“دەریاس و لاشەکان” لە نێوان سەنا و رەخنەدا … کامیار سابیر

ئەم نووسیینە بەسەر دوو بەشدا، لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی رۆمانەکەدا، دابەش دەبێت.

لایەنە نێگەتیڤەکانی رۆمانەکە:-

تەنانەت لە رۆمانی فانتەسییشدا، نووسیین و هەڵێنجانی مانا و مەغزا گرنگن، نەک وشەکاریی، هێنان و بردنی وشە و تێکەڵکردنیان بەسەر یەکتردا. نووسیین هەر ئەوە نییە کە چیی دەڵێی و چییت دەوێ بینووسیت؟ بەڵکو ئەوەیە چۆن دەینووسیت؟ لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە زمانی رۆمان، دەبێ ئەمانەی تێدابێت:- کۆنکریت و زمانێکی رەوان بێت، کورت و پوخت( concise) بێت، ئاشنا بێت familiar بە جڤاکی خوێندەوار و عەوام، روون و ورد precise بێت، هاوکات فۆرماڵ و بەناء constructive بێت. ئەگەر ئەوەش لەبەرچاو بگرین لە دیدی واڵتەر سکۆتی رۆماننووسی سکۆتلەندییەوە کە بەر لە دوو صەد ساڵ لەمەوبەر پێیوابووە، رۆمان جیاوازیی ئەوەی لەگەڵ کتێبی رۆمانسییدا( شیعر و پەخشان) هەیە کە رووداوەکان دەخاتەوە بەر دید و سەرنج، لەناو ذاکیرەی مرۆڤەکاندا خانەخوێییان پێدەکات و دۆخی مۆدێرنی کۆمەڵگەکان، مانیفێست دەکات. لە کاتێکدا، شیعر و پەخشان، زیاتر لایەنی ئێثێتیکی( جوانناسیی) هەیە و جۆرێک لە ئیفتیتانی شەخصییە.

دەریاس و لاشەکان، رۆمانێکی سیاسیی بەحتە کە بەختیار عەلیی نووسییویەتی، نەدەبووایە ئەو هەموو خورافە شیعریی و پەخشانییەی تێ بئاخێنرایە و ناوەڕۆکە سیاسییەکەی تەجرید بکرێت و بە تێرمی لەطیف Kindred، موجامەلاتی زۆر دوورودرێژ، ئیفتیتانی شەخصیی و ئارگیومێنتی ناپێویست، ناوەڕۆکە سیاسییەکەی، خاڵیی بکرێتەوە یان لای کەم، رستە و دەربڕیینەکان زیوڕێژ نەکرێن، بۆ ئەوەی مەتەڵی مەبەستە سیاسییەکان، بشارێنەوە. گومانی تێدا نییە، نووسەر، رۆماننووسێکی زۆر باشە و تەجروبەی زۆری هەیە، بەڵام واقیع ئەوەیە کە گرفتی لەگەڵ زمانی کوردییدا هەیە. ئەمەش بۆ ئەو ئیگۆ گەورەیەی دەگەڕێتەوە کە درافتی نووسیینەکانی، لای کەم نادات بە چەند گەنجێک بۆی پێدا بچنەوە و هەڵە زۆر و بۆرەکانی بۆ چاک بکەنەوە. چەندیین وشە و تێرمی بەکارهێناوە، لە قاموسی زمانی کوردیی و فەرهەنگە کۆن و نوێکانیشدا بوونیان نییە، ئەصڵەن پێدەچێ هەر لە خەیاڵدانی خۆیدا دروستی کردبن، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە رۆماننووس، زمانناس و لیگویستیک نییە کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ زماندا بکات.

بەهێزیی زمانی هەر دەقێک لەوەدایە کە وەرگێڕ بتوانێ ناوەڕۆکی ئەو دەقە( تەنانەت ئەگەر پارەگرافێکیش بێت) وەکو خۆی وەربگێڕێت. دیارە تەرجەمەی حەرفیی ناڵێم، بەڵکو کۆنتێکست و مەغزای رستەکان دەبێ وەکو خۆیان وەربگێڕێن. راستییت دەوێ هەرکەسێ ئەم رۆمانە بۆ عەرەبیی یان ئینگلیزیی، یاخود هەر زمانێکی تر وەربگێڕێت، دەبێ بەشێک لە رستەکان بپەڕێنێت، چونکە جگە لە ریتۆریکی وشە تێکەڵکردن، هیچ مەغزا و مانایەک، لە یادەوەریی خوێنەردا، جێناهێڵن؟ هەندێ رستە و پارەگراف هەن، نەک هەر موفید نیین، بەڵکو چۆن پاشوپێشیان بکەیت، مانایەک بە دەستەوە، نادەن؟ نووسەری ئەم رۆمانە، لەوە دەچێت بە رەچەڵەک و نەژاد کورد نەبێت، بەڵکو نەژاد و نەتەوەیەکی تر بێت و فێری کوردیی بووبێت! رۆحی زمانە کوردییەکەی ئەم رۆمانە، ئەوەندە خراپ دارکاریی کراوە، دەبێت جەڕاحێکی زمانەوانیی باش، بۆ زمانێکی تر، تەرجومەی بکات.

ویستت هەر دەقێکی سیاسیی کوردیی ( لێرەدا مەبەست لە وتارێکە یان ئایدیای چەند پارەگرافێک) تاقییبکەیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت بوعدە سیاسییەکەی چەند مەعریفە، فیکر و کولتووری فرە رەهەندی لەپشتەوەیە؟ ئەوە بۆ زمانێکی تر یان چەند زمانێک وەریبگێڕە، ئەوسا خەرابستان و خاکەساریی ئەو دەقە، یان بەهێزیی و شاکاریی ئەو دەقەت لەو بوعدانەوە، بۆ دەردەکەوێت! هەموو پاڵەوان و حیکایەتخوانەکان، صەنعەتی فیکر و تێڕوانیینی نووسەرەکەیە، بەتایبەتیی لە دەقی سیاسییدا( رۆمانی سیاسیی)، لە لا ٣٣دا، لە زمانی دەریاسەوە و بە لێکدانەوەی قسەکانی سەیید بورهان، ئەوە ” حاڵیی بوو کە ژەنراڵ بیلال لە راستییدا هیچ کات روتبەیەکی سەربازیی نەبووە و لەسەردەمی شەڕی گەریلاییدا دژ بە دەوڵەتە داگییرکارەکان، ئازایەتیی و زیرەکییەکی سەربازیی وەهای نواندووە، هەوادارانی بۆ خۆشەویستیی و رێز، نازناوی ژەنراڵیان داوەتێ”. گومانی تێدا نییە ژەنراڵ بیلال، مەبەستی لە شەخصی نەوشیروان موصطەفایە(نم) و دەوڵەتانی داگییرکاریش، مەبەستی لە عێراق و ئێرانە.

لایەنە لوغزاویی و لێڵییەکەی ambiguity ئەو ئارگیومێنت و کۆوتەیشنە ناڵێم، واتە رووکارە ئەدەبییەکەی ناڵێم، بەڵكو مەغزا سیاسییەکەی دەڵێم، تەعبیر لە فیکری سیاسیی نووسەر دەکات کە رێک وەکو ئەیام زەمانی میلیشیاکانی کوردایەتیی لە شاخ، بە شیعری حەماسیی و بە پەخشانی ژێر خێوەتی مەقەڕەکان و خورافاتی شاعیرە سیاسییەکان، بە عێراق و ئێرانیان دەگوت داگییرکار، بەڵام لە ستانداردی جیهانیی و هاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمە بەس گەندوگووی فیکریی ئەو سیاسیی و رۆشنبییرانەیە کە تەجاوزی عوقدەی نەژادیی و گێرەی کوردایەتییان، نەکردووە. ئەصڵەن ناوەڕۆکی ئەو کۆنتێکستە بۆ فارسیی و عەرەبیی، وەربگێڕێن، جگە لەوەی وەرگێڕەکەی ئەگەر کەمێک عەقڵانیی بێت، داگییرکار هەر لادەبات، بەڵام ئەگەر گوتمان کردی بە المحتل و اشغالگر، ئایا بەڕاستیی کابرای عەرەب و فارس کە رۆمانی نووسەرێکی مەزنی کورد بخوێنێتەوە، چەقەنە بۆ عەقڵ و فیکری سیاسیی لێنادات؟ ئەوە بۆ ئینگلیزیی Occupier هەر مەسخەرەتر، دەردەچێت.

ئەم چەمکی داگییرکارییە تەنیا بۆ داگییرکردنی بەشێک لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریاوە، لە لایەن دەوڵەوتی تورکیەوە، دروستە. بە دەر لەوە، کۆنتێکستە سیاسیی و مەعریفییەکەی رێک لە ئاوەزی ئەوانە دەچێت، دوای عەمالەتی ریفراندۆمە موخابەراتییەکە کەوتبوون. هەر ئەمەشە، وایکردووە کە نووسەر، لەسەر گەورەتریین حەماقەتی سیاسیی و قەشمەرییاتی کولتووریی ریفراندۆم لە مێژووی سیاسیی کورددا، حەرفێکی فیکریی و سیاسیی، شەدەیەکی مەعریفیی و فەلسەفیی، بۆ گوتن نەبوو.

ئەم رۆمانە سیاسییە، زیاتر جەخت لە ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی عێراق، فۆرمی حکومەت، دەسەڵاتی کوردیی و قۆرغکارییەکانیان دەکاتەوە. یەکێک لە باشتریین رۆمانەکانی نووسەر ئەژمار دەکرێ ئەگەر لە بۆچوونی عەقڵانیی فیکریی و ویژدانیی نووسەرەوە هەڵقوڵابێت. لێرەدا گرنگە ئەوە باس بکرێ کە هیوادارم من هەڵەبم، ئەویش ئەوەیە، خۆزگە قەناعەتی فیکریی و سیاسیی نووسەر بووایە کە سیمبوڵی وەهمەکانی سلێمانیی، ئۆپۆزسیۆن و کاراکتەرە گەورەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی( ژەنراڵ بیلال ئەشکزاد) شاری ناو رۆمانەکە( کە سلێمانییە)، نەک هەر رەخنەبارانی کردوون، بگرە دارکارییەکی مێژوویی گەورەی مێژووی سیاسیی شاری سلێمانیی و زۆنی ناسیۆنالیزمی( بابانیی و قەڵاچوالانیی ) کردووە. گرفت ئەوەیە، دارکارییەکە نە سیاسییە، نە کولتوورییە، نە مەعریفییە و نە فیکرییە، بەڵکو غوبنی بییرکردنەوە پاسیفیستەکانی نووسەرە. بە پێچەوانەوە، پاڵنەری نووسیینی ئەم رۆمانە کە دوای یەک ساڵ لە مردنی نم، نووسراوە ئەگەر هەمان ئەو مۆتیڤە بێت کە نووسەر لە باس و رووداودا دەینووسی، ئەوە بە باوەڕی من لە کرێدتی رۆمانەکە زۆر کەم دەکاتەوە١ هیوادارم ئەمەی دواییان نەبێت و من تەواو هەڵە بم.

لایەنە پۆزەتیڤەکانی رۆمانەکە

لە زمانی حیکایەتوانەوە، دەسەڵاتی شێخنشیینیی بنەماڵەی بارزانیی، بەمشێوەیە دەدەڵەمێنێت: کوڕە گەورەکەی مەلا موصطەفا( سەردار قەمەرخانیی) گەرچیی گەمژەیەکی نەفام و بێ دەموپل بوو، کردیان بەسەردار بۆ ئەوەی پشتاوپشت و نەوە لە دوای نەوە، سەرۆکایەتیی بۆ نەوەکانی جێبهێڵێت( لا ٧- ٨ ). بەدەر لەوەی رۆماننووس، نازانێت یان خۆی لێ بێئاگا دەکات کە مەسعود بارزانیی، کوڕە گەورە نەبوو، ئیدریس گەورەتر بوو، چەند کوڕێکی گەورەتریشی هەبوو! پێشتر بە صەفەقاتی نێوان کوردایەتییەکەی بارزانیی و عروبەکەی صەدام، تێرۆر کران. هاوکات، رۆڵی پاوانخوازیی و دەوری خۆئیبرازکردنی مام جەلال( جەنابییان= ئەمیر تەلاران)، لە دوای مردنی قەمەرخانیی، بە زمانێکی سیاسیی کە لێدانە لە ئەدەبییاتی فشەی کوردایەتیی و شۆڕشی میلیشیایی و چەتەگەریی (نوێ و گوڵان)، هاوکات لێدانە لەو ناسیۆنالیزمە بابانییەی بۆ صەدەیەک زیاترە، سلێمانیی کۆتوبەند کردووە، بەمشێوەیە بەیان دەکات( یەکەم کەس بوو، شەڕی چەتەگەریی و گەریلایی، دژ بە دەوڵەت راگەیاند( لا ٨). لێرە بە دواوە، بە باسکردنێکی کورتی بارزانیی و تاڵەبانیی، تەواوی رۆمانەکە لەسەر وەهم و خورافەی ژەنراڵی رۆمانەکە ( نم) کە یەکێکە لە رائیدەکانی ناسیۆنالیزمی بابانیی، هەروەها ئیگۆ پڕ لە وەهم و شۆڕشگێڕییەکانی! سلێمانیی، بنیات دەنێت.

خالید حوسێنیی( ئەفغانیی-ئەمێریکیی)، پێیوایە نووسیینی رۆمان، لە چنیینی زنجییرە درۆیەک دەچێت کە بە حەقیقەتێکی مەزنت، دەگەیەنن. رووداوە خورافیی و خەیاڵییەکانی مێشکی نووسەریش، وێڕای ئەوەی هەزاران درۆ و خورافاتی چنییوە، هەزاران شێر و رێویی تێکەڵ بە ئەندێشە پڕ لە فەنتازییەکانی خۆی کردووە، هاوکات بۆ ئەوەی بەر رقی کادیر و پیاوانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان وحیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان نەکەوێت، ئەمەندەی رووداوەکان، کاراکتەرەکان و مێژووەکانی پاش و پێش، کردوون یان بە ئەنقەست و بەهەوای ئەدەبیی، لە خەیاڵدا دایتاشیون، بۆ ئەوەی هەمیشە بڵێ مەبەست لە سیاسییەکانی کورد، لە شاری سلێمانیی و لە کوردستان نییە. بۆ نموونە سەبارەت بە نم، لا ١٠٥ دا، نووسراوە” شار نوقمی خورافات بووە، ئەشکزاد ئەفسانەیە و بە مردنی ئەویش هەموو شتەکان تێکدەچێت و شۆڕش تۆزی بە بادا دەچێت” لە لا١٠٥ دا درۆیەکی گەورەی ئارکیۆلۆجیی و مێژوویی بەناوی سلێمانییەوە دەکات و تەمەنی بە هەزاران ساڵ دەقەبڵێنێت، ئەمە بۆ ئەوەیە ئەو مەیدانەی رۆمانەکەی تێدا بنیاتنراوە کە سلێمانییە، واقیعەکە بەلایەکی تردا بەرێت و بیجەڕێنێت.

ئەو شتەی رۆشنبییریی (ثقافةی) پێدەگوترێ لە ئێستای سلێمانییدا، نووسەر بە ئەندێشەی خۆی رائیدی بەشێکیەتی و کۆمەڵێ گەنجیش بەناوی چەپ، عەلمانیی و ئەدەبدۆستەوە لە لایەنگرانین، بەشەکەی تریش بە ئەندێشەی رۆماننووس، هەندێ رۆشنبییرن کە لە ئەشکزاد نزیک بوونەوە، بەیعەتیان پێیدا و لە وێنەی ئەرشەد صاحیبدا، تەجەلا و تەعالایان دەکات و بە رۆشنبییری بچووک و لاچەپەک، ئەژماردیان دەکات لا١٥١. لە چەند شوێنی تر، هەیبەتی ئەم جۆرە رۆشنبییرانە دەشکێنێت، گاڵتە بە رۆشنبییری وەکو ئەرشەد صاحیب دەکات و دەڵێ کاری ئەوە بوو تارماییەک دروست بکات و بەرەڵای بکاتە ئەم شارەوە، تارماییەکی بەرەڵاکردبوو کە گرتنەوەی ئەستەم بوو، لا ٢٥٢ . لە پاڵ لێدان لە رۆشنبییرە بچووکە موبایەعەچییەکانی سلێمانییەوە، ناو بەناو دێتەوە سەرلێدان لە وەهم و خورافاتەکانی ژەنراڵ ئەشکزاد( نم). بە رادەیەک ئەم رۆمانە سیاسییە، تەرکیزی لەسەر نم، داناوە، ئەصڵەن هەر دەڵێی بۆ هەجووکردنی ئەو و بزوتنەوەکەی( گۆڕان) نووسراوە.

لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە سیاسیی، نووسەر و کادیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا و ئەوانەی لەو بزوتنەوەیەش وەدەرکەوتوون، بە ئیعجابێکی زۆرەوە، بە حەماس، ئۆخژن و قەناعەتی زۆرەوە، جەخت لە باشیی و گەورەیی ئەم رۆمانە دەکەنەوە. باسی شکاندنی بتە سیاسییەکان و خورافە ئایدیۆلۆژییەکان دەکەن؟ بەڵام ئایا نازانن و عەقڵیان پێی ناشکێ کە ئەم رۆمانە، رێکوڕەوان، پڕ بە پێستی، لێدان لە گۆڕان و ژەنراڵەکەی ( نم) نووسراوە؟ یان پێی دەزانن و خۆیانی لێ نەبان دەکەن؟ هەرکامیان بێت، ناوەڕۆکە سیاسییەکەی ئەم رۆمانە، بەتاڵکردنەوەی سیحری ئەو سیاسییانەیە کە چۆن دەتوانن لە سەردەمی خورافییدا مۆبەکان بجوڵێنن و لە سەردەمی چاڵەکانی واقیع و خەرەندەکانی حەقیقەتیشدا، ئەوە روو دەدات کە شاری ناو رۆمانەکە و خەڵکی شارەکە( سلێمانیی) چۆن دەناڵێنن بە دەست چەتەکانی کوردایەتیی( ئۆریجناڵ و موزەیەفەکەی) و هەموو ئەوانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە، دەستیان لە پارەی رەیع، چەتەگەرییەکانی نەوت و خۆشگوزەرانیی خۆیان، گییر بوو؟




وێناکردنی خه‌ونێکی له‌بیرنه‌کراو له‌ نێو شه‌مه‌نده‌فه‌ردا -2- …سۆران محه‌مه‌د

به‌شی دووه‌م

*رامبۆو سه‌فه‌ره‌کانی:

رامبۆی هه‌رزه‌کاری سه‌رکێش له‌ 1875دا و له‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا واز له‌ شیعر ده‌هێنێت و له‌سه‌فه‌ردا ئازادی ره‌هاو عیشقی راسته‌قینه‌ ده‌بینێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵانه‌وه‌ هه‌وڵی فێربوونی زمانه‌کانی وه‌ك روسی و عه‌ره‌بی و ئینگکیزیشی ده‌دا، به‌ڵام دایکی جوتیارێکی هه‌ژار بوو، هه‌رگیز پاره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بیداته‌ رامبۆ تاسه‌فه‌ره‌کانی پێ بکات. جگه‌ له‌مه‌ش نه‌یده‌ویست رامبۆ ئه‌و ڕێگایه‌ بگرێته‌به‌ر، بۆیه‌ جارانێك رامبۆ کتێب و ته‌نانه‌ت سه‌عاته‌که‌ی ده‌ستیشی فرۆشتووه‌، ئه‌م عه‌شقه‌ بوو وای لێکرد به‌ پێ به‌سه‌رچیا به‌فرینه‌کانی ئه‌لپ بکه‌وێ بۆ هێنانه‌دی ئاواته‌کانی، تا له‌ 20/10/1878 جاریکی تر به‌ پێ ده‌که‌وێته‌ ڕێ تاکو ده‌گاته‌ لۆجانو که‌ له‌وێ سواری شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ده‌بێت به‌ره‌و جه‌نه‌واو له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌سکه‌نده‌رییه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ قوبرس، تاله‌ ڕێی کارێکی میرییه‌وه‌ که‌مێك له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت و پاشان به‌هۆی ده‌مه‌بۆڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ردا واز له‌و کاره‌ ده‌هێنێ و ده‌چێته‌وه‌ ئه‌سکه‌نده‌رییه‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ عه‌ده‌ن، و پاشان حه‌به‌شه‌و پاشتر به‌هۆی جه‌نگی کۆلۆنیالیزم له‌ ناوچه‌که‌ بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ببێته‌ بازرگانی چه‌ك له‌ ناوچه‌کانی حه‌به‌شه‌و و تا له‌ 1891 له‌سه‌ر ئامۆژگاری پزیشك ئاگادارده‌کرێته‌وه‌ که‌ برینی ئه‌ژنۆی راستی مه‌ترسی لێده‌رکرێت و باشتره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ فه‌ره‌نسا.‌

هه‌ر 10رۆژ دوای گه‌شتنی به‌ عه‌ده‌ن(هه‌رچه‌نده‌ 45 مانگ تیایدا مایه‌وه‌)، نامه‌یه‌ك بۆ که‌سوکاری ده‌نێرێت و تیایدا ده‌ڵێت: گه‌ر چه‌ند سه‌د فره‌نکێکم چنگ بکه‌وێت ئه‌وا سه‌فه‌ر ده‌که‌م بۆ زه‌نجه‌بار ده‌ڵێن له‌وێ کار هه‌یه‌،هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی نه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وروپیی ره‌گه‌زه‌کانی ناو عه‌ده‌ن ئه‌و له‌ 14/4/1885دا له‌ نامه‌یه‌کدا ده‌نووسێت: “سه‌باره‌ت ئه‌وروپییه‌کان ته‌نیا چه‌ند کارمه‌ندێکی ده‌به‌نگی لێ ده‌ژی که‌ سه‌رقاڵی بازرگانین و هه‌موو پاره‌کانیان له‌ بلیارد دا سه‌رف ده‌که‌ن”.
لای رامبۆ سه‌فه‌ر جۆرێکه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌کان، هه‌روه‌ك چۆن لای هه‌ندێك ئه‌و به‌س شاعیر نه‌بوو به‌ڵکو فه‌یله‌سوفیش بوو، بۆیه‌ ئه‌و له‌ ماوه‌ی کورتی ژیانیداو له‌ زۆر بۆنه‌و کاتی جیاوازدا زۆر شوێنی جیهان گه‌ڕاوه‌ له‌وانه‌: ئیندۆنوسیا، هۆڵه‌ندا ئه‌ڵمانیا، جاکرتا، میسر، حه‌به‌شه‌، زه‌نجه‌بار،، یه‌مه‌ن، سوید، قوبرس، سویسرا…

‌* شیعری: خەونێکی زستان

لە زستاندا سەفەر دەکەین لەناو
فارگۆنێکی پەمەیی کوشن شین.
ئێمە باش دەبین، هێلانەی ماچێکی شێت چاوەڕوانە،
لە هەر گۆشەیەک.
.
تۆ چاوت دادەخەیت تا لە پەنجەرەکەوە نەبینیت،
سێبەری ڕوگرژی ئێوارێ،
وەڕینی ئەو وەحشانە، بە ڕەو تێدەپەڕن بە لاماندا
هی گورگە رەشەکان و خێوە رەشەکان.
.
پاشان هەست بە روومەتت دەکەیت
زۆر توند ختوکەی دێ
ماچێکی بچوك وەك جاڵجۆڵەکەیەکی شێت
بەسەر روومەتا را بکات.
.
ئەنجا دەڵێیت: بیگرە!” سەرت شۆڕکەوە
– وئێمەش بەکاوەخۆ
لە دووی ئەو بونەوەرە دەگەڕێین
– هێندە دوور سەفەری کردووە…

  • وێنه‌کانی ناوه‌وه‌ی سه‌فه‌ر:

گه‌ر جارێکی تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لێدوانێکی زیاتر ده‌رباره‌ی چه‌مکی سه‌فه‌ر لای خودی ئارسه‌ر رامبۆ (20 ئۆكتۆبه‌ر 1854 – 10 نۆڤه‌مبه‌ر 1891) له‌ ژێر رۆشنایی ده‌قی (خه‌ونێکی زستان)دا، ئه‌وا پێویستمان به‌ لێدوانێکی زیاتره‌، زیاتر رۆچوون به‌ وێنه‌کانی ناوه‌وه‌ی ناخی شاعیردا، وه‌ك چۆن له‌ به‌شی یه‌که‌مدا زیاتر له‌سه‌ر دیوی ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌که‌ و زاراوه‌و وێنه‌ شیعرییه‌کان دواین، ئه‌وا ئێستا جێی خۆیه‌تی ماف به‌ لایه‌نه‌ نابه‌رجه‌سته‌که‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ بده‌ین، که‌ له‌ ئاماژه‌ شاراوه‌کانی ده‌قه‌وه‌ لێی تێده‌گه‌ین.. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ده‌ست به‌م باسه‌ بکه‌ین ده‌بێت بپرسین ئایا سه‌فه‌ر خۆشه‌ یان ناخۆش؟ ئایا بێهیوایی ده‌به‌خشێ یان هیوابوون؟ ئایا هه‌ڵهاتنی رامبۆ له‌ ئێواره‌یه‌کی ساردی ئۆکتۆبه‌ردا هه‌ڵهاتن نییه‌ له خودی ترس و نیگه‌رانی و دووباره‌بوونه‌وه‌کانی رۆتینی ژیانی خودی خۆی؟ بۆ گه‌یشتنه‌ دنیا تازه‌کان و جێهێشتنی نوستالیژیاو هه‌موو شێوازه‌کانی ملکه‌چیی؟ ئایا چاوداخستن له‌ نه‌بینینی هه‌موو دیمه‌نه‌ قێزه‌ونه‌کان؛ ئازایه‌تی و جورئه‌تی سه‌ره‌تای سه‌فه‌ره‌ ‌‌دوایینه‌هاتوه‌کانی شاعیر نین؟ که‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌ واقیع هه‌ڵبێت له‌ نه‌ستی خۆی هه‌ڵدێ که‌ باکراوندێکی پڕ حه‌سره‌ت و ئه‌فسانه‌و پڕ دێو و درنج و ده‌سته‌مۆییه، ده‌مه‌وێ وته‌ی هاوڕێکه‌م بهێنمه‌وه‌ له‌مباره‌دا که‌ گوتی:

شاعیره‌کان به‌ رامبۆشه‌وه‌ به‌شێك له‌ شیعره‌کانیان له‌ وڕێنه‌یه‌کی بێ مانا زیاتر هیچی تر نییه‌، که‌ تایبه‌ته‌ ته‌نیا به‌ خۆیان، به‌ڵێ هه‌رواش بلیمه‌تیی زه‌مه‌نێکه‌، سه‌رده‌مێکه‌، ساتگه‌لێکه‌ که‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئاسته‌مه‌. رامبۆ خۆی له‌وته‌یه‌کدا نه‌فره‌ت له‌ بێهوایی ده‌کات و ده‌ڵێت: تینی بێهیوایی پاڵم پیوه‌ده‌نێت رووبه‌رووی هه‌موو شتێك ببمه‌وه‌؛ سروشت، شته‌کان، خودی خۆشم، ده‌مه‌وێت هه‌موو ئه‌وانه‌ بدڕێنم.

به‌ڵێ راسته‌ سه‌فه‌ر هه‌رچه‌نده‌ ناخۆش بێت به‌ڵام لای رامبۆ خۆش و هیوا به‌خشه‌ چونکه‌ ده‌یگه‌یه‌ننه‌ دنیا تازه‌کان، به‌ڵێ ئه‌و خه‌مه‌کانی جێده‌هێڵێت و دایانده‌نێ و له‌گه‌ڵ خۆیدا نایانبات بۆ سه‌فه‌ر، بۆیه‌ چاو ده‌نوقێنێ له‌ بینینی رابردووه‌ تاڵه‌کان و ئه‌زمونه‌ گورچكبڕه‌کان، که‌واته‌ ئه‌و یه‌که‌مجار ده‌یه‌وێت له‌ نه‌ستی ره‌شی خۆی هه‌ڵبێت، بۆیه‌ ئاوڕ بۆ مه‌رگه‌ساته‌کان ناداته‌وه‌، ئایا سه‌فه‌ر جێهێشتنی شوێنه‌ به‌ره‌و ناشوێن؟ یان به‌س هه‌ڵهاتنه‌ له‌ بوته‌کانی باوك و مولازم موحسینه‌کان و ده‌سه‌ڵات؟ یاخود گه‌ڕانه‌ به‌ دوای نوێبوونه‌وه‌و تازه‌گه‌ریدا له‌ بینین و تێگه‌شتن و ئه‌زموونکردنی ژیانێکی جیاواز؟ گه‌شتن به‌ واقیعی قه‌ناعه‌ته‌کان و ئه‌و خولگانه‌ی شاعیر به‌ دوایاندا ده‌گه‌ڕێت و ئاسووده‌یی و ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی پێده‌به‌خشن، گرنگیش نییه‌ له‌ حاڵه‌تی نه‌ بینینه‌وه‌کاندا با هه‌ر گه‌ڕان به‌رده‌وام بێت تاکو ئه‌و ساتانه‌ی شاره‌ خامۆشه‌کان و توله‌ڕێ کوێره‌وه‌بووه‌کان دواتۆماری هه‌ناسه‌کانی شاعیری تیا ده‌نووسنه‌وه، خۆ یاسای گه‌ردوون و ته‌نه‌کان ی ناویشی هه‌ر له‌ گه‌ڕان و جوڵه‌ی به‌رده‌وامدان و ئاکام وزه‌یه‌کی ئه‌رێنی لێدروست ده‌بێت.

رامبۆ ره‌نگه‌ سه‌ره‌تا ویستبێتی سه‌فه‌ری ناو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ خێرایانه‌ تاقیبکاته‌وه‌ که‌ خه‌ڵکانێك به‌کاریده‌هێنن، بۆیه‌ سه‌ره‌تا له‌ دیمه‌ن و ره‌نگ و په‌نجه‌ره‌و کوشنه‌کانی ورد ده‌بێته‌وه، پاشان ئاویزانی ده‌کات به‌ خه‌ونێکی خۆیه‌وه‌ تیایدا، چه‌ند خۆشه‌ مرۆڤ هاوڕێیه‌کی هه‌بێت له‌ناویدا هه‌مان بۆچوون و قه‌ناعه‌ت و شێوازه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ویان هه‌بێت.‌‌
ره‌نگه‌ جیاوازی نێوان وێنه‌ شیعرییه‌کان و وێنه‌ فۆتۆگرافییه‌کنیش هه‌ر له‌و خاڵه‌دا چڕ بێته‌وه‌ که‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی توانای نیشاندانی وێنه‌ نابه‌رجه‌سته‌کانی ناخ و هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌کانی شاعیری نییه‌، به‌ڵێ ئارسه‌ر رامبۆ ئه‌م شیعره‌ی له‌یه‌که‌م ساڵی شاعیرێتیدا نووسیوه‌، به‌لام ئه‌مه‌ وه‌ك حه‌زو خولیای هه‌میشه‌یی شاعیر مایه‌وه‌ تا کۆچی دواییشی کرد، سه‌فه‌ر به‌ره‌و دنیا نه‌بینراوو نه‌زانراوه‌کان، ره‌نگه‌ له‌ وێدا هیوایه‌ك خۆی مه‌ڵاس دابێت ، ئه‌و نه‌زانراوه‌ی به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت بیدۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م ده‌قه‌دا وێڕای هه‌موو نشێوه‌کانی سه‌فه‌ر به‌ڵام رامبۆ زۆر دڵخۆشه‌و هه‌وڵده‌دات په‌رده‌یه‌کی نوێی شانوی ژیان لابدات و رابردووه‌ تاڵه‌کان تێپه‌ڕێنێت، ئه‌ی گوایا نه‌مانپرسیوه‌ هۆی چییه‌ که‌ چه‌ند مێشك فراوانن ئه‌و که‌سانه‌ی گه‌ڕیده‌ن و به‌رکه‌وتنیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ که‌لته‌ره‌ جیاوازه‌کان و ئاسۆی بیرو ئه‌زموونیان فراوانتر ده‌کات، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی نازانن ته‌نانه‌ت له‌ واقیعی شاره‌کانی دراوسێیاندا چی ده‌گوزه‌رێت!

یاخیبوونێکی جوان و بێده‌نگ ڕێگا به‌ رامبۆ نادات هه‌ر ماوه‌ی سێ مانگ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ جێیه‌ك بمێنێته‌وه‌و ره‌نگی قه‌وزه‌ له‌ نیگای بنیشێت، خۆ ژیانیش زۆر کورته‌و جیهانیش زۆر به‌رفراوانه‌، ئایا ئێمه‌ چی و کوێمان بینیوه‌؟ دانیشتن و سه‌رله‌قاندن بۆ حوکمێکی کۆنی به‌ستوو ته‌نیا عه‌قڵی به‌ستوو و مرۆڤی کۆنه‌خوازو پاشکه‌وتوو به‌رهه‌م دێنێت، که‌ هه‌وڵده‌ده‌ات هه‌موو شته‌کان بخاته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه‌؛ رازی بێت به‌ هه‌موو قه‌ده‌ره‌ سروشتی و ده‌ستکرده‌کان، رۆڵی وه‌ك مرۆڤ له‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی ژیان وه‌لابنێ پێش ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانه‌وه‌ ئه‌و رۆڵه‌یان لێ بسه‌نرێته‌وه‌، جا هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی باوکسالارییه‌وه‌ بیگره‌ تا عورفی خێڵه‌کی و کولتوورو مامۆستاو سیسته‌می حوکم و حیزب و ناوچه‌گه‌رێتی و پۆلیس و ئاغاو ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کان… هتد..که‌ ده‌یانه‌وێت شاعیر ده‌سته‌مۆ بکه‌ن تاکو ببێته‌ تاکێکی گوێ له‌مشتی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو به‌ به‌ڵێنه‌ سه‌رابییه‌کانیان، له‌م زۆنه‌دا زۆر رۆشنبیر خۆی له‌ده‌ستده‌دات و توشی دووفاقی ده‌بێت له‌گه‌ڵ تێگه‌شتن و قه‌ناعه‌ته‌ مه‌عریفییه‌کانی ناوه‌وه‌ی خۆیدا، که‌ رۆڵیشی مرد ئه‌وسا هیچ داهێنانێکی راسته‌قینه‌ش نابه‌خشێت و سه‌ره‌نجام وه‌ك ستاره‌یه‌کی له‌کارکه‌وتوو ده‌کوژێته‌وه‌ و هه‌ر خه‌ریکی وڕێنه‌کردنه‌کانی خۆی ده‌بێت.

‌ شیعراندنی ئه‌م دۆخه‌ی سه‌فه‌ر لای شاعیر خودی گرنگیدانه‌ به‌و مانایه‌ی سه‌فه‌ر له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌، دڵخۆشییه‌که‌ تیایدا هیواو هه‌وڵ و یاخیبوون و تواناو ئیراده‌ی تاك زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر شکست و په‌شیمانبوونه‌وه‌و بێهیواییدا، به‌ڵێ هه‌رچه‌نده‌ له‌مپه‌ریی مادی و شکست و نه‌بوونیی و نامۆبوون له‌ ڕێی سه‌فه‌ره‌کاندابن به‌ڵام ئیراده‌ی بزێوی شاعیر زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موویاندا، هه‌ر به‌ ته‌نیایی و دوور له‌ هه‌موو دۆست و رێنیشانده‌رو کۆمه‌کییکارێك، بایه‌خنه‌دان به‌ به‌های مادی و ملکه‌چنه‌بوونه‌ له‌ به‌رده‌م چیاکانی گیانێکی سه‌رکه‌ش و یاخیدا، ئه‌وا هیچ له‌مپه‌رێك نامێنێته‌وه‌ له‌و سه‌فه‌رانه‌ی بیگێڕێته‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌ سات و شوێنی جیاوازدا له‌ خۆی کۆیانده‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌شه‌ شادمانی ئه‌به‌خشێت به‌سه‌فه‌ر لای رامبۆی تازه‌لاو، که‌ دواتر و هه‌ر زوو وازی له‌ شیعرنووسین هێنا، دوای ئه‌وای زانی ئیتر خوێنه‌ره‌کان و ده‌زگا ئه‌ده‌بی و چاپه‌مه‌نییه‌کان ده‌سه‌وسانن له‌ تێگه‌شتنی ئه‌و، له‌بایه‌خدان به‌ دنیاو شیعره‌کانی ئه‌و..زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌کانی ئه‌وساو ئێستاش دوای شاعیره‌ ملچرچه‌کانی دیوه‌خانه‌کان ده‌که‌ون و چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌ده‌ن، گوێ له‌ ڕیکلامه‌ حیزبییه‌کان ده‌گرن و په‌سه‌ندی ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌که‌ن که‌ حیزب وه‌ك پێداویستی ئامێره‌کانی خۆی به‌کاریان ده‌هێنێ و به‌ره‌نده‌ی کردوون، هه‌روه‌ها شاعیره‌کانیش شیعرنووسینیان کردووه‌ته‌ پیشه‌و به‌هۆیه‌وه‌ موجه‌ی جۆراوجۆری پێ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام رامبۆ دوای ئه‌وه‌ش وازی له‌ نووسینی شیعر هێنا به‌ڵام وازی له‌ ‌سه‌فه‌ره‌کانی نه‌هێنا، به‌ڵکو دوورترو زیاتر په‌ره‌ی به‌سه‌فه‌ره‌کانیدا، خودی رامبۆ بوو بووه‌ خاوه‌نی بڕیاری هه‌موو سه‌فه‌ره‌ دوورو نزیکه‌کانی ئه‌وساو داهاتووی نه‌ك که‌سێکی تر، هه‌رواش داماڵراو له‌ هه‌موو نیشتیمانێك مادام مرۆڤی تیا به‌ند ده‌کرێت..ئه‌مه‌یه‌ بلیمه‌تی مرۆڤێکی جیاواز که‌ شتانێك ده‌کات که‌سانی تر پێی هه‌ڵنه‌ستاوه‌، لێره‌شه‌وه‌ سه‌فه‌ره‌کانی رامبۆ شانبه‌شانی شیعره‌کانی ده‌بنه‌ جێی لێوردبوونه‌وه‌ی ره‌خنه‌نووسان و شیعردۆستان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا، له‌وساو ئێستاشدا…که‌واته‌ سه‌فه‌ر لای رامبۆ جۆرێك بووه‌ له‌ ره‌فزکردنه‌وه‌و ناڕازیبوون به‌ واقیعی سه‌پێنراو، هه‌میشه‌ گیانی له‌ دوای ئه‌و ره‌هاییه‌ گه‌ڕاوه‌ سه‌ربه‌ستی راسته‌قینه‌یان پێ به‌خشیوه‌.
پێش مردنی به‌ چه‌ند رۆژێك خوشکه‌که‌ی داوا له‌ قه‌شه‌ ده‌کات سه‌ردانی بکات و دانپیانانی پێش مه‌رگی لێوه‌ربگرێت به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك قه‌شه‌ به‌ ره‌نگێکی هه‌ڵبزرکاوه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌رێ و به‌ خوشکه‌که‌ی ده‌ڵێت :

براکه‌ت پێویستی به‌ وه‌رگرتنی هیچ دانپیانانیك نیه‌، ئه‌و له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بینیومن بڕوایه‌کی قوڵتری هه‌یه‌.. هه‌رواش له‌ دوا ساته‌کانی ژیانیدا رامبۆ گوتوویه‌تی: ئه‌مڕۆ چیرۆکی دۆزه‌خی خۆمم کۆتایی پێهێنا، ئه‌و دۆزه‌خه‌ کۆنه‌ی نه‌وه‌ی ئاده‌میزاد ده‌رگاکانی کرده‌وه‌..
به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و په‌رۆش و گڕو تینه‌ نامرێت که‌ له‌ شیعری (هه‌سته‌کان)دا له‌سه‌ره‌تای شاعیرێتیدا ئاماژه‌ی پێده‌دات و تامردن له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی:

به‌ڵام خۆشه‌ویستی بێ کۆتا له‌ ناخمدا بڵند ده‌بێ
ئیتر من ده‌ڕۆم دوور زۆر دوور وه‌ك بۆهیمییه‌ك
ئاوێزان له‌ دوتوێی سروشتا وه‌ك له‌ باوه‌شی ژنێکا
کلۆد جانکۆلاس سه‌باره‌تی ده‌ڵێت: رامبۆ کارێکی له‌ راده‌به‌ده‌ر بوو، دیارده‌یه‌ك بوو پێشتر و دواتر رووی نه‌دایه‌وه‌، کێیه‌ ئه‌و رامبۆیه‌ی ئه‌م رۆڵانه‌ی بینی. کێیه‌ رامبۆ که‌ ئه‌و شوێنه‌ی له‌ ژیانماندا داگیرکرد؟ ئه‌و ئه‌و گه‌نجه‌ هه‌رزه‌کاره‌ به‌هره‌داره‌ بوو ، ده‌ستی به‌ ئازادییه‌وه‌ گرت، عاشقێک بوو ئه‌و شیعره‌ تازانه‌ی دۆزینییه‌وه‌و هه‌ندێك له‌ لاپه‌ڕه‌کانی فڕێدان به‌ ده‌م با وه‌، رۆژێکیش پشتی خۆی تێکردن، کاتێك لێیان نائومێد بوو، که‌ به‌هۆکاری که‌وتنی خه‌ونه‌کانی لێکدانه‌وه‌و ئیدی بۆ دوور سه‌فه‌ری کرد.

سۆران محه‌مه‌د