لەسەر بناغەی هەواڵێکی درۆ، چل ساڵ لەمەوبەر فەرمانی پەلاماردانی کوردستان دەرچوو

ئەحمەد ئەسکەندەری


٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ – ١٩ی مانگی هەشتی ١٩٧٩

ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لەگەڵ هاوڕێکانم لە نووسینگەی ‘کۆمەڵەی لایەنگری زەحمەتکێشان و پارێزگاری لە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد’ لە شاری سەقز بووین و ڕووداوێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو. وەکوو ڕۆژەکانی پێشووتر تەلەفونم کرد لە ‘کۆمەڵەی پارێزگاری لە ئازادی و شۆڕش’ لە شاری سنە بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی جاران کەسێک بە فارسی جوابی دایەوە! خێرا زانیم کە هاوڕێیانمان لەو شارە ناچار کراون شوێنەکەیان بەجێ بهێڵن. . . زۆری پێنەچوو ڕادیۆ تاران پەخشی ئاسایی خۆی بڕی و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی و پەیتا پەیتا فەرمانی جیهادی خومەینی دەخوێندەوە.

ئاماژە بە سێ دەربڕینی خومەینی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ و هەروەها مانگی پووشپەڕی ١٣٥٩ [١٩٨٠] جەوهەری هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کوردستان، هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن ئەوانەو و هەروەها هەڵوێستی ڕژیم بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییەکان و حیزب و ڕێکخراوەکان لەلایەک و بۆچوون و کاردانەوەیان سەبارەت بە وتووێژ و دانووستاندن لەلایەکی ترەوە، بەڕوونی دەردەخات.
١ – فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، خومەینی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ [١٩/٨/١٩٧٩]
” السّاعه خەبەر گەیشت کە لە سنە «حیزبی دیموکرات»، ئەوانە ئەرتەشییەکان و ڕیکخراوەکانی ئەوانیان گەمارۆ داوە، وە ئەگەر هەتا نیو سەعاتی تر یارمەتی نەدرێن چەکەکان دەبەن. وە لە مزگەوتی جامیعای سنەوە بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە کە حیزبی دیموکرات ژنەکانمانیان بە بارمتە گرتووە. اکیداً به ‏تەواوی هێزەکانی ئاسایش فەرمان دەدەم بەرەو پادگانەکانی . . بەرەو سنە بکەونە ڕێ، پاسدارانی ئینقیلاب – لە هەر شوێنێک کە هەبن – بە ژمارەی پێویست – بە پردی هەوایی – بەرەو سنە و کوردستان هێزەکانیان ببزوێنن و زۆر بە توندی، هەموو یاخیبووەکان سەرکوت بکەن. تەئخیر، – با یەک سەعاتیش بێت – بە سەرپێچی کردن لە ئەرکەکان دەژمێردرێت و بە توندی سزای بەدوادا دێت. . (دەقاودەق لە سایتێک بەناوی پۆرتالی ئیمام خومەینی وەرگیراوە: صحیفه امام، ج ٩، ص ٣٠٦ سایت ‘پرتال امام خمینی’ http://www.imam-khomeini.ir/)
چەندین ساڵ دواتر – هەروەکوو لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت – کاربەدەستانی ئەوکاتی ئێران لە کوردستان، تاران و قوم پێداگری دەکەن کە ئەو ڕۆژانە لە شاری سنە هیچ نەقەوماوە و ئەم فەرمانی شەڕ و هەڵچوونەی خومەینی لەسەر بناغەی خەبەری دروستکراو و هەڵبەستراوی شەڕخوازان لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتی سەربازی و ئایینیی ئێراندا دەرچووە.

چل ساڵ توندوتیژی، داپڵۆسین، بۆمباران و ئێعدام وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام سەرەڕای ئەو سیاسەتە دژە مرۆڤانە و سەرکوتی زۆر، خەبات لە دژی ستەمی میللی و هەموو ئاکامە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی لە کوردستان بەردەوام درێژەی هەبووە و لە باری سیاسییەوە کوردستان قەت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی قبووڵ نەکردووە.
مامۆستا شێخ‌ عێزەدین حوسەینی در بەیاننامەیەکدا که ڕۆژنامەی ‘کیهان’ ۸ خاکەلێوەی ۱۳۵۸ لاپەڕی ۷ دا بڵاوی کردووەتەوە، سەبارەت بە ڕیفراندۆم (ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی خاکەلێوە، ٣٠ و ٣١/٣/١٩٧٩) بۆ دیاریکردنی ڕژیمی تازە پاش ڕووخانی شای ئێران بەم شێوە دەدوێت:
«لەبەر ئەوە ناوەرۆکی ‘کۆماری ئیسلامی’ تەماویی و نادیارە، بەتایبەت سەبارەت بە مافی دیاریی کردنی چارەنووس و هەروەها مەسئەلەی خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا . . لەم ڕیفراندۆمەدا بەشداری ناکەم.»
ڕێکخراوی ‘کۆمەڵە’ یەک هەفتە پێش ڕیفراندۆم و حیزبی دیموکراتیش پاش دیداری دەستەی نوێنەرایەتی حیزب بە سەرۆکایەتی دوکتور قاسملوو لەگەڵ خومەینی لە قوم، ڕۆژی پێش ڕێفراندۆمەکە (٩ی خاکەلێوە) لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، بەشداری نەکردنی خۆیان لەو ڕیفراندۆمەدا ڕاگەیاند.
فەرمانی شاڵاو و کوشتن لەسەر ئەساسی هەواڵی هەڵبەستراو کە ئاکامەکانی زۆر ڕووخێنەر و کارەساتئامێز بوو
«چشم‌انداز ایران» (چەشم ئەانداز واته روانگه، به‌رژه‌وه‌ند، ئاسۆ) گۆڤارێکه هەر دوو مانگ جارێک له تاران بڵاوده‌بێته‌وه. به‌هاری ساڵی ٢٠٠٣ یه‌که‌مین ژماره‌ی «چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان» (تایبه‌ت به کوردستان) ده‌رچوو. پاییزی ٢٠٠٥ ژماره‌ی دووهه‌میشی بڵاو کرایه‌وه . ئه‌وه یه‌که‌م جاربوو که گۆڤارێک له تاران به‌و شێوه‌یه دوو ژماره‌ی خۆی ته‌رخان ‌بکات بۆ باسکردن له‌سه‌ر پرسی کورد له ئێران و هه‌روه‌ها وێنه‌ی ڕیبه‌رانی کورد به‌تایبه‌ت مامۆستا شیخ‌عێزه‌دین حوسه‌ینی و دوکتور قاسملو بڵاو بکاته‌وه.
وتووێژی ژەنراڵێکی به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه «سه‌رله‌شکر ناصر فه‌ربود» له لاپه‌ڕه‌ی ٤٣ی «چشم‌انداز ایران – ویژه‌ کردستان” ژماره دودا جێگای سه‌رنجێکی تایبه‌تییه:

«پرسیار: واته ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشدا تاران ده‌ستپێکه‌ری شه‌ڕبوو له ‌دژی کوردستان؟ به‌ واتایه‌کی دیکه ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی کاتییه‌وه‌ و له ‌تارانه‌وه بوو؟

وه‌ڵام: ستاد (واته ناوه‌ندی سه‌رکردایه‌تی ئه‌رته‌ش) به ‌ره‌سمی نووسیویه‌تی که خۆیان ئه‌م‌ کاره‌یان کردووه.

پرسیار: بۆچی به‌ فڕۆکه هاتنه سه‌ر شاری سنه؟
وه‌ڵام: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ئه‌رته‌ش) به‌ پێچه‌وانه‌ی ئامانجی ده‌وڵه‌ت کاریان ده‌کرد.»
هەڵبەت ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەوە نەبوو “بە فڕۆکە هانتە سەر شاری سنە”، ئەو جۆرەی کە ڕۆژنامەوانەکە پرسیار دەکات، بەڵکوو لە سەر شار و لادێکانی کوردستان دیواری دەنگیان دەشکاند و هەر لە ڕۆژەکانی پێش نەورۆزی ١٩٧٩ـوە مەبەستیان تۆقاندنی خەڵکی کوردستان بوو.
لێره دا وته‌یه‌کی ئاغای جه‌مشید حه‌قگو، ئوستاندار (پارێزگار)ی پێشووی ئازربایجانی رۆژئاوا زۆر شیاوی سه‌رنجدانه:

«ڕۆژێکیان به‌بۆنه‌یه‌که‌وه من له ئیداره‌ی دووهه‌می ئه‌رته‌ش بووم له‌ تاران و له‌وێ پرسی کوردستان هاته پێش. هه‌موو ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی اگلاعاتی روکنی دوو (ده‌زگای دژەزانیاریی ناو ئه‌رته‌ش) که شاره‌زای دۆخی ناوچه‌ی کوردستان و گیروگرفته‌کان له‌وێ‌بوون. له‌بیرمه هاوکات کە جه‌ختیان له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی من دەکردەوە . . . رایانگه‌یاند که ئێمه‌ش به‌راوردمان کردووه و نزیکه‌ی ١٤ ڕێگاچاره‌مان بۆ کوردستان ڕه‌چاوکردووه که دوایین ڕیگاچاره‌یان، کردەوەی چه‌کدارانه‌یه.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٥٦ پاییزی ٢٠٠٥)
باشه ئه‌وکه‌سانه‌ی – به ‌تایبه‌ت کورده‌کان – که ئێستا له تارانه‌وه و له‌لاپه‌ڕه‌کانی چشم‌انداز ایران‌ه‌وه هێرش ئه‌به‌نه‌سه‌ر ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی که له بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی کوردستاندا به‌شدارییان کردوووه‌و له به‌رامبه‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامیدا راوه‌ستاون و پارێزگارییان له‌گه‌ل و نیشتمانی خۆیان‌کردووه، له‌خۆیان ناپرسن ئه‌وه بۆچی که‌س گوێی نه‌دایه ئه‌و ١٣ رێگاچاره‌یه‌ی دیکه‌ی که «ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی روکنی دوو» پێشنیاریان کردبوو؟ بۆ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کورددا ته‌نها به‌زمانی چه‌ک و تۆپ و تانک هاتنه زمان و رێگا چاره‌ی چوارده‌هه‌میان هه‌ڵنه‌بژارد؟
لەلایەکی ترەوە شێخ حسین کرمانی «نوێنه‌ری ئه‌وکاتی ئیمام له‌ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات» هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٨ دا ده‌ڵێت:
« جارێکیان گوتم باش وایه داهاتی یەک ڕۆژی نه‌فت ته‌رخان‌ بکه‌ین بۆ کوردستان . . . احمدئاغا [کوڕی خومەینی] ئه‌م قسه‌ی منی زۆر پێخۆش نه‌بوو. . . ته‌له‌فوونم کرد احمدئاغا وه‌ڵامی دایه‌وه. وتم ئاغای خه‌ڵخاڵی (ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی جەللادی کوردستان) هاتووه‌ته هه‌مه‌دان و سبه‌ینێ ده‌یه‌وێت بێت بۆ سنه. له‌سنه هیچ باسێک نییه. ئارامی ئارامه. بیکەن به‌خاتری خودا مه‌هێڵن بێت بۆئێره.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٨ پاییزی ٢٠٠٥)
به‌ڵگه له‌مه روونتر و ئاشکراتر هه‌یه؟ خۆ ئه‌مه کۆمه‌ڵه و حدکا نه‌یان‌نووسیوه. ئه‌م کابرایه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ قوم و له‌گه‌ڵ ماڵی خومه‌ینی په‌یوه‌ندی گرتووه. پێشتر بینیمان که ئه‌رته‌ش چۆن شه‌ڕه‌که‌ی ده‌ستپێکرد، ئێستاش ده‌بینین که له شاری قوم‌ه‌وه خه‌ڵخاڵی جه‌ڵلادیان نارد بۆ ئێعدامکردنی خه‌ڵک له کوردستان.
سەبارت بە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندای ڕژیم هەر ئەوەندە بەسە سەرنجی ئەم بەشە لە لێدوانەکانی ئاغای شاهوەیسی پارێزگاری ئەوکاتی کوردستان بدەین کە لە هەمان ژمارەی دووهەمی گۆڤاری “چشـم‌انداز ایران – ویژە کردستان”دا بڵاوبووەتەوە:
دەنگوڕەنگ (واتە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێڕان) خەریکی بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی بوون و بەم چەشنە سەرقاڵی هاندانی هاونیشتمانانی (ئێرانی) بوون لە دژی هاونیشتمانانی کورد. هەرچەندە دەمانگوت دۆخەکە لە کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و وەها نییە هێرشی بکرێتە سەر و بارودۆخەکە ئارامە، هیچ کەس گوێی نەدەگرت و زانیاریی هەڵە لە کاناڵە نافەرمییەکانەوە بڵاودەکرایەوە.»
سەرنجدان بە قسەکانی ئاغای صباغیان چەند لایەنێکی ترمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و لە زیانی ئەو کەسانەیە کە بەناو توێژینەوە دەکەن سەبارەت بە دۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان و هەموو تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی ئەوان. لە لاپەڕەی ٥٥ی “چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان” ژمارە دوودا ئاغای صباغیان ئاوا دەڵێ:

«پرسیار: ڕووداوەکانی شاری پاوە کە هاتە پێش، ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی دا لە ۲۴دا شەڕ و پێکدادان لە پاوە کۆتایی پێ بهێنرێت و ڕۆژی دواتریش فەرمانی دا هێزی سەربازیی بەرەو سنە وەڕێکەون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پارێزگاری هەڵبژێردراوی دەوڵەت لە کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامە بیانیی و ناوخۆییەکاندا سەرسووڕمانی خۆی لەم بابەتەوە دەربڕی. ئەو دیگوت لە سنە هیچ خەبەرێک نییە. کێشەیەک نییە. ئەی باشە ئەم شەڕ ڕاگەیاندنە بۆچی بوو؟

وەڵام: گوتم کە هەواڵەکانیان بە هەڵە بڵاودەکردەوە. مەرحوومی خومەینی بڕیارێکی دابوو کە زۆر لەجێی خۆی نەبوو، دواتر کاتێک ڕایانگەیاند لە سنە هیچ خەبەرێک نییە، ئیتر زۆر درەنگ بوو.»
شەڕی سێ مانگە و بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان
لە وەها زەمینەیەکدا بوو کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە زەمین و لە ئاسمانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو شاڵاویان هێنایە سەر کوردستان و شەپۆلی ئێعدامەکان بە دەستی ئایەتوڵڵا خەلخالی جەللاد کەوتەڕێ. هیزە سیاسییەکانی کوردستان هیچ چەشنە ئامادەگییان نەبوو و بەناچار هەتا ناوچە شاخاوییەکانی سەرسنوور پاشەکشەیان کرد. من کە ئەو دەم لای بەڕێز مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووم، جوان لەبیرمە کە چۆن یەکەم ڕۆژنامەوانی ئێرانی کە بەدزییەوە لە تارانەوە هاتبوو بۆ چاوپێکەوتن و نووسینی ڕاپۆرت، لە شەوێکی تاریکی پاییزدا لەناو خێوەتێکدا لە شاخ دیدارمان لەگەڵ کرد.
دوابەدوای ئەم شاڵاو و هێرشانە بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵک، لاوانی کوردستان بەتایبەت ڕوویان کردە ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و لە ئاکامدا و لە بەرنگاربوونەوەیەکی قارەمانانەی جەماوەرییدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە پاشەکشە کران. سەرەنجام یەکەم پەیامەکانی کاربەدەستانی ئێران لەمەڕ ” بانگەوازی ئاشتی و گفتوگۆ” لە مانگی خەزەڵوەردا گەیشتە لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان. سەرەتا دانیشتنێکی فەرمیی بە ناوبژیوانی مام جەلال و ئامادەبوونی چەند وەزیرێک لەوانە، داریووش فرووهەر، صباغیان، سەحابی و چەند کەسێکی ئەرتەشی ئێران لە گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت لەگەڵ دەستەیەکی دانووستاندکاری کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی دەستی پێکرد کە منیش لەو دانیشتنەدا بەشدار بووم.
لە شوێنێکی تردا ئاغای صباغیان لە هەمان لاپەڕەی ٥٥ی ژمارەی یەک‌دا دەڵێ:
“پێش ئەوەی ئێمە (دانووستاندن) دەست پێبکەین، ڕیزە ئێعدامە ناڕەواکانیی ئایەتوڵڵا خەلخالی کەشوهەواکەی هەستیار کردبوو. خۆی وایدانابوو کە گوایە بیانتۆقێنێت (خەڵکی کوردستان). بۆ نموونە برایەکی لەباتی براکەی تری ئێعدام کردبوو. . . ئەم کەسە ئیفلیج بوو (خۆی نەیدەتوانی بڕوا) هەر بۆیە لەسەر دەستەبەرە بردیان و ئێعدامیان کرد.”
ڕۆژنامەی ‘کیهان’ پێنجشەممە ۱۷ خەزەڵوەری ۱۳۵۸ [٦/١١/١٩٧٩] لاپەڕە ۹ ئاوا دەنووسێت:
«ئەندامانی ‘دەستەی نیازپاکیی’ (دەوڵەت) کە بریتی بوون لە بەڕێزان فرووهەر، صباغیان و سحابی، دوێنێ چوارشەممە گەیشتنە ناو شاری بانه و لە خۆپیشاندانی دژ بە ئەمریکا بەشدارییان کرد. پاش وتارەکەی داریوش فرووهەر لەو کۆبوونەوە چەند هەزار کەسییەدا، بڕیارنامەیەک لەلایەن خەڵکی بانەوە لە سێ خاڵدا خوێندرایەوە و درا بە ‘دەستەی نیازپاکیی’؛
۱- . . . پشتیوانی لێبڕاوانە لە گەڵاڵەی ۸ خاڵی مەهاباد، . . . [کە چەند ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا پەسندکرابوو.]
۲- . . . تەنیا نوێنەرانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان بۆیان هەیە سەبارەت بە کێشەکانی کوردستان (لەگەڵ دەوڵەت) گفتوگۆ بکەن.
۳- چارەسەرکردنی کێشەکان لە کوردستان لە گرەوی ئەوەدایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە فەرمی بناسرێت و . . . و ئەمە تاقە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان و ئێران. . .»
پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ و دیداری نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سەرەنجام توانرا ڕێکەوتنێک ئیمزا بکرێت و بەم چەشنە ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ پێک هات کە تێیدا مامۆستا شێخ عێزەدین وەکوو سەرۆک، حیزبی دیموکرات [دوکتور قاسملوو] وەکوو گوتەبێژ و کۆمەڵە و لقی کوردستانی ڕیکخراوی چریکه فیداییەکان وەکوو ئەندام دیاریی کران. خومەینی کە سێ مانگ پێشتر فەرمانی جیهاد و سەرکوتی لە دژی گەلی کورد دەرکردبوو، ئەمجارە پەیامێکی جیاوازیی بڵاوکردەوە!
٢ – خومەینی: پەیام بە خوشکان و برایانی کورد ٢٦ی خەزەڵوەر ١٣٥٨[١٧/١١/١٩٧٩]
سڵاو لە خوشکان و برایانی کورد، . . من تێدەگەم که لە ژێر حکوومەتی کاتییشدا ئەو جۆرەی کە شیاویی خواستی ئێوە و میللەت بێت، پێتان ڕانەگەیشتوون‏ . . . وە من هیوادارم‏‎ ‎ کەرەستەی پێویست بۆ ڕیفاهیی هەموو میللەت و بۆ ئێوە برایانی کورد دەستەبەر بکرێت. ‏
داوا دەکەم لە دەستەی تایبەت [نیازپاکیی] که بەوپەڕی نیازپاکییەوە درێژە بە گفتوگۆکان بدەن؛ وە لەگەڵ کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و میللیەیەکان و باقی توێژەکان پەیوەندیی بگرن، هەتا بەدیهێنانیی داخوازییەکانی ئەوان – کە داخوازیی ئێمەیشە – با بە شێوەیەکی دڵخوازانە جێبەجێ ببێت؛ ‏
‏‏ئیسلامی گەورە هەموو هەڵاواردنەکان مەحکووم دەکات و . . لە پەنای ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا، مافی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و ناوچەیی و لابردنی هەر چەشنە هاڵاواردنی فەرهەنگی و ئابووری و‏‎ ‎‏سیاسی بۆ هەموو توێژەکانی میللەتە، لەوانە برایانی کورد کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و دەستەبەر دەبێت بە دابینکردنیان لە زووترین کاتدا . . (صحیفه امام، ج ١١، ص ٥٥ سایت ‘پرتال امام خمینی’)

بە دوای ئەم پەیامەدا بوو کە دەستەیەکی دانووستاندکار لە تارانەوە هاتنە مەهاباد و تاقە یەک جار و بۆ ماوەی نزیکەی چل دەقیقە لەگەڵ ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ دا بە فەرمیی کۆبوونەوە!
” سەعات سێ و نیوی ڕۆژی سێشەممە ۲۰ بەفرانباری ۱۳۵۸ [١١/١٢/١٩٧٩] کۆبوونەوەی فەرمیی دەستەی دەوڵەت لەگەڵ ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ لە ‘فەرمانداریی'(قایمقامییەت) مەهاباد دەستی پێکرد. سەرەتا ئاغای فرووهەر پێخۆش بوونی خۆی لەم دانیشتنە دەربڕی و بە گەشبینییەوە باسی ئاکامەکانی ئەم گفتوگۆیانەی کرد. پاشان مامۆستا شێخ عێزەدین بەیانێکی خوێندەوە که تێیدا هاوکات لەگەڵ بەخێرهێنانی نوێنەرانی دەوڵەت، گوتی: میللەتی کورد هەمیشە ئارەزووی بووە لە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نوینەرانی فەرمیی دەوڵەتدا بەشداریی بکات و کێشەی نەتەوایەتیی خۆی لە ڕیگای لێک تێگەیشن و وتووێژەوە چارەسەر بکات. گەلی کوردستان هاوکات لەگەڵ گەلانی ئێران بەشدار بووە لە خەباتی هاوبەشدا و بەردەوام بۆ مافی ڕەوای خۆیشی تێکۆشاوە.
پاشان مامۆستا شێخ‌ عێزەدین ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ی ناساند و گوتی کێ لەلایەن کامە هێزی سیاسییەوە بەشداریی کردووە. بەدوای ئەوەدا ئاغای صباغیان ناڕەزایی خۆی دەربڕێ بەرامبەر بە پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ و بەشداربوونی فەرمیی نوێنەرانی کۆمەڵە و چریکی فیایی لە کۆبوونەوەکەدا.
[به گوتەی بێهرووز سلێمانی نوێنەری لقی کوردستانی چریکهای فدایی خلق]، بەدوای ئەم دەربڕینەی ئاغای صباغیاندا، دوکتور قاسملوو گوتی: پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە؛ خەڵکی کوردستان دوو هەفتە پێش ئێستا (شەشی ڕێبەندان ٢٧/١١/١٩٧٩) لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە و بەربڵاودا بە شێوەیەکی فەرمیی پشتیوانیی بەرینی خۆیان لەم پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ دەربڕیوە.” (ئەم گێڕانەوە لە کاسێتی دەنگیی دیداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی مەهاباد لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی بەفرانباری ١٣٥٨ دا وەرگیراوە.)
ئایەتوڵڵا کرمانی لە گۆڤاری ‘چشم‌انداز ایران ویژه کردستان’ ژماره دوو لاپەڕەی ۹دا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت و قسەکانی ئەو بەرپەرچی ئەو کەسانە دەداتەوە کە تاوانی شکستی گفتوگۆکان دەخەنە ئەستۆی لایەنی کورد. شێخ حسین کرمانی دەڵێ:
«گوتیان ‘دەستەیەکی نیازپاکیی’ خەریکە دەچێت بۆ کوردستان، تۆیش لەگەڵیان بچۆ، بەڵام ئەندامی ئەو دەستەیە نیت، بەڵکوو چاودێرییان بکە و بزانە چی دەکەن.»
هەتا ئێرە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستەی نوێنەرانی دەوڵەت سەرەڕای ئەوەی کە هەموویان لێهاتوویی بەڕێوەبردنی کارەکەیەن هەبوو وە هەموویشیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران وەفادار بوون، لە لایەن نوێنەرێک لە شاری قومەوە لە ژێر چاودێرییدا بوون. کرمانی لە درێژەدا دەڵێ:
« گوتم به ئاغای صباغیان کارێکی تایبەتم پێتانە. شوێنەکەیان بۆ چۆڵ کردین. بەنده بووم، مهندس صباغیان، مهندس سحابی و وابزانم کەسێکی تریش بوو. من دەستم پێکرد و گوتم ئێوە خەریکن لەگەڵ ئەوانە وتووێژ دەکەن، ئایا ئەمە مانای ئەوە نادات کە ئێوە خەریکن ئەوانە بە ڕەسمیی دەناسن؟ کۆمه‌ڵه و دیموکرات به رسمیی دەناسن؟ ئێوە خەریکی چین؟ گوتیان ئێستا ئێمە لە دۆخێکی خراپداین و دەرفەوت و ئیمکانێکی ئەوتۆمان نییە. خۆتانیان پێوە سەرقاڵ بکەن کە کارێکی ئەوتۆ و توندوتیژی نەکەن هەتا ئێمە وردە وردە بتوانین دەسەڵاتمان بەسەر سنوورەکاندا زاڵ بکەین. ئەرتەشەکەمان ڕێکوپێک بکەین و هەموو ئەمانە ئارام دەکەینەوە.»
ئاغای سحابی لە ژمارەی یەکەمی ‘چشم‌انداز ایران – ویژە کردستان’دا دەڵێ:
« لە سەردەشت . . گفتوگۆ هەبوو . . من لەبیرمە یەکێک لە کوڕەکانی خۆمان گوتی به رچا ناجیان (ئەندامێکی دەستەی دەوڵەت) ئێوە بۆچی لەگەڵ ئەمانە وتووێژ دەکەن؟ ئەویش گوتی جارێ سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەمانە لە خەڵکەکە جیا بکەینەوە. ئەمانە کەشوهەوایەکیان خولقاندووە و خەڵکەکەیان ترساندووە. ئێمە ئەم شەڕەیان لەگەڵدا هەر دەکەین، بەڵام دەبێ خەڵکیان لێ بتاکێنیەوە. ئاغای خومەینی ئەم سیاسەتەی ئێمەی قبووڵ کرد. هەربۆیە سەرانسەری زستانی ساڵی ١٣٥٨، کەم تا کورت جاروبار دەچووین بۆ کوردستان، . . .» (چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان ژماره یەک، ل ۶۶)
دیارە بە سەرنجدان لەم لێدوانانە و هەروەها کارشکێنی کردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەربە حکوومەت لەلایەک و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی دەوڵەت کە هاوکات بوو لەگەڵ داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکا و بە بارمتە گرتنی ئەمریکاییەکان، هەموو ئەمانە وایان کرد کە گفتوگۆکان هیچ ئاکامێکیان لێ نەکەوتەوە. تەنانەت هەوڵدانی تاکلایەنانەی حیزبی دیموکراتیش لە ڕێگای سەرەککۆمار بنی صدر و هێندێک لە کاربەدەستانی ترەوە لە تاران هیچ ئاکامێکی نەبوو. هەموو ئاماژەکان ئەوەیان نیشاندەدا کە ڕژیم خۆی ئامادە دەکرد بۆ شاڵاوێکی تازە بۆ سەر کوردستان.
بێ ئاکام مانەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ دەستەی تایبەتی دەوڵەت

٣ – خومەینی: ‏‏٢٩ پووشپەڕی ١٣٥٩ [٢٠/٧/١٩٨٠] لێدوانیی ‘‏‏‏ئێعتراف به هەڵەی ڕابردوو’

” . . . میللەتی ئێمە شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوتیان کرد و ئێمە نەمانکرد. ئێمە یان مقصرین یان قاصر . . ئەگەر ئەو ڕۆژەی دەیانهەویست بچن بۆ کوردستان بۆ گفتوگۆ، من ئاماژەی ڕەخنەگرانەم پێدان که دەتانهەوێت وتووێژ بکەن، پێویستە لە پێگەی بەهێزبوونەوە بچن. سەرەتا دەبێ ئەرتەش و پاسدارەکان ئەمانە احاگه بکەن، محاگیان بکەن، جا دوایە ئێوە بچن و قسەیان لەگەڵدا بکەن. مسامحه کرا. ئەمە بوو بە سەبەبی ئەوەی ئەم گرفتە درێژخایەنەمان بۆ هاتە پێش و ئەو هەمووە زیانەی لێکەوتەوە.” (صحیفه امام، ج ١٣، ص ٤٦ و ٤٧ سایت ‘پرتال امام خمینی’)
باشە بابزانین ئاغای صباغیان چۆن باسی دەستپێکردنی پێکدادانەکان دەکات. دەڵێ:
« ‘نهچت ێ‌زادی ایران’ [ڕێکخراوێکی ئایینی بوو کە هەر لە زەمانی ڕژیمی شاوە بە سەرۆکایەتی مهدی بازرگان دامەزرابوو] هیچ بەرنامه یان لیکدانەوەیەکی سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکان نەبوو. یەکەم کەسێک کە چوو بۆ کوردستان دوکتور (مستەفا) چەمران بوو. دەوروبەری نەورۆز [١٩٧٩] چوو بۆ کوردستان و لێکۆڵینەوەی کرد و بۆی دەرکەوت کە دەبێ بە شێوەی چریکیی [پێشمەرگانە] بەرەوڕوویان بینەوە. چونکوو هەڵسوکەوتی کوردەکانیش پێشمەرگانە بوو. تەنها کەسێک کە لەو سەردەمەدا خولی ڕاهێنانی چریکیی دیبوو، دوکتور چەمران بوو.

پرسیار: کەوابوو لە ڕاستیدا تاقمی فشار هەبوو بۆ ئەوەی ئەرتەش چالاکیی سەربازی بکات؟

وەڵام: بەڵێ، مەرحوومی قەرەنی [فەرماندەی ئەرتەش] دەیگوت ئەمانە هەتا گەشەیان نەکردووە دەبێ لەگەڵیان بکەوینە شەڕ و لەناویان ببەین. مەرحوومی چەمران‌یش زۆر باوەڕەی بە گفتوگۆ نەبوو، دەیگوت من چوومەتە ئەوێ و لێکۆڵینەوەم کردووە و دەزانم.»
سەیرە، ئاغای صباغیان و ‘نهچت ێ‌زادی ایران’ و ئەوانەی کە خاوەنی هیچ چەشنە لێکدانەوەیەک سەبارەت بە کوردستان نەبوون، لە ڕاستیدا ببوون بە کەرەستەی دەستی شەڕخوازانی ناو ڕیزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران.
ئێستا با بزانین ئاغای صدرحاج‌سیدجوادی [ماوەیەک وەزیری ناوخۆ بوو] لەم باریەوە چی دەڵێت:
«هەڵبەت مەرحوومی موفتی‌زاده و شێخ‌عێزەدین و لایەنگرانی چەکداری ئەوان قەت نەیانویست لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن.
پرسیار: ئایا باڵه‌کانی [کۆماری ئیسلامی] کۆک‌بوون له‌سه‌ر کاتی ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ. هه‌مووان رازی بوون به لێدانی چه‌کدارانه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵات به ‌کرده‌وه له ‌ده‌ستی ئاغای خومه‌ینی‌دا بوو و له ‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ هه‌نگاوێک نه‌نرا. ئێمه له ‌ده‌وڵه‌تدا ڕازی به عه‌مه‌لییاتی چه‌کدارانه نه‌بووین. مهندس بازرگان‌یش رازی نه‌بوو. فه‌رمان، فه‌رمانی ئیمام بوو. له‌سه‌ر سنه . . . ئێمه به ‌لێکۆڵینه‌وه بۆمان‌ده‌رکه‌وت که له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شیشه‌وه هه‌ڵه کراوه.»
(‘چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان’ ژماره یەک، لاپەڕە ۴۶، بەهاری ٢٠٠٣)
با بزانین ئاغای سحابی سەبارەت بە خولی دووهەمی شەڕ لە کوردستان چی دەڵێت. بەم لێدوانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە چ گاڵتە جاڕییەکە کەسانێک تەنانەت ئەم قسانەیشیان نەخوێندووەتەوە، بێ ئەملاوئەولا و سڵەمینەوە وا باس دەکەن کە گوایە ناردنی هێزی گەورەی ئەرتەش بۆ کوردستان بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ عێراق‌دا بووە! شەڕ لەگەڵ عێراق شەش مانگ دواتر دەستی پێکرد. ئاغای سحابی دەڵێت:
«ڕۆژێکیان لە تەلەڤیزیۆن چاوپێکەوتنێکم کرد و گوتم:’ من ئەگەر بێتوو ڕازی بم بە خودموختاری بۆ کوردستان، وەک ئەوە وایە که بڵێن دەبێ دەستەکانت ببڕنەوە. ئامادەم دەستەکانم ببڕنەوە، وەلێ ئیمزای ناکەم’. ئەمە لە تەلەڤیزیۆنەوە بڵاو بووەوە. دواتر لە ورمێ و لە سەفەرەکەمان پاش دیدار لەگەڵ ئیمام خومەینی و هەروەها لە مەهاباد، زۆرێک لەوانەی نیازپاک بوون و میللی بوون، پێشوازی زۆریان کرد لە قسەکانم. من لەوێ هاوڕێی دیاریکراوم نەبوو. بەڵام کەسانێک کە زۆربەیان ئەندامانی مکتب قرێ‌ن و مەرحووم موفتی زادە بوون، لە ئێمە نزیک بوونەوە . .
دوایین شەوەکانی مانگی ڕەشەممە و نزیکی نەورۆز بوو [نەورۆزی ١۹٨٠]، سەعید هات و گوتی سبەینێ دەیانهەوێت هێرش بکەن. قەرار وایە سپا لای کامیارانەوە دەست پێبکەن بەرەو پاوە پێشڕەویی بکەن و ئەم پێشمەرگانەیش [پێشمەرگەی موسوڵمان] بە شوێن ئەواندا دەچن، باشبوو سەرەنجام چەکیان پێدابوون. . . چووین بۆ ‘شورای انقلاب’ و لەگەڵ مەرحووم [ئایەتوڵڵا] بهشتی قسەمان لێ کرد و گوتمان ئەمە کاری تێکدەرانەیە لە بەرنامەی ئێمە و ‘دەستەی تایبەتی گفتوگۆ’یە. . . ئەم شەڕە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ببێتە هۆی سەرکوتکردنی ئەوانە، وەلێ تاقمەکان خۆیان وەکوو بێتاوان دەنوێنن و خەلک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. ئێمە ئولتیماتۆمی خۆمان دا بە مەرحوومی بهشتی، بەڵام فایدەی نەبوو؛ هەر بۆیە دەستم لە کار کێشایەوە. ‘دەستەی تایبەت بۆ گفتوگۆ’ ئیتر لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٩ بەدواوە ڕۆڵێکی نەما.»
(چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان، ژماره یەک لاپەڕەکانی ۶۷-۶۶)
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین هەر پاش ڕووخانی ڕژیمی شا و لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، یەکەم دیدارەکانی نێوان نوێنەرانی گەلی کورد و دەستەیەک لە کاربەدەستانی دەوڵەت لە مەهاباد ڕێکخرا و بەیاننامەی هەشت خاڵی مەهاباد پێشکەش کرا. ئەو کات دەکرا ‘کێشەی کوردستان’ بە بێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و بە ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە دەیتوانی ڕێگا خۆش بکات بۆ پتەوکردنی دیموکراسی لە ئێرانیش. چل ساڵە سیاسەتی سەرکوت و کوشت و بڕ بەردەوامە و گەلی کورد بەردەوام ڕاوەستاوە و پرسی کورد و مافەکانیشی هەر وا لەجێی خۆی ماوەتەوە.

ئەحمەد ئەسکەندەری – ستۆکهۆلم، گەلاوێژی ١٣٩٨ مانگی هەشتی ٢٠١٩




پەیامەکانی ئەم دواییەی ئۆجەلان و چەند سەرنجێك* … زاهیر باهیر

من هەر نەك تەواو پشتگیریی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەم، گەر چی ئەم پەیامە زۆر درەنگکەوت، بەڵکو هیواداریشم کە ناوەرۆكی پەیامەکە بکەوێتە کار.
لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕەوە لە باکور, من بە پەیامەکانی سەر فەیسبوك و وتار و نوسینەکانم و وتووێژ و قسەکردنم، نەك هەر لەگەڵ ئەو شەڕەدا نەبوم بەڵکو ئەوەندە دژی بووم بە تەواوکەری سیاسەتی دەوڵەتی فاشی تورکیام زانیوە لە وێرانکردنی باکور و بەشێکی باشوور و لاوازکردنی پێگەی بزوتنەوەی ڕۆژاواش.
پەیامەکانی ئۆجەلان زۆر هەر یەکجار زۆر درەنگ هات، لەگەڵ ئەوەشدا گەر سوودێکیشی نەبێت، ئەوە نیشان دەدات کە کورد لە باکور خوازیاری شەڕ نیین، ئەمە جگە لەوەی کە هەڵوێستی ڕوونی ئۆجەلانیش، کە ماوەیەکی درێژبوو لە گومانا مابوەوە لای ئێمە، ئێستا بە ڕاشکاوانە ئاشكرایکرد کە شەڕ و بەردەوامیدان بە شەڕ نامانگەیەنێتە هێچ شوێنێك و ئەوەشی کە بە ئاشتی بەدەستهێنراوە و بەدەستدەهێنرێت، بە شەڕ لەدەستچووە و لەدەستدەچێت.
سەرەڕای گرنگی و بەبایاخی خودی پەیامەکان بەڵام هشێشتا دەلاقەیەك کراوەیە تاکو لەوێوەی چەند سەرنجێگی گرنگی لەسەر بدرێت و ڕەنگە سەرسامبوننیشمان بڕەوێنێتەوە.

ئایا ئۆجەلان لەگەڵ شەڕدا بوو؟

من هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە کە ئۆجەلان لەتەك شەڕدا بووبێت. ئەوەی ئاگەداری هەڵوێستی ئۆجەلان و خوێندنەوەی نوێی ئۆجەلان بۆ بارودۆخەکە بێت و لە نزیکەوە پرۆژەکەی ئۆجەلان کە یەکسانی جێندەیی و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکرات و ئیکۆلۆجیە، بزانێت، دەرك بەوە دەکات یا ئەو دروشم و پرۆژانە بەتاڵ و بێ گیانن یاخود دەبێت حیزب و بزوتنەوەی چەکداریی پەلبەستبکرێت تاکو ئەوانە جێبەجێبکرێت.
ئۆجەلان سیاسسیەکی گەمژە نییە. ئەو بە وردی و زۆریش بەوردی خوێندنەوە و توێژینەوەی لەسەر کوردستان و ناوچەکە کردووە، ئەو دەزانێت بوونی حیزب هەر جۆرە حیزبێك، هەروەها هەبوونی شەڕ لەگەڵ هەر لایەن و دەوڵەتێکدا، نەك هەر لەتەك پرۆژەکەیدا نایەتەوە بەڵکو دژیشن پێی. واتە لە هەر شوێنێک شەڕ و بەردەوامدان بە شەڕ هەبێت، ئەوە قسەکردن لەسەر ئەو پرۆژەیە قسەی ڕووتە و قسەش ناچێتە گیرفانی کەسەوە و هەوڵەکانیش لەو بارەدا نەزۆكدەبن . هەر ئەمەش بوو کە جەدەلی گەورەی لە کۆنفرانس و دانیشتنە گەورەکانی ڕیزەکانی پەکەکە دروستکرد و هەمیش ئاشتیخوازیی و ڕاگرتنی شەڕی یەکلایەنەی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

نامەکانی ئۆجەلان چ پەیامێك دەدەن؟
یەکەم: لە نامەی یەکەمدا هاتووە ” ئەو دەتوانێت تەواوى کێشەکان چارەسەر بکات و کۆتایى بە ئەگەرى شەڕ بهێنێت لەماوەى یەک هەفتەدا” وردکردنەوەی ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو تاکە کەس و مەرجەعی باڵایە بۆ دانی بڕیارە گرنگەکان و دەتوانێت بێ پرس و تەدبیری سەرانی پەکەکە ئەم کێشە گەورەیە لابەلابکاتەوە. پرسی دیمۆکراتییەت لێرەدا بزرە. یاخود ئەو دەزانێت کە سەرانی پەکەکە یا زۆرینەیان لەگەڵ شەڕدان و لای ئەوان شەڕ ئەگەر وێرانکاریش بێت لە دانیشتن باشترە، لەم بارەشدا پێویست بەوە ناکات کە پرسیان پێبکات بەڵکو بڕیاری خۆیی و سەپاندنی باشترین حەلێکە.

دووەم: گەلێك لە ئەندامانی پەکەکە هەتا لە پلەی باڵادا و لایەنەگرانیشی زۆر بەگەرمی پێشوازی ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان دەکەن، بە هەنگاوێکی زۆر باش و دروستی دەزانن و شیکردنەوەی ئەرێیانەی بۆ دەکەن ئەمەش بۆ من یانی ڕەخنەکردنی شەڕەکەیە و گۆڕینی تاکتیك و ستراتیجییەتی پەکەکەیە. ئا لەم بارەدا دوو پرسیار دێتە پێشەوە. یەکەم: باشە خۆ ئەم برادەرانە دەنگ و ڕەنگ وەزنیان لەناو پەکەکەدا هەیە و لە دەرەوەی بەندیخانەشن کە دەبێت بارودۆخەکە باشتر ببینن، کەواتە بۆچی دوای زیاتر لە 4 ساڵ ئەمان هەست بەوە دەکەن کە پێویستە شەڕ ڕاگیرێ و پرۆسەی ئاشتیی بەگەڕ بکەوێت و ئەم شەڕە یەکجار زەرەرمەندە نەکەن و ئەم هەمووکەسە نەبنە قوربانی و ئەم هەموو شوێنە وێران نەکرێن و ئەم هەموو خەڵکە لە زێدی خۆیان هەڵنەکەنرێن و ئەم هەموو دەسکەوتە گەورەیەی کە بەدەستهێنرابوون لە دەستنەچن؟! باشە پاساوی بەردەوامیدان بەم جەنگە وێرانکاریییە چی بوو؟ ئایا بستێك بزوتنەوەی پەکەکە و کێشەی کوردی باکوری بردە پێشەوە یاخود بۆ سی ساڵ بردییە دواوە؟ ئایا ئەمە لێدان بوو لە پرسی کورد لە باکور و لە بزوتنەوەی جەماوەریی لە خودی باکور و تورکیا، یا دەستکەوت بوو؟ دووەم: ئەی بۆچی لە کاتێکدا کە من و زۆرێکی ترمان کە دۆستی نزیک و هاوپشتی کوردانی باکور و ڕۆژاواین و هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی وەڵامی ئەردۆگان بە شەڕی چەکداریی بە دەردی ئێستای کورد ناخوات، کەچی لە باشترین حاڵەتدا ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرانبەر بۆچونەکانمان و شەڕەکەیان بە شەڕی بەرگریی دەدایە قەڵەم و لە خراپترین حاڵەتیشدا جار جارە تاوانبارکردنمان بوو بەوەی کە خودی ئەو برادەرانە خۆیان ئارەزوویان دەکرد؟
ئەنجامگیریی:
ئەوە ڕاستیە کە ئاکەپە و خودی ئەردۆگان و تەواوی دەوڵەتەکەی لە قەیرانێکی گەورەدان، بەڵام هەر وەکو پێشتریش وتوومە پەکەکەش لە قەیرانێکی زۆر گەورەدایە**. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوەی سەلماند کە سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە بەرانبەر دۆست و دوژمنەکانیا، یەکجار سەرکەوتووبووە و سیاسییەکی بە توانا و بە ئەزموونە و حساباتی وردی دوورمەدا بۆ هەموو هەنگاوەکانی دەکات. ئەو ئەوەندە زیرەکانە هەنگاوەکانی ناوە،کڵاوی لەبانسەری هەمویان ناوە هەر بە داعش و بە حکومەتی هەرێم و بەشێکی زۆری گەلی تورکیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و و وڵاتانی دەرودراوسێش..

چەندێك ئێمە لە سۆز و ویست و ئارەزووەوە دژ بە دەوڵەتی فاشی تورکیا،بنوسین و قسە بکەین ئەو ڕاستییە ناگۆڕیت کە تورکیا لە پێگەیەکی بەهێزدایە و پەکەکەش لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە. ئۆجەلان ئەم ڕاستییە دەزانێت ئەگەر ئاگربەستییەك نەکرێت ئەوە تورکیا بەو پرۆژەیەی کە پلانی بۆکردووە زۆرێك لە ڕۆژاوا داگیردەکات کە دژ بە خواست و یستی کوردە لەبەرئەوە ڕاگرتنی شەر و سازشکردن لە تەك دەوڵەتی تورکیادا باشترین پلانە تاکو هەرچۆن هەیە لە ماوەیەکی دوورو درێژدا بتوانرێت ئەوەی کە پێش شەڕەکە بەدەستهاتبوو، بەدەستبێتەوە، لە ماوەیەکی زۆر درێژتردا بتوانرێت هەوڵی جێ بەجێکردنی پرۆژەکەی ئۆجەلانیش بدرێت.

ئەمە جگە لەوەی کە ئاگربەستی پەکەکە و وتووێژ لە تەك دەوڵەتی تورکیادا، مەترسی هێڕشی تورکیا بۆسەر ڕۆژاوا دەڕەوێنێتەوە و ڕەنگە پرسی کشانەوەی هێزی تورکیا لە عەفرین لە قۆناخی دووەمی وتووێژدا بخاتە سەر مێزی دانوستاندن لەتەك تورکیادا. سەرەڕای ئەمانەش نەبوژانەوەی داعشیش ئەگەری ڕوودانی دەبێت. زیاتریش لەمانە هێڕشی تۆپ و تەیارەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر قەندیل و دێهاتەکانی بناری و هەروەها هاوپەیمانێتی تورکیا و ئێران و حکومەتی هەرێم ڕەنگە عێراقیش لە پلانی هێڕشکردنیان بۆسەر پەکەکە، ئەگەر کاتیش بێت، لەباربچێت.
بەڕای من ئاکەپە و ئەردۆگان پەلەیان نییە یا رەنگە زۆر بە جددی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان وەرنەگرن، ئەوەش لەبەر بەهێزی پێگەیان و لاوازی پەکەکە کە لەم بارەدا ڕەنگە پیویست بێت کە فشار بخریتە سەر ئاکەپە تاکو بە پیر ئەو بانگەوازەوە بچێت، دیارە جۆری ئەم فشارانەش زۆرن و لە زۆر کەناڵەوە دەتوانرێت بخرێنە سەر دەوڵەتی تورکیا. هاوکایش ئەگەر تورکیا هەر ئامادە نەبێت، وەستانی شەڕ، یەکلایەنە لای پەکەکەوە، هێشتتا لە سەدا هەزار لەو شەڕە دۆڕاوە باشترە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر – لەندەن
16/08/2019

—————————————————————————————————
*مەبەست لە نامەکانی ئۆجەلان : یەکەم نامە لە ڕۆژی 08/08/19 لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە. نامەی دووهەم، ڕۆژی 12/08 بوو کە لە ڕێگای موحەمەدی برایەوە ناردییە دەرەوە.
**http://zaherbaher.com/2019/05/08/دەبێت-پەکەکە-ئەم-هەلە-لەدەستنەدات-پێش
http://zaherbaher.com/2018/01/10/پەکەکە-بەرەو-کوێ-مل-دەنێ؟




ڕاگەیەندراوێک لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕای گشتی

ئێمە وەکو کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و بێلایەن لە وڵاتی بەریتانیا ئیدانەی هەموو ئەو هەڕەشە و فشار و ترس و تۆقاندنانە دەکەینەوە کە لەهەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی ڕۆژنامە نوسان و دەنگی ئازاد و ڕای ئازاد دەکرێتەوە وەک خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ئاگادارە ماوەی مانگێکە زۆرترین چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لەلایەن پارتی و یەکیەتیەوە دووچاری زیندان وئەشکەنەداهاتوونەوە بە دیارترینیشیان دەستگیرکردنی چالاکوان هارون سلێڤانەی و لەم ڕۆئێوارەشدا ئەو نامە هەڕەشانەبوون کە بۆ ڕۆژنامەنووس زانکۆ بورهان نێردراون و هەڕەشی ڕفاندنی لێکراوە ئێمە لێرەوە پەنجە بۆ هێزەکانی یەکیەتی درێژدەکەین پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووس زانکۆ بورهان لە ئەستۆی ئەو هێزەیە و داوا لە پارتیش دەکەین بەزووترین کات چالاکوان هارون سلێڤانەی ئازادبکات

— شوانە حەسەن ئەبوبەکر / ڕۆژنامەنووس و دەروونناس
–کارمەند خدر ئیسماعیل / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— شڤان ئازاد مستەفا / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–ئاسۆی ژیان دۆست / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–بێوار عبدللە ڕەسوڵ / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–محمد علی / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— فەرهاد علی گوڵی / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— زنار کۆچەر / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–وریا پیرۆت ڕەسوڵ / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–مەزن مغدید محمد / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
18/8/2019
بەریتانیا




ئـیزۆپ نووسەری چـیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منـداڵان … رەزا شـوان

کە منـداڵ بووین، لە قوتابخانەی سەرەتاییدا دەمانخوێند، لە کتێبی خوێندنەوەی عەرەبی و لە کـتێبی خوێندنـەوەی ئینگـلیزیشدا، کۆمـەڵە چـیرۆکێکی کورتی ئەفسانەیی خۆشیان تێدابـوون، چـێژ و خۆشییەکی زۆرمان لە خوێنـدنەوەی ئەو چیرۆکانە وەردەگـرت.. لـەو چیرۆکانی کە لەیـادمن (لەقـلەق و رێـوی، گـورگ و بەرخـۆلە، شـێر و مشک، رێـوی و کەڵەشـێر، مێـروولە و کولـلە، شـوان و گـۆزەڵـە رۆنـەکەی، دوو مـراوی و کـیسەڵـێک، کیـژۆڵە لادییەکە و پاتیـلە شیرەکەی، ئاشـەوان و کـوڕەکـەی و گـوێـدرێـژەکەی، شـوانە درۆزنـەکە و گـورگ، قەلـەڕەش و رێـوی، قـازی هـێـلکـەزێـڕ، رێـوی کـلک بـڕاو، دوو هاوڕێ و ورچێک، کەروێشک و کیسەڵ، کۆبوونەوەی مشکان، تیتیلە و بیبیلە، کۆتر و مێروولە، ماسییەکی بچکۆلە و راوکەر، هـێز لە یەکێتی دایە، قەلەڕەش و گۆزە، چەقەڵ و قەلەڕەش،… تاد) لەو کتێبانەدا ناوی چیرۆکنووسەکـان نەنووسرابـوون، ئێمەش لـەو تەمەنـەدا مـەراقی نـاوی نووسەرەکـانیان نەبوویـن، ئەوەشـمان بە خەیاڵـدا ناهـات و لە مامۆستاکانمان ناپرسی کە چـۆن (رێوی، لەقلەق، گورگ، چەقەڵ، قەلەڕەش، کەڵەشێر، کیسەڵ، شێر، ورچ، کەروێـشک، بەرخۆلە،.. تـاد) وەکـوو مـرۆڤ بە هەمـوو زمـانێک قسەدەکـەن، پێدەکەن، خـەون دەبینن، یارمەتی دامـاو دەدەن، لە زمانی یەکتری دەگـەن. ئـێستا دەزانین کە بەشـێک لەو چـیرۆکە ئەفسـانەییـانە لـە نـووسـینی (ئیزۆپ ـ یۆنانی) و بەشـی زۆریشـیان لـە نـووسیـنی نـووسـەری بـە ناوبـانگـی فـەرەنسی (لاڤـۆنتـیـن)ە، بەشێکـیشیان چـیرۆکی فـۆلکـلۆری و ئەفسـانـەیی کوردیمـانـن.
چـیرۆکی ئەفـسانەیی، جـۆرێکە لە جـۆرەکـانی چـیرۆک، کـە لـە چـیرۆک و لە ئـەدەبی فۆلکـلۆری هەموو گەلانـدا هەیە. زۆربەی چـیرۆکە ئەفسانەییەکـان بە زمـانی ئاژەڵ و بـاڵـندە و مـێروو و دار و شـتی سـروشـتیـیەوە نـووسیویـانـن. رووداوەکـانی چـیرۆکـە ئەفسانەییەکان راستنین و هـەڵبەستراون، گوزارشت و داڕشتـنی خەیـاڵی نووسەرانـن. بـەڵام لە راستـیدا لە خودی رەفـتارەکـان و روودار و کردارەکـانی مرۆڤـەوە ئیلهامیان لێوە وەرگرتوون.. چـیرۆکنووسان بە شێوازێـکی ئەدەبی و هـونەری دایانڕشتوون، و مەبەستی شـاراوەیان بە گوێگـران و خوێنەران گەیانـدوون. لە تـرسی دەسەڵاتـدارانی زۆردار و ستەمکـاران، لە تـرسی و بەدکـاران و ناپاکـان و شەڕخوازان. نەیانوێـراوە راستەوخۆ و بە راشکاوی، رەخنەیان لـێبگـرن و دژایەتییان بکەن.. پەنایان بۆ قـسەی بە توێکـڵ و پـلار و تـانە و تەشـەر و لۆمە و توانـج گـرتن، بـردوون، بە زمـانی ئـاژەڵ و باڵـندە رخـنەکانیان دەربـڕیـون و پەیامەکـانیان گەیـانـدوون.

چـیرۆکی ئەفسانەیی بە زۆری جەڤەنگی و هـێمایین، ئاژەڵەکان کـراون بـە دەمـامک بۆ کەسـانـی هـاوخـوو و هـاوخەسـڵەت و هـاوکـردەوە، بـۆ نمـوونـە (گـورگ بـۆ هــاری و چاوچنۆکی، چەقەڵ بۆ نەوسنی و چڵێسی، رێـوی بۆ فـێڵبازی و هەڵخەڵەتاندن، شـێر بۆ زۆرداری و قـورخکـردنی دەسەڵات، سـەگ بۆ بەئـەمـەکی، پشـیلە بۆ سـپڵەیی، مـەڕ بۆ گەلـێکی دامـاو و بێـدەســەڵات، مـار بـۆ بـەدکـاری، گـوێـدرێـژ بـۆ بـێهـۆشی، هـەڵـۆ بـۆ ئـازایی،… تـاد) بـەڵام مـەرج نییە کە ئـەم خەسـڵەتە جەڤـەنگی و هـێماییـانە چەسـپاو و گـشتی بـن. هەنـدێ جـار رێـوی دەبێـتە هـێما و مـژدەی خـێرخوازی. کاتێ کە مرۆڤ بۆ کارێـکی خـێر بچـێت و گەشبـینی و بەخـتەوەروەریی بـە دوایـدابێـت، لە کـوردەواری دا، دەڵـێن (رێـوی هـاتـووە بە پیـرتـەوە) واتە بەخـتەوەریت و بەخـت رووی تێکـردوویـت.

چـیرۆکە ئەفسانـەیی و هـێماییەکـان، بە زۆری بە پـەنـدێک یا بە ئامـۆژگـارییەک یـا بە رسـتەیـەکی رەوشـتی کۆتاییەکـانیان دێـت، بـەڵام نووسـەرانی ئەم چیرۆکـانە، بە زۆری هەڵهـێنجـانـدنی مەبـەستی چـیرۆکەکـانیان بـۆ خـوێنـەران بەجـێهـێشتـوون، بـۆ نمـوونە مەبـەسـت لـەم کـورتە چـیرۆکـە ئەفـسانـەییـانـەدا، کـە لـەو بـاوەڕەدام هەر هەمـوومـان خوێنـدوومانەتەوە: لە چیرۆکی (گورگ و بەرخـۆلە) دا مەبەستەکەی ( کە زۆر هـات.. قەواڵە بەتـاڵە) لە چیرۆکی (شـێر و مشـک) دا مەبەستەکەی (مەرج نییە کە بەهێزی و لەخۆبایی بوونی مرۆڤ، لە تەنگـانە رزگـاری بکات.. دەشـێ کەسێکی بچـووک فـریای بکەوێت و رزگاری بکات کە ئەو بەهەندی نەزانیبوو) لە چیرۆکی (قەلەڕەش و رێوی) دا مەبەستەکەی (نابـێـت مـرۆڤ بـە زمـانی لـووس و پیـاهـەڵـدان و بە فـشکـردنـەوە و سـتایشی بێـبنەمـای مەبەستـدار فـریـوبخـوات و تێـبکـەوێت و هەڵبخەڵـەتێـت و ئـەوەی هەیەتی لە دەستی خۆی بدات.. پەشیمانیشی بێسوودە) لە چیرۆکی (قـازی هـێلکەزێـڕ) دا مەبەستەکەی (چاونەزێڕ و چاوچنۆک و تەماحکارە کە تێربوونیان نییە) لە چیرۆکی (مـێروولـە و کوللـە) دا مەبەستەکەی (دەسـتی مانـدوو.. لەسەر سـکی تـێرە) یا ( گەر کار نەکەیت.. ناخۆیت. یا ئەوەی لە ئەمڕۆدا کار بۆ بەیانی نەکات.. بەیانی بە برسێتی دەمێنـێـتەوە) لە چـیرۆکی (لەقـلـەق و رێـوی) دا مەبەسـتەکەی (ئـەوەی فـێڵ بکـات.. فـێـڵی لـێدەکـرێت) لە چیرۆکی (شـوان و گـۆزە ڕۆن) و چـیرۆکی (کـیـژۆڵـە و پـاتیـلە شـیرەکەی) دا مەبەستی ئەم دوو چـیرۆکە ئەوەیە (کەس بە خەیـاڵ.. نابێت بە مـاڵ).
لە چیرۆکی (کـۆتـر و مـێروولـە) دا مەبەستەکەی (چـاکـە.. چـاکـەی لەدوایـە)… تاد.

بەڵام لە چیرۆکی ریالیـزمی دا، نووسەر بەبێ ترس و بە راشکاوی گوزارشت لە رای خۆی دەکـات، رەخـنە دەگـرێـت و پەیـام و مەبەستەکەی ناشـارێتـەوە و دەیگەیـەنێـت.

نموونـەی چـیرۆکە ئەفسانـەییە خەیاڵـئامێـزەکـان، چـیرۆکەکـانی فەیـلەسـووفی هـیـندی (بەیـدەبـا) یە کە لەژێـر ناوی(کلیـلە و دیمـنە) دا نووسراون.. هـەروەهـا چـیرۆکەکـانی چیرۆکـنووس (هـیزیـۆدۆس ـ یۆنـانی) کە هەشـت سـەد سـاڵ پـێش زاینی چیرۆکەکانی نووسیون. و (ئیـزۆپ ـ یۆنـانی) شەش سـەد ساڵ پێش زاینی چـیرۆکەکـانی نووسیون. دووریش نییە کە ئەوانیش لە دەمی خەڵکییەوە هەندێ لەو چیرۆکانەیان وەرگرتووبن. و بە ناوی خۆیانەوە لە فـۆرمێکی ئەدەبیـدا نووسیویانن. چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی خیاڵئامێزیش هەن، کە بۆ سـەردەمی فـیرعەونییەکان (میسرییە کۆنەکان) دەگەڕێنەوە. چـیـرۆکی (گـەلـگـامـش)ی بـە نـاوبانـگی سۆمـەرییـەکـانیـش لـە دۆڵـی دوورووبـاردا، نموونـەیـەکی دێـرین و بەنـاوبـانگی تـرە، لـە چـیرۆکە ئەفـسانەییە خەیـاڵـئامـێزەکـان.
بێگومان گەلی کوردیشمان خـاوەنی گەنجـینەیـەکی پـڕ لە دەیـان چـیرۆکی ئەفسانەیی و خەیاڵئامێزە، بۆ نموونە (پیرەژنی جادووباز و چەرخوفەلەکەکەی، تیتلە و بیبلە، گورگ و بەرخۆلە، لەسەر باڵی سیمرخ، مریشکە قونـدە، چـل تووتی، ئەژدیها و کوڕە ئازاکە، گۆڕنـەتەڵە، کاکـۆڵ زێـڕین، رێـوی گەرمیـان و کوێسـتان، داربڕ و تەوەرەکەی،.. تاد)

ئەفسانە و چیرۆکی ئەفسانەیی خەیاڵئامێز، لە کولتـووری هەموو گـەلانی دنیادا هەیە، بوونە بە بەشێکی نەمـر لە کەلەپـووری میـللی و فۆلکلـۆری نەتەوایەتی.. هەنـدێ لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـان، بوونە بە ئەفـسانەی جیهـانی و، هەر گەلێک رەسەنایەتییان بـۆ خـۆی دەگـەڕێنێـتەوە.
چیرۆکە ئەفسانەییەکـان، پڕن لە پەنـدی جـوان و لە قسەی نەستەق و لە ئامۆژگاری و لە رێنمـایی بەسـوود و لە چاکەخـوازی و لە وانـەی پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتی و لە رەفـتاری راست و لە بەهـای جـوان و لە ئازایـەتی و پیاوەتی و لە سـەرچڵی.. پـڕن لە رەخنە و لە توانجی سیاسی و تەشەر و لە قسەی بە توێکـڵ. پەردە لەسەر ستەمکاری و زۆرداری و چـەوسانـدنەوە و نـاڕەوایی و نـادادپـەروەری و نـاپـاکی هـەڵـدەمـاڵـن.
منـداڵان و گەورەکـانیش چـێژ و خـۆشی و سـوودێـکی زۆر لە خـوێندنـەوەی چـیرۆکە ئەفسانەییەکان وەردەگرن، هەستیان دەبـزوێنن و گەشە بە چـێژ و بە حەزی ئەدەبی و هونەرییـان دەکـەن و ئاسـۆی رۆشنبیرییان فـراوانتر دەکەن و فەرهـەنگی وشەکـانیان دەوڵەمەنتر دەکەن.. تا ئەمـڕۆش تـام و چـێژ و سوودی ئەم چیرۆکە ئەفـسانەییانە کاڵ نەبوونەتـەوە و کاڵـیش نابنەوە.. بۆیـە بەشـێکی زۆریـان بوونـەتە بابـەتی کتێبەکـانی خوێنـدنەوە لە قوتابخـانە بنەڕەتییەکـاندا، لە پـرۆگـرامی خوێنـدنی زۆربـەی وڵاتـاندا. چونـکە چـیرۆک هـۆکـارێکی ئاسـان و گـرنگی فـێربـوون و پەروەردەکـردنی منـداڵانە.
بە سـەدان لەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانە، بە هەموو زمانەکـانی گـەلانی جیهـان، بە زمـانی کـوردیـشەوە، بـە شـێـوازێـکی سـووک و ئـاسـان و جــوان، لـە پـەرتــووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگـدا نووسراونەتـەوە و چاپکـراون و بەشی منـداڵانیان لە پەرتووکخانەکـانـدا پێ رازانـدوونـەتەوە.. منـداڵان و گەورەکانیش سـوود و پەنـد لەم چیرۆکانە وەردەگـرن.

لە ئەمڕۆشدا بەشێکی زۆری چیرۆکنووسان و شاعیرانی ناسراوی منـداڵان لە جیهانـدا، چیرۆکەشیعری ئەفسانەیی خەیـاڵئامێز بۆ منداڵان دەنووسن، چونکە خەیاڵ خەسڵەتێکی گرنگە لە خەسڵەتەکانی قۆناغی منداڵی. لە شاعـیرانی ناسراوی کوردیشمان کە بێجگـە لە نووسینی شیعر بۆ گەورەکان، کۆمەڵێک لە شاعیرانی کۆچکردوومان و لە شاعیرانی لە ژیانـدای ئەمـڕۆشمان، چەنـدین چـیرۆکەشیعری خەیاڵـئامێز و جەڤـەنگی جـوانیان بە زمانێکی ئاسـان و شـیرین بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسـیون.. خوێنەران و هـەوادارانی ئەدەبـی منـداڵان ناوەکـانیان دەزانـن و ئاشـنای هـۆنـراوە و چـیرۆکەکـانیـانـن.

چـیرۆکی ئەفـسانەیی و خەیاڵئامێزی گونجـاو بۆ منـدڵان. ئەو چیرۆکـانەن کە کـورتن و بەشـێوازێـکی ئاسـان و سـووک و بـە زمـانـێکی ناسـک و شــیریـن و رەوان و تـەڕ و پاراو داڕێـژراون، کە وشـە و رستەکانی لە فەرهـەنگی زمـانی منـداڵانەوە وەرگیراون. لەگەڵ جیهانی خەیاڵـیشیانـدا گونجـاوبن.. کۆتاییەکانیشیان تـراژیـدی و ترسناک نەبـن.

نـووسـەری بەنـاوبـانگی فـەرەنسی (جـان دی لافـۆنتـین: (١٦٢١ ـ ١٦٩٥) کـە کەڵـە نووسەرێکی جیهـانی ناسـراوە، لە ماوەی (٢٦) ساڵدا، لە (١٦٦٨ـ١٦٩٤) لە دوانـزە پەرتـووکی چـاپکـراودا (٢٤٣) چـیرۆکەشـیعـری ئەفسـانـەیی و جەڤـەنگی بـۆ منـداڵان نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە. لافـۆنتین لە جیهاندا بە (شای چیرۆکەشیعـر و مەتەڵ و ئەفسانە) ناسـراوە. زۆر لە شاعیران و چیرۆکنووسانی جیهانی ناسراو، سوودیان لە چـیرۆکەکـانی لافـۆنتـین وەرگـرتـوون و لەسـەر شــێـواز و ریـچـکەی ئـەو، چـیرۆک و چـیرۆکەشیعـریان نووسیوە، لەوانـەش میـری شاعـیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) کە بەڕەچەڵـەک کوردە. زیاتـر لە پەنجـا چـیرۆکەشـیعـری بۆ منـداڵان نـووسـیوە. شـەوقی خۆشی دان بەوەدا دەنێت کە چیرۆکەکانی لافۆنتین کاری تێکردوون. هەروەها شاعـیری پـۆڵـەنـدی (ئیگـناس گـراسیس) و (ئـیڤـان کـریـلـۆڤ) و (مەکـسیـم گـۆرگی) رووسـی.
لە شاعیرە نەمرەکانی کوردی خۆشمان کە چیرۆکە شیعریان بۆ منداڵان نووسیون و لە چیرۆکەکانی لاڤـۆنتین و ئێـزوپەوە وەریان گرتوون و بە تام و چێژێکی کوردییەوە، بە چیرۆکەشیعر نووسیویانن: پیـرەمێرد، فایـق بێکەس، هەژار موکریـانی، کـاکەی فەلاح.
(پیـرەمێرد) دوو چیرۆکەشییعـری جوانی بۆ منـداڵان هـۆنیوەتەوە (رێـوی و کەڵەشـێر) و (قەلەباچەکە و باخەوان)، (فـایق بێکەس) چیرۆکەشیعـری (دوو مراوی و بۆقـێک)، (هـەژار موکـریانی) چـیرۆکەشیعـری (کۆبـوونـەوەی مشکـان)، (کاکـەی فـەللاح) یش چیرۆکەشیعـری (گوێـدرێـژێک لە کەوڵی شێـردا ـ یاـ شـێری ساخـتە ). بـەلای منـەوە شانـۆی (موحاکەمەی مـام چـەوەندەر) ی شاعـیری گەورەی گەلەکامـان (عـەبـدوڵڵا گـۆران) کە زادەی بیری گـۆران خۆیەتی، لە ئاستی چـیرۆکەشیعـرییەکانی لافـۆنتین، گەر زیاتـر نەبێـت، هـیچی لـەوانەی ئەو کەمتـر نیـیە.
ئەم نووسەر و شاعـیرە نەمرانەشمان: (نەجمـەدین مـەلا) و مامۆستا (رەمـزی قـەزاز) و مامۆستا (فەرەیـدوون عـەلی ئەمـین) و مامۆستا (عـومـەر عـەلی ئەمـین)، کۆمەڵێک لـە شاعـیران و چـیرۆکنووسانی ئەمـڕۆشـمان. ئـەم بـوارەیـان بەسەرکـردوونـەتـەوە و چەنـدین چـیرۆکی خـەیـاڵـئامـێز و ئەفـسانەییـان بـۆ منـداڵانی کوردمــان نـووســیوون.

لافۆنتین بە داهێنەری چـیرۆکەشیعری ئەفسانەیی دادەنرێت. بەڵام لافـۆنتین نایشارێتەوە و دان بەوەدا دەنێت، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ) ی یۆنانی و (بەیدبا)ی هیندی و (ڤـيـدەر)ی لاتیـنی و چەنـد چـیرۆکنـووسێکی تـر، کاری تێکـردوون و سـوودی زۆری لێیان وەرگرتوون. گەلێک لە چیرۆکەکانی لەگەڵ چیرۆکەکانی (ئيـزۆپ)دا تێکەڵ بوونە.
یان هەنـدێک لە چیرۆکەکـانی لافـۆنتینیش دراونـەتە پاڵ ئیـزۆپ و بە نووسینی ئـەوەی دەزانـن.. لە راستـیـدا، تـا ئەمـڕۆش لە بـواری نـووسـینی چـیرۆکەشیعـری ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان، هـێچ شاعـیر و چـیرۆکـنووسـێک لـە جیهـانـدا، نەگـەیشـتـوونـەتـە ئـاسـتی لافـۆنتـین.. ئـەوەی کـە جیـاوازیشی بـە چیـرۆکە ئەفسانەییەکـانی لافـۆنتین بەخـشـیون، ئەوەیـە کە چـیرۆکەکـانی بە شـێوازێکی ئەدەبی و هـونـەری هـێنـدە ناسک و شـیرین و جـوان داڕشتوون.. کە شەقـڵی جـیاوازی و تایبەتمەنـدییان پێـوە دیـارە.. چـیرۆکەکـانی لەبـەر کـورتی و ئاسانی و سـوودی ئەدەبی و پەروەردەییـان. وریـان گـێڕاون بـۆ سەر هەمـوو زمـانەکـانی جیهـان و خـراونـەتە پـرۆگـرامەکـانی پەرتـووەکەکـانی خوێنـدنەوە بـۆ منـداڵان.. چـێـژ لێـوەردەگـرن و بـە ئـاسـانیش لـە مەبەسـتەکـانیان تێـدەگـەن.
ئـەم پێشەکییەم بە پێویسـت زانی بـۆ ئـەوەی بێمە سەر باسی چـیرۆکنـووس ئـیزۆپ.
(ئـیزوپ:٦٢٠ ــ ٥٦٤) پێش زاینی
یـۆنـان لانـکـەی شـارسـتانی و وڵاتی فەیلـەسووفـەکـان و بیـرمەنـدان و نـووسـەران و مێژوونـووسە مەزنەکـانی جیهان، وەکوو: سوکـرات، ئەفلاتـوون، ئەرسـتۆ، گالـینۆس، هـۆمیرۆس، ئەرگیلۆس، هـیرۆدۆت، سۆفـۆکلیس، زەیـزەفـۆن، ئیـزۆپ، ئەسکەنـدەری گەورە. وڵاتی گەلانی گریک و خواوەنـدەکـانی هـێز و شـەڕ و خۆشـەویستی و ئاشتی.
یۆنانییەکان لە بواری ئەدەبدا باڵادەست بوون، سامانێکی ئەدەبی گرنگیان بە سەرجەم ئادەمیـزاد بەخـشی.. بەو ئاراستەیـش منـداڵانیان گـۆش و پـەروەردە دەکـردن و رایـان دەهـێنان و رێنماییان دەکردن، کە پشت بەخۆیان ببەستن و پەرپرسیارییەتی هەڵبگرن.
سووربوون لەسەر ئەوەی کە فـێری ئازایەتی و دلێری و پاڵەوانی و بەرگری لەخۆیان بکـەن، لە میـانەی راهـێنانی جەسـتەیی و دەروونـی و هـۆشـیـیەوە.. بۆیـە چـیرۆک و هەقـایەت و چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانیان بۆ منـداڵان بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجانە بوون.
ئـیزۆپ کـێیە؟
ئـیزۆپ، لە سەدەی شەشەمی پێش زاینی لە (ئەسینا) ی پایتەختی یۆنان لەدایکبووە.
ئەسینا گەورەتـرین شاری جیهـان نەبـوو، بەڵام یەکـێک بـوو لە گرنگـترین شارەکـان.
ئـیزۆپ، فەیلەسـووف و بلیـمەت و چـیرۆکنـووسێکی یـۆنـانی بـوو، بەڵکو لە جیهاندا بە باوک و بە پێشەنگی چـیرۆکی ئەفـسانەیی دادەنـرێت.. ئـیزۆپ پیاوێکی چاکـساز و
باشەخوازبوو. چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بوونە سەرچاوەیەکی گرنگی سوود لێوەرگرتن بـۆ گوتـاربێژان و بـۆ گـۆڕینی رێـڕەوی هەنـدێ لە قـەشەکـان و پیـاوانی کەنـیسەکـان.
چـیرۆکەکـانی ئیـزۆپ بە ناوبانگـترین چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی یۆنـان و جیهـانن. کە گەورە و بچـووک دەیانخـوێننەوە، خۆشی و پەنـد و سوودێکی زۆریان لـێوەردەگـرن. چیرۆکەکـانی ئـیزۆپ، درێـژەدانە بـە چـیرۆک و هەقـایەت و نەزیـلە کۆنەکـانی یۆنـان. کە بە زمانی ئاژەڵ و باڵندە و گیانەوەرانی ترەوە وتراون.. ئـیزۆپ هەندێ جاریش لە هـاوشـێوەی چـیرۆکـەکـانی نـووسـەری بەنـاوبـانگی هـیـندی (بـەیـدەبـا) ی نووسەری چـیرۆکەکـانی (کـلـیلە و دیـمـنە). کە بیـرمەنـدی فـارسی (عـەبـدوڵڵا کـوڕی موقـەفـع)
لە فارسییەوە وەری گێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی.. (عـومـەر تۆفـیق) ش لە سـاڵی (١٩٧٠) دا، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان، (محەمەد ساڵح گەڵاڵی) ش، وەری گـێـڕاوە بـۆ کـوردی، لـە عـەرەبیـیەکـەی (عـەبـدوڵڵا مـوقـەفـع)ەوە وەریـان گـێـڕاوە. ژمـارەی چـیـرۆکـە کـۆکـراوە و چـاپکـراوەکـانی ئـیزۆپ، زیـاتـر لـە (٣١١) چـیرۆکـن. کۆمـەڵەی یەکەمی چـیرۆکەکـانی لە ساڵی (٣٠٠)ی پێـش زاینی، بـۆ یەکەمین جـار لە پەرتووکێکـدا، لەژێـر نـاوی (ئەفـسانەکـانی ئـیزۆپ) دا، نووسران و خرانە بـەردەستی هـۆگـرانی خوێنـدنـەوەی چـیرۆک.. کەوتـنـە سـەر زاری گـەورە و منـداڵانی یـۆنـان و دەرەوەی یـۆنـان دا، لەو کاتـەدا چاپ نەبـوو بە دەسـت روونـووس و کۆپیان دەکـرد.
چـیرۆکی ئەفـسانەیی، بەوە ناسراوە کە کورت و ئاسانە.. بە چـیرۆکی (ئەلگۆریا) ش ناودەبرێت، واتە چیرۆکی جەڤـەنگی، کە بە زۆری بە ناوی ئاژەڵ و باڵندەوە وتراون.
چیرۆکەکە ئەفسانەییەکانی ئـیزۆپ، گوزارشت لە ململانێ و زۆرانبازی لە نێـوان دوو دژەکـار یا دوو خەسڵەتی جـیاوازی مـرۆڤ دەکەن. ملمـلانێ لە نێـوان: دەسەڵاتـدار و گەلـدا، زۆردار و زۆرلێکراودا، زیـرەکی و گەمژەییدا، راستی و درۆدا، سەرکەوتن و بەزینـدا، بردنەوە و دۆڕاندنـدا، چاکەخوازی و خراپەخوازیدا، خۆڕاگری و ملکەچیدا، گەشبینی و رەشبیـندا، هـیوا و بێ ئـومێـدیـدا، دڵسۆزی و ناپاکـیـدا،… تاد.
بەشێکیش لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئیـزۆپ لە دانـانی خۆی نین و دراونەتە پـاڵی.
هەر وەکوو چۆن، بە دەیان چیرۆک و نوکتەی خۆش دراونەتە پاڵ (مەلا مەزبوورە)
و (خـاڵە رەجـەب) و (ئـەحـەی کـۆڕنـوو) و (لالـە سەرحـەد) و (ئـەحـۆل) ەوە.
چەند را و قسە و بۆچوونێکی جیاواز دەربارەی کەسایەتی ئیزۆپ و چیرۆکەکانی هەن. کۆمەڵەی یەکەمی توێژەران، ئیزۆپ بە کەسایەتییەکی راست نازانن، بە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی دروستکـراو دەزانـن، کە کۆمـەڵـێکی زۆر لە چـیرۆکی ئەفسـانەیی یۆنانیان داونـەتە پـاڵی.
چـیرۆک دانەپاڵـیش، تەنها لە نـاو یۆنانییەکـاندا نەبووە، بەڵکو لە نێو گـەلانی تریشدا هەبووە، بۆ نموونە: عەرەبەکان (عەنتـەر کـوڕی شـەداد) بەو شێوەی کە عەرەبەکان باسی دەکـەن، کـە کـردوویـانە بە پاڵـەوانێـکی شەڕکـەری نەبـەز، بە دەیـان چـیرۆکی ئـازایەتییان داوەتـە پـاڵی.. بـەڵام لـە راستیـدا، عـەنتـەر کەسـایەتییـەکی راسـت نیـیە و ئەفسانەییە. (رۆسـتەمی زاڵ) یش کە ئێـمەی کورد و فارس کردوومانە بە پاڵەوانێکی لە توانابەدەر، کەسایەتییەکی ئەفسانەییە. (دۆکیشـۆت) کەسایـەتییەکی ئەفـسانـەیییە.
کۆمەڵەی دووەمی توێژەران، ئـیزۆپ بە کەسایەتییەکی (نیـوچە ئەفـسانـەیی) دەزانـن، کە بە سـەدان چـیرۆکی خـۆشی ئەفـسانەیی دانـاوە، کەچی هـەر ئـەم کۆمـەڵەیە پێـیان وایە کە راستە ئەو چیرۆکانە لە نووسینی ئیـزۆپ خۆیەتی.. کەواتە ئەم بۆچـوونەیان ئـەوە دەسـەلـمێنـێت، کە ئـیزۆپ کەسـایەتییەکی راست بووە نەک نیوچە ئەفسانەیی.
کۆمـەڵەی سێـیەمی توێـژەران، لە سـەرووی هەمـووشـیانەوە مێـژوونووسی یـۆنـانی (هـیرۆدۆت: ٤٨٤ ـ ٤٢٥) ی پێش زاینی، کە بە بـاوکی مـێژوو نـاودەبـرێت. ئـیزۆپ
بە کەسایەتییەکی راستی دەزانێـت، رەتی دەکـاتەوە کە کەسایەتییەکی ئەفـسانەیی بێت.
هەنـدێ لە نـاودارانی یۆنانیش لە نووسینەکانیاندا، ناوی ئیـزۆپیـان هـێناون و جەخـت لە راستی کەسایەتی ئـیزۆپ دەکەنەوە، لەوانەش (ئەفـلاتـوون، ئەرسـتۆ، ئەرشـۆڤـان، ئەکسیۆڤـان). لە پەرتـووکـێکی کۆنیشدا، کە لە سەدەی یەکەمی دوای زاینی دەرکراوە، دەربـارەی (ژیـانی ئـیزۆپ) باس لـەوە دەکات کە ئـیزۆپ کەسایەتییەکی راستی بـووە.
مێژووش ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئـیزۆپ کۆیلەیەک بووە. لەگەڵ دوو کۆیلەی تردا بردوویـانن بۆ بازاڕی فـرۆشتـنی کۆیلەکـان بۆ فـرۆشتنیان. پیاوێکی کۆیلەکڕ بە ناوی (کـزانـسۆس) دەچـێت بۆ ئەو بـازاڕە بۆ کـڕینی کۆیلەیەک. چاوی بە ئـیزۆپ و بە دوو کۆیلـەکەی تـر کـەوت. لە دوو کۆیلـەکـەی پـرسی.
کـزانـسۆس: ئێـوە دەتـوانن چی بکـەن؟
دوو کۆیلـەکە: گـەورەمـان، ئێـمە دەتـوانـین هەمـوو شتـێک بکـەیـن.
کـزانـسۆس (هەمان پرسیاریشی لە ئـیزۆپ کـرد): ئـەی تـۆ دەتـوانیـت چی بکـەیت؟
ئـیزۆپ: گـەورەم، مـن نـاتـوانـم هـیچ شـتـێک بکـەم.
کـزانـسۆس (بە سەرسوڕمانەوە): بـۆچـی ناتـوانـیت هـیـچ شـتـێک بکـەیت؟!
ئـیزۆپ: گـەورەم، هـەردوو هـاوڕێکەم، هـیچ شتـێکـیان نەهـێـشتەوە کە مـن بیکەم.
کـزانـسۆس (سەرسامی زیرەکییەکەی بوو): باشە گەر ئێستا داوای چەنـد پارەیان کرد، بیانـدەمێ و بتکـڕم، دەبیـت بـە پیـاوێـکی بـاش و دەسـتـپاک؟
ئـیزۆپ: گەورەم تۆ بکڕیت یا نەمکڕیت، من هەر بە پیاوباشی و دەستپاکی دەمێنمەوە.
کـزانـسۆس (زیـاتـر بە وەڵامەکەی ئـیزۆپ سەرسام دەبێت و لـێی دەپـرسێت): ئێستا بە راسـتی پێـم بـڵێ، هـەوڵی راکـردن نـادەیـت؟
ئـیزۆپ: گـەورەم، بە درێـژایی ژیـانت، ئەوەت بیستووە کە باڵـندەیەک لە ناو قەفـەزدا بێت و هـەوڵی راکـردن نەدات؟ یا ئەگەر نیازی واشی هەبێت، خاونەکەی لە نیازەکەی ئاگـادار بکـاتـەوە؟
کـزانـسۆس (هـێندەی تر بەم وەڵامەی سەرسام بوو): من دەتـرسم بۆ هەمـوو شوێنێک بچـیت، خەڵـکی گـاڵـتە بـە رووخـسـار و بـە بـەژن و بـاڵای نـاقـۆڵات بکـەن.
ئـیزۆپ: گـەورەم، پێویستە فەیلەسووف، مـرۆڤ بە بەژن و بـاڵای هەڵنەسەنگـێنـێت،
بەڵکـو بـە هـۆشی.
کـزانـسۆس بۆی دەرکەوت کە ئـیزۆپ کەسـێکی دانـا و بلـیمـەتە و دانامـێنـێت.. بۆیـە یەکسەر کـڕی. دوایی گـەورەیـەکی تر بە ناوی (یـادمـۆن)ەوە، ئـیزۆپی لە کـزانـسۆس کـڕی. لەبەر زیـرەکی و چیرۆکە فەلسەفییە خۆشەکانی.. یادمۆن، ئـیزۆپی ئـازاد کرد.
ئـیزۆپ زۆر حەزی لە گەشـت و گەڕان بوو، چەنـدین شار و وڵاتـان گـەڕا. لە دواییدا لە کۆشـکی شـای (لـیدیـا) لە شاری (سـارۆس) ی پایتەخـتی ولاتـی لـیدیـادا مـایـەوە. وڵاتی لیـدیا هـاوسنوور بوو لەگەڵ ولاتـی یـۆنـان دا، لە دوای چـەنـد سـاڵـێک تـورکە عوسمانییەکان، لە ئاسیای بچووکەوە هاتن و وڵاتی لیدیایان داگیرکرد و لێی نیشتەجێ بوون و ناوی تورکیایان لێنا. واتە ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن تورکیا، لیدیای داگیرکراوە. ئـیزۆپ وەکـوو چـیـرۆکخـوانێک لـە کۆشـکی شایـانەی لیـدیـادا مایـەوە.. شـای لیـدیـا سەرسامی زیـرەکی و چـیرۆکە خۆشەکـانی بوو، رێـزی لێـدەگـرت. نووسەرێکـیشی بۆ تەرخـان کـرد، کە چـیرۆکەکـانی بنـووسـێـتەوە، بـۆ ئـەوەی لەیـادنـەچـنەوە.
(بلـۆتـاک) دەڵـێت:” ئـیزۆپ ئەنـدامێکی ئـەو شانـدە بـوو، کە شـای لیدیـا بـۆ کـارێکی خـێرخـوازی ناردی بۆ شاری (دلفـای). بەڵام ئـیزۆپ لەوێـدا، لە ساڵی (٦٥٤)ی پێش زاینی دەکـوژرێت. دەربـارەی کـوشـتـنەکەی ئـیزۆپ. دوو گـێڕانـەوەی جـیـاواز هـەن
بە پێـویستی نـازانـم کە بـاسی ئـەو دوو گـێـڕانـەوەیە بکـەیـن.
گەر ئەو را و بۆچوونانەی سەرەوە، دەربارەی کەسایەتی ئـیزۆپ راستبن یا ناڕاستبن. بەڵام چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپ راسـتن و لەبـەر دەستمانن، کە مێـژوو بـۆی پاراسـتووین.
بەشی هەرە زۆری چیرۆکەکانی ئـیزۆپ، وەریان گـێڕاون بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی گەلانی جیهـان. بەشێکیان بوونـە بە بابەتەکـانی پەرتـووکی خوێندنەوە لە قـوتابخـانە بنەڕەتییەکاندا.. کە لە رووی ئەدەبی و پـەروەردەییەوە گونجا و بەسوون بۆ منداڵان.
شاعـیران و چیرۆکنووسان و شانۆنووسانی کۆن و نوێ و دەرهێنەرانی کورتە فـیلمی کارتـۆن بـۆ منـداڵان، سـوودیان لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی ئـیزۆپ وەرگـرتـوون. بە کەمێک دەستکارییەوە، دووبـارە بە چیرۆک و هـۆنراوە یا بە چـیرۆکەهـۆنراوە دایان رشتوونەتەوە.. هـەنـدێ لەو نووسەر و شاعـیرانە، خۆیـان بە خـاوەنی ئەو چـیرۆکە دەستکاریکراوانەی ئـیزۆپ دەزانن. لەوانەش شاعیری ناسراوی یۆنـانی (بابیـرۆس) کە زۆربەی چیرۆکەکانی ئـیزۆپی، بە چیرۆکەهـۆنراوە، داڕشـتوون و بەزادەی بیری خـۆی دەزانێـت.. نووسـەرێکی رۆمـانیش کـە نـاوی (ئەفـیانـۆس)ـە، لـە سـەدەکـانی ناوەڕاستدا، کۆمەڵێک لە چیرۆکەکـانی ئـیزۆپی دەستکـاری کـردوون و بـە چـیرۆکی خۆی دەزانێت.. کۆمەڵـێکی تر لە چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپ، بە ناوی نووسەران ( ماری دی فـرانـس) و (جـان دی لافـۆنتـین) ەوە بڵاوبـوونـەتەوە. (ولیـەم کاکـستـۆن) یش، بەشـێکی زۆری لـە چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپی وەرگـێـڕاون بـۆ سـەر زمـانی ئینگـلیزی. (ئەحمەد شەوقی) ش، چەند چیرۆکێکی ئـیزۆپ و لافـۆتینی، بـە چـیرۆکەهـۆنـراوە داڕشـتوون.. باسی ئەوەشـمان کـرد، کـە هەنـدێ لـە شاعـیرانی کوردیـشـمان، چەنـد چیرۆکێکی (ئیـزۆپ) و (لافـۆنتین) یان، لە شێوازی چیرۆکەهـۆنراوەدا داڕشـتوون.
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و بەلامانەوە گـرنگە و دەمانەوێت ئامـاژەی پێـبدەین، ئەویە
کە لە ئەمـڕۆدا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی ئـیزۆپ و لافـۆنتین، بـۆ منـداڵان گونجـاون.
پەنـد و وانەی پەروەردەیی باش و بەسوودیان تێدان.. چیرۆکەکانی ئـیزۆپ و لافۆتین بوونە بە سامـانێکی ئەدەبی بۆ منـداڵان. بوونـە بە سەرچاوەیەکی گـرنگ و بە ئیلهام بەخـش، بـۆ بەشـێکی زۆر لە چـیرۆکنووسـان و شاعـیرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان.
ئەوەم بەرچاوکەوت، کە نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، دکتۆر (عەزیز گەردی) پەرتـووکـێکی بـە نـاوی (چـیـرۆکـەکـانی ئـیزۆپ) چـاپـکـردووە.. مـن تـا ئـێسـتا ئـەم پەرتووکەم نەدیـوە. گەر بمدیتایە، بێگومان وەکوو سەرچاوەیەک، ئـەم نووسـیـنەمی دەوڵەمـەنـتر دەکـرد.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی و نەرویجی وەرگرتووە. رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠١٩




لە سەر سەکۆی چاوەڕوانی … سەرهەنگ خامۆش

کەتۆ هاتیت
هێشتا پاسارییەکانی موحیبەت
لە خەو هەڵنەستابوون
کات خەریکی هۆنینەوەی
حەیرانێکی دیکە بوو بۆ زەمەن…

کە تۆ هاتیت
کەنار ماڵئاوایی لەخۆر دەکرد
شەقامەکان خاڵی بوون لە چاوەڕوانی
شار تازە باوەشکی دەدا…

کەتۆ هاتیت
من دەمێک بوو چاوەکانم
لەم تولە ڕێگایەی دەڕوانی
کە لەبەردەم دەرگای دڵی مندا
تەواو دەبوو…

کە تۆ هاتیت
لەمن زێتر
هیچ شتێک وەئاگا نەبوو
لەسەر سەکۆی چاوەڕوانی
هەر خەریکی ژماردنی چرکەکان بووم…

کە تۆ هاتیت
هەر وەک گزنگ لە پەنجەرەی
هەموو ماڵێکدا چویتە ژوورەوە
سڵاوێکت لە هەموو
کوچەو کۆڵانەکانی شار کرد
من نەبێت…