڵاتیمان ده‌خوا، به‌یانییه‌ و گۆرانی و مۆمی ژیانێكی نوێ بۆ خۆمان هه‌ڵ ده‌كه‌ین ، ئه‌وه‌ بیره‌ نامۆیانه‌یش ده‌بێ ببنه‌ ته‌رمی ئاینده‌ و بیسڕینه‌وه‌ له‌ شاده‌ماری ئه‌و ئاوه‌زه‌ پوچه‌ڵانه‌، چونكه‌ گوڵی تۆ بۆنبارانی نه‌ك پاخچه‌ و دیوانسه‌را ده‌كا، نیشتیمانیك پڕ شانێل ده‌كا… 2 / 4
34 – به‌یانیت ڕه‌نگی هه‌ناری گرتووه‌ و لێم بووی به‌ په‌روانه‌ و به‌ ده‌وری شه‌م ده‌خولێیته‌وه‌، ، چ ده‌بێ تا ئێره‌ و ئیدی ته‌واو بێ شه‌م به‌ ده‌وری په‌روانه‌ بخولێته‌وه‌، هه‌تا خه‌م بوخچه‌ی نه‌هامه‌تی خۆی بپێچێته‌وه‌ و چیدی به‌ر ده‌رگات نه‌گرێ، باڵه‌كانت ڕه‌نگین بكا، تا ڕه‌ونه‌قتر و به‌ گوڕترین هێزی فڕینی هه‌بێ، با به‌ به‌خشنده‌ییه‌وه‌ له‌ ڕوخساری گزنگ بچێ، هه‌ر له‌ ژوانی گه‌ڵامان بنێ و بتكێین به‌ سه‌ر چرای ڕۆژگار، دونیا ته‌ژی بێ له‌ ئه‌وین له‌ ئیشق و له‌ سۆز و كه‌فوكوڵی پاكی و جوانی و به‌رائه‌ت، له‌ قوڵایی ئیشقمانه‌وه‌ پێناسه‌ی ژیان بۆ ئه‌وانی دی بكه‌ین، مه‌موزین له‌ نیشتیمان نه‌بڕین، ئاوا مه‌یلی ڕه‌گ و بناغه‌ی ئه‌و هه‌سته‌مان هه‌بێ، به‌سته‌ بۆ كیژی سه‌رچۆپی و كوڕی شوان بڵێینه‌وه‌، به‌یانیت جواندار له‌ گوڵ گوڵتر……4 / 4
35 – ئه‌م سپێده‌ ڕۆحم ته‌نافه‌ و ژێی قژی خاوتی به‌ سه‌ر خۆیدا داوه‌، له‌و لایشه‌وه‌ هه‌ردووكمان هێدی هێدی گوێڕادێری ده‌نگی ماملێین ئه‌و شه‌وانه‌مان وه‌بیر دێنێته‌وه‌ كه‌وه‌ك زوڵفت سیاپۆشن و ته‌نها مۆمی ڕووخسارت ژووری پێكه‌وه‌ییمان ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م به‌یانییه‌ له‌ شه‌رمی سووری كوڵمه‌كانت ده‌ڕوانمه‌ شقڵی سه‌ر سینه‌ت تا ته‌واو بۆنی ژنێتیت به‌ هه‌ناسه‌مه‌وه‌ بلكێ، ئه‌م به‌یانییه‌ نیگایه‌كت به‌ ده‌م خه‌یاڵه‌وه‌ئاشنای په‌ڕینه‌وه‌ی ده‌ریایه‌كم ده‌كا ڕووه‌ و جه‌مسه‌ری باكوور هه‌ڵمده‌بڕێ، هێند وڕ و كاسم حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ماوه‌ ، سه‌رم وه‌ك جاران به‌ خۆمه‌وه‌ نییه‌، نه‌ له‌سه‌ری مرۆڤ ده‌چێ نه‌ له‌ به‌ردی باراش، سه‌رێك له‌ شه‌مبازیام وه‌رگرتووه‌، وه‌ك مزراح ده‌خولێته‌وه‌ و واق وڕماوی نیگای پڕ تریفه‌یی و جوانی و ڕه‌ونه‌قی ئه‌و ڕووخسار و قه‌د و قامه‌ته‌م، ده‌ڵێی له‌ به‌رده‌م فرۆشگای ته‌مه‌ن ڕاماوم، زه‌نگی مۆبیله‌كه‌ ڕایچه‌نیم هه‌سته‌كانی تۆی پێ ناسانمه‌وه‌، ئیدی خه‌یاڵدانم قووڵ قووڵ بوویه‌وه‌ به‌ تاڵ تاڵی پرچتا خۆی شۆڕ كردۆته‌وه‌ خه‌نده‌ی لێو و ڕتووشی گه‌ردنتی تێكئاڵان ئیتر چاك حاڵی بووم كه‌ له‌ گوڵ گوڵتر تۆی ئه‌زیزم …….. 7 / 4
36 – به‌یانیت جوان و خومار و مه‌ستی تێكئاڵانی شه‌وێكی دوور و درێژی پاییزان، مه‌یله‌كانم ئه‌م به‌یانه‌ سه‌ر به‌ تونێلێك ده‌كه‌ن ته‌متومانی سپێده‌ ده‌سڕنه‌وه‌، ته‌می هه‌ور سه‌ر له‌ نوێ سه‌ره‌تاتكێی نیگاكانت ده‌كا تا تاریكی بنێژێ، به‌ سه‌ر باڵی پێكه‌ شه‌رابه‌وه‌ سه‌ما مه‌ستمان ده‌كا و له‌نجه‌كانت ده‌مفڕێنێ، به‌یانییه‌ و گه‌لاوێژ چاوی خۆر ده‌به‌ستێته‌وه‌ و هه‌ناسه‌ت چاوشاركێم له‌ ته‌ك ده‌كا، هه‌موو گرێكوێره‌كانی لوغزی ئیشقمانمان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، تۆ ژنه‌ میهره‌بانه‌كه‌ی قه‌ڵا و مناره‌ی هه‌ولێر و بن چیای سه‌فینی ، كه‌چی نها لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان بۆ یه‌ك ده‌نوسینه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی دیداری خه‌نده‌كانمه‌وه‌ قاوه‌ تاڵه‌كانی یه‌كدی به‌ ماچه‌ هه‌نارییه‌ك شیرین ده‌كه‌ین ، ئه‌و ماچه‌ی له‌ خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه‌ بوونه‌ لامیسه‌ی جه‌سته‌ و به‌یانی پێ به‌یان كردین، ئه‌و به‌یانه‌یش به‌ جوانی جوانیت ڕاناگا له‌ دامێنی ناخی بێگه‌ردت غلۆر ده‌بێته‌وه‌ ، ده‌بێته‌ سه‌ره‌ ڕێی ئاشقان و ئه‌و گوڵه‌یش بچنه‌وه‌ هێشتا به‌ گوڵی تۆ ناگا ……4 / 4
37 – كازیوه‌یه‌ك نییه‌ پیاسه‌كانی ته‌نیاییم له‌ سۆراغی ئه‌و هه‌سته‌ به‌ ئاگایه‌ته‌وه‌ وێڵی شه‌قام و كوچه‌كانی نیشتیمانی غوربه‌ت نه‌بێ، ئه‌م به‌یانییه‌ ته‌نیاییه‌كانم به‌ ئاودامانی هه‌ناسه‌ته‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌، سۆراغی تێفكرینه‌ وه‌نه‌وشه‌ییه‌كانی ماچی ئه‌به‌دییه‌تی گه‌ڕه‌لاوژێیانه‌ت ده‌كا، به‌ ته‌لیسمێكی قه‌تیساوی خۆره‌وه‌ لكاوه‌ و هه‌ڵوه‌دای تروسكایی هه‌نگاوه‌ ڕه‌شه‌كانی ده‌م زویر بوونی ئاته‌شگایه‌، كه‌ ته‌نیا ناخی من ده‌برژێنێ، له‌ قوفڵی كڵۆمدراوی به‌زه‌یی ده‌گه‌ڕێ كێلونه‌كه‌ی بگۆڕێ و به‌ سانایی ده‌ست به‌ باخچه‌ ژاوه‌ژاوه‌كانی گه‌ڵاوه‌ بگرین، من و تۆ وه‌كو گه‌ڵا نه‌كه‌وینه‌ سه‌ر زه‌وی، لێ خولیاكانی به‌یانیانمان ته‌مه‌نێكی به‌ كێرد سه‌ربڕاوی بێهوده‌ن، زیز بوون و ئاشته‌وایی دوای ئه‌وه‌ په‌رده‌ شه‌رمنییه‌كان ڕاده‌ماڵی و هاوژینی ژینمان جاڕ ده‌ده‌ی، ئه‌م به‌یانیه‌مان له‌ هه‌موو گزنگێ روونتر ده‌كاته‌وه‌، وه‌لێ ژووره‌كه‌م گوڵێكی تێدا ڕواوه‌ له‌ گوڵ گوڵتره‌ …. 9 / 4
38 – به‌یانیت جوان… به‌یانیت ئاوێته‌ی ڕۆحی من… به‌یانیت ئه‌ندێشه‌ی شه‌و و ڕۆژانم …. جوانیت ئیلهامی شیعرم، هه‌ناسه‌ت نوكی قه‌ڵه‌م و ڕۆحت ده‌فته‌ری نوسینه‌كانم، سینگت كتێبخانه‌ی كتێبم….
جوانیله‌كه‌م… دوو ڕۆژه‌ ئافاتی مه‌رگ تێمئاڵاوه‌، نازانم ئه‌و زویر بوونه‌ له‌ كام یاخیبوون و هه‌ڵه‌وه‌ ئیلهامی وه‌رگرتووه‌، له‌ كام ژیله‌مۆی منه‌وه‌ پێیه‌كانتی ئه‌زیه‌ت داوه‌ و له‌ دڵه‌وه‌ داخورپاوی و ئه‌و ئازاره‌ی به‌ دڵی میهره‌بانت گه‌یاند….. په‌نجه‌كانم هه‌ڵوه‌رێن كه‌ بێ ڕێزیان نواند و خه‌میان كرده‌ دیاری ، له‌ بری نوقڵانه‌ی خێر ئاته‌شگای له‌ دڵم كرده‌وه‌، شیرینه‌كه‌م…….. گه‌ر نیازت وایه‌ له‌ ده‌رگای دڵته‌وه‌ سنوورداشی ئه‌و دیوی ئه‌وینم بكه‌ی …… ئه‌وا من له‌ په‌نجه‌ره‌ی چاوه‌كانته‌وه‌ ده‌خزێم و ئاوێته‌ی ناخت ده‌بم و گڕی ئیشق خۆش ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ خه‌ڵوه‌تی ئه‌وینی ئه‌به‌دییه‌تتدا هۆگر ده‌بمه‌وه‌…. تۆ ئه‌و جوانه‌ی گوڵت پێ ناگا، ده‌ڵێم داڕزێ و هه‌ڵوه‌رێ ده‌ست و په‌نجه‌كانم كه‌ نمه‌ك حه‌رامی به‌ بوون و باڵات بكه‌ن.12/4
39 – له‌ ته‌ك ئه‌م به‌یانه‌دا…. له‌ چاوه‌ نێرگزیه‌كانته‌وه‌ نمه‌ی تۆخبوونه‌وه‌ی ئیشق تۆو ده‌كه‌م و به‌ری ڕه‌نجی ماندوو بوونی دڵ ده‌سكه‌نه‌ بكه‌ین، لێوه‌كانمان سڕسڕ و بته‌زێنین تا له‌ دوو ڕۆژی دابێ به‌ یه‌كدی گه‌رم گه‌رم ببنه‌وه‌ و تینوێتی خۆیان بشكێنن، ئامێزم له‌ به‌ر سه‌رمای به‌یانیان بڕچێنم باشه‌خته‌ی نیشتیمان زه‌فه‌ری پێببا له‌ ڕاموسانی باڵاتا خاو ده‌بنه‌وه‌، پێكڤه‌ گه‌مه‌ به‌ ئاونگه‌كانی سه‌ر سینه‌ی یه‌كدی بكه‌ین، له‌ چیمه‌نه‌ توكنیه‌كه‌ی سه‌ر سینه‌م ئه‌فسونه‌كانی خۆتی تیا بنوێنه‌، با ترپه‌ی ده‌نگت په‌لكێش و نغرۆ بوونی ئاوێزان بوونمان بكا هه‌ناسه‌مان له‌ باوه‌شا كۆتا به‌گڕوگاڵی خۆیان بێنن و ئه‌شك ڕشتن تووڕ بده‌ن، ئه‌م به‌یانه‌ هه‌ردوو به‌ده‌م ئاسۆوه‌ سوور بچینه‌وه‌، وه‌ك مه‌رقه‌ده‌كه‌ی سه‌ر دڵم سپی سپی كزه‌ بای سه‌ردی ده‌م سوبح بهۆنینه‌وه‌، له‌ له‌ره‌ی كازێوه‌وه‌ نێوانی لێوه‌كانمان گه‌زۆی شیرین هه‌نگوینی له‌ شه‌رمانا بتكێننه‌ سه‌ر زه‌وی، برین و زامی ئاشقان به‌ بۆن و ڕه‌نگی گوڵینت ساڕێژ بكه‌ ، تۆی له‌ گوڵ گوڵتر. 15 / 4
40 – به‌یانیت نه‌باتی وه‌ك ئه‌و ڕۆژانه‌ی ده‌تدواندم، ئه‌م سپێده‌ سینه‌م له‌ گه‌ڵ هاڵاوی هه‌ناسه‌م نامۆن به‌ یه‌ك، دوا ترپه‌ی دڵی غوربه‌تیم به‌ شه‌به‌یخونی نێو شه‌به‌نگ ده‌ئاڵێنم، ده‌مێكه‌ هه‌سته‌كانم به‌ دووت ڕا ده‌كه‌ن و وێڵ و عه‌وداڵ و له‌ سۆراغن ئه‌ی غوربه‌تتر له‌ من نه‌ ده‌تگرنه‌وه‌ نه‌ ده‌تبیننه‌وه‌، نازانم له‌ خێڵی خێوی یا نه‌بوونێكی هه‌ڵتۆقیوی، وا نووزه‌ی چرا تۆڕم لێك ده‌نێم و تۆ هه‌ر ده‌رنه‌كه‌وتی سوعبه‌ته‌كانی ده‌سله‌ملانێی پێش نوێژی زویر بوون نۆژه‌نكه‌یته‌وه‌، وا هه‌زاران جار غه‌ریبی تۆ ده‌كه‌م و مه‌یله‌كانت نوستوون و نامدوێنن، پێم بڵێ ئه‌مه‌ كامه‌ ئه‌وین و ئیشقێكه‌ ڕێی خۆی ناگرێته‌وه‌، تۆ وه‌ره‌ و بنۆڕه‌ به‌یانیانم چ به‌سته‌ڵه‌كێكی جه‌سته‌ و روحێكی گڕ تێبه‌ربووی كۆست و كۆته‌ڵ و ڕه‌شپۆشی دۆراندۆری گرتووم، ئێ تۆ له‌ ئازاری من ناگه‌ی یا سزادانت به‌ باڵای هه‌تیوی بێ تۆییم به‌ به‌را بڕیوه‌، ژن كه‌ له‌ گوڵ ناسكتر بوو ده‌بێ به‌زه‌ییه‌كانی ناسك و ڕۆشن بێته‌وه‌، خۆ من بێ تۆ و بێ بزه‌ و خه‌نده‌كانت له‌ مرۆڤ بوونم كاڵ ده‌بمه‌وه‌ ………

سه‌ردار جاف