دەوڵەت … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی نۆ:
111- سەبارەت بە چارەنوسی نادیاری یاخود شاراوەیی دەوڵەت.

دوا فەرەزییەی ئارەزوومەندانی دەوڵەت لە هەڵکشانایە، یەکێك لە دیمۆکراتە ساختەچییەکان [موزەیەفەکان] دەڵێت ئەو بیانوەی کە پاساوی پێدەدرێت کە دەوڵەت هەتا ئێستا هەر تەنها ڕۆڵی مشەخۆریی بینیوە لە تەك زۆرداری و زوڵمدا، ڕاست نییە و ناکرێت ئەوە بە تەنها هۆکارێك بێت لە نکوڵیکردنی و ڕەتکردنەوەی ڕۆڵیدا، چونکە ڕێڕەوی دەوڵەت وەکو ئۆرگانێکی بنەڕەتییە لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان، لە ئاڵووێڵکردنا[ تەداول]، دەستپێشخەری [موبادەرەکردن ] ئازادیی و یەکسانییە.

لای ئەوان [ لای Louis Blanc و Pierre Leroux – وەرگێڕ] دەوڵەت هەر بۆ ئازادیی و یەکسانییە . دەوڵەت متمانە و پشتیوانە [ ڕەسیدە].

بەڵام لە ڕاستیدا بازرگانیی ، کشتوکاڵ / کشتیاریی و هەروەها پیشەسازیی و پیشەسازییکردن دەوڵەتە.
کەناڵەکان، هێڵی ئاسنینی شەمەنەفەرەکان، کانەکان [ مەناجم] ، کۆمپانیاکانی بیمە [تەئمین]، هەروەها فرۆشیارەکانی تووتن و پۆست ئۆفیسەکان، هەموویان دەوڵەتن .
پەروەردە وپێگەیاندنی گشتی دەوڵەتە.
دەوڵەت لە دۆخی باشییدا هەموو خەسەڵەتە نەرێینەکانی دەشارێتەوە و خۆی بە خەسڵەتی ئەرێیانە دەپۆشێت و دەپێچێتەوە، خۆی لە سەرکوتکەرەوە، لە مشەخۆرەوە هەروەها لە کۆنەپارێزییەوە [موحافیزکارەوە] کە هەمیشە وابووە دەگۆڕێت بۆ ڕێکەخەرێك، بۆ بەرهەمهێن و خزمەتکار کەواتە ئەوە فیوداڵیزمە و خۆی نوێکردۆتەوە، دەزگەی هەڕەمیی جەمعییەکانی پیشەسازییە و خۆی ڕێکخستووە و پۆلینەی خۆی بەگوێرەی فۆرمیلەیەکی بەهێز کردووە کە نهێنی ئەوە Pierre Leroux هێشتا لەبەرچاومانی شاردۆتەوە.

بەم شێوەیە ڕێکخەرانی یاخوازیارانی دەوڵەت سەبارەت بە دەوڵەت هیچ شتێکیان لا نییە، تەنها لە گریمانێکەوە دەڕۆن بۆ گریمانێکی دیکە گوایە دەوڵەت دەتوانێت سروشتی خۆی بگۆڕێ و وەرچەرخاندن لە خۆیدا بکات. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە قسە لەسەر گۆڕانی شەیتان بە سەرۆکی مەلائیکەکان، بێت، بە تێپەڕینی چەند چەرخێکی ژیانی، دەوڵەت لە ڕێگای خوێن و سەربڕینەوە وەکو دڕندەیەکی کێوی، ئیتر دەتوانێت خۆراکی ئینجانە و ڕوەکەکان و ئاسکەکان بدا، بەرخەکان ئاوس بکات. ئەمە وانەی Louis Blanc و Pierre Leroux سەبارەت بە دەوڵەت، وەکو زۆر دەمێك لەمەوبەر وتومانە هەموو ئەمانە نهێنی سۆشیالیزمن.

” وشەکانی سەرپەرشتیکەر [وەلی ئەمر]، بە دەستودڵیی، حکومەتی خۆتەرخانکەر، ئەمانە لای ئێمە وەکو دروشمێکە، ئەو وشە قوڵمانایانە قسەی نێو ‘ ئینجیلە- بایبڵ’ ن. باشە کێ لە ئێوە دەبێتە پێشڕەو و کێ دەبێتە خزمەتکاری هەموان . هەرچی ئێمەشین ڕقمانە لە بێبەشبوون [مەحرومبوون]، گەندەڵیی، حکومەتی داپلۆسەر کە خەڵکی وەکو نێچیرێك ناچار بە ڕاوکردن لەلایەن خۆیەوە دەکات. ئێمە سەرسامی ئەوانەین کە بەدەستودڵن بەشێکی زیندوون لە مرۆڤایەتی، ئێمە خۆشحاڵ نین بەوانەی کە وەکو بەشێك لە مردوانن. ئێمە یاخیدەبین و دەچینەوە بە گژ بێ ڕێزیی و سوکایەتی و جەردەیی کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی سەروەرن، ئێمە چەپڵە لێدەدەین بۆ ئەوانەی کە بەر دەگرن، بەرهەمدەهێنن و بەڕێزن کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی خزمەتکارن. لەوەش باشتر باوەڕێکە و هەزار جاریش خۆشەوەیستترە لە ژیان – باوەڕەکەمان لە بەرەوڕووبونەوە و دواقۆناخی گواستنەوەی دەسەڵاتدایە ، ئەوەش ڕێڕەوی سەرکەوتنە لە دونیای کۆنەوە بۆ دونیای نوێ. هەموو حکومەتەکانی ئەوروپا ئەمڕۆ لەسەر ئایدیای دەوڵەتی سەروەر ڕاوەستاون ، بەڵام بێ ئومێدانە سەما دەکەن ، سەمای مردن ”
Nouveau Monde,” November 16, 1849.
Pierre Leroux باوەڕدارێکی پەیگیرە بەم ئایدیانە، ئەوەی کە خوازیارێتی، ئەوەی کە ئەو وانەی لەسەر دەڵێتەوە، ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات ئەوە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەتە، بەڵام ئەو پێی نەوتوین ئەم نۆژەنکردنەوە لە کوێ و لەلایەن کێوە بکرێت و چۆن کارا بێت، هەر وەکو چۆن خۆازیار و بانگەشەی نۆژەنکردنەوەی کریستانەتی دەکات بێ ئەوەی هێشتا باوەڕەکەی پێناساندبێتین و بانگەوازی دەلیلی مەزهەبەکەشی کردبێت.
ئێمە پێچەوانەی Pierre Leroux و Louis Blanc ، باوەڕمان وایە کە تیئوری وەلی ئەمریێتی، بە دەستودڵیی، خۆتەرخان کردن، بەرهەمهێنان، دەستپێشخەریی، ڕێکخراوییبوون، ئایدیای لیبراڵ و دەوڵەتی گەشەکردوو، هەموویان خەیاڵیە [ یوتۆپیا] وەهمێکی تەواوی پوختی [ نقیی] ڕوانگە و بینینی فکر و ڕۆشنبیریی هەردوکیانە. ئێمە وای دەبینین Pierre Leroux و Louis Blanc هەر یەکەیان وەکو پیاوێكن کە لە سەر ئاوێنەیەك ڕاوەستابێت و پێچەوانە ڕواڵەتی خۆی ببینێت و وانیشانی دەدات کە ئەم ڕواڵەتە ڕۆژێك دێت دەبێتە ڕاستینە و جێگای ( لە دەربڕینەکەمان بمانبەخشن) وێنە سروشتییەکەی دەگرێتەوە.

ئەمە ئەوانەیە کە ئێمە لەم دوو پیاوە جیادەکاتەوە، کە بەهرە و خزمەتەکانیان، لە وتنی هەرچییەکدا هەیە، ئێمە هەرگیز خەومان بە نکوڵی لێکردنیانەوە نەبینیوە، بەڵام ئیمە بە سووربوونیان یا پێداگرتنەکەیان [عینادی] کە لەسەر وڕێنەکانیان دەیکەن، دڵگرانین. ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتی خزمەتکار نییە ئەم چەمکە بۆ ئێمە چەمکێکی ناکۆکییانەی ئاشکرایە.
خزمەتکار و سەروەر لە دەوڵەتدا، یاخود دەوڵەتی سەروەر و دەوڵەتی خزمەتکار چەمکێکی هاومانان، هاوشێوەن و تەواوکەری یەکدین هەر وەکو چۆن ئەم چەمکە زۆر یاخود کەم بۆ یەکسانییش بەکاردەهێنرێت. خاوەنموڵك، دارا ، لە ڕێگەی سوودی سەرمایەوە خوازیاری زۆرتر و نایەکسانییە؛
کۆمونیزم، بەگوێرەی بنەمای ” هەر کەس بە گوێرەی پێویستییەکانی”، بە کەمتر
لە یەکسانی بواردەدات: نایەکسانیی هەمیشەیی؛ لەبەرئەوەیە کە ئێمە نە
کۆمونیستین و نە دارا.
بە هەمان شێوەش هەرکەس دەڵێت دەوڵەتی سەروەر ئەوە باس لە زەوتکردنی دەسەڵاتی گشت/ خەڵک دەکات، هەرکەسیش باس لە دەوڵەتی خزمەتکار دەکات، ئەوە باس لە نوێنەرەکانی دەسەڵاتی خەڵک دەکات، کە خەڵک هەمیشە نەیارن بەم دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات هەر دەسەڵاتە و هەمیشەش دەسەڵاتێکی دەرەکییە، دەسەڵاتێکی زاڵمە کە پێویستیش بکات ناتوانرێت بگۆڕرێت، دەسەڵاتێکە ناگوێززرێتەوە بۆ هاووڵاتیان ، هەمیشەش زۆر یا کەم ئازادیی تیادا نییە . ئەمە ئەو هۆکارەیە کە ئێمە دژی دەوڵەتین .

درێژەی هەیە
……………………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ صابر محمد ناسراو بە « وەستا سابیر»

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە پێویستی ئەزانێت لەسەر دۆسییەی ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران ڕای هاوڕێیانێک وەربگرێت و ئێوەش یەکێکن لەو هاوڕێیانەی کە هەمان پرستان پێکراوە لەسەر ئەم دۆسیەیە تا لە ماڵپەڕەکەمان بڵاوی بکەینەوە. و لو زووترین فرسەتدا وەڵامەکانتانمان بەدەست بکەوێتەوە سۆپاستان ئەکەین.

پرسیاری یەکەم/ لەئێستادا ئامادەکاری ئەمریکا بۆ جەنگ هەموو دەنگ وباسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەواوی میدیاکانی جیهانی داگرتووە، ئایا ئێوە بۆچونتان چییە لەم بارەیەوە؟ ئایا ئەگەری ڕودانی ئەم جەنگە هەیە؟

پرسیاری دووەم/ ئایا ئەم جەنگە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاتی ڕودانیدا چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر عێراق و ناوچەکە و جیهان؟

پرسیاری سێیەم/ لە حاڵەتی ڕودانی جەنگدا ئایا ئەرکی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان وەک بەشی پێشڕەوی پرۆلیتاریا چییە؟ و پرۆلیتاریا لە ناواخنی جەنگێکی کاولکەر چ ئەرکێکی لەسەرشانە؟ ئایا ئەگەری ئەوەهەیە ئەم جەنگە بگوێزرێتەوە بۆ جەنگێکی شۆڕشگێڕانە لە دژی بۆرژوازیی؟

پرسیاری چوارەم/ هەواڵەکان سەرەڕای ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و هەڕەشەکانی ئێران وا شیکاری بۆ ئەکەن کە ئەمریکا ئەیەوێت فشار بخاتە سەر ئێران و ئەمریکاش وا خۆی نیشان ئەدات کە خوازیاری ڕودانی ئەم جەنگە نییە، ئایا لە کاتی بڵێسەسەندنی ئاگری ئەم شەڕە نەگریسە ئێمە لە عێراق ئەتوانین چ کارێک بکەین ؟

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

١٦/٥/٢٠١٨

سەرەتا سوپاسی ھاوڕێانی ( ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی ) ئەکەم بۆ ئەم دەرفەتەو ئەم بەسەر کردنەوەیە کە بتوانین بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان لە بارەی ڕۆڵی پڕۆلیتاریاو ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕێک لە نێوان ئەمریکاو ئێران و ئاکامە ئابووری و سیاسیەکانی بەسەر ژیانی ملیۆنەھا کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیەو ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان لە ناو ئەم ھەلوومەرجەدا .

وەڵامی پ. ١:

سەرەتا پێموانیە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە گەڵ ئێراندا لە ئێستادا ھەبێت ، لە بەر چەند ھۆیەک ؛
ئەمەریکا دووای شکستی لە سوریا ئەیەوێت توازنی ھێزەکانی خۆیان لە ( ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) جارێکی تر بخاتەوە سەر یەک .
ھەوڵدان بۆ تەمێکردن و فشارھێنان بۆ سەر رژێمی جمھوری ئیسلامی ئێران کە ھێزەکانی خۆی لە سوریا و لە یەمەن بکێشێتەوە ، وە ھێزەکانی حشد الشعبی لە عێراق سنوورداد بکات و کارکردیان لە سەر حوکومەتی عێراق نەھێڵێت .
ھیچ ھێزێکی ئەڵتەرناتیڤی ئۆپۆزیسیۆنی بە ھێز لە ئێراندا بوونی نیە لەو چەشنەی کە لە عێراق ھەبوو ، نە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ئێران و نە ئەھوازیەکان ونە موجاھیدەکان و شاھەنشایەکان ھێزێکی ئەوتۆیان نیە تا بتوانن ببن بە جێگر ی داھاتووی جومھوری ئیسلامی .
خودی جومھوری ئیسلامی لە ھەموو ئاڵتەرناتیڤێکی تری بۆرژوازی تر «مەقبوولترە» جیگەی ڕەزامەندیترە بۆ ئێمریالیزمی ئەمریکا ، بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم و ڕادیکالیزم لە ناوچەکەدا .

پەیماننامەی ئابووری و سەربازی سوعودیەی عەرەبی لە گەڵ ئەمریکا بە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار ، پێویستی بە مانۆڕێک و ئاڵۆزیەکی لەو بابەتە ھەیە بۆ ئەوەی چەکفرۆشی و داھاتی سەربازی ئەمریکی بخاتە بوژاندنەوەو کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر و دروستکردنی زیھنیانەی ھێزێکی مەترسیدار ی وەک ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی دەوڵەتانی ووڵاتە کانیی کەنداو کە ( ئێرانە ) لە پێناو ڕاگرتنی تای تەرازووی ھێزی ئێران و عەرەبیەی سوعودیەو ئیسڕائیل و بە ھاوپەیمانی خۆیان لە گەڵ ئەمریکا بۆ پێشگرتن بە ھەر گۆڕانکاریەکی چاوەڕوان نەکراو کە بێتە پێشەوە بە ھۆی شکستی ئەمریکا لە سوریاو تەواوی ناوچەکە ، ئەوەی شایانی باسە بە پلەی یەکەم ئێسڕائیل کە پێشڕەوایەتی سوعودیەش ئەکات ، وەبە پشتی ئەمریکاوە بۆ جیبەجێکردنی (نەخشە ڕێگای) نوێی ئەمریکاو و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ؛ بۆ نموونە گۆڕینی پایتەختی ئیسرائیل لە ( تل ئەبیب ) بۆ (قودس) و دوواتریش لە نەورۆزی ئەمساڵدا بەرزاییەکانی جۆلان خرانە سەر ئیسرائیل ،……ئەم ھەنگاوە ڕووەو لە پێشە …..واتە پایتەختی ئیسرائیل ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ ھەر لە قودس نەمێنێتەوە ، وە ئەوەی شایانی باسە ھەرێمی کوردستانی عێراقیش بنکەیەکی سەربازی ئەمریکیەو ڕەنگە وەلە درێژەی ئەم نەخشەیەدا ئەو ناوچانە تا ئەگەنە ھەرێمی کوردستان لە یەک بدرێن ئەگەر لە سوریا سەرکەوتنیان بەدەستبھێنایە و ئەم نەخشەیە ڕەنگە سنوورەکەی بگاتە دەریای قەزوێن بۆ نزیکەوتنەوە لە ڕوسیا ھەروەک لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دا لە مانگی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣ باسی نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوەو وچۆن دابەش ئەبێت بەچەند دەوڵەتێکی تر؛ ھەموو ئەم نەخشە ڕێگایە لە بەرامبەر ڕوسیاو چین و ئێراندا دەبرێنە پێشەوە .

ھەلوومەرجی فەنزەوێللاو ململانێی ئەمریکا لە گەڵ ڕوسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ووڵاتی ڤەنزەوێللا یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی تر بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی ئەمریکا لە سوریاو لە (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) ، فشارێکە بۆ سەر ڕوسیا و چین و ئێران وتورکیا کە واز لە پشتیوانی دەوڵەتی فەنزەوێللا بھێنێن .
ھەلوومەرجی ئابووری و سیاسی جیھان لە دووای شەڕی جیھانی یەکەم و دووەم و دەرس و ئەزموونی بۆرژوازی و ئیمپریالیزمی جیھانی کە چیتر و بۆ جارێکی تر نابێ زەمینەی ئابووری و سیاسی بۆ ھەڵگیرسانی شۆڕشێک لە چەشنی شۆڕشی ئوکتۆبەر بۆ کۆمۆنیستەکان وپڕۆلیتاریا بھێننە کایەوە ، بە تایبەت ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە درێژە دان بە سیاسەتی ( ڕیفۆرمیستی بۆرژوایی ) بۆ ددێژە دان بە ژیان وحاکمیەتی بۆرژوازی و سەرمایەداری لە جیھاندا ؛ ئەم ھەلوومەرجە وا ئەکات کە کێشەی یەکلاکردنەوەی ململانێی کەڵەکەی سەرمایە لە نێوان قوتبە ئیمپریالیسەکاندا نە چێتە قۆناغی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەشێوەی ( شەڕو جەنگ سازی) بەڵکە ململانێکە زیاتر لە جەنگێکی ئابووری و گەمارۆ ئابووریەکاندا خۆی بەرجەستە بکاتەوە.

ھەروەھا ھۆیەکی تر کە ڕێگرە لە بەردەم ھەڵگیرسانی جەنگێکی ئاوا ئەوەیە کە نە ئەوروپای یەکگرتوو وە نە پەیمانی ناتۆ وە بەتایبەت ئەڵمانیاو وھۆڵەنداو ئیسپانیا بە ڕاشکاوی دژ بە ھەڵگیرشانی شەڕن لەو ناوچەیەدا ، سەرباری ھەموو ئەم ووڵاتانەش ڕوسیا و چینیش کە گومانی تێدا نیە لە گەڵ ھەڵگیرسانی ئەم شەڕە نین لە لایەن ئەمریکاوە .
خاڵێکی تر کە پێویستە باس بکرێت ئەم «ھاش و ھوش »و ھات و ھاوارەی سەرانی ئەمریکا دژ بە ئێران بریتیە لە سیاسەتێکی ناوخۆیی بۆرژوازی ئەمریکا بۆ وەرچەرخاندنی زیھنی پڕۆلیتاریای ئەمریکا بۆ دەرەوەو و بەلاڕێدابردن و چەواشە کردنی پڕۆلیتاریای ئەمریکایە کە دوژمنی ئەمڕۆمان ئێران وتیرۆریزمە نەک خودی دەسەڵاتداریەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ناوچەکانی تری جیھان ، و چەوساندنەوەیان بۆ پڕۆلیتاریای ئەمریکاو بگرە جیھانیش ؛ ئەم سیاسەتە ناوخۆیەی ئێستا کە ئەیانەوێت ھێزو بازووی سەربازی خۆیان نیشان بدەن ، پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەمریکاو خودی سەرانی حیزبی جومھوریەکان و ترامپ وەک پسوڵەیەکی بەھێز لە بەرامبەر ھەڵوێستیان دژ بە ئێران .

وەڵامی پ. ٢ :

کاریگەری شەڕێک کە لەو ناوچەیەدا ڕوو ئەدات ڕۆشنە ، سەرەتا بۆ تێکشکاندنی ھەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارو پڕۆلیتاریای ئەو ناوچەیە بە گشتی ، یەکەم لە باری ژیان و گوزەران و برسی کردن و درێژە دان بە تۆقاندن و ترس و ئیرھابێک کە مەوداکەی زۆر لە کاریگەری خراپی تاقمە تیرۆریستیەکانی قاعیدەو داعش زیاتر ئەبێت ، دووەم بە تاڵانبردن و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە نەوت وگاز و کانزایەکانی تری ئەو ناوچەیەو زیاتر کردن و کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئەم ناوچەیە. وە لەم نێوەدا ھەلومەرجێکی ترسناک و وەحشەت ئامێز لە چەشنی ھەلومەرجی یەمەن بەسەر تەواوی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو ناوچانەدا ئەسەپێنرێت.
ئەبعادی ئەم شەڕە تەنھا ناوچەیی نامێنێتەوە بەڵکە جەمسەرو قوتبە ئیمپریالیستیە جیھانیەکانی تریش تیایدا بەشدار ئەبن ، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم شەڕە پانتایەکی گەورەی لەم چەشنە ی گرتە خۆ ئەو کاتە ڕۆڵی ڕابەرایەتی مارکسیستانەی کۆمۆنیستەکانی ناوچەی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ) ، لە سەر بنەمای ئەو بەرنامە سیاسیەی کە باسمان کرد ، ئەبێتە کارێکی بەرجەستەو و پڕۆلیتاریای شوێنەکانی تری جیھان بەدووای خۆیدا ئەھێنێت ، چونکە ئاکامەکانی شەڕێکی ئاوەھا لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە کار ئەکاتە سەر ژیانی تەواوی پڕۆلیتاریای جیھان و گشت ناوچەکە .

وەڵامی پ. ٣ :

سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان وپڕۆلیتاریا !

سەبارەت بە ئەرکی کۆمۆنیستەکان لە ئێستاداو لە کاتی جەنگداو وە لە ھەر ھەلوومەرجێکی تردا لە ژێر دەسەڵاتداریەتی سیستەمی سەمایەداریدا ڕۆشنە ؛ سەرەتا خۆ ئامادەکاری کۆمۆنیستەکان وەک نوخبەیەکی ووشیارو تێکۆشەری ناو چینی کرێکار لەوێوە دەستپێ ئەکات کە ببنە خاوەنی بەرنامەیەکی مارکسیستی کە بە ڕاشکاو دابڕاوی فیکری خۆیان لە گەڵ « سیاسەتی ڕێکخستنی تریدیۆنیستانەو و ڕیفۆرمیستانە » بخەنە ڕوو ، ھەروەھا دابڕانی تەواو لە ھەمو مەیلە سۆسیال دیمۆکراتەکان و چەپی ئەوروپایی و ھەروەھا دابڕان لە گەڵ ( ڕیفۆرمیزمی کرێکاری )لە چەشنی «کۆمۆنیزمی کرێکاری» و بەرنامە ڕیفۆرمیستیەکەیان بە ناوی ( دنیای باشتر ) و ھەروەھا( سۆسیالیزمی پۆپۆلیستی) لە چەشنی مۆدێلی ئەمریکای لاتینی و چاڤێزی و چەندین بیروبۆچوونی تری بە ناو مارکسیستانەو تەنانەت بە ناو ترۆتسکیانە کە بەرنامەکانیان پشت بە سیاسەتی ڕێکخستنی تریدیۆنیستی و ڕیفۆرمیستی ئەبەستێت و بەتایبەت دوابەدووای ساڵەکانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ کە ترۆتسکی و ھاوڕێکانی ویستیان ( ئەنتەرناسیۆناڵی چوارەم )پێکبھێنن وە بۆشایی چالاکی سیاسی مارکسیستانەو ڕێکخستنی سیاسیانەی پرۆلیتاریا بۆ ڕوخاندنی سەرمایەداری و رژێمە سیاسیەکانیان بە چالاکی نیشاندان لە ناو ڕێکخراوە جەماوەریەکان و ھەروەزیەکان و سەندیکاکان بە بێ بوونی پارتی ڕێکخراوو بەڵشەفیانەی پرۆلیتاریای سەردەمی ئێستا پڕ ئەکەنەوەو لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتیدا بمێننەوە .

ھێرشی پرۆلیتاریا و ئامادەیی ئەوان لە ناوچەکەدا ھەڵێنجراوی ئیرادەی خود بەخودی پرۆلیتاریای ئەو ناوچەیە نیە ؛ بەڵکە پرۆلیتاریای ئەم ناوچەیە ئیلھام لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریای جیھانی ورئەگرێت و بە ھەمان شێوە ش کار ئەکاتە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریای جیھانیش ، ئەم ئیرادەیەش ئێستا لە ئاستێکی زۆر نزم و ناڕێکخراودایە و ە کۆمۆنیستەکان لە جیھاندا لەسەروکاری زیندووکردنەوەی ڕوحیەتی شۆشگێڕانەی مارکس وئەنجلس و لێنین دان و بە گرنگیەوە سوود لە لە ئەزموونی خەباتی ترۆتسکی و ھاوڕێکانی وەر ئەگرن دژ بە ( سۆسیالیزمی میللی ) و ( ڕیفۆرمیزمی شەعبەوی ) ستالینی و حیزبە شیوعیەکانی ؛ ھەرەھا دوژمنی چینایەتی پڕۆلیتاریا ناوچەیی نیە بەڵکە جیھانیە ، چونکە خودی سەرمایەداری جیھانیە .

پەرژو بڵاوی و نەبوونی ئەو ئیرادە و ڕوحیەتە شۆڕشگێڕانەیە ی مارکس و ئەنجلس ولێنین ڕۆڵ و کارکردی خۆێ ئەبێت لە سەر پڕۆلیتاریای ناوچەکە ، بەڵام کۆمۆنیستەکانی ئەو ناوچەیەش دەستەوئەژنۆ دانانیشن کە بۆرژوازی و ئیمپریالیستەکان چۆنیان بوێت سیاسەتەکانی خۆیان بەسەر جەماوەری پڕۆلیتاریادا بسەپێنن ، وە ھەمیشە بەسەروکاری ئەوەوەن کە کۆڕوکۆمەڵ و کادێرانی تێکۆشەری ناو پرۆلیتاریا لە یەکتر نزیکبکەنەوەو و ببنە خاوەنی بەرنامەیەکی ماتیریالیستیانەو جەدەلیانەی مارکس و ئەنجلس و و لەسەر بنەمای ئەم کۆڕوکۆمەڵ و بەرنامەیەوە ببنە خاوەنی حیزب و ئیرادەی سیاسی پڕۆلیتاریای ئەو ناوچەیە بەر جەستە بکەنەوە .

بەردەوام ئەرکی کۆمۆنیستەکان ھەرەک لێنینش فێری کردووین ئەوەیە نەک ھەر بە شوێن ھەلی گونجاودا ( الفرص) بگەڕێین بەڵکە ئەبێ تێبکۆشین و ھەلومەرجە کۆمەڵایەتیەکان بارگاوی بکەین و شۆڕشگێڕیان بکەین و خۆمان ھەوڵی ھێنانە کایەوەی ھەلوومەرجی شۆڕشگێڕانە بدەین و دروستیان بکەین لە ڕێگەی کاری تەبلیغی و سیاسی ئاشکراو نھێنیمان دژ بە بۆرژوازی و ئیمپریالیستەکان بۆ ژێرەوژوورکردن و کۆتایی ھێنان بە سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکانیان .
بە بێ بوونی حیزبێکی سیاسی بە توانای لەم چەشنە ھیچ ئومێدێک بۆ گۆڕینی ئەم ھەلوومەرجە بە ھەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە و جەنگی شۆڕشگێڕانە دژ بە بۆرژوازی نیەو نایەتە ئاراوە ، ھەروەک لە سودان و جەزائیر و مەغریب و تونس سوریا یەمەن و لە ووڵاتە عەربیەکانی تردا بینیمان و تا ئێستاش بە بەرچاومانەوەیە .

وەڵامی پ. چوارەم :

کۆمۆنیستەکان و چەپەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی ھەڵگیرسانی شەڕێکی لەم جۆرەدا وە بەم سیماو چوارچێوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە ھەیانە ھیچ کارێکی سیاسی وخاوەن کارکردێکی مەزن لە سەر ڕەوتی شەڕو لە بەرەی پڕۆلیتاریادا پێ ئەنجام نادرێت ؛ تا ئەو جێگەیەی کە بەبێ ئەم ئامرازە سیاسی و ئیرادە شۆڕشگێڕانەیەی کە خۆیان لە حیزبێکی سیاسی و چینایەتی بە ڕوحی تێکۆشەرانەی مارکسەوە نەیەنە مەیدان ، بەبێ ئەم ڕێکخراوبوونە کۆمۆنیستەکانیش وەک ھەر تاکێکی تری کۆمەڵگا بێ تاسیر ئەمێنێتەوە ؛ ئەرکی ئێمەی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە ھەر ئێستا ڕیزی سیاسی و چینایەتی خۆمان بە کۆمەڵگا بناسێنین و پشت بە سیاسەتی ڕێکخستنی بەڵشەفیانە ببەستین بۆ ڕێکخراوکردنی ڕابەرانی ناو مەیدانە کرێکاریەکان ( نەک ووردە بۆرژوازیەکان کە لە ڕووی چینایەتیەوە جێگەی متمانە نین ) و بەرنامەی سیاسی خۆمان بەدوور لەو خاڵانەی کە لە سەروە ئیشارەمان پێداون بخەینە ڕوو .
ھەروەھا لە کاتی ڕوودانی جەنگدا و لە ئێستاوە پێویستە ئامادەیی خۆمان بۆ : یەکەم ؛
کاری تەبلیغاتی چڕوپڕ بۆ کۆکردنەوەو سازماندانی پڕۆلیتاریا بۆ شەڕێکی گەورەترلە پێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی و ڕزگارکردنی پڕۆلیتاریا لەم شەڕە ھەروەک بەڵشەفیکەکان خەباتیان بۆکرد لە سەروبەندی شەڕی جیھانی یەکەم دا تا توانیان دەسەڵاتداریەتی قەیسەرلە ڕوسیا بڕوخێنن .

دووەم ؛ ھەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی تەبلیغاتی ناسیۆنالیستانەی بۆرژوازی بۆ بەشداریکردن لەم شەڕەدا و موقاتەعەی ڕاستەوخۆو بێ قەیدوشەرتمان بۆ پێشگرتن بە ھەڵگیرساندی جەنگێکی ئاواو وەستانی شەڕ .
خەڵکانێک و کادێرانێکی مارکسیستی زۆر دڵسۆز و تێکۆشەر لە ناو بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە ھەرێم و عێراقدا ئەزموونی شەڕی عێراق وئێرانیان بینیوە ، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕوحیەتە شۆشگێڕانەی کە ھەیان بوو لە لایەن مەیلی ( ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ) حیزبی شیوعی وھەروەھا مەیلی ( ڕیفۆمیستی کرێکاری) کۆمۆنیزمی
کرێکاری بەرەو ئاقارێکی ڕیفۆرمیستانە بە لاڕێدا براوە و ئەو ڕوحیەتە شۆڕشگێڕانەیان مراندووە وەک ( تاقمێکی فشارھێنەر) بۆ سەر بۆرژوازی لە پێناو ڕیفۆرمسازی ھاتوونەتە مەیدان نەک کار بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی بۆرژواکان لە ناوچەکەدا .
ڕۆڵی بزووتنەوەی مارکسیستی پەڕژو بڵاوی ناو چینی کرێکار و پڕۆلیتاریا لە ئێستادا چ لە ڕووی لۆکاڵی و چ لە لەڕووی جیھانیەوە ئەویە کە ئەم ڕووحیەتە شۆڕشگێڕانەیەی مارکس زیندووبکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادە سازی خەباتی چینایەتی سیاسی و ئابووری پڕۆلیتاریاو بەرەو ئامانجی تێکشکاندنی دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە ناوچەکەدا و ەستانەوە دژ بە جەنگێکی مەزنی لەم چەشنە .

———————————————————–
سەرچاەکان :

١-سەرنجێک سەبارەت خەسڵەتی سیاسی تێکۆشانی نقابی ( جەماوەری )
نامەی مارکس بۆ ( بوڵت) لە ٢٣ تەشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧١ ؛ کە لە کتێبی ( في الحركة النقابية) له نووسينى ماركس و انجلس و وه رگێڕانی طلال الحسیني و صونیا الخوري طعمة وەرگیراوە .




میدیاكار و ئه‌رك … ئاری زێندینی

     كاتێك رۆژنامەڤان پەردە لەسەر كەم و كورتییەكان لا دەدات، مانای ئەوە نییە وڵاتەكەی سەرەو ژێر دەكات، یان دوژمنایەتیی كەس دەكات، بەڵكوو مەبەستيەتى  
ئەركی رۆژنامەڤانیی خۆی بەجێ بگەیەنێت.

كاتێك رەخنەش لە سیاسەتی هەڵەی حكومەت دەگرێت، بۆ ئەوەی نییە دوژمنی بۆ پەیدا بكات، یان ئینتیمای تاك بۆ نیشتمانەكەی لاواز بكات. ئەو كاتەش كە لە سەر كاربەدەستێكی باڵای حكومەت دەنووسێت، ئەوە ناگەیەنێت رقی لێ دەبێتەوە، بەڵكوو مەبەستیەتی بە ئاگای بێنێتەوە و هەڵەكانی بخاتە بەر تیشكی سەرنجی دەوروبەر.

لەگەڵ ئەوەشدا، نابێ بیرمان بچێ‌، زۆر جار خودی میدیاكار حورمەتی پیشەكەی ناگرێ، لەم لاو ئەو لاوە ئاراستە دەكرێ و لە ژێر كاریگەریی مەیلی سیاسی و ئایدیۆلۆژیدا دەجووڵێتەوە، یان لە روانگەی بەرژەوەندیی كەسی سەیری شتەكان دەكات، ئەمەش رێك زیان بە ناوبانگی پیشەكەی دەگەیەنێ و رەنگە دوا جاریش متمانە بدۆڕێنێت.
میدیاكار، ئەركێكی گرنگی لە ئەستۆدایە، ئەویش پاراستنی ئەمانەتی پیشەیی و راستگۆییە. مادامەكێ ئامانجی كاری رۆژنامەڤانی پێشخستنی كۆمەڵگە و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤە، دەبێ بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ رووداو و پرسەكاندا بكات، كارێك نەكات ببێتە مایەی پەشێوی و پاشاگەردانی.

جەماوەر مافی خۆیەتی راستییەكان بزانێ، لەم نێوەندەشدا ئەركی رۆژنامەڤانە بەدوای بێ دادی و بێ‌ سیستەمی و خراپیدا بگەڕێ و بەدواداچوون بۆ دیاردەكان بكات. زانیاری لە بارەی كۆی پرسەكانی پەیوەست بە ژیانی هاونیشتمانیان بخاتە روو، بەڵام هەرگیز مافی ئەوەی نییە كار بۆ لاواز كردنی ئینتیمایی نیشتمانی هاونیشتمانیانی بكات، یان دەست بخاتە كاروباری شەخسیی خەڵكەوە.

میدیای كورد تا هەنووكە خاوەن پەیامێكی روون نییە، یان بەرگرییەكی كوێرانە لە دەسەڵات دەكات و هەموو كاری خۆی لە ستایش و پێداهەڵدان دەبینێتەوە، یان بە چاوی دوژمن لە دەسەڵات و دامەزراوەكانی وڵات دەڕوانێت و سەنگەریان لێ دەگرێت.
ئەركی رۆژنامەڤان شەڕ كردن نییە لەگەڵ حكومەت، ئەركی ئەو چاودێری كردنی كارەكانیەتی. دەكرێ میدیا هەوڵی لادانی وەزیر، یان بەڕێوەبەرێك بدات، كە دەسەڵاتەكەی بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەت قۆستبێتەوە، بەڵام ناكرێت بە هۆی هەڵە، یان مامەڵەی خراپی كاربەدەستێك، هەموو جوانییەكانی نیشتمان بسڕێتەوە و حەز بكات وڵاتەكەی سەرەو ژێر بێت.

ئەمە مانای ئەوە نییە، میدیای ئێمە بە سارد و سڕی گوزەر بكا، رۆژنامەنووسیش دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت، لێ نابێ تەنیا لە سەر رەگەزێك بوەستێ و رەگەزەكانی دیكە فەرامۆش بكات.
بە داخەوە وەك چۆن هەندێك رۆژنامەڤانی ئێمە بوونەتە دومبكچیی دەسەڵات، ئاوهاش هەندێكیان بوونەتە دوژمنی سەرسەختی حكومەت.
میدیای كورد تا ئێستا نەیتوانیوە مامەڵەیەكی پیشەیی و بێ لایەنانە لەگەڵ رووداوەكاندا بكات.
هەرچی میدیای وابەستەیە، بە گوێرەی بەرژەوەندی ئەو لایەنەی تەمویلی دەكات، زانیاری دەگەیەنێت، میدیای ئەهلیش لە بیری دەچێت ئەركی ئەو گەیاندنی زانیارییە وەك خۆی، بۆیە لە رووماڵ كردنی هەواڵ و بەدواداچوونەكانیدا، خۆی دەكاتە لایەن و وەزیفەی پیشەییانەی خۆی پێ ناپارێزرێت.
میدیای كورد، بە هەردوو جۆرەكەیەوە، یەك دیو دەبینێ‌، یان تەنیا جوانی و كارە باشەكان دەبینێ، یان تەنیا خراپی و ناتەواوییەكان پیشان دەدات.

ئەركی رۆژنامەڤانە ببێتە چاودێر بە سەر حكوومەت و راستییەكان وەك خۆی بخاتە روو، وەلێ نابێ كارێك بكات لە دەرەوەی هەقیقەت بێت، نابێ متمانە لەدەست بدا و هەقیقەت ون بكات.
لەو سۆنگەیەوە، مادام لە بنەڕەتدا میدیاكار لە خەمی ئینساندایە، داكۆكی لە بەرژەوەندی هاونیشتمانی دەكات، بێگومان وەك چۆن ئەركی پیشەیی بەجێ دەگەیەنێت، ئاواش رۆڵی نیشتمانی دەبینێت، كەواتە ئەركەكەی تەنیا لە سیاقی رۆژنامەڤانی نامێنێتەوە، بەڵكوو دەچێتە خانەی وڵاتپارێزیشەوە.
مێژوو پێمان دەڵێت، كەم نین ئەو میدیاكارانەی لە پێناو راستی و ئاییندەیەكی جوانتر بۆ وڵاتەكانیان بوونەتە قوربانی، لەم رووەشەوە خاكی ئێمە بێ‌ نموونەی زیندوو نییە. هەروەك لە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەییشدا، میدیاكارانی ئێمە، بێ‌ رۆڵ و كاریگەری و قوربانی نەبوون.
ئەمڕۆش، كە ئەركی گواستنەوەی زانیاری و چاودێری كردنی كایە جیاجیاكانی دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی بەڕێوە بردنی وڵاتیان لە ئەستۆدایە، مانای ئەوە نییە ئینتیمایان بۆ نیشتمان لەدەست دابێ، هەروەك مانای كاڵ كردنەوەی ئینتیمای تاكی كوردیش نییە.

كاتێك تۆ بەدوای دەرخستنی هەقیقەتێكدا دەگەڕێیت، بە حكوومەتەكەت دەڵێیت ئەو هەموو بێ سەروبەری و بێ پلانییە بەسە، مانای راگەیاندنی شەڕ و هەڵگەڕانەوە نییە لە حكوومەت. خستنە رووی خەوش و ناتەواوییەكانی حكوومەت، جۆرێكە لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان.
مادام پێمان وایە كۆمەڵگەیەكی ئازادین، دەبێ خاوەن میدیایەكی ئازادیش بین، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانین گوزارشت لە بیر و بۆچوونی خۆمان بكەین. كورد پتر لە میللەتانی دیكەی دونیا پێویستی بە میدیایەكی ئازاد هەیە.
هەموومان دەزانین، لە مێژوودا كورد زوڵمێكی زۆری لێ كراوە، بە خراپترین شێوە چەوسێندراوەتەوە، كەواتە چۆن دەبێ میللەتێك خۆی قوربانیی دەستی سیستەمێكی داپڵۆسێنەر و ستەمكار بێت، كەچی ئازادیی را و ڕای پێچەوانەی قبووڵ نەبێ؟

دیموكراسی بەرهەمی ئازادییە، بە میدیای ئازاد جوانتر و گەشاوەتر دەبێ. بە مانایەكی دیكە، دیموكراسیی راستەقینە، بەرهەمی میدیای ئازاد و سەربەخۆیە، هەروەك (ژان پۆل مارپۆز)ی رۆژنامەڤان پێی وایە: “ئەوانەی ویلەكانی ماشێنی دیموكراسی چەور دەكەن، رۆژنامەڤانانن”.
ئیتر ئەو میدیاكارەی لە ئەركی راستەقینەی میدیا تێگەیشتووە و پیشەییانە مامەڵە دەكات، نەك رێی تێناچێ‌ بە كەسێكی بێ ئینتیما بزاندرێت، بەڵكوو ناڕاستەوخۆ رۆڵێكی زۆر گرنگی دەبێت لە تۆخ كردنەوەی ئینتیمای تاك بۆ نیشتمانەكەی.




سێ چرپەی بولێڵ … سۆران محەمەد

-١-
(مەوداکان)
شەوان گیانم ئەبەخشمە ئەو تابوتەی
هەر مانگەو لەسەر
لێواری حەسرەتێکا
گۆڕ بۆ خۆی هەڵئەکەنێ
مەگەر ئەو ئەستێرە دوورانەی
فێری زمانی تەنیاییان کردم
بێن و لە ناو چۆڵەوانی شاری دڵما
جۆلانەیەك
بۆ خەونەکانی منداڵیم دروست بکەن…
مەگەر ئەو چۆلەکە یاخیانەی
ئاشنای دڕندایەتی مرۆڤ بوون
بێن لەسەر گوێسوانەی شیعرم
بجریوێنن…
منیش ئاشنای زویربوونی گوڵ و
پەیکەری سۆزە بەجێماوەکان بووم.
*
نازانم!
لە چاوەڕوانی زەمەندا
بەردە گۆشەگیرەکانی
سەر ئەو کورسیانەی سەردەمێکە نەجوڵاون
دەبن بە چی؟
*
من دەمویست لەگەڵ هەوردا بفڕم و
چیدی بەسەر
شۆستە بێ چەترەکانا دانەبارم
دەمویست
تریفەی مانگێ بە خۆدا بدەم
تاراکەی بەسەر هیچ شەوەزەنگێکدا نەدابێ
*
نەمزانی
گەرووی شمشاڵەکان دەنووسێن و
کەس لە ئازاری
شیعر ناگا
نەمزانی:
ژیان دەبێتە ڕێبوارێکی سەرەڕۆ و
کەس لە ترپەی دڵی ناگا!
-٢-
(دوا وەنەوز)
لە نێوان من و دوێنێدا
دیوارێکی نزم هەیە
جارجارە لێوەی دەڕواڕم
بەسەر رۆحی پەرژینە هەڵکەندراوەکانا
کە بەرگەی توڕەیی
شوانە بێ بەزەییەکانیان نەگرت
ئێستا پشیلەیەکی زویری
لە قەرەباڵغی هەڵهاتوو
لەوێدا ڕاماوە..
*
ڕۆژە ماندووەکان بە تەوسەوە
سەریان بۆ درێژیی
تولەڕێکان دەلەقان
کەچی هەر تەواو نەبوون و
لە قوڵایی شەودا بزر بوون
ئێستا باڵندەکە
لەسەر دارگوێزە پیرەکە
چیدی ستران
بۆ وانەکانی ژیان ناچڕێ
*
دوێنێ پەپولەیەك بوو
لە زمانی ئازاری نەدەزانی
وانەکانی میهرەبانی
لەبەر رووناکی مۆمەکە
دەخوێندەوە
شەوێك ویستی
ماچی رووناکییەکە بکا،
گڕی مۆمەکە سووتاندی.
بووە دوکەڵێکی سپی و
گەڕایەوە بۆ کوچەکانی منداڵی

-٣-
(ئەی باڵندە دەریاییەکە! چ دەکەی لەم خەراباتە خۆڵەمێشییەدا؟ تۆ ئاشنای هاژەی شەپۆلە شینەکانی….)
ئاوابوونی سێبەرەکان و هەڵنەهاتنەوەیان
دڵیان رەق کردین
هەرچەندێك چاومان گێڕا بۆ شوێنپێی ئەوانەی
(بە ئومێدی دیدار) ڕانەگەشتین پێیان بڵێین
گیانیان لەگەڵ سپێدەکانا ئەهاتنەوەو
تەماشایان دەکردین
خەونمان دەبینی و یاریمان دەکردو زوو بیرمان چوونەوە
لەتبوونی سێبەرەکان و ونبوونیان
لە رۆژە رەشەباوییەکانا
نێرگزییان کردین
وایلێکردین
گوێ بە تەئویلی خەونەکانی (دایك)یش نەدەین!
چ دڵرەقێ بووین؟
بۆ بڕینی سنووری ڕێکەوتە تاڵەکان
ئاوڕمان لە چاوداخستنی ماچە سیسەکانیش نەدایەوە….
*
رۆژە خێراکان
چاوەڕوانی شەویان نەکرد
یادگارەکان بنووسێتەوە
بەدەست ئێمە نەبوو:
رەهێڵە خۆشی نەکردەوە
سەرژمێری لاشە ونبووەکانمان بکەین
ون بووین…
هەریەك بە لایەکدا
………………
مردن له‌ ئاوێنه‌کانا