دەبێت پەکەکە ئەم هەلە لەدەستنەدات پێش ئەوەی ئەردۆگان دژیان بەکاری بهێنێت … زاهیر باهیر

هەواڵی گەورەی ئەمڕۆی سۆشیالمیدیا چوونی پارێزەرەکانی ئۆجەلان بوو بۆ ئیمراڵی .
ئۆجەلان لە 27/07/2011 مافی دیتنی پارێزەر و هەڤاڵەکانی. هەواڵەکەی ئەمڕۆ، هەواڵێکی گرنگ و خۆشە هیچ نەبێت گیانی سەدەها کەس لە مانگرتوان کە بۆ ڕزگارکردنی ئۆجەلان لە دۆخی بەندکردنی تەنهاییە، بەردەوامە بۆ شکاندنی مامەڵەی نامرۆڤانەی دەوڵەتی فاشی تورکیا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەواڵێکی گرنگ و باشە نە ئاهەنگێڕانی دەوێت و نە پیرۆزباییکردن لە خۆو نە شتێکی دیکە . بەڵکو ئەوەی کە گرنگە بەکارهێنانی ئەم دەرفەتەیە بە گەڕانەوەی بە قازنجی کوردانی باکور و تورکیا هەمووی . ئەوەی ئاشکرایە ئەردۆگان زیرەکترین و فڵێڵبازترین سیاسیی سەردەمە و کردنەوەی ئەم دەرگایەش لەسەر ئۆجەلان بۆ قازنجی خۆیەتی و نابێت پشت نە بە حکومەتی ئاکەپە و نە بە دامەزراوەی دەوڵەتی تورکیا، ببەسرێت، ئەوان نایانەوێت وا بە ئاسانی کێشەی کورد لابەلابکەنەوە.

ئەزموونەکان دەبێت فێریان کردبێتین کە ئەردۆگان زەروورە بەم وەرچەرخانە، گەر بزانێت شەر لە قازانجێتی ئەوە بەردەوامی پێدەدات . لە شەڕەکەیا توانی تەواوی ئەو بەرنامەی کە هەیبوو بیخاتە کار کە سەپاندنی شەڕ بوو بەسەر پەکەکەدا هەم بۆ وێرانکردنی زیاتری کوردستان و هەڵکەندنی دانیشتوانی و هێنانەوەی شارەوانییە ئازادەکان بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت و گرتنی زۆرێك لە ئەندامان و دۆستانی هەدەپە بە هاوسەرۆك ئەندام پەڕلەمنانتارەکانیشیانەوە و کوشنتی خەڵکانێکی زۆرو گرتنی گەلێکی تر و هاندانی ئەوروپا و ئەمریکا لە دەرنەهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستان، پەکخستنی پرۆژەکانی دیکەی کورد لە باکور و .. . ئیدی شتێك نەما لە باکوردا کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی بە گوێرەی پلانە داڕێژراوەکەی، نەیانکردبێت . ئێستاش بەم بڕیارە تازەیەی کە داوێتی شتێك نییە بەڵکو پێویستیێتی چونکە لە تەریكبوونی تەواودایە، ئەمەریکا و ئەوروپا بە هەڵوێستەکانی دڵخۆش نین و پەسەندی ناکەن، هێزی موعارەزە گەورەتر بوووەتەوە ، ئەستەنبول و ئەنقەرەی دۆڕاندووە، لە ڕوووی ئابووریەوە داکەوتووە، سیاسییەنیش خەریکە ڕوت و ڕەجاڵ دەبێت. لەبەر هەموو ئەمانە ئێستا پێویستی بەوە هەیە کە ڕێگا بدرێت کە ئۆجەلان ببینرێت و تا ڕادەیەکیش رەنگە بیەوێت فشەدانوسانێك لەتەك پەکەکەدا بکات، لەبەرئەوەی کە لە ئێستادا ئەمە لە قازانجێتی .

ئەی پەکەکە دەبێت چی بکات؟

پەکەکە دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە، هەموو جۆرەکانی شەڕ بوەستێنێت تەنانەت ئەگەر یەکلایەنانەش بێت و ئەردۆگان هیچ هەنگاوێکی زیاتر نەنێت . دەکرێت ئەم هەلە بۆ پەکەکە ببێتە دەسبەرداربوونی بزوتنەوەی چەکداری و گواستنەوەی خەباتی هەم بۆ قۆناخی خەباتی جەماوەریانە و هەم بۆ شار و شارۆچکەکان و هاوکاری و کاری هاوبەشیی لە تەك کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورکیا و ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیستیانەی کە لەوێ هەن بکات . پەکەکە دەبێت چی تر بیانوو بە ئاکەپە نەدات لە وێرانکردنی زیاتری کوردستانی باکور و کوشتن و بڕین و ماڵکاولکردن و گواستنەوە و هەروەها بۆمباردکردنی خۆیان لە قەندیل و ئەو بەشەی باشووریش.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە پەکەکە ئەوە تێبگات کە شەڕ ، شەڕو ماڵکاولیی و وێرانکاریی دەهێنێت و هەمیشەش بە قازانجی دەوڵەت و حکومەتەکەیی و چین و توێژاڵی باڵادەست و بە زەرەری کوردستان و کوردانی باکور و خەڵکانی هەژار و کرێکارانی تورکیا تەواو دەبێت و پێگەی ڕایسسیزم و فاشیزم بەهێز و بەهێزتر دەکات . ئیدی کاتی بای بایە لە بزوتنەوەی چەکداریی و سەرقاڵبوون بە کارو خەباتی جەماوەریی و چالاکی جەماوەریانەوە و کارکردنی جددی لەسەر پرۆژەی دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزم و پرۆژەی خۆسەریی و پرسی هاوسانی جێندەیی و کێشەی ئیکۆلۆجی.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر – لەندەن
06/05/2019




ئاراستەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونی حیزبی شیوعی کوردستان … گۆران هەڵەبجەیی

لەم دەورەی پەرلەماندا حیزبی شیوعی کوردستان کە تاکە کورسیەکی بەدەست هێناوە، ئۆپۆزشیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند. واتە بەشداری لەم کابینە نوێیەدا ناکات کە بڕیارە مەسرور بەرزانی پێکی بهێنێت.
ئەم بڕیارە گەر چی درەنگ هات بەڵام بووە مایەی خۆشحاڵی قەواعیدی حیزب و جەماوەرەکەی کە بڕیارێکی درووست و پێوستیەکی هەنووکەیی قۆناغەکەیە .
ئەوەی جێگەی تێڕمانە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن بڕێک لەسەرانی پارتیەوە چەندین پێناسەی نا درووست بۆ معارەزەبوونی حیزب کراوە ، ئەمەش بە مەبەستی بێ بایەخکردنی ئەو هەڵوێستەی حیزبە .بەداخەوە هەندێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزبیش بەهەڵە پێناسەی موعارەزەبوونیان دەکرد . دیارە بەم بۆچوونە نادرووستانە هەوڵدەدرێت ڕەهەندو خەسڵەتەکانی معارەزەبوون لە سیاقی سرووشتی خۆی دووربخەنەوە تا هیچ دەورو کاریگەری نەبێت.

ئەوەی بڕێک ئاگاداری ڕەوشی سیاسی و ڕەوتی بەڕیوەبردنی دەسەڵات و ئەدای پەرلەمان بووبێت لە ساڵانی ڕابردوودا ،لە ژێر هەژموونی جووت حیزبی باڵادەستدا بۆی ڕووندەبێتەوە کە ئەو دوو حیزبە بەردەوام هەوڵیانداوە کە ئەو دامەزراوانەی گەرەکە لەژێر چاودێریدا بن ، لە بەهاو گرنگیان بەتاڵ بکەنەوە و بیانکەنە جەستەیەکی بێ بزاوات بێ کەڵک کە سەرکەوتووش بوون تێیدا.
گرنگە بپرسین کە حیزبمان چ ئاراستەیەک دەگرێت لە ئۆپۆزشیۆن بووندا وچۆن و بە چ میتۆدێک ئۆپۆزشیۆن دەبێت؟
ئاشکرایە کە ئەزموونی نزیکەی [30] ساڵی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەری خستووە کە سیاسەت و بەرنامەیان لە بواری ئابووریدا لەبەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوی سەرمایەداری {هەڵتۆقاو}دایە کە تەنها بیر لە کۆکردنەوەی سامان دەکات، ئەویش بەڕێگەی نا یاسایی و ناشەرعی ،کە تێدا هیچ نرخ و بەهایەک بۆ ژیانی هاوڵاتیان دانانێت ، بەجۆرێک هەژاران تا دێت هەژارتر دەبن و ئەوانیش تا بێت سەرمایەکانیان کەڵەکەتردەبێت.
لەڕووی سیاسەت و پاراستنی خاک و نیشتمان پەروەریەوە، دیسان دەرکەوت کە لەکن ئەو دوو حیزبە لەبەرنامەو ئەجندایاندا شتێک نیە بەنێوی دۆزی کورد وپاراستنی خاکی کوردستان ، بەڵکو هەردەم ئەم چەمکەیان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان و بازرگانیان پێوەکردووە و هەرکات وڵاتانی دراوسێ{ئێران و تورکیا} و حکومەتەکانی عێراق بڕێک ئیمتیازاتیان پێدابن ،ئەودەمە دۆزی کوردو خاکی کوردستان و [ئاسایشی نەتەوەیی] یان هەراج کردووە.

جا لەم دۆخە نوێیەو لە دەمی دەستبەکاربوونی کابینەی مەسروردا، گەمژەییە گەر چاوەڕێی گۆڕانکاری لە ئەقڵیەت و سیاسەتیاندا بکەین و بیر لە دەسەڵات و پەرلەمانێکی تەواو جیاواز لەوانەی پێشوو بکەینەوە .
بۆیە پێویستەو زۆریش پێویستە ،حیزبمان بەدرێژایی هیڵ معارەزەیەکی جەسوور و سەرچڵ بێت و بەپێی بەرنامەیەکی تۆکمە و واقیعی ببێتە داکۆکیکاریکی سەرسەخت لە چینی هەژاران و کەم دەرامەتەکان و دژ بە سیاسەتە سەپێنراوەکانی سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی بوەستێتەوە .ئەمەش تەنها یەک جۆر ئۆپۆزشێون دەخوازێت ویەک پێناسە هەڵدەگرێت کە بریتیە لە {ئۆپۆزشیۆنی شۆڕشگێڕانە} .

ئۆپۆزشیۆنی شۆرشگێرانەش نە سازش دەکات و نە نەرمی دەنوێنێت و نە سڵ لە دەسەڵات دەکاتەوە و نە گوێ بە فشارو هەرەشەکانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئۆپۆزشیۆنی کاراو شۆڕشگێڕ یانی وەستانەوە بەڕووی هەر کردەو جوڵەیەکی دەسەڵات کە ناچێتە خانەی خزمەت و بەرژەوندی چینی کرێکارو خەڵکی هەژارەوە . ئۆپۆزشیۆنی جددی یانی ڕەخنە و ڕسواکردنی هەر هەنگاوێک کە سەروەری خاکی کوردستان و دۆزەکەی دەکاتە جێگەی مساومە .ئۆپۆزشیۆنی جددی و شۆڕشگێڕانە یانی بەئاگا هێنانەوەی دەسەڵات و چاودێریکردنی لە هەر خەمساردی و پشگوی خستنێک لە مەسەلەی داکۆکی سەربەخۆیی بڕیارو سیاسەتی درووستی کوردستانیانە .
ئیدی بەدەر لەم جۆرە ئۆپۆزشیۆنە هەر ناو و فۆرمێکی دیکەی ئۆپۆزشیۆن وەک{ ئۆپۆزشیۆنی ئیجابی یا نەرم} خۆ هەڵخڵەتاندنە و ناچێتە خانەی ئۆپۆزشیۆنەوە ،بەڵکو ئەوە ڕازیکردنی دەسەڵات و تەسلیم بوونە بە فشارەکانی، کە پێدەچێت لە ئایندەدا درووستببن .

دەسەڵات بۆئەوە دێتەکایەوە کە خزمەت بکات و ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی داون جیبەجێیان بکات ، جا گەر لەم میانەدا کارێکی باشی کرد ،[ کە لەوبڕوایەدا نیم بیکات]، واتە بەشێک لە بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردوە ،کە لەبەرنامەکەیدا هاتووە، بۆیە ئەوە کاری ئۆپۆزشیۆن نیە دەستخۆشی لێبکات ،یا بە دەسکەوتێکی مەزن هەژماری بکات، چونکە ئەوە ئەرکی ئەو نیە .
لە بەرامبەردا ئۆپۆزشین ئەرکی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتە لەو کارانەی کە پێوستە ئەنجامیان بدات و ،ئەنجامی نەداون . یاخود وەستانەوەیە بەڕووی ئەو یاساو پێشنیارانەی لە پەرلەمان لەدژی بەرژەوەندی خەڵک دەردەکرێن..
گەرەکە ئۆپۆزشیۆن شلگیرانە لەتەک خەڵکی مافخوارو بەشمەینەتدا بێت و هەست بە ئازارەکانیان بکات و سەرسەختانە داکۆکی لە داخوزیەکانیان بکات . تەنها ئەم جۆرە ئۆپۆزشیۆن بوونە دەتوانێت حیزب بخاتە ئاستێکی باڵاوە و پێگەی خۆی بەهێزبکات و لەکن خەڵکی چەوساوە خۆشەویست و مەقبول بێت .

دیارە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە گرنگە، لەسەر حیزبمان پێوستە هەموو ئۆرگانەکانی بخاتە کارو وەک یەکەیکی چالاک کاربکەن ،زۆر گرنگە لە هەموو ڕێکخراوەکانی حیزبدا لیژنەی کاری سیاسی وجەماوەری دابمەزرێن و هاوڕێ چالاکەکان ڕۆڵی تێدا بگێڕن. هاوکات ڕێکخراوە جەماوەریەکانی سەر بە حیزب ئەکتیڤ بکرێن و هەر ڕێکخراوێک و ئۆرگانێک لە بواری خۆیدا دەنگو ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت .
فاکتەرێکی دیکەی گەرنگ کە پێوستە حیزب ڕەچاوی بکات و کاری بۆ بکات ، هاودەنگی و هاوهەڵوێستی و کاری هاوبەشە لەگەڵ حیزب و لایەن و کەسایەتیە چەپەکان ،ئازادیخواز و دیموکرات خوزەکاندا ،لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش . ڕێپێوانەکانی سلیمانی و هەولێر بەبۆنەی [1] ی ئایارەوە دەریانخست کە کاری هاوبەش چەند گرنگی هەیە.
بۆ بەرجەستەکردنی ئۆپۆزشیۆن بوون ، حیزب پێویستی بە بڕیاری شۆڕشگێڕانەو بوێرانە هەیە ،هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەش حیزبمان پێوستی بە کەسی بوێرو بەتوانا و شارەزا هەیە . بەداخەوە هاوڕێ دکتۆر محێدین ئەو کەسە نیە کە بتوانێت لە پەرلەماندا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت . لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا{5.8} بۆ دەنگدان لەسەر یاساکانی پەیوەست بە سەرۆکی هەریم ،چاوەڕێی ئەوەدەکرا کە لەدژ دەنگ بدات ،کە ئەوە سیاسەتی حیزبە ، لێ مەخابن هیچ مناقەشەیەکی نەبوو لەسەر بڕگەکان ،وەک ئەندامانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان تەنهادەستی بەرزدەکردوە دەنگی بە پێشنیاریک دەدا کە دژ بە سیاسەتی حیزب و بۆچوونی زۆرینەی قەواعدی حیزب بوو.

بێگومانم کە زۆرێک لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی حیزب هاوڕانین لەگەڵ ئەم دەنگدانەدا، جا بۆیە گرنگە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە بۆ هاوڕێ محێدین دەنگی بەو یاسایانە داوە.
گەر ئەو هاوڕێیە بەم جۆرە نوێنەرایەتی {ئۆپۆزشیۆن بوونی} حیزب بکات ،دەبێ لە ئێستاوە گومان لە سەر ئەو ئۆپۆزشیۆن بوونە بکەین ودەستی لێ بشۆین.
لە دەورەی ڕابردوودا کە حیزب ئۆپۆزشینیش نەبوو هەڵوێستەکانی لە چاو ئێستادا زۆر ڕادیکاڵانەترو بوێرتر بوو ،بە تایبەتی هەڵوێست و چالاکیەکانی ئەبو کاروان.
گەر حیزب ،بەتایبەتی سەرکردایەتی بڕیاردەر ،دەخوازێت بەجددی معارەزە بێت ، دەبێت ئەندام پەرلەمانەکەمان و هەموو ئۆرگان و هاوڕێیانی حیزب، جۆرێکی تر کار بکەن .

نابێت هەرگیز مجامەلەی دەسەڵات بکرێت تا لێمان نەڕەنجێت. هاوکات ناکرێت حیزب هەوڵی ڕازیکردنی دەسەڵات بدات و لەولاشەوە درووشمی داکۆکی لە خەڵک بەرزبکاتەوە. ئەمە دووشتی دژ بەیەکن ، لەسەر حیزب پێوستە یەکێکیان هەڵبژێرێت. جا بۆ ئەوەی حیزب بوونی خۆی وەک معارەزەیەکی کاراو دڵسۆز وازی بکات ،گەرەکە بەرەی خەڵکی هەژار هەڵبژێرێت. نابێ حیزب گوێ بەو پەرچەکردارانەی دەسەڵات بدات، مادام پێگەی معارەزەبوونی هەڵبژاردووە .




لە یادی نۆهەمین ساڵەی (بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی) نادر عبدالحمید …

ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا باس کردن نیە لە خودی کەسایەتی سەردەشت عوسمان، بەرهەمەکانی و ترۆرەکەی وەک ترۆری سیاسی نوسەر و ڕۆژنامەنوسێک لە کوردستان، بەڵکو باسکردنە لە بزوتنەوەیەکی دیاریکراو کە بەکەسایەتی و ناوی ئەوەوە ناسراوە و چەند مانگێک درێژەی کێشاوە لە کوردستانی عێڕاقدا. ئەویش شەپۆلی ئەو خۆپێشاندانانە بوو کە بەدوای ترۆری ئەو لە سەرەتای مانگی ئایاری (٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و تا کۆتایی ئەو ساڵە و بەدیاریکراوی تا سەرهەڵدانی بزوتنەوەکەی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) درێژەی کێشا.

ئاسۆ و ئامانج و تواناکانی خستە ناو بزوتنەوەی (١٧ شوبات) و لەگەڵیا یەکی گرت وەیا بە دەربڕینێکی تر لە فۆڕم و شکڵی ئەو بزوتنەوە تازەیەدا درێژەی بەخۆیدا کە ئەویش دوو مانگی خایاند و سەرکوت کراو و پاشان کرایە دەستمایەی سات و سەودای ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی ئەو کاتەی پێکهاتوو لە هەرسێ حزبی (گۆڕان.کۆمەڵ.یەکگرتوو) بۆ وەرگرتنی چەند ئیمتیازێک لە حکومەتی بنکەفراوانی هاوبەش لەگەڵ (پارتی) و (یەکیەتی).

گەرچی ناکرێ ئەم دوو لایەنەی کەسایەتی و بزوتنەوەکە لێکداببڕدرێن بەڵام ناشکرێ جیاوازی ئەو دوو بەش و پێکهاتە لە کێسی سەردەشت عوسمان پەردەپۆش بکرێن. خودی سەردەشت تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بوو، دەستی نەبوو لە وەڕێخستن و شکڵپێدانی بزوتنەوەیەک کە بەناوی خۆیەوە ناسرا، بەڵکو خۆی وەک نوسین و بەرهەمە فکریەکانی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی بەرجەستە دەکردەوە لە دەسەڵات، بەو مانایە خودی خۆی سەر بە بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بوو لە دەسەڵات.

“پارتی” بەهاوکاری “یەکیەتی” لە حکومەتی هاوبەش و پەیمانی ستراتیژی نێوانیاندا، وە بەپشتیوانی ئیسلامی سیاسی و مەلای مزگەوتەکان لە بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕانەگەێندراودا کۆببونەوە و درێغیان نەدەکرد لە تەنگپێهەڵچنینی ڕۆژنامەکان، ڕاوەدوونانی نوسەران و دەنگی ئازادیخواز، گرتن و دادگایی کردن، وەستاندنی چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی، فتوادان دژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ڕاگرتنی هەندێکیان بەناوی لادان لەخەتی سوری “پیرۆزیە ئاینی و نەتەوەییەکان”، گرتن و شکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٦، تیرۆری نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی وەک (عەبدولسەتار تاهیر شەریف)، (سۆرانی مامە حەمە) و (سەردەشت عوسمان) و دواتریش (کاوە گەرمیانی).

سەرباری گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا خەستەخانە و داودەرمان، ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئامادە بوو لەهەر ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسێک کە بابەتێک لە دژی “پیرۆزیە نەتەوەییەکان” بڵاوبکاتەوە، هەروەک ڕۆژنامەی “خەبات” ئۆرگانی “پارتی” لە ژماره‌ (٣٥٤٢) هەڕەشەنامەیەکی بەناوی (گه‌نجانی داکۆکیکار له‌ سه‌روه‌ریی و پیرۆزییه‌کانی کوردستان) بڵاوکردەوە کە بەئاشکرا نوسیبوی دەست دەدەینە کوشتوبڕی لەبەرامبەر ڕەخنە لە “پیرۆزیە نەتەوەییەکان”. بەمپێیە بەرەی دەسەڵاتدار و کۆنەپەرستی پێکهاتوو لە هێز و حزبە بورژوا قەومی و ئیسلامیەکان، توانیبویان فەزای ئاوەڵای سیاسی لە کوردستان لە مەنگەنەی بدەن و بەرتەسکی بکەنەوە، تا ئەو ڕادەیە کە پەیامی خۆیان ڕاشکاوانە و بوێرانە ڕاگەێنن و بەهەر کەسێکی ناڕازی بڵێن دەمتان دادەخەین، تیرۆرتان دەکەین و بە تیرۆریستیشتان لەقەڵەم دەدەین.

ئەمە ئەو هەلومەرجە بابەتیە بوو کە بەرەیەکی ڕانەگەێندراوی خۆبەخۆیی لە بەرامبەریا وەک بزوتنەوەیەکی هەموو بەهەمووی چین و توێژی جۆراوجۆر و ڕەوت و مەیلی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆر شکڵی گرت هەر لە چەپ و ڕادیکاڵەوە بیگرە تا نوسەر و ڕۆشنبیری لیبڕاڵ و ناسیونالیستی ناڕازی، تا حزب و هێزی قەومی و ئیسلامی دەرەوەی دەسەڵات کە بەدوای دۆزینەوەی جێگەپێیەوە بوون لە ناو دەسەڵاتدا.

بەڵێ هەموو ئەمانە تەنها لە ڕەخنە لە دەسەڵات و بەرپەرچدانەوەی تەنگپێهەڵچنینەکانی و دانانی لەمپەرێک لەبەردەم دەست درێژی زیاتریدا بۆ سەر ئازادیەکان، خاڵی هاوبەشیان هەبوو، لەوە بترازایە هەر لایە و ئاسۆ و ئامانج و شێوازی خەباتی جیابوو لەوانی دی. ترۆری سەردەشت عوسمان بوو بە هەوێنی شکڵگیری ئەو ناڕەزایەتیە گشتیە هەمەلایەنە جەماوەریە لە بزوتنەوەیەکدا، خودی ترۆری سەردەشت عوسمان و بەدوای ئەو ترۆرەشدا شکڵگیری بزوتنەوەیەک بۆ بەرگری لە ئازادی بەناوی سەردەشت عوسمانەوە بەرهەمی بارودۆخێکی مێژوویی بوو لە خەباتی فکری و سیاسی لە کوردستان بۆیە هەم ترۆرەکە و هەم بزوتنەوەکەی دیاردەیەک بوون کە بەچڕوپڕی دەربڕی ئەو چرکە ساتە مێژووییەی کوردستان بوون. ئەم بزوتنەوەیە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چەندین ئاسۆی فکری و سیاسی و سوننەتی خەباتکارانەی جیا و دژ بەیەک بوو، لەناوەڕۆکدا ناڕەزایەتیەکی دیموکراتیک و ئازادیخواز، پێکهاتەکەشی لێکهەڵپێکراوی دیموکراسی شۆڕشگێر و دیموکراسی لیبراڵ بوو لەناو یەکەیەکدا کە بزوتنەوەکە بوو.

کۆتایی نیسانی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی (ڕەوت) کە بە چاپی وەرەقی لە کوردستانی عێڕاق دەردەچێت، لە ١-٥-٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە.




…نیگه‌رانییه‌كانی كچێكی یاخی … مه‌لاك نه‌والی و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاله‌بانی

په‌یمانگه‌م به‌ ته‌واوه‌تی به‌جێ هێشت. ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ (هاله‌)دا زۆردواین. گێژبووین، له‌كاتێكدا هه‌ردووكمان له‌ پشتی شووره‌ی په‌یمانگه‌كه‌وه‌ تێنووسه‌كانی فێرگه‌مان ڕاخستبوو و لێی ڕاكشابووین، هه‌موو ئه‌و پاكه‌ته‌ جگه‌رانه‌ی كڕیبوونی هه‌ر یه‌كه‌و چێژی له‌ چێژی جگه‌ره‌كانی دیكه‌ جیاوازتربوو.
ده‌زانیت (تاهیر بن جه‌لوون) چی له‌باره‌ی جگه‌ره‌وه‌ گوتووه‌: (من ئه‌و جگه‌رانه‌م خۆش ده‌وێت كه‌ بۆنه‌كه‌یان به‌ره‌و دوورترین دووراییم ده‌به‌ن، ئه‌و جگه‌رانه‌ مێشكێكم پێ ده‌به‌خشن تێكه‌ڵی و پێكه‌ڵی تێدا ئاڵۆزتر ده‌بن و پشێوی تێدا گه‌شه‌ ده‌كات).
(هاله‌) به‌ خاڵه‌كه‌ی سه‌ر برۆی ڕاستی و هه‌ردوو چاوییه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئاره‌زوویان لێ داده‌چۆڕێت و پاشه‌ڵێك و دوو سمتی ورووژێنه‌ر‌یه‌وه‌ زۆر جوانه‌. ئه‌و بۆنه‌یه‌م خۆش ده‌وێت كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ نییه‌. ته‌نیا له‌ گه‌ردن و له‌نێو هه‌ردوو مه‌مكیدایه‌. كاتێك ناسیم له‌ خانه‌ی لاوان خه‌ریكی قۆشمه‌كاری بووین. ئه‌و كاته‌ ته‌نیا ڕۆمانه‌كانی (عه‌بیر)ی ده‌خوێنده‌وه‌، كه‌چی ئێسته‌ شه‌یدای چامه‌كه‌ی (عه‌بدولڕه‌حمان كافی بووه‌).. پێكه‌وه‌ كتێبه‌كه‌ی (شێخ نه‌فزاوی)مان خوێنده‌وه‌و پێكه‌وه‌ به‌ شادییه‌وه‌ سوپاسگوزاریمان دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ چێژی گه‌وره‌ی پیاوانی له‌ هه‌رامه‌ی ئافره‌تاندا كۆكردووه‌ته‌وه‌و چێژی گه‌وره‌ی ئافره‌تانیشی له‌ هه‌رامه‌ی پیاواندا كۆكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌ركراین كاتێك سه‌رپه‌رشتیاری په‌یمانگه‌كه‌ هێرشی بۆ هێناین و ئه‌و په‌رتووكه‌ی لا بینین. سێ ڕۆژمان به‌ سه‌ردانی كۆڵانی پینه‌دۆزان له‌ پایته‌خت به‌سه‌ربرد تا ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌ناو په‌رتووكه‌كاندا هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی په‌رتووكفرۆشه‌كه‌ پێ بزانێت شیعره‌كانی (عه‌لییه‌ی كچی مه‌هدی)و (ته‌وقی حه‌مامه‌)ی ئیبن حه‌زمم دزی.. به‌شاره‌ كۆنه‌كه‌دا سووڕاینه‌وه‌و‌ بازاڕی (قه‌رانه‌)م زۆر خۆش ویست. به‌ به‌رده‌م هۆڵه‌كانی سینه‌مادا تێپه‌ڕین. (هاله‌) باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردم كه‌ سینه‌مای خۆش ده‌وێت و چه‌ندی حه‌ز لێیه‌ ببێته‌ ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی. منیش باسی (سه‌مۆئێل شه‌معۆن) و خه‌ونه‌ سینه‌ماییه‌كه‌ی و ڕۆمانه‌كه‌ی (ئێراقییه‌ك له‌ پاریس)م بۆ باس كرد، به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو.
نغرۆی ناو خه‌ون بووبوو. ئه‌و ڕۆژه‌ ماڵئاواییم لێ كرد له‌كاتێكدا هه‌ردووكمان له‌ پشتی شووره‌ی په‌یمانگه‌كه‌وه‌ تێنووسه‌كانی فێرگه‌مان ڕاخستبوو و لێی ڕاكشابووین.
ـ به‌رده‌وام پێوه‌ندیم پێوه‌ ده‌كه‌یت، ئه‌دی وه‌نییه‌؟
ـ به‌ڵێ، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بڕۆم ئه‌م بڕگه‌یه‌ی (جان جینێ)ت بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌: (پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ سلڤادۆر شه‌ش مانگ درێژه‌ی كیشا، پێوه‌ندییه‌كی زۆر جوان نه‌بوو، به‌ڵام به‌پیتترین پێوه‌ندی بوو. ئه‌و جه‌سته‌ لاوازو ئه‌و ده‌م و چاوه‌ ڕه‌نگ زه‌ردو ئه‌و ته‌ڵه‌ ته‌ڵه‌ ڕیشه‌ جێ گاڵته‌جاڕیانه‌ی چه‌ناگه‌یم خۆش ویست. چاوی لێم بوو، به‌ڵام شه‌وانه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی مۆمێك پانتۆڵه‌كه‌یم له‌ ئه‌سپێ ده‌دۆزی).
به‌ڵام وێ گوێی به‌وه‌ نه‌ده‌دا كه‌ ده‌مخوێنده‌وه‌. هه‌ندێك جار به‌ ڕوومدا هه‌ڵده‌شاخی:
(بۆچی تۆ به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سووریت ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانخوێنیته‌وه‌ سه‌رنجی من ڕابكێشن)!.
حه‌ز له‌م وه‌ڵامه‌ ده‌كه‌م و زۆر پێده‌كه‌نم. به‌سه‌ریدا داده‌نووشتێمه‌وه‌و ماچی ده‌كه‌م. چه‌ند بۆنی تۆم خۆش ده‌وێت. چه‌ند ئه‌و حه‌زه‌ی تۆم خۆش ده‌ویت كه‌ حه‌زت له‌ ماتۆڕسكله‌. پانتۆڵه‌ جوانه‌كانی تۆم خۆش ده‌وێت كه‌ كارێكی ئه‌وتۆ ده‌كه‌ن شته‌كه‌ت له‌ پێشه‌وه‌ جوان ده‌ركه‌وێت. ئه‌و خه‌ونه‌م خۆش ده‌وێیت كه‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌یت گه‌شتی مه‌كسیك بكه‌یت و ئه‌و ئاره‌زووه‌م خۆش ده‌وێیت كه‌ (مارلین مۆنرۆ)و (ئیدیس بیاف) و (لۆرا فابیان) سه‌رنجیان ڕاكێشاویت، خوات له‌گه‌ڵ ئه‌ی ساویلكه‌ی جوان.
ئه‌و ڕۆژه‌ی په‌یمانگه‌م به‌ ته‌واوه‌تی به‌جێ هیشت، دایكم ته‌واو بوورایه‌وه‌.
ـ په‌یمانگه‌ به‌جێ ده‌هێڵیت و تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریا ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌.
ـ نه‌فره‌ت له‌ به‌كالۆریا.كێ پێی گوتوویت من چاوه‌ڕوانی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ ده‌كه‌م..هه‌موو ئه‌م په‌رتووكانه‌ی كه‌ هه‌من جێگه‌ی ئه‌و بڕوانامه‌ بێ به‌هایانه‌ ده‌گرنه‌وه‌.
ـ ئاشكرایه‌ په‌رتووك مێشكی تێك دایت و له‌ڕێ لایدایت. ئه‌ی له‌ڕێ لاده‌ر له‌وه‌ دڵنیا به‌ ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌و ده‌بینیت هه‌ر هه‌موویان بووگن به‌ كۆمه‌ڵێك خۆڵه‌مێش.
(سوعاد) هه‌رگیز ئه‌و كاره‌ ناكات. وێ ڕكی له‌و په‌رتووكانه‌یه‌ كه‌ شوێنێكی زۆری ژووره‌كه‌م داگیرده‌كه‌ن. وێ به‌رده‌وام سه‌ری له‌وه‌ سوڕماوه‌ كچه‌كه‌ی چی به‌م هه‌موو په‌رتووكانه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بینێت به‌ناو ژووره‌كه‌دا په‌رت و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.. تۆزه‌كه‌یان ده‌ته‌كێنێت و ڕیزیان ده‌كات و ڕاهاتووه‌ ڕێكیان بخات و نازانێت چییان تێدایه‌. په‌رتووكه‌ زۆر گه‌وره‌كان له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگه‌كاندا پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، په‌رتووكه‌كانی دیكه‌ به‌ قه‌واره‌ بچووكتره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدی كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕۆمانن.. هه‌رچی قه‌واره‌ بچووكتره‌كانه‌‌ ئه‌وانه‌ دیوانه‌ شیعرن، به‌م شێوه‌یه‌ ڕیزبه‌ندی ئه‌زبه‌ر كردووه‌..
ـ من ده‌بمه‌ نووسه‌رو ئه‌گه‌ر له‌ په‌یمانگه‌و زانكۆكان درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌م مێشكم ده‌بێت به‌ به‌ردو هیچ فێرنابم و شتێكی به‌سوود بۆ خه‌ڵكی نانووسم.
ـ ئه‌ی كچی سۆزانی ئه‌م هه‌موو شتانه‌ چی ده‌گه‌یه‌نن، ده‌بێت بڕوانامه‌ی به‌كالۆریات هه‌بێت.
ـ (جان جینێ، فۆكنه‌ر، هنری میلله‌ر) بڕوانامه‌یان نه‌بوو. ده‌یگوت مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌م ده‌كرد په‌یامی من له‌ فێرگه‌ گاڵته‌كردن به‌ مامۆستاو پرۆگرامه‌ پڕووكێنه‌رو زۆر تونده‌كان بێت كه‌ له‌ توندی پیاوه‌ پیره‌كان ده‌چوو، ئه‌وانه‌ی له‌ لێواری گۆڕ نزیك بوونه‌ته‌وه‌. (بۆرخێس) گاڵته‌ی به‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌كان ده‌كرد. (جیمس جویس)، (هه‌منگوای)، محه‌مه‌د شوكری (نانی ڕووت)ی به‌ هۆی ئه‌و ژیانی كوڵه‌مه‌رگییه‌وه‌ نووسی كه‌ گوزه‌راندوویه‌تی، هه‌روه‌ها (محه‌مه‌د زه‌فزاف، محه‌مه‌د خه‌یره‌دین، عه‌ققاد، به‌یره‌م توونسی، عه‌لی دوعاجی، محه‌مه‌د ماغووت، حه‌ننا مینه‌، گۆگۆل، ڕابلێ‌، ڕامبۆ، گۆركی، ماركیز، ئه‌ندرێ‌ مارلۆو دوستۆیڤسكی).
ـ به‌ڵام ئه‌و هه‌موو كه‌سانه‌ كێن؟
دایكم ماوه‌یه‌كی دوورودرێژی ئه‌و هاوینه‌ به‌بێ‌ ده‌نگی هه‌ر ده‌گریا، شێتانه‌ به‌ نووستوویی، یان بێداری، یان ئه‌و كاته‌ی چێشتی لێ بنایه‌، یان جلی هه‌ڵخستایه‌، بزنه‌كانی بۆ كێڵگه‌ دووره‌كان له‌ پێش خۆ دابایه‌، یان له‌ژێر دار زه‌یتوونێكدا دانیشتبایه‌، هه‌ر ده‌یگوت:

ـ سۆزانی كچی سۆزانی، سۆزانی كچی سۆزانی.
ئه‌و په‌رتووكه‌ی ئه‌و هاوینه‌ بوو به‌ سه‌رچاوه‌م (نیگه‌رانی له‌مه‌ڕ ئه‌زموونی ڕۆماننووسی) حه‌ننا مینه‌ بوو، ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی خه‌ڵكی لازقییه‌ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی كوله‌مه‌رگی و زانین ده‌كاته‌وه‌ بۆ نووسه‌ر. باسی (نازم حیكمه‌ت)ی هاوڕێی ده‌كات و ده‌ڵێت: (نازم حیكمه‌ت هه‌ستی به‌ نه‌زانینی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كرد، له‌كاتێكدا به‌ درێژایی ساڵانی دوورودرێژی له‌ناو به‌ندیخانه‌دا مانگی پازده‌ په‌رتووكی ده‌خوێنده‌وه‌. له‌ نه‌زانینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خۆم تۆقیم و خه‌ریك بوو ده‌ست به‌ گریان بكه‌م ئه‌وه‌ند تووڕه‌بووم. له‌وه‌ گه‌یشتم كه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك نه‌زان بووم. چونكه‌ زانیارییه‌كانم له‌باره‌ی ڕووه‌ك و زینده‌وه‌رو كانه‌كان و فیزیۆلۆجیا و فیزیك و كیمیاو كۆمه‌ڵێك شتگه‌لی دیكه‌ له‌ زانیاری كابرایه‌كی نه‌خوێنده‌وار تێنه‌ده‌په‌ڕین). ڕۆماننووسی خه‌بات و شادی درێژه‌ به‌ قسه‌كانی ده‌دات: (كاتێك بۆ شاره‌كه‌م لازقییه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ كاتی خۆم له‌ قاوه‌خانه‌و مه‌یخانه‌كان به‌سه‌ر ده‌به‌م. له‌گه‌ڵ لاوان و به‌ ته‌مه‌نان و كرێكارو ده‌ریاواناندا تێكه‌ڵ ده‌بم و به‌ دوو گوێی واڵاوه‌ گوێ‌ ڕاده‌دێرم و بێ ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ گرنگ بێت (مه‌ی)یان بۆ تێده‌كه‌م و به‌م شێوه‌ قوربانی به‌ پاره‌و به‌ پشووی خۆم ده‌ده‌م تا شتێك فێربم له‌وه‌ی بۆم ده‌گێڕنه‌وه‌).
ـ (مارگرێت دۆراس)م ناسی و به‌هۆی ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه‌ (ئاشق) زۆرم خۆش ویست، زۆرتریش فلیمه‌كه‌یم خۆش ویست، ڕه‌نگه‌ (سوزان سۆنتاگ)ی ئه‌مه‌ریكیشم خۆش ویستبێت.

له‌ په‌رتووكی (له‌دایكبوونێكی دیكه‌)دا، كه‌ ڕۆژژمێری ڕۆژانه‌یه‌ له‌ نێوان 1947 تا 1963 نووسیویه‌تی و كچه‌كه‌ی پاش مردنی دایكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌. باسی دایكی ده‌كات: (دایكم تا ڕاده‌یه‌كی زۆری سه‌رنجڕاكێش خۆڕاگربوو). زۆرتر له‌وه‌ی له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی هه‌ڵوه‌سته‌ی پێ كردم ئه‌و لایه‌نه‌ بوو كه‌ گیانێكی گه‌نجانه‌ی هه‌بوو، تا ئه‌و كاته‌یش به‌ نێو ته‌مه‌ندا چوو، هه‌ر له‌ هه‌مان جه‌نگی دژ به‌ جیهان و دژ به‌ خۆی به‌رده‌وام بوو. هه‌ستی ده‌كرد له‌ هونه‌ره‌كاندا ده‌ستڕۆیشتووه‌ و، بڕوایه‌كی زۆری به‌ دروستی بڕیاره‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی هه‌بوو، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر تینووی زانین و فێربوون بوو. هاوكات ئاماژه‌ به‌ پێوه‌ندییه‌كانی دایكی ده‌كات له‌گه‌ڵا (ئێچ)ی ده‌سته‌ خۆشكی له‌كاتی خوێندنی زانكۆ له‌ كالیفۆرنیا، پاشان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خانمه‌ نووسه‌ری شانۆیی (فۆرنیس).
(سۆنتاگ) له‌ ڕۆژژمێره‌كانیدا به‌ ڕسته‌ی كورت و پوخته‌ بیروبۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و میوزیكانه‌ی جاروبار گوێیان لێ ده‌گرێت. دیداره‌كان. لیستی ئه‌و په‌رتووكانه‌ی كه‌ ده‌بێت بیانخوێنێته‌وه‌..
به‌رده‌وام ئاره‌زووم بۆ لای ڕۆژژمێرو دیداری ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و شاعیران ده‌چوو. زۆرم ئاره‌زوو ده‌كرد زانیاری له‌باره‌ی ژیانی نووسه‌ره‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ بزانم به‌تایبه‌تی زانیارییه‌ ورده‌كان. ئه‌و هاوینه‌ زۆرم هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بمه‌ نووسه‌ر. جگه‌ره‌یه‌كم به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرت وه‌ك (سیمۆن دی بۆڤوار) له‌ دیدارێكدا. یان له‌گه‌ڵا هه‌ندێك لاودا گاڵته‌م ده‌كرد، وه‌ك چۆن وێ‌ له‌كاتی هه‌رزه‌ییدا وای ده‌كرد كه‌ له‌ ڕۆژژمێری كچێكی سه‌نگیندا باسی كردووه‌، یان به‌ دوای چاكه‌تێكدا ده‌گه‌ڕام له‌وه‌ی (سوزان سۆنتاگ) له‌ دیدارێكدا له‌به‌ری كردبوو، یان شه‌بقه‌یه‌كی كۆن وه‌ك شه‌بقه‌كه‌ی (مارگریت دۆراس) له‌ ڕۆمانی (ئاشق)دا. شه‌یدای ئه‌م ورده‌كارییانه‌ بووبووم، هه‌ندێك جاری دیكه‌ نائومێدی دایده‌گرتم كه‌ ناتوانم یه‌ك ڕسته‌ی جوانیش بنووسم مادامه‌كی لێره‌م له‌ناو ئه‌م زه‌لكاوه‌داو بۆ شوێنێكی دیكه‌ی به‌جێ‌ ناهێڵم. هاوارم ده‌كرد: ده‌بێت بچمه‌ ده‌ره‌وه‌. گه‌شت بكه‌م. له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بڕۆم و پیاسه‌ بكه‌م و له‌گه‌ڵ پیره‌ژناندا دانیشم تا بۆم باس بكه‌ن ڕۆژگار چی به‌سه‌ر هێناون. به‌ناو شارو شه‌قامه‌ بێ كۆتاییه‌كانی جیهاندا بزرببم. خۆم مه‌ست بكه‌م. ئه‌وینداری بكه‌م، به‌ڵام هه‌ركه‌ ده‌رگه‌ بكه‌مه‌وه‌ (سوعاد) ده‌بینم هێرشم بۆ ده‌هێنێت.
ـ كچی سۆزانی بۆ كوێ‌ ده‌ڕۆیت؟؟؟
كارێكم له‌ كارگه‌یه‌كی بچووكدا دۆزییه‌وه‌ زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كانی كیژی هه‌رزه‌كارو ئافره‌تگه‌لی به‌مێردبوون. كاره‌كه‌م له‌گه‌ڵ كچه‌كاندا بوو. چه‌ندم ڕك له‌كاركردن بوو له‌گه‌ڵیان. ساردو وشك بوون. بالۆك ده‌م و چاوی داپۆشیبوون. دانیان زه‌ردو بۆنی ئاره‌قه‌ له‌ بن باڵیانه‌وه‌ ده‌هات، هه‌موویان ته‌مه‌نیان له‌نێوان بیست ساڵاندا بوو، هیچ هه‌ستێكم به‌رانبه‌ریان نه‌ده‌جووڵا ته‌نیا بێزهاتنه‌وه‌ نه‌بێت.
(نه‌بیهه‌) ئافره‌تێكی په‌نجا ساڵه‌ی دوو چاو سه‌وزه‌ كه‌ ئاڵۆشییان لێ ده‌بریسكێته‌وه‌، به‌ژن كورت و جه‌سته‌ قه‌ڵه‌و. وێ‌ وای داده‌نێت كه‌ جه‌سته‌ی قه‌ڵه‌و له‌ناو جێگه‌دا په‌سه‌ندتره‌. جارێكیان له‌ ژووری قاوه‌ڵتی بووین (نه‌بیهه‌) ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی گێڕایه‌وه‌: شه‌وێك له‌ شه‌وه‌ تاریكه‌كان كه‌ ته‌نانه‌ت دزانیش له‌و شاوانه‌دا ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌، (شه‌له‌بییه‌) هاواری كرد كه‌ خوشكی زاوا بوو:
ـ بووكێ‌ هه‌ڵات!
كه‌س له‌ چوارده‌وری ئه‌و ئاگره‌ی هه‌ڵیانگیرساندبوو نه‌ما. پیاوه‌كان به‌ تفه‌نگ و سه‌گی پاسه‌وانییه‌وه‌ به‌ره‌و كێڵگه‌ نزیك و دووره‌كان تێیانته‌قاندو، هاواری ئافره‌تانیش بڵند بووه‌وه‌و كیژه‌كانیش به‌نهێنی ده‌ستیان به‌ چرپه‌ چرپ كرد:
ـ لێی ترساوه‌.
ـ جارێكیان بینیم له‌ پشتی ماڵه‌وه‌ میزی ده‌كرد، هه‌رامه‌كه‌ی له‌ دار ده‌چوو.
ـ به‌سته‌زمانه‌ ته‌نیا پێستێكه‌و ئێسكه‌كانی داپۆشیوه‌. چۆن به‌رگه‌ی دارێكی گه‌وره‌ ده‌گرێت.
هه‌ندێك له‌ پیاوه‌كان گوتیان:
ـ بووكێ‌ شوێن بزره‌، به‌رازه‌ كێوی خواردوویه‌تی.
هه‌رچی زاواكه‌یش بوو تا به‌یانی به‌ناو گونده‌كه‌دا گه‌ڕا هیچی نه‌دۆزییه‌وه‌ ته‌نیا با نه‌بێت. هه‌ركه‌ ده‌رگه‌ی ژووره‌كه‌ی كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ند شه‌كه‌ت بوو یه‌كسه‌ر خۆی به‌ عه‌رددا داو نه‌یده‌توانی بجووڵێته‌وه‌. له‌ناكاو بینی بووكه‌كه‌ له‌ناو جێگه‌كه‌دا نووستووه‌. سواری كۆڵی بوو و نه‌فره‌تی له‌و شوێنه‌ كرد لێوه‌ی هاتووه‌.
ـ كچی سۆزانی خۆ هه‌رامه‌یه‌كی جوانت نییه‌ تا هه‌ڵێیت!.
(عه‌زیزه‌) ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن چل ساڵانه‌، چاوی ورووژێنه‌رو لێوو سینگ و پێكه‌نینی ناسك، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ به‌ ئاڵۆش و ئاره‌زووی ده‌كه‌ن كه‌ به‌رگه‌ ناگرن. خۆش دووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ بابه‌ته‌ بێ بایه‌خه‌كانیشدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هه‌رگیز له‌و شته‌ تێرناخوات.
عه‌زیزه‌ كچی (موهه‌زه‌ب)ـه‌، شتی زۆرم له‌باره‌وه‌ بیستووه‌.
له‌ گونده‌كه‌دا به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ ڕوخسارێكی سوورو سپی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی له‌ دایكی بۆ به‌جێ‌ مابوو (كه‌ خه‌ڵكی شاری نابل بوو)، به‌ درێژایی كات ده‌یخوارده‌وه‌و سه‌رخۆش بوو، به‌و هۆیه‌وه‌یش له‌و كارگه‌ی مه‌ی دروست كردنه‌یان ده‌ركرد كه‌ ئه‌و كات داگیركاران به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
له‌ قرچه‌ی گه‌رمادا ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌و ئه‌وه‌نده‌ بیره‌ی خواردبووه‌وه‌ له‌تری ده‌بردو، له‌ناو ئه‌و خانووانه‌ی پیاوه‌كانیان بۆ كاركردن له‌ كێڵگه‌ دووره‌كان به‌جێیان هێشتبوون به‌دوای سه‌ركێشییه‌كدا ده‌گه‌ڕا. چه‌ندان جار له‌ به‌ندیخانه‌ توندكراوه‌ به‌هۆی ئه‌و كیژانه‌ی له‌ گونده‌كه‌، یان له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌ستدرێژی ده‌كرده‌ سه‌ریان. جارێكیان له‌ گوندێكی دوور له‌ گونده‌كه‌ی خۆیان كاری ده‌كرد. له‌وێ‌ كیژێكی ته‌مه‌ن چوارده‌ ساڵان ورووژاندبووی كه‌ گه‌نمی دروێنه‌ ده‌كرد. ماوه‌یه‌كی زۆر چاودێری كرد تا ڕۆژێكیان چووه‌ ناو حه‌وشه‌كه‌یانه‌وه‌. بێ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی ئاگه‌یان لێ بێت خۆی پێ گه‌یاند، ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌س له‌وانه‌ی گوێیان له‌ هاواره‌كه‌ی بوو نه‌یتوانی له‌ژێر چنگی ده‌ربهێنێت، ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ئاره‌زووی خۆی پێ دامركانده‌وه‌.
(موهه‌زه‌ب) تا ته‌مه‌نی گه‌یشته‌ حه‌فتا ساڵانیش هه‌ر ده‌یخوارده‌وه‌. له‌ ئێواره‌كانی هاویندا مێزێكی گه‌وره‌ی داده‌ناو به‌ بوتڵه‌ بیره‌و گۆشتی برژاوو شووتی و میوه‌ ده‌یڕازانده‌وه‌و، ئه‌و هاوڕێ و دۆستانه‌ی خۆی بانگ ده‌كرد كه‌ له‌ ماوه‌ جیا جیاكانی ژیانیدا ناسیونی، تا ئه‌و كاته‌ی ژنی كوڕه‌كه‌ی تووڕه‌بوو، كه‌ ئافره‌تێكی زۆر ناشیرینه‌و به‌رده‌وام جلی ڕه‌شی ده‌پۆشی و ڕقی له‌ پێكه‌نین ده‌بووه‌وه‌، ڕۆژی به‌ نووشتانه‌وه‌و كڕنووش بردن به‌سه‌ر ده‌برد، به‌ كوته‌كێكی ئه‌ستووره‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌رو خوانه‌كه‌ی لێ تێك و پێك دا.
ـ ئه‌ی پیره‌مێردی پیسۆك كه‌ی تۆبه‌ ده‌كه‌یت.
ئه‌و هاوینه‌ی په‌یمانگه‌م تێدا به‌جێ‌ هێشت ڕۆمانێكی دیكه‌م دۆزییه‌وه‌: (ڕێگه‌ی تووتن)ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی (ئه‌رسكین كالدوێل).. ڕه‌نگه‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ جوانترین بڕگه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ بێت:
(ئه‌و قایشه‌ لاستیكییه‌ی ناوه‌وه‌ كه‌ جیته‌ر ویستی پینه‌ی بكات خه‌ریك بوو ده‌پتوركا. ته‌نانه‌ت تایه‌كانیش په‌ڕپووت بووبوون. پێده‌چوو ئه‌و ئۆتۆمۆبیله‌ فۆرده‌ی كه‌ ئه‌و ساڵه‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ چوارده‌ ساڵا نه‌توانێت له‌سه‌ر هه‌ر چوار تایه‌كانی خۆی بگرێت تا جیته‌ر تایه‌ لاستیكییه‌كه‌ نه‌خاته‌وه‌ شوێنی خۆی. بۆنیتی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ حه‌وت، یان هه‌شت ساڵ ده‌بوو بزربووبوو. ده‌عامییه‌كه‌ی پێشه‌وه‌ی كه‌ بێجگه‌ له‌و هیچی دیكه‌ی نه‌مابوو به‌ تێلێكی ئاسنینی ژه‌نگین به‌ ئۆتۆمۆبیله‌كه‌وه‌ جه‌ڕێنرابوو. هه‌موو سپرینگ و به‌رگی كۆشنه‌كان كه‌ له‌ تووكی ئه‌سپ دروست كرابوون هه‌موویان نه‌مابوون. منداڵه‌كان كۆشنه‌كانیان لێ كردبووه‌وه‌ تا بزانن چییان تێدایه‌. كه‌سیش خۆی شه‌كه‌ت نه‌ده‌كرد تا چاكیان بكاته‌وه‌).
هه‌رچی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی خاڵۆم له‌ ئۆتۆمۆبیله‌ی جیته‌ر له‌ ڕێگه‌ی تووتن لێك جودا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ وێڕای په‌ككه‌وتوویی و ده‌نگی بزوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ هه‌موو گونده‌كه‌ ده‌یبیسێت و ئه‌و ڕه‌نگه‌ شینه‌ی كه‌ به‌ ئاسته‌م له‌ ڕه‌نگی ژه‌نگین جودا ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت ڕێگه‌یه‌كی دوور به‌ناو گوندو شاره‌كاندا ببڕێت كاتێك خاڵۆم به‌ره‌به‌یانیان به‌سه‌رخۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئۆتۆمۆبیله‌كه‌یش له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه‌دا له‌گه‌ڵی مه‌ست ده‌بوو.. هه‌هه‌هه‌هه‌. له‌وه‌ ده‌ترسێت پیر بێت. ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت هه‌رگیز واز له‌ خواردنه‌وه‌و تێكه‌ڵبوونی لاوان ناهێنێت، ئه‌وێك كه‌ په‌نجای تێپه‌ڕاندووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌یشی وازی لێ بهێنێت كه‌ له‌وه‌ بێزار بووه‌ له‌گه‌ڵا پیاوێكی سه‌رخۆشدا بگوزه‌رێنێت.
له‌ ئابی ئه‌و هاوینه‌ چه‌ند ڕۆژێكی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك باران باری، ئه‌و ئێواره‌یش باران ده‌باری كه‌ خاڵۆم هاته‌ ناو ژووره‌كه‌مه‌وه‌و من تازه‌ فیلمی (زۆربای یۆنانی)م ته‌واوكردبوو.
ـ خوشكه‌زا جوانه‌كه‌م.
وێنه‌كه‌یم بیركه‌وته‌وه‌ كاتێك لاوێكی ته‌مه‌ن بیست ساڵان بوو، كراسێك و پانتۆڵێكی كاوبۆی له‌به‌ركردبوو، كالایه‌كی له‌پێ بوو.
ـ له‌گه‌ڵمان دێیت بۆ زه‌غوان؟
مه‌به‌ستی گوندی (دۆڵی لم) بوو. به‌ڵام خاڵم ئه‌و ئێواره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ هات بۆ لام، چونكه‌ ده‌یزانی مووچه‌یه‌كی باش له‌ كارگه‌كه‌ وه‌رده‌گرم. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌یش ڕێگه‌م نه‌دا درێژه‌ به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی بدات.. به‌ دزی دایكمه‌وه‌ چه‌ند بانكه‌نۆتێكم خسته‌ ناو مشتییه‌وه‌!. ئاوێكی ساردم به‌خۆدا كردو پاشان خۆم بۆ زه‌ماوه‌ندی زه‌غوان ئاماده‌ كرد.
ته‌نیا كراسه‌ كۆنه‌ ڕه‌شه‌كه‌ له‌به‌ر ده‌كه‌م كه‌ هه‌ردوو باڵ و هه‌ردوو مه‌مك و پشت و هه‌ردوو لاق داناپۆشێت. له‌گه‌ڵا پێڵاوه‌ شینه‌كه‌.. پرچی ڕه‌شم به‌ ته‌ڕی ده‌هێڵمه‌وه‌.. بێ سووراوو سپیاو و بێ‌ بازنگ .. پاش ئه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌ شڕه‌كه‌ی خاڵم به‌ڕێ كه‌وت و به‌ره‌و (دۆڵی لم)ی بردین، ڕه‌نگه‌ (سوعاد) له‌ژووره‌كه‌مدا ئه‌م ڕسته‌یه‌ هه‌ر دووباره‌ بكاته‌وه‌:
ـ سۆزانی كچی سۆزانی جله‌كانی ژێره‌وه‌ی فڕێ‌ داوه‌.
ئه‌و ناوی (منیار)ی بۆ هه‌ڵبژاردووه‌. بڕوام وایه‌ له‌ كوڕه‌كه‌ی خۆی زۆرتری خۆش بوێت. حه‌ز ده‌كات به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ببات كه‌ ڕوویان تێده‌كات. زۆری سه‌رنج ڕاده‌كێشێت. وێ‌ زۆر له‌و ده‌چێت. له‌ ڕووی جه‌سته‌ لاوازی و ..به‌ژن زراڤی و، لووت و پێ گه‌وره‌ییه‌وه‌. ئێسته‌ وێ‌ له‌ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌دا له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ دانیشتووه‌و ئه‌و گۆرانییانه‌ی به‌ دڵه‌ كه‌ ئه‌و گوێیان لێ ده‌گرێت. هیچ ڕۆژێك لایه‌نگری له‌ دایكی نه‌كردووه‌ كه‌ هه‌موو شه‌وێك به‌ ڕوویدا هه‌ڵده‌شاخێت پاش ئه‌وه‌ی به‌ مه‌ستی و گیرفانی ته‌واو به‌تاڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. وێ‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌یدا لێی نه‌ده‌گه‌یشت. سه‌رنجی (وێ‌)ی به‌لای خۆیدا ڕاكێشابوو. زۆر جار ئاماده‌ی فێرگه‌ نه‌ده‌بوو، چاوه‌ڕێی ده‌كرد ئه‌و بێت. بۆ شوێنی جوانی ده‌برد كه‌ وایان ده‌كرد ئه‌میش ڕقی له‌ فێرگه‌ ببێته‌وه‌و خه‌ونی به‌وه‌وه‌ ده‌بینی جارێكی دیكه‌ سه‌ری لێ بداته‌وه‌، بۆیه‌ وێ‌ له‌ هه‌موو شتێكی دیكه‌ زۆرتر خۆشی ده‌وێت. خاڵم به‌ناو كێڵگه‌و ڕێگه‌ پێچاوپێچه‌كاندا ده‌یبردین و ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی لێ ده‌خوڕی. باران دایدابوو. له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كرد، چه‌ندم لادێ‌ خۆش ده‌وێت، هه‌موو لادێكانی توونسم خۆش ده‌وێت.
سڵاو سڵاو سڵاو له‌ هه‌موو گوندو لادێكان.
هه‌موو چیرۆكه‌ جوانه‌كان له‌ لادێكانن. لادێ‌ له‌ وێژه‌ی توونسدا ئاماده‌یه‌، به‌ڵام ته‌نیا له‌ناو دوو په‌رتووكدا خۆشم ده‌وێت كه‌ بریتین له‌: (سه‌رگوزه‌شته‌ی شێتبوونی هه‌نییه‌ی پلكه‌زام) و (قه‌سب به‌ هێشووه‌كانییه‌وه‌).
كاتێك گه‌یشتین، (دۆڵی لم) له‌ لافاوی باراندا نغرۆ بووبوو.. خانووه‌كان زۆر له‌ یه‌كدییه‌وه‌ دوور بوون. ئه‌وه‌یش هانی سه‌ركێشی ده‌دات به‌ شه‌و.
(كه‌سكه‌سی)یه‌كی خۆشمان خوارد.. كێكی (نه‌سری)یان به‌سه‌ردا دابه‌ش كردین. ئافره‌تێك گۆرانی چڕی و جاروبار سه‌یرێكی ده‌كردم:
ئه‌ی ساڵح ساڵح
ئه‌ی گه‌نمی به‌لیوومی
به‌ چاوانی عه‌لی ساڵح
كل بوو، كوشتمیان
ئافره‌تێكی دیكه‌یش كه‌ كراسێكی سووری له‌به‌ركردبوو له‌گه‌ڵ پشتێنێكی حه‌وت چین سه‌مای كرد.
چه‌ند جوانه‌ خه‌نه‌ به‌ پێی په‌تییه‌وه‌. چه‌ند جوانه‌ كل به‌ چاوی گه‌وره‌ی ئافره‌تانی زه‌غوانه‌وه‌.
ئه‌و شه‌وه‌ شێت بووم كاتێك ئه‌و پیاوه‌ گۆرانی چڕی.. ده‌نگی غه‌مگینی كردم، به‌ڵام ئه‌و غه‌مگینییه‌ جوانه‌. غه‌مگینی ئه‌وینداری. كاتێك ئیسماعیل حه‌تاب گۆرانی چڕی من و كچه‌كه‌ی خاڵۆم هه‌ڵمان كوتایه‌ ناوه‌ڕاستی ئافره‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ما بكه‌ین. ئه‌و شه‌وه‌ ئافره‌ت و كیژو پیاوه‌كان هه‌موویان سه‌مایان كرد بێ ئه‌وه‌ی گوێ‌ به‌ باران بده‌ن.
حه‌ز له‌ سه‌ما ده‌كه‌م. حه‌ز له‌ گۆرانی به‌ده‌وی ده‌كه‌م.. ئیسماعیل حه‌تاب ئه‌لشه‌یخ.. بورقعه‌ كاتێك گۆرانی (حبك دربانی) ده‌چڕێت. زۆرم بایه‌خ به‌ مێژووی تیپی هونه‌ری میللی نیشتمانی ده‌داو زینه‌و عه‌زیزه‌و خه‌یره‌ عوبه‌یدوڵڵا سه‌رنجیان ڕاده‌كێشام.
زۆرم حه‌ز ده‌كرد ببمه‌ ئه‌ندامی تیپی هونه‌ری شاری ڕۆشنبیری له‌ توونسی پایته‌خت، به‌ڵام سوعاد ده‌بوورایه‌وه‌ كاتێك ئه‌وه‌م پێ ده‌گوت.
ـ سۆزانی كچی سۆزانی ده‌یه‌وێت ببێت به‌ سه‌ماكه‌ر.
كاتژمێر دووی به‌یانی گوندی (دۆڵی لم)مان به‌جێ‌ هێشت، كچه‌كه‌ی خاڵم له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ نووستبوو. باران هه‌ر ده‌باری. خاڵم ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی لێ ده‌خوڕی و به‌م لاو به‌و لادا له‌تری ده‌برد.

مالك نه‌والی، خانمه‌ چیرۆكنووسێكی خه‌ڵكی توونسه‌.
سه‌رچاوه‌:
https://kikahmagazine.com




نانی ڕۆژانه‌ … ماكسیم تانك … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

  

هه‌میشه‌ زێد و واری مناڵیم له‌ خه‌یاڵه‌
وه‌رزی دروێنه‌ و خه‌وی ئارام ..
خولیامه‌ خه‌ڵكی هه‌موو واریان هه‌بێ
به‌هاران دره‌خت گوڵ ده‌ربكه‌ن ..
ئه‌م خولیایه‌یش نانی ڕۆژانه‌مه‌..
هه‌ندێ جار نانه‌كه‌م ، به‌هۆی تێكه‌ڵبوونی به‌ خۆڵ
تاڵ بووه‌
هه‌ندێ جاریش به‌ فرمێسكان سوێر
جاریش هه‌بووه‌ به‌ بارووت گه‌رم بووه‌..
به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌تام و بۆ
نمازا وه‌ختێ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم به‌شم كردووه‌

كه‌ به‌گه‌ڵ كاروان ده‌كه‌وم
له‌و نانی ڕۆژانه‌ به‌ده‌ر
له‌ هه‌گبه‌كه‌م دامه‌نێن
له‌وی زیاتر له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م دامه‌نێن
كاتێ له‌گه‌ڵ میوانه‌كانمدا له‌به‌ری داده‌نیشم
كه‌ ده‌شمرم له‌وی به‌ده‌ر له‌سه‌ر سنگم دامه‌نێن .

  • له‌ ( مختارات من الشعر السوڤیتی ) بڵاوكردنه‌وی ده‌زگای (ڕادۆغا ) – مۆسكۆ 1985 كراوه‌ به‌ كوردی .



گوێبگرە ژنی بچوک -2- …مەحمود عەبدوڵڵا

بەشی دووەم

ئەبێت ئەوەت پێبڵێم جوانترین ڕەوشت بۆمرۆڤ ئازادبونیەتی ،ئەخلاق دەبێت لەسەر بنەمای ئازادی پێکبێت،دەبێت لەسەربنەمای تێگەیشتنی خۆت پێک بێت نەک کەسانیتر،ئەگەرنا دەبێتە شتێکی ڕواڵەتی، جەندە ڕوکەش و ڕازاوەبێت لە دەدەرەوە، لەناخەوە هێندە داڕزاوە ،چەندە لە ڕوناکیدا خۆی نمایشبکات هێندە لەتاریکیدا ون دەبێت. تۆ نابێت لەسەربنەمای بیرکردنەوەی پیاو بنەمای اخلاقی خۆت دابڕێژیت ،ئەگەر مرۆڤ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی کەسانیتر بڕوانێتە دونیا دەبێتە ڕۆبۆت،بیربکەوە ڕنگە ئەوەی لەدیدی پیاوێکەوە ڕەوشتە لەدیدی تۆوە پێچەوانەبێت .بەڵام تۆ بیر ناکەیتەوە،لەبەرئەوەنا کەناتوانیت،لەبەر ئەوەی کە ڕێگەت نادەن ،پێشت ئەکەون ئەتترسێنن ، تۆ دەبێت بزانیت بیرۆکەی ڕاست پێویستی بەترساندن نییە بۆ ئەوەی قبوڵبکرێت ،ئەوە بیرکردنەوەی ئەفسانەییە کە تێکەڵە بەترس هەر فیکرەیەک ترسی لەگەڵبو ،ئەوە بیرۆکەی سەردەمی ئەفسانەیە …

ئەڵێن ئەبێ باڵاپۆشبیت، چونکە پیاوی بچوک تۆ وەک بابەتێکی سێکسی دەبینێت، هێندە گەوجن پێیان وایە جوانی دەشاردرێتەوە ! نا ژنی بچوک ئەمە تەنها ئایدیۆلۆژیای پیاوە کە تۆ باڵا پۆشی پێ دەکەیت. ئەمەت وەک ئازادی پێ ئەفرۆشن،بەڵام لە ڕاستیدا کۆیلایەتییەکی ئارەزومەندانەیە، ئارەزومەندانە!لە ژێر فشاری ئایدیۆلۆژیای پیاودا .ئەرێ ئایدیۆلۆژیای پیاوی بچوک ئەوانەی کە بەبینینی تۆ تەنیا ناوچەی سێکس لەمێشکیاندا دەوروژێت. ئەوانەی کە ئیمانیان لەچاویاندایە . حیجاب جوانی ناشارێتەوە،ئەوانەی کەپتن ئافرەت بەڕوتی دەبینن،هەموکەپتێک دەتوانێ ئافرەت بەڕوتی ببینێت سەد حیجابیش بکات. لێگەرێ با ئەوان چاویان داپۆشن …

ژنی بچوک حیجابیش کولتورو نەریتێکە دەشێت ئازادبێت تۆ لەوەدا ئازادی ،بەڵام بە مەرجێک حیجابی ئایدیۆلۆژی نەبێت،حیجابی عەقڵ نەبێت !کاتێک تۆ ئەو حیجابە دەکەیت تەنیا جوانیت ناشاریتەوە بەڵکو هەوڵێکە بۆ شاردنەوەر عەقڵیشت. ئەرێ ئەزیزم ئەو حیجابەی اسلامی سیاسی پروپاگەندەی بۆدەکات تەنها ئیمانی ڕوکەش نییە،بەڵکو باوەڕ بونە بەوەی کە تۆ فیتنەی و دەبێت بشاردرێیتەوە تا پیاوی بچوک زیا ن بە ئیمای نەگات،حیجاب واتا باوەڕبون بەوەی کە تۆ: شوێنت
مەتبەخ و ئیشت مناڵ خستنەوەو گوێڕایەڵییە بۆ مێرد !گوێبگرە ئەوە ستراتیژێکە بۆ خەواندنی کۆمەڵگە بۆ مەرگ دۆستی،ژنی بچوک ئایندە ی ئازادی کۆمەڵگە بەندا بە ڕوانین و دونیا بینی تۆوە،گەرتۆ نەکرێیتە کۆیلەی هزری سیستەمی خەلافەت دروستنابێتەوە.
هەمیشە پیاوی بچوک لەژێر فشاری ئایدیۆلۆژیای نێرانە نیوەی کۆمەڵگای کردۆتە دیلی خۆی و نیوەکەیتریش لەوڕێگەیەوە .
ئەوانەی ناتوانن لەتۆدا جوانی ببینن،ناتوانن لەگەڵ بینینت بیر لەجوانی بکەنەوە داوای باڵاپۆشیت لێدەکەن،باڵاپۆشی حیزبی ئەمە هەم بازرگانیی کاڵای ئیسلامییە هەم بازرگانی سیاسی . ببورە تۆ بچوک نیت،تۆ بچوک دەکرێیتەوە پیاوە بچوکەکانی مێژوو هەمویان ژنیان تەنها وەک ئامرازێکی دڵخۆشکردنی خۆیان بینیوە،هەمویان وەک پارە ژنیشیان کۆکردۆتەوە. من دەمەوێ ئازادبیت جوانیەکەت نەشاریتەوە .گوێ لە کەپتەکان نەگریت .چیتر سوکایەتیت پێنەکرێت تۆ چوکلێت نیت!ئەوە هزرێکی بۆگەن هزرێک کە هەر هێندەی هزری مێشولە فراوانە وتی: ئافرەت وەک چوکلێت و سێو دەبێت داپۆشراوبێت ئەگینا مێش و مەگەزی لێ دەنیشێت، ئەرێ تۆ ئاوا بچوک دەکەنەوە.

گوێبگرە”بیرۆکەی ڕاست خۆی بڵاو دەبێتەوە”پێویستی بەنمایشی حیزبی نییە. لێگەڕێن با ژن ئازادبێت با ژن وەک پیاو بیر نەکاتەوە پیاوی بچوک دونیای تێک داوە دەیهەوێت تۆش تێک بدات بتکاتە پیاو!دەیهەوێت تۆش وەک ئەو بیربکەیتەوە! خودا ژن و پیاوی وەک دیاردەیەکی دیالێکتیکی دروستکردوە تا وەک دوبیرۆکەی دژ ژیا ن بخوڵقێنن جوانی بخوڵقێنن،بەڵام پیاوی بچوک ئەوە ی تێکدا دونیایەکی پیاوانەی دروستکرد،لێنەگەڕا بیرۆکەی ژن شان بەشانی بیرۆکەکانی خۆی بەشداربێت لە ژیان و تۆشی لە ڕێگەی فشاری ئایدیۆلۆژی کردۆتە پیاو. ئەرێ ئەم پیاوە بچوکە،ڕەگەز پەرستە لەوەتەی هەیە خەریکی سڕینەوەی تۆیە لێ ناگەڕێت تۆش دونیا بینی خۆت هەبێت،ئەو بچوکە زەندەقی لە هزری ئازادی تۆ چووە،هەر کە ئەڵێین باژن ئازادبێت چاوەکانی ئەبڵەق دەبێت و هەناسەی سواردەبێت.ئەزانی بۆ چونکە ناتوانێت ژنیەکەم ڕازیبکات بۆ ئەوەی دووەم بهێنێت و دووهە م بۆسێهەم و چوارەم و….ئەرێ ئەزیزم هەموو پیاوە ئایدیۆلۆژیە بچوکەکان حەزدەکەن دونیا و سیستەمی ژیان بکەنە بەشێک لەغەریزەکانی خۆیان کەپتەکان دەیانەوێت بە ناوی خوداوە غەریزەکانی خۆیان بگشتێنن.

پیاوی بچوک کۆمەڵگەیەک دەکاتە پێوەر بۆجیهان ئەوەیە کێشەی پیاوی بچوک کە دونیای بەسەر خۆیدا داخستووە . ئەو بەناوی تۆوە ئەدوێت و گوایە دیفاعت لێدەکات بەڵام ئەوە پیاوی بچوکە ناهێڵێت یاسا دیفاعت لێبکات پێویست بەوڕێنەی پیاوی بچوک ناکات تۆش وەک پیاو دەتوانی بیربکەیتەوە و بەرگری لەخۆت بکەیت پیاو هەر ئەوەندە بۆی هەیە بڵێ دەبێ ئازادبیت،هیچ پیاوێک بۆی نییە چوارچێوەت بۆدابنێت چونکە تۆش خاوەنی نیعمەتی عەقڵیت. گوێبگرە پیاوی بچوک ئەوەندە گەورە نییە لای خودا،ئەوە ڕەئی خۆیەتی! ئەوە پیاویبچوکە نەخۆشە نەخۆشی خۆپەسندی و خۆیکردۆتە سەنتەری ژیان،ئەگینا ئەگەر تۆ ئازادبیت ئەوگرگنە لە پێشبڕکێی فیکرو زانست ناگاتەوەتۆ ،ئەمە تۆ و ئەو دونیا سەیرکە لە پیاوی بچوک فراوانتر بیربکەرەوە.

گوێبگرە!ترسنۆکێک بەر پرسێکی ئاکەپە وتی:ژن بە پۆشینی دوکلتە پیاوان ئازاردەدەن!یەکێکیتر لە بەرپرسانی ئاکەپە وتی: ئافرەتی صفور وەک خانووە یان بۆفرۆشتنە یان بۆ کرێیە! سەیرکە ئیمانی ئەوانە لەسەر گونیان بەندە.سەیرکە چەند ترسنۆکن پیاوەکانی خودا،ئەرێ قەت لەخۆت پرسیوە دەبێت پەیوەندی ئەمانە بەخوداوە چیبێت؟! بەڕاستی سەرم سوڕماوە بەناوی خوداوە دەتکەن بە بونەوەرێکی حیزبی و هیچیتر… ئەوان دەیانەوێت تا هەتایە ئاغای ژن بن، بۆئەوەش دەبێت لە پێشدا هزری داگیربکەن ،تەماشاکە چ تراژیدیایەکە وەهای بچوک کردویتەوە کەنەک هزری ئاغایانەی پیاو قبوڵدەکەیت، بەڵکو بانگەشەشی بۆدەکەیت.

کردویانیت بەکاڵایەک بۆ ڕیکلامی سیاسی بۆ بانگەشەکردن بۆ زیهنیەتی پیاو. تۆ دەبێت لەقوڵاییەکانی مێژودا بۆخۆت بگەڕێیت،دەبێ بزانی مێژووش مێژویی پیاوە ،بۆیە مێژووی عامە پەسند ئەفسانەیە ،ئەوانە نوسیویانە کە بۆخوداو پاشا نوسیویانە تۆ دەبێت لەو مێژوو نوسانە بگەڕێیت کە بۆخوداو پاشایان نەنوسیوە بۆ مێژوو حەقیقەتیان نوسیوە.ئەمانە ئەدۆزیتەوە کاتێک سەربەخۆ بیردەکەیتەوە و لەگەڵ حەقیقەتی ژیان بەراوردی دەکەیت.

مەحمود عەبدوڵڵا




خۆپیشاندانی سەربەخۆیی سکۆتلەندە …. هەڵۆ بەرزنجی

 بەدوای ساخبوونەوەی Brexitی بەریتانیای مەزن لە EU، جارێکی تر پرسی
سەربەخۆیی لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆمەوە لە سکۆتلەندە ھاتەوە بەر باس.

 دیارەسکۆتلەندیتەکان ساڵی 2014
یەکەم ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی خۆیان ئەنجامدا. بە ڕێژەیەکی کەم 45% بۆ سەربەخۆیی و
55% بۆ مانەوە لەگەڵ لەندەن دا دەنگ درا.

 سکۆتلەندیتەکان لە ریفەڕاندۆمی
Brexit دا بە ڕێژەی 62% دەنگیان بۆ مانەوە
لە EU ، واتە یەکێتی ئەوروپادا دا.
ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاوە و پێدەچێ ھەمان ڕێژەی دەنگدەر لەئیستادا بۆ سەربەخۆیی سلکۆتلەندە
دەنگ بدەن .

 لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا، دوای
ئەوەی کۆتایی مانگی ئاپرێل سەرۆک حکومەتی سکۆتلەندی Nocola
Sturgeon وتی: پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە لە 6.5.2012 ئەنجام دەدرێن، ئێمە ڕیفەڕاندۆمی
دووەمی سەربەخۆیی خۆمان بۆ دەوڵەتی سکۆتلەندە و مانەوە لە EU دا ئەنجام دەدەین. لە ئیستاوە بۆ ئامانجەکەمان ھەوڵیگرتنەبەر و ئامادەکاریی
رێوشوێنی یاسایی دەدەین.

 ئەم ھەنگاو و ئامانجە توێژینەوە
و لێکۆڵینەوەیقسەوباسیزۆر ھەڵدەگرێ…

 لە ئێستادا ھێندە بەسە بڵێم : ھێزی
باوەڕ و ویستی بەنەتەوەبوون و بوونەخاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەمردووە و بەسەرناچێت…

 سیستەمی بەناو دیموکراسی ھەزاران
ھەزار دروشمی گلۆبالیزە و سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری بنخان و سەرخان لەم
گەردونەدا، ناتوانێ ئاوات و ئامانجی نەتەوەیەکی ئازادیخواز لەگۆڕ بنێ…

 سڵاو لە ویستی سەربەخۆخوازی نەتەوەی
سکۆتی و ھەموو نەتەوە بندەستەکانی جیھان…

 بۆ خوێنەرانی ئینگلیزی زان دەتوانن
تەماشای ئەم لینکە بکەن

https://www.theguardian.com/politics/2019/may/04/glasgow-march-scottish-independence-under-one-banner