بۆ قادری حاجیی عەلیی … کامیار سابیر

گۆڕان، رێگرە ئەی کێ رێ دەکاتەوە؟

ئەم وتارە، راستەوخۆ رووی لە قادری حاجی عەلیی نییە، بەڵکو ئەو وەکو میتافۆرێکی سیاسیی وێنە کراوە، رووی لەوانەیە ئومێدیان لەسەر بییرکردنەوە و ئەکتە سیاسییەکانی قادر و هاوەڵەکانی داناوە. ئەم نووسیینە بۆ ئەوەیە بە کورتیی، ئەو خەت و نەهجە سیاسییانە دەست نیشان بکا کە لە دوای شکستی گۆڕانەوە، کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتیی و ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیان بە تایبەتیی، لەگەڵ بێئومێدییەکی زۆردا، رووبەڕوو بوونەتەوە. بە واتایەکی تر، دەکرا ئەم وتارە بگەیەنرانایە بە قادر و برادەرەکانی، بەڵام مەبەست لە بڵاوکردنەوەی، ئەوەیە کە سیاسەت بۆ رای گشتیی و بەرژەوەندیی گشتییە، دەبێ راستەوخۆ و بە راشکاوییش روو لە خەڵک بێت.

ئەگەر بە دیدە ئەفڵاطۆنییەکەیش سەیری سیاسەت بکەین، ئەوەیە ئەگەر فەرامۆشی بکەیت، یان بە زمانی سەردەم ئەگەر بایکۆتی بکەیت، لە لایەن “کەسانی نزم و بێ ویقارەوە”، جڵەو دەکرێیت. دیارە ئەمە سەرکۆنەکردنی ئەو بایکۆتە نییە لە دوایین هەڵبژاردنی کوردستاندا کرا، بەڵکو ئەو بایکۆتە بەریینە، بە هۆی خوێڕییەتی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە، بێ فیکر، بێ روئییە، بێ روئیا و بێ نەهجەوە بوو کە لە پێناو پارە و چوونە ناو دەسەڵاتەوە، رێک “کۆپی”ی حیزبی مافیاکانی نەوتی دەکردەوە و کردیشی. بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق، ئەو هەموو مافیا جۆراوجۆر و میلیاردێرە دزانە، بە هۆی موردیی ئەو دەیان هەزار رانتخۆر و موبایەعەچییەوە، جڵەوی کۆمەڵگەیان گرتووەتە دەست، چونکە چەندیین ئافیونی ئایدیۆلۆژیی( نەتەوەیی، نەژادیی، طائیفیی و شەرعییەتی میلیشیایی شاخ) بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و دزیینی سامانی نیشتمانیی، بەکار دەهێنن. لە بەرامبەریشدا، بەشێکی زۆری ئینسانە باشەکان و ئەو نوخبانەی ویژدانیان ماوە، یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە یاخود خۆیان لە سیاسەت بەلەسە کردووە و هیچ چالاکییەکیان نییە. لەم جوغزەوەیە، دەکرێ قسە لەسەر جوڵاندن و مۆبەڵایزی سیاسیی خەڵک بکرێ کە بەهۆی ئۆپۆزیسیۆنێکی مردارەوە بووەوە، بێئومێدییەکی زۆر باڵی بەسەریاندا کێشاوە، یان وەکو قادری حاجیی عەلیی دەڵێ، رێگرە!

ئێستا وەهمێک لە لایەن ئەوانەی کە بەتەمای پۆست و پارەی رەیعی چوونە ناو دەسەڵاتەوەن، تەخشان دەکرێ، گوایە هیچ هێزێک ناتوانێ گۆڕان تێپەڕێنێت؟ لە راستییدا و لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی، بەبێ دروستبوونی هیچ حیزبێکی سیاسیی نوێ، گۆڕان نەک هەر تەجاوز کرا، بەڵکو ئەوەندە بە جێماوە، هەرگیزا و هەرگیز بە یەک لەسەر چواری جارانیشی، هەڵناسێتەوە. ئەو بایکۆتە بەریینە، رێک تەجاوزی خورافاتە سیاسییەکانی گۆڕان بوو، بەڵام میکانیزمی سیاسیی ئەم تێپەڕاندنە زۆر گرنگە لە لایەن هەر سیاسیی و حیزبێکەوە، رابەرایەتیی بکرێ. ئەم وتارە، تەنیا وەکو بەرکوڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی بییرکردنەوەی قادری حاجیی عەلیی تەرخان کراوە کە یەکەمیین چاوپێکەوتنی رەسمیی کردووە، دوای ئەوەی بە تەواویی لە گۆڕانی ئێستا، دوور کەوتووەتەوە.

سیاسیی ئەم سەردەمە، بە تایبەتیی پاش فەشەلی گەورەی گۆڕان و رۆڵ بیینینی گۆڕان وەکو پرۆکسییەکی پارتیی، دەبێ بەرچاوڕۆشن بێت، کەمێک مەعریفە، کولتوور و جەرائەتی( سیاسیی) هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرچاوڕۆشنیی بە خەڵک بدات لەو دونیا جەنجاڵەی سیاسەتی کوردییدا کە کۆمەڵێ مافیا، چەتە”گانگ-Gang” و دزی میلیاردێری کوردایەتیی، وەکو پییشە، سیاسەتیان لە ئابوورییی چەتەگەرییدا تەوظیف کردووە. قادری حاجیی عەلیی لەو چاوپێکەوتنەیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە گۆڕان، رێگرە لە گۆڕانکاریی! لەبەرامبەردا بە زمانی چەپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستەکان نا کە هەمیشە مەمەمژەی ئاڵتەرناتیڤ باس دەکەن، بەڵکو لە بری ئاڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژیی، باسی گوتارێکی رۆشن، جەرییئانە، نیشتمانییانە( نەک نەتەوەیی و نەژادیی)، ئازادییخوازانە نەک طائیفیی و مەذهەبیی، دەکەین کە بتوانێ وەکو بەدییل لە گوتارە رزییوەکەی کوردایەتیی، جیاواز بێت. ئەگەر گۆڕان رێگرە، ئەی چۆن رێ دەکرێتەوە و ئەم رێگرانە لەسەر رێگە رادەماڵرێن؟ ئەمەیان هەر بە پۆپۆلیزمی جەڵەبیی، بە حەماس، بە شیعارات و زەخرەفەی سیاسیی، بە کەفوکوڵ و شییڕە شییڕ، بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە پرەنسیپ، بە ئیرادەی سیاسیی، بە مۆراڵ و فیکری سیاسیی، لەنگەر دەگرێت.

سیاسیی، بۆ ماوەیەکی زۆر قسەی نەکرد و بییر لە گوتار و ئەکتێکی سیاسیی جیاواز بکاتەوە، بە تایبەتیی کە گۆڕان فەشەلێکی ذەریعی تووش بووە، دەبێ زۆر وردەکار، سیاسیی و عەقڵانیی، مامەڵە لەگەڵ رەهەندە لۆکاڵیی( کوردستانیی)، عێراقیی، ئیقلیمیی و جیهانییەکان بکاتەوە. دەبێ زۆر لە هەڵبژاردنی چەمکەکاندا ورد بێت، بە تایبەتیی ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان بە نووسیین بێت نەک بە شەفەهیی، دەبێت لە بەکارهێنانی زمانی سیاسیی و کۆنتێکستە سیاسییەکاندا، هەوڵ بدا کەمتریین تەفسیر و تەئویل بۆ قسەکانی بکرێن. بە چەند خاڵێک، هەندێ سەرنج لەسەر وەڵامەکانی قادری حاجیی عەلیی، لێرەدا بەیان دەکرێن.

  1. قادر و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بەوشێوەیە سیاسەت بکەن کە لە پەنای ناو و کاریزمای نەوشیروانەوە رەخنە لەم گۆڕانەی ئێستا بگرن، سەرەنجام هەر هەموویان لەو سەرمایە مەعنەوییەی رێکخەری گشتیی( پێشوو) گۆڕان، هیچیان بەرناکەوێت. سەرمایەی مەعنەویی و ماددیی ئەو پیاوە لای کوڕەکان و رێکخەری ئێستا و ئەو خانەی راپەڕاندنەیە کە هەموویان، غوڵام، مورید و سەرلەقێنی خۆی بوونە. دەبێ ئەمە بۆ خەڵک و بۆ هەوادارانی خۆیشیان روون بکەنەوە، جەرییئانە و واقیعییانە قسە لەسەر ئەوە بکەن، ئایا خودی نەوشیروان خۆی بەشێکی سەرەکیی و ماستەرمایندی ئەم گەندەڵیی و ویراثە سیاسیی و داراییەی ناو گۆڕان، نییە؟ خۆ هەڵاواردن لەم پرسیارە ریشەییە، نیشانەی بەرچاولێڵیی و ترس لە هەیبەتی نەوشیروان نەبێ، خێرێکی بۆ ئەوانە نابێت لە گۆڕان، دوور کەوتوونەتەوە. زۆر بە رۆشنیی، دەبێ بە جورئەتەوە، باسی ئەوە بکرێ کە ئایا ئەو پیاوە خۆی راستەوخۆ بەشدار نییە لە بە خێزانییکردنی گۆڕان و دەستگرتن بەسەر تەواوی دارایی گۆڕاندا،ئایا بەرنامەی عەلەنیی و مەخفیی خۆی، نەبووە؟
  2. لە باسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بۆچوونەکانی زۆر جوان، ئینسانیی، عەقڵانیی و عێراقییانەیە ( وەکو سیاسییەکی عێراقیی، نەک لۆکاڵیی کوردیی)، بەڵام نە دەبووایە بە ناوچە جێناکۆکەکان بڵێ ناوچە دابڕاوەکان؟
    بارزانیی بە بڕیاری ژمارە ٢٦ ی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٢دا، شیعرێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی، حیکمەتێکی قانوونیی و تیۆریی گەورەی داهێنا! ناوچە جێناکۆکەکانی لە خەیاڵدانی ناسیۆنالیزمی نیۆعەشیرەتییدا بۆ ” ناوچە کوردستانییەکان لە دەرەوەی هەرێم” گۆڕیی. ئەوکات، لوطفیش دەکات کە سەرجەم وەزارەت و لایەنە رەسمیی و فەلەکان، پێوەی پابەند بن. مالیکیی سەرمەست بە کۆکتێلی ناسیۆنالیزمی عێراقیی و طائیفیی، هەر زوو وەڵامی دایەوە کە حەماسەتەکەی سەرۆکی پارتیی، ناقانوونیی و نادەستورییە. پاش ٧ ساڵ، بە تایبەتیی دوای فشە گەورەکەی ریفراندۆم، بارزانیی کە برازاکەی( نێچیرڤان) دەبێ بە سەرۆکی هەرێم، هەشت قسە دەکات و چواریان ئەوە دەبێت کە بەو ناوچانە دەڵێ کێشە لەسەر( جێناکۆک)، دەی مەبەستەکە ئەمەیە بارزانیی بۆ بیزنس، دەزانێ لە کوێدا کۆنتێکستی دروست بەکار بهێنێت؟ بۆ هەرکەسێکی تر، لە دەرەوەی کەینونەی ئەم سەرەطانە ئایدیۆلۆژییە( کوردایەتیی) سیاسەت بکات، دەبێ لە ئەدەبییاتی کلاسیک و مۆدێرنی ئەم کوردایەتییە چەتەگەرییە، دوور بکەوێتەوە. دەبێ لە شیعر، لە پەخشان و ئەدەبییاتی هەزیل و هەڵکڕوزاوی کوردایەتیی، خۆی بە دوور بگرێ. قادر، لەسەر کەرکوک دەڵێ”ئێستا كە لە رووی سەربازییەوە لەدەستیشمان، داوە..” باشە ئەمە هەر هەمان ئەدەبییاتی پارتیی و مێدیا سێبەرەکانی و ئەو ئۆردووە زۆروبۆرەی نوخبە و عەوامی نەژادیی نییە کە دەبووایە کەرکوک، لەدەست خۆماندا بمایەتەوە؟ خۆمان، بە واتای هەموو کورد دێت و بە ناوی هەموو کەرکوکییەکانیشەوە( بە تایبەتیی کوردەکان)، قسە دەکرێت. خۆمان، ئەو مافیا گەورانەی کوردایەتیی نەبوون و نیین کە رۆڵی والییان بۆ خەلیفە ئەردۆغان، دەگێڕا؟ هەر ئەوانە نەبوون کە لەگەڵ داعشدا، رەدیف و حەلیف بوون؟ مەگەر کەرکوک بەس لە ژێر میلیشیاکانی کوردایەتییدا بمایاتەوە، ئیتر لە دەستمان نەدەدا، چونکە خوێن و گۆشت و ئێسقانەکانیان لە نەژادی خالیصی کوردن؟
  3. لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێ” چیتیر دروشمی بریقەدارو كوردایەتیی موزەیەف ‌و قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیی‌ وقودسییەتی هیچ كەس ‌و بنەماڵەیەك، نابێت دەنگدەر بگەمژێنێت‌و هەڵخڵەتێنێ” باشە بۆچی کوردایەتیی موزەیەف بەکاردەهێنێت؟ ئایا، پێیوایە ئەم عەمالەتە ئیقیلمییەی پارتیی لە شەستەکانەوە دەیکات و دواتر یەکێتیی لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانەوە، هەمان کاسبیی دەکات و تا ئێستایش بە فۆرم و شێوازی جیاواز، لە کوردایەتیی بەردەوامن، یان ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون و کوردایەتییەکی خالیص و زاهیدیان دەکرد، مەگەر ئێستا هەموویان لەژێر دەواری مەرجەعی کوردایەتییدا کۆنەبوونەتەوە؟ ئەو مەرجەعەی لە دوو گوێچکەیەوە کە روواوە، وەکو پرۆکسیی (هێزە ئیقلیمیی و دەسگای موخابەراتیی جیهانیی)، مەئمورییەتی پێ سپێردراوە؟ ئایا لەم بێ ئاسۆیی، بێ ئومێدیی و کەڵەگاییەی دەسەڵاتی مافیاکانی نەوتدا کە تا رادەیەکی زۆر، گۆڕان بەرپرسە، دەکرێ جارێکی تر، دەست بۆ فۆرمێکی بۆگەنی تری ئەم ئاودەستخانەیە( کوردایەتیی) ببرێتەوە؟ ئەصڵەن، ئایا هەر موشکیلەی خەڵکی کوردستانی عێراق، کێشەی نەتەوەیی و نەژادییە، یان ئەم مەلەفە بەس بیزنسێکی گەورەیە و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرمایەگوزاریی لەسەر دەکەن؟ لە واقیعدا، کێشەی خەڵکی کوردستان، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، دزیی و تاڵانییە، نەک کێشەی نەتەوەیی نەژادیی و طائیفیی، ئەم دوو رەهەندەیش تێکەڵ بکرێن، عاقیبەتەکەی ئەو پۆپۆلیزمە دەبێت کە گۆڕانی بەم دەردە برد.

بە ئاراستەیەکی تردا، ئەگەر هەر سیاسییەک، رەخنەی سیاسیی و فیکریی لەم ئافیونە نەژادیی و نەتەوەییە( کوردایەتیی)، نەگرێ و لە ترسی تەخوینی تۆپخانەکانی کوردایەتیی، جورئەت نەکات شتێک بڵێ، باشتر نییە خۆی تووشی ئەم مورادیفە سەیرو سەمەرانە نەکات( موزەیەف)/ بۆ ئەوەی لای کەم، کەسانێک بەو هەڵەیەدا نەبرێن کە گوتاری کوردایەتیی لەدەست ئەم مافیایانە دەربهێنرێت و بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی، لە حەقیقەتدا، کوردایەتیی بە ساغیی و نەخۆشیی، بە کاڵیی و کوڵاویی، بە میلیتانتیی و بە مەدەنییەوە، بە وەطەنیی و خیانەتکارییەوە، بە عەوام و ئەکادیمیستییەوە، هەموویان، بەشێکن لە توراثی سیاسیی ئەو فەشەلە گەورانەی بە درێژایی ٨٠ ساڵ، بەسەر بزوتنەوەی سیاسیی کورددا هاتووە.

4- هەموو ئەو کەسانەی کە لە گۆڕان بەلەسە بوونە، جا رەخنەیان لێی هەبێت یان هەر هۆکارێکی تر، بۆ ئەوەی گۆڕان بە باشیی تێپەڕێنن، دەبێ لە بێ گوتاریی، پۆپۆلیزم و خورافەی کاریزماکانی شاخ، دوور بکەونەوە و گوتارێکی شەفاف و جەرییئانەی سیاسیی نیشتمانییان بۆ ئەم بێ ئومێدییە هەبێت؟ بە دڵنیاییەوە، ئەمە بەو لۆکاڵیزمە سیاسییەی گۆڕان ناکرێ کە پێیوابوو لە سلێمانیی و پارلمانی هەولێرەوە، دەتوانرێ سنوورێک بۆ ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی کوردایەتیی دابنرێت. بە تایبەتییش ئەم برادەرانەی زیاتر کەوتوونە ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیانەوە، بە بێ بوعدێکی عێراقیی، بەبێ لکاندنەوەی سیاسەت بە بەغدادەوە، تەنیا شەربەتی هەناری کوردایەتیی دەخۆنەوە و سەری خۆیشیان دەئێشێنن و تەمەنی نەوەیەکی تریش لە گەنجانی کوردستان، دەدەن بەدەم لافاوی ئەم چەتەگەرییەی مافیاکانی نەوتدا.

بۆ ئەم بوعدە عێراقییە، یەکەمیین تەخوینی ذاتیی لە بییرکردنەوەی سیاسییە قەومییەکان و رۆشنبییرە نەژادییەکانەوە، رەنگڕێژ کراوە کە خۆبەخۆ دەچێتەوە خزمەتی ئاشەکەی پارتیی و کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانیی، ئەویش ئەوەیە کە عێراق خۆی گەندەڵیی دایڕزاندووە، بەرەو شەقبوون و پارچەپارچەبوون دەڕوات، طائیفییەت کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی عێراقی کردووە و ….دەیان بلوێر و بالۆرەی تری کوردایەتیی موحەسەن و موزەیەف، لێدەدرێن. بۆ سیاسەتکردن، عەقڵانییەت و واقیعییبوون لەهەموو شت گرنگترن. راستە عێڕاق، کۆمەڵێ تەحەدای طائیفیی و گەندەڵیی گەورە تێیدا تەکان دەدەن، بەڵام وێڕای هەموو خراپییەکانی، ئەوە واقیعی سیاسیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە، فەرضی دەکات کە دەوڵەت عێراقە نەک خەلانۆچکە خورافییەکەی ئەوانەی ریفراندۆمیان کرد و دەیانویست بەشێک لە ویلایەتی موصڵی جاران بۆ سەر خاکی داییک( تورکیای نیۆعوثمانییەکەی ئەردۆغان) بگێڕنەوە. بە کورتییەکەی مەلەفی نەوت و سامانە سروشتییەکان، تەنیا و تەنیا بە دەوڵەتی عێراق و هاوکاریی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان( ئەگەر بوونیان هەبێت) لەدەست ئەم مافیا میلیاردێرانەی کوردایەتیی، دەسەنرێتەوە.

5- سەرەنجام، گۆڕان بۆیە رێگرە، چونکە چووەوە سەر پلێتە ئەصڵییەکەی خۆی کە کوردایەتییە، کوردایەتییش، دزیی، خۆدەوڵەمەندکردن و ریسواکردنی کێشەی سیاسیی کوردە. لە عێراقدا، شتێک نەماوە کە ناوی قەضییەی سیاسیی کورد، بێت. جاران هەبوو، بەڵام ئێستا گرفتی ئیداریی و ئابووریی نێوان شارەکان هەیە و کێشەی سیاسیی کەرکوک و ماددەی ١٤٠یش، وێڕای ئەوەی دەستوریی و قانوونییە، وەکو قادر خۆی دەڵێ، کێشەکانی نێوان پارتیی و یەکێتیی بەم رۆژەیان گەیاندووە. فەشەلی گۆڕان، لەبەر ئەوە نەبوو کە سەکردە کاریزماکەی مرد، بەڵکو بە دەرەجەی یەکەم لەبەر ئەوە بوو، خاوەنی گوتارێکی سیاسیی رۆشن نەبوو. ئەصڵەن فیکری سیاسیی نەبوو، پۆپۆلیزم، کەڕ و کوێری کردبوو. مەعدەنی ئەصڵیی گوتارەکەی گۆڕان جیاوازتر نەبوو لە گوتارە پۆپۆلیزمە کوردایەتییەکەی پارتیی و تا رادەیەکیش، یەکێتیی، هاوکات، سەرکردەکەی فەشەلی هێنا لەوەی ئەو دەستپاکیی و نییەتپاکییەی بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و چاکسازیی، بە شیعار و حەماسەوە باسی دەکرد، نەیتوانی تەرجەمە بکاتە ناو حیزبەکەی و خێزانەکەی خۆیەوە. لێرەوەیە کە مەصڵەحەتتریین ئینسانە سیاسییەکان لە چەپ و راست لە عەلمانیی و لە ئیسلامیی، لە گەنج و لە پییرەکانی شاخ، لە شەهادەدار و لە هونەرمەندی گەعدە، لە دەوری گۆڕان ئاڵان، بۆ ئەوەی شەرییک بن لە خواردنی شۆکۆلاتەی رەیع و ئەو هەموو پارە دزیینەی کەرتی نەوت، پارتییش، زۆر بە سەخاوەتەوە، توانیتی زۆریینەی رەهای قیادییە گەنج و پییرەکانیان، خوێندەوار و ئومییەکانیان، بە پارەی رەیع، خرپن و گۆشتن بکات. هەموو ئەمانەیش بەسەریەکەوە، بووە بە هۆی ئەوە کە گۆڕان، بە کردەوە، رێگر بێت. پارتییش، لە ئاییندەی نزیک و دووردا، لە رووی لۆجیستیی و ماددییەوە، باشتر خزمەتی ئەم رێگرییەی گۆڕان، دەکات. ئەی ئەم رێگرییە چۆن لادەبرێ؟ بە قەولی عەرەب، والایام بیننا.

کامیار سابیر




گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێد له‌ نێوان خالقی و هێمن دا … هیوا ناسیح

پێشه‌کی ده‌مه‌وێت دانی پێدا بنێم، که‌ یه‌کێکم له‌ سه‌رسامه‌کان به‌ ده‌نگی خالقی، ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و ده‌نگانه‌ی که‌ مه‌ستم ده‌کات و ده‌مخاته‌ سه‌ر سه‌رمه‌ستی شادی و باڵی په‌رییان. وه‌ک چۆن بێسنور سه‌رسامم به‌ هۆنراوه‌ و په‌خشانه‌کانی مام هێمن موکریانی نه‌مر، به‌ڵام دیاره‌ سه‌رسامبوون به‌ به‌هره‌مه‌ندان نابێت رێگری ئه‌وه‌مان لێبکات که‌ سه‌رنج و ره‌خنه‌کانمان ئاڕاسته‌یان نه‌که‌ین، چونکه ئه‌وان که‌سانی دیار و به‌ناوبانگ و خۆشناون، هه‌ر ره‌فتار و هه‌ڵوێستێکیان شوێنه‌وار و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر ڕای گشتی شه‌قام و نێو جه‌ماوه‌ردا به‌جێدێڵێت. هه‌ربۆیه‌ نابێت له‌ هه‌ڵوێستی ناراستیان ببورین و به‌ سۆزدارانه‌ له‌گه‌ڵیاندا بجوڵێینه‌وه‌. ئاخر دواجار ئه‌وان موڵکی خۆیان نین، به‌ڵکو هی نه‌ته‌وه‌که‌یانن.

هێمن موکریانی نه‌مر شاعیرێکی گه‌وره‌ و به‌ هه‌ڵوێست و خامه‌ به‌‌پێزی کورده‌، ئه‌و كاتێك كه كۆماری دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له ٢٢ی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٤٦ دامه‌زرا، شیعری له‌و رێوڕه‌سمه‌دا خوێنده‌وه، دوای رووخانی كۆماره‌ ساواکه‌ی كوردستانیش كاتێك هه‌واڵی له سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دی بیست، خۆی گه‌یانده باشووری کوردستان، تا ره‌وشه‌که‌ ئارام بووه‌وه، ئینجا گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌ی خۆی و ماوه‌یه‌كیش له مهاباد ژیا. له‌ دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول هاته‌وه‌ باشور و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و له‌دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دا، ماوه‌یه‌ك له به‌غدا وه‌ك دوور له‌ که‌سوکار و زێدی خۆی له‌ بارێکی سه‌خت و دژوار و ناهه‌مواردا ژیا، له‌و ماوه‌یه‌دا (ناڵه‌ی جودایی) نوسی، که‌ به‌ هه‌زاران خوێنه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا گریان. له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیش له شوباتی ١٩٧٩دا، گه‌ڕایه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

پاش ئه‌وه‌ی جیاوازی ڕاوبۆچوونی له‌گه‌ڵ حزبی دیموکرات دروست بوو به‌داخه‌وه‌ زۆر ئازاریاندا و سوکایه‌تییان پێی کرد، تا گه‌یشته‌ تۆمه‌ت بۆ دروستکردن و زیندانییکردنیشی، بۆیه‌ دڵی به یه‌کجاری له‌ شۆڕشی کورد ره‌نجا و به‌ ناچاری و به‌و پیری و که‌نه‌فتی و نه‌خۆشییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لای کوڕه‌ تاقانه‌که‌ی خۆی (سه‌لاح)، له‌وێش چونکه‌ له‌ کورد و ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌ی نه‌ڕه‌نجا بوو، به‌ڵکو ته‌نها له‌ دیموکرات ره‌نجا بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵات تووشی كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و سه‌ختی ژیانی رۆژانه‌ بووه‌وه‌، به‌ڵام به‌‌و حاڵه‌شه‌وه‌ گۆڤاری سروه‌‌ی ده‌رکرد، که‌ بۆ ئه‌وکات دیارده‌‌یه‌‌کی ئه‌ده‌بی گرنگ و به‌بایه‌خ بوو بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هیچ گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كی كوردی له‌ ئێراندا نه‌بوو. ئه‌م توانی له‌م رێگه‌یه‌وه‌ زمانی كوردی بباته‌‌ ناو ماڵه‌كانه‌وه‌، سه‌دان که‌س لێیه‌وه‌ فێری كوردی بوون به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ خوێندنگه‌ کوردیان خوێندبێت. دواتر به‌داخه‌وه‌ له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا له‌ ورمێ كۆچی دوایی كرد. له‌ رێوڕه‌سمێكدا ته‌رمه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ مهاباد و له‌ گۆڕستانی بوداغ سوڵتان به‌خاكیان سپارد.. هه‌موو ته‌مه‌نی هێمن بگه‌ڕێی له‌سه‌رده‌‌می شای ئێران و کۆماری ئیسلامیشدا هه‌ڵوێستێکی نانیشتمانی و نانه‌ته‌وه‌یی و نامرۆڤانه‌ی تێدا نییه‌. بۆیه‌ خۆی گوته‌نی (موحتاجی محه‌ک نییه‌ و کوردی بێ غه‌ل و غه‌شه‌).

مه‌زهه‌ری خالقییش یه‌ک له‌ مه‌زنترین هونه‌رمه‌ندی کورده‌، قسه‌مان له‌ ده‌نگخۆشی و به‌به‌هره‌یی ناوبراو نییه‌، به‌ڵام ده‌نگۆی زۆر له‌سه‌ر رابردووی هه‌یه‌، که‌ سه‌روه‌ختی خۆی سه‌ربه‌ ساواک بووه‌ و خزمه‌تی ئه‌و رژێمه‌‌ی کردوه‌. ئه‌مه‌ش زیاد له‌ که‌س و سه‌رچاوه‌یه‌ک باسی ده‌که‌ن. ده‌کرێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌رده‌نگۆ و پاگه‌نده‌ بێت و به‌ڵگه‌مان نه‌بێت و راستینه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ ده‌رنه‌که‌وێت، چاوی لێبپۆشین و بورابێت، به‌ڵام که‌ بابه‌ته‌که‌ گه‌یشته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ رۆژهه‌ڵات، بۆ ژێرده‌ستی رژێمی سێداره‌ و دژ به‌ کورد، ئه‌و رژێمه‌ی هیچ مافێک به‌ کورد و گه‌لانی تری غه‌یره‌ فارس به‌ ڕه‌وا نابینێت، ئه‌و ده‌‌سته‌ڵاته‌ی رۆژ نییه‌، هه‌واڵی دڵته‌زێنی شه‌هیدکردنی کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی کورد له‌ ژێر ده‌ستیدا نه‌بیستین، ئیتر بابه‌ته‌که‌ له‌ پۆشین و بوورین ده‌رده‌چێت و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌ره‌که‌.

ئاخر که‌س وه‌ک هێمن سوکایه‌تی به‌ خالقی نه‌کردوه، ناوبراو وڵاتنامه‌ی یه‌ک له‌ خۆشترین و ئارامترین وڵاتی ئه‌وروپای له‌ گیرفاندایه‌ (به‌ریتانیا) ئه‌و له‌ باشوریشدا له‌ هیچی که‌م نییه‌ و زۆر به‌ ئاسانی که‌سوکاری ده‌توانێت بێن و بیانبینێت، ئه‌و له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م حزب و ده‌سته‌لاتداری باشور و جه‌ماوه‌ر و هونه‌ردۆست و گه‌لی باشوره‌وه‌ رێزلێگیراو و خۆشهێنراوه‌، ئه‌ی که‌وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان له‌م کات و ساته‌دا بۆچی؟؟ کێ لێی سودمه‌نده‌؟ هونه‌ری کوردی یان رژێمی ئاخوندی؟ با سه‌فه‌ره‌که‌ی به‌ کاتیی و بۆ چه‌ند رۆژێکیش بێت، ئایا رژێمی ئێران ئه‌مه‌ له‌راگه‌یاندن بۆ ئارایشتکردنی (کرانه‌وه‌ و دیموکراتخوازی و بوونی ئازادی) به‌کار ناهێنێت؟؟ ئایا چ هۆکارێکی وا گه‌وره‌ و گرنگ پاڵی به‌م هونه‌رمه‌نده‌وه‌ ناوه‌ بگه‌‌رێته‌وه‌ و به‌شداری له ڤیستیڤاڵی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و رژێمه‌دا بکات جگه‌ له خۆئاشتکردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی ئێران و رێگه‌خۆشکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی بۆ ئه‌وێ؟؟ ئایا خالقی بۆ له‌خۆی ناپرسێت، بۆچی داریوش، له‌یلافروهه‌ر، موعین ئه‌سفه‌هانی و چه‌ندانی تر، که‌ چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ی ناوبراو ناو و ناوبانگ و ئاره‌زوومه‌ند و هه‌واداریان هه‌یه‌، تا ئێستا ناگه‌ڕێنه‌‌وه‌ بۆ ئێران؟؟ ته‌نانه‌ت زۆریان به‌ داخی زێدی خۆیان و دیداری ئازیزانیان له‌ غه‌ریبی سه‌ریان نایه‌وه‌ و کۆچی دواییان کرد. ئایا خالقی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێراندا چی پێ ده‌کرێت و ده‌توانێت چ داواکارییه‌ک بکات تا سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات که‌م بکاته‌وه‌؟؟

خۆزگه‌ مه‌زهه‌ری خالقی هه‌ر له‌ ئه‌وروپا و باشور و ئاواره‌ییدا بووایه‌ و له‌ دووره‌ زێدی خۆی گۆرانی بچڕیایه‌، نه‌ک بگه‌ڕایه‌ته‌‌وه‌ رۆژهه‌ڵات و له‌وێ به‌رپرسانی ئیتلاعات و ئوستانداریی سنه‌ پێشوازی لێ بکه‌ن‌، چونکه‌ دواجار سه‌ردانه‌که‌ی جگه‌ له‌ تۆزێک چێژی کاتی بۆ خودی خۆی و که‌سوکاری، هیچ سودێکی بۆ گه‌لی سته‌مدیده‌ی رۆژهه‌ڵات نییه‌، ته‌نها په‌تی سێداره‌ی پێ ئه‌ستورتر و کراسی دایک و خوشکی شه‌هیدان و کاسبکاره‌ به‌ ناهه‌ق کوژراوه‌کانیی پێ ره‌شتر ده‌بێت.




حەیف ! … نەوزاد بەندی

ھەور ئینیستیگرامی نییە
تا لێی بپرسم :
ئیجازەکەت کەی تەواو ئەبێ ؟

دوکەڵ
فەیسبوکی نییە،
تا بۆی بنوسم :
توخوا عەیب ناکەی
ناوسکی ئەو خەڵکەت ڕەشکردەوە ؟

لە مرۆڤەکان نائومێدم
ناچار ڕەخنە لە توێکڵە گوڵەبەڕۆژە ئەگرم
کە بۆچی فێری فڕین نابێ و
تاکو تەنەکەی خۆڵەکە ھەڵنافڕێ ؟
ڕەخنە لە قنگە جگەرە ئەگرم
کە بۆچی لەسەر شەقام لێی ئەکەوێ و
ناتوانێ وەک سەرباز زەحف کا و
تا تەنەکەی خۆڵەکە نەوەستێتەوە ؟؟
ڕەخنە لە تف ئەگرم
لە ڕۆنی ڕژاوی سەیارە
لە عەلاگەی نایلۆن ئەگرم ،
کە بۆچی قەت مۆڵەتێ وەرناگرن و
بۆینباخێ نابەستن و
گەشتی چەند وڵاتێکی تر ناکەن ؟؟

لە گەرما و سەرما زۆر عاجزم
کە بۆچی بە ھەموو ماسولکە و چەک و جبەخانەکانیانەوە
ئەدەن بەسەر وڵاتێکی بێ کارەبا
و
قەرزار
و
پڕ لە ھەژار و ملیاردێردا ؟؟

لە تاوەر تووڕەم ..زۆر ..
کە ئەزانێ ئەو خەڵکە
بێ ئیش و ھەناسە ساردن ،

ئیتر ئەم چوونە ھەورەی لە چی ؟
بۆچی لەگەڵ پۆلێ حاجی لەقلەقا مەمکەکەتی ژیانکونکەرە
جێ ناھێڵێ ..؟؟

زۆر گلەییم ھەیە لە ھەناسەدان
لە زیندە چالاکیی
لە میتابۆلیزم ..
لە DNA
لە RNA
ئێ ئەوانە ھی خەڵکێکن
خاوەنی ئەمڕۆن و
ئەزانن سبەینێ چی ئەکەن و ..
دوێنێ ڕووبەرێک لە شانازییان
بەجێھێشتووە ..

لە پۆشاک زۆر بێزارم
کە واز لەم ھەموو
تارماییە ناھێنێ ..
کە واز
لەم کۆمەڵگا
مردووە ناھێنێ
نازانم چۆن ناترسێ ..؟

نەوزاد بەندی
Nawzad Bandy