دەوڵەت … نووسینی جۆزیف پرۆدۆن … 10 — و: زاهیر باهیر

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:


بەشی دە:

با لەمە گەڕێین، میتافیزیقیا وازلێبێنین و بگەڕێینەوە بۆ مەیدانەکانی ئەزموون ، تاکو ئەوەی کە پێویستمانە بە Louis Blanc و Pierre Leroux بڵێین.
تۆ وا نیشانیدەدەیت و دڵنیایی ئەوە دەکەیتەوە کە دەوڵەت، حکومەت، دەتوانێت و دەشبێت سەراپای خۆی لە پرنسپەکانیا، لە جەوهەریا، لە کردار و ئەدایا، لە پەیوەندیا لە تەك هاووڵاتیانا، بگۆڕێت. ئاشکراشە بە کردنی ئەم کارەش ئیدی دەوڵەت وەکو دەوڵەت نابووت [موفلیس] دەبێت و دەوڵەتێکی ساختە دەبێت. بە قسەی ئێوە دەکرێت دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکی متمانە بێت، کە لە کاتێکدا دەوڵەت بۆ چەند چەرخێك دوژمنی مەعریفە بووە و هەتا لە ئێستاشدا هەر دوژمنی مەعریفەی سەرەتایی و ئازادیی چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانییە.

وەزیفەیەتی کە گوایە بە فەرمی مەعریفە بۆ هاووڵاتیان دابینبکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە دەستبەرداری بازرگانی، پیشەسازیی، کشتیاریی هەرەها هەموو ماشێنەکانی بەدەستهێنانی سامان، دەبێت، تاکو بە خۆیان گەشەبکەن بە بێ یارمەتی دەوڵەت، هەتا زۆر جار وێڕای بەرگرییکردن و بەرهەڵستیی دەوڵەت، ئەمە ڕوودەدات. ئەو، هەموو ئەمانە ئیدارەدەدات تاکو دەستپێشخەری لە هەر هەموو بوارەکانی کاردا بکات وەك چۆن لە دونیای فکرەکانا دەیکات، ئەمەش واتای دووژمنایەتیکردنی ئەبەدی ئازادیییە، دەخوازرێت ئازادیی هەر بۆ خودی خۆی[خودی دەوڵەت] نەبێت، بەڵکو ئازادیی ڕاستەوخۆ ئافریندە بکات. ئەمە گۆڕانێکی زۆر جوانی دەوڵەتە کە بەڕای ئێوە شۆڕشی هەنوکەییە .

ئەمە زانیاری ناردروستی ئەم دوو پیاوەیە دواتریش دوو ئیلتزام بەدووی یەکدیدا دەسەپێنن: لە پێگەی یەکەمدا، بۆ بنیاتنانی ڕاستیی گریمانەکانتان بە نیشاندانی شەرعییەتە تەقلیدیەکەی و دەرخستنی تایتڵە مێژویەکانی هەروەها گەشەسەندنە فەلسەفییەکەی، لە جێگای دووهەمدا خستنە پراکتیکییەوە.

ئێستا ئەوە دەردەکەوێت کە هەردووکیان: تیئورییەکەش و عەمەلییەکەش لای ئێوە گریمانن، کە بە فەرمی بە خۆی ئایدیایەکی ناکۆکە و ناکۆکیشە لەتەك ڕاستییەکانی ڕابوردوو و هەرئاواش زۆر ناکۆکە لەتەك مەیل و نەزعەکانی بەشەریییەت، کە ئەسڵبوون و ناکۆکیان لەسەر نەبووە.

ئێمە دەڵێین تیئورەکەت لە خودی خۆیدا پڕن لە ناکۆکی، هەر لەو کاتەوەی کە خۆی ئاوا دەردەخات کە ڕای ئازادیی دروستکردنی دەوڵەت، دەدات، ئەمە لە کاتێکدا کە پێچەوانەی ئەوەیە کە خودی دەوڵەت ڕیگای ئازادیی بدات. لە ڕاستیدا ئەگەر دەوڵەت خۆی بەسەر ویست و ئارەزووما بسەپێنێ، ئەو کاتە دەوڵەت سەروەرە و منیش ئازاد نیم ، تیئورەکەت ناتەواوە و کورتی هێناوە.

تیئورەکەت ناکۆکە لەتەك ڕاستییەکانی ڕابووردوودا ، ئەمە ئاشکرایە هەر وەکو خۆتانیش دانی پیادادەنێن کە هەموو شتێك لە مەیدانی چالاکییەکانی مرۆڤەوە بەرهەمدەهێنرێت بە لایەنە پۆزێتیڤەکەیەوە، لە باشەوە تا دەگاتە کاراکتەرێکی جوان، ئەوە بەرەنجامی ئەو ئازادییە تەواوەیە کە سەربەخۆ لە دەوڵەت پیادەدەکرێت، هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر هەمیشەش لە دژایەتی دەوڵەتایە کە ئەمەش بە ڕاستەوخۆ بەرەو پێشنیاری ڕوخاندنی سیستەمەکەتان دەڕوات. ئازادیی لە خودی خۆیدا کافییە و پێویستی بە دەوڵەت نییە.

لە کۆتاییدا دەڵێین تیئورەکەت بە مانیفێستی مەیل و ڕێڕەوەکانی سیڤەڵایزەیشن [ مەدەنییەت ] ناکۆکە، لەبری بەردەوامی ئیزافەکردنی زیاتری ئازادیی تاك و ڕێز و حورمەتیان و بەکردنی ڕۆحی هەموو مرۆڤێك بە گوێرەی ڕوانگەی کانت، لە وێنەیەك لە کڵێشەیەك لە سەراپای مرۆڤایەتی، کە لەو بارەدا هەر یەکەش ڕۆحی جەماعیانەی لەخۆگرتووە. تۆ کەسێك کە تایبەتمەندی خۆی هەیە ژێردەستەی کەسێکی دیاری مەشووری دەکەیت، تۆ ‘تاك’ ڕادەستی گروپەکە دەکەیت، تۆ هاووڵاتیی لە دەوڵەتا نوقم دەکەیت.

ئەمە مافی تۆیە و تۆیت کە هەموو ئەو ناکۆکییانە بسڕیتەوە بە گوێرەی ئەو بنەمانەی کە هەتە بۆ باڵادەستی ئازادیی و هەروەها بۆ دەوڵەتیش. ئێمە ئەوانەین کە هەر بە سادەیی نکوڵی لە دەوڵەت دەکەین، ئەوانەیین کە بە جددی بەدووی هێڵەکانی ئازادییەوەین و بە دڵسۆزیمانەوە بۆ پراکتیکی شۆڕشگێڕانە دەمێنینەوە- بۆ ئێمە نییە کە ناڕاستێتی گریمانەکانت نیشانبدەین، ئێمە چاوەڕوانی بەڵگەکانتین. دەوڵەتی سەروەر وجودی خۆی لە دەستداوە تۆ هاوڕای ئێمەیت و دانت بەوەدا ناوە. سەبارەت بە دەوڵەتی خزمەتکاریش نازانین ئەوە ڕەنگە چۆن ببێت، ئێمە باوەڕی پێناکەین چونکە وەکو دووڕویی باڵادەستیی و سەروەرییە. دەوڵەتی خزمەتکار لای ئێمە لەوە دەکات کە هەر هەمان شتبێت وەکو خزمەتکارێتی دۆستێك [عەشیقەیەك] ، کە ئێمە خوازیاری نین.

لەبەر ڕۆشنایی فکری ئێستامانا لامان باشترە کە ئازادیی لە هاوسەرگیرییەکی شەرعیدا دروستببێت. ئەگەر دەتوانیت شرۆڤەی ئەوە بکە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت لە ڕێڕەوی ئەم خۆشەویستییەوە بۆ ئازادیی، ئێمە لە کۆتاییدا بۆچی بۆ هەمان خۆشەویستی بگەڕێینەوە بۆ دەوڵەت؟ هەتا ئەو کاتەی تۆ ئەم گرفتە لابەلا دەکەیتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزاییی دژی هەموو حکومەتێك، هەموو دەسەڵاتێك ، هەموو پاوەرێك، ئێمە هەڵوێستمان بەردەوام دەبێت بەرانبەر هەموویان و دژ بە هەموویان دەبین، لە پێناوی ڕێز و حورمەتی ئازادییدا. ئێمە پێتان دەڵێین کە ئازادیی لای ئێمە ئێستا بە دەستهێنراوە، ئەوە تۆی کە ڕۆڵی یاساکانی Melior est conditio possidentis دەزانیت. ئێستا کاتێتی کە پێناسە و سەردێرەکانی خۆت بۆ ڕێکخستنەوەی حکومەت دیاری بکەیت، دەنا حکومەت نییە.

درێژەی هەیە….
……………………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




تاقیکردنەوەی بێچدێل … زاهیر عەبەڕەش

تاقی کردنەوەی بێچدێل Bechdel test چییە؟ سەرچاوەی ئەم تێستە لە زنجیرەکاریکاتێرێکەوە هاتووە کە لەساڵی 1985 بڵاوکرایەوە بە ناوی Dykes to Watch Out For ، کە لە لایەن Alison Bechdel ئەلیسۆن بێجدێلی ئەمریکیەوە دروست کراوە، بێچدێل لە ساڵی 1983 ــ 2008 بەردەوام کاری درووستکردنی زنجیرە کارتۆنی کۆمێدی بوو.

جا بۆ ئەوەی لە فیلم لە تێستی بێچدێل دەربچێت، دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت، ئیمەی بینەریش بۆ بۆ چێژی خۆمان دەتوانین کە سەیری فیلمەکانمان کرد بزانین، ئەم مەرجانەی تێستی بێچدێل تێدایە کە پێکهاتووە لە:
1ـ لە دوو کارەکتەری ژن کەمتر نەبێت کە لە دیمەنەکەدا بن، ( ناویان هەبێت، بە واتای بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکرێن، نەک خانمی یەک و یان ژنی یەک و دوو)
2ـ ووتو وێژ لەگەڵ یەکتر بکەن.
3ـ قسە لەبارەی هەرشتێک بێت بکەن جگە لە باسی پیاو، واتە تەنها باسی پیاو نەکەن.

تێستی باچدێل زۆر ساکارە، ئێمە وەک تەمشاکەرێکی فیلم کە بەدیار تەلەفیزیۆنەکەوە دادەنیشین و چاو لە فیلم دەکەین و، هەموو فیلمێکی تر کە لە ئایندەدا دەیبینن ، هەر بۆ خۆشی خۆت دەتوانیت ئەو ئیدۆلۆژیە فێمینستییەی تێدا بدۆزیتەوە کە فێمینستەکان لە فیلم دا باسی دەکەن ، ئەو تێستەش مانای ئەوە نیە ئەگەر بەو فیلتەرەدا دەرچوو ئەوە فیلمێکی فێمینیستیە، بەڵام دەکرێت هەر بۆ خۆشی خۆت بیر لەو لایەنەی بکەیتەوە.

تاقیکردنەوەی بێجدێل و، چەمکی (نیگای پیاو) هەندێک تێرمی هاوبەشیان هەیە. ئەزمونێکی سادەو زۆر سەرنج راکێشە، پێمان دەڵیت کە چۆن ژن لە سەر شاشەی سینەما پیشان دەدرێت، لە زۆر بەی کۆمپانیا جیهانیەکانی فیلم، بەرهامەکانیان دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەی ئەم ئەزموونەوە و، بە تایبەتی رێکخراوە فێمینیستەکان داوای ئەوە دەکەن کە بە فلتەری تاقیکردنەوەی باجدل تێبپەرێت و ئەوەی دونیای یەکسانی ژن و پیاو لە فیلمدا پیشان بدرێت. ئەوەش بۆ ئەوەی کە لە دونیایەکدا بژین کە رەگەزەکان وەک یەک مامەڵەیان لەگەل بکرێت. لە ووڵآتی سوید سەرەرای ئەو کرانەوەوە دیموکراتییەی بە رووی تاکەکان و بەڕووی ژندا کراوەیە، بەڵام جارێک لە جارەکان لە کۆی 30 ی بەرهەم تەنها 10 بەرهەمی لەم تێستەدا دەرچوو.

زۆر جار تێستی بێجدێل بەکاردێت کە چۆن بە شێوەیەکی سیستیماتیکی نوێنەرایەتی کارەکتەری فیلمەکان دەکات، کە بەشێوەی کارەکتەرێکی ئەکتیڤ یان پاسیڤ پیشان بدرێت.
تۆ وەک بینەرێکی سینەما ، ئەم جارە خۆت ئەزموونی بکە. بزانە کام فیلم بەم فیلتەرەدا تێدەپەڕێت. بەدیوێکی تردا، چەندەها شێوە دیمەن دەبینیت کە دوو پیاو لە دیمەنەکەدان ناویان هەیە و بەڵام باسی شتێکی تر دەکەن
ئەم تێستە ئەوانە ناگرێتەوە کە تەنها لەبەر ئەوەی کارکتەرێکی ژنە وقووت بۆتەوە و دیالۆگ دەڵیت تەنها لەبەر ئەوەی بلێێن ژنێکمان لە دیمەنەکەدا هەیەو بەڵام هیچ کاریگەریەکی بەسەر رووداوەکان نیەو ئەکتیڤ نیە ، تەنها لەبەر ئەوەی بڵێین ژنە و لە دیمەنەکەدا هەیە، ئەمەش جۆرێکە بە پاسیڤ کردنی ژن خۆی لە خۆیدا.

تێفکرین لە تێستی بێجدێل ئەوە نیە کە پێویستە فیلمەکان بەشێوەیەک بێت کە دەبێت لە تێستی بێجدێل دەربچن، بەڵکو بیرکدنەوەیەکە بۆ لەم رۆژگادا بەو شێوەیە فیلماکان دروست دەکرێت و، مەسافەیەکە بۆ گفت و گۆ لە سەر رۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا. هەروەها تا چەند لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتی لە بارە سێکسوالیتێدا کە بەجۆرێکە کار لە ژن دەکرێت، نەک ژن خۆی بکەر بێت بەشێوەیەکی سوبجەکت پیشان بدرێت.

زۆر چار رێکخراوەکانی ژنان و ئین جی ئۆکان ساڵانە 100 فیلم هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بزانن چەند فیلمیان لە تێستی بێجدێل دەردەچێت، تا ئێستا زۆرترین رێژە کە دەرچوبێت ، لە ٪30 فیلمەکان لەو تێستەدا دەرچوون. ئەمەش بەمانای چی دێت ئەگەر فیلمێک لەم تاقی کردنەوە یەدا دەرچێت؟ بەڵێ مەبەست تێیدا ئەوەیە کە ژن چۆن پۆترێت دەکرێت لەم فیلمەدا، ئەم تاقی کردنەوەیە باس لەوە ناکات کە ژن لە فیلمدا دەبێت چۆن بێت.




یادەوەری: لە ناوزەنگەوە لۆ بابەگوڕ گوڕ … کەریم کاکە

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




…ئیسلامیەکان لە نێوان مورسی و سابوریدا عەبدوڵا مەحمود

هونەرمەن ئیسماعیل سابوری بەرواری ١٦ ئەم مانگە ژیانئاوایی کرد، بەرواری ١٧ مانگیش محەمەد مورسی سەرۆکی ئیخوان موسلمین لە زینداندا مرد.
ئیسماعیل سابوری هونەرمەندێکی ناسراو دەنگێکی ئارام بەخش بوو… لەناو دنیای جەنجاڵ و سەرەوخواری سەرمایەداری و کیشە هەزار سەرەکانی ئەو نیزامە زاڵم و دڕەندیەدا. هونەرو گۆرانیەکانی سابوری چریکە و ئاواز و دەنگێکی ئارام بەخش و هێورکەرەوە بوو. مورسی ڕابەر و ئیخوانیەکی ئیسلامی بوو، کە کارنامەی خۆی و رەوتەکەی چ لە میسر و چ لەناوچەکە گەواهی ئەو ڕاستیەن، کە هاواری اللە و ئەکبر و جیهاد و فتوا و تیرۆر لایەنێکی سەرەکی نائارام راگرتن و سەرچاوەی خوێن لەبەر ڕۆشتنێکی ئاشکرای ناوچەکە بوو. ئەگەر بیستن و گوێ ڕادێری بۆ گۆرانیەکی سابوری دەیتوانی مایەی ئارام بەخشین بێت بە ئینسان، ئەوا هەواڵی فتوا و بانگەشەی جیهاد، تێزاپ پژاندن بە ژنان و داخستنی ساڵۆنەکانی جوانکاری و ڕەوایەتی بەخشین بە زەواجی مناڵان” مناڵی نۆساڵ”، ڕیگەکردنەوە و پشتیوانی شەرعی لە فرە ژنی و هێرش بۆسەر نەیارانی ئیسلام و دین و مەزهەبەکانی تری نائیسلامی و گۆرینی یاسا مەدەنیەکان بە یاساو ریسای سەرچاوە گرتوو لەشەرع و دەقە دینیەکان، حیجاب کردنی کۆمەڵگە … لەژێر سایەی مورسی و رەوتە هاوشێوەکانیدا لە دنیا و ناوچەکەو میسردا، خستنە رووی ئەو راستەیە کە ڕەوتە ئیسلامیەکان و مورسییەکان، لایەن و سەرچاوەیەکی سەرەکی لەخوێن هەڵکێشانی ناوچەکەو دەمەزەردکردنەوەی یاسا دژە ئینسانیەکانن، مایەی بێمافی و سەرکوتکەری سیاسین. مۆتەکەی سەر ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانن،… بیرخەرەوەی سەربڕینی ئینسان و کارە ئیرهابیە بێ کۆتا و وێرانکاریەکانن.

ئیسلامیەکانی دنیا لە حزب و رێکخراوەکانیانەوە بۆ ئۆردوغانی ئیخوانی فاشیست تا سەرانی وردو درشتی ئیسلامیەکانی کوردستان لە عەلی قەرداغیەوە بۆ سەڵاحەدین بەهادین و هەڤاڵ ئەبوبەکری پاڕیزگاری سلێمانی ئیخوانچی بزوتنەوەی گۆڕان…تاد، بۆ مەرگی مورسی پەیامی هاوغەمیان نووسی و ئەویان وەکو رەمز و شکۆی ئینسان و تیکۆشەری کۆڵنەردەری بەرگری لە مستەزعەفین و زوڵم لێکراوان ناساند و نمایشی نوێژی مردویان بۆی وەرێخست هەروەکو چۆن ئەردۆغانی تیرۆریست و ئیسلامیست، لە تورکیادا نوێژی مردوی بۆ سازدا…
بێگومان ئەو هاودەردییە بۆ مۆرسی، هاودەردییەو نوێکردنەوەی پەیامی ئەمەک و وەفایە بۆ درێژەدان بە کارنامەی رەوت و لایەنە ئیخوانییە ئیسلامیەکان… پێداگرییە لەسەر بێمافی و راسانی بەردەوامە لە ئازادی و سنگ دەرپەراندنە بۆ بەردەوامی دان بە فتوا و بانگەشەی جیهاد و سەرکوتگەری و داسەپاندانی یاساو ریسا داعشیەکان…
ئەم جەنابانەو رەوتەکانیان، جینۆسایدی ئینسان ڕایان ناچەلەکێنێت و ئوڵفەتیان پێوە گرتووە.

دەیان هەزار ئینسانی شەنگالی ئەنفالکراوی دەستی داعش زەرەیەک ویژدانی نەجوڵاندن و ئیدانەیان نەکردو هاوخەمیان بۆ دەیان هەزار خێزانی جینۆساید کراو نەنارد. نوێژی پاڕانەوە!! وەفایان!! نەکرد و نوێژی مردویان!! بۆ رێکنەخستن… ژنان و کچانیان کە بەسەبایا گیران و کڕین و فرۆشتنیان پیوە کراو ئیغتساب کران، دەماریکی هەستیانی نەجوڵاند و نیگەرانیەک بە ناوچاوانیانەوە نەبینرا، بەڵام بۆ مورسی کەسەر بەهەمان خانەوادەی فکر و ڕەفتاری داعشە، غەمبار بوون و هەموو هەستیان بەوە کرد، کە یەکێک لەسەران و رابەریان مردووە.

هەموو ئەو جەنابە غەمگینە قوڵ هەڵگرانە بۆ مۆرسی، مردنی ئیسماعیل سابوری و سابوریەکانی تر نەبووە مایەی نیگەرانیان. مردنی سابوری لەدەست چوونی دەنگێکی ئارام و هونەرمەندێکی ناسراو ویژدانی کەسیانی بێدار نەکردەوە بۆ ناردن و راگەیاندنی پەیامی هاوغەمی…
ئەو مامەڵەیەی ئیسلامیەکان و سەرانی وردو درشتی ویژدان مەیوویان… ئەو حەقیقەتە سەدبارە پشت راست دەکاتەوە، کەچەندە ئیسلامیەکان و سەرانیان دژی ئازادی ومافە فەردی و مەدەنیەکانن، چەندە دژی هونەرو جوانی و گۆرانی مۆسیقان و لەبەرامبەریشدا چەندە تامەزرۆی سەرکوت، نائارام راگرتنی کۆمەڵگەو فتوا و بانگەشەی جیهاد و لەخوێن هەڵکیشانی کۆمەڵگە و وێڵی نۆکەر پیشەیین.

٢٠/٦/٢٠١٩




كرێكارو راوێژكار دوو نموونه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای بێ یاسا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌گه‌ر یاساو ده‌ستوری نه‌بوو ئه‌بێته‌ هۆێ پاشاگه‌ردانی و هه‌ر تاكێك به‌ تایبه‌ت به‌رپرسان به‌ گوێره‌ی توانا بۆ خۆیان و كه‌سه‌كارو خێزانه‌كانیان كار ئه‌كه‌ن و هه‌وڵئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زیاتریان ده‌ستبكه‌وێت و زوربه‌یان له‌ ‌ به‌رامبه‌ر پاره‌و ده‌ستكه‌وت لاواز ئه‌بن و روو له‌ دزی و گه‌نده‌ڵی ئه‌كه‌ن.

مووچه‌ی كرێكارێك به‌براورد له‌ گه‌ڵ مووچه‌ی په‌رله‌مانتارێك یان راوێژكارێك وه‌ك شه‌وو رۆژه ، كرێكارێك به‌ درێژایی ته‌مه‌نی رۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر كار ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی خؤی خێزانه‌كه‌ی په‌یدا بكات و، بۆ نموونه‌ له‌ پاش 35 ساڵ خزمه‌ت به‌ (400) هه‌زار دینار خانه‌نشین ئه‌كرێت به‌ڵام په‌رله‌مانتارێك یان راوێژكارێك له‌ پاش ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ شه‌ش تا هه‌شت ملیۆن دینار خانه‌نشین ئه‌كرێت و، هه‌ندێكیان به‌باشی ناچن به‌ سوراخی كاره‌كه‌یان‌.

با وازله‌ په‌رله‌مانتار بێنین چونكه‌ ئه‌و نوێنه‌ری خه‌ڵكه‌و، بۆ كیرفان كار ئه‌كات و، هه‌ندێكیان بێشه‌رمانه‌ به‌ فه‌تواو مه‌توا ئه‌و پاره‌یه‌ ( حه‌ڵال) ئه‌كه‌ن و، په‌رله‌مانتاری وا هه‌یه‌ له‌ ژیانیدا رۆژێك كارینه‌كردووه‌ و، هه‌ندێكیان ده‌م هه‌راش بوون و ئه‌یانوت: ئێمه‌ دژی گه‌نده‌ڵی و دزین و، كار بۆ خۆشی وپێشخستنی گۆمه‌ڵگا ئه‌كه‌ێن ، به‌ڵام كاتێك ده‌میان چه‌ور بوو، پاره‌یان بینی كركه‌وتن ونقه‌یان نایه‌ت.

باز بازین و ته‌راتێن له‌ناو حزبه‌كانی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاره‌و دۆلار رؤڵی گه‌وره‌ ئه‌بینێ و، حزبه‌ گه‌وره‌كان ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ له‌ دامه‌زراندنی یاخیبووی حزبه‌كانی ترو، به‌ باشترین شێوه‌ دایانئه‌مه‌زرێنن و، ئه‌گه‌ر زانا بێت یان نه‌فام، بروانامه‌ی هه‌بێت یانه‌بێت به‌ راوێژكار ده‌ستبه‌كار ئه‌بێت و، له‌ پاش چه‌ند مانگێك یان ساڵێك به‌ هه‌شت ملیؤن دینار خانه‌نشین ئه‌كرێت‌.

له‌مرۆدا راوێژگار زۆره‌و، كه‌سانێك له‌ حزبێك بازیانداوه‌ بۆ حزبێكی ترو، كراون به‌ راوێژكارو، كه‌سانی دیكه‌ وازیان له‌ په‌رله‌مان هێناوه‌و بوونه‌ به‌ راوێژكارو، ته‌نها له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و، له‌ ماوه‌ی 3 ساڵدا 45 كه‌س به‌ پله‌ی راوێژكار خانه‌نشین كراون.

له‌ كوردستان حزب خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌وه‌ك حكومه‌ت ، ته‌نانه‌ت گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ هی خودی حزبه‌كه‌ بێت و، ژماره‌ی راوێژكار ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌مووته‌مه‌نه‌كانی ته‌نیوه‌، راوێژكاری لاوی بێ تواناو، راوێژكاری كه‌سای به‌ ته‌مه‌ن، به‌ڵام هه‌ردووكیان له‌ پاش مانگێك خانه‌نشین كراون به‌ بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بروانامه‌ی شایسته‌ بن.
به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانن دێرێك بنووسن و، هه‌روا، به‌شێك له‌ راوێژكاران بروانامه‌ی شایسته‌یان نییه‌ و، لێره‌داپێویسته‌ ئاماژه‌ بده‌ێن به‌وه‌ی ئه‌گه‌‌ر په‌رله‌مانتارو راوێژكار نه‌خوێنده‌وار بن، چۆنچۆنی ئه‌توانن یاسا دابنێن و په‌سه‌ندی بكه‌ن و، بمانه‌وێت یا نه‌مانه‌وێت یاساكان به‌بێ شك به‌ كه‌موكوری كاریان پێوه‌ئه‌كرێن.

شایانی باسه‌ پاره‌ی په‌رله‌مانتاران و راوێژكاران به‌ری ره‌نجی كرێكارو هه‌موو زه‌حمه‌تكێشانه‌، پاره‌ی گه‌له، پاره‌ی قوتابیانی ده‌رچووی په‌یمانگاو زانكوكانه‌ كه‌ بێكار له‌ ماڵه‌وه‌ دانشتون ، دیاره‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی ئه‌درێت به‌ په‌رله‌مانتارو راوێژكاران‌ به‌شی دامه‌زراندنی زوربه‌ی ده‌رچووان ئه‌كات.
له‌ كۆتاییدا په‌رله‌مانتارو راوێژكاران كه‌ (4 یان 8 مانگ یان ساڵێك) خزمه‌تیان هه‌یه‌ به‌ 8 ملیۆن خانه‌نشین ئه‌كرێن و، چۆن ته‌ماشای كرێكاران ئه‌كه‌ن كه‌ به‌ 400 هه‌زار دینار خانه‌نشین ئه‌كرێن؟ و، چی ئه‌توانن به‌ كۆمه‌ڵگا بڵێن ؟.
هاوڵاتیان به‌ پرۆشه‌وه‌ چاوه‌رێی یاساو ده‌ستورن، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ر بكرێت و، چیتر حزب خاوه‌نی هه‌موو شتێن نه‌بێت.

22/6/2019