کارگە، ژینگە و رۆشنبیری … زاهیر عەبەڕەش

safar club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح

رۆژی ١/ ٧ی ئەمساڵدا لەسەر بانگێشتی دەزگای Médiathèque میدیا تێک، مۆڵتی مێدیا الخزانە الوسائطیە، لەشاری خوریبکە لە وڵاتی مەگریب بۆ ماوەی سێ رۆژ وارکشۆپێیان بۆ رێکخستم، بابەتەکەش، لەسەر ناسینی سنوورەکانی خۆت، ناسینی جەستە خۆمان و جەستەی ئەویتر، دابەشکردنی دڵخۆشی لەگەڵ ئەویتردا، هەروەها لەگەڵ گەمەکانی شانۆی ئیمرۆڤیسەسێۆن. جەدوەلی کاردنم لەگەڵ ئەم رێکخراوەدا بەم شێوەیە بوو، لە کاتژمێری دەی بەیانی تا کاتژمێر دوانزی نیوەرۆ لەگەڵ منداڵان، دوانیوەروانیش لەکاتژمێر دووی پاش نیوەر تا شەشی ئێوارە کارم دەکرد.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا زیاتر لەسەری بدوێم دەزگای Médiathèque. بە واتای کتێبخانەی بیستن و بینین.
Médiathèque سەنتەرێکی رۆشنبیری لاوانە، فەزایەکی ڕۆشنبیری گەورەیە، بەردەوام چالاکی لەم سەنتەرەدا هەیە، لەهەفتەیەکدا شەش رۆژ چالاکیان هەیە، تەنها رۆژی دووشەمان پشویان هەیە، خەڵكێکی زۆر لە دانیشتوانی شاری خوریبگە سوندمەندن لە چالاکیە زانستی، ئەدەبی، رۆشنبیری و هونەریەکان، چالاکیەکانیشیان ئاڕاستەیە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای شارەکە، وەک خۆیان دەڵێن هەر لە منداڵی تەمەن 5 ساڵانەوە هەتا گەورەساڵان و خانەنیشینانیش سودیان لەم سەنتەرە بینیووە. تەنانەت رەچاوی کەم ئەندامانیش کراوە هەموو پێداویستیەکی بینین و بیستن و شوێنی ڕۆیشتنی دووچەرخەی کەم ئەندامانی تێدایە، لەسەر دیزانیكی فەرەنسی لە سەر رووبەری 7000 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە.

لە زۆربەی بەشە هونەری و وێژەی و زانستیەکان پێکهاتووە وەک بەشی، وێنەکێشان، موسیک، شانۆ، سەما، خولی فێکردنی کۆمپیوتەر، بەشی فێرکردنی فۆتۆگرافی، کلیب و ئەنیمەیشن و ئێدیت کردن.خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، گفتوگۆی پێنچ شەمە هەموو پێنج شەممەیەک نوسەرێک، فیلۆسۆفێک، هونەرمەندێک یان ئەدیبێک ،هتد بانگێشت دەکرێت بۆ سازدانی سیمینارێک، ئەویش لە لایەن شاعیرە نەوال شەریف پێشکەش دەکرێت. لەگەڵیشدا سێ کتێبخانەی گەورە و چوار هۆڵی گەورەی خوێندنەوە تێدایە، کە نزیکەی 36 هەزار کتێبی زانستی و هونەری و ئەدەبی بەزمانەکانیی عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی تێدایە، هەروەها چوار هۆڵی پڕ لە کۆمپیوتەر کە دوانیان تایبەتە بە خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا کە دێن بۆ سێرچو گەران بەدوای زانیاریدا. بەهۆی چالاکی رۆژانەیان ئێستا نزیکەی 12 هەزار ئەندامیان هەیەو پێناسەی ئەم سەنتەرەیان بۆ کراوە.

خەڵکی شارەکە خۆیان چالاک و بەشدارن لە سازدانی چالاکیەکاندا و هەم دێن بۆ بینینی چالاکیەکانی ئەوانی تر. شوێنی کۆکردنەوەی گەنجان و منداڵان و دەرخستنی بەهرەکانیانە. لەهەمان کاتدا خۆبەخشێکی زۆریان لە لەدەوری بەرنامەی Act 4 community کۆکردۆتەوە کە هەڵدەستن بە کردنەوەی وەرشە بۆ منداڵان لە ناوچە دوورەکان، پیشاندانی چالاکیەکان بۆ ئەو شوێنە دوورە دەستانە. گێرانی پێشبڕکێ لە نێوان یانە و سەنتەرە رۆشنبیریەکان، بۆیە ئەوی ئاگاداری بزوتنەوەی رۆشنبیری هونەری ئەدەبی وڵاتی مەگریب بێت، هێندەی هەموو وڵاتە عەرەبیەکان فێستڤاڵ و پێشبڕکێی تێدا ساز دەکرێت.

ئەوەی دەموێت لێرەدا دیقەتی بخەمەسەر سیستم،کاردن دابین کردنی ماڵی و داراییە بۆ ئەم سەنتەرە.
سەنتەرەکە، ئاماده كردنى به رنامه ى act 4community يه كه په يوه ندى بەکۆمەڵەی فۆسفاتەوە هەیەOCP. ئەمەش بەمانای چی دەگەیەنێت؟
شاری خوریبگە بەناوبانگە بەوەی کە کانێکی زۆری فۆسفاتی هەیە ، هەروەک چۆن لە کوردستان لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی ، بیر و چاڵە نەوتی هەیە. ئەوەش سەرچاوەیەکی دارای زۆر و زەوەندە و دەشبێت هەڵبکۆڵرێت و بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەرێتەوە. لەبەر ئەوەی هەم ووڵاتی مەگریب و هەم کوردستان نەگەیشتتونەتە ئەو ئاستەی بەرهەمی زیرەکی و واتە داهێنان بفرۆشنەوە، هەرچەندە وڵاتی مەگریب زۆر بەناوبانگە لە رووی کوشتوکاڵ و گەشت و گوزاریەوە. بەڵام کوردستان جگە لەنەوت هیچ بەروبومێکی تری نیە.
هەر کارکردنێکیش لەو چاڵە نەوت و کانە فۆسفاتانە، دەبێت هۆی پیس بوونی ژینگە،
بێگومان کاردن و هەڵکۆلین لە کانەکانی فۆسفات ژینگە پیس دەکات.

جا بۆ قەرەبوکردنەوەی پیسبونی ژینگە، شارەوانی ئەوشارە مەرجی کارکردن بۆ ئەو کانە فۆسفاتانەی لە شاری خوریبکە ئەوە یە کە چەند سەنتەرێکی رۆشنبیری، بە هەموو ئەو مەرجانەی کە باسم کرد بکرێتەوە، جگە لە خوێندگا فەرەنسیاکان و دەیەها سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناردنی هەزارەها خوێندکار بۆ فەرەنسا ، سازدانی فێستڤاڵی هونەری و سیمیناری کۆنفرانسی زانستی ئەمانە هەموو لەسەر خەرجی ئەو بەڵێندەرو کارگە گەورانەیە کە فۆسفات بەرهەم دەهێنن، لەگەڵێشدا هەموو ئەو کارگوزار و موچەخۆرانەی کە لەو سەنتەرانەدا کار دەکەن موچەکانیان یەکسانە بە موچەی کارگوزارێکی فەرەنسی کە لەوڵاتی فەرنسادا نیشتەجێە. ئەو ئەو چەند رۆژەی کارکردنم لەو سەنتەرەدا هەرگیز هەستم نەکرد کە من لە وڵاێکی عەرەبیدام. جێی خۆشحاڵیە لەم سەنتەرە ڕۆشنبیریە نادیەکی شانۆی هەیە، لەبەر ئەو هاوکاریانەی من پێشکەشم کردوون ناویان نا نادی عەبەڕەش بۆ شانۆ، بەڵام کە بە زمانی عەرەبی دەنوسرا دەبوو بە ( ابرس) لەسەر پێشنیاری هاوڕێم هاودەم حەمە ساڵح، پێم راگەیاندن کە ناوی نادیەکە بکەن بە سەفەر ئێستا بووە بە ( SAFAR club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح). لەبەر ئەوەی کە خۆم ناوی دووەم سەفەرە و جاران لە ژێر ناوی سەفەر دەمنوسی.
بێمەوە سەر باسە سەرەکیەکی خۆم، ئەم جۆری کارکردن و سیستەم و پرۆژانە دەتوانرێت لە کوردستان سودێکی زۆر بە بزاوتی هونەر و ئەدەبی، چاپەمەنی، ژینگە و پەروەردە بگەیەنێت. کۆمەڵە هونەری و ئەدەبی و ژینگەپارێزانیش دەتوانن هاوکاربن لەوەی.

ـــــــ هەر شەریکەیەک بیەوێت نەوت دەربهێنێت سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیەکی لەدەسکەوتەکەی بۆ ئەو شارەبێت. یان تێچوی ریسایکلین بۆ پاکردنەوەی ژینگە لەسەر ئەرکی شەریکەکە بێت، هەروەها پەیمانیان لێوەربگیرێت کە چەندەها خوێندکار بنێردرێتە دەرەوەی وڵات و لە بواری نەوت و ژینگەدا بخوێین. هاوکات دەبێت داوایان لێبکرێت چەند سەنتەرێکی هونەری و ڕۆشنبیری دروست بکات، موچەی کارگوزارەکان و فەرمانبەراکانی ئەو سەنتەرانە بۆ دابین بکات.
ـــــ ئەو بەڵێندەرانەی کە کار دەکەن و هەر پرۆژەیەکیان هەبێت کە کار لە ژینگەی کوردستان دەکات، ئیجبار بکرێت بەوەی شانۆ یان هۆڵی سینەما دروست بکات. یان هەر سەنتەرێکی ئەدەبی و رۆشنبیری، تێچوی فێستیڤاڵ و چالاکیە هونەریەکان لە ئەستۆ بگرن.
ـــــــ ئەو بازرگانانەی کە کەل و پەل لە وڵاتانی ترەوە دەهێنن و پاشماوەی لاستیک ئاسن و موقەبا و هەر مادەیەکی زیان بەخشی هەبێت بۆ ژینگە. تێچووی هەموو ئەو کتێبانەی لە لە قوتابخانەکان چاپ دەکرێت بگرێتە ئەستۆ.
ـــ هەموو ئەو بازرگانانەی کە مادەی لاستیک و پێڵاو سفرە و نایلۆن هاوردەدەکات، یارمەتی تێچووی کۆنفراس و توێژینەوە زانستیەکان بکەن.
ـــ هەموو ئەو کارگانەی کە هەوای کوردستان پیس دەکەن تێچووی ئەوفیلمانەی لە کوردستان بەرهەم دێین بگرنە ئەستۆ.
ــــ ئەو بازرگانانەی کە ئۆتۆمۆبیل هاوردەدەکەن، ئەرکی خەرجی و تێچووی هەموو فێستیڤاڵە شانۆییەکان و فێستڤاڵی سینەمای سلێمانی هەولێرو دهۆک بگرنە ئەستۆ.
ـــ ئەو دوکانانەی کە کاری میکانیکی و رۆنگۆری هتد بەهۆی رژانی رۆن و کەلو پەلەکانیان ئەرکی لەچاپدانی کتێبەکانی دەزگای سەردەم و موکریان ، هتد بگرنە ئەستۆ.
دەتوانرێت ئەم پێشنیازانە ببێتە بابەتی گفت و گۆ.

بەمەش هەم خزمەت بە بزاوتی ڕۆشنبیری گەلەکەیان دەکەن و هەم سەرچاوەیەکی دارایشە بۆ دەوڵەت. بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری. بەهیوام ئەم بابەتە بێتە هۆی گفت و گۆیەکی ڕژد.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین-2- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی دووەم:

ئەم هەوڵ و پەرۆشیی و بەدووچوونە لە ڕابوردویەك کە زەمانەت و ئاسایشی هەبووە، ئەم کۆششە لە دۆزینەوەی بەهەشتێك لە بڕوایەکی دۆگمایی بێ ڕۆحدا، لە ڕێکخستنێکی هیرراشیانەی جێگرەوەی بیر و هزرێکی خولقێنەر و پراکتکردنێکی زیندووانەدا، ئەمانە تاڵترین بەڵگەن بۆ زانینی ئەوەی کە زۆرێك لە شۆڕشگێڕان کەمتر دەتوانن لە ” خۆشۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانا ،” تاکو لە بە شۆڕشگێڕکردنی تەواوی کۆمەڵ. ڕەگی قوڵی مەیلی کۆنەپارێزێتی لە “شۆڕشگێڕان”ی باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار، PLP [1] تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەی ئازاراوین ، کە سەرکردە و ڕابەری دەسەڵاتخواز و هیرراشییەت شوێنی باوكسالاریی و بیرۆکراسی قوتابخانە دەگرێتەوە ، زەبت و ڕەبت [دسپلینی] لە بزوتنەوەکەدا جێگای زەبت و ڕەبتی کۆمەڵی بورجوازی دەگرێتەوە، کۆدی دەسەڵاتخوازانەی جەماوەری گوێگری سیاسیانە جێگەیی دەوڵەت دەگرێتەوە، پەیامی بیروباوەڕی ” مۆراڵی پڕۆلیتاریانە” جێگەی نەریتی ئەخلاقی کارکردن و puritanism دەگرێتەوە [puritanism : دەستەیەك لە ئینگلیزە پرۆستانتەکان بوون لە چەرخی شازدە و حەڤدەدا بەدوای پاکێتی/ پوختەییدا (نقییەتی) دا دەگەڕان تاکو کەنیسەی ئینگلەند لە هەڵسوکەوت و خووی ڕۆمانە کاسۆلیکییەکان پاکبکەنەوە ..- وەرگێڕ] توخم و دیاردەکانی کۆمەڵی [کۆمەڵگە] چەوساوە لە فۆرمە نوێیەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە کە خۆی لە ئاڵایەکی سوورەوە پێچاوە، بە وێنە و تابلۆی ماوتسیتۆنغ و ( یاخود کاسترۆ یا گێڤارا) دیکۆر و نەخشێنراون، هەروەها بە ” کتێبە سوورە” بچوکەکە لەگەڵ پەیام و دەستەواژەی دیکەی پیرۆزدا، زەخرەفەکراوە.

زۆرینەیەك لە خەڵك کە ئەمڕۆ لە PLP دان ، شایستەی ئەوەن. ئەگەر ئەوان بتوانن لەتەك بزوتنەوەیەکدا بژین بە دروشمە تایبەتییە گاڵتەجاڕییەکانیانەوە کە لەتەك لەقتەکانی تەپڵدا بروات [2 ] ، ئەگەر ئەوان لە توانایاندایە کە گۆڤارێک بخوێننەوە کە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مارکۆس ” پۆلیس بووە یا پۆلیسێکی نابەرپرسیار ” ، ئەگەر ئەوان قەبوڵی ” زەبت و ڕەبتێك” بکەن کە بۆ ئاستی یاریکەرێکی یاری پۆکەر دایانبەزێنێت کە لە دەمووچاویا هەست و جوڵەی نەخوێنرێتەوە، بە بەرنامەیەکی ئۆتۆماتیکی پڕۆگرام کرابێت، ئەگەر ئەوان بتوانن لە ناشیرینترین تەکنیكەکانی ( تەکنیکەکانی کە لە زێرابی پرۆسەی بزنسی بورجوازیی و پەڕلەمانتاریزم) لە هەڵخەڵاتاندنی ڕێکخراوەکانی دیکە، بەکاربهێنن، ئەگەر بتوانن هەموو چالاکییەك و خودی بارودۆخەکە کە تەنها تەشەنە بە گەشەکردنی پارتییەکانیان دەدات، لە کار بخەن – هەتا ئەگەر ئەمە بەزاندن و تێشکانی خودی چالاکییەکانی خۆیان بێت- ئەگەر ئەمان بتوانن هەموو ئەمانە بکەن ، ئەو کاتە ئەوان قێزەوەن و بێزراون. بۆ ئەو کەسانە کە هەموویان ‘سوورن’ و خۆیان بە سوور دەزانن، باسی هێڕشکردنە سەریان وەکو ڕاوکەرانی ‘سوور’ ببینن، ئەمە شێوازێکە لە شێوازەکانی McCarthyism بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە [McCarthyism هەڵمەتێکی بەهێز بوو دژی ئەوانەی کە گوایە کۆمۆنیستن لەناو حکومەتی ئەمەریکا و دەزگەکانی دیکەدا، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن سێنەتەر جۆزیف مەکاسییەوە لە نێوانی ساڵانی 1950 بۆ 1954 ، دەستیپێکرد.

زۆرێک لەوانەی کە تۆمەتبارکران خرانە لیستی ڕەشەوە و کارەکانیان لە دەست دا، گەر چی بەڵگەیەك نەبوو کە ئەوانە سەر بە پارتی کۆمۆنیستبوون] . ئا لێرەدا دەتوانین هەمان داڕشتنەوەی بڕگە شیلاوییەکەی ترۆتسکی سەبارەت بە ستالینیەت بەکار بهێنین کەدەلێت: ئەوانە نەخۆشی سفلیسن، pallidum ن لە بزوتنەوەی ڕادیکالانەی لاوانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەم نەخۆشییەش تەنها چارەسەرێك هەیە ئەویش بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکە نەك لیدوان و مشتومڕ.
پەرۆشیی ئێمە لێرەدا بۆ ئەو شۆڕشگێڕە شەریفانەیە کە ڕوویانکردۆتە مارکسیزم، لینیننزم، یاخود ترۆتسکیسزم، لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بە جددی دووی دیدێکی کۆمەڵایەتی مەحکەم، هەروەها ستراتیجییەکی کارا و هەژموندار لە شۆڕشدا، کەوتوون . هەروەها ئێمە نیگەرانین دەربارەی ئەوانەی کە سەرسامن بە چەکی تیئوری ئایدۆلۆجی مارکسییەت و لە بزریی [غیابی] جێگرەوەیەکی زیاتر مەنهەجیانە، بەخێرایی دەستبەرداری دەبن.

ئیمە بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە وەکو برا و خوشکی خۆمان دەیانبینین و داوای لێدوان و مشتومڕێکی جددیانە و هەڵسەنگاندێکی هەمەلایەنانەی تەواو دەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم دەستەوەسانە و دەستنادات بۆ ئەم سەردەمەمان نەك لەبەر ئەوەی کە زۆر دیدمەند و شۆڕشگێڕانەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دیدمەندیی و شۆڕشگێڕیی تەواوی [ کافیی] تیادا نییە. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمیی یاخود نوقسانیی پێداویستییەکان لەدایك بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاك و نایابی سەردەمەکە بووە بەدیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازیی، بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دامەزراو و تەواو نەبووە و پێشبینییەکان تەنها یەكلایەنانە و جوزئیانە بووە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە مشتومڕی “لاوەخستنی” مارکسیزم بکەین یا بانگەشەی ” لەکارکەوتنی” بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕووی جەدەلییەوە[دیالیکتی] تێپەڕی بکەین، هەر وەکو چۆن خودی مارکس فەلسەفەی هییگلییەکانی، ئابوریی ڕیکاردۆکانی، تاکتیکی بلانکییەکان و شێوازی ڕێکخستنەکانیانی، تێپەڕاند. ئێمە پێویستە ئەرگویمێنتی قۆناخێکی پێشەوەچوو لە سەرمایەداریی، بکەین، زیاتر لەوەی کە مارکس چەرخێك لەمەوبەر لە تەکیا کردویەتی، هەروەها قسە لەسەر قۆناخێکی پێشکەوتووتر لە تەشەنەکردنی زیاتری تەکنەلۆجیا بکەین، لەوەی کە ئاشکرایە مارکس توانیبێتی پێشبینی بکات.

هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەی نوێ زەروورییە کە ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بانگەوازی مۆدێکی نوێی تێکۆشان و خەباتکردن دەکات یا داخوازی جۆرێك لە ڕێکخستن، لە پاگەندە و جۆری ژیان، دەکات. بۆ ئەم بارودۆخە تازەش چۆن ئارەزوو دەکەیت ناوی لێ بنێ، بەڵام ئێمە ئەم بەرخوردە نوێیەی پاش سەردەمیی کەمیی، نوقسانیی پێداویستییەکان بە ئەنارکیزم ناودەبەین، ئەم ناولێنانەش بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری زەروورییەوە هەڵدەبژێرین و بەڵگە موقنیعەکانی ڕوونکردنەوەی ئەمەش، لە لاپەڕەکانی دواترا دەخەینەڕوو .
درێژەی هەیە
…………………………………………………………………………..
تێبینییەکان:
1- ئەم چەند دێڕە کاتێك نوسراون کە باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار (PLP) هەژموونێکی گەورەی لەسەر SDS هەبوو. گەر چی لە هەنووکەدا ئەم پارتە زۆری هەژموونی خۆی لەسەر بزوتنەوەی قوتابییان لەدەستدا بەڵام ئەم ڕێکخستنە هێشتا نموونەیەکی باش لە مێنتەڵێتی و بەها لەناو چەپی کۆنا، پێشکەش دەکات. ئەو باس و خواسەی سەرەوە بە هەمان شێوە ڕاستە بۆ گروپە مارکسیی- لینینییەکان، هاوکاتیش ئەم پەڕەگرافە و ئاماژەکردنەکانی دیکەش بۆ باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار لە جەوهەردا نەگۆڕاون.

2- بزوتنەوەی نقابەی شۆڕشگێڕ بەشێك بوو لە ڕابتەی کتلەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە شاری دیترۆیت- ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی حیلاویی بوو.




وەک دیلێکی هەمیشەیی بەسەر شەقامەکاندا … ئیسماعیل سابیر

بۆ گەڕیدەکەی دونیای ئێمە ” بەختیار عەلی ” پێشکەشە

ئەی “ئۆڤید”ی غەمبار وەک ڕاوچیەک ئەفسانەکانی ناو مێشکتمان بۆ ڕاوکە، بە قەرەجێک ئەم بەختەمان پێ بسپێرە و ئەم فنجانی تەنهاییەمان بە چاوە بچووکەکانت بۆ شرۆڤە کە. وەک دیلێکی ڕزگاربووی ناو خورافیاتەکان لەبەردەم سەرمایەدارەکان و جەللادەکانی سەدەی بیستویەکدا کەلەپچەی دەستەکانتمان وەک ڕووناکی شەقامەکان بۆ بدرەوشێنەوە. درەختەکان وەک تووشبووەکانی شەکرە لەبنا دەبڕدرێنەوە و دەرگا و پەنجەرەی بریقەدار لەناو ئێمەدا بۆ ئارامی هەناسەدان دەکرێتەوە. وەک مەیمونێک لەسەر دارە وشکەکان ئۆقرە ناگرین. لەو درەخت بۆ سەر ئەو درەخت وەک باڵندەیەک هەڵدەفڕین.
وەک ژان ژاک ڕۆسۆیەکی تاوانبار بەزوویی ددان بە شکستی هەموو نەخشەکانت بنێ. دووبارەی کەوەو لە سەر دیواری هەموو باڵەخانەکاندا بینووسەوە؛ “بەداخەوە ئەم سەدەیە زۆر عەجول بوو، هی گەورەکردنی زیندەوەرەکانی ناو ئێمە نەبوو.”

هانا ئارنێت دەیبینی؛ بوونمان وەک دۆزەخ دەکوڵا، سەفەرمان بە شووناس دەکرد و لەناو گواوی قەرەجەکاندا دەستبەسەردەکراین، لەجیات ژەمێک نانخواردن نیکۆتینیان بە ڕۆژە برسیەکانمان دەبەخشیەوە. زمانمان وەک ئازارێکی تەڕ لە تەوێڵەکاندا قووت دەدا و
شەومان دەخزاندە لای هایدگەر و پەڕەی کتێەکان.

لە دارستانەکانی بولگاریا لە “ئۆردیکا” زویر ببووین وەک “ئۆرفیۆس” جارێکی تر ئاوڕمان نەدایەوە، وەک ئەسپێکی بریندار چەمۆڵەی فەرامۆشی بەرمانکەوتبێت لە ئەڤین ڕامان دەکرد و لەناو تۆز و خۆڵی جەنگەڵەکان غارمان دەدا، ئازار وەک ترسێکی نەبڕاوە هەمیشە بەدوامانەوە وەک سەگی هار ڕاوی دەناین، شەو و ڕۆژەکان وەک” ئیبراهیم” ئاگریان تێبەردەداین و قامچیان لە ئایدیاکانمان دەدا.
بەرازێکی ماندووی جەنگەڵکان بووین، لە شەودا مێشکمان بە بیرەوەری دەپرژا و تەقەڵەکانی دڵمان وەک حەیوانێکی هار بەڕووی یادگارییەکان دەینەڕاند، لەژێر ڕەونەقیەکانی مانگدا دڵشکامان بەفرمێسکی دایکە شەهیدەکان دەپێچایەوە. لەگەل” دانتی”دا ڕێمان دەکرد و دەڕۆیشتین بەناو شار و خەڵکی سەرگەردان.٭

هوتافمان لەبەردم پەرلەمانەکان لێدەدا و فریوی شۆشگێڕەکانمان لەسەر ڕۆژنامەکان دەسڕیەوە، ئەفڵاتوونیزمەکانی شار گاڵتەیان بە سوبێکتمان دەکرد، بە کۆمەڵێک دروشمی هەرزەوە لە “کۆماری خودا”دا وەک سەگێکی بەستەزمان ڕاویان دەناین.
خوامان لەبیرکردبوو، وەکو چۆن فروغیشمان لەبیرکردبوو، کەچی بەدەم وڕێنەوە وەک نەخۆشە سڕکراوەکان ناوتمان دەهێنا، وەک نیتچە لە سەحرای سەقەردا بنی پێیەکانمان گڕی دەگرت و بەدوای شوێنپێیەکانت وێڵ و سەرگەردان دەسووڕاینەوە. بووینە پشکۆی ئاگرێکی بچووک و لەناو دۆزەخی ڕۆژەکاندا تواینەوە.

دوای تۆ ئازارمان نووسی و ناردمان بۆ نەخۆشخانەکان بووینە شەقاوەی چایخانەکان، شیعرمان دەنووسی وەک شاعیرە یاخیەکان جنێومان بە نووسەرە تڕۆهاتەکان دەدا.
شێت و سەرگەردان مێشکمان پڕی تەقەمەنی کردبوو، وەک کۆگای سەربازەکان لە دەوروبەری شارەکاندا دەتەقینەوە، بە جەستەی قورسەوە بەسەر پلیکانەکان دەکەوتین و بۆ یادی پیاسەکان هەمیشە لە قاوشەکان و ئەودیوی شاشەی مۆبایلەکان دەنووزایەوە.
لەناو ئەو هەموو بووکەڵە پڕ ڕەنگەدا غەریبی بێ مروەتیەکانی” سالۆمێ”مان دەکرد. لە پشت بازگە نوێیەکانی شار عەقڵمان فەرامۆش بوو، کات دەیخواردەوە، بە یەک دنیا یادگاری پڕ دڕکەوە دەهاتینەوە ناو ماشێنەکان. لە پەنای قەڵا و دیوارەکاندا کەس بەلایەوە پێکەنیاوی نەبوو یان کەس ئێمە نەدەبینی؛ کاتێک وەک شێتەکان عەقڵمان ژێرەوەی خۆی پیس دەکرد، بۆتۆ و یادی تۆ وەک مناڵێکی ونبوو دەگریاین و لەسەر زەوی چڵێسەکاندا دەڕشاینەوە…

ئیسماعیل سابیر




سەرمایەڕەمزیەکانی حوکمڕانان پوچ و ساختەیە … جیهاد موحەمەد

نهێنیی، ئەو ڕووبەرە نادیارەیە، کە هەرچ کەسێک بۆی گرنگە، زانینی هەبێت دەربارەی و پەی پێبەرێت. کتێبەکان پێش خوێندنەوەیان پڕن لەو نهێنیانەی تا نەخوێندرێنەوە نازانرێت باس لە چیی دەکەن، هەڵگری چ جۆرە زانین و زانست و فەلسەفەیەکن، یان هەڵگری چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکن. خوێنەر بۆیە بەپەرۆشەوە کتێب دەکڕێت و لە ئامێزی دەگرێت و پەڕەکانی یەک یەک هەڵدەداتەوە و بە وردی دەیانخوێنێتەوە تا سیحری ناوەڕۆکە شاراوەکەی تێبگات، کتێب پێش خوێندنەوەی مەعشوقێکی ئەفسانەییە بۆ خوێنەر، بەڵام ڕەنگە دوای خوێندنەوەی مەعشوقیەتی لاوازبێت، بەڵام سوودی هەرگیز لاواز نابێت.

کەسی عاشقیش دنیایەک نهێنی و پەنهانی لە دڵدارە مەعشوقەکەیدا دەبینێت، مەعشوق ئەفسانەیەکی شاراوەیە تا ئەو کاتەی بە عاشق دەگات. هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مەعشوق هەرچی بێت، قودرەتێکی هێندە نهێنی و سیحراویە، کە عاشق سەرسام دەکات بە خۆی، هەموو جوانیەکانی دنیا، هەموو ژیانی خۆی لە زانین و پەیبردن بە ژیانی مەعشوقەکەیدا دەبینێتەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە مەعشوقەکەی و بگات بەو نهێنیە پڕ لە سیحراویی و ئەفسوناویە، عاشق هەتا بە مەعشوق دەگات ملکەچی چاک و خراپێتی، بەڵام کە پێیدەگات ڕەنگە مەعشوق لاواز بێت، بەڵام زاوزێیان لە ترۆپکی جوانیدایە، گەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە نەبوایە زۆر زوو ئەم جیهانە لە ناو دەچوو، یان هیچ بەهایەکی نەدەما.

مرۆڤ بە گشتی، ئەو بوونەوەرەیە کە هەمیشە بە دوای نهێنیەکاندا وێڵە، دەگەڕێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات. دیارە هەر ئەم بە دواداگەڕان و پەیکردنە سروشتیەشە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشەوە بردووە. مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شەیدای زانینی نەزانراوەکانە، لە هەمانکاتدا لە سیحر و توانای گەورەی نەزانراوەکانیش تێدەگات، کە چۆن مرۆڤ دەکات بە عاشقی خۆی و خۆشی دەبێت بەو مەعشوقە پڕ لە نهێنییە خەیاڵاویە. کەواتا نهێنی و پەنهانی مەعشوق سەرچاوەی شەیدایی عاشقەکانە.

تا ئێرە نێهینەکان و قودرەتی نهێنی و بە دواداگەڕانی مرۆڤەکان بۆ پەیکردن و زانینی نهێنیەکان، کارێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە. وەلێ بەکارهێنانی “نهێنیی و پەنهانیی” لای حکومڕانەکانی کوردستان بۆ جڵەوکردن و سەرسامکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکی گشتی، هەتا بڵێی کارێکی پوچ و قێزەون و ناشیرینە.
باش لە بیرم دێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا بۆ خەڵکە “گشتییەکەی” کوردستانی ڕۆهەڵات، بە سەدام حسەینی دڕندە و فاشییان دەوت،”سەرۆکێکی قەشەنگە”، ئەم سەرسامبوونە بە سەدام حسەین لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە خەڵکی گشتی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی نهێنی خۆنمایشکردنەکانی ئەم پیاوە ناشیرینە تێنەدەگیشتن.

ئاخر جارێکیان، بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، چەند کەسێکی سادە و ساکار”ماشاألله”یان لە شێخێک دەکرد، کە هەتا بڵێی پیاوێکی بۆشناخ و پاک و خاوێن بوو، هەتا بڵێی جل و بەرگ و عەبا و جبەکەی شانی کەشەخە بوو، هەتابڵێی ڕێ و ڕۆشتنی بە ئارامی و لەسەر خۆ بوو، هەتابڵێی دەوڵەمەند و پارەدار بوو، هەتابڵی لە حکومەتی عێراقی فاشیدا دەستی دەڕۆیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بڵێی لە ناوەڕۆکدا شێخێکی ساختەچیی بوو، بەڵام شەیدایی خەڵک لە چاویاندا بوو، نەک لە عەقڵیاندا، بە عەقڵ بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە ئەم شێخەش هەروەک هەموو کەسێک، مرۆڤێکی ئاساییە، وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و خۆگۆڕین و ڕیشبەردانەوەیە کردبووی بە کەسێکی نائاسایی، ژیانی لای خەڵک، بووبوو بە شتێکی نائاسایی، تەنانەت نوێژ و خواپەرستیەکەشی خۆ هەر وەک خەڵک وابوو، کەچی بووبوو بە ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی، چونکە بە دەگەمەن نەبێت وەک خەڵک لە مزگەوت و بەردەمی خەڵکدا ئەم خواپەرستییەی نەدەکرد، ئیتر خەڵکی وایان دەزانی لە کاتی خواپەرستییدا پەردە لە نێوانی خۆی و خوادا نامێنێت و دەتوانێت قسە لەگەڵ خواشدا بکات.

سیاسیە حوکمڕانەکانی کوردستان، شارەزان لە قودرەتی “نهێنی و پەنهانیی” کە چۆن بەم قودرەتە کارلێک دەکەن لەسەر کۆمەڵە خەڵکێکی گشتی سادە و ساکر، بۆیە نهێنی و پەنهانی زۆرێک لە ڕووبەری ژیانیان دەکەن بە “سەرمایەیەکی ڕەمزی” و بەکاری دەهێنن بۆ چاوبەست و خۆشاردنەوە لە خەڵک.
پەیوەندیە خێزانیەکانیان، ژیانە کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەندیە سیاسییەکانیان دەکەن بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بەهێز بۆ سەرسامکردنی خەڵک. خێزانە سیاسیی و حکومڕانەکان، هەمیشە دنیای خۆیان بە پەنهانی دەهێڵنەوە، تا خەڵک بە هیچ شتێکیان نەزانێت و ببن بە خێزانگەلێکی سیاسیی نائاسایی و ئەفسانەیی. ئەم قودرەتی نهێنیە، وا دەکات، کە قسەکردن و گفتوگۆ ئاساییەکانیان، ئەو قسانەی کە هەموو کەس دەزانێت بیانکات، پڕ دەبێت لە سیحر بۆ خەڵکە سادە و ساکارەکە، کە بە نائاسایی وەریدەگرن و گوێی لێ دەگرن.

زۆر جار خەڵکی گشتی لە ڕێپۆرتاژەکاندا، لە چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر باشتر، زۆر جوانتر، زۆر بە ئەددایەکی ڕوونتر و زمانێکی پاراوتر لە سیاسیە حیزبیی و حکومڕانەکان قسە دەکەن، وەلێ نائاسایی وەستان و خوتبەدانی ئەم سیاسیانە، بەقەراعەت قسەکردنیان، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگیان، بۆینباخە سێ چوار هەزار دۆلاریەکانیان، قاتە سیی چل هەزار دۆلاریەکانیان، سەعاتە ئاڵتوونیی و گرانبەهاکانیان، پێڵاوە تایبەتییە دەهەزاردۆلاریەکانیان، خاوەندارێتی کۆشکە سەدان ژوور و ڕووبەرە دەیان هەزار مەتریەکانیان، خاوەندارێتی گەمێ و فڕۆکەکانیان،خاوەندارێتی رۆژنامە و کەناڵە نەوتییە پڕ لە خەرجییە سەدان دەفتەر دۆلاریەکانیان، کۆبوونەوە پڕ لە قاقای پێکەنین و قاچ خستنە سەر قاچیان، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ کەس بزانیت چ نوکتەیەکی قۆڕ و چ قسەیەکی بێ مانا دەگوزەرێت لە نێوانیاندا،سەرنجێکی سیحراوی و خەیاڵاوی ئەوتۆ دروست دەکەن، کە دەبێت بە خەیاڵ و ئەفسون لای خەڵکی گشتی، هەموو ئەم خۆنواندن و قسە پوچانەیان لای خەڵکی گشتی نەزان، دەبێت بە نەخشی سەر بەرد. تەنانەت هێزە میلیشیاییەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، کاروانی سەیارە مۆدێلبەرزەکانیان، چوون بۆ پرسە و ئامدەبوونیان لە شوێنی گشتییدا بە کەشخە و فشە و خۆبادانێکی بێتام و ناشیرینەوە، کە بە دەیان چەکداری دەموچاو ناشیرین و ڕەفتار شەلاتیانە بە دوایانەوەیە، دابەزین و سواربوونی سەیارەکانیان بە شەقە و تەقەی تووند کرانەوە و پێوەدانی دەرگاری سەیارەکانیان، فڕوهوڕ و تڕوهوڕ و پەڕتەڕناشی سەیارەکانیان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کە خۆیان وا پیشان بدەن، کە مرۆڤگەلێکی نائاسایین و ئەوەی ئەمان پێی گەیشتوون، لە قودرەتێکەوەیە، کەسی تر نییەتی.

ئەگەر وردبینەوە، لە خێزانە سیاسییەکانی، وەک بنەماڵەی بارزانی و براو کوڕ و زاوای بارزانی، یان خێزانی تاڵەبانی و کوڕ و کەسوکاری تاڵەبانی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە جڵەوی حوکمڕانیان بە دەستەوەیە، نەزانینی مرۆڤە نەزانەکان، بۆ تێگەیشتن، لە ژیانە پڕ لە نهێنی و ئەفسوناویەکەیان، دەکەن بە چەکێکی نهێنی پڕ لە خەیاڵی سیحراوی بۆ کەمەنکێشکردنیان و جڵەوکردنیان. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە پەنهانی بمێننەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە بەرچاوی خەڵکی، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە ناو خەڵکەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار دەرنەکەون، تا وا لە خەڵک بکەن، کە شەیدای ژیانە شاراوەکەیان بن، شەیدای ناو ماڵ و خیزانیان بن، شەیدای ئەوە بن، کە بزانن ژنەکانیان، کچەکانیان، منداڵەکانیان ناویان چییە، چیی دەخۆن، چیی لەبەردەکەن، چۆن دەژین، چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ کێ هاتوچۆ دەکەن.

هەموو ئەمانە بوون بە نهێنیەک، کە زۆر لە خەڵکی سادە و ساکار سەرسامن پێیان، زۆربەی خەڵکی سادە و ساکار بۆیە خۆشیان دەوێن، بۆیە لایەنداریان دەکەن، بۆیە دەنگیان پێدەدەن، چونکە بوون بە عاشقی ئەم مەعشوقە پڕ لە نهێنیە سیحراویە، عاشقانە بە دوای ئەم سیحرە پوچ و پڕ لە ئەفسانەیەوەن. زۆر جاریش کە زانین و بەدواداچون و تێگەیشتنیان لەم ژیان و ڕەفتارە ئەفسوناویەیان ناگات بە ئامانج، کەچی هێشتا ئەمەش لای خەڵکە سادەکە دەبێت بە داینەمۆی بەردەوامی سەرسامبوونیان. بۆیە کاتێک خیانەتیش دەکەن، کاتێک فێڵی سیاسیش دەکەن، کاتێک سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگەش دەدزن، کاتێک هەموو ژیانی خەڵکی قۆرخ دەکەن، کاتێک سوێندی درۆش بە کەرامەت و شەرفیان دەخۆن، هێشتا ئەو مەعشوقە خۆشەویستەن کە پەی بە سیحریان نابرێت، ئەو ڕووبەرە پڕ لە نهێنیە نا ئاساییەن، کە مرۆڤی داماوی نەخوێندەوار، وا بیر دەکاتەوە، دیارە ئەمانە بەشەرگەلێکن، کە خواردنیان، خواردنەوەیان، چوونە سەر ئاودەستیان، خۆشتن و حەمامیان، جل لەبەرکردنیان، شاییان، شینیان، ئەبێت جیاوازبیت لە خەڵک، چونکە ئەگەر وا نەبێتت ناتوانن ببنە بەو حوکمڕانە بەهێزانەی کە ماڵەکانیان، ویستەگەکانیان، ئۆفیسەکانیان دەبن بە جێگە و شوێنی زیارەتی سەرۆکە گەورەکانی دنیا، ئەو سەرۆکانەی لە ڕۆژنامەوانیەکانیانەوە زۆر جار هێندە بە سەیر باسی خەرجی ڕۆژانە و سەفەرەکایان دەکرێت، کە جێگەی گاڵتەپێکردنە. ئاخر مەلیکی سعودیە کە سەفەر دەکات بۆ وڵاتێک، لە پێش سەفەرکردنەکەیەوە بە سەدان ملێون دۆلار بۆ نیشتەجێبوونی خەرج دەکرێت.

لەم ماوەیەدا شتی سەیر و سەمەرە باس کرا لەسەر ژیانی تایەبەتی ژنە لەچکبەسەرە ئیسلامییە لە خواترسەکەی هاوسەری ئەردۆغان، کە چایەک دەخواتەوە کیلۆی بە دوو هەزار یۆرۆیە. دیسان بە جۆرێک باسی ژیانە پڕ لە نهێنیەکەی پۆتین کرا، کە هەر بۆ گاڵتەپێکردن باشە، تەنانەت ئەو ئاودەستەی گووی تێ دەکات، لە ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ دروستکراوە. ئێ خۆ بە چاوی خۆشمان بینیمان، ئاودەست و حەمام و دەستشۆر و تفەنگ و دەمانچەکانی سەدام حسەین، لە ئاڵتوون دروستکرابوون.
کەسێکی نزیک لە کارەکترێکی(سیاسی)ەوە بۆی گێڕامەوە، کە ئەم کارەکتەرە سیاسیە، شەوانە ئەوەندە دەخوات، ئەوەندە دەخواتەوە، ئەوەندە دەکاتە کایەنی ورگێوە، هەموو شەو دەبێت دەست بکات بە سۆدە خواردنەوە تا دەڕشێتەوە و خواردن و خواردنە زیادەکە هەڵدێنێتەوە، یەع لەو ژیانە نهێنێە ناشیرین و دزێوە، کە لای خەڵکی سادە و ساکار بووە بە ئەفسانە و خەیاڵێکی قوول، چونکە پەنهان و نەزانراوە. هەر بۆ نوکتەش، ئەو کەسەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، خودی خۆی هێندە شەیدای ئەم زۆرخۆرە ناشیرینە ورگزلەیە، نەوەیەکی بە ناوی ئەوەوە ناوناوە. سەیرە! لەلایەکەوە گاڵتەی پێدەکات و لە لایکەوە شەیدایەیت.

بەڵام هەمان سیاسی و خاوەن بڕوانامە و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە و وڵاتانی پیشکەوتوو هیچ جۆرە نهێنیەکیان تیا نییە، سادە و ساکار وەک خەڵک دەژین، تەنانەت لە شارێکدا، لە قەزایەکدا، لە ناحێیەکدا، خەڵکی پێویستی بەوش نیە ناوی سەرۆکی یەکە ئیداریەکە بزانێت، چونکە هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیحراویان لە خۆیاندا دروست نەکردووە تا خەڵک بیانکات بە مەعشوق و عاشقی ژیان و نهێنیەکانیان بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیشیان لە دەرەوەی دەستور و سیستمی بەڕێوەربردن نییە، بە هیچ جۆرێکیش ناکەونە سەروو یاساوە، وەک هەرچ هاوڵاتیەکی دیکە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لە مەڕ خۆمان و وڵاتانی پڕ لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، حوکمڕانەکان وەک سەرۆکی خێڵ ناندەرن، هێزی ئابوورین، لە جیاتی یاسا و دەستور پارێزەری خەڵکن، ژیان و مردنی خەڵکیان بە دەستە، خاوەنی هێزی میلیشیایین، وەلێ لەوێندەر و لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی دیموکراتی حوکمڕانە نەک خێزانی خێڵەکی و سیاسی. بۆیە کاتێک کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، دەبێت ماڵی بگوێزێتەوە بۆ ئەو خانووە تایبەتەی بۆ هەرچ کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەشی تەواو دەبێت، دەست بەجێ بە گوێرەی یاسا بەجێی دەهێڵێت. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی وەزیرانی دانمارک پیشاندرا، کە چۆن بە دەستی خۆی گیای حەوشەکەی خۆی دەبڕێت.

جیهاد موحەمەد
٢٩/٠٧/٢٠١٩




بێ ڕۆح … پشکۆ ناکام

….جارێکیان لە شاخ ئامر مەفرەزەیەک ئیش و پلەی بەسەر پێشمەرگەکانا بەش ئەکا ، بە یەکێکیان ئەڵێ تۆ کادیری سیاسی ، بە یەکێکی تر: تۆ کادیری کۆمەڵایەتی ، پێشمەرگریەکیش بۆ کاروباری پارە و نەسریە(گەر هەبوایە..) ، و بەم جۆرە هەموو هەموو پێشمەرگەکان سەر و وەزیفەیەکیان لە بڕیار یانا بەرئەکەوێ جگە لە یەکێکیان کە هیچی بەر ناکەوێ بۆیە بە ئامر مەفرەزەکە ئەڵێ :ئەی من ؟ ئەویش ئەڵێ تۆ !! تۆ ..ڕۆحەکەی….!! ئەم یادگارییە کە وەک پەندی لێهاتوە، ڕێک وەک حاڵی نا حاڵی ئەمڕۆی هەرێمە وێرانەکەمانە ، هەر حیزب و گروپێک بۆ خۆیان لەسەر سفرەی دەسەڵات خەریکی مڵچە مڵچی خواردنی قوت و داهاتی خەڵکن ، کە میللەتیش ئەپرسێ ئەی بەشن لە بەشی خۆم کوا ؟
هەموو بە تەوازەعەوە ئەڵێن ،قوربان تۆ ڕۆحەکەی !! ئێمە لە پێناوی تۆی ڕۆح دەیان ساڵ خەباتمان کرد و مانان بەیەکا و لافاوی خوێنمان ڕژا وموحیطی فرمێسکمان ڕشت هەر لە پێناو تۆ ، چ گەورەییەکە کە پێت ئەڵێین(ڕۆحەکەی)…ئەوەتا لە پێناو تۆیا هەر خەریکی سواڵ کردنین تا تۆی ” ڕۆح” خۆشگوزەران بیت ، ئەوەنەمان سواڵ کردوە هەرێم بیست سی ملیاردێک دۆلار قەرزارە ، نەک نەوت و گازو ئاوی تانکی سەربانەکان و گازی ئەمۆنیای سەلاجەکان و دوکان و دەربەنی خانیش وەک ” بێخمە ” بفرۆشین هەر نایەینەوە مایە .. ئەوەتا لەبەر تۆی ڕۆح نەوت بە “بەغا”ش نایەین و پیاویشمان ئەوێ قسە بکا..چیە ..چی ئەبێ با ببێ ،،ئەوپەڕی چەن ساڵێکی تریش ” قەیرانی دارایی” ڕوومان تێ ئەکا گرنگ ئەوەیە” ڕۆحەکە” راهاتوە لەسەر بێ معاشی ودزەکەوت/پاشەکەوت وخۆپیشانانی هەڵپەڕکێ ئاسا…

دەسەڵات کە میللەتی کردوە بە ڕۆحەکەیدەرەوەی سفرەکە، ئەوەنە بەتەنگ ئەمن و ئومان و سەلامەتی ڕۆحەکەوەیە پێی ئەڵێ : سەیرکە بۆ پاراستنی تۆی ڕۆح وخزمە ڕۆحەکانت سوپای دراوسێکانیشمان هێناوەتە هەرێم و ئەو چۆنی بوێ وا ئەتان پارێزین، هیچ رۆحێک لەمە نازدارتر هەیە..! ……

بۆ نەگبەتی ڕۆحەکە ، ئێستا وا لە بەینی بەرداشی جووت! ئامۆزا و جا ئەیان لەولاوە بەناوی سەرۆکی ! هەرێمەوە و ئەمیان لێرەوە بەناوی سەرۆکی ! حکومەت و سەرۆکی بنەماڵەش لەو بەینەیا سێ چوکڵەیاکیان وەک ” المنطقة المحرمة” دروست کردوە کە وا ئەکا ڕۆحەکە بە دەفتەر نفوسی ” رۆحایەتی” دەربازبوونی نەبێ..گەر رۆحەکە گلەیەکیش لەوەزعی خۆی بکا ، دەسەڵات یەکسەر جوملە حازرکراوەکانی بەرە و ڕوو ئەکەنەوە : یانی تۆ حەشدی شەعبیت لە دەسەڵاتی کوردی پێ باشترە ؟ یانی تۆ برنجی سەدریت لە برنجی کوردی پێ خۆشترە؟ یانی تۆ حەز ناکەی دەوڵەتی کوردی پێک بێت!! ووتمان تۆ ڕۆحەکەی بەڵام ئەبێ رۆحێکی ئاقڵ و گوێ ڕایەڵ و لە سیاسەت بزابی ، بزانی تاکتیکی برسی کردن و ستراتیجی دزین و دەسەڵاتی” دیمۆ- پاشا “واتا دیموکرسی پاشایەتی تێ بگەیت ڕۆحە خۆشەویستەکە….

كاتێک رۆحەکەی گەشتە لووتی لە داخا ویستی خۆی بکوژێ هەر هەموو بەشدارانی سفرەکە بەپەلە پروسكێ پەلاماریان یا و نەیان هێشت خۆی بکوژێ، ووتیان: بۆت نیە خۆت بکوژی ..چونکە سفرەکەمان بە ناوی تۆوەوە وەرگرتوە و تاپۆکەشی هەر بەناوی رۆحەکەوەیە ، هەر بەناوی تۆیە هەر رۆژەی بەشێکی لێ هەڵئەگرین بۆ موستەقبەل ، چی بکەین مناڵمان ووردە ! لەبەر ئەوە تۆ رۆحەکەی دەسڵات مافی خۆکوشتن و لە دونیا دەرچونت نیەچونکە کە تۆ نەبی بەناوی کێوە ئەم سفرەیە کۆمان ئەکاتەوە ؟ بوونی تۆی ڕۆح زەرورییە بۆ وەرگرتنی مەسروفاتی سفرەکەما ، خۆشت ئەزانی چ گرانیەک وا لە ئارایا..
ڕۆحەکەش ڕووی کردە ئاسمان و ووتی : خودایە من “ڕۆح “م ، ئەمە وەزعمە ، ئاخۆ” بێ ” ڕۆحەکان چۆن بن…………………………….




زۆر …. نەوزاد بەندی

پینەچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند جووت پێڵاو دڕا بێ ..؟
پیاوکوژ ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند کەس کوژرا بێ ؟
بەلوعە چی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند بەلوعە شکابێ ؟؟
کەبابچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند شیش کەباب خورابێ ؟
کەیبانوو ئەڵێ :
ُئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند مەنجەڵ دەم کرابێ ؟
یاریزان ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند شەق لە تۆپ درا بێ ؟
چایچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند پیاڵە چا تێکرابێ ؟؟
عەشق ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند دڵ شکابێ ؟
سیاسی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند فێڵ و فڕ کرابێ ؟
چەند پارە و ماڵ دزرا بێ ؟
چەند پەیمان شکێنرا بێ ؟
چەند بێ تاوان فڕێنرابێ ؟
چەند بێ ئاگا کوژرابێ ؟
چەند بێ تاوان زیندان کرابێ ؟
چەند ڕاستی شێوێنرا بێ ؟
چەند زوڵم و زۆر کرابێ ؟
چەند پەیماننامەی نهێنی مۆر کرابێ ؟
چەند پیلان گێڕرا بێ ؟
چەند ڕۆڵی شانۆیی گێڕا بێ ؟
چەند چاڵ و مین دانرابێ ؟
چەند جەنگ بە ناحەق هەڵگیرسا بێ ؟
چەند سیاسی دواجار ڕیسوا کرابێ ؟

وەڵامی هەموویشیان یەک وشەیە :
( زۆر )!!
nawzad bandy