لە چاوچنۆکییەوە بۆ نامۆ بوونی مرۆڤ لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا … ئاسۆس

لە ئێستادا سیستەمی سەرمایەداریی باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، کە جەخت لەسەر ئابووری و بازاڕی بەناو ئازاد دەکاتەوە. لە ئەنجامی ئەم سیستەمەدا کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵەیەکی بچووکدایە، بەڕابەرایەتی چینی بۆرژوازیی، جیهان و مرۆڤایەتی تووشی قەیران و کاولکاریی زیاتر دەبێتەوە ئەمەش بۆ بەدەست هێنانی قازانجی زیاتر. بۆ ئەوەی بە باشی لە نەخۆشییەکانی سیستەمی کاپیتالیزم تێبگەین دەبێ بگەڕێینەوە لای “کاڕڵ مارکس” وەک بلیمەترین و حەکیمترین کەس، بۆ ئەوەی چارەسەر و نەخۆشییەکانی کاپیتالیزممان بۆ دیاری بکات و بەرەو ئایندەیەکی باشتر بچین.
مارکس (۱۸۱۸ – ۱۸۸۳) لە شاری تریێری ئەڵمانیا لە دایک بووە. مارکس هەر زوو پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیزمەوە دەکات، کە گروپێکی ڕۆشنبیران بوون. ئامانجیان نەهێشتنی چینایەتی و مۆڵکایەتی تایبەت بوو. مارکس خاوەنی چەندان کتێب و وتارە، لەسەر کێشەی ئابووری و سیستەمی سەرمایەداری دەدوا، هەر چەندە لەسەردەمی خۆیدا ناو بانگێکی وای نەبوو، بەڵام لە سەتەی بیستەمدا دەبێتە مەشخەڵی زۆربەی شۆڕشەکان. مارکس کێشەکانی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ لایەنی ئابووری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر ژیانی مرۆڤەوە هەیە. هەروەها بەلای ئەوە چاوچنۆکیی و زیادەخۆریی هێزی بزوێنەری مێژووی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش وادەکات مرۆڤ لە جەوهەری مرۆیی خۆی بکەوێت و وەک نامرۆڤ دەربکەوێت.

ئارەزوی زێدەخۆریی و چاوچنۆکیی ئیدی تەنێ لە لای سەرمایەدار و چینی بۆرژوا قەتیسنەماوە، بەڵکو سیستەم ئەمەی هێناوەتەوە ناو چینی کرێکار و پرۆلیتاریاوە، لە جیهانی نامۆ بووی سەرمایەدارییدا کرێکارانیش پەلکێشکراون بۆ ئەو گۆڕەپانەی سەرمایەدارەکان بۆ زێدەخۆریی و چاوچنۆکیی دایانهێناوە، ئیدی کرێکار کۆیلەیە لەبەرامبەر سەرمایەدا (پارە — خوای سەرمایەدارییە). مارکس پێیوایە مرۆڤ بە پەرستنی پارە وەک سەروەریەکی بە دەستهەڵات، وەک هێزێکی ڕووخێنەر دەرەکەوێت، کە دەتوانێ تێکڕای بەها و پەیوەندییەکان دژی خۆی هەڵگێڕێتەوە. به جۆرێک پارە دەتوانێ باشە بۆ خراپە، خراپە بۆ باشە و کۆیلە بۆ سەروەری و سەروەری بۆ کۆیلایەتیی، خۆشەویستی بۆ نەفرەت و نەفرەت بۆ خۆشەویستی، هۆشیاریی بۆ نەزانی و نەزانی بۆ هۆشیاریی …هتد بگۆڕێت و هەڵیگێڕێتەوە، ئەمە سیحری بەهای پارەیە لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا.

کاتێک پارە بەها بۆ هەموو شتەکان دادەنێت، بەهایەکیتر نامێنێت مرۆڤ بەرەو نامۆیی لە خۆی و بەرهەم هێنانیش دەچێت، ئەمە وادەکات مرۆڤ نامۆ بێت بەو جیهانە و کارەی تێیدایە. مارکس نامۆ بوونی مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر چوار جۆر لە نامۆ بوون: یەکەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە بەرهەمی کاری خۆی. دووەم: نامۆ بوون لە پرۆسەی بەرهەم هێنان. سێیەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە سروشتی کۆمەڵایەتیی خۆی. چوارەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە هاوکار و هاوپیشەکانی خۆی. مارکس پێیوا بوو کاپیتاڵیزم مرۆڤ تووشی ئەو نامۆ بوونە دەکات.

۱_ نامۆ بوونی مرۆڤ لەبەرهەمی کاری خۆی: بەبڕوای مارکس دەتواندرێت ئیشکردن یەکێک بێت لە سەرچاوە گەورەکانی ئاسوودەیمان، بەڵام دەبێ کارکەرەکان خۆیان لەو ئیشەدا بدۆزنەوە کە دەیکەن، بە واتەیەکیتر خۆیان لەناو بەرهەمەکانی خۆیاندا بدۆزنەوە، بەحەزەوە کارەکانیان بکەن. کرێکار لە سەرمایەداریی بەپیشەزایی بوودا لە بەرهەمەکانی خۆی نامۆ دەبێت، بەرهەمی ئەو هی ئەو نییە، بەڵکو لەلاین بێگانەکان وەک خاوەنی تایبەتی ئەوان سوودیان لێوەردەگیرێت. جگە لەمەدا کرێکار توشی ئەوە دەبێتەوە، کە هەرچی زیاتر بەرهەم بهێنێت بەهای قازانجەکەی کەمتر دەبێتەوە. هەروەها تاوەکو کاڵا بەهەرزانتر بەرهەم بهێنێت خۆی وەک کاڵایەک هەرزانتر دەبێت. هەروەها کرێیەکی کەم وەردەگرێت بەبەراود بەو قازانجەی لەبەرهەمەکەی دەکرێت.

۲_ نامۆ بوون لە پرۆسەی بەرهەمهێنان: کاپیتاڵیزم وا لە مرۆڤ دەکات هەمیشە شڵەژاو بێت و وابەستی دەکات بە کار و دۆخێکی ناچارکراو، چونکە لەم سیستەمەدا کرێکار وەک هۆکارێکی نێو هۆکارەکانیدیکەی بەرهەمهێنان حسابیان لەگەڵ دەکرێ، لە کاپیتاڵیزم هەر کاتێک کرێی کرێکار بەرز بووەوە، لەسەر کارەکەی دووری دەخرێتەوە، یان ئەگەر تواندرا بە تەکنەلۆژیا و ڕۆبۆت شوێنی پڕدەکرێتەوە. هەر وەک مارکس دەڵێت: ”کرێکار تەنیا له دەرەوەی کار هەست بە خۆی دەکات، هەروەها لە ناو کاریشدا هەست بە دەرەوەی خۆی دەکات.“ واتە مرۆڤ هەرچەندی زیاتر کار بکات زیاتر تووشی نامۆبوون دەبێت و کەمتر وەک مرۆڤ دەردەکەوێت، دووردەکەوێتەوە لە ژیانی ئاسایی و ئەو چێژەی پێویستە لە ژیانیدا وەریبگرێت.

۳_ نامۆ بوونی مرۆڤ لە سروشتی کۆمەڵایەتیی خۆی: لە دیدی مارکس مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتییە و هەمیشە لە گەشەدایە. مرۆڤ وەک ئافرێنەر لە جیهاندا دەردەکەوێت، بوونی خۆی دەسەلمێنێت هەر وەک مارکس دەڵێت: ”گشت مێژووی جیهان بێجگە لە بەرهەمی مرۆڤ لە ڕێگەی کاری خۆیەوە، شتێکیتر نییە.“ واتە مرۆڤ ئافرێنەری کۆمەڵێک شتە کە لە سروشت و کولتووری مرۆیی بەرهەمیهێناون. لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا کرێکار لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی نامۆ دەکات. بە دیدە مارکسییەکەیەوە مرۆڤ بە پێچەوانەی گیانەورانەوە، کە تەنها بۆ پێداویستییەکانیان کاردەکەن، مرۆڤ بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی کاردەکات و زانست و کولتوور بۆ سەرجەم جیهان بەرهەمدەهێنێت. بەڵام سیستەمی سەرمایەداریی کۆششی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی، تەنها لە ڕازیکردنی پێداویستییە جەستەییە کەسییە تایبەتییەکان کورت دەکاتەوە.

٤_ نامۆ بوونی مرۆڤ لە هاوکار و هاوپیشەکانی خۆی: سەرمایەدارەکان لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا هەمیشە کرێیەکی کەم دەدەن بە کرێکارەکان، لەسەر هێزی هزر و بازوی ئەوان سەرمایەیەکی زۆر کۆدەکەنەوە، ئەوان دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن، لە کاتێکدا کرێکارەکان هەژارتر و هەژارتر دەبن. لە ئاکامدا کرێکارەکان لەم سیستەمە تووشی لە خۆ نامۆ بوون دەبن، بەهۆی ئەو کێبڕکێیەی لەکار بۆیان دروست دەبێت بۆ بەدەست هێنانی سەرمایەی زیاتر، ئەمەش نامۆ بوونی مرۆڤ لە مرۆڤ دێنێتەکایەوە. واتە مرۆڤ یان کرێکار لەگەڵ هاوپیشەکەی لە ئەنجامی کێبڕکێدا لە نێوانیان تووشی نامۆ بوون لە سروشتی زاتی مرۆڤ دەبن.

مرۆڤ بەهۆی پاڵنەرە غەریزیەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر و دانانی کاتی زیاتر بۆ کارکردن و خۆ دوورخستنەوە لەو ئۆرگانە سەرەکیانەی کە پێویستە لە ژیانێکی ئاساییدا هەبێت، بەرەو نامۆیی و نا ئاسوودەیی دەچێت، تاوەکو زیاتر خۆی لەناو کار و بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر قوڵبکاتەوە زیاتر لە خۆی و مرۆڤەکانی دەوروبەری نامۆ دەبێت. کاپیتاڵیزمیش هۆکاری سەرەکییە بۆ هێشتنەوەی ئەو دۆخەی مرۆڤ، بەمەش مرۆڤ هەمیشە لە شڵەژان و نامۆبووندا دەمێنێتەوە.

ئــاسـۆس




قەسیدەی (هەڵووەرین) … عبدالله احمد

زەمەنێکه هەڵدەوەرم…!
بەسەر دار، دیوار
بەم خەراباتەدا هەڵدەزنم!
بۆ یادگاریەکانی منداڵیم دەگەڕێم!
وێڵ دەبم،
هیچیانم بۆ نادۆزرێنەوە!
چەندە غەمگینم “لێرە”
یەکێکیان سەر لـەو تەنیــــایی و ڕاکەڕاکی خەیاڵەم نادەن!
نە تۆ، نەنیشتیمان، نه ئارەزووە دێرینەکانم!
ھەناوم پڕیەتی له دەردە سەری زەمەنێکی دێرین و داڕوخاو، وێران وێران!
بەجێـــــماوم له ئاوێنەیەکی وردوخاش بوو،
له ئەستێرەی هەڵوەریوو،
له بێدەنگی ئێوارەیەکی نەهــــاتوو
هێشتا چاوەڕێی خۆر ئاوا بوونێک دەکەم!
ئەوە من بووم دەگریام!
ئەوە من بووم هاوارم دەکرد!
لەبەردەم دەرگایەکی ژەنگاوی که پیت بە پێت و وشەگەلێکی سەیر سەیرم لەسەر دەنوسینەوە!
ئەمئێستا ئەم پیت و وشانه بەیەکەوە نووساون…
که له دانیشگا و پەیمانگاکان دەخوێنرێنەوە،
وەلێ بۆیان لێكنادرێتەوە!
بۆنی ژەنگی دەرگاکە و هەڵوەرینی منیـــــان لێ دێت…!
کە سەیری ئێرە دەکەین، هەمووی گۆڕاوە.
کۆڵانەکان پڕبوون لە تەوژمی بــاوبۆران…!
پڕن له هەناسەیەی بۆن سارد
پڕن لە بۆنی باڵندەی مردوو…
کۆڵانەکانی ئێرە
زەمەنێکه خۆریان لێ ئاوا بووه
هەزاران ساڵه تاریکی باڵیان بەسەردا دەکێشێت…
ئیتر کۆڕستانێكە کۆڵانەکانی ئەم نیشتیمانەی لەباوەش گرتووه…!

تەماشاکە ئەی دۆست!
بەسەر خەراباتێکی کۆندا هـەڵــوەریووین،
گشت بەدەنمان بۆته تەپو تۆز و خۆڵ،
بیابانێکمان لەخەم،
لە بێکەسی،
له نەداری و ڕەنجەڕۆییدا دروستکردووه…!
ئەی دۆست،
ئەی ئەحبابی من؟
تۆ نازنی ئەز چەند بریندارم؟
هەموو ئاوازەکانی مردنم لەبەر کردووه،
وەک گەڵایەك که پایزان وەرینی خۆی لەیــادە…!
چەندین جار کەوتومەته بەر شاڵاوی مردن و
چەندین جار خوێنم بینیووە.
بینیم
لەژێر لولەی تفەنگ و زرمە و هۆڕی قۆنداغه تفەنگەکانی ئەو چاو ھەنگووینییە لووت درێژانەدا خوێن دەڕژا،
دەمبینی خوێن لەسەروگوێلاکی ئەو کیژە شۆخانه دەتکا
که بەشەڕەفی خۆیان سوێندان دەخوارد:
هەرگیز ماچ لەلێویان نەکراوە،
لەمسی خۆشەویستی نەڕژاوەته نێو سینەیانەوە،
گوێیان لەئاوازی پیاوە شەله یەك قاچەکان نەگرتووە!
قەت بە تەنورە و فانیلەیەکی قۆڵ کورتەوە نەسوڕاونەتەوە بەسەر سەرشەقامە پیس و پۆخڵەکانی ئەم شارەدا،
بۆ ئەبەد نەگریاون،
تەنها خەندەیەکی سەوز لە لێویان دەتکێ!
دەپرسم بۆ دەبێ وابێت؟
بۆ دەبێ خوێن و فرمێسك تێکەڵ بـه ویژدان، سۆزمان بێت؟
بۆ دەبێ غەم و پەژارە تێکەڵ بـە هـەناسە و ژیانمان بێت؟
تۆش ئەی جوانترین کچی نێو ئەم تاریکستانه،
لەشەوێکی وەها پڕ ڕەشەبـــا و تۆفاناویدا لە من هەڵھاتی؟
ئێمه دەمانویست
بەڕووناکی تاریکی ئومێدەوار بکەین.
بەنووکی پێنووسێکی شکاو حەقیقەت و عەشق بنوسینەوە.
دەمانویست مانگ و خۆر لەیەک باردا ڕابگرین
بەچەترێکی مـــۆرەوە لەژێر بارانێکی بەلێزمەدا سەمـــــای سۆفییانە بکەین
خۆشەویستی پەخش بکەین.
بەڵام ئەفسووس ئێمه کەوتینه بەر ڕەشەبــــــــا،
من لەژورێکی تاریك گۆشەگیر
تۆش لەبەر خۆرهەتاوی مانگی تەموزدا
چاوەڕێی گەڕانەوەیەکی بێ سنور بووی،
ئەمێستاکه سنوری ئێمه تەلبەندێکی بێشومارە لەدڕك،
بێشومارە لە تاڵی، ئازار و ناڵەی جودایی…
من ببینه!
ئێستاش بۆنی عشقم لێ دەتکێت،
من پاشماوەی جەنگێکی خوێناویم!
خوێناویتر له جەرگ و هەناوێکی بەنەشتەر تیخکراو!
خوێناویتر له ماسییەک که بەدەمی نەورەسێکی بێ ڕەحمەوە خۆی ڕادەپسکێنێت،
خوێناویترم له کراسی ژنێکی کوژراو
که ماچێك قەرزداری منداڵەکەی ناو سکی خۆی بوو!
ئیدی ئەم قەرزە بەهیچ فریشتە و ئەھریمەنێک نادرێتەوە!
من ئەو دڵۆپه خوێنـانەبووم که هەڵوەریم
لەجەستەی هەر ژنێکی کوژراوی
نێو ئەم نیشتیمانه چڵکن و تاریک و بۆره،
ئەی بۆرە نیشتیمان؟
ئەی چڵکترین کراسی خوێناوی؟
ئەی هەناسه ساردترین پیاوی نێو ئەم جەنگەڵه؟
ئەی خراپتر لەخۆم و پیستر لەتۆ؟
من کێم و تۆ کێیت و ئەو کێیــــــــە؟
نیشتیمان چیەوە و خاک چییە؟
ئەم هەموو نابوتگەراییه چیه و چۆن وەك عەڵقەیەکی زنجیر بەستراون بەیەکترەوە؟
ئیدی لە ئاسمانێکی دیکەوە
دەڕوانمه خۆر هەڵاتن و ئاوابوون!
لێره ئاسمانێکی ڕەش بەسەر
نیشتیمانێکی تەپ و تۆزاویدا دەڕوانێت!
هێزی ئەوەم نیه باڵندەکان
بگەڕێنمەوە ئاسمانی ئەم جەنگەڵه!
هێزی ئەوەم نەمـاوە تریفەی مانگ و
ئەستێر و گەلاوێژێکی چاو ڕەش
بگەڕێنمەوە بۆ ئاسمانی نیشتیمان،
لەشەوێکی وەهـا درێژ و خـــامۆش دا…!
زەمەنێکه خۆرم نەدیووە!
ئێستاش لە بیری ئاوابوونیدام!
دەزانی!
لەوساوە دڵگرانم که نیشتیمان
لەگۆشەیەکی تەنیایی خویدا منی گلاند؛
ئەوســـا هـەڵـوەریم!
ئەوســـا ژانی عەشق بەرۆکیگرتم!
ئەوســـا نـائومێدبووم
بەچەشنێك که نائومێدی بۆته عەڕشی ئەم ناوچەیه!
ئیتر ئێمە وەچەی پەژارەیەکین
که هێشتا لەبــــاوەش نەگیراوە…!

ــــــــــــــــــــــــــــ
(قەسیدەی هەڵوەرین)
نوسین: عبدالله احمد

21/7/2019




ژمارەکان … نەوزاد بەندی

چەند
زۆرن
ژمارەکانی تۆ لەلای من ..
چەند
کەمن
ژمارەکانی من لەلای تۆ ..

لای من
گردبوونەوەی ملیۆنی تۆیە و ..
لای تۆ
مەنعە تەجەولی من ..

لای تۆ ،
سەرقاڵی ئەژمارکردنی من لە لیستی تێرۆر
لای من ،
سەرقاڵی ڕێزلێنان لە یادگاریی تۆ ..

لای من :
تۆ ئازاد..
لای تۆ :
من زیندان ..

/نەوزاد بەندی /