-ئەوروپا و پەنابەران … ناساندنی کتێب نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

خوێنەری بەڕێز

ئەمرۆ کتێبێکی گرینگتان پێ دەناسێنین و کەمێک باسی ناوەڕۆکەکەی دەکەین و پێویستە پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا زانیاریان هەبێت لەسەری چونکە ئەم کتێبە باسی داهاتووی ئەوورپا دەکات .
کتێبەکە بە زمانی فەرەنسی نووسراوە لە ژێر ناوی Le grand remplacement کە بەکوردی واتە : جێگرتنەوەی گەورە . نووسەری ئەم کتێبە پیاوێکی سیاسی فەرەنسیە و ناوی رونۆ کامۆیە Renaud Camus ئێستا تەمەنی حەفتا و سێ ساڵە .
تەوەرەی سەرەکی کتێبی جێگرتنەوەی گەورە سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانە بۆ ووڵاتانی ئەوروپا . رونۆ کامۆ لەم کتێبەدا باسی نوخبەیەک یان گروپێک دەسەڵاتداری ئەوروپی دەکات کە لە برۆکسل دادەنیشن و سیاسەتی یەکیەتی ئەوروپا دادەڕێژن و چەندین پیلانیان لەژێر سەردایە دژی هەموو گەلانی ئەوروپا و بە کردەوەش جێ بەجێی دەکەن .

رونۆ کامۆ دەلێت ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی ئەوروپا بە داڕشتنی پلانێکی وورد و درێژخایەن کەتوونەتە هاندانی خەڵكی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و خوارووی بیابانی ئەفریقیا تا کۆچ بکەن بۆ فەرەنسا و هەموو قارەی ئەوروپا و بۆ ئەم مەبەستەش سنووری ووڵاتانی ئەوروپایان بۆ کراوەتەوە .
مەبەستی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ئەوروپیە ئەمەیە کە پەنابەران و کۆچبەران نیشەجێی ئەوروپا بکەن و لە رێگەی ئاسانکاری و یارمەتی ماددی و خانوبەرەو هەروەها پێدانی ئیقامە و جنسیەی ووڵاتانی ئەوروپا و زۆر ئیمتیازاتی تر ئەم کۆچبەرانە بکەن بە دانیشتووانی سەرەکی ئەوروپا و گەلانی رەسەنی ئەوروپیش بەلاوە بندرێن و بەرەو چارەنووسێكی پڕ لە کارەسات و لەناوچوون بڕۆن هاوشێوەی کۆمەلكوژیەک دژی گەلانی رەسەنی ئەوروپا .

کتێبەکەی رونۆ کامو مژاری کۆچبەری دابەش دەکاتە سەر دوو رەهەند :
رەهەندی یەکەم : رەهەندی نەژادی

رونۆ کامۆ لەم رەهەندە باسی ئەوە دەکات کە رەچەڵەکی خەڵکی ئەوروپی رەسەن سپی پێستن کە مرۆڤی مووزەرد و چاوشین زۆر باوە تیایاندا بەڵام نەژادی کۆچبەرەکان و پەنابەران بەشێوەیەکی سەرەکی ئەسمەرن و سەر رەشن و چاویان رەشە یان قاوەییە . بۆیە هاتنی ئەم کۆچبەر و پەنابەرانە هەرەشەیە بۆ سەر دانیشتوانی رەسەنی ئەووروپا لە داهاتوویەکی نزیکدا مرۆڤی ئەوروپی سپی پێست لەناو دەچن و کۆچبەر و پەنابەری ئەسمەر و سەر رەش هەموو ئەوروپا داگیر دەکەن .

رەهەندی دووەم : رەهەندی ئاینی
رۆنۆ کامۆ لەم کتێبەدا باسی ئاین و کولتوری گەلانی ئەوروپا دەکات و دەڵێت کە کۆچبەران و پەنابەران خاوەنی یان هەڵگری کولتورێکی زۆر جیاوازن لە کولتوری گەلانی ئەوروپا . ئەو دەڵێت کە ئاینی زۆربەی کۆچبەران و پەنابەران ئاینی ئیسلامە لە کاتێکدا گەلانی ئەوروپا خاوەن کولتورێکن کە خەسڵەت و سیماکانی ئەم کولتورەی ئەوروپا لە سەر بنەماکانی ئاینی مەسیحی و جولەکە و دابونەریتی کۆنی خۆیان داڕێژراوە .
بەم جۆرە رونۆ کامۆ روونی دەکاتەوە کە هاتنی کۆچبەران و پەنابەران لە دوو رووەوە سیما و خەسڵەتەکانی ئەوروپا دەسڕێتەوە . لەلایەک ئەوروپیە سپی پێستەکان لەناو دەچن و کۆچبەران و پەنابەران بەرەنگی رەش و ئەسمەری خۆیان جێگەی سپی پێستەکانی ئەوروپا دەگرنەوە و لەلایەکی ترەوە ئاینی مەسیحی و کولتوری ئەوروپیش لەناو دەچێت و ئاینی ئیسلام و کولتوری ئیسلامی لە هەموو ئەوروپا باڵا دەست دەبێت .

ئەم کتێبەی رونۆ کامۆ سەرەتا لەلایەن ژمارەیەکی کەمەوە پێشوازی لێکرا بەتایبەتی نەژادپەرستەکان بەڵام دواتر و ئێستاش رۆژ بەرۆژ خەڵکانێکی زۆری ئەوروپی باوەڕ بەم بیردۆزەی رونۆ کامۆ دەهێنن کە خودی ئەم تێزەی رونۆ کامۆ دەچێتە چوارچێوەی بیردۆزی پیلانگێڕیەوە واتە نەزەریەی موئامەرە .
لێرەدا پرسیارێکی لۆجیکی دێتە پێشەوە : ئاخۆ ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ئەوروپیەی کە لە برۆکسل دادەنیشن و کە رونۆ کامۆ بانگەشە دەکات گوایە پیلان دەگێڕن دژی گەلانی ئەوروپی پاساویان چییە بۆ ئەم پیلانگێڕیە دژی گەلانی خۆیان ! ئایا ئەم جۆرە پیلاندانانە دژی گەلانی ئەوروپا لەلایەن ئەم نوخبەوە لەگەل عەقڵ و هزری ژیرمەندانە یەک دەگرێتەوە یان پێچەوانەیە ؟
رونۆ کامۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت کە ئەم نوخبەیە و لەگەل ئەمانیشدا حکومەتەکانی ئەوروپا زۆر جار بێدەنگی لێدەکەن یان لە رێگەی چەواشەکاری و درۆوە خۆیان لەم پرسە چارەنوس سازەی گەلانی ئەوروپا دەدزنەوە و نایانەوێت کە هۆکاری راستەقینەی وەرگرتنی پەنابەران بەم قەبارە گەورەیە روون بکەنەوە .

تێبینی دەکرێت کە ئەم کتێبەی رونۆ کامۆ گرینگترین کتێب بێت سەبارەت بە پرسی نەژادی لە ئەوروپا لەدوای کتێبەکەی ئادۆلف هیتلەر کەبەناوی خەباتی من بڵاوی کردەوە دوای جەنگی جیهانی یەکەم . ئەگەر کتێبەکەی هیتلەر ئایدیۆلۆجیایەکی نەتەوەیی و نەژادی لەخۆ گرتبوو کە پاڵنەرەکەی شکستی ئەلمانیا لە جەنگی جیهانی یەکەم و ناڕەزایی هیتلەر لە رۆڵی کاریگەری جولەکەکان بوو لە ئەلمانیا و ئەوروپا بەگشتی لەگەل هەندێک فاکتەری تر ئەوا پاڵنەری رونۆ کامۆ هەستێکی نەژادییە لە ئاست ئەو هەڕەشانەی کە هەستی پێدەکرێت هەروەک نەژادی مرۆڤی سپی ئەوروپی بەرەو فەوتان بچن و سەرەرای پیشکەوتنی تەکنۆلۆجی و دەرمان و ئاستی بەرزی ئابووری و گوزەرانی ئەوروپیەکان بەڵام فەوتانی گەلانی وا دێتە بەرچاو بۆ زۆر کەس کە دەرفەتی خۆ لادان لەم چارەنووسە پڕ لە کارەساتە نییە و سەرەنجام موسوڵمانە ئەسمەرەکان دەست دەگرن بەسەر هەموو ئەوروپادا .

هەندێک لە کەسایەتی دیاری ئەوروپی و رۆژئاوایی بە گشتی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم بۆچونانەی رونۆ کامۆ و چەندین حیزب و رێکخراوی سیاسی نەژاد پەرستیان دروست کرد کە لە زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوروپا چالاکن کە گرینگترینیان رێکخراوی پێگیدایە Pegida لە ئەلمانیا , کە کورتکراوەی ئەم ناوە واتە : Patriotische Europäer gegen die Islamisierung des Abendlandes .

لێرەدا زۆر گرینگە کە پەنابەران بزانن کە جووڵانەوە نەژادپەرستەکانی ئەوروپا دژی هەموو پەنابەرانە ، واتە ئەگەر پەنابەرێک تەنانەت ئاتایست و بێدینیش بێت و دژی ئیسلامیش بێت دادی نادات بەڵکو ئەویش هەر کراوتە ئامانج و وەکو دوژمن سەیر دەکرێت بەهۆی رەنگی پێست و پێشخانی کۆمەلایەتی و کولتوری و ئینتیمای ئەو بۆ کۆمەڵگەیەک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپا .

ئەو کەسەی لەنزیکەوە بەدواداچونی کردبێت بۆ ئەم مژارە و لە نزیکەوە ئاگاداری گوتاری سیاسی گروپ و رێکخراوە نەژادپەرستەکانی ئەوروپا بێت دەزانێت کە ئەوان هەوڵ دەدەن کە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بکەنە ئامرازێک بۆ ترساندنی زۆرترین خەڵکی ئەوروپی و هەستی نیگەرانی و بێ متمانەیی لایان دروست بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندام و لایەنگر بۆخۆیان کۆبکەنەوە و بەڵکو لەم قۆناغەدا لە رێگەی هەلبژاردنەوە بگەن بە دەسەڵات بۆئەوەی بەرنامەکانیان پیادە بکەن دژی هەموو پەنابەران .

ساڵانی داهاتوو ساڵانێکی یەکلایی کەرەوە دەبێت و لێرەدا پرسیارێک دێتە پیشەوە : ئایا ئەم حیزب و رێکخراوە نەژادپەرستانەی ئەوروپا کاردانەوەیان چی دەبێت ئەگەر بەتەواوی بێ ئومێد بوون لە بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و تێگەیشتن کە لەرێگەی یاساوە ناتوانن بۆچونەکانیان پیادە بکەن ؟ ئاخۆ بێ ئومێد بوون دەبێتە هۆکارێک کە نەژادپەرستەکان دەست بەرن بۆ توندوتیژی بۆ دەست وەشاندن لە خەڵکانی پەنابەر و کوشتنی زۆرترین ژمارە لە پەنابەرەکان ؟ یان حکومەتەکانی ئەوروپا لێبڕاوانە و بە توندی دەست بەکار دەبن بۆ دانانی سنوور بۆ ئەم رێکخراوانە و بەرزەفت کردنیان و بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن کە بارودۆخ بەرەو تەقینەوە بڕاوت لە نێوان نەژادپەرستەکانی ئەوروپا و پەنابەران ئەگینا هەر رووبوونەوەیەکی فراوان کۆنترۆل کردنی زۆر سەخت دەبێت بەتایبەتی لەو کاتانەی کە رێژەی پەنابەران و خەڵکی ئەوروپی لەیەکتر نزیک دەبێتەوە .

ووڵاتانی ئەوروپا هەمیشە هەوڵ دەدەن کە رێژەی پەنابەران لە ئەوروپادا کەم نیشان بدەن و لە ئامارەکان هەمیشە رێژەیەکی کەم بڵاو دەکەنەوە چونکە ئەگەر رێژە راستەکە بڵاو بکەنەوە دوور نییە کە جەڵەوی ئاشتی و ئاسایش لەدەست دەربجێت و نەژادپەرستەکان کاردانەوەی توند پیشان بدەن .بەڵام سەرەرای ئەمەش زۆر جار ئەوروپیەکان گلەیی دەکەن و دەڵێن کاتێک دەڕۆن بۆ گەرەکەکانی دەوروبەری شارە گەورەکانی ئەوروپا زۆربەی زۆری دانیشتوانی ئەم شوێنانە پەنابەرەکانن و خەڵکی ئەوروپی بەدەگمەن دەبیندرێن . تەنانەت ئێستا لە سەنتەری شارە گەورەکانی ئەوروپاش ئەگەر لە شوێنێک دابنیشین و سەیری ئەو کەسانە بکەین کە بە پێشماندا تێدەپەڕن سەرنج دەدەین بۆ نموونە ئەگەر بیست کەس ببینین ئەوا دە کەسیان ئەوروپین و دە کەسیان پەنابەرن ، واتە لە راستیدا رێژەی پەنابەران و ئەوروپیەکان زۆر لەیەکتر نزیکە ئەگەرچی ئەم مێتۆدە زۆر سادەیە و سەد لەسەد راست نییە بەڵکو زانینی ژمارەی وورد و تەواو لەلایەن دامودەزگای گشتی ئامار پارێزراوە هەر ئەوان بەتەواوی رێژەکان دەزانن .

تێبینی من سەبارەت بەم پرسە :

بۆ تێگەیشتن لەم پرسە گرینگە کە ژیانی هەموومانی پیوە گرێدراوە پێویستە زۆر بە قوڵی و فراوانی هەڵسەنگاندن بکەین و فاکتەرە گرینگەکان دەست نیشان بکەین کە رووداوەکان بە کام ئاراستەدا دەبەن .
یەکێک لە ئاکامە کارەساتبارەکانی مۆدێرنیزم کە هەموو کۆمەڵگە جیهانیەکان ناتوانن خۆیان لێی دەرباز بکەن لێکەوتە نێگەتیڤەکانی مۆدێرنیزمە کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی هەندێک کێشە کە لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بەرچاو نەکەوتووە . لەوانە کێشە دیموگرافی ، واتە کێشەی دانیشتووان .
کێشەکانی دانیشتوان دەشێت بە زۆر شێواز خۆیان دەربخەن بۆ نموونە :
١- نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان رووبەری خاکی ووڵاتێک لەگەل ژمارەی دانیشتوان . بۆ نموونە ووڵات هەیە خاکەکەی زۆر فراوانە بەڵام دانیشتوانی کەمە ( وەکو روسیا ) بە پێچەوانەوە ووڵات هەیە خاکەکەی بچوکە و ژمارەی دانیشتوانی زۆرە ( وەکو بەنگلادیش ) .
٢- زۆر بوونی ژمارەی پیرەکان بەبەراوورد بە ژمارەی گەنجەکان ( کە لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا دەبیندرێت )
٣- کەمبوونەوەی رێژەی وەچە خستنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی زەواج بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانکردن یان لایفستایل .
٤- بارودۆخی کۆمەلایەتی نەگونجاو کە دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری کردن کە ئەمەش وا دەکات ژمارەی کوڕی سینگل و کچی قەیرە زیاد بێت ( بۆ نموونە کوردستان ) .
٥- بڵاو بوونەوەی هەندێک نەخۆشی گەورە بە رێژەیەکی فراوان وەکو ئایدز و نەخۆشیە دەروونیەکان یان نەخۆشییە جەستەییەکان وەکو سەرەتان و شەکرەو دڵ و پاڵەپەستۆی خوێن بەتایبەتی ئەگەر لاوەکانی کۆمەلگەش بگرێتەوە یان ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای تەمەنی هوسەرگیری کردندان .
٦- دابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی سەرچاوە ئابووریەکان کە دەبنە مایەی دابین کردنی بژێوی بۆ دانیشتوانی وولات و لە ئەنجامدا زۆربەی تاکەکانی کۆمەلگە خۆیان لە پرۆسەی هاوسەرگیری لادەدەن و ئەمەش کاردەکاتە سەر ژمارەی دانیشتووان .
دیارە زۆردیاردەی نێگەتیڤی تریش هەن کە دەچنە چوارچێوەی کێشە دیمۆگرافیەکان .

خاڵێکی گرینگی ئەم پرسە ئەوەیە کە هەروەک لە واقیع و لە ئەنجامی ژیانی رۆژانەمان لە ئەوروپا دەیبینین ئەوەیە کە بەداخەوە سیستەمی سەرمایەداری زۆر پەرەی بە دیاردەی تاکگەرایی یان ئیندیڤیدوالیزم داوە . واتە هەر کەس بۆخۆی دەژیت و لە ئەنجامدا پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان زۆر کاڵ بوونەتەوە و پرۆسەی هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە بەدەگمەن روو دەدات .
جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم گورزی زۆر گەورەیان لە ئەوروپا دا کە ئاکامەکانی هەرگیز لەیاد ناکرێن و برینە کۆمەلایەتی و دەروونیەکانی هەرگیز نەتواندرا ساڕێژ بکرێن چونکە ژمارەی قوربانیەکان لە هەموو سنوورە مەعقولەکان دەرچوون . بۆ نموونە کوژرانی نزیکەی نۆ ملیۆن سەربازی ئەلمانی لە جەنگی جیهانی دووەم کە زۆربەیان لە تەمەنی لاویدا بوون زیانێکە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە چونکە ئەم لاوانە توانا و هێزی بەرهەمهێن و سەرمایەی مرۆیی ئایندەی ئەلمانیا بوون و دەیانتوانی لە هەموو رووێکەوە کاریگەری گەورەیان هەبێت و توانای جەستەییشیان زۆر بوو بۆ هاوسەرگیری کردن و وەچە خستنەوە . هەمان زیان وبگرە زیاتریش بەر ووڵاتانی تری ئەوروپا کەوت وەکو پۆلەندا و روسیا و فەرەنسا و هتد .

لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا پێویستە زۆر فراوانتر بڕوانین و نەخشەی هەموو جیهان بهێنینە پیش چاومان بۆ ئەوەی رۆڵی گەورە و کاریگەری ووڵاتانی یابان و چین و کوریا لەبیر نەکەین کە چۆن خەریکە پێشبڕکی و بەربەرەکانی ووڵاتانی ئەوروپا وئەمەریکا دەکەن لە هەموو بوارەکان و تەنانەت باڵادەستی خۆیان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەسەلمێنن و لە بەرامبەریشدا ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە پاشەکشێیەکی بەرچاو دان .
ئەم ووڵاتە زلهێزانەی ئاسیا لە رووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و تەکنۆلۆجیەوە جێگەیان بە ئەمەریکا و ئەوروپا لەقکردووە بۆیە دەبینین کە کەلوپەلی یابانی و چینی و کۆری بازارەکانی جیهانیان تەنیوە و بەڵام بەبەراوورد بەمان کەلوپەل و بەرهەمی پیشەسازی ووڵاتانی ئەوروپا رووی لە کزی کردووە .

تەنانەت ووڵاتی چین خەریکی داهێنانی تۆڕیکی ئینتەرنێتی نوێیە بۆ ئەوەی سەروەری ئەمەریکا لەم بوارەشدا سەراوژێر بکات و ئەمانە و چەندین پرۆژەی ستراتیژی تر کە ووڵاتی چین دەستی داوەتی بۆ کۆنترۆل کردنی هەموو جیهان .

ئەم روونکردنەوەی سەرەوە بۆ ئەمەیە کە تێبگەین کە ووڵاتانی ئەوروپا لەزۆر رووەوە توشی قەیرانی کەمەرشکێن هاتوون کە پێویستیان بە هەندێک رێکارە بۆ ئەوەی قەیرانەکان لەمە زیاتر تەشەنە نەکەن . ئێمەی پانابەران بەگشتی خەڵکانێکی کراوە و عاتیفین و لە دڵەوە خەڵکی ئەوروپیمان خۆش دەوێت و رقمان لە هیچ نەژادێک نابێتەوە و کاتێک دەست لەسەر خاڵەکان دادەنێین پاڵنەرەکانمان تەنیا روونکردنەوەی راستیەکانە بە نیازێکی پاکەوە نەک بە مۆتیڤێکی داخ لە دڵانە .

باشترین ئەلتەرناتیڤ بۆ خەڵکی پەنابەر و ئەوروپی ژیانێکی هاوبەشە شان بەشانی یەکتر دوور لە یەکتر شکاندنەوە . ژیانێک کە تیایدا رێز لە تایبەتمەندی یەکتر بگرین تەنانەت ئەگەر لە سەر هەندێک خاڵ هاوڕاش نەبین . با ناکۆکی نەوروژێنین و گالتە بە کولتوری یەکتر نەکەین بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر پرینسیپە ئینسانیەکان بکەینەوە . با رەنگی ئەسمەری ئێمە و ئاینی ئیسلام نەبن بە کۆسپ بۆ ژیانی ئێمە لە ئەوروپا کە هەرکەس رێز لە سنووری ئەوی بەرامبەر بگرێت .

راستیەک هەیە کە ناکرێت نکوڵی لێ بکرێت ئەویش ئەمەیە کە پەنابەران و خەڵکی ئەوروپی پێویستیان بە یەکتر هەیە . پەنابەران بەهۆی زۆری کێشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی لە نیشتیمانی خۆیان پەنایان بۆ ئەوروپا هێناوە و ئەوروپاش بەهۆی کێشەی دیموگرافی و رێژەی بەرزی پیرەکان و کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە تووشی قەیرانی دانیشتوان هاتوون و پێویستیان بە پەنابەرە . ئەوروپیەکان ژیانێکی شایستەی پێشکەوتوو بۆ پەنابەران دابین دەکەن و پەنابەرانیش بەهۆی زۆری رێژەی وەچە خستنەوە یارمەتی ئەوروپا دەدەن و دەبن بە چارەسەر بۆ قەیرانی دانیشووان لە ئەوروپا کە بەراوورد بە ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا تای تەرازوو بە زیانی ووڵاتانی ئەوروپایە چونکە چین بە تەنیا نزیکەی یەک و نیو ملیار مرۆڤی تیا دەژیت لە کاتێکدا سەرجەمی دانیشتوانی هەموو ووڵاتانی ئەوروپا ناگەن بە نیوەی دانیشتوانی ووڵاتی چین . کەواتە پەنابەران رۆڵی پارسەنگ دەبینن بە قازانجی ئەوروپا بۆ هاوسەنگ کردنی تەرازووی لاری دانیشتوان لە نێوان ئەوروپا و ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا .

راستە پەنابەران و ئەوروپیەکان زۆر جیاوازن لە رووی پێکهاتەی دەروونی و کۆمەلایەتی و میزاجەوە و ئاوێتە بوون یان ئینتیگرەیشن لە نێوان ئەم دوو گروپە گەورەیەدا کارێکی ئاسان نییە بەڵام دەشێت لە ئایندەدا زیاتر لە یەکتر نزیک ببینەوە . سەرەتا وەکو هەنگاوی یەکەم زۆر گرینگە کە هەموو بیڕیزی و شکاندنەوەیەک دژی یەکتر رابگیرێت و بۆ نموونە پەنابەران چیتر نەڵێن ئەوروپی بێ هەست و سۆزن یان نازانن کێ باوکیانە و لەگەل چەندین پێشداوەری تر . هەروەها ئەوروپیەکانیش چیتر نەڵێن پەنابەران تاونبار و دواکەتوون و تیرۆریستن و ژنکوژن چونکە ئەم پێشداوەریانە کە هەردوو لا دژی یەکتر دەیڵێن هەرگیز خزمەت بە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە ناکات بەڵکو دەبێتە کەڵەکە بوونی رق و تووڕەیی دژی یەکتر و دوور نییە رۆژێک بێت کە کۆنترۆل و جەڵەو لەدەست دەربچن و ئاژاوەی زۆر گەورە دروست بێت و لە ئاکامدا هەموو لایەکمان تیایدا زیان دەکەین و براوە و دۆراو بوونی نابێت بەڵکو گۆڕەپان بەتەواوی چۆڵ دەبێت بۆ ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا و هاونەژادەکانیان تا بەتەوای ببن بە سەروەری بێ رکابەر لە جیهاندا .

https://fr.wikipedia.org/wiki/Grand_remplacement
https://fr.wikipedia.org/wiki/Renaud_Camus




راستییەكان لە یادی 53 ساڵەی داستانی هەندرێندا, كێ كردی؟…عەلی مەحمود محەمەد

بە حوكمی بەرنامەی سەكۆی چەپ, لە گەڵ چەندین تێكۆشەر ئەگەر زێدە رۆیی نەبێت بڵێم دەیان تێكۆشەری زێڕین دیدارم ئەنجامداوە كە بەشداری شەڕی هەندرێنیان كردووە, هەموو دەگێڕنەوە كە پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی عێراقی بە سەركردایەتی رەئیس كەمال، ملازم عەبدولرەحمان، فاخر مێرگەسوری، ملازم خدر، مام سدیق، مام ئەلیاس، عەریف یونس، عزەت سلێمان بەگ داستانەكەیان تۆمار كردووە, كە تا ئەوكات گەورەترین سەركەوتن بووە بەسەر سوپای داگیر كەری بەغدا ئەنجامدرابێت, تەنانەت ئەو دەستكەوتانەی لە شەڕەكە بە دەست هاتووە لە چەكی قورس و ئامێری پەیوەندیكردن زیاتر بووە لە بارتەقای هەموو ئەو چەكانەی كە هێزی پێشمەرگە پێش داستانەكە هەیان بووە, سەركەوتنەكەش لە كاتێكدا تۆماركرا كە جوڵانەوەی كوردی توشی دوبەرەكی و كەرت بوون هاتبوو , بەمەش روح خرایەوە بەری.

بەڕێزمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر سەردێری ” پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجا و سێیەمین ساڵیادی داستانی هەندرێن” لە بەرواری ” 12ـی 5ـی 2019 ” پەیامێكی پیرۆزبایی و وەبیرهێنانەوەی بڵاو كردۆتەوە, لە بەشێكیدا دەڵێت ” پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بە هاوكاری هێزەكانی حیزبی شیوعی لە پلانێكی تۆكمەی دژەهێرشدا لە 12ـی 5ـی 1966 پەلاماری دوژمنیان تێكشكاند و لیواكانی یەك و سێ و چوار و پێنجی سوپای عێراق لە چیای هەندرێن و زۆزك و گەرووی ئۆمەرئاغا و ئاكۆیان بە تەواوەتی تێكشكان و زیانێكی یەكجار زۆریان بەركەوت” , ئەمە لە كاتێكدایە مێژوو پێمان دەڵێت سەركەوتنەكە تەنها لە چیای هەندرێن تۆمار كراوە نەك لە زۆزك و شوێنەكانی دی, ئەوانە لەو چركە ساتە بەرەی شەڕ بوونە لێ سەركەوتنیان تێدا تۆمار نەكراوە, بۆیە ناكرێت ناویان بە هاوتایی لە گەڵ هەندرێن ریز بكرێت, دووەم سەركەوتنەكە پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی و دۆست و لایەنگرەكانی تۆماریان كردووە نەك كەسی دی بۆیە ئەویش ناوی پارتی دیموكرات ریز ناكات پارێز دەكات, لێ لە رێگای بەخشینی رۆڵی سەرەكی بە پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلولەوە دەیانكاتە بەشە شەریكی سەرەكی, سێیەم پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی لەوكاتە بەشێك بوونە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان, لق و پەلەكانی حیزبی شیوعی بەشێك بوونە لەو جوڵانەوە چەكدارییە, بە جیا ناوهێنانیان پارتی دەكاتەوە بە تاكە هێزی پێكهێنەری پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول, ئەمەو نەك تەنها شەڕی هەندرێن بگرە تەواوی شەڕە گەورەكانی ساڵانی 63 بۆ 70 مۆركی پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی پێوە بووە, پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی نەك هاوكاری داستانی هەندرێن نەبوونە بگرە هێزی سەرەكی و كۆتا بوونە لە داستانە مێژوویەكەی هەندرێن, هەر ئەمەش وا دەكات شایەدحاڵەكانی ئەو رۆژانە بڵێن كۆچكردووان ئیدریس بارزانی و فرانسۆ حەریری تا چۆمان دەستڕی سوریان هەڵداوەو دروشمی بژی حیزبی شیوعیان وتوەتەوە” سەیری لینكی ڤیدیۆكان بكەن”.

لە داستانەكەی هەندرێندا هەر 60 فیداییەكە كە هێزی یەكەمی سەركەوتنەكە بوون شیوعی بوون, 3 شەهید درا وەك پێشتر نەخشەی بۆ داندرا بوو لە لایەن فەرماندە شیوعییەكانەوە كە ئەوانیش عەریف یونس و ساڵەح مام ئەلیاس هەردوك شیوعی بوون, خدر عەوڵا بەگیش دۆستی ئەو حیزبە بووە, سڵاو لە یاداوەری روحی پاكیان, خۆزگەم بارزانی بتوانێت كەسێكی پارتی ئەوكاتە بدۆزێتەوە نەك شەهید و بریندار بگرە بەشداربوو نەك لە ناو فیدایەكان بگرە لە بەشداربوەكان بۆ ئەوەی لە یادی 54 ساڵەی داستانەكەدا لە ساڵی داهاتوو مەدالیای ئازایەتی پێ ببەخشێت, راستیەكەش ئەوەیە لە كاتێك دوای سەركەوتنەكە پێشمەرگەكانی پارتی دێنە هەندرێن بۆ ئەوەی شوێنی شیوعییەكان بگرنەوە, وەلێ كە هێرش دەست پێ دەكات جارێكی دی دەكشێنەوە چیایەكە دەدرێتەوە بە پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبكەن.
دوای ئەو سەركەوتنە مەزنە لە رێگای جیهازەكەی ئەبو شاخەوانی كوڕە كریستانی بەشداربوی داستانەكەوە , پەیوەندی لە نێوان پێشمەگەو سوپای عێراقی دەست پێدەكات تا دەگاتە بەیاننامەی 30 حوزەیران كە داننان بە لامەركەزیەتی كوردستانی لێ هاتە ئاراوە.

بە پەراوێز خستنی لایەنەكان و خواردنی بەشی یەكتر لە جوڵانەوەی چەكداری كوردستاندا باو بووە تا هەنوووكە بە تایبەت لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە, دەیان جار خۆیان كردووە بە خاوەند چالاكی وا كە بە رێكەوت چەند كەسێكیان تێیدا پشكدار بوونە, ئەوان نەك تەنها سەروەت و سامانی كوردستان بگرە سەروەری و دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانیش بە موڵكی خۆیان دەزانن و تەزویری مێژوو دەكەن, بەیاننامەكەی بارزانیش لە یادی 53 ساڵەی داستانی هەندرێندا دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە, راستە مێژوو براوەكان و دەسەڵاتداران دەینووسنەوە , وەلێ قۆناغی تەسحیحاتی مێژوو دەستی پێكردووە, مێژوو لە حەكایەت و تەسریحاتەوە بووە بە زانست و گێڕانەوەی راستیەكان, پشكنین و بەڵگەو گەڕان بە دوای راستییەكان و وتەی ئەكتەرە ئەكتیڤەكانی روداوەكان.
ئەوە ئەگەر هەندرێن لەو شەڕە قارەمانانەیە ئازاد نەكرایاتەوە, هەتا هەتایە دەكرایە پەڵەیەكی رەش بەناو چەوانی پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعیەوە, ئیتر وابووە سەركەوتن فرە بابەو شكستیش هەتیو.لە كاتێكدا حیزبی شیوعی لە نێوان 1946 بۆ 1961 بۆ ماوەی 15 ساڵ هێزی یەكەمی كوردستان بووە, ئەمڕۆ لەسەر ئەو مێژووە دەژێت, دەبوایە وەڵامی بۆ هەموو ئەوانە هەبێت كە دەیانەوێت مێژووەكەی زەوت بكەن و بیشێوێنن, ژیانی ئەمڕۆی لەسەر مێژوو بێت, داكۆكینەكردن لەو مێژووەش مانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە, خەریكە سەركەوتنەكان و داستانەكان و مێژووش وەك گواستنەوەی شەهیدەكان سەنگەر بگوازنەوە.

بۆ سەلماندنی بۆچونەكانم ئەم دوو دیدارە ببینن:ئەبو شاخەوان تێكۆشەرێكی كریستان :https://www.youtube.com/watch?v=I5xO52J3Wgs

عەبدوڵا تۆفیق ناسراو پاڵەوانی هەندرێن

:https://www.youtube.com/watch?v=MqHP56xeRqg
بۆ بینینی هەموو بەرنامەكان :https://www.youtube.com/channel/UCtvPDyYamHh_awOgEwc-m8g/videos




چاوێك به‌ ئایینه‌كانی جیهاندا بگێڕن … ئه‌حمه‌د شاملۆ

وه‌رگێڕانی له‌ فارسیه‌وه‌ : سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌

باوه‌ڕ بوون وئیمانداری به‌ ئایینه‌كان و مه‌زهه‌بكان هه‌ ر له‌ بت په‌رستیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین تا ئایینی موسا و بۆدائی وئایینی زه‌رده‌شت ومه‌سیحی و چی وچی هه‌میشه‌ وه‌ك سندوقێكی داخراو له‌ باوانه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كان به‌ شێوه‌ی میرات به‌جێ ماوه‌ و. گوازراوه‌ته‌وه‌ به‌ باوه‌ڕێكی نزیك له‌ ڕه‌هاوه‌ ده‌ڵێم ئێمه‌ هه‌موومان كه‌ له‌ ژێر ئه م ‌ سه‌قفه‌دا كۆبووینه‌ته‌وه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌زهه‌بمان هه‌بێت سه‌ر به‌مه‌زهه‌بێكین كه‌ باوانمان به‌ ئێمه‌یان به‌خشیوه‌. لێره‌دا ته‌نها قسه‌ له‌ سه‌ر مه‌زهه‌به‌ نه‌ك ئایین، ئایین سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م ئ وئه‌سڵیه‌. ئایین به‌ به‌ڵگه‌ی جۆراوجۆر له‌ هه‌ندێك كاته‌كانی مێژوودا تووشی لێكترازان وپارچه‌ پارچه‌ بوون بووه‌ مه‌زهه‌بی جۆراوجۆری لێ په‌دا بووه‌ بۆ خۆیان سه‌ربه‌خۆ كاریان كردووه‌ ‌ . گوایا ئاینی ئیسلام حه‌فتاوچه‌ند مه‌زهه‌ب ولق وپۆپی لێ دروست بووه‌ كه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌دو چل دانه‌ گه‌یشتووه‌ هه‌ر‌ مه‌زهه‌به‌كێش بۆ خۆی كۆمه‌ڵێك زانای ئایینی وموفه‌سیری خۆی هه‌یه .
زانا ئایینی وموفسیره‌كانی هه‌ر مه‌زهه‌بێك پێان وایه‌ ته‌نها مه‌زهه‌به‌كه‌ی خۆیان ڕاسته‌ وهه‌ق به‌ ئه‌وه‌ و ئایین ومه‌زهه‌به‌كانی تر كافرن وهه‌ڵه‌ی زۆریان هه‌یه‌. تا ئێره‌ قه‌یناكا چونكه‌ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕێكی له‌م جۆره‌یان نه‌بێت ده‌بوو بچوونایه‌ ئایینێكی تریان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردایه‌.

ئێستا با بۆ تاوێك مه‌زهه‌به‌كانی جیهان وشه‌ڕوناكۆكیان له‌ سه‌ر كافر بوونی یه‌كتر بخه‌ینه‌ لاوه‌ با خۆمان له‌ دووره‌وه‌ وله‌ ده‌ره‌وی ئه‌وان چاوپیاخشاندێك له‌ سه‌ره‌وه‌یان بكه‌ین :
مه‌سیحی له‌گه‌ڵ( كاتۆلیك و پرۆتستانت وئنجیلی وكواكر وگریگۆری وئه‌رته‌دۆكس) هیچ ناڵێین چونكه‌ ئه‌مانه‌ بۆ جه‌نگی ناوخۆیی خۆیانه‌ .
موسلمان له‌گه‌ڵ (سونه‌و شیعه‌وحه‌نه‌فی وحه‌نبه‌لی مه‌زهه‌به‌كانی تری) هیچ ناڵێین
بودایی له‌گه‌ڵ (شینتۆ و كیفۆسیوسی ودائۆیی) هیچ ناڵێین هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ زه‌رده‌شتی ومیهری ومانوی وبتپه‌رست وخۆر په‌رست وئاگر په‌رست وشه‌یتان په‌رست وگا په‌رست وجوله‌كه‌ …..هه‌موو ئه‌مانه‌ پێیان وایه‌ مه‌زهه‌به‌كه‌ی خۆپیان ڕاسته‌و له‌ سه‌رهه‌قه.

باشه‌ ئه‌گه‌ر بچین له‌ سه‌روه‌وه‌ تێیان بڕوانین بۆ ئێمه‌ پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌ویش خۆ ناكرێ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ر هه‌ق بن ئایا به‌حوكمی عه‌قل ده‌كرێ یه‌كێ له‌مانه‌ له‌سه‌ر هه‌ق بێت؟ مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك نموونه‌ باس بكه‌م كه‌ بۆ گفت وگۆ نیه‌ .من له‌و پله‌وئاسته‌دا نیم كه‌ حوكم بده‌م ئه‌م مه‌زهه‌ب ڕاسته‌ ئه‌وی تر ره‌د بكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام من ئه‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ به‌پێی ئیدعای ڕابه‌ری ئایینی بودائیك كه‌ ده‌ڵێت دینه‌كه‌ی من له‌ سه‌ر هه‌قه‌ ئه‌توانم بڵێم نه‌خێر ڕاست نیه‌ هه‌رگیز چونكه‌ به‌یه‌گ به‌ڵگه‌ی ساده‌ پێی ئه‌ڵێم تۆ دینه‌كه‌ن به‌ میرات وه‌رگرتوه‌ نه‌ك به‌ لۆجیك وبه‌ هه‌ڵبژاردنی خۆت وئاره‌زووی خۆت بۆیه‌ هیچ شتێكی پێ نیه‌ بیسلمێنێ كه‌ ئیدیعاكه‌ی ڕاسته‌ بودایی بوونه‌كه‌ی به‌ میرات بۆ هاتووه‌ بۆیه‌ به‌ڵگه‌كه‌ی لاوازه‌ كه‌ ده‌ڵێت دینه‌كه‌ی من ڕاسته‌ وله‌ سه‌ر هه‌قه‌، ئه‌گه‌ر له‌ خێزانێكی بت په‌رست له‌ دایك ئه‌بێت دیه‌نه‌كه‌ی به‌ میرات بۆ ده‌مێنێتته‌وه‌ وده‌ڵێت ته‌نها دینه‌كه‌ی من راسته‌ وله‌ سه‌ر هه‌قه‌ . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ تاوێكیش قبولمان كرد دینی بودائی ڕاسته‌ هێشتا قسه‌ی ئه‌و پاپایه‌ هیچ نیه‌..

مرۆڤی به‌هه‌ست ته‌نها ئه‌كرێ به‌ شتێك باوه‌ڕ بێنێت كه‌ له‌ ژیانیا به‌ ته‌جروبه‌ پێی گه‌یشتبێ وهه‌ستی پێ كردبێت ، له‌گه‌ڵ ته‌جروبه‌ی باباتیانه‌ ، زانست ، كردار ، به‌راوردكاری ، فه‌لسه‌فی به‌ له‌به‌رچاو گرتنی كات وشّوێن .


وتارێك له‌ زانكۆی بركلی
ئه‌حمه‌د شاملۆ

adabyate_Radical
وه‌رگێڕانی له‌ فارسیه‌وه‌ : سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
١٢ ئایاری ٢٠١٩




نه‌بونی ئابوری سه‌ربه‌خۆ، ژنانی سه‌رگه‌ردان كردووه‌ … ئاماده‌كردنی: شه‌ماڵ ره‌ئووف

سارا عه‌زیز ناوی خوازراوی ژنێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌یه‌، كه‌ به‌هۆی توندوتیژی مێرده‌كه‌یه‌وه‌ بڕیاری جیابونه‌وەی‌ له‌مێرده‌كه‌ى داوه‌، چونكه‌ به‌درێژایی نۆ ساڵ ئازاری چه‌شت و سه‌ره‌نجام بڕیاری جیابونه‌وه‌یداوه‌. ئه‌م بڕیاره‌ ئاسان نه‌بوو‌ بۆ ئه‌و، بەلکو خێزانه‌كه‌ى و خزمه‌كانی دژی ئه‌و بڕیاره‌ بوون، به‌ڵام بێزاریی له‌و ژیانه‌، له‌بڕیاری جیابونه‌وه‌ په‌شیمانی نه‌كردده‌وه‌ ” مامم به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ پێی ده‌وتم ئه‌گه‌ر ژن باش بێت لای پیاوه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌!” ئه‌م رسته‌ برینداركه‌رانه‌شی ده‌بیست، به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێشبینی ئه‌و گوشارو باره‌ نائاساییه‌ى ده‌كرد ئه‌گه‌ر بڕیارى جیابونه‌وه‌ بدات، به‌ڵام خۆ چاره‌ى دیكه‌ى نه‌بوو.

سارا به‌م شێوه‌یه‌ باسی ژیانی دوای جیابونه‌وه‌ ده‌كرد ” منداڵه‌كانم لای خۆم بوون، نه‌ كارم هه‌بوو نه‌ شوێنی نیشته‌جێبوون، له‌ماڵی باوكم ده‌ژیام، له‌به‌رئه‌وه‌ى بڕیارى جیابونه‌وه‌م دابوو، نه‌مده‌توانی داوای هاوكاری له‌ ماڵه‌وه‌ بكه‌م.” به‌پێى قانون دوای جیابونه‌وه‌، به‌خێوكردنی ژن و منداڵی جیابۆوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی مێرده‌كه‌، بۆ سارا-ش بڕێك پاره‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بڕابۆوه‌و ده‌بوو باوكی منداڵه‌كانی سارا بیدات.” بڕێك پێداویستیم به‌و پاره‌یه‌ دابین ده‌كرد، ئه‌گینا هیچ هاوكاریی یان سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ى داهاتم نه‌بوو”.
گه‌ڕان به‌دوای كاردا سارا ده‌كاته‌ گه‌ڕیده‌و رۆژانه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی كار شوێن نه‌ده‌ما نه‌یكات .هه‌میشه‌ ژن-بوون ده‌بووه‌ گرفتێكی گه‌وره‌ى به‌رده‌م كاركردن “زۆر كار هه‌بوو لای خێزانم و كۆمه‌ڵگا خوازراو نه‌بوو، هه‌روه‌ك بۆ هه‌ندێ كاریش قبول نه‌ده‌كرام! نه‌بونی و ده‌رده‌سه‌ری زۆرم دیت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كارم ده‌ستكه‌وت و ئێستا به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌ژیم كه‌ ده‌ستمده‌كه‌وێت” .
حكومه‌ت هیچ رێكارێكی نییه‌ بۆ دابینكردنی یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون یان دابینكردنی خانوو بۆ ئه‌وانه‌ى له‌مێرده‌كانیان جیاده‌بنه‌وه‌و خاوه‌نی منداڵن، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌، بۆ ئه‌و ژنانه‌یه‌ یان به‌ساڵاچوانن یان روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌.

به‌قسه‌ى ده‌رون عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاودێری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان ئه‌وان دوو جۆر ژن یان ئافره‌ت له‌خۆ ده‌گرن و شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 55 ساڵیدایه‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان نییه‌، ده‌یانخه‌نه‌ خانه‌ى به‌ساڵاچوان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ژنانه‌شی كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت “جگه‌ له‌وانه‌ هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ مێرده‌كانیان جیاده‌بنه‌وه‌ و بێ شوێن و كارن” ده‌ڵێت ” له‌ ساڵی 2015 به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕی 150 هه‌زار دینار ده‌درایه‌ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانیان جیاده‌بونه‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ئه‌ویش نه‌ماو بڕیان”.

به‌پێی قانونی باری كه‌سێتی، ژن ته‌نها ده‌توانی تا 3 ساڵ داوای شوێنی نیشته‌جێبوون له‌ مێرده‌كه‌ی بكات، ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی هه‌یبێت، له‌وه‌ زیاتر هیچ مافێكی دیكه‌ی نییه‌، هه‌روه‌ك له‌ یاسای باری كه‌سێتی هاتووه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و ئافره‌تانه‌ی موچه‌یان نییه‌و بژێوی ژیانیان نییه‌ حكومه‌ت له‌ سندوقی هاوكاری، بژێوی ژیانیان بگرێته‌ ئه‌ستۆ، تا ئه‌و كاته‌ی شو ده‌كاته‌وه‌ یان ده‌بنه‌ خاوه‌ن داهاتی خۆیان، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.
سیروان سه‌رتیب پارێزه‌ری راوێژكار ده‌ڵێت ” نمونه‌ی زۆر هه‌یه‌ كه‌ ژنان دوای جیابونه‌وه‌، نه‌ كاریان هه‌یه‌و نه‌ شوێنی نیشته‌جێبوون، به‌داخه‌وه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكیان نییه‌”
زۆرینه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ له‌ مێرده‌كانیان جیا ده‌بنه‌وه‌ توشی حاڵه‌تێكی ده‌رونی خراپ و بارێكی ناهه‌موار ده‌بن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیى كۆمه‌ڵگا هاوكار نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن دواى جیابونه‌وه‌ ئاسایی بژین و روبه‌ڕوی تونج و باری ده‌رونی شڵه‌ژاو نه‌بن، یان بتوانن كارێكی شیاویان ده‌ستكه‌وێت تا پێى بژین.

سیزار محمد توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێت ” گرفتی گه‌وره‌ی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگادا گرفتی نه‌بونی سه‌ربه‌خۆیی ئابورییه‌، ئه‌مه‌ واده‌كات ئافره‌ت زوڵم و سته‌می پیاو قبوڵبكات و جیا نه‌بێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر جیا بێته‌وه‌ دیسان له‌ ماڵی باوكی رێگه‌ى ناده‌ن كار بكات، به‌ڵكو ده‌بێت سته‌می ئه‌وانیش قبوڵ بكات.” به‌قسه‌ى ئه‌و توێژه‌ره‌ ئه‌وانه‌ى خاوه‌نی كارو داهاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیانن، زوڵم و سته‌می مێرده‌كانیان قبوڵ ناكه‌ن، چونكه‌ گره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن بژێوی ژیانی خۆیان یان منداڵەكانیان دابین بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌مێرده‌كانیشیان جیاببنه‌وه‌.

فریاد هیدایه‌ت، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان و خێزان، له‌گه‌رمیان ده‌ڵێت ” ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا كه‌مترین جار خاوه‌نی كار و موچه‌ی خۆیه‌تی، زۆر جار له‌ماڵدا هاوسه‌ره‌كه‌ی ژیاندویه‌تی، بۆیه‌ كاتێك كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ جگه‌ له‌ كێشه‌ی خێزانی توشی كێشه‌ی بژێویی و نیشته‌جێبونێش ده‌بێته‌وه‌ “
حكومه‌ت ته‌نها پاڵپشتی ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌كات كه‌هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌، ئه‌وانی دیكه‌ نه‌ كار نه‌ شوێنی نیشته‌جێبونیان بۆ دابین ناكات، به‌قسه‌ى فریاد هیدایه‌ت زۆرجار گرفتی گه‌وره‌ دروستده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێك ژنان له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ توندوتیژیان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت ” ناچارن برۆنه‌وه‌ ماڵی باوانیان، كه‌چی له‌وێش دیسان ده‌ست ده‌نرێت به‌ رویانه‌وه‌و ناچار ده‌كرێن بگه‌ڕێته‌وه‌ لای پیاوه‌كانیان! بۆیه‌ هه‌ندێك جار له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ چاره‌یه‌یكی دیكه‌یان نامێنێت و له‌تاو زوڵم و سته‌م خۆیان ده‌كوژن”.
كاتێك له‌ ساڵی 2011دا یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی ده‌رچوو له‌ به‌ندێكی یاساكه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ژنانه‌ی دووچاری توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌ تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ده‌بوو سندوقێك له‌ وه‌زاره‌تی كارو كاربوباری كۆمه‌ڵایه‌تی دروستبكرایه‌، له‌و سندوقه‌ هاوكاری ئه‌و ئافره‌تانه‌ بكرایه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ك پێویست جێبه‌جێنه‌كرا.

به‌هار عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی (ئێمه)‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ده‌ڵێت ” ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوو ئه‌و ئافره‌تانه‌ وه‌ریان ده‌گرت زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌ما، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پێویسته‌ حكومه‌ت ته‌واوی ژیانی ئه‌وان ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌م نیشته‌جێبوون هه‌میش بژێوی ژیانیشیان بۆ دابین بكات”
به‌قسه‌ى ئه‌و چالاكوانه‌، پێویستیان به‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ كار له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێك بكه‌ن ” یه‌كه‌میان دابینكردنی مافی ژیان بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ له‌ ماڵی خۆیان یان له‌ ماڵی مێرده‌كانیان جیا ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ركی ئێمه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌ فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تاوه‌كو پاڵپشتی پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناوخۆ دابین بكه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ بكه‌ین” هه‌روه‌ك ” گرنگه‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانیش به‌دواداچوون بۆ ئه‌و یاسایانە بكه‌ن كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، تا بزانن تا چه‌ند جێبه‌جێكراوه‌ یان جێبه‌جێده‌كرێت”.

رۆژنامه‌نوس دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی ( Internews ) لەسەر شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، ئەم چیرۆکەی لەسەر پرسی نه‌بونی ئابوری سه‌ربه‌خۆ ی ژن نوسیوە.




لوت به‌رزی و بێ مێشكی جه‌نگی سییه‌می جیهانی هه‌ڵئه‌گرسێنی … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ده‌مێكه‌ بارگرژی و په‌شێوی له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران هه‌یه‌و هه‌ردوولا له‌ رووی راگه‌یاندن به‌ گه‌رمی چوون به‌ گژی یه‌كترداو دریغیان نه‌كردووه‌ له‌ ئاخافتنی بێ بنه‌ماو هه‌ره‌شه‌و گوره‌شه‌ كردن و هه‌ردوو وڵات به‌ لوت به‌رزی و بێ مێشكی ئه‌یانه‌وێت ئاگر له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵگرسێنن.
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌بنه‌ گۆره‌پانی شه‌رو، هه‌ردوو وڵات له ناو خاكی ‌ عێراق و كوردستان خاوه‌نی پێگه‌و پایه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆرن له‌ رووی سیاسی و ئابوری و، له‌م رۆژانه‌شدا سه‌ربازو كه‌ره‌سته‌ی جه‌نكی ئه‌گوێزنه‌وه‌و حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكاو ئێران هیچیان پێ ناكرێ.
عێراق و كوردستان ئه‌بنه‌ گۆره‌پانی سه‌ره‌كی شه‌ری ئه‌مریكاو ئێران و، پێویسته‌ به‌رپرسان: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان وریاو هوشیارو بێ لایه‌ن بن و، پاڵپشتی هیچ لایه‌ك نه‌كه‌ن و، زۆرانی ئه‌م دوو وڵاته‌ ، زۆرانی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌و، له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ر به‌ بێشك گه‌ڵانی ناوچه‌كه‌ تووشی ماڵوێرانی و له‌ناوچوون ئه‌بن.
ئه‌مریكاو سه‌رۆك دۆناڵد ترامپی سه‌ركێش و، به‌رپرسه‌ باڵاكانی پێنتاگۆن و ئاژانسی هه‌واڵگیری ناوه‌ندی بریاریاندا به‌ ناردنی هێزی سه‌ربازی زیاتر له‌(120) هه‌زار سه‌ربازو، ناردنی كه‌شتی فرۆكه‌ هه‌ڵگری >> ئه‌براهام لینكۆلن <<< و ، ناردنی فرۆكه‌ی ( B52 ) ی ستراتیژی و، كه‌شتییه‌كی گه‌وره‌ ( شارێكی پزشكی مۆدیرن ـ نه‌خۆشخانه‌) به‌ (1000) قه‌ره‌وێڵه‌ و ده‌رمانخانه‌ ـ صیدلی ـ و، هه‌موو كه‌ره‌سته‌ی تری پزشكی.
زۆر كه‌س پێێوایه‌ ناردنی هێزی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌و، كۆكردنه‌وه‌یان له‌ نزیك سنوره‌كانی ئێران دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ئه‌كات و، توندره‌وه‌كانی كۆماری ئێسلامی ئێران زیاتر تووشی ده‌مارگیری و هه‌ڵچوون ئه‌بن و، دووریش نییه‌ ئه‌و كرداره‌ی ئه‌مریكا ببێته‌ هوێ هه‌ڵگیرساندنی ئاگری جه‌نگ و، هاوكات ترامپ ئه‌ڵێت ئاگامان له‌ دۆخه‌كه‌یه‌و، با بزانین ئێرانییه‌كان چۆن ره‌فتار ئه‌كه‌ن و، ئه‌گه‌ر كارێكی خراپ بكه‌ن، ئه‌وكات ئه‌زانن چی به‌ سه‌ریان ئه‌هێنین و، له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رپرسێكی ئه‌مریكا وتی : ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كردوومانه‌ ته‌نها بۆ به‌رگرییه‌ له‌ خۆمان و هێزه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌داو، ئێران وڵاتێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ توندوتیژی و پاراستنی تیرۆریستان و، بۆیه‌ ئه‌مانه‌وێت كاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری ئێسلامی ئێران واز له‌ ره‌فتاری چه‌وت ونه‌شیاو بهێنن و، به‌ قسه‌مان بكه‌ن و، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌و، له‌ كۆتایی ئاخافتنی به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌مریكا وتی: ئه‌مانه‌وێت رژێمی ئێران بگۆرین.
ئێران پشت به‌مانه‌ ئه‌به‌ستی: ‌ سوپا و به‌تایبه‌ت سوپای پاسداران وبه‌سیج له‌ ئێران و، حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن و، حه‌شدی شه‌عبی له‌ عێراق و حزبوللا له‌ لوبنان و، حه‌ماس له‌ فه‌له‌ستین و، ئه‌مانه‌ش ئه‌بنه‌ هوێ گرژی و ئاڵۆزی زیاترو، گۆره‌پانی شه‌ره‌كه‌ فراوانتر ئه‌كات و، ئه‌مریكاش هاوكاری هه‌یه‌و بریتین له‌ : عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیماراتی عه‌ره‌بی و ئوردن و، ئیسرایل و، تا ئێستا وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ تایبه‌ت وڵاتانی ناتۆو یه‌كێتی ئه‌وروپا بێده‌نگن و هه‌ڵوێستیان دیار نییه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا خوێ بۆ شه‌ر ئاماده‌ كردووه‌و، هێزێكی گه‌وره‌ی هێناوه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ كه‌شتی فرۆكه‌ هه‌ڵگرو، فرۆكه‌ی ( B 52 ) ی وێرانكه‌رو كه‌شتی نه‌خۆشخانه‌ و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی تر، سور ئه‌زانی ئێران مه‌یلی لێدانی پێگه‌ی ئه‌مریكای نییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆو، گه‌ر ئه‌و كاره‌ بكات واته‌ ئه‌یه‌وێت خۆی بكوژێت، به‌ڵام ئێران هه‌وڵ ئه‌دات ئیسرایل بێزار بكات و رایبكێشێت بۆ كاری توندوتیژی دژ به‌ دراوسێكانی و، هه‌روا ئه‌مریكاش نایه‌وێت شه‌ر هه‌ڵگیرسێنێت ، به‌ڵام كه‌ش و هه‌وایه‌كی ترسناك دروست ئه‌كات و، شه‌رێكی ده‌رونی به‌رێوه‌ ئه‌بات بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌ چوارچیوه‌ی كه‌نترۆڵ ده‌ربچێت و، رۆژانی داهاتوو نهێنی زیاتر ده‌رئه‌كه‌وێت و، ده‌مێكه‌ ئه‌مریكا به‌ ته‌مای گۆرینی نه‌خشه‌ی وڵاتانه‌ و ، هه‌روا دابه‌شكردنیان و، چه‌ندین وڵاتی تازه‌ بێنێته‌دی و، به‌ چاوه‌روان بین بزانین به‌شی كورد چی ئه‌بێت !.
ئه‌مریكا به‌ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ر تووشی گێچه‌ڵی جۆراوجۆری سه‌خت ئه‌بێته‌وه‌و، ترسی زۆری له‌ روسیاو چین و كۆریای باكور هه‌یه‌ بێنه‌ ناو ئه‌م شه‌ره‌و، به‌و هه‌نگاوه‌ش شه‌ری جێهانی سییه‌م به‌رپا ئه‌بێت و، ده‌یان ملیۆن سه‌ربازو خه‌ڵكی سڤیلی بێتاوان ئه‌كوژرێن.
نه‌فره‌ت له‌ لوتبه‌رزی وبێمێشكی و، نه‌فره‌ت له‌ جه‌نگ و، نه‌فره‌ت له‌ بیروباوه‌ری وشك و دوگماو، نه‌فره‌ت له‌ ئیمپریالیزم.

16/5/2019




سترانێك بۆ سه‌مه‌رقه‌ند … مه‌عین به‌سیسۆ

                                        

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

( له‌ كاتێكدا ته‌یموری له‌نگ دوور له‌ شاری سه‌مه‌رقه‌ند ، خه‌ریكی یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌كانی ده‌بێ ، خانمی ژنی هه‌موو ئه‌ندازیارانی سه‌مه‌رقه‌ند كۆ ده‌كاته‌وه‌ داوایان لێ ده‌كا په‌رستگه‌یه‌كی مه‌زنی بۆ دروست بكه‌ن ، پێشوازی ته‌یمووری پێ بكا ، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك په‌رستگه‌كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژێكدا ته‌واو ببێ .
ڕاستیی هیچ ئه‌ندازیارێك نه‌یوێرا خۆی له‌م پرۆژه‌یه‌ بدا ، ئه‌ندازیارێكی گه‌نج نه‌بێ ، ئه‌ویش له‌به‌رابه‌ر ئه‌وه‌ی خانمی ژنی ته‌یموور له‌نگ ماچێكی بداتێ ..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خانم ته‌ماحێكی زۆری خسته‌ پێش ئه‌ندازیاره‌ لاوه‌كه‌ بێ سوود بوو.. ئه‌ندازیار هه‌موو زێڕ و گه‌وهه‌ری ڕه‌ت كرده‌وه‌ و به‌ ماچه‌كه‌وه‌ نووسا ..
ئاكام خانم ده‌ستی خسته‌ سه‌ر ڕوومه‌تی و ڕازی بوو به‌وه‌ی ئه‌ندازیار‌ به‌سه‌ر ده‌ستی له‌رزۆكییه‌وه‌ ماچی بكا ..
به‌م جۆره‌ په‌رستگه‌ دروست بوو .
كه‌ ته‌یموورله‌نگ گه‌ڕایه‌وه‌ ، پێی زانی ، ویستی سزای ئه‌ندازیاره‌ گه‌نجه‌كه‌ بدا ، به‌ڵام سوودی نه‌بوو ، ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێ ون بوو و ده‌سگیر نه‌كرا . )

خانمه‌كه‌م
نه‌ له‌شكرشكێنم ، نه‌ خاوه‌نی ده‌ربار
به‌ڵام پێم ده‌كرێ ئه‌وه‌ت بده‌مێ
شیر و خه‌نجه‌ر و
هه‌موو ته‌خت و تاراجی زه‌وی نه‌یاندابیێ

چه‌ند ئاسانه‌ ئه‌م جیهانه‌ به‌ له‌پی ده‌ست سه‌رببڕێ
چه‌ند ئاسته‌میشه‌ له‌ لێوی ئێمه‌وه‌ له‌دایك بێ ..
چه‌ند ئاسته‌مه‌ قه‌پێلكی هێلكه‌ بشكێ و
چۆله‌كه‌یێ له‌ شه‌قه‌ی باڵی بدا
یا دارگوڵێ له‌ ژێر لێفه‌ی ته‌یموور بڕوێ ..

خانمه‌كه‌م ، جیهان منداڵێكه‌ له‌ ئێمه‌دا
وه‌ختێ یه‌كدیمان خۆش ده‌وێ ، گه‌وره‌ ده‌بێ
ده‌بێ به‌ دڵ خانمه‌كه‌م !
وه‌ختێ شمشێر جێگه‌ی دڵ ده‌گرێته‌وه‌ ،
خۆشه‌ویستیش ده‌مرێ .

پاسه‌وانه‌كانت له‌ ژێر شووره‌كاندان
بانیژه‌كه‌شت دوور
به‌ڵام من خوێنبه‌ره‌كانم ده‌كه‌م به‌ په‌ت
عاشق ده‌ستی به‌ خۆریش ڕا ده‌گا
ئه‌وه‌یه‌ موئجیزه‌ی خۆشه‌ویستی خانمه‌كه‌م !
گۆچانه‌كه‌ی نه‌شوه‌شێنێ ده‌بێ به‌ مار
ڕسته‌ی ده‌سرۆكان ،
ڕسته‌ی ده‌سرۆكان له‌ ده‌مییه‌وه‌ ده‌رناكا
( هابیل ) له‌ ته‌رمی ( قابیل )
نایێنێته‌ ده‌رێ
خانمه‌كه‌م
جادووگه‌ر هه‌رگیز
نابێته‌ عاشق .

له‌وه‌ جوانتر عاشقی ژنی قه‌یسه‌ر بی و
ناپاكی له‌ قه‌یسه‌ر بكه‌ی ..
چی له‌وه‌ جوانتره‌ ،
به‌ینی هه‌ر دوو چاوی قه‌یسه‌ر
بدرێته‌ به‌ر باڵی بولبول ..

  • بمده‌ره‌ به‌ر گوڵ
    بمده‌ره‌ به‌ر خه‌نجه‌ر
  • خانمه‌كه‌م
    ته‌یموور ئه‌وه‌تا له‌به‌ر ده‌روازه‌ی سه‌مه‌رقه‌ند
    ته‌یموور خودواوه‌نده‌
    فریشته‌ و شه‌یتانه‌كان
    داروده‌سته‌ و سه‌ربازه‌كانییه‌تی
  • چی بكه‌م ؟
    ئه‌دی قه‌یسه‌ری گه‌وره‌م ؟
  • به‌ڵام من له‌ پێناوی تۆدا
    خیانه‌ت له‌ قه‌یسه‌ریش ده‌كه‌م
    هێشووی برووسك ، كه‌زیی قژت
    تریفه‌ی برووسكه‌ی له‌ لێوه‌كانتا هه‌ڵبوو
    هه‌موو مۆم و ئه‌ستێره‌ی شه‌و
    هه‌موو ڕوناهی خۆر دێنێ ..
  • ماچم كه‌ !
    به‌سه‌ر له‌پی له‌رزۆكی به‌ گۆناوه‌ نووساومدا
    ماچم كه‌ !
    به‌ ناوی سه‌مه‌رقه‌نده‌وه‌
    ماچم كه‌ !
  • خانمه‌كه‌م ماچه‌كانت مه‌رگه‌
    ڕه‌نگی ڤۆدگا ، ڕه‌نگی ئاوه‌ ..
    وه‌لێ شاعیر خانمه‌كه‌م
    له‌ ڕووبارێكی ڕه‌واندا له‌دایك نابێ
    به‌ڵكو له‌ برووسكه‌یه‌ك
    هه‌ڵده‌دێررێ و ده‌مرێ .
    قه‌ده‌ری شاعیر ئه‌وه‌یه‌ خانمه‌كه‌م
    مه‌دالیای قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌
    نانی قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌
    شه‌رابی قه‌یسه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و
    به‌ خه‌یاڵی مه‌ستیی ،
    له‌ چۆڕێ برووسك تێده‌ته‌قێنێ
    برووسك ده‌یكوژێ و
    برووسك زیندووی ده‌كاته‌وه‌ .

خانمه‌كه‌م
ئه‌گه‌ر ماچه‌كانت گه‌ردوونێك و
شارستانیه‌تێك بنیات بنێن ،
داخۆ چه‌ند گه‌ردوون
له‌ ژێر لێفه‌ و سه‌رجێیت له‌ دایك ده‌بن ؟

ڕۆژگارێ دێ
ماچ تا مردن ڕاو ده‌نرێ
جێوبالنگانی عاشقان
پیاڵه‌ی مه‌ی و
به‌یتی شیعر ڕاو ده‌نرێن ..
ڕۆژگارێ دێ
سه‌ری پاساریان ده‌بڕرێ و
به‌ شووره‌ شۆڕ ده‌كرێنه‌وه‌ ..
به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌یمووره‌
به‌ردێكه‌ له‌ زه‌ویا ڕواوه‌
خانمه‌كه‌م
به‌رد چه‌ندی ڕه‌گ و ده‌ماری لێ بڕوێن
نابێ به‌ دره‌خت
شه‌و هه‌ر چه‌ندی برسی بێ
ئه‌ستێره‌ و مانگی خۆی ناخوا
چۆله‌كه‌ی سه‌مه‌رقه‌ندیش
به‌ بن نینۆكی ته‌یمووردا
دانه‌وێڵه‌ هه‌ڵناگرن ..

چی به‌ ئه‌ژدیهاوه‌ ماوه‌ خانمه‌كه‌م
له‌ چڕنۆكی شكاوی و
پاشماوه‌ی ئه‌فسانان به‌ده‌ر
چی پێ ماوه‌ ؟

چ هیلاكه‌ ئه‌و دونیایه‌ی
سیما و ڕووی چۆله‌كه‌ی هه‌یه‌ و
دڵی ئه‌ژدیها ..
( چ هیلاكه‌ .. خانمه‌كه‌ .. )

  • له‌ كۆشیعری – مه‌عین به‌سیسۆ ، ( القتلی و المقتلون و السكاری )
    بڵاوكردنه‌وه‌ی ( دار العوده‌ ) – بێرووت 1970- ( ل 64 – 70 )
    كراوه‌ به‌ كوردی .



پەروەردەکـردنی منـداڵان بە متمانە بەخـۆبوون …. رەزا شوان

متمانە بەخـۆبوون، گرنگـترین کلـیلی سەرکەوتنەکان و گرنگترین سیمای کەسایەتییەکی دەروون دروسـت و رەفـتارە هـاوسەنگ و هـێزە لە ژیـانی مـرۆڤـدا. ئەمـەش بە خـشتی بنەمـای کۆمەڵگـایەکی بەختـەوەر دادنـەرێت، کە تـاک بـەرەو سەرکـەوتـنی ئاکـادیـمی و زانسـتی و کـۆمـەڵایـەتی دەبـات، بـەرەو داهـێـنان و پێشکـەوتـن و گـۆڕانـکاری دەبـات.

متمانە بەخـۆبـوون فـاکتەرێـکی گـرنـگە لـە فـاکـتەرەکـانی کەسـایەتی و ژیـانی مـرۆڤـدا.
متمانە بەخۆبوون، نهێنی هێزی داهێنەر و دروستکەر و بەدیهێنانی هیوا و ئامانجەکانی مرۆڤـن، کە بە گەشاوەبوونێکی زیاتر و بە پێشکەوتن کۆتاییان دێت. متمانە بەخۆبوون هـاوکاری پێشڕەویی بێ وەسـتان و کـۆڵنـەدانی مـرۆڤە لە رێـڕەوی ئامانجەکـانیـدا. گـەر
داهێنەران و زاناکان و شۆڕشگـێڕان و سیاسەتمەداران و نـووسەران و هونەرمەنـدان، بـڕوا و متمان بەخـۆبوونیـان نەبـوایە، نـاویان لـە مـێژوودا بـە نەمـری نەدەمـانـەوە.

متمانە بەخـۆبوون، بریتییە لە توانـای مـرۆڤ لە پشت بەستن بەو توانـا و شـارەزایی و ئەو بەهـرانەی کە هەیـەتی.. ئـەم متمانە بەخـۆبوونەش، لە کەسێکەوە بـۆ کەسـێکی تر جیاوازی هەیە. هەنـدێ کەس زۆر متمانەیان بە خۆیـان هەیە، کەسانـێکی تـر هـەن، کە متمانە بەخۆبوونیـان لاوازە. ئەمەش بۆ کەسایەتی ئەو کەسانە و بۆ ئەو بارودۆخـانە و ئەو هەڵوێستانە دەگەڕێتە کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و پێیانـدا تێپەڕیون.. لە کۆتـاییدا دەگەڕێتـەوە، بـۆ شـێوازی دروسـتی یا نـادروسـتی پـەروەردەکـردنیـان لـە منـداڵـیدا.

متمانە بەخۆنـەبوون بەربەستێکی سەخـتە لە رێی سەرکەوتن و کامەرانی و داهـاتوودا.
کەسسێک کە گەشبـین بێت و متمـانەی بە هـێز و بە توانـای دەروونی هـەبێت، هەرگـیز لە بەرامبەر کێشەکـانـدا، کۆڵنـادات و سەری بـۆیـان نـەوی نـاکـات.. ئەسـتەم و نـابێش لـە فەرهـەنگی کەسـانی بە توانـا و متمانە بەخـۆبـووانـدا بـوونیـان نییە.
متمانە بەخـۆبـوونیش، کارێکی ئاسان نییە، کە لە شـەو و رۆژێکـدا بێـتەدی.. کەسێکی بەزیـو و ورە رووخـاو، پێـویستیی بـە هەوڵـدانـێکی زۆرە تـا متمانەی بـۆ بگـەڕێتەوە.
کەسێکی لاواز و رەشبین و متمانە بەخۆنەبوو و بە تواناکانی خۆی، لە جیهانی ئەمڕۆدا جێی نابێتەوە.. بۆیە پێویستە هەر لە منـداڵییەوە، منـداڵەکـانمان بە متمانە بەخـۆبوون و متمانە بە تواناکـانی خۆیـان پەروەردەیان بکەین، تا لە ئەمڕۆ و داهـاتوودا، دەربـەرن و ببنە کەسایەتیی بەهـێز، پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و سەرکەوتـووبن لە ژانیاندا.

زانایـانی دەروونی و پـەروەردەیی وا دەبیـنن، کـە کلـیلی کەسایـەتیی دروسـت و رێگـای دڵنیایی بەرەو سەررکـەوتن لە ژیـانی ئاکـادیمی و زانستـیدا، لە متمانە بەخـۆبوون و لە تواناکانی خود دایە. لە گەلێ لە توێـژینەوەکان و لە تێبینییەکانی زانایـانی دەروونناسیدا، گرنگترین هۆکاری دابەزینیی ئاستی خوێندنی قوتابیان بەوە دەزانن، کە ئـاستی چەمکی خۆدنەناسی و متمانە بە خۆنـەبوون و بە تواناکانی خۆیان، لە پشتەوەی گەلێ لە کـێشە دەروونی و رەوشـتی و رەفـتارییەکـانی منـداڵان و گـەورەکـانەوەن.

ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایـە متمانە بەخـۆنـەبوون، سروشتییە و لە دایکـبوونەوە بە رەمەکی لەگەڵ منداڵاندا هـاتووە؟ یا دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەیەکی نـادروست و سەقەتی ئەم منـداڵانە لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە، کە بەم ئەنجام و بەم رۆژەیان گەیاندوون؟

زانایـانی دەروونناسی منداڵان، ئەو راستییەیـان بۆ ساغـکـردووینەتـەوە، کە منـداڵان بە رەمەکی هەست بەوە دەکەن کە بەهـا و شکۆدارییان هەیە.. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان و پەروەردەییـەکان، لـە ماڵـەوە بێـت یا لە قـوتـابخانـەدا بێـت، گرنگـیی ئـەم هەسـتە بقـۆزنـەوە و گەشـەی پێ بـدەن.. بە بـڕوا و متمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن لە خـود پـەروەردەیـان بکەن.. هـەمیشە پاڵـپشت و هـانـدەریان بـن، بـۆ ئـەوەی متمـانە بـە بەخۆیان بکەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. ئەمەش فاکتەرێکی ئەرێنیی بەهێزە بۆ ئەوەی کە منـداڵان کـاری بـاش ئەنجـام بـدەن و لە کـاری ناپەسەنـد دووربکەونەوە.

تابەتمەندییەکانی منداڵی متمانە بەخـۆ:
منداڵی متمانە بەخۆ، شانازی بە خۆی و بە کارە باشە ئەنجام دراوەکانی دەکات، خـاوەن کەسایەتییەکی بەهـێزە، خۆشی و شادی لەسەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت، رەفتار جـوانە و بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی تردا دەکات، بە متمانەشەوە بڕیار دەدات و بڕوا و متمـانەی بـە تـوانـاکـانی خـۆی هـەیـە، کەسـێکی هـیواخـواز و گـەشـبـینە. دەتـوانێـت بەرپرسیارێتی هەڵبگـرێت. بەرگەی شکستییەکـانی دەگرێت و ورە بـەرزە و کۆڵـنادات و توانای راستکـردنەوەی هەلەکانی هەیە و پەنـد و وانەشـیان لێ وەردەگرێـت. ئـازایـەتی ئەدەبیی هەیە و بە خۆیـدا رادەبینێت و بە ئاسایی گوزارشت لە هەست و لە نـاخی خۆی و لەو بیرۆکانە دەکات کە لە ئەنـدێشەی دان.. توانـای کارتێکردنی لە کەسانی تر هـەیە.

داهـێنەر و نوێخواز و هیواخوازە، شەرم ناکات و کۆمەڵاتییە و تێکەڵ بە خەڵکی دەبێت. رووحی گونجـان و پێکەوە هەڵکـردنی هـەیە. سەرکـێش و چـاونەتـرسە و دوودڵ نیـیە.
لـەم چەنـد خاڵـەدا، بـە کـورتی بـاس لـە چەنـد خەسـڵەتـێک لـە خەسـڵەتـە دیـارییەکـانی مـنداڵی متمـانە بەخـۆ و خۆنـاس دەکـەیـن:
١ـ شانـازی بە کـارە ئەنجـام دراوەکانییەوە دەکات، بۆ نموونە، دەڵێ ( بـڕواننە ئەم وێنە جـوانە.. ئەمـە مةن کـێشاومە و وا جـوان بۆیـەم کـردووە)
٢ـ خاوەنی سەربەخۆیی خۆیەتی، دەڵێ ( بێ یارمەتی بە تەنیا خۆم ئەرکەکانم تەواوکرد)
٣ـ بەرپـرسیارێتی هـەڵـدەگـرێت، دەڵێ ( ئـەم کـارە لـە جیـاتی تـۆ دەکـەم)
٤ـ بەرگەی شکستی دەگرێت، دەڵێ (ئەم پرسیارە بیرکارییە زۆر گرانە، بەڵام هەوڵدەدەم جـێبەجـێی بکەم)
٥ـ بە پەرۆشەوە شـارەزایی تـازە وەردەگـرێت، دەڵێ (مامۆسـتا کوردی پێی وتین بەیانی فـێری بابـەتێ جـۆرەکـانی فـرمـان دەبـین)
٦ـ کارتێکردنی لەکەسانی تـر هـەیە، دەڵێ (رێگـام بـدەرێ با فـێری ئەم یـارییەت بکـەم کە مـن فـێری بـووم)
٧ـ تاوتێکردنی کەسانی تریشی بە سەرەوەیە، دەڵێ (من چـێژێکی زۆر لە خوێندنـەوەی هـۆنراوەکـان و چـیرۆکەکـانی ـ لەتیـف هەڵمـەت ـ بـۆ منـداڵان وەردەگـرم و بە دڵـمن)
٨ـ دەتوانێت گوزارشت لە رەهەندێکی فراونتر و لە هەڵچوونەکانی ناخی دەروونی بکات ، دەڵێ (بە گەڕانـەوەی باوکـم لە گەشتەکـانی هەسـت بە خۆشییەکی زۆر دەکـەم.. کە لە ماڵـيش نەبێت شـوێنەکـەی دیـارە و هەسـت بـە خەمبـاری دەکـەم)
٩ـ کـراوەیە و کۆمـەڵایەتییە و رووحی پیـاوەتی و یارمەتیـدان و چاکەخـوازیی تێـدایە.

تایبەتمەندییەکانی منـداڵی متمانە بەخـۆنـەبوو:
ئەو منـداڵەی متمانەی بەخـۆی نەبێت، واهەست دەکـات کەسـانی تر بە هەنـدی نازانن و رێـزی لێناگـرن، هۆکارەکانی شکستییەکان و هەڵەکـانی دەخـاتە ئەستۆی کەسـانێکی تر، شەرم دەکات و دەترسێت و گۆشەگیرە و کۆمەڵایەتی نییە، رەشبین و بێزارە، وا هەست دەکات کە توانای ئەنجامدانی نییە.. هەمیشە دوودڵە و بە گومانە و خـاوەنی بڕیـار نییە.

ئەمانە هەندێکـن لە خەسـڵەتە نەرێنییەکانی منـداڵی متمانە بەخـۆنـەبوو و خـۆنـەنـاس:
١ـ لەو هەڵوێستانە خۆی بە دوور دەگرێت، کە دەبنە هۆی دڵـەڕاوکێ بۆی، بۆ نموونە دەڵێ (ئەمـڕۆ ناچـم بـۆ قـوتـابخـانە، تاقـیکـردنەوەیـەکی گـرانمان هـەیە)
٢ـ خۆی بە کەم دەزانێت و لە بایەخی تواناکانی خـۆشی کەم دەکـاتەوە، دەڵێ (وێنەکانی مـن جـوانین و کەس سەیـریـان نـاکـات)
٣ـ وا هەست دەکات، کە کەس بە هەنـدی نازانێت و خۆشـیان ناوێت، دەڵێ (هـاوڕێکـانم منـیان خۆشـناوێـت، بـاوکـیشم رقـی لـێمە)
٤ـ شکستییەکانی دەخاتە ئەستۆی کەسانێکی تر، دەڵێ (لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچووم، چونکـە مامۆستاکەمـان بـە بـاشی تێی نەگـەیـانـدم)
٥ـ کـارە دزێوەکـانی بە کەسـانی تـرەوە دەبەستـێت و پاکـانە بـۆ خـۆی دەکـات و پاسـاو دەهـێنێتەوە، دەڵێ ( هـاوڕێکەم فـێری ئەوەی کردم کە لە تاقیکردنەوەکانـدا گزی بکەم)
٦ـ بـە ئاسانی دەشـەڵـەژێ و گومان دەخاتە سەر خۆی (مـن ئـەم تـۆپـەم نـەدڕانـدووە)
٧ـ بە لاوازی گوزارشت لە کاردانەوەکانی دەکـات، دەڵێ (گـرنگی بـەوە نادەم گەر باوکـم بگـەڕێتەوە یا بـڕوات)
٨ـ هەسـت بەبێ تـوانـایی و بـێ دەسـەڵاتـیی خـۆئ دەكـات، دەڵێ (مـن ناتـوانـم وەڵامـی ئـەم پـرسـیارە بـدەمـەوە)
٩ـ گۆشەگیرە و شەرم دەکات و کۆمەڵایەتی نییە و تێکەڵ بە خەڵکی نابێت و ئازایەتیی ئەدەبیی نییە، رەشبینە و هیواخواز نییە، چونکە متمانەی بە خۆی و بە تواناکانی نییە.

چۆن متمانە بەخـۆبـوون لە منداڵەکـانتانـدا دەچـێنن؟
زانایانی پەروەردە و دەروونناسیی منداڵان بۆ چاندنی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا، بۆ پەروەردەکردنییان بە شێوازێکی راست و دروسـت، کۆمەڵـێک رێنمـایی و ئامۆژگارییان دیاری کـردوون، تا دایکان و باوکان و مامۆستاکان سوودیان لێوەربگـرن و پەیـڕەوییان بکەن، یارمەتیی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان دەدەن و دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی کە بـڕوا و متمانە بە خۆیـان بکەن و پشت بە تواناکـانی خۆیـان ببەستن.. تا بشـتوانن بەشـێکی زۆری گرفـت و کێشەکانیان، خۆیـان چارەسەریان بکەن و سەرکـەوتووبن لە ژیانیانـدا.
بە کـورتی تیـشک دەخـەینە سـەر ئـەو رێنمـایی و ئـامـۆژگـارییـە گـرنگـانە:

١ـ لەبەرچـاوگرتنی چەمکی جیـاوازی لە نێـوان منـداڵانـدا: پێویستە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان، لە راستیی جیاوازی تاک لە نێوان منداڵاندا بـزانن و پشتگوێی نەخەن، کە هەر منـداڵێک کەسایەتیی و توانای خۆی هەیە.. بۆیە نابێت منداڵەکانتان لەگەڵ منداڵانی تردا بەراورد بکەن، تاهەست بە خۆبەکەمزانین نەکەن.. هەردەم هـانیان بدەن کە ئاستی کار و رەفـتارەکانی خۆیان لە نێوان ئێستا و پێشتردا بەراورد بکەن.. تا جـیوازیی رادەی پێشکـەوتنی خۆیـان بـزانـن.
(د. سـبوک) دەڵێـت:”منـداڵ رقـی لـەوە دەبێـتەوە، لـە هەمـان ئاسـتـدا لەگـەڵ منـداڵـێکی تـردا دابنـرێت، چونـکە بەراوردکـردن دەیخـاتـە ملمـلانێـیەکی پـڕ لـە دڵـڕاوکی، زۆریـش هەسـتیاری دەکـات”
٢ـ گوێ لە قسەکـانی منـداڵەکـانتان بگـرن: پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکـان، بە جـوانی تا کۆتایی گوێ لە قسەکانی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان بگرن و قسەکـانیان پێ مەبـڕن.. بواریـان بدەنێ با بە ئەوپەڕی ئـازادییەوە گـوزارشت لە نـاخی خۆیـان بکەن و ئەوەی کە لە ئەندێشەیاندایە دەریـان ببڕن.. دوایی بە هـێمنی پێکەوە تاوتـوێی قسەکـانی بکەن. شێوازی فـرمان و نە و وانییەش لەگەڵیاندا بەکارمەهێنن، قسە جوانەکانیان بەرز بنرخـێنن، هەڵەکـانیشیان بە شێوازێکی جـوان و قەنـاعەت پێکردن راستـیان بکـەنەوە.
٣ـ بەشداریکردنی منداڵەکـانتان لە هەنـدێ لە بڕیارەکـانتان: هەوڵبـدەن لـە منداڵەکـانتان نزیک ببنەوە و هاوڕێتیان بە دەستبهێنن و پەیـوندیتان بەهێزبێت. دەربـارەی هەنـدێ لە کێشەکان و بڕیارەکـانتان پرسیان پێبکەن و رایـان وەربگـرن.. تا هەست بەوە بکەن کە پشتگـوێ و پاراوێز نەخـراون و پێگە و سەنگی خۆیـانیان لە نێو خێزانەکـانیانـدا هـەیە. بەمـەش متمانەیـەکی زیاتـریان بە خـۆیان دەبێـت.

٤ـ هـەمیشە هـانیان بـدەن و ستاییشیان بکەن: هـاندان پاڵنەرێکی بەهـێزە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانتان درێژە بە کارەکانیان بـدەن و هەوڵی داهێنان بدەن.. هەردەم پێیان بڵێن ئێوە دەتـوانن ئەم کـارە یا ئەم کـارانە ئەنجـام بـدەن.. سـتایشی کـارە جوانەکانیان بکەن و بە رووخۆشییەوە، ئافـەرین ودەستخـۆشییان لێبکـەن.. پێخـۆشیی خـۆتـان بۆیـان دەربـڕن، تەنانەت گەر بە زەردەخـەنەیەکی ناسکی سەر لـێوەکانیشـتان بێت.. بـەڵام زیـادەڕۆییـش لە سـتاییش و پێ هـەڵـدانیـان مەکـەن.. تـا لـە خـۆییـان بـایی نـەبن.
٥ـ بە رەخـنە و وشەی ناشایستە منداڵەکـانتان سووک مەکەن و مەیـان ڕووخـێنن: زۆر لە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکان بە رەخـنەی نابـەجێ و بە وشـەی زەق و ناشـیرین، هەستی منـداڵەکـانیان یا قوتابییەکـانیان بریندار دەکەن، وەکوو: هەی گەمـژە، ترسنۆک، بێ دەسەڵات، گەلحـۆ، نالەبـار، تەمـەڵ، هیچوپـووچ،…هـتد. ئـەم قسـانە کارتێکـردنێکی دەروونی خـراپیان لەسەر منـداڵان دەبێت و خۆی لەبەرچـاو دەکەوێت، ئـەو هەسـتەی لا دروسـت دەبێت، کە ئـەم ئەو کەسـە نییە کە لە خـۆی تێگەیشـتووە. ئەمـەش هۆکـارێکە بـۆ ئـەوەی کەسـایەتییەکی لاواز و متمانە بەخـۆنـەبـووی لێبـێتە کـایەوە. متمانـەشی بـە کەسانی دەوروبـەریشی نامێنـێت.. ئەو قـسە ناخۆشانەشی لەبیرناچنەوە.. وەکوو دەڵێن: برینی خەنجـەر ساڕێـژ دەبێت و نامێنێت، بەڵام بـرینی قـسەی ناخـۆش ساڕێـژ نـابێت.
٦ـ نموونەیـەکی باشـبن بـۆ منـداڵەکـانتان و قـوتابییەکـانتان: پێویسـتە ئێـوەی دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان، هـەردەم لە رەفـتار و لە هەڵسوکەوتەکـانتانـدا، متـمانـە بەخـۆ و راستگـۆبن لەگەڵ کەسانی دەوروبەرتانـدا، ببن بە نموونە و پێشەنگ بۆ منداڵەکـانتان و بۆ قوتابییەکانتان.. منداڵەکانتان چۆن بڕوا و متمانە بە قسەکانتان بکەن، کە پێیان دەڵێن جگەرەکـێشان زیـانێکی زۆری بـۆ تەنـدروستیی مـرۆڤ هـەیە.. کەچـی لەبـەر چـاویانـدا جگەرە دەکێشـن.. منـداڵەکـانتان بە راستان نـازانن و چـیتر بـڕوا بە قسەکـانتان ناکـەن.

٧ـ هانی گەشەکـردنی بەهـرە و ئارەزووەکـانی منـداڵەکانتان بـدەن: پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.. گەر بەهـرەیان لە وێنەکێشانـدا هـەیە، بۆیە و پـەڕاوی وێنەکێشان بخـەنە بەردەستیان.. گەر هـۆگـری خوێنـدنەوەن، پەرتووک و گۆڤـاری ئاسانیان بۆیـان بکـڕن.
چونـکە منـداڵان گەر هانبـدرێن، حـەزی دەرخستـنی بەهـرە و توانـاکـانیـان هـەیە.
٨ـ خوێنـدنەوە هۆکارێکی گرنگـە بۆ متمانە بەخۆبوون: خوێندنەوە ئاستی روشنبیری و زانیاری و زانستیی منداڵان بەرز دەکاتەوە، لەوانەیە چیرۆکێکی بەسوود بخوێننەوە، کە پاڵەوانی چیرۆکەکە منداڵـێکی سەرکێشی متمانە بەخـۆ بێت و سەرسامی رۆڵەکەی ببن.
٩ـ بـەری ئـازادی لە منداڵەکـانتـان و لە قـوتابییەکـانتـان مەگـرن: لەو شـت و بابەتـانەی کە پەیوەندیان بە خۆیانەوە هـەن.. سەرپشکیان بکەن با خۆیان بڕیار بدەن.. بۆ نموونە با خۆیـان رەنگەکـانی جلوبەرگـەکـانیان دیـاری بکـەن.
١٠ـ تونـدوتیژ و ڕەق مەبەن لەگەڵ منداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتان: چونکە تونـدوتیـژی چاوسوورکردنەوە هـۆکـارێکی سەرکییە بـۆ لەناوبـردنی متمـانە بەخـۆبـوونی منـداڵان و بـۆ لاوازکـردنی کەسـایەتییان، هـەردەم شـێـوازی نـەرم و نیـانی و هـانـدان و رێـزگـرتن باشتـر و کاریگەرتـرن لە تـووڕەیی و تـونـدوتیـژی.
١١ـ زیادەڕۆیی لە چاودێریکردنی منـداڵەکانتان مەکەن: هەندێ لە دایکان و باوکان زیاد لە پێویست دەتـرسن و لە رادەبـەدەر بە دوای منـداڵەکـانیانەوەن.. لە نـزیک و دوورەوە لەژێـر چـاودێری و ئاگـادارییان دان، ناتـوانن بەبێ پـرسی ئەوانیش هیچ بڕیارێک بدەن.

ئەمەش هۆکارێکی تری نەرێنییە بـۆ لاوازبوونی متمانە بەخـۆبوون و بۆ کەسایەتییان.
١٢ـ منـداڵەکـانتان فـێری وەرزش و مەلـەوانی بکـەن: کـە هـەردووکـیان دوو فـاکـتەری گـەورەن لە چانـدنی متمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن.. حەزیشیان لە چ یـارییەکە با ئـەو یارییە بکەن، بە تایبەتیش یاریی بە کۆمەڵ.. هەشیانە توانا و ئارەزووی نواندنیان هەیە رێییان لێ مەگـرن با لە تیپی شـانۆی قوتابخانەکـانیاندا بە شـداری بکـەن.. هەمـوو ئـەم یارییانە متمان بەخۆبوونێکی زیاتر بە منداڵانی بەهـرەمەنـد و ئارەزوومەنـد دەبەخشن.
ناشبـێت خۆتـان لێیان هـەڵـبقـورتێـنن، تا پێویست بەمە نەکـات.
١٣ـ هـانی منداڵەکـانتان بـدەن هـاوڕێی دڵسۆزی تازە بگرن: هاوڕێتی و پەیوەندیکردنی منداڵەکـانتان لەگـەڵ منـداڵانی هـاوتـەمەنی خۆیانـدا، لە گـۆشـەگیری و شـەرم رزگـاریان دەکەن و دەبنةە منـداڵانی کۆمـەڵایەتی.. متمانەشـیان بە خۆیـان زیاتر دەبێـت.

١٤ـ هەنـدێ ئـەرک و بەرپـرسـیارێتی بە منداڵەکـانتـان و بە قـوتابییەکـانتـان بسپـێرن: پێویستە دایکـان و باوکـان لـە ماڵـەوە، هـەنـدێ کـاری ساکـار و پـرس بـە منـداڵەکـانیان بسپـێرن، وەکوو: ئـاودانی رووکەکـانی باخچەکانتان یا رووەکەکـانی ناو گوڵـدانەکـانتـان، دانـانی قـاپ و پـەرداخ و کەوچـک و چەتـاڵ لەسەر خـوانی نانخـواردنتـان، سـڕینـەوەی سەر مێزەکانتان، هەڵگرتنی پیاڵە بە تاڵەکـانتان،…هـتد. لە قوتابخانەکانیشدا گـەلی بـوار هـەن، کە مامۆستاکان دەتوانن چەنـدین بەرپرسیارێتی بە قوتابییەکانیان بسپێرن، وەکوو هەر رۆژی قـوتابییەک بکەن بە چاودێری پۆلەکەیان، بە کۆمەڵ دەرکردنی پەخـشنامەی سەر دیوار، دانانی بەرنامەی گەشتی قوتابخانە. رازاندنەوەی قوتابخانەکـانیان بە بۆنەی رۆژی ئـاڵای کوردسـتانەوە، …هتد. هەمـوو ئـەم کـارانە، ئـەو هەسـتە ئـەرێنـییە لە لای منـداڵان دروست دەکـەن، کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـانیان خۆشـیان دەوێـن و بـە پێگەیـان خۆیـان هـەیە و متمانەیـان بە متمـانە بوونیـان و بە توانـاکـانیـان هـەیە.

١٥ـ وا مەکـەن لە هەمـوو کـار و بڕیـارێکـدا منداڵەکـانتان پشـت بە ئێـوە ببەسـتن: ئـەو کارانەی کە لە توانایانـدان کە بیان کەن، سەرپشکیان بکەن با خۆیان بڕیـاربدەن.. بەڵام پـرسێکی ئـەرێنـییە، گـەر پـرس بە ئێوەی دایکـان و باوکـان و مامۆسـتاکـانیان بکـەن و رای ئێـوە بـزانن و سـوود لە تێبـینی و رێنماییەکـانتان وەربگـرن.
١٦ـ وەڵامی هەمـوو پرسیارەکـانی منداڵەکانتان و قوتابییەکانتان بدەنەوە: منـداڵان بـەوە ناسراون کە زۆر دەپرسن دەربارەی ئەو شـتانەی لایان روون نیین و نایانزانن، هەنـدێ جـار پـرسیاری سەیـریش دەکـەن، کە بـە لای هەنـدێکمـانەوە بـە پـرسیاری بێ مانـایان دەزانین.. بەڵام پێویستە بە راستی و دروستی بێ خۆدزینەوە یا پێچ و پەنـادان، وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان بدەینەوە.. گەر نەمانزانین مۆڵـەتیان لێوەربگرن تا دەیانزانن و وەڵامی راستیان دەدەینەوە. پشتگوی خستنی پرسیارەکانیان متمانەیان پێمان نامێنێت.

١٧ـ فـێریان بکەن کە رووبەڕووی شکستییەکانیان ببنەوە: تێیان بگەیـەنـن لە ژیـانـدا سەرکەوتن و شکستی هـەیە.. بەڵام پێویستە بەسەر شکستییەکانـدا زاڵبن و کۆڵنەدەن،
لە رێی متمانە بەخۆبوون و تێکۆشانـدا، شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت و نەیاتەدی.
دەتـوانن ئەو جۆرە چیرۆکانەیان بۆ بخـوێننەوە کە متمانە بەخـۆبـوونیان پێـدەبەخـشن.
١٨ـ خۆشـەویستیی خۆتـان بۆ منداڵەکـانتان دەرببڕن: زۆر گرنگە کە رووبەڕوو پێیان بڵـێن ئێمە ئێوەمـان زۆر خۆشـدەوێت. باوەشـیان لێبدەن و ماچـیان بکەن و دەسـت بە سەریـانـدا بهـێنن.. بە گوڵەکەم و دڵەکەم ناویان بەرن.. بەمەش متمـانە بەخۆبـوونێکی زیـاتریـان پێـدەبەخـشن.
١٩ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن با ئۆخـەی لە منـداڵیی خۆیـان بکـەن: پێویسـتە ئـەوە لەبیر نەکەن کە منداڵەکان منداڵـن، بە چـاوی گەورەوەکـانەوە لێـیان مـەڕوانـن.. جیهانی پاکی منـداڵییان لێ تێک مەدەن.. با یاری بکەن.. پێکەنن.. هەڵبەزنەوە.. راکان.. زاق زورق بکەن.. هەموو ئەمانە لە خەسڵەتـە سروشتی و ئاساییەکـانی قـۆناغی منداڵـین.. ئـەوان خـاوەنی جیهانی سەیـر و سەمەرەی خۆیـانن.. جیهانێکی وەنەوشەیی پـڕ لە هـیوا و لە خەونی شیرین لە نیازی پاک.. جیهانێکی پـڕاوپـڕ لە پاکی و لە جوانی و لە بێ تـاوانی.

دایکـان و باوکـانی دلـۆڤـان، مامۆسـتا دڵسۆزەکـان: ئێـوە لـە هەمـوو کەسـێک زیـاتر لە منداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتانەوە نزیکن .. لە هەموو کەسێک باشتر دەیـان نـاسن..هەر ئێوە دەتوانن باشترین شێوازی پەروەردەیی و باشترین رێگای سەرکەوتنی منداڵەکانتان دیـاری بکـەن.. ئێـوە دەتـوانن بـڕوا و متمـانە بەخـۆبـوونێکی زیاتـریان پـێ ببەخـشن و زیاتر تواناکـانیان و ورەیـان بەرز بکەنەوە.. پشکی گەورەی شانـازی شایەنی ئێوەیە.
گـەلی کوردمان لە ئەمـڕۆدا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیی بەوە هـەیە کە نەوەیەکی پـەروەردە دروستی متمانە بەخـۆ پێ بگـەیـەنین.. چونکـە بە شـان و بـازووی منـداڵانی ئەمڕۆمـان داهـاتـوویـەکی گـەشـتر و شـایستەتـر بـۆ کـورد و کوردسـتان دێنـەدی.. ئـەو داهاتووە خوازراوەش تەنها لە رێی چاندنی متمانە بەخوبوون لە منداڵەکانی ئەمڕۆماندا دێتـەدی.. چـونکـە متمـانە بەخـۆبـوون گـرنگـترین بنەمـای هـێز و سەرکـەوتنـە.

لە (نـاپلـیۆن) یان پـرسی، تـۆ چـۆن متمـانە بەخـۆبـوون دەخـەیتـە دڵی سەربـازەکـانت و ورەیـان بـەرز دەکەیتەوە ؟ ناپلـیۆن بـەم شـێوازە وەڵامـی ئەو پرسیارەی دانـەوە، وتی:

” ئـەوەی وتی نـاتـوانـم.. پێـیم وت هـەوڵ بـدە. ئـەوەی وتی نـازانم.. پێـیم وت فـێربە. ئـەوەی وتی ئەسـتەمـە.. پێـیم وت تـاقـیکەرەوە”
دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان: بـۆ ئـەوەی کـە بـزانـن کە هـانـدان و چانـدنی متمـانە بەخۆبـوون لە منداڵانـدا، لە لایـەن ئێوەوەی دڵسۆزەوە، چەنـد گـرنگ و چارەنـووسازن، حـەزم کـرد بـە کـورتی چـیرۆکی ( تـۆمـاس ئەدیسـۆن و دایکـیتان ) بـۆ بگـێرمـەوە:
ئەدیسـۆن منداڵ بوو، خـرایە قوتابخانەی بنەڕەتی، تەنهـا پێـنج مـانگ بـوو کە لە پـۆلی یەکەمی بنەڕەتیـدا بـوو.. قوتابییەکی هـێمن بوو، بەڵام گـەلێ بیـرۆکەی بـەرز لە ناخـیدا بـوون.. مامۆستاکـانی و بەڕێـوەبەری قوتابخـانەکەی وا لـێی تێگـەیشـتن کە منـداڵـێکی زۆر گەمـژە و تەمـەڵە پووچـە.
رۆژێـک بەڕێوەبەرێیی قوتابخانەکەیان، نامەیەکی دایە دەستی ئەدیسدۆنی منداڵی پـۆلی یەکەم.. بەڕێـوەبەری قوتـابخانەکەی پێی وت: “ئـەم نـامـەیـە بـدە بە دەسـتی دایکـت”
ئەدیسۆن نامەکەی بە دایکی دا، دایکی کە نامـەکەی بینی زۆر دڵتەنگ بـوو چـاوەکـانی پڕبوون لە ئەسرین، بەڵام بەسەر خۆیدا زاڵبوو و نەیهـێشت فـرمێسکەکانی بچۆڕێنەوە.
بە دەنگـێکی بەرزیـش وا نامـەکـەی بـۆ ئەدیسـۆن خـوێنـدەوە:
“کـوڕەکـەت بـلـیـمـەتـە و.. قـوتـابخـانـەکـەمـان بـۆ ئـەو و بـۆ تـوانـاکـانی بچـووکـە، پێـویسـتە لـە مـاڵـەوە فـێری بکـەیـت”
سـالان تێـپەڕی، دایـکی ئـەدیـسـۆن کـۆچـی دوایـی کـرد.. ئـەدیـسـۆن بـوو بـەو کـەڵـە داهـێنەرە لە مێـژووی ئـادەمـیزاد دا.. سەرجەم مـرۆڤ قـەرزاری داهـێنەکـانی ئەوەن.
رۆژێکـیان ئەدیسـۆن دوڵابـی شتەکـانی دایـکی دەگـەڕا.. ئەو نامـەیەی دۆزییـەوە، کە ئـەو نامـەیە بـوو، کە بەڕێوەبـەری قوتابخانەکەی دایە دەستی و دای بە دەستی دایکی. بەڵام لە نامەکەدا، ئەوە نووسینە نەبوو کە دایکی بۆی خوێندەوە، بەڵکو لە نامـەکەدا ئـەم دەقـە نـووسرابـوو: ” کـوڕەکـەت زۆر گـەمـژەیـە.. لـە بەیـانیـیەوە نـاهـێڵـیـن پێی بـە قـوتـابخـانەکەمانـدا بکـات”
ئـەدیسـۆن زۆر گـریـا.. دوایـش لـە تێـنووسی (دەفـتەری) بیـرەوەرییەکـانیـدا نـووسی:
” ئەدیسـۆن منـداڵـێکی زۆر گەمـژەیە.. بەوای دایـکە نایـابەکـەیەوە بـوو بە بلیـمەت”
دایکـان و باوکـانی خۆشـەویست، مامۆســتا بەڕێـزەکـان: پەنـد و وانـە لـەم چـیرۆکەی ئەدیـسـۆن و دایکی وەربگـرن.. جگەرگۆشەکـانتان مەڕووخـێنن و.. بە هـیواخوازی و متمـانە بەخـۆبـوون و گـەشـبیـنی پـەروەردەیـان بکـەن و پێـان بگـەیـەنـن.

رەزا شوان
نـەرویـج : ١٤ی/ مای/ ٢٠١٩
(*) تێبینی: تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـد سایتێکی عـەرەبی وەرگـرتـوون.