سوێندخواردنی بەرپرسان … کارا فاتح

کە نیەت دەبێتە ڕێوڕەسم، ئیتر سوێند نابێتە هێزی مەعنەوی

سوێند هێزێکی مەعنەوییە لە نێوان کەسی سوێندخۆر و کەس یان بابەتی سوێندپێخورادا، ئەم هێزە مەعنەوییە وا دەکات ئەو شتەی ئەو دوو لایەنە لە سەری ڕێکەوتوون، یان ڕاستتر کە لایەنی یەکەم پەیمانی لە سەر دەدات، پارێزراو بێت و کەسی سوێندخۆر لێی لا نەدا: خودا، پەیامی ئایینەکان، نیشتمان، هەر بابەتێکی تری پیرۆز دەکرێت ببێتە بابەتی سوێندپێخوراو، لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتییش سەر و چاوی گەورە و ئازیزان و گۆڕی مردوان و تەڵاق و شەرەف ونامووس و هتد، بوونەتە بابەتی سوێندپێخواردن..

سوێندخواردنی بەرپرسان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ سوێندخواردنی بەرپرسان بۆ ڕازیکردنی دڵی زۆرترین کەس، هەم بە خودایە و هەم بە نیشتمان، هەر لە یەکەم لەحزەوە ئەم سوێندە لەو باوەڕە ئایینییە هەڵدەگەڕێتەوە، کە پەیامبەری موسوڵمان گوتوویەتی [مَنْ حَلَفَ بِغَيرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أو أشْرَكَ… رواه الترمذي.واتە: هەر كەسێك سوێند بە جگە لە خوا بخوات، ئەوا بەدڵنيايییەوە كوفرى كردوە، یان هاوبەشى بۆ خودا داناوە.] هەروەها ئەو ڕایەڵەی بەرپرسی سوێندخۆر بە نیشتمان و خاک و میللەت و هەر بابەتێکی تری ناسیۆنالیستییەوە دەبەستێتەوە، توانای دروستکردنی ئەو هێزە مەعنەوییەی نییە، چونکە بەرپرس لێرە، پرس و بابەتگەلی نیشتمان و خاک و میللەت و ئاو و ئاڵا و ئەم شتانە نەیهێناون و تێكۆشان لە پێناو ئەمانەدا، ئەم بەرپرسانەی دروست نەکردوە، تا وەفا و پەیمان و چاکەدانەوە و هەر شتێكی تری لەم بابەتانە وجوودی هەبێت، ئاڵوگۆڕێکی ئیقلیمی و جیهانی ئەم بەرپرسانەی هێناوە، بۆیە هیچ پێوەندییەکی مەعنەوییان بە خاک و میللەت و نیشتمان.. هتد، ییەوە نییە.

سوێندخواردن پەیامێکە بڕێکی زۆر نهێنیی هەڵگرتوە، ئەم نهێنییەیش لە نیەتدا چەسپاوە، واتە ئەوە نیەتە ئەم نهێنییە دەپارێزێ و هەڵی دەگرێ و دەیگەیەنێتە جێ، بەڵام کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، هەموو سیفەتێکی نهێنیی خۆی دەدۆڕێنێت، هەر لەم ڕێوڕەسمەیشەوە نیەت دەبێتە عەرز و نماییش، کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، ڕێگەکانی پەیمانبردنەسەر و پەیمانشکاندن، وەفا و بێوەفایی، درۆ و ڕاستگۆیی تێکەڵ و شوێنگۆڕکێ دەکەن، ئەوەی تۆ بە خراپەی دەزانیت، ئەو بە چاکەی دەزانێت، ئەوەی لای ئەو ڕاستگۆیییە لا زۆری تر بێبەڵێنییە، دین خۆیشی ئەم مەسەلەیە نەرم دەکاتەوە، بۆ بەرپرس و کاربەدەست و دەستڕۆیشتووی ئەمڕۆ سزاکە شتێکی ئەوتۆ نییە و لە حاڵەتی پابەند نەبوون بە سوێندەوە هێندە سزای بۆ دانەنراوە، لە قورئاندا هاتوە: { فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُواْ أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ [المائد:89.] واتا: که‌فاره‌تی ئه‌و جۆره‌ سوێندانه،‌ نان و خۆراکدانه‌ به‌ ١٠ که‌سی هه‌ژار به‌ شێوه‌یەکی مام ناوه‌ندی، که‌ بۆ منداڵ خێزانتان سه‌رفی ده‌که‌ن، یاخود پۆشته‌کردنیان یاخود ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر توانای ئه‌ویشتان نه‌بوو، با سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌مه‌ که‌فاره‌تی سوێنده‌کانتانه‌ کاتێک سوێند ده‌خۆن و نایبه‌نه‌ سه‌ر، جا ده‌توانن سوێنده‌کانتان ببپارێزن و نه‌یانشکێنن، ئا به‌و شێوه‌یە خودا ئایه‌ته‌کانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری بکه‌ن .

سوێند کە ڕەهەندێکی دینیی هەیە، بۆ بەرپرس و دەسەڵاتدار هێندە قورس نییە:
١- تێرکردنی ١٠ هه‌ژار له‌ خواردنێکی ئاسایی که‌ منداڵ و خێزانی خۆتی پێ تێر دەکەیت هێندە گران نییە، نەک دە هەژار بەڵکوو ئەو وا دەزانێت هەموو وڵات لە سایەی ئەمەوە سکیان تێر دەکەن.
٢- پۆشته‌کردنی ١٠ هه‌ژار، بە جلوبه‌رگێکی ئاسایی هێندە زۆری تێ ناچێ بۆ ئەو، مەگەر ئەو نییە بە دەوری خۆیەوە سەدان و بگرە هەزاران خزمەتی دەکەن، ئەویش نان و ئاو و بەرگیان بۆ دابین دەکات.
٣- ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، مەگەر ئەو نییە خۆی بە خاوەنی ئازادکردنی کوردستان و پاراستنی دەزانێت؟
٤- خۆ ئەگەر هیچ یەک لەم خاڵانە نەکرا، ئەوا کەفالەتی سوێند دەکرێت سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون بێت.
دین زیاتر ئەم بابەتە نەرم دەکاتەوە، پەیامبەری موسوڵمان ئەم جارە دەڵێت: [من حلف على يمين فرأى غيرها خيراً منها، فليكفر عن يمينه، وليأت الذي هو خير.” رواه مسلم.] واته، هه‌ر که‌سێک له ‌ئێوه‌ سوێندی خوارد و پاشان زانیی که‌ خێرتر هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ سوێندی له ‌سه‌ر خواردوه‌، ئه‌وا با ڕوو بکاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ خێره‌ و که‌فاره‌تی سوێنده‌که‌ی بدات.

لەمەوە تێ دەگەین، شکاندنی سوێند، نەک بۆ نێچیرڤان بەرزانی و مەسروور و قوباد و یووسف و هەڤاڵ و عەلی حەمەساڵح… هتد، هێندە گرنگ و جێی باس نییە، بەڵکوو مەلا عوزێر و حاجی کاروان و عەبدوللـەتیف سەلەفی و عەلی باپیر و سۆران عومەر… هتد، دەتوانن وەک ئاو و دۆ سوێند بخۆن و پابەندیش نەبن، دەتوانن دەست بە قورئانیشدا بدەن و گەڕیش نەبن، ئەوە تەنها لە نەستی عەوامی موسوڵماندا هەیە، لەبەر ئەوەی تەڵاقێک کەوتوەتە سەر زاری، لە ژنەکەی جیا دەکەنەوە، وا دەزانێ ئەوەی سوێندێکی خوارد و درۆی کرد، سوێند دەیگرێ و تۆڵەی لێ دەسەنرێ…

ئەم باسە بۆ ئەوە نییە تا بە لامانەوە ئاسایی بێت، سوێند بخۆین و پابەند نەبین، بەڵکوو بۆ ئەوەیە لەو توڕەهاتە تێ بگەین کە ناوی مەراسیمی سوێندخواردنی بەرپرسانە.
سوێند کاتێ هێزێکی مەعنەوی دروست دەکات، کە دەبێتە نیەت، نیەتیش پێویستە لە پشتییەوە ئیرادە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی، ئیرادە بۆ ئەوان هێزی یاسایە لە سەروویانەوە، کە ئێستا ئەو هێزەی یاسا نییە، بۆ ئێمەیش ئیرادە، هێز و هۆشیارییە، ئەوە هێزی ئیرادە و هۆشیارییە کە دەتوانێت پابەندمان بکات بە سوێندەوە…
نەبوونی یاسا لە سەروو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەوە، نەبوونی هێزی ئیرادە و هۆشیارییش بۆ ئێمە، هەمیشە سوێند دەکاتە ڕۆتین و بابەتێک کە پێشێلکردن و بەدرۆخواردنی کارێکی ئاسایی و سادە بێت.




فێربوون و پەروەردەی فنلندا -2- نووسەر: ئەحمەد مشاری

بەشی دووەم/

ئێمەی فنلیندیی: “گەل و کۆمەڵگەیەکی بچکۆلەین، بۆیە فێرخوازەکانمان پشتگوێ ناخەین و بەردەوام لەگەڵیانداین بۆ پێشکەوتنیان”
چیرۆکی فێرخوازێک، لەسەردەمی قەیران و وەستانی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن
فێرخوازی فنلندیی لەگەڵ ئاراستەیەکدا گەورە دەبێت، کە بتوانێت وڵاتەکەی دەربازی بکات لەو قەیرانە ئابوورییانەی کە تووشی دەبێت.
لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستدا، فنلندا تووشی قەیریانێکی ئابووریی قووڵ بوو، کە لەوە پێش بە خۆیەوە نەیدیبوو. بێکاری گەیشتە ئاستێکی بەرزی ترسناک، بەرهەمی ناوخۆیی وڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم، قەرزاریی گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز، بانکەکان داڕمان و مایەپووچ بوون، چۆن حکومەت لەم قەیرانە قووڵەدا بتوانیت پاڵپشت بێت بۆ فێرخواز؟
لە ماوەی ئەم قەیرانە قووڵەدا، منداڵی فنلندیی لەماڵەکی خۆیدا پاڵی لێ دەدایەوە و دەنووست و خەریکی یاریکردن بوو، نەیدەتوانی بچێتە دایانگا و باخچەی ساوایان، بەڵکو تا تەمەنی حەوت ساڵی لە ماڵی خۆیدا دەیخوارد و دەنوست و خەریکی یاریکردن بوو.
کاتێکیش دەگەیشتە تەمەنی حەوت ساڵی پەیوەندی دەکرد بە نزیکترین فێرگەی گەڕەک و ماڵەکەیەوە، مامۆستاکەی پێشوازی لێ دەکرد و پێی ڕادەگەیاند، کە لەم ڕۆوە هاوکاری و یارمەتی دەدرێت و ڕێنمایی وەردەگرێت بۆ فێربوون، لەم دەستپێک و سەرەتایەوە یەکەم وانەی ماندووحەسانەوە بوو.
منداڵ لەم قەیرانە قووڵ و گەورەیەدا، لەم دەستپێکەیەوە بە تەواوەتی فێری ماندووحەسانەوە دەبوو، نەدەخرایە ژێر فشاری وەرەقەی تاقیکردنەوەو و ئاڵانگاری کۆکردنەوەی زانیاری لای خۆی، هیچ جۆرە وەرەقەیەکی پێ نەدەدرا کە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی لەسەر تۆمارکرابێت، هیچ مامۆستا و ڕاهێنەرێک هەڕەشەی مانەوەی لە پۆلەکەیدا لێ نەدەکرد. پێیان دەگوت فێرگەکەت فێرگەیەکی بەرز و باشی خۆتە، بەیانیان فێری ئەوە دەبوون کە ڕۆژەکەیان لە فێرگەدا چۆن بەخۆشی بەسەربەرن. کە زەنگی تەواوبوونی کاتی فێرگە لێ دەدرا، دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای دایک و باوکی، بێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی بەسەردا درابێت، کە ئامادەی کات بۆ ڕۆژی دواتری فێرگەکەی، بۆیە بە خۆشییەوە هاوبەشی ژیانی لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکرد.
ئەم وانەی پشوودانە، لە هەموو قۆناغاغەکانی فێرگەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، منداڵ لەگەڵ پشووەکانیدا گەورە بوو، فێری ئەوە بوو بیر بکاتەوە لە دەرچوونی کۆمەڵگاکەی لە قەیرانە قووڵەکان.
ئەوەی لە فێرگەی فنلندییدا دەگوزەرێت، ئەم پرسیارەیە: چیمان دەوێت لە فێرگەدا؟
دەڵێن، لە فنلندەدا:”ئێمەن نە ئاڵتوونمان هەیە و نە وزەی نەوتمان هەیە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
دوای چەند ساڵێک لەم قەیرانە قووڵە، فنلندا بوو بە بەهێزترین دەوڵەت و وڵات لە ناو نزیکی بیست لەو وڵاتانەی کە کێبڕکێیانە، فێرخوازەکانی گەیشتن بە پلەیەکی زۆر بەرزی زانستیی.
ژاوەژاوی قەیرانە قووڵەکەی فنلندا نەدەدار بە گوێی فێرخوازەکاندا و باس و خواسی لە فێرگەدا نەبوو. لەم سەردەمی قەیرانە قووڵەدا، فێرگەکانی فنلندا میتۆدە میکرۆباوییەکەیان ئەفەرۆز دەکرد، بە هیچ جۆرێک قبووڵیان نەبوو. بە پێچەوانەی داوکارییە بازرگانییە دەستبەجێکانەوە، فێرخواز فێری داهێنان و چارەسەر و پلانڕێژیی بوون بۆ پاشەڕۆژ. بەم شێویە فێرخوازان بوون بە فریادڕەسی پاشەڕۆژ.

وەک فنلندییەکان دەڵێن:”ئێمە خاوەنی ئاڵتون نین، وزەی نەوتیشمان نییە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
“Teach like Finland” (وەک فنلندا فێربن)، ئەو کتێبەی مامۆستایەکی ئەمەریکیی”تیموثی ووکر” نووسیوێتی، لەسەر ئەزموونی فێربوون لە فنلندەدا، میتۆد و بیری و ئامڕازەکانی فێربوون لە فنلندەدا باس دەکات.
پێش چونی ئەم مامۆستایە و هەرچ شاندێکی پەروەردەیی بۆ وڵاتی فنلاندا، واین وێنا دەکرد کە لە وڵاتەدا پەروەردە و فێربوون، شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە و دەگمەنی کردووە، کە ڕەنگە لە وڵاتانی دیکەدا چنگ نەکەون لەبەر ئاڵۆزییان، وەک موچەی بەرزی مامۆستاکان؛ تەلار ی قەشەنگ و بەرزی فێرگەکان، یان وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر ئاڵۆز، ئامڕازگەلێکی فێربوونی تایبەت، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شاندەکان بۆیان دەرکەوت، فێربوون لە فنلندەدا زۆر ئاساییە و بەڵکو لە وڵاتنی تر ئەوەندە ئاسانکارییش بۆ نەکراوە، بەڵام میتۆدێکی سەردەمیانەی بۆ دۆزراوەتەوە، کە فێرخواز بێ ئەوەی ماندوو بکرێت، یان بێ ئەوەی مامۆستا و ڕاهێنەران و فێرخوازن تووشی دڵەڕاوکێ و ئالۆزیی بن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە یەکتریەوە فێربن و سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
“تیمۆثی ووکر” دوای چەند ساڵێک لە وانەگوتنەوە و فێربوون لە فنلندەدا، بۆی دەرکەوت، کە پەیڕە و پرۆگرامی فێرگەکان بۆ فێربوون و پەروەردە زۆر ئاسان و ساکارە(SIMPLE)، زۆر پەسەندە(Sensible)، سەربەخۆیە(Independent)، خاکەڕاییە(Modest)، خۆشییە(Playful)، بێ دڵەڕاوکێیە(Law-sress)، یەکسانە(Equitbale).
پوختەی پەیڕەو و پرۆگرامی فنلندا:
١/ پەسەندە: پەیڕە و پرۆگرامێکی پڕ لە پشوودانە، ١٥ خولەک پشوو دوای هەرچ وانەیەکی ٤٥ خولەکیی، ئەم پەیڕەو پڕۆگرامە لای فێرخوازان و پەروەردەناسانیش پەسەندکراوە.
٢/ سەربەخۆیە: تا ئاستێکی بەرز فێرخواز لە جوڵەکانی و گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مامۆستادا سەربەخۆیە، فێرخوازان پێکەوە بە کۆمەڵ کۆمەڵ تیبپی تایبەتی بۆ خۆیان دروست دەکەن.
٣/ سادە و ساکارە: پەیڕە و پرۆگرامی قورس و تەکنیکی ئاڵۆز و بودجەی بەرز نەکراوە بە مەرج بۆ فێربوون، چونکە لە میانەی پەیڕە و پرۆگرامێکی سادە و ساکارەوە دەتوانرێت ئاستی فێربوونی فێرخواز بەرزبکرێتەوە، بۆیە پەیڕەو و پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لە فنلندەدا، سادە و سکارە.
٤/ شادیی و خۆشییە: منداڵی فنلندیی، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست دەکات بە خوێندن، بۆ ئەوەی تا ئەو تەمەنە شادمان و دڵخۆش بێت بە یاریکردن و بەزم و ڕەزمی تایبەتی منداڵانەی خۆی. کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیەوەندی بە فێرگەوە دەکات، سێ سەعات بە خوێندن و فێربوونەوە سەرقاڵە، ماوەی پشوو و یاریرکردن لە فێرگەدا زۆرە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە هیچ ئەرکێکی فێرگە و فێربوونی بەسەردا نادرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەریکی یاریکردن و بەزم و ڕەزم و جێبەجێ کردنی حەزەکانی خۆی بێت، ئەمەش پڕ لە شادیی و خۆشییە بۆ منداڵ و فێرخواز.
٥/ نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی نییە: ناو فێرگە و دەروەی فێرگە ئەبێت ژینگەیەکی ئارام بێت بۆ فێرخواز، تا بتوانێت بە خۆشیی بژی، پشوودان و ئارامیی بۆ فێرخواز و مامۆستا زۆر گرنگ و بە بایەخە، بۆیە ئەم پەیڕەو و پڕۆگرامە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی تیا نییە.
٦/ دادپەروەیی و یەکسانیی: تۆ لە هەرچ کوێیەکی وڵاتدا دەژیت و دانیشتووی هەرچ ناوچە و گەڕەکێکیت یان لادێیەکیت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە مافی منداڵەکەت بچێتە فێرگە و فێر بێت، ئەمە مافێکی دادپەروەرانە و یەکسانانەیە بۆ هەموو کەس وەک یەک، ئەم پرنسیپە پەڕوەردەییە بە تەواوەتی لە خوێندن و فێربوون و پەروەردەی فنلندەدا جێبەجێ کراوە.

و.جیهاد موحەمەد

بنەمای فێربوون لە فنلندادا، فێرخواز پێویستە بجوڵێت و یاری بکات و لە ناو پۆلدا قسە بکات و بدوێت، پەیڕەو و پرۆگرامی فێرگەی فنلندیی ئاسانکاریی کردووە بۆ ڕێزگرتن لە جوڵەی منداڵ، وەڵامدەرەوەی جوڵە خۆڕسکیەکانی منداڵە بە زەوینەخۆشکردن بۆ جوڵەکانی و یاریکردن و گفتوگۆ و گەڕانی سەربەخۆ لە گۆڕەپانی فێرگەدا و دەربڕین و گوزارشت لە هەست و نەستی خۆی بەرمابەر بە فێربوون و مامۆستا و فێرگە و بەڕێوەبەرێتیی فێرگە.
ئەم بنەمای فێربوونە، کە خۆی لە یاریکردن و جوڵە و گفتوگۆی سەربەستانەی فێرخوازدا دەبینێتەوە، کۆمپانیای«Angry Birds» کە کۆمپانیایەکی فنلندیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە یارییەکان بە شێوازێکی زانستیانە و کۆمەڵایەتیانە و سەرچڵیانەی منداڵ کە ئەو پەڕی خۆشیی پێ دەگەیەنن،وەرزانە و ساڵانە ئامادە بکات و داهێنانی نوێی تیادا بکات.
ئەم ئاراستەکردنە، ئەم جۆرە لە فێربوون، ئەم جۆرە لە بنەمای خۆشیدان بە فێرخواز، کاریگەریی ئەرێنیی گەیاندووە و فێرخوازەکان گەیشتوون بە پلەی زۆر بەرزی فێربوون.
بەردوام ڕێنمایی و ئامۆژگاریی و ئاگادارییەکان دەگاتەوە بە بەڕیوەبەری فێرگە، دەربارەی گفتوگۆی فێرخوازان و هەست و نەستیان و داواکاریەکانیان و خواستەکانیان.
فێرخواز:
١/ مەرج نییە هەموو شت لە تەمەنێکی زوودا فێربێت. ئەرکی مامۆسا و ڕاهێنەر پاراستنی هەوڵ و خواستەکانێتی بۆ فێربوون هەتا خودی خۆی گەورە دەبێت و دەتوانێت تایبەتمەندێتی خۆی دیاربکات و چی گونجاوە بۆی ئەوە بکات.
٢/ گوێگرتن لە هەموو ڕا و بۆچوونەکانی. هاندانی بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی خودی خۆی و چارەسەرکردنی لە لایەن خودی خۆیەوە.
٣/ نیشاندان و دەرخستنی بەهرە و کارامەییە تایبەتە بەرزەکانی لە فێرخوازانی دیکە.
مامۆستا:
١/ ئەبێت ئەرکی مامۆستایەتیی و وانەبێژیی سوک و ئاسان بکرێت. فشاری زۆری وانەبێژیی و قورسکردن لەسەری توانای داهێنانی مامۆستایەتیی کەم دەکاتەوە، هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ فێرخوازدا لاواز دەکات.
٢/ مامۆسا دەبێت کەمترین قسە بکات. پۆلی نموونەیی و فێرگەی نموونەیی ئەو پۆل و فێرگەیەیە، کە فێرخواز سەربەستانە گوزارشت لە هەموو ڕا و بۆچوونێکی خۆی دەکات و لەگەڵ یەکترییدا بەو پەڕی ئازادیەوە گفتوگۆ دەکەن، زیاتر لەوەی لەگەڵ مامۆستادا گفتوگۆ بکەن(ئەمە فەلسەفەی جۆن دێوی بوو) بۆ فێربوون و پەروەردەی نوێ.
٣/ بڕوا و متمانەی پێ بدە، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی پێ بدە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەی، بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێتەوە بۆ لای بەڕێوەبەر و ئیدارەی فێرگە.
پەیڕەو و پرۆگرام:
١/ پەیڕەو و پرۆگرام ئاسان بێت بۆ جێبەجێکردن، چەقبەستێت لەسەر کارامەیی و بەهرە کۆمەلایەتیی و ئیدارییەکان، جیاوازیی تاک و تاکگەریی نێوان فێرخوازەکان قبووڵ بکات.
٢/ هەموو پەیڕە و و پرۆگرامێک دەبێت بە جۆرێک داڕێژرابێت، هەموو جۆرەکانی خۆشیی و خۆشەویستیی تیادا مسۆگەر کرابێت.
٣/ پەیڕەو و پرۆگارم، دەبێت بە جۆرێک بێت، خولی کێبڕکێ و هەوڵەکانی فێرخوازن بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی کۆمەلایەتیی و فێرگەیی تیادا مسۆگەر کرابیت.
«كين روبنسون»ی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیی و یەکێک لە ڕابەرە گەورەکانی فێربوون و پەروەردەی بەریتانیی، کە خاوەنی زۆرترین گوتاری بە ناوبانگ و کۆڕ و کۆبوونەوە دیارەکانە لەسەر فێربوون و پەروەردە، دەربارەی فێرگەی داهێنەرانە و پێشکەوتوو لە جیهاندا، دەڵێت: ئەگەر لێم بپرسن کام دەوڵەت لە دنیادا توانیوێتی باشترین و پێشکەوتووترین فێرگەی هەبێت بۆ فێربوون و پەروەردە، دەڵێم دەوڵەتی فنلاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
١٧/٤/٢٠١٩




روداوەکانی سودان، شۆرشە یا ڕاپەرینی جەماوەری؟!! … ڕێبوار عارف

چوار مانگە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی خەلکی سەرکوتکراوی سودان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر هاتوونەتە مەیدان و جەماورێکی فراوان لەخەلکی کریکارو زەحمەتکیش ولاوان و ژنان تیدا بەشدارە دژ بەودەسەلاتە ستەمگەرە میلیتاریستیە ئیسلامیەی دوێنی عمر بەشیرو ئەمڕۆی هەمان حکومەتی کاتی. لەمبارەوە دەتوانین بڵین کە بزوتنەوەی ژنان و برزوتنەوەی کریکاری دەوریکی کاریگەریان هەبوو لە پاشەکشە پێکردنەکانی تائیستەی ئەم دەسەلاتەدا. لەئیستەدا کار گەشتووە بەوەی کە دوابەدوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانان زیندان کراون وهەروەها زیاتر لە 100 کەس گیانیان لە دەستداوەو 500 کەیش بریندارکراون، ئیتر سەنگەری ڕاوەستانەوەی خەلک فراوانیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوەو تا سەرئەنجام یاخیبوونی مەدەنی دەستی پێکرد کە (تجمع المهنین السودانینن) سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان دەکات. تا ئەوکاتەی کە ئەنجومەنی سەربازی سودان کەخۆی وەک جێنیشینی عومەر بەشیر ناساندوە، دەسەڵاتەکەی ڕادەستی حکومەتێکی مەدەنی بکات…تائیرە ڕۆشنە بەدەر لەوەی کە ئایندەی ئەم جولانەوەیە بەچی دەگات، خواست ودواکانی ئەو خەلکە بەشمەینەتە بەرهەقەو بەدلنیای جیگەی پشگیری کردن و داکوکی کردنی هەموو ئازادیخوازو سوسیالیستیکە!

بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەندێک لە لێکدانەوەکانی هاوری یان، ئەم راپەرینە جەماوەریەی سودان، بە شۆرش لە قەلەم دەدەن، کە بەهەموو جیاوازیەکانیشیەوە هیشتا بازنەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی تینەپەرانەدووە. هێشتا چینی کرێکار لە ڕووی سیاسیەوە بە ئاسۆی سوسیالیستی خۆی چەکدارنەبووە. هیشتا تەحزوبی سیاسی وچینایەتی لاوازەو لەئاستی پێویستدا نیە. هێشتا کۆی پێشرەویەکانی بزوتنەوەی کریکاری وبزوتنەوەی ژنان نەک نەیتوانیووە وەک ئەلتەرناتیڤیک خۆی بناسینیت، بەلکو ئاماژەکانی تائیستە ئەم ئەگەرەی کەمرەنگترکردوەتەوە. هەربۆیە ئەم جولانەوەیە لەئیستەدا لەئاستیکدایە کە هەرکەسێکی چەپ وسوسالیست پشگیری لە داخوازیەکانی بکات لە چوارچیوەی ڕاپەرنێکی جەماوەریدا، نەک ئەوەی کە هەندێ لە هاوری یان خەریکن بەرگی شۆرشیان بەبەردا دەکەن و بە لیدانی شەیپۆری شۆڕش مزگێنی ئایندەیەکی بەرابەرخوازانە بەخەلکی بدەن. کە بەدلنیایەوە دوکەلی ئەم بانگەشە وەهمیە پیش هەموو کەس ولایەنیک دوکەلەکەی دەچێتە چاوی سوسیالیستەکان و بزوتنەوەی سوسیالیستی باجەکەی دەدات!
بۆیە دەلیم هاوری محسین کریم ئەمە شۆرش نیە!
ئێستە بابینەوە سەر هۆکاری نووسینی ئەم بابەتە لەلایەن منەوە، کە لەڕاستیدا ڕاوەستانیکە لەسەر هەڵوێست و لیکدانەوەی یەکێک لەو هاوری کۆمۆنیستانەی کە چەندین دەهەیە لەریزی پێشەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندایە کە ئەویش هاوری محسین کریمە. بەلی هاوری ناوبراو، دواین وتاری خۆی تەرخان کردوە بۆ هەلوێست وەرگرتنێک لەپەیوەند بە راپەرینە جەماوەریەکەی سودان و وەک شۆرشێک لەقەلەمی دەدات. لەمبارەشەوە لە نووسیکیدا بە ناوی (سودان و ئایندەی شۆڕشێک کە بەڕێکەوتوە!) کە تەنیا 32 دێرە بەلام 32 جار وشەی شوڕش وشوڕشگێری تیدا بەکارهێناوەو کۆی هەولەکانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردوە کە بەخوێنەر بڵێ ئەوەی کە ئەمڕۆژانە لە سودان دەیبینین، ئەوە شوڕشە. بۆیە تەواوی فاکت ولیکدانەوەکانی لەسەر ئەو دۆخە تەنیا بەمەبەستی شەرعیەتدانی بەرپا بوونی شۆرشە. نەمویست زۆر بچمە نیو فاکت و پەرەگرافەکانی هاورێوە، چونکە کۆی گشتی وتارەکەی بە نەفەس و میتۆدی پەرپا بوونی شورش لەسودانا نووسیوە. بۆیە ئەوەی لێرەدا مەبەستمە هەلوێستەکردنیکە لەسەر بەکارهێنانی تێرمی شوڕش بۆ ڕووداوەکانی ئەمرۆژانەی سودان.

بەر لەهەرشتێک جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە ئایا بەلای سوسیالیسیت و کۆمۆنیستەکانەوە بە چ رووداو هاتنەمەیدانیک دەلین شۆرش؟!َ دیارە ئەم باسە جێگەی تیارامانیکی جدیەو ناکرێت ئاسان بازی بەسەردابدەین، چونکە باسەکە بەهەلە بەکارهێنانی زاروەیەک یان چەمکێکی سیاسی نیە. بەلکو لە راستدا لە میژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا زۆرجار ئەم زاراوەیە بووەتە هەوێنی ئاراستەو رونگەی جیاواز لە نیو حزبەکان کە نەک تەنیا ئەنجامگیری نەخوازراوی لێکەوتوتەوە، بەلکو تەنانەت هەندیک جار لێکترازانی ریزی حزبە کۆمۆنیستەکانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئاخەر دواجار چارەنووسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە ئەنجامدانی شۆڕشەوە گرێدرا. بە دەربرینێک ئەوە شۆرشە کە مامانی هەموو خەونەکانی ئەم بزوتنەوەیەو گورینی هاوکیشە چینایەتیەکانی کۆمەلگایە، بۆیە جێگەی خۆیەتی فۆکۆسی باسەکە لەسەر ئەوە ڕاگرین کە ئایا ئەمەی لە سودان ڕوودەدات شۆرشە یانا ؟!

هاوری محسین لەو باسەدا تەواوی فاکت و لیکدانەوەکانی خۆی بۆ ئەو ئەنجامگیریە تەرخان دەکات کە پیمان بڵی ئەوەی لە سودان ڕوودەدات شۆڕشە. ئایا کۆمۆنیستەکان بە هەموو هەیەجان و قەرەبالخی و نارەزایەتیەکی جەماوەری دەلین شۆرش؟ ئایا شۆرش بۆ کۆمۆنیستەکان بە مانای پاراستن ودابینکردنی بەرژەوەندیەکی چینایەتی زیاتر هیچی تر هەیە؟! دیارە کۆمۆنیستەکان ئەرکیانەو دەبیت لە هەموو جولانەوەیەکی ڕادیکالِ و لەهەموو خەباتێکی جەماوەری و راپەرینێکدا بەشداری بکەن و مۆری خۆیان بدەن لە رووداوەکان، بەبی ئەوەی کە ئەو ڕووداوانە ئیلزامەن وەک شۆڕش لەقەلەم بدرین. بەلام ئەمە پێچەوانەکەشی دروستە، کەهەر جولانەوەو راپەرینیک ئامادەی و حزوری سیاسی چینی کریکار تیدا بالادەست نەبوو هاوکات رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە نەبوونە سیمبولی کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەو بزوتنەوەیەو جلەوی دۆخەکەیان لەدەستدا نەبوو. جولانەوەیەک کە کۆمۆنیستەکان نەتوانن تیدا مۆری خۆیان بدەن لە ئالوگۆرەکان بە ئاسۆیەکی رۆشنەوە دەخالەتگەری سیاسی ونەخشەو پیلانی هەنگاو بەهەنگاوی بۆ دانەریژن کە بەدلنیای زۆریکیان لە جەرگەی کیشمەکیش و رووداوکاندا دینەپیشەوە، ئەوا ناتوانین بەو جولانەوەیە بلین شۆرش! هەربۆیە کاتیک کە کرێکارانی کۆمۆنیست باس لە شۆڕش دەکەن بەواتای باسکردنە لە نزیک بوونەوەی دەسەلاتی سیاسی خۆیان لەڕێگەی شوراکانەوە. چونکە گەلێک رووداو راپەرینیشمان بینی کە “شۆڕش’’ و “شۆڕشگێڕیە’’تیەکانیان بووتە هەوێنی خولقاندنی تراژیای گەورەترو زیاتر بۆ کریکاران زەحمەکیشان، کە نموونەی بالایان “شۆڕشی جمهوری ئیسلامی ئیرانە” کە بەدلنیای کرێکاری کۆمۆنیست دەبیت بەلیبروانەترین شێواز هەلویست بگرن لەبەرامبەر بەو جۆره‌ شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتیە‌‌‌.

بەبڕوای من بەکارهێنانی تەرمنلۆژی شوڕش بۆ کۆمۆنیستەکان دەربینیکی ئارەزومەندانەنیە، بەقەد ئەوەی کە ئایا چەندە لە ئامادەکاریەکانی کۆی بارودۆخ و ئامادەی چینی کریکاری لە رووی عەینی و زهنیەوە دلنیاین و خۆمان لە بنیادنانی ئەو دۆخەدا دەبینینەوە… هەر بۆیە کاتیک کە باسی شۆرش دەکەین دیارە مەبەستمان شورشێکە کە ئاو بە ئاشی بەرژوەندیەکانی چینی کریکارو زۆربەی هەرە زۆری خەلکی زەحمەتکیشی کۆمەلگا دەکات. بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوەی ئەمرۆ لە سودان دا روودەدات شایستەی ئەوەیە کە بە شۆرش ناوزەد بکریت، ئایا بەکردەوە ئەمە شوڕشێکە بۆ تێکشکاندنی ئەو قلشتە چینایەیتیەو لەناوبردنی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی؟!
((بۆ کرێکارانی کۆمۆنیست شۆڕش به‌ واتای ڕاپه‌ڕینی چینی کریکار دێت به‌ مه‌به‌ستی به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی سه‌راپای ئه‌م گۆڕانکاریه‌ مه‌زنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌. خه‌بات له‌پێناو ئازادی، یه‌کسانی ‌و حکومه‌تی کرێکاری. ئه‌گه‌ر کرێکار بێته‌‌ مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، ‌ئه‌بێ له‌ پێناوی ئه‌م ئامانجه‌دا بێت.

ئه‌بێ به‌ وێنه‌ی ڕابه‌ری ڕزگاری ته‌واوی کۆمه‌ڵگا بێته‌ مه‌یدان. سه‌رده‌می په‌لکێشکردنی کرێکاران به‌ شوێن ئه‌م ‌و ئه‌ودا به‌سه‌رچووه‌. ڕه‌وتی کۆمۆنیستی له‌ نێو ده‌روونی چینی کرێکاردا ئامانجی خۆی به‌وه‌ داناوه‌ که‌ کرێکاران بۆ ئه‌م ئاسۆیه‌‌ ئاماده‌ بکات و‌ جووڵانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی کرێکاران له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ‌و ئه‌نجامدانی شۆڕشی کرێکاریدا ڕێکبخات)).

بەلام ئایا بەراستی ئەوەی کە ئەمرۆ لە شەقامی سودانا بەدی دەکرێت هەولێکە بۆ ئایندەیەکی باشتری چینی کریکارو بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، یان بەکردەوە ئەم ناوزەدکردنەی راپەین و جواندنی بە شۆرش دەتوانێت لە رۆژگاریکدا نائومیدیەکی گەورەترەو زیانبار بۆ خەلکی کرێکارو زەحمەکیش بینیتە پیشەوە. کە بەبروای من ئیمە لەوەها هەلویستیک بەرپرسیارین و دەبیت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەلە لەگەل دۆخەکەدا بکەین و لەهەولی لیکدانەوە ئاراستەکردنیدا بین. نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە تەنیا کاتیک باسکردن لە بوونی شۆرش دروستە کە‌ چینی کرێکار له‌ژێر ئاڵای سەربەخۆی خۆیدا بە‌ ئامانجیکی شۆڕشگیرانە ڕێکخرابێت و ئاسۆو ئامانجەکانی شۆرشی بەلاوە دیارو ڕۆشن بێت. ئاخەر لەم سالانەی رابردودا کەم نەبوون ئەو کۆمۆنیستانەی کە بەهاتوهاوارەکانی سوریا، لیبیا، میسر، تونس، ئیران و تەنانەت بە رووداوەکانی 17 شوباتیشیان دەگوت شۆرش، بەلام ئەنجامەکانیمان بینیەوەو دەزانین هەندیک لەم رووداو راپەرینانە چەند بزوتنەوەی کریکاری وسوسیالیستی پاشەکشە پیکرد. بۆیە چاوەرانی کردن لەوەی کە کۆمۆنیست و سوسیالیستەکان لەمبارەوە ووردبینیەکی تەواو بەخەرج بدەن، ئەو هەلویستەیە کە دەتوانیت وەهمی کۆمەلگا لەهەر هاتنەمەیدانیک رۆشنتر بکاتەوەو هيوادار تري بكات نەك نائوميدەوارتر!




چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی دڵەڕاوکێمان بکەین ؟ … شوانە حسن ابوبکر

ئەگەر لە بیری تەندروستی خۆتان دان و بەراستی
خۆتان خۆش دەوێ دەبێت هەوڵ بدەن هەرچی دڵەراوکێیە لە خۆتانی دوور بخەنەوە چونکە زیانێکی
زۆر بە لەش و دەروونتان دەگەیەنێت.

بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان دڵەراوکێ
دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی ببێت و تەنانەت بەرگری لەشیشی لاواز
بێت لەبەرامبەر نەخۆشییەکان.

ئەو کەسانەی کە لە ژیانیاندا هەست بە دڵەڕاوکێی
زیاتر دەکەن و هەڵبەز و دابەزی دەروونییان هەیە، زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن و لەوانەشە
ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاتر بێت. بە چەند چالاکییەکی ساکار دەتوانن بەرەنگاریی
دڵەراوکێ ببنەوە و تەندروستی خۆتان بپارێزن.

وەرزش کردن: ئەو جۆرە وەرزشانەی کە سووک
و درێژخایەنن کاریگەرییەکی زۆریان بۆ کەمکردنەوەی دڵەراوکێ و نارەحەتە دەروونییەکان
هەیە. هەڵاتن و بایسکلسواری لە باشترین جۆرەکانی وەرزشن. بەو جۆرە وەرزشانە هۆرمۆنی
دڵەراوکێ کەم دەبێتەوە و بەرگریی دڵ و سوڕی خوێن زیاد دەبێت.

مێدێتێیشن:زانست سەلماندوویەتی کە تەکنیکەکانی
مێدێتێیشن کاریگەرییەکی زۆریان بۆسەر ئارامکردنەوەی دەمارەکانی مێشک هەیە. ماسوولکەکان
دەحەسێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ هەست بە خۆشحاڵی و لەشسووکی بکات.

شووێنێکی ئارام بۆ خۆتان بدۆزنەوە: هێمنی
و ئارامی دەرمانێکی کاریگەرە بۆ بنبڕکردنی دڵەراوکێ، چونکە دەمارەکانی مێشک لە دۆخێکی
ئارامدا زیاتر هەست بە حەسانەوە دەکەن، هاوکات هەستەکانی مرۆڤیش زیاتر خۆیان زیندوو
دەکەنەوە. ئەگەر لە ماڵەکەتان شوێنێکی ئارام هەیە رۆژانە 15 تا  30 خولەک تیایدا پشوو بدەن. تەنانەت لە شارە گەورەکان
دەتوانن شوێنێکی ئارام بۆ خۆتان بدۆزنەوە. مۆزەخانەکان، کتێبخانەکان، مزگەوت و کڵێساکان
نموونەیەکن لە شوێنی ئارام کە دەتوانن سودیان لیوەربگرن.

گەڕان بەنێو سروشتدا: پسپۆڕانی هۆڵندی بەو
ئەنجامە گەیشتوون کە رەنگی سەوز شادی دەبەخشێت و دەروون ئارام دەکاتەوە. توێژینەوەکە
سەلماندوویەتی ئەو کەسانەی کە لە ماڵەکانیان حەوشێکی خۆشیان هەیە و بە دار و سەوزایی
رازێندراوەتەوە یان ماڵەکانیان لە تەنیشت پارکەوەیە  و هەوایەکی پاکتر هەڵدەمژن سەلامەتترن و دەروونیشیان
ئارامترە. ئەوانەی لەوە بێبەشن دەتوانن زووزوو سەردانی پارکەکان بکەن.

حەسانەوەی رۆژانە: رۆژانە کاتێک تەرخان
بکەن بۆ ئەوەی بە ئارامی پشوو بدەن و رووح و لەشتان بحەسێننەوە. هەوڵ بدەن کاتی حەسانەوەی
خۆتان بە چوونە نێو شوێنی قەرەباڵغ پڕ مەکەنەوە، چونکە حەسانەوە و پشوودانی پێویست
لە هەموو شتێک باشترە بۆ ئارامبوونەوەی مرۆڤ.

پشوودانێکی چالاک: رووح و لەش پێویستی بە
پشوودانە. ئەو کەسانەی بە درێژایی رۆژ لەپشت مێز دانیشتوون، ماسوولکەکانیان دەگیرێت
و ئاستی هۆرمۆنی دڵەراوکێ لە خوێنیاندا دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز. لەوکاتەدا رۆیشتن
بە پێ لە کەشێکی ئارامدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەش بۆ چالاکیی نوێ زیاتر خۆی ئامادە
بکات.

خەوتن بەڕادەی گونجاو: ئاستی پێوسیتیی مرۆڤ
بە خەو بە گوێرەی تەمەن و تایبەتمەندییەکانی تر دەگۆڕدرێت. بەڵام پێویستە مرۆڤ بەگوێرەی
گونجاو بخەوێت چونکە مرۆڤ کاتێک نوستووە دڵەراوکێی کەم دەبێتەوە. ژووری نووستن دەبێت
تەنها بۆ نوستن بێت نەک بۆ مەبەستی تر.

لەکارکردنی زۆر دوور بکەونەوە: کاری زۆر
و درێژخایەن مرۆڤ هیلاک دەکات. زۆرێک لە پیاوان بە تەواوی بە پیشەکانیان گرێ دراون
و خۆیان بەو پیشەیەوە پێناسە دەکەن کە ئەنجامی دەدەن و چاوەڕوانییەکی زۆریان لەخۆیان
هەیە. ئەو چاوەڕوانییە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت ئەرێنی بێت بەڵام لە درێژخایەندا
بە خراپ بەسەریاندا دەشکێتەوە و کاریگەریی خراپ لەسەر دەروون و لەشیان بەجێدێڵێت.

خواردنی تەندروست بخۆن: خواردنی تەندروست
لە دڵەڕاوکێ دوورتان دەخاتەوە. قەڵەویی دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ زیاتر نیگەران بێت
و دواتر دڵەراوکێی لێبکەوێتەوە. لە خواردنە خێراکان دوور بکەونەوە. توێژینەوەیەکی
15 ساڵەی ئەمریکی دەریخستووە کە قەڵەویی و شەکرە پێوەندیی راستەوخۆیان بە خواردنە خێراکانەوە
هەیە.

گەڕان و خۆشی: ئەو چالاکییانە بکەن کە دڵتان
پێی خۆش دەبێت. سەردانی هاوڕێییان لە دڵەڕاوکێ دوورتان دەخاتەوە و پاڵەپەستۆ دەروونییەکاننتان
ناهێڵێت.

بەشداری لە کێبرکێ و پاڵەوانییەتییەکان:
یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی دڵەراوکێ بەشداری لە کێبرکێ و پاڵەوانییەتییەکانە کە
مرۆڤ لەو کاتەدا زیاتر هەسەت بە هەڵبەز و دابەزی دەروونی دەکات. ئەوانەی دڵەراوکێیان
هەیە دەبێت لێی دوور بکەونەوە.

شوانە حسن ابوبکر




خوێن_بەخشین … د. دیندار فازڵ

هه‌ر جارێك چه‌ند بڕی خوێن وه‌رده‌گیرێت؟
له‌ هه‌ر خوێن وه‌رگرتنێك ته‌نیا بڕی (470 مل) له‌ خوێن وه‌رده‌گیرێت، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 13% قه‌باره‌ی خوێن.
خوێن بەخشین هیچ زیانێکی نیە
ئەوکەسەیکەخوێندەبەخشێت پێویستەئەمخاڵانەیتێدابێت
١/ تەمەنی لەنێوان ١٧٦٦ ساڵان بێت.
٢/ نابێت تای ھەبێت.
٣/ دەبێت #لێدانی
دڵ و فشاری خوێنی ئاسایی بێت.
٤/ نابێت ھیچ #نەخۆشییەکیگوازراوەی ھەبێت بەھۆی خوێنەوە .
٥/ نابێت #بەڕۆژوو بێت لەو کاتەدا.
٦/ نابێت ھیچ کام لە دەرمانە #خوێن
شلکەرەوەکان بەکار بھێنێت ، لەوانە : ئەسپرین.
٧/ گەر ئافرەت بوو ، نابێت #دووگیان بێت.
٨/ دەبێت ڕێژەی #ھیمۆگڵۆبین لە نێردا ١٣,٥ گرام و لە مێدا ١٢,٥ گرام بێت..

سوودەكانى خوێنبەخشين

خوێن بەخشین تەنھا سودی بۆ ئەو کەسە نیە کە خوێنەکە وەردەگرێت بەڵکو سودێکی یەکجار زۆری بۆ ئەو کەسەش ھەیە کە خوێنەکە دەبەخشێت لەوانە
١. کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی_دڵ:
خوێن بەخشین یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە ڕێگای کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا و ڕێگریکردن لە ڕەقبوونی خوێن بەرەکان.
٢. نوێکردنەوەی خڕۆکە سورەکانی خوێن:
کەمبوونەوەی خوێن بەهۆی خوێن بەخشینەوە وادەکات ئێسك خڕۆکەی نوێ دروستبکات.
٣. باشتربوونی سوڕی خوێن:
لەکاتی خوێن بەخشیندا خەستی خوێن کەمدەبێتەوە و پلازمای خوێن نوێ دەبێتەوە و سوڕی خوێن لە جەستەدا چالاك دەبێت.

٤. کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە:
ئاسن لە خڕۆکە سورەکاندا بە هیمۆگڵۆبینەوە دەنوسێت و ئۆکسجین هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی جەستە، بەڵام کاتێك ڕێژەی ئاسن لە خوێندا زۆر بێت و بە هیمۆگڵۆبینەوە نەلکێت ئەوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی لە خوێندا و خوێن بەخشین ڕێژەی ئاسنی زیادە لە خوێندا کەمدەکاتەوە بۆیە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە….
٥- ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤیکی تر.
٦. کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسنی زیانەخش و چەوری زیادە.

Dr : dindar fazil badily




نامه‌كانی ئیشق .. 19 … سه‌ردار جاف

هه‌موو به‌یانییه‌ك

65 – به‌یانیت وه‌ك گوڵه‌ به‌یبون و ناخت جوان ، به‌یانیت شیرین و هه‌نار ڕه‌نگ، هێشتان له‌ ته‌زیووی زمستان خاو نه‌بووینه‌ته‌وه‌ سه‌وزایی دۆراندۆرمان خۆیمان به‌ سه‌ردا باده‌دا، سه‌ما و له‌نجه‌كانی ناز و فه‌نتازیانواندنی خۆ ده‌كا، ئه‌زیش له‌ نێو ئه‌و گه‌ڵا و دره‌خته‌ دره‌نگ وه‌خته‌ی به‌هارییا په‌نجه‌ تووته‌م ده‌ستی له‌ ملی قامكه‌ تووته‌ت نه‌كردووه‌، له‌ ته‌نگه‌ی هورمزی ماڵه‌كه‌مدا كه‌شتیگه‌لی تیرهه‌ڵگری برژانگه‌كانت ئاراسته‌ كردووم، شه‌ماڵ پرچت به‌ سه‌ر سۆمای نیگاكانم ده‌فڕێنێ و بۆمبه‌كانت دڵم شه‌كه‌ت و ماندوو ده‌كا، ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌نارده‌ی ئیشق له‌م ته‌نگه‌وه‌ تێناپه‌ڕن و ڕاگیراون، تۆ ئه‌و تیشكه‌ی له‌ هه‌ڵاتنه‌وه‌ ناو ماڵی جه‌سته‌م ڕۆشن ده‌كه‌یه‌وه‌ و ئه‌و گه‌مارۆ سه‌خته‌ی سه‌ر ئیشق لا ده‌به‌ی، بازاڕی دڵم ته‌نها قه‌د و قامه‌ت و دڵی تۆی ده‌ویِ، ئێواران چراتۆڕێكم له‌و دیو مینای په‌نجه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ جێ دێڵی و ڕۆحت ده‌كه‌یه‌ ته‌رزه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانمان، هاكه‌ له‌ مه‌جمه‌ری كولیته‌ی ئیشقتا بوویمه‌ ڕه‌ژوو….. 27 / 5
66 – به‌یانیت پڕ بریسكه‌ و تیشكی خۆر و شه‌ونم، به‌یانییه‌كه‌ سی و چوار جاران زه‌نگی مۆبیله‌كه‌م دامده‌خورپێنێ ، هه‌ر زه‌نگێكیش حه‌وت ترپه‌ی دڵم له‌ حه‌وزی ئاوه‌ ڕوون و مه‌نگه‌كانی بناری سه‌فین مه‌له‌ ده‌دكا، ئه‌م به‌یانییه‌ دیمه‌نێكی ناوازه‌یه‌ له‌ شه‌ققه‌ی باڵی فریشته‌ ده‌چێ، له‌ شه‌وێكی به‌ هه‌شتی هاوێر بووم و حۆرییه‌ژنێك ده‌سله‌ملانێی دوای دابڕانم بوو، شۆخه‌ژنێكی جه‌مسه‌ری باكوور له‌ ئه‌سكیمۆ ده‌چێ، ته‌داره‌ك و شه‌ده‌ به‌ستوو، ژووانێ هه‌ر هه‌مووی بۆنی میسك و عه‌نبه‌ر ده‌دا، گوڵپرژێن و شانێلباران، خۆشتر و بۆندارتر له‌ ساته‌ نائاگاییه‌كان و توانه‌وه‌، شڵه‌قانی دونیای كپ و خامۆشی بوو، له‌ سزای ماچه‌كانی ئه‌و نائاگاییه‌ تووڕ دراوی بووین و هه‌ر له‌ سه‌ر بنجی خۆمان ڕوواینه‌وه‌، له‌ سێبه‌ری باغی ئیره‌م ته‌حریمیانكردین، ئیدی ئه‌و حورییه‌ ژنه‌ به‌ر له‌ من ته‌رحیلی قه‌سری گرتییه‌وه‌، ئه‌وێشیان لێ كردینه‌ كه‌ركووك ، ئۆخه‌ی كه‌ هاتمه‌وه‌ و پێت ئاشنا بوویمه‌وه‌ ….. 26 / 5
67 – به‌یانیت وه‌ك نافوره‌ پڕ قه‌ڵبه‌زه‌كانی هه‌ولێر جوان، ئه‌م به‌یانییه‌ دڵم په‌یوه‌ستی زه‌نگێ بووه‌، هه‌موو سه‌ره‌ كاتژمێرێ وه‌ڕسبوونم له‌ خۆ جاڕده‌دا، زه‌نگێ نوقمی ئافاتی خه‌مم ده‌كا ڕووه‌و مه‌رگ ڕاپێچم ده‌كا، بیركردنه‌وه‌كانم له‌ به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی مه‌ڵاس ده‌درێ له‌ ته‌نهاییدا ده‌یاننوسمه‌وه‌ ، زه‌نگێكی پچڕپچڕ خاو خاو و له‌ سه‌ره‌ خۆ دووری تۆ و هێماكانی دابڕان لێ ده‌دا، تۆ ده‌بیه‌ وه‌هم و له‌ خه‌یاڵدانی پوچما ده‌بییه‌ ڕابردوو ، رابردوویه‌ك پڕ له‌ شیرینیی رابردوویه‌ك ناسڕێته‌وه‌ و ڕۆژگاره‌كانی به‌ جوانی له‌ هزردا بیر ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ تاڵی و ناخم زێوار زێوار ده‌كه‌ن، له‌ ساته‌وه‌ختی پێچانه‌وه‌ی توێشه‌به‌ره‌ی سه‌فه‌رم به‌ره‌و مه‌نزلێ كه‌ ته‌نها دڵم له‌وێ واڵا ده‌بێ هه‌نگاوه‌كانم ده‌كرۆژم با چیدی نه‌مخۆن و بیری سه‌نتڕاڵ نه‌كه‌نه‌وه‌، تۆ هه‌ر ده‌بییه‌وه‌ ئه‌و زه‌نگه‌ گورج و گۆڵه‌ی به‌ر دییه‌كانم به‌ر ناده‌ی، ترپه‌ی دڵیش به‌ جۆش و خرۆشتر ده‌جه‌نگی بۆ له‌ بیركردنی رابردوو، لێ تازه‌ تازه‌ لێم ده‌بییه‌ ساوایه‌كی هاوێر بووی نووكه‌، جاڕدانی پێكگه‌یشتنمان هه‌ر نه‌درا داڕان ئیشق ده‌كا به‌ خه‌مۆكی، له‌ خه‌ڵوه‌تی تۆ په‌رستیدا زه‌نگی دڵم ده‌بێته‌ چه‌ند پارچه‌ ملوانكه‌یه‌كی ڕه‌ش و سه‌راپا باڵاپۆشم ده‌كا، زه‌نگێ بۆ كڕنوش و زه‌نگێكیش بۆ ماچه‌كانی لێوه‌كانمان، له‌ ئێستا وه‌ من و دڵم و زه‌نگ بووینه‌ سێ هاوڕێی هه‌تا هه‌تایی و ئه‌به‌دییه‌تی ئیشقێ كه‌ ئیتر نایه‌ته‌وه‌ هه‌رگیز …..29 / 5 .
68 – باوه‌شی ئه‌م به‌یانییه‌ پڕه‌ له‌ سۆز و ئه‌وین، نها دڵنیا بووم له‌ هه‌ناو و دڵتا ده‌ژیم، مێشكم پڕن له‌ تۆ له‌ بۆن و ڕه‌نگ و ده‌نگی تۆ، له‌ كوێوه‌ به‌ سمكۆ بڵێم من ئه‌گه‌رچی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م هیشك نابێ زاخاوم خاڵی نابێته‌وه‌ لێ كه‌شتی زه‌مه‌ن ده‌ڕوا و وه‌ستانی نییه‌ تا ژیان نوزه‌ی ڕۆشنایی هه‌بێ ئه‌و نامانه‌ هه‌ر ده‌بن، هه‌ناسه‌ی خۆ ده‌ده‌ن، ده‌نگه‌كان زۆرن و خۆ له‌ نامه‌كان ده‌بیننه‌وه‌، چۆن ده‌توانم و كۆڵنه‌ده‌م بیگه‌یه‌نمه‌ هاوژینی ئیشقی بێ یه‌كگه‌یشتن به‌رده‌وامی مه‌م و زینی وڵاتی منه‌ نامانه‌وێ چیرۆكێكی دی ئه‌فسانه‌ بین، ئه‌گه‌ر ئیشقم بێ بۆنی تۆ بێ ژینم ده‌وه‌ستێ، له‌ره‌ی ده‌نگت مۆزیكێكی هێمن و ئارام سێبووری ده‌به‌خشێ، ده‌مویست تا شه‌به‌ق به‌ دیار وشه‌كانته‌وه‌ ئیشكگر بم ، ئه‌م جاردانه‌ كه‌سانێ دركی كردووه‌ ، كه‌ بڵێ ده‌ستم لێ شۆردی و خۆ له‌ پێخه‌ف لوول ده‌م، بۆ ناسكی ده‌نگت درۆكانم باڵیان گرت و به‌ باڵای ئه‌و ڕێ دووره‌ی مۆبیله‌كه‌ی ته‌نیوم بكه‌ومه‌ جاڕدان، بشێ ئه‌و ڕۆ1ه‌ بێت و چیدی نامه‌كانم بۆ نادیار نه‌ڕوا، ئه‌و ده‌م زێتر له‌ نێزو دێری وشه‌كانم ده‌توێمه‌وه‌ و بانگی هاوژینی جاڕده‌ده‌م با خه‌ڵكیش هه‌ر بڵێن مه‌یگه‌یه‌نه‌ هاوژینی، ئیدی تۆیش حاڵی به‌ ئیشقم به‌ كوێ ڕا گه‌یشتووه‌ و له‌ كوێ له‌نگه‌ری خستووه‌ …………. گوڵه‌كه‌م له‌ گوڵ گوڵتر. 30 /5 .
69 – ئه‌م به‌یانییه‌ هه‌ور سه‌مات بۆ ده‌كا، دره‌خت و لك و پۆپه‌كان پرچی خۆیانت بۆ دادێنن، با ئاوازێكی نه‌رم نه‌رم ده‌چڕێ، شه‌و كڕنوشته‌واو بوونی خۆی ده‌با، خۆر به‌ر ده‌رگای خۆشه‌ویستیمان ماچ ده‌كا..
شیرینه‌كه‌م …… به‌یانییه‌كه‌ نوسینه‌كان تك تك ئه‌شكی لێ ده‌چۆڕێ ، ئه‌مه‌ دوایین نامه‌ی ئاشقانه‌ی نێو كتێبه‌ خنجیلانه‌كه‌ته‌، لاپه‌ڕه‌كانی ناوی تۆیان له‌ كۆڵناوه‌ و به‌ سه‌رپشتی هزرما هه‌نگاو ده‌نێ و ڕێ ده‌بڕێ، له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی چركه‌ به‌ چركه‌ی نامه‌كان تۆ بووی به‌ ئه‌و گوڵه‌ نێرگزه‌ جاڕه‌ی هه‌میشه‌ به‌هارت داده‌هێنا، ئیدی نامه‌كان ته‌نها له‌ سیره‌ی چاوه‌كانت ده‌بن و ناترازێن، ئه‌وا وشه‌كان سه‌ر له‌ نوێ له‌ ناخه‌وه‌ به‌ره‌و به‌ر دیدی سۆما تاو ده‌ده‌ن، ئه‌وینێكت باراندووه‌ كوژانه‌وه‌ی مه‌حاڵه‌، سه‌فه‌رێكه‌ و هه‌میشه‌ به‌ڕێوه‌م ئه‌گه‌ر بۆ جه‌مسه‌ری ته‌واو ئه‌وسه‌ری باكووریش بێ ڕۆشنایی سۆمام به‌ باڵای تۆوه‌ گرێ دراوه‌، ئیدی هه‌موو سپێدانێ نامه‌كانم له‌ ته‌ك تیشكیخۆر و شنه‌ و كزه‌ بای سارد و كڕێوه‌ و له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ زه‌رده‌كانی گه‌ڵا پێت ده‌گه‌ن، ژیانێكی نوێت نوسییه‌وه‌ به‌ ئاوا بوونی تۆ ژینم ته‌واو ده‌بێ ئه‌و نوسینه‌ هه‌ر ده‌گه‌ن و مه‌حاڵه‌ مه‌ره‌كه‌بی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م هیشك بكا، ئه‌وه‌ ئیشقێكه‌ سات دواس سات كڵپه‌ ده‌سێنێ….
له‌مه‌و دوا به‌ر له‌وه‌ی تۆ نامه‌كان ببینی به‌ ته‌ڕبوونی ماچه‌وه‌ ئۆغریان پێده‌كه‌م ئه‌و ده‌مانه‌یش له‌ به‌ر دیدی تۆ له‌ سه‌ر كوڵمه‌كانت ڕاده‌كشێن و بیری ئه‌م ڕۆژانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌رگای واڵ و سایت و ڕۆژنامه‌كان نابینن، ته‌نها ده‌خزێنه‌ ئامێزته‌وه‌ گه‌رمیان دابێنه‌ با بێكه‌سیان پێوه‌ نه‌لكێ وه‌ك من و تۆ ته‌په‌تۆزی غوربه‌تیان لێ نه‌نیشێ ، ئه‌وانه‌ حه‌سره‌ت و كه‌فوكوڵی شه‌ونخونیمن، ئه‌وانه‌ زه‌رده‌په‌ڕی پاییزمن، ئه‌وانه‌ هه‌ناسه‌ی ئیشقمن، وه‌ك ته‌رزه‌ ده‌بارێن و لێوه‌ سڕ و له‌رز و جوانه‌ ڕتوشكراوه‌كانت ماچ ده‌كه‌ن، وشه‌گه‌لێكن به‌ منیشه‌وه‌ خۆشیان ده‌وێی لێت دانابڕێن، تۆ هه‌ر ئه‌و گوڵه‌ی كه‌ دڵێم له‌ وێنه‌ت نییه‌، هیچ شۆخه‌ ژنێك به‌ جوانی و سه‌لاری و ناخی پاك و گه‌وره‌یی تۆ ناگه‌ن نا……… 31 / 5

سه‌ردار جاف

ئه‌ڵمانیا




هـــایــکۆ … سمکۆ ئەحمەد رەشید

۱
،لە گیرفانی تەمەن کەوت
بوو بەردی حەسرەتی دڵ ـ
.مندالیی
۲
،گڕکانی زەمینی عومرە
فووی زەمەن دایدەمرکێنێ ـ
. گەنجیی
۳
، ‌شەقام نییە
دەریای رەشە راکشاوە ـ
.راڤەی پیریی
٤
،شوێن پێی ـ با ـ ی هەڵگرت
گەییە سێبەری مەزاری پرچت ـ
.پەنجەی خەیاڵم
٥
،رەفەی برسێتی
تەپ و تۆزی پەشیمانی ـ
. کتێبی بوون
٦
،لە ناو ئاپۆڕەی ماتەمبارانا
بە چاوەکانیا دەیناسمەوە ـ
. دایکی شــــــــەهیــــد
۷
،نیشتیمانی من
ترۆپکی دادپەروەرییەـ
.سەرەی ئاودەستی مزگەوتەکان
٨
،بە یەک پشت
بە یەکتری دەگەنەوە ـ
.مرۆڤ و مێشوولە
۹
،بۆنی هەناوی مرۆڤی بۆ چوو
هێڵنجیدا ، رشایەوە ـ
.زێراب
۱۰
،سەرابی تەمەن
هەموو رۆژێک دەیبینم ـ
.خەونی فڕیــن
۱۱
،لە قاروون دەوڵەمەند ترم
سەرڕێژە لە هەناسەی سارد ـ
.گەنجینەکەم
۱۲
،دەسڕێژی خۆرەتاو
دیواری تاریکی دەبڕێت ـ
.سروودێکی سەر باڵ سپی
۱۳
،پێڵاوەکان بە ڕەنگی سوور
ژیان بە رەش بۆیە دەکات ـ
.کیژۆڵەیەکی بۆیاغچی
۱٤
،تەپۆڵکەیەکی لمینە ئەڤرێست
بەژنی شکۆی بەرزترەـ
.شەهیدی خاک




بانگه‌وازی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بڵاو کرایه‌وه‌

مەنووچێهر جیهانی ـ یاسا و رێساکان و بانگه‌وازی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌ مه‌به‌ستی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ و ناساندنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌ستێنه‌ له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ بڵاو کرایه‌وه‌.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، به‌ پێی رێککه‌وتننامه‌ی رێکخراوی کاروباری سینه‌مایی و بیسراو و بینراوی ئێران، شاره‌وانیی ئیسفه‌هان و دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فارابی، سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ رۆژانی 28ی گه‌لاوێژ تا 4ی خه‌رمانانی 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 19 تا 26ی ئوگۆستی 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌پێی مه‌رجه‌کان و یاسا و رێساکانی خواره‌وه‌ له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا به‌رهه‌مه‌ له‌به‌ر چاوگیراوه‌کان به‌پێی فێرکراوه‌گه‌لی بیر و باوه‌ڕی، ئه‌خلاقی باش، شێوازی ژیان، رێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌ی بنه‌ماڵه‌ و هاوتوێژه‌کان، جۆش و خرۆش و شادی، هیوا و باوه‌ر به‌خۆ بوون، هه‌وڵدان بۆ پێشکه‌وتن، وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سروشت و ئاماده‌بوونی به‌رده‌نگ بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌ و پرسه‌کانی دونیای داهاتووه‌.
ده‌قی ته‌واوی بانگه‌وازی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

1 ـ ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵ
1 ـ 1 ناساندنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا
1 ـ 2 ره‌خساندنی بوار بۆ په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام و هاوسه‌نگی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ
1 ـ 3 ره‌خساندنی بوار بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌ندێشه‌ و هاوکاریی کارگێڕانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ، خاوه‌نڕایان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی زنجیره‌ی به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه‌ و
بڕه‌وپێدانی پیشه‌گه‌لی فه‌رهه‌نگی
1 ـ 4 هه‌وڵدان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تی و په‌ره‌سه‌ندنی رێژه‌ی دزه‌کردنی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ رێگای ناساندنی ده‌فرایه‌تییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رمایه‌کانی مرۆڤایه‌تی و فه‌رهه‌نگی

2 ـ به‌شه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی فێستیڤاڵ
2 ـ 1 کێبڕکێی سینەمای نێونه‌ته‌وه‌یی
2 ـ 1 ـ 1 کێبڕکێی فیلم گه‌لی سینەمایی
باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینەمایی
باشترین فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشن
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران
2 ـ 1 ـ 2 کێبڕکێی کورتە فیلمه‌کان
باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی
باشترین کورته‌ فیلمی ئەنیمەیشن

2 ـ 2 کێبڕکێی سینەمای ئێران
2 ـ 2 ـ 1 کێبڕکێی فیلم گه‌لی سینەمایی
باشترین ئەکتەری فیلمی سینه‌مایی
باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشن
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران

2 ـ 2 ـ 2 کێبڕکێی کورتە فیلمه‌کان
باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی
باشترین کورته‌ فیلمی ئەنیمەیشن

2 ـ 2 ـ 3 کێبڕکێی فیلم گه‌لی درێژی سینەمایی
باشترین سیناریۆی فیلمی درێژی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینه‌مایی
باشترین فیلمی درێژی چیرۆکی
2 ـ 2 ـ 4 خه‌ڵاته‌کانی تایبه‌تی ده‌بیری فێستیڤاڵ

2 ـ 3 خه‌ڵاتی سیفژ
ده‌سته‌یه‌کی دادوه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی پێکهاتوو له‌ (ناوبژیوانێکی ئێرانی و دوو ناوبژیوانی بیانی) ناسێندراو له‌ لایه‌ن رێکخراوەی “سیفژ” واتە (رێکخراوەی نێودەوڵەتی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان) خه‌ڵاتی سه‌ره‌کیی ئه‌م رێکخراوه‌ جیهانیه‌ به‌ باشترین فیلمی درێژی فێستیڤاڵ پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ بۆچوون و بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ران، به‌ ده‌رهێنه‌ر و یا به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌سته‌یه‌ یه‌ک دیپلۆمای شانازی به‌ یه‌ک کورته‌ فیلم یا ئه‌نیمه‌یشێنی کورت ده‌به‌خشن.

2 ـ 4 خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی منداڵ و مێرمنداڵی نێونه‌ته‌وه‌یی
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری، پێکهاتوو له‌ منداڵان و مێرمنداڵانی و بیانی که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلمی سینه‌مایی ئه‌م به‌شه‌ “پەپوولەی زێڕین” پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 5 خه‌ڵاتی تایبه‌تی زاون قۆکاسیان
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری، پێکهاتوو له‌ ره‌خنه‌گران، چالاکانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و سینه‌ماکارانی ئیسفه‌هان که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ پارێزگای ئیسفه‌هان هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلم له‌ به‌شی سینه‌مای ئێران ئه‌م خه‌ڵاته‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 6 خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی منداڵ و مێرمنداڵی ئێران
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری پێکهاتوو له‌ منداڵان و گرووپێکی دادوه‌ری پێکهاتوو له‌
مێرمنداڵان که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ پارێزگای ئیسفه‌هان هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلمی سینه‌مایی ده‌سته‌ی به‌رده‌نگی خۆیان خەڵاتی “پەپوولەی زێڕین” پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 7 نمایشه‌ تایبه‌ته‌کان

3 ـ ناوبژیوانی
4 ـ یاسا و رێساکانی فێستیڤاڵ
5 ـ ناردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵ

سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” و بە هاوکاریی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شارەوانی ئیسفەهان و ناوه‌ندی سینەمایی ئێران و هەروەها بە بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێ، بەشی “کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەی هونەریی سینەما” و هەروەها بەشی “رێزلێنان و بیرئانین” بۆ ماوه‌ی هه‌شت رۆژ لە سینەما “نقش جهان”، پەردیسی سینەمایی “چهارباغ”، سینەما “فەلەستین” و سینەما “سێپاهان” لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.