سلێمانیی و پاپارازییەکانی کوردایەتیی، بەشی سێیەم و کۆتایی لە ( سلێمانیی، پایتەختی جەهلی کوردایەتیی)

کامیار سابیر

لەناو پاپارازییەکانی ( پاپاراتسی= رۆژمانەنووس و وێنەگری رۆژنامەنووس) کوردستاندا بە گشتیی و سلێمانیی بە تایبەتیی، موناجاتێکی زۆر بەریین هەیە بۆ کوردایەتیی دەکڕوزێنەوە، بۆ خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورد خۆیان دەڕننەوە، دەنوزێنەوە کە ئەم حیزبانەی کوردستان، حیزبایەتیی و دزیی دەکەن، کوردایەتیی ناکەن! شیین و موناجاتی ئەوە دەکەن کە ئەم حیزبانەی رێبازی! ئەم جۆرە کوردایەتییە، ناسیۆنالیست نیین و دەبێ حیزبی نەتەوەیی! رەسەن هەبن ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن و کوردایەتیی راستەقییییییییییییییییییییینە بکەن. هەروەها هەندێ ئەکادیمیستی مۆب و بازاڕیی هەن، پێیانوایە ئەوەی تا ئێستا بووە لە مێژووی سیاسیی کورددا، شتێک نییە ناوی ناسیۆنالیزم بێت، بەڵکو ناسیۆنالیزم زۆر بە پاکیی و جوانیی وێنە دەکەن و پێیانوایە، پاسۆک، پارتیی، یەکێتیی، دێمۆکراتەکانی کوردستانی ئێران و تاد، ناسیۆنالیزمیان نەکردووە بە مەنهەجی سیاسیی خۆیان، بەڵکو ناسیۆنالیزم و کوردایەتییان، ناشیریین کردووە؟
ئەم جۆرە نووسەر، سیاسیی و چالاکوانە پاپارازییانە پێیانوایە، بزوتنەوەی سیاسیی کورد، ناسیۆنالیزمی راستەقیینە و رەسەنی نییە، پێیانوایە پارتیی و یەکێتیی، گۆڕان و نەوەی نوێ، سۆشیالیست و وردەواڵەکانی تر، کۆمەڵ و یەکگرتوو، حشع و چەپەکان، کوردایەتیی جەوهەریی ناکەن، بەڵکو کوردایەتییەکەیان درۆزنانەیە، یان خەریکی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم و کۆمیونیزم دەبن و کوردایەتیی خالیص بەهەند وەرناگرن. هەندێ لەو نووسەرانەی کە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا بەیەکدا هاتن و یەکترییان بە ژۆرناڵیستی سیاسیی و پاپارازیی سیاسەتمەدارە فاشیلەکانی کوردایەتیی تۆمەتبار دەکرد، ئێستا خەریکی خورافەیەکی ئەکادیمیی و نەژادیین کە پێیانوایە لە منداڵدانی ئەم کوردایەتییەوە، پێویستە بناغەی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، دابڕێژرێ و هەمان بەزم و رەزمی کوردایەتییە چەپەکە( جەلالییەکان و ناسیۆنالیزمە مەدەنییەکەیان) و کوردایەتییە راستڕەوەکە( خێڵی موصطەفا بارزانیی)، دووبارە دەکەنەوە.

لە راستییدا، تەواوی ئەو حیزبانە و ئەم جۆرە نووسەر و رۆشنبییرە نەتەوەییانە، بە فۆرم و جۆری جیاواز، خزمەتی چەتەگەرییە ئابوورییەکەی کوردایەتیی دەکەن و زۆربەی هەرە زۆریشیان، وەکو رەعییەتی سیاسیی پارتیی، دوای گەورەتریین حەماقەتی سیاسیی کەوتن لە ریفراندۆمە موخابەراتیی و مورتەزیقەییەکەدا. لە لێکدانەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا، بە مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتیی و کادیرە رانتخۆرەکانی یەکێتییشەوە، بەوانەی رەخنەی فۆرماڵیی زۆریان لە پارتیی و بارزانیی هەیە، بەڵام لەگەڵ جەوهەری ناسیۆنالیزمی کوردییدان، هەموویان بووقی تەخوینکردنەکەی پارتییان لێدەدا کە لە واقیعدا، مەرجەعی ئەصیڵی کوردایەتیی و شادەماری کوردایەتیی، هەر خۆیانن.

ئێستا کۆمەڵێ پاپارازیی ئەکادیمیی تر پەیدابوونە، زۆربەیان لە قەومچییەکانی سلێمانیین، لە کوردستان و لە هەندەرانەوە، صەدایان هەیە، لە پاپارازییە نەتەوەییە عەوامەکان خۆیان جودا دەکەنەوە و بەهەموو هێزی فیکریی و ئەکادیمیی خۆیانەوە، دەیانەوێ فۆرمێکی لیبراڵیی و مۆدێرن لە ناسیۆنالیزم کە لە تێکستی هەندێ سکۆلاری رۆژئاواییەوە، کۆپی و پەیستیان کردووە( ناسیۆنالیزمی مەدەنیی)، لەبەرامبەر فۆرمە عەشایەریی و چەتەگەرییەکەی کوردایەتییدا، بە مەغزی کوردایەتیی خۆیان، فۆرمەڵەی دەکەن و کاری ئێثێتیک( جوانناسیی) بۆ ئەم خورافەیەی مەغزی نەژادپەرستییان دەکەن. دەیانەوێ سلێمانیی لە جۆرەکانی تری ناسیۆنالیزم، پاکسازیی بکەن و بە هیوای ئەوەن لە سلێمانییەوە، رەشەبای ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، بگات بە هەولێر و بازرگانە سیاسییەکانی کوردایەتیی، بە ئوستاذە ئەفەندیی و باڵە چەپ و لیبڕاڵییەکەی خورافەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی-مەدەنیی، بگۆڕن.

ئەمانە زۆربەیان لەو نووسەر و کادیرە تۆراوانەی گۆڕانن کە لە خوار گردەکەوە، لەگەڵ کۆمەڵێ سیاسیی هەشتاکاندا، دەیانەوێ تەحالوفێکی تر دروست بکەن و جارێکی تر گەنجانی کوردستان بە درۆی کوردایەتیی( بە فۆرمێکی نوێوە) هەڵخەڵەتێننەوە، گوایە دژایەتیی دەسەڵاتی کوردیی و گرووپە مافیاکانی دەکەن، بەڵام زمانیان بە بڕیین دەچێت ئەگەر بڵێن دژایەتیی کوردایەتیی دەکەین، چونکە خۆیان بە خاوەنی گوتاری رزییوی کوردایەتیی دەزانن و بەم ئاخیری عومرەیانەوە، بەهەموو عەقڵی پڕی ئەکادیمییانەوە، پێیانوایە ئەم عەصا سیحرییەی کوردایەتیی لە پارتیی و لە یەکێتیی، لە کوڕانی نەوشیروان موصطەفا و لە حیزب و رێکخراوەکانی تر دەسەننەوە و خورافاتە نەژادیی و طائیفییەکانی کوردایەتیی، بۆ سەر رێگەی راست، بەرێدەخەنەوە و شل و مل، خڕ و وڕ، بە ئیستیحماری زیهنیی، تووشی کەرەکەر بوونە و شیعاری ناسیۆنالیزمی مەدەنیی دەچڕن و خەریکیی خورافەی دەوڵەتی کوردیین، بەڵام جورئەتیش ناکەن، خۆیان بە خاوەنی بزانن و دەڵێن هێشتا کاتی نییە؟

مێژووی سلێمانیی، لە صەدان ساڵی رابردوویدا، لە ژێر هەژموونی عوثمانییەکاندا بووە( بەدەر لە هەندێ تەمەڕودی کاتیی هەندێ لە مییرە کوردەکان و ئیمارەتەکانیان، لە عوثمانییەکان(، قسەمان تەنیا لەسەر صەد ساڵی رابردووە. سیاسیی و نوخبە لۆکاڵییەکانی ئەم شارە، هەمیشە شانازیی بە لووتبەرزیی و خۆهەڵنانی نەتەوەیی و نەژادیی خۆیانەوە دەکەن و ناز بەسەر شارەکانی تری کوردستاندا دەکەن.
خۆیان دەهێننن و خۆیان دەبەن، دەگەڕێنەوە بۆ شانازییکردن بە تەمەڕودە ئاغاواتیی و ستەمکارییە شێخنشیینییەکەی شێخ مەحمودەوە و بە دروشمی شاعیرانەی مەلیکی کوردستان، دەیانەوێ سیمبۆڵیزمی سیاسیی و کولتووریی سلێمانیی، بڵند رابگرن. دوای ئەوەی ئیمپراتۆریای عوثمانیی بەرەو فەنابوون دەچوو، بۆ ئەوەی پاشماوە و کەلاوەی ئەو ئیمپراتۆریایە کەمێک بە هەیبەتەوە بمێنێتەوە، تورکە ناسیۆنالیستەکان، فۆرمی سیاسیی نوێیان بۆ تورکیا دیزاین کرد و ویستیان لەگەڵ ئاڵمانیادا، دژایەتی فڕانسیی و بریتانییەکان بکەن. ناسیۆنالیزمی عوروبیی، سوودی لە کەلێنەکان وهاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرت و دژایەتیی خۆی بۆ عوثمانییەکان، بۆ تورکیای نوێ و ناسیۆنالیزمی تورکیی راگەیاند. لەبەرامبەردا ئەگەر لە کوردستانی جنوبیی ئەوکاتدا، کورد فۆرمەڵەی سیاسیی ناسیۆنالیزمەکەی لەباری عەسکەرییەوە جێکەوت بکەیت، دەبێ دەست بۆ تەمەڕودەکەی شێخی بەرزنجیی بەریت.

رێک بە پێچەوانەوە، شێخ مەحمودی مورتەزیقە، بە دەست لە پشتدانی عوثمانییە نوێکانی ئەو سەردەمە( ناسیۆنالیزمی تورکیی)، وەکو عەمیل و چەتە، وەکو مورتەزیقەیەکی ئیقلیمیی، سەرپەرشتیی فورسانە چەتەکانی کوردی کرد و بۆ شەڕکردن لەگەڵ بریتانییەکاندا رووئام لە شوعەیبییەی عێراق، کرد . رێک وەکو حەماقەتی ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧، چۆن تێکەڵەیەک لە ئەردۆغانیزم و میتی تورکیا، لۆبییە یەهودییەکان و وڵاتانی عەرەبیی سوننیی( ناسیۆنالیزمی دیینیی) مەسعود بارزانییان هەڵنا و پەمپیان دا، ئەوکاتەیش عەلیی ئیحسان پاشا، والیی ویلایەتی موصڵ، پەمپی شێخ مەحمودی دەکرد و قەولی ئیعتیرافکردنی پێدابوو، بۆ ئەوەی باشتر شەڕی کافرەکان( بریتانییەکان) بکات!

پاش صەد ساڵ لە خۆگیڤکردنەوەکانی شێخ، شاری سلێمانیی تا ئەم ساتەیش نەیتوانیوە تەنانەت لەناو قالۆری ئەم حکومەتە دز و مافیایەی میلیاردێرەکانی کوردایەتییشدا، جێ پێیەک بۆ خۆی دابنێ و بە تەواویی تەریک کەوتووە. ئەم ئینتێگرەیشن نەکردنەی سلێمانیی لەگەڵ دەوڵەتێکی صەد ساڵەی وەکو عێراقدا، لەگەڵ دزە گەورەکانی کوردایەتیی و هەژموونی قەڵەمڕەویی ماڵی بارزانییدا، بە پلەی یەکەم خەتای ئەو خۆفشکردنەوە نەتەوەیی و نەژادییەیە کە شێخ، ئاوەکەی رژاندووە. لە کاتێکدا شێخ، عەمیلی تورکەکان بووە و بە پارە و ماڵی ئەوان ئەو عەمالەتەیان رۆناوە. بە هەمان شێوەیش، تەمەڕودەکەی ئەیلول، عەمالەتێکی ئیقلیمیی و دەسگا موخابەراتییەکانی جیهان بوو، کەچیی نوخبەکانی سلێمانیی، شانازیی بە رۆحی کوردایەتییەکەی سلێمانییەوە دەکەن کە داینەمۆی هەردوو ئەم چەتەگەرییەیە، بووە. نوخبە نەژادییەکانی سلێمانیی، پاش صەد ساڵ لە حەماقەتی سیاسیی، فیکریی، مەعریفیی و مێژوویی، هێشتا کەرەکەری ئەوە دەکەن کە سلێمانیی پایتەختی جەهلی کوردایەتییە و دەبێت لە سلێمانییەوە، بناغەی دەوڵەتی کوردیی بە پارادایمی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، رۆ بنرێت؟

لە دە ساڵی رابردوودا، سلێمانیی و گەرمیان، دوو بزوتنەوەی سیاسیی بە خۆیەوە دیت. گۆڕان ئەوەی لێ بەرهەمهات کە زۆریینەی قیادییەکانی بەهۆی غوبن و رەدفیعلەوە بەرامبەر نەوەکانی جەلالیزمی ناو یەکێتیی، وەلائی موخڵیصیان بەلای مەرجەعی خورافیی ماڵی بارزانییدا گۆڕیی و بە هەزار و یەک شێوە، بەرقییەی پیرۆزبایی بۆ فەخامەتی عولیای کوردایەتیی دەنێرن. کار بە شوێنێک گەیشتووە کە ئێستا گۆڕان، رۆڵی پرۆکسی( proxy) بۆ پارتیی دەبینێت و پارتییش بەهەموو هێزی خۆیەوە، لیستی خوازروای خۆی لە خانەی راپەڕاندنەکەیدا، جێکەوت دەکات. واقیع ئەوەیە، رۆژێک ئەم گۆڕانە کۆتایی پێ بێت بە قازانجی شەقامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانە. هەرچیی نەوەی “نوێ”شە، پارەگرافێکی سیاسیی و فیکریی بۆ تەحەداکردنی ئەم چەتەگەرییە ئابوورییە نییە، جگە لە کۆمەڵێ ریتۆریکی سیاسیی، خورافاتی لیبڕالیزم و سەرگەرمیی بە پۆپۆلیزمەوە. دۆخێکیان هێناوەتەوە ئاراوە کە حیزبەکەیان کردووە بە کۆمەڵەی خێرخوازیی سەرمایەدارەکان کە جادە و شەقامەکان بۆ خەڵک چاک دەکەنەوە.

حیزبێک لە هەموو پەیامێکی سیاسیی، ئابووریی و کولتووریی خۆی دابڕیبێت، خەریکی چاڵ پڕکردەنەوەی شەقامەکان و پاککردنەوەی تۆنێلەکان و دروستکردنی پرد بێت، لە پەنای کۆمەڵێ شیعاراتی پۆپۆلیزمەوە، مەعلومە سەر بۆ کوێ دەکوتێت؟ هاوکات، حیزبێک لەیەکەم تەجروبەی سیاسییدا خۆیدا فەشەلی هێنا و ئەندام پارلمانەکانی ئەوەندە چاوچنۆک و لەبرسامردوو بوون، لە پێناو پارەدا، لە پێناو ئەوەی پارە بە حیزبەکەیان نەدەن، خۆیان کردەوە بە مێدیاکانی دەوڵەتی رەیعیی و مێدیا سێبەرەکانی ئەردۆغاندا و بۆ خاڵی صفر لە ئیفلاسی سیاسیی و لە بێ ویقاریی سیاسیی، گەڕانەوە. تەجروبەیەک لە سەردەمی جەلالیزم و مەلاییزمەوە، حیزبێک بەو شێوەیە بۆ بیزنس دروست نەکراوە و سیاسییەکانیشی ئەوەندە بە عەلەنیی وەلائی خۆیان بۆ پارە و پارە و پارە، ساغ نەکردووەتەوە.

بە کورتیی، هەر دەستبردنێک بۆ دروستکردنی حیزبێک یان لیستێکی سیاسیی بۆ پارلمان، چارەنووسی پڕ لە فەشەلی گۆڕان و نەوەی نوێی دەبێت، چارەنووسی فەشەلی ئەو ئیسلامیی و کۆمیونیزمەی( شیوعییەتەی) دەبێت کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، قاچی هەموویان خزایە ناو زێرابی ئەو چەتەگەرییە ئابوورییە سیاسییەی بە کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردییەوە بەستراوە و لە ئیستیحماری ریفراندۆمیشدا، بە لووتکەی حەماقەی سیاسیی خۆی گەیشت. بە دڵنیاییشەوە، چارەنووسی ئەو جەلالیزم و ئەو ناسیۆنالیزمە چەپەی دەبێت کە لە شەستەکانەوە دەڵێن ناسیۆنالیزم لە دەست خێڵ و عەشیرەتی بارزانیی دەسەنیینەوە و خۆمان رابەرایەتیی دەکەین! هەمان بالۆرە، ئەکادیمیستە نەژادپەرستە خەجولەکانی کورد، ئیدامەی دەدەنێ و بە لوقاحی (گێڵنەر,سمیث، ئەندەرسن- ثیۆریستەکانی کایەی ناسیۆنالیزم، بۆچوونەکانی هانا ئارنێت و فۆکۆ) دەیکوتن و لە بازاڕی پڕ لە طاعونی نەتەوەپەرستیی دەکەنەوە و بە خەیاڵی خۆیان، سەری سلێمانیی پێ بەرز دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی سلێمانیی، پاش صەد ساڵ لە تەجروبەی تاڵی تەمەڕودی نەتەوەیی و نەژادیی، بە ئاگا بێتەوە، پێویستە سیاسییەکانی، حیزبەکان و نوخبەکانی سلێمانیی و دەوروبەری، گوتارێکی جەرییئانە و پڕ لە روئییەی سیاسیی و تەیارکراو بە روئیای ستراتیژیی، بییر لە ئاڵتەرناتیڤێک بکاتەوە، رێک پێچەوانەی گوتاری جەهالەت وعەمالەتی کوردایەتیی، بێت. دەبێ لە پایتەختی جەهلی کوردایەتییەوە ببێ بە خاوەنی گوتاری نیشتمانیی، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی، دەبێ بییر لە دەوڵەتی هاووڵاتیی و خۆئینتێگرەیشن، لە ناو سیستەمی سیاسیی و ئابووریی عێراقدا، بکاتەوە. تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئێستای عێراق( لە دوای ٢٠٠٣)، حوکمی کانوونیی و ستاندەردی جیهانیی هەیە، پێویستە مامەڵەی عەقڵانیی و واقیعیی لەگەڵ بەغداددا بکرێت.
بە عەمەلییش دەبێ کار بۆ ئەوە بکرێ، مەلەفی نەوت و غاز لە دەست ئەم دز و پیاوکوژانەی کوردایەتیی بسەنرێتەوە و تەسلیم بە بەغدا بکرێتەوە. هەر حیزبێکی تریش لە کەلاوەی کوردایەتییدا لە دایک بێت لە شاری سلێمانییەوە، ئەوە چارەنووسی هەمان چارەنووسی ئەو گۆڕانە دەبێ کە ئێستا پرۆکسیی پارتییە، چارەنووسی ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێستا شەریکێکی خەجولی پارتییە.
چارەنووسی ئەو حیزبانە دەبێت کە لە ترسی تەخوینی کوردایەتیی، خۆیان لە کون ناوە و بە دزییەوە بەیعەت بە فیرعەونەکانی کوردایەتیی دەدەن. عێراق، چەند گەندەڵ و طائیفیی بێت، خاوەنی حەشدی میلیشیایی بێت، هێشتا دەیانجار ستاتۆکەی لە حوکمی ئەم پیاوکوژ و میلیشیاییانەی کوردایەتیی باشترە. تا سلێمانیی، مۆڕە لە بەغداد بکات، ئەوە هەموو بۆڵەبۆڵە نەتەوەیی و نەژادییەکانی، دەچێتەوە ناو باراشی چەتەگەرییەکەی پارتیی و ماڵی بارزانییەوە. پارتیی و بارزانییش بە شەکرۆکەی دەوڵەتی کوردیی و خورافەی ناسیۆنالیزمی کوردیی و بیزنسی کوردایەتیی، بۆ ئەبەد سلێمانیی، قان دەدات. ئەکادیمیستە نەژادپەرستەکانی سلێمانییش، بە گەزۆی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی و ناسنامەی دەوڵەتی کوردیی، سلێمانیی، بەرەو تەهلوکەی زیاتر دەبەن.




مه‌نسور حكمه‌ت یۆران گردیر … وه‌رگێرانی له‌ سویدیه‌وه‌: كاوه‌ كه‌ریم

** ئه‌م نووسینه‌ به‌شێوه‌ی په‌خشانه‌ شیعرێك له‌لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی سویدی” یۆران گرەیده‌ر”ەوه‌ نووسراوه‌ له‌ دوای كۆچی مه‌نسوور حكمت كه ‌له‌ كتێبی دیوانه‌ شیعره‌كه‌یدا ”نامه‌كه‌ی یاكۆب” چاپكراوه‌ .. وه‌ من هه‌وڵم داوه‌ وه‌ڕگێرانه‌كه‌ی وه‌كو خۆی بكه‌م، ته‌نانه‌ت شێوه‌ی نووسینه‌كه‌شی.هه‌رچه‌نده‌ شێوه‌ی نووسین و ده‌ربڕینی یۆران جیاوازه‌ له‌ نووسه‌ره‌كانی تر ، كه‌ كاری وه‌رگێرانه‌كه‌ی بۆ كوردی كه‌مێ سه‌خته‌ . هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت لێره‌دا سوپاسی كاك سلیمانی قاسمیانی بكه‌م‌ كه‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ وه‌رگێرانه‌كه‌و تێكسته‌كه‌دا‌ كرد .

مه‌نسور حكمه‌ت

( تۆ و من و‌ هه‌موو ئه‌و ملێون كه‌سه‌ی كه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئازادی، یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی و‌ دژی ئیمپریالیزم وبه‌ربه‌رێتی ئیسلامی سیاسی و ده‌سەلاته‌ تاوانباره‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كایان، له‌به‌رچاویان بوونمان نییه‌ له‌م دنیایه‌دا. ئێمه‌ كه‌ به‌ وه‌حشیانه‌ترین شێوه‌ ده‌چه‌وسێینه‌وه‌، زیندانی ده‌كرێین و له‌سێداره‌ ده‌درێین بوونمان نییه‌).

مه‌نسور حكمه‌ت، له‌ ته‌مه‌نی په‌نجاو یه‌ك ساڵیدا
له‌ رۆژێكی هاوینی ساڵی ٢٠٠٢،
له‌ له‌ندن به‌ شیرپه‌نجه‌ كۆچی دوایی كرد،
له‌لایه‌ن خۆشه‌ویستەکە‌یەوە ئازه‌ر ماجدی و خێزانه‌كه‌ی پرسه‌ی بۆگیرا و له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی ئەم داویین په‌یامە دانرا بە چەند وشەی دڵنیاكه‌رانه‌ لە گورانییه‌كی “جێترۆ تول” :
” ئاسمان لە ڕووتدا نووسرابوو”

من هەرگیز به‌ تۆ نه‌گه‌شتووبووم
جگە لە نامیلكه‌یه‌كی ته‌نكی زه‌رد نەبێت کە کەسێکی نەناسراو بۆی ناردبووم
ئەویش ماوەیەکی زۆر دەست لێنەدراو لەبیرەوەچوو
بە وەرگێرانێکی کەمێک ناتەواو له‌ فارسیه‌وه‌.
سەرەنجام شیکردنەوەکانتم خوێندەوە
له‌ سەر تیروری ئیسلامی و
شەڕی بە هەمان ئەندازە بەربەرییانەی دژبە تێرۆر.

تۆ لات وابوو ئەم دووانە لە یەک دەژین
تۆ هەردوو بەرەت سەرکۆنە کرد
بە ناوی بڕوای کۆمۆنیستیت
بە ناوی خەونە رادیکاڵەت بۆ خۆرهەلاتی ناوەراستێکی جیاواز
ڕزگاربوو لە چنگ گەندەڵیی سیاستمه‌داره‌كان، مەلاکان، ئایەتووڵڵا دەنگ نووساوەکان، ژنکوژەکان، خۆکوژە بۆمب لەخۆبەستەکان،
ئەوانەی کە بێهیوایی و بێدەسەڵاتی هێناونییە ڕوو
یان مەسەلەی چارەسەرنەکراوی فەلەستین
کە سێبەری بەرینی خۆی هەڵدەکێشێ هەتا “بالی” لە ئه‌نده‌نوسیا”

وەک هێزێکی گەورەی پاڵپێوەنەر
تۆ سەرکوتگەریی بەرینی دەسەلاتدارانت لەم ناوچەدا ناساند
ناوچەیەک کە هەرگیز شانسی پێشکەوتوویی و مۆدێرنیزمی پێنەدرا،
شانسی ئەوەی کە مرۆڤ وەک مرۆڤ بژی،
له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بنه‌ قوربانی
ئەمپریالیزمی ئەمەریکی و
ئامرازە ئیسلامییە خوازراوه‌كه‌
بۆ خنکاندنی هەر هەولێکی
جوولانەوەی کرێکاری.

تۆ له‌ ئێران گه‌وره‌بووی و خوێندت،
لە سەرەتای هه‌فتاكاندا رۆیشتی بۆ له‌ندن
له‌وێ ورد بوویتەوە له‌ خوێندنه‌وی ماركس

  • بریا منیش بمتوانیایە لێی بەشدار بم –
    ماركسی رادیكال، ئۆمانیست، ئانتی‌ ئیدیۆلۆگ.
    تۆ یه‌كیتی سوڤیه‌ت و چین، رۆمانسی جیهان سێیه‌می، تروتسكیزم ، سوسیال دیموكراتی، هه‌موویانت ره‌تكرده‌وه‌ :
    ده‌مویست بمزانیایه
    ‌چیت ڕاگرت و لە قوولاییدا بە چی گەیشتی؟

وابزانم دوایی گه‌رایته‌وه‌ بۆ ئێران
دواتر رووتکردە ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی كوردستان
كاتێ ئاخونه‌ده‌كان به‌ته‌واوی ده‌سەلاتیان گرته‌ده‌ست و ڕەشبگیرییەکانی‌ ٢٠ی مانگی حوزیه‌رانی ١٩٨١ بەرانبەر به‌ ٣٠ی خوردادی سالی ١٣٦٠ ده‌ستی پێكرد
كه‌ به‌ دوایدا قه‌تل و عامی سوسیالیسته‌كان
رەخنەگران لە دەولەت، هەلسسووراوانی نەقابه‌ و رێكخراوه ‌جەماوەرییەکان، مانگرتووه‌كان:
بە دەیان هەزار کوژران لە چەند رۆژ و چەند هه‌فته‌دا.

تۆ یه‌كێك بووی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئیران
كه‌ من هیچ له‌باره‌یەوە ‌نا‌زانم
جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ یەکێک له‌و جولانه‌وه لاواز و ناتەواوانە بێت
کە تەنیا ڕووناکییەکن له‌ناو ئەم تاریكستانە چڕە دا.
زمانی مه‌كتب سیاسی له‌ پرسه‌ی تۆدا هه‌ڵگری ئەو وشانە بوو کە جووڵە لە مرۆڤ دەبڕێ.

به‌ چه‌ند رێگای جیاواز تۆ گه‌رایته‌وه‌ بۆ له‌ندن.

به‌لام كۆمونیزمی تۆ بەرچاوی ڕوونتر كرده‌وه‌
له‌ مەیدانی شەڕی تێرور ودژه‌ تێرۆردا

خەونەکەت بۆ کۆمەڵگایەکی سێکولار
كه‌مێ ئه‌سپایی هه‌ڵده‌گرێ و
هەڵگری مەندییەکی لە بەرچاوە
وتووێژەکانت مەندیی مناڵیکی خەوتوو دێنێتە بەرچاوم
کە له‌ ناته‌بایه‌كی قووڵ دایه‌ له‌گه‌ل كۆمونیستی خیتابیدا
كه بەداخەوە دەڵێی تاكه‌ شتێکه‌ كه‌ ماوه‌ له‌ دونیایەک دا
كه‌ رێگە نادات به‌هیچ ریفۆرمێكی هەڵقولاو لە ژێرەوە.

به‌ڵێ، لە رۆژنامەکانا خوێندمەوە
له‌سه‌ر‌ خەباتی ژنانی ئێرانی له‌ سوید دژ بە توندوتیژی نامووسی
کە تۆ زۆر جار نموونەیانی
به‌ وێنه‌یه‌كی گەورە لە رۆژنامەیەکدا تۆم بینی
لە پشت سەری “پەروین کابولی”یەوە
چالاكه‌وانی مافی ژنان له‌ یوتۆبۆری و ماموستای داینگه‌‌ له‌ گەرەکی “به‌ریشۆن”.

له‌ شه‌وێكی ئوكتوبه‌ردا
كاتێك لە گشت نووسینەکانت تەنیا ئەو نامیلكه‌ بچكۆله‌كه‌تم خویندەوە کە به‌رێكه‌وت گەیشتبووە دەستم
بیرم بەرز فڕی و هەڵکشا بە سەر ‌تاقیکردەنەوە گەورەکەی رووناکبیری چەپی وەکوو من بە ویژدانی پڕ لە ئازارەوە:
چاوپۆشی کردنی زیادڕه‌وانه‌
لە ئامڕازی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی
ببوره‌ له ‌ئامڕازه‌كه‌ی تری تیرور

  • واتە “پیشەسازی بەرینی دین” وەک تۆ دەڵێی –

ئەوسا کتێبەکەی یوحەنا، لە ئینجیلی نوێم له‌بیر نەبوو کە بە ناو تێرۆری ئیلاهییەکەیدا پیاسەم دەکرد.
به‌ڵی ، من به‌رده‌وام بووم له‌گوێگرتن لە زرمەی چه‌كوشه‌كان
نا، نه‌خێر، من سوفییەکانیشم بە تەواوی وەلانەنا،
به‌لام لە پڕ تێگەیشتم ئەوان چی بوون و چین:
دەنگی خۆشی تێکهەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکان
له‌ كه‌نار دەسەڵاتی زه‌به‌لاحی وه‌ستاوی هه‌زار ساله
به‌لام ئەوان چیتر ڕێپیشانده‌ر نین‌
له‌م كۆمه‌لگای پڕ لە بیابانی سووتینەر، سه‌رمایه‌داری،
دیموكراسی ناته‌واو، چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی.

“دونیا دوای ١١ سپته‌مبه‌ر، هەڵسان و داکەوتنی ئیسلامی سیاسی”
ناونیشانی نامیلكه‌ ته‌نكەکەتە..
بە رێكه‌وت گەیشتە ده‌ستم لە سالی ٢٠٠٢دا، تێرۆر و تێرۆری دەوڵەتیی
له‌وانه‌یه‌ ئەم نامیلکە وەکوو تاکە نووسراوەت بمێنێتەوە کە خوێندوومەتە‌وه.‌
تۆ كۆچت كردووە و تاڕاده‌یه‌ك كه‌س لێره‌،
لێره‌ كه‌ من لێ ده‌ژیم كه‌م ده‌تناسن و بیرت ده‌كه‌ن
ناوی راسته‌قینه‌ت “ژوبین رازانی” یه‌.




مجروم… شاعیر و فه‌رمانبه‌ر و پیشه‌زان… یاسین برایم

زۆر جار ده‌وترێت كورد شاعیری زۆرن، ڕه‌نگه‌ دیوێكی ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاست بێت ، جێگای شانازییه‌ ، كاروانی خوێنده‌واریی و زانست و رۆشنبیری و ئه‌ده‌ب له‌ سه‌ر ده‌ستی شاعیران و زانا و مه‌لا و شێخه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌ و مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیان زه‌نگین و به‌رهه‌مدار كردووه‌. زۆر شاعیریش به‌ شیعره‌كانیان درێژه‌یان به‌م كاروانه‌ داوه‌ ، هه‌م له‌ سه‌رده‌می خۆی و هه‌م ئێسته‌ش .لێره‌و له‌وێش شاعیری ناسراو وگه‌وره‌ و بگره‌ چه‌ندان شاعیری تر ناویان ده‌بیستین .
یان له‌ نێو دیوان و كه‌شكۆَڵ و ده‌ستنووس و حاشیه‌ی كتێبه‌كان و نامه‌ و نووسراوه‌كان ، ناوی جۆراوجۆر تۆماركراون و ناویان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان به‌رده‌ست نیین. به‌رهه‌مێكی زۆری ئه‌م ئه‌ده‌به‌ش ، به‌هۆكاری جۆراوجۆر سووتاون و فه‌وتاون. بۆیه‌ زۆر شاعیر وه‌ك ناو ، بوونی هه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانیان ونن. زۆرجاریش لێره‌و له‌وێ ، شیعرێ ، دووان ، وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی روون شاعیرێكمان پێ ئاشنا ده‌كات . هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆریش، لای خوێنه‌ری كورد نامۆن و هیچ شتێكیان له‌به‌رده‌ست نییه‌ ، بۆیه‌ ئاشناكردنیان و ناساندنیان ، ئه‌ده‌بی كوردیمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات.
له‌م نووسینه‌ ( مه‌جروم)ی شاعیر، ده‌كه‌ینه‌ نمونه‌یه‌كی زیندوو و له‌ ده‌رگایی ژیان وبه‌رهه‌می ئه‌و شاعیره‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ .وه‌ك شاعیرێك و كه‌سێكی شاره‌زا و خاوه‌ن چه‌ندین پیشه‌ی جیاواز ده‌یناسێنیین.

مجروم كێیه‌؟

ناوی “عه‌بدولعه‌زیز كوڕی محمد له‌خانه‌واده‌ی جاموس زاده‌ی شاری (وان) ی یه‌، دایكیشی له‌ خانه‌واده‌ی به‌رزو پیرۆزی به‌درخانیه‌كانه‌. مجرم له‌ وان له‌ دایك بووه‌ له‌ قوتابخانه‌ و مكتبی دا خوێندویه‌تی. سه‌ركرده‌ی ڤابتی و مدیریتی پۆسته‌و ته‌لگرافی كردووه‌ كه‌ به‌ فه‌رمانی (وڤیفه) هاتۆته‌ عێڕاق وله‌ سلیمانی ژنی هێناوه‌ و له‌ ساڵی 1920ی ڕۆمی دا كه‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ (120) ساڵا له‌ دیوانیه‌ كۆچی دوایی كردووه‌. كه‌ تا ئه‌و ساڵه‌ له‌ وڤیفه دابووه‌ .زمانی فارسی وعه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی و رووسی زانیووه‌، خاوه‌نی دیوانه‌.
شاره‌زایی ئه‌م پیشانه‌ی خواره‌وه‌ بووه‌:
( دارتاشی ، مۆرچیه‌تی ، سه‌عاتسازی ، ته‌لگرافچیه‌تی ، ئاسنگه‌ری ، باخه‌وانی و گوڵچینی …هتد.) “(1)
مجروم : عه‌بدولعه‌زیز كوڕی محه‌مه‌د كوڕی عه‌بدوالئه‌میره‌ ، له‌ ساڵی (1830) له‌ دایكبووه‌ ، بۆساڵی مردنه‌كه‌شی سه‌ره‌تایی بیسته‌كانه‌.(2) له‌ ساڵی 1920له‌ شاری (دیوانییه‌ )كۆچی دوایی كردوه‌ (3) به‌مشێوه‌یه‌ بێت ته‌مه‌نێكی زۆر ژیاوه‌ و خزمه‌تی كردووه‌ (*)

نازناوی مجروم

ده‌رباره‌ی نازناوه‌كشی گوایه‌ ئه‌و له‌ سه‌رده‌ستی شیخانی نه‌قشبه‌ندی ته‌وبه‌ی كردووه‌. كاتێكیش له‌ دوایی ئه‌و ته‌وبه‌یه‌ ، وه‌زیفه‌ی میری وه‌رگرتووه‌ ، خۆی به‌ تاوانبار وشه‌رمه‌زار زانییوه‌ ، هه‌ستی به‌وه‌ كردوه‌ گوناهێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه‌. بۆیه‌ نازناوی (مجرم)ی هه‌ڵبژاردووه‌.
” عه‌بدولعه‌زیز ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌ سه‌رده‌ستی شێخی بیاره‌ وه‌رگرتووه‌. ده‌ڵێن : كاتێ ده‌بێت به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌گراف_ له‌ سلێمانی خۆی به‌ تاوانبار ده‌زانێت ، چونكه‌ وازی له‌ موریدایه‌تی هێناوه‌ بۆ وه‌زیفه‌. بۆیه‌ ناوی (مجروم) بۆخۆی هه‌ڵده‌بژێرێت . دوای كۆچكردنی ئه‌و نازناوه‌ بۆ شاكری كوڕی به‌جێ ده‌مینێت….”(4) له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كان هه‌ربه‌و ناوه‌ ناوی هاتووه‌. ئه‌و نازناوه‌ش بووه‌ میرات بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ئێستا خانه‌واده‌ی مجروم له‌ سلێمانی و ڕواندز نیشته‌جێن و كه‌سانی ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌رن و جێی په‌نجه‌یان دیاره‌.

ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و وێنه‌یه‌ی بكه‌ین كه‌ مجرومی شاعیرله‌ گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گرتووه‌(**). پیرێكی ڕیش سپی ودرێژه‌ وسیداره‌ی له‌سه‌ره‌ . هه‌مان شێوه‌و ڕوخساری شاكری كوڕی له‌ مجرومی باوكی ده‌چێت. ئه‌ویش له‌ زۆر وێنه‌كان هه‌ر له‌ زه‌مانی شێخ محمود تا كۆچی دوایی كردووه‌. به‌رده‌وام ریشی پێوه‌ بووه‌و له‌ سۆفیه‌كی ماندوو و غه‌مبار ده‌چێت .
مجروم سێ كوڕی له‌ پاش به‌ جێماوون : (ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی ، محمود فائیز ، شاكر مجروم).

“1. ئه‌حمه‌د رامیز: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سوپای عوسمانی ئه‌و فسه‌ربووه‌ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ، له‌وێ ژن دێنێت و ده‌مێنێته‌وه‌ ، بۆیه‌ زانیاری له‌سه‌ر نازانیین.

  1. مه‌حمود فائیز : له‌ ساڵی 1872ی زایینی له‌ دایكبووه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجایه‌كان كۆچی دوایی كردووه‌. كاتی خۆی له‌ به‌غدا ئه‌فسه‌ربوو له‌ سوپای عوسمانی ، پاشان هه‌ر له‌و شاره‌ بۆته‌ ئیمام و وتارخوێن.
  2. شاكر مجروم له‌ ساڵی 1894 له‌ سلێمانی له‌ دایكبووه‌و له‌ ساڵی 1937 هاتۆته‌ ڕواندز و له‌ 14/9/1957 كۆچی دوایی ده‌كات.
    له‌ئه‌رشیفی باوكم هیچ شیعرێك نییه‌ ، كه‌ بڵێن ئه‌مه‌ شیعری شاكر مجرومه‌. باوكم هه‌موو جار ده‌یووت شاكر مجروم شیعری شاعیرانی زۆر له‌به‌ر بوو له‌ دانیشتنه‌كان ده‌یووت. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێت كه‌ ده‌ڵێن شاعیر بووه‌.”(5)
    شاكر مجروم ، ده‌بێته‌ كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ له‌ شۆرش و حكومه‌ته‌كه‌ی شێخی نه‌مرو ڕۆڵی ده‌بێت و له‌م پێناوه‌ش له‌ سلێمانی ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرێت، چونكه‌ كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و حه‌قبێژبووه‌ ، ره‌فیق حیلمی براده‌رێكی هه‌ره‌ خۆشه‌ویست و نزیكی شاكری كوڕی شاعیر بووه‌ ، ده‌ڵێت ” خواڵیخۆش بوو جه‌مال عیرفان له‌ حه‌له‌ب بوو و شاكر مجرمی ملازمی ئیتیاگ و محمود فایزی بێكباشی برای شاكر مجرم و چه‌ند زابگیكی تری كورد له‌ حه‌له‌ب بوون. مه‌لا مارف ، عارفه‌ سووری ره‌ئیسی ئه‌وه‌ل متقاعد ئه‌و ساكه‌ له‌وێ وه‌كو چابگ ئه‌یخوێند. ته‌نیا له‌ شاكر مجرم دا روحی كوردایه‌تیم بینی”(6)

(جه‌مال بابان) له‌ كتێبه‌كه‌ی خۆی ، له‌ بابه‌تی كارگێڕییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عوسمانییه‌كان ده‌ڵێت : ” كۆنترین ناو كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتبێ ئه‌مانه‌ن كه‌ له‌ ساڵی 1307 ك (1889ز) سه‌رۆكی كارگێری بوون. ئه‌وسا سلێمانی (لیوا)یه‌ك بووه‌ سه‌ر به‌ (ولایه‌تی مووسڵا).
موته‌سه‌ڕیف و پێشه‌وا (قائد) میر لیوا راسم پاشا
قازی یوسف سنان ئه‌فه‌ندی
(مدیر تحریر) ساڵح سالم ئه‌فه‌ندی
محاسب ئیبراهیم ئه‌دهه‌م ئه‌فه‌ندی
(مدیری برق) مجرم ئه‌فه‌ندی
چه‌ندان كه‌سایه‌تی تر ئاماژه‌یان پێدراوه‌ (7)
جارێكی تر له‌ كۆتایی به‌رگی چواره‌می كتێبه‌كه‌ی خۆیدا ، چه‌ند ڕووداو و مێژووی به‌نرخی سلێمانی تۆماركردووه‌. ده‌ڵێت ” 1897 ده‌ستگای ته‌لگراف له‌ سلێمانی دامه‌زرا . یه‌كه‌م كه‌س ئیشی له‌ سه‌ر كرد (شاكر مجروم) خه‌ڵكی ڕه‌واندزبوو”(8) لێره‌دا نووسه‌ر كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌ ، چونكه‌ به‌ پێی ئه‌و مێژووه‌ بێت شاكر ته‌مه‌نی (3) ساڵ بووه‌. بۆیه‌ هه‌ر مجرومی شاعیربووه‌ ئه‌م كاره‌ی له‌ ئه‌ستۆ بووه‌ . به‌ڵام ئه‌و ڕاسته‌یش هه‌یه‌، كاتێ حكومه‌تی شێخ مه‌حمود داده‌مه‌زرێت ، ئه‌و پۆسته‌و گه‌یاندن وه‌رده‌گرێت ، چونكه‌ له‌ باوكیه‌وه‌ شاره‌زایه‌كی باش فێربووه‌ . بۆیه‌ زۆر جار ئه‌م زانیارییه‌ تێكه‌ل ده‌كرێت.
مجروم به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م كاره‌ی داڕێشتوه‌ ، له‌ دوایش هه‌مان ئه‌و پۆسته‌ ده‌درێته‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی مجروم ، كه‌ كه‌سێكی نزیك و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حمود بووه‌.

. ره‌نگه‌ له‌ نێو به‌ڵگه‌نامه‌ی عوسمانییه‌كان بگه‌رێین. ناوی ئه‌و شاعیره‌ بدۆزینه‌وه‌ ، چونكه‌ له‌ شوێنی جیاجیا كاری فه‌رمانبه‌رایه‌تی كردووه‌ و ڕۆڵی لێپرسراویه‌تی بینیوه‌، هه‌م له‌ بواری سه‌ربازی و كاری میریی و شاره‌زاش بووه‌ له‌ چه‌ندین پیشه‌ی تر. ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ زیاتر باس له‌ بواری شیعر بكه‌ین و ئه‌ویش وه‌ك شاعیرێك بناسێنین. لێره‌دا هه‌ر به‌و سێ شیعره‌ ناوه‌ستین، كه‌ له‌به‌ر ده‌ستمانه‌ . دێین له‌ ڕوانگه‌ی به‌ڵگه‌و نووسین و شرۆڤه‌كردنی ڕاو بۆچوونی شاعیر و شاره‌زایانی تر، ئاوڕێك له‌ ژیانی ده‌ده‌ینه‌وه‌.
له‌ نووسینێكی (مسته‌فا نه‌ریمان) له‌ سه‌ر شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌كو (هجری ده‌ده‌)() نووسیویه‌تی. ئه‌م شاعیره‌ له‌ ساڵی 1934 دێته‌ سلێمانی لای پیره‌مێرد، ئه‌ویش له‌ شوێنه‌ خۆش و دڵگیره‌كانی ئه‌و شاره‌ی ده‌گێرێت و سه‌یرانگا و شوێنی ئاینی و بنه‌ماڵه‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی پێ ئاشنا ده‌كات. بۆیه‌ ئه‌و شاعیره‌ كه‌ ده‌چێته‌وه‌ كه‌ركوك ، له‌ ساڵی 1935 كتێبێك به‌ شیعر به‌ زمانی فارسی به‌ ناوی (تحفه‌ سلیمانی)، ملف (هجری دده‌ _ كركوك) چاپخانه‌ی سریانی له‌ شاری به‌غدا چاپده‌كات(9).
دیاره‌ به‌نده‌ چه‌ندین كتێبخانه‌ی گشتیی شاره‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كان پرسیارم كرد ئه‌م كتێبه‌م ده‌ستم نه‌كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆم ببینم ، كه‌ چۆن باسی ئه‌و شاعیره‌ی كردووه‌. تێدا كۆمه‌ڵه‌ شاعێرێكی ناسراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی له‌ (مردووان و زیندووان) خستۆته‌ ڕوو. جارێكی تر ، جه‌مال بابان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌م نووسینه‌و زانیاری تری خستۆته‌ ڕوو . ئه‌ویش ده‌ڵێت “له‌ ساڵی 1934 هجری ده‌ده‌ هاتۆته‌ سڵێمانی و بووه‌ به‌ مێوانی پیره‌مێرد و ئه‌ویش خزمه‌تی زۆری ده‌كا و له‌ سلێمانی و ده‌وروپشتیدا گه‌شت و گوزار ده‌كه‌ن و ده‌چنه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك له‌ ساڵی 1935 ئه‌و گه‌شتو گوزاره‌ی سلێمانی ده‌كات به‌ چامه‌یه‌ك و له‌ (242) دێری شیعری به‌ناوی (توحفه‌ سلێمانی) یه‌وه‌ له‌ چاپخانه‌ی (سریانی له‌ تویێ (52) لاپه‌ڕه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه‌….”(10) ره‌نگه‌ تا ئێره‌ پێناسه‌یه‌كی كورتی شیعره‌كه‌ی ده‌ده‌ بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م نووسینه‌ جێگای بایه‌خه‌ ، له‌ ناو هێنانی ئه‌و شاعیرانه‌ ، مجرومیش وه‌ك شاعیرێكی سلێمانی ناوی هه‌یه‌ .

له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌ هاتووه‌ ” هه‌ریه‌كه‌یان به‌ یه‌ك دوو دێر شیعر یان یه‌ك دوو وشه‌ ستایشی ده‌كه‌ن ئه‌و شاعیرانه‌ی ناوی هێناون بریتین له‌ (مه‌وله‌وی ، نالی ، مه‌لا خدری رۆدواری ، بێسارانی ، خانای قوبادی ، ئه‌خته‌ری كۆیی ، شوكری فه‌زڵی ، شێخ ره‌زا ، حه‌مدوون ، ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقڕان ، مه‌حوی ، ئه‌مین یمینی ، ئه‌مین زه‌كی ، مه‌ستی تاهێر به‌گی جاف ، ئه‌حمه‌د موختار جاف ، سالم ، بێخود ، گۆران ، موجرم ، زێَوه‌ر ، تۆفیق وه‌هبی ، بێكه‌س ، پیرمێرد ، حوزنی”(11) . ئه‌م ناوهێنانه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه‌ له‌ سه‌ر گه‌وره‌ی ئه‌و شاعیره‌ ، ئه‌گه‌ر ناو و ناوبانگی نه‌بوایه‌ ، باوه‌ڕناكه‌م له‌ گه‌ڵ شاعیره‌ گه‌وره‌كان ناوی هات بایه‌. ڕه‌نگه‌ نه‌ناسراوی ئه‌و ، فه‌وتان و له‌نێو چوونی دیوانه‌كه‌ی بووبێت.

یاخود به‌ر له‌ مردنی ئه‌و شاعیره‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان تازه‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن و ده‌رچوونیان بوو. ته‌مه‌نی پیری ئه‌ویش فریای ئه‌وه‌ نه‌كه‌وت بێت شیعره‌كان بڵاوبكاته‌وه‌. یا وه‌ك و سه‌دان شاعیری تر شیعره‌كانی فه‌وتابن، زۆرجاریش شاعیر تا مردووه‌ ، هیچ شیعرێكی بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌ ، یا خودی خۆی حه‌زی لێ نه‌كردووه‌ . ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌ كوردیه‌كانی كۆن بده‌ینه‌وه‌ هه‌ر له‌ ڕۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی ڕاستی(1918_1919 )و ( پێشكه‌وتن1920_1922) و بڵاوكراوه‌كانی سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مر و (ژیانه‌وه‌ ) و (ژیان) وئه‌وانه‌ی له‌ سڵیمانی ده‌رچوون، گۆڤاری( دیاری كوردستان)و زاری كرمانجی (1926_1932)و گۆڤاری ڕووناكی (1935_1936)و گۆڤاری گه‌لاوێژ (1939_1949) و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری (ده‌نگی گێتیی تازه‌)ساڵی چله‌كان و چه‌ندین بڵاوكراوه‌ی تر، هیچ شیعرێكی ئه‌م شاعیره‌م به‌رچاو نه‌كه‌وت. له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی شاعیریش ئه‌و پرسیاره‌م كردوه‌ له‌ نه‌وه‌كانی ، ئه‌وانیش هیچ شیعرێكی ئه‌و شاعیره‌یان نه‌بیستبوو.

هه‌ر ئه‌و شیعرانه‌م به‌رچاو كه‌وتووه‌، كه‌ له‌ گۆڤاری هه‌تاو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بێت ، كوڕی شاعیر باورپێكراوی( گۆڤاری هه‌تاو) بووه‌ و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستی (گیوی موكریانی) بووه‌ و هه‌ر خۆشی ئه‌و شیعرانه‌و ژیاننامه‌ی بڵاوكردبێته‌وه‌. بۆیه‌ من وای بۆ ده‌چم تا ئه‌و كات شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌ هه‌رمابن. یاخود له‌لایه‌ن شاكری كوڕی پاڕێزراوبن یان ئه‌زبه‌ری كرد بن. چونكه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ ڕۆشنبیره‌ ، كه‌سێكی ئه‌دیب دۆست بووه‌و شیعری زۆری له‌به‌ر بووه‌.
بۆ به‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌م (ناهیده‌ خان) ، له‌گه‌شتێكیان بۆ ڕواندز بۆماڵی دۆستێكی باوكی ئه‌وها ده‌گێرێته‌وه‌ “چووین بۆ ڕواندز بۆماڵی هاوڕێیه‌كی دێرینی باوك (شاكر مجرم)ه‌ ، ئه‌میش زه‌مانی خۆی مدیری پۆسته‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان بوه‌، ئێستا هه‌ر له‌ حاجی تۆفیق (پیره‌مێرد) ده‌چێت ، ڕیشێكی سپی درێژی هێشتۆته‌وه‌، بیست ساڵ له‌مه‌وپێش وازی له‌ وه‌زیفه‌ هێناوه‌ ، باخێكی میوه‌ی به‌قه‌د شاخێكه‌وه‌ كڕیوه‌. بینای تێدا كردوه‌ ، جۆرها دارمیوه‌ و گوڵی چاندووه‌، له‌وبه‌ر شاخه‌كه‌شه‌وه‌ ده‌غل و دان و ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ ، ئه‌وشه‌وه‌ له‌وێ بوین. له‌سه‌ر شێوازێكی كۆن گیسكه‌ مه‌ره‌زێكی بۆ سه‌ربرین. بووكه‌كانی بۆیان لێناین له‌ گه‌ڵ پڵاو ، ژنه‌كه‌ی خه‌ڵكی توركیایه‌ زۆرئێسك سووك و پاك و خاوێنه‌، بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوت، بووكی لادێیی و خه‌سووی توركیی و پیاوێكی پیری وه‌ك شاكر مجرم ، كه‌ باوكی شاعیر بووه‌و خۆی هه‌موو شیعره‌كانی له‌ به‌ر كردووه‌.

به‌ دیشداشه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ چیچكانه‌وه‌ له‌ به‌رده‌ممانا دائه‌نیشت . شیعری بۆ ئه‌خوێندینه‌وه‌. ژنه‌كه‌شی رسمی براكانی و ژنه‌كانیانی پیشان ئه‌داین ، هه‌موویان نوژدار و دادوه‌ر و پاشاواتن….”(12) وه‌ك له‌ په‌ڕاوێزه‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌و له‌ ساڵی 1956 له‌م نامه‌یه‌دا ورده‌كاری سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ باوكی نووسیوه‌. كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كوڕه‌كه‌ی شیعری بۆ وتن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ باوكی شاعیر بووه‌. شاكریش له‌ ئه‌یلولی 1957 كۆچی دوایی ده‌كات(*). له‌وكاته‌ كه‌ ماڵی ره‌فیق حیلمی سه‌ردانی كردوون ئه‌و له‌ كۆتایی ته‌مه‌نی بووه‌ ، كه‌چی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌ده‌بی و شیعری بۆ ره‌خساندوون. له‌ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌ی له‌ ڕواندز ژیاوه‌و كاری میری كردووه‌ ، كه‌سێكی رۆشنبیرو كوردپه‌روه‌ر و قسه‌خۆش وبوێرو خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه‌، په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆی هه‌بوو. بۆیه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ كتێبێكی گه‌وره‌ی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كارو خزمه‌ته‌كانی بخرێته‌ ڕوو.
شیعری مه‌جروم
شیعری یه‌كه‌م :

دڵ له‌به‌ر سلسله‌ی زولف شكایاتی هه‌یه‌
له‌ په‌رێشانی وی نه‌ختی حكایاتی هه‌یه‌
زاهدا بگره‌ له‌ ده‌س اهلی محبت دووری
چونكوو ازاری عشق نوعی سرایاتی هه‌یه‌
تۆ به‌ ماچێكی له‌ محبوبه‌ دڵا قانع به‌
دیاره‌ اسوده‌ تره‌ هه‌رچی قه‌ناعاتی هه‌یه‌
تۆ كه‌ كوردی ودلیری به‌ خودی ئه‌ز دبێژم
خاكی به‌رپێ ی تو له‌ سه‌راكسیر شرافاتی هه‌یه‌
حقه‌ مجرم كه‌ فراری بی له‌ ده‌ست توركی لئیم
چونكوو خۆی كورده‌ له‌ وان ترسی به‌هاناتی هه‌یه‌
(داخه‌كه‌م ! ئه‌م شیعره‌ كه‌مه‌و سووتاوه‌!)

شیعری دووه‌م :

دیسان گه‌لۆ سوتام له‌ نوی بگرین له‌ بۆم ئه‌ی دۆستان
زامی ده‌ كه‌ونم هاتنه‌ سوی رابو له‌ من اخر زه‌مان
رابوو له‌ من حشری عڤم زولف و شنك ابرو كه‌ دیم
بانگ كه‌ن ژ لوقمانی حكیم سوتام به‌ اگر بی دوخان
سوتام به‌وی ناری عجیب ده‌رچوو ژدل صبر و شكیب
رووی دا له‌ من سری غریب ئه‌ز كه‌وتمه‌ ناو بحری خه‌مان
ئه‌زچوومه‌ چالی بی مفر خویش بیگانه‌م هاتنه‌ سه‌ر
گریان له‌ بۆم شمس و قمر حه‌تا زه‌مین و اسمان
یاری كوو دی ئه‌م ماجری قوربانیك ایرو كرا
ابریقی مه‌ی حاچر كرا نافع له‌ بۆ ده‌ردی دڵان
جامیك ژ وی ابی ڤهور یاری به‌ ده‌ستی پر ژ نوور
امری وه‌ كرد بیخوم چرور عالم ژ وی حه‌یران دمان
یه‌كسه‌ر ئه‌من بومه‌ كه‌باب بگرین له‌ بۆ من شیخ و شاب
والله‌ اعلم بالصواب داخۆ خه‌لاصبم له‌ غه‌مان
داخۆ ده‌بی وه‌صلم نصیب مأیوس ده‌بی دیوی ره‌قیب
یاخۆ دمرم ئه‌منی غه‌ریب ته‌نها له‌ یار و محرمان
(مجرم) ایدی به‌یتان مه‌لی تا یار به‌لفڤی خۆی نه‌لی
یا ره‌ب ببینم رۆژ هه‌لی ده‌رچی ژ دل وهم و گومان

شیعری سێیه‌م :

گوی بدیرن خاص و عامه‌ دا بخوینم داستانی
ئه‌ی گه‌لی اهلی عمامه‌ شاره‌زایی جاده‌ كوانی
ئه‌و ده‌بی صاحب كمال بی بی نشئه‌ی عشقی ژ بال بی
نی به‌ قال به‌لكی به‌ حال بی هه‌م ده‌وای ده‌ردان بزانی
اهلی وان دائم له‌ كارن ده‌س به‌ كار و دل به‌ یارن
سه‌رخۆش و مه‌ست و خومارن ره‌نگ له‌ شبها زه‌عفه‌رانی
شبهتا بدری منیرن گالبی احسان و خیرن
مه‌ست و حه‌یران و دلبرن حالی وان عارف دزانی
محرفت ده‌رعین حاله‌ بی مجاز بونی محاله‌
هه‌ر كه‌سی سریك ژ باله‌ تی نه‌گا هه‌رگیز عیانی
هه‌ركه‌س گالب به‌ یاره‌ ته‌ن چعیف و لیو به‌باره‌
دائما مه‌ست و خوماره‌ زۆر ده‌كا شین و فغانی
زۆر ده‌كیشم از جفایی هون ببین ماجرایی
یار له‌ بۆم نایته‌ رایی بۆم بكه‌ن داد و دوانی
داد له‌به‌ر ئه‌و ساقیه‌ مه‌سته‌ خه‌نجه‌ری موژگان به‌ ده‌سته‌
چه‌ند له‌ كوشتنی من به‌ قه‌سته‌ ئه‌و امیر زاده‌ی جیهانی
خۆت مپالی قوله‌ میركه‌ یان وه‌كوو شاهو و زیركه‌
به‌ندیان جاریك له‌ بیركه‌ بینه‌ ده‌ر ئه‌و له‌ زیندانی
معدنی ته‌ن پر جفاده‌ جان له‌ بۆ جانان صفاده‌
دل به‌ یادی باده‌ فاده‌ ئه‌و به‌ حالی تۆ ده‌زانی
مجرمی بۆ چ وا له‌ كاری دائما مه‌ست و خوماری
بیره‌ مه‌یدان گه‌ر سواری تاق وه‌ به‌ بۆ امتحانی.( 13)

له‌ نێو شیعره‌كانی وشه‌ی كرمانجی و سۆرانی به‌دێ ده‌كرێت و له‌ گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام شێوه‌ی نووسینی شیعره‌كان زۆر به‌ ئاسانی مانا ده‌ده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌و هه‌موو كه‌س به‌ ئاسانی لێی تێده‌گات. شیعره‌كان پێك هاتوون(5 دێر، 9دێر و 11دێر) ..ڕه‌نگه‌ سێ شیعر كه‌م بێت كه‌ باس له‌ ئه‌زموون و گه‌وره‌یی و هه‌ڵوێست و ژیان و دونیای شیعری ئه‌و شاعیره‌ بكه‌ین، به‌ڵام سه‌ره‌ داوێكیشمان له‌به‌رده‌سته‌ ، هه‌ر هیچ نه‌بێت ، ئاوڕێكی بچووك له‌ خه‌رمانی ئه‌و شاعیره‌ بده‌ینه‌وه‌ . بڕوانه‌ هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی وردبوونه‌وه‌ و تێگه‌یشتن ، زوڵم و سته‌می عوسمانیه‌كان له‌ نێو كاكڵی دێره‌ شیعره‌كان بدۆزینه‌وه‌ ، ئاهو هه‌ناسه‌ی كوردبوون و ئاواره‌ی زێدی شیرین وهه‌ڵاتووی ده‌ستی ده‌سهه‌ڵاتدارانی تورك ، نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه‌ له‌ سه‌رگه‌ردان و ده‌ربه‌ده‌ری و خه‌م وئازاری زه‌مانه‌ ، ریشی پێ سپیی كردووه‌ :

تۆ كه‌ كوردی ودلیری به‌ خودی ئه‌ز دبێژم
خاكی به‌رپێ ی تو له‌ سه‌راكسیر شرافاتی هه‌یه‌
حقه‌ مجرم كه‌ فراری بی له‌ ده‌ست توركی لئیم
چونكوو خۆی كورده‌ له‌ وان ترسی به‌هاناتی هه‌یه‌

مجرومی شاعیر و تۆبه‌كاری ته‌ریقه‌ت و به‌رماڵی خۆشه‌ویستی بۆ عه‌شق وجوانی و یار و مه‌ی و ئاخ و حه‌سره‌تی ڕۆژگار ڕادێخیت و نزای تاوان و گوناهه‌كانی ده‌سپێرێت به‌ خوای خۆی و ده‌نگی زكر و ته‌هلیل ، له‌ نێو دێره‌ شیعره‌كان ، به‌ پاكی و چاكی ده‌بیسترێت.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شاعیره‌ ، گه‌وره‌یی و ناوبانگی وخزمه‌تی به‌رچاوی شاعیرمان بۆده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ دێنێت ، لێكۆڵه‌ران و شاره‌زایانی ئه‌ده‌ب ، گه‌ڕان و پشكنین بكه‌ن وشتی تازه‌ بدۆزنه‌وه‌. یاخود بنه‌ماڵه‌ی شاعیر ، كه‌ خۆیان كه‌سانی رۆشنبیرن ودیارن، بتوانن له‌ ئاینده‌ زانیاری زیاتر بخه‌نه‌ڕوو بۆخزمه‌تكردنی ئه‌ده‌بی كوردی.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:

  1. گۆڤاری هه‌تاو ، ژماره‌ (47) ، 20تشرینی دووه‌می ساڵی 1955 ، ل 8.
  2. ئومێد شێركۆ شاكر مجروم ، مامۆستا و نووسه‌ر، 1962 له‌دایكبووی ڕواندز، نامه‌ ، هه‌ولێر ، 28 /1/ 2019.
  3. گۆڤاری هه‌تاو ، ل8.
  • به‌ پێی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی شاعیر بێت (90) ساڵ ده‌كات وده‌رباره‌ی 120 ساڵ ته‌مه‌نی وله‌ وه‌زیفه‌ش دابێت ، ڕه‌نگه‌ له‌ ڕاستی دوور بێت!!
  1. كتێبی( ڕواندز شاره‌كه‌ی پاشای گه‌وره‌ )، مه‌ولود بێخاڵی ، تارق جامباز، ل71.
    ** وێنه‌ی مه‌جروم و خێزانه‌كه‌ی(ئینته‌رنێت.له‌ په‌یجی وێنه‌ كۆنه‌كانی سلێمانی ) وه‌رگیراوه‌.
  2. ئومێد شێركۆ. نامه‌ی پێشوو.
  3. كتێبی( به‌سه‌رهاتی ره‌فیق حیلمی) ، ئا: ناهیده‌ ره‌فیق حیلمی ، سلێمانی ، 2005 ، ل113.
  4. مێژووی شاره‌ گه‌شاوه‌كه‌م ، جه‌مال بابان ، به‌رگی دووه‌م ، چاپی دووه‌م ، هه‌ولێر ، 2012 ، ل187.
    *** هجری ده‌ده‌(1877) له‌ دایك بووه‌ له‌ 11/12/1952كۆچی دوایی كردوه‌. هه‌ر ئه‌م شاعیره‌ شیعریكی فارسی بۆ كه‌سایه‌تیی و په‌رله‌مانتاری شاری ڕواندز (ئیسماعیل به‌گی ڕواندزی) نووسیوه‌ كه‌به‌ناحه‌ق شه‌هیدكراوه‌و دۆستێكی خۆشه‌ویستی ئه‌و بووه‌. بڕوانه‌ گۆڤاری روناكی ، ژماره‌ (8) 1936، ل5_6.
  5. جه‌مال بابان ، به‌رگی چواره‌م ، ل466.
  6. گۆڤاری رۆشنبیری نوێ ، ئه‌یلولی( 1985)، ژماره‌ (107).
  7. سلیمانی شاره‌ گه‌شاوه‌كه‌م ،جه‌مال بابان ، به‌رگی (4)، ل 329.
  8. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 333.
  9. كتێبی (به‌سه‌رهاتی ره‌فیق حیلمی) ، ل252.
    **** شاكر مجروم ، دوو ژنی هێناوه‌ و كوڕه‌كانی بریتین له‌ (عه‌بدولعه‌زیز(1926_1999)،( شێركۆ(6/2/1934 _ 9/7/ 2008) ، (فه‌رهاد1937- ….) .
  10. هه‌تاو ، ل8_11.
    R_xarand@yahoo.com
  • له‌ گۆڤاری (نما) ، ژماره‌( 48)، هاوینی 2019 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.



گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! -10- مۆری بۆکچین … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی دە:

وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب
.
شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن حیزبەکان و گروپەکانەوە یاخود کادیرەکانەوە بەرپا نابێت. شۆڕشەکان سەرئەنجامی هێزێ ڕۆچوی مێژووە و ناکۆکییەکانە کە بەشێکی گەورەی دانیشتوان چالاک دەکەن، ئیدی شۆڕشەکان دەردەکەون و رەوودەدەن. ئەو شۆڕشانە سەرهەڵدەدەن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی کە ” جەماوەر” دەبینن کە کۆمەڵی مەوجود ( وەکو ترۆتسسکی جەدەلی دەکات) قەبوڵناکرێت [تەحەمولناکرێت]، بەڵکو لەبەرئەوەش کە گرژییەکانی نێوان واقیع و ئەوەی کە ئەگەری کردنی هەیە، هەروەها لە نێوانی چی هەیە و چی دەتوانرێت بکرێت، ئەمانەن کە ڕۆڵدەگێڕن لە ڕوودانی شۆڕشدا. بە تەنها ناهەمواریی و نەبوونیی و برسێتیی شۆڕش بەرهەمناهێنن، زۆر جار ئاوایە، بەڵکو بێ ئومێدیی، ڕووخان، یاخود خراپتر، تایبەتمەندییە خۆییەکان، ململانێی خودی کەسایەتی لە پێناوی مانەوەدا، ڕۆڵیان هەیە.
وەزن و بایاخی شۆڕشەکەی 1917 ی ڕوسیا لە مێشکی ئەوانەی کە دەژین وەکو مۆتەکەیەکە چونکە بە زۆری بەرهەمی ” بارودۆخە تەحەمولنەکراوەکان” بوو لە ناهەمواریی و وێرانکاری جەنگی ئیمپریالیستیانە. ئەو شۆڕشە هەرچی خەونێکی هەبووبێت لە لایەن جەنگێکی ئەهلی خوێناوییەوە، برسێتیی و نەبوونیی و خیانەتەوە لەناوبرا. ئەوەی کە دەرەنجامی شۆڕشەکە بوو بە تەنها وێرانکردنی کۆمەڵێکی کۆن نەبوو بەڵکو تێشکانی هەبوونی هەرچی ئومێدێکیش، بوو، کە بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی نوێ، بوون.

شۆڕشەکەی ڕوسیا زۆر خراپ شکستیهێنا، شوێنی حکومەتی قەیسەری بە سەرمایەداریی دەوڵەتی گرتەوە. [13] بەلشەڤیکەکان بوونە قوربانیی تراجیدیانەی ئیدۆلۆجییەکەی خۆیان و لە پاکتاوکردنەکەی ساڵانی سییەکانا، ژمارەیەکی زۆریان بە ژیانی خۆیان باجەکەیان، دا. هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی هەر حکمەتێکی عاقڵانە لەم شۆڕشە نوقسانە ناتەواوەدا، جێگای پێکەنینە. [ بوکچین لێرەدا مەبەستی ئەوەیە کە گەنجە چەپە نوێیەکان نابێت چاوەڕان و باوەش بۆ مارکسیزم-لینینزم بکەنەوە لە بزوتنەوەکەیانا، چونکە ئەوە کارەساتێکی مێژویی بوو، دەسەڵاتخوازانە و تۆتالیتارستی، بوو، تۆوی ئەمەش لە خودی مارکسیزمدا و لە کۆمەڵی ئەو سەردەمەدا چانرابوو. چەپە نوێیە ئەنارکیستەکان دەبێت خۆیانی لێبپارێزن- وەرگێڕ.
لە زاری جانێت بهێڵ، برادەر و هاوکاری بوکچین] ئەوەی کە دەتوانین لە شۆڕشەکانی ڕابوردووەوە فێربین ئەوەیە کە بزانین هەموو شۆڕشەکان لە چیدا هاوبەشن و هەروەها سنوورە دیاریکراوەکەیانە بە بەراورد لە تەك گریمانێکی گونجاوی زۆر و گەورەدا کە لە ئێستادا لای ئێمە ئاشکرایە. جەوهەری خەسڵەتەکان و دیمەنی شۆڕشەکانی ڕابوردوو ئاوابووە کە خۆبەخۆیانە/ خۆڕسکیانە دەستیانپێکردووە. ئەمەش ڕوونە گەر هەر کەسێك بیەوێت قۆناخی دەستپێکردنی شۆڕشی فەرەنسای ساڵی 1789 و شۆڕشەکانی 1848 و کۆمونەی پاریس و شۆڕشی 1905ی ڕوسیا و سەرەوژێڕکردنی حوکمی قەیسەر لە ساڵی 1917 و شۆڕشی هەنگاریای 1956 یاخود مانگرتنی گشتی 1968ی فەرەنسییەکان، بپشکنێت، کە لە هەر هەموویانا دەستپێکردنی قۆناخەکان بە گشتی وەك یەك بوون: قۆناخێکی خرۆشانی خۆبەخۆیانە تەقیوەتەوە و بەرەو بازی جەماوەریانە، ملیناوە. ئەو گوڕ و بازدانانە گەر سەرکەوتووبووبێت یا نا، پەیوەستە بە ورە و بڕیار و پلانەکانەوە، هەروەها ئایا کە هێزەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە خەڵك دەجەنگن یا نا.
“پارتی شکۆدار” کاتێك کە هەیە هەمیشە لە دوای ڕووداوەکانەوە هەنگەشەلکێیەتی. لە مانگی شوباتی 1917 دەدا بەشی ڕێکخستنی پیترۆگرادی پارتی بەلشەڤیك دژ بە بانگەشەی مانگرتنەکان، وەستایەوە، ئەوەش بە دەقیقی سەر لە ئێوارەی پێش شۆڕش بوو کە چارەنوسی تەزاری دیاریکرد و حکومەتەکەی ژێراوژوور کرد، بەڵام خۆشبەختانە کرێکاران ” ڕێنماییەکانی” بەلشەفیکەکانی فەرامۆش کرد و مانگرتنی خۆی کرد. لەو ڕووداوانەی کە بە دوای یەکدا هاتن و شۆڕشی تیادا ڕوویدا هیچ کەس زیاتر لە پارتە ” شۆڕشگێڕەکان'” سەرسامتر نەبوو ، لە نێوانیشیانا پارتی بەلشەفیك، بوو، هەروەکو Kayurov سەرکردەی بەلشەفیك، وتی: “بەڕەهایی[موتڵەقەن] هیچ دەستپێشخەرییەکی ڕێنماییانە لە پارتییەوە دەرنەچوو….ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پیترۆگراد گیران و نوێنەری کۆمیتەی ناوەندیی، هاوڕێ Shliapnikov, نەیتوانی هیچ ئامۆژگاری و ڕێنماییەك سەبارەت بە هاتنی ڕۆژەکانی دوایی، بدات”.
[3] ڕەنگە نەبوونی ڕێنماییەکی ئاوا مایەی خۆشبەختی بووبێت چونکە پێشئەوەی کە کۆمیتەی پیترۆگراد بگیرێن هەڵسەنگاندنی کۆمیتەکە بۆ بارودۆخەکە و ڕۆڵی خۆیان ئاوا غەمگینانە بوو ئەگەر کرێکاران دووی ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی کۆمیتە بکەوتنایە، کاتێك کە شۆڕش ڕوویدا گومان لەڕوودانی دەکرا. دەتوانرێت هەمان جۆر لەم حیکایەتە سەبارەت بە پێشوەختی 1917 هەروەها ئەوانەی کە بەدوایدا هاتن بوترێت، یەکێك لەوانە بە شاهید هێنانەوەی ئەم نزیکانەی ڕاپەڕینی قوتابیان و مانگرتنی گشتی مانگی ئایار و حوزەیرانی 1968 ی فەرەنسایە، ئەمە کاتێک کە خواست و مەیلێکی لەبار هەبوو بۆ لەبیرکردنی نزیکەی دەرزەنێك لە ” مەرکەزێتێکی بە شدەت” لە ڕێکخستنی بەلشەفیكئاسا کە لەکاتی خۆیدا لە پاریس هەبوون.

بەدەگمەن باس لە هەر یەکێك لەو گروپە ” پێشەنگانە” دەکرێت کە تا ڕۆژی 7 ی ئایار کاتێك کە شەڕی شەقامەکان بە جددی دەستیانپێکرد ڕقیان لە راپەڕینی قوتابیان دەبووە. گەنجە ترۆتسکییە شۆڕشگێڕە شیوعییەکان [The Trotskyist Jeunesse Communiste Révolutionnaire ] نەبێت کە جگە لەوان کە بە تەنها دووی دەستپێشخەرییەکانی بزوتنەوەکەی 22 ی ئازار کەوتن. [14].
هەتا ڕۆژی 7 ی ئایار هەموو گروپە ماوییەکان ڕەخنەیان لە ڕاپەڕینی قوتابییان دەگرت کە گوایە ڕووکەش و پەراوێزکەوتوو بێ بایاخن. فییدراسوێنی قوتابییانی شۆڕشگێڕی ترۆتسکییەکان، Trotskyist Fédération des Étudiants Révolutionnaires ، قوتابیان و مانگرتوانیان بە ” سەرکێش” [موغامیر] ناودەبرد و لە ڕۆژی 10 ی ئایاردا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە قوتابییان بەست و مەتاریسەکان بەجێبهێڵن، ئەوە باسی پارتی کۆمۆنیست ناکرێت کە بێ گومان ڕۆڵیکی خیانەتکارانەیان بینی. ماوییەکان و ترۆتسکییەکان وەکو دەستبەسەرکرابێتن ئاوابوون، دووربوون لەوەی کە ڕۆڵێ ڕابەرایەتیکردنی ئەو بزوتنەوە پۆپلیستییە بگێڕن.
بە پێچەوانەوە، زۆرێك لە گروپە بەلشەفیکەکان لە زانکۆی Sorbonne بێئابڕوانە گەمەی تەکنیکیانەیان لەناو ئەنجوومەنەکانی قوتابیانا، بەکاردەهێنا و لە هەوڵی ” کۆنترۆڵکردنیا” لە چوارچێوەی شێواندن و ڕوخاندنیا بوون، کە ئەمەش تەواوی لیژنەکەی وێراندەکرد.
دواتریش بۆ تەواوکردنی ئەم جۆرە کارانە هەموو ئەو گروپە بەلشەفیکانە سەبارەت بە پێویستی بووونی ” نێوەندگەرایی سەرکردایەتی” چەڵتە چەڵتیان بوو، کاتێکیش کە بزوتنەوە جەماوەرییەکە هەرەسیهێنا بزوتنەوەیەك بەدەر لە ” ئامۆژگاریی و ڕێنمایی” ئەوان و زۆر جاریش دژ بەوان، دەرکەوت.

درێژەی هەیە …….
…………………..
13- ڕاستییەك کە هەرگیز ترۆتسکی تێینەگەیشت ئەوە بوو کە هیچ وەخت ئەو دووی سەرەنجامی چەمکەکەی خۆی ” پێکەوە پێشکەوتن” “combined development ” لە بەرانبەر دەرنجامە لۆژکیەکانی خۆی ، نەدەکەوت. ئەو ئەوەی ( دروستدەبینی) کە تەزاری [ قەیسەری] ڕوسیا ، لە پرۆسەی پێشکەوتنی بورجوازییە ئەوروپاییەکانا لە دواوە بوو یاخود دواکەوت، کە بارودۆخەکەی ڕوسیای ئەو کاتە هەر لە سەرەتاوە بە زەروورە داخوازی زۆرترین گەشەی پیشەسازی و فۆرمبوونی چینایەتی دەکرد لەبری دووبارەکردنەوەی پرۆوسەی سەرتاسەری گەشەی بورجوازی. ئەو فەرامۆشی ڕەچاوکردنی ئەوەی کرد کە ڕوسیا بەهۆی ئاژاوەی ناوخۆی زۆر گەورەوە، هەڵوەشاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە تەنانەت پێشی سەرمایەداریی شوێنەکانی دیکە لە ئەوروپا بداتەوە. ترۆتسکی خەوێکی موغناتیسی قوڵی بە فۆرمیلەی ” خۆماڵیکردنی خاوەندارێتی، یەکسانە بە سۆشیالیزم” دەبینی، ئەو شکستی هێنا لە دەرککردن بەوەی کە خودی سەرمایەداریی ئیحتیکاریی مەیلی یەکگرتنی لە تەك دەوڵەت یاخود ئاوێتەبوونی بەو هەیە، ئەوەش بە هۆکاری بونی جەدەلییەتی نێو خودی خۆیەوە.

بەلشەفیکەکان فۆرمە ترادیسوێنەکانیان لە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بورجوازی، پاککردەوە ( کە تا ئێستاش ئەو فۆرمانە لە ئەمەریکا و ئەوروپا لە گەشەکردنی سەرمایەداری دەوڵەتییدا، دەستبەکارن)، ئەوان بێ مەبەست زەمینەیان بۆ گەشەکردنی دەوڵەتێکی سەرمایەداریی ” پوخت و ڕووت” سازکرد کە دەوڵەت لەو زەمینەیەدا لە کۆتاییدا دەبێتە چینێکی دەسەڵارتدار.
بە هۆی نەبوونی پاڵپشتیی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەوروپاوە، شۆڕشی ڕوسیی بوو بە دژە شۆڕشێکی ناوخۆ، ڕوسیای شورەویی بوو بە فۆرمێکی سەرمایەداریی دەوڵەتیی کە “سوودی بە سەرجەمی خەڵکەکە نەدەگەیاند”. پێچواندنەکەی لینین سەبارەت بە ” سۆشیالیزم ” و سەرمایەداریی دەوڵەتی لە سای ستالین-دا بووە ڕاستییەکی زۆر ترسناك. مارکسییەت چجای کرۆکە مرۆییەکەی شکستیهێنا لەبەرئەوەی دەرکینەکرد و تێنەگەیشت کە چەندێك چەمکە ” سۆشیالیزم” کەی لە قۆناخی دوایی خودی کاپیتاڵیزم نزیکدەبێتەوە یاخود نزیکایەتی هەیە، شکستیهێنا، بە گەڕانەوەی بۆ شێوازی بازرگانی لەسەر ئاستی پیشەسازی باڵا.

شکستهێنان لە تێگەیشتنی ئەم پێشەوەچوونە، بزوتنەوەی شۆرشگێڕی سەردەمی بەرەو ڕاچەنینی تیئوریانە، بێ ئومێدیانە، برد، کە کەرتکاری نێوانی ترۆتسکییەکان سەبارەت بەم پرسە، شاهیدن. [3] Quoted in Leon Trotsky, The History of the Russian Revolution (Simon & Schuster; New York, 1932), vol. 1, p. 144. 14- بزوتنەوەکەی 22ی ئازار دینەمۆیەك بوو لە کڕوکی ڕووداوەکانا کاری دەکرد، وەکو سەرکردایەتیی، فرمانی دەرنەدەکرد، بەڵکو پاڵنەر و جوڵێنەربوو، ئازادانە شانۆگەرییەکەی بۆ ڕووداوەکان بەجێدەهێشت. ئەم شانۆ ئازادە ڕێگای بە قوتابییان دەدا لە ڕێگای هێزی بزوێنەری خۆیانەوە بەرەو پێشەوە ملبنێن، چونکە نەدەتوانرا لەبەر هونەری جەدەل و مشتومڕی نێو ڕاپەڕین، دەستبەرداری ببن. لە ڕاستیدا بە بێ ئەوە هیچ بەست و مەتاریسێك لە ڕۆژی 10 ئایاردا نەدەبوو ، ئەویش بەدەوری خۆی خاڵی تەقینەوەی مانگرتنی گشتی کرێکاران بوو.