هه‌ڕه‌شه‌كردن‌ له خه‌ونی ‌شاره‌كانی ڕه‌نگ … نیهاد جامی

“رامانێک لەدنیای شێوەکاری هونەرمەند عومەر دەروێش”

دنیای شێوەکاری ھونەرمەند عومەر دەروێش، ئامادەبوونەوەی مرۆڤەکانی ناو ژیانە، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دوالیزمەکانی ژیان و مەرگ، ئامادەبوونی ھونەر ونبون دەگۆرێتە سەر نەمریی، ھێزی ژیان گەرانەوەی مانایە بۆ ناو جوانی کوژراو، کوشتن لەھەردوو ئاستی جەستەیی و فیکریەوە، تابلۆی شێوەکاری دەکاتە رووبەرێک بۆ ئەوەی بتوانین ئاسۆیەک لەناو ڕەنگدا بدۆزینەوە، ئەگەر کوشتنی ژن پاساوی کەوت ی بەھای مرۆڤ بێت، ئەوا لەرێگەی فیگوری ژنی کوژراو بەھا بۆ جوانی دەگەرێنێتەوە، لەو کاتەدا رووبەری مەرگ دەگۆرێتە سەر رەنگی شین، شین کە چەندە دەلالەتە بۆ زەوتکردنی ئارەزوی ژیان لەجەستە، لەھەمان کاتدا دەلالەتی ئاو دەبەخشێت، ئەوە پاکیزەی دۆخی ژنبوونە، کە دەچێتەوە سەر پەڵە ھەورێکی ئاسمان، بۆ ئەوەی ئەو رەنگی شین نەبێتە رووبەرێکی ناتەواو، لەبەرزایی ئەودیوی فیگور ئێمە پەڵەی خوێنی ڕژاو دەبینین، ئەگەر رەنگی شین گوزارشت لە شینبونی جەستە و شینگێران بێت بۆ جەستە وەک گەمەیەکی زمانەوانی ووشە لەتەک ئەو ڕەنگەدا، لەھەمان کاتدا دەبێتەوە ئاو و ھەور، ئەوا لەناو رەنگی شین کاتێک سوور دێت، چەندە ئاماژەیە بۆ خوێنی ڕژاو، ھێندەش خوێن وەک گوڵی سوور خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە کوژرانی جوانی لەرێی کاری ھونەریەوە رێگای نادرێت ببێتە یادەوەری لەیادکراو، ھونەرمەندەکەمان دێت دەیکات بە ڕەنگ و لەنێو فیگوری کارەکتەرە کوژراوەکان بەرجەستەی دەکاتەوە.

دەروێش تابلۆ لەڕەنگەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئازار.. ئازار ئاماژەیەکی زەمەنیە، سلێمانی وەک شوێن و کارەکتەرێکی کە ژنە، لێرە ژن وەک ئاماژەیەکی ژیاری دادەنیشێنێت بۆ وێنەگرتنێک کە بۆ کاروباری رۆژگارێک بە وێنەی شەمسی ناسیومانە، ناسینێک بۆ ساتی ھەنووکە.. ئەوە وەستانی زەمەنە بۆ پاراستنی رۆژگارێک، بەڵام ئەو یادەوەریە لەناو ئێستا درێژ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سنوری فۆتۆگرافی تیا ببەزێنێت، بەبێ ئەوەی دەستکاری بونیادی زەمەنی بکات، لەڕێی تۆن و ڕەنگ و فیگورەوە.

ئەوەش بەتەنیا لەباو تابلۆیەکدا نامێنێتەوە، بەلام لەفۆرمی جیاواز دەیەوێت مانای تر وەربگرێتەوە، پەیوەندی مرۆڤ و شوێن، نووسینەوەی رەنگە، بۆیە کاتێک شێرکۆ بێکەس دەکاتە وێنەیەکی ئەو مرۆڤە، شێرکۆ دەبێتە شاعیرێک لە ناو نیشتیمان و مەنفیەکی نیشتیمان، ئەوە رامانی دوای مەرگ نیە ھێندەی حەسرەتێ سوتانی ھەڵەبجەیە وەک خاک، دەبێتە دەربەندی پەپولە و عیشقە وەک شاری رەنگ و دەبێتە قەسیدەی ڕەنگدان ئەوە کۆی ئەزمونی شێرکۆ دەبێتە ڕامان لەناو گۆرستانی چراکان، لەم شاری رەنگەی عومەر دەروێشدازۆرن ئەوانەی لەوێن و شێرکۆ لێیان دەروانێت، عەبدولخالق مەعروف و نالی و حاجی قادر و عاشقانی قوربانی و حەمە بچکۆلی بۆیاغچیش چاوەرێیە پێلاوەکانمان لەوێ بۆیاغ بکات، بەلام لەشاری رەنگ کەس پێلاو بۆیاغ ناکات وئەویش دەبێت بە شاعیرو عاشقی کچی خانویەکی پرتەقالی دەبێت و خەونی شێرکۆ لەحەسرەتەوە دەکات بە زیندەگیەکی شاعیریانەی ڕەنگدان.
عومەر دەروێش ھونەرمەندێکی خەونبینە بەجوانیەوە، ئەو لەبنەرەتدا ھونەرمەندێکی نێو کێشوەری رەنگە، لەناو جوانیدا رادەمێنێتەوە، بۆیە دۆخێکی سروشتیە کاتێک دەبینین دەیەوێت لەرێی تابلۆوە تەئویلی دەنگی ھونەرمەند تارا جاف بکات، بەلام تێگەیشتن لەدەنگ ھەوڵێکی بێھودەیە، بۆیە ئەویش نایەتە ناو ڕاڤەی مۆسیقاکەیەوە، ھێندەی لەتێگەیشتنی ھونەریەوە دەیەوێت ئەو ڕۆحی برینەی ناو یادەوەری ئیمە لەڕێگەی مۆسیقاو دەنگی تاراوە لەتراژیدیای نەتەوە وەک یادەوەری و نائومێدی وەک ئێستای مرۆڤی کوردی وێنا بکات.

مرۆڤ کاتێک شوناسی خۆی گەڕاندەوە بۆ هاوڵاتی کێشوەری جوانی، ئەو کاتە لەترسێک دەژیێت، ترس نیە لەجەستە، ترسە لەزەوتکردنی خەون وکێشوەرەکەی، عومەر دەروێش یەکێکە لەهاوڵاتیەکانی کێشوەری جوانی، بۆیە ترس لە خەون هەڕەشەیە لەشاری ڕەنگ، ئەوەش لەناو یەکێک لەتابلۆکانیدا هەستی پێدەکەین.
له‌پشت كاره‌كته‌رێكه‌وه‌ كه‌ بنمیچێكی سووری له‌مله‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خوێنێكه‌، شارێك له‌ڕه‌نگ ده‌بینین، ئه‌وه‌ خه‌ونی جوانتركردنی دنیایه‌، بارستاییه‌كان جه‌سته‌ی نائاسایی نیشان ده‌ده‌ن، جه‌سته‌ ئاساییه‌كان له‌ناو خانوه‌كانی ڕه‌نگدان، ئه‌وه‌ی له‌شاره‌كان.. له‌كۆلانه‌كان بوونی هه‌یه‌ ئه‌وانیترن، ئه‌وانه‌ی خه‌ونبین ده‌كوژن، خه‌ون بینین به‌م شارانه‌وه‌ بۆ جه‌سته‌ نائاساییه‌كان كه‌ ئاماده‌بوونیان وه‌ك فیگورو كاره‌كته‌ری ترسناك بۆخۆی هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌ له خه‌ون وزه‌وتكردنی شاره‌كانی ڕه‌نگ.‌‌
لێره‌وه‌ عومه‌ر ده‌روێش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌وه‌ وریامان ده‌كاته‌وه‌، خه‌ونبینین به‌شاره‌كانی ڕه‌نگ سزاكه‌ی مردنه‌، جه‌للاد كاره‌كته‌رێكه‌ له‌وه‌ ده‌رچووه‌ مرۆڤێك بێت ئه‌و له‌ناو شاره‌گه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدایه‌، بێ باكانه‌ به‌ناو كۆلان وشاره‌كانمان ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌یمه‌نه‌ی ناو ژیانی هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو خەونبینیێك به‌ڕه‌نگ، به‌كوشتنی خه‌ونی ڕه‌نگ كۆتایی پێده‌هێنرێت، تاوه‌كو ڕه‌نگه‌كان له‌ناو لافیته‌ی ڕه‌شی سه‌ر دیوارو كراسی ڕه‌شی دایكان چڕ بكرێته‌وه‌، كه‌ نابێت جگه‌ له‌ڕه‌نگی ڕه‌ش خه‌ون به‌هیچ ڕه‌نگێكیتره‌وه‌ ببینین، ئه‌و ڕه‌نگه‌ نادیاره‌ی ناو ئه‌و تابلۆیه‌ ڕه‌ش كه‌بوونی نیه، له‌ڕاستیدا له‌ناخی جه‌سته‌ نائاساییه‌كانه‌ كه‌ له‌ناو سێبه‌رو ڕه‌نگی ئه‌رخه‌وانی خۆیان شاردۆته‌وه‌، ئه‌و شاردنه‌وه‌یه‌ جۆرێك له‌ده‌مامكداری جه‌للاده‌ له‌ناو وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا.

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




مەحوی لە بەرەی عوسمانیدا … ئارام جەلال

کە سەیری شیعری مەحوی دەکەین، لەناو دیوانەکەیدا روبەڕوی چەند شیعرێکی سەیر دەبینەوە کە تیایدا چۆتە ناو بابەتی سیاسی جیهانیەوە. لە یەکێک لەو شیعرانەدا باس لە ئازایەتی سوپای عوسمانی دەکات لە دژی یۆنانیەکان، له شیعرێکیتریشدا گاڵتە بە سوپای روسیا دەکات کە بەرامبەر یابان تێکشکاون.

پێش ئەوەی بچینە ناو ئەو بابەتەو باسکردن لە جۆری ئەو شەڕانە، دەبێت باس لە میتۆدی ئاینی وەلاء و بەڕاء بکەین. ئەم میتۆدە هێڵی سەرەکی پاڵپشتی ئەم شیعرانەن. مەحوی وەلاء و بەڕاءی بۆ عوسمانیەکان هەبووە. ئەمەش سەرچاوەیەکی ئایینی هەیە، مسوڵمانی راست دەبێت وەلاء و بەڕائی هەبێت بۆ خەلافەتی ئیسلامی. بەدڵنیایی مەحوی خەلافەتی عوسمانی بە خەلافەتێکی راستەقینەی ئیسلامی زانیوە، هەر ئەو بەڕاست زانینەیە مەحوی دەباتە ئەستەمبوڵ بۆ وەرگرتنی خانەقایەک لە سوڵتان، هەر ئەم مزگەوتی خانەقای مەحویەی ئێستەی سلێمانی دیاری سوڵتانە بۆ مەحوی.

دەبێت بزانین وەلاء و بەڕاء چیە؟
واتە تۆ دەبێە دوژمنی خەلافەت و خەلیفەی مسوڵمانان بە دوژمنی خۆت بزانی و دۆستی ئەویش بە دۆستت. هەر ئەم پاڵنەرەیە وا لە مەحوی دەکات لەناو هەموو جەنگێکدا بوونی هەبێ کە گرێ دراوەتەوە بە خەلافەتی عوسمانیەوە.
وەک وتمان مەحوی لە دوو شیعردا دێتە ئەم مەیدانە، بە سەیرکردن لە روداوەکانی ئەو سەردەمە تێدەگەین ئەو شیعرانە بۆ نووسراون.

  • جەنگی روسیا و عوسمانی ۱۷٦۸۱۷۷٤
    جەنگەکە لەناو خاکی مەڵدۆڤا و ئۆکراینیاو بولگاریا رودەدات. یۆنانیەکان بەرەیەکی پشتگیری سوپاسی روسیان و بە یۆنانیە هەڵگەڕاوەکان ناو دەبرێن. جەنگێکی پڕ زیان و خوێناوی دەبێت بۆ سوپای عوسمانی.
  • جەنگی قەرەم ۱۸٥۳ – ۱۸٥٦
    لەناو خاکی قەرەم و قەوقاز و دەریای رەش و دەریای بەڵکان رودەدات. یۆنانیەکان بە هەزار سەرباز بەشدارن لە پشتگیری کردنی سوپای روسیا.
    عوسمانیەکان دەدۆڕێن و ۱۷٥ هەزار سەربازیان لێدەکوژرێت.
  • جەنگی روسیاو عوسمانی ۱۸۷۷۱۸۷۸
    ئەم جەنگەش بەهەمان جەنگەکانی پێشوو سوپای عوسمانی تێکدەشکێت. لەم جەنگەدا سی هەزار شەڕکەری دەکوژرێت و نەوەد هەزار برینداریشی دەبێت.

ئەم سێ جەنگەی سەرەوە ئاسانکاری دەکات بۆ تێگیشتن لە هەستی مەحوی لەم دوو جەنگەی دواتردا کە باسی دەکەین.

  • جەنگی یۆنان و عوسمانی ۱۸۹۷
    لەم جەنگەدا یۆنانیەکان بەجۆرێک دەشکێن تا ئاستی ئیفلاسبوون و لەدەستدانی چەندین ناوچە لە دورگەی کریت. مەحوی بە شیعرێک باس لەم جەنگە دەکات، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رقەی لەیۆنانیەکان کە لە دوو جەنگدا هاوپەیمانی روسیابوون دژ بە عوسمانی و زیانێکی گەورەیان لێداون. ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی مەحوی بەهیچ جۆرێک بیر لەوە نەکاتەوە کە ئایا جەنگ دژ بە یۆنان چەند مافی عوسمانیەکانە. چاوپۆشی لەو هەموو دەستدرێژیە بکات کە پیاوەکانی سوڵتان عەبدولحەمید لە ژنە یۆنانیەکانیان کرد.
    لەم پارچە شیعرەدا ئەو وەلاء و بەڕائەی مەحوی دەبینرێت بۆ دەوڵەتی عوسمانی.

شەخصێکی صاحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی ئەفڵاتون
یۆنانیانی قەومت بۆچی بەدەردی سەگ چوون
ئەو ذوفنونە جوابی دابو؛ بەجێیە وابێ
خۆی دایە بەڕ شیهابی ثاقیب کە دێوی مەلعون
باتیل کەموقابیلی حەق وەستا، بەتاڵە ئیشی
گەردی بە بادە خاکێ بێ هەڵپۯێ بە گەردون
خورشیدە موعجیزەی شەرع، ظلوماتە سەفسەتەی پوچ
ئیسلامیان هەموو دین، یۆنانیان هەموو دون
لەم کارەدا تکاکار کێ، حەزرەتی ریسالەت
(لاسیما) تکاگر کێ (ذوالجلال)ی بێچون
فەتح و ظەفەر بەناوی کێ بێ؟ خەلیفەی ئیسلام
(عبدالحمید)ی غازی، سوڵتانی روبعی مەسکون*

واتە:
کەسێک لە ئەفڵاتونی پرسی ئەوە میلەتەکەت بۆ بە دەردی سەگ چوون و تێکشکان،
ئەفڵاتونی هونەرمەندیش گوتی یۆنانیەکان هەردەبوو وایان لێبێت، چوکە یۆنانی وەک شەیتان و جنۆکەن و عوسمانیش وەک نەیزەکی گڕدار، بەواتای ئەو ئایەتەی کە دەڵێت نەیزەکەکان لە ئاسمان دەکشێن لەو کاتەدا جنۆکەکان دەکوژن.
پاشا دەڵێت، یۆنانیەکان ناحەقن (ئەمە لەکاتێکدایە تورکەکان چوون یۆنانیەکانیان داگیرکردووە) و عوسمانی لەسەر حەقەناحەقیش لەگەڵ حەقا دەستبدا ئەوە کاری مایە پووچە
وە دەڵێت مسوڵمانان ئاینێکی ڕونیان هەیەو یۆنانیەکانیش ئاینێکی بێ بەڵگە.
وە لەم شەڕەدا پێغەمبەر نزای بۆ مسوڵمانەکان کردووە لە خواوەندێکی بە توانا، کەواتە بۆیە سەرکەوتون،
وە فەتح و سەرکەوتنی ئەو تکایە بەناوی خەلیفەی غەزاکاری ئیسلام، سوڵتان عبدالحمیدەوە تۆماردەکرێت.

‌‌*دیوانی مەحوی ۲٤٥ـــ۲٤٨

  • جەنگی روسیا و یابان ۱۹۰٤ – ۱۹۰٥
    ئەم جەنگە بە سەرکەوتنی یابان کۆتایی دێت، روسیا زیانێکی گەورەی لێدەکەوێت. ٤٥٤٥ سەربازی دەکوژرێت و ٦۱۰٦ سەربازیشی بەدیل دەگیرێت، جگە لەوەی زیانی گەورە بەر کەشتیگەلەکانی دەکەوێت.
    لەم کاتەدا مەحوی دێڕە شیعرێک لەسەر شەڕەکە دەنووسێت، تیایدا دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت بۆ دۆڕان و زیانلێکەوتنی روسیا.
    هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە روسیا لەپێشوتردا چەندین گورزی زیانبەخشی بە سوپای عوسمانی گەیاندووە. مەحویش وەک خۆشەویستیەک بۆ عوسمانی و دڵداکەوتنی لەو ئازارەی بەهۆی ئەو زیانانەوە پێیکەوتووە بە دێڕە شیعرێک هەستی وەلاء و بەڕائی خۆی دووباره دەکاتەوە.
    پڕ (سیبریا) بە بێ مەدەدی ذاتی کیبریا
    ئەسبابت ئەر هەیە، نیە شایانی ئیعتیبار

واتە؛ ئەگەر خوا یارمەتیت نەدات پڕبە سیبریاش چەک و جبەخانەشت هەبێ هیچ سودێکی نابێ.




لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازا: گەمەی بەرژەوەندیەکان لە تارمایی هەرەتەکردنی گەلدا … شاخەوان شۆڕش

تۆماس هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩): مرۆڤ خۆپەرستە و بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکەوێت. مرۆڤ عەودالی شانازی و لایەنگیری و تۆڵەیە. دەسەڵاتی سەرکوتکەر و باڵا بۆ کۆمەڵگە پێویستە و دڵنیایی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات بۆیە لەسەر مرۆڤەکانە ملکەچی بن. ئەو رێکەوتنە پێویستە.
مەکیاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧): ئامانج بەکارهێنانی هەر کەرستە و رێگەیەک رەوا دەکات.
لە دیدی ریالیستی کلاسیکدا لە ئاستی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتدا شتێک نییە بەناوی مۆرال، چاکەخوازی یا مافی مرۆڤ، لەسەر دەسەڵاتدارە ئەوەی لەبەرژەوەندی دەوڵەتدایە ئەوە بکات بێ گوێدانە تێگەیشتنی مرۆڤدۆستانە یا لێکدانەوەی مۆرالئامێز.
سەبارەت بە هەردوو دەسەڵاتی زەرد و کەسک ئەو تێگەیشتنە گونجاوی دیاری هەیە، هەرچەندە ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی بنەماڵە و حزبدا دەیکەن. دیارە ئەوان بەرژەوەندیەکانی وڵات و گشت لە دیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دەبینن. هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی کەسک و زەرد وای پیشاندەدەن ئەوان پێداویستی مێژوویین، بۆ کوردستان باشترینن، ئامانجی ئەوان ئامانجی گەلە، بەکورتی لەدیدی سوپێکتیڤی خۆیاندا ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی گەلدایە. هەر لەو ڕوانگەیەوە پێیانوایە خەڵکی کوردستان قەرزاری ئەوانن.

دەستبەسەرداگرتن و فەرمانرەوایی دەسەڵاتی میلیشیا لەبەرەی کەسک و زەردا لە دوای ڕاپەرینەوە تاکو ساڵی ٢٠٠٣ و پاشان ڕێکەوتنی ستراتیژی بەهەمان مەنتالی قۆرغ و دەستبەسەرداگرتنی هەردوو زۆن تا ساڵی ٢٠١٣ درێژەی کێشا. دوای درێژکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ دوو ساڵ و دواتر داواکاری گۆڕینی سیستەم و سەرۆک لە ڕێگەی پەرلەماندا لە ساڵی ٢٠١٥ دا هێلی سوری بنەماڵەی بارزانی راستەوخۆ بەزاند. ئەو هێلە سورەی لە ٩٠ـەکاندا بەهەزاران کەسی کرایە سوتەمەنی. نەمانی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و سیستەم گۆڕین و بەهێزکردنی پەرلەمان، واتای لەدەستدانی دەسەڵات و دۆمینانسی ڕامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی دەیان ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بوو لە ئاستە گرنگ و بەرزەکاندا و لە کۆتایدا دەرئەنجامێکی نادیار بەئەگەری زۆر چارەنوسیان دەبوو. ئێستا ئەوان لەبەردەم ململانێی سەخت و یەکلاکەرەوەی نێوان بەرژەوەندی بنەماڵە و نەیاریانیاندابوون.

ئەوان لەو ڕوانگەیەوە بۆ ڕزگاربوون لەو تەنگژەیە بەبەرنامە پرسی ڕیفەراندۆمیان بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە بنچینەیەکە وە وەکو کارتی دەربازبوون هێنایە پێش و سەپاندیان. لە دیموکراسیدا واباوە کێشە و پرسی گوڕانکاری لەسیستەم بەهۆی تەنگژەی رامیاری و ئابوری، لایەنەکان بۆ جۆرێک لە چارەسەری تەنگژەکە دەبەن، نەوەکو نکۆڵی لە تەنگژەکە و خۆ گێلکردن و چون بەرەو ئاقارێكی نامۆ لە شێوەی گرتنەبەری لوتبەرزانەی ڕێچکەی رێفەراندۆم لەسەر چارەنوسی گەل! بنەماڵەی بارزانی پێشتر بۆ زاڵبوون و خۆسەپاندن، بێ یەکودوو پەنایان بردبووە بەر سوپای تورکیا و سوپای ئێراق، ئێستا بۆچی دەبوایە لە لوتکەی دەسەڵاتدا دەستبەرداری دۆمینانسیان بن!؟ لەلایەکیتر چۆن دەکرا مل بۆ هەوڵەکانی گۆڕینی سیستەمی سیاسی کەچکەن کە بە زیانی راستەوخۆی بەرژەوەندیەکانی ئەوان تەواو دەبوو؟ ئەوان لە مێژووی سیاسیاندا هەرگیز پەسندی هەوڵ و پێشنیاری ئەوهایان نەکردووە کە ڕێگە بۆ دەسەڵات و سەرۆکایەتی لایەنیتر خۆش بکات، ئێستا بۆ ئەوە بکەن و لە کۆتایدا دەسەتبەرداری بەرژەوەندی باڵا، دەسەڵاتی باڵا و هێزی باڵا، داهاتی باڵا و بێسنوری بازرگانیان بن! نەدەکرا ئامانجی سەرەکی بنەماڵە بکرێتە قوربانی دیموکراتیزەکردن و پەرلەمانتاریزم کە دژی حوکمی بنەماڵە و میلیشیایی ئەوان بوو. بۆیە بەبەرنامە دژی هەوڵی گۆڕینی سیستەم وەستانەوە و وەک کودەتا ناوزەدیانکرد، بەرەو بەهێزکردنەوەی دیاردەی دووبەڕیوەبەری هەروەها هاوتەریبی هەنگاویتری ڕێکخراوانە هەنگاویاننا. وە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسیە ناوخۆییەکاندا وردە وردە سوپای تورکیایان زیاتر خزاندە ناو خاکی باشور و خۆیان لەئەگەری مەترسیە ناوخۆیەکاندا دلنیاکردەوە. هەموو ئەو هەنگاو و کردارانە تەبان لەگەڵ هزری ریالیستانەی کلاسیک کە بەرژەوندی باڵا و تایبەتەکان بەرزدەکاتەوە و پرەنسیپە دیموکراسیەکان یا هەلوێستی نیشتیمانی و بیروهزری مۆرالئامێز دەخاتەلاوە.

بەئاگایانە پرسی ریفەراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەرزکرانەوە و سەرۆکی ماوەبەسەرچوو کە دەبوایە بێ یەکودوو پۆستەکەی جێبهێلێت ئێستا وەک پاڵەوانی نەتەوەیی خرایەوە روو. “سەرۆک” خۆی سەرپەرشتی یاریەکەی گرتەدەست! حزبە لاواز و بیتواناکان کە موچەیان لەلایەن دەسەڵاتی حزبیەوە پێدەدرێت بێ رەخنەگرتن ملیان بۆ داوای میر کەچکرد.

لە بزریی مەرج و بنەما بنچینەیەکاندا و لە کاتێکدا لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناتەبایی ڕاکشاو پیشاندرا، لەگەڵ ئەوەی بەڕوونی دەزاندرا کە چارەنوسی ریفەراندۆم باش نابێ، بەڵام بنەماڵەی بارزانی شێلگیرانە لەسەر هەنگاوەکانیان سوڕبوون. بەئاگایانە گوێیان لە کەس نەگرت و لەهیچ نەبوو. ئەوان ستراتیژیانە بۆ ئامانجی باڵا هەوڵیان دەدا و جگە لەو ئامانجەش ئامادەنەبوون هیچیتر ببیستن و ببینن. ئەوان دەیانزانی چی دەکەن! وەکو مەکیاڤیلی دەڵێ “هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانج بێ لاکردنەوە و سڵەمینەوە”. چونکە ریفەراندۆم رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن بوو لە کێشە و تەنگژە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان، نکۆلیکردن بوو لە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیا و پارامیلیتاریزم، هەروەها هەوڵی خۆڕزگارکردن بوو و گەرانەوە بوو بۆ دەسەڵاتی بێڕکابەری باڵا بەپێی پلانی داندراو. ئەوان ئاگاداربوون لەوەی پرسی سەربەخۆیی یاری بوو بە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵک، سەرلێشێواندن و بەلارێدابردن بوو، بەڵام هەروەکو لەتێگەیشتنی ئەواندا چەسپێندراوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا، نیشتیمانپەروەری و مۆرالی مرۆڤدۆستانە و راستگۆیی نرخی قرانێکی سوتاویان نییە و گرنگیان نییە، چون وەکو مەکیاڤیلی دەیڵێ “ئامانج هەموو ڕێگە و هەنگاوێک رەوا دەکات”.

وەکو چاوەڕوان دەکرا کە ریفەراندۆم ئەنجامدرا هەر زوو هەرەشەکان لەهەموولایەک بەرزبوونەوە، ئەو مەسعود بارزانیەی “گوایە” منەتی کەسی نەدەزانی، هیچ هەنگاو و چارەسەرێکی لانەبوو! ئەو سەری لەسەر رێفەراندۆم دادەنا، کەچی ئێستا نوقەی نەبوو! ئەو بەئاگایانە خۆی مەلاسدا بوو و چاوەڕوان بوو، لە بێئاگایی گەلدا بەرەو ئامانجی باڵای خۆی دەچوو. دوای تەنها سێ هەفتە نیوەی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن بەرەی زەرد و کەسکدا رادەستی ئێراقی لاواز کرا و بەسەدان مرۆڤی کوردیان لە سیناریۆی بێمۆڕاڵ و مەکیاڤیلیانەیاندا کردە قوربانی. بەپێی سەرچاوەکان پێشتر ڕێکەوتن لەسەر ئەو پاشەکشەیە کرابوو، ئەوەش لەگەل ڕێکەوتن و فاکتەکانی بەر لە هاتنی داعش گونجاوی تەواوی هەیە. گریمان پرسی ریفەراندۆم لە ئارادا نەبوو و یەکێتی و پارتیش تەبایانە حوکمیان بکردبا، ئایا حکومەتی هەرێم توانای هەبوو لەو ناوچانە نەکشێتەوە کە دوای هاتنی داعش گرتبوونی؟ نەخێر! لە دیدی ڕێکەوتنی دەستوریانەی ئێراق و هاوکاری نێوان دەسەڵاتی کوردی و بەغدا لەژێر سەرپەرشتی ئەمەریکادا، هەرێم بەشێکە لە ئێراق و ئەو ناوچانەش سەر بە حکومەتی بەغدا بوون لە کاتێکدا کە کێشەی سنور چارەسەر نەکرابوو، بۆیە هەر دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێنەوە.

تەنها لەدوو باردا دەیانتوانی بەزۆری هێز ئەو ناوچانە بخەنەوە سەر کوردستان یەکەم ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری کردبان، دووەم ئەگەر هێزێکی کاریگەر و باڵادەستبان کە ئەوەش ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە. ئەمەریکا هەرگیز پشتگیری خۆی بۆ کورد لەمبارەیەوە پیشان نەداوە، بەڵکو لەسەر ئەو سیاسەتە دەڕوا کە دوای ڕووخانی سەدام دایڕشت. بۆیە ئەگەر ریفەراندۆم نەشبوایە هەموو ئەو شوێنانەی دوای هاتنی داعش گیران دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێتەوە و هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سنوری پێشوویان. گومان لەوەدا نییە کە ئەوان دەیانتوانی بوونیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا وەکو کارتێکی بەهێز بۆ چارەسەری کێشەی سنور بەکاری بهێنن، بەڵام ئەوە ئامانجی ئەوان نەبوو، هەروەک چارەسەری کێشەی سنور وەکو پێشوو خاڵێکی پەراوێزخراوبوو، چون چەور نەبوو و وەکو بیرە نەوتەکان پارەی بێسنوری بەرهەم نەدەهێنا. سیناریۆکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هاڕینی بەرژەوەندیەکانی گەل لە نێوان دوو بەرداشی زەرد و سەوزدا فێل و ساختەبوو لە گەل کرا، تۆمارکردنی ناپاکیەکیتر بوو لە مێژوویاندا. دیارە خەڵک تەنها رووی دەرەوەی یاریەکەی هەردوو بنەماڵەیان بینی، بێگومان خەلک لە لایەنی شاراوەی یاریەکە بێئاگان. هەردوولا وەکو لە مێژوویاندا بیندراوە لەپێناوی بەرژەوەندیەکانیاندا ئامادەن زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل بگەیەنن.

چۆن ریفەراندۆم ئامانجی بنەماڵەی بارزانی پێکا؟ ئۆپۆزیسیۆنی نایەکگرتوو و لاواز زیانی کوشندەی پێکەوت، بزوتنەوەی گۆڕان کە داینەمۆی هەنگاوەکان بوو، ئێستا دوایان کەوتووە و لە حکومەتدا لەژێر سەرپەرشتی بنەماڵەی بارزانیدا بەشدارە. یەکێتی کە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە کۆنترۆلکراوە و بەنەخۆشی باڵباڵێنێوە دەناڵێنێ، وەکو هێزی دووەم لە حکومەتدایە و هێزی میلیشیای خۆی بە پارێزروای لە بەرەی سەوزدا هەیە. ئۆپۆزیسیۆن تێکشکێندرا و لاوازکرا، ئومێدی بەدیموکراسیکردنی سیستەمی سیاسی پووکایەوە. ئێستا گووتن لە سیستەم گۆڕین لەبیرکراوە بەجۆرێک وەکو بڵێی پێشتر داوکاریەکی لەو جۆرە بوونی نەبووە.

لەبزری ئازادیدا پارتی لەپای بایکۆتی خەڵک لە هەڵبژاردندا وە لە رێگەی گەوجاندن و بەکۆیلەکردنی سیستەماتیکیانە لەڕێگەی بەرتیل و موچەی موفتەوە لە سامانی دزراوی گەلەوە، وە گەماڕۆ و ساختەکانیەوە لە دوای هەلبژاردنی ٢٠١٨ بەهێزتر وەکو براوە هاتەوە گۆرەپانی رامیاری باشوری کوردستان، ئێستا بنەماڵەی بارزانی لە بزری ئۆپۆزیسیۆندا (ئەوەی هەیە زۆر لاوازە) ئاسانتر دەتوانن درێژە بەبەرژەوەندیەکانیان بدەن و بڕیارەکانی خۆیان بسەپێنن. یەکێتی لەڕێگەی گەمارۆ و ساختەکانیەوە توانی ببێتەوە هێزی دووەم و درێژە بە زاڵی خۆی لە بەرەی سەوزدا بدات. دووبەرەیی بەهێزبۆتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی بەتایبەتی بنەماڵەی دەسەلاتداردایە، چونکە پارتی لە بەرەی زەردا هەموو ئەو داهات و دەستکەوتانەی هەیە کە گرنگن، وە پارتی تەنها کاتێک یەکگرتوویی باشوری کوردستانی دەوێ ئەگەر هەمووی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی بارزانیدا بێت. بنەماڵەی بارزانی چیتر خۆیان وابەستەی رێکەوتنی پێشووی ستراتیژی لەگەل یەکێتیدا نابینن، جگەلەوەی لە کوردستاندا باڵادەستن و دەستیان بەسەر پۆستە گرنگەکاندا گرتووە، لە ئاستی ئێراقیشدا دەیانەوێ هەمان رۆل ببینن بۆنمونە پۆستی سەرۆکی کۆمار بۆ خۆیان ببەن.

ئەگەرچی مەسعود بارزانی لەژێر گوشاردا وازی لە پۆستی سەرۆکایەتی هێنا، بەڵام ئێستا هەر خۆی کەسی یەکەمە و وەکو سەرۆک دەجوڵێتەوە و بڕیار دەدات. ئەندامانی سەر بە بنەماڵە خۆیان بێ ڕکابەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتن. تاکو لەدەست خۆیاندا بێت پۆستی سەرۆکی هەرێم پێویستە، هەرکاتێ لەدەستخۆیان نەما بەئەگەری زۆر هەوڵی نەهێشتنی دەدەن. ئێستا لەبەرژەوەندیاندایە پۆستە بەدەسەڵات و چەورەکە بەردەوام بێت و بەدەست خۆیانەوە بێت.
لەکۆتایدا دەکرێ بڵێین بنەماڵەی بارزانی یاریان بە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی خەڵک کرد، هەستی خەلکیان کرد بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئەوەش کاری یەکەمجاریان نەبووە و کەلتوری سیاسی ئەوان واهاتووە. وەکو جارانی پێشوو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تێکۆشان و بەئاگایانە بۆ ئەو ئامانجەش چوون.
بۆ ئەوان بەکارهێنانی هەموو ڕێگە و کەرستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج رەوا بوو، بۆیەش لەلای ئەواندا پێکانی ئامانجی تایبەت گرنگی سەرەکی هەبوو، شتێک بەناوی مۆرال و راستگۆیی و پرەنسیپەکانی نیشتیمانپەروەری نرخی عانەیەکی نەبوو. بۆنمونە ئەگەر مەسعود بارزانی لەگەڵ تۆزقاڵێکی بەڵێن و دروشمەکانی بەر لە ڕیفەراندۆم راستگۆ بایە لانی کەم لە سیاسەت دوور دەکەوتەوە. (ژاپۆنیەکان لە ئەنجامی ژێرکەوتندا خۆیان دەکوژن). بەپێچەوانەوە مێشیش لەمبارەیەوە میوانیان نییە. بۆ؟ چونکە لە راستیدا ئەو سەرکەوتووە، چون ئامانجی خۆی و بنەماڵەکەی پێکا کە پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیە باڵاکانیانە.

بەکورتی ریفەراندۆم بووە هۆی: یەکەم بەهێزبوونەوەی دووبەرەیی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیای پارتی و یەکێتی. دووەم مانەوەی دەسەڵاتە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی بنەماڵەی بارزانی بە پارێزراوی و بگرە بەهێزتربوونی. سێیەم تێکشکانی ئۆپۆزیسۆن و کەمۆکردن و دەمچەورکردنیان بۆ ناو دەسەڵات. چوارەم دوورکەوتنەوەی ئەگەرەکانی دروستکردنی دەسەڵاتی نیشتیمانی لە کوردستانێکی یەکگرتوودا، بەمجۆرە تێکشکاندنی هەنگاوەکانی بەرەو ناسیۆن بوون. پێنجەم تێکشکاندنی هەوڵەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی کوشندە. شەشەم لاوازکردنی خەباتی سەربەخۆیی و دوورخستنەوەی تا ماوەیەکی نادیار.

شاخەوان شۆڕش
8-6-2019




كه‌سیه‌تی پاڵه‌وان له‌ڕۆمانی دێوبه‌همه‌ن دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

كاره‌كته‌ر،به‌یه‌كێك له‌ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بینای هونه‌ری ده‌قی ڕۆمان داده‌نرێت. كه‌ڕۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بینێت له‌وازیكردنی ڕووداوه‌كاندا.كاره‌كته‌ر چ وه‌ك گێڕه‌ڕه‌وی ڕووداوه‌كان، واته‌ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م پاڵه‌وانی ڕووداوه‌كان و هه‌میش گێڕه‌ڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می تاك، یاخود ته‌نها به‌ڕۆڵبینینی بێت له‌ ڕووداوه‌كان و ڕۆماننووس بگێڕه‌وه‌ بێت، له‌هه‌ردووكاتدا بایه‌خی خۆی هه‌یه‌. هیچ ده‌قێكی چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌، كه‌سایه‌تی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی ده‌ق، یه‌كێك له‌پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت. گرنگ نییه‌ لێره‌دا كه‌سایه‌تییه‌كه‌، واقیعیه‌ یا ئه‌فسانه‌یی، مرۆڤه‌ یا گیانه‌وه‌ر،. له‌نێوكه‌سایه‌تییه‌ جۆراو جۆره‌كانی ڕۆماندا، شێوه‌یه‌ك له‌كه‌سایه‌تی بوونی هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت پاڵه‌وان.بێگومان چه‌مكی پاڵه‌وان كه‌پتر ڕه‌هه‌ندێكی هونه‌ری هه‌یه‌، چه‌ند خه‌سڵه‌تێك جیای ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌كه‌سایه‌تی. پاڵه‌وان تا دوایین ساتی ڕووداوه‌كان، بوونی هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان ده‌ڕوات. یه‌كێكه‌ له‌ پێكهێنه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ته‌واوبوونی ڕۆڵه‌كه‌ی، كۆتایی به‌به‌شێكی زۆری ڕووداوه‌كانیش بێت.

وێرای ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ پاڵه‌وان ده‌لاله‌تێكی به‌هێزی هه‌یه‌ كه‌ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی گرفته‌كان ببێته‌وه‌.وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ فلمێكدا ده‌یبینین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی ژانری ڕۆمان، ئیدی پاڵه‌وانیش چیتر ئه‌وفۆڕمه‌ جێگیره‌ی نه‌ماوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر هه‌یبوو. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌شێ پاڵه‌وان كه‌سێكی دۆڕاوو به‌زیو بێت. كه‌سێك بێت به‌رگه‌ی ڕووداوه‌كان نه‌گرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌ربنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ڕه‌وتی ڕووداوه‌كاندا.ڕۆمانی (دێو به‌همه‌ن) یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌گرنگییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری به‌ چه‌مكی پاڵه‌وان له‌ڕۆمانه‌كه‌داوه‌.

ته‌نانه‌ت ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌ش،هه‌ربه‌ناوی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ كه‌ دێوبه‌همه‌نه‌. به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ڕۆماننووس له‌ناونانی ڕۆمانه‌كه‌ی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆرسه‌ركه‌وتووبووه‌. چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناونیشان ئه‌لقه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدانی خوێنه‌رو ده‌قه‌، هاوكات خودی دێو به‌همه‌ن وه‌ك ناونیشان چه‌ندین ده‌لاله‌ت ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م ناونیشانه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌لاله‌تێكی ئه‌فسانه‌یی هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ میللییه‌كانه‌وه‌ گوێبیستی دێو وه‌ك گیانه‌ورێكی ئه‌فسانه‌یی بووینه‌ كه‌له‌واقیعدا بوونی نییه‌. هاوكات ده‌لاله‌تێكی پڕله‌ترس و ڕامانیشی هه‌یه‌، به‌وه‌ی دێو و مرۆڤ له‌یه‌كده‌دا، وێرای ئه‌مه‌ش ده‌له‌لاتێكی پرسیار ئامێزیشی هه‌یه‌، كه‌مرۆڤ تووشی دوودڵی و پرسیار ده‌كات به‌وه‌ی كه‌مرۆڤ چۆن ده‌بێته‌ دێو؟ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خودی ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌، ناونیشانێكی نامۆو سه‌رنج ڕاكێشه‌، كه‌ ئه‌وهه‌سته‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات له‌و ده‌روازه‌وه‌ بچێته‌ نێو ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌. نایشارمه‌وه‌ من وه‌ك خوێنه‌رێك كاتێ هاوڕێیه‌كم ڕاسپارد له‌سلێمانییه‌وه‌ ئه‌و ڕۆمانه‌م بۆ بێنێت له‌سۆنگه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی بوو.

چونكه‌ دێو به‌همه‌ن بووه‌ پرسیارو ڕامان له‌لام، كه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕۆمانه‌ باسی چی بكات.لێره‌وه‌ش كاتێ ڕۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه‌، هه‌ستم به‌وه‌ كرد كه‌ پاڵه‌وان وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ده‌قی ڕۆمان، بایه‌خێكی زۆری پێدراوه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌، باس له‌واقیعی سه‌خت و ناشرینی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات، كاتێ براكان سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كتری ده‌گرت. ڕۆماننووس كه‌ ناوی دووحزبی به‌ حزبی ئه‌ی و بی هێناوه‌، ئیدی باس له‌شه‌ڕو خوێنڕشتنه‌كانی ئه‌و دووحزبه‌ ده‌كات له‌سه‌رده‌می یه‌كێ له‌به‌شداربووه‌كانی ئه‌و شه‌ڕانه‌ كه‌ئه‌ویش دێو به‌همه‌نه‌.ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كردبێت، بڕوام وایه‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و واقیعه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ سی و یه‌كی ئاب دروستی كرد.كاتێ دوو هێز شه‌ڕی یه‌كتری ده‌كه‌ن و ئیدی چیڕۆكه‌كانی خوێن و دیل كوشتن و فه‌رمانده‌ی ترسنۆك و پێشمه‌رگه‌ی ئازاو پاك و به‌راوردی پێشمه‌رگایه‌تی له‌سه‌رده‌می شاخ وناو شارده‌ستپێده‌كات.

هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ش خودی دێوبه‌همه‌ن ده‌یانگێڕێته‌وه‌.ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه‌ش به‌گێڕانه‌وه‌كانی دێو به‌همه‌ن ده‌ستپێده‌كات، كاتێ له‌ زینداندایه‌، سمكۆڕێوی و پاسه‌وانه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. لێره‌دا ڕۆماننووس ڕووێكی هه‌ره‌ ناشرین و بێمانای شه‌ڕمان نیشانده‌دات. كه‌ئه‌ویش ده‌شێ له‌ شه‌ڕدا پاڵه‌وانه‌كان ببنه‌ دیل و به‌ده‌ست ترسنۆك و بوده‌ڵه‌كانه‌وه‌ گاڵته‌یان پێبكرێت. كه‌مێژووی شه‌ڕی براكان له‌كوردستان ته‌ژییه‌ له‌و جۆره‌ وێنانه‌. دێوكه‌هێمایه‌ بۆ ئازایه‌تی و دروستكردنی ترس له‌ دڵی به‌رامبه‌ر، به‌ده‌ست ڕێویێكه‌وه‌ كه‌هێمایه‌ بۆ فێڵ و ترسنۆكی،گیرۆده‌یه‌. وه‌ك چۆن ده‌یان پیاوی قاره‌مان له‌مێژوودا به‌ده‌ست ترسنۆكه‌كانه‌وه‌ شه‌هید كراون.بێگومان مه‌به‌ستی ئێمه‌ باسكردن نییه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌ گۆشه‌نیگای پاڵه‌وانه‌وه‌ بچینه‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر، ده‌مانه‌وێت كه‌سیه‌تی دێوبه‌همه‌ن شڕۆڤه‌ بكه‌ین.

كه‌ چ جۆره‌ مرۆڤێكه‌، له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و زۆر ڕووی تریشه‌وه‌. چونكه‌ كاتێ به‌وردی له‌ سه‌ر دێوبه‌همه‌ن له‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌وه‌ستین، ئه‌وا ئێمه‌ وێنه‌ی مرۆڤێك ده‌بینین كه‌ چه‌ندین خه‌سڵه‌تی جۆراوجۆری هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وجۆراو جۆریه‌، دواجار مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئه‌ویش دێو به‌همه‌ن زاده‌و به‌رهه‌می كۆمه‌لگه‌و كلتووری كوردییه‌.شوناسی هه‌مان شوناسی ئه‌و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ پاك و قاره‌مانانه‌یه‌، كه‌به‌خوێن و ئومێدێكی زۆره‌وه‌ چه‌كی كوردایه‌تییان له‌ شانكرد، به‌ڵام شه‌ڕی شاخ و شه‌ڕی شاره‌كان و ململانێی هێزه‌كان و كوشتنی دیل و نادادوه‌ری نێوان فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كان، نائومێدی كردن. ئه‌وان خه‌ونێكییان هه‌بوو، به‌ڵام واقیع به‌ خه‌ونێكی دیكه‌ی دوورله‌ خواستی خۆیان ئاشنای كردن.بۆیه‌ دێو به‌همه‌ن نموونه‌یه‌كی بچووكراوه‌یه‌ له‌واقیعێكی سیاسی ناشرین و گه‌وره‌ كه‌ به‌دڵنییایه‌وه‌ دێو به‌همه‌نه‌كان و ڕۆماننووس و منیش وه‌ك خوێنه‌رێكی شه‌یدای ئه‌ده‌بیات،ئازار ده‌دات.

بۆیه‌ ڕۆمانی دێو به‌همه‌ن واقیعێكی ناشرین نیشان نادات كه‌ڕه‌نگه‌ خوێنه‌رانێكی ساده‌ هه‌بن به‌و شێوه‌یه‌ له‌و ڕۆمانه‌ گه‌یشتبن، به‌ڵكو باسی واقیعێك ده‌كات كه‌بوونی هه‌بووه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر، دێوبه‌همه‌ن دنیای جوانی ئێمه‌ ناشرین ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خودی دنیای سیاسی ئێمه‌ ناشرین بوو، ئه‌و ته‌نها ئاماژه‌ی پێ ده‌كات.بێگومان وه‌ك باسمان كرد ئه‌م ڕۆمانه‌، بایه‌خێكی زۆری به‌ پاڵه‌وان داوه‌،كه‌سیه‌تی دێو به‌همه‌ن وه‌ك پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌، ده‌شێ له‌ سه‌رچه‌ندین ئاستدا ببینرێت. بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا كه‌سیه‌تی دێو به‌ههمه‌ن له‌گه‌لێك ڕووه‌وه‌ شڕۆڤه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین دێو به‌همه‌ن كێیه‌؟


یه‌كه‌م:_ دێو به‌همه‌ن له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه‌وه‌:_

دێوبه‌همه‌ن، كه‌سایه‌تییه‌كی خاكی،به‌رپرسیار هه‌ست به‌ لێپسراوه‌تی،له‌ناخ و دڵ و ده‌روونیدایه‌. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی كۆنی سه‌رده‌می شاخه‌و به‌و په‌ڕی هیواو بڕوابوون به‌بنه‌ما شۆڕشگێرییه‌كان به‌شداری شۆڕش و خه‌باتی شاخی كردووه‌. له‌نزیكه‌وه‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی بینیوه‌. شه‌ڕی براكان و ململانێی ناڕه‌وای هێزه‌ سیاسییه‌كان و چه‌ندین دیمه‌نی دیكه‌ی ناشرینیش كه‌ ئه‌و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك خۆزگه‌ی ده‌خواست بوونیان نه‌بایه‌. پێشتریش له‌زیندانی به‌عس زیندانی بووه‌. سه‌ختییه‌كانی ژێرده‌ستی به‌ عسییه‌كانیشی بینیوه‌. له‌ ڕۆمانه‌كه‌شدا زیندانییه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زیندانی براكان. بۆیه‌ هه‌موو ڕۆژێك سمكۆ ڕێوی دیمه‌نه‌ قێزه‌وه‌نه‌كانی زیندانی سه‌رده‌می به‌عسی به‌ بیردێنێته‌وه‌. دێو به‌هه‌مه‌ن گه‌رچی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆو شكانی هێزه‌كه‌یی و پاشه‌كشه‌ی سه‌ر سنوور ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م واقیعه‌ بژارده‌یه‌كه‌ دوور له‌تێڕوانین و ڕه‌هه‌ندی مرۆییانه‌ی دێو به‌همه‌ن.

هه‌ربۆیه‌ له‌ چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ په‌شیمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ڕه‌خنه‌ له‌ به‌رهه‌می ئێستای شۆڕش و خه‌باتی شاخ ده‌گرێت. بۆنموونه‌:(من هه‌ر پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانم ڵا36) واته‌ ئه‌و نه‌كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و واقیعه‌ قێزه‌وه‌نه‌ی كه‌ده‌شێ شۆڕشه‌كان له‌دوای خۆیان دروستی بكه‌ن.(ئه‌وان ئێستاش شاهانه‌ ده‌ژین ڵا39) دیاره‌ مه‌به‌ستی فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌كانی شۆڕشه‌. لێره‌دا ئه‌و ده‌ربڕینه‌م بیر هاته‌وه‌ كه‌ده‌ڵێ:( شۆڕش زانا پلانی بۆ دائه‌نێت، ئازا جێبه‌جێی ده‌كات، ترسنۆك به‌ره‌كه‌ی ده‌خوات).یاخود له‌شوێنێكی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت(به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا له‌پێشمه‌رگایه‌تی جاران ناچێت.جاران له‌سه‌ر یه‌ك خوان نانمان ده‌خواردوو پێڵاوی یه‌كتریمان له‌به‌رده‌كردڵا40). لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌دێو به‌همه‌ن چه‌ند په‌شیمان و بێبه‌رییه‌ له‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی پێشمه‌رگایه‌تی و كوردایه‌تی ده‌كرێت.به‌ڵام په‌شیمان نییه‌ له‌وه‌ی وه‌ك گه‌نجێك و كوردێك لاویه‌تی خۆی به‌ شۆڕش و كوردایه‌تی به‌خشی. چونكه‌ ئه‌و خه‌ونی دیكه‌ی هه‌بوو، هاوشێوه‌ی خه‌ونی هه‌زاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌. دووه‌م:دێو به‌همه‌ن له‌ڕووی ناسنامه‌ی شاره‌وه‌:_

گه‌رچی به‌درێژایی ڕۆمانه‌كه‌، ڕۆماننووس ناوی چه‌ندین شارو شه‌قام و ناونیشان دێنێت، به‌ڵام له‌ هیچیاندا ناوی ڕاسته‌قینه‌ی شوێنه‌كان نابات.چونكه‌ ئه‌و ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی ڕۆمانه‌ نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی مێژوو. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕووداودا كات و شوێن و كاره‌كته‌ره‌كان به‌هه‌مان شێوه‌ی واقیع گوزارشتییان لێكرا، ئه‌وا مێژوو ده‌گێڕدرێته‌وه‌، كه‌گه‌لێك جاربه‌ناو به‌شێك له‌ڕۆماننووسه‌ بێ ئه‌زموونه‌كانی ئێمه‌ ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌وه‌. بۆیه‌ خوێنه‌رنازانێت دێو به‌همه‌ن خه‌ڵكی كام شوێنه‌. به‌ڵام له‌په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ وسه‌رنجدان له‌و وه‌سفه‌ی ڕۆماننووس بۆ ژینگه‌و شوێنه‌كان كردوویه‌تی، ئیدی ناسنامه‌ی دێوبه‌همه‌نمان له‌ ڕووی شاره‌وه‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. بۆنموونه‌:(له‌شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ی خۆم). یاخود ده‌ڵێت:(جگه‌ له‌ ساڵانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌مووته‌مه‌نی خۆم له‌م شاره‌دابه‌سه‌ربردووه‌.

له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ ئازاو ئازاد خولقاوه‌،له‌ماوه‌ی دووسه‌د ساڵی ته‌مه‌نیدا،هیچ هێزێك چه‌ند خاوه‌ن چه‌ك و جبه‌ خانه‌ش بێت نه‌یتوانیوه‌ جڵه‌وی بكات). كاتێ وه‌سفی ئه‌و شاره‌ ده‌بینین، هیچ گومانێكمان نامێنێت كه‌ ئه‌و شاره‌ سلێمانی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه‌. به‌درێژایی مێژووی دووسه‌دو سی و پێنچ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و شاره‌، تائێستا هیچ هێزێك نه‌یتوانیوه‌ بۆ هه‌میشه‌ سلێمانی ڕام بكات. ئه‌م شاره‌ كه‌یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ زیندووه‌كانی كوردستان، هه‌میشه‌له‌ڕه‌تكردنه‌وه‌و گۆڕینی واقیعێك به‌واقیعێكی دیكه‌ بووه‌.كلتوورو زمان و پاشخانێكی ڕۆشنبیری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ جیای ده‌كاته‌وه‌ له‌ شاره‌كانی تر. زیندووه‌تی سلێمانی به‌بڕوای من له‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌و ڕامنه‌كردنه‌دایه‌. چونكه‌ بێگومان شتیێك چه‌ند زیندووش بێت كه‌وه‌ستا بۆگه‌ن ده‌بێت!!.

سێیه‌م- پاشخانی ڕۆشنبیری دێوبه‌همه‌ن:_

به‌درێژایی ڕۆمانه‌كه‌، ڕۆماننووس هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ئاستی زانستی و خوێنده‌واری دێوبه‌همه‌ن و پاشخانی ڕۆشنبیری نه‌كردووه‌. واته‌ خوێنه‌رنازانێت دێو به‌همه‌ن هه‌رته‌نها پێشمه‌رگه‌یه‌كی ساده‌و میللی نه‌خوێنده‌واری نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌، یاخود كادیرێكی سیاسی هوشیاركه‌درك به‌كێشه‌ فیكری و سیاسییه‌كان ده‌كات. به‌ڵام كاتێ خه‌سڵه‌ته‌ هزری و كه‌سیه‌تییه‌كانی دێوبه‌همه‌ن له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌خوێنینه‌وه‌، ئیدی ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وڕاستییه‌ی كه‌دێوبه‌همه‌ن نه‌ك ته‌نها كه‌سێكی خوێنه‌واره‌،بگره‌ كه‌سێكی هوشیارو تێگه‌یشتووشه‌.ئاگاداری مێژوو، واقیعی فه‌رهه‌نگی و سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی.بۆنموونه‌:-(منیش ڕۆژگارێك ماركسی بووم ڵا102).هاوكات ئاماژه‌ به‌شیعرێكی مام هێمن ده‌كات(ئه‌وبستۆكه‌ی دوژمن ناوی ناوه‌ سنوور ڵا52)(وه‌ك چارلی چاپڵن لا69)یاخود(كه‌سه‌یری حه‌به‌كان ده‌كه‌م فلۆئاوتن ڵا100)لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌دێو به‌همه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كه‌ خوێنده‌واری هه‌یه‌و بگره‌ پاشخانی ڕۆشنبیریی و هوشیاریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ئاستێكی به‌رزیشدایه‌.

ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خودی دێو به‌همه‌ن درك به‌ چه‌ندین پرسیاری فه‌لسه‌فی ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی به‌ وه‌ڵامه‌كانیان بگات.بۆنموونه‌:(ده‌بێ مرۆڤی سه‌ره‌تایی چۆن ژیابێت به‌بێ پێخه‌ف؟ چۆن خۆی گه‌رمكربێته‌وه‌؟) یاخود له‌ شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:-(ئه‌گه‌ر له‌بری زمانی چه‌ك زمانی ئه‌قڵ بخه‌ینه‌ گه‌ڕده‌توانین شه‌ڕ نه‌كه‌ین ڵا50) بێگومان لێره‌دا دێو به‌همه‌ن دیدێكی ئه‌قڵگه‌رایی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. واته‌ له‌بری زمانی چه‌ك،گه‌ر زمانی گفتوگۆ په‌یڕه‌وبكه‌ین به‌تایبه‌تی سه‌ركرده‌كان، ئه‌وا ئه‌و هه‌موو خوێن و ئاشووبه‌ دروست نابێت.كه‌واته‌ دێو به‌همه‌ن كه‌سێكی خوێنده‌وارو هوشیاره‌.ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هوشیارییه‌كه‌ی له‌پله‌یه‌كی به‌رزی هزریش نه‌بێت.

چواره‌م: دێوبه‌همه‌ن له‌ڕووی بیروباوه‌ڕی سیاسییه‌وه‌:_

دێوبه‌همه‌ن له‌ ڕووی بیروباوه‌ڕی سیاسییه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی شاخ و كۆنه‌ ماركسی واته‌ چه‌پ و هاوكات ئه‌ندامی حزبێكه‌. كه‌ڕۆماننووس له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا ناوی دوو حزب ده‌هێنێت كه‌ بڕوام وایه‌ پارتی و یه‌كێتین. دێو به‌همه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن بیروڕای خۆی و هاوكات ئه‌ندامێكی دیسپلینكراوی حزبیشه‌، ساڵانێكی زۆریش له‌شاخ و شار،داكۆكی له‌پرنسیپه‌ سیاسی و فیكرییه‌كانی خۆی كردووه‌.له‌ جێبه‌جێكردنی به‌شێكی زۆری بڕیارو فه‌رمانی حزبه‌كه‌ی به‌شداربووه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه‌ش بووبێت. به‌ڵام له‌هه‌ندێ كرده‌وه‌و ڕه‌فتاری سیاسییانه‌ی ناشریندا، دێو به‌همه‌ن نه‌ك هه‌ر بڕوای پێیان نییه‌، به‌ڵكو په‌شیمان و له‌ دژیشیانه‌.دێوبه‌همه‌ن كه‌سێكه‌ مه‌به‌ستیه‌تی هه‌مان جوانی و پیرۆزییه‌كانی سه‌رده‌می شاخی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی، له‌ژیانی ئێستاشیدا ڕه‌نگبداته‌وه‌.بۆیه‌ بڕوای به‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و كارانه‌و له‌نێویشیان شه‌ڕی ناوخۆ نییه‌، به‌ڵام پتر وه‌ك په‌یوه‌ستبوونێكی حزبی و چه‌كداری ناچاره‌ بیكات. كاتێ به‌هۆی هه‌ر بارودۆخیكیشه‌وه‌ بێت، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ نانوێنێت، ئیدی له‌ڕووی ده‌روونی و ویژدانییه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كات.بۆنموونه‌ له‌به‌رامبه‌ر شوان ده‌ڵه‌كدا چ هه‌ڵوێستێكی هه‌یه‌:(خۆت بگره‌ شوان ده‌ڵه‌ك من هه‌ر پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانم،به‌ڵام كه‌ ده‌بینێ شوان ده‌ڵه‌ك له‌وێ نییه‌ خۆشحاڵ ده‌بێت كه‌ خوێنی كه‌س ناڕێژێت وچه‌ند خوشك و دایكێكی دیكه‌ ڕه‌شپۆش ناكات ڵا36). لێره‌دا ده‌بینین كه‌ دێو به‌همه‌ن هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شوان ده‌ڵه‌ك به‌هۆی هه‌ڵوێستێكی پێشوویه‌وه‌ ده‌كات، سازو ئاماده‌ ده‌بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك،به‌ڵام كاتێ ده‌بینی شوان ده‌ڵه‌ك له‌وێ نییه‌، خۆشحاڵ ده‌بێت.هه‌ست به‌ئاسووده‌یی ده‌كات له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ كه‌خوێنی كه‌س ناڕێژێت. كه‌واته‌ دێوبه‌همه‌ن بڕوای به‌خوێن و زمانی خوێنڕشتن نییه‌.ئه‌گه‌ر له‌ڕابردووشدا كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی كردبێت، ئه‌وا هه‌ست به‌ په‌شیمانی ده‌كات.

بۆنموونه‌:(ده‌بێ ئاوی چه‌ند چۆمی ئاوا بتوانن تاوانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بشواته‌وه‌ ڵا40). به‌ئاشكرا به‌هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌نه‌وه‌ دیاره‌، كه‌ چه‌ند دژی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو بووه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دێو به‌همه‌ن به‌ڕاشكاوی ڕه‌خنه‌ له‌ودۆخه‌ ده‌گرێت كه‌له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌. بارودۆخێك كه‌له‌ڕووی ژیان و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌، ته‌واو جیاوازبوو له‌سه‌رده‌می شاخ.(به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ پێشمه‌رگایه‌تی جاران ناچێت،جاران له‌سه‌ر یه‌ك خوان نانمان ده‌خواردوو پێڵاوی یه‌كتریمان له‌به‌رده‌كرد. ئێمه‌ بۆچی شه‌ڕده‌كه‌ین و له‌سه‌رچی شه‌ڕده‌كه‌ین ڵا40). دێوبه‌همه‌ن له‌ خه‌یاڵی خۆیه‌وه‌ به‌راوردی هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌ ده‌كات، چونكه‌ خودی خۆی، به‌شداریكردووه‌ و هه‌ردووسه‌رده‌مه‌كه‌ی بینیوه‌ و ئه‌زموونكردووه‌.

پێنجه‌م:دێوبه‌همه‌ن و هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی:

بێگومان سروشتی هیچ مرۆڤێك له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ له‌كه‌سی تر ناچێت. مرۆڤه‌كان چه‌نده‌ له‌ڕووی بایۆلۆژی و جه‌سته‌یی و جیناتی له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بن، هێشتا خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌و جیاواز له‌نێوانیاندا هه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی مرۆڤ به‌پێی ئه‌و ژینگه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی تیایدا ده‌ژیت، له‌كارلێكردن و كه‌وتنه‌ژێركاریگه‌ریه‌تی واقیع دایه‌، به‌ڵام خودێتی مرۆڤ، دواجار ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ئه‌و دیاری ده‌كات. كه‌ده‌شێ هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی سایكۆلۆژی هه‌بێتن، ته‌نها له‌كه‌سیه‌تی ئه‌ودابن. یاخودهه‌ندێك خوی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، لای وه‌ك ڕێسایه‌كی كۆه‌مه‌ڵایه‌تی بن و نه‌توانێت ده‌ستبه‌رداریان بێت. كاتێ سه‌رنج له‌كه‌سیه‌تی دێوبه‌همه‌ن ده‌ده‌ین له‌ڕۆمانه‌كه‌دا، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دێوبه‌همه‌ن چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی سایكۆلۆژی هه‌یه‌و باسیان ده‌كات. بۆنموونه‌:(دێو به‌همه‌ن ده‌ڵێت: من له‌وه‌ته‌ی هه‌م سه‌رم داپۆشم وبه‌تانیه‌كه‌م نه‌فس بڕبێت خه‌وم لێناكه‌وێت ڵا144) لێره‌وه‌ ئێمه‌ ده‌زانین شێوه‌ی خه‌وتن و باری جه‌سته‌یی دێوبه‌همه‌ن له‌كاتی خه‌وتندا چۆنه‌.له‌كاتێكدا ملیۆنان مرۆڤ هه‌ن،كه‌ڕه‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وخه‌ویان لێبكه‌وێت. به‌ڵام دواجارخوێنه‌رده‌زانێت دێو به‌همه‌ن كاتێ ده‌خه‌وێت، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌خه‌وێت.له‌شوێنێكی دیكه‌داده‌ڵێت:(له‌وه‌ته‌ی به‌بیرم دێت ئه‌وه‌م لێ بووه‌ به‌خوكه‌هه‌موو نیوه‌ڕۆیه‌ك دوای نان خواردن ده‌بێ سه‌ره‌خه‌وێك بشكێنم ڵا148).دێو به‌همه‌ن وه‌ك فه‌رمانێكی داخوازی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ده‌بێ دوای نیوه‌ڕۆیان بخه‌وێت. واته‌ هیچ ده‌رفه‌تێكی تێدانیه‌. ئه‌گه‌رنه‌شخه‌وێت، ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ریه‌تی بكاته‌ سه‌رلایه‌نی ده‌روونی و جه‌سته‌یی. چونكه‌ خه‌ویه‌كێكه‌ له‌ پێداویستییه‌ فسیۆلۆژییه‌كانی مرۆڤ و نیشانه‌ی حه‌سانه‌وه‌ و ئارامییه‌. جائه‌گه‌رئه‌وه‌خه‌وه‌ له‌هاوینان و دوای گه‌رمای تاقه‌ت پڕوكێنی دوای نیوه‌ڕۆیانیش بێت، بێگومان هه‌رزۆرپێویسته‌ بۆمرۆڤ. دێوبه‌همه‌ن خه‌سڵه‌تی دیكه‌شی هه‌یه‌. بۆنموونه‌:( له‌كاتێ لێكۆڵینه‌وه‌دا كاتێ داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن ئیعتراف بكات و په‌ڕاوی ڵێكۆڵینه‌وه‌ واژۆ بكات، دێوبه‌همه‌ن ده‌ڵێت: وه‌ڵاهی په‌نجه‌م ببڕنه‌وه‌ ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌م. ده‌تانه‌وێت بمكوژن، بمكوژن ڵا76). ئێمه‌ لێره‌دا له‌به‌رده‌م نموونه‌ی كه‌سێك داین كه‌ناتوانێ خۆی فریو بدات و به‌ساخته‌ واژۆ له‌سه‌رقسه‌یه‌ك بكات كه‌هی خۆی نیین. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، ته‌نانه‌ت بێباكیشه‌ له‌مردن و بێمنه‌تانه‌ سه‌رپشكییان ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌یكوژن بابیكوژن.له‌شوێنێكی دیكه‌دا دێو به‌همه‌ن ده‌ڵێت:(گه‌لێ خه‌یاڵی ترسناك به‌مێشكمدا گوزه‌رده‌كات، به‌ڵام هێز نییه‌ په‌شیمانم بكاته‌وه‌ ڵا76). له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كدا، دێو به‌همه‌ن جۆرێك له‌ترس و دوودڵی هه‌یه‌، به‌ڵام دواجار سوورده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌.هێزیش نییه‌ په‌شیمانی بكاته‌وه‌.كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێن كه‌دێوبه‌همه‌ن كه‌سێكی كه‌لله‌ ڕه‌ق و خاوه‌ن بڕیاری خۆیه‌تی و سازش له‌سه‌ربۆچوونه‌كانی ناكات.

شه‌شه‌م:_ هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌ن له‌شه‌ڕی ناوخۆدا:_

دێوبه‌همه‌ن پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می شاخه‌. چ له‌شاخ و چ له‌ شار، به‌شداری شه‌ڕی حزبه‌كه‌ی كردووه‌ له‌ دژی نه‌یارانی. به‌ڵام ئه‌و به‌شداریه‌ پتر وه‌ك په‌یوه‌ستبوونێكی حزبییه‌ نه‌ك له‌قه‌ناعه‌ته‌وه‌. چونكه‌ كاتێ سه‌رنج له‌هه‌ڵوێستی دێوبه‌همه‌ن ده‌ده‌ین له‌هه‌مبه‌ر شه‌ڕی ناوخۆدا، تێده‌گه‌ین كه‌ئه‌وچه‌ند بێزارو په‌شیمانه‌ له‌وهه‌ڵانه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ شه‌ڕ به‌مانای كوشتن و خوێنرشتن وئه‌تككردن و چه‌ندان دیارده‌ی ناشڕینی تریش. له‌ شه‌ڕدا پنتێك بۆ جوانی نامێنێته‌وه‌،به‌شێكی زۆرله‌ مرۆڤه‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك شه‌ڕانی و دڕنده‌ ئه‌بن، كه‌ته‌نها خوێن ده‌بینن و خوێن به‌ری چاویان ده‌گرێت. وه‌لێ هێشتا له‌نێوئه‌وهه‌موو شه‌ڕانگێزییه‌دا، ده‌شێ مرۆڤانێك هه‌بن ژیانیان خۆشبووێت و دژی شه‌ڕبن.دێوبه‌همه‌ن ئه‌گه‌رچی له‌ شه‌ڕو زیندانیشدا، دیمه‌نی دڵته‌زێن ئازاری گه‌وره‌ی ڕوحی بینیوه‌، به‌ڵام بیرله‌تۆڵه‌ ناكاته‌وه‌و بڕوای وایه‌ له‌به‌رامبه‌ر خوێن خوێن نییه‌. بۆنموونه‌:(كاتێ چیا چاومار سه‌رده‌می شه‌ڕی شاخ و دیل كوشتنی بیردێنێته‌وه‌، دێو به‌همه‌ن ده‌ڵێت:تێده‌گات حه‌زم به‌ درێژه‌پێدانی ئه‌و بابه‌ته‌ نییه‌ ڵا231). واته‌ دێو به‌همه‌ن حه‌زناكات ڕۆژانی شه‌ڕی بیربێننه‌وه‌.له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:( كاتێ ئه‌و دێرانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ بێزم له‌كوردایه‌تی دێت ڵا243). له‌شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:(كاتێ بیرله‌وه‌ده‌كه‌مه‌وه‌ خیانه‌ت له‌هاوڕێكه‌م بكه‌م ئه‌وه‌نده‌ بێزم له‌خۆم دێته‌وه‌ خۆم وه‌ك قالۆچه‌یه‌ك دێته‌ به‌رچاو ڵا255). یاخودكاتێ سابات نه‌به‌ز ده‌كوژێت، ده‌ڵێت:( پێم عه‌یب نه‌بێت تێر ده‌گریم).به‌هه‌مان شێوه‌، كاتێ دێو به‌همه‌ن دیلكراوه‌، ئه‌وا یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی زیندان كه‌ قژ زه‌ردوچاوشینێكه‌، بێڕێزییه‌كی زۆر به‌ دێوبه‌همه‌ن ده‌كات و هه‌وڵده‌دات كه‌سیه‌تی بروشێنێ كاتێ ده‌ست بۆ پاشه‌ڵی ده‌بات. به‌ڵام له‌ شه‌ڕێكدا، هه‌مان ئه‌و قژ زه‌رده‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی تر به‌دیلی ده‌كه‌ونه‌ ده‌ست حزبه‌كه‌ی دێو به‌همه‌ن و ده‌هێنرێنه‌ هه‌مان ئه‌و باره‌گایه‌ی دێو به‌همه‌نی لێیه‌. به‌ڵام ئه‌و قژزه‌رده‌كه‌ ناكوژێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستی یه‌كێكی ترله‌گه‌ڵ چه‌ندین دیلی ترده‌كوژرێت. ئه‌مانه‌و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ن، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ دێو به‌همه‌ن وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك چه‌ند ڕقی له‌و ڕووداوه‌ سیاسییانه‌ بووه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌زی نه‌كردووه‌ ئه‌نجامیان بدات. به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی حزبێكه‌وحزبه‌كه‌شی له‌ گه‌ڵ حزبی به‌رامبه‌رله‌ شه‌ڕدایه‌ ئیدی ده‌بێ ئه‌ویش به‌شداربێت.

هه‌فته‌م:دێوبه‌همه‌ن و شه‌هید ئارام:

مه‌رج نییه‌ ئه‌وڕووداوو گێڕانه‌وانه‌ی ڕۆماننووس له‌ڕۆمانێكیدا باسیان ده‌كات، له‌واقیعدا ڕوویدابن یاخود كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌مان ئه‌وكه‌سه‌ مێژوویانه‌بن كه‌له‌واقیعدا ڕۆڵێكییان بینیوه‌. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا،خوێنه‌ر ئازاده‌ له‌وه‌ی چۆن و له‌كام كڵاوه‌ڕۆژنه‌وه‌ ئه‌وده‌قه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌وڕووداوه‌كانی ده‌بینێت.له‌ڕاستیدا، ئه‌مه‌شه‌ په‌یوه‌ندی خوێنه‌ربه‌ده‌قه‌وه‌.كه‌ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی واتایی له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ واتاییه‌كانی نووسه‌ر به‌ده‌قه‌كه‌ بدات. ڕۆماننووس له‌ڕۆمانی دێو به‌همه‌ن له‌ڵاپه‌ڕه‌116دا ده‌ڵێت:_(بكوژه‌كانی شه‌هیدبه‌و هه‌موو دڕندایه‌تییه‌وه‌كاتێ له‌گوندێكدا شه‌هیدی ده‌كه‌ن،ده‌ست له‌ته‌رمه‌كه‌ی ناده‌ن، چاویلكه‌كه‌ی ناشكێنن،به‌دوای سه‌یاره‌ ڕایناكێشن،لێده‌گه‌ڕێن خه‌ڵكی گونده‌كه‌ كه‌ وه‌ك گلێنه‌ی چاویان خۆشیانده‌وێ، وه‌كو ئازیزێكی خۆیان به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ له‌گۆڕستانه‌كی خۆیاندا به‌خاكی بسپێرن. ژنانی گوند وه‌ك خوشك و دایكی خۆی شیوه‌نی بۆده‌كه‌ن و به‌كوڵ ده‌گرین).بڕوام وایه‌ ڕۆماننووس لێره‌دا له‌ سه‌ر زاری دێو به‌همه‌ن، باسی شه‌هید ئارامی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ ده‌كات. كاتێ خۆفرۆشه‌كان و ناپاكه‌كان له‌ڕۆژی 31_1_1978له‌گوندی ته‌نگیسه‌ری ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ شه‌هیدیان كرد. خه‌ڵكی گوند، ناهێڵن ته‌رمی شه‌هید ئارام ببردرێته‌وه‌ زێدی خۆی، به‌ڵكو هه‌رله‌وگونده‌دا ده‌ینێژن و ئێستاش ئارامگه‌ی شه‌هید ئارام له‌و گونده‌یه‌. شه‌هید ئارام نموونه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پاك و شۆڕشگێڕو خه‌باتگێڕبوو.هاوكات، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی زۆر پاك و به‌بیروباوه‌ڕبوو. ته‌نانه‌ت جارێكییان له‌كتێبێكدا ئه‌وه‌م خوێنده‌وه‌، كه‌ ئه‌وساڵه‌ی ئارام شه‌هید بوو، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گونده‌كانی قه‌ره‌داغ ناوی ئه‌و منداڵانه‌یان نا ئارام كه‌دوای شه‌هید بوونی ئه‌وله‌دایك ببوون. دێوبه‌همه‌نیش پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌ سه‌رسامه‌ به‌شه‌هید ئارام. به‌تایبه‌تیش كه‌خۆی له‌چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه‌دا، جه‌خت له‌كۆمه‌ڵه‌یبوونی خۆی ده‌كاته‌وه‌.
دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ڕۆمانی دێو به‌همه‌ن، وێنه‌یه‌كی بچووكراوه‌ی تراژیدی شه‌ڕی ناوخۆمان پیشان ده‌ده‌ات. به‌ڵام وێنا كردنێك له‌چوارچێوه‌ی ژانرێكی ئه‌ده‌بی به‌رزدا كه‌ئه‌ویش ڕۆمانه‌. خوێنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ مایه‌ی ئازارێكی قووڵه‌ بۆمرۆڤ. به‌ڵام ئه‌و ئازاره‌، ئازارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روون و ڕوحی خوێنه‌ر ئازار بدات، به‌ڵكو ئازارێكه‌ له‌ شێوه‌ی په‌یامێك ده‌درێته‌ گوێی سیاسییه‌كان كه‌ ئیدی تاهه‌تایه‌ بیرله‌ڕشتنی خوێنی براكان نه‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵكو ده‌بێ په‌ند له‌مێژوو وه‌ربگرن. سیحری ڕۆمان له‌وه‌دایه‌ خوێنه‌ر كه‌مه‌ند كێش بكات.له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا ده‌یان به‌ناو ڕۆمانم خوێندوونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت دووله‌وبه‌ناوڕۆمانانه‌، هاوشێوه‌ی دێو به‌همه‌ن به‌ڵام به‌جۆرێكی تر،باسی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵام جیاوازی دێوبه‌همه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وبه‌ناوڕۆمانانه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌دێو به‌همه‌ن ڕۆمانه‌، به‌ڵام ئه‌وانی ترگێڕانه‌وه‌ی مێژوون له‌چوارچێوه‌ی زمانێكی سیاسییانه‌ی هه‌ژار له‌ ڕووی ئه‌ده‌بی.خۆزگه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌خوێنی براكان سووره‌، دێو به‌همه‌نیان ده‌خوێنده‌وه‌. هیچ نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌ندیشی لێوه‌رنه‌گرن، ئه‌وا كه‌مێك ته‌ریق ببنه‌وه‌!!!…

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

——————————

په‌راوێز: دێو به‌همه‌ن/ ڕۆمان/ نووسینی( محمد كه‌ریم)/بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان زه‌بیحی_سلێمانی/ساڵی چاپ 2018…………..

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ به‌ دوو به‌ش له‌ ژماره‌كانی(1089-1090)له‌ ڕۆژانی 23و30/5/2019بڵاوبۆته‌وه‌…




هیوا … عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

هیواكانم گه‌ش و دیـارن
وه‌كو خـۆری پرشنگدارن
به‌هه‌وڵی به‌رده‌وامی خۆم
به‌ره‌و لوتكه‌ی هیوا ده‌ڕۆم
بۆیــــــه‌ ده‌بێ دڵنیابم
له‌و ڕێگه‌یه‌ مـاندوو نابم
به‌بـــڕوای پته‌و و به‌تین
بۆ سه‌ركه‌وتن له‌باخی ژین
هه‌ر هه‌نگاوی گورج ده‌نێم
بـۆ هیواشم ســرود ده‌ڵێم
خۆزگه‌ ئێوه‌ش وه‌ك من وابن
دڵ پڕ لـه‌ خۆزگه‌ و بڕوابن
به‌یه‌كه‌وه‌ بڵێن بڕیـــــار
هـه‌وڵی خۆمان ده‌خه‌ینه‌كار
=====
6/5/2019