ئایا کتێبە پیرۆزەکان دەستکاریکراون؟ … مەحمود عەبدوڵڵا

کاتێک ڕەخنە گران دەڵێن لەتەوڕات یان ئینجیلدا ،چیرۆکەکانی ناو قورئان هەیە و بەشێوەیەکی جیاواز باسکراوە ،یان کاتێک دەڵێن قورئان چیرۆکەکانی وەرگرتوە،یان کاتێک دەڵێین خودا بۆچی یەکجار ئاینی نەناردوە و بەردەوام ئەبدەیتیی ئاینەکانکراوە؟ لەوڵامدا “زانایانی ئاینی ئەمڕۆمان”یەکسەر دەڵێن لەبەر ئەوەی مرۆڤ دوای ماوەیەک ئاینەکەیان لەیاد کردوە و ڕویانکردۆتە کوفر،بۆیە خودا پێغەمبەرێکیتری ناردووە تا خەڵک بگێڕێتەوە سەر ڕێگای ڕاست.لەڕاستیدا ئەوە موغڵەتێیە و هیچ پەیوەندی بە لۆژیکەوە نییە، ئەو پەڕی نەشارەزاییشە لە مێژووی گەشەکردنی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی پلە بە پلەی مێشکی مرۆڤ ،چونکە ئەگەر ئێمە هیچ حیسابێک لەسەر مێژو ،کۆمەڵناسی و سروشتناسی و…تاد، بکەین،دەبینین هیچ خودایەک ئاینەکانی نەناردوە بۆ مرۆڤ.بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن ئاینیان داهێناوە.

چونکە ئەگەر ئێمە سەیری ناوەڕۆکی ئاینەکان بکەین دە بینین گیرۆدەی کات و شوێنن، کۆنترینیان سادەترینە و تازەترینیان ئاڵۆز ترینە،بەڵام وەنەبێت لەناو تازەترین ئایندا هیچ هێمایەک لە کۆنترین ئاینەکان نەمابێت،نەخێر بەڵکو زۆر لە دروشم و ڕێوڕەسمەکان لەناو ئاینە تازەکانیش داهەن. لەگەڵ گەشەکردنی مێشک و زمانی مرۆڤ دا سیستەمە ئاینیەکانیش ئاڵۆز دەبن،ئەوکاتەی کەمرۆڤ بایی ئەوەندە هۆشی نییە، یان ئەوەندە زمانی گەشەی نەکردوە کە درک بەشتە ئەبستراکتەکان بکات ،دەبنین دیاردە سروشتیەکان دەپەرستێ ، لەهەر شوێن و کاتێکیش دیاردەی جیاواز دەپەرستێ،لەترسان یان لەبەر پێویستی،وەک ترس لە بومەلەرزەو بورکان،خۆشەویستی خۆر و ژن و… تاد .ئەوەی کە لەناو ئاینەکان تا ئێستاش ماوەتەوە ترسە لەدیاردە سروشتیەکان و وەک سزایەکی خودایی دەبیندرێن،ئەوەش واتا مانەوەی هەندێ تێگەیشتنی نائەقڵانی مرۆڤی دێرین لەناو زیهنیەتی مرۆڤی مۆدێرن دا.چونکە تا ئێستا هزری زانستی بەتەواوی زاڵنەبوە،بەسەر هزری ئاینی و خورافیدا.

ئەوەی ئاشکرایە مرۆڤ لەگەڵ پەیدابونی لەسەر زەوی خۆی بە تەنها و بێ چارە دیتوە، سەری سوڕماوە کە لەکوێوە فڕێدراوەتە سەرزەوی؟ ئیتر بە پێی تێگەیشتنی خۆی کاتێک ئاسمانێکی بینیوە لەسەر سەری واتێگەیشتوە کە لەوێ وە فڕێدراوە،ئەمەش لەئاینەکاندا ڕەنگی داوەتەوە،مرۆڤ لەوە تێنەگەیشتووە کە سەرزەوی دایکی مرۆڤە،لێرە لە توخمەکانی ئەم زەوییە پێک هاتووەو پەرەی سەندووە و پێشکەوتوە،لەگەڵ پێشکەوتن و بەدەست هێنانی ئەزمونەکانی ژیان ڕۆژ بەڕۆژ لە دیاردەکان تێگەیشتوە و ناسیونی تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ. یەکێک لە پاساوەکانی زانایانی ئاینی بونی حەقیقەتی ئاینە لە کۆنترین چاخە مێژوییەکان وەک بەڵگەیەک لەسەر ڕاستی و پێویستی ئاین .بەڵام ئەوە تێگەیشتنێکی نا دروست و نالۆجیکی و نازانستییە،چونکە بەهیچ شێوەیەک کۆنی ئاین نابێتە هۆی حەقیقەتی ئاین،ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێین کۆیلایەتی حەقیقەتە چونکە لەسەرەتای شارستانیەت کۆیلایەتی هەبووە. کاتێک مرۆڤ بیری لە ئاین و پەرستش کردۆتەوە ئەقڵی پێشکە وتو نەبوە،واتا ئاین گوزارشتێکی ناعەقڵانی مێشکی مرۆڤ بوە،ئەوەش تایبەتمەندییەکە تائێستاش بۆ مرۆڤایەتی ماوەتەوە و بۆ ڕازیبون بەئاین نابێت عەقڵ بەتەواوی بخرێتە کار دەنا تەلاری ئاین بەسەر یەکدا دەڕمێت.

لەئەفسانەکاندا چیرۆک و بەسەرهات و ڕوداوەکان هەن،لە کتێبە ئاینیە کۆنەکانیشدا هەن،بەڵام لەتازەترین ئاین کە ئیسلامە هەمان بیرو بۆچون و ڕوداو بەسەرهاتی ڕابردو هەن کە بەدرێژایی هەزاران ساڵ گەیشتونە ئێمە و تەتوانین بڵێین:هەموو بۆچونە ئاینیە کان تا دەگاتە قورئان بەرهەمی تەواوی ڕامان و تێکۆشان و زانستی بەشەریەتە .بەڵام کاتێک دەوترێ بیرۆکەکانی بەهەشت و دۆزەخ و ڕۆح و خەلقەت و… پێش ئیسلام،بگرە پێش پەیدابونی ئاینە ئیبراهیمیەکانیشن،دیسان زانایانی ئاینی بە بێ حیساب کردن بۆ هیچ زانستێک بە تێگەیشتنێکی ڕووت دەڵێن: ئەو شتانەی لەڕابردوو باسکراون هەمویان خودا بۆمرۆڤی نیشانداون،تەنها ئەوەیە گۆڕاون و دەستکارییان کراوە ،دەنا بیرۆکەکان بۆنمونە دروستکردنی ئادەم ،دەرکردن لەبەهەشت زانینێکە خودا بەمرۆڤی بەخشیوە.لێ ئەوە تەنها وڕێنەیەکی دینییە. دەقە سۆمەریەکان و تەوڕات و دەستکاری نەکراون لەهیچ شوێنێک جگە لەناو قورئاندا نەبێت.

ئەوە پێغەمبەری ئیسلامە دێت بەتێگەیشتنی خۆی وبە پێی لۆژیکی سەردەمەکەی خۆی وەردەگرێت و دایدەڕێژێتەوە. ئەو بەشانەی کە لەگەڵ زیهنیەتی خۆ ی ناگونجێ یان لەگەڵ گۆڕانەکانی کۆمەڵگا و زیهنیەتەکەی ناگونجێ لای دەبات،وە بە ئیمکانیاتی زانستی سەردەمەکەی ڕامانەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. بۆنمونە دەقە سۆمەریەکان دەستکاری نەکراون،یان تەوڕات و ئینجیل ،بەڵکو ئەمانە لەسەردەمێک دانوسراون کە پێش ئیسلامە بەتێپەڕبونی کات هەندێک بابەت لەگەڵ لۆجیک ناگونجێن ،چونکە مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت و پێشدەکەوێت.

لەبەرئەوە ئەگەر بۆنمونە بڵێن تەوڕات دەستکاریکراوە ڕاست نییە،چونکە تەوڕات هی سەردەمێکە و قورئان هی سەردەمێکیتر،بۆیە تەوڕات بەبەراوڕد بەقورئان دەستکاریکراوە،بەڵام لەکوێ؟ لەناو قورئاندا. ئەوە خودا نییە بێت ئاین ڕاستبکاتەوە،بەڵکو پێشکەوتن و تێگەیشتنی مرۆڤە گۆڕاوە. بەڵام ئیسلام سیستەمی هزری و لۆجیکی ئاینەکانی وەک خۆی هێشتۆتەوە،واتا هەمان تێگەیشتنی نازانستی بۆ خوداو بون هەرماوە .مەسەلەی دەستکاریکردن ئەوەیە . لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە سەردەمی قورئان پێشکەوتوترە لەسەردەمی تەوڕات بۆیە پێکهاتەی زیهنیەت ڕێگە دەدات هەندێ گۆڕانکاری بکرێت،بەڵام تێگەیشتنە کانی حەزرەتی محمد”د.خ” سەبارەت بەخۆر و مانگ پێشکەوتو تر نیە ئەوەش لەبەر نەبونی هۆکاری زانستی کەواتا دوبارەکردنەوەی هەڵەزانستیەکانی پێش،ئەوقسەیە پوچەڵ دەکاتەوە کە گۆیا ئاینەکانی تر دەستکاریکراون،نەخێر ئەوان لە سەردەمێک نوسراون کە پێکهاتەی هزرو زیهنیەت بایی ئەوەندە بووە.

بەڵام ئیسلام گەورەترین و بەهێزترین دۆگماتیزمی خوڵقاندوە،بەجۆرێک پەرەسەندنی بە کۆتا گەیاندووە،یان بڵێین کۆتایی مێژووی ڕاگەیاندووە.هەواڵی ڕوخانی دونیاو کۆتایی زەمانی ڕاگەیاندووە، بێ ئاگا لەوەی لەدوای خۆی گۆڕان ڕودەدات،هەر ئاینەکەی خۆی دەبێتە هۆی گۆڕان و ئەو گۆڕانەش ناوەستێ،بەجۆرێک کە لەدنیای ئەمڕۆدا هزرو ڕامانەکانی حەزرەتی محمد جێگای نابێتەوە،تەنها لە مێشکی ئەوانەدا نەبێت کە بۆچونەکانی محمدیان بەڕەهایێ قبوڵە و خۆیان لەئاست گۆڕانەکان کوێرکردوە. دەڵێن ئیسلام تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی ئەمڕۆمانن!بەڵام چۆن؟ بە گەڕانەوە بۆدواوە. دەبێت کۆمەڵگا بگێڕینەوە بۆ سەردەمی محمد و جارێکیتر دونیا فەتح بکەین و بۆچونەکانی محمد بەسەر جیهاندا فەرزبکەین،ئەوەش لەتوندوتیژی زیاتر هیچ ئاکامێکی نابێت.

ئیسلام کاڵای باڵای کۆمەڵگای خێڵەکی یان فیوداڵییە،لە کۆمەڵگای پێشکەوتو ودیموکراتدا جێگای نابێتەوە. کاتێک دەڵێن ئیسلام چارەسەرە بۆکێشەکانی ئەمڕۆمان،مەبەستیانە کە ئێمە واز لەهەموو دەستکەوتە فەلسەفی و سیاسی و زانستیەکان بێنین . کێشەکانی ئەمڕۆ کێشەی شارستانیەتن،کێشەکانی سەردەمی محمد کێشەی کۆمەڵگای خێڵەکین،بۆچارەسەری کێشەی شارستانیەت بە زهنیەتی کۆمەڵگای خێڵەکی چار نییە دەبێت شارستانیەت بڕوخێنین و کۆمەڵگایەکی خێڵەکی دروستبکەینەوە ،ئەمەش واتا کوشتنی نەخۆش لەجیاتی چارەسەر. پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان،گرفت و ئارێشەکان،مەسەلە ئابوریەکان گۆڕاون ،ئیتر ئیسلام عیلاجێکی هەڵەیە ئەگەر بخرێتە گەدەی شارستانیەت دەیکوژێت. بەڵکو ئێمە پێویستمان بە چارەسەری نوێ هەیە بۆ کێشە نوێیەکان.دەبێت پەیوەندیەکان ڕێکبخرێنەوە بەگوێرەی پێویستی سەردەمەکەمان.

نەک گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ چواردە سەدە لەمەوبەر.تەنیا زهنیەتێک ئیسلام وەک چارە سەردەبینێت،کە هێشتا زیهنیەتی خۆی وەک مرۆڤی چواردە سەدە لەمەو بەرە. بەداخەوە لە کۆمەڵگەی نەخوێندەواردا،قسەی نازانستی و گونجاو لەگەڵ پێوەرە بچوکەکان ڕەواجی هەیە و خەڵکی حەزیان لە سادەکردنەوەی پێوانەو پێوەرەکانە کە لەگەڵ زیهنیەتی خۆیان دەگونجێت ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی دەنگی مەلاکان بڵند تربێت و خەڵکی ئاوازی دینی پێ خۆشتر بێت لە ئاوازی زانست. دونیا گۆڕاوە و هزری مرۆڤی ئەم سەردەمە قبوڵی کۆیلەو کەنیزەک و لێدان لەژن ناکات،بەڵام بۆ چارەسەری ئەمە،زانایانی دینی دێن لەناو کەوانەیەک دەڵێن ئەمە بۆ کاتی خۆیبو،بەم شێوەیە فێڵ لەخەڵک داکەن.هەزارو چوارسەد ساڵە هزریان خستۆتە خزمەت جوانکردنی دەقەکان هێشتاش نەیان توانیوە قورئان ڕزگاربکەن،چونکە ئەوە کارێکی نەکردەیە و شێتایەتییە.چونکە نازانن کە دیسان کۆمەڵگا دەگۆڕێت و بۆچونەکانی خۆشیان دەکەوێتەوە ژێر پرسار.

مەحمود عەبدوڵڵا




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین-7- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin

بەشی حەوتەم:

پرسیارێك کە دەبێت بپرسین لە ئەم دواڕۆژانەی مێژوودا ئایا شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتیدایە دەتوانێت لە ناخی بەیەکادانی نێوانی چینە تەقلیدییەکانا سەرهەڵبدات؟ یاخود ئەم جۆرە شۆڕشە دەکرێت تەنها لە حەلبووون یا بۆگەنکردنی چینە تەقلیدییەکانەوە سەرهەڵبدات، یا بەڕاستی دەکرێت لەسەرهەڵدانی تەواوی “چینێک” کە جەوهەرەکەی ناچینایەتییە، چینێکی گەشەکردوی شۆڕشگێڕن؟ لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو جەدەلە فراوانەی کە مارکس بۆ کۆمەڵی مرۆڤایەتی گەشەی پێدا وەکو گشت، دەتوانین فێری زیاتر بین، زیاتر لەو مۆدێلەی کە وەکو نمونەیەك لە دەرەبەگایەتی بۆ کۆمەڵی سەرمایەداریی قەرز کرد.
هەر وەکو چۆن پەیوەندارێتی خزمایەتی خێڵە سەرتاییەکان هەنگاوی جیای بەرەو نێو چینەکان نا، هەر ئاواش لە ڕۆژانی سەردەمی ئێمەشدا مەیل و ڕەوتی چینەکان بەرەو حەلبوون بۆ کولتورێکی نوێی گەورەتر کە لق و پۆپی لێدەبێتەوە، دەڕوات، کە شێوەی فۆرمەکانی پەیوەندی ناسەرمایەداریی دەگرێتە خۆ. لەوێدا ئەم گروپانە چی دی پابەندی تاکە ئابوورییەک نین یاخود پێگەیان ئابوورییەك نیە، لە ڕاستیدا هەموویان ڕەنگدانەوەی ئاراستە و ئامانجی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیین بۆ تێپەڕاندنی ئابووریی توێژاڵەکانی نێو کۆمەڵ کە نوقسانی ئابوررییان هەبووە…لەم بارەشدا ئەوان کە لە کەتواردا لە کولتوری مەدەنیانەوە سەردەگرن و لە کەرەسەی خاوی نادیاری چالاك پێكدێن، لە بزووتنی پڕکردنەوەی کۆمەڵی نوقسانی ئابوریی بەرەو کۆمەڵی دوای نوقسانی ئابووریی.

پرۆسەی هەڵوەشاندەنەوەی [ حەلبوونی] چینەکان دەبێت بە هەموو ڕەهەندەنکانییەوە ڕەچاوبکرێن و تێگەیشتنی لێبکرێت. دەبێت لێرەدا وشەی پرۆسێس، “process” جەختی لەسەربکرێتەوە : چینە تەقلیدییەکان لەناوناچن ، هەر ئاواش ململانێی چیانیەتیش، چونکە هەر تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتییە دەتوانێت ستراکتوری چینی باڵادەست و هۆکارەکانی بەیەکادان ڕاماڵێت. خاڵێك کە لێرەدا هەیە ئەوەیە کە تێکۆشانی تەقلیدی چینایەتی دەوەستێت تاکو بنەما و ناوەرۆکی شۆڕشگێرانەی خۆی ئاشکرا بکات وەکو فسیۆلۆجی [ زانستی وەزیفەکانی ئۆرگانەکان- وەرگێڕ] ، لە کۆمەڵی باودا، نەك وەکو ژانی لە دایکبوونی منداڵ.

لە ڕاستیدا تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی، کۆمەڵی سەرمایەداریی سەقامگیردەکات بە ” ڕاستکردنەوەی” لە خراپکارییەکانی سیستەمەکە، وەکو ( کرێ، کاژێری سەر کار، هەڵئاوسانی پارە، کارکردن…تد). لە کۆمەڵی سەرمایەداریی دا نقابەکان خۆیان بۆ خەباتی دژ بە” مۆنۆپۆلی” ڕیکدەخەن دژ بە مۆنۆپۆلی [ ئیحتیکاریی] پیشەسازیانە دەوەستنەوە، هەروەها ئاوێتەدەبن بە ئابووریی توێژاڵی بازرگانییەتی وەکو موڵکدارێتی. لە چوارچێوەی ئەم موڵکایەتییەدا بەیاکادانەکان زۆر یا کەم دەردەکەون، بەڵام وەکو گشت، نقابەکان سیستەمەکە بەهێز دەکەن و خزمەتی مانەوەی دەکەن.

بۆ بەهێزکردنی ئەم ستراکتوری چینە، کرێکاران، بە قسەکردنی بەردەوام و دووبارەبوونەوە و خۆشحاڵبوون بە ” ڕۆڵی چینی کرێکاران” بۆ پاڵپشتکردنی [تەعزیزکردنی] خەباتی تەقلیدیانەی چینایەتی بە لێدانی لەزگەی ناوەرۆکی ” شۆڕشگێڕیی” ، بۆ نەخۆشخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەسەردەمی ئێمەدا بە ” شکۆدارکردنی کرێکار یا چینی کرێکاران کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە ” “workeritis” [ کرێکارێتی- کاری کرێگرتە] کرۆکی کۆنەپەرستییە.
بۆ چەند جار مارکسیستە مەزهەبییەکان دەبێت بیریان بخرێتەوە کە مێژووی تێکۆشانی چینایەتیی مێژووی دەرد و نەخۆشییە، مێژووی برینەکانە کە کە لەلایەن گرنگی و بەناوبانگیی ” پرسی کۆمەڵایەتیی” بە گەشەکردنی یەكلایەنانەی مرۆڤ لە هەوڵدانیا بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی سروشت لەلایەن پیاوانی هاوەڵ و برادەرییەوە؟ ئەگەر بەرهەمی لاوەکی ئەم نەخۆشییە، تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بووبێت، ئەوە بەرهەمە سەرەکییەکان، سەرکوتکردن، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و هەروەها ترس و خۆفی شێواندنی ڕۆحی خودی مرۆڤە.
کاتێك کە دەردەکە دەگاتە کۆتایی، کاتێك زامەکە، برینەکە لە هەرە قوڵاییەکەیدا دەوەستێ و دەست بەساڕێژبوونەوە دەکات، ئیتر پرۆسەکە ئاشکرا دەبیت و بەرەو تەواوبوون دەڕوات، ناوەرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی وەکو تیئورێکی بنیاتنەرانە و هەروەها وەکو حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتیی، ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن. ئیدی پرۆسەی حەلبوون و هەڵوەشانەوە و ڕووبەڕوووی نەك هەر ستراکتوری تەقلیدیانەی چینەکەدا، دەبێتەوە، بەڵکو بە خێزانی باوکسالاریی، شێوازی پەروەردەکرنی دەسەڵاتخوازانە، هەژمونی دین، دەزگەکانی دەوڵەت و هەروەها نەریتەکانی کە لەسەر چەوساندنەوە و وازهێنان و ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە تاوان و ژێوانبوونەوە لە هەست بە تاوانبارێتی [موعەزەبیی] و لەتەك سەرکوتکبوونی جنسیانە.

هەر هەموو ئەمانە دەگۆڕێت. پرۆسەی تەفکیك و حەلبوونی نائاوێتەبون لە کراسێکدا ئیدی تا ڕادەیەكی زۆر سەراپای چینە تەقلیدییەکان، بەها و دەزگەکان، هەموویان دەگرێتەوە. بەم شێوەیە پرسە نوێییەکان، شێوازی خەباتکردن و هەروەها فۆرمگەلێك لە ڕێکخراوەکان و بانگەشەی بەرخوردێکی نوێی تەواو بۆ تیئوریی و پراکتیكکردنی بەکردەیی، دەخولقێنێت.
ئەمە بە شیوەیەکی هەستپێکراو و کۆنکرێتیانە چی دەگەیەنەێت؟ باشە با بەراوردی هەردوو بەرخوردەکە بکەین، مارکسیستەکان و شۆڕش. مەزهەبی مارکسیانە داوامان لێدەکەن بە نزیکبوونەوەمان لە کرێکار یا باشتر ” چوونە” ناو کارگە … بە گرنگییدان بە کرێکاێك بە ” فەزڵ و ڕێزگرتن ” تا هەر یەکێکی دیکە. ئەمە بە هەدەفی چی؟ تاکو کرێکار بکاتە ” چینێکی هۆشمەند” ، با لە دیدی چەپی جارانەوە دەستنیشانی نمونە هەرە نیاندەرتاڵییەکان بکەین، یەکێك سەری یەکێکی تر چاك دەکات، خۆ رازاندنەوە بە بەرگی سپۆرتی سەردەم، وازهێنان لە حەشیشە کێشان بۆ جگەرە و بیرە، بە شێوازی نوێ سەماکردن، رەفتارکردن و گوفتارکردن لە شێوەی ‘ توند و ڕەق’،دا پەیرەوکردنی سەروسیمایەکی بێ کەیفو ووشکو خۆبەزلزان. [10]
بەکورتی ، دەتوانرێت بوترێت کە یەکێك ئاوا دەبێتە کرێکار لە خراپترین ئەم شێوازە کاریکاتێرییەدایە ” پیتی بورجوازییەکی گۆڕێنراوە ” بە دڵنیاییەوە بورجوازییەکی لەیەکهەڵوەشاوەیە. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە کەسێك لاسایی کرێکار دەکاتەوە هەر بە قەدەر ئەوەی کە کرێکار لاسایی ماستەرەکانیان دەکەنەوە. لەژێر ناوی گۆڕانی قوتابیی دا بۆ ” کرێکار” گاڵتەجاڕییەکی زەرەرمەند خۆی حەشارداوە ، یەکێك دەیەوێت ئەو زەبتوڕەبتەی کە ژینگەی کارگە کە لە مێشکیا چەسپاندویەتی بەکاربهێنێت بۆ زەبتوڕەبتی کرێکاران بۆ ناو ژینگەی حیزب. یەکێك هەوڵی بەکارهێنانی ڕیزی کرێکاران کە بۆ پیشەسازیی قوچکەییان هەیە بۆ هاوجوتبوونی، زەواجی کرێکار لەتەك پارتی قوچکەیی. ئەم پرۆسە بێزراوە ئەگەر بێتو سەرکەوتووبێت گۆڕانێك دەبێت لە جێگرتنەوەی قوچکەییەك بە قوچکەییەکی دیکە، ئەمەش بەناوی پەرۆشبوونەوە بەدەستدەهێنرێت، گوایە ئەمان بەتەنگ داخوازییە ئابوورییە ڕۆژانەکانی کرێکارەوەن .
تەنانەت تیئوری مارکسیی ڕازییە بە دابەزینی پلەی کرێکار بۆ ئەم وێنە و شێوەی بێ بەهایی و کەمکردنەوەیە. ( دەکرێت وەکو تەحەدایەك بەوان، تەماشای هەر کۆپییەکی چەپەکان سەبارەت بە شرۆڤەی پرسی قەومی یا نیشتمانی لە لایەن ئەوانەوە، بکەیت. هیچ شتێک ئەوەندەی ئەم جۆرە موحازەراتانە کرێکار بێزار ناکات .) لە کۆتاییدا کرێکار بایی ئەوە زیرەکە تاکو بزانێت کە چ ئەنجامێکی باشتری لە تێکۆشانی ڕۆژانەی چینایەتیدا لە ڕیگای بیرۆکراسییەتی نقابەوە تاکو لە ڕێگای بیرۆکراسی پارتی مارکسیستانەوە، بەدەستدەهێنێت.

ساڵانی چلەکان [ بوکچین مەبەستی چلەکانی چەرخی بیستەمە-وەرگێڕ] ئەمەی لە شیوەیەکی زۆر دراماتیکانەدا دەرخست کە لە ماوەی ساڵێك یادوواندا بەدەگمەن ناڕەزایی لەلایەن کەسان و ئەندامانی ئاسایی ڕێکخراوەکانەوە، دەبینرا. نقابەکان سەرکەوتوبوون لە دەرپەڕاندنی هەزارەها لە ” مارکسیستەکان” کە زیاتر لە دەیەیەك کاری زۆر گرنگ و سەختیان لە بزوتنەوەی کرێکاراندا دەکرد، تەنانەت لە ڕیکخراوی کۆنی نێونەتەوەیی، CIO ، هەڵزنان بۆ پلەی سەرکردایەتیش .

و: زاهیر باهیر
درێژەی هەیە.
….
………………………………………
10- لەم خاڵەدا پێشبینییەکانی چەپی کۆن بۆ وێنە و ڕواڵەتی مرۆڤە سەرەتایەکەی خۆیان [ نیاندەرتاڵ] ئاوایە کە بە بۆچونی خۆیان بە کرێکاری ئەمەریکی دەچوێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کڵێشە و ڕاوڵەت و چواندنە زۆر نزیکە لە کاراکتەری کەسێکی بیرۆکراتی نقابەوە یاخود کۆمیسەریی ستالینیی.




پاکێجێک و دوو بابەت … هەڵۆ بەرزنجەیی

یەکەم:

Solidaritätszuschlag…((Soli))
رۆلی ئەڵمانیا چییە؟.
پشتیوانی و ھاوکاریی زیادە، لەسەر باجی داھات و باجی کۆمپانیاکان ناسراو و کورتکراوە بە ( زۆلی)
بڕیارێکی حکومەتی ئەڵمانییەیە بۆ زیادکردنی باج لەسەر ھاوڵاتییەکانی،کە لەساڵی ١٩٩١ دا داوێتی. واتە دوای ڕووخانی دیوارەکەی بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا.
ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە، گوایە بۆ ھاوکاری جەنگی کەنداوی دووەم و کۆمەکی وڵاتانی رۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپای رۆژھەڵات و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیایە. بڕیار بوو بۆ ساڵێک ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێ. بەڵام ھەر بەردەوام بوو، تا لەساڵی ١٩٩٥ دا بە تەواوی بەناوی کۆمەک و ھاوکاریی ـ خەرجی و ئەرکی ـ ((یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا)) تا ئێستا درێژەی کێشاوە. بڕەکەش بە 5,5% بووە لە داھاتی مووچەخۆر و کارخانەکان. ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە، ھەوڵێک ھەیە بۆ نەھێشتنی ئەم ئەرکە لەسەر ھاوڵاتی و کارخانەکان. ئەوەبوو حکومەتی ئەڵمانی لەم ڕۆژانەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2021 دا ، ئەو باجە لەسەر بەشێک لەخەڵک نەمێنێت. ئەوانەی رەبەنن و ساڵانە لە 74,000 ھەزار یۆرۆ کەمتر پەیدا دەکەن و ئەوانەی خاوەن خێزانن لەساڵێکدا 152,000€ کەمترە داھاتیان. بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت بەردەوام ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن و زۆلی بدەن.

ئەوەی من حەزدەکەم ئاماژەی پێ بدەم، دیوێکی تری ئەم ئەزموونەی ئەڵمانە .ھاوڵاتی ئەڵمانی سەرباری دەوڵەمەندی دەوڵەتەکەی، 28 ساڵە ھاوشانی یەکتر لە پرۆسەیەکی گرنگی نەتەوەییدا ھاوکارە ،بێ ئەوەی ھاتوھاوارێکی ھێندە ناساز بکات،تەنانەت دراوسێکەشی ھەستی پێ بکات . بەدرێژایی ساڵانی دوای روخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، 5- 6 جار ڕێکەوتی خەڵکم کردووە ، بەجۆرێک لە جۆرەکان داد و بێدادی بوو بێت، لەدەست یەکگرتنەوە و سەختبوونی ژیانیان… ھەموو قسە و ھەڵوێستی ئەوانەش بریتی بووە لە « بریا دیوارەکە نەڕووخایە» « ھەق بوو چەند چینێکی تر لە دیوارەکە بنێن، تا بەرزتر بوایەتەوە» یاخود بێزاری ڕۆژئاواییەکان،لەدەست بێچاوڕوویی رۆژھەڵاتییەکان لەھەڵسوکەوتی ئوتومبێل ھاژووتندا،بۆتە جێی نیگەرانی کەسانێکی زۆر. بەم جۆرە ئاو بهێنە و دەستی خۆت بشۆ.
کەواتە ئەم خورتە و بۆڵەیە کە شتێکی ئاساییە ھەیە، لێ لەوە گرنگتر و جێی سەرنج ، ئەوەیە حیزبە ئەڵمانییەکان ئەم دیاردەیە کە هەیە نەیانکردۆتە/ نەیانکردە ئامانجی سیاسی و بۆ مەرامی خۆیان و پەکی حکومەت و کاروباری فەرمی ھاوڵاتیان و خوێندنییان پێ نەکردووە. هەمیشە ھەر بە ئاوات و مەبەستی ئەوە بوون ، تەواوی حاڵەتەکە دووری سیاسی وەرنەگرێت و تا بێت پرۆسەی یەکگرتنەوە و تێکەڵاوبوونی هەردوو سیستەمەکە سەرکەوتووانە بە ترۆپک بگات. شایانی ئاماژە پێدانە،هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا لە دوو بلۆکی سیستەم تەواو جیاواز و دژ بەیەکدا بوون. ـ سەرمایەداری ڕۆژئاوا و سۆسیالیستی ڕۆژهەڵات.
ئەوانەی ئەڵمانیایان دیوە بەتایبەت بەرلین شارەزان ، دەزانن کە دوای یەکگرتنەوە چ شتێک بنیات نراوە و چۆن بەشە رۆژھەڵاتییەکەی لەشارێکی تازەی مۆدێرن دەچێت..
لە کاتێکدا گەر وێنەی کۆبانی و حەڵەب بھێنینە بەرچاومان، لە شەڕدا چییان بەسەر ھات ، ئەوە بەرلین سەدقات وێرانتر بوو..بەم شێوەیە، حکومەت و میللەت ھاوکار بوون بۆ بیناکردنەوەی وڵاتێکی داڕزاوی سەردەمی بلۆکی سۆسیالیستی رۆژھەڵات ، کە ئێستا لە جیھان دا، بەھێزترین وڵات ئەژمار دەکرێ.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەوکاتەش ئەڵمانیا ئابووری بەھێز بوو. ڕێژەی بێکاری کەم بوو. نزیکەی ئیشکەری 82 ھەشتا و دوو ملیۆن دانیشتوان باجیان دەدا بە کۆمپانیایانەوە …
کەچی لەوڵاتی دواکەتوو و بارگاوی بە ئەگێندای دەرەکی ئێمەدا و لە ئاکامی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی و سیاسەتێکی روون و ئاشکرا، دیمان لە قۆناغە سەختەکان دا. باشتر بڵێم ساتە قەیراناوییەکان دا، چۆن ھەوڵی ئەوە درا پرسی مووچە جێی دۆزی نەتەوەی کورد بگرێتەوە. پەنا بۆ داگیرکەرو دوژمن برا و کێشە گەوھەرییەکە لە بەھا و سەنگی کەم بۆوە…بەڕادەیەک حیزبە سیاسییەکان ئەم قەیرانەیان بۆ بەرژەوەندی تاکتیکی و رۆژانەی خۆیان قۆستەوە، کە دابەزینە ئاستێکی نزم و شێواوی و شپرزەییەکی زۆریان بۆ جەماوەر و خەڵک قووت کردەوە. لەم ڕێگایەشەوە زیان بە باری ئابوری و بازاڕ و سیستەمی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییان گەیشت و ئاکامی دڵتەزێنی لێ کەوتەوە.
ئەمەش ئەزموونێکی تری گەلانی دنیا و بەتایبەت ئەڵمانیایە. بەهیوای بۆ سوود لێوەرگرتن، پەڕۆیەکی لێ دادڕین.
***
دووەم:
ژمارەی زۆری دانیشتوانی زەوی و مەترسییەکانی ژینگە:


بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان:(( زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە جیھان دا، وەک
بەڵگەنامەیەک بەکار دەھێنرێت لەدژ ھەوڵەکانی ژینگەپارێزیی)). دروشمەکە دەڵێ: زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا، ھەموو ھەوڵەکانی وڵاتە پیشەسازییەکان تێک دەشکێنێ .

بەپێ ئاماری ناوبراو تا ساڵی 2100 ««12»» ملیارد مرۆڤ زیاد دەکات.. پسپۆڕان پێیان وایە، گەر بێت و
ژمارەی دانیشتوان بەم شێوەیە زیاد بکات و نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵەوە، کارێکی مەترسییە… لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوان 10, زۆرینەی زیادبوونەکانیش لە ئەفەریقا بەتایبەت لە وڵاتانی:
: Burundi,Kongo,madagasker,Jemen,Sierra leon,Chad,Malawi,Haiti,Niger,Sambia.
کە بەرھەمی co2 زۆر کەمە بوروندی ساڵانە تەنھا 0,027 co2 بەرھەم دێنێ. لەکاتێکدا ئەمەریکییەک دەبێتە ھۆکاری 541 ھێندە و رووسێک 454 گلەیی ئەوەیە ئەم وڵاتانە ھیچ بۆ ژینگە ناکەن و ئەنجام نادەن… بەواتایەکی تر 20 نەتەوە پیشەسازییەکە نزیکەی %80 co2 بەرھەم دێنن.. پسپۆڕان پێیان وایە ڕەنگە 10 ملیارد دانیشتوان باش بێت و بتوانن بە تەندروست بژین لەسەر گۆی زەوی…

هەڵۆ بەرزنجەیی
٢٨/٨/٢٠١٩
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە: دێر تاگە شپیگل




شوێنه‌وارناسه‌كان توێژێكی گرنگی كۆمه‌ڵگان نووسینی … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

له‌ به‌شێك له‌ وتار و بابه‌ته‌كانی ڕابردووم كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ باسێكی بچووكی زانستی شوێنه‌واری كه‌ هه‌ندێك زانیاریم خسته‌ ڕوو بۆ خوێنه‌ری ئه‌زیز ڕه‌نگه‌ له‌ ئاستی پێویستیش نه‌بووبێت بۆ خوێنه‌ر, به‌ڵام بۆ ئێستا ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌توانادا هه‌بووه‌ ,چوونكه‌ خۆم ئێستا وه‌كو قووتابیه‌كی شوێنه‌وارناس یاخود وه‌كو كادیرێكی شوێنه‌واری له‌ ڕاهێنان كردن داین بۆ خزمه‌تكردنی ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كان له‌ داهاتوو دا ,به‌ڵام هه‌رچه‌ندیش له‌ توانام دابێت ئه‌م زانسته‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو بۆ خوێنه‌ری ئه‌زیز چوونكه‌ ئه‌م زانسته‌ زۆر پێویستی به‌ خستنه‌ڕوو و شیكردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌.
به‌ڵام ئه‌م جاره‌ ده‌مه‌وێ هه‌ندێ قسه‌ بكه‌م سه‌باره‌ت به‌ تاكی شوێنه‌وارناس كه‌ ئه‌م توێژه‌ توێژێكی گرنگی كۆمه‌ڵگان هاوشانی توێژه‌كانی تر,به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ جێگای داخه‌ یاخود جێگای نیگه‌رانیه‌ كه‌ به‌شێكی كۆمه‌ڵگا ناوی ئه‌م توێژه‌یان به‌لاوه‌ نامۆیه‌ یاخود به‌لایانه‌وه‌ ناوێكی تازه‌یه‌, ئه‌مه‌ش هۆكاری یه‌كه‌می ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ نادرێت به‌م توێژه‌, یان دبینم له‌ زۆربه‌ی وڵاتان دا به‌هۆی گرنگی دان به‌م توێژه‌و له‌گه‌ڵ ته‌واوی به‌شه‌كه‌ هه‌ستاون به‌ كردنه‌وه‌ وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت به‌م به‌شه‌وه‌ كه‌ خزمه‌تی شوێنه‌وارو شوێنارناسه‌كان ده‌كات, به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كی بچووكمان هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ شوێنه‌وار و شوێنه‌وارناسه‌كان كه‌ ناتوانێت كاره‌كانی به‌ته‌واوه‌تی ڕاپه‌رێنێت,وه‌ هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ڕۆژانه‌ چه‌ندین پڕۆگرامی جۆراوجۆر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ,وه‌ له‌گه‌ڵ میوانداری زۆر له‌كه‌سایه‌تی توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن, به‌ڵام له‌ نێویاندا به‌رنامه‌یه‌كی شوێنه‌واری به‌ ئه‌سته‌م ده‌بینرێت كه‌ شوێنه‌وارناسێك یاخود شاره‌زایه‌كی ئه‌م بواره‌ میوانداری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئه‌م زانسته‌ فراوانه‌ كه‌ بۆ تاكی كۆمه‌ڵگاكه‌ی بخاته‌ ڕوو, تاوه‌كو زیاتر ئاشنای شوێنه‌وارو مێژوو و كه‌له‌پووری وڵاته‌كه‌ی بێت , چوونكه‌ ئه‌م زانسته‌ وه‌كو مۆبایلێك وایه‌ به‌ردوام ئه‌بده‌یت ده‌بێته‌وه‌ وه‌ شتی نوێتر ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ خستنه‌ڕوو هه‌یه‌.
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ هیوادارم ئه‌م كابینه‌ نوێیه‌ی حكومه‌ت , ببێته‌ ده‌رگایه‌كی باش بۆ خزمه‌تكردنی ناوچه‌ شوێنه‌واریه‌كان و وه‌ گرنگی دانی زیاتر به‌ توێژی شوێنه‌وارناس, چوونكه‌ ئه‌م توێژه‌ به‌ پارێزه‌ری مێژوو و كه‌له‌پووری وڵات داده‌نرێن كه‌ ته‌مه‌نی خۆیان ده‌به‌خشنه‌ خزمه‌ت شوێنه‌واره‌ كۆنه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شانازی به‌ ڕابردووی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ وڵاته‌كه‌یان خاوه‌نی چ جۆره‌ مێژوویه‌كی گه‌وره‌ و سه‌ر سووڕهینه‌ره‌.




ئۆردوگاتان باش … نەوزاد بەندی

پاش دەیەھا ساڵ جا بۆتان دەردەکەوێت ئەوەی تیایدا ئەژیان وڵات نەبوو ،بەڵکو ئۆردوگای زۆرەملێ بوو ..

قەت لە خۆتان ناپرسن بۆچی خواردن و دەرمانی کولێتی باش دەست ناکەون ؟قەت ناپرسن بۆچی کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر ناکرێن ؟قەت لە خۆتان نەپرسیوە بۆچی سەرباری ئەو ھەموو سامانە سروشتیە ھێشتا ھەر قەرزار و بێ کار و ھەژارن ؟؟
پرسیار لە خۆتان ناکەن بۆچی کشت وکاڵ و پیشەسازی و خوێندنی باڵا و داھێنان ڕۆژ بە ڕۆژ ئەپوکێنەوە ؟؟ ناپرسن بۆچی دەرچووی کۆلێج و پەیمانگاکان بێ کار و بێ داھاتوو ئەسوڕێنەوە و لەوەیش زیاتر حەوت ھەزار ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆر ا بە بێ کار چاوەڕێی ڕەحمی خوا دەکەن ؟؟
لە خۆتان نەپرسیوە بۆچی تروسکاییەکی چارەسەریی لە ھیچ ئاسۆیەکەوە دیار نییە و ھیوا بۆ خوێی چێشتیش دەست ناکەوێ ؟؟

وەڵامی ئەو پرسیارگەلە ئازاربەخشە ئەوەیە کە تۆ لە ئۆردوگای زۆرەملێدا دەژیت و بە تامی دەوڵەت دەرخواردت دراوە ..پۆلیسگەلێک بە ناوی سیاسەتمەدارەوە لەسەر کۆڵەی سنگت وەستاون و ناھێڵن تەنانەت پڕ بە سنگی خۆیشت ھەناسە بدەیت ..

پۆلیسگەلێک بۆ ئەوە دانراون ووشەی (نییە) بخەنە ناو کڕۆمۆسۆمەکانتەوە وەک ئەوەی تۆ لە ئەستێرەیەکی نامۆدا لە دایک بووبیت کە بنەماکانی ژیانی تێدا دەست ناکەوێ ..سەیرترین (نییە)یش ،نەبوونی سووتەمەنی زستانە بۆ ھاوڵاتیان لە کاتێکدا زەریایەک نەوت و ئاسمانێک گازی سروشتی لەم خاکەدایە ..

لە ئۆردوگای زۆرەملێدایت ھاوڕێ ..تۆ دەست بەسەریت ھەتا ئەو کاتەی ڕۆحت دەردەچێ ..
باشترین بەڵگەیش ئەوەیە بۆت نییە لە ئۆردوگاکە بچیتە دەرەوە مەگەر بە پارەیەکی خەیاڵیی بۆ نمونە پاسپۆرتێکی دۆمینیکان بۆ یەک کەس بە سەد و پانزە ھەزار دۆلارە ..
ئازادی سەفەر و گەڕان تەنھا بۆ پۆلیس و مقاولەکانیانە ..بۆ فێڵباز و زەمانەسازەکانە ..

نەوزاد بەندی




نامەیەکی کراوە بۆ رایگشتیی سەبارەت بە مەرجدانانی (زمانی کوردیی) بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا، نوسەر و ئەکادیمیی (پ. ی. د. هێمن مەجید) لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پێشنیاریکرد: “پێویستە (زمانی کوردیی) بە پلەی (زۆر باش) بکرێتە مەرجی سەرەکیی وەرگرتنی خوازیارانی (خوێندنی باڵا)، لە کۆی کۆلێژ و بەشەکاندا، بە بێ جیاوازیی!”، ئێمەش وەک کۆمەڵێ دڵسۆزی (زمانی کوردیی) لە: (ئەکادیمیی، نوسەر، رۆژنامەنوس، رۆشنبیر و چالاکی مەدەنیی) لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوینە هاوڕا و پاڵپشتی پێشنیارەکەی بەڕێزیان و، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە سۆشیاڵ میدیا هەڵمەتێکمان لەوبارەیەوە وەڕێخست. ئێستاش، پێمان باشە لە هەنگاوێکی دیکەدا، کەمێک بابەتەکە وردتر بکەینەوە و، لەم نامە کراوەیەدا، هۆکار و ئامانجی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی ئایندە رونبکەینەوە.

بەر لە هەر شت، دەبێ خۆمان لەو راستییە نەبوێرین، کە (زمان) یەکێکە لە ناسنامە سەرەکییەکانی هەر نەتەوەیەک و پایەیەکی گرنگی دروستکردن و لەسەرپێوەستانی دەوڵەتە. کەواتە گرنگیدان بەو رەگەزە جێبایەخە و پاراستن و گەشەپێدانی لە هەر کۆمەڵێکدا، وێڕای نیشانەی هۆشیاریی گشتیی، بەجێهێنانی ئەرکێکی نەتەوەیی، نیشتمانیی، ئاکاریی و ئەکادیمییە.

لەو سۆنگەیەشەوە و، لەکاتێکدا بە ئاشکرا دەبینین و هەستدەکەین، لێرەولەوێ، بە شێوازی جۆراوجۆر، بە بەرنامە کار بۆ پەراوێزخستن و بێنرخکردنی (زمانی کوردیی) دەکرێت، ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین بە توندی روبەڕوی ئەو هەوڵانە ببینەوە و، گێڕانەوەی رێز و شکۆ بۆ زمانەکەمان بکەینە شائامانجی ئەم قۆناغەمان.

لەم ئاستانەشدا، دەزانین کارەکەمان هەنگاوی جیاواز و فرەلایەنی گەرەکە، چونکە مەترسیی لاوازکردن و بێبەهاکردنی زمانەکەمان زۆر و هەمەجۆرن، بەڵام ئێمە لەم قۆناغەدا تەنها لەم چمکەی خوێندنی باڵاوە دەست پێدەکەین، بەو ئومێدەی ئەمە ببێتە دەستپێکێکی سەرکەوتو لەپێناو پاراستن و گەشەپێدانی.

بە دیاریکراوی، مەبەستمانە لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵاماندا، (زمانی دایک) بکرێتە چەقی بایەخپێدانەکان و چیتر نەکرێتە قوربانیی نەزانی و خۆبەکەمزانین و پاساوی لاواز و ئامانجی ترسناک!

وەکچۆن، کاتێک جەخت لەسەر ئەو خاڵە گرنگە دەکەینەوە، بایەخدان بە زانینی زمانی تر بۆ ئەکادیمییان رەتناکەینەوە و بە پێویستی دەزانین و، نکۆڵی لە گرنگییەکەیشی ناکەین، بەڵام بە کارێکی نازانستی دەزانین کەوا ئەو گرنگیدانە لەسەر حسابی (زمانی کوردیی) بێت.

بۆیە، پێشمانوانیە جێبەجێکردنی وەها کارێک لە روی کردەییەوە سەخت بێت. دور ناڕۆین بۆ وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا، هەر بە روانینێک لە ئەزمونی وڵاتانی دەوروبەر بۆمان دەردەکەوێت، کە چەندە لە خەم و هەوڵی پاراستن و گەشەپێدانی زمانەکەیاندان. ئەوەتا (ئێران) تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێهاتوییەکانی (زمانی فارسی) داناوە، (تورکیا) بە هەمانشێوە بۆ (زمانی تورکی). بە پێی زانیارییەکان لە (عیراق) هەوڵێکی لەوجۆرە هەیە سەبارەت بە (زمانی عەرەبی). هەروەک، ساڵی رابردو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عیراق بڕیارێکی لەوبارەیەوە دەرکرد و چەند لایەنێکی راسپارد بۆ ئامادەکردنی تاقیکردنەوەیەکی لەوشێوەیە و دواتر بەمەرجدانانی بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا (ماستەر، دکتۆرا).

کەواتە، ئێمەی کوردزمان، تاکەی شەرم لە بەکارهێنان، بایەخدان، پاراستن و گەشەپێدانی (زمانی دایک)ـمان بکەین؟!
تاکەی (زمانی کوردیی) نەکەینە زمانی رەسمیی پەروەردە، خوێندنی باڵا، راگەیاندن، سیاسەت، ئابوریی و بازاڕ و … تاد؟!
ئاخر نەنگی و کارەساتێکی گەورەیە کورد بیت و مامۆستای زانکۆ بیت (زمانی دایک)ـت باش نەبێت! یان نەتوانیت پێنج خولەک بە کوردییەکی رەوان بدوێیت، یاخود پێنج دێڕ بە دروستیی بنوسیت!

بێگومان، ئەمە هەوڵێک دەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم بزانرێت ئاستی ئەو ئەکادیمییە لە چوار لێهاتوییەکەی زمان (گوێگرتن، قسەکردن، خوێندنەوە، نوسین)ـی کوردی چۆنە. بەڵام ئەمەش هەروا سانا نیە، هەوڵی لێيڕاوانەی هەمو کوردێکی دڵسۆزی دەوێت. ئیدی ئەمە پرۆژەی هەموانە، چون لە بەرژەوەندیی گشتییدایە.

دەکرێ، ئەمە سەرەتای زۆر پرۆژەی گەورە بێ لە هەمو کایە جیاوازەکان لەپێناو (زمانی کوردیی)ـدا.

دەکرێ بۆ ئایندە بکرێتە پرۆژەیاسایەکی دروست و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ گفتوگۆ و دەوڵەمەندکردن و دواتر پەسەندکردنی. یان ببێتە هەوێنی بڕیارگەلی پێویست لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمەوە.

هەرچۆنێک بێ، دڵنیاین، خەمێکی گشتییە و، بەهەندوەرگرتنیشی سودی گشتیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی لێدەکەوێتەوە.

دڵسۆزانی زمانی کوردیی
ئابی ٢٠١٩

ناو/ پیشە یان پسپۆڕیی/ شوێنی نیشتەجێبون:

١. پ. ی. د. هێرش رەسوڵ/ نوسەر و ئەکادیمیی/ سلێمانی
٢. رێبوار سیوەیلی/ نووسەر، ئەندام و سکرتێری ئەکادیمییای کوردی/ هەولێر
٣. شێرزاد حەسەن/ پەروەردەکار و نووسەر/ سلێمانی
٤. پ. د. عەبدولوەهاب خالید موسا/ پسپۆڕی زمان/ دهۆک
٥. د. ئەحمەدی مەلا/ نوسەر و ئەکادیمیی/ ئیسپانیا
٦. ئیسماعیل حەمەئەمین/ سەرنوسەری کولتور مەگەزین/ بریتانیا
٧. کامیار سابیر/ ئوسترالیا
٨. ستران عەبدوڵڵا/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٩. کازیوە قولەری_ئەنامقی/ دەروونناس/ دانمارک
١٠. مەریوان هەڵەبجەیی/ وەرگێڕ/ تاران
١١. پ. ی. د. شێرکۆ کرمانج/ زانکۆی شارقە/ ئیمارات
١٢. د. نەجاتی عەبدوڵڵا/ جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی/ هەولێر
١٣. م. هەردەوان مەحمود کاکەشێخ/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
١٤. گۆران عەبدوڵڵا/ بەڕێوەبەری سایتی (دەنگەکان)/ کەنەدا
١٥. عەبدولڕەحمان بامەڕنی/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ دهۆک
١٦. عارف قوربانی/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ کەرکوک
١٧. د. زیرەک عەبدوڵڵا/ کۆمەڵناس/ ئەڵمانیا
١٨. رابەر رەشید/ نووسەر و رۆژنامەنووس/ کەرکوک
١٩. د. رێبوار کریم محمود/ پەرلەمانتاری عیراق
٢٠. تامان شاکر/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ ئەڵمانیا
٢١. هاوڕێ باخەوان/ بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردیپێدیا/ هۆڵەندا
٢٢. د. دڵشاد مستەفا/ سەرۆکی بەشی فیلمسازیی/ زانکۆی سلێمانی
٢٣. پ. ی. د. ابراهیم عبدالرحمن محمود/ پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردی/ گەرمیان
٢٤. پ. ی. د. شێروان حوسێن/ مامۆستای زانکۆ/ رانیە
٢٥. د. دارا حمید محمد/ مامۆستای زانکۆ/ کەلار
٢٦. د. هیوا حمید شریف/ مامۆستای زانکۆ/ کۆیە
٢٧. پ. ی. د. یادگار رەسوڵ/ پسپۆڕی ئەدەبی کوردی/ سۆران
٢٨. موحسین ئەدیب/ پسپۆڕی یاسا/ هەڵەبجە
٢٩. پ.ی.د. ئومێد برزان برزو/ پسپۆڕی زمانی کوردی/ کەلار
٣٠. لەتیف فاتیح فەرەج/ نوسەر/ کەرکوک
٣١. دڵشاد خۆشناو/ رۆژنامەنوس و وەرگێڕ/ ئەڵمانیا
٣٢. عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی/ رەخنەگر و وەرگێڕ/ سلێمانی
٣٣. هەرێم عوسمان مەعروف/ ماستەری زمانی کوردیی/ سلێمانی
٣٤. گۆران عەلی کەریم/ وانەبێژ لە زانکۆ، شانۆکار و رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٣٥. مستەفای سەید مینە/ مامۆستای زانکۆ/ سەنگەسەر
٣٦. ئارارات ئەحمەد/ نوسەر و فۆلکلۆریست/ سلێمانی
٣٧. کامەران سوبحان/ نووسەر/ سلێمانی
٣٨. فاروق هۆمەر/ چیرۆکنوس/ کەنەدا
٣٩. بورهان ئەمین/ رۆژنامەنوس/ ئەڵمانیا
٤٠. لوقمان حەوێز/ ئەندازیار/ تێکساس
٤١. دەشتی عەلی/ رۆژنامەنوس و توێژەر/ گەرمیان
٤٢. حوسێن رابی/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
٤٣. پ. د. صباح رشید قادر/ پسپۆڕی زمانی کوردیی/ هەولێر
٤٤. بەهمەن تاهیر نەریمان/ توێژەر لە دەستەی کوردستانی/ سلێمانی
٤٥. حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر/ هەولێر
٤٦. د. عەلی زەڵمیی/ توێژەر، کۆمەڵناسیی/ بریتانیا
٤٧. شەفیقی حاجی خدر/ نوسەر و وەرگێڕ/ هەولێر
٤٨. سەرکەوت سەوادی/ ماستەری فەلسەفە/ ژاراوە
٤٩. ژاوێن شاڵی/ شاعیر و نوسەر/ ئەمەریکا
٥٠. پ. د. سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر/ سەرۆکی ئەنستیتوی پەی/ سلێمانی
٥١. پ. ی. د. مەغدید سەپان/ نووسەر و مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
٥٢. هەرێم بەهادین بابەعەلی/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٥٣. دانا رەئوف/ نوسەر و شانۆکار/ سوید
٥٤. لازۆ ئازاد/ شاعیر/ بریتانیا
٥٥. ئیبراهیم شەوقی/ وەرگێڕ و سەرۆکی ئەنجومەنی فەرهەنگیی پەیڤ/ سەقز
٥٦. کەژاڵ عەلی/ شاعیر و چالاکی ژنان/ سویسڕا
٥٧. ئەنوەر رەوشەن/ سەرنوسەری گۆڤاری (هایا) و سەرۆکی ئەنجومەنی فەرهەنگیی مەریوان
٥٨. د. صالح ابراهیم احمد/ پسپۆڕی زمان/ قەڵادزێ
٥٩. بێستون عبدالکریم صدیق/ توێژەر/ گەرمیان
٦٠. ئەنوەر قادر رەشید/ نوسەر/ ئەڵمانیا
٦١. سدیق عەلی/ شاعیر و رۆژنامەنوس/ رانیە
٦٢. چۆلی فایەق/ نوسەر/ ئەڵمانیا
٦٣. کەمال رەئوف/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٦٤. ئاریا یاسین عەبدوڵڵا/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
٦٥. سۆما نیازی حەمەعەزیز/ رۆژنامەنوس/ هەولێر
٦٦. مەریوان مەسعود/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٦٧. رزگار فایەق/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
٦٨. سوهەیلا مێهەمی/ شاعیر/ سنە
٦٩. ئالان حەبیب/ رۆژنامەنوس/ هەولێر
٧٠. ئاسۆ جەبار/ نوسەر و لێکۆڵیار/ ئەمەریکا
٧١. ئاراس ئەمین/ رۆژنامەنوس/ رانیە
٧٢. دارا عەبدوڵڵا/ رۆژنامەنوس/ هەولێر
٧٣. پ. ی. د. پشکۆ حەمەتاهیر ئاغجەلەری/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
٧٤. بێستون عەبدولڕەحمان سابوراوایی/ پسپۆڕی ئابوری/ سلێمانی
٧٥. محەمەد حەمەباقی/ ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی/ هەولێر
٧٦. رەزا عەلیپور/ شاعیر و نوسەر/ سنە
٧٧. شوان کەریم/ شانۆکار/ ئەڵمانیا
٧٨. د. برایم مەلازادە/ توێژەر و مامۆستای زانکۆی سۆران
٧٩. مەهدی جاف/ شانۆکار/ سوید
٨٠. پ. د. سالار باسیرە/ پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەکان/ ئەڵمانیا
٨١. روناک شوانی/ نوسەر و وەرگێڕ/ سوید
٨٢. محەمەد هەریریی/ نوسەر/ بریتانیا
٨٣. رەسوڵ سوڵتانی/ نوسەر و وەرگێڕ و شاعیر/ باشوری کوردستان
٨٤. یوسف حەمەڕەشید/ مامۆستا/ هەولێر
٨٥. محەمەد کوردۆ/ شاعیر/ سلێمانی
٨٦. هیوا ناسح/ رۆژنامەنوس و چالاک/ سویسڕا
٨٧. رزگار حەمەرەئوف/ موزیسیان/ کەرکوک
٨٨. مەهدی جاف/ شانۆکار/ سوید
٨٩. سەحەر مۆعێزی/ شاعیر/ سنە
٩٠. ئەڤین عەزیز/ کردارناس و توێژەری بواری جێندەر/ سوید
٩١. شیوا میرەکی/ شاعیر و مامۆستای زمانی کوردیی/ قوروە
٩٢. کامیل عومەر/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
٩٣. نیازی حەمەعەزیز/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ هەولێر
٩٤. خالید قادر/ چالاکی مەدەنی/ رانیە
٩٥. روبار سەنگەر ساڵح/ توێژەری کۆمەڵایەتی/ هەولێر
٩٦. جوانە سەڵاح/ خوێندکاری ماستەر/ سلێمانی
٩٧. رێبین کاکەمەم عومەر/ ی. توێژەر/ شەقڵاوە
٩٨. ئەحمەد تەها عەلی/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
٩٩. شیرین کافی/ چالاکی مەدەنی/ ئەڵمانیا
١٠٠. پەروین شێخی/ چئرۆکنوس و پەروەردەکار/ بۆکان
١٠١. ئاراس عوسمان محەمەد/ توێژەر/ گەرمیان
١٠٢. حومەیرا فەتحی/ ماستەر لە ئەدەبی فارسی/ دیواندەرە
١٠٣. هەڵمەت فایەق دەروێش/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
١٠٤. پ. د. یاسین سەردەشتی/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٠٥. گەشە دارا حەفید/ مافناس/ سلێمانی
١٠٦. کامەران محەمەد توفیق/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
١٠٧. ظاهر حمدامین صابر/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
١٠٨. بەهمان تاهیر نەریمان/ نوسەر و توێژەر/ سلێمانی
١٠٩. خالید سلێمان/ رۆژنامەنوس/ کەنەدا
١١٠. زیاد نعمان محمود/ توێژەر/ گەرمیان
١١١. عادل علی سلام/ نوسەر و چاودێری سیاسیی/ سلێمانی
١١٢. د. دلێر احمد حمە/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
١١٣. د. شێرکۆ جبار محمد/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١١٤. کەماڵ شەنگالی (ئەمینی)/ نوسەر و شاعیر/ سنە
١١٥. پ. ی. محمد کریم أحمد (بابۆڵی)/ رۆژنامەنوس و ئەکادیمی/ سلێمانی
١١٦. گەشاو علی فرج/ توێژەر/ هەولێر
١١٧. سەردەشت حەمەساڵح/ نوسەر/ سلێمانی
١١٨. شێخە رەسوڵ شێخە/ مامۆستا/ چوارقوڕنە
١١٩. هەژار خوداداد حسن/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
١٢٠. رێبوار عوزێر/ مامۆستا/ رانیە
١٢١. سەربەست ساڵح قادر/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
١٢٢. حەمەی کەریمی/ شاعیر و نوسەر/ مەریوان
١٢٣. سامان ئەمجەدی/ ماستەری فەلسەفەی هونەر/ سنە
١٢٤. کەریم چۆلی/ رۆژنامەنوس/ باشوری کورستان
١٢٥. سوهام عەبدوڵڵا/ رۆژنامەنوس/ باشوری کوردستان
١٢٦. عادل حمەعارف مؤمن/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٢٧. بەکر ئاڵەیی/ شاعیر/ رانیە
١٢٨. یادگار عەلی محەمەد/ توێژەر/ گەرمیان
١٢٩. د. یاسین ئاشور جەوهەر/ پسپۆڕی زانستی سیاسیی/ زانکۆی گەرمیان
١٣٠. ئەحمەد ئیبراهیم ئەحمەد/ بەکالۆریۆسی عەرەبی/ بریتانیا
١٣١. سەردار حەسەن/ رۆژنامەنوس/ هەولێر
١٣٢. نەزیر عەلی/ رۆژنامەنوس/ دهۆک
١٣٣. سامان حوسێن/ رۆژنامەنوس/ هەولێر
١٣٤. کاروان نێروەیی/ رۆژنامەنوس/ دهۆک
١٣٥. میللەت عیسمەت/ توێژەر و رۆژنامەنوس/ دهۆک
١٣٦. ئارام قادر صابر/ مامۆستای زانکۆ/ رانیە
١٣٧. کەریم ئەحمەد عەزیز/ خوێندکاری دکتۆرا/ زانکۆی گەرمیان
١٣٨. هێمن عادل وەلی/ پسپۆڕی ئابوریی/ زانکۆی گەرمیان
١٣٩. عەدنان محمد صالح/ ماستەر لە یاسا، دادنووس/ ناحیەی رزگاری
١٤٠. هێمن نصرالدین محمد/ مامۆستای زانکۆ/ گەرمیان
١٤١. پ. ی. کاوە رەزا/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٤٢. ساڵح بێچار/ شاعیر و نوسەر/ سلێمانی
١٤٣. خالد حەمەغەریب عەبدولڕەحمان/ سلێمانی
١٤٤. لوقمان محەمەد شلانی/ رۆژنامەنوس/ سۆران
١٤٥. مەحمود نەجمەدین/ نوسەر/ سلێمانی
١٤٦. بەناز حمەرشید/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٤٧. سارا قادر/ رۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٤٨. عەدنان سەید حسێن/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
١٤٩. هەوراز محەمەد/ توێژەری کۆمەڵایەتی و فیلمساز/ سلێمانی
١٥٠. بەکر شوانی/ رۆژهەڵاتناس/ ئەڵمانیا
١٥١. دانا عەسکەر/ نوسەر و وەرگێڕ/ کەرکوک
١٥٢. گرفتار کاکەیی/ نوسەر و کاریکاتێریست/ ئەڵمانیا
١٥٣. لەنجە ئومێد عەلی/ پارێزەر/ سلێمانی
١٥٤. محەمەد حوسێن شەریف/ مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردیی/ هەولێر
١٥٥. هاوار تەیب/ فێرخوازی زانکۆـ کوردیی/ شاعیر/ رانیە
١٥٦. شیرین کافی/ چالاکی مەدەنی/ ئەڵمانیا
١٥٧. ماریا پاکنهاد/ رۆژنامەنوس/ سنە
١٥٨. شاسۆ هێمن مەجید/ پسپۆڕی ئابوریی/ سلێمانی
١٥٩. سەربەست جیهاد/ رۆژنامەنوس/ رانیە
١٦٠. مەسعود زیلان/ رۆژنامەنوس/ سلێمانی
١٦١. پ. د. مارف عومەر گوڵ/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٦٢. جەوهەر ئەحمەد حوسێن/ مامۆستای زمانی کوردیی/ سەنگەسەر
١٦٣. شوان أحمد محمد/ رۆژنامەنوس/ رانیە
١٦٤. مەجید ساڵح/ نوسەر و وەرگێڕ/ سلێمانی
١٦٥. د. صابر حسن رسول/ مامۆستای زانکۆ، وەرگێڕان (ئینگلیزی ـ کوردیی)/ سلێمانی
١٦٦. د. کارزان محەمەد/ مامۆستای زانکۆ/ سلێمانی
١٦٧. ماجید خەلیل فەتاح/ مامۆستای زانکۆ، پسپۆڕی مێژوی نوێی کورد/ سلێمانی
١٦٨. د. حیلمی رەسوڵ رەزا/ پسپۆڕی مێژوی کۆن/ رانیە
١٦٩. هێمن مەحمود/ رۆژنامەنوس، بەکالۆریۆس لە ئابوریی/ دەربەندیخان
١٧٠. شیلان جەلال دەرگەڵەیی/ بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبی کوردیی/ بریتانیا
١٧١. عەتا کەریم/ نوسەر و رۆژنامەنوس/ سلێمانی
١٧٢. ناجی ئەفراسیاو/ وەرگێڕ، ماستەر لە بانک و ژمێریاریی/ سەیدسادق
١٧٣. د. سەلیم رەشید/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
١٧٤. د. یەحیا عومەر رێشاویی/ مامۆستای میدیا/ سلێمانی
١٧٥. پ. ی. د. حبیب کەرکوکی/ ئەڵمانیا/ پەیمانگای بیرلتز
١٧٦. رێبین فەتاح/ بەکالۆریۆس لە کۆمەڵناسیی/ هەولێر
١٧٧. سامان عەزەدین سەعدون/ مامۆستای زانکۆ – پسپۆڕی ئەدەبی کوردی/ سلێمانی
١٧٨. مستەفا چوارتایی/ رۆژنامەنوس و نوسەر/ ئەڵمانیا
١٧٩. سەردار فەتاح ئەمین/ چالاکی مەدەنی/ هۆڵەندا
١٨٠. کاوە کافرۆشی/ خوێندکاری فیلمسازیی/ سلێمانی
١٨١. رێکار ئەحمەد/ سکرتێری حزبی رزگاریی/ هەولێر
١٨٢. زایەر عەبدوڵڵا/ هونەرمەند و نوسەر/ هەولێر
١٨٣. ئارش مێهرەبان/ خوێندکار/ زانکۆی کوردستان/ سنە




پیره‌كانی دۆزه‌خ … ئه‌حمه‌د حاجی سامی

دۆزه‌خ ..
جوانترین مه‌مله‌كه‌ت.
له‌ ده‌قه‌كاندا،
بۆنی خوێنی شه‌یتانه‌كانت ده‌كه‌م.
شه‌ڕابی پاسه‌وانه‌ خه‌واڵوه‌كانت ده‌خۆمه‌وه‌.
چاوشاركێ له‌گه‌ڵ جنۆكه‌كانت ده‌كه‌م.

عاشقی بلێسه‌ی ئه‌و ئاگره‌م،
كه‌ به‌دوای موسا ڕیش درێژه‌كانی فیرده‌وس و
عه‌باسه‌ چڵكنه‌كانی زه‌وییه‌.
بۆ ئه‌و فریشتانه‌ خه‌مبارم،
هیوایان گه‌یشتنه‌ به‌ ئازادی و
پێی ناگه‌ن.

من كه‌ كوڕی پیرترین قه‌سابی ئه‌و جه‌نگه‌ڵه‌ خۆڵاوییه‌م،
هه‌رگیز،
گومڕابوونی خۆم به‌ بته‌ شكاوه‌كان نه‌فرۆشته‌وه‌،
تاڵیه‌كانی ئێواره‌م بۆ عیسا كوژراوه‌كان نه‌گێراوه‌.
به‌ڵام،
ده‌ستم بۆ زێره‌كانی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ برد و
گۆڕم بۆ ژنه‌ مه‌مك بڕاوه‌كان هه‌ڵكه‌ند.
تاجه‌ گوڵینه‌م خسته‌ سه‌ر مه‌زاری شێخه‌ ده‌ستبازه‌كان و
فووم له‌ خۆڵه‌مێشی گوناهه‌كانم كرد.
له‌ خودا پاڕامه‌وه‌:
له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نه‌كان بمسووتێنه‌،
ده‌ستنووسه‌كه‌ی خۆتم لێ بستێنه‌،
به‌ خاچ و ئاگر و تاریكم بسپێره‌.

پیره‌كانی دۆزه‌خ،
له‌ باره‌گای ئاسمان دابه‌زین و
به‌ گوێی جه‌نگاوه‌رانیان چرپاند:
شه‌هیدیش بن،
ناچنه‌ ئه‌و عه‌ده‌مه‌ی خه‌ونی په‌مه‌یتان پێوه‌ ده‌بینی.
چێژ له‌ باوه‌شی ئه‌و حۆریانه‌ ناكه‌ن،
بێ ئه‌ده‌بانه‌ له‌ قووڵایی زوڵمه‌تدا نامه‌تان بۆیان ده‌نارد.

ئه‌و جیهانه‌ چه‌نده‌ غه‌ریبه‌ به‌ شیعره‌كانی من!
كه‌ هاوارم ده‌كرد:
تكایه‌،
با نه‌بینه‌ ڕووبارێكی ئه‌تككراو،
كه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی خۆمانه‌وه‌ بێگانه‌ین.
با نه‌بینه‌ شه‌وێكی فه‌رامۆشكراو،
كه‌ وڕێنه‌ بۆ پاسارییه‌ خه‌مگینه‌كانی خۆی ده‌كات،
به‌ڵام نه‌یانده‌زانی،
ئه‌و ئاوازه‌ی سینه‌م،
خوڕه‌ی ده‌ریایه‌كی سارده‌ به‌ ناو تاریكیدا.
ئه‌و هه‌وره‌ چڕه‌ خاڵیبووانه‌ی ئاسمانم،
په‌یامی شانازیكردنی منی نه‌خۆشه‌ به‌و حه‌رفانه‌ی برینداریان كردم.

پیره‌كان هاتنه‌وه‌ ..
له‌ دیوه‌خانی ئاغا دزه‌ قه‌ڵه‌وه‌كانه‌وه‌ نووزانه‌وه‌،
ئاگر له‌ جه‌سته‌یان وه‌ك نوێژه‌ به‌په‌له‌كانی من هه‌ڵده‌وه‌ری،
كه‌ به‌رانبه‌ر خودا ده‌وه‌ستام و
بیرم له‌ خامۆشی ڕۆژه‌كانم ده‌كرده‌وه‌.
مینبه‌ر ئاسا:
مۆسیقا و شیعریان حه‌رام ده‌كرد.
سه‌ما و پیاسه‌یان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرد.
ده‌یانگوت:
په‌رتوكه‌ ئاسمانییه‌كان بپارێزن،
په‌یامبه‌ره‌كانتان خۆشبوێت،
خودا هه‌موو كات مێهره‌بان نییه‌!

دۆزه‌خ ..
ئه‌ی دوا نیشتیمانم،
ئه‌ی دوا وڵاتی دێرینم.
خه‌ون و قوفڵ و برینه‌كانی منت پیرۆز.
چونكه‌،
من تاكه‌ ڕێبواری شه‌كه‌تی نێو تۆفانه‌كه‌تم،
دێمه‌وه‌ و
له‌ دیواره‌كانته‌وه‌ په‌شیمانیم ڕه‌نگ ده‌كه‌م.
من تاكه‌ منداڵی ده‌ربازبووی نێو ئاگره‌كه‌تم،
دێمه‌وه‌ و
به‌ په‌ڕی كتێبه‌كانته‌وه‌ خۆم هه‌ڵده‌واسم.

ئه‌ی دۆزه‌خ،
بۆ ئه‌به‌د بمگره‌ خۆت؛
كه‌ له‌ به‌هه‌شتێكی خه‌یاڵاویدام.
ئاخر،
ئه‌و زه‌مینه‌ دۆزه‌خی شاعیرانه‌،
نه‌فره‌ت له‌و په‌نجه‌ قه‌یره‌ جوانه‌مه‌رگانه‌ی خۆیان به‌ مۆسیقا سپارد،
نه‌فره‌ت له‌وانه‌ی خه‌ون به‌ شاعیربوونه‌وه‌ ده‌بینن.

بێپسانه‌وه‌ ده‌نووسم و
هه‌میشه‌ برسیم ..
هیچ قه‌سپێكی چنراوه‌ سكم تێر ناكات،
كه‌ به‌درێژایی ڕێگه‌كه‌كان خه‌نده‌قی به‌رگری له‌ كافره‌كان هه‌ڵده‌كۆڵم.
ئاوی هیچ گۆمێك توێنوێتیم ناشكێنێت،
كه‌ خۆم به‌ وه‌همی دارستانه‌ تووڕه‌كان ناساند و
ئاینده‌م ونكرد.

ئه‌ی پیره‌كانی دۆزه‌خ،
بڕۆنه‌وه‌ ماڵه‌ گه‌رمه‌كه‌ی خۆتان و
بۆشاییه‌ك بۆ ئه‌و ته‌نهاییه‌ی من بدۆزنه‌وه‌،
كه‌ من له‌ دوای ئێوه‌،
ناوی خۆم له‌ ده‌فته‌ره‌كانی مردن ده‌نووسمه‌وه‌.
چونكه‌،
من دواهه‌مین جێنشینی بام و
له‌ دۆزه‌خ تووڕه‌ییه‌كانم به‌ ئاگر داده‌مركێنمه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی سامی – 2019




تارمایی یەکانی قەدەر … سەرهەنگ خامۆش

ئێوارەیەک بەر لە هاتنى
تارمایى یە هێمنەکانى شەو
پێش ئەوەى خۆر
لە تخوبى شار ئاوابێ
خۆم بە باڵى
باڵندەیەکى کۆچەر هەڵدەواسم

لە ژێر هەورە یاخى بووەکان دا
دەبمە پەیامێکى پڕ لەحەسرەت
بە لێوى قڵیشاوى خاک پێدەکەنم
لە گەڵ سیمفۆنیاى باران سەمادەکەم
سەفەرێک بۆ ئەودیوى
سەرابە تاڵەکانى غوربەت دەکەم

دەڕۆم پێش ئەوەى
سەردولکەى مەرگى پایز
پرچی حەزەکانم بهۆنێنەوە
هەگبەى سەوزم
لەبەر دەرگاى زەردى خەزان هەڵدەڕێژم…

پەنجەکانم لە تەنیایى دەتۆرێن
لەگەڵ نۆتەکانى
پرچى تارى کازیوەدا
بە دیار نامۆ بوونى شیعرێکمەوە
ئاوازى عەشق دەژەنن

بەر لەوەى خەرمانەى وشەکانم گڕبگرن
لە ئاوێنە شکاوەکانى تەمەنم
لە تارمایى پیریم ڕادەمێنم
لە کەنارى مەستى گەنجیم وەنەوزێ دەدەم
دەچمەوە نێو
ئەلبومى یادگاریەکانم
کۆلارەکانی خەون
لە ئاسمانى منداڵیم هەڵدەدەم

دەگەڕێمەوە نێوسۆزى باوەشى دایکم
گۆیم بۆ لایلایە شیرینەکانى ڕادەگرم
تا ئەوساتەى خۆزگەکانم
لە نیۆ جۆلانەى قەدەرى شەو
چاولێک دەنێن…




گوزه‌رێك به‌ شاری خامۆشان …. شه‌یدا

گڵۆپه‌کانی شاری خامۆشان
بۆچ وا کزه‌؟
یا له‌وێ رووناکییه‌کی تر هه‌یه‌
بۆ هه‌میشه‌ چاوی بزه‌ !
کاژێره‌کان
له‌سه‌ر ساته‌
جوداکانی لێکترازانا وه‌ستاون
به‌ بێ وزه‌ !
*
له‌سه‌ر کێلێك به‌ خه‌تێکی له‌رزۆك
نووسرابوو
1884 چووه‌ خه‌ونێکی قووڵه‌وه‌
ئه‌و کات هه‌رچه‌ند
سمارتفۆن و ئینته‌رنێت و
سیگاری ئیلکترۆنیك نه‌بوو
به‌ڵام راستی و چه‌وتی وه‌ك ئێستا بوون
*
ناپرسم چه‌ند به‌ هێواشی
یان چۆن به‌ هۆکاری ساده‌ مردن
گوێم لێیه‌ یه‌کێکیان ده‌ڵێ
ئێستاش شوێنی گولـله‌کان
ئازاریان دێ
ئه‌و ساته‌ هه‌موو راستییه‌کانم زانی
به‌س ناتوانم پێیان بڵێم
وه‌ک ئه‌وه‌ی دنیای ماتریاڵ
هه‌رنه‌بوو بێ‌
*
هه‌موو هه‌سته‌ خه‌مناکه‌کان
حه‌سره‌ته‌کان
په‌شیمانییه‌کان
که‌شێکی مات و سه‌یری
خولقاندووه‌
وه‌ك که‌سێك بیه‌وێت شتێك بڵێت و
نه‌توانێ..
که‌ ره‌شه‌بای کڕێوه‌کان
کێله‌کانیشیان وه‌لا خست
هیچیان نه‌گوت
*
کوان جه‌نگاوه‌ره‌کان؟
پیشه‌وه‌ره‌کان؟
شازاده‌کان؟
خۆ هیچیان لێ نه‌مایه‌وه‌
جگه‌ له‌ فیکشنێکی
له‌ یادکراو
*
ئێستا وا سمۆره‌کان
له‌م کێل بۆ ئه‌ کێل باز ده‌ده‌ن
ناو و ساڵی هاتنه‌بوون و
کۆچی هه‌موویان ده‌زانن
جوان ده‌ڕوانن
ئه‌و کاتانه‌ی بوندوقه‌کان
ده‌که‌نه‌ ژێر خاکی گۆڕه‌کان
بۆ رۆژه‌ تاره‌کانی زستان
*
ئیدی ده‌بێ کام زرمه‌ بێ
هه‌مووان پێكڕا له‌م خه‌ونه‌ رابچڵه‌کێنێ
که‌ پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌و قاقا و ئازارو خه‌م و
ناپاکی و درۆو گۆرانی گوتن
ئه‌گه‌ر ژیان و مه‌رگ
هه‌ر خه‌ونێك بن..




هۆنراوه‌ بۆ مندالان – نیشتمانی ماسی … عەلی حەمەڕەشید

لای روبارێک وەسـتابووم
ماسییەک بوو بە ھاوڕێم
ئەو ســەمام بۆ دەکات و
من گــــۆرانی بۆ دەڵێم

ماندوو دەبێ جار جارێ
بە ھێواشی و لەســەرخۆ
بەرەو تەنکاوەکـان دێ و
دەکــــــەوینە گفتوگۆ

رۆژێکیــــان نزیک بۆوە
وتی ھـــاوڕێ گیان سڵاو
نیشــــتمانی من ئاوە و
خۆشــــم دەوێ وەکو چاو

بەبێ ئاو منی مـــــاسی
بێ لانە و نیشـــــتمانم
چونکە بێ ئەوان نـــاژیم
روناکین بۆ چــــــاوانم

منیش وتم وەک تـــۆ وام
ئەی ھاوڕێی بچــکۆلەکەم
نیشتمانم خۆشـــدەوێ و
شانازی پێوە دەکــــــەم

٥/٥/٢٠١١




گۆڤاری کەلێن ژمارە 6

ناوه‌رۆك

ڕه‌خنه‌، لێكۆڵینه‌وه‌، وتار و گفتوگۆ:

ــ شیعری گه‌نج: بوونێکی سه‌رنجڕاکێشه‌ نه‌ک‌ خۆکردنه‌ به‌ سه‌رنجکێش: هه‌ندرێن

ــ ئایا گۆڕانی كۆتاییی چاره‌نووسی ڕێڕه‌وی ئه‌ده‌بییی ڕۆمانێ ده‌گۆڕێ؟/ عیزه‌ت قه‌محاوی، له‌ عاره‌بیییه‌وه‌: شاڵاو عه‌بدوڵڵا
ــ ئاوڕدانەوەیەک بۆ پێوەندیی نێوان کۆمەڵناسییی و ئەدەب؛ شیکردنەوەیەکی تیۆرییڵ/بەشی دووەم: کاروان محه‌ممه‌د عه‌زیز
ــ ڕێگەی سۆفیا بەرەو جیهان، تۆماس ئەسپەڤیک و هانا سکریکەرود: لە نەرویجیییەوە: ڕۆزا حوسێن

ــ میرزایێ بچووک/ ن: ساموێل ئێرل، لە ئینگلیزیییەوە: شاڵاو عەبدوڵڵا

ــ غەمگینیی پێوەستە بە بارودۆخی مرۆڤەوە/ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕۆماننووس كازۆ ئیشیگورۆ، له‌ عاره‌بییه‌وه‌: عوسمان یاسین

مه‌له‌فی چیرۆك: چیرۆكی چیرۆكنووسانی ڕۆژاڤای كوردستان.


شیعر:

ـ شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی/ پێشەوا کاکەیی
ــ پێشبینیەکانی تەمووز/ شاخەوان ئەحمەد
ــ “عەرەبانەیەك وشه”؛ لە پشت هەر ژمارەیەك، مۆڕەیەك/ میرۆ خورشید
ــ تارژەنێکی غەمگین و سۆزانییەکی پیر/ هاوکار نه‌سره‌دین
ــ گومانه‌كان/ هاوكار نه‌سره‌دین


شانۆ:

ــ تازەگەریی لە شانۆنامەی “دواهەمین شریتی كراپ”ی سامۆێل بێكێتدا/ جێمس ڕۆبێرتس، له‌ فارسیییه‌وه‌: هونەر شاهۆ
ــ دواهەمین شریتی كراپ/ ن: ساموێل بێكێت، له‌ فارسیییه‌وه‌: هونەر شاهۆ
ــ له‌ چاوەڕوانیی گۆدۆدا: لوئیس گۆردۆن له‌ فارسیییه‌وه‌: هونه‌ر شاهۆ

شێوه‌كاریی:

ــ شێوه‌كاری كوردی جوله‌كه‌ “مونیر عوزێر قه‌ساب”/ ئا: به‌شیر سه‌بری بۆتانیی، له‌ ئینگلیزیییه‌وه‌: گه‌ڵاڵیی
ــ شێوه‌كارییی شۆڕش (ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن جۆن ترەمبڵ)/ پاوڵ ستایتی، له‌ ئینگلیزیییه‌وه: : ئه‌میره‌ مامه‌ر نه‌بی




ڕۆژاڤا: نمونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ بۆ ئیكۆڵۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تی؟ … و: گۆران عه‌بدوڵڵا

ئه‌م نووسینه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی: جارێكی تر ڕۆژائاڤا سه‌وز هه‌ڵه‌گه‌ڕێنن – Make Rojava Green Again ه‌وه‌ نووسراوه‌.

له‌ ٢٠١١ له‌ چوار چێوه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، شه‌ڕی سیڤیل له‌ سوریا ده‌ستیپێكرد، ئه‌مه‌ بووبه‌ هانده‌رێك كه‌ گروپه‌ جۆراوجۆره‌ چه‌كداره‌كان بێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ شه‌ڕكردن دژی ڕژێمی ئه‌سه‌د.
ده‌ستبه‌جێ زۆرینه‌ی كورده‌كان هاوپه‌یمانییه‌كیان درووستكرد به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كینەکانی پاراستنی گه‌ل ( YPG )، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی تریش وه‌ك عه‌ره‌ب، ئاشوری و توركمانه‌كان تێیدا به‌شداربوون و ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان له‌ باكوری سوریا ( ڕۆژئاڤا) دامه‌زراند، پاش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی نوێ، له‌ساڵی ٢٠١٦ یه‌كێتی دیموكراتی له‌ باكوری سوریا یان دامه‌زراند.

له‌ ساڵه‌كانی دووایدا گرنگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی زۆر درا به‌ ڕۆژئاڤا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ( YPG ) و یه‌كینەکانی پاراستنی ژنان ( YPJ ) بینیان له‌ به‌رانبه‌ر گروپه‌ فاشسته‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش دا، كه‌ توانیان مه‌تر به‌ مه‌تر و شار به‌ شار له‌ سوریا و عێراقدا سنوورێكی ته‌واو بۆ هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش دابنێن له‌ سه‌ره‌تاكانی ٢٠١٩دا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میدیای رۆژئاوا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان گرنگییان به‌م پرۆژه‌ شۆڕشگێرانه‌یه‌دا كه‌ له‌ ڕۆژئاڤادا ده‌چێته‌ ڕێوه‌. له‌ ساڵی ٢٠١٢ وه‌ شێوه‌یه‌كی نوێ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ دامه‌زرێنراوه‌ كه‌ دووره‌ له‌ سه‌نتراڵیزمی ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئازادی ژن و دیموكراتی و ئیكۆڵۆجی كارده‌كه‌ن. ئه‌م شێوه‌ كاركردنه‌ش له‌ ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ پشت به‌ستووه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد و تێزه‌كانی سه‌ركرده‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان.
ئه‌م نموونه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی داموده‌زگا سۆشیالیستییه‌كانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ ئیلهام و هیوا، سه‌رباری ئه‌وانه‌ ڕۆژئاڤا نیشانی دا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر ده‌كرێت بونی هه‌بێت!

كۆمۆنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژئاوا

كۆمۆنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژئاڤا له‌ ساڵی ٢٠١٧ له‌سه‌ر ده‌ستی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌ هاته‌ درووستكردن به‌ پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی ڕۆژئاڤا ( YCR/YJC). ئامانج له‌ درووستكردنی ئه‌م ناوه‌نده‌ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری و توانایی و ئه‌زمونه‌كانه‌ له‌ ڕوانگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتیوانیكردنی شۆڕشی ڕۆژئاڤایه‌. كۆمۆنه‌ كار ئاسانی ده‌كات بۆ تێكه‌ڵاوكردنی (Integration) چالاكوانه‌ بیانێكان له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا. یه‌كه‌م هه‌نگاویشی له‌و بواره‌دا درووستكردنی یه‌كه‌مین ئه‌كادیمیای نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌ ناوی گیانبه‌ختكردوو ( هێلین قه‌ره‌چوغی)ه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌ریتانیایه‌و له‌ ڕیزه‌كانی YPJ گیانیبه‌ختكرد. له‌و كاته‌وه‌ زۆرێك له‌ كه‌سانی بیانی كۆرسی ڕاهێنانیان بینیوه‌ و به‌شداربوون له‌ زۆرێك له‌ پرۆژه‌كانی ڕۆژئاڤادا.

كۆمۆنه‌كان دامه‌زرێندران وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌‌‌سه‌ر لایه‌نی ئیكۆڵۆجی، هه‌روه‌ها جه‌غت ده‌كاته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌كادیمیایه‌ك بێت بۆ ڕاهێنانی كه‌سه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خه‌ڵكی ڕۆژئاڤا سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌پارێزی، ئه‌مه‌ له‌خۆیدا تاقیگه‌یه‌كه‌ بۆ درووستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ژینگه‌ پارێز.
له‌ كۆتاییدا كۆمۆنه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكرد له‌ ژێر ناوی ( جارێكی تر ڕۆژئاڤا سه‌وزهه‌ڵبگه‌ڕێنن) به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمۆنه‌ی جه‌زیره‌ ( یه‌كێكه‌ له‌ سێ كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاڤا: جه‌زیره‌، كۆبانی و عه‌فرین).
ئامانج له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕوی شۆڕش ده‌بێته‌وه‌، وه‌كوو: كه‌می ئاو، بوونه‌ بیابانبون و پشت به‌ستن به‌ نه‌وت.

The Make Rojava Green Again campaign
هه‌ڵمه‌تی جارێكی تر ڕۆژئاڤا سه‌وزهه‌ڵبگه‌ڕێنن، له‌سه‌ره‌تادا پرۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوڕاوی بیانی بوو. ئه‌مڕۆ، له‌سه‌رانسه‌ری جیهان بڵاوبۆته‌وه‌و چه‌ندین لقی ناوخۆییان هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌كاندا وه‌كوو: ئینگلته‌را، ئه‌ڵمانیا، سویسرا، ئسپانیا و ئیتاڵیا و چه‌ندین وڵاتی تریش. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا ئامانجه‌كانی خۆی فراوانتر كردووه‌، به‌ڵام سێ ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئاراسته‌ده‌كات.

ئامانجی یه‌كه‌م له‌ بنیاتنانی ئه‌كادیمیای نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژئاڤا، ئاراسته‌كردنی ڕه‌وشتی ژینگه‌ پارێزی بوو، هه‌روه‌ها ببێته‌ نمونه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی پرۆژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تێكانی تر به‌گشتی. به‌دڵنیاییه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كی وه‌كوو ئه‌مه‌ پرۆژه‌یه‌كی درێژ خایه‌نه‌، تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ساختمانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌كادیمێكه‌ ته‌واو بووه‌و به‌ كرده‌وه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی خولی فێركاری بۆ كه‌سانی بیانی. له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ڕۆژئاڤاش فۆكه‌س ده‌كرێته‌سه‌ر هۆشیاری ژینگه‌یی به‌ مه‌به‌ستی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ژینگه‌پارێز.

ئامانجی دووه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پشتیوانی كردنی پرۆژه‌ ژینگه‌ییه‌كانی كانتۆنی جه‌زیره‌یه‌، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ سه‌ر چاندنه‌وه‌ی دار و بنیاتنانی نه‌مامگه‌یه‌كی هه‌ره‌وه‌زی وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌كادیمیای نێوده‌وڵه‌تی. پێش ئێمه‌ش شتڵگه‌ هه‌بوو، به‌ڵام پاشتر له‌ شار و ده‌ورووبه‌رمان نه‌مامگه‌ی زۆرتر كرانه‌وه‌، كه‌ ئیتر نه‌مامگه‌كه‌ی ئێمه‌ پێویستی به‌ درێژه‌دان نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ یارمه‌تی و پشتیوانی له‌ ڕوی مادی و عه‌مه‌لییه‌وه‌ بۆ پارێزگاریكردنی سروشتی حه‌یاكه‌ كه‌ ته‌نها ناوچه‌یه‌ به‌سروشتی خۆی ماوه‌ته‌وه‌. چاندنه‌وه‌ی دار له‌و ناوچه‌یه‌ تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌.

ئامانجی كۆتای وه‌ده‌ستهێنانی ئیمكاناتی مادی و مه‌عنه‌وییه‌ بۆ پرۆژه‌كانی ئێستا و داهاتوو بۆ ناوچه‌ خۆجێیه‌ دیموكراتێكان، هه‌روه‌ها گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری له‌گه‌ڵ چالاكوانان و زانایان و شاره‌زایان له‌ كۆمیته‌و لیژنه‌كانی ڕۆژئاڤا و درێژه‌ پێدانی دێدگه‌یه‌كی درێژ مه‌ودا له‌ باكوری یه‌كگرتوویی سوریای ژینگه‌یی.
له‌ڕاستیدا ڕۆژئاڤا كه‌موكورتی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌بواری ئه‌ندازیاریدا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، بۆیه‌ ئامانجمان په‌یوه‌ندیكردن و بانگێشتكردنی خه‌ڵكانی شاره‌زایه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ ژینگه‌ییه‌.
له‌ ئێستادا هاوكاری ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ شاره‌كاندا وه‌كوو دێرك و كۆبانی له‌سه‌ر بابه‌تی جۆراوجۆر له‌ ناویاندا چاندنی دار له‌ شاره‌كاندا، هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی دووباره‌ به‌كاربردنه‌وه‌. له‌ ئێستاشدا كار له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاوی پاك ده‌كه‌ین.

فه‌لسه‌فه‌مان

وه‌كوو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا، به‌شێكی زۆر له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان كۆمه‌ككردنی پرۆژه‌كانی ڕۆژئاڤایه‌ له‌ ڕووی مادی و كاركردنه‌وه‌ به‌ رۆحێكی هاوپشتی جیهانییه‌وه‌. به‌ڵام كاره‌كانمان لێره‌دا ناوه‌ستێت: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاڤاش گه‌شه‌پێبده‌ین.

ژینگه‌- له‌گه‌ڵ دیموكراتیه‌تی كۆنفیدراڵی و ئازادی ژن، كاكڵه‌ی بنه‌ڕه‌تی شۆرشی ڕۆژئاڤایه‌.
وه‌كوو له‌ كتێبه‌كه‌مان – جارێكی تر ڕۆژئاڤا سه‌وزهه‌ڵبگه‌ڕێنن -كه‌ له‌م ساڵدا به‌ زمانی جۆراوجۆر بڵاوبووه‌وه‌، ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌سانی دابڕاو له‌ سروشت، له‌ خودی خۆشیان گۆشه‌گیرده‌بن و له‌دواجاردا خۆشیان وێران ده‌كه‌ن. ئاماجی ئێمە “ئافراندنی وشیارییەکی نوێگەر و یەکگرتتنەوەیەکی رووناکبیریانەیە بەرەو کۆمەڵگەیەکی سروشتی و خۆزایی “ (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان).
ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژئاڤا ده‌گوزه‌رێت له‌وه‌ زیاتره‌ ته‌نها پارێزگاریكردن بێت‌ له‌ ژینگه‌ له‌ ڕێگه‌ی دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ پێیگه‌شتووه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌ به‌ درووستكردنی هاوكێشه‌یه‌ك له‌ نێوان سروشت و خه‌ڵكدا.
بۆگه‌شتن به‌م ئامانجه‌، كاره‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی ژینگه‌و كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ تیۆرێكی كه‌سایه‌تی ئازادیخواز مۆرای بۆكچینه‌ و پاشتریش عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان هه‌ستا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی. مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیش له‌مه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌وا سه‌رمایه‌داری مۆدێرنه‌ته‌ هۆكاره‌ بۆ خراپكردنی ژینگه‌و قه‌یرانه‌ ژینگه‌ییه‌كان‌، ئه‌مدۆخه‌ شان به‌شانی زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵك درێژه‌ی هه‌یه‌. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ئه‌قڵییه‌تی بێسنووری قازانج په‌رستی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌مانی نزیك كردۆته‌وه‌ له‌ كه‌ناری له‌ ناوچوون و تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری له‌به‌رانبه‌ر شه‌ڕ و برسێتی و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تێكان داناوه‌.

بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، كۆمه‌ڵگه‌ی ژینگه‌ پارێز داواكاری بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی و مۆراڵیه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندێكانی ئینسان به‌ سروشته‌وه‌ وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو.
ئاشتبونه‌وه‌ی ئینسان له‌گه‌ڵ سروشتدا، به‌ده‌ستهه‌ڵگرتن له زوڵم و‌چه‌وسانه‌وه‌و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر سروشتدا ده‌ستپێده‌كات: ده‌بێت ده‌ستهه‌ڵگرین له‌و ڕوانگه‌یه‌مان كه‌ سه‌یری سروشت ده‌كه‌ین وه‌ك بێگیان و سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی. تێڕوانینی خۆمان كورتده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی مۆری بۆكچیندا:
په‌یامی كۆمه‌ڵگه‌ی ژینگه‌ پارێز ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێچین و هەستیاری پلەداری نییه‌، به‌ڵكوو جێگیر‌كردنی ڕه‌وشتێكه‌ كه‌ تێدا مرۆڤ ده‌خرێته‌وه‌ جیهانه‌ سروشتێكه‌ی خۆی و به‌ ئاگایانه‌یه‌كی ته‌واوه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ چونه‌ پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و سروشت ده‌كات.
ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ گۆڕانكاری له‌ هه‌موو جیهاندا ڕووده‌دات و بونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ژینگه‌ پارێز ده‌كرێت بونی هه‌بێت.
ئێمه‌ لێره‌ له‌ ڕۆژئاڤا، كار بۆ وه‌لانانی ناكۆكێكان ده‌كه‌ین و هه‌وڵ بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی نوێ، ژنانه‌ و ژینگه‌ پارێز ده‌ده‌ین، هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجییه‌كه‌ی ده‌ده‌ین تا ئه‌و جێگایه‌ی به‌سوود بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئینسان له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك.

و: گۆران عه‌بدوڵڵا
٢٧\٨\٢٠١٩

سه‌رچاوه‌:

Climate & Capitalism




بەڕێز وەزیری پەروەردە، دەڵێت “ئێمە خزمەتکاری خەڵکین” … جیهاد موحەمەد

لە ڕاستیدا ئەم قسە ئاواز مۆسیقییە زۆربەی زۆری بەرپرسەکان چەند بارەی دەکەنەوە، لە چاوپێکەوتن و نووسین و پەیڤەکانیاندا، هەموویان وەک یەک دەیڵێنەوە!
با پرسیارێک لە بەڕێزیان بکەین، بە ڕاست تەنها خۆماندووکردن و دڵسۆزیی و خزمەتکاریی بەسە بۆ گەشەی پەروەردە؟ یان بۆ گەشەی هەرچ سێکتەرێکی تر؟
ئەمەی خوارەوە وەڵامی منە بۆ ئەم پرسیارە، بۆ بەڕێزیشیان نازانم چۆن وەڵام دەداتەوە!
ئەزانم ئەم وەزیرە بەڕێزە نیەتی وایە، کە خۆی ماندوو بکات، لە دەستپێکیشدا وەک وەزیری بازرگانی و وەزیری کشتوکاڵ ئەم پەیمانەیان داوەو و دەستیشیان پێ کردووە. ئەم دەستپێکردن و پەیمانە، کارێکی زۆر باشە، لەوەش باشتر نیەتەکەیانە.
لێرەدا قسەم لەسەر هەموو وەزیرەکانە بە گشتی و بە تایبەتی وەزیری پەروەردە. پەروەردە سێکتەرێکە، لەو سێکتەرانەی کە زۆر بەربڵاو و گرنگ و بە بایەخە، بە گوێرەی قسەی زۆربەی پەروەردەناسان و زانا پەروەردەییەکان، پەروەردە بنەما و بناغەی گەشەی هەموو سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکە بە گشتی، بناغەی گۆرانکاریەکانە، وەک دەڵێن، پەروەردە واتا ئابووری، واتا کۆمەڵگە، واتا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و .. هتد.
هەرچ شۆڕشێک لە دنیادا، کە بە پڕۆسەی سروشتی خۆیدا تێپەڕیوە، ئەگەر پەروەردەیەکی شۆرشگێرانە، وەک تیۆریا لە پشتەوەی نەبووبێت، لە سەدا سەد ئەو شۆرشە ئەگەر گەشتبێتیش بە ئامانجی خۆی، لە دواجاردا وەک کودەتایەک وا بووە، هیچ گۆڕانکاریەکی لە عەقڵیەت و کولتووری گشتی خەڵکدا بۆ دروست نەکراوە، چونکە پەروەردەی شۆڕشگێرانە لە خودی شۆرشەکە گرنگتر و بەبایەخترە.
پەروەردە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جیهانبینی و سیاسەتی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکانەوە هەیە. پەروەردە بە هیچ جۆرێک بێلایەن نییە، بەڵکو ڕاستەخۆ لایەنداری دەکات، جیهانبینیی و سیاسەتی دەسەڵاتە حکومڕانەکە هەرچی بێت، پەروەردەش هەمان ئاراستە دەگرێتە بەر و گوزارشت لە هەمان جیهانبینی و سیاسەتی حوکمڕانان دەکات. ئەگەر ئەو جیهانبینیە، جیهانبینیەکی ئایدۆلۆجیانەی دۆگمایی بێت، ئەوە پەروەردەش بە هەمان شێوە ئەبێت هەمان ئاراستەی ئەو جیهانبینییە دۆگماییە وەربگرێت، دەنا ناکۆک دەردەچێت و دەسەڵاتیش ئەم ناکۆکیە قبووڵ ناکات. ئەگەر جیهانبینیە حوکمڕانییەکە، جیهانبینییەکی هاوچەرخانە و دیموکراتیانە بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پەروەردەش هەمان ئاراستەی دیموکراتیانە دەگرێە بەر.
ئەوەی تا ئێستا لە ئاردایە، لە کوردستان و عێراقدا، سیاسەتی حوکمڕانان، سیاسەتێکی نادادپەروەر و نا یەکسانە، سیاسەتێکی نادیموکراتە، ئەگەر بە ڕاستی تێگەیشتبێتین لەوەی کە دیموکراتیەت بە قسە و دروشمبازی نابێت، بەڵکو لە پراکتیزەکردنیدا دەردەکەوێت، ئەوە بە ئاسانی تێدەگەین لەوەی کە دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان دەسەڵاتێکی نادیموکراتە.
تا ئێستاش سیستمی پەروەردەی کوردستان، ئەو سیستمەیە، کە مامۆستا هەموو شتە و فێرخواز گوێگرێکی ملکەچە بۆ مامۆستا و فێرگە و سیستمی پەروەردە. ئەم ملکەچییەی فێرخواز بۆ مامۆستا و سیستمی فێرگە و پەروەردە گشتیەکە، لە جیهانبینیەکەوە هاتۆتە ئاراوە، کە دەسەڵات لە هەرچ شوێنێکدا بێت، قسەی یەکەم و زانینی یەکەم و عەقڵی یەکەم هی دەسەڵاتە، گوێگرانیش هیچی وایان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سەرلەقاندن.
کەواتا بەڕێز وەزیری پەروەردە، ئەوە ڕاستە تۆ خۆت ماندوو دەکەیت، ئەوە ڕاستە گوێ لە مامۆستایان دەگریت و لە دەیان گروپی مامۆستایاندا بەشداری دەکەیت، ئەوە ڕاستە بەیانی تا دوا نیوەڕۆ و هەندێک لە کاتەکانی پشووکانیشت تەرخان دەکەیت بۆ گوێگرتن و سکاڵای مامۆستایان، بەڵام هەموو ئەمانە لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە بەڕێزت دڵسۆزیی بنوێنیت بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نەریتییەکە، بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نادیموکراتیەکە. بۆیە من وەک هاوڵاتیەک بە تۆی بەڕیز دەڵێم، ئەگەر دەتەوێت خزمەتێک بکەیت کە جێگە پەنجەت دیار بێت لە ماوەی چوار ساڵی وەزیریتدا، هەوڵ بدە پەروەردە بکەیت بە سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراتی، پەروەردەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانانە جێبەجێ بکە. ئەوسا ماندووبوونەکەت، هەوڵەکانت، دڵسۆزیەکانت، خزمەتکاریەکەت لە چەندین ڕەهەندەوە دەردەکەوێت و مێژوویەکی جوان بۆ خۆت تۆمار دەکەیت.

جیهاد موحەمەد
٢٧/٠٨٢٠١٩




لە سەر سەکۆی چاوەڕوانی … سەرهەنگ خامۆش

کەتۆ هاتیت
هێشتا پاسارییەکانی موحیبەت
لە خەو هەڵنەستابوون
کات خەریکی هۆنینەوەی
حەیرانێکی دیکە بوو بۆ زەمەن…

کە تۆ هاتیت
کەنار ماڵئاوایی لەخۆر دەکرد
شەقامەکان خاڵی بوون لە چاوەڕوانی
شار تازە باوەشکی دەدا…

کەتۆ هاتیت
من دەمێک بوو چاوەکانم
لەم تولە ڕێگایەی دەڕوانی
کە لەبەردەم دەرگای دڵی مندا
تەواو دەبوو…

کە تۆ هاتیت
لەمن زێتر
هیچ شتێک وەئاگا نەبوو
لەسەر سەکۆی چاوەڕوانی
هەر خەریکی ژماردنی چرکەکان بووم…

کە تۆ هاتیت
هەر وەک گزنگ لە پەنجەرەی
هەموو ماڵێکدا چویتە ژوورەوە
سڵاوێکت لە هەموو
کوچەو کۆڵانەکانی شار کرد
من نەبێت…




بەشی ھیچ شتێ ناکەم … نەوزاد بەندی

ئیتر
بەشی ھیچ شتێ ناکەم
جێی ھیچم تیا نابنەوە

لەبیرم چوون
ھەموو ئەو کارەساتانەی
ئەمووت بیرم ناچنەوە ..

کرانەوە و
ھیچیشیان تیا بەسەر نەبوو
ئەو دەرگا و پەنجەرانەی کە
ئەمووت ھەرگیز ناکرێنەوە..

گەڕانەوە و
ھیچیشیان تیا بەستە نەبوو
ھەموو ئەو شتە وونانەی
ئەمووت قەت ناگەڕێنەوە ..

ئێستا
لە ناوەڕاستی ڕێ
جار جار ئاوڕ ئەدەمەوە ..
ئەڵێم
نەک
ئەو
لەپڕ
گەڕا بێ
بە دواما ..
وەسڵی ئەو سەرانە و
باجە لەسەر خۆم پڕ ئەکەمەوە

باجی کورد بوون
باجی لە عێراقا سڕ بوون
باجی لە عێراقا پیر بوون

نەوزاد بەندی




نوسینە فەلسەفیەکانی خانمێکی کورد دۆکیومەنت کران

بۆ یەکەم جارە کە نوسین و بیرکردنەوەی فەلسەفەی فەرمی/فۆرماڵ و ئەکادیمی ژنێکی کورد، د. ساماڵ مانیی، بە زمانی کوردی لە دوو کتێبی ‘هەگبەی زانین ی یەکەم’ و ‘هەگبەی زانین ی دووەم’ دا لە بازنەی فەلسەفەدا دۆکیومەنت بکرێت و بەمەش بناسێنرێت وەک فەلسەفەی فەرمی / فۆرماڵی ئەکادیمی ژنێکی کورد بە زمانی کوردی. هەردوو کتێبی هەگبەی زانین کە پارساڵ لە هەرێم(عێراق) و ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵات (ئێران)بڵاوکرانەوە، بە دیجیتال خراونەتە بەرچاوی بازنەی فەلسەفەی جیهانی تاوەکو لە ناو زانکۆکانی جیهاندا لە کەنەدا و ئەمەریکا و ئۆستورالیا و ئەورۆپا و بەریتانیادا ببینرێت و پێبزانرێت.

بە دۆکیومەنت و بە دیجیتاڵ کردنی کتێب و نوسینە فەلسەفیە فۆرماڵە ئەکادیمیەکان واتە تۆمارکردنیانە لە ناو مێژووی بیرکردنەوە فەلسەفیەکاندا و لەناو فەیلەسوفەکاندا، ئەم هەوڵە ماوەی بیست ساڵە لە لایەن دەزگا و سەنتەرە فەلسەفیە جیهانیەکانەوە ئیشی بۆدەکەن ولە ئێستادا بە تەواوی جێگەی خۆی سەقامگیر کردوە لەناو بازنەی فەلسەفیدا. د. ساماڵ مانیی نوسین و بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی بە زمانی ئینگلیزیش هەر بە هەمان شێوە دۆکیومەنت و بە دیجیتاڵ کراون.
ئەو سەنتەرانەی بۆ ئەم کارە دروست بوون وئەوانەشی کە دەزگای پاڵپشتن، بریتین لە: سەنتەری بە دیجیتاڵ کردنی بیرکردنەوە فەلسەفیەکان (جیهانی)، سەنتەری دۆکیومەنتکردنی بیرکردنەوە فەلسەفیەکان (جیهانی)، سەنتەری ئارکایڤ کردنی بیرکردنەوە فەلسەفیەکان (جیهانی)، کۆکردنەوەی نوسینە فەلسەفیەکان ( لە ئۆستورالیا و دواتر بوو بە جیهانی) ، فاوندەیشنی بیرکردنەوە فەلسەفیەکان (ئەمەریکا)، ئینستیوتی خوێندنی باڵای فەلسەفە (بەریتانیا)، زانکۆی ڕۆژئاوای کەنەدا(وڵاتی کەنەدا).

هەموو ئەم دەزگایانە پێکەوە ئیشدەکەن بۆ ئەوەی بیرکردنەوە ئەکادیمیە فەلسەفیەکان بە دیجتاڵ و دۆکیومەنت بکەن، لە لایەکەوە بۆ ئەوەی فەیلەسوفە ئینگلیزی زمانەکان بە ئاگابن لە بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی یەکتری لەمسەر و ئەوسەری جیهاندا و ئیشە فەلسەفیەکانی یەکتری ببینن و دیبەیت و ڕاگۆڕینەوە بکەن لەناو خۆیاندا، لەلاکەیترەوە بۆ ئەوەی خوێندکارانی فەلسەفە لە زانکۆکانی ئینگلیزی زمان سوود لەو نوسین و بیرکردنەوە فەلسەفیانە وەربگرن بۆ خوێندن و لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بەهەند بگیرێن و ئیشیان لەسەر بکەن.
ئەم دەزگایانە پێکەوە تا ئێستا: (دوو سەد و سی هەزار) فەیلەسوفیان کۆکردۆتەوە لە رێی بیرکردنەوە فەلسەفیەکانیانەوە، هەروەها (دووملیۆن و سێ سەد و هەشتا و هەشت هەزار) بیرکردنەوەی فەلسەفەی ئەکادیمییان بە زمانی ئینگلیزی ئارکایڤ و ئیندێکس کردوە، لە ناو نزیکەی (شەش سەد) کاتیگۆری جیا جیای ناو بواری فەلسەفەدا. هەموو ئەمانە، وەکو دۆکیومەنت بە دیجیتاڵیان کراون و دەپارێزرێن و دەخرێنە بەردەستی فەیلەسوفەکان و خوێندکارانی فەلسەفە لە زانکۆکان دا و دەبنە مێژووی بیرکردنەوە فەلسەفیەکانەوە.

د. ساماڵ مانیی لە دایکێکی سیاسیکاری شەستەکانی ناو شاری سلەیمانی و باوکێکی نیشتیمانپەروەر لە باشوری کوردستان لەدایک بووە و گەورە بووە، هەرلەوێ خۆی بووە بە سیاسیکار و وەکو ژنێکی تەنیا لە شاخ پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕین بووە، لەدوا ناوەندی هەشتاکاندا بووە بە پەنابەر لە بەریتانیا و لەهەمان کاتدا چەند ساڵێک کارمەندی هاوکاریکردنی پەنابەران بوە لەوێ، دواتر وەرگێڕ بووە و لەهەمان کاتدا مێژووی نوێی هونەر و نوسینی تێکستی شانۆیی و ڕۆژنامەگەریی و بەڕێوەبردنی خوێندوە . لە ١٩٩٣وە بووە بە خوێندکاری فەلسەفە لە زانکۆی لەندەن و بەتەواوی ژیان وکاتی خۆی تەرخان کردوە بۆ فەلسەفە و هەر لەوێ بەکالۆریۆس و ماستەری بەدەست هێناوە، دواتر بۆ فراوانکردنی زەمینەی تێگەیشتن و بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی ڕوویکردۆتە ئەورۆپا و لەوێ دکتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەست هێناوە.
د. مانیی نوسەر و مامۆستا و لێکۆڵەری فەلسەفەیە، ئەندامی هەمیشەیی کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانی بەریتانیا یە، ئەندامی کۆمەڵەی ژنە فەیلەسوفەکانی بەریتانیا یە، ئەندامی ئینستیتوتی خوێندنی باڵای فەلسەفەیە لە بەریتانیا، ئەندامی کۆمەڵگەی دیجیتاڵی فەیلەسوفەکانە.




کۆنگرە، مۆتەکەى پارتى کوردى … شاخەوان سەنگاوى

 ئەگەر بە شێوەیەکى زانستى خوێندنەوە بۆ مێژووى دامەزراندنى پارتى سیاسیى بکەین لە رۆژهەلاتى ناوەڕاستدا و بە تایبەتى تر باشورى کوردستان، ئەوا دەگەینە ئەوڕاستیە حاشاهەڵنەگرەى کە ڕەمزەکانى پارتە سیاسییەکان هەمیشە بۆ ژیانى سیاسیى خۆیان کۆنگرەى پارتەکانیان لە بەروارى خویدا بە مۆتەکە دەزانن. ئەگەر ڕێکەوتنێکى ژێربەژێر نەکات بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى سەرکردایەتى خۆیان.
 هەر بۆیە هێندە فاکتەرە ناوخۆیەکان ڕێگر بووە نیو هێندە فاکتەرە دەرەکیەکان کاریگەریان نەبووە بە سەر دواخستنى کۆنگرەى پارتەکان لە بەروارى خۆیدا چونکە ئەم فاکتەرە ناوخۆیانە بەر ئەنجامى کارو پیلان لە دواى پیلانى سەرکردایەتى پارتەکان خۆیانە لە پێناو نەبەستنى کۆنگرە لە کاتى خۆیدا بە بێگوێدانە خواستەکانى ئەندامان و لایەنگرانى پارتەکەیان کە لە خوارەوەى هەرەمەکەوە هەنگاو دەنێن بەو ئامانجەى ڕۆژێک دابێت ئەمانیش بگەن...... نەک بەلوتکەى هەڕەمەکە بەڵکو بگرە نزیکى لوتکەى هەڕەمەکە چونکە لوتکەى هەڕەمەکە لە نێو پارتى سیاسی کوردیدا تەنها لە ناوەکەیدا روویەکى دیمکراسی بە گوێ ئێمەو ماناندا دەدەن، دەنا لە ناوەڕۆکدا جگە لە پارتێکى پاشایەتى هیچى دیکە لە هەگبەکەیدا نیە! هەروەک ئەوە دەبینین ئێستا نەک سەرۆکى پارتەکان بگرە ئەندامانى مکتب سیاسیى و سەرکردایەتیەکانیش هەمان ڕێچکەى سەرۆکى پارتەکانیان دەگرنەبەر بۆ پلە باڵاکردنى کور و کورەزاکانى خۆیان بە بێ ئەوەی هیچ پلەبەندیەکى پارتایەتى بە شایستە بوونى خۆیان بڕیبێت و وە بگرە بە کونفە یەکونێک دەبن بە ئەندامى سەرکردایەتى و سیاسیى پارتەکانیان بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگى لایەنگرانى خۆیان.   
                                                                                                          هەر بۆیە دەبینین لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا کۆنگرەى پارتەکان لە باشورى کوردستان نە بۆتە زەروورەتێک بۆ دووبارە بوژانەوەى پارتى کوردى، تا دەلاقایەکیش بێت بۆ پێداچونەوە بەو بڕیارو هەڵوێستانەى کە لە چوار ساڵى ڕابردوودا دەرئەنجامى کارەکانى بووە هەر بۆیە بە ڕوونى دەرئەنجامى نەبەستنى کۆنگرە لە کات و ساتى خۆیدا بە لاشەى شقار شەقارى پارتى کوردیەوە بە ئاشکرا دەبینین، چونکە کۆنگرە بۆ هەر دەستە و دامەزراوەیەک ئەگەر هاتوو بە شێوە ئەکادیمیەکەى ببەسترێت نەک رێکەوتنى ژێر بەژێرو پشک پشکێنەو تەوافقى پێشوەختە بۆ بکرێت کۆنگرە لە مەهامە ڕاستەقینەکەى دابماڵرێت ببێت بە کۆنگرەى چەپڵە ڕێزان.

ئەوا خۆی لە خۆیدا دەبێتە دادگایەک بۆ لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەرک و مافەکانى تاک بە تاکى ئەندامانى پارتەکان لە سایەى شایستە بوونیانەوە دەتوانن هەنگاو بەرەو پێشتر هەڵبهێنن ئەمەش دەبێتە هۆکارێک تا تاکەکانى پارتى کوردى لە لوتکەى تا بنکى هەڕمەکە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بە رامبەر دەرئەنجامى ئەو کارانەى کە لە ماوەى چوار ساڵى کارکردنیان لە هەر پلەیەکى پارتەکەیان ئەنجامى دەدەن، کەواتە ئەگەر ئەمە رووی بدایە لە نێو ژیانى پارتە سیاسیەکانماندا ئەوە هۆکارێک دەبوو بۆ دانانى کەسى شیاو لە شوێنى شیاو.وە پارتى کوردیش دە بووە ئامرازێک بۆ گەیاندنى پەیامى نەتەوەیەک نەک بەچەشنى ئێستا کە پارتى کوردى هۆکارێکە بۆ بارگرانیەکى زیاتر بە سەر دۆسى ڕەواى نەتەوەیەکەوە وە بگرە لە زۆربەى کاتەکاندا بووە بە ئامرازێک بۆ خۆ دەوڵەمەند کردنى ئەندامانى لوتکەى هەڕەمەکە.

شاخەوان سەنگاوى
Shaxewan.saed@gmail.com




وانەی ماسییەکان … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

چیرۆک بۆ منداڵان

زۆر حەزم دەکرد کە ماسییەکانی ناو ڕوبارەکە ببینم ،چەند جارێکیش لای باوکم باسم کردبوو.ڕۆژێک وتی ئازاد گیان خۆت ئامادە بکە ئەم دوانیوەڕۆیە دەچینە دەرەوەی شار و لای ڕوبارەکە پشوویەک دەدەین تا بە ئارەزووی خۆت ماسییەکانی ناو ڕوبارەکە ببینیت .ئای چەندە دڵخۆشی کردم ،بۆیە خێرا باوەشم بەباوکمدا کرد و تێر ماچ کرد و خۆیشم گەیاندە دایکم و خوشک و برا بچوکەکەم و ئەوانیشم ماچ کرد .ئیتر کەوتمە خۆ ئامادەکردن و دایکیشم ھەندێک خواردن و میوە و پێداویستی ئامادەکرد.ھەر چاوەڕوان بووم کە باوکم بڵێ ئامادەن.

ھێندەم زانی بانگی کردم و وتی ئازاد گیان وەرە با کەلوپەلەکان بخەینە ناو  ئۆتۆمبێلەکەوە ،ھەرچییەکم توانی یارمەتیم دا .ھەموومان سواری ئۆتۆمبێلەکە بووین و کەوتینەڕێ،بەخۆشییەوە بەملاولای ڕێگەکەدا دەمڕوانی تا ڕوبارەکە دەرکەوت.پاش کەمێکی تر ڕۆیشتن لە شوێنێکی گونجاودا وەستاین و دابەزین ،کەلوپەلەکانمان داگرت،لەگەڵ باوکم چووین بۆ لای ڕوبارەکە،چەندە خۆشبوو بەلامەوە ماسییەکانم بینی لەناو ئاوەکەدا دەھاتن و دەچوون ..منیش جارجار پارچە نانێکم بۆ ھەڵدەدان و بەکۆمەڵ دەھاتن بۆی و دەیان برد.لەلای ڕوبارەکە پیاوێک بە قولاپ خەریکی ماسی گرتن بوو ،ھەر ماسییەکی دەردەھێنا بە زیندوویی ھەڵی دەدایە ناو تەشتێکەوە ،پاش ماوەیەک ھەڵبەز و دابەز کردن جوڵەی لێدەبڕا.ئەوە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و وتم بابە گیان ئەو ماسییانە بۆچی پاش ماوەیەک لەجوڵە دەکەون و لە دەرەوەی ئاوەکە یاری و ھەڵبەز و دابەز ناکەن؟ باوکیشم بەپێکەنینەوە وتی ڕۆڵەکەم ماسییەکان بە ئۆکسجینی تواوەی ناو ئاو  دەژین و لە دەرەوەش ئەوە نییە بۆیە وا لە جوڵە دەکەون .منیش وتم ئەی بۆچی ناڵێی کە لە نیشتمانەکەیان دوور دەخرێنەوە وایان بەسەر دێت و بێ جوڵە دەبن.

باوکیشم بە بزەیەکی شیرینەوە وتی ڕاستە ناو ئاوەکە نیشتمانی ماسییەکانە و ناتوانن بێ ئەو بژین ،بۆیە زۆریان خۆش دەوێت ،ئاھا تەماشایان بکە چۆن یاریی و سەما دەکەن و بەخۆشییەوە دێن و دەچن.کەواتە ئێمەش پێویستە ئەو خۆشەویستییەمان بۆ نیشتمانەکەمان ھەبێت و پارێزگاری لێبکەین و ھەوڵی سەرکەوتن و پێشکەوتنی بدەین، بەدەم قسەکردنەوە بوون ئازاد ماسییەکانی ناو سەتڵەکەی  خستەوە نێو ڕوبارەکە،دووبارە ماسییەکان کەوتنەوە جوڵە…….

.٦/٢/٢٠١٨




ئه‌ڵته‌رناتیڤی حزبه‌ داهۆڵ و دابه‌سته‌كانی كوردستان … عیماد عه‌لی

ئه‌وه‌ی یه‌كلا بۆته‌وه‌ كه‌ به‌ناو ئه‌م حزبانه‌ی كوردستان هیچ خه‌سڵه‌تێكی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌یان تێدا نه‌ماوه‌ و هه‌ر هه‌موویان وه‌كو كۆمپانیای گه‌وره‌ و بچوكیان لێهاتووه‌ و، به‌ بێ جیاوازی تادێت خه‌ڵك زیاتر توشی ده‌رده‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی ده‌كه‌ن. بۆیه‌ حه‌قی خۆیه‌تی خه‌ڵكانی پاك و دیاری ده‌گمه‌نی په‌رده‌پۆشكراوی ئه‌م كوردستانه‌ بیر له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌و حزب و ه‌زعه‌ سیاسیه‌ له‌ جدی بكه‌نه‌وه‌ و ستراتیجیه‌تی گۆڕینی ریشه‌یی راسته‌قینه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی له‌سه‌رخۆ و تۆكمه‌ و توندو تۆڵی ئه‌و وه‌زعه‌ به‌ زه‌مینه‌خۆش كردن بۆ راماڵێنی ئه‌م حزبانه‌ به‌ پلانی دروست و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتی بكرێته‌وه‌ و، به‌ بونی زیاتر له‌ نیوه‌ی رێژه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵكی نارازی ئه‌م ئه‌ركه‌ مه‌یسه‌ر ده‌كات ئه‌گه‌ر خه‌لكی دڵسۆزی كوردستان و دۆخه‌ گشتی و بیركه‌ره‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكه‌ی قۆڵی لێهه‌ڵماڵن و ده‌ستپێكی كاره‌ سه‌خت و قورسه‌كه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش چۆن ده‌بێت؟
بێگومان به‌ پلانێكی زانستیانه‌ی ورد و خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان ئه‌و پێداویستیه‌ زه‌روریانه‌ی ده‌سپێكردنی كاری تایبه‌تی دووره‌مه‌ودای باشی ده‌وێت بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌، هه‌رچه‌ند ئاسان نابێت به‌ڵام مه‌حاڵ نیه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی زۆر گونجاو له‌گه‌ڵ واقعی كوردستان و خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ده‌روونی خه‌ڵك هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌وپێشه‌وه‌ برۆیت. ئه‌مه‌ش هه‌ر چۆن ده‌بێت؟
ته‌نها به‌دانیشتن و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ سیاسی بن یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئه‌كادیمی كه‌ تائێستا متمانه‌یان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ ده‌ستنه‌داوه‌ و خاوه‌نی مێژووی بێگه‌ردی خۆیانن و هه‌مووان شایه‌تیان بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی دوور له‌ كاری حزبی و ته‌نها به‌ چاوپێكه‌وتن و كۆبونه‌وه‌ و گردبونه‌وه‌ی نا ره‌سمی دوور له‌ كار و ئه‌ته‌كێتی حزبی، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی بیركردنه‌وه‌ و نه‌خشه‌دانان و پلانی دوورمه‌ودا بێت بۆ هه‌وڵی راماڵینی ئه‌م دابه‌سته‌ و داهۆلانه‌ی كوردستان له‌ كاتی تایبه‌تی خۆیدا و ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ند مه‌رجێك كه‌ كاری دوورمه‌ودای پیرۆزی ئه‌وخه‌ڵكه‌ ده‌بێت كه‌ له‌خۆبوردوانه‌ بێ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی شه‌خسی جێبه‌جێی ده‌كات، ئه‌وه‌ش بریتیه‌ له‌:

  • هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ په‌یمان و به‌ڵنیدان به‌وه‌ی كه‌ ئامانجی ئه‌و خه‌ڵكه‌ دروستكردنی هیچ حزب و رێكخراو و بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نه‌بێت و بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی تایبه‌ت كاربكه‌ن كه‌ به‌ پێشتیوانی خه‌ڵك كاروانه‌كه‌ راسته‌رێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ندین رێگه‌ی شیاوی مه‌ده‌نیانه‌ی ئاشتیانه‌ و به‌ رێگه‌یه‌كی دیموكراسی و به‌به‌خۆواگری ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ خه‌ڵكه‌ نارازیه‌ی كوردستان و توانای له‌خۆگرتنیان به‌دوور له‌خه‌ڵكی ئه‌مم حزبه‌ داهۆڵ و دابه‌ستانه‌ی ده‌سه‌ڵات و په‌روه‌رده‌كراوی ده‌وروبه‌ری ده‌ستی ئه‌مانه‌.
  • كاری سه‌ره‌كی ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌گمه‌نه‌ ته‌نها له‌سه‌ر دروستكردنی لیستی هه‌ڵبژاردن بێت به‌ بێ باكگراوندی فكری ئایدیۆلۆجی فه‌لسه‌فی و دوور له‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی هه‌ربازنه‌یه‌كی رێكخراوی سیاسی كه‌ خه‌ڵك تیر بووه‌ له‌وانه‌ی رۆژانه‌ وه‌كو داهۆڵ خه‌ڵك ده‌تۆقێنن و وه‌كو دابه‌سته‌ خێرو بێری ئه‌م وڵاته‌ لووشده‌ده‌ن.
  • بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك متمانه‌ی پێبكات و گومان نه‌كات كه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ش له‌وانه‌ی ئه‌م حزبانه‌ زیاتر و باشتر نین، ده‌بێت پێشوه‌خت په‌یمانی ئه‌وه‌ بدرێت و كاری راسته‌قینه‌ و به‌ به‌لگه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ سه‌رپه‌رشتیكارانی ئه‌م كاره‌ واته‌ هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی لیستی هه‌ڵبژاردن خۆیان بۆ هیچ پله‌و پایه‌ و پۆستی حكومی و په‌رله‌مان و هیچ شوێنێك كاندید ناكه‌ن و به‌ كرده‌وه‌ جێه‌بجێی بكه‌ن و به‌خۆیان حزب و رێكخراو دروست ناكه‌ن كه‌ پله‌یان تێدا هه‌بێت.
  • هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ په‌یمان به‌ خه‌ڵك بده‌ن كه‌ توانا و پێكهاته‌ و قه‌واره‌یه‌كی لیستی هه‌ڵبژاردن هه‌رچه‌ند بێت به‌ش‌داری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبانه‌ی كوردستان ناكه‌ن تا ده‌بنه‌ زۆرینه‌ و خۆیان ئه‌ركی گۆڕانكاری گه‌وره‌ جێبه‌ه‌جێ ده‌كه‌ن هه‌رچه‌ند كاته‌كه‌ی دووریش بێت و بارودۆخه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌روات كه‌ هێزو توانای عه‌سكه‌ری له‌ده‌ست ده‌داترۆڵیێكی ئه‌وتۆی نامینێت له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی گرفتی سیاسی و له‌ به‌رێوه‌بردن و راییكردنی كاورباری سیاسی وڵات له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا، بۆیه‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتن له‌ كاتی زۆرینه‌بوون فه‌راهه‌م ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند خولێكیشدا سه‌ركه‌وتو نه‌بن هه‌ر به‌خۆیان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و نابن به‌حزب له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ رێكخراوێك و حزبێكیان له‌م كاتانه‌دا دروستنه‌كردووه‌.
  • بۆ دیاریكردنی خه‌ڵكی شیاو بۆ لیستی هه‌ڵبژاردن، ده‌بێت لێژنه‌یه‌كی پسپۆری ئه‌كادیمییان هه‌بێت و خۆیانیش راوبۆچونی دیاریكراوی خۆیان و هه‌ڵوێست له‌مه‌ر ژیان و مێژوو و توانا و لێهاتوویی هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ ریزی لیستی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت و به‌زه‌ڕه‌یه‌ك بۆنی مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تی تێدا نه‌بێت و دووربین بێت له‌ دانانی خه‌ڵكی شیاوو به‌توانا هه‌ر له‌ مه‌نده‌لیه‌وه‌ تاوه‌كو زاخۆ .
    ئه‌م ئامانج و كاره‌ قورسانه‌ش به‌ پلانی ستراتیجی خه‌ڵكه‌ دڵسۆز و به‌توانه‌كه‌ دێته‌دی و كارێكی قورسی تاقه‌تپروكێنی دوورمه‌ودایه‌ و هه‌موو كه‌س ناتوانێت خۆی له‌قه‌ره‌ی بدات ئه‌گه‌ر ئیراده‌ نه‌بێت و بیری ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كه‌ی خۆی بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی حزبه‌ داهۆڵ و دابه‌سته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانن و هه‌میشه‌ و به‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆیان له‌به‌رچاوه‌ و به‌س.
    له‌م قۆناغه‌دا كوردستان پێویستی به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ست و داوێن پاكه‌ بێگه‌رده‌ نه‌زیه‌ و زاهیدانه‌یه‌ كه‌ لاته‌ریك كراون و” ئێستاش كوردستان به‌خه‌ڵكێك به‌رێوه‌ده‌برێت كه‌ تاكه‌ سیفه‌تێكی شیاوی تیدانیه‌ و ته‌نها مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر و به‌هه‌مان كاری تایبه‌تی كۆمپانیاكان به‌رێوه‌ده‌چێت.
    بۆیه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌م حزبانه‌ هیچ كه‌سێك نیه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی حزب و رێكخراو و بزوتنه‌وه‌یه‌كی تره‌وه‌ هه‌وڵبدات جێگه‌یان بگرێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سی شیوای ئه‌ڵته‌رناتیڤی زۆر له‌ كوردستان بوونیان هه‌یه‌ كه‌ ناتوانن جێگه‌یان بگرنه‌وه‌، بۆیه‌ لیستی ئه‌ڵته‌رناتیڤ به‌ده‌ر له‌ كاری حزبایه‌تی و رێكخستنی حزبی و ئایدیۆلۆجی تاكه‌ رێگه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌‌ خه‌ڵك متمانه‌ی پێبكات و بتوانێت سه‌ركه‌وتو بێت له‌گۆڕانكاری سیاسی و یاسایی و ئابووری و رۆشنبیری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌كوردستاندا.



كتێبی من ئه‌مه‌م و دیدێكی كورتبینانه‌ بۆ پرسی ژن … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌له‌ دنیای ڕۆژهه‌ڵات به‌ گشتی و كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌و جوگرافیایه‌،هه‌میشه‌ ڕه‌گه‌زی مێ، وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی لاوازو كاڵایه‌ك له‌ خزمه‌ت پیاودا له‌ دیدگای به‌ شێكی زۆری تاكه‌كانه‌وه‌ ده‌بینرێت.به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ بخرێته‌ ڕوو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێ ئه‌و دیدگایه‌ وه‌ك ڕوانێنێكی گشتی كۆمه‌لگا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێت. به‌و مانایه‌ی نابێ ژنان بڕوایان وابێت، ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها وه‌هایه‌ و مادام شوناسی هه‌موویان پیاوه‌، ئیدی جیاوازیان نییه‌.ئه‌مه‌ ڕوانینێكی كورتبینانه‌یه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی تریش جیاوازی ژێنده‌ری و ڕه‌گه‌زی ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ قوڵترده‌كاته‌وه‌. به‌ شێكی زۆر له‌ ژنان له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕوانینه‌وه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن و به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی پیاو ده‌بینن.

هه‌ربۆیه‌شه‌ كاتێ ده‌كه‌ونه‌ داكۆكیكردن له‌ ماف و ئازادییه‌كانیان،ئه‌وه‌نده‌ی ڕوانینێكی ژنسالاریانه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ دیدگایه‌كی یه‌كسانخوازی و دادپه‌روه‌ریان نییه‌.
به‌و مانایه‌ی دواجار ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ هه‌ردووكییان هه‌ر مرۆڤن و وه‌ك یه‌ك ئازادی و مافیان هه‌یه‌ و نابێ مافه‌كانی هیچ كامێكییان ببێته‌ هۆی سه‌ندنه‌وه‌ی مافی ئه‌وی تر. ئێمه‌ پێویستیمان به‌ یه‌كسانی و هاومافییه‌. وه‌ك چۆن دژی ئه‌وه‌ین كه‌ پیاوسالاری شكۆی ژن بشكێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ش دژه‌بێ دژی ئه‌وه‌بین ژنان، پیاوان وه‌ك ئه‌ژدیهاو گورگ و جه‌لاد ببینن.

به‌ڵكو ته‌واوكه‌رو زامنی به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی ژیانێكی ته‌ندروستن. ناكرێ ئه‌و درزه‌ی زۆرجار ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌، ئه‌وه‌نده‌ی تر قووڵتر بكه‌ینه‌وه‌ به‌ پاساوی داكۆكیكردن له‌ ژنبوون و ڕێگری له‌ باڵاده‌ستی نێرینه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕوانینی سێنتریالانه‌ی پیاومان كۆتایی پێهێناو له‌ جێگه‌یدا ڕوانینی سێنتریالانه‌ی مێمان بونیاد نا، مانای وایه‌ هیچمان نه‌كردووه‌.
به‌ڵكو ده‌بێ به‌رله‌ هه‌موو شتێك هاووڵاتییانه‌ و مرۆڤانه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌، ئه‌و كات ده‌توانینن كولتوورو هزری یه‌كسانیخوازانه‌ له‌ كۆمه‌لگه‌ بینا بكه‌ین. كتێبی(من ئه‌مه‌م)یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌ی كه‌له‌ باره‌ی پرس و خه‌م و خه‌ونه‌كانی ژن ده‌دوێت و له‌ شوناسێكدا كۆیان ده‌كاته‌وه‌ به‌ناوی من ئه‌مه‌م واته‌ ئه‌مه‌یه‌ ژن.

به‌ڵام ئاخۆ كۆی خه‌مه‌كانی ژن ته‌نها له‌و ڕوانینه‌ ڕۆمانسییانه‌ كورت ده‌كرێته‌وه‌ كه‌له‌ و كتێبه‌دا هه‌ن؟ به‌ بڕوای من یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێماسییه‌كانی ئه‌و كتێبه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ دیدگایه‌كی گشتگیرنووسراوه‌ كه‌ بوارێكی بۆ جیاوزاكه‌وتنه‌وه‌و بینینێكی دیكه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌. نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، كه‌ خۆشی خاتوونێكی نووسه‌رو وه‌رگێڕه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك بۆ چوونه‌كانی خستۆته‌ ڕوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاوی كورد هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بن و هه‌مووشیان هه‌مان ئه‌و تێڕوانینه‌یان بۆ ژن هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌ كتێبه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌ی كردوون.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ گرفتی به‌ شێكی زۆری ژنانی ئێمه‌یه‌، كه‌ توندووتیژی و نێرسالارییه‌كانی پیاوێك به‌ ته‌نها، ده‌كه‌نه‌ پێوه‌رو هه‌موو پیاوانی پێ ده‌بینن. ئه‌و وێنا كردنه‌ جه‌هه‌ننه‌میه‌ی پیاو، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ جێگیركردنی له‌ هزری ژندا،ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌ به‌ یه‌كتری نامۆ ده‌كات و كه‌لێنی نێوانیان فراوانترده‌كات.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، ئێمه‌ ده‌بێ هه‌وڵی بونیادنانی ڕوانینێك بده‌ین، كه‌ هه‌ردووكییان وه‌ك مرۆڤ یه‌كتری ببینن و باوه‌ڕیان به‌ مافی یه‌كتری هه‌بێت. له‌ ده‌سپێكی كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌رئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌(مرۆڤبوونی له‌ پێشه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌تی) واته‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رله‌وه‌ی ژنانه‌ بێت، مرۆڤانه‌یه‌. خوێنه‌ر كه‌ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ده‌بینێت، سه‌رسام ده‌بێت كه‌ له‌ به‌رده‌م هزری ژنێكداین، كه‌به‌رله‌وه‌ی ژنانه‌ بڕوانێته‌ پیاو، مرۆڤانه‌ سه‌یری ده‌كات.بێگومان چی له‌وه‌ پیرۆزتره‌ كه‌ مرۆڤبوونمان له‌ پێشه‌وه‌ی ژنبوون و پیاوبوونمان بێت. كه‌چی كاتێ ده‌چینه‌ نێو بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه‌، ئه‌واشتێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌بینین.

خوێنه‌رناتوانێت خۆی له‌و ڕاستییه‌ ببوێرێت كه‌ ڕوانینه‌كانی خاتوو لۆناش بۆپیاو، هه‌مان ڕوانینی ژنه‌كانی دیكه‌یه‌ و نه‌ك مرۆڤبوونی بگڕه‌ زۆر ژنانه‌ و ڕه‌گه‌زیانه‌ش بیرده‌كاته‌وه‌ و پیاو ده‌بینێت.ئه‌مه‌ش زۆر به‌ ڕاشكاوی به‌و نووسینانه‌وه‌ی دیاره‌، كه‌ له‌ په‌راوێزی خه‌مه‌كانی ژن نووسیونی. نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ له‌ دووتوێی وتاره‌كانیدا، پیاو به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینێت:_

*ڵاپه‌ڕه‌ 35( وه‌ك دڕنده‌یه‌ك ددانم لێ گیرده‌كات).
*ڵاپه‌ڕه‌ 49(پیاوێكی نه‌فس نزم).
*ڵاپه‌ڕه‌ 62(به‌ دڵی خۆی درۆت بۆ ده‌كات).
*ڵاپه‌ڕه‌ 62(پیاسه‌یه‌ك به‌نێو شوێنه‌ شه‌عبییه‌كانی شاردا، بۆ ئه‌و ژنه‌ خوێنی هه‌موو مرۆڤایه‌تی دێنێت!)ئاخۆ دیدێك هه‌یه‌ له‌مه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستترو خۆپه‌رستتر؟ نووسه‌ر ده‌یه‌وێت ژنان وه‌ها په‌روه‌رده‌ بكات، كه‌ ته‌نها هاوسه‌ریان هه‌بێت به‌سه‌ كه‌سانی تر هیچ!.
*ڵاپه‌ڕه‌ 63( ئه‌وان له‌ جه‌سته‌ت زیاتر نابینن). واتا هه‌موویان وه‌ك یه‌كن.
*ڵاپه‌ڕه‌ 88 (چاوه‌ڕێی هیچ مه‌به‌ له‌ پیاو).واته‌ هه‌موو شتێكی بڕاندۆته‌وه‌..
*ڵاپه‌ڕه‌ 94(بۆ ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ گه‌مژه‌ بیت).
*ڵاپه‌ڕه‌ 127(ئه‌وه‌تانی له‌ ژووره‌كه‌مدایه‌ گورگێكی ڕه‌ش).
ڵاپه‌ڕه‌ 133(باوكه‌ بێ شه‌ڕه‌فه‌كه‌ی).
*ڵاپه‌ڕه‌ 133(شوكری خوابه‌ كوڕ نه‌بوویت)
*ڵاپه‌ڕه‌ 145(ژن مرۆڤێكی ئاقڵترو باڵاتره‌ له‌ پیاو).
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تێڕوانینی ژنێك بێت بۆ پیاو، ئاخۆ ده‌توانێ لافی ئه‌وه‌ لێ بدات كه‌ مرۆڤانه‌ نه‌ك ڕه‌گه‌زانه‌ بیرده‌كاته‌وه‌؟ئه‌م ڕوانینه‌ بۆ پیاو، چی كه‌متره‌ له‌و دیده‌ نێر سالاریه‌ی به‌شێكی پیاوان باوه‌ڕیان پێیه‌؟. ئه‌گه‌ر له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ی شكۆ بۆ ژن وبه‌رزكردنه‌وه‌ی، شكۆی مرۆڤێكی دیكه‌مان(نه‌ك پیاو)شكاند، ده‌كرێ بڵێین چیمان كرد؟. ڕوانینی مرۆڤانه‌ له‌ دروشم دانییه‌، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ قوڵایی هزرو بیر كردنه‌وه‌مان دابێت. ئه‌م ڕه‌نگڕێژكردنه‌ بۆ پیاو، دواجار وێناكردنی له‌ هزری ژن، نه‌ك هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ نییه‌، بگره‌ جۆشدانی ئاگری دوژمنایه‌تی و توڕه‌یی نێوان ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌شه‌. له‌ ڕاستیدا،زۆربه‌ی وتاره‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌، وتاری ساده‌ و له‌ ده‌رده‌ڵ و كرووزانه‌وه‌ بترازێت هیچی ترنین.
ئه‌م وتارانه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكدا وێرای ئه‌وه‌ی ژن به‌ ڕه‌گه‌زێكی لاواز ده‌بینێت و نماییش ده‌كات، هاوكات هه‌ڵگری خه‌ونی بچووك و بیركردنه‌وه‌ی ساده‌ن كه‌ خه‌می ژن ته‌نها له‌ چه‌ند شتێكی بێ به‌ها ده‌بینن. نازانم بۆ ده‌بێ خه‌ونی ژنی كورد هێنده‌ بچووك بێت؟ له‌و ڕۆژانه‌دا دیوانی ژنه‌ شاعیرێكم ده‌خوێنده‌وه‌ له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_( دنیای خه‌ونه‌كانم به‌ قه‌د گواره‌كانی گوێمه‌).

بۆ ده‌بێ ژن بیری هه‌ر لای بۆیه‌ی نینۆك وئێكسوارات و گواره‌ و دوا مۆدێلی ژووری چێشتخانه‌ بێت؟وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و كتێبه‌دا ده‌یبینین.به‌ڵام ژنێك له‌و بناری قه‌ندیله‌دا، كه‌ ڕۆژانه‌ توركیای فاشی به‌ نوێترین چه‌ك و ئامرازی سه‌ربازی پێشكه‌وتوویی سه‌رده‌م بۆردومانی ده‌كات، بیر له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی بكاته‌وه‌. مه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌ك مێیینه‌یه‌ك حه‌زی له‌ بۆیه‌ی نینۆك و مكیاژ نییه‌؟ئاره‌زووی بازاڕكردن و چوونه‌ مۆڵێك ناكات؟ بێگومان، به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێت دۆزێكی گه‌وره‌تر له‌ شوناسی ئه‌و هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ خه‌باتی له‌ پێناودا بكات.كه‌چی له‌كۆی ئه‌و وتارانه‌دا،نووسه‌ر هێنده‌ی جه‌سته‌ی ژن ده‌لاوێنێته‌وه‌، هێنده‌ی باسی بۆیه‌ی نینۆك وپۆشاك ونماییشی قژو سنگی ژن ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ ڕوحی ژن نادوێنێت.هێنده‌ باسی كێشه‌ بنه‌ ڕه‌تییه‌كانی ژنان ناكات.

نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌ ده‌بێ باش ئه‌و ڕاستییه‌ بزانێت كه‌ له‌ كۆمه‌لگای كوردیدا، هاوسه‌رگیری له‌و خه‌ونه‌ ڕۆمانسییانه‌ كورت ناكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك ژنێك ده‌یبینێت. ژیانی هاوسه‌رگیری، هه‌ر ته‌نها دانیشتنی نێو پاركێك وسه‌ردانی مۆڵێك وگه‌شت و هه‌ڵبژاردنی پۆشاكێكی جوان نییه‌، ژیانی هاوسه‌رگیری هه‌ر ته‌نها گۆڕینه‌وه‌ی ماچی نێوان هاوسه‌ران نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تێی گه‌یشتوه‌و ده‌یبینێت.به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا هاوسه‌رگیری یانی گه‌شتێكی ئه‌به‌دی پڕ له‌ كێشه‌ و گرفت و نه‌بوونی ساده‌ترین پێداویستی ژیان.
یانی هاوبه‌شیبوون له‌ خۆشی و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیاندا. ده‌بوو نووسه‌ر ئه‌و دیدگایه‌ لای ژن كورد دروست بكات، كه‌ خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌بێت وخۆڕاگرو به‌هێز بن، نه‌ك ئه‌گه‌ر پیاوه‌كانیان ڕووێكی خۆشیان پێ نه‌دان وه‌ك گورگی ڕه‌ش بیانبینن.
ده‌بوو نووسه‌ر زۆر به‌ قووڵی له‌ ژیانی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی پیاوی كورد و كۆمه‌لگه‌ی كوردی بگات, هاوسه‌رگیری، هه‌رگیز بچووكناكرێته‌وه‌ له‌وخه‌ونه‌ ساده‌ و ڕۆمانسییانه‌ی خاتوو لۆنا له‌ كتێبه‌كه‌ی باسی ده‌كات. ڕه‌نگه‌ كێشه‌ی ئه‌و له‌وه‌دا بێت، كه‌ ژیانی خۆی بكاته‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌وانی تر كه‌ هه‌موو پێداویستییه‌كی ژیانیان هه‌یه‌ و دوای ئه‌مه‌ پێویستییان به‌ خۆشه‌ویستی و گۆڕینه‌وه‌ی سۆزێكی قووڵی نێوانیان هه‌یه‌.
له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، زۆر به‌ده‌گمه‌ن خێزانێك هه‌یه‌ كه‌ ئاریشه‌ و گرفتێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی نه‌بێت. به‌ ته‌نها دنیای سۆزو ڕۆمانسییه‌ت، ژیانی مرۆڤ به‌رده‌وامی پێ نادات. كه‌م نین ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی تاسه‌ر ئێسقان یه‌كترییان خۆشده‌ویست، كه‌چی هه‌مان ئه‌وانه‌ كاتێ بوونه‌ هاوسه‌ری یه‌كتری،دوای چه‌ند مانگێكی كه‌م، وه‌ك دوژمن یه‌كتری ده‌بینن و سه‌ره‌نجام له‌ یه‌كتری جیا ده‌بنه‌وه‌.
ژیان له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، به‌ مانای بێبه‌شبوون له‌ ساده‌ترین مافی ژیان، به‌مانای نائومێدی و سه‌ختییه‌كانی ڕۆژگار. هه‌رگیز به‌ ته‌نها مانای ئه‌و ژیانه‌ نییه‌ كه‌ نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌ له‌ چه‌ند شتێكی ڕۆمانسیدا بچووك و پوختی ده‌كاته‌وه‌. له‌ بری ئه‌وه‌، ده‌بوو نووسه‌ر ژنی كورد فێری یاخیبوون، خۆڕاگری، ئیراده‌ و هێزبكات.
نه‌ك ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵی نه‌چووه‌ مۆڵێك، ئیدی وابزانێت دنیا به‌ سه‌ریدا ڕووخاوه‌. ئه‌م دیده‌ كورتبینییه‌ بۆ ژن، ئه‌وه‌نده‌ی تر هانی ژن ده‌دات بیر له‌ مكیاژوقژو بۆیه‌ی نینۆك و ڕازانه‌وه‌ی سیمای بكات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ بیركردنه‌وه‌ و هزری بدات. من به‌ درێژایی نووسینه‌كانی نێو ئه‌و كتێبه‌،وتارێكم نه‌بینی كه‌ ژن فێری ئه‌وه‌ بكات كه‌ كتێب به‌ پیرۆزترو به‌هادارترو گه‌وره‌تر له‌ مكیاژ ببینێت.كه‌ باش ده‌زانم زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان چه‌ند ڕقیان له‌ كتێبه‌.
وتارێكم نه‌بینی هانی ژن بدات ئه‌گه‌ر له‌نێوان بۆیه‌ی نینۆك و قه‌ڵه‌م سه‌رپشك بكرێن، ئه‌وا بێ دوودڵی ده‌بێ قه‌ڵه‌م هه‌ڵبژێرن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هوشیارببنه‌وه‌، نه‌وه‌یه‌ك هوشیارده‌بێته‌وه‌، دواتریش كۆمه‌ڵگه‌.
بۆ ده‌بێ به‌ گشتی ئێمه‌ هه‌ر ته‌نها جه‌سته‌ی ژن ببینین و بدوێنین و هزری نه‌بینین؟ بۆ ده‌بێ هه‌ر باسی چێشتخانه‌ و زێڕوچوونه‌ مۆڵی بۆ بكه‌ین؟ بۆ فێری ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ین كه‌ هاوسه‌رگیری به‌ ته‌نها دنیای ڕۆمانسییه‌ت و ده‌ستگرتنی دووهاوسه‌ر نییه‌، به‌ڵكو به‌مانای نه‌بوونی، هه‌ژاری، سه‌خت و به‌رده‌وامیییه‌.ژیان به‌ته‌نها وێنه‌یه‌ك و دنیایه‌ك نییه‌ له‌ خۆشی، هه‌مان ئه‌و ژیانه‌ سه‌ختی و ناهه‌مواری زۆریشی تیایه‌.بڕواناكه‌م له‌ ئێستادا، هیچ ژنێك ئازادی پۆشینی جل و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌بێت له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا.
خوێنه‌ر كاتێ به‌ شێكی زۆری ئه‌و وتارانه‌ ده‌بینێت، واهه‌ست ده‌كات پرسی ژن هێشتا ده‌یان قۆناغ له‌ دواوه‌یه‌ و ژنان هیچ مافێكی ساده‌ و ساكاریان نییه‌. ئه‌مڕۆ كه‌م تا زۆر په‌راوێزێك بۆ ئازادییه‌كانی ژن و مافه‌كانی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كۆتایی نییه‌، هێشتا ژنان پێویستییان به‌ تێكۆشانی زیاتره‌. تێكۆشانێك كه‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، بنه‌مای گوتارو كار كردنی بێت. ده‌بێ له‌ به‌رای هه‌موو شتێكدا، ژن فێری یاخیبوون، ئیڕاده‌ و خۆڕاگری بكه‌ین، نه‌ك باسی مكیاژوجوانی قژو سیمای بۆ بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چووه‌ بازارو مۆڵه‌كان چۆن جوانتر خۆی بنوێنێ و سه‌رنجی ئه‌وانی تر ڕابكێشێ.

————————————–

*په‌راوێز/ناوی كتێب/ من ئه‌مه‌م/ نووسینی/لۆنا دلشاد مه‌ریوانی/ بڵاوكراوه‌ی ئه‌ندێشه‌-2018.

• ئه‌م وتاره‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌(1097) ڕۆژی 25-7-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌……….




ئازادی و خود … نیگا قادر

ئازادی لەبنەمادا ئازادی نییە! قبوڵ کردنی وجودی خۆتە وەک ئەوەی ھەیت و بوونت ھەیە، کاتێک گەشتیتە بوونت هەر خودی خۆت ئەودەمانە ناچار دەبیت ڕێز لە (سەروەری، ماف، ھەبوون، نەبوون، شکست و سەرکەوتنی) کەسانی تر بگری، ئەوەیە کە دەرگیری پەروەردەیەکی سیستەماتیکییەو ڕاھاتنە لەسەر ئاشتەوایەکی کۆمەڵایەتی لەناو تاک بەتاکی کۆمەڵ و، بە ئەخلاقی کردنی تەواوی دامەزراوەکان دەبێت.

ھەروەک “جۆن ستیوارت مێل” دەڵێ: (ئەگەر مرۆڤایەتی جگە لەیەک کەس، ڕایەکییان ھەبوو، ئەوە تەنھا یەک کەس ڕایەکی پێچەوانەی ئەو ڕایەی ھەبوو، مرۆڤایەتی ھەر ئەوەندە ڕەوایەتی ھەیە لە بێدەنگکردنی ئەوکەسە، بەقەدەر ئەوەی ئەوکەسە دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێ ھەموو مرۆڤایەتی بێدەنگ بکات).

گرنگ ئەوەیە لەسەر ئەم چەند دێرەی مێل بوەستین، مێل بەرگری لە ڕادەربڕینی تاکێک دەکات بەرامبەر ھەموو مرۆڤایەتی، ئەگەر مرۆڤایەتی لەلایک بێ، ئەوە تاکەکەسێکی خاوەن ڕای جیاواز لەلایەکی ترە.
بێدەنگ کردنی تاکێک لای مێل وەک بێدەنگ کردنی ھەموو مرۆڤایەتییە! بەلام لێرە پرسێک دیتە پێشەوە، ئایە مێل بۆ ئەوندە بەرگری لە ئازادی دەربرینی تاک دەکات؟

ھۆکاری بەرگری کردن لە ڕادەربرینی ئازاد کە بەشێک لە گەشتن بە ئازادی بنەمای سودگەرایە، کە پایەکانی لەسەدەی حەڤدە لەلایەن جێرمی بێنتامەوە دانرا، جێرمی پێی وابوو ھەر بیرۆکەیک یان ھەر دەربڕینێک کاتێک ڕەوایە کە ببێتە ھۆی سود بۆ دەورووبەر، بنەمای دیاری سودگەراکان (زۆرترین سود بۆ زۆرترین خەڵک) بانگەشەی ھەرە دیارەکانیان بوو، کە مێلیش سەر بەو قوتابخانەیە بوو.
وەک ستیوارت مێل دەلێ: (سەرکوت کردنی بیروڕایەک ئەگەر سوودی ھەبێ و سەرکوت بکرێ ئەبیتە ھۆی زیان بۆ مرۆڤایەتی و لێی بێ بەش دەبێ).

لێرەوە سەرکوت کردنی ڕایەک خراپەیەکی زۆر گەورەترە لەوەی ھەر تەنھا بریتی بێت لە بێدەنگکردنی تاکێک، چونکە لەھەردوو بارەکەدا ئەگەر راست بێت یان ھەڵە ئەوە کۆمەڵ سودی لێ دەبینێ، ھەروەکو ئێستا تەواوی کۆمەلگای کوردی دژی بیروباوەڕێک دەوەستنەوە یان سەرکوتی دەکەن، بیانەوێ ھەر گۆڕانێک لەھزر و پەروەردەی کۆمەڵ دروست بکەن، ئەو ئارگۆمێنتەی لە کلتوردا وجودیان ھەبووە و دەبێ دیسانەوە دەرگیری پەروەردەی (خێزان بە پلەی یەکەم و ئیستا سۆشیال میدیاکان ھاتوونەتە پلەی دووەمی پەروەردە، لەناو تۆڕی سیستەمی پەروەردەدا، ڕۆڵێکی نەرێنی لەئاراستەکردنی ئەخلاقی پەروەردەی تاک دەگێرن، قوتابخانەو ناوەندە ئایینییەکان …ھتد). رۆلی خۆیان دەگێرن لەو زەمینە ناسازەدا.

کلتور لای ستیوارت مێل وەکو ئامرازێکی بۆ ڕێخستن، وە یان ئەتوانین بڵێین ڕێخستنەوە دەبینێ، کە خۆی لە ئاراستەی تاک لە ھزرو بیروبۆچوونیان دەبینێ، کە ئەگەری کاڵ بوونەوە و گۆرانکاری تێدا ھەیە کە ئەویش لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕینی تاک خۆی دەبینێتەوە.
مێل بڕوای وابوو گوستنەوەی بیروڕاکانمان لەسەر بنەمای ھەقیقەت دەبێ، کاتێک سەرجەم ئەگەرەکان کراوە بن لەبەردەم ڕا دژ و پێچەوانەکان، بەلام ئەوەی گرنگە ھەقیقەت بۆ ئەبەد سەرکوت ناکرێ، ھەقیقەت لەوێیە کە راستە، بەلام کاتێک سەردەمانێک دەگۆرێن و بیروڕاکان دەگۆرێن ھەقیقەت لەوێدا گۆڕانی بەسەردا دێ، نموونە سوکراتی فەیلەسوفی یۆنانییە، خۆی کوژرا بەلام تیشکی فەلسەفەکەی بەشێوەیەکی زیندوو بەسەر تەواوی مەعریفەو کایەکانی ھەقیقەتدا دەدرەوشێتەوە.

بەکورتی ئازادی ڕادەربڕین لێرەدا گرنگی خۆی دەخاتە بەردەست، کە بتوانێ کەشێکی لێبوردەی کۆمەڵایەتی، ئایینی و، سیاسی دروست بکات. ئەگەر لەو ڕەھەندەوە سەیری رۆڵی لایەنی ئایینی و کۆمەڵایەتی بکەین …ھتد.
ھەقیقەت بوون و نەبوونی پەیوەستە بەوەی بڕوایان پێیە یاخود نا، ئەگەر ھات و لەبنەماکانیدا چەسپا، ئەوە کەشێکی لێبوردەیی و ئاشتەوایی دروستەکات، کە لە لای مێل ئەمە کلیلی شارستانیەتی کۆمەڵگایە، کە بەداخەوە دەتوانم بڵێم کورد کلیلی ئەو مەعریفەیەی ون(بزر) کردووە.

————————————

تێبینی:
بۆ ئەم وتارەم سودم لە ئارگۆمێنتەکانی “جۆن ستیوارت مێل” وەرگرتووە، بۆ تێڕوانینێکی بچووک بۆ دۆخی ئێستای ڕادەربڕین.
(نیگا قادر)




یادداشت و چێشتی مجێوەر … ھۆزار ئەحمەد

خوێندنەوەیەکی ھەمەلایانە بۆ کتێبی«فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست» ی چۆڵی فایەق

تێکستەکە

کتێبەکە پێک دێت لە پەنجا و دوو ڕۆژی زنجیرەیی، جێگۆڕکێی ھەر یەک لە ڕۆژەکان چ لە بنچە و بارگەی کتێبەکە ناگۆڕێت، نوسەر تیایدا ڕۆژەکانی خۆی دەنوسێتەوە، لەگەڵ ھاودەم و ھاوزێی خۆی، بەنێوی فاتێ، ئەو کیژە سۆفیستە و ڕەواپێدەری خەیاڵی نوسەرە، یانژی دەمڕاستی نوسەرە و دەچێ بەگژ نەریت و خووی کۆمەڵگا، بە ھەگبەی سۆفیستانە و بە تیۆریزەکردنی چەندین ووتەی مەولانا و ئیبن عەڕەبی و ڕابیعەی عەدەوی.

یادداشت و چێشتی مجێوەر

یادداشت زاراوەیەکی فارسیە، لە بەرامبەریدا «بیرەوەری, یادەوەری» بەکاردەبرێت. یادداشت و ژیاننامە-بیۆگرافیا، بەھۆی نزیکیانەوە زۆر جار تێکەڵ دەکرێن، لەگەڵئەوەشدا جیاوازیان ھەیە، کاتێک یادداشت بێجگە لەوەی گێڕانەوەکەی ھونەریانەیە، تا وەکوو ژانرێکی ئەدەبی دەربکەوێت، ئەوا دەبێت تەکنیکێکی سەربەخۆیانەی ھەبێت و لەگەڵ بیۆگرافیا لێک جوێ ببنەوە. کەم تا زۆر فۆڕمی ڕیالیزمی لە یادداشت زاڵە، بە حکومی ئەوەی نوسین ھیچ کات ئەبستراکتی ڕیالیزمانە نەدواوە، یادداشتیش کە زەمەن و زمانی نوسەرە وەھا دەدوێت. دوو جۆر بیرەوەری ھەیە، «خودی و ئەویدی»، یا ئەوەتا نوسەر لەبارەی خۆیەوە دەیگێڕێتەوە یا ئەوانیدی، یادداشت وەکوو ڕۆمان کات و شوێن و ڕووداو و کاراکتەری ھەیە، وەلێ سنوری ئیشکردنی ھەریەک لەم فیگوڕانە لەڕووی چەندێتی و چۆنیەتی ناگات بە ڕۆمان.

ئۆتۆبایۆگرافی و بیۆگرافی دوو فۆرمی ئەدەبی و كولتووریی ڕۆژئاوایین و زیاتر لەناو ئەدەبیاتی ڕۆژئاوادا سەریان هەڵداوە، بایەخیان پێدراوە و گەشەیان سەندووە تا گەیشتووه‌تە ئاستی جۆرێك لە ئەدەبیی سەربەخۆ. ئۆتۆبایۆگرافی نوسینەوەی خودیە، کەچی بیۆگرافی نوسینی ئەویدیە. سنوری نێوانی ئەم دوو ژانرە ڕوون نیە، سەردەمەکە وا دەخوازێت ناوەڕۆک فۆڕم بتوێنێتەوە، ووشە زۆربەی کات ئازادە و سنوری دۆکۆمێنت دەبەزێنێت، چۆن دەتوانرێت سنورێک لە نێوان یادداشت و ژیاننامە دابنرێت؟ نوسەر لە کتێبی فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست، دەربارەی خۆی نائاخڤێت، بەلکو لە ڕووانگەی خۆی و فاتێەوە بە تێکەڵی دەئاخڤن. کەوایە «ئۆتۆبایۆگرافیا- یادداشت» و «بیۆگرافیا- ژیاننامە»یە!
فیلیپ لۆژون، پسپۆڕی ئەدەبی ئۆتۆبایۆگرافی بۆمانی پێناسە دەكات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
«گێڕانەوەی ڕابوردوو بە پەخشان لە لایەن كەسێكی هەقیقی لەبارەی بوونی خۆی، بەتایبەتی ژیانی تاكەكەسی، یان وردتر، مێژووی كەسایەتیی خۆی بگێڕێتەوە».

ئەم پێناسەیە، زیاتر بۆ نوسینی یادداشتی خودیە، وەلێ بۆ ئەویدیش حوکمەکانی ڕاستە، کە دەبێت بە بایۆگرافی.
ئۆتۆبایۆگرافی ڕەھەندی ڕیالیستی بە ڕادەیەک تێدا بەھێزە، زۆرجار لەگەڵ دانپێدانان سنوریان تێکەڵ دەبێت<لەبارەی ڕاشکاوی گەیاندنی پەیامیەوە>، ئەو ڕەخنەیەی لە ئۆتۆبایۆگرافی دەگیرێت، نوسەر تەنیا چێژ لە گێڕانەوەی سەرکەوتن و لایەنە ئەرێنیەکانی دەبینێت، وەک ئەوەی ئەو تەنیا بۆ سەرکەوتن دروستبووە، چەشنی منی گێڕەرەوە لە «فاتێ ئێوارانم بنوسەوە»، منی گێڕەرەوە- واتا نوسەر لەسەر ڕۆژەکانی خۆی وا دەگۆوێت، خۆی و فاتێ بێ کەمایەسن، دواجار لەم نێوانەدا نوسەر منی نەرجسیەت ھەڵدەبژێرێت، فاتێ دەخاتە بەردەم ھەڵەیەکی ژیانیەوە، گوایە ھەموو ئەو نەخێرانەی فاتێ بەڕووی کۆمەڵگا بەیانی کردووە بۆ چاکەی ئەم دەگەڕێتەوە دوای دووساڵ لە غیابی ئەمدا فاتێ سەر بەھەوێ شوو دەکات، وەلێ ھێشتا مکوڕە کە فاتێ ھەستی ژێوانی لانەبێت، چوون ئەو بایەخی پێداوە و ناکرێت ھەڵە و کەموکوڕی بنوسرێتەوە لە ئۆتۆبایۆگرافیای نوسەردا، ئەمە ڕوونە لە کۆتا ڕۆژدا!
گەر بمانەوێت ھەموو ڕۆژەکان، دابەشی سەر گوتار و یادداشت و قسەی ڕۆژانە بکەین، دەبێت بە چێشتی مجێوەر! چواردە ڕۆژمێر ھێزی گوتاری ئەوەندە تیایدا بەھێزە، ھێلی گێڕانەوە تیایدا زۆر بەکاڵی دەردەکەوێت، ڕەنگە دەرکەوتنەکەشی لەو پێناوە بێت، کتێبەکە ھەڵگری شوناسی یادداشتە، سەرباری ئەوە چەند ڕۆژێک قسەکانی زۆر سادە و گشتی و ووشکن«ئەڵبەتە سادەییەکی بێ قووڵایی» بە شێوە زاری ھەولێری پێی دواوە، تاوەکوو ڕاستی ئەو سادەییە، بەزمانی ئەدەبی و ناوچەیی بشارێتەوە، بۆ نمونە لە ڕۆژی چواردەیەم کاتێک لە بازاڕی گەورەی سلێمانی، لای گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ، چاوی بە فاتێ دەکەوێت، ھەر ئەوەندە لەسەر بلوزەکەی نوسراوە:- «دینی من بەڵگە نیە و بەڵگە دینی منە»، ھەر خوێنەرێک بەر ئەم کتێبە بکەوێت، دەزانێت سۆفیستێک نوسیویەتی و مەبەستی لە ئاڵۆزکردنی ئەو دەقە خوایەکی بێ دینی لازمە، «ئالان ڕۆب گرێ» جوانی نووسیوە، کە دەڵێت: «دەبێ خوێنەر بەو شتە بزانێ، کە لەبارەی جیهان نووسراوە، بەڵام جیهانی ئەو نییە. بەڵکوو حەز دەکا جیهانی ئەو بێت. »، نوسەر بەلاڕێداناچێت بیەوێت کتێبەکە بۆ ھەمووان سەرنج ڕاکێش بێت، بەھۆی بێ ئایدۆلۆژیا نەبوونی تێکست، تەنێ مایەی سەرنجی گروپێک یا زیاتر دەبێت، خوێنەریش ئەوە دەزانێت لە کوێدا لەگەڵ نوسەر ھاوڕایە، بێجگە لەو خوێنەرانەی چێژ بە کاری لەپێشەوەی ئامانجی خوێندنەوەیان دەزانن، بۆیە بۆ ئەوان دەشێت سادەیەکی بێ قووڵ، بە فۆڕمێکی دیاریکراو لە نمونەی شێوەزاری ھەولێری، سەرنجیان ڕابکێشێت و ئارەزووی ئەو جیھانە دەکات تیایدا ئیستاتیکا باڵادەستە.

فاتێ ژنێک بە پێوەری پیاوسالاری

فاتێ کێیە وەھا دەدوێت ئاخۆ ئەو پاڵەوانە گەڕەکیەتی وەک ژنێک بدوێت؟ گەر یادداشت بەھەموو پێوەرەکانی ڕیالیستی بێت، گووتنی نەخێر بەڕووی کۆمەڵگا «گەر ھەولێر و کوردی بێت» وائاسان نابێت، بە تایبەت سمبوڵەکە ژن بێت، ڕوونە ژن لێرە ھەر چیەک بێت خۆی نیە، بەمانا ڕیالیستیەکەی نەوەک ئەوەی پێویستە ببێت.
سیمۆن دوبوڤار گوتویەتی «ژن بتە، خوالەیە، دایکە، جادووبازە، پەرییە، ئاشقە، وەلێ ھەرگیز خۆی نیە»
ئەم خۆنەبوونەی ئافرەت، پڕژانی گریمانەی پیاوە بەسەر بیرۆکەی فیمینزم، تا کاتێک پیاو بۆ ژن بنوسێت و بدوێت ژن زیاتر لەو خۆنامۆبوونە نزیکتر و دوورتر لەمانەی ژن-دەبێت.

ژن بەگوێرەی وەھمی پیاو خۆی دەڕازێنتەوە، لەشی ھەردەم دەستەمۆیە، ئەو ئەوینەی لە ڕوانگەی پیاوەوە بەیان دەکرێت، ئافرەت وا تێدەگات خاتوونی خۆیەتی، نەک ئەو بیرۆکەیەی ئەوین، کە وەھمێکی پیاوانەیە، ئاساییترین ئەگەرە بۆ بیرۆکەی جەستە، جەستە بۆ پیاو پنتی ئەوینە، ئافرەت پێچەوانەکەی دەوێت و پیاویش حاڵیە و بۆیە ھەردەم خەریکی چاکسازیە لە ناساندنی ئافرەت، بۆ خودی ئافرەت!، نوسەر لە ڕۆژی سیوپێنجەم، سەرەڕای بە بابەتیکردنی پەیامی فاتێ لەم کتێبە، باتایبەت دژوەستان لەھەمبەر نەریتی مەلایی، لێرەدا نەیتوانیوە ئەو ھەستە بشێرێتەوە فاتێ دەڵێت:-« چ گیژێکە، بەم جوانیەوە، دەگەڵ بەرچاویی ئەم شەنگ و شۆخەوە، خودات نەبێ»
نوسەر لەگەڵیدا دەڵێت:- «فاتێ ناحەقم مەگرە خوام لەم جوانیە نەماوە»، بێگومان لەوێدا فاتێ کردۆتە دەروازەی پێھەڵدان بەسیمای ژن و فاتێ بەکاردێنێت و دووری دەخاتەوە لە پەیامی کتێبەکە و فاتێ ھاوڕای خودی خۆی دەکات، بۆ ھەڵبەستن بۆ جوانی ڕووخساری ئافرەت!

سیمۆن دیبوڤوار ژنە و ژن بوون بەخۆی نامۆ دەبینێت، کەچی نوسەری ئەم کتێبە ڕێ بەخۆیدەدا، بڵێت ژن ئاوابە، بەو بۆچونە کلاسیکانەی داویتە پاڵ ژنبوونی فاتێ، وێجا نوسەرەکەش پیاوە. ئاخۆ چۆڵی خۆیەتی بە ئەزموونی سۆفیستانەی خۆی لەبارەی ژنەوە دەدوێت، بە لێکھەڵکێشانی، ووتەزای ئەو سۆفیستانەی بونەتە قیڕ و بنێشت بە سیمای تیۆلۆژیاوە، بێ ئاگا لە پێویستیەکانی ئەمڕۆ، بیچمی سەدان ساڵ بۆ ئێستا وە ڕاست بگێڕێت، ھەر چەندە ناواخنانەش بێت، بەڵام سنوری دیار گەر کەمتر بێت لەمەڕ لاکان-ەوە، نادیاری ئیمڕۆ، بۆ سەدان ساڵ ھەرگیز نابێت بە پێوەر و لۆژیک.

داخۆ چەمکی ژن ئەوەیە ڕۆڵان بارت، بۆ چیڕۆکی « سارازین»ی بەلزاک ئێژێت:- «ھەرگیز ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، نوسەر پێی ناوەتە مەرگی خۆیەوە- بۆ کاراکتەری ژن لەو چیڕۆکەدا-، نوسین لەوێوە دەست پێدەکات..»
ئەو تێکەڵاویەی بۆچوونی فاتێ، لەگەڵ منی سەنتڕالی نوسەر، کە زۆرجار پێکھەڵدەکەونە دیالۆگ، ھەمووان بۆ فاتێ دەمیان دەبێت بە تەڵەی تەقیو، تەنێ منی گێڕەرەوە نەبێت، فاتێ بۆی دەکەوێتە چۆک، لەوێوە بۆمان دەردەکەوێ نوسەر مەرگی خۆی نەداوەتە قەدەری کاراکتەرەکان، بەڵکو بەنەفەسی نێرسالارانەوە، دەردەکەوێت فاتێ پەروەردە دەکا، فاتێ یاخیە، بەڵام لە ڕووانگە نێرسالارانەوە. نوسەر قەڵەمەکەی ھەر دەچێتەوە سەر ئەزموونی خۆی، کەشی ئارگۆمێنتەکان زۆر بەڕوونی لە خەیاڵدانی ئەزموونی کەسی نوسەر دەپەڕژێتە نێو فەزای ڕووداوەکان، دەیەوێت بە نوێنەرایەتی فاتێ بڵێت ژن ئەوەیە، ھەموو ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئۆنتۆلۆژیای ژن نیە، <با ئەوە پەیوەست بێ بە ئافرەت دەیەوێت چی بڵێ> بەڵکو نوسەر بە پەیامێکی واعیزانە، وەڵامی وەعزەکانی داوەتەوە، بە فۆڕم ھەمان شتی بۆ پێشنیاز کردووین داخۆ لە ژانری یادداشت نوسەر دەتوانێت واعیزانە دژی واعیز بێت و ئامۆژگاریمان بکات..؟
دواجار فاتێ سەر بەھەوێ شوو دەکا، سەرەڕای بە دانە پاڵی فیمینست بۆ فاتێ، سەبارەت بە ڕابردووی، فاتێ ژێوان نیە، لەو بارودۆخەی بەسەریداھاتووە. بووتە بەشێک لە کۆمەلگا و دەوروبەری، جادووی ھەموو بوێری فاتێی بەتاڵ کردەوە و خستیە ئۆباڵی خێل و عەشیرەت، وەڵی دەشێت بێدەنگ بوونی واعیزە و دۆشدامانی خەڵک بەرامبەر نەخێری فاتێی ئێمە، لە دیدی نێرسالاریەوە قابیلی وەھم بێت، چوون شووکردنی فاتێ سەر بەھەوێ، جێگای سەرسوڕماوی نەبوو بۆ نوسەر، کاتێک بیانوی خێل و عەشیرەتگەری بەھێزتر ببینێت لە ژن.

دیالۆگ و کورتبڕگ

ڕاستگۆیی پنتی یادداشتە، ڕووداوەکانی تەواو ڕیالیستین، ئەڵبەتە دەشێت بە دیالۆگەوە بێت، بە فۆڕمی خۆی نەوەک دوو دێڕ حیوار، دواتر لایەنێکیان ئەشەدوبیلای بۆبکا، وەکوو دەوروبەری فاتی بۆ فاتێ، فاتێ بۆ نوسەر، دواجار ھەمووان لە ئەزموونی نوسەر دەڕوانن.
دیالۆگ دەگەڕێتەوە بۆ ساتی دروستبوونی زمان، زمانی ھێما، مرۆڤ لەو ڕێگەیەوە، مەبەستەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد، دیالۆگ لەمڕۆدا، جیاوازە. کاتێک ناسینەوەی حەقیقەت، مانایەکی ڕێژەییانەی ھەیە، پارچە پارچە پێکھاتووە، بۆ ھەر پارچەیەکیش ھاڕمۆنیای تایبەتی خۆی و پچڕانی ماناداری خۆی ھەیە، وە بۆ ھەر ناسینەوەیەک ناکرێت پێڕۆیەکی دیاریکراو پەسەند بکرێت، بەتایبەت دیالۆگ بە چڕی و قوڵی بئاخڤێت، زمان بۆ ئەم مەبەستە چەندین پاڕادۆکسی حەقیقی دەخاتە بەرباس، ئەڵبەتە زمانی نوسین مەبەستمانە، چوون دیالۆگ تەنیا ڕەوانبێژی و پەیڤینی نێوان دووکەس نیە، بەڵکو پەیوەندیەکی زیھنیە، کاتێک تۆ دەنوسیت، لە لای پێشەوە پشت بە زیھن دەبەستیت، ھەروا بەر لەوەی دیالۆگ تەنیا گۆواندن بێت، دەشێت بیرکردنەوەش بێت، سەرباری ئەوەی دیالۆگ شەپۆلێکە لە ڕیالیزم.

کاتێک تێز و ئانتیتێز یەک دەگرن سەنتێزێک دەبێتە بەرھەمی ئەو دیالۆگە، لەم دیالێکتیکەدا ئانتیتێز، تێز لە نێو نابات، بەڵکو ئەم دوانە یەکتری تەواو دەکەن و سەنتەرێکی نوێ پێک دێنن، دیالۆگی فاتێ یا من-ی نوسەر، لەسەرەتای ھەر گفتوگۆیەک بەر لەوەی خوێنەر پێ بنێتە دێڕی دووەم و سێیەم، لە گفتوگۆکان، خەڵک یا کۆمەڵگا، بێدەنگ دەبێت و ملکەچ دەبن، نەک لەبەر ئەوەی فاتێ یا منی نووسەر لەسەر حەقن، بەڵکو ئەوان یاخین و دەبێت ملکەچیان بن، چوون فاتێ دەنگێکی ڕادیکاڵانەیە لەم نێوانەدا، نەخێر واتا ڕەتکردنەوەی ھەموو شتێک. ئەم بێدەنگ بوونەی قەڵای ھەولێر بۆ ئاین-مەلا، ڕیالیستانە نیە، سەرباری ئەوەش فاتێ کاتێک دێتە گۆ، حیکمەتی پەیامەکە ڕووندەبێتەوە، خەڵکەکە ئەشەھەد و بیلای بۆ دەکەن، یانژی موڕ دەبنەوە لێی، فاتێ دەیەوێت بڵێت ئاخر و سەرەتای حیکمەت ھەرخۆمم، ئەوە خەسڵەتێکی واعیزە، ساتێک دەدوێت، بەو باوەڕەوە دەدوێت، حیکمەت لای ئەو لە پەنھانی بە دیار دەکەوێت، چ بنەمایەکی فکری تێدا درێژنابێتەوە، خاڵێکی بۆ دادەنێت، چەشنی گوتاری مەلاکان، بە لێبڕانەوەیەک دەدوێن، ھیچ قابیلی گومان نابن و فاتێش وەک باسدەکرێ یاخیە!

گفتوگۆکانی گۆشەگیری، خود بەرامبەر بەخۆی یا بۆ خۆی، یانژی وەک سۆفیستەکان بەرامبەر بەخوا، دیالۆگ نیە، چوون ھەر قسەکەر ھەیە، لایەنی دووەم کە خودایە، وەڵامێکی نیە، بۆیە ئەم فۆڕمە دەبێتە مۆنۆلۆگ-تاکبێژانە.
وەڵێ باسی ئێمە دیالۆگەکانی فاتێیە لەگەل خەڵک و واعیزەکان، نەفەسی دیالۆگ لەم کتێبەدا زۆر کورتە، ئەوەی پێویستە چڕ بێت، چڕ نیە، وە بۆ کورتبڕیش بە پێچەوانەوە، دیالۆگ کۆتایی دێت کاتێ فاتێ قسان دەکا، کاتێکیش نوسەر قسان دەکا دیالۆگی فاتێ کۆتایی دێت، سەیری کۆتا دێڕی« ڕۆژی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەفتەم….»ناکرێت سەرجەم ڕۆژەکان بنوسم، تەنانەت بە ژمارەش چەندین دێڕی دەوێ جا چبگا بەوەی تێکستەکان نەقڵ بکەین، بۆ بەرچاو ڕوونی چاو لێکەن لەو دێڕەی ڕۆژی سێیەم فاتێ ئێژێت:-« بۆ وەختی گوتنی نەخێر دەبڕۆن سیاسەت فێر بن سیاسەت»، دواتر نوسراوە« واعیز دۆش داما و بازاڕی نەما و ڕزقی بڕا»، ئەم بێدەنگ بوونەی واعیز، جگە لە وەعزدانی فاتێ، کە ھەمان سیفەتی ئامۆژگاری پاتە دەکاتەوە، خاڵ دانان بۆ ئاوا کۆتایەک نەک ھەر ڕیالیستانە نیە، بەڵکو دوورە لە خەسڵەتی دیالۆگ، ڕوونە کە دیالۆگ جۆرێک لە سازشە، نەوەک ھەڵوەستەیەکی ڕادیکاڵی، کاتێک تۆ لە مەجلیسێکدایت و قسەکانی کۆتا دەبێت ھەر ئەتۆ بیگۆوێنیت!

فاتێ فەرمانگێڕی نوسەرە، زۆربەی کات بێدەنگە تاوەکوو نوسەر مەیدانی بۆ ئاواڵە دەکا، ڕۆژی پێنجەم بە دێڕی «خودایان شکاند»- ھەرچەند ئەم دێڕە کۆلاژەی تێزی نیچەیە-، لەوێدا کاتێک وەعز و نوسەر و فاتێ دەکەونە دەمەتەقێ، نوسەر ئێژێتە «فاتێ مەیدانی تووە، وەرامت چیە؟»، کیژە دێتە وەڵام دوای ڕێدانی نوسەر. فاتێ خوێندکاری تاقیکردنەوەکانی نوسەرە، ئەوە ئاساییە بۆ نوسەر، چی بە کاراکتەرە خەیاڵیەکانی بکات- کاتێک تێکستەکەی بەلای فەنتازیاوە یەکلایی کردۆتەوە، با ئەوەش بخەینە ئەولاوە، ئەو تێکستە ناونراوە یادداشت، کە تیایدا یادداشت بە نزیکترین مانای ئاوێنەی واقعە بە پێنووسی نوسەر- ئەگەر فاتێ و نوسەر ھەر دەم براوە بن، ئەو کێشەیەی نوسینی ئۆتۆبایۆگرافیا دێنێتە پێش، نوسەر ھەمیشە سەرکەوتنەکانی دەنوسێتەوە!

خاڵێکی تر ئیزدواجیەی فاتێیە، لە ھەمبەر ئەقڵ و مەستی، لە ڕۆژی بیستەم، چۆڵی نوسەر، فاتێ لە بازاڕی کۆنەفرۆشی دەبینێت، پرسیاری چ کارەی لێدەکا لەو شوێنە، فاتێ وەڵامی دەداتەوە« ھاتووم عەقڵ بفرۆشم، مەدھۆشی پێ بکڕمەوە»، کەچی لە کۆتا دێڕەکانی ڕۆژی سی و چوارەم، فاتێ دەڵێت:-
«خوایە ئەقڵمان بدەیتێ، پێوەی بەڕێوە بچین». ئەو بینە و بەردەیەی ئەقڵ ڕەنگە وا شیکار بکرێ، ماندوویی فاتێیە، لە ھەمبەر کۆمەڵگا، وەلێ ئێمە بە پێچەوانە دەیبینین، کاتێک قسەی کۆتایی فاتێ- ئەڵبەتە قسەی فاتێ زادەی ئەقڵیەتی- ھەردەم کۆمەڵگا بە چۆک دابدا، کەوایە بێ ئەوەی ڕووداوێکی ماندووکەر یا تاقەتپڕوکێن یەقەی فاتێی گرتبی، لە ھیکڕا ناشێت فاتێ ئەقڵی بفرۆشێت، نوسەر ڕەنگە لە تۆماری ئەو ڕۆژە گومانی بۆ ئەقڵ ھەبێت و دوای ترپەی دڵ کەوتبێت، ئەوە ئاساییە کاتێک سۆفیەک لەم ڕووەوە دەدوێت، وەلێ لۆژیکی نابێت، بیەوێت دڵ بکاتە سیمبوڵی یاخیبوون دژ بەنەریتی دۆگما خێلەکیانە، چوون سۆز ھەردەم خێلگەری و فیودالی بە سیستەماتیک کردووە، جا کاتێک بیەوێت تەنیا سۆز بکا بە مەتەڕێز و ئەقڵیش دۆڕاو!

نەفەسی گوتار

فاتێ خاسیەتی گوتاری واعیزەیی تێدا زاڵترە، لەو زمانە ئەدەبیەی نوسەر ویستویەتی بیچەمێنێتەوە بۆ ھونەری گێڕانەوە، لەوێ زمان ناوچەیی دێتەگۆ، زمانی ئەدەبی ناکۆکە لە زمانی گشت، خەڵک بەکاری دێنین. ئاخۆ تەنێ بە ئەدەبی بوونی زمان کافیە تاوەکوو وەک پێکارێک ئەستۆی ژانرێک لە سنوری ئەدەبدا بھێلێتەوە؟ گەر بابەتیانە دەربکەوێت، تەنیا پێکارێک بەس نیە بۆ شوناسی یادداشت، یادداشت ڕۆنانی دنیایەکی نوێ نیە، بەڵکو وەکوو ئاوێنەیەک گێتی نوسەر، یا ئەویدی لە دیدی نوسەر پەخش دەکا دەبێتە نمونەی ڕووخساری ژیان بەو فۆڕمەی کە ھەیە، واتا ئەوەی دیار و ڕیالیستانەیە، دەشێت نھێنی نووسینی یادداشت، ئارەزووی خەڵک بێت بۆ خوێندنەوەی پەراوێزی ئەوانیدی، لەو سۆنگەیەوە یادداشتی کەسێک جێگەی بایەخە، چاوی لەسەر بێت، تیایدا دانەر نایەت نوسینێکی ووشک و تامی گوتار بخا بە بەرگی وێستگەکانی ژیانی، وەلێ ھەوڵدەدا ھونەریانە بدوێت و دووری بخاتەوە لە نوسینی دەقا و دەق، گەر ھونەریانەش بنوسرێت ناکرێت یاداشت فەنتاسی بێت، بە حکومی ئەوەی نوسەر بە ھەژموونی یا نوستالجیای ڕابردووی وێستگەی ژیانی یادداشت دەکات. نوسەر بەڕادەی گرنگی خودی نوسینەکە، خوێنەری لاگرنگە، بەر لەوەی خوێنەر نوسەر بخوێنێتەوە، نوسەر خوێنەری خوێندۆتەوە.

گوتار مەیدانی توێژینەوەیە، دەشێت ھەموو تێکستێک گوتارێکی لە خۆیدا ھەڵگرتبێت، بەتایبەت بۆ ئەو پەیوەندیەی لەنێوان زمان و ھزر ھەیە، بە دەربڕی کاراکتەرێک کە شوناسێکی ئەدەبی ھەیە، کەم تا زۆر ھەست بە نەفەسی گوتار دەکەین، تێکست بۆ ئەوەی ببێت بە گوتار کەمترین وێنە وەسف دەکات، وەلێ گوتاری گێرانەوە، کەمترین دێڕ بە پێی پێویست خاڵی بۆ دادەنرێت، حەتمەن جوایەزیان ڕێژەیە، ناشێت گێڕانەوە گوتارێکی پەتی بێت و گوتاریش گێڕانەوەیەکی پەتی بێت.

نووسەر لەیەکەم ڕۆژەوە دەست دەکا بە گوتار دان چ بەخۆی یانژی بە نوێنەرایەتی فاتێ و لەم ڕۆژانەشدا ھەمان نەفەس بەدیدەکرێت، ڕۆژی دووەم و چوارەم و حەڤدەھەم و بیست و یەکەم و سیوپێنجەم و سی و حەفتەم، سیونۆ و چل و چلویەک و چلودوو و چلوسێ و چل و پێنجاو چوارەم…”، تەنانەت بڕێک جار دەست و قاچی دەخاتە نێو توێژینەوە، بە ھێنانی نمونەی ژمارەی لاپەڕەی کتێبەکان و ناونیشان و نوسەرەکانیان، تەنانەت لێکدانەوەی نوسەر خۆی بۆ دەقەکان، ئەوە ڕۆمان نیە، ئەوەی ناونراوە یادداشتە، یادداشتی ژیاننامەیش نیە!
ئەم کتێبە لە ھەندێک جێگەدا، یادداشتەڕۆمانە، لە ھەندێک جێگەدا نوسینێکی سادەی بایۆگرافیای ڕۆژانەیە، جگە لەخاسیەتی ووتار، لەھەندێ جێگەیدیدا نەفەسی گێڕانەوەی چیڕۆکی ھەیە- تەنێ یەک ڕۆژ- چوون ھەموو باسەکان بە نەفەسی گێڕانەوە لە ھەمان ڕۆژدا زەمەن و ڕووداو، کۆتاییان دێت.
وەکوو یاپراغ ھەموو کەرستەیەکی کردووە بە بەشێک لە چێشتەکە، زمانێکی سادەی ناوچەیی کردۆتە سەرشار و فرۆشتیتیەوە بە ئەدەب، چەشنی نەفەسی بازاڕگەری، مامەڵەی کردووە لەگەڵ خوێنەر دا.

———————————————-

سەرچاوەکان
*تیۆری ئەدەب، تێری ئیگڵتن، و⁄ عەتا قەرەدەاغی، ناوەندی ئەندێشە، چاپی یەکەم ٢٠١٦
*فاتێ ئێوارانم بنوسەوە کیژەی مرۆ دۆست، چۆلی فایەق، ناوەندی ڕۆشەنبیری ئەندێشە، ٢٠١٨ چاپی یەکەم
*ھونەری ژیاننامە، سەنگەر زراری، ناوەندی تەفسیر، چاپی یەکەم ٢٠١٩
*ئەدەبیات و تەنیایی، کۆمەڵە وتار، و⁄ ساماڵ ئەحمەدی، ناوەندی موکریان،چاپی،یەکەم ٢٠١٤
*ئالان ڕۆب گرێ، ٢٠٠٨، ئالان ڕۆب گرێ و کەسانی تر، ٢٠٠٨، ڕۆمان و واقیع، و: سەڵاح عومەر، دەزگای سەردەم، سلێمانی.

  • سامی ھادی، پێشەکیەک بۆ یادداشتی دارستانی وون بووی ڕافائیل ئەلبێرتی، وەرگێڕانی بورھان عەتار لە بڵاوکردنەوەی ناوەندی غەزەلنوس.
  • جەنگ ھیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نیە، سڤێتلانا ئەلیکسیڤیچ، و⁄ ھیوا قادر، دەزگای سەردەم.



مەلا شەهوەتبازەکان و مۆراڵی گشتی … گۆران هەڵەبجەیی

لە دوای ڕاپەڕینەوە وە بەهۆی خەمساردی دەسەڵاتی کوردیەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ ڕەوت و کەسە ئیسلامیە توندڕەوەکان ڕەخسا. بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی ژمارەیەک مزگەوت و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تا ڕادەیەک شەقامیشیان کەوتە دەست. هەر یەک لەو مەلاو ڕەوتانە مێشکی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی کوردیان شووشتەوە و بۆ بەگژاچوونی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنان. ئەو مەلاو بانگخوازانە بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکان و لە سۆشیال میدیکانەوە ،هەروەها لە هەر شوێنێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت هێرشیان کردوەتە سەر مۆراڵی گشتی بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە ئەقڵیەت و لێکدانەوەی خۆیان و هەندێک جاریش پشتبەستن بە هەندێک دەقی قورئان، پێناسەی مۆرالیان کردوە. بەجۆرێک لە دەرەوەی ئیمانداری هیچ پانتاییەک نەماوە مرۆڤەکان خۆیانی تیدا نمایش بکەن و هەناسەیەکی ئازادی تێدا هەڵمژن.
ئەمانە خۆیان کردوەتە وەکیلی خوا لەسەر زەمین، وانیشان دەدەن کە کۆی چەمکەکانی ئەخلاق تەنها لای ئەوانە و لەدەرەوەی ئەمان هەموو بزاوتێک جیگەی گومانەو بەشێکە لە بێ ئەخلاقی .هەر بۆیەش کەسێک بیەوێت مۆراڵداربێت و بەشێکی بەر بکەوێت گەرەکە ئەوان پێێ ببەخشن.
هەر شتێک کە مایەی جوانی و خۆشەویستی و کیف و ڕابواردن بێت ، یاخود کارێک هزری مرۆڤەکان دەوڵەمەند بکات و مەودای دنیابینیان فراوان بکات یا هەر بزاوتێک کاری بەهرەمەندی تێدا بەدی بکرێت ، یاخود چالاکی خانمان و دەرکەوتنیان ،کاری ڕووناکبیران ، هونەرمەندان ، چەپ و ئازادیخوازان ، پەێڕەوەکەرانی ئاین و ئاینزاکانی دیکە ، گۆرانی گووتن، هەڵپەڕکێ، سەیران ،گوێگرتن لە موزیک ، پۆشینی جلی جوان، بۆن لەخۆدان و میکیاج. مەشروب خواردنەوە وینەگرتن سەردانی سینەماو پێشەنگا ، ناونانی منداڵ بەناوی کوردی و زۆر شتی دیکەش ،هەموو ئەمانە دەچنە لیستی حەرامەکانەوە و لەلایەن ئەو جۆرە مەلا و بانگخوازانە دژایەتی دەکرێن و بە پێی شەرع و بەناوی خوداوە حەرامی دەکەن .

سەیر لەوەایە ئەم مەلا تووندڕەوانە لەبری پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی و چاندنی نەمامی ئاشتی و تۆلەڕانس ، بە ناشیرینترین و ناشاستانیترین ڕیگە پەیامەکانیان دەیگەیەنن ،ئەویش لەڕێگەی زمانی زبر، هەڕەشە، تەکفیر، جنێو ، سوکایەتی و درۆ و بوختانەوە دەیگەیەنن.
ئەمانە لەبەرچاوی میدیا و خەڵکی ئیماندار و گەنجە هەڵخڵەتاواکانی ژێر دەستیان ، وا خۆیان نمایش دەکەن بەوەفاترین {بۆ هاوسەرەکانیان} ، خاوێنترین ، بە ڕەوشتترین ،هێمنترین ،بەئیمانترین مەخلوقی سەرزەمینن، وەلێ لە ڕاستیدا وا نیە، زۆرێک لەم مەلاو بانگخوازنە لە بێڕەوشتیدا وێنەیان نیە ، جا کیشەکە لەوەایە بڕێک لەم بەدڕەوشتیەیان شاراوەیە و هەوڵیش دەدەن بە نهێنی بمێنتەوە . مەگەر تەنها ئەو کاتانە دەربکەون کە فەزاحەتێکیان ئاشکرا دەبێت.
تا ئێستا دوو لەمانە لە قافدا گیروان و ڕسوابوون ، یەکێکیان عەبدول لەتیف سەلەفیە کە زۆربەمان گوێداری تەلەفۆنە غەرامیەکانی بووین لەگەڵ {چاوانی} خاوەن مێرددا کە ئەم لەتیف سەلەفیە لە هاوسەرەکەی خۆی هەڵگەڕانەوە و بەخێرای لەخۆی مارەکرد . تەنانەت ڕێزی لە شەرع و یاسای ئاینەکەیشی نەگرت، [سەبارەت بە ماوەی تەڵاقدان و سەرلەنوێ مارەکردنەوە لە کەسێکی تر،کە پیم وابێت دوو مانگە].
دووەمیان مەلا هەڵۆ یە کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا گوێمان لە قسە عەشقبازیەکانی بوو لەگەڵ خانمێکدا. ئەم مەلا هەڵۆیە بەردەوام ئامۆژاگاری خەڵکی دەکرد تا دووربکەونەوە لە خۆشیەکانی ژیان ،چونکە حەرامن . هەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو خانمێک کە تەنها گۆرانی گووتووە و کەسانێکیش لە گەڵیدا هەڵپەڕیون ،بێ ڕەوشتی کردن، یا لە شوێنێکی تردا دەڵێت ،ئەو خانمانەی بۆن لەخۆیان دەدەن فاسد و دۆزەخین .
لە ڕێگەی ئەو تەلەفۆنەوە دەمامکەکەی مەلا هەڵۆ کەوت وە دەرکەوت کە کەسێکی ناپاکە بەرامبەر بە هاوسەرەکەی و لە ژێرەوە خیانەتی لێ کردوە و کەوتووەتە داوی عەشقەوە. ئەو وشانەی مەلا هەڵۆ بەرامبەر بە عاشقەکەی بەکاری دەهێنان ،هێندە بازاڕین هێندە ئاست نزمن ، مەگەر تەنها لە فەرهەنگی ئەودا بوونیان هەبێت.
سەیر لەوەدایە هەر دوو مەلا، پێشتر باسی ناشەرعیەت و حەرامی خۆشەویستی دەکەن لە نیوان کچ و کوڕدا ،تەنها ئەو خۆشەویستیە بەشەرعی و پاک دەزانن کە بۆ خوایە. کەچی خۆیان لە دەبڕینی خۆشەویستیاندا بۆ عاشقەکانیان هەر یەکەیان دەڵێت، {هیچ خۆشەویستیەک لە دڵمدا نەماوە نیە و هەموو شتیکم لە بیر جووەتەوە تەنها خۆشەیوستی تۆ نەبێت } .ئەوانەی کە خیانەت لە هاوسەرەکانیان دەکەن ،هەر یەکەیان گەر چوار یا سێ ژنی نەبیت ئەوە دوانی هەیە ، کەچی هەر تێرنابن و لە شەهوەتبازی دەگەڕێن.
تا ئێستا تەڵەکە تەنها ئەم دوانەی پێوە بووە ،بێگومانم کە هی تریش هەن هەمان کاریان کردوە ، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەبوون .با چاوەڕێ بین بزانین فیلمی داهاتوو دەربارەی چ بانگخوازێکی تووندڕەو نمایش دەکرێت.
جێگەی خۆیەتی پرسیاریک ئاراستەی شوینکەوتوانی ئەم مەلا شەهوەتبازانە بکەم ،ئایا شەرم ناتانگرێت کە دەبینن ئەو کەسەی کە لە دیدی تۆدا نمونەی ئەخلاق و ئیمانداری و زانایی و پیاوچاکی بووە و بەسەرسامیەوە گوێت بۆ وتار و قسەکانی گرتوە و لەوانەشە هەندیک جار بە کاریگەری قسەکانی گریابیت ،ئایا ئێستا تووشی حەپەسان نابیت کە دەبینیت نمونە جوانەکەت کەوتووەتە زەلکاوی خیانەتی زەوجی و بەدرەوشتیەوە؟ تاکەی ئێوە ڕیگە بە خۆتان دەدەن ئەم جۆرە مرۆڤە بێ ڕەوشتانە بە ناوی ئاینەوە گەمە بەهەست و سۆزو ئەقڵتان بکەن و وەک منداڵ بتان گریەنن ،کەچی خۆیان تەواو خاڵین لە ئەخلاق؟
ئەم جۆرە مەلاو سومبوڵە ئیسلامیانە کە سەرچاوەی تووندووتیژی و بڵاوکردنەوەی ڕوق و کینەنن و دژی کایە جوانەکانی ژیانن ، گەرەکە هەمیشە زوومیان بخرێتە سەر و ڕسوابکرێن و چیتر ڕێگەیان پێنەدەن وانەی ئەخلاق بەخەڵک بڵێنەوە لە کاتیکدا کە خۆیان نیانە.




ئایا به‌ختیار عه‌لی شاعیره‌؟! … مه‌حموود عه‌بدوڵڵا

له‌ ژێر رۆشنایی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌ شیعریی (تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە)‌


به‌ختیار عه‌لی له‌م کتێبه‌ی دواییدا(ناشوێن) وێڕای وه‌رگرتنی بیرۆکه‌ی بابه‌ته‌که له‌ سه‌رچاوه‌ی تره‌وه‌، باسی شیعریش ئه‌ترنجێته‌ ناو بابه‌تگه‌لێکی ئاوهاوه‌، به‌ڵکو تیایدا ره‌خنه‌گر به‌ پۆلیس ده‌شوبهێنێت، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی رای له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نه‌بێت ئاماژه‌ی سته‌مکارو نه‌یاریان پێده‌کات.
به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ی کورد هێشتا وه‌کو میلله‌ت زۆر له‌ قۆناغێکی ناکامڵی فره‌لایه‌نیداین، هه‌روه‌ك چۆن که‌سه‌ به‌ناو سیاسییه‌کانمان ناکامڵ و ناشاره‌زان، هه‌رواش زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌کانمان خاوه‌نی دیدو تێڕوانین و سه‌لیقه‌ی به‌رزی هونه‌ری خۆیان نین، بۆیه‌ ده‌بینین ده‌که‌ونه‌ شوێن شه‌پۆلی زۆرینه‌وه‌و به‌ هزری ئه‌وان لێکده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌پێون و بڕیار ده‌ده‌ن، من نامه‌وێت بکه‌ومه‌ ناو باسی لاوه‌ییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی لای من گرنگه‌ له‌ رووی شیعرییه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م ناونیشانه‌ بده‌مه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ژێر رۆشنایی خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌ شیعریی به‌ختیار عه‌لی به‌ ناوی (تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە)
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بڵێم: ناكامڵبوونی گه‌شه‌ی تێگه‌‌شتن و ئه‌زموونه‌ زیهنیه‌کانی ‌تاکه‌کان که‌ به‌ره‌نجایش تیشك ده‌داته‌وه ‌به‌سه‌ر ئاستی کۆی کۆمەڵگادا هۆیه‌کی کایگه‌ره ‌له ‌مۆرکدارنه‌بوونی ره‌وتی شیعری کوردی هاوچه‌رخ به‌سیماگه‌لێکی ئیجابی و جیا، به‌جۆرێکی وا له‌نێو شیعری هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاکانی جیهاندا نوماینده‌یه‌ك بێت جێی ئاماژه‌پێکردن بێت و پێی بناسرێته‌وه‌.
ده‌‌بێت هۆی چی بێت تاکی ئێمه ‌زیاتر ده‌چێته‌ ژێر کاریگه‌ریی خوێندنه‌وه‌و راکانی که‌سی تر؟ چاولێکه‌ریی شێوازی ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی که‌سانی تر شێوازی شیعر ‌و نووسینیشمان دیاریده‌کات! هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ی که ‌ده‌یڵێـم ڕێژه‌ی زۆرینه‌یه‌و له‌هه‌مان کاتیشدا ڕێژه‌یه‌کی که‌م هه‌ن له‌شاعیرو رۆشنبیران که ‌ئه‌م وته‌یه‌ نایانگرێته‌وه‌و خاوه‌نی دنیابینی و پێوه‌ری خۆیانن و به‌رهه‌مه‌کانی‌شیان دیار ه‌جیایه ‌له ‌ره‌وته‌ گشتیه‌که‌ی شیعری زۆرینه‌.
ره‌نگه‌ یه‌کێك له هۆکاری ‌دروستبوون و ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌م شێوازه‌ باوه ‌گشتیه‌ی شیعری ئه‌مڕۆ و ره‌واج پێدانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی که‌سانی پسپۆڕو شاره‌زا له‌هه‌موو ئه‌و که‌ناڵانه‌ی شیعری تێدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌شێکیان توانای ناسینه‌وه‌ی ده‌قی سه‌رکه‌وتوو و ره‌سه‌نیان نییه‌و به‌شێکی تریشیان ده‌که‌ونه ‌ژێر کاریگه‌ریی ناوبانگ و ناسیاوییه‌وه‌، له‌به‌رانبه‌ریشدا نه‌بوونی ره‌خنه‌ی کارامه‌و ئه‌کتیڤ و ئه‌کادیمی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌کان به‌پێوه‌ره ‌ستانداره‌ جیهانیه‌کان هۆیه‌کی تره‌.
ره‌نگه ‌هۆی ئه‌مه‌ش بێت جیاکاری شیعری ئه‌مڕۆ به ‌به‌راورد به‌شیعری کلاسیکی به‌ڕوونی ببینین، ئه‌وان زۆر له‌شێوازه‌که‌ی خۆیاندا به‌ڕه‌نده ‌و له‌پێش بوون، که‌سی دانشمه‌ندو پێگه‌شتوو بوون، له‌هه‌مان کاتیشدا زمانی بیانی ناوچه‌که‌یان ده‌زانی و لانی که‌م شاره‌زای شیعری فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی بوون، ئه‌وان که‌پڕ ده‌بوون مه‌عریفه‌ت و داهێنان و ره‌وانبێژی له‌شیعره‌کانیان داده‌چۆڕا، که‌ده‌ڵێین داهێنان به‌مانای نوێ و جیاواز، به‌ڵام له‌م نه‌وه‌یه‌دا هه‌یه ‌له‌بێزاریدا ‌ده‌چێته‌ سه‌ر کاغه‌زو به‌قه‌ڵه‌م ده‌ڵێت ده‌ی بنووسه‌! بێ ئه‌وه‌ی بونیاتێکی ته‌واوی شیعریی له‌زیهن و گیانیدا پێشتر هیچ بوونێکی هه‌بووبێت، هه‌ر له‌بابه‌ته‌وه ‌تا ئامرازو زمان و وێنه‌و سه‌بك و ئایدیاو پاشان چه‌ندان جار پێداچوونه‌وه‌ی و زۆرجاریش فڕێدانی!
ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن له‌م زه‌مه‌نه‌دا هه‌موویان شاعیرن هێنده‌ی ئه‌و مانایه‌ی له‌شیعر تێگه‌شتوون، چونکه‌ مه‌دلولی شیعر زۆر به‌ربڵاو و فراوانه ، ‌هه‌ر له‌و پێناسه ‌ته‌قلیدیه‌ی ده‌ڵێت : هه‌موو وته‌یه‌کی کێش و سه‌روادار شیعره، ‌تا ده‌گاته ‌شیعری سۆزداریی و ویژدانی و یان هی زۆر پرۆفیشناڵ و مۆدێرن و قوتابخانه‌ شیعرییه‌ مۆدێرنه‌کان… زۆربه‌ی زۆرینه‌ وا تێده‌گات خودی خۆی سه‌نته‌ری سه‌ره‌کی ده‌قه‌که‌یه‌و ره‌نگه ‌چه‌ند دیمه‌نێکی تراژیدی یه‌ك له‌دوای یه‌ك راسته‌وخۆ له‌ واقیع کۆبکرێته‌وه‌و هه‌ستی خوێنه‌ری پێ بهێنرێته‌حه‌سره‌ت و گریان و ناوی لێبنرێت شیعر، ئه‌مه ‌راسته‌و ئه‌وه‌ش راسته‌که‌شاعیرێك خۆی ماندوو بکات و هه‌وڵ بدات داهێنان بکات به‌و مانایه‌ی ستایڵ و بابه‌ت و بونیات و که‌ره‌سه‌کان مۆرکی خودی دووباره‌نه‌بووه‌وه‌ی پێوه‌دیار بێت و سوودی له‌ئه‌زموون و مه‌عریفه‌ت و ماندووبوونی خۆی بینیبێت تا ده‌قێکی کراوه‌و فره‌ره‌هه‌ند بهێنێته‌گۆڕێ و گرنگ نه‌بێت کورت بێت یان درێژ، له‌وێدا نه‌فه‌سی سروشتی شیعره‌که‌ته‌واو ده‌بێت ئه‌ویش ده‌ست هه‌ڵبگرێت و خۆی له‌درێژ دادڕی به‌دوور بگرێت تا خوێنه‌ری ماندوو و بێزار نه‌کات.
من کاتێك بیرم له‌نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌کرده‌وه‌هیچ پێوه‌رێکی ده‌ره‌کیم نه‌کرد به‌سه‌نگی مه‌حه‌کی باس کردن و نموونه‌هێنانه‌وه‌کان، چونکه‌ جگه ‌له‌خودی تێکسته ‌شیعریه‌کان ئیشمان به‌باری که‌سێتی شاعیره‌که ‌نییه‌، پێویستیش ناکات له‌و په‌راویزانه‌دا خۆمان ماندوو بکه‌ین، بۆ نموونه‌ئێستا که‌ده‌قێکی شه‌کسپیر ده‌خوێنینه‌وه‌، وه‌ك هه‌موو خوینه‌رێکی ئه‌م زه‌مانه‌شه‌که‌سپرمان نه‌بینیوه‌و نه‌ناسیوه‌، نازانین بۆ نموونه‌حه‌زی له‌چ جۆره‌خواردن و پۆشاکێك بووه‌، باری بیروبۆچوونی رامیاریی چۆن بووه‌، چ جۆر شه‌رابێکی خواردووه‌ته‌وه‌، یان حه‌زی له‌چ جۆر مۆسیقایه‌ك بووه‌، ئایا وشه‌ی کوردی بیستبوو، ئه‌ی رای له‌و باره‌وه‌چی بوو گه‌ر بیستبێتی…. تاد.. ئه‌مانه ‌هه‌مووی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدان و کارمان پێیان نییه، نه‌وه‌کو ئه‌کادیمیی بوون و مه‌وزوعییه‌ت و بێلایه‌نیمان لێ بسه‌نێته‌وه‌، یان وه‌ك هه‌ندێك به‌هۆی هه‌ڵوێستی حیزبی و سیاسیه‌وه ‌خۆشمان بووێت و دنیای راسته‌قینه‌ی خودی شیعره‌کان نه‌بینین، یان شاعیرێکمان خۆش بوووێت که‌ باسی (شیرینی عه‌له‌م هولی) بکات و رقمان له‌شاعیرێك بێت که‌باس له‌خواردنه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی ئه‌ناناس ده‌کات و به‌بورژواز تێی بگه‌ین!.. مردنی نووسه‌ر یان مردنی شاعیر..که‌ زۆر زاراوه‌یه‌کی گونجاوه‌ و ‌دوای لێبوونه‌وه ‌له‌به‌رهه‌مهێنانی ده‌قدا ناوزه‌د کراوه‌، تا وامان لێ بکات ته‌نیا بابه‌تیانه ‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خودی ده‌قه‌کاندا بکه‌ین، نه‌ك فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کی و نا په‌یوه‌ندیداره‌کان، که‌زۆر جاریش بۆ ئه‌و چینه‌ی به‌دڵ بیر ده‌که‌نه‌وه‌نه‌ك به‌هزر ده‌بێته‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌تر و زیاتر دووریان ده‌خاته‌وه‌له‌بڕیاردانی ته‌ندروست.

به‌چاوخشاندنێکی ورد به‌تانوپۆی شیعری ئه‌مڕۆی کوردیدا ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌کی گشتی چه‌ند خه‌سڵه‌ت و سیفاتێکی دیار ئاماژه‌پێ بده‌ین که‌وامان لێ ده‌کات له‌ئاکامدا بڵێین هه‌موو ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌له‌ره‌سه‌نایه‌تی و عه‌یاره‌ی ئه‌و ده‌قانه‌که‌م ده‌که‌نه‌وه‌و وامان لێ ده‌کات بڵێین هێشتا ماومانه‌بڕیاری کۆتایی بده‌ین به‌چی و له‌کوێدا نوێنه‌رایه‌تی شیعریی کوردی هاوچه‌رخ بکه‌ین له‌مه‌یدانی شیعری جیهانیدا.

1- بونیاتی درێژبوونه‌وه‌ی ئاسۆیی نه‌ك ستوونی:
وه‌ك ئاشکرایه‌ هه‌میشه ‌گه‌شه‌و بونیاتی سروشتی ره‌گه‌زو توخمه‌کانی ژیان ستوونی و شاوڵین نه‌ك ئاسۆیی، ئه‌مه‌ش مانای به‌خشینی ژیانه ‌به‌شته‌کان، بۆ نموونه ‌گه‌ر ته‌ماشای دره‌خت بکه‌ین ده‌بینین له‌ره‌گه‌وه ‌بۆ قه‌د ستوونی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و پاشان لقوپۆپه‌کان دێن، که‌ئاسۆیی ته‌شه‌نه‌ده‌که‌ن، جا گه‌ر لقه‌کان ببڕینه‌وه ‌ئه‌و دره‌خته‌ له‌ژیان ناکه‌وێت، به‌ڵکو گه‌ر قه‌ده‌که ‌ببڕینه‌وه ‌ئه‌نجا له‌ژیان ده‌که‌وێت.. که‌واته ‌بۆ به‌رچاو ڕوونی و پاراستنی یه‌کێتی بابه‌ت و درێژدانه‌دڕی ده‌بێت بزانین ئه‌و ده‌قانه‌ی ئاسۆیی گه‌شه‌ ده‌که‌ن زۆر له‌به‌هایان داده‌به‌زێت، چونکه‌جگه‌له‌ چه‌ند کۆپله‌یه‌کی سه‌ره‌تا ئیدی ئه‌وانی دی به‌(حه‌شو) دێنه‌ هه‌ژمارکردن.
نموونه‌یه‌ی یه‌که‌م شیعرێکی‌ دوورو درێژه و 30 سی ‌لاپه‌ڕه‌یه، ‌به‌ڵام هه‌موو کۆپله‌کان ئاسۆیی درێژ ده‌بنه‌وه‌و ته‌عبیر له‌موعاناته‌کانی خود ده‌که‌ن و ویژدان ده‌دوێنن، جارانێکیش زمان هێنده‌ ساده ‌ده‌بێته‌وه‌و هه‌ست به‌ته‌کنیك و هونه‌ر و گه‌مه‌ی ناو زمانی شیعر ناکرێت، گه‌ر هه‌ر کۆپله‌یه‌ك لا به‌رین هیچ له‌بابه‌ته‌که ‌ناگۆڕێت و بونیاتی ده‌قه‌که ‌تێك ناچێت، چونکه‌ئاسۆیی درێژ ده‌بنه‌وه‌، جا من بۆ نموونه ‌هه‌ر سه‌ره‌تای هه‌ندێك کۆپله‌م هێناوه‌ته‌وه‌:
ئه‌ی وڵاتم! ئه‌گه‌ر فێر ببومایه‌مار چۆن ده‌ڕوات وا ده‌ڕۆشتم..
کلیلی کڵۆڵیه‌کان به‌سه‌ر سنگمدا شؤڕ بووه‌ته‌وه‌
*
ئه‌ی وڵاتم .. له‌نابه‌ینی په‌نجه‌کانی تۆدا ، گه‌وره‌بووم
*
ئه‌ی وڵاتم من ئاواتی بێ سه‌روبه‌رم نییه‌
*
جار جار دێمه‌وه ‌لات ئه‌وه‌ چاره‌نووسمه‌
*
ئه‌ی نیشتمان، ئه‌ی بێ ڕه‌حم
ئه‌و په‌نجانه‌.. هه‌مان ئه‌و په‌نجانه‌یه‌
که‌له‌داڵانه‌ سارده‌کانا ده‌فته‌ری وه‌ڕزیم پێ ده‌گرت
*
تا له‌کۆتا کۆپله‌دا ئاوها ده‌ست پێ ده‌کات:
په‌نجه‌کانم پڕێتی له ‌وشه‌و مستیله‌و توڕه‌یی

که‌واته‌ئه‌م ده‌قه ‌له‌هه‌ر کۆپله‌یه‌که‌وه ‌ده‌ست به‌خوێندنه‌وه ‌بکه‌یت دروسته‌و کام کۆپله‌ش لا به‌ریت هه‌ر مه‌سه‌له‌که ‌گۆرانکاری ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت، چونکه ‌سه‌راپای قه‌سیده‌که ‌وه‌سفی ویژدانی موعاناته‌کانی زاته ‌له ‌وێنه‌ی ساده‌و جۆراوجۆری ژیانی رۆژانه‌دا.

2- زاڵ بوونی ده‌نگی ویژدان و گێڕانه‌وه‌ی خود:

یه‌کێکی تر له‌کێشه ‌به‌ربڵاوه‌کانی شیعری ئه‌مڕۆی کوردی که ‌له ‌ره‌ونه‌ق و به‌هاکانی که‌م ده‌کاته‌وه، ‌هه‌ر ئه‌وه‌نییه ‌ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌ك لایه‌ن و ره‌گه‌زو توخمی شیعری ده‌کرێت، به‌ڵکو ناتوانرێت به‌رگی خودو ئه‌زمون و موعاناته‌کانی جیبهێڵێت و ببێته‌خودێکی گشتی، یان له‌زاته‌وه ‌ببێته ‌بابه‌تیی، ئه‌مه‌ش له‌سیماکانی سه‌ره‌تایی قوتابخانه‌ی شیعری رۆمانتیکدا زاڵ و زه‌ق بوو، ره‌نگه ‌ته‌نیا خرۆشاندنی هه‌ست و ویژدانی خوێنه‌ر مه‌به‌ست بێت به‌جۆرێكی وا کوڕوزانه‌وه ‌بۆ له‌ده‌ستچووه‌کان ‌خوێنه‌ر بگرێنێت، یان ته‌نیا ڕیزکردنی وێنه‌ی دوای وێنه‌ی دووباره‌کراوه‌و به‌کاهاتوو به‌مه‌به‌ستی دانی به‌هایه‌کی ستاتیکی به‌ده‌قه‌که‌، به‌ده‌ر له‌سوودوه‌رگرتن و ره‌نگدانه‌وه‌ی کۆی توخم و ره‌گه‌زه‌ پێکهێنه‌ره‌کانی شیعر.

زۆر سادانه، ‌گه‌ر نموونه ‌له‌ده‌قه‌که‌ی پێشووه‌وه ‌بهێنینه‌وه‌ به ‌لێوردبوونه‌وه‌یه‌کی که‌م، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌و ده‌قه ‌پڕه ‌له‌نموونه‌ی ئه‌م دێڕانه‌:

کلیلی کڵۆڵیه‌کان به‌سه‌ر سنگمدا شؤڕ بووه‌ته‌وه‌

یان گه‌ر نموونه‌ی تر بهێنینه‌وه‌:

به‌و زگه ‌برسیه‌وه‌ سه‌یری.. كڵاو و جلکی جوانی ناو کۆگاکانم ده‌کرد
*
كڵاشەكەم دەخەمە ژێر سەرم و دەنووم
**
بڵێ: ئه‌م نێچیره ‌نامورادی منه‌
*
فرمێسکه‌کانمت بۆ ده‌نێرم
که‌هه‌ر دڵۆپێکی هه‌زار شکستی تیا نووسراوه‌
*
منداڵێك بووم له‌ڕووبارو ئه‌ستێره‌کان نه‌ده‌ترسام
به‌ڵام چه‌نده‌ خوێنڕێژه‌کان به‌گولله‌و شریخه‌ی تفه‌نگ
دڵه‌بچکۆله‌که‌میان راچڵه‌کاند

هه‌ر به‌داخه‌وه ‌پێویسته ‌ئاماژه ‌به‌وه ‌بکه‌م یه‌کێك له‌کارلێکه‌رییه ‌نه‌رێنییه‌کانی ئه‌م شێواز ه ‌ئه‌وه‌یه ‌وا له‌که‌سانێک ده‌کات که ‌تازه ‌به‌هره‌ی شیعره‌کانیان ده‌ته‌قێته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی جوان نووسینیان لێ ده‌کرێت له‌داهاتوو‌دا، که‌ئه‌وانیش راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ لاسایی ئه‌م شێوازه‌ باوه ‌بکه‌نه‌وه‌ که ‌له له‌لایه‌ن ‌زۆربه‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێ ده‌کرێت
زۆربه‌ی شیعره‌کان هاوشێوه‌ی یه‌کن له‌وه‌دا که‌ڕاناوی به‌کارهاتوو له‌و ده‌قانه‌دا من و تۆیه‌، منێکی ناهومێدو تۆیه‌کی دڵڕه‌ق، یان روونتر بڵێین خودی شاعیره‌ وشه‌کان له‌سه‌ر زاری ده‌درکێنرێت و تێکه‌ڵاوی ژیانی خودی ده‌کات و ئه‌و که‌سه‌ش که‌راناوی تۆی بۆ به‌کاردێت زۆر جار یاری بێ وه‌فایه‌، یان خوێنه‌ره‌، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌بکرێته‌وه ‌شاعیری داهێنه‌ر خۆی له ره‌مزه‌سواو و ‌بابه‌ته‌ مه‌ئلوفه‌کان ده‌دزێته‌وه‌و ده‌رباز ده‌کات، تا خوێنه‌ر بێزار نه‌بێت و زۆربه‌ی سیماکانی شیعری کوردی هاوبه‌ش نه‌بینێته‌وه‌و ‌جیاوازی بکات له‌نێوانیاندا.. نه‌ك تووشی ئه‌وه‌ببین بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت کێ له‌کێی وه‌رگرتووه‌، تا کاره‌که ‌ده‌گاته ‌ئه‌وه‌ی بپرسێت ئایا هێلکه ‌له‌ مریشکه ‌یان مریشك له‌هێلکه‌؟

3- خولانه‌وه‌ یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر وه‌ك بابه‌تی سه‌ره‌کی:

شاعیر ئه‌و مرۆڤه‌ یونیڤێرساڵه‌یه ‌نه‌ك ته‌نیا هه‌ست به‌موعاناته‌کانی خۆی و ده‌وروبه‌ری ده‌کات، به‌ڵکو هه‌ست ناسکیی ئه‌و ئیلهامه‌ی پێ ده‌به‌خشێت که‌ له ‌ئازاری گیاندارو رووه‌که‌کانیش تێبگات، ئه‌و که‌سه‌یه ‌که ‌خاوه‌نی ئاسۆیه‌کی زۆر به‌ربڵاوی گیان و هۆشه‌، له‌کاتی نه‌هامه‌تییه‌کاندا هه‌ر خه‌ریکی کوڕێنیکردنی خۆی نابێت و ده‌وروبه‌ریشی ده‌بینێت، به ‌شێوه‌یه‌کی هونه‌ری و فه‌نتازیی داهێنان له‌شێوازو ناوه‌ڕۆکدا ده‌کات بۆ دۆزینه‌وه‌ی بابه‌ته ‌په‌نهانه‌کانی پشت بابه‌ته‌ئاشکراو ڕووکه‌شه‌کان، به‌تایبه‌تی له‌مڕۆدا که‌ده‌یان قه‌یرای مرۆیی ده‌بێته‌هه‌وێنی ده‌قی سه‌رکه‌وتوو، شه‌رمه ‌سه‌دان کێشه‌و نه‌هامه‌تی ده‌وره‌مان بدات و ئێمه‌ش هه‌ر به‌پرچی یارو کوڵمه‌ی ئاڵی یاردا بهۆنینه‌وه‌، ئه‌م ده‌ق پێوه‌گرتنه‌ ترسێکه‌و سام ده‌به‌خشێت به‌هه‌ندێك به‌وه‌ی ‌ده‌ربچن له‌ بابه‌ته ‌باوه‌کان و سوود وه‌ربگرن له‌هه‌موو ئامرازو پێکهاته‌و پێشهاته‌کانی گه‌ردوون، که ‌زۆر ئاسۆی ده‌قه‌کان فراوانترو چێژبه‌خشتر ده‌که‌ن. بۆیه‌ ره‌نگه‌ به ‌ره‌وای دابنێم که‌بڵێم شیعری کوردی پێویستی به‌ڕیفرۆمی راسته‌قینه‌یه ‌، ‌شاعیرانی بوێرو به‌توانا ده‌توانن پێی هه‌ستن، هه‌ندێك له‌و هه‌وڵانه‌ش له‌ڕێدان و لێره‌و له‌وێ ده‌بینرێن.

نموونه ‌زۆر هه‌ن له‌مباره‌دا، ناکرێ ئێمه‌ش لێره‌دا نموونه‌ ڕیزبکه‌ین ، ‌وابزانم ئه‌م نموونه ‌به‌س ده‌بێت:

تۆ زۆر ته‌نهایت
منیش هه‌میشه ‌وام
*
ﺋﻪﺗﺮﺳﻢ ﺑۆﯾﺖ،
ﺋﻪﺗﺮﺳﻢ ﮐﻪ ﺋﻪﻣﺮم ﺗﯚ ﻧﻪﯾﻪﯾﺖ.
ﺋﻪﺗﺮﺳﻢ ﺑﯿﺖ و ﺑۆﯾﺖ، ﺑ ﺋﻪ وه‌ی ﺑﯿﺘﻪ ﻻم

4- به‌کارهێنانی زمانی ساده‌و راسته‌وخۆ:

زمان ئۆقیانووسێکی هێند قوڵ و مه‌زنه ‌به‌شی سه‌لیقه‌و توانای هونه‌ریی هه‌مووان ده‌کات که‌داهێنانی خۆیانی تیا ئه‌نجام بده‌ن، به‌سوود وه‌رگرتن له‌هه‌موو هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی وه‌ك سیمانتیك، قه‌شه‌نگکردن‌، ستاتیکا، به‌یان، خوازه‌ و میتافۆڕ، لێکچوون، سیمبوڵ، درکه‌، پارادۆکس ، سینتاکس، گه‌مه‌ی زمانه‌وانی، تێکشکاندنی زمان…. هتد، ره‌نگه ‌ئه‌مه‌ش بێت وای له‌ هه‌ندێك شاعیر کردبێت له‌زمانی ئاسایی لابده‌ن و به‌دوای زمانی شاراوه‌ی ناو زمانی ئاساییدا بگه‌ڕین ، که‌زمانی خودی خۆیانه‌بێ هیچ کۆپیکردنێك، شێوازێکی جیاو تایبه‌ت به‌خۆیان دۆزیبێته‌وه ‌یان له‌گه‌ڕاندا بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی، جا ئێمه ‌قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ چه‌ندێك ده‌قو به‌رهه‌مه‌کانیان به‌زه‌وق و بۆچوونی تۆی خوێنه‌ر ده‌خوات، به‌ڵکو تا چه‌ند هه‌وڵ دراوه‌و چۆن ئازایانه‌ هه‌ڵهاتوون له‌م درم و په‌تا به‌ربڵاوانه‌ی که‌زۆربه‌ی شیعر نووسانی تێوه‌ی گلاون.
ئایا جێی سه‌رنج نییه‌ گه‌ر کۆ شیعرێکی به‌ختیار عه‌لی بخوێنیته‌وه‌ که‌ ‌نزیکه‌ی 400 چوارسه‌د به‌رپه‌ڕ زیاتر بێت ، زۆربه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تێدا بوو، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی وایکردبێت خوێنه‌رانێك سه‌رسام بن پێی موخاته‌به‌کردنی ویژدانی خوێنه‌ر بێت، به‌خۆ هاوبه‌شکردن له‌گه‌ڵ خوێنه‌راندا به‌نووسینه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌موعاناته‌کانیان به‌هۆنینه‌وه‌ی موعاناته‌کانی خۆی، ‌له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ندێك له‌ داله‌کان له‌زۆربه‌ی شیعره‌کاندا دووباره‌ ده‌بنه‌وه ، ‌له چه‌ند ‌وشه‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناکه‌ن، که‌هه‌ژاریی فه‌رهه‌نگی شاعیر ده‌رده‌خه‌ن، هه‌ندێك نموونه‌ش بۆ دووانیان ده‌هێنینه‌وه‌:
وشه‌کان: (به‌هه‌شت، جه‌هه‌نم/ سپی، ره‌ش/ باڵنده‌، گوڵ/ روناکی تاریکی/ ژیان مردن / فریشته‌، ئه‌هریمه‌ن/ په‌پوله، ‌کوکوختی و کۆتر/ جه‌لاد).
وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌م وشانه‌ له‌زۆربه‌ی شیعره‌کانی شاعیراندا دووباره‌ن، له‌کۆن و نوێدا، که‌چی هه‌وڵیش نه‌دراوه ‌هیچ ته‌کنیکێکی زمانه‌وانییان له‌گه‌ڵدا به‌کاربهێنرێت و به‌دیوێکی تردا په‌لکێشی ماناکانیان بکرێت و له‌کارگه‌ی زماندا شتێکی جیاوازیان لێ دروست بکرێت.
جا ئێمه‌ته‌نیا هه‌ندێك نموونه ‌له‌سه‌ر دووباره‌کردنه‌وه‌ی (گوڵ و پێکهاته‌کانی، کۆترو کوکوختی) ده‌هێنینه‌وه‌:

هه‌ر ئه‌وان :
گوڵاوی شه‌وی ئاشتبوونه‌وه‌ی کوکوختی و مانگ بۆنده‌که‌ن.
*
مه‌یکوژه ‌ئه‌و کوکوختیه‌ی که‌چیدی لێره‌وه‌ نافڕێت
*
وه‌ره‌ قامچیه‌که‌ت فڕێده‌ با من گوڵه‌کانت پێبناسێنم
*
کوا رۆژی له‌دایك بوونی من له‌تۆماره‌کانی باخچه‌دا؟
*
گوڵی گۆڕستانه‌که‌م بۆنکرد
*
ده‌ڕۆم و گوڵه‌کان دانیان به‌تاوانی خۆیاندا نه‌ناوه‌
*
قه‌تره‌یه‌ك عه‌زاب به‌سه‌ بیکه‌ینه ‌گوڵدانه‌کانه‌وه‌
*
ده‌بێت زینده‌گی گوڵه‌کانی خۆی زیاتر ئاگادار بکاته‌وه‌
*
باخچه ‌پایته‌ختی زینده‌گییه‌
*
ئیشی من ئه‌وه‌یه ‌پاسه‌وانی حه‌وشه‌ی پڕ کۆترت بم، گوڵت بۆ بکه‌م به‌ده‌رمان
*
ئه‌ی نیشتیمانی خائینان
که ‌من به‌سه‌یری گوڵ ده‌مرم
*
کۆترێکی سپی مه‌کوژه‌
*
گه‌ر منتان کوشت له‌سه‌ر شه‌ریعه‌تی گوڵ بمکوژن
*
مه‌هێڵه‌ گوڵ پێبکه‌نیت
*
رۆژێك دێت چی تر باڵنده‌کان ناخوێنن
*
وه‌ك کوکوختی ریقنه ‌به‌سه‌ر تریفه‌دا ده‌که‌ن
*
چه‌ند سه‌یره ‌ئه‌م باخچه‌یه‌
*
فێرمکه‌ چۆن ئامۆژگاری گوڵه‌کان بکه‌م
*
مه‌حاڵه ‌ئه‌وان وه‌ك ئه‌م کۆتره ‌بمرن
*
تۆ چی ده‌که‌یت لێره ‌ئه‌ی گوڵ
*
خودا له‌عنه‌تت لێکات.. که‌ هه‌ر خونچه‌یه‌ك ده‌یژاکێنیت له‌وسه‌ره‌وه ‌نه‌یکه‌یته‌وه ‌به ‌گوڵ
*
بزانه ‌ئه‌مه‌ کوکوختی دوا ده‌نگه‌
*
فێر نه‌بووی گوڵ له‌خه‌و هه‌ستێنی
*
شۆڕش ئه‌وه‌یه ‌له ‌گوڵ تێبگه‌یت
*
ئه‌و گوڵانه ‌ئاو بده ‌که ‌له‌سه‌ر شانت ڕواون
*
گوڵ بۆ تۆ، چه‌قۆ بۆ تۆ، کۆتر بۆ تۆ

ئه‌نجا ئه‌گه‌ر له‌ساده‌بوونه‌وه‌ی زمان بدوێین، که‌دوورو داماڵراوبێت له‌هه‌موو هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی و زمانناسی، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی شیعری باوی هاوچه‌رخ له‌م ته‌رزه‌یه‌و خۆماندووکردنێکی ئه‌وتۆ به‌شیعره‌کانه‌وه ‌نابینرێن و لێره‌شه‌وه ‌زوڵم له‌وشه‌ی داهێنان ده‌کرێت که‌ زۆر مانایه‌کی ئه‌سته‌م و بڵنده‌و که‌م شاعیر ده‌گه‌نه ‌ئه‌و خاڵه‌ی پێیان بڵێین داهێنه‌ر و ئه‌فرێنه‌ر پڕ به‌مانای وشه‌که‌.
ره‌نگه ‌نموونه‌ی ساده‌بوونه‌وه‌ی زمان زۆر بێت و ئێمه‌ به‌س به‌م هێنده‌یه ‌کورتی بکه‌ینه‌وه‌:

من ستایشی خۆم ده‌که‌م
*
ته‌فسیریکه ‌ئه‌ی هاوڕێم . . ته‌فسیریکه‌
*
میلله‌تێك به‌سه‌د ده‌ست لێتان راده‌کات
*
حه‌زمده‌کرد ئازاد بژیم
*
پیاڵه‌ی ئه‌وتۆ ژه‌هراویم چه‌شت
بۆنی ئه‌وتۆ ئاگرین چوو به‌دڵما
ئازاری ئه‌وتۆم چه‌شت
*
گه‌لێ له‌شه‌یتان وردبوومه‌وه‌و تێبینی ئاره‌زووه‌کانیم کرد
*
5- لاساییکردنه‌وه‌و نه‌بوونی دنیابینی و شێوازی تایبه‌ت:

گومانی تێدا نییه‌مرۆڤ هه‌ر له‌چاوکردنه‌وه‌ی به‌شانۆی ژیاندا ‌به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت له‌توخم و ره‌گه‌زه‌کانی سروشت و ده‌وروبه‌رو بوونه‌وه‌ره‌کانی ناوی و رووداوه‌کانیش، جا وه‌ك زمانی گیان، سوود له‌م ره‌گه‌زانه ‌ده‌بینێت بۆ هۆنینه‌وه‌ی ده‌ربڕینه‌ ئه‌ده‌بی و وێژه‌ییه‌کانی، به‌چه‌شنێك که‌ له‌م چاخه‌دا ئه‌م هونه‌رانه‌وا پێش که‌وتوون ته‌نیا ئه‌وانه‌ی نوێخوازی راسته‌قینه‌و داهێنه‌ر بن ده‌توانن ئه‌فراندنی بێ نموونه‌ی تێدا بکه‌ن، که‌پێش خۆیان که‌سانێك ئه‌و کاره‌یان نه‌کردبێت! بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ئاستێکی باڵادایه‌و زۆر ده‌گمه‌نه‌، وه‌کو تر ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند لاسایی سروشت و ده‌وروبه‌ر ده‌کاته‌وه‌، یان به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یاخود نا راسته‌وخۆ، هه‌میشه‌که‌سانی داهێنه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن خاوه‌نی مۆرك و جێ په‌نجه‌و شێوازی خۆیان بن و خۆ شه‌ته‌ك ده‌ده‌ن له‌کۆپیکردنی بێ بنه‌ما خۆ وه‌دوور بگرن، بۆیه‌ده‌بینین له‌هه‌ر چه‌رخ و قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیدا چه‌ند ناوێکی دیار هه‌ن و ئه‌وانی تر وه‌کو سێبه‌ر کاڵ وکاڵتر ده‌بنه‌وه‌و دواتر که‌س باسیان ناکات.
که‌سی داهێنه‌ر نابێت بترسێت له‌دزینی فیکرو داهێنان و شێوازیان، چونکه‌ئه‌وه‌ی به‌کاری ده‌هێنێت یان نازانێت له‌شوێنی خۆیاندا ئه‌و ده‌سته‌واژه‌و شیوازه‌به‌کاربهێنێت، یان گه‌ر به‌کاریشی بهێنێت چونکه‌هه‌ڵقوڵاوی ناخی خۆی و قۆناغه‌سروشتیه‌کانی گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و نییه‌ که‌سی کۆپیکار ناتوانێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ری‌، جاری واش هه‌یه‌ئه‌م چاولێکه‌رییه‌راسته‌وخۆو به‌ئه‌نقه‌ست نیه‌به‌ڵکو له‌نه‌سته‌وه‌هه‌ڵده‌قوڵێت یان له‌(خودی نائاگا)وه‌، یاخود ده‌سکاریکردنی ده‌سته‌واژه‌و ماناکه‌یه‌و به‌کارهێنانیه‌تی به‌شێوازێکی جیا.

6- تێوه‌گلان له‌زۆربه‌ی ژانره‌کانی ئه‌ده‌ب و تێکه‌ڵکردنیان:

وه‌ك چۆن بواره‌هونه‌ریه‌کانی وه‌ك مۆسیقاو نیگارکێشان و شانۆو سینه‌ماو هتد… له‌یه‌کتر جیاوازن ، ره‌نگه ‌له‌هه‌مان کاتیشدا رووی لێکچوونیان هه‌بێت، ئه‌وا وێژه‌ش هه‌ر وایه‌، شیعر جیاوازه ‌له‌چیرۆك و رۆمان و شانۆنامه‌و په‌خشان و هتد…
زۆر که‌من ئه‌و ‌ئه‌دیبه‌ جیهانیانه‌ی که‌توانیبێتیان له‌هه‌ردوو بواره‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو بوو بن و بووبنه‌پرۆفیشناڵ، هه‌ر یه‌ك له‌م ژانرانه‌دنیای لێك جودان و رۆچوون به‌پێچ و په‌ناکانیاندا نه‌ك ته‌نیا ئه‌زموون و شاره‌زایی ده‌وێت به‌ڵکو به‌هره‌و خۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ده‌خوازێت، گه‌ر بمانه‌وێت مافی ته‌واوی خۆیان پێ بده‌ین و دوای ویستی خوێنه‌رو میدیا نه‌که‌وین و ئێمه‌ش مه‌وج و باره‌که‌بگۆڕین به‌لایه‌کی تردا، به‌ڵێ شیعری سه‌رکه‌وتوو و ره‌سه‌ن و کاریگه‌ر جۆری زۆره‌و نزیکه ‌له‌گیانی که‌سانی هه‌ست ناسك و هوشیاره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ‌ناگه‌یه‌نێت هه‌موو که‌سێك ب‌توانێت له‌کۆتاییدا ببێته‌شاعیرو بگره‌شاعیرێکی سه‌رکه‌وتووش! چونکه ‌وه‌ك پێشتر گوتم گومانی تێدا نییه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن به‌جۆرێك له‌جۆره‌کان خۆیان به‌شاعیر داده‌نێن.
کێشه‌که ‌له‌وه‌دایه ‌وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م ژانرانه ‌‌چه‌ند جیهانێکی جیاوازن، که‌چی لای ئێمه‌ ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نووسێت رۆمان و چیرۆك و په‌خشان و ره‌نگه ‌سیناریۆ و شانۆنامه‌ش بنووسێت، که‌له‌ ئاکامدا نه‌ك له‌هه‌موویاندا سه‌رکه‌وتوو نابێت به‌ڵکو ده‌بێته ‌هۆی ئه‌وه‌ی هێڵی جیاکاریی نێوانیان ببه‌زێنێت و له‌ئاکامدازمان و ستایڵ و فۆرمه‌‌کان تێکه‌ڵاو بکات، وا بزانم پێویست به‌ناو بردن و نموونه‌ هێنانه‌وه‌ناکات ، چونکه‌زۆربه‌مان ئاگاداری دنیای چاپه‌مه‌نی و جیهانی نووسینی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی کوردین و سه‌ره‌تاو کۆتاییش له‌سه‌رهه‌ڵدانی هه‌موو ئه‌م سیما نا ته‌بایانه‌ی شیعری کوردیدا خوێنه‌ری نا ئاگاو نا هوشیار به‌شێك له‌هۆکاره‌که‌یه‌تی ‌و پشکێکی گازنده‌کانی به‌ر ده‌که‌وێت.




لە شیعری نوێی ئەڤغانییەوە ئەلیاسی عەلەوی … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)ـ بە پێڵاوی لۆكەوە

بە پێڵاوی لۆكە و
باڵتۆی سەوزەوە ،
لەسەر پەیژەكە دانیشتووی ..
بێ پێڵووبزاوتێك
لە گۆنات ڕاماوە .
هەناسەت ،
بۆ ڕێبوارانی ماندووی خۆرنشین ،
چایەكی گەرمە ..
تۆ دەڕۆی
جوانیشت
لەسەر پەیژە دانیشتووە .

(2)ـ لە دەساڵیدا كۆتاییم پێ هات
برسیم ،
وەك قورئانێك
هەزار ساڵە
دەلاقە دەبوغزێنێ ..

تینووم و
(عەباس) یش
هەموو ئاوەكەی
بۆخۆی دەویست !
پێستی سكم
بە ئێسقانی پشتمەوە نووساوە ..
سیمای براشم
لە هی من وێرانتر ..
من تێكشكاوم
وێنەی (كابول)ی دایكم و
(بوزا)ی باوكم ..
تەماشای هەنییەم كە !
من وەك ئەو سپییەتی و ڕەشاییە ،
لە بەردامە كۆتاییم پێ بێ ..

  • ئه‌لیاسی عه‌له‌وی شاعیری ئه‌فغانی ساڵی 1981 له‌دایك بووه‌ ، یه‌كه‌مین كۆشیعری ( من گورگێكم خه‌ون ده‌بینم) له‌ تاران بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ، ئێستا له‌ ئوستورالیا ده‌ژی .
    بۆ شیعری یه‌كه‌م بڕوانه‌ ماڵپه‌ڕی ( جدار الصوت ) ڕۆژی 11-12-2015 و شیعری دووه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی (العالم)ی عێراقی ژماره‌ی ڕۆژی 22-12-2015 كراوه‌ به‌ كوردی .



لە سێشەمەی عەشقەوە بۆ پێنجشەمەی مردن … ناڵە حەسەن

( سێشەمەی عەشق )

سێشەمەیەک /
ژیان تیایدا
توێکلە بێتامە تفتەکانی نائومێدی
فڕێدەدات و
وەک پیفۆک سپی سپی دەردەکەوێت
سێشەمەیەک /
شەوەکان بە هەناسە و
بە تیشکە گەش گەشەکانی
نافوورە ( کەسک و سۆرەکان ) دەدرەوشێنەوە
تریفەی مانگیش لە ترۆکی تاوەرەکانەوە
مژدەی بەیانییەکی نوێ
بەیانییەکی
پڕ لە نان و پڕ لە گوڵ
بڵاودەکاتەوە
سێشەمەیەک /
هەموو دوای نیوەڕۆییەک
بەرائەت وەکو باران
دەڕژێتە نیو جۆگەڵەی کۆڵانەکان و
لەگەڵ ( جۆبڕکە) کاندا سەما دەکات
سێشەمەیەک /
هەموو
وەرز و کاتژمێرەکان
سوورەت و سەمفۆنیاکان
داستان و ئەفسانەکان
خەون و خۆرەتاوەکان
ئۆقیانووس و ئاسمانەکان
پڕدەبوون لە جوانییەکانی سێو
سێشەمەیەک /
مرۆڤ و ماسی و میلۆدییەکان
باڵندە و بەفر و بنارەکان
گەردانە و گەوهەر و گوڵەگەنمەکان
ڕووبار و ڕێڕەو و ڕێگاکان
نەسیم و نیشتیمان و نەوڕەسەکان
پڕدەبوون
لە تەرزە زێڕینییەکانی زەردەخە
سێشەمەیەک /
ڕووناکی ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاوێنە
ئاوێنە ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ئاو
ئاو ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕووبار
ڕووبار ڕوون ڕوون
بە ڕوونی ڕەونەقی ئەستێرەکانەوە
سروشت و زەمەن و شەوەکانییان
دەڕازاندەوە
سێشەمەیەک /
ئاگر
لە پەرستگەی ئاتشگەدا
لە سرووتێکی پڕ لە زیکر و سەفادا
بە ڕێنووسە ڕەنگینەکانی ڕاز
قەسیدە درێژەکان و
ئایەتە ئیرۆسییەکان و
ئەفسانەکانی عەشق دەنووسێتەوە

من لەم سێشەمە سوورە سەرمەدییەدا بوو
کە تۆم ناسی ئەی گوڵەباخ

( پێنج شەمەی مردن )
پێنج شەمەیەک /
ژیان زمانی خۆشەویستی بیردەچێتەوە
خۆی لەنێو تاریکی لوول دەدات و
وەک نوختەیەکی ڕەش دەردەکەوێت
مرۆڤ دەبێتە مشتێ خۆڵەمێشی
نێو کاسەیەکی کریستاڵی
پەپوولە لە گوڵ
باران لە سەوزایی
گەڵا لە با / نامۆ دەبێ
پێنج شەمەیەک /
ڕووناکی لە سپیدە یاخی دەبێت
سپیدەش لە کات
پەنجەکانم لە من یاخی دەبن
منیش لە جەستە و بوونی خۆم
ئاو لە دەریا یاخی دەبێ و
لەنیو تێنوێتی خۆی
بێ جووڵە ڕادەکشێ
خەون دەبێتە تابلۆیەک پڕ لە وەهم
وەهمیش جەستەی پرسیارەکان و
کتێبە مەعریفییەکان دادەپۆشێ
پێنج شەمەیەک /
مانگ و مانگا و مارمیلکەکان
بێستان و ڕەز و چیاکان
وردە ئەستێرە دوور دوورەکان
گردۆڵکە و زورگ و بنارەکان
دارستان و درەخت و دەریاچەکان
هەر هەموویان دەبن بە تۆز و غوبار
لە شەوێکی ڕەش ڕەشی ڕەشەمێیی
ژنەکان و پشیلەکان
دەست و پەنجە بەخوێن
شاگەشکە و سەرگەردان
بە کۆڵانەکان دەسووڕێنەوە
لە مەکتەب و مزگەوت و کلێساکان
هەر کتێبی جەنگەکان دەخوێندرێ
کەمانجە ژەنەکانیش
سەمفۆنیای تاریکی دەژەنن
پێنج شەمەیەک /
لە ئادەمەوە تا حەوا
لە مۆسۆلۆنییەوە تا مارکس
لە هۆڵاکۆوە تا هیتلەر
نابینا و توند توند
توند توند و نابینایانە
بەڕێگاکاندا دەڕۆن
وەک گەردەلوول
بازنە بەدەوری یەکترییەوە دەکێشن
بازنەکانیش تادێت بچووک و بچووکتر دەبنەوە
شوێنپێکان و ڕێگاکانیش ڕەشدەبنەوە
چرا و مۆمەکانیش دەکوژێننەوە
پێنج شەمەیەک /
بەبێدەنگی ژیان بەبەردەمما تێدەپەڕێ
منیش هەر بەبێدەنگییەوە لێی دەڕوانم و هیچیتر
مرۆڤەکان / بەبێدەنگی لەدایکدەبن و دەمرن
عاشقەکان / بە بێدەنگی سەما دەکەن و وندەبن
شەپۆلەکان / بە بێدەنگی بەرەو قووڵاییەکان دەچنەخوارەوە
بێدەنگی / دەبێتە شوناسی
بورکانەکان و ڕەشەباکان و تاڤگەکان
بێدەنگی / دەبێتە تایتلی کتێبەکانی ئاگر
خەونەکانیش وەک خاڵخاڵۆکەیەکی مردوو
فڕێدەدرێنە نێو تەنەکەی خۆڵەکان
لەدوای ئەم هەموو بێدەنگییەش
شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی دێت
هەر بەبێدەنگی و
لەنێو کتێبی بێدەنگیدا
بە پێنووسە شینە خۆڵەمێشییەکان
ئەزموونی خۆی دەنووسێتەوە
پێنج شەمەیەک /
بەهار کراسی پایز لەبەر دەکات و
پایزیش ناخی پڕ دەبێت لە بەفر
کاتژمێرەکان دەوەستن
خۆرەتاو لە دووری دوورەوە
دەبێتە گۆمێکی شەختەبەندی شووشەیی
گەردوون دەچێتەوە ناویەک و گرمۆڵە دەبێتەوە
مرۆڤەکان بە ڕووتی لەبەردەم ئەشکەوتەکان
سەری ڕمەکانییان تیژ دەکەنەوە
ڕەنگی گوڵ / دەبێتە هێمایەک بۆ شێتبوون و
بۆنی سێویش / بۆ خنکان و مردن
پێنجشەمەیەک /
هەموو باڵندەکان لەسەر منارەکانی مردن دەنیشنەوە
ڕۆژ بەدەوری ئەستێرەکانی مردن دەسووڕیتەوە
خوداکان تەنها ئایەتەکانی مردن دەنێرنە خوارەوە
حیکایەتخوانەکانیش چیڕۆکەکانی مردن دەگێڕنەوە
ڕەوەندییەکان لە بنار کێوەکانی مردن ڕەشماڵەکانییان هەڵدەدەن
لە پێنج شەمەی هەموو
سەدەکان و ساڵەکان و مانگەکان و هەفتەکانیش دا
ژیان ئاوس دەبێتەوە بە مردن
مردنیش ئاوس دەبێت بە ئەبەدییەت

تۆش لەم پێنجشەمە پەمەییەی مردندا
بۆ تاهەتا بەجێتهێشتم
ئەی مرۆڤە نامرادەکەم / فریشتە خانم … !

   ئۆگستی ٢٠١٩



ڕوونکردنەویەک بۆ بەڕێز مامۆستا برایمی فەرشێ … دکتۆر : مەولود ئیبراهیم حەسەن

سڵاو مامۆستای بەڕێز ..هیوادارم شادو ئاسودەو تەندروست بن .
برای بەڕێز من دوێنێ ٢١/٨/٢٠١٩ ئەو نووسینەی ئێوەم کەوتە بەرچاو کە لە ژێرناوی – بریا ئێوە کەستان خۆشنەدەویست و قینتان لە کەس ، هه ڵنەدەگرت ! – کە لە فەیسبوکەکەتان و ڕۆژی ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ نووسیوتانە و بڵاوتان کردووتەوە . چوونکە لە نووسینەکەت دا و لە ناوە ڕاست گوتووتانە : (من لێرەتەنیا ئیشارەبە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی باشوور دەکەم کە بە ناوی لێکۆڵینەوەی زانستی لە زمانی ڕابە خاتوونەوە دەگێڕدرێتەوە .) هه رچەند ڕەخنەی دروست و کاری زانستی وای دەخواست کە بەڕێزتان بەو پاشخانە ڕۆشنبیریی ونووسەرولێکۆڵەروشانۆکاریی ئەرشیفداریی و میدیایی و تاقیکردنەوە زۆرەی کە هه تانە ، ناوی ڕادیۆو بەرنامەو پێشکەشکارو بابەتی مەبەست و کەسی میوانی بەرنامەو ڕۆژوو کات و شوێنی بەرنامە کە ئاشکرا بکەن و ڕوون و ڕاست بە خوێندەوارەکانت بڵێی؛ من مەبەستم ئەمانەیە ! بەڵام مخابن واتان نەکردووە . ئێوەی بەڕێز هه ر مەبەستێکتان هه بێت لە – نەناسراو – هێشتنەوەی کەس و بابەت و بەرنامەکە !من تەنی بە مەبەستی ڕەخنەی زانستی ئەم سەرنجە دەخەمە بەرچاو . چۆن ئەمە جاری یەکەم نیە کە بەڕێزتان – ڕەخنەی زانستی!! – بە شێوەی توانج و پڵار لە ئێمە دەگرن . ساڵی ٢٠١٢ پاش دەرچوونی کتێبی ( ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت ؟) ئەو دەمیش لە نامەیەکی کورتدا بۆ( دەزگای بەدرخان) لە باسی کتێبە کەو بابەتی ژەهرخواردووکردنی هونەرمەند حەسەن زیرەک گۆمانتان خستبووە سەر ڕاستیی مەسەلەکە ! هه رچەندە شێوەی نووسینی نامەکە زۆر لە خوار ئاستی نووسینی بەڕێزتانەوە بوو ، تەنیا پێناسەیەک بۆ نامەکە بشێ ئەوە یە کە (نامەیەکی گومان ئامێزبوو!) گومان! بەمانای ناڕاستیی و نا زانستیی نووسین و لێکۆڵینەوەکە هه رچەندە نووسەرەکە –بە تایتلی دکتۆر- خۆی عنوان کردووە !! لە وەڵامدا من لە نامەیەکی برایانەو بە وشەی گوڵئامێز داوام لە بەڕێزتان کردبوو کە سەرەتا کتێبەکە بخوێننەوە دواتر ڕەخنەی زانستی خۆتان بنووسن ، لەوە ناچێ کتێبەکەت خوێندبێتەوە و ڕەخنە زانستیەکەشتم نە بینیوە !! ئەوا جارێکی تریش بە نووسێنێکی پلار ئامێز ڕووی ڕەخنەکەت لە ئێمە دەکەیت و ناومان ناهێنی !؟؟ وەک چەند جارێکی تریش لێرەو لەوێ بە هه مان نەفەس –بێ ناو هێنان – پلارت تێگرتووین .
مامۆستای خۆشەویست باجارێ من ئەو قەردە کۆنەت بدەمەوە ، کە کورد گوتوویەتی : قەرد کۆن دەبێت ناچێ ! وەک گوتم لە وێداساڵێ ٢٠١٢ بەڕیزتان گومانتان خستبووە سەر مەسەلەی ژەهری ساواک و کوشتنی هونەرمەندی شەهید حەسەن زیرەک بە دەستی ساواکیە بەدناوەکان .ئێستا زۆر بە کورتی و بەڕوونی هێندەی دەتوانم بۆ بەڕێزتان و بۆ هه موو ئەو بەڕێزانەی گومانیان لە و مەسەلە هه یە ، ڕوونی دەکەمەوە .
یەکەم : مەسەلەی ژەهر خواردنکردنی زیرەک تازە نیەو هه ر لە ڕؤژانی نەخۆشی زیرە ک و کەوتنی لە نەخۆشخانە ئەو ژەهرە – تام و بۆنی – بە وڵات دا بڵاو بووەتەوە . ئەوە تا ژنێکی کارمەندی نەخۆشخانە لە ڕۆژانی یەکەمی نەخۆش کەوتنی زیرەک ،ڕابە خانم دەباتە ژێرزەمینەکەو پێی دەڵێ: ڕابیعە خانم حەسەن زیرەک هونەرمەندێکی گەورەیەو بێکەسە، ژەهرخواردوویان کردووە دکتۆرەکان ڕاستییەکەت پێناڵێن،تکات لێدەکەم باخوێنەکەی بزرنەبێت ! بەڕێزیشت ئەوە دەزانی کە ڕابیعە خانم دوا خێزانی زیرەکەو تا دواچرکەی ژیانی زیرەک چرکەبە چرکە دڵسۆزانە لە خزمەتی دابووە . ئەو نە خۆشیەش کە زیرەک لە شاییەکە دەگەینێتە نەخۆشخانە بە لەخۆچوویی ، نەخۆشی سەرتانی جگەر نە بووە!!ئەو ژەهرە بوو کە لە کاتی نانخواردندا ژنێک !! قابێک شۆرباو قەنداخێک دێنێ دەڵێ : ئەمەم تایبەت بۆ ئاغای زیرەک هێناوە !! زیرەک کە دواجار دەچێتەماڵەو بۆ ڕابیعەخانم دەگێڕێتەوەو دەڵێ: من لە قابە شۆرباکە دوو کەوچکم خواردوقەنداخەکەشم خواردەوە ، کە چوومەوە نێو شاییەکە سەرم سوڕاو کەوتم و ئاگام لە خۆنەما !! من لە چاو پێکەوتنە ڤیدیۆییەکە لە ڕابیعەخانمم پرسێ ، کە زیرەک چووە شاییەکە نەخۆش بوو ؟ لە وەڵامدا گوتیان : نە خێر هیچ نەخۆشیەکی نەبوو !!ئەم ژەهر خواردنەی زیرەک لە کوردستان بەگشتی و کوردستانی ڕۆژهه ڵات و شنۆو بۆکان و مەهاباد بابەتێکە لە بیر نەچووەو شاهێدی زۆر ماون . پآش بڵاو بوونەوی کتێبەکەی ئێمە ( ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت ؟ ) زۆر لە کوردانی ڕۆژهه ڵات ئەمەیان بەڕاست زانێ و هه ندێکیان گوتیان : ئەوەی ئێوە دەتوانن بینووسن ، قسەی دڵێ ئێمەیە ! بەڕێزێک لە کۆمێنتدا نووسیبووی ( ئەوەی کە زیرەکی ژەهر خواردوو کرد ئێستا لە سوید دەژی و زۆر کەسی تریشی ژەهر خواردوو کردووە .) مامۆستا برایم من دڵنیام جەنابت زۆر هه واڵی تریشت بیستووە و هه ندێک لەو هه واڵانە منیش دەیانزانم !! بەڵگە یەکی تر بۆ بە رێزتانی بهێنمەوە مامۆستا برایمی فەرشی ، قسەو دەنگ و ڕەنگی هونەرمەند ( قالە بۆکانی ) هاوڕێ و هاوتەمەنی زیرەکە ، کە لە بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری و بە بۆنەی ٤٧ ساڵەی ساڵفەوتی زیرەک لە تەلەفزیۆنی – کوردستان ٢٤ – دا کە بەحەق بەرنامەیەکی چاک و گرنگ و سەرکەوتووبوو. هونەرمەند قالە بۆکانی فەرموویان:( کوێراییم دایێ حەسەن زیرەکیان ژەهرخواردووکرد لە مەهاباد ،کوڕە خۆزیرەک هیچی نەبوو دەرمانخواردیانکرد ) مامۆستای بەڕێز جەنابت زۆر چاک دەزانی کە یەکێ لە بەلگە یاساییەکان شاهێدە . بآشە بەڕێزم شاهێدێک هه یە لە ڕابیعە خانمی دوا خێزانی زیرەک لەوە مە سەلەیە چاکتر بە شاهید بشێ ؟ ئەی هونەرمەند قالە بۆکانی کە بە تەواوی هوشیاریەوە و بەدەنگی خۆی و بێ ئەوەی کەس زۆری لێبکات دەفەرمووێ : کوێراییم دایێ حەسەن زیرەکیان ژەهرخوادووکرد لە مەهاباد . شاهێدو بەلگە لەوە ڕاستترو یاسایی ترو زانستی تر دەبێت !؟ شتێکی کەمن سەری لێدەرناکەم ئەوەیە کە هه ندێ کەس بە تایبەت برا ڕۆژهه ڵاتیەکان ، هه ندێکیان زۆر بە جددی دەیانەوێ ئەوە ڕەتبکەنەوە کە ساواک هونەرمەند حەسەن زیرەکی ژەهر خواردوو کردبێ !؟ .دیارە کەسێک بیەوێ ڕاستی ئەو مە سەلەیە بزانێ و ئێستاش پاش ٤٧ ساڵ لە مەرگی زیرەک غەدر لە و هونەرمەندە نەکرێ ، لەو سەردەمەی زیرەک لە تاران بووەو هونەرمەندی ڕادیۆبووەو ناوودەنگی ئێران و عێراق و هه موو کوردستان و ناو چەکەی پڕکردووە دەبینێ کە هه رئەو دەم – ساواک – بەوردی چاودێری زیرەک و میدیا خانمی کردووەو بەجێێ مەترسی زانیون و لەشەش بەلگەدا کە لە کتێبی – چپ در ایران بە ڕوایت ساواک – دا ئەو دەزگا بەدناوە ڕای خۆی لەسەر زیرەک بە بەرپرسانی ئەو دەزگایە گەیاندووە . ئەگەر بەوردی ڕاپۆرتی ڕاپۆرتنووسەکان بخوێنینەوە ، دەزانین چ دوژمنکارانە گوێان لە ترپەی دڵی زیرەک و میدیا خانم گرتووەو چ سەرفەوتێنانە ڕاپۆرتیان نووسیوە !!با شتێکی تریشت بۆ باس بکەم مامۆستا ؛ میرزا کەریم خۆشناو دەگێڕێتەوە لە پاش مەرگی زیرەک لە (حسێن زیرەک )ی برای حەسەن زیرەکی خوا لێخۆش بووم پرسی :(خوا لێخۆش بوو خەراپەی کەسی نە بوو حەزیشی لە شەڕو گێچەڵ نە بوو بۆچی تا لە بانە بوو دوو سێ جار شەڕی کرد ؟ گووتی : ئێمە چەند جار پێمان گووت کاکە ئەتۆ تەنها خۆت و برا ژنە – ڕابیعە –ی ژنتەو ئارەزوو ساکاریش لای دایکیانن، ئێمە زۆر چاک ئەتوانین بەخێوتان بکەین، یان وەرە لێرە کاسبی بکە و ئێمەش یارمەتیت دەدەین و چاویشمان لیت ئەبێ وکەسیش ناتوانێ بێ خود شەڕت پێ بفرۆشێ .-.حەسەن زیرەک- پێکەنی وگووتی :باوکم خۆ منیش ئەوەی تۆ دەیلێی ئەیزانم و زۆریشم بەڵاوە چاکە .بەڵام ، ئێوە شتێک ئەزانن و منیش زۆر شت .من بەڵاتان لێ وەدوور دەخەمەوە !منیش –واتە حسێن زیرەک- گووتم : بە ڵای چی کاکە ئەوە ئەو هه موو مودەتە ئێمە ئاگامان لە مردن و ژینی یەکترنیە !ئەو بە ڵایەی بۆ تۆ دێتە خوارەوە با ئێمەش شەریکی خەم هه ڵگرتنت بین غەمێکت بۆ بخۆین! تەماشایەکی ئەوڵاو ئەم لای کرد و بە دەنگێکی نزم گووتی : حوسێن ( زەدەی ئیتلاعات ) ئەزیەتم دەدات و ئەڵێ ئەبێ بچیتە ئەو دیو ئیشمان بۆ بکەی ! چەندی دەڵێم باوکم ئەمن هی ئەو جۆرە شتانە نیم و ( سەوادم نیە )ئیوە چۆن ئیستیفادە لە من ئەکەن ؟ ئەڵێن ئەتۆ بە ماڵەوە بچۆ عێراق ئێمە پارەیەکی زۆرت دەخەینە ئیختیار و خۆشمان خەڵکت بۆ دەنێرین تۆش هه رچی مەعلوماتت هه یە پێیان بڵێو ئەوانیش بۆ ئێمەی دەهێننەوە ! هه ڵبەت خۆشت دەزانی ئەم جۆرە شتانە بەمن ناکرێت و ئەگەر پێشم بکرێت نایکەم با لە ساڵێ دوو سێ جار تێم هه ڵبدەن و بە فەقیریش دەژیم وو بەڵام ، ( ئەو کانیەی ئاوم لێی خواردووتەوە هیچ کاتێک بەردی تێناخەم و خیانەت بە خاکی عێراقیش ناکەم )لە ناو خەلکیس سەر بەرز دەژیم . لە دواییدا پێکەنی و گووتی بە تەنیا بەربەرەکانی دەوڵەتێش دەکەم …! ) ( ل٩٢-٩٣ بەشی دووەمی حەسەن زیرەک هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی )ئەم هه واڵە زیرەک بۆ حسێنی برای گێڕاوەتەوەو حسێنیش بۆ میرزا کەرێم و میرزا کەرێمیش بۆ بەڵگە و بۆ هه مووان نووسیویەتیەوە . ئەم هه واڵە پاکی و ئازایەتی و پیداگری زیرەکمان بۆ دردەخات تا پای مەرگ !! دڕندەیی و بە دواوەو بوونی ساواکمان بۆ دەردەخات بەدواوەی زیرەک تا دەرخواردندانی ژەهر !!
دووەم : بەڕێزان خوێندەوارانی خۆشەویست مامۆستا( برایمی فەرشی) ڕەخنە دەگرێ و ناوێ ڕەخنەلێگیراو ناهێنێ ! ئەوە ئەگەر دیدی مامۆستایە بۆ کەسی ڕەخنە لێگیراو !! بەڵام ، کورتی هێنانە لە پەیامی ڕەخنە . چۆن یەکێک لە ئەرکەکانی ڕەخنە گری زانستیانە ناساندنی بابەتی مەبەست و کەسی ڕەخنە لێگیراوە !مامۆستای بەڕێز ئەوەی نەکردووە . ئێستامن بۆتان ڕوون دەکەمەوە ئەوەی کە ئاغای برایمی فەرشی مە بەستیەتی ، بەرنامەکە لە ڕادیۆی دواڕۆژ بوولە شاری سلێمانی و بەرنامەیەکی تایبەت بوو بە ڕۆژی یادی ٤٦ ساڵەی فەوتی زیرەک بوو ، میوانی بەرنامە –من بووم ، مەولود ئیبراهیم حەسەن – و پێشکەشکاری بەرنامەش مامۆستا ی بەڕێز ( دەون مەعروف) بوو.بابەتی بەرنامەکەش ژیان و بەسەرهاتی زیرەک بوو .
مامۆستا برایمی فەرشی وەک کەسێکی بەتواناو شارەزا لەم کورتە نووسینەدا ، هیچ وشەو ڕستەیەکی بەبێ مەبەست نە نووسیوە .خۆی گوتەنی : ناکرێ وەڵامی هه موو پرسیارو پلارەکانی بدەینەوە . ئەوەی گرنگە دیسان گومان لەوە دەکات ، کەمن گوتوومە : ڕابیعەخانم دەڵێ ،: تیمێکی پسپۆر لە ئەمریکاوە هاتبوون بۆ ئەوەی ((قورگی حەسەن زیرەک بکڕن بۆ ئەوەی لیکۆڵینەوەی لەسەر بکەن . مامۆستا فەرشی دەنووسێ : ئەو ئاکادیمیسیێنە ی کە لە ڕادیۆئەم باسە دەکا، لە ڕیگای ڕادیۆکەوە دوای تێپەڕبوونی ٤٦ساڵ داوا لە کوردانی ئامریکا دەکات بچن ئەو پسپۆرانە ببێننەوە .ئەو بەڕێزە جگە لەو قسانە هیچ نادات بەدەستەوە .ئەو کەسانە کێن، لە ئەمریکا بۆ کوێ چوون؟ بۆ ئیران بۆ بۆکان؟ گەرچوون چوونە لای کێ ؟ کێ پێی نەفرۆشتوون وبۆ ؟لە کوێ ئەم زانیاریانە بڵاو کراوەتەوە ؟ ڕابە خانم چۆنی زانێوە ؟ ئایا جگە لەو چەند کەسی دیکە بەو زانیاریانە دەزانن؟)
مامۆستا برایمی فەرشێ لە بەر ئەوەی چاوپێکەوتنەکەی ئێمەی لەگەڵ ڕابیعە خانم نە خوێندووتەوە ، کە لە کتێبەکەمدا بڵاو کراوەتەوە ، زۆر بەی پرسیارەکانی خۆی بە زیادە خستووەتە ناو نووسینەکەی خۆی !! .
-مامۆستا گومان لە ڕاستیی هه واڵ و زانیاریەکە دەکات ، کەمن بڵاوم کردوونەتەوە ، لە کاتێکدا هه ر ئەو بەڕێزە دەنووسێ – لە زمانی ڕابە خاتوونەوە دەگێڕدرێتەوە . بەڵێ . مامۆستا من چاو پێکەوتنێکی ڤیدیۆییم لە گەڵ ڕابیعە خانم کردووەو قسەکانی ئەوم لە کتێبەکەمدا نووسیوە . ئەوە بۆ ڕاستی قسەکان بەڕێز ڕابیعەخانم بەرپرسە ! من گواستوومەتەوە ، عەرەب ئێژن : ئەوەی کفر دەگوێزیتەوە ، کافرنیە ! ئەوەش کە ڕابیعەخانم بۆ من و بۆ زۆر کەسی تری گێڕاوەتەوە ، کفر نیە ! ڕاستیەکە کە ڕابیعەخانم تێیداژیاوە و خۆی ئازارکێژو کارەکتەری ڕووداوەکەیە ، ئەو خاتوونە دەڵێ : شەش کەس لە ئەمریکاوە هاتبوون ، دەیانەویست جەستەی زیرەک بکڕن ، پارەیەکی زۆریان دەدا ، جەستەکەمان نەدانێ ، داوای تەنیا گەرووەکەیانکرد ، ئەوە بوو خوشک و براکانی زیرەک بەوە ڕازی بوون ! من – واتە ڕابتعەخانم – گوتم، زیرەک لە ژیان نەسایەوە لە قەبریش لێیناگەڕێن بسیتەوە . ڕازی نەبووم گەرووەکەش بکڕن . کەواتە ئەوانەی هاتوون ، هاتوونەتە بۆکان وبۆکانیش شارێکی ئیرانە !؟! چوونەتە ماڵی خوشک و برای زیرەک و داوایان لەوان کردووە کە جەستەو وگەرووەکەیان پێ بفرۆشن ، ئەوەش کە ڕازی نە بووە گەروووی زیرەک بفرۆشرێ ، ڕابیعەخانمە !!. ئەوە کەواتە تەواوی خانوادەی زیرەک ئاگادارن و هه ر جەنابیشت دەنووسی : (ڕاستی مەسەلەکە چییە؟ هه ربەدوای مردنی حەسەن زیرەک لە ماڵی خوشکی لە خەیابانی سەقز ، نزیک مەدرەسەی بوعەلی ، بازاڕی دەنگۆ لە شاری بۆکان و شارەکانی تر گەرم بوو، یەک لەو دەنگۆیانە هه رئەوە بوو ، کە لێرەو لەوێ ناوی وڵاتەکەش دەگۆڕا ،. ئێستا هه ر ئەوە بۆتە سەرچاوی لێکۆڵینەوەو بووتە زانیاری لەسەر زیرەک ) لە ڕاستیدا مامۆستا لەم نووسینە دا گومان دەخاتە سەر ڕاستی مەسەلە کە !! کەچی ماڵی ئاوابێت هه رخۆی بەشێک لە ڕاستیەکە دەخاتە ڕوو. ئەوتە ئەوە دەسەڵمـێنێ کە هه ر ئەو کات پاش مەرگی زیرەک ئەو – دەنگۆ- یە لە ماڵی خوشکی زیرەک بڵاو بووەتەوەو نەک هه ربۆکان شارەکانی تریشی گرتووتەوە ، ئەو دەنگۆیەی کە لە دوای مەرگی زیرەک بە ماوەیەکی کەم و لە نێو کەس وکاری نمرەیەکی زیرەک واتە خێزان و براوخوشکی زیرەک بڵاو دەبێتەوە ، ئێستا خیزانی زیرەک بە دەنگ و ڕەنگ ئەو دەنگۆیە دەکات بەڕاستی و بەڵێ منیش ئەو بە لگەیە بە بەلگەیەکی تەواو زانستی دەزانم و لە کارە زانستیەکەی خۆم پشتێ پێ دەبەستم و تائێستا هیچ بەلگەیەک لەو بە لگەیە بەڕاست و زانستی تر نازانم . ئەرێ کێ لە خوشک و خێزانی زیرەک ئاگادارترو جێ بڕوا ترن ؟ بەتایبەت بۆ مەسەلەیەک کە لە نیو ماڵ و بەردەست و بەرچاوی ئەوان ڕووی دابێت ؟!مامۆستا لە درێژەی پرسیارەکانی دەنووسێ : لە کوێ ئەم زانیاریانە بڵاو کراونەتەو ؟ لەوەش سەیرتر مامۆستا برایمی فەرشی دەپرسێ : ڕابە خانم چۆنی زانیوە !؟ مامۆستا ئەوەی لە بیرکردووە کە ڕابە خانم دوا خێزانی زیرەک بوو ! ئەو خاتوونە تا توانیویەتی خزمەتی کردووەو کە مردووە و شاردوویانەتەوە تازیەیان بۆداناوە ، ڕابەخانم پێش لە خوشک و براکانی خاوەنی مەسەلەکە بووە . ئەوەتە دواجار بە قسەی خۆی ئەو ڕازی نەبووە جەستەو گەرووی زیرەک بفرۆشن دەڵێ: خزم و کەسی هه ندێک ڕازی بوون ، بەڵام من کە بیستم یەخەی خۆم دادڕی وچووم شکاتم کرد ،گووتم: ئەوە هێورەکانم دەیانەوێ لاشەی زیرەک بفرۆشن لێننەگەڕام .) (ل١٣٦ ،ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت ؟) مامۆستا وادیارە گومانی لە ڕابەخانم هه یەو دەپرسێ چۆنی زانیوە ؟!؟ ئەو ڕابەخانم چۆنی زانیوە بۆ مامۆستا لێدەگەڕێم چۆن بەڕێزیشیان لێکۆڵەرن ! بەڵام ، من لە کوێم زانیوە ؟ ئەوە لە و ڤیدیۆ تۆمارکراوە ڕەنگی و دەنگییەی چاوپێکەوتنەکەدا کە لە ڕۆژی ٢٠/٧/٢٠١٠لە هه ولێرو لە ماڵی ڕابیعەخانم ، بە ئامادەبوونی کاک عومەر کارمەندی دەزگای بەدرخان تۆمارمان کردووەو کاسێتەکەش ماوەو منیش تەنیا نە بووم کە چوومە خزمەت ڕابیعەخانم . هه رئەو بابەتە بەڕێزی تر کە چاوپێکەوتنیان لە گەڵ ڕابیعەخانم کردووە ، بە تۆمارکراوی هه یانە ، هێندە هه یە جارێ بڵاویان نەکردووتەوە بۆیە منیش ناوێان ناهێنم .
مامۆستا برایمی فەرشێ لە سەر پرسیارو گومانکردنەکانی بەردەوامەو دەنووسێ :ئەو ئەکادمیسیۆنەی کە لە ڕادیۆ ئەم باسە دەکا، لە ڕیگای ڕادیۆکەوە دوای تێپەڕ بوونی ٤٦سال داوا لە کوردانی ئامریکا دەکات بچن ئەو پسپۆرانە ببێننەوە . ئەو بەڕێزو جگە لە قسانە هیچ نادات بەدەستەوە ،ئەو کەسانە کێن؟لە کوێ ئەمریکا بۆ کوێ چوون ؟ بۆ ئیران بۆ بۆکان ؟گەڕ چوون چوونە ڵای کێ ؟کێ پێی نەفرۆشتن و بۆ ؟
وەڵامەکان دیارن و ڕوونکرانەوە ، ئەوەی ماوە داواکەی منە لە نووسەرو ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی کوردی دانیشتووی ئەمریکاو بەدوا داچوون و دۆزینەوەی ئەم پسپۆرانەیە ، کەوادیارە مامۆستا ئەم پرسیارەی لا سەیرەو پێی وایە کاری کردەنی نیە !!. مامۆستا برایمی فەرشی لە من چاکتر دەزانێ کە ئەمریکا وڵاتی سیستەم و دامازراویی و ئەرشیف و بەلگەیە ، ٤٦ سال ماویەکئ ئەوەندە دوور نیە کە بەڵگەکان دەسنەکەون ، ئەوانەی هاتوون پسپۆری مۆسیقان و سەر بە نێوەندێکی هونەری زانستی ئەمریکابوونە ، کە هاتوون بێ شک بەلگەی هاتن و پسولەی خەرجی و ڕۆژو مانگی هاتن و ناوی کەسەکان تۆمارکراوە و هه لگیراوە و ئامانجی هاتنەکەشیان دیاری کراوە !ئێستآش من دۆزینەوەیان بە زەحمەت نازانم ، دوور نیە لەو شەش کەسە هه ندێکیان لە ژیاندا مابن وکوردی دڵسۆزو شارە زا دەتوانی بەدوا دابچێ لە مانگی ٦و٧یساڵی ١٩٧٦ دا بە دویان دابگەڕێی و بگاتە ئەنجام . کە هیوادارم من نەمرم و ئەم ئەنجامە ببێنم .
ئێستا دەگەڕێمەوە سەر ناو نیشانی نووسینەکەی مامۆستا برایمی فەرشی .
مامۆستا نووسیویەتی :بریا ئێوە کەستان خۆشنەدەویست و قێنتان لە کەس هه ڵنەدەگرت !
ئەم ناونێشانە جۆرێک گشتگیری دراوەتێ؛ بەڵام ، لە ناوەڕۆکدا مەبەستی ئێمەیە . ئەوی ڕاستی بێت برای بەڕێزم برایمی فەرشێ ، من مامۆستای هونەرمەندان حەسەن زیرەکی شەهیدم یەکجار زۆر خۆشدەوێ ، ئەوی جێگای داخی منە خۆشەویستیەکەی من هێشتا لە ئاست گەورەیی و زانایی زیرەک دا نیە! چؤن بەڕاستی هێشتا من زۆر کەم لە بارەی زیرەکەوە دەزانم ! ئەوەتە من لە ڕووی زانستی مۆسیقاوە ، شارەزای دەنگی زیرەک نیم ، هه رهێندەیە دەزانم دەنگی خۆشە و لە ززەت لە دەنگی وەردەگرم ، خۆشیەک ڕووحی داگیرکردووم ، من لە نێو ئەم کوردستانە پڕ لە گرفت و لەو هه موو کێشەو دردی سەریەی کە دیومە تا پای مەرگ چووم !! ئەگەر دەنگی زیرەک نەبوا من ئێستا ئەم هاوڵاتیە ئاساییە نەدەبووم کە هه م .بۆیە من هه رتەنیا زیرەکم خۆش ناوێ ، بەشێكی ژیانم لە سایەی زیرەکە. هه ربۆیە هه ر پێدا هه ڵگوتنێکی کە بە زیرەکم دا هه ڵگوتووە ، ڕای تەواو بێ چەندو چوونی خۆمە پاش دەیان ساڵ گوێگرتن لە زیرەک و خوێندنەوەی ژیانی. ئەوە ش کە بە لێکۆڵینەوە بەرگریم لە زیرەک کردووەو سەڵماندوومە کە – ساواک – زیرەکی ژەهر خواردوو کردووە ، بەڵگەکانم لە نووسین و قسەی خەلکی نزیک لە زیرەک بیستووەو خوێندووتەوە . تا ئێستا بڕوای تەواوم بە لێکۆڵینەوەکەی خۆم هه یە . ئەگەر ڕؤژێ مامۆستا برایم و هه ر لێکۆڵەرێکی تر بە بەلگەو بە زانستیەوە سە لماندیان کە پیچەوانەکەی ڕاستەومن هه لەم و ڕووی ڕەشی ساواکیان سپی کردەوە !! ئەوا بە و پەڕێ ڕاستگۆیی و ئاشکراوە بەدەنگ و نووسین من دوای لێبووردن لە حکومەتی شاهه نشاهی و دەزگای ساواک و خوێندەوارەکانم و ئەو بەڕێزانەش دەکەم و ئامادەم سزاو جەزای خۆم وەرگرم .
بەشی دووەمی ناونیشانی نووسینەکەی مامۆستا برایمی فەرشێ نووسیویەتی : بریا ئێوە …قینتان لە کەس هه ڵنەدەگرت !برای بەڕێز ئەوە لە کوێندەرت خوێندووتەوەو بیستووە و بینیوە کەمن وام قین لە کەسان هه ڵگرتبێت !! و بەو قین هه ڵگرتنە کارێکی وام کردبێ ، کە ئێستا بەڕێزتان نزای ئەوە بخوازن کەمن ئەو قین هه ڵگرتنەم نەکردبا ! ! تکایە نموونەیەکم بۆ بێنەوە کە بۆ- بریا – یەکەتان بشێ !؟ مامۆستای بەڕێز جەنابت زۆر باس لە لێکۆڵینەوەی زانستی دەکەیت ، ئەوە پاش چ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بەلگەدار ئێوە لە ئانجامدا گەیشتنە ئەوەی کە ئێمە – قین – لە کەسان!!هه ڵدەگرین..قین هه لگرتنێک وا لە جەنابت بکات ، نزا بکەی و بریا بخوازی کە من وام نە کردبا !؟ مامۆستا برایمی فەرشی بەڕێز..ئەوەی ڕاستی بێت من وەختئ ئەوەم نیە تاڕقم لەو کەسانەش ببێتەوە ، کە پیویستە ڕقم لێیان ببێتەوە ! من هێندەی کاتم هه یە دڵ و دەروونی خۆم بە خۆشەویستی خۆشەویستانە وە خەریک دەکەم و ڕێگە نادەم ڕق دڵ و دەروونم داگیر بکات . هه تا بۆ ئەوانەش کە هه وڵی بە کوشت دانیان دام و بەردەوامیش هه وڵدەدەن !! نایانکەم بە با بەتی ڕق هه ڵگرتن، هێندە هه یە بەدڵ هیوا دەخاوزم ببنەوە بە مرۆڤ .

هه ولێر-٨ /٢٠١٩
……………………………………
تێبینی : بەڕێزان ..ئەگەرچی نووسینەکەی مامۆستا برایمی فەرشی ، نووسێنێکی کورتە ! بەڵام؛ تەواوی نووسینەکە پرسیاری گومانئامێزو سوک سەیرکردنی کاری ئێمەوبە نازانستیی و نا ئاکادیمی لە قەڵەمدان و بەرگومان خستنە !! هه ربۆیە ناچاربووم بەشێک لە پرسیارەکان وەڵام بدەمەوە . هه موو لایەکیش ئەوە دەزانن کە زۆرجار وەڵام لە پرسیار دریژترە،




دەنگی خۆمان بۆ پشتیوانی لە دوو زیندانی سیاسی هۆشمەند عەلیپور و محەمەد وستا قادر دەرببڕین!

خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەراسەری جیهان، پێویستە هەموومان پشتیوانی خۆمان بۆ دو چالاکوانی سیاسی هۆشمەند عەلیپور و محەمەد وستا قادر دەرببڕین وە هەروەها گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بهێنرێت کە هەر چی زووتر ئەو دو زیندانی سیاسیە ئازاد بکرێن.

هەروەها داوا لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین کە نابێ بەرامبەر بەو هەموو ناعەداڵەتیە و پێشلکردنی مافی تاکە کەسی ئەو دوو زیندانییە بێ دەنگ بن وە ئەوانیش هەمو حەولو توانای خۆیان بۆ ئازادکردن و پاراستنی گیانی هۆشمەند و محەمەد بەکار بهێنن.

هۆشمەند عەلیپور وەک چالاکوانێکی سیاسی و شۆڕشگێڕ بۆماوەی چۆار سال لە هەرێمی کوردستان چالاکیی سیاسی و شەڕی دژی داعشی تیرۆریستی کرد کە هەزاران مرۆڤی بێ تاوانیان لە سوریا و عێراق قەتڵوعام کرد، چەندین جار ئەو گروپە تیرۆریستییەی داعشیان لەناوچەکانی دۆز خورماتوو و مەخموور، پردێ و چەندین شوێنی تر تێکشکاند کە بەو هۆیەوە چەن جار بریندار بوو.

ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخوازو شریف دەکەین بە هەر شێوەیەک دەتوانن پشتگیری خۆتان لەو دوو زیندانیە سیاسیە ڕوو بە هەموو ڕێکخراو و ناوندە جیهانێکان و مافی مرۆڤ ڕابگەیەنن و مەهێڵن گیانی دوو ئازیزی تر لە ژێر ئەشکەنجە ی وەحشیانەی رژێمی کۆماری ئیسلامیدا لە دەست بچێت!

هۆشمەند و محەمەد لەئیستادا بە تاوانی دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی و چالاکی سیاسی لە زیندانی شاری سنەدا بەسەر ئەبەن وە لە وەزعیەتیکی دژوار و مەترسیداردان، هەروەها بنەمالە کانیان لە ناراحەتی و ناخۆشیەکی دژوار وە چاوەڕوانی گەڕانەوەی رۆلەکانیانن.

هوومان یەک دەنگ بین بۆ پاراستنی گیانی دوو چالاکوانی سیاسی وە داوای ئازادکردنیان بکەین!

کەمپەینی نەجاتی هۆشمەند عەلیپور
دووشەممە ٢٦ ئاگۆستی ٢٠١٩




جەلالیزم، لە فۆرم و ڤێرژنی نوێدا … کامیار سابیر

بەشی دووەم لە زنجییرە وتاری( سلێمانیی، پایتەختی جەهلی کوردایەتیی)

مرۆڤ هەندێجار دەبێ بە جورئەتەوە دان بەو نەزانیی و جەهلە سیاسییەدا بنێت کە لە رابردوودا، تێگەیشتنی سیاسیی خۆی تێدا فۆرمەڵە کردووە. لە راستییدا زۆریینەی هەرە زۆری ئەو چەپ و مارکسییانەی دوای خورافاتی کۆمەڵەی مارکسیی-لێنینیی( دواتر کۆمەڵەی رەنجدەران) کەوتبوون، یان ئەو دەیان هەزار گەنجە رادیکاڵ و حەماسییەی، عاطیفەی ماویزم و لایەنگریی لە رەنجدەران و هەژاران، فوارەی بە خوێنی دەمارەکانیان دەکرد، یاخود ئەو هەموو نوخبە شەهادەدار و رۆشنبییرە جۆراجۆرانەی دوای شۆڕشی نوێی گەلەکەمان کەوتن، گوایە ئیزاحەی ماڵی بارزانیی و حیزبە عەشایەریی و بنەماڵەییەکەیان دەکرێ، هەموویان ( بە خۆیشمەوە کە موراهیقێکی هەشتاکان بووم) نەک هەر هەڵەبووین، بەڵکو زۆر زۆریش موتەوەهیم بووین.

ئەوەی لە بزوتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی شەخصی جەلال تاڵەبانیی تەواو گەیشتبێت، تەنیا و تەنیا دەسگای جاسوسیی پاراستنی پارتیی بوو کە چەمکی “جەلالیزم”یان زۆر بە وردەکارییەوە، لە ئەدەبی سیاسیی کوردییدا، تەوظیف دەکرد. بە واتایەکی تر لە شەستەکانەوە تا ئەم ساتە، یەکێتیی نیشتمانیی،کۆمەڵەی رەنجدەران و شۆڕشگێران…تاد، هەروەها گۆڕانی ئەم دە ساڵەی رابردوو، جگە لە فۆرمەڵەبوونی ڤێرژنە جیاوازەکانی جەلالیزم، شتێکی تر نەبوون و نیین. گۆڕان، راستە بەناو حیزبێکی سیاسیی جیاواز بوو لە کایەی جەلالیزم، بەڵام لە واقیعدا، جەلالیزمێکی تۆراو بوو، بەشوێن پشک و هەژموونی سیاسیی و ئیقتیصادیی قائیدەکەیەوە بوو.

بە تێگەیشتنێکی تر، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کۆمەڵە و شۆڕشگێڕانەکەیەوە، زووتر بە بزوتنەوەی سۆشیالیست و کۆمەڵەی مارکسیی- لێنینییەکەیەوە، بە سەرۆک عەشیرەت و نوخبە ئەفەندییەکانی شارەکانیەوە، بەو سیاسییە گەنجانەی حەفتاکان کە موویان لێ نەهاتبوو، لەگەڵ پییرە پیاوەکانی ئەیلولدا، بە قیادییەکانی گۆڕانیشەوە کە پێشتر بە سیجل و ئیضبارە جەلالیی بوونە، هەموویان داشی دامەی دەستی جەلال تاڵەبانیی بوونە. تاڵەبانیی لە ئەساسدا کە ئەو هەموو حیزب ورێکخراوانەی دروست کردەوە، دوای ئەو رووداوانەی بە ٦٦ ناوزەد بووە، بەس بۆ ئەوەبوو، ذاکیرەی ئەدەبییاتی سیاسیی کوردیی لە ٦٦ بسڕێتەوە و قیادەی حەرەکەی کوردیی لە ئەستۆ بگرێتەوە و جوبرانی ٦٦ بکاتەوە.

دیارە من مەبەستم لەوە نییە کە ٦٦ خیانەت و جاشییەتیی بووە و تەمەڕودەکەی ئەیلول شۆڕشێکی ئازادییخوازانە بوو! بەڵکو رێک بە پێچەوانەوە، وێڕای هەموو خراپییەکانی ٦٦، بەراورد بەو عەمالەتە ئیقلیمیی و موخابەراتییەی قیادەکانی پارتیی پێی هەڵسان و لەگەڵ بەعثییەکاندا تەحالوفیان کرد و کەوتنە تەقەکردن لە عەبدولکەریم قاسم و بوون بە مورتەزیقەی ساواکی ئێرانیی و مۆسادی ئیسرائیلیی و غەربیی، ئەوە بە دڵنیاییەوە جاشایەتییەکەی لۆکاڵییەکەی ٦٦، زۆر زۆر لە جاشایەتییە ئیقلیمییەکەی ئەیلول، شەریفانەتر، واقیعییتر و عەقڵانییتر بوو. گومانی تێدا نییە لە تەمەڕودەکەی ئەیلولی ئاغاوات و ئەفەندییەکاندا، تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد، رۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا و بگرە ئەوان بۆ بەگژاچوونەوەی شەریفتریین حکومەتی نیشتمانیی لە عێراقدا، داینەمۆ و ماستەرمایندی مورتەزیقەی ئیقلیمیی و بگرە جیهانییش( بریتانیا و ئەمێریکا) بوون.

هاوکات، لای من جەلالیزم لە رووە سیاسییەکەیەوە، خراپ نەبووە، بەڵکو کارێکی زۆر جەرییئانە و سەرکێشییانە بوو دژ بە هەژموون و جەبەرووتی ماڵی بارزانیی، تا رادەیەکی باشیش سەرکەوتنیان بە دەست هێنا. بەڕادەیەک لە تەمەڕودە چەکدارییەکەی بە شۆڕشی نوێ ناسراوە، بەشێوەیەک ئاشبەتاڵ و پارتیی ئیحراج کرابوون، کەسێ زۆر زۆر چاوقایم نەبووایە لە ناوچەکانی هەولێر، سلێمانیی و کەرکوک، تەنانەت لە بادینانیش، لە رووی نەدەهات بڵێ پارتییم و بنەماڵەی بارزانیی بە قائید دەزانم. خراپیی جەلالیزم و بێسەروبەریی جەلال تاڵەبانیی، لە رووی فیکرییەوە بوو. ئەم پیاوە سیاسییەکی زۆر زیرەک و پۆپۆلیستێکی زۆر وردەکار بوو، بێ سنوور جەرائەتی سیاسیی هەبوو، توانای قەراری سیاسیی و عەسکەریی زۆر قورسی هەبوو. پەنجا ساڵ لە مێژووی کوردستانی بە هەموو باشیی و خراپییەکانیەوە بەخۆیەوە نووساندووە و کەس ناتوانێ رۆڵی سیاسیی و عەسکەریی تاڵەبانیی، نادید بگرێت.

خاڵی نێگەتیڤی گەورەی تاڵەبانیی، نەبوونی مۆراڵی سیاسیی، بێ فیکریی، بێ گوتاریی و نەبوونی ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسیی رۆشن بوو کە نەیتوانی خۆی لە کوردایەتییە رەسەنەکە( بە قەولی مەسعود بارزانیی راستە رێی کوردایەتیی) جودا بکاتەوە. ئەم پیاوە و هەموو ئەوانەی بە دەورییەوە بوون، لە شێخ شەهابەوە بۆ ئارام، لە عەلی عەسکەریی و د.خالید ەوە بۆ رەسول مامەند، لە کۆمەڵەی مارکسیی-لێنینییەوە بۆ نەوشیروان موصطەفا، بە چەپ و راستییانەوە، کەسیان نەیانتوانی دەربازی ئەو گوتارە نەتەوەییە رزییوەی کوردایەتیی ببن و گوتارێکی نیشتمانیی- دێمۆکراتیی و عەقڵانیی بۆ ململانێ سیاسیی و عەسکەرییەکان لەهەمبەر دەوڵەتی عێراق، دابنێن. لەم ئاقارەدا، گەورەتریین هەڵەی ستراتیژیی تاڵەبانیی لە رەهەندی فیکری سیاسییەوە ئەوەیە کە هەمیشە لە پەنای پۆپۆلیزم و گوتاری شارییانەی کوردایەتییەوە، ویستوویەتی بۆڵەبۆڵ بەسەر گوتارە عەشیرەتییە کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانییدا بکات( نەک رەخنەی لێ بگرێ). بە واتایەکی تر، تاڵەبانیی هەمیشە( لای کەم تا کاتی کەوتنی رژێمەکەی صەدام) ویستوویەتی بە ساحەی سیاسیی کوردستانی بسەلمێنێ کە ئەو باشتر و چاکتر، لە پارتیی و بارزانیی، کوردایەتیی دەکات.

ئەم دەردە قەومییە نەژادییە لۆکاڵییەی تاڵەبانیی، گییرۆدەی نەوشیروان موصطەفایش بوو بوو، وەکو خۆرەیش بە سێکتی هەموو قیادییەکانی یەکێتیی و گۆڕاندا، رۆچوبوو. بە تاڵەبانیی و موصطەفا و هەموو کۆمەڵەی رەنجدەران و رێکخراوەکانی ترەوە، نەیانتوانی فۆرمەڵەی گوتار و دیسکۆرسێکی سیاسیی جیاواز لە پارتیی، بکەن. ئەصڵەن، روئییەی سیاسییان، روئیای لێکدانەوەکانیان و مەعریفەی سیاسییان، لەچاو ماڵی بارزانییدا، تەنیا ئەوە بووە کە ئەمان موثەقەف بوونە بۆ ئەو سەردەمە و ماڵی بارزانیی، عەشایەر و موحافیظکار بوونە. هەر ئەم بێ فیکریی و نەبوونی روئییە و بێ گوتارییەیە کە سەرەنجام، سەری هەموویان( هەموو حیزب و سیاسییە شوێنکەوتووەکانیان) لە سەران گوێلکەکانی کوردایەتییەکەی پارتییەوە، سەر دەردەهێننەوە.

ئەم دۆخەی سلێمانیی و ئەو دۆخە دەروونییەی لەو سیاسییانەی چەرخی رابردووی ئەم ناوچەیەدایە، بە تایبەتیی ئەوانەی لە یەکێتیی بێ ئومێد بوون و لە گۆڕانیش دڵیان هەڵکەنرا، خۆی لە هەیەجانی جەلالیزمێکی تردا دەبینێتەوە، بەڵام جەلالیزمێکی خامۆش، بێ بەرنامە و بێ روئییە لە زۆربەی رەهەندە سیاسیی، جڤاکیی و کولتوورییەکاندا، حەرفیان بۆ گوتن نییە. نوخبەیەک لە سیاسیی و هەندێ لەو رۆشنبییرانەی بە دەوری گۆڕانەوە بوون، چۆن لە ریفراندۆمەکەدا دوای عەوام کەوتن و ناسیۆنالیزمە کوردایەتییەکەی بارزانیی، جڵەوی کردبوون و لە ترسی تەخوینی کوردایەتییش، هەر منگەمنگی نەتەوەیی و نەژادییان بوو، نوخبەیەک توانای بەرهەمێنیانی هیچ ئومێد و هیچ فیکرێکی سیاسییان نییە و بەردەوام غەم و ناسۆر بە دەم چای خواردنەوە و قاوەخواردنەوەوە، بە دووزەلەکانی کوردایەتییدا دەکەن و پییش دەخۆنەوە. ئێستا ئەمانە بە هەموو عەقڵی بەریینی خۆیانەوە دەیانەوێ لە سلێمانییەوە، جارێکی تر دەهۆڵی پایتەختی کوردایەتیی بکوتنەوە و فیشاڵی نەتەوەیی لە سلێمانییەوە، جاڕ بدەنەوە، بەوەی کە ئەم هەموو گەندەڵیی، دزیی و چەتەگەرییە لەو خورافاتەدا دەبیینننەوە کە دەبێ کوردایەتیی لە ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی و بگرە کوڕەکانی موصطەفا وەربگیرێتەوە و بۆ سەر رێگە رەسەنەکەی ناسیۆنالیزمی ئەصیلی کوردایەتیی، ببرێتەوە.

تاکە رێگەی رزگاربوونی سلێمانیی لەم خورافات و وەهمە نەتەوەیی و نەژادییانەی لە ماوەی صەد ساڵی رابردوودا جگە لە دابڕان و پەراوێزخستن لە ئاستی عێراق و ناوچەکەیشدا شتێکی تری بە نصیب نەبوو، ئەوەیە کە نەوەیەکی تر لە گەنجان، بە یەکجاریی قەطیعەی کولتووری هەموو سیاسیی و حیزب و نوخبەکانی رابردوو بکەن و مەبنای گوتارێکی بەدییل بۆ کوردایەتیی و فاشیزمی نەژادیی و نەتەوەیی دابڕێژن کە خۆی لە بە نیشتمانییکردنی سلێمانیی و هەموو هەرێمی کوردستاندا ببینێتەوە و لێرەشەوە، واقیعییانە و عەقڵانییانە، ئەم گوتارە، مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمییدا بکات. دەڵێم گەنجان، چونکە ئەم نەوە کۆنانەی رابردوو، تەنانەت ئەوانەی تەمەنیشیان لە سییەکاندایە، زۆریینەیان موبتەلا بوونە بەناسیۆنالیزمی کاژیکیی و بابانیی و موکریانییەوە و هەمیشەیش، سوپای یەدەکی ئەو تیجاڕەت و بیزنسە گەورەیەن کە رائیدەکانی، ماڵی بارزانیین و بەگەڕیان دەخەن.

ئەو بێ ئومێدییە سیاسییەی لە کوردستان بەگشتیی و لە سلێمانیی و گەرمیان بە تایبەتیی هەیە، مەسئولی ئەوەڵ و ئەخیر، ئەو دەعەجانبوونەی سیاسەتی کوردیی و نوخبە سیاسیی و رۆشنبییرییەکانیەتی بە ئەوهامە بەتاڵ و خورافییەکانی جەلالیزم لە فۆرم و ستایڵی جیاوازدا. جەلالیزمێک کە مەلاییزمی بردە ئاسمانی تەقدیسکردنەوە. تا سلێمانیی لە شاخی گوێژەوە، بە نەخشەیەکی خورافیی کوردستانی گەورەوە، بە فشەی پایتەختی جەهلی کوردایەتییەوە، قرقێنەی نەژادیی و نەتەوەیی بداتەوە، تا سلێمانیی و نوخبەکانی تەجاوزی فاشیزمی کوردایەتیی و حەماقەتە سیاسیی و کولتوورییەکانی کوردایەتیی و ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانییە چەتەگەرییە نەژادیی و طائیفییە نەکەن، ئەوە تۆڕە گەورەکانی پارتیی و ماڵی بارزانیی، بیزنسمانە میلیاردێرە سیاسییەکانیان کە ئێستا لە سایەی چەتەگەریی ئابوورییەوە( سەربەخۆیی ئابوورییەوە) بوونە بە خاوەنی پارەیەکی خەیاڵیی، توانای مۆبەڵایزکردنی مۆبەکانی کوردایەتیی سلێمانییان هەیە کە بە قازانجی ئەجێندا و سیاسەتەکانی خۆیان، چۆنیان بوێت، بیانڕەتێنن.

درێژەی هەیە…




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!… مۆری بۆکچیین -6- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی شەشەم:

پرسیاری گرنگ کە لێرەدا ڕووبەڕومان دەبێتەوە: ئایا دەتوانین شرۆڤەی گواستنەوە لە کۆمەڵێکی چینایەتیەوە بۆ کۆمەڵێکی ناچیانیەتی لە ڕێگەی هەمان جەدەلەوە کە نموونەیەکە بۆ گواستنەوەی کۆمەڵێکی چینایەتی بۆ یەکێکی دیکە،بکەین؟ ئەمە گرفتی یا هەڵەی کتێبێکی خوێندنی قوتابخانە [تێکستبووك] نییە کە حوکمی هزرێکی لۆژکانەی موجەڕەد بخوازێت یاخود لەخۆ گرتبێت، بەڵکو ئەمە پرسێکی کۆنکرێتی حەقیقییە بۆ سەردەمی ئێمە. جیاوازییەکی گەورەی قووڵ هەیە لە نێوانی گەشەکردنی بورجوازی لەسای فیوداڵیزم-دا و گەشەکردنی پڕۆلیتاریا لەسای سەرمایەداریی-دا ، ئیتر ئایا مارکس شکستی هێنا لە پێشبینیکردنیا، یاخود هەرگیز ڕوون نەبووە لای. بورجوازی کۆنترۆڵی ژیانی ئابووریی کردووە زۆر پێشئەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بگرێتە دەست و بووەتە چینێکی پاوانکار سەبارەت بە کەرەسە و ماتریاڵەکان، کولتوور، هەروەها ئایدۆلۆجییشەوە پێشئەوەی بانگەشەی هەیمەنەی سیاسیانە بکات. بەلام پڕۆلیتاریا هێشتا کۆنترۆڵی ئابووریی ژیان ناکات.

وێڕای گێڕانی ڕۆڵیکی نکوڵی لێنةکراو لە پرۆسەی پیشەسازیدا، تەنانەت کرێکارانی پیشەسازیی زۆرینەی دانیشتوان یاخود هاوووڵاتیان نین و پێگەی ستراتیجیی ئابوورییانەیان لە لایەن cybernation و تەکنەلۆجییە پێشکەوتووەکانی دیکە کەمبوەتەوە، وەکو خۆی نەماوە.[7]. ئالێردا داخوازی جۆرێك لە چالاکی باڵای هۆشمەندی لە پڕۆلیتاریا دەکرێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتا بۆ گەیشتن بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. بەڵام تاکو ئێستا بەدەستهێنانی ئەم هۆشیارییە لە لایەن ئەو ڕاستییەوە کە ژینگەی کارگە یەکێکە لە باشترین دامەزراوە و سەنگەری بواری ئەخلاقی سەر کار، لە سیستەمێکی قوچکەیی لە بەڕێوەبردنا، لە گوێگرتن و وەلابونا بۆ سەرکردەکان، هەروەها لەم سەردەمە تازەیەشدا پابەندبوون بە بەرهەمهێنانی کاڵای نازەرووریی وەکو چەكوتەقەمەنی، لە لایەن هەموو ئەمانەوە هۆشـمەندیی کرێکاران بلۆك کراوە. کارگە نەك هەر خزمەت بە ” زەبت و ڕەبت” و ” یەکگرتن” هەروەها ” ڕێکخستن” ی کرێکاران دەکات، بەڵکو بە شێوازێکی مۆدێلانەی کە بورجوازی دەیخوازێت دەیکات.
لە کارگەدا بەرهەمهێنانی سەرمایەداریانە نەك هەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرمایەداریی-دا لەتەك هەر ڕۆژێکی کارکردندا نوێدەکاتەوە هەروەکو مارکس تێبینی کردووە ، هەروها ئاوەز و بەها و ئایدۆلۆجییەکانی سەرمایەداریش نوێدەکاتەوە.
مارکس وەکو پێویست هەستی بەم حەقیقەتە کردووە بۆ بینینی هۆکارەکان کە زۆر ناچاریین، زیاتر لەوەی کە بە تەنها فاکتی چەوساندنەوە و یاخود بەیاکادانەکان بن بە خاتری کرێ و کاژێرەکانی سەر کار بۆ هاندان و پاڵنانی پڕۆلیتاریا بۆ چالاکی شۆڕشگێڕانە. مارکس لە تیئوری گشتی کەڵەکەبونی سەرمایەدارییدا، هەوڵی داوە باسی جەور و بێ بەزەیی، بابەتێتی یاساکان کە پڕۆلیتاریا ناچاردەکەن بۆ گێڕانی ڕۆڵی شۆڕشگێڕیی، بکات . مارکس لەسەر ئەو ئەساسە گەشەی دا بە تیئورە بەناوبانگەکەی شیکردنەوە و گەشەکردنی ئابووریی لەبارەی هەژاریی، نەبوونی لەڕووی ئابوورییەوە: ململانێی نێوانی سەرمایەداران ناچاریان دەکات کە هەر یەکەیان نرخی شمەکەکانیان، کاڵاکانیان بهێننە خوارەوە، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی درێژە بە بەردەوامی داشکاندنی کرێ و هەروەها هەژاریی ڕەهایی کرێکاران، دەدات. بەم جۆرە کرێکاران ناچاردەبن کە شۆڕش بکەن چونکە لە تەك پرۆسەی کێبڕکێ و نێوەندگەرایی سەرمایەدا ” برسێتی و نەبوونی و ناڕەحەتی خەڵك ، سەرکوتکردن، کۆیلایەتیی، سوکایەتی و شکۆشکاندن” تەشەنەدەکات.[8]
بەڵام سەرمایەداریی وەکو سەردەمەکەی مارکس نەماوە، ئەو بە نوسینەکانی لە نیوەی چەرخی نۆزدەدا، نەدەکرا بە فکریی ئەو کاتەی پێشبینی یاخود دەرکی تەواوی سەرەنجامەکانی [ عاقیبەت] نێوەندگەرایی سەرمایە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای بکردایە. چاوەڕوانیی لە مارکس نەدەکرا کە پێشبینی ئەوە بکات کە سەرمایەداریی نەك هەر بە تەنها لە قۆناخی بازرگانێتییەوە گەشەدەکات بۆ قۆناخی پیشەسازیی پاوانخواز و پاوانکار لەو سەردەمەی خۆیدا و… بەهۆی یارمەتی دەوڵەتەوە لە مۆنۆپۆڵایزکردنی مامەڵەکانا [ ئیحتیکارکردنیان] بۆ قۆناخی کێبڕکێی باڵای یەکینەکانی پیشەسازیی .. تێپەڕیدەکات، بەڵکو بە هۆی نێوەندگەرایی سەرمایەش، سەرمایەداریی گەڕایەوە بۆ ئەسڵی بازرگانێتییەکەی بە هاوکاریی دەوڵەت لە فۆرمی مۆنۆپۆڵیدا بەڵام لە باڵاترین ئاستی پێشکەوتن و دەستپێکردنەوەی. ئابووریی بەرەو ئاوێتەبوون لەتەك دەوڵەت ملدەنێت سەرمایەداریش دەست بە “پلانی” پێشکەوتنی دەکات لەبری وازلێهێنانی بە تەواوی بۆ هاوبەشیی و هەژموونی کێبڕکێی هێزەکانی بازاڕ. بەدڵنیاییەوە سیستەمەکە خەباتی چینایەتی کلاسیکیانە هەڵناوەشێنێتەوە ،بەڵکو هەوڵی دەستەمۆکردنی [ئیحتیواکردنی] دەدات، بۆ ئەمەش سەرچاوە تەکنەلۆجییە مەزنەکان بەکاردەهێنێت بۆ لووشدانی، هەرسکردنی [ ئیستیعاب] زۆرترین لە کەرتە ستراتیجییەکانی چینی کرێکاران.

ئا بەم شێوەیە هاندان و پێداگرتن لەسەر تیئوری هەژاریی ئابوریی، هۆشمەندی کولکرد [ پێچەوانەی تیژ] لە ئەمەریکا خەباتی تەقلیدیانەی چینی کرێکاران لە گەشەکردنیا بۆ جەنگی چینایەتی شکستی هێنا و بە تەواوی لە چوارچێوەی ڕەهەندی بورجوازیدا تەوقی خوارد و مایەوە. لە ڕاستیدا مارکسیزم لە لایەن فۆرمە هەرە پێشکەوتووەکانی بزوتنەوەی سەرمایەداریی دەوڵەتیییەوە، بووەتە ئیدۆلۆجی بە تێبینیکراوی ڕوسیا. زۆر گرانە باوەڕهێنان بەوەی کە مێژو پێچەوانەی نیشاندا کە ” سۆشیالیزمی” مارکسییانە دەرکەوت کە بووە بەشێکی گەورە لە سەرمایەداریی دەوڵەتیی کە مارکس لە پێشبینیکردنیا لە دایەلێکتیکی سەرمایەدارییدا، شکستی هێنا. [9 ]. لەبری ئەوەی پڕۆلیتاریا گەشەبکات بۆ چینێکی شۆڕشگێر لە ڕەحمی سەرمایەدارییدا، بەڵکو دەرکەوت بووە ئۆرگانێك لە لاشەی کۆمەڵی بورجوازیی.
درێژەی هەیە
……………………
7 – ئەمە ئەو خاڵەیە کە شرۆڤەی ئەوە دەکات کە گەر کەسێک بیەوێت لە فکرەی ” پڕۆلیتارێتی” خۆی ڕزگار بکات، کە هیچ شتێکی نییە بیفرۆشێت جگە لە هێزی بازوی. ئەوە ڕاستییە کە مارکس ئاوا پێناسەی پڕۆلیتاریای لەم تێرمەدا کردووە ، بەڵام هاوکاتیش مارکس لە دووتوێی دیالێکتیکی مێژووییەوە لە گەشەکردنی پڕۆلیتاریای ڕوانیوە. پڕۆلیتاریا لە چینێکی چەوساوەی بێ موڵکییەتەوە گەشەدەکات و لە قۆناخی پڕۆلیتاریای پیشەسازیدا پێشکەوتوترین فۆرم بەخۆیەوە دەگرێت، کە ڕەنگدانەوەی زۆرترین فۆرمی گەشەی سەرمایەیە… مارکس لە ساڵانی کۆتایی ژیانیا ڕقی لە کرێکارە پاریسییەکان دەبووەوە کە بە زۆری غەرقی بەرهەمهێنانی کاڵا کەمالیاتییەکان بووبوون وەکو ” کرێکارانی ئەڵمانمان ” ..باشترین ڕۆبۆتی ئەوروپا بوون گوایە لە جیهانا، وەکو پڕۆلیتاریای ” نموونەین، مۆدێلن”.

8- هەوڵی لێکدانەوەی تیئورەکەی مارکس سەبارەت بە هەژاریی و نەبوونیی، وەکو تێزێکی جیهانیی لەبری نیشتمانی (وەک مارکس کردی) فێڵێکی تەواوە. لە پلەی یەکەمەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە واقیعدا ئەم تیئورە ئاوا دەبینێت کە بە ئاسانی لە هەوڵی خۆپاراستنی وەڵامی ئەو پرسیارەدا بێت: کە بۆچی هەژاریی و نەبوونیی ئەوەی کە مارکس باسی کردووە لە ناو قەڵای بەهێزی پیشەسازی سەرمایەداریدا دەرنەکەوت، کە ئەمانەش ئەو شوێنانەن کە خاڵی سەرهەڵدانی تەکنەلۆجیای کافی و گونجاون بۆ کۆمەڵی ناچینایەتیی؟ بە گوێرەی ئەم تئیورە ئەگەر ئێمە هیواکانی خۆمان لە جیهانی کۆڵۆنییدا بە ” پڕۆلیتاریا” بسپێرین ئەم هەڵوێستە مەترسییەکی کەتواریانە دەشارێتەوە: کە جێنویسایدە.
ئەمەریکا و هاوپەیمانە نوێیەکەی کە ڕوسیایە، هەموو ئامراز و تەکنەلۆجییایەکیان هەیە کە دەتوانن بۆمبارانی وڵاتانی دونیای گەشەنەسەندوی ئابووریی، پێبکەن، تا ڕادەی ڕادەستبوون. هەڕەشەیەکی شاراوە لە ئوفقی مێژووییەوە هەیە کە گەشەکردنی ئەمەریکایە بەرەو ئیمپریالییەکی فاشی ڕاستی لە جۆری نازییەت. ئەمە قسەیەکی تەواو بێ مانایە کە بڵێی ئەم وڵاتە ” پڵنێکە لە وەرەقە”، ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئەمەریکا پڵنێکی حەراری ئەتۆمییە هەروەها چینی حوکمڕانی ئەمەریکی کەمتر کولتوریی خۆگرتنیان[ سەبر] هەیە و هەتا توانای زیاتری لە ئەڵمانیا هەیە بۆ ئەنجامدانی کارە نامرۆییەکان .

9- لینین باش هەستی بەوە کرد و ئاوا وەسفی “سۆشیالیزم” ی کرد کە ” شتێک نییە جگە لە دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆنۆپۆلی تاکو هەموو خەڵك سوودمەند بکات” گەر بیر لە ناوەرۆکەکەی بکەیتەوە ئەمە دەربڕینێکی یەکجار نائاساییە، هەروەها پڕیشە لە ناکۆکی.




دە هایـــکو … سمکۆ ئەحمەد رەشید

۱
،غرووریی تاکێک پێڵاو
کۆتایی دونیا رادەگەیەنێت ـ
.مێروولەیەک
۲
،لە ـ با ـ ناڵین
لە ژیان فێری شکان بوو ـ
.دڵـــم
۳
، ریکۆردی شکاند
هەزار و یەکشەوەی تێپەڕاند ـ
.حیکایەتی تەنیاییم
٤
،سەمای شەپۆل
ئەژنۆی تەڕی شـــاخ ـ
.خەندەی نیــگا
٥
،تاوانبارە
دەستی بە خوێنی سێبەر سوور بووە ـ
.تاریـــــکی
٦
،دوو مناڵی بە سکێک بوو
ژنێـــکی نەزۆک ـ
.خەونی تەمەن
۷
،دەروازەی گۆڕستان
هاتن بۆ هەموانە ـ
.تابلۆیەکی نەنووسراو
٨
،باوەشێکی داخراوم
لە بەرەکانی شەڕ جێمان ـ
.دەستەکانـــم
۹
،کۆچی شەو
بە ئاسمانی دڵمەوە دەدرەوشێنەوە ـ
.جووتێک ئەستێرە
۱۰
،سارایەکی تەنگەبەرە
باڵەفڕەی خەونەکانم ناگرێتە خۆی ـ
.ئاســــمان




چیرۆکی هێشووە ترێ … نویسنی:زوهێر رسام – وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئەدەبی منداڵان

هێشووە ترێیەک شانازی بەبۆڵە گەورەکانی خۆیەوە دەکرد؛ بەدڵێکی خۆشەوە دەیوت:(من هێشوویەکی زۆر تایبەتیم لەهیچ رەزێکدا لەوێنەی من نییە)۰
قەدەکەی وتی:ئای چەند دڵخۆشم!کەبەم جوانییەوە دەتبینم؛بەڵام کاری منت لەبیر نەچێت که هەڵتدەگرم و خواردنت پێدەگەیەنم۰
گەڵاکان وتیان:ئێمەش لەگەرمای خۆر دەتپارێزین ؛تۆبەهۆی ئێمەوەئەو تامە خۆشە پەیدا دەکەیت و دەبیتە خۆراک؛تکایە ئەرکی ئێمەش لەبیرمەکە۰
دواجار ئەو چڵەی هێشووەکەی هەڵگرتبوو وتی: منیش بەرزمکردویتەوە تا بە ئاسانی هەوا هەڵمژیت وتیشکی خۆر لێت بدات۰ ئێمە دڵخۆشین کە هێشوویەکی جوانی وەک تۆمان پێوەیە؛بەڵام کاری ئێمەش لەبیر مەکە۰
پاش که مێک بێدەنگی کۆترێک هاتە لایانەوەو وتی:ببورن هەمووتان هەڵەکەی هێشووی هاورێتان دووبارەکردەوەو تەنها باسی خۆتان کرد؛تکایە گرنگی ڕەگ لەبیرمەکەن ۰ڕەگ خۆراک و ئاوتان بۆکۆدەکاتەوەو لەزەویتان دەچەسپێنێت تابەرگەی ڕەشەباو گەردەلوول بگرن۰
هەمووان بەیەک دەنگ وتیان ڕاستە
[ درەخت بەبێ ڕەگ ناژی]۰




ئایا رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ روسیا ده‌ركه‌وتووه‌؟ … عیماد عه‌لی

ئه‌گه‌ر تا ئێستا ئه‌ردۆگان توانیبێتی له‌ جوڵه‌ سیاسی و ته‌كتیكه‌كانی به‌ڵانسییك له‌ نێوان روسیا و ئه‌مریكا راگرێت، به‌بڵام ئه‌مرۆ به‌ روونی بۆ روسیا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ توركیا له‌ رووی سیاسه‌تی ستراتیجی خۆیه‌وه‌ ناتوانێت به‌یه‌كجاری له‌ رۆژئاوا و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا دابڕێت. بۆیه‌ روسیا له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ئیستێكی كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا و ئه‌مه‌ش به‌ روونی بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌ئاشكرا دیاره‌ كه‌ توركیا له‌ دیاریكردنی شوێن و پیگه‌ی سیاسی و هاوپه‌یمانێتی خۆی له‌ وه‌زعی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مرۆ ڕاڕاو ناجێگیره‌، پاش ئه‌وه‌ی یاریه‌كی تا راده‌یه‌ك زیره‌كانه‌ی له‌گه‌ڵ روسیا كرد و خۆی له‌ قه‌یرانێكی سیاسی گه‌وره‌ له‌ كاتێكی سه‌ختدا رزگاركرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا دوێنی روون نه‌بوو له‌م چه‌ند رۆژه‌دا بۆ زۆر لایه‌ك و به‌ تایبه‌تی روسیا ده‌ركه‌وت كه‌ توركیا ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ملكه‌چبونی بۆ رۆژئاواو و به‌تایه‌بتی ئه‌مریكا بێت، سه‌ره‌رای ئه‌و یاری جۆلانه‌ی له‌ نێوان روسیا وئه‌مریكا له‌م چه‌ند ساڵه‌دا كردی و خۆی له‌ قه‌یرانی گه‌وره‌ رزگاركرد.
جا له‌م قۆناغه‌دا توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی بیر له‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ستراتیجیانه‌ی له‌سه‌ر خۆی بۆ بارودۆخی پێشوتری ده‌كاته‌وه‌، یان دووباره‌ هه‌وڵدان بۆ سه‌نگه‌ر به‌ستن له‌ پێگه‌ی ناوه‌راست و یاریكردن له‌گه‌ڵ كات و خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی كاتی و ملدان به‌ لایه‌كی خاوه‌ن هێزی قۆناغه‌كه‌ له‌ كاتێكی دیاریكراودا له‌لایه‌ك و دانه‌بڕان له‌ هاوڕێ كۆنه‌كانی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر بۆیبكرێت خولخواردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ستراتیجی بكات ئه‌گه‌ر بارودۆخی له‌بار مه‌یسه‌ر بێت به‌ڵام ئێستا ئه‌و توانایه‌ی نیه‌ به‌خۆی ببێته‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی سه‌ربه‌خۆ و جوڵه‌ی سه‌ربه‌خۆی پێبكرێت.
ئه‌وه‌ی زۆر هه‌وڵی بۆ ده‌دات و تا ئێستا سه‌ركه‌وتو نه‌بووه‌ كه‌ بتوانێت ببێته‌ خاوه‌ن هه‌مه‌ هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندیه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی راگیربكات له‌سه‌ر خاڵی ناوه‌ند، واته‌ هاوپه‌یمانێتی هه‌مه‌چه‌شنی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌ی نه‌ دۆست و نه‌دوژمن له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ناوچه‌یی و ته‌ماحه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌ردۆگان و چاوتێبڕێنی له‌ سه‌روه‌ت و سامانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ قورسه‌كانی ناوچه‌كه‌و به‌هێزی ركه‌به‌ره‌كان ناهێلین ئه‌م ئامانجه‌ی بێته‌دی.
تا ئێستا بۆماوه‌یی شه‌ری سارد كاریگه‌ری خۆی له‌ گیانی توركیا و په‌یوه‌ندیه‌ نوێكانی جێگه‌ی خۆی گرتووه‌. له‌م باره‌شه‌وه‌ ئه‌و خۆهه‌ڵتیزان و جارجار قیره‌قیڕه‌ی دژ به‌ ئیسرائیل ته‌نها له‌ خزمه‌ت هه‌وڵدانیه‌تی بۆ ده‌سترۆیشتوویی ناوچه‌یی و موزایه‌ده‌كردنی له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا. له‌م باره‌شه‌وه‌ دیسان ئه‌و بارودۆخه‌ی نێوان ئه‌مریكا وئێران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی قۆستۆته‌وه‌ و له‌ په‌یوه‌ندی و داواكاریه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و روسیاش قازانجێكی گه‌وره‌ی لێده‌بینێت.
له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆرپا زۆر له‌ق و نائارامه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌وڵی بێلایه‌نی له‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین له‌ رێگه‌ی وه‌به‌رهێنان سه‌ركه‌وتو نه‌بووه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی چین هه‌وڵی گه‌وره‌ی دا له‌ به‌كارهینانی توركیا وه‌ك رێگه‌ و پشتوێن بۆ گه‌یشتن به‌ ئۆرپا و فه‌رزكردنی هه‌ژمونی سیاسی خۆی له‌ رێگه‌ی ئابووری و بازرگانیه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زیاتر پاڵی به‌ ئه‌ردۆگانه‌وه‌ ناوه‌ كه‌ ڕوو له‌‌ رۆژهه‌ڵات بكات له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی؛ كێشه‌ كاتیه‌كانی له‌گه‌ڵ روسیا و خستنه‌ خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ روسیه‌كه‌ و هه‌وڵی رێگری له‌ لێكه‌وته‌كانی و په‌یوه‌ندیه‌ خراپه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆرپاو رازینه‌بون به‌ ئه‌ندامبونی له‌ یه‌كیتێ ئۆرپا و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ كۆمه‌ڵیك پرسی گرنگی تایبه‌ت به‌ توركیا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌ و جیهان و به‌تایبه‌تی له‌ سوریا بوو. به‌ڵام ئه‌مرۆ زۆر شت گۆراو توركیا له‌ نێوخۆی خۆیدا له‌ قه‌یرانێكی ئابووری گه‌وره‌ و نزمبونه‌وه‌ی به‌های لیره‌ و وه‌زعی سیاسی ناله‌بار و كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاكه‌په‌ و نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌كانی ئه‌ردۆگان و خاوبونه‌وه‌ی ئه‌و گرژی و قه‌یرانه‌ی له‌ نێوان توركیا و روسیا له‌ ده‌رئه‌نجامی خستنه‌ خواه‌روه‌ی فرۆكه‌كه‌ی روسیا هاته‌ئاراوه‌ و لاوازبونی رۆڵی توركیا له‌ سوریا پاش رێكه‌وتنه‌ نهێنیه‌كانی ته‌وه‌ر وهاوپه‌یمانێتیه‌كان له‌سه‌ر وه‌زعی ئه‌دلب و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی هه‌ڵوێستی توركیا و نه‌هێشتنی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی توركیا بۆكوردستانی رۆژئاوا و قوڵتربونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ نێوخۆییه‌كانی و گه‌وره‌بونی كێشه‌ و گرفته‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ و تا راده‌یه‌كی باش زاڵبونی ركابه‌ره‌ ناوچه‌ییه‌كانی و توندبونی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و ئۆرپا و هاوپه‌یمانی ناتۆ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆگان و هه‌ره‌شه‌ی ده‌ركردنی له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌، وای له‌ ئه‌ردۆگان كردووه‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و و ئاراسته‌كه‌ی تا راده‌یه‌كی به‌رچاو بگۆرێت. هه‌ر له‌م باره‌شه‌وه‌ روسیا گومانی لا دروست بووه‌ له‌مه‌ر په‌ویه‌ندی و رێككه‌وتنی توركیا ئه‌مریكا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ستراتیجیه‌كان و متمانه‌ی كزبووه‌ به‌ راستگۆیی ڕووگۆڕێنی توركیا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات، بۆیه‌ گرنگیدان به‌ توركیا له‌لایه‌ن روسیاوه‌ به‌م هه‌ڵوێستانه‌ی تاراده‌یه‌كی باش له‌ق بووه‌ و متمانه‌ی پۆتین به‌ ئه‌ردۆگان كزبووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌ستانه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندی توركیا زۆرێك له‌ بریاره‌كان ده‌رچوون.
بۆیه‌، ئه‌م هۆكارانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دابین كه‌ رووی راسته‌قینه‌ی ئۆردۆگان بۆ پوتین ده‌ركه‌وتبێت و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هاوكێشه‌كان گۆڕانی تێدا بكرێت و كاریگه‌ریی روسیا له‌ سوریا و ناوچه‌كه‌ ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌ له‌قكردنی پێگه‌ی توركیا زیاتر یكات .
لێره‌وه‌ ده‌كڕیت كورد و به‌تایبه‌تی له‌ه‌كوردستانی رۆژئاوا به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی راست و دروستی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ قازانجی تایبه‌تی لێ ببینێت و جێ پێی خۆی زیاتر قایم بكات، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی باش بنێت له‌ جموجوڵی خۆی له‌گه‌ڵ روسیا و حكومه‌تی سوریا وئێرانیش، بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری سه‌لبی ناوچه‌ی ئارامیش به‌ شێوه‌یه‌ك پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌.




لە رۆژی دادپەروەریدا, بێ سستەمێكی دادوەری بەهێز تاوانبارانی جینۆساید وەك ئێستا لە سزا رزگاریان دەبێت

21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە كوردستان و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵكی كوردستان رۆژێكی گرنگ بوو, رۆژی دەسپێكی دادگاییكردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە كوردستان, بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە كەسانێكی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە” تاوانی جینۆساید, تاوانی جەنگ , تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” لە لایەن وڵاتێكی داگیركەری كوردستان و بكەری تاوانەكە بچنە بەردەم دادگا لەو پایتەختەی كە بڕیاری كۆمەڵكوژییەكەی لێوە دەرچووە, پرۆسەی دادگاییەكە لە بەرواری 21-8-2006 بە دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد, دادگاكە هەرچەندە ناوخۆیی و پڕ بوو لە كەماسی و لە ئاستی مەزنی تاوانەكاندا نەبوو وە بە پێوەری نێو دەوڵەتی نەبوو و لە روی ناساندنی تاوانەكان لە ئاستی جیهانی رەخنە هەڵگربوو وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا, 4 كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند, كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا لە بەرامبەریدا ئەنجامدرابوو, كە ئەمەش بێوێنە بوو لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی, بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگا لە دادگاییكردنی تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە كوردستان نەك جێ بە جێ نەكراو رێزی لێنەگیرا, كە گرنگترینیان رزگار نەبوونی تاوانباران بوو لە سزا, بگرە پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراو جۆر لە پاراستن و داڵدەدانیانەوە تا فشار خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری نەیان هێشت بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتبار ی ئەنفال جێبەجێبكرێت و بوونە پشت و پەنایان, تا هەنووكە دەیانپارێزن و هەندێك جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن, كە دەیانیان ئەمڕۆ پۆستی گەورەی سەربازییان هەیە, تەنانەت لە حكومەتی ناوەندی و شاری بەغداش كە بڕیاری دەستگیركردنەكەیانی لێوە دەرچووە بونە بە نوێنەری خەڵكی كوردستان و نوێنەرایەتی بەرنامەیەكیان دەكرد كە پارتەكانیان تیایدا بەڵێنیان دابوو كار بۆ مافەكانی قوربانیان بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانی بەعس بكەن, ئەمەش وایكردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان كەمبكاتەوە, یەكەم رێگر لە بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا حكومەتی هەرێمی كوردستانە, كەس و كاری قوربانیانیش نەك نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن كە تاوانباران دەپارێزن, بگرە زۆر جار لێرەو لەوێ دەبینین لە گەڵ تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەكان دەردەكەون و كۆنە بەعسیەكان لە یادەكانیان لە ریزی پێشەوە دادەنیشن بێئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن, وەك ئەوەی كە پۆست و پلەیان وەرگرت لە رابردوو شۆردرابێتنەوەو ئەم تۆمەتبارانە نەبوبێتن لە ریزی بەعسی ئەنفالچیدا بوونەو بەشداری ئەنفالكردنی كەسوكاری ئەوانیان كردبێت.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان (21-8), كە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەهایە بۆ خەڵكی كوردستان و دادپەروەری لە كوردستان دەزانین و داواكارین :
1- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال” 423 تۆمەتبار” و كەیسەكانی دیكەدا هاتووە, بە زوترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردن, وە لە كوردستان وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت, نەك هاووڵاتی ئاسایی وەك ئێستا.
2- لیستی ناوەكانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول, بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە دەرەوە.
3- ئێمە لە 6 ساڵی رابردوودا, ا- 3 جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواكاری گشتی كردووە هەنگاو بنێن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی ئەنفال, ئەوان رایانگەیاندووە كە ئەوە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت لە دەستگیر كردنیان, جگە لە فەرمانگەی داواكاری گەرمیان و هەڵەبجە ئەوانی دی وەڵامیان هەرنەداوەتەوە, لە كاتێك زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە سنوركانی هەولێرو دهۆكن, ئەمەو دواتر بێ هۆكار 3 زیندانیكراوەكەی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان ئازاد كران, لە كاتێكدا دەتوانرا بە ئاسانی بنێردرێن بۆ دادگای باڵای تاوانەكان.ب-هاوكات دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە:

1-ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول.

2-پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری بكرێت كە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای ئەوان تۆمەتبارن یان نا , ئەمەشیان نەكرد, مخابن ئەنجومەنی دادوەری كە بە فلیم لامانە بەڵێنیان دا كار بۆ دەستگیركردنی ئەم تۆمەتبارانە بكەن, كەچی بە بەڵگە لامانە لای ئەوان هەر تۆمەتباریش نین و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان هیچ ئەهمیەتێكی یاسایی نییەو وەڵامی ئەو رێكخراوە بیانیانەش نادەنەوە كە كار بۆ بەدادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەكەن لە دەرەوەی وڵات .

3 – دووجار داوامان لە داواكاری گشتی كردووە كە فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی ” شەهیدان, قوربانیانی جینۆساید و چەكی كیمیاوی, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین” بڵاو بكرێنەوە, بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت, پاكبكرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران , ئەمەشیان بەكاری خۆیان نەزانی.

4- داوامان كرد موچەی شەهیدان و قوربانیان بكرێتە ستانداردێك بۆ دادپەروەری لە موچە, ئەوان داكۆكیان لەوەی ئێستا هەیە كرد, بەرەی نا دادپەروەریان هەڵبژارد, گوایە یاساییە و بە یاسا رێكخراوە.مخابن بۆ هەموو ئەمانە, كەچی لە 21ی تەموز نامەیەكی نا فەرمیمان لە داواكاری گشتییەوە بە دەست گەیشت, بێ مۆر, تیایدا دەڵێن ” ئاماژە بەو سكاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆكایەتیەكەمان…ئێمە وەك داواكاری گشتی تەنیا كێشەكانی گشتی دەجوڵێنین ئەویش لە رێگای دەستەی مافی گشتییەوە كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا بێت..بەڵام ناكرێت كێشەی تایبەت بجوڵێنین… دەكرێت خاوەند كێشە سكاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە دوادا چونی بۆ بكەین لە دادگا تایبەتمەندەكان…. لە گەڵ رێزماندا .بەم شێوەیە بەم نامەیە بزمارێكیان لە نەعشی دادپەروەری دا, هەموو كێشەكانی نیو ملیۆن قوربانی و دادپەروەریان بە كێشەی شەخسی دایە قەڵەم, سەلماندیان دەزگایەكی لەوە لاوازترن وەك پێشبینیمان دەكرد.ئێمە نەك بۆ رزگار نەبوونی تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە, بەڵكە لامان رونە دوا رۆژ هەر بۆ هەق و راستییە, بە مردویش بێت تۆمەتباران لە سزا رزگاریان نابێت, بە داخەوە ئەو دەزگا دادوەرییانەی لە كوردستان هەن زۆر لەوە بێهێزترن بتوانن ئەم كەیسە دادپەروەریانە بجوڵێنن, كە دەبوایە وەك باڵای شەهیدەكانمان و قوربانیانی جینۆساید و مەزنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە هێزو جدی بونایە لە دادگاییكردنی تاوانباران.

بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەكلە رۆژی دادپەروەری لە كوردستاندا, سەركەوێت دادپەروەری و بەرقەرار بێت حوكمی یاسا و دادگای بەهێزی سازشنەكەر لە كوردستان
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی Koncicc تۆڕی ئایكان كوردستان- Ican Kurdistan Network-IKN

رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆمەڵكوژ لە كوردستان-Organization Against Weapons of Mass Destruction in Kurdistan
‎‏
21-8-2019




لەسەر بناغەی هەواڵێکی درۆ، چل ساڵ لەمەوبەر فەرمانی پەلاماردانی کوردستان دەرچوو

ئەحمەد ئەسکەندەری


٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ – ١٩ی مانگی هەشتی ١٩٧٩

ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لەگەڵ هاوڕێکانم لە نووسینگەی ‘کۆمەڵەی لایەنگری زەحمەتکێشان و پارێزگاری لە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد’ لە شاری سەقز بووین و ڕووداوێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو. وەکوو ڕۆژەکانی پێشووتر تەلەفونم کرد لە ‘کۆمەڵەی پارێزگاری لە ئازادی و شۆڕش’ لە شاری سنە بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی جاران کەسێک بە فارسی جوابی دایەوە! خێرا زانیم کە هاوڕێیانمان لەو شارە ناچار کراون شوێنەکەیان بەجێ بهێڵن. . . زۆری پێنەچوو ڕادیۆ تاران پەخشی ئاسایی خۆی بڕی و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی و پەیتا پەیتا فەرمانی جیهادی خومەینی دەخوێندەوە.

ئاماژە بە سێ دەربڕینی خومەینی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ و هەروەها مانگی پووشپەڕی ١٣٥٩ [١٩٨٠] جەوهەری هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کوردستان، هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن ئەوانەو و هەروەها هەڵوێستی ڕژیم بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییەکان و حیزب و ڕێکخراوەکان لەلایەک و بۆچوون و کاردانەوەیان سەبارەت بە وتووێژ و دانووستاندن لەلایەکی ترەوە، بەڕوونی دەردەخات.
١ – فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، خومەینی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ [١٩/٨/١٩٧٩]
” السّاعه خەبەر گەیشت کە لە سنە «حیزبی دیموکرات»، ئەوانە ئەرتەشییەکان و ڕیکخراوەکانی ئەوانیان گەمارۆ داوە، وە ئەگەر هەتا نیو سەعاتی تر یارمەتی نەدرێن چەکەکان دەبەن. وە لە مزگەوتی جامیعای سنەوە بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە کە حیزبی دیموکرات ژنەکانمانیان بە بارمتە گرتووە. اکیداً به ‏تەواوی هێزەکانی ئاسایش فەرمان دەدەم بەرەو پادگانەکانی . . بەرەو سنە بکەونە ڕێ، پاسدارانی ئینقیلاب – لە هەر شوێنێک کە هەبن – بە ژمارەی پێویست – بە پردی هەوایی – بەرەو سنە و کوردستان هێزەکانیان ببزوێنن و زۆر بە توندی، هەموو یاخیبووەکان سەرکوت بکەن. تەئخیر، – با یەک سەعاتیش بێت – بە سەرپێچی کردن لە ئەرکەکان دەژمێردرێت و بە توندی سزای بەدوادا دێت. . (دەقاودەق لە سایتێک بەناوی پۆرتالی ئیمام خومەینی وەرگیراوە: صحیفه امام، ج ٩، ص ٣٠٦ سایت ‘پرتال امام خمینی’ http://www.imam-khomeini.ir/)
چەندین ساڵ دواتر – هەروەکوو لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت – کاربەدەستانی ئەوکاتی ئێران لە کوردستان، تاران و قوم پێداگری دەکەن کە ئەو ڕۆژانە لە شاری سنە هیچ نەقەوماوە و ئەم فەرمانی شەڕ و هەڵچوونەی خومەینی لەسەر بناغەی خەبەری دروستکراو و هەڵبەستراوی شەڕخوازان لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتی سەربازی و ئایینیی ئێراندا دەرچووە.

چل ساڵ توندوتیژی، داپڵۆسین، بۆمباران و ئێعدام وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام سەرەڕای ئەو سیاسەتە دژە مرۆڤانە و سەرکوتی زۆر، خەبات لە دژی ستەمی میللی و هەموو ئاکامە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی لە کوردستان بەردەوام درێژەی هەبووە و لە باری سیاسییەوە کوردستان قەت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی قبووڵ نەکردووە.
مامۆستا شێخ‌ عێزەدین حوسەینی در بەیاننامەیەکدا که ڕۆژنامەی ‘کیهان’ ۸ خاکەلێوەی ۱۳۵۸ لاپەڕی ۷ دا بڵاوی کردووەتەوە، سەبارەت بە ڕیفراندۆم (ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی خاکەلێوە، ٣٠ و ٣١/٣/١٩٧٩) بۆ دیاریکردنی ڕژیمی تازە پاش ڕووخانی شای ئێران بەم شێوە دەدوێت:
«لەبەر ئەوە ناوەرۆکی ‘کۆماری ئیسلامی’ تەماویی و نادیارە، بەتایبەت سەبارەت بە مافی دیاریی کردنی چارەنووس و هەروەها مەسئەلەی خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا . . لەم ڕیفراندۆمەدا بەشداری ناکەم.»
ڕێکخراوی ‘کۆمەڵە’ یەک هەفتە پێش ڕیفراندۆم و حیزبی دیموکراتیش پاش دیداری دەستەی نوێنەرایەتی حیزب بە سەرۆکایەتی دوکتور قاسملوو لەگەڵ خومەینی لە قوم، ڕۆژی پێش ڕێفراندۆمەکە (٩ی خاکەلێوە) لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، بەشداری نەکردنی خۆیان لەو ڕیفراندۆمەدا ڕاگەیاند.
فەرمانی شاڵاو و کوشتن لەسەر ئەساسی هەواڵی هەڵبەستراو کە ئاکامەکانی زۆر ڕووخێنەر و کارەساتئامێز بوو
«چشم‌انداز ایران» (چەشم ئەانداز واته روانگه، به‌رژه‌وه‌ند، ئاسۆ) گۆڤارێکه هەر دوو مانگ جارێک له تاران بڵاوده‌بێته‌وه. به‌هاری ساڵی ٢٠٠٣ یه‌که‌مین ژماره‌ی «چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان» (تایبه‌ت به کوردستان) ده‌رچوو. پاییزی ٢٠٠٥ ژماره‌ی دووهه‌میشی بڵاو کرایه‌وه . ئه‌وه یه‌که‌م جاربوو که گۆڤارێک له تاران به‌و شێوه‌یه دوو ژماره‌ی خۆی ته‌رخان ‌بکات بۆ باسکردن له‌سه‌ر پرسی کورد له ئێران و هه‌روه‌ها وێنه‌ی ڕیبه‌رانی کورد به‌تایبه‌ت مامۆستا شیخ‌عێزه‌دین حوسه‌ینی و دوکتور قاسملو بڵاو بکاته‌وه.
وتووێژی ژەنراڵێکی به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه «سه‌رله‌شکر ناصر فه‌ربود» له لاپه‌ڕه‌ی ٤٣ی «چشم‌انداز ایران – ویژه‌ کردستان” ژماره دودا جێگای سه‌رنجێکی تایبه‌تییه:

«پرسیار: واته ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشدا تاران ده‌ستپێکه‌ری شه‌ڕبوو له ‌دژی کوردستان؟ به‌ واتایه‌کی دیکه ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی کاتییه‌وه‌ و له ‌تارانه‌وه بوو؟

وه‌ڵام: ستاد (واته ناوه‌ندی سه‌رکردایه‌تی ئه‌رته‌ش) به ‌ره‌سمی نووسیویه‌تی که خۆیان ئه‌م‌ کاره‌یان کردووه.

پرسیار: بۆچی به‌ فڕۆکه هاتنه سه‌ر شاری سنه؟
وه‌ڵام: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ئه‌رته‌ش) به‌ پێچه‌وانه‌ی ئامانجی ده‌وڵه‌ت کاریان ده‌کرد.»
هەڵبەت ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەوە نەبوو “بە فڕۆکە هانتە سەر شاری سنە”، ئەو جۆرەی کە ڕۆژنامەوانەکە پرسیار دەکات، بەڵکوو لە سەر شار و لادێکانی کوردستان دیواری دەنگیان دەشکاند و هەر لە ڕۆژەکانی پێش نەورۆزی ١٩٧٩ـوە مەبەستیان تۆقاندنی خەڵکی کوردستان بوو.
لێره دا وته‌یه‌کی ئاغای جه‌مشید حه‌قگو، ئوستاندار (پارێزگار)ی پێشووی ئازربایجانی رۆژئاوا زۆر شیاوی سه‌رنجدانه:

«ڕۆژێکیان به‌بۆنه‌یه‌که‌وه من له ئیداره‌ی دووهه‌می ئه‌رته‌ش بووم له‌ تاران و له‌وێ پرسی کوردستان هاته پێش. هه‌موو ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی اگلاعاتی روکنی دوو (ده‌زگای دژەزانیاریی ناو ئه‌رته‌ش) که شاره‌زای دۆخی ناوچه‌ی کوردستان و گیروگرفته‌کان له‌وێ‌بوون. له‌بیرمه هاوکات کە جه‌ختیان له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی من دەکردەوە . . . رایانگه‌یاند که ئێمه‌ش به‌راوردمان کردووه و نزیکه‌ی ١٤ ڕێگاچاره‌مان بۆ کوردستان ڕه‌چاوکردووه که دوایین ڕیگاچاره‌یان، کردەوەی چه‌کدارانه‌یه.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٥٦ پاییزی ٢٠٠٥)
باشه ئه‌وکه‌سانه‌ی – به ‌تایبه‌ت کورده‌کان – که ئێستا له تارانه‌وه و له‌لاپه‌ڕه‌کانی چشم‌انداز ایران‌ه‌وه هێرش ئه‌به‌نه‌سه‌ر ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی که له بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی کوردستاندا به‌شدارییان کردوووه‌و له به‌رامبه‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامیدا راوه‌ستاون و پارێزگارییان له‌گه‌ل و نیشتمانی خۆیان‌کردووه، له‌خۆیان ناپرسن ئه‌وه بۆچی که‌س گوێی نه‌دایه ئه‌و ١٣ رێگاچاره‌یه‌ی دیکه‌ی که «ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی روکنی دوو» پێشنیاریان کردبوو؟ بۆ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کورددا ته‌نها به‌زمانی چه‌ک و تۆپ و تانک هاتنه زمان و رێگا چاره‌ی چوارده‌هه‌میان هه‌ڵنه‌بژارد؟
لەلایەکی ترەوە شێخ حسین کرمانی «نوێنه‌ری ئه‌وکاتی ئیمام له‌ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات» هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٨ دا ده‌ڵێت:
« جارێکیان گوتم باش وایه داهاتی یەک ڕۆژی نه‌فت ته‌رخان‌ بکه‌ین بۆ کوردستان . . . احمدئاغا [کوڕی خومەینی] ئه‌م قسه‌ی منی زۆر پێخۆش نه‌بوو. . . ته‌له‌فوونم کرد احمدئاغا وه‌ڵامی دایه‌وه. وتم ئاغای خه‌ڵخاڵی (ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی جەللادی کوردستان) هاتووه‌ته هه‌مه‌دان و سبه‌ینێ ده‌یه‌وێت بێت بۆ سنه. له‌سنه هیچ باسێک نییه. ئارامی ئارامه. بیکەن به‌خاتری خودا مه‌هێڵن بێت بۆئێره.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٨ پاییزی ٢٠٠٥)
به‌ڵگه له‌مه روونتر و ئاشکراتر هه‌یه؟ خۆ ئه‌مه کۆمه‌ڵه و حدکا نه‌یان‌نووسیوه. ئه‌م کابرایه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ قوم و له‌گه‌ڵ ماڵی خومه‌ینی په‌یوه‌ندی گرتووه. پێشتر بینیمان که ئه‌رته‌ش چۆن شه‌ڕه‌که‌ی ده‌ستپێکرد، ئێستاش ده‌بینین که له شاری قوم‌ه‌وه خه‌ڵخاڵی جه‌ڵلادیان نارد بۆ ئێعدامکردنی خه‌ڵک له کوردستان.
سەبارت بە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندای ڕژیم هەر ئەوەندە بەسە سەرنجی ئەم بەشە لە لێدوانەکانی ئاغای شاهوەیسی پارێزگاری ئەوکاتی کوردستان بدەین کە لە هەمان ژمارەی دووهەمی گۆڤاری “چشـم‌انداز ایران – ویژە کردستان”دا بڵاوبووەتەوە:
دەنگوڕەنگ (واتە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێڕان) خەریکی بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی بوون و بەم چەشنە سەرقاڵی هاندانی هاونیشتمانانی (ئێرانی) بوون لە دژی هاونیشتمانانی کورد. هەرچەندە دەمانگوت دۆخەکە لە کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و وەها نییە هێرشی بکرێتە سەر و بارودۆخەکە ئارامە، هیچ کەس گوێی نەدەگرت و زانیاریی هەڵە لە کاناڵە نافەرمییەکانەوە بڵاودەکرایەوە.»
سەرنجدان بە قسەکانی ئاغای صباغیان چەند لایەنێکی ترمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و لە زیانی ئەو کەسانەیە کە بەناو توێژینەوە دەکەن سەبارەت بە دۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان و هەموو تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی ئەوان. لە لاپەڕەی ٥٥ی “چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان” ژمارە دوودا ئاغای صباغیان ئاوا دەڵێ:

«پرسیار: ڕووداوەکانی شاری پاوە کە هاتە پێش، ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی دا لە ۲۴دا شەڕ و پێکدادان لە پاوە کۆتایی پێ بهێنرێت و ڕۆژی دواتریش فەرمانی دا هێزی سەربازیی بەرەو سنە وەڕێکەون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پارێزگاری هەڵبژێردراوی دەوڵەت لە کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامە بیانیی و ناوخۆییەکاندا سەرسووڕمانی خۆی لەم بابەتەوە دەربڕی. ئەو دیگوت لە سنە هیچ خەبەرێک نییە. کێشەیەک نییە. ئەی باشە ئەم شەڕ ڕاگەیاندنە بۆچی بوو؟

وەڵام: گوتم کە هەواڵەکانیان بە هەڵە بڵاودەکردەوە. مەرحوومی خومەینی بڕیارێکی دابوو کە زۆر لەجێی خۆی نەبوو، دواتر کاتێک ڕایانگەیاند لە سنە هیچ خەبەرێک نییە، ئیتر زۆر درەنگ بوو.»
شەڕی سێ مانگە و بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان
لە وەها زەمینەیەکدا بوو کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە زەمین و لە ئاسمانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو شاڵاویان هێنایە سەر کوردستان و شەپۆلی ئێعدامەکان بە دەستی ئایەتوڵڵا خەلخالی جەللاد کەوتەڕێ. هیزە سیاسییەکانی کوردستان هیچ چەشنە ئامادەگییان نەبوو و بەناچار هەتا ناوچە شاخاوییەکانی سەرسنوور پاشەکشەیان کرد. من کە ئەو دەم لای بەڕێز مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووم، جوان لەبیرمە کە چۆن یەکەم ڕۆژنامەوانی ئێرانی کە بەدزییەوە لە تارانەوە هاتبوو بۆ چاوپێکەوتن و نووسینی ڕاپۆرت، لە شەوێکی تاریکی پاییزدا لەناو خێوەتێکدا لە شاخ دیدارمان لەگەڵ کرد.
دوابەدوای ئەم شاڵاو و هێرشانە بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵک، لاوانی کوردستان بەتایبەت ڕوویان کردە ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و لە ئاکامدا و لە بەرنگاربوونەوەیەکی قارەمانانەی جەماوەرییدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە پاشەکشە کران. سەرەنجام یەکەم پەیامەکانی کاربەدەستانی ئێران لەمەڕ ” بانگەوازی ئاشتی و گفتوگۆ” لە مانگی خەزەڵوەردا گەیشتە لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان. سەرەتا دانیشتنێکی فەرمیی بە ناوبژیوانی مام جەلال و ئامادەبوونی چەند وەزیرێک لەوانە، داریووش فرووهەر، صباغیان، سەحابی و چەند کەسێکی ئەرتەشی ئێران لە گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت لەگەڵ دەستەیەکی دانووستاندکاری کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی دەستی پێکرد کە منیش لەو دانیشتنەدا بەشدار بووم.
لە شوێنێکی تردا ئاغای صباغیان لە هەمان لاپەڕەی ٥٥ی ژمارەی یەک‌دا دەڵێ:
“پێش ئەوەی ئێمە (دانووستاندن) دەست پێبکەین، ڕیزە ئێعدامە ناڕەواکانیی ئایەتوڵڵا خەلخالی کەشوهەواکەی هەستیار کردبوو. خۆی وایدانابوو کە گوایە بیانتۆقێنێت (خەڵکی کوردستان). بۆ نموونە برایەکی لەباتی براکەی تری ئێعدام کردبوو. . . ئەم کەسە ئیفلیج بوو (خۆی نەیدەتوانی بڕوا) هەر بۆیە لەسەر دەستەبەرە بردیان و ئێعدامیان کرد.”
ڕۆژنامەی ‘کیهان’ پێنجشەممە ۱۷ خەزەڵوەری ۱۳۵۸ [٦/١١/١٩٧٩] لاپەڕە ۹ ئاوا دەنووسێت:
«ئەندامانی ‘دەستەی نیازپاکیی’ (دەوڵەت) کە بریتی بوون لە بەڕێزان فرووهەر، صباغیان و سحابی، دوێنێ چوارشەممە گەیشتنە ناو شاری بانه و لە خۆپیشاندانی دژ بە ئەمریکا بەشدارییان کرد. پاش وتارەکەی داریوش فرووهەر لەو کۆبوونەوە چەند هەزار کەسییەدا، بڕیارنامەیەک لەلایەن خەڵکی بانەوە لە سێ خاڵدا خوێندرایەوە و درا بە ‘دەستەی نیازپاکیی’؛
۱- . . . پشتیوانی لێبڕاوانە لە گەڵاڵەی ۸ خاڵی مەهاباد، . . . [کە چەند ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا پەسندکرابوو.]
۲- . . . تەنیا نوێنەرانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان بۆیان هەیە سەبارەت بە کێشەکانی کوردستان (لەگەڵ دەوڵەت) گفتوگۆ بکەن.
۳- چارەسەرکردنی کێشەکان لە کوردستان لە گرەوی ئەوەدایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە فەرمی بناسرێت و . . . و ئەمە تاقە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان و ئێران. . .»
پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ و دیداری نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سەرەنجام توانرا ڕێکەوتنێک ئیمزا بکرێت و بەم چەشنە ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ پێک هات کە تێیدا مامۆستا شێخ عێزەدین وەکوو سەرۆک، حیزبی دیموکرات [دوکتور قاسملوو] وەکوو گوتەبێژ و کۆمەڵە و لقی کوردستانی ڕیکخراوی چریکه فیداییەکان وەکوو ئەندام دیاریی کران. خومەینی کە سێ مانگ پێشتر فەرمانی جیهاد و سەرکوتی لە دژی گەلی کورد دەرکردبوو، ئەمجارە پەیامێکی جیاوازیی بڵاوکردەوە!
٢ – خومەینی: پەیام بە خوشکان و برایانی کورد ٢٦ی خەزەڵوەر ١٣٥٨[١٧/١١/١٩٧٩]
سڵاو لە خوشکان و برایانی کورد، . . من تێدەگەم که لە ژێر حکوومەتی کاتییشدا ئەو جۆرەی کە شیاویی خواستی ئێوە و میللەت بێت، پێتان ڕانەگەیشتوون‏ . . . وە من هیوادارم‏‎ ‎ کەرەستەی پێویست بۆ ڕیفاهیی هەموو میللەت و بۆ ئێوە برایانی کورد دەستەبەر بکرێت. ‏
داوا دەکەم لە دەستەی تایبەت [نیازپاکیی] که بەوپەڕی نیازپاکییەوە درێژە بە گفتوگۆکان بدەن؛ وە لەگەڵ کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و میللیەیەکان و باقی توێژەکان پەیوەندیی بگرن، هەتا بەدیهێنانیی داخوازییەکانی ئەوان – کە داخوازیی ئێمەیشە – با بە شێوەیەکی دڵخوازانە جێبەجێ ببێت؛ ‏
‏‏ئیسلامی گەورە هەموو هەڵاواردنەکان مەحکووم دەکات و . . لە پەنای ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا، مافی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و ناوچەیی و لابردنی هەر چەشنە هاڵاواردنی فەرهەنگی و ئابووری و‏‎ ‎‏سیاسی بۆ هەموو توێژەکانی میللەتە، لەوانە برایانی کورد کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و دەستەبەر دەبێت بە دابینکردنیان لە زووترین کاتدا . . (صحیفه امام، ج ١١، ص ٥٥ سایت ‘پرتال امام خمینی’)

بە دوای ئەم پەیامەدا بوو کە دەستەیەکی دانووستاندکار لە تارانەوە هاتنە مەهاباد و تاقە یەک جار و بۆ ماوەی نزیکەی چل دەقیقە لەگەڵ ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ دا بە فەرمیی کۆبوونەوە!
” سەعات سێ و نیوی ڕۆژی سێشەممە ۲۰ بەفرانباری ۱۳۵۸ [١١/١٢/١٩٧٩] کۆبوونەوەی فەرمیی دەستەی دەوڵەت لەگەڵ ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ لە ‘فەرمانداریی'(قایمقامییەت) مەهاباد دەستی پێکرد. سەرەتا ئاغای فرووهەر پێخۆش بوونی خۆی لەم دانیشتنە دەربڕی و بە گەشبینییەوە باسی ئاکامەکانی ئەم گفتوگۆیانەی کرد. پاشان مامۆستا شێخ عێزەدین بەیانێکی خوێندەوە که تێیدا هاوکات لەگەڵ بەخێرهێنانی نوێنەرانی دەوڵەت، گوتی: میللەتی کورد هەمیشە ئارەزووی بووە لە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نوینەرانی فەرمیی دەوڵەتدا بەشداریی بکات و کێشەی نەتەوایەتیی خۆی لە ڕیگای لێک تێگەیشن و وتووێژەوە چارەسەر بکات. گەلی کوردستان هاوکات لەگەڵ گەلانی ئێران بەشدار بووە لە خەباتی هاوبەشدا و بەردەوام بۆ مافی ڕەوای خۆیشی تێکۆشاوە.
پاشان مامۆستا شێخ‌ عێزەدین ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ی ناساند و گوتی کێ لەلایەن کامە هێزی سیاسییەوە بەشداریی کردووە. بەدوای ئەوەدا ئاغای صباغیان ناڕەزایی خۆی دەربڕێ بەرامبەر بە پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ و بەشداربوونی فەرمیی نوێنەرانی کۆمەڵە و چریکی فیایی لە کۆبوونەوەکەدا.
[به گوتەی بێهرووز سلێمانی نوێنەری لقی کوردستانی چریکهای فدایی خلق]، بەدوای ئەم دەربڕینەی ئاغای صباغیاندا، دوکتور قاسملوو گوتی: پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە؛ خەڵکی کوردستان دوو هەفتە پێش ئێستا (شەشی ڕێبەندان ٢٧/١١/١٩٧٩) لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە و بەربڵاودا بە شێوەیەکی فەرمیی پشتیوانیی بەرینی خۆیان لەم پێکهاتەی ‘دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد’ دەربڕیوە.” (ئەم گێڕانەوە لە کاسێتی دەنگیی دیداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی مەهاباد لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی بەفرانباری ١٣٥٨ دا وەرگیراوە.)
ئایەتوڵڵا کرمانی لە گۆڤاری ‘چشم‌انداز ایران ویژه کردستان’ ژماره دوو لاپەڕەی ۹دا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت و قسەکانی ئەو بەرپەرچی ئەو کەسانە دەداتەوە کە تاوانی شکستی گفتوگۆکان دەخەنە ئەستۆی لایەنی کورد. شێخ حسین کرمانی دەڵێ:
«گوتیان ‘دەستەیەکی نیازپاکیی’ خەریکە دەچێت بۆ کوردستان، تۆیش لەگەڵیان بچۆ، بەڵام ئەندامی ئەو دەستەیە نیت، بەڵکوو چاودێرییان بکە و بزانە چی دەکەن.»
هەتا ئێرە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستەی نوێنەرانی دەوڵەت سەرەڕای ئەوەی کە هەموویان لێهاتوویی بەڕێوەبردنی کارەکەیەن هەبوو وە هەموویشیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران وەفادار بوون، لە لایەن نوێنەرێک لە شاری قومەوە لە ژێر چاودێرییدا بوون. کرمانی لە درێژەدا دەڵێ:
« گوتم به ئاغای صباغیان کارێکی تایبەتم پێتانە. شوێنەکەیان بۆ چۆڵ کردین. بەنده بووم، مهندس صباغیان، مهندس سحابی و وابزانم کەسێکی تریش بوو. من دەستم پێکرد و گوتم ئێوە خەریکن لەگەڵ ئەوانە وتووێژ دەکەن، ئایا ئەمە مانای ئەوە نادات کە ئێوە خەریکن ئەوانە بە ڕەسمیی دەناسن؟ کۆمه‌ڵه و دیموکرات به رسمیی دەناسن؟ ئێوە خەریکی چین؟ گوتیان ئێستا ئێمە لە دۆخێکی خراپداین و دەرفەوت و ئیمکانێکی ئەوتۆمان نییە. خۆتانیان پێوە سەرقاڵ بکەن کە کارێکی ئەوتۆ و توندوتیژی نەکەن هەتا ئێمە وردە وردە بتوانین دەسەڵاتمان بەسەر سنوورەکاندا زاڵ بکەین. ئەرتەشەکەمان ڕێکوپێک بکەین و هەموو ئەمانە ئارام دەکەینەوە.»
ئاغای سحابی لە ژمارەی یەکەمی ‘چشم‌انداز ایران – ویژە کردستان’دا دەڵێ:
« لە سەردەشت . . گفتوگۆ هەبوو . . من لەبیرمە یەکێک لە کوڕەکانی خۆمان گوتی به رچا ناجیان (ئەندامێکی دەستەی دەوڵەت) ئێوە بۆچی لەگەڵ ئەمانە وتووێژ دەکەن؟ ئەویش گوتی جارێ سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەمانە لە خەڵکەکە جیا بکەینەوە. ئەمانە کەشوهەوایەکیان خولقاندووە و خەڵکەکەیان ترساندووە. ئێمە ئەم شەڕەیان لەگەڵدا هەر دەکەین، بەڵام دەبێ خەڵکیان لێ بتاکێنیەوە. ئاغای خومەینی ئەم سیاسەتەی ئێمەی قبووڵ کرد. هەربۆیە سەرانسەری زستانی ساڵی ١٣٥٨، کەم تا کورت جاروبار دەچووین بۆ کوردستان، . . .» (چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان ژماره یەک، ل ۶۶)
دیارە بە سەرنجدان لەم لێدوانانە و هەروەها کارشکێنی کردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەربە حکوومەت لەلایەک و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی دەوڵەت کە هاوکات بوو لەگەڵ داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکا و بە بارمتە گرتنی ئەمریکاییەکان، هەموو ئەمانە وایان کرد کە گفتوگۆکان هیچ ئاکامێکیان لێ نەکەوتەوە. تەنانەت هەوڵدانی تاکلایەنانەی حیزبی دیموکراتیش لە ڕێگای سەرەککۆمار بنی صدر و هێندێک لە کاربەدەستانی ترەوە لە تاران هیچ ئاکامێکی نەبوو. هەموو ئاماژەکان ئەوەیان نیشاندەدا کە ڕژیم خۆی ئامادە دەکرد بۆ شاڵاوێکی تازە بۆ سەر کوردستان.
بێ ئاکام مانەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ دەستەی تایبەتی دەوڵەت

٣ – خومەینی: ‏‏٢٩ پووشپەڕی ١٣٥٩ [٢٠/٧/١٩٨٠] لێدوانیی ‘‏‏‏ئێعتراف به هەڵەی ڕابردوو’

” . . . میللەتی ئێمە شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوتیان کرد و ئێمە نەمانکرد. ئێمە یان مقصرین یان قاصر . . ئەگەر ئەو ڕۆژەی دەیانهەویست بچن بۆ کوردستان بۆ گفتوگۆ، من ئاماژەی ڕەخنەگرانەم پێدان که دەتانهەوێت وتووێژ بکەن، پێویستە لە پێگەی بەهێزبوونەوە بچن. سەرەتا دەبێ ئەرتەش و پاسدارەکان ئەمانە احاگه بکەن، محاگیان بکەن، جا دوایە ئێوە بچن و قسەیان لەگەڵدا بکەن. مسامحه کرا. ئەمە بوو بە سەبەبی ئەوەی ئەم گرفتە درێژخایەنەمان بۆ هاتە پێش و ئەو هەمووە زیانەی لێکەوتەوە.” (صحیفه امام، ج ١٣، ص ٤٦ و ٤٧ سایت ‘پرتال امام خمینی’)
باشە بابزانین ئاغای صباغیان چۆن باسی دەستپێکردنی پێکدادانەکان دەکات. دەڵێ:
« ‘نهچت ێ‌زادی ایران’ [ڕێکخراوێکی ئایینی بوو کە هەر لە زەمانی ڕژیمی شاوە بە سەرۆکایەتی مهدی بازرگان دامەزرابوو] هیچ بەرنامه یان لیکدانەوەیەکی سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکان نەبوو. یەکەم کەسێک کە چوو بۆ کوردستان دوکتور (مستەفا) چەمران بوو. دەوروبەری نەورۆز [١٩٧٩] چوو بۆ کوردستان و لێکۆڵینەوەی کرد و بۆی دەرکەوت کە دەبێ بە شێوەی چریکیی [پێشمەرگانە] بەرەوڕوویان بینەوە. چونکوو هەڵسوکەوتی کوردەکانیش پێشمەرگانە بوو. تەنها کەسێک کە لەو سەردەمەدا خولی ڕاهێنانی چریکیی دیبوو، دوکتور چەمران بوو.

پرسیار: کەوابوو لە ڕاستیدا تاقمی فشار هەبوو بۆ ئەوەی ئەرتەش چالاکیی سەربازی بکات؟

وەڵام: بەڵێ، مەرحوومی قەرەنی [فەرماندەی ئەرتەش] دەیگوت ئەمانە هەتا گەشەیان نەکردووە دەبێ لەگەڵیان بکەوینە شەڕ و لەناویان ببەین. مەرحوومی چەمران‌یش زۆر باوەڕەی بە گفتوگۆ نەبوو، دەیگوت من چوومەتە ئەوێ و لێکۆڵینەوەم کردووە و دەزانم.»
سەیرە، ئاغای صباغیان و ‘نهچت ێ‌زادی ایران’ و ئەوانەی کە خاوەنی هیچ چەشنە لێکدانەوەیەک سەبارەت بە کوردستان نەبوون، لە ڕاستیدا ببوون بە کەرەستەی دەستی شەڕخوازانی ناو ڕیزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران.
ئێستا با بزانین ئاغای صدرحاج‌سیدجوادی [ماوەیەک وەزیری ناوخۆ بوو] لەم باریەوە چی دەڵێت:
«هەڵبەت مەرحوومی موفتی‌زاده و شێخ‌عێزەدین و لایەنگرانی چەکداری ئەوان قەت نەیانویست لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن.
پرسیار: ئایا باڵه‌کانی [کۆماری ئیسلامی] کۆک‌بوون له‌سه‌ر کاتی ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ. هه‌مووان رازی بوون به لێدانی چه‌کدارانه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵات به ‌کرده‌وه له ‌ده‌ستی ئاغای خومه‌ینی‌دا بوو و له ‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ هه‌نگاوێک نه‌نرا. ئێمه له ‌ده‌وڵه‌تدا ڕازی به عه‌مه‌لییاتی چه‌کدارانه نه‌بووین. مهندس بازرگان‌یش رازی نه‌بوو. فه‌رمان، فه‌رمانی ئیمام بوو. له‌سه‌ر سنه . . . ئێمه به ‌لێکۆڵینه‌وه بۆمان‌ده‌رکه‌وت که له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شیشه‌وه هه‌ڵه کراوه.»
(‘چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان’ ژماره یەک، لاپەڕە ۴۶، بەهاری ٢٠٠٣)
با بزانین ئاغای سحابی سەبارەت بە خولی دووهەمی شەڕ لە کوردستان چی دەڵێت. بەم لێدوانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە چ گاڵتە جاڕییەکە کەسانێک تەنانەت ئەم قسانەیشیان نەخوێندووەتەوە، بێ ئەملاوئەولا و سڵەمینەوە وا باس دەکەن کە گوایە ناردنی هێزی گەورەی ئەرتەش بۆ کوردستان بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ عێراق‌دا بووە! شەڕ لەگەڵ عێراق شەش مانگ دواتر دەستی پێکرد. ئاغای سحابی دەڵێت:
«ڕۆژێکیان لە تەلەڤیزیۆن چاوپێکەوتنێکم کرد و گوتم:’ من ئەگەر بێتوو ڕازی بم بە خودموختاری بۆ کوردستان، وەک ئەوە وایە که بڵێن دەبێ دەستەکانت ببڕنەوە. ئامادەم دەستەکانم ببڕنەوە، وەلێ ئیمزای ناکەم’. ئەمە لە تەلەڤیزیۆنەوە بڵاو بووەوە. دواتر لە ورمێ و لە سەفەرەکەمان پاش دیدار لەگەڵ ئیمام خومەینی و هەروەها لە مەهاباد، زۆرێک لەوانەی نیازپاک بوون و میللی بوون، پێشوازی زۆریان کرد لە قسەکانم. من لەوێ هاوڕێی دیاریکراوم نەبوو. بەڵام کەسانێک کە زۆربەیان ئەندامانی مکتب قرێ‌ن و مەرحووم موفتی زادە بوون، لە ئێمە نزیک بوونەوە . .
دوایین شەوەکانی مانگی ڕەشەممە و نزیکی نەورۆز بوو [نەورۆزی ١۹٨٠]، سەعید هات و گوتی سبەینێ دەیانهەوێت هێرش بکەن. قەرار وایە سپا لای کامیارانەوە دەست پێبکەن بەرەو پاوە پێشڕەویی بکەن و ئەم پێشمەرگانەیش [پێشمەرگەی موسوڵمان] بە شوێن ئەواندا دەچن، باشبوو سەرەنجام چەکیان پێدابوون. . . چووین بۆ ‘شورای انقلاب’ و لەگەڵ مەرحووم [ئایەتوڵڵا] بهشتی قسەمان لێ کرد و گوتمان ئەمە کاری تێکدەرانەیە لە بەرنامەی ئێمە و ‘دەستەی تایبەتی گفتوگۆ’یە. . . ئەم شەڕە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ببێتە هۆی سەرکوتکردنی ئەوانە، وەلێ تاقمەکان خۆیان وەکوو بێتاوان دەنوێنن و خەلک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. ئێمە ئولتیماتۆمی خۆمان دا بە مەرحوومی بهشتی، بەڵام فایدەی نەبوو؛ هەر بۆیە دەستم لە کار کێشایەوە. ‘دەستەی تایبەت بۆ گفتوگۆ’ ئیتر لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٩ بەدواوە ڕۆڵێکی نەما.»
(چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان، ژماره یەک لاپەڕەکانی ۶۷-۶۶)
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین هەر پاش ڕووخانی ڕژیمی شا و لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، یەکەم دیدارەکانی نێوان نوێنەرانی گەلی کورد و دەستەیەک لە کاربەدەستانی دەوڵەت لە مەهاباد ڕێکخرا و بەیاننامەی هەشت خاڵی مەهاباد پێشکەش کرا. ئەو کات دەکرا ‘کێشەی کوردستان’ بە بێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و بە ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە دەیتوانی ڕێگا خۆش بکات بۆ پتەوکردنی دیموکراسی لە ئێرانیش. چل ساڵە سیاسەتی سەرکوت و کوشت و بڕ بەردەوامە و گەلی کورد بەردەوام ڕاوەستاوە و پرسی کورد و مافەکانیشی هەر وا لەجێی خۆی ماوەتەوە.

ئەحمەد ئەسکەندەری – ستۆکهۆلم، گەلاوێژی ١٣٩٨ مانگی هەشتی ٢٠١٩




پەیامەکانی ئەم دواییەی ئۆجەلان و چەند سەرنجێك* … زاهیر باهیر

من هەر نەك تەواو پشتگیریی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەم، گەر چی ئەم پەیامە زۆر درەنگکەوت، بەڵکو هیواداریشم کە ناوەرۆكی پەیامەکە بکەوێتە کار.
لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕەوە لە باکور, من بە پەیامەکانی سەر فەیسبوك و وتار و نوسینەکانم و وتووێژ و قسەکردنم، نەك هەر لەگەڵ ئەو شەڕەدا نەبوم بەڵکو ئەوەندە دژی بووم بە تەواوکەری سیاسەتی دەوڵەتی فاشی تورکیام زانیوە لە وێرانکردنی باکور و بەشێکی باشوور و لاوازکردنی پێگەی بزوتنەوەی ڕۆژاواش.
پەیامەکانی ئۆجەلان زۆر هەر یەکجار زۆر درەنگ هات، لەگەڵ ئەوەشدا گەر سوودێکیشی نەبێت، ئەوە نیشان دەدات کە کورد لە باکور خوازیاری شەڕ نیین، ئەمە جگە لەوەی کە هەڵوێستی ڕوونی ئۆجەلانیش، کە ماوەیەکی درێژبوو لە گومانا مابوەوە لای ئێمە، ئێستا بە ڕاشکاوانە ئاشكرایکرد کە شەڕ و بەردەوامیدان بە شەڕ نامانگەیەنێتە هێچ شوێنێك و ئەوەشی کە بە ئاشتی بەدەستهێنراوە و بەدەستدەهێنرێت، بە شەڕ لەدەستچووە و لەدەستدەچێت.
سەرەڕای گرنگی و بەبایاخی خودی پەیامەکان بەڵام هشێشتا دەلاقەیەك کراوەیە تاکو لەوێوەی چەند سەرنجێگی گرنگی لەسەر بدرێت و ڕەنگە سەرسامبوننیشمان بڕەوێنێتەوە.

ئایا ئۆجەلان لەگەڵ شەڕدا بوو؟

من هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە کە ئۆجەلان لەتەك شەڕدا بووبێت. ئەوەی ئاگەداری هەڵوێستی ئۆجەلان و خوێندنەوەی نوێی ئۆجەلان بۆ بارودۆخەکە بێت و لە نزیکەوە پرۆژەکەی ئۆجەلان کە یەکسانی جێندەیی و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکرات و ئیکۆلۆجیە، بزانێت، دەرك بەوە دەکات یا ئەو دروشم و پرۆژانە بەتاڵ و بێ گیانن یاخود دەبێت حیزب و بزوتنەوەی چەکداریی پەلبەستبکرێت تاکو ئەوانە جێبەجێبکرێت.
ئۆجەلان سیاسسیەکی گەمژە نییە. ئەو بە وردی و زۆریش بەوردی خوێندنەوە و توێژینەوەی لەسەر کوردستان و ناوچەکە کردووە، ئەو دەزانێت بوونی حیزب هەر جۆرە حیزبێك، هەروەها هەبوونی شەڕ لەگەڵ هەر لایەن و دەوڵەتێکدا، نەك هەر لەتەك پرۆژەکەیدا نایەتەوە بەڵکو دژیشن پێی. واتە لە هەر شوێنێک شەڕ و بەردەوامدان بە شەڕ هەبێت، ئەوە قسەکردن لەسەر ئەو پرۆژەیە قسەی ڕووتە و قسەش ناچێتە گیرفانی کەسەوە و هەوڵەکانیش لەو بارەدا نەزۆكدەبن . هەر ئەمەش بوو کە جەدەلی گەورەی لە کۆنفرانس و دانیشتنە گەورەکانی ڕیزەکانی پەکەکە دروستکرد و هەمیش ئاشتیخوازیی و ڕاگرتنی شەڕی یەکلایەنەی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

نامەکانی ئۆجەلان چ پەیامێك دەدەن؟
یەکەم: لە نامەی یەکەمدا هاتووە ” ئەو دەتوانێت تەواوى کێشەکان چارەسەر بکات و کۆتایى بە ئەگەرى شەڕ بهێنێت لەماوەى یەک هەفتەدا” وردکردنەوەی ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو تاکە کەس و مەرجەعی باڵایە بۆ دانی بڕیارە گرنگەکان و دەتوانێت بێ پرس و تەدبیری سەرانی پەکەکە ئەم کێشە گەورەیە لابەلابکاتەوە. پرسی دیمۆکراتییەت لێرەدا بزرە. یاخود ئەو دەزانێت کە سەرانی پەکەکە یا زۆرینەیان لەگەڵ شەڕدان و لای ئەوان شەڕ ئەگەر وێرانکاریش بێت لە دانیشتن باشترە، لەم بارەشدا پێویست بەوە ناکات کە پرسیان پێبکات بەڵکو بڕیاری خۆیی و سەپاندنی باشترین حەلێکە.

دووەم: گەلێك لە ئەندامانی پەکەکە هەتا لە پلەی باڵادا و لایەنەگرانیشی زۆر بەگەرمی پێشوازی ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان دەکەن، بە هەنگاوێکی زۆر باش و دروستی دەزانن و شیکردنەوەی ئەرێیانەی بۆ دەکەن ئەمەش بۆ من یانی ڕەخنەکردنی شەڕەکەیە و گۆڕینی تاکتیك و ستراتیجییەتی پەکەکەیە. ئا لەم بارەدا دوو پرسیار دێتە پێشەوە. یەکەم: باشە خۆ ئەم برادەرانە دەنگ و ڕەنگ وەزنیان لەناو پەکەکەدا هەیە و لە دەرەوەی بەندیخانەشن کە دەبێت بارودۆخەکە باشتر ببینن، کەواتە بۆچی دوای زیاتر لە 4 ساڵ ئەمان هەست بەوە دەکەن کە پێویستە شەڕ ڕاگیرێ و پرۆسەی ئاشتیی بەگەڕ بکەوێت و ئەم شەڕە یەکجار زەرەرمەندە نەکەن و ئەم هەمووکەسە نەبنە قوربانی و ئەم هەموو شوێنە وێران نەکرێن و ئەم هەموو خەڵکە لە زێدی خۆیان هەڵنەکەنرێن و ئەم هەموو دەسکەوتە گەورەیەی کە بەدەستهێنرابوون لە دەستنەچن؟! باشە پاساوی بەردەوامیدان بەم جەنگە وێرانکاریییە چی بوو؟ ئایا بستێك بزوتنەوەی پەکەکە و کێشەی کوردی باکوری بردە پێشەوە یاخود بۆ سی ساڵ بردییە دواوە؟ ئایا ئەمە لێدان بوو لە پرسی کورد لە باکور و لە بزوتنەوەی جەماوەریی لە خودی باکور و تورکیا، یا دەستکەوت بوو؟ دووەم: ئەی بۆچی لە کاتێکدا کە من و زۆرێکی ترمان کە دۆستی نزیک و هاوپشتی کوردانی باکور و ڕۆژاواین و هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی وەڵامی ئەردۆگان بە شەڕی چەکداریی بە دەردی ئێستای کورد ناخوات، کەچی لە باشترین حاڵەتدا ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرانبەر بۆچونەکانمان و شەڕەکەیان بە شەڕی بەرگریی دەدایە قەڵەم و لە خراپترین حاڵەتیشدا جار جارە تاوانبارکردنمان بوو بەوەی کە خودی ئەو برادەرانە خۆیان ئارەزوویان دەکرد؟
ئەنجامگیریی:
ئەوە ڕاستیە کە ئاکەپە و خودی ئەردۆگان و تەواوی دەوڵەتەکەی لە قەیرانێکی گەورەدان، بەڵام هەر وەکو پێشتریش وتوومە پەکەکەش لە قەیرانێکی زۆر گەورەدایە**. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوەی سەلماند کە سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە بەرانبەر دۆست و دوژمنەکانیا، یەکجار سەرکەوتووبووە و سیاسییەکی بە توانا و بە ئەزموونە و حساباتی وردی دوورمەدا بۆ هەموو هەنگاوەکانی دەکات. ئەو ئەوەندە زیرەکانە هەنگاوەکانی ناوە،کڵاوی لەبانسەری هەمویان ناوە هەر بە داعش و بە حکومەتی هەرێم و بەشێکی زۆری گەلی تورکیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و و وڵاتانی دەرودراوسێش..

چەندێك ئێمە لە سۆز و ویست و ئارەزووەوە دژ بە دەوڵەتی فاشی تورکیا،بنوسین و قسە بکەین ئەو ڕاستییە ناگۆڕیت کە تورکیا لە پێگەیەکی بەهێزدایە و پەکەکەش لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە. ئۆجەلان ئەم ڕاستییە دەزانێت ئەگەر ئاگربەستییەك نەکرێت ئەوە تورکیا بەو پرۆژەیەی کە پلانی بۆکردووە زۆرێك لە ڕۆژاوا داگیردەکات کە دژ بە خواست و یستی کوردە لەبەرئەوە ڕاگرتنی شەر و سازشکردن لە تەك دەوڵەتی تورکیادا باشترین پلانە تاکو هەرچۆن هەیە لە ماوەیەکی دوورو درێژدا بتوانرێت ئەوەی کە پێش شەڕەکە بەدەستهاتبوو، بەدەستبێتەوە، لە ماوەیەکی زۆر درێژتردا بتوانرێت هەوڵی جێ بەجێکردنی پرۆژەکەی ئۆجەلانیش بدرێت.

ئەمە جگە لەوەی کە ئاگربەستی پەکەکە و وتووێژ لە تەك دەوڵەتی تورکیادا، مەترسی هێڕشی تورکیا بۆسەر ڕۆژاوا دەڕەوێنێتەوە و ڕەنگە پرسی کشانەوەی هێزی تورکیا لە عەفرین لە قۆناخی دووەمی وتووێژدا بخاتە سەر مێزی دانوستاندن لەتەك تورکیادا. سەرەڕای ئەمانەش نەبوژانەوەی داعشیش ئەگەری ڕوودانی دەبێت. زیاتریش لەمانە هێڕشی تۆپ و تەیارەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر قەندیل و دێهاتەکانی بناری و هەروەها هاوپەیمانێتی تورکیا و ئێران و حکومەتی هەرێم ڕەنگە عێراقیش لە پلانی هێڕشکردنیان بۆسەر پەکەکە، ئەگەر کاتیش بێت، لەباربچێت.
بەڕای من ئاکەپە و ئەردۆگان پەلەیان نییە یا رەنگە زۆر بە جددی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان وەرنەگرن، ئەوەش لەبەر بەهێزی پێگەیان و لاوازی پەکەکە کە لەم بارەدا ڕەنگە پیویست بێت کە فشار بخریتە سەر ئاکەپە تاکو بە پیر ئەو بانگەوازەوە بچێت، دیارە جۆری ئەم فشارانەش زۆرن و لە زۆر کەناڵەوە دەتوانرێت بخرێنە سەر دەوڵەتی تورکیا. هاوکایش ئەگەر تورکیا هەر ئامادە نەبێت، وەستانی شەڕ، یەکلایەنە لای پەکەکەوە، هێشتتا لە سەدا هەزار لەو شەڕە دۆڕاوە باشترە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر – لەندەن
16/08/2019

—————————————————————————————————
*مەبەست لە نامەکانی ئۆجەلان : یەکەم نامە لە ڕۆژی 08/08/19 لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە. نامەی دووهەم، ڕۆژی 12/08 بوو کە لە ڕێگای موحەمەدی برایەوە ناردییە دەرەوە.
**http://zaherbaher.com/2019/05/08/دەبێت-پەکەکە-ئەم-هەلە-لەدەستنەدات-پێش
http://zaherbaher.com/2018/01/10/پەکەکە-بەرەو-کوێ-مل-دەنێ؟




ڕاگەیەندراوێک لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕای گشتی

ئێمە وەکو کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و بێلایەن لە وڵاتی بەریتانیا ئیدانەی هەموو ئەو هەڕەشە و فشار و ترس و تۆقاندنانە دەکەینەوە کە لەهەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی ڕۆژنامە نوسان و دەنگی ئازاد و ڕای ئازاد دەکرێتەوە وەک خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ئاگادارە ماوەی مانگێکە زۆرترین چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لەلایەن پارتی و یەکیەتیەوە دووچاری زیندان وئەشکەنەداهاتوونەوە بە دیارترینیشیان دەستگیرکردنی چالاکوان هارون سلێڤانەی و لەم ڕۆئێوارەشدا ئەو نامە هەڕەشانەبوون کە بۆ ڕۆژنامەنووس زانکۆ بورهان نێردراون و هەڕەشی ڕفاندنی لێکراوە ئێمە لێرەوە پەنجە بۆ هێزەکانی یەکیەتی درێژدەکەین پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووس زانکۆ بورهان لە ئەستۆی ئەو هێزەیە و داوا لە پارتیش دەکەین بەزووترین کات چالاکوان هارون سلێڤانەی ئازادبکات

— شوانە حەسەن ئەبوبەکر / ڕۆژنامەنووس و دەروونناس
–کارمەند خدر ئیسماعیل / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— شڤان ئازاد مستەفا / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–ئاسۆی ژیان دۆست / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–بێوار عبدللە ڕەسوڵ / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–محمد علی / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— فەرهاد علی گوڵی / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
— زنار کۆچەر / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–وریا پیرۆت ڕەسوڵ / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
–مەزن مغدید محمد / چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی
18/8/2019
بەریتانیا




ئـیزۆپ نووسەری چـیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منـداڵان … رەزا شـوان

کە منـداڵ بووین، لە قوتابخانەی سەرەتاییدا دەمانخوێند، لە کتێبی خوێندنەوەی عەرەبی و لە کـتێبی خوێندنـەوەی ئینگـلیزیشدا، کۆمـەڵە چـیرۆکێکی کورتی ئەفسانەیی خۆشیان تێدابـوون، چـێژ و خۆشییەکی زۆرمان لە خوێنـدنەوەی ئەو چیرۆکانە وەردەگـرت.. لـەو چیرۆکانی کە لەیـادمن (لەقـلەق و رێـوی، گـورگ و بەرخـۆلە، شـێر و مشک، رێـوی و کەڵەشـێر، مێـروولە و کولـلە، شـوان و گـۆزەڵـە رۆنـەکەی، دوو مـراوی و کـیسەڵـێک، کیـژۆڵە لادییەکە و پاتیـلە شیرەکەی، ئاشـەوان و کـوڕەکـەی و گـوێـدرێـژەکەی، شـوانە درۆزنـەکە و گـورگ، قەلـەڕەش و رێـوی، قـازی هـێـلکـەزێـڕ، رێـوی کـلک بـڕاو، دوو هاوڕێ و ورچێک، کەروێشک و کیسەڵ، کۆبوونەوەی مشکان، تیتیلە و بیبیلە، کۆتر و مێروولە، ماسییەکی بچکۆلە و راوکەر، هـێز لە یەکێتی دایە، قەلەڕەش و گۆزە، چەقەڵ و قەلەڕەش،… تاد) لەو کتێبانەدا ناوی چیرۆکنووسەکـان نەنووسرابـوون، ئێمەش لـەو تەمەنـەدا مـەراقی نـاوی نووسەرەکـانیان نەبوویـن، ئەوەشـمان بە خەیاڵـدا ناهـات و لە مامۆستاکانمان ناپرسی کە چـۆن (رێوی، لەقلەق، گورگ، چەقەڵ، قەلەڕەش، کەڵەشێر، کیسەڵ، شێر، ورچ، کەروێـشک، بەرخۆلە،.. تـاد) وەکـوو مـرۆڤ بە هەمـوو زمـانێک قسەدەکـەن، پێدەکەن، خـەون دەبینن، یارمەتی دامـاو دەدەن، لە زمانی یەکتری دەگـەن. ئـێستا دەزانین کە بەشـێک لەو چـیرۆکە ئەفسـانەییـانە لـە نـووسـینی (ئیزۆپ ـ یۆنانی) و بەشـی زۆریشـیان لـە نـووسیـنی نـووسـەری بـە ناوبـانگـی فـەرەنسی (لاڤـۆنتـیـن)ە، بەشێکـیشیان چـیرۆکی فـۆلکـلۆری و ئەفسـانـەیی کوردیمـانـن.
چـیرۆکی ئەفـسانەیی، جـۆرێکە لە جـۆرەکـانی چـیرۆک، کـە لـە چـیرۆک و لە ئـەدەبی فۆلکـلۆری هەموو گەلانـدا هەیە. زۆربەی چـیرۆکە ئەفسانەییەکـان بە زمـانی ئاژەڵ و بـاڵـندە و مـێروو و دار و شـتی سـروشـتیـیەوە نـووسیویـانـن. رووداوەکـانی چـیرۆکـە ئەفسانەییەکان راستنین و هـەڵبەستراون، گوزارشت و داڕشتـنی خەیـاڵی نووسەرانـن. بـەڵام لە راستـیدا لە خودی رەفـتارەکـان و روودار و کردارەکـانی مرۆڤـەوە ئیلهامیان لێوە وەرگرتوون.. چـیرۆکنووسان بە شێوازێـکی ئەدەبی و هـونەری دایانڕشتوون، و مەبەستی شـاراوەیان بە گوێگـران و خوێنەران گەیانـدوون. لە تـرسی دەسەڵاتـدارانی زۆردار و ستەمکـاران، لە تـرسی و بەدکـاران و ناپاکـان و شەڕخوازان. نەیانوێـراوە راستەوخۆ و بە راشکاوی، رەخنەیان لـێبگـرن و دژایەتییان بکەن.. پەنایان بۆ قـسەی بە توێکـڵ و پـلار و تـانە و تەشـەر و لۆمە و توانـج گـرتن، بـردوون، بە زمـانی ئـاژەڵ و باڵـندە رخـنەکانیان دەربـڕیـون و پەیامەکـانیان گەیـانـدوون.

چـیرۆکی ئەفسانەیی بە زۆری جەڤەنگی و هـێمایین، ئاژەڵەکان کـراون بـە دەمـامک بۆ کەسـانـی هـاوخـوو و هـاوخەسـڵەت و هـاوکـردەوە، بـۆ نمـوونـە (گـورگ بـۆ هــاری و چاوچنۆکی، چەقەڵ بۆ نەوسنی و چڵێسی، رێـوی بۆ فـێڵبازی و هەڵخەڵەتاندن، شـێر بۆ زۆرداری و قـورخکـردنی دەسەڵات، سـەگ بۆ بەئـەمـەکی، پشـیلە بۆ سـپڵەیی، مـەڕ بۆ گەلـێکی دامـاو و بێـدەســەڵات، مـار بـۆ بـەدکـاری، گـوێـدرێـژ بـۆ بـێهـۆشی، هـەڵـۆ بـۆ ئـازایی،… تـاد) بـەڵام مـەرج نییە کە ئـەم خەسـڵەتە جەڤـەنگی و هـێماییـانە چەسـپاو و گـشتی بـن. هەنـدێ جـار رێـوی دەبێـتە هـێما و مـژدەی خـێرخوازی. کاتێ کە مرۆڤ بۆ کارێـکی خـێر بچـێت و گەشبـینی و بەخـتەوەروەریی بـە دوایـدابێـت، لە کـوردەواری دا، دەڵـێن (رێـوی هـاتـووە بە پیـرتـەوە) واتە بەخـتەوەریت و بەخـت رووی تێکـردوویـت.

چـیرۆکە ئەفسانـەیی و هـێماییەکـان، بە زۆری بە پـەنـدێک یا بە ئامـۆژگـارییەک یـا بە رسـتەیـەکی رەوشـتی کۆتاییەکـانیان دێـت، بـەڵام نووسـەرانی ئەم چیرۆکـانە، بە زۆری هەڵهـێنجـانـدنی مەبـەستی چـیرۆکەکـانیان بـۆ خـوێنـەران بەجـێهـێشتـوون، بـۆ نمـوونە مەبـەسـت لـەم کـورتە چـیرۆکـە ئەفـسانـەییـانـەدا، کـە لـەو بـاوەڕەدام هەر هەمـوومـان خوێنـدوومانەتەوە: لە چیرۆکی (گورگ و بەرخـۆلە) دا مەبەستەکەی ( کە زۆر هـات.. قەواڵە بەتـاڵە) لە چیرۆکی (شـێر و مشـک) دا مەبەستەکەی (مەرج نییە کە بەهێزی و لەخۆبایی بوونی مرۆڤ، لە تەنگـانە رزگـاری بکات.. دەشـێ کەسێکی بچـووک فـریای بکەوێت و رزگاری بکات کە ئەو بەهەندی نەزانیبوو) لە چیرۆکی (قەلەڕەش و رێوی) دا مەبەستەکەی (نابـێـت مـرۆڤ بـە زمـانی لـووس و پیـاهـەڵـدان و بە فـشکـردنـەوە و سـتایشی بێـبنەمـای مەبەستـدار فـریـوبخـوات و تێـبکـەوێت و هەڵبخەڵـەتێـت و ئـەوەی هەیەتی لە دەستی خۆی بدات.. پەشیمانیشی بێسوودە) لە چیرۆکی (قـازی هـێلکەزێـڕ) دا مەبەستەکەی (چاونەزێڕ و چاوچنۆک و تەماحکارە کە تێربوونیان نییە) لە چیرۆکی (مـێروولـە و کوللـە) دا مەبەستەکەی (دەسـتی مانـدوو.. لەسەر سـکی تـێرە) یا ( گەر کار نەکەیت.. ناخۆیت. یا ئەوەی لە ئەمڕۆدا کار بۆ بەیانی نەکات.. بەیانی بە برسێتی دەمێنـێـتەوە) لە چـیرۆکی (لەقـلـەق و رێـوی) دا مەبەسـتەکەی (ئـەوەی فـێڵ بکـات.. فـێـڵی لـێدەکـرێت) لە چیرۆکی (شـوان و گـۆزە ڕۆن) و چـیرۆکی (کـیـژۆڵـە و پـاتیـلە شـیرەکەی) دا مەبەستی ئەم دوو چـیرۆکە ئەوەیە (کەس بە خەیـاڵ.. نابێت بە مـاڵ).
لە چیرۆکی (کـۆتـر و مـێروولـە) دا مەبەستەکەی (چـاکـە.. چـاکـەی لەدوایـە)… تاد.

بەڵام لە چیرۆکی ریالیـزمی دا، نووسەر بەبێ ترس و بە راشکاوی گوزارشت لە رای خۆی دەکـات، رەخـنە دەگـرێـت و پەیـام و مەبەستەکەی ناشـارێتـەوە و دەیگەیـەنێـت.

نموونـەی چـیرۆکە ئەفسانـەییە خەیاڵـئامێـزەکـان، چـیرۆکەکـانی فەیـلەسـووفی هـیـندی (بەیـدەبـا) یە کە لەژێـر ناوی(کلیـلە و دیمـنە) دا نووسراون.. هـەروەهـا چـیرۆکەکـانی چیرۆکـنووس (هـیزیـۆدۆس ـ یۆنـانی) کە هەشـت سـەد سـاڵ پـێش زاینی چیرۆکەکانی نووسیون. و (ئیـزۆپ ـ یۆنـانی) شەش سـەد ساڵ پێش زاینی چـیرۆکەکـانی نووسیون. دووریش نییە کە ئەوانیش لە دەمی خەڵکییەوە هەندێ لەو چیرۆکانەیان وەرگرتووبن. و بە ناوی خۆیانەوە لە فـۆرمێکی ئەدەبیـدا نووسیویانن. چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی خیاڵئامێزیش هەن، کە بۆ سـەردەمی فـیرعەونییەکان (میسرییە کۆنەکان) دەگەڕێنەوە. چـیـرۆکی (گـەلـگـامـش)ی بـە نـاوبانـگی سۆمـەرییـەکـانیـش لـە دۆڵـی دوورووبـاردا، نموونـەیـەکی دێـرین و بەنـاوبـانگی تـرە، لـە چـیرۆکە ئەفـسانەییە خەیـاڵـئامـێزەکـان.
بێگومان گەلی کوردیشمان خـاوەنی گەنجـینەیـەکی پـڕ لە دەیـان چـیرۆکی ئەفسانەیی و خەیاڵئامێزە، بۆ نموونە (پیرەژنی جادووباز و چەرخوفەلەکەکەی، تیتلە و بیبلە، گورگ و بەرخۆلە، لەسەر باڵی سیمرخ، مریشکە قونـدە، چـل تووتی، ئەژدیها و کوڕە ئازاکە، گۆڕنـەتەڵە، کاکـۆڵ زێـڕین، رێـوی گەرمیـان و کوێسـتان، داربڕ و تەوەرەکەی،.. تاد)

ئەفسانە و چیرۆکی ئەفسانەیی خەیاڵئامێز، لە کولتـووری هەموو گـەلانی دنیادا هەیە، بوونە بە بەشێکی نەمـر لە کەلەپـووری میـللی و فۆلکلـۆری نەتەوایەتی.. هەنـدێ لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـان، بوونە بە ئەفـسانەی جیهـانی و، هەر گەلێک رەسەنایەتییان بـۆ خـۆی دەگـەڕێنێـتەوە.
چیرۆکە ئەفسانەییەکـان، پڕن لە پەنـدی جـوان و لە قسەی نەستەق و لە ئامۆژگاری و لە رێنمـایی بەسـوود و لە چاکەخـوازی و لە وانـەی پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتی و لە رەفـتاری راست و لە بەهـای جـوان و لە ئازایـەتی و پیاوەتی و لە سـەرچڵی.. پـڕن لە رەخنە و لە توانجی سیاسی و تەشەر و لە قسەی بە توێکـڵ. پەردە لەسەر ستەمکاری و زۆرداری و چـەوسانـدنەوە و نـاڕەوایی و نـادادپـەروەری و نـاپـاکی هـەڵـدەمـاڵـن.
منـداڵان و گەورەکـانیش چـێژ و خـۆشی و سـوودێـکی زۆر لە خـوێندنـەوەی چـیرۆکە ئەفسانەییەکان وەردەگرن، هەستیان دەبـزوێنن و گەشە بە چـێژ و بە حەزی ئەدەبی و هونەرییـان دەکـەن و ئاسـۆی رۆشنبیرییان فـراوانتر دەکەن و فەرهـەنگی وشەکـانیان دەوڵەمەنتر دەکەن.. تا ئەمـڕۆش تـام و چـێژ و سوودی ئەم چیرۆکە ئەفـسانەییانە کاڵ نەبوونەتـەوە و کاڵـیش نابنەوە.. بۆیـە بەشـێکی زۆریـان بوونـەتە بابـەتی کتێبەکـانی خوێنـدنەوە لە قوتابخـانە بنەڕەتییەکـاندا، لە پـرۆگـرامی خوێنـدنی زۆربـەی وڵاتـاندا. چونـکە چـیرۆک هـۆکـارێکی ئاسـان و گـرنگی فـێربـوون و پەروەردەکـردنی منـداڵانە.
بە سـەدان لەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانە، بە هەموو زمانەکـانی گـەلانی جیهـان، بە زمـانی کـوردیـشەوە، بـە شـێـوازێـکی سـووک و ئـاسـان و جــوان، لـە پـەرتــووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگـدا نووسراونەتـەوە و چاپکـراون و بەشی منـداڵانیان لە پەرتووکخانەکـانـدا پێ رازانـدوونـەتەوە.. منـداڵان و گەورەکانیش سـوود و پەنـد لەم چیرۆکانە وەردەگـرن.

لە ئەمڕۆشدا بەشێکی زۆری چیرۆکنووسان و شاعیرانی ناسراوی منـداڵان لە جیهانـدا، چیرۆکەشیعری ئەفسانەیی خەیـاڵئامێز بۆ منداڵان دەنووسن، چونکە خەیاڵ خەسڵەتێکی گرنگە لە خەسڵەتەکانی قۆناغی منداڵی. لە شاعـیرانی ناسراوی کوردیشمان کە بێجگـە لە نووسینی شیعر بۆ گەورەکان، کۆمەڵێک لە شاعیرانی کۆچکردوومان و لە شاعیرانی لە ژیانـدای ئەمـڕۆشمان، چەنـدین چـیرۆکەشیعری خەیاڵـئامێز و جەڤـەنگی جـوانیان بە زمانێکی ئاسـان و شـیرین بۆ منـداڵانی کوردمـان نووسـیون.. خوێنەران و هـەوادارانی ئەدەبـی منـداڵان ناوەکـانیان دەزانـن و ئاشـنای هـۆنـراوە و چـیرۆکەکـانیـانـن.

چـیرۆکی ئەفـسانەیی و خەیاڵئامێزی گونجـاو بۆ منـدڵان. ئەو چیرۆکـانەن کە کـورتن و بەشـێوازێـکی ئاسـان و سـووک و بـە زمـانـێکی ناسـک و شــیریـن و رەوان و تـەڕ و پاراو داڕێـژراون، کە وشـە و رستەکانی لە فەرهـەنگی زمـانی منـداڵانەوە وەرگیراون. لەگەڵ جیهانی خەیاڵـیشیانـدا گونجـاوبن.. کۆتاییەکانیشیان تـراژیـدی و ترسناک نەبـن.

نـووسـەری بەنـاوبـانگی فـەرەنسی (جـان دی لافـۆنتـین: (١٦٢١ ـ ١٦٩٥) کـە کەڵـە نووسەرێکی جیهـانی ناسـراوە، لە ماوەی (٢٦) ساڵدا، لە (١٦٦٨ـ١٦٩٤) لە دوانـزە پەرتـووکی چـاپکـراودا (٢٤٣) چـیرۆکەشـیعـری ئەفسـانـەیی و جەڤـەنگی بـۆ منـداڵان نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە. لافـۆنتین لە جیهاندا بە (شای چیرۆکەشیعـر و مەتەڵ و ئەفسانە) ناسـراوە. زۆر لە شاعیران و چیرۆکنووسانی جیهانی ناسراو، سوودیان لە چـیرۆکەکـانی لافـۆنتـین وەرگـرتـوون و لەسـەر شــێـواز و ریـچـکەی ئـەو، چـیرۆک و چـیرۆکەشیعـریان نووسیوە، لەوانـەش میـری شاعـیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) کە بەڕەچەڵـەک کوردە. زیاتـر لە پەنجـا چـیرۆکەشـیعـری بۆ منـداڵان نـووسـیوە. شـەوقی خۆشی دان بەوەدا دەنێت کە چیرۆکەکانی لافۆنتین کاری تێکردوون. هەروەها شاعـیری پـۆڵـەنـدی (ئیگـناس گـراسیس) و (ئـیڤـان کـریـلـۆڤ) و (مەکـسیـم گـۆرگی) رووسـی.
لە شاعیرە نەمرەکانی کوردی خۆشمان کە چیرۆکە شیعریان بۆ منداڵان نووسیون و لە چیرۆکەکانی لاڤـۆنتین و ئێـزوپەوە وەریان گرتوون و بە تام و چێژێکی کوردییەوە، بە چیرۆکەشیعر نووسیویانن: پیـرەمێرد، فایـق بێکەس، هەژار موکریـانی، کـاکەی فەلاح.
(پیـرەمێرد) دوو چیرۆکەشییعـری جوانی بۆ منـداڵان هـۆنیوەتەوە (رێـوی و کەڵەشـێر) و (قەلەباچەکە و باخەوان)، (فـایق بێکەس) چیرۆکەشیعـری (دوو مراوی و بۆقـێک)، (هـەژار موکـریانی) چـیرۆکەشیعـری (کۆبـوونـەوەی مشکـان)، (کاکـەی فـەللاح) یش چیرۆکەشیعـری (گوێـدرێـژێک لە کەوڵی شێـردا ـ یاـ شـێری ساخـتە ). بـەلای منـەوە شانـۆی (موحاکەمەی مـام چـەوەندەر) ی شاعـیری گەورەی گەلەکامـان (عـەبـدوڵڵا گـۆران) کە زادەی بیری گـۆران خۆیەتی، لە ئاستی چـیرۆکەشیعـرییەکانی لافـۆنتین، گەر زیاتـر نەبێـت، هـیچی لـەوانەی ئەو کەمتـر نیـیە.
ئەم نووسەر و شاعـیرە نەمرانەشمان: (نەجمـەدین مـەلا) و مامۆستا (رەمـزی قـەزاز) و مامۆستا (فەرەیـدوون عـەلی ئەمـین) و مامۆستا (عـومـەر عـەلی ئەمـین)، کۆمەڵێک لـە شاعـیران و چـیرۆکنووسانی ئەمـڕۆشـمان. ئـەم بـوارەیـان بەسەرکـردوونـەتـەوە و چەنـدین چـیرۆکی خـەیـاڵـئامـێز و ئەفـسانەییـان بـۆ منـداڵانی کوردمــان نـووســیوون.

لافۆنتین بە داهێنەری چـیرۆکەشیعری ئەفسانەیی دادەنرێت. بەڵام لافـۆنتین نایشارێتەوە و دان بەوەدا دەنێت، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئیزۆپ) ی یۆنانی و (بەیدبا)ی هیندی و (ڤـيـدەر)ی لاتیـنی و چەنـد چـیرۆکنـووسێکی تـر، کاری تێکـردوون و سـوودی زۆری لێیان وەرگرتوون. گەلێک لە چیرۆکەکانی لەگەڵ چیرۆکەکانی (ئيـزۆپ)دا تێکەڵ بوونە.
یان هەنـدێک لە چیرۆکەکـانی لافـۆنتینیش دراونـەتە پاڵ ئیـزۆپ و بە نووسینی ئـەوەی دەزانـن.. لە راستـیـدا، تـا ئەمـڕۆش لە بـواری نـووسـینی چـیرۆکەشیعـری ئەفـسانـەیی بۆ منـداڵان، هـێچ شاعـیر و چـیرۆکـنووسـێک لـە جیهـانـدا، نەگـەیشـتـوونـەتـە ئـاسـتی لافـۆنتـین.. ئـەوەی کـە جیـاوازیشی بـە چیـرۆکە ئەفسانەییەکـانی لافـۆنتین بەخـشـیون، ئەوەیـە کە چـیرۆکەکـانی بە شـێوازێکی ئەدەبی و هـونـەری هـێنـدە ناسک و شـیرین و جـوان داڕشتوون.. کە شەقـڵی جـیاوازی و تایبەتمەنـدییان پێـوە دیـارە.. چـیرۆکەکـانی لەبـەر کـورتی و ئاسانی و سـوودی ئەدەبی و پەروەردەییـان. وریـان گـێڕاون بـۆ سەر هەمـوو زمـانەکـانی جیهـان و خـراونـەتە پـرۆگـرامەکـانی پەرتـووەکەکـانی خوێنـدنەوە بـۆ منـداڵان.. چـێـژ لێـوەردەگـرن و بـە ئـاسـانیش لـە مەبەسـتەکـانیان تێـدەگـەن.
ئـەم پێشەکییەم بە پێویسـت زانی بـۆ ئـەوەی بێمە سەر باسی چـیرۆکنـووس ئـیزۆپ.
(ئـیزوپ:٦٢٠ ــ ٥٦٤) پێش زاینی
یـۆنـان لانـکـەی شـارسـتانی و وڵاتی فەیلـەسووفـەکـان و بیـرمەنـدان و نـووسـەران و مێژوونـووسە مەزنەکـانی جیهان، وەکوو: سوکـرات، ئەفلاتـوون، ئەرسـتۆ، گالـینۆس، هـۆمیرۆس، ئەرگیلۆس، هـیرۆدۆت، سۆفـۆکلیس، زەیـزەفـۆن، ئیـزۆپ، ئەسکەنـدەری گەورە. وڵاتی گەلانی گریک و خواوەنـدەکـانی هـێز و شـەڕ و خۆشـەویستی و ئاشتی.
یۆنانییەکان لە بواری ئەدەبدا باڵادەست بوون، سامانێکی ئەدەبی گرنگیان بە سەرجەم ئادەمیـزاد بەخـشی.. بەو ئاراستەیـش منـداڵانیان گـۆش و پـەروەردە دەکـردن و رایـان دەهـێنان و رێنماییان دەکردن، کە پشت بەخۆیان ببەستن و پەرپرسیارییەتی هەڵبگرن.
سووربوون لەسەر ئەوەی کە فـێری ئازایەتی و دلێری و پاڵەوانی و بەرگری لەخۆیان بکـەن، لە میـانەی راهـێنانی جەسـتەیی و دەروونـی و هـۆشـیـیەوە.. بۆیـە چـیرۆک و هەقـایەت و چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانیان بۆ منـداڵان بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجانە بوون.
ئـیزۆپ کـێیە؟
ئـیزۆپ، لە سەدەی شەشەمی پێش زاینی لە (ئەسینا) ی پایتەختی یۆنان لەدایکبووە.
ئەسینا گەورەتـرین شاری جیهـان نەبـوو، بەڵام یەکـێک بـوو لە گرنگـترین شارەکـان.
ئـیزۆپ، فەیلەسـووف و بلیـمەت و چـیرۆکنـووسێکی یـۆنـانی بـوو، بەڵکو لە جیهاندا بە باوک و بە پێشەنگی چـیرۆکی ئەفـسانەیی دادەنـرێت.. ئـیزۆپ پیاوێکی چاکـساز و
باشەخوازبوو. چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بوونە سەرچاوەیەکی گرنگی سوود لێوەرگرتن بـۆ گوتـاربێژان و بـۆ گـۆڕینی رێـڕەوی هەنـدێ لە قـەشەکـان و پیـاوانی کەنـیسەکـان.
چـیرۆکەکـانی ئیـزۆپ بە ناوبانگـترین چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی یۆنـان و جیهـانن. کە گەورە و بچـووک دەیانخـوێننەوە، خۆشی و پەنـد و سوودێکی زۆریان لـێوەردەگـرن. چیرۆکەکـانی ئـیزۆپ، درێـژەدانە بـە چـیرۆک و هەقـایەت و نەزیـلە کۆنەکـانی یۆنـان. کە بە زمانی ئاژەڵ و باڵندە و گیانەوەرانی ترەوە وتراون.. ئـیزۆپ هەندێ جاریش لە هـاوشـێوەی چـیرۆکـەکـانی نـووسـەری بەنـاوبـانگی هـیـندی (بـەیـدەبـا) ی نووسەری چـیرۆکەکـانی (کـلـیلە و دیـمـنە). کە بیـرمەنـدی فـارسی (عـەبـدوڵڵا کـوڕی موقـەفـع)
لە فارسییەوە وەری گێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی.. (عـومـەر تۆفـیق) ش لە سـاڵی (١٩٧٠) دا، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان، (محەمەد ساڵح گەڵاڵی) ش، وەری گـێـڕاوە بـۆ کـوردی، لـە عـەرەبیـیەکـەی (عـەبـدوڵڵا مـوقـەفـع)ەوە وەریـان گـێـڕاوە. ژمـارەی چـیـرۆکـە کـۆکـراوە و چـاپکـراوەکـانی ئـیزۆپ، زیـاتـر لـە (٣١١) چـیرۆکـن. کۆمـەڵەی یەکەمی چـیرۆکەکـانی لە ساڵی (٣٠٠)ی پێـش زاینی، بـۆ یەکەمین جـار لە پەرتووکێکـدا، لەژێـر نـاوی (ئەفـسانەکـانی ئـیزۆپ) دا، نووسران و خرانە بـەردەستی هـۆگـرانی خوێنـدنـەوەی چـیرۆک.. کەوتـنـە سـەر زاری گـەورە و منـداڵانی یـۆنـان و دەرەوەی یـۆنـان دا، لەو کاتـەدا چاپ نەبـوو بە دەسـت روونـووس و کۆپیان دەکـرد.
چـیرۆکی ئەفـسانەیی، بەوە ناسراوە کە کورت و ئاسانە.. بە چـیرۆکی (ئەلگۆریا) ش ناودەبرێت، واتە چیرۆکی جەڤـەنگی، کە بە زۆری بە ناوی ئاژەڵ و باڵندەوە وتراون.
چیرۆکەکە ئەفسانەییەکانی ئـیزۆپ، گوزارشت لە ململانێ و زۆرانبازی لە نێـوان دوو دژەکـار یا دوو خەسڵەتی جـیاوازی مـرۆڤ دەکەن. ملمـلانێ لە نێـوان: دەسەڵاتـدار و گەلـدا، زۆردار و زۆرلێکراودا، زیـرەکی و گەمژەییدا، راستی و درۆدا، سەرکەوتن و بەزینـدا، بردنەوە و دۆڕاندنـدا، چاکەخوازی و خراپەخوازیدا، خۆڕاگری و ملکەچیدا، گەشبینی و رەشبیـندا، هـیوا و بێ ئـومێـدیـدا، دڵسۆزی و ناپاکـیـدا،… تاد.
بەشێکیش لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئیـزۆپ لە دانـانی خۆی نین و دراونەتە پـاڵی.
هەر وەکوو چۆن، بە دەیان چیرۆک و نوکتەی خۆش دراونەتە پاڵ (مەلا مەزبوورە)
و (خـاڵە رەجـەب) و (ئـەحـەی کـۆڕنـوو) و (لالـە سەرحـەد) و (ئـەحـۆل) ەوە.
چەند را و قسە و بۆچوونێکی جیاواز دەربارەی کەسایەتی ئیزۆپ و چیرۆکەکانی هەن. کۆمەڵەی یەکەمی توێژەران، ئیزۆپ بە کەسایەتییەکی راست نازانن، بە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی دروستکـراو دەزانـن، کە کۆمـەڵـێکی زۆر لە چـیرۆکی ئەفسـانەیی یۆنانیان داونـەتە پـاڵی.
چـیرۆک دانەپاڵـیش، تەنها لە نـاو یۆنانییەکـاندا نەبووە، بەڵکو لە نێو گـەلانی تریشدا هەبووە، بۆ نموونە: عەرەبەکان (عەنتـەر کـوڕی شـەداد) بەو شێوەی کە عەرەبەکان باسی دەکـەن، کـە کـردوویـانە بە پاڵـەوانێـکی شەڕکـەری نەبـەز، بە دەیـان چـیرۆکی ئـازایەتییان داوەتـە پـاڵی.. بـەڵام لـە راستیـدا، عـەنتـەر کەسـایەتییـەکی راسـت نیـیە و ئەفسانەییە. (رۆسـتەمی زاڵ) یش کە ئێـمەی کورد و فارس کردوومانە بە پاڵەوانێکی لە توانابەدەر، کەسایەتییەکی ئەفسانەییە. (دۆکیشـۆت) کەسایـەتییەکی ئەفـسانـەیییە.
کۆمەڵەی دووەمی توێژەران، ئـیزۆپ بە کەسایەتییەکی (نیـوچە ئەفـسانـەیی) دەزانـن، کە بە سـەدان چـیرۆکی خـۆشی ئەفـسانەیی دانـاوە، کەچی هـەر ئـەم کۆمـەڵەیە پێـیان وایە کە راستە ئەو چیرۆکانە لە نووسینی ئیـزۆپ خۆیەتی.. کەواتە ئەم بۆچـوونەیان ئـەوە دەسـەلـمێنـێت، کە ئـیزۆپ کەسـایەتییەکی راست بووە نەک نیوچە ئەفسانەیی.
کۆمـەڵەی سێـیەمی توێـژەران، لە سـەرووی هەمـووشـیانەوە مێـژوونووسی یـۆنـانی (هـیرۆدۆت: ٤٨٤ ـ ٤٢٥) ی پێش زاینی، کە بە بـاوکی مـێژوو نـاودەبـرێت. ئـیزۆپ
بە کەسایەتییەکی راستی دەزانێـت، رەتی دەکـاتەوە کە کەسایەتییەکی ئەفـسانەیی بێت.
هەنـدێ لە نـاودارانی یۆنانیش لە نووسینەکانیاندا، ناوی ئیـزۆپیـان هـێناون و جەخـت لە راستی کەسایەتی ئـیزۆپ دەکەنەوە، لەوانەش (ئەفـلاتـوون، ئەرسـتۆ، ئەرشـۆڤـان، ئەکسیۆڤـان). لە پەرتـووکـێکی کۆنیشدا، کە لە سەدەی یەکەمی دوای زاینی دەرکراوە، دەربـارەی (ژیـانی ئـیزۆپ) باس لـەوە دەکات کە ئـیزۆپ کەسایەتییەکی راستی بـووە.
مێژووش ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئـیزۆپ کۆیلەیەک بووە. لەگەڵ دوو کۆیلەی تردا بردوویـانن بۆ بازاڕی فـرۆشتـنی کۆیلەکـان بۆ فـرۆشتنیان. پیاوێکی کۆیلەکڕ بە ناوی (کـزانـسۆس) دەچـێت بۆ ئەو بـازاڕە بۆ کـڕینی کۆیلەیەک. چاوی بە ئـیزۆپ و بە دوو کۆیلـەکەی تـر کـەوت. لە دوو کۆیلـەکـەی پـرسی.
کـزانـسۆس: ئێـوە دەتـوانن چی بکـەن؟
دوو کۆیلـەکە: گـەورەمـان، ئێـمە دەتـوانـین هەمـوو شتـێک بکـەیـن.
کـزانـسۆس (هەمان پرسیاریشی لە ئـیزۆپ کـرد): ئـەی تـۆ دەتـوانیـت چی بکـەیت؟
ئـیزۆپ: گـەورەم، مـن نـاتـوانـم هـیچ شـتـێک بکـەم.
کـزانـسۆس (بە سەرسوڕمانەوە): بـۆچـی ناتـوانـیت هـیـچ شـتـێک بکـەیت؟!
ئـیزۆپ: گـەورەم، هـەردوو هـاوڕێکەم، هـیچ شتـێکـیان نەهـێـشتەوە کە مـن بیکەم.
کـزانـسۆس (سەرسامی زیرەکییەکەی بوو): باشە گەر ئێستا داوای چەنـد پارەیان کرد، بیانـدەمێ و بتکـڕم، دەبیـت بـە پیـاوێـکی بـاش و دەسـتـپاک؟
ئـیزۆپ: گەورەم تۆ بکڕیت یا نەمکڕیت، من هەر بە پیاوباشی و دەستپاکی دەمێنمەوە.
کـزانـسۆس (زیـاتـر بە وەڵامەکەی ئـیزۆپ سەرسام دەبێت و لـێی دەپـرسێت): ئێستا بە راسـتی پێـم بـڵێ، هـەوڵی راکـردن نـادەیـت؟
ئـیزۆپ: گـەورەم، بە درێـژایی ژیـانت، ئەوەت بیستووە کە باڵـندەیەک لە ناو قەفـەزدا بێت و هـەوڵی راکـردن نەدات؟ یا ئەگەر نیازی واشی هەبێت، خاونەکەی لە نیازەکەی ئاگـادار بکـاتـەوە؟
کـزانـسۆس (هـێندەی تر بەم وەڵامەی سەرسام بوو): من دەتـرسم بۆ هەمـوو شوێنێک بچـیت، خەڵـکی گـاڵـتە بـە رووخـسـار و بـە بـەژن و بـاڵای نـاقـۆڵات بکـەن.
ئـیزۆپ: گـەورەم، پێویستە فەیلەسووف، مـرۆڤ بە بەژن و بـاڵای هەڵنەسەنگـێنـێت،
بەڵکـو بـە هـۆشی.
کـزانـسۆس بۆی دەرکەوت کە ئـیزۆپ کەسـێکی دانـا و بلـیمـەتە و دانامـێنـێت.. بۆیـە یەکسەر کـڕی. دوایی گـەورەیـەکی تر بە ناوی (یـادمـۆن)ەوە، ئـیزۆپی لە کـزانـسۆس کـڕی. لەبەر زیـرەکی و چیرۆکە فەلسەفییە خۆشەکانی.. یادمۆن، ئـیزۆپی ئـازاد کرد.
ئـیزۆپ زۆر حەزی لە گەشـت و گەڕان بوو، چەنـدین شار و وڵاتـان گـەڕا. لە دواییدا لە کۆشـکی شـای (لـیدیـا) لە شاری (سـارۆس) ی پایتەخـتی ولاتـی لـیدیـادا مـایـەوە. وڵاتی لیـدیا هـاوسنوور بوو لەگەڵ ولاتـی یـۆنـان دا، لە دوای چـەنـد سـاڵـێک تـورکە عوسمانییەکان، لە ئاسیای بچووکەوە هاتن و وڵاتی لیدیایان داگیرکرد و لێی نیشتەجێ بوون و ناوی تورکیایان لێنا. واتە ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن تورکیا، لیدیای داگیرکراوە. ئـیزۆپ وەکـوو چـیـرۆکخـوانێک لـە کۆشـکی شایـانەی لیـدیـادا مایـەوە.. شـای لیـدیـا سەرسامی زیـرەکی و چـیرۆکە خۆشەکـانی بوو، رێـزی لێـدەگـرت. نووسەرێکـیشی بۆ تەرخـان کـرد، کە چـیرۆکەکـانی بنـووسـێـتەوە، بـۆ ئـەوەی لەیـادنـەچـنەوە.
(بلـۆتـاک) دەڵـێت:” ئـیزۆپ ئەنـدامێکی ئـەو شانـدە بـوو، کە شـای لیدیـا بـۆ کـارێکی خـێرخـوازی ناردی بۆ شاری (دلفـای). بەڵام ئـیزۆپ لەوێـدا، لە ساڵی (٦٥٤)ی پێش زاینی دەکـوژرێت. دەربـارەی کـوشـتـنەکەی ئـیزۆپ. دوو گـێڕانـەوەی جـیـاواز هـەن
بە پێـویستی نـازانـم کە بـاسی ئـەو دوو گـێـڕانـەوەیە بکـەیـن.
گەر ئەو را و بۆچوونانەی سەرەوە، دەربارەی کەسایەتی ئـیزۆپ راستبن یا ناڕاستبن. بەڵام چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپ راسـتن و لەبـەر دەستمانن، کە مێـژوو بـۆی پاراسـتووین.
بەشی هەرە زۆری چیرۆکەکانی ئـیزۆپ، وەریان گـێڕاون بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی گەلانی جیهـان. بەشێکیان بوونـە بە بابەتەکـانی پەرتـووکی خوێندنەوە لە قـوتابخـانە بنەڕەتییەکاندا.. کە لە رووی ئەدەبی و پـەروەردەییەوە گونجا و بەسوون بۆ منداڵان.
شاعـیران و چیرۆکنووسان و شانۆنووسانی کۆن و نوێ و دەرهێنەرانی کورتە فـیلمی کارتـۆن بـۆ منـداڵان، سـوودیان لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی ئـیزۆپ وەرگـرتـوون. بە کەمێک دەستکارییەوە، دووبـارە بە چیرۆک و هـۆنراوە یا بە چـیرۆکەهـۆنراوە دایان رشتوونەتەوە.. هـەنـدێ لەو نووسەر و شاعـیرانە، خۆیـان بە خـاوەنی ئەو چـیرۆکە دەستکاریکراوانەی ئـیزۆپ دەزانن. لەوانەش شاعیری ناسراوی یۆنـانی (بابیـرۆس) کە زۆربەی چیرۆکەکانی ئـیزۆپی، بە چیرۆکەهـۆنراوە، داڕشـتوون و بەزادەی بیری خـۆی دەزانێـت.. نووسـەرێکی رۆمـانیش کـە نـاوی (ئەفـیانـۆس)ـە، لـە سـەدەکـانی ناوەڕاستدا، کۆمەڵێک لە چیرۆکەکـانی ئـیزۆپی دەستکـاری کـردوون و بـە چـیرۆکی خۆی دەزانێت.. کۆمەڵـێکی تر لە چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپ، بە ناوی نووسەران ( ماری دی فـرانـس) و (جـان دی لافـۆنتـین) ەوە بڵاوبـوونـەتەوە. (ولیـەم کاکـستـۆن) یش، بەشـێکی زۆری لـە چـیرۆکەکـانی ئـیزۆپی وەرگـێـڕاون بـۆ سـەر زمـانی ئینگـلیزی. (ئەحمەد شەوقی) ش، چەند چیرۆکێکی ئـیزۆپ و لافـۆتینی، بـە چـیرۆکەهـۆنـراوە داڕشـتوون.. باسی ئەوەشـمان کـرد، کـە هەنـدێ لـە شاعـیرانی کوردیـشـمان، چەنـد چیرۆکێکی (ئیـزۆپ) و (لافـۆنتین) یان، لە شێوازی چیرۆکەهـۆنراوەدا داڕشـتوون.
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و بەلامانەوە گـرنگە و دەمانەوێت ئامـاژەی پێـبدەین، ئەویە
کە لە ئەمـڕۆدا، چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانی ئـیزۆپ و لافـۆنتین، بـۆ منـداڵان گونجـاون.
پەنـد و وانەی پەروەردەیی باش و بەسوودیان تێدان.. چیرۆکەکانی ئـیزۆپ و لافۆتین بوونە بە سامـانێکی ئەدەبی بۆ منـداڵان. بوونـە بە سەرچاوەیەکی گـرنگ و بە ئیلهام بەخـش، بـۆ بەشـێکی زۆر لە چـیرۆکنووسـان و شاعـیرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان.
ئەوەم بەرچاوکەوت، کە نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، دکتۆر (عەزیز گەردی) پەرتـووکـێکی بـە نـاوی (چـیـرۆکـەکـانی ئـیزۆپ) چـاپـکـردووە.. مـن تـا ئـێسـتا ئـەم پەرتووکەم نەدیـوە. گەر بمدیتایە، بێگومان وەکوو سەرچاوەیەک، ئـەم نووسـیـنەمی دەوڵەمـەنـتر دەکـرد.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی و نەرویجی وەرگرتووە. رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠١٩




لە سەر سەکۆی چاوەڕوانی … سەرهەنگ خامۆش

کەتۆ هاتیت
هێشتا پاسارییەکانی موحیبەت
لە خەو هەڵنەستابوون
کات خەریکی هۆنینەوەی
حەیرانێکی دیکە بوو بۆ زەمەن…

کە تۆ هاتیت
کەنار ماڵئاوایی لەخۆر دەکرد
شەقامەکان خاڵی بوون لە چاوەڕوانی
شار تازە باوەشکی دەدا…

کەتۆ هاتیت
من دەمێک بوو چاوەکانم
لەم تولە ڕێگایەی دەڕوانی
کە لەبەردەم دەرگای دڵی مندا
تەواو دەبوو…

کە تۆ هاتیت
لەمن زێتر
هیچ شتێک وەئاگا نەبوو
لەسەر سەکۆی چاوەڕوانی
هەر خەریکی ژماردنی چرکەکان بووم…

کە تۆ هاتیت
هەر وەک گزنگ لە پەنجەرەی
هەموو ماڵێکدا چویتە ژوورەوە
سڵاوێکت لە هەموو
کوچەو کۆڵانەکانی شار کرد
من نەبێت…




زمانێ‌ ره‌خنێ‌ د (بارانا دره‌وا)ن یا (عه‌بدولغه‌نی كۆڤلی) دا … عبدالرحمن بامه‌رنی

كۆمه‌له‌ هه‌لبه‌ستێن (بارانا دره‌وا)، دیوانا پێنجێ‌ یا هه‌لبه‌ستڤان عه‌بدولغه‌نی كۆڤلی یه‌، ئه‌ڤ دیوانه‌ ژ (113) ناڤ و نیشانێن هه‌لبه‌ستێ‌، دناڤا 130 لاپه‌رێن په‌رتۆكه‌كا ژ قه‌بارێ‌ نیڤ a4 دا هاتینه‌ چاپكرن. پێشه‌كیا ڤێ‌ دیوانێ‌ ژی ژلایێ‌ نڤیسه‌ر (ئه‌دیب عه‌بدوللا) ڤه‌ هاتیه‌ نڤیسین. دگه‌ل خواندنا من بۆ ڤان هه‌لبه‌ستان، ل جارا ئێكێ‌ ئه‌ز ل سه‌ر شعریه‌ت دڤێ‌ دیوانێ‌ دا ره‌وستام، یا راست من قه‌له‌مێ‌ خوه‌ بۆ تیژ كربوو، لێ‌ تشته‌كێ‌ دی بالا من زێده‌تر راكێشا، ئه‌و ژی زمانێ‌ ره‌خنێ‌ دناڤا ڤان شعران دا. تشتێ‌ به‌رێخوه‌دانا من ژ هزرا من ئه‌ز پاشكێش كریم، هه‌لبه‌ستڤانی خوه‌ هند نزیكی جاددێ‌ و كۆمه‌لگه‌هی كریه‌، لایه‌نێ‌ شعریه‌تێ‌ ژبیرا مرۆڤی وه‌ك خوانده‌ڤا دبه‌ت.
(خواندن ژی هه‌ر هۆسانه‌، ئه‌و خواندنا نه‌شێت تام و خۆشیه‌كێ‌ ب مێشكێ‌ ب به‌خشیت، مروڤ نه‌شێت دگه‌ل دا یێ‌ به‌رده‌وام بیت…!)

بۆچی ره‌خنه‌ ل سه‌ر شعریه‌تێ‌ زال ببیت:

هه‌ست و ده‌ربرینێن هه‌ر كه‌سه‌كی، هێزا خوه‌، ژ ره‌نگڤه‌دانا تشتێن ل ده‌ردۆرێن وی روو دده‌ن وه‌ردگرن. تشتێن وی دكه‌نینن و دلگران دكه‌ن. تشتێن خشیێ‌ پێ دبه‌خشن و وی نه‌ ئارام دكه‌ن. ئه‌ڤ ره‌نگڤه‌دانێن هه‌نێ‌ ژی بۆ هه‌ر كه‌سه‌كی، خوه‌ بره‌نگه‌كێ‌ جوداتر دیاردكه‌ن. هه‌لبه‌ستڤان ژی ژبه‌ركو خوه‌دان هه‌ستن و ئه‌ڤ هه‌ستێن هه‌نێ‌ دناڤا نڤیسنیێن وان دا په‌یدا دبن، بره‌نگه‌كی و دوان، بێی ئه‌ڤ هه‌لبه‌ستڤانێ‌ هه‌نێ‌ هه‌ست پێبكه‌ت، بێی بزانیت یێ‌ كه‌تیه‌ بن باندورا وان تشتان، ئه‌ڤ هه‌می تشتێن هه‌نێ‌ دناڤا وێ‌ هه‌لبه‌ستێ‌ دا به‌رچاڤ دبن. مه‌رج نینه‌ ئه‌و تشت ژی هه‌می گاڤان دبیاڤه‌كێ‌ ده‌ستنیشانكری دا بن، عه‌شق و ئه‌ڤینی یان شوره‌شگێری یان ره‌خنه‌یا جڤاكی بیت. لێ‌ راستیه‌ك ل پشت ڤێ‌ چه‌ندێ‌ هه‌یه‌ و خوانده‌ڤایه‌ك بو ڤان جوره‌ نڤیسینان یێ‌ هه‌ی و خوه‌شیێ‌ ژێ وه‌ردگریت و تا به‌رگریێ‌ ژی ژێدكه‌ت. نمونا شعرا به‌ری سه‌رهلدانێ‌ و ئه‌و خوانده‌ڤایێ‌ شعرێن وی ده‌می دخواندن و تام و خوه‌شی ژ وان شعران و هێمایێن دناڤا وان شعراندا ددیت، هه‌مان ئه‌و خوانده‌ڤا نۆكه‌ تامێ‌ و خوه‌شیێ‌ ژ شعرا نۆكه‌ نابینیت و ئه‌ڤه‌ ژی تشته‌ك سروشتی یه‌.
(خوه‌ ژبیرنه‌كه‌ین ژی، خوانده‌ڤا ره‌خنه‌گره‌كێ‌ ئه‌كادیمی نینه‌، دا بزانیت مه‌رجێن شعریه‌تێ‌ دناڤ ڤان شعراندا هه‌نه‌ یان نه‌، بتنێ‌ وی دڤێت، كه‌سه‌ك یا ب دلێ‌ وی بێژیت و هنده‌ك ژ ئازارێن وی كێم بكه‌ت و تام و خوه‌شیه‌كێ‌ بده‌تێ‌…!)

ره‌خنه‌ ب زمانێ‌ خه‌لكی:

ئه‌ڤ قه‌یرانێن روی ل هه‌رێمێ‌ كرین، خوه‌ د دو جۆرێن كێشه‌یان دا دبینن، ئێك سیاسی و یا دوێ‌ ژی ئابوری. تا وی رادده‌ی، كارلێكا ڤان قه‌یرانان ل سه‌ر خه‌لكی هه‌یه‌، گه‌له‌ك جاران قه‌یرانێن ئابوری ب وی ره‌نگی كارتێكرنێ‌ ل سه‌ر ژیانا خه‌لكی دكه‌ن، ئه‌ڤ خه‌لكێ‌ رۆژه‌كێ‌ بتنێ‌ ئومێدا وی رزگاركرنا كوردستانێ‌ ژ ده‌ستێن دۆژمنی و خه‌ون و هیڤی ل سه‌ر ڤێ‌ چه‌ندێ‌ ئاڤاكرین، ئه‌ڤرو ئه‌و خه‌ون هه‌می بوینه‌ تشته‌كێ‌ ژبیركری، ئه‌ڤ چه‌ندا هه‌نێ‌ ژی ب ئاشكه‌رایی دناڤ ڤان هه‌لبه‌ستان دا دیار دبیت، ئه‌گه‌ر په‌ره‌گرافه‌كی بۆ نمونه‌ به‌رچاڤ بكه‌ین:

(ئه‌ڤه‌ سالا نوی هات/ نزانم دێ‌ به‌رپه‌رێن نوی ڤه‌كه‌ن/ ده‌ستێن هه‌ڤدوو گرن/ شه‌رمێ‌ ژ خوینا شه‌هید و سێوی و بێ‌ باباكه‌ن/ ئێكودو ماچی كه‌ن و لێك بورن/ یان دێ‌ كوردستانێ‌ فروشن/ پارچه‌ پارچه‌ كه‌ن؟؟؟ (ژ هه‌لبه‌ستا ئه‌ڤ ساله‌ چوو، لاپه‌ره‌ 37،38).

دخواندنا ڤێ‌ پارچه‌ هه‌لبه‌ستێ‌ دا و بتایبه‌ت ئه‌م ل ده‌ستپێكا سالا نوی، خوانده‌ڤای دڤێت به‌رسڤه‌كێ‌ ژ سیاسه‌تمه‌دارێن كورد وه‌ربگریت! هه‌بونا داعش وه‌ك دوژمنه‌كێ‌ راسته‌وخو گه‌فێن به‌رده‌وام؟ هه‌بونا ترسا (حه‌شد ئه‌لشه‌عبی) پشتی نه‌مانا داعش؟ هه‌بوونا ئیرانێ‌ و توركیا و كارتێكرنا وان ل سه‌ر پارتێن سیاسی؟ په‌رله‌مانه‌كێ‌ ژ كاركه‌فتی و حكومه‌ته‌كا ئفلیج؟ قه‌یرانێن نه‌بوونا موچه‌ی و كاره‌بێ‌ و گازێ‌ ووووو هتد. دڤی په‌ره‌گرافی دا، ئه‌وا هاولاتی نه‌شیایی بگه‌هینت، هه‌لبه‌ستڤان یێ‌ بۆ به‌روڤاژی دكه‌ت، ئه‌و ب لێكئینانێن خوه‌ یێن شعری یێ‌ دبێژیت: ژ ئه‌نجامێ‌ ناكوكیێن دناڤبه‌را وه‌ دا، كوردستان یا دهێته‌ فرۆتن!

یان ڤی په‌ره‌گرافی:

(دده‌مه‌كی/ جاش هه‌بوون/ لێ‌ هێران و ئاش هه‌بوون/ مه‌ دزانی كیش جاشه‌/ كی پارتیه‌/ كی ئاشه‌/ كی ئاشڤانه‌/ كی كاروانییه‌/ كی خودانه‌/ كی دزو موغلاچیه‌/ كی سیخور و تالانچیه‌/ كی شوره‌شڤانه‌/ ئه‌ڤرۆ/ هه‌می بوونه‌ جاش/ پشتی نه‌ماین/ هێران و ئاش/ جاش بوونه‌ حاكم و پاشا/ رۆژێ‌ سه‌د جار/ دبێژن حاشا/ خودێ‌ حه‌شرا مه‌ نه‌كه‌ت دگه‌ل/ گه‌نده‌لچیا و خودانێت بیست معاشا. هه‌لبه‌ستا حاشا لاپه‌ر 209، 210).

هه‌ر كه‌سێ‌ ژیانا به‌ری سه‌رهلدانێ‌ دیتی و ڤێ‌ پارچه‌ هه‌لبه‌ستێ‌ بخوینیت، ئه‌و زولم و زورداریا به‌عسیان دگه‌ل خه‌لكێ‌ بێگۆنه‌هـ دكر، بتنێ‌ ژبه‌ركو كوردن، چ جاران ئه‌و رۆژ ژ بیرێ‌ ناچن. راسته‌ ئه‌و رژێم روخیا نه‌ما، به‌لێ‌ كه‌سانێن دی هه‌بون و داروده‌سته‌كێن دی هه‌بون، خه‌لكی نه‌خوشیا خوه‌ ژ به‌ر ددیت، ئه‌و ژی ره‌فیق و چه‌ته‌ و موسته‌شار بوون، دگه‌ل روخیانا وێ‌ رژێمێ‌، جاره‌كا دی هه‌ڤكێشه‌ دبه‌رژه‌وه‌ندیا وان كه‌سان دا زڤریڤه‌، ئه‌و كه‌سێن ئه‌ڤ هاولاتیێ‌ بێگونه‌هـ، چ ژیارا خوه‌ ژ به‌ر وان نه‌، ئه‌و كه‌سێن ل سه‌ر حسابا خوینا كوردان، یاری بو خوه‌ ب پاران دكرن، ئه‌ڤرو ژی خوه‌دان چه‌ندین موچه‌نه‌ و خوه‌دان پایه‌نه‌، هۆسان هه‌لبه‌ستڤان به‌حسێ‌ ڤێ‌ نه‌دادیێ‌ دكه‌ت.
(خوه‌ خوانده‌ڤانی ژی، دڤێت هه‌مان تشتی ژ ڤان سیاسه‌تمه‌داران را بێژیت…!)

بۆچی بارانا دره‌وا؟

دا كو ژیان به‌رده‌وام بیت، دڤێت زڤرینا عه‌ردی یا دروست بیت و ده‌مێ‌ ژیان ل سه‌ر عه‌ردی به‌ره‌ڤ مرنێ‌ دچیت، پایز دهێت و داروبار به‌لگێن خوه‌ دوه‌رینن و زڤستان گه‌فێن مرنێ‌ ل سه‌ر هه‌می شینكاتیێ‌ دكه‌ت، خه‌لك هیڤیا ل سه‌ر هاتنا بارانێ‌ رادچینن، ژبه‌ركو باران دشێت به‌ردوامیێ‌ بده‌ته‌ ژیانێ‌، لێ‌ ده‌ما هیڤیێن خه‌لكی دره‌و پێڤه‌ بهێن، هینگێ‌ خه‌لك بێ‌ ئومێد دبیت و بهزرا من هه‌لبه‌ستڤان ده‌هلبژارتنا ڤی ناڤی دا بو په‌رتۆكه‌كا تژی ره‌خنه‌، ناڤه‌كێ‌ دروست و دجهێ‌ خوه‌دا یێ‌ هه‌لبژارتی، ژبه‌ركو، ئه‌و هیڤیێن خه‌لكی خه‌ون ل سه‌ر راچاندین، دره‌و هاتنه‌ شینێ‌ و بێزاری بخه‌لكی ڤه‌ دیار بو. ئه‌ڤ چه‌ندا هه‌نێ‌ ژی دشعرا (ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌؟) دا ب ئاشكه‌رای و ده‌ق و ده‌ق دیار دبیت، وه‌ك ڤان په‌ره‌گرافان ژ هه‌مان هه‌لبه‌ست:

  • (ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌/ دز و گه‌نده‌ل تێدا دگرنژن؟).
  • (ئه‌ڤه‌ چ ماندیبوون و خه‌باته‌/ فه‌رمانبه‌ر و ماموستا/ بێ‌ به‌رامبه‌ر خو دوه‌ستینن و پێڤه‌ دمرن؟).
  • (ئه‌ڤه‌ چ خانه‌نشینن/ ب دوسه‌د هزارا سالێ‌ خرێ‌ دقه‌تینن؟/ دیاره‌ حكومه‌ت یا ل هه‌وه‌ شاره‌زایه‌/ چ دكیسك و قه‌لینێت وه‌ نه‌مایه‌).
  • (ئه‌ی وه‌لاتێ‌ پری په‌ترول/ ئاخا ته‌ زێره‌/ بۆ ترك و عه‌جه‌ما خێر و بێره‌). ژ هه‌لبه‌ستا ئه‌ڤه‌ چ وه‌لاته‌؟ لاپه‌ر 114، 115، 116.

خوانده‌ڤا ژ ڤێ‌ په‌رتۆكێ‌ ل كیڤه‌یه‌!

هه‌لبه‌ستڤانی ددیوانا (بارانا دره‌وا)ن دا، بالانسا شعرێن خوه‌ ب ئالیێ‌ هه‌ست و ده‌برینیان دا ئالیسه‌نگ كریه‌ و هه‌ر كه‌سه‌كێ‌ ڤان هه‌لبه‌ستان بخوینیت، ڤێ‌ راستیێ‌ ب زیقی دبینیت و خوه‌ دناڤ وێ‌ جیهانێ‌ دا دبینیت، یا هه‌لبه‌ستڤانی بو خوه‌ بناڤێ‌ شعران پاوان كری.
(هه‌ر هۆسایه‌ ژی، شعر بخوه‌ دویركه‌فتنه‌ ژ جیهانا راستیان، ره‌ڤینه‌كه‌ به‌ره‌ڤ خه‌یاله‌كا چێكری و دڤێ‌ جیهانێ‌ ژی دا، بتنێ‌ خوانده‌ڤایه‌ بریارێ‌ دده‌ت، كا چاوان د دشعرێ‌ بگه‌یت و چ شروڤه‌كرن بده‌تێ‌…!).

تێبینی:
دروژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ 2035 یا روژا 17/1/2017ێ‌ دا هاتیه‌ بلاڤكرن.




نازم حیكمه‌ت… له‌ دوو ته‌وه‌ری ژیانی … ئامه‌ده‌كردنی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م- نازم حیكمه‌ت له‌ حزبی كۆمۆنیستی توركیا

سه‌رچاوه‌|كتێبی ژیان و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تی نازم حیكمه‌ت| نووسینی |ئیسماعیل عه‌لی|
نازم حیكمه‌ت شاعیر و شانۆنووس دیاری توركیا | 1902 تاوه‌كو 1963
نازم حیكمه‌ت هه‌ر له‌ته‌مه‌نی لاوێتیه‌وه‌ ئاوێزانی سیاسه‌ت ده‌بێت و خاوه‌ن بیڕو باوه‌ڕێكی زه‌حمه‌ت كێشانه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ چینی هه‌ژار و لێقه‌وماوان بووه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌ته‌مه‌نی 30 ساڵییه‌وه‌ ده‌چێته‌ ڕیزه‌كانی حیزبی كۆمۆنیستی توركیا كه‌ ده‌كاته‌ ساڵی 1932 , پیاوێكی نه‌ترس و نه‌گۆڕ و خاوه‌ن بیڕوباوه‌ڕێكی كۆمۆنیستی بووه‌ كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی قه‌ت له‌ شعری شۆڕش گێڕی دانه‌بڕاوه‌.

نازم حیكمه‌ت هه‌میشه‌ شیعر و سیاسه‌ت و ژیانی لێكتر جوودا نه‌كردۆته‌وه‌ پێی وابووه‌ كه‌ شیعر خه‌باتێكی راسته‌وخۆی مڕۆڤه‌ بۆ وروژاندنی خه‌ڵك شیعر و خه‌بات وكرۆكی راسته‌قینه‌ی ژیانن,نازم حیكمه‌ت هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ ئه‌و وشانه‌ ئازاد بكات كه‌ زه‌مه‌نێكی زۆر شه‌خته‌ به‌ند كرابوون له‌ پێناو ئازادی مڕۆڤ و چه‌سپاندنی عه‌داله‌ت كه‌ زۆر له‌ گه‌لانی دنیا لێی بێ به‌ش كرابوون.

نازم حیكمه‌ت له‌ كولتوری جیهانیدا وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی شیعرو خه‌بات ناوزه‌نده‌كراوه‌, وه‌ له‌م پێناوه‌شدا ئازاری چه‌شتووه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر چی سێیه‌كی ژیانی له‌م دیو شیشه‌كانی به‌ندیخانه‌ و ژووره‌ تاریكه‌كانی به‌سه‌ر بردووه‌, به‌ڵام ڕووحی شوڕشگێرانه‌كه‌ی كپ نه‌بۆته‌وه‌ , شیعره‌كانی له‌گه‌ڵ ریتمی دڵی دا ئه‌ودا به‌رده‌وامیان هه‌بووه‌, ئامانجی سه‌ره‌كی نازم حیكمه‌ت ریسواكردنی فاشیزم بووه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد كۆنه‌ په‌رسته‌كانی توركیا ڕقی لێ هه‌ڵبگرن و ساڵی 1938 جارێكی تر بیگرن و له‌ به‌ندیخانه‌ی بورصه‌ بیهێڵنه‌وه‌ وه‌ فه‌رمانی زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی 28 ساڵ به‌سه‌ریدا سه‌پێنرا , ژیانی له‌ زیندانی تاكه‌كه‌سی برده‌ سه‌ره‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی باری ته‌ندروستی به‌ ته‌واوی تێك چوو و ساڵی 1950 مانگرتنی له‌ خواردن ڕاگه‌یاند, به‌وهۆیه‌وه‌ شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی فراوان سه‌رانسه‌ری جیهان گرته‌وه‌ و توانی نازم حیكمه‌ت له‌ ده‌ست جه‌لاده‌كان ده‌ربهێنرێت , وه‌ پاش ڕزگار بوونی ڕووی كرده‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران ئیتر له‌وێ مایه‌وه‌ تاوه‌كو كۆچی دوایی كرد.

ته‌وه‌ری دووه‌م- نازم حیكمه‌ت له‌ بواری …ڕۆژنامه‌نووسیدا

ناكرێت توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر شیعرو ئه‌ده‌بیاتی نازم حیكمه‌ت بكرێت و وه‌ فه‌رامۆشی ئه‌و كار و به‌رهه‌مانه‌ی بكه‌ین كه‌ له‌ نێو لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی ئه‌وسای توركیا به‌ تایبه‌تی رۆژنامه‌ی ( اید ینلق و رۆشنگه‌ری و التنویر) كه‌ ڕۆلی سه‌ره‌كی پێی ده‌به‌خشرێت له‌ نێو مێژووی رۆژنامه‌نووسی توركیدا, كه‌ به‌ وتار و شعره‌وه‌ جێگه‌ی دیاری خۆی له‌ دڵی گشت دڵسۆزێكی گه‌ل و نیشتمان په‌روه‌ردا هه‌بووه‌,
نازم حیكمه‌ت جگه‌ له‌و ڕۆژنامانه‌ گۆڤارێكی تایبه‌تیشی به‌ناوی(كوتك وداس)هه‌بوو , به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵبه‌ست و گوتارانه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی (ایدینلق ورۆشنگه‌ری و التنویر) دا بڵاوی ده‌كرده‌وه‌ سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ ده‌رچوو , به‌ڵام توانی لێ هه‌ڵبێت و سه‌ر له‌نوێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت, پاشان به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ یاسایه‌كی لێبووردن ساڵی 1928 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ توركیا له‌ گۆڤاری مانگانه‌ی ئامێزدا كاری كرد.

كورتیه‌ك له‌ ژیانی…

نازم حیكمه‌ت له‌ ساڵی 1902 له‌ شاری سالۆنیكا له‌ یۆنان له‌ دایك بووه‌ له‌ خێزانێكی ئۆرستكراتی , باپیری نازم ناوی محمد پاشای مه‌وله‌وی بووه‌ قه‌سیده‌ی ئایینی به‌ زمانی توركی نوسیبوو كه‌ پڕبوون له‌ وشه‌ی عره‌بی و فارسی ,حیكمه‌ت پاشا كاری قونسڵی كردووه‌ له‌ هامبۆرگ وه‌ به‌ڕێوبه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی توركیا بووه‌ وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی حزبی یه‌كێتی ته‌ره‌قی, دایكیشی دایكێكی وێنه‌كێش و خوێنده‌وار بووه‌ وه‌ شاره‌زاییه‌كی چاكی هه‌بووه‌ له‌ ڕۆشنبیری فه‌ره‌نسیدا.

نازم یه‌كه‌م قه‌سیده‌ی خۆی له‌ ته‌مه‌نی سێزده‌ ساڵی بڵاو كردۆته‌وه‌ له‌ ئیسته‌نبۆڵ قه‌سیده‌كه‌ش له‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ماڵیان هه‌ڵگیرسا قه‌سیده‌كه‌ش ناوی لێنا( سووتان) وه‌ قه‌سیده‌ی دووه‌می له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵی نووسیوه‌ ده‌رباره‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كه‌ له‌و جه‌نگه‌دا خاڵی له‌ ده‌ستدا بوو.وه‌ خوێندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ مۆسكۆ خوێندووه‌ ساڵی 1921 تا 1924.




هەموومان ماریا ین، لە بەرامبەر سەرکوتکەرانی ئازادیدا … موئەیەد ئەحمەد

هونەرمەندی لێهاتوو وناسراو بەرێز ماریا هەوارمی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دەستپێشکاریەکی نایابی هونەریدا گۆرانیەکی تازەی خۆی پێشکەش کرد لە دەرەوی ستۆدیوکان لە شەقامی سالم لە شاری سلیمانی.
گۆرانیەکەی هونەرمەند بە دەم هەڵپەرکێی بە جۆشی لاوانێكی زۆر لە کچ وکۆری تامەزرۆی ئازادی نماێشکرا. هەموو ئەم ئاهانگە ساتێکی خۆشی وئاسودەیی دروست کرد بۆ بەشداربووان وتەماشاکاران وهەر کەسیش کە دواتر لە تەلەفزیۆن وسوشیال میدیاکانەوە بینیبێتی. ئەم دەستپێشکاریە هونەریە جیگەی ستایشی هەر کەسیکە کە خۆازیاری خۆشی وئاسودەیی وکامەرانی بێت بۆ ئینسانەکان. لە ناخەوە دەست خۆشی لە هونەرمەندی بەرێز ماریا هەورامی وهاوکارنی ئەکەم بۆ ئەم کارە هۆنەریە جوان وسەرکەوتووە.

لە دنیای پێشکەووتووی ئەمرۆدا، لەم کارە ئاسایی تر نیە کە ئەم هونەرمەندە پێی هەستاوە، کەچی هەندی لە مەلاکان لە کوردستان وئیسلامیستەکان کەوتونەتە هیرش وجنیودان بە ماریاو هاوکارانی وسوکایەتی بە لاوان وهاوووڵاتیان ئەکەن. دیارە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەرێن لە کوردستاندا بەرپەرچی ئەم ئیسلامیستانە دراوەتەوە وبونەتە جێگەی تۆڕەیی وبێزاری خەڵک وگاڵتەجاریان.

پرسیاری سەرکەی لێرەدا ئەوە نیە کە بۆچی ئەو مەلا ئیسلامیستانە سوکایەتی وجنێوفرۆشی ئەکەن بە خەڵک چونکە وەلامەکەی روونە، ئەوێش ئەوەیە کە بە سادەیی ئەوان مەنهەجیان داعشیە. ئەوە ناسنامە وپڕاتیکیانە وئەم ‌‌هێرشەشیان لە ‌هێچ خانەیەکی تردا جێگەی نابێتەوە جگە لە خانەی داعشیەکان وئەوە نەک خەڵکی کوردستان بەڵکو سەرجەم بەشەریەتی ئەمرۆ ئەیزانێ. ئەسڵی مەسەلەکە شتیكی ترە وپرسیاریکی ترە ئەوێش ئەوەیە کە بۆ ئەبێ مەلا ئیسلامیستەکان خۆیان بکەن بە دەم ڕاستی کۆمەڵ وبە ناوی کۆمەڵەوە جنێوبدەن؟ وکێ ئەم ‌هەقەی داونەتێ؟ لە وەڵامدا مەلا ئیسلامیستەکان ئەڵین چونکە ئەم کارەی ماریا پیچەوانەی کۆمەلگەی ئیسلامی ئێمە یە وحرامە؟ گەر پێان بڵێین باشە بۆچی حرامە؟ پێت ئەڵی لە ئیسلامدا حەرام کراوە وتەواو ونوقتە سەری دێڕ؟

بەهەرحاڵ، ئەوان چەند وەڵام بدەنەوە پرسیارەکان زەقتر ئەبنەوە، وئەبێت بەوەی ئەی باشە بۆچی ئەبیت خۆشی وشادی وداهێنانی هونەری حەرام بێت؟ بۆ ئەبی كچیکی هونەرمەندی لێهاتوو لە ناو شارەکەی خۆیدا دا‌هێنانی هونەری بکات وخەڵک دلخۆش وکامەران بن بەڵام بە ناوی کۆمەڵ وحەرام وحەڵاڵەوە کەمپینی جنێودان بەڕێ بخرێ بەڕوویدا؟ بۆ ئەبێ بە گۆیرەی ئەم دەق وئەو دەقی مێژوویی گۆرانیەکەی حەرام بکرێت یا حەڵاڵ؟ خۆ ئەو ئەمرۆ گۆرانی ئەڵێت نەک لە دیان سەدەی ڕابوردوودا، ولە ووڵاتێکدا ووتویەتی کە ئینسانی هاوچەرخی تیا ئەژی، گەر بە شکڵیشی بێت یاسای خۆی هەیە، ماریه نە تاوانی کردووە ونە یاسای شکاندووە. ئەمانە وچەندەها پرسیاری تر بێ وەڵام ئەمێننەوە.

مەسەلەی سەرکی ئەوەیە کە رەوتی ئیسلامی سیاسی وهەموو تاقم وتاکە ئیسلامیستەکان سیاسەت ئەکەن وئیسلامیزم ئایدیولۆژیانە وبەرژەوەندی چینایەتی بورژوازیانە وتایبەتی خۆیانیان هەیە. گۆرانیە هونەریەکەی ماریا جێگەیان پێ لێژ ئەکات لە ناو کۆمەڵدا بۆیە والێیهاتونەتە سەر چنگ.
لە کاتێکدا کە بە هێچ جۆریک بۆ ‌هێج ئایدیلۆژیاو ومەزهەب وتاقمیک نیە کە بەر بە ئازادی وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بگرێت وگورانی وخۆشی لە ئینسانەکان قەدەغە بکات، بەشیک لە مەلاکانی تر باسی ئەوە ئەکەن کە نەخێر ئەو کارەی ماریا وهاوکارانی لە دەروەی ئیسلامدا نیە وحەرام نیە ودەق ئەهێننەوە بۆی. بەم جۆرە مەلایانەش ئەڵێم پێویست ناکات خۆتان ئەزیەت بدەن چونکە ئازادی ژنان وگورانی وخۆشی ئینسانەکان پیویستیان بە رۆخسەت وپاسپۆرتی ئایدیۆلؤژی نیە.

هەر سەربەرز بیت هونەرمەندی بەڕیز ماریا هەورامی
١٥-٨-٢٠١٩




فه‌رهاد پیرباڵ (1) … به‌ختیار محه‌مه‌د

فه‌رهاد پیرباڵ ئازاد كه‌ن! ئه‌و نه‌ كه‌سی كوشتووه‌، نه‌ دزی كردووه‌‌… به‌ڵێ ئه‌و كتێبی سوتاندووه (تاوانێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ته‌نیا تاریكپه‌رستان و دیكتاتۆران ئه‌م تاوانه‌ ده‌كه‌ن)‌؛ به‌ڵام فه‌رهادێك، كه‌ عه‌شقی كتێبه‌ بۆ كتێب ده‌سووتێنێ؟ تۆ بڵێی بیه‌وێ تۆڵه‌ی ئازاری ژیانی خۆی له‌ كتێب بكاته‌وه‌؟ ئه‌ی له‌ هه‌ندێك پیاوی ده‌سه‌ڵات تووڕه‌یه‌؟… ده‌زانم، ئه‌و یاخییه‌كی خه‌یاڵپڵاو و وه‌همداره. نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی یه‌كجار به‌توانایه‌: نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی یاخی؛ وه‌لێ وه‌همپه‌رستێكی خراپ و عا‌شقێكی گه‌وره‌ی خۆده‌رخستن. ئا ئه‌مه‌ فه‌رهادی سه‌رگه‌ردان كرد! ئه‌و ده‌یه‌وێ نیچه‌ بێ؛ به‌ڵام ئایا ئه‌و به‌فیعلی نیچه‌ی كوردییه‌، یان ته‌نیا وه‌ك منداڵێك لاسایی ئه‌و ده‌كاته‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌و ده‌بێ بزانێ، نیچه‌ به‌رله‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی یاخی بێ، فیكر و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گری یاخییه‌. ئه‌و بیریارێكی خوانه‌ناسیشه‌. ئه‌و یاخیبوون و بلیمه‌تیی شێتیان كرد، نه‌ك یاخیبوون و خۆنماییشكردن له‌ شه‌قامه‌كان. به‌ڵێ فه‌رهاد له‌ناو عه‌شقی شوهره‌تدا ده‌ژی. ئه‌و وه‌ك ڕه‌نگی تابلۆ سه‌رشێته‌كانی خۆی په‌رت كردووه‌ و نایه‌وێ كه‌س تێی بگا. وه‌ك ماڵه‌ مۆزه‌خانه‌كه‌یشی دڵی مۆزه‌خانه‌یی خۆی بۆ هه‌موو كه‌سێك ده‌كاته‌وه‌ (بۆ هه‌موو كه‌سێك، كه‌ وه‌ك ئه‌و سه‌رشێت و یاخی بن).

من نازانم ئه‌و خواپه‌رستێكی درۆزنه‌، یان ڕاستگۆیه،‌ كاتێك ده‌ڵێ: ((ئێستا تاكه‌ كتێبێك، كه‌ بتوانێ دنیا بگۆڕێ قورئانه‌ ))؟ (2) له‌ سیاسه‌تدا پراگماتیكییه‌، یانیش دیماگۆگییه‌؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و هه‌ندێك جار هه‌لپه‌رستانه‌ ده‌م له‌ پرسه‌ سیاسییه‌كان ده‌ژه‌نێ. ئه‌و سه‌رده‌مێك لایه‌نگریی حوكمی پاشایه‌تی ده‌كرد له‌ كوردستاندا، به‌ڵام كوا كوردستان ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، تا حوكمی پاشایه‌تی تێیدا به‌رقه‌رار و سه‌قامگیر بێ؟ ئه‌مه‌ دژكارییه‌: تۆ لیبراڵ بی و پاشاخوازیش بی؛ پیشكه‌وتنخواز بی و كۆنه‌په‌رستیش بی… فه‌رهاد په‌رتێكه‌ وه‌همی كوشنده‌ په‌رتیان كرد. ئه‌و عه‌شقی ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ باسی بكرێ؛ وه‌لێ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چۆن باسی ده‌كرێ. ئا ئه‌مه‌ كۆتاییه‌ تراژیدییه‌كه‌ی كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی فه‌رهاده‌! كۆتاییه‌ك ده‌شێ سه‌ره‌تای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بێ و سه‌رله‌نوێ فه‌رهاد به‌خشش و داهێنانمان پێشكه‌ش بكا.

ئه‌و چیرۆكخوانێكی باشه‌. هه‌موومان حه‌زمان له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو و چیرۆكه‌كانی ژیانی خۆی و پاڵه‌وانه‌كانیه‌تی. ئه‌و هه‌ندێ جار شیعری جوانیش ده‌نووسێ. شیعرێك له‌سه‌ر ((قوز)) ده‌نووسێ، تا بڵێی ناوازه‌ و ده‌گمه‌نه‌. فه‌رهاد ئازاد كه‌ن، با شیعر و گۆرانی و چیرۆكمان بۆ بڵێ! ئایا ئه‌و له‌ به‌ندیخانه‌ش هه‌ر فه‌رهاده‌ خه‌یاڵپڵاوه‌ یاخییه‌كه‌یه‌؟ ئایا له‌وێش خه‌ریكی كار و به‌خششی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و داهێنانه‌؟ ئایا له‌ ئاكامدا ئه‌و ده‌توانێ وه‌هم و خه‌ون و شێتایه‌تی و یاخی بوونی خۆیمان بۆ بكاته‌ ژانره‌كانی داهێنان و عه‌شقی ژیان و ژن ((قوز)) نه‌یكوژن و ئه‌مجاره‌ كۆتایی به‌ ژیانی پڕ له‌ كاره‌ساتباری خۆی نه‌هێنێ؟

به‌ڵێ ئه‌فسووس، ئه‌و وه‌هم كوشتوویه‌تی و خولیای زیاتر ناوبانگ و شوهره‌ت په‌یداكردن وێران و ویڵیان كردووه‌.‌

ئه‌و ڕاستیش ده‌كا، كه‌ ده‌ڵێ: ((ده‌بێ دادگاكانی كوردستان دادگایی بكرێن!)).

ده‌سا‌ ئه‌ی دادگا دیل و تاوانباره‌كانی كوردستان، فه‌رهاد ئازاد كه‌ن، با هه‌ولێری شه‌رمن جووڵه‌ی تێبكه‌وێ!

(1) من لێره‌ هه‌رگیز به‌رگریی له‌ ڕه‌فتاره‌ بێهووده‌ و سه‌رشێته‌كانی وه‌ك كتێب سووتاندن و شت شكاندنی فه‌رهاد ناكه‌م، به‌ڵام ده‌شێ له‌گه‌ڵ ئازار و موعاناتی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك هاوسۆز بین و وه‌ك ئه‌دیب و كه‌سایه‌تییه‌كی ڕۆشنبیریش خۆشمان بوێ. ئه‌مه‌ په‌رێزی ئه‌و پاك ناكاته‌وه‌ له‌ تاوانی كتێب سووتاندن، به‌ڵام ده‌شێ له‌ شوێنێكی دیكه‌ و به‌ شێوازێكی دیكه‌ سزا بدرێ، نه‌ك له‌ به‌ندیخانه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌بێ یارمه‌تی بدرێ له‌و دۆخه‌ ئاڵۆز و شڵه‌ژاوه‌ی، كه‌ تێی كه‌وتووه‌. فه‌رهاد ئه‌دیب و نووسه‌ریكی به‌توانایه‌، پێویستمان به‌ به‌خشش و به‌رهه‌می ئه‌وه‌، نه‌ك ڕۆژ تا ئێواره‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان وه‌ك شێت خۆی نماییش بكا. شتێكی دیكه‌ هه‌یه‌ فه‌رهاد نه‌ده‌بایه‌ خۆی بخاته‌ ناو ته‌ڵه‌ و ده‌سیسه‌ و مه‌عمه‌عه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نده‌ڵیی حزبایه‌تییه‌وه‌، كه‌ ئێستا وا باجه‌كه‌ی به‌ قورسی ده‌دا.

(2) نازانم ته‌واو دڵنیا نیم ئه‌م وته‌یه‌م به‌ته‌واوی تۆمار كردووه‌،‌ یانیش به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه‌؟

به‌ختیار محه‌مه‌د




مەلا کۆنەپەرستەکان پێویستە بێدەنگ بکرێن … جیهاد موحەمەد

کوان و لە کوێن مەلا مەنەورەکان؟ کوان و لە کوێن نەوەو قوتابیانی مەلا مەنەورەکان؟
کوان و لە کوێن کۆمەڵگەی مەدەنی و سێکۆلار و عەقڵانی؟
مەلا مەزهەر خۆراسانی و مەلا هەڵۆ و هەموو مەلا کۆنەپەرستەکان، ئەگەر دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان لە پشتیان نەبن، ناتوانن نە کۆمەڵگە بشێوێنن، نە بڕیار لەسەر بەدڕەوشتی خەڵکی مەدەنی و هونەرمەندان بدەن.
ئەگەر مەلا منەوەرەکان و قوتابیانی مەلا منەوەرەکان بێنەدەنگ و نەیەڵن مەلا کۆنەپەرستەکان بە ناوی دینەوە شەڕێکی نەبڕاوە هەڵبگیرسێنن، ئەوە مەلا کۆنەپەرستەکانیش ناتوانن ئەو هەموو سوکایەتیە بە خەڵک بکەن.
دەسەڵاتە بە ناو مەدەنی و سێکۆلارەکەی کوردستان، جگە لە برەودان بە نادادپەرورەیی و نایەکسانی، جگە لەو هەموو قەیرانە ئابووریی و داراییەی دروستیان کردووە، جگە لەوەی بێکارییەکی ترسناکیان دروسستکردووە، پشتیوانی مەلا کۆنەپەرستەکانیش دەکەن. دیارە ئەم پشتیوانیکردنە ناڕاستەوخۆیە، بە مەبەستی ئەوەیە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵکی کوردستاندا بە ناوی ئاینداری و بێ ئاینیەوە دروست بکەن بۆ ئەوەی کەس نەپەرژێتە سەر ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت.
هیچ وڵات و دەوڵەتێکی ئیسلامیی لە ناوچەکەدە هێندەی کوردستان مەلای کۆنەپەرستی تیا نییە. ئەوەتا لە تونسدا چونکە دەسەڵاتە حوکمڕانەکەی بەرەو عەقڵانیەت دەڕۆات، بەردەوام حیوار لە نێوان بەرەی سێکۆلار و حیزبە ئیسلامیەکاندا هەیە. ئەم حیوار و دیبەتانە هێندە بەربڵاوە گەیشتووەتە ئەوەی کە کۆمەڵێک مەلا و پیاوی ئاینی لە تونسدا قسە لەسەر ئەوە دەکەن، کە مەی حەرام نییە. کەس هەیە لە کوردستاندا، هیچ مەلایەکی منەوەر هەیە لە کوردستاندا بتوانێت قسەیەکی وا بخاتە ناو ئایندارەکانەوە بۆ گفتوگۆ؟. مامۆستا فاتیح شارستێنی بەڕێز کە هەندێک بە نەرم قسە دەکات لەسەر دین و زۆر جار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەداتێ و دێتە دەنگ، ئەوەتا مەلا کۆنەپەرستەکان بە ئاشکرا بە”دەجال” ناوی دەزڕێنن. مامۆستا سامان چونەک لایەنی حەق دەگرێت، چونکە دەیەوێت دین نەبێت بە پاساو بۆ شەڕ و پێکدادان، چونکە بە عەقڵانی قسە لەسەر دین دەکات ئەوەتا لە لایەن دەیان مەلای کۆنەپەرستەوە دەیبوغزێنن و بە زەندیق و کافری دایدەنێن. مەلا محەمەدی مەلا فایەقی شارەزووری چونکە مەلایەکی باشە و لە خۆیەوە کەس بە کافر دانانێت و دینی نەکردووە بە مەسەلەیەکی پۆپۆلیستی بۆ خزمەت و بە ناوبانگی خۆی، هیچ کات لە تیڤەکانەوە بانگ ناکرێت بۆ ڕوونکردنەوە و دەسەڵاتیش ئەوەندە گرنگی پێ نادات.
من باش دەزانم، مەلا و پیاوی زۆر عەقڵانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بە داخەوە دەسەڵات پشتیوانیان ناکەن.
ئەم هەموو ناو زڕاندن و سوکایەتیکردنە بە خەڵکی مەدەنی، بەوانەی ڕایان وایە کە حکومی سێکۆلار بۆ ئەمڕۆی کوردستان باشترین حوکمە، ئەو هەموو سوکایەتیکردن و جنێودانە بە هونەرمەندان، بە نووسەران، بە رۆژنامەنووسان، لە لای مەلا کۆنەپەرستەکانەوە، بە هیچ جۆرێک دادوەرەکان ناجوڵێنێت، ئەمە زۆر سەیەرە و لە هیچ جێگەیەکی دنیادا شتی وا نییە.
ئەگەر خەڵکی مەدەنی و سیکۆلار، ئەگەر کەس و ڕێکخراوە عەقڵانیەکان نەیەنە دەنگ بەرامبەر بەم مەلایانەی کە لە پەنای دینەوە و بە ناوی خواوە دەیان و سەدان قسەی نابەجێ و ئابڕوبەر بەرامبەر بە خەڵکی دەکەن، ترسناکە، ترسناکیەکی گەورەیە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو شەڕێکی نەبڕاوە دەبات.
لەسەر دەسەڵات و حکومڕانەکانی کوردستان پێویستە بە زووترین کات ئەم جۆرە مەلا جنیوفرۆش و بوختانکەرانە بێدەنگ بکەن.
ئەم جۆرە لێدوان و قسە و قسەلۆک و جنێودان و هەڕشەرکردنە بە ناوی خواوە، ئەم جۆرە تەکفیرکردنانەی خەڵک، ئەم جۆرە خۆسەپاندن و بە زۆر کۆمەڵگە کردنە بە کۆمەڵگەیەکی یەک دەنگ بۆهێنانە ئارای تاریکستانییەوە یەجگار ترسناکە.
کەس بۆی نەبێت، گۆران بچڕیت، کەس بۆی نەبێت موسیقا بژەنێت و گوێ لە مۆسیقا بگرێت، کەس بۆی نەبێت بە دەنگی قاقا پێبکەنێت، کەس بۆی نەبێت جل و بەرگی سفور لەبەربکات، کەس بۆی نەبێت سەمابکات و هەڵپەڕێت، کەس بۆی نەبێت بچێ بۆ سیەری شانۆگەریەکان، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سینەمان، کەس بۆی نەبێت ئارایشت بکات و خۆی بڕازێنێتەوە، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سەیران و چێژ لە جوانی سروشت و بەهار ببینێت، سەرەڕای ئەمەش مەلا مەزهر خۆراسانی بەڕیز ژنی کورد بە داینەسۆر بچوێنێت، لە کاتێکدا کە ژنی کورد سەلماندیان چەند ئاز و بە توانان، شان بە شانی پیاو تفەنگی مەردایەتیان کردووتە شان، لە لایەک مندڵ کە جوانترین و گەورەترین بەرهەمە بەخێو دەکەن و لە لایەکی تر شان بە شانی پیاوەکان لە خەبات و تێکۆشاندا بوون، چ عەقڵ و لۆژیکێک ئەم قسەیەی بەڕیز مەلا مەزهەر قبووڵ دەکات؟ ئەنجامی ئەمە یەجگار ترسناکە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو تاریکستانی و دواکەوتوویەکی تەواو دەبات ئەگەر ڕێگەی پێنەگیرێت. بە بڕوای من ئەم مەلایانە چەند زیان لە بەرەی کۆمەڵگەی مەدەنیەت و دیموکراتیەت دەدەن، زۆر لەوەش زیاتر زیان لە دین دەدەن.

جیهاد موحەمەد
١٥/٠٨/٢٠١٩




ئەدەبی منداڵان … دوو هۆنراوە بۆ مناڵان … فەرهادئەحمەدبەرزنجی

دایکم

دایکم بەرزوپیرۆزە
کەسیکی زۆردڵسۆزە
چاوانی پڕ گەشبینی
دڵخۆشم بەبینینی
شەو و ڕۆژ بەبەردەوام
بۆگەیشتن بە هیوام
ڕێی ڕاستم پیشاندەدات
بۆچاکە هانم دەدات
لەخۆم زیاتر پەرۆشە
کەدڵخۆشبم،دڵخۆشە
بۆیە بەڵێن بێت دایە
ڕەنجت نادەم بەزایە
گشت ئامۆژگاریەکانت
وتەو کردەوەکانت
دەکەم بەیاسای ژیان
ڕۆشن وەکودەم بەیان
پاشەڕۆژ کەگەورەبوم
دەڵێم پەروەردەی تۆبوم
هەوڵ وماندوبونی تۆ
منی گەیاندە ئەمڕۆ
باشترین ژن لەجیهان
لەلای من،تۆی دایەگیان.


سەردان

گوێم لێبگرن مناڵان
من کە دەچم بۆماڵان
لەگەڵ دایک و باوکی خۆم
زۆرهێمن و لەسەرخۆم
ڕێز لەخاوەن ماڵ دەگرم
بیانوی نابەجێ ناگرم
ئەگەر منداڵیان هەبوو
دەبمە هاوڕێی زوبەزو
یاری لەگەڵدا دەکەم
وەک خۆم ئاسودەی دەکەم
کەلوپەلی ناشکێنم
لەخۆمی ناڕەنجێنم
رەوشتی سەردان وایە
دوور لەشەڕ و هەرایە۰

فەرهادئەحمەدبەرزنجی




ره‌شه‌با … ستار ئه‌حمه‌د

ره‌شه‌بایه‌ك به‌ گژ په‌نجه‌ره‌و دیوارو
لق‌و پۆپی دارا ده‌چێ
شاعیرێك به‌ دیار وه‌نه‌وزی هه‌ڵبه‌سته‌وه‌
چڵی ووشه‌ی ووشك بووه‌ته‌وه‌
مه‌لی سینه‌ی خه‌ریكه‌ گیانی ده‌رده‌چێ
كه‌رنه‌ڤاڵی به‌های مرۆڤه‌
چه‌پڵه‌ لێدانی هونه‌ری سه‌رمایه‌داره‌
ره‌شه‌بایه‌ ئاهه‌نگی خه‌و زڕانی
سروشت‌و لوتكه‌و رێبواره‌
هه‌موو میوانی خوانێكین
دڵمان رۆژه‌و
مێشكمان ئه‌ستێره‌ی خه‌واڵوو
سه‌مای هه‌وره‌و
مانگ كه‌ژاوه‌ی ئارامگه‌ی زوو
گڤه‌ی مێشكه‌و
ترپه‌ی ده‌نگی ده‌روونی شه‌واره‌كانه‌
په‌لكه‌ زێڕینه‌ كه‌له‌پچه‌ی
توێشووی خه‌مێكی سه‌ر خوانه‌
گریانم به‌ پێكه‌نین دێت‌و
له‌گه‌ڵ سه‌مای نرخی خۆما
هه‌نسك ده‌كه‌مه‌ گڤه‌بای ئێواره‌ی تۆ
رووتم‌و به‌ مه‌رگی شه‌و ناسیاویت ده‌كڕم
گڤه‌ی بایه‌و بۆ پاراستنت
ده‌ستی نزا بۆ كام خواوه‌ند به‌رز كه‌مه‌وه‌
كام ساویلكه‌ی شیعری بێزارم سه‌ربڕم
رقم له‌ باسك‌و مه‌چه‌كم ده‌بێته‌وه‌
ده‌سته‌كانم كه‌مه‌ره‌ی خۆم ده‌بڕنه‌وه‌
به‌ڵام هه‌رگیز شیعره‌كانم
پاكانه‌و.. شاباشی پایه‌
ناكه‌نه‌ یاوه‌ری به‌زمی
زایه‌ڵه‌ی ئه‌م گڤه‌ی بایه‌

ستار ئه‌حمه‌د




شادی و پەژارە …. حەوسەت

لەماڵ دەردەچم و هەوا لێڵ و ئاڵۆزە تەمومژ دونیای داپۆشیوەو چاوم چاو نابینێ پێدەچێ گەردەلولێکی بەهێز هەڵبکات و دونیا وێران بێت. چاوەکانم دادەخەم بەهیچ جۆرێ عاقیبەتی ئەم دونیایەو ئەم سەر ئەرزە بەخێر نابینم.
هێشتان بەدوار گێژەڵوکەی ژیاندا ڕێم نەکردوە تا تەرمی زوخاوی خۆم ببینم! ڕەنگە تەرمەکەم کونجێکی تاریکی وشک و ساردی زینداندا کزو مەلول خەڵتانی خوێن بێت ، یاخود ڕەنگبێ تفەنگێکی شەڕی مرۆڤ کوژ کەهێشتان دوکەڵی گوللە تەقئوەکە بەسەریەوە مابێت و کە ئەستەم بێ ئیتر لەدەستم جیابکرێتەوە.

کێ دەزانێ؟ ئەی چی ئەگەر من کیژۆڵەیەکی دەرون ترساوی نەخۆشبم و بەتەنها هاوارکردنێک، جنێو دانێک ، چاوسورکردنەوەیەک خۆم کوشتبێ؟ ئەی چی ئەگەر گەنجێکی لاسار بووبم، لەکاتی هەڵچڕینی نەمامێکا گیانم سپاردبێ، ئەی ئەگەر بازرگانێکی تەماحکار بووبێتم و لەناو کەشتی خنکابم!؟ یان ئاهی هەتیوێک منی گرتووە کە نەیتوانیوە کاڵاکانم بکڕێ؟ خۆ ئاهی دایکێکی جەرگ سووتاویش نەبێ کە موچەکەیم بڕیوە و لەکارگەکەم دەرم کردووە؟ وتوومە بڕۆ ئیتر چایەچیم ناوێ! تۆ بڵێی ئەو هەمووە پاسەوان و پارەی بازرگانێک مردنی دوانەخات؟” کێ دەزانێ ڕەنگە هەر پاسەوانەکان منیان کوشتبێ؟ سەیرە! چەند سەیرە بۆچی من بەر لەمەرگم بیرم بۆ ئەو شتانە نەدەچوو؟ ئەی چۆن بوو دەمزانی ناوو نازناوو پیشەم چیە؟ چۆن دەمزانی غەم بخۆم؟ ئەی چی دڵخۆشی دەکردم؟ هەر بەڕاست بەچی دڵتەنگ دەبووم؟ بۆ لە مردن دەترسام؟ دایکمم خۆشدەویست؟ دایکم لەژیاندا مابوو ؟

دایکم…دایەم ڕێگای دەدام خەونەکەم بێتە دی؟ منداڵێکی بێلانە بووم یان خێزانم هەبوو؟ باشە هەر بەڕاست دەبێ من کەسێکی چۆن بوبێتم؟ چۆن لەدایک بووم؟ چۆن ژیام؟ ئەی چۆن مردم؟ ئێستە لاشەکەم لەکوێیە؟ بۆچی ڕۆحم پەڕاگەندەی سەر لاشەکانە؟ ئێستە لاشەم لەژێر خاکدایە یاخود وەکو لاشەی چۆلەکەیەکی باڵ بڕاوی لە قەفەس ڕاکردوو بەملاو ئەملادا دەکەوێ؟ من دەبێت لاشەکەم بدۆزمەوە ! سەیرە پێشتر لاشەم هەبوو، هەستم دەکرد، ئازاریان دەدام، ئەی بۆ کە ئێستا بەدەورو خولیان دێم و دەچم هیچ کەس شتێ ناڵێ؟ ئەبێ هۆکاری هەموو ئەم لێکەوتانە تەنهاو تەنها تاوانی جەستەم بێ؟یانیش ئەوەی کە…من…زیندوو بوونی من تاوان بووە؟ چۆن هاتمە ژیان و بۆچی دەژیام؟ دەزانی خۆشی مەرگ چیە؟ ئەوەیە کە ئیتر کەس نیە چاوەڕوانت بێ چیتر هیچ کەسێ دەرگاکان بە واڵایی جێ ناهێڵێت لە چاوەڕوانی گەڕانەوەتدا.

دەزانی هەموویان بۆ جەستەی سوتاوو ساردی تۆ دەگرین، ئەمما هیچ کەس ئەم ڕۆحە ساردو بێهەستەت نابینێ کەوا..کەوا بەلایانا تێدەپەڕێت و بەشداری لە خۆشی و ناخۆشیاندا دەکات.
بە نێو هەناسەی بادا گوزەر دەکەم و ئاوێنەیەک بانگم دەکات، پێمەڵێ کەتۆ ڕەنگێکی پەڕیو قژێکی ڕەشی ئاوریشمی بەهیچ شتێکەوە نەبەستراوە، جلێکی ڕەشی سەردەمیت لەبەر دەکرد، تۆ هەمیشە کەمانچەیەکت بەدەستەوە دەگرت و دەنگ و ئاوازت دەڕژایە ناو شەوەزەنگی تار،پێمەڵێ کە تۆ تاسەردەمانێک بەڕازاندنەوەی ڕۆحتەوە بردە سەر بۆیە ئێستە هەست بەشێوەت ناکەی.

تۆ کەمتر سەیری ئاوێنەت دەکرد تابزانی کێی؟نا تۆ هەرگیز سوراوی سور بەر لێوت نەکەوتوە کە تەواوی ژیانی کیژۆڵەکانی گرتووە،تۆ هەرگیز خەوت بە کەسێک نەدیوە تا ببێتە مەعشوقی تۆ نا تۆ نەت دەویست هیچ کەس هاوبەشی لەژیانت بکا یاخود گوێی لەدەنگت بێت کە گۆرانی دەچڕی، تۆ هەمیشە لەهەموان ڕاتدەکردو خۆیانت لێ حەشار دەدان دونیای تۆ هی ئەوان نەبو نە ئەوان دونیای تۆیان بوو.

کێ دەزانێ؟ خۆ ڕەنگە تۆ لاوێکی تازە پێگەییو کە هەر گیز بیری بەلای کچانی شاردا نەهاتبێ کە چۆن بەدەوری دا گوزەر دەکەن و تێپەڕ دەبن،یان تۆ بەجێی ئەوەی بێزاریان بکەیت تا بزانن کە چەندە ناخ پێویستی بەڕازاندنەوەیە، تۆ بێدەنگ دەبوویت و بێدەنگیت هەلبژارد بەهەناسەیەکی ساردەوە دەستت دەخستە ناو گیرفانی پانیۆڵەکەت و سەیرێکی ئاسمانی تەماوییت دەکرد و سکاڵای دڵی بریندارت بۆ باوەشی دایکت دەبردو ڕۆژانە دەتپرسی ئەرێ دایە چۆن من لەدایک بووم؟ واتە ئەگەر هەمان شێوەی ئەوان لەدایک بووم لەسەر هەمان قەڕەوڵ، هەمان نەخۆشخانە ،هەمان شار، ئەی دایکە بۆچی دونیای من لەوان جیایە؟ واتە نامەوێت ئەوان بم و ئەوانیش من بن وەلێ دایکە فێرم کە تا بەزمانێک قسە بکەم تا هەمووان بزانن کەمن کەڕو لاڵ نیم تەنها ماندووم! ماندووم دایکە زۆر ماندووم ،لە نێو ئەم شارەدا من لاشەیەک نابینم ڕۆحی لەبەرا مابێ، دڵم دەسوتێ دایکە!من…من دڵم بۆیان دەسوتێ! دواتر دایکت سەرتی لەباوەش دەگرت و تا خەو دەیبردیەوە ماچیەکردی.

بەمانەبێ پەژارە وادیارە تۆ تەمەنت زۆری نەبردووە کە مردووی!پەژارە تۆ دڵێکی ئاڵوواڵ بووویت لەنێو دەستێک جلی ڕەشدا،بەڵێ پەژارە تۆ هەرگیز ئەوەندە کاتت بە من نەدا تا پێت بڵم چ ڕەنگ و ڕوخسارێ یان چ ڕەگەزێک بووی، پەژارە تەمەنی تۆ لەنێوان زەردەپەڕەیەکی شادی هێن و کازیوەیەکی ئومێد بڕاودا ناتوانی بزانی تەمەنی تۆ چەند ساڵ و مانگ و ڕۆژی برد! ئێ کێ دەڵێت تەمەنمان ڕۆژو ساڵ و کاتژمێرو چرکەو خولەک دەژمێردرێت؟ تەمەنمان بریتیە لەو فرمێسکانەی کە ڕشتوومانە، ئەو حەسرەتانەی وەکو گورزە ئاگر هەمووڕۆژێ، هەموو ساڵێ، هەموو کاتێ، دڵ و جەرگمان داخ دەکەن! دڵێکی تەزیوی مات و مردوو ڕۆحێکی گەڕیدەی فەرامۆشکراوم بەشوێن جەستەی نادیارەوە سەرگەردانم! ئیتر ئاوێنە من هەروەک چۆن پێشتر تۆم فەرامۆشکرد ئیستەش گوێ بەقسەکانت نادەم و بۆم گرنگ نیە کەتۆ چی دەڵێیت! پەژارە هەروەک پێشتر ماڵاوایت لێدەکا بەر لەوەی قسەکانت تەواو کەیت ،من ئەمەم کە هەم ئەوەبووم کە بوو!کاری گەڕانم قورس نیەو تەنانەت دەتوانم لە ناو دیوارەکانشا ڕیبکەم لەوێدا من تەرمخانەیەک دەبینم بڵێی جەستەی ساردی منیش لەپاڵ ئەوانەدا نەکەوتبێت؟ نا بڕواناکەم چون من زۆر دەمێکە مردووم و ئەوتەرمانەش هەر هی دووسێ ڕۆژ لەمەوبەرن.

هەر کە لە تەرم خانەکە هاتمە دەر ئیتر لێم ڕونە کە هیچ لەوتەرمانەی ژوورەوە هی من نین. کێ دەزانێ؟ ڕەنگە لەسوچێکی ئەم نەخۆشخانەیە لەگیانەڵڵادابم و هێشتا گیانم دەرنەچوبێت،بەدەم ڕێگاوە بیرم دەکردەوە تەرمێکی سپی پۆش دەبینم ڕۆحەکەی وا خەریکە جێی دێڵێ! تاو نا تاوێ دەڕوات و بەرەو لای من دێ دوو هەنگاو دەچێتە دواوەو ئەچێ یا جەستە ساردو کزەکەی وە ئاگا بێنێ! دکتۆرەکان دەوریان گرتووەو ناتوانم چێتر بیبینم .

گوێم لێیە دەنگێک بەچرپە بە ئەوانی تر دەڵێ ئیتر با خزم و دۆستان لای سەریەوە دانیشن هەر کەسێکی ویست بۆی بانگ بکەن ئەو تەنها ۳٤ کاتژمێری ماوە ئەبێ ئەو دڵڕەقە کێ بێ وا بێبەزەییانە هەواڵی مەرگی ڕۆڵەی ئاوا بێنێ! ئا بیرم کەوتەوە ئەوە دکتۆرە ئا! چاویلکەیەکی لەسەر لووتی ڕاگرتووەو نێوچەوانی داوە بەیەکدا و بەدەنگێکی ئابڕو بەرانە بەم دایکە جەرگ سووتاوە دەڵێ کە ئارام بگرێت و بێ دەنگ بێ نەبادا کەش و هەوای نەخۆشخانە لەبار چێ! بەجێی ئەوەی شادیەکەمت پێ چارە ناکرێ دەنگم بەسەردا بەرزەکەیتەوە دکتۆر؟! شادیەکەم…تاقانەی دایە وەی هەموو کەسم ڕۆ، وەک سنەوبەرێکی لە ئەرز چەقیو لەگەڵ ڕەشە بادا بەملاو ئەولا دا دەکەێ ئەم دایکە بەستەزمانە نەهۆش بەسەریەوە ماو نەفرمێسک لەچاوەکانی قەتیس دەبوو هەرچی کردیان و کردیان بۆیان ژیر نەدەبویەوە هەرچی دەیانکرد لەناوی شادی و ڕۆ ڕۆ بترازە قسەیەکی نەکرد شادیەکەم! شادی.. بۆ کوێ دەڕۆی دایەگیان؟
ئاخر تۆ بەم بچوکیەتەوە سەرماتە بێ چۆن دڵم بێ بەتەنها لەو شوێنە ساردو تاریکەدا جێت بهێڵم،هۆ ڕۆڵەکەم تۆ کەی ئەوەندە گەورەبوویت کە لەمن جیابیتەوە و ماڵت بچێتە گۆڕستان؟! ئەی خودا ئەی خودا ئەمە شوێنی ئەو نیە! باشتر لەمن ئەوە دەزانی بەڵام تۆ ئەوەندە کچەکەمت خۆشەوێ تەنانەت بەم ناوەختە دەیبەیتە لای خۆت دەزانم خۆشت ئەوێ دەزانم ، خۆزگە بۆ دایکە دڵ سووتاوە کارێک دەکرا ئاخر بڵێم چی چما کەس لەڕوی دێ پێی بڵێن چیتر مەگری؟ ئای دونیا تۆ چ زاڵمێکی ڕەحمت بۆ مەزڵومێک نیە! هەنگاوێکی تر دەچمە پێشەوە ڕوخساری هەرزەکارێکی زەردهەڵگەڕاو دەبینم کە ئەستەم بوو ڕەنگی ڕوخساری لەڕەنگی پرچی جیابکەیتەوە، جلێکی ڕەسەنی سپی پۆشیبوو تەنانەت دەنکە گەردێکی ڕەشی لێ نەنیشتبوو.

چەند سەیرە! بەم نیگاو شێوازە ڕێک لە فریشتە بێتاوانەکان دەچوو، تاو ناتاوێ ڕۆحەکەی لە جەستەدا دەردەهاتوو دواتر دەگەڕایەوە شوێنی خۆی هەر کاتێکیش کە ئەمە ڕوی دەدا شادی هەستی بە ناڕحەتی و ئازارێکی زۆر دەکرد، دەگریاو هاواری لە دایکی دەکرد ، تادایکی بەچاوی پڕ فرمێسکەوە کە لەچاوانی دا قەتیس ببون وەلێ دڵی نەهات لە بەردەم کیژۆڵەکەیدا بیانڕێژێت بەزەردەخەنەیەکی پڕ ئازارو قوڕگی پڕلە گریانەوە دەستی دەگوشێت باشتر دەبی دایەگیان باش دەبی کەمێکی تر سەبر بگرە خودا ئاگای لێمانە تەنها من دەزانم کە ئەو چەندە تۆی خۆشەوێت چیتر فرمێسکەکانی بەرگەیان نەگرتوو ڕژانە سەر زوڵفە ساردو بێهەستەکەی شادی ، بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەبێت لەسوچێکی نەخۆشخانەدا کەوتووەو چاوی لەسێبەری دایکیەتی و گوێیەکانی هەردەم کراوەبوون بەخاتری هەواڵێکی خۆش کە ژیانی بۆ بگەڕێنێتەوە بەڵام بەداخەوە زوبانی دکتۆرە دڵڕەقەکان،نەک هەر هەواڵێکی خۆشیان نەهێنا بگرە بە چەند نیگایەکی ژەهراوی پێیان دەوت کە ئیتر بوون و نەبوونی تۆ هیچ لەم دونیا ناگۆڕێ جا ئیتر ئەوەت لەسەرە کە بەرۆکمان بەردەی! ئەوە بۆ جاری سێیەم دەچێ کە ڕۆحەکەی دەبینم لە نێو حەوشەی

نەخۆشخانەدا دێت و دەچێ بەم هاتنو چوونەی تەواو هەراسانی کردم، چیتر خۆم بۆ نەگیراو ویستم پەلاماری بدەم بەڵام ئەو زۆر بە هێواشی دەستی کردە سەر شانم و بە زەردەخەنەیەکی زۆرزانانەوە تۆ چیتە ئەی دۆست؟ بەم سەرو سیماتەوە وەک باڵندەیەکی پەڕاگەندە دەچی چیتە تۆ ڕاوچی هێلانەتیان تێکداوە یاخود ڕێوی بێچوەکانتی خواردووە دواتر ڕوی لەمن وەرگێڕاو ڕوی کردە ئاسمان و دەستەکانی ڕوەو ئەوێ بەرز کردەوە ”ئاخۆ تۆ چۆنەبێ لەم جەنگەڵە فراوانەدا هێلانەیەک بۆ خۆت نەدۆزیەوە؟” من کە ئیتر نەمدەزانی باسی چیدەکات بۆچی وا خەریکە بەزمانی هێماو نیشانە لەگەڵ من بدوێ؟ دەتوانی دەردەکەت بە من بڵێی بەڵکو دەوایەک بزانم بەزەردەخەنەوە ڕوی کردەوە من.

گوێ بگرە من نازانم تۆ چ شتێکی بێ سەرو بەر ئەڵێی بەڵام واز لە من بێنە بۆچی ئەوەندە ئازاری جەستەی شادی دەدەیت؟ بۆ بەیەکجار لێی دەرناچی و جێی بێڵی بهێڵە با ئەویش ئیسراحەت بکا ئەو هەمووە وێڵی و سەرگەردانیەت بۆچیە؟ ئەمجا دای لە قاقای پێکەنین و نزیکتر بووتەوە دەستی کردە سەر شانم کەواتە هاتووی فێری ژیانم بکەی؟ نەخێر من هاتووم تا پێت بڵێم کە تۆ ڕۆحێکی ئازادیت و لەناو جەستەیەکی بێواتادا بەند کراوی کە هەمووان مەرج و سنورت بۆ دادەنێن ئەی ئێستە بۆچی نایەی لەگەڵم تا پاشماوەی ڕۆحە بەجێماوەکان جەستە ساردو سڕەکان کۆ بکوینەوە تا چیتر ڕۆحیان بە شوێن جەستەدا پەڕاگەندە نەبێت؟ من فەرمانم پێکرا بێم ڕاستەوخۆ هاتم ئێستە کەی فەرمانی دەرچونم دێ لە ناو جەستە تا ئەو کات لەوێ دەبم هەنگاوێک گەڕایەوە دواوەو خودا حافیز ئەی دۆست بڕۆ بزانە هێلانەکەت لەکوێیە بیدۆزەوە! بەڵام خۆ تۆ هەر نەتزانی من کێم؟ بۆچی دەگەڕێم! کێ دەزانێ ڕەنگە تۆ کلیلی دەرگا داخراوەکەی من بیت ئێ نەتبیستووە کە دەڵێن دەرگا داخراوەکان تەنها بەکلیلی خۆیان دەبنەوە.

ئەی بۆچی من لەدەرگا داخراوەکان ناترسم ؟ ئەوکات زیاتر لێم نزیک دەبوویەوە هەستم بە ترسێکی بێوچان دەکرد، بەدەنگێکی لەرزۆکەوە کەخۆشم نەمدەزانی چۆن دەنگم لە قوڕگم دێتە دەرەوە لێم پرسی ئەی ئەگەر ڕۆژێک هاتوو هەموو دەرگاکانت لەسەر داخران چی دەکەی؟ تۆ نازانی! من قەڵاکەم لە ئاسن و دەرگاکانم لەشوشە دروستکردووە تا کاتێ کلیلەکانم ون کرد دەرگاکان بشکێنم و ڕابکەم بۆیە ئازیزم من لەهیچ قوفڵ و دەرگایەک ناترسم.

بیکە بەخاتری خودا من لە تۆ هیچ تێناگەم! لەپڕا کە ئاوڕم دایەوە لەهیچ شوێنێ دیار نەمابوو، کەڕۆشتمە قاوشی نەخۆشخانەکە بینیم کەوا بەسەر سەری شادیەوە وەستابوو سەبر بگرە ئەوەندەی نەماوە هەر دوسێ ڕۆژی تری پێدەچێ ئەو دەمرێت و منیش لەگەڵتدا دێم تا خۆت دەدۆزیتەوە یارمەتیت دەدەم من دەزانم کە دەبێ بۆ کوێ بڕۆی.
لەخۆڕا نیە کە هەمووان بۆتۆ هاتوونەتە هەژان شادی وەک بڵێی گەردەلوولێکی بەهێز هەڵی کردبێ و هەمووان وەک سنەوبەری باهەژێن بۆت بەملاو ئەملادا دەچن و دێن بۆت ڕۆ ڕۆ دەکەن سەیرە چۆنەبێ جیهان کەسێکی وەک تۆ لەدەستبدا؟ چ کارەساتێکە کەسێکی وەک تۆ دەمرێ و خوێن مژێک لەویادا هەندێکی تر دەمژێت و ئەکێک ڕۆحی ئەوی تر تێکدەشکێنی ، کەسێک لەسەرەمەرگا لێوانلێوە لەشادی و کەسێکی تر تکا دەکا کاتی زیاتری پێبدەن تا بتوانێ هەڵەکانی ڕاستکاتەوە یان هیچ نەبێ چێژێک لەو پارەیە ببینێ کە بەتەواوی ژیانی جگە لەوە بیری بەلای هیچی ترەوە نەبو،جا کەسێک هاوارەکاو دەڵێ من بەسەر ژیانی ئەوانی ترەوە چاودێربووم و نەم زانی ژیانی من چۆن بەڕێکرا ،یەکێ ئەڵێ ئاخر من سێ ئەوەندەی ئەوانی ترم دەزانی چۆن دەکرا کە وەکو ئەوان بم یان ئەوان یەکسان بن بە من یان من یەکسانم بە ئەوان؟ چ بێ ئاگا لەوەی ئەوان تۆن و تۆش ئەوانیت جا کێ دەڵێ تۆ ڕاست و ئەوان هەڵەن؟
وای دونیا تۆ سەرابێکێ بێئاگایانی. ئەوا بۆ سێ ڕۆژ دەچێ هیچ هەواڵێک لەشادی نیە بەدیقەتەوە چاوم چوەتە سەر ئەوکانیاوەی کە تاو نا تاوێ چۆڕاوەکانی زیاد دەکات تا وای لێدێ بەڕادەیەک وشکەبێ کەکۆتا دڵۆپ دڵۆپەکانی دێنە خوارەوەو هیچی تیا نامێنێت سەیرە ئەم دڵۆپە ئاوانەو ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ مردن چەندە لەیەک دەچن؟ بەدەم نیگای منەوە بۆ زەردەپەڕەی ساوا شادی دەرکەوت وەک بڵێی باڵندەیەکی باڵ بڕاو بێ یان شێرێکی لەقەفەس ڕاکردوو بەبێ دەنگی تا درەنگانێکی شەو بێ ئەوەی یەک وشەش قسە بکەین بەدیار یەکەوە وەستا بووین، من کە چیتر خۆم بۆ نەگیراو دەمویست لێی بپرسم کە ساتەوەختی گیان دەرچونەکەی چۆن بووە بەڵام ئەو بە ئاماژەیەک دەستی هەڵبڕی و منی وەستان و پێ وتم لەگەڵ کازیوەی بەرەبەیاندا دەست بەگەڕان دەکەین بەشوێن لاشەکەمدا بۆیە تا ئەو کاتە من بۆم نیە دەنگم ببیسترێ، منیش بە سەر لەقانێک پێم وت باشە.

سەیری ئاسمانی تارم دەکرد و یەک یەکە ئەستێرەکانیم دەژمارد چ گەشتێکی خەیاڵی و جوانە تۆ بڵێی بۆچی ئەم کارەم نەکردبێ بەر لە مردنم تۆ بڵێی بەشی ئەوە کاتم نەبووبێ؟ یان من کاتم زۆر بووە و نەمزانیوە چی بکەم! ئای خودا دونیا چ لاشەیەکی پەککەوتووە کە ئەگەر بەرزی نەکەیتەوە بەرەوخۆی پەلکێشت دەکاو تۆش ئیفلیج دەبی.
وا بەرەبەیانەوە لەودیو چیاوە دوکەڵێکی ڕەش دەبینم پێ دەچێ تەپ و تۆزی شەڕ بێ و دونیای تەنیبێ پەژارە پێویستە کە تۆ بچیتە قەد پاڵی ئەم چیایە لێم مەعلومە ئەشێ لاشەی تۆ لەنێو تەرمی سەربازانەدا کەوتبێ شوێنم کەوە تا نیشانت دەم، تۆ بڵێی دونیا چ زوڵمێکی لێکرابێ بە لەدەستدانی تۆ شادی؟ گوێ بگرە پەژارە هیچ کاتێ زوو نیە بۆ هیچ شتێ وەکو ئەوەی کە درەنگیش نابێ هەموو شتێ لەکاتی خۆیدا دێ سەبارەت بە جیهانیس هیچ خەم مەخۆ پەژارەی ئازیز من دەمێکە پەیامی خۆمم پێگەیاندوون ئیتر ڕەنگە بوونی من لەوێدا ناپێویست بێ.

سەد خۆزگە بەخۆت شادی ئازیزم هیچ نەبێ تۆ دەزانی کە کێ بووی بۆ چی ژیات و بۆچی مردی هیچ نەبێ خۆ دەتزانی چ سیماو شێوەیەکت هەیە هیچ نەبێ دەزانی کە تەرمەکەت لەکوێ نێژراوە، دەزانی چی ئازیزم من بۆ جارێکیش بێ نە ڕومکە کردە ئاوێنە و نە زانیم چ سیماو نیگایەکم هەبوو.
ئەوەی بوو وێڵی و سەگەردانی من بوو بە شوێن خۆمدا وەلێ بۆجارێکیش بێ خۆمم نەدۆزیەوە، من لەنێوان ئەوانا خۆمم لێ ون بوو لەزیاتی خۆم هەمووانم دۆزیەوەو خۆمم لە ناو تاریکایی چەرمی دونیادا لێ ون بوو. باشە کێ دەڵێ چونە ناو تاریکی ون بوونە کێ لە نێو تاریکیدا ون دەبێ؟ئازیزم پەژارە مۆمەکان بە دانەگیرساوی لەگەڵ تاریکایی شەودا جیاوازییان نیە جا خۆشبەخت ئەو مۆمەیە کە بەر لە هەمووان دەسوتێ و ئەوانی تر دادەگیرسێنێ سا ئەگەر هەمووان داگیرسان تۆ پێویستە خامۆشبیت و ببە بە تاریای شەو دەوریان بدەیت تا جوانتر بدرەوشێنەوە.
شادی ئازیزم! لەنیشتیمانی مندا چراکان بەدەست کاڵفامەکانەوەن بۆیە بەر لە گەیشتن بە ئامانج پێش گەیشتنی کازیوەی بەرەبەیان لەتایکی شەودا لەنیوەی ڕێگادا دەکوژێنەوە، پەژارە بەڵام تۆ شتێکت لەبیر کرد کە چرای ڕاستەقینە هەرگیز نابێتە مەشخەڵی دەستی کاڵفامان شا پەژارە بۆچی دەبێ نیشتمانی تۆ لەگەڵ نیشتمانی ئەواندا هاوتا بێ کە تۆ چرا بیت و ئەوانیش تاریکی؟بزانە ئەی دۆست من لەپێناو هەموواندا ون بووم کەچی من لە گەل هەمووان منمان ون کرد. نا تۆ ون نەبووی تۆ لەنێو ئەوانا توایتەوە… تۆ دوور کەوتبوویەوە لەخۆت پەژارە لەهەمووان نزیک بیتەوە شێتیە لەخۆت دووربی! ئینجا پێم بڵێ تۆ بۆچی چوییە ئەوشەڕە؟
پەژارە: چون ئەگەر نەچووبام وەکو کو ئەوانی تر دەبووم بە بەندە تەوق لە مل و زنجیر لەدەست دەبووم هەرگز هەوای ئازادیم هەڵنەدەمژی!

شادی: ئینجا کێ دەڵێ کۆیلەکان زنجیر لەدەست و تەوق لە ملن؟ تۆ نازانی پەژارە بە چونت بۆ شەڕ نەخۆت و نە هیچ کەسێکت ئازاد نەکرد! بگرە تۆ بەرگریت لە خوێن مژو خوێنڕێژان کرد، ئەوان ئیستە بە کۆمەکی تۆ بەردەوامن لە خوێن مژین! دواتر تۆ دەبوو بهێڵی بتخەنە نێو قەفەس و تەوقت لەمل بکەن تاکو ئازاد دەبی!
پەژارە: بەڵام دلنیام کە تۆ هەڵەیت شادی ئازادی چۆن لە نێو قەفەزدا بەدی دێ کاتێ کە مرۆڤ هەوڵی بۆ نەدابێ و لەناو سوچێکی بەندیخانە وەکو مشکە کوێر خۆت حەشار بدەیت تاکو نەتکوژن؟
شادی: ناحاڵی تۆ ئەی دۆست گەلێ ناحاڵی، دەزانی هەرکات ویستیان دەست و ملت ببەستن خۆشحاڵ بە چونکە نەیانتوانیوە دەست بەسەر جیهانی ناوەوەتا بگرن ئەمە تاکە شتیکە لەدەستیان بێ تۆ کە مێشکت ئازادە تەوق و قوفڵەکانت دەشکێنی!، بەڵام هەر کات دەستیان نەگرتی ئەوکات تۆ دەبێ بترسی چونکە ئەو پەتە نادیارەیان لە ملکردووی کە هەرگیز ناپچڕێ !

پەژارە: باشە دەبوو من تەماشام کردبا کە تاقمێک بەبەر چاوی خۆمەوە تەوق لە مل و کەلەپچە بەدەست ڕاپێچی یەخسیری بکرێن ئەوان مرۆڤن مرۆڤ تۆ نازانی مرۆڤ بۆ ئەوە دروست کراوە تا ئەرکی بونەوەرانی تر بگرێتە ئەستۆ نەوەک لە نێو قەفەس بەند بکرێت
شادی: بەڕای تۆ ئازادی تەنها بۆ مرۆڤە؟ یاخود تەنها مرۆڤ بۆی هەیە لەدەرەوەی قەفەسدا ژیان بەڕێ بکات
پەژارە: نەخێر! بێگومان خودا هەموو بونەوەرانی تری بە ئازادی دروست کردووە ئەواتە دەبینین باڵندەکان بەسەرمانەوە دەفڕن و ماسیەکان لە ئاوا مەلە دەکەن هیچیان لە ناو قەفەسا نین!
شادی: بەڵام لەسایەی مرۆڤەوە هیچیان ئازاد نین! هەموویان سنووردارو کۆت و بەند کراون، من نازانم ئەگەر کتێبە کۆنەکان مرۆڤیان بەو پیرۆزیە وەسف کردبێ بەڵام لە ئێستادا مرۆڤ دڕەندەترین بونەوەرە کە زوڵم لە تەواوی گیاندارانی سەر ڕوی زەوی دەکا
پەژارە: باشە تۆ سەبارەت بە مرۆڤ بوونت ڕات چیە؟
شادی: کە جیهانی ڕاستەقینەیان دەبینم حەسرەت دەکێشم ،کە چەوساوەیەک،زوڵم لێکراوێ، یا ئاژەڵێکی بریندار دەبینم لەناخەوە شەرمەزارم!
پەژارە: ئەی دەبێ لەگەڵ یەکتریدا مەمەڵەیان چۆن بێ؟
شادی:کەسێ قەفەسێکی زێڕین دروستەکا ئەوە تا کەسێکی تری پێ لەبەند بکا بۆیە ئەستەمە ئەو دیلانە ئازاد بکایت کە کەلەپچەی زێڕیان لەدەستا بێ، ئینجا تەواوی ژیانیان دەبێتە سەرابێک.
خویان داوەتە ماددە پەرەستی و هیچ ڕۆ‌‌حێکیان بەبەرەوە نەماوە، ڕاستە کە ئەوان لە گیانی خودایان پێبەخشراوە بەڵام کە ئەمە سیفەتی گیانە کە پەراوێزت خست ئیتر بە ئاگا نایەتەوە لەزیاتی ئەوەی ڕاچڵەکاندنی ئەو تۆ ڕادەچڵەکێنێ.
سەختە بۆ بەندەیەک دەست لەکەلەپچەی زێڕین هەڵگێت و چەندە زەحمەتە بۆیان تا لە تام و چێژی ئازادی لەززەت بکەن، نا ئازیزم ئەم جۆرەیان ئازادی خودا پێدراوی خۆیان لەپێناو چەند ماددەیەکی بێبایەخی کاتیدا دەدۆڕێنن ئەوان ڕێک لەو قومار بازە دەچن کە هەمووشتێکیان لەسەر مێزی قومار دادەنێن و دواتریش زۆر گەمژانە خوێنیشیان دڵۆپ دڵۆپ دەچێتە سەر ئەو مێزە جا ئازیزم خۆشەویستیان زیندانێکەو یاکتری لەبەندێ دەکەن، دۆستایەتیان بێ کەڵکیەو لە هەنگاوی دووەمدا پشت تێدەکەن، دوژمنایەتیان بێ عەقڵیەو بەتەنها جوڵەیەکی بەرژەوەندی دەست دەکەنە ناو دەستت!
وا ئێمە بەدەم قسە کردنەوە ئاگامان لە ڕێگا نەماوە کەوا خەریکە دەگەین بە لوتکەی چیاکە ئەو شوێنەی دوکەڵی لێبەرز دەبێتەوەو بۆنی لاشەی سوتاوی لێ دێ.
شادی: لاشەی کەسێکی بەتەمەن دەبینم بە ملوانکەو کەرەسە سەربازیەکانی بێت کەسێکی پلەداری بەرزەو تەرمەکەی لێرە فڕێ دراوە
پەژارە: ئای خودایە! ئەمە مەنسورە سەکردەی سوپا حەیف! سەد حەیف بۆ ئەم قارەمانە دەستی دوژمن بشکێ!
شادی بەزەردەخەنەیەکی زۆرزانانە ڕوی کردە پەژارە: بەڵام ئازیزم… دوژمنەکانت ئەویان نەکوشتووە بەڵکو هاوڕێکانی تۆ دوای تەواو بوونی جەنگ زانیویانە کە بوونی سەرکردەیەکی وا مەزن ڕێگری لەدەستکەوتەکانیان دەکا لەشوێنێکی وا بێدەنگ تۆ نازانی ئەوە دۆستەکانمانن کە ئەوەی هەمانە لەدەستمان دەردێنن و خوێنمان دەمژن و تاوانی مەرگیشمان دەکەوێتە ئەستۆی دوژمنە مەردەکانمان!
پەژارە: حەیف ئەو دونیایە لە دۆستێکی بێ پایانی وەکو تۆ بێبەشی کردم !
شادی: دونیا بێبەشی نەکردی تۆ خۆت کەوتیتە دوای ڕێکوێران و ون بوویت نابێت تاوانی خۆت بکەیتە ملی دونیاو زەمانە ماڵاوا ئەی دۆست خۆشحاڵ بووم دوای مردن تۆم بینی.
پەژارە: بەڵام ئەی کوا بەڵێنەکەت خۆ هێشتان لاشەی من نادیارە!
شادی: وا نەزانی من بێبەڵێن بم شوێنم کەوە ئەی دۆست لەسەر گردەکە گۆڕستانی بریندارانی جەنگی لێیە وا ئێستە خەریکن تەرمی من و تۆ لەوێ بەخاک دەسپێرن
پەژارە: بەڵام خۆتۆ لە جەنگدا نە کوژرای بۆ دەبێ لەوێ بت نێژن؟
شادی: چونکە جەنگ وەکو گەردەلوول وایە کە ڕوی کردە شوێنێک ئیتر هەمووان بەبێ زیاد و کەم ڕاپێچ دەدا ئیتر ئەوە تۆیت و خۆت بدۆزەوە!
دوای بەخاک سپاردنیان ناوی گۆڕستانەکە لە جەنگەكستانی جەنگەوە گۆڕا بۆ شادی و پەژارە لەدەروازەی گۆڕستانەکەشدا لەسەر بەردێکیان هەڵکەندبوو:
”تۆ دڵت لەکۆت و بەند ئازاد بکە و واز لە تەوقی ملت بێنە تا کڵپەی ئازادی ناخت گڕ بگرێت دەستت ڕوەو ئاسمان هەڵبڕەو هەرگیز باوەش بە زەویدا مەکە”




خوێندنەوەیەك بۆ بڕیاری درەنگ وەختی بە جینۆساید ناسینی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە

عەلی مەحمود محەمەد

3-8-2019 پاش 5 ساڵ لە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لە شاری شەنگال و دەوروبەری لە لایەن داعشەوە, پەرلەمانی كوردستان بە 89 دەنگ لە كۆی 111 دەنگ, بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانی پەسەند كرد, كە دەكاتە 80%ی پەرلەمانتاران , 20%ەكەش دابەش بوونە لە نێوان ئامادە نەبوو و نكۆڵیكەران” انكار”, ئامادە نەبوانیش دابەش دەبن بەسەر نكۆڵی كەران و ئەوانی دی كە بە هۆكاری شەرعی ئامادە نەبوبێتن, كە دەبوایا تەفاصیلی هەمووی لە گەڵ فلیمی دانیشتنەكە بڵاو بكرابایەتەوە یاخود پێشكەش بە دەزگا تایبەتمەندەكانی ئێزیدیەكان بكرابایا, ئێستاش نەچووە بچێ, بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرابایا, بمانزانیایە بەڵگەی نكۆڵیكەران چییە, ئاراستەی سیاسی و حیزبییە, یان كەسییە, بەشێوەی گشتی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لە فەرمانی پاشای كۆرەی رەواندزەوە لە ساڵانی نێوان 1832 بۆ 1834 ەوە بۆ ئێٍستا, كە نزیك 180 ساڵە, كە لەوێدا كۆمەڵكوژیكردنیان بە پیرۆز زانراوەو رایگشتیش لە پشت بووە, سەبایاكان بۆ پیاوانی كوردی موسڵمان بوونە, بازاڕەكانیشی رەقەو موسڵ نەبووە, تا ئەوەی پاشای كۆرە لە بری تۆمەتباربوون بە قارەمانی نەتەوەیی ناسێنراوە, دوای 180 ساڵ لەو تاوانە, ئەمڕۆ 80% ی كۆمەڵگا هەمان جۆرە تاوان بە كۆمەڵكوژی بزانێت , بۆ خۆی پێشكەوتنێكی گەورەیە لە بیركردنەوەی تاكی كورد لەچاو هەندێك گەلانی داخراوی ناوچەكەوە, دیارە ئەگەر بخرێتە راپرسی گشتییەوە رێژەكە بەرزتر دەبێت.

لە سێشەمەی 16-1-2016ەشدا, واتا 3 ساڵ و 6 مانگ و 20 رۆژ پێش كوردستان, پەرلەمانی ئەرمینیا بە بەشداری 91 بەشداربوو لە كۆی 132 پەرلەمانتاری ئەرمینیا, بە كۆی 90 دەنگ, كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانی بە جینۆساید ناساند,” رێژەی نكۆڵیكران زۆر كەمترە” هاوكات داوایان كرد دادگایەكی نێودوڵەتی تایبەتمەند بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش پێك بێت, پێشتریش پەرلەمانەكانی بەریتانیا, فەڕەنسا و ئێسلەنداش كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكانیان بە جینۆساید ناسیبوو.

” لە ساڵی 2013 ەدا داوا لە تاك بە تاكی پەرلەمانتارانی ئەرمینیا كرا, تاوانی ئەنفال بە جینۆساید بناسن, هیچ وەڵامێكیان نەبوو, ئەوان ئێزیدییەكان زیاتر بە نزیك لە خۆیان دەناسن” ‌ لە ئاستی جیهانیدا 29 وڵات تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەن بە جینۆساید دەناسن, لە گەڵ 48 ولایەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, هاوكات لە فەرەنسا, سویسرا, یۆنان, قوبرس, سلۆڤاكیا, نكۆڵیكردن لە جینۆسایدی ئەرمەن سزای لەسەرە, بۆیە ئەركێكی ئەخلاقییە بە جینۆساید ناسینی تاوانە كۆمەڵكوژییەكانی جیهان لە لایەن پەرلەمانی ئەرمینیاوە, لە هەمبەر ئەو پشتیوانییەی لە دۆسیەكەیان كراوە.

وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش لە 13ی دیسەمبەری 2018, كاتژمێر 4,10 بە كاتی گرینچ لە رێگای مەرسومێكی تایبەتەوە سەرۆك كۆمار ترامب رایگەیاند, رایگەیاند ئەوەی بەسەر ئێزیدی و كریستانەكاندا لە عێراق و سوریا هاتووە جینۆساید بووە, ئەمەو حكومەتی هۆڵەنداش دەستپێشخەری كرد لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دادگایكردنی داعش.

هاوكات زۆر رێكخراوی دیكە وەك شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدی و كریستان و پێكهاتەكانیان بە دەستی داعش بە جینۆساید ناسی لەسەر داوامان لە ساڵی 2015 ەدا, ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستان دوای هەموو ئەمانەیە, لێ بوون لە نەبوون باشترە.

لە بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی ئێزیدییەكانەوە دەتوانین كۆمەڵێك راستی هەڵێنجین:
1- بڕیارەكە تەنانەت لە چاو وڵاتانی دیكەشەوە دوا كەوتووە, تەنانەت پاش چەندین وڵات لە ناویاندا وڵاتی وەك ئێسلەنداش دراوە, هەرچەندە ژینگەی سیاسی ئەم وڵاتە پێشكەوتنخوازانەو مرۆڤ دۆستانەیە, وەلێ هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لە گەڵ هەرێمەكە نییە.

2- دەبوایا وەك مەرسومەكەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یاساكە كریستان و شەبەك و كاكەیشی بگرتایەتەوە, ئەوانیش لە هەمان پرۆسەدا جینۆساید كراون و هاووڵاتی كوردستانن, جیكاری بۆ خۆی كەماسییەكی نادادپەروەرانەیە.

3- لە بەر ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە 5 ساڵی رابردوودا, هوشیاری تەواویان لە سەر تاوانەكانی داعش پەیدا كردووە, بە تایبەتیش پەرلەمانتاران كە گوایە دەستەبژێری سیاسی خەڵكی كوردستانن, دەنگنەدان بە یاساكە لە لایەن هەندێكەوە, نكۆڵی كردنە لە بەجینۆساید ناسینی تاوانەكە, ئەركی پەرلەمانی كوردستانە یاسای نكۆڵیكردنیش بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بكات و سزای هەموو ئەوانە بدات نكۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و …. دەكەن .

4- یاساكە بۆ خودی خۆی, دادگاییكردنی سەرجەم 73 فەرمانەكەی پێشووترە, كە بەرگی پیرۆزی بەبەردا كرابوو, دەربڕی قۆناغێكی باڵاتری هوشیاری گەلە, بۆیە جێگای رێزە.

چۆن بەرەو روی نكۆڵی كردن ببینەوە

لە زۆر وڵاتی ئەوروپا دان نەنان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانی هۆلۆكۆست و كۆمەڵكوژی ئەرمەن سزای لەسەرە, دەچێتە چوارچێوەی نكۆڵیكردن لە تاوانەكە, لە ساڵی 1976 مێژوو نووسی بەریتانی دیفید ئێرفینغ پەرتوكێكی بە ناوی جەنگی هیتلەر بڵاو كردەوە, دادگای نەمسا لە 20ی شوباتی 2006 دا بە تاوانی نكۆڵیكردن لە هۆلۆكۆست سزای 3 ساڵ زیندانیكردنی دا, لە ساڵی 1974, رۆژنامەنووسی كەنەدی بە رەچەڵەك بەریتانی ریتشارد فیراڵ پەرتوكێكی بەناوی بەڕاستی 6 ملیۆن كەس مردن بڵاو كردەوە, لە بەرامبەردا لە كەنەدا دەركرا.

هەرچەندە سزادانی نكۆڵیكردن كەمكردنەوەی ئازادییەكانەو مافی بیركردنەوەو گومانكردن و لێكۆڵینەوە لە بەرامبەرەكە وەردەگرێتەوە, وەلێ ئامرازێكی كاریگەریشە بە تایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكان بۆ رێگا گرتن لە دوبارە كردنەوەی تاوانەكە و لێسەندنەوەی مافی پیرۆزی ئەنجامدانی تاوان كۆمەڵكوژی لە ژێر پەردەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و پیرۆزییەكان, هاوكاری كەریشە بۆ خوێندنەوەی سەردەمیانە بۆ سەرجەم رابردوو, هاوكات ئەركێكی ئەخلاقی گەلێكی جینۆسایدكراوی وەك كوردیشە كە خاوەند زۆرترین كەیسی جینۆسایدو یەكەم شاری قوربانیدەری چەكی كیمیاوییە لە جیهان” هەڵەبجە” بە پێی پەرتوكی گینزی ساڵی 2007, هەڵوێستی وا لە بەرامبەر سەرجەم كەیسەكانی جینۆساید وەربگرێت و هاوسۆز بێت بۆ قوربانیان هەر كێیەك و سەر بە هەر نەتەوەو رەگەزو ئاینێك بن.

دوا رۆژی دۆسیەی دادگایی تاوانبارانی داعش و دادگاییكردنیان
شەش ئەگەر لە بەردەمدان بۆ دۆسیەی دادگاییكردنی داعشییەكان كە بریتین لە : ئەنجومەنی ئاسایش دۆسیەكە بەرز بكاتەوە بۆ ئای سی سی وەك دارفۆر, عێراق رازی بێت تاوانەكانی پارێزگای موسڵ لە 2014 بەدواوە بچێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی , یەكێك لە وڵاتەكان سوریا یان عێراق دادگایەكی تایبەتمەند دروست بكات بۆ دادگاییكردنی داعشەكان, یاخود دادگایەك بە هاوكاری یەكێتی ئەوروپا پێك بێت لە یەكێك لەم دوو وڵاتە, یان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان دادگایەكی تایبەتمەند دروست بكەن , یاخود بدرێنەوە بە وڵاتەكانی خۆیان لەوێ دادگایی بكرێن.

باشترین دوو رێگا بژاردەی یەكەم و دادگایەكی تێكەڵ بە هاوكاری یەكێتی ئەوروپا یان نەتەوەیەكگرتووەكانە, بۆ بژاردەی یەكەم ئێمە ساڵی 2015 داخوازینامەیەكمان بە زمانی ئینگلیری بۆ وڵاتانی ئەندام لە دادگا كە 123 وڵات بوون بڵاو كردەوە ” بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لە سەر سایدی فەرمی دادگا بڵاو كرایەوەو وەك نووسراویش خرایە بەردەست هەموو وڵاتان لە كاتی كۆنگرەی وڵاتانی ئەندام كە بە وەزیری دەرەوە یان سەفیر بەشدار بوون, مخابن چەند وڵاتێكی كەم پشتیوان بوون, بۆ ساڵانی داهاتوو ویستمان كەسە كاریگەرەكانی ئێزیدی بێنن بۆ ماوەی چەند خولەكێك قسە بۆ كۆنگرەكان بكەن و دەتوانرا كاریگەری دابنێن نەهاتن .

لە كۆتادا دەمەوێت بڵێم بە جینۆساید ناسینی تاوانی كۆمەڵكوژی شەنگاڵ پێمان دەڵێت تەواوی مێژوو وە ئەفسانەو پیرۆزییەكان رابردوو وە خودی مێژووش پێویستیان بە نوسینەوە هەیە لە بەر رۆشنایی پێشكەوتنە زانستییەكان لە بواری شیكاری زانستی و گەشەی بۆچونی مرۆڤ لەسەر مافی مرۆڤ و مافی ژیان و پێناسەی تاوان لە روانگەی بنەماكانی پەیمانامەی رۆماو بانگەوازی جنێف و مافی جیهانی مرۆڤ ….., چاكەكان و پیرۆزییەكان و پاڵەوانەكانی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ وا نین , داهاتوو مێژوو و پیرۆزییەكان دەگۆڕێت .




گەلی زیندوو و هوشیار چارەنووس دەخولقێنێ … ئاسۆ جەلال عەبدولکەریم

ماوەیەکی دوور و درێژە قسە و باس لەسەر گەندەڵی دەسەلات لە هەرێمی کوردستان وپێویستی رووبەڕووبوونەوەی و کۆتایی پێهێنانی بەردەوامە، بەڵام ئەوەی کە سەرنج رادەکێشێت تا ئێستا زۆرینەی ئەو هەوڵانە بۆ رووبەڕووبوونەوە بە ئاقاری حیزبایەتی تەسك یان بەرژەوەندی هەندێ وڵات و لایەنی دیکە کە مەبەستیان رووبەڕووبوونەوە و کۆتایی هێنان بە گەندەڵی نییە بە ئەندازەی ئەوەی مەبەستە سەرەکییەکەیان خودی دەسەڵاتی کوردە لە هەرێمی کوردستان و شێواندنی، چونکە کاتێك یەکێك رەخنە لە بابەتێك بگرێت ئەوا دەبێت ئەلتەرناتیڤێکی باشتر هەبێت و بێ ئەوەش ئەوا ئەوە رەخنە نییە بەڵکو تێکدانە.

یەکێك لە هێما نەگەتیفەکانی هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی هەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، سوود وەرگرتن لە ناڕەزایی گەلی کورد لە دەسەڵات و کەمتەرخەمییەکان و بردنی ئەو ناڕەزاییانە بە ئاراستەیەکی حیزبایەتی تەسك کە هەندێك جار”دەستی دەرەکی”شی لە پشتەوەیە، هەڵبەتە ئێمە کاتێك لە هەرێمی کوردستان باسی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەکەین، ئەوا یەکێك لە هێماکانی کاڵکردنەوەی هەژموونی حیزبایەتی و خودی دەسەڵاتە لەسەر هەڵوێستی گەڵ، بەڵام ئەوەی دیارە لە کوردستان تا ئێستا ئەوەیە کە هەندێك حیزب ولایەن دیانەوێت ناڕەزایی گەل بقۆزنەوە بۆ مەبەستی خۆیان بردنی بە ئاقارێکی حیزبایەتیدا کە لە ئەنجامەکەیدا سوودی حیزبێك یان بریقە بەخشینە بە ناوێکی تازە هەڵتۆقیو، لە کاتێکدا دەتوانین بەشڵێین کە ناڕەزایی گەل بەو جۆرە دەخسێندرێت و زێاتر نائومێدی لە ناخیدا دروست دەبێت بە کارابوونی رۆڵی لەسەر کەمتەرخەمی و کورتهێنانی دەسەڵاتی کورد.

ناڕەزایی حیزبایەتی شتێکە و ناڕەزایی گەلیش شتێکی ترە ئەم دوو بابەتەش زۆر لە یەك جیاوازن، چونکە ناڕەزایی گەل گەر بگاتە ئاستی و رٶڵی پێویستی خۆی ئەوا گۆڕانێکی سەرانسەری و لە بنەڕەتەوە ئەنجام ئەدات، لە کاتێکدا کام حزب ولایەنە سیاسییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن کارێکی وایان پێ ناکرێت، بۆیە لێرەدا پێویستە گەل خۆی لەو حیزب و لایەنانە دورر رابگرێت کە مەبەستێکی تایبەتی و نادیاریان هەیە و دەبێت بزانن کە رۆڵی گەل زۆر گەورەتر و فراوانتر وبەرزترە لەوەی کە لایەنێك یان حیزبێك بیقۆزێتەوە و سوددێکی ناڕەوا و نەشیاوی لێ ببینیت.

گەلی زیندوو و هوشیار بە ئاگا دەتوانێت چارەنووس بخولقێنێت نەك تەنها گۆڕانێکی کاتی یان دیاری کراو، گەلی هوشیار دەتوانێت وەك چاودێرێکی پۆزەتیف بەسەر دەسەڵاتەوە بێت و رێگە نەدات مافی بخورێت یان پێشێل بکرێت، ئەوەتا لە وڵاتە دیموکراتییەکاندا لە کاتێکدا ئۆپۆزۆسیۆنی کارا لە پەرلەمانەکاندا هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێك گەل بچووکترین کەمتەرخەمی لەو ئۆپۆزسیۆنە ببینێت و بزانێت رۆڵی خۆی بەو جۆرە پێویستە نابینێت، ئەوا خۆی دێتە گۆڕەپانەوە و کاتێکیش ئەو دێت ئیدی هەموو شتەکان بەو جۆرە دەبن کە ئەو دەیخوازێت.




خێزان له‌ نێوان به‌خته‌وه‌ری و هه‌ژاریدا … نووسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

*تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگاكان یان كۆمه‌ڵگاكان و تاكه‌كان دوو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كین بۆ ته‌واوكردنی یه‌كتری.

به‌ڵام باسه‌كه‌ی من له‌سه‌ر خێزانه‌ وه‌ بێگومان خێزانیش له‌ كۆمه‌ڵیك تاك پێك دێت كه‌ سه‌ره‌تا دوو تاك له‌ دوو ڕگه‌زی جیاوازدا یه‌ك ده‌گرن و پێ ده‌خه‌نه‌ نێو ژیانی هاوسه‌رگیریه‌وه‌ وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م یه‌كگرتنه‌دا چه‌ند تاكێكی تر درووست ده‌بێت كه‌ پێی ده‌وترێت (خێزان) واته‌ خێزان له‌ كۆمه‌ڵێك تاك پێك دێت
به‌ڵام له‌كاتی درووست بوونی ئه‌م خێزانه‌ دوو ئاراسته‌ی جیاواز درووست ده‌بیت بۆ ئه‌م خێزانه‌ ئه‌ویش ئاراسته‌ی به‌خته‌وه‌ری و هه‌ژاریه‌(نا به‌خته‌وه‌ری).
درووست بوونی ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌و دوو تاكه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڕیاری درووست بوونی خێزانیان داوه‌,هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ له‌ نێو كۆمه‌ڵگای خۆمان ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ كه‌سێك هه‌ڵده‌ستێت ژیانی هاوسه‌رگیری پێك ده‌هێنێت و كه‌چی ده‌بینیت خاوه‌ن داراییه‌كی مسۆگه‌ر كراو نیه‌ وه‌ هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌كه‌یشی خاوه‌ن هیچ داراییه‌ك نیه‌ وه‌ جگه‌ له‌ له‌ مانه‌ش هه‌ڵده‌ستێت به‌ خستنه‌وه‌ی چه‌ندین منداڵدا كه‌ ئه‌مه‌ش بارێكی گه‌وره‌ ده‌هێنێته‌ سه‌ر شانی خۆی وه‌ هه‌روه‌ها له‌ نێو خانوویه‌ك دایه‌ كه‌ موڵكی خۆی نیه‌ ئیتر ئه‌م جۆره‌ خێزانه‌ به‌ ژیانێكی هه‌ژارانه‌ ده‌ژین و ناتوانن چێژ له‌ خۆشیه‌كانی ژیان دا بكه‌ن و وه‌ هه‌روه‌ها ناتوانن بۆ یه‌كجاریش گه‌شتێكی وڵاتان بكه‌ن به‌ درێژایی ته‌مه‌نیان دا, هۆكاره‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ئاستی ڕۆشنبیری له‌ پێك هێنانی خێزاندا
به‌ڵام خێزانی به‌خته‌وه‌ر كێن؟ ئه‌و خێزانه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕۆشنبیریه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و وه‌ خۆی به‌ دوور ڕاده‌گرێت له‌ خستنه‌وه‌ ی زۆر منداڵدا چوونكه‌ له‌سه‌رده‌می ئێستادا به‌ هۆی پێشكه‌وتنی زیاتر و فرانبوونی بابه‌ته‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌دا زۆر منداڵی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ گه‌وره‌كانی نابه‌خته‌وه‌ری خێزان یان درووست بوونی هه‌ژاری له‌ناو ئه‌و خێزانه‌دا, چوونكه‌ هه‌رمنداڵێك له‌ سه‌رده‌می ئێستادا زۆرترین پێداویستی پێویسته‌ وه‌ ئه‌گه‌ر تۆش چه‌ندین منداڵت هه‌بێت و وه‌ خاوه‌نی داراییه‌كی كه‌م بیت بێگومان ناتوانی به‌شێوازێكی جوان و به‌خته‌وارانه‌ پێداویستیه‌كانیان دابین بكه‌ی.
وه‌ هه‌روه‌ها له‌ پێك هێنانی خێزاندا ته‌نها بۆ كاری سه‌رجێ كردن و یاخود په‌یداكردنی دوو لووقمه‌ نان نیه‌ به‌ڵكو چه‌ندین پره‌نسیبی تر به‌دوای دا دێت خێزان بڕبڕه‌ی پشتی كۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕبڕه‌یه‌ ته‌ندرووست نه‌بێت ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجام دا كۆمه‌ڵگایش نا ته‌ندرووست ده‌بێت .

*هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێت ژیان زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ڵام هیچ كات ژیان به‌ڕووی مڕۆڤه‌كان زه‌حمه‌ت نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها مڕۆڤه‌كانن كه‌ ئه‌م ژیانه‌ له‌خۆیان ده‌كه‌ن به‌ زه‌حمه‌ت وه‌ كه‌چی له‌ كۆتایشدا ناتوانن ڕووبه‌رووی ببنه‌وه‌.

*خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ته‌م بۆ خوێنه‌ری ئه‌زیز ته‌نها بۆچوونی خۆمه‌ بۆ ژیان و پێك هێنانی خێزان چوونكه‌ من هه‌میشه‌ بۆ چوونم وایه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی به‌خته‌وه‌ری خێزان وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ هه‌ژاری وه‌ به‌سه‌ر بردنی ژیانێكی خۆش ته‌نها له‌ كه‌م منداڵی دایه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر تۆ یه‌ك منداڵت هه‌یه‌ وه‌ خۆت و خێزانه‌كه‌ت خاوه‌نی داراییه‌كی سه‌ربه‌خۆن ئه‌وا بێگومان تۆ ده‌توانی به‌ جوانترین شێوه‌ ئه‌و منداڵه‌ت په‌روه‌رده‌ بكه‌یت و سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی بۆ دابین بكه‌یت و وه‌هه‌رگیز له‌ هیچ شتێكی كه‌م نه‌بێت .

هیوای ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر بۆ هه‌موو خێزانێك ده‌خوازم




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین -5- … و: زاهیر باهیر

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!
By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی پێنجەم:

ئەفسانەی پڕۆلیتاریا

لێگەڕین با هەموو تەڵاش و پەڵاشەکانی ئیدۆلۆجێتی ڕابووردوو بخەینە لاوە و بێینە سەر ڕەگو وڕیشەکانی گرفتەکە. بۆسەردەمی ئێمە بەشدارییکردنە هەرە گەورەکەی مارکس لە هزری شۆڕشگێڕانەدا جەدەلی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، بووە. مارکس سەرخەتی بزوتنەوەی گەورەی لە کۆمەڵی کۆمۆنیزمی سەرەتایی، بە تێپەڕبوونی بە خاوندارێتی تایبەتیی تاکو کۆمۆنیزم لە باڵاترین فۆرمیا کە کۆمەڵێکی کۆمۆنوێڵییە، کێشاوە و ئەم کۆمەڵەی ئایندەش لەسەر ئازادبوونی تەکنەلۆجیا یاخود تەکنەلۆجیای ئازادانە، خۆی دەگرێت. بە گوێرەی قسەی مارکس ئا لەم بزوتنەوەیەدا مرۆڤ کە لە لایەن سروشتەوە پاوانخواز کراوە، تیدەپەڕێت بۆ پاوانخوازیی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە و لە کۆتایشدا پاوانخوازیی سروشت لە لایەن مرۆڤەوە و دواتریش پاوانخوازی کۆمەڵایەتیش، تێدەپەڕێنێت [5]. لە دووتوێی ئەم جەدەلە گەورەیەوە مارکس دایەلێکتیکی خودی سەرمایەداریی پشکنییوە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە دوا “قۆناخی” مێژووییانەیە لە پاوانخوازی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە. ئا لێرەدا مارکس هەر ئەوە نییە تەنها بەشداریکردنی قووڵی بۆ هزری شۆڕشگێرانەی سەردەم، کردبێت ( بەتایبەت لە شیکردنەوە نایابەکەی سەبارەت بە پەیوەندی نێوانی کاڵا، شمەكەکان) بەڵکو عەرزی ئەو ڕێگری و بەربەستە زەمەنی و و شوێنیانەش دەکات کە ڕۆڵیان گێڕاوە و ڕۆڵیش لە داخستن و بەندکردن و سنووردارکردنمان لە سەردەمی ئێمەشدا، دەگێڕن .

جددیترین گرفت و بەربەست لەم هەوڵەی مارکس-دا لەوێوە سەر دەردەهێنێت کە شرۆڤەی قۆناخی گواستنەوەی سەرمایەداریی بۆ سۆشیالیزم، لە کۆمەڵی چینایەتییەوە بۆ کۆمەڵی ناچینایەتیی، دەکات. زۆر گرنگە کە جەخت لەسەر ئەم شرۆڤەیە سەبارەت بەو تێگەیشتنە بکرێتەوە، کە تا ڕادەیەك بە تەواوی بەراوردێکی لێكچوانەیە لە گواستنەوەی قۆناخی فیوداڵیزم و بۆ سەرمایەداریی …ئەویش لە کۆمەڵێکی چینایەتییەوە بۆ کۆمەڵێکی چینایەتی دیکە، لە سیستەمێکی موڵکدارییەوە بۆ سیستەمێکی دیکە. بە گوێرەی ئەو شیکردنەوەیە، مارکس ئەوەی خستەڕوو وەکو چۆن بورجوازی لە هەناوی فیوداڵیزم-دا گەشەیکردووە سەرەنجامی هۆکاری جیابوونەوەی شارۆچکە و دەوروبەرەکەی ( زۆر بە دیاریکراوی لە نێوانی پیشەگەریی و کشتیاریی دا ) هەر ئاواش پڕۆلیتاریای مۆدیرن لەناو هەناوی سەرمایەدارییدا بە هۆی سەرەنجامی گەشەکردنی تەکنەلۆجیای پیشەسازییەوە، گەشەی کردووە. پێماندەڵێن ئەم دوو چینە، بەژەوەدنییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان گەشە پێدەدن، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕییەکەیان پاڵیان پێوەدەنێت کە دژ بە کۆمەڵە کۆنەکە بن کە لێوەی هاتوون. ئەگەر بورجوازی توانیبێتی کۆنترۆڵی ژیانی ئابووری زۆر پێش ئەوەی کۆمەڵی فیوداڵیزم هەڵگێڕێتەوە، کردبێت، هەر ئاواش پڕۆلیتاریاش بە ڕۆڵی خۆی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەی لە ڕێگای ئەو ڕاستییەوە کە ” بە زەبتوڕەبتە ، یەکگرتووە، ڕێکخراوە”، لە ڕێگای سیستەمی کارگەوە ، بەدەستدەهێنێت[6]. لە هەردوو حاڵەتەکەدا گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر ناگونجێت لەتەك سیستەمی تەقلیدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانا. بەم شێوەیە پرۆسەکە تەواوبوو [ تەکامول] و ئیدی هەڵوەشانەوە دەستیپێدەکات و کۆمەڵی نوێ جێگای کۆمەڵە کۆنەکە دەگرێتەوە.

درێژەی هەیە
…………………………….
5- لەبەر هۆکارە ئیکۆلۆجییەکان ئێمە فکرەی ” پاوانەکردنی سروشت لە لایەن مرۆڤەوە ” لە دەربڕینێکی سادەدا کە چەرخێك لەمەوبەر لە لایەن مارکسەوە بەکارهێنراوە، پەسەند ناکەین. سەبارەت بە مشتومڕکردن لەسەر ئەم کێشەیەش”Ecology and Revolutionary Thought.” ببینە.
6 – سەیرە کە مارکس قسە لەسەر ” پاوەری / دەسەڵاتی ئابوریی” پڕۆلیتاریا دەکات. لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئەو دەیڵێت دەنگدانەوەی ئەنارکۆ- سەندیکالیستەکانە، کە هەڵوێستێكە مارکس زۆر شێلگیرانە دژی بوو. مارکس دەربەستی ” دەسەڵاتی ئابووریی” پڕۆلیتاریا نەبووە بەڵکو دەربەستی دەسەڵاتی سیاسیان بووە بە تێبینیکراوی کە پڕۆلیتاریا دەبنە زۆربەی دانیشتوان. ئەو قەناعەتی وابووە ئەوەی کە لە پلەی یەکەمدا کە کرێکارانی پیشەسازیی بەرەو شۆڕش دەبات هۆکارە ڕێگرییە مەتیریاڵەکانە [ مادییەکان] کە بە دووی مەیلی گردبوونەوە یاخود کەڵەکەبوونی سەرمایەدا دێت کە لە لایەن سیستەمی کارگەوە ڕێكدەخرێت و لە لایەن ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە زەبت و ڕەبت دەکرێت ئەوان دەتوانن کە نقابە و لەسەرو ئەوەشەوە پارتە سیاسییەکانیش دروستبکەن ، کە لە هەندێك وڵاتا ناچار دەبن کە مێتودەکانی یاخیبوون بەکاربهێنن. لە وڵاتانی دیکەش ( ئینگلیز ئەمەریکا و لە ساڵەکانی دواتریشا فردریك ئەنجلس فەرەنسەشی بۆ زیاد کرد ) ڕەنگە لە ڕێگای هەڵبژاردن و بە یاساییکردنی سۆشیالیزم بگەنە دەسەڵات. پارتی پێشکەوتووخوازی کار کارامە و خاوەن خەسڵەتی خۆی بوو لە تەحەدای خوێنەردا، ئالێرەدا ئەم پارتە یا چاودێری و تێبینییەکانی مارکسیان وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی یاخود بە زەقیی واتاو لێکدانەوەکانی مارکسیان دەشێوان .




تا سەعاتـــی ســـــــفر … سمکۆ ئەحمەد رەشید

تاکۆتایی
جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنم و
لە دڵی خۆمدا دەلێــــــم
ئای خودایە
بۆ هێندە لە دۆزەخ دەچێ
!ئەو پانتایـــــی وجوودە
……..
تا دوا ترپە
دەست دەخەمە سەر دڵم و
لەبەر خۆمەوە دەڵێــــم
وای خودای مــــن
بۆ هەمیشە دەچنەوە سەر هەڵدێرەکانی زوڵومات
!رێچکەکانی رۆشنایــــی
………….
تا سەعاتی سفری سارد بوونەوەی خەون
رووەو سەراب دادەنیشم و
لە دڵی خۆمەوە دەڵێم
ئای خودای مــــن
بۆ هێندە لەزیندان دەچێ
!ئەو جەننەتی ئازادییە
………….
تا سنووری کوژانەوە
چرکە چرکەی ئەم زەمەنە دەژمێرم و
لە دڵی خۆمدا دەڵێم
وای خودای من
ئەم هەموو دڵڕەقییە
لە کوێوە رژانە سەر زەوی و
باوەشیان پڕ کردم لە کەپکە شاخ
ئەو هەموو پاساری شکانە
لە کوێوە دابارین و
بەسەر درەختی دڵمەوە گیرسانەوە
ئەو لەشکری رەشبینییە بە فەرمانی کام هەوری ئاوس
روانینی داگیر کردم
چاوی پڕ کردم لە کوێری
ئای خودای
!! من




کتێبی: مارکس لە ئێستادا

گفتوگۆی دەنگەکان
لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیران
سەبارەت بە بیرمەندی گەورە کارڵ مارکس

بەشداربووانی ئەم مەلەفە:

-عەدنان کەریم – بێن لویس – دلێر محەمەد شەریف – هەندرێن
هێلیل تیکتین – جۆگیبینس- جێسیکا کاسڵ – کامیار سابیر
-کاروان عومەر کاکەسوور – پرۆفیسۆر لارس تی لی – مایکڵ مەکنێر
پێر ئاک وێستەرلاند – نزار عەبدوڵڵا – سەڵاح ئەحمەد
سیروان عەبدول – سیاوەش گودەرزی – سۆران ئازاد.

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین -4- … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم:

بەکورتی ئیمە داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوو بە لە بەینچونمان لەبری گەشە و ژیانمان بۆ ناچارکردنی هەژاندنی واقیعی ژیانمان. ئەم داوالێکردنەش بە ئومێدی هیوا و بەڵێنەکانیان لە فکرە کۆنە بەسەرچووە مردووەکانی تەمەنێكی پێشینەی بەدوور لە ئێستادایە. داوامان لیدەکرێت کە کار بەو پرنسیپانە بکەین نەك بە تەنها لە ڕوی تیئورییەوە بەسەرچوون بەڵکو بە هۆی پێشکەوتنی خودی کۆمەڵەکە خۆشییەوە. مێژوو نەوەستاوە لەو کاتەوەی کە مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی مردوون، هاوکاتیش تەنانەت سادەترین ئاراستەش کە وێنە کێشراون لە لایەن بیرمەندەکانەوە بە دوایاندا نەهاتووە … هەرچۆنێك زیرەك و چاک بووبێتن، هێشتا فکر و ئاوەزیان ڕیشەکەی لە چەرخی نۆزدە و یاخود سەرەتای ساڵانی چەرخی بیست دایە.

ئێمە خودی سەرمایەدارییمان دیوە کە ئەدای گەلێك وەزیفە دەدات و بەجێیان دەهێنێت ( لەوانە گەشەکردنی تەکنەلۆجیا بۆ کۆمەكکردن بە زیادکرنی کەرەسەکانی ژیان) کە ئەمە بە مەرجێکی سۆشیالیستی، دانراوە، ” خۆماڵیکردنی ” موڵکییەت و یەککەوتنی یاخود ئاوێتەبوونی دەوڵەت لەگەڵ ئابوریی لە هەر شوێنێکدا کە زەرووری بووبێت، بینیوە . چینی کرێکارانیشمان بینی کە بە ” بریکاری یاخود دینەمۆی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە” دادەنران کەچی بێ لایەنکراون کە تا ئێستاش هێشتا لەتەك هەیکەلی بورجوازیدا لە ململانێدان بۆ کرێی زیاتر، کاژێری کەمتری سەر کار هەروەها بیمە ” جوزئییەکان، لاوەکییەکان” . ئاشکرایە کە ململانێی چینایەتی بە واتا کلاسیکییەکەی بەسەرنەچووە، بەڵکو کرێکاران چارەنوسی زیاتر تالوکەیی و هیلاکەتیان چێشتووە بە خۆگونجاندنیان و بەشداریکردنییان لە سەرمایەداریدا.

خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ناو وڵاتانی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا بەرەو زەمینەیەکی نوێی مێژوویانە، چووە، بووە بە خەباتی نێوانی نەوەیەك لە گەنجان، لاوان کە قەیرانی درێژخایەنی ئابوورییان، کولتور، بەها و بەنرخێتی قییەم، هەرەوها دەسگەکانی نەوەی کۆن لە کۆنەپارێزان کە دید و سەرنجیان لەسەر ژیان بە هۆی کێشەی کەمی پێداویستیەکانەوە و تاوان و سازشکردن و ئەخلاقی سەر کار و هەروەها هەوڵدان بۆ زامنکردنی کەرەسەکانی ژیان، هیچ کام لەمانەیان نەدیوە.
دوژمنەکانمان تەنها دامەزاراوە بورجوازییە بەرچاوەکان و جیهازەکانی دەوڵەت نین، بەڵکو هەڵوێست و دیدەگایەکن کە کۆمەك و یارمەتیان پێدەدرێت لە نێوانی لیبراڵەکانا، سۆشیالدیمۆکراتەکانا، ئەوانەی کە دووی ماسمیدیای بۆگەن کەوتون، پارتە ” شۆڕشگێڕەکانی” ڕابوردوو کە ڕەنگە دەردەدار و زەرەرمەند بن بەقەدەر ئەوانەی کە دووی مارکسیزم وەکو دین کەوتوون، هەروەها کرێکارانێك کە لە ڕێگای ڕێکخستنی قوچکەیانەی کارگەوە هەیمەنەکراون، لە ڕێگای ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە، هەروەها لەڕێگای ئەخەلاقی سەر کارەوە. هەموو ئەمانە دوژمنمانن.

خاڵێك کە لێرەدا هەیە یاخود گرفتەکە ئەوەیە کەرتبوون و دابەشبوونەکان لە ئێستادا هەموو ڕیزەکانی چینە کلاسیکییەکانیشی گرتۆتەوە، ئەمانە کۆمەڵێك گیروگرفتیان ورووژاندووە کە هیچ کام لە مارکسییەکان کە مەیل و ئاشنایەتی و نزیکییان هەیە لەتەك ئەو کۆمەڵانەی کە بە قۆناخی نوقسانیی پێداویستییەکانا تێپەڕیون، ناتوانن پێشبینی بکەن.

بەکورتی ئیمە داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوو بە لە بەینچونمان لەبری گەشە و ژیانمان بۆ ناچارکردنی هەژاندنی واقیعی ژیانمان. ئەم داوالێکردنەش بە ئومێدی هیوا و بەڵێنەکانیان لە فکرە کۆنە بەسەرچووە مردووەکانی تەمەنێكی پێشینەی بەدوور لە ئێستادایە. داوامان لیدەکرێت کە کار بەو پرنسیپانە بکەین نەك بە تەنها لە ڕوی تیئورییەوە بەسەرچوون بەڵکو بە هۆی پێشکەوتنی خودی کۆمەڵەکە خۆشییەوە. مێژوو نەوەستاوە لەو کاتەوەی کە مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی مردوون، هاوکاتیش تەنانەت سادەترین ئاراستەش کە وێنە کێشراون لە لایەن بیرمەندەکانەوە بە دوایاندا نەهاتووە … هەرچۆنێك زیرەك و چاک بووبێتن، هێشتا فکر و ئاوەزیان ڕیشەکەی لە چەرخی نۆزدە و یاخود سەرەتای ساڵانی چەرخی بیست دایە.

ئێمە خودی سەرمایەدارییمان دیوە کە ئەدای گەلێك وەزیفە دەدات و بەجێیان دەهێنێت ( لەوانە گەشەکردنی تەکنەلۆجیا بۆ کۆمەكکردن بە زیادکرنی کەرەسەکانی ژیان) کە ئەمە بە مەرجێکی سۆشیالیستی، دانراوە، ” خۆماڵیکردنی ” موڵکییەت و یەککەوتنی یاخود ئاوێتەبوونی دەوڵەت لەگەڵ ئابوریی لە هەر شوێنێکدا کە زەرووری بووبێت، بینیوە . چینی کرێکارانیشمان بینی کە بە ” بریکاری یاخود دینەمۆی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە” دادەنران کەچی بێ لایەنکراون کە تا ئێستاش هێشتا لەتەك هەیکەلی بورجوازیدا لە ململانێدان بۆ کرێی زیاتر، کاژێری کەمتری سەر کار هەروەها بیمە ” جوزئییەکان، لاوەکییەکان” . ئاشکرایە کە ململانێی چینایەتی بە واتا کلاسیکییەکەی بەسەرنەچووە، بەڵکو کرێکاران چارەنوسی زیاتر تالوکەیی و هیلاکەتیان چێشتووە بە خۆگونجاندنیان و بەشداریکردنییان لە سەرمایەداریدا.

خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ناو وڵاتانی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا بەرەو زەمینەیەکی نوێی مێژوویانە، چووە، بووە بە خەباتی نێوانی نەوەیەك لە گەنجان، لاوان کە قەیرانی درێژخایەنی ئابوورییان، کولتور، بەها و بەنرخێتی قییەم، هەرەوها دەسگەکانی نەوەی کۆن لە کۆنەپارێزان کە دید و سەرنجیان لەسەر ژیان بە هۆی کێشەی کەمی پێداویستیەکانەوە و تاوان و سازشکردن و ئەخلاقی سەر کار و هەروەها هەوڵدان بۆ زامنکردنی کەرەسەکانی ژیان، هیچ کام لەمانەیان نەدیوە. دوژمنەکانمان تەنها دامەزاراوە بورجوازییە بەرچاوەکان و جیهازەکانی دەوڵەت نین، بەڵکو هەڵوێست و دیدەگایەکن کە کۆمەك و یارمەتیان پێدەدرێت لە نێوانی لیبراڵەکانا، سۆشیالدیمۆکراتەکانا، ئەوانەی کە دووی ماسمیدیای بۆگەن کەوتون، پارتە ” شۆڕشگێڕەکانی” ڕابوردوو کە ڕەنگە دەردەدار و زەرەرمەند بن بەقەدەر ئەوانەی کە دووی مارکسیزم وەکو دین کەوتوون، هەروەها کرێکارانێك کە لە ڕێگای ڕێکخستنی قوچکەیانەی کارگەوە هەیمەنەکراون، لە ڕێگای ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە، هەروەها لەڕێگای ئەخەلاقی سەر کارەوە. هەموو ئەمانە دوژمنمانن.

خاڵێك کە لێرەدا هەیە یاخود گرفتەکە ئەوەیە کەرتبوون و دابەشبوونەکان لە ئێستادا هەموو ڕیزەکانی چینە کلاسیکییەکانیشی گرتۆتەوە، ئەمانە کۆمەڵێك گیروگرفتیان ورووژاندووە کە هیچ کام لە مارکسییەکان کە مەیل و ئاشنایەتی و نزیکییان هەیە لەتەك ئەو کۆمەڵانەی کە بە قۆناخی نوقسانیی پێداویستییەکانا تێپەڕیون، ناتوانن پێشبینی بکەن.

درێژەی هەیە
……………………………………..




ژیانه‌وه‌ – یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕوو زه‌ردی كوردی 1924_ 1926 و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ” عێراقچیه‌تی “

سەلام ناوخۆش

ده‌روازه‌

له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ئاماژه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی ” كوردستان ” ده‌كرێت ، كه‌ ڕۆژنامه‌ی ئۆپۆزسیونی كوردیه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ركراوه‌ ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی ” پێشكه‌وتن ” ده‌كرێت ، كه‌ یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردیه‌ له‌ كوردستان ده‌رچوو بێت . ئه‌و هه‌موو ” یه‌كه‌م”-_ه‌ پانتاییه‌كی فراوان له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌گرێت .
له‌م كورته‌ وتاره‌دا ده‌مه‌وێ ڕۆناكی بخه‌مه‌ سه‌ر یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی ڕوو زه‌ردی كوردی له‌ شاری كوردی ، بنكه‌ی به‌رخوردانی سه‌ده‌ی بیسته‌م .

ناساندنی ڕۆژنامه‌ی ” ژیانه‌وه‌ ”

ڕۆژنامه‌ی ” ژیانه‌وه‌ ” له‌ پاش ڕۆژنامه‌ی ” تێگه‌یشتنی ڕاستی ” و ” پێشكه‌وتن” ، ئینگلیز یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی خۆی به‌ قه‌ڵه‌می كوردی ده‌ركرد .جه‌باری 1970،ل86_87 ده‌رباره‌ی ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ ده‌نووسێت : ” ڕۆژنامه‌یه‌كی وێژه‌یی هه‌فتانه‌ی كوردی بووه‌ ، كاربه‌ده‌ستانی میری له‌ 18 \ 8 \ 1924 له‌ سلێمانی ده‌ریان ده‌كرد ، هه‌ر له‌ ژێر ئه‌و ناونیشانه‌ مایه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژی 14 \ 1\ 1926 په‌نجا و شه‌ش ژماره‌ی لێ ده‌رچوو‌ . عومه‌ر 2001 ، ل121 له‌ ماسته‌رنامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ له‌رزۆكی شوناسی ئه‌و ته‌نه‌ نامۆیه‌ له‌ شاری سلێمانی ده‌كات ، كه‌ هه‌تا دره‌نگانێك نه‌یتوانیوه‌ له‌ سه‌ر پێناسه‌یه‌ك ، لۆگۆیه‌ك له‌نگه‌ر بگرێت : له‌ ژماره‌ یه‌ك ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ نووسرا بوو : ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه‌ غه‌زه‌ته‌یه‌كی حكومه‌تییه‌ هه‌فته‌ی جارێك ده‌رده‌چێت ، كه‌چی له‌ ژماره‌ شازده‌ و حه‌ڤده‌ بووه‌ :ئه‌م غه‌زه‌ته‌ یه‌ غه‌زه‌ته‌یه‌كی حكومه‌تییه‌ و هه‌فته‌ی دوو جار ده‌رده‌چێ . له‌ ژماره‌ هه‌ژده‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ گۆڕدرا بوو به‌ ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه‌ غه‌زه‌ته‌یه‌كی سیاسی ، ئه‌ده‌بی ئیجتیماعییه‌ ، هه‌فته‌ی دوو جار ده‌رده‌چێت . له‌ پاشان له‌ ژماره‌ 20 هه‌تا 56 ، كه‌ دواین ژماره‌یه‌ به‌و ناوه‌ ، ژیانه‌وه‌ ، ده‌سته‌واژه‌كه‌ بووه‌ :ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه‌ غه‌زه‌ته‌یه‌كی سیاسی ، ئه‌ده‌بی ، ئیجتماعییه‌ هه‌فته‌ی یه‌ك جار ده‌رده‌چێ.”

به‌ پێچه‌وانه‌ی عورفی ڕۆژنانه‌نووسی رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ ناوی سه‌رنووسه‌ر له‌ سه‌ر نه‌بوو ، به‌ڵام له‌ ژماره‌ 37ه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ جه‌میل صائیب ، دوژمنی سه‌رسه‌ختی شێخ مه‌حموود و نووسه‌ری نۆڤلیتی له‌ خه‌وما سه‌رنووسه‌ری بووه‌ . ئه‌و نوڤلێته‌ ، كه‌ دژ به‌ ئایدیۆلۆژیای هزری و سیاسی شێخ مه‌حموود بوو ، له‌ ژماره‌ 28 هه‌تا دوا ژماره‌ی ژیانه‌وه‌ به‌ زنجیره‌ له‌وێی بڵاوكرده‌وه‌ هه‌روه‌ها به‌شه‌كانی تری له‌ ڕۆژنامه‌ی ژیان ، جێگره‌وه‌ی رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ ، بڵاوكرده‌وه‌.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌یر و تێڕامانه‌ ، ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ ته‌نها مانگێك دوای ڕۆژنامه‌ی ئومێدی ئیستقلال ده‌رچوو ، ڕۆژنامه‌كه‌ یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی بوو به‌ زمانی كوردی قسه‌ و جوێنی به‌ شۆرشی كوردی ئه‌وسا ده‌دا ، هه‌روه‌ها له‌مه‌ خه‌ته‌رناكتر یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ بوو باسی له‌ عێراقیبوون و كوژاندنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرد ، به‌ دیدی یه‌كێ له‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ عێراقچیانه‌ ، ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ بوو ، عومه‌ر ، ل118 !

كه‌واته‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ چ ‌ وه‌ك ئایدیۆلۆژیای هزری یا سیاسی ته‌واو دژ به‌ شێخ مه‌حمود بوون.
ئینگلیز و ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌
كه‌س گومانی له‌وه‌دا نیه‌ بزاڤه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود نیمچه‌ بنه‌ماڵه‌یی و ده‌ره‌به‌گی بوو . زۆر گرینگیش بوو چاوێكی ڕه‌خنه‌یی بۆ ڕه‌وشه‌كه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ نوخبه‌یه‌ك قه‌تیس نه‌بێت . به‌ڵام وه‌ك مه‌سعود موحه‌مه‌د وته‌نی خودی فیودالی وه‌ك سیسته‌م له‌ نێو كورددا نه‌بووه‌ ، هه‌ندێ نوخبه‌ی منه‌وه‌ر له‌ ورده‌ بۆرژوای كورد چه‌نده‌های بنه‌ماڵه‌ی ناوزه‌دكراو به‌ ده‌ره‌به‌گ یا مه‌لاك و زه‌ویدار ، هه‌ندێ له‌وانه‌ ژیانی خۆیان كردۆته‌ قوربانی ” كوردایه‌تی ” كه‌چی زۆر ورده‌ بۆرژوا و منه‌وه‌ری كورد ژیانی خۆی كردۆته‌ قوربانی ” عێراقچیه‌تی ” به‌ نیازی ئه‌وه‌ی سه‌نترالیزم ، لیبرالیزم یان سۆشیالیزمی بۆ به‌ به‌رهه‌م دێنێ .

ئینگلیز خۆی له‌و ورده‌ بۆرژوا و منه‌وه‌ره‌ كورده‌ ده‌گه‌ڕا ، هه‌ر بۆیه‌ جه‌میل صائب هه‌ر چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای كه‌وتنی سلێمانی ، كه‌ركوكی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ سلێمانی ، هه‌ر مانگێك دواتر ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی ده‌ركرد ( عومه‌ر 2001 ، ل162 ).

ئینگلیز ده‌ركی به‌وه‌ كرد ، كه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌ك تێگه‌یشتنی ڕاستی و پێشكه‌وتن ئامانجی خۆی له‌ سلێمانی ناپێكێت ، بۆیه‌ بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ” منه‌وه‌ر”ی كورد له‌ نوێنه‌ری سیاسی كورد بدات . تۆ سه‌یر بكه‌ ته‌نها یه‌ك مانگ له‌ نێوان كه‌وتنی ” ئومێدی ئیستقلال ” و ” ژیانه‌وه‌ ” هه‌یه‌ . جه‌باری 1970 ، ل86 هه‌روه‌ها خه‌زنه‌دار و زه‌نگه‌نه‌ 2011 ،ل 39 ده‌نووسن : پاش داگیركردنی شاری سلێمانی له‌ مانگی ته‌مووزی 1924 ، ڕۆژنامه‌ی ” ئومێدی ئیستقلال ” په‌كی كه‌وت و ڕۆژنامه‌گه‌ریی سیاسی له‌ كوردستانی باشوور له‌ به‌ر چاوان نه‌ما و بزر بوو…”
ڕاسته‌ ڕۆژنامه‌ی ئومێدی ئیستقلال زمان حالی حكومه‌تی شێخ مه‌حموود بوو ، سه‌رنووسه‌ری نوێی ڕۆژنامه‌كه‌ ، حسێن نازم ، هه‌م وشه‌ی ” سیاسی” له‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌كه‌ لابرد ، هه‌میش له‌ ژماره‌ چوارده‌وه‌ ویستویه‌تی خۆی له‌ گێچه‌لی سیاسه‌ت دوور بگری ، وه‌ك له‌ نووسینه‌كه‌ی ژماره‌ چوارده‌ دا هاتووه‌ : ” ته‌عه‌رووزی سیاسات ناكه‌م مه‌باحیس و مه‌قالاتێك كه‌ لزومی بێ بۆ سیاسه‌ت و سه‌لامه‌تی مه‌مله‌كه‌ت قبوول و ده‌رجی ناكه‌م !”
سیاسه‌تی ئینگلیز ئه‌وه‌ بوو شتێك نه‌بێ به‌ ناوی ” حوكومه‌تی كوردی “ه‌وه‌ ، به‌ڵكو سلێمانی وه‌ك شاره‌كانی دی كوردی ببێته‌ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ، با بزانین ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ چۆن ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئینگلیزی به‌ زۆربه‌ی منه‌وه‌ری كوردی له‌ كوردستان به‌رجه‌سته‌ كرد.

ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌، سه‌ره‌تای مۆته‌كه‌ی لكاندنی باشووری كوردستانی به‌ عێراق لێكه‌وته‌وه‌، به‌ جۆرێك وه‌ك خه‌زنه‌دار و زه‌نگه‌نه‌ ده‌نووسن : به‌ كه‌وتنی ئومێدی ئیستقلال و ده‌رچوونی ژیانه‌وه‌ : ڕۆژنامه‌گه‌ریی سیاسی له‌ كوردستانی باشوور له‌ به‌ر چاوان نه‌ما و بزر بوو ” هه‌روه‌ها جارێكی تر ئینگلیز و عێراق به‌ درۆش ئاماژه‌یان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كرد.
له‌ مه‌سه‌له‌ی لكاندنی باشووری كوردستان به‌ عێراقدا زۆربه‌ی نووسه‌ری كورد ئینگلیز خه‌تابار ده‌كه‌ن ، به‌ ده‌گمه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێك له‌ منه‌وه‌ری كورد ئامرازی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئینگلیز بوون .

ئه‌مین (2002 ، له‌ ل344 ) كتێبی ژیان ، به‌ ته‌مه‌نترین ڕۆژنامه‌ی كوردی ، ده‌نووسێت : هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه‌ ئینگلیز ده‌یویست به‌ كورد بڵێت : ئێوه‌ تازه‌ به‌شێك ده‌بن له‌ عیراق و ده‌بنه‌ هاوڵاتی عیراقی.
گه‌رچی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه هه‌ندێ داهێنانی له‌ ئه‌لفبێی كوردی كرد ، به‌وه‌ی نیگاری بۆ ده‌نگی كوردی كوردی پێشنیار كرد ، له‌وانه‌ ‌:

  • پیتی (ژ) له‌ ژیانه‌وه‌.
  • پیتی (چ) له‌ چاپخانه‌وه‌، چاوپیكه‌وتن ، چاوبكه‌نه‌وه‌.
  • پیتی (پ) له‌ پی و قدم ، پارچه‌ پارچه‌..هتد ( ناوخۆش 2019 ، ل30 )
  • ئه‌و خزمه‌ته‌ زمانه‌وانییه‌ هه‌ر بۆ خۆڵ له‌ چاوی خه‌ڵك كردن بوو ، ئه‌گه‌رنا وتاره‌كانی هه‌ر بۆ ناشرینكردنی ئه‌زموونه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بوو . ‌ ئه‌مین(2002،ل358-359 )چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ نووسینه‌كانی ژماره‌:(سێ و پێنج وبیستویه‌ك…هتد ده‌رباره‌ی ناشیرینكردنی شێخ ده‌هێنێته‌وه‌ :
  • اخو امجاره‌ش له‌ پاش ئه‌مانه‌ش چاو ناكینه‌وه‌؟
  • موده‌تیك بو شێخ مەحمود و جه‌رده‌كانی مه‌عییه‌تی له‌ ته‌عجیزاتی به‌عزی فقیر و فوقه‌را.
  • حیشمه‌تئاب مه‌لیكه‌ دروزنه.‌
    ئه‌و قسانه‌ نوێ بوون له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی ، به‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ” ڕه‌خنه‌ی شرۆڤه‌ی ئاخاوتن” ئه‌وها به‌ر قه‌رار بكرێ ، به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی وا بكات زمانیش به‌ سیاسی بكرێت .”
    جه‌باری 1970 ، ل86 ده‌رباره‌ی ئامانجی ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌نووسێت :” ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ بۆ سود و ته‌له‌كه‌بازی ئینگلیز له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی به‌كرێگیراو ه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كراو وتاری تێدا ده‌نووسرا .” عبدالره‌قیب یوسفی شوێنه‌وارناس پاش زیاتر له‌ سی ساڵ له‌ قسه‌كه‌ی جه‌باری
    لة ل36ى كتيَبي( بةلَطةنامةكاني حكومةتي شيَخ مةحمود) باس لةوة دةكات كة ثاش حكومةتةكاني شيَخ مةحمود 1918 و 1922-1924 هةلَوةشانةوة زؤربةى منةوةرى كوردي لة شيَخ كةوتنة تةقة ، بؤ نموونة رؤذنامةى( ذيان)، كة شارةواني سليَماني سالَ و نيويَك زياتر لةو سةردةمة بةدواوة و لة سايةى حوكمي ثاشايةتي عيَراقدا دةريكردووة، بة ناهةق كةوتووةتة ناوزراندني شيَخ و حكوومةتةكةى…”
    جگه‌ له‌ جه‌میل صائیب ، نووسه‌رانی نه‌یاری شێخ له‌و ڕۆژنامه‌ كۆبوونه‌وه‌ ، هه‌ندێك به‌ نازناو هه‌ندێكی تر به‌ناوی خۆیان شیعر و نووسینیان بڵاوكرده‌وه‌ ، له‌وانه‌ ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف ، فائق بێكه‌س ، مه‌حمود جه‌وده‌ت ، ئه‌حمه‌د تۆفیق…هتد ( عومه‌ر 2001 ، ل121_122)
    هۆكاره‌كانی دروستبوونی عێراقچیه‌تی
    هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر بیرۆكه‌ی عێراقچیه‌تی كراوه‌ ، هه‌ر له‌ قۆناغێكدا هۆكارێك به‌ هۆكار زانراوه‌ بۆ ئه‌و بیرۆكه‌ نه‌زۆكه‌ :
    هۆكاری ئابووری
    ئابووری شاده‌ماری ئیستقراری وڵاته‌ . له‌ وڵاتدا دوو چین هه‌ن زۆر جێگای متمانه‌ی سیاسی نین ، ئه‌وانیش چینی سه‌ره‌وه‌ و ورده‌ بۆرژوای سیاسین كۆمه‌ڵگا . پیاو ماقووڵ و ئه‌شراف خاوه‌ن پاڵپشتیه‌كی ئابوورین ، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ ئیستقراری سیاسی ده‌بیننه‌وه‌ . ڕه‌فیق حیلمی له‌ یاداشته‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ عێراقچیه‌تی هه‌بوو ، ئه‌شراف و مه‌لاك و توجاره‌كان بوون . له‌ ئه‌نجامدا پاش لكاندنی كوردستان به‌ عێراق ئه‌شرافی بێ وه‌ته‌ن ، عه‌وامی مه‌فتوونی وه‌ته‌ن دروست بوو .
    پاش شه‌شی ڕه‌شی ئه‌یلول ی به‌ر ده‌رگای سه‌را چه‌ندان شاعیری وه‌ك پێره‌مێرد و حه‌مدی و بێكه‌س ، گۆران …هتد به‌ شیعر وه‌جواب هاتن ، به‌ڵام نایب و ئه‌شراف و مه‌لاكی كورد به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن .
    هۆكاری نه‌وت
    زۆر قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ ، كه‌ هه‌بوونی نه‌وت له‌ كه‌ركوك هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئینگلیز كوردستان به‌ عێراق بڵكێنێت .
    هۆكاری مه‌زهه‌بی
    سه‌باره‌ت به‌ عه‌ره‌بی عێراق ، زۆربه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌ ، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئینگلیزی پارسه‌نگی سوننه‌ له‌ عێراق بپارێزێت ، كوردستانی به‌ عێراقه‌وه‌ لكاند، كه‌ زۆربه‌ سوننه‌ مه‌زهه‌بن .
    ئه‌و سێ هۆكاره‌ زۆر قسه‌ی له‌ سه‌ر كراوه‌ به‌ جۆرێك كتێبێكی مێژوویی كورد نییه‌ ئاماژه‌ی به‌و هۆكارانه‌ نه‌كرد بێت .
    هۆكاری منه‌وه‌ربوون ، هۆكارێكی كوردییه‌ بۆ خۆ به‌ ستنه‌وه‌ به‌ عێراق . ڕه‌فیق حیلمی له‌ به‌شی یه‌كه‌می یاداشت ده‌نووسێت : منه‌وه‌ر لای عه‌وامی خه‌ڵك بێ دینه‌كان بوون . ئه‌شراف و نایبی كوردیش لای پیره‌مێردی شاعیر ” هه‌رزه‌ وه‌كیلی شاری خامۆشان ” بوون .
    فائق بێكه‌س ده‌رباره‌ی منه‌وه‌ر و ئه‌شرافی كوردی ده‌ڵێت :
    منه‌وه‌ر زۆری هه‌ر له‌به‌ر نانی وه‌ته‌ن ئه‌فرۆشێ به‌ یه‌ك تارانی
    ئه‌خاته‌ ژێر پێ دین و ئیمانی كاكه‌ خوا ئیشی نابه‌جێ ناكا
    ………………………………….
    ئه‌شرافمان هه‌موو بێ ڕۆح و سستن ده‌خیله‌ پشتیان هیچ پێ مه‌به‌ستن
    هه‌موو ناكۆك و پاره‌ په‌رستن….دیوانی بێكه‌س ، ل49
    قوڕبه‌سه‌ریه‌كه‌ی كورد له‌وه‌دا بوو ، زۆربه‌ی نووسه‌ره‌كانی مه‌ست بوون ، نایبه‌كانیشی وڵات فرۆش و پاره‌په‌رست …ئه‌و دوو دیارده‌یه‌ به‌ درێژی له‌ یاداشتی ڕه‌فیق حیلمی و بیره‌وه‌ریه‌كانی هاوار تۆمار كراون ( ، هاوار ، ل260 ، حه‌سه‌نپوور ، ل169 ).
    ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ شته‌ نهێنیه‌كانی نایب و نووسه‌ری وڵات فرۆشی بۆ عه‌وام ئاشكرا كرد . زۆر به‌ ڕاشكاوی له‌ مه‌ملكه‌ته‌كه‌ی شێخ بانگه‌شه‌ی عێراقچیه‌تی به‌ گوێی هه‌موواندا .

جگه‌ له‌ خودی ڕۆژنامه‌كه‌ وئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ له‌ شێخ مه‌حموود كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ ، لێره‌دا ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ به‌ هه‌ژموونی گوتاری ژیانه‌وه‌ بكه‌ین له‌ سه‌ر چه‌ند منه‌وه‌رێكی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیانه‌وه‌ .

یه‌كه‌م . تۆفیق وه‌هبی
زمانزانێكی دۆسته‌ ئینگلیز بوو ، زۆر له‌ شێخ دوور نه‌بوو ، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیاكه‌ی دوور بوو له‌ شێخ نزیك بوو له‌ ئێنگلیز ، بۆیه‌ ئینگلیز كردیه‌ موته‌سه‌ریفی سلێمانی هه‌روه‌ها مه‌عاریفی عێراقی داوای لێكرد شتێك ئاماده‌ بكات له‌ سه‌ر ڕێزمان و ده‌ستوری زمانی كوردی ( حه‌سه‌نپوور 2015 ، ل162 ) ئینگلیز منه‌وه‌رێكی ده‌ویست بۆ ئینگلیز كار بكات ، نه‌ك بۆ دۆز و زمانی كوردی ، بۆیه‌ وه‌ك خۆی بۆ حه‌سه‌نپوور ده‌گێڕێته‌وه‌ :” پاش ئه‌وه‌ی به‌ینمان له‌گه‌ڵ ساطع الحصری له‌ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف تێكچوو ، مه‌لایه‌كی به‌ ناوی صدقی كابان بانگ كرد و دوو صه‌د ڕووپیه‌یان دایێ ، كابانیش شتێكی نووسی به‌ناوی موخته‌صه‌ری صه‌رف و نه‌حوی كوردی .” موته‌عه‌هیدی حكوومه‌تیان به‌ لا نا . له‌وه‌ زیاتر به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی تۆفیق وه‌هبی وه‌ك موته‌سه‌ریفێكی سلێمانی سكاڵا و عه‌ریزه‌یه‌كی له‌ ڕۆژنامه‌ی سڵێمانی بڵاوكردۆته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ موته‌صه‌ریفی وه‌ده‌ریان ناوه‌ هه‌روه‌ها مه‌جبور كرا له‌ سلێمانی نه‌مێنێ و له‌ به‌غدا بژی هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌ی بپشكێنرێ و ڕاپێچی زیندان بكرێ (حه‌سه‌نپوور ، ل162_163 )

دووه‌م . مسته‌فا پاشای یامولكی و ماجید مسته‌فا
ئه‌و دووه‌ له‌ نزیكه‌كانی شێخ بوون . ئه‌وانیش هه‌رزوو له‌ شێخ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و بوونه‌ عێراقی . ئه‌مین 1999 ، له‌ ل16 ی كتێبی سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات ده‌نووسێت :” له‌ هه‌ڵبژاردنی 1928 دا زۆر كه‌س خۆیان ناودێر كرد ، له‌وانه‌ مسته‌فا پاشای یامولكی كه‌ له‌ كابینه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود دا وه‌زیری مه‌عاریف بوو هه‌روه‌ها ماجید مسته‌فا كه‌ تا ساڵی 1927 یه‌كێ له‌ هاوكاره‌ نزیكه‌كانی بوو .”
مسته‌فا یامولكی ته‌نیا دوو مانگ پێش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شێخ له‌ هیند ، له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی مێجه‌ر سۆن به‌ نهێنی له‌ بیستویه‌كی ته‌مووزی 1922 یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی كوردی له‌ باشووری كوردستان دامه‌زراند. شه‌ریف 2007 ، ل131 كۆده‌نووسێت كۆمه‌ڵه‌كه‌ی یامولكی ناوی كۆمه‌ڵه‌ی كوردستان بوو ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی بوو له‌ پاڵپشتیكردنی جولانه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود ، كه‌چی كه‌ چووه‌ به‌غدا بووه‌ عێراقچی خۆی ناودێر كرد ببێته‌ ئه‌ندام له‌ په‌رله‌مانی عێراقی .

سێیه‌م
فائیق بێكه‌س ، زێوه‌ر هه‌تا پیره‌مێرد

فائیق بێكه‌س ناسراو بوو به‌ ئه‌بو نه‌واسی كوردی و زێوه‌ر و پیره‌مێرد ناسراو بوون به‌ دینداری دووره‌ سیاسه‌ت . پرسی عێراقچیه‌تی بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌تمی چونكه‌ پاش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی شێخ له‌ 13ی مایسی 1931 دا له‌ پێنجوین تۆماری خه‌باتی سیاسی عه‌سكه‌ری كورد له‌و قۆناغه‌دا پێچرایه‌وه‌ و بانگی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و داوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ، به‌ یه‌كجاری خنكا (ئه‌مین 1999 ، ل150) سه‌یركه‌ن زێوه‌‌ر هه‌تا 1924 یش ده‌یوت : وا عه‌رزت ئه‌كه‌م به‌ شیرینی خورمای خۆت بۆخۆت مێووژم بۆ خۆم له‌كوم دینوكم و لییه‌ دینی ئه‌و خود جیاكردنه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌ب پاش شكانی شێخ و ده‌ركه‌وتنی ژیانه‌وه‌ و ژیان هه‌روه‌ها عێراقچیه‌تی ، زێوه‌ر له‌ شیعرێكدا كوردستان ده‌كاته‌ ” شمال”ی عێراق : ئه‌ی عێراق ئه‌ی عێراقم ئه‌ی نووری چاوان چه‌ند جوانی له‌ ئه‌رزدا بوویته‌ گوڵشه‌نمان له‌ “شیمال ” و له‌ جنووبا مه‌نزه‌ری فه‌تتان دانیشتوانت وه‌ك برا من وه‌ك برای هاوجان وه‌ك شێركۆ بێكه‌س له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌گێڕێته‌وه‌ بێكه‌سی باوكی هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆرشی به‌ر ده‌ركی سه‌را بووه‌ هه‌تا برینداریش بووه‌ ، به‌ڵام عێراقچیه‌تی ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌ ، له‌ دوا ساڵی ته‌مه‌نی ، 1948 ، شیعری داری ئازادی ده‌نووسێ و له‌ دوا دێردا ده‌ڵێت : دۆستیی كورد و عه‌ره‌ب زۆر كۆنه‌ ته‌ئریخ شاهیده‌ ناحه‌زی ڕووڕه‌ش له‌ داخا با یه‌خه‌ی خۆی دادڕێ …دیوانی بێكه‌س ، ل98-99 ده‌ره‌به‌گی كوردی هه‌ره‌سی هێنا ، نایب و ئه‌شرافی كوردی به‌غدایان لێبووه‌ قیبله‌ ، ناوه‌ندی ژیانه‌وه‌ ژیان بوونه‌ مه‌دره‌سه‌ی به‌ عێراقیبوون ، به‌ جۆرێك عێراقچییه‌تی بووه‌ پلاتفۆرمی كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی كورد وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ماركسسی –لینینی ، ئاڵای شۆڕش هه‌ر كاری له‌ سه‌ر عێراقچییه‌تی ده‌كرد .

ئه‌نجام
ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی عێراقچییه‌تی و نه‌فرین كردن بوو له‌ سه‌ربه‌خۆیی . ڕقبوون له‌ ده‌ره‌به‌گ و شێخ و مه‌لا چاوی هه‌ندێك له‌ منه‌وه‌ری كوردی كوێر كرد و ده‌ستیان دایه‌ ” خه‌باتی ” قه‌ڵه‌م بۆ لكاندنی كوردستان … ئه‌و لكاندن و عێراقچییه‌ته‌ ماڵوێرانی كوردی لێكه‌وته‌وه‌ و خه‌ونی خانی و زه‌مه‌نی شێخی له‌ گۆرنا.

ژێده‌ر
ئه‌مین ، نه‌وشێروان 1999 سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجعات 1928_1931. سلێمانی : سه‌رده‌م .
ئه‌مین ، نه‌وشێروان 2002 ژیان . سلێمانی : سه‌رده‌م.
به‌كر ، سه‌لام ناوخۆش 2015 مێژووه‌ك له‌ په‌رته‌وازه‌یی . هه‌ولێر : هیڤی .
به‌كر ، سه‌لام ناوخۆش 2019 كاریگه‌ری قورئان له‌ سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی كوردی . توركیا : له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ته‌فسیر.
جه‌باری ، عبدالجبار 1970 مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی . كه‌ركوك : چ .شاره‌وانی كه‌ركوك.
حه‌سه‌نپوور ، ئه‌میر 2015 سه‌ده‌یێك خه‌بات له‌ پێناوی زمانی كوردیدا . سلێمانی : له‌ بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی ژین .
خه‌زنه‌دار ، ج وه‌ زه‌نگه‌نه‌ ، ع 2011 ئینسایكلۆپیدیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی . هه‌ولێر : له‌ بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری ڕۆژنامه‌نووس.
شریف ، عبدالستار طاهر 2007 الجمعیات و المن و الاحزاب الكوردیه‌ فی نصف القرن ، ط2 . السلیمانیة‌ :؟
عومه‌ر ، فاروق علی 2001 ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ عێراقدا ، و.تاریق كارێزی . هه‌ولێر : له‌ بڵاوكراوه‌كانی موكریانی.
دیوانی بێكه‌س ، كۆكردنه‌وه‌ی ئومێد ئاشنا . سننه‌ : انتشاراتی كوردستان.

—————————

• ژماره‌ یه‌كه‌مینی ڕۆژنامه‌ی ( ژیانه‌وه‌ )له‌ هه‌ژده‌ی ئابی 1924 له‌ سلێمانی ده‌رچووه‌ ، به‌م ناوه‌ تا 56 ژماره‌ به‌رده‌وام بوو كه‌ ده‌كاته‌ 14 \ 1 \ 1926 هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌و مێژووه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ ‌ ناوی بووه‌ ( ژیان ) هه‌تا 1\3 \ 1938 ، به‌م ناوه‌ ( 553 ) ژماره‌ ی لێ ده‌رچوو ( بڕوانه‌ عومه‌ر 2001 ، ل121-127 ) هه‌روه‌ها ئه‌مین (2002 ، ل321 ).




شیعر – دوایه‌مین په‌یڤی مانگ – موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

دوایه‌مین په‌یڤی مانگ

  • موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاله‌َبانی
  • بابه‌ت: شیعر به‌ )كوردی عه‌ره‌بی( –
  • تیراژ: ) 055 ( دانه‌
  • نرخ: ) 0555 ( دینار
  • چاپخانه‌ی شه‌هاب هه‌ولێر –
    9506 هه‌ولێر هه‌رێمی كوردستان. – / * ژماره‌ی سپاردن 956

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




پیاوانی خودا … ئارام جەلال

مێژووی ئەم رۆژهەڵاتە
شەڵاڵە لە خوێنی من
لە دەرگای کامە سەدەوە بێیتە ژوورەوە
خوێنی من لە دەروازەکانیدا دەبینیت
لەوەتەی ئیسلام هەیە
بە شمشێری ئەبا عوبەیدەو سەعد
سەری من دەپەڕێنرێت
ئیسلام ئایینی هەموتانە من نەبێت
ئەی نابینی سوڵتان سەلیم
وا دیسانەوە لە رۆژئاوای وڵاتەوە
بە هەمان شمشێری خەلیفە
کەوتۆتەوە دەستبڕینم
ئەوەتا قەعقاع
لە حیجازەوە گەیشتۆتەوە نەینەوا
قەعقاع خۆیەتی
بە هەمان ئاڵای مێژووەوە
بە هەمان ریش و
بە هەمان نەشیدەوە
دیسان سەر دەپەڕێنێت
بەڵام ئەمجار سەر هەر سەرە
چ پیاو بێ
چ ژن
چ مناڵ
کوبانی
تۆ برینێکی قەتماغە بەستووی دێرزەمانی
تۆ هەمان لاشەی کوژراوی میتانی
کە ئێستا خوێنی گەرم و تازەت لێدەچۆڕێت
دەورت گیراوە بە ئاڵای ڕەش
ئەو هێزە
هەمان هێزی ئەبا عوبەیدەی جەڕاحە و
ڕۆژانە شمشێری زیاتری لە خەلیفە دەوێت
کوبانی
ئاخر مێژوو دەبێت چەند جار تۆ بنوسێتەوە چەند جار؟
چەند جار و هەمووی وەک یەک
هەمووی هاوشێوە
ئەبا عوبەیدە، هەر هەمان ئەبا ئەبا عوبەیدەیەو
ئەو دەنگەی کە لەدەورت دێت
هەمان دەنگ و هەمان زمان و
هەمان رستەی سووری مێژووە
{إن الله اشترى من المؤمنين أنفسهم وأموالهم بأن لهم الجنة يقاتلون في سبيل الله فيقتلون ويقتلون}
بەڵێنی اللە یە و
لەوەتەی کورد هەیە
جەهەننەمی بۆ داخراوە لە پێناو بەهەشتی خەلیفەدا
کوبانی
ئەوەی لەتۆدا گۆڕاوە تەنها ژنەکانتە
ژنەکانت چیدی کەنیزەکی خەلیفەنین
چیدی غەنیمەی دەستکەوتوی
موجاهیدێکی برسی نین
ژنەکانت، قارەمانە ژنی مێژوون
ئەوەی لە ژنەکانتا خەلیفە دەستی دەکەوێت
لاشەیەکی خوێناوی ساردەوەبووی کوژراوە
ئەوەی دەستیان دەکەوێت سەرێکی بڕدراوە
ژنەکانت
ئەو ژنە بەشەرەفە یۆنانیانەی مێژوونین
کە لەتاو سوپای خەلیفە
لە دەستی چەکدارى برسی عوسمانی
لە شاخە بەرزەکانی کرێتاوە
خۆیان هەڵدەنە خوارەوە…
ژنەکانت لە سەنگەرا
دەست بە تفانگ لەناو شەڕا
تا دوا هەناسە
گوللە دەنێن بە دڵی چەکدارانی خواوە
کوبانی
ئەی شارە تەنیاکەم
دەبینیت چۆن بە بەرچاوی دونیاوە دەتکوژن
مافی مرۆڤ و ناتۆ و
هەموو هەموو دونیا
بە چەپکێ گوڵەوە وەستاون و
چەوەڕوانی مەرگی تۆدەکەن
دەبینیت دونیا چەند بێ ڕەوشتە چەند
ئاخر تۆ کێت هەیە
ئەی شاری بێ کەس
تۆ خواشت نییە خوا، پەنای بۆ بەریت
کێ دڵی دێت لەبەر تۆ
سوڵتان سەلیم لەخۆی بڕەنجێنێت کێ؟
قڕت دەکەن و هەموو دونیا بێدەنگە
قڕت دەکەن و ئەو شمشێرەی لەسەر گەردنتە
شمشێری نیوەی دونیایە و
شمشێری دەیا وڵاته بە دەست سەعدەوە
ئەوە شوێن خەنجەری
خواو خەلیفەیە بە لەشتەوە…




بۆ گەر لەگەڵت نەبـم.. بە دژ و دومنـم دەزانیت..؟! … رەزا شـوان

هـەر مـرۆڤـێک کە لەدایـک دەبێـت، بە رەمـەکی و زگماکی بە کـۆمەڵـێک خەسـەڵـەت و جیـاوازی تایبەتیـیەوە لە دایک دەبێت، کە هەنـدێ لەم خەسڵەتـانە بۆمـاوەیین. جـیوازی
لە جەسـتە و رووخـساردا، لە رەنگ و دەنگـدا، لە هـۆش و بیـر و زەیـن و زیـرەکـیدا.
جیاوازی و هـەمەڕەنگی، مایـەی خـێر و خۆشی و خۆشـەویستییە، هـۆیەکی داهـێنان و گەشەکردن و پێشکەوتنە. نەک مایەی ناخۆشی و شەڕ یەکترقبووڵنەکردن و دواکەوتن.
کەواتە جیاوازی لە نێوان مرۆڤدا دیاردەیەکی سروشتییە، جیاوازی لە بیرەڕا و باوەڕ و بۆچووندا. جیاوازی و فـرە را و بیـرۆکە و بۆچوون، پاڵنەر و هانـدەری مرۆڤـن بەرەو چارەسەرکـردنی گـرفـت و کێشەکـان.
هـەریەکە لە ئێمە، بیـر و بیـرۆکە و هـۆش و را و بۆچـوون و روانینی خۆمـان هەیە. هەرچەنـد رێکـیش بکەویـن، بـەڵام گـرانە کـە بتـوانین هـۆش و بیـرمان یەکـبخـەیـن.
گەر یەکێک بە پێچەوانـەی راو و بیرۆکە و بۆچـوونەکانی مـن بێت.. ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو کەسە رقی لێـمە و دژایەتـیم دەکات و ئیرەییـم پێدەبـات. یان بە پـێچـەوانـەوە. لەوانـەیە ئەو کەسە دەرگـایەیەک یا زیاتـرم لێبکـاتەوە، کە بە بیر و بە خەیـاڵی منـدا نەهـاتوون و پەیـم پێ نەبـردوون.. بـیر و بۆچـوونەکـانی زیـاتر سـوودم پێـببەخـشن.
وەکوو چۆن پەنجەکانی دەستمان وەکوو یەکنین، مرۆڤەکانیش لە بیر و بۆچـوون و رۆشنبیری و رەوشت و رەفتار و ئاستی ئەدەبی و زانست و زانیاری وەکوو یەکنین.
تەنانەت لە نێـوان رۆشنبیرەکـانیشدا جیاوازی هەیـە.. هەمان را و بۆچـوونیان نییە.
پێویستە دان بەم راستییەشـدا بنێـين، کە کەسـمان لە سکی دایکمانـدا فـێرنەبـووینە.
پێویستییەکـانی ژیـان ناچـارمان دەکـەن، کە لەگەڵ هەمـوو جـۆرە کەسێتـیـیەکـدا، بە شـێوازێکی دروسـت و دیپـلۆماسییانـەی سەرکەوتـوو، رەفـتاربکەیـن و بگـونجـێین. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە لە گەڵیانـدا رێکبکەوین و هاواڕابین لەگەڵیانـدا. هەندێ
جار هـاوڕادەبین و رێکـدەکەوین.. هەنـدێ جاریش رێكناکەوین و هـاوڕانابین و را و بۆچـوونەکـانمان لەیەکـەوە دوورن و دوو ئاراستەی جیاوازمان دەبێت.. بەڵام ئەوەی پێویستە کە هەردوو لامان پێبەندی بین، رێزگـرتن لە را و لە بۆچوونەکانی یەکتری و لە قبووڵکـردنی یەکتری و باوەڕبوون و دانـان بە رای جـیاوازدا.. کێ ناڵـێت کە را و بۆچوونەکـانی مـن راسـت و دروسـتن و ئەوانـەی ئێـوە هەڵـەن.. یا بە پێچـەوانەوە، دەشێ من هەڵەبـم و را و بۆچوونەکـانی ئێـوە راستبن و باوەڕیـان پێبکەم و هەڵکـانم راسـت بکەمەوە.. پێویستـیشە بە روویـەکی گـەش و خۆشـەوە، بە هـێمنی و شێـنەیی دیالۆگ و گفتوگۆبکەین و بە شێوازێکی ئـەدەبی رەخـنەبگـرین و بە زمـانی گـوڵ را و جیاوازییەکانمان دەربخەین. خۆ ئەگەر هـاوڕا و هاوبۆچوونیش نەبین و رێنەکەوتین و نەگەیشتین بە ئەنجامێک، پێویستە بە رووحێکی وەرزشییەوە دەست بخەینە ناودەست و رێـز لە را و بۆچـوونە جیاوازەکانمان بگرین و یەکتری قبووڵ بکەین.. پێویستە ئەم چەمک و لـۆژيکە بە کرداری جـێـبەجی بکەین.. ژیان زۆر لەوە گەورەترە، کە بە قین و مشتومڕ و شەر و ناخۆشی و ناتەبایی و دڵشکاندن و هەستبریندارکردن و لێکدابڕان و توانـج و پـلاری ناشیریـن بەسەربەرین.. پێـویسـتە هـەردەم بە دوای ئەو لۆژیـکـەدا بگەڕێین کە کۆمـان دەکـاتەوە.. نەک ئەوەی کە لێکـمان دەکـات.

(گانـدی) دەڵێت:”جیـاوازی لە بیـروڕادا، نابێت دوژمنایەتی لـێبکەوێتەوە.. گەر وابوایە مـن و ژنـەکـەم دەبـوویـن بە سەرسەخـترین دوژمـنی یەکـتری”
من ئـازادم.. موڵک و کۆیـلەی کەس نیـم.. ملکەچی هیچ ئایـدۆلـۆژیـایەکی حـیزبی نیـم، تا ناچاری بیر و باوەڕ و پرۆگرامێکی سنوورداربم.. مافی خۆمە کە بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گـۆزارشت لە را و لە بیرۆکە و لە بۆچوونەکـانی ناخـم بکەم.. بـڕیـاری پێویست و دروست بـدەم.. هەرکەسێکـیش بیەوێـت را و بۆچوونەکـانی خـۆی بەسـەرما بسـەپێـنـێت رەتـی دەکـەمـەوە.. بـەڵام لـە هـەمـان کاتـیشـدا سـنـووری ئـازادی کەسـیش نابەزێنـم.. را و بیـرۆکە و بۆچوونەکـانی خۆشـم بەسەر کەسـدا ناسـەپێـنم. رێـز لە رای جیـاواز و لـە رەخـنەی بەجێ دەگـرم.. سـوودیش لـە هـەر را و بیـرۆکە و بۆچـوونێکی جیاوازی کەسانی تر وەردەگـرم.. بە رەشیـش ناڵـێم سپیـیە و بە تاڵـیش ناڵـێم شـیـرینە.
بیـر و بـاوەڕ و بیـرۆکە و بۆچـوونیش دەقی نەگـۆڕ و پیـرۆزنین، تـا شایـەنی گـۆڕان و دەستکاری و رەخـنە نەبن.. راستییەکی هـاشاهەڵنەگـرە کە مـرۆڤ لە هەمـوو شتێکـدا کامـڵ و پێرفـێکـت نییە.. دیـارە کە هەموومان کەموکوڕیمـان هەیە و هەڵـەش دەکەین.
بۆ بە گـشتیکـردن و خـووپێـوەگـرتن بە پـرەنسیـپی یەکـتری قـبووڵکـردن و رێـزگـرتن لە را و بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز، پیویستیمان بە فێربوون و خوێندنی ئەدەبی جیاواز هەیە.. پێویستە ئەم بابەتە بخرێتـە پـرۆگـرامەکانی خوێنـدنی قوتابخانەکانی بنـەڕەتی و ئامـادەیی و زانکۆکـانەوە.. منـداڵەکـانمان، گەنجـە کـوڕ و کچەکـانمان، بە شــێوەیـەکی پەروەردەیی و کـرداری لەسەر ئەم پرەنسیـپە گرنگە رابهـێنین.. تا ببێت بـە خوویـەکی پەسەنـد و جـوانیـان.. چـونکە دەقگـرتن بەم پرەنسیـپەوە، رەنگـدانەوەیـەکی ئـەرێنـیی دەروونی و رەفتاریی لە ژیانی تاکەکانی ئەمـڕۆ و داهـاتوودا دەبێت. کۆمەڵگایەکی تەبا
و بەختەوەر، بەری پەروەردەکردنێکی دروست و ئاراستەکـردنێکی راستی تاکەکانیەتی. کە یەکـتری قـبووڵـدەکەن و بـڕوایـان بە فـرە را و بـۆچـوونی جیـاواز هـەیە.
بە داخەوە، لە ئەمڕۆدا کەسانێک بە هەر رێگـایەکەوە بێت، دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن و را و بیرۆکە و باوەڕ و بۆچوونەکـانی خۆیـان بەسەر کاسانی تـردا بسەپێـنن.. کـەچی گوێ بـۆ را و بۆچـوون و رەخنەکـانی کەسانی ترن ناگـرن و رەتیان دەکەنەوە.. ئەمـانە لەگەڵ ئەو لۆژیکەدان:”یا لەگەڵم بە.. یان دژم بە” بێگومان ئەمە چەمک و لۆژیکـێکی هەڵـەیە و زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە. چونکە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە، لە خۆبایی و تونـدڕە و دەمارگـیر و کەلـەڕەق و خۆپەرستن و کەس نەویسـتن، تەنها و تەنها را و بـاوەڕ و بۆچوونەکانی خۆیان بە راست دەزانن، بەرەگەی دیالـۆگ و گفتوگۆ و رەخـنە ناگرن.. را و بیـرۆکە و بۆچـوونە جیاوازەکانی کەسانی تر قـبووڵناکەن، گـەر بشزانن هەڵە و ناراستیشن، هەر سوورن لەسەر هەڵەکانیان. وەکوو ئەم چیرۆکە وایە:
“دوو کەس بە رێگـایەکـدا دەڕۆن.. لە دوورەوە شـتـێکی رەشـیان بینی.. کەسی یەکەم دەڵێت: ئەوە قەلـەڕەشـە.. کەسی دووەم دەڵێت: نەخێر ئەوە بزنێکی رەشە.. کە لە شتە رەشەکە نـزیک دەبنـەوە.. قەلـەڕەش بـوو.. بە بەرچـاویانەوە هـەڵـفڕی.. یەکـەم وتی: نەمـوت قەلـەڕەشە.. دووەم وتی: بشفـڕێـت هـەر بـزەنـە..”
بەڵی ئەمە کەلـەڕەقی و سـووربوونێکی کوێـرانەیە، لەسـەر رایـەکی ناڕاسـت و هـەڵە. ئەم کەسانە هـێندە لەخۆبایی و کەلەڕەقـن. رەنگە ئەفلاتـوون و سوکراتیش بە شاگردی
خۆیان نەزانـن.. گەر کەسانێکی تر بە رایـەکی جـیاواز و بە بەڵگەشەوە راستیـیەکانیان بۆ بسەلمێنـن، ئـەوان رەتی دەکەنەوە و هەر بڕواکـان و بڕیارەکـانی خۆیـان بە راســت دەزانن.. بەڵکوو ئەو را جیاواز و رەخنەگرانە دەخەنە لیستی ناحەزەکانیان و بە دەیـان وشەی ناشایستە دەخـەنە پاڵیان، وەکوو: رقـیان لێمانە، دژمـانن، ئیـرەییمـان پێـدەبـەن، هیچ لەبارن، نەخوێندەوارن، تێناگـەن، هیچـوپـووچن، چەنەبـازن، خۆدەرخەرن…هـتد.

بۆ برایانی بەڕێـزمان، بۆ رقـیان لێـتانە و بە دژ و دوژمنیان دەزانـن؟هـەر لەبەر ئەوەی کە ئەوان هاوڕا و هاوبۆچـوونتان نین و بیـر و ڕاو و بۆچوونی جیاوازی تریان هـەیە؟ بۆ ئـەو وشـە ناشیرینانە دەدەنە پاڵـیان؟ بۆ هەمیشە خۆتـان بە تـەواو و راسـت و زانـا دەزانن و ئەوان و کەسانێکی تر بە نەزان و ناتەواو و ناڕاست دەزانـن.. بۆ بە چاوێکی کەمتر لە کەسانی تر دەڕوانن..؟! شاعـیری سودانی محەمـەد میفتاح فەیتووری دەڵێت:
ئەی بــرام، رووی خــۆتــم لـێـوەرمـەگــێـڕە
نە مـن خـەڵــــوزم و نە تــوش زێــــــــڕیـت
هەر یــەک مانـــــگـە لەســـــــەر ئــــێمـە و
لەسـەر کـونـــج و دەواریـــش هـەڵــــــدێـت
بە تووشبووانی ئەم پەتـایە دەڵێین.. تا زووە چـارەسەری خۆتـان بکەن و بە خۆتـاندا بـچـنەوە. ئـەگـینا ئـەم نەخـۆشـیـیە تـووشـی گـەلـێ نەخـۆشـیی تـرتـان دەکـات وەکـوو:
نێرگزی، لەخۆبایی، رەشبینی، لە هەمووی کوشندەتر تووشی ئەنفلۆنزای خۆبەزل زان دەبـن.. ئەم نەخۆشـیەش کوشـندەیـە و سەرتـان دەخـوات.
ئەم پەتایە تووشی گەلێ لە دەسەڵاتداران و سەرکردەکانیش بووە.. یەکـێک لەوانەش ئەردۆگـانی سەرۆک کۆمـاری تورکیـای زیندانستانە.
هەر وەکوو، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی تورکی (یاڤوز ئاجار) دەڵێت:” ئەردۆگان کار بەم قسەیە دەکات.. یا لەگەڵم بە.. یا دژم بە.. گەر دژمیت.. تۆ شایەنی ژیان نیت”
بەڵی لە سایـەی ئەم سیاسـەتە نـالۆژیکـییەی ئەردۆگـان، تورکیا بووە بە زینـدانسـتان.
رژێمی تورکیـا هەمـوو میدیاکـان و هـۆکـانی راگەیانـدنەکـانی قورخکـردوون. میـدیا و راگەیـاندنی ئۆپـۆزسیـۆن لە تورکیادا قـەدەغـەن و بوونیـان نیـیە.. ئەوانـەی کە وتیـان ئەردۆگـان پێت خوار داناوە. لە بەندیخانەدا خۆیان بینییەوە و قـورسترین سـزادراون.
شـان تەکێنەکـان و تەشـیڕێسەکـان و بەرماوەخۆرەکـانی دیکتاتـۆری فسفس پاڵـەوانی گـۆڕبەگـۆڕیـش سەدام حوسـێن، دەیـانووت:” گـەر سـەدام وتـووبێـتی.. واتـە عـێراق وتـوویـەتی” وەکوو ئەوەی کە قسەکانی سەدام دەقێکی یاسایی پیرۆزبێت. کەس بۆی نەبـوو سەرپێچی بکات.. پێستی چەنـدین کەسـیان گەیـانـدە دەبخـانە، لەسـەر ئـەوەی وتیان وا نییە و فەرمـوودەکـەی سـەرۆک هـەڵـەیە.
بە داخـەوە، کە تا ئەمـڕۆش رەخـنە لەلای ئێمە لەژێـر تیغ دایـە.. رەخـنە و سەرنج و بۆچوونەکـانیش بۆ هەڵسەنگانـدنی و شرۆڤـەکـردن و شیکـردنەوەی هـەر بابـەتێـک،
رەخـنەی بابەتییانە نین و بە پێی پێوەرەکـان و بنەماکـانی رەخـنە نین. هـێشتا رەخـنە لای ئێمە نەبووە بە ئەکادیمی و پسـپۆری و پیـشـەیی.. ئەمە بابـەتێکی تـرە.
گەر رەخنەگەر را و بیر و بۆچوونێکی جیاوازی هەبێت و لایەنە نەرێنی و لاوازەکـانی هەر بابەتێک یا هەرکەس و لایەنێک دیاری بکات. گەر بە بەڵگەشەوە بیان سەلمێنێت، خـاوەن بابەتـەکە یا ئـەو کەس و لایـەنە، دەیخـەنە لیستی رەشـەوە و لە نێـو کەوانـەی دژ و ناحەزەکـانی خۆیـان دایـدەنێن.. بەوەش تـاوانبـاری دەکـەن کـە رقـی لێـیانە بـۆیە رەخنەی لێگرتوون. ئەمان دەیانەوێت بە شان و باڵیاندا هەڵبدات، نەشڵێت بەری چاوتان کـلی پێوەیە.. ستایشی خۆیـان و بابەتەکـانیان بکات و (سـەد لە سـەد) یان بۆ دابنینت.
لە راستیدا، رەخنەی بەجێ، نەک رەخنەی رووخـێنەر، هـۆی راسـتکـردنەوەی هـەڵە و خاڵە لاوازەکـانە.. ئاماژەدانیشە بە لایـەنە جـوان و ئەرێنییەکـان، کە دەبێـتە هـانـدەر بۆ باشتربـوون و بۆ پێشـکـەوتـن و بۆ داهـێنان.. نـووسـەر و رۆشنـبـیری راسـتی دان بە هـەڵـەکـانیـدا دەنێـت و سـوود لە رای جـیاواز و بۆچـوونەکـانی رەخـنەگـر وەردەگـرێت.
بەڵام ئەوانەی کە هەموو را و بۆچـوونێکی جـیاواز رەتـدەکەنەوە و دان بە هەڵەکانیاندا نانێن و بە هـیچ کلۆجـێک نووسینەکـانیان بە شایـەنی رەخـنەلێگـرتن نـازانـن، سـوورن لەسەر بیروڕای خۆیان، مەبەستیشمان بیروڕا و بۆچـوونە هەڵەکانیانن. ئەم کەسانە بە (دوگماتیکی: وشەیەکی یۆنانییە) ناودەبرێن. بە واتا هـۆش مەییو، یا ئەقـلیەتێکی رەقی وەک بـەرد.. کە نەرم بوونی نییە.. (کەسێـتی دوگـماتی) نکوڵی لە راستییەکـان دەکات. خـۆی بە راسـترین و زانـاتـرین و هـۆشمەنـدترین کەس دەزانێـت.. بـەو نالـۆژیکـەش کاردەکـات:”یـا لەگـەڵ بـە.. یـا دژم بـە” تەنـات بـوار بـە مـیانـڕەویـش نـادات.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە لەم نووسینەمـدا، مەبەسـتم لە کەسان و لایـەنێکی دیاریکـراو نییە.. پێویستە دانیـش بـەم راستیـیەدا بنێین، کـە هەموومـان هەڵـەدەکەین. گرنگ ئەوەیە هەست بە هەڵەکانمان بکەین.. سوورنەبین لەسەر هەڵەکانمان.. هەوڵی راستکردنەوەیان بدەین و دووبـارەیـن نەکەینەوە.. لۆژیکی” یا لەگەڵم بە.. یا دژم بە” رەتبکەینەوە.. وا نەزانیـن ئەوانـەی هـاواڕا و هـاوبۆچـوونمـان نیـن.. دژ و دومنمـانن.
ئەوەش بزانین کە توندڕەوی و دەمارگیری و کەلەڕەقی، هـاوسەنگی مـرۆڤ تێکدەدەن.
هـاوڕێ و خۆشەویست و دۆستانمان لێ دوور دەخـەنەوە، ئەم خەسڵەتانە ناپەسەندن و ناشیرینمان دەکەن و پایە و رێزی کەسایەتیمان دێننە خوارەوە. با بە سینگێکی فـراوان و بە دڵـێکی پـاک و گەورەوە رەخـنە بگـریـن و وەربگـریـن، دوور لە توانج و هـەسـت بریندارکردنی یەکـتری. با رێـز لـە را و لە بیـر و بیـرۆکە و لە بۆچـوونـە جیـاوازەکـانی یەکـتری و کەسانی تـر بگـرین. با یەکتری قـبوول بکەین و رێـز بۆ یەکتری دابنێین.. با هاوڕێتی و دۆسـتایەتی و پەیوەندییەکانی نێوانمان بە خۆشەویستی و دڵسۆزی ئاوبدەین و شـیرینتریـان بکەیـن.. با لە زمـانی زبـر دووربکـەوینەوە و هەمـیشە بە زمـانی گـوڵ بـدوێین.. هەموو ئەمـانە نهـێنی و کـلیلی هـاوسەنگی و سەرکەوتنـمانـن لە ژیـانمانـدا.
رەزا شوان
نەرویـج: ١١/٨/٢٠١٩)




ناوی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی فیستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئیسفەهان راگه‌یه‌ندرا

مەنووچێهر جیهانی ـ ناوه‌کانی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی وه‌رگیراو له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ناوه‌کانی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی وه‌رگیراو له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، پێکهاتوو له‌ “جه‌واد حاته‌می” ، “حوسێن شێخولئیسلامی” ، “نادره‌ تورکه‌مانی” ، “سوهه‌یل موه‌فه‌ق” و “حامید جه‌عفه‌ری”، به‌ رێژه‌ی 10 کورته‌ فیلمی چیرۆکییان هه‌ڵبژارد که‌ ناوه‌کانی ئه‌وانه‌ به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی:
1 ـ “کوڕی ده‌ریا” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “عه‌باس جه‌لالی یه‌کتا” به‌رهه‌می ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای به‌ڵگه‌یی و ئه‌زموونی.
2 ـ “سورخابی” له‌ ده‌رهێنانی “مورته‌زا ئاسمانی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “مه‌جید عه‌باسی”.
3 ـ “هه‌ڵووچه‌ وه‌حشییه‌کان” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “فه‌رید هاشم‌زاده‌” به‌رهه‌مهێنراو له‌ رایه‌ڵه‌ی که‌ناڵی پارێزگای فارس.
4 ـ “زه‌نگی کۆتایی” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “حه‌یده‌رعه‌لی ره‌حمانی قه‌هدریجانی” به‌رهه‌می ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی نه‌جه‌ف‌ئاباد.
5 ـ “سیفر که‌لوین” له‌ ده‌رهێنانی “سوبحان واقعی” و “عه‌لی فه‌یزی‌پوور” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “مه‌هدی سالم” به‌رهه‌می رایه‌ڵه‌ی که‌ناڵی ئومێد.
6 ـ “بێز کردن” له‌ ده‌رهێنانی “میلاد محه‌مه‌دی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می گروپی هونه‌ریی کات.
7 ـ “چیرۆکی داهاتوو” له‌ ده‌رهێنانی “مه‌یسه‌م مه‌لکی پوور” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “محه‌مه‌دحوسێن بزورگی‌راد” به‌رهه‌مهێنراو له‌ دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی عه‌مار.
8 ـ “بێ سیم” له‌ ده‌رهێنانی “محه‌مه‌دحوسێن ئه‌مانی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می ناجی هونه‌ر و باشگای فیلمی سووره‌.
9 ـ “بۆ ئه‌میر” له‌ ده‌رهێنانی “جه‌واد حوکمی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “محه‌مه‌دڕه‌زا خیره‌دمه‌ندان”.
10 ـ “هاوکلاسی” له‌ ده‌رهێنانی “موجته‌با حه‌یده‌ری” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می گروپی هونه‌ریی کات.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ پێکهاتوو له‌ “جه‌ماڵ ئومید”، “محه‌مه‌د حه‌میدی موقه‌ده‌م”، دوکتۆر “رائید فه‌ریدزاده”، “فه‌رزاد ئه‌ژده‌ری” و “حامید سوله‌یمان‌زاده‌”، به‌ رێژه‌ی 9 به‌رهه‌می کورته‌فیلمی چیرۆکییان له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵبژاردووه‌ که‌ ناوه‌کانی ئه‌وانه‌ش به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

کورته‌ فیلمه چیرۆکییه‌‌کانی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی:
1 ـ “زه‌لکاو” Bog Hole له‌ ده‌رهێنانی “تارفین ئایۆرسن” له‌ وڵاتی نه‌رویژ.
2 ـ “چه‌رخ چه‌رخ” Cycle-Cycle له‌ ده‌رهێنانی “یونیچی کانایی” له‌ وڵاتی ژاپۆن.
3 ـ “ئه‌وینی سینه‌ما” In Love With Cinema له‌ ده‌رهێنانی “عسگه‌ر نۆراکان” له‌ وڵاتی قێرقیزستان.
4 ـ “نۆ هه‌نگاو” Nine Steps له‌ ده‌رهێنانی “موسێس رۆمێرا” له‌ ئیسپانیا.
5 ـ “لێره‌ی” You’re Here له‌ ده‌رهێنانی “میخائیل پیلیسکۆ” له‌ وڵاتی رووسیا.
6 ـ “ته‌پوتۆز” The Dust له‌ ده‌رهێنانی “دیل ریدیۆز” له‌ کۆماری لێتۆنی.
7 ـ “رۆناڵدۆ” Ronaldo له‌ ده‌رهێنانی “ریسیپ بێزگۆز” له‌ وڵاتی تورکیا.
8 ـ “که‌وشی بزماری” Cleats له‌ ده‌رهێنانی “عه‌بدوڵڵا شاهین” له‌ وڵاتی تورکیا.
9 ـ “مایا” Maja له‌ ده‌رهێنانی “ماریانا یانکۆویچ” له‌ وڵاتی دانیمارک.

سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” له‌ به‌شه‌کانی فیلمی درێژی چیرۆکی، کورته‌ فیلمه‌کانی چیرۆکی، وێب سێری، فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژ و کورته‌ فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن لە رۆژانی 28ی گه‌لاوێژ تا 4ی خه‌رمانانی 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 19 تا 26ی ئۆگۆستی 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی “نه‌ته‌وه‌یی” و “نێونه‌ته‌وه‌یی”دا لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.




بۆچی وەداد حسین تان تیرۆرکرد ؟ … شوانە حەسەن ئەبوبەکر

دوای ئەو زنجیرە تیرۆرەی لە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان دەکرێتەوە لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکیەتی و پارتی،بەداخەوە دواتر هەرچۆنێک بێت کەیسەکانیان لەلایەن دادگاکانەوە وندەبێت، بۆیە دەبێت بگەینە ئەو بڕوایەی کە پشت بەستن بە یاسا بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکان، ھەڵەیەکی گەورەیە.
بەیاننامەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان و، دروستکردنی لیژنەی دەسەڵات، چاوەڕوانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکرێت.

لە ئەزموونمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ئازادی کوژ و کورد کوژو ڕۆژنامەنووس کوژە تێیگەیاندین لیژنەکان و بەیاننامەکان و ئیدانەکردنەکان، نەیتوانی ھیچ یەک لەو تاوانانە ئاشکرابکات کە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادییەکانی تاکی کورد کراوە.

کوشتنی ڕۆژنامەنووسان زنجیرەیەک کوشتنە لە شوێنێکدا دەست پێدەکات و کۆتاییەکەی دیار نیە. ئەم زنجیرە کوشتنە بەو شێوە چەتەییەی دەسەڵات، بڕوایەکە لەناو بیرکردنەوەی دەسەڵاتدا هەیە بێگومان ئەوانەی ئەم کارانەیان لێدەوەشێتەوە، بریتین لەو ھەرچی و پەرچیانەی، ھیچ خەونێکی گەورە، ھیچ فەرھەنگێک و کلتورێکیان نیە. لە بێ فەرھەنگی و بێ کلتوریدا دەبنە پاسەوانی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکان. ھەمیشە ئەم”ھەرچی و پەرچی”یانە دینەمۆیەکی بەھێزن بۆ برەودان بە سیستەمە سەرکوتکەرەکان. ئەوانە بەشێکی ناو کۆمەڵگەن و لە ئاستی خوارەوەن و شتێکیان نیە لەدەستی بدەن. لە بێ فەرھەنگیدا تەواوی ئەو کارە نامرۆڤانانە دەکەن پێیان دەسپێدرێت و دەبنە دەردێکی کوشندە بۆ کۆمەڵگە و، پارێزەری سیستەمە بیمارەکان.
تیرۆرکردنی (وەداد) بەو شێوە دڕندانەیە، ھەرگیز بە دەستی کەسانێک نەکراوە خاوەن فەرھەنگ و کلتوربن. بەدەستی ئەو “ھەرچی و پەرچی”یانە کراوە کە بێ فەرھەنگن و، پارێزەری سیستەمێکی بیمارن. تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسێک بەو جۆرە ، لەلایەن کەسی ئاساییەوە ئەنجام نادرێت، لەلایەن ھەرچی و پەرچییەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە سەر بەدەسەڵاتن.

ئێمە ناڵێن وەک ساڵانی ڕابردوو دیسان ئەمساڵیش با لیژنەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم کەیسە دابنرێت، چونکە بروامان بەو پەندە روسییەکە دەڵێت: “ھەرکارێک ویستت سەرنەگرێت، لیژنەی بۆ دابنێ.” لیژنەکان چاوەروانی یەلاکیکردنەوەی کەیسەکانیان لێناکرێت و، کەیسەکان وندەکەن. بەیاننمانەی فراکسیۆنەکانیش تەنھا وەک ھەڵوێستێک وەردەگرین. دادگاکانیش جێگای بڕوا نین و، ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. کەوایە کێ ھەقی تیرۆرکردنی شێوە دڕندانەکەی ئەو رۆژنامەنووسە یەکلایی دەکاتەوە.

لە ئێستادا پێویستە ڕوو لە (پەکەکە) بکەین و بپرسین: ئایا ئەو رۆژنامەنووسە کە سەر بە دەزگاکانی ئەوان بووە، وەلائیشی بۆ ئەوان بووە، تیرۆرکردنی بەو جۆرە جێگای بێدەنگییە دوای تێپەڕینی چەن ساڵ دەبێت ئەو ھێزە بەھەر شێوەیەک بووە ھەقی ئەو رۆژنامەنووسە وەربگرێتەوە. بکوژەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، کە بریتین لە کۆمەڵێک ھەرچی و پەرچی و، شێوازی کوشتنەکەی ھەرچی و پەرچی بوونیان دەردەخات، شایەنی ئەوەن لەسەر کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لەم کۆمەڵگەیە دوربخرێنەوە و رێگایان پێنەدرێت، لەوەزیاتر ژینگەی ئەم کۆمەڵگە لەبەر خاتری پاراستنی دەسەڵاتێکی بیمار پیس بکەن.

پەکەکە ئەگەر چیتر بێدەنگ بێت، سبەی ھەمان ئەو گەنج و ڕۆژنامەنوسانەی لەو سنوورە بروایان بە ئازادی ھەیە و، وەلائیان بۆ دەسەڵات نیە، تووشی ھەمان دۆخ دەبنەوە. بروای تەواوم بەوە ھەیە، پێویستە پەکەکە بە شێوەیەکی ڕژد ھەقی (وەداد) بسەنێتەوە و چاوەرێی کەمپین و بەیاننامە و دادگا نەکات چونکە چەن ساڵە وەک ئێمە ئاگادارین ئەو کەیسە بەلاڕێدادەبرێت بەو پاساوە. ئیدی ئەو شتانە لەم ھەرێمە مانایان نەماوە. ناشکرێت پەکەکە وەک ھێزە ترسنۆکەکانی باشور چیتر بێدەنگ بێت و ھەروا رووداوێکی خەمھاوەر بەسەریدا تێبپەڕێت. ئەوانەی (وەداد)یان بەو شێوازە دڕندەیە تیرۆرکرد، شایەنی ئەوەن ژیانیان لێ بسەنرێتەوە.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر




هـۆنراوە بۆ منـداڵان.. کـەو.. رەزا شـوان

كــەو

مـن کـــــەوم پــــەڕ نەخـشـــیـنـم
جــوان و رووخـســار شــیـریـنـم
شـــــامـەلی کوردســــــــــــــتـانـم
ژیـنــــگـەمـە و نـیـشــــــــتـمـانـم
هـۆگــــری کــــەژ و کـــــــێـوانـم
کــــانـی و دۆڵــــی کـوێـســـتـانـم
دەنــــــگـم زوڵاڵ و خـۆشـــــــــە
زۆر کـەس بـۆی بـە پـەرۆشــــە
قـاســپـە قـاســپـم بـەیــانـیـــــــان
لەگـــەڵ بـلــــوێـری شـوانـــــــان
ئـاوازێـــــــــــکـە بـێـــــــــــوێـنـە
زۆر خـــۆش و خـەمــــــڕەوێـنـە
راوکـــــــــەر وازم لـێــبــــــــێـنـە
سـاچـمـە و قـەفـەز بـشـــــکـێـنـە
بـا بـــــــژیــم بـە ئــــــــــــــازادی
بـە دڵـخـــۆشـی و بـە شــــــــادی
نەرویـــج: ٢٠١٩




پرسی کورد لەنێوان تێکۆشان بۆ مانەوە و هێزدا … سۆران ئازاد

هەتاوەکو ئێستا، کێشەی کوردبوون وابەستەبووە و وابەستەیە بە پرسی خاوەنداریەتی بەسەر خاکدا. ئەو خاوەنداریەتییە لە لایەک بۆ زامنکردنی مانەوەی گوتاری کوردبوون و نەتەوەییە، لە لایەکی ترەوە خۆ چەسپاندنە بە یەکێتیی شوناسی کوردبوون. خاک لە دیدی ئێمەدا شوناسێکی نەگۆڕی هەیە؛ شاخەکان هیی کوردن و هاوڕێی کوردن، دەشت و دۆڵەکان بیرەوەری باو و باپیرانمانن، وەک ئەوەی نەبینین، کە زلهێزترین وڵاتی جیهان (ئەمەریکا) لەسەر خاکی باو و باپیرانی خۆیان نەبوونەتە زلهێز. هەوڵەکان لە چوارچێوەی کوردبوون تاوەکو ئێستا بۆ مانەوە سەرکەوتوو بوون، ئەویش بە تەنیا لە دوای ڕوباری خوێن، ژەهراویبوونی ئاسمان، زیندەبەچاڵکردن، شکۆ شکان و لەناوچوونی شکۆی سەربەستی. …..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن …..




پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)… ململانێ، یان ئاوێزان؟ … کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

بۆ تەوەرەی (من و ئەوەی تر)ی (بڕوا عەلائەدین) نووسراوە.
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

پرسیاری (من) و (ئه‌وه‌ی تر)لەسەر پرۆبلەماتیکێکی گەورە دامەزراوە. هەر ئەو پرۆبلەماتیکەیش بەردەوامیی پێ دەدات‌ و ناهێڵێت فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. ئایا خودی (من)‌ قه‌باره‌یه‌کی یه‌کگرتووه‌؟ ئایا پڕ نییه‌ له‌ هه‌ستی دژبه‌یه‌ک؟ ئایا ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌مدان، هیچ ڕه‌گێکیان له‌ناومدا نییه‌؟ ئایا (من) به‌ ته‌واوی ده‌که‌ومه‌ ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه‌؟ ئایا (من) منم و (ئەو)یش ئەوە؟
هه‌ر هێنده‌ خۆمان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه‌دا بینییه‌وه، کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌م شێوه‌یه‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌‌. ساوا هه‌م وه‌ک دۆستی میهره‌بان و هه‌م وه‌ک ناحه‌زیش دایک ده‌بینێت.
میهره‌بانه‌، کاتێ توند له‌ باوه‌شی ده‌گرێت و مه‌مکی ده‌خاته‌ ده‌م، به‌ڵام ناحه‌زه،‌ هه‌ر هێنده‌ مه‌مکی له‌ ده‌م ده‌رهێنا، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ (ئه‌وه‌ی تر)ی لا ده‌بێته‌ پرسیار. منداڵ کاتێ چ به‌ر گیاندار و چ بێگیان ده‌که‌وێت، تووشی حاڵه‌تی سه‌رسووڕمان دێت، به‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان خۆی و ئه‌واندا ده‌بینێت، به‌ڵام کاتێ ده‌گاته‌ به‌ر ئاوێنه‌، هه‌م ده‌ترسێت و هه‌م ئاسووده‌یش ده‌بێت، مادام له‌ لایه‌ک خودێک ده‌دۆزێته‌وه‌ خۆیه‌تی، له‌ لایه‌کی تر ئه‌و خوده‌‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، که‌ مانای وایه‌ خۆی نییه‌، وه‌ک بڵێی ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی هه‌ستی غوربه‌تی بێت.به‌م شێوه‌یه‌ خودی مرۆڤ له‌ منداڵییه‌وه‌، هه‌ر له‌ناو خێزاندا به‌ر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ ده‌که‌وێت و ئه‌و هۆشیارییه‌ی لا دروست ده‌بێت، که‌ ته‌نیا نییه‌، به‌ڵکوو له‌و شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌وه‌ی تر)، چ له‌ شێوه‌ی تاک و چ له‌ شێوه‌ی کۆدا، هاوبه‌شه‌.

جارێک وه‌ک لایه‌نی چاکه‌ و جارێک وه‌ک لایه‌نی شه‌ڕ ئه‌و‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، یان ئه‌و (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌ ده‌بینێت، که‌ وه‌ک گوترا ئه‌مه‌ هاوکات ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م هه‌ستی غوربه‌ته‌. ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین هۆشیاری له‌ ڕێگه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ویشه‌ ده‌یخاته‌ ناو ململانێوه‌.
ساوا کاتێ دایکی مه‌مکه‌که‌ی لێ ده‌کێشێته‌وه‌، هه‌ر خێراله‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌یدا ده‌که‌وێته‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ده‌یه‌وێت به‌رگریبکات، ئینجا چ به‌ گریان بێت و چ به‌ ڕاوه‌شاندنی ده‌ست و قاچه‌کانی، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ستێکی دووفاقییانه‌ی لا ده‌هێنێته‌ دی، به‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ که‌سێکدا چووه‌ته‌ ململانێوه‌،‌ له‌ لایه‌ک دۆسته‌ و له‌ لایه‌ک دوژمن! ئه‌و هه‌سته‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خێزانیش ده‌گوازرێته‌وه‌، بگره‌ له‌وێدا هه‌م گه‌وره‌تر ده‌بێت و هه‌م پێوه‌ندییشی به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ ده‌چێته‌ دۆخێکی دژوارتره‌وه‌.

له‌ (گێنه‌سیس)دا نووسراوه‌ خودا له‌سه‌ر شێوازی خۆی مرۆڤی ئه‌فراندووه‌، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ مرۆڤ له‌ خودادا خودێکی دروست کردووه‌، هه‌م خۆیه‌تی و هه‌م خۆیشی نییه، به‌ جۆرێک‌ پرۆسێسی ئه‌فراندنه‌که‌یشی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌. لێره‌دا نه‌ک ترس و دڵه‌ڕاوکێ، بگره‌ غوربه‌ته‌که‌یشی ده‌چێته‌ دۆخێکی باڵاتره‌وه‌، به‌وه‌ی مرۆڤ هه‌رگیز وێنه‌یه‌کی ته‌واو و ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بۆ نادۆزرێته‌وه‌، تاکوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌دا خوداوه‌ندیش وێنه‌ بکێشێت. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر وێنه‌یه‌ک ناڕۆشن و ناته‌واوه‌، که‌ مرۆڤ کێشاویه‌تی، مادام خودی خۆی کردووه‌ته‌ پێوه‌ر، له‌ کاتێکدا که‌مترین شاره‌زایی و زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. ئەمە داینەمۆی بەردەوامیی پرسیار و گومانە.

به‌وه‌دا ئه‌و خوده‌ جێگیر نییه‌ و له‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وامدایه‌، ئه‌وا هیچ وێنه‌یه‌کی (ئه‌وه‌ی تر)ی له‌ لا وه‌ک خۆی نامێنێته‌وه‌، به‌ڵکوو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تره‌)‌وه‌له‌ دۆخێکی چه‌سپاودا قه‌تیس نابێت.
فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی که‌موزۆر خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ داوه‌، بۆ نموونه‌ لای (ئه‌ریستۆ)دا به‌رچاو ده‌که‌وێت، که‌ پێی وایه‌ (من) و (ئه‌و)سه‌رجه‌م گه‌ردوون له‌ شێوه‌ی خودی خۆماندا ده‌بینین. به‌ مانایه‌کی تر (من) پێم وایه‌ هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ خودمدا هاوڕێک و هاوواتایه‌، به‌ڵام کاتێ (ئه‌وه‌ی تر)یش وای ده‌بینێت، لێره‌وه‌ دژایه‌تی دێته‌ کایه‌وه‌. به‌کورتی لای (ئه‌ریستۆ) هه‌ر شتێک بگریت له‌ به‌رانبه‌ر دژه‌که‌یدایه‌، چاک/ خراپ، گه‌رم/ سارد، ڕه‌ق/ نه‌رم،… هتد، به‌ڵام ئه‌و به‌وه‌دا پێ له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مکی ڕه‌وشت و چاکه‌(Ethics and Virtues) داده‌گرێت، ئه‌وا بانگه‌شه‌ بۆ هاوڕێیه‌تی، یان‌ پێکه‌وه‌گونجانی دژه‌کان ده‌کات.هه‌مان چه‌مکی دژایه‌تی پێشتر لای (هیراکلیتس)دا جێگه‌ی بایه‌خه‌، بەوەی پێی وایە گەردوون لەسەر ناکۆکیی دژەکان (Conflict of Opposites)دا وەستاوە، کە بە یەکگرتن و هاوئاهەنگیی ئەوانە کۆتاییی دێت.

ئەو گەردوونەیش خولی سروشتیی خۆی هەیە و دوو هێز هەڵیدەسووڕێنن، خۆشەویستی و خەبات، کە هەموو شتەکان لە ئەنجامی ئەو دژایەتییەوە دێنە کایەوە، بۆ ئەوەی دوایی یەک بگرن.ده‌کرێت بگوترێت پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ وه‌ک پرسیاری ئۆنتۆلۆجی به‌رده‌وام له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیدا خۆی ده‌ر خستووه‌، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار لای (دێکارت)دا به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بێته‌ کێشه‌یه‌کی ئیپستمۆلۆجی. ئه‌و فیلۆسۆفه‌ له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ یه‌قینی ئه‌قڵیی ڕووندا، هه‌موو شتێکی ده‌ره‌وه‌ی خود، چ ماتریاڵی و چ مۆراڵی، به‌ لاوه‌ ده‌نێت و پشت به‌ گومان ده‌به‌ستێت، هاوکات پێ له‌سه‌ر زانینی ڕوون و بێگه‌ردیش داده‌گرێت، که‌ مه‌به‌ستی له‌و زانینه‌یه‌ له‌ لایه‌ک به‌ ته‌واوی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌قڵه‌دا دیار و ئاماده‌یه، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ هه‌ر زانینێکی تر جیاوازه‌‌.

به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دیدی ئه‌ودا بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگ نییه‌، تاکوو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی بناسێت. ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌ر شتێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خودی منه‌وه‌، پێوه‌ندیی پێمه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ ناتوانم به‌و شێوه‌یه‌ بیناسم، که‌ خۆم ده‌ناسم. ئه‌مه‌ له‌ کۆجیتۆی (من بیر ده‌که‌مه‌وه‌، که‌واته‌ هه‌م)دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌قڵ لای ئه‌و ده‌بێته‌ سێنتراڵ، که‌ دواتر ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ی لێ ده‌گیرێت، به‌تایبه‌تی له‌ به‌رهه‌مه‌کانی (نیتشه‌)دا. ئه‌گه‌ر (نیتشه‌) به‌گشتی ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ڕاشناڵیتی ده‌گرێت، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی تایبه‌تی ئه‌و له‌ (دێکارت)دا له‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، که‌ ڕۆح و ماتریاڵ له‌ یه‌کدی جوودا ده‌کاته‌وه و خۆی به‌ یه‌قینه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، که‌ دواتر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی (نیتشه‌) له‌ (دێکارت) به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ده‌گاته‌ ئه‌و فیلۆسۆفانه‌ی تریش، که‌ به‌ ڕه‌خنه‌گری پۆسمۆدێرنیته‌ ناسراون له‌وانه‌ (فۆکۆ)، کاتێ له‌ پێوه‌ندیی ئه‌قڵ و نائه‌قڵ ده‌کۆڵێته‌وه‌‌. وه‌ک گوتمان (دێکارت) پێ له‌سه‌ر ڕوونی داده‌گرێت، له‌ کاتێکدا ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، هه‌رچییه‌ک بێت، ئاڵۆزه‌ و ناگاته‌ ئاستی یه‌قین.

به‌ مانایه‌کی تر لای (من) وه‌ک وه‌هم وایه‌، به‌وه‌ی ناخرێته‌ ژێر گومانه‌وه‌. ده‌کرێت بڵێین بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد، ئه‌و (من)ـه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ر خۆی ده‌که‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێک بکه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆیش له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌زانێت، له‌ (دێکارت)ـه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر (ئیدمۆند هوسێرل) گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت. ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ی لای (دێکارت)دا ته‌نیا تارماییه‌،لای ئه‌مدا بۆ بوونه‌وه‌رێک ده‌گۆڕێت، خاوه‌نی هۆشیاری و جه‌سته‌یه‌.
واته‌ به‌ بڕوای (هوسێرل)‌ خود له‌پێناوی پێکهێنانی دنیا به‌ شێوه‌ی بابه‌تیدا، پێویستی به‌ (ئه‌وه‌ی تر) هه‌یه‌. پێی وایه‌ ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ خودێکه‌ له‌ (من) ده‌چێت، با له‌ ڕووی خه‌سڵه‌تیشه‌وه‌ جیاواز بێت، به‌ڵام هێنده‌ هه‌یه‌ (من) به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌ست به‌ خۆی و به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆیش هه‌ست به‌و ده‌کات، دروستتر به‌ شێوه‌ی حه‌دس (ئینتیوه‌یشن: Intuition) ئه‌و (من)ـه‌ به‌ری ده‌که‌وێت. که‌واته‌ نه‌ بابه‌ته‌ و نه‌ خودێکی سه‌ربه‌خۆیشه‌، به‌ڵکوو خودێکی هاوشێوه‌ی (من)ـه‌.
ئه‌و بیرۆکه‌یه‌، بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد‌ ده‌گاته‌ (سارته‌ر)یش و ده‌چێته‌ ئاستی تره‌وه‌. که‌واته‌‌ (دێکارت) هۆشیاریی خود له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ شتی بنه‌ڕه‌تی ده‌زانێت له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی دواتر لای (هیگڵ)دا گۆڕانی ڕیشه‌ییی به‌سه‌ردا دێت، به‌وه‌ی پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر بوونی (ئه‌وه‌ی تر) نه‌بێت، خود هیچ زانینێکی له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ست ناکه‌وێت، مادام ئه‌و خوده‌ به‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی تره‌وه‌ ددانی پێدا بنرێت. به‌وه‌دا له‌ هه‌ر شتێکدا دژه‌که‌ی ده‌بینێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ مه‌رجی بوون و به‌رده‌وامیی ئه‌و بوونه‌ ده‌زانێت، ئه‌وا پێی وایه‌ (من) ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی دژه‌که‌یه‌وه‌، که‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌؛ دێته‌ دی.
که‌واته‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و (من)ـه‌ له‌و گۆشه‌گیرییه‌ ئۆنتۆڵۆجییه‌ ڕزگار بکات و بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ پێی وایه‌ بوونی (ئاره‌زووی دداپێدانان) نه‌ک هه‌ر خود دروست ده‌کات، به‌ڵکوو وزه‌یشی پێ ده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی ده‌یخاته‌ ململانێوه‌، ململانێ له‌گه‌ڵ خوده‌کانی تردا. لێره‌یشه‌وه‌ دیالێکتیکی سه‌ردار و کۆیله‌ (Master–slave dialectic) لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا له‌ دایک ده‌بێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕوونی جیاوازیی نێوان ئه‌م و (دێکارت) پێشان ده‌دات، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و، واته‌ (دێکارت) بوونی (ئه‌وه‌ی تر)ی ده‌دایه‌ دواوه‌، ئه‌وا لای ئه‌مدا (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود پێویسته‌، مادامده‌بێته‌ هۆی په‌یدابوونی زانینی ئه‌و خوده‌ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌. پێی وایه‌ بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگه‌، چونکه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، واته‌ له‌ ڕێی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ خود هه‌ست به‌ خۆی ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر خود له‌ ڕێی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنێت.

لێره‌یشدا ئه‌و جیاوازییه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌رکه‌وتنی ململانێ.ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێت‌ خودناسین ته‌نیا له‌ ڕێی غوربه‌ته‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، غوربه‌ت له‌ سروشتدا، به‌وه‌ی خود له‌ (من) داده‌بڕێت، تاکوو بۆی ببێته‌ (ئه‌وه‌ی تر). به‌م شێوه‌یه غوربه‌ت مانای‌ دابڕانی (به‌ش)ـه‌ له‌ (گشت)، که‌ له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ئه‌قڵی ڕه‌ها، یاخود ڕۆح مرۆڤ و سروشتی پێکه‌وه‌ ئه‌فراندووه‌.ئینجا هه‌ر کاتێ ئه‌و مرۆڤه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سروشته‌وه‌، دابڕانی خود و بابه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ڕووی هۆشیارییه‌وه‌ هه‌ست به‌ غوربه‌ت ده‌کات.
ده‌کرێت بگوترێت ڕۆح داهێنه‌ری دنیایه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی خۆی لێ زه‌وت کراوه‌ و دوور خراوه‌ته‌وه‌، بگره‌ هه‌موو دیارده‌کانی سروشت (Natural phenomena) و هیی کۆمه‌ڵگه‌، که‌ به‌شێکن له‌ خودی خۆی، ئێستا بۆی بوونه‌ته‌ (ئه‌وه‌ی تر). ئه‌مه به‌‌ کرۆکی غوربه‌ت داده‌نێت‌.
(هایدیگه‌ر) پێی وایه‌ ئه‌و خوده‌ خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات، کاتێ له‌گه‌ڵ (ئه‌و‌انه‌ی تر)دا خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش په‌یدا ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ جیاوازییه‌کانی ون ده‌بن و ئه‌وانه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، که‌ به‌وانی ده‌به‌ستنه‌وه‌. له‌مه‌وه‌ ئه‌و خوده‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر کۆنترۆڵی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو یاسا نووسراو و نه‌نوو‌سراوه‌کان له‌ شێوه‌ی دابونه‌ریتدا ڕۆڵ له‌ سه‌رکوتکردنی ئه‌و خوده‌دا ده‌یبینن و به‌ره‌و ناو خوده‌کانی تری ده‌به‌ن. که‌واته‌ بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر (من)، به‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی ده‌کوژێت و له‌ دنیایه‌کدا وێڵی ده‌کات، که‌ هه‌مان خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌وی هه‌یه‌، وه‌ک بڵێی جمک بن. واته‌ ده‌یخاته‌ ناو دنیای شته‌کانه‌وه، که‌ ناوی ده‌نێت (به‌شتبوون: Reification)‌.

ئه‌و پێوه‌ندییه‌ لای (سارته‌ر)دا ده‌چێته‌ ئاستێکی ترسناکه‌وه‌، کاتێ (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شانۆی (لەپشت ده‌رگه‌ داخراوه‌کان)دا به‌ دۆزه‌خ پێناسه‌ ده‌کات و پێی وایه‌ (من) به‌ لاوه‌ ده‌نێت، ده‌یه‌وێت بیکاته‌ بابه‌ت، ئازادیی لێ بستێنێته‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ویستیدا بگرێت‌، که‌ ئه‌مه‌ مانای وایه‌ مه‌رجی بوونی هه‌ر (خود)ێک سڕینه‌وه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه. به‌کورتی پێوه‌ندیی نێوان (من) و (ئه‌وه‌ی تر) پێوه‌ندیی نێوان (خود) و (بابه‌ت)ـه‌.
هه‌ر یه‌که‌ی سنوور بۆ ئازادیی ئه‌وه‌ی دیکه‌یان داده‌نێت و به‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌بێته‌ چاودێر، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ڕوانینێکی ئه‌میان بۆ ئه‌ویان، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ستی شه‌رم و خۆبه‌که‌مزانین، که‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی ڕوانینی (مێرلۆ پۆنتی)ی هاوچه‌رخیه‌تی‌، به‌وه‌ی‌ پێی وا نییه‌ (من) و (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کتر بۆ بابه‌ت ده‌گۆڕن، مادام ده‌کرێت دایه‌لۆگ له‌ نێوانیاندا بێته‌ دی و هه‌سته‌کانیان بگۆڕنه‌وه، به‌وه‌ی دایەلۆگ پرۆسەسێکه‌ توانای گه‌یاندنی خود و (ئه‌وه‌ی تر)ی هه‌یه‌ و تێیدا بۆچوونه‌کانی هه‌ردوو لا له‌ زه‌مینه‌یه‌کی هاوبه‌شدا به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن‌‌. ئه‌و دوو جۆر بوون ده‌بینێت:
یه‌که‌م، بوون له‌ خودی خۆی، که‌ شته‌کان ده‌گرێته‌وه له‌ شوێندا‌.
دووه‌م، بوون بۆ خودی خۆی، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ هۆشیاری. واته‌ کاتێ من له‌ به‌رانبه‌ر بوونێکدام، پێویسته‌ به‌ هه‌ردوو شێوه‌که‌ بیبینم، جارێ وه‌ک شت و جارێک وه‌ک هۆشیاری، بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌م، که‌ له‌مه‌دا ته‌واو له‌ (سارته‌ر) جودا ده‌بێته‌وه‌، له‌ کاتێکدائه‌و، واته‌ (سارته‌ر) له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خود و جه‌سته‌ی له‌ یه‌کتر جودا کردووه‌ته‌وه‌، که‌ پێی وایه‌ ئه‌وانه‌ خۆیان له‌ ململانێدان، ئینجا ململانێیه‌کی دیکه‌یش له‌پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه‌، هیی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)ـه، به‌تایبه‌تی له‌ کتێبی (بوون و هیچ: Being and Nothingness)دا ئه‌وه‌ی تر به‌ نه‌گه‌تیڤ ده‌زانێت. له‌وێدا پێ له‌سه‌ر چه‌مکی (شه‌رم) داده‌گرێت، به‌وه‌ی وه‌ک پێشتر گوترا شه‌رم هه‌ستێکی ناڕاسته‌وخۆی (خود)ـه‌ له‌ ئاست (ئه‌وه‌ی تر)دا ‌و پێوه‌ندیی ناوه‌کی له‌نێوان (من) و (خود)دا ده‌هێنێته‌ کایه‌وه‌.

(من) و (ئه‌وه‌ی تر) ته‌نیا وه‌ک جه‌سته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌میان ئه‌ویان به‌ شت، دروستتر به‌ بابه‌ت ده‌زانیت، که‌ ئه‌مه‌یش وا ده‌کات پێوه‌ندییه‌که‌ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بمێنێته‌وه‌ و بۆ ناوه‌وه‌ ڕۆ نه‌چێت. واته‌ زیاتر دابڕانه‌، نه‌وه‌ک تێکه‌ڵبوون.به‌وه‌دا لای ئه‌م (بوون ده‌که‌وێته‌ پێش جه‌وهه‌ره‌وه‌: Existence precedes essence)، واته‌ سه‌ره‌تا بوون هه‌یه‌ و دواتر په‌یتاپه‌یتا له‌ ڕێی پێوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌داجه‌وهه‌ر به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌وا خۆی خه‌سڵه‌ته‌کانی ژیانی دیاری ده‌کات.
به‌ مانایه‌کی تر ده‌ستی هیچ هێزێکی مێتافیزیکی له‌پشت دروستکردنی مرۆڤه‌وه‌ نییه‌ و خۆی ئازادانه‌ خۆی ده‌خوڵقێنێت، ئینجا ده‌یه‌وێت ببێته‌ مرۆڤ، یان شت! که‌واته‌ سه‌ربه‌سته‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێ خۆی ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ هه‌ڵببژێرێت، به‌وه‌ی ته‌نیا سه‌ربه‌ستی وا ده‌کات ئه‌و مرۆڤه‌ بوونی هه‌بێت.
هه‌موو ئه‌مانه‌ هێشتا مانای وا نییه‌ (ئه‌وه‌ی تر) لای (سارته‌ر)بێبایه‌خه‌‌، هیچ نه‌بێ له‌پێناوی ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی خود و به‌ده‌ستهێنانی ئازادیدا. وه‌ک ده‌بینین بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر‌)ـه‌ له‌ فیلۆسۆفێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌وه‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌، که‌ ئه‌و بوونه‌ گرنگه‌، ته‌نانه‌ت لای (دێکارت)دا، که‌ به‌ ته‌واوی به‌ لاوه‌ ده‌نرێت، هێشتا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بایه‌خی پێ نادرێت‌. لای (نیتشه‌) و (هایدیگه‌ر)یشدا به‌ هه‌مان شێوه‌، که‌ ئه‌گه‌رچی (ئه‌وه‌ی تر) هۆکاره‌ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی خود، که‌چی ئه‌وه‌ هێشتا مانای گرنگیی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ده‌نا پرۆسێسی دابڕان و تێپه‌ڕاندن نایه‌ته‌ کایه‌وه‌.

ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ له‌وه‌دا له‌ من ده‌چێت، که‌ خودی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌وێدا (من) وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر) ده‌بینێت، به‌ڵام مادام ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی (من)ـه‌وه‌، جیاوازه‌، که‌ هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه‌ وام لێ ده‌کات هه‌ست بکه‌م پێوه‌ندیی پێمه‌وه‌ هه‌یه‌. لێره‌دا دوو ڕه‌هه‌ند بۆ (من) هه‌ن: یه‌که‌میان،ماتریاڵییه‌، واته‌ جه‌سته‌ی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه‌، به‌ڵام دووه‌میان، هۆشیارییه‌که‌یه‌تی، که‌ وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه‌ ئه‌مه‌یان جه‌وهه‌ره‌ و ناکرێت به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ لێی تێبگه‌ین، بۆیه‌ زمان وه‌ک ڕه‌گه‌ز (ئێڵه‌مێنت)ی دایەلۆگ به‌ مه‌رجی سه‌ره‌کی ده‌زانێت بۆ تێگه‌یشتن، بگره‌ پێی وایه‌ زمان نوێنه‌ری جه‌سته‌یه‌، به‌وه‌ی ئه‌و ده‌رده‌بڕێت، بۆیه‌ مرۆڤ له‌ ڕێی جه‌سته‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ (ئه‌وه‌ی تر)، به‌ڵکوو له‌ شته‌کانیش ده‌گات.
به‌ بڕوای من ئه‌و پێوه‌ندییه کاتێ له‌ دۆخی سه‌ره‌تاییدایه‌، هیچ کاکڵ (ماهییه‌ت)ی نییه‌، به‌ڵام کاتێ ده‌که‌وێته‌ جووڵه‌، ئه‌وده‌م کاکڵ بۆ هه‌ردوو لامان په‌یدا ده‌کات. ده‌شێ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ ئاڕاسته‌ی‌ خۆشه‌ویستی، یان ڕق، یاخود هه‌ر شتێکی تر بگرێت. که‌واته‌ ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی پێویستییه‌کی ئۆنتۆڵۆجییه‌، تاکوو له‌ ڕێیه‌وه بزانم هه‌م و بیر له‌ ده‌وروبه‌رم ده‌که‌مه‌وه، به‌ هه‌مان شێوه‌ ‌پێویستییه‌کی مه‌عریفییشه‌، ‌مادام به‌بێ بوونی ئه‌و ناتوانم له‌ خۆم بگه‌م. ده‌کرێت بڵێم هۆشیاریی من به‌ بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ به‌نده‌، بۆیه‌ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ لایه‌نی سایکۆلۆجی و مۆراڵی له‌ خۆی ده‌گرێت.

که‌واته‌ لێره‌دا هه‌م ویست و هه‌م هۆشیاری ڕۆڵی گه‌وره‌ له‌و هاوکێشه‌یه‌دا ده‌بینن، که‌ ئه‌و دووانه‌یش پێوه‌ندیی دیالێکتیکه‌ڵیان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌. هۆشیاری به‌رهه‌می ویسته و هه‌ر ئه‌و هۆشیارییه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌یش دیسان ویست ده‌خاته‌وه‌ گه‌ڕ‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ نایه‌نه‌ د‌ی، تاکوو نه‌چنه‌ بواری جووڵه‌ و کارکردنه‌وه، که‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌‌ گه‌وره‌تر ده‌بن و به‌رده‌وامیبه‌ خۆیان ده‌ده‌ن.‌ مرۆڤ ته‌نیا له‌ جووڵه‌دا به‌ر (ئه‌وه‌ی تر) ده‌که‌وێت و جیاوازییه‌کانی خۆی ده‌بینێت. کاتێ گوناهـ ده‌کات، یان هه‌ڵه‌یه‌کی لێ ڕوو ده‌دات، زیاتر بوونی (ئه‌وانه‌ی تر)یلا ده‌بێته‌ پرسیار، ئاخۆ چۆن لێی ده‌ڕوانن! له‌ هه‌ر کاتێکی دیکه‌ ڕوونتر خه‌سڵه‌ته‌ جیاوازه‌کانی خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام ئایا ده‌یانپارێزێت و به‌رگرییان لێ ده‌کات، یان له‌پێناوی خۆگونجاندا ده‌ستیان لێ هه‌ڵده‌گرێت و به‌وانه‌یان ده‌گۆڕێته‌وه‌، که‌ ده‌بنه‌ هۆی ڕازیکردنی (ئه‌وانه‌ی تر)؟دیاره‌ ئه‌وه‌ هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێت له‌گه‌ڵ هۆشیارییه‌کی نوێدا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌.(هیگڵ) پێی وایه‌ هۆشیاری‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌کات، مادام به‌ر هۆشیارییه‌کی تر ده‌که‌وێت، که‌ لێوه‌ی جیاوازه‌. لێره‌دا ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌مپێوه‌ندیی تاک به‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌.
هه‌تا ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ زیاتر هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زه‌کانی ململانێ بێت، ئه‌و تاکه‌ زیاتر ده‌جووڵێت و پتر له‌گه‌ڵ هۆشیاریی خۆی و هیی (ئه‌وانه‌ی تر)دا ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بێته‌وه‌. له‌مه‌یشه‌وه‌ بایه‌خی زمان ده‌رده‌که‌وێت، مادام‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵه‌یه‌کدا زمان گه‌وره‌تر ده‌بێت و توانای زیاتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێت، چونکه‌ وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه‌ (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌ یه‌کتر جیاوازن، به‌ڵام دایەلۆگ ده‌توانێت زه‌مینه‌ی هاوبه‌شیان بۆ فه‌راهه‌م بکات.ئه‌مه‌ بۆچوونی (پۆنتی)یه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ زمان هه‌میشه‌ ناڕۆشنی (ئه‌مبیگویتی) له‌ خۆی ده‌گرێت، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانێت تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌نێوان تاکه‌کاندا بهێنێته‌ دی، ئه‌گه‌رچی ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌کییه‌ بۆ لێککنزیکردنه‌وه‌یان.
به‌م شێوه‌یه‌ شته‌کان کاتێ مانا په‌یدا ده‌که‌ن، که‌ جگه‌ له‌ من که‌سانی تریش لێیان ده‌ڕوانن. واته‌ من نازانم خۆشه‌ویستی چییه‌، تاکوو نه‌زانم لای ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌دا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. من وه‌ک نووسه‌ر ده‌بێت هه‌ست بکه‌م له‌ ده‌وروبه‌رمدا هه‌م نووسه‌ری تر هه‌ن و هه‌م به‌رهه‌مه‌کانم به‌ر خوێنه‌ر ده‌که‌ون، که‌ ئه‌وانه‌ مادام ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی منه‌وه‌، مایه‌ی نیگه‌رانین، به‌وه‌ی لام ڕوون نییه‌ ئاخۆ‌ چۆن ده‌مبینن و چۆن له‌و پێوه‌ندییه‌ ده‌ڕوانن. ئایا کارێ ده‌که‌م دڵیان ڕابگرم، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یانتۆرێنم؟ ئایا ده‌مه‌وێت له‌و نێوه‌دا جیاوازییه‌کانی خۆم بپارێزم و له‌ ڕێی ئه‌و جیاوازییانه‌یشه‌وه‌ خۆمیان پێ بناسێنم؟ ئایا کاتێ ده‌بینم نووسه‌رێک به‌ زمانێکی ساده‌ ده‌نووسێت و هه‌مان بۆچوونی (ئه‌وانه‌ی تر)ی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌کانی ده‌گه‌نه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر، ده‌توانم به‌رگه‌ی ئازارێکی وا بگرم و نه‌هێڵم ئه‌وه‌ کارم تێ بکات؟ ئایا هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵێک شت نین (تاک) فریو ده‌ده‌ن خۆی له‌ (کۆ)دا ببینێته‌وه‌ و تێیدا بتوێته‌وه‌؟ده‌گه‌مه‌ ئه‌وه‌ی بڵێم پێوه‌ندیی خود به‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ دیاری ده‌کات له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا چۆن بێت و چ جۆره‌ پێوه‌ندییه‌ک دابمه‌زرێنێت.

هه‌میشه‌ خودی ساده‌ (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی دۆست، یان له‌ شێوه‌ی دوژمندا ده‌بینێت. هه‌ر کاتێ دابه‌شکردن هه‌یه‌، ئه‌وا خود له‌ به‌رده‌م ئاسانکاریدایه‌ و پێویستی به‌ جووڵه‌ نییه‌. منی نووسه‌ر ناتوانم وشه‌یه‌ک ده‌رببڕم، ئه‌گه‌ر‌ خوێنه‌رێکی گریمانی نه‌خوڵقێنم، که‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ هه‌م خۆمه‌ و هه‌م جیاوازه‌. هه‌م خودی (من)ـه‌‌ و هه‌م (ئه‌وی تر)یشه‌. من وا له‌ واقیع ده‌ڕوانم (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌، که‌ ده‌مه‌وێت تێی بپه‌ڕێنم. کاتێ وه‌ک دژ ده‌یبینم، ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵیدا بکه‌ومه‌ ململانێ وه‌ک ئه‌وه‌ی (هیگڵ) ده‌یڵێت. ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندی بکه‌م، ده‌بمه‌ به‌شێک له‌و و له‌ خۆیدا ده‌متوێنێته‌وه‌. که‌واته‌ هه‌رچییه‌ک بڵێم، جیاواز نییه‌، به‌ڵکوو ده‌ربڕینه‌ له‌و، نه‌وه‌ک له‌ (من)ێکی سه‌ربه‌خۆ.به‌وه‌دا زانینی ئێمه‌ له‌باره‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ له‌ سنووری گریمان و خه‌مڵاندندا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وا بایه‌خی ئه‌ده‌ب لێره‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت چۆن کار له‌سه‌ر ئه‌و گریمان و خه‌مڵاندنه‌دا بکات.
ئه‌ده‌ب پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به‌ شێوازێکی جیاواز له‌ فه‌لسه‌فه‌ و سایکۆلۆجیا ده‌بینێت، به‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌ب ڕێتۆریک و مێتافۆر له‌ خۆی ده‌گرێت. دروستکردنی جیهانێکی تر له‌ ئاستی فه‌نتازیادا. له‌ ئه‌ده‌بدا شته‌کان مانای تری جیاواز له‌وه‌ی پێی ڕاهاتووین، وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه‌ گریان مانای خه‌م و پێکه‌نین نیشانه‌ی شادی بێت، به‌ڵکوو هه‌م کۆنتێکسته‌کانیان ده‌گۆڕێن و هه‌م مانایان.
هه‌میشه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خود له‌ ئێستادا هه‌یه‌تی، هه‌م ناته‌واوه‌ و هه‌م به‌ وه‌هم ته‌نراوه‌، بۆیه‌ کاتێ گومان وه‌ک پرۆسێسێکی دینامیکی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌وه‌ ده‌وه‌ستێت، ئه‌وا وه‌همه‌که‌ پتر ده‌سته‌ڵات په‌یدا ده‌کات و ڕوانین بۆ (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کێ له‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌ ده‌گرێت: به‌که‌مزانین و سڕینه‌وه‌، یان پێسه‌رسامبوون وپه‌رستن. وه‌ک پێشتر گوترا هه‌میشه‌ خودی ساده‌، ئه‌و خوده‌ی نه‌چووه‌ته‌ ناو ململانێوه‌ و نه‌جووڵاوه‌،(ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی دۆست، یان له‌ شێوه‌ی دوژمندا ده‌بینێت. ئه‌و خوده‌ له‌ سنووری توانا که‌مه‌که‌ی خۆیدا ده‌وروبه‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و شه‌ڕه‌کانیشی له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌رناچن.
جه‌نگی نێوان نووسه‌ری شاره‌کان به‌ ناوی فیکر له‌ بڵاوکراوه‌کاندا چ به‌ نهێنی و چ به‌ ئاشکرا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، که‌ ئه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌و که‌لتوورانه‌ی وه‌ک هیی ئێمه‌ هێشتا بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه‌ و له‌ ئاستی زاره‌کیدا ماونه‌ته‌وه‌. داهێنه‌ر هه‌یه‌، به‌ر نه‌فره‌ت ده‌که‌وێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور له‌ خواستی خۆی له‌ فڵان شاردا له‌ دایک بووه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا نووسه‌ری ساده‌ گه‌وره‌ ده‌کرێت، چونکه‌ ڕۆڵه‌ی فیسار شاره‌. له‌ پێشه‌کیی کتێبی (ڕاگه‌ردان)دا به‌شێکم بۆ ئه‌و باسه‌ ته‌رخان کردووه‌، بۆیه‌ ئێستا نامه‌وێت له‌وه‌ زیاتری له‌باره‌یه‌وه‌ بڵێم.هه‌ندێک له‌ ده‌ستگه‌ چاپه‌مه‌نییه‌کان ڕۆماننووس و شاعیری زۆر ساده‌ وه‌ک داهێنه‌ری گه‌وره‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ به‌ زمانێکی تر نووسیویانه‌، له‌ کاتێکدا به‌ چاوی نزم له‌ به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی خۆماڵی ده‌ڕوانن و ده‌رگه‌یان لێ داده‌خه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا که‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌ر شتێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌، پووچه‌.

گەلێجار وێنەگرتن لەگەڵ نووسەرێکی ئەوروپاییدا لە چەند گوتارێکی نووسەری خۆماڵی بە گرنگتر دادەنرێت. واته‌ نیشانه‌کانی وه‌ک ڕه‌نگی قژ، هیی چاو، ناو و شته‌کانی تری ئه‌و نووسەره‌ بایه‌خیان هه‌یه‌، نه‌وه‌ک بۆچوونه‌کانی، بگره‌ بۆچوونه‌کانی له‌به‌ر ئه‌وانه‌ سه‌رنجڕاکێشن و قسه‌ هه‌ڵناگرن.(تۆدۆرۆڤ) له‌ کتێبی (په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریکا: پرسیارله‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تره‌وه‌)دا باس له‌وه‌ ده‌کات چۆن (کۆلۆمبه‌س) له‌ هیندییه‌ سووره‌کانی ڕوانیوه‌، که‌ بوونه‌وه‌ری بێکه‌ڵکن و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌ده‌ن بکرێنه‌ کۆیله‌ی ئه‌وروپاییه‌کان. هه‌ر له‌ دیدی (تۆدۆرۆڤ)دا ئه‌و نیشانه‌ و وێنانه‌ی هه‌ن، ده‌چنه‌ ناو ئه‌و پێوه‌ندییه‌وه‌. واته‌ هه‌ر کاتێ مرۆڤ به‌رانبه‌ر هه‌ندێک نیشانه‌ و ئاماژه‌ی جیاوازدا ده‌وه‌ستێت، حوکمیان له‌سه‌ر ده‌دات و به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان ده‌کات، یان ده‌یانداته‌ دواوه‌.

که‌واته‌ لێره‌دا (ئه‌وه‌ی تر) له‌ شێوه‌ی بابه‌ت، نه‌وه‌ک وه‌کوو خود لێی ده‌ڕوانرێت.له‌شکری ئیسلام سه‌ره‌تا له‌ نیمچه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و دواتر کاتێ‌ دێته‌ ده‌رێ، په‌لاماری هه‌ر خودێک ده‌دات هه‌ڵگری ئه‌و نیشانانه‌ بێت، که‌ جیاوازن، وه‌ک زمان، جلوبه‌رگ، خانووبه‌ره‌ و هیی دیکه، به‌و مه‌به‌سته‌ی زمانی عه‌ره‌بی و دینی ئیسلامیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، که‌ ئه‌مه‌ به‌ خودگه‌رایی (Egocentrism)‌ ناسراوه‌. واته‌ مرۆڤ، یان گروپ، یاخود نه‌ته‌وه‌ کاتێ پێی وایه‌ ته‌نیا خۆی خاوه‌نی ژیانه‌ و هه‌ر خۆی خاوه‌نی گه‌ردوونه‌، ئه‌وا‌ هه‌ر بوونه‌وه‌رێک بکه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، مافی ژیانی پێ ڕه‌وا نابینێت‌.‌ دواتر ئه‌وروپاییه‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی که‌لتووره‌کانی تر ده‌ده‌ن‌، مادام له‌ هیی خۆیان ناچن.

ئه‌مه‌ ئه‌نجام ده‌بێته‌ ڕاستییه‌کی چه‌سپاو و هه‌تاهه‌تایی. بۆ نموونه‌ کاتێ باس له‌ داگیرکاریی فرانسا بۆ جه‌زائیر ده‌کرێت، ته‌نیا لایه‌ک ده‌بینرێت، که‌ هێزێکی ناموسڵمان ویستوویه‌تی شوناسی خه‌ڵکێک بسڕێته‌وه،‌ موسڵمانن، به‌ڵام به‌ لای ئه‌وه‌دا ناچن چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێشتر شوناسێکی تر هه‌بووه به‌ ناوی شوناسی ئه‌مازیگ‌، ئیسلام سڕیویه‌تیه‌وه‌. هه‌مان شت بۆ کورد، سیریانی، کۆپتی و ئه‌وانه‌ی تریش، که‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسیان دراوه‌، دروسته‌. هیچ هێزێک پێک نایه‌ت، ئه‌گه‌ر خود له‌و تاکانه‌ نه‌ستێنێته‌وه‌ و هه‌موویان له‌ خودێکی دیکه‌دا نه‌توێنێته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئیتر تێکڕایان به‌ یه‌ک چاو (له‌وه‌ی تر) و (له‌وانه‌ی تر) ده‌ڕوانن، به‌وه‌ی‌ ئایدیۆلۆگی چ له‌ فۆرمی ئایین، چ له‌ فۆرمی حزب، نه‌ته‌وه‌ و قه‌واره‌کانی تردا کار له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی خودی ئه‌و تاکانه‌دا ده‌کات. به‌ مانایه‌کی تر ته‌نیا ئه‌وانه‌ خودی سەربەخۆی خۆیان هه‌یه‌، که‌ ناچنه‌ ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆگییه‌وه‌.

ئه‌و هێزه‌ ده‌شێ له‌پێناوی ڕزگاربوون بێت له‌ ژێرده‌سته‌ڵاتی هێزێکی تردا و ده‌شێ بۆ سه‌رکوتکردنی هێزێکی تریش بێت، به‌ڵام له‌ هه‌ردوو باره‌که‌دا تاکه‌کان به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌یی خودی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و جیاوازییه‌کانیان له‌ ناو ده‌به‌ن، تاکوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تردا یه‌ک بگرن، که‌ ئه‌مه‌ ده‌کرێت به‌(خودی ئایدیاڵ) ناو ببه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئاییندا ده‌یبینین، به‌وه‌ی مرۆڤ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و خوده‌ی خۆی له‌سه‌ر شێوازی خواوه‌ند دامەزراندووه‌، تاکوو بۆ قڕکردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بیخاته‌ کار. سڕینەوە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مۆدێرنیزم، کە هەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستەکان لێی بە ئاگا دێن و لایەنە شاراوەکانی ئاشکرا دەکەن.(من)ی کوردی به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌ناو (ئه‌وه‌ی تر)دا تواوه‌ته‌وه‌‌، که‌ ئیسلامه‌.

ئه‌و خۆی پێی وایه‌ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و ئایینه‌یه‌‌.ڕووبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بی کوردی له‌ناو ئه‌و شوناسه‌دا چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ته‌عبیریش هه‌ر له‌و شوناسه‌ ده‌کات. (پیره‌مێرد: حاجی تۆفیقی مه‌سره‌ف)ی شاعیر ئیسلامی به‌ شوناسی سه‌ره‌کیی خۆی زانیوه‌ و له‌وێوه‌ وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر)ێکی په‌سه‌ندکراو له‌ کوردی ڕوانیوه‌. لەپێش ئه‌ویشدا (حاجی قادری کۆیی) هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌و دوو حاجییه‌ به‌ نموونه‌ ده‌هێنرێنه‌وه‌، چونکه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ پتر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یان قه‌بووڵ کردووه‌، واته هێنده‌ی نووسه‌رانی دیکه‌‌ کوردبوونیان بە لاوە نەناوە، که‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌و ڕوانینه، (کوردبوون وه‌ک نه‌بوو)،‌ تۆختر ده‌بێته‌وه و درزێکی گه‌وره‌تر ده‌که‌وێته‌ نێوان کورد و کوردبوونه‌وه‌‌.
به‌ مانایه‌کی تر له‌و چاره‌که‌سه‌ده‌یه‌ی ڕابوردوودائیسلام، دروستتر ڤێرشنی سەرکەوتوو و باڵای ناو ئیسلام بە شێوەیەک لە شێوەکان ده‌بێته‌ تاکه‌ شوناسی کورد، بە ڕادەیەک ئەو ڤێرشنە شەعبییەیش، کە بە سۆفیزم ناسراوە، دەسڕێتەوە.کار بەوە دەگات بەشێکی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانەی لە سەرەتای نەوەدەکاندا وایان پێشان دەدا، پڕۆژەی فیکریی جیاوازیان هەیە، دەست لە (پڕۆژە!)کانیان هەڵدەگرن و دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی ئەو ڤێرشنە باڵادەست و سەرکەوتووە. به‌م شێوه‌یه‌ کوردبوون لێوه‌ی ناڕوانرێت، به‌ڵکوو لێی ده‌ڕوانرێت، ئینجا ئه‌و ڕوانینه‌ په‌سه‌ندکردنه‌، یان سڕینه‌وه‌؟ دەگەینە ئەوەی بڵێین‌ پێوه‌ندیی (من) به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه‌ له‌ فیکری ئێمه‌دا خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکێکی وا نییه‌، به‌وه‌ی هه‌م ساده‌یه و هه‌م تێکه‌ڵی (من)ێکی تر بووه‌، که‌ له‌وێوه‌ خۆی به‌ (من) نا، به‌ڵکوو به‌ (ئه‌وه‌ی تر)ده‌بینێت‌.
————————————
نیسانی 2017
تێبینی: ئەم بابەتە وەڵامە بۆ تەوەری (من و ئەوەی تر)، کە بڕوا عەلائەدین لە نیسانی 2017 ئامادەی کردووە، بەڵام ئەوکات بڵاونەکراوەتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە بەباشمانزانی ێرە بڵاوی بکەینەوە. (شاخەوان سدیق، هاوڵاتی)




نموونەی هایکۆی کوردی … کامەران گەردی

هەڵاڵە باران؛
باخچەی پڕ لە شیلەو بۆن-
پژمینی گوڵ!

ئەفڕاندن: سەردارحەمید
(نۆڕێ)
شڕۆڤەی دەق،
کامەران گەردی

ــــــــــــــــــــــــــ

ئەگەر تەنها ئەو کورتیلە شیعرەی (نۆڕێ) تایبەت بە فۆڕمی هایکو وەک نموونەی هایکوی کوردی وەربگرین و لێی وردببینەوە، کە تەنیا دڵۆپێکە لە زەریای زەڵاڵی جوانییەکانی ئەو هایکیستە گەنجەی کورد، دەبینین: لە سێ دێڕی مانادار پێکهاتووە، لە هەموو ڕوێکیشەوە بەتەواوەتی بەرجەستەکراوە لە فۆڕمی هایکودا،
بەپێی ئەو شڕۆڤەو بەدواداچوونەی ئێمە گەیشتینە ئەوەی ئەو هایکو ناوازەیە شیانی ئەوەی تێدایە وەک دەقێکی زیندووی هایکوی کوردی لە قەڵەم بدرێت، لەم ڕوانگەیەوە دەشێ پڕۆژەی هایکو لە پانتایی ئەدەبی کوردی پشت ئەستووربێت بە ئەزموونی (نۆڕێ) وەک هایکیستێک بەوەی هایکوی کوردیش لە سەر ڕێڕەوی تەندروستی خۆی بەرەو ئاسۆی ئایندەیەکی ڕۆشن لە پەرەسەندن دایە..

تێڕامێنن:- دێڕی یەکەم، کەبریتیە لە دەروازەی دەق، کە هایکو دۆست لێیەوە دەچێتە ناو بابەتەکەو ناشزانێ دواتر چ ڕوودەدات؛ کاتێک تێڕامانی هایکیست چڕدەبێتەوە لە سەر وێنایەکی سەراسیمەی شیعری و ڕاستەوخۆ خوێنەر بینەر-ی “هایکودۆست” دەخاتە بەر بارانی وردە هەڵاڵەی پاشماوەی گوڵێکی هەڵوەریوو، ئەگەرچی گوڵ ڕۆڵگێڕێکی سەرەکی دەق پێکدێنێ، بەڵام ئەگەر زۆرتر ڕۆبچینە نێو هەستی شارەوەی شاعیر درک بەوەش دەکەین، کاراکتەرێکی شارەوەش وجودی هەیە، لە خوڵقاندنی ڕووداوی ناوباخچە کە بریتیە لە (ڕەشەبا)یەکی کاتی، یان گەڕەپێچەیەکی کورت خایەن و لە ناکاو، بێ ئەوەی لە دەقەکە ناویشی هاتبێت، وەک لە دێڕی دەسپێکدا بەمجۆرە تێڕامانی هایکیست دیمەنێکی جوڵاو لە ناو سروشتی باخچەوە بەخێرایی تۆمار دەکات، دواتر لە ڕێگەی زمانێکی گوشراوەوە دەیگوازێتەوە.. ئینجا بە دوو وشەی لێکدراو دەریدەبڕێت، کە بریتیە لە بەرزبوونەوەی وردە هەڵاڵەی ناخی گوڵ و پێکچواندنی بە باران دیارە بارانیش هەمان خاسیەتی هاتنە خوارەوەی بۆ سەر زەوی هەیە،
کاتێ لە دێڕی یەکەم دەپەیڤێت:

(هەڵاڵە باران)؛
ــــــــــــــــــــــــ
دوای خستنە ڕووی دیمەنی دەسپێکی دەق، کە هێشتا وردە هەڵاڵەکان دەبارن؛ واتە خوێنە لە ڕێی گوزارشتی زمانەوە تێدەگات کە هەڵاڵە بارانە و هاوکات چاوی خەیاڵی خوێنەرو بینەر-ی “هایکودۆست” دەباتە ژێر ئەو دیمەنە جوڵاوەی کە لە نێو سروشتی باخچەوە ڕوودەدات، وەک لە سەرەوە وردەکاری تۆمارو چرکاندنی شیتەڵکراون..،

دێڕی دووەم:
هاکیست دوای تۆماری دیمەنی هەڵاڵە بارانەکە، دیمەنێکیتر دەخاتە بەر دیدەو هزری هایکودۆستان، کاتێ دەبێژێت:

باخچەی پڕ لە شیلەو بۆن-

ئەگەر لە ناواخنی دێڕی دووەمیش وردبینەوە کاتێ باخچە پڕ شیلەو بۆن دەبێت، ئەمەش لێکەوتەیەکی تری کاراکتەری شاراوەی دەق کە بریتیە لە (ڕەشەبا)یەکی کورت خایەن یانیش گەڕەپێچەیەکی لە ناکاو، کاتێ هەڵاڵەی گوڵێک ڕوەو ئاسمان دەوەرێنێ، دەشێ بۆن و بەرامەی گوڵەکانی تری باخچەش پەرش و بڵاوببنەوە.. کەچی هایکیست هێشتا سەرە داوی ڕوودانەکەی ئاشکرا نەکردووە..

دێڕی سێیەم:(واقوڕمان)

پژمینی گوڵ!

لە هونەری هایکونووسینا کۆتا دێڕ پڕ بایەختریینە؛ بۆیە شاعیر بە شێوەی تەکنیکی وردەکارەوە ئەو ڕووداوەی ناو باخچەی بە تەواوی حەشارداوە،
دوای ئەفڕاندن و وێناکردنی ڕووداوێکی سروشتی لەناوباخچەوە
ئینجا پێمان دەڵێت، دوایین ساتی تەمەنی گوڵێک کە پێشتریش جوانییەکەی مەعشووقی زۆرێک لە بولبول و پەپوولەو هەنگ بووە، دواجاریش گەڕەپێچەیەک هەڵاڵەکانیشی وەراند، لە کۆتایی تەمەنیشیدا مەرگی گوڵێک هەر جوانی بەدەوروبری بەخشیەوە.. باخچەشی پڕکردەوە لە شیلەو بۆن..

لەڕاستیدا نووسین و قسە کردن لە بارەی ئەو هایکوەوە بەگشتی و واقوڕمانەکەی بەتایبەتی لە زۆرێک لە دەقەکانی ترکە پێشتر بینومن بەشێوەیەکی بەرچاو جیایە؛ چونکێ هەڵگری بابەتێکە کە زۆربەمان پێی ئاشناین، دیارە کەوتۆتە داوی سەرنجە وردو بەهەڕمێنەکانی سەرداری هایکیستەوە. هاوکات ئەو هایکو جوان و سەرنج بەرە دەروازەیەکی تازەتری بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ڕووداوگەلێکی ناو باخچە لێ هاتە بەرهەم..

هەر بۆیە سەرەنجامی ئەو شڕۆڤەیەش وەبەرهێنانی هزری زۆرتری لێکەوتەوە..هۆیەکەشی ئەوەیە: هایکونووس تەکنیکێکی جیاوازو شازی بەکارهێناوە، لەم سۆنگەیەوە دەشێ وێناکردنی (پژمینی گوڵ) لە واقوڕمان گەورەتر خۆی بنوێنێ؛ بۆیە پێموایە ئاستی بەرزی ئەو هایکوە گونجاوترە ناو بنرێت بە (تەقینەوەی لوغمی جوانییی..)




په‌تای شیعر … به‌ختیار محه‌مه‌د

  • دوو حه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، كاك ئازاد عه‌بدولواحیدی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ڕامان به‌ ته‌له‌فۆن پێوه‌ندی پێوه‌ كردم، كه‌ من ماوه‌یه‌كه‌ بابه‌تیان (نووسینیان نه‌ك شیعر) بۆ نانێرم. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر شیعر كرد (كه‌ منیش له‌مێژه‌ دوو ده‌قی شیعرییم بۆ ناردوون و تا ئێستا بڵاویان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و پێشناچێ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌؛ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاریشمه‌ شیعر بۆ ڕامان بنێرم)؛ تێبینی و سه‌رنجی ڕاست و جوانی خۆی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای شیعر له‌ ژیانی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بۆم باس كرد، كه‌ چۆن ئه‌وان له‌ گۆڤاره‌كه‌شیان موعاناتی تووشبوون به‌م په‌تایه‌یان هه‌یه‌؛ بێ گومان ئه‌و (منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و) خۆی له‌ خۆیدا ڕه‌خنه‌ی له‌ شیعر نییه‌ وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی (هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌م ژانره‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا گرفتی خۆی هه‌یه‌)، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌ و سه‌رنجی ئه‌و له‌سه‌ر په‌تای میعری كوردییه‌.

منیش له‌ زووه‌وه‌ هه‌مان ڕای ئه‌وم هه‌یه‌: به‌ڕاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی ترسناكی په‌تای میعر گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ و وای لێهاتووه‌، كه‌ بڵێین ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌لاله‌ت له‌ هیچ ناكا جگه‌ له‌ هه‌ژاری و بێ ده‌سه‌ڵاتی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌ نه‌بێ. واته‌ له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی عه‌ولمه‌یه‌دا به‌ زمانی شیعر (میعر) نه‌بێ ناتوانێ بدوێ و بوونی مرۆیی (ئیستاتیكی و مه‌عریفی) ئێمه‌ ده‌رببڕێ.

  • چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێكه‌وت دیتم، كه‌ له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی قه‌ڵات مه‌راسیمی پێشكه‌شكردنی كتێبی ده‌ شاعیر، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌قێكی خۆی خوێنده‌وه‌ پێشكه‌شكرا: به‌ڕاستی گاڵته‌جاڕییه‌كی گه‌وره‌ بوو! جگه‌ له‌ ده‌قی یه‌كێكیان نه‌بێ، كه‌ ده‌قێك بوو هه‌ندێك به‌ وێنه‌ و زمانێكی تازه‌ و جیاواز نووسرابوو، هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ په‌تای كوشنده‌ی میعر بوون (خه‌ڵكێكی زۆریشی له‌ ڕۆشنبیرانی میعری بۆ داوه‌ت و بانگكرابوو)؛ ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ بۆمانی سه‌لماند، كه‌ چۆن له‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ هه‌موو وه‌ختێك زیاتر، دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌ دووچاری ئه‌م په‌تایه‌ كوشنده‌یه‌ بووه‌. پێشده‌چێ زۆربه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ هه‌ر نه‌خوێننه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌ تا زۆرێكیش بخوێننه‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر ته‌نیا شیعر و ده‌قی ئه‌ده‌بی ئاسان بخوێننه‌وه‌.
  • دوێنێ شاعیرێكی ناسراویش له‌ فه‌یسبووك وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك كتێبی شیعریی هه‌ندێك شاعیری بڵاو كردبووه‌وه‌، كه‌ به‌دیاری پێشكه‌شیان كردووه‌، ئه‌ویش سوپاسی كردبوون…
  • شاعیر و ڕه‌خنه‌گرێكیش هه‌یه‌، ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكی نووسینی كتیبێكه‌ له‌سه‌ر شیعری هه‌ندێك شاعیری هاوچه‌رخی كورد… ئه‌دی كوا چیرۆك؟ كوا شانۆنامه؟ كوا گوتاری ڕه‌خنه‌یی باش؟ كوا هزر و فه‌لسه‌فه‌ له‌ دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا (هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر له‌و‌ ده‌قه‌ كه‌مانه‌ی، كه‌ له‌م بواره‌دا هه‌ن و ‌به‌ده‌ر له‌و نووسه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ش، كه‌ له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن و ده‌نووسن)؟…
  • هاشم سه‌ڕاج، كه‌ شاعیرێكی ناسراوه‌ و خاوه‌ن ده‌قی جوانه‌، كه‌ خۆم كاتی خۆی له‌سه‌رم نووسیوه (بڕوانه‌ گۆڤاری ڕامان ژماره‌ 141)‌، ئێستا ڕۆژانه‌ له‌ فه‌یسبووك زۆر شیعری (ده‌قی) ناشیعر بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی زیندوویان به‌ زمان و گوتاری شیعره‌وه‌ نییه‌ (ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی، كه‌ جار جار ده‌قی شیعریی جوان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ته‌نیا ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌ بڵاو بكاته‌وه‌، نه‌ك ئه‌و زۆری و بۆرییه‌، كه‌ ده‌قه‌ باشه‌كانیشی لێ ون ده‌كا).
  • شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌ ئینشایه‌كی پڕ له‌ زه‌خره‌فه‌ی درێژدادڕ ده‌چن، كه‌ هیچ ڕۆحی واتایان تێدا نییه‌. ئه‌و گوایا شیعری بێگه‌رد ده‌نووسێ: ئایا شیعری بێگه‌رد واتای چییه‌؟ شیعری بێگه‌رد ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كه‌س نه‌زانێ ده‌ڵێی چی و بێ هیچ نیشانه‌یه‌كی خاڵبه‌ندییش هه‌ر ڕسته‌ و په‌یڤ و وشان بڕێسی و له‌ ئاكامدا به‌ناوی قه‌سیده‌وه‌، دوو سێ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كمان بۆ پڕ بكه‌یته‌وه‌ و نه‌ك هه‌ر هیچ ده‌لاله‌ت و واتایه‌كی مه‌عریفی قووڵمان پێ نابه‌خشێ، به‌ڵكو له‌ چێژی ئیستاتیكاش (كه‌ گوایا ئه‌م جۆره‌ شیعره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نووسراوه‌) بێ به‌شمان ده‌كا.

ئه‌مانه‌ شیعر له‌ پێناو میعردا ده‌نووسن؛ شیعر له‌ پێناو وێرانكردنی شیعر و ئه‌ده‌بدا ده‌نووسن… ڕاستییه‌كه‌ی شیعر له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا وه‌ك ئه‌نفۆنزای باڵنده‌ی لێهاتووه‌، كه‌ هه‌موو ژیانی ڕۆشنبیرییمانی گرتووه‌ته‌وه‌.

بێ گومان ئه‌وه‌ خۆشم ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر شیعر و ده‌قی له‌م جۆر و له‌م بابه‌ته‌م نووسیبێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د.

22 / 3 / 2019




پێڵاوی شنگالییەکان … مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشکەشە بە پێڵاوە مێژووییەکانی کورد

پێڵاو..

لە تەک زمان وقسەکردندا ،پێڵاویش تایبەتمەندییەکە مرۆڤ لە ئاژەڵ لیک جیا دەکاتەوە .
پێڵاو هۆی پێشکەوتنی مرۆڤ و دروستبوونی نەتەوەو گەشە کردنی شارستانییەتە .
مرۆڤ بە گشتی و کورد بە تایبەت مێژووێکی دوورو درێژیان هه یە لەگەڵ پێڵاودا .
قانیعی شاعیردەفەرمووێ : خودا ئەو پێیانەی بۆ یە داوەتە من ، بۆ ئەوەی بەو پێیانە بە دوای ناندا غاربدەم و لە دەست دوژمن هه ڵبێم !
بەڵێ ؛ زۆر پێڵاوی کورد لە ڕێگای نان پەیداکردن و لە دەست دوژمن هه ڵاتندا دڕاوە .
پێڵاو ئەو کەرەستە پیرۆزەیە کە مرۆڤ بە خاک دەبە ستێتەوە .
لە کارەساتی ئەم دواییە ی برا کوردە ئیزەدییەکان، پێڵاو یەکەمین قوربانی وبەرچاوترین زیان بوولە یەکە یەکەی ئیزەدییەکان دەکەوت…منداڵ ، گەنج ،ژن ، پیاو ، پیر ، نە خۆش ..ساغ پێڵاوەکانیان ، پێڵاوە قایش ولاستیک وکڵاشە دەزووەکانیان بە نرخترین و پێویسترین کەرەستەکانیان بوون ، کە لەم ڕۆژەڕەشەدا تا ڕادەیەک لە مەرگیان دوور دەخستنەوەو ژیانیان بۆ مسۆگەر دەکردن .
ئازاری ئەم دواییەی پێڵاوی خوشک و برا ئیزەدییەکان ..بەشێک بوولە ئازاری بەردەوامی میللەتی کورد . برینی پێڵاوەکان برینێکی قووڵی مێژوویی بوو..برینی هه موو پێڵاوەکانی مێژووی کوردی کولاندمەوە وبەم شێعری ( پێڵاوی شنگالییەکان )گەرم ..گەرم ئەو برینەم پێچایەوە .
کۆتایی ئابی /٢٠١٤- هه ولێر
پێشەکیەکی تایبەت بۆ چاپکردنی ئەم دیوانە :-
نووسینی : دکتۆر مایکل لێزەنبێرگ
١٧/٨/٢٠١٥
دوای یەک ساڵ لە هێرشی ڕێکخراویتیرۆرستی داعش( ) بۆ سەر شنگال هیچ وشەیەک ناتوانێت تراژیدییای ئیزەدیەکان پێناسە بکات ، نواندنی ئەو وێنەیەی کە ئاوارەکانی شنگال لە سەر چیایە سەخت و ترسناکەکانی شنگال بە دوای پەناگەیەک دا دەگەڕان بۆدوورکەوتنەوە لە هێرشەکانی (داعش ) هه میشە لە یادەوەریەکانمان دەمینێتەوە . دوای یەک ساڵ بە سەر تێپەڕبوونی ئەو کارەساتە پرسیارەکە ئەوەیە ، کە چۆن وشەکان دەتوانن بڕیار لە سەر گەورەیی ئەو کارەساتە بدەن ، هه روەها بە شێوەیەکی ڕێشەیی چۆن دە توانرێت ئەو زنجیرە ڕووداوە ترسناکە بگوازێتەوە بۆ ناو ئەدەب ؟ شاعیری کورد ( د.مەولود ئیبراهیم حەسەن ) هه وڵدەدات کە ئەم تراژیدیایە بگوازێتەوە بۆ ناو شێعر ، بیرۆکەو ناوە ڕۆکی شیعرەکە پێڵاوە ! هه ڵبژاردنی ئەو بیرۆکەیە خوێنەر توشێ سەر سوڕمان دەکات . بەڵام ، ( د. مەولود )هه وڵدەدات شێعرەکە ی بە شێوەیەکی ئەدەبی بێت ، بەڵام ، لە هه مان کاتدا ئەدەبی نەبێت ! لە لای خوێنەر کە لێی تێنەگات ، پێشنیار دەکات وشەی پێڵاو ئەو وشەیە کە ئێمە پەیوەست دەکات بە نیشتمان و شوێنێکی ئارام بۆ ژیان ، بە پێچەوانەوە لە دەستدانی تاکێک پێڵاو ( میتافۆرێکلی)- یەکسانە بە لە دەست دانی ژیان ، (د.مەولود) سورە لە سەر شاردنەوەی ئەو مانا سمبۆلیە چاوەڕوان نەکراوە و زرینگەی پارچە هۆنراوەکە کە دراوەتە پاڵ ئەو وشەیە ( پێڵاو )شێعری کوردی بەدەگمان ئەو بەها جەوهه ریەی هه یە بۆ ئیلهامکردنی هۆنراوەیەکی بێگەرد . زیاتر توندوتیژی وناخۆشی تێدا بەرجەستە بووە ، هه روەکو ئەو شێعرانەی لە بارەی ئەنفالی ١٩٨٨ وە هێرشی داعش ٢٠١٤ کە تەنها بۆ بەدەست هێنانی ڕێژەی جینۆسایدە و لە ئێستاوە بە ڵگەیە کە بۆ دەربڕێنی ئێش وئازاری خۆی و بەڵگەیەکە لە نێوان ئەزموونی تاک وداوای یارمەتی کردنە لە جیهاندا .شێوازی دەربڕێنەکە زیاتر سیاسییە ،نەک جوانی ، بە درێژی ئەم هۆنراوەیە شێعرەکانی (د.مەولود) وا لە خوێنەر دەکات کە خۆی بڕێاربدات ، بەڵام ، ئەم چەند پارچە هۆنراوانەی ( پێڵاوی شنگالییەکان ) تەنیا بۆ پێناسە کردن نیە . بەڵام ، بۆ زاڵبوون بە سەر کاری تیرۆرستییە لە سەر چیای شنگال . شێعرەکە لەوەدایە هێما لە تەنیایی مردن ناکات ، بەلکو هێمایەکە بۆ هیواو لە دایک بوون.


شنگال لە ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤ دا
ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش( دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ) پاش ئەوەی بەشێک لە خاکی سوریاو عێراقی داگیرکرد، لە ڕؤژی ٣/٨/٢٠١٤ دا هێرشی کردە سەر شارۆچکەی ( شنگال ) لە کوردستان ، دانیشتوانی شنگال هه ڵگری ئایینی (ئیزەدی ) ین وبە هۆی دەسبەردار نەبوونیان لەم ئایینە کۆنەی خۆیان زۆرجار لە مێژوودا ( فەرمان) یان بۆ دەرچووە ، فەرمانی کوشتنی بەکۆمەڵ !! هه ربۆیە ئێستاش گۆرانی لاوک و چیرۆک وپەندو گۆتەیان ، بەشێکی گرنگی باسی ڕەشەکوژی ئەو فەرمانە زۆرانەیە .کە ئیزەدییەکان دەڵێن : ژمارەی فەرمانەکان بەمەی داعشەوە دەکاتە (٧٤) فەرمان .
لەم هێڕشە داعشی تیرۆرست شنگال و گوندەکانی دەوروبەری بە تەواوی داگیرکراو خەڵکەکەی بەشێکی زۆریان کەوتنەدەست داعش و زۆربەی پیاوو گەنج و ژن ومنداڵەکان کوژران و زیاتر لە ٣٠٠٠ کچ وژن کەوتنە دەست ئەم ڕێکخراوە تیرۆرشتە و وەک(سبایە) کەوتنە کڕێن و فرۆشتنیان و ئێستاش بەشێکی زۆریان ڕۆژانە لەم شارو ئەو شار بە هه رزانترین نرخ دەفرۆشرێن و دەفرۆشرێنەوە .
ئەوانەش کە ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشت و بە پێیان ژن ومنداڵ و پیر ڕوویان لە (چێای شنگال) کردوو لە ژێر هه ڕەشەی ترس و بە پێیان و بەبێ نان و ئاو ڕووەو ڕزگاری وئازادی کۆچ وڕەویانکردوو کەوتنە بەر زوومی کامیراو دەزگاکانی ڕاگەیاندن..دیمەنی زۆر دڵهاژێن ودڵتەزێنیان لێ بەدنیادا بڵاو بووەو . ئێستا ئەو ئیزەدیە کوردە هه ڵاتوانە لە کەمپەکانی سەرچیای شنگال وشارەکانی ڕؤژئاوای کوردستان و هه رێمی کوردستان و شارەکانی ترکیا بە برینداری وبە لێکدابڕاوی دوور لە ماڵ و شاری خۆیان لە نێو خەم و ئازار شەووڕۆژلێک گرێ دەدەن و هه ندێکیشیان بە ڕێگای مەرگ ڕووەو هه ندەران سەری خۆیان هه ڵگرتووە ، دەستەیەکیش لە کچ و کوڕە ئازاکانی ئیزەدییەکان لە ڕێزەکانی پێشمەرگەو شەڕڤانان چەکی بەرگرییان کردووتە شان وخەریکی ئازادکردنی خاک و پاراستنی پیرۆزییەکانی کوردستانن.
مەولود
دیوانی پێڵاوی شنگالییەکان
توڕەیی پیر
-هێ ی دنیا
تۆ ئاگاداری ،
لە هه موو جیهاندا
هیچ ژیانێک
لە ژیانی نێو(کوردستان)
پڕ (باج)تر نییە!؟
هێ ی جیهان
تۆ دەزانی ،
لە هه موو مێژوودا
تاجی سەری
هیچ پادشایەک
لە تتاجی پێی پەتی
منداڵە شنگالییەک
پڕ ( تاج )تر نییە ؟!


مۆر
پێڵاوێکی پیرۆز
لەگەڵ پیرێکی نوورانی
خۆیان نەدایە دەست ،
بەرەو چیای شنگال
بەڕێ کەوتن
هه ورازو لێژ .
لە پڕ بە جووتە
درانە بەر
ڕێژنەی دەسڕێژ .
نوورانی.. بریندار بوو
پێڵاو..کونی تێکەوت.
خوێن ڕێچکەی بەست
شنگال سوور بوو
شنگال ئاڵ بوو
بۆ یەکەمینجار
چیای شنگال
بەرەو سەردەمێکی تازە
مۆری خوێناویی
ژیانێکی نوێی پێکەوت .


داهێنان
لە هه ڵاتندا
هه ڵاتنی دەست تاریکی
لە پێناو ڕؤیشتن
لە پێناو ڕووناکی و
بەردەوامی ژیان .
منداڵە شنگالییەک
پێڵاوەکانی
گیان لەدەست دەدەن.
منداڵ..
لە پارچەی لبادو بەن
نوێترین پێڵاوی
داهێنا.
پێڵاوێکی
پڕ لە پەیامی ژیان .


بریندار
پیرەک..
لە چیای شنگال
تاکێکی پێڵاوەکەی
بریندار بوو.
بە جێی نە هێشت
هه ردوو تاکی پێکەوە
خستە باخەلی
بە پای پەتی
بە پێڵاوی بریندارەوە
بەردەوام بوو
تا ڕزگار بوو.


بەرد
پێڵاوی قایش
دڕا
پێڵاوی لاستیک
پچڕا

  • پێڵاوی بەرد
    لە پێ دەکەم.
    پێڵاوێک
    هیچ پاڵەوانێک
    بەدەستی نەهێنابێ
    پێڵاوێک
    هیچ پادشایەک
    بۆی نەکڕابێ!

هاوڕێ
کچۆلەیەک
لە گەڵ تاکە پێڵاوەکەی
گەیشتە
کەمپی نەورۆز.
کچە پێڵاوەکەی
گرتبووە باوش
وەک خوشكێکی
دڵسۆز.
لەو ڕؤژەوە
خۆشی دەوێ
ماچی دەکا
لە ڕووی خۆی
هه ڵدەسوێ
شەو بەیەکەوە
دەخەون
بەیانیان
لەگەڵی دەدوێ.


پێڵاوێک لە گوڵ
پێڵاوکان
زۆر منداڵ بوون
بەرگەی کۆچ وڕەویان
نەگرت.
پێیەکان بچوک
بچوک
ناسک ناسک
ڕۆیشتن
یالەویال
باسکەو باسک
پێیەکان بەرە بەرە
غونچەیان کرد
غونچەی (گرێ)و(کوڵ)
غونچە پشکووتن
بوون بە
پێڵاوێک لە گوڵ.


میرات
منداڵێک
لە چێای شنگال
دایکە پیرو نەخۆشەکەی
بەرگەی کۆچ و ڕەوی
نەگرت..مرد.
منداڵەکەش
بۆ سەبووریو
هاودەنگیی
پێڵاوکانی دایکی
ماچ کردو
لەگەڵ خۆی برد.


نەوە
باوکێک
لە شنگال
کوڕەکانی هه مووی
کوژرابوون.
کچەکانی هه مووی
بردرابوون.
ئەوەئ بەدەستیەوە مابوو
وێنەی منداڵەکان و
جووتێک پێڵاوی
دڕابوون.


مارەیی
کچ و کوڕێکی شنگال
یەکتریان خۆشدەویشت
خۆشەویستیەکی
پیرۆزو حەلال
لە کۆچ و ڕەو
زۆر بەدڵ وداو
ڕێکەوتن و بڕێاریان دا
ببن بە یەک ماڵ .
مارەییان بۆ یەکتر
جووتێک پێڵاوبێت
پێڵاو.


هاوسەر
دوو تاکە پێڵاو
یەکێکیان
پێڵاوی ژن
ئەوەی تریان
هی پیاو
لە سەر (بیری بەهار)
لە چیای شنگال
گەیشتنە یەک و
ڕێککەوتن
سەر پێکەوەنێن
بۆ ڕۆیشتن
بۆ بەردەوامی ژیان
ببنەوە بە خاوەن ماڵ.


کارگە
کاتێ شنگالییەکان
هه موو پێکەوە
لە پێناو مانەوە
پێڵاوی خەباتیان دڕی
شنگال
بەردەکانی خۆی
هه ڵوەراند
وەک دایکێکی دڵسۆز
بۆ بەر پێی
پێخواسەکان
کردی بە خۆڵێکی
نەرم و پیرۆز
هه ربەدەستی خۆشی
شریتی شۆڕشێکی نوێی
پێڵاوی تازەی بڕی.


حەج
تا ئێستا ئیزەدییەکان
کە دەچوونە حەج
لە بەر دەرگای
لالشی نوورانی ،
پێڵاوەکانیان
دادەکەند.
لە مەودوا هه رلە شنگالەوە
پێتان خواس کەن
حەجتان قبوڵە
بێ چۆن وچەند.


فەرمان
لە کۆچ و ڕەوی
شنگالییەکان
پێڵاویکی
مێژوونووس
خەریک بوو
دڵی پێڵاوێکی
گەنجی دەدایەوە.
وردە وردە
پێ بە پێ
فەرمان بە فەرمان
ڕابردووی
دوور دووری
بۆ دەگێڕایەوە.
گەنجی پێڵاو
سەرسام بوو
توڕەو توندهه ڵسایەوە.
ئەوە چیە ؟باسی چێ دەکەی ،
پێڵاوی پیر؟
ئەوەی تۆ دەیڵێی،
هه رهه مان بەسەر هاتە
ڕوویانداوەو
ڕوویاندایەوە !


توێشە
منداڵێکی شنگال
تاکێکی نەعلە لاستیکەکەی
پێمابوو.
توند
توند
گرتبوویە مشت.
کە برسی دەبوو
پێڵاوەکەی دەجوی
کە تێنوو دەبوو
پێڵاوەکەی دەمشت.


سەرکەوتن
لە چیای شنگال
فڕۆکەیەک نیشتەوە
منداڵێک
منداڵێکی تەنیا باڵ
فرسەتی بەرکەوت
زوو سەرکەوت
لەوکاتەدا
تاکێکی پێڵاوەکەی
بە جێما!
منداڵ..بێ دوودڵی
زۆر بە سەربەرزی
بە دوای تاکە پێڵاوەکەی دا
دابەزی .


نەفرۆشتن
ڕۆژنامەنووسێک
ویستی
پێڵاوی دڕاوی
(پیر)ێ بکڕی!
پیرە..نایفرۆشم،
نایفرۆشم.
تۆزی نیشتانی پێوەیە.
ئەمە پێڵاو نیە!
ئەمە چیای شنگالە
لە سایەی ئەو پێڵاویە
میڵلەتێک
بەسەر پێوەیە


دیاری
ڕۆژنامەنووسێک
ویستی وێنەی
منداڵێکی شنگال بگرێ!
منداڵەکە زوو
پێڵاوەکانی داکەنی و
لە سەر سینەی خۆی دانا
دانانێکی زۆر پڕ لە مانا!
ڕۆژنامەنووس
وێنەی خۆی گرت
دواجار بەم وێنەیە
گەورەترین
خەڵاتی وەرگرت.


نوێنەر
چێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان
دەخوازن،
چیتان بۆ بکەن؟
ئێستا ئامادەن
یارمەتیتان بدەن،
گوێتان لێ بگرن .
پیر: پێیان بڵێ
با لە مەودوا
ڕێز لە پێڵاوی بێ پێ بگرن .


کۆچێکی تر
لە ژێر پردەکەی دهۆک
منداڵێکی شنگال
سەری بە جووتە پێڵاوەکەی
کردبوو.
خەوی لێ کەوتبوو
خەوێکی خۆش
کە دەنگی هۆڕنی
ماشێنەکە
زیندووەکانی ڕاجلەکاند
ئەو کۆچێکی تری
کردبوو
دەمێک بوو مردبوو!


کومپ
پیڵاو
جێماوەکانی
چیای شنگال
پێڵاوی
پیرو
گەنج
ژن و منداڵ
کۆبوونەوە
توڕەو توند
بە هاوارو ناڵەناڵ
بۆ کەسێ
ئاگای لە ئێمە نیە؟
بۆ کەسێ
ئاوڕ لە ئێمە ناداتەوە؟
بۆ ڕێکخراوێ
شارێ
حکومەتێ
کەمپێکمان بۆ ناکاتەوە ؟


کەمپی نەورۆز
منداڵە شنگالییەکە
لە کەمپی نەورۆز
دەستێکی پیرۆز
پێڵاوە لاستیکە
نوێ کەی لە پێ کرد.
بەهه شت دەرگای
کرایەوە.
ژیان لە نوێوە
دەستی پێکرد.


ڕۆبۆسکی
دایکێک
لە شنگال
بێ منداڵ بوو
بێ پیاو بوو.
ئەوەی لە دوا فەرمان
بۆی ڕزگارکراو
پێی مابوو
تاکێک پێڵاو بوو.
پێڵاولە باوەش
لە ڕۆبۆسکی
سەرەی نانی گرتبوو
نەفەرێکیان پێدا
گوتی:
بۆمان بکەن بەدوو.


پاکبوونەوە
دوو پاکیزە
لە دوای ( پیسکردن!)
لە دەست داعش
ڕزگاریان بوو.
گەیشتنە چێای شنگال
هاواریان کرد:
ئیزەدنۆ..
کوردنۆ..
وەرن مە بکوژن!
داعش مە پیس کرن!!
خەڵک و چیاکەوتنە گریان
پاکیزە
بە رێزەوە
پێڵاوەکانیان داکەند
گوتیان..پێڵاو
بۆیان بگێڕنەوە
ئێمە چیمان بەسەر هات!
ئەمەیان گوت و
بە جووتە
خۆیان هه ڵدێرا
بەرەو بەرزی
بەرەو(لوتکەی ئاوات)
پاکیزە
بوون بە کۆتر
جووتە کۆتری
ڕوو لە ڕؤژ هه ڵات .


هه میشەیی
خەریکم
پێڵاوی
جێماوی
شنگالییەکان
کۆ دەکەمەوە.
وێنەی
یەک بەیەکیاندەگرم
چیرۆکی
یەک بە یەکیان
دەنووسمەوە
لە پێشانگایەکی
هه میشەیی
زۆر بە پیشەیی
وێنەی
یەک بە یەکیان
پیشانی دنیا
دەدەم.
چیڕۆکی
یەک بە ئەکیان
بۆ هه موو جیهان
دەگێڕمەوە
تا ئەوڕۆژەی
پێم دەڵێن:هه ڤاڵ
دنیا
هه مووی تێتگەیی !


فەرهه نگی چەند وشەیەک.:
پیر:چین و پلەیەکی ئایینیە لە ئایینی ئیزەدیەکان .
کەمپی نەورۆز:کەمپێکی تایبەتە بە ئاوارە ئیزەدییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان
بیری بەهار:بیرە بە هارەیەکە، برهاران ئاودارە لە چیای شنگال.
یرکپ:ژن، ئافرەت ، شۆڕەژن.
توێشە: ئەو خواردنەی کە ڕێبوار بۆ ڕێگای دوور لە دەستبوخچەیەکدا هه لیدەگرێ .
رۆبۆسکی :گوندێکی سەرسنوورە لە کوردستانی باکوور، لەم ساڵانەی دوایی فرۆکەی ترک ٣٦ کۆلبەری سەرسنووری شەهیدکردن. ئەم ئاوییە هه موویان پێکەوە نانیان بۆ ئاوارە شنگالیەکان ئامادە دەکردو سێ ژەمە یەک بە یەک پێشکەشیان دەکردن .
تێبینی : ئەم دیوانە شێعرە وەرگێڕو ڕۆژنامە نووس ڕەحمەتی مامحستا خالید بەکرئەیوب کردوویە بە عەرەبی و ئوستاد جەلال زەنگابادی پێیدا هاتووتەوە ،دکتۆر حەمید عەبدوڵلا کردوویەتە ئینگلیزی ، بەڕێز عوسام حەسرەتی و مامۆستای ڕۆماننوس و وەرگێڕ ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل کردوویانە بە ترکی ،دکتۆر ڕەحیمی سورخیش کردویەتیە فارسی ، برای هونەرمەند محەمەد فەتاح مۆتیڤەکانی بۆ کێشاوە و لە دەزگای بەدرخان ساڵی ٢٠١٥ چاپکراوە .

مەولود ئیبراهیم حەسەن – هه ولێر




هەڵمەتی دارێك بچێنەو شارێك سەوز بكە … عەلی مەحمود محەمەد

شەوێك لە چالاكیەكی ژنگە پارێزی جیهانی بووم بە تامی كوردی لە شاری هەولێر, لە كۆتادا رێكخراوی خاوەند پڕۆژە هەرچی عەمید و بەرپرس بوو كۆی كردبوەوە رێزی لێنان , تەنها من مابومەوە بە دەست بە تاڵی, خەڵاتكراوان سەرتاپا لەوانە بوون بە ئۆتۆمۆبیلی گەورە هاتو چۆ دەكەن و حیمایە لەپشتن و خاوەند مەزرەعەن, واتا ژینگەی سەر زەوی و بن زەوی پیسەكەن, ئەگەر شەریكە بەشەكانی پاڵاوگە نەوتەكانیشی تێدا نەبووبێت, لەبەر دارچێنەرەكان بەر ئەوان كەوتبێت, یان خاوەند كۆمپانیای عەلاگەی لایلۆن و قاپ و گڵاسی سەفەری و دەبە ئاو…, كە ئەمەم بینی چاوم چووە پشت سەرم و خۆم بۆ نەگیرا و هاوارم كرد, ئەمانە لەسەر ژینگە هەقی زیندانیان هەیە نەك رێز لێنان, دیارە كەس گوێی لە هاوارەكەم نەگرت.
خاوەند پارەو دەسەڵاتەكان نەك هەر رێزلینانەكان دەكڕن, بگرە خاوەنەكانیشیان لە گیرفانیاندایە , ئەگەر دادگایەكی ژینگەیی لەم كوردستانە هەبێت كەسیان رزگاریان نابێت, لە هەمووی خۆشتر یەكێك لەوانەی رێزی لێگیرابوو, لەناو گەراجەكە تەپڵەكی جگەرەكەی رشاندو بە بە تەناشێك بۆی دەرچوو, دوكەڵی دوای ئاگزۆزی سەیارە گەورەكەی كیلۆمەترێك بە ئاسمانا تارمایی دروستكرد.
ماوەیەكە سیاسیەكانی كوردستانیش وەك مۆدەیەكی سیاسی, هەڵمەتی نەمام چاندنیان دەستپێكردووە, یەكتری بانگ دەكەن بۆ نەمام چاندن, بۆتە دەستەوایی, جاری واش هەیە تەكلیف لە یەكتری دەكەن, وەك ڕیكلامێك گوایە ئەمانە ژینگە پارێزو سەردەمین, لە كاتێكدا خۆیان و كاروانی ئۆتۆمۆبیلی حیمایەكانیان, مەزرەعەو كارگاو بیرە رەنگاو رەنگەكانیان,پیسایی و پلاستیكەكانیان, بیرە نەوت و كارگای چەمەنتۆو ئاوو عەلاگەو … كانیان, داگیركردنی گردو هاوینەهەوارەكانیان, پاڵاوگەو چڕە دوكەڵی مەكینەكانیان….. ئەوەندە زۆرە سەرتاپای كوردستان بكەن بە دار پیسایی ژینگەی ئەوان پاك ناكاتەوە.
كەم باخچەی گشتیتان كرد بە ماڵی خۆتان, كردتان بە بەنزینخانەو پاڵاوگەو مەعمەل چیمەنتۆكانتان, .. . ئیەوان نەك تەنها كوردستانیانن هەموو داگیر كرد, بگرە سەر زەوی و بن زەوییانیش هەموو پیس كرد.لەم كوردستانە, ئەوەی ژینگە پیسە كات هەر ئێوەن, ئەوەی هاوینەهاوار وشە كات, هەر ئێوەن, ئەوەی ئاسمان رەشە كات هەر ئێوەن, ئێستا بە چڵە دارێك و بێڵەكەی دەستتان هەڵمان مەخەڵەتێنن.




خۆناسی و داگیرکەر و دوژمنناسی … هەڵۆ بەرزنجەیی

                   

کاتێک گرنگی و بەها و پیرۆزی نەتەوە و نیشتمان و زمان و فەرهەنگ و دابوو نەریت و شتگەلێکی تر، لە ناسنامەیەکدا کۆدەبێتەوە و بەڕوونی بەرجەستە دەبێت، ئیدی هەر تاکێک و هەر هاوڵاتییەک، ئەم ناسنامەیە لە گیرفانی خۆی دەنێ و بە شانازییەوە هەست بە بوون و سەنگ و نرخی دەکات و دەتوانێ خۆی پێوە نمایشت بکات و نیشانی جیهانی بدات. ئاخر هەر هاوڵاتییەکی ئەم جیهان، کاتێ بچێتە وڵاتێکی بێگانەوە، بەم ناسنامەیە دەناسرێتەوە و گەرەکە نیشانی بدات. ئیدی ئەم پارچە کاغەزە یاخود پلاستیکە، کۆکەرەوەی هەموو زانیارییەکە لەسەر تۆ و بەهای مینۆکی بەهیچ شتێک ناپێورێ.
واتە بۆ هەر کەسێک، دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی کۆتایی بە نیشتمانی خۆی دێنێ و ئیدی دەبێت لە ڕێی ناسنامەکەیەوە خۆی بەناسین بدات. دروست هەر یەک لە ئێمە لەم ناسنامەیەدا خۆی دەبینێتەوە،کە ناسنامەکە بۆخۆی بنچینەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و مێژوویی و مۆڕاڵی و هەیە. بەم شێوەیە ئەو تاکە ناچارە ئەو سیمبۆڵە بکاتە جێی پیرۆزیی و شانازیی خۆیی و وڵات و دەوڵەتەکەیی بە هەموو وزە و توانایەکییەوە داکۆکی لێ بکات و بە چاوێکی بەنرخەوە تێی بڕوانێ. ئەمە تا ئێرە، بوون و خۆناسین بەشێکە لە دیمەنی تابلۆکە، بۆ نەخشاندنی ناسنامەی نەتەوەیی.
تۆ کێیت؟ لەکوێ لەدایک بوویت و چیت دەوێ؟ دەروربەرت چۆنە و کێن؟ گەرەکە چی بکەیت؟ ئاڵات کامەیە و هەبوونت چ مانایەکی هەیە؟. گەلێ پرسیارگەلی تری چارەنووسساز لەسەر پانتایی تەواوی پرسیارەکان ڕووبەڕووت دەبێتەوە. زۆرینەی ئەم پرسیارانە تاکی خوداپێداوی ژێر سێبەری ئازادیی و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر لە منداڵییەوە لە خێزانەکەیەوە، لە باخچەی ساوا و قوتابخانەی سەرەتایی و لە ژیانی رۆژانە و دەوروبەرەکەیەوە، لە دامودەزگای میدیاییەوە، فێری بووە و دەیزانێ و پێی پەروەردەکراوە و بۆی کراوەتە بەشێکی زیندوو و بەڵگەنەویست و جیانەبووەوەی مێژوو و دێفاکتۆی ژیانی.
بۆنموونە منداڵێکی ئەڵمانی هەر زوو بە ئاڵای ئەڵمانیا ئاشنا دەبێت، لەڕێی تیڤی و رۆژنامەوە یاخود هەڵبژاردەی وەرزشی نیشتمانییەوە، یان گرووپی موزیکی نەتەوەیی، یاخود ئەو سیمبۆڵەی بەدیاری لەجەژنی لەدایکبوونی دا بۆ دێت…هەتا دوایی. وەک منداڵی گەلێکی خاوەن دەوڵەت، بێ ترس و شەرم بڵندی دەکاتەوە و نیشانی دەدات و سروود و گۆڕانی بە باڵادا دەچڕێت و لە پێویست دا داکۆکی لێ دەکات و خۆی بۆ دەکاتە قوربانی. ئاخر ئەم دەستکەوت وتایبەتمەندی و جیاوازییە بەرهەمی ئەوەیە ئەو:
{{ نەخشەی وڵاتەکەی لەسەر ئەتڵەس هەیە، ئاڵای وڵاتەکەی لە هەردەرێ دەشەکێتەوە، ناسنامە و پەساپۆرتی دەوڵەتەکەی لە گیرفانیدایە، زمانی سەربەستە. مێژووی ئازادە، بوونی سەلمێندراوە، هەبوونی بەرجەستە بووە}}
بەڵام منداڵێکی کورد بە هیچ لەم خەونانەی شاد نەبووە و بێبەرییە لەم بوونانە و ئەم دەرەتانەی نییە ئەمانە بەدەست بهێنێ. بە هەڵگرتن و هەڵکردن و باسکردن و داکۆکیکردنی ئەم سیمبۆڵە ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە. هەڕەشە و مەترسییەکان هێندە گەورەن، هەر لە ساواییەوە لە ماڵەوە فێری ئەوە دەکرێن،نکۆڵی لەم بوونانە بکەن، هەرگیز توخنی ئەم جۆرە باسانە نەکەون، چونکە دوژمن دڕندەیەکی بڤەیە.
بەم شێوەیە هەرکاتێ بەها و گرنگی ئەم پرسە لە کەسایەتی هەر تاکێکدا، بەدیار بکەوێ ، ئەوسا کەسایەتییەکی بەهێز و باوەڕ بخۆ و سەربەرز دێتە مەیدانەوە و لەزەتێکی مینۆکی بێ سنووریش لەم هەبووە ماکی و مینۆکییە دەبینێت. هەروەک تۆ مەلەوانی نەزانی ، تێناگەیت ئەم وەرزشە چەند بە سوود و خۆشە و لەشساغ نەبیت، نرخی تەندروستی باش نازانی و دڵ ئارام نەبیت، نازانی شادمانی چ تامێکی خۆشی هەیە. کە ناسنامە و دەوڵەتیشت نەبوو، بەهای هیچ بنەما و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی نەتەوەی خۆت بە دروستی و پیرۆزیی نازانی.
دکتۆریش بەرلەوەی چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسێ، خودی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. ڕاوچیش کاتێ دەچێ شکار، بۆئەوەی بەکۆمەڵێ نێچێرەوە بێتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە، سیرەی تەواو لە نێچیرەکان بگرێ. کەواتە بێ ناسین و دیاریکردنی تەواوی ئامانج، کەس بەدروستی و تەواوی بەئاوات و هیواکانی ناگات. لە خەباتی نەتەوایەتیش دا، کار دەکرێ بەهەمان پێودانگ. نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراوی وەک کورد، پرسەکەی لەوە قوڵترە، بێ دوژمنناسی/ئەوانیترناسی بتوانێ بگاتەوە ئاواتەکانی.
بەرلەوەی قسە لەسەر دوژمنناسی بکەم، با ئاماژەیەکی خێڕا بدەم، کەوا دوژمن لە مێژە پرۆژەی کوردناسی لە دیدی خۆیەوە، لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە،ئەنجام داوە.هەر ڕۆژەی لەژێر بەرگێک دا نیشانی دەدات و بە دەمامکێکەوە خۆی پێوە دەنوێنێ. دۆسییەکی ئەستووری خستۆتە ئەرشیفی نهێنی وڵاتەکەیەوە. هەر گرووپ و حکومەتێک و رژێمێک بێت، هەر دەتوانێ پشت بەم ئەرشیفە ببەستێ و مامەڵەی خۆی لەگەڵ کورد دا نەخشە بکێشێ و دیاری بکات. ئەوان نەک هەر ئەرشیف، بگرە دەزگا و دامەزراوەی سەربەخۆ و تایبەتیشیان بۆ ئەم ستراتیژەی خۆیان بۆ خۆیان نەخشاندووە ساز داوە. مێژووی کورد و سایکۆلۆژێتی تاک و کۆمەڵگەی کوردییان شارەزا بوون.
هێندەی لەبیرم بێت و لێی تێگەیشتبم، تا چەند دەیەیەک لەمەوبەر لە: تورکیا، بڵند ئەجەوید ، لە ئێران، رەفسەنجانی، لە عێراق، طارق عزیز، لە سووریا، عبدوڵا احمر سەرپەرشتی دۆسییەی کوردیان لە دەوڵەتەکانی خۆیان دا کردووە. لەم دەوڵەتانەدا، دامودەزگا لەسەر دۆسییەی کورد هەیە، کۆمەڵێ خەڵکی شارەزا لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا،کاری تێدا دەکەن و وەک ژێدەرێکی Think Thank، بۆ هەر پرسێ لەمەڕ کوردەوە تەماشا دەکرێن و دێنە هەژماردن.
ئەوان سەرقاڵی داڕشتنی پلان و بەرنامەی جەهەنەمی خۆیانن، چۆن بتوانن پێبەپێی گۆڕانکارییەکان ڕووبەڕووی کورد ببنەوە و قڕی بکەن. ئەم ڕاستییەش لە حوکمی بەڵگەنەویستدایە و جێی حاشالێکردن و نکۆڵیکردن نییە. ئەگەرچی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆخۆیان لەنێو خۆیان دا ناکۆک و ستراتیژ و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، لێ ڕێکەوتنامەکانی نێوانیان و کۆبوونەوەی بەردەوامی چواردەوڵەتەکە، یان سیانیان لە دژی کورد،ئەو ڕاستییە دەردەخات، لەناوبردن و گەمارۆ و قەتیسکردنی کورد و هێشتنەوەی بە بندەستی باشترین بەڵگەی بۆچوونەکەمانە.
ئەم دەوڵەتانە دژ بە کورد بە ئاشکرا و نهێنی دەیان ڕێکەوتننامەی هاوکاری نێوان خۆیان و مۆرکردووە. لەبەرامبەردا کوردی ستەمدیدە، هەر خەریکی ڕازاندنەوەی چەمکی و پەیامی “برایەتی ” قبووڵکردنی پلەی برا بچووکی و چوونە شیرینی خەو و باوەڕ بە چارەسەری دیموکراسی و برایەتی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و بانگاشەی پێکەوە ژیانی داگیرکراو و داگیەکەر و زۆر شتی تریش دەکەن. یاخود گرێدانی خەباتی کورد و نەتەوە سەردەستەکان لەبەرخاتری قسە و بۆچوونێکی مارکس و وتەیەکی ئایینی ئیئسلام و هتد…
” ناسیۆنالیزم بە ئاڕاستەی ناوخۆدا ئینتەگراسیۆن و بەڕووی دەرەکی دا،خۆجیاکردنەوە و دەستسنیشانکردنی سنوورە”.
نەتەوەیەک خۆی دروست دەکات و لە وێنەی خۆی وێنەی دژەکەشی دەخوڵقێنێ. واتە لە وێنەی خۆیدا وێنەی دژەکەی دەنەخشێنێ. ئیدی بەم شێوە تا هەواری ئاسوودەیی و ڕەوینەوەی مەترسی و هەڕەشە دەرەکییە ترسناکەکان. ناسیۆنالیزم بەم ڕەوتە کار دەکات. زلهێزێکی وەک ئەمەریکا هەمیشە وێنەی دوژمن و نەیار و ڕکەبەڕێک بۆ خۆی وێنا دەکات، تا ستراتیژی سیاسەتی خۆی داڕێژێ و درێژە پێ بدات.
هەر لەم ڕوانگەیەوە بۆیەکا دەبینین نە ئەلەکسەندەری گەورە و نە ناپلیۆن، بێ زانین و زانیاری لەمەڕ ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە، هێرشیان نەکردووە. ئیدی هێرشکەر بیت یاخود هێرش بۆکراو، زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو بیت، دەبێت بەرامبەرەکەت بناسی. هەڵبەت ستەملێیکراو پێویستە لەسەری دوژمنە ستەمکارەکە بەدیقەت و باشتر بناسێ، هەتا زووتر لەدەستی رزگاری بێت. دەنا هەرگیز لەژێر ملهوڕیدا نایەتە دەرەوە. عەرەب و ئیسرائیل بەم میکانیزمە کار دەکەن بەتایبەت ئیسرائیل. ئەمەریکا و ناتۆ لە ڕێگای ستراتیژی Dubell Beschluß،توانییان شورەوی گەمارۆ بدەن و هەوڵی داتەپینی بدەن.
لە جیهانی ئەمڕۆدا گرتنەبەری ئەم ستراتیژە شتێکی نوێ نییە، لێ بایەخی زیاتری پێدراوە. بە نموونە گەر لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا کێشەیەک سەر هەڵبدات، میدیا و سیاسییەکان لەهەردوو لا، سەرەتا گوێ دەگرن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و ئەوانە لەو دازگای دوژمناسییەدا/ بابڵێن بێگانە یاخود دراوسێناسییەدا کاردەکەن. واتە ئەڵمانیا گوێ لەئەڵمانەکان و فەرەنسا گوێ لە فەرەنسییەکانی خۆی دەگرێ. دوای شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی تێروتەسەلی بابەتەکە، ئەوجا هەنگاوەکانی دیکە دیاری دەکرێن.
لای ئێمە تاکی کورد نە پێناسەیەکی دروستی بۆ خۆی هەیە و نە توانیویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی هەبێت،ئاخر پەروەردە نەکراوە.کراوە بەسەقتی گەوهەری دۆزەکەی تێگەیەندراوە. دەنا لە کوێی دنیادا،لە مێژووی کام گەلێک دا باسی (برایەتی و پێکەوە ژیان و …هتد لە نێوان داگیرکراو و داگیرکەردا کراوە)!؟ وەک مامۆستامەسعوود محەمەد دەڵێ: ” ناشێ (پێکەوە ژیان) لەسەر گومان و مەترسی دامەزرێت”. ئەمەش کتومت ئەو هاوکێشەیە وێنا دەکات،کە بە درێژایی مێژوویەکی دوورودرێژە لەنێوان کورد و ئەوانی داگیرکەردا نەخش بووە.
داخۆ کەسێکی هۆشیاری ڤێتنامی هەبووە بیەوێ بانگاشەی پێکەوە ژیان بکات لەگەڵ ئەمەریکاییەک دا! جولەکەیەک هەیە دروشمی پێکەوە ژیان بێت لەگەڵ ئەڵمان دا! ئێستا ئۆکرانییەک و پۆلەندییەک هەیە ئەو داوا و دروشمیان بێت لەگەڵ رووس دا؟!. بێگومان نەخێر. نەتەوە بندەستەکان خۆیان دەناسن و دوژمنەکانیشیان باشتر دەناسن.
لای ئێمە ئەزموونەکانی ڕابووردوو ئەوەیان بەدیار خستووە، فەرماندەیەکی سەربازی، سەرۆکی حیزبێ، سکرتێری ڕێکخراوێک، کەسایەتییەکی دیار، پیاو ماقوڵێک یاخود سەرەک هۆزێک خۆی بە ئینسکلۆپیدیا دەبینێ و خۆی دەکاتە ریش سپی و کوێخای چارەنووسی نەتەوەیەک. لەیەک دیداردا، لەگەڵ لایەنی بەرامبەرداـ داگیرکەری دوژمن ـ پرسی کورد، یەکلایی دەکاتەوە. ئەم تاکە کەسە قسەی سەرەتا و کۆتاییش دەکات لەسەر باری سیاسی، مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، یاسا، زمان و زۆر شتی تریش. هەر ئەم نەزانی و نەشارەزایی و نەناسینەی دروستی ئەوانە، وای کردووە بەدرێژایی مێژوو کورد نەتوانێ یەک گرەوی سیاسی لە دوژمنەکەی بباتەوە. وەک دەزانین کورد هەمیشە براوەی مەیدانی جەنگ و دۆڕاوی سەر مێزی گفتوگۆ بووە.
ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی و پێویستە گورجوگۆڵانە ئەنجام بدرێ،پێویستە دەیان پەیمانگا و ناوەندی داگیرکەر و دوژمنناسی تەنانەت وەزارەتیش بێتە دامەزراندن. گۆڕینی پەروەردەی تاکی کوردە لە بێئاگایی و نەناسییەوە بۆ هۆشیاریی و ناسینی خۆیی و داگیرکەرەکەی. ناساندنی داگیرکەر و مەترسییەکانێتی لە هەموو ڕەهەندە سیاسیی و مێژوویی و سەربازیی و ئابووریی و رۆشنبیریی و لایەنەکانی ترییەوە. کۆی ئەم هەموو زانین و زانیارییانە، دەبنە هەوێنی کێشانی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی . ئەو ستراتیژ و سیاسەتەی،کاری لەسەر نەکراوە و لە ئەقڵی سیاسی کورددا، هێشتا هەر بزرە.
تاکی کورد بۆ ناسینی خۆیی و بەهێز کردنی (من)ی کورد، دەبێت بە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا بکرێت! پەند و وانە لە ڕابووردوو وەرگرێ و بزانێ بۆ ئەو چارەنووسەی بەسەردا هاتووە!؟ و کە خەبات بۆ گۆڕینی واقیعی تاڵی بندەستی دەکات، بزانێ بۆ چەک هەڵدەگرێ و بۆچی تێدەکۆشێ و ئامانج و ستراتیژ چییە!؟ و کوردبوون و بەرژەوەندی و قازانجەکانی لە کوێی هاوکێشەکان دا دەوەستن!. دەبێت ناسنامەی کوردبوون و دۆزی ڕەوای کورد،بە هەموو ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەکەیەوە، لە چوارچێوەیەکی چەسپاودا دابڕێژرێت، هەموو تاکێکی کورد،وەک ناوی خۆی بیزانێ. ئاخر:” ئێمە ئەگەر خەریک بین مێژووی دەستکرد بخوێنینەوە، لە چارەسەرکردنیشدا دەردی دەستکرد تیمار دەکەین”. مەسعوود محەمەد. بەداخەوە بەشێکی هەوڵ و تیمارەکردنەکانمان( شۆڕشی داگیرکەرچێتی و دیموکراسی بۆ داگیرکەر و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و کۆمەڵێ دروشم و داوای تری پووچەڵ و فشە ماف) لەم کایەدا بە خۆڕایی خەرج کردووە. هاوکات دوای خوێندنەوەیەکی بەدیقەت و وردی نوێ،پێناسەیەکی ئاشکرا و روونی ئەوانی بێگانەی دوژمنی داگیرکەر بکات. ئەنجام نەدانی ئەم ئەرکە لەمێژووی ڕابووردوومان دا، بۆتە مایەی ئەوەی هەتا هەنووکە دۆسییەی کورد بە گردومۆڵی فۆرمەلە نەبێت.
دوژمنناسی بێ خۆناسی نابێت و خۆناسیش،بێ هۆشیاریی نەتەوەیی ناکامڵ دەبێت. بۆیەکا سەرنجدانەوەیەکی نەتەوەییانە لە ڕابووردووی دوور و نزیکمان، لەسەر ئەو دیفاکتۆ تاڵەی یەخەی گرتووین و بەسەرماندا سەپاوە، پێداویستییەکی گرنگە،بۆ زامنکردنی ئایندەیەکی باشتر. دەنا مانەوە لەم دۆخەی بۆمان نەخشکراوە،کە بریتییە لە ونبوون و بێ ناونیشانی و بێ ناسنامەیی لەم گەردونە فراوانەدا، جۆرێکی گەورەیە لە هەتیویی و خەمێکی قوڵ و برینێکی سەخت و گرێیەکی دەروونیی کوشندەیە.

            هەڵۆ بەرزنجەیی..   ٨/٨/٢٠١٩



دەست خۆش عەبدوڵلا ئۆجەلانی بەڕێز دەست خۆش بیرمەندە ورد و عاقڵەکە

جیهاد موحەمەد

دەستخۆشیش بۆ هەموو ئەوانەی هانی پەکەکە و تورکیا دەدەن بۆ ڕێکەوتن.
من وەک هاوڵاتیەکی کورد و وەک مرۆڤێکیش، کە هەمیشە ئازاری مرۆڤەکانی تر، یان کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنی مرۆڤەکان زۆر ئازارم دەدات، دەمێکە بڕوام بەوە نەماوە کە تەنها بە شەڕ و پێکدادان چارەسەری کێشەکان ناکرێت.
لێدوان و ڕاگەیاندنەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دڵخۆشم دەکات، کە دەڵێت” دەتوانم لە یەک هەفتەدا شەڕ ڕابگرم و ئامادەم لەگەڵ تورکیادا ڕێکبکەوم”.
دنیایەک دڵخۆشم بەم ڕاگەیاندنە، ئەگەر گەلی کورد، زەرەریش بکات، لە هەندێک دەستکەوتی نەتەوەیی بەو ڕێکەوتنەی عەبدوڵلا ئۆجەلان دەستپێشخەریی بۆ دەکات، زۆر باشترە لەوەی دوای دەیان ساڵی دیکە، ڕێکەوتنێک بکرێت و هەندێک دەستکەوتی زیاتری تیا بەدەست بهێنرێت، چونکە درێژەدان بە شەڕ و پێکدادان لانی کەمی زیانەکەی خوێنڕشتی هەزاران مرۆڤە، چ لە گەلی کورد، چ لە گەلی تورکیا. ڕێککەوتنێک ئەمڕۆ بکرێت بە دەستکەوتێکی کەمەوە، زۆر باشترە لە ڕێکەوتنێک کە هەندێک دەستکەوتی زیاتری تیا بەدەست بێت، کە لە پێناویدا خوێنڕشتن و دەربەدەری و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری و لە دەستدانی عەقڵی لە پێناودا دەدرێت. دەستکەوتێکی کەم و زیانێکی کەمتر، نەک دەستکەوتێکی زۆرتر و زیانێکی گەلێ گەورەتر، کە لە قەبارەی دەستکەوتە زیاترەکە، دەیان جار گەورەتر و زیانبەخشتربێت.
چارەسەری کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکەدا، مەرج نییە تەنها لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانەوە بەدەست بێت، هەروەها مەرجیش نییە بە ڕوخانی ڕژمێک لە ڕژێمە فاشیەکان دەستکەوتی زیاتر بە دەست بێت بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی ئەوەی لە مێژووی دوور و درێژی ئەم دەوڵەتە فاشیانەدا ئەزموونمان وەرگرتووە، ڕووخانی ئەم ڕژێمانە نەبووەتە هۆکاری گۆڕانکاری بنەڕەتی، وەک گۆڕانکاری لە مێنتالیەت و عەقڵیەت و کولتووری سیاسییدا، بە پێچەوانەوە زۆر جار ئەنجامی ڕوخانی ئەم دەوڵەتە فاشیانە خراپتر بووە بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی دیکە.
لە ڕاستیدا تووندوتیژیی و شەڕ و پێکدادان بۆ سەندنی ماف، هەرچەندە سوودی هەبێت، ناگات بەو زیانەی کە جگە لە خوێنڕشتنی مرۆڤەکان، جگە لە ماڵوێرانی، جگە لە دەربەدەری منداڵ و ژن و گەورەساڵان، عەقڵیشی تیا لە دەست دەدرێت.
کاتێک کە عەقڵ نەما، بیرکردنەوە نەما، ئیتر بمانەوێت یان نا، وێرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
کاتێک عەقڵ لە ئارادا بوو، بیرکردنەوە لە ئارادا بوو، چەند پێشێلکاریش هەبێت، وەلێ ئەو پێشێلکاریانە، بەو جۆرە نابێت کە ترس و تۆقاندنی ئەوەی لە دواوە بێت، کە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ و دەیە دوای دەیە، چاوەڕوانی وێرانکاری زیاتر بین.
ئێمەی کوردی باشور، ئەگەر زاکیرەمان لاواز نەبێت، ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین، ئەگەر دوای قسەی زلی پارتی و یەکێتی نەکەوین، ئەزموونێکی زۆرمان هەیە لەوەی شەڕ و پێکدادانەکان یەجگار زیانی لە گەل و نەتەوە و نیشتیمان داوە، ئەو “دەریا خوێنەی” پارتی و یەکێتی کردوویانە بە “سەرمایەیەکی ڕەمزی”، کوا ئەنجامکەی؟ خۆ ئەوەتا تا ئێستاش کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بە هەمان شێوەی جاران هەڕەشەی لەسەرە و خوێن لە پێناویدا دەڕێژرێت، پارتی و یەکێتیش بازرگانێتی پێوە دەکەن، نموونەش ڕیفراندۆمە عەنتیەکەکە بوو.
هەندێک کەس، ڕەخنەی ئەوەیان هەیە، گوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتوویەتی”ئێمە دەوڵەتمان ناوێت”، بە بڕوای من دەمێکە سیاسەتی پەکەکە لەسەر دەوڵەت و داواکردنی دامەزراندنی دەوڵەت گۆڕدراوە. وا هەست دەکەم ئەو کەسانە لە سیاسەتی پەکەکە باش تێنەگیشتوون.
پڕۆژەی “دیموکراتی گەلان” پڕۆژەیەکی سیاسیی هێندە گەورەیە، زۆر لەم دەوڵەتە فاشیانە گەورەترە، زۆر زیاتر خەڵکی لە پەنای ئەم پڕۆژەیەدا دەحەسێنەوە و دەگەن بە کۆمەڵێک مافی بنەڕەتی. ئەم پڕۆژەیەش مەرج نییە تەنها لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانەوە بە دەست بێت.
ئەگەر ورد بیربکەینەوە، پێدراەوکان باش هەڵبەسەنگێنین، لە دنیادا و بە تایبەتی لە ڕۆهەڵاتی ناویندا، دەیە دوای دەیە، ئەم جۆرە لە سیستمی حوکمڕانی کە هەمیشە فاشیەت و ڕەگەزپەرستی بەرهەم دێنێت، وردە وردە بەسەر دەچێت و ئێستا بیر لە پڕۆژەی سیاسی گەورەتر دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک خودی خۆی بتوانێت خۆی بەڕیوەبەرێت، واتە ئەوەی پێی دەڵێن “حوکمی خۆسەری”.
“حوکمی خۆسەری” حکومێکە بە عەقڵ و بیرکردنەوە و پڕۆژەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێتە ئاراوە، نەک بە شەڕ و پێکدادان. حوکمی خۆسەری واتا پێکەوە ژیان و حوکمی دیموکراتی ڕاستەوخۆی خەڵک، کە لە خواری خوارەوە خەڵک خۆی ڕێکدەخات و ئاسۆیانە حوکمڕانی خۆیان دەکەن، نەک دەسەڵاتی سەپێنراو بە ناوی دەسەڵاتی هەڵبژێردراو و پەرلەمانەوە.
دوا قسەم بۆ ئەوانەی ڕەخنەیان لە ڕاگەیاندنەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان هەیە، ئیحراجی سیاسیی لە بەردەم ڕای گیشتیدا، یەکێکە لە باشترین هەنگاوی سیاسی. ئەم بیرمەندە کوردە، باش بیری لەم مەسەلەیە کردووەتەوە، باشیش دەزانێت تورکیا و ئەردۆغان و ئاکپارتی دەستپێشخەریەکە قبووڵ ناکەن، وەلێ ئەوە ئیحراجی سیاسی دەوڵەت و حکومەتی تورکیایە لەبەردەم ڕای گشتیدا. بەم ئیحراجی سیاسییە، گەلی کورد و بەرەی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز دنیایە دۆستی گەورەی بۆ دروست دەبێت لە دنیاندا.

جیهاد موحەمەد
٠٩/٠٨/٢٠١٩




وڵاتی من … به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ وڵاتی من
جاشه‌كان قاره‌مانن
قاره‌مانه‌كان دۆشداماون
شۆڕشگێڕه‌كان كرێچین
چه‌قۆكێشه‌كان وه‌زیرن.
له‌ وڵاتی من
گه‌مژه‌كان ڕووناكبیرن
ڕووناكبیره‌كان گه‌مژه‌ن.
له‌ وڵاتی من
حزب كه‌عبه‌یه‌ و
سه‌ركرده‌ش خوایه‌.
له‌ وڵاتی من
ئازادی له‌ مه‌یموون ده‌چێ
خه‌ڵك گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن.
له‌ وڵاتی من
حه‌قیقه‌ت وه‌ك قه‌حپه‌
ئه‌گه‌ر نه‌كوژرێ
شاربه‌ده‌ر ده‌كرێ.
له‌ وڵاتی من
داگیركه‌ر دۆسته‌ و
دۆست دوژمن.
له‌ وڵاتی من
سه‌نگه‌ر گۆڕینه‌وه‌
وه‌ك په‌ڕینه‌وه‌یه‌ له‌ پردی جۆگه‌یێ.
له‌ وڵاتی من
هه‌موو درۆزنه‌كان
به‌هه‌شتیین و
هه‌موو ڕاستگۆكانیش
جه‌هه‌نه‌میی.
له‌ وڵاتی من
هیچ شتێك تامی نه‌ماوه‌
جگه‌ له‌ درۆكردن نه‌بێ:
شه‌ره‌ف له‌خاچ دراوه‌ و
بێ شه‌ره‌فییش ئیمپراتۆڕه‌.
له‌ وڵاتی من
مێگه‌لی ڕۆشنبیر
له‌ناو مێرگی گه‌نده‌ڵیدا ده‌له‌وه‌ڕێن و
له‌به‌رده‌م پادشاكان
بۆ شاباشی زۆر
قوونی قه‌ڵه‌مه‌كانیان
باده‌ده‌ن و
له‌به‌رده‌م سه‌رۆكیشدا
كڕنووش بۆ بتی پاره‌ ده‌به‌ن.
له‌ وڵاتی من
چێشتخانه‌ زانكۆیه‌ و
زانكۆكانیش سكرابخانه.
له‌ وڵاتی من
ئازادی
له‌ تڕی گه‌وره‌ی به‌رپرسێك
ده‌چێ و
هزریش له‌ فسێكی
بۆنناخۆش.
له‌ وڵاتی من
خوا له‌ شه‌یتان ده‌چێ و
شه‌یتانیش له‌ خوا.
له‌ وڵاتی من
جه‌نگ ئاشتییه‌ و
ئاشتیش جه‌نگ.
له‌ وڵاتی من
له‌وه‌تی هه‌یه‌
عه‌شق له‌ مه‌رگ ده‌چێ و
مه‌رگیش له‌ عه‌شق.
له‌ وڵاتی من
هه‌موو شتێك درۆیه‌
ته‌نها درۆ خۆی نه‌بێ
كه‌ له‌ كۆشكی ده‌سه‌ڵاتدا
پادشایه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




جەژن … عەلی حەمەڕەشید به رزنجي

ئەمڕۆ جــــەژنە منداڵان
با ئەمساڵیش وەک ساڵان
جلی جوان بکــــەینە بەر
ھەمـــوو لە ماڵ بێینە دەر
یاری بکــــــەین دڵخۆشین
شــــادی و خۆشی بنۆشین
دەڕۆین پێکــــەوە ھەموو
بە دڵی پرَ ئــــــــارەزوو
بۆ ئــــــەو باخ و بن دارە
دیمـــــــــــەنێکی نازدارە
ڕازاوەی گــــــــوڵی جوانە
پڕ لە ھیوای ژیـــــــــانە
تاوێک گـــــــــۆرانی وتن
تاوێک دیلانێ کــــــــردن
تاوێک یاری چاو شەرکيَ
تاوێک شایی و ھەڵپەڕکيَ
تاو تاوێکیش شەڕە ئـــاو
ئاو پرژێنی دەم و چــــــاو
ھەر منداڵێک ماندوو بــوو
دادەنیشێت بۆ پشــــــــوو
ئارەزووی لە ھەرچی کــرد
دەیکڕآ بە دەسـت وبــــرد
…………….




سلێمانیی، پایتەختی جەهلی کوردایەتیی … کامیار سابیر

ئەم نووسیینە، دوو رەهەندی سیاسیی و ئابووریی لەسەر میکانیزمەکانی ئەو مۆتیڤە سیاسییەی لە سلێمانییدا، بە درێژایی صەدەیەک هەیە، لە خۆ دەگرێ. لایەنە سیاسییەکەی، جەخت لە گوتارە شاعیریی، حەماسیی و نەتەوەییەکەی ئەم شارە و نوخبە سیاسییەکانی دەکات، لە روئیە و بییرکردنەوەیان ورد دەبێتەوە. رەهەندە ئابوورییەکەیشی لەسەر ئەو کاولبووەیە کە پێی دەگوترێ مەترسییەکانی دەوڵەتی رەیعیی، ئەو پرۆژە رەیعییەی سلێمانیی داغان کردووە و هاوکات جوقەی لە حیزبەکانی سلێمانیی و نوخبەکانیشی بڕییوە و لە هەموو دۆخێکدا، لە جوغزی سیاسیی و ئابوورییەوە، بە تایبەتیی لە نیو صەدەی رابردوودا، بەردەوام، کاژی نوێیان فڕێ داوە، بەڵام هەمیشە هەر سوخرەکێشی مەرجەعی عولیای کوردایەتیی و بنەماڵەی بارزانیی بوونە. بە واتایەکی تر، سلێمانیی لە ماوەی یەک صەدەی رابردوودا بە گشتیی و نییو صەدەی رابردوودا بە تایبەتیی، نەیتوانیوە لە ئەکتە مورتەزیقەییەکەی شێخ مەحمود و لە خورافاتی کوردایەتییە بابانیی-موکریانیی- سلێمانیی و بارزانییەکە، نەک هەر دوو بکەوێتەوە، بەڵکو بەهۆی خورافاتی نەژادیی و نەتەوەییەوە، لەسەرچۆک بۆ ئەجێندا موخابەراتییەکانی پارتیی و ماڵی بارزانیی، یەک لەسەر یەک دەکەوێت و هەمیشەیش بە خوزیعبەلاتی ئەوەی کە سلێمانیی پایتەختی جەهلی کوردایەتییە، بریینە کولاوەکانی خۆی ساڕێژ دەکاتەوە و بە کردەوەش، خزمەت بە بارزگانییە سیاسییەکەی مەرجەعی کوردایەتیی دەکات.

دوای فیاسکۆی گۆڕان، بە پانیی و بە درێژیی، فەشەلی ئەم بزوتنەوە سیاسییە، جارێکی تر فەشەلی ئەو خورافات و موناجاتەیە کە سلێمانیی بە پایتەختی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی ئۆریجناڵ دەزانێ. فەشەلی سیاسیی گۆڕان، فەشەلی گوتاری کوردایەتییە ئەفەندییەکەیە کە کوردایەتییەکەی پارتیی پێ موزەیەف بوو، ئەوەی خۆی پێ ئۆریجناڵ بوو. فەشەلی سیاسیی گۆڕان، لە یەک رستەدا، ئەوە بوو کە خاوەنی گوتارێکی سیاسیی جودا نەبوو لە گوتارە زاڵەکەی پارتیی کە فاشیزمی کوردایەتییە. ٨٠ ساڵە ئەم کوردایەتییە بێ فۆرم و بێ ناوەڕۆکە، ئەم کوردایەتییە بێ تێکست، بێ روئییە و بێ پرەنسیپە، کاژ لەسەر کاژ هەڵدەدات و زۆربەی هەرە زۆری جارەکانیش، کاژەکان لە نوخبە!کانی سلێمانییەوە بووە، چونکە خۆیان بە پادشای عەرشی کەلاوەی کوردایەتیی زانییوە. غەمخۆریی و پەرۆشیی بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم، وای لێهاتووە تەنیا لە سلێمانیی و گەرمیانەوە، بییر لە دروستکردنی حیزبێکی تر بکرێتەوە. لە سییەکان و چلەکانەوە بۆ حەفتاکان و هەشتاکان، هەر سلێمانیی، رائیدی تەمەڕودەکان و حیزبە سیاسییەکان بووە. هاوکات بە درێژایی ٢٨ ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم سیستەمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی، هەر حیزبێک لە ناوچەکانی پارتیی دروست بووبێت، قیادییەکانی یان تێرۆر کراون و راوەدوو نراون، یاخود، بۆ هەڵمژیینی ناڕەزایەتییەکان، حیزبی دەستکردی خۆیان بووە. لە ناوچەکانی یەکێتیی کەمێک دۆخەکە جیاوازتر بووە، ژینگە سیاسیی و کولتوورییەکەی رێگەی بە دروستبوونی حیزب داوە، بەڵام بە دەستێوەردان و زەرعکردنی توخمەکانی خۆیان، هەوڵیانداوە، ئیحتیوای حیزبەکە بکەن.

گرفتی سلێمانیی و حیزبی سیاسیی
تەمەنی سلێمانیی پتر لە دوو صەد ساڵە، ئەم تەمەنە بۆ شار، بە هەردوو مەفهومی شاری (دێریین و مۆدێرن)، تەمەنێکی زۆر کەمە، بەڵام سلێمانیی باجی ئەم لاساریی و سەرکێشییانەی، لە صەد ساڵی رابردوودا، زۆر بە قورسیی داوە. زۆریینەی جارەکان، بە وێرانکردن و بۆردمانکردنی شارەکە، بە زیانی سیاسیی و ئابووریی شارەکە، شکاوەتەوە. لە دروستبوونی عێراقدا کە بریتانییەکان ویلایەتی موصڵیان بە عێراقی دوو ویلایەتەکەی ترەوە( بەصرە و بەغداد)ەوە لکاند(Annexed)، جا بۆ باڵانسی سیاسیی و جیۆگرافیی بووبێت یان، بەهۆی دۆزیینەوەی نەوت و سامانی سروشتییەوە بووبێت، ئەوە شارۆچکەکانی ئەوکاتی ویلایەتی موصڵ، بەتایبەتیی ناوچەکانی ئێستای کەرکوک، هەولێر، دهۆک( ئەوکات، ئاکرێ شارۆچکەیەکی گەورە بوو)…تاد، عەقڵانییتر بوون لە شارۆچکەی ئەوکاتی سلێمانیی و دوای تەقوتۆقەکانی شێخ مەحمود نەکەوتن کە مۆتیڤی ئاغاواتیی، ملهوڕیی،عەمالەت، دیینیی و طائیفیی( بە ستاندەردی ئەو سەردەمە) لەپشت تەمەڕودە ناعەقڵانییەکەیەوە بوو.

تەنانەت ناوچەکانی کەرکوکیش، لە سلێمانیی باشتر بوون و باوەڕیان بە شێخ و ستەمکارێکی کورد نەکرد کە بە حەنینی پاشماوەی عوثمانییەکان، کاری پرۆکسیی بۆ ئەجێنداکانی ئیتحیاد و تەرەقیی ناسیۆنالیستە تورکەکان دەکرد. دروستتر بگوترێ ناسیۆنالیزمی دیینیی و عوثمانیی، دژ بە کافرانی ئینگلیز، هاندەری سەرەکیی ئەو حەماقەتە سیاسییەی شێخ بوون. سەرەنجام، شێخ و بزوتنەوەکەی کە مەئمورییەتیان بۆ تورکیای نوێ دەکرد، بەڵام بە ڤێرژنی عوثمانییەکان، بە بیانووی ئەوەی کورد ئەندامێکە لە میللەتانی ئیمپراتۆریای عوثمانیی و دەبێ لە کوفری بریتانیای عوظما و وڵاتە دەستکردەکەیان( عێراق) بە دوور بێت، سەری سلێمانیی لە قوڕێک نا کە تا ئێستایش ئەو پەراوێزخستنە وئەو سەر لە قوڕنان و دابڕانە سیاسییەی سلێمانیی بە عێراق و بە هاوکێشە ئیقلیمییەکانەوە هەیەتی، درێژەی هەیە. وێرانەکە لەوەدایە لەوساوە تا ئێستا، بەشی هەرە زۆری مونەوەرەکانی سلێمانیی و سیاسییە لۆکاڵییەکانی سلێمانیی، قاچ لەو ئاوە دەخشێنن کە شێخێک رشتی، پێوەندیی بە تورکیاوە، عەمالەتێکی ئیقلیمیی بوو کە نەخشەی بریتانییەکان، تێک بدات. شێخێکی خەڵەفاو( خەرەفاو) کە دوای خورافەی گەڕاندنەوەی خەلافەتی عوثمانیی کەوتبوو. تەنانەت هەندێ لە سیاسییە موحەلییەکانی سلێمانیی، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر خورافە و وەهمی بارزانییدا، شتێک هەبێت شانازیی پێوە بکەن، شێخ قوت دەکەنەوە، بۆ باڵانسڕاگرتنی سلێمانیی لە هەمبەر حوکمی مافیاکانی کوردایەتیی لە هەولێر.

لەگەڵ فۆرمۆڵەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە رووی سیاسییەوە، دوای ئەوەی لە دووتوێی شیعری کوردییەوە( لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ حاجی قادری کۆیی) وەکو تێکستی ئەدەبیی فۆرمەلە بووبوو، نوخبەکانی سلێمانیی، سەرمەشقی ئەم نەتەوەییبوونە بوون لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی سەردەمدا، لە شێخ مەحمودەوە بۆ حیزبی هیوا، بۆ کاژیک تا بە پاسۆک دەگات، لە کوردستانی ئێرانەوە کە ژێکاف بناغەی زیهنیی فۆرمۆڵەبوونی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان( لەسەر داوای ستالینستەکان) و کۆماری کوردستان بوو تا بە دامەزراندنی پارتیی دێمۆکراتی کورد لە کوردستانی عێراق دەگات، زۆریینەی رەهایان، نەژادییە توندڕۆکان و قەومییەکانی سلێمانیی و دەوروبەری بوون. تەنانەت، براهیم ئەحمەد بە حەماسی نەتەوەیی سابڵاغ و کۆمارەکەی، لە سلێمانییەوە لقی ئەو حیزبەی کوردستانی ئێرانی، کردبووەوە و دواتریش باراشی کوردایەتییەکەی، بە کەر و کورتانەوە، تەسلیمی رەئیس عەشیرەتێکی وەکو مەلا موصطەفا کرد.
مونەوەرە سیاسییەکانی چلەکان و پەنجاکانی سلێمانیی، پارتییان ئەوەندە بە حەماسی نەتەوەیی و لاساییکردنەوە دروستکرد، وەکو ئەوەی سلێمانیی، نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات! بەڵام نوخبەکانی لەباری سیاسیی و فیکرییەوە، لەباری کۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەوە، ئەوەندە تێکشکاو و لاواز بوون، حیزبیان بە قیادە و قاعیدەوە، بە شیعر و گەزۆوە، تەسلیمی مەلا موصطەفایەکی ئاوارە و دواتر گەڕاوەی سۆڤێت کرد کە جگە لە دارجگەرە و قسەی مەجلیسی عەشایەریی، شتێکی تری لە سیاسەت، لە فیکری سیاسیی و دیپلۆماسییەت نەدەزانی. بە کورتییەکەی لە شێخ مەحمودەوە، بۆ هەمزە عەبدوڵا، بۆ برایم ئەحمەد، بۆ تاڵەبانیی و کوڕو برازاکانی، تا بە نەوشیروان موصطەفا و کوڕە قاروونەکانی دەگات، هەموویان رۆڵیان بیینی لە سوخرەکێشیی سلێمانیی، بۆ بنەماڵەی بارزانیی و هەژموونە سیاسییەکەیان و ئێستا هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحە صەدان میلیارد دۆلارییەکەیشی هاتووەتە سەر.

پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان- عێراق/ پارتیی، بە سەرۆکایەتیی موصطەفا بارزانیی تا بە ئێستا دەگات، توانیویەتی تەواوی ئەو قەومچییەتییەی سلێمانیی شانازیی پێوە دەکات لە شێخ مەحمودەوە بۆ ٢٠١٩، هەمووی نەک هەڵمژێ و لە خۆی بگرێ، بەڵکو هەموو ئەو حیزبانەی ئیدیعای کوردایەتیی و دروشمی نەتەوەیی دەکەن، بە تایبەتیی ئەوانەی دەڵێن” سلێمانیی پایتەختی حەماقەتی کوردایەتییە”، هەموویان لە ئەجێنداکانی پارتیی نەک هەر تێناپەڕن، بەڵكو هەموویان دەڕژێنەوە ناو مەرجەعی بارەگاکەی بارزانیی و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەجێنداکانی ماڵی بارزانیی پێش دەخەن. ئێستایش بەشێک لە کۆنە ئاشەکان( ئاڵای شۆڕش)، کۆنە شیوعیی و کۆنە چەپەکان، لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە قیادییە سۆشیاڵ دێمۆکراتەکانی یەکێتیی، کۆنە کۆمەڵەکان و قیادەی ئێستای گۆڕان، وێڕای بەشێکی بەریین لە ئیسلامییەکان و هەندێ لە کۆمیونیستە لۆکاڵیی و نەژادییەکان، بە دەنگ و بە رەنگ، لە هەوڵی دروستکردنی خورافەی ئەنجوومەنێکی سیاسییدان کە جێگە و رێگەیەکی سیاسیی و دیپلۆماسیی بۆ پییرەپیاوێکی وەکو بارزانیی بدۆزنەوە و بەهۆی حەشیشی کوردایەتیی و بیزنسی میلیارد دۆلارییەوە، چۆن خۆیان تەخدیر بوونە، دەیانەوێ رای گشتییش تەخدیر بکەن و خەڵک بۆ تەپکەکانی پارتیی و ماڵی بارزانیی، راو بکەن. ئەمانەی ئەم جۆرە جێنتڵمانییە سیاسییە دەکەن، زۆربەی هەرە زۆریان، خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەری سلێمانیین.

سلێمانیی، بەراوردی دۆخە کولتووریی و سیاسییەکەی بکەیت بە شارەکانی کوردستان لە پارچەکانی تر، لە رووی سیاسیی، کولتووریی و مێژووییەوە، لاسایی شارێکی وەکو سابڵاغی کردووەتەوە و لەوێوە، فۆرمی حیزبی سیاسیی هێناوەتەوە. لە کاتێکدا، سابڵاغ لە چاو سلێمانییدا، دەبووایە وەکو کوێرەدێیەک حیساب بکرایە. بە پێچەوانەوە، کولتووری سیاسیی سنە کە لە کوردستانی ئێرانیشدایە، هەمیشە ناوچەکانی موکریانی وەکو شوێنی ئاغا و دەرەبەگ، شوێنی تفەنگچیی و رەدوو کەوتنی سیاسەتی ئیقلیمیی( چاولێکاریی کۆماری کوردستان بۆ کۆماری ئاذەربایجان) ناوزەد کردووە. هەر ئەم ناسیۆنالیزمە سابڵاغیی و موکریانییەشە لە مێنتاڵیتیی کوردایەتییەکەی مونەوەرە سیاسییەکانی سلێمانییدا، بە بابانیزم و پایتەختی جەهلی کوردایەتیی، بۆ ماڵی بارزانیی مۆبەڵایز کراوە و ئەوانیش بە ئەوجی سیاسیی خۆیان گەیاندووە و بیزنسی گەورەی وەکو ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی هەرێمیان رۆناوە. بەشێک لە مێنتاڵیتیی و غروری ئەم ناسیۆنالیزمە بابانیی و موکریانییەی لە سلێمانییدایە، پێیانوایە کە هەولێر لە باری سیاسیی و کولتوورییەوە، بە تایبەتییش لە فیکری سیاسییدا، زۆر لە دوای سلێمانییەوەیە! لە واقیعدا، بە درێژایی یەک قەڕن، هەولێر عەقڵانییتر و واقیعییتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخە سیاسییە جیاوازەکاندا کردووە و ئەم کونە بایە و ئەم جەهل و رەشۆکییە، ئەم کونە فشەیەی کوردایەتیی، هەر پیرۆزی نەتەوەیی و نەژادییەکانی سلێمانیی بێت. تەنانەت، قامیشلۆ، ئامەد و کرماشانیش کە شاری گەورەی کوردستانەکانی ترن، زۆر عەقڵانییتر لە نوخبە سیاسییە هەرزەکارەکانی سلێمانیی، لە رۆشنبییرە! مونەوەرە شیعربازەکانی سلێمانیی و ئەکادیمییە نەتەوەپەرستە بەتاڵەکانی سلێمانیی، بییریان کردووەتەوە.

ئەمانە بۆ دونیای عەرەبییش، هەمان حەقیقەتی مێژوویی و سیاسیی، جێکەوت دەکرێن. سلێمانیی بۆ کوردایەتیی رۆڵی موصڵ، دیمەشق و قاهیرەی، بۆ عوروبە بیینییوە. ئەو شارە عەرەبییانەی لە قەڕنی رابردوو و سەرەتای ئەم قەڕنەشدا خۆیان بە ئەسپی طەروادەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی زانییوە و دەزانن، بە راورد بە شارە عەرەبییەکانی تر، زۆر وێرانن و بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم شارانە، بۆیان بکرێ، نیشتمان و خاک و ئوممەی عەرەبییش بەجێدەهڵێن و بە دوای ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و ئاسوودەییدا دەگەڕێن. ئەمە بۆ سلێمانییش هەروایە و هەر ئەمەیشە کە زۆرتریین رەوەندی کۆچکردووی کورد لە سەرتاسەری کوردستانەکان و شارەکانی کوردستان، خەڵکی سلێمانیی زۆرتریین رێژەیان لە وڵاتەکانی رۆژئاوان و بە دوای ژیانێکی باشتردا( دوور لە حەماقەت و کەرەکەری پایتەختی کوردایەتیی)، سەری خۆیان هەڵگرتووە.
لە باری سیاسیی و مێژووییەوە، مێژووی صەد ساڵی سلێمانیی بەگشتیی و پەنجا ساڵی رابردوو بە تایبەتیی، نەک هەر سامپڵێکی باشی ئەو دۆخە سیاسیی و کولتوورییەی سلێمانیی بەیان دەکات، بەڵکو هەرکەسێکی عەقڵانیی و واقیعیی خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەرەکەی بێت، دەبێ لەوە تێبگات، ئەم دەمار رەپبوونە نەتەوەیی و نەژادییەی سلێمانیی، جگە لە وێرانبوون، بەرکەناربوون و پەراوێزخستنی سلێمانیی، چیی شتێکی باشی بۆ خەڵكی کوردستان بەگشتیی و بۆ خەڵکی سلێمانیی بە تایبەتیی هەبووە؟ ئایا پاداشتی ئەو هەموو قوربانییەی خەڵکی سلێمانیی لە مێژووی صەد ساڵی ناسیۆنالیزمی پرێمیتیڤەوە بۆ ناسیۆنالیزمە موکریانیی، شێخنشیینیی و عەشیرەتییەکەی کوردایەتیی، لە دروستبوونی عێراقەوە بۆ وەهمی ئەحمەقانەی دەوڵەتە کوردییەکەی بارزانیی و ئینتیحارە سیاسییە موراهیقانەکەی ریفراندۆم، ئەوەیە کە سلێمانیی بەم دەردە ببرێت کە براوە؟

درێژەی هەیە…

کامیار سابیر




هەمیشە لە سێبەردا … هۆمەر نۆریاوی

نێوەڕاستی هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)بوو کە یەکەمین بەرهەمی شیعریی “فەرید زامدار”م بەردەست کەوت. ئەم بەرهەمە شیعرییە،هیچ ناونیشانێکی لەسەر نەبوو هەر بۆیە بە دەفتەرە شیعری “بێ ناونیشان”ناوی دەرکرد و ساڵی 1990 بڵاو بووەوە. ئەو سەردەمە نازانم هۆکار چبوو ئەوەندە سەوداسەری خوێندنەوەی شیعری نوێ بووم. شتێک لە دەروونەوە بەردەوام هانی دەدام پتر بە نێو ئەو دنیا خەیاڵاوییەدا ڕۆ بچم. ڕەنگبێت وشە و چەمک و دەستەواژە نوێباوەکانی لای فەرید زامدار کە لە ناخێکی پاکژەوە هەڵدەقوڵان،یەک لە هۆکارەکانی ئەم پرسە بووبێت.
هەر لە نێو ئەو بەرهەمە شیعرییەدا،فەرید زامدار خاوەنی جیهانێکی شیعریی تایبەت بە خۆ بوو. کەمتر لە دووی لاساییکردنەوە بوو و هەردەم بیری لە داهێنان و نوێگەری دەکردەوە. دیارە نغرۆبوونی ئەم شاعیرە لە نێو دنیای ڕەنگدا ئەوەندەی دی لەسەر قووڵبوونەوەی لە نێو شیعردا دەوری بینیوە. ئەرچی شیعری فەرید زامدار،هەر لە هەمان سەرەتای نووسینەوە،مۆرکی خۆی پێوە دەبێت و کاتێک ڕوو لە نووسین دەکات،تیف تیفەی ڕۆح دەدات. بۆیە بۆ خۆی دەنووسێت:”نووسین،شێوەیەکە لە شێوەکانی کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح،تا حاڵەتی ڕووحیانەی شیعر پێنەگا و دروست نەبێ،شاعیری ڕەسەنیش دروست نابێ”.

هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە کە فەرید زامدار ئاماژەی پێ دەدات واتە”کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح”لە شیعری ئێستادا کەمتر دەور دەبینێت هەر بۆیە مەودایەک کەوتووەتە نێوان شیعر و بەردەنگ و هەتا دێت خوێنەری شیعر کەم دەبێتەوە. هەڵبەت شیعری هەنووکە بەدەست گەلێک ئارێشەوە دەناڵێنێت کە دیارە ئەم پرسە پێویستی بە خەسارناسیی هەیە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی گەرەکە. لەم ئاشووفتە بازاڕەی شیعردا پڕ ڕوونە کە خراپ دەکارگرتنی تەکنۆلۆژیایش دەور دەگێڕێت.شیعری ئێستا سەنگە ئەدەبییەکەی دابەزیوە و ئەمەیش لای کەس[توێژەر و ڕەخنەگری ئەدەبییەوە]حاشا و نکۆڵی لێوە ناکرێت.

فەرید زامدار هەروەها دەڵێ:”ئەو کاتانەی کە دەنووسم،بیر ناکەمەوە بەڵام ئەو کاتانەی کە نانووسم بیر دەکەمەوە”. خوێنەر و تۆرەوانی ئێستا پێویستە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحە ئەدەبییەکەی،پشت بە ئەزموونی ڕابردووی شیعری کوردی ببەستێت و تەنێ دووی ئەزموونە تاکەکەسییەکەی خۆی نەکەوێت.

فەرید زامدار ،بەر لەوەی نووسەر و شاعیرێکی وردبین بێت،خوێنەرێکی وشیار و وریایە و هەرگیز لە خۆ نامۆ نابێت؛بۆیە خۆی دەڵێت:”لە بێئاگاییم بە هەموو زمانە جیا جیاکانی جیهان بیر دەکەمەوە بەڵام دەربڕینم کوردییە”.
پێنووس لای ئەم نووسەر و شاعیرە کوردە ئەوەندە خودان سەنگە کە دەنووسێت:”قەڵەم نیشتمانە،لە هەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێک بشکێ،منیش دەشکێم،قەڵەمێک زیندانی بکرێ،منیش لەوێم،قەڵەمێک ڕاو بندرێ،منیش ڕاو دەنرێم،قەڵەمێک ئازار بدرێ،ژانەکەی دەگاتە ڕووحی منیش،قەڵەمێک داگیر بکرێ،منیش داگیر دەکرێم،لە هەر کوێیەک قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکا ،دەچمە ئەوێ،….. هەموو قەڵەمە خێرخوازەکانی دنیا بە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆم دەزانم و هەموو نووسینە هونەریی و دا‌هێنانە ئەدەبییەکانی جیهانیش بە هی خۆم دەبینم..،لە هەر کوێیەک قەڵەمێک ئازاد ببێ،منیش ئازاد دەبم”.

فەرید زامدار بە شاعیرێکی داهێنەری نێو ڕووبەری شیعری هاوچەرخی کوردی دادەنرێت کە بە زمانێکی جوایەز دەنووسێت و شیعر دەدوێنێت. ئەوەتانێ بۆ خۆی دەڵێ:”ئەوەندەی باوەڕم بە سەلیقەی زمان و سەلیقەی ڕووحیانەی وشە و سەلیقەی مۆسیقایی خۆڕسکی شیعری هەیە… ئەوەندە باوەڕم بە ڕێزمان و زانستی زمان نییە”.

ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە لەسەر شێعر و شاعیر بۆ ئێستایش هەر نوێ دەنوێنن؛تەمەنی ئەم پەیڤانەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 ساڵ پێش نها کەچی بۆ هەنووکەیش هەر تازەن. بۆ خۆی دەڵێ:”شاعیری بەهرەمەند،زمانناس و جوانناس و بەهرەناس و هونەرناسێکی خۆڕسکە،شاعیر، زمان دەنووسێ نەک زمانەکە شاعیرەکە بنووسێ،مەبەستیشم لەوە شێواندنی زمان نییە،بەڵکوو تێکشکاندنێکی بابەتیانەی زمانەکەیە بۆ دروستکردنی زمانێکی ئەدەبیی سەربەخۆ و….”
یەکێکی دی لە تایبەتمەندییەکانی شیعری فەرید زامدار ئەوەیە کە شێوە و فۆرم بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. ئەم شاعیرە ئەرچی گرنگییەکی تایبەت بە پەیڤ و شێوازی دەکارهێنانی وشە دەدات و هەرگیز وەک شێوەی باو،وشە دەکار ناهێنێت لێ،بە تەنیا ئاوازی نێو شیعری لا مەبەست نییە و بیرکردنەوە لە کردەی وشەیشی لا زۆر گرینگە. بۆ خۆی دەڵێ:”بە تەنیا بیر لە مۆسیقای وشە ناکەمەوە بەڵکوو بیر لە کرداری وشەکەش دەکەمەوە”.

خاڵێکی دی کە شیعری فەرید زامدار لە شاعیرانی دی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جوگرافیای شیعری ئەم هۆزانە خۆی بە دەڤەرێکی دیار و تایبەتەوە نابەستێتەوە و وەک چلۆن ئازادانە تێدەفکرێت،بۆ شیعریش هەمان ڕوانگەی هەیە. هەر سەبارەت بەم پرسە دەڵێ:”نەمامی شیعر لە ناوچەیەک دەچێندرێ و لە ناوچەیەکی دی شین دەبێ و لە ناوچەیەکی دیکەش دەدووروێتەوە”.
بە پێچەوانەی ژمارەیەک شاعیر کە هەمیشە چەند پلەیەک خۆ لە خەڵکانی دی بە بانتر دادەنێن،فەرید زامدار تەنێ شاعیر بە جوایەزتر دەزانێت و قەت تووشی لەخۆباییبوون نابێت. بۆ خۆی لەم بارەوە دەڵێ:”شاعیر لە خەڵکی ئاسایی گەورەتر و مەزنتر نییە بەڵکوو جیاوازترە”.

فەرید زامدار هەر دوابەدوای شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس،عەبدوڵڵا پەشێو،لەتیف هەڵمەت،ڕەفیق سابیر و … دووی ڕەوتی نوێکردنەوەی ئەدەب خاسما شیعری کوردی دەکەوێت و لەم بوارەیشدا گەلێک بەرهەمی ڕەنگاڵەیی بە ڕووبەری شیعری کوردی دەبەخشێت. عوسمان شەیدا،سەعدوڵڵا پەرۆش،کەریم دەشتی،موحسین ئاوارە،ئەنوەر قادرمحەممەد،فەرهاد شاکەلی،ئیسماعیل محەممەد،جەلال مەلەکشا و گەلێک شاعیری دی،لە هاوڕێ و شاعیرە هاوچاخەکانی ئەم شاعیرە نوێخوازە دێنە ئەژمار کە دواتر ئەم ڕەوتی تازەبوونەوەیەی نێو شیعری کوردی لە ڕێی کەسانی وەک دلاوەر قەرەداغی،ئیسماعیل خورماڵی،هیوا قادر،بەختیار عەلی،مەهاباد قەرەداغی،مارف ئاغایی،قاسم موئەییدزادە(هەڵۆ)،یوونس ڕەزایی،کەژاڵ ئەحمەد و هتدەوە بەردەوام دەبێت.
بۆ وتن دەشێت کە “فەرید بەکرئەییووب” ناسراو بە “فەرید زامدار”ساڵی 1952(1331ی هەتاوی)لە هەولێر لەدایک بووە و سەرەنجامیش ئەم شاعیر،پێشمەرگە،ڕۆژنامەوان و شێوەکارە ناسراوەی کورد،ڕۆژی 21ی جۆلای 2019 (30ی پووشپەڕی 2719)لە تەمەنی 67 ساڵیدا ئاخی کوردستان بۆ هەمیشە دەبێتە دوا مەکۆی و تێیدا ستار دەگرێت.
فەرید زامدار بە نێو سێبەردا هاتە نێو مەیدانی هەراوی شیعر و هەر لە نێو نسێی شیعریشدا ئۆقرەی گرت. سەرەتا و هەتا هەنووکەیش من،فەرید زامدار زێتر لە ڕێی شیعرەوە دەناسم ئەرچی شێوەکار،ڕاگەیانکار و ڕۆژنامەوانێکی دیاری نێو کوردیش بوو.

بەرهەمە شیعرییەکانی فەرید زامدار بریتین لە:
برووسکەی هەوری مەبەستێک،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی شیمال،کەرکووک،1973
ژوانی سێبەر،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی جمهوور،موسڵ،1970
ماکرۆکۆسم(گەورەترین جیهان)،شیعر،چاپی یەکەم،1996
میکرۆکۆسم(بچووکترین جیهان)،چاپی یەکەم،1996
ستێکس،وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،چاپخانەی قەڵا،سلێمانی،1997
Toho،لە شەوی یەک دەققەییدا،چاپی یەکەم،سلێمانی،1999
مردنی ئەندازەیی پەنجە شێتەکانی شەیتان،چاپی یەکەم،سلێمانی،2001
ئەنیمامۆندی،چاپی یەکەم،سلێمانی،2006
شەڕی وشەکان و نیو نوقتە لە ژێر نیودا،بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،سلێمانی،2007
مردنی بازنەیی،لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی نما،چاپی یەکەم،چاپخانەی شەهاب،هەولێر،2012
بارانی چل شەوە،بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ڕێ و نووسەری ڕێ، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ناوچەیەک لە ژوورە دزراوەکە، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئیمزایەکی بزر بە قەڵەمی شاعیرێک، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دوایین ئێوارەخوان، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئۆکتافیا،پێکە خوداییەکانی لاتەریکی، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
گەردوون لە پیلانێکی شیعریدا، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دەریاچەی ئاگر، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
(….)
بەر لەوەی ئێوە بمکوژن
من دەمێکە خۆم کوشتووە
بەر لەوەی ئێوە بمنێژن
من دەمێکە خۆم ناشتووە
بەر لەوە ڕوانینم بدزن
من دەمێکە چاوەکانم داخستووە
بەر لەوەی ئێوە پێم بڵێن
سەردەمێکە
من خۆم بە خۆمم وتووە
بەر لەوەی ئێوە پارچەم کەن
زەمانێکە
من خۆم بە خۆمم کردووە
سەرچاوەیەکی زۆر شێلوم
دەمێکە هەوکی خنکان و داڕژانی خۆم گرتووە
لەسەر پشتی هەڵەکانم
خۆتان هەڵوەشێنن و،بڕۆن
سەفەری من
مردن ڕێگای نەگرتووە
لە ناو جەستەی خۆم دەڕۆم و
تەماشای ڕۆیینی پیادە و
تەرمی نەمردووی خۆم دەکەم
لەگەڵ پێکەنینی مردن
خۆم لە ناو خۆم
چاوەڕێی ژیانی خۆم دەکەم…..


(………..)
لە باتی خوێن… ڕۆحم دەمژی
ئەی نەهەنگی…
عیشقی کوژراو
ئەگەر ستەم سندم بکرێ
هەموو چاوێک
بەهرەی جوانی بەردەکەوێ
حەز بە ئازاری کەس ناکەم
بە ناڕەوا
من ئازادیم لە کەس ناوێ…!


ژێدەر:
• دیوانە شیعری “بێ ناونیشان”ی فەرید زامدار،چاپی یەکەم،ساڵی 1990
• ڕووپەڕی شاعیر لە فەیسبووک
• ژمارەیەک ماڵپەڕی کوردی




دەما شاعر ژبلی خەیالێن خو كەسێ‌ دی نەبینیت …. عبدالرحمن بامەرنی

بارانەك ژ یادان* وەك نمونە

ئەو وێنەیێن كارلێكێ‌ دگەل خەیالا مرۆڤی دكەن، زێدەتر كارتێكرنێ‌ ل مرۆڤی دكەن و رەنگە بۆ چەندین رۆژان ژی مرۆڤ دوێ‌ خەیالێدا بمینت، دروستكرنا وێنەی ژی و تایبەتی وێنەیێ‌ شعری، عەشق و دلسوزی و داهێنان و سنعەتكاری بۆ دڤێت، وێنەیێ‌ شعری ژی ژ خەیالا شاعری و هزرێن وی د پەشیت، ئەڤ خەیالا هەنێ‌ یە ژی شاعری بەرەڤ قولاچێن تاریڤە دبەت و جوانترین رامان و دەربرینان ژێ‌ دەر دئێخیت، ژبەركو دوی دەروكی را، ئەو تشتێن دهزر و عەقلێ‌ ویدا هەین، وەرگری بەشداری دەربرینێن خوە دكەت.
ئەڤە بوون ئەوا ئەز شییام وەك پێشەكیەكێ‌ بۆ ڤێ‌ نڤیسینا خوە یا كورت، ل سەر شعرا (بارانەك ژ یادان) بنڤیسم، كو من ڤیایی ب شروڤەكرنەكا رەخنەی خوە بەردەمە ناڤ قولاچ و كونجێن ڤەشارتی یێن ڤێ‌ شعرێ و ئەوا هەر خواندەڤایەكێ‌ بخوینیت، رەنگە هەمان بوچوونێن من هەبن.
هوزانڤان ل دەستپێكا شعرا خوە دبێژیت:
ل بەر پەنجەرا هزران
دلوپەكێ‌ خوە دبەژنا غوربەتێ‌ وەركر و
ب پێن بەندەمانێ‌ ڤە ئالیا

دوماهیا شعرێ‌ ژی بڤی پەرەگرافی قفل دبیت:
من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەركەڤم و، پەنجەرا هزرێن خوە بشكێنم ..!!

بۆ دروستكرنا ئاڤاهیێ‌ ڤێ‌ شعرێ‌، هوزانڤانێ‌ ڤیایە پەنجەرێ‌ بكەتە كلیلا چوونا ژوورا تێكستا وێ‌, لێ‌ دا كو ئەو بشێت جوداتر ژ خەلكێن دی رولی بدەتە وێ‌ پەنجەرێ‌، نەهێلایە ئەو پەنجەر ببیتە دەروكێ‌ تێپەربوونا هەمان خواندەڤا، وێ‌ ڤیایە، خواندەڤا و وەرگرێ‌ شعرێ‌ دووری وێ‌ بیت، ژبەركو خەیالێن شاعران و دیتن و هزر و بیركرنێن شاعران، حەز ناكەن كەسێن دی نە تێكەلی نهێنیێن وان بن و نە ژی ببنە هەڤالێن خەمێن وان، بەلكو، ئەو خوە درێزا كەسێن نە ئاساییدا دبینن، دەما ئەو شعرێ‌ د نڤیسن، ئەو خوە ژ هەمی تشتان ڤالا دكەن، بتنێ‌ دگەل خەیالێن خوە دمینن، خەیالێن وان ژی جوداتر ژ كەسێن دی، بلندتر دفرن و دوورتر دبینن و گرانتر دهەلگرن.
شعر ژ هاتنا بارانێ‌ دەست پێدكەت، لێ‌ بۆ هوزانڤانی ژمارە نە گرنگە، ژبەركو ئێك چپك دشێت ببیتە هێڤێنێ‌ خولقاندنا تشتەكێ‌ دی، چپكەكا بارانێ‌ ل بەرێڤەی پەنجەرا وێ‌، كو خوە ب شووشەیێ‌ پەنجەرێدا بەردایە خوارێ‌ و خشیلانكەك بدویڤ خوڤە هێلای، بەس بوون كو خوە ژ دەردوورێن خوە ڤەدزیت و ئەو وێنەیێ‌ ل پاش خوە هێلای بكەتە بابەتێ‌ نڤیسینەكێ‌.
ژیان و هیڤی/ یادێن وێرانكەر/ ئەڤە ئەو وێنەنە یێن وێ‌ چپكێ‌ ئەو دناڤ خوەدا بەرزەكری و تا وی راددەی، ئەو خوە بكەتە هەڤپشكا ئەوران و ئەو هەردوو پێكڤە تاڤییان برێژن، دەما دبیێژت:
چاڤێن من و ئەوران تاڤی رێتن
هوزانڤان لڤێرە بتنێ‌ ژی نا راوەستیت، بەلكو بەردەوامیێ‌ د دەتە چكێن بارانێ‌ و هێشتا وێنان ژێ‌ دروست دكەت، هەر وەكو ژمێژە لهیڤییا بارانەكا ژڤی رەنگی و ڤیایی كەسەك هەڤبەشی خەمێن وێ‌ بیت، باران دهێت و وی كەسی بۆ پەیدا دكەت، یێ‌ بشێت ببیتە هەلگرا خەمێن وێ‌ و دبێژیت:
دناڤ ئەسرینا د چاڤێ مندا
چپكێن بارانێ ب ئارامی خەم وێنەدكرن
چەند مە دگری تابلویەك زیندی ژێ دهات
ئافراندن و
ئەز دناڤ دیمەنێن خوەدا دكوشتم
كوشتنا هوزانڤانی لڤێرە لێگەریانە لخو، لێگەریانە ل وان هەمی بیرهاتنێن ئەو نەشیایی بكەتە راستی و یان وێ‌ ڤیایی وێنەكێ‌ دی و پێناسەكا دی بدەتێ‌، ئەڤەیە ژی ئەوا ئەم دبێژینێ‌ بەرزەبوونا شاعران و لخو گەریانا شاعران. شاعر بەرزە دبن و شاعر خوە پەیدا دكەن و شاعر مە بەشداری وێ‌ راستیێ‌ دكەن یا ئەم تێنەگەهین و چ ژ ئاگەهی بیت یان بێئاگەهی، هوزانڤان یا مە بەشداری مرنەكێ‌ دكەت، لێ‌ نە مرنەكا بلەز، بەلكو مرنەكا دناڤ بیرهاتناندا و مرنەكا دناڤ خەیالێدا و ئەڤ مرنا وێ‌ د شعرا خوەدا ناڤ ئینای ژی، مرنەكا ژ جورێ‌ زیندیبوونێ‌ یە، دەما ئەم ژ كەیفا دكەینە گری.
لێ‌ هوزانڤان چ زوو بیت یان درەنگ ژ دەمێ‌ خویێ‌ دەست نیشانكری یێ‌ تێهەلچوونان دەردكەڤیت و حەز دكەت، ببیتە مرۆڤەكا ئاساییڤە، هەروەك د قفلا ڤێ‌ شعرێدا مە دیتی، دەما دبێژیت: (من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەركەڤم).
وەك دوماهیەك بۆ ڤێ‌ نڤیسینێ‌ و ئەوێن بڤێن شعرێن جوان و كارتێكەر بنڤیسن، ئەو هوزانڤانێن دكەڤنە د زڤروكا خەیالێن خوە دا و خویێ‌ مرۆڤ ژبیردكەن، شعرێن جوان ژ بەر وان دچن و ئەڤێن دكەڤنە د هەمان زڤرۆكدا و بیرا خوە ل خویێ‌ مرۆڤ دئینن، شعرێن وان زوی ژبیر دچن.
*بارانەك ژ یادان، ڤیان موحەمەد، د رۆژناما ئەڤرو ژمارە (2454) یا رۆژا 30/10/2018ێدا هاتیە بلاڤكرن.

  • د رۆژناما ئه‌ڤرو ژماره‌ژماره‌ 2478 يا رؤذا 3/12/2018 دا بلاڤ بوویه‌.
  • بۆ ئه‌ڤێن بڤێن شعرێ بخوینن.
    ـ بارانەک ژیادان ـ
    ڤیان موحه‌مه‌د
    ل بەر پەنجەرا ھزرا من
    دلوپەکێ خوە دبەژنا بایێ غوربەتێ وەرکر و
    ب پێن بەندەمانێ ڤە ئالیا
    ژیان و ھیڤی ل دور خرڤەبوون
    پێلەکا یادێن وێرانکەر ژێ ھەلاڤێت و
    چاڤێن من و ئەوران بھەڤرا تاڤی رێتن
    دناڤ ئەسرینا چاڤێ مندا
    چپکێن بارانێ ب ئارامی خەم وێنەدکرن
    چەند مە دگری تابلویەک زیندی ژێ دھات
    ئافراندن و
    ئەز دناڤ دیمەنێن خوەدا دکوشتم
    من دڤێت ژ ژورا سەرێ خوە بدەرکەڤم و
    پەنجەرا ھزرێن خوە بشکێنم ..!!

عبدالرحمن بامەرنی




هاڤان محه‌مه‌د، هه‌ڵکشان و گه‌شانه‌وە … فاروق مه‌جید

ماوه‌یه‌کی باشه‌ به‌دواداچوونم هه‌یه‌ بۆ شیعره‌کانی (هاڤان محه‌مه‌د)و ده‌یانخوێنمه‌وه‌. ئه‌وه‌ی سه‌رنجمداوه‌ و لای من خاڵێکی دیارو به‌رچاوه‌ پێشکه‌وتنی ئاستی شیعره‌کانییه‌تی له‌ رووی شیعرییه‌ته‌وه‌، به‌ به‌راود به‌ شیعره‌کانی سه‌ره‌تای. ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ به‌س له‌ رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕی (ڕێگای کوردستان)دا به‌رهه‌مه‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه‌، ئه‌ویش بێ دانانی وێنه‌ی خۆی و نووسینی کورته‌ی ژیانی، که‌ ئه‌و دووانه‌ هه‌رگیز پێوه‌ر نین بۆ خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هیچ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، به‌ڵام جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ ره‌وتی میدیایی رێگای کوردستان له‌ هه‌موو رۆژنامه‌کانی تر جیاوازه‌، به‌وه‌ی سێبه‌ری هیچ حیزبێکی ده‌سه‌ڵات نییه‌و گوتاریی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریشی تایبه‌ته‌ به‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی بێ به‌ش و داماو، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ر له‌ 8 لاپه‌ڕه‌دا ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌ویش ره‌نگه‌ به‌ پیتاکی ئه‌ندامه‌کانی به‌ڕێوه‌بچێت، که‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بوو 20 لاپه‌ڕه‌ بووایه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانیش هه‌ر به‌و گوڕو تین و جیاوازی و راستگۆییه‌وه‌ بوونایه‌وه‌ و نرخه‌که‌شی 1000دیناربووایه‌و هه‌ر هه‌مان رۆژی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌کسه‌ر له‌ بازاڕدا نه‌مایه‌. ئاوها تینوویه‌تی مه‌عنه‌وی خوێنه‌رانی ده‌شکاندو حه‌قیقه‌تی په‌یامی میدیایی سه‌رکه‌وتووش بۆ هه‌مووان ده‌رده‌که‌وت.

هاڤان محه‌مه‌د له‌م دوو شیعره‌ی دواییدا که‌ بڵاوی کردونه‌ته‌وه‌ (هایکۆ) و (سه‌فه‌ر)، هه‌ستم به‌ وه‌کرد که‌ به‌ راستی شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌ و چێژم لێ بینین، هه‌ر له‌ به‌کارهێنانی خوازه‌وه‌ بیگره‌ تا وێنه‌ی شیعری تازه‌و جوان، تاکو هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژیی و به‌کارهێنانی ئیکۆو وشه‌ی ئاوازدار و ناوه‌ڕۆکی قوڵ و سه‌رنج راکێش، ئه‌مه‌ش جێی ده‌ستخۆشییه‌ و هیوای به‌رده‌وامی و پێشکه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم، به‌ڵێ ئه‌و ره‌نگه‌ له‌م قۆناغه‌دا راستگۆیانه‌ زمانی ناخ به‌ شیعر ده‌رببڕێت و بۆیه‌ شیعره‌کانیش له‌ گۆشه‌ نیگای رۆمانسییه‌ته‌وه‌ ده‌ڕوانن به‌سه‌ر یه‌که‌ زمانه‌وانییه‌کان و گۆشه‌و بابه‌ته‌کانی تری ژیان و گه‌ردووندا، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌گه‌ر شاعیر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتی په‌ره‌ به‌م دیدو نیگایانه‌ش بدات و په‌لبهاوێت بۆ بابه‌تگه‌لی دی و به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م کۆلکه‌ جیاوازه‌کانی ژیان.

ته‌ماشای جادوی ئه‌و کۆپله‌یه‌ بکه‌ن، چۆن شاعیر تیایدا (چاو) به‌ ئۆقیانوس ده‌چوێنێت و له‌به‌رده‌م هێزی پاراسایکۆلۆژی ئه‌و شاشه‌ تایبه‌ته‌دا حه‌قیقه‌تی سه‌رگه‌ردانیی عاشق ده‌رده‌خات و چۆن شپرزه‌و سه‌رلێشێواو و بێ نوتقی ده‌کات:

دەریایەکی قوڵە،
کەشتێوان ون دەکا
ئۆقیانوسی چاو!

ئه‌و ڕاست ده‌کات، سیحری ئه‌و نیگایانه‌ هێنده‌ به‌رینی ده‌به‌خشێت به‌م که‌ وه‌ك ئۆقیانوسێکی ده‌شوبهێنێت و هه‌ر به‌و قه‌باره‌یه‌ خۆشی ده‌بینێت وه‌ك ده‌ریاوانێك که‌ بیه‌وێت له‌و زه‌ریا پڕ نهێنی و ته‌لسیمه‌دا مه‌له‌ بکات و نهێنیه‌کانی ئاشنا بێت، به‌ڵام ئه‌م زه‌ریایه‌ زه‌ریای هێمن و هندی نییه‌، به‌ڵکو زه‌ریای چاوێکی خوماره‌، یان با که‌مێك پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیمه‌نه‌ فه‌نتازیه‌ی نیگار کێش بوه‌ستین که‌ چۆن واقیع ئامێزانی خه‌یاڵ ده‌کات و ده‌ریده‌خات که‌ هێنده‌ توانای ئه‌ندێشه‌ی شاعیر به‌هێزه‌ هه‌ست به‌ نیگاری ئه‌و ماچه‌ ده‌کات که‌ کۆکردنه‌وه‌ی دوو لێوه‌و له‌سه‌ر سکێچی یاده‌وه‌رییه‌کانیدا نه‌خشه‌ی کێشاوه‌ کاتێك به‌م زمانه‌ پڕ ئیستاتیکایه‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییه‌ ده‌شیعرێنێت:

بە ماچێک،
دوو لێوی کۆکردەوە
نیگار کێشی خەیاڵ!

نه‌ك هه‌ر هێنده‌، به‌ڵکو به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ خوازه‌ی (شه‌و و ئه‌ستێره‌) وێنه‌یه‌کی تازه‌و ئیرۆتیکی جیاوازی شیعریمان بۆ نیگا ده‌کات، که‌ وروژاندنی هه‌ست و سۆزو لوتکه‌ی خۆشه‌ویستیکردنه‌؛ خۆ زۆر شاعیری تر سوودیان له‌ وشه‌کانی شه‌و و ئه‌ستێره‌ وه‌رگرتووه‌، به‌س شاعیر به‌ توانای ئه‌ندێشه‌کردن و ئه‌فراندنی شیعریی توانیویه‌تی وێنه‌یه‌کی تازه‌ی لێ وه‌دیبهێنێت و لێکچوون و له‌وچووه‌که‌)ش زۆر گونجاو و ته‌بان و له‌شوێنی خۆیاندان، لێره‌شدا کار له‌سه‌ر ئیستاتیکای جه‌سته‌ کراوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر خاوه‌نی سیحرێکی تایبه‌ته‌و زیره‌کانه‌ شاعیر توانیویه‌تی گه‌مه‌یه‌کی وشه‌سازی ئه‌نجامبدات به‌ به‌کارهێنانی دالی (ڕووتی) که‌ ده‌کرێت به‌ (روو:ت:ی) واتای رووی تۆ لێکبدرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌ مانای رووت یش هه‌ر دروست ده‌خوێندرێته‌وه‌. جا گرنگ نییه‌ ئه‌م دایه‌لۆگه‌ بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز گونجاو و ته‌واوه‌، چونکه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا بۆ نموونه‌ (اللیل/شه‌و) نێرینه‌یه‌

ورووژاوە،
ئەستێرەی ڕووتی بینیوە;
شەو!

سروشت هه‌میشه‌ هاوڕێیه‌کی نزیکی شاعیران بووه‌و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامه‌کان و که‌ره‌سه‌و یارمه‌تیده‌ری ده‌ربڕینی شیعریشیان بووه‌، وه‌ك چۆن بینیمان له‌ کۆپله‌کانی رابردوودا (ئه‌ستێره‌و شه‌و، ئۆقیانووس)ی به‌کارهێنا ئه‌وا لێره‌دا جارێکی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای پاییزو گه‌ڵاو باخچه‌، تاکو له‌ هه‌ستی شاعیر تێبگه‌ین و لێکچوواندنه‌کان شیکاریی بکه‌ین، هه‌تاوه‌کو راده‌ی هه‌ستی ساده‌و پاک و شه‌رمنی که‌سێکمان بۆ بگه‌یه‌نێت که‌ چۆن وه‌کو دره‌ختێکی رووته‌ڵه‌ی بێ به‌رگ، له‌ ناو باخچه‌دا شه‌رم له‌ پاییز ده‌کات، ره‌نگه‌ خوێنه‌رێك لێره‌دا بڵێت ره‌نگه‌ باخچه‌ش چه‌ند مانایه‌ك له‌خۆ بگرێت، له‌وانه‌ ناوێك بێت بۆ که‌سێکی عاشق.

خۆی بە گەڵا داپۆشیوە
شەرم لە ڕووتبوونەوەی پایز دەکات –
باخچە.

(سه‌فه‌ر) دووه‌م ده‌قی ئه‌م شاعیره‌مانه‌، به‌ڵام سه‌فه‌رێکی جیاواز، سه‌فه‌ری ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ؛ ئه‌و کاته‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ ئه‌و: سه‌فه‌ره‌که‌ی کۆتایی پێ دێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌واته‌ هه‌ر لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین که‌ سه‌فه‌ر لێره‌دا زیاتر له‌ مانایه‌کی هه‌ڵگرتووه‌، سه‌فه‌ری ئه‌زموونی ژیان له‌گه‌ڵ که‌سێکداو سه‌فه‌ری غوربه‌تی که‌سێکی تر، به‌ واتایه‌کی تر سه‌فه‌ری مادی و مه‌عنه‌وی، سه‌فه‌ری دووهه‌میان پڕ له‌ وه‌فاو راستگۆیانه‌یه‌ و هه‌تا هه‌تاییه:

سەفەرێک لە دەروازەی
هاتنتەوە دەستپێدەکات،
تا کەوتنی دواین گەڵای تەمەنم
بۆ گه‌شتن به‌ مرازی دڵی شاعیر هێشتا دره‌نگ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ رابردوو هه‌ر داڕمان و ره‌شایی و مه‌لولیی بوو بێت که‌ ته‌می خه‌مگینی ڕژاندبوو به‌سه‌ر جوڵه‌کانی ژیاندا، به‌ڵام چه‌ند لێزانانه‌ شاعیر رۆژه‌ ره‌شه‌کان به‌ مرۆڤێکی پیرو نه‌خۆشی ده‌ست له‌رزۆك ده‌شوبهێنیت و رووبه‌رووی نه‌فرینی ده‌کاته‌وه، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌کات بڵێین به‌ڵێ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م وشه‌سازییه‌دا زمانی شیعری وه‌به‌رهێناوه‌و جیای کردووه‌ته‌وه‌ له‌ دیمه‌نه‌ راسته‌وخۆکانی رۆژانه‌ و لێره‌دا به‌ فلته‌ری شیعربووندا تێپه‌ڕیوون و به‌ر زمانێکی ئیستاتیکی گیان ده‌که‌وین که‌ سۆزو ویژدان تیایدا باڵاده‌ستی وه‌ده‌ست دێنێت و له‌ ژێر چه‌تری شیعریكدا هه‌ڵتروشکاوه‌:

‌نه‌فره‌ت
لە وەرزە دەست لەرزۆکەکان
کە نەیانتوانی
زووتر تۆ بگەیەننە وێزگەی ژیانم

له‌سه‌فه‌ری یه‌که‌می ئه‌ودا، ئه‌م رووخا بوو له‌ بێ هیوایی و بێ ئه‌ویی ته‌واوکاریی بوونی ئه‌مدا، ئاوهایه‌ سۆزی راسته‌قینه‌، نه‌ك به‌س خودی ژیانی شاعیر ره‌ش و مات بوو، به‌ڵکو شارو گه‌ڕه‌ك و کوچه‌و کۆڵان و گوزه‌ره‌کانیش بێ تام و مه‌لول بوون، ئه‌وانه‌ چین بێ بوونی هاوه‌ڵی راسته‌قینه‌ی ژین؟ هه‌موویان هه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی دیمه‌نی سایکۆلۆژی ساتی ته‌نیایی شاعیرن و ده‌یه‌وێت بڵێت من چێم بێ تۆ، هه‌روه‌ها ئه‌و و ئه‌وان و تۆو هه‌موومان هه‌ر به‌م جۆره‌… با ساتێك دابنێین بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌ی گیانه‌کان؛ زۆرن خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان و که‌من خاڵه‌ جوداکان، که‌چی مه‌خابن لای زۆر له‌ مرۆڤه‌کان خاڵه‌ که‌مه‌ جوداکان ده‌کرێنه‌ بنه‌ماو ئامانج و چه‌ق بۆ هاتنه‌دی دیدگای جوڵان به‌ره‌و پێشه‌وه‌و به‌ره‌و دواوه‌ که‌ ئاکام په‌شۆکاویی و ناکامی لێ دروست ده‌بێت، که‌واته‌ له‌م کۆپله‌یه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ عه‌شقه‌که‌ به‌س فیزیکیی نه‌بوو، به‌ڵکو زیاد له‌مه‌ش به‌ره‌و قوڵایی گیان ره‌گی هاویشتبوو:

چ داڕمانێک بوو ئەوسا؟
بینایی شار ڕەشتر لە قەقنەس
تەزیوتر لە گیانێکی خۆلەمێشیی
مەلولتر لە دڵێکی کڵۆڵ
ئاخر هەناسەی کانی،
لە کوێوە فێنکایی بە ڕێبوار دەدات؟
سێبەری باخچە نەبێت!
لێره‌دا زیاتر گه‌ردوونبوونی ئه‌م عه‌شقه‌ ده‌رده‌که‌وێت، کاتێك (تریفه‌و چۆله‌که‌ی نوستوو، هه‌ره‌سی بێده‌نگی) دێنه‌ ناو فه‌زای شیعره‌که‌وه‌و مانا په‌یوه‌ست ده‌کرێت به‌ شۆڕشه‌وه، به‌ جوڵه‌ی ژیانه‌وه‌، به‌ توخمه‌ جیاوازه‌کانی بوون، ئه‌ی بۆ نا؟ خۆ هه‌موویان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی هارمۆنییدا یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن، که‌واته‌ بۆ ناکرێت بڵێین ئه‌م عه‌شقه‌ به‌ره‌و فیستیڤاڵی ئازادی و دادو ماف له‌گه‌ڵ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی تردا سه‌ما ده‌کات و به‌ ژیانه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌و سه‌فه‌ره‌ هه‌موو بێده‌نگییه‌کان کۆتاییان پێ دێت و به‌م جۆره‌ش ژیان ره‌وتی راسته‌قینه‌و ره‌سه‌نی خۆی ده‌گرێته‌وه‌وهه‌موو شته‌کان ده‌که‌ونه‌ جۆش و خرۆش وجوڵه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بێت چ موعاناتێك بووبێت ئاوها شاعیری نیگه‌ران کردبێت؟ چ هه‌ستێکی به‌هێزی په‌نگخواردووی ناخهه‌ژێن بێت وا له‌ شێوه‌ی ئه‌م نه‌غمه‌ جوان و ناسکانه‌دا ده‌روونمان جۆش ده‌دات، تا له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی نوستوواندا بێداربینه‌وه‌، راستییه‌کان ببینین و ئه‌زموون بکه‌ین، جۆگه‌له‌ وشکه‌کان له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ ته‌ڕاییان بۆ بگه‌ڕیته‌وه‌و دووباره‌ سه‌وزایی باخی ژیان ئاوه‌دان بکاته‌وه‌و شوێن به‌ ته‌پوتۆزو گڕه‌ی گه‌رماو بۆگه‌نبوون له‌ق بکات، سیمبوڵی چۆله‌که‌ چه‌ند جوان و به‌ریئو دڵڕفێنه‌ له‌ باغێکی پڕ نه‌شئه‌دا و به‌رزبوونه‌وه‌ی سه‌دایان به‌رزو به‌رزترو رووخان و داڕمانی ئه‌و نزمی و نشێوانه‌ی سه‌رده‌مانێك زۆلکاوێکی بۆگه‌ن بوون بۆ قوڕباقه‌ ده‌نگ ناخۆشه‌کان:
تەنیا بێدەنگ مەبە؟
بە تریقەی هەناسەت باغێک بهەژێنە
با چۆلەکە نوستووەکان خەبەریان بێتەوەو
جریوەیان بە ئاسمانا هەڵکشێ و
بێدەنگیی هەرەس بێنێ
له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئه‌و نهێنییه‌ ماوه‌ شاعیر له‌ ئاکامدا پێمان بڵێت که‌ یه‌کێك له‌ گرنگترین سه‌فه‌ره‌کانی ژیان و رزگاربوونی له‌ خه‌مۆکی و ته‌نیایی و هه‌ڵگێرانه‌وه‌کانی دۆخی مرۆڤ به‌ره‌و باڵا چه‌که‌ره‌کردنی ئه‌و نه‌مامی عه‌شقه‌ راسته‌قینه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئیلهام و وزه‌و نوێبوونه‌وه‌و چێژو جوانی و پشووه‌، ژیان بێ ئه‌و سۆزو خۆشه‌ویستییه‌ نموونه‌ییه‌ ئاسته‌مه‌ .. چه‌ند ئه‌و دیمه‌نه‌ شیعرییه‌ جوان و سه‌رنجراکێش و دڵهه‌ژێنه‌ که‌ له‌مه‌غریبی سه‌فه‌ردا رۆژووی دووری بشکێنێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاری ون و نه‌بینراو، ئه‌و یاره‌ی له‌ خه‌یاڵدانی شاعیردا جوانترین یۆتۆپیای له‌ واقیعدا بۆ ده‌نه‌خشێنێت و خه‌ونه‌کانی ده‌کاته‌ راستی، هێزی شیعرییه‌تی زیاتری پێ ده‌به‌خشێت و ته‌واوکاریی به‌ ماناکانی ژینی ده‌دات، هه‌ر ئه‌و هێزی عه‌شقه‌شه‌ سنووه‌ره‌کان ده‌بڕێت و هیچ کۆتو پێوه‌ندێك له‌به‌رده‌میدا نابێته‌ ئاسته‌نگ:

وەلێ عەشق بەهێزتر بوو
دڵ خۆشبە بەم گەشتە
با تاوێک
گوێ لە ئاوازی ئەم نەورەسانە بگرین
خەفت لە باڵای بێداریی دەتەکێنن
با پێش خۆر ئاوابوون
نوچێک بە هیلاکبوون بدەین
ئەمجارەیان
لە مەغریبی سەفەردا
ڕۆژووی دووریی نێوانمان بشکێنە

فاروق مه‌جید




ئاستی رۆشنبیری تاك به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینین كوردستان خاوه‌نی گه‌لێك شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری جوان و دێرینه‌ وه‌كو ئه‌شكه‌وته‌كان و له‌گه‌ڵ چه‌ندان قه‌لِای دێرین كه‌ مێژوووه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌نده‌ها ساڵ له‌مه‌و پێش,به‌لِام من لێره‌دا ده‌مه‌وێ تیشكێكی بچووك بخه‌مه‌ سه‌ر ئاستی تاكی كورد یاخود چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی تاكی كورد به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری وڵاته‌كه‌یدا.

به‌داخه‌وه‌ دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ به‌شێكی زۆری تاكی كورد كه‌ ده‌بینم بێ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت له‌ به‌رامبه‌ر شوێنه‌وارو كه‌له‌پووره‌كانیان دا یان بێ باكن له‌ پاراستنی شوێنه‌واری وڵاته‌كه‌یان دا,كه‌ ده‌توانم وه‌كو قوتابیه‌كی شوێنه‌وارناسی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌قه‌یران یاخود جینۆسایدی شوێنه‌واری له‌ قه‌ڵه‌م بده‌م,یه‌كێك له‌و دیارده‌ ناشرینانه‌ی كه‌ وه‌ك قوتابیه‌كی شوێنه‌وارناسی ئازاری دام بریتی بو له‌ سیمای سه‌ر ئه‌شكه‌وتی قزقاپان كه‌چه‌ندین دیارده‌ی ناشرینی له‌سه‌ر نوسرابوو وه‌كو نوسینی سه‌ر كوچه‌و كۆلانه‌كان وابوو.

بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی شوێنه‌وارناسان ورۆژنامه‌كان و میدیاكان وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پێویسته‌ ڕۆلی به‌رچاو ببینرێت له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چینی كۆمه‌ڵگای كوردی.

نوسینی/ ئه‌حمه‌د كامه‌ران
قوتابی كۆلێژی ئاداب




تیۆره‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، بۆ به‌ كوردیكردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كان … د. مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن

كاره‌ پڕداهێنانه‌كانی زیره‌ك كێلگه‌یه‌كی فراوانه‌ به‌قه‌د فراونی كوردستان و پڕ ته‌مه‌نه‌ به‌ قه‌د ته‌مه‌نی داهینان .
زیره‌ك ئه‌و گێلگه‌یه‌یه‌ ڕاسته‌ ناسراوه‌ و به‌رده‌وام باس ده‌كرێت، به‌ڵام، باسكردنه‌كان هێشتا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان لێكۆڵینه‌ویی و زانستی نین، زانستی به‌ قه‌د داهێنانی زیره‌ك، چۆن ژیان و كه‌سایه‌تی و هونه‌ر و مێژووی زیره‌ك ڕه‌نگاو ڕه‌نگێكی تاوسییه‌،هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدایه‌ و ره‌نگه‌كانیش به‌رده‌وام له‌ گۆڕان و نوێ بوونه‌وه‌ دان، ئێمه‌ پێشترله‌ چه‌ند نووسێنێكدا داوای زانستی (زیره‌كناسیی) و دامه‌زراندنی (نێوه‌ندی زیره‌كناسیی) و كاری (به‌ره‌و زیره‌كناسیی) مان كردووه‌، له‌م داویانه‌دا مه‌به‌ستمانه‌:
یه‌كه‌م : دامه‌زراندنی (نێوه‌ندی زیره‌كناسیی)، له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌رانه‌ كۆببنه‌وه‌، به‌رده‌وام به‌ به‌رنامه‌ی زانستییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیان و كه‌سایه‌تی و هونه‌ری زیره‌ ك بكه‌ن.
دووه‌م:له‌ (به‌ره‌و زیره‌كناسیی) دا، مه‌به‌ستمانه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ ده‌نگیی و وێنه‌یی و ڤیدیۆیی و وێنه‌ی فۆتۆگرافی و نووسراو و نه‌ نووسراوكانی زیره‌ك كۆبكرێنه‌وه‌ و پۆلین بكرێن و به‌ پێی زه‌مه‌نی ژیان و قۆناغه‌كانی هونه‌ری زیره‌ك ڕیزبه‌ند بكرێن و بخرێنه‌ به‌رده‌ستی لێكۆڵه‌ران و نووسه‌رانی زیره‌كدۆست .
سێیه‌م: كاركردن بۆ دروستكردنی (زانستیی زیره‌كناسیی)،ئه‌مه‌ش پاش لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی ژیان و هونه‌ری زیره‌ك و گه‌یشتن به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زیره‌ك له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌م زانسته‌ دروست ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك توانیمان ئه‌م كارانه‌ بكه‌ین، ئه‌وكاته‌ كورد كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ڕیگای ڕاستی ڕیزگرتن له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ری زیره‌ك، ئه‌و كاسایه‌تی و هونه‌ره‌ی پێویست به‌ تیۆری تایبه‌ت ده‌كات بۆ ناسین و تێگه‌یشتنی هونه‌ر و داهێنانه‌كانی، ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین، ئێمه‌ كه‌ ده‌نووسین: تیۆره‌كانی زیره‌ك له‌ به‌ كوری كردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان، مه‌ به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌قی نووسراوی تیۆره‌كانی زیره‌ك-ت بخه‌ینه‌ به‌رده‌ست، یان ئه‌و تیۆره‌ به‌ نووسین هه‌بن، به‌ڵكو ئێمه‌ به‌ دوای به‌كارهێنانی ئه‌و تیۆره‌دا ده‌گه‌ڕێین له‌ نێو گۆرانیه‌كانی دا كه‌ زیره‌ك به‌و توانا بێ سنووره‌ی كه‌ خۆی هه‌یه‌تی و له‌ كاره‌ داهێنانه‌ هونه‌ریه‌كانی دا كردوویه‌تی، واته‌ تیۆره‌كه‌ی له‌ نێو كاره‌ پر داهێنانه‌كانیدا ده‌دۆزریته‌وه‌ .
ئه‌مڕۆكه‌ش به‌ بۆ نه‌ی یادی (47 ساڵه‌ی كۆچی دوایی زیره‌ك)، ده‌رگایه‌كی تازه‌ به‌سه‌ر جیهانی ناسینی زیره‌كدا ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دان به‌وه‌ دابنێم كه‌ من پسپۆری موزیك و ده‌نگ و ئاواز نیم و هیچ شاره‌زاییه‌كی زانستیانه‌م له‌ خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌ و له‌ زانستی ئه‌م بابه‌تانه‌دا نییه‌، بۆیه‌ من له‌ڕووی تیۆرییه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ قسه‌ له‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌م و بواره‌ پسپۆرییه‌كه‌ بۆ زانا و شاره‌زایانی موزیك و ئاواز و دڵسۆزانی زیره‌ك به‌ جێ ده‌هیڵم.
من لێره‌دا وه‌ك كه‌سێكی زیره‌كدۆست و گوێگری به‌رده‌وامی ده‌نگی زیره‌ك و كه‌میك شاره‌زا له‌ ژیان و كه‌سایه‌تی زیره‌ك، باس له‌ تیۆره‌كانی به‌كوردیكردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كانی ده‌كه‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕێگاكه‌ كه‌مێك خۆش بكه‌م و له‌ نێو گۆرانیه‌كانیدا هێڵی تیۆره‌كان ده‌دۆزمه‌وه‌ و ده‌یخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستی مامۆستا پسپۆره‌كان و هیوادارم ئه‌وان به‌شه‌ كاره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م تیۆره‌ ته‌واو بكه‌ن .
تایبه‌تمه‌ندیی گۆرانییه‌كانی زیره‌ك
زیره‌ك ژماره‌ی گۆرانیه‌كانی تا ئێستا به‌ ته‌واوی نه‌زانراوه‌، دوا ژماره‌ كه‌ نێوه‌ندێكی كه‌لتوری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوی كردۆته‌وه‌ (3623) گۆرانییه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێم وانییه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی جێگیر بێت، به‌هه‌رحاڵ ساغ كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی گۆرانییه‌كانی زیره‌ك كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌، له‌ به‌ر ئه‌م هۆیانه‌:
یه‌كه‌م: شوێنی تۆماركردنی زیره‌ك له‌ دوو وڵاتی داگیركه‌ری ئێران و عیراق داو له‌ ئێستگه‌كان و ئاهه‌ نگه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان و دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كاندا، هێنده‌ زۆر و هێنده‌ په‌رتن، به‌ هیج كه‌س له‌ داهاتووێكی زوودا كۆناكرێنه‌وه‌ .
دووه‌م: هه‌ندێ له‌ گۆرانیه‌كانی زیره‌ك له‌ ناوچوون به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت،به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست یان به‌هۆی بێ كه‌سی و بێماڵی و بێ ئه‌رشیفی زیره‌ك له‌ زۆركاتی ژیانیدا.
سێیه‌م: هه‌ندێ ئاهه‌نگ و گۆرانی زیره‌ك بۆ كه‌سانی تایبه‌ت و له‌ ماڵان تۆماركراون، ئه‌م خاوه‌ن ماڵانه‌ وا ده‌زانن و لایان وایه‌ كه‌ ژه‌مه‌ خواردنێكان داوه‌ته‌ زیره‌ك، ئیتر ئه‌م گۆرانیانه‌ هیچ مافێكی زیره‌كی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌ بڵاویان ناكه‌نه‌وه‌.
من به‌ هۆی ئه‌و به‌رده‌وامی و ته‌مه‌نه‌ درێژه‌ی كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێ له‌ گۆرانییه‌كانی زیره‌ك ده‌گرم، ده‌توانم داهێنانه‌كانی به‌ سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ دابه‌ش بكه‌م:
-1ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ به‌ شیعرو ئاواز هی خۆیه‌تی .
-2ئه‌و گۆرانیانه‌ كه‌ شیعره‌كان شیعری شاعیرانی ناسراوی كوردن و ئاوازی زیره‌كه‌ .
-3ئه‌و گۆرانییه‌ فۆلكلۆریانه‌ی كه‌ زیره‌ك له‌ هه‌موو ناوچه‌و زار و بنزاره‌ كوردییه‌كان وه‌ریگرتووه‌ و به‌ شیعرو ئاوازه‌وه‌ گۆڕانكاری تێداكردووه‌ .
-4ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه‌ له‌ میلله‌تانی تر وه‌ریگرتووه‌ و گۆڕانكاری له‌ شیعرو ئاوزه‌كاندا كردووه‌.
-5ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌ ته‌نیا ئاوازه‌كه‌ی له‌ میلله‌تانی تر وه‌رگرتووه‌ و گۆڕانی تێداكردووه‌ و به‌ شیعری خۆی یان به‌ شیعرێكی تری فۆلكلۆر یان شیعری شاعیران گوتوویه‌تی.
-6ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه‌ شیعره‌كه‌ هی شاعیرانی كورده‌ و به‌ ئاوازێكی بیانی به‌ گۆڕانكاریه‌وه‌ تۆماری كردووه‌ .
-7ئه‌وگۆرانییه‌ی كه‌ ئاوازی كه‌سانی تره‌ و به‌ شیعری خۆی یان شیعری شاعیرانی تر و به‌ شێوه‌ گوتنی خۆی گوتوویه‌تی .
-8زیره‌ك له‌ گوتنی هه‌موو جۆره‌ گۆرانیه‌كاندا هونه‌رێكی زۆری نواندووه‌، چ وه‌ك شاعیر و چ وه‌ك ئاوازدانه‌ر و چ له‌ گوتنه‌وه‌یدا،گۆرانییه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندو خۆش و جوان كردووه‌، له‌ ئاوازدا به‌ تێكه‌ڵكردنی ده‌نگی بڕگه‌یی و بڕگه‌ی مانادار و وشه‌ی جوان و پاش و پێشكردنی وشه‌ و كورته‌ ڕسته‌ و نیوه‌ ڕسته‌ و به‌ئاوازی پڕ له‌ ڕازاندنه‌وه‌ دا، زیره‌ك ئه‌و هونه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ ئاوازه‌كانی نواندووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ شیعریشدا ئه‌مه‌ی كردووه‌ .
-9زیره‌ك له‌ ئاوزو شێوه‌ی گوتنی خۆیدا هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌شێكی زۆری له‌ هه‌موو جۆره‌ گۆرانیه‌كان به‌ زیاتر له‌ ئاوازێك و زیاتر له‌ شێوه‌ گوتنیك گوتووته‌وه‌ .
كه‌سایه‌تی هونه‌ریی زیره‌ك
هه‌موو ئه‌و تیۆره‌ جۆراو جۆرانه‌ی كه‌ كه‌سایه‌تی داهێنه‌ر ده‌خه‌نه‌ به‌ر تیشكی لێكۆڵینه‌وه‌، ناتوانن به‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه‌ تائێستا كردوویانه‌، كه‌سایه‌تی داهێنه‌رانه‌ی زیره‌ك به‌ته‌واوی بخوێننه‌وه‌، چونكه‌ زیره‌ك به‌ڕاستی كه‌سێكی جیایه‌، جیا له‌ هه‌ موو داهێنه‌ران، هه‌ر بۆیه‌ پێویست ده‌كات به‌ تیۆری داهێنه‌رناسیی نوێ و تایبه‌ت، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ری تایبه‌تی زیره‌ك بكه‌ین، لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی چه‌ند خاڵێك بكه‌م كه‌ (د.محه‌مه‌د ئه‌كره‌م ئه‌لعه‌دلونی) له‌ باسی داهێنه‌راندا باسیان ده‌كات و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندانه‌ی زیره‌ك ده‌گونجێن”
یه‌كه‌م: داهێنه‌ر توانایه‌كی به‌رزی هه‌یه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و نوێكاری خۆشیده‌وێ .
دووه‌م: توانای خۆ گونجاندنی به‌په‌له‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان.
سێه‌م: زۆر پشت به‌ هه‌ست و مه‌شاعیره‌كانی خۆی ده‌به‌ستێت .
چواره‌م: بڕوای به‌ خۆی هه‌یه‌، هه‌ست ده‌كات ده‌توانێت داهێنانه‌كان جێبه‌جێ بكات.
پێنجه‌م: حه‌ز به‌ كاری سه‌ركێشی ده‌كات و له‌ ڕۆتین بێزاره‌.
شه‌شه‌م: ئاره‌زوی گه‌شت و گه‌ڕانی زۆری هه‌یه‌ .
حه‌وته‌م : به‌ڕه‌وشته‌، به‌ڵام قسه‌ له‌ڕووه‌ و سه‌ربه‌خۆیه‌ و كه‌یفی به‌ده‌سه‌ڵات و توندوتیژی نایه‌.
هه‌شته‌م : خۆڕاگر و پشو درێژه‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌ كۆمه‌كی و غه‌در.
نۆیه‌م: به‌رامبه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ مرۆییه‌كانی ده‌ورو به‌ر و جیهان كراوه‌یه‌ .
ده‌یه‌م: له‌كاتی داهێناندا هه‌ست به‌ دڵخۆشی و ئاسوده‌ییه‌كی زۆر ده‌كات .
یازده‌هه‌م:چێژی زۆر له‌جوانییه‌كان ده‌بینێ .
ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌و زۆری تریش له‌ كه‌سایه‌تی زیره‌ك دا كۆبوو بوونه‌وه‌و زیره‌كیان كردبوو به‌و داهێنه‌ره‌ی كه‌ ئاستی داهێنانی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی گه‌یاندۆته‌ شوێنێك كه‌ تا ئێستا هیچ داهێنانێك پێی نه‌گه‌یشتووه‌ .
به‌ بوونی ئه‌م خاڵانه‌ و زۆر خاڵی تریش زیره‌ك هێشتا له‌ده‌ره‌وی هه‌موو تیۆره‌كان ده‌مێنێته‌وه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری خۆیه‌تی و ته‌واوی خاڵه‌كانی داهێنانی زیره‌ك و زیره‌ك له‌ هه‌ موو داهێنه‌رانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌ ،
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك
-1ئه‌لف و بێی هیچ جۆره‌ خوێندنێكی نه‌خوێندووه‌ ونه‌یزانیوه‌ بنووسێ و بخوێنێته‌وه‌، زیره‌ك خۆی له‌ چریكه‌ی كوردستان ده‌نووسێ ( هاونیشتمانی خۆشه‌ویست، خۆتان ئه‌زانن كه‌ من له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ڕاوه‌دا، ته‌نیا زمانم كاری كردووه‌، له‌ پێنووسدا، خاتو میدیای زه‌ندی هاوسه‌رم، یارمه‌تی داوم).
-2زیره‌ك ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی دیار و ناسراوی هونه‌ری و نا هونه‌ریی نییه‌.
-3زیره‌ك بۆ فێربوونی هونه‌ره‌كه‌ی له‌ هیچ نێوه‌ندێك خول و ڕاهێنانێكی نه‌كردووه‌.
-4زیره‌ك شاگردی هیچ مامۆستایه‌ك نه‌بووه‌ و ڕێچكه‌ی هیچ كه‌سێكی دیاری هه‌ڵنه‌گرتووه‌ .
-5 زیره‌ك له‌ ماڵێكی هه‌ژار ئه‌گه‌ربڵێین ماڵ، ژیاوه‌ و له‌و ماڵه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ ده‌رگای دۆزه‌خی به‌ڕوودا كراوه‌ته‌وه‌.
-6زیره‌ك له‌ هه‌موو سۆزێكی دایك و باوك وخانواده‌یی بێ به‌ش بووه‌،(كێ بێ بێ گه‌وره‌ كه‌ به‌ره‌ڵڵابێ، وه‌ك منی لێ دێ زه‌حمه‌ته‌ چابێ).
-7زیره‌ك ژیانی خۆی له‌سه‌ره‌تاوه‌ زۆر له‌ژێر سفره‌وه‌ ده‌ست پێكردووه‌، قۆناغ به‌ قۆناغ و جار له‌دوای جار، به‌ كاره‌سات گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر سفر و له‌ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی خۆیدا (هه‌شت نۆ ساڵه‌ بووم، بووم به‌ عه‌مه‌له‌، له‌كاركردنا زۆر ئه‌مكرد په‌له‌).
-8زیره‌ك ئه‌گه‌رچی به‌ هۆی كه‌سایه‌تی لێهاتوویی خۆی و هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی دۆستی زۆرو گوێگری زۆرتر و هه‌واداری زۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆستانه‌ له‌ هاوكاری زیره‌ك دا كه‌م ده‌ست و سنوورداربوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دوژمن و دژه‌كانی زیره‌ك ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارو ده‌زگا به‌د ناو و به‌دكاره‌ كانی عێراق و ئێران بوون،هه‌ ربۆیه‌ به‌رده‌وام سێبه‌ری مه‌رگی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌، ده‌رگای به‌ندینخانه‌ی به‌ڕوودا كراوه‌بووه‌، ناحه‌زان له‌ كه‌مین بوون بۆی، هه‌رئه‌وه‌ش بوو زیره‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ژیاندۆستی و كورد بوونه‌ و عاشقه‌ جوانییه‌ی خۆی، دواجار ناچار بوو به‌ هه‌موو قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بڵێ: (هێنده‌م نه‌ماوه‌ بمرم و بچمه‌ ژێرگل و به‌شه‌ری كورد نه‌بینم) ئه‌و كورده‌ی زیره‌ك له‌ ژیانه‌ دۆزه‌خییه‌كه‌یدا به‌رده‌وام جوانترین ئاواز و خۆشترین مه‌قام و به‌رزترین شیعری گۆرانی زیره‌كانه‌ی به‌و په‌ڕی داهێنان و به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی داهێنان پێشكه‌ش كردوون و بولبول ئاسا ده‌یچریكاند و كه‌و ئاسا ده‌یقاسپاند وخه‌م و ئازاره‌كانی خۆی و میلله‌ته‌كه‌یی و مرۆڤایه‌تی به‌و په‌ڕێ شادیه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵا و به‌ هه‌شتییه‌كه‌ی به‌ هه‌رزانترین نرخ و هه‌ربه‌ خۆڕایی ده‌به‌خشییه‌ میلله‌ته‌كه‌ی و ده‌یگوت:(زۆر چاك ده‌زانم چۆنیان دڵ خۆش بكه‌م).
به‌ڵێ ؛ ئه‌و زیره‌كه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین هونه‌رمه‌ندی جیهان بوو له‌ ڕووی ژماره‌ی به‌رهه‌می هونه‌ری و داهێنانه‌وه‌، دواجار له‌ هه‌ژارترین ڕۆژه‌كانی دوا دوایی ژیانی به‌ده‌ستی شاگردانی ساواك ژه‌هركوژ كراو به‌ ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵ و شه‌ش مانگیه‌وه‌، به‌دڵی پڕ هیوا و به‌ گه‌رووی پڕ له‌ ئاوازو دڵه‌ پڕ عه‌شقه‌ كه‌یه‌وه‌، چووه‌ سه‌ر كێوی ناڵه‌ شكێن و فه‌رمووی (له‌پێش مه‌رگم چ فایده‌ بێیته‌ سه‌رگۆڕم و حه‌لواو سێڕۆژم بۆ چیه‌).
زیره‌ك كه‌مرد نه‌كاری هه‌بوو، نه‌ پول و پاره‌یه‌كی هه‌بوو، نه‌ خانوو ناو ماڵێكی هه‌بوو، هه‌ژار و زگورتێك بوو، له‌ هه‌موو هه‌ژاران هه‌ژارتر، ئه‌و هه‌ژار و زگورته‌، ئێستا گه‌وره‌ترین و ده‌وڵه‌مه‌ندترین و به‌رزترین هونه‌رو داهێنانی بۆ به‌جێهێشتووین.
كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندانه‌ی زیره‌ك
زیره‌ك هه‌ر به‌ سروشتی كه‌سێكی لیهاتوو زیره‌ك و زانا بوو،جگه‌ له‌ لێهاتوویی هونه‌ریی هه‌ر كارێكی تری به‌ ناچاری و له‌به‌ر برسییه‌تی كردبێ، سه‌ركه‌وتوانه‌ كردوویه‌تی، میرزا كه‌ریم خۆشناو له‌ باره‌ی زه‌وق و كاری زیره‌ك له‌ جوانكردنی كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌نووسێ: (سه‌یرم كرد ئه‌و چایخانه‌ پیس و پۆخڵ و ناشیرینه‌، بووه‌ به‌ گازینۆیه‌كی خۆش و پاك و خاوێن و سپی كاری و چیمه‌نتۆكراو، هه‌رحه‌ز ئه‌كه‌ی لێی دانیشی).
هه‌رئه‌و زیره‌كیه‌ش چاو و گوێ و هه‌ست و بیرێكی پانۆڕامایی پێدابوو، هه‌رله‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌رچی ده‌بینی و ده‌بیست له‌ مێشك و دڵیدا تۆمار ده‌بوو، جا له‌ برسییه‌تیدا بوابه‌ یان ده‌ربه‌ده‌ری، له‌ به‌ندیخانه‌ بوایه‌ یان ئاواره‌یی، ساغ بوایه‌ یان نه‌خۆش، هه‌رچی ده‌بیست و ده‌بینی ده‌بوون به‌ زه‌خیره‌ی داهێنانه‌كانی.
له‌ نێو ئه‌م هه‌موو به‌د به‌ختی و چاره‌ ڕه‌شیه‌یدا چاوێكی جوانبین و دڵێكی گه‌شبین و ئاره‌زوویه‌كی له‌ بن نه‌هاتووی هه‌بوو، هه‌تا بڵێی عاشقی ژیان بوو، عاشقی جوانی و ئافره‌ت بوو، عاشقی كورد و كوردستان بوو، عاشقی سروشته‌ جوان و ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌كه‌ی كوردستان بوو، زۆر عاشقی هونه‌ر و ده‌نگخۆشی بوو، هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ كانی خۆش ده‌ویست و باسی گه‌وره‌یی ده‌كردن، له‌ كاسێتی ئه‌بو سه‌باح ده‌فه‌رمووێ ؛ (عه‌لی مه‌ردان به‌رزه‌ ، كورد قه‌دری نازانی من قۆنده‌ره‌كانی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چاوم)، هه‌تا بڵیی شاره‌زای ئاوازو كه‌لتوری كوردی بوو، به‌ هه‌موو زار و بنزار و فۆلكلۆریه‌كانه‌وه‌، هه‌ر ئاوازێكی ببیستایه‌، ئاوازی ناوچه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان بوایه‌ یان ئاوازی میلله‌تانی ده‌ورو به‌ر، چۆنی بویستایه‌، وای ده‌گۆڕی و ده‌سكاری ده‌كرد و ده‌یكرد به‌ (ئاوازی زیره‌ك) انه‌، سه‌یركه‌ن چ هونه‌رمه‌ندێك هه‌یه‌ ئاوا به‌ جوانی و سه‌ركه‌وتوویی، شێوه‌ زار گۆڕیی و زمانگۆڕی و ئاوازگۆڕی بكات، له‌ نێوان بنزارو شێوه‌زاری كوردی و زمانه‌كانی كوردی و فارسی و توركی و ئازه‌ری و عه‌ره‌بیدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ له‌نگی و ناڕیكی و هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، له‌ ڕووی گوتن و ئاواز و ده‌ربڕینی ووشه‌ و ڕسته‌كانی هونه‌ری و ئاواز و زانستی زار و زمانه‌وه‌، له‌ گۆرانی گوتندا زیره‌ك زمانڕه‌وانترین گۆرانیبێژه‌ كه‌ ووشه‌كانی جوان و ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌رم و شیرین ده‌كات .
زیره‌ك و مۆسیقا
زیره‌ك له‌ ژێر ناوی (هونه‌ر و مۆسیقا) به‌ شیعر زۆر پسپۆڕانه‌ له‌ (چریكه‌ی كوردستان) ی خۆیدا باسی هونه‌ر و مۆسیقا و ئامێره‌ موزیكییه‌كان و جۆری ده‌نگیان و كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر گوێگر ده‌كات، ناوی زیاتر له‌ چل ئامێری موزیك ده‌هێنێ و كه‌م و زۆر باسی مێژوو وڵات و نه‌ته‌وه‌كانیشیان ده‌كات و ده‌نووسێ:
مۆسیقا .. شه‌رته‌ هاوڕازم تۆ بی
پاشی مردنیش ده‌مسازم تۆبی
مۆسیقا .. هه‌ ر تۆی روح و گیانی من
مۆسیقا .. خۆشی بۆ ژیانی من
ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ زیره‌ك چ به‌ هۆشیاری و زاناییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موزیكا ژیاوه‌، سه‌یر بكه‌ چۆن باسی یه‌ك به‌یه‌كی ئامیره‌كان ده‌كات:
(ته‌نبوور) نه‌جیبه‌،سه‌دای زۆر گه‌رمه‌
ده‌نگی مه‌حزوونه‌ په‌رده‌ی له‌به‌رمه‌
(دووتار) و (گیتار)، شاگردی (سێ تار)
ده‌نگیان هێند خۆشه‌، له‌ دڵ ده‌به‌ن بار
ده‌نگی (ماندۆلین) ،گرمه‌ی (ترۆمپێت)
ده‌تخاته‌ خه‌یاڵ سواری ئه‌سپی كوێت
به‌مجۆره‌ ناوی زۆر ئامێر ده‌هێنی كه‌ تا ئێستاش له‌ نێو ئه‌ده‌بیاتی موزیكی ئێمه‌دا، به‌م ڕوونی و شاره‌زاییه‌وه‌ ناویان نابیستین چ جای 65 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌مه‌ش بۆ زیره‌كی نه‌خوێنده‌وار ده‌چێته‌ پاڵ داهێنان و زیره‌كی و شاره‌زاییه‌كه‌ی، جگه‌ له‌ باسی ئامیره‌كان و جۆری ئاوازیان و كاریگه‌ریه‌كانیان له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی گوێگر، ئه‌وا به‌ شیعر نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ش جارێكی تر زیره‌ك ده‌باته‌ پاڵ ئه‌و شاعیرانه‌ی كه‌ هونه‌ری شیعریاین بۆ فێربوون و زانست به‌ تایبه‌تی زانستی موزیك به‌ كارهێناوه‌ .
ئه‌م شیعری (هونه‌ر و موزیك) یه‌ی زیره‌ك، ده‌قێكی گه‌وره‌ و به‌رده‌سته‌ بۆ به‌زانستی خوێندنه‌وه‌ی زانیاریه‌ هونه‌ری و موزكییه‌كانی زیره‌ك و شیاوی ئه‌وه‌یه‌ پسپۆڕانی موزیك به‌وردی و زانستییانه‌ لێی بكۆڵنه‌وه‌ و توانا و هوشیاری زیره‌ك له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌ربخه‌ن .
تیۆری زیره‌ك بۆ به‌ كوردی كردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان
هونه‌رمه‌ندیی زیره‌ك له‌ ته‌نیا سنوورێكدا نه‌وه‌ستاوه‌، پێش ئه‌وه‌ی باسی به‌ كوردی كردنی ئاوازه‌ بیانییه‌كان بكه‌ین، واچاكه‌ باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ زیره‌ك ئاوازی زاراوه‌ جیاجیا كوردیه‌كانیشی كردووه‌ به‌ (ئاوازی زیره‌كی) *1، چونكه‌ زیره‌ك به‌ته‌واوی شاره‌زای ئاواز و كه‌لتوری هه‌موو ناوچه‌و زار و بنزاره‌ كوردیه‌كان بووه‌ و زۆریانی گۆڕیوه‌ بۆ ئاوازی زیره‌كی، سه‌یركه‌:
*ئاوازی (لوڕی) دایه‌ دایه‌ وه‌ختی جه‌نگه‌..ی گۆڕیوه‌ به‌ ..(لایه‌ لایه‌ت بۆده‌كه‌م، به‌ڵكم خه‌و بتباته‌وه‌)
*ڕه‌زیه‌ ڕه‌زیه‌ تۆم داره‌ مێوی، له‌ئاوازێكی هه‌ورامییه‌وه‌ وه‌رگرتوو.
*مه‌یرۆ مه‌یرۆ- ی له‌ ئاوزێكی كرمانجی سه‌روو وه‌رگرتووه‌ .
*فه‌له‌كه‌ براینه‌ فه‌له‌كه‌- ی له‌ ئاوزی حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ ولێر وه‌رگرتووه‌ و زۆری تریش، لێره‌دا پسپۆڕانی موزیك و ئاوازی كوردی ده‌تووانن، ئاوازه‌كانی ئه‌م گۆرانیانه‌و زۆری تری زاراوه‌ كوردییه‌كان بدۆزنه‌وه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان له‌ڕووی ده‌نگه‌ موزیك و خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن و به‌راوردیان بكه‌ن له‌ گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ زیره‌ك كردوویه‌تی و ئاوازه‌ تازه‌كه‌ی لێ برهه‌م هێناوه‌ .
ده‌توانین ئاوا هێلكاری بۆ بكه‌ین:
*ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئاوازه‌كه‌ پێش ده‌سكاری زیره‌ك).
*ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندی ئاوازه‌كه‌ی زیره‌ك دوای ده‌سكاریه‌كه‌).
*دواتر سه‌یری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بكرێت كه‌ زیره‌ك له‌ ئاوازه‌كه‌دا كردوویه‌تی.
بۆ نموونه‌: چی لابردووه‌ ؟ چی ده‌سكاریكردووه‌؟ چی زیاد كردووه‌؟.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆرانیانه‌دا بكه‌ین كه‌ زیره‌ك له‌ ئاوازه‌ جیاجیاكانی شێوه‌ زاره‌ جیاجیاكاندا كردوویه‌تی، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زیره‌ك له‌ گه‌ڵ هه‌ر شێوه‌ زارێك و ئاوازێك كردوویه‌تی و به‌ كۆی ئه‌م گۆڕانكاری و لابردن و زیادكردن و ده‌ستكاری كردنه‌، ده‌گه‌ینه‌ هێڵی تیۆره‌كه‌ و بۆمان ڕوون ده‌بێته‌ وه‌ كه‌ زیره‌ك له‌سه‌ر چ یاسایه‌كی موزیك داهێنانی له‌ ئاوازه‌ فۆلكلۆری و شێوه‌زاره‌كاندا كردووه‌ .
تیۆری گۆڕانكاریی ئاوازه‌ بیانیه‌كان
به‌ گوێگرتن له‌ ته‌واوی گۆرانیه‌كانی زیره‌ك، به‌تایبه‌تی ئه‌و گۆرانییانه‌ی ئاوازه‌كانیان له‌ گۆڕان و ده‌ستكاری و زیادكردنی ئاوازه‌ بیانیه‌كان كردوویه‌تی و ئاوزێكی زیره‌كی كوردی به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ گۆڕێنی ئاوازه‌ كوردی شێوه‌ زاره‌ جیاجیاكان، زیره‌ك ئاوازی میلله‌ته‌ جیاجیاكانیشی گۆڕێوه‌ و ئاوازی نوێ و زیره‌كیانه‌ی كوردی به‌رهه‌مهێناوه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌م داهێنانه‌ش دیسان پسپۆرانی موزیكی كوردی به‌تایبه‌ت و پسپۆرانی موزیك به‌ گشتی ده‌توانن:
یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندیی كه‌لتور و ئاوازی هه‌ریه‌ك له‌و میلله‌تانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین كه‌ زیره‌ك ئاوازی لێ وه‌رگرتوون، وه‌ك فارس و تورك و ئازه‌ر و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن و هیند و یۆنان و ئینگلیزو ڕوس و… تادوایی.
دووه‌م: ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ئاوازه‌ تایبه‌ته‌ی بۆ نموونه‌ كه‌زیره‌ك له‌ فارسییه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌.
سێیه‌م: ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و گۆرانییه‌ی تایبه‌ت له‌و ئاوازه‌ فارسییه‌وه‌ زیره‌ك دایهێناوه‌ .
چواره‌م: زیره‌ك چی بۆ ئاوازو ده‌نگه‌كان زیادكردووه‌؟
پێنجه‌م: زیره‌ك چی له‌ده‌نگ وئاوزه‌كان لابردووه‌ ؟
شه‌شه‌م: زیره‌ك له‌ ده‌نگ و ئاوزه‌كه‌ ده‌سكاری چی كردووه‌؟
حه‌وته‌م: دواجار زیره‌ك چ جۆره‌ داهێنانێكی له‌و گۆرانییه‌دا كردووه‌؟
ئه‌گه‌ر پسپۆران به‌وردی و زاناییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ بكه‌ن كه‌ زیره‌ك ئاوازی لێوه‌رگرتوون و داهێنانی پێكردووه‌، ده‌رده‌كه‌وێت زیره‌ك به‌ چ سیستمێكی گۆڕانكاری له‌ ئاوازه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌كان، ئه‌م هه‌موو داهێنانه‌ مه‌زنه‌ی كردووه‌و ئاوازی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند و چالاك و نوێ كردۆته‌وه‌ .
زانستی موزیكی ده‌روونی
گۆرانی گوتنی زیره‌ك فره‌ ڕه‌هه‌نده‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاوازی گۆرانیه‌كی زیره‌كدا بكه‌یت، ئه‌گه‌ر له‌ چاوی زانستی ده‌روونناسی موزیكه‌وه‌ لێی نه‌كۆڵیته‌وه‌، ئه‌وا كاره‌كه‌ت نا ته‌واو ده‌بێت، چونكه‌ زیره‌ك هه‌ر هه‌موو گۆرانییه‌كانی كاریگه‌ری ده‌روونیان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئه‌م كاریگه‌ریه‌ش هێزێكه‌ له‌ هێزه‌كانی داهێنانی زیره‌ك.
سه‌یركه‌ له‌ گه‌نجی و له‌شاری به‌غدادا ده‌ڵێ: (هه‌روه‌ك سه‌ماوه‌ر له‌ گڕو له‌ جۆشم خه‌ڵكی غه‌م ده‌كڕێ من غه‌م ده‌فرۆشم)، هه‌ر له‌و به‌غدایه‌ هاوار ده‌كات (بێ كه‌سم له‌ و به‌غدایه‌) كه‌چی له‌ نه‌خۆشی و پیریداو له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌فه‌رمووێ: (ساقی ئۆباڵی منت وه‌ ئه‌ستۆ، دنیایه‌ و وه‌سیه‌ت ئه‌كه‌م له‌ لای تۆ، گه‌ر هاتوو مردم هه‌ر به‌مه‌ی بمشۆ، گریانم ناوی بۆم مه‌كه‌ن شێوه‌ن و ڕۆڕۆ، ئاخی پیریه‌تیم هێناوه‌ شنۆ)، ئه‌م ڕسته‌ كورتانه‌ پڕاو پڕن له‌ هه‌ستی ده‌روونی چه‌ند ڕه‌هه‌ند، (بێكه‌سی به‌غداو ئاخی پیریه‌تی شنۆ) به‌غداو گه‌نجی و ئاواره‌یی و بێ كه‌سی، شنۆ و ئاخی پیریی و نه‌خۆشی، ئه‌م ڕسته‌ كورتانه‌ پڕاوپڕن له‌ هه‌ستی ده‌روونی گه‌رم و ساردو دژ به‌یه‌ك، كه‌چی هه‌ر ئه‌وه‌ زیره‌كه‌ ده‌توانێ له‌ هه‌موو كاتێكدا و هه‌موو حاڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی جه‌سته‌یی خۆی بكات به‌هۆی داهێنان.
پێشتر گوتمان زیره‌ك به‌ چاو و هه‌ستی پانۆڕامایی سه‌یری سروشت و كۆمه‌ڵ و ژیانی ده‌كرد، بۆ ئه‌و هه‌ر مرۆڤ هۆ نه‌بووه‌ بۆ داهێنان، به‌ڵكو گڤه‌ی باو خوڕه‌ی ئاو و ده‌نگی مه‌ل و حیله‌ی ئه‌سپ و ده‌نگی قاز و باز و قومریش ئاواز و ده‌نگی سود لێ وه‌رگرتن بوون، هه‌ر بۆیه‌ پسپۆڕان له‌ دۆزینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (ده‌نگی زیره‌ك) دا ئه‌ركی گران و زانستیانه‌ی زۆریان له‌پێشه‌، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌مه‌ش چۆن به‌دوای ڕیشه‌ی ئاوازه‌كانی زار و بنزاره‌ كوردیه‌كان و ئاوازی میلله‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، ئاواش پێویسته‌ له‌ نێو گۆرانییه‌كانی زیره‌كدا به‌ دوای ده‌نگه‌ سروشتییه‌كان و ده‌نگی مه‌ل و باڵنده‌ و ئاسك و ئه‌سپیشدا بگه‌ڕێن، بگه‌ڕێن و بزانن چۆنی به‌كاریهێناون و چ داهێنانێكی پێ كردوون.
*١- ئاوازی زیره‌كی :مه‌به‌ست هونه‌رو ئاوازو گوتنی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كه‌، كه‌ نه‌ وه‌ك كه‌سه‌ له‌ ڕابردوو، نه‌ ئێستا له‌ كه‌س ده‌چێ و نه‌ له‌ داهاتووشدا كه‌سێكی زیره‌ك ئاسا په‌یدا ده‌بێت.

د. مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن




لە وڵاتی من … نەوزاد بەندی

پێچەوانەی فیلمی ھیندی،
بەردەوام قارەمانەکان
زیندان ئەکرێن و
ئەکوژرێن ..
خاینەکانیش ئەیبەنەوە و
خەڵات ئەکرێن ..

پاڵەوانەکان
ھەر پێنج خولەک بەرگە ئەگرن
لە خاچ ئەدرێن ..

خاینەکان
ھەتا دوا چرکەی فیلمەکە
خزمەت ئەکرێن ..

پاڵەوانەکان
نە بەخت یاوەریانە
نە ماسولکە و
ئازایەتیی..
نە کچە شۆخ و شەنگەکان
یەک ھەنگاو لە گەڵیانا دێن ..

خاینەکان
ھەم بەختیارن ..
ھەم پۆشتە و
ھەم قایمکارن ..
لە لافاوی
چەپڵە و ڕێز و ڕۆمانسیەتا
مەلە ئەکەن و
ناخنکێن ..




خەیاڵی کۆترەکان … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

هۆنراوە بۆمنداڵان

         

لەگەڵ دایە و بابە گیان
لای کۆترەکان وەستابووم
لەدەورم کۆبوونەوە
بەگمەیان سەرسام بووم ۰

هێمن و لەسەرخۆبوون
زۆرجوان بوو هاتوچۆیان!؟
نانەکەی دەستم وردکرد
خێرا چووم ڕۆمکرد بۆیان

ئینجا ئاوم بۆهێنان
لەناودەفرێکی خاوێن
یەکیەک ئاویان خواردەوە
دەفڕین لەم شوێن بۆئەوشوێن۰

کۆترێکیان باڵنەخشین بوو
شانی لای ڕاستی گرتم
لەجیاتی گشت کۆترەکان
زۆر زۆر سوپاسی کردم

وتی ئێمەش وەک ئێوە
خاوەن خەون و خەیاڵین
حەزبەئازادی دەکەین
دۆست و هاوڕێی مناڵین۰




دوو چــۆلــەکــە … محەمەد بەرزی

داری نــاو بــاخـچـەکـــەمـان
پـڕ بـوو لـە چـۆلـەکـەی جـوان

دوو دانــەیــان بــە جــارێ
گــڤـەیـانـکــرد بــۆ خـوارێ

خــولانــەوە بــە پــەلــە
بــۆ گـرتـنـی مـێـشـوولـە

لــە ژێـر دارێـکـی هـەرمـێ
چـوونـە سـەر پـشـتـی کـرمـێ

کــەوتـنـە ســەری بــە دەنــووک
خـواردیـان بـە پـارچـەی پـچـووک

تـێـربـوون و جـووکــەیـانـکـرد
مـنـیـان بـیـنـی ڕایــانـکـرد

٢٨ / ٧ / ٢٠١٧




هێڵە سوورەكانی فيلمى كوردی … حەیدەر عەبدولڕەحمان

                                                                         
                                                                                     

لەهەموو شوێنێكی دنیادا ئازادی لە سینەمادا ئازادییەكی رەها نیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی كەوتونەتە ژێركۆمەڵێ‌ فشاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و ئایینی، یاخود یاسایەكیان بۆ سنووردار كردنی كاری درامی و سینەمایی نیە، بەڵكو بڕی ئەو ئازادییە لە شوێنێك دەگۆڕێت بۆ شوێنێكی تر، بە پێی شارستانیەت و باری رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی ئەو شوێنە..بە تایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەمیشە رەچاوی داب و نەریتی گشتی و ئەمنی نەتەوەیی و بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی تێدا دەكرێت.
لەنیَوان ئەو رەهەندانەی بە چاوێكی كراوە سەیر دەكرێن، سێ‌ رەهەندی سەرەكی هەن كە بریتین لە:
سیاسەت، ئاین، سێكس، تێپەڕاندن لەهێڵی سووری ئەو سێ‌ رەهەندە سنووردارە كارێكی سەخت و دژوارە، هەتا لەو وڵاتانەشدا كەخاوەنی دیرۆكێكی دوورودرێژن لە سینەمادا.

تا ئێستاكەش لەگەڵ دابێت لەكوردستاندا یاسایەك نیە بۆ سانسۆر دانان لەسەر زۆر لەو كارە درامی و سینەماییانەی لەكوردستاندا بەرهەم دەهێندرێن، ئەوانەش كە لەدەرەوەی كوردستان دەهێندرێن، هەندێ‌ لەو بەرهەمانەی ناكەونە ژێر سانسۆرو ئەو بێ‌ سانسۆریەش كۆمەڵێ‌ ئەنجامی نەرێنی زۆر كاریگەریان لێ‌ دەكەوێتەوە، چونكە بەشێوەیەكی رەهاو دوور لەرەچاو كردنی هیچ بنەمایەكی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی وەك بڵاو كردنەوەی ڤایرۆسێكی كوشندە دەچنە ناو خێزانی كوردو دەبنە فاكتەربۆهەرەس هێنانی بنەما ئەخلاقی و پەروەردەییەكانمانەوە، هیچ جیاوازییان نیە لەگەڵ كاری تیرۆر و تۆقاندن، لەهەمان كاتیشدا یاسایەكیش نیە بۆ ئەو بەرهەمانەی لەكوردستاندا بەرهەم دەهێندرێن، كەزۆر جاران ئەو بۆشاییە دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی گەلێك كێشەی هونەری لەو بوارەدا.

بێگومان بەهۆی غیابی یاساو سانسۆری فەرمی لەسەر كارە درامی و سینەمایەكان، سانسۆری رای گشتی كۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا شوێنی دەگرێتەوە، كە زۆر جاران بەلاڕێدا دەبردرێت و كۆمەڵێ‌ ئاژاوەی لێ‌دروست دەبێت، بێ‌ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە ئەنجامێكی چارەسازی ئەوتۆی لێ‌ بكەوێتەوە كە سوود بەخش بێت بۆ ئایندەی سینەمای كوردی، لەهەندێ‌ حاڵەتدا بۆ یەكلا كردنەوەی كێشە سینەمایەكان، مەرجەع و زانا ئاینییەكان و سەنتەرە ئاینییەكان دەبنە شوێن گرەوەی یاسا، وەك زانكۆی ئەزهەر لەمیسر كە فەتوای لە سەر چارەنووسی زۆر فیلمی سینەمایی داوە، لەوانەش لەسەر فیلمی (محەمەد رەسول الله) ی دەرهێنەری ئێرانی محەمەد مەجیدی ـ و كێشەی دەركەوتنی روخساری پێغەمبەر و قەدەغە كردنی ئەو فیلمە لەزۆر لەوڵاتانی جیهانیی، قەدەغە كردنی نمایشی فیلمی (رسالە) لە سعودیەو دەیان فیلمی تر كە بەفەرمانی سەرچاوە ئاینییەكانەوە قەدەغە كراون لەنمایش كردندا، وەك چۆنیش زۆر فیلمی دیكە قەدەغە كراون بەهۆی سیاسەتەوە، بەتایبەت لای ئەو سەركردەو فەرمان رەوایانەی رەوتی فیلمەكانیان بە دڵ نەبووە، یا پێیان وابووە سوكایەتی بە وان و سیاسەتەكانیان دەكات.

جگە لەپرسە ئاینیی و سیاسی و سێكسیەكان، چەندین پرسی تری وەك: هاندانی تیرۆر، بڵاوكردنەوەی ترس و توندو تیژی و تۆقاندن، تێكدانی رەوشتی كۆمەڵگا، سوكایەتی كردن بەموقەدەساتی نیشتمانی و نەتەوەیی، سوكایەتی كردن بەكەسایەتی و رموزی نەتەوەیی، هاندانی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، رێكلام كردن بۆ كالای قەدەغەكراو، تێكدانی دۆستایەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، هاندانی نانەوەی ئاژاوەو نا سەقامگیریی، بڵاو كردنەوەی بیرو باوەڕی متەتەریف و دەیان پرسی تر كە یاسا دیاری دەكات و لەرێگەی لیژنەیەكی باڵا لەوەزارەتی ناوخۆو رۆشنبیریی و كاروباری كۆمەڵایەتیەوە جێ‌ بە جێ‌ دەكرێت.
هێڵی سوور لەفیلمی كوردی دا
ئەگەر بمانەوێت باس لەهێڵە سوورەكانی فیلمی كوردیش بكەین، ئەوە پێویستە لەسێ‌ رەهەندەوە بڕوانینە پرۆسەكە:

لەرووی كۆمەڵایەتیەوە:

بەگشتی چونكە كورد سینەمای نیە، بۆیە هیڵی سووریشی كەم بووە، ئەگەر جارجارەش لەفیلمێكا حاڵەتێكی ناوازە هەبووبێت، ئەوە حاڵەتێكی كاتی بووەو و نەبۆتە دیاردە، كاتێك ئەو حاڵەتانە دەبنە حاڵەتی نامۆ ئەگەر تێپەڕاندن بێت لەسەر واقیع و داب و نەریتە تەقلیدییە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئەوە بێگومان رووبەرووی تەوژمێكی نەرێنی رەتكردنەوە دەبێتەوە، زۆرینەی تەوژمەكانیش ئاراستەی دەرهێنەرو ئەو ئەكتەرانە دەبنەوە كە بەبیانووی تەوق شكاندن و دەرچوون لەتەقلیدیەت و پێشكەوتنی سینەما دەست پێشخەر دەبن لەدروست كردنی هەندێ‌ دیمە نی وروژێنەر.
لەو وڵاتانەی كە ئاستی هوشیاریی وپێشكەوتنی كۆمەڵایەتیان تێدا دیاری كراوە، یا پرسی ئایینی و كۆمەڵایەتیان تێدا جێگیرە، ناتوانن سنوورە ئایینی و كۆمەڵایەتیەكان تێپەڕێنن و هەمیشە دەكەونە ژێر سانسۆرێكی توند، چونكە نایانەویَِ سینەما كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكی دژ بەئایین و نەریتە كۆمەڵایەتیە باوەكاندا بێت، چەند ئەوەندەی ئەو وڵاتانە مێژووییەكی دوورو درێژیان هەبێت لەسینەماو چەند ئەوەندەی دەست رۆیشتوو بن لەپیشەسازی سینەمادا، ئەوەتا هیند لەوڵاتە هەرە لەپێشەكانە لەرووی بڕی بەرهەمهێنانی فیلم، كەچی تا ئێستا سنووری خۆی لەم رووەوە پاراستووە، بۆ پارێزگاری كردن لە داب و نەریتە كۆمەڵایەتیە تایبەتیەكانی خۆیەوە.
ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی لەرووی هونەری سینەماوە ململانێ‌ لەگەلً هۆلیۆد دا دەكات و عەرشی سینەمای ئەمر یكی هەژاندووە، كەچی تا ئێستا هێڵی سووری نەبەزاندووەو توخمی وروژاندنی نەخستۆتە ئەو قالبە زەقەی بە فۆرمێكی نامۆ دەركەوێت لەسینەمادا.

لەرووی هونەرییەوە:

ئەگەر ئامانج لەدروست كردنی گرتەی وروژێنەری وەك ماچ بەپاساوی دەرچوون لەتەقلیدیەت و گۆڕانكاری لەفۆرم بێت، ئەوە ئێمە لەسینەمای كوردی دا دووچاری دەیان كۆسپو ئاریشای هونەرین لەرووی تەكنیكی سینەمایی كە وەك بۆشاییەكی گەورە دەردەكەون، بەچارەسەر كردنی ئەو بۆشاییانە رەنگە بتوانین پیشەسازی سینەما لەكوردستاندا دروست كەین كە تا ئێستا نیمانەو ناتوانین بڵێین خاوەنی سینەماین..
بەڵام دروست كردنی گرتەی وروژێنەر بەمانای پێشكەوتنی سینەما نیە، ئەوەتا زۆرینەی فیلمە میسرییەكان لەو گرتانەیان تێدایە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە میسر وڵاتێكی پێشكەوتووی سینەمایە و ئێران وڵاتێكی دوا كەوتووی سینەمایە مادام گرتەی وروژێنەری تێدا نیە، زۆر جاران ئەو گرتانە، تەنیا بەئامانجی بازرگانی و هەڵخەڵەتاندنی لاوەكان و گەمە كردن بە مێشك و هەست و نەستیانە، ئەو لاوانەی كەخاوەنی زۆرترین ژمارەی بینەرانن ئەو فیلمانەدا.
ئێستا لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سینەماو گۆڕانی چەمكی سینەما، سینەمای ئەمریكی و ئەوروپیش ئەو بایەخە بەگرتەی وروژێنەرنادەن، چونكە كۆمەڵگای ئەوروپی ئەوەندە تینووی گرتەی وروژێنەری وەك ماچ نیە، ئێستا ئەلتەرناتیفی تریان هەیە بۆ راكێشانی بینەر، ئەوە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتیە تینووەكانی سێكسن كە تامەزرۆی گرتەی وروژێنەرن، بەڵام ئەو گرتانەش كاتێ‌ بەسەقەتی دەخرێنە ناواخنی فیلمەكە، ئەوە سەراپای فیلمەكە دەشێوێنن.
لای ئێمە كچە ئەكتەرێكی كورد بۆ یەكەم جار دێتە بەردەم كامێرای سینەما، وایان تێ‌ گەیاندووە كە بە ماچێك تەوقێكی كۆمەڵایەتی دەشكێنێ‌ و تەوژمێكی میدیایی دروست دەكات و لەپەنای ئەوەوە ناوداریەتیەك پەیدا دەكات و گەنجەكان دەست خۆشی لێ‌ دەكەن، كەچی كەف وكۆڵ و حەماسەكەكەی شتێكی كاتیە و ئەو جۆرە گۆڕانكارییەی ئەو خەونی پێوە دەبینیت نابێتە فاكتەر بۆ گۆڕینی ئەو رەوتە باوەی قەدی گرتەوە بەرەو ئاراستەیەكی تر، بۆیە وا باشترە لەبری ئەو وەهمە، ئەو ئەكتەرە لەرووی هونەری نواندنەوە دروست بكەن و هانی بدەن كە بەردەوام بێت لەكاری نواندندا، نەخرێتە نێو گێژەنەیەكی بێ‌ ئاكام، چونكە دەسەڵاتی سینەماش دەسەڵاتێكی رەها نیەو لەهەموو حاڵەتێكا ناتوانێت هێڵە سوورەكان ببەزێنێ‌، ئەگەر هاوكوف نەبێت لەگەڵ واقیعی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی كۆمەڵگا.
بینەر هەر تەنها بە گرتەی وروژێنەر سەرنجی راناكێشرێت، بگرە زۆر جاران روخساری جوانی ئەكتەرو نواندنی بەهێزی ئەكتەر، كاریگەرتر دەبن لەگرتەی بێ‌ گیان و دروست كراو، ئەوەتا زۆرلەبەرهەمە درامی و سینەماییە گەورەكانی دنیا بەو دوو توخمەی روخسارو نواندن خەڵاتی گەورەی جیهانییان وەرگرتووەو خاوەنی زۆرترین بینەر بوونە، بۆیە لەسەردەمێكی وەك ئێستا بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرەكان ئەلتەرناتیفی بەهێزتریان لەپرسی وروژێنەر هەیە كە هاوكوفە لەگەڵ پێشكەوتنی هونەری سینەماو ئەقڵیەتی بینەری نوێ‌ ی سینەما.

لە رووی بازرگانییەوە:

دیارە هەندێ‌ لەكۆمپانیاكانی بەرهەم هێنان، لەوانەی پرسی بازرگانی دەخەنە پێشەوەی پرسی جۆری فیلم و ئاستی فیلم، بەتایبەت لەو وڵاتانەی لەرووی پەروەردەو كۆمەڵایەتیەوە كۆمەڵگاكانیان پەیوەست نین بە هیچ یاساو رێسایەكی كۆمەڵایەتی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە لەرووی پەروەردەوە كە جودا بێت لەگەڵ كۆمەڵگایەكی داخراوی رۆژهەڵاتی، سینەما دەكەن بەفاكتەرێكی بازرگانی دابڕاو لە بەها هونەری و هزری و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیەكانەوە كە تێیدا ئامانج تەنها دەسكەوت و داهاتی ماددی بێت، وەك فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنیە توركیەكان، كە گەمە بە عەقلیەت و مەزاجی گەنج دەكەن و دووری دەخەنەوە لەهەر بیرۆكەیەكی ئایدۆلۆژی هزری، ئەو فایرۆسە فیلمانە دەرژێننە نێو خێزان و ئەقڵو پەروەردەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەیانی پێ‌ هەڵدەتەكێنن، هەمان ئەو بەرهەمانە دەفرۆشنە وڵاتانی دەورو بەری خۆشیان و زۆر وڵاتی دیكەی رۆژهەڵاتی، بۆ گواستنەوەی هەمان ئەو واقیعەی ئەوان هەیانە، ئەگەرچی جیاوازییەكی زۆریش هەبێت لەنێوان واقیعی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئەو وڵاتانەدا.
بۆیە هەندێ‌ لەوڵاتانەی كڕیاری ئەو بەرهەمە كرچ و كاڵە بازرگانیانە بوون، بەپێی یاسا كڕینی ئەو زنجیرە درامایانەیان قەدەغە كردووە، دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت ئەو فیلمە بازرگانیانە بۆ هەموو كۆمەڵگایەك ناگونجێ‌ و ئاسەوارە نەگەتیفەكانی چیە بەسەر پەروەردەی كۆمەڵایەتی و تێك دانی عەقلیەتی گەنجەكانیان، لێرە لەكوردستانیشدا هەندێ‌ كەناڵی كوردی دەست پێشخەر بوون بۆ قەدەغە كردنی ئەو دراما دۆبلاژ كراوانە بەهەمان هۆكار، بەڵام چونكە یاسایەك نیە بۆ ناچار كردنی كەناڵە كوردییەكان، پرۆسەكە نابێتە پرۆسەیەكی بەزۆرە ملێ‌ و ئەو كەناڵە بازرگانیانەی بەرژەوەندی ماددی خۆیان پێ‌ گرنگترە لەبەرژەوەندی گشتی، چاویپۆشی لەهەموو دەرەنجامەكان دەكەن.
ئێمە لەكوردستاندا بەگشتی كۆمپانیای بەرهەم هێنانی فیلممان نیە، ئەوەی هەیە بەرهەمی تاك تاكەیە، كەبە سپۆنسەر بەرهەم دێن، هەندێ‌ لەو دەرهێنەرە لاوانە وای بۆ دەچن دەرخستنی هەندێ‌ گرتەی وەك ماچ بازاڕ بۆ فیلمەكەیان پەیدا دەكات، بۆیە بەدوای پاساوی هونەری دا دەگەڕێن كەخەڵكی قەناعەت بەشەرعیەتی ئەو گرتانە بێنن.
كەچی لەراستیدا ئەگەر تۆ بتەوێت بازاڕ بۆ فیلم دروست بكەیت، كەرەستەو ئامرازی زۆرت لەبەردەم دایە كە فیلمەكەت رەواجی هەبێت، هەر بۆ نموونە فیلمێكی (پەیكەری دڵ) كە تا ئێستا ژمارەی بێ‌ هاوتای لە رووی ژمارەی بینەرانەوە بەدەست هێناوە لەهەموو كوردستاندا، ئەو گرتە كرچ و كاڵانەشی تێدا نەبووە، كەهەندێ‌ دەرهێنەری لاو دەیكەن بەپاساو.

ئێمە ئەگەر بمانەوێت پیشەسازی سینەمامان هەبێت و لەئایندەدا ئەو پیشەسازییە بازاڕی هەبێت، ئەوە دەبێت بزانین چۆن فیلم دروست بكەین، بەهۆی ئەو شارەزابوونە لەچۆنیەتی دروست كردنی فیلم ، بازاڕێك لەكوردستاندا دروست دەكەین كە پێشتر نەبووەو بازرگانانی ئێمە بەهۆی ترس و نابەڵەدییان ، یا ناشارەزاییان لەبەڕێوەچوونی ئەو بازاڕە نەوێراون خۆیانی لێ‌ بدەن، بەمە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دەدۆزینەوە كەرەنگە زۆر لەسەرمایەداران بەهۆی گەرم بوونی ئەو بازارٍِە رووی تێ‌ بكەن و سینەمای كوردی ببوژێتەوەو هونەرمەندانی كوردیش دەرگایەكی نوێیان بۆ دەكرێتەوە كە لەو دەست بە تاڵی و بێ‌ كارییە رزگارییان دەبێت و باری ئابووریشیان بەرەو باشتر دەچێت.
رووی دووهەمی دروست بوونی ئەو بازاڕە ئەوەیە كە بینەرانی ئێمە زێتر لەوەندە لەسینەما نزیك دەبنەوەو سینەما دەبێتە ئامرازێكی دیكەی شارستانی و كات بەسەر بردن و سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ هوشیار بوونەوەی خەڵكی لەهونەری سینەماو گرنگی سینەما لەژیانی رۆژانەی خەڵكی .

بەمەش لەرووی سایكۆلۆژییەوە بینەری كورد لەشارەكانی كوردستاندا مەنفەزێكی دیكەیان بۆ دەكرێتەوە بۆ هەناسەدان و روو تێكردنە هۆڵەكانی سینەما، ئەمەش كاریگەری ئەرێنیانەی تایبەتی خۆی دەبێت لەرووی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و رۆشنبیرییەوە.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!-3- مۆری بۆکچین …و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی سێیەم:

سنوری مێژوویی مارکسیزم

ئەو بیرۆکەیەی لای کەسانێك، کە پیاوێك [ بوکچین مەبەستی مارکسە – وەرگێڕ] کە گەورەترین بەشداریکردنی تیئورییستیانەی لە نێوانی ساڵانی 1840 و 1880 کرد، توانیبێتی تەواوی جەدەلییەتی [دیالەکتیکێتی] سەرمایەداریی، “ببینێت” ،ئەوە لە حەقەتدا نەفیکردنەوەی ئاوەزە، لۆژیکە. ئەگەر هێشتا بمانەوێت زیاتر لە دیدی مارکس تێبگەین، هەر ئاواش دەتوانین زیاتر لە هەڵە حەتمییەکانی پیاوێك کە نەدەکرا خۆی لێبپارێزێت فێربین کە هی سەردەمی کەمیی و نوقسانی کەرەسەکان [ مەتیریاڵ] و تەکنەلۆجیا بوون، کە بەدەگمەن بە وزەی کارەبا کاریکردووە، ئەمانەش توانای مارکسیان سنووردارکردبوو.
لە ئێستادا ئێمە دەتوانین فێربین لەوەی کە چەندێك جیاوازی لە نێوانی سەردەمی ئێمە و ئەوەی کە مێژوو بەڕێیکردووە، هەیە، هەروەها ناسین و پێزانینی ئەو ئیمکانییەتەی کە لە ڕوی نەوعییەتەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کە چ جۆرێک لە پرسە دەگمەنەکان و شیکردنەوە و بەکردەکردنیان، لە بەردەممانا داناوە. ئەگەر بمانەوێت شۆڕشێك بکەین نەك لەباربردنێکی دیکەی مێژووییانە، دەبێت بە ئاگا بین لە هەموو ئەمانە کە ناومان هێنان.

گرفتەکە ئەوە نییە کە مارکسیزم ” مێتودێکە” کە دەبێت لەگەڵ ” بارودۆخە” نوێیەکەدا بگونجێنرێت، یاخود ” neo-Marxism ” دەبێت گەشەی پێبدرێت تاکو سنووردارێتیی ” مارکسیزمی کلاسیکیانە” تێپەڕێنێت. کۆششی ڕزگارکردنی ڕەچەڵەکی یاخود ئەسڵی مارکسیزم بە پێداگرتن یا سەپاندنی مێتودەکانی لەسەر سیستەمەکە یاخود بە زیادرکردنی وشەی ” نوێ – neo ” بۆ سەر وشە پیرۆزەکە [ مەبەستی بوکچین ووشەی مارکسیزمە -وەرگێڕ] ئەوە تەواو نادیار [ غامض] و فێڵێك دەبێت، زیاتر لەوەش، ئەمەش کاتێك ئەگەر دەرنجامە پراکتیکەڵەکانی سیستەمەکە بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ ئەم کۆشش و هەوڵانەدا، ناکۆک بن[3]. دەی ئەمەش دەقاو دەق بارودۆخی شرۆڤەکردنی مارکسیستیەکانی ئەمڕۆیە.

مارکسیستەکان بڕوا دەکەنە سەر ئەو فاکتە کە سیستەمەکە شیکردنەوەیەکی نایابی سەبارەت بە ڕابوردوو خستۆتە بەردەست، ئەمە لە کاتێکدا بە ئەنقەست فەرامۆشی هەڵخەڵەتاندنی تەواوی ڕواڵەتەکانی مامەڵەکردنی ئێستا و ئایندەش دەکەن. مارکسیستەکان پەنا بۆ یەکێتی نێوانی ماتریاڵی مێژوویی و شیکردنەوە چینایەتییەکەی مارکس دەبەن کە لەوێوە شرۆڤەی مێژوو کراوە و دید و تێگەیشتنی ئابووریی لە کاپیتاڵ کە گەشەی سەرمایەداریی پیشەسازیی تیادا خراوەتە بەردەست، هەروەها نایابێتی شیکردنەوەکانی مارکس سەبارەت بە شۆڕشەکانی سەرەتا و ئەو بەرەنجامە تاکتیکیانە کە مارکس بینای کرد بێ ئەوەی بزانرێت و دەرك بەوە بکرێت کە جۆرەکانی کێشە نوێیەکان کە لە ئێستادا هەن، هەرگیز لە ڕۆژانی ئەودا [ مارکس] نەبوون .

ئایا بەڕاستی ئەو گرفتە مێژووییانە و ئەو مێتودانەی شیکردنەوەی چینایەتی کە لەسەر تەواوی بناخەی کەمیی، نوقسانیی پیداویستییەکان کە حەتمی بوون [خۆپاراستن لێیان نەدەکرا] ، کراوە دەتوانرێت لە سەردەمێکی نوێ لە زۆری هەبوونی ئیمکانیاتەکانا شەتڵ بکرێت؟ ئایا لۆژکیانەیە شیکردنەوەی ئابوورییەك کە بە پلەی یەکەم چەقی لەسەر بیدایەتی یا سەرەتای سیستەمی ” ململانێی ئازادانە” ی سەرمایەداریی پیشەسازیی گرتووە، دەتوانرێت بۆ سیستەمی بەڕیوەبردنی سەرمایەداریی بگوێزرێتەوە کاتێك دەوڵەت و مۆنۆپۆڵییەکان یەکدەکەون و ئاوێتەی یەکدی دەبن بۆ یاریکردن بە ئابووریی ژیان؟ ئایا ماقوڵە کە ستراتیجییەت و تاکتیکانەی بەرهەمهێنەر لە فۆرمیلەی سەردەمێك بێت کاتێك کە پۆڵا و خەڵووز بەشێك دەبن لە بناخەی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا، بتوانرێت بگوێزرێتەوە بۆ سەردەمێك کە لەسەر بنەمای ڕادیکالانەی سەرچاوەکانی وزە و ئەلەکترۆنەکان و cybernation خۆی گرتووە؟
لە دەرەنجامی ئەم گواستنەوەیەدا، لای ئەمان دەکرێت تێکستە تیئورییەکان کە چەرخێك لەمەوبەر فریاڕەس بوون بگۆڕرێن بۆ چاکەتێکی بەبەراکراوی ئەمڕۆ. هەر بەو هۆکارەش ئێمە داوامان لێدەکرێت کە قورساییمان بخەینە سەر چینی کرێکاران وەکو ” بریکارێك” لە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەدا لە کاتێکدا کە سەرمایەداریی بە بەرچاوەوە ڕاوەستاوە و بەرگریی لەبوونی خۆی دەکات و شۆڕشگێڕان لە نێو هەموو ئەو توێژاڵانەی نێو کۆمەڵدا بە تایبەت گەنجان، بەرهەمدەهێنێت.
ئێمە داوامان لێدەکرێت ئەو ” قەیرانە درێژخایەنە ئابوریی”یەی کە بە بەرچاوەوەیە بکەینە ڕێپیشاندەری [دەلیلی] مێتودە تاکتیکییەکانمان، گەرچی ڕاسستییەك هەیە ئەوە بۆ ماوەی سی ساڵە هیچێك لەم ئەزمانە، ڕووینەداوە[ 4]. داوامان لێدەکرێت کە “دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا” پەسەند بکەین،… ” سەردەمێکی گواستنەوەی ” درێژ، کە وەزیفەکەی تەنها سەرکوتکردنی دژە-شۆڕش نییە، بەڵکو لەسەرو هەموویەوە بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆجیایە بۆ زیادکردنی کەرەسەکان– لە کاتیکدا ئەم تەکنەلۆجیانە لە ئێستادا لەبەردەستایە.

داوامان لێدەکرێت کە ئاراستەی ” ستراتیجییەت” و ” تاکتیکەکانمان” بەرانبەر برسێتی و نەبوونیی هەروەها بارودۆخی هەژاریی ئابووریی، بکەین، لە کاتێکدا کە هەست و سۆزی شۆڕشگێڕیی زادەی بێ بایاخی و ناگرنگی ژیان لە سای مەرجەکانی یا بارودۆخی زیادیی ماتیریاڵەکاندایە.
داوامان لێدەکرێت کە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستنە نێوندگەرییییەکان، قووچکەیی هەروەها دەستەبژیرە ” شۆڕشگێڕەکان” دروستبکەین لەتەك دەوڵەتێکی نوێ لە کاتێکدا دەسگە سیاسسییەکان هەموو چوون یەك بۆگەنیان کردووە، ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا کە نێوەندگەریی، دەستەبژێرێتی و دەوڵەت، بوونەتە جێگای پرسیار تا ئەو ڕادەیەی کە پێشتر هەرگیز لە مێژوی کۆمەڵی قوچکەییانەدا ئەمە نەبووە.

درێژەی هەیە.
……………………………………..
تێبینییەکان:
3 – پێش هەموو شتێك مارکسیزم تیئوریێکی پراکتیکانەیە، یاخود خستنە بەردیدی پەیوەندییەکانە لە پێگەیەکی دروستەوە و لە بە کردەکردنی تیئوەکە. ئەمە تەواوی واتای تەحەولە دیالەکتیکییەکانی مارکسن، ئەمەشی لە بابەتی ڕەهەندگەراییەوە وەرگرتووە( لە کاتێکدا هیگلییە لاوەکان هێشتا لە هەوڵی ئەوەدابوون ڕوانگەی هیگل سنووردار بکەن) لە ڕەخنەیەکی فەلسەفییەوە بۆ چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، بۆ ناو خودی بابەتەکە خۆی. ئەگەر تیئوری و پراکتیك لەیەك جیاببنەوە ، ئەمە کوشتنی مارکسیزم نیە، بەڵکو ئینتیحارێتی. هەوڵ و کۆششی شێوێنەرە دووکەوتەکانی مارکس کە بە ئاگا بوون لە مارکس، دەیانویست سیستەمەکە بە زیندویەتی لەگەڵ تێکەڵەیەك لە ڕێكخستنەوە و دروستکردنەوە و نیوە ناچڵییەك لە ” مەعریفەیەکی” بەدەستهێنراو بهێلنەو، وەکو ” à la Maurice Dobb و George Novack کردیان کە ئەمەش سوکایەتی و هێنانەخوارەوەی ناوی مارکسە، تۆز و غوبارێکی پیسی بێزراوە لەسەر هەموو شتێك کە مارکس باوەڕی پێی بووە .
4 – لە ڕاستیدا مارکسیستەکان ئەم ڕۆژانە زۆر بە کەمی قسە لەسەر ” قەیرانی درێژخایەنی سەرمایەداریی ” دەکەن… وێڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەم چەمکە خاڵی بناخەیی و بەیەکەوەگرێدراوی تیئورە ئابورییەکەی مارکس پێكدەهێنێت.




نامەی نێوان ئەدیبان … سەباح ڕەنجدەر

1
(نامەی دكتۆر عوسمان یاسین بۆ سەباح ڕەنجدەر)
كاك سه‌باح ڕەنجدەری بەڕێز: شاعیری هەست و خەون، سڵاوت لێ بێت و ئەو كاتە و هەموو كاتێكت شاد و شیعر هه‌موو خانه‌كانی جه‌سته‌ت زیندوو رابگرێت.
زۆر دڵخۆش بووم بە چاپكردنی دیوانەكەت لە دوو بەرگدا، كە سەرجەم شیعرەكانتی لەخۆگرتووە. هەر لە كتێبی یەكەم كە چامەی: (زێوان)ـه،‌ تاكو شیعری: (مێژوو دەتوانێت ڕووی بكاتەوە و چاو ببڕێتە بەردەمی خۆی)، كە لە ئاداری 2017 نووسیوتە. لەبەردەستبوونی سەرجەم شیعرەكانت لە دوو بەرگدا بۆ من ئاسانكارییەكی باش بوو، دەرفەتێكیش بوو، بەو یادگارییانەی خوێندنەوه‌كانم دابچمەوە، كە له‌بارەی هەندێك لە شیعرەكانت نووسیومن.
كاتی خۆی خوێندنەوەیەكم، به ناونیشانی: (بنیادی جووڵه له چامه‌ی (زێوان)دا بۆ چامەی زێوان كردبوو، باسی بنیادی جووڵەی ئەو چامەیەم كردبووه‌ ‌ڕسته‌ی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری نووسینه‌كه‌م، كە لە ڕۆژنامەی (كوردستانی نوێ) ژمارە (189) لە 13/9/1992 بڵاوكرایه‌وه. ئەو خوێندنەوەیەم زیاتر لەژێر كاریگەری میتۆدی بنیادگەری شێوازییانەی (ڕۆلان بارت) بوو.
دواتریش لە ساڵی 1997 كاك نەجات حەمید كتێبی: (مێژووی خود لەناو لەنگەرییەكدا)ی له‌باره‌ی ئه‌زموونی ناوازه‌ی تۆ، كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك نوێخوازه‌ بڵاوكردەوە. خوێندنەوەی بۆ ئەم سێ چامەیە كردبوو: جەنگی پرسیار، مەرگی ئاوێنە، كۆڵانەكانی ڕۆژهەڵات، دیارە ئەم چامەیەی دوایی لە بەرگی یەكەمی دیوانەكەتدا، ناونیشانت گۆڕیوە و كردووتە بە ڕێزمانی كۆڵانەكان. پێم وابێ ئەو كتێبەی كاك نەجاتیش هەر میتۆدێكی نزیك لە میتۆدی بنیادگەری شێوازییانەی
(ڕۆلان بارت)ی بەكارهێنا بوو، بۆیە منیش بەو كتێبە سەرسام بووم و خوێندنەوەیەكم، به ناونیشانی: (گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خود) بۆ كرد و لە ژمارە (20)ی 5/2/1997ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبووەوه‌.
ئەوەی كە پێم سەیرە لەگەڵ وەرچەرخانە شیعرییەكانی تۆدا، وەرچەرخان بەسەر ڕوانگە و میتۆدی خوێندنەوەی منیشدا هات، بۆیە كاتێك شیعری: (تۆم ئەم بەرەبەیانییە ناسی نەمزانی لە كام نوێژدا) بڵاوكردەوە، زۆر سەرنجی ڕاكێشام، دوای مانگێك لە 8/2/2016 بە كەمێك دەستكارییەوە هەمان شیعر بە ناونیشانی: (لە نوێژی ئەم بەیانییەمدا كەوتمە ناو ئاگری گەورەی سرووش و بەرزبوونەوە) لە ڕۆژنامەی (هەولێر) بڵاوتكردەوە. كە هەر بەو ناونیشانەی دوایی لە دیوانەكەتدا بڵاوبوویتەوە. بەڕاستی ئەم شیعرەت وەكو لێزمە بارانێكی زه‌وی پیتێن بارییە سەر دەروونم و لەگەڵ ئەو خولیایەی مندا تێكەڵ بوو، كە ماوەیەك بوو سەرقاڵی بووم، ئەویش چوونە ناو جیهانە عیرفانییەكەی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی) بوو، لەبەر ئەوە بە ناونیشانی: (پەیبردن بە نهێنی بوون) لە هەردوو دەقەكە خوێندنەوەیەكم بۆكرد، كە لە ڕۆژنامەی (هەولێر)، ژمارە (2327) لە 1/3/2016 بڵاوكرایەوە، دواتریش لە هەردوو سایتی: (دەنگەكان) و (ماڵێك لە ئاسمان)یش بە هەمان ناونیشان بڵاوكرایەوە.
برای بەڕێزم كاك سەباح: هێشتاكە زۆرم ماوە له‌بارەی شیعرەكانت بدوێم، ئەمانەی باسم كردوون چڵێكن له‌ دره‌ختێكی گه‌وره‌، بەو هیوایەی ڕۆژگار دەرفەتم بدات و زیاتر لە جوانی و ماناكردنەوەی شیعرەكانت بدوێم. بەهیوای تەمەندرێژی و تەندروستی باش و بەردەوام بوونتان لەگەڵ شەڕی وشەكان و بەخشینی جوانی بە ماناكان. سوپاسیش بۆ ئەو دیارییە بە نرخەی ئەو دوو بەرگەی دیوانەكەت كە پێشكێش بە من و بە خوێنەرانت كردوون.
ئەوپەڕی ڕێزم قبووڵ بفەرموون بۆ خۆتان و خانەوادەكەتان.
دكتۆر عوسمان یاسین
11/4/2019 هه‌ولێر

2

(نامەی كاروان عەبدوڵڵا بۆ سەباح ڕەنجدەر)

ڕەنجدەری برا: ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە وەک خوێنەرێکی شیعرەکانت، ڕاوبۆچوونی خۆمت بۆ بنووسم، بەڵام دوو هۆکار هەبوون ڕێیان لێدەگرتم.
یەکەم: من ڕەخنەگر نیم تا بتوانم بەناو دنیای شیعرەکانتدا ڕۆبچم و وەک پێویست نهێنی و مەدلوولەکان بدۆزمەوە. لەوە دڵنیابووم بە سەلامەتی لێیەوە دەرناچم و غەدر لە خۆشم دەکەم.
دووەم: بە هۆی ئەوەی من و تۆ زیاتر لە بیست ساڵە پێکەوە لە بواری نووسین و کتێبدا کار دەکەین، دیارە شیعریش بەشێکی گرینگی ئەو بوارە بووە، بۆیە نووسین و ڕادەربڕین له‌باره‌ی شیعرەکانت ڕەنگبێ تەفسیری دیکەی لێبکەوێتەوە. بەهەرحاڵ ئەگەر ئەوەشم پێنەکرابێت، ‌ دەتوانم لە نامەیەکی شەخسیدا بڕێک لە بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆمت بۆ بنووسم، هیوادارم كه‌مێك له‌ شێوازت گه‌یشتبم.
کاکە ڕەنجدەر: خۆت ئاگاداری من بیست ساڵ زیاترە ئاشنام بە شیعر و نووسینەکانت، ئاشنام، بەڵام بەو مانایە نا، کە شیعرەکانت بە ئاسانی خۆیان بە دەستەوە بدەن. یەکێ لە خەسڵەتە هەرە سادەکانی ئەو شیعرانە، خۆناساندنە بە خوێنەر، واتە: هەر کەسێک ئاگاداری ستایلی شیعرەکانت بێت، ناوی تۆشیان لەسەر نەبێ دەناسرێنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیه‌نێ، کە توانیوتە مۆری خۆت بەسەر شیعرەکانتەوە جێبهێڵی، کە من پێموایە ئەو خەسڵەتە لە هەموو شاعیرێک دەرناکەوێ، مەگەر بەردەوامیی لە ئەزموون و خوێندنەوەدا هەبێ و لە سەفەری دوورودرێژی شیعرنووسیندا ڕێچکە و ستایلی تایبەت بەخۆیان بدۆزنەوە. تۆ لەناو جه‌نگی داهێنان و بێ ئەندازەیی قوتابخانە شیعرییەکانی ئەو بیست سی ساڵەی دواییدا هەوڵێکی زۆرت داوە دەنگێکی جیاواز بیت، لەوەش زیاتر بەردەوام ویستووتە نەچیتە ژێر باری مقۆمقۆی ڕەخنەی بێ بنەما و بە هیچ شێوەیەک بە لاڕێدا نەچیت و ڕێچکەی داهێنانی خۆت بەرنەدەی. من هەر چەند بیر لە تۆ دەکەمەوە، هەر بەو باڵدارەت دەشوبهێنم، کە نایەوێ چیدیکە چاوەڕێی ئەو خواردنە بکا، کە دایکی بۆی پەیدا دەکات، لە هەوڵی ئەوە دایە خۆی خواردن پەیدا بکا و هێدی هێدیش لە دایکی دوور کەوێتەوە. دیارە دەرچوون لە گۆشەنیگا و ڕوانگەی تەقلیدییەوە کارێکی ئاسان نییە و بێ باجدان مەیسەر نابێ، هەمیشە دەرچوون لەو هێڵە، تۆمەتی سەرەڕۆیی و دەرچوون لە بەهای کۆدەنگی وەسف دەکرێ، ئەو جۆرە کەسانە نە بە ڕێگا گشتییەکەدا دەڕۆن، نە وەک ئەوانی دیکە بیردەکەنەوە، نە وەک ئەوان دەنووسن، لە حاڵێکدا ئەگەر ڕەخنەی جیددی هەبێ، ئەو کات لەوە تێدەگەین، کە ئەو شاعیرانە لە دوورگە و ئەستێرەیەکی دیکەوە نەهاتوون، بەڵکو زادەی هەمان زێد و هەمان کلتوور و ئەقڵییەتن، بەڵام ئەوانە بە شێوەیەکی دیکە قسە دەکەن خوازیاری ئەوەن لەناو هەمان زماندا زمانێکی دیکە بخوڵقێنن، جیا لە زمانی پێش خۆیان و دەوروبەریان، بەکورتی ئەوانە دەیانەوێ خۆیان لە کۆت و پێوەندی ئەوانی دیکە ڕزگار بکەن، توانای داهێنەرانەی تاکی شاعیر لە تەلبەندی کۆنکریتی کلتووری زاڵ بەدوور بگرن. ئەگەر چاوێک لە مێژووی ڕەهەندی شیعری کوردی بکەین زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو پێشکەوتنەی لە شیعری ئەمڕۆی کوردیدا بەدی دەکرێ، هەوڵی بێوچانی ئەو شاعیرانە بووە کە لەناو ئاپۆرای شیعر و شاعیراندا دەنگانێک پەیدا بوون نەک هەر جیا لەوانی دیکە، بەڵکو توانیویانە ڕێڕەوی شیعریش بە سەمتێکی دیکەدا ببەن و ببنە داینەمۆی گۆڕان و پێشکەوتن. ئەوەی لەو مەیدانەدا بەدی دەکرێ دەرچوونی شیعری کوردییە لە کۆشک و تەلارە کۆنەکانی شیعر و بنیادنانی تەلاری نوێ بە دیزاینی تازە و سەرنجڕاکێش. تۆش کاک سەباح یەکێکی لەو کەسانە کە بێ پەروا باڵی شیعرەکانت لێك دەدەیت و هەوراز و نشێوە نوێکانی شیعر دەبڕی، بەڵام تۆ هێشتا جیایت، جیاییت لەوەدایە بە کەسی ده‌وروبه‌ری خۆشت ناچیت، سەیر ئەوەیە خوێنەرەکانیشت جیان، چونکە تێگەیشتن لە فۆرم و ستایلی تۆ، بڕێک ئارامی دەوێ، هەر ئەو ئارامییەیە، کە خەسڵەتی تایبەتی داوە بە خوێنەرەکانت، واتە: خوێنەرەکانیشت لە شیعرەکانی خۆت ڕاهێناوە.
ئه‌وه‌ی له‌مانه‌ش جیاواز و گرینگتره‌، كه‌سایه‌تیت شاعیرییه‌تییه‌كی پاكه‌: هێمن، له‌سه‌‌رخۆ، ڕقهه‌ڵنه‌گرتوو، بێده‌نگ، كه‌مدوو، یه‌كڕوو، به‌ دوای قسه‌وقسه‌ڵۆك نه‌چوو. له‌و ماوه‌ دوورودرێژه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ین هه‌رگیزاوهه‌رگیز ڕێكه‌وتم نه‌كردووه ‌ به‌ خراپه‌ باسی كه‌سێك بكه‌یت، به‌ڵام له‌ ڕاوبۆچوونی ئه‌ده‌بیدا بێ موجامه‌له‌ی و به‌ ڕاشكاوی و بوێری ڕاوبۆچوونت ده‌رده‌بڕی و ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیشت بۆ ئه‌ده‌بی داهێنراو هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی شاعیره‌ گه‌ردوونییه‌كانه‌.
برای شاعیر: من زۆر جار لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکانیشت دەخوێنمەوە، وەکو شیعرەکانت ڕوانگەی نوێ و خەسڵەتی تایبەتییان پێوە دیارە، لەو باوەڕەدام ئەگەر بەردەوام بیت، توانای ئەوەت تێدایە بڕێک لاسەنگی لە بواری ڕەخنەشدا ڕاست بکەیتەوە. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.
‌ ‌

کاروان عەبدوڵڵا
20/4/2019 ڕ‌واندز

3
(نامەی كاروان كاكەسوور بۆ سەباح ڕەنجدەر)
ڕه‌نجده‌ر گیان، هاوڕێی ئازیزم: سڵاو و ڕێزی زۆر بۆ خۆت و هاوڕێیان، به تایبه‌تی: (سابیر ڕه‌شید) و (سه‌ڵاح عومه‌ر).
ئه‌‌و چه‌‌ند وشه‌‌یه‌‌ی لێره‌‌دا ده‌‌یاننووسم، هه‌‌‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌و سه‌رنجه‌من، که‌ به‌ گشتی له‌باره‌ی دنیای تۆوه‌ هه‌‌مه‌ و پێشتر به‌ کورتی ده‌رمبڕیوه‌. لەو دانیشتنەدا پێم گوتیت داهێنەر تەنیا دنیای تایبەت بە خۆی داناهێنێت، بەڵکو ڕێگا تایبەتەکانی گەیاندنی ئەو دنیایەش دەدۆزێتەوە، کە ئەمەش ئەوە بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت بۆ نزیکبوونەوە لەم دنیایە، دەست لە شێوازە سواوەکان هه‌ڵبگرێت. دەکرێت بگوترێت وەک چۆن نووسەر دنیای تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت، بە هه‌مان شێوە خوێنەریش لە ڕێگای خوێندنەوەوە دنیایەک پێکدەهێنێت، کە ناکرێت بڵێین هاوتەریبی دنیای نووسەرە، بەڵکو تەواوکەریەتی، بگرە بزووێنەریەتی. ئێمە ئەمڕۆ پارتیمۆنییەکی گەورەی تیۆریستانمان لەبەردەستدایە، کە لەم چه‌ند دەیەی ڕابوردوودا جێیانهێشتووە و تێیدا پێ لەسەر بایەخی خوێنەر لە كرده‌ی پێکهێنانی کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دادەگرن. (مەرگی دانەر)ی (رۆلان بارت)، (نووسەر چییە؟)ی (مێشێل فۆکۆ)، (کردەی خوێندنەوە)ی (ۆلفگانگ ئایزەر)، (مەرگی ئەدەب)ی (ئالڤین کێرنان) و زۆری دیکە وایان کردووە پێداچوونەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە بکرێت، کە لێکدانەوەی کاری ئەدەبی لە نووسەردا قەتیس دەکات و ڕۆڵی خوێنەر تەنیا لەوەدا دەبینێت، گوێ لە کەناڵێک دەگرێت، ناوی نووسەرە، بێ ئەوەی بتوانێت شتێک لە ئاستیدا بڵێت. دیارە مەبەستم نییە لەو بارەیەوە قسەی زیاتر بکەم، لە کاتێکدا کەموزۆر لە بەرهه‌مەکانمدا لێوەی دواوم، بەڵام گەرەکمە ئەوە بڵێم، کە بۆ نزیکبوونەوە لە دنیای هه‌ر داهێنەرێک، پێویستمان بە داهێنانی جۆرێکی نوێی خوێندنەوە هه‌یە، کە لەو بەریەککەوتنەدا بەرهه‌م هاتبێت. ئەمە بەر لە هه‌رچی ڕێگای ئەوەمان لێ دەگرێت بڕیاری پێشوەختە لەسەر هه‌ر داهێنەرێک بدەین و لە خوێندنەوە گشتییەکانەوە لێی نزیک ببینەوە. وەک (هایدیگەر) پێی وایە (بۆ ئەوەی جەوهه‌ری هونەر بدۆزینەوە، لەسەرمان پێویستە لە کاری ڕاستەقینە بگەڕێین و بپرسین کاری هونەری چییە و جەوهه‌رەکەی چۆنە). تەنیا کاتێ جەوهه‌ری کارێکی هونەری دەبینین و دەتوانین دایەلۆگی لەگەڵ بکەین، کە ئەومان مەبەست بووە، نەوەک شتێکی تر. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی دایەلۆگە. هه‌ر کاتێ ئەم دایەلۆگە لەنێوان خوێنەر و ده‌قدا پێک نایەت و شتی نوێ بە دەستەوە نادات، ئەوا هه‌ر لە بنەڕەتەوە بەریەککەوتن دروست نەبووە. دایه‌‌لۆگ به‌ر له‌ هه‌‌ر چی وامان لێ ده‌کات قووڵاییی ئه‌و به‌رهه‌‌مه‌ ببینین، که‌ مه‌به‌ستمانه‌ لێوه‌ی بدوێین. خوێندنه‌وه‌ هونه‌رێکه‌ هه‌‌مان ئه‌و ئاسته‌ی هه‌‌یه‌، که‌ نووسین هه‌‌یه‌تی. نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ کاری ئه‌ده‌بیدا به‌شدارن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شدارییه‌ سنوورێکی جیاکه‌ره‌وه‌ و دیاریکراوی هه‌‌بێت.
من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. بە مانایەکی تر ڕۆڵی ته‌قلیدییانه‌ی وشە لەو کاتەوە کۆتاییی هاتووە، کە لە پێکهێنانی ئەو سپەیسەدا بەشداریی کردووە. مەبەست لە سپەیس چییە؟ (باشلار) لە (ئێستێتیکای سپەیس)دا دەڵێت: سپەیس تەنیا شوێنێکی ئەندازەیی جیۆگرافی نییە، بەڵکو ئەزموونی مرۆڤایەتی لە خۆی دەگرێت، کە لە یادەوەریدا ژیان بەسەردەبات و ناوەناوە لای داهێنەردا دەردەکەوێتەوە، بەو مانایەی لە نووسیندا هه‌موو لایەنەکانی دەبینرێن. بەم شێوەیە دەکرێت ماڵ بریتی بێت لە جەستە، گیان و دنیای مرۆڤی سەرەتا. (جیرار جینێت) پێی وایە سپەیس لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامرازی زمانەوە خۆی دەردەخات، کە ئەو ئامرازانە تەقلیدی نین، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەریدەخەن. هه‌ر لەبەر ئەوەیشە بە (فیگەر) ناوی دەبات، بەو مانایەی په‌یوەندیی بە وێنەی مێتافۆرییەوە هه‌یە، بەڵام وێنە هاوکات ئەو شێوەیەیە، کە سپەیس پێکی دەهێنێت و زمانیش خۆی پێ دەبەخشێت. زمان هه‌ر بە زگماک توانای ئەوەی هه‌یە په‌یوەندییە سپەیسییەکان لە هه‌ر جۆرێکی تری په‌یوەندی زیاتر دەربخات. ڕاستییەکەیشی (نیتشە) پێی وایە زمان تەنیا مێتافۆرە و باوەڕی بەوە نییە وشە بە شێوەی لێترال ئاماژە بە شت بدات، بەڵکو مانایەکی لەوە گەورەتری هه‌یە، کە ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت. هه‌ر ئەوەیشە نەزانراو بە زانراو دەبەستێتەوە. ئەو ڕوانینەی (نیتشە) لای بەشێکی زۆری تیۆریستانی ئەدەب دەردەکەوێتەوە، بۆ نموونە: لای (بارت)دا، کە پێی وایە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی لە بنەڕەتدا ئاراستەیە بۆ گەڕان بەدوای لایەنی فۆرمی لە بنیادی مانای ده‌قی ئەدەبیدا، بە مەرجێ کاری ئەدەبی سیسته‌مێکی ئاماژەیی تا بڵێی ئاڵۆزە و مانای جیاوازجیاواز لە خۆی دەگرێت. سروشتی زمانی سیمبۆڵی وا دەکات لە هه‌ر کارێکی ئەدەبیدا کۆمەڵێک مانا بەدەستەوەبێن.
هێشتا لە دنیای ئێمەدا تێگەیشتنێک زاڵە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە وشە یەکسانە بەو مانایەی پێی ڕاهاتووین. ئەو تێگەیشتنە هه‌ر ده‌قێک دەداتە دواوە، بگرە دەیسڕێتەوە، کاتێ لە ڕێگای نەزانراوەوە خۆی دەردەبڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی خۆیان له‌ زانراوه‌کان ده‌ده‌ن و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌یانگوازنه‌وه‌، له‌و ده‌قانه‌ پتر بایه‌خیان پێ ده‌درێت، که‌ نه‌زانراوه‌کان ده‌رده‌بڕن و زمانێکی تر داده‌هێنن، که‌ توانای ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌زانراوانه‌ی هه‌‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی تازه‌ کاتێ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ داهێنه‌ر له‌ زانراوه‌وه‌ بۆ نه‌زانراو ده‌په‌ڕێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. وشه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌ی تۆ پێکی ده‌هێنیت، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ شته‌ زانراوه‌کان، به‌ڵکو ئه‌رکێکی له‌وه‌ گه‌وره‌تری هه‌‌یه‌، که‌ بریتییه‌ له‌ گۆڕینی ڕوخساری هه‌‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له‌ واقیعدا ناسراون. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ کاره‌کته‌ری سنووردار و نه‌ شتی دیاریکراویش له‌و سپه‌یسه‌دا ده‌بینرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌ن، به‌ڵکو سه‌رجه‌میان بۆ وێنه‌ی تێکشکاو، نه‌وه‌ک وێنه‌ی ته‌واو ده‌گۆڕێن. به‌م شێوه‌یه‌ دوو جۆر وێنه‌ی تێکشکاو له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا ده‌رده‌که‌ون، یه‌که‌میان، هی دەرەوەی شته‌، به‌ڵام دووه‌میان، هی ناوەوەیه‌تی، کە دەکرێت بە ڕیفلێکس ناوی بهێنین. ئه‌سته‌مه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا کاره‌کته‌رێک بدۆزیته‌وه‌ سیمایه‌کی ڕوونی هه‌‌بێت، له‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات، به‌ چه‌ند خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییدا تێبپه‌ڕێت و بگاته‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویی. زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ڕوون نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌یه‌، به‌ڵکو زمانێکی تێکشکاوه‌ و سنووری مانای زانراوی بڕیوه‌، بۆیه‌ هه‌‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ وشه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا چۆن به‌کاردێت و چ مانایه‌کی هه‌‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ دنیایه‌ک به‌لاوه‌ده‌نێت، که‌ له‌ ڕێگا‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ پێکهاتووه‌ و لۆژیکێکی تری مانای داهێناوه‌، لۆژیکێک ته‌نیا له‌و سپه‌یسه‌دا کارده‌کات.
دیاره‌ وه‌ک سه‌ره‌تا گوتم: مه‌به‌ستم نییه‌ له‌م‌ نامه‌یه‌دا له‌ دنیای شیعریی تۆ بکۆڵمه‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نیا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌ بڵێم بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌و دنیایه‌، پێویسته‌ له‌وه‌ بگه‌ین سپه‌یس چییه‌ و لای تۆ چ بایه‌خێکی هه‌‌یه‌. شاد و سه‌رفراز بیت.

کاروان کاکه‌سوور
دانیمارك

4
(نامەی زیرەك كەمال بۆ سەباح ڕەنجدەر)

شاعیری هەست وەرچەرخێن و بیر هەمەلایەن و پاراو، دڵسۆزم كاكە: (سەباح ڕەنجدەر).
لەدڵەوە سڵاوت لێ بێت: سڵاوێكی خۆمانە وەكو وەسفە شیعرییەكانی: (گۆران)ی مەزن بۆ سروشت، نوورانیی وەك دوعا و تەڕ وەكو شیعرەكانی مەحوی.
شاعیری ئازیز: بەفرانباری زستانێكی تووشی ساڵی (1987) بوو، من ئەو ساڵە پێشمەرگەیەكی هەژدە بەهاری بووم، منیش وەكو هەزاران لاوی كوردستان، ئەفسوون و خەیاڵ و ئێستێتیكای شۆڕش گەیاندبوومیە ناو خەباتی پێشمەرگایەتی، لە بناری یەكێك لە چیا بەرزەكانی سەر سنووری توركیا بووم، بەفر و زریان و وەیشوومەی زستان، من و هاوڕێكانمی كردبووە كۆمەڵێك چۆلەكەی كەسیرەبوو، ئەگەرچی خەستی و چڕی هەور ڕێگای نەدەدا خۆر تیشكە زیوینەكانی خۆی بگەیەنێتە سەر تەوێڵ و ڕوخساری زەوی، بەڵام هێشتا كاریگەری ئەو تیشكانە لە پشت شەڕانگێزی و چڕی هەورەكانەوە، هەرمابوو، ئێمە وەكو پۆلێك پێشمەرگە چاوەڕوان بووین، ئیدی خۆر وەكو پاشای گەردوون شوێنی خۆی بۆ شەو چۆڵ بكات، ئێمەش بچینە ناو ئەو گوندە جوان و ڕەنگینەی، كە چەند مەترێك لێمانەوە دوور بوو، ئیدی بە جلی تەڕ و بە دەست و پێ و ڕۆحی تەزیووەوە خۆمان گەیاندە گوندەكە، ئێوارە من و دوو لە هاوڕێكانم بەر ماڵی مەلای گوندەكە كەوتین، دیاربوو مەلا جگە لەوەی وەكو هەر گوندنشینێك بە جەستە و بە دڵ باوەشیان بۆ پێشمەرگە دەكردەوە، ئەویش هەر وای كرد، بەڵام دیاربوو ئەو مەلایە پیاوێكی زیرەك و دنیادیتە و خوێندەوار بوو، ئەمەشم بەوە بۆ بەدیاركەوت كە ناو دەلاقە و سەر ڕەفەكانی ژوورەكەی پڕبوو لە كتێبی مێژوویی و ئەدەبی، نەك هەر ئەمە، بەڵكو من لەناو ئەو سەدان كتێبەدا، تەنانەت یەك كتێبی ئایینیشم نەبینی، لەكاتی سەیركردنی كتێبەكان، ڕێكەوت ژمارە (4)ی گۆڤاری نووسەری كوردم هەڵگرت، وەكو بڵێی هەنگم لە كلۆرەدار دیتبێتەوە، وەكو بڵێی تێنووێكی دمدم بم و گەیشتیمە سەر كانیاوێك، یەكسەر كەوتمە خوێندنەوەی ناونیشانی وتار و بابەتەكانی، یەك لەوانەش شیعرێكی جەنابت بوو بە ناوی: (مووتوربە) بەتاسە و چێژێكی زۆرەوە خوێندمەوە، ئیدی لەوساوە كە تەمەنم هەژدە ساڵ بوو، تاكو ئێستا كە ئەو چەند دێرەی تێدا یاداشت دەكەم. تەمەنم پەنجا و سێ ساڵە، ئەو شیعرە لە یادەوەریم بە زیندوویی ماوەتەوە.
ئازیزم سەباح ڕەنجدەر: لە دنیای پێشمەرگایەتی پتەویی جەستە، گورج و گۆڵی و شارەزایی ڕێگاوبان و ئازایەتی و بوێری و چۆنییەتی بەكارهێنانی چەك، پێوەربوو بۆ دروستبوونی كەسایەتی ئینسان، سیاسەتیشی هەموو كایەكانی ژیانی داپۆشیبوو، سیاسەت ڕوانینی ئێمەی پێشمەرگە بۆ كوێ، پرسیار و وەڵامە قورسەكانی ڕۆژگار دیاری دەكرد، هەندێك جاریش كاری لەسەر ئەوە دەكرد لە هەموو بوونێكی مەعنەوی و ڕۆحی دامان بماڵێت و بمانكاتە كۆیلەیەكی مل بە تۆق. سوپاس بۆ شیعر لێنەگڕا سیاسەت كوێرم بكات، سوپاس بۆ شیعر لێنەگڕا لەبیرم بچێت، كە ئینسانم. هەر لە ڕێگای شیعریش زانیم لە شار شاعیرێك هەیە لەژێر باڵی ترس و لەناو گەرووی مەرگدا، هەر لە ڕێگای شیعریش لە من جوانتر دنیای دەبینێ، ئەویش سەباح ڕەنجدەرە.

زیرەك كەمال
3/5/2019 وەرێ
5
(نامەی بنیاد خەزنەدار بۆ سەباح ڕەنجدەر)

برای گەورە و خۆشەویستم كاكه سەباح ڕەنجدەر: وێڕای سڵاو و ڕێزی بێ سنوورم بۆ جەنابتان، دەمێكە پەرۆشی ئەوەم چەند دێڕێك بۆ جەنابتان بنووسم بۆ ئەوەی ببێتە پارچەیەكی بچووك لە تابلۆی گەورەی مێژوویەكی پەیوەندی جەنابتان بە بنەماڵەكەمانەوە و پەیوەندی خودی خۆم بە شیعرەكانتەوە.
ئاشنایەتی من لەگەڵ جەنابتان لە دوو ئاراستەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێوە وەك دەنگێكی جوان و پڕ سەدا و هەڵوێست و بوێرانەی باخ و چیمەنی شیعری كوردی، توانیوتانە هەناسەیەكی مۆدێرنانە و هاوچەرخانە بدەنە قاڵبی سواوی شیعر لە كۆمەڵگای كوردەواری، توانیوتانە بیرۆكە و وێنە شیعرییەكانتان لە ئاستی ناوخۆیی بگوازنەوە بۆ ئاستێكی سەرووتر، كە ئەویش مرۆڤدۆستی و گەردوونبینیە. من وەك شاگردێكی بچووكی باوكم لە مەیدانی ئەدەب و ڕۆشنبیری، لەو ڕوانگەیەوە من لە كەشوهەوایەكی چڕوپڕی ڕۆشنبیری نەشونمام كردووە، دەتوانم هەست بەم ڕاستیانە بكەم بەرانبەر بە قەڵەمی پڕ بڕشتی جەنابتان, وەك پاڵپشت بۆ بۆچوونەكەم، بۆچوونێكی باوكم دەهێنمەوە. لەو وانانەی لەماڵەوە بە قوتابیانی ماستەر و دكتۆرای دەگوتەوە، كە لەبارەی شیعری نوێخواز و هاوچەرخەوە دەدوا، دەیگوت: (سەباح ڕەنجدەر زمانێكی شیعریی نوێی دۆزیوەتەوە, لەوەوبەر شاعیرانی كورد نەیان دۆزیبووەوە, كە دەیخوێنیتەوە هەستدەكەیت زمان لە سەرەتاوە دەستپێدەكاتەوە).
جگە لە گۆڕەپانی شیعر، ئێوە دەستێكی باڵاتان هەبووە و هەیە لە نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی و بابەتە هزریی و ڕۆشنبیرییەكان، بێگومان كەلێنێكی گەورە لە كتێبخانەی كوردی پڕ دەكەنەوە.
پەیوەندی جەنابتان بە بەهەشتیی (مارف خەزنەدار)ی باوكم لە سنووری پەیوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ڕەتی دابوو بەرەو پەیوەنديیەكی كۆمەڵایەتی و خێزانیی جوان، بۆیە هەمیشە ئێمە جەنابتان وەك ئەندامێكی بنەماڵەی (مارف خەزنەدار) دەبینین، تەنانەت بۆنوبەرامەی باوكم لە دڵسۆزی ئێوە و چەند كەسانێكی دڵسۆزی وەك ئێوە بەدی دەكەین و دیدەنی و بەسەركردنەوەتان بۆ ئێمە مایەی هەناسەیەكی شادییە بە دەروونمان دەبەخشرێت. لەدوا ساتەكانی تەمەنی باوكم هەمیشە سەردانەكانتان مایەی شادمانیی و دڵنەوایی بوون بۆ باوكم و بۆ ئێمە و ناسۆری ئەم قۆناغە سەختەی نەخۆشكەوتنی باوكم و دواتر گیان سپاردنی تا ئەندازەیەكی زۆر لە بیر بردینەوە. لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووەوە ئێوە هەمیشە هاموشۆی ساڵۆنەكەی خەزنەدارتان دەكرد، ڕەنگە ئەو كاتە ئەو هەڵسوكەوتە ئەدەبی و ڕۆشنبیریانەی لە (مەڵبەندی ڕووناكی) ئەنجام دەدران لە كۆمەڵگای كوردەواری بە تایبەتی لە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی تا ڕادەیەك نامۆبوون، لەوانە (ساڵۆنی ئەدەبی و تۆماركردنی چالاكییە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەكانی میوانانی ساڵۆنی (مەڵبەندی ڕووناكی) و ڕێكخستنی ئەرشیفێكی ناوازە و هەمەڕەنگ و گەلێ كردەوەی تر). ئێوە بەشێكی گرینگ بوون لەو چالاكیانە و بەشداربوویەكی چالاك بوون.
من لێرەدا بە پێویستییەكی مێژوویی دەزانم، كە سوپاسگوزاری جەنابتان بم بۆ هەموو هەڵوێستێكتان بەرانبەر بە ئێمە و بنەماڵەكەمان تەنانەت دوای كۆچی یەكجارەكی باوكیشم، بە تایبەتی بەشداری كردنتان لە زۆربەی ساڵیادەكان بە نووسین و تێكستی شیعریی و بڵاوكردنەوەیان لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان. بوونی ئێوە و پەیوەندیتان لەگەڵ بنەماڵەكەمان بۆ ئێمە وەك دۆزینەوەی گەوهەرێكە لە زۆنگاوی ڕۆژگارێك، كە بەداخەوە هەنگاوی زۆر بەپەلە دەنێت بەرەو كزبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بنیادنانی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان.
برای بچووكت لەم چەند دێڕەی سەرەوە هەوڵيداوە بە وشە زەڕەیەك پاداشتی ئەم وەفادارییەتان بداتەوە، كە بەرانبەر بە ئێمە و بە بەهەشتیی باوكم نواندووتانە. دووبارە ڕێز و سڵاوی برای خۆت قبوڵ بفەرموون.

                                     بنیاد خەزنەدار

31/5/2019 هەولێر

6
(نامەی جەوهەر كەریم ڕەشید بۆ سەباح ڕەنجدەر)

كاكه‌ ڕه‌نجده‌ر وه‌ك ده‌زانین لاپه‌ڕه‌كانی ژیان تۆمارگا و یاداشتنامه‌ی ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی خۆیه‌تی. خولخوله‌ی ئه‌م قه‌تاره‌یه‌ له‌ جووڵه‌ ناكه‌وێت. ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌یه‌كێ له‌ وێستگه‌كانی ئه‌م كاروانسه‌رایه‌ جێده‌مێنین، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ یاد و یاده‌وه‌ریه‌كانی یه‌كتره‌ له‌لامان، ئه‌ویش له‌باره‌ی دنیابینی و هه‌ڵسوكه‌وت و چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانه‌. ئیتر هه‌ندێ له‌یه‌كترناسینه‌كان ته‌مه‌نیان كورته‌. له‌ سه‌ره‌تا، یان له‌ ناوه‌ندی ڕێگا ده‌پووكێنه‌وه‌. هه‌ندێكیشیان، كه‌ دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و منایه‌تی و حیزبایه‌تییه‌. واته‌: خۆڕسك و ڕه‌سه‌نایه‌تی و دید و دیداری هاوبه‌ش، یان نزیك له‌ یه‌كتر كۆیان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه ‌پێ ده‌گرن و ڕه‌نگه‌ هاوڕێیه‌تی درێژایی ته‌مه‌ن كه‌مەندكێش بكه‌ن. وه‌ك ئاوی كانی قۆناغ دوای قۆناغ، به‌هار دوای به‌هار ڕوونتر و سازگارترده‌بن.
بیرمه‌ له‌ كانوونی یه‌كه‌می 1986 شیعرێكم له‌ ژماره‌ (51)ی گۆڤاری: (كاروان) به‌ناونیشانی: (چاڵه‌ به‌فره‌كان) بڵاوكرایه‌وه‌. بۆ ئێواره‌كه‌ی هاتمه‌ گازینۆی: (مه‌چكۆ)، كه ‌ماوه‌یه‌كی كه‌مبوو یه‌كترمان ناسیبوو، له‌ دووره‌وه‌ زۆر به‌ڕۆحه‌وه‌ پێشوازی و پیرۆزباییت لێكردم. زۆرم شایی به‌خۆهات، هه‌روه‌ها پێشتریش شیعرێكم له‌ ژماره‌ (2)ی گۆڤاری: (ئاسۆس) له‌ 1984 به‌ناونیشانی: (توانه‌وه‌) بڵاوكردبووه‌وه.‌ ئەمیشت لە یادگە مابووەوە پیرۆزبایی و سه‌رنجی وردت له‌باره‌وە دامێ. گوتت هه‌موو شیعرێكی جوان به‌ شیعری خۆم ده‌زانم، له‌ هه‌قیقه‌تدا بۆچوونێكی ئێجگار شاعیرانه‌‌بوو، ئه‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌ ته‌نیا شاعیره‌ داهێنه‌ره‌كان ده‌توانن بیده‌ن، ئەم ئاستە داهێنانەش سەدا سەد لە تۆدا هەیە.
ئیتر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا زانیم به‌ ڕاستی خوێنه‌ر و شاعیرێكی به‌ئاگا و وریای. شیعر له‌ هه‌رگۆشه‌ و دیوان و بڵاوكراوه‌یه‌ك سه‌ری ده‌رهێنابووایه‌ كاكه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك نێچیر ڕاو و شه‌نوكه‌وی ده‌كرد و زۆر به‌وردی و ئه‌زموونه‌وه‌ له‌سه‌ره‌خۆ وه‌كو فه‌قێ ده‌توانم بڵێم: به‌حونجه‌ ته‌جویدی ده‌كرد.
كاكه‌ سه‌باح ته‌مه‌نێكمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌، براده‌رایه‌تییه‌كی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ نێوانماندا شانازییه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م. (6 – 7) ساڵ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ گۆڤاری: (كاروان) و دوای ئه‌وه،‌ له‌و ماوه‌ زیاتریش له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاند و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر، له ‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ كارمان كردووه‌. ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ساردییه‌كيش له‌نێوانمان دروست نه‌بوو. هه‌میشه‌ نموونه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بوویت بۆ من و زۆرێك له‌ هاوڕێیانی هاوپیشه‌. به‌ڕاستی هه‌ناسه‌ و خه‌یاڵ له‌ ڕێبازی هه‌ڵوه‌دای شیعرییه‌ت ئه‌م په‌روه‌رده‌ ژیارییه‌ به‌ مرۆڤی دڵپاك ده‌به‌خشێ. تۆ ته‌نیا باسی ئه‌ده‌بت ده‌كرد، نه‌تده‌توانی باسی شتێكی تر بكه‌یت و زۆر ده‌م به‌ ئامانه‌ت بووی.
هیوادارم هه‌میشه‌ به‌رده‌وام و به‌رده‌وام بیت له‌م جۆره‌ ئاكاره‌ مرۆڤدۆستانه‌ و شاعیرانه‌ و شیعر و ئێستێتیكای شیعر، مه‌له‌ی ئاسووده‌یی و دڵنیایی بكه‌یت.

جه‌وهه‌ر كه‌ریم ڕه‌شید
20/6/2019 هه‌ولێر

7
(نامەی سەنگەر زراری بۆ سەباح ڕەنجدەر)
كاكە سەباح ڕەنجدەر سڵاو: ئەمە نامەیەك نییە لە دوورییەوە نووسرابێت، نامەیەكە بۆ جیهانی ئەدەب نووسراوە و دەبێ واش بخوێنرێتەوە.
كاكەی ئازیز: ئایا دەزانی كێن ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن؟ هەستم بەوە نەكردووە تۆ بزانی كێ سەرۆكی حكوومەتە و كێ سەرۆكی پەرلەمان، یان سەرۆكی هەر دامەزراوەیەكی دیكەی سیاسی و ئیداریی گەورەی ئەم وڵاتەیە، كە ئێمە ڕۆژانە سەروكارمان لەگەڵیاندا هەیە؟ نازانم دەزانی چ ڕووداوێكی سیاسی و سەربازیی گەورە لەسەر ئاستی جیهان ڕوودەدەن، یان نا؟ سەرەڕای ئەوەی زۆر بەیەكەوە دانیشتووین و گەڕاوین و سەفەری شارانمان كردووە و چەند شەویش ماوینەتەوە، بەڵام نەمزانیوە تۆ ئاگات لە دنیای دەرەوە هەبێت، دیارە مەبەستم لە دنیای دەرەوە، دنیای دەرەوەی ئەدەبیاتە، مەبەستم دنیای سیاسەت و ئەو ڕووداوانەیە، كە تەحەكوم بە هەموومانەوە دەكەن و ئێمەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بێئاگاییەی بەرانبەر دنیای ڕووداوە گەورە سیاسییەكان هەتە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی ئینتەرنێت بەكارناهێنی و پەیج و ئەكاونتت لە هیچ تۆڕێكی كۆمەڵایەتی نییە، كەچی لە (ئێمەی ناو ئەو دنیا ئەلكتڕۆنییە) زیاتر ئاگات لە ڕووداوە ئەدەبییەكانە، تەنانەت كاتێك گەنجێكی تازەدەركەوتوو دەقێكی ئەدەبی بڵاودەكاتەوە، لە هەموو چەشنەكانی: شیعر، چیرۆك، ڕۆمان. تۆ ئاگاداریت و لە یەكەمین كەسەكانی، كە ئەم دەقە دەخوێنیتەوە و بە ئاشكرا، یان نهێنی. باش، یان خراپ.سەرنجی خۆتت لەبارەوە هەیە. ئەو ڕاستگۆییەی تۆ بەرانبەر ئەدەبیاتت هەیە، لە كەم نووسەر و ئەدیب دەبینرێ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە تۆ خۆتت بۆ ئەدەب یەكلایی كردووەتەوە. بەجۆرێك، كە ژیانی خۆتت وەكو خوێنەرێك بۆ خوێندنەوەی هەموو چەشنە جیاوازەكانی ئەدەبی و وەكو نووسەرێكیش ژیانت بۆ نووسینی شیعر تەرخان كردووە، بە جۆرێك شیعر هەموو لایەنێكی ژیانی داگیر كردوویت، ئەوەتا جارێك نووسیبووت: «ژیانم خۆشدەوێ و زۆریش بەتاسەیەوەم، شیعریشم یەكجار خۆشدەوێت، چونكە خوێنی بنەچە و خودی خۆمە، تاڕادەی توانەوە لەناویدا تواومەتەوە، بەڵام بە دەستی ئەوانەی هونەری نووسین نازانن و قسە و قسەڵۆكەكانیانەوە ئازاری زۆرم تێیدا چەشت و ستەمیان لێ كردووم و بە دەستیانەوە ماندوو بووم و ماندووم..».
خۆشەویستیت بۆ شیعر زۆر جار تووشی سەرئێشەی كردووی، بە تایبەتی لە خودی ناوەندی ئەدەبییەوە، هەر لەبەر ئەمەشە، كە لە ناو ناوەندی ئەدەبیدا، چەندە یارت هەن، ڕەنگە ئەوەندەش نەیارت هەبن.
پەیوەستبوونی ڕاستەقینەت بە دنیای ئەدەبییەوە، لەلایەك زیانی ئەوەی لێ داوی، كە دڵت ناسك بێتەوە و نەیارەكانت كارت تێبكەن، بەڵام لە لایەكی دیكەوە قازانجێكی گەورەت لێ كردووە، ئەویش ئەوەیە نووسین و خوێندنەوە دڵی پاك كردوویەتییەوە و بەم هۆیەشەوە هەمیشە دڵت بە گەنجان و نەوەی دوای خۆت خۆشە و بەگەرموگوڕییەوە پێشوازی لە بەرهەمەكانیان دەكەی، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو هەندێ جار خۆشت بە تاوانبار دەزانی لە بەرانبەریان، وەكو نووسیبووت: «ئێمە ئازاری زۆری ئەوانە دەدەین كە مەوداكانی شیعریان دۆزیوەتەوە و داهێنەرن، لەو مەیلە ناقۆڵایەوە، چەندان بەهرە و خولیا، خانە بە خانە جەستەیان داچۆڕا و ڕۆحیان هەلا هەلا بوو..». ئەمە لەكاتێكدا كە تۆ لەمڕووەوە نەك هەر تاوانبار نیت، بەڵكو هەمیشە هاندەریانی تا ئەو كاتەی دەزانی بەڕاستی دەیانەوێ ببنە ئەدیب و نووسەر، كە بزانی ڕاستگۆن، خۆشت دەوێن و هاندەریانی، بەڵام ئەگەر بزانی ڕقنن و لەسەر بەرهەمی كەسانی دی دەژین، ئەوا لێیان بێدەنگی و هەر هیچ نەبێ ستایشییان ناكەی. گەلێك جار هەست دەكەم كە تۆ هیچ دەقێكی ئەدەبیت لەبن دەست قوتار نابێ و هەموو دەقێك دەخوێنییەوە. نیشانەی دڵسۆزییە، كە تۆ خۆت بۆ ئەدەبیات تەرخان كردووە، لەكاتێكدا ئەدەبیات نەك قازانج، بەڵكو زیانیشی لێ داوی، دیارە لێرە مەبەستم ڕووە ماددییەكەیە، چونكە گەلێك نووسەر و ئەدیب قازانج و دەسكەوتی زۆریان لە ئەدەب دەستدەكەوێت و بەهۆیەوە بوونەتە خاوەن پلە و پۆست، كەچی ئەو دڵسۆزییەشیان بۆ ئەدەب نییە، كە تۆ هەتە.
من هیوادارم تۆ بیرەوەرییەكانت بنووسیتەوە و وەك چۆن ئەدەبیانە هێناوتە، ئەدەبیانەش بینووسیتەوە، چونكە لێرە و لەوێ هەندێك سەرەقەڵەمی بیرەوەرییت نووسیونەتەوە، كە بەڕاستی چێژم لێ بینیوون.
هاوڕێی خۆشەویست: ئەم پەیوەستبوونەت بە ئەدەبیاتەوە، بەدیوێكدا ڕاستگۆییە بەرانبەر ئەدەب و دنیای ئەدەبی و بە دیوەكەی دیكەشدا بێ موبالاتییە بەرانبەر دنیای واقیعی و دەرەوەی ئەدەبیات، بە تایبەتیش خەمساردییە بەرانبەر بەئاگابوون لە ڕووداوە گەورە سیاسی و تەكنەلۆژییەكانی دنیا، كە كونی چاوی هەموومانی داگیر كردووە و خەریكە بە پێست و كوڵكەوە دەمانخوا، من لەگەڵ ئەوە نیم، بەڵام تۆ ڕاستگۆی لە بەرانبەری و پەیڕەوییش لەم ڕاستگۆییەت دەكەی.
هەر ساغ و سەلامەت بیت یاخودا.

سەنگەر زراری
25/6/2019 هەولێر

8
(نامەی ساابیر ڕەشید بۆ سەباح ڕەنجدەر)

سڵاو كاكه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: به‌بۆنه‌ی چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شیعره‌كانت له‌ دوو به‌رگدا به‌ناونیشانی: (دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) خۆم به‌ تێكۆشەرێكی ڕاستگۆی ئەدەب ده‌زانم، له‌ دڵه‌وه‌ هەقیقەتی بۆچوونمت بۆ دەنووسم. له ‌خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانتدا هه‌ستم به‌وه‌كرد پیاوێكی ته‌واو نقوومی دنیای شیعر‌ی نوێی، هه‌ستم به‌ فره‌شێوازی و فره‌واتایی شیعره‌كانت كرد، هه‌ستم كرد سێ به‌شی ژیانی خۆت بۆ دنیای شیعر‌ ته‌رخانكردووه‌، بۆیه‌ وه‌ك: (نالی) له‌باره‌ی شیعره‌كانی خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ: (بەحری غەزەلم پڕ دووڕ و گەوهەرە، ئەمما – غەو‌واسی ده‌وێ، یەعنی بە تەعمیقی بزانه‌)، شیعره‌كانی تۆش پیاو و كه‌سی خۆیان ده‌وێ تا تێیان بگات و ئه‌م دووڕ و گه‌وهه‌رانه‌ بژاربكات، كه‌ له‌ناویاندا ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. برام ئه‌گه‌رچی من یه‌ك دوو هه‌وڵی لێدوان و نووسینم هه‌بووه‌ له‌باره‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ و دووجاریش له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ كوردییه‌كاندا له‌باره‌ی ئه‌زموونی تۆوه‌ نووسیومه‌ و كه‌مێك سه‌ر له‌ شیعری نوێ ده‌رده‌كه‌م، كاتی خۆشی له‌ هه‌شتاكاندا، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی شیعریی له‌ هه‌ولێر به‌هێزبوو، من له ‌به‌ره‌ی نوێخوازییه‌كه‌دا بووم، كه:‌ (مه‌حموود زامدار) چاوچاغی ده‌كرد و له‌به‌رانبه‌ریشدا چه‌ند نووسه‌ر و شاعیرێكی تر دژی ده‌وه‌ستان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌دژی بوون، بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كانی ئه‌وسا. واته‌: گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان به‌ده‌ست ئه‌وان بوو، ڕێیان له‌و شاعیره‌ نوێخوازانه‌ ده‌گرت، پێیان ده‌گوترا: (پێشڕه‌و). ئه‌وكاته‌ ساڵانی هه‌شتاكان چه‌ند گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی هه‌بوون، ئاوبێنه‌ و ده‌ستان بشۆ، ئه‌وان ئابڵووقه‌یان خستبووه‌ سه‌ر شاعیره‌ نوێخوازه‌كان و نه‌یان ده‌هێشت بابه‌تیان بڵاوبكرێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئێمه‌ كه‌ لایه‌نگیری بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی بووین، كه‌وتبووینه‌ به‌ر ئه‌م شاڵاوه‌، به‌ڵام جارجاره:‌ (مه‌حموود زامدار) چه‌ند شیعر‌ێكی، یان نووسینێكی ئێمه‌مانانی ده‌برد به‌ ده‌رده‌سه‌ری بۆی بڵاوده‌كردینه‌وه‌ و له چاپخانه‌ ده‌بووه‌ ئێشكگر نه‌وه‌ك ئه‌وان ده‌ری بێنن.
بێ هیچ گومانێك، تۆ شاعیرێكی له‌و شاعیرانه‌ی شێوازی نوێت هێنایه‌ ناو شیعری كوردی و له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌وسای هه‌ولێر نوێكارێك بوویت و زۆریش شه‌ڕیان له ‌دژتدا كرد و ڕێگایان لێگرتی و چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندی و دژت وه‌ستان و خه‌ڵكیان هاندا له ‌دژت بنووسن، گاڵته‌شت پێبكه‌ن، به‌ڵام به‌ پێداگری و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خۆت و خۆسووتاندن و به‌خشینی ژیانی خۆت و خێزانه‌كه‌ت، توانیت هه‌موو ئه‌م دژایه‌تیكردنه‌ ڕابماڵی و ورده‌ ورده‌ شوێنپێی خۆت فراونتر بكه‌یت و به‌ وه‌رگێڕانی شیعره‌كانیشت بۆ سه‌ر به‌شێك له‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی دنیا، ئه‌وانه‌ و ئێمه‌ش هه‌موو به ‌توانای خۆت سه‌رسام بكه‌یت و سه‌لماندت ڕێچكه‌یه‌كی جیاوازی و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆتی له‌ بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی شیعری كوردیدا له ‌ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان، دواتریش. دڵنیام جیاوازی و خاوه‌ن ڕێچكه‌ و جیهانبینی و شێوازی تایبه‌ت به‌ خۆتی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی شیعره‌كانت بخوێنێته‌وه‌، هه‌ست به‌ قووڵیی زمان و زه‌خره‌فه‌ی زمان و جوانیی زمان و ده‌ربڕین و كورتبڕی و مانای شاراوه‌ی ده‌ق ده‌كات. ئه‌وه‌ی شیعره‌كانت بخوێنێته‌وه‌ ده‌بێ خاوه‌ن ڕۆشنبیرییه‌كی فراوان بێت به‌تایبه‌تی له‌ بواری هێماكانی ئایینی و ته‌سه‌وف و فه‌لسه‌فه‌ و دنیای شاراوه‌ی شاعیرانی دنیا و كورد، تا بتوانێ هێما و جه‌فه‌‌نگه‌كان شیبكاته‌وه‌ و مه‌به‌ست و كرۆكی شیعر و جیهانبینی و فه‌لسه‌فه‌ی شیعرت بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام داخه‌كه‌م به‌ شه‌رمه‌وه‌ش ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ده‌رده‌بڕم، من دوای ئه‌م هه‌موو خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ و ئاگاداربوون و پێداچوونه‌ی سه‌دان ڕۆمان و شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م له ‌ئاستی شیعره‌كانتدا نیم. واته‌: ئاستی تێگه‌یشتنی من بۆ ده‌قی شیعره‌كانت به‌و ڕاده‌یه‌ نییه‌ ته‌واو له‌ نهێنی و دنیای شاراوه‌ی ناو شیعره‌كانت بگه‌م. ئه‌وه‌ش به‌و هۆیه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ی هێما و جه‌فه‌نگی شیعریی مه‌له‌وان نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌زانم شیعره‌كانت به‌رزن و گه‌یشتوویته‌ ئاستی شاعیرانی جیهانیی، له‌گه‌ڵ شاعیرانی تر خۆت جیاكردۆته‌وه،‌ ئه‌م خۆجیاكردنه‌وه‌یه‌ش‌ پیرۆزه‌.

                                  سابیر ڕه‌شید 

1\ 7\ 2019 هه‌ولێر




چه‌ند ره‌خنه‌یه‌کی دۆستانه …. فه‌ریق م حه‌وێزیی

هه‌ندێكجار ده‌بینین بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی شیعرێکی ساده‌ و که‌م بایه‌خ له‌ رووی شیعرێتییه‌وه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ شیعرێکی به‌پێزو ئاستبڵند ره‌فز ده‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئاساییه‌ له‌بارێکدا تایبه‌تمه‌ندانی شیعر له‌ هیچ ده‌زگایه‌کی میدیایی ئه‌ده‌بیدا بوونیان نییه‌، که‌واته‌ بڕیاره‌که‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سه‌ر میزاجی که‌سه‌کان، میزاجیش شتێکی نابه‌رجه‌سته‌یه‌و له‌ که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکی تر ده‌گۆڕدرێت به‌ پێی ئاستی تێگه‌شتن و ئه‌زموون و سه‌لیقه‌و رۆشنبیرێتی شیعریی ئه‌و که‌سه‌، به‌ڵام ئه‌ی چی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاهه‌ڵدانانه‌دا بڵێێن بۆ نموونه‌ که‌سێکی وه‌ك یوسف عیزه‌دینی رۆمانووس له‌سه‌ر شاعیرێکی وه‌کو داستان به‌رزا‌ن بینووسێت، ئایا ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی ره‌خنه‌ی میتۆدیی و زانستی و ئه‌کادیمی یان به‌س به‌ره‌نده‌کردنێکی میزاجییه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك نه‌ك ره‌خنه‌گرێك، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ده‌نووسێت کاک یوسف که‌ داستان به‌رزان شاعیر(یه‌سنین)ی رووسییه‌ بۆ کوردان چونکه‌ هه‌ردووکیان باسی واقیعی بریندار ده‌که‌ن، ئیتر نازانم جورئه‌تکردنی گوته‌یه‌کی ئاوها چۆن لێکه‌وته‌یه‌کی مێژوویی ده‌بێت له‌سه‌ر کاری ئه‌ده‌بی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌؟!
وه‌ك له‌و وتاره‌یدا یوسف عیزه‌دین بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی (یه‌سنین و داستان به‌رزان)، له‌ به‌رانبه‌ریشدا داستان به‌رزانی شاعیر هه‌ڵده‌ستێت به‌ پیاهه‌ڵدانی رۆمانێکی یوسف عیزه‌دین به‌ ناوی (وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ گریمانکراوه‌کان) وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌مه‌ پاداشتی نووسینه‌که‌ی تۆیه‌ له‌سه‌ر من، ئیتر خۆتان بڕیار بده‌ن ئایا چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ نووسینی ره‌خنه‌و ڕێزگرتن له‌ فاکته‌ری شاره‌زایی و توانادارێتی ئه‌و که‌سه‌ له‌و بواره‌ وێژه‌ییه‌ جیاوازه‌دا!یان ڕێنماییکردنی خوێنه‌رێکی ساده‌و نیشاندانی حه‌قیقه‌تی داهێنان!
ئه‌گه‌ر لێره‌دا ته‌ماشا بکه‌ن کۆپی هه‌ردوو وتاره‌که‌م داناوه‌:
یه‌که‌م/

دووه‌م/

ئه‌م حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ بیری دۆخێکی تری خستمه‌وه‌ که‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی دره‌نگوه‌ختی شیعری (دوو چاوی) … جه‌لالی میرزا كه‌ریم بوو، راسته‌ که‌ ئه‌و خۆی وه‌فاتی کردووه‌ وشیعره‌که‌ وه‌ك زمان و شێوه‌ شوێنکه‌وته‌ی ڕێبازی رایلیزمه‌ که‌ بۆ کاتی خۆی تازه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و شیعره‌ وه‌ك دیاره‌ له‌ 1958دا نووسراوه‌و ستایشی کۆتایی هاتنی قۆناغی پاشایه‌تی و ده‌ستپێکردنی کوده‌تای کۆمارییبوونی عێراق بوو که‌ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی گه‌لی عێراق له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، باشه‌ خۆ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌کو یابان و نه‌رویج و به‌ریتانیاو ده‌یانی تر هه‌ر پاشایه‌تین و که‌چی رۆشنبیرێکیشمان نه‌بینی داوای هێنانی رژێمی کۆماریی بکات له‌و وڵاتانه‌دا؟. له‌مه‌شدا خه‌مڵاندن و لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ پێشچاو ده‌که‌وێت و شوێن قه‌ره‌باڵغی که‌وتن ده‌رده‌که‌وێت، ئێوه‌ خۆتان ده‌توانن بگه‌ڕێن و مێژوو بخوێننه‌وه‌ ئایا ئه‌وسا عێراق چه‌ند ئارامترو ژیان تیایدا ئاسانتر بوو وه‌ك له‌و هه‌موو کرێزه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی ….یانه‌ی له‌ دوای کوده‌تا شومه‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم به‌رپاکرا و بووه‌ هۆی دواکه‌وتن نه‌ك ڕزگاربوون؛ به‌ پێچه‌وانه‌ی خه‌مڵاندنی رۆشنبیرانی ئه‌و کات که‌ گۆرانییان به‌ باڵایدا ده‌گوت. پاشان ئێمه‌ ده‌یان و سه‌دان شاعیرمان هه‌ن له‌ رابردووی دوورو نزیکداو به‌رهه‌میشیان زۆر زۆره‌، ئایا ده‌کرێت دووباره‌ بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌ چونکه‌ له‌ قۆناغێكدا که‌سانێك موعجیبی بوون؟ ئه‌مه‌ هه‌ر چییه‌ك بسه‌لمێنێت سه‌ره‌تا ده‌ستبه‌تاڵی و نهمانی داهێنان ده‌گه‌یه‌نێت و هیچ پێویست ناکات ئاوها به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌.
هه‌ر بۆ نموونه‌ شاعیر له‌ شیعری (دوو چاوی)دا ده‌ڵێت:
به‌یانی سوور
پڕ له‌ ئاوات
ئاواتی گه‌ل و نیشتیمان
كورد و عه‌ره‌ب
ڕزگاریان بوو
له‌ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران
به‌یانی، گوڵ
بزه‌ی ئه‌هات
له‌گه‌ڵ خۆری تازه‌ی خه‌بات
پیرۆزبایی
ئا ئه‌م گوڵه‌ش
ماچ بوو به‌خوڕ دای به‌ خه‌ڵات

*گۆڤاری شه‌فه‌ق، ژماره‌ 11 و 12. كانوونی یه‌كه‌می 1958




نیاز … نادری نادر پوور… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ ئامێزی تۆدا ده‌مرم ..
له‌ ئامێزی سپی پڕ به‌هاری تۆدا
له‌ ئامێزێ كه‌ ماته‌مینی لێ دووره‌
له‌ ئامێزێ ، مه‌مكی پاكی چاوگه‌ی نووره‌ .

تۆ له‌گه‌ڵ من به‌ ، له‌ به‌ڵایان دڵنیابه‌ !
له‌گه‌ڵ من به‌ !
من تۆم وه‌ك
پیاڵه‌یه‌كی تژیی‌ تینوویه‌تی ده‌وێ ..
له‌ هه‌ر هه‌ناسه‌یێ ، هه‌ر هه‌وه‌سێ
‌ هه‌ر ده‌سله‌ملانه‌یێكدا ..
وه‌ك چاوی پڕ له‌ نیگای
زۆنگاوه‌ دووره‌كان
‌ شه‌وانه‌ بێدارن و
له‌ بۆسه‌ی با ی ڕاگوزه‌ردان
تۆم ده‌وێ ..

تۆش وه‌ك من به‌ ، له‌گه‌ڵ من به‌ !
پڕ به‌ له‌ كیینه‌ بۆ دژمن
نوقمم كه‌ له‌ ویژدان
بمخه‌ره‌ ناو ئاگری هاواره‌ كپه‌كان ..
به‌ وێنه‌ی ئه‌ندامی سپیت ئاشنام كه‌ !
به‌ ترووسكه‌ی چاوی ڕه‌شت
ڕوناهیم به‌سه‌ردا ببارێنه‌ .

تۆم به‌ هه‌موو خه‌می پاكمه‌وه‌ خۆش ده‌وێ ..
لێم گه‌ڕێ با لێو له‌سه‌ر لێو
مه‌ستیی تۆ تۆختركه‌م .

ئه‌ی خۆری گه‌رم و ژیانبه‌خش !
له‌ ئامێزی تۆدا ده‌مرم
له‌ ئامێزی سپی پڕ به‌هاری تۆدا
له‌ ئامێزێ كه‌ ماته‌مینی لێ دووره‌
له‌ ئامێزێ مه‌مكی پاكی چاوگه‌ی نووره‌ .

  • له‌ ( برگزیده‌ شعرهای نادر نادر پور)ـه‌وه‌ .



بۆچی باباجان ره‌تیكرده‌وه‌ داوئۆغلۆ ببێت به‌ جێگری له‌ حزبه‌ نوێكه‌ی؟! … عیماد عه‌لی

ئه‌وه‌ی ئه‌نده‌كێك له‌ مێژووی حزبه‌ ئیسلامیه‌كانی توركیا بزانێت بۆی روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها به‌ زاره‌كی پابه‌ندن به‌ فكر و بیروبۆچون و به‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیه‌وه‌، راستتر بڵێین ئه‌وان پابه‌ندن به‌ ئیسلامی مه‌زهه‌بی تایبه‌تی توركیه‌وه‌، ئه‌گینا به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ هه‌موو ململانێیه‌كی سیاسی و فرت و فێڵ و ركابه‌ری و مانۆر و ته‌كتیكی هه‌مه‌جۆر به‌كاردێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كه‌سی وحزبی خۆیان به‌دوور له‌و بانگه‌شانه‌یان. بۆیه‌ واده‌بینین له‌ نێوان هه‌ر‌ چه‌ند ساڵیكدا به‌هۆكاری لێكبڕان و لێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌ زۆره‌كان هه‌ر له‌هه‌ناوی هه‌مان حزبه‌ ئیسلامیه‌كان حزبی ئه‌ڵته‌رناتیڤی تازه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ له‌ حزبی فه‌زیڵه‌ی ئه‌ربه‌كانه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو حزبه‌ نوێكه‌ی باباجان، له‌و نێوه‌نده‌شدا له‌ داودئوغلۆ و ئه‌ردوگانه‌وه‌ پێێدا برۆ تاده‌گاته‌ عه‌بدوڵاگویل. (ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر باسی چاكه‌ی ئه‌ربه‌كان بۆ ئه‌ردۆگان نه‌كه‌ین كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو ده‌ستی گرت و به‌خه‌ڵكی ناساند).
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌گه‌ر له‌ خاڵی چاره‌نوسسازی فكری و فه‌لسه‌فی ئه‌م حزب وكه‌سانه‌ وردبینه‌وه‌، جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع و به‌ كرده‌یی تێیدا نابینین، باسی قسه‌ی رووت و بانگه‌شه‌كاری ناكه‌م كه‌ به‌ شێوه‌ی كرداری نابینرێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستانی خۆشمان به‌رچاوی خۆیان گرتووه‌ و لاسایی ئه‌م حزب و كه‌سه‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر حسابی ره‌وتی فكری و فه‌لسفی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان‌.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا ئه‌مرۆ له‌ هه‌ناو و منداڵدانی حزبی دادپه‌روه‌ری وگه‌شه‌پێدانی ئه‌ردوگانی توركیا بۆچی ئه‌م حزبانه‌ ده‌رده‌كه‌ون و له‌وێشدا باباجان به‌ شێوه‌ی باوه‌ربه‌خۆبوو زاڵ ده‌بێت و هه‌نگاوی خۆی ده‌نێت وبه‌ هێزه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌نانه‌ت له‌وێشدا ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ حزبه‌ نوێكه‌ی داودئۆگلو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ بكات و ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت داودئۆغلۆ به‌ هه‌موو ملكه‌چبونێك ببێت به‌ جێگری له‌ حزبه‌ نوێكه‌یدا.
ئه‌وه‌ی داود ئۆغلۆ و باباجان بناسێت ده‌زانێت ره‌وتی ژیانی سیاسیان جیاوازیه‌كی زۆری هه‌یه‌، داودئۆغلۆ به‌ تێۆرستی سیاسه‌ت به‌ سفر كردنی كێشه‌كانی توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌ دارێژه‌ری عوسمانی نوێ له‌م قۆناغه‌ ناسرا و بوغرای ئه‌ردوگانی كرد و كێڕڤی نه‌رجسیه‌ته‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ و هه‌ڵخه‌ڵیخه‌ڵه‌تاند، به‌و نیازه‌ی ببێته سوڵتانی نوێی عوسمانی له‌ ناوچه‌كه‌ و بگاته‌ ئه‌و سنووره‌ی كه‌ عوسمانیه‌كان حوكمیان ده‌كرد. به‌ڵام باباجانبه‌ پسپۆڕیه‌كه‌ی خۆی له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ كاری ده‌كرد و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی رێژه‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی توركیا بوو، به‌ راستیش رووی ئابووری توركیای گه‌شانده‌وه‌ و، پێش ئه‌وه‌ی ناوبانگی له‌كه‌دار بكات دانیشت و ناكۆكیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان ده‌ركه‌وت و به‌ڵام پشودرێژ بوو و هیچ هه‌ڵپه‌یه‌كی نه‌كرد و ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی له‌ ده‌رئه‌نجامی دوورخستنه‌وه‌ی له‌ پۆستكه‌ی له‌ پڕیكدا ده‌رنه‌خست وه‌كو داودئۆغلۆ.
ئه‌مرۆ مێژووی توركیا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی نوێ و جیاواز له‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و له‌قه‌وه‌شاندنه‌كه‌ی له‌و كه‌سه‌ی كه‌ چاكه‌ی له‌سه‌ر هه‌بوو، ئه‌م به‌ ماوه‌یه‌ك دانیشتن ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ فرتوفێلی هه‌رزه‌كارانه‌ ناكات و ده‌یه‌وێت ئه‌و جیاوازیه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان هه‌یه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ راسته‌ و له‌ قازانجی توركیادایه‌.
بۆیه‌ وا چاوه‌روان ده‌كرێت پاش دۆڕاندنی ئه‌ردۆگان وحزبه‌كه‌ی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ، باباجان سه‌رجه‌م توركیای له‌ده‌ست دربێنێت و له‌ په‌یره‌و كردنی ره‌وتی ناوه‌راستی فكری وفه‌لسه‌فی ئاراسته‌ی سیاسه‌تی ئابووری توركیا بگۆرێت. به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌كرێت سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی توركیا سودی لێببینن، له‌م باره‌شه‌وه‌ چاوه‌روان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت له‌ ده‌رگای تایه‌بتی خۆیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات تا ڕاده‌یكی كه‌م جیاواز بێت له‌ ئه‌ردۆگان بۆ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌ی.
ئه‌وه‌ی وای له‌باباجان كرد داودئۆغلۆ ره‌تبكاته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ باسمكرد و سه‌ركه‌وتو نه‌بوو تێیدا، ئۆغلۆ كێشه‌كانی نه‌ك هه‌رسفر نه‌كرده‌وه‌ به‌ڵكو زیاتریشی كرد و كێشه‌ سه‌ره‌كه‌یه‌كه‌ی نێوخۆی توركیا كه‌ پرسی كورده‌ به‌ هاوكاری ئۆردۆغان قووڵتر وئاڵۆزتر كرد و، تا دوایی به‌م كاره‌ساتانه‌ كۆتایی هات كه‌ ئاشته‌وایی له‌گۆڕنرا و شه‌ر و پێكدادان جێگه‌ی گرته‌وه‌.
داود ئۆغلۆ له‌ حه‌قیقه‌تی عه‌قڵی خۆیدا له‌ فكر و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌ی میانره‌وی و ره‌وتی ناوه‌راستی سیاسه‌ت دووره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یمانی داوه‌ به‌ باباجان په‌یڕه‌وی ئه‌م ره‌وته‌ بكات و پابه‌ندی بێت به‌ڵام باباجان به‌ده‌نگی به‌رز ره‌تیكرده‌وه‌.




وێستگەیەک چاوەڕوانم دەکات..!… سەروەرکەریم

هەنگاوبەرەو دواوێستەگەی شەمەندفەرەکەم دەبات
خۆشم نازانم بۆچی ئاڕاستەم بۆئەوێی یە!
نهێنی یەک لەسەرم دایەوپەلکێشم دەکات،
یان هەست کردنە بەگەڕانێکی تر.
خەیاڵکردنەوە لە دوایین وەستان
ئاڵۆزکردنی ماتماتیکی بوون و نەبوونە.
هەنگاوە خۆڕسکەکان زۆرجارمێشک جاڕس دەکەن
بیرکردنەوەکان بەشوێن خۆیاندا دەبەن.
ئاڕاستەکانی بزواندن دیاری دەکەن.
ئەوبەیانی یەی گەیشتمە وێستگەکە
سەفەر لەئەندێشەمدا بوونی نەبوو،
نەمدەزانی بۆ کام کەنار دەڕۆم؟
جەستەم پەلەی بوو سواری شەمەندەفەرکەبێت.
خەیاڵم هەرگیز ئاگای لە دوایین زەنگ نەبوو،
ئەو دەیەوێت بڕوات ونەگەڕێتەوە،
دوایین کاروانی ڕۆیشتنیەتی وناگەڕێتەوە.
چاوەڕوانی سەفەری جەستەومێشک
تەژین بەپەنهانی سەیر!
ڕیگایەک دەمباتەوە سەریادەوەری و،
دەروازەکەی تەم دایپۆشیوە.
ڕیگایەکی تر خۆی هەنگاوەکانم دەبات و،
دیارنی یە بەرەوکوێ دەڕۆم.
زەمەنێکە جەستەو بیرم ناگونجێن و،
هەریەکەیان ئاڕاستەیەکیان گرتووە.
جەنگێکی نەبڕاوە دەکەن .
یەکێکیان دەیەوێت بڕوات و هەڵوەرێت،
ئەویتریان دۆش داماوەو نازانێ کەی دواوێستگەیە.
شەمەندەفەرەکەوەستاوەو،
دوانەی منیش خۆی بووەتە وێستگەیەک و،
توانای سەفەرو بیرکردنەوەی نەماوە
کاتژمێرەکە چوەتەوە سەرسفری فەنابوون.

سەروەرکەریم
هۆڵەندا
٢/٨/٢٠١٩




ئه‌و جیهانه‌ی جێگای ئێوه‌ی تێدا نه‌بووه‌وه‌ ته‌نیا شایسته‌ی رووخاندنه‌ …. سەڵاحەدین ئەحمەد

له‌ دوای سێی ئابی ٢٠١٤ قسه‌كردن شه‌رمه‌. به‌ڵام ئه‌م جیهانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ دۆزه‌خی جیهانێكی تر یان خه‌ونی هه‌ره‌ تاڵی خوداوه‌ندێكی شكاو بێ، تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ كه‌متر له‌ ئازادی رازی نین و ئه‌وانه‌ی توانای شه‌رمه‌زاربوونیان هه‌یه‌.

ساڵ به‌ ساڵ خیانه‌ته‌كان كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن و ئه‌وانه‌ی توانای شه‌رمه‌زابوونیان هه‌یه‌ كه‌متر. رۆژێك دێ نه‌ك هه‌ر سی رۆژه‌كه‌ی ئاب هه‌موو رۆژه‌كانی دوازده‌ مانگی ساڵ‌ به‌شی ژماره‌ی خیانه‌ته‌كان ناكه‌ن. له‌ راستییدا، ئه‌گه‌ر نه‌ریتی مێژوونووسین هه‌بوایه‌، ده‌مێ بوو رۆژمێری خیانه‌تیش دروستببوو، رۆژمێرێك خانه‌ی هه‌موو رۆژێكی یادی خیانه‌تێك ده‌بوو، خیانه‌تێك به‌شی ئه‌وه‌ شه‌رمه‌زاریی دروستده‌كرد كه‌ له‌ژیانداماوه‌ خۆشبه‌خته‌كان كه‌متر بڵێن و زۆرتر گوێ له‌ په‌رواوێزخرا و كپكراوه‌كان بگرن، بۆ خاتری كه‌س نا بۆ خاتری ئینسانییه‌تی خۆیان.

له‌ شه‌نگاڵ دوا دڵۆپی ئابڕووی ده‌سته‌جه‌معی نوێنه‌رانی فه‌رهه‌نگیی و ده‌سه‌ڵاتداریی زۆرینه‌ تكا. به‌ڵام ئابڕوو هیچ نییه‌ بۆ توێژگه‌لێك كه‌ له‌ بازاڕه‌كانی سه‌رمایه‌دارییدا رۆژانه‌ خاكوخێو هه‌ڕاجده‌كه‌ن بۆ‌ كه‌مالیست و ئیخوانچی، بۆ ئایه‌توڵا و حیزبوڵایی، بۆ ره‌كه‌زپه‌رستی سپیپێسته‌كان، و بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ زمانی كوردی قسه‌ نه‌كات و په‌رواێزخراو نه‌بێت. ساڵانی تر دێن و ده‌ڕۆن، شارانی تر ده‌فرۆشرێن و خه‌ڵكانی تر قڕده‌كرێن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ په‌راوێزخراوه‌كانی زۆرینه‌ رێگایه‌ك داده‌هێنن بۆ ریشه‌كێشكردنی هه‌موو توێژێكی سه‌رده‌ست و خودی سه‌رده‌ستی، نه‌ك ته‌نیا ئه‌حزابی مافیا و جاشڕه‌فتار.

له‌ دوای سێی ئابه‌وه‌ هیچ شتێك شایسته‌ی ووتن نییه‌. ده‌بوایه‌ ئه‌و گورزه‌ سه‌رله‌به‌ری زمان و ئیمانی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری هه‌ڵته‌كاندایه‌ تا ئه‌و جێگایه‌‌ی كه‌ جگه‌ له خۆسازكردن و جیهانسازكردن بۆ‌ شۆڕشێكی سه‌رتاپاگیری كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ ژیان نه‌مێنێ. ژیانی خامڵ كه‌ بوو به‌ عاده‌ت، پووچگه‌رایی باڵده‌كێشێ به‌ سه‌ر فه‌زای گشتییدا و ووتن و نه‌ووتنی هه‌ر شتێك وه‌كو یه‌كه‌. به‌ڵام توانای درككردن به‌ تراژیدیا له‌ هه‌موو میلله‌تێكدا نییه‌. چاره‌نووسی ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه‌ ئه‌و‌ توانایه‌ تیایاندا گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ هه‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانه‌. له‌ هه‌موو وه‌رچه‌خانێكی ناوچه‌یی و جیهانیدا به‌ كارده‌هێندرێن و پاشان ته‌وه‌لا ده‌كرێن و زۆر جاریش له‌ میانه‌ی ئه‌و یارییانه‌دا كاره‌ساتیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. به‌ڵام كاره‌ساته‌كان نابن به‌ رووداو، ناكرێن به‌ وێستگه‌ی حه‌په‌سان و تێڕامان و بچڕان. له‌به‌ر ئه‌وه، له‌ ئیراده‌یه‌كی تاریك و زه‌ینێكی نادیده‌ و یاده‌وه‌رییه‌كی په‌ككه‌وتووه‌وه‌‌ خۆیان مه‌حكومده‌كه‌ن به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تراژیدیا‌كان. له‌ بازنه‌یه‌كی كوشنده‌دا یه‌خسیری كۆتوبه‌ندێك ده‌بن كه‌ ده‌ستكردی خۆیانه‌ و بۆ گه‌ردنی خۆیانه‌.

له‌ تێزابی پوچگه‌راییدا ده‌رئه‌نجام هه‌موو بونیادێكی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌وه‌شێ. زمان و خه‌یاڵ به‌یه‌كه‌وه‌ ره‌زیل ده‌كرێن. له‌ داڕزانی ئیكۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تییدا، بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قه‌ومێ. له‌ بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تییدا هه‌موو تاكه‌كه‌سێك به‌ ته‌نیا، به‌ بێ كۆمه‌ك، به‌ بێ ئینتیما بۆ هیچ تۆڕێكی به‌ها، له‌ نه‌بوونی هه‌ر جۆره‌ په‌رژینێكی پاراستنی ده‌زگایی و كۆمه‌ڵایه‌تییدا، به‌ رووتی ده‌بێ به‌ خۆراكی دژوارییه‌كانی ژیان. له‌ ده‌رئه‌نجامدا هه‌موو كه‌سێك خۆی به‌ سته‌ملێكراو ده‌زانێ له‌ كاتێكدا رۆژانه‌ سته‌م له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ها هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ خۆی كه‌مده‌سه‌ڵاتتر بن جا به‌ هۆی چینایه‌تیییه‌وه‌ بێ یان به‌ هۆی جێنده‌ره‌وه‌ یان ته‌مه‌ن یان هه‌ر هۆیه‌كی تری په‌یوه‌ند به‌ ته‌ونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شبوونی ئامرازه‌كانی سه‌پاندن. به‌زه‌ییبه‌خۆداهاتنه‌وه‌، له‌زه‌توه‌رگرتن له‌ موماره‌سه‌كردنی زۆرداری، و په‌سه‌ندكردنی زۆرداری ده‌بن به‌ ره‌فتاری به‌ربڵاو وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ جارێ هه‌مووان تووشی تاعونبن به‌بێ ئه‌وه‌ی تاعون وه‌كو تاعون سه‌یر بكرێ، بگره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ زماندا ووشه‌یه‌ك بۆ تاعون په‌یدا بووبێ.

له‌و جۆره‌ كات و شوێنه‌دا هه‌مووان ده‌بن به‌ گله‌ییكه‌ر و گه‌له‌ییكردنیش ده‌بێ به‌ میكانیزمی بیانووهێنانه‌وه‌ بۆ به‌شدارییكردن له‌ زۆرداری و كه‌وتن و فه‌سادی سه‌رانسه‌رییدا. له‌ راستییشدا هه‌مووان له‌ هه‌مان كاتدا هه‌م قوربانیین و هه‌م جه‌لاد، به‌ڵام هه‌ر كه‌سه‌و و نییوه‌ی راستی ناسنامه‌ی خۆی ده‌بینێ. له‌ جیهانێكدا كه‌ بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو ره‌وشی ئاسایی جێده‌گرێ‌، هه‌موو كه‌س هه‌موو شتێك بۆ خۆی به‌ ڕه‌وا ده‌زانێت. كه‌وابوو خۆپه‌رستی ده‌بێ به‌ یاسای مانه‌وه‌ له‌ بیابانێكدا كه‌ نزیكترین كه‌سه‌كان دوورترینیانن، زمان به‌رته‌سكترین و رواڵه‌ت و خۆنمایشكردن فراوانترین پانتایی داگیرده‌كه‌ن. كه‌ خۆپه‌رستییش ده‌بێ به‌ یاسای مانه‌وه‌، باسكردنی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو باسكردنی جنۆكه‌ و بوراقی لێدێ. ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ به‌ قه‌سابخانه‌یه‌ك تیایدا سه‌ری بزێوی هه‌ر یاخییه‌ك ده‌كرێ به‌ پلیكانه‌یه‌ك‌ تا ساكۆپاثه‌كان پێیدا سه‌ركه‌ون بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی زیاتر و قۆزخكردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر. تووندوتیژی ره‌مزیی و تووندوتیژی راسته‌وخۆ له‌ زماندا، له‌ نیگادا، له جه‌سته‌دا، له‌ خواردندا، له‌ كێڵگه‌دا، له‌ كارگه‌دا، له‌‌ شه‌قامدا، له‌ ماڵدا، له‌ په‌رستگادا، له‌ زانینگه‌‌دا، و له‌ ناو جێگادا ده‌بێ به‌ ره‌نگی جیهانێكی تاكڕه‌نگ. تا بێ، په‌راوێزخراوان بێده‌نگتر ده‌كرێن و جیهانی ئه‌وانی تریش زۆرتر به‌ په‌رتگادا رۆده‌چێ.

كه‌واته‌ له‌ قوربانیبووندا، لانیكه‌م یه‌زیدییه‌كان شه‌ره‌فمه‌ندن. به‌ ئه‌ندازه‌ی داوه‌شاویی زۆرینه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌زیدییه‌كان له‌ هاوده‌ردییدا یه‌كانگیرن. له‌ تراژیدییبووندا یه‌زیدییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی ئیراده‌گه‌رن. له‌ قه‌باره‌ی تراژیدیاكه‌ بترازێ، كه‌ ته‌نیا یه‌زیدییه‌كان بۆ خۆیان ده‌یزانن، دۆڕاوی سه‌ره‌كی زۆرینه‌یه‌ نه‌ك یه‌زیدییه‌كان و ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌شانه‌ به ‌هانایانه‌وه‌ چوون. سه‌رده‌می دوای شه‌نگاڵ سه‌رده‌می به‌ربه‌رییه‌تێكی بێپایانه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی په‌راوێزخراوانی زۆرینه‌ به‌ هاوكاری شۆڕشگێڕانی گروپه‌ بێده‌نگكراوه‌كان شۆڕشێك سازبكه‌ن سه‌رله‌نوێ مه‌رجه‌كانی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئازاد و شایسته‌ به‌ كه‌رامه‌تی ئینسان به‌رهه‌مبهێنێ.

له‌م ساڵیاده‌ تاڵه‌دا داوای لێبووردن له‌ هه‌موو یه‌زیدییه‌ك ده‌كه‌م له‌ هه‌ر رۆژگارێكدا ناسیبێتم و هه‌ر یه‌زیدییه‌كیش كه‌ شه‌ره‌فی ناسینیم پێ نه‌بڕابێ. داوای لێبووردن ده‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ جیهانێكدا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م و جارناجار قسه‌ ده‌كه‌م كه‌ رێگای دا سێی ئاب رووبدات.

جیهانێك جێگای ئێوه‌ی تێدا نه‌بووه‌وه ته‌نیا‌ شایسته‌ی رووخاندنه‌.

ژیانێك دوای شه‌نگاڵ به‌رده‌وام بێ ره‌وایه‌تی نییه‌ له‌ پڕۆژه‌ی رووخاندنی ئه‌و جیهانه‌ ئابڕووتكاوه‌دا نه‌بێ كه‌ توانای هه‌ستبه‌خه‌تاباربوونی تێدا نییه‌.

سەڵاحەدین ئەحمەد

Twitter: @SaladdinAhme
https://www.facebook.com/saladdin.ahmed

٣\٨\٢٠١٩




٣ی ئاب … عەلی مەحمود محەمەد

زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە , سەدان جار لە دوبارە بونەوەی بەردەوامدا بووە , لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا بەردەوام جینۆساید و تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون, پیاوان و مناڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە , تەواوی ئەو تاوانانەش بەرگی پیرۆزییان بەبەردا كراوەو بە جیهاد و غەزا ناوزەد كراون, لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین , پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووەو شانازیشیان پێوەی كردووە، هەندێك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو تاكە بكەر و فەرماندەری تاوانەكان بوونە.

لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەكرێت , وەلێ لە دوا فەرماندا, فەرمانی رۆژی چوار شەمە رەشەی 3ی ئۆگستسی ساڵی 2014 ەدا, كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش, بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە تاوانەكان رابردوویان دوبارە كردەوەو بەرهەم هێنایەوە, ئیتر ئێستا پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكەو شانازیكەر نین بە جینۆسایدەوەو تاڵان كەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەكانەوە, بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە , بۆ یەكەمجار ئێزیدی بوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێریكی گەل, ئەو چوار شەمە رەشەی 3-8 لە تاوانەكانی داعشدا, بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشە قێزەونترە بێت , دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی73 فەرمانەكەی پێشوو , لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە خۆی و مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆو تاوان , 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییكردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, 74 دەبێتە پرۆسەی دادگاییكردنی 73 فەرمانەكەی پێشوو, داعش دەبێتە ئاوێنە پیاوە پیرۆزەكانی رابردووو لە تاوانەكانی ئەودا دادگایی دەكرێنەوە.

لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان, كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش, كەمایەتیەكی زۆر بچوك نەبێت, بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە , ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش چوار رەش نین , ئیتر شەمەی 3-8-2019 , هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن , ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە, ئیتر فەرمان بەرگی پیرۆزی لەبەر دادەكەنرێت و ناشرین و بێزلێكراوە, ئیتر هەموو رقمان لە وشەی فەرمانە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەی رابردوو دەكەینەوە , ئیتر فتوادەرانی فەرمانەكانیش لە پیرۆزی دەخەین و لە تاوانەكانی داعشەوە دادگاییان دەكەین, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی چوار شەمە رەشەكە,ئیتر هەموو 3-8 ێك بووە بە بەشێك لە یادەوەری گەلێك , بووە بە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر, بووە بە دابڕان لە كلتورو تاوانی داعشیانە .

لە فتوكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە , تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە (“خگیب المفسرین” شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كرد, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد,جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدەو تاوانباری جینۆسایدە , كە سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەكی گرنگ كە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ,ئەوەی ئێستا داعش دەیكات , عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, بە پیرۆزیش زانراو كەسیش بە یەك دێر دژی نەوەستایەوە.

قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە , لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا توركەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844 لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, بۆیە پاشای كۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەكە نابێت ببێت , ئەو بكەری تاوانی گەورەیەو دەبێت دادگاییبكرێت.




نوێكارێكی چیڕۆكی كوردی له‌ كتێبێكدا … ڕانانی/سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ناوی كتێب( سه‌دره‌دین عارف نوێكاری چیڕۆكی كوردی)/ نووسینی(سابیر ڕه‌شید)

چیرۆِكی كوردی له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه‌ كه‌ مێژووێكی زۆر كۆنی نییه‌ به‌ مانا هونه‌رییه‌كه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، تاكو ئێستا هه‌ڵگری سیماو خه‌سڵه‌تی هونه‌ری جیاوازه‌ كه‌ به‌ پێی قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی گۆڕانكارییان به‌سه‌ر داهاتووه‌. به‌ڵام سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو،به‌ قۆناغێكی تازه‌ی گه‌شه‌كردنی چیڕۆكی كوردی له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و ته‌كنیكه‌وه‌ داده‌نرێت. ئاخۆ پێشتر هیچ هه‌وڵێكی نوێكردنه‌وه‌ی چیڕۆكی كوردی به‌رله‌و قۆناغه‌ دراوه‌؟ كتێبی( سه‌دره‌دین عارف نوێكاری چیڕۆكی كوردی) كه‌ چیڕۆكنووس و لێكۆڵه‌ر(سابیر ڕه‌شید) نووسیویه‌تی، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ و سه‌ره‌تاكانی نوێكردنه‌وه‌ی چیڕۆكی كوردی و ده‌رچوون له‌ سێیانه‌ی مۆپاسانی ڕوونده‌كاته‌وه‌.
ئه‌م كتێبه‌ ده‌كرێ بڵێین له‌ دووبه‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌. له‌ به‌شی یه‌كه‌میاندا، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ سه‌رله‌ نوێ سه‌رجه‌م ئه‌و چیڕۆكانه‌ی(سه‌دره‌دین عارف)ی كۆكردوونه‌ته‌وه‌ و جارێكی تر له‌و كتێبه‌دا بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ژماره‌یان نۆ چیڕۆكه‌ و له‌ماوه‌ی سی ساڵدا نووسراون. بێگومان كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م چیڕۆكانه‌ له‌ كتێبێكدا، كارێكی گرنگ و پڕ بایه‌خه‌ بۆ خوێه‌رانی چیڕۆك و توێژه‌رانیش به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بێت له‌ باره‌ی ئه‌وچیڕۆكنووسه‌ و دنیابینی چیڕۆكه‌كانی بنووسن.

چونكه‌ له‌ په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌، خوێنه‌ر ده‌شێ ڕاڤه‌ی ناوه‌ڕۆك و فه‌زای چیڕۆكه‌كان و ئه‌و ته‌كنیكانه‌ش بكات كه‌ چیڕۆكه‌كانی پێ نووسراون. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌و نۆ چیڕۆكه‌ بده‌ین، ده‌بینین ناوه‌ڕۆكی چیڕۆكه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی و بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانن له‌ ساڵانی شه‌سته‌كان و هه‌فتاكاندا. ئه‌وه‌ی بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و چیڕۆكانه‌دا جێگه‌ی سه‌رنج بوو(چونكه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ له‌ باره‌ی ته‌كنیكی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌ برشتی نووسیوه‌ و پێویست ناكات له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ بنووسین) ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چیڕۆكه‌كان به‌ زمانێكی ڕه‌سه‌نی كوردی و په‌تی نووسراون و زۆربه‌ ده‌گه‌مه‌ن وشه‌ی بیانی له‌و چیڕۆكانه‌دا هه‌یه‌.
ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌كرێ له‌ میانه‌ی خوێنه‌وه‌ی ئه‌و چیڕۆكانه‌دا،ستایلی تایبه‌تی ئه‌و چیڕۆكنووسه‌مان له‌ بواری نووسینی چیڕۆكدا بۆ ده‌ربكه‌وێت. بۆنموونه‌: كه‌ یه‌كه‌م چیڕۆكی ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌له‌ ساڵی 1967 نووسیویه‌تی و دوا چیڕۆكیشی ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌له‌ ساڵی 1997 نووسیویه‌تی، زۆر به‌ ئاسانی درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌دره‌دین عارف، له‌ سه‌ر یه‌ك ستایل و ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ خۆی به‌ جیاوازی ڕووداو و ناوه‌ڕۆكی چیڕۆكه‌كان، چیڕۆكی نووسیوه‌. واتا به‌ ئاسانی مۆڕك و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چیڕۆكانه‌ ده‌ناسینه‌وه‌.

ناوه‌ڕۆكی چیڕۆكه‌كانی به‌گشتی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی كۆمه‌لگای كوردی و خه‌م و ئازاره‌كانی مرۆڤی كوردبوونه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ چیڕۆكنووس له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌م و ئازاری گه‌له‌كه‌ی ژیاوه‌.خاسیه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌و چیڕۆكانه‌ بۆمن وه‌ك خوێنه‌رێك جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان بوو، ناوی كاره‌كته‌رو پاڵه‌وانه‌كانه‌. سه‌دره‌دین عارف له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، هه‌ولیداوه‌ شوناسی كوردانه‌ به‌ناوی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ بلكێنێت.یاخود به‌ گۆكردنێكی كوردانه‌وه‌، ناوی كه‌سه‌كان بهێنێت. بۆنموونه‌: ناوی كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كانی( نه‌ژاد_ قاله‌حه‌مه‌ گه‌لاوێژشێرزادحه‌مه‌ غه‌ریب-سۆفی عه‌لیشێركۆفه‌رهادمه‌لا پیرداودهیوا)یه‌.

ئه‌م ناوانه‌، به‌ بڕوای من ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ په‌تیه‌ن كه‌ چیڕۆكه‌كانی پێنووسراون. ئه‌گه‌ر ناوێكیش شوناسێكی عه‌ره‌بییانه‌ی هه‌بێت، چیڕۆكنووس هه‌وڵیداوه‌ ناوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ زمان و ده‌ربڕینی كوردی بگونجێنێنێت. له‌ زمانی ناوچه‌كانی سلێمانی و شوێنه‌كانی ده‌وروبه‌ری (محمد) ده‌كه‌نه‌(حه‌مه‌) و(قادر) ده‌كه‌نه‌(قاله‌).كه‌ ئه‌میش له‌ چیڕۆكه‌كانیدا،به‌هه‌مان شێوه‌ ناوی حه‌مه‌و قاله‌ ده‌هێنێت. وێرای ئه‌مه‌ش له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌و ناوانه‌ بره‌وێكی زۆریان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵگری پێشناوێكی ئایینین.
له‌چیڕۆكه‌كانی سه‌دره‌دین عارفیشدا، چه‌ند ناوێكی وه‌ك:_(سۆفی عه‌لی و مه‌لاپیرداود و مه‌لا سعید و مه‌لا قادر) هه‌ن.واتا ناوه‌كان شوناسێكی كوردانه‌یان پێ دراوه‌. به‌شی دووه‌می ئه‌و كتێبه‌، له‌ دووبابه‌تی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، له‌بابه‌تی یه‌كه‌میاندا نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ پێگه‌ی سه‌دره‌دین عارفی له‌ بیبۆلۆگرافیای چیڕۆكی كوردیداخستۆته‌ ڕوو، كه‌ تیایدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ باره‌ی مێژووی چیڕۆكی كوردی كردووه‌. بابه‌تی دووه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و فراوانه‌ له‌ باره‌ی ته‌كنیك و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نۆچیڕۆكه‌ی چیڕۆكنووس كه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌كورته‌، به‌ڵام پوخت و چڕه‌و ده‌روازه‌یكی باشه‌ بۆ ناسینی ئه‌زموونی ئه‌و چیڕۆكنووسه‌ له‌ بواری چیڕۆكدا.
به‌ڵام له‌وه‌یان گرنگتر له‌ ڕوانگه‌ی من وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌یه‌،خوێنه‌ر كه‌ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، ده‌گاته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ نوێكردنه‌وه‌ی چیڕۆكی كوردی له‌ ڕووی ڕه‌گه‌زه‌كانی ته‌كنیكه‌وه‌ بۆپێش هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌رێته‌وه‌، به‌دیاریكراویش له‌ چیڕۆكه‌كانی ئه‌و چیڕۆكنووسه‌وه‌ ده‌بینرێت.ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و ته‌كنیكانه‌، پێشتر له‌ چیڕۆكی كوردی نه‌بوونه‌وه‌ ئه‌م یه‌كه‌م جار به‌و ته‌كنیكه‌وه‌ چیڕۆكی نووسیه‌وه‌. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین ڕه‌گه‌ز ده‌كات كه‌به‌رله‌وه‌ی له‌ ساڵانی هه‌فتاكاندا له‌ چیڕۆكی كوردی دابهێنرێن، سه‌دره‌دین عارف له‌ نیوه‌ی دووه‌می شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له‌ چیڕۆكه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. دیاره‌ ئه‌و ساغكردنه‌وه‌یه‌ش له‌ په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌ بووه‌.به‌بڕوای نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، چیڕۆكنووس به‌رله‌ هه‌فتاكان، چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی تازه‌ی له‌ ته‌كنیكی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ ئه‌م یه‌كه‌م كه‌سه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چیڕۆكی نووسیبێت.

له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌دره‌دین عارف، یه‌كه‌م كه‌سه‌ به‌ ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك، چیڕۆك بگێڕێته‌وه‌ و پێشتر به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌. هاوكات هونه‌ری چڕكردنه‌وه‌ی زمانی په‌یڕه‌ و كردووه‌وه‌ حۆی له‌ درێژدادڕی پاراستووه‌،له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ئێستا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌،به‌ هه‌ده‌ردانی وشه‌و درێژدادڕیه‌كی زۆریان تێدایه‌. وێرای ئه‌مه‌ش، به‌رله‌ هه‌فتاكان، ئه‌م ڕه‌مزی له‌ چیڕۆكه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.هاوكات بایه‌خی به‌ فلاشباك داوه‌.

یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ خاسیه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌م چبڕۆكنووسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیڕۆكه‌كانی به‌كراوه‌یی هێشتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شدارییه‌كی خوێنه‌ر له‌ ته‌واو كردن و بیناكردنی چیڕۆكه‌ كه‌. هاوكات بایه‌خی به‌ فۆلكۆری كوردیش داوه‌ و تێكهه‌ڵكێشی چیڕۆكه‌كانی كردووه‌، ئه‌مانه‌ و زۆر خاسیه‌تی دیكه‌ش. به‌ گشتی خوێنه‌ر كاتێ كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌،درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م چیڕۆكنووسه‌ ڕۆڵێكی گرنگی له‌ نوێكردنه‌وه‌ی چیڕۆكی كوردی بینیوه‌ و توانیویه‌تی شوناسی خۆی له‌ نه‌خشه‌ی چیڕۆكی كوردی دابنێت.ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی چیڕۆكه‌كانی له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ چیڕۆكنووس گرنگ بووه‌،چۆنیه‌تی چیڕۆكه‌كان بووه‌ نه‌ك چه‌ندایه‌تی. له‌ كۆتاییدا ده‌ستخۆشانه‌ له‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌م و دڵنیام ئه‌م هه‌وڵه‌شی ده‌چێته‌ سه‌ر خه‌رمانه‌ی هه‌وڵه‌كانی پێشووتری كه‌ له‌ بواری نووسینه‌وه‌ی مێژووی چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی داویه‌تی و به‌رده‌وامیشه‌ و ئێستاش سه‌رقاڵی دانانی ئه‌نسكلۆپیدیایه‌كی تایبه‌ت به‌چیڕۆكی كوردییه‌ و هیودارم ته‌مه‌ن ده‌رفه‌تی بدات ته‌واوی بكات.

ڕانانی/سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز/ ناوی كتێب( سه‌دره‌دین عارف نوێكاری چیڕۆكی كوردی)/ نووسینی(سابیر ڕه‌شید)/ بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م_2018 سلێمانی..




هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و پرسی ناسنامە -1-… هەڵۆ بەرزنجەیی

٢ـ١
یەکێتی ئەوروپا لە بوارەکانی ئابووری سیاسی و کولتووریی دا سوودی بە وڵاتانی ئەوروپا گەیاندووە. دیارە بە بەهێزەکان زۆر زیاتر هاولاتی ئەوروپایی دوو ناسنامەی هەیە،هی وڵاتەکەیی و هی ئەوروپاییش.
ئەڵمانیا بازاڕێکی هێجگار گەورەتری بۆ بەرهەمە پیشەسازی و تەکنەلۆژیەکانی بۆ ساز بووە. زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بە یۆنانیشەوە، بە ملیاردەها یۆرۆی ئەڵمانیا قەرزارن. ئەڵمانیا ئێستا هێزی کار لەم وڵاتانەوە هاوردە دەکات و ڕۆحی تازە و جوڵە و گوژمێکی بەگوڕتر دەداتەوە، بە نەتەوە پیر بووەکە، کە نەوەی نوێ ناخەنەوە. لەمەش زیاتر ئەڵمانیا بەو پاشخانە مێژووییەوەی هەیەتی، ئێستا ڕووی خۆی زیاتر لەجاران سپی کردۆتەوە، ئاخر کەس ناتوانێ دەستبەرداریی توانا و لێهاتوویی ئەڵمان و بەرهەمەکانیان بکات.ئەمە و گەلێ فاکتی تر پاشخانی ئەو ڕێژە بەرزەی ئامارەکەیە لە ئەڵمانیا.
هەژموونی ئەم ئاڕاستەیە وای کردووە، دەوڵەتە بچکۆلەکان دەرفەتی ژیان تا بێت تەسکتر بێتەوە و لەکاروانی ژیان دوا بکەون. بۆیەکالەم سەردەمە هاوچەرخەدا بایەخی ئەم یەکێتییە هێندە گەورە و چارەنووسساز خۆی نمایش دەکات، وڵاتێکی وەک مەکەدۆندیا ناچابوو/ کرا، کە ماوەکی زۆرە دەیەوێت بێتە ئەندامی ئەم یەکێتییە، لێ یۆنان لەدژ بوو، چونکە لە یۆنان دەڤەرێکیان بەناوی مەکەدۆنیاوە هەیە و ڕازی نەبوون بەناوەکەی مەکەدۆنیا، بۆیەکا داوایان لەدەوڵەتی مەکەدۆنیا کرد ناوی خۆیان بگۆڕن، دەنا ئەوان مافی ڤیتۆ لەبەرامبەر بوونە ئەندامیان لە یەکێتی ئەوروپا دەخەنە گەڕ. ئەوە بوو وڵاتی ناوبراو بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەی، ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی وڵاتەکەیان دا ، بۆ ” کۆماری مەکەدۆنیای باکوور” دا لەپێناوی وەرگرتنیان لە یەکێتی ئەوروپا.
لەوەتەی سەرۆکی فەرنسا ئیمانۆێل ماکرون بە کۆمەڵێ پێشنیاز و ئایدیای نوێوە، دەیەوێ ڕۆحێکی نوێ بکات بە بەری ئەوروپادا و لەم قۆناغە سەختە ڕزگاری بکات، پرۆژە لەدوای پرۆژە پێشکەشی ئەڵمانیای دەکات. کەچی ئەڵمانیا میرکل چ بەرسڤێکی ئەرێنی بۆ پرۆژەکانی ماکرۆن نییە. لەسەردەمی ئەدەناوەر و دیگۆلەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە هیندە سارد نەبووە. هەربۆیە گەلێ لە چاودێرە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بەدەوڵەتە نەخۆشەکەی ئەوروپا ناودەبەن. بەکورتی ئەڵمانیا ئامادە نییە لەم پرۆژە ئەوروپاییانەدا هاوکاری فەرەنسا بکات. هەروەک Winkler دەڵێ: ئەم دەوڵەتانە ئەوروپایی قسە دەکەن و ناسیۆنال ڕەفتار دەکەن”.
ئەڵمانیا لەرووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە و وەک گەورەترین نەتەوەی ئەوروپا و فەرەنساش لەڕووی سیاسییەوە بەو پاشخانە کولتوورییەی هەیەتی، بەدوو باڵی فڕینی ئەوروپا دادەنرێن. لەئێستادا پەیوەندییەکانیان بەقوڵترین قەیران و سەخترین دۆخدا تێدەپەریت، چونکە کەسیان ئامادە نین ستراتیژی بەرزی بەرژەوەندی نەتەوەییان تێپەڕێنن. بەتایبەت ئەڵمان کەبەوە ناسراون گەلێ خۆپارێزی دەکەن،بەتایبەتی لە ڕووی داراییەوە درەنگ دەست بۆ گیرفانیان دەبەن. شایانی گوتنە هەر یەک لەم دوو دەوڵەتە گەر لەم یەکێتییە پاشەکشە بکەن، ئەوا خودی یەکتی ئەوروپا بەسەرخۆیدا دادەتەپێ.
هەڵسانەوە و بەهێزبوونی ئەڵمانیا بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، ترسی گەورەی خستۆتە دڵی هەموو ئەوروپاوە. وەکی دیکەش ئەڵمان بەوە ناسروان لەسەرخۆ و نەرم و ترسنۆکانە بەرامبەر بە پۆتین و رووسیا هەڵوێست دەنوێنن و ئامادە نییە. دەرگای خەزێنەکەی بۆ پرۆژە ئەوروپاییەکان بێ بەرژەوەندی بەرامبەر بخاتە سەر پشت.
لە ئێستادا، هەڵمەتێکی توند و خراپ دەکرێتە سەر ناسیۆنالیستەکان و پۆپۆلیستەکان… ئەوەی لەدژایەتی ناسیونالیستەکان دا حەشار دراوە، جگە لە پرسی نەتەوەیی کاتالۆنیا و سکۆتلەند و باسک و ئیرلەندە و..هتد،کە ئەمانە نەتەوە گەلێکن دەیانەوەی بەڕێگای رێفەراندۆم سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن و ببنە خاوەنی دەوڵەت. لێ نەتەوەکانی تری بەڕێگای ناسیۆنالیستی بونەتە خاوەنی دەوڵەت، دژی بێدەوڵەتەکان دەوەستنەوە و پروپاگەندەی خراپ بۆ ئەم پرسە دەکەن.
بەهۆی ئەو تێکەڵییە زۆر و بێ سنوورەی نێوان گەلانی ئەوروپا لە نێوان خۆیان و لەگەڵ جیهانی دەرەوە دا، هەن دوو ڕەگن، واتە بە نموونە باوک ئیتالییە و دایک ئەڵمانییە، باوک ئەڵمانە و دایک پۆڵەندییە، یاخود دایک سویدی و باوک دانیمارکییە، باوکی فەرەنسییە و دایکی ئیسپانییە، دایکی بەرازیلییە و باوکی پەرتوگالییە، بەم شێوە ئەم دەستەیەش کەسایەتییان دابەش بووە بەسەر دوو ناسنامەدا. هەیە لایەنێکیان بەسەریدا زاڵە،ئیتر خۆی بەوە دەناسێنێ، یاخود هەیە لەم دۆخی دوو ناسنامەییەدا، خۆی بۆ ساخ نابێتەوە، ئینجا ناسنامە و دەوڵەت بەلایەوە گرنگ نابێت و گەردوونی بیر دەکاتەوە. لە ئێستای ئەوروپادا دۆخی دووەمیان بەرچاوترە.
دەستەیەکی تریش هەن، لەئەوانەی وڵاتی خۆیان خۆش دەوێ بەو سیما نوێیەی لەبەردەمیان دا قووتکراوەتەوە بەهۆی شەپۆلیک لەخەڵکی بێگانە و کۆچبەری نارەحەت و سەر بەگۆبەند. جگە لە جیاوازی کولتووریی، لەم دواییانەدا کۆمەڵێ دیاردەی سەری هەڵداوە، هاوولاتی ئەوروپایی پێی هەرس ناکرێ. دروستکردنی مزگەوت لەهەر کۆچە و کۆلانیکدا، بانگدان بەدەنگی بەرز، لاقرتەکردنی منداڵەکانیان و دواجاریش کوشتنی هەندێکیان، دزی و نائارامی و ترس و لەرز بڵاوکردنەوە و کاری تیرۆر لە زۆربەی پایتەختە ئەوروپاییەکان دا. ئەمانە ئێستا بە ناسیونالیستەکان ناوزەدکراون.. من پێم وایە حیزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا،لە ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپیان، لە ناسیونالیستەکانی کورد ناسیونالیسترن،دیارە بەلەبەرچاوگرنی ئەو مەودا زەمەنییەی پێشکەوتنی چەندین سەدەیەی ئەوان لە ئێمە، ئەقڵێتی گوزارشتکردن لە ناسیونالیستێکەشیان بەجۆرێکی ترە، لێ لەجەوهەردا ناسیونالیستی بگرە راسیستیشە.ئێستا گوزارشتی وەک چەپی ناسیونالیست لەبەشێکی زۆری جیهاندا بەرکار دەهێنرێ،ئەمەش بەڵگەیەکی ترە لەسەر وەرچەرخانی ئەقڵی و هزری بەئاڕاستەی ناسیۆنالیستی ناوبراودا لە ئەوروپا. شاراوە نییە، هەندێ حیزب و کەسایەتیش ئەم ژینگەیە بۆ مەرامێکی سیاسی خۆیان دەقۆزنەوە و سیاسەت و کاری پۆپۆلیستی پەیڕەو دەکەن، تا خۆیان دروست بکەن.
شایانی گوتنە، ئەمە هەمووی ناکاتە ئەوەی بڵێن، دەرفەت بۆ خەڵکی بێگانە بەتەواوی قوڕی پێدا دراوە. ـ ئەوەتا لەم هەڵبژاردنانەدا ٣ کاندی کورد هەڵبژێردراون ـ ، حیزب و کەسانێکی مرۆڤدۆست و دیموکراسی ڕاستەقینە نین و نابن. لێ ئەوەیشی هەیە، دەبێ بزانین هەر تاکێکی بێگانە لەهەر بوارێکدا چووبێتە پێشەوە،تواناکانی بۆ خزمەتی دەوڵەتی خانەخوێ بووە و ڕژاوەتە ناو ئەستێڵکی خۆیانەوە. بۆ نموونە یاریزانێک، هونەرمەندێک، سیاسەتکارێک، زانستکارێ، ئەقڵێکی نوێ، لە ئەڵمانیا دا بەبنەچە بێگانە بێت، لەدەرئەنجام هەر وزە و توانا و داهێنانی هەیەتی هەر بۆ ئەڵمانیایە.
کەواتە دەتوانین بڵێین، تازە هیچ مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێ، پۆڵەندیبوونی تاکێکی پۆڵەندی بسڕێتەوە. جیهان سەروژێر بێتەوە، فەرەنسییەک دەستبەرداری سیمبۆڵە نەتەوەییەکانی نابێت، بە ئۆکرانییەک بڵێی تۆ ڕووسی،لێت قبووڵ ناکات. داوا لە کاتالانی و سکۆتییەک بکە و بڵێ لە وڵاتی دیموکراسی وەک ئیسپانیا و بەریتانیای مەزن دا، دانیشن و چیتان داوە لە ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی، لێت نیگەران دەبن. بە هۆڵەندییەک بڵێ چیت داوە لە پەرلەمان و دەوڵەتە نەتەوەییەکەت، ئاڵای دژە شوناس بڵند بکەرەوە، بە توندی بەگژدا دێتەوە. پێشنیاز بکە بۆ هەنگارییەک هەموو سیمبۆلە نەتەوەییەکانی بپێچێتەوە و بچێت لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، ئاڵا و پەساپۆرت وەربگرە، بەگومانەوە لێت دەڕوانێت. بە سویدییەک بڵێ نەخشەی دەوڵەتەکەت بسڕەوە لەسەر ئەتڵەسی ئەوروپا و جیهان، بە شێتت تێدەگات. بە ئیتالییەک بڵێ واز لە هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەها و سیمبۆڵە نەتەوەییەکانت بهێنە، تیزت پێوە دەکات.
سەرنجێکی خێرای شوناسی کوردبوون لەتەواوی کوردستان دا، ـ لەوە گەڕێ داگیرکەران و دوژمنان بە کام توانا و شێوازی جەهەنەمی بڤەوە بەردەوام کار لەسەر پیلانگێڕیی و شێواندنی شوناسی کوردی دەکەن ـ ئەوەمان بۆ دەدەخات، ئەم پرسە نەک پرسێکی ستراتیژی هیچ حیزب و دامەزراوە و ناوەندێک نییە و هیچ سیاسەت و ئیمکانێتێکی بۆ تەرخان نەکراوە، بگرە تا ڕادەی لەبیرکردنیش فەرامۆش کراوە. لەمەش ترسناکتر، حیزب و دەستەیەکی سەرلێشێواوی بێئاگا لە واقیعی جڤاکی و مێژوویی کورد و هەڵکەوتی جیۆپۆلەتیکی کوردستان، هەر رۆژەی بەمۆدێلێکی سەقەت و کوشندە و ژەهراوی دروستکراو و فشە مۆدێرن و یۆتوبیای سەردەم و تیۆری نەزۆکی بیریاران، پروپاگەندەی بڤە لەدژ ناسنامەی کوردبوون بۆ مەبەستی جۆڕاوجۆر دەکەن. ناسنامەیەکی کوردبووون، کە داگیرکەران بە دێژایی ٢٧٠٠ ساڵە درزی تێدەکەن و دەیڕوشێنن و دەیشێوێنن و لەناوی دەبەن و نکۆڵی لێدەکەن، شایانی ئەوەیە هەموو وزە و توانا و دەستڕۆیشتوویی کوردی بۆ تەرخان بکرێ.
بۆ نموونە ئەو خرۆشانەی چرکەساتی مێژوویی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧ بە دەنگی بەڵێی %٩٣، لە باشووری وڵاتدا تۆماری کرد،وەرچەرخانێکی گرنگ لە بزاڤی نەتەوایەتمان ساز دا و بووە مایەی سازدانی یەکێتییەکی نەتەوەیی ، هەڵکشانی کێرڤی هەستی نەتەوایەتی، بەرزبوونەوەی هۆشیاریی سیاسی ، ڕابوون و متمانە بەخۆکردنی تاکی کورد، جۆشوخرۆشێکی تری بە هەستونەست و مۆڕاڵی کورد لەسەرتاسەری کوردستان دا بەخشی. هاوزەمان کورد نیشانی جیهانی دا، نەتەوەیە و بوونی هەیە و دەژی و دەخوازێ سەربەخۆ بێت و داگیرکەرانی تووشی شۆک کرد…هتد.
کەچی کەمینەیەکی نەیارانی ڕیفەڕاندۆم بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان ژینگەیەک بخوڵقێنن، ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستانە ئاوەژوو بکەنەوە. بیر و هەڵوێستەکەشیان بەوە پاساو دەدەن، کە کاتی ڕیفەڕاندۆم گونجاو نەبوو، یان هەر نەدەبوو بکرێ و ئەو کارە هەڵەبوو. دیارە پووچەڵەترین و بێبەهاترین بیانووشیان ئەوەیە، دەوڵەتانی درواسێ ـ واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق ـ بەم هەنگاوە ڕازی نەبوون و دۆست و نەیارەکانیشمان لە جیهان پێیان باش نەبوو. ئەم بڕوبیانوو گرتنە لە ڕیفەڕاندۆم، جارێ بۆخۆی مانا و ناوەڕۆکی خەبات و شۆڕش پوچەڵ دەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر پرسەکان. چونکە ئەوەی ئەو کەمینەیە پێمان دەڵێ: کورد دەبێ هەر چاوەڕێی ئەوە بکەن ،OK لە دەوڵەتانی داگیرکەر و هێزە جیهانییەکان وەربگرن. ئەم داوایەش، هاوچەشنی ئەوەیە کورد وتەنی: سەدساڵ بەدیار داری زڕەوە دانیشی تا بەرت بۆ بگرێ. ئاخر ئەم ناواقیعی و ناخەباتگێریی و نانیشتمانپەروەریییەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، هەر خۆی لەڕووی لۆژیکییەوە چەوت نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەکەشی جێی گومانە. لە ڕوانگەیەکی تریشەوە، لەڕووی دیموکراسییەوە دەبێت، کەمینە بڕیاری زۆرینەی پەسەند بێت و کاری پێ بکات.
ئینجا ماوەتەوە بپرسین: کەی و لە کوێ ئازادی و سەربەخۆیی بەخشراوە؟ ئەوە دەیان نموونەی پرسی سەربەخۆیی گەلان لە ئەوروپای دیموکراسی و جیهانی دا تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە؟. ئەی دەوڵەتانی داگیرکەر خەریکی چین و لەدوای ئەم سەدەی ٢١ ەکەوە، بەرەو چ ئاقارێکی تر مل دەنێن، تاوەکو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن!. کەی نەتەوەکانیان تەواو هۆشیار دەبنەوە و بەچاوێکی هاوتا سەیری خۆیان و کوردی دراوسێ و هاوچارەنووسیان لە دەڤەرەکەدا دەکەن؟. چۆناوچۆنی خۆ دەکەنە فاکت و گووشار لەسەر حکومەتە ناوەندییەکان، تا چارەسەرێکی ئاشتییانەی ئەو کێشە ئەزەلییەی کورد بکەن!. ئەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان بەرەو کوێ دەڕوات!؟.
ناسامەی کوردبوون لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیشەوە، گرفتی زۆری بۆ سازدراوە و لەبەردەم هەڕەشەدایە. بەشێک لە حیزبەکان بانگاشەی جۆرە مۆدێلێک دەکەن لە شوناس کەموزۆر پەیوەندی نییە نەک بە کوردبوونەوە، تەنانەت لەمۆزەخانەکانیش دا، نە هەبوون و نە دەبن. بەشێکی تری هەڵمەتەکانی دژی شوناسی کوردبوون، لەژێر پەردەی کۆمەڵێ سیاسەتی چەواشەکاری ڕۆژانەدا و بەرژەوەندیئامێزی حیزبایەتیدا ئەنجام دەدرێ. ئەوانە ستراتیژی سیاسییان هەمیشە ڕووە و پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستانە. مەترسییەکانی سەر ناسنامەی کوردبوون بۆیە ترسناکن، چونکە لەسایەی بێدەوڵەتی کورد دا بەرپا دەبن. بێدەوڵەتی ژینگە و بۆشاییەکی خوڵقاندووە، حیزب و دەستە و گرووپە جیاوازەکان، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان خۆیانەوە، بە ئاسانی ناگەنە ڕێکەوتنێکی هاوبەش.
دەرئەنجام،سەرباری ئەو هەموو هەڵکشان و داکشانە، دەگەینە ئەو بەڵگە و ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی،کە پرۆسەی گەشەسەندنی گەل و نەتەوەکان، جارێکی تر بەرەو دواوە وەرناچەرخێ. لەم ڕوانگەیەوە هەموو ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە بەرهەمی ئەم پرۆسەیەن، سڕینەوە و دەستبەرداربوونیان،بۆتە مەحاڵ. هەم لەبەرئەوەی ئەو سیمبۆڵانە حەز و ویست و پێداویستی ژیانن و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی بوون و هەمیش ئەوانە بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانن. بەڵێ خۆشە و پێداویستییەکی گرنگ و ژیاری مرۆڤایەتییە، نەتەوە و گرووپەکان پێکەوە ژیان پەسەند بکەن و بە هەرەوەرزی بژین،لێ لەسەر بناخەی هاوتایی و یەکسانی و نەهێشتنی داگیرکاری و چەوسانەوە. ئەمە چەند حەز و ئاواتێکی پیرۆز و هۆمانیستە،لێ دیسان ئەم گەردونە بە هەمەڕەنگی و هەمە جۆری خۆیەوە ڕازاوەیە و تاموچێژی زیاتری بەخشیوەتە ژیان. باخچەیەک کۆمەڵێ گوڵ و درەختی هەمەڕەنگ و جیاوازی تێدا بێت، ڕەنگینتر و جوانترە، لە باخچەیەکی تەنیا گوڵە شیلان و دار گوێز.
لە ئاکام دا سەبارەت بە ناسنامەی کوردبوون، دەگەینە ئەو قەناعەتەی هەروەک چۆن کوشتن و زیندانی و ئەشکەنجە و ڕاگوێزان و ڕاوەدوونان و ئاگر و ئاسنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەیان توانیوە، دەست بەسەر ناسنامەی کوردبوونماندا بگرن و لەناوی بەرن. هاوشان بە هەزاران ڕۆڵەی گیانبازی کوردیش بۆ ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و سەربەخۆیی و ئازادی ئازادی کوردستان گیانییان بەخشیوە، کاروانەکەش هەر بەردەوامە و تا دوا هەوار کۆڵ نادەن لە تێکۆشان. هەروەک چۆن سەدەهایەکە داگیرکەران دەیانەوێ کورد بکەنە عەرەب و فارس و تورک، کەچی مێشکیان بەر تاشە بەردەکانی چیای سەفین و پیرەمەگروون دەکەوێت. ئا بەم شێوە ناسنامەی نەتەوەی پارچەپارچەکرا و بندەست و ستەملێکراوی کورد، بەرجەستە بووە،بۆتە بەشێکی گرنگی ماکی و مئنۆکی بوون و هەبوونی تاکی کورد.
کورت و کرمانجی کێرڤی ناسنامەی نەتەوەیی لەجیهان دا، هەر لە هەڵکشاندایە و هەرواش دەمێنێەوە و هیچ باهۆزێکیش نایلەقێنی.

٩/٦/٢٠١٩




… كورته‌ چیرۆك – په‌رله‌مانێ‌ مشكان عبدالرحمن بامه‌رنی

په‌رله‌مانێ‌ مشكان نه‌ چیرۆكه‌كه‌ بۆ زارۆكان هاتبیته‌ نڤیسین و نه‌ ژی ژوان چیرۆكانه‌، ئه‌ڤێن چیرۆك نڤیس ژ دورهێلی دره‌ڤن و نه‌شێن راسته‌وخو كارێكته‌رێن خوه‌ ب مرۆڤان ب شوبهینن.. راشكاوانه‌تر بێژم، په‌رله‌مانێ‌ مشكان ده‌ركه‌فتنه‌كا دییه‌ ژ تێكستی و ئه‌ڤه‌ ئێكم جار ژی نینه‌ وه‌ك چیرۆك نڤیس، من تێكست بجهـ هێلابیت و ئه‌گه‌ر راستگوتر ژی بێژم، من مشكینی پێخوشتره‌، ژ ئه‌وا نوكه‌ ئه‌ز تێدا مرۆڤ!
سه‌رسورمان نه‌مینه‌ خوانده‌ڤایێ‌ هێژا، ژبه‌ركو ئه‌زێ‌ چیرۆك نڤیس بخوه‌ ژی ئێك ژوان كه‌سان بووم، یێن من قه‌ستا سندوقێن ده‌نگدانێ‌ كری و من ده‌نگێ‌ خوه‌ دایه‌ ده‌ركه‌فتنا مشكه‌كی و سه‌دا سه‌د ژی من دزانی، مشك بتنێ‌ یێن به‌روكێن خوه‌ نه‌ و هه‌ر تشتێ‌ ئه‌و بچنه‌ دناڤدا، ئه‌و تشت ژ خێرێ‌ دكه‌ڤیت و ئه‌گه‌ر تو هه‌ڤته‌مه‌نێ‌ من ژی بی، دێ‌ بیرا ته‌ ل شه‌رێ‌ گێسكی و ستێركی هێت، چه‌ند جاره‌كێ‌ ژنكان قیژی ڤه‌دابانه‌ و گوتبانه‌ ئه‌ڤه‌ مشكه‌! مه‌ هندی ئێك د مالێڤه‌ هه‌ی، ئه‌م لدوور ده‌رئێخستنا وی مشكی دئێك ده‌نگ بووین، ئه‌ڤه‌ دیتنا من بوو، ژ بۆ (مه‌حشه‌رێ‌) مشكان، ده‌ما داخواز ژ من هاتیه‌ كرن، كو ئه‌ز ژی بده‌نگێ‌ خوه‌، به‌شداریێ‌ د پروسێسا هه‌لبژارتنا په‌رله‌مانێ‌ مشكاندا بكه‌م و من مافێ‌ ده‌نگدانێ‌ ژی هه‌بیت.
كاندیدكرنا به‌ربژێران ل سه‌ر بنه‌مایێ‌ سه‌نگا عه‌شیرێ‌ و پلا وی د پارتێدا و (واسته‌ و واسته‌كاریێ‌) نه‌بوو، ببورن ئه‌گه‌ر شروڤه‌كرنه‌كا زێده‌تر بده‌مه‌ سه‌ر شێوازێ‌ ده‌ست نیشانكرنا كاندیدان.. ل به‌راهیێ‌، مشكێن گه‌ور هه‌بوون و مشكێن گوهـبه‌ل و مشكێن ره‌نگ خولیكی، هه‌لسه‌نگاندنا هه‌ر جوره‌كی ژی رێكارێن خوه‌ هه‌بوون، ئه‌ڤ رێكارێن هه‌نێ‌ ژی دبن چه‌ندین فلته‌ران را ده‌رباز دبوون، بۆ نمونه‌، مشكێن گوهـبه‌ل، سالوخه‌تێن وان چاڤێن وان د بلوق و دفنێن وان درێژ و كوریا وان یا كورت بوو، ئه‌زموونه‌كا درێژ دگه‌ل لێنانگه‌هێ‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان كێمترین قوربانی د ده‌ستێن كابانیێن مالێدا هه‌نه‌ و ب دروستكرنا كونێن ره‌ڤێ‌ و خوه‌ تێدا ڤه‌شارتنێ‌، د پێگوتینه‌.. مشكێن مه‌زن و گه‌ور، سالوخه‌تێن وان ژی د قت و قه‌له‌ون و ب ژیری و پلاندانانێن خوه‌، هه‌ر جهێ‌ د لێنانگه‌هێڤه‌ وان بڤێت ئه‌و قه‌ست دكه‌نێ‌ و ئه‌و تشتێ‌ وان دڤێت، دزانن ل كیرێ‌ دێ‌ بده‌ست كه‌ڤیت.. مشكێن خولیكی، سالوخه‌تێن وان ژی د كوری درێژ و ناڤ ته‌نگ زراڤ و سڤیلانكن، هه‌ر جهێ‌ وان بڤێت دگه‌هنێ‌ و بۆ ره‌ڤێ‌ ل سه‌رێ‌ رێزێنه‌ و ئه‌گه‌ر پێدڤی بكه‌ت، ب دیواران ژیڤه‌ هه‌لدچن.. نه‌ بتنێ‌ ئه‌ڤ فلته‌ره‌ هه‌بوون، فلته‌رێن مه‌هـ و سالان و ئه‌ڤه‌ ژی ب وه‌رزێن سالێڤه‌ گرێدایی بوون و ئه‌و ده‌مێ‌ هه‌لبژارتن تێدا دهێنه‌ كرنێ‌، فلته‌رێن ناوچه‌یی و مه‌رجێن ده‌ست نیشانكرنا كاندیده‌كی ل گوندان جوداهیا خوه‌ دگه‌ل ده‌ست نیشانكرنا كاندیده‌كێ‌ دی ل باژێری هه‌یه‌ و ده‌ست نیشانكرنا كاندیده‌كێ‌ دناڤ خانیێ‌ هه‌ژاره‌كیدا دژیت، جوداهیا خوه‌ هه‌یه‌ دگه‌ل ده‌ست نیشانكرنا كاندیده‌كێ‌ دی د خانیێ‌ زه‌نگینه‌كیڤه‌ بژیت.
دا كو گه‌له‌ك ل سه‌ر ده‌ست نیشانكرنا كاندیدی نه‌ راوه‌ستم، دێ‌ زڤرمه‌ سه‌ر ژمارا كورسیێن په‌رله‌مانی و جوداهیا دناڤبه‌را مشكان و مرۆڤاندا، ئه‌و هه‌ڤركیا دناڤبه‌را پارتێن مه‌ یێن سیاسیدا هه‌ین، سالوخه‌تێن هه‌ر پارته‌كێ‌َ و ئامانجا هه‌ر پارته‌كێ‌، ئه‌گه‌ر پرانیا ده‌نگان بده‌ستڤه‌ ئینان و دێ‌ شێت چ خزمه‌تێ‌ كه‌ت، هه‌مان ئامانج و هه‌ڤركی دناڤبه‌را مشكان ژیدا هه‌یه‌ و كێبركیێ‌ ل سه‌ر ده‌ستهه‌لاتێ‌ دكه‌ن و ئه‌و ژی ل سه‌ر ڤی بنه‌مایی كاندیدێن خوه‌ ده‌ست نیشان دكه‌ن.. لێ‌ تشتێ‌ من حساب بۆ نه‌كرین، دڤێ‌ بگره‌ و بكێشا به‌ربژێراندا و كی ژوان بهێته‌ كاندیدكرن و كی بهێته‌ دوور خستن، كی دێ‌ شێت زێده‌تر ده‌نگان خرڤه‌كه‌ت و كی دێ‌ ده‌نگێ‌ خوه‌ ده‌ت و كی ده‌نگی ناده‌ت، كی نیاسێ‌ كێیه‌ و كی دێ‌ پاره‌ی زێده‌تر ده‌ت، كی دێ‌ زێده‌تر ریكلاما خوه‌ كه‌ت و وێنێن كێ‌ دێ‌ مه‌زنتر بن و كی دێ‌ زێده‌تر سه‌ره‌دانان كه‌ت، هه‌میان دڤیان برییا ده‌نگدانا من، ئاشتیه‌كێ‌ دناڤبه‌را مه‌حشه‌رێ‌ مرۆڤ و مشكاندا دروست بكه‌ن، ل سه‌ر حسابا منێ‌ مرۆڤ، بۆ خوه‌ كونجه‌كێ‌، ئێكسه‌ر بۆ ناڤ لێنانگه‌ها مالێ‌ په‌یدا بكه‌ن و ب ئازادانه‌، هه‌ر گاڤا ڤیا بچنه‌ د سه‌تلا برنجی و تیركێ‌ شه‌كرێدا وووووو..
ده‌ما هه‌لبژارتن بدوماهی هاتین و باشترین مشكێن سه‌ربور د هه‌ڤركیا دگه‌ل مرۆڤاندا هه‌ی و دێ‌ چاوان شێن خوه‌ ژ دربێن وان پارێزن، پرانیا ده‌نگان بده‌ست خو ڤه‌ ئیناین.. هینگێ‌ شنوی من زانی، جوداهیا دناڤبه‌را ده‌نگدانا مرۆڤ و مشكاندا چی یه‌ و ئه‌و لدویڤ سه‌ربورێن ویێن لێنانگه‌هێ‌، بۆ تبلا خوه‌ دحبری د هه‌لینن و ده‌نگێ‌ خوه‌ دده‌ن، ئه‌مێن مرۆڤ لدویڤ به‌رژه‌وه‌ندا پارتا خوه‌، تبلا خوه‌ د حبری د هه‌لینن و ده‌نگێ‌ خوه‌ دده‌ین و ئه‌م قازین.




لە یادی 5ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و …ەكاندا: هەركەسێك نكۆڵی لە تاوانی جینۆسایدیان بكات دەبێت سزا بدرێت

لە 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش یەكێك لە هەرە قێزەونترین تاوانەكانی سەردەمیان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی شەنگال و پێشتریش برا كریستان و شەبەك و توركمانە شیعەكانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا, كە نموونەی ئەم تاوانانە لە 100 ساڵی رابردوودا لە جیهاندا نەبووە.ئێمە لە 4ی ئابی 2014ەدا لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا وەك یەكەم لایەن ئەو تاوانەمان بە جینۆساید ناساند و داوامان لە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و كوردستانی كرد بەرەو روی تاوانەكە ببنەوە, لەو پێناوەدا دوای خۆیان زۆرترین كارمان كرد و بە ئەركی خۆمان هەڵستاین, ئێستاش پشتیوانی تەواو دەكەین لە بە جینۆساید ناسینی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان بە جینۆساید و بەشەهید ناسینی قوربانییەكانیان, لێ پێمان وایە دەبێت هەموو ئەو پێكهاتانش بگرێتەوە وەك ” كریستان, كاكەیی, شەبەك,…..” كە لەو پرۆسەیەدا جینۆساید كران, لە یادی 5 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا داواكارین .- حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی تا پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاكی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونییەوە لە دادگاكە بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت كە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابردووە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە( هەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, شەنگار, سمبێل, دوزو كەركوك و پەڵكانەو …. )), تاوانەكانی شەنگال سەلماندیەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بكەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەكەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا .- داوا لە دەسەڵاتدارانی كوردستان دەكەین, داواكاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بكەنە یەك لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لە دانوساندنەكانیان لە گەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەكان و سازشی لەسەر نەكەن.-هەر كەس و لایەنێك لە كوردستانەوە ریكلام بۆ داعش و فكری بكات, پێویستە بە تاوانی هاوكاریكردنی تیرۆر و بانگەشە بۆی دادگایی بكرێت.- هەر كەس و لایەنێك نكۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و كریستان و شەبەك و كاكەكەیی و پێكهاتەكانی دیكە بكات لە لایەن داعشەوە پێویستە سزا بدرێت, ئینكاركردنی تاوانەكانی جینۆسایدی ئەو پێكهاتانە دەبێت وەك تاوان سەیر بكرێت لە هەرێمی كوردستان, بە یاسا رێكبخرێت.-هەر پارت و لایەنێكی سیاسی ئینكاری جینۆسایدی ئیزیدی و كریستان و شەبەك و كاكەیی …. بكات , یاخود برەو بە سیاسەتی جیاكاری بەرامبەریان بدات لە ئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بكرێت.-داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین, هەر دیلێكی داعشی هاووڵاتی 122 وڵاتەكەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان لایە تەسلیم بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەن, بۆ ئەوەی دادگایی بكرێن., هاوكات پەلە بكرێت لە دادگاییكردنیان.-داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی زیاتر تەرخان بكات بۆ ئازاد كردنی كچانی ئێزیدی و قەرەبوكردنەوەیان دوای گەڕانەوەیان.-داواكارین ناوچەی ئێزیدی و كریستان و شەبەك و كاكەیی و … پارێزراو بن لە گۆڕینی دیمۆگرافی و ئەو هەنگاوانانەی تا ئێستا نراون شوێنەواریان بسِڕدرێتەوە.- داواكارین هەموو پێكهاتەكان بەشداری فعلیان لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان پێ بكرێت و بەشداری راستەقینەیان پێ بكرێت لە حوكمڕانیدا.-داواكارین هەر پێشێلكارییەك و جیاكارییەكیان بەرامبەر كراوە لە مێژوودا, لە هەمبەردا داوای لێبوردنیان لێبكرێت.- داواكارین حكومەت بە مەنهجی خوێندندا بچێتەوەو هەرچی كەس و لایەنێك پێشێلكاریان بەرامبەر ئەم پێكهاتانە كردووە لە مێژوودا و تا ئێستا وەك پاڵەوانی مێژوویی سەیركراون لە مەنهەج دەربهێنرێن و راستییە مێژوییەكان ئاشكرا بكرێن لەسەر ئەو كەسانە.- كاتی ئەوە هاتووە فێری داوای لێبوردن كردن بین بەرامبەر بە ناشرینییەكانی رابردوو, ببینە نموونەی گەلی لێبوردە.
-داواكارین ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری داگیركردنی شەنگال لە 3-8 لە لایەن داعشەوە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت, ئەگەر شكستی سەربازییە ئەوانەی هۆكاری شكستەكەن سزا بدرێن و لە بەرپرسیارێتی سەربازی دوور بخرێنەوە, ئەگەر كارئاسانیكردنێك هەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر, ئەوا بە تاوانی هاوكاریكردنی جینۆساید سزا بدرێن.لە كۆتادا سەری رێزو نەوازش بۆ قوربانیانی ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك و پێكهاتەكان دی دادەنوێنین.

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتیكوردستان بێ جینۆساید kurdistan without genocideتۆڕی رێكخراوە كوردییەكان بۆ قەدەغە كردنی چەكی ئەتۆمی هەڵمەتی دادپەروەریرێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان.3-8-2019




وه‌سیه‌تی باوكم … چرۆ زه‌ند

گه‌ریده‌و مێژوو نووسه‌ زرنگه‌كه‌، نه‌خشه‌ی سیاسی گه‌لێكی ده‌ستنیشان كردو هێڵی جوگرافیای دانا، ئێستا له‌ ژووره‌ ڕه‌نگینه‌كه‌ی، له‌ناو پێخه‌فه‌كه‌ی ڕاكشاوه‌، ئه و ژووره‌ ی كه‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگ ده‌كات. ئه‌و ژووره‌ی گوزارشت ده‌كات له‌ خه‌باتی حه‌فتا ساڵه‌ی. كلێته‌كه‌ی به‌ بێ نازی له‌ سوچێكی په‌رتووكخانه‌كه‌دا دانراوه‌ چاویلكه‌كه‌ی، پێنووسه‌ كه‌ی، ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ری، گشتیان به‌لانراوون، به‌ ده‌سخه‌ته‌ خۆش و خۆش نووسه‌كه‌ی ژیانمانه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ دانراوه‌.

زه‌ند له‌گه‌ڵ شار ئاوێزان بوو. هیمای ئه‌وو شاری سلێمانی كه‌م جار له‌یه‌ك جیاده‌كرانه‌وه‌. كه‌م كه‌س هه‌بوو كه‌ریم زه‌ند نه‌ناسێ، كاتی‌ به‌ شه‌قامی گۆراندا ده‌هاته‌ خوار، هه‌ردوولای شه‌قامه‌كه‌ سڵاو یان بۆ ده‌كرد، ئه‌ویش به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ پڕ هیواكه‌ی به‌هه‌ردوو ده‌ست سڵاوی ده‌كرده‌وه‌ زۆر به‌ گه‌رمی. شارو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌كی هاوژیانی دوورو درێژ له‌نێوانیاندا بوو.
له‌ گۆشه‌ نیگای شاردا جوانیه‌كی به‌دی ده‌كرا، ئه‌و هیمای شارو، شار هێمای ئه‌وی گرتبوو. سته‌مبوو له‌یه‌ك دابڕێن. له‌ كوچه‌یه‌كدا قوتابخانه‌یه‌ك و له‌ شه‌قامی شاردا په‌یكه‌رێك و به‌شێك له‌ مۆزه‌خانه‌ و شه‌قامێك پڕاو پڕ ڕه‌نگاڵه‌ بوون له‌ ناوی كریم زه‌ند.‌

له‌ دوا ڕۆژه‌كانی ژیانیدایه‌، من چیرۆكی خۆمی بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌ له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ .
من ڕاستیه‌كم لا كاكڵه‌ بوو، چیدی من گوێم له‌ وته‌كانی باوكم نابی، نه‌ ده‌توانم پیاسه‌یه‌كی ئێوارانم بێت له‌گه‌ڵی، نه‌ گوێم له‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌بێ، كه‌ ئارامی پێ ده‌به‌خشیم. بۆیه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ كتێبه‌كه‌می بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ به‌شێكی گرنگی ژیاننامه‌ی ئه‌وه‌. من به‌ زمانی ئنگلیزی ده‌یخوێنمه‌وه‌ ئه‌و گوێبیستی چیرۆكه‌كه‌مه‌ له‌و به‌شه‌دا كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خۆی. پاش گوێ گرتنی، سه‌رنجی هه‌بوو له‌ نوسینه‌كه‌م، دوو تێبنی دامێ، ئیتر ئه‌وه‌ دوا سه‌رنجی باوكم ده‌بێ. من نه‌م نوسیبووكه‌ باوكم نیشتمان په‌روه‌ر و ساكاره‌، به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ئه‌و دوو وه‌سفه‌م زیاد كرد كه‌ گه‌وره‌ترین پێناسی باوكم بوو.

وه‌سیه‌تی باوكم چی بێت بۆ من؟
‌من گوێبیستی وه‌سیه‌ت بووم،
گشت هه‌سته‌كانم كۆكردبۆوه‌ له‌ گوێگرتندا..
من به‌ هیوا بووم شثێكی نوێ ببیستم،
باوكم باسی خانوه‌كه‌مانی كرد.
ماڵه‌كه‌مان له‌ ناوه‌ندی شاری سلێمانی نزیك سه‌را،

باپیره‌م لێره‌ ژیاوه‌، گه‌ڕه‌ك ته‌مه‌نی زه‌ێده ‌تره‌ له‌ ته‌مه‌نی شار. سێ ساڵ پێش دروست بوونی شاری سلێمانی گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی دروست بووه‌. به‌ ڕه‌سنی ناسراوه، ماڵمان له‌و گه‌ڕه‌كه‌ یه‌، باوكم خه‌ونه‌كانی منداڵی له‌و ماڵه‌دا به‌دی كردوه‌. له‌ كۆتایی په‌نجاكاندا، له‌ سه‌رده‌می حوكمی عبدللكریم قاسم سیاسیه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵات به‌ بڕیارێك، زه‌ند یه‌كێك ده‌بێ له‌و سیاسیانه‌، له‌ پاش ڕوخاندنی كۆماری كوردستان له‌ مهاباد، پاش سێداره‌ دانی قازی كلێته‌كه‌ی یادو به‌رپرسیاری گه‌له‌كه‌ی ده‌خاته‌ كۆڵه‌ پشته‌كه‌ی به‌ پێ ده‌ڕوا به‌ره‌و ڕووسیا. له‌ ئاوی ئاراس ده‌په‌ڕێته‌وه‌. هه‌میشه‌ خه‌ونی دیوه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات. دوو ئامانجی گرنگی هه‌بووه‌ پاش خه‌باتی گه‌له‌كه‌ی بۆ ئازادی. یه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نیشتمان بۆ ماڵی باو باپیران، دووه‌م ژنێكی كوردی نه‌خوێنده‌وار بهێنێ. باوكم هه‌ردوو ئاواته‌كه‌م به‌دی هێنا. یه‌ك له‌ جوانترین ژنی كوردی كرده‌ دایكم، ماڵه‌ دێرینه‌كه‌ی كڕیه‌وه‌ به‌ نرخێكی گرانتر له‌ نرخی خۆی. مێژووی گه‌لێكیشی تۆماركرد بوه‌ سه‌روه‌ری.

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای باوكم، توانای گفتی كه‌م بوو، تینوو ده‌بوو، هه‌ندێ ئاوم ده‌دایه‌ تا ده‌می ته‌ڕكات. لیی ده‌گه‌ڕام بۆ ڕۆژی دوایی بۆم ته‌واو كات. ئه‌و گه‌لێ جار باسی ماڵه‌كه‌مانی بۆ ده‌كردین، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ باسی ده‌كرد.
باوكم ده‌یگێڕایه‌وه‌، كه‌ هاتمه‌وه‌ له‌ هه‌نده‌ران، هه‌ستێكی نامۆم بوو. پاش پانزه‌ ساڵ ژیان له‌هه‌نده‌ران ، كه‌سێ ده‌رگای لێ كردمه‌‌وه‌ نامۆ بوو بۆم.
باوكم له‌ سه‌ربانی ماڵ جێگایه‌كی سه‌رپێی داده‌خا. شه‌وانه‌ له‌ سه‌ربان ده‌نوێ. ڕۆژ ده‌چێته‌ لای دادوه‌رێك كه‌ هاوڕێی دێرینی بووه‌ له‌ سلێمانی. داوای كڕینه‌وه‌ی ماڵ ده‌كات. دادوه‌ری په‌روه‌ردگار هاوكاری ده‌كات. كڕیار نایه‌وی ماڵه‌كه‌ بفرۆشێته‌وه‌ به‌ خاوه‌ن ماڵ. ئه‌و بێئاگایه‌ له‌ نرخاندنی ماڵ بۆ كه‌سێكی كه‌ مێژووی هه‌یه‌ له‌و ماڵه‌دا. سه‌لمه‌ خانی نه‌نكم، پاش ئه‌وه‌ی باپیره‌م كۆچده‌كات، له‌و ماڵه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. ژیانی خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی چیدی هاوسه‌رگیری ناكات. سێ منداڵ به‌خێو ده‌كات، سه‌بری، له‌تیف، پاشان كریم. خوشك و برا و كه‌س و كاری نائومێد بوون له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ریم زه‌ند، پێیان وابوو له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه‌. ماڵ فرۆشراوه‌.

ئه‌و ماڵه‌ گه‌ڵی كه‌س تیا ژیا كوردی هه‌ر چوار پارچه‌ داگیركراوه‌كه‌، نه‌دار، ده‌وڵه‌مه‌ند، پیاو ماقوڵی شار، پیرو منداڵ. من له‌ هێمن موكریانی ناوداره‌وه‌ ده‌سپێده‌كم، تا خزم و دۆست. برازا، خاڵوان، لالۆ، برای گه وره‌ ته‌نانه‌ت خۆشم تێدا ژیام پاش هاوسه‌رگیریم. پارتی دیمۆكراتی كوردستان، پێگه‌ی پارتی كۆمۆنیستی كارگه‌ران. پاشان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌ كورده‌كان كه‌ بارزانی، شێخ محمود، په‌یامنێرانی جیهانی، له‌ بیروت، له‌ندن، خاتوو سۆزان له‌ وڵاته‌ یه‌گرتوه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئه‌و ماڵه‌یان كردوه‌.
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ڕۆژانه‌ نانیان له‌ سه‌رته‌نووری دالان ده‌كرد، منداڵانی گه‌ڕه‌ك یاری. دوو ده‌رگای بوو بۆ كورتكردنه‌وه‌ی ڕێگا، قه‌د بڕ بوو بۆ ژن و منداڵ كه‌ به‌ویدا ڕاده‌بوردن وه‌ك تۆنێلێك بۆ كورت كردنه‌وه‌ی ڕێگا. زۆری تر ده‌هاتن بۆ داری توو ومیوه‌ی به‌ردار، سه‌رڕێی زۆر كه‌س بوو بۆ چوون بۆ واده‌ی پزیشك و سه‌ردانی نریك سه‌را، بۆ مانه‌وه‌ وه‌ك هۆتێل، بۆ چون بۆ پشووی هاوین بۆ سه‌ردان. له‌ هاویندا له‌سه‌ر سه‌كۆ له‌ گۆێسه‌وان جێگامان داده‌خست به‌ ڕیز كه‌م شوێن بوو له‌ چیمه‌ن له‌ حه‌وش و بان خاڵی بێ له‌ میوان.
ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ك ته‌له‌فزیۆن له‌ گه‌ڕه‌ك هه‌بوو، پێكه‌وه‌ ته‌ماشامان ده‌كرد له‌گه‌ڵ دراوسێكان.
ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌له‌فۆنی له‌ گه‌ڕه‌ك هه‌بوو، ده‌چوینه‌ دوای دراوسێكان بۆ داواكانیان.
ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ك ته‌نوور هه‌بوو له‌ داڵان، هه‌میشه‌ نانی گه‌رممان بوو له‌سه‌ر خوان.
ئه‌و ده‌مه‌ی باخه‌كه‌ی یاریگه‌یه‌ك بوو بۆ منداڵان،
باوكم له‌ كۆتایی وته‌كانی وتی: تا دوا هه‌ناسه‌ دوای كرد:
ماڵه‌كه‌ مه‌فرۆشن، ئه‌م ماڵه‌ مه‌فرۆشن
منیش به‌ڵێنێكم دا : به‌ڵێن به‌یه‌زدان،
من ماڵ نافرۆشم،
ئه‌گه‌ر كراو ماڵه‌كمان به‌ر شه‌قام بكه‌وی، تا بێته‌ شه‌قامی گشتی، میری بێته‌ دیدی خانوو،
من مان ده‌گرم له‌ م زه‌ویه‌دا،‌ شورایه‌ك بۆ ماڵه‌كه‌ ده‌كه‌م به‌ په‌ت.
نامیلكه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ده‌نووسم بۆ ده‌وڵه‌ت.
به‌یاخێك به‌ گه‌وره‌یی لێی ده‌نووسم،
ماڵه‌كه‌م نیشتمانمه‌،
من نیشتمانم نافرۆشم،
نایفرۆشم،
من نیشتمانم نافرۆشم …..

چرۆ زه‌ند
zandchro@hotmai.com

June 27, 2019




کارگە، ژینگە و رۆشنبیری … زاهیر عەبەڕەش

safar club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح

رۆژی ١/ ٧ی ئەمساڵدا لەسەر بانگێشتی دەزگای Médiathèque میدیا تێک، مۆڵتی مێدیا الخزانە الوسائطیە، لەشاری خوریبکە لە وڵاتی مەگریب بۆ ماوەی سێ رۆژ وارکشۆپێیان بۆ رێکخستم، بابەتەکەش، لەسەر ناسینی سنوورەکانی خۆت، ناسینی جەستە خۆمان و جەستەی ئەویتر، دابەشکردنی دڵخۆشی لەگەڵ ئەویتردا، هەروەها لەگەڵ گەمەکانی شانۆی ئیمرۆڤیسەسێۆن. جەدوەلی کاردنم لەگەڵ ئەم رێکخراوەدا بەم شێوەیە بوو، لە کاتژمێری دەی بەیانی تا کاتژمێر دوانزی نیوەرۆ لەگەڵ منداڵان، دوانیوەروانیش لەکاتژمێر دووی پاش نیوەر تا شەشی ئێوارە کارم دەکرد.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا زیاتر لەسەری بدوێم دەزگای Médiathèque. بە واتای کتێبخانەی بیستن و بینین.
Médiathèque سەنتەرێکی رۆشنبیری لاوانە، فەزایەکی ڕۆشنبیری گەورەیە، بەردەوام چالاکی لەم سەنتەرەدا هەیە، لەهەفتەیەکدا شەش رۆژ چالاکیان هەیە، تەنها رۆژی دووشەمان پشویان هەیە، خەڵكێکی زۆر لە دانیشتوانی شاری خوریبگە سوندمەندن لە چالاکیە زانستی، ئەدەبی، رۆشنبیری و هونەریەکان، چالاکیەکانیشیان ئاڕاستەیە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای شارەکە، وەک خۆیان دەڵێن هەر لە منداڵی تەمەن 5 ساڵانەوە هەتا گەورەساڵان و خانەنیشینانیش سودیان لەم سەنتەرە بینیووە. تەنانەت رەچاوی کەم ئەندامانیش کراوە هەموو پێداویستیەکی بینین و بیستن و شوێنی ڕۆیشتنی دووچەرخەی کەم ئەندامانی تێدایە، لەسەر دیزانیكی فەرەنسی لە سەر رووبەری 7000 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە.

لە زۆربەی بەشە هونەری و وێژەی و زانستیەکان پێکهاتووە وەک بەشی، وێنەکێشان، موسیک، شانۆ، سەما، خولی فێکردنی کۆمپیوتەر، بەشی فێرکردنی فۆتۆگرافی، کلیب و ئەنیمەیشن و ئێدیت کردن.خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، گفتوگۆی پێنچ شەمە هەموو پێنج شەممەیەک نوسەرێک، فیلۆسۆفێک، هونەرمەندێک یان ئەدیبێک ،هتد بانگێشت دەکرێت بۆ سازدانی سیمینارێک، ئەویش لە لایەن شاعیرە نەوال شەریف پێشکەش دەکرێت. لەگەڵیشدا سێ کتێبخانەی گەورە و چوار هۆڵی گەورەی خوێندنەوە تێدایە، کە نزیکەی 36 هەزار کتێبی زانستی و هونەری و ئەدەبی بەزمانەکانیی عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی تێدایە، هەروەها چوار هۆڵی پڕ لە کۆمپیوتەر کە دوانیان تایبەتە بە خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا کە دێن بۆ سێرچو گەران بەدوای زانیاریدا. بەهۆی چالاکی رۆژانەیان ئێستا نزیکەی 12 هەزار ئەندامیان هەیەو پێناسەی ئەم سەنتەرەیان بۆ کراوە.

خەڵکی شارەکە خۆیان چالاک و بەشدارن لە سازدانی چالاکیەکاندا و هەم دێن بۆ بینینی چالاکیەکانی ئەوانی تر. شوێنی کۆکردنەوەی گەنجان و منداڵان و دەرخستنی بەهرەکانیانە. لەهەمان کاتدا خۆبەخشێکی زۆریان لە لەدەوری بەرنامەی Act 4 community کۆکردۆتەوە کە هەڵدەستن بە کردنەوەی وەرشە بۆ منداڵان لە ناوچە دوورەکان، پیشاندانی چالاکیەکان بۆ ئەو شوێنە دوورە دەستانە. گێرانی پێشبڕکێ لە نێوان یانە و سەنتەرە رۆشنبیریەکان، بۆیە ئەوی ئاگاداری بزوتنەوەی رۆشنبیری هونەری ئەدەبی وڵاتی مەگریب بێت، هێندەی هەموو وڵاتە عەرەبیەکان فێستڤاڵ و پێشبڕکێی تێدا ساز دەکرێت.

ئەوەی دەموێت لێرەدا دیقەتی بخەمەسەر سیستم،کاردن دابین کردنی ماڵی و داراییە بۆ ئەم سەنتەرە.
سەنتەرەکە، ئاماده كردنى به رنامه ى act 4community يه كه په يوه ندى بەکۆمەڵەی فۆسفاتەوە هەیەOCP. ئەمەش بەمانای چی دەگەیەنێت؟
شاری خوریبگە بەناوبانگە بەوەی کە کانێکی زۆری فۆسفاتی هەیە ، هەروەک چۆن لە کوردستان لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی ، بیر و چاڵە نەوتی هەیە. ئەوەش سەرچاوەیەکی دارای زۆر و زەوەندە و دەشبێت هەڵبکۆڵرێت و بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەرێتەوە. لەبەر ئەوەی هەم ووڵاتی مەگریب و هەم کوردستان نەگەیشتتونەتە ئەو ئاستەی بەرهەمی زیرەکی و واتە داهێنان بفرۆشنەوە، هەرچەندە وڵاتی مەگریب زۆر بەناوبانگە لە رووی کوشتوکاڵ و گەشت و گوزاریەوە. بەڵام کوردستان جگە لەنەوت هیچ بەروبومێکی تری نیە.
هەر کارکردنێکیش لەو چاڵە نەوت و کانە فۆسفاتانە، دەبێت هۆی پیس بوونی ژینگە،
بێگومان کاردن و هەڵکۆلین لە کانەکانی فۆسفات ژینگە پیس دەکات.

جا بۆ قەرەبوکردنەوەی پیسبونی ژینگە، شارەوانی ئەوشارە مەرجی کارکردن بۆ ئەو کانە فۆسفاتانەی لە شاری خوریبکە ئەوە یە کە چەند سەنتەرێکی رۆشنبیری، بە هەموو ئەو مەرجانەی کە باسم کرد بکرێتەوە، جگە لە خوێندگا فەرەنسیاکان و دەیەها سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناردنی هەزارەها خوێندکار بۆ فەرەنسا ، سازدانی فێستڤاڵی هونەری و سیمیناری کۆنفرانسی زانستی ئەمانە هەموو لەسەر خەرجی ئەو بەڵێندەرو کارگە گەورانەیە کە فۆسفات بەرهەم دەهێنن، لەگەڵێشدا هەموو ئەو کارگوزار و موچەخۆرانەی کە لەو سەنتەرانەدا کار دەکەن موچەکانیان یەکسانە بە موچەی کارگوزارێکی فەرەنسی کە لەوڵاتی فەرنسادا نیشتەجێە. ئەو ئەو چەند رۆژەی کارکردنم لەو سەنتەرەدا هەرگیز هەستم نەکرد کە من لە وڵاێکی عەرەبیدام. جێی خۆشحاڵیە لەم سەنتەرە ڕۆشنبیریە نادیەکی شانۆی هەیە، لەبەر ئەو هاوکاریانەی من پێشکەشم کردوون ناویان نا نادی عەبەڕەش بۆ شانۆ، بەڵام کە بە زمانی عەرەبی دەنوسرا دەبوو بە ( ابرس) لەسەر پێشنیاری هاوڕێم هاودەم حەمە ساڵح، پێم راگەیاندن کە ناوی نادیەکە بکەن بە سەفەر ئێستا بووە بە ( SAFAR club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح). لەبەر ئەوەی کە خۆم ناوی دووەم سەفەرە و جاران لە ژێر ناوی سەفەر دەمنوسی.
بێمەوە سەر باسە سەرەکیەکی خۆم، ئەم جۆری کارکردن و سیستەم و پرۆژانە دەتوانرێت لە کوردستان سودێکی زۆر بە بزاوتی هونەر و ئەدەبی، چاپەمەنی، ژینگە و پەروەردە بگەیەنێت. کۆمەڵە هونەری و ئەدەبی و ژینگەپارێزانیش دەتوانن هاوکاربن لەوەی.

ـــــــ هەر شەریکەیەک بیەوێت نەوت دەربهێنێت سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیەکی لەدەسکەوتەکەی بۆ ئەو شارەبێت. یان تێچوی ریسایکلین بۆ پاکردنەوەی ژینگە لەسەر ئەرکی شەریکەکە بێت، هەروەها پەیمانیان لێوەربگیرێت کە چەندەها خوێندکار بنێردرێتە دەرەوەی وڵات و لە بواری نەوت و ژینگەدا بخوێین. هاوکات دەبێت داوایان لێبکرێت چەند سەنتەرێکی هونەری و ڕۆشنبیری دروست بکات، موچەی کارگوزارەکان و فەرمانبەراکانی ئەو سەنتەرانە بۆ دابین بکات.
ـــــ ئەو بەڵێندەرانەی کە کار دەکەن و هەر پرۆژەیەکیان هەبێت کە کار لە ژینگەی کوردستان دەکات، ئیجبار بکرێت بەوەی شانۆ یان هۆڵی سینەما دروست بکات. یان هەر سەنتەرێکی ئەدەبی و رۆشنبیری، تێچوی فێستیڤاڵ و چالاکیە هونەریەکان لە ئەستۆ بگرن.
ـــــــ ئەو بازرگانانەی کە کەل و پەل لە وڵاتانی ترەوە دەهێنن و پاشماوەی لاستیک ئاسن و موقەبا و هەر مادەیەکی زیان بەخشی هەبێت بۆ ژینگە. تێچووی هەموو ئەو کتێبانەی لە لە قوتابخانەکان چاپ دەکرێت بگرێتە ئەستۆ.
ـــ هەموو ئەو بازرگانانەی کە مادەی لاستیک و پێڵاو سفرە و نایلۆن هاوردەدەکات، یارمەتی تێچووی کۆنفراس و توێژینەوە زانستیەکان بکەن.
ـــ هەموو ئەو کارگانەی کە هەوای کوردستان پیس دەکەن تێچووی ئەوفیلمانەی لە کوردستان بەرهەم دێین بگرنە ئەستۆ.
ــــ ئەو بازرگانانەی کە ئۆتۆمۆبیل هاوردەدەکەن، ئەرکی خەرجی و تێچووی هەموو فێستیڤاڵە شانۆییەکان و فێستڤاڵی سینەمای سلێمانی هەولێرو دهۆک بگرنە ئەستۆ.
ـــ ئەو دوکانانەی کە کاری میکانیکی و رۆنگۆری هتد بەهۆی رژانی رۆن و کەلو پەلەکانیان ئەرکی لەچاپدانی کتێبەکانی دەزگای سەردەم و موکریان ، هتد بگرنە ئەستۆ.
دەتوانرێت ئەم پێشنیازانە ببێتە بابەتی گفت و گۆ.

بەمەش هەم خزمەت بە بزاوتی ڕۆشنبیری گەلەکەیان دەکەن و هەم سەرچاوەیەکی دارایشە بۆ دەوڵەت. بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری. بەهیوام ئەم بابەتە بێتە هۆی گفت و گۆیەکی ڕژد.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین-2- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی دووەم:

ئەم هەوڵ و پەرۆشیی و بەدووچوونە لە ڕابوردویەك کە زەمانەت و ئاسایشی هەبووە، ئەم کۆششە لە دۆزینەوەی بەهەشتێك لە بڕوایەکی دۆگمایی بێ ڕۆحدا، لە ڕێکخستنێکی هیرراشیانەی جێگرەوەی بیر و هزرێکی خولقێنەر و پراکتکردنێکی زیندووانەدا، ئەمانە تاڵترین بەڵگەن بۆ زانینی ئەوەی کە زۆرێك لە شۆڕشگێڕان کەمتر دەتوانن لە ” خۆشۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانا ،” تاکو لە بە شۆڕشگێڕکردنی تەواوی کۆمەڵ. ڕەگی قوڵی مەیلی کۆنەپارێزێتی لە “شۆڕشگێڕان”ی باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار، PLP [1] تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەی ئازاراوین ، کە سەرکردە و ڕابەری دەسەڵاتخواز و هیرراشییەت شوێنی باوكسالاریی و بیرۆکراسی قوتابخانە دەگرێتەوە ، زەبت و ڕەبت [دسپلینی] لە بزوتنەوەکەدا جێگای زەبت و ڕەبتی کۆمەڵی بورجوازی دەگرێتەوە، کۆدی دەسەڵاتخوازانەی جەماوەری گوێگری سیاسیانە جێگەیی دەوڵەت دەگرێتەوە، پەیامی بیروباوەڕی ” مۆراڵی پڕۆلیتاریانە” جێگەی نەریتی ئەخلاقی کارکردن و puritanism دەگرێتەوە [puritanism : دەستەیەك لە ئینگلیزە پرۆستانتەکان بوون لە چەرخی شازدە و حەڤدەدا بەدوای پاکێتی/ پوختەییدا (نقییەتی) دا دەگەڕان تاکو کەنیسەی ئینگلەند لە هەڵسوکەوت و خووی ڕۆمانە کاسۆلیکییەکان پاکبکەنەوە ..- وەرگێڕ] توخم و دیاردەکانی کۆمەڵی [کۆمەڵگە] چەوساوە لە فۆرمە نوێیەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە کە خۆی لە ئاڵایەکی سوورەوە پێچاوە، بە وێنە و تابلۆی ماوتسیتۆنغ و ( یاخود کاسترۆ یا گێڤارا) دیکۆر و نەخشێنراون، هەروەها بە ” کتێبە سوورە” بچوکەکە لەگەڵ پەیام و دەستەواژەی دیکەی پیرۆزدا، زەخرەفەکراوە.

زۆرینەیەك لە خەڵك کە ئەمڕۆ لە PLP دان ، شایستەی ئەوەن. ئەگەر ئەوان بتوانن لەتەك بزوتنەوەیەکدا بژین بە دروشمە تایبەتییە گاڵتەجاڕییەکانیانەوە کە لەتەك لەقتەکانی تەپڵدا بروات [2 ] ، ئەگەر ئەوان لە توانایاندایە کە گۆڤارێک بخوێننەوە کە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مارکۆس ” پۆلیس بووە یا پۆلیسێکی نابەرپرسیار ” ، ئەگەر ئەوان قەبوڵی ” زەبت و ڕەبتێك” بکەن کە بۆ ئاستی یاریکەرێکی یاری پۆکەر دایانبەزێنێت کە لە دەمووچاویا هەست و جوڵەی نەخوێنرێتەوە، بە بەرنامەیەکی ئۆتۆماتیکی پڕۆگرام کرابێت، ئەگەر ئەوان بتوانن لە ناشیرینترین تەکنیكەکانی ( تەکنیکەکانی کە لە زێرابی پرۆسەی بزنسی بورجوازیی و پەڕلەمانتاریزم) لە هەڵخەڵاتاندنی ڕێکخراوەکانی دیکە، بەکاربهێنن، ئەگەر بتوانن هەموو چالاکییەك و خودی بارودۆخەکە کە تەنها تەشەنە بە گەشەکردنی پارتییەکانیان دەدات، لە کار بخەن – هەتا ئەگەر ئەمە بەزاندن و تێشکانی خودی چالاکییەکانی خۆیان بێت- ئەگەر ئەمان بتوانن هەموو ئەمانە بکەن ، ئەو کاتە ئەوان قێزەوەن و بێزراون. بۆ ئەو کەسانە کە هەموویان ‘سوورن’ و خۆیان بە سوور دەزانن، باسی هێڕشکردنە سەریان وەکو ڕاوکەرانی ‘سوور’ ببینن، ئەمە شێوازێکە لە شێوازەکانی McCarthyism بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە [McCarthyism هەڵمەتێکی بەهێز بوو دژی ئەوانەی کە گوایە کۆمۆنیستن لەناو حکومەتی ئەمەریکا و دەزگەکانی دیکەدا، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن سێنەتەر جۆزیف مەکاسییەوە لە نێوانی ساڵانی 1950 بۆ 1954 ، دەستیپێکرد.

زۆرێک لەوانەی کە تۆمەتبارکران خرانە لیستی ڕەشەوە و کارەکانیان لە دەست دا، گەر چی بەڵگەیەك نەبوو کە ئەوانە سەر بە پارتی کۆمۆنیستبوون] . ئا لێرەدا دەتوانین هەمان داڕشتنەوەی بڕگە شیلاوییەکەی ترۆتسکی سەبارەت بە ستالینیەت بەکار بهێنین کەدەلێت: ئەوانە نەخۆشی سفلیسن، pallidum ن لە بزوتنەوەی ڕادیکالانەی لاوانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەم نەخۆشییەش تەنها چارەسەرێك هەیە ئەویش بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکە نەك لیدوان و مشتومڕ.
پەرۆشیی ئێمە لێرەدا بۆ ئەو شۆڕشگێڕە شەریفانەیە کە ڕوویانکردۆتە مارکسیزم، لینیننزم، یاخود ترۆتسکیسزم، لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بە جددی دووی دیدێکی کۆمەڵایەتی مەحکەم، هەروەها ستراتیجییەکی کارا و هەژموندار لە شۆڕشدا، کەوتوون . هەروەها ئێمە نیگەرانین دەربارەی ئەوانەی کە سەرسامن بە چەکی تیئوری ئایدۆلۆجی مارکسییەت و لە بزریی [غیابی] جێگرەوەیەکی زیاتر مەنهەجیانە، بەخێرایی دەستبەرداری دەبن.

ئیمە بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە وەکو برا و خوشکی خۆمان دەیانبینین و داوای لێدوان و مشتومڕێکی جددیانە و هەڵسەنگاندێکی هەمەلایەنانەی تەواو دەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم دەستەوەسانە و دەستنادات بۆ ئەم سەردەمەمان نەك لەبەر ئەوەی کە زۆر دیدمەند و شۆڕشگێڕانەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دیدمەندیی و شۆڕشگێڕیی تەواوی [ کافیی] تیادا نییە. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمیی یاخود نوقسانیی پێداویستییەکان لەدایك بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاك و نایابی سەردەمەکە بووە بەدیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازیی، بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دامەزراو و تەواو نەبووە و پێشبینییەکان تەنها یەكلایەنانە و جوزئیانە بووە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە مشتومڕی “لاوەخستنی” مارکسیزم بکەین یا بانگەشەی ” لەکارکەوتنی” بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕووی جەدەلییەوە[دیالیکتی] تێپەڕی بکەین، هەر وەکو چۆن خودی مارکس فەلسەفەی هییگلییەکانی، ئابوریی ڕیکاردۆکانی، تاکتیکی بلانکییەکان و شێوازی ڕێکخستنەکانیانی، تێپەڕاند. ئێمە پێویستە ئەرگویمێنتی قۆناخێکی پێشەوەچوو لە سەرمایەداریی، بکەین، زیاتر لەوەی کە مارکس چەرخێك لەمەوبەر لە تەکیا کردویەتی، هەروەها قسە لەسەر قۆناخێکی پێشکەوتووتر لە تەشەنەکردنی زیاتری تەکنەلۆجیا بکەین، لەوەی کە ئاشکرایە مارکس توانیبێتی پێشبینی بکات.

هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەی نوێ زەروورییە کە ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بانگەوازی مۆدێکی نوێی تێکۆشان و خەباتکردن دەکات یا داخوازی جۆرێك لە ڕێکخستن، لە پاگەندە و جۆری ژیان، دەکات. بۆ ئەم بارودۆخە تازەش چۆن ئارەزوو دەکەیت ناوی لێ بنێ، بەڵام ئێمە ئەم بەرخوردە نوێیەی پاش سەردەمیی کەمیی، نوقسانیی پێداویستییەکان بە ئەنارکیزم ناودەبەین، ئەم ناولێنانەش بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری زەروورییەوە هەڵدەبژێرین و بەڵگە موقنیعەکانی ڕوونکردنەوەی ئەمەش، لە لاپەڕەکانی دواترا دەخەینەڕوو .
درێژەی هەیە
…………………………………………………………………………..
تێبینییەکان:
1- ئەم چەند دێڕە کاتێك نوسراون کە باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار (PLP) هەژموونێکی گەورەی لەسەر SDS هەبوو. گەر چی لە هەنووکەدا ئەم پارتە زۆری هەژموونی خۆی لەسەر بزوتنەوەی قوتابییان لەدەستدا بەڵام ئەم ڕێکخستنە هێشتا نموونەیەکی باش لە مێنتەڵێتی و بەها لەناو چەپی کۆنا، پێشکەش دەکات. ئەو باس و خواسەی سەرەوە بە هەمان شێوە ڕاستە بۆ گروپە مارکسیی- لینینییەکان، هاوکاتیش ئەم پەڕەگرافە و ئاماژەکردنەکانی دیکەش بۆ باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار لە جەوهەردا نەگۆڕاون.

2- بزوتنەوەی نقابەی شۆڕشگێڕ بەشێك بوو لە ڕابتەی کتلەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە شاری دیترۆیت- ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی حیلاویی بوو.




وەک دیلێکی هەمیشەیی بەسەر شەقامەکاندا … ئیسماعیل سابیر

بۆ گەڕیدەکەی دونیای ئێمە ” بەختیار عەلی ” پێشکەشە

ئەی “ئۆڤید”ی غەمبار وەک ڕاوچیەک ئەفسانەکانی ناو مێشکتمان بۆ ڕاوکە، بە قەرەجێک ئەم بەختەمان پێ بسپێرە و ئەم فنجانی تەنهاییەمان بە چاوە بچووکەکانت بۆ شرۆڤە کە. وەک دیلێکی ڕزگاربووی ناو خورافیاتەکان لەبەردەم سەرمایەدارەکان و جەللادەکانی سەدەی بیستویەکدا کەلەپچەی دەستەکانتمان وەک ڕووناکی شەقامەکان بۆ بدرەوشێنەوە. درەختەکان وەک تووشبووەکانی شەکرە لەبنا دەبڕدرێنەوە و دەرگا و پەنجەرەی بریقەدار لەناو ئێمەدا بۆ ئارامی هەناسەدان دەکرێتەوە. وەک مەیمونێک لەسەر دارە وشکەکان ئۆقرە ناگرین. لەو درەخت بۆ سەر ئەو درەخت وەک باڵندەیەک هەڵدەفڕین.
وەک ژان ژاک ڕۆسۆیەکی تاوانبار بەزوویی ددان بە شکستی هەموو نەخشەکانت بنێ. دووبارەی کەوەو لە سەر دیواری هەموو باڵەخانەکاندا بینووسەوە؛ “بەداخەوە ئەم سەدەیە زۆر عەجول بوو، هی گەورەکردنی زیندەوەرەکانی ناو ئێمە نەبوو.”

هانا ئارنێت دەیبینی؛ بوونمان وەک دۆزەخ دەکوڵا، سەفەرمان بە شووناس دەکرد و لەناو گواوی قەرەجەکاندا دەستبەسەردەکراین، لەجیات ژەمێک نانخواردن نیکۆتینیان بە ڕۆژە برسیەکانمان دەبەخشیەوە. زمانمان وەک ئازارێکی تەڕ لە تەوێڵەکاندا قووت دەدا و
شەومان دەخزاندە لای هایدگەر و پەڕەی کتێەکان.

لە دارستانەکانی بولگاریا لە “ئۆردیکا” زویر ببووین وەک “ئۆرفیۆس” جارێکی تر ئاوڕمان نەدایەوە، وەک ئەسپێکی بریندار چەمۆڵەی فەرامۆشی بەرمانکەوتبێت لە ئەڤین ڕامان دەکرد و لەناو تۆز و خۆڵی جەنگەڵەکان غارمان دەدا، ئازار وەک ترسێکی نەبڕاوە هەمیشە بەدوامانەوە وەک سەگی هار ڕاوی دەناین، شەو و ڕۆژەکان وەک” ئیبراهیم” ئاگریان تێبەردەداین و قامچیان لە ئایدیاکانمان دەدا.
بەرازێکی ماندووی جەنگەڵکان بووین، لە شەودا مێشکمان بە بیرەوەری دەپرژا و تەقەڵەکانی دڵمان وەک حەیوانێکی هار بەڕووی یادگارییەکان دەینەڕاند، لەژێر ڕەونەقیەکانی مانگدا دڵشکامان بەفرمێسکی دایکە شەهیدەکان دەپێچایەوە. لەگەل” دانتی”دا ڕێمان دەکرد و دەڕۆیشتین بەناو شار و خەڵکی سەرگەردان.٭

هوتافمان لەبەردم پەرلەمانەکان لێدەدا و فریوی شۆشگێڕەکانمان لەسەر ڕۆژنامەکان دەسڕیەوە، ئەفڵاتوونیزمەکانی شار گاڵتەیان بە سوبێکتمان دەکرد، بە کۆمەڵێک دروشمی هەرزەوە لە “کۆماری خودا”دا وەک سەگێکی بەستەزمان ڕاویان دەناین.
خوامان لەبیرکردبوو، وەکو چۆن فروغیشمان لەبیرکردبوو، کەچی بەدەم وڕێنەوە وەک نەخۆشە سڕکراوەکان ناوتمان دەهێنا، وەک نیتچە لە سەحرای سەقەردا بنی پێیەکانمان گڕی دەگرت و بەدوای شوێنپێیەکانت وێڵ و سەرگەردان دەسووڕاینەوە. بووینە پشکۆی ئاگرێکی بچووک و لەناو دۆزەخی ڕۆژەکاندا تواینەوە.

دوای تۆ ئازارمان نووسی و ناردمان بۆ نەخۆشخانەکان بووینە شەقاوەی چایخانەکان، شیعرمان دەنووسی وەک شاعیرە یاخیەکان جنێومان بە نووسەرە تڕۆهاتەکان دەدا.
شێت و سەرگەردان مێشکمان پڕی تەقەمەنی کردبوو، وەک کۆگای سەربازەکان لە دەوروبەری شارەکاندا دەتەقینەوە، بە جەستەی قورسەوە بەسەر پلیکانەکان دەکەوتین و بۆ یادی پیاسەکان هەمیشە لە قاوشەکان و ئەودیوی شاشەی مۆبایلەکان دەنووزایەوە.
لەناو ئەو هەموو بووکەڵە پڕ ڕەنگەدا غەریبی بێ مروەتیەکانی” سالۆمێ”مان دەکرد. لە پشت بازگە نوێیەکانی شار عەقڵمان فەرامۆش بوو، کات دەیخواردەوە، بە یەک دنیا یادگاری پڕ دڕکەوە دەهاتینەوە ناو ماشێنەکان. لە پەنای قەڵا و دیوارەکاندا کەس بەلایەوە پێکەنیاوی نەبوو یان کەس ئێمە نەدەبینی؛ کاتێک وەک شێتەکان عەقڵمان ژێرەوەی خۆی پیس دەکرد، بۆتۆ و یادی تۆ وەک مناڵێکی ونبوو دەگریاین و لەسەر زەوی چڵێسەکاندا دەڕشاینەوە…

ئیسماعیل سابیر




سەرمایەڕەمزیەکانی حوکمڕانان پوچ و ساختەیە … جیهاد موحەمەد

نهێنیی، ئەو ڕووبەرە نادیارەیە، کە هەرچ کەسێک بۆی گرنگە، زانینی هەبێت دەربارەی و پەی پێبەرێت. کتێبەکان پێش خوێندنەوەیان پڕن لەو نهێنیانەی تا نەخوێندرێنەوە نازانرێت باس لە چیی دەکەن، هەڵگری چ جۆرە زانین و زانست و فەلسەفەیەکن، یان هەڵگری چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکن. خوێنەر بۆیە بەپەرۆشەوە کتێب دەکڕێت و لە ئامێزی دەگرێت و پەڕەکانی یەک یەک هەڵدەداتەوە و بە وردی دەیانخوێنێتەوە تا سیحری ناوەڕۆکە شاراوەکەی تێبگات، کتێب پێش خوێندنەوەی مەعشوقێکی ئەفسانەییە بۆ خوێنەر، بەڵام ڕەنگە دوای خوێندنەوەی مەعشوقیەتی لاوازبێت، بەڵام سوودی هەرگیز لاواز نابێت.

کەسی عاشقیش دنیایەک نهێنی و پەنهانی لە دڵدارە مەعشوقەکەیدا دەبینێت، مەعشوق ئەفسانەیەکی شاراوەیە تا ئەو کاتەی بە عاشق دەگات. هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مەعشوق هەرچی بێت، قودرەتێکی هێندە نهێنی و سیحراویە، کە عاشق سەرسام دەکات بە خۆی، هەموو جوانیەکانی دنیا، هەموو ژیانی خۆی لە زانین و پەیبردن بە ژیانی مەعشوقەکەیدا دەبینێتەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە مەعشوقەکەی و بگات بەو نهێنیە پڕ لە سیحراویی و ئەفسوناویە، عاشق هەتا بە مەعشوق دەگات ملکەچی چاک و خراپێتی، بەڵام کە پێیدەگات ڕەنگە مەعشوق لاواز بێت، بەڵام زاوزێیان لە ترۆپکی جوانیدایە، گەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە نەبوایە زۆر زوو ئەم جیهانە لە ناو دەچوو، یان هیچ بەهایەکی نەدەما.

مرۆڤ بە گشتی، ئەو بوونەوەرەیە کە هەمیشە بە دوای نهێنیەکاندا وێڵە، دەگەڕێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات. دیارە هەر ئەم بە دواداگەڕان و پەیکردنە سروشتیەشە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشەوە بردووە. مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شەیدای زانینی نەزانراوەکانە، لە هەمانکاتدا لە سیحر و توانای گەورەی نەزانراوەکانیش تێدەگات، کە چۆن مرۆڤ دەکات بە عاشقی خۆی و خۆشی دەبێت بەو مەعشوقە پڕ لە نهێنییە خەیاڵاویە. کەواتا نهێنی و پەنهانی مەعشوق سەرچاوەی شەیدایی عاشقەکانە.

تا ئێرە نێهینەکان و قودرەتی نهێنی و بە دواداگەڕانی مرۆڤەکان بۆ پەیکردن و زانینی نهێنیەکان، کارێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە. وەلێ بەکارهێنانی “نهێنیی و پەنهانیی” لای حکومڕانەکانی کوردستان بۆ جڵەوکردن و سەرسامکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکی گشتی، هەتا بڵێی کارێکی پوچ و قێزەون و ناشیرینە.
باش لە بیرم دێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا بۆ خەڵکە “گشتییەکەی” کوردستانی ڕۆهەڵات، بە سەدام حسەینی دڕندە و فاشییان دەوت،”سەرۆکێکی قەشەنگە”، ئەم سەرسامبوونە بە سەدام حسەین لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە خەڵکی گشتی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی نهێنی خۆنمایشکردنەکانی ئەم پیاوە ناشیرینە تێنەدەگیشتن.

ئاخر جارێکیان، بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، چەند کەسێکی سادە و ساکار”ماشاألله”یان لە شێخێک دەکرد، کە هەتا بڵێی پیاوێکی بۆشناخ و پاک و خاوێن بوو، هەتا بڵێی جل و بەرگ و عەبا و جبەکەی شانی کەشەخە بوو، هەتابڵێی ڕێ و ڕۆشتنی بە ئارامی و لەسەر خۆ بوو، هەتابڵێی دەوڵەمەند و پارەدار بوو، هەتابڵی لە حکومەتی عێراقی فاشیدا دەستی دەڕۆیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بڵێی لە ناوەڕۆکدا شێخێکی ساختەچیی بوو، بەڵام شەیدایی خەڵک لە چاویاندا بوو، نەک لە عەقڵیاندا، بە عەقڵ بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە ئەم شێخەش هەروەک هەموو کەسێک، مرۆڤێکی ئاساییە، وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و خۆگۆڕین و ڕیشبەردانەوەیە کردبووی بە کەسێکی نائاسایی، ژیانی لای خەڵک، بووبوو بە شتێکی نائاسایی، تەنانەت نوێژ و خواپەرستیەکەشی خۆ هەر وەک خەڵک وابوو، کەچی بووبوو بە ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی، چونکە بە دەگەمەن نەبێت وەک خەڵک لە مزگەوت و بەردەمی خەڵکدا ئەم خواپەرستییەی نەدەکرد، ئیتر خەڵکی وایان دەزانی لە کاتی خواپەرستییدا پەردە لە نێوانی خۆی و خوادا نامێنێت و دەتوانێت قسە لەگەڵ خواشدا بکات.

سیاسیە حوکمڕانەکانی کوردستان، شارەزان لە قودرەتی “نهێنی و پەنهانیی” کە چۆن بەم قودرەتە کارلێک دەکەن لەسەر کۆمەڵە خەڵکێکی گشتی سادە و ساکر، بۆیە نهێنی و پەنهانی زۆرێک لە ڕووبەری ژیانیان دەکەن بە “سەرمایەیەکی ڕەمزی” و بەکاری دەهێنن بۆ چاوبەست و خۆشاردنەوە لە خەڵک.
پەیوەندیە خێزانیەکانیان، ژیانە کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەندیە سیاسییەکانیان دەکەن بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بەهێز بۆ سەرسامکردنی خەڵک. خێزانە سیاسیی و حکومڕانەکان، هەمیشە دنیای خۆیان بە پەنهانی دەهێڵنەوە، تا خەڵک بە هیچ شتێکیان نەزانێت و ببن بە خێزانگەلێکی سیاسیی نائاسایی و ئەفسانەیی. ئەم قودرەتی نهێنیە، وا دەکات، کە قسەکردن و گفتوگۆ ئاساییەکانیان، ئەو قسانەی کە هەموو کەس دەزانێت بیانکات، پڕ دەبێت لە سیحر بۆ خەڵکە سادە و ساکارەکە، کە بە نائاسایی وەریدەگرن و گوێی لێ دەگرن.

زۆر جار خەڵکی گشتی لە ڕێپۆرتاژەکاندا، لە چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر باشتر، زۆر جوانتر، زۆر بە ئەددایەکی ڕوونتر و زمانێکی پاراوتر لە سیاسیە حیزبیی و حکومڕانەکان قسە دەکەن، وەلێ نائاسایی وەستان و خوتبەدانی ئەم سیاسیانە، بەقەراعەت قسەکردنیان، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگیان، بۆینباخە سێ چوار هەزار دۆلاریەکانیان، قاتە سیی چل هەزار دۆلاریەکانیان، سەعاتە ئاڵتوونیی و گرانبەهاکانیان، پێڵاوە تایبەتییە دەهەزاردۆلاریەکانیان، خاوەندارێتی کۆشکە سەدان ژوور و ڕووبەرە دەیان هەزار مەتریەکانیان، خاوەندارێتی گەمێ و فڕۆکەکانیان،خاوەندارێتی رۆژنامە و کەناڵە نەوتییە پڕ لە خەرجییە سەدان دەفتەر دۆلاریەکانیان، کۆبوونەوە پڕ لە قاقای پێکەنین و قاچ خستنە سەر قاچیان، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ کەس بزانیت چ نوکتەیەکی قۆڕ و چ قسەیەکی بێ مانا دەگوزەرێت لە نێوانیاندا،سەرنجێکی سیحراوی و خەیاڵاوی ئەوتۆ دروست دەکەن، کە دەبێت بە خەیاڵ و ئەفسون لای خەڵکی گشتی، هەموو ئەم خۆنواندن و قسە پوچانەیان لای خەڵکی گشتی نەزان، دەبێت بە نەخشی سەر بەرد. تەنانەت هێزە میلیشیاییەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، کاروانی سەیارە مۆدێلبەرزەکانیان، چوون بۆ پرسە و ئامدەبوونیان لە شوێنی گشتییدا بە کەشخە و فشە و خۆبادانێکی بێتام و ناشیرینەوە، کە بە دەیان چەکداری دەموچاو ناشیرین و ڕەفتار شەلاتیانە بە دوایانەوەیە، دابەزین و سواربوونی سەیارەکانیان بە شەقە و تەقەی تووند کرانەوە و پێوەدانی دەرگاری سەیارەکانیان، فڕوهوڕ و تڕوهوڕ و پەڕتەڕناشی سەیارەکانیان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کە خۆیان وا پیشان بدەن، کە مرۆڤگەلێکی نائاسایین و ئەوەی ئەمان پێی گەیشتوون، لە قودرەتێکەوەیە، کەسی تر نییەتی.

ئەگەر وردبینەوە، لە خێزانە سیاسییەکانی، وەک بنەماڵەی بارزانی و براو کوڕ و زاوای بارزانی، یان خێزانی تاڵەبانی و کوڕ و کەسوکاری تاڵەبانی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە جڵەوی حوکمڕانیان بە دەستەوەیە، نەزانینی مرۆڤە نەزانەکان، بۆ تێگەیشتن، لە ژیانە پڕ لە نهێنی و ئەفسوناویەکەیان، دەکەن بە چەکێکی نهێنی پڕ لە خەیاڵی سیحراوی بۆ کەمەنکێشکردنیان و جڵەوکردنیان. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە پەنهانی بمێننەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە بەرچاوی خەڵکی، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە ناو خەڵکەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار دەرنەکەون، تا وا لە خەڵک بکەن، کە شەیدای ژیانە شاراوەکەیان بن، شەیدای ناو ماڵ و خیزانیان بن، شەیدای ئەوە بن، کە بزانن ژنەکانیان، کچەکانیان، منداڵەکانیان ناویان چییە، چیی دەخۆن، چیی لەبەردەکەن، چۆن دەژین، چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ کێ هاتوچۆ دەکەن.

هەموو ئەمانە بوون بە نهێنیەک، کە زۆر لە خەڵکی سادە و ساکار سەرسامن پێیان، زۆربەی خەڵکی سادە و ساکار بۆیە خۆشیان دەوێن، بۆیە لایەنداریان دەکەن، بۆیە دەنگیان پێدەدەن، چونکە بوون بە عاشقی ئەم مەعشوقە پڕ لە نهێنیە سیحراویە، عاشقانە بە دوای ئەم سیحرە پوچ و پڕ لە ئەفسانەیەوەن. زۆر جاریش کە زانین و بەدواداچون و تێگەیشتنیان لەم ژیان و ڕەفتارە ئەفسوناویەیان ناگات بە ئامانج، کەچی هێشتا ئەمەش لای خەڵکە سادەکە دەبێت بە داینەمۆی بەردەوامی سەرسامبوونیان. بۆیە کاتێک خیانەتیش دەکەن، کاتێک فێڵی سیاسیش دەکەن، کاتێک سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگەش دەدزن، کاتێک هەموو ژیانی خەڵکی قۆرخ دەکەن، کاتێک سوێندی درۆش بە کەرامەت و شەرفیان دەخۆن، هێشتا ئەو مەعشوقە خۆشەویستەن کە پەی بە سیحریان نابرێت، ئەو ڕووبەرە پڕ لە نهێنیە نا ئاساییەن، کە مرۆڤی داماوی نەخوێندەوار، وا بیر دەکاتەوە، دیارە ئەمانە بەشەرگەلێکن، کە خواردنیان، خواردنەوەیان، چوونە سەر ئاودەستیان، خۆشتن و حەمامیان، جل لەبەرکردنیان، شاییان، شینیان، ئەبێت جیاوازبیت لە خەڵک، چونکە ئەگەر وا نەبێتت ناتوانن ببنە بەو حوکمڕانە بەهێزانەی کە ماڵەکانیان، ویستەگەکانیان، ئۆفیسەکانیان دەبن بە جێگە و شوێنی زیارەتی سەرۆکە گەورەکانی دنیا، ئەو سەرۆکانەی لە ڕۆژنامەوانیەکانیانەوە زۆر جار هێندە بە سەیر باسی خەرجی ڕۆژانە و سەفەرەکایان دەکرێت، کە جێگەی گاڵتەپێکردنە. ئاخر مەلیکی سعودیە کە سەفەر دەکات بۆ وڵاتێک، لە پێش سەفەرکردنەکەیەوە بە سەدان ملێون دۆلار بۆ نیشتەجێبوونی خەرج دەکرێت.

لەم ماوەیەدا شتی سەیر و سەمەرە باس کرا لەسەر ژیانی تایەبەتی ژنە لەچکبەسەرە ئیسلامییە لە خواترسەکەی هاوسەری ئەردۆغان، کە چایەک دەخواتەوە کیلۆی بە دوو هەزار یۆرۆیە. دیسان بە جۆرێک باسی ژیانە پڕ لە نهێنیەکەی پۆتین کرا، کە هەر بۆ گاڵتەپێکردن باشە، تەنانەت ئەو ئاودەستەی گووی تێ دەکات، لە ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ دروستکراوە. ئێ خۆ بە چاوی خۆشمان بینیمان، ئاودەست و حەمام و دەستشۆر و تفەنگ و دەمانچەکانی سەدام حسەین، لە ئاڵتوون دروستکرابوون.
کەسێکی نزیک لە کارەکترێکی(سیاسی)ەوە بۆی گێڕامەوە، کە ئەم کارەکتەرە سیاسیە، شەوانە ئەوەندە دەخوات، ئەوەندە دەخواتەوە، ئەوەندە دەکاتە کایەنی ورگێوە، هەموو شەو دەبێت دەست بکات بە سۆدە خواردنەوە تا دەڕشێتەوە و خواردن و خواردنە زیادەکە هەڵدێنێتەوە، یەع لەو ژیانە نهێنێە ناشیرین و دزێوە، کە لای خەڵکی سادە و ساکار بووە بە ئەفسانە و خەیاڵێکی قوول، چونکە پەنهان و نەزانراوە. هەر بۆ نوکتەش، ئەو کەسەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، خودی خۆی هێندە شەیدای ئەم زۆرخۆرە ناشیرینە ورگزلەیە، نەوەیەکی بە ناوی ئەوەوە ناوناوە. سەیرە! لەلایەکەوە گاڵتەی پێدەکات و لە لایکەوە شەیدایەیت.

بەڵام هەمان سیاسی و خاوەن بڕوانامە و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە و وڵاتانی پیشکەوتوو هیچ جۆرە نهێنیەکیان تیا نییە، سادە و ساکار وەک خەڵک دەژین، تەنانەت لە شارێکدا، لە قەزایەکدا، لە ناحێیەکدا، خەڵکی پێویستی بەوش نیە ناوی سەرۆکی یەکە ئیداریەکە بزانێت، چونکە هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیحراویان لە خۆیاندا دروست نەکردووە تا خەڵک بیانکات بە مەعشوق و عاشقی ژیان و نهێنیەکانیان بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیشیان لە دەرەوەی دەستور و سیستمی بەڕێوەربردن نییە، بە هیچ جۆرێکیش ناکەونە سەروو یاساوە، وەک هەرچ هاوڵاتیەکی دیکە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لە مەڕ خۆمان و وڵاتانی پڕ لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، حوکمڕانەکان وەک سەرۆکی خێڵ ناندەرن، هێزی ئابوورین، لە جیاتی یاسا و دەستور پارێزەری خەڵکن، ژیان و مردنی خەڵکیان بە دەستە، خاوەنی هێزی میلیشیایین، وەلێ لەوێندەر و لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی دیموکراتی حوکمڕانە نەک خێزانی خێڵەکی و سیاسی. بۆیە کاتێک کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، دەبێت ماڵی بگوێزێتەوە بۆ ئەو خانووە تایبەتەی بۆ هەرچ کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەشی تەواو دەبێت، دەست بەجێ بە گوێرەی یاسا بەجێی دەهێڵێت. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی وەزیرانی دانمارک پیشاندرا، کە چۆن بە دەستی خۆی گیای حەوشەکەی خۆی دەبڕێت.

جیهاد موحەمەد
٢٩/٠٧/٢٠١٩




بێ ڕۆح … پشکۆ ناکام

….جارێکیان لە شاخ ئامر مەفرەزەیەک ئیش و پلەی بەسەر پێشمەرگەکانا بەش ئەکا ، بە یەکێکیان ئەڵێ تۆ کادیری سیاسی ، بە یەکێکی تر: تۆ کادیری کۆمەڵایەتی ، پێشمەرگریەکیش بۆ کاروباری پارە و نەسریە(گەر هەبوایە..) ، و بەم جۆرە هەموو هەموو پێشمەرگەکان سەر و وەزیفەیەکیان لە بڕیار یانا بەرئەکەوێ جگە لە یەکێکیان کە هیچی بەر ناکەوێ بۆیە بە ئامر مەفرەزەکە ئەڵێ :ئەی من ؟ ئەویش ئەڵێ تۆ !! تۆ ..ڕۆحەکەی….!! ئەم یادگارییە کە وەک پەندی لێهاتوە، ڕێک وەک حاڵی نا حاڵی ئەمڕۆی هەرێمە وێرانەکەمانە ، هەر حیزب و گروپێک بۆ خۆیان لەسەر سفرەی دەسەڵات خەریکی مڵچە مڵچی خواردنی قوت و داهاتی خەڵکن ، کە میللەتیش ئەپرسێ ئەی بەشن لە بەشی خۆم کوا ؟
هەموو بە تەوازەعەوە ئەڵێن ،قوربان تۆ ڕۆحەکەی !! ئێمە لە پێناوی تۆی ڕۆح دەیان ساڵ خەباتمان کرد و مانان بەیەکا و لافاوی خوێنمان ڕژا وموحیطی فرمێسکمان ڕشت هەر لە پێناو تۆ ، چ گەورەییەکە کە پێت ئەڵێین(ڕۆحەکەی)…ئەوەتا لە پێناو تۆیا هەر خەریکی سواڵ کردنین تا تۆی ” ڕۆح” خۆشگوزەران بیت ، ئەوەنەمان سواڵ کردوە هەرێم بیست سی ملیاردێک دۆلار قەرزارە ، نەک نەوت و گازو ئاوی تانکی سەربانەکان و گازی ئەمۆنیای سەلاجەکان و دوکان و دەربەنی خانیش وەک ” بێخمە ” بفرۆشین هەر نایەینەوە مایە .. ئەوەتا لەبەر تۆی ڕۆح نەوت بە “بەغا”ش نایەین و پیاویشمان ئەوێ قسە بکا..چیە ..چی ئەبێ با ببێ ،،ئەوپەڕی چەن ساڵێکی تریش ” قەیرانی دارایی” ڕوومان تێ ئەکا گرنگ ئەوەیە” ڕۆحەکە” راهاتوە لەسەر بێ معاشی ودزەکەوت/پاشەکەوت وخۆپیشانانی هەڵپەڕکێ ئاسا…

دەسەڵات کە میللەتی کردوە بە ڕۆحەکەیدەرەوەی سفرەکە، ئەوەنە بەتەنگ ئەمن و ئومان و سەلامەتی ڕۆحەکەوەیە پێی ئەڵێ : سەیرکە بۆ پاراستنی تۆی ڕۆح وخزمە ڕۆحەکانت سوپای دراوسێکانیشمان هێناوەتە هەرێم و ئەو چۆنی بوێ وا ئەتان پارێزین، هیچ رۆحێک لەمە نازدارتر هەیە..! ……

بۆ نەگبەتی ڕۆحەکە ، ئێستا وا لە بەینی بەرداشی جووت! ئامۆزا و جا ئەیان لەولاوە بەناوی سەرۆکی ! هەرێمەوە و ئەمیان لێرەوە بەناوی سەرۆکی ! حکومەت و سەرۆکی بنەماڵەش لەو بەینەیا سێ چوکڵەیاکیان وەک ” المنطقة المحرمة” دروست کردوە کە وا ئەکا ڕۆحەکە بە دەفتەر نفوسی ” رۆحایەتی” دەربازبوونی نەبێ..گەر رۆحەکە گلەیەکیش لەوەزعی خۆی بکا ، دەسەڵات یەکسەر جوملە حازرکراوەکانی بەرە و ڕوو ئەکەنەوە : یانی تۆ حەشدی شەعبیت لە دەسەڵاتی کوردی پێ باشترە ؟ یانی تۆ برنجی سەدریت لە برنجی کوردی پێ خۆشترە؟ یانی تۆ حەز ناکەی دەوڵەتی کوردی پێک بێت!! ووتمان تۆ ڕۆحەکەی بەڵام ئەبێ رۆحێکی ئاقڵ و گوێ ڕایەڵ و لە سیاسەت بزابی ، بزانی تاکتیکی برسی کردن و ستراتیجی دزین و دەسەڵاتی” دیمۆ- پاشا “واتا دیموکرسی پاشایەتی تێ بگەیت ڕۆحە خۆشەویستەکە….

كاتێک رۆحەکەی گەشتە لووتی لە داخا ویستی خۆی بکوژێ هەر هەموو بەشدارانی سفرەکە بەپەلە پروسكێ پەلاماریان یا و نەیان هێشت خۆی بکوژێ، ووتیان: بۆت نیە خۆت بکوژی ..چونکە سفرەکەمان بە ناوی تۆوەوە وەرگرتوە و تاپۆکەشی هەر بەناوی رۆحەکەوەیە ، هەر بەناوی تۆیە هەر رۆژەی بەشێکی لێ هەڵئەگرین بۆ موستەقبەل ، چی بکەین مناڵمان ووردە ! لەبەر ئەوە تۆ رۆحەکەی دەسڵات مافی خۆکوشتن و لە دونیا دەرچونت نیەچونکە کە تۆ نەبی بەناوی کێوە ئەم سفرەیە کۆمان ئەکاتەوە ؟ بوونی تۆی ڕۆح زەرورییە بۆ وەرگرتنی مەسروفاتی سفرەکەما ، خۆشت ئەزانی چ گرانیەک وا لە ئارایا..
ڕۆحەکەش ڕووی کردە ئاسمان و ووتی : خودایە من “ڕۆح “م ، ئەمە وەزعمە ، ئاخۆ” بێ ” ڕۆحەکان چۆن بن…………………………….




زۆر …. نەوزاد بەندی

پینەچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند جووت پێڵاو دڕا بێ ..؟
پیاوکوژ ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند کەس کوژرا بێ ؟
بەلوعە چی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند بەلوعە شکابێ ؟؟
کەبابچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند شیش کەباب خورابێ ؟
کەیبانوو ئەڵێ :
ُئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند مەنجەڵ دەم کرابێ ؟
یاریزان ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند شەق لە تۆپ درا بێ ؟
چایچی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند پیاڵە چا تێکرابێ ؟؟
عەشق ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەر زەمینە
تا ئێستا
چەند دڵ شکابێ ؟
سیاسی ئەڵێ :
ئەبێ لەم سەرزەمینە
تا ئێستا
چەند فێڵ و فڕ کرابێ ؟
چەند پارە و ماڵ دزرا بێ ؟
چەند پەیمان شکێنرا بێ ؟
چەند بێ تاوان فڕێنرابێ ؟
چەند بێ ئاگا کوژرابێ ؟
چەند بێ تاوان زیندان کرابێ ؟
چەند ڕاستی شێوێنرا بێ ؟
چەند زوڵم و زۆر کرابێ ؟
چەند پەیماننامەی نهێنی مۆر کرابێ ؟
چەند پیلان گێڕرا بێ ؟
چەند ڕۆڵی شانۆیی گێڕا بێ ؟
چەند چاڵ و مین دانرابێ ؟
چەند جەنگ بە ناحەق هەڵگیرسا بێ ؟
چەند سیاسی دواجار ڕیسوا کرابێ ؟

وەڵامی هەموویشیان یەک وشەیە :
( زۆر )!!
nawzad bandy