شوناس و بوون لەڕەگەزی ئەویتردا … نیهاد جامی

وەستان لەسەر شوناس، گەرانەوەیە بۆ پرسیار لەنووسین، کاتێک لەبارەی چیەتی نووسین دەوەستین، ئەو کاتە ئەوە تێکستێک نیە بەتەنیا ڕاماندەگرێت، بەڵکو کۆی ئەزموونی نووسینی نووسەرێکە، دەیەوێت زمان بکاتە ماڵیک تیایدا لەبوونی مرۆییەوە بەرەو شوناس هەنگاو بنێت، ئەوە ژانری نووسین نیە دەمانوەستێنێت، بەڵکو ئەوە نووسینە چۆتە ناو ژانرێکەوە، لێرەوە باسکردن لەئەزموونی نووسینی ڕەگەزی بابەتێک نیە بۆ ستایشکردن، بەڵکو ئەویتری ژن لەکۆمەڵگادا جەستە و بوونی لەژێر هەڕەشەدایە، کەچی لەناو نووسیندا جەستە و بوون بەهاوبەشی بەشداری لەنووسینەوەی زمان دەکەن، ئەو تێگەیشتنە دەمانباتە ناو دنیای شیعری کەژاڵ نوری.
بوون یەکێکە لەکێشە گەوهەریەکانی نێو نووسین، ئەوە بوونی مرۆڤە لەدەرەوەی شوناس، بۆیە زمان دەیەوێت شوناس لەناو نووسین دابمەزرێنێت، شوناسی خودگەرێتی وەک ژن و شوناسی بوونی ئێمە وەک نەتەوە، ئەوە دوو هەنگاوی دامەزراندنە کە نووسین لەڕێی شیعرەوە دەیەوێت بچێتە ناو بونیادەکانی شوناسەوە.

تێکستی رەیپ بەتەنیا شیعرێک نیە، کۆنەستی ژنە، بەڵام کۆنەستێک پێویستە ڕەگەزی بەرامبەرتیایدا تەریق بێتەوە، ئەو تێکستە ئاماژەیەکی ڕوونی تێنەگەیشتنی پیاوە لەویتری ژن، ئەوە پێدانی ماسۆشیەتە بە ژن، وێنەیەک کە خواستی پیاوی چەپێنراوە، تا ژن بەقوربانی ببینت و خۆشی وەک شادیەک وێنەی جەللاد بەجەستە ببەخشێت، ئەو چێژە ماسۆشیە بۆ لەزەت وەرگرتن لەتوندوتیژی و ئازار، وێنەیەکی شیعریی پڕ لەمانای ژنایەتی بەرجەستە دەکات، تا ئەو ساتەوەختە ئەو ڕەگەزە ھێندە بە بوێریەوە باسی لەو ساتە نەکردووە، کەژاڵ لەزمانێکی شیعڤی بەرزدا ئەو بوێریە دەدات بەزمان و دێتە ناو بابەتێکەوە کە خاوەنی شیعرێکی رەهەندی فەلسەفیە، تیایدا جەستە تەنیا ئایکۆنێکە، لێرەدا گەر پشت بەو سێ قۆناغە ئاماژەکاریەی زمانزانی ئەمریکی بێرس ببەستین، کە لەپال تیۆرەکەی سۆسێر وەک دوو بنەمای ئاماژەناسی لەسەر بنیاتنراوە، بەلام ئێمە لەسەر سۆسێر ناوەستین، ھێندەی پشت دەبەستین بە بێرس، چونکە جەستە ئایکۆنێکە دەمانخاتە ناو تێکستەوە، چێژی خوێندنەوە و چێژی جەستە بەیەکدا دەچن، پەیوەندی نێوان ژن و سرووشت مێژووی سەرکوتکردنی ئەو ڕەگەزە دەخولقێنێت، لێرەدا ئێمە دەکەوینە ئاراستەی دووەمی بێرسی کە ئاماژەی زمانەوانیە، ئەگەر جەستە ئایکۆنەکە بێت، ئەوا سەرکوتکردن ئاماژەیەکە، ئەوە سادیەتی کردەی سێکسی پیاو نیە، دەرگا لەسەر ئاماژە دادەخات، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوە دەرگا بەسەر ئاماژە دەکاتەوە، تاوەکو بگەین بە سێگۆشە بێرسیەکە کە ڕەمزە، ڕەمزی ژنکوژی لەڕێگەی ئارەزوی وێرانکاری جەللادەوە، چیرۆکی ئەوانەی بۆ مەیلی نێرایەتی دەکوژرێن، ناوەکان وەک ئاماژەی ئەو مێژووە دەھێنرێنەوە، ئەوە گێڕانەوەی مێژووی پەلاماردانی ژنەکانە کە لەئارەزووەو دەگۆردرێت بۆ سڕینەوە، پەیوەندی جەستەیی لە ئارەزوو دەمرێت و لەکوشتن زیندوو دەبێتەوە، کوشتن دەبێتە ڕەمز بۆ ئاماژەی توندوتیژی کە ئایکۆنەکەی جەستەیە.

تێکستەکە بەسەر سێ بەش پۆلین کراوە، بەشەکان وەک کڕنۆلۆژیای ڕووداو چیرۆکێک دەگێڕنەوەو شیعر دەکەن بە تێکستناسی، ئەو چەمکە ئاماژەناسیەی لە ژۆلیا کریستیڤا فێری بووین، تێکستناسی دنیای ناسینە، بۆ تێگەیشتن لەدەنگەکانی ناو زمان کە باختین بە ئیدیۆلۆژیم ناوی دەبرد، لێرەدا دەنگەکان یادەوەری شاعیر نین، یادەوەری ژنی کۆمەڵگایەکە، تێکست دەبێتە ڕووبەری ناسینی ژنی کورد، ئێمە لەناو تێکست بەتەنیا ژن ناناسین، تێکستناسی نھێنی مرۆڤ لەودیوی ئاماژە زمانەوانیەکان نیشان دەدات، ئەوە ناسینی پیاوە، ئەو ڕەگەزەی ئەویتری لەبوون خاڵی کردۆتەوەو لەھەموو شوێنێک وەک ڕووبەری شەھوەت سەیری ژن دەکات، پەیوەندی ئەو دوانە بۆتە پەیوەندی و مەیلی نێرینە بۆ ھەوەسەکانی لەبەردەم جەستەی مێینەدا.

زیندەوەرەکان وەک مرۆڤەکان ئاستی ڕەگەزی کۆیان دەکاتەوە، ئەوە پیاوبوون نیە، بەڵکو نێربوونە ھەمان مەیلیان ھەیە، ئەوی مێ وەک مێی زیندەوەرەکان یەک ھەستیان ھەیە کە قوربانین، ئەوەش لەھێرشی نێرەکان، شتێک نیە ناوی خۆشەویستی بێت، ئەوەی ھەیە ڕقە لەنێری توندڕەوی زەبروزەنگی بونیادی عەقڵیەتێکی سادی.
لەدوابەشی تێکستدا ئەیکون جەستە دەباتە ناو دنیایەکیتر، ئەوە وەک مەنفیەکە بۆ سزادان، کە تەنیا بیرکردنەوە جیاواز نیە، تەنانەت زمانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، ووشەکان دەمرن و جەستە دەبێتەوە زمان، جەستەی ژن دەبێتەوە ئاماژە، بەڵام ئاماژە تەنیا بۆ تێگەیشتنی ڕەگەزی خودە، بۆ ئەوەی دنیای تایبەت بەخۆیان درووست بکەن، لەرێگەی ھەرسێ بەشەکەی تێکست ھەمیشە لەبەیەکداچوونێکی بەردەوامی «ئەیکون/ ئاماژە/ ڕەمز» داین، لێرەدا مار وەک ئاماژەیەک بۆ خواردن، سڕینەوەی بوون و تەسلیمبوونە بە پەلامارەکانی پیاو، گەر مار لەوێنەی خەلیقەتدا ئاماژە بێت بۆ ئەھریمەن، ئەوا لەوێنە دەرونشیکاریەکەدا مار وێنەی ئەندامی سێکسی نێرینە وەردەگرێت و خواردنیشی لەلایان ژنەوە سێکسە لەگەڵ پیاوێک کە پڕە لەهەستی خۆبەکەمزانین، بۆیە دەیەوێت کردەکە لەڕێی دەم ئەنجام بدرێت، چەندە ئەوە بەشێک بێت لەپەیوەندی سرووشتی، بەڵام بۆ مرۆڤی نەخۆش لادان لەو وێنەیە دەیگۆڕێتە سەر دۆخێکی دەروونی، ئەو ئاماژی مارە بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ڕەگەزی نێر، ڕەگەزێک ھەمیشە پەلامار دەدات و بەزۆر سکی ژنەکان پڕ دەکات.
ھەرسێ بەشی تێکستەکە ڕووبەرێک بۆ پەلاماردان دەخوڵقێنێت، مێژووی ژن وچیرۆکی لاقەکردنەکانی وابەستەی ناونیشانی تێکست دەکات، تێکست دەبێتە زانستێک بۆ تێگەیشتن لەو ساتەوەختە ھەنوکەییەی تیای دەژین، کە درێژکراوەی یادەوەریە.

ئەگەر لەئاستی فەردی شوناس لەژێر هەڕەشەی فەوتان بێت، ئەوا لەئاستی کۆمەڵگادا شوناس هەمان گرفتی هەیە، بۆیە گەر کێشەی شوناس لەئاستی فەرد کێشەی ڕەگەزی بێت، ئەوا لەئاستی کۆمەڵی کێشەیەتی لەگەڵ گوتاری سیاسی، بۆیە پەیوەندی نێوان نیشتمان و کۆمەڵگا ونکردنی ئاستی شوناسە، چونکە مانایەک بۆ پیرۆزی نامێنێتەوە، ئیدی شتێک نامێنێت پێی بوترێت دوژمن، چونکە جەستەی کوردی دەبێتە جەستەیەکی دوانەیی لەنێوان دۆست و دوژمندا، جەستەیەک دوالیزم لەخۆی کۆدەکاتەوە، شاعیرەکەمان وەک دەنگی تێکست ئەوە ناو دەبات بە «ئێستا باشور تەنیایە» ئەو ناونیشانە بۆ تێکستێکی شیعریی بانگەشەیەکی فراوانی گوتاری کوردبوون و تەنیابوونی بەشێکە لەنیشتمان، کە بەھۆی خیانەتی ئۆکتۆبەر تووشی ئەو تەنیاییە دێت، نیشتمان دەبێتە مەسیحێکی جێماوی سەر خاچ، لێرەدا کەرکوک وەک وێنەی باشور نیشتمانێکی تەنیایە و کەس بەلایدا نایەت، تەنانەت بەشەکانی تری نیشتمان تەنیایی نارەوێننەوە، ئەوە شکاندنی شکۆی نەتەوەیە، شکانێک برین وا لەشاعیر دەکات لەئاستی یاداشتکردنی ئەو رووداوە پەردە لەرووی کارەکتەرە سیاسیەکان ھەلبداتەوە، ئەوەش ھەندێکجار لەگوتاری شیعریبوون زمان دەباتە ئاستی نزمە من و شیعربوون دەگۆرێت بە ئاخاوتنی زارەکی، بەڵام دەشێت ئەوە گریمانەیەک بێت بۆ ساتی بێبەھاکردنی بوونی ئێمە، کە شیعر ناتوانێت بێدەنگ بێت و بەزمانێکی شاعیریانە دوا نیگای بەناو کەرکوک بگێڕێت، بۆیە نیشتمان لەنێوان دۆستەکان و دوژمنەکانی وەک یەک ھەراج دەکرێت.

تەنیایی و مەرگ دوانەیەکن لەناو نووسیندا ئامادەبوونێکی پتەوی هەیە، ئەوە وا دەکات لەدوو ئاستدا بیبینین، لەئاستی فەردی مەرگی دایک دەبێتە خاڵێکی تاریک بۆ ژیان، گەڕانەوە بۆ دایک وهەستکردن بەساتی ئارامی تەنیا ساتی لەناو ئەودا بووە، سەرەتای تێگەیشتنێکی ژنانەیە، دنیای دەرەوە رەگەزی بەرامبەر ناشیرینی کردووە، بۆیە پرسیارکردن لەمەرگ لەڕێگەی دایکەوە خەونبینینە بەژیانێک کە زادەی خەیاڵە، بۆیە تێکستی “هەر گلەیی بێ لای تۆ دایکە” چونە دۆخێکی نەستیە، بڕوا نەهێنانە بەو مەرگە “ئەڵێم دایکم هێشتا لەدەرەوەیەو/ سەرمای ئەبێ/ هەر لەبیریشم نیە مردووە”
ئاستی دووەمی مەرگ، وابەستەی هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسی نەتەوەیە، بۆیە لە تێکستی «مەرگی ھێواش» لەناونیشانەوە ئێمە چاوەروانی مردنێکی لەسەر خۆین، لەبیماری نەخۆشخانەیەک دەچین، کە نایەلن نەخۆشەکەمان چاک بێتەوە لێرەوە جەستەی نەتەوە لەروبەرێکی نیشتمان دەبێت بەجەستەی کۆ، شاعیر خودگەرێتی خۆی دەداتە دەست زمان، زمانی تێکست زمانی ئێمەیە ، ئێمە لەناو برینەوە لەبەردەم پەتی سێدارە و مەرگی خۆمانداین، مرۆڤە قوربانیەکانی ناو نیشتیمان لەدەرەوەی یادەوەریدان، لەناو ئێستایەکدان کە ساتەوەختی ئامادەبوونە بۆ مەرگ، کۆ دەنگی ئێمە لەبەرامبەر رووداوەکان، چەمکێک نیە بۆ ھێز، ھێندەی ھاوارێکە لەبەردەم تەنیایی قوربانی، زمان گوزارشت لەھەستی ناسێۆنالیستی دەکات، زمانێک چەندە دەیەوێت گوتاری کوردبوون بنووسێتەوە، سەرەنجام ئەو گوتارە لەیەکگرتوویەوە بەرەو لێکترازان دەچێت، ئەوە ھەستە سادەکانی مرۆڤە دەیەوێت ئەو شوناسە بنووسێتەوە، ئەو لێکترازانە نەک بەتەنیا لەئاستی کۆدەنگی گوتارێکی نەتەوەیی، بەلکو لەئاستی خودگەرێتی شاعیریش لێکترازاوە، ئێمە خێرا دەچینە سەر رەگە شوناسیەکەی، بەردەوام دەنگی ژنێک دەبیستین بەناو رووداوەکان تێدەپەرێت، ژنێک لەبەردەم برینی نەتەوەدا، ھاوار دەکات «کچی شەرعی دەربەندیخان نەبم» دەیەوێت سوتانی لەگەل سرووشت ھاوواتا بکاتەوە کە شاخ بسووتێت ئەویش لەگەلیدا گڕ بگرێت، ئەوەش یەکبوونێکی خودگەرێتیە بۆ ساتی شۆرش و قوربانی، لەوێنەی نەبینراودا زمان دەمانخاتە بەردەم ئەو راستییەی نەتەوە ناتوانێت کۆدەنگی بنووسێتەوە، ئەوە زمانە لەرێی شیعرەوە ھاتووە، بەناو برینی یادەوەری شۆرشەکان تێپەرێت، لەرێگەی کارەکتەرو شوێن پەیوەندی وھێزێک بەخود ببەخشێت، ئەو ھەستە ئەخلاقیە گوتاری کوردبوون لەناو شیعردا دەباتە ئاستێکی باڵا، کاتێک کۆ دەنگی وندەبێت، زمان دەنگی جەستە دەکات بە شوناسی خود.

زمان توانا نەستیەکانی لەناو شیعردا بەرجەستە دەکات و بارە ڕەشەبا دەگوازێتەوە، لەو ساتەدا ئێمە تێدەگەین ئەو کۆدەنگیەی تێکست لەسەرەتاوە دەیھێنێتە دواندن، کۆدەنگیەکی کوژراوە، لەسەر تەرمی کوژراو.. ئەوە زمانە دەیەوێت ھەلسێتەوە و شوناس بنیات بنێتەوە، ئەو ھەلسانەوەیە لەئەدەبیاتی ئێمەدا ھەولێکە ھەمیشە شیعر لەئەستۆی خۆیناوە، ئەوەتا دلدار لە تێکستی «ئەی ڕەقیب» دەیەوێت لەڕێی زمانەوە نەتەوە لەمەرگ رزگار بکات و کەس نەکەوێتە بانگەشەی کورد مردووە، بەھەمان شێوە لای شێرکۆ بێکەس لەقەسیدەی ئافات ئێمە رەگمان بۆ ناو دنیایەکی دوور دەبرێتەوە، بۆ ئەوەی زمان دلنیامان بکات، رەگمان لەناو ئاگرەوە ھاتووە بەئاسانی نامرین.

کەژال نوری نەک بەتەنیا زیندوویەتی بە نەتەوە دەبەخشێت، بەڵکو دەیەوێت کۆمەکی تەواوی دەنگەکان بکات بۆ شۆڕش، بۆیە رێنوینی مرۆڤەکان وگروپەکان دەکات بۆ شارەکان، لێرەدا لەپای ھەموو ئەو کارانە، جیاوازی کەژال لەگەل دلدار لەوێدا دەردەکەوێت، ئەو بەزمانی نەتەوە نادوێت، زمان دەباتەوە سەر ئاستی خود، ئەوە دەنگی خودە نوێنەرایەتی دەنگی نەتەوە دەکات، ئەو خەریکی شۆڕشێکە لەناو زماندا، بۆیە دەلێت «مەمکوژن» ئەگەر دلدار شاعیرێکە ھەست بە مەرگ دەکات، بۆیە دەلێت ئێمە زیندووین، بەلام ئەو ژنە شاعیرەمان دەبێت ئەو بارە شەھیدە بداتە مێژوو بۆیە نایەوێت بکوژرێت، زمان شەرمەزاریەکانمان دەباتەوە قەندیل و کەرکوک وشنگال، بەلام ئایا زمان فریای ئەو ھەموو شکست و برینە دەکەوێت؟ ئاخۆ شیعر لەتوانای ھەیە نوێنەرایەتی کۆبرین بکات؟
ئێمە تا بەناو زمانی تێکست قوڵ دەبینەوە، نەزیفی خوێن زیاتر دەبێت، کێشەی سەرەکی شاعیرەکەشمان ئەوەیە بەناو ئەو ھەموو برینە تێدەپەرێت، کەچی توانای ئەوەشی نیە ئەو نەزیفی خوێنە ڕابگرێت، ئەو ساتی نائومێدیە لەگوتاری نەتەوەیی بەھانا ھاتنی ئەخلاقیە بۆ نیشتمان، زمان لەبەردەم مەرگدا پەیوەست نیە بەشکستی گوتارێکی سیاسیەوە، بەڵکو کۆی گوتارەکان جەستەی برینیان پێکھێناوە، لێرەدا پەیوەندی برین و گۆرانی لەرێی دەنگی عەیشە شان و مۆسیقاکەی تارا جاف بەتەنیا وەک کارەکتەر نەھاتونەتەوە، ھێندەی شین و دواندنی رۆحی کوردیە لەرێگەی ژنەکانەوە، لێرەدا زمان لەناوبرین ئەو خەمناکیە دەخاتە ڕوو، کە چۆن پیاوەکان پەلاماردەدەن وشکست دێنن، خیانەت دەکەن و دواتر دەبێتە بەشێک لەمێژووی ئێمە، ئەوا ژنەکانن لەرێی مۆسیقا وگۆرانیە گێرانەوە دەبەنە ئاستی ھونەریەوە.
کۆی برینەکان چەندە چڕیش ببنەوە، سەرەنجام کێشەکە لەبوونی ئەو ئازارەیە کە شاعیر تیای دەژیێت، چونکە نوسین بەتەنیا بۆ نووسینی شیعرێک نیە، ھێندەی پرۆژەیەک بۆ نووسینەوەی برین، بۆیە کاتێک نازانێت مەرگی کۆڵبەر و مەرگی دایک کامەیان زووترە، ئەوە بۆ خۆی دەرکەوتنی ئەو دوو ئاستەی مەرگە لەناو ئەزموونی شیعری کەژاڵ نوری.

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




چوار تیۆر دەربارەی چارەنووسی نێوان هزر و زار … کامۆ ئاراز ئەحمەد

بیرکردنەوە یەکێکە لەو چالاکییە هزریانەی کە تاک بە تاکی مرۆڤەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەژموونی دەکەن. جگە لەم فرە بەکارهێنانەی هزر، هێشتاکە هیچ پێناسەیەک نییە کە تاک بە تاکی توێژەران بە ئاسوودەیی قبوڵی بکەن، ئەمەش زۆر سەیرە، ئاخر بنواڕە کە بیرکردنەوە بەهایەکی بێ ئەندازە بایەخدارە بۆ پێناسەکردنی مرۆڤ و جیاکردنەوەی لە بوونەوەرانی تر، تەنانەت ڕێنیە دێکارت کێشەی بوون و نەبوونی مرۆڤی بە دەرئەناجمی پرێمسی Cogito, ergo sum (بیردەکەمەوە، کەواتە هەم) چارەسەرکرد، کەچی ئـێمەی سەیپیەنس بە دێکارتیشەوە هێشتاکە ڕەزامەندیمان نییە بۆ پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ هزر. هزر دەکرێت وا پێناسە بکرێت کە بریتییە لە کۆمەڵە چالاکییەکی ئەقڵ، کە جودیث گرین لە کتێبەکەی Memory, Thinking and Language بەم شێوازە لیستی هەندێک لە چالاکییەکانمان بۆ ڕیز دەکات: داڵغە دان، ئاواتەکان، گریمانەکردنی فەلسەفیانە، هەبوونی بیروبۆچوون، شیکارکردنی کێشە، بڕیاردان، هتد. ئەمانە گشتیان جموجۆڵی هزریین لە مرۆڤدا.
هەرچۆنێک بێت هزر ڕێکخەری ‘زانین’ە لە مرۆڤدا و دواتریش خاسیەتە سایکۆلۆژییەکانی تری وەکو ئارێشە چارەسەرکردن و بڕیاردان. جێگەی ڕۆناهی خستنەسەرە کە ئەو پرسیارە بوروژێنین: زمان دەکەوێتە کوێی هزرەوە؟ یاخود هزر دەکەوێتە کوێی زمانەوە؟

زمانەوانی سویسرایی فێردیناند دێسێسور دەڵێت ‘بە بێ زمان، هزر تەمەئەستێرەیەکی نادیار و ڕێکنەخراوە’. وەلێ، زمانەوانانی دیکە دەکرێت هاوڕانەبن و لە هەمان کەشتی دێسێسور هەمسەفەر نەبن، هەندێک لە زمانەوان تەواو پێچەوانەی ئەو لە زمان دەڕوانن و هزر بە سەرەکیتر و زمان بە دووەمی لە قەڵەم دەدەن؛ سەرەڕای ئەم ناکۆکیانە گومان لەوە نییە کە هزر و زمان پێکەوەبەندن، هەرچەندە بیروڕای زمانەوانان لەسەر چۆنیەتی بوونی ئەم دووانە دژبەیەکبن. کەچی لە بنەمادا ئەم دووانە بانێک و دووهەوان.

لقی سایکۆلینگویستیکس لە زانستی زمانەوانی کە تێکەڵەیەکە لە هەردوو دسپڵنی زانستی زمانەوانی و سایکۆلۆژیا دەکۆڵێتەوە لەوەی کە زمان و سایکۆلۆژیا لە کوێدا بە یەکدی دەگەن. بۆیە سایکۆلینگویستەکان گەلێ کونجکۆڵن بۆ توێژینەوە لە پردی نێوان هزر و زمان. وەلێ هێشتاکە توانستی ئەوەمان نییە پەیوەندی نێوان هزر و زمان بە تەواوی گرێدراوی سایکۆلینگویستیکس بکەین، چونکە گەر بڕوانین، وەک ڕۆژی ڕووناک بۆمان دەردەکەوێت بابەتەکە بەدەر لە زمانەوانی سایکۆلۆژیاش پەل دەهاوێژێت، بۆ وێنە بە توێژینەوە لە کلتوریش بەندە، یاخود کاتێک دەمانەوێت بکۆڵینەوە لەوەی چ بەشێکی فیزیکی مێشک بەرهەمهێنەری هزرە، لێرەدا بەدەر لە سایکۆلینگویستیکس خۆمان دەلکێنین بە نیورۆلینگویستیکسیشەوە، کە لقێکی زانستە دەکۆڵێتەوە لە پەیوەندی نێوان مێشک و زمان.

هەرچۆنێک بێت چوار دیدی سەرەکی هەیە کە دەکرێت مۆدێلی پەیوەندی هزر و زمان چۆن چۆنی بن:
1. LRH: ئەم سێ پیتە کە کورتکراوەی ‘Language Relativity Hypothesis’ن بە زمانی کوردی واتە ‘گریمانەی ڕێژەیی زمان’. ئەم دیدە بینینە بۆ هزر و زمان زۆرجار دەبەسترێتەوە بە زمانەوانی ئەنترۆپۆلۆژی ‘ئێدوارد ساپیر’، بەڵام لە هەمانکاتیشدا زمانەوان ‘بێنجامین لی وۆرف’یش دەستێکی باڵی لە گریمانەکردنیدا هەبووە بۆیە ئەم گریمانەیە زۆر جار بە گریمانەی ساپێر-وۆرف دەناسرێت. ئەم گریمانەیە لەسەر ئەو تێمایە دامەزراوە کە زمان دەبێتە هۆی دیاریکردنی هزر و پێرسێپسیۆن (هەستپێکردن)، ئەوە بۆیەشە جیاوازی بەرچاو لە نێوان وشەگەل و ستراکتۆری ڕێزمانیی زمانەکاندا دەبینین. ئەم دوو زمانەوانە هەردووکیان لێکۆڵینەوەیان کردووە لە زمانی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان، کە دواتر لەڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە باوەڕیان بەوە هات کە زمان دەبێتە هۆی دیاریکردن و کاریگەریخستنە سەر هزر. بۆ نموونە وۆڕف پێماندەڵێت کە ‘ئینویت’ەکان (کە گەلێکی ڕەسەنی کیشوەری ئەمەریکان’ وشەی جیاواز جیاواز بەکاردەهێنن بۆ بەفر، وەلێ هەر یەک لەو وشانە شتێکی جیاوازیان وەسف دەکرد دەربارەی، ئەمە لە کاتێکدا لە زمانی ئینگلیزی یەک وشە هەیە بۆ ‘بەفر’ بگەڕێتەوە، ئەویش بریتییە لە ‘snow’.

ئەم گریمانەیە دەکرێت بە دووجۆری دیکەوە:
A. جۆری بەهێزی LRH : بە پێی ئەم جۆرەیان زمان دەبێتە هۆی دیاریکردن و میکانیزمی هزر.
B. جۆری لاوازی LRH: بە گوێرەی ئەم جۆرەشیان زمان کاریگەری دەخاتە سەر هزر.
هەرچەندە وۆڕف و ساپیر توێژینەوەیان کرد و هەندێک ئاڕگیومێنتیان وەکو بەڵگە خستە بەردەست بەڵام ئەم گریمانەیە ڕەخنەی لێگیراوە. ڕاستە وۆڕف لە لێکۆڵینەوەکانیدا ئەوەی خستە بەردەست کە ئینویتەکان چەندەها وشە بۆ بەفر بەکاردەهێنن بەڵام ئینگلیزی قسەکەرەکان تەنها یەک، وەلێ ئەو وا لێکیدایەوە کە قسەکەرە ئینگلیزیەکان و ئینویتەکان بە جیاواز جیهان دەبینن. زمانەوانە ڕەخنە گرەکان ئەم پرێمسەی وۆڕفیان بە نادرووست لەقەڵەمدا، ئەوان دەڵێن ڕاستە کە چەند وشەیەک لە ئینویتدا بوونیان هەیە بۆ بەفر بەڵام ئەوە جیاوازی جیهان بینین دەرناخات، بەڵکو ئەوە بەهۆی جیاوازی ژینگەکەیانەوەیە، کە وایان لێدەکات چەند دەستەواژەیەک زیاتر دابهێنن تاوەکو باشتر خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێنن.

2. ئەم گریمانەیەشیان پێچەوانەی ئەوەی یەکەمە، ئەم گریمانەیان پێی وایە کە هزر زمان دیاریدەکات و کاریگەری دەخاتە سەر؛ ئەم ڕایەش پەیوەستە بە دەروونناسی سویسرایی ‘ژان پیاژێ’. ئەو باوەڕی وەها بوو کە منداڵان بە کۆمەڵێک پڕۆسەی گەشەسەندنی درکپێکردندا (cognition) دەڕۆن، وە لە هەر قۆناغێکی گەشەسەندنەکەدا توانایەکی درک پێکردنی دیاریکراو بەدەستدەهێنن و منداڵەکە سکێماکانی* نوێدەکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش، ئەو پێی وابوو کە هزر کاریگەری دخاتە سەر زمان نەک بە پێچەوانەوە، بە واتایەکی دیکە ئەو هزرەی کە منداڵەکە هەیەتی بنچینەییە بۆ شێوەدان بە زمان. پیاژێت ڕوونیکردەوە کە لە یەکێک لە قۆناغەکان، منداڵان وشە بەکاردەهێنن بەڵام واتاکنیان بەتاڵە. بۆیە پێی وابوو کە دەبێت منداڵان سەرەتا کۆمەڵە چەمک و ئایدیایەک پەرەپێبدەن تاوەکو دواتر بە درووستی بدوێن. هەرچەندە پەیوەندیەکی بەرچاو هەیە لە نێوان درک پێکردن (cognition) و زمان بەڵام لە هەمان کاتتدا هەندێک لە توێژەران پەسەندی ڕاکانی پیاژێت ناکەن. بۆ نموونە لە کەیسی ‘لاورا’* زمانەوانێک بە ئەنجامی ئەوە گەیشتبوو کە هەرچەندە لاورا ئاستی زیرەکیەکی (IQ) گەلێ کەمی هەیە و کێشەی زۆری لەگەڵ توانستە درکپێکردنییەکانیدا هەبوو کەچی لە تاسکە سەربەکێشە زمانەوانییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. ئەمەش زەنگی ئەوەی لێدا کە زمان و هزر دوو چەمکی جیاوازن لە یەکتر.

3. دیدێکی دیکە بۆ ڕوانین لە چارەنووسی نێوان هزر و زمان ئەوەیە کە لەلایەن زمانەوانی ڕووسی ‘لێڤ ڤیگتۆسکیەوە’ پێشکەشکراوە. ئەو باوەڕی وەها بوو کە هزر و زمان پێبەستوون بە یەکدیەوە ‘interdependent’، ڤیگتۆسکی لەوە وردبۆوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتای وەدەستهێنانی زمان لە منداڵدا، هزر و زمان لە ڕەگی جیا دێن و سەربەخۆن، ئەو لای وا بوو کە هزری منداڵان سەرەتا لەشێوەی وێنەی ئەقڵیدایە و بیریان نازارەکیانەیە ‘non-Verbal’، وەلێ لە تەمەنی دوو ساڵیەوە، هزر و زمانی منداڵان دەست دەکەن بە پشتبەستن بە یەکتری هەتاکو تەمەنی حەوت ساڵان، لەو قۆناغەدا هەر یەکێکیان زیاتر پشت بەوەی تر دەبەستێت. ئەم تیۆرەی ڤیگتۆسکی چەند پاڵپشتیەکی زانستیانەی هەیە، وەک ئەوەی زمان یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ پەرەپێدانی توانستە کۆگنتڤییەکانی. بەڵام گەورەترین کێشەی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە گەلێ سەختە مێتۆدەکانی ڤیگتۆسکی پێوانە بکەین، بە هۆکاری ئەوەی ئەم تیۆرە ڕووەو تەمومژی هەنگاو دەنێ دەربارەی ئەوەی ئایە ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی ‘social interaction’* چۆن چۆنی کار دەکاتە سەر وەدەستهێنانی زمانی یەکەم First language acquisition.
4. ئەم ڕوانگەیەشیان وابەستەیە بە تێزی زمانەوانی ئەمەریکی نۆوام چۆمسکییەوە. هزر و زمان لەلایە چۆمسکی دوو چارەنووسی جیاوازیان هەیە و لە بنەماوە بەیەکدی بەند نین، بەڵکو خاوەنی دوو ناسنامە و بوونی جودان. تیۆری چۆمسکی وا لە ئەقڵی مرۆڤ دەڕوانێ کە کۆمەڵە فاکەڵتییەکی مەعریفەیی هەیە، ئەم توانا مەعریفیانەش ڕەگێکی بایۆلۆژیانەیان هەیە. تێزەکەی چۆمسکی وەها بوو کە ئەم فاکەڵتیانە تەواو سەربەخۆن، بەڵام ئەوە نەبێ کە بەرامبەر بەیەکدی مات بن و لەگەڵ یەکدیدا کارلێک نەکەن. وە پێی وابوو کە کۆمەڵە ئەزموونێکی دیاریکراو، کاریگەری بەسەر فاکەڵتیەکی دیاریکراوەوە دەکەن، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەزموونانەی کار لە فاکەڵتی زمان دەکەن مەرج نییە کار لە فاکەڵتی بیر بکەن. هەرچەندە تێزەکانی چۆمسکی لە کایەکانی زمانەوانیدا خۆی سەلماندووە و زمانەوانان بە بەردەوامی گوێی بۆ ڕادەگرن بەڵام لە بابەتی هزر و زماندا، زمانناسان تیۆریەکەی ڤیگتۆسکیان لەلا پەسندترە وەک لە هزری چۆمسکی بۆ چارەنووسی هزر لەگەڵ زار.

کامۆ ئاراز ئەحمەد

———————————-

پاشکۆ:
*سکێما (کۆ:سکێماتا) schema لە سایکۆلۆژی و زانستی درک پێکردن بریتییە لەو هزرەی یان ئەو کردارەی کە زانیارییەکان بە کەتێگۆری دەکات.

  • لاورا، کە ئاستی IQ نزیکەی 40 بوو ئەم کتێبەی لەسەر نووسراوە بۆ توێژینەوە لەسەر توانا زمانەوانی و کۆگنتڤییەکانی: https://mitpress.mit.edu/books/laura
    *Social interaction theory ئاوێتەبوونی کۆمەڵیەتی بریتییە لە تیۆرەکەیی لێڤ ڤیگتۆسکی.
    *فاکەڵتی faculty لە زمانەوانیدا توانستێکی ئەقڵی، ئێپێستێمیکە، وە فاکەڵتی زمان language faculty یاخود language moduleیشی پێدەگووترێت، ستراکتۆرێکی گریمانەبۆکراوە لە ئەقڵ و سیستەمی کۆگنتڤی مرۆڤ.



دورگەی کیپرۆس Κύπρος (قوبرس) و هەندێ زانیاری … شاخەوان شۆڕش

گریکەکان (یۆنانەکان) خۆیان بە قوبرس دەڵێن کیپرۆس، بۆیە منیش ئەو ناوەم پێ پەسندە و بەکاریدەهێنم. بەگشتی پێموایە خەڵکی وڵاتەکە چۆن ناوی وڵاتی خۆیان دەهێنن پێویستە ئەو ناوەش بۆ وڵاتەکەیان بەکاربهێندرێت.
باوکم (قادر شۆڕش) لە ساڵانی ١٩٤٣- ١٩٤٦ وەک سەربازی ئینگلیز لە دورگەی کیپرۆس بووە، ئەو سێ ساڵە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لسەر ژیان و داهاتووی ئەودا نواندووە. باوکم زۆر بەرز دەیڕوانیە خەڵکی کیپرۆس، بە دەستپاکی و ساکاری ئەوان سەرسام بوو. خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان دژی دەسەڵاتی داگیرکەری ئینگلیز جێگەی گرنگی پێدان و سەرنجی ئەو بووە. گریکە کیپرۆسەکان هەستی ڕزگاریخوازیان بەو بەخشیووە و لەوانەوە فێری خەبات دژی داگیرکەران بوو. بۆیە هەمیشە ئارەزووی ئەوەم کردووە کە سەردانی ئەو دورگەیە بکەم و بیبینم. خۆشبەختانە لە کۆتایی مانگی مایدا ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێکەوت. دیارە جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو سەردەمەدا هەیە و گۆڕنکارای زۆر ڕوویانداوە.

ڕووبەری کیپرۆس ٩٢٥١ کیلۆمەتری دووجایە. ژمارەی دانیشتوانی کیپرۆس ٩٤٧٠٠٠ کەسە، سەدا ٧٥ گریکن، سەدا ١٠ ی تورکن (بێ تورکە جێنیشکراوەکان) و سەدا ١٥ی سەر بە نەتەوەی دیکەن. تورکی کۆنی کیپرۆس پاشماوەی عوسمانیەکانن. بەنیازی چارەسەر و یەکگرتنەوە دوای ڕێکەوتنێک لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە نێوان سەرانی هەردوو بەشدا، هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پێکهاتەی دانیشتوانی دورگەکە ٧٨،٥ لەسەدای گریکە، ٢١،٥ لەسەدای تورکە.

کیپرۆس دورگەیەکی خنجیلانەیە و بەگردۆڵکە و چیا دەوڵەمەندە، کەنارەکانی درەوشاوە و ڕوون و سەرنجڕاکێشن. کیپرۆس پڕە لە داری جوانی جۆراو جۆر، ڕەزی زۆر کە ترێی جۆراوجۆر دەگرنە خۆیان، هەروەها پڕە لە گوڵ و پنچکی سەرنجڕاکێش و جوان. دارەکانی وەکو پالمە، زەیتون و پرتەقاڵ و لیمۆ و هەندێ داری دیکە (ناوەکانیان نازانم) زۆر دەکەونە بەرچاو. پنچک و دار تارکی سپی، پەنبە و سور لە زۆر ڕێگە و کەنار ڕێگەکاندا بە بەرزی جیاوازەوە دەبیندرێن. دەگوترێت ٥٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا شەراب لە کیپرۆسدا بەرهەم هێندراوە. دورگەکە بە شوێنەواری سەردەمی رۆمەکان دەوڵەمەندە و لە چەندین شوێندا دەبیندرێن.

سەرەتای ژیانی مرۆڤ لە دورگەی کیپرۆسدا بۆ ٨٠٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٢٠٠ی پێش زایندا گریکەکان لەوێ جێگیربووین و خۆبەڕیوەبەری شار بنچینەی دادەڕێژرێت. لە ماوەی ٧٠٩ تا ٣٣٣ ی پێش زاین لەلایەن ئاسوری، میسری و فارسەکانەوە داگیرکراوە. دوای ئەوە لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە خراوەتە سەر یۆنان. لە ٥٨ ی پێش زاین تاکو ٣٣٠ زاین هەرێمێکی سەر بە ئیمپراتۆری رۆم بووە. لە ساڵی ٤٥ ی زاین وەکو یەکەم هەرێمی رۆمەکان دینی کریستیانی (مەسیحیەت) لە خۆ دەگرێ. لە ساڵانی ٦٤٧ تا ٩٦٥ لەلایەن لەشکری عەرەبەکانەوە گەلێجار تاڵان دەکرێت. لە ساڵی ١٥٧١ دا لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە داگیردەکرێت و تا ١٨٧٨ لەژێردەستی تورکاندا دەمێنێتەوە. پاشان ئینگلیز داگیری دەکەن. لە ساڵی ١٩٢٣ دا لە ڕێکەوتنامەی لۆزاندا تورکیا دەستبەرداری هەموو داواکاریەکانی لەسەر کیپرۆس دەبێت (ئەو ڕێکەوتنەی بە زیانی کورد و ئەرمەن تەواو بوو و ناپاکیان لێکرا). بەمجۆرە کیپرۆس دەکەوێتە ژێردەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالستی ئینگلیز تاکو ڕزگاربوونی لە ساڵی ١٩٦٠دا. بەڵام بەداخەوە لە ٢٠ ژولای ١٩٧٤دا لەلایەن تورکیاوە سەرووی دورگەکە داگیردەکرێت و ٣٧ لەسەدای خاکی دورگەکە تا ئەمڕۆش لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری تورکیادایە. ئەو بەشە لەژێرناوی “کۆماری تورکی باکوری قوبرس” سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە، بەڵام جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێک دانی پێنانێت. لە لایەن یوئێنەوە هێلێکی چۆڵ بەپانتایی جیاوازەوە لە نێوان سنوری هەردوو لادا چاودێری دەکرێت.

مۆرکی داگیرکاری تورکە عوسمانیەکان بەسەر دورگەکەوە دیارە، بۆنمونە کەنیسا گەورەکەی نیکۆسیا و فامەگۆستە هەردووکیان کراونەتە مزگەوت. عوسمانیەکان سەریان تێکداون و لە شوێنی تێمپلە کرستیانیەکەدا گومبەت و مینارەیان بە ئەندازیاریەکی هەژارانەوە دروست کردووە و کردوویانەتە مزگەوت. شێواندنێکی پێکەنیناویە کە کەم کارامەیی و بێشەرمی خۆسەپاندنی تورکەکان وێنە دەکات. کورد دەڵێ “سەر قۆزی بن ئاڵۆز” بەڵام ئەوەیان “بن قۆزی سەر ئاڵۆزە” لە راستیدا. لە ژێرەوە کارامەیی ئارتیتێکتۆری کۆنی ڕۆمەکان بە بیناکەوە دیارە و لە سەردا گومبەت و مینارەیەکی ناشیاوی بەسەردا سەپێندراوە. کەنیساکەی فامەگۆستە لەبنچینەدا ناوی کەتەدرال ساینت نیکۆلاسە دوای داگیرکاریەکە ناوی کراوەتە مزگەوتی لالە مستەفا پاشا، ئەو سەرلەشکرە تورکەی کە دورگەکەی داگیر کردووە. ئەوەی نیکۆسیا کراوەتە مزگەوتی سەلیمیە کە لە بنچینەدا ناوی کاتەدرال ساینت سۆفیایە.

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە، ڕژێمی تورکیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتەکەی داوە، تورکی لە تورکیاوە گواستۆتەوە کیپرۆس و نیشتەجێی کردوون و رەگەزنامەی ئەوێی داونەتێ. ئەو پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە، بەجۆرێک تورکە کۆنەکانی کیپرۆس ئێستا کەمینەن و کێشە و ناکۆکیان لەگەڵ تورکە جێنیشکراوەکاندا هەیە. دەگوترێت لەوبەشە داگیرکراوەدا ئێستا ٣٥٠،٠٠٠ تورک هەن. تورکیا بەمجۆرە پێشێلی ماددەی ٤٩ رێککەوتننامەی ژەنیڤی کردووە و دەکات. جگەلەوە ئێستا لە سایەی سیاسەتی ئەردۆگانەوە هەوڵی ئیسلامیزەکردنی خەڵکەکە دەدرێت، بۆ نمونە لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندگەی قورئان و سەپاندنی پرەنسیپەکانی شەریعە. دەگوترێت تورکە کۆنەکان کێشەیان لەگەڵ ئەو بە ئیسلامکردنەدا هەیە، بەڵام دژ بە سیاسەتی تورکیا بێدەسەڵاتن. ئەو سیاسەتە ئاتۆریتاری و سەپێنەرەی تورکیا وایکرد کە تورکە کیپرۆسەکان لە ٢٢ ژانیوەری ٢٠١٨ دا بڕژێنە سەرشەقام و خۆپیشاندان دژی ئەو سیاسەتە بکەن.

باوکم کە لە ساڵەکانی ١٩٤٣ – ١٩٤٦ دا لە کیپرۆس بووە لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت ” بەکاتی ٩ی سەرلەبەیانی گەیشتینە بەندەری شاری فامەگۆستە کە شارێکی دورگەی قوبرسە. شارێکی خنجیلانە و جوان بوو. هەستمان لە خەڵکەکەی ڕاگرت بە یۆنانی و تورکی قسەیان دەکرد. ئێمە لەناو خۆماندا گوتمان زۆرباشە لێرە تورک هەن کە سەر بە ئایینی خۆمانن و زۆریشمان تورکی دەزانین کەواتە پەکمان ناکەوێ لە شتکڕین و پێویستییر. بەڵام ڕاستیەکەی بەپێچەوانەوە بوو چونکە یۆنانیەکان لە هەموو ڕووێکەوە لە تورکەکان باشتربوون بۆ ئێمە”… پاشان دەنوسێت، “پەلەکەی ئێمە کە ٣٥ کەس بوو ناردراین بۆ شاری کەرینیە (ئێستا تورکیا داگیریکردووە)، لە نزیک ئەو شارە لەگەل هەندێک سەربازی ئینگلیز بۆ ماوەی شەش مانگ ماینەوە… خەڵکی شارەکە هەموویان یۆنانی بوون تاک تاکەی تورک تێدا بوو”… دوای مانەوەمان بۆ شەش مانگ لە شاری کەرینیە گوستراینەوە بۆ شاری مۆرفۆ. شاری مۆرفۆ دەکەوێتە رۆژئاوای نیکۆسیا (پایتەختی کیپرۆس) دوو کیلۆمەتر لە دەریاوە دوورە و دەکەوێتە کلکەی چیای کەرینیە… خەڵکەکەی هەمووی یۆنانی بوون ٥ تا ١٠ مال تورکی تێدا بوو”… هەروەها دەنوسێت “ئەوکاتە دورگەی قوبرس لە ژێر دەستی ئینگلیز دابوو کە لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازی ئینگلیز بەڕێوە دەچوو، بۆیە یۆنانەکان خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگی ئینگلیز. میللەتی قوبرس کوردیان زۆر خۆش دەویست ڕێک بە پێچەوانەی تورکەکان. یۆنانەکان حەزیان بە دۆستایەتیمان دەکرد، فێریان دەکردین کە گەڕاینەوە کوردستان خەبات بکەین بۆ خۆڕزگارکردنمان لە چنگی ئینگلیز و داگیرکەران”…. “هەمیشە هانیان دەداین کەوا بگەڕێنەوە کوردستان و بەشداری شۆڕشی کورد بکەین، پێیان دەگوتین، “ئێوەش وەک ئێمە ژێردەست و چەوساوەن”. بەڵام تورکەکان بە پێچەوانەی ئەوان بوون، زۆربەیان سیخوڕی ئینگلیز بوون و دژی یۆنانەکان بوون، هیچ نیشتیمانپەروەری و مرۆڤایەتیان پێوە دیار نەبوو، بەڵکو دژی هەموو جۆرە کارێکی مرۆڤانە بوون، هەموو شتێکیان و کارێکیان لە پێناو پارە پەیداکردن بوو”…

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە خەڵکە یۆنانەکە ڕادەکەن و شارەکانی کەرینیا، مۆرفۆ و فامەگۆستا و شارەکانیتر جێدەهێلن، ئێستا هەموو دانیشتوانی ئەو شارانە تورکن. دەگوترێ چەند سەد کەسێکی یۆنانی کیپرۆسی لەوێدا ماون کە قبووڵی چۆلکردنی زێدی خۆیان نەکردووە. لەشاری لیمەسۆل لەو هوتێلەی لێی ماینەوە لەوی لە دوکانێکی هوتێلەکەدا کە ژنێک سەرپەرشتی دەکرد لەگەڵیدا کەوتینە گفتوگۆ، خۆشحاڵبوو کە زانی کوردم، هەرزوو گوتی: “ئێمە دوژمنمان هاوبەشە! بەداخەوە خراپترین دوژمنمان هەیە لە هەموو جیهاندا!” گوتی “من یەکێکم لە هەڵاتووەکانی ناوچەی کەرینیا کە بە منداڵی لەوێوە لەگەڵ دایکوباوکم رامکردووە. ئێمە خانوو و زەوی و زارمان هەبوو و دەوڵەمەند بووین بەڵام هەمووی داگیرکرا. لێرە وەکو پەنابەر بێ ماڵ و سامان ماینەوە. وڵاتمان ناڕەوا داگیرکرا. تورکیا بۆ وا دەکات!؟ ئەو هەموو خاکەی هەیە بۆ چاوی بڕیوەتە ئەو وڵاتە بچوکەی ئێمە! دوای ئەو هەموو ساڵە چارەسەرێک نییە! زۆر ناڕەوایە! بەداخەوە واهەست دەکەم ژیانی من فەوتا! راستە ئێستا ژیانمان باشە و خاوەنی خانووی خۆمم، بەڵام ئێمە وەکو ئێوە لە دڵەوە بریندارین!”. دواتر گوتی “من لەگەڵ چارەسەری یەکگرتنەوەدام، هیوادارم ئەوە سەربگرێت”.

ئێمە بەسەردان چوینە پایتەختی کیپرۆس کە شاری نیکۆسیایە لەوێدا پەڕینەوە بەشە داگیرکراوەکەی شارەکە کە هەموو دانیشتوانەکەی ئێستا تورکن. جوداییەکی زۆر لە نێوان بەشی خواروو و سەروو بەدی دەکرێت. بەشی خواروو کە لەلایەن کیپرۆسە گریکەکاندایە پێشکەوتنی بەرچاوی پێوەدیارە، هەرچی بەشە ژێردەستەکەیە بەو شیوەیە نییە، خانوو و شەقامەکان بێخزمەت و کۆنن، وە دواکەوتوو دەکەوێتە بەرچاو. ئەو جوداییە بە خەڵکەکەشەوە دیارە لەبەری گریکەکاندا خەڵک ئازاد و گەشاوە و کراوەن، بەڵام لەبەشە ژێردەستەکەدا داخراوی دیارە و بەدی دەکرێت.

داگیرکردنی ئەفرین و بەرگری تورکە چەپەکان لە خەڵکی ئەفرین: کە شاری کوردانی ئەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا رۆژنامەیەکی تورکە چەپەکان بە ناوی “ئەفریکا” دژی داگیرکاریەکە وتارێکی دابەزاند و لەژێر سەردێڕەکەدا نوسی “داگیرکردنێکی دیکەی تورکیا”، بەراوردی داگیرکاریەکەی بە داگیکردنی کیپرۆس لە ساڵی ١٩٧٤دا کردبوو. ئەردۆگان وتارەکەی بە بێمۆڕال و بێشەرم ناوبرد و هانی لایەنگرانیدا کاردانەوەی پێویست بەرامبەر بە ڕۆژنامەکە ئەنجام بدەن. سەدان کەس لە تورکە رەگەزپەرستەکانی سەربە گورگەبۆرەکان کۆبوونەوە، ئاڵای تورکیا و کیپرۆسی باکوریان بەرزکردەوە و بەدروشمی ئەڵاهوئەکبەر چوونە بەردەم ئۆفیسی رۆژنامەکە، بە بەرد و هێلکە و بتلی شوشە هێرشیان کردەسەر شوێنەکە. ناونیشانی رۆژنامەکەیان لە بچمی خانوەکەدا هێنا خوارەوە و هەندێ هەوڵیاندا بچنە ژوورەوە و بگەنە ستافی رۆژنامەکە. تورکیا هەرەشەی دادگاییکردنی سەرنوسەری رۆژنامەکە شێنەر لەڤێنت و نوسەرەکە عەلی عوسمانی کرد. شێنەر لەڤێنت کە هەوڵی سوتاندن و کوشتنی درا، وە سەگێکی کوژرایان خستە بەردەرکی ماڵەکەی، وەڵامی تووندی ئەردۆگان و تورکیای لە وتارێکدا دایەوە و سیاسەتی تورکیای بە ئیمپریالیستی و عوسمانی نوێ ناوزەدکرد و نوسی: “جێگە سەرسوڕمانە کە پیاوێکی ئەوها گەورە و دەسەڵاتدار لە ڕۆژنامەیەکی ئەوها بچوک دەترسێ”… هەروەها ئەوە دووپات دەکاتەوە کە “خەباتیان لە دژی سیاسەتی ئیسلامی فاشیستانەی ئەردۆگان بەردەوام دەبێت” و لە کۆتاییدا دەنوسێت “ئێمە لە گوتنی راستیەکاندا هەر بەردەوام دەبین”.
گەشتەمان تەنها بۆ هەفتەیەک بوو و کورت بوو، هیوادارم جارێکیتر بتوانم بچمەوە ئەوێ و سەردانی شوێنەکانیتری ئەو دورگە جوان و مێژوو دەوڵەمەندە بکەم.

شاخەوان شۆڕش
3-6-2019

—————————————–
سەرچاوەکان:

  1. https://en.wikipedia.org/wiki/CyprusCyprus:
  2. Krogh, Dorte, Turen går til Cypern, Politikens rejsebøger, 2018
  3. قادر شۆڕش، چل ساڵ خەبات و تێکۆشان، ٢٠٠١: http://kadirshorsh.com/Kadir%20Sh..A4.pdf



هونەری کاریکاتێر و ئاستەنگەکان … هەندرێن خۆشناو

کاریکاتۆر سەرەڕای ئەوەی کە هونەرێکی شێوەکارییە، بە یەکێک لە کۆڵەگەکانی هونەری رۆژنامەوانی و راگەیاندنی سەردەمیش دادەنرێت، چونکە زۆر بە سادە و سانایی و خێرایی و قووڵیی پەیامەکەی بەبێ کێشە و ئاڵۆزیی دەگەیەنێت. ئەم هونەرە چەندین هەنگاوی بەرچاو و فراوانی ناوە لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەتایبەتی دوای راپەڕینی بەهاری 1991، و وەشاندنی چەندین رۆژنامە و هەفتەنامە و گۆڤار، بەتایبەتی گۆڤاری تایبەت بە رەخنە و کاریکاتێر، وەکو (سیخورمە) لە سلێمانی و (مەلامەشهور) لە هەولێر، دوای ئەوانیش (دەهۆڵ تایمز) و (تەنزوێنە) و (گەپ) لە هەولێر، مانگنامەی (بەدرخان)یش یەکەمین بڵاوکراوەی کوردی بوو کە پاشکۆیەک بۆ کاریکاتێر تەرخان بکات، هەندێک لە رۆژنامە و هەفتەنامەکانیش گۆشەی تایبەتیان بۆ کاریکاتێر تەرخانکرد، بە سوودوەرگرتن لەو ئازادییە رێژەییەی کە هاتەکایەوە، چەندین هونەرمەندی کاریکاتێریش ناویان دەرکرد، و هەندێکیان تا ئێستاش بەردەوامن و بوونەتە ناوێکی دیار لە بوارەکەدا.

بەداخەوە کە چاوەڕێی پەرەسەندن و بەرەوپێشوەچوونێک بەو هونەرە دەکرا، دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر راپەڕیندا، کەچی بە پێچەوانەوە هەر هەموو گۆڤارە کاریکاتێرییەکان داخران (بەهەر بیانوویەک بێت نەدەبوو داخرابان)، بایەخنەدانێکی بەرچاویش هەستی پێدەکرێت لەلایەن رۆژنامە و گۆڤارەکانەوە، جا چ بایەخنەدانێکی بە بەرنامە و ئاڕاستەکراو بێت، یان کەموکوڕیی و نا شارەزایی زۆرێک لە بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەوانیەوە بێت، ئەمانەش بوونەهۆی دوورخستنەوە و رەواندنەوەی هونەرمەندانی کاریکاتێریست لە بوارەکە و گەڕانیان بەدوای بژێوی ژیانیان، کە بەهۆی دەستڕەنگینی و بەهرەکانیانەوە بەدەستیان ناکەوێت، بەداخەوە لەگەڵ زۆریی بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی راگەیاندندا، کە هەریەکەیان بەدەیان نووسەر و رۆژنامەنووس و پەیامنێریان تێدا دامەزراوە، کەچی کاریکاتێریستێک یان کارتۆنیستێکیان لەنێودا نیە!.

دەبوو ئێستا دوای تێپەڕبوونی 28 ساڵ بەسەر راپەڕیندا، هونەری کاریکاتێر پشکی شێری بەرکەوتبا لە رۆژنامەگەری کوردیدا، کەچی بە پێچەوانەوە نووسینێکی دوور و درێژی (کە زۆربەی خەڵکی نایخوێنێتەوە) بێزارکەر پشکی شێری هەیە لە رۆژنامەکاندا، لە کاتێکدا ئەگەر بزانین کە کاریکاتێر رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە راگەیاندنی رۆشنبیریدا، و پتەوکردنی کولتووری رۆشنفکریی، ئەرشیفکردنی رووداو و دیاردەکان، و تۆمارکردنی ترپەی شەقام و ڕای گشتی، و لەبەرئەوەی کاریکاتێر زۆرێک لە بارودۆخە ئاڵۆز و گەورەکان، سادە و سانا دەکاتەوە تا هەموو یان زۆرینەی بینەر و خوێنەر تێیبگەن، جا چ خوێندەوار و ڕۆشنبیر بن، چ سادە و نەخوێندەوار، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی هەستی ئینتیمابوون لەلای هاوڵاتیەوە. کاتێک کە بەردەوام خەمەکانی خۆی لەنێو تابلۆیەکی کاریکاتێردا دەبێنێت لە رووپەڕی رۆژنامەکاندا.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنییەکان ئاستی بەرزبۆتەوە، لە هەندێک شوێن گەیشتۆتە ترۆپک، ئەمەش بۆتە هۆی ئەفراندن و بەرهەمهێنانی کاری ناوازە و زۆریی بەرهەمی کاریکاتێریستان، دەبێت کوردستانیش شانبەشانی وڵاتانی جیهانەوە هەنگاوبنێت، دەنا دوادەکەوێت، دواکەوتنیش لە زەرەر و زیان زیاتر هیچی لێ بەرهەم نایەت، جا چ بۆ گەل و میللەت بێت، چ بۆ حکومەت و دامودەزگاکانی.
کات زۆر درەنگە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرگاکانی خۆی بە ڕووی هونەرمەندانی کاریکاتێر و کارتۆن واڵابکاتەوە، و کار و بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی شایستە و گونجاو بڵاوبکاتەوە و ئازادی کارکردنیان بۆ فەراهەم بکات، و پاداشتێکی شایستە بۆ بەرهەمەکانیان خەرج بکرێت، تا هونەرمەندان هەست بە بایەخدان بە کار و بەرهەمەکانیان بکەن، کە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر هەست و ناخیان لەڕووی مادی و مەعنەوەییەوە.




گریمانەی کوژرانی محمد لەقورئاندا … مەحمود عەبدوڵا

وەک دەزاندرێت پەیامبەری ئیسلام بە نەخۆشی مردووە، وەک عائیشە دەیگێڕێتەوە لە کاتی نەخۆشیەکەدا وتویەتی: ئێستاش ئازاری ئەو ژەهرە لەگیانمدایە،واتا ئەو گۆشتە ژەهراویەی کە لەلایەن ژنێکی جولەکە درایە محمد. کاتێک محمد لەوژنە دەپرسێت کە بۆچی ئەوکارەی کردووە ؟ ژنەکە دەڵێت:ئەگەر پێغەمبەربیت ئەوا گۆشتەکە ناخۆیت و نامریت،ئەگەر درۆشت کردبێت ئەوا لەدەست تۆ ڕزگارمان دەبێت! بەڵام وەک دەزاندرێت محمد بەکاریگەری ئەو ژە هرە مردوە ،بە پێی ئەوەی لە سەرە مەرگدا وتویەتی کاریگەری ئەو گۆشتە ژەهراویە لەگیانمدایە. بە پێی چیرۆکەکانی ژیانی محمد خودا لەمناڵییەوە محمدی هەڵبژاردوە تاکو دوا پەیامی خۆی بۆ مرۆڤ بنێرێت ،دوجاریش سنگی هەڵدڕاوەو و دڵی پاک کراوەتەوە،ئەوەی کە دوجار سنگی هەڵدڕابێت وەک معروف رەسافی دەڵێت واتای ئەوەیە کەنەشتەرگەری یەکەم سەرکەوتو نەبووە.

بەهەر حاڵ محمد کە پێێش بینی ڕوداوگەلێکی چواردە سەدەی دواتری کردوە چۆن نەیزانیوە کە ئەو گۆشتە ژەهراوییە؟ تەنانەت یەکێ لە هاوەڵانیشی دوای خواردنی دەمرێت ئەوە ئەگەرێکی بەهێزە کە بەکارییگەری ژەهرەکە مردبێت،لەکاتێکدا پەیامبەری خودایە!
بەڵام ئەوەی لەم بابەتەدا دەمەوێت بەکورتی ئاماژەی پێبدەم بونی ئەگەری کوژرانی محمدە. لە سوڕەتی ال عمران” ٔوَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِن قَبْلِهِ الرُّسُلُ ۚ أَفَإِن مَّاتَ أَوْ قُتِلَ انقَلَبْتُمْ عَلَىٰ أَعْقَابِكُمْ ۚ وَمَن يَنقَلِبْ عَلَىٰ عَقِبَيْهِ فَلَن يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا ۗ وَسَيَجْزِي اللَّهُ الشَّاكِرِين”َ (144)
محمد پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕەنگە بکوژرێت،بۆیە ئایەتێکی نوسیوە تا ئەگەرهات و کوژرا شوێنکەوتوانی نەگەڕێنەوە سەر نەریتی جاهیلی.کێشە کە ئەوەیە کە خودایەک کەسێکی هەڵبژاردبێت ناکرێت ئەو کەسە لەکاتێکدا بمرێت کە بەرنامەکەی تەواو نەبووە و ناکرێت خودا کار بە ئەگەربکات. چونکە لەلایەک دواین پەیامبەرە و،لەلایەکیتر ئەگەر بمرێت لەپێش ڕاگەیاندنی تەواوی بەرنامەکە ئەوا کارەکە نیوەچڵ دەبێت! بەڵام دەبینین خودا ئاگاداری ئەوەنییە،نازانێت ئاخۆ بێباوەڕان دەیکوژن یان نا ! ئەوەش ئەو گومانە دروست دەکات کە محمد خۆی قورئانی نوسیوە. بۆیە محمد نازانێت ئاخۆ دەتوانێ پەیامەکەی بەتەواوی بگە یەنێت یان لە نیوەی ڕێگا دەیکوژن. چونکە محمد زۆر خەمی یەکێتی عەرەبیەتی،وەک ئەگەرێک ئەوە بەگوێی لایەنگرانی دا ئەدات و دەڵێت”ئەگەر هاتو کوژرام ڕێبازەکەم بەرمەدەن”و ئایدیۆلۆژیاکەم سەربخەن.

مەحمود عەبدوڵا