سلێمانیی، پایتەختی جەهلی کوردایەتیی … کامیار سابیر

ئەم نووسیینە، دوو رەهەندی سیاسیی و ئابووریی لەسەر میکانیزمەکانی ئەو مۆتیڤە سیاسییەی لە سلێمانییدا، بە درێژایی صەدەیەک هەیە، لە خۆ دەگرێ. لایەنە سیاسییەکەی، جەخت لە گوتارە شاعیریی، حەماسیی و نەتەوەییەکەی ئەم شارە و نوخبە سیاسییەکانی دەکات، لە روئیە و بییرکردنەوەیان ورد دەبێتەوە. رەهەندە ئابوورییەکەیشی لەسەر ئەو کاولبووەیە کە پێی دەگوترێ مەترسییەکانی دەوڵەتی رەیعیی، ئەو پرۆژە رەیعییەی سلێمانیی داغان کردووە و هاوکات جوقەی لە حیزبەکانی سلێمانیی و نوخبەکانیشی بڕییوە و لە هەموو دۆخێکدا، لە جوغزی سیاسیی و ئابوورییەوە، بە تایبەتیی لە نیو صەدەی رابردوودا، بەردەوام، کاژی نوێیان فڕێ داوە، بەڵام هەمیشە هەر سوخرەکێشی مەرجەعی عولیای کوردایەتیی و بنەماڵەی بارزانیی بوونە. بە واتایەکی تر، سلێمانیی لە ماوەی یەک صەدەی رابردوودا بە گشتیی و نییو صەدەی رابردوودا بە تایبەتیی، نەیتوانیوە لە ئەکتە مورتەزیقەییەکەی شێخ مەحمود و لە خورافاتی کوردایەتییە بابانیی-موکریانیی- سلێمانیی و بارزانییەکە، نەک هەر دوو بکەوێتەوە، بەڵکو بەهۆی خورافاتی نەژادیی و نەتەوەییەوە، لەسەرچۆک بۆ ئەجێندا موخابەراتییەکانی پارتیی و ماڵی بارزانیی، یەک لەسەر یەک دەکەوێت و هەمیشەیش بە خوزیعبەلاتی ئەوەی کە سلێمانیی پایتەختی جەهلی کوردایەتییە، بریینە کولاوەکانی خۆی ساڕێژ دەکاتەوە و بە کردەوەش، خزمەت بە بارزگانییە سیاسییەکەی مەرجەعی کوردایەتیی دەکات.

دوای فیاسکۆی گۆڕان، بە پانیی و بە درێژیی، فەشەلی ئەم بزوتنەوە سیاسییە، جارێکی تر فەشەلی ئەو خورافات و موناجاتەیە کە سلێمانیی بە پایتەختی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی ئۆریجناڵ دەزانێ. فەشەلی سیاسیی گۆڕان، فەشەلی گوتاری کوردایەتییە ئەفەندییەکەیە کە کوردایەتییەکەی پارتیی پێ موزەیەف بوو، ئەوەی خۆی پێ ئۆریجناڵ بوو. فەشەلی سیاسیی گۆڕان، لە یەک رستەدا، ئەوە بوو کە خاوەنی گوتارێکی سیاسیی جودا نەبوو لە گوتارە زاڵەکەی پارتیی کە فاشیزمی کوردایەتییە. ٨٠ ساڵە ئەم کوردایەتییە بێ فۆرم و بێ ناوەڕۆکە، ئەم کوردایەتییە بێ تێکست، بێ روئییە و بێ پرەنسیپە، کاژ لەسەر کاژ هەڵدەدات و زۆربەی هەرە زۆری جارەکانیش، کاژەکان لە نوخبە!کانی سلێمانییەوە بووە، چونکە خۆیان بە پادشای عەرشی کەلاوەی کوردایەتیی زانییوە. غەمخۆریی و پەرۆشیی بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم، وای لێهاتووە تەنیا لە سلێمانیی و گەرمیانەوە، بییر لە دروستکردنی حیزبێکی تر بکرێتەوە. لە سییەکان و چلەکانەوە بۆ حەفتاکان و هەشتاکان، هەر سلێمانیی، رائیدی تەمەڕودەکان و حیزبە سیاسییەکان بووە. هاوکات بە درێژایی ٢٨ ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی، هەر حیزبێک لە ناوچەکانی پارتیی دروست بووبێت، قیادییەکانی یان تێرۆر کراون و راوەدوو نراون، یاخود، بۆ هەڵمژیینی ناڕەزایەتییەکان، حیزبی دەستکردی خۆیان بووە. لە ناوچەکانی یەکێتیی کەمێک دۆخەکە جیاوازتر بووە، ژینگە سیاسیی و کولتوورییەکەی رێگەی بە دروستبوونی حیزب داوە، بەڵام بە دەستێوەردان و زەرعکردنی توخمەکانی خۆیان، هەوڵیانداوە، ئیحتیوای حیزبەکە بکەن.

گرفتی سلێمانیی و حیزبی سیاسیی
تەمەنی سلێمانیی پتر لە دوو صەد ساڵە، ئەم تەمەنە بۆ شار، بە هەردوو مەفهومی شاری (دێریین و مۆدێرن)، تەمەنێکی زۆر کەمە، بەڵام سلێمانیی باجی ئەم لاساریی و سەرکێشییانەی، لە صەد ساڵی رابردوودا، زۆر بە قورسیی داوە. زۆریینەی جارەکان، بە وێرانکردن و بۆردمانکردنی شارەکە، بە زیانی سیاسیی و ئابووریی شارەکە، شکاوەتەوە. لە دروستبوونی عێراقدا کە بریتانییەکان ویلایەتی موصڵیان بە عێراقی دوو ویلایەتەکەی ترەوە( بەصرە و بەغداد)ەوە لکاند(Annexed)، جا بۆ باڵانسی سیاسیی و جیۆگرافیی بووبێت یان، بەهۆی دۆزیینەوەی نەوت و سامانی سروشتییەوە بووبێت، ئەوە شارۆچکەکانی ئەوکاتی ویلایەتی موصڵ، بەتایبەتیی ناوچەکانی ئێستای کەرکوک، هەولێر، دهۆک( ئەوکات، ئاکرێ شارۆچکەیەکی گەورە بوو)…تاد، عەقڵانییتر بوون لە شارۆچکەی ئەوکاتی سلێمانیی و دوای تەقوتۆقەکانی شێخ مەحمود نەکەوتن کە مۆتیڤی ئاغاواتیی، ملهوڕیی،عەمالەت، دیینیی و طائیفیی( بە ستاندەردی ئەو سەردەمە) لەپشت تەمەڕودە ناعەقڵانییەکەیەوە بوو.

تەنانەت ناوچەکانی کەرکوکیش، لە سلێمانیی باشتر بوون و باوەڕیان بە شێخ و ستەمکارێکی کورد نەکرد کە بە حەنینی پاشماوەی عوثمانییەکان، کاری پرۆکسیی بۆ ئەجێنداکانی ئیتحیاد و تەرەقیی ناسیۆنالیستە تورکەکان دەکرد. دروستتر بگوترێ ناسیۆنالیزمی دیینیی و عوثمانیی، دژ بە کافرانی ئینگلیز، هاندەری سەرەکیی ئەو حەماقەتە سیاسییەی شێخ بوون. سەرەنجام، شێخ و بزوتنەوەکەی کە مەئمورییەتیان بۆ تورکیای نوێ دەکرد، بەڵام بە ڤێرژنی عوثمانییەکان، بە بیانووی ئەوەی کورد ئەندامێکە لە میللەتانی ئیمپراتۆریای عوثمانیی و دەبێ لە کوفری بریتانیای عوظما و وڵاتە دەستکردەکەیان( عێراق) بە دوور بێت، سەری سلێمانیی لە قوڕێک نا کە تا ئێستایش ئەو پەراوێزخستنە وئەو سەر لە قوڕنان و دابڕانە سیاسییەی سلێمانیی بە عێراق و بە هاوکێشە ئیقلیمییەکانەوە هەیەتی، درێژەی هەیە. وێرانەکە لەوەدایە لەوساوە تا ئێستا، بەشی هەرە زۆری مونەوەرەکانی سلێمانیی و سیاسییە لۆکاڵییەکانی سلێمانیی، قاچ لەو ئاوە دەخشێنن کە شێخێک رشتی، پێوەندیی بە تورکیاوە، عەمالەتێکی ئیقلیمیی بوو کە نەخشەی بریتانییەکان، تێک بدات. شێخێکی خەڵەفاو( خەرەفاو) کە دوای خورافەی گەڕاندنەوەی خەلافەتی عوثمانیی کەوتبوو. تەنانەت هەندێ لە سیاسییە موحەلییەکانی سلێمانیی، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر خورافە و وەهمی بارزانییدا، شتێک هەبێت شانازیی پێوە بکەن، شێخ قوت دەکەنەوە، بۆ باڵانسڕاگرتنی سلێمانیی لە هەمبەر حوکمی مافیاکانی کوردایەتیی لە هەولێر.

لەگەڵ فۆرمۆڵەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە رووی سیاسییەوە، دوای ئەوەی لە دووتوێی شیعری کوردییەوە( لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ حاجی قادری کۆیی) وەکو تێکستی ئەدەبیی فۆرمەلە بووبوو، نوخبەکانی سلێمانیی، سەرمەشقی ئەم نەتەوەییبوونە بوون لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی سەردەمدا، لە شێخ مەحمودەوە بۆ حیزبی هیوا، بۆ کاژیک تا بە پاسۆک دەگات، لە کوردستانی ئێرانەوە کە ژێکاف بناغەی زیهنیی فۆرمۆڵەبوونی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان( لەسەر داوای ستالینستەکان) و کۆماری کوردستان بوو تا بە دامەزراندنی پارتیی دێمۆکراتی کورد لە کوردستانی عێراق دەگات، زۆریینەی رەهایان، نەژادییە توندڕۆکان و قەومییەکانی سلێمانیی و دەوروبەری بوون. تەنانەت، براهیم ئەحمەد بە حەماسی نەتەوەیی سابڵاغ و کۆمارەکەی، لە سلێمانییەوە لقی ئەو حیزبەی کوردستانی ئێرانی، کردبووەوە و دواتریش باراشی کوردایەتییەکەی، بە کەر و کورتانەوە، تەسلیمی رەئیس عەشیرەتێکی وەکو مەلا موصطەفا کرد.
مونەوەرە سیاسییەکانی چلەکان و پەنجاکانی سلێمانیی، پارتییان ئەوەندە بە حەماسی نەتەوەیی و لاساییکردنەوە دروستکرد، وەکو ئەوەی سلێمانیی، نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات! بەڵام نوخبەکانی لەباری سیاسیی و فیکرییەوە، لەباری کۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەوە، ئەوەندە تێکشکاو و لاواز بوون، حیزبیان بە قیادە و قاعیدەوە، بە شیعر و گەزۆوە، تەسلیمی مەلا موصطەفایەکی ئاوارە و دواتر گەڕاوەی سۆڤێت کرد کە جگە لە دارجگەرە و قسەی مەجلیسی عەشایەریی، شتێکی تری لە سیاسەت، لە فیکری سیاسیی و دیپلۆماسییەت نەدەزانی. بە کورتییەکەی لە شێخ مەحمودەوە، بۆ هەمزە عەبدوڵا، بۆ برایم ئەحمەد، بۆ تاڵەبانیی و کوڕو برازاکانی، تا بە نەوشیروان موصطەفا و کوڕە قاروونەکانی دەگات، هەموویان رۆڵیان بیینی لە سوخرەکێشیی سلێمانیی، بۆ بنەماڵەی بارزانیی و هەژموونە سیاسییەکەیان و ئێستا هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحە صەدان میلیارد دۆلارییەکەیشی هاتووەتە سەر.

پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان- عێراق/ پارتیی، بە سەرۆکایەتیی موصطەفا بارزانیی تا بە ئێستا دەگات، توانیویەتی تەواوی ئەو قەومچییەتییەی سلێمانیی شانازیی پێوە دەکات لە شێخ مەحمودەوە بۆ ٢٠١٩، هەمووی نەک هەڵمژێ و لە خۆی بگرێ، بەڵکو هەموو ئەو حیزبانەی ئیدیعای کوردایەتیی و دروشمی نەتەوەیی دەکەن، بە تایبەتیی ئەوانەی دەڵێن” سلێمانیی پایتەختی حەماقەتی کوردایەتییە”، هەموویان لە ئەجێنداکانی پارتیی نەک هەر تێناپەڕن، بەڵكو هەموویان دەڕژێنەوە ناو مەرجەعی بارەگاکەی بارزانیی و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەجێنداکانی ماڵی بارزانیی پێش دەخەن. ئێستایش بەشێک لە کۆنە ئاشەکان( ئاڵای شۆڕش)، کۆنە شیوعیی و کۆنە چەپەکان، لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە قیادییە سۆشیاڵ دێمۆکراتەکانی یەکێتیی، کۆنە کۆمەڵەکان و قیادەی ئێستای گۆڕان، وێڕای بەشێکی بەریین لە ئیسلامییەکان و هەندێ لە کۆمیونیستە لۆکاڵیی و نەژادییەکان، بە دەنگ و بە رەنگ، لە هەوڵی دروستکردنی خورافەی ئەنجوومەنێکی سیاسییدان کە جێگە و رێگەیەکی سیاسیی و دیپلۆماسیی بۆ پییرەپیاوێکی وەکو بارزانیی بدۆزنەوە و بەهۆی حەشیشی کوردایەتیی و بیزنسی میلیارد دۆلارییەوە، چۆن خۆیان تەخدیر بوونە، دەیانەوێ رای گشتییش تەخدیر بکەن و خەڵک بۆ تەپکەکانی پارتیی و ماڵی بارزانیی، راو بکەن. ئەمانەی ئەم جۆرە جێنتڵمانییە سیاسییە دەکەن، زۆربەی هەرە زۆریان، خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەری سلێمانیین.

سلێمانیی، بەراوردی دۆخە کولتووریی و سیاسییەکەی بکەیت بە شارەکانی کوردستان لە پارچەکانی تر، لە رووی سیاسیی، کولتووریی و مێژووییەوە، لاسایی شارێکی وەکو سابڵاغی کردووەتەوە و لەوێوە، فۆرمی حیزبی سیاسیی هێناوەتەوە. لە کاتێکدا، سابڵاغ لە چاو سلێمانییدا، دەبووایە وەکو کوێرەدێیەک حیساب بکرایە. بە پێچەوانەوە، کولتووری سیاسیی سنە کە لە کوردستانی ئێرانیشدایە، هەمیشە ناوچەکانی موکریانی وەکو شوێنی ئاغا و دەرەبەگ، شوێنی تفەنگچیی و رەدوو کەوتنی سیاسەتی ئیقلیمیی( چاولێکاریی کۆماری کوردستان بۆ کۆماری ئاذەربایجان) ناوزەد کردووە. هەر ئەم ناسیۆنالیزمە سابڵاغیی و موکریانییەشە لە مێنتاڵیتیی کوردایەتییەکەی مونەوەرە سیاسییەکانی سلێمانییدا، بە بابانیزم و پایتەختی جەهلی کوردایەتیی، بۆ ماڵی بارزانیی مۆبەڵایز کراوە و ئەوانیش بە ئەوجی سیاسیی خۆیان گەیاندووە و بیزنسی گەورەی وەکو ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی هەرێمیان رۆناوە. بەشێک لە مێنتاڵیتیی و غروری ئەم ناسیۆنالیزمە بابانیی و موکریانییەی لە سلێمانییدایە، پێیانوایە کە هەولێر لە باری سیاسیی و کولتوورییەوە، بە تایبەتییش لە فیکری سیاسییدا، زۆر لە دوای سلێمانییەوەیە! لە واقیعدا، بە درێژایی یەک قەڕن، هەولێر عەقڵانییتر و واقیعییتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخە سیاسییە جیاوازەکاندا کردووە و ئەم کونە بایە و ئەم جەهل و رەشۆکییە، ئەم کونە فشەیەی کوردایەتیی، هەر پیرۆزی نەتەوەیی و نەژادییەکانی سلێمانیی بێت. تەنانەت، قامیشلۆ، ئامەد و کرماشانیش کە شاری گەورەی کوردستانەکانی ترن، زۆر عەقڵانییتر لە نوخبە سیاسییە هەرزەکارەکانی سلێمانیی، لە رۆشنبییرە! مونەوەرە شیعربازەکانی سلێمانیی و ئەکادیمییە نەتەوەپەرستە بەتاڵەکانی سلێمانیی، بییریان کردووەتەوە.

ئەمانە بۆ دونیای عەرەبییش، هەمان حەقیقەتی مێژوویی و سیاسیی، جێکەوت دەکرێن. سلێمانیی بۆ کوردایەتیی رۆڵی موصڵ، دیمەشق و قاهیرەی، بۆ عوروبە بیینییوە. ئەو شارە عەرەبییانەی لە قەڕنی رابردوو و سەرەتای ئەم قەڕنەشدا خۆیان بە ئەسپی طەروادەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی زانییوە و دەزانن، بە راورد بە شارە عەرەبییەکانی تر، زۆر وێرانن و بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم شارانە، بۆیان بکرێ، نیشتمان و خاک و ئوممەی عەرەبییش بەجێدەهڵێن و بە دوای ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و ئاسوودەییدا دەگەڕێن. ئەمە بۆ سلێمانییش هەروایە و هەر ئەمەیشە کە زۆرتریین رەوەندی کۆچکردووی کورد لە سەرتاسەری کوردستانەکان و شارەکانی کوردستان، خەڵکی سلێمانیی زۆرتریین رێژەیان لە وڵاتەکانی رۆژئاوان و بە دوای ژیانێکی باشتردا( دوور لە حەماقەت و کەرەکەری پایتەختی کوردایەتیی)، سەری خۆیان هەڵگرتووە.
لە باری سیاسیی و مێژووییەوە، مێژووی صەد ساڵی سلێمانیی بەگشتیی و پەنجا ساڵی رابردوو بە تایبەتیی، نەک هەر سامپڵێکی باشی ئەو دۆخە سیاسیی و کولتوورییەی سلێمانیی بەیان دەکات، بەڵکو هەرکەسێکی عەقڵانیی و واقیعیی خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەرەکەی بێت، دەبێ لەوە تێبگات، ئەم دەمار رەپبوونە نەتەوەیی و نەژادییەی سلێمانیی، جگە لە وێرانبوون، بەرکەناربوون و پەراوێزخستنی سلێمانیی، چیی شتێکی باشی بۆ خەڵكی کوردستان بەگشتیی و بۆ خەڵکی سلێمانیی بە تایبەتیی هەبووە؟ ئایا پاداشتی ئەو هەموو قوربانییەی خەڵکی سلێمانیی لە مێژووی صەد ساڵی ناسیۆنالیزمی پرێمیتیڤەوە بۆ ناسیۆنالیزمە موکریانیی، شێخنشیینیی و عەشیرەتییەکەی کوردایەتیی، لە دروستبوونی عێراقەوە بۆ وەهمی ئەحمەقانەی دەوڵەتە کوردییەکەی بارزانیی و ئینتیحارە سیاسییە موراهیقانەکەی ریفراندۆم، ئەوەیە کە سلێمانیی بەم دەردە ببرێت کە براوە؟

درێژەی هەیە…

کامیار سابیر




هەمیشە لە سێبەردا … هۆمەر نۆریاوی

نێوەڕاستی هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)بوو کە یەکەمین بەرهەمی شیعریی “فەرید زامدار”م بەردەست کەوت. ئەم بەرهەمە شیعرییە،هیچ ناونیشانێکی لەسەر نەبوو هەر بۆیە بە دەفتەرە شیعری “بێ ناونیشان”ناوی دەرکرد و ساڵی 1990 بڵاو بووەوە. ئەو سەردەمە نازانم هۆکار چبوو ئەوەندە سەوداسەری خوێندنەوەی شیعری نوێ بووم. شتێک لە دەروونەوە بەردەوام هانی دەدام پتر بە نێو ئەو دنیا خەیاڵاوییەدا ڕۆ بچم. ڕەنگبێت وشە و چەمک و دەستەواژە نوێباوەکانی لای فەرید زامدار کە لە ناخێکی پاکژەوە هەڵدەقوڵان،یەک لە هۆکارەکانی ئەم پرسە بووبێت.
هەر لە نێو ئەو بەرهەمە شیعرییەدا،فەرید زامدار خاوەنی جیهانێکی شیعریی تایبەت بە خۆ بوو. کەمتر لە دووی لاساییکردنەوە بوو و هەردەم بیری لە داهێنان و نوێگەری دەکردەوە. دیارە نغرۆبوونی ئەم شاعیرە لە نێو دنیای ڕەنگدا ئەوەندەی دی لەسەر قووڵبوونەوەی لە نێو شیعردا دەوری بینیوە. ئەرچی شیعری فەرید زامدار،هەر لە هەمان سەرەتای نووسینەوە،مۆرکی خۆی پێوە دەبێت و کاتێک ڕوو لە نووسین دەکات،تیف تیفەی ڕۆح دەدات. بۆیە بۆ خۆی دەنووسێت:”نووسین،شێوەیەکە لە شێوەکانی کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح،تا حاڵەتی ڕووحیانەی شیعر پێنەگا و دروست نەبێ،شاعیری ڕەسەنیش دروست نابێ”.

هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە کە فەرید زامدار ئاماژەی پێ دەدات واتە”کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح”لە شیعری ئێستادا کەمتر دەور دەبینێت هەر بۆیە مەودایەک کەوتووەتە نێوان شیعر و بەردەنگ و هەتا دێت خوێنەری شیعر کەم دەبێتەوە. هەڵبەت شیعری هەنووکە بەدەست گەلێک ئارێشەوە دەناڵێنێت کە دیارە ئەم پرسە پێویستی بە خەسارناسیی هەیە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی گەرەکە. لەم ئاشووفتە بازاڕەی شیعردا پڕ ڕوونە کە خراپ دەکارگرتنی تەکنۆلۆژیایش دەور دەگێڕێت.شیعری ئێستا سەنگە ئەدەبییەکەی دابەزیوە و ئەمەیش لای کەس[توێژەر و ڕەخنەگری ئەدەبییەوە]حاشا و نکۆڵی لێوە ناکرێت.

فەرید زامدار هەروەها دەڵێ:”ئەو کاتانەی کە دەنووسم،بیر ناکەمەوە بەڵام ئەو کاتانەی کە نانووسم بیر دەکەمەوە”. خوێنەر و تۆرەوانی ئێستا پێویستە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحە ئەدەبییەکەی،پشت بە ئەزموونی ڕابردووی شیعری کوردی ببەستێت و تەنێ دووی ئەزموونە تاکەکەسییەکەی خۆی نەکەوێت.

فەرید زامدار ،بەر لەوەی نووسەر و شاعیرێکی وردبین بێت،خوێنەرێکی وشیار و وریایە و هەرگیز لە خۆ نامۆ نابێت؛بۆیە خۆی دەڵێت:”لە بێئاگاییم بە هەموو زمانە جیا جیاکانی جیهان بیر دەکەمەوە بەڵام دەربڕینم کوردییە”.
پێنووس لای ئەم نووسەر و شاعیرە کوردە ئەوەندە خودان سەنگە کە دەنووسێت:”قەڵەم نیشتمانە،لە هەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێک بشکێ،منیش دەشکێم،قەڵەمێک زیندانی بکرێ،منیش لەوێم،قەڵەمێک ڕاو بندرێ،منیش ڕاو دەنرێم،قەڵەمێک ئازار بدرێ،ژانەکەی دەگاتە ڕووحی منیش،قەڵەمێک داگیر بکرێ،منیش داگیر دەکرێم،لە هەر کوێیەک قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکا ،دەچمە ئەوێ،….. هەموو قەڵەمە خێرخوازەکانی دنیا بە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆم دەزانم و هەموو نووسینە هونەریی و دا‌هێنانە ئەدەبییەکانی جیهانیش بە هی خۆم دەبینم..،لە هەر کوێیەک قەڵەمێک ئازاد ببێ،منیش ئازاد دەبم”.

فەرید زامدار بە شاعیرێکی داهێنەری نێو ڕووبەری شیعری هاوچەرخی کوردی دادەنرێت کە بە زمانێکی جوایەز دەنووسێت و شیعر دەدوێنێت. ئەوەتانێ بۆ خۆی دەڵێ:”ئەوەندەی باوەڕم بە سەلیقەی زمان و سەلیقەی ڕووحیانەی وشە و سەلیقەی مۆسیقایی خۆڕسکی شیعری هەیە… ئەوەندە باوەڕم بە ڕێزمان و زانستی زمان نییە”.

ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە لەسەر شێعر و شاعیر بۆ ئێستایش هەر نوێ دەنوێنن؛تەمەنی ئەم پەیڤانەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 ساڵ پێش نها کەچی بۆ هەنووکەیش هەر تازەن. بۆ خۆی دەڵێ:”شاعیری بەهرەمەند،زمانناس و جوانناس و بەهرەناس و هونەرناسێکی خۆڕسکە،شاعیر، زمان دەنووسێ نەک زمانەکە شاعیرەکە بنووسێ،مەبەستیشم لەوە شێواندنی زمان نییە،بەڵکوو تێکشکاندنێکی بابەتیانەی زمانەکەیە بۆ دروستکردنی زمانێکی ئەدەبیی سەربەخۆ و….”
یەکێکی دی لە تایبەتمەندییەکانی شیعری فەرید زامدار ئەوەیە کە شێوە و فۆرم بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. ئەم شاعیرە ئەرچی گرنگییەکی تایبەت بە پەیڤ و شێوازی دەکارهێنانی وشە دەدات و هەرگیز وەک شێوەی باو،وشە دەکار ناهێنێت لێ،بە تەنیا ئاوازی نێو شیعری لا مەبەست نییە و بیرکردنەوە لە کردەی وشەیشی لا زۆر گرینگە. بۆ خۆی دەڵێ:”بە تەنیا بیر لە مۆسیقای وشە ناکەمەوە بەڵکوو بیر لە کرداری وشەکەش دەکەمەوە”.

خاڵێکی دی کە شیعری فەرید زامدار لە شاعیرانی دی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جوگرافیای شیعری ئەم هۆزانە خۆی بە دەڤەرێکی دیار و تایبەتەوە نابەستێتەوە و وەک چلۆن ئازادانە تێدەفکرێت،بۆ شیعریش هەمان ڕوانگەی هەیە. هەر سەبارەت بەم پرسە دەڵێ:”نەمامی شیعر لە ناوچەیەک دەچێندرێ و لە ناوچەیەکی دی شین دەبێ و لە ناوچەیەکی دیکەش دەدووروێتەوە”.
بە پێچەوانەی ژمارەیەک شاعیر کە هەمیشە چەند پلەیەک خۆ لە خەڵکانی دی بە بانتر دادەنێن،فەرید زامدار تەنێ شاعیر بە جوایەزتر دەزانێت و قەت تووشی لەخۆباییبوون نابێت. بۆ خۆی لەم بارەوە دەڵێ:”شاعیر لە خەڵکی ئاسایی گەورەتر و مەزنتر نییە بەڵکوو جیاوازترە”.

فەرید زامدار هەر دوابەدوای شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس،عەبدوڵڵا پەشێو،لەتیف هەڵمەت،ڕەفیق سابیر و … دووی ڕەوتی نوێکردنەوەی ئەدەب خاسما شیعری کوردی دەکەوێت و لەم بوارەیشدا گەلێک بەرهەمی ڕەنگاڵەیی بە ڕووبەری شیعری کوردی دەبەخشێت. عوسمان شەیدا،سەعدوڵڵا پەرۆش،کەریم دەشتی،موحسین ئاوارە،ئەنوەر قادرمحەممەد،فەرهاد شاکەلی،ئیسماعیل محەممەد،جەلال مەلەکشا و گەلێک شاعیری دی،لە هاوڕێ و شاعیرە هاوچاخەکانی ئەم شاعیرە نوێخوازە دێنە ئەژمار کە دواتر ئەم ڕەوتی تازەبوونەوەیەی نێو شیعری کوردی لە ڕێی کەسانی وەک دلاوەر قەرەداغی،ئیسماعیل خورماڵی،هیوا قادر،بەختیار عەلی،مەهاباد قەرەداغی،مارف ئاغایی،قاسم موئەییدزادە(هەڵۆ)،یوونس ڕەزایی،کەژاڵ ئەحمەد و هتدەوە بەردەوام دەبێت.
بۆ وتن دەشێت کە “فەرید بەکرئەییووب” ناسراو بە “فەرید زامدار”ساڵی 1952(1331ی هەتاوی)لە هەولێر لەدایک بووە و سەرەنجامیش ئەم شاعیر،پێشمەرگە،ڕۆژنامەوان و شێوەکارە ناسراوەی کورد،ڕۆژی 21ی جۆلای 2019 (30ی پووشپەڕی 2719)لە تەمەنی 67 ساڵیدا ئاخی کوردستان بۆ هەمیشە دەبێتە دوا مەکۆی و تێیدا ستار دەگرێت.
فەرید زامدار بە نێو سێبەردا هاتە نێو مەیدانی هەراوی شیعر و هەر لە نێو نسێی شیعریشدا ئۆقرەی گرت. سەرەتا و هەتا هەنووکەیش من،فەرید زامدار زێتر لە ڕێی شیعرەوە دەناسم ئەرچی شێوەکار،ڕاگەیانکار و ڕۆژنامەوانێکی دیاری نێو کوردیش بوو.

بەرهەمە شیعرییەکانی فەرید زامدار بریتین لە:
برووسکەی هەوری مەبەستێک،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی شیمال،کەرکووک،1973
ژوانی سێبەر،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی جمهوور،موسڵ،1970
ماکرۆکۆسم(گەورەترین جیهان)،شیعر،چاپی یەکەم،1996
میکرۆکۆسم(بچووکترین جیهان)،چاپی یەکەم،1996
ستێکس،وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،چاپخانەی قەڵا،سلێمانی،1997
Toho،لە شەوی یەک دەققەییدا،چاپی یەکەم،سلێمانی،1999
مردنی ئەندازەیی پەنجە شێتەکانی شەیتان،چاپی یەکەم،سلێمانی،2001
ئەنیمامۆندی،چاپی یەکەم،سلێمانی،2006
شەڕی وشەکان و نیو نوقتە لە ژێر نیودا،بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،سلێمانی،2007
مردنی بازنەیی،لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی نما،چاپی یەکەم،چاپخانەی شەهاب،هەولێر،2012
بارانی چل شەوە،بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ڕێ و نووسەری ڕێ، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ناوچەیەک لە ژوورە دزراوەکە، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئیمزایەکی بزر بە قەڵەمی شاعیرێک، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دوایین ئێوارەخوان، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئۆکتافیا،پێکە خوداییەکانی لاتەریکی، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
گەردوون لە پیلانێکی شیعریدا، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دەریاچەی ئاگر، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
(….)
بەر لەوەی ئێوە بمکوژن
من دەمێکە خۆم کوشتووە
بەر لەوەی ئێوە بمنێژن
من دەمێکە خۆم ناشتووە
بەر لەوە ڕوانینم بدزن
من دەمێکە چاوەکانم داخستووە
بەر لەوەی ئێوە پێم بڵێن
سەردەمێکە
من خۆم بە خۆمم وتووە
بەر لەوەی ئێوە پارچەم کەن
زەمانێکە
من خۆم بە خۆمم کردووە
سەرچاوەیەکی زۆر شێلوم
دەمێکە هەوکی خنکان و داڕژانی خۆم گرتووە
لەسەر پشتی هەڵەکانم
خۆتان هەڵوەشێنن و،بڕۆن
سەفەری من
مردن ڕێگای نەگرتووە
لە ناو جەستەی خۆم دەڕۆم و
تەماشای ڕۆیینی پیادە و
تەرمی نەمردووی خۆم دەکەم
لەگەڵ پێکەنینی مردن
خۆم لە ناو خۆم
چاوەڕێی ژیانی خۆم دەکەم…..


(………..)
لە باتی خوێن… ڕۆحم دەمژی
ئەی نەهەنگی…
عیشقی کوژراو
ئەگەر ستەم سندم بکرێ
هەموو چاوێک
بەهرەی جوانی بەردەکەوێ
حەز بە ئازاری کەس ناکەم
بە ناڕەوا
من ئازادیم لە کەس ناوێ…!


ژێدەر:
• دیوانە شیعری “بێ ناونیشان”ی فەرید زامدار،چاپی یەکەم،ساڵی 1990
• ڕووپەڕی شاعیر لە فەیسبووک
• ژمارەیەک ماڵپەڕی کوردی




دەما شاعر ژبلی خەیالێن خو كەسێ‌ دی نەبینیت …. عبدالرحمن بامەرنی

بارانەك ژ یادان* وەك نمونە

ئەو وێنەیێن كارلێكێ‌ دگەل خەیالا مرۆڤی دكەن، زێدەتر كارتێكرنێ‌ ل مرۆڤی دكەن و رەنگە بۆ چەندین رۆژان ژی مرۆڤ دوێ‌ خەیالێدا بمینت، دروستكرنا وێنەی ژی و تایبەتی وێنەیێ‌ شعری، عەشق و دلسوزی و داهێنان و سنعەتكاری بۆ دڤێت، وێنەیێ‌ شعری ژی ژ خەیالا شاعری و هزرێن وی د پەشیت، ئەڤ خەیالا هەنێ‌ یە ژی شاعری بەرەڤ قولاچێن تاریڤە دبەت و جوانترین رامان و دەربرینان ژێ‌ دەر دئێخیت، ژبەركو دوی دەروكی را، ئەو تشتێن دهزر و عەقلێ‌ ویدا هەین، وەرگری بەشداری دەربرینێن خوە دكەت.
ئەڤە بوون ئەوا ئەز شییام وەك پێشەكیەكێ‌ بۆ ڤێ‌ نڤیسینا خوە یا كورت، ل سەر شعرا (بارانەك ژ یادان) بنڤیسم، كو من ڤیایی ب شروڤەكرنەكا رەخنەی خوە بەردەمە ناڤ قولاچ و كونجێن ڤەشارتی یێن ڤێ‌ شعرێ و ئەوا هەر خواندەڤایەكێ‌ بخوینیت، رەنگە هەمان بوچوونێن من هەبن.
هوزانڤان ل دەستپێكا شعرا خوە دبێژیت:
ل بەر پەنجەرا هزران
دلوپەكێ‌ خوە دبەژنا غوربەتێ‌ وەركر و
ب پێن بەندەمانێ‌ ڤە ئالیا

دوماهیا شعرێ‌ ژی بڤی پەرەگرافی قفل دبیت:
من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەركەڤم و، پەنجەرا هزرێن خوە بشكێنم ..!!

بۆ دروستكرنا ئاڤاهیێ‌ ڤێ‌ شعرێ‌، هوزانڤانێ‌ ڤیایە پەنجەرێ‌ بكەتە كلیلا چوونا ژوورا تێكستا وێ‌, لێ‌ دا كو ئەو بشێت جوداتر ژ خەلكێن دی رولی بدەتە وێ‌ پەنجەرێ‌، نەهێلایە ئەو پەنجەر ببیتە دەروكێ‌ تێپەربوونا هەمان خواندەڤا، وێ‌ ڤیایە، خواندەڤا و وەرگرێ‌ شعرێ‌ دووری وێ‌ بیت، ژبەركو خەیالێن شاعران و دیتن و هزر و بیركرنێن شاعران، حەز ناكەن كەسێن دی نە تێكەلی نهێنیێن وان بن و نە ژی ببنە هەڤالێن خەمێن وان، بەلكو، ئەو خوە درێزا كەسێن نە ئاساییدا دبینن، دەما ئەو شعرێ‌ د نڤیسن، ئەو خوە ژ هەمی تشتان ڤالا دكەن، بتنێ‌ دگەل خەیالێن خوە دمینن، خەیالێن وان ژی جوداتر ژ كەسێن دی، بلندتر دفرن و دوورتر دبینن و گرانتر دهەلگرن.
شعر ژ هاتنا بارانێ‌ دەست پێدكەت، لێ‌ بۆ هوزانڤانی ژمارە نە گرنگە، ژبەركو ئێك چپك دشێت ببیتە هێڤێنێ‌ خولقاندنا تشتەكێ‌ دی، چپكەكا بارانێ‌ ل بەرێڤەی پەنجەرا وێ‌، كو خوە ب شووشەیێ‌ پەنجەرێدا بەردایە خوارێ‌ و خشیلانكەك بدویڤ خوڤە هێلای، بەس بوون كو خوە ژ دەردوورێن خوە ڤەدزیت و ئەو وێنەیێ‌ ل پاش خوە هێلای بكەتە بابەتێ‌ نڤیسینەكێ‌.
ژیان و هیڤی/ یادێن وێرانكەر/ ئەڤە ئەو وێنەنە یێن وێ‌ چپكێ‌ ئەو دناڤ خوەدا بەرزەكری و تا وی راددەی، ئەو خوە بكەتە هەڤپشكا ئەوران و ئەو هەردوو پێكڤە تاڤییان برێژن، دەما دبیێژت:
چاڤێن من و ئەوران تاڤی رێتن
هوزانڤان لڤێرە بتنێ‌ ژی نا راوەستیت، بەلكو بەردەوامیێ‌ د دەتە چكێن بارانێ‌ و هێشتا وێنان ژێ‌ دروست دكەت، هەر وەكو ژمێژە لهیڤییا بارانەكا ژڤی رەنگی و ڤیایی كەسەك هەڤبەشی خەمێن وێ‌ بیت، باران دهێت و وی كەسی بۆ پەیدا دكەت، یێ‌ بشێت ببیتە هەلگرا خەمێن وێ‌ و دبێژیت:
دناڤ ئەسرینا د چاڤێ مندا
چپكێن بارانێ ب ئارامی خەم وێنەدكرن
چەند مە دگری تابلویەك زیندی ژێ دهات
ئافراندن و
ئەز دناڤ دیمەنێن خوەدا دكوشتم
كوشتنا هوزانڤانی لڤێرە لێگەریانە لخو، لێگەریانە ل وان هەمی بیرهاتنێن ئەو نەشیایی بكەتە راستی و یان وێ‌ ڤیایی وێنەكێ‌ دی و پێناسەكا دی بدەتێ‌، ئەڤەیە ژی ئەوا ئەم دبێژینێ‌ بەرزەبوونا شاعران و لخو گەریانا شاعران. شاعر بەرزە دبن و شاعر خوە پەیدا دكەن و شاعر مە بەشداری وێ‌ راستیێ‌ دكەن یا ئەم تێنەگەهین و چ ژ ئاگەهی بیت یان بێئاگەهی، هوزانڤان یا مە بەشداری مرنەكێ‌ دكەت، لێ‌ نە مرنەكا بلەز، بەلكو مرنەكا دناڤ بیرهاتناندا و مرنەكا دناڤ خەیالێدا و ئەڤ مرنا وێ‌ د شعرا خوەدا ناڤ ئینای ژی، مرنەكا ژ جورێ‌ زیندیبوونێ‌ یە، دەما ئەم ژ كەیفا دكەینە گری.
لێ‌ هوزانڤان چ زوو بیت یان درەنگ ژ دەمێ‌ خویێ‌ دەست نیشانكری یێ‌ تێهەلچوونان دەردكەڤیت و حەز دكەت، ببیتە مرۆڤەكا ئاساییڤە، هەروەك د قفلا ڤێ‌ شعرێدا مە دیتی، دەما دبێژیت: (من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەركەڤم).
وەك دوماهیەك بۆ ڤێ‌ نڤیسینێ‌ و ئەوێن بڤێن شعرێن جوان و كارتێكەر بنڤیسن، ئەو هوزانڤانێن دكەڤنە د زڤروكا خەیالێن خوە دا و خویێ‌ مرۆڤ ژبیردكەن، شعرێن جوان ژ بەر وان دچن و ئەڤێن دكەڤنە د هەمان زڤرۆكدا و بیرا خوە ل خویێ‌ مرۆڤ دئینن، شعرێن وان زوی ژبیر دچن.
*بارانەك ژ یادان، ڤیان موحەمەد، د رۆژناما ئەڤرو ژمارە (2454) یا رۆژا 30/10/2018ێدا هاتیە بلاڤكرن.

  • د رۆژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ژماره‌ 2478 يا رؤذا 3/12/2018 دا بلاڤ بوویه‌.
  • بۆ ئه‌ڤێن بڤێن شعرێ بخوینن.
    ـ بارانەک ژیادان ـ
    ڤیان موحه‌مه‌د
    ل بەر پەنجەرا ھزرا من
    دلوپەکێ خوە دبەژنا بایێ غوربەتێ وەرکر و
    ب پێن بەندەمانێ ڤە ئالیا
    ژیان و ھیڤی ل دور خرڤەبوون
    پێلەکا یادێن وێرانکەر ژێ ھەلاڤێت و
    چاڤێن من و ئەوران بھەڤرا تاڤی رێتن
    دناڤ ئەسرینا چاڤێ مندا
    چپکێن بارانێ ب ئارامی خەم وێنەدکرن
    چەند مە دگری تابلویەک زیندی ژێ دھات
    ئافراندن و
    ئەز دناڤ دیمەنێن خوەدا دکوشتم
    من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەرکەڤم و
    پەنجەرا ھزرێن خوە بشکێنم ..!!

عبدالرحمن بامەرنی




هاڤان محه‌مه‌د، هه‌ڵکشان و گه‌شانه‌وە … فاروق مه‌جید

ماوه‌یه‌کی باشه‌ به‌دواداچوونم هه‌یه‌ بۆ شیعره‌کانی (هاڤان محه‌مه‌د)و ده‌یانخوێنمه‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌رنجمداوه‌ و لای من خاڵێکی دیارو به‌رچاوه‌ پێشکه‌وتنی ئاستی شیعره‌کانییه‌تی له‌ رووی شیعرییه‌ته‌وه‌، به‌ به‌راود به‌ شیعره‌کانی سه‌ره‌تای. ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ به‌س له‌ رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕی (ڕێگای کوردستان)دا به‌رهه‌مه‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه‌، ئه‌ویش بێ دانانی وێنه‌ی خۆی و نووسینی کورته‌ی ژیانی، که‌ ئه‌و دووانه‌ هه‌رگیز پێوه‌ر نین بۆ خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هیچ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، به‌ڵام جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ ره‌وتی میدیایی رێگای کوردستان له‌ هه‌موو رۆژنامه‌کانی تر جیاوازه‌، به‌وه‌ی سێبه‌ری هیچ حیزبێکی ده‌سه‌ڵات نییه‌و گوتاریی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریشی تایبه‌ته‌ به‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی بێ به‌ش و داماو، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ر له‌ 8 لاپه‌ڕه‌دا ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌ویش ره‌نگه‌ به‌ پیتاکی ئه‌ندامه‌کانی به‌ڕێوه‌بچێت، که‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بوو 20 لاپه‌ڕه‌ بووایه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانیش هه‌ر به‌و گوڕو تین و جیاوازی و راستگۆییه‌وه‌ بوونایه‌وه‌ و نرخه‌که‌شی 1000دیناربووایه‌و هه‌ر هه‌مان رۆژی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌کسه‌ر له‌ بازاڕدا نه‌مایه‌. ئاوها تینوویه‌تی مه‌عنه‌وی خوێنه‌رانی ده‌شکاندو حه‌قیقه‌تی په‌یامی میدیایی سه‌رکه‌وتووش بۆ هه‌مووان ده‌رده‌که‌وت.

هاڤان محه‌مه‌د له‌م دوو شیعره‌ی دواییدا که‌ بڵاوی کردونه‌ته‌وه‌ (هایکۆ) و (سه‌فه‌ر)، هه‌ستم به‌ وه‌کرد که‌ به‌ راستی شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌ و چێژم لێ بینین، هه‌ر له‌ به‌کارهێنانی خوازه‌وه‌ بیگره‌ تا وێنه‌ی شیعری تازه‌و جوان، تاکو هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژیی و به‌کارهێنانی ئیکۆو وشه‌ی ئاوازدار و ناوه‌ڕۆکی قوڵ و سه‌رنج راکێش، ئه‌مه‌ش جێی ده‌ستخۆشییه‌ و هیوای به‌رده‌وامی و پێشکه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم، به‌ڵێ ئه‌و ره‌نگه‌ له‌م قۆناغه‌دا راستگۆیانه‌ زمانی ناخ به‌ شیعر ده‌رببڕێت و بۆیه‌ شیعره‌کانیش له‌ گۆشه‌ نیگای رۆمانسییه‌ته‌وه‌ ده‌ڕوانن به‌سه‌ر یه‌که‌ زمانه‌وانییه‌کان و گۆشه‌و بابه‌ته‌کانی تری ژیان و گه‌ردووندا، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌گه‌ر شاعیر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتی په‌ره‌ به‌م دیدو نیگایانه‌ش بدات و په‌لبهاوێت بۆ بابه‌تگه‌لی دی و به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م کۆلکه‌ جیاوازه‌کانی ژیان.

ته‌ماشای جادوی ئه‌و کۆپله‌یه‌ بکه‌ن، چۆن شاعیر تیایدا (چاو) به‌ ئۆقیانوس ده‌چوێنێت و له‌به‌رده‌م هێزی پاراسایکۆلۆژی ئه‌و شاشه‌ تایبه‌ته‌دا حه‌قیقه‌تی سه‌رگه‌ردانیی عاشق ده‌رده‌خات و چۆن شپرزه‌و سه‌رلێشێواو و بێ نوتقی ده‌کات:

دەریایەکی قوڵە،
کەشتێوان ون دەکا
ئۆقیانوسی چاو!

ئه‌و ڕاست ده‌کات، سیحری ئه‌و نیگایانه‌ هێنده‌ به‌رینی ده‌به‌خشێت به‌م که‌ وه‌ك ئۆقیانوسێکی ده‌شوبهێنێت و هه‌ر به‌و قه‌باره‌یه‌ خۆشی ده‌بینێت وه‌ك ده‌ریاوانێك که‌ بیه‌وێت له‌و زه‌ریا پڕ نهێنی و ته‌لسیمه‌دا مه‌له‌ بکات و نهێنیه‌کانی ئاشنا بێت، به‌ڵام ئه‌م زه‌ریایه‌ زه‌ریای هێمن و هندی نییه‌، به‌ڵکو زه‌ریای چاوێکی خوماره‌، یان با که‌مێك پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیمه‌نه‌ فه‌نتازیه‌ی نیگار کێش بوه‌ستین که‌ چۆن واقیع ئامێزانی خه‌یاڵ ده‌کات و ده‌ریده‌خات که‌ هێنده‌ توانای ئه‌ندێشه‌ی شاعیر به‌هێزه‌ هه‌ست به‌ نیگاری ئه‌و ماچه‌ ده‌کات که‌ کۆکردنه‌وه‌ی دوو لێوه‌و له‌سه‌ر سکێچی یاده‌وه‌رییه‌کانیدا نه‌خشه‌ی کێشاوه‌ کاتێك به‌م زمانه‌ پڕ ئیستاتیکایه‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییه‌ ده‌شیعرێنێت:

بە ماچێک،
دوو لێوی کۆکردەوە
نیگار کێشی خەیاڵ!

نه‌ك هه‌ر هێنده‌، به‌ڵکو به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ خوازه‌ی (شه‌و و ئه‌ستێره‌) وێنه‌یه‌کی تازه‌و ئیرۆتیکی جیاوازی شیعریمان بۆ نیگا ده‌کات، که‌ وروژاندنی هه‌ست و سۆزو لوتکه‌ی خۆشه‌ویستیکردنه‌؛ خۆ زۆر شاعیری تر سوودیان له‌ وشه‌کانی شه‌و و ئه‌ستێره‌ وه‌رگرتووه‌، به‌س شاعیر به‌ توانای ئه‌ندێشه‌کردن و ئه‌فراندنی شیعریی توانیویه‌تی وێنه‌یه‌کی تازه‌ی لێ وه‌دیبهێنێت و لێکچوون و له‌وچووه‌که‌)ش زۆر گونجاو و ته‌بان و له‌شوێنی خۆیاندان، لێره‌شدا کار له‌سه‌ر ئیستاتیکای جه‌سته‌ کراوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر خاوه‌نی سیحرێکی تایبه‌ته‌و زیره‌کانه‌ شاعیر توانیویه‌تی گه‌مه‌یه‌کی وشه‌سازی ئه‌نجامبدات به‌ به‌کارهێنانی دالی (ڕووتی) که‌ ده‌کرێت به‌ (روو:ت:ی) واتای رووی تۆ لێکبدرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌ مانای رووت یش هه‌ر دروست ده‌خوێندرێته‌وه‌. جا گرنگ نییه‌ ئه‌م دایه‌لۆگه‌ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز گونجاو و ته‌واوه‌، چونکه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا بۆ نموونه‌ (اللیل/شه‌و) نێرینه‌یه‌

ورووژاوە،
ئەستێرەی ڕووتی بینیوە;
شەو!

سروشت هه‌میشه‌ هاوڕێیه‌کی نزیکی شاعیران بووه‌و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامه‌کان و که‌ره‌سه‌و یارمه‌تیده‌ری ده‌ربڕینی شیعریشیان بووه‌، وه‌ك چۆن بینیمان له‌ کۆپله‌کانی رابردوودا (ئه‌ستێره‌و شه‌و، ئۆقیانووس)ی به‌کارهێنا ئه‌وا لێره‌دا جارێکی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای پاییزو گه‌ڵاو باخچه‌، تاکو له‌ هه‌ستی شاعیر تێبگه‌ین و لێکچوواندنه‌کان شیکاریی بکه‌ین، هه‌تاوه‌کو راده‌ی هه‌ستی ساده‌و پاک و شه‌رمنی که‌سێکمان بۆ بگه‌یه‌نێت که‌ چۆن وه‌کو دره‌ختێکی رووته‌ڵه‌ی بێ به‌رگ، له‌ ناو باخچه‌دا شه‌رم له‌ پاییز ده‌کات، ره‌نگه‌ خوێنه‌رێك لێره‌دا بڵێت ره‌نگه‌ باخچه‌ش چه‌ند مانایه‌ك له‌خۆ بگرێت، له‌وانه‌ ناوێك بێت بۆ که‌سێکی عاشق.

خۆی بە گەڵا داپۆشیوە
شەرم لە ڕووتبوونەوەی پایز دەکات –
باخچە.

(سه‌فه‌ر) دووه‌م ده‌قی ئه‌م شاعیره‌مانه‌، به‌ڵام سه‌فه‌رێکی جیاواز، سه‌فه‌ری ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ؛ ئه‌و کاته‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ ئه‌و: سه‌فه‌ره‌که‌ی کۆتایی پێ دێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌واته‌ هه‌ر لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین که‌ سه‌فه‌ر لێره‌دا زیاتر له‌ مانایه‌کی هه‌ڵگرتووه‌، سه‌فه‌ری ئه‌زموونی ژیان له‌گه‌ڵ که‌سێکداو سه‌فه‌ری غوربه‌تی که‌سێکی تر، به‌ واتایه‌کی تر سه‌فه‌ری مادی و مه‌عنه‌وی، سه‌فه‌ری دووهه‌میان پڕ له‌ وه‌فاو راستگۆیانه‌یه‌ و هه‌تا هه‌تاییه:

سەفەرێک لە دەروازەی
هاتنتەوە دەستپێدەکات،
تا کەوتنی دواین گەڵای تەمەنم
بۆ گه‌شتن به‌ مرازی دڵی شاعیر هێشتا دره‌نگ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ رابردوو هه‌ر داڕمان و ره‌شایی و مه‌لولیی بوو بێت که‌ ته‌می خه‌مگینی ڕژاندبوو به‌سه‌ر جوڵه‌کانی ژیاندا، به‌ڵام چه‌ند لێزانانه‌ شاعیر رۆژه‌ ره‌شه‌کان به‌ مرۆڤێکی پیرو نه‌خۆشی ده‌ست له‌رزۆك ده‌شوبهێنیت و رووبه‌رووی نه‌فرینی ده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌کات بڵێین به‌ڵێ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م وشه‌سازییه‌دا زمانی شیعری وه‌به‌رهێناوه‌و جیای کردووه‌ته‌وه‌ له‌ دیمه‌نه‌ راسته‌وخۆکانی رۆژانه‌ و لێره‌دا به‌ فلته‌ری شیعربووندا تێپه‌ڕیوون و به‌ر زمانێکی ئیستاتیکی گیان ده‌که‌وین که‌ سۆزو ویژدان تیایدا باڵاده‌ستی وه‌ده‌ست دێنێت و له‌ ژێر چه‌تری شیعریكدا هه‌ڵتروشکاوه‌:

‌نه‌فره‌ت
لە وەرزە دەست لەرزۆکەکان
کە نەیانتوانی
زووتر تۆ بگەیەننە وێزگەی ژیانم

له‌سه‌فه‌ری یه‌که‌می ئه‌ودا، ئه‌م رووخا بوو له‌ بێ هیوایی و بێ ئه‌ویی ته‌واوکاریی بوونی ئه‌مدا، ئاوهایه‌ سۆزی راسته‌قینه‌، نه‌ك به‌س خودی ژیانی شاعیر ره‌ش و مات بوو، به‌ڵکو شارو گه‌ڕه‌ك و کوچه‌و کۆڵان و گوزه‌ره‌کانیش بێ تام و مه‌لول بوون، ئه‌وانه‌ چین بێ بوونی هاوه‌ڵی راسته‌قینه‌ی ژین؟ هه‌موویان هه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی دیمه‌نی سایکۆلۆژی ساتی ته‌نیایی شاعیرن و ده‌یه‌وێت بڵێت من چێم بێ تۆ، هه‌روه‌ها ئه‌و و ئه‌وان و تۆو هه‌موومان هه‌ر به‌م جۆره‌… با ساتێك دابنێین بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌ی گیانه‌کان؛ زۆرن خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و که‌من خاڵه‌ جوداکان، که‌چی مه‌خابن لای زۆر له‌ مرۆڤه‌کان خاڵه‌ که‌مه‌ جوداکان ده‌کرێنه‌ بنه‌ماو ئامانج و چه‌ق بۆ هاتنه‌دی دیدگای جوڵان به‌ره‌و پێشه‌وه‌و به‌ره‌و دواوه‌ که‌ ئاکام په‌شۆکاویی و ناکامی لێ دروست ده‌بێت، که‌واته‌ له‌م کۆپله‌یه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ عه‌شقه‌که‌ به‌س فیزیکیی نه‌بوو، به‌ڵکو زیاد له‌مه‌ش به‌ره‌و قوڵایی گیان ره‌گی هاویشتبوو:

چ داڕمانێک بوو ئەوسا؟
بینایی شار ڕەشتر لە قەقنەس
تەزیوتر لە گیانێکی خۆلەمێشیی
مەلولتر لە دڵێکی کڵۆڵ
ئاخر هەناسەی کانی،
لە کوێوە فێنکایی بە ڕێبوار دەدات؟
سێبەری باخچە نەبێت!
لێره‌دا زیاتر گه‌ردوونبوونی ئه‌م عه‌شقه‌ ده‌رده‌که‌وێت، کاتێك (تریفه‌و چۆله‌که‌ی نوستوو، هه‌ره‌سی بێده‌نگی) دێنه‌ ناو فه‌زای شیعره‌که‌وه‌و مانا په‌یوه‌ست ده‌کرێت به‌ شۆڕشه‌وه، به‌ جوڵه‌ی ژیانه‌وه‌، به‌ توخمه‌ جیاوازه‌کانی بوون، ئه‌ی بۆ نا؟ خۆ هه‌موویان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی هارمۆنییدا یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن، که‌واته‌ بۆ ناکرێت بڵێین ئه‌م عه‌شقه‌ به‌ره‌و فیستیڤاڵی ئازادی و دادو ماف له‌گه‌ڵ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی تردا سه‌ما ده‌کات و به‌ ژیانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌و سه‌فه‌ره‌ هه‌موو بێده‌نگییه‌کان کۆتاییان پێ دێت و به‌م جۆره‌ش ژیان ره‌وتی راسته‌قینه‌و ره‌سه‌نی خۆی ده‌گرێته‌وه‌وهه‌موو شته‌کان ده‌که‌ونه‌ جۆش و خرۆش وجوڵه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بێت چ موعاناتێك بووبێت ئاوها شاعیری نیگه‌ران کردبێت؟ چ هه‌ستێکی به‌هێزی په‌نگخواردووی ناخهه‌ژێن بێت وا له‌ شێوه‌ی ئه‌م نه‌غمه‌ جوان و ناسکانه‌دا ده‌روونمان جۆش ده‌دات، تا له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی نوستوواندا بێداربینه‌وه‌، راستییه‌کان ببینین و ئه‌زموون بکه‌ین، جۆگه‌له‌ وشکه‌کان له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ ته‌ڕاییان بۆ بگه‌ڕیته‌وه‌و دووباره‌ سه‌وزایی باخی ژیان ئاوه‌دان بکاته‌وه‌و شوێن به‌ ته‌پوتۆزو گڕه‌ی گه‌رماو بۆگه‌نبوون له‌ق بکات، سیمبوڵی چۆله‌که‌ چه‌ند جوان و به‌ریئو دڵڕفێنه‌ له‌ باغێکی پڕ نه‌شئه‌دا و به‌رزبوونه‌وه‌ی سه‌دایان به‌رزو به‌رزترو رووخان و داڕمانی ئه‌و نزمی و نشێوانه‌ی سه‌رده‌مانێك زۆلکاوێکی بۆگه‌ن بوون بۆ قوڕباقه‌ ده‌نگ ناخۆشه‌کان:
تەنیا بێدەنگ مەبە؟
بە تریقەی هەناسەت باغێک بهەژێنە
با چۆلەکە نوستووەکان خەبەریان بێتەوەو
جریوەیان بە ئاسمانا هەڵکشێ و
بێدەنگیی هەرەس بێنێ
له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئه‌و نهێنییه‌ ماوه‌ شاعیر له‌ ئاکامدا پێمان بڵێت که‌ یه‌کێك له‌ گرنگترین سه‌فه‌ره‌کانی ژیان و رزگاربوونی له‌ خه‌مۆکی و ته‌نیایی و هه‌ڵگێرانه‌وه‌کانی دۆخی مرۆڤ به‌ره‌و باڵا چه‌که‌ره‌کردنی ئه‌و نه‌مامی عه‌شقه‌ راسته‌قینه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئیلهام و وزه‌و نوێبوونه‌وه‌و چێژو جوانی و پشووه‌، ژیان بێ ئه‌و سۆزو خۆشه‌ویستییه‌ نموونه‌ییه‌ ئاسته‌مه‌ .. چه‌ند ئه‌و دیمه‌نه‌ شیعرییه‌ جوان و سه‌رنجراکێش و دڵهه‌ژێنه‌ که‌ له‌مه‌غریبی سه‌فه‌ردا رۆژووی دووری بشکێنێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاری ون و نه‌بینراو، ئه‌و یاره‌ی له‌ خه‌یاڵدانی شاعیردا جوانترین یۆتۆپیای له‌ واقیعدا بۆ ده‌نه‌خشێنێت و خه‌ونه‌کانی ده‌کاته‌ راستی، هێزی شیعرییه‌تی زیاتری پێ ده‌به‌خشێت و ته‌واوکاریی به‌ ماناکانی ژینی ده‌دات، هه‌ر ئه‌و هێزی عه‌شقه‌شه‌ سنووه‌ره‌کان ده‌بڕێت و هیچ کۆتو پێوه‌ندێك له‌به‌رده‌میدا نابێته‌ ئاسته‌نگ:

وەلێ عەشق بەهێزتر بوو
دڵ خۆشبە بەم گەشتە
با تاوێک
گوێ لە ئاوازی ئەم نەورەسانە بگرین
خەفت لە باڵای بێداریی دەتەکێنن
با پێش خۆر ئاوابوون
نوچێک بە هیلاکبوون بدەین
ئەمجارەیان
لە مەغریبی سەفەردا
ڕۆژووی دووریی نێوانمان بشکێنە

فاروق مه‌جید




ئاستی رۆشنبیری تاك به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینین كوردستان خاوه‌نی گه‌لێك شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری جوان و دێرینه‌ وه‌كو ئه‌شكه‌وته‌كان و له‌گه‌ڵ چه‌ندان قه‌لِای دێرین كه‌ مێژوووه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌نده‌ها ساڵ له‌مه‌و پێش,به‌لِام من لێره‌دا ده‌مه‌وێ تیشكێكی بچووك بخه‌مه‌ سه‌ر ئاستی تاكی كورد یاخود چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی تاكی كورد به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری وڵاته‌كه‌یدا.

به‌داخه‌وه‌ دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ به‌شێكی زۆری تاكی كورد كه‌ ده‌بینم بێ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت له‌ به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پووره‌كانیان دا یان بێ باكن له‌ پاراستنی شوێنه‌واری وڵاته‌كه‌یان دا,كه‌ ده‌توانم وه‌كو قوتابیه‌كی شوێنه‌وارناسی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌قه‌یران یاخود جینۆسایدی شوێنه‌واری له‌ قه‌ڵه‌م بده‌م,یه‌كێك له‌و دیارده‌ ناشرینانه‌ی كه‌ وه‌ك قوتابیه‌كی شوێنه‌وارناسی ئازاری دام بریتی بو له‌ سیمای سه‌ر ئه‌شكه‌وتی قزقاپان كه‌چه‌ندین دیارده‌ی ناشرینی له‌سه‌ر نوسرابوو وه‌كو نوسینی سه‌ر كوچه‌و كۆلانه‌كان وابوو.

بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی شوێنه‌وارناسان ورۆژنامه‌كان و میدیاكان وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پێویسته‌ ڕۆلی به‌رچاو ببینرێت له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چینی كۆمه‌ڵگای كوردی.

نوسینی/ ئه‌حمه‌د كامه‌ران
قوتابی كۆلێژی ئاداب




تیۆره‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، بۆ به‌ كوردیكردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كان … د. مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن

كاره‌ پڕداهێنانه‌كانی زیره‌ك كێلگه‌یه‌كی فراوانه‌ به‌قه‌د فراونی كوردستان و پڕ ته‌مه‌نه‌ به‌ قه‌د ته‌مه‌نی داهینان .
زیره‌ك ئه‌و گێلگه‌یه‌یه‌ ڕاسته‌ ناسراوه‌ و به‌رده‌وام باس ده‌كرێت، به‌ڵام، باسكردنه‌كان هێشتا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان لێكۆڵینه‌ویی و زانستی نین، زانستی به‌ قه‌د داهێنانی زیره‌ك، چۆن ژیان و كه‌سایه‌تی و هونه‌ر و مێژووی زیره‌ك ڕه‌نگاو ڕه‌نگێكی تاوسییه‌،هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدایه‌ و ره‌نگه‌كانیش به‌رده‌وام له‌ گۆڕان و نوێ بوونه‌وه‌ دان، ئێمه‌ پێشترله‌ چه‌ند نووسێنێكدا داوای زانستی (زیره‌كناسیی) و دامه‌زراندنی (نێوه‌ندی زیره‌كناسیی) و كاری (به‌ره‌و زیره‌كناسیی) مان كردووه‌، له‌م داویانه‌دا مه‌به‌ستمانه‌:
یه‌كه‌م : دامه‌زراندنی (نێوه‌ندی زیره‌كناسیی)، له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌رانه‌ كۆببنه‌وه‌، به‌رده‌وام به‌ به‌رنامه‌ی زانستییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیان و كه‌سایه‌تی و هونه‌ری زیره‌ ك بكه‌ن.
دووه‌م:له‌ (به‌ره‌و زیره‌كناسیی) دا، مه‌به‌ستمانه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ ده‌نگیی و وێنه‌یی و ڤیدیۆیی و وێنه‌ی فۆتۆگرافی و نووسراو و نه‌ نووسراوكانی زیره‌ك كۆبكرێنه‌وه‌ و پۆلین بكرێن و به‌ پێی زه‌مه‌نی ژیان و قۆناغه‌كانی هونه‌ری زیره‌ك ڕیزبه‌ند بكرێن و بخرێنه‌ به‌رده‌ستی لێكۆڵه‌ران و نووسه‌رانی زیره‌كدۆست .
سێیه‌م: كاركردن بۆ دروستكردنی (زانستیی زیره‌كناسیی)،ئه‌مه‌ش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیان و هونه‌ری زیره‌ك و گه‌یشتن به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زیره‌ك له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌م زانسته‌ دروست ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك توانیمان ئه‌م كارانه‌ بكه‌ین، ئه‌وكاته‌ كورد كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ڕیگای ڕاستی ڕیزگرتن له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ری زیره‌ك، ئه‌و كاسایه‌تی و هونه‌ره‌ی پێویست به‌ تیۆری تایبه‌ت ده‌كات بۆ ناسین و تێگه‌یشتنی هونه‌ر و داهێنانه‌كانی، ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین، ئێمه‌ كه‌ ده‌نووسین: تیۆره‌كانی زیره‌ك له‌ به‌ كوری كردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان، مه‌ به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌قی نووسراوی تیۆره‌كانی زیره‌ك-ت بخه‌ینه‌ به‌رده‌ست، یان ئه‌و تیۆره‌ به‌ نووسین هه‌بن، به‌ڵكو ئێمه‌ به‌ دوای به‌كارهێنانی ئه‌و تیۆره‌دا ده‌گه‌ڕێین له‌ نێو گۆرانیه‌كانی دا كه‌ زیره‌ك به‌و توانا بێ سنووره‌ی كه‌ خۆی هه‌یه‌تی و له‌ كاره‌ داهێنانه‌ هونه‌ریه‌كانی دا كردوویه‌تی، واته‌ تیۆره‌كه‌ی له‌ نێو كاره‌ پر داهێنانه‌كانیدا ده‌دۆزریته‌وه‌ .
ئه‌مڕۆكه‌ش به‌ بۆ نه‌ی یادی (47 ساڵه‌ی كۆچی دوایی زیره‌ك)، ده‌رگایه‌كی تازه‌ به‌سه‌ر جیهانی ناسینی زیره‌كدا ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دان به‌وه‌ دابنێم كه‌ من پسپۆری موزیك و ده‌نگ و ئاواز نیم و هیچ شاره‌زاییه‌كی زانستیانه‌م له‌ خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌ و له‌ زانستی ئه‌م بابه‌تانه‌دا نییه‌، بۆیه‌ من له‌ڕووی تیۆرییه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ قسه‌ له‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌م و بواره‌ پسپۆرییه‌كه‌ بۆ زانا و شاره‌زایانی موزیك و ئاواز و دڵسۆزانی زیره‌ك به‌ جێ ده‌هیڵم.
من لێره‌دا وه‌ك كه‌سێكی زیره‌كدۆست و گوێگری به‌رده‌وامی ده‌نگی زیره‌ك و كه‌میك شاره‌زا له‌ ژیان و كه‌سایه‌تی زیره‌ك، باس له‌ تیۆره‌كانی به‌كوردیكردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كانی ده‌كه‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕێگاكه‌ كه‌مێك خۆش بكه‌م و له‌ نێو گۆرانیه‌كانیدا هێڵی تیۆره‌كان ده‌دۆزمه‌وه‌ و ده‌یخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستی مامۆستا پسپۆره‌كان و هیوادارم ئه‌وان به‌شه‌ كاره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م تیۆره‌ ته‌واو بكه‌ن .
تایبه‌تمه‌ندیی گۆرانییه‌كانی زیره‌ك
زیره‌ك ژماره‌ی گۆرانیه‌كانی تا ئێستا به‌ ته‌واوی نه‌زانراوه‌، دوا ژماره‌ كه‌ نێوه‌ندێكی كه‌لتوری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوی كردۆته‌وه‌ (3623) گۆرانییه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێم وانییه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی جێگیر بێت، به‌هه‌رحاڵ ساغ كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی گۆرانییه‌كانی زیره‌ك كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌، له‌ به‌ر ئه‌م هۆیانه‌:
یه‌كه‌م: شوێنی تۆماركردنی زیره‌ك له‌ دوو وڵاتی داگیركه‌ری ئێران و عیراق داو له‌ ئێستگه‌كان و ئاهه‌ نگه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان و دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كاندا، هێنده‌ زۆر و هێنده‌ په‌رتن، به‌ هیج كه‌س له‌ داهاتووێكی زوودا كۆناكرێنه‌وه‌ .
دووه‌م: هه‌ندێ له‌ گۆرانیه‌كانی زیره‌ك له‌ ناوچوون به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت،به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست یان به‌هۆی بێ كه‌سی و بێماڵی و بێ ئه‌رشیفی زیره‌ك له‌ زۆركاتی ژیانیدا.
سێیه‌م: هه‌ندێ ئاهه‌نگ و گۆرانی زیره‌ك بۆ كه‌سانی تایبه‌ت و له‌ ماڵان تۆماركراون، ئه‌م خاوه‌ن ماڵانه‌ وا ده‌زانن و لایان وایه‌ كه‌ ژه‌مه‌ خواردنێكان داوه‌ته‌ زیره‌ك، ئیتر ئه‌م گۆرانیانه‌ هیچ مافێكی زیره‌كی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌ بڵاویان ناكه‌نه‌وه‌.
من به‌ هۆی ئه‌و به‌رده‌وامی و ته‌مه‌نه‌ درێژه‌ی كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێ له‌ گۆرانییه‌كانی زیره‌ك ده‌گرم، ده‌توانم داهێنانه‌كانی به‌ سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ دابه‌ش بكه‌م:
-1ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ به‌ شیعرو ئاواز هی خۆیه‌تی .
-2ئه‌و گۆرانیانه‌ كه‌ شیعره‌كان شیعری شاعیرانی ناسراوی كوردن و ئاوازی زیره‌كه‌ .
-3ئه‌و گۆرانییه‌ فۆلكلۆریانه‌ی كه‌ زیره‌ك له‌ هه‌موو ناوچه‌و زار و بنزاره‌ كوردییه‌كان وه‌ریگرتووه‌ و به‌ شیعرو ئاوازه‌وه‌ گۆڕانكاری تێداكردووه‌ .
-4ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه‌ له‌ میلله‌تانی تر وه‌ریگرتووه‌ و گۆڕانكاری له‌ شیعرو ئاوزه‌كاندا كردووه‌.
-5ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ ته‌نیا ئاوازه‌كه‌ی له‌ میلله‌تانی تر وه‌رگرتووه‌ و گۆڕانی تێداكردووه‌ و به‌ شیعری خۆی یان به‌ شیعرێكی تری فۆلكلۆر یان شیعری شاعیران گوتوویه‌تی.
-6ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه‌ شیعره‌كه‌ هی شاعیرانی كورده‌ و به‌ ئاوازێكی بیانی به‌ گۆڕانكاریه‌وه‌ تۆماری كردووه‌ .
-7ئه‌وگۆرانییه‌ی كه‌ ئاوازی كه‌سانی تره‌ و به‌ شیعری خۆی یان شیعری شاعیرانی تر و به‌ شێوه‌ گوتنی خۆی گوتوویه‌تی .
-8زیره‌ك له‌ گوتنی هه‌موو جۆره‌ گۆرانیه‌كاندا هونه‌رێكی زۆری نواندووه‌، چ وه‌ك شاعیر و چ وه‌ك ئاوازدانه‌ر و چ له‌ گوتنه‌وه‌یدا،گۆرانییه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندو خۆش و جوان كردووه‌، له‌ ئاوازدا به‌ تێكه‌ڵكردنی ده‌نگی بڕگه‌یی و بڕگه‌ی مانادار و وشه‌ی جوان و پاش و پێشكردنی وشه‌ و كورته‌ ڕسته‌ و نیوه‌ ڕسته‌ و به‌ئاوازی پڕ له‌ ڕازاندنه‌وه‌ دا، زیره‌ك ئه‌و هونه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ ئاوازه‌كانی نواندووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ شیعریشدا ئه‌مه‌ی كردووه‌ .
-9زیره‌ك له‌ ئاوزو شێوه‌ی گوتنی خۆیدا هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌شێكی زۆری له‌ هه‌موو جۆره‌ گۆرانیه‌كان به‌ زیاتر له‌ ئاوازێك و زیاتر له‌ شێوه‌ گوتنیك گوتووته‌وه‌ .
كه‌سایه‌تی هونه‌ریی زیره‌ك
هه‌موو ئه‌و تیۆره‌ جۆراو جۆرانه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تی داهێنه‌ر ده‌خه‌نه‌ به‌ر تیشكی لێكۆڵینه‌وه‌، ناتوانن به‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه‌ تائێستا كردوویانه‌، كه‌سایه‌تی داهێنه‌رانه‌ی زیره‌ك به‌ته‌واوی بخوێننه‌وه‌، چونكه‌ زیره‌ك به‌ڕاستی كه‌سێكی جیایه‌، جیا له‌ هه‌ موو داهێنه‌ران، هه‌ر بۆیه‌ پێویست ده‌كات به‌ تیۆری داهێنه‌رناسیی نوێ و تایبه‌ت، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ری تایبه‌تی زیره‌ك بكه‌ین، لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی چه‌ند خاڵێك بكه‌م كه‌ (د.محه‌مه‌د ئه‌كره‌م ئه‌لعه‌دلونی) له‌ باسی داهێنه‌راندا باسیان ده‌كات و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندانه‌ی زیره‌ك ده‌گونجێن”
یه‌كه‌م: داهێنه‌ر توانایه‌كی به‌رزی هه‌یه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و نوێكاری خۆشیده‌وێ .
دووه‌م: توانای خۆ گونجاندنی به‌په‌له‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان.
سێه‌م: زۆر پشت به‌ هه‌ست و مه‌شاعیره‌كانی خۆی ده‌به‌ستێت .
چواره‌م: بڕوای به‌ خۆی هه‌یه‌، هه‌ست ده‌كات ده‌توانێت داهێنانه‌كان جێبه‌جێ بكات.
پێنجه‌م: حه‌ز به‌ كاری سه‌ركێشی ده‌كات و له‌ ڕۆتین بێزاره‌.
شه‌شه‌م: ئاره‌زوی گه‌شت و گه‌ڕانی زۆری هه‌یه‌ .
حه‌وته‌م : به‌ڕه‌وشته‌، به‌ڵام قسه‌ له‌ڕووه‌ و سه‌ربه‌خۆیه‌ و كه‌یفی به‌ده‌سه‌ڵات و توندوتیژی نایه‌.
هه‌شته‌م : خۆڕاگر و پشو درێژه‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌ كۆمه‌كی و غه‌در.
نۆیه‌م: به‌رامبه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ مرۆییه‌كانی ده‌ورو به‌ر و جیهان كراوه‌یه‌ .
ده‌یه‌م: له‌كاتی داهێناندا هه‌ست به‌ دڵخۆشی و ئاسوده‌ییه‌كی زۆر ده‌كات .
یازده‌هه‌م:چێژی زۆر له‌جوانییه‌كان ده‌بینێ .
ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌و زۆری تریش له‌ كه‌سایه‌تی زیره‌ك دا كۆبوو بوونه‌وه‌و زیره‌كیان كردبوو به‌و داهێنه‌ره‌ی كه‌ ئاستی داهێنانی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی گه‌یاندۆته‌ شوێنێك كه‌ تا ئێستا هیچ داهێنانێك پێی نه‌گه‌یشتووه‌ .
به‌ بوونی ئه‌م خاڵانه‌ و زۆر خاڵی تریش زیره‌ك هێشتا له‌ده‌ره‌وی هه‌موو تیۆره‌كان ده‌مێنێته‌وه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری خۆیه‌تی و ته‌واوی خاڵه‌كانی داهێنانی زیره‌ك و زیره‌ك له‌ هه‌ موو داهێنه‌رانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌ ،
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك
-1ئه‌لف و بێی هیچ جۆره‌ خوێندنێكی نه‌خوێندووه‌ ونه‌یزانیوه‌ بنووسێ و بخوێنێته‌وه‌، زیره‌ك خۆی له‌ چریكه‌ی كوردستان ده‌نووسێ ( هاونیشتمانی خۆشه‌ویست، خۆتان ئه‌زانن كه‌ من له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ڕاوه‌دا، ته‌نیا زمانم كاری كردووه‌، له‌ پێنووسدا، خاتو میدیای زه‌ندی هاوسه‌رم، یارمه‌تی داوم).
-2زیره‌ك ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی دیار و ناسراوی هونه‌ری و نا هونه‌ریی نییه‌.
-3زیره‌ك بۆ فێربوونی هونه‌ره‌كه‌ی له‌ هیچ نێوه‌ندێك خول و ڕاهێنانێكی نه‌كردووه‌.
-4زیره‌ك شاگردی هیچ مامۆستایه‌ك نه‌بووه‌ و ڕێچكه‌ی هیچ كه‌سێكی دیاری هه‌ڵنه‌گرتووه‌ .
-5 زیره‌ك له‌ ماڵێكی هه‌ژار ئه‌گه‌ربڵێین ماڵ، ژیاوه‌ و له‌و ماڵه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ ده‌رگای دۆزه‌خی به‌ڕوودا كراوه‌ته‌وه‌.
-6زیره‌ك له‌ هه‌موو سۆزێكی دایك و باوك وخانواده‌یی بێ به‌ش بووه‌،(كێ بێ بێ گه‌وره‌ كه‌ به‌ره‌ڵڵابێ، وه‌ك منی لێ دێ زه‌حمه‌ته‌ چابێ).
-7زیره‌ك ژیانی خۆی له‌سه‌ره‌تاوه‌ زۆر له‌ژێر سفره‌وه‌ ده‌ست پێكردووه‌، قۆناغ به‌ قۆناغ و جار له‌دوای جار، به‌ كاره‌سات گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر سفر و له‌ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی خۆیدا (هه‌شت نۆ ساڵه‌ بووم، بووم به‌ عه‌مه‌له‌، له‌كاركردنا زۆر ئه‌مكرد په‌له‌).
-8زیره‌ك ئه‌گه‌رچی به‌ هۆی كه‌سایه‌تی لێهاتوویی خۆی و هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی دۆستی زۆرو گوێگری زۆرتر و هه‌واداری زۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆستانه‌ له‌ هاوكاری زیره‌ك دا كه‌م ده‌ست و سنوورداربوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دوژمن و دژه‌كانی زیره‌ك ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارو ده‌زگا به‌د ناو و به‌دكاره‌ كانی عێراق و ئێران بوون،هه‌ ربۆیه‌ به‌رده‌وام سێبه‌ری مه‌رگی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌، ده‌رگای به‌ندینخانه‌ی به‌ڕوودا كراوه‌بووه‌، ناحه‌زان له‌ كه‌مین بوون بۆی، هه‌رئه‌وه‌ش بوو زیره‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ژیاندۆستی و كورد بوونه‌ و عاشقه‌ جوانییه‌ی خۆی، دواجار ناچار بوو به‌ هه‌موو قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بڵێ: (هێنده‌م نه‌ماوه‌ بمرم و بچمه‌ ژێرگل و به‌شه‌ری كورد نه‌بینم) ئه‌و كورده‌ی زیره‌ك له‌ ژیانه‌ دۆزه‌خییه‌كه‌یدا به‌رده‌وام جوانترین ئاواز و خۆشترین مه‌قام و به‌رزترین شیعری گۆرانی زیره‌كانه‌ی به‌و په‌ڕی داهێنان و به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی داهێنان پێشكه‌ش كردوون و بولبول ئاسا ده‌یچریكاند و كه‌و ئاسا ده‌یقاسپاند وخه‌م و ئازاره‌كانی خۆی و میلله‌ته‌كه‌یی و مرۆڤایه‌تی به‌و په‌ڕێ شادیه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵا و به‌ هه‌شتییه‌كه‌ی به‌ هه‌رزانترین نرخ و هه‌ربه‌ خۆڕایی ده‌به‌خشییه‌ میلله‌ته‌كه‌ی و ده‌یگوت:(زۆر چاك ده‌زانم چۆنیان دڵ خۆش بكه‌م).
به‌ڵێ ؛ ئه‌و زیره‌كه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین هونه‌رمه‌ندی جیهان بوو له‌ ڕووی ژماره‌ی به‌رهه‌می هونه‌ری و داهێنانه‌وه‌، دواجار له‌ هه‌ژارترین ڕۆژه‌كانی دوا دوایی ژیانی به‌ده‌ستی شاگردانی ساواك ژه‌هركوژ كراو به‌ ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵ و شه‌ش مانگیه‌وه‌، به‌دڵی پڕ هیوا و به‌ گه‌رووی پڕ له‌ ئاوازو دڵه‌ پڕ عه‌شقه‌ كه‌یه‌وه‌، چووه‌ سه‌ر كێوی ناڵه‌ شكێن و فه‌رمووی (له‌پێش مه‌رگم چ فایده‌ بێیته‌ سه‌رگۆڕم و حه‌لواو سێڕۆژم بۆ چیه‌).
زیره‌ك كه‌مرد نه‌كاری هه‌بوو، نه‌ پول و پاره‌یه‌كی هه‌بوو، نه‌ خانوو ناو ماڵێكی هه‌بوو، هه‌ژار و زگورتێك بوو، له‌ هه‌موو هه‌ژاران هه‌ژارتر، ئه‌و هه‌ژار و زگورته‌، ئێستا گه‌وره‌ترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین و به‌رزترین هونه‌رو داهێنانی بۆ به‌جێهێشتووین.
كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندانه‌ی زیره‌ك
زیره‌ك هه‌ر به‌ سروشتی كه‌سێكی لیهاتوو زیره‌ك و زانا بوو،جگه‌ له‌ لێهاتوویی هونه‌ریی هه‌ر كارێكی تری به‌ ناچاری و له‌به‌ر برسییه‌تی كردبێ، سه‌ركه‌وتوانه‌ كردوویه‌تی، میرزا كه‌ریم خۆشناو له‌ باره‌ی زه‌وق و كاری زیره‌ك له‌ جوانكردنی كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌نووسێ: (سه‌یرم كرد ئه‌و چایخانه‌ پیس و پۆخڵ و ناشیرینه‌، بووه‌ به‌ گازینۆیه‌كی خۆش و پاك و خاوێن و سپی كاری و چیمه‌نتۆكراو، هه‌رحه‌ز ئه‌كه‌ی لێی دانیشی).
هه‌رئه‌و زیره‌كیه‌ش چاو و گوێ و هه‌ست و بیرێكی پانۆڕامایی پێدابوو، هه‌رله‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌رچی ده‌بینی و ده‌بیست له‌ مێشك و دڵیدا تۆمار ده‌بوو، جا له‌ برسییه‌تیدا بوابه‌ یان ده‌ربه‌ده‌ری، له‌ به‌ندیخانه‌ بوایه‌ یان ئاواره‌یی، ساغ بوایه‌ یان نه‌خۆش، هه‌رچی ده‌بیست و ده‌بینی ده‌بوون به‌ زه‌خیره‌ی داهێنانه‌كانی.
له‌ نێو ئه‌م هه‌موو به‌د به‌ختی و چاره‌ ڕه‌شیه‌یدا چاوێكی جوانبین و دڵێكی گه‌شبین و ئاره‌زوویه‌كی له‌ بن نه‌هاتووی هه‌بوو، هه‌تا بڵێی عاشقی ژیان بوو، عاشقی جوانی و ئافره‌ت بوو، عاشقی كورد و كوردستان بوو، عاشقی سروشته‌ جوان و ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌كه‌ی كوردستان بوو، زۆر عاشقی هونه‌ر و ده‌نگخۆشی بوو، هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ كانی خۆش ده‌ویست و باسی گه‌وره‌یی ده‌كردن، له‌ كاسێتی ئه‌بو سه‌باح ده‌فه‌رمووێ ؛ (عه‌لی مه‌ردان به‌رزه‌ ، كورد قه‌دری نازانی من قۆنده‌ره‌كانی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چاوم)، هه‌تا بڵیی شاره‌زای ئاوازو كه‌لتوری كوردی بوو، به‌ هه‌موو زار و بنزار و فۆلكلۆریه‌كانه‌وه‌، هه‌ر ئاوازێكی ببیستایه‌، ئاوازی ناوچه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان بوایه‌ یان ئاوازی میلله‌تانی ده‌ورو به‌ر، چۆنی بویستایه‌، وای ده‌گۆڕی و ده‌سكاری ده‌كرد و ده‌یكرد به‌ (ئاوازی زیره‌ك) انه‌، سه‌یركه‌ن چ هونه‌رمه‌ندێك هه‌یه‌ ئاوا به‌ جوانی و سه‌ركه‌وتوویی، شێوه‌ زار گۆڕیی و زمانگۆڕی و ئاوازگۆڕی بكات، له‌ نێوان بنزارو شێوه‌زاری كوردی و زمانه‌كانی كوردی و فارسی و توركی و ئازه‌ری و عه‌ره‌بیدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ له‌نگی و ناڕیكی و هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، له‌ ڕووی گوتن و ئاواز و ده‌ربڕینی ووشه‌ و ڕسته‌كانی هونه‌ری و ئاواز و زانستی زار و زمانه‌وه‌، له‌ گۆرانی گوتندا زیره‌ك زمانڕه‌وانترین گۆرانیبێژه‌ كه‌ ووشه‌كانی جوان و ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌رم و شیرین ده‌كات .
زیره‌ك و مۆسیقا
زیره‌ك له‌ ژێر ناوی (هونه‌ر و مۆسیقا) به‌ شیعر زۆر پسپۆڕانه‌ له‌ (چریكه‌ی كوردستان) ی خۆیدا باسی هونه‌ر و مۆسیقا و ئامێره‌ موزیكییه‌كان و جۆری ده‌نگیان و كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر گوێگر ده‌كات، ناوی زیاتر له‌ چل ئامێری موزیك ده‌هێنێ و كه‌م و زۆر باسی مێژوو وڵات و نه‌ته‌وه‌كانیشیان ده‌كات و ده‌نووسێ:
مۆسیقا .. شه‌رته‌ هاوڕازم تۆ بی
پاشی مردنیش ده‌مسازم تۆبی
مۆسیقا .. هه‌ ر تۆی روح و گیانی من
مۆسیقا .. خۆشی بۆ ژیانی من
ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ زیره‌ك چ به‌ هۆشیاری و زاناییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موزیكا ژیاوه‌، سه‌یر بكه‌ چۆن باسی یه‌ك به‌یه‌كی ئامیره‌كان ده‌كات:
(ته‌نبوور) نه‌جیبه‌،سه‌دای زۆر گه‌رمه‌
ده‌نگی مه‌حزوونه‌ په‌رده‌ی له‌به‌رمه‌
(دووتار) و (گیتار)، شاگردی (سێ تار)
ده‌نگیان هێند خۆشه‌، له‌ دڵ ده‌به‌ن بار
ده‌نگی (ماندۆلین) ،گرمه‌ی (ترۆمپێت)
ده‌تخاته‌ خه‌یاڵ سواری ئه‌سپی كوێت
به‌مجۆره‌ ناوی زۆر ئامێر ده‌هێنی كه‌ تا ئێستاش له‌ نێو ئه‌ده‌بیاتی موزیكی ئێمه‌دا، به‌م ڕوونی و شاره‌زاییه‌وه‌ ناویان نابیستین چ جای 65 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌مه‌ش بۆ زیره‌كی نه‌خوێنده‌وار ده‌چێته‌ پاڵ داهێنان و زیره‌كی و شاره‌زاییه‌كه‌ی، جگه‌ له‌ باسی ئامیره‌كان و جۆری ئاوازیان و كاریگه‌ریه‌كانیان له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی گوێگر، ئه‌وا به‌ شیعر نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ش جارێكی تر زیره‌ك ده‌باته‌ پاڵ ئه‌و شاعیرانه‌ی كه‌ هونه‌ری شیعریاین بۆ فێربوون و زانست به‌ تایبه‌تی زانستی موزیك به‌ كارهێناوه‌ .
ئه‌م شیعری (هونه‌ر و موزیك) یه‌ی زیره‌ك، ده‌قێكی گه‌وره‌ و به‌رده‌سته‌ بۆ به‌زانستی خوێندنه‌وه‌ی زانیاریه‌ هونه‌ری و موزكییه‌كانی زیره‌ك و شیاوی ئه‌وه‌یه‌ پسپۆڕانی موزیك به‌وردی و زانستییانه‌ لێی بكۆڵنه‌وه‌ و توانا و هوشیاری زیره‌ك له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌ربخه‌ن .
تیۆری زیره‌ك بۆ به‌ كوردی كردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان
هونه‌رمه‌ندیی زیره‌ك له‌ ته‌نیا سنوورێكدا نه‌وه‌ستاوه‌، پێش ئه‌وه‌ی باسی به‌ كوردی كردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كان بكه‌ین، واچاكه‌ باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ زیره‌ك ئاوازی زاراوه‌ جیاجیا كوردیه‌كانیشی كردووه‌ به‌ (ئاوازی زیره‌كی) *1، چونكه‌ زیره‌ك به‌ته‌واوی شاره‌زای ئاواز و كه‌لتوری هه‌موو ناوچه‌و زار و بنزاره‌ كوردیه‌كان بووه‌ و زۆریانی گۆڕیوه‌ بۆ ئاوازی زیره‌كی، سه‌یركه‌:
*ئاوازی (لوڕی) دایه‌ دایه‌ وه‌ختی جه‌نگه‌..ی گۆڕیوه‌ به‌ ..(لایه‌ لایه‌ت بۆده‌كه‌م، به‌ڵكم خه‌و بتباته‌وه‌)
*ڕه‌زیه‌ ڕه‌زیه‌ تۆم داره‌ مێوی، له‌ئاوازێكی هه‌ورامییه‌وه‌ وه‌رگرتوو.
*مه‌یرۆ مه‌یرۆ- ی له‌ ئاوزێكی كرمانجی سه‌روو وه‌رگرتووه‌ .
*فه‌له‌كه‌ براینه‌ فه‌له‌كه‌- ی له‌ ئاوزی حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ ولێر وه‌رگرتووه‌ و زۆری تریش، لێره‌دا پسپۆڕانی موزیك و ئاوازی كوردی ده‌تووانن، ئاوازه‌كانی ئه‌م گۆرانیانه‌و زۆری تری زاراوه‌ كوردییه‌كان بدۆزنه‌وه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان له‌ڕووی ده‌نگه‌ موزیك و خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و به‌راوردیان بكه‌ن له‌ گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ زیره‌ك كردوویه‌تی و ئاوازه‌ تازه‌كه‌ی لێ برهه‌م هێناوه‌ .
ده‌توانین ئاوا هێلكاری بۆ بكه‌ین:
*ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئاوازه‌كه‌ پێش ده‌سكاری زیره‌ك).
*ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندی ئاوازه‌كه‌ی زیره‌ك دوای ده‌سكاریه‌كه‌).
*دواتر سه‌یری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بكرێت كه‌ زیره‌ك له‌ ئاوازه‌كه‌دا كردوویه‌تی.
بۆ نموونه‌: چی لابردووه‌ ؟ چی ده‌سكاریكردووه‌؟ چی زیاد كردووه‌؟.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆرانیانه‌دا بكه‌ین كه‌ زیره‌ك له‌ ئاوازه‌ جیاجیاكانی شێوه‌ زاره‌ جیاجیاكاندا كردوویه‌تی، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زیره‌ك له‌ گه‌ڵ هه‌ر شێوه‌ زارێك و ئاوازێك كردوویه‌تی و به‌ كۆی ئه‌م گۆڕانكاری و لابردن و زیادكردن و ده‌ستكاری كردنه‌، ده‌گه‌ینه‌ هێڵی تیۆره‌كه‌ و بۆمان ڕوون ده‌بێته‌ وه‌ كه‌ زیره‌ك له‌سه‌ر چ یاسایه‌كی موزیك داهێنانی له‌ ئاوازه‌ فۆلكلۆری و شێوه‌زاره‌كاندا كردووه‌ .
تیۆری گۆڕانكاریی ئاوازه‌ بیانیه‌كان
به‌ گوێگرتن له‌ ته‌واوی گۆرانیه‌كانی زیره‌ك، به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئاوازه‌كانیان له‌ گۆڕان و ده‌ستكاری و زیادكردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان كردوویه‌تی و ئاوزێكی زیره‌كی كوردی به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ گۆڕێنی ئاوازه‌ كوردی شێوه‌ زاره‌ جیاجیاكان، زیره‌ك ئاوازی میلله‌ته‌ جیاجیاكانیشی گۆڕێوه‌ و ئاوازی نوێ و زیره‌كیانه‌ی كوردی به‌رهه‌مهێناوه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌م داهێنانه‌ش دیسان پسپۆرانی موزیكی كوردی به‌تایبه‌ت و پسپۆرانی موزیك به‌ گشتی ده‌توانن:
یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندیی كه‌لتور و ئاوازی هه‌ریه‌ك له‌و میلله‌تانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین كه‌ زیره‌ك ئاوازی لێ وه‌رگرتوون، وه‌ك فارس و تورك و ئازه‌ر و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن و هیند و یۆنان و ئینگلیزو ڕوس و… تادوایی.
دووه‌م: ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ئاوازه‌ تایبه‌ته‌ی بۆ نموونه‌ كه‌زیره‌ك له‌ فارسییه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌.
سێیه‌م: ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و گۆرانییه‌ی تایبه‌ت له‌و ئاوازه‌ فارسییه‌وه‌ زیره‌ك دایهێناوه‌ .
چواره‌م: زیره‌ك چی بۆ ئاوازو ده‌نگه‌كان زیادكردووه‌؟
پێنجه‌م: زیره‌ك چی له‌ده‌نگ وئاوزه‌كان لابردووه‌ ؟
شه‌شه‌م: زیره‌ك له‌ ده‌نگ و ئاوزه‌كه‌ ده‌سكاری چی كردووه‌؟
حه‌وته‌م: دواجار زیره‌ك چ جۆره‌ داهێنانێكی له‌و گۆرانییه‌دا كردووه‌؟
ئه‌گه‌ر پسپۆران به‌وردی و زاناییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ بكه‌ن كه‌ زیره‌ك ئاوازی لێوه‌رگرتوون و داهێنانی پێكردووه‌، ده‌رده‌كه‌وێت زیره‌ك به‌ چ سیستمێكی گۆڕانكاری له‌ ئاوازه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌كان، ئه‌م هه‌موو داهێنانه‌ مه‌زنه‌ی كردووه‌و ئاوازی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند و چالاك و نوێ كردۆته‌وه‌ .
زانستی موزیكی ده‌روونی
گۆرانی گوتنی زیره‌ك فره‌ ڕه‌هه‌نده‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاوازی گۆرانیه‌كی زیره‌كدا بكه‌یت، ئه‌گه‌ر له‌ چاوی زانستی ده‌روونناسی موزیكه‌وه‌ لێی نه‌كۆڵیته‌وه‌، ئه‌وا كاره‌كه‌ت نا ته‌واو ده‌بێت، چونكه‌ زیره‌ك هه‌ر هه‌موو گۆرانییه‌كانی كاریگه‌ری ده‌روونیان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئه‌م كاریگه‌ریه‌ش هێزێكه‌ له‌ هێزه‌كانی داهێنانی زیره‌ك.
سه‌یركه‌ له‌ گه‌نجی و له‌شاری به‌غدادا ده‌ڵێ: (هه‌روه‌ك سه‌ماوه‌ر له‌ گڕو له‌ جۆشم خه‌ڵكی غه‌م ده‌كڕێ من غه‌م ده‌فرۆشم)، هه‌ر له‌و به‌غدایه‌ هاوار ده‌كات (بێ كه‌سم له‌ و به‌غدایه‌) كه‌چی له‌ نه‌خۆشی و پیریداو له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌فه‌رمووێ: (ساقی ئۆباڵی منت وه‌ ئه‌ستۆ، دنیایه‌ و وه‌سیه‌ت ئه‌كه‌م له‌ لای تۆ، گه‌ر هاتوو مردم هه‌ر به‌مه‌ی بمشۆ، گریانم ناوی بۆم مه‌كه‌ن شێوه‌ن و ڕۆڕۆ، ئاخی پیریه‌تیم هێناوه‌ شنۆ)، ئه‌م ڕسته‌ كورتانه‌ پڕاو پڕن له‌ هه‌ستی ده‌روونی چه‌ند ڕه‌هه‌ند، (بێكه‌سی به‌غداو ئاخی پیریه‌تی شنۆ) به‌غداو گه‌نجی و ئاواره‌یی و بێ كه‌سی، شنۆ و ئاخی پیریی و نه‌خۆشی، ئه‌م ڕسته‌ كورتانه‌ پڕاوپڕن له‌ هه‌ستی ده‌روونی گه‌رم و ساردو دژ به‌یه‌ك، كه‌چی هه‌ر ئه‌وه‌ زیره‌كه‌ ده‌توانێ له‌ هه‌موو كاتێكدا و هه‌موو حاڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی جه‌سته‌یی خۆی بكات به‌هۆی داهێنان.
پێشتر گوتمان زیره‌ك به‌ چاو و هه‌ستی پانۆڕامایی سه‌یری سروشت و كۆمه‌ڵ و ژیانی ده‌كرد، بۆ ئه‌و هه‌ر مرۆڤ هۆ نه‌بووه‌ بۆ داهێنان، به‌ڵكو گڤه‌ی باو خوڕه‌ی ئاو و ده‌نگی مه‌ل و حیله‌ی ئه‌سپ و ده‌نگی قاز و باز و قومریش ئاواز و ده‌نگی سود لێ وه‌رگرتن بوون، هه‌ر بۆیه‌ پسپۆڕان له‌ دۆزینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (ده‌نگی زیره‌ك) دا ئه‌ركی گران و زانستیانه‌ی زۆریان له‌پێشه‌، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش چۆن به‌دوای ڕیشه‌ی ئاوازه‌كانی زار و بنزاره‌ كوردیه‌كان و ئاوازی میلله‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، ئاواش پێویسته‌ له‌ نێو گۆرانییه‌كانی زیره‌كدا به‌ دوای ده‌نگه‌ سروشتییه‌كان و ده‌نگی مه‌ل و باڵنده‌ و ئاسك و ئه‌سپیشدا بگه‌ڕێن، بگه‌ڕێن و بزانن چۆنی به‌كاریهێناون و چ داهێنانێكی پێ كردوون.
*١- ئاوازی زیره‌كی :مه‌به‌ست هونه‌رو ئاوازو گوتنی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كه‌، كه‌ نه‌ وه‌ك كه‌سه‌ له‌ ڕابردوو، نه‌ ئێستا له‌ كه‌س ده‌چێ و نه‌ له‌ داهاتووشدا كه‌سێكی زیره‌ك ئاسا په‌یدا ده‌بێت.

د. مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن