کەرامەتڕێزان لە سایەی خیانەتدا … کاوە جەلال

خیانەت، کە ئێمە ڕەخنەییانە وەک فێنۆمێن پێوەی خەریک دەبین، هەمیشە خلیسکان، لەڕێدەرچوون یان ڕۆچوونی کەسی خیانەتکارە. کەس سێنسەکانی (حەواسەکانی) بە ناکۆکی بارگاوی بوون و گرژیون، کەواتە “هۆشی لای خۆ نەماوە” و بۆیە لەڕێی باو دەردەچێت: دەبێت بە خیانەتکار. بێگومان شێوەی دیکەی خیانەت هەن کە بۆ ئێمە بابەتی پێوەخەریکبوون نین، وەک: “ناچارکردن”ی کەسێک بۆ خیانەت، جا ئەوە بە تەعدای سێکسی بێت لە خۆی یان لە کەسێکی نزیکی و ئەوجا بۆ نموونە فیلمگرتنی کردارەکە، یان ڕزگارکردنی کەسێک و خانەوادەکەی بێت لە برسێتی، کە پاشان بۆ خیانەت ناچاربکرێن، و هتد.

بێگومان خیانەت شادیهێن نییە، بۆ نموونە وەک سیخوڕی نییە کە زۆر دەشێت بەهۆی ماسکگۆڕکێ و گرتنەبەری ڕێگەی دژوارەوە ڕەهەندی چێژبینین لە خۆ بگرێت، بەڵکو سەرەنجامی پەیوەندیی نێوکەسییە (ئینتەرپێرسۆنالە). ئەم پەیوەندییە وا دەکات کە کەس پشت بکاتە گرووپی (گەلی، نەتەوەی، دەستەی هەڤاڵانی) خۆی و بەرژەوەندییەکانی گرووپ بخاتە مەترسییەوە. لێ کەس لەم خلیسکانەیدا هەمیشە دەزانێت کە لە بەرچاوی هەر تاکێکی گرووپەکەی ڕسوا بووە، یان گەر خێڵەکی بێت و پێکەوە لەتەک خێڵەکەیدا خیانەتی کردبێت، دەزانێت لە بەر دیدی خێڵانی دیکەدا کێشی ئاکاریانەی دابەزیوە. بۆیە خیانەتکار ئارامی لێ دەبڕێت و بە ناسۆرەوە ژیانی “بەڕێ دەکات”، لێ هەستکردنی بە خۆی وەک ڕسوابوو لەنێو گرووپدا پتر ترس لە ناخیدا دەهێنێتە گۆڕێ و بۆیە پڕبوغز و ڕقاوی لە هەر جووڵەیەکی کردارنوێنانی نێو ژینگەی خۆی دەڕوانێت. ئاخر خیانەتکار ڕابوردووی خۆی دۆڕاندووە: ڕۆژەکانی پێکەوەژیانی ڕاستگۆ و ڕاشکاوانە، داڵدەدراویی خۆی لەنێو ئەواندا کە مایەی ئارامیی دەروونی بوو، ئەوجا پێکەنین و گۆلمزی پڕسۆزی هەڤاڵانە، قاقای پێکەنینەکان بۆ یەکدی و لەنێو یەکیدیدا، و هتد، ئەمانە و زۆری دی پێکڕا وەک شەوە بەسەر سەری خیانەتکارەوە زیتدەبنەوە – بۆ هەر کوێ بڕوات، ئەو جۆرە ڕەوشانە لەم لا یان لەو لاوە سەردەردێننەوە. خیانەتکار نەبەختیارترین کەسی نێو گرووپەکەیەتی.

بێگومان پاڵهێزەکانی خیانەت فرەشێوەن. بۆ نموونە دەشێت چەند کەسێک پلانی پرۆژەیەک دابنێن، هاوکات ئاگامەندانە کەسێکی نزیکیان، کە ویستوویەتی بەشدار بێت، لەو پرۆژەیە وەدەربنێن، ئەوجا کەسی وەدەرنراو لە هۆکارەکەی نەهزرێت یان خودی خۆی بۆ هۆی وەدەرنانی وەک کێشەیەک وەرنەگرێت، بەڵکو بەهۆی ئەو کردارەوە ڕقی لێیان هەستێت و هەوڵ بدات تۆڵەیان لێ بکاتەوە. لێ خیانەت هەروەها دەشێت سەرەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵە کەسانی ئەوتۆ بێت کە دەردی مەزنی یان هیچ نەبێت دەردی دەسەڵات ناخی تەنیون، ئەوجا بە ڕق و خواستی تۆڵە تەنراون، لێ هەروەها دەشێت سەرەنجامی سوێبوونەوەی کەسان بێت بۆ کەشخەیەتی و ڕابواردن و دەرکەوتن.

خیانەت لە ڕەوشی یەکەمدا، لای کەسی شکێنراو یان وەرنەگیراو، شێوەیەکی زۆر بڵاوی خیانەتە لەنێو سەرجەم مرۆڤایەتیدا، بۆ نموونە ئێفیالتێس کە خیانەتی لە گریکەکان کرد، کاتێک کەوتبوونە شەڕەوە لەدژی فارسەکان. لیۆنیداس ی پاشای سپارتا ئەوی لە سووپاکەیدا وەک جەنگاوەر وەرنەگرت، چونکە معەوەق بوو، ئەویش لە تۆڵەی ئەو شکاندنەی کەرامەتیدا خیانەتی لە گەلی خۆی کرد (بڕوانە فیلمی “300”).

لێ خیانەت وەک سەرەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵە کەسان بەڕاستی جێی سەرنجە. مەسەلەکە لەم ڕەوشەدا تەنیا ئەوە نییە کە ئەم یان ئەو سیاسەتباز، ئەم یان ئەو بازرگان و هتد، بەهۆی ڕقیانەوە لە یەکدی دادەزنێن، کە ئیدی تەنانەت کەرامەتیان دەخەنە ژێر پێی خۆیان و دەشێت تەسلیمی ویستی بێگانە ببن، بەڵکو خودی ڕووداوەکە لەوە قووڵترە. لە بنەڕەتدا مرۆڤ سەرەتا کەرامەتی لە پەیوەندییە نێوکەسییەکانی نێو ژینگەی خۆیدا لەدەستدەدات، چونکە حەواسەکانی لەو پەیوەندییە نێویەکییانەوە بە ڕق و خواستی تۆڵە بارگاوی بوون، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئامادە نییە کۆڵ بدات، بەڵکو بە پێچەوانەوە گوڕدەبەستێتەوە (“هەڵدێت بۆ هەمەدان”، “ڕێگە بۆ سوپای بێگانە دەکاتەوە بێتە نێو شارەکەیەوە”)، ئەوا ڕق و بوغز و خواستی تۆڵە هەمیشە پتر لە توانای دەخەن ژینگەی خۆی بە دروستی دەرکبکات. جگە لەوە خیانەتکار، کە ئێستا خزاوتە نێو دۆخێکی ڕقاوییەوە، پێناسەی کەرامەتی گرێ دەدات بە دەرچوونییەوە لەو دۆخە تەنگە، کە ئاشکرایە ئەویش پێناسەیەکی تەنگکراوە و جیاوازە لەو پێناسەیەی کەرامەت کە کەس لەنێو پەیوەندییە پڕخۆشەویستییە نێویەکییەکاندا بە ڕەوای خۆی دەزانێت. بەم شێوەیە ڕوودەدات، کە کەسان لە تەنگانەدا تەواو سڵەمیوە و شڵەژاو لە ڕقی “ئەوانی دوژمن” بخزێن بۆ خیانەتکردن لە یەکدی، کە دەشێت هاوکات خیانەتکردن بێت لە بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گرووپ.

لێ هێشتا هەر پەیوەند بە فێنۆمێنی خیانەتەوە، وەک سەرەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵە کەسان، نەمانتوانیوە ڕووەکانی بەڕۆشنی دیاربهێنین. ئێمە گەرەکە بۆ ئەم کێشەیە هەروەها لایەنی مێژوویی-کولتووری ڕەچاو بکەین. بۆ نموونە گەر گەلێک “نەیتوانیبێت” لە پەیوەندییەکانی خۆی بە گەلانی دراوسێیەوە هاوشێوەی ئەوان پێبگات، واتا ئەویش دەوڵەت دابمەزرێنێت، یان وەک گەلێکی دراوسێ کتێبێکی پیرۆز بە زمانێکی ئەدەبیی هۆشسووڕهێن بنووسێت، بەوەش زمانێکی دەوڵەمەند ئاوەڵا بکات و ببێت بە خاوەنی فەلسەفە، پزیشکی و جەبر و هتد، بەڵکو بە تەنیشت و لەژێر ئەوانەوە هەناسەی دابێت، یان بە واقی وڕماوەوە ڕووی لە شار و مەرقەدی ئەوان کردبێت، ئەوا نەشیاو نییە کە لە لایەن یەکێک لەو گەلانەوە، یان لە لایەن هەموویانەوە، دوای سەرهەڵدانی نەتەوەگەرایی داخراویان لە گشت لاوە سنووری بۆ دابنێن، ئەویش بچووکی خۆی قبووڵ بکات و هەردەم بەهۆی ناکۆکییە نێویەکییەکانەوە بخزێتە نێو باوەشی ئەم یان ئەویانەوە – بەڵێ تەنانەت دەشێت کلتووریانە ڕسوای بکەن، هاوشێوەی ئەو کوڕە کە دەیەوێت بۆ هەندەران کۆچ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە “پایتەختی کولتووریی وڵاتەکەیەوە” دەکەوێتە ڕێ و بەنێو وڵاتی ئێراندا تێدەپەڕێت:

کوڕەی بێکولتوور لە لایەن پاسەوانانی ئەو وڵاتەوە دەگیرێت، ئەوجا دوای ماوەیەک وەک جگەرەکێش خواستی بۆ “کێشان”ی جگەرە دەبزوێت، بۆ ئەوەش تکا لە پاسەوانێکی وڵاتەکە دەکات کە ڕێی پێ بدات “جگەرەیەک بخوات”! ئێستاش کابرای پاسەوان سەرجەم باڵادەستیی کولتووریانەی خۆی بەسەردا دەتەقێنێتەوە و بە زمانی خۆشویستووی خۆی ڕووی دەمی تێدەکات: “جگەرە دەخۆیت؟ فەرموو!” – جگەرەیەک لە پاکەتەی دەردێنێت و بەزۆر دەیخاتە نێو دەمییەوە، ئەوجا سەروەرانە بەسەریدا دەنەڕێنێت: “بخۆ! بخۆ! بخۆ!”. جگەرەکە لەنێو دەمیدا ورد و خاش دەکات. لێ هەرچۆنێک بێت لە کۆتایدا، دوای شکاندنی کەرامەتی کوڕەی کۆچکردوو، پاسەوان هەستی مرۆڤانەی زاڵ دەبێت و جگەرەکەی پێ دەرخوارد نادات.

ئاستنزمیی کولتووری، یان تەنانەت بێکولتووری، لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا لە ڕێچکەی سانای خۆی دەردەچێت، بەڵێ دەشێت ببێت بە مایەی داوەشانی ڕەفتاری هۆشمەندانە و زمان، کە سوننەگەرایانە لە دێرزەمانەوە گەیەنراون، لێ هاوکات هەردووکیان ئاستەنگی سەختن لە بەردەم خیانەتدا. ئاخر ئاگابوون لە خۆ و خۆیەتی، کەس ناچار دەکات خۆی نەک تەنیا بە ڕەفتارییەوە، بەڵکو هاوکات بە دەربڕینەکانییەوە خەریک بکات، ئەوەش کەسی ئاگا لە خۆ بوو ستوونیانە ڕادەگرێت. لێ بە پێچەوانەوە گرژبوونی سێنسەکان و ژێرکەوتنی هۆش، کەس دەچەمێننەوە، بەڵێ وای لێ دەکەن لە بێکولتووریدا خۆی بەرانبەر بێگانان بە بچووک ببینێت، لێرەشدا بە تایبەتی گەر بێگانان لە دێرزەمانەوە “گەورە و خاوەنی گەلەکەی بووبن” (جەمیل سائیب)، کە ئیدی جەنگێک لەنێو دەروونی گرژبۆوەی کەسدا هەڵدەگیرسێت – لەدژی “دوژمنەکانی”، لەدژی سەرجەمی گرووپەکەی.

لێ لەبەر ئەوەی خیانەت کێشەیەکە بۆ سەرجەم گرووپ و ئایندەی، ئەوا گەر گرووپ سەرجەمییانە سزای خیانەتکاران نەدات، بۆ نموونە گەر لایەنی کەم حاشایان لێ نەکات، ئیدی مەترسییەک دێتە گۆڕێ کە خیانەت لەوە بەدووا وەک ڕووداوێکی ئاسایی دەرکبکرێت، بەڵی خیانەتکردن لە گەل و وڵاتی خۆ تەنانەت ببێت بە دیاردەیەکی ئاسایی. کەواتە خیانەت ڕەهەندی لێژیی لەخۆدەگرێت: خیانەتکاران هێندە خیانەت لە یەکدی و بەوەش لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی گرووپی خۆیان دەکەن، ئیدی سیواییان دەبێتەوە، کە ئیدی دەبن بە مەدرەسە بۆ نەوەکانیان، ئەوجا پێکڕا، باوکان و کوڕان، دەبن بە مەدرەسە بۆ کەسانی خۆ گرێداو بە ئەوانەوە و هتد. بەڵێ ئیدی هەمیشە پتر چڵێسانی تەمەڵ دەکەونە کلەکەلەقێ – چڵێسان کە لە وڵاتی تەنگ و داخراویاندا ئارامیان لێ بڕاوە بۆ دەرکەوتن و چێژبینین! سوێیان بۆتەوە بۆ چاوێکی ئەرێنیدەر، بۆ نیگای کیژێک! یان بۆ خواردنی بەردەوامی “چێشتی چەور تێر بە دڵی خۆ”، کە ئاشکرایە بەهۆی چڵێسییانەوە “نایخۆن”، بەڵکو بەدەم قاقای پێکەنینی نێویەکییەوە قوزەڵقورتی دەکەن. ئەی وڵات؟ نیشتمان؟ ئایندەی زارۆکان؟ ئەمانە پێکڕا قسەی قۆڕن! پیاو ئەو پیاوەیە “ئەمڕۆ”، تەنیا “ئەمڕۆ” کەم یان زۆر لەو کێکە بخوات کە لە نێواندا ڕەخساوە. ئیدی ئەوە هیچ گرنگ نییە کە خیانەتکاران بەسەریانەوە زیت ببەنەوە یان دوژمنانی دەرەکی ببنەوە بە سەروەریان. نەخێر، تەنانەت ئامادەن بە سەری شۆڕەوە لەبەر کوڕ و کاڵی خائینان هەڵبستن و دوای دانیشتنی ئەوان بە شەرمەوە دابنیشن. لێ گەر پرسی کەرامەتیان بەرەنگار بکرێتەوە، ئامادەن بە گوللە ناو دەمی ئەو کەسە سوور بکەن.

وەک گۆتمان، خیانەت خلیسکانە، خیانەتکاریش نابەختیارترین کەسی نێو گرووپەکەیەتی. لێ خیانەتکار بەگوێرەی دیالێکتیکی خیانەت (ئاخر ئەو لە ڕەوتی ژیانی گرووپ دەرچووە)، ناچارە بە هەر شێوەیەک بێت “وەڵامێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە”، “پاساوێک”، لێرەشدا لەبەر ئەوەی خیانەتەکەی لە ناچارییەوە نەهاتووە و بتوانێت ڕوونی بکاتەوە، بەڵکو خلیسکانێکی ترسنۆکانەیە لە ناکۆکییەکانی دەسەڵاتەوە، ئەوا کەرامەتی لەدەستداوە. بێگومان ئاشکرایە ئەو ناتوانێت وەک بێکەرامەت کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، بەڵکو هانا بۆ درۆ دەبات. کەواتە ئەو نەک تەنیا بووە خیانەتکار، بەڵکو هەروەها دەبێت بە درۆزن. ئەوجا ئایا چی لەوە ئاسانترە، کە خیانەتکار لەم بەدڕەوشەدا، ڕەنگە لە دابی باب و باپیرانییەوە، دەستکەلایەک بۆ ڕەوایەتیدان بە خیانەتەکانی وەربگرێت و هاوشێوەی ئەوان ببێژێت: “وشە هەوای دەرچووی نێو زارە”؟ کەواتە وشە پووچە. کەواتە: بە ئارەزووی خۆت بئاخڤێ! ئاخافتن بەدەرە لە بەرپرسیاریی ئەخلاقی!

زمان! ئەم بارە قورسەی سەرجەم مرۆڤێتی کە زۆر جار بەهۆیەوە دۆش دادەمێنێت! زمان، ئەم تاکە دەسوێژەی باڵاترین شێوەی پەیڤینی مرۆڤ، واتا هۆزان (شیعر)، کە تێیدا دەشێت پەیڤیو خۆی تەنانەت بە خودایەتییەکی پێشبینیکراوەوە، بە دادێکی مێتافیزیکییەوە، گرێ بدات! کەواتە زمان، ئەم دژوارییە کە خودی پەیڤە و وەک ئاخافتن هەمیشە ڕەوتگرتووە، خیانەتکار بۆ خۆی، بە ئارەزووی خۆی، پێناسەی دەکاتەوە و لەپاڵ گوللەدا وەک دەستکەلای ڕەوایەتیدان بەگەڕی دەخات! لێ بەدتر لەم بەدڕەوشە ئەوەیە، گەر هاتوو پێناسەکردنەوەی زمانی لێ وەربگیرێت! بەڵێ قەومەکە لێی وەردەگرێت، لێ هەروەها و بە تایبەتی تەمەڵانی قەومەکە کە خۆیان بە پرسە هۆشەکی و کولتوورییەکانەوە خەریک دەکەن، دێن بە هانای خیانەتکارانەوە – ئاخر لەبەر ئەوەی تەمەڵن، نایانەوێت سەربەرزانە کاربکەن و گوزەرانیان مسۆگەر بکەن، بەڵکو لە ناخەوە سوێیان بۆتەوە بۆ کەشخەیەتی و چاوی ئەرێنیدەر، کە ئیدی خۆیان بە ملکەچی لە دەرکی ماڵی خیانەتکار دەدەن، ئەویش بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی پارەیان بۆ هەڵدەڕێژێت. کەواتە ئێمە بەڕاستی دوو هۆکارمان هەن بۆ ئەوە کە خیانەت لایەنی کەم لە سەردەمدا بۆ خیانەتکاران بچێتەسەر، لێ هەردووکیان ڕیشەیان لەنێو سوننەگەراییدا داکوتیوە.

کێشەیەکی کرۆکی لەوەدا کە خیانەت نابێت بە پرسی فرەشێوەی شرۆڤەیی، یان بە هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و بەدەر لە چەنەبازیی سیاسی سەبارەت بە ئاشتبوونەوە و چێکردنی تەبایی (ئاخر خیانەت لێبوردنی نییە)، بریتییە لە سوننەگەرایی خەڵک، کە ڕیشەی لە ئایندا داکوتیوە. تا ئەمڕۆ ئەم سوننەگەراییە، واتا بەرهەمهێنانەوەی هەر بنەما و ڕەفتارێکی چەسپێنراو، لە دابی فەقێیەتی و مەلایەتییەوە، لە شێخایەتیی خۆ بە نەوەی پەیامهێن دانەرەوە، تا دەگات بە مامۆستایانی فێرگە و زانکۆ و “بەناو” ڕۆشنبیران، “بەزۆریی” باڵادەستە – کەواتە سەرباری سەرهەڵدانی شیوەهزرینی کەم یان زۆر ڕەخنەیی.

بەگشتی کێشەی کەسێتیی سوننەتی ئەوەیە کە ئەو ناتوانێت لە ژینجیهانی خۆیەوە دەربچێت، کە ئاشکرایە ئەو سەرەتا خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەوجا هزرینی خۆمەبەستانە لە پەیوەندیدا بەو ژینجیهانەوە ئاوەڵا بکات، بەڵکو وەک ڕاهێنراوێک، خۆشەکراوێک، قایلە بە پێناسە تەواوکراوەکان لە کتێبدا یان لە ڕەفتاری پێناسەکراوی سوننەتیدا، کە ئیدی وەک ئەو کەسێتییە گوێرایەڵە بە ئاقڵانە وەریاندەگرێت. جگە لەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە نەریتە دێرینەکەی پێڵاوجووتکردن بۆ “سەرداران” سەر بە سوننەگەراییە و وەک میرات لە باب و باپیرانەوە گەیەنراوە. بەم شێوەیە کەسێتیی سوننەگەرا بەلای خیانەتدا ڕەت دەبێت، ئەوە گەر تەنانەت خۆی وەک بێکەرامەتان نەخاتە ژێر ڕکێفی خیانەتکارانەوە، بەڵکو کەسێتییەکی نیازباشی هەبێت و پڕ داخ و کەسەر بێت لە سەرەنجامەکانی خیانەت. بەڵێ کەسێتیی سوننەگەرا سەرەڕای ئەوە هێشتا هەر وەک داماوێک دەست بە کڵاوی خۆیەوە دەگرێت و خۆی دەڕەنجێنێت تاکو ئایندەی زارۆکانی مسۆگەر بکات. کەواتە ئاشکرایە لەم جهیانبینییەوە، ئەوجا لە وڵاتێکی پڕ لە جاش و موستەشاردا، زەمینەی ریال بۆ هەر خیانەتکارێک لەگۆڕێیە بۆ ئەوەی نەک تەنیا ماف بە خۆی بدات لەنێو گرووپدا بەبێ گرفت بژی (کە لە بنەڕەتدا وەک خیانەتکار ئەو مافەی لەدەستداوە)، بەڵکو تەنانەت وەک دەسەڵاتدار بەسەر خەڵک و وڵاتەوە زیتببێتەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا کودەتایەکە کە گەر لە مێژووی سەرجەم مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی هەبێت، ئەوا بەبێ گومان یەکجار دەگمەنە!

لێ هاوکات ئەوە هەر سوننەگەرایە کە بە شێوەی هزری و ئەدەبی و میدیایی و هتد وەک داکۆکیکاری خیانەت کارا دەبێت. گرنگترین خزمەتی چالاکانی هۆشەکی بۆ سەروەرانیان ئەوەیە کە ئەوان بە هێزی زمان هەر خیانەتێکی ڕابوردووی ئەوان وەردەگۆڕن بۆ کرداری مەزن، بەڵی وەک سەرەنجامی هۆشی حەکیم ی ئەوان ڕاڤەیان دەکەن. ئەوان دەبن بە هۆنەری داستان. لێ گەر هۆنەرانی داستان لۆگیکییانە ئەدگاری خیانەتیان بۆ بسەلمێنرێت، بەوەش بەڕوونی پێشانیان بدرێت کە داستان ناتوانێت خیانەت پەردەپۆش بکات، ئەوا وەک بەگیرهێنراو یەکسەر میلی چەک دەهێننەوە، لێ گەر ترسیان لە هەر شێوەیەکی چاوسوورکردنەوەی بێگانانی باڵادەست هەبێت (ئاخر ئەوان و سەروەرانیان تەنیا لە بێگانەکان دەترسن)، ئەوا سەرلەنوێ هێزی زمان بەگەڕدەخەنەوە و خیانەت دەکەن بە کرداری ناچارەکی. ئاخر وشە پووچە، کەواتە زمان هێندەی بەسە کە سووک و ئاسان ببێژێت “ئەوە ناچارەکی بوو”، ئەوجا هەر زمان خۆی، بەدووی خۆڕاگەیاندنیدا، ڕەوانبێژانە پاساو بۆ خۆڕاگەیاندنەکە بهۆنێتەوە و داکۆکیی لێ بکات: “تەنیا لەبەر ئەوەی هەوڵی لەناوبردنیان دراوە، ئیدی ئەوان ناچار بوون بۆ خاتری خۆهێشتنەوە هانا بۆ بێگانان بەرن. ئاخر کێ ڕێ دەدات لەناوببرێت؟ بەڵی تەنیا بەو هۆیەوە بوو کە سەربڵندان هاوکاریی بێگانانیان کرد. ئەوجا ئەوە هیچ ڕاست نییە کە ئەوان پێش سوپای بێگانە کەوتوون و تەنانەت لە وڵاتی بێگاناندا هاوزمانی خۆیان کوشتووە! ئەوە هەمووی درۆی خائینەکانی ئەوبەرە!” تەواو. ڕاستی گۆترا.

هەروەها ئەوە هەر سوننەگەراییە کە لەسەر هەمان دابی باو وەک بەرهەمهێنەری سەرەکی ی نووسین کارا دەبێت، کەواتە لەم کتێب و لەو کتێب داڕشتنی جیاواز وەردەگرێت، کۆیاندەکاتەوە و دەیانکاتەوە بە کتێب، ئەوجا کتێبەکانی فڕێ دەدات بۆ نێو بازاڕ و خوێندنگە و زانکۆکان. هەرچی دەکرێت با بکرێت، بەڵێ ئەوە هیچ گرنگ نییە کە کتێبانی خوێندنگەکان (نەک فێرگەکان!) بە هەڵەی ڕێزمانی و لۆگیکی و تایپەوە بدرێن بە زارۆکان و گەنجان، بەڵکو گرنگ ئەوەیە نابێت گوێ لە فەلسەفەی زمان و لۆگیک بگیرێت (باوەجو سوننەگەرا بێگوێیەکی کەموێنەیە)، چونکە هەردووکیان هۆش کرۆک-بین و زار کەمدووی کرۆک-دەربڕ دەکەن، بۆیە پڕمەترسین، ئەوەش نەک تەنیا بۆ خیانەتکاران کە وشە تەنیا وەک پووچ وەردەگرن، بەڵکو هەروەها بۆ بنووسانی سوننەگەرای نێو بوارەکانی هۆش، چونکە لۆگیک ڕەوانبێژی لەکاردەخات و بەوەش دەرفەتی هۆنینەوەی داستانەکان ناهێڵێت. بەڵێ لۆگیک دەیسەلمێنێت کە نەمرەکان لەمێژە مردوون، چونکە کارەکتەری “پاڵەوان”یان نەبوو کە بییان کات بە نەمر.

هەموو کۆمەڵێکی ئێتنی، گەلێک، نەتەوەیەک، بەهۆی پرسی خۆهێشتنەوە و زارۆکانییەوە هەمیشە ڕەهەندی ئایندەی لە خۆ گرتووە. کەواتە مەسەلەکە ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ئایندەیە، کە ئاشکرایە ئایندەی زارۆکانە وەک پێکهێنەری هەر نەوەیەکی ئایندەیی. هەر ئەم هەقیقەتەیە کە هەر تاکێکی کۆمەڵەکە دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریی ئەخلاقی. ئاشکرایە مرۆ لە پەیوەندیی تەنراو بە خیانەتدا بەرپرسیاری وەردەگرێت، گەر ڕاستەوخۆ هەڵوێستی خۆی بەرانبەر خیانەتکاران و داکۆکیکارانی خیانەت دیاریبکات. کەواتە پرسیارەکە لە ڕووی مۆرالییەوە ئەوەیە کە داخۆ گۆشەگیری لە پەیوەندیی بەو شێوەیەدا گونجاو بێت، ئەوجا داخۆ گۆشەگیری بە هەر شێوەیەک شیاو بێت! ئاخر کرۆکی پرسیارەکە لەم ڕووە مۆرالییەوە ئەوەیە کە داخۆ ویژدان لە گۆشەگیریدا ئارام بێت یان داخۆ ویژدان تەنیا لە خۆساغکردنەوەی کەسدا بۆ بەرەی دژبەری خیانەت بتوانێت بە ئارامیی ناخەکی بگات.

تەنیا بەم شێوەیە ئاستەنگ لە بەردەم داکۆکیکارانی خیانەتدا چێدەکرێت، کە ئیدی زاری وشەبێژیان ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی داستان بۆ خیانەتکاران بهۆنێتەوە. بێگومان گەرەکە لێرەدا جەخت لەوە بکەین، کە ئەوان هەرگیز چە لە ڕابوردوو و چە لە ئەمڕۆدا نەیانتوانیوە سەروەری وەربگرن، ئەوەش لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە (با تەنیا بۆ خاتری دابینکردنی دەرچەیەک خانی وەربگرین). لێ هاوکات گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوەش بدەین، کە ئەوان پێیان کراوە و دەکرێت کایەی هۆشەکی و کولتوور بشێوێنن، بەوەش سەر لە نەوەی دەرکەوتووی نوێ بشێوێنن، بەڵێ لەخشتەیان بەرن.




زەبروزەنگ، وەک سەرچاوەی ئابووری … نووسینی: پرۆفیسۆر هێرفرید میونکلەر

5 هۆکار، لەبەرچی جەنگەکان، چیتر بە دروستی کۆتاییان نایەت.
… و. هەڵۆ بەرزنجەیی

لە مێژووی ئەوروپادا، سەدەی 19، بە قۆناخی ئاشتی دادەنرێت. سەردەمی نێوان کۆنگرەی ڤییەنا و جەنگی جیهانی یەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجداربوون.
کاتی خۆی زنجیرەیەک شەڕ لە ئەوروپا ڕوویانداوە، وەک شەڕی کریم/ قریم،یاخود شەڕی یەکگرتنەوەی ئیتالیا یان ئەڵمانیا. چ لە ڕووی کات و چ لە ڕووی شوێنەوە شەڕی سنوورداربوون و زۆربەی کات بە جەنگێکی یەکلاکەرەوە کۆتاییان پێهاتووە. پاشان ئاشتی بەستراوە. بە نزیکەیی هەمیشە شەڕەکان چەند مانگێکیان خایاندووە. پەلاماری سیستەمی کۆمەڵگایان نەداوە، بەڵکو لەگۆڕینی سنووری سیاسی دا، بە سنووردارکراوی ماونەتەوە.
شەڕ لە ڕووی کات و شوێنەوە بەیاسا ڕێکخراوە، دەتوانێ بەئاشکرا خۆی ببەستێتەوە بە بیرۆکەی ئاشتی درێژخایەنەوە. ئەوە شتێکی جیاوازە هەر هێندەی شەڕەکان زیاتر بخایەنن، نەتوانرێ بە ناوچەیی بکرێن و هەروەها بەپێی ڕێنمایینەکردنی ستراتیژێکی چۆک پێدادان و تێکشکان ببرێن بەڕێوە، بەڵکو ببنە شەڕێکی ماندووکەر و شەکەتئامێز.
لە شەڕی 30 ساڵەی 1648-1618، دا ئەوە وابوو، دواتر سەرلەنوێ لە هەردوو جەنگی جیهانی سەدەی 20 دا . لە کۆتایی هاتنیان دا مرۆ گەیشتە دەرئەنجامێک، پێویستە شەڕ لە ئامڕازەکانی سیاسەت دا بسڕێتەوە.
1648و 1815 لە ئاشتی ڤێستفێلیشە/ Westfälischen Frieden *،(ناوی ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئەڵمانیایە و ئاشتی تێدابەستراوە. و). لە کۆنگرەی ڤییەنناش، مرۆ هەر بەوە ڕەزامەندی خۆی دەربڕی، یاسا و ڕێسایەک بۆ شەڕ دابنێ و تێیدا لە ڕووی شوێن و کاتەوە، مشووری شەڕ سنوردارکردن بخوات. چارەسەریش بۆ ئەمە، مۆنۆپۆلی دەوڵەت بوو، لەسەر مافی جەنگ. مرۆ شەڕی ڕووبەڕووی ئاوەزی دەسەڵاتدارەکان کردەوە، لەسەر ئەو باوەڕو متمانەیەی، ئەوان بەو پێیە ، پارێزی دەکەن و زاڵدەبن بەسەر هەژماری ـ تێچووی ـ قازانج دا.
ئەم متمانە پێکردنە ساڵی 1918 و 1945 نەما. هەنووکە مرۆ گەرەکێتی شەڕ بەتەواوی بەرەو نەمان بەرێ. بۆ ئەمە مرۆ پێویستی بەدەسەڵاتێکە، لە مشوری ئەوەدا بێت، هەرکەسێ بە پێچەوانەوە مامەڵە لەتەک قەدەغەکردنی شەڕدا بکات، هیچ قانجێکی لێوە بەدەست نەهێنێ.
ئەمما نە کۆمەڵەی گەلان و نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نەبوون بەو دەزگا و شێوە هێزە. هەروەها هێزە گەورەکان، تەنها کاتێ دژی ئاشتی تێکدەران دەجوڵێنەوە، لەو کاتانەدا کە لەبەرژەوەندی ڕاستەوخۆی خۆیاندا بێت. هەر لەم ڕووەوە، ئەوە پێش چەند ساڵێ هێنرایە پێشەوە، “بەرپرسیارێتی بۆ پاراستن”،responsibility to protect، هیچی نەگۆڕی: لە بنچینەدا، هیچ کەس دەرک پێ ناکرێ، ئامادەبێ داواکاری کۆتایی پێهێنانی شەڕ جێبەجێ بکات، یاخود لە توانایدا بێت. مرۆ خۆی، بە داواکارییەکانی لە لایەنەکانی شەڕ ڕازی دەکات، ئەوانەی کە توانای گرتنە ئەستۆی هیچ ئاکامێکیان نییە.
بەڵام بۆچی ئەم ئاوەزمەندییە، هانا نابات بۆ هەڵسەندگاندنی عەقلانێتی، کە بنچینەی سنوورداکردنی ڕژێمی شەڕەکانی پێشوو بوو. کە زۆربەی کات، لە پەرۆشی ئەوەدا بوو، جەنگ کۆتایی بێت، کاتێک کە سوود و قازانجی مەعقول، زیانی چاوەڕوانکراو تێدەپەڕێنێ؟.
هێشتا هەر لەهەندێ ناوچەی جیهاندا سەروکارمان لەتەک شەڕدا هەیە. تێیاندا، زیان دووری و دووری دەبەزێ، بۆ نموونە لەو شەڕەی ٤ دەیەیە لە ئەفریقا و لە شەڕەکانی ناوەوەی ئەفغانستان و دەوروبەریدا و لە شەڕەکانی دوای بەهاری عەرەبی هەڵگیرساون. هەموو ئەم هەرا و کێشانە، بەوە جیادەکرێنەوە، کە بەهیچ شێوەیەک یاخود پەراوێزئاسا بەشەڕی دەوڵەتان دادەنرێن. بەڵکو لە گەوهەردا بەشەڕی ناوخۆ دادەنرێن، کە بەپێی ئەقلانێتیکی تر یەکلایی دەکرێنەوە .
ئاکامی دوا ئاڕاستەکاری ئامێرێتی،یەکەم ڕەهەندی ئێکسیستەنسیل/ وجودی دابەدەستەوە،کە هەرجۆرە پێکهاتنێکی/ کۆمپرۆمیسێکیCompromise مەحاڵ کرد. کلیلی ئاشتی لەسەر کۆمپرۆمیس وەستاوە، تەنانەت گەر سەرکەوتوو و دۆڕاوی ئاشکراش هەبن. لەهەر جێییەک حاڵەتەکە ئەمە نەبێت، کلیلی ئاشتی خۆی تەنیا لە ئاگربەست دا نیشان دەدات. ئەوە وەڵامی دووەمی پرسیارەکەیە، بۆچی شەڕەکانی ئێستا، کۆتاییان نایەت: ئەو ڕژێمە دوانەییانەیbinarity. دوای ڕێسای ڤیستڤێلیشەی ساڵی ١٦٤٨ پەرەیان سەند، سنوورێکی توندیان ڕاکێشا لەنێوان شەڕی دەوڵەت و شەڕی ناوخۆدا، ئیدی کار ناکات. بەردەوام زۆر جار هەردوو شێوەکە تێکەڵ یەکتر دەبن. شەڕەکان وەک شەڕی ناوخۆ دەست پێدەکەن، کەچی لەناکاو دەوڵەتەکانی دەوروبەر ڕۆڵی گرنگی تێدا دەگێرن.
بەم شێوەیە جەنگی سەروونەتەوە دەخولقێ، تێیدا تێکەڵکردنێکی هەراکان لەنێوان کۆمەڵگا و نێو دەوڵەتەکان دا دەکرێ. شەڕەکان بەو جۆرە ئالۆز دەکرێن، کە ناتوانرێت چیدیکە لەڕێگای کلیلی ئاشتی ئاسییەوە کۆتاییان بێت: کاتێکی زۆر دەخایەنێ لە پرۆسەی ئاشتی دا.
لەدوای کۆتایی جیاکردنەوەی ئاشکرای نێوان شەڕی دەوڵەتان و شەڕی ناوخۆیی، شەڕی ئابووریی بە ئاشکرا جێی گرتۆتەوە. لە شەڕی داخراوی ئابووریدا، هەر ئەو کەرەسانە لەبەردەستدان، لە چوارچێوەی ئەو ڕووبەرەی لایەنەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. گەر ئەوانە/ کەرەسەکان تەواو بن، شەڕەکانیش کۆتاییان دێت. کلاوزەڤیز Clausewitzئەمە ناودەبات بە “دامرکانەوەی بورکان”.
لەشەڕی ئابووری ئاشکرا و کراوەدا، بەردەوام پارە و چەکی بەلێشاو لەبەر دەڕوات، زەخیرە و شەڕکەران، لەناوچەکانی جەنگ. لەسەردەمی کەناڵە سێبەرەکانی گلۆبالیزم دا، کاری قەدەغەکردن و ئابڵووقەی چەک زۆر بەکەمی سەرکەوتوو بووە. ئەوە بەگشتی لە شەڕی نوێنەرایەتی رۆژهەڵات ـ رۆژئاودا وا بوو لەوەتەی تەواوبوون قەبارەیەکیان بەدەستهێنا. لەو میانەدا هاوکارییە دەرەکییەکان خۆیان فراوانتر کردووە. بەو پێیە لایەنی بکەر/ ئاکتۆری زیاتر وەک هێزی پشتیوانی دەرەکی دەردەکەون. هاوشانی ئەمەش ژمارەی لایەنەکانی شەڕی ناوخۆ زیاد دەکەن. ئەمەش وەڵامی سێیەمە.
ڕەنگە گرنگترین هۆکار بۆ درێژەکێشانی شەڕی نوێ لەوێدا بۆی بگەڕیین، کە لە خۆیاندا، لیستێک لە ئاکتۆر/ لایەنی بکەر هەیە، کە بە “شەڕ دەژین”کە زەبروزەنگ و هەرا لە ئامڕازێکی سیاسییەوە دەکەنە سەرچاوەیەکی ئابووری . بێگومان ئەوکات چ بەرژەوەندییان نییە شەڕ کۆتایی پێ بهێنن ـ کوێخاکانی شەڕ لەبەرئەوەی مافی زیادکردنی سەرمایەیان لێ دەسێندرێتەوە و کەسەکانی دوایان کەوتوون، نەک لەبەرئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ پەراوێزی ژیانی کۆمەڵایەتی. بەشی هەرە سەخت و دژوار ئەوەیە، گەر شەڕ دڕێژە بکێشێ، گەڕانەوە بۆ ژیانێکی تەندروست و ئاشتی ، سەخت و سەختر دەبێت.
یەکەم جار نەوەیەک گەشەی کردووە، کە شتێ نازانێ لەمەڕ شەڕی هەڵگیرساوەوە، جگە لەمانەوە لە ژیاندا لەسەر شەڕدا، لە ڕێگای بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە. بەم جۆرە بۆتە مەحاڵ رێکەوتن لەسەر کۆتایهێنان بەم شەڕە بەشێوازێکی ئاشتی . ئەمەش چوارەمین وەڵامە.
ئەوەی دەکرێ، لە گێڕانەوەی بونیاتنانەوەی شیکاریی دا لە یەکتر جیا بکرێتەوە، لەلایەن چاودێڕێکی دوورەوە، خۆی لە ڕووداوی واقیعیدا دەبینێتەوە، زۆربەی کات تێکەڵن : هەروەها ئیمکان نییە هەموو ئەو هۆکارانەی لێرەدا ئاماژەیان پێدراوە، بەردەوام بەدەست بێن و بدۆزرێنەوە. لەهەندێ باردا،یەکێ هەر هیچ ڕۆڵێکی نییە، لەکاتێکدا یەکێکی تر ڕۆڵێکی تایبەت دەگێڕێ. لەسەروو ئەمانەشەوە تێکەڵەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرێتی هۆکارەکانی گۆڕانکارییە بەردەوامەکان.
شەڕە کلاسییکییەکان بەوە ناسراون، ڕامانکردنی ڕێساکانییان تێیدا بووە بە یاسای بنچینەیی بەڕێوەبردنی شەڕ (ئەمەش مانای وا نییە، کە لایەنەکانی شەڕ هەمیشە بەمەوە وابەستە بوون ). بەڵام بەم شێوەیە شەڕە نوێیەکان بەوە ناسراون، کە بێ یاساو ڕێسا بەڕێوە دەبڕێن، کە ئاستێکی بەرزیان لە ماڵوێڕانی لێدەکەوێتەوە. لەمەوە تۆڵە و تۆڵە سەندنەوە سەرهەڵدەدات، کە بە بڕیاری دروستی کەسێک بێلایەنی لایەنی سێیەم دەتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت. ئەم لایەنی سێیەمە لەشەڕی ناوخۆ/ ئەهلیدا نییە. پێویستە ڕەتی توندی تیژییەکی چەشتویەتی بداتەوە و هەروەها دەبێت تۆڵەی سووکایەتی پێکردن بکاتەوە، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە ، بەرلەوەی مرۆ بتوانێ دەست بکات بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتایی پێهێنانی زەبرەزەنگ .
لەبەرئەوە هەمیشە یەکێک هەر دەبێت، کە هێشتا لەسەرێتی هەژمارەکە/ فاتورە،invoice بدات، کە دەبێتە مایەی کردنەوەی هەژماری نوێ. ئەوە پێنج هۆکارەکە بوون، بۆچی شەڕەکانی ئێستا، لەخۆیانەوە تەواو نابن و بەدەگمەن رێگەش دەدەن تەواو ببن.
١٥/٥/٢٠١٩


هێرفرید موینکلەر.پرۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانستگەی هومبۆڵدت.
.ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• پەیماننامەیەکی ئاشتییە لە شاری مونستر و ئۆسنابروکی ئەڵمانیا لە نێوان 15.5ـ 24.10 ساڵی 1648بەستراوە. بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە شەڕی 30 ساڵەی ناو ئەڵمانیا و شەڕی 8 ساڵەی سەربەخۆیی هۆڵەندە، کۆتایی هات.




قه‌دی بامبۆ قه‌دێك كه‌ڕه‌گی له‌هیچ خاكێك دانییه‌ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بی وه‌كو ڕۆمان، ناتوانێت ببێته‌ ئاوێنه‌یه‌ك بۆ ناسین و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی گه‌لان. ڕۆمانگه‌لێك هه‌ن، ته‌نها به‌خوێنه‌وه‌یان ئێمه‌ ده‌زانین ژیانی ئه‌ونه‌ته‌وه‌یه‌ چۆنه‌و چ نه‌هامه‌تییه‌كییان بینیوه‌ كه‌ڕه‌نگه‌ ڕۆمانه‌كانی خالد حوسێنی نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌وناساندنه‌ بێت. به‌و پێیه‌ی باسی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات. گه‌لێك جار له‌دووتوێی ده‌قێكی ڕۆماندا، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یاخود ڕووداوێك ده‌خرێته‌ ڕوو، كه‌له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ خوێنه‌ر به‌به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئاشناده‌بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ڕۆمانی(قه‌دی بامبۆ)یه‌كێك له‌وڕۆمانانه‌ی كه‌له‌میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، خوێنه‌ر ئاشنای كلتوورو شێوه‌ ژیانی دوونه‌ته‌وه‌و كۆمه‌لگه‌ی جیاوازده‌بێت. چونكه‌ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی دووسه‌ری و دووناسنامه‌یی هه‌یه‌.

به‌و پێیه‌ی له‌ دایكێكی فلیپینی و باوكێكی كوێتی له‌دایك بووه‌. ئیدی له‌نێوان كلتووری دایك و باوانیدا، دۆش داده‌مێنێت و ناتوانێت دواجارله‌ یه‌كیان ناسنامه‌ی خۆی ببینێته‌وه‌.چیڕۆكی ئه‌و ڕۆمانه‌، ده‌كرێ بڵێم چیڕۆكێكی تراژیدیه‌و سه‌رگوزشته‌ی نه‌هامه‌تی خێزانێكی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژارو نه‌دارو بێ لانه‌وجێ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌له‌وڵاتی فلیپین، له‌وسه‌ری خۆڕهه‌ڵاتی گۆی زه‌وی و له‌شوێنێكی دوره‌ده‌ست و دابڕاوله‌دنیا ده‌ژین.ئیدی ئه‌وخێزانه‌ له‌پێناو ژیاندا، ناچارن چاره‌نووسێك هه‌ڵبژێرن دوورله‌ خواستی خۆیان كه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌نجام به‌مه‌رگی خۆشیان كۆتایی بێت. ئه‌م ڕۆمانه‌ باسی كه‌سێك ده‌كات كه‌ناوی(هۆزێ)یه‌.

هۆزی كه‌ گێڕه‌ڕه‌وی ڕووداوه‌كانه‌، به‌ڵام گێڕه‌ڕه‌وه‌ی یه‌كه‌م و هه‌مووشتزان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و ڕووداوه‌كان له‌ده‌می یه‌كێكی تر ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ئه‌ویش دایكیه‌تی. ئه‌ودایكه‌ی هۆزێی به‌ژیانێك ئاشنا كرد، كه‌له‌یه‌ككاتدا ڕووبه‌ڕووی دوو ئایین و دوونیشتمان و دووكلتووری ئه‌و په‌ڕی جیاوازی له‌ یه‌كتری ببێته‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی خواستی خۆی بێت.لێره‌وه‌ش پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، له‌نێوان ئه‌و دوودنیاجیاوازه‌دا، نامۆده‌بێت و به‌رداشی زه‌مانه‌ ده‌یهاڕێت. له‌كاتێكدا، ئاواتی ده‌خواست وه‌ك هه‌ر منداڵێكی دیكه‌ی فلیپینی، كه‌ئه‌گه‌رچی رووت و نه‌دارو هه‌ژارن، به‌ڵام ده‌ژین و شانازیش به‌و ژیانه‌ی هه‌یانه‌ ده‌كه‌ن.به‌رله‌دایكبوونی هۆزێ، جۆزافینی دایكی له‌ ئامێزی خێزانێكی هه‌ژاركه‌له‌ خوشك و برایه‌ك و دایكێك و باوكێكی زۆردارپێكهاتبوو، هاوشێوه‌ی ملیۆنان خێزانی دیكه‌ی فلیپینی ده‌ژیا.جۆزافین له‌ پێناو ژیانی خێزانه‌كه‌یدا، ناچاره‌كاربكات و به‌دوای كارێكدا بگه‌ڕێت.

به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ئایدای خوشكه‌ گه‌وره‌ی به‌هۆی له‌شفڕۆشییه‌وه‌ كه‌باوكی ناچاری كردبوو، منداڵێك دێنێته‌ دنیاوه‌. ئیدی ئایدا واز له‌كاركردن دێنێت و جۆزافینی خوشكی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وئه‌گه‌ر چی نایه‌وێت هه‌مان چاره‌نووسی خوشكه‌كه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام چاره‌نووسێكی هاوشێوه‌ی ئه‌ووبگره‌ تراژیدیتریشی ده‌بێت، به‌ڵام له‌كات و زه‌مینه‌و شوێنێكی دیكه‌ی جیاوزدا. جۆزافین دوای ئه‌وه‌ی به‌دوای كاركردن ده‌گه‌ڕێت له‌ پێناوبه‌خێوكردنی خێزانه‌كه‌ی،دواجار له‌ڕێی ده‌زگایه‌كه‌وه‌ كه‌ئه‌ركی دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كه‌ره‌كانه‌ بۆده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌كوێت ده‌بێته‌ خزمه‌تكارو كاره‌كه‌ری دایكێك و سێ كچی و ڕاشدی تاقه‌كوڕه‌كه‌ی. جۆزافین هه‌گبه‌ی سه‌فه‌ر ده‌پێچێته‌وه‌و له‌پێناو خێزانه‌كه‌یدا، به‌ره‌و كوێت كۆچ ده‌كات و ده‌بێته‌ خزمه‌تكاری ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێك. جۆزافین له‌وماڵه‌دا كاره‌كه‌ری ده‌كات، تاكو نزیكه‌ی دوای دووساڵ ڕاشدی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی ئه‌و خێزانه‌، جۆزافین ده‌خوازێت و له‌كۆتاییشدا منداڵێكی لێ ده‌بێت كه‌ ناوی ده‌نێت(عیسا)، كه‌ هۆزێی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه‌.دایكی ڕاشد كه‌پێشتر به‌ڵێنی دابوو كچێكی تربۆكوڕه‌كه‌ی بێنێت، به‌و كاره‌ی ڕاشد یه‌كجار نیگه‌ران و توڕه‌ده‌بێت. دیاره‌ئه‌مه‌ش له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌جۆزافین نه‌عه‌ره‌به‌و نه‌موسڵمان،هاوكات له‌ ئاستی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، له‌خوار ئه‌وانه‌وه‌یه‌ كه‌خزمه‌تكاری ماڵه‌كه‌یانه‌. گه‌رچی ڕاشد هه‌وڵده‌دات كه‌دایكی ڕازی بكات به‌وه‌ی كه‌بوكه‌كه‌و نه‌وه‌كه‌ی لای ئه‌و بمێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌رسوورده‌بێت له‌ سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ده‌سبه‌رداری ژنه‌كه‌ی و منداڵه‌كه‌ی بێت.سه‌ره‌نجام جۆزافین ده‌گڕێته‌وه‌ فلیپین و منداڵێكی تازه‌ له‌دایكبووش ده‌باته‌وه‌ ئه‌وێ.

كاتێ مینۆزای باوكی جۆزافینیش كچه‌كه‌ی به‌و بارودۆخه‌وه‌ده‌بینێت،به‌كچه‌كه‌ی ده‌ڵێت:_(دیسان منداڵی بێ باوك؟ ئه‌م كاره‌ت له‌وڵاته‌كی خۆت بكردایه‌ باشتر نه‌بوو؟). به‌ڵام ئه‌و وڵامی ده‌داته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ی باوكێكی ڕاسته‌قینه‌و شه‌ڕعی هه‌یه‌،كه‌له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام پێشت ماره‌یكردووه‌.جۆزافین دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی،ئیدی ناوی كوڕه‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆزێ.له‌كوێت عیسای ناو بوو، وه‌لێ ئه‌وناوه‌چونكه‌ ناوێكی نامۆو له‌ده‌ره‌وی ناوی فلیپینییه‌كانه‌، ئیدی ده‌بێته‌ هۆزێ. په‌یوه‌ندی له‌نێوان جۆزافێن و ڕاشدهه‌ربه‌رده‌وام ده‌بێت و مانگانه‌ یارمه‌تی ده‌دات. ئه‌گه‌رچی دواجاربه‌هۆی فشاره‌كانی دایكی وبه‌ریه‌ككه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یانه‌ی ئه‌ودووكه‌سه‌،ڕاشدته‌لاقنامه‌یه‌ك بۆجۆزافێن ده‌نێرێته‌ فلیپین.

به‌ڵام له‌به‌ركوڕه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی،به‌رده‌وام ده‌بێت له‌هاوكاریكردنی. تائه‌وكاته‌ی ڕژێمی به‌عس په‌لاماری كوێت ده‌دات وهه‌مووشتێك سه‌راوژوورده‌بێت. چونكه‌ ڕاشدی هاوسه‌ری به‌ دیلی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست سوپای عێراق و بێ سه‌رو شوێن ده‌كرێت و ساڵانێك دواتر، ڕوفاته‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه‌. هۆزێ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن دایكییه‌وه‌ هاندده‌رێت كه‌بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاتی باوانی و لای نه‌نكی وپووره‌كانی.هۆزێ وا خه‌یاڵ ده‌كات ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ كوێت، ئه‌وا هه‌موو خه‌ونه‌كانی دێنه‌ دی و تاهه‌تایه‌ به‌خته‌وه‌رده‌بیت. بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌له‌وێش ئه‌و هه‌ر فلیپینییه‌كه‌ كه‌هه‌مووشتێكی جیاوازه‌ له‌ نه‌ریتی ماڵه‌ باوانی. دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر، هۆزێ ڕووده‌كاته‌ كوێت، به‌یارمه‌تی غه‌سانی كۆنه‌ هاوڕێی باوكی ماڵی نه‌نه‌ غه‌نیمه‌ی دایكی باوكی ده‌دۆزێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وان له‌سووچێكی نێوحه‌وشه‌كه‌یان و له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌ره‌كانییان، ژوورێك بۆ نه‌وه‌كه‌یان ته‌رخان ده‌كه‌ن.چونكه‌ نایانه‌وێت دراوسێكانیان وته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێكیش به‌وچیڕۆكه‌ خه‌مناكه‌ بزانێت كه‌عیسا نه‌وه‌ی ئه‌وان و كوڕی ڕاشدی كوڕیانه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان نه‌نگییه‌ كوڕه‌كه‌یان منداڵێك له‌ژنێكی فلیپینی بوزا په‌رست بخاته‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گونجاونییه‌ و له‌كلتووری عه‌ره‌به‌كان نه‌شیاوه‌. هۆزێ كه‌له‌كوێتی وڵاتی باوكی ناوی ده‌بێته‌وه‌ به‌عیسا، وه‌ك كاره‌كه‌رێك له‌لایه‌ن پوورو نه‌نكییه‌وه‌ته‌ماشا ده‌كرێت. هیچ سۆزوحۆشه‌ویستییه‌كی پێ نابه‌خشن،به‌ڵكو وه‌ك ته‌نێكی نامۆ له‌نێوجه‌سته‌یه‌كی پیرۆزده‌یبینن.له‌بۆنه‌وجه‌ژنه‌كاندا، ناچارده‌كرێت له‌ ژووره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی، خۆی له‌ چاوی خزم و پوورو دراوسێ و كه‌سانی تر بشارێته‌وه‌. بۆئه‌وه‌ی پرسیارله‌نه‌نكی نه‌كه‌ن كه‌ ئه‌م فلیپینییه‌ چی ده‌كات له‌ماڵی ئه‌وان. كه‌س سۆزو خۆشه‌ویستی پێ نابه‌خشێت. ئه‌وهه‌موو شتێكی هه‌یه‌ له‌ژیان، ته‌نها لاوانه‌وه‌و خۆشه‌ویستی نه‌بێت.بۆیه‌ دواجار ناچارده‌كرێت ماڵ نه‌نكی جێبێلێت و ده‌چێت له‌ چێشتخانه‌یه‌ك كار ده‌كات. له‌وێش ڕۆژانه‌ به‌رفیزو بێ ڕێزی كوێتییه‌كان ده‌كه‌وێت كه‌ هه‌میشه‌ به‌چاوی هاووڵاتی پله‌دوو سه‌یری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌وه‌ك كاره‌كه‌ر له‌و وڵاته‌دا كارده‌كه‌ن.

عیسا ناچاره‌ به‌رگه‌ی هه‌موو ئه‌و تێهه‌ڵدان و شكاندنه‌وه‌یه‌ بگرێت، چونكه‌ كوێتی نییه‌ و فلیپینییه‌.ئه‌و ئه‌گه‌رچی به‌رله‌ هاتنی بۆ كوێت، وێنای به‌هه‌شتێكی ده‌كرد،به‌ڵام كه‌هاته‌نێوكوێتییه‌كان شتێكی پێچه‌وانه‌ی دیت. هۆزی گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌قه‌دی بامبۆله‌ فلیپین نه‌بێت،له‌قوڵایی خاكی هیچ وڵاتێكی دیكه‌دا ڕه‌گه‌كانی داناكوتێت.كوێت بۆكوێتییه‌كان به‌هه‌شته‌، نه‌ك بۆهۆزێ و هاوشێوه‌كانی.هه‌موو ئه‌و دروشم و بانگه‌شانه‌ی باسیش له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌مرۆڤه‌كان وێرای هه‌مووجیاوازییه‌كانیان وه‌ك یه‌ك مرۆڤن و هه‌موویان یه‌كسانن، دروشمی فریوده‌رن.هۆزێ دواجار به‌دڵێكی شكاوه‌وه‌بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی دایكی ده‌دات و به‌سه‌رهاته‌كه‌شی ده‌كاته‌ ڕۆمانێك.به‌مه‌ش كۆتایی به‌ڕووداوه‌كانی ڕۆمانی قه‌دی بامبۆ دێت.

ئه‌م ڕۆمانه‌ وێرای ئه‌وه‌ی به‌قه‌باره‌ڕۆمانێكی گه‌وره‌یه‌، وه‌لێ یه‌كێكه‌ له‌جوانترین وبه‌چێژترین ڕۆمانه‌عه‌ره‌بییه‌كان.خوێنه‌ربه‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ ماندوو بێزارنابێت. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی كه‌وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ به‌زمانێكی یه‌كجار جوان و سه‌ركه‌وتوو ڕۆمانه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه‌،وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌كوردی نووسرابێت وایه‌. له‌وماوانه‌ی ڕابردوودا،چه‌ندین ڕۆمانم خوێندنه‌وه‌، به‌ڵام دوو له‌و ڕۆمانانه‌ زۆرسه‌رنجیان ڕاكێشام و چێژی زۆرم له‌خوێنه‌وه‌یان بینی، ئه‌وانیش ڕۆمانه‌كانی(وێرانه‌ پیاو)و(قه‌دی بامبۆ)بوون. هیوادارم خوێنه‌ران ئه‌ودوو ڕۆمانه‌ له‌ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن. ده‌ستخۆشانه‌ش له‌وه‌رگێڕه‌كانی ئه‌ودووڕۆمانه‌ ده‌كه‌م، كه‌له‌ڕاستیدا دوو له‌تێكسته‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی ڕۆمانی عه‌ره‌بییان وه‌رگێڕایه‌ سه‌رزمانی كوردی و خوێنه‌رانیان له‌ خوێنه‌وه‌یان بێبه‌ش نه‌كرد….

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز/ قه‌دی بامبۆ/ڕۆمان/نووسینی( سعودئه‌لسنعوسی)/وه‌رگێڕانی (ڕه‌نجده‌ر جه‌بار)/بڵاوكراوه‌ی(ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند_سلێمانی 2019)…..
*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ په‌ڕاوی ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی ژماره‌ی ڕۆژی 14-5-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌……….




دەوڵەت … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن….6

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی شەش:

لە ڕاستیدا لۆژکی نەیارەکانمان تێناگەین، قەبوڵی پرنسپێك دەکەن بێ ئەوەی گرفتی سەرەنجامەکەیان هەبێت، بۆ نموونە یەکسانی لە سیستەمی باج دانا، پەسەنددەکەن کە دەزانن باج لەسەر سەرمایە، لە بەرانبەریا جەماوەرییەتیەکی دژ بە خۆیان دروستددەکات، بێ ئەوەی پاساو و متمانەیان بە خۆیان هەبێت. بۆ هەموو ئەمانەی کە دەیکەن هاوشێوەیەك، قسەیەك، بیانویەکیان هەیە. هانی دەست هەڵگرتن لە کاپیتاڵ و ئازادکردنی کار دەدەن، ئەوەی کە دەمێنێتەوە لێرەدا کاتێك کە دژایەتی دەرەنجامی ڕەسمکردنی سیاسەتەکانی حکومەتە کە سەبارەت بە بیناکان ڕودەدات، ئەوان پرۆتێست دژیان دەکەن. ئەوان بەردەوامن لە قسەکردن لەسەر سیاسەت و حکومەت، بەبێ ئەوەی بپرسن ئایا حکومەت لەگەڵ ئازادیی پیشەسازیی و یەکسانییدا، دێتەوە، ئایا گریمانی زانسستی سیاسەت هەیە، کاتێك کە پێویستی بوونی سیاسەتێکی ئابووریی هەیە؟ لە کاتێکدا ئەو خانووبەرانەی کە ئەوان بە بێ دوودڵی هێڕشی دەکەنەسەر بێ گوێدانە بەهای کۆنییان [ ئەنتیك] ، کەچی هاوکات لەبەردەم دەسەڵاتا وەکو پاسەوانەکانی کڵێسە لەبەردەم نهێنی موقەدەس-دا دەنوشتێنەوە. حکومەت بۆ ئەوان زەروورییە و شیاوی گۆڕین نییە، مەبدەئی مەبدەئەکانە، هەمەیشەییە، ئەبەدییە.

بە مسۆگەری ئێمە دڵنیایی خۆمان بۆ پەسەندکردنی پێشنیارەکە نادەین و بەڵگەمان هەیە، چونکە وەکو هەر کەسێکی دیکە دەزانین کە بە چ مەرجێك پێشنیارێک دەخرێتە بەردەست. تەنها ئەوە دەڵێین پێش ئەوەی بگەینە بڕیارێك سەبارەت بە دەستورێکی نوێی دەوڵەت، ئێمە دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە لە سۆنگەی ڕیفۆرمە ئابوورییەکانەوە کە شۆڕش بەسەرمانا دەیسەپێنێ ئایا خودی دەوڵەت نابێت هەڵوەشێتەوە؟ ئایا ئەم کۆتاییەی دەزگە سیاسییەکان سەرەنجامی بەجێهێنان و مانای ڕیفۆرمی ئابووریی نییە؟ هەروەها ئێمە پرسیار دەکەین ئایا لە ڕاستیدا لە دوای تەقینەوەی شوبات، پاش یاسای مافی دەنگدانی گشتی، پاش بانگەشەی هێزی بێ هاوتای جەماوەر، هەروەها ڕادەستکردنی حەتمی دەسەڵات بۆ خواست و خودی جەماوەر، هێشتا ئەگەریی حکومەتێك، هەر جۆرێك بێت، هەیە؟ ئایا حکومەتێكی دائیم وەکو جێگرێك [ئاڵتەرنەتیڤێك] ناخرێتە شوێنی؟ ئیتر ئەو حکومەتە کوێرانە جێگیربێت بە هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانکردنەوەی فرمانی جەماوەر، یاخود بە ئەنقەست هەڵخەڵەتێەرانە بێت هەر وەک چۆن حکومەتە کاتییەکە [موەقەت] کردی، کە دیماگۆگییەکان لە هەموو سەردەمێکدا کردویانە .

لانی کەم پرسیاری ئەوە دەکەین کام لە بڕگە [صیغە ] و خەسڵەتە جیاوازەکانی دەوڵەت دەبێت بمێنێتەوە و جەختیان لەسەر بکرێتەوە؟ ئەی ئەوانەی کە لە دەوڵەت لادەبرێن و هەڵدەوەشێنرێتەوە کامانەن؟ دەبێت ئەوە بزانین هەر وەکو ڕەنگە پێشبینی دەکرێت، لەو بڕگە و خەسڵەتانەی ئێستای، تاکە یەك دانەیان نییە کە بتوانێت ڕیفۆرمی ئابووریی بپارێزێت. ئەمە زۆر زەروورییە کە دانی پیادا بنرێت، بە ئاماژەدان بە بەهێزیی ئەم ڕوونکردنەوە نەرێینەدا [نێگەتیڤەدا] کەلە هەلومەرجێکی نوێی کۆمەڵدا بوونی هەیە، دەوڵەت هیچ نییە و ناشتوانێت هیچیش بێت. بە کورتییەکەی تەنها ڕێگایەك بۆ ڕیكخستنی حکومەتێکی دیمۆکراتی، هەڵوەشاندنەوەی خودی حکومەت خۆیەتی.

لەبری ئەم شیکردنەوە ئەرێینە [پۆزەتیڤ] و کردەیی [پراکتیکەڵ] و کەتوارییە سەبارەت بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی، ئایا خۆ بە پەیامبەرە زانەکانمان دەزانن چ ڕێڕەوێك، ئاراستەیەك دەگرنە بەر؟ ئەوان دەڕۆن ڕاوێژ بە Lycurgus, Plato, Orpheus, دەکەن لەتەك هەموو قسە و وتە خورافییەکانان، ئەوان پرسیار لە کەسە ناسراو و مەشورە قەدیمییەکان دەکەن، بانگ و داوا لە کەسە دوورەدەستەکانی چەرخە کۆنەکان دەکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان کە هەر زۆر مۆدێرنن، دواتریش وەڵامێکی غەریبمان لەدەماخی بریسکاوییانەیانەوە پێدەدەن.
زیاتریش لەوە: ئایا لێرەدا نابێت ئەم زانستەی کۆمەڵ و شۆڕش لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو کێشەکان لابەلابکاتەوە لەبەرئەوەی کە زانست لە جەوهەردا عەمەلییە و یەکسەریش دەستبەکارە؟ گومانیش لە زانستی دەرکەوتوی کۆنا نییە، بەڵام لەسەروی هەموو پێشکەوتنێکی بینراوەوە کە لە وێدا گەشەکردن، جێگای خۆی دەگرێت لە شێوەیەک لە شێوەکانی نەفیکردنەوەی خودی مەنهەجە تەقلیدییەکە.

اا. سەبارەت بە کۆتایی، یاخود بابەتیی دەوڵەت

ئێستا ئێمە ئایدیای دەوڵەت و بەرچاوبوونە سروشتییەکەی کە بە تەواوی لەسەر بناخەی فەرەزییەت دادەنرێت بینیمان، کە لانی کەم پڕ لەگومانە کە لە ڕوی جەسەدەییەوە، نەبوونی کاراکەتەرییەوە، ڕۆشنبیرییەوە، ئەخلاقییەوە بۆ جەماوەر بێکەڵکە. ئێستاش دەکرێت هەمان ئایدیا سەبارەت بە جەوهەریی دەوڵەت و ئامانجی بسەلمێنین کە بابەتێکە بەبەرچاوەوەیە و لەسەر فەرەزییەکی دیکە قەرار دەگرێت، بەڵام هێشتا قسەکردن لەسەری، مەحاڵ ترە تاکو ئەوەی یەکەم بەهۆی هەبوونی دژمنایەتی هەمیشەیی ئەو [دەوڵەت] لە تەك مرۆڤایەتیی-دا، فەرەزییەك کە خودی دەوڵەت خۆی سەرەنجامی عەقیدەیەکی [ دۆگما] سەرەتایی شکستخواردوەوە یاخود لە خەتا و تاوانێکی ئەسڵەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بەردەوام دەبین لە ئاماژەکردن بە “Le Nouveau Monde:”

” Louis Blanc پرسیار دەکات چی ڕوودەدات ” ئەگەر ئێمە فەرامۆشی هەرە ڕۆشنبیترین یاخود هەرە بەهێزترین کەسانێك کە بەست و گرفت دەخەنە بەردەم گەشەکردنی هێزی یەکێك کە کەم هێزە یاخود کەم ڕۆشنبیرە؟ ئازادیی خاپوور دەبێت.
“چۆن ئەم تاوانە دەوەستێنرێت؟ بە ناوبژیکردن، نێوەندگیریی یا خۆهەڵقورتاندن [تەدەخول] لە نێوانی داپڵۆسەر و داپڵۆسراوا، چەوسێنەر و چەوساوە؟ هەموو دەسەڵات بۆ خەڵك.
“ئەگەر جەیمس، پیتەر-ی چەوسانەوە ، زوڵمی لێکرد ئایا سی و چوار ملیۆنەکەی پیاوانی کۆمەڵی فەرەنسی دەبێت هەموو ڕاکەن و بەهانای پیتەر- ەوە بچن بۆ پاراستنی ئازادیی؟ نیشاندانی یا کردنی شتێکی ئاوا گاڵتەجاڕیی و جێگای پێکەنینە.
” ئەی کەواتە چۆن کۆمەڵ تەدەخول بکات؟
” لە ڕێگای ئەوانەی کە هەڵبژێرراون تاکو ببنە نوێنەر بۆ ئەم مەبەستە.
” بەڵام ئەم نوێنەرانەی کۆمەڵ، ئەم خزمەتکارانەی خەڵک، ئەمانە کێن؟ دەوڵەتە.
” ئەگەر بەم شیوەیە بێت کەواتە دەوڵەت بۆخۆی کۆمەڵە، وەکو کۆمەڵ ئەدا دەکات، بۆ وەستاندنی – چی ؟ سەرکوتکرن، بۆ پاراستنی – چی ؟ – ئازادیی”.

درێژەی هەیە.
………………..
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




شۆڕش یا نییە یاخود شۆڕشی خەڵکە، زوڵملێکراوانە … زاهیر باهیر

پێشئەوەی بچمە سەرباسەکە دەبێت ئەوە بڵێم کە شۆڕش لای من گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ئاسۆیانە [ ناقوچکەیی] ، کە کۆمەڵی سۆشیالیستییە. هەروەها ئەم وتارە گرێدراوی وتارەکانی دیکەمە بەتایبەت ” بزوتنەوەی خەڵکیی زۆر زەروورە بە هاوپشتی چینی کرێکاران
http://www.emrro.com/bizutneweyxelkiy.htm هەروها ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟ http://www.emrro.com/ayakirekaranc.htm ”
تێگەیشتنی من و ئەزموونەکان و بینین و چاودێریی ڕوداوەکان هەموو ئەمانە دەمگەیەننە سەرەنجامێک کە شۆڕش، شۆڕشی خەڵکە ، داپلۆسراوانە نەك بە تەنها کرێکاران .

ئەگەر ئێمە ئەنارکیزم بە مێتودێکی کردەیانە بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی ڕووداوەکان و بارودۆخەکە بە ڕەچاوکردنی فاکت و دیتنی واقیع نەك لە ڕێگای تێکستەکانەوە، بزانین، ئەوە بۆ من ناوازەیە کە باوەڕم وابێت کە شۆڕش تەنها لەسەر دەستی کرێکارانا ڕوودەدات و چینی کرێکاران دینەمۆی جەوهەرین و ئەو هێزەن لە گۆڕانی کۆمەڵدا بۆ سۆشیالیزم.
لەمەش زیاتر لەکاتی سەرهەڵدانی سیستەمی چینایەتیی و کۆمەڵی هەرەمییەوە کە بەدووی کۆمەڵی سەرەتایی کۆمۆنوێڵ دا هاتووە، زەروورەی شۆڕشیشی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. هەر ئەمەش هۆکاری ڕوودانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بوون لە هەموو دونیادا. وەختێك هەبووە کە ڕاپەڕین و شۆڕش لە ئەوروپا و ئەمەریکادا لە چەرخەکانی پازدە و شازدە و حەڤدەدا و هەتا پێشتریش چڕبووەتەوە کاتێك کە خەڵكی خۆیان لە ڕێگای ئەنجوومەنەکانیانەوە، بە بەکارهێنانی خەبات و چالاکی ڕاستەوخۆ توانیویانە ئامانجی ڕاپەڕین و شۆڕش و بەگژاچوونەوەکانیان بهێننە دی.

ئەم چەند دێڕەی سەرەوە پرسیارێکی سەرەکی و بناغەییمان لا دروستدەکات. بۆچی بەشەرییەت دەبێت چاوەڕوانی کاپیتاڵیزم یاخود هەر سیستەمێکی دیکەی چینایەتی بکات،تاکو شۆڕش وادەی خۆی بێت ئەو کاتە لە هەوڵی بەجێگەیاندنییا بێت؟ بۆچی ئایندەی شۆڕش دەبێت بە پێشەوەچوون و گەشەکردنی چینی کرێکارانەوە گرێبدرێتەوە؟
لە کاتێکدا کە لە واقیعدا ئێمە ئەوە دەبینین کە سەرمایەداریی بە کۆمەکی هێزە تاریکەکانی و گەشەکردنی تەکنەلۆجیا، بەهێزتر دەبێت، بەڵام هاوکاتیش چینی کرێکاران لاوازتر دەبێت تا ڕادەی ئیفلیجیی. بە تێڕوانینی واقیع دەتوانین ئەوە ببینین کە چینی کرێکاران بووەتە ئۆرگانێكی خۆگونجێنەر لەناو جەستەی کۆمەڵی بورجوازییدا.

کەواتە ناکرێت لە ڕابووردوودا بژین ، کاتێك کە دەمانەوێت خەبات دژی سیستەمی هەنووکەیی کە لە سایەیدا دەژین بکەین، دەبێت تاکتیك و ئامرازەکانی تێکوشانە تەقلیدییەکان کە کارانین و چیتر هیچ بەدەستناهێنن ، بگۆڕین.
دەبێت ئەوە بزانین کە پێناسەی چینی کرێکاران لە هەنووکەدا زۆر جیاوازە لە سەد یا دووسەد ساڵ لەمەوبەر. دەبێت لەوەش حاڵی ببین کە گەشەی تەکنەلۆجیا بۆ ئاستێكی زۆر پێشکەوتوو هەنگاوی ناوە و ڕۆبۆتی دروستکردووە کە لە ماوەیەکی دیکەدا کرێکاران بەرەو مەحفبوونەوە دەبات. لە چەند دەهەیەکی دیکەدا لە زۆر شوێندا ڕۆبۆت شوێنی کرێکار دەگرێتەوە. لەو بارەدا ئەوانەی کە هێشتا باوەڕیان وایە کە چینی کرێکاران ئێمە ئازاد دەکات، ئەو کاتە ڕەنگە ئەوان ئومێدی ئەوە بکەن کە ڕۆبۆت لە بری کرێکارەکان ئەرکی بەدیهێنانی کۆمەڵی سۆشیالیزم ، بگرنە ئەستۆ و ئازادمان بکەن، گەر ئەمەش باوەڕیان بێت لەبری بەرزکردنەوەی دروشمی ” چینی کرێکاران یەكبگرن “…دەکرێت ئەمە بگۆڕێت بە ” ڕۆبۆتەکان یەکگرن “.

واقیعی ژیان تەنها ئەوەمان نیشان نادات ، بەڵکو لە ڕاستیدا دەشیسەلمێنێت کە کرێکاران لە قوتابییان، بەتاڵە ، خانەنشیکراوان، کەمئەندامان کەر کار ناکەن، کێڵگەوان و جوتیاران، کاسبکارێك کە کاسبی بۆخۆی دەکات و خەڵکی ناچەوسێنێتەوە ، شۆڕشگێڕتر نیین. دەتوانین ئەوەش تێبینی بکەین کاپیتاڵیزم پیر نەبووە و لە قەیرانا نییە ، بەڵکو زۆر گەنجە و ڕەنگە ساڵانێکی دوور و درێژی مابێت ، مەگەر ئێمە خۆمان ، خۆمان ڕێکخەین و کارایانە و جددیانە جەنگی دژ بکەینەوە.

هەر وەك چۆن پێناسەی چینی کرێکاران تا ڕادەیەك وەکو جاران نەماوە هەر ئاواش پێناسەی کاپیتاڵیزمیش . جیهانگیریی [ گڵۆبەڵایزەیشن ] کاریگەریی لەسەر چینی کرێکاران لەڕوی چەندایەتی و چونایەتییەوە داناوە و گۆڕیوێتی، هەروەها کاپیتاڵیزمیشی گۆڕیوە . بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم خاڵە تکایە ئەو لینکەی سەرەوە ببینە . جیهانگیریی کاپیاڵیزمی بەرەو پێشەوە بردووە و بەهێزتری کردووە بەڵام چینی کرێکارانی بەرەودواوە بردووە و لاوازکردوە.

یەكێك لە کاراییەکانی سەرمایەداریی لە سەر هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵ، یەکێتی چیانیەتییانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها لەناو خودی چینی کرێکارانیشا. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە لە ئێستادا نەك هەر مانگرنتی گشتی نابینین، بەڵکو لەناو ڕیزەکانی هەمان کرێکاری بەشە جیا جییاکانی ناو هەمان کۆمپانیا یەکڕیزی و یەکێتی کرێکاران نابینین لە کاتێکدا کە کار و پیشەکانیان تەواوکەری یەکترین.

گەرچی کاپیتاڵیزم یەکێتی نێوانی چینەکان و یاخود یەکێتی ناو خودی چینەکە خۆی، تێکشکاندوە، بەڵام هاوکات هەمان بارودۆخی لە نێوانی گەلێك لە توێژاڵەکانی نێو چینە جیاوازەکاندا خولقاندووە کە ئەو بارودۆخە هاوبەشە لە نێوانی بەشێك لە کرێکاران و جوتیاران و ئەوانەی کە پێیان دەڵێن پیتی بورجوا و هەتا توێژاڵێکیش لە چینی ناوەندی، هەیە. ئەم بارودۆخەش بووەتە زەمینەیەکی ناوکۆیی بۆ تێکۆشانی هاوبەشیی و بەیەکەوەیی هەموویان دژ بە دوژمنەکەیان کە سیستەمەکە و دەوڵەتەکانێتی. ئەم توێژاڵانەن کە دەبنە دینەمۆی شۆڕش. لە کاتێکیشدا هەر یەکەیان سەر بە چینێکی جیاوازن لە کۆمەڵدا و زۆرینەی خەڵک پێکدەهێنن بەم هۆیەوە چالاکیی و داخوازییەکانیان ڕەنگدانەوەی سەراپای کۆمەڵە.

لە کۆمەڵی هەنووکەییدا، لەهەر شوێنێك بڕوانین دەبینین هەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە ڕاستیدا بزوتنەوەی خەڵکن. زۆر دوورن لەوەی کە بتوانین ناودێریان بە بزوتنەوەی کرێکاران بکەین . هەندێك لە باشترین نموونە لەو بارەدا وڵاتانی ” بەهاری عەرەبی” یە، بزوتنەوەی خەڵکە لە ئێران و کوردستان و عێراق ، هەندێك لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەتا دەگات بە رووداوەکانی ئێستای وەکو بزوتنەوەی پەسەك زەردەکان و بزوتنەوەی یاخیبووان لە مەحفبوونەوە [ئینقرازبوون] و پاراستنی ژینگە لە بریتانیا و وڵاتانی دیکەدا.

لە ئێستادا خەباتکردن سەبارەت بە ” تاکە کێشەکان” لای خەڵکی بووەتە پرسێکی گرنگ و زەرووری لایان. ئەم تاك کێشەیانە پرسی زۆر جەماوەرین و لای خەڵكی زۆر مەبەستن ئیدی پرسی ژینگە بێت، پەنابەر و کۆچبەران ، خانووبەرە و کێشەی سەرەپانان، ڕایسیزم و فاشیسزم، پرسی چارەسەر و تەندروستیی ، پەروەردە و پێگەیاندن، فێمەنیزم تا دەگات بەوانی دیکە ، هەموو گرنگن. تێکۆشان بۆ لابەلاکردنەوەی ئەم کێشانە خەڵکی لە هەموو بەش و لایەنەکانی ناو کۆمەڵەوە بێ گوێدانە جیاوازی چینایەتییان، دین و ئاینیان ، ئیتنیکییان، کاریان، بەشداری دەکەن و چالاکی خۆیان دژ بە دەوڵەت و سیستەمەکە دەوام پێدەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەشمان لا ڕوون بێت کە خەباتی لابەلاکردنەوەی تاك کێشەکان دەبێت گرێبدرێتەوە بە سیستمەکە و دەوڵەتەوە. ڕەگ و ڕیشەی هەر کام لەو کێشانە لە خودی سیستەمەکەدایە و ناتوانرێت ئامانجیان بە تەواوی بپێکن ئەوەندەی ئەم سیستەمە بەردەوام بێت لە بوونیا. من باوەڕم وایە ناتوانین چارەسەری ئەم تاك کێشانە بۆ چینی کرێکاران بەجێ بهێڵین کە لە کاتێکدا ئەوان توانای بەرگرییکردنیان لە مافەکانی خۆیان نییە.
شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، ئابووورییە ، سیاسییە ، ڕۆشنبیرییە و کولتورییە. لەبەر ئەوە دەبێت لە بنی کۆمەڵەوە لە هەموو کوچەو کۆڵانێکەوە، نەك هەر بە تەنها لە کارگەکانی کرێکاران و شوێنەکانی دیکەی سەرکارەوە سەرهەڵبدات. دەبێت بزوتنەوەیەکی جەماوەریی بێت نەك بە تەنها هی کرێکاران، دەبێت هەموو کێشەکان لە کۆمەڵدا لابەلابکاتەوە نەك بە تەنها کێشەی نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرانی کارگەکان، دەبێت شۆڕشێکی مرۆڤانە بێت نەك بە تەنها شۆڕشی چینی کرێکاران بێت.

ئەگەر چینی کرێکاران دینەمۆی شۆڕش بن، ئەمە یانی ئەوان پێشڕەوی ئیمە دەکەن و دەبنە ڕابەر و سەرکردە . ئەگەریش سەرکردایەتی ئێمە بکەن ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بۆشایی لە نێوانی سەرکردە” چینی کرێکاران” و “ئێمەی” بنکردە ، دروستدەبێت، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی لە ڕاستیدا بەرەیەکی هەرەمیی و چینایەتی دەخولقێنێت.
کەواتە کۆمەڵی سۆشیالیستیی بە تەنها لە ڕێگای چینی کرێکارانەوە کە کەمایەتی کۆمەڵن بنیات نانرێت. ئەوان نابێت دەسەڵاتدار بن بەسەر ئێمەوە. ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت ئەوە کۆنترۆڵی تاك و کۆمەڵ دەکەن و سەرەنجامیش سیستەمی چینایەتی و هەرەمیی لە ژیانا بەردەوام دەبێت .

زاهیر باهیر- لەندەن
ئایاری 2019

Zaherbaher.com




سۆشیال میدیای کوردیی … شوانە حسن ابوبکر

چەند ڕۆژێکە سۆشیال میدیای کوردیی سەرقاڵی وروژاندن و باسکردنی شتێکە بەناوی شکۆی تاکەوە لە کۆمەڵگای کوردییدا. وەک ئەوەی (شکۆ) شتگەلێک بێت، بۆ یەکهەم جارە زڕابێت و بووبێتە پارچە شوشەی وردو خاشکراو. بەبێ ئەوەی باس لە ڕەهەندە مێژووییەکانی پشت ئەم چەمکە بکرێت و ئەوە ڕاڤەبکرێت، کە شکۆی تاکی کورد لە باشووری کوردستان بەدرێژایی حوکمڕانیی حکومەتەکانی عێراق بووەتە پرزۆڵە.

دوای ڕاپەڕینیش هێزە حوکمڕانەکان تەنها لەسەر شکاندنی شکۆی خۆیان و شکۆی تاکی کورد کاریانکردووە. ئەوەندەی بەدواداچوونم کردبێت، هیچ شتێک کورد لەسەری هاوڕا نەبووە، جگە لە شکاندنی شکۆی تاکەکانی خۆی. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕووی ویژدانییەوە ئامادەگییەکی تەواوی تێدایە بۆ ئەوەی شکۆی ئەوی دی بشکێنێت و وەکو ڕەفتارێکی ڕەسەنی تاک لە کۆمەڵگادا وێنایبکات. بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕەفتارەیش چەندین بیانووی دەرونیی و ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەهێنێتەوە. بەکورتیی شکاندنی شکۆ تاکە ڕەفتاری ناچیزەیە، کە بەشی هەرە زۆری تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە وەک یەک ئەنجامیدەدەن و وەک یەکیش دژی دەوەستنەوە.

پیشاندانی ددانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی جوڵانەوەکەی شاسوار عەبدولواحید هەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێک پێیانوایە، کە پیشاندانی ئەو دیمەنانە ڕەفتارێکی نامرۆڤانەیەو پاشماوەی کلتوری بەعسە و بەشێوەیەکی بەردەوامیش دەستگا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە بیانووی جۆراوجۆر دوبارەیدەکەنەوە. لە بەرانبەریشدا هەندێکی تر پێیانوایە، کە ئەو پیشاندانانە ئەرکێکی ئاسایشیی گرنگن و هۆکارێکن بۆ پاراستنی ئاسایشی تاک لە کۆمەڵگادا. بۆ ئەمەیش هەر دوو لایان بیانووی پاراستنی شکۆی تاک دەهێننەوە، کە لە بنەڕەتدا هەر دوو ڕەفتارەکە لەیەکدەچن.

سەرلەبەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کورد-کوژە و پرۆسەیەکە هیچی کەمتر نییە لە پرۆسەی ئەنفال

لێرەدا دەپرسم؛ دروستکردنی (48) پەڕەی ساختە لە تۆڕێ کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بۆ تەفروتوناکردنی کەسایەتیی ئەو دەنگانەی، کە بەدرێژایی مێژووی دوای ڕاپەڕین دژی نادادپەروەریی وەستاونەتەوە ناودەنرێن چی؟! ئایا بیانووی بەرگریکردن لەو پەڕە ساختانە تەنها ئەوەیە، کە حیزبەکانی تریش هاوشێوەی ئەم جوڵانەوەیە پەڕەی ساختەیان هەیە؟ بێگومان ئەمە پاساوێکی لاوازە، چونکە بڕیار بوو ئەم جوڵانەوە گەنجانە نوێیە بە زمانی خۆیان لە حیزبە تەقلیدییەکانی تر نەچێت و کار بۆ پاراستنی شکۆی تاک بکات.

بەڕونیی ئەوە دەڵێم، کە حیزبی کوردیی تۆڕی کۆمەڵایەتییان کردووەتە زبڵخانە، لە زەردەوە بۆ پرتەقاڵیی وەک یەک مامەڵە لەگەڵ ئەم تۆڕەدا دەکەن. لەسەر دەستی پەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کە حیزبە حوکمڕانەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان پاڵپشتیی مادییان کردوون، زۆر بێبەزەییانە پەلاماری چاک و خرابی ئەم کۆمەڵگایەیان داوەو هەرچی خودا پێیناخۆشە بە جوانییەکانی نیشتمانیان کردووە، بەڵام ئەوەیش ناشارمەوە، کە کاتێک بینیم خاوەنی هەندێک لە پەڕە پیسەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کە سەرۆکی جوڵانەوەی مۆدێرنە گەنجانەکە باربوی مادییان دەکات و ئاراستەیاندەکات، توشی شۆک بووم!

ئاخر چۆن دەکرێت کەسێک تەنها لەبەرئەوەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا بە هەر بەهانەیەک نەیویستبێت بەشێک بێت لە جوڵانەوەکەی، بەو شێوە بێشەرمانە ڕۆژێک بیکەیتە پاراستن و ڕۆژێکی تریش وەک دەمڕاستی زانیاریی ناویبهێنیت! شەوێک وەک سەرسەریی پیشانیبدەیت و شەوێکی تریش بە خیانەتکار و کۆیلە ناوی بزڕێنیت!

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، کە سەرلەبەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کورد-کوژە و پرۆسەیەکە هیچی کەمتر نییە لە پرۆسەی ئەنفال، لە پرۆسەی ئەنفالدا جەستەی کورد پاکتاودەکرا، لە پرۆسەی پەڕە ساختەکانی فەیسبوکدا ڕۆحی تاکی کورد پاکتاودەکرێت و شکۆی تاکەکان زۆر بەئاسانیی ئەتکدەن.

( شوانە حسن ابوبکر )




کتێبی (زمانی حەیزەرانی) د. فەرهاد پیرباڵ چاپ دەکرێتەوە.

خانەی (کولتووری) دەستی بە چاپکردنی کتێب کرد و
لەیەکەم چاپ کراویشدا کتێبێکی فەرهاد پیرباڵ چاپ دەکاتەوە.

لەبەر دوو هۆکار.

یەکەم، ئەم کتێبە گرنگە بۆ خوێنەران و خوێندکارانی
کورد تا کوو بزانن مافیان چییە و چۆن داوای ماف و ئازادی خۆیان دەکەن.

دووەم، ئەو کتێبە ساڵانێکە چاپی لە بازاڕ نەماوە
و پێویستە چاپ بکرێتەوە.

دواتریش پێویستە ئاوڕ و خزمەتی نووسەرانی خۆمان
بکەین.

کتێبەکە بەبەرزترین کوالێتی چاپ دەکرێت لە وڵاتی
ئێران بە تیراژی هەزار دانە. لەم ماوەیە چاپەکەی دەکاتەوە کوردستان، بەڵام ڕەنگە مەڕاسیمی
بڵاوکردنەوەکەی بکەوێتە دوای جەژن.