جیاوازیی مۆڕال و ئێتیك ”Ethos” … هێلین

ئەم نوسینە، گەرەكی نییە ڕوونكردنەوەیەكی ورد و درشت بۆ جیاوازی مۆڕال و ئێتیك بكات. چونكە، وتارێك توانایی تێنویەتی شكانی تەواوی مێژووی مۆڕال و ئێتیك نییە. كە مێژووەكەی بۆ یۆنانی كۆن دەگەرێتەوە، بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەرستۆ. لەو كاتەی یۆنانیەكان بەدوای داھێنان دەگەڕان بۆ ئەوەی چاك و شكۆ و باڵا بژین، بەدوایی ئەوە دەگەڕان كە چ دەسەڵاتێك دەتوانێت كۆمەلگەیەكی چاك دروست بكات، ئێتیكێكی چاكیان ھەبێ. لەو كاتەوە دەستەواژەی «ئێتیك/ بەرپرسیارییەكی ھەلبژێردراو» و «مۆڕال/ئەخلاق» بەكارھێنرا.

کەچی لە زمان و زاری کوردییدا، بەدەگمەن نەبێت، بە هۆی هەژاری خوێندەواریی فەلسەفە و بەهێزی نەریتی باوی و ئەخلاقیی باو، کە ئەمەش پەیوەندی بە دۆخی خێلسالاریی و نەریتی بالادەستی دینییەوە هەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، وشەی ئەخلاق هەمیشە لەسەر زارە، لە کاتێکدا ئەخلاق بە هۆی کالا و ماددەوە کالبۆتەوە و وشیاریی تاکەکسیش زۆر سنووردارە، بۆیە ئەو دوو چەمکە تێکڵاو دەکرێن.

ئێتیك”Ethos”، وشەیەكی گرێكییە، لە وشەی (ئێتۆس)ەوە ھاتووە. ئێتیك ھۆشیاریی ئەقلی مرۆڤە، شكۆمەند و پەخشندەیی و ئاكاری چاكەش دەگرێتەوە. ئێتیك تاكە كەسیە، واتە تێگەشتنی مرۆڤ خۆیی، كە خۆی فێری ئاكاری چاكە بكات، كە ئەمەش بە پەروەردە، زانین و ھۆشیاریی مرۆڤ دەبێت.

بەرزی ئێتیك لەوەدایە، كە مرۆڤ دەبێتە خۆی، دەبێتە خود لەناو كۆمەڵگەكەیدا. باڵایی خودیش لەوەدایە، كە ئاكارانە بژیی، مەبەست لە ئاكاریش لە ڕوانگەی ئەرستۆ، چاكە و ویستخوازییە.

ئانكو دێشێین بێژین، پیاوی چاك، ولێ نەك بەمانایی پیاوە ئاینەكان، كە مرۆڤی كۆیلە و ڵاواز و نەداریان ڵا پیاوچاكە. بەلكە، بەمانای نیتشەیانە، بەرزە مڕۆڤ بێت. بەرزە مڕۆڤیش، چەشنە مرۆڤێكی باڵاترە، مانای راستیی بە مێژووەكان دەبەخشێ.
نیتشە بۆ مڕۆڤە باڵاكان دەفەرمووێت “ئەم بۆ “ئەو”ە لە یاد بسڕنەوە، ئەی ئافڕێنەران! ئاكار باشی ئێوە خۆی داخوازی ئەوەیە كە ئێوە كارتان «بۆئەو»، «لەبەر» و «چونكە» نەدابێ. دەبێ گوێی خۆتان بۆ ئەم وشە بچووكە دڕۆیینانە ببەستن.”

بەڵام، مۆڕال/ ئەخلاق، كۆمەلگە دروستی دەكا، پەیوەندی بە دینەوە ھەیە، لە دەرەوەیی تاكەكەسیە. داب و نەریتێكی كۆمەلگەیە. هەروەک نیتشە کتێبێکی بەناوی “رەچەڵەکی مۆرال” نووسیوە. لەوێدا رەخنەی تووند لە مۆرالی مەسیحییەت و زانستکاران دەگرێت کە میراتگری قەشەکانن. بەواتایەكی تر، مۆڕال/ئەخلاق بریتییە لەوەی كۆمەلگە و تاكەكەسەكان چ كار و رەفتارێك بە ھەڵە و راست دەبینن، كە ئەمەش لە نێوان كۆی كۆمەلگەدا لەسەری پێكھاتوون، ھاوكاتیش دەكرێ تاكەكەسێك ھەلگری مۆڕال بێت. كەواتە مۆڕال مەرجێكە لە نائاگایی كۆی كۆمەلگەیەكدا، ھەروەك كۆمەلگەی كوردی، ئیشدەكا و بڕیاری راستی و ھەڵەیی بەسەر كار و رەفتارەكانی خەلكدا دەدا.

سەبارەت بەم دوو چەمكە، سوودم لە کتێبی دۆناودۆنی فەلسەفیی هەندرێن، سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە

ھێلین




ئێوارەیەکی نامۆیە …. سەرهەنگ خامۆش

خۆم بۆ دووبارە بونەوەی
ڕازی شەو ئامادە کردووە
مۆبیلەکەم دەگرمە دەست
دوا نامە دەخوێنمەوە
کەباس لە دواساتەکانی فیراق دەكات…

بەر لەوەی قاوەیەکی تاڵ بخۆمەوە
خەیاڵ دەمباتەوە کەنار دەریا
ئای دەریا
چ پێکێکی گەورەی تۆ
بە هیچ شتێک ناخورێیتەوە…

دەڕۆم…
چیتر ئاوڕ لە سێبەری خەم نادەمەوە
بەدەم ڕێگاوە لەگەڵ ئەزەل
ڕۆدەچینە ناخی یەکتر
چ حەشاماتێکە بوون…

نامەوێ چیتر
بەو کۆڵانانە ڕەت بم
کە پڕن لەو بیرەوەریانەی
لەوەرینی گەڵا دەچن
وێڕاناگەم کۆیان بکەمەوە…

لەگەڵ ئاوازی جریوەی
چۆلەکەکانی سەر دارتێلی شەقام
چاو دەبڕمە ئەو هەورۆچکانەی
لە نێو کەلێنی پەنجەکانی (با)دا
سەما دەکەن…

لە دوا وێستگەی زەمەن
ناچار دڵم دەخەمە نێو زەرفێکەوە
بمبمورە ئەی عیشق
کە نەمتوانی
داوای لێبوردن لە حەبیبە بکەم…




‏‎ئەو دەمەی یار دێ، وشە پێ دەگرێ! … شوان شەفیق

‏‎سێڵاوی شیلە
‏‎شارە غەمگینەکەی دڵ دا دەپۆشێ
‏‎مچوورکەیەک بەگیانما دێ
‏‎بارگاویم دەکا بە وزەی عەشق،
چ سۆزێکە!

‏‎ھەناسە لە گۆشەی نەوەتدا وەستاوە
‏‎بۆ بەگەڕ خستنەوەی
‏‎سێسەت و شەست پلە خوولانەوەم بە دەوری نقێمەکانی ڕوومەتیدا پێویستە!
‏‎چ حەجێکە یەکگرتن!

‏‎بۆ کێشانی تابلۆیەک
‏‎فڵچەیەک لە وردە مووی مووحیبەت
‏‎بە شەرابی ئەو ئێوارەیە دەگرمەوە
‏‎مەستانە خەیاڵ ڕەنگ دەکەم
‏‎خەون لە چوار چێوە دەگرم
‏‎چ ھاتنەوەیەکە!

‏‎ھەسانە سنگی
‏‎نیگاکانم تیژ دەکا
‏‎ئەقڵم دوو لەت دەکا
‏‎داوا دەکا
‏‎گۆرانییەکی (نەجمەی غوڵامی) بۆ بڵێم
‏‎ھۆش لە کللەم سەفەر دەکا
چ تاسانێکە!

‏‎کەی دەگاتە جێ
‏‎لەنگەر بگرێ
‏‎ئەو کەشتییەی
‏‎لە باکوورەوە دێ
‏‎بڕیارە یار ھەڵبگرێ
چ گەیشتنێکە!

بەرد دەشێلم!
‏‎ئاو دەخەمە گریان!
‏‎سەرمسووڕماوە لە ڕەقی ھەویر!
‏‎با دەگرم، خەیاڵ سرکە ناگیرێ!
‏‎گوڵیش باخچە جێ دەھێڵێ
‏‎ پێ دەگرێ!




خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كان و گۆڤاره‌كان … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

       

ڕۆژنامه‌ و گۆڤارو كتێب، سێ برای جیاوازن بۆ شرۆڤه‌كردنی بابه‌ته‌كان و ڕووداوه‌كان به‌ سێ دیدگاو بۆچوونی جیاوازدا.

قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌دا دێت كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش بابه‌تێكم له‌نێو ڕۆژنامه‌دا بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی (باببین به‌ دۆستی كتێب) كه‌ هه‌ندێك سه‌رنج و پێشنیارو دیدی خۆم خسته‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب دا,به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م جاره‌ قسه‌ له‌سه‌ر دوو بلاڤۆكی تر یاخو دوو ناوه‌ندی ڕۆشنبیری گرنگ بكه‌م كه‌ ئه‌ویش ڕۆژنامه‌وه‌ گۆڤاره‌كانه‌ چوونكه‌ ئه‌م دوانه‌ هیچ جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆیان نیه‌ له‌گه‌ڵ كتێبدا چوونكه‌ به‌ درێژایی مێژوو توانیویانه‌ خزمه‌تی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن له‌ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ وه‌ به‌بێ هیچ جۆره‌ جیاوازیه‌كدا, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا ده‌بینین چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری كاغه‌زی و ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ شێوازی جیاواز خزمه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌كه‌ن
هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ له‌نێو ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا چه‌ندین كه‌سی به‌هره‌دارو ڕۆشنبیرو له‌گه‌ڵ چه‌ندین نووسه‌ری تێدایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌ن دیدگاو ئایدیای تایبه‌ت به‌خۆیانن بۆ تاوتوێ كردن و قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان داو له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردن یاخود بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین بابه‌تی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و ڕشنبیری دا بۆ خوێنه‌رانی ئه‌زیز
بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا پێویسته‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان بێ ناز نه‌كه‌ین له‌ خوێندنه‌وه‌یان دا وه‌ هیوادارام ڕۆژانه‌ كاتێكی تایبه‌تی بۆ دابنرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ جۆراو جۆره‌كانی نێویدا هه‌رچه‌نده‌ به‌ دیدگاو بۆچوونی تایبه‌تی خۆم پێم وایه‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێ كردنی خوێندن یاخود درووست بوونی خۆشه‌ویستیت بۆ خوێندنه‌وه‌ پێوسته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ گۆڤاره‌كانه‌وه‌ ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ بكرێت به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌یان نیه‌ یاخوود له‌ خوێندنه‌وه‌ ڕا ده‌كه‌ن چوونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ توانای بابه‌تێكی كورتی نێو ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانت نه‌بێت ئه‌وا به‌ بێ گومانی توانای خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی دوورو درێژیش نابێت.

ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌تا وه‌كو له‌م ژیانه‌دا هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌مژین, پێویستیشه‌ له‌گه‌ڵیدا زانیاری فێربین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رامبه‌رمان تێ بشكێنین.




رەمزی قـەزاز و یەکەمین بەرنامەی منـداڵانی کورد … رەزا شـوان

مامۆستای رەوانشاد (رەمزی محێدین قەزاز: ١٩١٧ـ ١٩٧٣) لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کورد و کوردسـتان پەروەر، لە شاری سـلێمانی، لە باشووری کوردسـتان لە دایکبووە.
بۆ ماویەک مامۆستایی کردووە، لە جیهانی وەنەوشـەیی پاک و بێتاوانی منـداڵانی کورد نـزیکـبۆتەوە و ئاشـنایان بـووە، شارەزای زمـانی سـادە و شـیرینـیان بـووە، لە هـیوا و خواسـت و خـەون و خولـیا و لە راز و نیـازی پاکـیان تێگەیـشـتووە.
مامۆستا رەمـزی قـەزاز، لە ساڵەکـانی شەری جیهانی دووەمـدا، بە دیـاری کـراویش لە ساڵی (١٩٤٢) دا، لەگـەڵ رابـەری شیعـری نوێی کوردیمان، شاعـیری نەمـر مامـۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) و لەگـەڵ رۆشـنبـیر و هونـەرمـەنـدی ناسراوی نەمـرمان مامۆسـتا (رەفـیق چـالاک) دا، دەچـن بۆ شـاری (یـافـا) لە (فەلـەسـتین) بۆ بەڕێوەبـردنی رادیـۆی کوردی لەو شـارەدا، کە لە لایـەن ئینگـلێزەکـانەوە دانـرابوو.
مامۆستا رەمـزی قـەزاز، رۆشنبیر و نووسەر و راگەیاندکار و هونەردۆستێکی چالاک و ناسراو بوو. مامۆستایەک بوو پڕاوپـڕ لە دڵسۆزی و کوردایەتی و کوردستان پەروەری.

رەمـزی قـەزاز لەگەڵ عومەر قـەزازی برایـدا، یەکەمین کەسن کە لە ساڵی (١٩٤٢) دا، ئامێری پێشاندانی فـیلمی سینەمایی هـێنایە شاری سلـێمانی. کە لە سینەما (سەلاحەدین) لە تەنیشت سینەمـا سـیروانی ئێسـتاوە بوو پێشانـدرا، یەکەمین فـیلمیش کە پێـشانیان دا فـیلمێکی ئەمـریکی بـوو بـە نـاوی (گـەڕانـەوەی فـرانـگ جـیمس) بـوو.

مامـۆسـتا رەمـزی قـەزاز، رۆشنبـیر و نووسـەرێکی و میدیاکـارێکی ناسـرا و لێهاتـوو، چەند پەرتووکـێکی مـێژوویی و چـێرۆکی بۆ منـداڵانی کورد چاپ کـردوون. لەوانەش:
١ـ بـزووتنـەوەی کـورد.
٢ـ داسـتانی دوو پـاڵـەوانـەکـە.
٣ـ فـەقـێ ئەحـمەدی دارەشـمانە.
٤ـ گـۆڕنـەتـەڵـە ، چـیرۆک بـۆ منـداڵان.
٥ـ راسـتی و ئـازایی ، چـیرۆک بـۆ منـداڵان.
کە بەشی رادیۆی کوردی لە بەغدا لە بەرواری (٢٩/ یانوار/١٩٣٩) دا بوو بە ئیزگەی رادیۆی کوردی لـە بەغـدا، واتە بوو بە ئیـزگـەیـەکی سەربەخـۆی کـوردی. کە یەکەمین رادیـۆیی کـوردی بـوو لـە هـەمـوو کوردسـتان دا، رادیـۆکـەش بـە قـاسـپە قـاسـپی کـەو دەکـرایەوە و دادەخرا. یەکەمین بێژەر و یەکەمین بەڕێوەبەری رادیۆی کوردی لە بەغدا خوالـێخـۆشبوو (کـامـیل کاکـەمین) بـوو، کە تا سـاڵی (١٩٥٨) ئـەو بەڕێـوەبـەری بـوو. هـونەرمەنـدی گـەورەش مامۆسـتا (عـەلی مـەردان) یەکەمین گۆرانیبێژ بوو کە گۆرانیی لەم رادیۆیەدا تۆمارکرد.. هونەرمەندی نەمریش (رەفـیق چـالاک) یەکەمین تیپی نواندنی کوردی لەم رادیـۆیەدا دامەزرانـد.. رادیـۆی کـوردی لە بەغـدا، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکـانی رۆژانە، رۆڵێکی گرنگـیشی هەبوو لە ناساندن و پێشکەوتنی فەرهـەنـگ و کولتوور وئـەدەب و زانست و زانیـاری گـشتی و لە هـونـەری هـەمەڕەنـگەی گـۆرانی و مـوزیکی کـوردی دا.
مامۆستا رەمـزی قـەزاز وەکو کارمەندێکی دڵسۆزی ئیـزگەی رادیۆی کوردی لە بەغـدا، لەگەڵ هاوڕێکانیدا، وەکوو شانەیەکی کورە هەنگ، دڵسۆزانە هاوکاری یەکتریان دەکرد و، رۆڵـێکی بەرچـاویـان هـەبـوو لـە پـێشکەوتـن و لـە پـاراستی گـۆرانی کـوردی دا.

بە داخـەوە کـە لـە سـاڵی (٢٠٠٣) دا، ئیـزگـەی رادیـۆی کـوردی لـە بەغـدا، لـە لایـەن فـرۆکەکـانی هـاوپەیـمانـانەوە بـۆردوومـان کـرا. زۆربـەی ئەرشـیفـەکـانی ئـەم رادیـۆ کوردییەمان سووتان و لەناوچوون.. پێویستە سەرلەنوێ ئەم ئیزگەیە دابمەزرێنرێتەوە.
مامۆستا رەمزی لە ساڵی (١٩٥٨) دا، لە ئیزگەی کوردی رادیۆی بەغـدا، بارنامەیەکی بۆ منـداڵان ئامادە و پێـشکـەش دەکـرد.. بەرنامـەکەی بـە نـاوی (باخچـەی منـداڵان) یا (بەهەشتی منداڵان) بوو، نایەتەوە یادم کە کام ناویان بوو، بە زۆری بۆ ئەوە دەچـم کە (باخچـەی منـداڵان) بوو. ئەم بەرنامەیە سەر لە بەیـانی رۆژانی هـەینی بۆ مـاوەی نیـو کاتژمێر، بابەتە هەمەڕەنگەکانی بڵاودەکردەوە. مامۆستا رەمزی بە کوردییەکی رەوان و پەتـی و ئاسـانی نـزیـک لـە زمـانی منـداڵانـەوە بەرنـامـەکـەی دادەڕشـت و بـە بـابـەتـی بەسـوودی هەمەچـەشـنە دەیـڕازانـدەوە، بـە زمـانێکی شـیـریـن و بەچـێژێکی خۆشـەوە پێشکەشی دەکـرد.. دەستپـێکی بەرنـامـەکەشی بـەم سـروودە خـۆشـەی منـداڵان بـوو:

ئێـــمە مـنـداڵـیـن جـوانـیـن ……… ئــاواتـی نـیـشـــتـمـانـیـن
کـامـەرانـیـن، شـادمـانـیـن ………. کە نەوەی کـوردستانـیـن

  • * * * * * * * * * *
    رۆڵـەی خـاکـی پـیــرۆزیـن ………. بۆيـە هـێـندە بەسـۆزیـن
    شـەو و رۆژ تێـدەکـۆشـیـن ……….. بۆ وڵات بە پەرۆشـیـن
    لە دوای کۆچکردنی مامۆستای بەهەشـتی رەمـزی قـەزاز، مامۆستا (نـەژاد شەوقی) لە ساڵانی حەفـتاکاندا، هەر لەسەر رێبازەکەی مامۆستا رەمزی قـەزازی نەمر، درێـژەی بە ئامـادەکـردن و پێشکەشکـردنی بەرنـامـەی (باخـچـەی منـداڵان) دا، ئـەمیـش بـە جـوانی دەیـڕازانـدەوە و بە سەرکـەوتـوویی پێـشکەشی دەکـرد.
    لە دوای رێکەوتنامەی (١١)ی ئاداری ساڵی (١٩٧٠) مامۆسـتا رەمـزی قـەزاز کـرایە سەرنووسـەری گـۆڤـاری (بـرایـەتی) کـە لـە سلـێـمانی دەردەکـرا، دوایـیش کـردیـان بە بەڕێـوەبەری رۆشنبـیری کوردی لە بەغـدا. لەو ماوەیەدا بەردەوام هاتـووچۆی ئیزگەی رادیـۆی کـوردی لە بەغـدا دەکـرد. تا ئـەو کاتـەی کـۆچی دوایـی کـرد.. گـیانی پاکـیان لە دامێـنی گـردی سەیـوان لە شـاری سلـێمانی بە خاکـیـان سـپارد.
    مـن (نووسـەر) لە ساڵی (١٩٥٨) دا، نـۆ ساڵان بـووم، یەکـێک بـووم لە گوێگـرەکـان و لـە هـەوادارانـی بەرنـامـەی (بـاخـچـەی مـنـداڵان) ی مامـۆسـتا رەمـزی قـەزاز، هەمـوو بەیانیانێکی رۆژانی هەینی بە دیاری رادیۆکەمانەوە دادەنیشتم و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێشکەشکـردنی ئەم بەرنامـەیەم دەکـرد.. جارێکـیشـیان بـووم بە خـەڵاتـگـری (مـەتـەڵی هـەفـتە)ی بەرنامەکە. ئەمەش زیاتـر بەرنامەکەی لە دڵمـدا شـیرین کـرد.. هـەر لە رێـی ئەم بەرنامەیەوە، هۆگـری ئـەدەب و راگەیانـدنی منداڵان بووم.. منـیش وەکوو مامـۆستا رەمزی قەزاز (زۆر خۆم لەو بە پایە بچووکـتر دەزانـم) سي ساڵ مامۆستا بووم و بەپێی توانام لە بواری پەروەردە و فـێرکردن و هـاندانی منداڵانی کوردمان بۆ هـاوبەستەبـوون بۆ کوردستانی نیشتمانمانی پیرۆزمان درێغـيم نەکـرد و خـزمـەتی منـداڵانی کـوردم کـرد.

لە ساڵی (١٩٨٤ـ١٩٩٤) بۆ ماوەی دە ساڵی تەواو، بۆ کەنـاڵی تەلەفـزیۆنی کـوردی لە کەرکووک بەرنامەیەکی هەفتانەم بۆ منداڵان ئامادەدەکرد بە ناوی (جیهانی منداڵان)ەوە، قـوتـابییە چاوگەشەکـانم پێشکەشیان دەکـرد.. ئەم بەرنامـەیە نیـو کاتـژمێر بوو، سەر لە بەیـانی رۆژانی هەیـنی پێشـکەش دەکـرا.. بە هەمـان سـروود (ئێمە منـداڵـین جـوانـین) دەسـتی پێـدەکـرد و هـەر بە هەمـان ســروود کۆتـاییمان بە بەرنامـەی جـیهانی منـداڵان دەهـێـنا.. بینەرێـکی زۆری منـداڵانی کوردمـان لە هەمـوو کوردسـتانـدا هەبـوو.
مامۆستایەکی هـاوڕێـم کە مامۆسـتا (نەژاد شـەوقی) وانەی پێوتبوونەوە، وتی رۆژێک ماوسـتا نـەژاد شـەوقی باسی تـۆی کـرد و وتـی:”ئـەو رەزا شوان ەی کـە گـوێگـرێکی بەرنامـەی منـداڵانی مامۆسـتا رەمـزی قـەزاز بـوو.. بـەڵام لە ئێـستادا خـۆی بەرنـامەی جـیهانی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنی کەرکوکـدا ئامـادە دەکـات”
من تا ئەمـڕۆ و تا هەتـایە، خۆم بە قەرزاری مامۆستا رەمزی قەزاز دەزانم، چـونکە لە رێی بەرنامـەکەی ئـەوەوە.. هـۆگـر و ئاشـنای ئەدەبیـات و راگـەیـانـدنی منـداڵانی کـورد بـووم، تـا ئەمـڕۆش کـۆڵـم نـەداوە و لـەم بـوارەدا درێـژە بەم خـزمـەتـە پیـرۆزە دەدەم.
وەکوو پێزانین و ئەمکـدارییەک، ئەم نووسینەشم بۆ پێناسینی مامۆستا رەمزی قەزاز و رۆڵی لە بواری میدیـا و خزمەتکردنی ئەدەبی منـداڵانی کوردا هــێنایەوە یاد، هەمیشەش مانـدووبـوونی بـەرز دەنـرخـێـنم، ئەمـەش کەمتریـن شـتە لە ئاسـتی شکۆداری مامۆستا رەمزی قەزازی نەمـردا. مەبەستیشم لە ناوهـێنانی خۆم، وەفـاداری و قەرزاریمە بۆ ئەم مامۆسـتا نەمـرە.. لـەوەوە فـێربـووم کە خـزمـەتی مـنـداڵانی کوردسـتان بکـەم.
شایـەنی باسیشە، کە مامۆستا رەمـزی قـەزاز یەکەمـین کەسـە کە بەرنامەی بۆ منداڵانی کوردمان لە رادیـۆدا ئامـادە و پێـشکەش کـرد.. بەرنامەکەشی درێژترین تەمەنی هەبوو.
هـەزاران رەحـمەت بۆ رووحی مامۆسـتا رەمـزی قـەزاز.. جوانـترین چەپـکە گوڵـیش بۆ سەر گـۆڕە پیـرۆزەکـەی بێـت.

——————————–
(*) بێجگە لە بیـرەوەرییەکانی خۆم دەربارەی مامۆسـتا رەمـزی قـەزاز.. تا رادەیەکـیش سـوودم لـەم سەچاوەیە وەرگـرتـووە. (عەلی مەردان .. بیرەوەری گەڵای پایـز.. ئامادەکـردنی : عەبدولقادر عەلی مـەردان.. رێکخـستن و لێکـۆڵـینەوە : ئەحـمەـد سـەید عـەلی بەرزنـجی.. هـەولـێر: ٢٠٠٨ )
رەزا شـوان
نەرویـج : ٢٠١٩




ئه‌و هۆكاره‌ نهێنیه‌ی وه‌زعی كه‌ركوكی گۆڕی و كه‌س باسی ناكات؟ … عیماد عه‌لی

تا ئێستا ئه‌وه‌ی گوێم لێبووه‌ باس له‌ هۆكارگه‌ڵێك له‌ باره‌ی ئاڵۆزبون و داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌كریت و‌ زۆركلاسیكیانه‌ و به‌ دوور له‌ كرده‌وه‌ و پیلانگێریه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر باس و لێكۆڵێنه‌وه‌ و خۆیان له‌قه‌ره‌ی ژێربه‌ڕه‌كه‌ ناده‌ن . ئه‌وه‌تا تاوه‌كو ئه‌مرۆ به‌ بێ ده‌رخستن و ته‌نانه‌ت ئاماژه‌دانیش باس له‌ ئه‌جێندای ناوچه‌یی و جیبه‌جێكردنی ستراتیجی وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له‌ عیراق و، ئه‌جێندا و پیلانگێریه‌كانی پێكهاته‌ و هێزه‌ نێوخۆییه‌كانی عیراق و كه‌ركوك و، ململانێی شۆفینیانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق و شاره‌كه‌ و، نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی و به‌رژه‌وه‌ندخوازی حزبیی ته‌سكی زلهێزه‌كانی كوردستان و ناكۆكیه‌كان و گوێنه‌دان به‌ دوارۆژی شاره‌كه‌ و گرنگیدانیان به‌ دزی و جه‌رده‌یی و ئه‌ودیوكردنی نه‌وت ده‌ركێت نه‌ك ئه‌و هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌ی كه‌ ئه‌م ئه‌جێندانه‌ لێكه‌وته‌ی ئه‌و بن و هۆكاری لاوه‌كی بن له‌ چاو ئه‌و ره‌فتاره‌ پێلانگیریه‌ گه‌ورانه‌ی ده‌كرێن.
هۆكارێكی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی به‌ڵكو تاكه‌ هۆكارێك كه‌ به‌ بۆته‌ فاكته‌ری ده‌ردانی ئه‌و پیلانگیریه‌ بچوكانه‌، ره‌فتاری وڵاتانی حیهانیه‌ له‌مه‌ر كه‌ركوك و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی و چاوتێبرێنیانه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و شاره‌ له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌ تایبه‌تی به‌ریتانیا كه‌ نه‌وتی كره‌كوك به‌ موڵكی تایبه‌تی خۆی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و هه‌موو توانا موخاابه‌راتی و فێل و پیلانگێڕیه‌كانی خستۆته‌ گه‌ر بۆ شڵه‌ژانو شڵوقاندنی بارودۆخی كه‌ركوك و وه‌زعی سیاسی و ئابووری ئه‌م شاره‌ له‌ پیاو زاڵبون به‌سه‌ریدا و هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زعی ئابووری و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌پێشمه‌رجی ره‌زامه‌ندی و بریار و پلانی ئه‌و وه‌كو ساڵانی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتی پێش خۆماڵێكردنی، له‌و باره‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵیك كۆمپانیا هه‌موو توانای خۆیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان كردووه‌ كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر وه‌زعی سیاسی و ئابووری عیراق و شاری كه‌ركوكیش بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێمنی ئه‌جێندای گه‌وره‌ و تایبه‌تی خۆیان به‌ كرده‌وه‌ی مومخابه‌راتیانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن له‌ پای بێده‌نگی و مه‌شغول بوونی سیاسه‌تمه‌دار و خه‌ڵكی عیراق و كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌ سیاسیه‌كه‌ی، ره‌فتاره‌كانی كۆمپانیانی برتیش پترۆلیۆم گه‌واهیده‌ری ئه‌م پیلانه‌ ترسناكه‌ن كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كڕیت ئه‌م كۆمپانیایه‌ یه‌كێك له‌ هانده‌رانی عه‌بادیش بووه‌ بۆ هه‌نگاونانی داگیركردنی ئه‌م شاره‌ به‌ سوپای عیراق له‌ پاش ریفراندۆم .

بێگومان له‌ پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر كۆمپانیای برتش پترۆلیۆم گرنگی تایبه‌تی به‌ نه‌وت و وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی كه‌ له‌ به‌سره‌دا بوو و به‌ خۆی قۆرخی ئه‌و كاره‌ی كردبوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هێزی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌ما و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان لاواز بوون و له‌دووره‌وه‌ ته‌ماشای كاری وبه‌رهێنانی ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت وه‌كو سواڵێك یان به‌ دزی و جه‌رده‌یی به‌قه‌د به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی له‌نه‌وتی كه‌ركوك ده‌به‌ن و ئه‌وه‌ی رۆڵی ستراتیجی و هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌بینێت و قورسایی خۆی له‌و باره‌وه‌ له‌ به‌سره‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك كۆمپانیای برتش پترۆلیۆمه،‌ كه‌ هه‌مووان ده‌زانن ئه‌م كۆمپانیانه‌ دارێژه‌ر و هانده‌ری سیاسه‌تی وڵاتانی خۆیانه‌ و له‌وباره‌وه‌ پلانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ و حكومه‌ته‌كه‌یان به‌وپێێه‌ ره‌فتار ده‌كات. به‌ڵێ هۆكاری سه‌ره‌كی گۆڕێنی وه‌زعی كه‌ركوك و مانه‌وه‌ی به‌وشێوه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی هۆكاره‌ بچوكه‌كانی تر بێت سیاسه‌تی نهێنی و به‌خشكه‌یی جێبه‌حێ كردنی ئه‌جێندای ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌یه‌ و له‌ پێش هه‌موویان برتش پترۆلیۆم كه‌ ئه‌مرۆ زاڵه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ و كه‌س نه ‌له‌نزیك و نه‌ له‌دووریشه‌وه‌ باسی ناكات و خۆی له‌قه‌ره‌ی نه‌دات، به‌ڵێ سیاسه‌تی فێڵبازانه‌ی كۆڵۆنیالیانه‌ی به‌ریتانیانه‌ كه‌ له‌ كاتی خۆی به‌ زه‌بری هێز و داگیكردن و كاری كۆڵۆنیالی بوو ئه‌مرۆ له‌ رێگه‌ی كۆمپانیاكانیه‌وه‌ ده‌یكات.

ئێستا زه‌مان و ده‌ورانی كاری كۆڵؤنیالیانه‌ی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مانه‌ ده‌گێرێته‌وه‌ و، بۆ وه‌زعی كه‌ركوكیش؛ خه‌ڵك به‌ هۆكاره‌ لاوه‌كیه‌كیان سه‌رقاڵ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ هۆكاره‌ تایبه‌تی و سه‌ره‌كیه‌كه‌ی گۆڕینی بارودۆخی كه‌ركوك و ئاڵۆزبونی به‌دوور بگرن و باس نه‌كه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هیچ رۆڵێكیان نیه‌ له‌مه‌دا، به‌ڵام تا وه‌زعی عیراق و كه‌ركوك به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌مووان ئه‌وكۆمپانیانه‌ و وڵاته‌كه‌یان قازانج ده‌كه‌ن و زیانه‌ گه‌وره‌كه‌ش به‌ر خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و پرسه‌ گه‌وره‌ سیاسیه‌ مێژووییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت.

بۆیه‌ وه‌ك پێشتر غاندی و نه‌هرۆ و خه‌ڵكانی شۆرشگێری زۆر باسیان له‌ ئینگلیز ده‌كرد كه‌ سیاسه‌تیان كوشتنی به‌رامبه‌ره‌كه‌یانه‌ و له‌ گه‌ڵ جه‌نازه‌كه‌یشیدا ماته‌م ده‌گێرن، ئه‌وه‌تا ئه‌مرۆش به‌ نهێنی كاری خۆیان ده‌كه‌ن و خه‌ڵك باس له‌ هۆكاره‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌كات و نه‌كه‌س ده‌زانێت رۆڵی كۆمپانیا برتش پترۆلیۆم چی بووه‌ له‌ گوڕانكاریه‌كان و نه‌ كه‌س باسی سیاسه‌تی ئینگلیزیش ده‌كات كه‌ رێوی ئاسا گۆشته‌كه‌ ده‌خوات و خاوه‌نه‌كه‌یشی به‌ پارچه‌ ئێسكێك ده‌خه‌ڵه‌تێنێت.




له‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بۆ داگیركردنی كوردستان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

                                                  

گه‌لی كوردستان  دووجار پرۆسه‌ی ریفراندۆمی وه‌ك مافێكی سه‌ره‌تایی
به‌رێوه‌بردووه‌ و ئه‌نجامه‌كانی جێی خۆشی و شادی بوون و، له‌ پاش ئه‌و پرۆسه‌یه‌
زوربه‌ی هاوڵاتیان دڵخۆش بوون بەوەی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان موژدەیەکی
گرنگ و خۆش به گه‌لی كوردستان  ئەبەخشێ و
هه‌ر هه‌مووچاویان بریبووە  دەمی بەرپرسە
گەورەکانی کوردستان و بە ئاوات بوون بێنەگۆ و موژدەکە  كه‌ سه‌ربه‌خۆییه  ‌جاڕ بده‌ن.

بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆێی  له‌
ساڵی  2012  له‌ لای به‌رپرسانی كوردستان  به‌ گه‌رمی تاوتۆێ ئه‌كراو، به‌ نیاز بوون له‌
نه‌ورۆزی هه‌مان ساڵدا سه‌ربه‌خؤیی كه‌ ئاواتی 
گه‌لی كوردستان و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ رابگه‌یێنن و،   وەلێ
بەڵێنی بەرپرسە گەورەکانی کوردستان تەنھا سۆزو قسەی مفت بوون  و، ئاواته‌كه‌ نه‌هاته‌دی و، به‌رپرسان به‌ كوردی
 په‌تی توشی دڵه‌راوكێ و ترس بوون و،
دیسانه‌وه‌ هێڵه‌ سووره‌كانیان كاڵ بوونه‌وه‌ و،  داخوازییە رەواکانی گەلی کوردستان جارێکی تریش
پشتگوێ  خران.

جێی نێگه‌رانییه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ گه‌رمی باسی
ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆێ كوردستانیان  كرد،
له‌مرۆدا ئه‌و باسیان له‌ بیرچووه‌ته‌وه‌ و، ده‌ستیانكردووه‌  به گه‌مه‌یه‌كی گڵاوودێزو، له‌ باتی سه‌ربه‌خۆێی
كوردستان گڵۆبی سه‌وزیان بۆ توركیا هه‌ڵكردووه‌ به‌ ئاسانی كوردستان داگیر بكات و،
ئه‌وه‌تا  ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان  سه‌رۆك كۆماری توركیا  له‌ پاش داگیركردنی خواكورك  به خۆشحاڵی و به‌ ناوی خواو بیسمللا ئه‌ڵێت :  سوپای
تورکیا ئۆپه‌راسیۆنی ( چنگ ٢) ی له‌ هه‌رێمی كوردستان دژی  پارتی كرێكارانی كوردستان( په‌كه‌كه‌) ده‌ستپێكردووه.

پێشتر داواكراو وترا :باشتر وایە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پێش
راگەیاندنی  ریفراندۆم  داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن  بنکە سەربازییەکانی  و، ھێزە چەکدارەکانی لە ناو خاکی ھەرێمی
کوردستاندا هه‌ڵگرێت و بەرەو تورکیا بیانباتەوە، چونکە مانەوەی ئەو بنکانە
مەترسیدارەو ئامادەکاریە بۆ شەرێکی گڵاوو دژوار لە دژی گەلی کوردستان و، له‌
ئێستادا توركیا به‌ ئاسانی جاده‌و رێگاوبان به‌ره‌و قوڵایی خاكی كوردستان قیرتاو
ئه‌كات و، خوێ بۆ شه‌ره‌ گڵاوه‌كه‌ ئاماده‌ 
ئه‌كات.

له‌ پاش رووداوه‌كه‌ی هه‌ولێرو كوژرانی  كابرایه‌كی تورك ئه‌ڵێن : سیخور بووه‌ و،
ئاسایش  رۆژ له‌ دوای رۆژ هاوڵاتییه‌ك ئه‌گرێت
و، ئه‌یخاته‌ سه‌ر ژماره‌ی 
هاوڵاتیانی  زیندانی كراو، بۆ ئه‌وه‌ی
ژماره‌كه‌ زۆرتر بێت.

بۆ كوشتنی سیخورێك وله‌ به‌ر خاتری توركیای داگیركه‌ر ئاسایش
چالاكانه‌ كار ئه‌كات و، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌: كوا بكوژانی سورانی مامه‌ حه‌مه‌،  بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان، بكوژانی كاوه‌ گه‌رمیانی،
بكوژانی وداد حوسه‌ێن و عه‌بدولسه‌تار شه‌ریف و، ئه‌وانی تر كه‌ تا هنوكه‌ بێ سه‌روشوێنن؟.
ئه‌ی بۆ ئاسایش ئه‌و بكوژانه‌ ناگرێت؟ دیاره‌ خوێنی سیخورێك له‌ خوێنی شه‌هیدانی
قه‌ڵه‌م و، خوێنی هاوڵاتیانی كوردستان گرانتره‌.

‌.كوشتنی سیخوره‌ توركه‌كه‌ له‌م كاته‌دا  سیناریۆیه‌كی توكمه‌یه‌ و، خه‌ڵك توركیا
تاوانبار ئه‌كات و، به‌ پاساوی ئه‌و كوشتنه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردستان كار
ئاسانی زیاتر بۆ توركیا ئه‌كرێت.

له‌ 26/4/2012  له‌
نووسینیكدا به‌ ناونیشانی  { کوردستان لە چنگی عروبەوە بۆ گەرووی ئەتاتورک}  نووسیومه‌ : بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی
کوردستان. نەء، نەخێر، نا
بۆ کوردستانی سەر بە تورکیا، به‌ڵام جێیداخه‌ 
ئێستاكه‌ توركیا سه‌ربه‌ستانه‌ وبێباك خاكی زیاتر ئه‌خاته‌ ژێر
ركێفی خوێ و، هیچ كه‌س له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان نقه‌یان  لیوه‌ نایه‌ت  و هه‌ر هه‌موو بێده‌نگن.

توركیا  ( 50) ساڵ نه‌وتی
كوردستان ببات و، كه‌س چاوی به‌ دینارێك نه‌كه‌وێت، دیاره‌ ئه‌و خاوه‌ن ماڵه‌ و،
بكوژو به‌بره‌ و، بۆیه‌ ھەرلە ئێستاوە و، له‌ پێناو پیرۆزی خاكی كوردستان ، ئەبێ گەڵی کوردستان
خۆی ئامادە بکات بۆ شەر لە گەڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوگانی كه‌لله‌پوچ و رژێمی
توركیای ره‌گه‌زپه‌رست.

29/7/2019




پەنجەرەی خۆنەویستیی … فەتاح حەسەن

ھاژەی ڕوبار
پانتایی دەریا
ھێمنیی زەریا
خۆشەویستیی منە بۆ تۆ .
تریفەی مانگ
جریوەی ئەستێرە
گەرمیی خۆر
خۆشەویستیی منە بۆ تۆ .
تۆوی ڕوەك،
ڕەگ و قەد و
گەڵاو گوڵی
خۆشەویستیی منە بۆ تۆ .
ھەستی بینین
بۆن، بیستن،
چەشتن، بەرکەوتن
ھەستی شەشەم
خۆشەویستیی منە بۆ تۆ .
كتێبی پیرۆزی
زەردەشت ،
موسا
عیسا ،
موحەمەد
خۆشەویستیی منە بۆ تۆ .
سازگاریی ئاو
ساماڵیی ئاسمان
بەرداریی ڕوەك
دینی حەق
چوارچێوەی پەنجەرەی
خۆنەویستیی منە بۆ تۆ.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ڤالبی
2019

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ڤالبی
2019




چـیرۆک بۆ منـداڵان .. شـادی و پێـنووس.. نووسینی : رەزا شـوان

ئەمساڵ شادی لە پۆلی چـوارەمی قوتابخـانەی بنەڕەتـیدا بـوو، کە لە تاقـیکردنەوەکـانی نیـوەی ساڵ بە دووەمی پۆلەکەی دەرچوو، باوک و دایکی پیرۆزباییان لێکرد. هەر بەم بۆنـەیـەوە بـاوکی پێـنووسێکی جـوانی مەرەکـەب وشـکی بـۆ کـڕی و پێشکـەشی کـرد.
شادی ئەم دیارییەی بـاوکی زۆر لە دڵ شـیرین بوو.. تا ئـەو رادەیـەی کە پێـنووسەکەی بە هـاوڕێیـەکی جـوانی خـۆی دەزانـی.. بەیـانیت بـاش و ئێـوارەت بـاش و شـەو شـادی لە پێـنووسەکـەی دەکـرد.
شـادی بەیانییەک وەکـوو رۆژانی تـر، بەیانیـت بـاشی لە پێنووسەکـەی کـرد و گـرتی بە دەستییەوە، لەسەر دیوار و دەرگای ژوورەکەیدا چەند وشەیەکی نووسی.. پێنووسەکەی ئاگاداری کردەوە کە ئەمە کارێکی هەڵە و ناشیرینە. بەڵام شادی گوێی بە ئاگادارییەکەی پێـنووسەکەی نـەدا.
شادی چـوو بۆ قوتابخانە.. کە دایـکی چـاوی بەو نووسیـنانە کـەوت، تـووڕە بـوو، تا بە کەفـاو و ئـاو سـڕینییەوە، هـیلاک بـوو.. هـەڕەشـەی کـرد و وتی: گـەر شادی ئەم کـارە ناشـیـرینەی دووبـارە بکـاتـەوە، پێـنووسەکەی فـڕێـدەدەمە نـاو سەبـەتـەی خاشـاکەوە.
پێـنووسەکە لە دڵ خۆیـەوە وتی: جا گونـاهی مـن چـیـیە؟ ئـەو بە قـسـەی مـنی نەکـرد.
کە شادی لە قوتابخانە گەڕایەوە، رۆژ باشی لە پێـنووسەکەی کـرد.. بەڵام پێنووسەکەی بـەم شـێـوازە وەڵامـی دایـەوە: رۆژم بـاش نیـیە!
شـادی: بـۆ هـیچ بـووە..؟ بـۆ پەسـت و کـزۆڵـە دیـاری؟
پێـنووسەکە: ئەم پـرسـیارە لە خـۆت بکـە.

شـادی: تێـناگـەم .. مـن چـیـم کـردووە؟

پێـنووسەکە: کەتنەکـەت کـردووە و خـۆت بێ ئاگـادەکـەیـت.. ئـەی بەیـانی پێـم نـەوتی.. لەسـەر دیـوار و دەرگـای ژوورەکـەت مەنـووسە.. گـوێـت لـێـنەگـرتـم.. بـە هــۆی ئـەم کـارە ناشـیرینەی تـۆوە، دایکـت هـەڕەشـەی لـێکـردم کـە فـڕێـم بـدات.
کە شـادی هـۆی پەسـتی پێنووسـەکەی زانـی، هـەسـتی بە هـەڵـەکـەی کـرد و زانـی کە کارێکی ناپەسەنـد و ناشـیرینی کـردووە.. شـەرم دایگـرت و پەشـیمانی خـۆی دەربـڕی.
شادی: ببوورە هـاوڕێی جوان و خۆشەویستم. دان بەوەدا دەنێم کە کارێکی هەڵەم کرد.
پێـنووسەکە: بـڕۆ داوای لـێـبووردن و بەخـشـین لە دایـکـت بـکە.
شادی: دایکە گـیان، لێم ببوورە کە ئەمڕۆ ماندووم کـردی. بەڵـێن بێت کە ئەمە یەکەمین و دوایـەمین کاری ناشـیرینم دەبێـت.. هەرگـیز کـاری ناشـیرینی وا دووبـارە ناکـەمـەوە، لەسەر دیـوار و دەرگـای مـاڵ و قـوتابخانە و هـیچ شوێنـێکی تر، هیچ شتێک نانووسم.
دایکی: لـێت دەبـوورم.. هـیوادارم کە هەردەم کـاری جـوان و پەسەنـدت لـێبوەشـێتەوە.
دڵنـیاشبە کە پێـنووسەکەت فـڕێنـادەم، لەوکـاتـەدا تـووڕەبـووم، بـۆیـە ئەو قسەیەم کرد.




ئاراسته‌كانی ره‌خنه‌ی شانۆیی …. حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

                                     

به‌ درێژایی ته‌مه‌نم له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ره‌خنه‌ نووسین دا، قه‌ت به‌ بیرم نایێ‌ بۆ هیچ كارێكی هونه‌ریی، پێش وه‌خته‌ هیچ بڕیارێكم له‌گه‌ڵ خۆم دا هه‌بێ‌، یا پرسم به‌ هیچ بنیاده‌مێكی خوا كردبێ‌ بۆ نووسین یان نه‌ نووسین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ خۆی بووه‌ هه‌میشه‌ بڕیاری پێ‌ به‌خشیووم.
له‌سه‌ر هیچ به‌رهه‌مێك، بیرم له‌ دووری و نزیكی هیچ له‌وانه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خوێنمه‌وه‌، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیشم به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌، مادام له‌وه‌ دڵنیا بوومه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم له‌ نیه‌تێكی پاكو بێگه‌ردو له‌ دیدێكی تایبت و ئازادی خۆمه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات ..

به‌ ده‌ست من نه‌بووه‌، هه‌ندێ‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌ك تیر له‌ زاكیره‌م چه‌قیوون، وه‌ك زریان رایان ماڵیوم، له‌ تاریكی نیوه‌شه‌ودا، وێنه‌و سینۆگرافیاو دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كانیان، ئۆقره‌یان لێ‌ هه‌ڵگرتووم، وه‌ك تاشه‌ به‌رد له‌ كه‌له‌كه‌م چه‌قیوون، تا به‌یانی هه‌رگێڕو وه‌رگێڕیان پێ‌ كردووم، وه‌ك خوێن به‌ ناخما گوزه‌ریان كردووه‌، ناچاری ئه‌وه‌یان كردووم، له‌ژێر پێخه‌فه‌كه‌ ده‌ربێم و به‌ دوای چرایه‌ك، چه‌ند په‌ڕه‌ كاغه‌زێك، قه‌ڵه‌مێكی ون بوودا بگه‌ڕێم و بیاننوسمه‌وه‌، ئه‌و كات به‌ ئارامی خه‌و چۆته‌ چاوانم.
به‌رهه‌می واش هه‌بووه‌، هۆڵێكی گه‌وره‌ی شانۆییان لێ‌ كردووم زیندانێكی ته‌سك و تریسك، وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌ك كه‌ له‌تاو به‌ دیل گرتنی، رۆحی به‌ دارو دیواردا بدا، به‌دوای كڵافه‌یه‌ك، ده‌رگایه‌ك، په‌نجه‌ره‌یه‌ك دا بگه‌ڕێم بۆ هه‌ناسه‌ دان.
كه‌ هاتوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ش، ئۆخه‌یه‌كم له‌ ناخمدا هه‌ڵكێشاوه‌.. ئه‌وسا زانیوومه‌ ئازادی چه‌ند خۆشه‌.
كاتێ‌ ئاوێزانی سیحری نمایشێكی شانۆیی ده‌بم و ده‌كه‌ومه‌ ژێر كاریگه‌رییه‌ ده‌روونی و ستاتیكیه‌كانی، ره‌نگه‌ تا ده‌مێكی دوور زمانم سڕ بێ‌ و نه‌توانم قسه‌یه‌ك بكه‌م، باس له‌و سڕ بوونه‌ رۆحیه‌ بكه‌م، كه‌ به‌ ئاسانی به‌رم نادات ..دواتر كه‌ ئه‌و تۆزو گه‌رده‌ كاریگه‌رانه‌ی سه‌ر ده‌روونم هه‌ڵنیشتنه‌وه‌، له‌ژێر سۆزه‌ كاتیه‌كاندا ده‌رچووم، ئه‌وسا ده‌توانم روونتر نمایشه‌كان له‌زاكیره‌مدا بگێڕمه‌وه‌، لۆژیكیانه‌ تر بیانخوێنمه‌وه‌..بۆیه‌ پێم وابووه‌ كارێكی زۆر نالۆژیكییه‌ كه‌ رێك دوای كۆتایی هاتنی نمایش و له‌ژێر هه‌موو ئه‌و ده‌رهاوێشته‌و كاریگه‌رییه‌ سیحراویانه‌ی شانۆ، بتوانیت راسته‌وخۆ به‌لۆژیك قسه‌ له‌ نمایشێكی شانۆیی بكه‌یت و مافی خۆی بده‌یتێ‌ .

هه‌میشه‌ ته‌مه‌نی نمایش له‌ هزرو ناخی بینه‌ردا سنوورێكی دیاری كراوی نیه‌، نمایشی وا هه‌یه‌ به‌ ساڵان له‌ زاكیره‌ی بینه‌ردا به‌ زینددوویه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و زاكیره‌یه‌دا چێژێكی نوێت پێ‌ ده‌به‌خشیت، هه‌شه‌ ته‌مه‌نی مانه‌وه‌ی له‌هزری تۆدا ته‌نیا سنووری ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌یه‌..له‌وێوه‌ به‌ بیرت دا نایێ‌ بزانیت ئه‌وه‌ی تۆ بینیت چی بوو؟ چونكه‌ نمایشه‌كه‌ نه‌یتوانی شوێنه‌وارێك له‌رۆحی تۆدا به‌ جێ‌ بێڵێ‌ به‌هاكه‌ی بای ئه‌و چه‌ند خوله‌كانه‌ بێت كه‌ تۆ به‌و نمایشه‌ت به‌خشی.

هه‌ر بینه‌رێك كه‌روو له‌هۆڵێكی شانۆیی ده‌كات، هه‌ر نازناوێك هه‌ڵگرێت، بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ شانۆ، چێژ له‌ نمایش وه‌ربگرێت، پێداویستیه‌ رۆحی و هزری و ده‌روونییه‌كانی خۆی له‌ شانۆوه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌رنا خوێندنه‌وه‌ی نمایش، یا ره‌خنه‌گرتن ناچێته‌ قالبی پرۆسه‌یه‌كی زۆره‌ ملێیی، كه‌ تۆ مادام له‌ نمایشێكدا ئاماده‌ بوویت، ده‌بێت بنووسیت، زۆر جاران جه‌خت له‌خۆ كردن بۆ نووسین له‌ په‌نای كۆمه‌ڵێ‌ پاساوی نالۆژیكی، زه‌ره‌رو زیان به‌ كرده‌ی ره‌خنه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت و ئاستی توانستی ره‌خنه‌گره‌كه‌ داده‌به‌زێنێ‌ و متمانه‌ی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ تایبه‌ت ئه‌و نمایشه‌ لاوازانه‌ی شایه‌سته‌ی قسه‌ له‌سه‌ر كردن نین و هه‌موو بینه‌رێك به‌ ئاسانی توانای خوێدنه‌وه‌یانی هه‌یه‌و ئه‌و به‌ها هونه‌رییه‌ گران به‌هایانه‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵناگرن كه‌ شایه‌سته‌ی ئه‌وه‌ بێت ره‌خنه‌گر بیانخوێنێته‌وه‌.

ره‌خنه‌گر وه‌ك هه‌ر شانۆكارێكی دیكه‌ له‌هه‌ر كارێك دا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ‌، ناتوانێت به‌ئاسانی متمانه‌ لای بینه‌ر دروست بكات، ئه‌گه‌ر بۆ كۆمه‌ڵێ‌ پرسی لاوه‌كی، نووسینه‌كانی خۆی خسته‌ بازاڕه‌وه‌، ئیدی هه‌ر ته‌كتیكێك له‌ نووسین دا به‌كار بێنێ‌، ئه‌وه‌ ناتوانێت فیڵ له‌ بۆچوونی بینه‌ر و قه‌ناعه‌تی بینه‌ر بكات، بینه‌ری هوشیار زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت باگ راوندی ئه‌و ته‌كتیكه‌ له‌ ژێر په‌رده‌وه‌ ببینێ‌ كه‌ ره‌خنه‌گر به‌كاری دێنێ‌ .

زۆری نووسین له‌پرۆسه‌ی ره‌خنه‌ی شانۆیی دا بۆ ژماره‌یه‌كی كه‌می به‌رهه‌می شانۆیی، نیشانه‌ی ره‌وتێكی خه‌ته‌رناكه‌ بۆ رشانه‌وه‌ی ره‌خنه‌، چونكه‌ ره‌خنه‌ ده‌رهاوێشته‌یه‌كی جۆریی به‌رهه‌می شانۆییه‌ نه‌ك بڕی شانۆیی.
له‌و كاته‌دا ره‌خنه‌ ناكه‌وێته‌ پێگه‌یه‌كی باڵاتر له‌ شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی بلًندتر له‌ خۆی راكێشێ‌، به‌ڵكو له‌ پێگه‌یه‌كی نزمتر له‌ شانۆ ده‌چه‌قێ‌ كه‌ نه‌توانێت بزاڤی شانۆیی ته‌كان پێ‌ بدا.
بۆیه‌ شوناسی پێشكه‌وتنی ره‌خنه‌ی شانۆیی له‌ ئاماده‌بوونی ره‌خنه‌ نیه‌ له‌ هه‌موو كارێكی شانۆیی دا، به‌ڵكو پاراستنی ره‌خنه‌یه‌ له‌ ئاست و وه‌زیفه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی و قودسیه‌تی ره‌خنه‌و رۆڵی كاریگه‌ری ره‌خنه‌ له‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی شانۆدا.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!…موری بۆکچین-١-

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!
By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی یەکەم:

لە ئێستادا هەموو بەرماوە خراپەکانی ساڵانی سییەکان وەکو قسەی گوواوی ” هێڵی یا ڕیزی چینایەتیی”، ” ڕۆڵی چینی کرێکاران” ، ” کادیرانی بە ئەزموون” ، ” پارتی پێشڕەو” هەروەها ” دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا”، سەریهەڵداوەتەو. هەموو ئەمانە چڕتر لە سەردەمی پێشتر و لە فۆرمێکی خراپ و ناتەندروستا هاتوونەتەوە ئاراوە. باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار (The Progressive Labor Party ) PLP ، بە تەنها نموونەیەك نییە لەم بوارەدا، بەڵکو خراپترینیانە. دەتوانرێت بۆنی هەمان گوو لە لقە جیاوازەکانی SDS ،سۆشیال دیمۆکرات و مارکسییەکان و یانە سۆشیالیستەکان لەناو بینای زانکۆکانا، بکرێت، ئەوە هەر باس لە گروپە ترۆتسکییەکان و یانەکانی سۆشیالیستی نێونەتەوەیی و گەنجانی دژ بە جەنگ وفاشیزم، هەر مەکە.

لانی کەم لە ساڵانی سییەکانا ، ئەو کاتەی کە ئەمەریکا بەهۆی قەیرانێکی گەورەی ئابوورییەوە کە قوڵترین و درێژترین قەیران بوو لە مێژوودا پەکیکەوتبوو [ئیفلیجبووبوو]، ئەم قسەو باسانە بەهەرحاڵ. ئەو کاتە تەنها هێزگەلێکی زیندوو کە لە گۆڕەپانەکەدا دەبینران و بەگژ دیوارەکانی کاپیتاڵیزمدا دەچوونەوە ڕێکخستنە گەورەکەی کۆمیتەی رێکخراوی کرێکارانی کارگە بوو، کە بەشێك بوون لە نێونەتەوەیی CIO کە مەیل و ئاڕاستەی جەنگاوەریی ڕادیکالیانەیان هەبوو.
ئەوان لە پشت مانگرتنە ئاشکرا و گەورەکانەوە بوون، لەگەڵ پۆلیسدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناویدا بوون. ژینگەی سیاسییانە لە سەراپای دونیادا بە هۆی پریشك و ڕۆشنایی وزەی جەنگی ئەهلی ئیسپانیاوە تینی تێزایەوە، کە دوا شۆڕشی کلاسیکیانەی کرێکاران بوو، کاتێك بوو کە هەر هەموو شانەیەکی ڕادیکال لە چەپە ئەمەریکییەکان دەتوانرا لە ڕێگای تابوورە میلیشیاکانی خۆیانەوە لە مەدرید و بەرشەلۆنە خۆیان ببیننەوە.

ئەوە 30 ساڵ پێش ئێستا بوو [ بوکچین ئەم تێزەی لە ساڵی1969 نوسیوە کە بەندێکە لە کتێبی Post Scarcity Anarchism – وەرگێڕ ] . ئەوەش ئەو کاتە بوو کە هەرکەس بیتوانیایە هاواری دەکرد ” سێکس بکە، نەك شەر بکە” ئەمەش ناوازە دەبینرا، بۆیە دواتر هاوارەکە گۆڕرا بۆ ” کار، ئیش ئافریندە بکە نەك شەڕ” هاواری سەردەمێك بوو کە بارگاوی بوو بە نەبوونی و شتکەمی. ئەمە لەکاتێكدا بوو کە بەدەستهێنانی سۆشیالیزم پێویستی بە ” قوربانیدان” و هەروەها ” قۆناخی گواستنەوە” بوو بۆ ئابوورییەك کە دەستەبەری زۆریی کەرەسە [مەتیریاڵە] پێداویستییەکانی بکردایە. بۆ منداڵێکی هەژدە ساڵان لە ساڵی 1937 دا [ بوکچین مەبەستی خۆیەتی کە لەو ساڵەدا تەمەنی 18 ساڵ بووە -وەرگێڕ] تێگەیشتنی یاخود چەمکی cybernation بۆ ئەو وەکو فەنتاسیایەکی زانستی کێویانە وابووە، فەنتاسیایەك بوو وەکو بە بەراورد بە گەشتکردن بۆ فەزا، بووە.

ئەو منداڵە هەژدە ساڵە ئێستا پێی ناوەتە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە، ڕەگەکانی لە سەردەمێکی دوور کە زۆر جیاوازە لەم واقیعەی ئێستای ئەمەریکا، داکوتاوە. خودی سەرمایەدارییش لەوکاتەوە گۆڕاوە، شێوازگەلێکی جیاوازی چەسپیوی زیاتری وای بەخۆوە گرتوە کە سی ساڵ لەمەوبەر پشبینکردنیان گرانبوو. کەچی ئێستا داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ” ڕیزی چینایەتی یا هێڵی چینایەتیی” و ” ستراتیجییەکان” و ” کادرەکان” و هەروەها شێوازێك لە ڕێکخستنی ئەو سەردەمە دوورە کە ئەمەش فەرامۆش کردن و خۆدزینەوە و خۆبەدوورگرتنە لە پرسە نوێیەکان و گریمانەکان، کە سەریان هەڵداوە.

بۆ خاتری …؟ باشە ئێمە کەی دەتوانینن بزوتنەوەیەك ئافریندە بکەین کە ئایندە ببینێت لەبری ڕابوردوو؟ کەی دەتوانین لەوەوە فێربین کە دێتە دونیاوە نەك لەوەوەی کە دەمرێت؟ لێرەدا دەکرێت ستایشی مارکس بکەین، کە ئەو هەوڵی دەدا لە ڕۆژی خۆیدا ئەوە بکات. ئەو لە بزوتنەوە شۆڕشگێرییەکەی سالانی 1840 و 1850 هەوڵی دا کە ڕۆحێتی ئایندەگەریی، ببزوێنێت. “ترادتسوێنی هەموو نەوە مردووەکان وەکو کابوسی خەو قورسایی خۆی لەسەر مێشکی زیندووەکان، داناوە ” [مارکس لە هەژدەی برۆمێر- لویس بۆناپارت ] ” وادەردەکەوێت کاتێك کە خۆیان سەرقاڵکردووە بە شۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانەوە لە خولقاندنی شتێکا کە بە تەواوی نوێیە، ڕێك ئا لەم سەردەمی قەیرانی شۆڕشگێڕییەدا ئەوان پەشۆکاوانە داوای ڕۆح و ئیلهامەکانی ڕابوردوو بۆ خزمەتکردنی خۆیان بە قەرزکردنی ناوەکانیان، دروشمی جەنگەکانیان و نەریتیان، دەکەن، تاکو نواندن و نمایشی نوێی مێژوی جیهان ئا لەم وەختە بەسەر چووەدا بەم زمانە موزەیەف و سەپێنراوە، پێشکەش بکەن. بەم شێوەیە Luther ماسکی Apostle Paul پۆشی و وێنە و کڵێشەی شۆڕشەکەی 1789 بۆ 1814 ئاڵان لە خۆیەوە جارێك وەکو کۆماری ڕۆمانەکان و جارێکیش وەکو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانەکان ، شۆڕشەکەی 1848 بۆ خۆی شتێکی باشتری لە ساتێرێک پێنەبوو، هەر ئاواش شۆڕشەکەی ساڵی 1789 و ترادیسۆنەکەی 1793 تاکو دەگاتە 1795…. شۆڕشی کۆمەڵایەتی چەرخی نۆزدە ناتوانێت وێنەی تابلۆکان لە ڕابوردوو بکێشێت، بەڵکو تەنها لە ئایندە دەتوانێت.

ناتوانێت دەستبەکاربێت پێشئەوەی پوچگەراییەکان کە پەیوەستن بە ڕابوردووە لەخۆی دانەماڵێت.. . شۆڕشی چەرخی نۆزدە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانج و ناوەرۆکی خۆی، دەبێت لێگەڕین مردووەکان، مردووەکان بنێژن. لەوێدا بڕگەکە جەوهەر و ناوەرۆكەکەی تیێپەڕان، بەڵام لێرەدا جەوهەر و ناوەرۆکەکە بڕگەکە تێدەپەڕێنێت.” 18ی برۆمێر- مارکس.
لە کاتێکدا کە بەرەو چەرخی بیستوویەك دەچین ئایا گرفت و کێشەکانی ئەمڕۆ جیاوازییەکیان هەیە لەتەك سەردەمی پێشوودا؟ جارێکی دیکەش مردووەکان دێنەوە نێوانمان و گاڵتەجاڕیانە ڕێدەکەن، خۆیان بە ناوی مارکسەوە دەناسێنن، ئەو پیاوەی کە ویستی مردووەکانی چەرخی نۆزدە بنێژێت. بەم جۆرە شۆرشی ئەمڕۆمان هیچی باشتری پێ ناکرێت جگە لە لاسایی کردنەوەی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەگەڵ جەنگی ئەهلی 1918 – 1920 بە یارمەتی و هاوکاریی ‘هێلی یا ڕیزی چینایەتی’ یەکەیەوە لەگەڵ ‘پارتە بۆلشەڤیکەکەی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاکەشییەوە. ئەمەش بە جەختکردنەوە لەسەر نەریتی ئیلتیزامی ئەخلاقیانە لەژێر دروشمی ‘دەستەڵاتی سۆڤیەت’ دا، بەڕێدەچێت.

تەواوکردنی هەموو لایەنەکانی شۆڕشی ڕۆژانێك کە تیایدا دەژین ، سەرەنجام دەتوانێت پرسە مێژووییەکەی ” پرسی کۆمەڵایەتی” کە زادە و لەدایکبووی سەرەدەمی نەبوونیی و کەمیی پێداویستییەکان و پاوانکردن و کۆمەڵی هیرراشیەتە/ قووچکەییە، لابەلابکاتەوە. ئەمەش بە دووکەوتنی ترادیسوێنی شۆڕشە بچوکە تەواونەبووەکان کە یەكلایەنانە بوون و لە ڕابووردوودا ڕوویانداوە و و ماونەتەوە بۆ ئێستا، کە تەنها شێوازی ” پرسی کۆمەڵایەتیی” سیستەمێك بە یەکێكی پاوانخوازی هیرراشی دیکە، گۆڕیوە. لە کاتێکدا کە خودی کۆمەڵی بورجوازیی لە پرۆسەی یەکاڵابوونەوەی [ هەڵوەشاندنەوەی] چینە کۆمەڵایەتییەکاندایە، ئیدی سەقامگیری بە خۆی داوە، ئێمە گوێمان لە داخوازییە بێفەڕە بەتاڵەکانی، وەکو ” ڕیزی یا هێڵی چینایەتی” دەبێت.

لە سەردەمێکدا کە سەراپای دەسگە سیاسییەکانی کۆمەڵی هیرراشی کە پێدەنێنە سەردەمێکی بۆگەنی قوڵەوە، ئا لەو کاتەدا ئێمە گوێبیستی داخوازییە بێکەڵکەکانی وەکو ” پارتێکی سیاسیی” و ” دەوڵەتێکی کرێکاریی” دەبین. لە کاتێکدا کە هیرراشییەت/ قوچکەیەت دەبنە جێگای پرسیار، گوێدێری داخوازی ” کادیران” و ” پێشڕەوان” و ” ڕابەران و سەرکردان” دەبین. لە کاتێكدا کە نێوەندگەرایی و دەوڵەت گەیونەتە حەدی خاڵی تەقینەوە لە مێژووی نەرێیانەیاندا، ئێمە گوێمان لە داخوازی توڕەهاتی: “بزوتنەوەیەکی نێوەندگەرایی” و ” دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دەبێت.

درێژەی هەیە…..




…دەسەڵاتی هەرێم چاکسازی هەڵناگرێت! عەبدوڵا مەحمود

سەرئەنجام کابینەی نۆهەمی حکومەتی!! هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ٩ مانگ پێکهات. چ لە کارنامە ئینشاییەکی سەرۆکی کابینەی نوێ، پێداگری لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی کراو، چ دەزگا ڕاگەیاندنەکان و کادر و بەرپرسانی حزبەکان و ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و قەڵەم پێدراو وەکو ماشێنێکی ئاراستەکراو باس لە چاکسازی و ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن. پەتای باسی چاکسازی و ئومێد بەستن بەوەی چاکسازی دەست پێدەکات و وەستانەوە بەرووی گەندەڵیدا مەیدانێکی گرنگی کاری حکومەت و کابینەی نوێیە، پانتایەکی گەورەی میدیایی تەنیووە.
باسی چاکسازی” یەک ڕیزی نیشتیمانی!!” پێکهێناوە. بۆتە دەستپێکی هەڵدانی چەترێک بۆ کۆکردنەوەی زوربەی لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە کابینەی نوێ و ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی حکومەت و دەرەوەی حکومەتی تازە.
دیارە ئەو هەموو باس و خواستە لەسەر پرسی گەندەڵی و ڕاچەنین بۆ دەستدانە چاکسازی، نیشانەی ئەوەیە گەندەڵی و لەڕاستیدا دزی و تاڵانی هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و گشت سێکتەرەکانی وەکو پەروەردو فێرکردن، تەندروستی، گەیاندن و گواستنەوە، میدیا و کاری رۆژنامەگەری، خزمەتگوزارییەکان، بازار، نەوت و غاز، زەوی وزار، دامەزراندن، بازرگانی، پیشەسازی، خاڵە سنورییەکان، کومرگ، کاری بەڵیندەرایەتی، کایەی سیاسی و حزبایەتی… گرتۆتەوەو بوارێک نەماوە دزی و تاڵانی و گەندەڵی وەکو زەروو نەچووبێتە گیانی.
هەموو ئەو دزی و تاڵانی و گەندەڵیەش لەهەموو بوارەکاندا، لەلایەن بەرپرسە دەسەڵات بەدەست و دەسترۆشتوەکانی حزب و بنەماڵە لە هەرەمی هەرە باڵای دەسەڵاتی سیاسیدا، دەستی پێکردووە و پاشان شۆربۆتەوە بۆ خوارتر بەرپرسەکانی تر و حزبەکانی تری ناو ماڵی” کوردی” و لەوێشەوە پەڕیوەتەوە ناو کایەکانی تر ناو ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئیداری و…تاد.

ئەو هەموو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەو تەنانەت بەنەخشەو سیستماتیکە، لە زۆر سێکتەردا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی و خێڵێک لە میدیاو نووسەر و رۆژنامەنووسی راسپێردراو بە گەندەڵی ناو دەبەن، ئامانجیش لەوەی کە ناوی ئەو دزییە بنین گەندەڵی و ناشەفایەت، لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە تا ئاستی ئەم فەرهود و دزییە بهێنە ئاستێکی نزم و خوارەوە و بڵێن گەندەڵی لەهەموو دنیادا هەیە، تا رادەی ئەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی هەرێم بەگەندەڵی وڵاتانی تر بچوێنن. لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەیە، شانی خۆیان لەو تاوانی ئەم دزییە خاڵی بکەنەوە و بە دەست پیاهێنانێکی روکەش خۆیان لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری دوربخەنەوە.

دەسەڵاتی سیاسی لەهەریم” لەهەردوو زونەکە” و ئۆپۆزیسیۆنی پێشو و ئێستای دەسەڵاتیش، ئەو ڕاستیە باش دەزانن، کە هۆکاریكی سەرەکی توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری و خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەسەر ئاستی شەقام و هۆکارێکی سەرەکی بایکۆتی جەماوەری لە کایەی یاسایی!! و هەڵبژاردنەکاندا!! … دزی و تاڵانی و ئەو نابەرابەرییە ئابوریی و کۆمەڵایەتیە بوو کە دایان سەپاندووە. تاڵانی و دزی بەیاسایکراو” وەکو موچەی چەند ملیۆنی و ئیمتیازی ملیۆنی بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرێوەبەرەگشتییەکان و ئۆردویەک لە خانەنشینانیان و ژمارەی خەیالی موچەخۆری بن دیوار” و زۆری هێز” وەکو دەست بەسەر زەوی داگرتن و داگیرکردنی موڵکی گشتی، دزینی نەوت، کۆنترۆڵی بازارو بازرگانی و بەڵیندەرایەتی و سەرانە سەندن و قاچاخچێتی کردن…لەلایەن بەرپرسانی باڵای حزبی و بنەماڵەی دەستڕۆشتوودا، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە خوڵقاندنیدا.

دزی و تاڵانی بە یاساییکراو و دزی و تاڵانی لەڕیگای زۆری هێزو پێگەی دەسەڵاتەوە، لەلایەکەوە کەمایەتیەکی حزبی کردووە بە سەرمایەدار و سەرمایەداری هەڵتۆقیوو، لەبەرامبەریشدا زوربەی زۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و کارمەند و موچەخۆرانی رووبەڕووی ژیانی مەمرەو مەژی کردۆتەوە. هاوکات کۆمەڵگەشی بەرەو داروخانی تەواوەتی بردووە، خزمەتگوزارییەکانی وێران کردووە، کەرتی پەروەردەو تەندروستی داڕماندووە،….تاد.
هێنانە گۆڕی باسی چاکسازی لەم خولەی نوێی پەرلەمان و کابینەی نوێدا بەو چڕییەی وەرێیان خستووە، هەوڵێکی بەنەخشەیە تا لەرێگای ئەنجامدانی هەندێک هەنگاوی رووکەش و ناچیز و ئاست نزمدا، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خامۆش بکەنەوەو سواری شەپۆلی رەوای ئوردوی ملیۆنی بێبەشانی کۆمەڵگە بن. بەتایبەتیش کە ئەمجارە ئۆپۆزیسیۆنی بۆروژازی لەدەرەوەی دەسەڵات ئامادەیی نەماوە تا بتوانێت هەڵسانی جەماوەری کۆنترۆڵ بکات… ئەگەر و ترسی تەقینەوەی تورەیی جەماوەری لەهەر ئان و ساتێكدا مۆتەکەی سەر دەسەڵات و کابینەی نوێی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیە لە زۆنەکاندا.

ئەوەی کەدەبێت ڕۆشن بێت، ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت چاکسازی بەرچاو بکات و دەست ببات بۆ کورتکردنەوەی دەسەڵاتی بەرپرسە باڵا حزبی و حکومیەکان، چ لە ئاستی دزی بەیاسایکروادا ناتوانێت” موچەی ئەندام پەرلەمانەکان، بەڕیوەبەرەگشتیەکان، وەزیرەکان، فەرماندە سەربازییەکان لە سلکی پێشمەرگە و ئاسایش ئۆردی بن دیوارە خانەنشینەکان بە پلەی باڵا و…تاد” بهێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی موچەیەکی تاڕادەیەک نۆرماڵ… بۆنموونە دوو بەرابەر و سێ بەرابەری موچەی کرێکاران و کارمەندان….
هەروەها ناتوانێت دزی لەرێگای زۆر و دەسەڵات و پێگەی حزبیەوە، دەستکاری بکات. دەستبەسەراگرتنی سەدان و هەزاران دۆنم و هیکتار لە زەوی موڵکی گشتی و لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە و بزوتنەوەی گۆڕان و حزبەکانی ترەوە دەستی بەسەردا گیراوە… و تەلبەند کراوە، کراوە بە کۆشکی نیشتەجێ بوونی سەرانیان، کراوە بە سەربازگەی بەرگری لەدەسەڵاتیان، کراوە بە بارەگای حزبی و پێگەی کەناڵە میدیایییە پوچەکانیان. بە دانپیانانی خۆیان زەوی نەماوە بۆ دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و پارک و … هەمووی بەخاوەنکراوە و حکومەت!! دەبێ زەوی بکرێت… خاوەنی ئەو زەویانەش بەپرسانی باڵای حزب و بنەماڵەن. بازاریان قۆرغ کردووە، بازرگانیان پاوان کردووە، کیڵگە نەوتیەکانیان دەستبەسەردا گرتووە، بەزۆری هیز باج و سەردانە دەسەنن و هەرچی قاچاخچێتییە لەدەستی خۆیاندایە. دەمیان ژەنیوەتە هەموو سلکەکانی پەروەردەو تەندروستی و بیناسازی و کۆمپانیاکانی گەیاند و گواستنەوە و تۆرەکانی ئەنتەرنێت و میدیایی…تاد

ئەوانەی داهاتی کوردستان دەدۆشن، دەستیان بەسەر جومگەکانی داهاتی کۆمەڵگەدا گرتووە، گەورەترن لەدەسەڵاتی حکومەت، دەسترۆشتوترن لە یاساکانی پەرلەمان!!” ئەگەر یاسایەکیان هەبێت”.
دەستبردن بۆ چاکسازی بەجەستە، پەنابردن بۆ گێرانەوەی موڵكی گشتی، دەرهێنانی سەرچاوەکانی داهات لەدەست بەرپرسان، رووبەرووبوونەوەی یاسایی!! ئەگەر “یاسا” هەبێت، دەست بەسەر سامانەکانیادا” نەقدی و غەیرە نەقدییاندا دەگریت، و بەمانای روخاندنی دەسەڵات دیت… ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت.
ئەگەر نیاز پاکەکانیش بیانەوێت، چاکسازی بکەن، دەسەڵات دەستیان دەگیرێت و دەبڕێت… مانەوەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی پشتی بە کۆنتڕۆڵی داهات و دزین و تاڵانی سەرچاوەکانی دارایی و داهاتی خەڵکی کوردستان بەستووە.
ئەم دەسەڵاتە بەم هەموو تایبەتمەندییە شەرمئاوەرەوە، هەرگیز چاکسازی هەڵناگرێت… ئەگەر باسی ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵییە، ئەگەر حکومەت و یاسا هەبێت، سامانی کەڵەکراوی و نەقدی و غەیرە نەقدیان دەبێ دەستی بەسەرا بگیرێت و بەهۆی نایاسایی بوونی کۆکردنەوەی ئەو هەموو سامانەوە، بدرێنە دادگا و زیندانی بکرێن… ئەگەر بریار بێت کەسی شیاو، بخرێتە شوینی شیاو… ئەوا بەرپرسانی حزب و حکومیان نا لایەقی و بێتوانایی خۆیان، بە رۆشنترین شێوە لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگە نیشانداوەو، هێشتا خەڵک تامەزرۆی ئاوی پاک و کارەبان …و خزمەتگوزارییەکان نەک هەر بەرەو خراپتربوون دەچن، بەڵکو خەریکن ئەو خزمەتگوزارییە گشتیەکانەی کەماون هەرزان فرۆش دەکەن. بۆیە چارەنوسیان دوورخستنەوەو لیپرسینەوەی یاسایی دەبێت.

بۆیە دەستبردن بۆ چاکسازی ریشەیی بە کۆتایی دەسەڵاتی خۆیان بەکۆتا دەگات… بۆیە نەک ناتوانن و دەستی بۆ نابەن، هەر کەس و لایەن و دامەزراوەیەکیش بەجدی دەست بۆ ئەم دۆسیەیە بەرێت، چارەنوسی دەکەوێتە مەترسیەوە. تەنانەت چاکسازی زۆر ناچیزو روکەشیش بە خۆشی خۆیان ناکەن ئەگەر نەخرێنە ژێرگوشارەوە. بۆیە ئەم دەسەڵاتە چارەسەر هەڵناگرێت و خەرەند و بۆشاییە یاسایی و ئاسایی و حکومەتداریی و دەوڵەتداری… لەگەڵ ویست و ژیانی گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، ‌هێندە بەرین و فراوانە، پینە ناکرێت و بەیەک ناگەینرێنەوە…
ئەم دەسەڵاتە دەبێ لە ریشەوە، هەڵتەکێنرێت و لەدەسەڵات بخرێت. هەرچەشنە خۆشباوەرییەک بەوەی ئەم دەسەڵاتە چاکسازی بەرجەستە دەکات، یان دەست بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەبات، لە خۆشخەیاڵی و خزمەت بەدەسەڵات زیاتر هیچی تر نییە. پێویستە نەخشەو هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە، قیبلەنومای بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە شۆرشگێرەکان بێت.

ناوەراستی تەموزی ٢٠١٩




دژە گەندەڵی با لە تۆە دەست پێ بکات! … کرمانج فەتاح

گەندەڵی یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی ئابوورییە لە جیهاندا، بەتایبەت له ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، وڵات نییە گەندەڵی تێدا نەبێت؛ بەڵام هەریەکەو بەڕێژەیەک هەتا وڵات زیاتر دواکەوتوو بێت گەندەڵی تیادا زیاترە پێچەوانەکەشی ڕاستە…(گەندەڵی واتە شتێک یان مافێک هی تۆ نیە و بۆ تۆ نیە بتەوێت بە ڕێگایەکی نا یاسایی و نا ئەخلاقی نا تەندروست بەدەستی بهێنیت)

گەندەڵی کارێکی(abnormal)ە واتا نا یاساییە ناگونجێت لەگەڵ نۆرم و ڕێساکانی(rules)کۆمەڵگە، ئەم ڕەفتارە دەخرێتە خانەی ڕەفتارێکی نائاساییەکان، هەم دژی اخلاق و دژی کۆمەڵگەیە،لێرەدا تاک بۆ گەیشتن بە حەزو و ئارەزووەکانی یاخود تێرکردنی غەریزەکانی هەوڵ بۆ وەدیهێنانی خەونێکی ناتەندروست و دەست دەبات بۆ قۆرغکردنی مافی خەڵکانی تر، لەڕێگای گەندەڵییەوە دەیەوێت بگات بە (باڵای)ـی لە کاتێکدا ئەمە تێک شکاندنی خودی ( باڵاییە) تاکێکی گەندەڵکاری لەم چەشنە کە نغرۆی گەندەڵی دەبێت، هەمیشە حەزەکانی پێش هەمووشتێک دەخات و ناتوانێت سانسۆر بۆ حەزکانی دابنێت، لێردا تاک بەکەسێکی (نەخۆش)دا ئەندرێت. کە لە دەروونزانیدا دەلێت:هەر کەسێکە ناتوانانێت کۆنترۆڵی حەزەکانی خۆی بکات، بە تاکێکی ناتەندروست هەژماردەکرێت.کەوایە گەندەڵکار تاکێکی (نەخۆش)ـی نێو کۆمەڵگاییە. کە ناتوانێت زاڵ بێت بەسەرخۆیدا کە زیاتر (ID) ڕۆڵ دەبینێت واتا حەز وغەریزەکانی، منی باڵا واتا (supar ego)ـی کە بەرپرسیاریەتییە دادەبەزێت.

دوو ڕێگا بۆ چارەسەری گەندەڵی
1:-ئەخلاق و هەست کردن بە بەرپرسیاری (منی باڵا)
2:-یاسایێک بۆ سزادان (حکومەت)

لێرەدا ئەوەی پێویستە بکرێت چاکسازی نییە، بەڵکو بنبڕ کردنی گەندەڵی و ناوخنی گەندەڵییە، چونکە گەندەڵیش دەرهاوێشتەی سلوک و فیکرەو کردارەکانی مرۆڤە، بۆیە دەبێت سەرتا کار لەسەر (تاک) بکرێت تا متمانەی بنچینەیی بۆ دروست ببێت، تا متمانەیێکی تۆکمەیان هەبێت بەرپرسیاریەتی راستەقینە،تا بتوانین ئاشنابین بە بەرپرسیاریی هەقیقی، تاکەکان لەم کۆمەڵگەیەدا بەدەست شێرپەنجە گەندەڵی دەناڵێنن، ئەبێت تاکێک دروست بکرێت بە مانای ڕاستەقینە بەرپرس بێت لەو بەرپرسیاریەتییە کەی پێی ئەدرێت،هەژموونی زۆرمان هەیە و بیندراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، کە وێنایێکی جوانی بەرپرسیاریان نیشان نەداوە، بۆیە گەندەڵی شتێکی نامۆ نییە! ْبەڵکو دەبێت بە تایتلێکی گەورەوە بنووسین،(گەندەڵی لە (Phenomenon)دیاردەوە بۆتە حاڵەت)!

سزا و یاسا!
لە فەراغی یاسا و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی، تۆوی گەندەڵی بە ئاسانی گەشە دەکات و زۆر بە زویی موتەربە و نەشونما دەکات و گەورە دەبێت. لێرەدا سزا گرنگی و ڕۆڵی خۆی دەبینێت، بەوەی کە تۆ هەڵبژاردەی بەرپرس دەکەیت بۆ بەرێوبەرایەتیێک یاخود هەر وەزیفیێک، ناکرێت بە بێ یاسایێکی دیاریکراو هەژموونی کارەکانی ڕای بکات، ئەبێ لە بەرامبەر هەر کارێکی نا یاسایی سزایێک لەپاڵیدا بۆی بتاشیت. تا لە چوارچێوەی یاسایێکی تۆکمەدا،کۆت بەندبکرێت، بۆ ئەوەی تاک نەکەوێتە گێژاوی گەندەڵییەوە.

(لە هەندێ وڵاتدا، هەر کەسێک گەندەڵی بکات، بە عاموودێکی کارەبایی دەیبەستنەوە، بۆ ئەوەی هەموو خەڵک بیبینێت.) وەک سزایێک.

دژە گەندەڵی لە تۆە دەست پێدەکات !
چونکە ئەوکات زنجیری گەندەڵی دەپسێت و بەردەوامی نابێت.. بۆیە دەبێت هەریەکە لە ئێمە زنجیرەکە بپسێنین و هەنگاو بۆ دژە گەندەڵی بهاوێژین. خۆبەختکاری و پێکەوەژیانی هاوبەش و مافدان بەوانیتریش با کاری من و تۆ و ئەوانبێت، ئەوەی پێت وایە هەیە تەنیا هی تۆیە هەڵەیت! چونکە بەرپرسیاریەتی واتا خزمەتکردنی ئەوانیتر. بەم جۆرە ئەتوانین واتایێکی تر بەبەر بەرپرسیاریەتیدا بکەینەوە.
لە راستیدا دەوڵەت لە رووی عقلیەوە ویستی مرۆڤەکان رێک دەخات، بۆ یە دەبێت تاک بەشێکی جیانەکراوەی دەوڵەت بێت.

کرمانج فەتاح




گەندەڵی و بازرگانی کەرتی تەندروستی خنکاندووە … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لەهەموو وڵاتانی جیهان وەک ئاشکرایەو دەبینرێت کەرتی
تەندروستی ھەستیارترین کەرتە و لە ھەموو کەرتەکانی دیکە زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە
ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە ، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی
دوو بنەماڵەی بازرگان و مافیا ، ئەم کەرتە بووە بە ئامرازێکی بازرگانیکردن و سەرتاپا
وەک کەرتەکانی دی بە حیزبی کراوە . بازرگانیکردنی دەرمان لە لایەن سەرمایەدارێکی حیزبێکەوەو
چەندان کەسی نەخوێندەواری هاوشێوەی خۆی و دەوروپشتی خۆی قۆرغکراوە وەهەروەها بەپێی
قسەی شارەزایانی دەرمان کوالێتیەکی نزمی دەرمان ھاوردەی ئەم ھەرێمە دەکرێت . بەڵام
ھیچکام لەو شارەزایانە ناوێرن ڕەخنە بگرن یاخود سکاڵایی یاسایی لەسەر ئەو دۆسیە گەندەڵیە
تۆمار بکەن ، چونکە ڕووبەڕوی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە
. ئەو سەرمایەدارە مافیا ئاسایانە لەم ھەرێمەدا لە سەروو یاساوەن. بەنموونە لە ماوەی
ڕابردوودا پزیشکێک بە ناوی ( بەختیار ئەمین ) ڕووبەڕوی ئەشکەنجەدان بویەوە تەنھا لەبەر
ئەوەی ڕەخنەی لە کوالێتی دەرمان گرتبوو ! وەهەروەها کارمەندێکی تەندروستی لەنەخۆشخانەی
قەڵادزێ کەناوی (عبدلرحمان هەڵشۆی ) ە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بەدواداچونێکدا
گەندەڵییەکی گەورەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەرین و بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی
ژاراوەی سەر بەقەزای قەڵادزێ ئاشکرا دەکات

رەحمان هەڵشۆیی پێشتر لەسەر ئاشکرا کردنی گەندەڵی
لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ  نەقڵ کرا بۆ ژاراوە،
چونکە لەو مەڵبەندە تەندروستییەی قەڵادزێش گەندەڵییەکی گەورەی ئاشکراکرد وەک کارمەندێکی
بوێرو چاونەترس و خەمخۆری خەڵک و خەمخۆری کەرتی تەندروستی بەڵام بەداخەوە تاوانبارانیش
ھیچ ئیجرائاتێکی یاساییان ڕووبەروو نەکرایەوە ! 
سەرەڕای سکاڵای یاسایی پزیشکەکە !

ئەوە لەلایەک لەلایەکی ترەوە شانبەشانی دەستبەسەراگرتنی
نەخۆشخانە (بە ناو) حکومیەکان ، نەخۆشخانە ئەھلیەکانیش لە لایەن سەرمایەدارانی دوو
حیزبەکەوە دامەزرێندراون . بۆیە بە شێوەیەکی بەرچاو نەخۆشخانە حکومیەکانیان پشتگوێ
خستوە و خەڵکی متمانەیان بەو نەخۆشخانانە نەماوە ، بەمشێوەیەش ژمارەی سەردانیکەرانی
نەخۆشخانە ئەھلیەکان زیادی کردووە و لەم ڕێگەیەوە خزمەتی سەرمایەی خۆیان کردووە .

ئەم گەندەڵکاریەش تەنھا لە ئاستی باڵادا نیە ، بەڵکو
شۆڕبۆتەوە بۆ کارمەندانی تەندروستیش ( پزیشک ، دەرمانساز ، کارمەندانی تەندروستی
..ھتد) .بە شێوەیەک لە کاتی دامەزراندنی نۆرینگەیەکی پزیشکیدا پێویستە ڕێکەوتنێک لە
نێوان پزیشک و دەرمانساز و کارمەندی تاقیگەدا ئەنجام بدرێت . کە زۆربەی ڕێکەوتنەکان
بەم شێوەیەیە ( پارەی ئۆفیس و سکرتێری پزیشکی پسپۆڕ لەلایەن دەرمانساز و خاوەنی تاقیگەوە
دابین دەکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا پزیشک دەرمان و پشکنینی زیاتر بۆ نەخۆش دەنوسێت
) . بەمشێوەیەش کارمەندانی تەندروستی بازرگانی بە ژیانی نەخۆشەوە دەکەن و بڕە پارەیەکی
زیاتریان دەستدەکەوێت ! و تاکە زەرەرمەندیش کە فریودەدرێت نەخۆش و ھاونیشتمانیانن
. بەم شێوەیە کەرتی تەندروستی بووە بە تۆڕێکی بازرگانیکردن . کە شکۆی یەکێک لە پیرۆزترین
پیشەکانی ( کە پزیشکیە ) بێ بەھا کردووە .

سەرەڕای ئەم ھەموو گەندەڵیە ، ھیچ لێپرسینەوەیەک
لەو گەندەڵکارانە ناکرێت و لیژنەی نەزاھەش بێدەنگی ھەڵبژاردووە ! ئاخۆ ئەبێت کەی بێت
و ئەو گەندەڵکارانە بدرێنە دادگا ؟! کەی سیستەمێکی پێشکەوتووی تەندروستیمان ھەبێت ؟!
کەی نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی خاوەن مافی خۆیان بن ؟ کەی حیزب و سەرمایەداری لە
خزمەتکردن جیا بکرێتەوە ؟

ئەم پرسیارانە و چەندان پرسیاریتر بێ وەڵام ماونەتەوە
و تاکو ئەم دوو کۆمپانیایە حکومەت بەڕێوەبەرن گەندەڵی بنەبڕ نابێت و خەونی من و ھەزارەھا
گەنجی وەک من بەدی نایەت و هەرگیز هەنگاوێک ناچینە پێشەوە بە ئاراستەی پێشکەوتن.

ڕۆژنامەنوس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر




سەرم لێ دەرناچێ، نوقتە سەری دێڕ… ئارام ئازاد

سەرم لێ دەرناچێ: دکتۆرە و سەپۆرتەری مەلا عەلیە!!
نوقتە سەری دێڕ: خاوەنی یەکێک لە گیادەرمانەکانە.

سەرم لێ دەرناچێ: جمهوری مێسیە و هاندەری پورتوگالە
نوقتە سەری دێڕ: لەوە ئەچێ خزمێکی باڵیۆزی عێراق بێ لە پورتوگال.

سەرم لێ دەرناچێ: کەشتیەکەی ئەمریکا دوو بست لە ئێمەوە دورە کەچی هەرەشە لەئێران ئەکا
نوقتە سەری دێڕ: زۆر ئاسایی واتە پێگەی خۆت بزانە.

سەرم لێ دەرناچێ: مەلاکەی لای ماڵمان سەوتی زۆر ناخۆشە بە ناشوکری نەبێ
نوقتە سەری دێڕ: پێی بلێ وازبێنە ئەتکەین بە وەزیر ، حاشا لە مزگەوت و باوکیشی ئەکا.

سەرم لێ دەرناچێ: ئەیانوت دوێنێ خەوتنی تۆ و کارەبا حەشریان کردوە یەکی 24 تان قەپات کرد
نوقتە سەری دێڕ: باوە گیان پێیان ڕابواردوی دوێنێ تۆ بیست دەقە خەوتوی کارەباش هەر ئەوەندە سەری لێداین.

سەرم لێ دەرناچێ: دەستی شکاوم هەڵبژاردنی ڕابردو دەنگەکەی خۆمم فەوتان ئەوە نامورتاحی کردوم
نوقتە سەری دێڕ: ئەکیدم ئەوانیش حیسابی نامورتاحی تۆیان کردووە.

سەرم لێ دەرناچێ: عیشقێکی ئەبەدیمان لەگەڵ وڵاتی دەوروبەر هەیە
نوقتە سەری دێڕ:
عیشقە ئەساسیەکەمان بۆ ھۆتێل و باڕ و کچە جوانەکانیانە و مەنزەری جوانیشمان کردۆتە بیانو بۆگەیشتن بەم ئامانجانە .

سەرم لێ دەرناچێ: جیرانەکەم پێنج فەرزە سەر لەسەر نوێژە کەچی لەخانوی کرێدایە و بەرامبەرەکەی ئەبوجەهل و سەرخۆشی وەک خۆی نیە کەچی مورتاح لە خانوی خۆی دایە
نوقتە سەری دێڕ: چونکە نیەتی سافێکی ئیمان لە دڵە .

سەرم لێ دەرناچێ: سەرم لێ دەرناچێ
نوقتە سەری دێڕ: باشترە سەرت لێدەربچێ و خۆتڕابێنی لەگەل بارودۆخ نەبادا ببیتە نوقتە و پەندی سەری دێڕ.




ئه‌وا ئه‌ردۆگانیش دانی به‌ پیلانه‌كه‌ی نا … عیماد عه‌لی

تا راده‌یه‌كی باش ئه‌ردۆگان له‌ دوا لێدوانی پیلانه‌ ترسناكه‌كه‌ی ده‌رخست، ئایا چاره‌سه‌ره‌ هه‌مه‌یشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ تیرۆر چیه‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستی په‌كه‌كه‌یه‌؟ كۆتا لێدوانه‌ راشكاوه‌كانی ئه‌ردۆگان بۆ حزبه‌كه‌ی زۆر شتی ده‌رخست و جگه‌ له‌ ئاماژه‌دان بۆ نه‌بونی هیچ هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشوتر و، هه‌ره‌شه‌ی گه‌ران به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤی چه‌كی ئه‌مریكی و به‌تایبه‌تی فرۆكه‌ و دابینكردنی ئامرازه‌كانی ئاسایشی توركیا و پێویستی رووكردنه‌ رۆژهه‌ڵات و تكاو پارانه‌وه‌ له‌لایه‌ك و گوته‌ی نیمچه‌ هه‌ره‌شه‌ی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا به‌ رووكردنه‌ رێگه‌ی تری پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی توركیا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌. زۆر شتی ده‌رخست بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری قسه‌كانی بێتت یان به‌مه‌ست بوو له‌م كاته‌دا، ده‌رخستنی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و پیلانه‌ نهێنیه‌ دارێژراوه‌ كه‌ زۆر خه‌ڵك له‌م ماوه‌یه‌ باسی ده‌كه‌ن و به‌ هاوكاری هێزی ناوچه‌یی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری كوردستان هه‌نگاوی بۆ ده‌نێن و به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كانی خۆیان ده‌پارێزن، كه‌چی كوردیش له‌ گوێی گادا نوستووه‌ . ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت؛ هیچ سزایه‌ك ریگه‌ له‌توركیا ناگرێت پێشینه‌ی كاره‌كانی ئه‌وه‌ بێت‌ دابینكردنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی بپارێزیت و ئه‌و له‌و رێگه‌دایه‌ كه‌ تیرۆر به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و بنبر كۆتایی پێبێنێت! مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌ په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ قه‌ندیل وه‌كو چۆن زۆرجار به‌رپرسه‌كانی لێدوانیان له‌وباره‌وه‌ داوه‌.
به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ له‌وێدایه‌ چۆن كۆتایی به‌ به‌ناو تیرۆره‌كه‌ی دێنێت و كێ یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیجی كێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ پیلانه‌كه‌ی توركیا سه‌ربگرێت و نیوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته‌ ژێڕ ره‌حمه‌تی هه‌تاهه‌تایی توركیا و ئه‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی له‌ ویلایه‌تی موسڵ و شاره‌زور بێته‌ دی. هه‌ر له‌وێدا ئه‌ردۆگان رووی ده‌كاته‌ ئه‌مریكا و ده‌ڵیت فرۆكه‌ی ئێف 35 مان ناده‌نێ؟ باشه‌ مافی خۆمانه‌ روو بكه‌ینه‌ شوێنیتر، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری موشه‌كی ئیس 400 نابین.
ئه‌وه‌ی روونه‌ بۆ ئه‌مریكا كه‌ كێشه‌كه‌ی له‌وێدا نیه‌ موشه‌كی ئیف 400 بگاته‌ توركیا و تا ماوه‌یه‌كی تر نه‌یخاته‌گه‌ر كه‌ ئه‌ندامی ناتۆشه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ رووی ستراتیجی گۆڕینی سیاسه‌ت و رووی توركیا به‌ره‌و روسیا خه‌ریكه‌ بۆ ئه‌مریكا روون و یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌، كه‌ توركیا له‌ ئه‌مریكا و ئۆرپا بێئومید بووه‌ و رێگه‌ی شه‌نگه‌هایی پێباشتره‌، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ روسیا نه‌ك هه‌ر موشه‌كه‌كه‌ی پێده‌دات به‌ڵكو به‌ پێی قسه‌ی ئه‌لیكسه‌نده‌ر میخاییفی به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای (روسی رۆسۆربۆرن ئیكسپۆرت)ی روسی بۆ هه‌نارده‌كردنی چه‌كی حكومه‌تی روسیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ندێك له‌ به‌شه‌كانی ئه‌و موشه‌كه‌ له‌ توركیا به‌هه‌مبهێنڕێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌لیكۆپته‌ر و كه‌تیبه‌ی موشه‌كی به‌رگری ئاسمانی و دژه‌ فرۆكه‌ی تر وته‌نانه‌ت له‌ بواری وزه‌شدا، ئه‌مه‌ش زۆر شت روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ توركیا ته‌نها موشه‌ك ناكڕێت به‌ڵكو ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت ئه‌وا به‌یه‌كجاری رووده‌كاته‌ روسیا و پشت له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وئه‌گه‌ره‌ش له‌ ئاراداده‌بێت كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ ده‌ربكرێت و ئه‌م وڵاته‌ ببێته‌ چه‌قی شێوه‌ ململانێیه‌كی ترسناكی جیهانی له‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ بۆ حه‌وت سه‌ده‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بینراوه‌.
ئێستاش ئه‌مریكا و توركیا له‌ قۆناغێكی چاره‌نوسسازدان له‌ په‌یوه‌ندی و چۆنێتی گه‌یشتن به‌ رێگه‌ی سێیه‌م، به‌ڵام خزاندنی توركیا بۆ نێو لیستی سزاكانی ئه‌مریكا به‌ پێی یاسای كاتسا له‌ ئارادایه‌ كه‌ تا ئێستا ترامپ به‌ به‌هانه‌وه‌ دوو دڵیه‌وه‌ له‌وه‌ده‌روانێت و بڕیاری یه‌كلاكه‌روه‌ له‌و كاته‌دا ده‌درێت ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ ته‌واوی ئومێدی له‌ توركیا ببرێت و یه‌كلایی بێته‌وه‌ كه‌ بواری گه‌ڕانه‌وه‌ی نیه‌.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ لێره‌دا بیڵێین ئه‌وه‌یه‌؛ ئایا توركیا ده‌توانێت به‌یه‌كجاری وه‌كو خۆی ده‌ڵێت بنبڕی هه‌میشه‌یی تیرۆر بكات كه‌مه‌یه‌ستی په‌كه‌كه‌یه‌ و، چۆن ئه‌ردۆگان ئاوا به‌ ئاشكرا و به‌ بوغراییه‌وه‌ له‌م كاته‌دا به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات؟ كێ یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت و له‌م باره‌وه‌ رێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌گه‌ڵ كێدا كردووه‌ و رۆڵی كورد یان پارتی و یه‌كێتی له‌م ئامانجه‌ چیه‌ و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و هه‌ڵوێستی كۆتاییان چی ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه‌ سه‌ربگرێت كوردی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ توشی چی ده‌بن؟ بێده‌نگی ئێران چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا ئه‌و هێڵه‌ی باس ده‌كرێت بۆ گه‌مارۆدانی قه‌ندیل سه‌ری سه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زمونه‌كه‌ی كوردیش ناخوات كه‌ تا ئێستا نوتقیان بڕاوه‌ تا ئێستاش كه‌ خه‌ریكه‌ هێڵه‌ پانه‌كه‌ی ئه‌م پیلانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌چی ئه‌مان قروپیان لێكردووه‌؟
بۆچی تا كاتی به‌سه‌ره‌وه‌ ماوه‌ خه‌ڵك و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و راگه‌یاندنه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كان و زۆرێك له‌ حزبه‌كانی كوردستان له‌مه‌ر ئه‌م ترسه‌ بێده‌نگن و بۆچی جموجوڵی پێویست ناكرێت و هه‌ڵوێستی كه‌س روون نیه‌ ؟ عیراق رۆڵی چی ده‌بینێت و ئایا ئه‌ویش به‌شداره‌ له‌م پیلانه‌ كه‌ جگه‌ له‌ كورد كه‌س زیانی تێدا ناكات؟ ئه‌مه‌ و پاش ده‌ركه‌وتنی راشكاوانه‌ی سه‌ره‌داوی پیلانه‌كه‌ وا پێویسته‌ خه‌ڵك كه‌ خۆی خاوه‌نی پرس و كێشه‌كه‌یه‌ له‌ چاوه‌روانی ئه‌شبه‌تاڵیكی تر ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بیت و ترسناكی ئه‌م پیلانه‌ قێزه‌ونه‌ كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت بۆ رای گشتی و هه‌موو لایه‌ك روونبكرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ توانادایه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت و رێگری له‌ سه‌ركه‌وتنی بگیرێت و ئه‌گه‌ر بكرێت به‌ هه‌موو توانایه‌ك بۆ به‌ربه‌ستی بخرێته‌به‌ر بخرێته‌گه‌ڕ و چاوه‌رێی ده‌سه‌لاتی كوردستان نه‌بێت، با بۆ سه‌ده‌یه‌كی تر میله‌ته‌كه‌مان نه‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی عوسمانی و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م و ئه‌زمونی حوكمرانی كورد دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ نه‌كرێت. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا مه‌عقوله‌ سه‌ركردایه‌تی و ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵی كورد درك به‌و مه‌ترسیه‌ نه‌كه‌ن و هیچ هه‌ڵوێستێك نه‌ نوێنن و به‌ڵكو له‌وانه‌یه‌ له‌وه‌دا ژێربه‌ژێر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سك و كورتبینی و هه‌ڵه‌ی ستراتیجی گه‌وره‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا سه‌ریان ده‌خوات له‌ پیلانه‌كه‌ به‌شدار بن. له‌ كۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ ترسناكیه‌كه‌ له‌وێدایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ خهه‌بێت هه‌ندێك وڵاتی قێزه‌ون كه‌ مێژووی پره‌ له‌ پیلانگێڕی و كه‌سیش ناوی ناهێنێت له‌م پیلانه‌ به‌شداربێت، ئه‌گه‌ر بزانێت سه‌د ساڵی تریش قازانجه‌ ئابووری و سیاسیه‌كانی خۆی له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دابین ده‌كات.




ژوورەکەت بۆچی بەجێ ھێشت ؟ … نەوزاد بەندی

گاڵتەم کرد ، ووتم وا ھاتم ..
قاوەکەت بۆ نەخواردەوە ،
گاڵتەم کرد ،گاڵتە..
کە ووتم
دە دەقیقەی تر
لە لاتم ..!

ناتوانم بێم ..
تەنانەت گەر خۆشت بوێم ..
ناتوانم بێم ..

من لەگەڵ تۆ
دانیشتووی ئەم جیھانە نیم
دانیشتووی ناو خەیاڵاتم ..

/نەوزاد بەندی /




ئاڵووده‌بوون به‌ سێكس … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

كاتێك گوێمان له‌ وشه‌ی ئاڵووده‌بون ده‌بێت ڕه‌نگه‌ ڕاسته‌وخۆ بیرمان بۆ خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان و كێشانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بڕوات، به‌ڵام له‌ بنچینه‌دا چه‌ندین بابه‌تی تر هه‌ن یان چه‌ندین ئامرازی تر هه‌یه‌ بۆ ئاڵووده‌بونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا, كه‌ له‌ نێویشیاندا ئاڵووده‌بوونه‌ به‌ سێكس كه‌ ئه‌مه‌ش واته‌ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ حه‌زوو ئاره‌زووه‌كان یان به‌شێوه‌یه‌كی تر واته‌ كۆیله‌ بوون بۆ ئاره‌زووه‌ سێكسیه‌كان, هه‌روه‌ها مه‌ترسیدارترین ئاڵووده‌بوونی سێكسی بریتیه‌ له‌ سێكسی نێو تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت , چوونكه‌ ئه‌م جۆره‌ سێكسه‌ ڕۆژانه‌ تاكی كۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌تیش گه‌نجان له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌ر كاتێك دا له‌ڕێگه‌ی مۆبایل و لاپتۆپه‌كه‌یانه‌وه‌ بینه‌ری ئه‌و ڤیدیۆ سێكسانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ نێو سایته‌كان دانراون, به‌بێ هیچ جۆره‌ سانسۆَر دانانێك .
ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا وا له‌و تاكه‌ یاخود ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌زیزه‌ ده‌كات كه‌ نه‌توانێت له‌
نێو كۆمه‌ڵگادا ڕووبه‌روی سه‌رجه‌م به‌ربه‌سته‌كان ببێته‌وه‌ كه‌ دێنه‌ پێشی یاخود ناتوانێت بیر له‌ چۆنیه‌تی بنیاتنانی داهاتووی خۆی بكاته‌وه‌¸چوونكه‌ ئه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاڵووده‌بونی هه‌ڵبژاردوه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی ئه‌و ئاسته‌ ڕۆشنبیریه‌ی بۆ بابه‌ته‌كان بۆیه‌ لێره‌دا پێویسته‌ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و له‌نێوێشیاندا چینی گه‌نجان كه‌ گرنگترین چینی كۆمه‌ڵگان خۆیان له‌سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كاندا ڕۆشنبیر بكه‌ن چوونكه‌ ئێمه‌ له‌ ئێستادا له‌ سه‌رده‌مێكداین كه‌ ڕووبه‌ڕوی شتی زۆر مه‌ترسیدار ده‌بینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ژیانمان دا بۆیه‌ هه‌تاكو چه‌ند به‌ ڕۆشنبیریه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ ژیان بده‌ین ئه‌وا ژیانێكی ئاسووده‌و ته‌ندروستمان ده‌بێت بۆ خۆمان و خێزان و كۆمه‌ڵگاكه‌مان.

هیوا خوازم گه‌نجی كۆمه‌ڵگاكه‌م كه‌ خۆیان له‌ شته‌ بێ كه‌ڵك و زیان به‌خشه‌كان به‌ دوور ڕابگرن و بڕۆنه‌ لای ئه‌و شتانه‌ی كه‌ سوودو خزمه‌ت به‌خۆیان و كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌كات.
*گه‌نجی ئه‌زیز پێش ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ست له‌ مۆبایله‌كه‌ت یاخود لاپتۆپه‌كه‌ت بده‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌وه‌ تۆ چ شتێكی پێ ده‌كه‌یته‌وه‌.

ئایا ده‌ڕۆیته‌ نێو ئه‌و سایته‌ سێكسیانه‌وه‌ كه‌ ژیانی خۆتی بۆ ئاڵووده‌ ده‌كه‌یت و زیانی ته‌ندروستی له‌ خۆت و دوایش له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ت ده‌ده‌یت؟ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بڕیاری ژیرانه‌ ده‌ده‌یت و له‌و سایته‌ بێ كه‌ڵكانه‌ به‌ دوور ده‌كه‌ویه‌وه‌ وه‌ ئه‌ڕۆیته‌ نێو ئه‌و سایته‌ جوانانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌ ئاستی ڕۆشنبیری تۆ ده‌كه‌ن له‌ كۆمه‌ڵێك بواری جۆراوجۆردا.
ئیتر لێره‌وه‌ بڕیار دان ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی خۆت چوونكه‌ تۆ تاكێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستی له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر گۆڕینی ڕێره‌وی ژیانتدا.

*هیوای كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و ئارام ده‌خوازم بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كانی

ئه‌حمه‌د كامه‌ران| قوتابی كۆلێژی ئاداب




لە چاوچنۆکییەوە بۆ نامۆ بوونی مرۆڤ لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا … ئاسۆس

لە ئێستادا سیستەمی سەرمایەداریی باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، کە جەخت لەسەر ئابووری و بازاڕی بەناو ئازاد دەکاتەوە. لە ئەنجامی ئەم سیستەمەدا کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵەیەکی بچووکدایە، بەڕابەرایەتی چینی بۆرژوازیی، جیهان و مرۆڤایەتی تووشی قەیران و کاولکاریی زیاتر دەبێتەوە ئەمەش بۆ بەدەست هێنانی قازانجی زیاتر. بۆ ئەوەی بە باشی لە نەخۆشییەکانی سیستەمی کاپیتالیزم تێبگەین دەبێ بگەڕێینەوە لای “کاڕڵ مارکس” وەک بلیمەترین و حەکیمترین کەس، بۆ ئەوەی چارەسەر و نەخۆشییەکانی کاپیتالیزممان بۆ دیاری بکات و بەرەو ئایندەیەکی باشتر بچین.
مارکس (۱۸۱۸ – ۱۸۸۳) لە شاری تریێری ئەڵمانیا لە دایک بووە. مارکس هەر زوو پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیزمەوە دەکات، کە گروپێکی ڕۆشنبیران بوون. ئامانجیان نەهێشتنی چینایەتی و مۆڵکایەتی تایبەت بوو. مارکس خاوەنی چەندان کتێب و وتارە، لەسەر کێشەی ئابووری و سیستەمی سەرمایەداری دەدوا، هەر چەندە لەسەردەمی خۆیدا ناو بانگێکی وای نەبوو، بەڵام لە سەتەی بیستەمدا دەبێتە مەشخەڵی زۆربەی شۆڕشەکان. مارکس کێشەکانی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ لایەنی ئابووری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر ژیانی مرۆڤەوە هەیە. هەروەها بەلای ئەوە چاوچنۆکیی و زیادەخۆریی هێزی بزوێنەری مێژووی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش وادەکات مرۆڤ لە جەوهەری مرۆیی خۆی بکەوێت و وەک نامرۆڤ دەربکەوێت.

ئارەزوی زێدەخۆریی و چاوچنۆکیی ئیدی تەنێ لە لای سەرمایەدار و چینی بۆرژوا قەتیسنەماوە، بەڵکو سیستەم ئەمەی هێناوەتەوە ناو چینی کرێکار و پرۆلیتاریاوە، لە جیهانی نامۆ بووی سەرمایەدارییدا کرێکارانیش پەلکێشکراون بۆ ئەو گۆڕەپانەی سەرمایەدارەکان بۆ زێدەخۆریی و چاوچنۆکیی دایانهێناوە، ئیدی کرێکار کۆیلەیە لەبەرامبەر سەرمایەدا (پارە — خوای سەرمایەدارییە). مارکس پێیوایە مرۆڤ بە پەرستنی پارە وەک سەروەریەکی بە دەستهەڵات، وەک هێزێکی ڕووخێنەر دەرەکەوێت، کە دەتوانێ تێکڕای بەها و پەیوەندییەکان دژی خۆی هەڵگێڕێتەوە. به جۆرێک پارە دەتوانێ باشە بۆ خراپە، خراپە بۆ باشە و کۆیلە بۆ سەروەری و سەروەری بۆ کۆیلایەتیی، خۆشەویستی بۆ نەفرەت و نەفرەت بۆ خۆشەویستی، هۆشیاریی بۆ نەزانی و نەزانی بۆ هۆشیاریی …هتد بگۆڕێت و هەڵیگێڕێتەوە، ئەمە سیحری بەهای پارەیە لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا.

کاتێک پارە بەها بۆ هەموو شتەکان دادەنێت، بەهایەکیتر نامێنێت مرۆڤ بەرەو نامۆیی لە خۆی و بەرهەم هێنانیش دەچێت، ئەمە وادەکات مرۆڤ نامۆ بێت بەو جیهانە و کارەی تێیدایە. مارکس نامۆ بوونی مرۆڤ دابەش دەکات بەسەر چوار جۆر لە نامۆ بوون: یەکەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە بەرهەمی کاری خۆی. دووەم: نامۆ بوون لە پرۆسەی بەرهەم هێنان. سێیەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە سروشتی کۆمەڵایەتیی خۆی. چوارەم: نامۆ بوونی مرۆڤ لە هاوکار و هاوپیشەکانی خۆی. مارکس پێیوا بوو کاپیتاڵیزم مرۆڤ تووشی ئەو نامۆ بوونە دەکات.

۱_ نامۆ بوونی مرۆڤ لەبەرهەمی کاری خۆی: بەبڕوای مارکس دەتواندرێت ئیشکردن یەکێک بێت لە سەرچاوە گەورەکانی ئاسوودەیمان، بەڵام دەبێ کارکەرەکان خۆیان لەو ئیشەدا بدۆزنەوە کە دەیکەن، بە واتەیەکیتر خۆیان لەناو بەرهەمەکانی خۆیاندا بدۆزنەوە، بەحەزەوە کارەکانیان بکەن. کرێکار لە سەرمایەداریی بەپیشەزایی بوودا لە بەرهەمەکانی خۆی نامۆ دەبێت، بەرهەمی ئەو هی ئەو نییە، بەڵکو لەلاین بێگانەکان وەک خاوەنی تایبەتی ئەوان سوودیان لێوەردەگیرێت. جگە لەمەدا کرێکار توشی ئەوە دەبێتەوە، کە هەرچی زیاتر بەرهەم بهێنێت بەهای قازانجەکەی کەمتر دەبێتەوە. هەروەها تاوەکو کاڵا بەهەرزانتر بەرهەم بهێنێت خۆی وەک کاڵایەک هەرزانتر دەبێت. هەروەها کرێیەکی کەم وەردەگرێت بەبەراود بەو قازانجەی لەبەرهەمەکەی دەکرێت.

۲_ نامۆ بوون لە پرۆسەی بەرهەمهێنان: کاپیتاڵیزم وا لە مرۆڤ دەکات هەمیشە شڵەژاو بێت و وابەستی دەکات بە کار و دۆخێکی ناچارکراو، چونکە لەم سیستەمەدا کرێکار وەک هۆکارێکی نێو هۆکارەکانیدیکەی بەرهەمهێنان حسابیان لەگەڵ دەکرێ، لە کاپیتاڵیزم هەر کاتێک کرێی کرێکار بەرز بووەوە، لەسەر کارەکەی دووری دەخرێتەوە، یان ئەگەر تواندرا بە تەکنەلۆژیا و ڕۆبۆت شوێنی پڕدەکرێتەوە. هەر وەک مارکس دەڵێت: ”کرێکار تەنیا له دەرەوەی کار هەست بە خۆی دەکات، هەروەها لە ناو کاریشدا هەست بە دەرەوەی خۆی دەکات.“ واتە مرۆڤ هەرچەندی زیاتر کار بکات زیاتر تووشی نامۆبوون دەبێت و کەمتر وەک مرۆڤ دەردەکەوێت، دووردەکەوێتەوە لە ژیانی ئاسایی و ئەو چێژەی پێویستە لە ژیانیدا وەریبگرێت.

۳_ نامۆ بوونی مرۆڤ لە سروشتی کۆمەڵایەتیی خۆی: لە دیدی مارکس مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتییە و هەمیشە لە گەشەدایە. مرۆڤ وەک ئافرێنەر لە جیهاندا دەردەکەوێت، بوونی خۆی دەسەلمێنێت هەر وەک مارکس دەڵێت: ”گشت مێژووی جیهان بێجگە لە بەرهەمی مرۆڤ لە ڕێگەی کاری خۆیەوە، شتێکیتر نییە.“ واتە مرۆڤ ئافرێنەری کۆمەڵێک شتە کە لە سروشت و کولتووری مرۆیی بەرهەمیهێناون. لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا کرێکار لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی نامۆ دەکات. بە دیدە مارکسییەکەیەوە مرۆڤ بە پێچەوانەی گیانەورانەوە، کە تەنها بۆ پێداویستییەکانیان کاردەکەن، مرۆڤ بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی کاردەکات و زانست و کولتوور بۆ سەرجەم جیهان بەرهەمدەهێنێت. بەڵام سیستەمی سەرمایەداریی کۆششی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی، تەنها لە ڕازیکردنی پێداویستییە جەستەییە کەسییە تایبەتییەکان کورت دەکاتەوە.

٤_ نامۆ بوونی مرۆڤ لە هاوکار و هاوپیشەکانی خۆی: سەرمایەدارەکان لە سیستەمی کاپیتاڵیزمدا هەمیشە کرێیەکی کەم دەدەن بە کرێکارەکان، لەسەر هێزی هزر و بازوی ئەوان سەرمایەیەکی زۆر کۆدەکەنەوە، ئەوان دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن، لە کاتێکدا کرێکارەکان هەژارتر و هەژارتر دەبن. لە ئاکامدا کرێکارەکان لەم سیستەمە تووشی لە خۆ نامۆ بوون دەبن، بەهۆی ئەو کێبڕکێیەی لەکار بۆیان دروست دەبێت بۆ بەدەست هێنانی سەرمایەی زیاتر، ئەمەش نامۆ بوونی مرۆڤ لە مرۆڤ دێنێتەکایەوە. واتە مرۆڤ یان کرێکار لەگەڵ هاوپیشەکەی لە ئەنجامی کێبڕکێدا لە نێوانیان تووشی نامۆ بوون لە سروشتی زاتی مرۆڤ دەبن.

مرۆڤ بەهۆی پاڵنەرە غەریزیەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر و دانانی کاتی زیاتر بۆ کارکردن و خۆ دوورخستنەوە لەو ئۆرگانە سەرەکیانەی کە پێویستە لە ژیانێکی ئاساییدا هەبێت، بەرەو نامۆیی و نا ئاسوودەیی دەچێت، تاوەکو زیاتر خۆی لەناو کار و بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر قوڵبکاتەوە زیاتر لە خۆی و مرۆڤەکانی دەوروبەری نامۆ دەبێت. کاپیتاڵیزمیش هۆکاری سەرەکییە بۆ هێشتنەوەی ئەو دۆخەی مرۆڤ، بەمەش مرۆڤ هەمیشە لە شڵەژان و نامۆبووندا دەمێنێتەوە.

ئــاسـۆس




قەسیدەی (هەڵووەرین) … عبدالله احمد

زەمەنێکه هەڵدەوەرم…!
بەسەر دار، دیوار
بەم خەراباتەدا هەڵدەزنم!
بۆ یادگاریەکانی منداڵیم دەگەڕێم!
وێڵ دەبم،
هیچیانم بۆ نادۆزرێنەوە!
چەندە غەمگینم “لێرە”
یەکێکیان سەر لـەو تەنیــــایی و ڕاکەڕاکی خەیاڵەم نادەن!
نە تۆ، نەنیشتیمان، نه ئارەزووە دێرینەکانم!
ھەناوم پڕیەتی له دەردە سەری زەمەنێکی دێرین و داڕوخاو، وێران وێران!
بەجێـــــماوم له ئاوێنەیەکی وردوخاش بوو،
له ئەستێرەی هەڵوەریوو،
له بێدەنگی ئێوارەیەکی نەهــــاتوو
هێشتا چاوەڕێی خۆر ئاوا بوونێک دەکەم!
ئەوە من بووم دەگریام!
ئەوە من بووم هاوارم دەکرد!
لەبەردەم دەرگایەکی ژەنگاوی که پیت بە پێت و وشەگەلێکی سەیر سەیرم لەسەر دەنوسینەوە!
ئەمئێستا ئەم پیت و وشانه بەیەکەوە نووساون…
که له دانیشگا و پەیمانگاکان دەخوێنرێنەوە،
وەلێ بۆیان لێكنادرێتەوە!
بۆنی ژەنگی دەرگاکە و هەڵوەرینی منیـــــان لێ دێت…!
کە سەیری ئێرە دەکەین، هەمووی گۆڕاوە.
کۆڵانەکان پڕبوون لە تەوژمی بــاوبۆران…!
پڕن له هەناسەیەی بۆن سارد
پڕن لە بۆنی باڵندەی مردوو…
کۆڵانەکانی ئێرە
زەمەنێکه خۆریان لێ ئاوا بووه
هەزاران ساڵه تاریکی باڵیان بەسەردا دەکێشێت…
ئیتر کۆڕستانێكە کۆڵانەکانی ئەم نیشتیمانەی لەباوەش گرتووه…!

تەماشاکە ئەی دۆست!
بەسەر خەراباتێکی کۆندا هـەڵــوەریووین،
گشت بەدەنمان بۆته تەپو تۆز و خۆڵ،
بیابانێکمان لەخەم،
لە بێکەسی،
له نەداری و ڕەنجەڕۆییدا دروستکردووه…!
ئەی دۆست،
ئەی ئەحبابی من؟
تۆ نازنی ئەز چەند بریندارم؟
هەموو ئاوازەکانی مردنم لەبەر کردووه،
وەک گەڵایەك که پایزان وەرینی خۆی لەیــادە…!
چەندین جار کەوتومەته بەر شاڵاوی مردن و
چەندین جار خوێنم بینیووە.
بینیم
لەژێر لولەی تفەنگ و زرمە و هۆڕی قۆنداغه تفەنگەکانی ئەو چاو ھەنگووینییە لووت درێژانەدا خوێن دەڕژا،
دەمبینی خوێن لەسەروگوێلاکی ئەو کیژە شۆخانه دەتکا
که بەشەڕەفی خۆیان سوێندان دەخوارد:
هەرگیز ماچ لەلێویان نەکراوە،
لەمسی خۆشەویستی نەڕژاوەته نێو سینەیانەوە،
گوێیان لەئاوازی پیاوە شەله یەك قاچەکان نەگرتووە!
قەت بە تەنورە و فانیلەیەکی قۆڵ کورتەوە نەسوڕاونەتەوە بەسەر سەرشەقامە پیس و پۆخڵەکانی ئەم شارەدا،
بۆ ئەبەد نەگریاون،
تەنها خەندەیەکی سەوز لە لێویان دەتکێ!
دەپرسم بۆ دەبێ وابێت؟
بۆ دەبێ خوێن و فرمێسك تێکەڵ بـه ویژدان، سۆزمان بێت؟
بۆ دەبێ غەم و پەژارە تێکەڵ بـە هـەناسە و ژیانمان بێت؟
تۆش ئەی جوانترین کچی نێو ئەم تاریکستانه،
لەشەوێکی وەها پڕ ڕەشەبـــا و تۆفاناویدا لە من هەڵھاتی؟
ئێمه دەمانویست
بەڕووناکی تاریکی ئومێدەوار بکەین.
بەنووکی پێنووسێکی شکاو حەقیقەت و عەشق بنوسینەوە.
دەمانویست مانگ و خۆر لەیەک باردا ڕابگرین
بەچەترێکی مـــۆرەوە لەژێر بارانێکی بەلێزمەدا سەمـــــای سۆفییانە بکەین
خۆشەویستی پەخش بکەین.
بەڵام ئەفسووس ئێمه کەوتینه بەر ڕەشەبــــــــا،
من لەژورێکی تاریك گۆشەگیر
تۆش لەبەر خۆرهەتاوی مانگی تەموزدا
چاوەڕێی گەڕانەوەیەکی بێ سنور بووی،
ئەمێستاکه سنوری ئێمه تەلبەندێکی بێشومارە لەدڕك،
بێشومارە لە تاڵی، ئازار و ناڵەی جودایی…
من ببینه!
ئێستاش بۆنی عشقم لێ دەتکێت،
من پاشماوەی جەنگێکی خوێناویم!
خوێناویتر له جەرگ و هەناوێکی بەنەشتەر تیخکراو!
خوێناویتر له ماسییەک که بەدەمی نەورەسێکی بێ ڕەحمەوە خۆی ڕادەپسکێنێت،
خوێناویترم له کراسی ژنێکی کوژراو
که ماچێك قەرزداری منداڵەکەی ناو سکی خۆی بوو!
ئیدی ئەم قەرزە بەهیچ فریشتە و ئەھریمەنێک نادرێتەوە!
من ئەو دڵۆپه خوێنـانەبووم که هەڵوەریم
لەجەستەی هەر ژنێکی کوژراوی
نێو ئەم نیشتیمانه چڵکن و تاریک و بۆره،
ئەی بۆرە نیشتیمان؟
ئەی چڵکترین کراسی خوێناوی؟
ئەی هەناسه ساردترین پیاوی نێو ئەم جەنگەڵه؟
ئەی خراپتر لەخۆم و پیستر لەتۆ؟
من کێم و تۆ کێیت و ئەو کێیــــــــە؟
نیشتیمان چیەوە و خاک چییە؟
ئەم هەموو نابوتگەراییه چیه و چۆن وەك عەڵقەیەکی زنجیر بەستراون بەیەکترەوە؟
ئیدی لە ئاسمانێکی دیکەوە
دەڕوانمه خۆر هەڵاتن و ئاوابوون!
لێره ئاسمانێکی ڕەش بەسەر
نیشتیمانێکی تەپ و تۆزاویدا دەڕوانێت!
هێزی ئەوەم نیه باڵندەکان
بگەڕێنمەوە ئاسمانی ئەم جەنگەڵه!
هێزی ئەوەم نەمـاوە تریفەی مانگ و
ئەستێر و گەلاوێژێکی چاو ڕەش
بگەڕێنمەوە بۆ ئاسمانی نیشتیمان،
لەشەوێکی وەهـا درێژ و خـــامۆش دا…!
زەمەنێکه خۆرم نەدیووە!
ئێستاش لە بیری ئاوابوونیدام!
دەزانی!
لەوساوە دڵگرانم که نیشتیمان
لەگۆشەیەکی تەنیایی خویدا منی گلاند؛
ئەوســـا هـەڵـوەریم!
ئەوســـا ژانی عەشق بەرۆکیگرتم!
ئەوســـا نـائومێدبووم
بەچەشنێك که نائومێدی بۆته عەڕشی ئەم ناوچەیه!
ئیتر ئێمە وەچەی پەژارەیەکین
که هێشتا لەبــــاوەش نەگیراوە…!

ــــــــــــــــــــــــــــ
(قەسیدەی هەڵوەرین)
نوسین: عبدالله احمد

21/7/2019




ژمارەکان … نەوزاد بەندی

چەند
زۆرن
ژمارەکانی تۆ لەلای من ..
چەند
کەمن
ژمارەکانی من لەلای تۆ ..

لای من
گردبوونەوەی ملیۆنی تۆیە و ..
لای تۆ
مەنعە تەجەولی من ..

لای تۆ ،
سەرقاڵی ئەژمارکردنی من لە لیستی تێرۆر
لای من ،
سەرقاڵی ڕێزلێنان لە یادگاریی تۆ ..

لای من :
تۆ ئازاد..
لای تۆ :
من زیندان ..

/نەوزاد بەندی /




نەبەردەکانی نەوەیەک /ڕاپەڕینی لاوان وخوڵقانی ئینسانێکی نوێ … جەمال کۆشش

واز لە ژینگە بهێنن، ،سیستەم بگۆڕن

نەوەی سفرەکان، نەوەی ساڵانی دوو هەزارەکان بەدواوە، پێکهاتوویەکی کۆمەڵایەتین لە ئاڵنکارییەکی نوێدا ئامادەن بۆڕاپەڕین ،بۆ هەڵتەکاندنی دونیای کۆن ، بۆ دەستدانە پێشخستنی کۆمەڵگا ودامەزاندنی جیهانێکی ئازاد(ڕادیکاڵ دەبێتە واقیع/هەفتەنامەی تسایت/ئەلمانیا، سەرەتایی ٦.٢٠١٩ ). نەوەیەک ساڵە خەماویی وتاریکەکانی دەیەی نەوەدەکانی مناڵی ، لە نێو رۆژە لاویی وسەرکێشیەکانی پڕ شەوق وسەوزاییەکانی چڕکردۆتەوە، زانستە کۆمەڵایەتی وسۆسیۆلۆژی وتەکنەلۆژییەکانی ، توانایەکی هزری وبیری تیژی بڕیاری دروست وخێرای پێداوە..
نەوەیەک لە نێێو وکپپیدیایەکی زانیاری مەزندا، لە نێو گەورەترین کتیبخانەی دیجیتالیدا، بە دوو چرکە بتوانێت لە بارەی خۆی ودونیاو کێشە وپرسیار وگومانەکان لەسەرهەقیقەت لە مەحەکبدات. نەوەی گلۆبەلایزەیشن وکۆکردنەوەی دونیا لە چەند دیسیکیک وداتای پڕ زانیاری چەند هەزار ڵاپەڕەیی یە، نەوەیەک چەند زمانی زیندووی جیهانی دەزانێت ورۆژانە لە پەیوەندییەکانیدا وبۆ چالاکیەکانی وبۆ کارو بۆ بەهرەو خولیاکانی بەکاریدەهێنێت.
نەوەیەک، فورسەتیكی ناوازە وهەرزان وکاراوگونجاوو سادەی کەوتوتە بەردەست، بتوانێت بەشدارو چالاک وزیندوو بێت لە دروستکردنی بیروڕای گشتیداو لەکۆلیکتیفی چالاکیە رۆژانەییەکاندا، لە، نەوەیەک بەرهەمهاتووی قۆناخێکی نوێ یە ، هەست ولێکدانەوەیەکی شێوە گشتیان لا دروست بووە، کە نامۆ وتوڕەن بە هەموو شتێکی ئێستای کۆن، لەدژی هیرارکیەت، پاتریۆتیستی ، ناسیۆنالیستیت، بێزارن لە سیاسەتی، لەکلتوری، لە نۆرم، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ترادسێۆنیەکانی، لە پیرۆزییەکانی، لەکاریزما و لەدۆگمە فکرییەکانی. نەوەیەکن وە تەنانەت کەوتونەتە ئەو دیو دابەشبونی جەندەری، کۆنفسیۆن وناسێۆنەوە. ئەم نەوەیە زۆر بەدیار کڵێشە فەلسەفیەکانەوە دانانیشێت، زیاتر پشت بە لێکۆڵینەوەی بواری زانستە سروشتی وفەلسەفە کۆمەڵایەتیەکان وئەزمون وداتا وستاتستیک دەبەستێت.

نەوەی سالانی سفرەکان، نەوەیەکی تۆلیرانس وکراوەن، هاو نیشتمانی جیهانی وکۆسمۆن و چەپخواز وئینساندۆستن. نەوەیەکن( زۆر لە نەوەی ساڵانی پێش شۆڕشی گەورەی فەرەنسا ) دەچن، نەوەیەکن لەدایکدەبن وەک ئەوەی جیهان هەروا بوە، لە حیکایەتی سەرەوری بێزارن، قەڵەشتی شارو لادێ نێوانیان خەریکە نامیینێ ولادێیەکان یان دەچنە باوەشی قەهراوی پەراوێزی شار و یان خۆیان بە هەموو چەم وجۆبارەوە بەرەو شارۆچکەیەکی مەدەدنی گەشە دەکەن.

لە نێو ئۆربانە مۆدێرنە گەورەکاندا، کەمایەتیەکی زۆر کەم تەواوی سەروەتی کۆمەڵگایان قۆرخکردووە و وەحشی دوای قازانجن ،لە ململانێ ولە کێبڕکێیەکی زۆرەملێی نێو خۆیانداو شکاندنەوەیی بە ناچاری بەسەر توند کردنەوەی هەلومەرجی بەرهەمهێنانەوە ، وەک تاکە دەروازەی مانەوەی سیستەمی کەپیتالیزم، نائارامی و ڕاکە ڕاک و ئومێد وژیانی ملێۆنان ئینسانی ڕاپێچی نێو مانەوەی فیزیکی کۆمەڵگا کردووە. ، شەڕی گەورەی ماڵوێرانی، فەزاحەتی فڕادانی هەزاران تۆن خواردن بۆ دانەبەزینی نرخ، بەخۆڵەمێشکردنی سەدان هەکتار زەوی بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانی بتوانێت بەکەمێک هەرزان ترلە کۆمپانیا ڕکابەرەکەی مەوادە خاوەکانی بگوازێتەوە.
ئاوی خواردنەوە لە ئاستی جیهاندا ، لەلایەن چەند فیرما وکارتیلی نێو نەتەوەییەوە، مۆنۆپلکراوە( نیستلەوئیڤیان…) . ئەم خەرەندە گەورە کۆمەڵایەتیە، لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتانێکەوە، کە زۆر کەم باکی بە ژیان وگوزەرانی ئەم نەوەیە هەیە، بە ڕووی هەموو ناڕەزایەتیەکدا ئەم کەمایەتیە دەپارێزرێت و بۆ ئەم ڕاسپاردەیەش،پەرلەمان وماسکی میدیایی و تەواو و سەربازیشی لەمەچکدایە.

ئەم نەوەیە لە پڕو کەمتر لە دەیەیەک لەبەرامبەر پەنجەرەیەکدا وەستا کە دەڕوانێتە پانتایی ڕەهەندەکانی ژیان وبیەوێت بەچەند چرکەیەک جەوهەر وپروسەی ڕاستیەکانی بۆ دەرکەوێت.(لەکاتیكدا سوقرات پێی وابوە ناتوانین ئەگەرەکان دیاری بکەین، یان تێبگەین و دیاریبکەین). نەوەیەکن زۆر لەبەرامبەر سیکسولیەتیەت وکراوەن و دیدگایەکی ئینسانیان بۆ نێۆ خۆیان پەیداکردوە، مناڵ وژیان وکەسایەتی مناڵ، دەبێتە سەنتەر(دەستدرێژی بۆ سەر ماف وکەرامەتی مناڵ، وەک تاوانی یەکجار گەورە دەژمێردرێ وژیانی مناڵ دەبێتە سەنتەری ئهتماماتی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئابوری وئایدۆلۆژییەکان )٠ کێشەی پەنابەران و ژینگە و پرسی گەورە لە ئایندی خۆیان بێوەڵام ناهێلن. لەبارەی سەردەمەکانی گەشەی مرۆڤایەتیەوە، زۆر جار لەگەڵ هەر داهێنان ووەرچەرخانێکی مەزن لە بواری میدیا و زانیاریدا، زەمینەیەکی یەکجار گونجاویان بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری وشۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان پیکهێناوە. وەک دۆزینەوەی ئەلف با، لەکۆماری یۆنانی کۆن ورۆمادا، چاپ لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا.

هەموو سیستەمەکە بۆگەنی کردووە ..

لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی پارەوە ، وەتا ئێستا زیاتر ١٢٠ وڵاتی جیهان، لەشارە گەورەکان وشارۆچکەکان وقوتابخانەکان ، خوێندکاران ولاوان وهەلسوراوانی ئێکۆ سیستەم و خەڵکی ناڕازیی ، خۆپیشاندان دەکەن ومیتنگی جەماوەری وکۆڕو کۆبونەوە ساز دەدەن. سەرەتا کەم وبایەخ وگرنگی ئەوتۆی نەبوو، ئێستا هەفتانە بەردەوام خۆپیشاندانەکان لەسەرانسەری جیهان بەسەدان هەزار کەس تێدەپەڕێنێت و بزوتنەوەکەیان لەژێر ناوی ((هەینی بۆ ئایندە)) ئاسۆی ئالتەرناتیفی سیاسی/ کۆمەڵایەتی بۆ دەربازبون لە وەحشەتی قازانج و کێشەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەداری وەرگرتوە.
بەتایبەت لە ئەوروپا(سەر زەمینی واقعی نمای بزوتنەوەکە)مۆری بە زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی وسیاسی ورۆشنبیری کۆمەڵگاوە کوتاوە. ئەو پرس وپرسیارانەی ئەم نەوەیە ، وەک چارتا وپلاتفۆرم ومانیفیستەکەی خۆی بەدەوریدا کۆبوەتەوە، و شێوازو تاکتک وئامرازەکانی تێکۆشانی بۆ دەکەن ، لە بەرتەسکی دیدگای لیبرالیزمی کلاسیکی تێدەپەڕێنێ و ناتەبا ودژ بە نیولیبالیزم و وژورنالیزمی ئاراستەکراوە، زۆر کەس بە درێژە وگەشەپێکردنی (بزوتنەوەی ئۆکیپای ستریت ) ئەمەریکا دەزانێت لەکاتی ئەزمەی ئابوری سالێ ٢٠٠٨ ویان فۆرمێکی نوێی (ناڕەازایەتی هێڵەک زەردەکان)ی فەرەنسا، بەرجەستەترین نمونەی سەرکەوتنی میدیای ئەو فلمە ٤٥ دەقیقەیە بو، کە (ریزۆ /Rezo) ناوێک بۆ تێکشکاندنی جەبەروتی پارتی دیموکراتی مەسیحی ئەلمانی لە یوتوب کە خۆی دەرهێنەری بوو، بڵاوکردەوە، ١٣ ملیۆن کەس بینیوتی لە کاتێکدا هیچ کام لەکەنالە تەلەفزیونیە زۆر بەناوبانگەکانیش ناتوانن بەو ژمارەیە بگەن.

پارتە سەوزەکانی ئەوروپا وئەم نەوەیە

پارتە سەوزەکان بەتایبەت لەئەوروپای رۆژئاوا، کەمێژویەکی ٣٠ /٤٠ ساڵەیان هەیە، تەوەرەی سەرەکیان مەسەلەی ژینگەپارێزی بووە. دەورانی جۆراوجۆر، لە ولاتانی جۆراوجۆر بابەتێکی کۆمەڵایەتی/سیاسیان وەک تەوەرەی خەبات بەدەستەوە گرتوەو وکەمپینی جۆراوجۆریان بۆبەدیهێنانی سازداوە. دەمێک لەنێوبردنی ئەتۆم، دەمێک مافی ئاژەڵان، دەمیک سیستەمی تەندروستی ، دەمێک مافی کەمایەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ وبەتایبەت پەنابەران، سیستەمی خویندن، سیستەمی ڕێگ وبان و پاراستنی ژینگە وکەمکردنەوەی گازی ژەهراوی و لاستیک و..هتد. بەدرێژایی ئەم ماوەیەش چ ڕاستەوخۆ لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان لە حوکمڕانی ودەوڵەتدا بون یان لە شەقام لەگەڵ سۆسیالیستەکان وئانارشیتەکان وکۆمۆنیستەکان وکەنیسەکاندا بەپێی تیماو داواکانیان کۆمیتەی هاوبەش وبەرەی بەرەنگارییان پێکهێناوە. بەڵام بەردەوام لە پەراوێزی کۆمەڵگا و بێ نینۆک لە دەسەڵاتدا بوون.

هیچ کات بەئەندازەی ئەم یەکدوساڵەیی دوایی سەرنجی میدیا لەسەریان نەبووەو هیزی سیاسیان لەکۆمەڵگا ودەسەڵاتیان لەپەرلەمان ودامەزراوە فەرمیەکاندا نەبووە. پێشتر زۆر ڕادیکاڵ ولە دژی لیبزالێزمی نوێ بون، وەک دەوترا( شووتی بون، ناوەوە سورو دەرەوە کەسک ). هەندێک بە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست ویەکی دەچواند. ڕاستە ئەم نەوەیە مەیل وسمپاتیان بە گشتی بۆ سەوزەکان هەیە وئەمەش خالێ لاوازیانە، لاوان بەگشتی پشتیان لە پارتە تەقلیدیە سواوەکان کردووە، ئەم چەکەرەکردنەوەی سەوزەکان ،دەتوانین بەکورتی دیاریبکەین، ئەو گۆڕانە چۆنایەتیە یە لە پارتە سەوزەکان،لە بری ڕادیکالیەتی دژی کاپیتالیزم، خەباتی چینایەتی ئێستا پێکەوە ژیان وسازانئ کۆمەڵایەتی یە،لە بری ناکۆکی چینایەتی وسیستەمی کەپیتالیزمی بە کارەساتەکانی ژینگە،. لەو کاتەی پارتە تەقلیدیەکانی تری کۆمەڵگا لە شوێن خۆیان بەدیار بەرنامەکانیاوە دانیشتبون، پارتە سەوزەکان ئەو خۆگونجاندن وپێشڕەویەیان پەرەپێدا، کە لاوان وهیواکانیان وخەونەکانیان لە خۆیاندا بگونجێنن. پەرچەمی خواست وخەونەکانی لاوان، خوێنگەرمانە بەرزکەنەوە وخۆیان لەگەڵ ئەم نەوەیە بسازێنن.

لاوانی کوردستانی عێراق (عێراق) وپرۆژەی کۆمۆنیستی

نەوەیەکی بەئاگا وسەرکیش وتووڕە لە دەسەڵات ولەکۆی سیستەمی پیکهاتەی لەقڵبدانی تەنگی ژیانی پەیدا بووە. ئەم نەوەیە، بەدەست سیاسیە کۆنەپەرست و دەستکەوتە پیرۆزەکانی ڕابەروقارەمانە نەتەوەییە چاوچنۆکەکانەوە، رۆحی هەلاهەلا بووە. ژیانی رۆژانەی ئاسایی، ئەم نەوەیە، گیرۆدەی گەورەترین چەقبەستنی سیستەمی سیاسی وکۆمەڵایەتی وحزبی بوه. لە نێو بازنەی بەتاڵی حوکمڕانی بنەماڵەیی ودەسەڵاتێکی قەهراوی دا، سەرگەردان بەئەبەدی دەسوڕێتەوە، نەوەیەکن، چاوەڕوانی وتموحی باشترکردنی ژیانیان، لەگەڵ دیواری بەرزی حەسارەکانی دەسەڵات وکۆمەڵگادا، لەگەڵ تفەنگبەدەستەکانی ((ناوچەو مەڵبەندەکان))و یاساوڵە چاو زیتەکانی مۆڕال وئاین وکلتورو پایە بەرزی دەوڵەمەندە دەبەنگەکاندا، ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

نەوەی ساڵانی سفرەکان، بەراورد بە نەوەی ساڵانی نەوەدەکان، مانەوە لە کوردستان گیریان خوارد . شەپۆلی ناڕەزایەتیە جەماوەری وتاکیەکان، خۆرۆشنبیرکردن وچالاکیە فکری وسیاسی وهونەرییەکان، بایکۆتی هەلیژاردنی پەرلەمانی وڕووەرگێڕان لە پارتە تەقلیدی وکۆنەپارێز وهەرەمیەکان، روناکی بەخشن وتاکە ئومێدن کە خۆیان ڕێگایەکی جیاواز بۆ ئازادی وبۆ پێشکەوتن و بۆشۆڕش هەڵبژێرن.

لە تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی کوردستان، لە یەک کەسی هەموو ئەو لاوانەی لەڕێگای کۆچ وهەڵاتن، زیندانیکران لەلایەن دەوڵەتانەوە، خنکان، سوتان، بریندار بون، بزر بوون، سەقەت بون ، بەزۆر دیپۆرتکرانەوە، چارەنوسی مناڵەکانیان، هاوسەرەکانیان، ئەوان هاوڵاتی پلە دەیی نیشتمانی دایک نەبوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان، میشێک میوانی نەبوو، نە شکاتێک، لێپرسینەوەیەک، تەلەفۆنێک، سەردانیەک، نەبوو. تەنانەت خەرجی لاشەی کارەساتەکانی ڕێگاوبانیشی نەگرتە ئەستۆی.
ئەو نەوەیەی مانەوە ش لە کوردستان، هیچ نلێپرسراوەتیەک ونەخشەیەکی حکومەتی هەرێم نەبو، بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاوتر بۆ ژیان وپلاندانان بۆ کەمکردنەوەی کۆچ ولە نێوبردنی هۆکارەکانی هەڵاتن و سەرهەڵگرتن.
ئەم نەوەیە جوانترین ڕۆڵەکانی لە جەنگی بەرەنگاری لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیدا گیانیان لەدەستداوە، لە بەردبارانکردنی بنکەو بارەگای حزبە دەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنە هەلپەرست وپۆپۆلیستەکاندا (ڕێژوان وسورکیووبیلال وگەرمیان و………….). لە دژی هەژاری ونەداری، بێرێزی وشکۆدا(سۆرانی مامە حەمە)، لە دژی گەندەڵی وتاڵان ودیکتاتۆری ژەنەڕالەکان( کاوە گەرمیانی)، لە دژی کۆی سیستەمی گەندەڵی وپاتریارکی و چاوچنۆکی وپاوانی موڵک وماڵ وسیاسەت ودەسەڵات وجیاوازی چینایەتی( سەردەشت عوسمان).

شوناس وخەباتی چینایەتی

نەوەی ساڵانی دوهەزارەکان، نەوەیەکن خەون وخولیای جیاوازیان لا پەیدا بوە. زۆر ئینساندۆست وژندۆست وژیاندۆست وکتیب دۆستن. ئەو نەوەیەی پەیدا بووە، کەمتر پیاوسالارو ئەگرەسیف وشەڕاوین. نەوەیەکن ئیدی حیکایەتەکان، کەمتر جێگای خوڵقاندنەوەی داستانە سەرمەدییەکانیان دەبێت. دەورانی( زیندانی سیاسی وپێشمەرگەی کۆن وشۆڕشی ئەیلول)، کۆتایی دێت ، بابەتە کۆمەڵایەتی ویەکسانی وئازادییە سیاسی ومافە مەدەنی یەکان وهاوڵاتی بون وخۆشی وشکۆ وڕێزو بوونی ئینسانی، جیگای دەگرێتەوە. ئەم نەوەیە ناکۆکی یە چینایەتیە کلاسیکیەکانی کەپیتالیزم بە شەپۆلە هزری وفەلسەفیە نوێیەکان پەرچەمدار دەکات.
ئەم نەوەیە کوردبون، ناکاتە تاکە شوناسی و ئیسلامیش بە نامۆ دەزانێت بە بونە جیهانیەکەی. ئەم نەوەیە ،دەبێتە بەشێکی هەلپێکراو لە لە تەوژمە جیهانیەکان وئارەزووی قولی شکاندنی سنورەکان و گەڕیدەیە وتینووی گەشت وگوزارە. ئەم نەوەیە ئیدی ناتوانێت لە حەساری خێزانە گەورە خێلەکیەکاندا، ئاسودە بێت وهەست بەئارامی بکات. ئەم نەوەیە دەیەویت ئازاد بێت وماف وکەرامەتی پاڕێزراو بێت. ئەم نەوەیە سیما وئاکار، جل وبەرگ وئادابی، هەلسوکەوتی رۆژانەو مامەڵەی لەگەڵ دایک وخوشک وهاوسەروباوک وبراو هاوڕێێ کاندا، نوێ یە ودەیەوێت کەسایەتیەکی درێژکراوەی میژوی کۆن نەبێت. شوناسی نەوەی نوێ، نەخەملێوە، بەڵام فرچکەکەو گەلاوێژەکەی یەکجار ئایندە بەخشن.

نەبەردەکانی ئەم نەوەیە:

(واز لە ژینگە بهێنن، سیستەم بگۆڕن)، ( هەموو سیستەمە کە بۆ گەنە)، لە خۆپیشاندانە گەورەکان وبەزمانە جۆراوجۆرەکان بەرز دەکرێنەوە، ناوەڕۆکی دژی کاپیتالیستی ئەم ڕاپەڕینەی لاوان وێنا دەکات. کە ڕەنگە زۆریش خۆپیشاندەران لە ئالۆزی سیستەمەکە نەگەن. نەبەردێکی واقعیە، ئەو جدالاتە فکری وسیاسیانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگا، لە ناتەبایی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەگەل مانەوەی ئینسانیەتی ئینسان،ناکۆکی چارە هەڵنەگری سودی سەرمایە وتەبایی وخۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دانیشتوان. هەر پێشکەوتنێکی بواری زانست وبواری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، دەکاتە سەرچاوەی فەرهود وکێبڕكێێ کەڵەکەی سەرمایە.لاوان لە نێو ئەم ژینگەیەدا ، لە نێو ئەم پرسیارو تەوژمە سیاسی وفکریانەدا، لە نێو ئەم خۆپیشاندان ومانگرتنانەدا، دەتوانن ئاسۆیەکی گەشی سۆشیالیستی بەدی بکەن.

ئەم نوسینە کورتە تایبەت نیە بە خەباتی لاوان بۆ ماف وداوای تایبەت بە خۆیان وتوێژەکەیان ، بۆ فراوانکردنەوەی باخچەو ودروشانەوەی پرشنگی جوانی وبەختیان، بەڵکە گیان وئایدیا و خەونەکانیان لە گۆرینی سەرتاپای کۆمەڵگادا، وەک داینەمۆی هێزێکی نوێی شۆڕشگێر، وەک پەیدابوونی ئینسانێکی نوێ کە دەیەوێت بە زوویی لە چەوسانەوە، لە ئەشکەنجە، لە هەژاری، لە شەڕ، لە نەزانین،لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕزگاری بێت. ئەم نەوەیە هێزێکی نوێ مارکسیزمی ئەرسەدۆکسی دەکاتە ئامڕازی رۆشنکردنەوەی واقعیاتی چینایەتی وکۆمۆنیزمی نوێش دەکاتە پراتیکی شۆڕشگێڕانە.خەیاڵی نیە و مجامەلەش نیە، بۆشاییەکی سیاسی گەورە هەیە، لەبەردەم بابەتە کۆمەڵایەتی ویەکسانی وئازادییە سیاسی ومافە مەدەنی یەکان وهاوڵاتی بون وخۆشی وشکۆ وڕێزو بوونی ئینسانی، جیگای ئالتەرناتیفیی کۆمۆنیستیدا چاوەڕێی نەوەیەکی هۆشیاروبە دەربەست دەکات.

گریمانی یەکجار زۆرە، شوناسی سیاسی ئەم نەوەیە لە ڕێکخراوی کوردستانی ئەلتەرناتیفی کۆمۆنیستی لەعێراقدا، بەرجەستە ببێتەوە. پەرچەمی نەوەیەکی ئینسانی سۆسیالیست وئازادیخوازو هۆشیارو ناڕەزایی بەدەستەوە بگرێت. ئەم نەوەیە. ئینسانێکی نوێ یە.

جەمال کۆشش
١٤.٦.٢٠١٩




چێژی خوێندنه‌وه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئاشنابوون به‌كتێب … ڕانانی/سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ران چه‌ند له‌ ئاستی ستایل و كرداردا له‌ یه‌كتری جیاوازبێت، دواجار هه‌موویان له‌و خاڵه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش چێژ بینینه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب. چێژێك كه‌ مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتێكی ڕاسته‌ قینه‌ی به‌ زمان لێ بكات، مه‌گه‌ر خۆی خوێنه‌ری كتێب و له‌ نێو دنیای كتێب نه‌بێت. بڕوا ناكه‌م له‌ ژیانی مرۆڤه‌كاندا، به‌ تایبه‌تیش له‌ كۆمه‌لگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا، هیچ نێوه‌ندو ئۆرگانێكی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هێنده‌ی كتێب مرۆڤ فێری په‌روه‌رده‌كردن وزانست و مه‌عریفه‌ بكه‌ن.
نێوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ كوردستاندا، تاكی خاوه‌ن بڕوانامه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵام تاكی بیركه‌ره‌وه‌و خوێنه‌ر دروست ناكه‌ن. ئه‌مه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ گشتی له‌ نێو ئێمه‌دا، ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان له‌ به‌ كولتووریكردنی خوێنه‌وه‌ و ئاشنا بوونی مرۆڤ به‌ كتێب نه‌بینیوه‌. لێره‌وه‌ش زۆر به‌ ئاسانی درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ قوتابییانی زانكۆو په‌یمانگاكانیش، له‌و توێژانه‌ نین كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌رو كاری له‌گه‌ڵ كتێب و دنیای خوێنه‌وه‌ هه‌بێت، ده‌زانێت كه‌ كتێب چ به‌ خشش و سه‌رمایه‌كی مرۆیی گه‌وره‌یه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان فێری چییه‌تی و چۆنییه‌تی ژیان و ڕامان و بیركردنه‌وه‌ ده‌كات. ئێمه‌ میلله‌تێكین به‌داخه‌وه‌ ناخوێنینیه‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی كێشه‌ مه‌عریفی و هوشیارییه‌كانی كۆمه‌لگا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی ئه‌و پاشخانه‌ كولتووریه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ خوێنه‌وه‌ دروست ده‌بێت.
بۆیه‌ چه‌ند هه‌وڵی به‌ كولتووریكردنی خوێنه‌وه‌ و ناسینی دنیای كتێب بده‌ین، ئه‌وه‌نده‌ی تر له‌ داهێنانه‌كان و پێشكه‌وتنه‌كان نزیك ده‌بینه‌وه‌. كتێبی(چێژی خوێندنه‌وه‌) هه‌وڵێكه‌ بۆ ناساندن وگوزارشتكردن له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و كتێب. ئه‌م كتێبه‌، ئه‌زموونی چوارده‌ نووسه‌ر له‌ باره‌ی ڕامان و گوزارشتكردن له‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌ له‌ خۆده‌گرێت. ئه‌گه‌رچی دیدگای هه‌ریه‌ك له‌ونووسه‌رانه‌ له‌ باره‌ی كتێبه‌وه‌ جیان له‌ یه‌كتری، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێین دواجار هه‌موو ئه‌و دیدگایانه‌ به‌ ڕوانێنێكی هاوبه‌ش و جێگیرده‌گه‌ن له‌ باره‌ی كتێبه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌ چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ پوختییان بكه‌ینه‌وه‌.
به‌ بڕوای هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی ته‌مه‌ن و زه‌مه‌نی ئاشنابوون به‌ كتێب جیاوازیی له‌ نێوانیان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دوای ئاشنابوون وپه‌یوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ كتێب، بوونه‌ته‌ كه‌سیه‌تیه‌كی دیكه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر،ده‌كرێ بڵێین كتێب یه‌كێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ی كه‌ ستایلی ژیانی مرۆڤ ده‌گۆڕێت. له‌ دیارترین سیماكانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ش، بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینی جیاوازه‌ بۆ ژیان و ده‌وروبه‌ر.كتێب وا له‌ مرۆڤ ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ دنیا ببینێت.
جیاوازتر له‌وانه‌ی ناخوێننه‌وه‌، بیر بكاته‌وه‌ و سه‌رنجی هه‌بێت. به‌ بڕوای هه‌ریه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌، كتێب بۆ ئه‌وان كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی دیكه‌ی جیاوازبووه‌ به‌ ڕووی ژیاندا به‌ده‌ر له‌وهه‌موو ده‌رگا كلاسیكییانه‌ی ژیان كه‌ مرۆڤه‌كانی تر پێیه‌وه‌ ڕاهاتوون. ئه‌و نووسه‌رانه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان له‌ دوای ئاشنابوونییان به‌ دنیای فراوانی كتێب،بوونه‌ته‌ بوونه‌وه‌رێكی دیكه‌.
ئه‌گه‌رچی مه‌رج نییه‌ كتێب مرۆڤێكی سوپه‌رمانی دروست بكات، به‌ڵام بێگومان، ده‌یكاته‌ كه‌سیه‌تیه‌كی جیاواز له‌وه‌ی به‌رله‌ ناسینی كتێب هه‌بووه‌.چونكه‌ كتێب خه‌یاڵ و بینینی مرۆڤ له‌به‌رده‌م دنیادا فراوانتر و ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی گه‌وره‌تر ده‌كات.كتێب سه‌رچاوه‌ی زانین و مه‌عریفه‌یه‌، ده‌شێ مرۆڤ له‌ هه‌ر كتێبێكدا، به‌ زانسێكی نوێ و هوشیارییه‌كی نوێ بگات. خاڵێكی دیكه‌، كه‌ دیدگای به‌ شێكی زۆری ئه‌و نووسه‌رانه‌ هاوڕان له‌ سه‌ری ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌موو كتێبێك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانست و داهێنان و خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی سه‌یرنه‌كه‌ین.
به‌ بڕوای به‌ شێكی زۆر له‌و نووسه‌رانه‌، ده‌شێ به‌شێك له‌ كتێبه‌كان، ژه‌هرێك بن بۆ بیری خوێنه‌رو لێیه‌وه‌ مرۆڤه‌كان فێری ده‌مارگیری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دۆگمایی بێت. ده‌كرێ به‌شێك له‌ كتێبه‌كان، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی ئاشووب و كێشه‌ی گه‌وره‌ ببینین كه‌ هزری مرۆڤ به‌ره‌و داخراویی و دۆگمایی ده‌به‌ن و كتێب وه‌ك هه‌وڵێك بۆ تاریككردنی دنیا ده‌بینن.
بۆیه‌ ده‌بێ له‌ هه‌ڵبژاردنی كتێبه‌كاندا، خوێنه‌ر هوشیارو بیر كراوه‌ بێت و ئه‌گه‌ر به‌ركتێبێكی له‌و جۆره‌ش كه‌وت، ئه‌وا نابێت خوێنه‌ر له‌ ڕووی هزرییه‌وه‌ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی. ئه‌مڕۆ به‌ شێگی زۆری كتێبه‌كان، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، هه‌ڵگری گوتارێكی ده‌مارگیری و پۆپۆلستینه‌ و هزری مرۆڤ به‌ بیری توندڕۆیی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ بارگاویده‌كه‌ن.
بۆیه‌ نابێ هه‌موو كتیبێك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هوشیاریی و كرانه‌وه‌ و بیری نوێ ببینین.به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌شێ به‌شێك له‌ كتێبه‌كان تونێلێكی تاریك به‌ سه‌ر هزری خوێنه‌ردا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ دواجار كتێب له‌ بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆكارێك بۆ بینینێكی دیكه‌ و پێشكه‌وتنێكی دیكه‌، ئه‌وا هزری قه‌تیس ده‌كات. بۆیه‌ نابێت بڕوامان وابێت ئیدی كتێب به‌گشتی فریادره‌سێكه‌ و سه‌رتاپای بوون و ژیانمان بۆ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕێت. بێگومان كتێب فێری بینینێكی دیكه‌مان ده‌كات، به‌ڵام هه‌موو كتێبێك نا. چونكه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه‌ ڕه‌فتارو كرده‌وه‌ی توندڕۆیی و ده‌مارگیری، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هزره‌كه‌ن.
به‌ومانایه‌ی ده‌شێ كتێب مرۆڤ فێری بیرێكی توندڕه‌و تاریك بكات،كه‌ دواجار ژیان وێرانتربكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌. خاڵێكی دیكه‌ هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ خوێنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌رچی سۆسیال میدیا و پێشكه‌وتنه‌ خێراكانی سه‌رده‌م و میدیای ئه‌لكترۆنی به‌گشتی، كاریگه‌ریه‌تی له‌ سه‌رخوێنه‌وه‌ و كتێب هه‌بووه‌، به‌ڵام دواجار چێژی هیچ خوێنه‌وه‌یه‌ك ناگات به‌و چێژه‌ی كه‌ خوێنه‌ر كتێبێك به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت وده‌یخوێنێته‌وه‌. هه‌رگیز شێوه‌كانی دیكه‌ی خوێننه‌وه‌ له‌ میدیای ئه‌لكترۆنیدا،وه‌ك كتێب چێژو هه‌ستێكی تایبه‌ت به‌ خوێنه‌رنابه‌خشن.

به‌ تایبه‌تیش بۆ خوێنه‌رانێك، كه‌ زه‌مه‌نێكی درێژه‌ به‌ كتێبه‌وه‌ ئاشنان و خوێنه‌وه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی پێداویستییه‌ هزرییه‌كانی ژیانیانه‌. ئه‌م كتێبه‌ ده‌كرێ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆچێژو بینینی كتێب، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانست و هوشیاری مرۆڤه‌كان ببینین. كه‌ تیایدا كه‌سانێك هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی خۆیان به‌كتێبه‌وه‌ باس ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و دنیا شاراوه‌و جیهانه‌ نوێیه‌ش به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، كه‌ له‌ په‌راوێزی ئاشنابوونیان به‌ كتێبه‌وه‌ پێی گه‌یشتوون. ئاخرهیچ شتێك وه‌كو كتێب، مرۆڤ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ناگۆڕێت و نایكاته‌ كه‌سێكی جیاوازترله‌وانی تر. هیوادارم ئه‌وانه‌ی تائێستا ناخوێننه‌وه‌ و كتێبییان نه‌ناسیوه‌، ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ به‌هاداره‌ بناسن، كه‌دڵنیام هه‌رگیز له‌ ناسینی به‌ درێژایی ژیانیان په‌شیمان نابنه‌وه‌..

ڕانانی/سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*ناوی كتێب/چێژی خوێندنه‌وه‌/ ئاماده‌كردنی(شاخه‌وان سدیق) بڵاوكراوه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی هاووڵاتی_سلێمانی 2019.




رۆمانی … ئه‌فسانه‌ی ره‌نگستان یان ره‌نگستانی ئه‌فسانه‌ … عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج

ناوی كتێب: ئه‌فسانه‌ی ره‌نگستان یان ره‌نگستانی ئه‌فسانه‌؟
نووسه‌ر: عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج
نه‌خشه‌سازی به‌رگ: به‌رزین قاسم
پیتچنین و نه‌خشه‌سازی ناوه‌رۆك: سامی عه‌لی بندیان
چاپ: چاپخانه‌ی رۆشنبیری

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکان کوشندەیە … جیهاد موحەمەد

هەڵەی ستراتیژیی، هەڵەیەکی کوشندەیە، دەبێت بە نەخۆشیەکی درێژخایەن، هەتا ژیانی سیاسیی ئەو حیزبە، یان ئەو بزووتنەوەیە، یان هەڵگرانی ئەو فەلسەفە و دیدگایە بمێنێت لە کۆڵیان نابێتەوە، وەک دەڵێن هەتا مردن لەگەڵ نەخۆشەکەدایە و نەخۆش ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەڵەی تاکتیکیی، کە زۆر جار دەشێت ئەم هەڵەیەش کوشندە بێت، شکستهێنەر بێت، وەلێ ئاسانترە لە هەڵەی ستراتیژیی و دەتوانرێت لە قۆناغێکدا حیزبی هەڵەکار خۆی لێ دەربارز بکات. هەڵەی ستراتیژیی لە دەستدانی دەرفەت و بواری جێبەجێکردنی دیدگا و جیهانبینیە بەلسەفییەکانە، بۆ هەرچ حیزب و بزووتنەوەیەکی هەڵەکار. جگە لە لەدەستدانی دەرفەت و بوار و دەریچەکانی ڕزگاری و ئازادی و سەرفرازی چین، یان نەتەوەی چەوساوە، کە حیزب و بزووتنەوە هەڵەکارەکان هەڵگری ئەو دروشمانە بوون،لە پێناویاندا هاتوونەتە ئاراوە. جار هەبووە حیزبی هەڵەکار خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژ بوون و بە مەلاین خەڵکی ستەمدیدەی چینە چەوساوەکان، یان نەتەوە چەوساوەکانیان کردووە بە سوتەمەنی خۆیان، بەڵام بە هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکانیان، چ لە تیۆرییدا، یان لە پراکتیکیدا، هەرچییان کردووە و هەرچیان هۆنیوەتەوە و چنیویانە بە جارێک هەڵوەشێنراوتەوە و، هەموو خەڵکە ستەمدیدەکەش بوون بە ئاردی ناو دڕک و پەرت و پەرتەوازە بوون لە یەکتری. ئیتر ئەم دەردە کوشندەیە دەیان ساڵی خایاندوە و بێ متمانەیی و بێ باوەڕیەکی زۆر گەورە لە ناو خەڵکدا تەشەنەی کردووە، هەم بە ڕابەر و پێشەوا و حیزبە سیاسییەکان، هەم بە ئیرادەی خۆیان. ئەم بێ متمانەیی و بێ باوەڕیە تەنها خودی حیزبەکانی نەگرتووتەوە، بەڵکو درێژەی کێشاوە بۆ بێ متمانەبوون بە فەلسەفە و جیهانبینیەکەیان، بە ئایدۆلۆژییەکەیان، بەو بنەما تیۆریانەی کە لەسەری کاریان کردوە.
بۆ نموونە حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، جگە لەوەی خۆیان کرد بە ئامانج و مەسەلە نەتەوەییەکەیان کرد بە ئامڕاز بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و درێژەدان بە حوکمڕانییەکی هەتا بڵێی خراپ و نادادپەروەر و نایەکسان، کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو کردیان. جگە لەم هەڵە ستراتیژیە ئیداریی و سیاسییە، هەڵەیەکی ستراتیژیی سیاسیی گەورەتریان کرد، بە دانانی سەرۆکی حیزبەکانیان بە فریادڕەس و کاریزمایەک بە وێنەی “خواوەند” بۆ پەرستن. کاتێکیش کە سەرۆک و ڕابەرە فریادڕەسە خواوەندیەکەیان تووشی شکستی سیاسیی دەبێت، وەک مەلا مستەفای بارزان، یان تووشی مردن و نەخۆشی کوشندە دەبێت وەک جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ئیتر حیزبەکانیان تووشی شکستی گەورەی سیاسیی و ئیداری دەبن و خۆیان بۆ ڕاست ناکرێتەوە، ئاخر کە “خوا” مرد، لە نێوان خەلیفەکاندا بۆ مێراتگریی و جێگرەوە جەنگ بەرپا دەبێت. ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە، وەک پارتی و یەکێتی و لەم دوایانەشدا بزووتنەوەی گۆران جگە لە قسەکردن بۆ چاکسازی و هەوڵدانێکی بێ سوود بۆ گەڕانەوە بۆ حیزبێکی مەدەنی سیاسیی، بە هیچ جۆرێک ئەم قسەکردنانەیان بۆ ناکرێت بە پراکتیک و ناتوانن ڕزگاریان بێت لەو تەنگەژە سیاسی و فەسادیەی تووشی بوون. ئەوەتا نەک هەر ناتوانن دوای ئەو ئامانجە بکەون کە لە پێناویدا دروست بوون، بەڵکو خودی حیزبەکانیشیان تووشی گەندەڵی و دەستەگەریی و ناکۆکیی گەورە بوون لە نێوان خۆیاندا. هەرچ دەستە و گروپێکیان، هەرچ سەرکردە و کەسی دیاریان ناچار بۆ خۆ پاکردنەوە، کە ناتوانن خۆیان پاکبکەنەوە، دەستە و گروپەکانی تر و کەسەکانی تر تۆمەتبار دەکەن و دەستی چەوری خۆیان بەیەکتری دەسڕن.
حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، دوو دەیە و نیو زیاترە بەردەوام هەڵەی ستراتیژیی دەکەن، بەردەوام وازیان لەو ئامانجە هێناوە کە لە پێناویدا دروستبوون، خودی خۆیان و حیزبەکانیان بوون بە ئامانج، خەریکی خۆدەوڵەمەندکردنن. خۆ دەوڵەمەندکردن و گوێنەدان بە هیچ ڕەخنەیەکی خەڵک، وای لێکردن تووشی دەیان فەسادی ئیداری و سیاسیی و حیزیی بوون، خەڵکیان تووشی دەردیسەری کردووە، بە هەمان شێوەی خۆیان خەڵکیان تووشی فەساد کردووە، بە تایبەتی چینی بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان و کاسپکارانیان تووشی فەسادی کردووە. ئێستا وا خەریکە لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێگە فەسادیە گەورەکەیان دەبێت بە شەڕ و ئاژاوەیان، هەرچ رۆژە و لە کەناڵێکەوە کەسێکی سەرکردە بە ئاشکرا دەردەکەوێت و دەیەوێت خۆی بکات بە فریادڕەسی حیزبەکەیان و خەڵکی کوردستان.
ئەم حیزبانە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ناتوانن هیچ جۆرە چاکسازییەک بکەن، ناتوانن ببن بە حیزبی مەدەنی و سەردەمیانە لەگەڵ دنیای سەردەمدا بڕۆنە پێشەوە. هەرچی دەیڵێن و دەیکەن هەمووی وەک بڵقی سەر ئاو دوای ماوەیەک فش دەبێتەوە.
یەک ڕاستی هەیە کە ئەتوانم بڵێم هەموو کەس لە کوردستاندا ئەگەر خۆی گێل نەکات دەیزانێت! ڕزگاربوون لە فەسادی ئیداری و حیزبیی و ماڵیی، ئەم حیزبانە بچووک دەکاتەوە و ئەم قەوارە گەورە زەبەلاحەیان نامێنێت، ئەمەشیان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە ناتوانن خۆیان و حیزبە فاسیدەکانیان ڕاستبکەنەوە. ئەمان ناتوانن ئەم هەنگاوانە هەڵبنێن:

١- لە پێش هەموو فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێ بکرێت”ئەم دەوڵەمەندی و بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟”

٢- دەست هەڵبگرن لە دەیان و سەدان پرۆژەی بازرگانێتی.

٣- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن.

٤- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە.

٥- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ شکاندنی یەکتری بن.

٦- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا.

٧- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان.
٨- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
٩- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە نەکەن.
١٠- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە.
١١- باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و دەوڵەمەندەکان.
١٢- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەو.
١٤/ دیموکراتی بن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک ١٤- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا.
١٥- پاکسازی بکەن لە زیاتر ٤٠٠٠چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا ٩٧ی ئەم ژماریە فاسیدە و هی خۆیانە. ١٦- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.١٧- پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و دیموکراتی پێشکەوتووە. ١٨- واز لە تووندووتیژی بهێنن١٩- دیموکراتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن٢٠- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا، هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.

– لە پێش هەموو فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێ بکرێت”ئەم دەوڵەمەندی و بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟” ٢- دەست هەڵبگرن لە دەیان و سەدان پرۆژەی بازرگانێتی. ٣- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن. ٤- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە. ٥- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ شکاندنی یەکتری بن. ٦- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا. ٧- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان. ٨- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت. ٩- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە نەکەن. ١٠- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە. ١١- باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و دەوڵەمەندەکان. ١٢- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەوە١٣/ دیموکراتی بن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک ١٤- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا ١٥- پاکسازی بکەن لە زیاتر ٤٠٠٠چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا ٩٧ی ئەم ژماریە فاسیدە و هی خۆیانە. ١٦- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.١٧- پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و دیموکراتی پێشکەوتووە. ١٨- واز لە تووندووتیژی بهێنن١٩- دیموکراتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن٢٠- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا، هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.

جیهاد موحەمەد




قەوزەیەکی دیکەی فاشیزم…نوێترین کتێبی نووسەر ئیسماعیل حەمەئەمین

نوێترین کتێبی نووسەر ئیسماعیل حەمەئەمین لە لایەن بڵاوکراوەکانی نووسیار چاپ و بڵاوکرایەوە.
فاشیزم چۆنه‌ و چۆن بیرده‌كاته‌وه‌؟ ئه‌قڵی نكوڵیكردنی فاشیزم له‌ جینۆساید چۆن كارده‌كات؟ بۆچی فاشیزم خۆی كۆپی ده‌كاته‌وه‌؟ شه‌ڕ له‌دژی فاشیزم له‌كوێوه‌ ده‌ستپێده‌كات؟ هه‌قیقه‌ته‌ ئه‌قڵانیه‌كان چین و هه‌قیقه‌ته‌ ڕیالیستیه‌كان چین؟ به‌ چ شێوه‌یه‌ك پێچكه‌ بچوكه‌كانی فاشیزم چۆن دوای ڕووخانی دیكتاتۆریه‌ت جارێكێتر فۆرمێكی دیكه‌ له‌ فاشیزمی نوێ به‌رهه‌مده‌هه‌نێن؟ ئه‌مه‌ و چه‌نده‌ها گفتوگۆ به‌زمانێكی شیكاریانه‌ی ڕوون و بێ گرێ و قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌نده‌ها نمونەی تر‌ له‌دادگایی سه‌دامه‌وه‌ تاوه‌كو دادگایی نازییه‌كی وه‌ك ئادۆلف ئایشمان و پشت به‌ستوو به‌ فه‌یله‌سوفی گرنگ (هانا ئاڕێنت).

پەرەگرافێک لە کتێبەکە:

ئادۆلف ئایشمان لە دادگاییکردنەکەیدا زیرەکانە دەیەوێت لەو تاوانبارییە خۆی پاکبکاتەوە، بەوەی بەشدار بووە لە کوشتنی بە کۆمەڵی جوولەکەکان لە سەربازگەکانی هۆلۆکۆست. ئایشمان نکۆڵی لە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەم تاوانە دەکات و دەڵێت؛ من تەنها لە بەشێکدا تاوانبارم نەک هەمووی، تاوانبارم ته‌نها لە بەشی ئەوەی من بەپێی ڕێنماییەکانی حکومەت کاری ترانسپۆرت و ئۆرگانیزەی ترانسپۆرتی جوولەکەکانم کردووە و له‌وه‌دا هه‌ڵه‌م هه‌بووه‌. ئاوەها ئادۆلف ئایشمان خۆی وەک پیاوێکی دڵسۆزی دەوڵەتی نمایش دەکات و چەمکی (ئەرک / الواجب/ Pflicht) و مۆڕاڵ و ئەخلاقی ئەم ئەرک بەجێهنانە دەخاتە ئەستۆی خۆی و تەنانەت لە بەشێکی دادگاییکردنەکەدا پەنادەباتە بەر ئەم چەمکە و باسی فەیلەسوفێکی وەک کانت دەکات و بە مۆڕاڵیستێکی ئەرک بەجێهێنەری گەورەی خۆی لەقەڵەمدەدا. خانمە فەیلەسوفێکی وەک هانا ئارێنت ئەم بەرگریکردنە بە (بێشەرمانە) پێناسە دەکات.
ئایشمان تەنانەت خۆی بە تاوانبار دەزانێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە بەشێکیدا، بە قسەی خۆی نەک هەمووی! بەوەی تاوانبارە لە ترانسپۆرتکردندا بەڵام لە کوشتندا ئەو تاوانبار نییە! ئەمەش ئەو ئەقڵیەتە ترسناکەمان نیشاندەدا کە ڕژیمە تۆتالیتاریست و فاشیستەکان لە مرۆڤەکاندا دروستی دەکەن، بەوەی ئەوان بەشدارنین بەڵکو پێیانکردوون و ئەمان فەرمانبەرن وەک چۆن دەتوانن لە حکومەتی داهاتووشدا هەمان ڕۆڵی جێبەجێکردن ببینین، لێرەشدا مەترسی ئەم بکەرە بەشدارە پشتمێزە دەردەکەوێت، بەوەی زۆر ڕووکەشییانە و کاڵفامانه‌ بیردەکاتەوە. ئەم خودەی كه‌ بیرناکاتەوە و ڕووکەشە كاراكته‌ره‌كی گه‌وره‌ی كه‌سایه‌تی خودی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ له ‌هه‌ناوی مۆدێرنه‌دا دێته‌ ده‌رێ و پێی ده‌ڵێن؛ مرۆڤی مۆدێرن.
پرۆفایلی کتێب
بڵاوکراوەکانی نووسیار
نوسەر: ئیسماعیل حەمەئەمین
بابەت: فەلسەفە
چاپی یەکەم 2019
ژمارەی لاپەڕە: 182
نرخ: 4000 دینار، قەبارە: 13،5*21
ISBN:978-87-93854-02-4




دووڕووی لە دیاردەوە بۆ حاڵەت! … کرمانج فەتاح

لە دونیا ئێستادا قورسە مرۆڤ بتوانێت، بەجۆرێک لەنێو ئەو تەنگەژە قوڵە دووڕوویدا( Murphy personality) مرۆڤەکان بناسێتەوە، بەجۆرێک تا بەرکەوتنی دەمارەکانمان هاتووە . پێمان وایە ئەو دووڕوویە ئەتوانین مرۆڤەکان بەجۆرێک لە دەورووبەرمان کۆبکەینەوە، هەم نزیک بن ڵێمانەوە هەم بتوانین سود لە توانا و یان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆمان بەکاریان بێنین ئەوەش جۆرێک لە نەخۆشیە چونکە لە راستیدا بێ ئەوەی کەسێکی دووڕووبیت ڕەنگە بتوانیت ببیت بەو کەسەی کە خود خۆی دەیەوێت، ئەمەش لە ئەنجام بڕوا بوونە بە توانا و تێڕامانەکانی لەهەم بەر پرسەکاندا ! بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌ تاكێكی خۆشه‌ویست و ئاره‌زوومه‌ند له‌ناو كۆمه‌ڵگادا ، كه‌ ئه‌مه‌ ساخله‌مه‌تی یه‌كی گشتی و تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ به‌هره‌داره‌كان و به‌تواناكانه‌ ئه‌وان ده‌توانن جێ به‌جێی بكه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵدان (ببیت یه‌ خۆشه‌ویستی خه‌ڵك )كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌، نە پێویستە مرۆڤێکی دووڕووبیت نە پێویستەکات مرۆڤ لە پێناو خۆتدا ئاراستە بکەیت.

دووڕووەکان:- بەدەست خۆیانە ، کەسەکان خودی خۆیان ئەزانن کە دووڕوون لە گوفتار و کردارەکانیان دووڕوون دووفاقن بۆ مەبەستێک دووڕووی ئەکەن.
دووڕووی کارێکی چاکە یاخود خراپ ؟ بەدڵنیایەوە خراپە بە حاڵەتێکی دەروونیدا دائەندرێت.

بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە هۆکاری دروست بوونی مرۆڤی دووڕووی چیە؟

٭هۆکارەی یەکەم:- نەبوونی ژینگەیێکی تەندروست تا بەوەی مرۆڤ نەکەوێتە ژێر کاریگەری نەرێنی لە هەم بەر ژینگەی خێزان و کۆمەڵایەتی بوون، ئەمەش ڕەنگە چەند فاکتەرێک ببێتە هۆکاری خوڵقاندنی ئەم دووڕوویە. وەک ژینگەی خێزان لە هەم بەر نەبوونی گرنگی پێنەدان یاخود پێنەدانی بڕوا بە تاک ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی لای تاک گومان لە توانا و ڕا و بۆچونەکانیدا دروست ببێت، ڕەنگە ئەوەش هۆکار بێت بۆ ئەوەی مرۆڤێکی دووڕوی بێ متمان دروست بکات.

٭هۆکاری دووەم:-لایەنی پەروەردەی قوتابخانە،کە ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ ئەوەی تاک تێیدا دووڕوو دووفاق بێتە بەرهەم؛ هەم لەوکاتەی مرۆڤ لە ژینگەی ماڵەوە دێتە ژینگەی بەکۆمەڵایەتی بوونی،سەرتا دەچێتە قوتابخانەیە، کە زۆر جار قوتابی بۆ شاردنەوەی کەم و کوریەکانی هەوڵ ئەدا بیانوو بۆ شکستەکانی بێنێتەوە؛ زۆر جار لە کەوتنی قوتابی لە وانەکانی هەوڵ و بۆ دۆزینەوەی‌ بیانوێک ئەدات تا لە ماڵەوە شکستەکانی پەردەپۆش بکات.کە هۆکارەکەشی بۆ سەرتای تاک دەگەرێتەوە کە‌خێزانە، چونکە ڕەنگە هیچ کات گرنگی بە بیرو ڕاو جیاوزایەکانی نەدرابێت، ئەمەش دەکرێت کاری جدی بۆ بکرێت لە ڕووی پەروەردەیەوە. کە تاک بە ناوخنی خۆیدا ئاشتبکرێتەوە.
٭هۆکاری سێیەم:- میدیا و ڵایەنی رامیاری؛نکۆڵی لەوەناکرێت ئەم دووفاکتە کاریگەری گەورە بەسەر تاک جێ دەهێلن بەوەی چۆن تاک ئاراستەبکەن. بەهۆی گەشەکردنی میدیا و تەکنەلۆجیاوە، کاریگەری هەژموونی میدیا بەسەر هزرو سۆزو ڕەفتارو بڕیاری تاکەکانەوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بەدەر دەکەوێت.
میدیا خۆی و چالاکیەکی کۆمەڵایەتی وەڕەفتاری تاکەکان ڕێك دەخات و ئاراستەیان دەکات .چونکە میدیا خۆی خزاندۆتە نێو کایەکانی مرۆڤەوە.
میدیا وئازادی دووڕوی یەك دوان، هەر یەکەیان فاکتەرە بۆ گەشەکردنی ئەوی دیکەیان .، بۆیە ئەم دووفاکتەش بەدەر نین کە چۆن کاریگەریان هەبێت لە سەرتاک لە نەحیەی سایکلۆژیەوە… لە بوون بە کەسێکی دووڕو، ئەبێ میدیا زۆر کات ڕۆڵی گرنگی هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن ئاراستەبکرێت. تا لە بەڕژەوەندی گشتی بێت.

کرمانج فەتاح




گەندەڵی ئەو چەمکەیە کە کوردایەتی ناشیرین کرد! … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لەئەمڕدا ئەگەرتێڕامێنین دەبیین ئەو گەندەڵییە ئیداری و سیاسی، دادوەری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ھۆکارەکەی نەبوونی سیستم و رێکخستن و نەزم و دسیپلین و سەروەرایەتیی یاسایە لەهەرێمی کوردستان کە لە رێگای حیزبەکانەوە دەستی ناوەتە بینی کۆمەڵگای کوردستانی باشوور، لە راستیدا ویستی کۆمەڵێ لە رێبەرانی بەھێز و دەسەڵاتی سەردەمی خەباتی شاخی حیزبەکانە کە ھەتا ئێستاش کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد لە باشوور و لە پارچەکانی دیکەش بە قەرزار و منەتباری خۆیان ئەزانن و پێیانوایە ئەوان لە ئاسمانەوە دابەزێنراون بۆ ئاغایەتی و سەروەرایەتی بە سەر کۆمەڵگای کوردستانەوە و چاوەڕوانیشن خەڵک بێدەنگ و ملکەچیان بێ لەزۆنی سەوز بنەماڵەی تاڵەبانی پیاو سالارە و لەزۆنی زەرد بنەماڵەی بارزانی پیاوسالارە.

ئەمە لە راستیدا ئەوان ئەیانتوانی ببنە خۆشەویست و پاڵەوانی (ماندێلا و گاندی)ئاسا بۆ کوردستانی باشوور و پارچەکانی دیکەش. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان خەڵکی کوردستانیان لە دەستی بەعس رزگار کرد، دامەزراوەکانی بەعسیان لە کوردستان ھەڵپێچا، بەڵام ھیچ ئالتێرناتیڤێکیان بۆ نەبوو. ھەر بۆیە ھەرەمی دەسەڵاتی رێبەرسالاری، بنەماڵە سالاری، خێڵ سالاری، عەشیرە سالاری جێگای دامەزراوە چەوسێنەرەکانی بەعسی لە کوردستانی باشوور گرتەوە و ئەمانەش ھەر کامەیان لە کەمپەینی حیزبێکدا خۆیان رێکخست و رکابەرێیەکی ناساغی حیزبیانەیان بەو پێکھاتەو تایبەتمەندیانەوە دەست پێکرد کە لە ئەنجامدا بێزراوترین جاش و سەرکردە جاشەکان، خۆیان لەو رکابەرێیە نەخۆش و پێکھاتە ناساغانەدا جێگا کردەوە.
بەکورتییەکەی ئەو پێکھاتە نەخۆشە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە رێبەر و سەروەری پارچەیەکی کوردستانە، بەڵام دەبینین ئێستاکەش ھەر ئەو کەسانە دەسەڵاتدار و بڕیاردەری سیاسی، ئیداری و ئابوورین کە چل ساڵ لەمەوبەر لە شاخ و سەنگەر بوون و ھەندێکیان پەلەقاژەی مەرگ ئەکەن، بەڵام دەست لە ئەڵقەکانی دەسەڵات بەرنادەن. لەوەش خراپتر ھەموو مناڵ و خزم و کەسوکاریان لە جومگەکانی حکومەت و حیزبا جێگیر کردووە، سروەت و سامانێکی زۆر و زەوەندیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و داھاتوویان پاشەکەوت کردووە و گەراشیان بۆ دەسەڵاتداری و سەروەرایەتی و ئاغایەتیی پشتاوپشتیان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە ناوەتەوە، کەچی خەڵکی کوردستان ئێستاش لە پێتەختی ھەرێمەکەی و ناوەندی پارێزگاکانیشی خەون بە کارەبای بەردەوام، بیمەی تەندروستی، بیمەی سەرەتایی و ئینسانیی دیکەوە ئەبینێ. ھەتا ئێستاش زیاتر لە نەوەد لەسەدی کاڵای بازاڕەکانی کوردستان ، ھەر لە پەتاتە، تەماتە، سەوزە و رزق و رۆزی و پێداویستیی رۆژانەی خەڵکەوە بیگرە لە دەرەوەی کوردستان ھاوردە ئەکرێ و ئەمەش بە تەعبیرێ یانێ دەست لە بنی ھەمانەکەوە درچووە.ئەم سیاسەتی حیزبایەتی، کوردایەتی و دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەرییەی لە ھەرێمی باشووری کوردستان ھەیە، نمونەیەکی ناشیرین لە رزگار بوون و ئەزمونی دەسەڵاتداریی خۆماڵی بوو کە پیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەواوی گەلانی تری دونیا دراوە .

ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر




ئازادی جوانترین ناسنامه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ئازادی وشه‌یه‌كه‌ له‌ڕووی ڕێزمانه‌وه‌ پێك دێت له‌ شه‌ش پیت به‌ڵام به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م پیتانه‌ ده‌بێته‌ جوانترین ناسنامه‌ بۆ تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگادا, به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی ده‌بێت هه‌موو تاكێك ئازادی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و پێشكه‌توخواز درووست بێت, هه‌روه‌ها له‌پاڵ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی پێویسته‌ كه‌لتوورێك دروست بكه‌ین كه‌ ڕێز له‌ ئازادی و بیرو بۆ چوونه‌كانی یه‌كتری بگرین و هه‌وڵی شكانه‌وه‌ی یه‌كتری نه‌ده‌ین له‌ به‌رامبه‌ربه‌ ئازادی وبیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانمان دا, به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ كه‌لتوری شكاندنه‌وه‌ی یه‌كتری له‌نێو كۆمه‌لگای كوردی بۆته‌ به‌ پیشه‌یه‌ك له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا كه‌ ئه‌مه‌ش دڵ شكان و لێكترازانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها سنوره‌كانی ئازادی بۆ مرۆڤ (تاك) زۆر فراوانه‌, به‌ڵام ڕه‌ها نیه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ سنوره‌كانی ئازادی فراوان بێت , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نابێت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ئه‌و سنوره‌ فراوانه‌ ببه‌زێنن به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ببنه‌ ئه‌گه‌ری ده‌ست درێژی كردن بۆ سه‌ر ئازادییه‌كانی تاكه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا, بۆیه‌ پێویسته‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆیان ببنه‌ چاودێر له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌كانی خۆیان و خۆیان ملكه‌چی یاسا سنوره‌كانی كۆمه‌ڵگا بن جا ئه‌و تامه‌ له‌ هه‌ر پله‌و پۆستێكدا بێت.
ئازادی چه‌مكێكی فراوانه‌ و چه‌ندین لایه‌نی هه‌یه‌ له‌وانه‌ ئازادی بیڕورا و ئازادی كاركردن و ئازادی ژیان و ئازادی ئاین و…هتد.

له‌ به‌شێكی جیهان ئازادی بۆته‌ خاڵی ناكۆكی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ڕۆژانه‌ له‌ جیهاندا له‌سه‌ر ئاینه‌ جیاوه‌زه‌كاندا مڕۆڤه‌كان ده‌بنه‌ قوربانی وه‌ هه‌روه‌ها له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی و عێراقی دا ئه‌م جۆره‌ هێرشكردنه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی تاكه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئازادی ئاینی كه‌سانی تره‌وه‌ ئه‌وجا چ به‌ قسه‌ی ناشرین بێت یاخود به‌هێرشكردن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی تێك چوونی ئاراسته‌ی هێمنی و ئارامی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان له‌ كۆمه‌ڵگادا, خوای گه‌وره‌ مرۆڤه‌كانی به‌ئازادی درووست كردوه‌ كه‌ چ ئاینێك بۆخۆیان هه‌ڵده‌بژێرن وه‌ چۆنیش ده‌ژین وه‌ هه‌رخۆیش سزاو لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ مڕۆڤ ده‌ینێت له‌ژیانی دا بۆیه‌
ئێمه‌ بۆمان نیه‌ لێپیچینه‌وه‌ له‌گه‌ل یه‌كتری دا بكه‌ین به‌رامبه‌ر به‌ هه‌لبژاردنی هه‌ر جۆره‌ ئاینێك و ڕێبازێكی دیاری كراودا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت ڕێز له‌ ئاین و ڕێبازی یه‌كتری بگرین كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی مڕۆڤی ئازادی خواز.
.
كاتێك تۆ به‌ ئازادی ده‌ژیت و به‌ ئازادانه‌ بیر بكه‌یته‌وه‌ هه‌رگیز هیچ جۆره‌ سته‌مێك قبول ناكه‌یت و ده‌بیته‌ مڕۆڤێكی میهره‌بان و به‌خشنده‌.

نووسین(ئه‌حمه‌د كامه‌ران)
قوتابی كۆلێژی ئاداب




مێژوویەک لە ژیان، مردن! … شوان شەفیق

سەوڵەکان شکان
بەلەمەکان غەرقبوون
منــــــیش ژیام!

ماسییەکان سەرئاو کەوتن
بۆقەکان خنکان
منــــــیش ژیام!

دەستەکان شکان
پێنووسەکان فرۆشران
منــــــیش ژیام!

کەلەپچەکران ئازادەکان
پڕ دیل بوون زیندانەکان
منــــــیش ژیام!

عاشقەکان تاوانیانکرد
ژووانگەکان چۆڵکران
منــــــیش ژیام!

گۆرانییەکان سەربڕان
ئاوازەکان قەتیسبوون
منــــــیش ژیام!

زەوییەکان فرۆشران
سەنگەرەکان چۆڵکران
منــــــیش ژیام!

شاخەکان خاپوورکران
دەشتاییەکان سووتێنران
منیش ژیام!

منداڵەكان بێناز بوون
دایکەکان زریکاندیان
منــــــیش ژیام!

چاوەکان پڕ فرمێسک بوون
دەستەسڕەکان تەڕ بوون
منــــــیش ژیام!

ژنەکان کوژران
تاوانەکان داپۆشران
منــــــیش ژیام!

سەرچۆپیان گرت قەلەڕەشەکان
لە سێدارەدران پاسارییەکان
منــــــیش ژیام!

بە تاسەوە چاوەڕێ بوون
چاوەکان کز و مات بوون
منــــــیش ژیام!

بەڵێنەکان دڕێندران
دڵەکان شکێنران
منیش ژیام!

دەمەکان وشک بوون
زمانەکان لاڵ بوون
منــــــیش ژیام!

جگەرەکان فڕێدران
تەپڵەکەکان شکێنران
منــــــیش ژیام!

پیاڵەکان پڕ کرانەوە
پێکەکان خورانەوە
منــــــیش ژیام!

گورگەکان تێر بوون
مەڕەکان وریا بوون
منــــــیش ژیام!

تابلۆکان شێوێنران
مۆزەخانەکان تاڵانكران
منـــــیش ژیام!

شوان شەفیق




سەعات نۆ … نەوزاد بەندی

یوم الحساب نۆ پیت
ئەلئەنفال نۆ پیت
کوردوستان نۆ پیت

سەعاتێکی مەچەک
بە مۆڵەتێکی کاتیی
ھاتۆتەوە ..
پێمان بڵێ :
لاویم بە دیار
ڕزینی مەچەکێکەوە
بەسەر چوو..

سەعاتێکی
سیتیزن
ئۆرێنت
یان ڕیکۆ ..
داخڵی ھروب بووە ،
ھەتا بێت و پێمان بڵێ :
باش نیم ..
لێیشم مەپرسن بۆ ..

ئێمە ئیتر
ھیچ شک نابەین
چونکە سەعاتەکانی ئەمڕۆ
داھاتوویان
ھەرگیز باشتر نابێ لە تۆ .




ھاتووم بە گوێتدا بچرپێنم … یوسف ابراھیم

ھاتووم بتبینم
پەیڤی جوان
لە نیگایەکت بچنم
و بیرفێنم بۆ دێرەکانم
وەک ھەنگاوەکانتـ
ڕیز کەم و
لە پاڵتەوە
بەوریایی بەگوێتدا بچرپێنم
و بتھۆنمەوە
ھاتووم نیگارکێشێکم پێ بناسێنی
بەدیارتەوە دانیشێ
لە خۆرھەڵات تا خۆرئاوا
بتوانێ تابلۆێەک بنەخشێنێ
دەرحەق بە جوانی تۆ بێ
ھاتووم شاعيرێکم بۆ بدوێنی
بە وشەکانی بتوانێ
بە دیوانێکیش بێ
وێنای جوانی تۆ
بە گوێی گوێگرا بچرپێنێ
رێبوارێکم بۆ بدۆزیەوە
بەدەوری زەوی
وڵات وڵات سورابێتەوە
تۆی پیشان بدەم
سەرسام ڕا دەمێنێ
ھەروەک تازە ئەوەی بینیبێ
کە بەدوای دەسورایەوە
ھاتووم پێت بڵێم
بەزمانێکی بازاڕی بنووسم
وشەکانم لەنگیش بێت
باسی تۆ بکەم
جوانترین شیعر دەبێت

یوسف ابراھیم




چه‌پكێك هۆنراوه‌ بۆ منداڵان … تاجی سه‌ركه‌وتن

تاجی سه‌ركه‌وتن
عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
ته‌ماشا چــــه‌ند به‌خته‌وه‌رم
چونكه‌ تاجی سه‌ركــــه‌وتنم
بــــه‌جوانی كردۆته‌ ســه‌رم
….
وا مامۆستا و بابــه‌ و دایــه‌
كـه‌ بــــه‌مشێوه‌یه‌ ده‌مبینن
خۆشییان زۆر لـه‌ دڵـدایــه‌
……
له‌دووره‌وه‌ بانگم ده‌كـــــه‌ن
باوه‌شم بۆ ده‌كــــــــه‌نه‌وه‌
ماچ و خه‌نده‌م بۆ هه‌ڵده‌ده‌ن
….
ئای چه‌ند دڵم شادومانه‌
باخچـه‌ی منداڵان جێدێڵم
ده‌ڕۆم به‌ره‌ و قوتابخـانه‌
….. 18/5/2019

دیارییه‌كه‌ی دایكم
عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
ئای چه‌ند خۆشبوو له‌سه‌رخۆ
دایكم كــه‌وته‌ گفتـوگـــۆ
وتی ڕۆڵه‌ی شـــــــیرینم
دیــاریم هێناوه‌ بۆ تــــۆ

منیش زۆر به‌ پــــه‌رۆشی
سه‌رم خسته‌ ســـه‌ر كۆشی
ده‌ستی هێنا به‌ســـه‌رما
دنیایه‌ك خــۆشیم نۆشی

پاشان دایه‌ ده‌ست و برد
هات منی ماچ باران كـرد
ماچ خه‌ڵات و هــانده‌ره‌
بۆ ئێمه‌ی ژیكـه‌ڵه‌ و ورد

هێنده‌م زانی دایه‌ خان
وتی فه‌رموو ڕۆڵه‌ گیان
ئه‌وه‌ چـه‌ندین كتێب و
گۆڤاری نوێی منداڵان

وتم دیــــاری تۆ و بابه‌
بـــــه‌بــــاشی دڵنیابه‌
چونكه‌ دڵســـۆزی ئێمه‌ن
زۆر بــــه‌ نرخ و نایابه‌

وا منیش بڕیـــار ده‌ده‌م
كتێبخانه‌ی ژووره‌كــه‌م
به‌و هاوڕێ به‌نرخـــانه‌
زیاتر فراوان بكــــه‌م

27/12/2016

خه‌ون و خۆزگه‌

عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

منداڵێكی بچــــــــــكۆلانـه‌م
به‌ هـــاوشێوه‌ی په‌پوله‌ و هه‌نگ
پڕ پڕم لــه‌ به‌هـــــره‌ و هیوا و
دنیایه‌ك خه‌ون و خۆزگه‌ی شـه‌نگ

ســـــه‌یری چه‌ند به‌ گورجوگۆڵی
به‌ره‌و ئاســــۆ هه‌نگـــاو ده‌نێم
له‌ هــــه‌وڵدان ماندوو نابــــم
به‌ خـــــه‌نده‌وه‌ ســـرود ده‌ڵێم

زۆر حه‌ز ده‌كــــه‌م ببمه‌ پێشه‌نگ
لــه‌ كـــاروانی پێشكـــــه‌وتنا
به‌هێز و بــــڕوای بـــــه‌تینم
تا دیـار بم له‌ ســــــه‌ركه‌وتنا

7/6/2018

منداڵ و ئاینده‌
عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
هــه‌ر منداڵان ئاینده‌ی
گـه‌شی كۆمه‌ڵن هه‌مـوو
پڕن له‌ به‌هـره‌ و هیوا و
خه‌ون و خۆزگه‌ و ئاره‌زوو

به‌وانه‌وه‌ شــــانۆی ژین
ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و شـیرینه‌
پڕه‌ له‌ قاقا و خــه‌نده‌ و
هه‌رخــۆشی و پێكه‌نینه‌

بڕۆن بۆ هه‌ر جێگایه‌ك
شـــادی له‌وێ میوانه‌
سیمای دڵگیری منداڵ
هه‌تاكو بڵێی جــوانه‌

ده‌ڵێی خه‌رمانی گوڵن
هێنده‌ بێگه‌رد و پـاكن
بنیاتنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ن،
ئاینده‌ی گه‌ل و خـاكن
20 /6/2018




ڕۆمانێك و دوو وه‌رگێڕ و چه‌ند سه‌رنجێك! … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ڕۆمانی ئازاره‌كانی كچێك، باس له‌ چاره‌نووسی دایك و كچێك ده‌كات، كه‌ به‌ هۆی سه‌ختی ژیان و دۆخی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییان، ڕووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی زۆر ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌و ئازاره‌ ده‌بێته‌ سیمای به‌رده‌وامی چاره‌نووسی ژیانیان تا مردن. پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ئه‌و ڕۆمانه‌ په‌روانه‌یه‌. په‌روانه‌ دوای ئه‌وه‌ی سه‌عیدی هاوسه‌ری كه‌ به‌هۆی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پێكهێنابوو له‌ ده‌ست ده‌دات و ده‌مرێت، ئیدی نایه‌وێت جارێكی دیكه‌ شوو به‌ هیچ پیاوێكی دیكه‌ بكاته‌وه‌. چونكه‌ بڕوای وایه‌ له‌ دوای خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێكی دیكه‌ بژیت و خۆشی بووێت.

وه‌لێ دایك و باوكی زۆری بۆ دێنن و ناچاری ده‌كه‌ن جارێكیتر هاوسه‌رگیریی بكاته‌وه‌. ئه‌ویش دوورله‌ خواستی خۆی، له‌ ژێر فشاری دایك و باوكیدا، ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و شوو به‌ پیاوێك ده‌كات كه‌ ئه‌ویش پێشتر له‌ ژنه‌كه‌ی جیابۆته‌وه‌.ئه‌گه‌رچی په‌روانه‌، به‌و ئومێده‌وه‌ به‌هزادی هه‌ڵبژارد كه‌ له‌ گه‌ڵی بژیت و هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌ری بكات ، وه‌لێ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موونه‌هامه‌تی و ئازاره‌كانی ئه‌و ژنه‌ له‌و چركه‌ ساته‌وه‌ ده‌ستییان پێكرد كه‌ چووه‌ ماڵه‌ نوێیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی. به‌هزاد ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنی به‌ په‌روانه‌ دابوو ئاسووده‌ی بكات، به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ لێدان و ئازاردان و شكانه‌وه‌ی په‌روانه‌ ده‌ست به‌و ژیانه‌ تازه‌یه‌ ده‌كات.

به‌هزاد كه‌سێكی گیرۆده‌بووی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ژیانی په‌روانه‌ و صه‌نه‌می كچی كه‌ له‌ هاوسه‌ری پێشوویه‌تی،ده‌بێته‌ دۆزه‌خێكی كوشنده‌. به‌هزاد وێرای ئه‌وه‌ی كه‌سیه‌تییه‌كی گیرۆده‌ی ئه‌و كارانه‌یه‌، هاوكات ئه‌و په‌ڕی هه‌ڵسوكه‌وتی توندوو شكانه‌وه‌ و تێهه‌ڵدان له‌گه‌ڵ ژن وزڕ كچه‌كه‌ی ده‌كات و ڕۆژانه‌ ئازارییان ده‌دات. ژیانی ئه‌و دایك و كچه‌ له‌ چوار دیواری ماڵێكی بێ ده‌نگ، به‌ ئازارو نه‌هامه‌تییه‌كی زۆره‌وه‌ ڕۆژانه‌ ده‌گوزه‌رێت و ته‌نانه‌ت خواردن و پێداویستی ڕۆژانه‌شیان بۆ دابین ناكات.

به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕێگه‌ نادات په‌روانه‌ له‌ ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.به‌م شێوه‌یه‌ ژیانی دۆزه‌خی ئه‌و دایك و كچه‌ درێژه‌ی ده‌بێت تاكو به‌هزاد ده‌گیرێت و ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌.په‌روانه‌ له‌ دوای گرتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی، واهه‌ست ده‌كات كه‌ ده‌رگای به‌ خته‌وه‌رییه‌كی هه‌میشه‌یی بۆ كراوه‌ته‌وه‌ وخۆی وصه‌نه‌می كچی به‌ته‌نها ده‌ژین و هه‌ر چۆنێك بێت دوور له‌ ئاژاوه‌ و تێهه‌ڵدانه‌كانی به‌هزاد ئاسووده‌ن، وه‌لێ ئه‌و به‌خته‌وه‌ریه‌یان درێژه‌ ناكێشێت، چونكه‌ دایك و باوكی په‌روانه‌ كاتێ ده‌یانه‌وێت له‌ هۆڵه‌نداوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێران و بچنه‌وه‌ لای په‌روانه‌ و صه‌نه‌م، فڕۆكه‌كه‌یان تێكده‌شكێت و ده‌مرن. دیسانه‌وه‌ خه‌م و خه‌فه‌ت ژیانی په‌روانه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌و كه‌ ئومێدێكی زۆری هه‌بوو به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دایك و باوكی كه‌ ژیانیان خۆشتر ده‌بێت، هه‌ر زوو ئه‌و خه‌ونانه‌ی لێ ژاكان. ئه‌مجاره‌یان، گوزه‌رانی ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و. هه‌موو كارێك ده‌كات و شه‌ونحوونی ماندووبوونی زۆر ده‌بینێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ژیانێكی ئاسایی دوور له‌ سته‌می باوكی بۆ صه‌نه‌می كچی بڕه‌خسێنێت و ئه‌ویش درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌ی بدات. به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌و كاركردنه‌ به‌ ته‌ندروستی خۆی ته‌واو ده‌بێت و په‌روانه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌ویش شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌یه‌. صه‌نه‌م كه‌ هێشتا ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵه‌ و جوانترین و به‌هادارترین دیاریی به‌ جێماوی سه‌عیدی هاوسه‌ری پێشوویه‌تی بۆ په‌روانه‌، ناچاره‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ بچووكییه‌ی خۆی واز له‌ خوێندن بێنێت و چاودێری دایكه‌كه‌ی بكات. ئه‌گه‌رچی دوای ساڵانێك له‌ زیندانیكردنه‌كه‌ی، به‌هزاد ئازاد ده‌بێت و جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای په‌روانه‌ و صه‌نه‌م، وه‌لێ ئه‌و هه‌ر مرۆڤه‌ دڕنده‌كه‌ی جارانه‌ و تۆزقالێك نه‌گۆڕاوه‌، بگره‌ زیندانیكردنه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان ئه‌زانێت و دیسانه‌وه‌ ژیانی ئه‌و دایكه‌ نه‌خۆشه‌ و ئه‌و كچه‌ جوانیكله‌یه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ دۆزه‌خ.

به‌م شێوه‌یه‌ ئازاری ئه‌و كچه‌ درێژه‌ی ده‌بێت و پاشانیش به‌ مردنی په‌روانه‌ی دایكی، ئه‌وه‌نده‌ی تر بێ لانه‌ ده‌بێت و ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی به‌هزاد و په‌ردیسی زڕدایكی،ئه‌وانیش وه‌ك كاره‌كه‌رێكی نێوماڵی خۆیان نه‌ك وه‌ك منداڵێكییان هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ گه‌ڵ ده‌كه‌ن. هاوكات ده‌یانه‌وێت له‌ برای په‌ردیسی باوه‌ژنه‌كه‌ی ماره‌ بكه‌ن، كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ خۆی گه‌وره‌تره‌. به‌ڵام دواجار صه‌نه‌م بڕیار ده‌دات له‌ ماڵ هه‌ڵبێت و ده‌چێته‌ ماڵی پوورێكی و به‌م شێوه‌یه‌ ژیانێكی دیكه‌ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ و ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ش كۆتاییان دێت. لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم چه‌ند سه‌رنجێكی كورت له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ بنووسم. ئه‌م ڕۆمانه‌،ئه‌گه‌رچی دوو كه‌س به‌ هاوبه‌شی و هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ند به‌شێكییان لێ وه‌رگێڕاوه‌، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ڕۆمانه‌كه‌یان له‌ چ زمانێك وه‌رگێڕاوه‌، كه‌ بڕوام وایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خۆیان له‌ هه‌ڵه‌كان به‌رپرسیار نه‌كه‌ن .

وێرای ئه‌مه‌ش چۆن ده‌بێ ده‌زگایه‌كی چاپ ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراو بڵاو بكاته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆ ئه‌و زمانه‌ بكات كه‌لێی وه‌رگێڕاوه‌.هاوكات چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌ن كه‌ له‌ خواره‌وه‌ باسییان ده‌كه‌ین:_
*ڵاپه‌ڕه‌ 8نووسیویانه‌:_(په‌روانه‌ له‌ سه‌ر سسته‌مه‌كه‌ نووستبوو). ئه‌و دوو وه‌رگێڕه‌،چونكه‌ وورد نه‌بووینه‌ له‌وه‌رگێڕانه‌كه‌یان، كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌وه‌.چونكه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستییان(سیسه‌می خه‌وتنه‌) كه‌ چی وشه‌كه‌یان به‌ هه‌ڵه‌ وه‌رگێڕاوه‌ كه‌ ته‌واوی مانای ڕسته‌كه‌ی ئاوه‌ژو كردۆته‌وه‌.چونكه‌(سسته‌م) یانی ڕژێمی سیاسی!.
*ڵاپه‌ڕه‌ 8 نووسیویانه‌:-(چاوه‌ قه‌وییه‌كانی) من نازانم ئه‌وان مه‌به‌ستییان له‌و وشه‌یه‌ ڕه‌نگی(قاوه‌ییه‌) یان وشه‌ی( قه‌وییه‌) كه‌ به‌مانای به‌هێزی دێت؟!. دواتر نازانم ئه‌وانه‌ ڕۆمانه‌كه‌یان بۆ خوێنه‌ری كورد وه‌رگێڕاوه‌ یان عه‌ره‌ب؟.

ڵاپه‌ڕه‌ 32نووسیویانه‌:(هێلكه‌ و ڕوون و نان له‌ سه‌ر سفره‌كه‌ دروست كرابوون). بێگومان ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ داندرابوون دروسته‌كه‌یه‌.مه‌رج نییه‌ واتای په‌ڕه‌گرافێك له‌ ڕۆمانێكدا، به‌هه‌مان شێوه‌ی زمانی نووسراو وه‌ربگێڕدرێته‌وه‌. به‌ڵكو ده‌بێ له‌گه‌ل بونیادی زمانه‌وانی زمانی دووه‌م بگونجێنرێت. *ڵاپه‌ڕه‌ 34نووسیویانه‌:(به‌لاشه‌یه‌كی بێ هێزه‌وه‌ چووه‌ نه‌خۆشخانه‌). تائێستاش به‌شێكی زۆرله‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه‌(جه‌سته‌ و لاشه‌ و ته‌رم و ڕوفات)له‌ یه‌كتری جیاناكه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كێكییان بۆ دۆخێكی تایبه‌تی به‌كاردێن. واده‌زانن هه‌موویان یه‌ك مانا ده‌گه‌یه‌نن.
*ڵاپه‌ڕه‌ 69نووسیویانه‌:(قژی به‌ سه‌ر شانی په‌خشكردبوو).بێگومان په‌رشكردبوو گونجاوتره‌. *ڵاپه‌ڕه‌ 72نووسیویانه‌:( ڕۆژانی كۆتایی مانگی ئیسفه‌ند بوو). نازانم مه‌به‌ستییان له‌و مانگه‌ چ مانگێكی ساڵه‌؟ئایا ئه‌وان بیریان له‌وه‌نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ خوێنه‌ری كورد ئاخۆ ده‌زانێ ئیسفه‌ند چ مانگێكه‌؟.
*ڵاپه‌ڕه‌ 78نووسیویانه‌:(فرمێسكه‌كانی سه‌ر گۆنای دایكی پاككرده‌وه‌). سڕیه‌وه‌ دروستتره‌ و هه‌ر ئه‌م وشه‌یه‌ش به‌كاردێت. *ڵاپه‌ڕه‌ 79نووسیویانه‌:-( له‌ماڵه‌كه‌ فیرار بكات). ئایا هیچ جوانییه‌ك له‌وشه‌ی فیراردایه‌؟هه‌ڵبێت جوانتر نه‌بوو؟خۆ وه‌رگێڕان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ق وشه‌ی ئه‌وزمانه‌ بنووسینه‌وه‌ كه‌نووسینه‌كه‌ی پێ نووسراوه‌. ئه‌ی وه‌رگێڕان مانای چییه‌؟.نایشارمه‌وه‌ كاتێ وشه‌ی فیرارم بینی، به‌داخه‌وه‌ فیراربووه‌كانی سه‌رده‌می به‌عسم بیر هاته‌وه‌!. *ڵاپه‌ڕه‌ 87نووسیویانه‌:(پزیشك ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان پێ ئه‌داته‌وه‌). ئه‌و دوو وه‌رگێڕه‌ وایانزانیوه‌( پشكنین)و(تاقیكردنه‌وه‌) هه‌ر یه‌ك واتایان هه‌یه‌. له‌ كاتێكدا تاقیكردنه‌وه‌ به‌ مانای(امتحان)به‌ڵام پشكنین به‌ مانا(فحص)دێت. كه‌ له‌ڕاستیشدا پزیشك ئه‌نجامی پشكنین ده‌داته‌وه‌ نه‌ك ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌،وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان تێی گه‌یشتوون و به‌هه‌ڵه‌ وه‌ریانگێڕاوه‌..
*ڵاپه‌ڕه‌ 88 نووسیویانه‌:( سپڵی زه‌ڕبه‌یه‌كی كوشنده‌ی به‌ركه‌وتبوو). به‌ داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ وه‌رگێڕه‌ ناشاره‌زاكانی ئێمه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی زمانی كوردی له‌ میانه‌ی وه‌رگێڕانه‌كانیاندا جوانترو به‌پێزتر بكه‌ن، دێن ته‌عریبی ده‌كه‌ن.چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ وشه‌ی عه‌ره‌بی ده‌نووسن!!. *ڵاپه‌ڕه‌ 104نووسیویانه‌:(ته‌ماشای چاوه‌ شه‌فافه‌كانی ده‌كرد) سه‌رنج له‌وشه‌ی شه‌فاف بده‌ن.

ڵاپه‌ڕه‌ 105 نووسیویانه‌:(هه‌ستی كرد فه‌قه‌ڕاتی تێك شكاوه‌). سه‌رنج له‌وشه‌ی فه‌قه‌ڕاتی بده‌ن!ئه‌مه‌ زمانی وه‌رگێڕانه‌ یان زمانی ئاسایی ده‌ربڕین و قسه‌كردن؟ *ڵاپه‌ڕه‌ 127 نووسیویانه‌:( ئیزعاجتان ناكه‌ین). سه‌رنج له‌وشه‌ی ئیزعاج بده‌ن.
*ڵاپه‌ڕه‌ 151نووسیویانه‌:(بوغزێك گه‌رووی پزیشكه‌كه‌ی گرتبوو). ده‌بێ مه‌به‌ست حوزنێك واتا غه‌مگینییه‌ك بێت،كه‌ زۆرجار مرۆڤ به‌ هۆی دڵته‌نگییه‌وه‌ گه‌رووی ده‌گیرێت و قسه‌ی بۆ ناكرێت.چونكه‌ بوغز،به‌مانای بوغزاندن و ڕقلێبوونه‌وه‌ دێت. پزیشكه‌كه‌ له‌و كاته‌ ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ دروست بووه‌ كه‌ نازانێ چۆن به‌ صه‌نه‌م بڵێت په‌روانه‌ی دایكت تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بووه‌ وده‌مرێت.بۆیه‌ ئه‌وه‌ی گه‌رووی پزیشكه‌كه‌ی گرتووه‌ بوغز نییه‌ به‌ڵكو دڵته‌نگییه‌، ده‌بوو ئه‌و دوو وه‌رگێڕه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییانه‌ له‌ یه‌كتری جیابكه‌نه‌وه‌. *ڵاپه‌ڕه‌ 184 نووسیویانه‌:(بریسكه‌یه‌ك دای له‌خه‌یاڵی).لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ بروسكه‌یه‌ كه‌وه‌ك ته‌زووێك و ئاگاهێنانه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته‌ بیری مرۆڤه‌وه‌، كه‌چی ئه‌وان كردوویانه‌ به‌بریسكه‌، بێ ئاگا له‌وه‌ی بریسك به‌مانای بریسكانه‌وه‌ دێت!.
*ڵاپه‌ڕ209 نووسیویانه‌:( زه‌ینی ته‌شه‌نوجی كردبوو).دیاره‌ نه‌یانزانیوه‌ هاو واتای ته‌شه‌نوج له‌ زمانی كوردی چییه‌، هه‌ربۆیه‌ ته‌شه‌نوجه‌كه‌یان نووسیوه‌ته‌وه‌!.
ڵاپه‌ڕه‌213نووسیویانه‌:_(ئه‌گه‌ر صه‌نه‌م بچێته‌ په‌روه‌رگا).لێره‌دا مه‌به‌ست(په‌روه‌رشگا)یه‌،واته‌ ئه‌و خانه‌یه‌ی منداڵی بێ دایك و باوكی لێ ده‌ژیت.به‌ڵام ده‌بوو ئه‌و دوو وه‌رگێڕه‌ بزانن كه‌ له‌زمانی كوردی(ماڵی بێ سه‌رپه‌رشتان)و(خانه‌ی نه‌وجه‌وانان)و(لانه‌ی بێ دایك و باوكان)به‌كاردێت. چونكه‌ ئه‌وان ڕۆمانه‌كه‌یان بۆ خوێنه‌ری كورد وه‌رگێڕاوه‌ نه‌ك فارس!..

ڵاپه‌ڕه‌ 215نووسیویانه‌:_( ده‌ستی بۆ گۆناكانی بردوو له‌ مسی كرد).
بێگومان هه‌موو وه‌رگێڕانێك،ده‌بێ له‌گه‌ڵ زمانی بۆوه‌رگێڕدراو بگونجێت.بۆئه‌وه‌ی له‌ كاتی خوێنه‌وه‌یدا خوێنه‌ربه‌ئاسانی درك به‌مانای وشه‌كان بكات.مه‌رج نییه‌ هاوواتای هه‌موو وشه‌یه‌ك له‌ دووزماندا هه‌بێت، به‌ڵام مه‌رجه‌ هاوواتای ئه‌و وشه‌یه‌ بكرێت كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ هه‌یه‌. له‌ نێو ئێمه‌دا چونكه‌ ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان نییه‌،ئیدی هه‌ركه‌سه‌ و به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی ده‌ق وه‌رده‌گێڕێت. هه‌ربۆیه‌شه‌ ده‌بینین به‌شێك له‌ وه‌رگێڕانه‌كان، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی زمانی كوردیمان وه‌ك زمانی دایك لاشیرنترو پیرۆزتربكه‌ن،له‌بیرمان ده‌به‌نه‌وه‌. پێشنیاریشم بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ی چاپ كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ر ڕۆمانێكییان وه‌رگێڕا له‌هه‌ر زمانێكه‌وه‌ ده‌بێ بنووسن له‌و زمانه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌. ناكرێ خوێنه‌ر ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراو بخوێنێته‌وه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت له‌ چ زمانێك وه‌رگێڕدراوه‌!!!….

*په‌راوێز:_ ناوی ڕۆمان(ئازاره‌كانی كچێك)نووسینی(مه‌هسا تایع)وه‌رگێڕانی ( كامیل محمدهێمن شه‌ریف).بڵاوكراوه‌ی خانه‌ی چوارچراسلێمانی 2019…

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ 3100ڕۆژی 13-6-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




لەپێناو خزمەت بە کۆی رەنجبەران … نووسین و ئامادە کردن: سەعید ئەمانی

کورتە باسێک سەبارەت بە رۆمانی” رۆژی ڕەشی کرێکار”، لە نووسینی ئەحمەدعەلی خودادادە، کە وەک یەکەم بەرهەم و بنچینە لە بواری ئەدەبیاتی کرێکاری لە مێژووی ئێراندا چاوی لێدەکرێت. و بۆ پێشوازی لە ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار لە ساڵی ١٣٩٨ بەرابەر بە ٢٠١٩ ئامادە کراوە.

نووسین و ئامادە کردنی: سەعید ئەمانی

رۆمانی” رۆژی ڕەشی کرێکار” کە لە دەیەی سەرەتای ١٣٠٠ ی هەتاوی خراوەتە ژێر چاپ، وەک یەکەم رۆمانی ئەدەبیاتی کرێکاری ئێران بە ئەژمار دێت.
ئەم کتێبە کە ژیانی وەرزێرێکی ئاسایی وێنا کردوە، بە وتەی نووسەرەکەی” ئەحمەدعەلی خودادادە” ئەگەرچی بە ڕواڵەت رۆمان و ئەفسانەیە، بەڵام لە ناوەرۆکدا واقعیاتی ژیانی کۆمەڵایەتی- سیاسی پارێزگاکانی رۆژئاوای ئێران و هەروەها تاران ی لە ساڵەکانی ١٢٧٠ تا ١٣٠٥ ی هەتاوێدا بە وردی و بە دروستی گێڕاوەتەوە. لە سەردەمێکدا ئەو کۆمەڵگای خستۆتە بەر زەرەبینی زەینی خەباتکارانە و چینایەتی خۆی، تازە خەریکە مناسباتی سەرمایەداری لە کۆمەڵگای ئێراندا دەردەکەوێ و گەشەدەکات.
نووسەر سەبارەت بە بارودۆخی نابەسامانی دێهاتەکان، مناسباتی کۆمەڵایەتی، زوڵم و زۆرداری خاوەن مڵکەکان، تاڵانچیتی دەسەڵاتداران و مفتەخۆری دەستوپێوەندەکانی دەوڵەت لەسەر ماڵی خەڵک، نا ئەمنی ڕێگاوبانەکان و هیتر، ڕوانگەیەکی نوێ و وردبینانەی هەیە. سەبارەت بە بارودۆخی دژواری کار دەنووسێت؛ باس لە نەخۆشیەکان و نەبوونی بێهداشت و پاکوخاوێنی و دەرمان دەکات؛ لە خۆراک و خۆاردنی خەڵک؛ لەو شتەی کە بەناوی ماڵ و سەرپەنا تێیدا دەژین؛ سەبارەت بە ڕێگاکان؛ ئیدارەی ڕێگاوبان و باج و ماڵیات دەدوێت. باس لە بارودۆخی ژیانی ئەو منداڵانە دەکات کە، ئەگەر شانسیان هەبێت و بە زیندوویی بمێننەوە، قۆناغی منداڵییان نابێت و لە گەنجیدا پیر دەبن. باس لە بەش و سەهمی ژنان دەکات لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵیدا. ژن لە رۆمانی” رۆژی ڕەشی کرێکار” دا وەک هەموو رۆمانەکانی ئەو سەردەمە لە ئێران، خاوەنی کەسایەتیەکی ئەوتۆ نییە؛ بەڵام ژنێکە کە کاردەکات و لە ماڵەوە زیندانی نەکراوە.
ئەحمەدعەلی لە ڕوانگەیەکی ئۆمانیستی سۆسیالیستیەوە ڕوانیویەتە کۆمەڵگا و ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ بووە نەک ڕەگەز و نەتەوە و ئاین و پێگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان، بەڵکو تەنیا ئینسان بوون بووە، و خوازیاری ئەوەیە کە هیج جیاوازیەک لەنێوان ڕەگەز و نەتەوەکاندا نەکرێت و هەموان وەک ئینسان و خاوەن پلە و موقعیەتی وەک یەک ببیندێن و گرنگیان پێبدرێت. لەم بارەیەوە دەنووسێ:” کورد، تورک، لوڕ و فارس یەکسانن و ڕەوانییە جیاوازی لە نێوانیادا بکرێت.
ئەم کتێبە، خەریکی روون کردنەوەی زوڵم و ستەم و زۆردارییەکە؛ کە لە شکڵ و شێوازی جۆراو جۆردا روویانداوە. دنیا، لە رۆژی ڕەشی کرێکاردا، دنیایەکی لێڵ و تاریک و پڕ لە تارماییە. سەبەبکارانی سەرەکی ئەم تاریکییە، لە ڕوانگەی نووسەری ئەم رۆمانەوە، دامودەزگای پان و بەرینی حکومەتی قاجار، شەریعەتمەداران و تاجرانی ئاینین. ئەمانەن کە خەڵکیان لە نەزانی و دواکەتوییدا ڕاگرتوە. بەڵام ئەوە تەنیا دەسەڵاتداران نین کە دەکەونە بەر تیغی ڕەخنە. خودادادە هەڵسوکەوتی مەحکومان و ژێردەستانیش دەخاتە ژێر وردبینیەوە. ئەگەر لە شارەکاندا کەسانی زمان لوس و فێلباز بوونیان هەیە و خەریکی گزی و کڵاو لەسەرنانن، لە ئاواییەکانیشدا خەڵک سادە و ساکار و شەرمێون و ڕواڵەت بینن. ئەم ڕوانگە ڕەخنەگرانە، لایەنێکی مودێڕن ئەداتە گێڕانەوەکەی خودادادە؛ لەبەر ئەوەی کە یەکێک لە هێماکانی نزیک بوونەوە لە مۆدێڕنیتە، ڕوانگەی ڕخنەگرانەیە سەبارەت بە ڕابردوی کۆمەڵ، وەک ئەوەی کە چۆن بوین، لە کوێداین و چیمان دەوێ.

بە تێپەڕ بوونی کات و توێژینەوە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئێران، نووسەر بەو ئاکامە دەگات کە توێژی ئاخوندەکان کاریگەرییان بووە لەسەر بەناوشیار مانەوەی خەڵک. خودادادە لەگەڵ ئەوەی کە خۆی هێشتا بە تەواوەتی مەزهەبی وەلا نەناوە، بوونی ئاخوند بە یەکێک لە گەورە ترین و سەرەکی ترین هۆکارەکانی دواکەوتویی ئێران دەزانێ و بە ئاشکرایی دەڵێت تا ئەوان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵدا بوونیان هەیە، دەرگاکە هەرلەسەر پاژەنەی پێشوی دەسوڕێتەوە؛ کەوایە واباشترە لە گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتی دوور بخرێنەوە.
نووسەر باس لە قوتابخانە و ژیانی شاری دەکات و دەڵێ:” لە شارەکاندا قوتابخانە خەریکە جێگای مەکتەب دەگرێتەوە؛ شار خەریەک توێژ دەهاوێژێ و فەرهەنگی شاری دەبێتە جێگرەوەی فەرهەنگی کۆن و شێوە دێهاتیانە. کڕین و فرۆشتن و سەودا و مامەڵە پەرەدەگرێت.” هەروەها باس لە دەست تێکەڵ کردن و پیلانەکانی ئەربابەکان و کاربەدەستانی حکومەتی دەکات. دارۆغە و قازی بە مشەخۆر و زۆر وێژ و دەست لەنێو گیرفانی خەڵکدا ناو دەبات و دەڵێ خوویان بەو کارەوە گرتوە. ئەم رۆمانە تەنانەت باسی شێوازی کشتوکاڵ کردن و ئاوداشتن و بەروبوی وەرزێران و سەهمی ئەربابەکان لەم بەرهەمەی دەستڕەنجی کارو زەحمەتەش دەکات.

رۆمانی رۆژی ڕەشی کرێکار سەرەڕای گرنگیەکی مێژوویی کە هەیەتی، هەم وەک رۆمان و هەم وەک بەڵگەیەکی گرنگ لە مێژووی کۆمەڵایەتی ئێراندا، بەو هۆکارانەی کە لە پێشوتاری کتێبەکەدا هاتوە، بە نەناسراو ماوەتەوە. ئەم کتێبە کە بەرگی دووهەمی قەت لە ئێراندا چاپ نەکرا، بەم دواییانە لە دەرەوەی وڵات، و لە بەرگێکدا، بەشی یەکەمی رۆمانەکەشی لەگەڵ چاپ کراوەتەوە.
میرزا ئەحمەدعەلی خودادادە دینوەری لە دایکبووی ساڵی ١٢٦١ یان ١٣٦٢ ی هەتاوی لە ئاوایی شێرخانی دینوەرە. ساڵی ١٣٣٤، نووسەر و چالاکی سیاسی ساڵەکانی سەرەتای سەدەی ٢٠ بووە. ئەو ئەندامی حیزبی دیموکڕاتی عامیون ی ئێران بووە، و لەگەڵ نووسینی کتێبی داستانی رۆژی ڕەشی کرێکار، یەکەم بەرهەمی بە زمانی فارسی لە بواری ئەدەبیاتی کرێکاریدا و هەروەها ئەدەبیاتی ناوچەیی لە ئێرانی بەرهەمهێنا. ئەو وەک بنیاتنەری ئەدەبیاتی کرێکاریش لە ئیران دەناسرێت.

———————————————–

ئەحمەدعەلی لە ساڵی ١٣٠٥ ی هەتاوی کتێبی” رۆژی ڕەشی کرێکار” ی لە کرماشان چاپ کردوە. ئەم بەرهەمە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی داستانیدا بەرهەمهات و لە کەشێکی دێهاتیانە کە بەسەر ناوچەی دینوەر ی کرماشانی کوردستانی ئێراندا زاڵ بوو، نووسرا. لەم روەوە دەکرێ بڵێین یەکەم بەرهەمی ئەدەبیاتی داستانیە لە ناچەکەشدا. ئەم رۆمانە لە ماوەیەکی کەمدا وەرگێرادرایە سەر زمانی روسی و لە ساڵی ١٩٣٥ ی زاینی لە تاشکەند، لە ئوزبەکستان، چووە ژێر چاپ. خودادادە لە پێشەکی کتێبەکەیدا دڵێ”: لەبەر ئەوەی رۆژگار سەری سازگاری لەگەڵ هەژاران و ڕەنجبەراندا نییە ئینسانەکانیش بەپێی بارودۆخی سەردەم دەچن بە هانای یەکترەوە، ئەم کەسە بی قدر و پلەوپایە واتە ئەحمەد کوردی دینوەری بۆ خزمەت بە عالەمی بەشەریەت، بە پێچەوانەی نووسەرانی بە تەواو مانا، کتێبەکەی بەناوی چینی کرێکار و کۆی ڕەنجبەرانەوە پێشکەش دەکات. مەبەست لە نووسینی ئەم کۆمەڵەیە کە بە ڕواڵەت رۆمان و ئەفسانەن و لە ناوەرۆکدا ڕاستیەکی پاڵاوتەن سەبارەت بە ژیانی زەحمەتکێشان، پێکەشی بارەگای تاک بە تاکی بەشەریەت دەکەم. و هیوادارم جیاوازی هەبێت لەگەڵ هەموو ئەو نووسراو و گۆڤارانەی لە لایەن دەسەڵاتداران و سەروەتمەنادنەوە، بە ئاوێتەکردنی هەزاران ڕاستی و ساختە و کەڵک و درۆ، دەڕازێندرێنەوە. و ببێتە سەرەتایەک بۆ ئایەندەگان و چاوەڕانم کەس بە چاوی سووک سەیری کەسی تر نەکات و تەمەنێک بە خۆ بەزل زانی و تەکەبوری ئاوێتە بە نەزانیەوە بەسەر نەبات. فارس، کورد، تورک و ئەوانیتر بەچاوی ڕێزەوە لە یەکتر بڕوانن و دوور بکەونەوە لە دڕندە خوویی.




ماراسۆنێکی نەبڕاوەیە ژیان … حەمەی شانۆ

خێرا ڕائەکەم
کەچی هەر لەجێگای خۆمدام
وەک ئەومریشکە پەڕ وباڵ سپی و پاکیزەیەی
لەدوا لەحزەی چەقۆهێنان بەملی دەیەوێ
هەڵبێت ، دەمەوێت هەڵبێم
هەڵبێم لەناوەکەم .

خێرا ڕائەکەم ڕائەکەم
کەچی چاو دەکەمەوە
ئەوەتام هەر لەنێو شارەکەم
بەیانیان لەگەڵ غەریبەکانم
نیواڕوان لەگەڵ یادەوەریەکان
عەسران لەگەڵ تەنهایی ئەچم بۆ پیاسە
ئێوارانیش لەگەڵ خۆر دەست لەمل یەک ئەکەین
ئەو ئاوا دەبێ و منیش بەسەرخۆشی
دەگەڕێمەوە نێو ژوورەکەم
دەچمە سەرجێخەوەکەم دەخەوم
دایە لەخەویشمدا ڕائەکەم وئەمەوێ هەڵبێم
لەپۆلیس و کەلەپچەکان.

خێرا ڕائەکەم بخەوم
دەمەوێ هەڵبێم
لەم ژیانە کەبۆتە مۆتەکە لێم

ڕائەکەم و ڕائەکەم ئاخر بیستوومە
ئەڵێن ئەمشەو کاتژمێری سفڕە
تۆش خێرا ئەم شیعرە بخوێنەوە
تاکو تۆپەکان نەتەقیون.

ژیان ماراسۆنێکە
بێ وەستان دەبێ ڕاکەی
من بەپێی پەتی ڕائەکەم
لەبەرخوێنی برینەکانم
زەویەکە بۆتە فەرشی سور
کەچی ئەوانیش
بەماشێن.
بەفرۆکە
بەکەشتی گەورە.

خێرا ڕائەکەم و ماندوونابم
ئەوڕۆژە باراناوییەم بیردێتەوە خێرا بۆکڕینی
قاپێک پاقلە ڕۆشتم بەڵام کەهاتمۆ چەترەکەمت
فڕێ دابوو ، سواری ماشێنێک بووی و ڕۆشتی

لەمناڵیەوە دەڵێن خێرابە
خێرا وانەکان بنوسنەوە دەنا ئەیسڕمەوە ،مامۆستاکەم
خێرا بڕۆ دەرەوە و زوو وەرەوە دەنا لێت ئەدەم ، دایکم
گەورەش بووم هەردەیانگوت خێرابە
خێرا چیمنتۆم بۆ بێنە ،وەستاکەم
خێرا وەرە داوام دەنا شووئەکەم ، دڵدارەکەم
ئەم دەیگووت خێرا ئەو دەیگوت خێرا
خێرا بێرە مێرە تێرە فێرە کێرە ..
لەم خێراییە شتێکم لێ کەوت
وابزانم دڵم بوو.
وابزانم بەیانی هەینیە.
وابزانم بەیانی ئکتۆبەرە
باشترە خۆم بپێچمەوەو ڕاکەم
خێرا خێرا.

ئەم خەڵکە حەزیان بەشتی خێرایە
ڤیاگرا دەخۆن تاخێرا خوێن بچێ بۆ ماسولکەی نێرینەیان.
سڵاوی گەرمی نێو نامەکان نەماوە
بەپەلە تێدەپەڕن بەتەک یەکترا دەڵێن های
بەپەلە شۆفێری دەکەن و جنێوئەدەن
بەپەلە قسەدەکەن و گوێ لەیەکتری ناگرن
بەپەلە ڕائەکەن و پشوو نادەن
بەپەلە بەپەلە بەپەلە
تەقینەوەیەک ڕوویدا.

سەرم دێشێ
دەڵێی مشتێک تی ئێنتی بخۆم
مێشکم بتەقێنمەوە
ئەژدادی هەموو ئەویادگاریەنە بسوتێنم
کە خێرا خێرا گەردنم دەگرن
ناهێڵن بەئاسودەیی
پیاسەبکەم
ناهێڵن کەباب ببرژێنم
گۆرانی بڵێنم
هەڵپەڕم
خێرا ئەم شیعرەم نوسی
تا هەڵبێم
لەم شارە گەورەیە.
شارە گەورەکان
مرۆڤ تێیدا بەکۆنتڕۆڵ ئەکرێ
شار کە گەورەبوو
خەڵکی زۆر دەناسی
هاوڕێت زۆردەبێ
کە هاوڕێت زۆر بوو
یادەوەریت زۆر دەبێ
کە یادەوەریت زۆر بوو
مێشکت دەگێ.

یوسف دایکی نەسیحەتی کردبوو
کەگەڕایەوە ماڵ خێرا بەبەردەم چاخانەی بازاڕەکەدا
تێپەڕێ و بەخێرایی ڕابکات
نەبادا شێرۆ مەدفەع بیڕفێنێ
خێرایی غەدرێکی گەورەی لە مناڵان کرد.

حەبەخەولێخەرەکەم نەبێت
هیچ شتێک دەرەقەتی ئەم ڕاکە ڕاکەی ژیان نایات

ئەم شیعرەم بەنیوە ناچڵێ جێ دێڵم دەبێت ڕاکەم
خێرا ڕاکەم، ڕاکەم و ڕاکەم…

حەمەی شانۆ




شەهید سۆران پەڵەیەکی شەرمەزاری دەسەڵات … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

بنەماڵەی شەهید سۆران لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لەترسی ڕژێمی بەعس شاری كەركوك جێدەهێڵن‌و ڕوودەكەنە شاری سلێمانی، لەحامیەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، ئەو دەمە سۆران تازە چووبووە قوتابخانە، فەرمانی برای دەڵێت، زۆجار دەمبینی كە لەدیوارەكانی حامیە شیعری دەنووسی، هەر لەو سەردەمەوە هەستمكرد كە سۆران مناڵێكی هەستیارەو جیاوازە لەمنداڵەكانی تر.

سۆرانی مامە حەمە، ساڵی ۲۰۰۳ كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، فەرمانی برای دەڵێت “سۆران لەمناڵییەوە عەشقێكی زۆری بۆ خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بە مناڵییش كاتێك لەپۆلی دوو، سێی سەرەتاییدا بووە لەدیوارەكانی حامیە شیعری نووسیوە، كاتێك سۆران لەپۆلی سێیەمی ناوەندی بوو لەساڵی ۲۰۰۳، ڕۆژێك لەكەڵ دایكمدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوكم، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییەو زۆر پیسەو پڕە لەئاژەڵ، دێتەوە ماڵەوەو بابەتێك لەسەر ئەوە دەنووسێت‌و لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاویدەكاتەوە‌و دوای نووسینەكەشی شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دەكات.

بەداخەوە سۆران لەزۆنی مەرگداو لەژێر سێبەری تیرۆردا كاری ڕۆژنامەنووسیی كردووە سۆرانی مامە حەمە كاتێك شەهید بوو تەمەنی ۲۳ ساڵ بوو، لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، ڕۆژنامەنوسێك بوو لەزۆنی مەرگدا كاریدەكردو لەژێر سێبەرو ڕەشماڵی تیرۆردا بوو سۆران لەناو دونیای شانۆی كوردیدا، ئەكتەرێك بوو لەشانۆی فرۆشتنی نیشتیماندا ڕۆڵی پاڵەوانێكی دزگری دەبینی، بەڵام شانۆگەرییەكە وەك هەموو شتەكانی تری ئەم وڵاتە پێچەوانە بووەوەو بوو بەدیاردەیەكی ڕاستی‌و دواجار دزەكان بەبەرچاوی هەموو دونیاوە پاڵەوانە ڕۆحسووكەكەی ناو شانۆگەریی فرۆشتنی نیشتیمانیان شەهیدكرد.

كاتێك سۆران شەهید بوو، خەریكی نوسینەوەی چیرۆكی ئەو گەنجانەی شارەكەی بوو، كە نەیاندەزانی جیاوازیی ژیان چییە لەنێوان دەستی تیرۆری بەعسییەكانی دوێنێ‌و تیرۆری شۆڕشگێڕەكانی ئەمڕۆدا، هەوڵەكانی ئەو بۆ ئەوە بوون پێیانبڵێت؛ ئێمە لەبەر ئەوەی هەمیشە ژێردەستە بووین وا پەروەردەكراوین، دیكتاتۆرێكی كوردیمان پێباشتربێت لەدیموكراتخوازێكی بێگانە.
مخابن تا هێشتا بكوژانی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە ئاشكرانەكراون، برایەكی سۆرانی مامە حەمەش دەڵێت هێزە ئەمنییەكانی كەركوك زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆران لەلایە، بەڵام ناوێرن ئاشكرایبكەن.فەرمان مامە حەمە، برای شەهید سۆران، ئاماژە بەوە دەدات كە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، بەتایبەت هێزەكانی پۆلیس زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆرانی مامە حەمە هەیە “ئێمە دڵنیاین، پۆلیسی كەركوك زانیاریی تەواوی لەسەر بكوژانی مامە حەمە هەیە، بەڵام مەبەستیان نییە، یان ناوێرن ئاشكرایبكەن، چونكە ڕەنگە خۆشیان بەشێك بن لەتاوانەكەو دەستیان لەكارەكەدا هەبێت.

بەداخەوە شەهید سۆران لەزۆنی مەرگدا كاری ڕۆژنامەنووسیی دەكردو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بوو، سووربوونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك ، چەندان جار ئەوی ڕووبەڕووی هەرەشەو مەترسی كردبووەوەو دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.

سۆرانی مامە حەمە بۆ خستنەڕووی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك‌و خاوەنی چەندان ڕاپۆرتی گرنگ‌و بە بایەخبوو كە بوو بووە مایەی هەراسانكردنی بەرپرسان‌و كەسانی گەندەڵی حیزبی لەو شارەو بە بێترس‌و سڵەمینەوە لەڕاپۆرتەكانیدا ڕووی ناشیرنی ئەوانی گوزارشت لێدەكرد سۆران بڕوای وابوو كە “گەندەڵی‌و خیانەتی جۆراوجۆر لای دەسەڵاتی كوردی بووەتە فەلسەفەو كردوویانە بە فاكتەری بەهێز بۆ مانەوەیان .

پـڕۆفـایـل

— سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە ۱۹۸۷/۲/۲ لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە.
— لەساڵی (۲۰۰۳)ەوە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنووسی كردووە.
— شاعیرێكی هەستناسك‌و بە توانابووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە.
— قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو.
—بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بوو.
— لە ۲۰۰۸/۷/۲۱ لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.

ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر




شانۆی نەخۆشی لەبیرچوونەوە .. و: رەزا شوان

شـوێن و کەسایەتییەکـان:
١ـ دکتـۆر بـاراک ( پزیشکێکی پسپۆری ناسراوی کێشە دەروونییەکـانە)
٢ـ نەخۆشێک (پێاوێکە لە شەستەکانی تەمەنی دایە، تووشی لەبیرچوونەوە بووە)
٣ـ خاتـوو گوڵخـەنان (سکـرتێرەی نۆرینگـەی دکتـۆر بـاراک)
(شـوێن.. لە نۆرینگـەی دکتـۆر بـاراک دا.. پیـاوە تووشـبووەکـەی لەبیـرچـوونـەوە.. دێتـە ژوورەکـەی دکتـۆر بـاراک.. بـۆ پشکـنـین و چـارەسـەر)
دکتـۆر بـاراک (تەوقـەی لەگـەڵ پیاوە تووشبووەکە دەکات): بەڕێـز بەخـێربێـیت.
نەخۆشـەکە: بەیانیت باش گـەورەم.. دەتـوانم ئەوە بزانـم، کە بەڕێـزتان بۆ سەردانتان کـردووم؟
دکتۆر باراک (بە سەرسوڕمانێکەوە): دەڵێی چی؟ پێویستە من ئەم پرسیارە لە تۆ بکەم.
نەخۆشـەکە: چـۆن؟
دکتۆر بـاراک: تـۆ سـەردانی مـنت کـردووە.. تـۆ ئێـستا لە نـۆرینگـەکـەی منـدایت.
نەخۆشـەکە: ئەهـا.. ئەهـا.. کەواتـە مـن لـە لای تـۆم.. زۆر بە گـەرمی پـیرۆزبایی ئـەم نۆرینگـەیەت لێـدەکـەم.. شـوێنـێکی جـوان و پـاک و رێـکـە.
دکتۆر بـاراک: سوپـاسی هەسـتـت دەکـەم.
نەخۆشـەکە: دەی ئێـستا پێـم بـڵێ، بەڕێـزتان بۆچـی هـاتـووی کە راوێـژم پێ بکەیـت؟
دکتـۆر بـاراک: چـی.. چـی؟! تـۆ هاتـووی راوێـژ بـە مـنی دکتـۆر بکەیـت.. دەربـارەی تەنـدروستـیـت قسەم بۆ بکـەیـت.
نەخۆشـەکە: دەربـارەی تەنـدروستی مـن؟.. ئـاه.. رەنـگە وابێ.. چـونکە تـۆ دکتۆری.
دکتـۆر بـاراک: بەڵـی.. بەڵـێ.. بـە دڵـنـیاییەوە مـن دکـتـۆرم.
نەخۆشـەکە: ئەها.. ئەها..! کەواتە پێویستە ئێرە ماڵەوەمان بێت.. تۆ بۆ چارەسەری من بانگکراویت.. سوپاس بۆ هاتنتان.. دکتۆر گیان ئەی بۆ دانانیشی تا قاوەیەک بخۆینەوە؟
دکتـۆر بـاراک: گـەورەی بەڕێـزم.. تۆ رۆڵـەکـەت هـەڵگـێـڕایـەوە.. تـۆ هاتـووی بـۆ لای مـن.. تـۆ ئێـستا لە ماڵەوەتـان نیت.. بەڵکو تـۆ لە لای منیت.. لە نـۆرینگـەکەی مندایت.
نەخۆشـەکە: راستە ئـەوەی دەیـڵـێیت؟ کەواتە مـن لە لای تـۆم.. باشە.. باشە! ماڵـەکەت زۆر جـوانە.. پـڕ بە دڵ پیـرۆزبـاییت لـێدەکەم.. ئـەی ژنـەکـەت لە کـوێـیە..؟ دەی ئێـستا پێـم بڵـێ کـێـشەت چـیـیە.. بۆچـی کـێشەیـەک هاتـووی.. تـا پـرس بـە مـن بکـەیت..؟
دکتۆر باراک: کابـرا گوێـم لـێبگرە.. گەر بەم شێوەیە بـڕوات.. ئێمە ناگەینە ئەنجـامێک.
نەخۆشـەکە: تـۆ زۆر سەیـری.. تـۆ بە هەمـوو دڵـێکتەوە هاتـووی بـۆ لای مـن.. بـەڵام ناتـەوێ هـۆی هـاتـنەکەت بـۆم بـاس بکـەیت.. بەخـوای تـۆ سـەیـریـت.
دکتـۆر بـاراک: گـوێ بگـرە.. ئـەو زەرفـە چـیـیە بـە دەســتەوە..؟
(نەخـۆشـەکە زەرفـی نامـەیەکی بەدەسـتەوەیـە)
نەخۆشـەکە: مـن زەرفـم بـە دەســتەوەیـە؟.. نـا.. بـەڵـێ.. بـەڵـێ راســتە.
دکتـۆر بـاراک: بە رووخسـەتی خـۆت.. ئـەو زەرفـەم بـدەرێ؟
نەخۆشـەکە: دکـتۆر تکـات لـێـدەکـەم ..
دکتۆر بـاراک: ئەو نامەیـە بۆ مـنە.. رەنگە رووناکی بخاتە سەر ئەوەی ئێمەی تێـداین.
نەخۆشەکە: تـۆ دڵنیایت کە ئەم نامەیە هی تـۆیە؟.. ئەم نووسراوە ناوی تۆی لەسەرە؟
دکتۆر بـاراک: بەڵی وەکـو دەبینیت.. ئەوە ناو و ناونیشانەکەی منە لەسەری.. بمدەرێ.
(دکتۆر باراک نامەکە لە نەخۆشەکە وەردەگرێت و هەڵیدەبـچـڕێت و.. دەیخـوێنـێـتەوە:)
بەڕێـز دکتۆر بـاراک، مـن مێـردەکەم بۆ لای بەڕێزتان نارد.. ماوەیەکە تووشی نەخۆشی لەبـیرچـوونەوە بـووە.. ئـەو لە نێـوان خـولەکـێک و خولەکـێکی تـردا، هەمـوو شـتـێکی لەبـیردەچـێتەوە.. لێی ناگەڕێـم بە تەنیا لە ماڵ بچێتە دەرەوە.. لە ترسی ئەوەی کە نـەک رێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوەی لەبیربچـێتەوە.. بە هـۆی هەندی سەرقاڵێم لەگەڵ یاوەرە تایبەتییەکـەیـدا، پێم نەکـرا خـۆم لەگەڵـیدا بێـم.. ناچاربـووم کە ناو و ناونیشانەکەت بـدەم بە شۆفـێرێکی تەکـسی و بە ئـەودا ناردم بۆ لات.. تەکسییەکە لە بەردەم نـۆرینگەکەتـدا، چـاوەڕێی دەکـات.. تـا لە دوای پشکـنینی دووبـارە بیهـێنـێـتەوە بـۆ ماڵـەوەمـان.. تکـایە دکتـۆر، پشکـینێکی بـاشی بـۆ بـکە.. چـونـکە بـارودۆخـی زۆر نـائـارامی کـردووم.
لەگـەڵ رێـز و سوپـاسـم دا… خاتـوو/ پــۆلار.
دکتـۆر بـاراک (نامـەکە دەکـاتەوە نـاو زەرفـەکەی و دەڵـێ): ئێـستا لە هەمـوو شـتـێک تێگەیشتم ؟! ژنـەکەت خاتـوو (پـۆلار) تـۆی بۆ لای من ناردووە.. تا پشکنینت بۆ بکەم.
نەخۆشـەکە: خاتـوو پـۆلار..؟ مـن ژنـێـک بـەم نـاوەوە نـانـاسـم.
دکتـۆر بـاراک: چـی دەڵـێـیـت؟.. ئـەوە نـاوی ژنـەکـەتـە.
نەخۆشـەکە: ژنـەکـەمـە؟.. کـێ دەڵـێـت ئـەو ژنـی منـە؟.. نـاوی چـیـیە؟
دکتـۆر بـاراک: نـاوی خـاتـوو (پـۆلار)ە.. ئـەی تـۆی بـەڕێـز پـۆلار نیـت..؟ ئـەی نـابێ ئەوە بـزانیـت، کـە ژنـەکـەت نـازنـاوەکـەی.. لە نـازنـاوی تـۆوە وەرگـرتـووە؟
نەخۆشـەکە: کەمی بوارم بـدە.. تا راستیت پێ بڵێم.. بێگومان من پسوولەیەکی سەردانـم لە گـیرفـان دایـە (دەسـت دەکـات بـە گـیرفـانیـدا و پسـوولـەیـەک دەردەهـێنـێت).. ئـەمـە پسـوولەکەیە، نـاوی (سـیلستان پـۆلار) ی بەسەرەوەیـە.. راستە.. بەڵام ئەو خاتـوونەی کە تـۆ قسـەی لەسـەر دەکـەیت نـاوی چـیـیە..؟
دکتـۆر بـاراک: بێگومـان نـاوی خاتـوو (پــۆلار)ە.
نەخۆشـەکە: خـاتوو پـۆلار.. بە راستی ئەمە رێکـەوتێکی سەیـرە..! دوور نییە کە ناوی یەکـێک لە دۆسـتە خۆشـەویستەکـانم بێت..(قـاقـا بە بـۆچـوونـەکەی خـۆی پێـدەکەنێـت)
دکتـۆر بـاراک: ئـەوە سروشـتییە.. کە ئـەو نـازنـاوە هـەڵـبگـرێت.. مـادام کـە پێـم وتـی، کە ئـەو خاتـوونە ژنـەکـەتـە.
نەخۆشەکە: راسـتە.. بـەڵام بـۆ شـەرم نـاکـەیت.. کە دەربارەی ژنـەکـەم قسەم لە گەڵـدا دەکەیـت..؟ من بیـرم ئاڵـۆزە.. ئەو خۆی هاتـووە تـا بتبینێت.. بانگی دەکەم.. بەڵام ناوی
چـیـیە؟.. ئەنتـوانێت.. جـولـێت.. نـا.. نـا.. نـاوەکـەی کورتـە وەکـو (رۆز).. ناوەکـەی بە
پیـتی (پ)ی دەسـت پێـدەکـات.. بەڵـێ .. تێکـم دا.. ناوەکـەی دوو وشــەیە.. نـا.. نـا دوو وشـە نیـیە.. ئـۆه..
دکتـۆر بـاراک: خـۆت مانـدوو مـەکـە.. تـۆ لـە بابـەتـەکـە لات دا.. مـن دکتـۆر بـاراکـم.. دکتۆرێکی دەرووناسـیم.. بەڵام تـۆ لە ماڵـەکەی خـۆتـدا نیت.. بەڵکـو لە نـۆرینگـەکەی مندایت.. خاتـوو پـۆلار بۆ ئـەوە تـۆی بـۆ لای مـن نـاردووە.. تا پشکـنیـنت بـۆ بکـەم.
نەخۆشـەکە: ئاه.. ئەمە کێـشەیەکی ئاڵـۆز و سەیـرە..! مـن چـی نەخۆشیـیەکم هـەیە..؟
دکتۆر باراک: تـۆ تـووشی نەخـۆشی لەبیرچوونەوە بوویتە.. واتە تۆ لە بیرهـێنانەوەدا لاوازیـت.. لە نێـوان خولەکـێک و خولەکـێکی تـردا، هەمـوو شتێکـت لەبـیر دەچـێتەوە.
نەخۆشەکە: من تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوومە؟.. بەڵی ئەمە راستە و شتێکی بێـزارکەرە.. پێویسـتە رۆژێک لە رۆژان سەردانی دکتۆرێک بکەم و راوێـژی پێ بکەم.
دکتۆر باراک: تـۆ ئێستا لە لای دکتۆریت..! مـن لێتی دووبارە دەکەمەوە.. کە تۆ لە لای دکتۆر باراکی.. بۆ ئەوە هاتووی دەربارەی لاوازی لە بیرچوونەوەت راوێژم پێ بکەیت.
نەخۆشـەکە: راسـتە، بـەڵام ئەمـە رێکـەوتێکی خـۆشـە.. ئـەوەی پـێویسـتە لەسـەرمـان پشـوودرێـژیـیە.. دەبـێ چـاوەڕێی بکـەیـن.
دکتـۆر بـاراک: بـە پشـوودرێـژیـیەوە، چـاوەڕێی کـێ بکـەیـن..؟!
نەخۆشەکە: دکتۆر باراک، تۆ لە پێش منەوە هـاتیت بۆ ئێرە.. یا لە دوای منەوە هـاتیت؟
دکتۆر بـاراک: مـن دکـتۆر باراکـم.. تـۆ دە خولـەک زیاتـرە لـە نـۆرینگـەکـەی منـدایـت.. دەمەوێت گوێـم لە دۆخی دەروونیت بێت.. گوێ بگـرە مـن (راجـێتەیەکت) بۆ دەنووسم.. ئەوەی لەم راجـێتەیەدا دەینووسم.. دەرمانن بۆ ئەوەی بەر لە هەموو شتێك تەندروستی گـشتـیت بـاش بێـت..(دەسـت بـە نووسـینی راجـێتەکەی دەکات..) بـاش گـوێـم لـێبگـرە.. ئەوەی لەم راجێتەیەدا نووسـیومە چارەسـەرە.. پێویستە ئـەوەی نووسـیومە.. بە بـاشی جێبەجـێیان بکەیت.. ئەم دەرمانانەی نووسیومە چالاکی بە بیرت دەبەخـشن.. بارودۆخی دەروونیـت بـاشـتر دەبێـت.. شـتەکـانیـش لەبـیرنـاکـەیـت.
نەخۆشـەکە: سـوپـاس دکـتۆر.. چەنـدێ پـارەت دەوێـت؟
دکتۆر باراک: دوو هـەزار فـەرەنـگ.
نەخۆشەکە (دەست بە گیرفـانێکی باخەڵـیدا دەکـات.. دوو هەزار فەرەنگەکە دەردێنێت):
هـا ئـەوە پـارەکـەتە.. بەڵگـەی دانی پـارەکـەشم لـێت نـاوێـت.. چونـکە مـن زۆر بـڕوام بە تـۆ هـەیـە.
دکتـۆر بـاراک (پـارەکەی لـێ وەردەگـرێت و.. راجـێـتەکە بە نەخـۆشەکە دەدات): بگـرە ئەمـە بەڵگـەی دانـی پـارە نیـیە.. بەڵکـو ئەمـە دەرمـان نامـەیـە واتـا (راجـێـتەیـە).
نەخۆشـەکە: راجـێـتە..؟! کەواتـە تـۆ دکـتۆری.. ئـەی لەوسـاوە بـۆ ئەمەت پێ نـەوتـم؟
دکتـۆر بـاراک: کابـرایـەکی زۆر بێـزارکـەرە.. زۆر بێـزارکـەر.. مـن تـا ئـێـستا کـێـشەی وام نەبیـنـیـوە.. وریـابـە ونـی نەکـەیـت.
نەخۆشـەکە: چـی ونـەکـەم..؟
دکتـۆر بـاراک: راجـێـتەکـە.. ئـەو کاغـەزەی بە دەسـتـەوەیـە.. ئـەوە راجـێـتەیـە.
نەخۆشـەکە: راجـێـتە! دکتۆر لێـمی مەگـرە.. مـن بە هـەڵـە لـێـتم وەرگـرت.. هـا بیگـرە.
دکتۆر باراک: نا بەڕێـزم.. بە هەڵـە نەمـدایتێ.. بۆمی مەگێڕەوە.. ئەو راجـێتەیە لە لای خـۆت هـەڵی بگـرە.. بـڕۆ بـۆ (دەرمانخـانـەیەک) ئەو دەرمـانـانە بكـڕە.. کە تێـیـدا بـۆم نووسیویت.. خاوەنی دەرمانخـانەکە.. خۆی تێدەگـەیەنێت کە چـۆن بەکـاریان بهـێنیت.. خـاوەنی هیـچ دەرمانخـانـەیـەک دەنـاسـیـت..؟
نەخۆشـەکە: نـا کـەس نانـاسـم.. بـەڵام بـۆچـی بچـم بـۆ مـەیخـانـە؟
دکتۆر باراک: کـورە کابـرا.. من وتم دەرمانخانە.. نەمووت مەیخـانە.. راجـێتەکەم بەرێ دەیخـەمە نـاو ئـەم زەرفـەوە (راجـێتەکەی لێ وەردەگـرێت.. دەیخـاتە نـاو زەرفـێکەوە و لەسەر زەرفەکـەش ناونیشانی نزیکـتریـن دەرمانخـانەی لەسـەر دەنـووسێت… دووبـارە زەرفـەکە دەداتەوە دەست نەخۆشــەکە) ها بیگـرە.. هەر لێرە دەرچوویت.. یەکسەر بچۆ بۆ ئەو دەرمانخـانەیەی کە ناونیشانەکەیـم لەسەر زەرفـەکە نووسیوە.. هەر پەنجا مەتـر لـێرەوە دوورە.. لە شەقـامـەکە مەپـەڕەوە، بە دەسـتە راسـتی نـۆرینگـەکەی منـدایـە.
نەخۆشـەکە: هـەزار جـار سوپـاس.. گەورەتـان کـردین.. با لەمـە زیاتـر راتـان نەگـرم.. رێـم پـێ بـدەن.. با تـا دەرگـای ژوورەکـەم بەڕێـزتـان بـەرێ بکـەم.
دکتـۆر بـاراک: نـا.. نـا.. بەڕێـزم.. ئەمە ژوورەکـەی منـە و.. مـن تـۆ بـەڕێ دەکـەم.
نەخۆشـەکە: بەڕێـز.. هەرگـیز شـتی وا نابیـێت.. تۆ لەمـن گەورەتـری.. تۆ پێشـم بکەوە و مـن تـا دەرگـاکـە بـە دواتـا دێـم.
دکتۆر باراک: تکـایە..
نەخۆشــەکە: مـن دووبـارە زۆر سـوپـاست دەکـەم.. کە بـۆ ئـەوە هـاتیت چـاوت بـە مـن بکـەوێت.. بەڵام میوانـدارییەکی کورت بـوو.. پێـم خۆشـە زوو زوو سەرمـان لێـبدەیت.
دکتـۆر بـاراک: باشە.. باشە خواتـان لەگەڵ (دەرگای نۆرینگـەکەی دەگرێت.. کەمێک لە ژوورەکەیـدا بە داتـەکەی خەریکی نووسین دەبێت..) ئای کە کابـرایەکی بێـزارکەر بوو.
(لە دەرگـا دەدرێـت..)
دکتـۆر بـاراک: فەرمـوو.. وەرە ژوورەوە.. (دەرگـای ژوورەکـەی دەکـرێتەوە و.. کچـە سکـرتێـرەکەی.. کە نـاوی (گوڵخـەنان) ە.. دێتـە ژوورەوە.
دکتـۆر باراک: گوڵخـەنـان خـان تـۆی.. با نەخـۆشـێکی تـر بێـتە ژوورەوە.
گوڵخەنـان: دکتـۆر.. ئـەو پیـاوەی پێش کەمێک.. کە لە ژوورەکەت هـاتـە دەرەوە.. پێی وتـم.. زۆرم پێـناچـێت.. بە زوویـی دەگـەڕێمـەوە بـۆ ئـێـرە.
دکتـۆر بـاراک: ئـەوە دەڵـێی چـی.. وتـی دەگـەڕێـمـەوە بـۆ ئـێرە؟
گوڵخەنـان: بەڵێ گـەورەم.. ئەمە راسـتە.. کە ئـەو وای وت.. رۆیی و بەبـێ ئـەوەی کە شەبقـەکـەی سەری بەرێـت.. پێـم وت: شەبقـەکەت بـەرە.. وتی با لـێرە بێت تا دێمەوە.. زەرفـێکـیشی بەدەسـتەوە بـوو.
دکتـۆربـاراک: بەڵـێ.. ئـەو راجـێـتە بـوو.. چـی رووی دا..؟
گوڵخەنـان: پـێی وتـم.. دڵـنـیابە کـە دەچـم ئـەم زەرفـە دەخـەمە سەنـووقـی پـۆسـتەوە.. زوو دەگـەڕێمـەوە بـۆ ئـێـرە.
دکتـۆر بـاراک: چـی.. راجـێـتەکـە دەخـاتـە پـۆســتـەوە..؟! ئـەی هــاوار.. لەگـەڵ ئـەم کابـرایـەدا.. هـیـچ سـوودێـکی نیـیە.. گوڵخـەنـان نەخـۆشـێکی تـر بکـەرە ژوورەوە.

                                     (کۆتـــایی)

(*) ئەم شانـۆیـە لە زمـانی عـەرەبیـیەوە، بە کەمـێک دەستکارییەوە وەرم گـێـڕاوەتـە سەر زمـانی کوردی.. ناوی نووسەری شانۆییەکەش نە نووسراوە.. دەقـە عەرەبییەکەش وەرگێڕانە لە زمانێکی تـرەوە.
رەزا شوان




چۆن به‌ پێنج ڕۆژ ده‌بیت به‌ كورد؟ … مه‌روان عه‌لی… و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

چۆن به‌ پێنج ڕۆژ ده‌بیت به‌ كورد؟
نووسیین: مه‌روان عه‌یل
و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




گوڵزاری چیرۆک بۆ مناڵان … ڕەزا شوان

بۆ خوێندنەوەی ئەم نامیلکەیە کلیکی ئێرەبکەن …..




ڕەوت – ژمارە 2

بڵاوکراوەیەکی سیاسی مانگانەیە رێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەری ئەکات.

بۆخوێندنەوەی ژمارە 2ی ڕەوت کلیکی ئێرەبکەن ….




نامیلکەی:چەپکـێک لە لای لایـەی دایکـانی کـورد… ڕەزا شوان

ناوی کتێب : چەپکـێک لە لای لایـەی دایکـانی کـورد
بابەت :لێکـۆڵـیـنـە وە
نووسەر : رەزا شـوان
دیزاین : رۆی للطباعه‌ والنشر

چاپ : رۆی للطباعه‌ والنشر/ العراق

بۆخوێندنەوەی ئەم نامیلکەیە کلیکی ئێرەبکەن ….




… ‎گه‌ڕانی خوێنه‌ر به‌شوێن شته‌كاندا محه‌مه‌د حیكمه‌ت

‎چ كتێبێك به‌ر بوون و ماهییه‌تی بییركردنه‌وه ‌و تێگه‌شتنی من ده‌كه‌وێت؟ له‌گه‌ڵ پرسیارێكی وادا؛ هه‌وڵێكی كاك موحسین ئه‌دیب، به‌نموونه ‌”دادگایی كردنی جه‌لاد، دادگایی كردنی عه‌داله‌ت-هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له‌ رۆمانی”شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان”دا.
‎چه‌ن سه‌رنجێكی ریالیستیی و دادوه‌رانه‌، له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌داله‌ت و هه‌وڵێكی سیزیفییانه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب.
‎له‌نێوان رۆمانی “شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان”ی به‌ختیار عه‌لیی و كتێبی “دادگایی كردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت، هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له ‌رۆمانی “شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان”دا: كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌مان رۆمان، له‌نوسیینی كاك موحسین ئه‌دیبه‌وه‌یه‌.

‎نامه‌وێت زۆر و بۆر خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌شتنێك پێشبخه‌م، هاوكات نامه‌وێت له‌شه‌رقه‌وه‌ بیبه‌م بۆغه‌رب؛ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چه‌ن گه‌ڕانێكه‌ له‌نێو په‌ڕه‌كاندا، له‌ناو دونیایی نوسییندا. زۆرن ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ناو مه‌نگه‌نه‌ چۆڵوهۆڵه‌كاندا ده‌ڕزێن و خوێنه‌ر وه‌ك ده‌روێشێك بێبه‌ش ده‌بێت له‌جۆرێك عیشق كه‌ بۆدونیای سه‌رده‌می خۆی هه‌یه‌تی. كتێب زۆرن كه‌له‌سه‌ر بییره‌وه‌ریی، یاداشت، له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌قێكی ئۆرجیناڵ نوسرابن، به‌ڵام كه‌من بتوانن له‌پاڵ ده‌قه‌ ئۆرجیناڵه‌كه‌دا هه‌ڵگری شوناس و واتاسازییه‌كی نوێتر بێت؛ بۆ نموونه‌ چه‌ندێك ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌نوسرێت توانای تێپه‌ڕاندنی ده‌قه‌ ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان)ه‌كه‌ی هه‌یه‌؟ ده‌كرێت ئه‌وه‌ی ده‌نوسرێت سنورێكی فراوانتر و قوڵاییه‌كی زیاتر له‌ده‌قه‌ ئۆرجیناڵه‌ بڕوات، كتێبی”دادگایی كردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت، هه‌وڵێك بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت له‌رۆمانی”شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان”دا له‌نێو ئه‌و بێسنورییه‌دا جێ ده‌گرێت، به‌وه‌ی هه‌ڵگریی خوێندنه‌وه‌و ناساندنێكی فراوانتر و قوڵتره‌ بۆ هه‌ندێك “چه‌مك، واتا، تێز” هاوكات؛ ئه‌مه‌ش له‌گرنگیی ده‌قه‌ ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره‌ سپیه‌كان)ه‌كه‌ كه‌مناكاته‌وه‌.

‎ئه‌وه‌ی زیاتر واتایه‌كی نوێ و ریالیستییانه‌ی هه‌یه‌؛ ره‌فتاره‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی”عه‌داله‌ت”دا، به‌جۆرێك له‌نێوان جه‌لادێك و مه‌زڵومێك عه‌داله‌ت له‌ده‌قه‌ ئۆرجیناڵ(شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان)ه‌كه‌دا هه‌ڵگریی رۆحێتی دادگایی و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌، به‌مانایه‌ك له‌ماناكان؛ عه‌داله‌ت شكانی غروریی جه‌لاده‌ به‌زه‌لیلیی! ئه‌مه‌ش بینینی چه‌مكه‌كانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌؛ ئایا ماهیه‌ت و كاری عه‌دا‌له‌ت وایه‌؟ له‌مێنتاڵێتی خێڵدا؛ “عه‌داله‌ت له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی خوێندا ده‌بینرا، گه‌ر خێڵێك كه‌سێكی له‌خێڵ یان بنه‌ماڵه‌یك بكوشتایه‌، یان كه‌سێكیان له‌تۆڵه‌ و ماف وه‌رگرتنه‌وه‌دا ده‌كوشت یان ژنێك! كه‌ له‌په‌راوێزی كێشه‌كه‌دایه‌ وه‌ك سوڵحی خوێن ده‌درا به‌یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی كه ‌ئه‌ندامێكیان كوژراوه‌.” ‌رۆماننوسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و چه‌مكانه هه‌ڵگریی شوناسێ نوێتر نییه‌ و چه‌ند ره‌خنەی لەو چه‌مكانه‌ش گرتبێت، هێشتا له ‌ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكه‌كانه‌وه‌یه‌ و نه‌گه‌یشتوه‌ به‌ناوكی چه‌مكه‌كان،‌ ئیشكال له‌وه‌دایه‌ ئه‌ده‌بیاتی ناوچه‌كه‌ ئه‌و چه‌مكانه‌ی له‌و كولتووره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ بێ هیچ ده‌رگیر بونێك له‌گه‌ڵ واتاسازیی نوێدا. رۆماننوسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی-ش بێبه‌ش نییه‌ له‌م ئیشكاله‌، به‌و پێناسه‌ باوه‌ی هه‌یه‌تی خۆی لێ دانه‌ماڵیوه‌ به‌ته‌واوه‌تیی و تاڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵی رۆیشتوه‌. كاك موحسین مه‌یلێكی وای هه‌یه‌، بۆ پێناسه‌كرنه‌وه‌ و ناساندنێکی كامڵتر و داماڵینی ئه‌و جۆره‌ كو‌لتووره‌ له‌م چه‌مكانه.

یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له‌ دونیابینیی و فیكر و ئه‌ده‌بیاتی “به‌ختیار عه‌لیی”دا جێگه‌ی ته‌عه‌جوب و ره‌خنه‌ لێگرتنە؛ ئه‌و دونیابینییه‌ باوه‌یه‌ بۆ چه‌مك و تێزه‌كان كه ‌هه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌م كتێبه‌ی كا موحسین-دا ئه‌و خوێندنه‌وه ‌و دونیابینییه‌ تێپه‌ڕده‌كرێت، تا ئاستێك، عه‌داله‌ت له‌وه‌دا نییه‌، جه‌لادێك وه‌ك ئه‌وه‌ی بكوژ بووه‌ بكوژرێته‌وه‌، به‌جۆرێك موماره‌سه‌ی تێگه‌شتنێكی واده‌كات، رۆیشتنه‌ به‌ناو هه‌ناوی چه‌مكی عه‌داله‌تدا: به‌وه‌ی شوناس و هاوسه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی لێبورده‌یی. ئێستا‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت له‌نێوان رۆمانی”شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كانی به‌ختیار عه‌لیی، كتێبی “دادگاییكردنی جه‌لاد-دادگایی كردنی عه‌داله‌ت”دا كه ‌هه‌وڵێكی كاك موحسین ئه‌دییبه‌، به‌راوردی بكه‌م: چه‌مكی مه‌رگدۆستیی و ژیاندۆستیی و هیومانیزمیی‌‌.

لای رۆماننوسێكی وه‌ك به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و چه‌مكه‌ی له ‌خولانه‌وه‌دایه‌، چه‌مكی عه‌داله‌ته‌ به ‌رۆحێتی مه‌رگدۆستیی و دادگاییه‌كی تۆڵه‌سێن، هاوكات كه ‌تێگه‌شتنێكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكی عه‌داله‌ت، وه‌ك چۆن جه‌لاد هه‌ڵگریی جه‌لادبوونه‌، ئاوه‌هاش له‌به‌رامبه‌ر عه‌داله‌تتدا گیرۆده‌یه‌ به‌ كوشتن، لێره‌دا عه‌داله‌ت سواڕانه‌وه‌یه‌ به‌ده‌وری پاراستنی حه‌قی ئینسانی غه‌در لێكراو و جه‌نگاوه‌رێكی تینو به‌تۆڵه‌، ئه‌مه‌ش دیدێكه‌ له ‌مه‌جه‌ڕای مێژوودا هاتووه ‌و دادگا و عه‌داله‌ت ماته‌وزه‌ی لێوه‌رده‌گرن. به‌ڵام له‌لای كاك موحسین رۆیشتنه‌ به‌ناو تاریكایی و هه‌ناوی چه‌مكی عه‌داله‌تدا، پرسیاری گه‌وره‌ له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دییبدا، گه‌ڕانه‌ به‌دوای ناوكی عه‌داله‌ت، گه‌ڕانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی لێبورده‌یی وه‌ك ناوكی عه‌داله‌ت له‌پەیوەندییدا به‌ژیانه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لیی، عه‌داله‌ت لای كاك موحسین رە‌فتاره‌ له‌گه‌ڵ ژیاندۆستیی و لێخۆشبون و لێبورده‌یی.

‎ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ده‌گات به‌جۆرێك رۆحانییه‌ت كه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و دونیا دا ، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین مامه‌ڵه‌كردنێكی ئەهاوا له‌گه‌ڵ رۆحانییه‌ت و دونیا و ژیان، ناچاره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بۆچونێك بكات، چه‌نده‌ سه‌روكاریی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رگ و مردن هه‌یه‌، هێنده‌ له‌پەیوەندییدایه‌ به‌ژیان و هیومانیزمه‌وه‌ كه ‌خۆی له‌كاراكته‌رێكی وه‌ك “دالای لاما” ده‌بینێته‌وه‌ كه ‌به‌دوای ماناكانی ژیانه‌وه‌یه‌، به‌رده‌وام رۆڵی جه‌نگاوه‌رێك ده‌بینێت له‌به‌رامبه‌ر مردندا له‌به‌رخود دایه‌.
‎روونتر بڵێیت: “ده‌لای لاما عه‌داله‌ت له‌كوشتندا نابینێت، كوشتن و مردنێك له‌پێناو هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی جه‌لادێك و مه‌زڵومێك، ئه‌مه‌ش واتادانه‌ به‌پەیوەندیی له‌گه‌ڵ مردن و مه‌رگدۆستییدا”.
‎هه‌مان دیدیش لای به‌ختیار عه‌لیی ئاماده‌یه‌، هاوكات هیچ پاساوێك بۆ كوشتن نییه‌.
‎هه‌روه‌ك “ده‌لای لاما” ده‌ڵێت: “‎ده‌شێ كوشتنێ سه‌گێك سیستمی جیهانی سه‌راوژێر بكات”. ئه‌وه‌ی كاك موحسین كاری له‌سه‌ر ده‌كات؟ ئه‌م دنیابینیی و تێگه‌شتنه‌یه‌.

‎گۆشه‌یه‌كی دیكه كه‌ جێگای گرنگییه‌ له‌م كتێبه‌دا؛ مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت و فراوانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌داله‌تدا، فراوان به‌واتای سه‌ركێشانی ئه‌م كتێبه‌ به‌لای فه‌لسه‌فه‌ی گریکییدا، تایبه‌تیشه‌ به‌وه‌ی ته‌نها مامه‌ڵه‌یه‌كی په‌تیی رووتی نییه‌ به‌لای فه‌لسه‌فه‌ و زانستی یاسا، به‌ڵكو سه‌ركێشانییه‌تی به‌لای كه‌سێتییه‌كی تایبه‌ت و جیهانییدا، ئه‌ویش “دالی لامایه‌” پێموابێت ئه‌و دیده‌ی كاك موحسین داده‌بڕێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیابینییه‌ی به‌سه‌ر رۆمانی شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كانی به‌ختیار عه‌لیی-دا هه‌یه‌، هه‌وڵی كاك موحسینه‌ له‌گه‌ڵ رۆحانییه‌تی”ده‌لای لاما”دا.
‎له‌پاڵ ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسیندا، فۆرم و واتادانه‌وه‌یه‌ به‌چه‌مكی یاسا، یاسایه‌ك دابڕاوه‌ له‌ به‌راوردی روتی جه‌لادێك گیرۆده‌بێت به ‌مه‌زڵوم بوون.

‎یاسا ته‌نها مامه‌ڵه‌یه‌كی فیكریی و عه‌قڵانی رووت نییه‌، به‌ڵكو؛ هه‌ڵگری به‌رخودی رۆحانییه‌ بۆ لێخۆش بوون، لێبوردن، په‌روه‌رده‌، سنگ فراوانیی…تاد.
‎تا ئاستێك یاسا كاری پاراستنی مافی كوشتن نییه‌، زیاتر سه‌روكاری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌ها و په‌روه‌رده‌ و هیومانیزمی نێوان دوو جه‌نگاوه‌ره‌، ‎جه‌نگاوه‌رێك عاشق به‌قیینه‌، له‌ به‌رامبه‌ر جه‌نگاوه‌رێك تینوو به‌ تۆڵه‌، به‌ڵكو ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌م دووجه‌نگاوه‌ره‌یه‌ به‌جۆرێك فێر لێبوردن بكرێن، ‎له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌دا رام بكرێن.
‎گه‌ر به‌واتا خێڵه‌كیی و باوه‌كه‌ی “یاسا كاری پاراستنی مافی كوشتن بێت” یاسای سته‌مكاریی”، له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسیندا یاسایی پاراستنی مافی ژیانه‌، به‌جۆرێك، یاسا ده‌رگییره‌ به ‌پارستنی شكۆی مرۆیی بوونی مرۆڤ و پاراستی جیهان، رۆحانییه‌تی مرۆڤ، تا ئاستێك یاسا وه‌ك فۆڕمێكی نادیار و نه‌بیندرا و كاری پیرۆزكردنی جیهانی نادیار و شاراوه‌ی مرۆڤ و بونه‌وه‌ره‌، مرۆڤ گه‌ر گه‌وزابێت له ‌نێوان ته‌پوتۆزی دڵڕه‌قیی و جه‌لادبووندا، ئەوا هێشتا وه‌ك بوونێك نه‌فی ناكرێت، كاری جه‌لاد گه‌ر چه‌پاندن بووبێت، ئه‌وا كاری مه‌زڵومێك پەیوەندیی کردنی جه‌لاده‌ به‌جوانیی و رووناكیی و ژیان و دونیا.

‎به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یاسا لای به‌ختیار وه‌ك ده‌ستێكی نادیار، هێنده‌ سه‌روكاری به ‌مامه‌ڵه‌ و ره‌فتار هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره‌كاندا، هێنده‌ له‌پەیوەندییدا نییه‌ به ‌دونیای نادیار و شته‌ شاراوه ‌و په‌نهانه‌كانی مرۆڤه‌كان. واته‌؛ له‌پەیوەندییدا نییه‌ به ‌رۆحانییه‌تی مرۆڤ؟ به‌ڵكو له ‌ره‌فتاری به‌ختیار عه‌لیی له‌گه‌ڵ واتاكانی مه‌رگ، زیاتر مه‌یلێكه‌ به‌لای كوشتنی ماهییه‌ت و بوونی مرۆڤ، ئه‌مه‌ش ده‌رگییربوونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیا باوه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كاندا هه‌یه‌.
‎”یه‌كه‌مین پەیوەندیی مرۆڤ به‌یاسا و رێسا؛ پەیوەندیی مرۆڤه‌ به ‌ته‌رز و بانگه‌شه‌ ئاسمانیی و رۆحانییه‌كان، یاسا پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی عاقلانیی و فیكریی بێت، هه‌وڵێكی میثۆلۆژیی رۆحانییه‌.”
‎بابه‌تێكی گرنگتر و پڕ بایه‌خی تری ئه‌م كتێبه‌؛ ئەو چه‌مكە هارمۆنیایه‌ به‌ڵام چ هارمۆنیایه‌ك؟
‎هارمۆنیایه‌ك سه‌رله‌به‌ری له‌ نێوان خولانه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ و دژه‌ كاردانه‌وه،‌ له‌ پەیوەندییدایه‌ (به‌و واتایەی لای “به‌ختیار عه‌لیی” له ‌پەیوەندییدا به‌ رۆمانی ناوبراو ئاماده‌یه‌)، هه‌وڵی كاك موحسین دیسان خه‌ریك به‌ركه‌وتنێكی نوێ و ژیارییه‌؛ بە جۆرێك، هارمۆنیا له ‌ناو گشتێك و دۆخێكی تایبه‌تدا، ته‌نها له ‌كاردانه‌وه‌ و دژه‌ كاردانه‌وه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ بۆ نه‌رمكردنی پەیوەندیی تاك و گشتێك كه‌ ئاماده‌یه‌ له ‌پانتایی پەیوەندیی تاكه‌كاندا.

‎وه‌ك گوتم:” پاراستنی رۆحانییه‌ت له ‌پەیوەندییدا به‌ژیانه‌وه‌، بییرهێنانه‌وه‌ی دید و دونیابینیی “ده‌لای لاما”یه‌”
‎دیسان هارمۆنیا، له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیبدا؛ بونیادنانی تۆڕێكی فراون و یه‌كێتییه‌كی فراوانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌جڕای ئومێد و لێبورده‌یی و ژیان و هیومانیزمدا، به‌ جۆرێك هارمۆنیا لێره‌دا هه‌ڵهاتنه‌ له ‌هارمۆنیایه‌ك كه ‌گیرۆده‌ی گشتێك بێت له‌ سه‌ربنه‌مای چه‌پاندن و دیسپۆتیزمی مه‌جاله‌ گشتییه‌كان به‌سه‌ر مه‌جاله‌ تایبه‌تییه‌كاندا خۆی گرتبێت، هارمۆنیا لێره‌دا دیدێكی گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی شته‌گەلێک نابێته‌ بابه‌ت و له‌م شوناسه‌ی هارمۆنیا دا شوێنێكی واناگرێت كه‌ دژی ماناكانی ژیان بێت، هاوكات، ده‌سدرێژیی بۆ سه‌ر واتاكانی ژیان وه‌ك رێسایه‌كی گه‌ردوونیی ببینێت، هارمۆنیا لێره‌دا قه‌بڵاندنێكه‌ واتا وه‌ك ناوكی ژیان ده‌بینێت، ره‌فتار له‌گه‌ڵ ‎مردندا بڕاوه‌ته‌وه‌ و خودێك له‌ ناو ئه‌م هارمۆنیایه‌ دا رۆڵده‌گێڕێت كه ‌ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر ژیان و دونیا.

‎هارمۆنیا له‌پانتایی رۆمانی “شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان” له‌لای به‌ختیار عه‌لیی، بییرهێنانه‌وه‌ی ئازار و ده‌رهاویشته‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌، واته‌ هارمۆنیایه‌ كه‌ مرۆڤی ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی غه‌مگین و داڵشكاو و مات پیشانده‌دات، به‌ جۆرێك په‌یامی به‌ختیار عه‌لیی هێنده‌ رووی له رۆژئاوایه‌ هێنده‌ رووی له ‌رۆژهه‌ڵات نییه‌! گه‌ر وانه‌بێت، خۆ مرۆڤی ئێره‌ ماندوه‌ له‌و جۆره‌ هارمۆنیا و غه‌مگینییه‌، چ پێویست ده‌كات دۆخێكی ئەهاوا ئاوارته و پڕ ئازار‌ پیشانی بونه‌وه‌رگه‌لێك بدرێت كه ‌له ‌هه‌ناوی ئه‌م گێژه‌ڵوكه‌دان، دۆخێكیان بۆ نوسیتنی له‌و شێوه‌یە خۆشكردبێت، هه‌م دیسان بێیته‌وه‌ هه‌مان بلوره‌ و شمشاڵی كۆن كه‌ بۆنی ستوی سوتاوی لێدێت بۆ مرۆڤی ئێره‌ بژه‌نیته‌وه‌! ئه‌ی كه‌ی مرۆڤی ئێره‌ پێبكه‌نێت؟ به‌ جۆرێك ئه‌م هارمۆنیایه‌ شتێكی تازه‌ نییه‌ بۆ مرۆڤی رۆژهه‌ڵات؟ مرۆڤی ئێره‌ دابڕاو نییه‌ له ‌ئازار و به‌رخودی ژینگه‌ و چه‌پاندنی مه‌جاله‌ تایبه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن گشتێكه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر گشتاندنه‌، مرۆڤی ئێره‌ به ‌سروشتی خۆی، به‌ده‌رگیربوونی له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ئێره‌، به‌و مه‌جه‌ڕا مێژووییه‌ی لێره‌ له ‌گوزه‌ردایه‌، مرۆڤێكه‌ ئازاری لێ ده‌تكێت، ئه‌و ئازارانه‌ی به‌ختیار عه‌لیی كه‌وه‌ك هارمۆنیایه‌ك پیشانی تاكی ئێره‌ی ده‌دات، نامۆ نییه‌ به‌مرۆڤی ئێره‌؟ به‌ڵكو ژیان لێره‌ ژیانكردنێكی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هارمۆنیا و ئازارانه‌دا.

هارمۆنیا له‌پەیوەندییدا به‌زه‌مه‌ن و شوێنی مرۆڤی ئێره‌ كه ‌ڕۆڵی باڵ بۆ باڵنده‌یه‌ك و هه‌وا بۆ و جود و ئاو بۆ ماسی ده‌گێڕێت. هارمۆنیایه‌ك ده‌خوازێت چه‌نده‌ له‌ هه‌وڵی پیشاندانی مرۆڤی ئێره‌یه‌‌ به ‌رۆژئاوا، به ‌شێوه‌یه‌كی مات و كۆسكه‌وتو و غه‌مگین، ده‌بێت هارمۆنیایه‌ك بێت به‌لای مرۆڤی ئێره‌دا، پڕبێت له ‌گه‌شبینیی و ئومێد و ژیان. به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و وێنه‌ی پیشانی رۆژئاوا ده‌دات هه‌مان وێنه‌یه‌ كه ‌پیشانی بونه‌وه‌ری ئێره‌ی ده‌دات، هه‌وڵی كاك موحسین لێره‌وه‌یه‌، كاركردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رووه‌ی هارمۆنیا بۆ مرۆڤی ئێره‌، گه‌ر به‌ختیار عه‌لیی ئه‌و كاره‌ی نه‌كردبێت، ئه‌وا نائاگا بێت یان به‌ مه‌به‌ست، زه‌مینه‌ی بۆ له‌ دایك بوونی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب خۆش كردوه‌.

‎به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیبدا؛ هارمۆنیا په‌یوه‌ست نییه‌ به ‌بییرهێنانه‌وه‌ی ئازار و هارمۆنیایه‌كی رزیو و سواو كه‌كار له‌سه‌ر نۆستالیژیا و سۆزی تاكی ئێمه‌ ده‌كات و به‌رده‌وام برینه‌كانی ده‌كولێنێته‌وه‌، هارمۆنیا لێره‌دا بییربردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك بونه‌وه‌ری ئێره‌ بپه‌رژێنە سه‌ر ژیان، ده‌ستی مرۆڤی ئێمه‌ ده‌گرێت بۆ لێخۆشبون و پاراستنی مانا و واتای ژیان، گه‌وره‌ترین سزا دروستكردنه‌وه‌ی جه‌لاده‌ بۆ دۆخێكی هاوسه‌نگی رۆحانیی و به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌جالانه‌ی رۆژانه‌ توش به‌ركه‌وتن دەبێت له‌گه‌ڵ دونیادا.

هارمۆنیای به‌ختیار ‌عه‌لیی له ‌نێو ئه‌م هارمۆنیایه‌دا، ‌كاك موحسین كاری له‌سه‌ر كردوه‌، هارمۆنیای “ئه‌زمون”ه‌، چیتر هارمۆنیایه‌ك نییه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو هارمۆنیایه‌ك گرنگه‌ مرۆڤی ئێره‌ تێیدا پێبكه‌نێت و به‌شادییه‌وه‌ روو له ‌مرۆڤی ئێره‌ بوه‌ستێت. گرنگییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین ئه‌دیب له‌پەیوەندییدا به‌هارمۆنیا؛ هه‌بوونی ویژدانه‌، ئەگه‌ر به‌ هارمۆنیای ویژدانیی ناوزه‌ندی بكه‌م زۆر دروسته‌؟ په‌یامی ئه‌م جۆره‌ له‌ هارمۆنیا به‌ستنه‌وه‌ی پەیوەندیی و دۆخ و مه‌جاله‌كانه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌رمی نواندنێكی گشگیر له‌ نێوان مه‌جاله‌كان(تایبه‌ت، گشیتی). كاره‌كته‌ری ناو ئه‌م هارمۆنیایه‌ له‌ دۆخی كاردانه‌وه ‌و دژه‌ كاردانه‌وه‌دا رۆڵناگێڕێت؛ به‌ڵكو وه‌رده‌سوڕێت بۆ قبوڵكردنی مه‌جاله‌كان، جۆرێك له‌ په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیی: پابه‌نده‌ به ‌ژیانكردنێكی پلورالیزمانە له‌گه‌ڵ تێگه‌شتن، و مه‌جالی نه‌رم، ورده‌ پەیوەندیی و جوڵه‌كردنی مرۆڤ له‌كات و شوێنه‌ سڕكراوه‌كان.

‎له‌ پەیوەندییدا به ‌هارمۆنیا، مرۆڤ و بونه‌وه‌ر له‌و هارمۆنیای كه ‌به‌ختیار عه‌لیی خه‌ریك به ‌كێشانییه‌تی، مرۆڤێكی پاسیڤ و كشاوه‌یه‌، به‌رده‌وام شین ده‌گێڕێت،عاشق به‌گریان و غه‌مگینییه‌! ده‌ست له‌ئه‌ژنۆ ته‌ماشای رووداو و شته‌كان ده‌كات، ناتوانێت له‌ ناو مۆدێرنه‌دا وه‌ك بونێكی به‌رگریی كار ئاماده‌بێت.
‎به‌پێچه‌وانه‌وه‌؛ ئه‌و كاراكته‌ره‌ی له‌ نێو هارمۆنیای كاك موحسیندا رۆڵده‌گێڕێت، مرۆڤێكی كارایه‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆسازییدایه‌، به‌رده‌وام له‌ جوڵه‌ و پەیوەندییدایه‌، هارمۆنیایه‌كی رە‌شبین-یش نییه‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئاماژه مرۆییه‌‌كانی مۆدێرنه‌دا له‌ گه‌شبینی و فراوانكردنی مه‌جال و پەیوەندییه‌كانیدایه‌.
‎له‌ كۆتاییدا ئه‌م بۆچونه‌ی ئێمه‌ گرنگیی-دانێكی زیاتره‌ به ‌به‌ختیار عه‌لیی و هاوارێكه‌ له ‌خوێنه‌ران كه‌ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك موحسین بكه‌ن به‌سه‌ره‌تایه‌كی گه‌شبین بۆ خوێندنه‌وه‌.




ملیۆن ھەناسەی سەرکەوت تارۆ … جەمال ساڵح

لە ڕۆژانی بیست وھەشت وبیستو نۆی مانگی شەش، لەناشڤیڵی ویلایەتی تێنسیی، شانۆیی ملێۆنێک ھەناسە کەلەنووسین ودەرھێنان و نواندنی سەرکەوت تارۆ بوو، وەبەھاوبەشی لەگەڵ جەستن پیتەردا تێکستی گۆرانی یەکانیشی نووسی بوو، بەزمانی ئینگلیزی نمایشکرا.
لە خانوی کڵێسایەکی خۆرئاوای ناشڤیڵ بینیمەوە بۆ جارێکی تر، پاش ماوەیەکی زۆر دابڕان.
شوێنەکە زۆر کۆن بوو، دیوار و زەوی جێگەکە گەواھی ئەوەی ئەدا کەلە سەدەکانی ڕابردووەوە ئەم خانوە بنیاتنراوە، بەوەی کە كلێسایەکی کۆنیش بوە، نەزانراوە کە چەند یەکشەممە لە سەدەیەکدا نوێژی تیاکراوەو چەندەھا کەسی تیا تەعمید کراوە«باپتایز کراوە»؟؟
لەوە ئەچێ لەکاتی خۆیدا کرابێتە جێی پیشاندانی فیلمی سینەمایی ، دە بۆ پازدە ڕییز کورسی تیایە کە ھەڵئەدرێنەوە، لەدوو بەری ھۆڵەکە بە ڕاڕەوێکی پلیکەدار جیاکراوەتەوە. کە جێی نزیکەی سەدو سی کەسێکی تیا ئەبێتەوە، لەبەردەم ڕیزی یەکەمیشدا بۆشایی یەک ھەیە لە نزمایی دا، کە نمایشی مۆنۆدراماکەی تیا کرا.
بە ترس لە ترسدا دەستی پێکرد، لەو جێ یەی کە سەرکەوت تارۆ کە کاراکتەری سەرەکیی مۆنۆدراماکە بوو ھەموو ڕووداوەکان لەدەوری ئەو ئەخولانەوە، تێدا لەناو ژووری بەندیخانەیەکدا بۆ ماوەی دە مانگ دەستبەسەر بوو. لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تر ولە ناشناڵتیی جیاواز، کە بە کورسی یەک ودو عارەبانەی کەسانی پێداویستی تایبەت ودارشەقێک و گۆچانێکی بچووک وێنا ئەکران کە سیمبولی پاشماوەی ئەو شەڕو کاولکاریانەی پیشان ئەدا کەلەسەدەکانی نۆزدەو بیستدا بەسەر میللەتی کوردا ھاتوون وقوربانی وێرانکاریەکانی مرۆڤ لە جێ یانەی کەپەنایان بۆ ئەم وولاتە ھێناوە و لە کەسیی سەرکەوت خۆیەوە ئەمانبینین. کە دیارترینیان کاراکتەرێکی لاتینی بوو.
ئەمان بە بەھانەی پەناھێندەی نایاسایی لە ئەمریکا بوون، و سەرکەوتیش کە سەر بەووڵاتی عێراق ھەژمارکراوە، بە بەھانەی تیرۆریست دەستبەسەرە.
لە گێڕانەوەکانی کاراکتەر ئەمانگێڕێتەوە بۆ زێدی خۆی کە کەرکووکە، و لەو دەرگا شوومەی کە چاوەڕێی ھەواڵێکی خۆشی لێ ئەکات، کە جگە لە ھەواڵی لابەلا بەولاوە ھیچی تری لێ نایەتە ژوورەوە، ئەمانباتە ئەودەرگایەی کە ھەموو ڕۆژی ماچی ئەکرد لەکاتی خوێندکاریی لە کەرکووک، کە ھەمیشە بەختی باشی بۆ ئەھێنا وبە پلەی باش دەرئەچوو.
ئەیبردینەوە بۆ ژوورە ڕەشپۆشەکەی دایکی جەرگسووتاوی کە سێ کوڕی شەھیدو یەکێکی تری لە غوربەت ھەنسکی چاوپێکەوتنەوەی ھەڵئەکێشێ، کە ناتوانێ جارێکی تر بیبینێتەوەو باوەشی گەرمی پیا بکات، بەوئاواتە ناگات.
لە ژوری زیندانەوە ھەڵمان ئەگرێت و ئەمانباتە ماڵە چۆڵەکەی خۆی کە ھاوسەرە تاقەباڵەکەی و سەگە بەوەفاکەی-ڕۆز- ڕۆژانی بێ ئەمیی تەنیا باڵیی بەسەرئەبەن، کە دوو نەگبەتیی تر زەفەریان پێ ئەبات، لەلایەک ڕۆز وون ئەبێت و ئەوی تریان کەوتن وقاچ شکانی ھاوسەرەکەیەتی.
پرسیارێکی کلاسیکی دەربارەی تۆمەتبارکردنی ئەم وەک تێرۆرێستێ لە بینەر ئەکات کە بەرەوڕووی بگییرانی ئەکاتەوە بە ناڕاستەوخۆیی!!
لە ترس بترازێ، ئەم لەخەم ھەڵکێشراوە، خەمی خۆیەکی بەناھەق گیراوو، خەمێکی ووڵاتی کۆت وبەندکراو بە چەند ڕەھەندێکی خەڵەتێنەر لە حیزب وئایین، کەھەردوک دوو دیوی دراوێکن. خاکێکی دابەشکراو بەسەرچوار ژمارەی یەک لەیەک قەڵبتردا.
بە ڕوانینە کارە میلۆدراماکانی سەرکەوت تارۆدا بۆت دەرئەکەوێ کە نواندن لەخوێنیایە، وکوردایەتیش لە دی ئێن ئەی دا.
ئێکسسوارەکانی کەبوو بوونە دیکۆر ، وموزیک وڕووناکی وا ئاوێتەی یەک بوو بوون، کەلەگەڵ ھەموو جوڵەیەکی کاراکتەرەکەدا بینەری ڕاپێچی ئەو کەش وھەوایە ئەکرد کە لەو ساتەدا تیا ئەژیا، زیندان، ماڵەوە، دەرەوە، بەردەرگا، کەرکەوک و ھی تریش.
لەکۆتاییدا پڕ بەدەم ھاوار ئەکات وئەپرسێ:

بۆچی ئەم کێشانە یەک بەدوای یەکداو ڕۆژانە ڕوومان تێ ئەکات؟؟ کە تێکڕایان شۆکیان کردووم!!
ئایا من بوونەوەرێکم وەک مرۆڤ؟ یان نازیندووم؟ بەرد؟ ئەگەر بەردم، ئێستا کاتی تەقینەوەولێک شەق بوون وھاوارە لەدەست بەریەککەوتنە ئەزەلیەکان!!
بەڵام لەکاتی گیرانمدا لەقوڵایی گرتووخانەکەدا ھەرگیزھەستم نەکردوە کەمرۆڤم. ئەی گەردەلوولی کێشەکان، ھەردەم شەڕمکردوە لەگەڵت، لەدووتوێی نووسینە ئەدەبیەکانمەوە، وە دۆزینەوەم بۆ نەھامەتیەکان وکێشەی دنیایەکی تر.
ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە کە ئەقڵ ئەوژیانە ڕەتکاتەوە کەتەنھا ھێز و سیاسەتی بۆگەن کۆنترۆڵی ئەکات.
ئێستا کاتی خەوی قوڵمە تا باوەش بکەم بەدایکمدا کەلەوانەیە دنیایەکی زیاترئاشتی یانەی جیاواز لەم ژیانە بێت.
دایکە؛ بۆ نەتھێشت لەبری ئێوە بمرم، بۆچی؟.. چونکە من ڕقم لەکوشتنی بەشەرە، ھەموو بوونەوەرەکان یان ھەرشتێ لەسەر ئەم زەوی یە، چونکە ناتوانم سنوورە دەستکردەکان بشکێنم، وە ناشتوانم لە ناو قووڵایی ھیواکانم و تواناکانمدا لەناوەندی ئەم دنیایەدا نامۆبم.
ئەگەر سنوور ودەرگا داخراوەکان بمێنن بۆ ھەتا ھەتا، دەکەواتە لێمگەڕێن با بنووم، لێمگەڕێن با خەوێکی قووڵیی ھەتا ھەتایی بکەم.
سەرکەوت تارۆ بە ملیۆنێ ھەناسە خۆیمان پێ دەناسێنێ، کە لەچەندەھا ھەوڵ تێکشکاندنی یەوە، ھێشتا ھەر ئەو درەختە بە پەل وپۆیە یە کە پیرەمێرد ئاسا ئەڵێ: پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزەو لەقەش بۆ سەر پەلی بەردار.
ھەرچەندە ماوەی نمایشکردنی میلۆ دراماکە تەنھا دوو ڕۆژ بوو، بەڵام ئەگەر بوار بڕەخسایە ودەستی بگیرایە، ھەق وا بوو زیاتر بکرایە، بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر ھەلی بینینیان بۆ بڕەخسایە.
لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە کاک سەرکەوت تارۆ ئەکەم، ھیوای ئەوپەڕی سەرکەوتنی بۆ ئەخوازم.




دیوە شارەوەکەی پشت کوشتنی جێگری کونسوڵی تورکیا چیە ! … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

ئەگەر شیکردنەوەیەکی سیاسیانە بۆ ئەم ڕووداوەبکرێت تێدەگەین کە ھـەر دەست درێژیەک بەرامبەر بە سەلامەتی دیبلۆماتکار و کارمەندانی کونسڵخانەکان ھەرەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام ناشکرێت سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت ھێندە زوو تەنگەتاوبن و پێش ڕوداوەکە بکەون قەندیل تۆمەتباربکەن.

ئەگەر سەرنجبدەین لەم ڕوداوەدا دوو گریمانـە ھەیە!!

یەکەم : یان لەتۆڵە سەندنەوەی شەھیدانی ئەو چەند ڕۆژەی پێش ئێستا (ھەڤاڵ دیار غەریب) و ( ھەڤاڵ سەرحەد ڤارتۆ)ی سەر بە پەکەکەیە ، (ئەگەر pkk لەپشتی بن ئەوا بکەرانی ئەم ڕوداوە نـەجـاتیان نابێت لە شەقامێکی بەکامێرا چاودێریکراو سەرەڕای بونی ھێزێکی ئـەمنی تۆکـمە لەوشارە.
دووەم : یان سینـاریـۆی تورکیایە بۆ شەرعـیەتدان بەپێشێلکاری و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق تا زیاتر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان ببەزێنێت و بۆمبارانی قەندیل بکات و سەرکردەکانی puk بکاتە ئامانج، لەو حاڵەتەدا بکەرانی ئەم ڕوداوە نـادۆزرێنەوە و دیـزە بە دەرخـۆنە دەکرێت.

رۆژانە سەدان ھاوڵاتی کورد شەھید دەکرێن لە بناری کورتەکی سەر بەقەزای پشدەر و برادۆست و چەندین ناوچەی سنوری تر وەهەروەها ڕوداوەکە دوێنێ ئەوگەنجەی لەتورکیا ئاڵای کوردستانی هەڵدا جگە لەمانەش دیارترینیشیان بۆردومانەکەی ئەمشەوی کەمپی مەخمور بوو بەدەست تورکی فاشست کەچی یان باسناکرێت یان گرنگی ئەوتۆیان پێنادرێت لەمیدیاکانمان، ئەمەش جێگەی داخە
تورکیا دەبێت لەوە تێبگات تەنھا چارەسەری دۆخی ئەمنی و ئاشتەوایی تورکیا و باکوری کوردستان ، پەیوەستە بەچارەسەر کردن کێشە جەوھەرییەکانی کورد!!

بەردەوام بونی ئەردۆغان لەسەر ئەمجۆرە سیاسەتکردنە حیاتی سیاسی بەرەو نەمان دەبات.
بەم ھۆکارانەش زیاتر ڕوندەبێتەوە کە گـڵۆڵـەی ئەرۆغان بەرەو لێژی دەستی پێکردوە!

یەکەم : ئەمریکا بەھۆی کڕینی سستەمی ئێس ٤٠٠ لەوڵاتی ڕوسیا سـزای بەسەردا سەپاندوە .

دووەم : وڵاتانی ئـەوروپا خەریکی میحوەربەندین لە دژی تورکیا و ھاوڕای سەپاندنی سزان بەسەریدا .

سێهەم : کێشەی ناوخۆییەکانی حزبـەکەی ئاکپارتی و سەرکردەکانی بەرەو پەرتەوازەی بردوون.

چورەم :کێشەی درێژخایەن و نەگەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ کوردانی باکور سوپای تورکیای ھیلاک کردوە.

پێجنەم :دۆڕانـە گەورەکەی ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان.

شەشەم:کێشەی گولەنیەکانی بەھەڵواسراوی ماوەتەوە و خۆیان بۆ دەرفەتێک مەڵۆسداوە.

ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر




خلیسكانی توركیا بۆ نێو زه‌لكاوی یاسای (كاتسا)ی ئه‌مریكا ‌ … عیماد عه‌لی

یاسای ( كاتسا)ی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2017 له‌ دژی كوریای باكوور و ئێران و روسیا دایرشت، ئه‌م یاسایه‌ش كه‌ به‌ یاسای دژه‌ نه‌یار و دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا و به‌كورتكراوی (كاتسا) ناسراوه‌، چه‌ندین برگه‌ی قورسی تێدایه‌ و مامه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ دیاریده‌كات كه‌ به‌ نه‌یا یان دوژمن ناوبروان و سه‌ره‌تای جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ به‌ سه‌پاندنی سزای ئابووری و سه‌ربازی ده‌ست پێده‌كات و به‌ جۆره‌ها رێگه‌ی دژایه‌تی قورسی تێدایه‌ كه‌ به‌ كوشتنی سارد یان له‌ سه‌رخۆی دوژمن یان نه‌یار ناوده‌برێت.

توركیا به‌ ته‌واوكردنی بۆندی كڕینی موشه‌كی ئێس 400ی روسی، خۆی خسته‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌. ئه‌ردوگان گره‌وی له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی ترامپ ده‌كرد كه‌ وتبووی؛ توركیا ناچاربووه‌ له‌و ره‌فتارانه‌ی و هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ په‌نابردن بۆ روسیا، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ زه‌مانی باراك ئۆباما موشه‌كی پاتریۆتی پینه‌فرۆشتوون، به‌ڵام مه‌زه‌ندی گره‌وی ئه‌ردۆگان شكستیهێناو له‌م رۆژانه‌دا و پاش گه‌یشتنی موشه‌كه‌ روسیه‌كه‌ی روسیا بۆ توركیا، ترامپ نه‌یتوانی توركیا له‌و یاسایه‌ بپارێزێت و، به‌وشێوه‌یه‌ش توریكا خۆی له‌ چه‌قی سزاكاندا ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌ردۆگان قاچی له‌ قوڕه‌خسه‌ته‌كه‌ گیریبه‌ستووه‌ و نازانێت روو له‌كوێ بكات؛ له‌گه‌ڵ روسیا بمێنێته‌وه‌ و ته‌واو له‌و زه‌لكاوه‌ی به‌ده‌ستی خۆی دروستیكرد نغرۆ بێت یان په‌شیمان بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر قورسه‌ به‌ڵكو ئه‌سته‌مه‌ و تا راده‌ی مه‌حاڵیشه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ یان پاشه‌وه‌ هه‌ر زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی خۆی تێدایه‌، بۆیه‌ ملهوری و نه‌رجسیه‌ت و زوڵم هه‌ر ئه‌مه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گوریسه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان چه‌ن كه‌وتۆته‌ لێژی و ناتوانێت پییرابگات و بیگرێته‌وه‌.

دوێنی و به‌ كوشتنی جێگری قونسڵگه‌ری وبه‌و شێوه‌ ئاڵۆزه‌ و به‌ده‌ستی نادیار و به‌ شێوه‌یه‌كی بێوێنه‌ و هه‌ڵگری هه‌زار ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای قورسبونی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاینده‌ی بۆ توركیا ده‌رخست و ده‌بێت چاوه‌رێی هه‌نگاوگه‌لێكی ئه‌وتۆ بكات كه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ست ساڵه‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌یبینوه‌ و به‌ ئارامی و ئاسوده‌یی ژیاوه‌ وكوڕه‌ به‌نازه‌كه‌ی ناتۆبووه‌ و له‌ زۆر به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره‌ پارێزراوه‌. ئه‌مرۆش ده‌بێت چاوه‌رێ كرده‌وه‌ی قورس و خلیسكانی زیاتر بێت، بۆیه‌ هه‌لێكی زێرینه‌ كه‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی توركیا و به‌ تایبه‌تی كورد هه‌نگاوه‌ راستو دروسته‌كانی خۆیان دراسه‌ت بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی ره‌فتار بكه‌ن و به‌ وردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاینده‌ی ئاڵۆزی توركیادا بكه‌ن و ده‌توانن زۆرترین قازانج له‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌ردۆگان به‌ده‌ست بێنن.

تا ئه‌ردۆگان له‌م ره‌فتارانه‌ و كه‌له‌ره‌قی و ملهوریه‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌نده‌ هه‌لی زیاتر ده‌خاته‌ به‌رده‌ست كورد كه‌ كه‌لێنه‌كانی له‌به‌رچاو بگرن و له‌ هاوكێشه‌ نوێكان به‌كاری بێنن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ هه‌وڵه‌كانی توركیا له‌ خۆپاراستنی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ نه‌یاری ئه‌مریكا ده‌ناسرێن و خۆی له‌و یاسایه‌ بپارێزێت شكستیهێناو، ئاواتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنیبو كه‌ یاسای كاتسا له‌ 2017 ئیمزا كراوه‌ و توركیا بۆندی كرێنی موشه‌كی ئیس 400ی له‌ 2016 ئیمزا كردووه‌، به‌و ئه‌گه‌ره‌ ی یاساكه‌ نایگرێته‌وه‌ و به‌رپرسه‌كانیشی له‌و هه‌وڵه‌دا بوون ئه‌و كه‌لێنه‌ بقۆزنه‌وه‌، به‌ڵام له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتو نه‌بوون، به‌پرسانی ئه‌مریكا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ توركیاش ده‌گڕێته‌وه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌ردانه‌كانی زۆرتر ده‌بن و ئه‌گه‌ر وه‌كو ئێران و كۆریای باكووری پێشتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت ئه‌وا زۆر باشتر نابێت.




پرسی كورد …له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

كورد هه‌میشه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دا بوونه‌ته‌ سووته‌مه‌نیه‌كی ڕه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند, هه‌ركاتێك ئه‌م دوو حكومه‌ته‌ كێشه‌یان هه‌بێت به‌تایبه‌تی هه‌ندێ كێشه‌ی تایبه‌تی واته‌ ڕێك نه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان , ڕاسته‌وخۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و كورد له‌و ناوچانه‌دا باجی په‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌ردولا ده‌ده‌ن, هه‌روه‌ها كورد له‌و ناوچانه‌دا به‌ تایبه‌تی دوای ڕووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زۆرترین ڕووداوی ناخۆشیان ڕووبه‌رو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كان هاوشێوه‌ی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسه‌,وه‌ك سووتانی ده‌غل و دانی كوردان و ته‌عریب كردن و له‌گه‌ڵ چه‌ندین كاری تر كه‌ له‌رامبه‌ر كوردانی ئه‌زیزی ئه‌و ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت,هه‌روه‌ها تێك چوونی بارودۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ش , كه‌ هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژی ڕوویدا له‌ خانه‌قین كه‌ چه‌ندین قوربانی لێكه‌وه‌ته‌وه‌, كه‌ ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه‌ ناخ هه‌ژێنه‌
به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ بێ هیوا نه‌بین له‌سه‌ر پرسی كورد له‌و ناوچانه‌دا به‌ تایبه‌تی كه‌ له‌ ئێستادا كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت پێك هێنرا له‌لایه‌ن به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ هیواخوازین كورد پێ بنێته‌ قۆناغێكی گه‌وره‌وه‌ هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ ڕۆلی كاریگه‌ر ببینن له‌ پرسی كوردا له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كاندا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل لایه‌نه‌كانی تردا له‌ نێویشیاندا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ده‌نگیكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌دا به‌تایبه‌تی (كه‌ركوك) كه‌ به‌قودسی كوردستان ناسراوه‌ , به‌ڵام بۆ كورد تاوه‌ كو ئێستا وه‌كو دۆزه‌خ وایه‌.
له‌كۆتایشدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی ده‌نگێكی یه‌كگورتویان نه‌بێت وه‌ هه‌وره‌ها خه‌می ڕاسته‌قینه‌یه‌یان نه‌بێت له‌و ناوچانه‌دا ئه‌وا ئه‌و ناوچانه‌ بۆ كورد كۆتایی دێت.




له ‌شاعیری تورك (ڕوشتو ئونور)ـه‌وه‌ … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

                                        (1)

پوخته‌

كە دەمرم دایە
تەنیا ئەو ته‌ڕایه‌تییه‌ت بۆ دەمێنێتەوە ..
لە بری قەرز ،
قەساب چاكەتەكەم دەبا
بەقاڵ باڵتۆكەم ..
بەڵام
چی لە دوای من ڕوودەدا
لە چیرۆكەكانی دڵداری
لە قەسیدەكانم ..
ئەی تۆ
چۆن بە تەنیا
ڕووبەڕووی ڕۆژت دەبییەوە ؟
چۆن تەماشای
سیمای خەڵك دەكەی ؟
بە كورتی دایە
هیچ سامانێكم ،
لە عەمبارەكاندا نییە و
هیچ ژنێكیش لە ماڵەوە ..
بە ڕووتی هێنامتە دونیا و
بە ڕووتیش دەڕۆم .

                                            (2)

به‌ختیاری
من ئازارده‌ر نیم
من ،
وەكو هەنگم لە شانە و
وەك مەل لە هێللانەیدا
بە ئیشوكاری خۆمەوە سەرقاڵم و
لەژێر شەپقەی خۆمدا دەژیم
خەندەم ،
كە هیچ بیانوویەكی نییە
لە خۆشیان ،
بەڕێوباناندا دێ‌ و دەچێ ‌ ..
ئەم شێتییەش ،
تا دەگاتە ئەوپەڕی شێتایەتی
لە ناخمەوە دێ ‌ ..
من لاڵ نیم تا بێدەنگ بم
وێنەی مردووان
لەم دونیایە جوانەدا .

                                              (3)

نۆستالیژیا

دەبێ‌ بزانی
شارە خۆشەویستەكەم
من بێ‌ خەون ژیام
وەختی خەوتنی كرێكاران
هاڕمۆنیكەم
لە شەقام لێ‌ دەدا ..
تۆ بۆ منی
شارە خۆشەویستەكەم
وەك دەست و چاوەكانم
شارە خۆشەویستەكەم
ئێستا ،
هەموو شتێك ئامادەیە
بەجێت بێڵم
كەشتی ئامادەیە
چارۆگەكان بۆ تەی كردنی دەریا
كراونەتەوە ..
بەڵام بۆچی
مردوو یەخەم بەرنادەن ؟

(*) ڕوشتو ئونور : شاعیری تورك ( 1929 ـ 1942) ماوه‌یه‌ك مامۆستا و ماوه‌یه‌كی دیكه‌ فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌ كانگه‌كانی خه‌ڵوز، وه‌ك ده‌بینین به‌گه‌نجی كۆچی دوایی كردووه‌ ، قه‌سیده‌كانی له‌ زۆربه‌ی ئه‌نتۆڵوژییاكانی شیعری توركیدا هاتووه‌ و به‌هه‌ند وه‌رگیراون.
برِوانە سايتى گۆڤارى (كيكا) :
http://www.kikahmagazine.com/?p=4952

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ




شەپۆل … شیعر: اردلان سرفراز … وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

“””””’
شیعر: اردلان سرفراز
ئاواز: فرید زولاند
گۆرانی :داریوش اقبالی

وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام
“””””’

من ئەو شەپۆلەم
ئارام ناگرم………
بە ئاسانی
سەری سازش نالەقێنم
هەردەم لە هات و چۆ
لەیەک شوێن ناحەوێمەوە
بێ قەرارم ………
من ، یانی سەفەر
و
چاونەترسی من
هەردەم ڕۆشتن
و
هەرگیز نەوەستانن
هەزاران کەنار بینین
و
نەبینین
بە پرسیارە بێ وەڵامەکان
گەیشتن

من لە تەوری دەریا
لە نەوەکانی کانیاوی
وەک لافاووم
ئازاد تر لە ئازادی
خانوی بێ خانووم

كەنار دەریا ماڵی من نیە
كۆتایی کاری من نیە
هاودەرد و یاری من نیە
كەسێ کە یاری من نەبێ
لە چاوەڕوانی من نیە

دەنگی زیندو بوون لە هاوارما
بەڵام خامۆشم
بەسەر کەنارا
كە دونیا لە بیری ئێمەیا نیە
بۆ مەرگیش
لە ماڵەوە شوێنێک نیە

ڕەوا نیە
گەر بە خامۆشی دانیشم
دڵ لە دەریا دەرهێنان
كاری ئێمە نیە

من لە تەوری دەریا
لە نەوەکانی کانیاوی
وەک لافاووم
ئازاد تر لە ئازادی
خانوی بێ خانووم

“”””””’
17/7/2019
………….




باڵدارێکی غەدر لێکراو باڵە فڕە دەکا … شوان شەفیق

قیژە قیژی نەورەسەکان
گوێیان پڕکرد لە نزا
لەنجەولاری گەڵاکان
چاویان پڕ کرد لە ئاو
ماندوو بوون چۆلەکەکان
دەرناکەوێ ھەتاو
تەماشاکە!
لە دەرەچەیەکەوە
ئاواز لە ھەناسە قەتیسبووەکانەوە دەژەنرێ
نایبیستن کۆترە گمەگمکەرەکان.

خەندەیەک لە مۆزەخانەدا ھەڵگیراوە
ڕۆژگارێک کە تیایدا دەگرین با ھەڵیگرین!
لە دەروازە بە خەتێکی ڕەشی قەترانی نووسراوە
بۆ چوونە ژوورەوە بلیتی عەشق پێویستە!
چ تاریکە!
خەمگین، خەمگین
دەگرین، دەگرین
ترووسکایی تیادا نابینرێ ژیان،
چۆن پێبکەنینەوە وەک سەرەتا؟
پەرژان دەمانخاتە ژان.

گریان پیشەی ڕۆژانەیە
ھەنسک ھەڵکێشان کاری شەوانەیە
لێشاو لێشاوی فرمێسک سەدەی نوێ دەشواتەوە،
کێشەی خۆتە چەند ماندووی
ژیان بۆ کام ڕێگای بردووی
کرێی خەمگینیت لێ وەردەگیرێ
مووحیبەت چی بەسەرھات؟
دەتەوێ خاترتبگرێ!

باڵندەکان لەترسیاندا نییە
ھاورێی مرۆڤەکان ناکەن
پەپوولەکان لە ناسکیاندا نییە
لەسەر گوڵەکان دەنیشنەوە
تاک و تەرا باڵندەیەک لەسەر دەستی مرۆڤە
مەحکووم کراوە بە زیندانی خاوەندارێتی،
بێ بەشکراوە لە ئازادی
کوا بۆ کوێ گەشتی کردووە شادی؟

ھێڵنج دەدەی
لە باخچەدا پیاسە بکەی
گوڵیش بۆگەنیکردووە
ئەوەندە غەدری لێکراوە
چ ئیستاتیکایەکە!
ڕۆچوون بە درزەکانی
پەنجە قڵیشاوەکاندا.

زیڕەزیڕی نەبوونی نان
شیڕەشیڕی نەبوونی سۆز
لاف و گەزاف و پۆز
ئەی ماسک پۆش!
بە ئەسپۆن خۆمان بشۆین؟
بۆ وشکبوونەوە دەچینە بەر با
گڤەگڤی با
بەرگی حەقیقەت لا دەبا.

شوان شەفیق




شەوێک …. نەوزاد بەندی

شەوێک
باران
دەستم ئەگرێ و ..
ئەمبا لەگەڵ خۆی ..

ناهێڵێ
دوو کراسی دەقکراو
لەگەڵ خۆم ببەم
ناهێڵێ گۆرەوییەکەم
لە پێ بکەم ..
تەنانەت
ناهێڵێ
خواحافیزیی
لە هیچ کەسێ بکەم ..
ئەڵێ خێراکە ،
بۆ وا خاو ئەڕۆی ؟!!

ئێ تۆیش
لە گەرمەی خەوای ..
دەرگا و
پەنجەرەی ژوورەکەت ،
کڵۆم دراون ..
ناتوانم بتبینم ..
خەمم بۆ نەخۆی ..!

Nawazad
BANDY




گورگ و بەرخە سپی … گۆڕینی : محەمەد بەرزی

 منداڵە ژیرەکان :  جارێکیان لەناو لەوەڕگایەکی گەورەی پڕ لە سەوزە گیادا ،  بەرخێکی خرپنی سپی زۆر  پچکۆلانە لە گەڵ ڕانە مەڕێکدا دەلەوەڕان . بەڵام بەرخەکە بە دەم خواردنەوە  وردە وردە  ملی بۆ پێشەوە نا و بە تەواوی  لە شوان و مەڕەکان  دوور کەوتەوە و بە بێ ترس بە دوای گیای تەڕ و تازەدا دەگەڕا .  پاش ماوەیەک پەڵە گیایەکی دۆزییەوە و لە خۆشیاندا بە هەر چوار پەل سەمایدەکرد ، بەڵام نەیدەزانی زۆر لە ڕانە مەڕەکە و شوانەکەی  دوور کەوتۆتەوە و ئاگاداری ئەوەش نەبوو ، کە گورگێکی  چاوبز لە پەنای پیرە دارێکی گەورەدا خۆی بۆ ماتداوە . 

ساتێک بەرخەکە هەستی بەوەکرد ، کە زۆر لە مەڕەکان دوور کەوتۆتەوە ، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ لایان . بەڵام کاتێک گورگە برسییە فێڵبازەکەی بینی ، کە خۆی شاردبۆوە بۆی ، زۆر شپرزە بوو ، لە ترساندا هەموو گیانی کەوتە لەرزین . جا چونکە گورگەکەی زۆر لێوەی نزیکبوو ، نەیدەتوانی ڕابکات و خۆی لە دەستی رزگار بکات .
بەرخەکە بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە بە گورگەکەی وت : ( ئەوە تۆ دەتەوێت بم خۆیت ؟ ) … گورگەکەش بە دەموچاوێکی ترش و تاڵەوە وەڵامی دایەوە و وتی : ( بەڵێ بۆ خواردنی تۆ هاتووم ، ئەی گوایە بۆچی هاتووم ) .
بەرخەکە سەرلەنوێ بە گورگەکەی وت : ( من ئەمڕۆ لە بەیانییەوە گیا دەخۆم ، ئێستا هەموو گەدەم پڕە پڕ بووە لە گیا ، جا تکایە تۆزێک لەسەرم ڕابوەستە ، تا گیاکە هەرسدەکەم ؟ . چونکە ئەگەر ئێستا من بخۆیت هەر وەک ئەوە وایە گیا بخۆیت و تامی گۆشتە ناسکە خۆشەکەم ناکەیت و تەنها تامی گیا دەکەیت ، جــا وابـاشترە تۆزێک لـەسەرم ڕاوەبوەستیت ) .
گورگەکە بەوپەڕی خۆشییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند و وتی : ( دەزانم تۆ لە پێش منەوە لێرەیت و منیش هیچ کێشەیەکم نییە و دەتوانم کاتێکی زۆر لەسەرت ڕابوەستم ) . بەرخەکەش زۆر سوپاسیکرد .
پاش ماوەیەک گورگەکە تاقەتی نەما و ویستی لە پڕ پەلاماری بەرخەکە بدات و بیخوات . بەڵام بەرخەکە ، کە بەمەی زانی گورج گورگەکەی وەستاند و وتی : ( گورگی ئازیز : تکایە تۆزێکی کەش لەسەرم ڕابوەستە ، چونکە هێشتا گیاکە لە ناو گەدەمدا بە تەواوی هەرس نەبووە ، جا تکایە ڕێگام بدە تۆزێک هەڵپەڕم ، تا زووتر گیاکە هەرس بکەم ) . ئەمجارەش گورگەکە بەمە ڕازی بوو . ئنجا بەرخەکە کەوتە هەڵپەڕین و بە هەر چوارپەل سەمایدەکرد ، بەڵام لە ناکاو لە خۆیەوە وەستا .
گورگەکە سەری سوڕما ، بۆیە وتی : ( ئەوە بۆ وەستایت ؟ ، دەی تا دەتوانی خێراتر هەڵپەڕە ، تا زووتر گیاکە هەرس بکەیت ) .. بەرخەکەش لە وەڵامدا وتی : ( ئەوی ڕاستی بێت ، چونکە هەڵپەڕینەکەم مۆسیقای لەگەڵدا نییە ، ئەوا ناتوانم بە خێرایی و بە دڵی خۆم هەڵپەڕم . جا تکایە وەرە ئەم زەنگۆڵەیە لە ملم بکەرەوە و زۆر بە قایم ڕایبوەشێنە ، ئەو کاتە منیش بە دەنگ و ئاوازی زەنگۆڵەکە خێراتر سەما دەکەم و زووتریش گیاکە هەرسدەکەم ) .
گورگەکەش چونکە خواخوای بوو زوو بەرخە سپییە ناسکۆڵەکە بەبێ کیشە بخوات بەمە ڕازی بوو ، بۆیە بە ئەسپایی لە بەرخەکە هاتە پێشەوە و زەنگۆڵەکەی لە ملی کردەوە و زۆر بە قایم ڕایوەشاند … لەو لاشەوە شوانەکە دەگەڕا بە دوای بەرخەکەدا . جا چونکە دەنگی زەنگۆڵەکە زۆر بەرز بوو ، شوانەکە گویێ لە دەنگەکەی بوو . بە خۆی و گۆچانەکەیەوە بەرەو دەنگەکە چوو ، پاش چەند هەنگاوێک گورگ و بەرخەکەی پێکەوە بینی و بە گۆچانەکەیەوە زۆر بە گوڕ ڕایکرد بۆ گورگەکە ، گورگەکەش ، کە گۆچانی شوانەکەی بینی زۆر ترسا و هەتا توانی ڕایکرد و دوورکەوتەوە ، بەرخە سپییە جوانەکەش بۆخۆی ڕزگاری بوو .
جا منداڵە ئازیزەکان : ئەم چیرۆکە ئەوەمان فێردەکات ، هێز تەنها مەرجی سەرکەوتن نییە ، بەڵکو بیرکردنەوەی ژیرانەش دەتوانێت بەسەر هێزی زۆر گەورەدا سەربکەوێت .

١٨ / ١٠ / ٢٠١٧

تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی ، بەڵام ناوی نووسەری لەسەر نییە .




بۆچی “فەرهاد پیرباڵ” تان گرت؟ بۆچی “ماڵی وەفایی” تان سوتاند؟ … نیهاد جامی

وەفایی ماڵەکەی ئەسووتا

فەرهاد کتێبی ئەسوتاند

هاوڕێکانم بەدەم سووتانی کتێبەوە

وێنەی پیری خۆیان دائەنا

ماوەیەک بەهۆی نووسینەوە سەرقاڵ بووم ئاگام لەفەیس بووک نەمابوو،
سەرلەنوێ هەواڵی سوتاندنی کتێب ڕاچەنینێکی سەیری تیا خوڵقاندم، بەپەلە هاتم تا
ببینم جارێ هەواڵەکە چیە، کێشەی ئێمە ئەوەیە هێشتا لەئاستی هەواڵدا زانیاریمان
نیە، دەکەوینە تۆمەت بەخشینەوە، بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە خۆیان لەنێوان
“دۆست” و “دوژمن”، ستایش و سەرزەنشت کردن، لایەنگیری هەر یەک
لەو دوو مرۆڤە.

رامانێکی باشترمان پێویستە، تا لەئاستی کاری وادا نیگەران بین نەک
دۆست، نائومێد بین نەک دوژمن، واز لە هێمنی ولەسەرخۆیی سۆرانی ماڵی وەفایی بێنین،
تا ستایشی جوانی ئەو کوڕە نەکەین کە هاوڕێ و خۆشەویستی هەموومانە، با بەهۆی
ڕەفتارەکانی ئەم دواییەی د. فەرهاد پیرباڵ نەکەوینە سەرزەنشت کردنی، ئەو دنیایەک
بوێرو جوانی لەئەدەبیات بەخوێنەر بەخشیووە، لەدەرەوەی ئەو دوو وێنەیە، دەبێت
ڕووداوەکە بخوێنینەوە، ئەوەی ماڵی وەفایی دەسووتێنێت، فەرهاد پیرباڵ دەستگیر
دەکات، ئەو ئاکاری دەسەڵاتەی دەزانێت چۆن دژی کتێب و نوسەرەکان ڕەفتار بکات،
بەهێمنی دەچێتە نێو ئەو پەیوەندیە، تا هەندێکمان بڵێین ئەوە گەڕانەوەی مافی
نووسەرە، بۆیە ماڵی کتێب دەسووتێت، هەندێکیش دڵخۆش بین، چونکە نوسەرێکی شێت
دەستگیر کراوە.

روانین لەو دوو پۆرترێتە لەڕاستیدا نیگاکردنە لەوێنە ڕاستەقینەکەی ئەو
دیو پۆرترێتی دەسەڵات، ئەوە گومان کردنە لەو دوو پۆرترێتە.. ماڵی سوتاو و نوسەری
دەستگیر کراو، لەپشت تاوانبار و بێتاوان، گوناهبارێک هەیە پۆلینکاری دەبەخشێت،
یەکێکیان ماڵ سووتاو ئەویتریشیان ماڵ سوتێنەرە، من ناچارم بۆ قسەکردن لەو بابەتە
ماندووتان بکەم، سنوری ئاستی هەواڵی و پۆستی فەیسبوکی ببەزێنم و لەسەر چەند
ئاستێکی ئەو ڕووداوە بووەستم، دەشێت ئەوە زۆرینەی هاوڕێکانی نێو ئەو تۆڕە
کۆمەڵایەتیە بێزار بکات، چونکە ڕەنگە بیانەوێت منیش وەک ئەوان بەدێرێک بۆچونی خۆم
بخەمە ڕوو، بەڵام هەرزوو ئەو چاوەڕوانیە دەمرێت، تەنیا ئەوانە دەتوانن لەگەڵم
بەردەوام بن، کە توانای گومانیان هەیە لەئاستی یەکەم کە ئاستە هەواڵیەکەیە، لەو
دوو پۆرترێتە کە تەواوی تویت و پۆستی لاپەرەکانی داگرتووە، دەمەوێت گومان بکەم،
گومانێک هەر لەسەرەتاوە باسم لەوە کرد کەبۆچی هەلساون بەکارێکی دوو لایەنە
نوسەرێکتان دەستگیر کرد و ماڵێک لە کتێبتان سووتاندووە.

فەرهاد پیرباڵ ئەو نووسەرە سریالیە کوردیەی هەر لەسەرەتاوە وێنەیەک
پێک دێنێت کە پێکهاتێکە لەدادایزم و سوریالیزم، کۆمەکی بەشێک لەشێوەکاران دەکات بۆ
کردنەوەی پیشانگاکان و تەنانەت دامەزراندنی دەستەی تەم بەجۆرێک لەجۆرەکان جۆرێک
بوو لەکاریگەری ئەو، سەرباری ئەوەی وێنەی ڕوونی خۆی لەڕێگەی شیعر و چیرۆک لەلایەک
و دەرکردنی گۆڤاری وێران لەلایەکیتر سەرەتای خستنە ڕووی دنیای ئەوە وەک نووسەرێک،
ئەگەرچی ئەو بەر لەو وێنەیە وەک نووسەرێک لەئەوروپا دەردەکەوێت، هەروەها چەند
تێکستێکی شانۆییش دەنووسێت، بەواتای ئەو دەیەوێت گەشە بەو وێنەیە بدات کە بڕوای
پێیەتی، ئەگەرچی من وەک خۆم ئارەزووی جۆری نووسینی ئەو نەکەم، دەشێت ئەوە پەیوەست
بێت بەچێژی ئەدەبیەوە، بەڵام ناکرێت گرنگی ئەو وەک نووسەرێک فەرامۆش بکەم، ئەو
وێنەیە لەهەر ئاستێکدا بێت دەپەڕێتەوە ناو جۆرە پەیوەندیەک.

دیارە حزب لەدنیای ئێمەدا دەستی بەسەر زۆر شتدا گرت، ئەو مەترسیەی
هەمیشە ئاماژەم بۆی کردووە کە دەبێت بترسین، بەئاگا بین دەست بۆ سەر گەنجینیەی
خەیاڵ و بیرکردنەوەماندا نەگیرێت، حزب بۆ ئەوەی هونەر بێ بەها بکات کۆمەکی فەرهادی
کرد تا پیشانگا بکاتەوە و خۆی بە هونەرمەندێکی داهێنەر ناو ببات، ئەوە سەرەتای ئەو
مەترسیە بوو پێشتر لەڕێی وتارێکەوە ئاماژەم بۆی کردووە، ئەو ترسە پەیوەستە بۆ
بێبەهاکردنی هونەر لەلایان حزبی کوردیەوە، تا پێمان بڵێت ئەوەی تۆ بە گرنگی
دەزانیت من لەساتەوەختێکدا کێم بووێت دەیکەم بەهونەرمەند و بەسەر تۆش دەیسەپێنم،
ئەو وێنەیە گەشە پێ دەدات تا سەرەنجام ئەو نووسەرە لەدنیای خۆیەوە لە نووسەرێکی
سریالیەوە دەگۆڕدرێت بۆ مرۆڤێکی سریالی، ئەو پەڕینەوەیە ستراتیژێکی دەسەڵاتە
لەبەرامبەر مەعریفەدا، ڕێک هەر ئەوەی مەبەستە دەسەڵات، مەعریفە بگۆڕێت بۆ ئاستی
کارەکتەر، تا سەرەنجام لە هونەرێکەوە بپەڕێتەوە بۆ کارەکتەرێک، کە ئەو وێنە سریالی
بوونە ناوزەد بکات بەشێت، ڕێک ئەوە ئەخلاقی دەسەڵاتە لەبەردەم مەعریفە، بۆیە لەو
ساتەدا دەستبەرداری کۆمەکە ئایدیۆلۆژیەکەی نابێت، تا هەموو پاڵپشتێکی بۆ دەخاتە
ڕوو.

بەوەی ئەو مادام خاوەن مەعریفەیە دەبێت ڕۆشنبیر لەوێنەی ئەودا
بەرجەستە بێت، ڕاستیەکەی دەسەڵات دەیەوێت ڕۆشنبیر کە خاوەنی مەعریفەیە لەوێنەی
شێتێک بۆ کۆمەڵگا بەرجەستە بکات، لێرەدا دەپرسین: دەسەڵات عاقڵە؟ عەقڵ لەلای
دەسەڵاتە؟ ئەی ئەو عاقڵانە هەمیشە لەناو خۆیان شەر لەسەر سامان و ژن و میرات
ناکەن؟ ئەو پرسیارانە بۆ دەسەڵات دەگۆڕم بە پرسیارێکیتر: ئێوەی عاقڵ شێت نین؟

قسەکردن لەپەیوەندی نێوان عەقڵ و شێتی وەستانە لەبەردەم گومان لەکۆی
بیرکردنەوە وێرانکاریەکانی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگا، دەسەڵاتێک سەرەنجام کۆمەکی نوسەرێک
دەکات تاوەکو کتێبخانەیەک بسووتێنێت، گەر دەپرسین باشە ئەوە یەکێک لەنووسەرە
ناودارەکانی ئێمەتان شێت کرد.. ئەوەی ویستان بۆ شکاندنی وێنەی ڕۆشنبیر کردتان، ئەی
بۆ ماڵی وەفاییتان سووتاند؟

لەڕاستیدا کێشەکە لەوێدا نیە، ئاخۆ سۆرانی ماڵی وەفایی پاداشتی
کتێبەکانی داوە بە فەرهاد یان نا، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە ئەو دەسەڵاتەی وێنەی
ڕۆشنبیر بۆ کۆمەڵگا وەک شێت بەرجەستە دەکات، دەسەڵاتێکە خاوەنی مەعریفەی
تۆقێنەرانەیە، بۆیە دەزانێت کتێب و کتێبخانەکان دوژمنی سەرسەختی ئەون، دەبێت
تەواوی کتێبخانەکان بسووتێن تا تەمەنی ئەو درێژ بێت، لێرەوە هەموو ئەوانەی باس
لەکارێکی باش دەکەن کە کتێبەکان بسووتێن، لەڕاستیدا بەئاگایی یا بە نائاگایی
بەشداری لەپلانێکی داڕێژراوی دەسەڵات دەکەن، تۆ گەر پێت وایە کتێب دوژمنتە، دڵت بە
سووتانی کتێبخانەکان خۆشە دەی خۆ هەر درێژکراوەی عەقڵیەتی ئایدیۆلۆژی ئەو
دەسەڵاتەیت.

لێرەوە ڕوانینی من بۆ ئەو رووداوە زادەی تێگەیشتنە لەپەیوەندیەک کە
ئەمڕۆ نیە خوازیارن ماڵی وەفایی دابخەن، بەبەڵگەی ئەوەی چەند ساڵێکە بەناوی
وەرگرتنەوەی شوێنەکە دەیانەوێت لێیانی وەربگرنەوەو بیکەن بە کافتریای نێرگەلە
کێشان، بۆ ئەوەی گەنجان نەخوێننەوەو سەرگەرمی کافتریاو نێرگەلە و کچە عەرەب بن،
چونکە تا ئەو وێنەیە هەبێت تەمەنی دەسەڵات درێژتر دەبێت، ئەوە کتێبە نائومێدمان
دەکات، وا دەکات بە ئومێدە ساختەکانی دەسەڵات فریوو نەخۆین، ئەودیوو بە ڕوناکی
نەبینین، بەڵکو بزانین لەودیوو تاریکی هەیە، ئەوە کتێبە ئومێدەکان دەخاتە ناو گومانەوە،
بۆیە دەسەڵات کاری بەوەیە کتێبخانەکان بسووتێنێت، سەرەنجام نووسەرەکانیش بەتۆمەتی
سووتاندن دەستگیر بکات، تاوەکو بلێت “ئەها خۆیان لەگەڵ خۆیان ڕێک ناکەون.. من
چیبکەم، خۆ دەبێت یاسا پەیڕەو بکەم”

ئەو دەنگە گاڵتە جاریەی دەسەڵات، هیچ نیە جگە لەبێبەهاکردنی مەعریفە
لەعەقڵی خۆیدا، بەڵام هەمیشەش لەو ترسە دەژیێت، مەعریفە بێتە دەنگ و وێنە
ڕاستەقینەکەی توندوتیژی و فاشیانەی دەسەلات بخاتە ڕوو، وەک ئەو ساتەی لەشانۆنامەی
هاملێت، لەنیوەشەودا پاسەوانێک کاتێک تارمایی پاشای کوژراو دەردەکەوێت دەڵێت
“بیدوێنە ئەی هۆراشیۆ”

ئەوە کتێبە وامان لێدەکات لەنیوە شەوێکی تاریکی دەسەڵات، لەبەردەم ئەو هەموو مەعریفەیەدا، گومان بکەین و بەخۆمان بڵێین با ڕۆحی کتێبەکان بدوێنین، بۆیە ئێستا ئەو ساتەیە دەبینە هۆڕاشیۆ و ئاگری کتێبەکانی ماڵی وەفایی و فەرهادی ناو زیندان دەدوێنین، کە دوو نمونەی مەعریفەی کوژراوی ئێمەن بەدەستی دەسەڵاتی کوردیەوە.    

نیهاد جامی    




ئەمەریكا و عێراق و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC…. عەلی مەحموود محەمەد

ڕۆژی17-7 بە ڕۆژی دادپەروەری لە جیهان دەناسرێت و ساڵانە لەو یادە بەشێوەی جۆراو جۆر لە سەرتاسەری جیهان رێزی لێدەگیرێت و یاد دەكرێتەوە, لەم ڕۆژەدا پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی1998 لە دایك بوو, كە بووە سەرەتایەك بۆ پێكهێنانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی, ئەمەش خەونی لە مێژینەی عەدالەتخوازان بوو.ساڵی1998 ئەنجومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆژەی بڕیارەكەی پەسەند كد بۆ دامەزراندنی دادگایەكی جیهانی تایبەت بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید, لە دەنگداندا 130 وڵات لەگەڵ و21 بێدەنگ و7یش دژ بوون, دژەكانیش بریتی بوون لە: “ئامەریكا, ئیسرائیل, چین, عراق, قەتەر, لیبیا, یەمەن”.لە راستیدا ئێستا وڵاتانی ئەندامی دادگا تەنها نزیك بە چارەكێكی دانیشتووانی جیهان پێك دەهێنن, چین و هیند و ئەمەریكا و روسیا و ئەندەنوسا و پاكستان كە زۆرینەی حەشاماتی دانیشتوانی جیهان پێك دەهێنن ئەندام نین, لە روی دەسەڵاتیشەوە وڵاتە بەهێزەكان وەك ئەمەریكا و چین و هیند و روسیا, كە چوارگۆشەی هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی هەنووكەو ئایندەی جیهانن ئەندام نین لە ئێستادا.

ئامەریكا و دادگا و پێشینەی مێژووی لە گەڵیدا

ئەمەریكا هەموو كات لە هەوڵوێستەكانی دوو لایەنە بووە, بەرژەوەندی لە كوێ بووبێت ئامادە بووەو پشتیوانی لێكردووە, چەك و پارەی دەدا بە عێراق بۆ كیمیاباران و جینۆسایدی كورد, ئاگاداری هەنگاو بە هەنگاوی سوپای عێراقی بوو, كەچی تا دوای پرۆسەكە لە 8ی ئەیلولی 1988 نەهاتە قسە, كە 6ی ئەیلول كۆتایی ئەنفال راگەیەنرا, دوای 10 ساڵ لەو تاوانەش ئەوجا بۆ یەكەمجار وشەی ئەنفالی بەكار هێنا, دواتریش تاوانی هەڵەبجەی كردە یەكێك لە بەهانەكانی تۆمەتباركردنی سەدام و روخاندنی, ئیتر گوێی بە دادپەروەری و ڕەوایی نەداوە, پشتیوانی لە دەست بەكار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە یۆغسلاڤیا و ڕواندای كردووە لە ساڵەكانی”1993,1994″دا, هەروەها دادگای نیمچە نێو دەوڵەتی بۆ سیرالیۆن لە ساڵی”2000″ و كەمبۆدیا لە ساڵی”2003″ و لبنان لە ساڵی”2006″, بەڵام بەهەموو شێوەیەك بەرەو ڕووی ICC وەستاوەتەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی كلنتۆن بەشداربوون لەو دانوساندنانەی كە بە ڕێككەوتن گەیشت لەسەر یاسای بنچینەیی پەیماننامەی ڕۆما, ئەو پەیمانامە نێو دەوڵەتیەی لەسەر بنچینەی پەسەندكردنی لە ساڵی 1998دا , دواتر لەبەر رۆشنایی ئەو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی دامەزرا.
ئامەریكا دەیەویست بە هەمواركردنی پەیمانامەكەوە پەیوەست بێت بە دادگاكەوە, بەڵام نەیانتوانی قەناعەت بە وڵاتانی دیكە بهێنێت بۆ هەمواركردنی بەرنامەی دادگا تاكو ببێتە ئەندام تیایدا, بەهۆی ترسی دەزگای سەربازی ئامەریكا”پنتاگۆن” لە دادگایی بارگاوی بە سیاسەت, بەرۆك بە هاوڵاتیانی بگرێت, كە رۆژانە بەهۆی دەستخستنە ناو كارووباری وڵاتان و شەڕەوە دەگلێنە تاوانەوە.

ئامەریكا لە ڕۆژی كۆتایی وادەی واژۆكردندا لە 31-12-2000دا , واژۆی لەسەر یاسای پەیمانامەی ڕۆما كرد, هاوكات نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند كە پەیمانامەكە زۆر خاڵی زیاندار بۆ ئەو و كەلەبەری گەورەی تێدایە, كلنتۆن وتی خۆم و ئەو سەرۆكانەی لە دوای من دێن ڕێنوێنیان ناكەم ئەم رَێككەوتنامەیە پێشكەش بە ئەنجومەنی پیران بكەن بۆ پەیوەست بوون بە دادگاكەوە, تاكو ئەو خاڵانەی جێگای گومانی ئێمەن لانەبردرێن, واتا دادگایەكی دەویست بە باڵای بەرژەوەندییكانی ببڕدرێت و پارێزراو بن لە دادگاییكردن لە پای ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات لە جیهاندا, بە تایبەتی لە وڵاتانی زۆنی جەنگ.

كلنتۆن پێش سێ هەفتە لە بەجێهێشتنی كۆشكی سپی, لە دوا ڕۆژی دیاریكراو بۆ واژۆكردنی پەیماننامەكە لە بەرواری31-12-2000 دا, پەیماننامەكەی واژۆ كرد و وتی : ئامانج لە واژۆكردن قەت بەمانای ئەوە نییە پابەند بین بە پەیمانامەكەوە یان پەیوەست بین پێوەی, لە درێژەی قسەكانیدا وتی:ئامۆژگاریم بۆ جێگیرەوەم ئەوەیە پەیممانامەكە نە نێرێت بۆ ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەری و پەسەندكردنی.
لە بەرواری 6-5-2002 ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند, ئامەریكا بە فەرمی ڕایگەیاندووە نایەوێت بەشێك بێت لە دادگاكە, هەروەها هیچ پابەندبونێكی یاسایی بە واژۆكردنی لە 31-12-2000 دا ناكات, بەمەش بڕیاری پاشگەزبوونەوەی دا لە واژۆكردنی پەیمانامەكە.

ئامەریكا لە گەڵ ئەوەدایە دادگا لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا بێت, بۆ ئەوەی هەر كاتێك ویستی ڤیتۆ لە دژی بڕیار و كارەكانی بەكار بهێنێت و بكەوێتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە, لە بەرواری 6-5-2002 ەوە ئامەریكا هەوڵوێستی نەیارانەی لەسەر دادگاكە وەرگرت, پاش ئەوەی بە فەرمی واژۆكردنەكەی ڕەتكردەوە, ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوكاتی ئامەریكا دوای پاشەكشەكردنی ئامەریكا لە دادگاكە وتی: دادگا شەرعیەتی نییە, تەنانەت هەڕەشەی تەداخولی سەربازی كرد دژ بە هەر وڵاتێك هاووڵاتیانی تەسلیم بە دادگا بكەن, هەروەها پەیماننامەی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان بەست بۆ پێشگرتن لە تەسلیمكردنی هاووڵاتیانی بە دادگا, تەنانەت لە ساڵی2004 یاسایەكی دەركرد بە ناوی نزركت, تیایدا قەدەغەی كرد هاوكاری ناسراو بە یوسید پێشكەش بەو وڵاتانە بكات كە پەیمانامەی دوو قۆڵی لەگەڵ واژۆ ناكەن سەبارەت بە تەسلیم نەكردنی هاووڵاتیانی بە دادگاكە.

لە ساڵی 2002 دا, كۆنگرێسی ئەمەریكی بڕیاری لەسەر یاسایەك دا بەناوی پەلاماری لاهای, بە پێی ئەو یاسایە سەربازانی ئەمەریكی دەپارێزێت لە بەرامبەر لێپرسینەوەی ئەم دادگاییە, هەروەها یاساغیكرد فەرمانبەرانی دەوڵەتی هاوكاری دادگای نیونەتەوەیی تاوان بكەن كە بە “یاسای پەلاماری لاهای ناسراوە”, بە پێی ئەو یاسایە هەموو مافێك دەدرێتە سەرۆك هەر ڕێگایەك بگرێتە بەر بۆ ئازادكردنی هەر هاووڵاتیەكی ئەمەریكی یان هەر كەسێك لە هاوكارانی ئامەریكا بهێڵرێتەوە یان زیندانی بكرێت لە لایەن دادگای ناوبراوەوە یان بە فەرمانی ئەو دەست بەسەر یان زیندانی بكرێت.

بۆش یاسای پاراستنی تاكەكانی سەربازی ئەمەریكی واژۆ كرد, كە ڕەخنە بوو لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی, هەروەها هەڕەشەی بڕینی هاوكاری هەموو ئەوانەی كرد كە هاوكاری دادگا دەكەن دژ بە هاووڵاتیانی.ئیدارەی بۆش كەوتە بەر ڕەخنەی توند سەبارەت بە هەڵوێستی دژایەتیانەی بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە سەروبەندی چوار ساڵی یەكەمی دەسەڵاتیدا, هەرچەندە تەحەفوزاتی وڵاتە یەكگرتووەكان لەسەر دادگای ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بۆش و بە دیاریكراوی لە سەردەمی كیلنتۆنەوە دەستی پێكرد, وەك چاوەڕان دەكرا لەسەردەمی باراك ئۆباما لە هەڵوێست و مامەڵەكردنیدا نەرمتر بوو لەبەرامبەر دادگاكە وەلێ بەشێوەی گشتی گۆڕانكاری نەكرا, زۆر هۆی ناوخۆیی لە ئارادابوو بۆ ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان پەیوەست نەبێت بە دادگاكەوە گرنگترینیان دژایەتیكردنی پنتاگۆن و كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و هەواڵگری و…..بۆ دادگاكە , هاوكات دەزگا سەربازییەكان نەیارن بۆ دان نان بەو دادگاییە لە لایەن وڵاتە یەكگرتووەكانەوە, بە تایبەت وڵاتە یەكگرتووەكان هێزی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەكان هەیە بە تایبەت لە هەردوو وڵاتی “ئێراق و ئەفغانستان”ئەگەری زۆرە بكەوێتە بەر تۆمەتباركردن بە ئەنجامدانی پێشێلكاری و لێپرسینەوەو دادگاییكردن, كاتێك خۆی و ئەو وڵاتانە واژۆی پەیمانامەكە بكەن!, وەك لە ئەفغانستان بۆ ئەمەریكا و لە عێراق بۆ بەریتانیا.

كاتی خۆی لە لایەن ئەندامانی پارتی كۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران, تەنانەت لە لایەن زۆر لە ئەندامانی لیستی دیموكرات لە ئەنجومەنی پیران, لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی پیران خاتوو هیلاری كیلنتۆن دژایەتی واژۆكردنی ئەم پەیمانامەیە كرا, وەلێ دواتر هیلاری كلنتۆن سەبارەت بە پەیوەست نەبوونی ئامەریكا بە دادگاكەوە لە كینیا وتی: هەست بە داخ و كەسەرێكی قول دەكەین بە هۆی ئەوەی وڵاتە یەكگرتووەكان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی كە دا مەزرا بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژییەكان و تاوانەكانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی”.

پابەند نەبوون بە دادگای نێو دەوڵەتی تاوان لە لایەن ئامەریكاوە لە ڕاستیدا كەسەرێكی گەورەیە بۆ ئامەریكا كە پابەند نەبێت بە دادپەروەری نێو نەتەوەیەوە, كە ئیدعا دەكات و خۆی بە پارێزەری دادپەروەری لەجیهاندا دەزانێت, هاوكات هەڵوێستی نەگەتیفی ئامەریكا دەردەخات بەرامبەر بە دەزگا نێو دەوڵەتیەكان, كە لە زۆربەیان بەهۆی یەكان نەگیری بەرژەوەندیەكانی كشاوەتەوە.ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگەی هیلاری كلنتۆنەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 6-8- 2009 لە شاری نایرۆبی پایتەختی كینیاوە, لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا, لێدوانێكی دا بە قازانجی دادگای نابراو, لە لێدوانەكەیدا هیلاری كلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی دەربڕی كە ئامەریكا تاكو ئێستا بەشێك نییە لەو دادگاییە, ئەمە لە كاتێكدا بوو حكوومەتی نایروبی ڕایگەیاند ویستیان هەیە تاوانبارانی خۆپیشاندانەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی كینیا كە زۆر پێشێلكاری گەورەی تێدا ئەنجامدرابوو لە دادگای ئای سی سی دادگایی بكرێن , كە دواتر دۆسیەی بۆ كرایەوە.

ئۆباما لە دیسەمبەری 2014 رایگەیاند ئەمەریكا ئەشكەنجەی لە زیندانی ئەبوغرێب ئەنجامداوە و كەرامەتی مرۆڤی روشاندووە, لە راستیدا هێزەكانی ئەمەریكا لە زیندانەكانی ئەبو غرێب و باغرام و غوانتنامۆ تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە, بگرە لە پاكستانیش.ئۆباما ئەو كاتەی سێناتۆر بوو لە ساڵی 2004 رایگەیاند پێویستە هاوكاری لێكۆڵینەوەكانی ئای سی سی بكەین , كە بووە سەرۆكیش ئەمەریكا لە ساڵی 2009 وەك ئەندمی چاودێر بەشداری كۆنگرەی ساڵانەی دادگایكرد.بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە, ئیدارەی ئۆباما رێگایەكی دوورو سەخت و نەگەیشتن بە ئەنجامی لە پێشدا بوو, پێویستی بەوە هەبوو قەناعەت بە دەزگای سەربازی بهێنێت بۆ پەیوەست بون بە دادگاكەوە,ئەوەش پاش ئەوەی ئەو پێشنیارانەی ئیدارەی بۆش و كلنتۆن پێشكەشیان كرد بۆ هەموار كردنی دادگا, پێش ئەنجامدانی ئەو هەموار كردنە 67 سەناتۆر لە ئەنجومەنی پیران لە كۆی 100 كەس بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی ناكەن لەو هەوڵە, ئەمەش بۆ خۆی دەربڕی ئەوەیە پەیوەست بوون بە دادگا لە توانای ئیدارەی ئۆباما نەبوو بە تەنها, بە زۆر تەلبەند دەورە دراو بوو , لە كۆتادا نەك ئەمەریكا نەبووە ئەندام بگرە ئۆباما نەیتوانی لە ئەنجومەنی پیران بیخاتە دەنگدانەوە, كارەكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوەوە بوو, پەیوەست بوو بە پنتاگۆن و ئێف بی ئای و دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەكان و ئەنجومەنی پیرانەوە, ئەو لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە سەرۆكی لا حەولە وەلا قوە بوو.
ئەگەر ئەمەریكا وڵاتانی روسیاو چین و ئیسرائیل ببنە ئەندام گرنگە, هاوكار دەبن لە هاوكاری سیخوڕی و دیبلۆماسی و پشتیوانی سیاسی و لۆجیستیكی و دارایی, هەرچەندە دادگا زۆر پێویستی بە پەیوەست بوونی ئامەریكا و وڵاتانی دییەوە هەیە, بەڵام زۆر لە ئەندامەكانی بەرگری دەكەن لە ئەنجامدانی ئەو چاكسازیانەی ئامەریكا دەیەوێت, بۆ ئەوی وا نیشان بدەن ناكەونە ژێر پاڵەپەستۆی ئامەریكاوە, هەرچەندە لە دۆسیەی ئەفغانستان ئەمەریكا شكستی بە دادگا هێنا.لە سەردەمی بۆشدا, كاتێك دۆسیەی دارفۆر بووە ڕۆژەڤی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلكاریانەی حكوومەتی عومەر بەشیر ئەنجامی دا لەو هەرێمە, ئامەریكا هەڵوێستێكی دیكەی وەرگرت و بڕیاری پشتیوانی و كۆمەكی داواكاری گشتی دۆسیەكەی دا, تەنانەت كار گەیشتە سەر ئەوەی كۆندەلیزا ڕایس هەڕەشەی بەكار هێنانی ڤیتۆی كرد دژ بە هەوڵی وڵاتانی چین و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش, كە دەیانەویست ڕێگربن لەبەردەم دەرچوونی بڕیار سەبارەت بە عومەر بەشیر , كەواتە هەموو كات ئامەریكا دوو فاقیانە هەوڵوێستی وەرگرتووە, تەنانەت لەو سەردەمەی بە تەواوی دادگای ڕەتكردۆتەوە, وەلێ كە لە گەڵ بڕیارێك بەرژەوەندیەكانی جووت بووبێت چاوی لە ئاست هەڵوێستەكانی پێشتری نووقاندووە.

سەردەمی ترامپ خراپترین پەیوەندی

لە بەرواری 21-11-2016 فاتۆ بن سۆدا رایگەیاند سیا و هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا لە نێوان ساڵانی 2003 و 2004 تاوانی جەنگیان لە ئەفغانستان ئەنجامداوە, بە ئەشكەنجەدانی 61 كەس لە زیندانیان, ئەشكەنجەی جەستەیی و نەفسی و روشاندنی كەرامەتی لانی كەم 27 كەس لەوان و لاقە كردنیان كراوە, بنسۆدا داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە نۆڤەمبەری 2017 رێگای دا بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ كە لە ئەفغانستان ئەنجام درابوو, ئەمەش یەكەمجار بوو كار لەسەر تاوانەكانی سوپای ئەمەریكا بكرێت لە مێژووی دادگا.
لێ كاتێك دادگا ویستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ئەمەریكا بكات لە ئەفغانستان و دەست بە كردنەوەی دۆسیەكە بكات, ئیدارەی ترامپ بە شێوەی هیستریا كاردنەوەی دەربڕی ,جۆن بۆلتون راوێژكاری ئاسایشی ئەمەریكی رایگایەند تۆمەتباركرنی سوپای ئەمەریكا بە تاوانی جەنگ لە ئەفغانستان هیچ بنچینەیەكی نییە,هەڕەشەی نە دانی ڤیزاو ئابلوقەی ئابووری خستنە سەر دادگای كرد,هەروەها وتی بە هیچ شێوەیە هاوكاری دادگا ناكەین, نابینە ئەندام, دادگا وا لێدەكەین بۆ خۆی بمرێت.

هاوكات مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە وتی: ئەمەریكا ڤیزا بەوانە نادات بەشداری لێكۆڵینەوە دەكەن لە تاوانی سەربازان و هەواڵگری ئەمەریكا لە ئەفغانستان و وڵاتانی دی هاوپەیمان, مەبەستی ئیسرئیل بوو لێرەدا.لە بەرامبەردا سەرۆكی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی شیلی ئیبۆی ئۆسۆ جی بۆ هێور كردنەوەی تەنگژەكە وتی: قوربانیانی ئێستاو رابردوو دوارۆژ ی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید خوازیارن ئەمەریكا ببێتە ئەندامی دادگاكە.یەكێك لە بەندەكانی یاسای فیدرای ئەمەریكی ماف بە سەرۆك دەدات كە هێز بەكار بهێنێت بۆ ئازادكردنی هەر سەربازێكی ئەمەریكی كە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەستگیری كردبێت, ئەمەش بۆخۆی دەست ئازادكردنێكی ئاشكرای لەشكری ئەمەریكایە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەودیو سنورەكانەوە.

لە كاتێك ئەمەریكا رەخنەی گرت لە روسیا كە هەڕەشەی كشانەوەی كرد لە دادگا كە ئەویش وەك ئەمەریكا ئەندام نەبوو, تەنها پەیماننامەكەی واژۆ كردبوو, كەچی بۆ خۆشی بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ دادپەروەری دەكات.ئەمە لە كاتێكدایە ئەفغانستان بۆ خۆی ئەندامە لە دادگاو یەكێكە لە وڵاتای پێكهێنەر لە چوارچێوەی 123 وڵاتە ئەندامەكەی دادگا, ئەو وڵاتەی لەسەر خاكەكەی تاوان بكات لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت و دەچێتە چوارچێوەی پسپۆڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.
پێشتریش كۆنگریسی ئەمەریكی لە ساڵی 2015 دا بڕیاری ئەوەی دابوو, هاوكارییەكانیان بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرن و هاوكارییەكانیان پەیوەست كردبوو بە سكاڵانەكردن لە ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .
تەنانەت ئەمەریكا بە هەڕەشەكردن لە وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوای وەك ” یابان و ئەڵمانیا و كەنەداو ئوسترالیا” بەوەی پشتیوانی مادی خۆیان بكشێننەوە لە دادگا, لە كاتێكدا ژاپۆن یەكەم وڵاتی پارە بەخشە بە دادگا لە جیهان دوای ئەویش فەرەنسا و ئەڵمانیا دێن.

هاوكات لە سەردەمی ترامپدا ئەمەریكا لە پەیمانی بازرگانی چەك كشایەوە , وە لێبوردنی بۆ ئەو سەربازە تاوانبارانە دەركرد لە وڵاتانی زۆنی جەنگ گلاونەتە تاوانەوە , لە ناویاندا دادگای سەربازی سان دیغۆ لە هەرێمی كالیفۆرنیای ئەمەریكا ئەفسەری هێزە تایبەتیەكانی ئەمەریكا نیڤی سیلیزی بێ تاوان كرد, كە لە ساڵی 2017ەدا هەرزەكارێكی برینداری 15 ساڵانە لە دەرەوەی دادگا لە شاری موسڵ كوشت , دواتر بە كۆمەڵ وێنەیان لە گەڵ تەرمەكەی گرتبوو, دەركردنی لێبوردن بۆ تاوانبارانێك پێشێلی یاساكانی جەنگ و پەیمانی جنێفیان كردووە, بۆ خۆی تاوانە, كە ترامپ ئەنجامیدا .
ئێراق و واژۆ كردنی پەیمانامەكەواژۆكردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ئەهمیەتێكی زۆری بۆ سەر دواڕۆژی كورد لەم وڵاتە هەیە, هەرچەندە توركیا و ئێران و سوریاش ئەندامی دادگا نین, گرنتی زامنی دوبارە نەبوونەوەی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگە لە هەمبەری, وەك لە شەنگال و دوزو كەركوك و گوندەكانی دی بینیمان, لە كاتێكدا كورد بە زۆر پۆستی گەورە بەشدارە لە دەسەڵاتدارییتی ناوەند, دەبوایە لەم ئاستەیا هەنگاوی هەڵبهێنایە,”هەرچەندە ئێراق لە بەرواری15-2-2005 پەیوەست بووە بە پەیماننامەكەوە, پاشان بێ هێچ ڕونكردنەوەیەك پەشیمان بۆتەوە”, كە لەوكاتەدا وەزیری دەرەوەی عێراق هوشیار زێباری بووەو پەشەكشەكەش لە لایەن ئەوەوە ئەنجامدراوە, سەرۆك كۆماریش عجیل یاوەر و زاوای كوردان بووە, سەرەك وەزیرانیش ئەیاد عەلاوی بووەو خۆی بەلیبراڵ دەزانێت.

بە بڕوای من گرنگترین هۆكار بۆ كشانەوەی عێراق لە دادگاكە و واژۆ نەكردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن عێراقەوە بۆ 3 خاڵ دەگەڕێنمەوە:
1 -بوونی ئامەریكا لە ئێراق, ئەمە بەهێزترین خاڵە, ئەگەر ئێراق ببێتە ئەندام ڕاستەوخۆ لە كاتی پێشێلكاریدا دادگا دەبێتە تەرەف بەرامبەر بە پێشێلكاری وڵاتی داگیر كەر و ئەندامانی هێزی ئامەریكا ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن دادگایی دەكات, دیارە ئەمەریكا لە دادگایی ئەندامەكانی و سزا دانیانیەوە باكی نییە, بەڵكە لە بڕیارەكانی دادگا دەترسێت بە سزا دانی هاووڵاتیانی بە تاوانە گەورەكان, نایەوێت سیناریۆی ئەفغانستان دوبارە بێتەوە.

2-نەزانینی گرنگی دادگاكە و نزمی ئاستی هوشیاری و هەست نەكردن بە ڕۆڵی ئەم دادگاییە لە لایەن هێزە دیموكراسییەكان و هێزە نەتەوەییە كوردییەكان و عەرەبییە سونەكانەوە, كە زامنی ئاسایشیانە لە وڵاتی زۆنی جەنگ.3-مانی ڕوحی شەڕخوازی لە ناو دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست بە تایبەت دەسەڵاتدارانی مەزهەبی شیعە كە گلاونەتە زۆر تاوانی گەورەوەو دەیانەوێتیش لە داهاتوودا درێژەی پێ بدەن, بە ئاشكرا ئەوان دژ بە ئەندامبوونی عێراقن لە دادگاكە .لە كۆتاییدا هیوادارم پاڵەپەستۆیەكی وا پێك بهێنرێت لە لایەن كەسوكاری قوربانیان و پارت و لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەسەڵاتدارانی كورد وئێراقی ناچار بكەن ئەم پەیماننامەیە واژۆ بكەن , یان هەر نەبێت بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە ببێتە خاڵێكی رێكەوتنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق.

عەلی مەحموود محەمەد
رێكخەری تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی




لە شارەکانماندا … کرمانج فەتاح

هەر یەکێک لە ئێمە خاوەنی شارێکین،یان هەریەکە لە ئێمە شارێک خاوەنێتی.شوناسی ئینسانەکان شوناسی شارەکانیانە. هەر شارە و ڕەمزێک یان چەند ڕەمزێکی تایبەت بەخۆی هەیە .
هیچ شارێک نیە کۆمەڵێک ڕەمزی مێژوویی، شارستانی، کەلتووری تایبەت بەخۆی نەبێت . بایەخدان و شانازیکردن بە ڕەمزەکانی شارەوە ، هەستکردنە بەو ناسنامەیەی شوێن بە مرۆڤی دەبەخشێت.
لێردا ئەوەی ئەمەوێت باسی لێوەبکەم،(لە شارەکانماندا) چەند خاڵێکی گرنگ هەن کە شایەنی باسکردنن. ئایە شارەکانمان بەمانا هەقیقیەکەی شارن؟

کۆمەلێک کەم و کوری هەن کەم تا زۆر لە شارەکانمان کە شایەنی ئەوەیە لێرەدا باسیان لێوە بکەین، ڕەنگە جێگای پرسیارگەلێک بن بۆ هەر تاکێک لە ئێمە. ئایە جیهان بەو پێشکەوتنە زۆرەی لە ئێستادا بە شارستانیبوونی شار و کۆمەڵگایەکان تەنیا خۆی لە هەبوونی شەقامەکان و باڵەخانە و هوتێل و قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەکانەوە دەبینێتەوە، ئایە شارناسی نوێ بەوانە گرنگیان پێدەدرێت تا پێیان بلێن شار؟
(شاری سیدنی چەندەها باڵەخانە و هوتێلی سەرسورهێنەر وەک بینا هەیە ، بەڵام بینای ئۆپێرای سدنی ڕەمزی شارە.)

(لە شارەکانماندا) گرنگی ئەوتۆ نەدراوەن بەوەی بە مانای راستەقینەیی شارەکان شاربن،کە تێیدا خەون تێیدا ببێت بەراستی. چونکە لەم شارانەدا نامۆین بە هونەر و شانۆ و موزیک…! (بەلێ جیهان لە پێشکەوتندایە) بەڵام ئێمە لە کوێی ئەو پێشکەوتنانەداین؟ بەشارستانیبوونی شار و کۆمەڵگایەکانیش کەم و زۆرکاریگەری (ئەرێنی) و (نەرێنیان) دوای خۆیان جێهدەلێن، ڕەنگە ئەوەی بۆ سەرتایی ژێرخانەی هەر شارێک جێگای پرسیار نەبێت،وە نەبێتە مایەی گازندەش، بەڵام گەر شارێک نیو سەدە ژێرخانەکەی داندرابێت جێگای پرسیارە لە نەبوونی کۆمەلێک شت،کە نمونەیێکی گرنگی بەشاربوونن و شارستانیەتن. نەبوونی هۆلێکی (سینەما)! نەبوونی هۆلێکی تایبەت بۆ نمایشی (شانۆی)وە نەبوونی ناوەندێکی شانۆیی، نەبوونی (مۆزەخانەیێکی) گونجاو و نەبوونی ناوەندێکی گرنگی (هونەری و ئەدەبی)وە پێویستە هەر ماڵێک کتێبخانەیێکی هەبێت، دواتر ژیانی کۆمەڵاتیی و کارلێک نەکردنی خزمایەتی و عەشیرەت، واتە کەس پەیوەندی بەکەسەوە نەبێت و نەبێتە کۆمەڵگەیێکی عەشایر و یەکتر کوشتن و …تاد.

دواتر هەبوونی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا و مۆڵ، بۆ ڕەخساندی هەلی کار بۆ گەنجان. ڕۆڵ دیتنی گەنجان و خۆ دۆزینەوەی گەنجان لە هەموو ڕویێکەوە. چەندسێکتەریتر… کەجێگای پڕسیارن. لەڕاستیدا قسەکردن لەبارەی شارەوە،
ئەمەش گرنگە ڕێزگرتن لە یاساکانی وەڵات خزمەت بەشار دەکات، هەر کەسێک ڕێز لە بیر و ڕاو کەرەستە و یاساکانی شاری خۆی بگرێت و بە خۆشەویستیەوە مامەڵەی تێدا بکات.
شار؛بەبێ باسکردنی مرۆڤ هیچ مانایەک و ئەرزشێکی نیە!
بۆ ئەوەی لە شار تێبگەین،سەرەتا دەبێ لە مرۆڤ خۆی تێبگەین.چونکە تەواوی دەزگاکانی شار بۆ خزمەتی مرۆڤن.

وەک چۆن مرۆڤ لەشاردایە بەهەمان شێوە،شاریش لەناو مرۆڤدایە.
شار بریتیە لەهەبوونی هەموو شتێک،هەموو شوێنێک هەروەها
بۆ دۆزینەوەی ویستەکانی مرۆڤە تێیدا.
بەڵام ڕەنگە لە شارەکەی مندا هیچ یەکێک لەمانە بوونی نەبێت، تا داهاتووێکی تر بدات بە تاک، رووحیەتی تاک لەم شارانەدا یاخود تایبەت بڵێم لە شارەکەمدا ئەبێ تەنیا لە دوورەوە لە کۆمەلێک شت بڕوانین یان دەبێت بۆ وەدیهێنانی خەونەکانمان کۆچ بکەین.!

بەم پێیە دەبێ مامەڵەکردنمان لەگەڵ شاردا مامەڵەکردنێکی تاک ناسی بێت،یان مێژووناسی بێت،شار خاوەنی رووحە کە مرۆڤە… بۆیە دەبێت واتایێکی هەقیقی بدرێتەوە،بە تاک لە ناو شاردا. تا بەو پێیەی شارەکانیش بە مانا ڕاستەقینەکانیانەوە شاربن.
(با شارەکان بە شارستانیەت بناسێنین، با تاک لەم شارانەدا ئایندەیان ببینن.)




بەراوردکردن، ئەوهۆکارە نەرێنیەی دەروونی مناڵ ئەڕووخێنێ ……!

شوانە حەسەن ئەبوبەکر

پەروەردەکردنی منـداڵان بە ئەرێنی و دروسـتی، بەرپـرسیارێتییەکی گەورە و ئەرکـێکی قورس و زۆر هەستیارە، لە ئەستۆی خێزانەکان بە گشتی و دایکاندا بە تایبەتی. هەندێ رەفتاری نادروست و هـەڵە لە لایەن دایکان و باوکانەوە، منداڵەکـانیان تووشی فـشار و گەلێ کێشەی دەروونیی نەخوازراو دەکەن کە لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا رەنگـدانەوەیەکی نەررێنـیان لە کەسـایەتی و لە ژیـانیانـدا دەبـن.. منـداڵان باجـێکی زۆری ئـەم هـەڵانـەی دایکـان و باوکـانیان دەدەنەوە.
بێگومان هەموو دایکان و باوکان هیواخوازی ئەوەن، کە منداڵەکانیان باشترین منداڵبن و داهاتوویەکی گـەش و پایەیـەکی بەرزیـان هەبێـت و مایەی رێـز و شانـازییابن.. بەڵام
ئەمە ئـەوە ناگەیەنێت کە پاکـانە بۆ هـەڵە پەروەردەییەکـانیان بکەین لە پەروەردکـردنی منـداڵەکـانیاندا، هەرچەنـد کە ئـەم هەڵانـەشـیان بێ مەبەسـتبن و لە نەزانیـنیانـەوە بن.
یەکێک لە گەورەترین ئەو هەڵە زیان بەخشانەی باوکـان و دایکـان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیانـدا تێیکەوتوون و تێیدەکەون، بەراوردکردنی منداڵەکانیانە بە مـنداڵانی تـر.
لەوانەیە ئەم هەڵەیە بەسەر کەسانێکی وەکوو ئێوەش هاتووبێت و دەرد و زیانەکـانی
بەراوردکـردنتان بە منـداڵانی تـر چێشـتووبێت.
بەشی زۆری دایکـان و باوکـان، سەرەڕای ئـەوەی کە دەزانـن بەراوردکـرن لە نێوان منـداڵانـدا کارێـکی هـەڵـە و زیـان بەخـشە و کـاردانەوەیـەکی خـراپی لێـدەکـەوێتـەوە،
کەچی درێژە بەم رەفتارە زیان بەخشە دەدەن، منداڵەکانیان لە گەڵ خوشک براکـانیان
و لەگەڵ منـداڵانی کەسـوکـار و هـاوڕێ و دراوسی و ناسـیاوەکانیادا بەراورد دەکەن.
بەراوردکردن لە نێوان منداڵانـدا، هەر بە دایک و باوک و خـێزانەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو تەشـنەی کـردووە و بەشـێک لە مامـۆسـتایانی قـوتابخـانەکانیش ئـەم هەڵـەیە دەکەن و قوتابییەکانیان بە یەکتری بەراورد دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستاکان لە هەموو کەسێک باشتـر ئەم راستییە دەزان، کە لە رووی زیـرەکی و بەهـرە و توانـا زەینی و هـۆشییەکـانـدا، جـیاوازی لە نێوان منداڵانـدا هـەیە. پێویستە رەچـاوی ئـەم جیاوزیانە بکەن و هیـچ قوتـابییەک بە قوتـابییەکی تـر بـەراورد نەکـەن.
هـاوڕێیەکم وتی: من زۆ رقـم لە بابەتی بیرکـارییە، هۆکارەکەشی ئەوەیـە کە لە پۆلی
دووەمی قوتابخانەی ناوەنـدی بووم.. لەگەڵ ئامۆزاکەمدا لە هەمان پۆڵـدا بووین، ئەو بیرکاریـدا زیرەک بوو. ماموستای بیرکـاریمان هەموو جارێک پێی دەوتم: بڕوانە کە
ئامۆزاکەت چەند زیرەکە، چەند بە خێرایی وەڵامی پرسیار و راهێنانەکان دەنووسێت، ئەی تۆ بۆ وەکو ئامۆزاکەت نیت و ناتوانیت بە ئاسانی وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە؟
ئەم بەرواردکـردنەی مـن بـە ئامـۆزاکەم و دووبـارەکـردنەوەی چەنـدین جـار.
تا رۆژێک خۆم پێنەگیرا و بە مامۆستاکەم وت: مامـۆسـتا ئەی تۆ بـۆ وەکو مامۆســتا
سامان دوکـتۆرات لە بیرکاریـدا وەرنەگرتووە؟ ئەم قسەیەم تەنگەی مامۆستای گرت و لەبەرچـاوی هـاوڕێ قوتابییەکـانمـدا زلـلەیەکی مـزری لـێدام.. هەستی بـرینـدارکـردم.
لەو رۆژەوە رقـم لە بیـرکـارییە، لەو کـاتەدا رقـیشم لە ئامـۆزاکـەشم دەبــۆوە.

لێکـۆڵینەوەیەک ئامـاژە بەوە دەکـات، ئـەو منـداڵانەی کە قـوربانیی بەراوردکـردنن بە منـداڵانی تر، دووچاری متمانە بە خۆنەبوون بوونە. زۆر جاریش هەست بەوە دەکەن، کە هیچیان لەباردا نییە و بە کەڵکی هیچیش نایەن، لە شوێنی شیاویشـدا نین. ئەمەش
بە شێوەیەکی گشتی لە خوێندن و لە ژیانیاندا رەنگیداوەتەوە و کاردانەوەیەکی نەرێنی
بۆ دروست کردوون. تا رادەیەک رەشبینیشی کردوون و هەست بە بێ ئومیدی دەکەن.

بەراوردکـردن لە نێـوان منـداڵانـدا، ئـەم لایەنـانە دەگـرێتەوە:
١ـ بەراوردکـردن لە زیـرەکی و بلـیمەتی لە توانـا هـۆشییەکانـدا.
٢ـ بەراوردکردن لە هـێزی بازووەکان و لە بەهـرە جـووڵەییەکاندا لـە نێـوان منـداڵاندا.
بۆ نموونە: دایکێک داوا لە کوڕەکەی دەکات خۆت لە قەرەی فڵانە منداڵ مەدە چونکە ئەو لە تۆ بەهـێزترە.. یا ئەی تۆ بۆ وەکو براکەت وەرزش ناکەیت و کێشت داناگـریت؟
٣ـ بەراوردکـرن لە خوێندندا: بەراوردکردنی قوتابییەک بە قوتابیانی تر لە لایەن دایک و باوک و مامۆستاکەیەوە.. وەکوو: تۆ بۆ وەکو فڵانە قوتابی نمرەی بەرز وەرناگریت؟
تۆ بۆ بە یەکەمی پۆلـەکەت دەرناچـیت؟
٤ـ لەبارای توانای هونەریدا: وەکوو بەهرە و توانای وێنەکێشان، گۆرانی وتن، نواندن.
ئەوە هەڵەیە کە دوو تابلۆی وێنەکێشانی دوو قـوتابی بە یەکتری بەراورد بکەین، با لە تەمـەنێک و لە پۆلێکـیشدا بن، چونکە هەر منـداڵێک بە شـێوازی خۆی گـوزارشت لـە هـزر و لە خەون و لەو بیرۆکەیەی کە لە خەیاڵـیدایە دەکـات.
٥ـ بەراورکردن لە جوانی و بەژن و باڵادا: بە تایبەتیش بەراوردکردن لە نێوان کچاندا،
بۆ نموونە: کە دایکـێک بە بـەر چـاوی کچـێکی بە کچـێکی تـری دەڵـێت تـۆ جـوانیـت.
خوشکەکەی غیرەی لێدەکات و ئەو هەسـتەی لا دروست دەبـێت کە خۆشـکەکەی لـەم جوانتر و شەنگتر و باڵا رێکترە، وا دیارە من ناشیرین و باڵا ناڕێکم، ئەگینا دایـکم بە منیشی دەوت جوانیت. ئەمە دەبێتە گرێیەکی دەروونیی لای ئەم کچەی، رەنگە رقی لە خوشکەکەشی بێتە. یا لە بەردەم کچەکەیدا، ستایشی کچی هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت: کچی هاوڕێکەم، زۆر لەبلەبان و قسە قوت و خۆشە.. خۆزگە کچەکەی منیش وابوایە.
بەم خـۆزگەیەی کچی هـاوڕێکەی لە بەرچـاوی کچەکەی دەخات و رقی لـێدەبێتەوە.

زیانەکـانی بەراوردکـردن:

زیانەکانی بەراوردکردنی منداڵـێک بە منـداڵانی تـر زۆرن، لەوانـەش:
١ـ هەستکـردنی منـداڵ بە خۆبـەکەمـترزانین: گەر بە هەمیشەیی منداڵەکتان بخەنە ژێر فشاری بەراوردکردن بە منداڵانی تر. بارگرانی و بێزاری و وەرستبوون بۆ منداڵەکەتان دروست دەکەن. کارتێکردنێکی نەرینی لە راپەڕاندنی کارەکانیدا رەنگـدەداتەوە. چونکە ئەو منداڵەی بە هاوڕێکانی یا منداڵانی تر بەراورد دەکرێت، کە نەتوانێت خۆی یەکسان و هاوتابکاتەوە لەگەڵیاندا. متمانە و بڕوای بە توانای خۆی نامێنێت. سەرەڕای ئەمەش هەستی رق و ئیرەیی و چکوسی بەرانبەر بەو هـاوڕێ و ئەو منـداڵانە لادروست دەبێت و هـاوڕێتیشیان سارد و کـاڵ دەکـاتەوە.
دایـک و بـاوک لە بریتـیی ئـەوەی کە منداڵـەکەیان تـووشی دۆخـێکی نەخـوازراوی وا بکەن.. باشـتر و دروستر وایە، کە دەست بەسەر خاڵە لاوازەکـانیدا بگـرن و لەگەڵـیدا دابنیشن و پێکەوە چارەسەری گونجـاویان بۆ بـدۆزنەوە.. پێویستیشە سـتایشی لایـەنە ئەرێنییەکانیشی بکـەن.

٢ـ کەبوونەوەی رێـزگـرتن لە خـود: بەراورکردنی منـداڵێک بە منداڵانی ئاست بەرزتر ئـەو بـڕوایە لای ئـەو منـداڵە دروست دەبێت، کە هـاوڕێکانی لـەو زیاتـرن، ناتـوانێت. کارێکی باشی ئەوتۆ ئەنجـام بـدات، کە بە دڵی دایک و باوکی بێت و لێی رازیبن. ئەم
هەستەشی زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت. تەنگ بە گەشەکردنی کەسێتی و پێشکەوتنی ئاکادیمیی لە خوێنـدنـدا پێ هەڵـدەچنێت.
بۆیە پێویستە دایکـان و باوکـان بـروایان بە جـیاوازیی توانـا و بەهـڕەی تـاک هـەبێت، بە تایبەتیش لە منداڵانـدا، کە خاوەنی هەستێکی ناسک و دڵێکی پاکن.. گەر گەورەکان فـێریان نەکەن ئـەوان رق و کـینە و ئیـرەیی و چکوسی نـازانـن.

٣ـ کەمبوونەی بایەخدان بە باشکردنی کارەکانیان: گەر بێت و دایک و باوک کۆشس و بەهـرە و کارە ئەنجـامدراوکانی منداڵەکـەیان، پشتگوێ بخـەن و بایەخـیان پێ نـەدەن و
بە هەنـدیان نـەزانن، دەستخـۆشی و ئافـەرینی منـداڵـەکەیان نەکـەن و بە ئەنجـامـدراوە باشترەکانی هاوڕێکـانی بەراوردیـان بکەن و بە چـاوێکی کەمتر لە بەهـرە و تواناکانی منداڵەکەیـان بـڕوانن.. وا لە منـداڵەکەیـان دەکەن کە ساردبێتەوە و چـیتر خۆی مانـدوو نەکـات.. چونکە دایـک و بـاوکی لە بەهـرە و کارەکـانی نـاڕازیـن و بە هەنـدی نـازانن.
هەستیش بە شـەرم دەکـات و گۆشـەگـیر و دوورە پـەرێـز دەوستـێت، لـەوە دەتـرسێت
کە دایـک و بـاوکی بە منـداڵی میـوانەکــانیان بـەراوردی بـکەن و بیشکـێننەوە.

٤ـ لەدەسـتدانی بەهـرەی داهـێنان: گەر بەهـرە و خـەون و توانـا تایبەتمەنـدییەکـانی منداڵەکەتـان لەبەرچاونەگرن و هانی نەدەن بۆ درێـژەپێدان و پێشکەوتن و داهـێنانی
زیاتر و باشتر و، پەرپێدان بە بەهـرە و ئارەزووەکانیان. بەراوردیان بکەن بە بەهـرە و منداڵانی بەهرەمەنتر و داهـێنەرتر، منداڵەکەتان وا لێکیدەداتەوە کە شکستی هـێناوە
و پێویست بە درێـژەپێـدان ناکـات و حـەزی داهـێنانی تێـدا دەمـرێت.

٥ـ دابـڕانی نێوان منـداڵ و دایـک و بـاوکی زیاتـر دەبێت: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتـان
لەگـەڵ منـدالانی خـزم و ناسـیاو و هـاوڕێ و دراوسـێ، یا لەگـەڵ خوشـک و بـراکـانی، هۆکارێکە بۆ دروست بوونی گـرێی دەروونی بۆ منـداڵەکەتان، هەست بـەوە دەکـات کە ئەو پەسەنـد نییە و خۆشـتان ناوێـت و لەبەردڵاتـان نییە و لێی رازی نین.. بۆیـە حـەز بەوە دەکات مـاوەی دابـڕان و دوورکەوتنەوەی لێتانەوە بپارێـزێت و هـێندە بەلاتـانەوە نەیات.. ئەمەش خاڵـێکی نەرێنییە و پەیـوەنـدی و خۆشـەویستیی بۆتـان لاواز دەبـێت.

٦ـ بەراوردکـردن دوژمنـایەتی دەخاتە نێـوان منـداڵانەوە: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتان بە منـداڵانی تر، لە جـیاتی ئەوەی ستایشی ئەو منـداڵانە بکات، هەستی دوژمنایـەتی و رقـلێبوونەوەیانی لا دروست دەبێت، ئەم بەراوردە پاڵـنەریشە بۆ ئەوەی بە نادروستی رەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکات. چونکە غیرەیان لێدەکات و ئیرەییان پێدەبات، دووریش نییە کە دوژمنایەتی و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیاندا دروست بێت و ئەنجامێکی خـراپی لێبکەوێتەوە.

٧ـ بەراوردکردن پەیامێکی نێگەتیڤە بۆ منداڵەکەتان: کاتێک دایک و باوک بەراوردی منداڵەکەیان لەگەڵ منداڵانی تردا دەکەن، ئەو پەیـامەیان پێـدەگەیەنن، تـۆ بێ توانـایت
و هیچت لەدەست نایـات، بۆیە پێویستە خـۆت بە منـداڵانی تر بەراوردبکـەیت و چـاو لەوان بکەیت.. ئەم بۆچوونە هەڵەیەشتان، وا لە منداڵەکەتان دەکات کە بەهای خۆی لەدەست بدات و ببێت بە پاشکۆی منـداڵانی تر.. لە خـۆشی رازی نابێت و هەست بە دڵـنیایی و دەروون ئاسوودەیی ناکـات.

٨ـ بەراوردکردن وا لە منداڵەکەتان دەکات، کە رستەگەلێکی لەم جۆرە بەکاربهـێنن:
من لە فڵان منـداڵ باشـترم.. یا من لە فڵان منداڵ خەراپـترم.. یا من جیاوزتـرم لەگەڵ منداڵانی تردا..”باشترم ـ خراپترم ـ جیاوزاترم” ئەم وشانە خۆبەراوردکـردنە لەگـەڵ منداڵانی تردا. منداڵەکەتان وای لێدێت هەمیشە بە منداڵانی تر خۆی بەراورد بکات.
٩ـ منـداڵ دوای خۆشەویستی دەکەوێت: هەموو منداڵـێک دەیەوێت پـاراوی سـۆز و خۆشـەویستیی دایک و باوکی ببێت. کە منداڵەکەتـان دەیـەوێت بێ جـیاوازی وەکوو خوشـک و براکـانی تـری خۆشـەویستیی پێ ببەخـشن و نـازی هەڵـبگرن.. بـۆ ئـەم مەبەستەش دەیەوێت کاری لە توانـا بەدەر ئەنجام بدات، لە چـوارچـێوەیەکـدا دەژی
کە لـە توانـای سـروشتی خـۆی زیاتـرە. هـەر بـۆ ئـەوەی کە ئـێوەی دایـک و بـاوکی لێی رازی ببن.

١٠ـ زیـادەڕۆیی لە بەراورکـردنـدا: بێ لەبەرچـاوکـرتنی جـیاوزی لە بەهـرە و توانـا و بـارودوخ.. هەنـدێ لـە منـداڵانی جیاواز لەگـەڵ منـداڵانی تـردا، تـووشی لەخـۆبـایی و لەخۆدەرچـوون و فـیززلی دەبـن، لەوانـەیە ئەم خەسـڵەتە نەرێنییە ببـێتە خـوویـان.

١١ـ بەراوردکـردنی منـداڵ بە منـداڵانی تر، هۆکارێکە بۆ شەرمکردن و گۆشەگیری و خۆدوورگـرتن و ناکۆمـەڵایەتی. کەم دووە و حەزناکات تێکەڵاوی دانیشتن و کۆڕبێت.
١٢ـ منـداڵان لە هەموو بوارەکـاندا وەکوو یەک بەهـرەمەنـد و بە توانـا و پێرفێکت نین. منداڵ هەیە لە بیرکاریـدا زیرەکە.. هەیە لە زماندا زیرەکە.. هەیە لە وێنەکێشاندا.. هەیە لە نوانـدا.. هەیە لە موزیک و گۆرانیـدا، هەیە لە هۆنراوە و وتار خوێندنەوەدا،…هـتد.

دایکـان و باوکـانی خۆشـەویست، مامۆستایانی هـێژا و دڵسۆز: بەراوردکردن لە نێوان منـداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتان و منـداڵانی تر و قوتابیـانی تر، زیـانێکی مەتـرسـیداری نەخـوازراوی لێدەکەوێتەوە، هۆکارێکە بۆ گەلێ کـێشە و گـرێی دەروونی و بارگـرژی.
رەنگـدانەوەیـەکی خـراپیشی لەسەر کەسـایەتی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منـداڵان دەبێت و هـۆکـارێکیشە بـۆ رق و دژایـتی و دوژمنـایەتی لە نێـوان منـداڵانـدا.
خۆ ئەگەر بەراوردکـردن لە نێوان منداڵاندا، بە ئاراستەی پۆزەتیف بێت، واتا ئەگەر بۆ ئەوەبێت کـە منداڵەکـانتان چـاو لە منـداڵانی ئاسـت بەرزتـر و زانـا و دانـاتر لـە خۆیـان بکەن، هەوڵبـدەن وەکوو ئەوان ئاستی خۆیـان بەرزبکەنەوە و سـوود لە زیـرەکی و لە ئەزموونەکانی هاوڕێکانیان وەربگـرن، بە رووحێکئ وەرزشیـیەوە ململانێ و کـێـبڕکێ لەگـەڵ یەکتریـدا بکەن لە پێناوی زیاتـر فێربوون و داهێنان و پێشکەوتـن، ئەمە مایەی بەخـتەوەری و پێشکەوتـن و سوودبەخـشینە نەک زیـان پێگەیاندن.. پەروەردەکـردن و راهـێنانی منـداڵان بە ئاراسـتە ئەرێنییەدا، لە سایەی دایکاـن و باوکـان و مامۆسـتایانی هـۆشـیار و هـەستیار و دووربیـن و شـارەزایـانی پـەروەردەی ئـەرێنـیـدا دێتـەدی.

ڕۆژنامەنووس و دەروونناس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر




ڕۆژژمێری من و تۆ … ناڵە حەسەن

( )

     ١

دەمێک لەنێو مەمکۆلە نەرمەکانی مانگ و
دەمێکیش لەبنار کێوە سەختە سەوزەکانی هەور
دەمێک لە پاڵ تەرمە پڕ برینەکانی نیشتیمان و
دەمێکیش لەنێو ئەشکەوتە شێدارەکانی دۆزەخ
دەمێک لەسەر شۆستە تاریکەکانی تەنیایی
دەمێکیش لەسەر پشتی شەپۆلە شینەکانی دەریا
دەمێک لەنێو ڕۆشنایی چاوە گەشەکانی ئەستێرە
دەمێکیش لەنێو خەیاڵە غەمگینییەکانی غوربەت
گوڵە گیانم /
هەردەڕۆم و ناگەم بەهیچ شوێن
هەر دەڕوانم و نازانم لە کوێم
بەڵام / ئەوە باشدەزانم و دڵنیام
هەموو ڕۆژەکانی تەمەنم
لەنێو گەرەکە هەژارنشینەکانی
نێو نیگا نەرمەکان و
خەونە خەماوییەکانی تۆم
من وا لەوێم
وەک موریدێکی ئەشقیای ون
بۆ تاهەتایە / لەوێدا نیشتەجێم

٢
هۆ پەپوولە پاییزییەکە
زەمەن دەڕوا
تەمەن دەڕوا
تۆش لە من دوورتر دەکەوییەوە
دوور دوور دوور
دوور / وەک مەوداکانی نێوان
ژیان و نیشتیمان …………..ی……. من
خۆرەتاو و خەونەکان ………..ی……. من
ئاگر و ئەوینەکان ……………….ی………من
باران و بەهارەکان…………..ی………من
شەونم و شەوەکان………….ی …….من
تا دێ منیش لە ڕۆحی تۆ نزیکتر دەبمەوە
نزیک نزیک نزیک
نزیک / وەک مەوداکانی نێوان
من و میلۆدییەکانی مردن
من و شەباهەنگەکانی شیعر
من و نیگا نەرم نەرمەکانی تۆ

٣
تۆ / نە ئاگری نە ئاگردان
نە پشکۆکانی خۆرەتاوی نە بورکان
نە کورەی نازییەکانی نە دۆزەخی خوداکان
کەچی / من لەوەتەی هەم لە نێو تۆدا دەسووتێم

٤
وا پێدەچێ
تۆ لە جنسی تریفە بیت
منیش / پێکهاتەیەک بم
لە تۆز و غوبارەکانی تاریکی
یان تۆ / شنەبایەکی فێنکی
نێو هەناسەکانی نیشتیمان بیت و
منیش / ڕەشەبایەکی سەرشێتی
نێو پێدەشتەکانی غەریبی
بۆیە چارەنووس
هێندەی دەکات ناتوانێ
لەژێر ساباتی
کەژوکێوەکانی عەشق
کۆمانبکاتەوە

٥
کاتژمێر چەندی بێدەنگی و
وەرزی چەندەمی نائومێدییە
سەوزایی جەستەی ژیانی بەسەرشانی داداوەو
بەرەو گۆڕستانی دەبات
دەریاش دەروازەی خۆی
بەسەر ڕووی شەپۆلەکان داخستووە
درەختەکان هەر بەچاو
چیرۆکە خەمناکەکان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە
من و تۆش لەنێو کتێبەکانی تەنیایی
تاو تاو /
ڕۆژژمێری نەزیفبوونی
ئەم عەشقەمان دەنووسینەوە …!

     ناڵە حەسەن                                        
 تەموزی ٢٠١٩ 



یەکەمین کۆنفرانسی مەریوان ناسی

ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بەڕێوەی دەبات:

🔻 خەزەڵوەری ١٣٩٨

🔻 مەریوان ھەر لە کۆنەوە تاکوو ئێستا تووشی هەوراز و نشێوی زۆر و چەندین گۆڕانکاریی مێژوویی هاتووە. دەوری گرینگی مەریوان لە مێژوو و فەرهەنگی ئەم هەرێمەدا و هەروەها هەڵکەوتی جوغرافیایی و سروشتی دەگمەن و تایبەتیی مەریوان پێویستی بە لێکۆڵینەوە، خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی سەرلەنوێیە. کارێک کە تاوەکوو ئێستا کەمتر بە شێوەی زانستی و سیستماتیک ئەنجام دراوە.

هەربۆیە «ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان» بڕیاری داوە لە مانگی خەزەڵوەر (١٣٩٨)ی هەتاویدا کۆنفرانسێک لەژێر ناوی:
«یەکەمین کۆنفرانسی مەریوان ناسی» بەڕێوە ببات. لەم پێناوەدا داوا لە هەموو نووسەران، لێکۆڵەران و مامۆستایانی هێژای زانکۆ و… دەکرێت بەسەرنجدان لە تەوەرەکانی ئەم بانگهێشتە وتار و لێکۆڵینەوە زانستییانەکانی خۆیان بۆ ئەم کۆنفرانسە بنووسن.

تەوەرەکانی کۆنفرانس:

ئەلف) مێژوو و کۆنینەناسی:

١- مەریوان لە ڕووپەڕەی مێژوودا
٢- بەراوردکردنی هێما مێژووییەکان، قەڵاکان، جێگاکانی مەریوان و ناوەکانیان لەگەل ناوچەکانی تردا.
٣- لێکۆڵینەوەی کۆنینەناسانەی قەڵا و شوێنەوارە دێرینەکانی مەریوان
٤- پێناسەی وشەی مەریوان لە ڕووی زمانناسی، مێژوو، ئوستوورە و ئەفسانەوە
٥ – مەریوان، دەسنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان
٦- مەریوان لە نووسراوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان و بەڵگەنامە حکوومییەکاندا
٧- دەوری سیاسی-کۆمەڵایەتیی تایفە، عەشیرە، خان و سەرۆک عەشیرەکانی مەریوان
٨- ڕەوت و قۆناغە مێژووییەکانی دایەرە حکوومییەکانی مەریوان

ب) ڕۆشنبیری و فەرهەنگی:

١- هونەر و ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی لە مەریوان
٢- ئایینە کۆنەکان و پاشماوەی ڕەگەی ئایینیە جۆراوجۆرەکان لە مەریواندا
٣- دەور و پێگەی حوجرە، خانەقا و تەکیەکان لە مەریواندا
٤- ناوداران، ژن و پیاوە هەڵکەوتووەکانی مەریوان
٥- فەرهەنگ، فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی زارەکیی مەریوان
٦- جێگە و پێگەی ڕۆژنامە و چاپەمەنی و ڕاگەیێنەرە گشتییەکان لە مەریواندا
٧- دەوری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و زانکۆ و ناوەندە زانستی و فێرکارییەکان لە گەشەپێدانی مەریواندا

ج) کۆمەڵایەتی:

١- چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی مەریوان
٢- خەڵکناسی (anthropology)
٣- مەریوان و شێوازی ژیان
٤- خەسارناسیی دیاردەی کۆچ بۆ مەریوان
٥- سنوور و کاردانەوەی لەسەر کولتووری خەڵکی مەریوان

د) ژینگە و جوغرافیای مەریوان:

١- کێو، دارستان و دەشت و…
٢- سروشتی مەریوان و ژیانی ئەو ڕووەک و گیانلەبەرانەی کە بەبێ دەستێوەردانە مرۆییەکان لەم ناوچەیە بوونیان بووە و هەیە
٣- ئاوەکانی ناوچەی مەریوان، دەرفەت، مەترسی و هەڕەشەکان

‌هـ) ئابووریی مەریوان:
١-پیشەسازی، کان و کانزاکانی مەریوان
٢- مەریوان و ئابووریی سنوور
٣- ئابووریی کشتوکاڵ، باخ و ئاژەڵداری
٤- ئابووریی گەشتیاری
٥- ئابووریی هونەر
٦- پیشە دەستییەکانی مەریوان

سەرنج: نووسەر و لێکۆڵەرانی بەڕێز دەتوانن تەوەر و بابەتی تر بۆ نووسین هەڵبژێرن بە مەرجێ کە بە جۆرێک پەیوەندی بە (کۆنفرانسی مەریوانناسی)یەوە ببێت.

ڕینوێنیی نووسینی وتار و توێژینەوەکان:

• توێژینەوەکان پێویستە بە ڕێبازی زانستی و ئاکادیمی بنووسرێن.
• توێژینەوەکان نابێ لە (١٢) لاپەڕەی (٤٠٠) وشەیی زۆرتر بێت.
• توێژینەوەکان دەکرێ بە زمانی کوردی یان فارسی بنووسرێن.
• نووسینی توێژینەوە کوردییەکان پێویستە بە فۆنتی (Unikurd Goran) بن بە قەبارەی (١٤) بۆ ناوەڕۆک و (١٢) بۆ پەراوێز.
• نووسینی توێژینەوە فارسییەکان پێویستە بە فۆنتی (B nazanin) بن بە قەبارەی (١٤) بۆ ناوەڕۆک و (١٢) بۆ پەراوێز.
• پەراوێزەکان پێویستە هەر لە بەشی خوارەوەی ئەو لاپەڕەیەدا بن کە هاتوون.
• ئیمەیل و ژمارە تەلەفوون و شوێنی کار و پلە و ڕادەی خوێنەواری و زانستیی توێژەر لەگەل توێژینەوەکەیدا بنووسرێت.
• پوختەی توێژینەوە و باسەکە لە (٥٠٠) وشەدا لە سەرەتای توێژینەوەکەدا بنووسرێت.
• توێژینەوەکان نابێ پێشتر لە هیچ جێگایەکیتردا پێشکەش یان بڵاو کرابێتنەوە.

دوا دەرفەت بۆ ناردنی بابەتەکان: (1398/7/10)

ناونیشانی نووسینگەی کۆنفرانس:

نووسینگەی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان لە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد مەریوان.

تەلەفوون:
09183748587 –08734594567 0873460284

ئیمەیل : anjomanadabi95@gmail.com

تلگرامی ئەنجومەنی فەرهەنگ- ئەدەبیی مەریوان : https://t.me/meriwan_edebi

ئینستاگرام :
https://www.instagram.com/encwmen/

سایت و وێبلاگ:
http://marivannasi.blogfa.com/




پێشمه‌رگه‌ دێرنه‌كان له‌ كونفرانسێكی سه‌ركه‌وتوودا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ستوكهۆڵم : { خوله‌كێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی حزب} له‌ كه‌ش وهوایه‌كی فێنكی وڵاتی سویدو دیدارێكی گه‌رم و گوری هاورێیانی رۆژانی سه‌ختی تێكۆشان كونفرانسی كومه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ رۆژی 14/7/2019 به‌رێوه‌چوو .
كۆنفرانسه‌كه‌ بوارو هه‌لێكی هاورێیانه‌ی ‌ باشی ره‌خساند بۆ دیداری پێشمه‌رگه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی حزبی شیوعی كه‌ له‌ رۆژانی تیكۆشانی شاخ پێكه‌وه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی شان به‌ شان شه‌ریان ئه‌كردو ، له‌ پاش راپه‌رێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان به‌شێك به‌ هوێ جیاجیا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و، هه‌ندێكیان گله‌ییان له‌ سیاسه‌تی حزب بوو، بۆیه‌ له‌ رێكخراوه‌كانیدا دوور كه‌وتنه‌وه‌.
كۆنفرانسه‌كه‌ی سوید به‌ ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتی هاورێ حه‌مه‌ ره‌شید قه‌ره‌داغی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان به‌رێوه‌چوو، شایانی ئاماژه‌یه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار توانی تێكرای هاورێیان كه‌ چه‌ندان ساڵه‌ له‌ حزب دوورن له‌ گه‌ڵ هاورێیانی رێكخراوه‌ی حزب و كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان كۆ بكاته‌وه‌.
سه‌ره‌تا هاورێ حه‌مه‌ ره‌شید به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌كی كردو، پێخۆشحاڵی ده‌ربری بۆ پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاریان و، وه‌بیریهێنایه‌وه‌ قه‌ت هاورێیانی شه‌هێد له‌ بیرناكه‌ێن و، هاورێ باسی چۆنێتی دروستبوون و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كردو وتی: دیاره‌ سه‌ره‌رای كه‌م كورتی و، خاڵی لاوازو نێگه‌تیڤ، توانیمان كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ره‌وپێش به‌رین و، ئه‌كتیڤی بكه‌ێن و، ده‌ستكه‌وتی پۆزه‌تیڤانه‌ وه‌ده‌ستبێنین و، هه‌وڵمانداوه‌ زه‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابین بكه‌ین و، لیستێك له‌ به‌رده‌ستمدایه‌ به‌ شه‌ش هه‌زار پارچه‌ زه‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌ و، ئه‌م لیسته‌ له‌ كاتیك به‌رهه‌م ساله‌ح سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ ره‌زامه‌ندی له‌ سه‌ره‌ به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و، ئه‌وه‌ش وه‌ك بریاره‌كانی تری حكومه‌ت ئیفلیج ئه‌بێت و جێبه‌جێ ناكرێن.
له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆنفرانسه‌كه‌ رێگادرا به‌ هاورێیان قسه‌ی خۆیان بكه‌ن و، لێره‌دا نابێت بیشارینه‌وه‌ كه‌ هه‌ندی له‌ هاورێیان به‌ دڵگه‌رمییه‌وه‌ باسی پچران و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ حزب كردو، ئاماژه‌شیان به‌وه‌داو وتیان: هۆكاری سه‌ره‌كی هاورێیانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌ و ، ھه‌رواهه‌ندی له‌ هاورێیان به‌ هه‌ڵچوون هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌ند ناوێك له‌ سه‌ركردایه‌تی و، به‌شێكی تریان گله‌یی و گازنده‌یان خسته‌روو، له‌ كۆتاییدا دامركانه‌وه‌و، هه‌موو لایه‌ك به‌ روویه‌كی خۆشی و پێكه‌نینه‌وه‌ قسه‌كانیان له‌ بیركردو، پاشان ده‌رگاكرایه‌وه‌ بۆ هه‌ڵپژاردن و{3} هاوری خۆیان كاندید كردو، بوونه‌ كۆمیته‌ی سویدو، جێی ره‌زامه‌ندی هه‌موو لاێه‌ك بوون و، ناوی هاورێیان: نه‌رمێن نجم الدین مامۆ، سه‌عید شابۆ { كامه‌ران} و هێمن و، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵییدا هاورێ سه‌عید شابۆ وه‌ك به‌رپرسی سوید ده‌ستنیشانكرا.
هاورێیان له‌ پاش باسی كه‌موكورییه‌كان ، ره‌خنه‌و و پیشنیازی خۆیان پێشكه‌شكردو، له‌ كه‌ش هه‌وایه‌كی دۆستانه‌و هاورێیانه‌ { 42} مه‌دالیای رێزلێنان به‌ {42} پێشمه‌رگه‌ی دێرین و. هاورێیانی بوێری رێكخراوه‌كانی حزب له‌ ناو شاره‌كان به‌خشراو، خۆشم یه‌كێك بووم له‌و پۆله‌ تێكۆشه‌ره‌..
هه‌ندێ له‌ هاورێیان مه‌داڵیاكه‌یان پێشكه‌ش به‌ داێك و خوشك كردو، له‌ پێش هه‌موو لایه‌ك هاورێ رێزان خێزانی پۆڵا زندانی وتی : له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا باوكم كۆچی دووایی كردو، دایكم ئێمه‌ی به‌خێو كرد، زۆر مێهره‌بان بوو به‌ خۆشه‌ویستی شیوعییه‌ت وحزبی شیوعی و هاورییان په‌روه‌رده‌ی كردین و، هه‌موو كات قه‌رزاری ئه‌وین بۆیه‌ مه‌دالیای رێزلینانه‌كه‌م پێشكه‌ش به‌ دایكم ئه‌كه‌م و، هه‌روا هاوری نه‌رمین نجم الدین مامۆ باسی له‌ تیكۆشانی خوشكێك كردو وتی : ئه‌م ئافره‌ته‌ كه‌ له‌ ته‌نیشتم وه‌ستاوه‌ تێكۆشه‌رێكی رۆژانی خه‌باتی ناو شاره‌كانه‌و چه‌ند جارێك گیراوه‌و زیندانی كراوه‌و، نه‌هێنییه‌كانی حزبی پاراستوه‌و، شایانی ئه‌وه‌یه‌ مه‌دالیای رێزلێنانه‌كه‌م به‌م خوشكه‌ تیكۆشه‌ره‌ پێشكه‌ش بكه‌م و.به‌و شێوه‌یه‌ كونفرانسه‌كه‌ كۆتایی به‌كاره‌كانی هێنا.
16/7/2019




ئازادی …. برایم فەڕشی

لە ناو باڵەخانەی پاڕلەمان
لە سەر قەڵای هەولێر
هەڵیواسن

با دەنگی نەگاتە
قەڵای دم دم و
قەڵا گەمارۆدراوەکان!

کەوڵی کەن
جام لە دوای جام
شۆکەرانی دەرخوارد دەن

با نەبێ
بەهەلاج
سوقرات و گالیلە

بەشکم گۆی زەوی
لە سووڕان بکەوێ
کات بوەستێ!

ئەوجا
کۆنگرە لە دوای کۆنگرە ببستن

ناوداران سەرخۆش کەن

با هەڵواسراوانی
بەڕلین و وین
پاوە و کرماشان

سنە
سەقز و سابڵاخ
لەبیر کرێن!

با خەڵاتکراوان
خۆیان
لەناو ڕۆحی

خەشایارشا
فرووغی و یاسەمی
بدۆزنەوە!

بگەڕێن
بە ناو چاخەکانی تاریکی

لە ناو دوا تەبەقی زەوی
پەرتووکەکان
بشارنەوە

ئەنگیزاسیۆن
بژێننەوە!

هەرچی کتێبە
تا بەڕبەڕۆچکەی ئاسمان
هەڵچنن

گڕی دەن
با بیر و هزر
بکرێ بە خۆڵەمێش

لێ بزانن

لە ناو خۆڵەمێش
ژیلەمۆ
دەژێتەوە!

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان




شۆفێر … ڕۆستەم خامۆش

ئـەی شـۆفێر خێرا مـەڕۆ
ئارام بگرە و لـەسـەرخــۆ
ڕێنــمــايــی هــاتـــووچـۆ
هـێـمــا بـبـيــنـــە و بــڕۆ

ئـەی شۆفێر پەلەت نەبێ
بـا هـەرگيـز هەڵەت نەبێ
هـەردەم دۆسـتـی ياسابە
تــۆ پـابــەنـدی هـێــمــابە

ئـەی شـۆفێر بــاش بزانـە
خـێـرايـی هــــۆی زيانـە
بـۆيـە هـەر هێـواش بــڕۆ
بە پێی ياسای هاتـووچـۆ

  ڕۆستەم خامۆش  
    هەولێر 2012



مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە … کاوان محەمەدپوور

سرنجێک لەسەر ڕۆمانی خەوزڕان، نووسینی سراج بناگەر

پێشەکی
هایدیگەر بە ئاماژە بە مەرگی (ئۆفێلیا) لە شانۆنامەی (هەملێت)ی شێکسپیر، «مەرگ لە ناو ئاو دا» بە جوانترین مەرگ دەزانێ. ئۆفێلیا لە پاش ئەوەی باوکی-بە هەڵە- لەلایەن هەملێتەوە ئەکوژرێت، شێت ئەبێ و بە دەسچنێک لە گوڵ خۆی لە ئاودا دەخنکێنێ. ئەم ئاماژەی هایدیگەر، لە ئاست ڕەخنەی ئەدەبییەوە-جەخت دەکەمەوە لە ئاست ڕەخنەی فەنی ئەدەبیات‌دا!- بۆ تاوتوێی ڕۆمان هیچ یارمەتییەکمان نادا، ئەوەی کە تێۆری هایدیگەر لە ئاست ڕەخنەی ئەدەبی ناتوانێ یارمەتی دەرمان بێت دوو هۆی زۆر ئاسایی هەیە، یەکەم: هایدیگەر فەیلەسووفە و ڕەخنەگری ئەدەبی نییە، کەواتە تێۆرییەکانی هایدیگەر لە ئاست فەلسەفەی نەزەری ئەدەبیات بەکەڵکن، یانی دەتوانین بۆ بووتیقای ئەدەبی کەڵکیان لێوەرگرین، نە وەک ڕەخنەیەکی فەنی ئەدەبیات. دووهەم: هایدیگەر سەری کێشە و ناکۆکی لەگەڵ گشت هونەری مۆدێڕن (بە شێعر وڕۆمان و نیگارکێشی و…)وە هەیە، دیارە کە ڕۆمانیش یەکێ لە سەرچاوە هەر گرینگەکانی هونەری مۆدێڕنە، کەواتە لەسەرتاوە ڕوانگەی هایدیگەر بۆ ئەم باسە ڕوونە .

بەڵام هۆی ئاماژەی من لە سەرەتای ئەم وتارە بە ڕستەکەی هایدیگەر دەگەڕێتەوە سەر پێوەندی یەک وێنا و دوو چەمکی هاوبەش لە ڕۆمانی (خەوزڕان) و ڕستەکەی هایدیگەر. وێنای (مەرگ لە ناو ئاودا) و دوو چەمکی (مەرگ) و (پاشماوەکانی مەرگ). بابەتی (مەرگ)- کە وەک یەکێ لە باسە سەرەکییەکانی ڕۆمانی خەوزڕان وایە- لەلایەن هایدیگەرەوە بە تێر و تەسەل قسەی لەسەر کراوە وهاتۆتە ژێر نیگای فەلسەفیانەی ئەو، کەواتە بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم باسە وەکوو پرسیارێکی گرینگی فەلسەفی هایدیگەر دەتوانێ یاری دەرمان بێت(نە وەکوو ڕەخنەگرێکی ئەدەبی). من سەرەتا بە کورتی لە ڕوانگەی گێڕانەوەناسی، پێکهاتەی ڕۆمانەکە تاوتوێ دەکەم تا بە چەشنێک پێوەندی پێکهاتەی ڕۆمان و ناوەڕۆکی باسەکە لەیەک گرێ دەین و هۆگەل و پاساوی ڕەخنەی ئەدەبیشمان بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی باسەکە هەبێ. دواتر دەچمە سەر شی کردنەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانی خەوزڕان و پێوەندی مرۆڤ بە چەمکی (مەرگ، ئۆبژەی لە دەستچوو و خەمۆکی) باس دەکەم. بۆ ئەم باسە کە دێتە خانەی کردەوە دەروونناسییەکانی مرۆڤ، پێویستمان بە وتارەی (شینگێڕی و مالیخولیا)ی فرۆیدەوە هەیە.

بەکورتی ئەم وتارە لە دوو بەش پێکهاتووە، یەکەم سرنجێکی کورت لەسەر گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی خەوزڕان و دواتر تاوتوێی ناوەڕۆکی ڕۆمان بە سازدانی مەنزوومەیەکی نەزەری لە دوو ڕوانگەی هایدیگەر لەسەر (مەرگ وەکوو چەمکێکی ئینتزاعی) و، خوێندنەوەی فرۆید لە (ئاکاری مرۆیی لە دوا مەرگ و لە دەستدان)، بە پێوسیتی هەر دوو بەشی وتار، هەوڵ دراوە لە دەستەواژەی تایبەت بە باسەکە کەڵک وەربگرم، لە بەشی گێڕانەوەناسیدا باس لە نووسەر ناکرێت و (گێڕەوە)-راوی- و چۆنیەتی گێڕانەوە شی دەکرێتەوە، بەڵام لە بەشی دووهەم بەپێی پێویست، باس لە ئەندێشەکانی نووسەر لە ڕووی هێماکانی دەقەوە دەکرێ. نووسەری ئەم وتارە، لەسەر ئەو باوەڕەیە شرۆڤە و ڕاڤە کردنی دەق، هیچ ئەوەی کە نابێتە هۆی (مەرگی داهێنەر)-تێۆری ڕۆڵان بارت-، بەڵکوو بەچەشنێکی‌تر نووسەر زیندوو دەکاتەوە و لە جەستەیەکی‌تردا بۆ خوێنەری شەمەند دەکا. ئەم بۆچوونە هیچ دژایەتی لەگەڵ شرۆڤە جیاوازکانی دەق یان هەوڵی بێ ئەنجام بۆ دۆزینەوەی مانای ڕێکی ناومێشکی نووسەر نییە، چوون ڕەنگە تەنانەت خودی نووسەریش ئاگادار نەبێ لەو کاتەدا ڕێک بەچی بیریکردۆتەوە، یان ئەگەر لە دانیشتێکی خۆمانەشدا بۆمان باس کا دیسانەکە بەشێ لە ڕاستییەکانی چیرۆک ونن و کەس دەستی پێناگەن. کەواتە مەبەستی بەشی دووهەمی ئەم وتارە-کە هەر لە پێوەندی بەشی یەکم دایە- شەمەند کردنی نووسەر لە جەستە و مانایەکی‌تر دایە، نە کوشتن و کۆتایی پێهینانی!.

مەوداکانی گێڕانەوە و بەرسازەکردنی ڕووداو:

ڕۆمانی خەوزڕان -کە بەسەرهاتی عەشق و لە دەستدانمان لە بیست و چوارکاتژمێردا بۆ دەگێڕێتەوە- لە شێوازی(سبک) کلاسیک بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان کەڵکی گرتوە و (گێڕەوەی زانای گشتی سنووردار)(راوی دانای کل محدود)ی بۆ بەسەرهاتەکان هەڵبژاردوە، لەحنی گێڕەوە لەم رۆمانەدا، خۆ لە قەرەی حەقایەت بێژی دەدا و نزیک دەبێتەوە لە گێڕانەوەی رۆژەزاری کوردی. هەرلەسەرەتای ڕۆمانەوە، گێڕەوە وەسفی دۆخێکیمان بۆ دەکا کە قەرارە ڕووداوەکانی چیرۆک لەوێدا ڕوو بدەن، ئەم وەسفانە لە سەرانسەری ڕۆمان پاتە دەبنەوە، وسفی خۆر و هەوای بەهار، وەسفی جێگە و کاتەکان، وەسفی کێوی ئاویەر و شوێنگەکانی (بڕوانە لاپەڕەکانی (٥)و(١٠٠)و…) ئەم چەشنە لە وەسف کردنی فەزای چیرۆک، شێوازی ڕۆمانی کلاسیکە کە بە مەبستی هاندانی خوێنەر بۆ ناو کایەکانی ڕۆمان و نزیک بوونەوەی لە ڕووداوی چیرۆک بەکار دێت.

هەر بەم پێیەش گێڕەوەی ڕۆمان لە پلەیەکی نزیکەوە بەسەرهاتەکانی ڕۆمان دەگێڕێتەوە، واتە بە ڕووداوەکان نزیکە و (مەودا)( Distance)ی گێڕەوە و بەسەرهاتەکان زۆر نییە ، بۆیەش خوێنەر لەگەڵ عەینیەتی ڕووداو بەرەوڕوو دەبێتەوە، وەختێ گێڕەوە باس لە ڕووداوەکانی چیرۆک دەکا لە زۆربەی شوێن هەوڵ دەدا، لە شێوازی ناوەندی‌ کردنەوەی(Focalization) سفر، کەڵک وەرگرێت. مەبەست لە ناوەندی کردنەوە، چەقسازی یان تیشکۆخولقاندنە کە لە گێڕانەوەناسیدا بە مەبەست و کارکردی بەرچاوکردنەوە و لە ناوەند گرتن دێت. بە ڕوانگەی ژیرارد ژێنێ، لە هەر چیرۆکێک‌دا دەتوانین سێ شێوەی ناوەندی کردنەوەمان هەبێ: ١) ناوەندی کردنەوەی ناوەکی: مەبەست ئەوەیە کاتێک رووداوی چیرۆک، لە گۆشەنیگای یەکێ لە کاراکتێرەکان دەگێڕدرێتەوە و بەردەنگ دەرک و فامی کاراکتێر لە رووداوەکە وەردەگرێت (وەکوو کاتێک ژۆزێف-کا لە ڕۆمانی مووحاکمەی کافکادا، وسفی ماڵێکی ئاسایی دەکا کە لە فامی ئەودا وەک دادگا دەنوێنێت). ٢) ناوەندی کردنەوەی دەرەکی: کاتێک لە گۆشەنیگایەکی پەسیڤەوە چیرۆک دەگێڕدرێتەوە، واتە گێڕەوە وەکوو کامێرایەک تەنیا هەڵسووکەوتی کاراکتێرەکان پێشان دەدات و هێچ باسێک لە فام و دەرکی کەسایەتی لەمەڕ رووداو ناکا، ٣) ناوەندی کردنەوەی سفر: کە مەبەست لەوەیە، کاتێک گێڕانەوە لە گۆشەنیگای هیچ کام لە کاراکتێرەکان ناگێڕدرێتەوەو بەردەنگ تەنیا لەگەڵ شێوە ڕوانینی گێڕەوە بەرەوروویە، وەکوو چیرۆک‌گەلێک کە گێڕەوەی زانای گشتی هەیە و گێڕەوە خۆی قسە دەکا. هەر بەم شێوەی ئاماژەمدا، ڕۆمانی خەوزڕان لە زۆربەی شوێنەکان لە شێوازی ناوەندی کردنەوەی سفر کەڵک وەردگرێت، ئەم شێوازە لەگەڵ پێکهاتەی گشتی چیرۆکەکە و کەڵک وەرگرتن لە گێڕەوەی زانای گشتی یەکگرتووەی هەیە و بەباشی لەگەڵ یەکدا دەگونجێن. بۆ نموونەی ئەم ناوەندی کردنەوە دەتوانین ئاماژە بە لاپەڕەکانی: (٣٣)و(١٠١)و…بکەین.

ئەگەر بڕوانینە شێوازی ناوەندی کردنەوە لە ئاستی کاراکتێرەکاندا ئەبینین کە گێڕەوە لەو ئاستەدا لە ناوەندی کردنەوەی ناوەکی سوود وەردەگرێت، واتە تەنیا وەکوو کامێرایەک هەڵسووکەوتی کاراکتێرەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکوو بە باشی فکر و خەیاڵیان لە قاڵبی لەحنێکی شیاوە بۆ هەر کام لە کارەکتێرەکان نمایش ئەدا. هەر ئەم تەکنیکە-کە بەباشی لە ناو ڕۆماندا گونجاوە- ئاستی پێکهاتەی کاراکتێرەکانی بردۆتە سەر و خوێنەر لەگەڵ کاراکتێرسازی فەنی و ڕێک و پێک بەرەوڕوویە. بۆیەش ئەتوانین ئاماژەکەین ڕۆمانی خەوزڕان نموونەیەکی باشی (ڕۆمانی کاراکتێر) لە ئەدەبیاتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. بە شیاوی، لەحنی یەک بە یەکی کاراکتێرەکان پارێزراوە و بێ ئەوەی ناوی کاراکتێرەکانمان لەبەر دەست بێت ئەزانین کام کاراکتێر قسە دەکا یان فڵان هەڵسووکەوت لەخۆی ئەنوێنێت. تەنانەت ڕوانگە و بەرسازەی بازە (سەگی فەریدوون) و بەختیار (هاوڕێ فەریدوون) و خودی فەریدوون بە (تەنیایی و مەرگ) بە باشترین شێوە لە ناو ڕۆماندا گونجاوە.

ئەم شێوە لە کاراکتێرسازی ئاگاداری و لێزانییەکی تایبەتی لە چەشنی ناوەندی کردنەوە و لەحندا پێویستە، واتە دەبێت سێ چەشنی ناوەندی‌کردنەوە و لەحن بە باشی لە لۆژیکی چیرۆکدا جێ بگرێت و بەپێ پێویست ئەم ئاستانە ئاڵۆگۆڕیان بەسەر بێ- کە (خەوزڕان) توانیویەتی لەم ئاستەدا بە باشی سەرکەوێت-. مەوادی کەمی گێڕەوە لەگەڵ ڕووداوی چیرۆکەکە و پێوەندی نێوان پێکهاتەی هێڵی ڕۆمان و گەڕانەوەکان(Flash Back)-کە تەنیا لە ڕووی بیرەوەرییەکانی کاراکتێر و گێرەوە بۆ خوێنەر روون دەبنەوە-، هێڵی چیرۆک بەباشی دەباتە پێش. کەڵک وەرگرتن لە لەحنێکی نزیک بە حەقایەت بێژی، سەمیمییەتی نێوان خوێنەر و ڕۆمانەکە شەمەند دەکا و دەبێتە هۆی ئەوە خوێنەر بە ئەدەبیاتی گێڕەوە نزیکتر بێتەوە.

گێڕەوە بەردەوام لە وشەی (جا) بۆ گێڕانەوە کەڵک دەگرێت:«جا بێ ئەوەی تەمار ئەم بمێنێ»،«جا بەکەنینەو درێژەی دا»، «جا ئەوەنە هەڵاورد و ئەوەنە درێژەی دا»، «جا وەک ئەوە لە قسەکەی خوەی ترسیاوێ»و…«…». ئەم شێوە لە لەحنی گێڕەوە، بیرخەرەوەی گێڕانەوەی ئاسایی و بەتایبەت حەقایەت بێژی کوردییە. پێوەندی ئەم لەحنەی گێڕەوە و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە-مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویست- دەتوانێ پاساوێکی زانستی هەبێ کە لە درێژەدا باسی لێوەدەکم.

گێڕەوە لە زەمەنی(tense/ Tempus) ئاسایی و هێڵی بە گێڕانەوە کەڵک دەگرێت و بە هیچ شێوە خۆی لەقەرە شێواندی زەمەن نادا. تەنانەت خوێنەر بۆ ئاگاداری لە ڕابردووی ڕووداوەکان لە ڕووی بیرەوەری کاراکتێر و گێڕەوە زانیاری پەیدا دەکا، ئەم شێوە لە (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو) ‌(Flash back) شێوازی ئاسایی کایە بە زەمەنە، لە هیچ شوێنک لەم چیرۆکدا(گەڕانەوە بۆ داهاتوو)مان (Flash Forward) نییە و گەڕانەوەکان لەگەڵ زەمەنی چیرۆکی یەکتر دەگرنەوە، هەر بۆیە (زەمەنی چیرۆکی) لەگەڵ (زەمەنی دەق) یەکگرتوویان هەیە و تەنیا واقیعێک کە پێکهاتەی هێڵی چیرۆک دەوێستێنێت، بیرەوەرییەکانی گێڕەوە وکاراکتێرەکانە کە بەم شێوەی باسم کرد شێوازی ئاسایی بەکار هێنانی (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو)(Flash back) لە چیرۆکی کلاسیک دایە، هەڵبژاردنی گێڕەوە بۆ ئەم چەشنە زەمەنەش گونجاوی لەگەڵ پێکهاتەی گشتی ڕۆمانەکە هەیە. گێڕەوە بۆی هەیە (زەمەنی چیرۆکی) و (زەمەنی دەقی) ڕووداوەکان تێک بدا و بە پێی پێوسیت ئاڵۆگۆڕیان بەسەر بێنێت، بەڵام بۆ ئەم کارە یەکم، دەبێ لەگەڵ لۆژیک و پێکهاتەی چیرۆکەکەی هاوتەریب بێت و دووهەم: ئەم شێوە کایە بە زەمەن لە ڕۆمانی مۆدێڕنیستی و پۆست مۆدێڕن دا دەبینرێتەوە نە ڕۆمانێک بە پێکهاتەی کلاسیکەوە.

ڕۆمانی نووسەرە کلاسیکەکان(مەبەست ئەو نووسەرانەیە کە بە شێوازی کلاسیک ڕۆمان ئەنووسن)، بۆ نموونە تۆلۆستۆی، باڵزاک، داستایۆفسکی، مارک تواین و… کەمتر کایەی فۆرمی و هەر بەم پێیەش کایەی زەمەنی لەناو کارەکانیاندا هەیە، ئەم شێوە لە ڕۆمان زیاتر گرینی بە ناوەڕۆکی ڕۆمان و کاراکتێرسازی ئەدات تا ئەزموونی فۆرمی. هەڵبەت ئەمە بە هیچ ڕوو بەو مانایە نییە ڕۆمانی مۆدێڕنیستی گرینگی بە ناوەڕۆک نادا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەم دەستە لە نووسەران بە کایەی فۆرمی ئەیانهەوێت ناوەڕۆک بە جەختێکی زیاتر و چەشنێکی‌تر بۆ زەینی خوێنەر هەناردە بکەن.(بۆ ئەم باسە بڕوانە جیاوازییەکانی شێوازناسیی ڕۆمان).

ئۆبژەی لە دەستچوو و پاشماوەکانی مەرگ:

هەر بەم پێیەی لەسەرەوە باسم کرد ڕۆمانی خەوزڕان بە شێوازی کلاسیکەوە دارێژراوە و ناوەڕۆکی ڕۆمان شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ دوو بیرۆکە و پرسیاری هەر گرینگ و کلاسیکی ژیانی مرۆیین، واتە (لە دەستدان و مەرگی خۆشەویست و، ژیانی مرۆڤ دوا ئەم کارەساتە). فەرەیدوون، (کاراکتێری سەرەکی ڕۆمان) لە پاش مەرگی خۆشەویستەکەی (سەیران) لە ناو دەریادا، تەرکی ئاشنا و ڕۆشنا دەکا و چی‌تر ئەم کوڕە شۆخ و شەنگەی جاران نامێنێت. لە ناو ڕۆماندا ئێمە بەردەوام لەگەڵ فکر و خەیاڵاتی فەریدوون لە پاش ئەم کارەساتە بەرەڕووین و هەڵسووکەتی فەریدوون لەمەڕ نەسیحەت و پەندەکانی دەورووبەریەکانی ئەبینین.

هایدیگەر مەرگ بە ڕاستەقینەترین ڕووداوی مرۆیی ئەژمار دەکا و بە چەشنێک لە (ئێگزیستانس)( Existence)ی مرۆڤی دەزانێت و دەڵێت: «مەرگ تەنیا بۆ مرۆڤ بوونی هەیە». ئەم ڕستەیەی هایدیگەر بەو مانایەیە کە تەنیا مرۆڤە کە ئاگاداری بەسەر مردنی خۆیدا هەیە و ئەزانێت ڕۆژێ ئەمرێت-حەیوانەکانی‌تر چوون ئەم ئاگادارییان نییە نازانن کە دەمرن-.مەرگ بۆ مرۆڤ هەمیشە چەمکێکی پڕ لە پرسیار و مەترسییە، پڕ لە پرسیارە چوون –چ لە گریمانەی: زیندوو بوونەوەدا و چ لە گریمانەی: مەرگ کۆتاییە-، مرۆڤ نازانێ دوا مەرگ، ڕێک چی بەسەر دێت. لە لایەکی‌ترەوە مەرگ (هەڵکەوتە)کانی ژیان بە کۆتایی دێنێت و ئیتر مرۆڤ دەرفەتێکی بۆ هەڵبژاردن لە ناو ژیانیدا نامێنێت، مەرگ ئیمکاناتی وجوودی ژیان بەکۆتایی دێنێت و پێش بە گۆڕانکاری لە مرۆڤدا دەگرێت، نەبوونی زانیاری بەسەر: پاش مەرگدا و سڕینەوە و داماڵینی هەڵکەوتەکان و دەرفەتەکانی ژیان، خۆی لە خۆیدا ترسناک و مەترسی دارە. ئەم ترسە لە مەرگ دەبێتە هۆی ئەوەی هەر وەخت باس لە مەرگ دەکەین، مردن پاڵ دەیەنە باوەشی «ئەویتر»ەوە. (من نووسەری ئەم ڕستانە لەبارەی ڕۆمانی خەوزڕان و ئێوەی خوێنەرانیش، ڕۆژێ دەمرین!)، تەنانەت ئەم ڕستەی منیش ترسی پێوە دیارە.

بە بۆچوونی هایدیگەر مەرگ شەخسی‌ترین و تاکانە‌ترین ڕووداوی مرۆییە، بەڵام ترس لە مردن هەمیشە وەها دەکا ئێمە مەرگێ کە ئەزموونی تاکەکەسییە-هەڵبەت ئەگەر بتوانین وەکوو ئەزموون ناوی لێ بێنێن- بەشێوەی خێڵی و جەماوەری باسی لێوەدەکەین و خۆمان بە تەنیا لەمەڕ مەرگ ناهێڵینەوە. بۆ نموونە لەم ڕستەیەمدا: (من نووسەری ئەم ڕستانە لەبارەی ڕۆمانی خەوزڕان و ئێوەی خوێنەرانیش، ڕۆژێ دەمرین!)، لێرەدا ترسی من لە مەرگ وەهای کرد کە لەسەرەتادا خۆم لە ئەزموونی تەنیایی مەرگ بپارێزم و ئێوەی خوێنەریش لەگەڵ خۆم دەم. دووهەم مەرگ (فەرافکەنی) بکەم بۆ سەر ئێوەش! واتە مەرگی ئەوانی‌تر لەمەڕ مەرگی خۆمدا بەرجەستە کەمەوە. (هەموومان ڕۆژێ ئەمرین) بۆ هایدیگەر ڕستەیەکە کە مرۆڤ لە ترسی ئەزموونی تاکەکەسی مەرگەوە، بەکاری دێنین. کە واتە بیرکردنەوە لە مەرگ ترسناکە.

بەلای هایدیگەرەوە تەنانەت ئەوانەی ئێژن مەرگ بۆ من ترسناک نییە لە ترسی مەرگەوە وەدەڵێن، چوون ئەم ڕستە هێمای هەوڵ بۆ دوور خستەنەوەی (بیرکردنەوە لە مەرگ)ە، بێژەری ئەم چەشنە ڕستەیە، وەها دەنوێنێ کە «من پرسیارم لە مەرگ نییە»، ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەمکی مەرگ، چەمکێکی پڕ پرسیارە و هیچ کات مرۆڤ بە هۆی خسڵەتی ئیگزیستانسییەوە ناتوانێ لەم پرسیارە خۆ بپارێزێت. لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ دایە کە ئەدەبیات و فەلسەفە کارێکی دژوارە، چوون ئەم دوو ساحەتە توانستی ئەوەیان هەیە لەگەڵ یەکێ لە مەترسیدارترین و بێ‌جوابترین پرسیارەکانی مرۆیی بەرەوڕوومان کەنەوە،
لە ڕۆمانی خەوزڕاندا نووسەر بەردەوام لەدەمی کاراکتێرەکانەوە-بەتایبەت بەختیار و دوکتۆر کەلام- ئاماژە بەوە دەکا کە گشتمان ڕۆژێ ئەمرین و مەرگ شتێ نییە تەنیا بۆ (سەیران) هاتبێتە پێش. لێرەدا ترس لە مەرگ، نووسەری خەوزڕان بەرەو ئاقارێک دەبا کە دەسداتە نووسینی بەرهەمێ کە لەسەرەتاوە بەهیچ ڕوو ناتوانێ وەکوو ئەندێشە خۆی لێ بپارێزێت، کەواتە ناچارە دەری ببڕێ، دووهەم ترسی ئەم ئەندێشە و نزیک بوونەوەی ساتەوەختیانەی مەرگ، ناچاری دەکا لە دەمی کاراکتێرەکان ئەم پاساوە بۆ مەرگی ئەوانی‌تر بێنێتەوە: «هەموومان ڕۆژێ ئەمرین». بازە(سەگی فەریدوون) نازنێ مەرگ چییە و نەبوونی سەیران بە مەرگ تەعبیر ناکا، بەڵکوو تەنیا دەزانێ ماوەیەکە سەیران دیار نییە، بۆیە شرۆڤە و ڕاڤەیەکی تایبەتی لەسەر مەرگ نییە. هەر وەک باسمان کردن ئاگامەندی بەسەر مەرگدا، ئاگامەندی تایبەتی مرۆییە، نە حەیوانەکانی‌تر. ترسی مەرگ لەم ڕۆمانەدا ئەوەندە بە هێز دەبێتەوە کە نووسەر گشت ڕووداوەکانی ڕۆمان لە چواچێوی مەرگی ئەویتردا بۆ خوێنەر باس دەکا، (مەرگی سەیران) لە ڕۆماندا بە پەراوێز دەکەوێت و هەر لەسەرەتادا، نووسەر هەوڵ دەدا باسی ئاکاری مرۆڤ لە پاش (ئۆبژەی لەدەسچوو) بکا.

گشتی ئەم ئەندێشانەی نووسەر دەکەوێتە بەر لە نووسینی ڕۆمان. واتە ترس لە مەرگ وەها دەکا یەکەم مەرگ (فەرافکەنی) بکا بۆ سەر ئەویتر، دووهەم لە پێناو مەرگی ئەویتردا و بیرۆکەی مەرگی ئەویتر، لەگەڵ دۆخێکی –ڕەنگە تەنانەت ناخۆشتر لە مەرگی خۆمان- بەرەوڕوومان دەکاتەوە، ئەویش ژیان و کردەوەی کەسەکان، لە پاش مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویستەکانیانە. بە گێڕانەوەیەکی‌تر کاتێ من، مەرگی خۆم بە پاساوی ڕستەی (هەموومان دەمرین) لەخۆم دوور دەکەمەوە، لە مانای ڕاستەقینەدا ئەم مەرگە ئەنێرمە باوەشی ئاشنا و خۆشەویستەکانم. ڕێک لێرەدایە کە ڕۆمانی (خەوزڕان) دەسپێدەکا، واتە پاش کۆتایی بیرۆکەیەک سەبارەت بەمەرگ (دوور کردنەوەی مەرگ لە خۆم) و دەسپێکی بیرۆکەی‌تر سەبارەت بە مردن (مەرگی ئازیزانم)، لێرەوەیە کە نووسەر بە پێوسیت دەزانێ لەگەڵ کەسانی‌تر بۆ ئۆقرە گرتنی دەروونی قسە بکا!، کەواتە ڕۆمان دەنووسێت.

فەریدوون لەگەڵ مەرگی خۆشەویستەکەی دەستەویەخەیە دەبێتەوە، ئۆبژەیەک لە خۆشەویستی هەبوو کە ئەلان بوونی نەماوە. تازەودا دەلاقەیەکی هاوبەش بۆ دیتنی دونیا و بەسەرهاتەکانی بۆ فەریدوون بوونی نییە. پەنجەی مەرگ خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆی برد- تەنانەت ئەگر بۆشی شی بێتەوە هۆی مەلەکردنی سەیران لە ناو دەریادا و دوور ڕۆشتنی و دواتر خنکانی چی بووە، دیسانەکە ئەم ڕەنجەی پاش مەرگی سەیران بۆ فەریدوون (کە دەتوانێ هەر یەک لە ئێمە بین) بەردەوامە-. لێردا بە باشی بۆمان دەردەکەوێت چەمکی مەرگ، بە دوو سەرەوە، چ مەرگی خۆمان، چ مەرگی ئەویتر دووبارە ترسناکە.
ڕۆمانی خەوزڕان بەرەو ئەم پرسیارەمان دەبا کە کردەوە دەروونییەکانی مرۆڤ پاش مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویستەکانیان (یان ئۆبژەی لە دەستچوو) چۆنە؟ ئەمە پرسیاری فرۆید لە وتاری (شینگێڕی و مالیخولیا)یە. فرۆید لە وتاری (شینگێڕی و مالیخولیا)دا دوو چەمکی شینگێڕی و مالیخولیا- وەکوو کردەوەیەکی دەروونناسانەی مرۆڤ لەمەڕ ئۆبژەی لە دەستچوو-لە یەک جیا دەکاتەوە. لای ئەو دوو کردەوەی بەرچاوی مرۆییمان بۆ «ئۆبژەی لە دەستچوو» هەیە. «ئۆبژەی لە دەستچوو»، ئەو چەمکەیە کە ئیتر بوونی نییە و بە هۆگەلی جیاواز لە دەستی ئێمە دەرچووە، وەکوو (زێد و نیشتمان، ئازادی، مەرگ و نەمانی خۆشەویستێک)، یەکێ لەم دوو کردەوانە، «شینگێڕی»یە(سوگواری) کە بەمانای قەبووڵکردنی لە دەسدانە و دان بە نەمانی ئۆبژەی تایبەتە، واتە بۆ فرۆید کردەوەی شینگێڕی (بۆ نموونە بۆ مردوو) وەکوو قەبووڵ کردنی سایکۆلۆژیکی مەرگ و نەمانی ئەوەو هەوڵێکی دەروونی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئاسوودەی و ئارامشی دوا ئەم کارەساتە. بەڵام «مالیخولیا»(شیدایی)، نائۆمێدی و مەیلی زێدە بە دووبارە تێکەڵبوونەوە لەگەڵ ئۆبژەی لە دەستچوویە، بەو مانایە لە مالیخولیادا مرۆڤ ناتوانێت قەبووڵی ئەو ڕاستییە بکات کە فڵانە چەمک یان کەسایەتی، ئیتر لە ژیانیدا نەماوە و هیچ بوونێکی نییە. مالیخولیا خەمۆکییە، بێ‌تابشتی لەمەڕ«فەرامۆشی»و «بیرەوەرییە».

لە مالیخولیادا ئۆبژەی لەدەسچوو هیچ کات، نەبوون و نەمانی لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت تا وەک بیرەوەری ناوی لێ‌بێنین و لە ئاکامدا بە فەرامۆشی بگا. من باسە دەروونشیکارییەکەی فرۆید بۆ پێشگیری لە مالیخولیا و بەئەنجامدانی شینگێڕی لێرە زیاتر درێژە نادەم (ئەتوانن ئەم باسە لە وتارەی فرۆید بە ناوی (شینگێڕی و مالیخولیا)(بەفارسی: سوگواری و مالیخولیا)، وە هەروەها وتاری (بیرهێنانەوە، پاتەکردنەوە ودەکارکردن)(بە فارسی: به‌یادآوردن، تکرارکردن و به‌کارآوردن) بخوێنەوە).

بەڵام ئەوەی کە لێردا پێوەندی بە ڕۆمانی خەوزڕانەوە هەیە، کردەوەکانی فەریدوون لەمەڕ لە دەستدانی خۆشەویستەکەیەتی. بە زمانێکی فرۆیدی کردەوەی فەریدوون ئایا مالیخولیایە؟ یان شینگێڕی؟. فەریدوون لە پاش مەرگی سەیران کردەوەیەکی خەمۆکییانە دەنوێنێ کە هانی ئەدا بەرەو تەنیایی. ئەو هەموو شەو دەچێتە لەسەر گۆڕەکی سەیران و لە پاڵ گۆڕەکە ئەکەوێت و قسەی لەگەڵ دەکا، خۆی لە هەموو کەس دەپارێز و مەیلی بۆ هیچ پەیوەندییەک ناچێ. ئەم کردەوە مالیخولیا نییە، بەڵکوو شینگێڕی لە ڕادەبەدەرە. فەریدوون قەبووڵی ئەوەی کردەوە ئیتر سەیران بوونی نییە و مردەوە، بەڵام لە نەبوونی بە ئازارە!. ئەم ئازارە شێوەیەکی تایبەت لە شینگێڕی (سوگواری) بۆ فەریدوون بەدی دێنێت، ئەم شێوە لە شینگێڕی ئەتوانێت مرۆڤ بەرەو خەمۆکی هان بدات بەڵام چەشنی خەمۆکییەکەی لەگەڵ خەمۆکی مالیخولیادا جیاوازە. لەم چەشنەدا، بەم هۆیەی کە مرۆڤ ئیتر ناتوانێ دەلاقەی هاوبەش بە خۆی بدۆزێتەوە، هەر کەس و هەر ڕوانگەیەکی‌تر بێ بایەخ دەبینێت، واتە جیهان لە پڕدا لە مانا دەکەوێت. (لە کن من با وجوودی ناس و ئەجناس/ کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ-نالی). شینگێڕی فەریدوون لەگەڵ شینگێڕی (بنەماڵەی سەیران) ئەو جیاوازییەی هەیە، کە فەریدوون بەردەوام بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە چاو لە مەرگ دەکا و بە چەشنێک بەم کردارەی بەرهەڵستی جیهانی دوا سەیران دەبێتەوە. ڕەنگە ئەم شێوە لە ڕەخنەی فەریدوون، لە دیالۆگ و مۆنۆلۆگی ڕۆمانەکەدا زۆر ڕوون نەبێت بەڵام لە ئاست ئاکار و کردەوە بە باشی خۆ ئەنوێنێت و هێما و دەلالەتەکانی بەرەو ئەم چەمکە ئەچێتەوە.

نووسەر لە دەمی گێڕەوەی ڕۆمان بەباشی ئاگاداری ئەوە هەیە، کرداری فەریدوون نابێ و ناکرێ تاسەر درێژەی هەبێ و دەبێ لە جێگەیەک کۆتایی پێ بێت. ئەم جێگەیە دووپات بوونەوەی عەشقە. لە لاپەڕەی (١٥٣)دا لە زمانی (دکتۆر کەلام)ەوە-کە خۆی ئەزموونی لەو چەشنە، بەڵکوو خەمبارتریشی هەیە- بە فەریدوون دەڵێت:«…تەنیا چتێک بتوانێ نەجاتۆ بات و لەم سەرگەردانی و ئاشێوە دەرۆبێرێت، ئشقە. تەلاش کە بەشکم دووبارە دڵبەستەی کەسێ بیت. تۆ بەسەر ئەم گشتە ناهەمواریا بازهەم ئەوەڵ دەمتە و ئەم کارە، ئاسانە بۆت. تۆ ئەشێ هەممەت بەخەرج بەیت و زەخم ئشق بە مەرهەم ئشق تیمار کەیت تا خوەشەو بێت…» ، سەیران چوون هێمای خۆشەویستی و عەشقە بۆیە مەرگەکەی بۆ فەریدوون وەها گرانە، تەنانەت مەرگی سەیران وەک کەنیشک و مناڵی بنەماڵەکەی بەم شێوەی کە بۆ فەریدوون گران و دژوارە بۆ ئەوان وەها نییە. فەریدوون لە داخی لەدەسدانی مرۆڤێک، چەشنێک لە شینگێڕی تایبەتی هەڵنەبژاردەوە، بەڵکوو لە داخی نەمانی عەشقە کە وەها ئاکارێک دەنوێنێ. کەواتە دووبارە دۆزینەوەی عەشق ئەگەری ئەوەی هەیە کە چارەی بکا. واتە پاتەکردنەوەی ئەزموونی پێشووی لە ژیان و دۆزینەوەی دووبارەی دەلاقەی هاوبەش بۆ ڕوانین بە جیهان. (زنجیرە پۆڵایەکان تەنیا بە شمشێری پۆڵاین ئەپسێن).

لە کۆتاییدا بە پێی ئاماژەی گێڕانەوەناسی و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانی (خەوزڕان) بەم ئەنجامە دەگەین، نووسەر بۆ باس کردنی چەمکێکی بنەڕەتی وەک مەرگ و ژیانی کەسەکان لە پاش لە دەستدانی ئازیزانیان، لە شێوازی نووسینی رۆمانی کلاسیک و بە مەودایەکی نزیکی گێڕەوە بە ڕووداوی چیرۆک کەڵکی وەرگرتوە. هەڵبژاردنی ئەم تەکنیکە-واتە مەودای کەمی گێڕەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆمان- ئەمە شەمەند دەکا کە نووسەری ڕۆمان خۆی بە تەواوی لەگەڵ ئەم ئەندێشەیە دەستەویەخەیە و بیرکردنەوە لەم چەمکە وەک کردەوەیەکی حاشا هەڵنەگر دەزانێ. مەودای کەمی گێڕەوە لە گێڕانەوەی ڕۆماندا بە تەواوی خوێنەر لە عەینییەتی ڕووداوەکان نزیک دەکاتەوە و تا ئاستێکی بەرچاو پرسیار و داڵغەی سەرەکی ڕۆمان دێنێتە بەرباسی خوێنەر. ئەم پرسیار و لێکۆڵینەوە تەنانەت لە دوو کاری کوردی پێشووی سراج بناگەر(کۆمەڵە چیرۆکی چاوشارەکێ و ڕۆمانی قولولولوو) بە چەشنێک پاتە دەبێتەوە و وێدەچێت هەزارن ڕۆمان و ملوێنان دەق قەرەبووی باسێکی وەها ناکەن.

پەراوێزەکان:

. بڕوانە: (سرآغاز کار هنری.مارتین هایدگر، ترجمەی ضیا شهبازی) و (انکار حضور دیگری. سیاوش جمادی).
.بە هۆی مەودای کورتی وتارەکە، تەنیا ئاماژە بە لاپەڕەکان کراوە و خۆم لە نووسینی ڕستەکانی ڕۆمان پاراستوە.
. (مەودا)، بەو مانایەیە، کە گێڕەوە لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکدا چەندە بە واقیعی رووداوەکە نزیکە؟ ئایا رێک گشت رووداوەکە دەتوانێ بە عەینییەتەوە بگێرێتەوە و مەودایەکی کەمی لە گەڵ چیرۆک هەیە؟، یان نا تەنیا توانستی گێڕانەوەی بەشێک لەو رووداوی هەیە؟. هەتا مەودای نێوان گێڕەوە و رووداو کەمتر بێت، ئەوە بەردەنگ لە گەڵ عەینیەتێکی زیاتر لە چیرۆک دا بەرەورووە و له بەسەرهاتەکانی چیرۆک بە باشی ئاگادارە، بەڵام کە مەودای نێوان چیرۆک و گێڕەوە زیاد بوو، لە عەینییەت کەم دەبێتەوە و زیاتر له شێوەی زەینی نیزیک دەبێتەوە، لێڕەدا بەردەنگ لە گەڵ دەرووناسیی کاراکتێر و هەلومەرجەکانی زەینی-گێڕەوە/کاراکتێر –بەرەورووە.
.لێردا مەبەست لە زەمەن، زەمەنی تەقوویمی(time) نییە و مەبەست زەمەنی دەستووری چیرۆک و دەقە.
. گشت ئاماژەکان بە ڕۆمان لەم چاپە وەرگیراون: بناگەر، سراج.(١٣٨٩).خەوزڕان.سەقز. بڵاوگەی خانی.

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی (http://kurdishbookhouse.com)




كاركردنی ڕاگه‌یاندكاران و سیسته‌می كارگێڕی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ كتێبێكدا

ڕانانی/سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

له‌دوای ساڵانی دووهه‌زاره‌وه‌،ڕاگه‌یاندنی كوردی به‌ تایبه‌تیش میدیای بینراو،پێنگاڤێكی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی ئه‌ویش له‌ ڕێی كردنه‌وه‌ی چه‌ندین كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ كوردستان تیڤی یه‌كه‌میانه‌ و زۆرجار به‌دایكی كه‌ناڵه‌كان ناو ده‌برێت.بێگومان كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵانه‌، قۆناغێكی دیكه‌ی له‌ كاری ڕاگه‌یاندن و ڕووماڵكردنی هه‌واڵ هێنا ئاراوه‌ كه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگی ڕۆژنامه‌وانیشی ده‌گرته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كات هه‌واڵ ته‌نها بۆ بینه‌ری نێوخۆی وڵات جێگه‌ی بایه‌خ و بینین بووبێت، ئه‌وا له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان، هه‌واڵ و ڕوومالكردنی ڕووداوه‌كان بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ بوو. كه‌ سه‌دان هه‌زار بینه‌ری ده‌گرته‌وه‌. ئه‌م واقیعه‌ نوێیه‌ی كاری ڕاگه‌یاندن، به‌رپرسیاریه‌تی و میتۆدی نوێی كاركردنی هێنا ئاراوه‌.

بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ له‌ ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و له‌ ژێر ڕۆشنایی كاری ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌، له‌ بایه‌خی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ و ڕۆڵیان له‌ كایه‌ی ڕاگه‌یاندنی كوردی بكۆڵدرێته‌وه‌.له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كتێبی(په‌یوه‌ندی نێوان سیسته‌می كارگێڕی له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان وكاركردنی ڕاگه‌یاندكاران)*یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی شیكاریی و ئه‌كادیمی، له‌ به‌شێكی كاری ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌دوێت. ئه‌م كتێبه‌ كه‌(دلشاد باڵه‌كی)نووسیویه‌تی، له‌ بنه‌ڕه‌تدا نامه‌یه‌كی ماسته‌ره‌ و وه‌ك به‌شێك له‌ پێداویستییه‌كانی وه‌رگرتنی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌،پێشكه‌شی به‌شی ڕاگه‌یاندنی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین كراوه‌. ئه‌م كتێبه‌ به‌گشتی له‌ سێ پاژی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه‌،چه‌ندین بابه‌ت و ناونیشانی دیكه‌ی جۆراوجۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ دواجار هه‌موویان له‌ كاری كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان یه‌كده‌گرنه‌وه‌. له‌ڕاستیدا، ڕه‌نگه‌ نه‌توانین هه‌موو بابه‌ته‌كانی ئه‌و كتێبه‌ به‌خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێری خۆشه‌ویست بناسێنین، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌م كاتی زیاترو هه‌میش هه‌ڵسه‌نگاندنی زۆرتری ده‌وێت، وه‌لێ ده‌كرێ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و باسه‌ ئه‌كادیمییه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگ چڕبكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ خوێنه‌ران و ڕاگه‌یاندكارانیش به‌گشتی، بایه‌خی خۆی هه‌بێت.

له‌ ده‌سپێكی ئه‌و كتێبه‌دا، توێژه‌ر له‌ ژێر ڕۆشنایی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ پێناسه‌ی(ڕاگه‌یاندكار) ده‌كات و له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و(كه‌خۆشی ڕۆژنامه‌نووسه‌) ڕاگه‌یاندكار هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن كارده‌كه‌ن به‌ پیشه‌ و ئه‌ركی جیاوازی وه‌ك:(بێژه‌رهه‌واڵسازوێنه‌گرپێشكه‌شكار).به‌ بۆچوونی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك، ڕه‌نگه‌ گونجاو نه‌بێت شوناسی(ڕاگه‌یاندكار) به‌ هه‌موو كارمه‌ندانی نێو ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن بده‌ین، به‌ڵكو پۆَڵینیان بكه‌ین دروستتره‌. چونكه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه‌ ڕاگه‌یاندكار له‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هاتووه‌.واته‌ گه‌یاندنی هه‌واڵێك یان ڕووداوێك،بێگومان كاری گه‌یاندنی هه‌واڵ و ڕووداوێكیش،په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ هه‌موو كارمه‌ندێكه‌وه‌، بۆنموونه‌: كارمه‌ندێكی به‌شی مۆنتاژ، یان ڕێكخه‌ری به‌رنامه‌كان،كاری گه‌یاندنی هه‌واڵێك نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌یدانییه‌ن ڕووداوه‌كه‌ ڕووماڵ ده‌كات و ده‌یگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ ڕاگه‌یاندكاره‌ كه‌ ڕۆژنامه‌نووسان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت ئه‌و كارمه‌ندانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پیشه‌ی كاری خۆیانه‌وه‌ بناسرێن وه‌ك:(مۆنتێرده‌رهێنه‌رسیناریستبه‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵداڕێژه‌ری هه‌واڵكۆنترۆلكامێرامان) و گه‌لێك كاری دیكه‌ش. هه‌رله‌ درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌دا، نووسه‌ر باس له‌و فشارو كاریگه‌ریانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندكاران و به‌ چه‌ند جۆره‌ فشارێك دیارییان ده‌كات. ئه‌وانیش:( فشاری ده‌روونییاساییژووری هه‌واڵكارگێڕی_ كۆمه‌ڵایه‌تی_ئابووری و سیاسی).بۆهه‌ریه‌ك له‌و فشارانه‌ش، به‌شێوه‌یه‌كی شیكاری دواوه‌و ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕاگه‌یاندكارانیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌ی ئاسایی، ده‌كه‌ونه‌ ژێر فشاره‌جۆراوجۆره‌كان و زۆرترین جۆری ئه‌و فشارانه‌ش، فشاری ژووری هه‌واڵه‌كانه‌.

له‌باسێكی دیكه‌ی نێو كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر باس له‌ په‌یكه‌ری كارگێڕی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و باربۆ كاركردنیان ده‌كات. نووسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنێكی سه‌ركه‌وتوو وپڕۆفیشناڵانه‌ هه‌بێت،پێویسته‌ ڕه‌چاوی سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی له‌ كاركردن و به‌ڕێوه‌بردندا بكرێت كه‌ ئه‌وانیش:(پلاندانان و ڕێكخستن و به‌دواداچوون)ه‌. پلاندانان، نه‌خشه‌ ڕێگه‌ی كاركردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ ده‌بات، چونكه‌ له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پلانه‌وه‌، میتۆدی هه‌ڵبژاردن و كاركردن دا ئه‌نرێت. بێگومان هه‌ر كاركردنێكیش به‌ پلان نه‌بێت، ئه‌وا جۆرێك له‌ بێ به‌رنامه‌یی و ناكارگێڕی تێده‌كه‌وێت و سه‌ره‌نجام ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی كاركردنی ده‌زگاكان نابێت.به‌ڵام به‌دواداچوون، له‌ هه‌ر دوو بنه‌ماكانی دیكه‌ پێویسترو گرنگتره‌. چونكه‌ به‌دواداچوون ده‌بێته‌ هۆی ڕاستكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كان و ده‌رخستنی كێشه‌ و كێماسییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووتر پێشه‌كه‌ش بكرێت.

دواتریش نووسه‌ر باس له‌ دووجۆری شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌وانیش به‌ڕێوه‌بردنی(ناوه‌ندی)و(ناناوه‌ندی)یه‌. له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سێنترالیزمیدا، هه‌موو بڕیارو ڕاسپارده‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وبڕیار لای ئه‌وه‌، له‌م جۆره‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌دا، ڕه‌نگه‌ ڕۆژنامه‌نووسان وڕاگه‌یاندكاران نه‌توانن وه‌ك پێویست به‌ سه‌ربه‌ستانه‌ گوتارو په‌یامه‌كانیان بگه‌یه‌نن. به‌و مانایه‌ی ڕاده‌سپێردرێن كه‌ په‌یوه‌ست بن به‌ به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ ڕێگه‌ی كاركردنی كه‌ناڵه‌كه‌. به‌ڵام دیوی ئه‌رێنی ئه‌و كاركردنه‌ له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ڕێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ فه‌وزا و ده‌رچوونێك نادات له‌و گوتاره‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ ئاراسته‌ی ده‌كات.

به‌ تایبه‌تیش ئێمه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌ به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان، گوزارشت له‌ گوتاری سیاسی حزبێك و ڕێكخراوێك ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك و پێشێلكارییه‌ك، كاریگه‌ریه‌تی نه‌رێنی بكاته‌ سه‌ر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی وگوتاری سیاسی ئه‌و حزبه‌.به‌ڵام دێوێكی دیكه‌ی نه‌گونجاوی ئه‌و كاركردنه‌ كه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ ناوندێتی كۆده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌زۆرجار خراپ سوود له‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌ وه‌رده‌گیرێت و بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و كه‌سی به‌كارده‌هێنرێت. بۆنموونه‌: به‌ شێك له‌ كارمه‌نده‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ زۆرینه‌ی كاته‌كان له‌و كه‌ناڵانه‌ به‌رپرسی به‌شه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڕێیه‌تی و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری كه‌ناڵه‌كه‌ دائه‌نرێن.

دیاره‌ لێره‌دا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و كۆتایی له‌ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كان نه‌بێت و ئه‌نجوومه‌نێكی به‌ڕێوه‌بردن به‌و دیاریكردنه‌ ڕابسپێردرێت، ئه‌وا كه‌سه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای كارامه‌یی و پیشه‌یی و پرۆفیشناڵی دائه‌نرێن. باسی سێیه‌می ئه‌و كتێبه‌، خستنه‌ڕووی چه‌ند ئامارێكه‌ كه‌پێشتر به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی و له‌ڕێی ڕاپرسییه‌وه‌ له‌ باره‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان توێژه‌ر ئه‌نجامی داوه‌. ئه‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌ به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، گرنگترین به‌شی ئه‌و توێژینه‌وه‌ ئه‌كادیمیه‌یه‌، چونكه‌ چه‌ندین زانیاری له‌ باره‌ی په‌یكه‌ری كارگێڕی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و ڕێژه‌ و جۆری كارمه‌ندانی له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ تێدایه‌.

له‌و به‌شه‌دا، نووسه‌ر به‌خشته‌ ژماره‌ی كارمه‌ندان و ڕه‌گه‌زو ته‌مه‌ن و چه‌ند سیمایه‌كی دیكه‌شیان دیاری ده‌كات.به‌ پێی زانیارییه‌كانی ئه‌و كتێبه‌ بێت، زۆرترین كارمه‌ندی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ ڕه‌گه‌زی نێرن به‌ڕێژه‌ی 87%،هه‌روه‌ها له‌ڕووی نێوه‌ندی ته‌مه‌نه‌وه‌، زۆرترین كارمه‌ندی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ كه‌ سامپڵیان وه‌رگیراوه‌، ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 26بۆ 32 ساڵیدایه‌ به‌ ڕێژه‌ی 46%، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات وزه‌ و توانای ئه‌و كه‌ناڵانه‌، زۆربه‌یان له‌ توێژی گه‌نجانن. له‌خشته‌یه‌كی دیكه‌دا، بڕوانامه‌ی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌و كه‌ناڵانه‌ كارده‌كه‌ن ده‌ست نیشان ده‌كات، كه‌ زۆرترینییان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆمن به‌ ڕێژه‌ی 35%.هیچ كامێكییان خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرانین. له‌خشته‌یه‌كی دیكه‌دا، تێكرای كاتژمێری كاركردنی كارمه‌نده‌كان له‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ ماوه‌ی كاركردنیان له‌ نێوان 7بۆ 11كاتژمێره‌ به‌ڕێژه‌ی 73%.

له‌ڕاستیدا، ئه‌مه‌ پێشێلكردنی مافی كارمه‌نده‌كانه‌. چونكه‌ به‌پێی یاسا نابێ هیچ كرێكارێك له‌ هه‌شت كاتژمێر زیاتر كاربكات، بێگومان ئه‌و ڕاگه‌یاندكارانه‌شی كه‌ كار له‌و ده‌زگایانه‌ ده‌كه‌ن ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ڕووی ده‌روونی و هزری و جه‌سته‌ییه‌وه‌ ماندوو شه‌كه‌ت ده‌بن، بۆیه‌ نابێ به‌ده‌ر له‌ماوه‌ی دیاریكراوی خۆیان كاربكه‌ن، مه‌گه‌ر هه‌ژماری كاری زیاتریان بۆ بكرێت.له‌ ڕووی ژماره‌ی كارمه‌نده‌وه‌، زۆرترین كارمه‌ندی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ هه‌واڵسازن به‌ ڕێژه‌ی 26%. واته‌ به‌ پێی خشته‌كه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌واڵ ئاماده‌ ده‌كه‌ن زۆرترین كه‌سی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ن. سه‌یر له‌وه‌دایه‌، وێرای ئه‌و هه‌موو هه‌واڵسازه‌، كه‌چی زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی ئێمه‌ له‌ ڕووی هه‌واڵه‌وه‌ وێرانه‌ن. چ له‌ ڕووی زمان و ڕێنووسه‌وه‌ بێت، چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌وه‌ بێت.

هه‌رچی له‌ ڕووی پیشه‌ییه‌وه‌ بێت، زۆرترین ئه‌وانه‌ی كاریش له‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌كه‌ن، له‌ توێژی هونه‌رمه‌ندانن به‌ ڕێژه‌ی 36%. زۆرگرنگ بوو توێژه‌ر له‌ په‌راوێزی ئه‌و ئامارانه‌وه‌، ئه‌وه‌شی نیشانبدابا كه‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ به‌گشتی چه‌ندییان پسپۆڕایه‌تییان بواری ڕاگه‌یاندنه‌و ده‌رچووی ئه‌و به‌شانه‌ن. چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین كاری ڕاگه‌یاندن، پسپۆڕایه‌تییه‌ و پێویستی به‌ پاشخانێكی ڕۆشنبیری گه‌وره‌ هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ی له‌بواره‌كه‌دا كارده‌كه‌ن، ده‌بێ له‌ ڕووی زمان و ڕۆشنبیری گشتی و گه‌یاندن و بگره‌ زمانی جه‌سته‌و ده‌ربڕینیش، كه‌سانی به‌توانا بن. به‌گشتی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌، زانیاری وردی تێدایه‌ كه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان به‌تایبه‌تی پێویستن. چونكه‌ جۆری كاركردنی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ و شێوازی كاری ڕاگه‌یاندكاران وئاماری وردی له‌ باره‌ی سیسته‌می كارگێڕی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان تێدایه‌. به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی ڕاگه‌یاندكارو ڕۆژنامه‌نووسانی ئێمه‌، كاری ڕاگه‌یاندن له‌ سه‌ر بنه‌مای حه‌زو خولیا ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی زانستییانه‌ و پرۆفیشناڵانه‌، بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌رچاوانه‌ گرنگن بۆ كایه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی ئێمه‌ و ده‌ستخۆشانه‌ له‌توێژه‌ر ده‌كه‌م…

*ناوی كتێب(په‌یوه‌ندی نێوان سیسته‌می كارگێڕی له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و شێوازی كاری ڕاگه‌یاندكاران)نووسینی(دلشاد مسته‌فا سلێمان)_ هه‌ولێر 2019..




کتێبی: ئیسلامی سیاسی، فریودان و تیرۆریزم شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……

ناوی کتێب: ئیسالمی سیاسی فریودان و تیرۆریزم
نووسین: شاخەوان برایم عەبدوڵاڵ
گرافیك و دیزاین: لوقامن رەشیدی
شوێن و ساڵی چاپ: رۆكسانا ـ 2018
نۆرەی چاپ: یەكەم
تیراژ: 1000 دانە
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان/ هەرێمی كوردستان
ژمارەی سپاردنی )878 )ساڵی 2018ی پێدراوە.

ناوەڕۆک
دەروازە
……… 5
بەشی یەكەم: باشووری كوردستان و توندڕۆیی ئیسلامی سیاسی ………..27
كێـن ئەوانەی فیكری توندڕۆیی ئایینی باڵودەكەنەوە؟ …………….28
بەرهەمهێنەری تیرۆریزم ………. 34
مەترسی ئیسلامی سیاسیی كوردی ………… 41
ئیسـلامی سیاسی و توندڕۆیی ئایینی ………..47
جیاكردنەوەی ئیسـلام لە ئیسلامی سیاسی ………..53
حیزبی ئیسـامی و راكردن بەرەو پەرلەمان ………….58
كاندید و پێشـبڕكێی قورئانخوێندن ……63
مەترسـییە گەورەكەی ئایندەی كوردستان …….69
خۆ حەشـاردان لەژێر پاڵتۆی دیموكراسیدا ………..78
ئۆرشـەلیم و كۆمەڵی ئیسالمیی كوردستان ………..84
بەشی دووەم: پڕۆژەی شێواندنی سێكۆالریزم و دیموكراسی ……..91
ئیسـامی سیاسی و پرۆژەی شێواندنی سێكۆالریزم ………….92
دەوڵەتی سـێكۆالریزمی و گرووپگەلی توندڕۆی ئیسالمی ………….109
پابەندبوونی ئیسـامی سیاسی بە شوورا یان دیموكراسی …………118
بەشی سێیەم: ئایین و توندوتیژی ……… 131
ئیخوان لە یەكەم ئەزموونی دەسـەاڵتییەوە بۆ كۆمەڵەیەكی تیرۆریستی ……132
ئیسلامی سیاسی و داعشی فیكری ……. 149
ئیسـلام و توندوتیژی …………163

كوردستان و هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆریستی ………….. 185

https://dengekan.info/wp-content/uploads/2019/07/ShaxawanBraim_eslami.pdf




چەند هەڵەیەکی بەختیار عەلی لە ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان … نوسینی:ئالان فەرمان

نکوڵی لەوە ناکرێت کە بەختیار یەکێکە لەناوە شۆک ئامێزەکانی فەزای ڕۆمان و هزری فەلسەفی و دیاردەیەکی ئەدەبیە سنور ناناسێت، بەڵام ئەم کەڵە نوسەرە بەدەر نیە لە هەڵە و کەم و کورتی وەک هەر نوسەرێکی تر، بۆیە ئێمەش وەک خوێنەرێکی ئاسایی کۆمەڵێک ڕەخنەمان ئاراستە کردوە.

ڕخنەکان:
“شۆڕش هەڵناگیرسێت گەر ئەفسانەیەک خوڕافەتێک دینێک خەڵک نەجوڵێنێت”

بەختیار لەم کتێبە(دەریاس و لاشەکان) خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ خۆرهەڵاتی ناوین و مێژوەکەی دەکات و پێیوایە، شۆرشەکانی خۆرهەڵاتی ناوین لەلایەن ئەفسانە و دینەوە هەوایان تێکراوە و بە مۆتیڤی ئەو تەوەهومانە شۆرش هەڵدەگیرسێت،لەکاتێکدا ئێمە ئەزموونی بەهاری عەریبیمان هەیە کە سێ داواکاری سەرەکی لەخۆ دەگرێت(نان و ئازادی کەرامەت) وە ئەم تێزەی بەختیار بەشێوەیەک لە شێوەکان لێدانە لە عەقڵیەت و ئیرادەی شۆرش گێڕی و لێدانە لە مانا ڕوت(بەستراکت)ەکەی شۆرش کە هەڵگری فۆڕمێکی بەهادارە و گۆڕانکاری مێژویی دە ئافرێنێت.

2 ،،شۆرش بە پانتۆڵی تەسک و قونی فشەوە ناکرێت،،

گەر سەیرێکی ئەم تێکستە بکەین،ئەبینین کە بەختیار ئەستوندەگی کەرامەتی ئەو گەنجانە ئەشکێنێت کە زۆرینەی کۆمەڵگاکەمان پێکدێنن و هەڵگری ستایلێکی ڕۆژئاوایانەن، بەختیار بەو گەنجانە دەڵێت: (ئێوە بۆ شۆرش نابن ) وەک ئاشکرایە کۆڵەکەی هەر کۆمەڵگایێک گەنجە و کۆتای گەنج کۆتای شۆرش و سەرهەڵدانی جوڵانەوەکانە کە دووبارە ئەمە لێدانە لە هزری شۆرشگێری،شۆرش لە ئیلتیزامی جل و بەرگەوە بچوک ناکرێتەوە بەڵکو ئەبێت ناوەڕۆکێکی فەلسەفی و ئاراستەیەکی عەقڵانی هەبێت قسەکردن لەسەر جل و بەرگ پاسیڤکردنی شۆرشە لەمانا جەوهەریە کاریگەرەکەی.

3 ،،ڕەخنە لە داڕشتنی ستراکچەری ڕۆمان،،

بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا ئاماژە بە کارەکتەرێکی سەرەکی ناو ڕۆمانەکە دەکات کەناوی (نۆباری ئەشکزاد)ە نۆبار هاوشێوەی براکەیەتی کەناوی(بیلالی ئەشکزاد)ە کە سەرکردەیەکی دیاری هێزێکی سیاسیە و ئەیەوێت شۆرش هەڵگیرسێنێت و خۆی بکات بە خودایەک و بیپەرستن،بۆیە گرێبەستێکی سیاسی لەگەڵ لێچوەکەی واتە نۆباری ئەشکزاد دەکات کە لە بری ئەو بچێتە ناو خەڵک و سادەیی جەنابی سەرۆک پیشان بدات لەکاتێکدا سەرۆکی ئۆرجیناڵ لەماڵەوەیە، نۆباریش ساڵانێکە لە سوریا بوەو ویستویەتی ببێت بە یەکێک لە ناوە نەمرەکان بەڵام پێی نەگەیشتوە بۆیە دێتەوە کوردستان و بەو گرێبەستە رازی دەبێ،چونکە دەیەوێت ئەویش ناوێکی نەمر بێت، هەڵەکە لێرەدایە لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا هەردوکیان دەمرن جەنەڕاڵ بیلالی سەرۆک ئامانجەکەی دەپێکێت و دەبێتە ئەو خودایەی کە چاوەڕێی دەکرد و نۆباریش دەبێتە فاکتەرێک چونکە ئەو وای کرد خەڵک بڵێت سەرۆک سادەیە واتە لەبری سەرۆک دچوە نێو خەڵک کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە: تۆ بڵێی لە مێژوودا کارەکتەرێکی وا گێل هەبێت کە بەو گرێبەستە ڕازیبێت چونکە ئەو هەرچی دەکرد بۆ لێچوەکەی هەژمار دەکرا واتە سەرۆک بیلال، لە کاتێکدا ئەو خۆشی دەیویست لەژێر ئەو ناوە ببێتە سەرۆکێکی نەمر ، چۆن دوکارەکتەر دەتوانن ببن بە خودایەک،!!!!!!

هەڵەی زمانەوانی..

(ئەوە دەردی قوڵی ئینسانە هەرشتێک بە خۆشەویستی نایگەینێ دەمانەوێت بە دەسەڵات پری بکەینەوە،هەرشتێک بە دەسەڵات نایگەیێنێ دەمانەوێت بە خۆشەویستی پڕی بکەینەوە.) گەر سەرنج بدەین دەبینین هەڵەیەکی کوشندەیە جەنابی نوسەر جێناوەکان جێگۆرکێ دەکات واتە ناگەڕێتەوە هەمان جێناو بەم شێوەیە:(،ئەوە دەردی قوڵی ئینسانە هەرشتێک بەخۆشەویستی نایگەینێ دەیەوێت بەدەسەڵات پڕیبکاتەوە،هەرشتێک بە دەسەڵات نایگەیێنێ دەیەوێت بە خۆشەویستی پڕیبکاتەوە)

نوسینی:ئالان فەرمان




دیسانەوە سندوقی باندۆرای كەركوك … عەلی مەحمود محەمەد

لە 3 ساڵی رابردوودا 3 جار سندوقی باندۆرای شەڕوكارەساتی كەركوك بە روماندا هەڵدراوەتەوە بە تایبەتیش دانیشتووانی شارەكە, هەڵكردنی تاك لایەنەی ئاڵای كوردستان, ئەنجامدانی ریفراندۆم لە سەرتاسەری پارێزگای كەركوك بێ گوێگرتن لە پێكهاتەكان دی, دوو كارەساتەكەی پێشوون, هەڵدانەوەی سەرقەباغی سندوقێك بوون, هەرچی شەیتانی دنیایە خۆی تێدا مەلاس دابوو, هەردوجارەكەش لە ئەنجامی ئەوەوە بوو بێ گەڕانەوە بۆ پێكهاتەكانی دیكە بڕیار درا.
ئەمجارەش دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە بە رێكەوتنی دوو گروپی بچوكی یەكێتی و پارتی, كە تەنانەت شەرعیەتی سیاسی بڕیاردانیشیان نەماوە لە روی رێكخراوەییەوە,ماوەی نوێنەرایەتی ناو پارتەكەیان بەسەرچووە بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆنگرەوە, وەك ئەوەی تەنها خۆیان هەبن و لەناو خۆشیاندا ئەو گروپە نەخوێندەوارو بازرگانەی كە ناویان مەكتەبی سیاسییە, لەناو ئەوانیش هەردوو بنەماڵە, ئەمجارەش بێ گەڕانەوە بۆ رای گەل و پێكهاتەكانی دی شارەكە, تەنانەت ئەندامانی حیزبەكانیان بڕیارەكەیان دا, دەرگای نەگبەتیەكیان كردەوە شەڕو مەترسیەكانی لەوانی پێشووتر كەمتر نابێت, كە شەڕی نەتەوایەتییە لەسەردەمی دادپەروەری جیهانی, هەر ئاگرێكی بچووك بڕیاردەرانی پێشتر لە خۆیدا دەسوتێنێت.
كەركوك شارێكی كوردستانییە وەك پارێزگا بە بونی پوازی جوگرافی گرنگ بۆ هەردوو پێكهاتەی توركمان و عارەب تیایدا, چ لەناوەندی شاری یاخود لە دەوروبەری, بۆیە ناتوانرێت ئەو پێكهاتانە پشتگوێ بخرێن بۆ بڕیاری چارەنوسساز, لە كاتێك پدك و ینك دوای 21 مانگ ململانێو رێك نەكەوتن و یەكتر بە خیانەت تاوانباركردن, بە شكستی سەربازی دەركردن بە پێنج دەقە لە شارەكە هۆكارەكەی هەرچییەك بێت, ئەوەی چواردە ساڵی پێشتر كردیان هەمویان دانایەوە بەچاوتروكانێك, چۆن دەتوانیت بە كۆبونەوەیەكی پێنج دەقیقەیی دوو حیزب كە شارەزایەكی مێژوو و جوگرافیای شارەكەی تێدا نەبێت, شڕۆڤەكارێكی وردی سیاسی لە هۆڵەكە نەبێت, بڕیارێكی گەورە دەدەیت دیاریكردنی پارێزگارێكە بۆ شارەكە, كە دەبوایە ناویان لێ بنابایە كاندیدی هەردوو حیزب.

بەهۆی ململانێو حیزبایەتیشەوە كاندیدێكی لاوازی ناسكۆڵەتان كردۆتە پارێزگار بەرگەی ئەم ئاڵۆزییەی شارەكە ناگرێت, وەك ئەوەی تاكە بڕیاری یەكلاكەرەوە لای مەجلیسەكەی ئێوە بێت كەركوكیش وەك هەرێمی كوردستان بارمتەی هەتاهەتایتان بێت, هەڵدانەوەی سندوقی باندۆرەی ئەمجارەشتان بە روی دانیشتوانەكەی, ئاڵۆزییەكی دیكەی لێوە لە دایك دەبێت هەرچی شەیتانی شەڕە هاتۆتە ئاسمانی شارەكە, ئاخر هاووڵاتیانی كوردی شارەكە لە شێوازی دەسەڵاتداریتان ناڕازی بوون و ئێستا ژەهر نۆشە كەن وەلێ ئێوەیان ناوێت نەك پێكهاتەكان دی, دەبوایا پێش گەیشتن بە كورسیەكەی پارێزگار هەوڵی ئاسایی كردنەوەی باری نا ئاسایی شارو پەیوەندیە دوژمندارییەكەی خۆتان لە شارەكەو ئاشتكردنەوەی خەڵكی شارەكەتان بدابایا, ئەوەی لاتان گرنگە كەركوك نەوت و كورسی و تاڵانیەكەیەتی نەك خەڵكەكەی, بۆیە گوێ بە هەڵدانەوەی سەرقەپاخی سندوقی باندۆرەی ماڵوێرانی ئەمجارەش نادەن .
باشتر نەبوو بۆ ئەم بابەتە گەورانە بگەڕێنرێەوە بۆ رای گەل بە تایبەت كەركوكییەكان و راپرسی گشتی بۆ ئەنجام بدرێت, ئەوانەی عیبرەت لە رابردوو وەرنەگرن, هۆكاری شكستەكانیان دیاری نەكەن, قەت لە داهاتوو براوە نابن, وەك ئێستای ئێوە.




قاسم ئاغا لەنێوان ئێستاداو موستەشاریەتی لە ڕابڕدوودا … شوانە حەسەن بەکر

کەسێک هەیە بەناوی قاسم ئاغا، هەروەک بەقاسمە کۆر ناسراوەو یەکێک بوە لەموستەشارەکانی جاش، لەسەردەمی بەعس. ئەم کەسە نەک تاوانێک بەڵکو چەندین تاوانی ئەنجامداوەو دیارترینیشیان بەشداریکردنە لەتاوانی جینۆسایدی ئەنفال.
لەلیستی ناوی ئەو تۆمەتبارو تاوانبارانەی کە (٤۲۳) کەسن و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق داواکراون، قاسم یەکێکیانەو تا ئێستا نەچوونەتە بەردەم دادگا، کەلەو ژمارەیە (۲٥۸)کەسیان لەکوردستانن و لێیان مردوەو لێشیان لەدەرەوەی کوردستانەو لێشیان لەناو لیستی وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆنموونە (تەحسین شاوەیس)!

بەبڕوای من ئەوە ملهوڕی و ئازایەتی قاسمە کۆرو هاوشێوەکانی نیە کەناچنە بەردەم دادگاوو بێمنەتانە دەسوڕێنەوەو زۆریش جاشایەتی و جاشبوونیان بەمنەت بەسەر خەڵکی کوردستان و کەس و کاری قوربانیەکاندا دەفرۆشنەوە؛ بەڵکو ئەوە دەرەنجامی ناڕاستترین و کەمژانەترین بڕیاری بەرەی کوردستانی پێش ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ە، کەلێبوردنی بۆ تەواوی ئەم تاوانبارو خیانەتکارانە دەرکرد، بەناوی لێخۆشبوونەوە؟!
دوای ئەم بڕیارەش، حزبەکانی کوردستان، کێبەرکێیان لەسەر ئەوەکرد، کەکامیان ئەم مووستەشارو سەرۆک جاش و خیانەتکارانە لەخۆبگرن، بۆ ئەوەی نفوزی خۆیانی پێزیادبکەن، کەلەبچوکەوە بۆ گەورەی حزبەکانی پێش ڕاپەڕین و هەندێ لەوانەی دوای ڕاپەڕینیش لەم تۆمەتبارو تاوانبارانەیان تێدایە؛ کەبەپێی زانیاری و ئامارەکانی لای من، زۆرترینیان لای پارتی دیموکراتی کوردستانە!

ئێستا نەک قاسم و قاسمەکان، بەڵکو کوڕو نەوەکانیشیان، دێن و دەیانەوێ جاشایەتی و خیانەتی باوکەکان بەتێکۆشان و پاڵەوانێتی بفرۆشنەوە، هۆکاری ئەمەش دیسان حزبەکان و کەسەکانی ترۆپکی حوکمڕانی کوردستانن!
من هیچم نیە بۆ قاسم و قاسمە تاوانبارو جاشەکان، کۆمێنتیشم بۆ حزبەکان نیە کەبوون بەلانەو داڵدەدەری ئەم خۆفرۆشانە، تەنیا ڕووی دەمم لەکەس و کاری قوربانیەکان و پێیان ئێژم، ئەگەر یەک تۆزقاڵ هۆش لەسەرتانا مابێ، بۆ ئێستە بەدوا، ئەگەر سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، سکرتێرو مەکتەبی سیاسی حزبەکان، هاتنە سەرشاشە یان لەبۆنەکاندا بەکەس و کاری قوربانیەکانیان وت :” ئێمە پشت و پەناتانین و خەمخۆری دۆسییەی تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال، جینۆسایدو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدی قەڵادزێ، جینۆسایدی بەرزانیەکان، جینۆسایدی فەیلییەکان” و ئەوانی تریشین؛ ئێوەش پێیان بڵێن درۆ دەکەن درۆ




کۆمیـدی لە ئـەدەبی منـداڵان … رەزا شـوان

منداڵـیەتی قۆنـاغـێکی زۆر گـرنگ و هەستیارە لە بنیاتـنانی کەسایەتی هـەر مـرۆڤـێکدا.
کۆمیـدی یا گەنجـەفە و گـاڵتەوگەپ لە ئـەدەبی منداڵانـدا، رۆڵ و کارتێکـردنێکی گـرنگی هەیە، لە گەشەکردنێکی خۆڕسکی تواناکـانی منداڵ و لە بنیاتنانی کەسایـەتییەکی ئاسایی دروست و هـاوسەنگ و کۆمـەڵایـەتی و کـراوەدا.
مەبەست لە کۆمیدی یا گاڵـتەوگەپ و جەفـەنگ، ئەو جۆرە نووسینانـەن کە بە هۆنـراوە یا چیرۆک و چیرۆکە هۆنـراوە یا شانـۆیی یا بە نوکـتەی خـۆش، بە شێوازێکی ساکار و ئاسان و ناسـک و شـیرین و رەوانی گاڵـتەئامێز بۆ منـداڵان داڕێـژراون، گـەشی دەخەنە سەر روویان و خۆشی و شادی دەخەنە دڵـە قنجەکـانیان و زەردخـەنە دەخەنە سەر لێوە ئاڵەکانیان و چـێژێکی خۆشیان پێدەبەخشن و دەیانهـێننە پێکەنین و هـەور و تەمی خـەم و بێزاری و نائارامییان دەڕەوێننەوە، هەڵچوون و باری گرژی و تووڕەبوونیان هـێور و ئاسایی دەکەنەوە.. ئـەدەبی منـداڵان بەبـێ جـۆری کۆمـیدی ئـەدەبێکی ناتـەواوە. گەرچی پێکـەنـین مەگـێزێـکە و لە دایکبوونـەوە لەگـەڵ مـرۆڤ دایـە، بەڵام دەتـوانـرێت لە رێـی پاڵنەر و وروژانـدنەوە مرۆڤ بێتە پێکەنین، بە زەردەخـە و بە پێکەنینیش گۆزارشت لە خۆشی و شادی خۆی بکـات.
چـیرۆک و هۆنراوە و شانۆی کۆمیدی (گاڵتەئامێز)ی منداڵان، کە لە فۆرمێکی هۆنەریی شـیرین و ناسکـدان، لە ناوەڕۆکـدا، گـەلی ئامـانج و مەبەسـت و پەنـد و ئامـۆژگـاری و رێنمـایی و بەهـای بـەرزی کۆمـەڵایـەتی و مـرۆڤـایەتییان لەخۆگـرتوون.. ئامـاژەش بـە رەفتاری دروست و هەڵسوکەوتی پەسەند و رەوشتی باش و جوان دەکەن. گەلی تەوس و توانـج و پلار و تانە و تەشەریش لە بەدکاران و لە کـاری دزێـو و قـێزەوەن دەگـرن.
ئەدەبی کۆمیدی زانیارییەکە وەکو هەریەکە لە زانیارییەکانی تر.. بە شارەزایی و لێزانین دێتـەدی. گەلێ لە نووسەران و هـونەرمەنـدانی جیهـانی، کە لەم بـوارەدا بەهــرەدارن و هۆگـری نووسینی بابـەتی کۆمیدین، توانیویانن سەرکـەوتن بەدەسـت بهـێـنن و چەنـدین پەرتووکی بابـەت کۆمیـدیان بۆ منـداڵان چـاپکـردوون و ناوبانگـیان پێـیان دەرکـردوون.
لە راستیـشدا، نووسـینی چـیرۆک و چـیرۆکە هـۆنـراوە و شانـۆی کـۆمـیدی بـۆ منـداڵان کارێکی هیندە ئاسای و ئاسانیش نییە، کە هەر نووسەرێکی ئارەزوومەند بتوانێت خـۆی لە قەرەی بدات و سەرکەوتووبێت. چونکە نووسەری کۆمیـدی پێویستە شارەزای بنەما و مەرجەکـانی ئەم جـۆرە ئەدەبــە بێت و شارەزایی لە شـێوازی داڕشــتن و لە زمـان و فەرهـەنـگ و لە خواسـت و خولـیا و ئـارەزوو و لە قۆنـاغـەکـانی منـداڵی و لە جیـهانی منداڵان هەبێت. بتوانێت خۆی لێیان نزیک بکاتەوە و بچێتە دڵ و هۆشیانەوە، لە راز و نیاز و لە پاکی و بێتاوانیان تێبگـات.. پێویستە نووسـەرێـکی خەیـاڵ فـراوان و بیـرتـیژ بێـت، کەسێکی رووخـۆش و گـەش و لێـوبەخـەنـدە و دەم بە پێـکەنین و گوفـت شیرین بێت، کراوە و گەشبین بێت. توانای داهـێنانی پاڵەوان و کـاراکتەری کۆمیدی گاڵـتەئـامێز و قوشمەچـی بۆ نووسینەکـانی بۆ منداڵان هەبێت.. دوور لە شێوازی چاولێکەری سواو و ئێکسپایەر، دوور لە دووبارەکردنەوەی رۆتینی بـاوی رۆژانـە و قوتابخـانە. پێویستە بابەتەکـانی نووسینە کۆمیدییەکـانی بۆ منـداڵان ئاراستەکـراوبـن، کـورت و پوخـتـبن. بە شــێوازێکی ئاسان و شــیرین و ناسـک و رەوان دایـان بـڕێـژێت، بتـوانێت بە ئاسانیش سەرنجی منـداڵان رابکـێـشێت و بیان هێنێـتە پێکەنین و تا کۆتـایی واز لە خوێندنـەوەی نووسینەکانی نەهـێنن و چێژیان لێوەربگـرن.. گرنگیشە لە نووسینەکانیدا راستگۆبێت.
کۆمیدی یا جەفەنگی بابەتێکی پەروەردەیی و فێرکردنە، بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت لەم بوارەدا بنووسن و خۆیان تاقی بکەنەوە.. مامۆستایـانی وانەبێـژی لێهاتـوو و بەڵـدیش، گەر بیانەوێت و بتوانن، ئەو بابەتانەی گـرانن بە لای قوتابییەکانیانەوە، گەر بەرگـێکی کۆمیدی بکەن بە بەریانـدا و بە شێوازێکی ئاسان و رەوانی گاڵتەئـامێز دایان بـڕێـژن.. دەتوانـن بە ئاسانی پەیـام و مەبەستەکانیان بە قوتابییەکانیان بگەیەنن.. قوتابییەکـانیان بە ئاسـانی و بە خـۆشییەوە وەریان دەگـرن و فـێریـان دەبـن و لە بیریـان ناچـنەوە.
لە جیهانی جەنجاڵی پڕ لە سەرقاڵبوونی ئەمڕۆدا، منداڵەکانمان پێویستییەکی زیاتریان بە بە خـۆشی و شـادی و بە کامەرانی هەیە، پێویستییەکی زیاتریان بە گەشی و بە کرانەوە و رووخۆشی و بە زەردەخەنە و بە پێکەنین هـەیە.. پێویستە پێکەنین ببێت بە بەشـێک لە ژیـانی رۆژانەیـان.
لە ئەمـڕۆدا، لە هـەنـدێ لە وڵاتـانی ئەوروپـادا، بۆ خامـۆشکـردنی سـوێ و ئـازارەکـانی نەخۆشیـیەکـانی منـداڵان، کەسانی گاڵـتەئـامێز و سوعـبەتبـاز و قوشـمەچی و نوکتەبـاز، سەردانی نەخۆشخانەکانی منداڵان دەکەن و ئاهەنگ و بەرنامەی پڕ لە پێکەنین و شادی و خۆشیـیـان پێشـکەش دەکـەن و خۆشـییەکی زۆر دەخـەنە دڵ و دەروونیـانەوە و شـتی سەیـر و سەمەرەیـان پێشکەش دەکەن.. تا رادەیەکی زۆر لە ئێش و ئـازارە دەروونی و جەسـتەییەکـانیان کەم دەکـەنە.
زۆر بە کورتی باس لە هەنـدێ لە سوودەکـانی چـیرۆک و هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراوە و شانۆی کۆمیـدی و گاڵتەئامێز بۆ منـداڵان دەکەین، بەو هـیوایەی کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان و پەروەردەکـاران و نووسـەران و هـونەرمەنـدان سوودیـان لێوەربگـرن:
١ـ هۆنراوە و چیرۆک و چیرۆکەهۆنراوە و شانۆی کۆمـیدی، پێویستیـیەکی گـرنگـن بۆ هـانـدانی منـداڵان، بۆ ئـەوەی هـەر لە بچـووکییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن، دوور لە شـێوازی چاولـێکەریی تەڵـقـین ئاسـایی و لە ئاخـنینی ئامـۆژگاری وشـک.
٢ـ زەردەخـەنە و پێـکەنین کـارتێکـردنێـکی ئەرێنیـیان لە ئـاراسـتەکـردنی منـداڵان و لە بنیاتنـانی کەسایەتی و داهـاتـوویـان دا هـەیـە.. بە گەشبینیـشەوە لە داهـاتوو دەڕوانـن.
٣ـ بابەتە کۆمیدییەکـان کە لە ناوەڕۆکـدا مەبەستدارن، هـانی منـداڵان دەدەن کە باشتر و قووڵـتر بیربکـەنەوە.. ئـەو مەبەستانـەش هـەڵـبهـێـنجـێـنن کە لە نووسیـنەکـانـدان.
٤ـ نووسـەرانی ئـەدەبـی منـداڵان، لە میـانەی بابـەتە کۆمـیدی و گـاڵـتەئـامێزەکـانیانەوە، دەتوانـن مەبەسـت و پەیـامە ئەرێنییەکـانیان و گـەلێ پەنـد وانـە بە منـداڵان بگەیـەنـن.
٥ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سەرەڕای ئەوەی کە خۆشی و شـادی دەخەنە دڵی منـداڵانـەوە. دڵـنیایی و هــیوا و گەشبـینی و متمانە بەخۆبوونیشـیان پێـدەبـەخـشن.
٦ـ بابەتە کۆمیدییەکان هۆکـارێکن بۆ هـێورکردنەوەی نائـارامی و گـرژی و تـووڕەیی و هەڵچـوون و شڵەژان و دڵەڕاوکێ و بۆ لە بیربردنەوەی دڵتەنگی و خەفەت و خەمۆکی.
٧ـ زەردەخـەنە و پێـکەنـین و رووخـۆشی و گـەشی و کـرانـەوە، هـۆکـارن بۆ پێکـەوە هەڵکـردن و بۆ دروستکـردنی هـاوڕێتی و پەیـوەندییەکی ئەرێـنی لە نێـوان منـداڵانـدا.
٨ ـ بابـەتە کۆمیدییەکـان، حـەز و چـێژی خوێندنـەوە لە دەروونی منـداڵانـدا دەڕوێـنن.
٩ـ پـرەنسیپە ئەرێنییەکـانی رەوشـت بەرزی و رەفـتار دروستی لە منـداڵانـدا دەڕوێنن.
١٠ـ بابـەتە کۆمیدییـەکـان، چـۆست و چالاکییەکـانی منـداڵان شحـن و تـازە دەکەنـەوە.
١١ـ بابـەتە کـۆمیـدییەکـان، بـاری مەینـەتیـیەکـان سـووک دەکـەن، سـوودێـکی زۆری تەنـدروستـیـیان هـەیـە، چـارەسـەری گـەلـێ لـە گـرفـت و لە نـەخـۆشـیـیە دەروونـی و جەسـتەییەکـان دەکەن، سـوودێـکی زۆر بە ماسوولکـەکـان و بـە دەمـارەکـانی لـەش و
بە خـوێنـبەرەکـان دەبـەخـشن.
١٢ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سۆز و خۆشەویستی و دڵنەرمی و ئاسوودەیی و دڵسۆزی و دلـۆڤـانی و راستگـۆیی و هـاوسـۆزی و هـاوخـۆشی بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
لە ئـەدەب و فۆلکـلۆری کوردیمانـدا، گەلێ چیرۆک و چـیرۆکەهـۆنـراوە و هـۆنـراوە و شانـۆی کۆمیـدی و گاڵـتەئـامێـزمان هـەن، کە بـۆ منـداڵان و مـێردمنـداڵان شـیاون.. بـۆ نموونە، چیرۆکی (مریشکە قونـدە.. دەچـێت بۆ شاری شـووکردن) ئەمـەش بەشێکە لە دەقی چیرۆکی کۆمیدی (مـریشکە قـونـدە) کە چیرۆکێکی فۆلکلۆریی رەسەنی کوردییە:
مـریشـکە قـونـدە بـۆ شـاری شـووکـردن بەڕێـکـەوت.. تـووشـی شـوانـێک بـوو.
شوانـەکە بە مـریشکە قـوندەی گـوتی : مـریشـکە قـونـدە بـۆ کـێوە دەچـی؟
مـریشکە قـونـدە گوتی : سندانی مریشـکە قونـدەی! بۆچـی دەڵـێی مریشکە قـونـدە؟!
شوانـەکە گـوتی : ئـەدی بـڵـێم چـی؟
مـریشـکە قـونـدە گـوتی : بــڵێ :
نــــازێ .. نــــازێ
چـارۆک .. پـێـازێ
رەقــمە .. رەقـازێ
دەچـیە.. کـێـندەرێ؟
شـوانـەکە گـوتی :
نـــــازێ .. نـــــازێ
چــارۆک .. پـیــازێ
دەچـیە .. کـێـندەرێ؟
مـریشکە قـونـدە گـوتی : دەچـمە شـاری شـووکـردنێ.
شوانـەکە گـوتی : وەرە شـووم پـێ بکـە.
مـریشکە قـونـدە: گـوتی : باشـە، بـەڵام چـۆنـم بەخـێو دەکـەی؟
شـوانـەکە گـوتی : بـە نـانی شـوانی.
مـریشـکە قـونـدە گـوتی : کـەوابێ شــووت پـێـناکـەم!
( تـا کۆتـایی چـیـرۆکـەکـە ………………)
چـیرۆك و سەرگوزشتەکانی (مەلا مەزبـوورە) و (ئەحەی کوڕنـو) و (خاڵە رەجـەب) و (لالە سەرحـەد) و (ئەحـۆل) و چیرۆک و نوکتەکانی ناو (رشتەی مـراوری ـ عەلائەدین سوجادی) کە بەشێوازی گاڵتەئامێز داڕێژراون بەشێکن لە بابەتی کۆمیدی و جەفەنگی.

ئەمەش نموونەیەکی ترە لە چیرۆکی کۆمیدی فۆلکلۆری کوردیمان لە ژێـر ناوی هەبوو نەبوو.. کە بۆ منداڵان لەبارە و دەیانهێتە پێکەنین و خۆشی و شـادی دەخـاتە دڵیانەوە:
هـەبــوو .. نـەبــوو
کەس لە مـرۆڤ سەرسەخـتـتر نەبـوو.
هـەڵـیانگـرت ، جـێگـای نەبـوو.
دایـانـنا ، رێـگـای نەبـوو.
خـستـیانە بنمـیچ ، دانـی چـوو بە ریــچ.
خـستـیانە نـاو تـاق ، چـاوی چـوو بە زاق.
خـستـیانە سەر کەڵـەک ، کەڵـەک رووخـا.
گـوتیان : کەڵـەک بـۆ رووخـای؟
گـوتی : ئەی بۆچـی گـیا لە بنمـدا دەڕوێ؟
گـوتیان : گیا بۆچـی لە بنـیدا دەڕوێی؟
گـوتی : ئەی بۆچـی بـزن سەرقـرتـم دەکـات؟
گـوتیان : بـزن بۆچـی سەرقـرتی دەکـەی؟
گـوتی : ئەی بۆچـی گـورگ چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟
گـوتیان : گـورگ بۆچـی چـاوی لێ زەق دەکـەیـتەوە؟
گـوتی : ئەی بۆچـی شـوان حەلـەلـەم لێ دەکـات؟
گـوتیان : شـوان بۆچی حەلـەلـەی لێ دەکـەیت؟
گـوتی : ئەی بۆچـی داپیـرە ناهـێـڵێ بـدۆشــم؟
گـوتیان : داپیـرە بۆچـی ناهـێڵی بـدۆشــێ؟
گـوتی : ئەی بۆچـی مشـک سەردۆڵـەم دەخـوات؟
گـوتیان : مشـک بۆچـی سەردۆڵـەی دەخـۆیت؟
گـوتی : ئەی بۆ پشــیلە چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟
گـوتیان : پشــیلە بۆچی چـاوی لێ زەق دەکـەیتەوە؟
پشـیلە گـوتی : کەتنـەکەی ئەلـە بە ریشـم،
ئـەگــەر لـێـــرە بـنـیـــــشــم.
دەچــــم بـۆ شـــاری تـــاران،
جگەرە قـوت قـوت دەکـیشـم.

(*) تا رادەیەک سـوودم لە چەنـد سـایتـێک و لەم سەرچـاوانە وەرگـرتوون:
١ـ الفکـاهـة في ادب الاطفـال الیـوم .. دکـتورە وفـاء السـبیل.
٢ـ الفکـاهـة ضـروریة لتشجیع الاطفـال علی القـراءة .. موقع میـدل ایست اونـلاین.
٣ـ ادب الاطفـال .. دکتور سـمیر عـبدالوهـاب احـمد .. عـمان ـ الاردن : ٢٠٠٦
٤ـ ئەدەبی منداڵانی کورد.. بەرگی دووەم .. حەمە کەریم هەورامی .. هەولێر: ٢٠٠٧
٥ـ دیـلان.. کتێبی خوێنـدنـەوەی کـوردی ـ ئاستی دووەم .. دانـانی : فەهـمی کاکـەیی و
مەهـابـاد قـەرەداغـی و ئەمجـەد شـاکـەلی .. سـویـد : ٢٠٠٣
رەزا شوان
نەرویـج : ٢٠١٩




…کورتە چیرۆک “پیاوێک ھێشتا نەمردووە” نیهاد جامی

راھاتن بەتریفەی مانگە شەو خولیایەکی چەندین ساڵەی منە، تۆ کاتێک لە تاریکستانێکدا بژیت ئەوسا نرخی سروشت تێدەگەیت.. بۆنی ڕێحانەکان دەبنە خۆشترین عەتری دنیا، بەڵام کاتێک ماڵت لە گەڕەکێکی میللی بێت و سپێدان کە بەچاوی خەواڵوەوە دەتنێرن بۆ نان کرین ئەو بۆنە ھیچ ئاسەوارێک لە لات بەجێ ناھێلێت، بەڵکو شیرنەمەنیەکی مناڵان کە لەشێوەی ئۆتۆمۆبیل درووست کراوە نرخی زۆر لە رێحانەکان بەلاتەوە گرنگترە، خێرا پەلەتە نانەکە بەریتەوە ماڵەوەو زوو نان بخۆێت تاوەکو زوو پارەت پێبدرێت و بچیت ئەو شیرینیە بکڕیت، کە ڕەنگێکی پەمەیی و شێوەی لەماشێنێکی فۆکس واگن دەچێت کە لەو تەمەنەی مناڵی پێی دەڵێین قالۆنچە. تاوێک لێی وورد دەبیەوە زمان بە لێوارەکانی دێنیت، ئاو دەخەیتە جامی پێشەوەی بەشێکی دەتوێتەوەو دەلێی لۆریەک خۆی پێکێشاوە، ئیدی تا کاتی نانی نیوەرۆ پێیەوە خەریک دەبین، تا ئەو دەمەی دادە دەڵێت “دەی بڕۆ دەستت بشۆو ئەو شەکرەش فڕێدە نان دەخۆین” کاتێک دڵت نایەت فڕێی بدەیت لەتەنیشت قاپی برنجەکە دایدەنێیت تا دەستێک کە دەستی دایکە دەیخاتە ناو تەپلەگی جگەرەی باوک جا پیاوم دەوێت غیرەت بکات داوای بکاتەوە.

ئێستا شەوانە تریفەی مانگ تامەزرۆی ساتی کرینی ئەو شیرینیەی ھەیە. کاتێک ڕووناکی مانگ دێتە ئەو ژوورە تاریکە تاوێک لەپەنجەکانم دەڕوانم دەبینم سیس بوونە، مووی سەر پەنجەکانم سپی بوونە بەوە دەزانم ساڵانێکی زۆرم لەم ژوورە تاریکە بردۆتە سەر ھەر لە پەنجەرەی نیگای مانگ دەبێت خواردنەکە وەربگرم کە کیسێکی ڕەشیشی تیایە بۆ پیسایی کردن و پاشماوەی خۆراک.. نازانم بۆچی ھەست دەکەم کە ڕووناکی مانگ دێتە ژوورەوە دەتوانم قسە بکەم، کەسێکیش لەشوێنێکیتر ھەیە گوێی لەقسەکانم بێت.. ئێرە چەندە تاریکە ھێندەش ئارام بەخشە، چۆن دەکرێت ساڵانێک تێپەرێت و ریش و قژت تێکەڵ ببن و چاوەرێ بیت شوێنەکان پێت نامۆ بن، رۆژێک بوو یان دەمەو عەسرێک چەند چەکدارێک لەدەرەوەی شار دەستگیریان کردم وەک گەوھەرێک بۆ گەورەکانیان لێیان دەروانیم بەئەشکەنجەیەکی سەیرەوە سەر ماشێنەکەیان خستم.

ھەستم دەکرد سواری ماشێنە شەکرەکەی مناڵیان کردووم، لەژوورێک بە بنمیچی پانکە ھەلیان واسیم بە سۆندەی باخچەیەک کە پڕ بوو لە بۆنی رەیحانە لە قاچەکانمیان ئەدا ھێشتا دلۆپە ئاو لە سۆندەکە دەردەچوو. دەمزانی بەدەستی ژنێکەوە بووە، چونکە بۆنی ژن لەھەر شوێنێک بێت ناکرێت پیاوی عاشق نەیناسێتەوە، وام مەزەند دەکرد ھەموو ژیانم تا ئەو رۆژەی دەمرم بەو شێوەیە ئەشکەنجە بدرێم، بەڵام تەنیا لەکاتی گۆڕینی زیندانەکان ئەشکەنجەم دەبینی.. لەو ساڵ و مانگەی ھێنرام بۆ ئەو تاریکستانە ئیدی ئەشکەنجەم نەبینی، ڕەنگە بۆنی پیسایی و تاریکی شوێنەکە کەس قێزی نەیەتەوە بێت ئەو پیاوەی پارچەیەکە لەپیسی بخاتە ژێر قامچی و دان بەشتەکانی بنێت، بەڵام دان بەچی بنێم، ھەموو شەوێک لەشاشەی تەلەفزیۆن دەردەکەوتم و قسەم دەکرد.. کەس نەبوو من نەناسێت ھەر وتارێک پڕ بوایە لە ڕق و شەر دەدرا بەمن بیخوێنمەوە، کەچی کاتێک من ئەکتەر بووم کەس منی نەدەناسی کەس بۆی گرنگ نەبوو ئێمە دەمانویست شانۆی نوێ پێشکەش بکەین شتی نوێ ببەخشین.. ئەو دەمەی دەمویست کۆمەلگایەک ھۆشیاربکەمەوە کە گلۆپی ناو ھۆڵ دادەگیرسا سێ دەقیقە چەپڵە باران دەکرام دوای ئەوە ھەموو شتێک کۆتایی دەھات.. بۆ کەس گرنگ نەبوو من کێم؟ مەترسیش نەبووم بۆ کەس ئێمە خۆمان پێمان وابوو مەترسین بۆسەر دنیاو دوژمن.. مەگەر بچوباین جوێنمان بە زاڵمەکان بدایە..

بەڵام لەو رۆژەی قاچم خستە ناو تەلەفزیۆن وبوومە بێژەر بەتەنیا لایەنگرانی حزب نەبوون دەمیانناسی، بەڵکو لایەنگرە دوژمنەکانیشمان وەک وا ناومان دەبردن ئەوانیش منیان دەناسی.. کەس نەیدەزانی پێشتر من ئەکتەرێکی گرنگ بووم، بەڵام ھەموو دەیانزانی بێژەرێکی حزبیم بەدۆستی لایەک و دوژمنی ئەوانیتر بووم، ئەوەتا چەندین ساڵ و ڕەنگە بەپێی دەستبردنم بۆ قژ و ڕیشم تێبگەم زۆر لەمێژە لێرەم.. تەنانەت ناوی خۆشم بیر نایەتەوە.. تاریکی ئاسمان بەرەو کۆتایی دەرۆیشت و کازێوە ھەڵدەھات و لەو ساتەش چێژی لەبینینی تیشکی خۆر دەبینی دوای ئەوە وەک ئاڵودەبوونی ھەمیشەیی دەخەوت تا ئەو کاتەی تیشکی مانگ دەھاتەوە ژوورەوە، خەریک بوو چاوەکانی لەبەرامبەر تیشکی خۆرەکە نەدەکرایەوە لەبەر خۆیەوە کەوتبووە بڵمە بڵم و پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاستی بە سمێڵیدا دەھێنا وەک ئەوەی شتێک یا خورشتێک لەژێر سمێڵی بێت کە لەڕاستیدا مێرولەیەک لەوێ بوو خەریکی زاوزێ کردن بوو خۆشی چەند ڕۆژێکە ھەستی بەوە کردووە بۆیە پێکەنینێک دەکەوێتە سەر ڕوخساری و دەڵێت “دەی ئیدی تەنیا نابن ھەر نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک باوەشێک مێروولە دەبنە میوانم” تاوێک لەخۆی ڕادەمێنێت، بیرمە لەساڵانی یەکەم رۆژێک رۆژنامەیەکیان خستە بەردەمم کە چۆن چیرۆکی کوشتنم لەلایان تاقمێکی چەکدار باسی کراوە، پێشتریش هەواڵی مەرگی خۆم لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بینی ئەو کاتە لەگەل چەند کەسێکیتر لەزیندانێکی پێکەوەیی بووین.. بۆیە من لەلای خەڵکی مردوویەکم کەچی ئەوەتا ھێشتا دەجولێم سودم بۆ مێروولەیەکی مێ ھەیە دەتوانێت بمکاتە ماڵی خۆی، ئەوە مانای وایە ھێشتا زیندووم و نەمردووم.. وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە، ئائا زیندووم و نەمردووم نەک ھەر ئەوەش خەریکە شتیتریشم دەکەوێتەوە بیر نانا خەیاڵم ھێشتا چالاکە بیرمە جاران چ ئەو رۆژانەی ئەکتەر بووم چ کاتی بێژەری خەلکی بەناوێک بانگیان دەکردم منیش وەک ھەر کەسێکیتر ناوێکم ھەبوو بیرمە ناوم کەریم عوسمان بوو.

نیهاد جامی




كۆلنەدان: كلـــیلی ســـەركـــەوتن … قەدریە یاسین

‎لە یەكێك لە شارەكان سەنتەرێكی جوانكاری هەبوو، ناوبانگێكی باشی دەركردبوو.بەجۆرێك وای لە سەنتەرەكەی كردبوو لە گشت ولاتانی دنیا خەلكی سەردانی بكەن.
‎شایەنی باسە بەرێوبەری سەنتەرەكە ئامانجێكی هەبوو ، ئەویش ئەوەبوو سەنتەرەكەی بە باشترین سەنتەری جوانكاری بناسێنێت لە تەواوی دنیا…. لە هەركێیەكت بپرسیبا سەبارەت بە ڕای خۆی لەسەر سەنتەرەكە بە باشترین سەنتەر وەسفی دەكرد …. بەلام ڕای خەلكی بەس نەبوو تاوەكو ئەوە بسەلمێنێت، ئەو كەسەی بریار لەسەر ئەم شتە دەدا رەخنەگرێكی بەناوبانگ بوو كەوا دەچوو سەردانی سەنتەرەكانی دەكرد و ڕای خۆی لەسەر دەگوتن ، ئەم رەخنەگرە بە كەسێك ناسرا بوو كەوا بەزەحمەت بە شت ڕازی دەبوو ، وە دەبوایە هەموو شتێك كەموكوریەكی لێ گرتبا …..
‎ئەم رەخنەگرە كاتێك گوێبیستی چەند قسەوباسێك بوو لەسەر چاكی سەنتەرەكە بریاریدا سەردانێكی سەنتەرەكە بكات ، وە ئەم هەوالە بە بەرێوبەری سەنتەرەكە درا.

‎بەرێوبەر بەپەلە كۆبونەوەیەكی لەگەل دەستەی بەرێوەبردنی سەنتەرە گرێدا و تیایدا باسی گرنگی ئەم سەردانەی كرد ، كەوا لەوەتەی سەنتەرەكە دامەزراوە چاوەرێی ئەم كاتە بووە!…. فەرمانی دا كەوا هەموو بەشەكان بەباشترین شێوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەم سەردانە .
‎رۆژی سەردانەكە هات و رەخنەگر تەشریفی هێنا بۆ سەنتەرەكە ، بەرێوبەرەكە پێشوازیەكی گەرمی لە جەنابی رەخنەگر كرد و چوون تاوەكو سەیرێكی بەشەكانی سەنتەرەكە بكەن ، بەرێوبەرەكە بە شێوەیەكی جوان باسی بەشەكانی سەنتەرەكەی دەكرد بەلام ئەوەی سەیر بوو ئەوەبوو كەوا رەخنەگرەكە بەهیچكام لە بەشەكان سەرسام نەبوو، ئەم شتە لە دەموچاوی دیاربوو …. كە گەیشتنە كۆتایی گەشتەكەیان بەناو سەنتەرەكە رەخنەگرەكە بە بێ هیواییەوە وتی:ئەمەش وەكو سەنتەرەكانی تر كەلێنێكی بەتالی گەورەی تیایە….
‎ئەم قسەیە بۆ بەرێوبەرەكە وەكو رووخانێك بوو بۆ ئامانج و خەونەكانی ، بەلام نەیویست كۆلبدات، بۆیە داوای لە رەخنەگرەكە كرد كەوا هەلێكی تری پێبدات تاوەكو كەلێنەكە پربكاتەوە….
‎پاش بیركردنەوە رەخنەگرەكە ماوەی (٣)مانگی بە بەرێوبەرەكەدا تاوەكو بەشێك بنیادبنێت كە جێگای رازیبوونی بیت….

‎پاش (٣)مانگ رەخنەگرەكە چویەوە بۆ سەنتەرەكە، بەرلەوەی بچن و سەیری بەشە نوێیەكە بكەن ، بەرێوبەری گەنج ویستی چەند قسەیەك بكات….
‎بەرێوبەر: پاش ئەوەی تۆ هەلێكی ترت پێدام، بۆماوەی مانگێك بیرم كردەوە كەوا سەنتەرەكەم لەچی كەمە كەوا لەلای بەرێزتان كەلێنێكی بەتالی گەورەی تیادایە …. تا لەكۆتاییدا گەیشتم بە وەلامێك بۆ پرسیارەكانم و دەستم كرد بە دروستكردنی بەشە نوێیەكە.
‎ئینجا چوون بۆ بەشە نوێیەكە … كە گەیشتنە دەروازەی بەشە نوێیەكە ، لەسەری نوسرابوو (بەشی جوانكاری رووح)،لەدەموچاوی رەخنەگرەكە سەرسامبوون بەدیدەكرا ، بۆیەش بەرێوبەرەكە ویستی بۆی روونبكاتەوە….
‎بەرێوبەر: ئەوكاتەی كە بیرم لە بەشێكی تازە دەكردەوە ئەوەم بەمێشك داهات كەوا هەندێك خەلك پێویستە جوانكاری رووخساری نا ، بەلكو جوانكاری ناخیان بۆ بكرێ، وەك: گەورەكردنی دل، لابردنی رق، شكاندنی خانەكانی شەر لە نەفسیدا، پركردنەوە ویژدانە لاوازەكانیان….
‎ هەربۆیە ئەم بەشەم بنیادنا…. ئێستاش با سەیرێكی بەشە هەرە گرنگ و نوێیەكەی سەنتەرەكە بكەین….

‎رەخنەگرەكە بە جۆشی ئەوەی بزانێ ئەم بەشە لەچی پێكدێت رۆشتە ژوورەوە…
‎هەر كە چووە ژورەوە بینی بەشەكە چەند رێگای تری لێ جیادەبێتەوە ، بەلام لەراستیدا هەمویان بۆ یەك مەبەست بوون ، كە ئەویش(خوا پەرستی)بوو…..
‎هەریەكە لە رێگاكان ، لە دەروازەكەی ناوی تایبەتی ئەو ئایینانەی لەسەر بوو كەوا خەلكی شارەكە لەسەری بوون ، بۆ نمونە :لەسەر دەروازەی یەكەم نوسرابوو (ژووری خوشك و برا موسلمانەكان)، لەسەر دەروازەی دووەم نوسرابوو(ژووری خوشك و برا مەسیحیەكان) ، و لەسەر سێیەمیان ( ژوری خوشك و برا جولەكەكان)…هتد
‎ وە ئەوەی لەناو ژوورە جیاكاندا هەبوو (كەنیسە و مزگەوت و شوێنی خودا پەرستی بوو) … لەمەوە رەخنەگرەكە زانی مەبەست لە (جوانكاری ناخ) چیە! ، رەخنەگرەكە چاوی فرمێسكی تیا قەتیس مابوو …. رێك ئەوكاتە دەستی كرد بەچەپلە لێدان بۆ بەشە ناوازەكەی بەرێوبەر…. هەر بەهۆی ئەم بەشە سەنتەرەكە بوو بەیەكەم سەنتەری جوانكاری كەوا رەخنەگرەكە بی كەموكورت باسی كرد و بەهۆی كۆلنەدانی بەرێوبەر بە ئامانجی گەیشت.




نیشتمانی كار … به‌ختیار محه‌مه‌د

كرێكاره‌كان
به‌م هاوینه‌
له‌به‌ر هه‌تاوه‌ گه‌رمه‌كه‌
به‌م ڕۆژی خوای هه‌ینییه‌
له‌سه‌ر شه‌قامه‌ سووتاوه‌كان
چاوه‌ڕێی
ده‌ركه‌وتنی گۆدۆی
خاوه‌ن كارێك ده‌كه‌ن.


كرێكاره‌كه‌ بۆ بچێته‌ دۆزه‌خ؟
ئه‌و وا لێره‌ دۆزه‌خ،
دۆزه‌خی سه‌رمایه‌داران
ده‌بینێ!


هه‌موو كرێكاره‌كان ته‌ماشای
یه‌ك لا ده‌كه‌ن
ته‌نیا یه‌ك لا:
لای ڕێی هاتنی
گۆدۆی خاوه‌ن كار.


لێره‌ ژیان هه‌مووی
ته‌نیا مه‌رحه‌بایه‌كه‌،
كه‌ خاوه‌ن كارێك له‌گه‌ڵ
كرێكارێك بیكا و
بیباته‌ سه‌ر كار.
لێره‌:
نه‌ درۆی نیشتمان هه‌یه‌
نه‌ درۆی نه‌ته‌وه‌ و
نه‌ درۆی ئایین…
لێره‌ ته‌نیا دۆزه‌خی
حه‌قیقه‌تی بێكاریی هه‌یه‌.
لێره‌ ته‌نیا و ته‌نیا،
سه‌رابی نیشتمانی كار هه‌یه.


كرێكاره‌ خه‌مباره‌كان
له‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆیه‌دا
هیچ شتێك نابینن
قه‌ت هیچ شتێك،
جگه‌ له‌ هاتنی نه‌هاتنی
خاوه‌ن كارێك،
خاوه‌ن كاریك
ده‌ڵێی خوایه‌
كه‌ هه‌رگیز ده‌رناكه‌وێ.


ئه‌وانه‌ی له‌ دۆزه‌خی
بێكارییدا ده‌ژین
كوا نیشتمانیان هه‌یه‌؟
كوا باوه‌شی گه‌رمی نه‌ته‌وه‌یان هه‌یه‌؟
كوا به‌زه‌یی خواوه‌ندیان به‌رده‌كه‌وێ؟
ئه‌وان ته‌نیان
ته‌نیا له‌ناو دۆزه‌خی بێكارییدا.


بێكار یه‌ك شووناسی ونی هه‌یه‌:
كار.
كاریش هیچ نیشتمانێكی نییه‌
جگه‌ له‌ نیشتمانی كار خۆی نه‌بێ.


به‌یانیان ده‌یانبینم
كرێكاره‌ خه‌مباره‌كانی
سه‌رشه‌قام:
چاویان لای ئاڕاسته‌ی
هاتنی ئۆتۆمبێله‌كانه‌.
لێره‌ هه‌موو شتێك
چاوه‌ڕوانییه‌:
ژیان چاوه‌ڕێی
پاروویه‌ك نان
چه‌ند هه‌زار دینارێك و
مه‌رحه‌بایه‌ك ده‌كا،
مه‌رحه‌بایه‌كی خواوه‌ندانه‌.
لێره‌ هه‌موو شتێك
چاوه‌ڕوانییه‌:
ژیان چاوه‌ڕێی
گۆدۆی كار ده‌كا.
لێره‌ دره‌ختی گه‌نجێتی
له‌سه‌ر شه‌قامێكی شه‌رمنی سووتاودا
چاوه‌ڕێی بولبولی عه‌شق نا
چاوه‌ڕێی ڕه‌شه‌بای كارێكی
قرچۆك و به‌ پۆز ده‌كا.
چی له‌وه‌ ناخۆشتره‌
هه‌موو ڕۆژێ
له‌سه‌ر شه‌قامێكی نه‌نووستووی سووتاودا
بێكاریی چاوه‌ڕوانی گۆدۆی
كار بكا،
كه‌چی ئه‌ویش هه‌رگیز نه‌یێ؟


بێكاره‌كان ته‌نیا یه‌ك نیشتمانیان هه‌یه‌:
نیشتمانی كار.
ئه‌و نیشتمانه‌ش
له‌ دوورگه‌ی ساردی
دڵی سه‌رمایه‌داردایه‌‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




لەپێناوچی دیار غەریب تان تیرۆرکرد؟ … شوانە حەسەن بەکر

مرۆڤ بە هەڵوێستەكانی‌ دەناسرێتەوە، ئەو كاتەی‌ لە پێناوی‌ بیڕوباوەڕەكەیدا گیانی‌ خۆی‌ دەكاتە قوربانی‌ دەگاتە ترۆپكی‌ راستگۆیی‌ لە پێناو ئەو پەیامەی‌ كە لە روحەوە بڕوای‌ پێیەتی‌.

شەهید دیار، یەكێك لە گەنجترین سەركردەكانی‌ (P.K.K) لە باشوری‌ كوردستان، ئەو دە ساڵ‌ پێش ئێستا كەسی‌ یەكەمی‌ ئەو رەوتە شۆڕشگێرە بوو كە سەركردایەتی‌ شۆرشی‌ دەكرد دژ بە دەوڵەتی‌ توركیا.

بێ‌ ئەوەی‌ هەراو هۆریای‌ سیاسی‌ دروست بكات و موزایەدە بە وازهێنانەكەیەوە بكات وازی‌ لە هاوسەرۆكی‌ (پچدك )هێنا.

لێرەوە بۆت دەردەكەوێت بەورێك لە چیاكانی‌ وڵات لە پێناوی‌ خۆش بەختی‌ ئەوانی‌ تردا خەبات دەكات بە داخەوە وەك میدیای‌ پەكەكە بڵاویكردەوە لە ڕێگەی‌ پیلانێكی‌ بەكرێگیرانەوە تیرۆركراوە، لە راستیشدا كاتێك سەیری‌ میدیای‌ هەندێك حیزبی‌ كوردی‌ لە باشور دەكەیت ئەو راستیە تاڵەت بۆ دەردەكەوێت كە چۆن شەهیدكردنی‌ (دیار غەریب)و هاورێكانی‌ دەكەنە بەهانەی‌ هێرشە ناڕەواكانی‌ توركیا، تەنانەت هانی‌ خاوەنی‌ شەهیدانی‌ مەدەنی‌ روداوەكە (كورتەك) دەدەن دژی‌ (پەكەكە) نارەزایەتی‌ دەرببڕن.

ئەو دۆخە نەگریسە، بەڵگەی‌ ئەوەیە ئێمە هەم وەك سیستەمی‌ سیاسی‌ و تەنانەت وەك نەتەوەش گرفتی‌ گەورەمان هەیە، نەمانتوانیوە بنەماكانی‌ نەتەوەیی‌ بوونی‌ خۆمان بپاڕێزین، هەر چەندە لە ئێستادا رایەكی‌ سەیر لە ناو دەستەبژێری‌ باشوری‌ كوردستاندا سەریهەڵداوە و پێداگیری‌ لە سەر ئەوە دەكات كە ئەم جۆرە خەباتە بۆ ئێستای‌ كوردستان كارەساتە و هۆكاری‌ نەهامەتی‌ گەورەیە و پێیان وایە نەتەوەو بەرگریكردن لە بەهاكانی‌ مرۆڤبوون مۆدێلی‌ بە سەر چووە بە بێ‌ رەچاوكردنی‌ ئەوەی‌ ئێمە لە دۆخێكی‌ مەترسیدار داین و ناچاركراوین لە پێناوی‌ مانەوەدا چەك هەڵبگرین.

ئەوەی‌ لەم نێوەندەدا گرنگە تەنها ئەوەیە كە شەهید دیار و هاوڕێكانی‌ وەك ئەوەی‌ مرۆڤێكی‌ رەسەن و خاوەن هەڵوێست بوون، شەهید بوون، و جارێكی‌ تر ئەوەیان دووپاتكردەوە كە كورد بوون لە هەموو شوێنێكی‌ ئەم جیهانەدا مەترسی‌ لە سەرەو دەبێت لە پێناویدا قوربانی‌ بدەین.




بەڵا … پشکۆ ناکام

                                                      

…. شازی حکومەت..شازی کابینە..شازی فراکسیۆن..ئەم بە ناو حکومەتە تازەیە لە شازیا ئەتوانیت کتێبی لەسەر دەر بکەیت ،
حکومەت کەسێک ئەیبا بەڕێوە کە پێش هەڵبژاردن ! دەست نیشان کراوە و زانراوە کە هەرێم بە قۆناغێکی” هەستیار و ناسکا ئەڕوات” بۆیە بەرپرسی یەکەمی”پاراستن”ی بۆ هەڵبژاردوە تا هیچ ناحەزێکی هەرێم نەتوانێ هەستیاری قۆناغەکە بقۆزێتەوە و لە ناسکیا بیشکێنێ..ئەم بە ناو حکومەتە وەک هەموو حکومەتە(هەڵبژێراوەکان) ناڵێ خزمەتکاری خەڵک ئەبێ چونکە سەرۆکەکەی سەر بە بنەماڵەیە ئەوان هەرگیز خۆیان بەوە نابینن بەرامبەر بە خودی میللەتیشەوە ، بەڵکو میللەت هەردەم ئەبێ لە خزمەت ئەوانا بێ لە ئاش بەتاڵ و دوای سی ئاب و ئێستاشەوە، ئەوان لووتکەی ئەو ” هەڕەمەن” کە بوومەلەرزەش لایان نابا، ئەوان ئەڵێن لە خزمەت خەڵکا ئەبن ، جا خزمەتێک لەوانەوە بێ !! ئەبێ چۆن بەسەر خەڵکا بشکێتەوە..خۆتان وەکیل بن..شازترین پەیامی ئەم حکومەتە ئەڵێ: ئەم حکومەتە هی هەموو خەڵکە..! دیارە ئەمە ئیشارەتە بۆ ئەوەیە ئەوەی پێش ئەم هی هەموو خەڵک نەبوە ،،حەز ئەکەین بزانی حکومەتەکەی پێشوو هی کێ بوو؟ بروا ناکەم لە دەوڵەتێکی ترەوە شەو بە دزییەوە ئەوەی پێشووی دامەزرانبێ ، مەگەر هی ئامۆزاکەی خۆی نەبوو ؟ هەمان بنەماڵە ، هەمان بەرنامە ، هەمان قوڕبەسەری بۆ خەڵک ..ئەوەی گۆڕاوە تەنیا دەم و چاوە ..ئەو حیزب و گروپانەش وەک” مسکێن” چەپڵە لێئەیەن زۆر باش ئەم راستیە ئەزانن ، هەر ئەوان بوون ئەیانووت بنەماڵە ناتوانێ نە دیموکراسی بێ و نە چاکسازی بکا ،
بەڵام چی بکەن خۆ بەخێو کردن زەحمەتە و بیروباوەڕ و ڕێباز بخەرە گیرفانێک و گیرفانەکەی تر پڕ لە دۆلاری زەلیلی.. …
… لە هەر ووڵاتێکا کەسێکی ئیستخباراتی حکومەت بگرێتە دەست ، ئوتوماتێکی ناتوانێ هەنگاوی مەدەنی و دیموکراسی لە ڕوانگەو باکگراوندی وەزیفەی ئیستخباراتیەوە بنێ و بە چەسپی دووقولووش یەک ناگرن، لە حوکمی ئەقڵیەتی ئیستخباراتی قوڕەکە بۆ خەڵک ئەوەنە خەست ئەبێتەوە ئەبێ بە کۆنکرێت..ئەوانەش کە پێشتر دەماری قورگیان وەک کابڵی تەلەفۆنی لێهاتبوو و هاواریان ئەکرد : تەزویر قبوڵ ناکرێت ! ئێستا لەخۆشی وەزارەت و ئیمتیازەکانیەوە تووشی ” فقدان الذاکرة” بوون ، وەزارەتەکانیش خوا ئەوە بگرێ لەوان باشتر بێ ، سولطان سەلیمی یەکەمیش
كابینەی وای نەبوە ، جاران وەزیری بێ وەزارەتی بە قاچاغ بردنی نەوەت هیچ نەبێ لیژنەیەکی یەک دوو کەسی گەر بە ڕووکەشیش بووبێ هەبووبێ ئەمجارە خوا هەڵناگرێ ئەوەش نەماوە و تەنیا سەرۆکی بەناو حکومەت ئاگای لەبنج و بناوانی ئەو قاسەیەیە کە بە نەوت ناو ئەبرێ ، کەواتە هەر لە( پێڕ)ەکەی بنەماڵە مایەوە و خەڵکی ئەبێ خەو بەو جۆکەرەوە ببینێ کە یارییەکە لەدەست بنەماڵە دەر بهێنێ..
هەر حکومەتێکی شاز لە ئاست بێ دەنگی خەڵک هەڵوێستێکی شاز دروست ئەکات کە بە قازانجی حکومەتەکە و زەرەری خەڵک کۆتایی یەت، خودایا ئەم کوردە بەدوور خەی لە بەڵای ئەو شزوزە….




ژوان … ن.رێزان فەتاح

                                                                  

ژوان کچێکی جوانە
ڕووخۆش و ئاوەدانە

تەمەنی دووساڵانە
خەم ڕەوێنی دڵانە

قژی زۆر لول و زەردە
رووخساریشی بێگەردە

قاقا دەکا پێدەکەنێ
ئازارەکان وەلا دەنێ

دەڵێ دایە وێنەم بگرە
لە باوەشت هەڵمبگرە

دایکیشی میهرەبانە
بە بوونی شادومانە

2015
*




چیرۆک … حیکایەتەکانی «ڕ» ئەو کچەی دوو چیرۆکی ھەبوو … نیهاد جامی

مرۆڤ چیرۆکێکی ھەیە دەتوانێت وەک ژیاننامەی خۆی بیگێڕێتەوە، من کارەکتەری حیکایەتێکم دەمەوێت نووسەری حیکایەتەکە دەستخەڕۆ بدەم، ھەموو ئەوانەی ئەو دەیگێڕێتەوە ئەوە چیرۆکی ژیانی من نیە، بەڵکو ئەو منی کردووە بە پاڵەوانی حیکایەتێک، کە من نیم تەنیا لەخەیاڵی ئەودا من وام، بۆیە نامەوێت کەس دەستخەڕۆ بکەم، کاتێک ئەو حیکایەتی من دەگێڕێتەوە، ئەوە من نیم، بەڵکو منم لەگێڕانەوەی ئەودا، بۆ ئەوەی من و ئەو نەبینە دوو شێتی ناو شێتخانەیەک یەکێکمان قسە بکات و ئەویتریش تاوانبارێک بێت بەھۆی بێدەنگی پێتان ووتبێت کەوا شێت بووە، بۆیە ھەردووکیان بەدوو تۆمەتی جیاواز دەخرێنە شێتخانەوە، ناچارم ھەمیشە لەپاڵ حیکایەتە درۆینەکانی ئەودا، منیش ژیاننامەی ڕاستەقینەی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، ئێوە ئازادن بڕوا بەقسەکانی خۆم دەکەن، یان پێتان وایە حیکایەتەکانی ئەو ژیانی ڕاستەقینەی منە.
کارەکتەری چیرۆکی نووسەرێک ئاوا بەگژ نووسەرەکەیدا دەچێتەوە، ھەڵبەت نووسەرەکەش بۆ خوێنەرانی قسەی خۆی ھەیە، کە لە ووتەی کارەکتەرەکەی جیاوازە، دەبێت ئەو چۆن کارەکتەرەکەی بە درۆ بخاتەوە؟ یاخود پاڵپشتی دەکات و درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان دەدەن؟
ھەموو ئەوەی بیستان ھەوڵدەن باوەڕی پێنەکەن، کارەکتەری ئەو چیرۆکە لەدەست من دەرچووەو بۆ خۆی دەیەوێت ژیانێکی نوێ ھەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش نکوڵی لەژیاننامەو حیکایەتەکەی دەکات، بۆیە پلانی داناوە لەدژی من چیرۆکێکیتر بگێڕێتەوە، ئێوە بیھێننە پێش چاوتان، نووسەر ڕۆمان دەنووسێت یا کارەکتەری ڕۆمانەکە؟ ھەڵبەت کارەکتەرەکە زادەی خەیاڵی نووسەرە، بۆیە ئەوە نووسەرە ژیان و چیرۆکی ئەو درووست دەکات، نەوەک ئەو بتوانێت چیرۆکی خۆی لەدەرەوەی من بگێڕێتەوە.

رەنگە زۆرکەس دوای خوێندنەوەی وا تێگەیشتبێت، ھەوڵمداوە ژیانی ئەو بنووسمەوە، نەک لەبەر ئەوەی نووسەرێکی کارامەم، بەڵکو ژیانی ساڵەھای ساڵم وەک عاشقێک منی گەیاندۆتە ئاستێکەوە بتوانم لەکۆتاییدا عاشق بم و مەعشووقم نەبێت، دڵم پڕی بێت لە ژن و جەستەم ژنێکی لەباوەش نەبێت، بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نیە من یەکێک لەچیرۆکە دڵداریەکانی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، بەڵکو ئەو چیرۆکە بەرھەمی خەیاڵی ڕووتی بیرکردنەوەیەکە، وامھێنا پێش چاوم کەسێک لەتاریکی شەوێکدا لێم دەردەکەوێت، دنیا تاریک و ئاسمان چەند پەڵە ھەورێک بەئاستەم دەخاتە ڕوو، ئەوە وادەکات ڕووخساری ئەو کەسە باش نەبینم کە کێ بوو تەنیا بەیانی کە خەبەرم بۆوە ملوانکەکەی لەملی خۆی کردبۆوە کەیەکەم پیتی ناوەکەی بوو بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو «R»
ھەموو ئەوەی ئەو نووسەرە شێتە دەیگێڕێتەوە دوورە لەڕاستیەوە، وونکردنی ملوانکەکەم لەکۆڵانێکدا بوو، کەبەدوای گەڕام ئەو پیاوە پێی ووتم «کچی جوان بەدوای ئەو ملوانکەیە دەگەڕێی» بەحەپەساویەوە بەرەو ڕووی چووم، وەک باوکێک یان پیاوێکی پیرو لێقەوماو دەمبینی، بە خەندەوە داوای لێکردم «بۆچی ملوانکەکەت نابەخشیت بەمن؟ خۆ من تەنیا دەمویست خاوەنەکەی بدۆزمەوە تا بزانم ئەو ملوانکەیە ھی کیژۆڵەیەکی جوانە» ئەو لە سواڵکەر دەچوو، نا من کەسێکی خراپ نیم، ئەوە ئەو پیاوەیە لێم پاڕایەوە کە ملوانکەکەمی پێ ببەخشم، دوای ئەوەی لەبەردەرگای ماڵی خۆیان دۆزیبوویەوە، نەوەک لەشەوێکدا عاشقی پیاوێک بووبم لەتەمەنی باوکمەو سبەینێ ملوانکەی خۆم بۆ جێھێشتبێت.

منیش وەک ئێوە گوێم لەقسەکانی ئەو خانمە گرت، گوایە ملوانکەی وونکردووە، لەکاتێکدا من وئەو لەشەوێکی تاریکدا ڕێکەوتی یەکمانکرد و لەگەڵ خۆرھەڵاتن من سیمای ئەوم نەبینی، تەنیا ملوانکەکەی جێھێشتبوو، بۆیە نامەوێت وەسفی درۆزنانەی ئەو بکەم کە ڕووخسارو قژی چۆن بوو، تەنیا ھێندە دەڵێم ئەو چاوەکانی لەدوو چاوی پەپوولەیەک دەچوون کاتێک بەسەر گوڵێک نیشتۆتەوە، قژی نازانم چ ڕەنگێک بوو، بەڵام بەسەر شانەکانی ھاتبوونە خوارەوە، کاتێ ک ملوانکەکەم بینی ئەو پشتی لەمن بوو لێم دوور دەکەوتەوە، دەمویست ڕووخساری ببینم، بەڵام جێھێشتنی ملوانکەکە وەک یادگارێک دەمزانی ووزەی بینینی ھەموو ژنی دنیام پێدەبەخشێت، ئێستاش ئەوەی لەو بینیم ئەو کاتە بوو کە قژە درێژەکەی بەسەر کراسە شینەکەی ھاتبوونە خوارەوە، ئەوە دوا وێنەی ئەو بوو من بینیم.

سات بەسات تێدەگەم نووسەران درۆزنی گەورەن، بوێرن لەتۆمەت بەخشینەوە، نووسینیش شتێک نیە ھەر ھێندەی ئەو ژەھرەیە کە کاتی خۆی لەکتێبێکدا خوێندومەتە دراوە بە فەیلەسوفێکی یۆنانی وەک سزایەک تا بمرێت، بۆ ئەو جۆرە نووسەرانەش سزای ژەھرخواردکردنیان نووسینە، تا بۆ ھەتا ھەتایە وەک مرۆڤی خراپەکار لەناومان بمێننەوە.
وابوو ئەو شەوەش زۆر باسی ئەو فەیلەسووفەت کرد، سەرسامی خۆت بەمن بۆ ئەو فەیلەسووفە گەڕاندەوە، ئەوە کێشەیەک نیە، کە من خراپەکار بم، ھیچ کاتێک خۆم وەک کەسێکی باش نەبینیووە، بەڵکو دەزانم جگە لە خەتاکارێک شتێکیتر نیم، ڕەنگبوو لەبڕی ئەو ملوانکەیە خۆت بمابایتەوە، لەپێناو تۆ وازم لەچیرۆک گێڕانەوە بھێنابا، بەدرێژایی ژیان شیعرم بۆ تۆ بنووسیبا، نامەوێت کارەکتەری چیرۆکەکەم کاتمان زۆر ببات، بۆیە ھەوڵ دەدەم چیرۆکی ئەو بگێڕمەوە.

کچێک لەسەرەتای تەمەندا عاشقی شیعرو کتێبە خەیاڵیەکان دەبێت، تا ئاستی ئەوەی چیرۆکە خەیاڵیەکان بەژیانی خۆی دەزانێت، ئەو خۆی لێدەبێتە بوونەوەرێکی خەیاڵی، ترس لەدنیای ڕاستەقینە بەرەو ناو غەزەل وئەدەبیاتی کلاسیکی دەبات، تا ئاستی ئەوەی بڕوای وایە بوونەوەرێکی خەیاڵی لە ئاسمانەوە چاودێری دەکات، شەوێک لەخەودا ملوانکەیەکی پێ بەخشیووە، بەیانی لەخەو ھەڵساوە ملوانکەکەی لە مل بووە، ئیدی لەو کاتەوە چاو بە ئاسمان دەگێڕێت بۆ ئەوەی ئەو پیاوە بدۆزێتەوە.

لەناو تاریکی کۆڵانێکی تەسکدا ڕێکەوتی پیاوێک دەکات، کە لەشەوی خەونەکەیەوە بۆ ئێستا وەک خۆی نەماوە، لەدواوە شانی دەگرێت و پێی دەڵێت «چیتر لەئاسمان بەدوام مەگەڕێ من لەسەر زەویم» ئەو بڕوای پێناکات کە پیاوی ناو خەونەکەی بێت، پیاوەکە دەست بۆ پەنجەکانی دەبات، تا پەنجەکانیان دەکەونە ناو پەنجەی یەکتر، تاوێک بەو شێوەیە دەمێننەوە، کچەکە دەستی خۆی دەکێشێتەوە لەپەنجەی پیاوەکە، ئەو بەبێ نیگەرانی، بەڵام لەشێوەی کەسێک لەمردن گەڕابێتەوە دەڵێت «جوانی تۆ پیری کردم» ئەوە ھیچ کاردانەوەیەک بۆ کچە درووست ناکات، تەنیا ئەو کاتەی پێی دەڵێت «ھێشتا ملوانکەکەت لەملە» ئیدی تێدەگات ئەو پیاوەی لەئاسمان بۆیدەگەڕا ئێستا ئەو لەسەر زەوی تووشی بوو، ئەوە سەرەتای چوونە ناو دنیایەک بوو کە تێگەیشت پیاوی خەونەکانی دۆزیەوە.

لەپڕ گەمەیەکی ژنانە بەسەریدا زاڵ بوو ھەموو یاریەکەی بردە ئاقارێکیتر، ئەو دەمەی پێی ووت «ئەو ملوانکەیە یەکەم پیتی ناوی خۆمە.. تۆ نەھاتویتە خەونی من، چونکە من عاشقی پیاوێکیترم» ئەو گەمەیە زۆربەی ژنەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی گەمەی ناسین درێژە بخایەنێت، ئەو چونکە کچێک بوو بەناو کتێبە خەیاڵی وئەدەبیەکان دەگەڕا پێشتر ژنانێکی زۆری بینیبوو کە ئەو جۆرە گەمانەیان ئەنجامدابوو، بۆیە دەیویست ئەویش ھەمان شتبکاتەوە، نەیزانی ئەو لەبەردەم نووسەرێکە کە بۆخۆی چەندین چیرۆکی گەمەی ژنەکانی نووسیوەتەوە، تەنانەت یەکێک لەو کتێبانەی کە ئەو پێی سەرسام بوو، ئەو نووسیبووی، کتێبەکە داڕشتنەوەیەکی نوێ بوو بۆ چیرۆکی ھەزارو یەکشەوە، لەژێر ناونیشانی «شەھرەزاد درێژە بەھەزار ویەکشەویتر دەدات»
چیرۆکی ئەو ملوانکەیە بەدوورو نزیک پەیوەندی بەو گێڕانەوەیە نیە، کە ئەو حیکایەت گێڕەرەوە بۆ ئێوەی گێڕایەوە، سوێندتان بۆ دەخۆم سەر لەبەری ئەو حیکایەتە درۆیە، دەمەوێت ڕاستیەکانتان پێبگات، بۆیە ھەموو شتێکتان وەک خۆی بۆ دەگێڕمەوە.

ھیچ پیاوێک نەھاتۆتە خەونی من، ھەموو ژیانم ڕقم لە ئەدەبیات و خەیاڵ بۆتەوە، کچێکی واقیعبینم، کەس ھێندەی من ڕقی لە کلاسیک نیە.. چونکە شتی کۆن وبەسەرچوون، ئێمەی گەنج حەزمان بەشتی نوێ وسەردەمی خۆمانە.. نەک ئەو شتە کۆنانە، منێک کە تاقەتی کتێبەکانی خوێندنی خۆم نەبووبێت، لەکوێ کتێبی ئەوم خوێندۆتەوە.. کچینە ووریابن ئەو جۆرە پیاوانە بەناوی نووسین فریوتان نەدەن، ھیچ شەوێک نەبووە بێمە دەرەوە، ملوانکەیەک لەڕۆژی لەدایک بوونم خۆشەویستەکەم بۆی کڕیووم، نەوەک لەخەون بەمن درابێت، دواتر بەڕاستی ئێوە دەتوانن بڕوا بەو قسە تڕوھاتە بکەن.. لەخەوندا ملوانکەیەکت بکرێتە مل وبەیانی کەخەبەرت بێتەوە ھێشتا ملوانکەکە لەملت بێت؟ ئاخر ئەوە چ قسەیەکە.

پەلەمەکە دەردەکەوێت کە من وتۆ کاممان چیرۆکی ھەڵە دەگێڕینەوە، بەڵام دەزانم بۆ دەبێت چیرۆکی خۆمان بەرەو ئەو ئاراستە ھاودژە بەریت.
نووسەری ئەو چیرۆکە بەدوای گەمەیەک دەگەڕێت، کە وەک گەمەی کارەکتەرەکەی بێت، دەیەوێت کاردانەوەی ئەو ببینێت، چونکە وەک دەردەکەوێت ھەریەکە لە نوسەرو کارەکتەرەکە کەوتونەتە ئەوینێکی شاراوە لەگەڵ یەکتری، بۆیە کاتێک کچە پێی دەڵێت ئەو عاشقی کەسێکیترە، ئەوە دەگۆڕێت بەگەمەیەکی ھاوشێوەی خۆی.
نازانم کێ باسی عەشقی کردووە، تا ئاوا بیگەیەنیتەوە بە عەشق، منیش عاشقی ژنێکیترم.. ژنێک قژی لەتاڵی گیتار دەچێت.. کاتێک دەست دەخەمە ناو قژی دەبمە گیتارژەن و ئەویش لەسەر سینەم پاژنەی پێڵاوەکانی دادەکوتێت و سەما دەکات.

ئەوە گەمەیەکیتر بوو، ھەریەکە لەو دوانە لەگەڵ یەکتردا کردیان، ھەردووکیان بێدەنگ دەبن تا وونبون لەناو تاریکیدا.
ئەوەی ئێمە کردمان گەمە نەبوو درۆکردن بوو لەگەڵ خۆمان، ویستمان وای بخەینە ڕوو کە ئەویتر کەسێک نیە بیری لێبکەمەوە، کەچی ھەریەکەمان لەڕێی گەمەیەک برینێکمان خستە قوڵایی ڕۆحی خۆمانەوە، ئەوەتا ئێستا کە یەکتریمان لەدەستدا تێدەگەین چەند تەنیاین، دەشێت ئەو ڕاستی کردبێت پیاوێک ھەبووبێت لەژیانی، ھەموو ئەوانەی من لەو چیرۆکە دەینووسم بەرھەمی خەیاڵی خۆم بێت، کارەکتەری چیرۆکەکە لێی بێئاگا بێت. چیرۆکنووسەکە بەو دێرە دەیویست کۆتایی بەچیرۆکەکەی بێنێت، بێئاگا لەوەی کارەکتەرەکەی لۆمەی خۆی و ئەویدەکرد «چۆن دەبێت پیاو ھێندە زوو ھەستی ژن بریندار بکات؟» کاتێک ئەو پرسیارەی لەخۆی دەکرد، لەھەمان کاتدا دەیووت «کێ دەڵێت چیرۆکی ئەو ژنەی قژی دەکات بە گیتار ڕاستەقینە نیەو منی تەنیا وەک بوونەوەرێکی خەیاڵی نەبینیووە؟»
لەکاتێکدا ھەردووکیان ڕەوایەیتیان بەقسەی یەکتری دەدا، کەچی ھەر لەو کاتەدا نووسەرەکە بیری لەو دیمەنە دەکردەوە، کاتێک کچەکە ڕۆیشت وقژە درێژەکەی بینی.. چۆن خەیاڵی بۆ کردووە ڕۆژێک دەست بخاتە قژیەوە بەتاڵەکانی گیتارێکی ئیسپانی بژەنێت، ھەر لەو کاتەبوو کاتێک کارەکتەرەش لەبەردەم ئاوێنەدا، پێڵاوە پاژنە بەرزەکانی تاقیدەکردەوە کە بیکوتێ لەسەر سینگی ئەو، ئەو دەمەی گیتارێکی ئیسپانی بەقژی دەژەنێت.. ئەویش لەسەر سینەی ئەودا سەمایەکی ئیسپانی لەو مەرقەسە ساز بکات.

من وەک ڕەخنەگرێک بەو شێوەیە شیکاری چیرۆکی «ڕ» م کرد، ئەو چیرۆکەی لەناو ئەرشیفی دەزگای عاشقە وونبوەکان دۆزیمەوە، لەھەموو چیرۆکەکان زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، کە نووسەرەکەی نادیارە، پێدەچێت ئەو ھێشتا لەژیاندا بێت، تاکە شتێک لەو چیرۆکە جێمابێت یەکەم پیتی ناوی نوسەرەکەیە کە سێ ھێلی لاتەریبی لەشێوەی «/|» کاتێک ئەو سێ ھێلە بەیەکەوە بگەیەنم پیتی «N» دەردەچێت.
ئەوەی لێرەشدا خوێندتانەوە خوێندنەوەیەکی تەئویلکاریمە کە ویستومە لەسەر ھەندێک لەتێگەیشتنەکانی بیرمەندی فەڕەنسی «ڕۆڵان بارت» نزیک بکەومەوە، بۆ خوێندنەوەی مەرگی نووسەر و پەیوەندی نێوان نووسەر و کارەکتەر.. لەو ڕێگەیەوە چیرۆکی نووسەرم بەمانای یەکەم سەیر کرد، مانای دووەم ژیانی کارەکتەرو مانای سێیەمیش نھێنی نەووتراوی ھەریەکە لە نووسەرو کارەکتەرەکە بوو کە من لەمانایەکی ئاشکرا نەکراوی پەیوەندی ئەو دووانە خستمە ڕوو.

1/4/2018 سانتانا- ئیتاڵیا




په‌یكه‌ری دڵ و شوان عه‌توف به‌شی دووه‌م-كۆتایی … شاهۆ عارف

كاره‌كته‌ری شێرزاد له‌ په‌یكه‌ری دڵدا، كاره‌كته‌رێكی دژه‌ پاڵه‌وان و سه‌ره‌پا به‌ده‌‌، له‌كاتێكدا زه‌مینه‌ی ئه‌م خراپیه‌ گشتگیره‌‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا بوونی نییه‌. شێرزاد هاوڕێی هیوا و هه‌ڵوێسته‌ و شاگردی مام بورهانه‌ و له‌ هه‌مان ژینگه‌ی ئه‌واندا گه‌وره‌ بووه‌. به‌ڵام زۆر جیاوازه‌ له‌ ئه‌وان، هه‌ڵسوكه‌ت و مامه‌ڵه‌ و مه‌به‌سته‌كانی خراپ و دزێوه‌. خراپ دروستكردنی ئه‌م دژه‌پاڵه‌وانه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئاره‌زوویه‌كی ته‌ریب و دژ به‌ پاڵه‌وانی هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاده‌ڕه‌وی له‌ خراپیه‌كه‌یدا كراوه‌. له‌ هه‌موو زه‌مه‌نێكدا و به‌رامبه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی به‌ریان ده‌كه‌وێت ناته‌با و ناله‌باره‌‌‌. له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی، له‌ پێش هاوسه‌رگیری، له‌ دوای هاوسه‌رگیری. ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌جۆرێك دزێو و ناحه‌زه‌ ته‌نانه‌ت توانای هه‌ڵكردن و ژیان كردنی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نییه‌ به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی و دایكیشیه‌وه‌. بیربكه‌نه‌وه‌ له‌ ساتی منداڵبوونه‌كه‌دا چۆن له‌گه‌ڵ دایكی ئه‌دوێت. یاخود كه‌س نازانێت بۆچی ئه‌وه‌نده‌ مامه‌ڵه‌ی ڕه‌ق و تونده‌ له‌گه‌ڵ كه‌ویار؟ به‌ مه‌نتیقی فیلمه‌كه‌ ده‌بوو له‌پاش به‌ده‌ستهێنانی كه‌ویاره‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌و ژیانه‌ بێزاربووایه‌ سه‌ره‌تا كه‌ویار بێت نه‌ك شێرزاد، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ پاش تێپه‌ڕینی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌.

هه‌ڵوێست
با سه‌رنجی هه‌ڵوێستی پاڵه‌وان بده‌ین. ئه‌و زیاتر گۆرانیبێژێكی ئاماده‌كراوه‌ و بانگهێشتی ئه‌م سیناریۆیه‌ كراوه‌، نه‌ك وه‌كو كاره‌كته‌رێك كه‌ چۆن ئه‌بێته‌ گۆرانیبێژ. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ گۆرانیبێژه‌ی له‌م فیلمه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵوێستی ده‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كه‌یه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵوێستێك نییه‌ له‌م فیلمه‌دا ئه‌زموون بكات و دروست ببێت. ڕاسته‌ ده‌نگی خۆشه‌ و دوكانی سیدی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌ گۆرانیبێژ. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت، له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی هیواوه‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌ هه‌ڵوێست، هه‌ر به‌ڕێكه‌وت و له‌سه‌ر داوای هیوا گۆرانیه‌كی جوان و بێ كێشه‌مان، به‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی ته‌واو له‌گه‌ڵ تیپی میوزیك پێشكه‌ش ده‌كات، ئیدی سیناریۆنووسه‌كه‌‌ بیری كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ مامۆستایه‌كیشی بۆ په‌یدا بكات!
ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ هه‌ڵوێست له‌ واقیعی فیلمه‌كه‌دا وه‌كو گۆرانیبێژ ده‌ر‌ده‌كه‌وێت. هه‌تا ئه‌و ساته‌یش نازانین به‌هره‌كه‌ی هه‌ڵوێست چۆن كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌ره‌و پێشچووه‌. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی كه‌ وه‌كو گۆرانیبێژێكی ته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌یخه‌نه‌ ناو ستۆدیۆیه‌كه‌وه‌‌ و مه‌شقی پێده‌كه‌ن! ڕه‌نگه‌ ته‌نیا به‌هانه‌ی كۆنسێرته‌كه‌ی دواتر كه‌مێك له‌ مه‌هزه‌له‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ كه‌مبكاته‌وه‌. به‌ گشتی هه‌ڵوێست به‌ر له‌وه‌ی بێته‌ فیلمه‌كه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بووه‌. ئه‌م ئاماده‌ییه‌شی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ و به‌ گۆرانیه‌كانی هه‌یه‌‌.

شوان زۆر به‌ ئاسانی و به‌بێ هیچ پێشمه‌رجێك ته‌سلیمی هه‌ڵوێستی گۆرانیبێژ بووه‌‌. سه‌رنج بده‌ن به‌رله‌وه‌ی وه‌كو گۆرانیبێژێك له‌ فیلمه‌كه‌دا بیناسین، له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌زا و واقیعی فیلمه‌كه‌، به‌نموونه‌ له‌ دیمه‌نی ئازادكردنی كۆتره‌كاندا، به‌ گۆرانیه‌كه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه و گۆرانی ده‌ڵێت‌. ‌هه‌ڵوێستی گۆرانیبێژ، كاره‌كته‌رێكه‌ له‌سه‌رو فیلمه‌كه‌وه‌یه‌ و به‌ر له‌وه‌ی ده‌ركه‌وێت هه‌یه‌. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هونه‌ره پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵوێست، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌ فیلمه‌كه‌دا دروست نابێت، ڕۆڵێكی درامی گه‌وره‌ له‌فیلمه‌كه‌دا دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری كوشتنی شێرزاد و هه‌تیوخستنی دوو منداڵ!

هه‌ڵوێست به‌ ده‌ر له‌ گۆرانیبێژی، ماسی فرۆش و سیدی فرۆش و نان په‌یاكه‌ر و عاشقه‌‌.‌ سه‌باره‌ت به‌ ماسی و سیدی فرۆشی؛ له‌ جێگه‌یه‌كدا ده‌ستی به‌ ماسیه‌وه‌یه‌ و له‌ چه‌ند شوێنێكی تریشدا له‌ دوكانی سیدیه‌كه‌دا خه‌ریكی قسه‌ و باسێكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوكانه‌كه‌وه‌ نییه‌! له‌وانه‌یه‌ نان په‌یاكه‌ر بێت، چونكه‌ نازانین شێوه‌كاره‌كه‌ی خوشكی و دایكه‌ نان حازر‌كه‌ره‌كه‌‌یشی هیچ بژێوێكیان تریان هه‌یه‌ یان نا؟ به‌ڵام هه‌تا بڵێی دڵته‌ڕ و سه‌وداسه‌ره‌‌، هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ وه‌كو گه‌وره‌یه‌ك عاشقی كچی دراوسێكه‌یانه‌ (ئه‌و درواسێیه‌ی كه‌ به‌ قسه‌ دراوسێیه‌ نه‌ك به‌ وێنه‌!). خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ویار پاك و بێ كێشه‌ و تاقانه‌یه‌، نه‌ گومانی تیایه و‌ نه‌ قه‌له‌قی. هه‌ڵوێست ئه‌گه‌رچی كوڕێكی هه‌ژارحاڵه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ شیك و جوان و ڕێكپۆشه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ مه‌راقی جیابوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی ئیشكه‌ردا به‌ دیار ئاگره‌وه‌ وه‌ستاوه‌! هه‌ڵوێست به‌پێی‌ پێویست له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌ دیوه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كه‌یدا گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ و كامڵ نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌م ناكامیه‌ی بێت پێشكه‌شكاره‌كه‌ی ڕادیۆی ئێكس ئێف ئێم ئاگاداری ناو دڵیه‌تی و ناچاری ده‌كات ‌هه‌ر به‌ زۆر و به‌ حونجه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ بێنێت كه‌ گۆرانی له‌ پێناودا وتون‌!

به‌رهه‌مهێنان
به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی كام پڕۆده‌كشندا بووه‌. به‌ فیلمه‌كه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ توانا ماددیه‌كانی ئه‌م كۆمپانیایه‌ چه‌نێك گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌. له‌ڕووی شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌‌ شوان نه‌یتوانیوه‌ پارێزگاری له‌ فیلمه‌كه‌ی بكات و له‌ژێر هه‌ژموونه‌ ریكلامیه‌كانی ئه‌وان ده‌ربچێت. دیمه‌نه‌كانی ناو به‌له‌م، پێكه‌نین و ده‌ستبازیه‌كانی ئه‌زمه‌ڕ، شێوازی گۆشت برژاندن و ئاهه‌نگی بوك گواستنه‌وه‌، له‌ جۆری ئه‌و وێنه‌‌ باوانه‌ن كه زیاتر‌ له‌ ڕیكلام و كلیپه‌كاندا به‌كاردێت نه‌ك له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كاندا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌‌ ڕه‌نگكردنی دیواره‌كانی ماڵی هه‌ڵوێست، كۆڵانه‌كه‌ی ماڵی كه‌ویار هیچ هارمۆنی و زه‌رووره‌تێكی سینه‌مایی جگه‌ له‌ كاریگه‌ربوون به‌ هه‌ژموونی پاوانخوازیانه‌ی ریكلام له‌ پشت ئه‌و كاره‌وه‌ نییه‌!

مۆنتاژی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئه‌م فیلمه‌یش، سه‌رباری ناسازییان كه‌ زه‌حمه‌ته‌ وشه‌ بتوانێت چه‌وتیه‌كانیان بگوازێته‌وه‌، په‌یڕه‌ویان له‌ هیچ بنه‌مایه‌كی دیاریكراو نه‌كردووه‌. مۆنتاژ ته‌نیا بڕین و ڕیزكردنی وێنه‌ و دیمه‌نه‌كان نییه‌، مۆنتاژ ستراكتۆره‌‌، ڕه‌نگه‌، داینامیك و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كاته‌. به‌ڵام مۆنتێره‌كه‌ی په‌یكه‌ری دڵ به‌ گوێره‌ی تێگه‌یشتنی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دیمه‌نه‌كان بڕیویه‌تی و دووریویه‌تی. بۆ نموونه‌ دیمه‌نێكی تێدایه‌ هه‌ڵوێست و كه‌ویار‌ له‌ ئه‌زمه‌ڕن. له‌و دیمه‌نه‌دا بۆ یه‌كه‌مین و دواجار ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م دوو دڵداره‌ كێشه‌یان هه‌یه‌. له‌ڕاستیشدا هیچ كێشه‌ و جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، به‌ڵام ده‌نگ له‌ یه‌كتر هه‌ڵه‌بڕن. له‌م دیمه‌نه‌دا مۆنتێره‌كه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕی سیناریۆكه‌ له‌ دروستكردنی كێشه‌كه‌‌دا چه‌ندجارێك هه‌ر له‌ناو دیمه‌نه‌كه‌دا، دیمه‌نه‌كه‌‌ ده‌بڕێت و بازده‌دات به‌سه‌ر ده‌مه‌قاڵێكه‌دا! بڕینی مۆنتێره‌كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ پارچه‌ پارچه‌تر ده‌كات. چونكه‌ پێویست بوو كه‌ بینه‌ر تێبگات به‌ڕاستی كێشه‌ی ئه‌م دووانه‌ له‌چیدایه‌‌. یاخود له‌ جێگه‌یه‌كی تردا به‌‌ سماش كه‌ت و كاریگه‌ریه‌كی ده‌نگی پێكه‌نیناوی بۆ ده‌ستپێكی ئاهه‌نگه‌كه‌ی هیوا ده‌گوازێته‌وه‌. ئه‌م شێوازه‌‌ مۆنتاژییانه‌ كه‌ به‌پێی دیمه‌نه‌كان دانراوه‌ نموونه‌ی نایه‌كانگیری مۆنتاژه‌ و زیان به‌ گێرانه‌وه‌یش ده‌گه‌یه‌نێت.

په‌یكه‌ری دڵ چی ده‌ڵێت؟
ئه‌م فیلمه‌ له‌ وێنه‌ گشتیه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوك سالاری ده‌كات كه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌‌ژێر جه‌بری شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژی و كرانه‌وه‌دا‌ بچوك ئه‌بێته‌وه‌. یاخود ڕه‌نگه‌ بیه‌وێت بڵێت هونه‌ر چه‌كه‌‌، ئه‌كرێت ئه‌م چه‌كه‌ به‌ ویستی خۆت به‌كاربهێنیت، ئه‌گه‌ر بۆ گێڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌یشت بێت. ڕه‌نگه‌ دواجاریش ویستبێتی له‌ ڕێگه‌ی لێكه‌وته‌یه‌كی كاڵ و كرچی سه‌رمایه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی سه‌رمایه‌داری‌ بكات. به‌گشتی ئه‌م كێشانه‌ و جۆری پیشاندانیان په‌یوه‌ندیه‌كی كه‌میان به‌ واقیعی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌م فیلمه‌ ئاوێنه‌ی كێشه‌ قوڵ و ڕیشه‌یه‌كانی ژیانی ئه‌مڕۆی كوردستان نییه‌‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ بیرمان نه‌چووه‌ كه‌ ئێمه‌ باس له‌ فیلمێكی بازرگانی ئه‌كه‌ین، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌ فیلمه‌ بازرگانیه‌كانیش له‌سه‌ر كێشه‌ هه‌نوكه‌یه‌كانی دونیای خۆیان كاریان كردووه‌، به‌ڵام فیلمه‌كه‌ی شوان له‌مڕوه‌وه‌ ترس و سانسۆرێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌.

شوان عه‌توف ساڵی ٢٠١٥ له‌ موزایه‌ده‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر سیاسیه‌كاندا، نامه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری له‌به‌رده‌م بینه‌رانی ته‌له‌فیزیۆندا خوێنده‌وه‌، وه‌ك لێره‌دا دیاره‌ (٢). تێیدا له‌بری سیاسیه‌كان ته‌ریقبوه‌وه‌ له‌و ژیانه‌ خراپه‌ی میلله‌ت و به‌ تایبه‌ت گه‌نج ده‌یگوزه‌رێنن. له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ كام له‌ فیلمه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ شه‌رمه‌زارینامه‌كه‌یدا باسیان ده‌كات‌! جگه‌ له‌م فیلمه‌ بازرگانیه‌ی، سێ كورته‌ فیلمی تری‌ به‌ گوێره‌ی خواستی ڤیستیڤاڵ دروستكردووه‌. ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی له‌ خه‌ڵاتی ڤیستیڤاڵه‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌ستی كه‌وتووه‌. شوان له‌ كاتێدا بانگه‌شه‌ی هونه‌ری بوون و كواڵێتی كاره‌كانی ده‌كات نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو قسانه‌دا بێت كه‌ له‌و نامه‌یه‌دا كردوونی! هه‌موو ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ دروستی كردون له‌ڕووی زه‌مه‌نه‌وه‌ سه‌ر به‌مڕۆ و به‌ كێشه‌ هه‌نووكه‌یه‌كان ژیانی ئه‌مڕۆ نین. له‌ نامه‌كه‌یدا ته‌ریقبوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م گه‌نجاندا به‌ڵام له‌ فیلمه‌كانیدا بچوكترین ڕه‌خنه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردیه‌ی نه‌كردووه كه‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رگه‌ردانیه‌ی دروستكردووه‌‌! كاره‌كته‌ره‌كانی شوان گه‌نجی‌ شه‌هاده‌دار و بێكاری ئه‌م وڵاته‌ نین، كه‌ له‌داخی بێكاری و نه‌بوونی هه‌لی ژیان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتبێت و ئه‌م وڵاته‌ جێبهێڵن. عاشقه‌كانی فیلمه‌كه‌ی شوان وه‌كو هه‌زاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ بێلانه‌یی و بێ ده‌رامه‌تی كۆسپی ناكامی عه‌شقه‌كه‌یان نییه‌! كاره‌كته‌ره‌كانی شوان زۆرتر گوزارشت له‌ خودی خۆیان ده‌كه‌ن نه‌ك له‌م واقیعه‌ی كه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ توانای مرۆڤه‌كانی ئه‌كوژێت و ده‌یان پوكێنێته‌وه‌. ئایا ئه‌مه‌ بێ ئه‌مه‌كی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ نییه‌ به‌رامبه‌ر‌ به‌ بینه‌ره‌كه‌ی؟

هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن كواڵێتی ئه‌بێت به‌رپرسیار و به‌ ئه‌مه‌كیش بێت به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌ر و بینه‌ره‌كه‌ی. هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌ڵوێست و ڕێشانمان بۆ نمایش ناكات كه‌ چێژ له‌ توانای خۆیان وه‌ربگرن. به‌ڵكو به‌م پاڵه‌وانانه،‌ ده‌روازه‌ بۆ هه‌زاران قوربانی ده‌كاته‌وه‌ له‌‌ نه‌هامه‌تیه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا له‌ ژیانی خۆیان ڕابمێنن و بۆ ده‌ربازبوونیان بیربكه‌نه‌وه‌. هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌بری دروستكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ خراپه‌كان، به‌دوای پیشاندانی زه‌مینه‌ و ژینگه‌ی‌ خراپ بوونیاندا ده‌گه‌ڕێت. هونه‌ری خاوه‌ن كواڵێتی له‌بری تاوانباركردنی پیاوێكی پاره‌دار، تیشكیش ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆمانسیه‌ته‌ی كه‌ له‌نێوان سه‌رمایه‌ و سیاسه‌تدا هه‌یه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. هونه‌ری جددی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و كاولكاری و داڕمانه‌‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا نا په‌رژێته‌ سه‌ر ئاكامی خۆشه‌ویستیه‌كی كرچ و كاڵ. هونه‌رمه‌ندی ڕاستگۆ، هیچ كات خیانه‌ت له‌خۆی و ئه‌و ژیانه‌ ناكات كه‌ تێیدا ده‌ژی. شوان باز به‌سه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا ئه‌دات و گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بانگ ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بگرین به‌ دیار هه‌ڵوێست و نارینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پێبكه‌ن وه‌كو ڕێشان و باوكی.

ئه‌مڕۆ، له‌كاتێكدا جه‌هل و ژه‌هری حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر له‌م واقیعه‌دا ئیش ده‌كات، ئه‌مجۆره‌ له‌ سینه‌مایش خزمه‌تێكی ڕاسته‌ و ڕاست به‌ ویست و ئه‌جێندای ئه‌وان ده‌كات. ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ فیلم كه‌ره‌سته‌یه‌كه‌ بۆ دروستكردنی بینه‌ری بێ ئاگا و ناهۆشیار. بینه‌رێك كه له‌بری بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن،‌ چه‌پڵه‌ لێده‌دا و فیكه‌ ده‌كێشێت. ئه‌م جۆره‌ له‌ بینه‌ر هیچ كات جێی دڵخۆشی نییه‌. سینه‌مایه‌كیش ببێته‌ هۆكاری چه‌پاندن و چاوبه‌ستكردن و كۆیله‌كردنی مرۆڤ، هیچ كات سینه‌ما نییه‌. هونه‌ر و سینه‌مای ڕاسته‌قینه‌ ئه‌بێت به‌ بێ سانسۆر ده‌ست بۆ كێشه‌ گه‌وره‌كانی ژیان به‌رێت، له‌بری كورتكردنه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ خۆشه‌ویستیدا، نه‌ترسێت له‌ پیشاندانی چوارچێوه‌ سیاسی و ئابوریه‌كه‌ی. سینه‌مای ڕاسته‌قینه‌ لانی كه‌می ئه‌بێت ئازاد بێت و نه‌بێته‌ دارده‌ستی هیچ ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌تێكی زاڵ. ئاڕاسته‌ی فیلمه‌كانی شوان نه‌ك ته‌نیا ڕوو له‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌ ته‌واوی بوه‌ته‌ كه‌ره‌سته بۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی ‌.

په‌یكه‌ری دڵ، به‌ دیوێكی تردا به‌رهه‌می ئه‌و كێبه‌ركێ نا شه‌ریفانه‌ی باڵه‌كانی كایه‌ی سینه‌ماییه‌‌ بۆ قۆرخكردنی كایه‌كه‌. له‌ ئێستادا هه‌ردوو باڵی لۆكاڵی-ده‌وڵه‌تی و ڤیستیڤاڵ-نێوده‌ڵه‌تی هه‌یه‌ كه‌ له‌ ململانێیه‌كی نابه‌جێدان بۆ قۆرخكردن و داگیركردنی كایه‌ی سینه‌مایی. له‌م ماوه‌یه‌شدا كه‌سی تر به‌ناوی دروستكردنی بۆنه‌ و دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌وه‌، وه‌ به‌سود وه‌رگرتن له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی خه‌ریكی دروستكردنی‌ باڵی سێیه‌مه‌. ئه‌م ململانێ و هه‌ڵپه‌ گه‌ورانه‌ هیچ كات له‌پێناو سینه‌ما و بۆ خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ر نییه‌، به‌ڵكو بۆ كاسپیكردن و خۆگه‌وره‌كردنه‌ به‌ سینه‌ماوه‌. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌ جێگه‌ی تردا ئاماژه‌مان داوه‌ كه‌ چۆن ئه‌كرێت له‌م بواره‌دا خزمه‌ت بكرێت، به‌ خۆشحاڵیشه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن و خزمه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌م ململانێیه‌ له‌ پار ساڵه‌وه‌ به‌ ته‌واوی توند بوه‌ته‌وه‌ و وایكردووه‌ شوان عه‌توف چالاكتر بێت و پرۆژه‌ی تازه‌تریش هه‌بێت. دۆخه‌كه‌ گه‌یشتۆته ئاستێك، یه‌كێك خۆی به‌ مه‌سیحی سینه‌ما بزانێت و ئه‌وی تر هه‌رزه‌گۆیانه‌ و كاڵفامانه‌ نه‌فره‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌ و میلله‌ته‌كه‌ی بكات. له‌ڕاستیدا هیچ خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌نێوان ئه‌م باڵانه‌دا جگه‌ له‌ مشه‌خۆری به‌ سینه‌ماوه‌ نییه‌.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئێرەبکەن ….


(٢)
https://www.youtube.com/watch…

https://www.youtube.com/watch?v=qrQCnuRH9Y4&list=WL&index=47&t=0s&fbclid=IwAR0OpCvHeQVFHkDtoVicuWnJAh3n84QxpT2lWcNX6zUPqL3jb2AdsxX7-LY

<




هۆكاری ‌شكستی شۆڕشه‌كانی كورد… ?… ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ئایا هۆكاری ‌شكستی شۆڕشه‌كانی كورد ته‌نیا هێزه‌ ده‌ره‌‌كیه‌كان بوون یا هه‌ڵه‌ی سه‌رۆكانی كوردیش، شێخ مه‌حمود وه‌ك نموونه‌

مه‌لیكیه‌تی شێخ مه‌حمود له‌ژێر سایه‌ی ئینگلیزدا…

نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌درێژایی مێژوو له‌پێناوی نیشتمانه‌كه‌یدا به‌رده‌وام له‌ به‌خودان و شۆڕش دابووه‌، هه‌موو شۆڕشه‌كانیش یا به‌خیانه‌تی ناوخۆ یا به‌هێز و گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنه‌كانی شۆڕشه‌كانی شكست پێهێنراوه‌ و له‌ناوبراون، پێویسته‌ كورد پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌مێژووی ڕابردووی خۆیدا بكات، چونكه‌ ئێمه‌ی كورد تا ئێستا زۆر بۆمان ئاسان بووه‌، هه‌میشه‌ هێزی ده‌ره‌كی تاوانبار ده‌كه‌ین، كه‌ نه‌یانهێشتووه‌ گه‌لی كورد وه‌ك گه‌لانی تر بگه‌نه‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و هاوسه‌نگی هێزه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان تێنه‌گه‌یشتووه‌، یان لاواز بوون و نه‌یانتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان و بابه‌تی ڕۆژ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ڕووداوه‌كانی پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی كه‌ ئینگلیز و هاوپه‌یمانه‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی (پیاوه‌ نه‌خۆشه‌كه‌)یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و گه‌لێك ده‌وڵه‌تیان پێكهێنا، كه‌ سه‌رۆكه‌كانیان هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا دانران، به‌مه‌لیكیه‌تی شێخ مه‌حمودیشه‌وه‌.

له ‌پێش په‌یماننامه‌ی (سایكس- بیكۆ) له‌ ساڵی 1910 عه‌ره‌به‌كان له‌ ژێره‌وه‌ داوای هاوكاریان له‌به‌ریتانیا كرد، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی، كورد نه‌یتوانی ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینێت، یان نه‌یكرد، هه‌رچه‌نده‌ شێخ مه‌حمود كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌و ڕۆژگاره‌ی كورد، چ له‌ ڕووی ئازایی و له‌شكرگێڕی و چ به‌هۆی نفوزی دینی باب و باپیرانی تا ده‌هات له‌په‌ره‌سه‌ندن دابوو، ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ بڵندی و به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌ ساڵی 1914 و هاتنی ئینگلیز بۆ خوارووی عێراق، كه‌له‌ به‌سڕه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م‌ هه‌نگاوی هاتنی ئینگلیز بۆ عیراق به‌گوێڕایه‌ڵی بۆ بانگه‌وازی جیهادی عوسمانی شێخ مه‌حمود دوور له‌ نیشتمانی خۆی ده‌چێت له‌ شوعه‌یبه‌ پێش له‌ هێزه‌كانی ئینگلیز ده‌گرێت، له‌م شه‌ڕانه‌دا شێخ مه‌حمود خۆی و به‌ له‌شكرێكی هه‌زار سواره‌ی كورده‌وه ‌یارمه‌تی سوپای توركی دابوو، به‌ڵام هێزی پڕ چه‌ك و سوپای سه‌ركه‌وتوی ئینگلیز به‌سه‌ر سوپای شكستخواردوو و داته‌پیوی عوسمانیدا سه‌ركه‌وت و له‌ 7ی نیسانی 1918 له‌ ژێر ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاڵ مارشاڵ دا گه‌یشته‌ كه‌ركوك، ئه‌و كاته‌ شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ توركه‌كان تێكچوو بوو، هیوای پێیان نه‌مابوو، له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵانی سلێمانی ڕێك كه‌وت، نامه‌یه‌كی بۆ ئینگلیزه‌كان نارد داوای لێ كردبوون بێن بۆ سلێمانی و بڕیار بده‌ن به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد، خۆشی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئینگلیزه‌كان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌كات.

ئینگلیزه‌كان وه‌ڵامی شێخ مه‌حمودیان دایه‌وه‌ و مێجه‌ر نۆئێل به‌نوێنه‌رایه‌تی حاكمی گشتی ئینگلیز له‌ عێراق هات بۆ سلێمانی و له‌ڕۆژی یه‌كه‌می تشرینی دووه‌می 1918 به‌ئاماده‌بوونی خه‌ڵكی شار وتارێكی خوێنده‌وه‌ و بڵاوی كرده‌وه، كه‌‌ له‌لایه‌ن حاكمی گشتی به‌ریتانیا له‌ عیراق شێخ مه‌حمود به‌ حوكمداری كوردستان ناسراوه، مێجه‌ر نۆئێل بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حمود به‌شاره‌كانی تردا تا ڕه‌واندز چوو، بۆ یه‌كخستنی ئه‌م شارانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سلێمانی ته‌قه‌لای باشی دا‌.

شێخ مه‌حمود له‌ كاروباری حكومه‌تدا كه‌م ئه‌زمون و له‌مه‌یدانی سیاسه‌تدا بێ كه‌س بوو، ئازایی و بێ ترسی و كه‌مته‌رخه‌می خۆشی له‌و هۆیانه‌ بوون به‌هه‌ڵه‌ی به‌رن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ختی كه‌وته‌ كزی، نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئینگلیزدا به‌رده‌وام بێت و حكومه‌ته‌كه‌ی شكستی هێنا.
چوونی وه‌فد بۆ ئه‌نقه‌ره ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ نائومێدی
شێخ مه‌حمود له‌جیاتی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئینگلیز زلهێزی دنیا و براوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، به‌هاندان‌ و فڕوفیشاڵه‌كانی ئوزده‌میری ئه‌فسه‌ری دابڕاوی تورك ته‌فره‌ی خوارد و هه‌ستا له‌ژێره‌وه‌ وه‌فدێك و نامه‌یه‌كی نارد بۆ توركی هه‌ڵوه‌شاو و دۆڕاو له‌شه‌ڕ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ندیشی به‌ به‌لشه‌وێكی ڕووسی كردبوو، كه‌ تازه‌ هاتبوونه‌ سه‌ركار و خۆیان دڵنیانه‌بوون كه‌شتی سیاسه‌تیان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، له‌به‌رئه‌وه‌ خۆیان له‌ زۆر شت به‌دوور ده‌گرت.

كاتێ وەفدەكەی شیخ مەحمود لەرەواندز بوو ئینگلیزەكان بەفرۆكە چوونەسەر سلیمانی و بەیاننامەیان بۆ شیخ مەحمود فریدایەخوارەوە، لەم بەیاننامەیەدا ئینگلیزەكان هەرەشەیان لەشیخ مەحمود كردبوو، ئاگاداریان كرده‌وه‌ خۆی و هەیئەتی حكومەتەكەی لەڕێگای چەمچەمالەوە بچنە بەغدا و خۆیان باویژنە بەر رەحمەتی حكومەتی بەریتانیاوە. به‌ڵام شیخ مەحمود بەیاننامە كه‌ و لەگەل نامەیەكی خۆیدا ناردی بۆ رەواندز بۆ لای وەفدەكە و ئۆزدەمیر، شیخ لەنامەكەی خۆیدا بۆ وەفدەكەی نوسیبوو دەیوت بەرامبەر بەئینگلیزەكان بەخۆی و سمكۆ تەرتیباتێك كەبەباشیان زانیوە و پێویستە جێبەجێیان كردووە و ئەمری بە وەفدەكەش دەكرد ئیتر لەرەواندز چاوەڕێ نەكەن و دەست بەجێ بكەونەڕێ بۆ ئەنقەرە.

له‌و كاته‌دا حكومەتی خەلیفە لە ئەستەمبول كز ببوو، سویندخۆرەكان (ئیتالیا و فه‌ڕه‌نسا) لەژیرەوە لەگەلی راست نەبوون، دەیانویست تورك بژیێننەوە، ئینگلیزەكانیش لەترسی مستەفا كەمال نه‌یانده‌وێرا زیاد لە پیویست توركەكا ن لەخۆیان بسلەمێنەوە، لەبەر ئەمە لە موئتەمەری لۆزاندا ناوی حكومەتی ئەستەمبول نەبوو، باسی په‌یماننامەی سیڤەریش نەكرا. له‌لایه‌كی تر توركه‌كان به‌ وه‌فده‌كه‌ی شێخیان ‌گوت: جارێ ناتوانین هیچ بڵێین یا شتیك بكەین. بەتایبەت ئێستا كه‌عسمەت پاشا لە لۆزان بۆ مەسەلەی ولایەتی موسل خەریكە و لەوەدا شكمان نیە داوای تورك سەردەكەوی و موسل دەگەریتەوە باوەشی دایكی نیشتمان، ئەو وەختە دیارە كوردەكانیش بەئامانجی خۆیان دەگەن، لەگەڵ توركەكان برای دینی و دیرینیان، یەك دەگرنەوە و لەژیر چنگی غەدر و ئیستعماری ئینگلیزە گاورەكان دێنە دەرەوە و ڕزگاریان دەبێ، جەنابی شیخ مەحمودیش جگەلە سەواب (ثەواب)ی رۆژی قیامەت لەدونیاشدا بگا به‌بەری غەزای قارەمانی خۆی. ئیتر وەفدەكە تیگەیشتن كاری ئەوان تەواو بوو، تا توركەكان خۆیان شتێكیان لی نەپرسن ئەوان نابێ باسی كورد بكەن، ناچار لەڕێگای ئەدەنە و ئورفە و دیاربەكر و بدلیسەوە گەرایەوە سلیمانی.


ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ توركیا و ڕووسیا

بازنه‌ی (به‌لشه‌وێكی – كه‌مالی – شێخ مه‌حمود)، چاره‌نووسی گه‌لی كوردی به‌ره‌و كاره‌سات برد، له‌به‌رئه‌وه‌ی شیخ مه‌حمود دژی ئینگلیزه‌كان ده‌جوڵایه‌وه‌ گیرا و دوورخرایه‌وه‌، جارێكی تر هێنرایه‌وه‌ بۆ كوردستان و ده‌سه‌‌ڵاتی پێدرایه‌وه‌ و هه‌وڵ درا هه‌رچۆنێك بێت ڕێك بكه‌ون له‌ گه‌ڵیدا، شێخ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی (هێنانه‌وه‌ی) له‌هیند به‌ڵینی دا به‌ئینگلیزه‌كان هێمنایه‌تی كوردستان بپارێزێت و توركه‌كان له‌ كوردستان ده‌ربكات و به‌ڵێنی هه‌موو هاوكارییه‌كان بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌یارمه‌تیدراوی و به‌ڕێز و شكۆوه‌ هێنرایه‌وه‌ سلێمانی‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ له‌ هیندستان و گه‌یاندنه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات وه‌ك مه‌لیكی كوردستان، وادیاره‌ له‌لایه‌ین شێخه‌وه‌ به‌ترسان، یا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ یا لاوازی ئینگلیزه‌كان له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌. ئه‌گینا بۆ هیچ ئاڵوگۆڕێكی نه‌كرد له‌ سیاسه‌ت و ڕێبازی خۆیدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر هه‌ ڵو‌ێستی خۆی و كاره‌كانی گه‌یانده‌ سنووری دوژمنایه‌تیه‌كی ئاشكراتر، له‌ئه‌نجامدا به‌ستنی په‌یماننامه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مالییه‌كان و كه‌ین و به‌ینی له‌گه‌ڵ سۆڤێت، كه‌ ئیتر بواری بۆ هیچ پێكهاتنێكی له‌گه‌ڵ ئینگلیز نه‌هێشته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئینگلیزه‌كان له‌وه‌ ده‌ترسان ئه‌م جاره‌ش شێخ وه‌ك ڕابردوو فریویان بدا و هه‌ر كه‌ شوێن پێی خۆی به‌هێزكرد پشتیان تێ بكات.

هاوپه‌یمانی شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ توركه‌كان به‌نهێنی و به‌بێ ئاگاداری ئینگلیزه‌كان، هێنان و بانگ كردنی ئه‌فسه‌رانی تورك بۆ سلێمانی بۆ ڕاوێژكاری و پیلانگێڕان و گه‌یاندنی بڕێكی كه‌می چه‌ك له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه‌ بۆ شێخ. ئه‌مه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ تاوانێك نه‌بوو چاوپۆشی لێ بكرێت، جگه‌له‌ ڕابردووی شێخ مه‌حمود له‌كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا كه‌نه‌ك ته‌نیا خه‌ڵكی بۆ پشتیوانی تورك بانگ ده‌كرد، به‌ڵكو خۆشی شان به‌شانی تورك له‌به‌ره‌ی شه‌ڕدا به‌شداری ‌كرد.

ئه‌م په‌یمانه‌ به‌په‌سندكردن و ئاگاداری یا ڕێنوێنی به‌لشه‌ویكه‌كان پێكدێت، كه‌ هه‌م به‌لشه‌ویكه‌كان و هه‌م كه‌مالیه‌كان دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئینگلیزه‌كان بوون، به‌هاوبه‌ندی شێخ مه‌حمود كه‌وتنه‌ پیلانێكی هاوبه‌ش دژی ئینگلیز و به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كانی نه‌ك له‌ عیراق و كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست، تا له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا.

په‌یوه‌ندی شێخ له‌گه‌ڵ كوردی پارچه‌كانی تر و هاندانیان دژی ئینگلیز

له‌لایه‌كی تر شێخ په‌یوه‌ندی خۆی به‌كوردی ڕۆژهه‌ڵات (ئێران) و باكوور (توركیا)، و كورده‌كانی ئه‌و شوێنانه‌ی‌ هانده‌دا دژی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه‌ گومان لێكراوه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ تاقم و كه‌سانی عه‌ره‌بی له‌عێراق به‌تایبه‌ت شیعه‌كان كه‌ زۆربه‌ی دانیشتوانی عێراقیان پێكهێنابوو. دژی سوننی و فه‌یسه‌ڵی له‌ده‌ره‌وه‌ هێنراو و ‌دژی به‌ریتانیا بوون، ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی زیاتر پشتگیری كرد، ویستی چیتر خۆی له‌قه‌ره‌ی كێشه‌ی كورد نه‌دات، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئێران و توركیا و فه‌ڕه‌نسای هاوپه‌یمانیش نیگه‌ران بكات، به‌م چه‌شنه‌ زه‌مینه‌ش ئاماده‌ ده‌كات بۆ پێكهاتن له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا، توركه‌كانیش هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌ویست كورد له‌هیچ به‌شێكی نیشتمانه‌كه‌یدا نه‌گاته‌ مافی خۆی، ئاكامی ئه‌م هێنان و بردنه‌ پوچوڵ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ر و نه‌مانی مه‌لیكیه‌تی شێخ مه‌حمود و كۆتایی هاتن به‌ شۆڕشی سمكۆو ….هتد.

هه‌ڵسه‌نگاندنی كرده‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود، چ به‌پێوه‌ری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بێت یان به‌پێوه‌ری ئێستا بێت، دوور له‌ لۆژیك و تێگه‌یشتن و زانست و به‌رپرسیارێتین، وه‌نه‌بێ كاتی خۆشی ئاكامی پڕ كاره‌ساتی ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی شێخ به‌خودی شێخ نه‌گوترابێت.

ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌یانتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، به‌كوردی و به‌كورتی ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ سیناریۆی ڕووداوه‌كانی پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی كه‌ ئینگلیز و هاوپه‌یمانه‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی نه‌خۆشی عوسمانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و گه‌لێك ده‌وڵه‌تیان پێكهێنا، كه‌ سه‌رۆكه‌كانیان هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا دانران، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دروستیان كردبوون هه‌ر به‌ ڕێنوێنی ئه‌وان ده‌جوڵانه‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كانیان ده‌پاراست و بوونه‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ست هێنا، له‌ به‌رامبه‌رده‌ستدرێژی و پیلانه‌كانی تورك و لایه‌نی تر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كانیان بۆ سه‌ر خاكی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی خۆیان پاراست، به‌ پشتیوانی ئه‌و هێزانه‌ی (ده‌وڵه‌ت) كه‌هاتبوون، نیشتمان و گه‌له‌كه‌یان ڕزگاركرد، كه‌چی كوردی باشووری كوردستان له‌ سلێمانی كه‌ شێخ مه‌حمود ڕابه‌ریان بوو، ده‌چێت له‌گه‌ڵ داگیركه‌ری وڵاته‌كه‌ی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و چالاكی هاوبه‌شی سه‌ربازی ده‌كات و په‌یمانی له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی به‌درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ كوردی چه‌وساندۆته‌وه‌ و هیچ مافێكی پێ ڕه‌وا نه‌بینیون، له‌سه‌رده‌می كه‌مالیه‌كانیشدا هێشتا هیچ مافێكی كورده‌كانی خۆی نه‌داوه‌، تا پشتیوانی له‌به‌شێكی تری كوردستان بكات، وڵایه‌تی موسڵ به‌به‌شێكی دانه‌بڕاوی ئیمپڕاتۆریه‌ته‌ ڕووخاوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێت (نه‌ك خاكی كوردستان)، كه‌هێشتا ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ به‌ڕه‌سمی نه‌ناسراوه‌،‌ نه‌له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان(عصبه‌الامم) و نه‌ له ‌ناوچه‌كه‌دا هیچ ده‌وڵه‌تێك دانی پێدانه‌ناوه‌ (ڕژێمی سۆڤێتیش هێشتا به‌ڕه‌سمی نه‌ناسرابوو) واته‌ په‌یمان به‌ستن له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌ت كه‌هێشتا شه‌رعیه‌تیان نییه‌ و له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یش ده‌ورێكی ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌‌، تا یارمه‌تی گه‌لانی تر بده‌ن و له‌حاڵه‌تی به‌رگری كردن له‌ خۆیان خواخوایانه‌ كۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ڕه‌سمی بیانناسێت، له‌لایه‌كی تر به‌لشه‌ویكه‌كان نه‌یانوێرا كارێكی له‌و جۆره‌ بكه‌ن، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان ئاڵۆز و گرژه،‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێ ڕه‌سمیه‌تێكی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت.

دژایه‌تی شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ ئینگلیز

به‌ریتانیا خاوه‌ن ده‌ور و ده‌سه‌ڵات بوو له‌ناوچه‌كه‌ و كوردستان و له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه‌الامم) سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، دیبلۆماسیه‌ت و ئابووری و شه‌ڕ و ئاشتی له‌ دونیادا له‌ ده‌ستدابوو، تۆ بڵێی شێخ و هاوكارانی ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌یان نه‌زانیبێ، كه‌ به‌ریتانیای به‌هێز له‌شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی سه‌ربه‌رزانه‌ ڕزگاری بووه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌مابوو، له‌ عێراق و له‌ كوردستان له‌جاران زیاتر پێگه‌ و هێزی هه‌یه‌ و بوار نادات به‌ كه‌مالیه‌كان و به‌لشه‌ویكه‌كان ناوچه‌كه‌ داگیر بكه‌ن و شێخ له‌گه‌ڵ كه‌مالیه‌كان و به‌لشه‌ویكه‌كان په‌یمانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌بێت.

ئایا شێخ نه‌یده‌توانی وه‌كو فه‌یسه‌ڵ له‌ عێراق و فه‌یسه‌ڵه‌كانی تر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بگره‌ وڵاتانی تری دونیا كه‌ ده‌سته‌مۆی كۆلۆنیالیسته‌كان بوون، گوێ ڕایه‌ڵیان بێت و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌گه‌ڵیان پێك بێت، له‌به‌رامبه‌ر دروست كردنی قه‌واره‌یه‌ك بۆ كورد به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بپارێزێت و دژیان نه‌جوڵێته‌وه‌، به‌شێكی كوردستان كه‌ خۆی كرابوو به‌مه‌لیكی، نه‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروست كراوی عێراق، یا توركیایه‌ك كه‌ هێشتا ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌قامگیرنه‌كردبوو، هه‌ر له‌سه‌ر خه‌یاڵی فراوان كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا بوو؟ تۆ بڵێی شێخ ئه‌و ڕاستیه‌ تاڵه‌ی نه‌زانیبێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی به‌درێژایی مێژوو هیچ كێشه‌یه‌كیان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه‌ و ڕێزیان له‌یه‌كسانی و به‌رامبه‌ری و مافی نه‌ته‌وه‌ی و سیاسی و ….هتد ، بۆ هیچ گه‌لێكی جیا له‌ خۆیان به‌ڕه‌سمی نه‌ناسیوه‌، چۆن بۆ كورد شتێك ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت مافی كلتوریشی پێ بده‌ن؟

شێخ به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌یسه‌ڵ و سه‌ركرده‌كانی تری وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌م دژی سوپای به‌ریتانیا شه‌ڕی كردووه،‌ هه‌م خوازیاری ده‌ركردنی سوپای به‌ریتانیا له‌ كوردستان بووه‌، ئیتر باسی داگرتنی ئاڵای به‌ریتانی له‌سه‌ر باره‌گاكانی به‌ریتانیا له‌ سلێمانی و به‌دیل گرتنی نوێنه‌رایه‌تی ئینگلیز ناكرێت، نازانم شێخ به‌كام هێز و توانای خۆی ده‌یتوانێ به‌بێ یارمه‌تی دانی به‌ریتانیا به‌رامبه‌ر پیلانه‌كانی كه‌مالییه‌كان و ئێران، مه‌لیكیه‌ته‌كه‌ی خۆی ڕابگرێت، كێ ئاماده‌ بوو یارمه‌تی دارایی و سه‌ربازی و دیبلۆماسی بدات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ یا مه‌لیكیه‌ته‌ی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرابا، جگه‌له‌وه‌ی وڵاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا هه‌وڵی بۆ بدات، و له‌ ڕێگای كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی بناسرێت، هیچ هێزێكی تر هه‌بوو‌ بتوانێ به‌م كاره‌ هه‌ڵسێت؟، سۆڤێت و كه‌مالییه‌كان هێشتا خۆیان به‌ڕه‌سمی نه‌ناسرابوون، هیچ ده‌ورێكیان له‌سیاسه‌تی جیهانیدا نه‌بوو، كه‌ داوای به‌ستنی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی و … هتد له‌گه‌ڵدا بكات.

تۆ بڵێی شێخ مه‌حمود و هاوكاره‌كانی ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو نه‌گرتبێت كه‌مالیه‌كان و به‌لشه‌ویكه‌كان خه‌ریكی وتوێژ و پێكهاتنن له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان، چاپه‌مه‌نی و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی هه‌موو جیهان له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه‌ ده‌دوان، ته‌نانه‌ت له‌چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی نوێنه‌رانی شێخ له‌گه‌ڵ كه‌مالیه‌كان و به‌لشه‌ویكه‌كان كه‌ شێخ ناردبوونی بۆ داوای یارمه‌تی له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڕاشكاوی به‌لایه‌نی كوردی ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌به‌ر وتوێژه‌كانی تورك له‌گه‌ڵ ئینگلیز جارێ ناتوانین یارمه‌تیتان بده‌ین و جارێكی تر پێیان ده‌ڵێن چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانی له‌نده‌ن و لۆزان ده‌كه‌ن و به‌لشه‌ویكه‌كانیش پێیان ده‌ڵێن له‌به‌ر بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانن هیچ یارمه‌تیه‌كیان بده‌ن، واته‌ گه‌مه‌كردن یا ئه‌گه‌ر ناوێكی تری لێ بنێین، بێ به‌ڵێنی هه‌م كه‌مالیه‌كان و هه‌م به‌لشه‌ویكه‌كان دیار بوو، مه‌به‌ستیان هاندانی شێخ و كورد بوو دژی به‌ریتانیا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گڵاوه‌كانیان.

مه‌ترسی ئینگلیز له‌ چالاكیه‌كانی شێخ مه‌حمود

ئینگلیزه‌كان مه‌ترسیان هه‌ر له‌سه‌ر كوردستانی باشوور نه‌بوو، ‌له‌ ده‌ستیان بچێت یاببێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ نه‌یاره‌كانی، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسان ئه‌م ناوچه‌ ستراتیژ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ ده‌ست درێژی كردنه‌ سه‌ر ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یا لانی كه‌م ده‌بێته‌ بابه‌تی مامه‌ڵه‌ی به‌لشه‌ویك و كه‌مالیه‌كان له‌گه‌ڵ ئینگلیز و ڕۆژئاوادا وه‌ك ئه‌م سه‌ودایه‌ كرا له‌په‌یمانی لۆزاندا.
ئاسه‌واری ئه‌م سیاسه‌ته‌ی شێخ بوو، ڕیزی نیشتمان په‌روه‌ر و ئازادیخوازانی كورد و سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵی كورده‌واری كرد به‌ دوو به‌شه‌وه،‌ ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌ی خودی شێخیشی گرته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی ئه‌م سیاسته‌ له‌به‌شه‌كانی تری كوردستان بێ ئاسه‌وار نه‌بوو، به‌گشتی ده‌سته‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی به‌ریتانی و ده‌سته‌كه‌ی تریان دژی سیاسه‌تی به‌ریتانی بوون، ئه‌ویش به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ و هاوبیره‌كانی بوو له‌ گۆڕه‌پانی ڕووداوه‌كاندا چالاك و به‌رچاوبوون، و ده‌وریان ئه‌گێڕا.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌وری كاریگه‌ر و نێگه‌تیڤانه‌ی خۆی بینیوه‌، جگه‌له‌وه‌ی بانگه‌وازی جیهادی شێخ دژی به‌ریتانیا یا هه‌ڵوێستی نیشتمان په‌روه‌رێكی ئازا و ناسراوی كوردی ڕۆژهه‌ڵات مه‌حمود خانی دزڵی، كه‌ به‌بۆنه‌ی زیاره‌تی گۆڕه‌كه‌ی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و به‌چه‌كداره‌كانی خۆیه‌وه‌ دێت و سلێمانی بۆ شێخ مه‌حمود ده‌گرێته‌وه‌ و ئینگلیزه‌كان ده‌رده‌په‌ڕێنێت له‌سلێمانی، ئه‌مانه‌ و گه‌لێك هۆی تر شێخ مه‌حمودی له‌خۆبایی كرد و وای ده‌زانی ئینگلیزه‌كان ناچار ده‌كات ته‌سلیمی مه‌رجیكانی ببن، یا به‌بێ یارمه‌تی ئینگلیز بگاته‌ مه‌رامه‌كانی خۆی.

گومان له‌وه‌دا نیه‌ هه‌ڵوێستی شێخ مه‌حمود و ڕووداوه‌كانی باشووری كوردستان زه‌مینه‌ خۆشكه‌ر و هۆی پێكهاتنی ئینگلیز و تورك له‌ لۆزان و هێشتنه‌وه‌ی كوردستانی باشوور له‌چوارچێوه‌ی عێراق بوو، كه‌كاره‌ساتی به‌دواوه‌ بوو بۆ كورد، له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، خۆتێهه‌ڵكێشاندنی كه‌مالییه‌كان له‌ كێشه‌ی باشووری كوردستان، جگه‌له‌ ئامرازێكی گوشاری تورك بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیاز له‌ ئینگلیزه‌كان له‌لایه‌ك و به‌رگری له‌هێنانه‌گۆڕی كێشه‌ی كوردستانی باكوور، له‌ كۆتاییدا بۆ ئه‌وه‌ بوو كورد له‌هیچ پارچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی مافێك وه‌رنه‌گرێت،‌ سبه‌ینێ كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر به‌شه‌كانی تری كوردستان

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شێخ ئاگاداری ئه‌و پیلانه‌ گڵاوانه‌ی توركه‌كان بوو، دژی سمكۆ و ئازادیخوازانی كوردی له‌ باكوور، ئێران و تورك له‌و سه‌رده‌مه‌دا هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئێران داوای ته‌نگ پێ هه‌ڵچنین و لێدانی سمكۆ ده‌كات له‌ توركه‌كان، توركیش داوا له‌ ئێران ده‌كات بوار بدات له‌ڕێگای ئێرانه‌وه‌ سوپای خۆی بنێرێته‌ باشوور‌ی كوردستان ئه‌مانه‌ وێنه‌یه‌كی بچوك و زیندوون.

كاتێك‌ نوێنه‌ری شێخ له‌مانگی دووی (1923)دا سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی سۆڤێت ده‌كا له‌ته‌ورێز كه‌ داوای پشتگیری و یارمه‌تی ڕووسیای سۆڤێتی ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی. كونسوڵی سۆڤێت به‌پێی ده‌ستووری سه‌فیری سۆڤێت له‌تاران به‌ڕاشكاوی و به‌بێ هیچ ڕه‌وشێكی دیبلۆماسیانه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ ناتوانین له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بین، چونكه‌ ده‌وڵه‌تێكی له‌و جۆره‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئێمه‌یه‌ یا دژی ئێمه‌ كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ شێخ نه‌ك ته‌نیا هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌لشه‌ویكه‌كان بپچڕاندبا، به‌ڵكو هیچ هیوایه‌كیشی به‌هاوپه‌یمانه‌كه‌ی نه‌مابایه‌، كه‌چی شێخیان هاندا ئه‌گه‌ر له‌ ئیمپریالیزمی ئینگلیز داببڕێت ئه‌وان ئاماده‌ن یارمه‌تی بده‌ن، ته‌نانه‌ت وایان له‌شێخ گه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر كوردستان بكه‌وێته‌ ژێر ده‌ستی ئیمپریالیزمی به‌ریتانیا ڕزگاربوونی زۆر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ به‌ریتانیا ده‌وڵه‌تێكی زۆر به‌هێزه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌چوار چێوه‌ی توركیادا بێت، كه‌ لاوازه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ئاسانتر ده‌بێت.

مایه‌ی سه‌رنجدانه‌ نوێنه‌ری شێخ به‌ نوێنه‌ری سۆڤێت ده‌ڵێت: حیجاز و فه‌له‌ستین و عیراق به‌یارمه‌تی به‌ریتانیا و سوریا به‌یارمه‌تی فه‌ڕه‌نسا گه‌یشتنه‌ ئاوات و مه‌به‌ستی خۆیان، كه‌چی ئێمه‌ پێنج ساڵه‌ چاوه‌ڕێی یارمه‌تی سۆڤێت ده‌كه‌ین بۆ ئازادی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان، دیاره‌ شێخ له‌مێژه‌وه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ی هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌واندا و ڕاپۆرت نووسی سۆڤێتی ده‌ڵێت: ئینگلیزه‌كان ئاگادارن له‌م په‌یوه‌ندیه‌ی شێخ مه‌حمود به‌ئێمه‌وه‌.

په‌یوه‌ندی‌ دوور و درێژی شێخ به‌سۆڤێت و توركه‌كان و ‌نووسینی نامه‌ بۆ ده‌وڵه‌تان له‌ڕێگای باڵوێزه‌كانیانه‌وه‌ له‌تاران و له‌قاودانی ئینگلیز له‌باشووری كوردستان شتێك نه‌بوو ئینگلیزه‌كان و فه‌یسه‌ڵی مه‌لیكی عیراق هه‌ستیان پێ نه‌كه‌ن و زیاتر ئه‌و دووانه‌ له‌یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌، به‌وه‌ی مه‌ترسی شێخ و تورك بۆ سه‌ر هه‌ردووكیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ خراپه‌ هیچی باشی نه‌بووه‌، هه‌روه‌ك هه‌نگاوێكی تری شێخ بوو‌ ئینگلیزه‌كانی زیاتر هاندا بۆ دژایه‌تی كردنی خۆی وگه‌له‌كه‌ی و سه‌رئه‌نجام كێشه‌ی كورد و كوردستان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه‌ بدرێته‌ ده‌ستی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی گوێ ڕایه‌ڵی.

ئه‌وه‌ی كه‌له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكرا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ پاساو یا پاكانه‌ بۆ ئینگلیز و هاوپه‌یمانه‌كانی و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه‌الامم) و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و دواتریش ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و به‌ تایبه‌تی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بكرێت، كه‌ به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م شایه‌تی كاره‌ساته‌كانی كورد بوون و ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی یا نه‌یانویست به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی هه‌یانبووه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، پشتگیری له‌ كاره‌ساته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی كورد بكه‌ن و له‌ چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤ و مافی یه‌كسانی و كلتوری ئه‌م گه‌له‌ی له‌م وڵاتانه‌دا ده‌ژی مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا كه‌ دوو ده‌وڵه‌تی نوێیان له‌ عیراق و سوریا دروست كرد، و دوو به‌شی كوردستانیان خسته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌، به‌رپرسیاری ئه‌و هه‌موو تاوانه‌شن كه‌ ئه‌و ڕژێمانه‌ له‌به‌رامبه‌ر كورد كردوویانه‌، ئه‌وان ده‌یانتوانی كوردستانی بێ شێخ و هاوبیره‌كانی دروست بكه‌ن.

ڕاسته‌ شێخ به‌گوێره‌ی پێویست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نه‌كرد، ئیتر له‌ڕووی كه‌م ئه‌زمونی یا فریودانی ده‌ره‌كی، یا هه‌ر هۆیه‌كی تره‌وه‌بوو بێت، ئایا كارێكی ڕه‌وا بوو گه‌لی كورد باجی ئه‌و دژایه‌تیه‌ی نێوان شێخ و به‌ریتانیا بدات، و ببێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی یامشتومڕی ئه‌م و ئه‌و ؟ ده‌كرا شێخێك یا كه‌سایه‌تیه‌كی تر له ‌باتی شێخ مه‌حمود دابنرێت، كه‌ وێنه‌یان زۆر بوو له‌ كوردستان و لایه‌نگر و گوێڕایه‌ڵی سیاسه‌ته‌كه‌یان بوون، ده‌كرا شێخ دوور بخرایه‌وه‌ یا ده‌ستبه‌سه‌ر بكرایه‌. ده‌كرا دیسانه‌وه‌ دانوسانێكی له‌گه‌ڵ بكرابا، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌مالییه‌كان و به‌لشه‌ویكه‌كان به‌بێ ئه‌نجام كۆتایی هات و لای ئینگلیزه‌كانیش ئه‌م ئه‌نجامه‌ ئاشكرابوو، ئه‌مڕۆ نه‌ك ته‌نیا گه‌لی كورد باجی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌دات، به‌ڵكو هاوپه‌یمانانیش به‌تایبه‌تی ئینگلیز له‌عیراق باجی هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی خۆی ده‌داته‌وه‌.
زۆربه‌ی جار مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی مێژوو بۆ وه‌رگرتنی په‌ند و ئه‌زموونه‌ بۆ داهاتوو، ئایا سه‌رۆكانی كورد له‌م ڕۆژگاره‌دا‌ تاچه‌ند ده‌توانن سوود له‌م ڕووداوانه‌ وه‌ربگرن، هۆكاری شكست و‌ تێشكانی شۆڕشه‌كانی ڕابردوو بكه‌نه‌ سه‌رمه‌شقی خۆیان، بۆئه‌وه‌ی كورد تووشی كاره‌سات و شكست نه‌بێت، مافه‌ به‌دیهاتووه‌كان بپارێزن و دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی بگه‌یه‌ننه‌ دوا قۆناغی ڕزگار بوون.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

سه‌رچاوه‌كانی‌ ئه‌م بابه‌ته‌:
1- رِه‌فيق حيلمى، يادداشت، چاپى سێیه‌م، سلێمانى 2003.
2- ئه‌فراسیاو هه‌ورامی، په‌یماننامه‌ی شێخ مه‌حمود و كه‌مالیه‌كا‌ن له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی سۆڤیه‌تدا، یادنامه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2006.




نغرۆبوونی کۆمەلگای کوردی … کرمانج فەتاح

لە ئێستادا ، کۆمەلگەی کوردی لە هەموو ئاستەکانی ژیانیدا لە ترۆپی ململانێی دەروونی دا دەژیت ، هەر توێژەرێکی کۆمەلناسی یان دەروونی, گەر لێکۆلینەوەیەکی زانستی لە سیستەمی پەروەردەیی ئەم کۆمەلگایە بکات ،بەروونی بۆی دەرئەکەوێت،کە چۆن ئەم کۆمەلگەیە نغرۆ بووە لە دووڕووی دا .
ئەگەر لەسەر ئاستە سیاسیەکە و یاخود لە ئاستی پەرورەدەو و خوێندنی باڵاشەوە تەماشای بکەین، دەبینین زۆربەی سیاسییەکان و کاربەدەستەکان رۆلێکی نەرێنیان بینیوە لەبەرهەمهێنانی ئەم دووڕوویەدا ، چونکە زۆربەی بەرپرسەکان لەناو خەلک و راگەیاندنەکان باس لەبەهاکانی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت و چاکسازی دەکەن بە گوتار ، بەلام لەکرداردا پێچەوانەن و ئەسلەن باوەریان بەم بەهایانە نی یە ، تەنها مکیاجێکی بێمۆڕالی ناو میدیایە و هیچی تر .

ئامەوێت لەم بابەتم دا تیشک بخەمە سەر چەند لایەنێک سەبارەت بە ئافرەت، وەک نمونەیێک بن بۆ نغڕۆبوونی کۆمەڵگەی کوردی لەم دووڕوویەی کە تیشکمان خستۆتەسەر.

ڕۆڵی ئافرەت لە هونەردا ئافرەت لە بواری ھونەریدا ئامادەبونێکی قوڵ و فراوانی ھەیە کە ڕەنگدانەوەی سمبولی ژیان و سروشت و جوانی و خۆشەویستی یە لەچەندین سیفەتی ھەمەڕەنگ پێکەھاتووە کە تێکەڵاو دەبێت بە ئایدیای ھونەری و چەندین لایەنی جوانی دەردەخات ،لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆڵی ئافرەت لە هونەردا تەنها ئامادەبونێک نەبوو وەک ئایدیاو سمبولێک بەڵکو زیاتر بەربڵاو بوو تاکو ئافرەت بوبی خۆی بسەلمێنێت لە بواری گەشەپێدانی هونەر و داهێنان ،ئافرەت بووە هونەرمەند،ئەدیب،بەرپرسێکی کاریگەر لە پرۆسەی هونەریدا.

ئەمەش وامان لێدەکات بۆ هەوڵدان و گەڕان بە دوای تێگەیشتنی بونی ئافرەت لە پرۆسەی هونەری وە گفتوگۆکردن لەبارەی ڕۆڵی کاریگەری ئافرەت و سەلماندنی خۆی وەکو لایەنێکی کاریگەر لەم بوارەدا ..
کەوایە ئەوە پێمان دەلێت ناکرێت ئێمە قسەکردن و وڕوژاندنی پرسێک لە نێو کۆمەڵگە تەنیا لە حاڵەتی گوفتارەوە جێ بهێلین، بەلکو پێویستە بەکردەوە کاری جدی بۆبکرێت تا بتوانین ئاشتەوای کۆمەڵایتی بێنینە کایەوە یاخود تاکێکی وشیار و بەفەرهەنگ و ئەدەب و هەتا دوای بێنینە کایەوە. بۆیە گرنگە وە پێشڤەچوونی ئافرەت بەقەبارەیێکی گرنگ و پڕبایخ لێکدانەوەی بۆ بکەین.

مافی مرۆڤ بە دێرێکی ئەریک فرۆم دەست پێ دەکەم کاتێک دەلێت: (بەلێ ژیان گرنگە، بەڵام مردن لە پێناو ئازادییدا گرنگترە.)
کەوایە سەربەستی ئەوە ناگەینێت بەتەنیا وەک مافێکی سەرتای تۆ وەک مرۆڤ وبوونت هەبێت لەم سەرزەمینەدا بەڵکو ئازادی ئەوکاتە ڕۆڵی گرنگ دەگێرێت کاتێک مرۆڤ گوزارشت لە بۆچون و ڕایە جیاوازیەکانی ناخی دەکات، لێرەدا ئافرەت بەو چەشنە ڕۆڵی هەیە تا بتوانێ گوزارشت لە حەز و خوڵیاییەکانیدا بکات،بەڵکو نەخێر لە ئەنجامدا چونکە ئێمە هێشتا لە حاڵتەی نامۆی بووندایەن سەبارەت بەپرس و مافەکانی ئافرەت پێمان وایە هەرکاتێک ئافرەت گوزارشت بکات لە حەز وخواستەکانی (Abnormal) واتا لادەرانە دێتە بەرچاومان، بە دەرچووێک هەژمار دەکرێت لە ڕێسا کۆمەڵایتی وئایینی لای دابێت. کەوایە لێرە ماف ڕۆلێکی گرنگی پێنەدراوە لەپرسی ئافرەتاندا.

ئەبێ ئەمە بچێتە حاڵەتی کرداری بەوەی هێزو و ئیرادەی ئافرەت ڕۆڵی گرنگی هەبێت. چونکە سەرتای وشیاری لە دایکەوە دەست پێدەکات، دایکەکانیش ئافرەتن. ئەوەش ئەتواندرێت لەرێگای جێکردنەوەدا کە گونجاندن بکرێت لە گەڵ ئەزموونی نوێدا لەچوارچێوەی هزردا بەوەی ئێمە ئامادەیێکی دونیایێک بخولقێنین پێش بەر نێوگەری بکەوین ئاشنایێکی کۆمەڵایەتی بونیات بنێین لە نێوەندی خوێندی سەرتایدا. چونکە ماهیەت لە چوارچێوەی فکریدا دروست دەبێت. بۆیە ئێمە لە پەروردەدا ئەبێ جێگا بۆ ئەم هزرە بکەنینەوە تا مناڵەکانمان ماهیەت بدەن بەو چەمکانە کە لە سەرتاوە ئاماژەم پێداوە وەک ماف و دیموکراتی و هاتا دوای.




دەزووی ئەم ئازارە بە دەرزییەکانی زەمەندا ناچێ! … شوان شەفیق

بەدیار پیاڵەكانەوە دەگری
زاخ لەسەر کوڵمی جێناھێڵێ ئازار!
ئاو
تاقەتی پاکردنەوەی چڵکی نەماوە!
سوێراوی لێ دەچۆرێ ڕاستی!
تاڵە حەقیقەت!
تفتە بە گەروودا بچێتە خوار ڕاستگۆیی.

کووپەکان ئەوەندەیان تاڵی بەخشی
شیرین بوون!
پێکەکان ئەوەندە مەستیان بەخشی
ئالوودە بوون!
مێزەکان قڵپبوونەوە لە درۆ!
شەرم ناکەین تکاوە ئابڕوو؟

لە ژوورێکی شپرزەدا دیل!
ڕۆڵی ئەکتەرێک دەگێرێ
درامایەکی تراژیدییە!
سینارست لەکوێوە تەماشا دەکا؟
قاقاپێمان پێدەکەنێ
ژووانگەی عاشق!

پەلەیەتی دەجەنگێ
گلاراویەتی لە گشت جێ
ئاژەڵەکان دەکووژێ
زەوی خاپوور دەکا
نەگریسە مرۆڤ
لە کوێوە دەڕوا؟
لە کوێوە سەر دەر دەکا؟

درۆی کام لاپەرەی مێژوو بوو مرۆڤایەتی؟
نەفرەت لە ئادەمییەکان
یەک شێوەبوون،
چەندین ڕەنگبوون
ھەمە ڕووبوون!

ئازادی
وشەیەکی ئێکسپایارە،
مۆراڵ
تاوێک بارانی بەھارە،
سەوز نابێتەوە شادی
ناچۆرێتەوە سەربەستی!

ڕەفەکان دێنەگۆ:
نووسراوەکان
درۆبوون لەگەڵ تیانووس!
گێلبوون ڕەنگەکان!
پێنووسەکان دەڕشانەوە
پەتایەکی قورسی گرتووە
حەقیقەت!

چی وترا
چی نووسرا
چی دەنووسرێ
چی دەوترێ
داروێک سەمای پێ دەکا

قەڵبە دەستپێکی ڕۆژگار
مەغریب سەفەر بە مووحیبەتەوە دەکا
شەویش شکۆی رۆژ دەشکێنێ
بێدەنگ بێدەنگ ناز دەکا
درۆزنێکی شیرین!

چادرگەیەک
لە بن ئاگردانێکەوە
دووکەڵ بەرز دەکاتەوە
بۆنکرووزی ئێسکوپرووسک دەنێرێتە ئاسمان
دەرگا داخراوە بۆ نزا…!

بگەرێینەوە
چاخی بەردین؟
دەرزییەکی جەنجاڵە
گڵۆباڵ ماندووی کردووین!




کتێب… سەرەتا وشەبوو.!؟ … سەباح ڕەنجدەر

بۆ خوندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




کتێب.. بۆ پیاوە پووتەکان … حەمەسەعید حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …….




با تێبكۆشین له‌ پێناو ده‌ركردنی توركیای داگیركه‌ر … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

چه‌ندان ساڵه هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا خاكی باشوری كوردستانیان داگیركردووه‌و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون و رۆژانه‌ له‌ رێی تۆپی جۆراوجۆرو هه‌لێكۆپته‌رو فرۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه‌ به‌خه‌ستی ناوچه‌كانی كوردستان تۆپباران ئه‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ئه‌بێته‌ هوێ ئاواره‌كردنی خه‌ڵكی سڤیلی بێده‌سه‌ڵات و سوتاندنی ماڵ و سامان و ئاژه‌ڵ و پوش و پاوان و دارستانه‌كانیان و تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ هاوڵاتیان شه‌هید كراون.
نه‌ هه‌ر له‌ باشور به‌ڵكو له‌ باكوری كوردستان ده‌وڵه‌تی توركیای ره‌گه‌زپه‌رست به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی وێران كردو، هاوڵاتیانی به‌گشتی و سیاسی و ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی ده‌ستگیر كردو، تا هه‌نوكه‌ له‌ زینداندان و، كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ و، یه‌كێتی ئه‌وروپاو، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و، حكومه‌تی عێراق نقه‌یان لیوه‌ نایه‌ت و، هه‌موویان بێده‌نگن.

رژێمی توركیای ره‌گه‌زپه‌رست له‌ ساڵی 2015 وه‌ تا ئێستا به‌ فه‌رمانی سوڵتانه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی عوسمانلییه‌كان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سوپای توركیا ئوپراسیۆن له‌ دووای ئۆپراسیۆن دژ به‌ كوردو كوردستانیانی باكورو باشورو رۆژئاوا به‌رێوه‌ ئه‌بات و، تاوانی جینوسایدو قه‌لاچۆكردن ئه‌نجام ئه‌دات و، شارو گوندو ماڵی هاوڵاتیان وێران و خاپور ئه‌كه‌ن و، له ‌لایه‌ن جه‌نده‌رمه‌و سه‌ربازانی تورك ماڵ و موڵك وسامانیان به‌ تاڵان بران و، ئه‌و كوردانه‌ی ‌ له‌ده‌ستی سوپا رزگاریان بووه‌ ‌ بوونه‌ته‌ كۆچبه‌رو، ژیانێكی تاڵ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن.

تورکیای ره‌گه‌زپه‌رست بەھۆی داگیرکردنی چەندین ناوچەی باشووری کوردستان بووەتە خاوەن ماڵ و دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ ئەکات و، سیخورەکانی لەناو خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ئەندامانی میتی تورکی لە کەرکوک زۆر زیادی کردووه‌و، توركیا په‌یتا په‌یتا و به‌ ئاشكه‌را ئه‌فسه‌رو سیخور ره‌وانه‌ ئه‌كات بۆ پاراستنی توركمانه‌كان و. له ‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا (ته‌موز) به‌ هوێ هه‌واڵگیری سیخۆره‌كانی میت شۆرشگێرێكی سه‌ركرده‌ی { پارتی كرێكارانی كوردستان ـ دیار غه‌ریب} و دوو گریلای هاورێی شه‌هید بوون و، دیاره‌ پەیوەندی تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی ئیخوان ئه‌لموسلمینی سه‌رلێشیواوو، حزبه‌كه‌ی ئاگپارتییه‌و، به‌ پێی به‌رپرسانی توركیاو كوردستان پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی غازو نەوت و دۆلاره‌و، به‌ختی توركیا له‌ هه‌ڵكشانه‌ ، چونكه‌ نه‌وت به‌ مفت هه‌رزان وه‌رئه‌گرێ.

سه‌ره‌رای شاڵاو هێرشی سوپا و جه‌ندرمه‌ بۆ شارو دێهاتی باكوری كوردستان و، تا ئێستا توركیا له‌ شه‌رێكی ناوخۆیی سه‌خت و دوژواردایه‌و، به‌ ئاگرو ئاسن ره‌فتار له‌ گه‌ڵ ماف و داواكارییه‌ ره‌واكانی كورد ئه‌كات و، ده‌ستی له‌ راونان و گرتن و زیندانیكردن و كوشتنی رۆڵه‌كانی كورد هه‌ڵنه‌گرتووه.
رەجەب تەیب ئەردوگان خاوەنی ھێزی چەکدارییە کە پەیرەوی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد ئەکات و، نایشارێته‌وه‌و راشكاوانه‌ ئەڵێت: پێخۆشحاڵم بەو ھاوکارییە ئابورییە گەورەیە لە نێوان تورکیاو (ئیدارەی کوردی) هه‌یه‌و،‌ ( ئه‌ردۆگان و تاقمه‌كه‌ی و هه‌موو دوژمنانی كورد قەت ناڵێن ھەرێمی کوردستان) و، ئه‌ڵێن ئیداره‌ی كوردی یان شمال العراق.

توركیا له‌ سه‌ر خاكی باشوری كوردستان خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ ( بێ سنووره) له‌ بنكه‌و پێگه‌ی سه‌ربازی و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و، خواكوركی داگیركردو، به‌ شۆفل و گریده‌رو كه‌ره‌سته‌ی رێگاوبان شه‌وو رۆژ خه‌ریكی داربرین و شێواندنی زه‌ویی و زاری هاوڵاتیانن و، به‌رده‌وامن له‌ لێدانی رێگای نوێ وقیرتاوكردنی به‌ره‌و قوڵایی له‌ ناو خاكی باشوری كوردستان.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ئه‌یه‌وێت خه‌لافه‌تی( ده‌وڵه‌تی عوسمانی) زیندوو بكاته‌وه‌و، توركیا وه‌ك وڵاتێكی داگیركه‌ر هه‌لی بۆ ره‌خساوه‌ درێژه‌ به داگیركردنی خاكی وڵاتان بدات و، له‌ رابووردوودا قوبرسی داگیركردو، وبارگرژی له‌ گه‌ڵ یوناندا دروستكردو، به‌ هوێ دروستبوونی شه‌ر له‌ سوریا، توركیا به‌ یارمه‌تی تیرۆریست و چه‌ته‌كانی به‌ناو ئیسلام و شام و سوڵتان توانی به‌شێك له‌ خاكی سوریاو رۆژئاوای كوردستان وه‌ك جرابلوس و ئه‌لباب و عه‌فرین و به‌شێك له‌ مه‌نبج داگیر بكات و، له‌ ئێستاشدا بێ له‌ مۆڵگه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ ناو خاكی كوردستان له‌ خواكورك و سیده‌كان خاكی كوردستان داگیر ئه‌كات و، به‌ره‌و قوڵایی ناوچه‌كانی كوردستان پێشره‌وێ ئه‌كات.

جێی شه‌رمه‌زارییه‌ به‌رپرسانی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌رۆك هه‌رێم و سه‌رۆك حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌ردانی توركیا ئه‌كه‌ن و، پێشوازی له‌ به‌رپرسانی توركیاو شاندو هه‌واڵگیرییه‌كانی به‌ گه‌رمی ئه‌كه‌ن و، نه‌خشه‌كانی توركیا به‌ فه‌رمانی ئه‌وان جێبه‌جێ ئه‌كرێن و، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی توركیا كه‌نترۆڵ كردنی خاكی كوردستانه‌ و، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌ت له‌ باتی ئه‌وه‌ی توركیاو هێرشه‌كانی ریسواو شه‌رمه‌زار بكات، پاساو ئه‌هێنێته‌وه‌و، رووی توركیا سپی ئه‌كات و ئه‌ڵێت:
‌(( ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات نه‌ لۆژیك، نه‌ ویژدان قبوڵی ناكات)) و، وادیاره‌ ئه‌وه‌ی توركیا ئه‌یكات جێی قبوڵه‌ و، پێشتر به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌رێم و حكومه‌ت چه‌ندان جار ئه‌یانوت : ئه‌بێ میوانه‌كان، مه‌به‌ست (PKK ) یه‌ برۆنه‌ ده‌ره‌وه.

پێویسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی نوێی حكومه‌ت پێشێلكارییه‌كانی توركیا له‌ ناو خاكی كوردستان‌ رێسوا بكه‌ن و، بتوانن قه‌ره‌بوی ماڵ وێرانی هاوڵاتیان و شه‌هیده‌كان بكه‌ن و، داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن بنکە سەربازییەکانی و، ھێزە چەکدارەکانی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبگرێت و بەرەو تورکیا بیانباتەوە، چونکە مانەوەی ئەو بنکانە مەترسیدارەو ئامادەکاریە بۆ شەرێکی گڵاوو دژوار لە دژی گەلی کوردستان و، ھەرلە ئێستاوە ئەبێ گەڵی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ شەرێکی مان و نەمان لە گەڵ رژێمێکی خوێنرێژو ره‌گه‌زپه‌رست.

10/7/2019




بۆ دیار غەریب! … سەرکەش

هاوڕێم
من تۆم قەت نەدی بوو
قەت گوڵی بزە و خەندەی
جوامێرانە و
میهرەبانی تۆم نەچنی بوو
قەت جارێ لە جاران
قەت ڕۆژێ لە ڕۆژان
هەر بە ڕێکەوت
لە شوێنێ
لە ڕێگا و بانێ
لە شەقامێ
لە سوچی کوڵانێ
لە کوێرەدێیەک
سڵاو و
چاک و چۆنی سەرپێیمان نەکردبوو
قەت وەک دوو مرۆڤ باوەشمان بە یەکترا نەکردبوو
قەت دەستی هاورێیانەی یەکتریمان
نەگوشی بوو!
بەڵام ئەوە یەک دوو ڕۆژە
ئاسمان دەبینم تاریک و
ڕووگرژ و مۆنە
دەگری و
دەگری
ئەستێرەکان مات و خامۆش
لە جریوە کەوتوون
کزەباش قوڕگی پڕ هەنسکە و
هەواڵی مەرگی شۆڕەسوارێکە
ئەویش تۆی
لە لاپەڕەی هەر هاوڕێیەک
وێنە و
ناوی تۆ
بزە و خەندەی لێوی تۆ
نیگای بوێرانە و
نەترساوی تۆ
باس و
خواس و
یاد و
بیرەوەری و
مێرخاسی تۆ
تۆم پێ ئاشنا دەکەن
ئێستا دەڵێ ی
بە منداڵی لە کوڵان و
لە پۆلی یەکەمی قوتابخانە و
لە سەر یەک کورسی فێر بوونا
دارا و زارامان خوێندووە
بە هەرزەیی و
تەمەنی لاوی هاوڕێ ی یەکتر و
ئاشنای یەکتر و
دوست و
دراوسێی یکتری بووین
دەڵێ ئەوە چەندان ساڵە
کەس و کاری زۆر نزیکی منی
دەڵێی کوڕی هەمان خێزان و
کوڕی هەمان گەڕەک و
هەمان شار و هەمان دێهاتی منی!
دەڵێ ئازیز ترین
ئازیزمی
بۆیە کۆستی ئەو مەرگە؍
تراژیدیە؍ کتوپرەت وا وێرانی کردووم!

سەرکەش
ئوپسالای سوید 2019.07.9




میوان …. ستار ئه‌حمه‌د

چه‌پكێ تاریكی ده‌ده‌م به‌سه‌رما
ده‌بمه‌ سێبه‌ری چڵه‌ هه‌نارێ
هێلانه‌ی رۆحت له‌سه‌ر لقێكه‌
ده‌ترسم مه‌لی خۆزگه‌ت بتارێ
……………………………..
ئاونگی دیده‌م به‌قه‌د لاسكه‌وه‌
تینووی مژێنی ماچێكی رووته‌
چه‌ند جوانه‌ ترپه‌ی ناخی ده‌روونم
له‌گه‌ڵ ئاوازی شه‌وانتا جووته‌
…………………………..
پاییزه‌و گه‌ڵا نه‌رم نه‌رم ده‌بارێ
ده‌بنه‌ كفنی خۆزگه‌و ئاواتم
من له‌نسێی خه‌م تاسه‌م چنیوه‌
به‌ره‌و پرشنگی عه‌شقی تۆ هاتم
……………………………….
رستێك په‌پووله‌ی ته‌مه‌ن هه‌ڵوه‌ریو
ئه‌گریجه‌ی رۆژه‌و ده‌یده‌م به‌شانتا
نه‌بادا زستان سه‌ردانیت بكاو
به‌فر ببارێت له‌رۆژی ژوانتا
………………………..
من وه‌ك دیده‌ی رۆژ هه‌میشه‌ لاتم
لاسكۆڵه‌ی خه‌زان له‌خۆت راماڵه‌
بۆنایه‌ی ره‌زی دڵم ته‌ی بكه‌ی
بۆ به‌سته‌ی حه‌زت جوانترین ماڵه‌
…………………………………..
ته‌مه‌ن رێبواره‌ میوانی رێیه‌
ده‌ترسم رۆژێك له‌تۆ دابڕێم
ژینی ژاكاوم له‌گه‌ڵ خه‌م رۆیی
تۆ نه‌بیت هیچ كه‌س نابێت به‌هاوڕێم




شەوێک … نەوزاد بەندی

شەوێک
باران
دەستم ئەگرێ و ..
ئەمبا لەگەڵ خۆی ..

ناهێڵێ
دوو کراسی دەقکراو
لەگەڵ خۆم ببەم
ناهێڵێ گۆرەوییەکەم
لە پێ بکەم ..
تەنانەت
ناهێڵێ
خواحافیزیی
لە هیچ کەسێ بکەم ..
ئەڵێ خێراکە ،
بۆ وا خاو ئەڕۆی ؟!!

ئێ تۆیش
لە گەرمەی خەوای ..
دەرگا و
پەنجەرەی ژوورەکەت ،
کڵۆم دراون ..
ناتوانم بتبینم ..
خەمم بۆ نەخۆی ..!

Nawazad Bandy




ئه‌كته‌ر پێویستی به‌ناسین و شاره‌زایی له‌ تیۆره‌كانی كه‌سێتی هه‌یه‌ ؟ له‌كاتی نواندندا !!

ڕێباز محەمەد جەزا


له‌سه‌ره‌تادا به‌نیاز نه‌بووم له‌ م باره‌یه‌وه‌ هیچ بڵێم ، به‌ڵام هیچ له‌وه‌ ناخۆشترنیه‌ كاتێك ده‌بینیت هه‌مووان حوكم و بریار له‌ سه‌رباشی و خراپی ئه‌كته‌ر ده‌ده‌ن له‌كاتێكدا چه‌ندین تیۆری هونه‌ری و ده‌رونناسیانه‌و فیكری و فه‌لسه‌فی و هتد … هه‌یه‌ بۆناسینی كه‌سێتی كه‌ پێویستن و ناكرێت به‌باش و خرا پ و گۆتره‌كاری ماندوو بونیان ره‌تبكرێته‌وه‌ یان په‌سه‌ند بكرێت . ئه‌مه‌ش بۆ وه‌رگرو ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ریش مه‌ترسیداره‌و له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ و پێویسته‌ هه‌مووان بزانن چۆن مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن و له‌ كوێدا ده‌توانن سوود له‌ تیۆرێكی دیاریكراو وه‌ربگرن له‌به‌رهه‌مێكی شانۆییدا یان یپَویسته‌ كێ‌ قسه‌یان له‌سه‌ر بكات و كاریان له‌گه‌ڵدا بكات ، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ خوێندنه‌وه‌یكی خێرا ده‌كه‌م بۆ كتێبی ( نضریات الشخصیه‌ ) ی نووسه‌ر “سیمۆن كلاپیه‌ ڤالادۆن ” كه‌ ” علی المصری ” وه‌ری گیڕاوه‌و به‌رهه‌می ” المۆسسه‌ الجامعیه‌ للدراسات و النشر والتوزیع ” و چاپی دووه‌می ساڵی 1993ز


وه‌كو له‌ پێشه‌كیه‌كه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا هاتووه‌ وشه‌ی كه‌سێتی “الشخصیه‌- personalite ” چه‌مكێكی په‌یوه‌سته‌ به‌ده‌روونناسیه‌وه‌و زمانێكی مه‌حه‌كییه‌ ودواتر ئه‌م زاراوه‌یه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ بواری قه‌زاو ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و لاهووت و هه‌روه‌ها له‌فه‌لسه‌فه‌شدا . به‌ڵام ئێستا ئه‌م چه‌مكه‌ بووه‌ته‌ هه‌ستێكی هاوبه‌ش له‌نێوان زۆرێك له‌ زانسته‌كاندا و له‌ بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیدا هه‌رچه‌نده‌ مێژوو ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌خێرایی گۆرانكاری گه‌وره‌ ڕووده‌دات له‌ڕووی واتاوه‌ به‌ڵام وشه‌ی “PERSONALITE” ی ” فه‌ره‌نسی” ش ، له‌وشه‌ی “PERSONA” لاتینی وه‌ رگیراوه‌ به‌واتای “ده‌مامك –قناع – روپۆش ” و له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌كارهێندراوه‌ و واتاكانیشی جۆراو جۆر بوون له‌وانه‌ : ” داماڵینی سیفاته‌ به‌شه‌ریه‌كان له‌ خودا و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردن” . وه‌كو ده‌رونناسه‌كانیش جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه‌ به‌كارهێنانی ئه‌م زاراوه‌یه‌ كورت ناكرێته‌وه‌ بۆ پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌ تێگه‌یشتنه‌ جیاوازه‌كان نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ چه‌ند پێناسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردووه‌ له‌وانه‌ : “أ. ڤێكسلیارد ” ده‌ڵێت : ” كه‌سێتی بونیادێكی یه‌كگرتووی ته‌واوه‌ و ڕێژه‌ییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌زمانه‌وه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ ، كه‌وا داده‌نرێت ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌رتاكێكه‌ و ڕێگه‌یه‌كه‌ له‌شعورو بیركردنه‌وه‌و كردارو په‌رچه‌كرداردا هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ست به‌ هه‌سته‌وه‌ره‌كانه‌وه‌ ” و ئه‌و هه‌وڵه‌ یه‌كگرتوانه‌ش زۆرن و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ مێژوویه‌كی شایسته‌یه‌ له‌ تیۆره‌كان و قوتابخانه‌كان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان تێگه‌یشتن و تێروانێنێكیان هه‌یه‌ بۆ كه‌سێتی تابه‌ جۆرێكی تایبه‌ت و شێوه‌یه‌كی كامڵ و هاوسه‌نگ ئه‌دا بكرێن و به‌جۆرێك گشتاندنی بۆبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ چه‌مكێكی مه‌ركه‌زی و پێشكه‌ توو له‌ شیكردنه‌وه‌و درككردنیدا . ئه‌گه‌ر هه‌رتیۆره‌یه‌ك به‌به‌رده‌وامی چێوه‌ی تیۆری و مه‌عقول بێت ده‌ستنیشانكردنی ده‌یگه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی ئیدراك و تێگه‌یشتنی ده‌گاته‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی . ئه‌مه‌جگه‌له‌ رۆڵی دوانه‌ییی تیۆرو ئه‌زموون ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دروسته‌ كه‌ فێرمان بكات دۆزه‌ مرۆییه‌كان پێویستیان به‌ تێبینی و گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆی ئه‌وه‌نده‌ شتێكی تر نییه‌ . كه‌ ئه‌م كتێبه‌ گه‌شتێكی له‌سه‌ رخۆو پانۆرامییه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ .

تیۆره‌ ده‌رونناسیه‌كان ده‌رباره‌ی كه‌س پێمل نه‌بوون به‌ وێناكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ به‌ڵكو توێژینه‌وه‌و تیۆره‌كانی كه‌س له‌گه‌ڵ مێژووی بیری فه‌لسه‌فیدا یه‌كانگیره‌ و “IGNAG MERSON” هات به‌شێوه‌یه‌كی تازه‌ چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی ڕۆشنبیری و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ فراوانه‌كانی ئه‌دای بیناكردنی چه‌مكی كه‌سی كرد به‌پێی په‌یوه‌ندی مرۆڤ و جۆره‌كانی ئه‌و وێنایه‌ی كه‌ هه‌رچاخێك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ” كه‌س ” ده‌مانداتێ‌ كه‌یه‌كێكه‌ له‌ توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی كه‌سێتی ، ئه‌وه‌ش ڕێسای بیناو تایپه‌ وه‌كو “J.stoetzel” نووسی “فره‌ییه‌ له‌ تێگه‌یشتن و كاره‌كانی كه‌س ، كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر چاودێری هاوچه‌رخ . له‌ كاتێكدا له‌ ڕوانگه‌ی سێینه‌ی شێوه‌و بوون و تێگه‌یشتنی كه‌س له‌ چێوه‌ی ئه‌زموونی ڕیشه‌یدایه‌ “.

هه‌موو زانستی ده‌رونناسی ده‌رباره‌ی كه‌سێتی داوای ئه‌وه‌مان لێده‌كات تێبگه‌ین له‌مرۆڤ و فه‌لسه‌فه‌ ده‌رباره‌ی كه‌س و ئه‌ویش هه‌نگاوه‌كانی یه‌كسان ده‌بێت به‌ توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌رباره‌ی كه‌س كه‌ به‌ درێژایی چاخه‌كان لێی قوڵبووته‌وه‌ وله‌م ڕووه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی ده‌رخستنه‌كانی “مۆنتانی ” بۆ “كیرگارد” دێنێته‌وه‌ كه‌ خودی نه‌ بوون و په‌یوه‌ست بوون به‌ مه‌عریفه‌و تیۆره‌كانی ده‌رووناسی و فه‌لسه‌فه‌ وه‌ ئه‌ی چۆن ده‌كرێت شانۆ له‌مه‌ داببڕین و جیای بكه‌ینه‌وه‌ له‌و میراته‌ له‌كاتێكدا هه‌موو هه‌ولًَیكی مرۆڤ بۆناسینی مرۆڤ و پێشخستنی ژیان و ئه‌و جیهانه‌یه‌ كه‌تیای ده‌ژی؟! گونجاوه‌ ده‌ست به‌رداری ژیان بین بۆ ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كه‌ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تیای ده‌ژی؟! به‌كورتی چه‌مكی كه‌سێتی له‌ده‌رونناسیدا بیناكردنی زانستیانه‌و پسپۆڕیانه‌ی خستنه‌ڕووی ڕوونكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ده‌رونی تاكه‌ ئامانجی تیۆره‌ تازه‌كانه‌ كه‌ له‌م كتێًبه‌دا توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ی زۆربه‌یانه‌وه‌ كراوه‌ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكه‌ و سنورداركراوه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تاو توخمه‌كان و پێكهاته‌كانی ، به‌ڵام ئه‌وچه‌مكه‌ فره‌ واتایه‌و په‌یوه‌ندی سه‌رسه‌ختی هه‌یه‌ به‌ قوتابخانه‌و هه‌ڵوێستی نووسه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی داڕشتنه‌وه‌و میتۆده‌كانی توێژینه‌وه‌ جیاوازو فره‌ شێوه‌ن و جیاوازن له‌ حه‌قیقه‌تی تاكدا به‌ڵام ناكرێت له‌ چێوه‌ی ئه‌م كتێبه‌ پچوكه‌دا به‌ فراوانی ته‌واوی میتۆده‌كان شیبكرێنه‌وه‌ به‌ڵكو توێژه‌ری ئه‌م كتێبه‌ به‌ساده‌یی سه‌رنج ده‌بات بۆ لای په‌یوه‌ندیه‌ هۆكاری و پاشكۆییه‌كان و ئاماده‌كاریان بۆده‌كرێت له‌لایه‌كی تره‌وه‌ .

منیش باوه‌ڕم وایه‌ كه‌ شانۆكار به‌گشتی و ئه‌كته‌ر به‌تایبه‌تی ناكرێت بۆهه‌موو به‌رهه‌مێك و بۆهه‌موو كاره‌كته‌رێك یه‌ك جۆر تێگه‌یشتن و یه‌ك جۆر لێكۆڵینه‌وه‌و تێگه‌یشتنی هه‌بێت و ده‌كرێت به‌توێژینه‌وه‌ له‌كه‌سێتی بگاته‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌رجه‌سته‌ بكرێت . له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی خودو ناوه‌وه‌ له‌ده‌رونناسیدا هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌ زموونه‌یه‌ كه‌ ئامانجی جه‌نگینه‌ له‌گه‌ڵ نه‌كیره‌كاندا كه‌ به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی زانستی ده‌روونیه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ هوشیاریه‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ش گه‌واهی دانه‌ به‌زاراوه‌یه‌كی نوێ‌ وه‌كو ” شعوری من ” یان ” هوشیاری خود” و …. هتد وه‌ له‌و ئه‌ژمارو ئامانجه‌دا هێڵ و وێنه‌ی چاوه‌ڕوانكراو ده‌ستده‌كه‌وێت به‌ تایبه‌تی له‌ پشكنینی كه‌سێتیدا و له‌و وێنانه‌دا ده‌رونناسی ئه‌كادیمی نه‌هی له‌وه‌ده‌كات كه‌ناوده‌برێت به‌ كیبیك و ئه‌زموونگه‌ری و ئه‌و تێبینه‌ دروستده‌كات كه‌ده‌توانین گۆرانكاری بكه‌ین به‌میتۆدێكی وه‌رگیراوو به‌رهه‌مهێن . له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا زانین ده‌رباره‌ی ناسینی كه‌سێتی گه‌شه‌سه‌ندنێكی ڕاسته‌قینه‌ وبۆ به‌كار هێنانی پێداویستیه‌كان ڕێگ گه‌لێكی تایه‌به‌تی و زۆر هه‌بوون و له‌ئه‌نجامدا دیارده‌یه‌ك سه‌رهه‌ڵدا كه‌ به‌پێی پێویستی زینده‌وه‌ران به‌ته‌نهاو به‌ شێوه‌یه‌كی دروستكراو نمایشی تیۆره‌كان و سه‌رنجدان و ناساندنی چه‌مكه‌كانی ژیانیان سه‌ر ڕێگا ده‌خست .

له‌به‌شی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌دا نووسه‌ر باسی ئه‌وه‌ده‌كات ” واتا ” له‌ تیۆره‌كانی ده‌رون ناسیدا ئه‌وق نادرێت به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك لایه‌نی نزیكی هه‌یه‌ له‌ كه‌سێتی و ئه‌گه‌ری خستنه‌ ڕووی یه‌كبوونی تێروانینه‌كانی ده‌رووناسی و كۆمه‌ڵناسیه‌ و منیش لێره‌دا په‌یوه‌ست به‌ شانۆوه‌ واتێده‌گه‌م كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و په‌رێزه‌ مادیانه‌وه‌ كه‌ كه‌ تیۆره‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن وه‌كو چۆن لای باربا (نیسبه‌ته‌ بۆ یۆژینۆ باربا) باسی توێژینه‌وه‌ی ئه‌نترۆ پۆلۆژی ده‌كرێت له‌شانۆدا و هه‌رئه‌وانیش بوون ڕێره‌وێكیان بۆشانۆی نوێ‌ كرده‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌هه‌ندێك له‌ و ڕه‌فتارانه‌ و قوتاربوون له‌ هه‌ندێك ساده‌گۆیی و تێگه‌یشتن له‌ چه‌مكه‌كانی “دۆخ و رۆڵ و هه‌ڵوێست” هه‌بوو واتێده‌گه‌م ئه‌م خاڵه‌ زۆرگرنگه‌ كه‌من لێره‌دا و له‌م كتێبه‌دا به‌یانی ده‌كه‌م . هه‌روه‌كو

(ب. ماینۆڤسكی ) ده‌ڵێت : ” دیاله‌كتیكی فرۆیدی پابه‌نده‌به‌ ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌كه‌سێتی بیناده‌كه‌ن”له‌نێوان تیۆره‌كاندا كۆمه‌ڵێك تێڕوانینی نوێ‌ زاڵ ده‌بن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كی وه‌كوئه‌وجه‌نگانه‌ی كه‌ناوده‌برێن به‌ ” جه‌ نگه‌ هه‌ڵگیرساوه‌ سایكۆلۆژیه‌كان . توێژینه‌وه‌ی جۆره‌كانی رۆشنبیری له‌ سلوكه‌ مرۆییه‌كانیاندا و ئه‌وه‌ی له‌ میراتی ده‌رووناسی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌رباره‌ی كه‌سێتی بۆمان ماونه‌ته‌وه‌ ، بێ ئاگایانه‌ له‌ ئه‌نترۆپۆلۆژیاو رۆشنبیری و هۆكاره‌ دیاریكراوه‌ بیۆلۆژیه‌كانه‌. ئه‌مه‌ش رۆشنبیری شه‌ته‌ك ده‌دات و هه‌رله‌م كتێبه‌دا نووسه‌ر باسی ئه‌وه‌ده‌كات و به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ له‌باره‌ی شیانی گۆرێنی به‌كارهێنانی وزه‌ هه‌ستیه‌كان به‌پێی چاخ و كۆمه‌ڵگاكان وه‌كو “ماكلوهان” ئاماژه‌ی بۆكردووه‌ بۆنمونه‌ ” جه‌خت له‌سه‌ر گوێگرتن له‌ كۆمه‌ڵگا ته‌قلیدی و زاره‌كیه‌كاندا كه‌ خاوه‌نی ئه‌لف و بێ نه‌بوون ، ده‌ڵێت : چاخی چاپه‌مه‌نی سه‌رده‌می گه‌شه‌سه‌ندنی ڕوانیی زیاتر و بیركردنه‌وه‌یه‌ ….(لۆهان ) له‌وه‌ ڕاماوه‌ كه‌ كه‌ معدلی گه‌شه‌سه‌ندن و هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندی وه‌كو ڕادیۆ و ئێزگه‌ی بیستن و و سیتسمی فه‌زاییه‌كان هه‌ستین و به‌خشینی گرنگیه‌ به‌ گوێگرتن و جوڵه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش چاخی ماركۆنیه‌ .

هه‌مووتیۆره‌كانی ده‌روونناسی جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگن بۆ بیناكردنی من و ده‌ركه‌وتنی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و كاریگه‌ری منداَلی و نه‌رمی نواندن و دایكی نایاب و په‌یوه‌ندیه‌ خێزانیه‌كان و هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌ شێوه‌ گشتی و فراوانه‌كه‌ی ، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی شێوازو ژینگه‌ی ژیانكردن و ئیقاعی شوێنێنك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانی تر جیاوازن ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مانه‌ش پشت به‌ستوون به‌ گونجاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری كه‌سی پێگه‌یشتوو و گونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا و ئه‌مه‌ش له‌تیۆرێك بۆیه‌كێكی تر گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت . كه‌واته‌ هه‌ڵه‌یه‌نمایشێك یان ڕووداوێك یان هه‌ر هه‌ڵوێیستێك داببڕین له‌ پێوه‌رو پێودانگه‌جیاوازه‌كان و بۆهه‌موو كاروبارێك په‌ناببه‌ ینه‌ به‌رتێگه‌یشتن و هه‌ست و بیروبۆچوونه‌ كه‌سیه‌كانی خۆمان و پێویسته‌ له‌ ” په‌رێز –سیاق” ی خۆیدا خوێندنه‌وه‌ی بۆبكه‌ین و دووركه‌وینه‌وه‌ له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌و په‌سه‌ندكردن ، به‌ڵكو بگه‌ڕێین به‌دوای زمانی نوێ‌ و تێگه‌یشتنی قوڵ و هه‌ستی به‌رزو هتد ..

“سندرس” له‌م كتێبه‌یدا توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا به‌ناونیشانی : ( S.Clapier Valladon , “panorama du Culturalisme” Epi 1976) وه‌كو نووسه‌ر “سیمۆن كڵاپیه‌” ده‌ڵێت : “ئه‌م كتێبه‌ گه‌ڕاندمیه‌وه‌ بۆ دووباره‌ ئه‌زموونكردن و كۆكردنه‌وه‌ به‌ره‌و شه‌پۆلی رۆشنبیریی ئه‌مریكی كه‌ هه‌موو وه‌رچه‌رخانه‌كانی بۆساڵی (1920) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تا ساڵی (1955) و كاریگه‌ری ئه‌وانه‌ به‌ بیری ئه‌نترۆ پۆلۆجی ( فرانز بواس) و زمانه‌وانی (ئیدوارد ساپیر)دووباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ناویان و بۆلای(ڕه‌ند بندت ) و(مید) و (لانتۆن ) و (كاردینه‌ر ) به‌ناوبانگترینیان و پێویسته‌ پاكژیان بكه‌ینه‌وه‌” نووسه‌ر لێره‌دا ناوگه‌لێكی تر ڕیز ده‌كات كه‌من خۆم به‌گرنگم نه‌زانین دووباریان بكه‌مه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نامه‌وێت له‌دۆزه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ دووربكه‌ومه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌م له‌ دۆزه‌جیاوازه‌كان به‌ جۆرێكه‌ كه‌ ئاره‌زووی ناوی زۆرناكه‌م ته‌نها له‌كاتی پێویستدا نه‌بێت . نووسه‌ر پاش ئه‌و ناوه‌ زۆرانه‌ دێته‌ سه‌رباسی(رۆپ بندیكت ) كه‌ هاتووه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ چه‌مكی (ئایدیاڵ) ی یرۆشنبیری كردووه‌ . وه‌كو تایپێكی ژیانی تایبه‌ت به‌ هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و لێروانینی وه‌كو ئامانج و ڕوونكردنه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌ تایبه‌تیه‌كانی هه‌ر رۆشنبیریه‌ك و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێوه‌رو ئاراسته‌ ئه‌نتۆلۆجیه‌كانی تایبه‌ت به‌و ده‌رونناسیه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی نمونه‌ی گه‌وره‌ی ژیان : نمونه‌یه‌كی شه‌هوانی و رۆشنبیریانه‌ دووڕووی ئه‌و ژیانه‌ن و نوێنه‌ری هه‌ندێك له‌ فه‌لسه‌فه‌كانن ده‌رباره‌ی كه‌س . ئه‌وانیش پێناسه‌ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی كه‌سێتی په‌سه‌ندكراوله‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و پشتگیری هه‌ر ژیارێك بۆ تاكه‌كانی و ئه‌و مه‌وادو كه‌ره‌سته‌ خاوانه‌ی كه‌ پشت ده‌به‌ستن به‌ بیناكردنی ژیان و ڕیگه‌دان به‌ هه‌رگروپێكی مرۆیی كه‌وا پارچه‌یه‌ك له‌ كه‌وانه‌ی سلوكی مرۆیی شیاو دابێت و هه‌تا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌ربڕین و به‌هاو ڕابوونه‌كانی .

بندكیت ده‌مانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ به‌چه‌مكی نوێی ئه‌م چاخه‌وه‌ ” به‌نایابی و لادانه‌كانیه‌” وه‌ له‌هه‌مانكاتدا جه‌خت ده‌كاته‌ سه‌ر فره‌ جۆری رۆشنبیری گه‌وره‌و مردنی مرۆڤه‌كانی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چه‌مكی نه‌رمی ” المرونه‌” ی مرۆیی و گونجاندنی زیاده‌ڕوه‌یی تاڕاده‌ی ئه‌مه‌ی ئێستا . ئه‌و لیونه‌ لێكۆڵه‌ریشه‌ بۆ ئه‌و ئاڵۆزیه‌ و به‌راوردكارییه‌كانی و كۆكردنه‌وه‌ی كارو ڕاهێنانه‌كانی له‌كاتی گه‌یشتن به‌ تایپه‌كانی كه‌سێتی و ئه‌و به‌شه‌ زۆره‌ی كه‌له‌ كۆمه‌ڵگه‌ نوێیه‌كانماندا هه‌ن . دواتر “سیمۆن كڵاپیه‌” دێته‌ سه‌رباسی (ئه‌براهام كادینه‌ر 1891-1978 ) كه‌تیۆرێكی هه‌یه‌ بۆكه‌سێتی و هه‌وڵێكی زێندووه‌ و باس له‌ ژیانی ده‌رونی و رۆشنبیریی كه‌سێتی ده‌كات و زۆربه‌كورتی كاره‌كانی كاردینه‌ر له‌ سه‌ربنه‌مای تیۆره‌كانی كه‌سیًتی به‌ دوولایه‌ن ده‌خه‌ینه‌ ڕوو :

– كه‌سێتی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی زیندووی رۆشنبیریی .

– من وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ناو ئه‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ .

كاره‌كانی كاردینه‌ر له‌ده‌زگاكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا واتایه‌كی زۆر به‌رفراوانی هه‌یه‌ و كێشه‌ی تیایه‌ له‌ پاڵ لایه‌نه‌ شكڵیه‌كانی ڕێكخستنی ئامێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و جیاكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ لای ئه‌و ” مه‌بسه‌ت كاردینه‌ره‌ ” ده‌كه‌وێته‌ نێوان ده‌زگایه‌كه‌مین و لاوه‌كیه‌كانه‌وه‌ . كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌كه‌مینانه‌ پێشینه‌ی مێژوویی ده‌به‌خشنه‌ تاك له‌منداڵیه‌وه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ كارلێك له‌گه‌ڵ كه‌سێتیدا ده‌كه‌ن به‌ڵام ده‌زگالاوه‌كیه‌كان به‌رئه‌نجامی كاریگه‌ری یه‌كه‌مینه‌ له‌سه‌ر تاك. كه‌س چاوگی ئه‌و ده‌زگا لاوه‌كیانه‌یه‌ وه‌كو ئه‌نزیمه‌ی دینی و فۆكلۆرو ته‌كنیكی فكریی و ئایدۆلۆژیی و …هتد لێره‌دا نواندنی وه‌ڵامه‌كان و به‌دیله‌كانی كه‌سێتی به‌ڕای كاردینه‌ر گه‌ڕانه‌ به‌ناو توێژینه‌وه‌ی بونیادی “من” ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی له‌گه‌ل یه‌كه‌مین میراتی ئه‌و بونیاده‌ كه‌ ڕیشه‌كه‌ی له‌ویوه‌ دێته‌ ناو ده‌زگا لاوه‌كیه‌كان .

هه‌رله‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ نووسه‌ر دێته‌ ناو باسی تیۆرێكی تر له‌لای تیۆرسێن (ڕاڵف لانتۆن 1893-1953) كه‌ زانایه‌كی ئاسه‌واره‌و به‌وه‌ خۆی له‌ ئه‌نترۆپلۆجیا جیاده‌كاته‌وه‌كه‌ چه‌مكی ” كارپه‌ ” ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌هێنێت ، له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بیری گه‌ردوونی مرۆڤایه‌تیانه‌یه‌ و ده‌ڵێت : ” رۆشنبیریی ڕوخساری ڕه‌فتاره‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان و ئه‌نجامه‌كانیه‌تی كاتێكدا توخمه‌ پێكهاتووه‌ هاوبه‌شه‌كانی ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراو ” . روونكردنه‌وه‌كانی لانتۆن بنه‌مای رۆشنبیری كه‌سێتییه‌ و پشكداریه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ له‌تیۆری رۆڵه‌كاندا . ئه‌وه‌ی لای من وه‌كو خوێنه‌ری ئه‌م كتێبه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێگه‌ی لانتۆن له‌وه‌دایه‌ ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی دۆخ و رۆڵ له‌نێوان تاك و رۆشنبیرییه‌كه‌یدا. ئه‌م تیۆریه‌ ڕیگه‌ده‌دات به‌ به‌وه‌ی كه‌سێتی تایپێكی هه‌بێت شیان بێت به‌ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆدێله‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كات . كه‌به‌ڕای من ئه‌مه‌ برینه‌ قوڵه‌كه‌ی كاره‌كته‌ری ئێمه‌یه‌ چ له‌سه‌ر شانۆبێت یان ژیانی ئاسایی هه‌موومان باسی جیاوازی و ئازادی و هتد…. ده‌كه‌ین به‌ڵام كه‌سمان به‌ كرداری واناكه‌ین نه‌ جیاوازی په‌سه‌ند ده‌كه‌ین نه‌ ئازادی گه‌ر وابوایه‌ ئێستا چه‌ندین میتۆدو قوتابخانه‌ی شانۆییمان ده‌بوو به‌هه‌ر حاڵ كۆتاجار تیۆره‌ی فێركردنی كۆمه‌ڵایه‌تی لای لانتۆن په‌یوه‌سته‌ به‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ توانای سه‌ر هه‌ڵدانی پشكه‌ نوێیه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگا و چیرۆكه‌كانی كه‌سێتی كه‌ ده‌كرێت ڕیكه‌وتنێكیان له‌باره‌وه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ نمونه‌كانی ڕه‌فتاری كه‌سێتی به‌شێوه‌یه‌كی پلیكانه‌یی و به‌رهه‌ڵستی كردنی ڕوخسار و به‌ پێوانه‌ كردنی فۆرم .ئه‌مه‌ش هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ره‌ بۆ مرۆڤه‌ كرداری و جدییه‌كان تا چیتر له‌ رسه‌ربنه‌مای ڕووخساریان بڕیاریان له‌سه‌ر نه‌درێت و ئه‌ركی له‌ خۆیان زیاتریان لێداوانه‌كرێت .

لێره‌ به‌ دوا نووسه‌ر ” سیمۆن كڵاپیه‌ ” دێته‌ سه‌ر باسی تیۆره‌كه‌ی (مارگریًَت مید 1902- 1978) ئه‌م كه‌سی كه‌له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێین زانایه‌كی ئه‌نترۆ پۆلۆژیسته‌ و له‌ ڕووی تیۆریه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ هه‌ندێك توێژینه‌وه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌ شێوه‌ بدات به‌ تیۆریه‌كی ده‌رونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رباره‌ی كه‌سێتی كه‌ ئه‌م تیۆرسیئَنه‌ ئاماژه‌ی بۆده‌كات وباس له‌چه‌مكێك ده‌كات ئه‌ویش ” خورپه‌ی رۆشنبیری” كه‌ تاك ئه‌دای ده‌كات و یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ئه‌م تیۆره‌یه‌ی ئاراسته‌كرد بۆئه‌وه‌ی ته‌حقیقی گریمانه‌ی مامۆستاكه‌ی بكات (ف. بواس) ” كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و به‌رهه‌ڵستی تیۆره‌كه‌ی ” سێر فره‌نسیس گاڵتۆن” كرد به‌ناوی ” چاكسازی نه‌سل ” و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی مراهیقه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ئه‌نجامی قه‌یرانی ئه‌ندامی و باڵغ بوون نییه‌ به‌ڵكو به‌ر ئه‌نجامی قورسی و ئاڵۆزیه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕای ئه‌و و ڕای گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای ناوبانگ و ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌لگه‌ی ئاشتی و سه‌ربه‌خۆو ڕه‌گه‌زیه‌ . پاشان نووسه‌ر باسی ئه‌نترۆپۆلۆژیستی سۆسیالستی ” دێریك فریمان ” ده‌كات له‌ساموا كاری له‌سه‌ر ئه‌م توێژه‌ره‌ كرد ” مه‌به‌ستم مید” له‌ماوه‌ی ده‌ساڵدا .

دۆزینه‌وه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی دوژمنایه‌تیه‌وه‌ كه‌ شێوه‌یه‌كی ته‌رتیبی و ئامانجدارو پڕ ململانێیه‌ خاڵی سه‌ره‌كی له‌ كتێبه‌كه‌ی “مید” بوونی وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌نگه‌ له‌ ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ كه‌ دواتر ده‌بنه‌ داهێندراوی نمایشی و هۆكاره‌ رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌تایبتمه‌ندی ڕه‌گه‌زیان هه‌یه‌ . له‌م ڕوه‌وه‌ پشكێكمان ده‌داتێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌ر خۆو پله‌ پله‌یی و دژ ده‌رباره‌ی كه‌سێتی. بیركردنه‌وه‌ی “مید” دیراسه‌كردنه‌وه‌ی ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌پاڵ لایه‌نه‌ سێكسی و ڕه‌گه‌زی و مرۆییه‌كه‌ی له‌ڕووی سروشتی و رۆشنبیری و سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ بۆ چاخ و ژیارێكی تر ، ئه‌وه‌ی قورسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیاوێك بێت و ببێته‌ باوك به‌ڵام زۆر ئاساییه‌ ژن بێته‌ دایك و ژنی پیاوێك .

كه‌سێتی له‌ تێڕوانینی ڕه‌فتارگه‌را كانه‌وه‌ :
وه‌كو پێشتر له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌مدا باسم كرد ، چه‌ندین تیۆرو قوتابخناه‌ی تایبه‌ت به‌كه‌سیئَتی هه‌ن كه‌ بۆچوونی دژو لێك دوور یان لێك نزیك و چونیه‌ك و زۆریت تریشی تیا به‌دی ده‌كه‌ین كه‌ من پێم باشه‌ زۆر به‌خیرَرایی ئه‌م كتێبه‌ نمایش بكه‌م و دواتر خوێنه‌ر خوی ئازاد بێت له‌ بڕیایردان ، به‌نیسبه‌ت شانۆكارانیشه‌وه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ تیۆره‌كان و له‌ بایه‌خ و گررنگیان تێبگه‌ن و وابكه‌ن له‌ خۆوه‌ و سه‌رپێی له‌تیۆرێك په‌سه‌ند یان ڕه‌ت نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵكو بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژێده‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كان و به‌ پێی پێویستی به‌رهه‌مه‌كه‌ سوود وه‌ربگرن و بتوانن خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت ڕه‌نێو بهێنن و له‌ م پێناوه‌شدا له‌م به‌شه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌مدا كه‌ده‌بێته‌ دوابه‌شی كاركردنم له‌م كتێبه‌ دا به‌شێوه‌یه‌كی پانۆرامی درێژه‌ ی ده‌ده‌مێ‌ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی سوودێكی هه‌بێت .

نووسه‌ر ئه‌م كتێبه‌ ” سیمۆن كڵاپیه‌ ” به‌ باسكردنی تیۆره‌كه‌ی ” واتسۆن ” به‌رده‌وام ده‌بێت و باسی مانیفێسته‌كه‌ی ساڵی 1913 ده‌كات كه‌ بووبه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان لای ڕه‌فتارگه‌راكان كه‌له‌ ڕاستیدا ئه‌و به‌یانه‌ له‌سه‌ره‌تادا شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها و تازه‌نه‌بوو به‌ته‌واوی ، به‌ڵكو چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ كراو دواتر بنه‌ماكانی چه‌سپێندران و پێش ئه‌و مێژووه‌ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌روونناسی فزیۆلۆژی بوون . ” فه‌خنه‌ ” وه‌كو بیریارێكی باو سه‌رقاڵی “میتا – ئه‌ودیو” ی شته‌كان بوو له‌هه‌مان كاتدا له‌ ده‌رونناسیی ئه‌ندامیدا وپاشان “فۆنت” وه‌كو مامۆستای یاریده‌ده‌ری فیزیایی و “هلمولتز” یش له‌ هایدلبێرگ و له‌فه‌ره‌نسا “ج. دۆما ” باسی له‌ په‌رچه‌كرداری جه‌سته‌یی ده‌كرد له‌كاتی هه‌ڵچووندا . هه‌روه‌ها له‌ ڕوسیا ” ستشنۆڤ ” و به‌سه‌ر په‌رشتی “پاڤلۆڤ ” گۆڕانكاری ڕویاندا و ئه‌مریكی و ڕووسیه‌كان شعوریان كرد به‌ ڕه‌فتارو ناساندیان په‌یوه‌ندی ڕه‌فتارگه‌راكان به‌ ” مادی میكانیكه‌وه‌ ” به‌ڕووی ئاڵۆزی و ئامێر گه‌راییدا كرایه‌وه‌و بووبه‌ میراتگری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌پستراكت و بیریارانی وه‌كو ” ئۆگست كۆمت” توێژینه‌وه‌ی ریاڵتی شعوریان كرد و ڕتیان كرده‌وه‌ .

لێره‌ به‌دوواوه‌ نووسه‌ر “سیمۆن كڵاپیه‌ ” دێته‌ سه‌رباسی زۆرێك له‌ تیۆریه‌كان و توێژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی و زانستی سه‌ر ڕێگا خران به‌ره‌و ئامانجی تر و چه‌مكی كه‌سێتی نه‌بووه‌ چه‌قی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ به‌ڵكو بون به‌كلیل بۆ كردنه‌وه‌ی رده‌رگای ڕاڤه‌ی سایكۆلۆژی . تێكه‌ڵیه‌ك به‌دیده‌كرێت له‌وێنه‌ی مرۆڤ و كه‌سێتیدا و” هۆپنه‌ر” به‌مجۆره‌ و به‌پێی چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌وانه‌ : ( نه‌وه‌ “وه‌چه‌یی” یه‌ ) ، (میكانیكیه‌) ، ( ژینگه‌ی) یه‌، (چێژه‌) ، ( سه‌ركه‌وتنه‌ له‌كاردا) .

*دیمه‌ن وڕه‌فتار :
نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا زیاتر باسی په‌رچه‌كردار ده‌كات وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌و له‌ئه‌نجامی وروژاندنه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌كانه‌وه‌ . وه‌كو چۆن باسی ” پاڤلۆڤ ” و ” شینۆڤ” ده‌كات و ڕێسایه‌ك دیاری ده‌كات ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ : ( S) ده‌بێته‌ وروژێنه‌ری ( R) و ده‌بێته‌ (په‌رچه‌كردار) . پرسیاری ممن لیرَه‌دا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌كته‌ری شانۆ له‌ كوردستان له‌كاتی نواندندا ده‌توانێت سوودمه‌ند بێت له‌ تیۆرێكی له‌م جۆره‌دا؟! من به‌داخه‌وه‌م بۆوه‌ڵامه‌كه‌ی چونكه‌ دڵخۆشكه‌ر نیه‌ بۆنمونه‌ باوا داینێین كه‌ ده‌یزانێت و ده‌توانێت !!! ئه‌ی بۆ نمونه‌یه‌كمان له‌نمایش یان له‌ دانیشتن و نووسینه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كاندا نه‌بینی؟! به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ربڵێین نایزانێت !! ئه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ سه‌رقاڵی چییه‌و به‌نیازی چییه‌و كه‌ی ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی كه‌ تیۆری كار بكات و شاره‌زایی له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت ؟!!! من لێره‌ به‌داو واز له‌م پرسیاره‌ جه‌رگ بڕانه‌ دێنم كه‌ به‌ڕاستی نه‌ك وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌ به‌ڵكو زۆر له‌سه‌ر ی برۆم ڕه‌نگه‌ ڕه‌شبینی بم كوژێت !!به‌ م شێوه‌ یه‌ به‌ خێرایی له‌م چێوه‌یه‌ تیۆریه‌دا ڕه‌ ت ده‌بم ، به‌و ئومێده‌ی هه‌ركه‌س به‌ییه‌وه‌ گرنگه‌ بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ نوووسه‌ر به‌ مجۆره‌ دایڕشتووه‌ : – تیۆری واتسۆن و ڕه‌فتارگه‌رایی كلاسیك . – چه‌مكه‌ كانی ڕه‌فتارگه‌رایی نوێ‌ وه‌كو : ( كلارك هول ، دولارد و میللر ) و هتد..
دواتر نووسه‌ر دێته‌ سه‌ر باسكردنی ئه‌نجام و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م به‌شه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕه‌فتارگه‌راكان و سودی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌مان بۆڕوون ده‌كاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی كه‌سێتی كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ی ته‌قینه‌وه‌و بڵاو بوونه‌وه‌یه‌ به‌ڕووی یفره‌ تیۆری و دروستكردنی جیاوازی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تاك ڕه‌هه‌ندی و تاك تێگه‌یشتن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و قسه‌ی هه‌مه‌جیانه‌و له‌ خۆوه‌ قسه‌ركردن ده‌رباره‌ی كه‌سێتی كه‌ بێگومانم ئه‌مه‌ ئازاری شانۆكارانیشه‌ له‌ دوای هه‌ربه‌رهه‌مێك و هه‌ركه‌س به‌وجۆره‌ تێی ده‌گات كه‌ عه‌قڵی ده‌یبرێًت و به‌ پیًی ئه‌و ئاسته‌ سنوردارو كورته‌ ی خۆی بڕیاری ناجۆر ده‌دات و له‌م هه‌نگاوه‌وه‌ به‌ ئومێدم هه‌مووان به‌ر پرسیارنه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆناو سیستم و چێوه‌ی تیۆری بۆ كه‌سێًتی .

” كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و به‌رهه‌ڵستی تیۆره‌كه‌ی ” سێر فره‌نسیس گاڵتۆن” كرد به‌ناوی ” چاكسازی نه‌سل ” و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی مراهیقه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ئه‌نجامی قه‌یرانی ئه‌ندامی و باڵغ بوون نییه‌ به‌ڵكو به‌ر ئه‌نجامی قورسی و ئاڵۆزیه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕای ئه‌و و ڕای گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای ناوبانگ و ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌لگه‌ی ئاشتی و سه‌ربه‌خۆو ڕه‌گه‌زیه‌ . پاشان نووسه‌ر باسی ئه‌نترۆپۆلۆژیستی سۆسیالستی ” دێریك فریمان ” ده‌كات له‌ساموا كاری له‌سه‌ر ئه‌م توێژه‌ره‌ كرد ” مه‌به‌ستم مید” له‌ماوه‌ی ده‌ساڵدا . دۆزینه‌وه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ی دوژمنایه‌تیه‌وه‌ كه‌ شێوه‌یه‌كی ته‌رتیبی و ئامانجدارو پڕ ململانێیه‌ خاڵی سه‌ره‌كی له‌ كتێبه‌كه‌ی “مید” بوونی وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌نگه‌ له‌ ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ كه‌ دواتر ده‌بنه‌ داهێندراوی نمایشی و هۆكاره‌ رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌تایبتمه‌ندی ڕه‌گه‌زیان هه‌یه‌ . له‌م ڕوه‌وه‌ پشكێكمان ده‌داتێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌ر خۆو پله‌ پله‌یی و دژ ده‌رباره‌ی كه‌سێتی. بیركردنه‌وه‌ی “مید” دیراسه‌كردنه‌وه‌ی ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌پاڵ لایه‌نه‌ سێكسی و ڕه‌گه‌زی و مرۆییه‌كه‌ی له‌ڕووی سروشتی و رۆشنبیری و سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ بۆ چاخ و ژیارێكی تر ، ئه‌وه‌ی قورسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیاوێك بێت و ببێته‌ باوك به‌ڵام زۆر ئاساییه‌ ژن بێته‌ دایك و ژنی پیاوێك .

كه‌سێتی له‌ تێڕوانینی ڕه‌فتارگه‌را كانه‌وه‌ :
وه‌كو پێشتر له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌مدا باسم كرد ، چه‌ندین تیۆرو قوتابخناه‌ی تایبه‌ت به‌كه‌سیئَتی هه‌ن كه‌ بۆچوونی دژو لێك دوور یان لێك نزیك و چونیه‌ك و زۆریت تریشی تیا به‌دی ده‌كه‌ین كه‌ من پێم باشه‌ زۆر به‌خیرَرایی ئه‌م كتێبه‌ نمایش بكه‌م و دواتر خوێنه‌ر خوی ئازاد بێت له‌ بڕیایردان ، به‌نیسبه‌ت شانۆكارانیشه‌وه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ تیۆره‌كان و له‌ بایه‌خ و گررنگیان تێبگه‌ن و وابكه‌ن له‌ خۆوه‌ و سه‌رپێی له‌تیۆرێك په‌سه‌ند یان ڕه‌ت نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵكو بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژێده‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كان و به‌ پێی پێویستی به‌رهه‌مه‌كه‌ سوود وه‌ربگرن و بتوانن خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت ڕه‌نێو بهێنن و له‌ م پێناوه‌شدا له‌م به‌شه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌مدا كه‌ده‌بێته‌ دوابه‌شی كاركردنم له‌م كتێبه‌ دا به‌شێوه‌یه‌كی پانۆرامی درێژه‌ ی ده‌ده‌مێ‌ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی سوودێكی هه‌بێت .

نووسه‌ر ئه‌م كتێبه‌ ” سیمۆن كڵاپیه‌ ” به‌ باسكردنی تیۆره‌كه‌ی ” واتسۆن ” به‌رده‌وام ده‌بێت و باسی مانیفێسته‌كه‌ی ساڵی 1913 ده‌كات كه‌ بووبه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان لای ڕه‌فتارگه‌راكان كه‌له‌ ڕاستیدا ئه‌و به‌یانه‌ له‌سه‌ره‌تادا شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها و تازه‌نه‌بوو به‌ته‌واوی ، به‌ڵكو چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ كراو دواتر بنه‌ماكانی چه‌سپێندران و پێش ئه‌و مێژووه‌ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌روونناسی فزیۆلۆژی بوون . ” فه‌خنه‌ ” وه‌كو بیریارێكی باو سه‌رقاڵی “میتا – ئه‌ودیو” ی شته‌كان بوو له‌هه‌مان كاتدا له‌ ده‌رونناسیی ئه‌ندامیدا وپاشان “فۆنت” وه‌كو مامۆستای یاریده‌ده‌ری فیزیایی و “هلمولتز” یش له‌ هایدلبێرگ و له‌فه‌ره‌نسا “ج. دۆما ” باسی له‌ په‌رچه‌كرداری جه‌سته‌یی ده‌كرد له‌كاتی هه‌ڵچووندا . هه‌روه‌ها له‌ ڕوسیا ” ستشنۆڤ ” و به‌سه‌ر په‌رشتی “پاڤلۆڤ ” گۆڕانكاری ڕویاندا و ئه‌مریكی و ڕووسیه‌كان شعوریان كرد به‌ ڕه‌فتارو ناساندیان په‌یوه‌ندی ڕه‌فتارگه‌راكان به‌ ” مادی میكانیكه‌وه‌ ” به‌ڕووی ئاڵۆزی و ئامێر گه‌راییدا كرایه‌وه‌و بووبه‌ میراتگری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌پستراكت و بیریارانی وه‌كو ” ئۆگست كۆمت” توێژینه‌وه‌ی ریاڵتی شعوریان كرد و ڕتیان كرده‌وه‌ .

لێره‌ به‌دوواوه‌ نووسه‌ر “سیمۆن كڵاپیه‌ ” دێته‌ سه‌رباسی زۆرێك له‌ تیۆریه‌كان و توێژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی و زانستی سه‌ر ڕێگا خران به‌ره‌و ئامانجی تر و چه‌مكی كه‌سێتی نه‌بووه‌ چه‌قی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ به‌ڵكو بون به‌كلیل بۆ كردنه‌وه‌ی رده‌رگای ڕاڤه‌ی سایكۆلۆژی . تێكه‌ڵیه‌ك به‌دیده‌كرێت له‌وێنه‌ی مرۆڤ و كه‌سێتیدا و” هۆپنه‌ر” به‌مجۆره‌ و به‌پێی چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌وانه‌ : ( نه‌وه‌ “وه‌چه‌یی” یه‌ ) ، (میكانیكیه‌) ، ( ژینگه‌ی) یه‌، (چێژه‌) ، ( سه‌ركه‌وتنه‌ له‌كاردا) .
*دیمه‌ن وڕه‌فتار :
نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا زیاتر باسی په‌رچه‌كردار ده‌كات وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌و له‌ئه‌نجامی وروژاندنه‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌كانه‌وه‌ . وه‌كو چۆن باسی ” پاڤلۆڤ ” و ” شینۆڤ” ده‌كات و ڕێسایه‌ك دیاری ده‌كات ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ : ( S) ده‌بێته‌ وروژێنه‌ری ( R) و ده‌بێته‌ (په‌رچه‌كردار) . پرسیاری ممن لیرَه‌دا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌كته‌ری شانۆ له‌ كوردستان له‌كاتی نواندندا ده‌توانێت سوودمه‌ند بێت له‌ تیۆرێكی له‌م جۆره‌دا؟! من به‌داخه‌وه‌م بۆوه‌ڵامه‌كه‌ی چونكه‌ دڵخۆشكه‌ر نیه‌ بۆنمونه‌ باوا داینێین كه‌ ده‌یزانێت و ده‌توانێت !!! ئه‌ی بۆ نمونه‌یه‌كمان له‌نمایش یان له‌ دانیشتن و نووسینه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كاندا نه‌بینی؟! به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ربڵێین نایزانێت !! ئه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ سه‌رقاڵی چییه‌و به‌نیازی چییه‌و كه‌ی ده‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی كه‌ تیۆری كار بكات و شاره‌زایی له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌بێت ؟!!! من لێره‌ به‌داو واز له‌م پرسیاره‌ جه‌رگ بڕانه‌ دێنم كه‌ به‌ڕاستی نه‌ك وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌ به‌ڵكو زۆر له‌سه‌ر ی برۆم ڕه‌نگه‌ ڕه‌شبینی بم كوژێت !!به‌ م شێوه‌ یه‌ به‌ خێرایی له‌م چێوه‌یه‌ تیۆریه‌دا ڕه‌ ت ده‌بم ، به‌و ئومێده‌ی هه‌ركه‌س به‌ییه‌وه‌ گرنگه‌ بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ نوووسه‌ر به‌ مجۆره‌ دایڕشتووه‌ : – تیۆری واتسۆن و ڕه‌فتارگه‌رایی كلاسیك . – چه‌مكه‌ كانی ڕه‌فتارگه‌رایی نوێ‌ وه‌كو : ( كلارك هول ، دولارد و میللر ) و هتد..
دواتر نووسه‌ر دێته‌ سه‌ر باسكردنی ئه‌نجام و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م به‌شه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕه‌فتارگه‌راكان و سودی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌مان بۆڕوون ده‌كاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی كه‌سێتی كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ی ته‌قینه‌وه‌و بڵاو بوونه‌وه‌یه‌ به‌ڕووی یفره‌ تیۆری و دروستكردنی جیاوازی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تاك ڕه‌هه‌ندی و تاك تێگه‌یشتن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و قسه‌ی هه‌مه‌جیانه‌و له‌ خۆوه‌ قسه‌ركردن ده‌رباره‌ی كه‌سێتی كه‌ بێگومانم ئه‌مه‌ ئازاری شانۆكارانیشه‌ له‌ دوای هه‌ربه‌رهه‌مێك و هه‌ركه‌س به‌وجۆره‌ تێی ده‌گات كه‌ عه‌قڵی ده‌یبرێًت و به‌ پیًی ئه‌و ئاسته‌ سنوردارو كورته‌ ی خۆی بڕیاری ناجۆر ده‌دات و له‌م هه‌نگاوه‌وه‌ به‌ ئومێدم هه‌مووان به‌ر پرسیارنه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆناو سیستم و چێوه‌ی تیۆری بۆ كه‌سێًتی .

  • تیۆره‌ نمونه‌ییه‌كان :
    توێژه‌ر “سیمۆن كڵاپیه‌ ” له‌م به‌شه‌ی كتێبكه‌یدا شه‌رحی ئه‌و ده‌ربڕین و سیما و نمونانه‌مان بۆده‌كات كه‌ له‌ ڕوویی تیۆریه‌وه‌ گرنگن و پێویسته‌ بایه‌خیان پێبدرێت و به‌ باوه‌ڕی من بۆ ئه‌كته‌ر زۆر گرنگه‌ بتوانێت كاریان له‌سه‌ر بكات و شاره‌زایی هه‌بێت له‌باره‌یانه‌وه‌ …. كه‌سێتی له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌م تیۆریانه‌وه‌ له‌ ئزموونه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن و ئاڵو گۆڕیان به‌سه‌ردا دێت و توێژه‌ر چه‌ندین نمونه‌ من له‌وتیۆریانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات له‌وانه‌ : ( نمونه‌ خۆرسكه‌كان ) ، (نمونه‌ تشكیلیه‌كان ) ، ( نمونه‌ ده‌رونیه‌كان ) ، ( نمونه‌ كانی وه‌رگرتنی سروش له‌ شیكاری ده‌رونی )،(نمونه‌كانی هه‌ڵویست و تصرفات ) وهتد….. پاشان نوێژه‌ر دێته‌ سه‌ر هه‌ڵسنگاندن و ئه‌نجامی به‌شه‌ كه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕی من زۆر پێویسته‌ ئه‌كته‌ری شانۆ شاره‌زایی و مه‌ هاره‌تی خۆی له‌م ڕووه‌وه‌ به‌گه‌بڕ بخات ..
  • تیۆر هۆكاریه‌كان : توێژه‌ر له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌یدا دێته‌ سه‌رباسكرنی چه‌ندین میتۆدی جۆراو جۆری هۆكاری و من لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ به‌ناوه‌كانیان ده‌كه‌م زۆربه‌خێرایی : شیكاری هۆكاری ، شیكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی كه‌سێتی له‌وانه‌ :” ریمۆن كارتڵ ، هانس جۆرج ..) و پاشان توێه‌ر دێته‌ سه‌رباسكردنی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م به‌شه‌ و بۆچوونه‌كانی خۆی چڕده‌كاته‌وه‌ .
  • تیۆره‌كانی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی :
  • ئه‌و بۆچوونانه‌ی نووسه‌ر ” سیمۆن كڵاپیه‌” خستونیه‌ته‌ ڕوو من لێره‌دا زۆر به‌په‌له‌ ته‌نها چه‌ند سه‌رقه‌ڵه‌مێكی بخه‌مه‌ رووله‌وانه‌ : ( نمونه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی ده‌رباره‌ی كه‌سێتی ، پێكهاته‌ی كه‌سێتی ، قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی لبیدۆ، زانستی كه‌سێتی و شیكردنه‌وه‌ی تیۆری و هتد ….) كه‌ به‌ڕای من مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه‌ شایانی توێژینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆو گفتوگۆی فراوانن ، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ به‌ گرنگم زانی قسه‌ له‌سه‌ر كردنی بووه‌ستێنم بۆكاتێكی ترو ده‌رفه‌تی تر..پاشان نووسه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن ی خۆی بۆئه‌م به‌شه‌ش پێشكه‌ش ده‌كات .

  • *ئه‌نجام
    :
    ئه‌نجام یان كۆتایی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌لای نووسه‌ر پیاچوونه‌وه‌یه‌كی خێرایه‌ به‌ تیۆره‌كان كه‌سێتی و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌به‌و شیكاریه‌ خێرایانه‌ ئه‌و تیۆرانه‌ هه‌ڵناسه‌نگێندرێن و پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ بیانخوێنینه‌وه‌و جه‌ده‌لیان له‌ باره‌وه‌ بكه‌ین و گفتگۆو قسه‌له‌سه‌ركردنیش له‌م باره‌یه‌وه‌ كراوه‌یه‌ بۆهه‌ركه‌سێك بیه‌وێت قسه‌ی جیاوازترو توێژینه‌وه‌ی زیاتری هه‌بێت و منیش وه‌كو كۆتایی بۆئه‌م كتێبه‌ پێشنیاز ده‌كه‌م بۆهاوڕێ‌ شانۆ كاره‌كانم كه‌ له‌ م قۆناغه‌دا كار به‌تیۆر بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژیده‌ره‌ گرنگ و جیهانیانه‌ی كه‌ ئێمه‌ وه‌ كو كورد فه‌رامۆشمان كردوون و نه‌مان خوێندووونه‌ته‌وه‌ جا له‌به‌ر هۆكارێك بێت ، به‌و ئومێده‌ی كارێكم كردبێت شایسته‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان بێت .



چه‌ند ره‌خنه‌یه‌کی دۆستانه‌.. فه‌ریق م حه‌وێزیی

دیارده‌ی له‌سه‌ر یه‌کتر نووسین و تێکه‌ڵکردنی په‌یوه‌ندی شه‌خسی و فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی دنیای ئه‌ده‌ب، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو نووسین و رانان و لێکۆڵینه‌وه‌کان زه‌ربی سفر بکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ راستیشدا شتێك بن به‌ ناوی لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ییه‌وه‌! چونکه‌ ئه‌سته‌مه‌ که‌سێك پسپۆڕی بواره‌کانی شانۆ و سینه‌ما و رۆمان و چیرۆك و شیعر بێت له‌ یه‌ک کاتدا و له‌سه‌ر هه‌موویان بنووسێت و له‌ هه‌مانکاتیشدا ره‌خنه‌نووسی ئه‌و بوارانه‌ش بێت، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی دنیای تایبه‌تمه‌ندیبوونیی پێشکه‌وتنی ره‌وتی مۆدێرنه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ی کوردی باشوور هه‌موو شته‌کان وه‌ك چێشتی مجێوریش تێکه‌ڵ ده‌بن و ته‌نانه‌ت تاریك و روون له‌ یه‌کتر جودا ناکه‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و 2 حیزبه‌ی ده‌سه‌لاتی باشوور ماوه‌ی زاید له‌ 28 ساڵه‌ مه‌سخی مه‌عریفه‌و بوونیان کردووین و هه‌موو ره‌سه‌نایه‌تی و جوانییه‌کیان له‌بنه‌وه‌ هه‌ڵکێشاوه‌و خه‌ڵکیشیان شه‌وکوێرکردووه‌.

جا ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی له‌به‌رانبه‌ردا له‌سه‌ر یه‌ك ده‌نووسن له‌ دوو رووه‌وه‌ نووسینه‌کانیان جێی بایه‌خ نابێت و به‌ شێوه‌یه‌کی نیوترال و زانستی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکرێت و ته‌نانه‌ت کۆی نووسین و ئایدیاکانی ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌خرێته‌ ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه‌.
له‌مباره‌وه‌ گه‌ر چاوێکی خێرا بخشێنین به‌و نووسینه‌ی کاک داستان به‌رزان که‌ له‌ 7/6/2019 له‌سه‌ر رۆمانی (له‌دایکبوونی دووه‌م)ی پێشڕەو عەبدوڵڵا نووسیویه‌تی، ئه‌وا زوو نهێنییه‌که‌یمان بۆ ئاشکرا ده‌بێت کاتێك ببینین که‌ چۆن هه‌ر دوای 5 رۆژ کاک داستان هه‌واڵی کتێبێکی نوێی خۆیمان پێ ده‌دات به‌ ناوی [ لە نەخۆشییەک دەترسم نامەوێت ناوى لەم کتێبەدا هەبێت] شیعر: داستان بەرزان…….. توێژینەوەى: پێشڕەو عەبدوڵڵا.
سه‌ره‌تا کاک داستان ده‌رباره‌ی رۆمانه‌که‌ی پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا‌ ده‌نووسێت: ‌
Dastan Barzan
7 June •
[ ڕۆمانێکى جوان و شایەنى خوێندنەوە
ئەوەى لەم ڕۆمانەدا سەرنجیبردم جیاواز لەو شەپۆلەى ئەم دواییەى نوسینى ڕۆمان لەلایەن کەسانى گەنج یان تازە لە بواری نووسینى ڕۆماندا ئەوەبوو کە نووسەر بەئاگاییەوە دەستیداوەتە نووسینى ڕۆمان، ئاگادار لە ئەدەب، فیکر، دەروونناسی و کۆمەڵناسی،…. بەتایبەتر لەو بابەتەکەى کردوویەتییە کۆنسێپتى ڕۆمانەکەى، بۆیە توانیوویەتى هونەرمەدانە بەسەر زۆر لایەنى کارەکەییدا زاڵ بێت و وابکات لە پاش خوێندنەوەى خوێنەر نەک هەست بە پەشیمانى بەڵکو دڵخۆش بێت بەوەى ڕۆمانێکى دیکەى کوردى جوانى خوێندەوە.]

هه‌روه‌ها کاک داستان ئاوهاش دوای 5 رۆژ هه‌واڵی کتێبه‌ شیعرییه‌که‌ی خۆیمان پێده‌دات:
Dastan Barzan
11 June at 23:25 •
لە نەخۆشییەک دەترسم نامەوێت ناوى لەم کتێبەدا هەبێت
شیعر: داستان بەرزان
توێژینەوەى: پێشڕەو عەبدوڵڵا
تابلۆی ناوەوە: محەمەد ناکام
دیزاینى بەرگ و ناوەوە: محەمەد زاری
……………………………………………….
بەم نزیکانە چاپ و بڵاودەبێتەوە

نازانم تا چه‌ندێك هاوڕامن به‌وه‌ی دنیای شیعرو ڕۆمان زۆر له‌یه‌کتر جیاوازن و هه‌ریه‌که‌یان شاره‌زایی جیاوازی گه‌ره‌که‌، که‌چی لێره‌دا ده‌بینین شاعیر له‌سه‌ر رۆمان ده‌نووسێت و رۆمان نووسیش له‌سه‌ر شیعر!
جگه‌ له‌مه‌ش زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوده‌بنه‌وه‌ هه‌ر خاوه‌نی یه‌ك سیمای گشتین و لێره‌دا هه‌ندێکیان باس ده‌که‌ین و له‌ بواری پراکتیکدا نموونه‌ی چه‌ند شیعرو شاعیرێك ده‌هێنینه‌وه‌:
1-به‌کارهێنانی زمانی فه‌یسبوك بۆ نووسینی شیعر، زۆربه‌ی خوێنه‌رانیش هه‌ر ئه‌و زمانه‌یان ده‌وێت.
2- خودو خه‌مه‌کانی شاعیر ده‌بنه‌ چه‌ق و هه‌موو شته‌‌کانی تر له‌ ده‌وری ئه‌و خوده‌ تێکشکاو و قوپاوه‌دا ده‌خولێته‌وه‌.
3- ساده‌بوونه‌وه‌و یه‌ک دیویی شیعره‌کان.
4- ده‌ربڕینی راسته‌وخۆ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی شیعر که‌ خه‌یاڵ و سیمبوڵ و میتافۆڕو بابه‌تیبوون وئیستاتیکاو نازکی و تییمی جوداو نوێیه‌.
5-له‌م شیعرانه‌دا زیاتر به‌کارهێنانی ‌ شێوازی داڕشتنی فیکری و فه‌لسه‌فی و په‌خشان زاڵه‌ نه‌ك شیعرییه‌ت که‌ له‌ باشترین باردا موخاته‌به‌ی ویژدان ده‌که‌ن.
6- شاعیره‌کان بێ گرفت ده‌ژین و خۆیان له‌ دووی خه‌م ‌ده‌گه‌ڕێن و هه‌میشه‌ خۆیان وه‌ك قوربانی داده‌نێن، ئیتر نازانین کێ جه‌للاده‌که‌یه‌؟ جا ده‌پرسین ئایا ده‌بێت له‌ واقیعدا ئه‌و شاعیرانه‌ خاوه‌نی هه‌ندێك له‌و روئیایانه‌ بن؟
7/ به‌کارهێنانه‌وه‌ی زاراوه‌کانی یه‌کتری وه‌کو: برین ، مۆدێرنه‌، ره‌شبینی و خۆکوشتن، عه‌به‌س….

  • بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و پشکه‌ تیۆرییه‌ی باسمان لێوه‌کردن، ئێستا نموونه‌ی پراکتیکی له‌ نموونه‌ی 3 شاعیره‌وه‌ ده‌هێنینه‌وه‌ که‌ هاوشێوه‌ییه‌کی زۆر له‌ شێوازو دنیابینی و زماندا له‌ نێوانیاندا ده‌بینرێته‌وه‌، ئه‌وانیش: داستان به‌رزان ، ئاکار محه‌مه‌د، رامیار مه‌حموودن.
    أ/ سه‌ره‌تا داستان به‌رزان ئاوها له‌ خۆی ده‌دوێت و پاشان زمانی ئاخاوتن له‌ هه‌مان کۆپله‌دا ده‌بینینه‌وه‌ که‌ ئامۆژگاری راسته‌وخۆی خوێنه‌ران ده‌کات و ته‌نانه‌ت وشه‌گه‌لێکی زۆر ناشیعریش به‌کاردێنێت وه‌ك (ده‌عوه‌تی منیت)
    من لەو شاعیرانە نیم کە بە بۆنى باران هەڵدەخەڵەتێن
    سەرەتا گرنگە بزانیت
    بۆ خوێندنەوەى ئەم شیعرە پێویستە نێتت هەبێت و
    ئەم لاپەڕانە بە پارە دەبنە پانتاییەکى سپی
    من ئەو پارەیەت لێناسەنم و
    بگرە پاسۆردى وایفایەکەشم
    دەعوەتى منیت بۆ ئەم دێڕانە.
    خۆشبەختى پەیوەندى بە تەندروستییەوە هەیە
    من بە دەرمان تێیدەپەڕێنم ڕۆژەکانم
    ئێستا گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین چۆن شاعیر رامیار مه‌حموودی شاعیریش شته‌ عاده‌تییه‌کانی رۆژانه‌ ده‌هؤنێته‌وه‌و ده‌یکات به‌ شیعر، ئه‌وا ده‌بێ بپرسین ئایا چ هونه‌رو داهێنانێک له‌م زمانه‌دا وه‌ك زمانی شیعر ده‌بینرێته‌وه‌؟:
    دەربارەی هەموو شتێک ئەزانم
    ئەزانم ئەستێرە لە شەوی ساماڵدا
    ئەدرەوشێتەوە
    باڵندە ئەفڕێت
    ماسی لەئاودا ئەژی
    خەڵک منداڵەکانیان ئەنێرن بۆ قوتابخانە
    ئەو شتانەی من ئەیانزانم زۆرن.
    ئاگاداری ئەوەم مرۆڤ دوو پێی هەیە
    ئەتوانێت پیاسەی پێ بکات و
    ئەشتوانێت بە ڕاکردن بڕوات
    هه‌روه‌ها ئاکار محه‌مه‌دیش له‌ باسکردنی خود و دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه‌ی برین ئاوها کۆپله‌ شیعره‌کانمان به‌ زمانێکی راسته‌وخۆ بۆ ده‌خوێنێته‌وه‌:
    جگە لە کەمێک برین
    زۆرێک لە ئازاری یەک لە دوای یەک
    ئیدی ئەم نیشتیمانە
    لە ناو برینەکانمدا ناشارمەوە
    له‌ کاتێکدا شاعیر رامیار مه‌حموود له‌ شیعری (سه‌رگوزوشته‌ی پیاوێكی تاریك) دا ئاوها به‌کارهێنای وشه‌ی برین و زه‌قکردنه‌وه‌ی خود پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌:
    دۆسته‌كانم ناتوانن له‌ برینی من بگه‌ن
    ب/ له‌باسکردنی دووباره‌ی زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی مۆدێرن، وه‌ك چۆن داستان به‌رزان له‌ شیعری (بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە)دا ده‌نووسێت:

نامپەرژێت بزانم، کامە ڕەنگى جل و بەرگم لێدێت
من بانگەشەى نائومێدى ناکەم
جیهان خۆی ڕەشە
هه‌روه‌ها له‌م باره‌وهو بۆ زیاتر تیشکخستنه‌ سه‌ر ره‌فتاری مرۆڤی مۆدێرن، ئاکار محه‌مه‌دیش له‌ پارچه‌ شیعرێکدا ئاوها ده‌نووسێت: ‌
دەمویست ژیان باش بووایە،
ببوورە دەمویست مرۆڤ کابوس نەبووایە.
مرۆڤەکان خووی یەکیان گرتووە،
مرۆڤەکان پۆشاکەکانیان ڕۆیشتن و،
نانخواردنیان لە یەک دەچێت،
مرۆڤەکان لە یەک ده‌كه‌م
هه‌روه‌ها له‌ شیعرێکی ترداو له‌ باسکردنی نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانی مۆدیرندا هه‌ر داستان به‌رزان ده‌ڵێت:
مارکێتەکانى لە ئێمەدا خۆیان ساغ دەکەنەوە
شوشە و نایلۆن و دەبەکانى لە ئێمەدا نوقم دەبن
جارێکی تر به‌م نموونه‌یه‌ی ئاکار محه‌مه‌د زیاتر خاڵی مه‌به‌ست لای خوێنه‌ر روون ده‌بیته‌وه‌ سه‌باره‌ت شێوازی مۆدێرن که‌ زۆربه‌مان ئه‌زموونی ده‌که‌ین و ده‌یبینین، که‌ له‌ پارچه‌یه‌ك شیعردا زۆر سادانه‌ ده‌نووسێت:
مرۆڤ
مرۆڤی ڤیاگرا
مرۆڤی ڕێستۆرانتەکان
مرۆڤی پۆشاکە مارکەکان
مرۆڤی جەبانی ناو سایتەکان
مرۆڤی دونیایەکی تازە…تازە!
دەزانم ئەم قسانەتان پێناخۆشە
ج/ جارێکی تر زه‌قکردنه‌وه‌ی خودو وه‌سفکردنی خود به‌ جیاکردنه‌وه‌ی له‌ گشت له‌م کۆپله‌یه‌ی داستان به‌رزاندا به‌ روونی دیاره‌ که‌ گه‌واهیده‌ری وته‌که‌ی سه‌ره‌وه‌مانه‌:
من هاتوومەتە دونیاوە
بۆ ئەوەى حاڵم ئاسایی نەبێت
هه‌روه‌ها له‌م رووه‌وه‌ نموونه‌ی کۆپله‌یه‌کی ئاکار محه‌مه‌د ده‌هێنینه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش زۆر شێوازی نووسینی شیعری سه‌ر به‌م ره‌وته‌یه‌ و ده‌ڵێت:
ڕاستیەک لە ئەزمونی ژیانم
تاڵییەك كە بە بەرم نەدەبو
بۆ ئەوەی ون نەبم نوسیم و بڵاوم کردەوە….
ئاخر بۆ نەفرەت لە هەموو دوونیا نەکەم
شاعیر رامیار مه‌حموود هه‌رچه‌نده‌ ئه‌زموونی له‌ دوو شاعیره‌که‌ی تریش زیاتره‌، به‌ڵام زۆر خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان به‌رهه‌مه‌ شیعره‌یه‌کانی ئه‌م شاعیره‌و شاعیرانی تری هاونه‌وه‌کانی ده‌بینرێن وه‌ك له‌ پارچه‌یه‌ك شیعردا ئه‌ویش ئاوهاوه‌سفی خود ده‌کات و زه‌قی ده‌کاته‌وه‌:
من باڵ بۆ ژیان دروست ئەکەم
هەموو ئەوەی هەمە دەنگێکە
من حەزم لە دەنگی خۆم هەیە

د/ به‌کارهێنانی زمانی ناشرین و ته‌نانه‌ت جنێو و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ها به‌رزه‌کان له‌م شیعرانه‌دا میزاج و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر له‌ دنیای داهێنان و ئه‌فراندنی شیعریی دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ وه‌ك له‌ شیعرێکدا داستان به‌رزان ده‌ڵێت:
مۆدێرنە گویکردۆتە هەستمانەوە
ئێستا کە ئەم شیعرە دەنوسم
بە چات سێکس لەگەڵ هۆمۆیەک دەکەم لە ئەمریکا
ئاکار محه‌مه‌دیش له‌م باره‌وه‌ به‌م نموونه‌یه‌دا ده‌خه‌ینه‌ ناو ئه‌م ره‌وته‌وه‌:
ئێستا لە گەڵ گۆرانیەکانی داریوشدا
ئەم سایتە دەکەمەوە Xnxx و
دەسپەر بەسەر ژیاندا لێدەدەم
بەسەر سەتەلایت و کەناڵە موشەفەرەکان.
خۆشم دەویستی لەو زەمەنە
هه‌روه‌ها شاعیر رامیار مه‌حموودیش سه‌باره‌ت ژیانی مۆدێرن و به‌کارهێنانی زمانی زبرو بازاڕیی ده‌نووسێت:
ئەم شارانە جلوبەرگێکن لە ئاسن
ئێمە مناڵەکانی سەردەمی تۆفانین
من ئەو ڕۆژانە ئەگێم کە ئێوە ئەڵێن جوانە
هه‌روه‌ها له‌م رووه‌وهو بۆ ده‌رخستنی راده‌ی بێزاریی و عه‌به‌سی شاعیر، رامیار له‌ شیعرێکی تردا ئاوها ده‌ڵێت:
‌ خوایە گیان ئەوەندە بێزارم خەریکە
گوو لە دەم و قنگمەوە دێتەوە دەرەوە
هه‌روه‌ها جارێکی تر رامیار ره‌فزی بیرکردنه‌وه‌ی ئیجابی و سوود به‌خش ده‌کات و هانی خوێنه‌ران ده‌دات به‌ره‌و پوچگه‌رایی ته‌واو هه‌نگاو بنێن کاتێك ده‌ڵێت:
ئەگەر ئەزانیت بیر ئەکەیتەوە بۆ ئەوەی سودێکی هەبێت
باشتر وایە بیر نەکەیتەوە
هـ/ بۆشبوونی ناخ و رۆتین بوونی ژیان بێهیوایی ده‌خولقێنێت و ئیراده‌ی گۆڕانکاری و داهێنان و نوێبوونه‌وه‌ ده‌کوژێت، له‌ جیاتی گه‌ڕان له‌ دوای ئه‌لته‌رناتیڤی هیوابه‌خش، ئه‌وا خۆ مه‌ستکردن و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ کرۆکی چاره‌کان به‌ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی بابه‌ته‌ مودمینه‌کان که‌ زۆر له‌ شاعیران گیرۆده‌ی بوون، وه‌ك داستان به‌رزان ده‌ڵێت:
نە بە عارەق و ویسکى خواردنەوە
نە بە جگەرە و نێرگەلەکێشان
نە بە ئەفیون و کۆکاین و هێرۆین
نە بە ئارتین و سۆماڵدرین و بیلمۆ
ژیان بەڕێوەناچێت.
لە مۆدێرنەدا تاقەتت نییە بژیت
هه‌روه‌ها ئاکار موحه‌مه‌دیش له‌م باره‌وه‌ ئاوها له‌ شیعری (شروبخۆره‌کان)دا ده‌نووسێت:
بیست و شەشی سێ بوو، ھەڵبەتە ساڵەکەیم لە یاد نەماوە؛
بووم بە شرووبخۆر.
لەبەر ئەوە نا مودمینم و ھیچم لە یاد نەماوە،
لەبەر ئه‌وەیە مرۆڤم و، تف لەم چارەنووسە دەکەم
شاعیر رامیار مه‌حموود له‌ شیعری (ره‌شنووسی پیاوێكی ڕه‌ش) زۆر به‌ روونی ئه‌و پوچگه‌رایی و ره‌شبینییه‌مان به‌ زمانێکی ساده‌ی رۆژانه‌ بۆ وێنا ده‌کات و هانی خوێنه‌ره‌کانیشی ده‌دات که‌ هه‌ر ئه‌وه‌ کۆتایی ڕێگایان بێت:
ئه‌م بێ‌ هوده‌ییه‌..،
زۆر به‌ خێرایی له‌ خوێنمدا ئه‌گه‌ڕێ‌..
زۆر به‌ قوڵی له‌ ڕۆحمدا حه‌شار دراوه‌..
له‌ سه‌رما ئاژاوه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ خۆكوشتن
ته‌نانه‌ت رامیار شیعریش ده‌به‌ستێته‌وه‌ به خراپه‌کاریی و وێرانکردنی بوونی مرۆڤ و هێنانی خه‌م و ته‌نیایی و ره‌شبینی و بوده‌ڵه‌یی بۆیان، جا داخۆ ده‌بێت ئه‌وه‌ زمان و په‌یامی شیعر بێت، گه‌ر شیعر په‌یامێکی هه‌بێت؟ ئیدی ئه‌وانه‌ش تا ئێستا شیعریان نه‌خوێندۆته‌وه‌ ده‌ڵێن هه‌ر باشمان کرد ئێمه‌ش شیعرمان نه‌خوێنده‌وه‌ تا ئاوها ماڵمان وێران نه‌بێت:
‌ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەبم بە شاعیر
پێکەنینی مرۆڤ پڕ ئەکەم لە گریان
ئاسودەییان بۆ هەتا هەتایە خاپور ئەکەم
هەموو مرۆڤێک ئەکەم بە عاشقێکی تەنیا
وایان لێئەکەم بە کەڵکی کارکردن نەیەن و
لە شوێنی ئیشەکانیان دەر بکرێن
………………
به‌ره‌نجام:
من ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌که‌م ناویان هاتووه‌و ئه‌وانه‌ش ئاوها ده‌نووسن و ناویان نه‌هاتووه‌، لانی که‌م به‌ بوارێکی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ مژیلن و باشتره‌ له‌ چه‌کدارێتی، هیوادارم زوویرو دڵگران نه‌بن، ته‌نیا مه‌به‌ست له‌م نووسینه‌ خه‌می شیعر بووه‌ و هیچی تر نا، ئه‌مه‌ش دیدگای منی خوێنه‌ره‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌، ئه‌گینا وه‌کو تاکه‌که‌س و خودی شاعیره‌کان ئه‌وا زۆر ڕێزو خۆشه‌ویستیم هه‌یه‌ بۆیان، له‌ کاتێکدا من به‌س به‌رکه‌وتنم بووه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌کان و له‌ پێشیشه‌وه‌ هیچیانم نه‌بینیوه‌و ناناسم، ئه‌م نموونانه‌ش ڕێژه‌ی %85ی شیعری ئێستا ده‌گرێته‌وه‌، حه‌زیش ده‌که‌م هه‌مووان ئاوها به‌ مه‌وزوعی باسی کێشه‌و قه‌یرانی شیعری هاوچه‌رخ و مۆدێرن بکه‌ین و له‌و بڕوایه‌دام زۆر سوودی ده‌بێت و سنوورێك بۆ ئه‌و فه‌وزای شیعر نووسین و چاولێکه‌رییه‌ داده‌نێت، راسته به‌ گشتی خه‌ڵك ساده‌بوونه‌ته‌وه‌و تاقه‌تی بیرکردنه‌وه‌و ماندووبوونیان نییه،‌ هه‌م بۆ نووسینی شیعرو هه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناکرێت ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر بیرێکی راگوزه‌ر هاته‌ مێشکمانه‌وه‌ ناوی شیعری لێ بنێین، بڕوا بکه‌ن‌ شیعری باشی مۆدێرن زۆر له‌ هی کلاسیکی سه‌خترو گرانتره‌ بۆ نووسین و چێژ لێبینین گه‌ر شیعر وه‌ك پرۆسه‌یه‌کی نوێبوونه‌وه‌و ئه‌فراندن ته‌ماشا بکه‌ین، به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌م بۆ نه‌وه‌ی خوێنه‌رانی فه‌یسبووك نییه‌، چونکه‌ زۆربه‌ی کات ده‌ستخۆشی و راکانی ئه‌وان له‌ جێی خۆیدا نییه‌و زۆر سه‌رپێیین‌.‌




کتێبی شیعری: کۆجیتۆی جەلال تاڵەبانی … سەڵاح جەلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن …….




پاسەوانی مێشک … مەحمود عەبدوڵڵا

هەرگیز گومان مەکە دین ڕاست نەبێت.ئەوە گوناهە و تەوبە بکە.ئەوە چواردە سەدە زیاترە ئەو قفڵە دراوە لە مێشکی خەڵک. و پاسەوانی دەکات لەمێشک و ناهێڵێت بیرۆکەیەکی نوێ بچێتە ناو بیرۆکە کۆنەکان .
ئەوە لەڕووی زیهنیەتەوە،دەکرێت باوەڕدارێک زانای فیزیک بێت، بەڵام لە ڕوی زیهنیەتەوە وەک کەسێکە کە ئەلیف و بێ نازانێت، چونکە لەم ڕووەوە ئەویش پاسەوانی مێشکی هەیە،بۆیە نابێت زانست و زیهنیەت تێکەڵ بکرێت… لایەنی ڕەوشتی مرۆڤ بەستراوەتەوە بەدین،بۆیە هەرکەس لە و دۆگماتیزمە دەرچێت پێیان وایە بێڕەوشتە. دەرونزانێک دەڵێت:ئەمانە هەردو بەشی مێشکیان لەگونیاندایە” لەو لایەنەوە بەگون بیر دەکەنەوە.

لەزۆر دۆگمام بیستوە کە ئەوەی دینی نەبێت هەموشتێک دەکات،هەتا باوەڕدارێکی عەیار بیست و چوار پێی وتم: ئەگەر دین نەبێت هەموشتێک دەکەم! چاک دەزانم زۆرینەی بڕواداران بە بێڕەوشت لەکەسێک دەڕوانن کە ڕەخنە لەدین دەگرێت،چونکە خۆیان ناتوانن بەعەقڵ بژین،ئەمەش بۆ خەڵک گریمان دەکەن. من بێباوەڕم،بەڵام هەرگیز مێشکم هێندە بچوک ناکەمەوە کەخودا لە سێکس زیاتر شتێک نەبێت پێشکەشی لایەنگرانی بکات.ئەگەر پاشایەک ئەوەت بۆبکات تۆ ئەڵێی بێڕەوشتە.

بەختیار عەلی دەڵێت: گەورەترین هەڵەی مرۆڤ ئەوەیە پەیوەندی خۆی بەجیهانەوە وەک تاکە جۆری پەیوەندی ببینێت. تۆ پەیوەندیخۆت ،لەڕێگەی گونتەوە بەجیهانەوە گرێداوە، خەڵک وانیە،ئیتر بۆچی وابیر دەکەیەوە،تۆ تەنانەت پەیوەندیت بەقیامەتیشە وە هەروایە. باوەڕدار دێت دەڵێت :نابێت کێشەی ڕەوشتت هەبێت کە باوەڕت نیە،ئۆکەی هەڵبەت ڕەوشتیش لە سێکسدا کورت دەکەنەوە،جاکەوابێت ئاژەڵێک کە وەرزانە یان ساڵانە یەک جار سێکس دەکات زۆر بەڕەوشتترە لەوەی کە دوازدە ژن دێنێت. ڕاستە دەبێت مرۆڤ پەیوەندی سێکسی ڕێک بخات بەڵام ناکرێت شێوازی خۆت پێ لەهەموشێوازێک ڕاستتر بێت. کارەساتە مرۆڤ نەتوانێت لە سەربنەمایەکی عەقڵانی ژیانی خۆی ڕێکبخات، پێش ئەو دینە باپیرانی تۆ اخلاقیان هەبوو ڕوتیش نەبون خۆ هەموو کلتورەکان شێوازێکی جلو بەرگیان هەبووە .وەک ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێت :شتێکی زۆر قێزەونە ڕەوشتی مرۆڤ لە سەر ترس بەند بێت.ئێ من بۆدەبێت تێگەیشتنی خۆم ملکەچی دۆگماتیزمی تۆبکەم.

لەوە دا تۆ ئازادی کە لەسەر بنەمای دینی ژیانی خۆت ڕێک دەخەیت،بەڵام کاتێک واگومان دەبەی ناادینی بێڕەوشتە ئەوە بینینی وێنەی خۆتە لەکەسانیتردا.تۆ بەوزیهنیەتە زۆر ئابڕوبەری. ئەگەر نەتوانی بەعەقڵ خۆت کۆنتڕۆڵکەی نەکەی بێدین بیت.دەزانی چەند شتێکی قێزەونە تۆ خودا چەندین هەزار پیاوی دابینکردبێت تا نەچیتە دۆخی ئاژەڵیەوە.هەستناکەیت بەستراویتەوە؟ئەوە شەرم نییە؟لە کتێبی پیرۆز قسەیەکی جوان هەیەدەڵێت:مرۆڤ بە خواردن پیس نابێت ،بەڵکو بەبیرکردنەوەی خراپ پیس دەبێت،ئاخر کەسێک گۆشتی بەراز بخوات پیس نابێت،ئەوە تۆی بە بیرکردنەوەی پیس ،پیس دەبیت.ئەوە بێڕەوشتییە تۆ پێت وابێت سەربڕین لە پێناو خوداو سێکس نەکردن لەپێناو خودا وەک یەک ئامرازن بۆ چونە بەهەشت. خێڵەکان بە بێ دین زۆر توندبون لەسەر ئافرەت ،خێڵیش هەبوە کراوەتر.

ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ فەلسەفەکان اخلاقێکی جوانتریان بەرهەم هێناوە تەنانەت شتە جوانەکانی دینیش وە رگیراون.کۆنفۆسیۆس لە چین نەک لەڕۆژهەڵاتی ناوینی هێلانە پێغەمبەر وتویەتی ” اخلاق هەڵس و کەوتە لەگەڵ خەڵک بەوجۆرەی خۆت ئەتەوێت” دوایی بوو بە چیت بۆخۆت پێ خۆشە بۆخەڵکیش پێت خۆش بێت.بەشێوەی دزی ئەدەبی برایە ئاسمان .تۆ پاسەوانی مێشکت هەیە ناهێڵێت بیربکەیتەوە!

مەحمود عەبدوڵڵا




2 شیعر له‌ (م. ئومێد)ـه‌‌وه‌ … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
خه‌م

نه‌ چرای چاوی پیره‌گورگ
نه‌ هه‌ناسه‌ی نامۆی گومڕاو ماندوو ..
جێماو له‌ ده‌شتی خامۆش و بێپایانی
به‌ر بارانێك
چه‌ند سه‌عاته‌
به‌سه‌ر ئه‌م شه‌وه‌ شێت و خه‌مناكه‌دا دێته‌ خوارێ
دڵی شه‌ویش ده‌شت ئاسا په‌ژمورده‌یه‌ ..

له‌ شه‌وی دێوانه‌و خه‌مناك
به‌ هه‌موو لایێ
وه‌ك په‌رده‌یه‌كی زنجیربه‌ند
بسكه‌ تاڤگه‌ هه‌ڵواسراون ..
جێماوی ده‌شتی بێپایان
له‌به‌ر باران ..

ئای … سه‌عاته‌هایه‌
ئه‌م هه‌وره‌ ڕه‌شه‌ دڵگیره ‌،
بێ هه‌ست و خوست ده‌پرووشێنێ ..
نه‌ ده‌نگی سمی ئه‌سپی ڕێگرتوو و ته‌نیا
نه‌ گڤه‌گڤی با ی سه‌رگه‌ردان
نه‌ چرای چاوی پیره‌گورگ ..

( 2 )
ساتی یه‌كتربینین

ساتی دیدار نزیكه‌ .
دیسان ئه‌من شێت بوومه‌وه‌
دیسان دڵم ، ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزن
گۆیا دیسان له‌ زه‌وقێكی دیكه‌ دام
ئاه ..
با ،
بسكی لووسم ده‌شێوێنێ
ئای .. ئه‌وه‌تا تیخ كتوپڕ
ڕوومه‌تم ده‌ڕووشێنێ ..

نه‌كه‌ی ئابڕووم ببه‌ی ئه‌ی دڵ !
ساتی دیدار نزیكه‌ .

  • شیعری (خه‌م) له‌ – برگزیده‌ شعرهای م. اومید- ( مهدی اخوان ثالث ) و ( ساتی یه‌كتربینین) له‌ ( راهیان شعر امروز ) ی داریوش شاهین كراون به‌ كوردی .



عه‌لیڕه‌زا تابێش: منداڵی ئه‌وڕۆ پێویستی به‌ ناوه‌رۆکی شیاوی وێنه‌یی هه‌یه‌

مەنووچێهر جیهانی ـ

“عه‌لیڕه‌زا تابێش” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران گوتی: فیستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ له‌ به‌ره‌به‌ری چوونه‌ ناو چواره‌مین ده‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆیدایه‌ و بۆته‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی به‌هێز که‌ ره‌وتێکی دروست کردووه‌ و کاریگه‌ره‌.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان، “عه‌لیڕه‌زا تابێش” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هاوبیریی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ که‌ له‌ شاری ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ فێستیڤاڵه‌کانی سینه‌مایی ئێران وه‌کوو فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر و فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ له‌ به‌ره‌به‌ری چوونه‌ ناو ده‌یه‌ی چواره‌می ته‌مه‌نی خۆیاندان، راشیگه‌یاند: ‌فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ به‌و پێشێنه‌ و رابردووه‌ی ئێستا دامه‌زراوه‌یه‌کی به‌هێزه‌ که‌ ره‌وتێکی دروست کردووه‌ و کاریگه‌ره‌ و تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م رووداوه‌ له‌ گۆڕانکاری دووره‌په‌رێز نه‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتی: گه‌شه‌ی وه‌ها فێستیڤاڵێک له‌مه‌دایه‌ که‌ له‌ گۆڕانکاری تێبگات و وێڕای وه‌فاداربوون به‌و بنه‌ما سه‌قامگیرانه‌ی که‌ هه‌ر فێستیڤاڵێک له‌ زاتی خۆیدا هه‌یه‌تی، بیر له‌ ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتن بکاته‌وه‌.
تابێش له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: گرینگترین ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتن، گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتن له‌ شێواز و ستایلی ژیان و جۆری پێداویستییه‌کان و بیر و بۆچوونه‌کانی به‌رده‌نگه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ واته‌ منداڵان و مێرمنداڵانه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: ئاماده‌بوونی نه‌وه‌ی نوێ له‌ به‌ستێن و بواری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری وڵاتدا، وه‌کوو به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌کارهێنه‌رانی سه‌ره‌کیی به‌رهه‌مه‌کانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری، پێداویستیی سه‌ره‌کیی ئه‌م گۆڕانکارییه‌یه‌. منداڵ و مێرمنداڵی ئه‌مڕۆ، به ‌شه‌و و رۆژدا له‌گه‌ڵ ئه‌پڵیکه‌یشێنه‌کان و پلاتفۆڕمه‌کانی دونیای دیجیتاڵ، ده‌ژین و زۆربه‌ی پێداویستییه‌کانی خۆیان له‌ که‌شوهه‌وای مه‌جازی و ده‌ستکرددا، له‌م رێگایه‌وه‌ دابین ده‌که‌ن. به‌م پێیه‌ ئێمه‌ سیاسه‌تداڕێژانی بواری فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه‌ ئه‌م خاڵه‌ که‌ ناتوانین به‌و زمانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی ده‌یه‌ی 60 قسه‌مان پێ ده‌کرد‌، له‌گه‌ڵ منداڵانی ئه‌مڕۆ قسه‌ بکه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌یه‌کی نوێخواز، بیرتیژ و زیره‌ک و به‌ئاگا به‌ره‌وڕووین که‌ پێویستی به‌ ناوه‌رۆکی شیاوی وێنه‌یی هه‌یه.
هه‌روه‌ها راگه‌یاند: له‌ فیستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رده‌نگانه‌ به‌ره‌وڕووین که‌ ده‌بێ به‌ که‌رسته‌ و زمانی که‌شوهه‌واکانی به‌پێی وێب ئه‌وان له‌ به‌رنامه‌کان و رووداوه‌کانی فێستیڤاڵ ئاگادار بکرێنه‌وه‌. فێستیڤاڵه‌کان له‌ سه‌ده‌یه‌ی 21 گۆڕانکارییان تێدا کراوه‌ و پێشکه‌وتوو بوونه‌ و ده‌بێ بابه‌ت گه‌لێکی کاریگه‌ری دانه‌ر له‌م فێستیڤاڵانه‌دا باسی لێوه‌ بکرێت.

ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مساڵ بانگهێشتنمان له‌ چالاکانی دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ کردووه‌ که‌ له‌م فێستیڤاڵه‌دا ئاماده‌ بن، روونیکرده‌وه‌: له‌ خوله‌کانی رابردووی فێستیڤاڵدا، که‌متر سه‌رنج درابوویه‌ به‌شداری چالاکانی به‌رپرسی دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی سینه‌ما، به‌ڵام ئه‌مساڵ نه‌ ته‌نیا بڵاوکه‌ره‌وه‌کانی ئێرانی به‌ڵکوو چالاکانی به‌رپرسی دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی سینه‌مای وڵاتانی دیکه‌ و کڕیارانی ناوچه‌یی بانگهێشت ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م فێستیڤاڵه‌دا به‌شداری بکه‌ن.
تابێش له‌ وڵامی یه‌کێک له‌ هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، روانگه‌ی فێستیڤاڵی بۆ که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و که‌م ئه‌ندام شیکرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: یه‌کێک له‌ روانگه‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ پاڵپشتی کردن له‌ که‌م ئه‌ندامان و که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی جه‌سته‌ییه‌. ساڵی رابردوو له‌م فێستیڤاڵه‌دا به‌شێک به‌ منداڵانی کارکه‌ر و ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ بارودۆخی تایبه‌تیان هه‌یه‌ ته‌رخان درا و له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵیشدا وه‌ها روانگه‌یه‌ک گه‌شه‌ی پێده‌ده‌ین.

ده‌بیر و به‌رپرسی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا گوتی: ئه‌مساڵ به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ فیلمه‌کانی فێستیڤاڵ هاوکات له‌گه‌ڵ ئیسفه‌هان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ئێران نمایش ده‌کرێن، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ سینه‌ماکان ده‌توانن به‌رده‌نگه‌کانی خۆیان له‌ کۆی که‌م ئه‌ندامان، که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، منداڵانی کارکه‌ر و یان چین و توێژی هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا هه‌ڵبژێرن، ئێمه‌ش ئه‌م هه‌له‌ به‌ به‌رده‌نگه‌کانی فێستیڤاڵی سی و دووهه‌م ده‌ده‌ین که‌ له‌ دوای بینینی فیلمه‌کان، له‌ ڕاپرسی گشتیدا به‌شداری بکه‌ن و بیروڕای خۆیان سه‌باره‌ت به‌و فیلمه‌ی که‌ پێیان خۆش بووه‌، ده‌رببڕن. بێ گومان ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌ بۆ سیاسه‌تداڕێژان و چالاکانی بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ، بیرۆکه‌ خولقێنه‌ و رێگا ده‌کاته‌وه‌.

له‌ کۆتایی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌‌یه‌دا له‌ل لایه‌ن “عه‌لیڕه‌زا تابێش” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و “ئیمان حوجه‌تی” به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری فێستیڤاڵه‌که‌ له‌ ئیسفه‌هان، له‌ تێکۆشان و زه‌حمه‌ته‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکار و جێگری یه‌که‌می ئه‌و له‌ خولی رابردووی فیستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان قه‌درناسی کرا و رێزیان لێ گیرا.
سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF لە رۆژانی 28ی گه‌لاوێژ تا 4ی خه‌رمانانی 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 19 تا 26ی ئۆگۆستی 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی “نه‌ته‌وه‌یی” و “نێونه‌ته‌وه‌یی”دا بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://en.icff.ir/

‌ڕاگه‌یاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان.




سێ شیعر …. نەوزاد بەندی

بیرت ئەکەم کە وەستاوم
بیرت ئەکەم کاتێ ئەڕۆم
بیرت ئەکەم کە برسیمە
بیرت ئەکەم کە نان ئەخۆم

لە یادمدای کە هوشیارم
لەیادمدای کاتێ خەوتووم
لەیادمدای کاتێ تووڕەم
کە لە هێمنیدا نوقوم بووم

بیرکردنت وەک هەناسە
ساتێ ڕاوەستێ ئەخنکێم
هەنگاوێ لێت دوورکەومەوە
هەزار هەنگاو بەرەو ڕووت دێم

خۆیشت بەو حاڵە ئەزانی
بۆیە جەلادیت لە گەڵما
هەتاکو گوڵێ ئەڕوێنی
سەد مین ئەچێنی لە دڵما.

——————————–

نەیشتبینم ،
تەنگەتاو نیم ..
شوێن پێیەکت ، وا بە هەر بستێکی
بوونمەوە ..
جێ پەنجەت،
هەناسەت ..
بۆنت.. وان بە هەر گۆشەیەکی
دەروونمەوە ..

نەیشتبینم ،
تەنگەتاو نیم ..
بینین لە کێشانی وێنەت ،
دەستەوسانە ..
ڕەنگە بڵێم کە ناتبینم ،
ئەو کاتە
ڕوخسارت جوانە ..

———————————–

باش..
ئیتر بە خەیاڵیش
داوای دوو قاوە ناکەم
ھەر یەک قاوە و
تەواو ..

باش ..
ئیتر بە خەویش
دوو بلیت نابڕم
ھەر یەک بلیت و
تەواو ..

باش ..
ئیتر بە سوعبەتیش
دوو نەفەر داوا ناکەم
ھەر یەک نەفەر و
تەواو ..

ئیتر
قبوڵ ناکەم
تەنانەت سێبەرەکەیشم
لەگەڵما بڕوا ..
ھەر خۆم و
تەواو ..

نە
و
ز
ا
د
بە ن د ی




ده‌زانن پێوه‌ری ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كان چۆن بووه‌؟ …. عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر چاو به‌ كاندیده‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی بگێڕیت و وه‌زعی نێوخۆیی و كێشه‌ و ململانێی نێو ئه‌و دو حزبه‌ بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نها و ته‌نها رازیكردن و له‌به‌رچاوگرتنی پێگه‌ و قورسایی و به‌رژه‌وه‌ندی كوتله‌ و جه‌مسه‌ره‌كانه‌ حوكمی یه‌كلاییكردنه‌وی كاندیده‌كانی داوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ یاریه‌كی ته‌كتیكی به‌ ناوی هه‌ڵبژاردن و ته‌خویلكردنی كه‌سێك و گفتوگۆی سه‌ركردایه‌تی و گۆڕینه‌وه‌ی راوبۆچونی نێوان سه‌رجه‌مسه‌ره‌كانیش بووه‌، نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سته‌جه‌معی بۆ دانای خه‌ڵكی شیاو و لێهاتوو بۆ شوێنی شیاوی خۆی، به‌لگه‌ی راستی ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌مانه‌یه‌:
*زۆرینه‌ی ره‌های كاندیده‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێش هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌مسه‌ر و خه‌تی سه‌ركردایه‌تیه‌كانیانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌ پێی وه‌زعی نێوخۆی حزبه‌كانیان هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ كراوه‌ بێ له‌ به‌رچاو گرتنی هیچ پێوه‌رێكی ترو ئه‌وه‌ی باسی لێنه‌كراوه‌ پسۆپرێتیه‌كانیان بووه‌” به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌زانین پێش ئه‌م هه‌ڵاوهوریایه‌ ناوی سه‌رجه‌میان له‌ سه‌ر جاده‌ باس ده‌كرا و هه‌موو لایه‌ك ده‌یزانی كه‌ كێ وه‌زیر و كێش گزیره‌ و كتومت هه‌رواش ده‌رچوو.
*ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا بۆ مه‌رامی حزبی كاندید ده‌ستنیشان ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاری حزبی به‌ كاندیده‌كه‌ راسپێردرێت نه‌ك ئه‌ركی حكومه‌تی، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌به‌ر زیزنه‌بونی كه‌ كاندید نه‌كراوه‌ بۆ پۆستێك كه‌ ویستی له‌سه‌ربووه‌ پۆستێكی تر پێبه‌خشراوه‌ و له‌ ویستی خۆیدا نه‌بووه‌ و خه‌ڵكیش هه‌یه‌ شایانی زیاتر له‌ كاندیدبونه‌ پشتگوێخرواه‌.
*زۆرینه‌ی ڕه‌های كاندیدی پله‌ باڵاكان له‌ ئه‌ندامه‌ باڵاكانی حزبه‌كانن واته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و خانه‌ی راپه‌راندن و كورانی سه‌رجه‌مسه‌ری بنه‌ماڵه‌یی و خه‌ڵكی نزیك له‌ خه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك و رێكه‌خه‌ر و ده‌سترۆیشتووی حزبه‌كه‌ و كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌م و… تادوایی، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی حزبی ته‌سك و بنه‌ماڵه‌ییه‌، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی حزبی دیاریكروان نه‌ك زه‌ڕه‌یه‌ك توانا و لێوه‌شاوه‌یی و شاره‌زایی كاروباری حكومی له‌به‌رچاو بگیرێت.‌

  • سیڤی و شاره‌زایی و توانا و ئه‌و قسانه‌ی پێشتر ده‌كرا له‌ جێبه‌جێكردنی دیموكراسیه‌ت له‌ دیاریكردنی كاندیده‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی پسپۆڕی و پێویتسبونی خه‌ڵكی شیاو، هه‌موو بڵقی سه‌ر ئاو بوون، بۆیه‌ ناوی كاندیده‌كان به‌ كوتله‌بازی و رێككه‌وتنی پێشوه‌خت به‌ شه‌وێك له‌ لایه‌ن سێ بۆ چوار كه‌سه‌وه‌ یه‌كلایی كرایه‌وه.
  • *ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زۆرینه‌ی ره‌های كاندیده‌كان له‌نێو حزبه‌كان سه‌ر به‌ ناوچه‌یه‌كن كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و باڵاده‌سته‌ تێیدا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیره‌كانیش دوو ئیداره‌یی له‌به‌رچاو گیراوه‌، ئه‌وه‌تا پارتی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری كاندیده‌كانی سه‌ر به‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌ و هه‌روه‌ها یه‌كێتی و گۆڕانیش سه‌ر به‌ زۆنه‌كه‌ی خۆیانن.
  • ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ی له‌و كۆبونه‌وانه‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كوێت و به‌لایدا نه‌چوون باسكردنی ئه‌و كاندیدانه‌یه‌ كه‌ ئایا ده‌توانێت له‌و بواره‌دا چیی پێشكه‌ش بكات و پێشبخات، ته‌نها باس له‌ دابینكردنی شایسته‌ حزبیه‌كان و چۆنێتی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌نده‌ی كه‌سی وحزبیه‌كان بووه‌ و كێ ده‌توانێت له‌ حكومه‌ته‌وه‌ كاره‌ حزبیه‌كه‌ راییبكات و كامه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كام كوتله‌ن و به‌س. ئه‌گه‌ كابینه‌كانی پێشتر تا رێژه‌یه‌ك خه‌ڵكی تا راده‌یه‌ك پسپۆڕی تێكه‌وتبێت ئه‌مجاره‌ و بۆ كابینه‌ی نوێ ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌.
  • بۆیه‌، تا ره‌وتی سیاسی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، نه‌ چاوه‌رێی به‌رێوه‌بردنی حكومه‌تی جیاواز بین و نه‌ خه‌لكی شیاو له‌ شوێنی شیاو ده‌بینینه‌وه‌. ئێوه‌ ته‌نها ته‌ماشای ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ستیارن دنگه‌ی پێشكه‌وتنی هه‌موو میله‌تێكن و پێویستی به‌ لێهاتوویی زیاتر و خه‌ڵكی پسپۆری شاره‌زای خاوه‌ن زانست و مه‌عریفه‌یه‌ی زیاتره‌ له‌وانی دیكه‌ی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی وا دانراون كه ته‌نها سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌و خه‌ته‌كانن و به‌س. بۆیه‌ چاكسازی و گۆڕینی شێوازی حوكمداری قسه‌ی رووتبوو، ته‌نها چاوه‌ڕێی هه‌ڵه‌ی زیاتر و پاشه‌كشه‌ بین نه‌ك حوكمی ره‌شید، چاوه‌رێی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندبونی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و هه‌ژاربونی هه‌ژاره‌كان بین نه‌ك دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، چاوه‌رێی حوكمێكی پر كێشه‌ و میله‌تێكی پر له‌ چه‌رمه‌سه‌ری بین نه‌ك ئارامی و ئاسوده‌یی، چاوه‌رێی ملكه‌چبونی زیاتر بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و لاوازی زیاتر له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا بین نه‌ك به‌هێزبون و پێشكه‌وتن، ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌بین هه‌روا زیاتر فرۆكه‌ی توركیا و فشاری ئێران به‌ زه‌قی له‌ كوردستاندا ئامانجی خۆیان بپێكن. له‌هه‌مووی چه‌رمه‌سه‌ریتر ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌بین كه‌ كێشه‌ و ململانێی حزبه‌كان زیاتر له‌ كابینه‌كانی پێشوو له‌ناو حكومه‌تدا ره‌نگبداته‌وه‌. ‌



په‌یكه‌ری دڵ و شوان عه‌توف … 1- … شاهۆ عارف

به‌شی یه‌كه‌م:

(ئه‌گه‌ر پێتوابێت ئه‌توانیت وه‌كو ده‌رهێنه‌ری فیلم، ویسته‌كانت، مه‌یله‌‌ سێكسیه‌كانت، ئاره‌زووه به‌رزه‌فڕه‌كانت، خه‌یاڵبازیه‌كانت له‌ كاره‌كه‌تدا بشاریته‌وه‌، تۆ گه‌وجیت).

ده‌یڤد فینچه‌ر، ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی

په‌یكه‌ری دڵ یه‌كه‌مین فیلمی درێژی شوان عه‌توفه‌
له‌دوای سێ كورته‌ فیلمی تریه‌وه‌. له پاش بانگه‌شه‌یه‌كی كه‌م وێنه‌ له‌ شه‌قامه‌
گشتیه‌كان و میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ ٤\٦\٢٠١٩، یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان،
له‌ سینه‌ماكانی كوردستان نمایشكرا. ئاماده‌كاریه‌كانی نمایشی ئه‌م فیلمه‌ وایكرد‌
پێشوازیه‌كی گه‌وره‌یشی لێبكرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌تا ئێستا له‌ هیچ فیلمێكی كوردی نه‌كرابێت!
فیلمه‌كه‌ به‌ به‌شداری چه‌ندین ڕووخساری كۆن و نوێ به‌رهه‌م هاتووه‌. هه‌تا ئه‌م ساته‌یش،
زانیاری ته‌واوه‌تی له‌باره‌ی فیلمه‌كه‌وه‌ له‌ ویكپیدیا، په‌یجی فیلمه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وێبسایتی (ئاماری نێوده‌وڵه‌تی فیلم-IMDB) بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌‌!
به‌ڵام به‌ گوێره‌ی دیداره‌ ته‌له‌فیزیۆنیه‌كانی شوان‌، به‌ر له‌ قۆناغی بڵاوكردنه‌وه‌ی
فیلمه‌كه‌، ٤٨ ده‌فته‌ر له‌ به‌رهه‌مهێنانیدا سه‌رفكراوه‌ و هه‌تا ئێستایش بڕی تێچوونه‌كه‌ی
پڕنه‌كردوه‌ته‌وه‌. جێی باسه‌ ئه‌م فیلمه‌ به‌ ستافێكی سه‌را‌پا ناوخۆیی و له‌لایه‌ن
هه‌ردوو كۆمپانیای كام پڕۆده‌كشن و میترۆنۆمه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌.

په‌یكه‌ری دڵ، به‌گشتی چیرۆكی كوڕ و كچێكی عاشقه‌
له‌ دوو چینی گه‌دا و خانه‌دانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه‌ له‌ مناڵیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات،
به‌ به‌ربه‌ستی (باوك) و (هاوڕێ)دا تێده‌په‌ڕێت و دواتر به‌ پێكگه‌یشتن كۆتای دێت.
دیاره‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری زۆر هه‌ن كه‌ هه‌وڵیانداوه‌
به‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدی و گۆرانی ئامێز بیگڕێنه‌وه‌. ده‌ره‌نجام فیلمه‌كه‌‌‌ نه‌ك ته‌نیا
فیلمێكی ته‌واو بازرگانییه‌، به‌ڵكو هه‌ندێكجار له‌ شۆ و كلیپی گۆرانی ده‌چێت، نه‌توانراوه‌
پارێزگاری له‌و بنه‌ما و پرنسیپانه‌ بكرێت كه‌ فیلمێكی بازرگانی پێ دروستده‌كرێت. گه‌وره‌ترین
عه‌یبیشی ئه‌وه‌یه‌ شوان ئه‌م فیلمه‌ی وه‌كو هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ وه‌سفده‌كات و پێیوایه‌
به‌م ته‌رزه له‌ هونه‌ریش ئه‌بێت به‌ تروسكایی ساتی قه‌یرانه‌كان! هه‌وڵده‌ده‌م له‌سه‌ر
ئه‌م بابه‌تانه‌ بدوێم‌، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ بڵێم؛ باشتربوو له‌بری نوسین به‌ ڤیدیۆیه‌كی
شیكاری خوێندنه‌وه‌م بۆ فیلمه‌كه‌ بكردایه،‌ (چونكه‌ هه‌میشه‌ هێزی وێنه‌ زیاتره‌ له‌نوسین)،
به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌ست نه‌بوونی فیلمه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌كرا.

فیلمی بازرگانی

دابه‌شكردنی فیلم به‌سه‌ر بازرگانی و هونه‌ریدا
زیاتر له‌سه‌ر مه‌به‌ست و ئامانجی گشتی فیلمه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار
زه‌حمه‌تیشه‌ بتوانیت ئه‌م دابه‌شكاریه‌ بكه‌یت، به‌ڵام په‌یكه‌ری دڵ له‌ جۆری ئه‌و
فیلمانه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانرێت بازرگانی بوونه‌كه‌ی بناسرێته‌وه‌.

فیلمی بازرگانی به‌گشتی به‌و جۆره‌ فیلمه‌ ده‌وترێت
كه‌ بۆ چێژ و كه‌یفخۆشی دروست ده‌كرێت، وه‌ ئا‌مانجی سه‌ره‌كی دروستكردنیشی قازانج
و به‌ده‌ستهێنانی پاره‌یه‌. له‌ فیلمی بازرگانیدا ریكلام هه‌یه‌، برانده‌كان و لۆگۆكان،
هه‌ندێكجار ناوی ته‌له‌فیزۆنه‌كان و بازاڕه‌كان و ئه‌و جێگایانه‌ی خاوه‌ن ناوبانگ و
سه‌رمایه‌ن ده‌رده‌كه‌ون. فیلمی بازرگانی كار له‌سه‌ر دروستكردنه‌وه‌ی وێنه‌ باوه‌،
ڕۆژانه‌ییه‌كان ده‌كات، پشت به‌ گۆرانیبێژ و میوزیكژه‌ن و كه‌سێتیه‌ به‌رچاو و دیاره‌‌كان
ده‌به‌ستێت. فیلمی بازرگانی به‌جۆرێك داده‌ڕێژرێت سه‌رنجی خه‌ڵك له‌ هه‌موو ئاست و
ته‌مه‌نه‌كاندا ڕابكێشت به‌ به‌كارهێنانی سه‌ما و گۆرانی و تۆنی كۆمیدی. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌
سه‌ره‌تاییانه‌ ‌به‌ ته‌واوی له‌ فیلمی په‌یكه‌ری دڵدا ده‌بینرێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌
پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ و ڕیكلامیشی هه‌تا ئاستی سواڵ و كڕوزانه‌وه‌ چووه‌ وه‌ك لێره‌دا
دیاره‌ (١). ده‌مه‌وێت ڕوونی بكه‌مه‌وه‌ ئه‌م فیلمه‌ نه‌ك هه‌ر فیلمێكی بازرگانی به‌ڵكو
فیلمێكی بازرگانی خراپه‌ و له‌بری خزمه‌تیش دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ وێرانتر ده‌كات.

كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست، نزار، ڕێشان و نارین و كۆمه‌ڵێك
كه‌سی دیكه‌ی به‌ ئه‌زموون كه‌ ڕووخساری دیاری ته‌له‌فیزیۆنن و له‌ چه‌قی سه‌رنجی خه‌ڵكدان
كارێكی پێویست و زیره‌كانه‌یه‌ بۆ فیلمێكی بازرگانی. چونكه‌ وه‌ك شوان ده‌ڵێت: (هه‌ریه‌كه‌یان
هه‌واداری خۆیان هه‌یه‌) و خزمه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ و زیادكردنی بینه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت
پۆسته‌ری ناهونه‌ری فیلمه‌كه‌یش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرنگترین كاره‌كته‌ره‌كانی
ڕیزكردووه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ چۆنێتی ڕێكخستنیان. ئه‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌به‌رچاو
بگرین كه‌ به‌كارهێنانی ناوبانگی ئه‌كته‌ر به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر بازرگانی بوونی فیلمه‌كان.
به‌ڵكو هه‌ندێكجار ده‌رهێنه‌ره‌ بیركه‌ره‌وه‌ و خاوه‌ن نیگاكان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی
به‌كارهێنانی ناوبانگی ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ بینه‌ری فیلمه‌كانیان زیاد بكه‌‌ن. فیلمه‌كانی
مالیك نموونه‌ی زۆری ئه‌م جۆره‌ له‌ به‌كارهێنانیان تێدایه‌. به‌ڵام له‌ په‌یكه‌ری
دڵدا، ئه‌م به‌كارهێنانه‌ ناچێته‌ خزمه‌ت هیچ په‌یامێكی هونه‌ری و ئیستاتیكیه‌وه‌.
له‌ په‌یكه‌ری دڵدا، شوان پیشه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی زۆرێك له‌م ئه‌كته‌رانه‌ی وه‌كو
خۆی گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو فیلمه‌كه‌ی به‌بێ كه‌مترین ته‌وزیف و گۆڕانكاری و گونجاندن.

بۆ نموونه‌ ناوبانگ و توانای گۆرانیبێژیی هه‌ڵوێست،
جوڵه‌ ئه‌كرۆبات و خۆشگۆییه‌كه‌ی ڕێشان، له‌ژه‌ لاژ و قسه‌ بێ سه‌روبه‌ره‌كانی ئه‌حمه‌د
ڕه‌ئوف و به‌یان بۆمبا… له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م فیلمه‌دا ئه‌م ئه‌كته‌رانه‌ ناویان بۆ
داتاشراوه‌ و له‌ڕۆڵێكدا جێگیركراون. به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌م
كاره‌كته‌رانه‌ بكات له‌ په‌یوه‌ندیاندا به‌ ڕۆڵه‌كانیانه‌وه‌. له‌مڕوه‌وه‌ ئه‌م فیلمه‌
بۆته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ و نیشاندانه‌وه‌ی ئه‌م توانایانه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی
گه‌وره‌تردا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پیشاندانی بێ پێچی ڕادیۆی ئێكس ئێف ئێم و كۆمپانیای
نه‌جمه‌دین و كافێ و ئه‌زمه‌ڕ و سه‌هۆڵه‌كه‌ جۆرێكه‌ له‌ ڕیكلام و به‌كارهێنانه‌وه‌ی
شوێنه‌ گشتیه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك بۆ قبوڵكردن و شیریكردنی فیلمه‌كه‌.

سیناریۆ

سیناریۆی ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی دڵداری هه‌ڵوێست و
كه‌ویار ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ منداڵیانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، هه‌تا ساتی نه‌مانی ڕێگریه‌كانی
ئه‌و دڵداریه‌ش‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. پلۆتی ئه‌م فیلمه‌ به‌ خێرایی به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا
تێده‌په‌ڕێت و چه‌ندینجار بازده‌دات، له‌ دوو جێگه‌دا ماوه‌ی بازه‌كان له‌ پلۆته‌كه‌دا
ده‌ره‌كه‌وێت كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌. هه‌ندێك له‌و بازانه‌ به‌ ‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕوودا
و بابه‌تی چیرۆكه‌كه‌‌ خراپه‌. سه‌ره‌تا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كاره‌كته‌راكان؛ هه‌ڵوێست
و نزار و ڕێشان ڕۆڵی سێ كه‌س ده‌گێڕن. كه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ هاوڕێن و له‌لای مام بورهان
(ئه‌حمه‌د ڕه‌وف) كار ده‌كه‌ن. پلۆته‌كه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی ئه‌م سێ كاره‌كته‌وه‌
به‌ نمایش و مه‌شقێكی خێرا ده‌ستپێده‌كات. له‌م سه‌ره‌تایه‌وه‌ زۆر شت ده‌رده‌كه‌وێت؛
هه‌ژاری هه‌ڵوێست، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ویار، ململانێی ده‌روونی شێرزاد له‌سه‌ر
كه‌ویار و به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست. دواتر چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت،
مناڵه‌كان هه‌ر له‌لای مام بورهان گه‌وره‌بوون و خه‌ریكی كارن، خۆشه‌ویستی هه‌ڵوێستی
هه‌ژار و كه‌ویاری خانه‌دان‌ به‌ره‌وپێشده‌چێت و گرفتی ده‌روونی شێرزاد زیاتر گه‌شه‌
ده‌كات. كاره‌كته‌ری شێرزاد به‌ نه‌خۆشی جه‌سته‌یی و ململانێی ده‌روونیه‌وه‌ گه‌وره‌
ده‌بێت. به‌ یارمه‌تی باوكی كه‌ویار ئه‌م ململانێیه‌ی‌ ده‌گۆڕێت بۆ حه‌قیقه‌تێكی تاڵ.
دواجار هه‌ڵوێست به‌ یارمه‌تیدانی له‌ نه‌خۆشیه جه‌سته‌ییه‌كه‌ی چاكی ده‌كاته‌وه‌ و
له‌ شه‌ڕی ده‌روونیدا به‌رامبه‌ر خۆی له‌ناوی ده‌بات. ئه‌مه‌ چیرۆكی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌یه‌.

له‌م چیرۆكه‌دا چه‌ندین كاره‌كته‌ری تر هه‌ن، هه‌ندێكیان یارمه‌تی به‌ره‌و پێشچوونی چیرۆكه‌كه‌ ده‌ده‌ن و هه‌ندێكی تریشیان هیچ ڕۆڵێكی گرنگ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا ناگێڕن به‌ڵكو بۆ نمایش و زیادكردنی بینه‌ری فیلمه‌كه‌ دروستكراون. یه‌كێك له‌وانه‌، ڕێشانه‌. ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ به‌ده‌ر له‌م فیلمه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا خاوه‌نی كۆمه‌ڵه‌ ڤیدیۆیه‌كه‌، كه‌ به‌ زمانێكی كۆمیدی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریته‌ كلتوریه‌كان ده‌كات. ڕێشان (هیوا)، كوڕێكی بزێوه‌، توانایه‌كی باشی ده‌ربڕینی زاره‌كی و ڕووخساری هه‌یه‌. هه‌ر به‌م سیفه‌تانه‌وه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كارهێنراوه‌ته‌وه‌ له‌كاتێدا هیچ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌! كاره‌كته‌ری هیوا، كاره‌كته‌رێكی گاڵته‌چی و هه‌زه‌لیه،‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ نه‌ له‌ڕووی تێماییه‌وه‌ نه‌ له‌ڕووی گرنگیه‌وه‌ له‌ درامای فیلمه‌كه‌دا جێگه‌ی نه‌گرتووه‌، له‌كاتێكدا وه‌كو كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ پلۆته‌كه‌دا زه‌مه‌ن ئه‌كوژێت. ڕه‌نگه‌ به‌كارهێنانی بۆ ئه‌م دوو مه‌به‌سته‌ بووبێت‌؛ له‌لایه‌ك هاوته‌ریبی بابه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستدا دروست بكات. كه‌ هه‌ردووكیان به‌ دوو شێوه‌ی جیاواز ده‌یانه‌وێت زه‌واج بكه‌ن.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی كۆمیدی له‌ فیلمه‌كه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌. له‌ یه‌كه‌مدا، ئاره‌زووه‌كه‌ی هیوا بۆ زه‌واج هیچ لێكچوون و دژیه‌كیه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستدا نییه‌. لانی كه‌م ڕوون نییه‌ كه‌ بۆچی هیوا ئه‌یه‌وێت ژن بهێنێت؟ ژنه‌كه‌ی سه‌ر به‌ چ ‌چینێكه‌؟ دروستكردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی ژنهێنانه‌ جگه‌ له‌ دروستكردنی ململانێیه‌كی كۆمیدی -ناپێویست- له‌نێوان هیوا و باوكیدا و سازكردنی ئاهه‌نگێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ كه‌ هه‌ڵوێست و شێرزاد شه‌ڕی خۆیانی تێدا بكه‌ن هیچی تری لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. له‌ دووه‌مدا، سیفه‌ته‌ كۆمیدیه‌كانی ڕێشان له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌ستی فیلمه‌كه‌دا یه‌كناگرنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌و فیشقیات و ته‌شقه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ باوك و هاوڕێكانیدا ده‌یكات له‌ ڕووی مانا‌وه‌ هیچ زیاده‌یه‌كی نه‌خستۆته‌ سه‌ر فیلمه‌كه‌ و ڕۆڵی كاریگه‌ر له‌ ئاڕاسته‌ی ڕووداوه‌كاندا ناگێڕێت. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ ته‌نیا ڕۆڵه‌كه‌ی هیوا نییه‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵكو كۆمیدی بوونی دایك و باوكی هیوا و ته‌واوی كۆمیدیای فیلمه‌كه‌ له‌ پێناو كۆمیدی بووندایه‌.

كۆمیدیا له‌ هونه‌ردا ڕه‌گه‌زێكه‌ كه‌ ئه‌كرێت زۆر
شتی پێ بوترێت و زۆر شتی لێوه‌ دروستكرێت. به‌ڵام له‌م فیلمه‌دا كۆمیدیا قسه‌ی قۆڕ
و فڵته‌ فڵته‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌وكاته‌ی مام بورهان ئه‌ڵێت (ئه‌وه‌ تۆ منیت یان
من تۆم). ئه‌م ڕسته‌یه‌ كه‌ مانایه‌كی فیكری و فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ له‌ كۆنتێكستی ئه‌م
فیلمه‌دا هیچ ئیش ناكات. سه‌رباری پاسیڤبوونی ڕه‌گه‌زی كۆمیدی، زیاده‌ڕۆیی زۆریشی تێدا
كراوه‌‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ واقیعیه‌تی فیلمه‌كه‌دا یه‌كناگرێته‌وه‌. دیمه‌نی گۆڕستانه‌كه‌
ئه‌وكاته‌ی شێرزاد ده‌نێژرێت، یاخود له‌ دیمه‌نی ئاهه‌نگه‌كه‌دا قسه‌ بێ سه‌ر و به‌ره‌كانی
مام بورهان و هیوای كوڕی زیاتره‌ له‌وه‌ی كه ئه‌و دۆخه‌ ئه‌یخوازێت. به‌ كورتی كاره‌كته‌ری
هیوا خاوه‌ن هیچ قوڵایی و كاریگه‌ریه‌ك نییه‌ له‌ په‌یكه‌ری دڵدا. ئه‌وه‌ ته‌نیا هیوا
نییه‌ كه‌ به‌زۆر خراوه‌ته‌ چیرۆكه‌كه‌وه‌، خوشكه‌كه‌ی هه‌ڵوێستیش ئه‌ركێكی زۆر كه‌م
و بێسودی به‌ به‌راوورد به‌ ده‌ركه‌وتنی هه‌یه‌. ئه‌م كچه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ كۆتایی
خراوه‌ته‌ خزمه‌ت هه‌ڵوێسته‌وه‌ و چاودێرێكی بێده‌نگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی
هیچ بزانین له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌! یاخود دایكی كه‌ویار، لیبۆكێك كه‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌كدا
كه‌مترین به‌رگری له‌ كچه‌كه‌ی ناكات! هه‌روه‌ها جێكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی به‌یان
بۆمبا و دایكی شێرزادیش جگه‌ له‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی بینه‌ر هیچ به‌هانه‌یه‌كی لۆژیكی
نییه‌ بۆ ئاماده‌ییان.

كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م سیناریۆیه‌ جگه‌ له‌ زۆر و
بۆری كاره‌كته‌ره‌كان، به‌كارهێنانی خراپی ڕه‌گه‌زی تراژیدی و كۆمیدی پێكه‌وه‌. كێشه‌کە
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌وێدا دروست ئه‌بێت كه‌ شوان هیچ تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ
ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ نییه‌. نازانێت چۆن و كه‌ی و له‌ كوێدا پێویسته‌ كاره‌كته‌ره‌كانی
غه‌مگین یان شادمان بن، كه‌شی فیلمه‌كه‌ی میلانكۆلی یان خۆشی ئامێز بێت. وه‌ك دیاره‌
هیچ تێگه‌یشتن و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی بۆ ئه‌م كرده‌وانه‌ و ساتی ده‌ركه‌وتنیان نییه‌.
له‌ڕاستیشدا ده‌رهێنه‌ری فیلمێكی بازرگانی نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌م ئاسته‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی
لێبكرێت. به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وێدایه‌، شوان نه‌یتوانیوه‌ ته‌مسیل و ڕیتمی فیلمه‌كه‌ی
به‌ نه‌رمی له‌نێوا گریان و پێكه‌نین و باره‌ ده‌روونیه‌كاندا بجوڵێنێت. بیربكه‌نه‌وه‌
له‌ دیمه‌نی گۆشت برژاندنه‌كه‌، كه‌ویار چه‌ند بەپەلە له‌و دونیا به‌رینه‌دا ده‌كه‌وێته‌
ده‌روونی ته‌نگ و تاری خۆیه‌وه‌. یاخود هیوا كه‌ له‌ جێگه‌یه‌كدا به‌جۆرك پێده‌كه‌نێت
و مۆن ده‌بێته‌وه‌ سه‌ر له‌ بینه‌ر ده‌شێوێنێت كه‌ ڕوون نییه‌ خۆشحاڵه‌ یان بێتاقه‌ته‌!
ئه‌م كه‌موكورتیانه‌ی مۆنتاژ و ده‌رهێنان له‌ زۆر جێگه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌ركه‌وێت كه‌
ناتوانێت پارێزگاری له‌ ڕیتم و ڕه‌گه‌ز بكات.

گرێی فیلمه‌كه‌ له‌ ململانێی ده‌روونی شێرزاده‌وه‌
به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست دروست ده‌بێت، له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ڵوێست و كه‌ویار هه‌موو جارێك‌،
ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه وه‌كو شوێنی ژوانه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن‌! خێزانێك كه‌ هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌
ڕێگری له‌ كچه‌كه‌‌یان بكه‌ن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێكدا هه‌بێت، سه‌یره‌ كه‌ كچه‌كه‌‌یان
ئه‌وه‌نده‌ ئاسان ئه‌توانێت هه‌موو جارێك بۆ یاخترین شوێن له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌دا بچێت.
ئه‌مه‌ لاوازی ده‌رهێنانه‌ كه‌ جارێك شوێنی به‌ركه‌وتنیانی نه‌گۆڕیوه‌. ئه‌م ململانێ
و ڕێگریه‌ی شێرزاد به‌ بوونی باوكی كه‌ویار ئه‌گۆڕێت بۆ ترازانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ره‌ئه‌نجام
هه‌ڵوێست و كه‌ویار جیا ئه‌بنه‌وه‌ و كه‌ویار كه‌ دیار نییه‌ چۆن، ڕازیده‌بێت به‌ زه‌واجكردنی
له‌گه‌ڵ شێرزاد. ئه‌مه‌ ئه‌و بازه‌یه‌ كه‌ نه‌ده‌بوو به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا بدرایه‌.
دواتر و دوای مردنی شێرزاد، به‌بێ حسابكردن بۆ ڕێگر و به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی كه‌ باوكی
كه‌ویاره‌، ئه‌و دوو عاشقه‌ جارێكی تر له‌یه‌كتر نزیك ئه‌بنه‌وه‌!

——————————————————

(١)

https://www.facebook.com/peykeridll/videos/2286177331605536/

———————————————-

ماویه‌تی…




جوانییه‌كانی دوێنێ له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری ئاوێنه‌كانی منداڵی هوردوهه‌ڕابوون

                                               سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان، سروشتی فیزیكییانه‌ی ژیانه‌ كه‌ ده‌بێ مرۆڤه‌كان قۆناغه‌كانی ژیانییان له‌ منداڵییه‌وه‌ ببڕن تا پیرێتی و سه‌ره‌نجام مردنیش.ئه‌وشێوه‌ دینامیكیه‌ی ژیان، ڕێگایه‌كه‌ نه‌ به‌ ئاره‌زووی ئێمه‌ ده‌ڕوات، نه‌ به‌ ئاره‌زووی ئێمه‌ش ئاراسته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت. بۆیه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان بۆیان بكرایه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ منداڵی، ئه‌وا هه‌موویان گه‌وره‌ییان جێده‌هێشت.بیرم ناكه‌وێته‌وه‌ كێیه‌ گوتویه‌تی:( مرۆڤه‌كان كه‌ منداڵان حه‌زده‌كه‌ن گه‌وره‌بن، كه‌ گه‌وره‌ش بوون، خۆزگه‌ ده‌خوازن منداڵ ببنه‌وه‌، خه‌ونی منداڵه‌كان دێته‌ دی و گه‌وره‌ ده‌بن، وه‌لێ هه‌رگیزاو هه‌رگیز خه‌ونی گه‌وره‌كان نایه‌ته‌ دی و جارێكی دیكه‌ منداڵ نابنه‌وه‌).دیاره‌ ته‌مه‌نی منداڵی كه‌ هێمای ژیانێكی پاك و ساده‌ و جوانه‌،لای هه‌موو مرۆڤێك جوانی و به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌.

به‌و پێیه‌ی مرۆڤ له‌ منداڵیدا هێشتا به‌ وه‌یشوومه‌كانی ژیانی گه‌وره‌یی ئاشنا نه‌بووه‌ و هه‌رته‌نها چه‌ند خه‌ونێكی بچووكی هه‌یه‌ كه‌له‌ یاریكردنێكی ساده‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن. وه‌لێ كاتێ گه‌وره‌بوو، گرفت و خه‌ونه‌كانیش له‌ گه‌ڵیدا گه‌وره‌ ده‌بن، ده‌ره‌نجامیش به‌ر ژیانێك ده‌كه‌وێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌رگیزا و هه‌رگیز ویستی نه‌بووبێت.له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ئاوێنه‌كانی منداڵی هوردوهه‌ڕابوون) ئێمه‌ تاسه‌ی قووڵی مرۆڤێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ منداڵی ده‌بینین، كه‌ هه‌موو خۆزگه‌یه‌كی به‌ ژیانی ئه‌و كات هه‌ڵواسیوه‌ و گه‌وره‌بوون وه‌ك هێمای ژیانێكی ئاڵۆزو پڕ له‌ ویشوومه‌ ده‌بینێت.

به‌ تایبه‌تیش له‌ زه‌مه‌نی ئێستادا، كه‌ خه‌ریكه‌ ته‌كنه‌لۆژیا مرۆڤه‌كان له‌ سیمای مرۆڤانه‌ی خۆیان داده‌ماڵێت. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی، پانتایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ شیعری ئیسماعیل به‌رزنجی به‌ گشتی وئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ش گرتووه‌.به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ منداڵی، جیاوازه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری شاعیرانی ئێمه‌ كه‌ خه‌ونی منداڵی له‌ چوونه‌ قوتابخانه‌ و یاری كۆڵان وجه‌ژن چه‌ند دیارده‌یه‌كی ترده‌بیننه‌وه‌.

به‌ده‌ربڕینێكی تر، گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رزنجی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌رایانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ منداڵی خۆی به‌ بیرئێمه‌ بێنێته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سۆبژێكتییه‌ كه‌ له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ سیما كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژیانی دوێنێی كۆمه‌لگای كوردی ده‌بینین.گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رزنجی به‌و قووڵییه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌دا،بۆ بیر هێنانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ مرۆڤ سیمای ژیانی ئاڵۆزو بێ به‌های ئێستا، به‌راورد بكات به‌ سیمای ژیانی دوێنێ و جوانییه‌كانی ژیانی دوێنێ.ئێمه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌ هه‌موومان منداڵیمان دیوه‌ و هه‌زاران یادگاری و بیره‌وه‌ری ئه‌و ڕۆژانه‌مان له‌ خه‌یاڵدا ماوه‌، ئه‌و ڕۆژگارانه‌ بۆ ئێمه‌ خۆمان گوزارشت له‌ ژیان ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ كه‌سێكی تر،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی كورت بكه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك خه‌سڵه‌تی مناڵانه‌ی وه‌ك چوونه‌ قوتابخانه‌ و یاریكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ شاعیران تێی گه‌یشتوون، ئه‌وا هه‌موومان ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قۆناغی منداڵی و له‌ تێكستێكدا نماییشی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ بكه‌ین.بۆ من جیاوزكه‌وتنه‌وه‌ی به‌رزنجی وه‌كو شاعیرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر لێره‌دایه‌. چونكه‌ به‌رزنجی كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ منداڵی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌لای(هه‌ره‌له‌یلێی شه‌مال سائیب و مۆسیقای چه‌می ڕێزان وقه‌ڵه‌می شیڤه‌رو مسته‌فا په‌ژارو پیربال مه‌حمود و سینگ كوتانی ژنان له‌ سه‌ر قه‌بران و ئامێری گێره‌كردن)و ده‌یان دیارده‌ و بابه‌تی تریش.

لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌، به‌رزنجی بۆچی له‌ په‌راوێزی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی باسی ئه‌وانه‌ ده‌كات و به‌بیر ئێمه‌ی خوێنه‌ران به‌ گشتی و هه‌ولێرییه‌كانی به‌ تایبه‌تی دێنێته‌وه‌؟به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانینه‌ی شاعیر وه‌كو خوێنه‌رێك بوه‌ستین، ده‌مه‌وێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌م كه‌ مرۆڤی ئه‌و چه‌رخه‌ و به‌رزنجیش وه‌ك یه‌كێك له‌وان بۆچی هێنده‌ تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ منداڵی؟ له‌ كاتێكدا دڵنیاشن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خه‌یاڵ و وه‌همێك هیچی ترنییه‌؟ نكوڵی له‌وه‌ ناكرێت تا ژیان به‌ره‌و پێش بچێت، ئاَلۆزیش ده‌بێت. ئێمه‌ ئێستا له‌ زه‌مه‌نێكدا ئه‌ژین، كه‌ زه‌مه‌نی خودگه‌رایی و كاڵبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بێ به‌هابوونی جوانییه‌كانی ژیانه‌.

له‌ زه‌مه‌نێكدا ئه‌ژین، كه‌ به‌ هۆی پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی مرۆڤ و مۆدێرنه‌، هه‌موو ئه‌و سیما كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كانی له‌ دوێنێدا له‌ جوانی و میهره‌بانی و به‌خشنده‌یی پێ ده‌ناسرایه‌وه‌،بوونیان نه‌ماوه‌. مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بۆخۆی ده‌ژیت.

ئه‌و تایبتمه‌ندییه‌ له‌ ژیانی مرۆڤی كورددا، ڕه‌گێكی كولتووری و سۆسیۆلۆژی درێژی نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی خۆرئاوایی هه‌رله‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ژیانی خودی و تاكه‌كه‌سی خۆی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌و ته‌نهایه‌ كوشنده‌یه‌ و ئه‌و دابڕانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خودیه‌ی ژیانی ئێمه‌، به‌رمه‌بنای ئالۆزبوونی ژیان و دیارده‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی سه‌رده‌من. مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ به‌شێك له‌ سیما سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی خۆی ده‌زانێت، چونكه‌ ئه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانیتردا په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و گه‌وره‌بووه‌ وژیاوه‌. كاتێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش نه‌مان، ئیدی له‌ ئاستی بووندا هه‌ست به‌ نامۆبوونێكی قووڵ ده‌كات. ئێمه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات مرۆڤی كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ ڕابردوو، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بووه‌.

به‌ تێڕوانینی مرۆڤی كورد له‌ ئێستادا، ئه‌گه‌ر جوانییه‌ك هه‌بوو بێت، ئه‌گه‌ر پیرۆزیی و چێژێكی ژیان هه‌بووبێت(كه‌له‌ڕاستیشدا وایه‌)ئه‌وا له‌ دوێنێ دابووه‌. بۆیه‌ به‌رده‌وام ئاره‌زوویی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات بۆ ڕابردوو،ئه‌گه‌رچی دڵنیاشه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌، ناتوانێت ژیانی ئه‌و له‌ ئێستادا بگۆڕێت.له‌ تێڕوانینی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری مرۆڤه‌كاندا، ئێستای ژیان، هێمایه‌ بۆ ژیانێكی بێ ماناو بێ به‌های دوور له‌ هه‌موو ئه‌و سیما جوانانه‌ی له‌ ژیانی دوێنێیدا بینیویه‌تی.

بۆیه‌شه‌ بڕوای وایه‌ ئه‌گه‌ر جوانییه‌ك هه‌بووبێت له‌ ژیاندا، ئه‌وا له‌ ڕابردوو به‌ جێما. له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری(ئاوێنه‌كانی منداڵی هوردو هه‌ڕابوون)ڕابردوو به‌ گشتی و منداڵیش به‌ تایبه‌تی ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی قووڵیان هه‌یه‌. به‌رزنجی به‌ تاسه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ جوانییه‌كانی دوێنێ ، كه‌ هه‌موو وێنه‌ و ده‌ربڕینه‌ شیعرییه‌كان جۆرێك له‌ هه‌ستێكی غه‌مگینی به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشن له‌ كاتی خوێنه‌وه‌یان. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئێمه‌ كاتێ ئه‌و شیعرانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، هه‌ر ته‌نها خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی شاعیرێك بۆ ڕابردوو نابینین، به‌ڵكو له‌ گه‌ڵیشدا ڕابردووی خۆمان و منداڵی خۆمان دێته‌وه‌ خه‌یاڵ و هاوشێوه‌ی شاعیر غه‌مگین ده‌بین.ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی به‌رزنجی شاعیر بۆ ڕابردوو، هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ جوانییه‌كانی دوێنێ، به‌ڵكو پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵاتنه‌ له‌ ئێستا كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك هه‌ڵگری ژیانێكی ئاڵۆزو بێ مانایه‌. به‌رزنجی كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ڕابردوو، دڵنیایه‌ و ده‌زانێت كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌همێك ، هیچی تر نییه‌.

وه‌لێ به‌لای ئه‌و، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زه‌مه‌نی ئه‌وكات، زۆر له‌وه‌ ئاسووده‌تره‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ئێستادا بژیت. ڕابردوو، هێمایه‌ بۆ ژیانێك كه‌ به‌هه‌موو سیماكانییه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر جیاوازتر بوو له‌ ژیانی ئێستا، به‌ڵكو جوانتریش بوو. بۆیه‌ به‌رزنجی كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ڕابردوو، په‌یامی ئه‌و له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا، هاوتاكردن و به‌راوردكردنی ژیانی ئێستایه‌ به‌ دوێنێ له‌ هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌. به‌رزنجی له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا، مه‌به‌ستیه‌تی به‌ خوێنه‌ربڵێت سه‌رنج له‌ جوانیی و شكۆمه‌ندیی و پیرۆزییه‌كانی دوێنێ بده‌ن. سه‌رنج له‌ ژیانی ساده‌ و ساكاری ڕابردوو بده‌ن، ئه‌و سیمبولانه‌ی به‌رزنجی له‌ شیعره‌كانیدا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕابردوو باسیان ده‌كات، ده‌لاله‌ت له‌ جوانی و پیرۆزییه‌كانی سه‌رده‌مێك ده‌كه‌ن. به‌رزنحی له‌وێنه‌یه‌كی شیعریدا ده‌ڵێت:
بیری هه‌ره‌ له‌یلێ وبووكی تازه‌ و
كیژۆره‌ ئه‌سمه‌رێ و یاردیلێ ده‌كه‌م..

شاعیر لێره‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌مێك كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌، ده‌نگی دیارو به‌ چێژی هونه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوون. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هونه‌ری گۆرانی،جوانی و چێژێكی تێدابوو، وه‌ك ئێستا گۆرانی كوردی به‌ بازاری نه‌بووبوو، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ دنیادا، هێنده‌ی ئێمه‌ له‌و هه‌رێمه‌ بچووكه‌دا گۆرانیبێژی هه‌بێت! شه‌مال سائیب و فواد ئه‌حمه‌د، كه‌ ئێستاش به‌ تاسه‌وه‌ گوێ له‌ گۆرانیه‌كانییان ده‌گرین، گوزارشت له‌ هونه‌رێكی پڕ له‌ چێژو جوانی ده‌كه‌ن. هێمانه‌ بۆ سه‌رده‌مێك كه‌ گۆرانی وتن به‌ها و جوانی خۆی هه‌بوو، ئێستا به‌و هه‌موو له‌ شكره‌ گۆڕانیبێژه‌وه‌، ناتوانن تاسه‌ی به‌رزنجی و من و هه‌زارانی دیكه‌ش بشكێنن.گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ره‌ له‌یڵێ، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نێك كه‌ هونه‌ر به‌شێك بوو له‌ سیمای نه‌ته‌وایه‌تی و جوانییه‌كانی ژیان له‌و سه‌رده‌مدا.

ئه‌وه‌ ئه‌و جوانییه‌ وا له‌ شاعیر ده‌كات سه‌دان گۆڕانیبێژی ئێستا له‌ بیربكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ لای هه‌ره‌ له‌یلێی شه‌مال سائیب.به‌رزنجی شاعیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڕابردوودا، له‌ پاڵ نیشاندانی هه‌ر وێنه‌یه‌كی ڕابردوو، له‌ئێستادا ڕامانده‌گرێت، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو ناو و دیارده‌ و شوێن و جێگه‌ و ڕووداو به‌ سه‌رهاته‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ ژیانی ئێستا به‌راوردی دوێنێ بكه‌ین و له‌ پاڵیشیدا بۆجوانییه‌كان بگه‌ڕێین. به‌رزنجی له‌و ده‌قه‌یدا، پانۆڕامای ژیان له‌ شێوه‌ی شریتی فلمێكی سینه‌مایی دێنێته‌وه‌ به‌رچاو. كه‌ وێنه‌كانی هه‌ر چه‌نده‌ كۆن و ته‌لخ بوونه‌،وه‌لێ هێشتا جوانن. به‌رزنجی شاعیرله‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا، هه‌موو سیماكانی ژیانی دوێنێ، به‌ گه‌لێك ئامرازو خه‌سڵه‌ت ده‌بینێت. ته‌نانه‌ت باسی له‌ گێره‌كردن و مۆدێله‌كانی قوماش و سیمای پر شكۆمه‌ندیی و به‌ریئانه‌ی مرۆڤه‌كان و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیش ده‌كات. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خوێنه‌ر یه‌ك به‌ یه‌ك ئه‌و دیمه‌نانه‌ی دێنه‌وه‌ به‌رچاو، له‌ خه‌یاڵی خۆیدا وێنایان ده‌كات.به‌رزنجی له‌وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعریدا ده‌ڵێت:_

بیری كتێبخانه‌ی خۆماڵی..
تێڕامانه‌كانی جه‌ودت ناجی و
شه‌پقه‌ جوانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئاكۆده‌كه‌م.

شاعیره‌ لێره‌دا، سێ سیمای سه‌ره‌كی ژیان ئه‌و كات له‌وكه‌سایه‌تی و شوێنانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌، ده‌لاله‌ت له‌ بوونی دیارده‌كانی زه‌مه‌نێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ڕابردوودا بوونیان هه‌بووه‌. كتێبخانه‌ی خۆماڵی، به‌ ته‌نها هێما نییه‌ بۆ كتێبخانه‌یه‌ك، به‌ڵكو نیشاندانی زه‌مه‌نێكه‌ كه‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌ و خوێنه‌ری كتێب، ئه‌و په‌ڕی به‌هایان هه‌بوو. من له‌ بیره‌وه‌ری چه‌ندین كه‌سایه‌تی هه‌ولێریدا ئه‌وه‌م خوێندۆته‌وه‌، كه‌ زه‌مه‌نێك خه‌ڵكی هه‌ولێر له‌ به‌رده‌م كتێبخانه‌كاندا، ڕێزیان ده‌به‌ست بۆ كڕینی گۆڤارو ڕۆژنامه‌، به‌ تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی هاوكاری و به‌یانیان ده‌كرد.

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك له‌ هه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، خوێندنه‌وه‌ و خوێنه‌ری كتێب زۆرتر بوو له‌ زه‌مه‌نی ئێستا، به‌رزنجی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كتێبخانه‌وه‌، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌می خوێنده‌واریی و پیرۆزی كتێب،سه‌رده‌مێك كه‌ خوێندنه‌وه‌ به‌شێك بوو له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كان،تێڕامانه‌كانی جه‌وده‌ت ناجی و شه‌پقه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د ئاكۆش، گوزارشت له‌ مرۆڤی به‌ویقارو بیركه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و مرۆڤانه‌، نموونه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ مرۆییه‌ن كه‌ له‌ زه‌مه‌نی ڕابردووا بوونیان هه‌بوو. زه‌مه‌نێك كه‌ مرۆڤ پایه‌ و پیرۆزی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییانه‌ی به‌رزی هه‌بوو، زه‌مه‌نێك كاتێ قوتابییه‌كان مامۆستاكانی خۆیان ده‌دیت، شه‌رم دایده‌گرتن وخۆیان حه‌شارده‌دا.چونكه‌ مامۆستا ئه‌وه‌نده‌ كاره‌كته‌رێكی گه‌وره‌ وپیرۆز بوو. به‌ڵام له‌ ئێستادا، مرۆڤ نه‌ك ته‌نها بوونه‌وه‌رێكی گه‌وره‌ و ڕێزلێگیراونییه‌، بگره‌ هه‌موو ڕۆژێك شكۆشی ده‌شكێنرێت له‌لایه‌ن هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌وه‌.

مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌، كوا بیرده‌كاته‌وه‌!كوا كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌! مرۆڤێك هه‌موو ژیانی ڕۆژانه‌ی له‌ نێوچات و فه‌یسبووك و پۆبجی و به‌ندبێژه‌كان به‌رێته‌ سه‌ر، چۆن ده‌توانێت وه‌ك جه‌وده‌ت ناجی ڕابمێنێت؟چۆن سه‌لیقه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌حمه‌د ئاكۆ شیكپۆش و ڕێكپۆش بێت؟ ئه‌وانه‌ی ڕاده‌مێنن و هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كه‌ن، بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌سانی ئه‌قڵانین.به‌رزنجی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و وێناكردنانه‌وه‌، ده‌مانگێڕێته‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ ژیان به‌هاو پیرۆزی هه‌بوو. كه‌ مرۆڤه‌كان نموونه‌ی ویقارو ڕێزوخۆشه‌ویستی بوون. سه‌رده‌مێك كه‌ ته‌نها سۆزو خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕوحییانه‌ مرۆڤه‌كانی به‌ یه‌كتری ده‌به‌سته‌وه‌، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و كه‌سی. به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌ ژیانی دوێنێی مرۆڤه‌كان هه‌بوو، ئه‌مڕۆ بوونیان نه‌ماوه‌. بێگومان هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ژیان پێشده‌كه‌وێت و قۆناغه‌كان ده‌گۆڕێن،ئه‌وه‌ ئاساییه‌ و یاسای دینامیكییانه‌ی ژیانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێ شكۆ و پیرۆزی خۆی بمێنێت، ژیانی كه‌سه‌كانه‌.

گۆڕانكارییه‌كان، ده‌بێ به‌رمه‌بنای جوانتركردنی ژیان و خۆشبه‌ختكردنی زیاتری كه‌سه‌كان بێت، نه‌ك له‌ ئاستی ڕوحی و ده‌روونیدا بیانڕووخێنێت.چ دیارده‌یه‌ك وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیا له‌ ئێستادا ژیانی ئێمه‌ی ئاڵۆزو بێ به‌ها كردووه‌؟چۆن بۆته‌ هۆكاری تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌لگا؟ مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ له‌ كوردستاندا، هه‌موو شتێكی هه‌یه‌ به‌خته‌وه‌ری نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی دوێنێ كه‌ مرۆڤه‌كان هیچیان نه‌بوو، ساده‌ و ساكار ده‌ژیان، به‌ڵام به‌ خته‌وه‌ربوون.به‌رزنجی له‌ نیشاندنی سیماكانی ڕابردوودا، ناشرینییه‌كانی ئێستامان دێنێته‌ به‌رچاو، وامان لێده‌كه‌ت كه‌ ئاخ بۆ ژیانێك هه‌ڵبكێشین كه‌ جارێكی تردووباره‌ نابێته‌وه‌.شاعیر له‌و ده‌قه‌یدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌موو دیارده‌كانی ژیانی ڕابردووی ئێمه‌.یه‌ك به‌ یه‌ك دیمه‌نه‌كان دێنێته‌وه‌ به‌رچاو. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خوێنه‌ر كه‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات له‌هه‌مان ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ڕابردوو ده‌ژیت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ قووڵ به‌ دیمه‌نه‌كانی ژیانی دوێنێ گرێمان ده‌داته‌وه‌.شاعیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:_

بیری بارانی سه‌رپه‌ڵه‌ و..
تكه‌ تكه‌ دڵۆپه‌ و..
باگوردان گێڕان و
دووكه‌ڵی سۆبای دار ده‌كه‌م..

شاعیر له‌ خسته‌ ڕووی ئه‌م ئامرازو وێنانه‌دا،شێوه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌ندازه‌سازیی و بیناسازیی مرۆڤی كورد له‌ ڕابردوودا ده‌خاته‌ به‌رچاو. له‌ڕابردوودا، ڕوجێكی گه‌رم له‌ نێو ئه‌و خانووه‌ قوڕینانه‌ هه‌بوو، مرۆڤگه‌لێك له‌و خانووانه‌ ده‌ژیان، كه‌ ژیانیان ته‌ژی بوو له‌ خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی. ئێستا وێرای ئه‌و هه‌موو ئاپرتمان و خانووه‌ سه‌رنجراكێش و نه‌خشێنراوانه‌ی به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ، هیچ چێژێك له‌ ژیانكردن نابینین. ئه‌م خانووانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ مرۆڤی مردوو له‌ نێویدا بژیت.خانووه‌كانمان گه‌وره‌ و فراوان بوونه‌، به‌ڵام دڵ و ڕوحمان بچووك بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و ده‌مانه‌ی تكه‌ تكی دڵۆپه‌ ده‌هات و به‌ با گوردان سه‌رخانووه‌كانمان ده‌گێڕا، چێژێكی دیكه‌مان له‌ زستان ده‌دیت، په‌یوه‌ندییه‌كی ترمان له‌ گه‌ڵ سروشت و ده‌وروبه‌ر هه‌بوو. گونده‌كانی كوردستان له‌ ڕابردوودا، هێمای بیناسازیی كورده‌واری و نه‌خشه‌ی ئه‌ندازه‌یی ئه‌قڵی كوردی بوون، ئێستا هه‌مان ئه‌و گوندانه‌ نه‌ك مۆڕكی ڕه‌سه‌نی گوندێكی كورده‌وارییان له‌ ده‌ستداوه‌،بگره‌ كاتێ سه‌ردانیان ده‌كه‌ین هه‌ر واهه‌ست ده‌كه‌ین له‌ شارێكی بچووكداین.

چونكه‌ هیچ مۆڕك و سیمایه‌كی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری له‌و گوندانه‌دا نه‌ماوه‌. كێ ئێستا باگوردان له‌ گوند به‌كاردێنێت؟ كێ ئاو ڕشێنی خۆڵی ژێر كه‌ پرێكی به‌رخانووێكی قوڕین ده‌كات كه‌ بۆنی خۆڵ و بۆنی ڕێحان كاست بكه‌ن؟ئه‌م دیمه‌نانه‌ی دوێنێ له‌ گوند ده‌ماندیت، كوا له‌ ئێستادا بوونیان ماوه‌. له‌ ڕاستیدا هیچ بنه‌مایه‌كی ژیانی ئێمه‌ وه‌كو دوێنێ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. هه‌مووی كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی و هه‌ژموونی دنیای نوێ و ته‌كنه‌لۆژیا و مۆدێرنه‌. دنیایه‌ك كه‌ مرۆڤه‌كانی له‌ قاوغی خۆیدا قه‌تیس كردووه‌ و كردوونی به‌ ڕۆبۆتێكی قسه‌كه‌ر. زۆربه‌ ده‌گمه‌ن ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوانانه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌بینین كه‌ له‌ ڕابردوودا هه‌بوون. به‌رزنجی شاعیر كه‌ به‌ كۆڵێك خه‌م و دنیایه‌ك ئاخ و تاسه‌ی قووڵه‌وه‌ بیری ئه‌و هه‌موو جوانیانه‌ی دوێنێ ده‌كات، مه‌به‌ستیه‌تی له‌ ئێستایه‌ك هه‌ڵبێت كه‌ هێمای ژیانێكی ناشرین و بێ مانایه‌ بۆ هه‌مووان ئه‌گه‌ر خۆمان فریو نه‌ده‌ین. شاعیر دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووجوانییه‌كانی دوێنێ دێنێته‌وه‌ بیرخۆی، دواجار نزا له‌ خواده‌كات و ده‌ڵێت:_

ئه‌ی خودای ئه‌ڤین و جوانی..
حه‌وت ساڵان له‌ جێگه‌م بخه‌..
زمانم له‌ گۆ بخه‌.
به‌س بیرم لێ مه‌سێنه‌..

بێگومان، مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی بیره‌وه‌ درك ده‌كات و بیرده‌كاته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ی بیرله‌كارده‌كه‌وێت، مرۆڤ توانای ژیانكردن و بیركردنه‌وه‌ی نامێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌شی ساغ بن. شاعیر ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وبیره‌وه‌ ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ جوانییه‌كانی دوێنێ و یادگارییه‌كانی ڕابردوو. ئه‌و ده‌زانێت تازه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ به‌جه‌سته‌ مه‌حاڵه‌، بۆیه‌ تاكه‌ شتێك كه‌ بتوانێت به‌ هۆیه‌وه‌ بیر له‌جوانییه‌كانی دوێنێ بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ته‌نها به‌ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ڕابردوو. بۆیه‌ شاعیر نزا ده‌كات خودا ئه‌و بیره‌ی له‌ كار نه‌خات و نه‌یخافڵێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بیر له‌ ڕابردووێك بكاته‌وه‌ كه‌لای ئه‌و هێمای ژیانێكی زۆرجوان و پڕبه‌ هایه‌. شاعیر به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ خودا له‌ په‌لوپۆی بخات و بیخاته‌ نێوجێگه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها نه‌خافلێت و بتوانێت بیر له‌ ڕابردوو بكاته‌وه‌.

چونكه‌ ته‌نها بیركردنه‌وه‌ له‌و زه‌مه‌نه‌، له‌ ئێستایه‌كی ئاڵۆزو ناشریندا ڕزگاریده‌كات. كه‌ بیركردنه‌وه‌ نه‌ما،ناتوانێت جوانییه‌كانی دوێنێ و یادگارییه‌كانی ڕابردوو،بێنێته‌وه‌ به‌رچاوی خۆی. گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رزنجی شاعیر به‌و تاسه‌ قووڵه‌وه‌ بۆ ڕابردوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك نییه‌ ساده‌ و ڕاگوزه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌شێكی زۆری شیعری شاعیرانی ترده‌یبینین و به‌زمانێكی میللییانه‌ باسی ده‌كه‌ن! گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ ڕابردوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ زه‌مه‌نێك كه‌ پرسیارمان لادروست ده‌كات.

شاعیر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و وێنانه‌وه‌، له‌ به‌رده‌م ژیانی ئێستادا ڕامانده‌گرێت وناچارمان ده‌كات به‌راوردی ژیانی ئێستا به‌ دوێنێ بكه‌ین. پرسیاری ئه‌وه‌مان لادروست ده‌كات كه‌ ئاخۆ ئه‌و جوانی و پاكی و میهره‌بانییه‌ی له‌ ژیانی دوێنێماندا هه‌بووچی لێهات؟ ئه‌مڕۆ بوونی ماوه‌. به‌رزنجی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و شیعرانه‌وه‌، به‌راوردێكی وردی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی تاكه‌كان، له‌ ژیانی ئێستاو ڕابردوو ده‌كات. ستایلی ژیانی هه‌ردوو زه‌مه‌نه‌كه‌مان پیشان ده‌دات.به‌رزنجی شاعیر به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نییه‌، ئه‌ومرۆڤی نێو ته‌كنه‌لۆژیاو ژاوه‌ژاوه‌ی ژیان و به‌ڕۆبۆت بوونی مرۆڤه‌كان و كاڵبوونه‌وه‌ی به‌ها جوانه‌كانی ژیان نییه‌،ئه‌و مرۆڤی زه‌مه‌نێك نییه‌ كه‌ بێ به‌هاترین سه‌رمایه‌ تیایدا مرۆڤه‌.

ئه‌و ده‌یه‌وێت ژیانێك بژیت، مرۆڤ تیایدا ئاسووده‌ بێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت هیچی نه‌بێت ژیانی هه‌بێت، پێچه‌وانه‌ی ئێستای ژیانی تاكه‌كان، كه‌ هه‌موو شتێكییان له‌ جوانترین و به‌هادارتریان و دواترین مۆدێله‌كانی ژیانكردن هه‌یه‌، به‌ڵام ژیانیان نییه‌ و هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری ناكه‌ن.. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ ئه‌زموونی به‌رزنجی بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك، ئه‌زموونێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ و پێشتریش له‌ باره‌ی شیعره‌كانیه‌وه‌ دواوم. ئه‌گه‌رچی زمانی شیعری ئه‌و شاعیره‌، زمانێكی زۆر ساده‌ و ساكاره‌، زمانێك نییه‌ نه‌ له‌ ناوه‌ڕۆك نه‌ له‌ فۆڕم ئاڵۆزو گران بێت، به‌لكو هه‌مان زمانی ئاساییه‌كه‌ به‌ڵام زمانێكه‌ دووخاسیه‌تی دیاری تێدایه‌ كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌كه‌ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت و پرسیاری لادروست ده‌كات، ئه‌وه‌ی دووه‌میان زمانێكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بچووكترین و په‌راوێزترین دیارده‌ و سیماكانی ژیان و له‌ شیعردا ته‌وزیفیان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ بنچینه‌یه‌كانی شیعر، به‌وه‌ی كه‌ وێنایه‌ك به‌رهه‌م بهێنێت، ئه‌وانیتر دركی بۆ نه‌كه‌ن.

بڕواناكه‌م له‌و هه‌موو هه‌ولێره‌دا كه‌ ملیۆنێك مرۆڤ زیاتری تێدا ئه‌ژیت، كه‌سێكی دیكه‌ هه‌بێت جه‌ودت ناجی به‌بیربێت، گامێشه‌وانه‌ عه‌ره‌به‌كانی بیربێته‌وه‌ و له‌ تێكستێكی ئه‌ده‌بیدا باسیان بكات. من دوای خوێنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره‌، واهه‌ست ده‌كه‌م له‌و زه‌مه‌ندا ژیاوم و هه‌موو شته‌كانم بینیوه‌، گه‌رچی ئه‌و كات من هه‌ر نه‌شبوومه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ چییه‌ وات لێده‌كات هه‌ست به‌و ژیانه‌ بكه‌یت، بێگومان شیعره‌. شیعرێك كه‌ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ زه‌مه‌نێك كه‌ پرسیار بكات و به‌راوردی ڕابردوو به‌ ئێستاوه‌ بكات و دواجاریش خه‌سڵه‌ته‌كانی مرۆڤی له‌هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كه‌ بۆده‌ربكه‌وێت..

*ئاوێنه‌كانی منداڵی هوردوهه‌ڕابوون/شیعر/ ئیسماعیل به‌رزنجی/له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاڵاكی وێژه‌یی هه‌ولێر/2018..

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی




پاوانکردن / هەیمەنە … زاهیر باهیر

پاوانکردنی [هەیمەنە] تاك بۆ تاکی دیکە بناخەیەك بوو بۆ پاوانکردنی چینێك بۆ چینی دیکە یا بۆ چینەکانی دیکە ، ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی بەردی بناخەی دەوڵەتی دانا بۆ پاوانکردنی هەموو کۆمەڵ.
دەرککردن بەوەی سەرەوەش من دەگەیەنێتە ئەم سەرەنجامە :
یەکەم : کۆمەڵی هیرراشیەت / قوچکەیی بناخە بووە بۆ دانانی کۆمەڵی چینایەتی. واتە سەروەرێتی و باڵادەستی یەکەم قۆناخی کۆمەڵ بووە نەك سەروەرێتی چیانیەتی کە لە ڕێگای ئابوورییەوە [ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە] بووە. بەم پێوەدانەش لەناوبردنی کێشەی چینایەتی مەرج نییە یەکسەر کێشەی باڵادەستی و سەرەوەریی کۆمەڵی قوچکەیی لەناو بەرێت.
دووەم: ئەگەر هیرراشیەت دایکی کێشەی چیانیەتیی بێت کەواتە هیرراشییەت چوارچێوەیەکی گەورەیە و کێشەی چینایەتیی بەشێکە و بەشێکی گەورەیە لێیی . لەم بارەشدا بە لابەلاکردنەوەی کێشەی چیانیەتی کە بەشێکی گەورەیە لەناو ئەو چوارچێوەیەدا مەرج نییە کێشەی تەواوی چوارچێوە گەورەکە کە باڵادەستیی و سەروەرییە ، یەکسەر لەبەین بچێت.
سێیەم: ئەوەی کە ئەم کۆمەڵەی هێڵاوەتەوە هەبوونی ئەو شێواز و ناوەرۆکەیە کە ڕێکخستنی تەواوی دەزگە و دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵە کە لە بنەوەی کە بە خێزان دەستپێدەکات تاکو سەری سەرەوە کە دەوڵەتە لەسەر بناخەی هیرراشیانە / قوچکەییانە دامەزراوە کە پایە و ڕاگری گەورەی سیستەمەکەیە . لای من ئەوەی کە زەبت و ڕەبتی تاکەکان دەکات و بەو شێوەیەیە دەیانهێڵێتەوە زەبت و ڕەبتی کار و سەر کار نییە، بەڵکو گوێڕایەڵیی و بەجێهێنانە.
چوارەم: مەرج نییە کە مێژوی بوونی کۆمەڵ ، مێژوی تێکۆشانی یاخود ململانێیی چینەکان یاخود چینایەتیی بووبێت. یاخییبوون، ملنەدان ، بەگژاچونەوەی سەروەرێتیی ، باڵادەستیی ، سەپاندنی ڕاو فرمان [ئەمر] ، هەموو ئەمانە زۆر پێش یاخیبوون سەبارەت بە ململانێی چیایەتی کەوتووە و ڕۆڵی خۆی بینیوە .

زاهیر باهیر – لەندەن
03/07/2019




‌وەڵامی کورد بۆ هێرشەکانی ئەردۆگان بۆ سەر باشووری کوردستان … ئاسۆ حامدی

ئەوەی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە دەیەوێت ڕوون و ئاشکرایە و بە دەیان ساڵە حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەقلیم ( ئیران ، تورکیا، عێراق و سووریا) لە ستراتیژیاندایە و چەندین پەیمانی جیاجیایان مۆرکردووە و لەسەر ئەوە کۆکن کە کورد لەم ناوچەیە جوگرافیایەی کە بە گوێرەی پەیمانە نێو دەوڵەتیەکان بە ویست و ئارەزووی کۆلۆنیالیزمی دابەشکراوە و ویست و ئارەزووی گەلی کورد ژێر پێ نراوە، ئەمەش هێلی سوورە بۆ ئەوان کورد هەردەبێ ژێر دەستە بێ، ئێمەش هەموومان کار بۆ سەربەخۆیی دەکەین. ئەوان هیچ ئازادیەک و ئاشتیەک و سەربەخۆیی بۆ میللەتی کورد بەڕەوا نابینن. تەنها لە کاتی ئاڵوگۆڕی سەنگ و سووکە هێزە ناوەخۆییەکانی خۆیان نەبێ ئەوە کاریان بە میللەتی کورد دەبێ و بەکارمان دێنن. ئێمەش هەردەم وەکو چەکوشی ئامادە ئامادەین و دەخزێنە نێو فێل و تەڵەکانیانەوە.

ئەوەی لە ئوستەنبۆل ڕوویدا و کورد و هەدەپە سەرکەوتنی ئیمام ئۆغلۆیی یەکلاکردەوە ئەوە بۆ ئەتاتورک و ئەوانی تریش کراوە، چۆن بۆ مالکی و عەبدیشمان کردووە. ئێمە کەی وانە لە هەڵەکانی خۆمان وەردەگرین؟. لە هەمووی سەیرتر لەسەر ئەمە تووشی پارچە پارچەش دەبین بۆ مەرامی دوژمنەکانمان. یەکێ دەڵێ کورد بێ لایەن بێ ویەکێ دەڵێ کورد تۆڵە لە ئەردۆگان و عەبادی بکاتەوە بۆچی کورد لە خەمی ستراتیژیەتەکەی خۆی نیە و هەر خەریکی ئۆپراسیۆنە؟.

هۆکاری ئەم هەموو جیاجیاییە چیە؟ بۆچی ئەم هەموو قازانج و مەسلەحەتەی کەسایەتی و حزبی زاڵ دەبێ بەسەر قازانجی بەرزی نەتەوەیی و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی؟. کەی دەتوانین وەکو گەل و نەتەوە ئەم دەورانە تێ پەڕێنین و بەهێز و یەکگرتوو بەرامبەر دوژمنان و نەرم و نیان و بە دیالۆگ کارکردن و گەشەدان بە فرە کەڵتووری و پیادەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە ناوەخۆ بە کورتی و کوردی پێچەوانەی ئەوەی کە هەیە.
ئەم کێشەیە بەڕای من پەیوەندی بە کەلتووری ڕێکخراوەیی و ستراکتووری کۆمەڵگا و هەڕەمی گشتی کۆمەڵگاوە هەیەو ئەمەش پەیوەندی سەرەکی بە پەروەردە و فێرکردن لە کۆمەڵگاوە هەیە. هەروەها ڕۆڵی ڕابەر و خودی ڕابەر لە کۆمەڵگا و ناوەندی ڕۆشەنبیریی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەگەر ڕەخنەیەکی زانستی و هەمەلایەنە و گشتی مان بۆ ئەوانە نەبێ و تەواوی کۆمەڵگا بەشداری نەکات لە پیادەکردنی دا ئەوە هەروا دەمینێنەوە.

سەرەتا هەر گرفتێ پێش ئەوەی دەستمان بە جاکسازیەکەی بگات دەبێ کێشەکە بە کۆمەڵایەتی ببێتەوە و کێشە قووڵبکرێتەوە. ئەگەر وا قووڵ بووە و بە کۆمەڵایەتی بووە ئەوە دەبێ چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ بکرێت.
بەڵام ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە زۆر سەیرە هیچ مەسەلەیەک نایهەژێنێ ومەسەلەی یەکلاکەرەوەنیە، نە ژن کوشتن و نە ووڵاتفرۆش و نە خیانەتی ڕابەر و نە گەندەڵی و نە قۆرخی حزب لەلایەن بنەماڵە و نە ئاوارەیی و دەربەدەری و داگیرکاری و گەنم سوتان وهتد. بۆیە زۆرجار مرۆڤ نا ئومید دەبێ و تووشی دەستەوەستان دەبێ.
بەنموونە مەسەلەی پەرتەوازەیی گەلی کورد و دوژمنایەتی حزبە سیاسیە کوردیەکان یەک گرفتی سەرەکیە و ئەوە سەدان ساڵە بە شێوەی جیاجیا دوژمنانی گەلی کورد بەکاریان دێنن و خودی خۆیان هەر ڕۆژێ و ساتێ بیانەوێ بەگژ یەکیانەوە دەنێن. حزب و سەرکردە کوردیەکان چونکە ویست و ئارەزووی جیاجیایان هەیە و هەردەم ئەم کەرەستە ئامادەیە بۆ دوژمنان.

وەڵامی کورد بۆ ئەردۆگانیەکان هەر وەستانەوەو بەرگری سەربازی نیە، بەڵکو ئاوەژوو بوونەوەیە لەم بیر و هزرە سەقەتەی سەدان ساڵە کە ڕابەری حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان کە خۆیان دەکەنە داردەستی بێگانە و نۆکەری داگیرکاری. هەردەم حزبێ دەبێتە لایەنگری حکومەتێکی ئەقلیمی بۆ خۆ زاڵ کردن.
وەڵامی کورد بۆ داگیرکەران هەماهەنگیە و پشتیوانی و یەکگرتنە نەک دوژمنایەتی یەکتر. ڕێک ئەوەی دوایی خودی هێزە دەرەکیەکان خوازیارن. ئەمە لە گرتنی کەرکوک و ناوچەکاندا ڕوویدا هەمان مەسەلە بوون. ڕەنگە گرتنی خواکورک بۆ هیزی سەربازی دوژمن ئەوەندە ئاسان نەبێ بەڵام مەحاڵ نیە و دەبێ لەم بارەوە کەسە سەربازیە شارەزاکان کۆمەکی هێزە بەرگەریکارەکان بکەن بۆ مەسەلەی ستراتیژی جەنگ تا داگیر نەکرێن. داگیرکردنی قەندیل یانی داگیرکردنی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایان.

ئەو ڕابەریەی هەیە ئەو حزبە دەسەلاتانەی هەن ئەگەر وا کاربکەن ناتوانن ئەم فکر و هزرە ئاوەژوو بکەنەوە. چونکە وا خۆیان زەلیلی سیاسەتە چەوتەکان کردووە و هەردەم پشت بەستوون بە بێگانە لەلایەنی ئابووری و فەرهەنگیشەوە ناتوانن وا بە ئاسانی لەم زەلکاوە دەرچن. بۆ سەرەتا دەبێ خەڵکی کوردستان کار بۆ ئەمە بکات ووڵاتێ یان هەرێمێ بەرهەمهێن چەکەرە بکات و پشت بەستوو بێ بە خۆ. دەبێ کۆمەڵگایەک هەم لە باری کەڵتووری و ستراکتووری دا گەشەبکات و خۆی بتوانێ پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش گرفتێکی ئەوەندە سادە نیە و بە ڕۆژێک و دووڕۆژ چارە ناکرێ و سەبری ئەیوبی دەوێ و دەبێ هەموو کۆمەڵگا کاری بۆ بکات.

زۆر نموونەی زیندوو هەن کە کۆمەڵگاکانی دونیا بەم شێوەیە گەشەیان کردووە و پاش چەند نەوەیەک بوون بە سەرکەوتووترین کۆمەڵگا، دەکرێ سەنگافورە بەنموونە وەربگرین یان ئەڵمانیای دوای شەڕی جیهانی دووەم یان یابان و دورگەی کۆریا بەنموونە وەربگرین کە چ ئاڵوگۆڕێکیان لە ژیان و گوزەرانیان کردووە. یان چین و چەندین ووڵاتی تر یان هەندێ دورگەکانی زەریای هێمن و دوورگەکانی کەناری بکەین بەنموونە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ڕابەری حزبە کوردیەکان ئەم کەڵتوورە دەست بەردار بن کە هەیە، خۆ بە بچوک زانین بە بێگانە و خۆ بە زلزانین بەرامبەر بە نەوەکانی خۆیان.

ڕەخنەیەک کە لەتەواوی کۆمەڵگا بگرین بە چەپ و ڕاستەوە بە بە ئیسلامی و مەسیحی و زەردەشتیەوە بەڕابەر و بنکەکانیانەوە ئەوەیە کە کێشەی کورد لایەنی زۆری کورد و ڕابەریەکەیەتی ئینجا هێزە دەرەکیەکان، لە هەر شوێنێ بێ کورد ئاسان دوژمنایەتی خودی خۆی دەکات و زوو دەبێتە یەدەگ بۆ سەنگ و سووکی هێزەکان. ئەمە لە پەرلەمانی عێراقی نا فیدراڵ و پەرلەمانی تورکیەی ئەردۆگاندا هەیە و بەردەوامیشن. بەنموونە لە کەرکوک و لە ڕۆژئاوای کوردستان وا هەر ئەم کارە دەکەن. بوون بە داردەستی بێگانە نەخۆشی موزمنی گەلی کورد وکە دەردی ڕابەریەکەیەتی. لاوانی گەل دەبێ کار بۆ گۆڕیینی ئەم هزرە بکات.

چەپ لە کوردستانی باشوور بە هەموو لق و پۆپەکنیانەوە بە ئەوپەڕی کۆمۆنیزمی و پاسفیستیەوە مەسەلەی نەتەوەییان تەسلیم بە حزبە ناسیونالیستەکان کردووە و ئەوانیش بە کەیفی خۆیان شەنەبای پێ دەکەن. چەپ لە کوردستان کار لە سەر گۆڕینی زەین و فکری کۆمەڵگا ناکات کار لەسەر (تێما) دەستەواژەی جیاجیا ناکات، بەنموونە مەسەلە ستراتیژیەکان و چارەنووسی کۆمەڵگا و مەسەلەی بەرهەم هێنان و بە یاسابوونی کۆمەڵگا و دروست بوونی فیدراسیۆنی کرێکاری و کارمەندانی هەرێم ناکات، کار بۆ بەرگری لە هەرێم ناکات دژی دوژمنان، کار بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ناکات و هەردەم باس لەمەسەلە کۆمەڵایەتیەکان دەکات یان تەنها ڕەخنەی لە مەسەلەی قۆرخی دەسەڵات دەکات یان مەسەلەی گەندەڵی و ڕەفزی تەواوی دەسەڵاتێ دەکات کە بەبێ ئەوەی هێزی کاملی بۆ ئەڵتەرناتیڤی هەبێ.

چەپ لە کوردستان دەتوانی زۆر کار بکات و جەماوەری زۆریش کۆ بکاتەوە بە حوکمی ئەوەی ڕێژەی زۆری گەلەکەمان هەژارە، زۆربەمان کرێکار و فەرمانبەر و پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش هتد کارمەندین، ئەمە خۆی لە خۆیدا زەخیرەیەکی گەورەی چینایەتی بەهێزە بەڵام بە شێوەی کارکردنی دروست ڕێکخراو دەکرێ نەک بە کاری پێداگری لەسەر پرنسیپ و کتێب. ئەمە کوشندەترین گرفتی چەپی ڕادیکاڵە لە کوردستانی باشوور. چەپ دەتوانێ بە تێمای وەک بەرگری لە ناوچەکانی ژیان و گوزەران خەڵک ڕێکخراو بکات و ئەم هێزەش لە دەنگدانەکاندا پشتیوانی لەم ڕەوتە بکەن و کۆمەڵگا بە ئاقاری تردا بەرن.

وەڵامی نەتەوەکەمان بۆ داگیرکاری یەکەمجار پەیوەندی بە چاکسازی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆمانەوە هەیە، یانی ئاوەژوو بوونەوەی ئەم هەڵوێستەی کە یەکتر دژی یەکتر دەسوێ، یانی ڕابەریەک کە لە قازانجی گەل و وولات نیە ئیتر ڕابەر نیە، یانی کۆمەڵگای بەرهەمهێن و پشت بە خۆ بەستوو دورست ببێ یانی دەبێ پەرەوەردەو فێرکردن لە ئاستێ بێ بتوانێ زانست ومەعریفی بێ نەک لەسەر بنەمای گەندەڵی بڕوا. کارکردن بە زانست و مەعریفە جیایە و سۆزی نەتەوەیی جیایە، خەڵک لە کوردستان چونکە بنەمای ڕۆشەنبیری زانستی نیە بەڵکو کۆلکە مەلا و هەندێ شاعیری هەن و هەبوون (لەگەڵ ڕێزم بۆیان کە زۆربەشیان ناهۆشیاربوون ویەک سەرچاوەی ئیسلامیان هەبوو) ئەوە هەر قوڕێ ئەوانە دەشێلین.

گەل بە زانست و پیشەسازی و داهێنان گەشە دەکات نەک بە ووشەی ئەدەبی و سۆز و حەماس، ئەوانەی دوایش پێ ویستن بەڵام ناتوانن کۆمەڵگا لە کێشمە کێشەکانی دونیای ئێستا بۆ پێشەوە ببەن. لاوانی گەل دەبێ واز لەم کۆپیە فەرهەنگیەی کۆنە بێنن، بەڵکو ڕوو لە زانست و مەعریفەی نوێ بکەن و دەست بۆ تەکنەلۆژیای نوێ و داهێنانە ئەکادیمیە جیهانیەکان ببەن بۆ ئەمەش دەبێ فێری زمانە زیندووەکانی کۆمەڵگا جیهانیەکان ببن و بەشدار بن لە گۆڕینی ناوەندی ڕۆشەنبیریەک کە بە ئەدەب دەستی پێکردووە، تا ناوەندی ڕۆشەنبری گەلەکەمان ببێتە زانستی و دۆکیومێنت و مۆدێرن. ئەمەش ڕەفزی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە کۆنانە ناکاتەوە بەڵکو سەرچاوەیەکی تر ی زیادەیە بۆ گەشەدان بە فەرهەنگی کۆمەڵگا.

ئاسۆ حامدی




زامی ئاب … نووسینی؛ ئیسماعیل سابیر

یادێک بۆ هاوین

شار بە قەرەباڵغیەکانەوە پەل دەهاوێ، حەسانەوەی پشووەکان لە ئەپارتمانەکاندا دەهێنێتە دەرەوە، لە ڕووخساردا زام خەفەدەبێت.
جەستە وەک تەرمێکی تژی لە برین بەپێشتدا هاموشۆی کرد، درەنگ هەستت پێکرد دووپشک، شاعیرێکی تۆراوە وەک دووکەڵ لەناو ڕووخاوی کۆڵانەکان زۆر نامێنێتەوە.
هەناسەتەنگیم بەڕۆژە ڕەشەکانەوە خووی گرتووە، نەخۆشیم وەک ئەسپێک لە خۆڵدا گەوزاوە، لەناو نۆڕینگەکاندا چارەسەریم وەک ئاژەڵێکی بریندار دەنەڕێنێ، تۆ ئەی پڵنگی برسی چیتر ئاسکەکەی تۆ نیم، بۆیە بەدوای دەرمانەکانتدا لە هیچ شەقامێکدا بۆم مەگەڕێ.
قاچەکان ماندووی جەنگێکی پووچن، خوێن بە یەخەی کورتەک و شەلوارەکان بۆتە ملوانکە.
شۆڕشگێڕەکان یادەوەریان ئەتککرد، ” سەد و بیستییان ” بەڕووی گۆرانیەکاندا کردەوە تا سەرخۆشیمان چیتر قیڕتاوی شار شپرزە نەکات.
دووکەڵی بزوێنەرەکان ئایدیای پشووەکانمان دەخنکێنێت.
کڵاشینکۆفەکان بەڕووی ئەتەکێتی تووڕەییەکانمان لە ئامادەباشی دابوون. توند دەستیان بە پەلەپیتکەی هەواوە گرتبوو. خەوەکان لە کەمپەکاندا ناونووس کران. شەهیدەکان لە داخی گەرما خەونەکانیان لە پشتناو و قاچیان لەناو سەریان هەڵگرت، لە گۆڕستانە ساردەکاندا بێ پاڵتۆ، بوون بە پاسەوانی کوردایەتیمانەوە.
سەری بریندار لە شەقامدا کە تەنگە جێی نابێتەوە، هەنگاوەکانم کە گوتت خوارن، لێخن بوون، قاڵۆنچەیەک کە ڕابردوو بوو، پیسایی کاتەکانمی کرۆژت.
بەدیار هاڕینی وەرزەکان، کارگەکان سووتان.
ژیان لە سێبەری باڵەخانەکان، زوو وەڕزی لێهەڵسا.
دەرگاکان بەڕووی چاوەڕوانیمدا هەڵوەرین، گەرما سوبێکتی سێبەرێکی شێواند.
یادەوەریی بووخاری کردووە، حەسانەوەم جێینابێتەوە، نائارام وەک هێلکە دەلەمەیەک لەناو سکمدا دەلەقێت.
هەوا بەدڵتەنگییمەوە فێی گرتووە و دەست لە پیاسەکانم دەوەشێنێ.
شەقام قاچی کەسێکی پێدا نەڕوا، مات و دڵتەنگ دەگریێ.
کاتێ؛ قەرەوێلەکەت پەنجەرەکانی دادەخات، قریشکە بەردەبێتە سەر حەسانەوەی پێخەفەکان.
ڕووکاری پێستم، بەدیار سەوزبوونی گوڵەبەڕۆژەیەکەوە لۆچی کرد.
جەستەم لە دەرەوەی کاتژمێر دەکڕوزێتەوە،
بیرکردنەوەم تینووە، لە سێبەرێک دەگەڕێت نەیسووێنێت.
بێزارییم لەناو ئارەقەدا هۆن هۆن دەگریێ…
جەستەم هێندە بەدیار بێڕەحمی خۆرەوە گەرم داهاتووە، لێم نزیک بیتەوە وەک کارگەیەکی تەقەمەنی بەڕووتدا دەتەقێتەوە.

ماشێنەکان بەفێنکی بەناو خۆر و هەوادا پیاسە دەکەن،
لە قەراغی شۆستەکاندا گەرما قرچەی دێ و عاموود وەک زام لە یادەوەریمدا دەڕوێت.
کەس دیار نیە؛ لە جیات بووکەشووشە جنێو لەسەر شەقامەکان دەچێنم، گەرمی زامەکان لە کۆگای سەفەردا سەفتدەکەم، کات شەمەندەفەرێکە ڕابردووم دەباتە پیاسە. ئەو چەند جارەی کەللەسەری شەوەکانت لێ بەردەبۆوە، سەر زەوی پڕ ببوو لە زەلکاو، ڕەسیف لە چاوەکانتدا جێگای خاڵی بوو. لەسەر شۆستەکاندا تەنیایی بەڕەڵڵا بەبەرچاوی داڵغەکانت دەسووڕایەوە. هیچت نەکرد. دەتویست دەستی پێیەکانت بگریت و بیگەڕێنیتەوە ناو کەرنەفاڵی وڕێنەکان. پێکەنینەکان هێند دوور ڕۆیشتن تاقەتیان نەما بگەڕێنەوە بۆ ناو دەستپێکی یەکەم نیگای ئەو شەقامانەی کەوا “ئەربائیلۆ” شارستانیەتی سۆمەڕیەکان و ئاشووریەکان و باببلییە کۆنەکانی تێدا عەمبار کرد.
هەوای تاقەتپڕووکێن دەڵێی دڕکە بەر سیەکانت دەکەوێت. هەناسەت غەمگینە بە زام. یادەوەری لێکدابڕانی سەدەیەکی تێدا فیچقە دەکات. پێیەکان بریندارن بەو پیاسە درێژانەی کەوا کێشران. شوێنپێکان وەک بۆنی ئاژەڵێکی تۆپیو لە حەسانەوەی لووتم دەچەقن.
بە یادی گەرمی هەنگاوەکانی هاتن کە هەمووکات لەسەر لاشانی ڕۆژە ماندووەکاندا قوورس دەبینرێن، پێڵاوەکان ئەتکێتی هاتنی کەسێکم بیرم دەهێننەوە، چاوەڕوانیم زیزبووە، ڕۆژگار بەڕوومدا ئەڤینێکی کاڵفامە، خەریکه لەناو جانتەکەتدا دڵێک کە دەڕوا، هیوایەک بەردەبێتەوە !
هەمیشە کە دەستت بۆ پاکەتی گیرفانی لا چەپم بردووە ماچی خەوتوو لەناو زمانمدا کڵپەی کردووە.
چزوویەک لە شێوەی گوللە هەمیشە ئامادەیە ئاراستەی پیاسەکانت بگۆڕێت. زۆرت جگەرە بۆ یادی ئەو ڕۆژانەی وازت لە جگەرە هێنابوو، کێشا…
بیرت نەماوە کۆتا جار کەی فڕینی خەونەکانت تێکشکێنرا.
بیرت چۆتەوە سەبیلەکەت لە کوێ بەتاڵکراو وەک فلتەری جگەر لە قەراغی شۆستەکاندا فڕێدرای.
بەزەحمەت ئازاری ئەو ماشێنانەت دێتەوە یاد کەوا لە سەیرکردنت وەک خۆر دەسووتان و بەخیلییان بە شۆڕبوونەوەی گوارە و گەرمی سەر شانەکانت دەبرد. ئەو دەستانەی وەک خەڵاتێکی گرانبەها لەناو قۆڵتدا توند گرۆڵە ببوون. گەرمای تاقەتپڕووکێنی ناو تێپەڕینەکان کردینی بە خەڵووز. بەخیلی، سروشتم بیردێنێتەوە، سروشت کاتێ؛ وەک دەعبایەک لە مابەینی درەختەکان دەجولاو مۆڕەی لە ماچەکان دەکرد، لە داخان کورسی و ڕامووسانی پەنا باخچەکانی دەلەراندەوە.

غرور تەپڵی شکستی بۆ شەوگاڕی شەوەهای شەوی هەموو ئەو ژوانانە لێدا کەوا لە چاوەڕوانیمدا بێدەنگیان هەڵبژارد.
غەریبیم سواری هەموو ئەو ڕۆژانە بوو کەوا کات لە ڕابردوودا پیاسەی پێ دەکرد.
تۆ بیرت چۆتەوە ڕۆژگارێک کات قیبلەنمای شەوەهای شەو بوو، شەو تژی بوو لە ئەستێرەی قاوەیی، کە لە خەو هەڵدەستان خەواڵوو خەونیان لێ بەردەبۆوە، ئایندەیان وەک باران بەسەر سالەکانمدا دەڕژاند.
وەلێ ئێستا داهاتوو قیبلە نمای پاشەکشەی
ئەو پێکەنینە مۆمیاکراوانەیە کەوا هەرگیز نابنە ڕابردوو.
تۆ هەستی پێناکەی، بەڵام من چاک دەزانم، کاتیش دەزانێت ” شکستەکان دەبن بە پەڵەیەکی سووتاو، بە نیشانەیەک، بە دەستکەوتێکی ڕۆژگار، بە درێژایی تێپەڕینی ساڵەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و بە نێو چەوانی ئایندەماندا دەبریسکێنەوە !”

ئاگری تەمموز

وەک دوو تەرمی سارد تابوت فەرامۆشی کردبێتن، لەناو پێخەفی ڕۆژمێرەوە بێدەنگ بەدیار سووتانی کاتەوە ڕاکشابووین.
هاوین بوو ئەستێرە وەک شارە مێروولە لە دەوری غەریزەکانمان ئاڵابوو. چۆلەکەش لەدەوری سەرمان وەک هێللانە،
گوتبووت؛ ئەم پانتاییە نەفرەتلێکراوە، سەربازەکانی زوو دەخنکێنێت. هەواکەی بەرگەی ساردی لەشکرەکان ناگرێت، ئەی دۆن کیشۆتی خەڵەفاو زوو سوپای خەونەکانت کۆکەوە، تاکو تۆزی ژێر پێی غروری پیاوەکان ئابی ساڵەکانیان هەراسان نەکردووە.
ڕۆژ نیە مێشوولەیەکی عەبەس جەستەی هەڵتۆقیوم نەخنکێنێت.
ئەستێرەی سەر شانی سەربازەکان وەک ملوانکەیەک لە ملی شکستەکانی ژیانمدا بوون بە خەڵات.
چەقۆی ماچەکان یادەوەریەکانی بزمار ڕێژ کردووین.
لێرە گەر ئەتەکێتت پۆشیوە دەبێت خۆت لە سوبێکتی سێبەرەکەم لادەی تا چەقۆی زام و شەپڵە گووت بەرنەکەوێت.
گوتبووت؛ مەچەکی ژنانەم بە کپی غەریزە و دڵڕەقی پیاوانە مەبڕەوه.
گوتبووت؛ تەورێک لەناو مەعریفە دەربێنە و سەری دڵتەنگی و گورگە هارەکانمی پێ بقرتێنە.
گوتبووت؛ غەمگینی سێبەر و گەرمی جگەرە کێشانت لە وێنەکاندا، وەک خۆرێکی تاقەتپڕوکێن لێوی پشووەکانم دەسووتێنێت، لوورەی دانەگیرسانی لێوەکان لەناو پێخەفدا، ڕۆژ نیە مەمکی ژێر ستیانەکانم نەکرۆژێت.

مەنجەنیق

ئەی هەڵاتووی ناو کیشەوەرەکانی شکست، نشوستەکانت بەسەر ڕووخساری ڕۆژە جێماوەکان هەڵمەواسە. وێنەی سەربازە ئازاکان لەناو بەتانیەکەتدا دەربێنە، وەک مناڵێکی ترسنۆک سەرت لەناو سەرینەکەتدا مەشارەوە، دێوەکان ڕۆژێک پشووەکانت دەڕفێنن، سێدارە بۆ ملی چاوەڕوانی وڕێنەکانت هەڵدەواسن، تۆوی خۆکوژی مێشکی هەموو ئەو خەونانەی پێ دەگێ کەوایە بەتەمایە سەرین لەسەر سەری دانێت و بخەوێت.

ژوورەکان لە دیار گرمۆڵەبوونی ترسەکان دەبن بە ڤیستیڤاڵی تارماییەکان، تۆ لە بەستەڵەکی پەیوەندیەکان بدوێ، با سێبەری ڕۆیشتنی بەتریقەکان لەو زەمهەریرەدا مردارمان نەکاتەوە. تارمایی سەر دیوارەکان بە بێدەنگی خەونی سەربڕاوەکان لە قتوو دەنێن، بنمیچەکان وەک بوڕکانێک دەتەقن و شوناسی ئایدیاکانمان نوقمی خامۆشی دەکەن.
سەرینەکەت فرمێسکی ئەبەدی پیاوە تەنیاکانی مۆمیا کردووە. هێندە بە بازدانی مەیمونەکان خۆت فریومەدە، مەحالە قاچت لەناو ئەپارتمانەکان جێگای بێتەوە، تۆ کە هیچ شەقامێکت نیە خەونی تێدا لێخوڕی و هیچ ماشێنێکت نیە جانتای ڕێبوارەکانی تێدا سەرخەی، هیچ کافێیەکت نیە ئەتەکێتی ماچی تێدا نمایش کەی، ئەی بۆچی ئاوا زوو فریوی ئەو دێڕە پڕ شەهوەتانە دەخۆی؟ کەستەکێکی لە کێوەکاندا ڕەقبوویتەوە، هیچ درەختێک لەناو تۆزی ئازارەکانت سەر دەرناهێنێت. لە چاوەڕوانی عفریتەکان دەبیت بە غوبار، حوشترەکانی بیابان سەوزاییت دەخۆن، بێڕەحمانە قاچ بەسەر سووتانی ڕۆژەکانتدا دەنێن.

دۆزەخ

ئەو خۆرەی لەسەر شەقام ژێر پێی پیاسەکانی دەسووتێنێت، دەیبینی؛ ڕۆژێک دەبێت بە ڕووناکی بۆ داگیرسانی تاریکی هەسارەکان.
ئەوەی وەک پڕۆمیسیۆس لە تاریکی ڕۆژەکاندا ئاگری لێدزرا، باکی بە ئەشکەنجەی ئاب و وەحشیەتی عفریتەکان نەبوو. ئەو پشکۆیەی دڕندانە گیانی “حەلاج “ـی گڕ تێبەردا، باکی بەسووتانی مۆتەکە و ئەو هەموو زیندەخەوە نەبوو. ئەو شەوانەی ڕاکشانی سەر جێخەوەکان وەک پووشوپەلاش لەناو تێپەڕینی کاتدا دەبرژان، کارگەکانی نۆستالژیا تژی بوون لە خستنەوەی ژان، هەر دەمەو زەندیقێک پاشگەزدەبۆوە و قامچی لە جوانیەکان دەدا. وەک پاسەوانێکی خەواڵوو بە دیار زنجیری پێی دیلەکان گەمژانە ئایندەمان بردە ژێر بەتانی کاتەوە و خەوتین.
بەیانی ڕەنگە دابڕانێکی درێژ بێت، کڵاو خودەکەی سەرت پێویستە مین ڕێژ بێت بە ئیدیال و گومانی ئەهریمەنانە. کۆڵوانەی ئەڤینت پڕ بێت لە زەخرەفەی ئازار.
لە ترسی کۆکوژی فیرعەونەکان وەک کۆڵبەرێک ئەو شاخ بۆ ئەو شاخ خەونەکانت لە پشتنێ.
ڕۆیشتنی هیواکان بەسەر پشتی کیسەڵێکی لاوازەوەیە، قەرارە ئاسوودەیی، دەست بەسەر شۆستەکانەوە پرسە بگێڕێت.
بازدان بەسەر سەر بەردەکاندا پشووەکی درێژی گەرەکە، زەخیرەیەک تژی لە نیگەرانی لەناو جانتاکەتدا دەبێت چاک گرمۆڵە بێت.
قاچت دەئێشی و سەرقاڵیت بە یاداشتێکەوە ئاڵاوە. لە قەرەباڵغی هەنگاوەکاندا سێبەر نابینرێت، بیرکردنەوە بۆ یادێکی دوور، برین دەستەمۆی دەکات. شەهیدەکان چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەوشتانەیان دەزانی بۆیە زوو مردنیان لە باخەڵنا، ماندوو، بەبێ تەقە و ڕووبەڕوو بوونەوە بەناو چاوماندا تێپەڕبوون.

ئەی زامی ئەو هەموو ڕۆیشتنە چیە هەنگاوەکان عاسێ دەکات و ماشێنەکان لە قوڕاودا دەچەقێنێت؟
لە پشوو، لە چاوگێڕاندا تاریکییەک خۆی ڕووت دەکاتەوە، فوو بە قەرەباڵغی یادەوەریەکاندا دەکات، بێدەنگی نامەکان قەتماغەمان دەکولێنێتەوە. تەفسیر و ئایندەی هەموو وڕێنەکان دەباتەوه بۆ پوچی، لە تێپەڕینی ئێستای کاتەکاندا خامۆشی داگیرساوە.
لەگەل هەڵکردنی فریوی شۆرشگێڕەکان هیواکانیش وەک مۆم وردە وردە دەکوژێنەوە.
تەماحێک هەیە، تاریکی بۆ ڕۆژەکان هەڵدەکا، فریوێک هەیە، شوێندەستی گۆڕانکارییەکانی شار لە ڕووخساریەوە ڕا دەشێوێنێت، سیحرێک هەیە نازانی هی چ جادوویەکە، شەوێک دادەگیرسێ و گڕ لە کەئابەی ڕۆژەکان بەردەدا، کە هەڵدەکا، گەورە دەبێت، بۆ ئەبەدیش ناکوژێتەوە…




باش …. نەوزاد بەندی

ئیتر بە خەیاڵیش
داوای دوو قاوە ناکەم
ھەر یەک قاوە و
تەواو ..

باش ..
ئیتر بە خەویش
دوو بلیت نابڕم
ھەر یەک بلیت و
تەواو ..

باش ..
ئیتر بە سوعبەتیش
دوو نەفەر داوا ناکەم
ھەر یەک نەفەر و
تەواو ..

ئیتر
قبوڵ ناکەم
تەنانەت سێبەرەکەیشم
لەگەڵما بڕوا ..
ھەر خۆم و
تەواو ..

نە
و
ز
ا
د
بە ن د ی




هــاویــن … محەمەد بەرزی

هـاویـن وەرزی گـەرمـایــە
مـیـوەی زۆر خـۆشـی تـیـایــە

کـاڵـەک و شـووتـی و تــرێ
مــۆز و هـەنـجـیـر و هـەرمـێ

هـەڵـوژە و قـۆخ و قـەیـسـی
ئــاڵ و ســورە گـێـلاســی

تـیـشـکـی خــۆرەکـەی تـیـژە
ڕۆژانــی زۆر درێـــژە

مـانـگ و ئـەسـتـێـرەی گـەشـە
شــنـەی شــەمـاڵـی خــۆشــە

بـۆ ئـەم وەرزە زۆر گــەرمــە
فـێـنـکی دڵــە دۆنـدرمــە

٢٥ / ٢ / ٢٠١٨




بۆ قادری حاجیی عەلیی … کامیار سابیر

گۆڕان، رێگرە ئەی کێ رێ دەکاتەوە؟

ئەم وتارە، راستەوخۆ رووی لە قادری حاجی عەلیی نییە، بەڵکو ئەو وەکو میتافۆرێکی سیاسیی وێنە کراوە، رووی لەوانەیە ئومێدیان لەسەر بییرکردنەوە و ئەکتە سیاسییەکانی قادر و هاوەڵەکانی داناوە. ئەم نووسیینە بۆ ئەوەیە بە کورتیی، ئەو خەت و نەهجە سیاسییانە دەست نیشان بکا کە لە دوای شکستی گۆڕانەوە، کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتیی و ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیان بە تایبەتیی، لەگەڵ بێئومێدییەکی زۆردا، رووبەڕوو بوونەتەوە. بە واتایەکی تر، دەکرا ئەم وتارە بگەیەنرانایە بە قادر و برادەرەکانی، بەڵام مەبەست لە بڵاوکردنەوەی، ئەوەیە کە سیاسەت بۆ رای گشتیی و بەرژەوەندیی گشتییە، دەبێ راستەوخۆ و بە راشکاوییش روو لە خەڵک بێت.

ئەگەر بە دیدە ئەفڵاطۆنییەکەیش سەیری سیاسەت بکەین، ئەوەیە ئەگەر فەرامۆشی بکەیت، یان بە زمانی سەردەم ئەگەر بایکۆتی بکەیت، لە لایەن “کەسانی نزم و بێ ویقارەوە”، جڵەو دەکرێیت. دیارە ئەمە سەرکۆنەکردنی ئەو بایکۆتە نییە لە دوایین هەڵبژاردنی کوردستاندا کرا، بەڵکو ئەو بایکۆتە بەریینە، بە هۆی خوێڕییەتی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە، بێ فیکر، بێ روئییە، بێ روئیا و بێ نەهجەوە بوو کە لە پێناو پارە و چوونە ناو دەسەڵاتەوە، رێک “کۆپی”ی حیزبی مافیاکانی نەوتی دەکردەوە و کردیشی. بۆ دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق، ئەو هەموو مافیا جۆراوجۆر و میلیاردێرە دزانە، بە هۆی موردیی ئەو دەیان هەزار رانتخۆر و موبایەعەچییەوە، جڵەوی کۆمەڵگەیان گرتووەتە دەست، چونکە چەندیین ئافیونی ئایدیۆلۆژیی( نەتەوەیی، نەژادیی، طائیفیی و شەرعییەتی میلیشیایی شاخ) بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و دزیینی سامانی نیشتمانیی، بەکار دەهێنن. لە بەرامبەریشدا، بەشێکی زۆری ئینسانە باشەکان و ئەو نوخبانەی ویژدانیان ماوە، یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە یاخود خۆیان لە سیاسەت بەلەسە کردووە و هیچ چالاکییەکیان نییە. لەم جوغزەوەیە، دەکرێ قسە لەسەر جوڵاندن و مۆبەڵایزی سیاسیی خەڵک بکرێ کە بەهۆی ئۆپۆزیسیۆنێکی مردارەوە بووەوە، بێئومێدییەکی زۆر باڵی بەسەریاندا کێشاوە، یان وەکو قادری حاجیی عەلیی دەڵێ، رێگرە!

ئێستا وەهمێک لە لایەن ئەوانەی کە بەتەمای پۆست و پارەی رەیعی چوونە ناو دەسەڵاتەوەن، تەخشان دەکرێ، گوایە هیچ هێزێک ناتوانێ گۆڕان تێپەڕێنێت؟ لە راستییدا و لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی، بەبێ دروستبوونی هیچ حیزبێکی سیاسیی نوێ، گۆڕان نەک هەر تەجاوز کرا، بەڵکو ئەوەندە بە جێماوە، هەرگیزا و هەرگیز بە یەک لەسەر چواری جارانیشی، هەڵناسێتەوە. ئەو بایکۆتە بەریینە، رێک تەجاوزی خورافاتە سیاسییەکانی گۆڕان بوو، بەڵام میکانیزمی سیاسیی ئەم تێپەڕاندنە زۆر گرنگە لە لایەن هەر سیاسیی و حیزبێکەوە، رابەرایەتیی بکرێ. ئەم وتارە، تەنیا وەکو بەرکوڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی بییرکردنەوەی قادری حاجیی عەلیی تەرخان کراوە کە یەکەمیین چاوپێکەوتنی رەسمیی کردووە، دوای ئەوەی بە تەواویی لە گۆڕانی ئێستا، دوور کەوتووەتەوە.

سیاسیی ئەم سەردەمە، بە تایبەتیی پاش فەشەلی گەورەی گۆڕان و رۆڵ بیینینی گۆڕان وەکو پرۆکسییەکی پارتیی، دەبێ بەرچاوڕۆشن بێت، کەمێک مەعریفە، کولتوور و جەرائەتی( سیاسیی) هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرچاوڕۆشنیی بە خەڵک بدات لەو دونیا جەنجاڵەی سیاسەتی کوردییدا کە کۆمەڵێ مافیا، چەتە”گانگ-Gang” و دزی میلیاردێری کوردایەتیی، وەکو پییشە، سیاسەتیان لە ئابوورییی چەتەگەرییدا تەوظیف کردووە. قادری حاجیی عەلیی لەو چاوپێکەوتنەیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە گۆڕان، رێگرە لە گۆڕانکاریی! لەبەرامبەردا بە زمانی چەپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستەکان نا کە هەمیشە مەمەمژەی ئاڵتەرناتیڤ باس دەکەن، بەڵکو لە بری ئاڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژیی، باسی گوتارێکی رۆشن، جەرییئانە، نیشتمانییانە( نەک نەتەوەیی و نەژادیی)، ئازادییخوازانە نەک طائیفیی و مەذهەبیی، دەکەین کە بتوانێ وەکو بەدییل لە گوتارە رزییوەکەی کوردایەتیی، جیاواز بێت. ئەگەر گۆڕان رێگرە، ئەی چۆن رێ دەکرێتەوە و ئەم رێگرانە لەسەر رێگە رادەماڵرێن؟ ئەمەیان هەر بە پۆپۆلیزمی جەڵەبیی، بە حەماس، بە شیعارات و زەخرەفەی سیاسیی، بە کەفوکوڵ و شییڕە شییڕ، بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە پرەنسیپ، بە ئیرادەی سیاسیی، بە مۆراڵ و فیکری سیاسیی، لەنگەر دەگرێت.

سیاسیی، بۆ ماوەیەکی زۆر قسەی نەکرد و بییر لە گوتار و ئەکتێکی سیاسیی جیاواز بکاتەوە، بە تایبەتیی کە گۆڕان فەشەلێکی ذەریعی تووش بووە، دەبێ زۆر وردەکار، سیاسیی و عەقڵانیی، مامەڵە لەگەڵ رەهەندە لۆکاڵیی( کوردستانیی)، عێراقیی، ئیقلیمیی و جیهانییەکان بکاتەوە. دەبێ زۆر لە هەڵبژاردنی چەمکەکاندا ورد بێت، بە تایبەتیی ئەگەر وەڵامی پرسیارەکان بە نووسیین بێت نەک بە شەفەهیی، دەبێت لە بەکارهێنانی زمانی سیاسیی و کۆنتێکستە سیاسییەکاندا، هەوڵ بدا کەمتریین تەفسیر و تەئویل بۆ قسەکانی بکرێن. بە چەند خاڵێک، هەندێ سەرنج لەسەر وەڵامەکانی قادری حاجیی عەلیی، لێرەدا بەیان دەکرێن.

  1. قادر و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بەوشێوەیە سیاسەت بکەن کە لە پەنای ناو و کاریزمای نەوشیروانەوە رەخنە لەم گۆڕانەی ئێستا بگرن، سەرەنجام هەر هەموویان لەو سەرمایە مەعنەوییەی رێکخەری گشتیی( پێشوو) گۆڕان، هیچیان بەرناکەوێت. سەرمایەی مەعنەویی و ماددیی ئەو پیاوە لای کوڕەکان و رێکخەری ئێستا و ئەو خانەی راپەڕاندنەیە کە هەموویان، غوڵام، مورید و سەرلەقێنی خۆی بوونە. دەبێ ئەمە بۆ خەڵک و بۆ هەوادارانی خۆیشیان روون بکەنەوە، جەرییئانە و واقیعییانە قسە لەسەر ئەوە بکەن، ئایا خودی نەوشیروان خۆی بەشێکی سەرەکیی و ماستەرمایندی ئەم گەندەڵیی و ویراثە سیاسیی و داراییەی ناو گۆڕان، نییە؟ خۆ هەڵاواردن لەم پرسیارە ریشەییە، نیشانەی بەرچاولێڵیی و ترس لە هەیبەتی نەوشیروان نەبێ، خێرێکی بۆ ئەوانە نابێت لە گۆڕان، دوور کەوتوونەتەوە. زۆر بە رۆشنیی، دەبێ بە جورئەتەوە، باسی ئەوە بکرێ کە ئایا ئەو پیاوە خۆی راستەوخۆ بەشدار نییە لە بە خێزانییکردنی گۆڕان و دەستگرتن بەسەر تەواوی دارایی گۆڕاندا،ئایا بەرنامەی عەلەنیی و مەخفیی خۆی، نەبووە؟
  2. لە باسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بۆچوونەکانی زۆر جوان، ئینسانیی، عەقڵانیی و عێراقییانەیە ( وەکو سیاسییەکی عێراقیی، نەک لۆکاڵیی کوردیی)، بەڵام نە دەبووایە بە ناوچە جێناکۆکەکان بڵێ ناوچە دابڕاوەکان؟
    بارزانیی بە بڕیاری ژمارە ٢٦ ی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٢دا، شیعرێکی سیاسیی و دیپلۆماسیی، حیکمەتێکی قانوونیی و تیۆریی گەورەی داهێنا! ناوچە جێناکۆکەکانی لە خەیاڵدانی ناسیۆنالیزمی نیۆعەشیرەتییدا بۆ ” ناوچە کوردستانییەکان لە دەرەوەی هەرێم” گۆڕیی. ئەوکات، لوطفیش دەکات کە سەرجەم وەزارەت و لایەنە رەسمیی و فەلەکان، پێوەی پابەند بن. مالیکیی سەرمەست بە کۆکتێلی ناسیۆنالیزمی عێراقیی و طائیفیی، هەر زوو وەڵامی دایەوە کە حەماسەتەکەی سەرۆکی پارتیی، ناقانوونیی و نادەستورییە. پاش ٧ ساڵ، بە تایبەتیی دوای فشە گەورەکەی ریفراندۆم، بارزانیی کە برازاکەی( نێچیرڤان) دەبێ بە سەرۆکی هەرێم، هەشت قسە دەکات و چواریان ئەوە دەبێت کە بەو ناوچانە دەڵێ کێشە لەسەر( جێناکۆک)، دەی مەبەستەکە ئەمەیە بارزانیی بۆ بیزنس، دەزانێ لە کوێدا کۆنتێکستی دروست بەکار بهێنێت؟ بۆ هەرکەسێکی تر، لە دەرەوەی کەینونەی ئەم سەرەطانە ئایدیۆلۆژییە( کوردایەتیی) سیاسەت بکات، دەبێ لە ئەدەبییاتی کلاسیک و مۆدێرنی ئەم کوردایەتییە چەتەگەرییە، دوور بکەوێتەوە. دەبێ لە شیعر، لە پەخشان و ئەدەبییاتی هەزیل و هەڵکڕوزاوی کوردایەتیی، خۆی بە دوور بگرێ. قادر، لەسەر کەرکوک دەڵێ”ئێستا كە لە رووی سەربازییەوە لەدەستیشمان، داوە..” باشە ئەمە هەر هەمان ئەدەبییاتی پارتیی و مێدیا سێبەرەکانی و ئەو ئۆردووە زۆروبۆرەی نوخبە و عەوامی نەژادیی نییە کە دەبووایە کەرکوک، لەدەست خۆماندا بمایەتەوە؟ خۆمان، بە واتای هەموو کورد دێت و بە ناوی هەموو کەرکوکییەکانیشەوە( بە تایبەتیی کوردەکان)، قسە دەکرێت. خۆمان، ئەو مافیا گەورانەی کوردایەتیی نەبوون و نیین کە رۆڵی والییان بۆ خەلیفە ئەردۆغان، دەگێڕا؟ هەر ئەوانە نەبوون کە لەگەڵ داعشدا، رەدیف و حەلیف بوون؟ مەگەر کەرکوک بەس لە ژێر میلیشیاکانی کوردایەتییدا بمایاتەوە، ئیتر لە دەستمان نەدەدا، چونکە خوێن و گۆشت و ئێسقانەکانیان لە نەژادی خالیصی کوردن؟
  3. لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێ” چیتیر دروشمی بریقەدارو كوردایەتیی موزەیەف ‌و قڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕیی‌ وقودسییەتی هیچ كەس ‌و بنەماڵەیەك، نابێت دەنگدەر بگەمژێنێت‌و هەڵخڵەتێنێ” باشە بۆچی کوردایەتیی موزەیەف بەکاردەهێنێت؟ ئایا، پێیوایە ئەم عەمالەتە ئیقیلمییەی پارتیی لە شەستەکانەوە دەیکات و دواتر یەکێتیی لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانەوە، هەمان کاسبیی دەکات و تا ئێستایش بە فۆرم و شێوازی جیاواز، لە کوردایەتیی بەردەوامن، یان ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆندا بوون و کوردایەتییەکی خالیص و زاهیدیان دەکرد، مەگەر ئێستا هەموویان لەژێر دەواری مەرجەعی کوردایەتییدا کۆنەبوونەتەوە؟ ئەو مەرجەعەی لە دوو گوێچکەیەوە کە روواوە، وەکو پرۆکسیی (هێزە ئیقلیمیی و دەسگای موخابەراتیی جیهانیی)، مەئمورییەتی پێ سپێردراوە؟ ئایا لەم بێ ئاسۆیی، بێ ئومێدیی و کەڵەگاییەی دەسەڵاتی مافیاکانی نەوتدا کە تا رادەیەکی زۆر، گۆڕان بەرپرسە، دەکرێ جارێکی تر، دەست بۆ فۆرمێکی بۆگەنی تری ئەم ئاودەستخانەیە( کوردایەتیی) ببرێتەوە؟ ئەصڵەن، ئایا هەر موشکیلەی خەڵکی کوردستانی عێراق، کێشەی نەتەوەیی و نەژادییە، یان ئەم مەلەفە بەس بیزنسێکی گەورەیە و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرمایەگوزاریی لەسەر دەکەن؟ لە واقیعدا، کێشەی خەڵکی کوردستان، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، دزیی و تاڵانییە، نەک کێشەی نەتەوەیی نەژادیی و طائیفیی، ئەم دوو رەهەندەیش تێکەڵ بکرێن، عاقیبەتەکەی ئەو پۆپۆلیزمە دەبێت کە گۆڕانی بەم دەردە برد.

بە ئاراستەیەکی تردا، ئەگەر هەر سیاسییەک، رەخنەی سیاسیی و فیکریی لەم ئافیونە نەژادیی و نەتەوەییە( کوردایەتیی)، نەگرێ و لە ترسی تەخوینی تۆپخانەکانی کوردایەتیی، جورئەت نەکات شتێک بڵێ، باشتر نییە خۆی تووشی ئەم مورادیفە سەیرو سەمەرانە نەکات( موزەیەف)/ بۆ ئەوەی لای کەم، کەسانێک بەو هەڵەیەدا نەبرێن کە گوتاری کوردایەتیی لەدەست ئەم مافیایانە دەربهێنرێت و بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی، لە حەقیقەتدا، کوردایەتیی بە ساغیی و نەخۆشیی، بە کاڵیی و کوڵاویی، بە میلیتانتیی و بە مەدەنییەوە، بە وەطەنیی و خیانەتکارییەوە، بە عەوام و ئەکادیمیستییەوە، هەموویان، بەشێکن لە توراثی سیاسیی ئەو فەشەلە گەورانەی بە درێژایی ٨٠ ساڵ، بەسەر بزوتنەوەی سیاسیی کورددا هاتووە.

4- هەموو ئەو کەسانەی کە لە گۆڕان بەلەسە بوونە، جا رەخنەیان لێی هەبێت یان هەر هۆکارێکی تر، بۆ ئەوەی گۆڕان بە باشیی تێپەڕێنن، دەبێ لە بێ گوتاریی، پۆپۆلیزم و خورافەی کاریزماکانی شاخ، دوور بکەونەوە و گوتارێکی شەفاف و جەرییئانەی سیاسیی نیشتمانییان بۆ ئەم بێ ئومێدییە هەبێت؟ بە دڵنیاییەوە، ئەمە بەو لۆکاڵیزمە سیاسییەی گۆڕان ناکرێ کە پێیوابوو لە سلێمانیی و پارلمانی هەولێرەوە، دەتوانرێ سنوورێک بۆ ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی کوردایەتیی دابنرێت. بە تایبەتییش ئەم برادەرانەی زیاتر کەوتوونە ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیانەوە، بە بێ بوعدێکی عێراقیی، بەبێ لکاندنەوەی سیاسەت بە بەغدادەوە، تەنیا شەربەتی هەناری کوردایەتیی دەخۆنەوە و سەری خۆیشیان دەئێشێنن و تەمەنی نەوەیەکی تریش لە گەنجانی کوردستان، دەدەن بەدەم لافاوی ئەم چەتەگەرییەی مافیاکانی نەوتدا.

بۆ ئەم بوعدە عێراقییە، یەکەمیین تەخوینی ذاتیی لە بییرکردنەوەی سیاسییە قەومییەکان و رۆشنبییرە نەژادییەکانەوە، رەنگڕێژ کراوە کە خۆبەخۆ دەچێتەوە خزمەتی ئاشەکەی پارتیی و کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانیی، ئەویش ئەوەیە کە عێراق خۆی گەندەڵیی دایڕزاندووە، بەرەو شەقبوون و پارچەپارچەبوون دەڕوات، طائیفییەت کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی عێراقی کردووە و ….دەیان بلوێر و بالۆرەی تری کوردایەتیی موحەسەن و موزەیەف، لێدەدرێن. بۆ سیاسەتکردن، عەقڵانییەت و واقیعییبوون لەهەموو شت گرنگترن. راستە عێڕاق، کۆمەڵێ تەحەدای طائیفیی و گەندەڵیی گەورە تێیدا تەکان دەدەن، بەڵام وێڕای هەموو خراپییەکانی، ئەوە واقیعی سیاسیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە، فەرضی دەکات کە دەوڵەت عێراقە نەک خەلانۆچکە خورافییەکەی ئەوانەی ریفراندۆمیان کرد و دەیانویست بەشێک لە ویلایەتی موصڵی جاران بۆ سەر خاکی داییک( تورکیای نیۆعوثمانییەکەی ئەردۆغان) بگێڕنەوە. بە کورتییەکەی مەلەفی نەوت و سامانە سروشتییەکان، تەنیا و تەنیا بە دەوڵەتی عێراق و هاوکاریی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان( ئەگەر بوونیان هەبێت) لەدەست ئەم مافیا میلیاردێرانەی کوردایەتیی، دەسەنرێتەوە.

5- سەرەنجام، گۆڕان بۆیە رێگرە، چونکە چووەوە سەر پلێتە ئەصڵییەکەی خۆی کە کوردایەتییە، کوردایەتییش، دزیی، خۆدەوڵەمەندکردن و ریسواکردنی کێشەی سیاسیی کوردە. لە عێراقدا، شتێک نەماوە کە ناوی قەضییەی سیاسیی کورد، بێت. جاران هەبوو، بەڵام ئێستا گرفتی ئیداریی و ئابووریی نێوان شارەکان هەیە و کێشەی سیاسیی کەرکوک و ماددەی ١٤٠یش، وێڕای ئەوەی دەستوریی و قانوونییە، وەکو قادر خۆی دەڵێ، کێشەکانی نێوان پارتیی و یەکێتیی بەم رۆژەیان گەیاندووە. فەشەلی گۆڕان، لەبەر ئەوە نەبوو کە سەکردە کاریزماکەی مرد، بەڵکو بە دەرەجەی یەکەم لەبەر ئەوە بوو، خاوەنی گوتارێکی سیاسیی رۆشن نەبوو. ئەصڵەن فیکری سیاسیی نەبوو، پۆپۆلیزم، کەڕ و کوێری کردبوو. مەعدەنی ئەصڵیی گوتارەکەی گۆڕان جیاوازتر نەبوو لە گوتارە پۆپۆلیزمە کوردایەتییەکەی پارتیی و تا رادەیەکیش، یەکێتیی، هاوکات، سەرکردەکەی فەشەلی هێنا لەوەی ئەو دەستپاکیی و نییەتپاکییەی بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و چاکسازیی، بە شیعار و حەماسەوە باسی دەکرد، نەیتوانی تەرجەمە بکاتە ناو حیزبەکەی و خێزانەکەی خۆیەوە. لێرەوەیە کە مەصڵەحەتتریین ئینسانە سیاسییەکان لە چەپ و راست لە عەلمانیی و لە ئیسلامیی، لە گەنج و لە پییرەکانی شاخ، لە شەهادەدار و لە هونەرمەندی گەعدە، لە دەوری گۆڕان ئاڵان، بۆ ئەوەی شەرییک بن لە خواردنی شۆکۆلاتەی رەیع و ئەو هەموو پارە دزیینەی کەرتی نەوت، پارتییش، زۆر بە سەخاوەتەوە، توانیتی زۆریینەی رەهای قیادییە گەنج و پییرەکانیان، خوێندەوار و ئومییەکانیان، بە پارەی رەیع، خرپن و گۆشتن بکات. هەموو ئەمانەیش بەسەریەکەوە، بووە بە هۆی ئەوە کە گۆڕان، بە کردەوە، رێگر بێت. پارتییش، لە ئاییندەی نزیک و دووردا، لە رووی لۆجیستیی و ماددییەوە، باشتر خزمەتی ئەم رێگرییەی گۆڕان، دەکات. ئەی ئەم رێگرییە چۆن لادەبرێ؟ بە قەولی عەرەب، والایام بیننا.

کامیار سابیر




گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێد له‌ نێوان خالقی و هێمن دا … هیوا ناسیح

پێشه‌کی ده‌مه‌وێت دانی پێدا بنێم، که‌ یه‌کێکم له‌ سه‌رسامه‌کان به‌ ده‌نگی خالقی، ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و ده‌نگانه‌ی که‌ مه‌ستم ده‌کات و ده‌مخاته‌ سه‌ر سه‌رمه‌ستی شادی و باڵی په‌رییان. وه‌ک چۆن بێسنور سه‌رسامم به‌ هۆنراوه‌ و په‌خشانه‌کانی مام هێمن موکریانی نه‌مر، به‌ڵام دیاره‌ سه‌رسامبوون به‌ به‌هره‌مه‌ندان نابێت رێگری ئه‌وه‌مان لێبکات که‌ سه‌رنج و ره‌خنه‌کانمان ئاڕاسته‌یان نه‌که‌ین، چونکه ئه‌وان که‌سانی دیار و به‌ناوبانگ و خۆشناون، هه‌ر ره‌فتار و هه‌ڵوێستێکیان شوێنه‌وار و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر ڕای گشتی شه‌قام و نێو جه‌ماوه‌ردا به‌جێدێڵێت. هه‌ربۆیه‌ نابێت له‌ هه‌ڵوێستی ناراستیان ببورین و به‌ سۆزدارانه‌ له‌گه‌ڵیاندا بجوڵێینه‌وه‌. ئاخر دواجار ئه‌وان موڵکی خۆیان نین، به‌ڵکو هی نه‌ته‌وه‌که‌یانن.

هێمن موکریانی نه‌مر شاعیرێکی گه‌وره‌ و به‌ هه‌ڵوێست و خامه‌ به‌‌پێزی کورده‌، ئه‌و كاتێك كه كۆماری دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له ٢٢ی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٤٦ دامه‌زرا، شیعری له‌و رێوڕه‌سمه‌دا خوێنده‌وه، دوای رووخانی كۆماره‌ ساواکه‌ی كوردستانیش كاتێك هه‌واڵی له سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دی بیست، خۆی گه‌یانده باشووری کوردستان، تا ره‌وشه‌که‌ ئارام بووه‌وه، ئینجا گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌ی خۆی و ماوه‌یه‌كیش له مهاباد ژیا. له‌ دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول هاته‌وه‌ باشور و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و له‌دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ دا، ماوه‌یه‌ك له به‌غدا وه‌ك دوور له‌ که‌سوکار و زێدی خۆی له‌ بارێکی سه‌خت و دژوار و ناهه‌مواردا ژیا، له‌و ماوه‌یه‌دا (ناڵه‌ی جودایی) نوسی، که‌ به‌ هه‌زاران خوێنه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا گریان. له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیش له شوباتی ١٩٧٩دا، گه‌ڕایه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

پاش ئه‌وه‌ی جیاوازی ڕاوبۆچوونی له‌گه‌ڵ حزبی دیموکرات دروست بوو به‌داخه‌وه‌ زۆر ئازاریاندا و سوکایه‌تییان پێی کرد، تا گه‌یشته‌ تۆمه‌ت بۆ دروستکردن و زیندانییکردنیشی، بۆیه‌ دڵی به یه‌کجاری له‌ شۆڕشی کورد ره‌نجا و به‌ ناچاری و به‌و پیری و که‌نه‌فتی و نه‌خۆشییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لای کوڕه‌ تاقانه‌که‌ی خۆی (سه‌لاح)، له‌وێش چونکه‌ له‌ کورد و ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌ی نه‌ڕه‌نجا بوو، به‌ڵکو ته‌نها له‌ دیموکرات ره‌نجا بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رۆژهه‌ڵات تووشی كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و سه‌ختی ژیانی رۆژانه‌ بووه‌وه‌، به‌ڵام به‌‌و حاڵه‌شه‌وه‌ گۆڤاری سروه‌‌ی ده‌رکرد، که‌ بۆ ئه‌وکات دیارده‌‌یه‌‌کی ئه‌ده‌بی گرنگ و به‌بایه‌خ بوو بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان، ئاخر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هیچ گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كی كوردی له‌ ئێراندا نه‌بوو. ئه‌م توانی له‌م رێگه‌یه‌وه‌ زمانی كوردی بباته‌‌ ناو ماڵه‌كانه‌وه‌، سه‌دان که‌س لێیه‌وه‌ فێری كوردی بوون به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ خوێندنگه‌ کوردیان خوێندبێت. دواتر به‌داخه‌وه‌ له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا له‌ ورمێ كۆچی دوایی كرد. له‌ رێوڕه‌سمێكدا ته‌رمه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ مهاباد و له‌ گۆڕستانی بوداغ سوڵتان به‌خاكیان سپارد.. هه‌موو ته‌مه‌نی هێمن بگه‌ڕێی له‌سه‌رده‌‌می شای ئێران و کۆماری ئیسلامیشدا هه‌ڵوێستێکی نانیشتمانی و نانه‌ته‌وه‌یی و نامرۆڤانه‌ی تێدا نییه‌. بۆیه‌ خۆی گوته‌نی (موحتاجی محه‌ک نییه‌ و کوردی بێ غه‌ل و غه‌شه‌).

مه‌زهه‌ری خالقییش یه‌ک له‌ مه‌زنترین هونه‌رمه‌ندی کورده‌، قسه‌مان له‌ ده‌نگخۆشی و به‌به‌هره‌یی ناوبراو نییه‌، به‌ڵام ده‌نگۆی زۆر له‌سه‌ر رابردووی هه‌یه‌، که‌ سه‌روه‌ختی خۆی سه‌ربه‌ ساواک بووه‌ و خزمه‌تی ئه‌و رژێمه‌‌ی کردوه‌. ئه‌مه‌ش زیاد له‌ که‌س و سه‌رچاوه‌یه‌ک باسی ده‌که‌ن. ده‌کرێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌رده‌نگۆ و پاگه‌نده‌ بێت و به‌ڵگه‌مان نه‌بێت و راستینه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ ده‌رنه‌که‌وێت، چاوی لێبپۆشین و بورابێت، به‌ڵام که‌ بابه‌ته‌که‌ گه‌یشته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ رۆژهه‌ڵات، بۆ ژێرده‌ستی رژێمی سێداره‌ و دژ به‌ کورد، ئه‌و رژێمه‌ی هیچ مافێک به‌ کورد و گه‌لانی تری غه‌یره‌ فارس به‌ ڕه‌وا نابینێت، ئه‌و ده‌‌سته‌ڵاته‌ی رۆژ نییه‌، هه‌واڵی دڵته‌زێنی شه‌هیدکردنی کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی کورد له‌ ژێر ده‌ستیدا نه‌بیستین، ئیتر بابه‌ته‌که‌ له‌ پۆشین و بوورین ده‌رده‌چێت و هه‌ڵوێسته‌ی گه‌ره‌که‌.

ئاخر که‌س وه‌ک هێمن سوکایه‌تی به‌ خالقی نه‌کردوه، ناوبراو وڵاتنامه‌ی یه‌ک له‌ خۆشترین و ئارامترین وڵاتی ئه‌وروپای له‌ گیرفاندایه‌ (به‌ریتانیا) ئه‌و له‌ باشوریشدا له‌ هیچی که‌م نییه‌ و زۆر به‌ ئاسانی که‌سوکاری ده‌توانێت بێن و بیانبینێت، ئه‌و له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م حزب و ده‌سته‌لاتداری باشور و جه‌ماوه‌ر و هونه‌ردۆست و گه‌لی باشوره‌وه‌ رێزلێگیراو و خۆشهێنراوه‌، ئه‌ی که‌وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان له‌م کات و ساته‌دا بۆچی؟؟ کێ لێی سودمه‌نده‌؟ هونه‌ری کوردی یان رژێمی ئاخوندی؟ با سه‌فه‌ره‌که‌ی به‌ کاتیی و بۆ چه‌ند رۆژێکیش بێت، ئایا رژێمی ئێران ئه‌مه‌ له‌راگه‌یاندن بۆ ئارایشتکردنی (کرانه‌وه‌ و دیموکراتخوازی و بوونی ئازادی) به‌کار ناهێنێت؟؟ ئایا چ هۆکارێکی وا گه‌وره‌ و گرنگ پاڵی به‌م هونه‌رمه‌نده‌وه‌ ناوه‌ بگه‌‌رێته‌وه‌ و به‌شداری له ڤیستیڤاڵی ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و رژێمه‌دا بکات جگه‌ له خۆئاشتکردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی ئێران و رێگه‌خۆشکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی بۆ ئه‌وێ؟؟ ئایا خالقی بۆ له‌خۆی ناپرسێت، بۆچی داریوش، له‌یلافروهه‌ر، موعین ئه‌سفه‌هانی و چه‌ندانی تر، که‌ چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ی ناوبراو ناو و ناوبانگ و ئاره‌زوومه‌ند و هه‌واداریان هه‌یه‌، تا ئێستا ناگه‌ڕێنه‌‌وه‌ بۆ ئێران؟؟ ته‌نانه‌ت زۆریان به‌ داخی زێدی خۆیان و دیداری ئازیزانیان له‌ غه‌ریبی سه‌ریان نایه‌وه‌ و کۆچی دواییان کرد. ئایا خالقی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێراندا چی پێ ده‌کرێت و ده‌توانێت چ داواکارییه‌ک بکات تا سه‌رکوت و چه‌وساندنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات که‌م بکاته‌وه‌؟؟

خۆزگه‌ مه‌زهه‌ری خالقی هه‌ر له‌ ئه‌وروپا و باشور و ئاواره‌ییدا بووایه‌ و له‌ دووره‌ زێدی خۆی گۆرانی بچڕیایه‌، نه‌ک بگه‌ڕایه‌ته‌‌وه‌ رۆژهه‌ڵات و له‌وێ به‌رپرسانی ئیتلاعات و ئوستانداریی سنه‌ پێشوازی لێ بکه‌ن‌، چونکه‌ دواجار سه‌ردانه‌که‌ی جگه‌ له‌ تۆزێک چێژی کاتی بۆ خودی خۆی و که‌سوکاری، هیچ سودێکی بۆ گه‌لی سته‌مدیده‌ی رۆژهه‌ڵات نییه‌، ته‌نها په‌تی سێداره‌ی پێ ئه‌ستورتر و کراسی دایک و خوشکی شه‌هیدان و کاسبکاره‌ به‌ ناهه‌ق کوژراوه‌کانیی پێ ره‌شتر ده‌بێت.




حەیف ! … نەوزاد بەندی

ھەور ئینیستیگرامی نییە
تا لێی بپرسم :
ئیجازەکەت کەی تەواو ئەبێ ؟

دوکەڵ
فەیسبوکی نییە،
تا بۆی بنوسم :
توخوا عەیب ناکەی
ناوسکی ئەو خەڵکەت ڕەشکردەوە ؟

لە مرۆڤەکان نائومێدم
ناچار ڕەخنە لە توێکڵە گوڵەبەڕۆژە ئەگرم
کە بۆچی فێری فڕین نابێ و
تاکو تەنەکەی خۆڵەکە ھەڵنافڕێ ؟
ڕەخنە لە قنگە جگەرە ئەگرم
کە بۆچی لەسەر شەقام لێی ئەکەوێ و
ناتوانێ وەک سەرباز زەحف کا و
تا تەنەکەی خۆڵەکە نەوەستێتەوە ؟؟
ڕەخنە لە تف ئەگرم
لە ڕۆنی ڕژاوی سەیارە
لە عەلاگەی نایلۆن ئەگرم ،
کە بۆچی قەت مۆڵەتێ وەرناگرن و
بۆینباخێ نابەستن و
گەشتی چەند وڵاتێکی تر ناکەن ؟؟

لە گەرما و سەرما زۆر عاجزم
کە بۆچی بە ھەموو ماسولکە و چەک و جبەخانەکانیانەوە
ئەدەن بەسەر وڵاتێکی بێ کارەبا
و
قەرزار
و
پڕ لە ھەژار و ملیاردێردا ؟؟

لە تاوەر تووڕەم ..زۆر ..
کە ئەزانێ ئەو خەڵکە
بێ ئیش و ھەناسە ساردن ،

ئیتر ئەم چوونە ھەورەی لە چی ؟
بۆچی لەگەڵ پۆلێ حاجی لەقلەقا مەمکەکەتی ژیانکونکەرە
جێ ناھێڵێ ..؟؟

زۆر گلەییم ھەیە لە ھەناسەدان
لە زیندە چالاکیی
لە میتابۆلیزم ..
لە DNA
لە RNA
ئێ ئەوانە ھی خەڵکێکن
خاوەنی ئەمڕۆن و
ئەزانن سبەینێ چی ئەکەن و ..
دوێنێ ڕووبەرێک لە شانازییان
بەجێھێشتووە ..

لە پۆشاک زۆر بێزارم
کە واز لەم ھەموو
تارماییە ناھێنێ ..
کە واز
لەم کۆمەڵگا
مردووە ناھێنێ
نازانم چۆن ناترسێ ..؟

نەوزاد بەندی
Nawzad Bandy




هاتنەوە بۆ ماڵی چۆل یان بۆ ماڵ … ڕانانی: بەکر ئەحمەد

ناوی ڕۆمان: ماڵی پشیلەکان
نووسینی: هیوا قادر.
ڕانانی: بەکر ئەحمەد
30ی ئەپریلی 2019

“ئەوەی کول نابێت، بەفر و سەرما و تاریکی مانگی یانیوەرییە، بەردەوام بەفر ئەبارێ و سەرما وەک چەقۆ هەڵدەکات. تاریکیش هەموو شتێکی مرۆڤەکان، بە ژیانیشییانەوە دادەپۆشێت”. لە كەش و هەوایەکی ئاوا زستانانەدا پاڵەوانی (ماڵی پشیلەکان)ی هیوا قادر لە خەوهەڵدەستێت و لە شەشی یانیوەریەوە تا پێنجی فێبریوەری هەمان ساڵ، بەڕێوەیە بۆ کارێکی زۆرەملێ لە یەکێک لە ماڵی پشیلەکانی شاردا.

ئەو ناوی (یوسف موهەمەد)ە و تەمەنی چل ساڵە. لە دە ساڵ پێش ئێستادا، لە پۆلی خوێندنی فێربوونی زمانی سویدیدا، لەگەڵ خوێندکارێکی دیکەی تورکدا لەسەر ناوی کوردستان دەبێتە دەمەقاڵەیان و دە ساڵ دواتر، لە باڕێکدا ئەم کۆنە دەمەقاڵەیەی ناو پۆڵ دێتەوە سەر شانۆ و لە بەیەکدا‌هەڵشاخانێکی تا ڕادەیەک خوێناویدا ، یوسف ڕاپێچی دادگا دەکرێت و لە بری سزایەکی تووند، کاری زۆرە ملێی بۆ ماوەی مانگێک بۆ دەبڕنەوە. جۆرێک لە سزا کە لە سویددا بە “خزمەتگووزاری کۆمەلگا” ناودەبرێت و کەسی تاوانبار لەبری چوونەزیندان، لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی و دەستگا قازانجنەبەرەکاندا بە پێی ماوەی سزاکەی ، دەبێ کاربکات.

“ماڵێ پشیلەکان” لە 315 لاپەرە پێکهاتووە، سەفەری هەمەڕۆژەی یوسفە بۆ شوێنی کارەکەی و ئاشنابوونی ئەوە بە شاشتین ، کارینا، پیا، زیباخانم، فریشتە شەریفی، گوونیللا، سۆفی و دەیڤید. کۆمەڵێک ناو و دەمووچاوی دیکە دێنە ناو ماڵی پشیلەکان و جێگایەکی ئەوتۆ داگیرناکەن. بەڵام لە ماڵی پشیلەکاندا، لە ڕێگای ئەو کاراکتەرانەوە کە ڕێیان دەکەوێتە ئەوێ، خوێنەر شایەتی کۆمەڵێک چیرۆک و سەرگووزشتەی جوان دەبێتەوە کە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێکدەهێنێ.
(ئەلێکساندرا پاسکالیدۆ) لە کتێبی “تاکسی”دا و لە ڕیی ئاخاوتن لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکانی کۆمەڵێک وڵاتدا، چیرۆکی ژیانی زیاتر لە بیست و چوارشۆفێر تۆماردەکات و دەبێتە پەنجەرەیەکی واڵا بۆ زانینی گۆشەیەکی ژیان لەو وڵاتانەدا. ئەگەر دانیشتن لە پشتی سووکانی تاکسییەکانەوە شوێنی گێرانەوەی حەکایەتەکانی هاوڵاتییانی کۆمەڵێک وڵاتە کە (پاسکالیدۆ) پێشکەشی خوێنەری دەکات، ئەوا ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر، شانۆی گێڕانەوەی ژیانی کۆمەڵێک کاراکتەری جیاوازن کە خوێنەری لەبەرانبەردا ڕادەگیرێت.

بەڵام نەک هەر ئەم کاراکتەرانەی سەرەوە کە ناویان هێنرا، بەڵکە لە هەر بەشێکی ڕۆمانی ” ماڵی پشیلەکان”ندا، خوێنەر ئاشنای کۆمەڵێک ناو و ڕەگەزی پشیلەش دەبێت کە سەروکارییان لەگەڵ ناوەکانی سەرەوەدا هەیە.

مایا، ئەنگۆرەی تورکی، فیندەوسی دارستانی نەرویجی و زیبای ئێرانی، مەینی کوون، پشیلەی وانی، ماناکی نیکۆ، لوسیڤەر، بەشێک لە ناوی پشیلەکانن کە هەریەکە و خاوەنێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە. هیوا قادر لە گەرانیدا بەشوێن زانیاری تایبەت سەبارەت بە ڕەگەزی پشیلەکاندا، ماندووبوونێکی زۆر نیشانداوە و خوێنەر بە سادەیی لە تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جیاوازەکانی ئەم پشیلانەدا دەکەوێتە ناو فەزایەکی دیکەوە کە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ پشیلەدا نییە، جیهانێکی سەرنجڕاکێشە.

بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، لە (ماڵی پشیلەکاندا)، ئەوە پشیلەکان نین کە لە سەنتەری ڕووداوەکاندان. ڕەنگە ئەمە ئەو فێڵە ئەدەبییە وەستایانە بێت کە هیوا قادر سەرکەوتووانە لە خوێنەری دەکات.

بەڵکو پشیلەکان لەوێن و دەکرێ لە وەسفکردنێکی سادەی چەند دێڕەدا شوێنی خۆیان چۆڵبکەن بۆ خاوەنی پشیلەکان و چیرۆکەکانی ژیانییان. بە کورتییەکەی، پشیلەکان ئامرازێکی ئەدەبین و لە نیگاو ناو و تەنانەت ڕەنگیشییانەوە، خوێنەر دەچێتە ناو ماڵی ڕاستەقینەی ئینسانەکان و لە چیرۆکەکانی تەنهایی، بێوەفایی، خۆشەویستی، خیانەت و تەنانەت دێوەزمە دەروونییەکانی ناخی ئەواندا لە بەرانبەر چارەنووسێکدا ئۆقرە دەگرێت.

بۆیەش پشێلەی زیبای ئێرانی هێندە دەهێنرێتە سەر شانۆی ناو قەفەسەکانی ماڵێ پشیلەکان، تا لە رێگەی ئەوەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئاغای شەریفی و فریشتەی کچی و زیباخانمی خێزانیدا پەیدا بکەیت. بەڵام ئەم چیرۆکانەی خاوەنی پشیلەکان هێندە سەرنجڕاکیشەر و سیحراوییانە پێشکەشی دەکرێت، خوێنەر حەزدەکات یەک بەیەکی پشیلەکانی ماڵی پشیلەکان بۆ ساتێک دەرگای قەفەسەکانییان بکرێتەوە و لە ڕێگای ئەوانەوە گوێبیستی ئەو چیرۆکانە بین کە هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا خوێنەر کیشدەکاتە ناو ماڵە بچکۆلانەکەی( سیمابا)وە کە ڕۆژانە سێ کەس کاری تیادەکەن و چەندە مشتەری جۆراوجۆر ڕوویتێدەکەن.

پالەوانی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، ‌هێندەی( ¬شاشتین)ی خاوەنی ماڵی پشیلەکانە، کەمتر لە یوسفی کورددا بەرجەستەدەبێتەوە، ئەگەر چی ئەوە کارکردنە رۆژانەییەکانی یوسف و سەفەری ئەو بۆ ئەم ماڵەیە کە ڕووداوەکان بەشوین خۆیدا دەخوڵقێنێ.

هیوا قادر لە خوڵقاندنی کەسایەتی شاشتیندا سەرکەوتووانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەم پاڵەوانە دەنەخشێنێ کە بە جۆرێک نزیکایەتی بە کەسایەتی پشیلە و ئەو تایبەتمەندییەتییەوە هەیە کە ئەم ئاژەڵە لە کولتوری سویدیدا هەیەتی.

پشیلە لە زمانی سویدیدا بە ئاژەڵێک دەناسرێت کە خاوەنی کونجکووڵییەکی لە رادەبەدەرە. حەزی ناسینی خاوەنەکەیی و خۆتێهەڵسووین و نزیکبوونەوە لێی بەشێک لەو پراکتیکانەن کە پشیلەی پێدەناسرێتەوە.

بەڵام دەکرێ تۆ خاوەنی ماڵی پشیلەکان بیت و ئەم کونجکووڵییەت تێدا نەبێت؟

ئەگەر ژێر سەقفی ماڵی پشیلەکان ئەو فەزایەیە کە خاوەنی پشیلەکان کۆدەکاتەوە لە کاتی وەرگرتن و جێهێشتنی ئەواندا، بەڵام ئەوە کونجکووڵی لەرادەبەدەری “شاتشتین”ە کە پالەوەنەکان ناچاردەکات لە گێرانەوەی چیرۆکەکانی ژیانیاندا، سنوورەکانی کامە شەخسییە و کامە ناکڕی ببەزێنرێت ، تا ئاستی بەزاندن و ڕووتبوونە ببات و سیمای پاڵەوانەکان بە جوانی دەربخات. لێسەندنەوەی ئەم کونجکووڵییە وەک سیفەتێکی بەرجەستە لە شاشتین بە مانای درووستنەبوونی هیچ چیرۆکێک.

لە بەرگی ئەم ڕۆمانەدا نووسراوە:” ماڵی پشیلەکان ڕۆمانێکی کوردییە بە نەفەس و تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپی. لەم رۆمانەکەدا ، فەزا، شوێن، کات و چۆنێتی رووداوەکان هەمووی ئەوروپییە”. ئەگەر ئەم دەربڕینەی سەربەرگی کتێب وەربگیردرێتە سەر زمانێکی ئەوروپی، گۆشەنیگاکان بۆ ئەم دەربڕینە چۆن دەبن؟ چی وادەکات ئەوروپی بێت؟

من بە پێویستی دەزانم ئێستێکی کورت لەبەرانبەر ئەم دەربڕینەدا بکەم بۆ ئەوەی هەندێ لایەنی دیکەی ئەم ڕۆمانە دەربخەم.

لە ماڵی پشیلەکاندا، هیوا قادر هیچ دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە بەو نەفەس و تەکنیکە نەنووسێت کە پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمان خۆیانی تیادەبیننەوە. بە کورتییەکەی، ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتییەی ڕووداوی تیا دەسازێ، ئەو جەبرە ئامادەیەیە کە تەکنیک و نەفەس شێوازی ئاخاوتنی پالەوانەکان دەستنیشاندەکات. بەم جۆرەش گێرانەوەی ئەوروپی و نەفەس و تەکنیکی هەڵبژێردراوی ئەوروپی ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن.

ناکڕێ شاشتین و ئاخاوتنی ئەو لەگەڵ یوسف و گونیلادا کوردانە بێت بەوەی نووسەری ڕۆمانەکە کوردزمانە. ئەوەی ‌هیوا قادر لەم ڕۆمانەدا دەیکات، خوێندنەوەیەکی بەئاگاهانەی نووسەرە بۆ کەسایەتی و شوێنپێی پاڵەوانەکانی لەو کۆمەڵگایەی ڕووداوی تیا دەگوزەرێ. ئەم لایەنە هێندە وەک گوێپێدانی نووسەرە بەو کۆد و ئاماژانەی کە پالەوانەکانی تیاسازێنراوە، ڕووچوونە ناو ناخی پاڵەوانەکانەوە وەک ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبێ ببێت، کەمتر لە ڕیعایەتکردنی (تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپییەوە) دەکرێ سەرنجی بدرێتێ.

باشترین نموونەیەک بۆ دەرخستنی ئەم لایەنە لە رۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، پەیوەندی نێوان یوسف و کارینایە. ئەگەر ئیشکالییەتێکی گەورە لە ئاخاوتن و کومینیکاسیۆنی نێوان ئەم دوو پاڵەوانەدا تا کۆتایی ڕۆمان ئامادەیی هەیە، هۆکارەکەی بە بڕوای من لە کەسایەتی کارینا دا شاراوەیە کە هیوا قادر زیرەکانە مامەلەی لەگەڵدا کردووە. هیچ خوێنەرێکی ئەوروپی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ پەیوەندیی و مامەلەی ئەم دوو کارەکتەرە لەگەڵ یەکتریدا لەم ڕۆمانەدا ناگێڕێتەوە بۆ ریعایەتکردنی “نەفەس و گێرانەوەیەکی ئەوروپی”. بەلکو هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا پەیڕەوی سادەترین پرەنسیپەکانی پالەوانسازی ناو ڕۆمانە کە لەم دەربڕینە سادە سویدییەدا خۆی کورتدەکاتەوە: لەگەڵ جوتیاردا بە زمانی ئەو بپەیڤە و لەگەڵ قەشەشدا بە زمانی لاتینی بدوێ!

نەفەسی ئاخاوتن و داڕشتنی ڕستەکان و دوورکەوتنەوە لە زمانێکی بەلاغەیی زۆر خۆرهەڵاتییانە بەزەقی لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستی پێدەکرێ. هەر لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیشی کە نووسەرێکی کورد فەزای گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەباتە وڵاتێکی ئەوروپییەوە و ئەم کارەیشی سەرکەوتووانە بە ئەنجامدەگەێنێت.

خالێکی دیکە کە من لە پەیوەند بە (نەفەس و تەکنیک و گێڕانەوەی ئەوروپی)دا دەکرێ ئاماژەی پێبدەم دوو کەرتبوونی شوناسی ئەو نووسەرانەیە کە لە تەمەنێکی گەورەییاندا وڵاتی دووەم دەبێتە شوێنی ژیانییان بە هۆی کۆچ و جەبرەکانییەوە. کۆمەڵگای دووەم نووسەرانی کۆچکردوو دەخاتە ناو جەبرێکی قورسترەوە کە پرسیارەکانی ئینتیما، یادەوەری، قاچێک لە ناو دوو کولتوردا کە نووسەری کۆچکردوو لەگەڵ یەکەمیاندا گرفتێکی ئەوتۆی نییەو بە کۆدە دەرەکیی و ناوەکییەکانی ئاشنایەتی هەیە، بەڵام لە گەڵ کۆمەلگای دووەمدا کۆمەڵە پانتاییەکی ناڕۆشن هەن کە ناوێرێ دەستییان بۆ بەرێ. بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا، بەشێکی زۆری نووسەرانی کۆچکردوو، دەکەونە دۆخێکی تایبەتی نووسینەوە کە دووبارە نووسینەوەی تاقیکردنەوەی کۆچ و شووناسی تازە و یادەوەری ناوەرۆکەکەی پێکدەهێنێت. کەم نووسەری کورد هەیە لە سوییدا کە لانی کەم بەرهەمێک یان زیاتری سەبارەت بەم جۆرە نووسینانە نەبێت. بەشێکی زۆرییان تا زەمەنێکی دووریش لەسەر فرۆشتنی حەکایەتەکانی کۆچبەربوونی خۆیان دەژین. ئەوەی لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا بە نووسینی نووسەرانی کۆچکردوو ناویان دەبرێت، ناوهێنانی ئەم کاتیگۆرییەیە لە کاری ئەدەبی.

ماڵی پشیلەکان ناچیێتە خانەی ئەدەبیاتی نووسەرانی کۆچکردووەوەوە بەوەی سەرگوزشتەی کۆچی تیادەنووسرێتەوە و پالەوانی رۆمانەکە کوردە و نووسەرەکەیشی کوردێکی کۆچکردووە بۆ سوید. بەڵکو کۆششێکی هەتا بڵێێ سەرکەوتوانەی هیوا قادرە وەک هەر نووسەرێکی دیکەی کۆمەڵگای سوید کە کەرەستەی نوێ بۆ نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت. هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا لە نووسەرێکی کوردەوە ، لە نووسەرێکی پەنابەرەوە دەبیتەوە بە نووسەر.
ماڵی پشیلەکان بۆ هیوا قادر بازدانێکی گەورەی شەخسییە و سەرکەوتووانە ئەم شوێنپێگۆڕینەوەیە لە نووسەرێکی دیاریکراوەوە بۆ نووسەر ئەنجامدەدات.

لە شوێنێکی ئەم نووسینەدا ئاماژەم بەوە دابوو کە لە ماڵی پشیلەکاندا ، پشیلەکان لە سەنتەردا نین. بەڵام لە پەراوێزدابوونیشیاندا، بە مانای نادیاربوونی ئەوان لێکنادرێتەوە.
کاتێکیش دەربرێنە جوانەکەی ژنە شاعیری ئوستراڵی، پام بڕاون لەبەرچاوبگیرێت کاتێک دەنووسێ: بەچکە پشیلەیەکی وردیلە کارێکی وادەکات کە ئینسان نایەتەوە بۆ ماڵێکی چۆڵ، بەڵکو دێتەوە ماڵ.” ئەوا ئەوسا هەستدەکرێت پرۆسەی کردنەوەی ماڵی چۆڵ بە ماڵ یان بە پێچەوانەوە، بۆ یەک بەیەکی پاڵەوانەکانی ماڵی پشیلەکان ئامادەییەکی گەورەی هەیە وئەم تابلۆیەی پێکەوەژیانی ئینسان و ئاژەڵ، لە ماڵی پشیلەکاندا، پڕدەبێت لە دەنگ و رەنگ و ژیان.




دەوڵەت … نووسینی جۆزیف پرۆدۆن-11

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی یازدە، کۆتایی:


بەرەنجام:

دەوڵەت دەستورێك، دامەزراوەیەکی دەرەکییە لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی.
دەستورەکە لە پرنسپڵدا وای فەرزدەکات کە کۆمەڵ ئافریندەی مێشك و ئاوەزە، بێبەشە لە خۆڕسکێتی، لە بە تەنگەوەهاتن، لە یەکێتی، بەم هۆکارەش خەڵکی بۆ کاروبارەکانیان پێویستیان بە هەڵبژاردنی دانەیەك یا زیاتر لە بەربژێرەکان هەیە، یاخود نوێنەرایەتیکردنیان لە ڕێگای میراتیی و جێگرتنەوەوە، ئەمە گریمانێکی ناڕاستە کە بناخەی گەشەسەندنی ئابووریی کۆمەڵ هەروەها ڕێکخستنی مافی گشتی دەنگدان هاودەنگن لە نیشاندانیی ئەم ناڕاستیەدا.
دەستورەکەی دەوڵەت لەوە زیاتریش دەسەپێنێت لە ئامانجیا کە دووژمنایەتی یاخود حاڵەتی جەنگ جەوهەرییە و بارودۆخێکە مرۆڤایەتی ناتوانێت خۆی لێ لادات، ئەو هەلومەرجەیە کە جیاوازی نێوانی بەهێز و لاوازی زەروور کردووە، دەستوەردانی زۆرەملەی دەسەڵاتە بۆ کۆتاییهێنان بە خەبات و تێکوشانیان بە بەکارهێنانی کۆی هەموو جۆرە داپڵۆسین و سەرکوتکردنێك. ئێمە لەم بارەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیامەکەی دەوڵەت کۆتایی هات لە ڕێگای دابەشکردنی کار و هاریکاریی ئەوانەی لە پیشەسازییدا کار دەکەن. ئارەزوومەندی و داخوازی خۆشگوزەرانیی و هەروەها یەکسانی دابەشکردن لە سەرمایە و لە سیستەمی باج، ئازادیی و دادوەریی کۆمەڵایەتیی، ئەمانە دڵنیاییەك مسۆگەردەکەنەوە کە زیاترە لە هەر شتێك لەوانەی کە دەتوانن لە لایەن دین و دەوڵەتەوە دەستبکەوێت. هەرچیش سەبارەت بە گواستنەوەی ئەرێینانەی دەوڵەتە، ئێمە وای دەبینین کە وەکو خەیاڵێکی ناکۆکە لە لایەن ترادیسۆنی حکومدارێتی بە مەیلی شۆڕشگێڕانە و توانای زیاتر پەسەندکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان. لە هەموو حاڵەتێکدا دەڵێین ئەوە ئازادییە بە تەنها کە دەسەڵات ڕێکدەخاتەوە کە لە هەنووکەدا هاوتایە یا یەکسانە بە دەرکردنی تەواوی دەسەڵات.

وەک سەرەنجام، یان شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، یان ھیچی دیکە نابێت حکومەت ھەبێت، ئەوەش چارەسەری ئێمەیە بۆ گرفتی سیاسی.
…………………………………………………………………………………..

*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




ئۆلیمپ دوو گۆژ ئەو ژنەی لە پێناو ئازادی ژناندا سەری پەڕێندرا لە فەرەنسا

نووسینی: هەرمێ حەمە خالد ئەحمەد – مامۆستای زانکۆ
پاریس.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




مەملەکەتێکی شەکەت و هەوارێکی لێل … ئارام ئازاد

حوکم کردن بە پێی ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراو خراپترین جۆری گوزەران بۆ خەلک فەراهەم دەکا, ئەوەش دەگۆڕێ بە پێی کارامەیی و لێهاتویی ئەوەی دەبێتە حاکم، بۆیە پێویستە بنەما و پرەنسیپە رامیاریەکان بەو ئاراستەیە بن کە خەڵک رازی بێ نەک رازی کردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراو.

هەمیشە خەمی خەڵک ئەولوەیەتی کارکردنی هەر سیستەمێک یا هەر ئایدۆلۆژیایەکی دەسەڵاتدارە لەو روانگەیەوە دەکرێ وردبینی لۆژیکانە و بنیادنەرانە بکەینە نزیکترین خاڵی بە یەکگەیشتنی بزوتنەوەی خەڵک و دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیادار وەلێ لە پای خراپی هەریەک لەو سیستەمانەش ئیش کردن بە هەر یەکێکیان باشترە لەوەی سامانی وڵات فەرهود بکرێ بێ ساغبوونەوە بەسەر سیستەمێکدا، ئایا دەکرێ دەسەڵاتێک وەک دەسەڵاتی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ سیستەمێک و ئایدۆلۆژیایەک (دەوڵەتانی پەیڕەوی یەک فکر و ئایدۆلۆژیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەنجەی دەست ئەولاتر نیە)کارتێکەری نەبێ و مەجالی هیچ جۆرە ڕەخنە و پێشنیارێک نەهێلنەوە بۆ چینێک لە رەخنەگران لەسەر ئەدای کارکردن و بەرەو پێش بردنی دەوڵەت لە ڕووی ئیداری و تەندروستی و کۆمەلایەتیەوە ئەوە لایەنە سیاسەکەشی لەلایەکی تر جێبهێلە چونکە هێڵی سورە و بە چاک و بە خراپ بۆ کەس نیە بۆچونیشی دەربارەی هەبێ ، هیچ ڕێی تێ ناچێ کە بێیت و رەخنە لە هیچ بگریت ئەوەش لەبەر ئەوە نا کە هیچ روی نەداوە و بابەتێک نییە بۆ ڕەخنەگرتن بەڵکو بەهۆی ئەوەی بابەتی ڕەخنەکە بێ مۆرالە و هیچ هیوایەک لە ڕەخنەگرتن نابینرێ.

شتگەلێکی زۆرمان بیست و کەممان دیت ئەوەی لەم هەوارەش دەگوزەرێ وەک هەبوو و نەبووی دەستپێکی حکایەتەکانی منداڵیە لە قسەکردندا هەبووە و لە عەمەلدا نەبووە ، لە عەمەلیشدا بنیادنانی دیموکراتیەت لەسەر ئەساسی فێڵ و چەواشەکردن ئەزمون لەناو دەبا، تەنها لەو پێناوەی ناوی بنەماڵەیەک یا ئاغایەک یا شێخێک لە حوکم دا بمێنێتەوە ئەوە ناگەیەنێ بێن بەو دیوە جوانەی ئەمرۆ دیموکراتیەتی تێدا بەرجەستە دەکرێ لە دنیادا پیشانی کۆمەڵانی خەڵک بدرێ و کۆمەڵێک هیوا لە دڵیان دا بچێنرێ و تا بەرەنگاری دواهەمین ڕۆژیان دەبنەوە بەو هیوایەوە بژین ، لە میسر کاتێک شۆرش دژی سیستەمی پاشایەتی لەسەر دەستی (محمد نەجیب) و (جەمال عبدالناسر) دەستی پێکرد دروشمێکی دانایانەیان پەیڕەو کرد کە زۆر ئامانجیان پێی پێکا (الدين لله و الوطن للجميع) باوەڕداری بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هەموان بەپێی ئەو دروشمە هەموو کەسێک دەیتوانی ببێتە سەرۆک نەک تەنها نوخبەیەکی پیاوانی ئایینی و لە هەمان کاتدا سیمای سەرۆک تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن یا جوڵانەوەیەکی کۆدەتایی تر دیار نەبوو کێشەی ئەمڕۆ ئەوەیە سیستەمی بەرێوەبردن نە شۆرشگێڕیە چونکە شۆڕش دەمێکە کۆتایی هاتووە و نە لە بەرژەوەندی چینی کرێکارە و نە سەرمایەداریەکی بنیادنەرانە و بزنسە ، بەڵکو تێکەڵەیەکە کە پێم وایە ئەو کەسەی حوکمیش دەکا خودی خۆی لێی تێنەگا ئەوە لەلایەک و سەرۆکی بیست ساڵی داهاتووش کە وەک ڕوونی و ئاشکرا دیاربوونی خۆر لە ئاسمان دیارە کە لە کێ و کێ تێپەڕ ناکا.

دەتوانرێ لەو قالبەدا وێنای ئەو حەقیقەتە بکەین کە تۆ گرنگیت تا ئەو کاتەی داوای مافی گرنگ بوونی خۆت دەکەیت ئیتر گرنگ نامێنیت و نابیت هەر لەم دیوەدا هەندێک چین و کەس و بابەت گوزارشت لە هەموو شتێک دەکەن و لە هەمان کاتدا گوزارشت لە هیچیش دەکەن بۆ نمونە ژینگەپارێزێکی وڵات ، ئەوەی کە ئەم و ئەو پیسی دەکەن ئەو پاکی دەکاتەوە لە هەمان کاتدا کە هاتە سەر مەسەلەی ئیستیحقاقاتی ماددی لە دواوەی دواوەیە و سفرێکی سادەیە.

دەبێ مرۆڤ ئیمکانیەتی هەبێ کە بلێ (نا) ، ئەوان وشەی نا یان لا گرانە و گەر بە دەستیان بوایە هەر بە جارێک دەیانسریەوە چونکە ئەو وشەیە ئەوپەڕی کڕۆکی ناڕەزایەتی نیشان دەدا ،ئەوە وەک ژیانی ژەنیارێک دێتە پێش چاو کە ژەنینەکەی لەگەڵ هەموو ئەو ئازار و نەهامەتیانە یەکدەگرنەوە کە لە ژیانی دا چەشتویەتی و ویستویەتی بە ژەنین حەقی ئازار و ناخۆشیەکان بکاتەوە و دەتوانرێ بە ئاسانی هەست بە رووداوەکانی ژیانی ئەو کەسە بکرێ لە ڕێگەی ژەنینەکەی لە هەمان کاتدا ئەو ژەنینە پەیامێکی زۆر سادەتری ژەنیار دەگەیەنێ ئەویش ئەوەیە کە منیش ئینسانم و ڕاو بۆچونم هەیە و ژمارەم لەم مەملەکەتە بۆیە قبوڵی ناکا کە کەسێک بێ و هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی ئامێری ژەنینەکەی بدا چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ گەیاندنی پەیامە سادەکانی بە بەرامبەر.

کاربەدەستی ژیری گەندەڵ ترسناکترینە چونکە هەمیشە نوقسانی لە شتێکی پێرفێکت دەهێڵێتەوە و بە بۆشایی نەگونجاو پڕی دەکاتەوە کە ئەو بۆشاییە کەسێکی بێ ئاگا و لاوازە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم بەشە نوقسانە بکا و دەنگ و سەدای رەخنەگرانی بەشە نوقسانەکەش بەدەست بهێنێ و لە بەرژەوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە ، ئەمە بەشێکە لە فەلسەفەی ژیری کە بەهرەیە و پێویستی بە مێشکی کارامە هەیە ، وەرن سەیری دەوروبەر بکەین بزانین لە واقعی ئەمرۆ ئەمە بەرجەستەیە یا نا؟ رۆژانە ناوی کەسانێک دەبیستین کە بونەتە دەمڕاستی خەڵکی ناڕازی لە هەمان کاتدا کەمێ دوورتر سەیری ڕابردووی بکە بۆت دەردەکەوێ ئەوەی لەبیر و هزری دا نەبووە خەڵک و موعاناتی خەڵک بووە ، بۆیە پێویستە هەموو تاکێک پرسیاری ئەوەی لەلا گەڵالە ببێت کە بۆچی فلان کەس لەو فەترە زەمەنیە کورتەدا بووە بە مشورخۆری گەل ؟ دونیا لە دەقەیەک دا ئاوەژوو نابێتەوە بەڵام بیروڕای فیسار کەس لە دەقەیەکدا ئاوەژوو بویەوە بۆچی؟ دەکرێ وەڵامی ئەوانە و چەندان پرسیاری تر ئەم مەملەکەتە لە شەکەتی و ئەو ڵێڵی و قەیرانە فیکریەی تێی کەوتوە دەربهێنێ و بەرگێکی تازەی پڕ زانیاری بکاتە بەر.




ژن … شیعری هاوار تەیب … خوێندنەوەی ئیلهام هۆرامی

بۆ گوێگرتن لە شیعرەکە کلیکی ئێرەبکەن …..




دوو چاوی … جه‌لالی میرزا كه‌ریم

ڕۆژی تازه‌
له‌ خاك هه‌ڵهات..
له‌ كوخته‌ی پیاوی چه‌وساوه‌
له‌ تاریكی زیندانی ڕه‌ش،
له‌و دایكه‌ ڕۆڵه‌ كوژراوه‌
به‌یانی نوێ
خۆری هه‌ڵهات
كام گوڵ دوێنێ كه‌ ژاكاو بوو
گه‌شایه‌وه‌
وه‌ك خۆری ده‌م ئاسۆ سوور بوو
تێكه‌ڵ به‌ ڕه‌نگی خوێناو بوو..
به‌یانی، گه‌ل
ده‌نگی ئه‌هات
قه‌ڵای سه‌ختی زۆردار ڕووخا
هێزی سه‌ركه‌وت
گه‌لی عێراق
دوژمن ته‌فروتونا كرا
به‌یانی سوور
پڕ له‌ ئاوات
ئاواتی گه‌ل و نیشتیمان
كورد و عه‌ره‌ب
ڕزگاریان بوو
له‌ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران
به‌یانی، گوڵ
بزه‌ی ئه‌هات
له‌گه‌ڵ خۆری تازه‌ی خه‌بات
پیرۆزبایی
ئا ئه‌م گوڵه‌ش
ماچ بوو به‌خوڕ دای به‌ خه‌ڵات
ڕۆژی تازه‌ش
له‌ من هه‌ڵهات
دوو چاوم تیایا به‌دی كرد
نیگا مه‌ست بوو
دوو گۆمی مه‌نگ
هه‌زار یادم تیا به‌دی كرد
یادی جوانێك
پڕ كاره‌سات
خه‌باتی كرد، ئازاری چه‌شت
له‌ڕێی زۆری، وه‌كو منا
بۆ نیشتیمان فرمێسكی ڕشت
دوو چاوم دی
جوان و شه‌رمن
جا نازانم، شه‌رمن له‌ من؟
یا هه‌ر كفتن
كه‌ تا دوێنێ
كراوه‌ بوون ڕووه‌ و دوژمن؟
دوو چاوم دی
نازانم چۆن
هێز به‌مه‌ خۆم بیان دوێنم
چونكه‌ هێزێك
ئه‌جووڵێنم
كه‌ ڕاستییه‌ و یاده‌ و خه‌بات


ئه‌ی تازه‌ گوڵ
ڕه‌نگت جوانه‌
سه‌د كاره‌سات نات ژاكێنێ
تۆ گوڵێك نیت
هه‌ڵوه‌ریو بی
گێژه‌ڵووكه‌ بتفڕێنێ
گوڵی سوورم!
گوێم لێ گره‌
زۆرجار هاتم بۆنت بكه‌م
به‌ڵام ئاخۆ
ئه‌زانی كه‌
كۆسپێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێگام؟
ئه‌ویش دڵه‌
دڵێ تۆیه‌..
نازانم دووتوێی چی تیایه‌
ئاخۆ منی
لا مه‌به‌سته‌
گوێ ئه‌داته‌ ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌
تا بۆی سازكه‌م
ئاهه‌نگی نوێ
پڕ بێ له‌ گۆرانی و به‌سته‌
گۆرانی یاد
به‌سته‌ی خه‌بات
به‌سته‌ی هه‌میشه‌ كۆڵنه‌دان
هی ئه‌و چاوه‌
گه‌ش و كاڵه‌
كه‌ ئیلهامه‌ بۆ شیعری جوان.

جه‌لالی میرزا كه‌ریم

*له‌م سه‌رچاوه‌یه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌:
گۆڤاری شه‌فه‌ق، ژماره‌ 11 و 12. كانوونی یه‌كه‌می 1958، كه‌ركووك. ل: 20 تا 21.




ژیانی مامۆستا کامیل یەک ریگەی لەبەردەمدا ماوە! … ریبوار عارف


بەهادین جاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف

مامۆستا کامیل ( م _ ک) ئەو کەسایەتیە کە ئەمرۆ بە سیمبولی کارەساتی کیمیابارانی هەلەبجە دەناسیریتەوە. ئاپورەی راپۆرت و بەدواچوونەکانی ئەم رۆژانە لەسەر بارودۆخی ئەم ئنیسانە رەنگە قسەیەک بۆ کردن نەهیشتبیتەوە بۆ ناسینی حالەتەکەی ، بەلام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ژیان و چارەنووسی ئەم ئینسانە روو لە کوی دەکات؟ وەک دەڵین هه‌موو ساتێکی هه‌ناسه‌دان مامۆستا کامیل بریارده‌ره‌ بۆ مانه‌وه‌ی له‌ژیانیدا. بەلام ئەی ئەگەر مەترسیەکان رۆژ بەرۆژ زیاتر بوو تا کەی دەکریت ئیمە رۆژمیرو شوکرانە ژمیری ئەم دۆخە نەخوازراوە بین؟!
ئیستە رۆشنە کەسەرئەنجام دکتۆرەکانی ئەلمان بەکۆمەلیک مەرجەوە بریای ئەوەیاندا کە نه‌شته‌رگه‌ریەکە بۆ بکه‌ن… لەحاتلیکدا کە ئەم ئینسانە رۆژانە پیویستی بەکەسیکە بۆ هاوکاری کردن وپاراستنی له‌ هه‌مو ڤایرۆسێک وهاوکات مەرجیکی تری فیربوونی زمانە … ئەوەی کە ( م _ ک) تائیستە له‌ رێگه‌ی تۆری کۆمه‌لایتیه‌کانه‌وه‌‌ له‌ رێگه‌ی کۆمه‌لی که‌سایه‌تی نزیه‌ک و به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێم و عێراقەوە ئەنجامیداوە هیچ ئومیدیک ناهیلیتەوە بۆ ئاورلیدانەوە. وەک خۆی دەلیت: ماوه‌ی ٣٢ ساله‌ من سالانه‌ ٣٢ جار ده‌خنکێرێم..‌. تۆ بلی پاش ئەم دەریای وادەو بەلینیانە هیشتا هیوایەک مابیت بۆ ئاورلیدانەوەی دەسەلات بۆ ریگرتن لەمەرگی ئەم سیمبولەی شاری هەلەبجە؟؟؟
ئەگەر تیپەربوونی 30 سال و لەدەستدانی هەموو خوشک وبراو دایک و باوکی نغرۆبوونی خیزان و مندالەکانی لە عەزاب و ناسۆری دۆخی تەندروستی و دەرونی باوکیاندا کافی نەبووبیت بۆ وەدەنگ هاتنی دەسەلات و ئەنجامدانی کاریکی شایستە، ئیتر هیچ شتیکی تر کافی نیە. دەزانم سەرباری هەموو ئەم راستیانە هیشتا بەناچار زۆربەی هەرە زۆرمان سەرنجمان دەچیتەوە سەرئەوەی کە ئایا ئەم حکومەت و دەسەلاتە بۆ ئەوەندە خەمساردو بی باکە لەبەرامبەر بە هاولاتیانی خۆیدا… بەلام لیتان ناشارمەوە من زۆر دەمیکەیە لەو خۆشخەیالیە دەرباز بووم و ئەمەم بەرۆشنی بە مامۆستا کامیلیش راگەیاندوە کە ئەو رەنگە بەناچار تا ئیستەش هەر هیوایەکی بە دەرکەوتنی تروسکاییەک مابیت لەلایەن ئەم دەسەلاتەوە، بەلام لە چاوەروان مانەوەی زیاتر لە سی سالی ئەم ئینسانە کافیە بۆ ئەوەی کە ئیتر دلخۆشنەکەین بەم خۆشخەیالیە، هیوادارم من هەلەبم و ئەم دەسەلاتە کاروباری پیویست بۆ ( م _ ک) و خیزانەکەی ئەنجام بداتو ریگری لە مەرگی ئەم ئنیسانە بگریت..بەلام کاتیک کە من ئومیدیکم بەو ئەگەرانە نیە ئیتر ناکرێ پال بدەین بەهەمان دیواری داروخای بی بەرهەمەوە بۆ دەرباز کردنی ئەم ئینسانە لە دیوزمەی مەرگ، بۆیە پیموایە هیشتا تروسکەی هیوایەک بەدیدەکریت ئەگەر غەمخوارانی ئەم کەیسەو هەر ئنیسانیکی ئازادیخوازو بەتەنگەوەچووی قوربانیای شاری هەلەبجە بینەمەیدان .
بۆ من بی ئومیدم بەکارو بریاریکی لیبروانەی حکومەتی هەریم ؟!
هەقیقەت ئەوەیە کە بارودخۆی ئەم کۆمەلگای وایلیهاتووە کە هەموو جوانی و ئەخلاقیاتیک بە توونیلی بەرژوەندیەکانیاندا دەگوزریت، مرۆڤ واهەستناکات کەئیتر شتیک ماییتەوە بۆ باسکردن، کاتیک کە پاش تیپەربوونی زیاتر لە 30سال بەسەر کارەساتی کیمیابارانی ئەم شارەدا تیپەردەبیت، هیشتا بەشیک لە خەلکی ئەم شارەو دەیان کامیلی تر رەنج دەبەن بۆ هەلکیشانی هەناسەیەکی ئاسای ئیتر ناکریت چاوەروانیەکی زیاتر لەوەی کە هەیە بکریت لەم حزب و دەسەلات و کاربەدەستانە… سەرنج بدەن رۆژگاریک گەنجانی ئەم شارە بوونە قارەمانی زیندان و هیلکەی لە رۆنی سورەوکراو بە بنبالیان دەشکاند، کەچی لەپاداشتی ئەو راوەستانەوە سەروەریەدا ئەمرۆ بەدوای دواین هەناسەکانی (ئایاری مەلا حەسەن)ەوە جۆشداماوین، ئەوانیش سوویند بە رۆحی ئەو شەهیدانەی دوینی دەخۆن کە ئەمرۆیان دروستکرد، بۆیە ئیتر ناکریت هیچ چاوەروانیەکی زیاترمان هەبیت. کاتیک ’’ژمارە یەکی’’ سەیارەی پاریزگای هەلەبجە دەخریتە مەزاتخانەو پیشبرکیوەو کی چەند ملیونیکی زیاتریدا ئەوا خەلاتی ئەوی بکەن، چونکە گوایە بە پارەکەی رەنگە دوو پرۆژە بۆ ئەم شارە بکەنەوە ئیتر نابیت چاوەروانیەکی زیاتر بکریت… مەگەر وشیار بیاویلەی لەماوەی دەسەلاتداریەتی ئەواندا بەنرخی گیان لەدەستدانی چەندین ئەزیزی خۆی و برینەوەی هەردوو قاچی بە ئەندازەی هەموو دەسەلاتەکەی ئەوان و تەواوی ئەو پرۆژانەی کە لە کوردستاندا بۆ مین هەلگرتنەوە کاردەکەن گەلیک زیاتر مینی دەرنەهینناوەو ئەمنیەت و ئاسایشی بۆ پانتایەکی گەورە لە خاکی کوردستان و دانیشتوانی خەلکی ئەم ناوچەیە نەگیراوەتەوە، کەواتە ئەگەر بەهاو قوربانیدان و ماندوبوونی ئینسانەکان پیوانە بیت بۆ دەبیت ئەو ژمارە وەک ئاوردانەوەیەکی رۆحی و ریزلینانیک بۆ قوربانیەکی وەک ئەو نەبیت، بۆدەبیت کە مامۆستا کامیل پاش زیاتر لە 30 سال هیشتا لەو دۆخەدا رەنج بەریت نەک هەر بەتەنیا بۆ هەلمژینی هەناسەیەک بەلکو بۆ لە ئامیزگرتنی مندالەکانیشی ….
کەواتەدەکری دەستبەجی چی بکەین؟
شەرمە بۆ کەسیکی وەک من گەر بلیم مامۆستا کامیل بەداخەوە لەدواین رۆژگارەکانی خۆیدا بەسەردەبات، کەچی چاوەروانی روودانی کارەساتەکەبین.. رەنگە ئەزموونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک کارکردنم لەبواری مافی پەنابەری و یاساوریساکانی وەرگرتنی ئەو مافەدا، ئەو هەقەم پیبدات کەشتیکی زیاتر بلیم لەمبارەوە… بۆیە بەگرنگم زانی لەم دەرفەتە بەرتەسکەدا روو لە هەموو ئەو ئنیسانانە بکەم کە بەکردەوە دەیانەویت ( م _ ک) لەمەترسی مەرگ رزگار بکەین
بۆئەوەی لە ئاستیکی بالاتردا هەولیکی تر بگەربخەین کە پیموایە بتوانیت ئاراستەی دۆخەکەو ئایندەی ژیان و چارەنووسی ( م _ ک) بگوریت. بۆئەوەی کە خراپ حالی بوونیک نەیەتە پیشەوە بەگرنگی دەزانم کە هەولەکانی ئەم دوایانەی ریکخراوی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە بەهەند وەرگرین، بەلام بەبروای من بۆ وەلامدانەوە بەنیازەکانی ( م _ ک) کافی نیە. ئەوان دەکریت و دەبیت لەهەر هەولیکی خۆیان بەردەوامبن، بەلام تا چنینیەوەی بەرهەمی کارەکانی ئەوان دەترسم هەموو شتیک لە دەست بدەین. ئاخەر ئەوان بەناچار هەر خەریکن فشار بۆ دەسەلات بهینن، بەلام لە راستیدا سەرباری ئەوەی کە پاش نزیک بە چارەکە سەدەیەک چاوەروانیمان لەم حزب و حکومەت و دەسەلاتە، ئیستە دەکریت ئاراستەی کارەکانمان بگورین وجاریکتر روو لەم ولاتە بکەین کە مامۆستا کامیل داوای چارەسەرکردنی تیداکردوە.
بەدلنیای زۆریکمان دەزانین کە بەدەستهینانی مافی پەنابەری ریگەو رەوشتی خۆی هەیە سالانە لەو ئەلەمانەی کە( م _ ک) لیە دەیان و سەدان هەزار ئینسان مافی پەنابەری بەدەست دینن ، بەلام لە ریگەی هەندی یاساوریساو لە ریگەی گوشاری هەندی حزب وریکخراو کەسایەتی ئینساندۆستەوەو لە ریگەی جولانی شەقام و راوەستانەوە دەنگ هەلبرینەوەو دواجار لە ریگەی ئەو پرۆتۆکول و ریکەوتنامانەی کە ئەم حکومەتانە خۆیان واژۆیان کردوە. کە من لیرەدا سەرنجتان بۆ چەند خالیک رادەیشم .
یەکەم لە ئیستەدا کە ( م _ ک) ئیقامەیەکی مەرجداری بەدەستهیناوە مافی ئەوەی هەیە کە یاسای یەکگرتنەوەی خیزان’’ جمع شمل’’ خوازیاری هینانی خیزانەکەی بیت. ئەمە جگە لەوەی کە بەپی پۆرۆتۆکولە نیونەتەوەیەکان حالەتی بەدەستهینانی مافی پنابەری بەهۆی حالەتی ئینساندۆستانەوە ’’ هومانیتارینن’’وە بەدەست بهیریت، کە دەتوانیت حالەکەی ( م _ ک) لەهەمان چوارچیوەدا بگونجیریت .
هەر لیرەدا زۆر گرنگە ئەوە بلین کە دیارە دەست بەکاربوون بۆ ئەم مەسەلە بەتەنیا ناتوانیت لە زەمنیکی گۆنجاودا ئەنجامگیری لبکریت. بۆیە دەبیت چەند کاریکی تر بکریت. کە ئەویش جاریکیتر بەپی یاساوریساکانی ئەم ولاتانە هەر بابەت ومەسەلەیەک و هەر دواکاریەکی خەلک ئەگەر بتوانریت 50 هەزار واژۆی بۆ کۆبکریتەوە ئەوا لە رووی یاساییەوە چاو بەو برایاردە جەخشننەوەو بریاریکی تر دەدەن .
بە تایبەت ئەگەربیتوو ئەم کارە لەچوارچیوەی کەمپەینیکدا ئەنجام بدریت، کە ئیمە وەک فیدارسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراق ئامادەی دەست بەکاربوونین و دەتوانین بەخیرایەکی زۆر زیاتر کارەکانی بەریوە بەرین و راستەوخۆی رووبکەینە حکومەتی ئەلمان لە ریگەی ریکخراو نیودەولەتیەکانی وەک دکتۆرە بی سنورەکان، خاجی سوور، یوئین، ریکخراو ئنساندۆستەکانەوە ئەم کارە ئەنجامیکی سەرکەوتوانە بگەیەنین. لەبیرمان نەچیت لەجەرگەی ئەم دەست بەکاربوونەدا زۆرگرنگە سەرنجی میدیاکانی ئەلمان راکیشین بۆ پشگیری کردن لەم کەیسە.
دواجار ئەوەش بلیم کە ئیمە چەند جاریک لەگەل ( م _ ک) لەوبارەوە قسەوباسمان کردوەو بەلام ئەو بەهۆی هەندیک سەرنجی تایبەتی خۆیەوە خوازیاری دەست راگرتن و دواخستنی ئەم جۆرە چالاکیەبووە، من لە سونگەی بەرپرسیاریەتیەوە نەموویست ئەم باسانە تەنیا لە نیوان من و مامۆستا کامیلدا بمینیتەوە بۆیە هیوادارم کە پیشوازی ئازادیخوازان لەم پیشنیارە بتوانیت بە زووی بمانگەیەنیت بە خالی دەست بەکاربوون بەهیوای نزیککردنەوەی مامۆستا کامیل لە ژیانیکی ئینسانی وبەدەستهینانی مافی پەنابەری بەبی هیچ مەرجدانان و ئاستەنگیەک لە رووی چارەسەرکردنی نەخۆشەیەکەیداو ئەم دەروازیە ئەو ئومیدەیە کە ژیانی مامۆستا کامیل دەگەرینیتەوە بۆ باوەشی هیوایەک، هیوادارم لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەدبین بۆ بەتەنگەوەچوونی ژیانی ئەم ئنیسانە!




بەیان نامەی حکومەت یان پاساوێکی ئابڕوبەرانە ! … شوانە حسن ابوبکر

ئەو بەیاننامەیەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم دژی دەوڵەتی تورکیا بەهۆی بۆردومانی جاددەی کورتەک کە بووە هۆی کوژرانی ٤ کەسی سڤیل زیاتر لە بەیاننامەی میت یان سوپای توركیا دەچێت.

شەرعییەتدان بە كوشتنی هاوڵاتییانی كورد لە ناوچە سنورییەكان بەناڕاستەوخۆیی شەرعییەتدانە بە جینۆسایدی كورد و ئەنفال و كیمیاباران.ئەوەی بوە جێگەی نیگەرانی دوای سێ ڕۆژ حکومەتی نوستوو لەسەر ئەم مەسەلە هاتە دەنگ و هاتنەدەنگەکەشی رسواکردنی میللەتی خۆی بوو چونکە ئاماژەی بەوەکرد گوایە چەکدارانی پەکەکە هاتونە ناو گوندنشینان ئەمەش پشتگیری کردنی دەوڵەتی تورکیایە و بەڕاستەوخۆی .

پەكەكە هێزێكی ئازادیخوازی كوردییە كە بۆ مافەكانی كورد بەتایبەتیی و گەلانی توركیا بەگشتیی تێدەكۆشێت، بۆیە خەباتەكەشی رەوایە. پەكەكە دژی وڵاتانی سكاندناڤیا تێناكۆشێت، وەك داعشیش نییە خۆیی و ئایدیۆلۆژیاكەی نەفرەت بن بۆ بەشەرییەت.

پەكەكە هێزێكە دژی دەوڵەتی تورك تێدەكۆشێت كە لەسەر خوێنی كورد و گەلانی ناوچەكە بونیادنراوە. دەوڵەتی تورك ١٠٠ ساڵە جینۆسایدی كورد دەكات. دەوڵەتێكی جینۆسایدكارە. بۆیە ئەوپەڕی شەرمەزارییە كە حكومەتی هەرێم شەرعییەت دەدات كوشتی خەڵكی بێتاوان. حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر حكومەتی پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی، هەر هێندەی حكومەتی سوریا و رژێمی بنەماڵەی ئەسەد نوێنەرایەتیی گەلی كورد دەكەن.

شوانە حسن ابوبکر




J + M = 10 … سه‌ردار جاف

كه‌ جێم دێڵی
تاریكی ده‌بێته‌ پرچه‌قه‌ترانییه‌كانت و به‌ ده‌م شنه‌ی شانه‌ی په‌نجه‌كانمه‌وه‌
ده‌ئاڵۆسكێ
وێنه‌ ڕه‌نگینه‌كانت نمایش ده‌كا
تریفه‌ی مانگ ڕه‌نگی كوڵم و
ئه‌ستێره‌یش به‌ چاوه‌كانت
هه‌ر له‌ گزنگی تارمایی
باڵات ده‌كاته‌ وه‌نه‌وشه‌و
گه‌ردنی لامل كریستاڵ
خه‌ون ده‌نگت ده‌هه‌ژێنێ و
ڕابوونی ته‌م له‌نجه‌كانت
كه‌ جێم دێڵی
بۆ خۆیشم نازانم له‌ چ مه‌مله‌كه‌تێ ده‌خولێمه‌وه‌…..
بای باوه‌شێنی هه‌ناسه‌ت
مناڵێكی ئه‌وك پڕی گریانمه‌
ونبوونێكی بێ سۆراغمه‌
ده‌رگای ماڵی نامۆبوونم
شێوه‌ ڕووخسار له‌ خه‌یاڵم ساتی چێژ به‌خشی ژانمه‌
ده‌بنه‌ كه‌نار … قوڵایی ناخی پڕ حه‌سره‌ت
ڕاموسانه‌كه‌ی گاردرمۆین هێشتا شێتێكی سه‌راسیما ونبوونمه‌
ته‌پڵی شه‌ڕی ئیشقم ده‌كوتێ
جارێ زووه‌ ئه‌و برین و ژانه‌ كێمی نه‌كردووه‌ و قه‌تماغێكه‌ و
له‌ قه‌راغمه‌
كه‌ جێم دێڵی
جامی شه‌رابی ژیانم هه‌رگیز وه‌ك ئێستا نه‌شكاوه‌
به‌ بارته‌قای ونبوونی تۆ
شێت بوون به‌ باڵام ئاڵاوه‌
تۆ ده‌زانی
شه‌رم پێشتر وه‌ك ئه‌مێستا دای نه‌گرتم
خه‌میش نه‌بووه‌ خانه‌خوێی ماڵی شێواوم
چركه‌ی ته‌مه‌ن نه‌بووه‌ تاڵاوی ژه‌هر نۆشینم
نه‌نرا به‌ شه‌وی به‌راتم
كه‌ جێم دێڵی
چركه‌ی وێنه‌ی دیمه‌نه‌كان
جێ په‌نجه‌ی تۆیان گرتووه‌
نیگاكانم له‌ خه‌یاڵدانێ هه‌ڵده‌فڕن
له‌ نیگای چاوم بۆ سینه‌ت
كه‌شتی حه‌زم مت مت بووه‌ و
ڕایگرتووه‌
كه‌ جێم دێڵی
یاده‌كانت ده‌بنه‌ سه‌ره‌تاتكێی خه‌مم
ده‌بنه‌ مۆرانه‌ی نێو جه‌سته‌ و
بیری جه‌نجاڵی نێو سه‌رم
ئای كه‌ ژانێكی پڕ له‌ سوێی
دوا فه‌رهه‌نگی ئیشقمی و دوا ترپه‌ی ته‌مه‌نی ڕێمی
جگه‌ له‌ تۆ
هۆگری شه‌وی هیچ ژنێكی تر نابم
ده‌پێم بڵێ
به‌ره‌و كام لا بۆ ده‌روازه‌ی پڕ له‌ هه‌توان
په‌نا به‌رم
كه‌ جێم دێڵی
وا نه‌زانی
ده‌م شڕێكی سه‌ر شه‌قام و نێو كۆڵانم
په‌نهانییه‌كانی نێوانمان
ده‌بنه‌ سه‌ربورده‌ی من و گڵ
ئه‌زیزه‌كه‌م
ئیتر مه‌حاڵه‌ له‌ دوای تۆ
ڕێگای ئیشقێكی تر بگرێ
چاو و هه‌ناسه‌ و بیر و دڵ

27 / 6 / 2019

سه‌ردار جاف
ئه‌ڵمانیا