هەواڵی ناڕاستی مردن، وەک بەڵگەی زیندوێتی … کارا فاتیح

لەم ماوەیەدا بەخێرایی هەواڵ مردنی (کەمال مەزهەر،
عەبدولڵا پەشێو، ئیسماعیل خورماڵی و عومەری کەریم ئاغا… هتد) بڵاو بوەوە، خەڵکێکی
زۆر بە دوایدا کەوتنە سەرەخۆشی و ناردنی پرسەنامە، بە ماوەیەکی کەم دواتر، ناڕاستیی
هەواڵەکان سەلمێنرا و بە درۆ خرانەوە، بێ گومان ئەمە یەکەم جار نییە ئەم جۆرە هەواڵانە
بڵاو دەکرێنەوە و پێشتر چەندین جار هەواڵی مردنی کەریم کابان، پێش ئەوەی کۆچی دوایی
بکات، بڵاو کرایەوە…

زوو زوو لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و لە سەر ڕووبەری
سۆشیال میدیا و میدیا ڕەسمییەکانیش، هەواڵی مەرگی کەسێک بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ
بنەمایەکی هەبێت، یان لە سەرچاوەیەکی ڕاستەوە ئەو هەواڵە گەییشتبێت، کەچی زۆر خێرا
بڵاو دەبێتەوە و کەسانێک هێندە تامەزرۆی ئەم جۆرە هەواڵانەن، کە خێرا هەستی خۆیان دەردەبڕن
و دەکەونە ناردنی پرسەنامە و داڕشتنی پەخشانی غەمگین… لە ماوەی ڕابردوویشدا یەک بە
دوای یەک هەواڵی مەرگی چەندین نووسەر و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەرمەند و…
هتد بڵاو کرایەوە، کە پاش بڵاوبوونەوەی بە خێرایی، ئینجا بە ڕوونکردنەوە ناڕاستی و
بێبنەماییی ئەم هەواڵانە ڕاگەیەنرا و هەوڵی ڕەواندنەوەی کاریگەریی ئەو هەواڵانە درا
و یەک یەک ئەوانەی ئەم هەواڵانەیان بڵاو کردبوەوە، پۆزشی خۆیان ڕاگەیاند و لەگەڵیدا
خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ناڕاستیی هەواڵەکە و نەمردنی کەسەکە دەربڕی.

بەدڵنیایییەوە، پێش دەرکەوتنی سۆشیال میدیا و تەنانەت
دەرکەوتنی بەربڵاوی ڕاگەیاندنیش، لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگای کوردیدا،
ئەم جۆرە دەنگۆ ناڕاستانە وەک بروسکە بڵاو بوونەوە و هەواڵی ناڕاست و درۆ و بەتایبەت
هەواڵی مردنی ئەموئەو تا ڕادەیەک هەبوە و تا ئاستێکیش بەربڵاو بوە، بەڵام ئەمڕۆ بە
هۆی بەربڵاویی سۆشیال میدیا و ئاسانبوونی هۆیەکانی پێوەندی، ئەم جۆرە هەواڵانە خێراتر
بڵاو دەبنەوە و لە چەند چرکەیەکدا دەگەنە هەموو شوێنێک و هەموو سنوورێک دەبڕن. ئەوەی
گرینگە لێرەدا بیکەینە پرسیار:

١- ئەم جۆرە هەواڵانە
لە چ سەرچاوەیەکەوە دێن، ئەو سەرچاوانە کە دەزانن هەواڵەکانیان بێ بنەمان، چۆن دەتوانن
خۆیان وەک سەرچاوە و کانگەی هەواڵ بهێڵنەوە و باکیان لەوە نەبێت، هەواڵی مەرگی خەڵک
بە درۆوە بڵاو دەکەنەوە.

٢- ئەو سەرچاوانە
لەبەر چی ئەو کارانە دەکەن و چ قازانجێک لەم پڕوپاگەندانە دەکەن و برەویان پێ دەدەن؟

٣- خەڵکانێک کە هیچ
نازانن دەربارەی ڕاستی و دروستیی هەواڵەکە و بێ ئاگان لە سەرچاوەکەی، بۆ ئەوەندە بە
پەرۆشن و خێرا ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو بکەنەوە؟

٣- ئەو پەرۆشی و مەیلە
لە چییەوە هاتوە کەسانێک، زۆر بەزوویی ئامادەی سەرخۆشی و ناردنی پرسەنامە و ماتەمگێڕین
و بێ ئەوەی لە ڕاستیی هەواڵەکە دڵنیا بن، شیوەن و دەگێڕن و خێرا پەخشان و داڕشتنی غەمگین
و شینگێڕانیان بۆ دێ و پەخشی دەکەن؟

بە پێویستی نازانین یەک یەک وەڵامی ئەم پرسیارانە
بدەینەوە، یان هەوڵ بدەین شرۆڤەیان بکەین و لە هۆکاری سەرهەڵدانیان بکۆڵێنەوە، ئەگەر
چی گرینگە، بەڵام بە پێویست نازانینەکەی ئێمە لێرە بۆ کەمیی دەرفەت دەگەڕێتەوە، بۆیە
هەوڵ دەدەین بە گشتی شرۆڤەی کورتی حاڵەتەکە بکەین و لە ناو ئەو شرۆڤە کورتەوە بۆ وەڵامەکان
بگەڕێین.

ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی کەسێک، تەنها هەواڵی مەرگی
ئەو کەسە نییە، بەڵکوو لەگەڵیدا ڕستەیەکی نەگوتراو هەیە کە دەڵێت، ئەو مردوە، بەڵام
من و تۆ ئەوانی تر زیندووین، کە دەڵێن ئەو مردوە، ناڕاستەوخۆ دەڵێن ئێمە نەمردوون و
زیندووین، بۆیە تامەزۆییی مرۆڤی کورد بۆ ڕاگەیاندنی ئەم جۆرە هەواڵانە، ئەگەر چی جەرگیشی
ئازار بدەن و بە غەمگینییەوە ڕای بگەیەنێت، لەوێوە دێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان جەخت
لە زیندوێتیی خۆی بکاتەوە و بڵێت من نەمردووم.

لە سەر ئاستی نەتەوەیش، کورد ساڵانێکە لەو وەهمەدا
دەژی، کە هەڕەشەی لەناوچوونی لە سەرە، دوژمنەکانی دەیانەوێت لە ناوی ببەن و وەک نەتەوە
بیتوێننەوە، بۆیە هەموو هەوڵ و هێزێکی لە سەر ئاستی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بۆ
ئەوەیە، کە بیسەلمێنێت کورد و زیندوە و نامرێت و هەوڵی دوژمنانی بۆ لەناوبردنی بێهوودەیە،
بڕوانە سروودە نیشتمانییەکەی کورد (کەس نەڵێی کورد مردوە، کورد زیندوە…) هەموو هەوڵێکی
کورد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە زیندوە و نەتواوەتەوە، لە ڕاستیدا ئەم دۆخە، کورد دەخاتە
پێش مێژوو، ئەم نەتەوەیە هێشتا لە ناو میژوودا نییە، توانای خۆسەلماندنی نییە، لە هاوکێشە
سیاسییەکانی دونیادا، دەستی نییە و تەنها بە کار دەهێنرێت، لە پانتیاییی شارستانیەت
و زانست و پێشکەوتنیشدا، هیچ پێگە و قورسایییەکی نییە و جێی باس نییە، چونکە ئەو هێشتا
لە قۆناغی سەلماندنی بوونی خۆی وەک نەتەوەیەک دایە، کە نەمردوە و زیندوە، هەوڵی کورد
بۆ سەلماندنی ژیانە، نەک پرۆسەی ژیان خۆی و داهێنان و کێبەرکێ لەو پرۆسەیەدا.

زۆربەی شتەکان پێناسەی خۆیان لە دژەکەیانەوە وەردەگرن:
سارد، گەرم… ڕووناک، تاریک…. غەمگین، دڵخۆش، مردن، ژیان… بۆ ئەوەی بە باشی لە
جەمسەرێکی ئەو شتانە تێ بگەین، لە بەرانبەر جەمسەرەکەی تر ڕای دەگرین و جۆرێک تێگەییشتنی
پێ دروست دەکەین، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی مردنی کەسێک لەوێوە دێت، تا هەواڵگەیێن
بەڵگەی زیندوێتیی خۆی بسلەمێنێت و بڵێ کە من نەمردووم… بەڵام هەواڵی ناڕاستی مردن،
بەڵگەی بەهێزی زیندوێتی نییە و هەواڵنێر و بڵاوکار و پەخشکار نەکاتە کەس یان دەزگا
و ئۆرگانێکی زیندووی چالاکی و بەڕاستیی سیفەتی مردووی تێدا نەبێت، بەڵکوو بەڵگەیە لە
سەر مردنی واتاییی خۆی، مردنێک بە مانای ئەوەی کە هیچ ڕۆڵێکی ئەکتیڤ و دا‌هێنەرانەیان
لە ژیاندا نییە و هەموو ئەو کەس و دەزگا و ئۆرگانانە مردوون، لێرەوە بۆ تۆڵە و حەسوودی
لەوەی کە نەڵێن خۆی مردوە، هەواڵی مردنی ئەوانە بڵاو دەکاتەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان
یان لە بوارێک لە بوارەکاندا چالاکن و ناودارن و دەنگیان هەیە، بێ هۆ نییە هەموو ئەوانەی
هەواڵی ناڕاستی مەرگیان بڵاو دەکرێتەوە، کەسانی خاوەن پێگەیەکی هونەری یان ئەدەبی یان
سیاسی یان ڕۆشنبیری یان کایەکی تری دیارن.

پەیج و سایتێکی مردوو، بۆ ئەوەی ئینکاری لە مردوویی
خۆی بکات، دێت هەواڵی ناڕاستی مەرگی کەسێک بڵاو دەکاتەوە، هونەرمەندێک یان نووسەر و
سیاسییەک بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە نەهێنێت، کە خۆی وەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و سیاسی…هتد،
نەک مردوە، بگرە هەرگیز زیندوویش نەبوە، خێرا بە پرسەنامەی پڕ ڕیا و غەمگینیی ساختە
هەواڵی مردنی یەکێک بڵاو دەکاتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە… هەموو ئەوانەی مەستی ڕاگەیاندنی
هەواڵی مەرگی ئەوی ترن، هەرگیز نایانەوێت، یان خۆیان گێل دەکەن لەوەی، کە دەمێکە کاس
بوو بە بۆنی کەلاکی خۆیان و لە مردوویەک زیاتر هیچی تر نیین.




خوێندنەوەیەکی ڕەخنەی بۆ ڕۆمانی ٣٦٠ شانشین … هۆشیارجەمال

ڕۆمانی ٣٦٠ شا نشین یەکێکە لە و ڕۆمانانەی لەلایەن ناوەندی ساراوە چاپ کراوە.و ژمارەی لاپەرەکانی ٣٢٨ لاپەرەیە و لەنوسینی “ڕێبوار وەلی کاوانی”ە و یەکەم کاری نوسەرە لە چوارچیوەی ئەدەبدا. من لێرەدا هەوڵم داوە لەڕووی تەکنیکی گێڕانەوە هەندێک گرفت و کێشەی ڕۆمانەکە دەربخەم.

جۆری ڕۆمان:

ئاشکرایە ڕۆمان چەندین جۆری هەیە، وەک ڕۆمانی مێژووی، پەروەردەیی، ڕیالیزمی، هەڵسوکەت و نەریتی کۆمەڵایەتی ، دەروونی، ڕوداو، ئەزموونی، پۆلیسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆمانی دژە ڕۆمان و چەندین جۆری تر.
ئەم ڕۆمانەی ڕێبوار وەلی کاوانی دەکرێت لە ڕیزی ڕۆمانی دژە ڕۆمان هەژمار بکرێت، کەدژە ڕۆمان، جۆرە بەرهەمێکی ئەزموونیە کە لە یاسا و نەریت و شێوازەکانی ڕۆمان نوسەکانی ڕابردوی ژێر پێ دەخات. ڕۆمان نووس هەوڵنادات بە شێوەیەکی ڕیالستی هەموو شتێک بەواقعی نیشان بدات، یاخود شێوەی سروشت گەرایی وەربگرێت.
چەندین نوسەر هەیە لە م جۆرە ڕۆمانەیان نوسیوە بە نموونەی: بەرهەمەکانی (تۆماس هاری)، سامیۆن بێکت…هتد
بەگشتی تایبەتمەندیەکانی دژە ڕۆمان ئەمانەن:
١/ دژە ڕۆمان داڕشتن و چیرۆکی دیاری کراوی نیە.
٢/سود لەڕووداوی پەرش وبڵاو وەردەگیرێت.
٣/کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە زۆر کەم دەگۆڕێن.
٤/بەشێوەیەکی ڕواڵەتی ودرێژ دادڕی کەرەستە و بابەتەکان شیدەکاتەوە.
٥/زۆر سود لەدوبارە کردنەوە وەردەگرێت.
هەمووئەم خاڵانەی سەرەوە لە ڕۆمانی ٣٦٠ شا نشین دابوونی هەیە.
سەرباری زۆری لاپەرەکانی کتێبەکە کارەکتەرەکان زۆرکەمن و درێژ دادڕیەکی زۆربە قسەی کارەکتەرەکانەوە دیارە کە خوێنەر چێژی لێنابینێت.
هەروەها زۆر سود لە دوبارە بوونەوەی گفتوگۆکان، لەکاتی گۆڕینی کارەکتەرەکاندا بەکارهاتووە.

لەم ڕۆمانەدا داڕشتی چیرۆکێکی دیاری کراو بوونی نیە، بەڵکو کارەکتەری سەرەکی کە ناوی “جەمال”ە، لەڕێگای پارچە کاغەزێکەوە دەچێتە ژیانێکی خەیاڵییەوە کە لە چەند شانشینێک پێكدێت.
لێرەوە ئە و پرسیارە دروست دەبێت ئایا نوسەر ئاگاداری جۆرەکانی ڕۆمانە؟ ئایا نوسەر ڕۆمانی دژە ڕۆمانی نوسیوە؟ یان کەم ئەزموونی نوسەر وبێ ئاگای لە بەرهەمە ئەدەبیەکان وای کردوە بەرهەمەکە بەم شێوەیە بێت و نوسەر ئاگاداری ئەم جۆرە لەنوسین نیە کە لەساڵانی نیوەی یەکەمی سەدی بیست دا “سارتەر” لە ڕۆمانی (دڵڕابوون)کاری لەسەرکردوە.

دەروازە
ئەم ڕۆمانە لە (٧)چاپتەر پێکدێت کە هەر چاپتەرەی ژمارەی تایبەتی خۆی هەیە(١-٧)و لێک جیاکراوەتەوە. لەگەڵ تەواوبوونی هەر چاپتەرێکدا وێنەیەکی خەیاڵی بوونی هەیە وەک هێمایەک بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەوەی سەیرە لێرەد ئەوەیە لەکۆتا چاپتەر هیچ وێنەیەکی خەیاڵی نەکێشراوە و جیاوازە لەوانی تر.
کارەکتەری سەرەکی کە (جەمال)ە، لەدوای چوونە ناوشانشینەکان، بەشێوەیەکی گێل هەڵسوکەوت دەکات، بۆهەر بابەتێک پێوستە ڕونکردنەوەی بۆ بدەن و درەنگیش تێدەگات لە قسەکان و ئەمەش وای کردوە هەندێک جار سەرزەنشت بکرێت، بە بۆچونی من نوسەر لەم هەڵبژاردنی کارەکتەرەدا سودی لە ڕۆمانی( گوێ بگرە پیاوی بچوک) وەرگرتوە،کە لەساڵی ١٩٤٥ نوسراوە لەلایەن ولێم ڕایش کەنوسەرێکی ئەڵمانیە و لەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین جارو لەلایان زیاتر لە وەرگێرێک کراوەتە زمانی کوردی.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ٣٦٠ شا نشین کەسەیری دەکەیت یەکسەر خەیاڵت بۆئەوە دەڕوات ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە لە ٣٦٠ شا نشین ڕووبدات، بەڵام هەموو ڕوداوەکان تەنها لە ناو (٤) شانشیندا ڕوودەدا وکۆتایی بە ڕۆمانەکە دێت و کارکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە ناو ژیانی واقعی و کۆتایی دێت بەڵام نوسەر لەکۆتایدا نوسیویەتی کۆتایی بەرگی یەکەم !

دیالۆک لەناو ڕۆمانەکەدا:
ڕۆمانەکە پرە لە دیالۆگ لەنێوان جەمال و تابان، جەمال و ڕوناک. بەڵام دیالۆگەکان لەئاستێکی نزمدان و قسەکان گشتین، تەنانەت خۆشەویستیەک لە لایەن جەمالەوە بۆ تابان دروست دەبێت، ئەو دەربڕینانە ی نوسراون زۆر ئاستێکی نزمی ئەدەبیانەی هەیە و زیاتر لە دەربڕینی هەستی مێرد مندڵیکی کور بۆ کچ ئەچێت.

شێوازی زمان:

شێوازی زمانی ئەم ڕۆمانە زۆر جیاوازە لەهەر ڕۆمانێکی تر چونکە دابەش بووە بۆ دوو جۆر زمانی نوسین ، یەکەمیان کە باڵی کێشاوە بەسەر زۆربەی نوسینەکەدا زمانێکی ناتەواوە ونا ڕێکخراوە واتە دیالۆگ وقسەکانی کارەکتەرەکان زیاتر قسەی ئاسای ناوخەڵکە و زمانێکی ئەدەبی سەرنج راکێش بوونی نیە. لەبەرامبەردا بە شێکی تر لە دێڕەکانی ناو ڕۆمانەکە تاڕادەیەک زمانیكی ئەدەبیە ودەربڕین وڕستەکانی خوێنەرڕادەکێشن بۆ خوێندنەوە، پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت ئایا ئەم ڕۆمانە بەرهەمی یەک نوسەرە؟ یان زیاد لەنوسەرێک ئەم بەرهەمەی نوسیوە؟

شوێن:
شوێنی ڕوداوەکان لەم کتێبەدا بەدیاری کراوەی وڵاتێک یاخود شارێک یاخود ناوچەیەک نیە کە لەواقع دابوونی هەبێت، ئەوەی هەیە زیاتر لە ئەفسانەیەک دەچێت، کەمترین کەسی تێدا دەژی ئەم ڕۆمانە سەرباری زۆری لاپەرەکانی بەڵام نەیتوانیوە وێنەیەکی جوانی ئەو شوێنە بخوڵقێنێت کە ڕووداوەکان لێی ڕویان داوە، لەڕووی بوونی سروشتی جوان و بونی ڕوبار ناوچەی شارستانی و بازار و چەندین بابەتی تر
نوسەر بۆجاری دووم لە ڕۆمانەکەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕۆمانێکی ترەوە کە ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێلە و لەیەکێک لە شا نشینەکاندا باسی سیستەمی حکومرانی ئەو شا نشینە دەکات کەلەلایەن ئاژەڵەوە و باڵندە وپەلەوەرەوە حکوم ڕانی دەکرێت لای جۆرج ئۆروێل بنەماڵەی بەرازەکان دەسەڵات دارن لای ڕێبوار وەلی کەلەشێرێک سەرۆکە.
بەگشتی پەیامی نوسەر زۆر ناڕوونە لەسەر ئاین وسیاسەت و پەروەردە وکۆمەڵگا بە ڵام زۆر بەشەرمە و دەیەوێت ڕەخنە لەم لایەنانە بگرێت.

——————————————————-

سەرچاوەکان
١/ ٣٦٠ شانشین ، ڕیبوار وەلی کاوانی، چاپی یەکەم ، چاپخانەی سارا.ساڵی ٢٠١٩.
٢/بنیادی گێرانەوە(چەند لیکۆلینەوەیەکی ئەدەبیە لەبارەی چیرۆک و ڕۆمان و ڕۆمانە شعر)، عبدولا ڕەحمان، چاپی یەکەم ٢٠١٤، خانەی موکریان بۆچاپ و بڵاوکردنەوە.
٣/ ڕۆمان چیە؟، نوسینی ئیبزامیر مالکام، وەرگیرانی جەواد مستەفا، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨ خانەی موکریان بۆچاپ و بڵاوکردنەوە.




له‌دایكبوونی دووه‌م وه‌همێك به‌ناوی ڕۆمان … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                                                 

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، نه‌ریتێكی نامۆ له‌ دنیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ و به‌داخه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌ك، كه‌ ئه‌ویش نووسینی به‌ ناو ڕۆمانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ هیچ ئه‌زموونێكی نووسینی ڕۆمان و هیچ شاره‌زایه‌كییان له‌ هونه‌ری نووسینی ڕۆمان نییه‌.بگره‌ واده‌زانن گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك، یانیش ئه‌ندێشه‌سازیی و فه‌نتازیایێكی نێوخه‌یاڵییان، به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌نه‌ سه‌ر كاغه‌زو بوێری ئه‌وه‌شیان هه‌بێت ناوی بنێن ڕۆمان.تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له‌ ساڵێكدا، چه‌ندین به‌ناو ڕۆمان ده‌كه‌ونه‌ به‌ردیده‌ی خوێنه‌ر به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ چێژوجوانییه‌كی پێ ببه‌خشن.
ئه‌گه‌ر به‌ مێژووی نووسین و قۆناغه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی دابچینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه‌دا، ته‌نها چه‌ند ڕۆماننووسێك ده‌ركه‌وتوون و ڕۆمانیان نووسیوه‌، چونكه‌ هه‌موو كه‌س بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ ورێنه‌یه‌ك چاپ بكات و ناوی بنێت ڕۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاو له‌لایه‌ن ئه‌و نه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌یبینین. كه‌ ڕه‌نگه‌ تیایاندا بێت، له‌ هه‌موو ژیانیدا بیست ڕۆمانی نه‌خوێنبێته‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی بره‌ودانی بۆ ئه‌و جۆره‌ به‌ناو ڕۆمانانه‌ ڕه‌خساندووه‌ و ڕه‌واجی پێداون، به‌ داخه‌وه‌ ستاییشنامه‌ و پیاهه‌ڵدانی نابابه‌تییانه‌ی به‌شێك له‌وانه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ئه‌كادیمی ده‌نووسن و ستاییشی ئه‌و به‌ناو ڕۆمانانه‌ ده‌كه‌ن له‌ په‌راوێزی هاوڕێیه‌تی و شارچییه‌تی و ئایدۆلۆژییه‌وه‌، كه‌چی ده‌یان ده‌قی جوانی دیكه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. له‌ كاتێكدا به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك، ئه‌و جۆره‌ به‌ناو ڕۆمانانه‌ نه‌ك نابێت ستاییش بكرێن، به‌ڵكو ده‌بێ زۆر به‌ قووڵی ڕه‌خنه‌ بكرێن، هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك له‌ به‌رده‌م كه‌سانی تر دابنرێت كه‌ ئه‌وانیش نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین و پڕچێژترین ژانڕی ئه‌ده‌بی.
بێگومان ئه‌گه‌ر نووسین به‌ گشتی وه‌ك په‌یامێك به‌ده‌ر له‌ هونه‌ری نووسین و چێژ ببینین، ئه‌وا ئه‌و په‌یامه‌ له‌ ڕۆماندا تا سنوورێكی گه‌وره‌ ده‌ڕوات. چونكه‌ ده‌شێ ڕۆمان ئه‌و ڕووبه‌ره‌ كراوه‌یه‌ بێت كه‌ خوێنه‌ر لێیه‌وه‌ ئاشنای نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ هه‌موو سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ بێت. خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمانه‌كانی خالید حوسێنی ده‌خوێنێته‌وه‌ ئه‌فغانییه‌كان ده‌ناسێت، كه‌ قه‌دی بامبۆ ده‌خوێنێته‌وه‌، ئازاری كاره‌كه‌ره‌ فلیپینییه‌كانی به‌ده‌ستی عه‌ره‌به‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كه‌نداو دێته‌ به‌رچاو، كه‌ حه‌سارو سه‌گه‌كانی باوكم ده‌خوێنێته‌وه‌، سته‌می په‌تریاكی كۆمه‌لگای كوردی دێته‌ به‌رچاو.چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌وانه‌ له‌ ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆماننووسین گه‌یشتوون. كه‌چی كاتێ سه‌رنج له‌ به‌ناو به‌شێكی زۆری ڕۆمانی ئێستا ده‌ده‌ین، به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ی ئێستا، ده‌بینین نه‌ك هه‌ر ئه‌و نووسینانه‌ ناچنه‌ خانه‌ی ڕۆمانه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌همسازییه‌كه‌ كه‌له‌ زۆركاتدا نووسه‌ره‌كه‌شی له‌ به‌ردرێژدادڕی و ناشاره‌زایی له‌ هونه‌ری نووسینی ڕۆمان، خۆشی نازانێت چی ده‌ڵێت.
زۆر له‌و بنووسانه‌ ڕۆمان به‌ ڕووداو تێگه‌یشتوون، یاخود به‌ ناونانی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی كاره‌كته‌ره‌كان وه‌ك پایان و گولناڤ (كه‌لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌ق و كۆپیكراوی ناوی كاره‌كته‌ره‌كانی ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی)یه‌، واده‌زانن ڕۆمانیان نووسیوه‌. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ وه‌ك ڕۆمان ده‌بینرێن كه‌ چاپ ده‌كرێن، ئیدی ده‌چنه‌ په‌راوێزی مێژوو و فه‌رامۆش ده‌كرێن، له‌ كاتێكدا تا چه‌ندین ڕۆمان هه‌ن، وێرای زه‌مه‌نێكی درێژ له‌ نووسینیان،كه‌چی هێشتا به‌ زیندوویی له‌ هزری خوێنه‌ری كورد ماونه‌ته‌وه‌.چونكه‌ ڕۆمانی نه‌مر، پێویستی به‌ناساندن نییه‌، به‌ڵكو خۆی خۆی به‌سه‌رخوێنه‌ر ده‌سه‌پێنێت. (له‌دایكبوونی دووه‌م) ناوی كتێبێكه‌ كه‌ ناوی ڕۆمانی به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌.
كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ خوێنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ناو ڕۆمانه‌ بوومه‌وه‌، دیمه‌ن و ڕووداوه‌كانیم، وه‌ك فلمێكی كۆمێدی كه‌ لۆكێشنه‌كانی هیچ په‌یوه‌ندی مۆنتاژی و سینه‌مایان به‌یه‌كه‌ و نییه‌ هاته‌ به‌رچاوه‌.چونكه‌ بنووسی ئه‌و به‌ناو ڕۆمانه‌ش، له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا باسی هه‌موو شتێك ده‌كات و هه‌ر شتێك به‌ خه‌یاڵی داهاتبێت، وه‌ك قووتووی عه‌تار ئاخنیویه‌ته‌ ڕۆمانه‌كه‌ی.
ئه‌م كتێبه‌، به‌رهه‌می وه‌همسازیی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی كه‌ دواجار كه‌ خوێنه‌ر له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌بێته‌وه‌، نازانێت ئه‌وه‌ی خوێندییه‌وه‌ ڕۆمان بوو، یان ورێنه‌ی نووسه‌رێك. چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕووداوی نابابه‌تی، وه‌همی و نائۆرگانیكی كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ نییه‌ له‌ به‌ناو ڕۆمانه‌كه‌یدا هه‌ن.بۆنموونه‌:(ده‌مێك باسی ڤیستیڤاڵی شیعرو چیڕۆك ده‌كات، ده‌مێك باسی فیرعه‌ون و نوح و موسا ده‌كات، ده‌مێك باسی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و مارفی نۆدێی ده‌كات، ده‌مێك باسی ته‌لاقدانی ژن و بێ لانه‌ كه‌وتنی منداڵ ده‌كات، ده‌مێك باسی دروستكردنی ئاده‌م و خوا ده‌كات، ده‌مێك نووسه‌ران به‌ خوێری و سه‌رسه‌ری ده‌ناسێنێت، ده‌مێك باسی كه‌مپی په‌نابه‌ران و ژیانی ئینگلیزه‌كان ده‌كات، ده‌مێك باسی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دیوان ده‌كات) تا سه‌ره‌نجام هیچ ناڵێت، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ی نووسیویه‌تی وه‌همه‌ نه‌ك ڕۆمان.
من زۆرجار ئه‌و نووسه‌رانه‌م به‌ مه‌له‌وانێكی نه‌زان له‌ ده‌ریایێكی قووڵ دێنه‌ به‌رچاو كه‌ بێگومان چاره‌نووسیان خنكانه‌. نووسه‌ری ئه‌و جۆره‌ ڕۆمانانه‌ش، خۆیان له‌ قه‌ره‌ی ڕۆمان ده‌ده‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن ڕۆمان چییه‌ و هونه‌ره‌كانی نووسینی ڕۆمان چین. لێره‌دا ئێمه‌ وه‌كو خوێنه‌رێك له‌ سه‌ركۆی ڕۆمانه‌كه‌ ناوه‌ستین، ته‌نها ئاماژه‌ به‌و هه‌ڵه‌ بابه‌تی و زمانه‌وانییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نووسه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا تێی كه‌وتووه‌ كه‌ پێده‌چێت هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی بۆ نه‌كردبێت.چونكه‌ له‌ زۆر شوێنی ڕۆمانه‌كه‌یدا، شتێكی نووسیوه‌، كه‌چی هه‌ر له‌هه‌مان په‌ڕه‌گراف ڕه‌تی كردۆته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات. له‌خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌و هه‌ڵانه‌ ده‌كه‌ین:

*لاپه‌ڕه‌ 9 نووسیویه‌تی:(سێ چوكلێتی زۆر ساده‌ی هێنایه‌ ده‌ركه‌ هیچ خاسیه‌تێكی تایبه‌تییان نه‌بوو، دانه‌ جیاوازه‌كه‌ی دایه‌ پاوان). پرسیاری من وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌یه‌،ئه‌گه‌ردانه‌یه‌كییان جیاواز بووبێت، مانای وانیه‌ خاسیه‌تێكی تایبه‌تی هه‌بووه‌؟.
*لاپه‌ڕه‌ 24 نووسیویه‌تی:
(خه‌نجه‌ری زۆر تیژ). زۆرتیژ چ مانای هه‌یه‌ جگه‌ له‌ درێژكردنه‌وه‌ی ڕسته‌ و ڵاپه‌ڕه‌ نه‌بێت؟ مه‌گه‌ر خه‌نجه‌رو شمشێرخۆیان هێمانین بۆ تیژی؟.
*لاپه‌ڕه‌ 36 نووسیویه‌تی:(زگی قه‌ڵه‌م). تا ئێستا، هه‌زاران ڵاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانم خوێندوونه‌ته‌وه‌، هیچ ده‌ربڕینێكم نه‌دیوه‌ هێنده‌ ناهونه‌ری و نائستاتیكی. ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ چۆن كه‌سانێك به‌ زمانێكی هه‌ژار له‌ ڕووی ده‌ربڕینه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ڕۆمان بنووسن!.
*لاپه‌ڕه‌ 37نووسیویه‌تی:
( ته‌واو و كامل). هه‌ردووكییان یه‌ك مانایان هه‌یه‌.
*لاپه‌ڕه‌ 40 نووسیویه‌تی:(وه‌نه‌وزێك له‌ نێوان خه‌و و بێ ئاگایی دایگرتم). دیاره‌ لای ئه‌و ، وه‌نه‌وز مانای له‌ نێوان خه‌و و بێ ئاگایی نییه‌ !.
*لاپه‌ڕه‌ 46نووسیویه‌تی:
(ڕێگاكه‌ به‌ پێیان هه‌شت ده‌قه‌ بوو، نه‌ده‌كرا به‌درێژایی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ هیچ نه‌ڵێم). سه‌رنج له‌ درێژی ڕێگاكه‌ و ماوه‌ی خوله‌كی ڕێگاكه‌ بده‌ن!!.
لاپه‌ڕه‌ 74 نووسیویه‌تی:(تكاو رجا).بێگومان هه‌ردووكییان یه‌كن.
لاپه‌ڕه‌ 77 نووسیویه‌تی:
( ئه‌و ژنه‌ كه‌ره‌ی من چی نه‌كرد) ئه‌گه‌ر ڕۆمانێك ژن به‌ كه‌ر بچوێنێت، كه‌ كه‌ر هێمای بێ ئه‌قڵی و گه‌مژه‌ییه‌، ئاخۆ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ خوێنه‌ران بیخوێننه‌وه‌ و كاتی خۆیانی بۆ ته‌رخان بكه‌ن؟.
*لاپه‌ره‌ 78 نووسیویه‌تی:(ئه‌و ژنه‌ مالۆسه‌ی من). دیاره‌ بنووسی ڕۆمانه‌كه‌ دڵی به‌وه‌نده‌ ئاوی نه‌خواردۆته‌وه‌ كه‌ ژن به‌ كه‌ر بچوێنێت، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌یان به‌ به‌رازی ده‌چوێنێت!!.
*لاپه‌ڕه‌ 79نووسیویه‌تی:
( نووسه‌ره‌كان لای من خوێڕی و سه‌رسه‌ری موحته‌ڕه‌من، بوده‌ڵه‌ و قونلێكه‌وتوون، وه‌ك ئه‌فلام كارتۆنن). كۆمێدیاكه‌ له‌وه‌ دایه‌ خۆشی نووسه‌ره‌!!!..
ڵاپه‌ڕ 82:( ئه‌مجاره‌یان نووسه‌ر ڕێزێكی تر بۆ نووسه‌ران له‌ نێو ڕۆمانه‌كه‌ی دائه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ده‌یانكات به‌ كه‌ر!!).
*لاپه‌ڕه‌ 82نووسیویه‌تی:
(كتێب ئه‌و ژه‌هره‌ پیسه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ ده‌عباو قاڵۆنچه‌).ئه‌و به‌ڕێزه‌، به‌ ئاشكرا ده‌یه‌وێت خه‌ڵك فێری نه‌خوێنده‌واری و جه‌هل بكات، له‌ ڕێی نابووتكردن وپیس نیشاندانی كتێب. كه‌چی گوایه‌ ڕۆمانیش ده‌نووسێت!!.
لاپه‌ڕه‌ 85 نووسیویه‌تی:(كتێبی پڕ له‌ گوو). له‌ ڕاستیدا، كاره‌ساته‌ ئه‌و گاڵته‌جارییانه‌ ناوبنرێن ڕۆمان، له‌وه‌ كاره‌ساتریش ئه‌وه‌یه‌ ده‌زگا هه‌بێت بۆیان چاپ بكات!!..
*لاپه‌ڕه‌ 94 نووسیویه‌تی:
(خوێڕیه‌تیش قانونی خۆی هه‌یه‌، ده‌بێ بزانێت به‌رامبه‌ر به‌كێ خوێڕی ده‌بیت). ڕۆمان جیهانێكی بچوككراوه‌یه‌، سه‌یرم پێ دێت لای كه‌سانێك ڕۆماننووسین هێنده‌ ساده‌ و بێ به‌هاو بێ مانا بێت، كه‌ شوێنی ئه‌و جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌ی تێدا ببێته‌وه‌!!..
*لاپه‌ڕه‌ 116 نووسیویه‌تی:( وه‌قف و وه‌ستان) هه‌ردووكییان هه‌ریه‌كن.
*لاپه‌ڕه‌ 126 نووسیویه‌تی:
(ئه‌وشێتانه‌ی عه‌قڵێكییان نه‌بووخۆیان داپۆشن). جا ئه‌گه‌ر ئه‌قڵیان هه‌بوایه‌ بۆ شێت ده‌بوون!.
*لاپه‌ڕه‌ 245نووسیویه‌تی:(مرۆڤ ئاوس بێت به‌نهێنی) سه‌رنج له‌و ده‌ربڕینه‌ ناهونه‌رییه‌ بده‌ن.
*لاپه‌ڕه‌ 246نووسیویه‌تی:
(خودا حیسابی بانكی بۆ عه‌بده‌كانی ده‌كاته‌وه‌). له‌ڕاستیدا، ئه‌و جۆره‌ گوزارشتكردنانه‌، نیشانه‌ی هه‌ژاری نووسه‌رن له‌ نووسینی ڕۆمان!.
*لاپه‌ڕه‌ 254نووسیویه‌تی:(ئه‌و ڕێگه‌یه‌ مه‌له‌وانی تایبه‌تی گه‌ره‌كه‌). سه‌رنج له‌ ڕێگه‌ و مه‌له‌وانی بده‌ن!.
*لاپه‌ڕه‌ 286نووسیویه‌تی:
( یه‌ك مانگی ته‌واو قه‌له‌ق و ڕاڕابوو).مه‌گه‌ر قه‌له‌ق و ڕاڕا هه‌ردووكییان هه‌ریه‌ك نین؟.
*لاپه‌ڕه‌ 315نووسیویه‌تی:( هه‌روه‌ك ئه‌و دایكه‌ی كه‌ مناڵی نابێت). جا كه‌ مناڵی نه‌بووه‌ چۆن دایك بووه‌؟!.
هه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌دا ده‌یان هه‌ڵه‌ی ڕێنووس و ده‌ربڕین هه‌ن، كه‌ به‌هه‌ڵه‌ نووسراون و مانای وشه‌كانییان تێكداوه‌ وه‌ك:
*لاپه‌ڕه‌ 56 نووسیویه‌تی:
(بانگێكی له‌و كوڕه‌ كرد) سه‌یری ئه‌و داڕشتنه‌ زمانه‌وانییه‌ بكه‌ن.
*لاپه‌ڕه‌ 57 نووسیویه‌تی:( ئه‌و غوربه‌ته‌ به‌ ئاشكرا به‌ناوچاوانییه‌وه‌ نووسرابوو).
*لاپه‌ڕه‌ 58 نووسیویه‌تی:( كه‌ گه‌یشتینه‌ هۆڵی ناو فیستیڤاڵه‌كه‌). له‌ كتێبه‌كه‌ مه‌به‌ست ئه‌و هۆڵه‌یه‌ كه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ی لێ ده‌كرێت، كه‌چی به‌هۆی داڕشتنی هه‌ڵه‌وه‌ چۆن مانای ڕسته‌كه‌ گۆڕاوه‌.
*لاپه‌ڕه‌ 71 نووسیویه‌تی:
(مه‌كه‌) بێگومان هه‌ڵه‌یه‌ ده‌بێ بنووسرێت(مه‌ككه‌)چونكه‌ مه‌به‌ست شاری(مه‌ككه‌)یه‌.
لاپه‌ڕه‌ 83نووسیویه‌تی:( ئه‌و باوشه‌ گه‌رمه‌). كه‌ مه‌به‌ست باوه‌شه‌.
*لاپه‌ڕه‌ 86نووسیویه‌تی:
(مللی ڕێی گرته‌ به‌ر). كه‌ ده‌بوو بنوسێت(ملی ڕێی گرته‌ به‌ر).واته‌ به‌یه‌ك پیتی(ل)نه‌ك دوو.
لاپه‌ڕه‌ 138 نووسیویه‌تی:( خۆێن). كه‌مه‌به‌ست خوێنه‌!.
لاپه‌ڕه‌ 140 نووسیویه‌تی:
(گرنگرترین).
ئه‌مانه‌ و زۆر هه‌ڵه‌ی دیكه‌ش. بێگومان هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بی وه‌كو ڕۆمان،پێویستی به‌ ئاگایی و ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵ نییه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ زمانێكی هه‌ژار له‌ ڕووی ده‌ربڕینه‌وه‌ و به‌ پاشخانێكی ڕۆشنبیری لاوازه‌وه‌ ڕۆمان بنووسن،له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتوو نابن. ئه‌وانه‌ وه‌همێك و ورێنه‌یه‌كی نێوخه‌یاڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كاغه‌زو ناوی ده‌نێن ڕۆمان، به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌ش دڵنیان كه‌ زۆر كه‌من ئه‌وخوێنه‌رانه‌ی وه‌هم و ڕۆمان له‌ یه‌كتری جیابكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌زانن كاره‌كه‌یان به‌ بێده‌نگی تێده‌په‌ڕێت. له‌دایكبوونی دووه‌م، هیچ بنه‌مایه‌كی ڕۆمانی تێدا نییه‌ له‌ ڕوانگه‌ی من وه‌ك خوێنه‌رێك. هه‌ر ڕۆمانێك خوێنه‌ر به‌دوای خۆی كه‌ مه‌ندكێش نه‌كات، بڕوام وایه‌ نووسینێكی ساده‌ و ئاساییه‌ به‌ناوی ڕۆمان كه‌ هه‌موو كه‌س ده‌توانێت بینووسێت. هیوادارم ڕۆمانیش به‌ ده‌ردی شیعر نه‌چێت، كه‌ دوایین ژانڕه‌ له‌ ئێستادا ده‌زگاكانی چاپ و بڵاو كردنه‌وه‌ بیر له‌چاپكردنی بكه‌نه‌وه‌!!!…

*په‌راوێز/ له‌ دایكبوونی دووه‌م/ نووسینی( پێشڕه‌و عه‌بدوڵا)/ ساڵی چاپ_ 2019.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی وشه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … 8… مۆری بۆکچین

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی هەشتەم:

کرێکار دەبێتە شۆڕشگێڕ نەك بە زیاتریبوونی بە کرێکار، بەڵکو بە لەکارکەوتنی ، بەداماڵینی خۆی لە ” کرێکارێتی ” کە کاری کرێگرتەیی ناهێلێت. ئەمە هەر بە تەنها کرێکار ناگرێتەوە، بەڵکو کێڵگەوان، قوتابییان، ئەوانەی کاری نوسینگەی ئیداریی دەکەن، سەرباز، بیرۆکرات، پسپۆڕ و شارەزایان، هەروەها مارکسیستەکانیش دەگرێتەەوە. کرێکار کەمتر ” بورجوازیی” نییە لە هەر یەک لەوانەی کە ناویان هات . ” کاریکرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی” نەخۆشییەکی کوشندەیە کە بە دەستییەوە دەناڵێنێت، موسیبەتێکی کۆمەڵایەتیی چەسپاوە بۆ خۆگەیاندنە تاك. لینین لە کتێبی دەبێت چی بکرێت؟ ئەمە تێگەیشتووە بەڵام ئەو دزەی بەمە کرد بۆ ناو قوچکەییە کۆنەکە لەژێر ئاڵایەکی سوور و هەروەها هەندێك قسەکردن و نوسین و دەربڕینی تەکنیکیدا. کرێکار هەنگاوی شۆڕشگێڕبوونی دەنێت کاتێك کە کارە ” کرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی ” لەناودەبات.

کاتێك کە کرێکار لێرەوە و لە ئێستادا بێز لە پلەی چینایەتییەکەی دەکاتەوە، کاتێك کە بە تەواوی لەو تایبەتمەندییانەی کە مارکسیستەکان نرخ و بەهایان لەسەر داناون کە ئەخلاقی کارکردنە، کە کاراکتەری کەسایەتییەتی کرێکارە کە لە زەبتوڕەبتی پیشەسازیانەوە ئەنجامیگرتووە، ڕێزگرتنی قوچکەییە، گوێڕایەڵیی سەرکردەکانە، سیفەتی بەکاربردنی شمەكە، پاکیی و خاوێنیی و دەسستپاکییە، …کاتێك کە لەمانە خۆی دادەماڵێت، ئیدی ئا لەم بارەدا کرێکار تا ئەو پلەیە شۆڕشگێڕدەبێت کە خۆی لە پێگەی چینایەتی خۆی دادەماڵێ و پلەی هۆشمەندی ناچینایەتی بەدەستدەهێنێت تاڕادەی خۆحەلکردنیی و ڕەتکردنەوەی خۆی وەکو کرێکار بەشێوەیەکی جوان و نایاب، بە پساندنی سەراپای ئەو زنجیرەی کە خەسڵەتە چینایەتییەکەیەتی، ئەو خەسڵەتانەی کە بە هەموو سیستەمەکانی پاوانخوازییەوە گرێیداوەتەوە، هەرەها دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە چینایەتییانە دەبێت کە کردویەتی بە کۆیلە بۆ بەکاربردنی [ ئیستهلاك] ی شمەك و دانیشتن و سووچگرتن لە ڕاگرتنی حساباتی تێچوی شمەك لە ژیاندا [11] ئەوەی کە لە کارگەکانی ئەمڕۆدا هەیە و دەبینرێت دەرکەوتنی کرێکارە گەنجەکانە کە حەشیش دەکێشن ، دەربڕینی بێزارییە لە کارەکانیان، هاتنە سەر کار و ڕۆیشتنەوەیەتی، درێژبوون و درێژکردنەوەی قژیانە، داخوازی زیاتری کاتی خۆشبەسەربردنە لەبری پارەی زیادە، دزیی، هەراسانکردنی کەسانی ناوداری دەسەڵاتدار، مانگرتنی کوتوپڕیی، [ لێردا مەبەستی بوکچین لە مانگرتنی هەڕەمەکییانەیە واتە بێ خۆڕێکخستنی خۆیان – وەرگێڕ] و هەڵگەرانەوە و بەگژاچونەوە بەڕوی هاوەڵە کرێکارەکانیانا.

لەوێدا تەنانەت بەڵێنی زیاتر هەیە لە پەروەردەکردنی ئەم جۆرە گەنجانە لە خوێندگای بازرگانی و قوتابخانە باڵاکانا، کە جێگا بە گەنجان دەدرێت تاکو پاشەکەوتی [ئیحتیاتی] کرێکارانی پیشەسازیی بۆ ئایندەش بخرێت. پەروەردەکردنیان بەم شێوەیە تا ئەو ڕادەیەی کرێکاران، قوتابییە میهەنییەکان و قوتابیانی خوێندنی باڵا ستایەڵی ژیانیان پەیوەستبکەنەوە بە چەند جۆرێك لە ڕواڵەتەکانی بێ سەروبەرەی کوڵتوری گەنجانەوە. ئایا پرۆلیتاریا لە هێزێکی پارێزەری گوێڕایەڵی دامەزراوە بۆ هێزێ شۆڕش دەگۆڕێت؟ .
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، جۆرە هەڵوێستێکی ئاوا لە تازە بارودۆخێکدا دەردەکەوێت کاتێك کە مرۆڤ ڕووبەوڕووی گۆڕانکاری لە کۆمەڵی چینایەتی سەرکوتکەرەوە کە لەسەر بناخەی کەمیی مەتریاڵەکان، کەرەسەکان، بۆ کۆمەڵێکی ئەزموونگەریی ناچینایەتی کە لەسەر بناخەی زۆریی/ زۆرێتی ماتریاڵەکان، دەگوێزرێتەوە. ئەو کاتە لە هەڵوەشاندنەوەی ستراکتوری چینایەتییە ترادیسوێنەکەوە جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ دەخولقێت بە ژمارەیەکی زیاتریش : کە شۆڕشگێڕن. ئەم شۆڕشگێڕییە تەنها دەست بە بەرانبەركێی [ چالەنج] ژینگەی ئابوریی و سیاسیی کۆمەڵی قوچکەیی ناکات ، بەڵکو خودی قوچکەیی خۆیشی. ئەمەش بە تەنها پرسی پێویستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرزناکاتەوە، بەڵکو هەوڵدەدا لەتەك نەریتی شۆڕشگێرانەشدا بژی تاکو ئەو ئاستەی کە ئەمە لە کۆمەڵی مەوجووددا ئەگەری کردنی دەبێت.[12] . شۆڕشگێڕ تەنها هێڕشناکاتە سەر فۆرمێك/شێوازێك کە لە ڕێگای میراتی[ بۆماوەیی] پاوانخوازییەوە دروستبووە، بەڵکو فۆرمە نوێیەکانی ئازادیی-ش گەشە پێدەدات کە بزوتنی خونچەکانی لە ئایندە وەردەگرێت .

درێژەی هەیە.
……………………………..

11– ئا لەم بارەدا، هەنگاونانی کرێکارانە لە نزیکبوونەوە لە گواستنەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی جۆرەکانی مرۆڤگەلێك کە مێژوویان بە زۆرترین تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانەوە، خستەبەردەست. بەگشتی ” پڕۆلیتاریا” لە قۆناخەکانی گواستنەوەدا شۆڕشگێڕترین بوون، کاتێك کە کەمتر بەدەنیان لە لایەن سیستەمی پیشەسازییەوە ” پرۆلیتاریایی کراوە ” .
بە وردی سەرنجدان لە شۆڕشی کلاسیکیانەی چینایەتی کرێکاران، لە پیترۆگراد و بەرشەلۆنە، لەوێ دەبینرێت کە کرێکاران ڕاسستەوخۆ خۆیان لە پاشخانی جوتیاریانە ڕووتکردۆتەوە. کرێکاران لە پاریس دا، هێشتا لە پیشەگەریی، یاخودا لە پاشخانی پیشەگەرییەوە بەرجەستە بووبوون. ئەم کرێکارانە ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتری ڕاهاتن لەتەك هەیمەنەی پیشەسازیدا بووبوونەوە بۆیە سەرجاوەیەکی بەردەوام بوون لە هێزێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگیڕی ناسەقامگیر.
بە پێچەوانەی ئەوەوە جێگای سەرسوڕمانە کە چینی کرێکاران کە بە میراتی پیشەی کرێکارییان بۆ ماوەتەوە مەیلیان ناشۆڕشگێڕییە. تەنانە لە نموونەی کرێکارانی ئەڵمانیادا کە مایەی دڵخۆشی مارکس و ئەنگلس، بوون، وەکو مۆدێلێکی کرێکارانی ئەوروپی، زۆرینەیان پاڵپشتی ڕاپەڕینی Spartacists ی 1919 یان، نەکرد [ ڕاپەڕینی Spartacists یاخود جێنیوەری، لە ئەڵمنایا لە نێوانی ڕۆژانی 05/01 و 12/01/1919 ڕویدا و کرێکاران بانگەشەی مانگرتنی گشتییان کرد ، لەو بارەدا لە هەندێك شوێندا بووە شەڕی چەکداریش – وەرگێڕ] . ئەوان بەشێکی زۆری سۆشیالدیمۆکراتە فەرمییەکانیان، گەڕانەوە بۆ کۆنگریسی ئەنجوومەنەکانی کرێکاران، هەروەها لە ساڵانی دواتریشدا بۆ ڕایستاخ ، بە بەردەوامیش پشتگیریی پارتی سۆشیالدیمۆکراتیان، تا ساڵی 1933 دەکرد. 12– ئەم ستایەڵە شۆڕشگێڕییە ڕەنگە لە کارگەکان و لە شەقامەکان بەرەو پێشەوە بچێت هەر ئاواش لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت بۆ شەوێك تیایدا هەڵبکەیت، لە قەراغی شار و شارۆچکەکان و گوێ ئاوەکان… ئەمانە لە جەوهەریدا تەحەدایە ” پاگەندەیەکە بۆ کردنی کارێك” ی شەخسی کە دژە بە هەموو عورف و نەریت و دەزگەکان هەروەها بیروباوەڕی هەیمەنەکردن. لەتەك نزیکبوونەوەی کۆمەڵ لە دەروازەی سەردەمی شۆڕشگێڕانە ، ئیدی کارگەکان ، قوتابخانەکان هەروەها گەڕەکەکان دەبنە مەیدانی حەقیقی ” شانۆگەریی” ” شانۆیەکی ” شۆڕشگێڕانە کە کرۆکێکی زۆر جددی بۆ ئامانجێك تیادایە.
مانگرتنەکان لەو بارودۆخەدا دەبنە دەردێکی کوشندە داخوازی بە خاتری بەرژەوەدنی خودی خۆی دەکا لە شکاندنی سیما و ڕوکاری دەرەوە لە ڕەوتینیات، کاژێر بە کاژێر تەحەدای کۆمەڵ دەکات بۆ تێشکانی مەزاجی حاڵەتی سروشتی بورجوازی . ئەم مەزاجە نوێیەی کرێکاران، قوتابیان و خەڵکانی گەڕەك بۆ چرکەی حەقیقی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە کارێکی پێشمەرجی زیندوانەیە.
دەربڕێنێکی زۆری هۆشیارییە، داخوازی ” خۆبەڕێوەبەری” یە، لێرەدا کرێکاران ڕەتیدەکەنەوە کە بەڕێوەببرێن، ڕەتیدەکەنەوە کە سەر بە چینێکن. ئەم پرۆسەیە زۆر بە ئاشکرا لە ئیسپانیا لە شۆڕشی ساڵی 1936 دەرکەوت کاتێك کە کرێکاران لە زۆربەی هەموو شار و شارۆچکەیەك بانگەشەی مانگرتنیان کرد ” بۆ دۆزەخ..” لە دەربڕینی سەربەخۆییانا، لە ژیریی بە ئاگابوونەوەیانا، بۆ شکاندنی نەریتی نیزامی کۆمەڵایەتی و مەرجەکانی ژیانی بورجوازیی. هەر ئاواش هەمان شت سیما و خەسڵەتێکی جەوهەریانە بوو لە مانگرتنی گشتی 1968 لە فەرەنسا.