لە ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیدا، خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی و شەڕ … هیوا خۆشناو

ئەوڕۆ ٢١ی سێبتامبەر ڕۆژی ئاشتی نێودەوڵەتیە. ئەو ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان وەک ڕۆژی ئاشتی ڕێکخراوە، ئەوڕۆ بێچارەیی و قەیرانەکانی دەوڵەت لەهەر سەردەمێکدا زیاتر بەدەردەخا. دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٤٥ لە دایکبو و ٥١ دەوڵەتی-نەتەوەیی دەستیان لە دامەزراندنیدا گێڕا، جیهانێکی نوێ کە بە بەهەشتی دەوڵەتی-نەتەوەیی دەناسرا هاتە ئاراوە. لەو بەهەشتەدا کەمینەکان، نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە گۆڕنران و دەیان جار جینۆساید کران. لە هەندێک شوێنی جیهانیشدا وەک ئەمریکا، ئەوروپا و ئوستورالیا، دەوڵەتی-نەتەوەیی بانگەشەی باوکێکی باش، دادوەر و مژدەبەخش خۆی نمایش کرد. یەکێتی ئەوروپا تەقینەوەی پیشەسازی، ئابووری و زانستی بەخۆیەوە بینی. ئیتر لەوکاتەوە تا ئێستا هەر ڕەخنەیەک لەو باوکە مژدەبەخشە بە گوناح و شێتی دەزاندرا. هەژموونگەرایی خۆرئاوا توانی لە ژێر سێکوچکەی نەتەوە یەکگرتوەکان “ڕێکخستنەکەی”، ناتۆ “‌هێزە سەربازییە تۆقێنەرەکەی” و ئای ئێم ئێف -“سندوقی دراوی نێودەوڵەتی” هەمو جیهان بخاتە ژێر سێبەری خۆی.

٢٠٠٨ بەدەرکەوتنی پیساییەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی؛
ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ قەیرانی بانکەکانی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا کە دوایی جیهانی گرتەوە، نیشانەکانی نەخۆشی دەوڵەتی-نەتەوەیی ئاشکراتر لە پێشو بەدەرکەوتن. ئیتر ئەوکاتە کەم نەبوون ئەو زانایانەی دەیانگووت “سەرمایەداری و پارە، ئابووری نیە”. ئەوکاتە ئاشکراتر دەرکەوت کە سەرمایەداری “باوکی دەوڵەتی-نەتەوەیی” ناتوانێ ئابووری ببوژێنێتەوە، بەڵکو سیستەمێکی لەناوبردنی ئابووریە و بەیەک ڕۆژدا ملیۆنان کرێکار، کارمەند، کرێکاری نەخۆش و لاوازی، بێکار و نان کرد. سەرمایەداری کە ئابووری سروشتی مرۆڤی تێکداو بەهۆی شەڕ و گەورەکردنی شار، دێهاتیەکانی بردنە شار و لە شاردا کردیە قەحپەی شارستانی و کۆیلەی سمارت فۆن، خۆی لە قەیرانێکی گەورەتردا بینیەوە بۆیە پێویستی بە شەڕ و وێرانەیەکی دیکەی جیهان بو بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە.

بەهاری عەرەبی؛
ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی، نیشانەیەکی دیکەی نەخۆشیەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی بەدەرکەوت. ملیۆنان هاوڵاتی بێ نان و ئاو هاتنە سەر جادەو دەوڵەتی شمولی و دیکتاتۆرییان ڕوخاند و لە جیاتی ئەوە دەوڵەتێکی دیکەیان دروستکرد کە سەرەتا ئیخوانەکانی هێنا سەر دەستەڵات و دوای ئەوە، واتە ئەوڕۆ لە میسڕ بۆ نمونە “عبد الفتاح سعيد حسين خليل السيسی” بەڕێوەی دەبات و دەبینین کە هیچی نەگۆڕیوە.

شەڕکردن لەسەر زبڵدانی دەوڵەتی-نەتەوەیی لە عێراق، یەمەن، سوریا، لیبیا و سۆماڵ؛
ئەگەرچی بەهاری عەرەبی، بەهاری ئازایەتی و مەردایەتی بو دژ بە دکتاتۆرەکان، بەڵام لە بواری فکرییەوە، خوێڕیترین بەهاری ئەو سەدەیە دەرچو. بەهار، جگە لەوەی لە هەندێک ووڵاتدا حوسنی موبارەکێکی ڕوخاند و یەکێکی دیکەی هێنا شوێنی، هاوکات لە هەمو کات زیاتر طائیفیەت و مەزهەبیەتی زیندوکردەوە کە لە سەردەمی دڕندەیی بیابانی خەلیفەکانی ڕاشیدەینیشدا نمونەی نەبوە.

چەقی قەیران لە کوێ دایە؟

نەتەوە یەکگرتوەکان کە پیرۆزترین ڕێخراوی دەوڵەتی-نەتەوەیییە و بانگەشەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی جیهان و کێشەکانی نێوان دەوڵەتانی دەکرد، ئەوڕۆ ناتوانێ لە دێیەکی ئیدلیب ئاشتی و ئارامی بێنێتە ئاراوە. نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانی ماوە بە ئارەزووی خۆی جیهان وێران بکات و چاکی کاتەوە، نە ڕوسیا و ئەوروپا. قەیرانەکانی بریکسیت دەبینین کە چۆن باس لە بێکاریگەرکردنی پارلمان و دیموکراسیەتی بریتانیا دەکرێ. گەمژەییەکی گەورەیە ئەگەر بڵێین ئەو قەیرانە، بەتەنیا قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەییی دکتاتۆر، گەندەڵ و پاشکەوتوە.

نەخێر قەرانەکە سەرەتا قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەییی پێشکەوتوە وەک ئەمریکا، ئەوروپا و…هتد، ئینجا قسەیەک بۆ دەوڵەتی-نەتەوەییی خۆرهەڵاتی ناوین نامێنێتەوە. هیچ جیاوازیەک لە نێوان دەوڵەتە-نەتەوەییەکانی پێشکەوتو و پاشکەوتو نیە. ئەسەد و سیسی بە قامچی خەڵکەکەیان ناچاری سەرشۆڕی دەکەن، لە ئەوروپا و ئەمریکاش بە ئابووری، بەرزکردنەوەی تەمەنی کارکردن تا دەگاتە ٧٠ ساڵ، کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی و مافەکانی دیکە، هێنانی ملیۆنان پەنابەر و خستنەکاریان لە فابریکە/کارگەکان لە هەڵومەرجێکی ناچێگیری کۆمەڵایەتی/کولتوری و ئابووری، خەڵک کۆیلە دەکەن. بەرزبوونەوە و گەورەبوونی پارتە نەژادپەرستەکان و هاتنیان بۆسەر دەستەڵات، بەڵگەی پێویستن کە دەوڵەت لە بنچینەوە نەخۆشە بە پێشکەوتو و پاشکەوتوویەوە.

هەر ئەوەیە بۆتە هۆی نە نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەتەنیا نوێنەری دەوڵەتی-نەتەوەیی دەکات، نە وڵاتانی زلهێز ناتوانن گۆڕانکاری و ئاشتی بێننە ئاراوە، چونکە خۆیان سەرچاوەی کێشەن. کێشەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی بەتەنیا شەڕیش نیە، بەڵکو پیسکردنی ژینگە و بڵاوبونەوەی پلاستیکە بە هەموو جیهان. ئەوانە کێشەگەلێکن کە ڕزگاربوون لێیان ئاسان نیە، ئەگەر مرۆڤایەتی دەستبەرداری کۆیلایەتی نەبێ بۆ دەوڵەت.

ئەنجام؛
تەواوی کاییەکانی دەوڵەتی-نەتەوەیی و میکانیزمەکانی ئەوڕۆ لەکارکەوتوون. باسمان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، باسمان لە ناتۆ کرد کە بۆتە دڕندەترین ڕێخراوی جیهان و باوکی شەڕ. باسمان لە قەیرانی دەوڵەتی-نەتەوەیی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمووی گرینگتر باسمان لەو ئەقڵیەتە خوێڕییە کرد کە پێیوابو دوای ڕوخانی دەوڵەتێک و ئاواکردنی دەوڵەتێکی دیکە، دنیا دەبێتە شامی شەریف، کە لە ئەنجامی ئەو بیرکردنەوەیەدا، دەیان ڕێکخراوی داعشی لێ کەوتەوە. ئێستا لە هەموویان خراپتر ئەوانەی درێژە بە ئەقڵیەتی دەوڵەتی-نەتەوەیی دەدەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستیان کردۆتە کارگەی “درۆنەکان” فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و نەوەک بەتەنیا دەوڵەت، بەڵکو زۆربەی زۆری ڕێکخراوەکانیش خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو چەکە وێرانکەرەن.
لە کوردستانەکەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەوشەکە زۆر لەوە خراپترە. هێشتان دەنگی تەپوتۆزی رێفراندۆم و دەوڵەتە مورتەزەقەکەی کوردایەتی لەبەر گوێماندا دەلەرێتەوە. ڕۆژانە دەیان ئەکادێمیسیەنی ستۆک، سەدان نوسینی بێکەڵک و دەیان بەرنامەی تەلەفزیۆنی و کۆنفرانس دەبینین بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی دەوڵەت و ناسیۆنالیزم کە پێیان وایە ئەگەر دەرفەتیان پێ بدەن، ئەو ئەفەندیانە دەتوانن دەوڵەت و نەتەوەی باشتر بئافرێنن!! ئەوە لەکاتێکدا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە دەوڵەتێکی کوردی ئەگەر ببێ، دەبێتە مورتەزەقەی هێزە ئیقلیمیەکان و دڕندە بۆ تاکی کورد، چونکە ئەوانەی دەوڵەتەکە دادەمەزرێنن، لە خۆرئاواییەکان بەئاقڵتر و دیموکراتتر نین. ئەوان لە سەرەتادا بە ئەقڵیەتی میرنشینی تاڵانکار و ڕێگر گەورەبوون و دوایی واتە لە سەدەی بیستەم حزبی سیاسی کوردیان دامەزراند.
ئەوڕۆ لە جیهاندا کەسە ئەحمەقەکانی وەک دۆناڵد ترامپ، بینیامین ناتانیاهو و بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی بەهێزترین دەوڵەتی-نەتەوەییی جیهانن. پارتە ڕاسیستە دژەپەنابەرەکان دێنە سەر دەستەڵات و لای ئێمەش پارلمان بۆتە قەشمەرخانەو سوکترین/ئەحمەقترین دەزگای دەوڵەتی-نەتەوەیی، کە کەسە ڕانتخۆرەکان جێی تێدا دەگرن و داوا لە ژنە خێرلەخۆنەدیوەکانی کورد دەکەن ژمارەی منداڵەکانیان بگەیەننە زیاتر لە پێنج منداڵ بۆ ئەوەی بەغدا پارەی زیاتریان بۆ بنێرێ.
ڕەنگبێ ئۆجالان تاقە کوردێک بێ لەو لایەنە کۆمەکێکی گەورەی پێشخستبێ لە پێناوی بەڕێکردنی قەیرانەکان کە قەیرانی شارستانی و سەرمایەدارین، بەڵام نە پکک، وە نە هەڤاڵانی هەنگاوێکی جدییان نەناوە. نەوەک بەتەنیا بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی کەم لەو پارادێگمایە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنیشی. لە غیابی ئەودا، تا ئێستاش سیستێمەکە حزبیە، “حزبیش کەرەستەیەکی دەوڵەتی-نەتەوەیییە”، تا ئێستاش کولتووری مەکتەب سیاسی هەیە کە دەتوانێ دەستەڵاتی بڕیاردان قۆڕخ بکات، توێژێک بە بنەما بگرێ و توێژێک پەراوێز بکا یان هەرهیچ نەبێ کولتووری مەکتەب سیاسیەکان کە نوخبەیە، ناتوانێ دیموکرات بێ و لە هەمووی خراپتر تا ئیستا کوولتوری سیاسی و ڕێکخراوەیی ستالینیزم بەلاوە نەنراوە لە ئاستی کەسە باڵاکان و کادیرانی ناوەڕاستدا.
بۆ بەلاوەنانی ئەو قەیرانانە، پێویستە مرۆڤ لە سفرەوە دەستپێبکات و لە دەروازەیەکی دیکەوە تەماشای جیهان بکات. ئەو سیستێمەی جیهان، ئەو زانست/زانکۆیەی جیهان کە لەژێرکاریگەری پارە/سەرمایەداری و لیبرالیزم دایە، لەگەڵ ئەو مێژووە نوسراوە و خوێندەوە کۆمەڵناسیە، وەڵامی قۆناغەکە ناداتەوە.




تڕاژێدی منداڵی کورد لە خوێندگەکانی ئێران! … برایم فەڕشی

شانۆپێداگۆگ، داڕێژەری سیستەمی فێربوون

پێشینە

پاش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی، لە ناکاو میللەتێک و سەرزەمێنێکی کۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێزۆپۆتامیا، بە ویستی دوو وڵاتی بریتانیا و فەڕانسە و بە مەیلی ترک و عاڕەب و فارس، لە سەر نەخشەی سیاسی سەردەم سڕدرایەوە و کورد لە ناکاو بوون بە ئێرانی، عێراقی، سووریی و تورکییەلی!
پرۆسەی سڕینەوەی هەنگاو بە هەنگاوی ناسنامە و زمان و کەسایەتی مرۆڤی کورد بۆ ڕژیمەکان، پڕۆژەیەکی درێژخایەن بوو، بە هەمان شێوە بەخشینی ناسنامەی نوێ بە کوردەکان لە هەر چوار وڵاتی تازە سازکراو، پرۆسەیەکی پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتی- سیاسی- فەرهەنگی بوو، کە بە بێ پلان مێسەر نەدەبوو. ناوەندی ئەم پڕۆژەیە لە تورکیا و ئێران وەزارەتخانەکانی ” فێرکردن- بارهێنان- پەروەردە و خوێندنی باڵا” و شوێنی جێبەجێکردن، خوێندگە و زانستگا بوو.

ئاتاتورک و ڕەزاشا و ئیدئۆلۆگەکانی ترک و پارس هێدی هێدی “چزووی کوردبوونیان” لە وجوودی منداڵ و لاوی کورد دەرکێشا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ترک و پارس “خالس” بمێنێ. “ناخالسەکان” دەبوو خۆیان لە گەڵ تورکبوون و ئێرانیبوون ڕابهێنن. سیستەمی سانتڕاڵی ئێران، بە زەبری هێزی ژاندارم، ئاژان، دام ودەزگاکانی ئەمنیەتی، قەزایی، سەربازیی، بە زەبریی گۆڕینی مێژوو، داتاشینی تئۆری نوێی “ئاریایی”، کە “نوخبەی کورد” خۆیان تێدا دیتبووە، بە زەبری سیستەمی “دایرە معارف- آموزش و پرورش”، پرۆسەی بە ئێرانیکردنی کورد داسەپێندرا و ئەو ئامانجە هاتە دی، کە تاکی کورد خۆی خۆی بە ئێرانی بناسێنێ!

ئاتاتورک جگە لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردن، کووشتنی بە کۆمەڵ، زیندان و دوورخستنەوە، سیاسەتێکی تایبەتی لە ڕێگای خوێندنگەکانەوە بۆ توواندنەوەی بەیەکجاری کوردەکان گرتە پێش. لە کوردستان منداڵانی کورد لە گوندەکان لە دایک و باوک و بنەماڵەیان جیاکرانەوە و لە شارەکان خرانە ناو “ماڵ- خوێندنگە”، واتە منداڵ شەو و ڕۆژ لەو خوێندنگایانە دەمانەوە و تەنیا لە پشووی هاوین دەگەڕانەوە بۆ ناو بنەماڵەکانیان، ئەو بنەماڵانەی کە لە گەڵ منداڵێکی گوڕدراو و نامۆ ڕووبەڕوو دەبوون، ئەو منداڵانەی کە دوورخرابوونەوە لە ئەسڵ و بەیس و بنەوانی خۆیان و بە زمانێکی دیکە دەئاخڤین، ئەو منداڵانەی سەدان تاقیکردنەوەی ئازار و ئەزیەت و بگرە دەستدرێژیکردنە سەریان، تێپەڕاندبوو. دەرچووانی خوێندنگەکانی ئاتاتورک، واتە هەر ئەو منداڵانە، دواتر دەکران بە دەرسوێژ و فێرکار لە گوندەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی خۆیان منداڵانی کورد وەک خۆیان لە خشتە بەرن و مرۆڤی تورکیان لێ ساز بکەن.

یەک لە گرفتەکانی سیستەمی خوێندنگە لە کوردستانی ڕەزاشا، نەبوونی دەرسوێژ و فێرکار بوو. بۆ زاڵبوون بە سەر ئەم گرفتە، مەلا و فەقێ و خەڵکی تر، لە تاقیکردنەوەی کەلاسی شەشی سەرەتایی بەشداریان پێکرا و کران بە دەرسوێژ و ڕەوانەی گوندەکان کران، دواتر ماوەی خوێندن بۆ دەرسوێژ، کرایە نۆساڵ(سیکل) و پاشان “دانشسرا” لە شارەکان بۆ “پەروەردەکردنی دەرسوێژ” کرانەوە. ئەم پرۆسەیە هێدی هێدی بۆ خەڵکی کورد بوو بە ئاسایی!


مرۆڤی کورد پاش تێپەڕاندنی پرۆسەی خوێندنگە و زانستگا، دەتوانن ببن بە فەرمانبەر و مووچەخۆری دام و دەزگاکانی ترک، عەڕەب و فارس و دەوری پێچ ومۆرەی ماشێنی حکوومەت بگێڕن و بەشداربن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی سیاسەتی حکوومەت، کە مەبەستی سیاسی و ئیدئۆلۆژییان توواندنەوەی ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤی کوردە.
ئەم پرۆسەیە پێشتر لە لایەن موسڵمانەکانەوە لە کوردستان تاقیکراوەتەوە و لە بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگای کوردستان و موسڵمانکردنی مرۆڤی کورد سەرکەوتو بووە. موسڵمانەکانی عەڕەب بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە موسڵمانکردنی کورد جگە لە کووشتن و بڕین و بە بەردەگرتن، مزگەوت و مەدرەسەی دینی-یان بەکارهێنا و هەنگاو بە هەنگاو کورد خۆی لە ئیسلام و ناسنامە و کەسایەتی ئیسلامدا دیتەوە و بەگژ نڕخەکانی ئایینی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆیدا چووە. ئەمڕۆ لە هیچ شوێنێکی کوردستان، عەڕەب کورد ناکاتە موسڵمان، بەڵکو کورد خۆی دەرچووانی حوجرە و مەکتەب و مەدرەسە و “زانستگا”ی دینی هەیە، کە کورد بەرەو دۆزەخی سەر زەوی دەکێشن!

پانتورکیسم و پانفارسیسم(پانئێرانیسم)ی جێگر لە تورکیا و ئێران، گرێدراوی تێگەیشتنی ئایینی، پەروەردەی بنەماڵە، خوێندنگە، زانستگا و دەستەڵاتی سیاسی- مێژوویی- ئایینی هەر دوو نەتەوەی ترک و فارسە و وەک ئایین خۆی دەردەخات و مرۆڤی کوردیش کە گرێدراوی ئەو سیستەمە بێت، خۆی تێدا دەبینێتەوە و فەرهەنگ و زمان و ئایینەکەی، لە فەرهەنگ و زمان و ئایین و ناسنامەی ئەواندا، بزر دەکا و هەمان دەوری مەلا و شێخ و فەقێ و ئیمام بۆ سیستەم دەگێڕێ.

بوونی خوێندنگە هەنگاوێکی سەردەمیانە بوو، بەڵام مەبەستی حکوومەتەکان ئەوە نەبوو کە منداڵی کورد بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا، وڵات، زمان، فەرهەنگ و کەسایەتی خۆی، بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتەکەی پەروەردە بکا، بەڵکوو مەبەست جێبەجێکردنی ئەرکەکانی حکوومەت لە وڵاتێکی داگیرکراو بە دەست کورد خۆی بوو.
پرۆسەی خۆتوواندنەوە لە خوێندنگە و زانستگا لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت بەردەوامە و نوخبەی کورد خۆی لە جێبەجێکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بەشداری دەکات!

ژمارەی زانستگا و خوێندکار بە پێی ئامار

بە پێی ئەو ڕێژەیەی کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە فەڕمی بڵاوی کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگای ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام پێنج میلیۆن و پێنجسەد و هەشتاویەک هەزار و نەود وچوار(٥٥٨١٧٩٤) کەسە، ئاماری نادەوڵەتی ژمارەی کوردەکان لە نێوان ١١ هەتا ١٧ لە سەدی نفووسی ئێران نیشان دەدا، کە زیاتر لەو چوار پارێزگایە دەگرێتەوە، واتە هەشت میلیۆن و هەشتسەد هەزار( ٨٨٠٠٠٠٠) بۆ سێزدە میلیۆن و شەشسەد هەزار (١٣٦٠٠٠٠٠) کەس.
بەم پێیە دەبوو خەڵکی کوردستان لەو چوار پارێزگایە یازدە هەتا حەفدە لەسەدی ئیمکانی مادی و مانەوەی سەرزەمینی ئێران و بوودجەی حکوومەتیان وەبەر کەوێ. هەر بەو پێوانەیە دەبوو ١١ بۆ ١٧ لە سەدی ئیمکانی خوێندنگە و زانستگا بۆ کوردستان تەرخان بکرێ.

بە پێی دوا ئاماری دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان(ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام) سێسەت و بیست وسێ هەزار و نۆسەت وسی( ٣٢٣٩٣٠) خوێندکاری زانستگا لە حەوت زانستگای دەوڵەتی و سەت زانستگای خسووسی(پووڵی) کات و ژیان تێدەپەڕێنن. واتە دوو لە سەدی (٢%) خەڵکی کوردستان! ئەم ڕێژەیە لە جیاتی (٢%) ، دەبوو شەش لە سەد(٦%) بێ، واتە ژمارەی خوێندکارانی زانستگا لە کوردستان دەبوو لە نێوان چوارسەت و هەشتا هەزار(٤٨٠٠٠٠) بۆ حەوت سەت و هەشتا هەزار(٧٨٠٠٠٠) کەس بێت!

بە پێی ئاماری ڕەسمی ژمارەی خوێندکاری زانستگا لە ئێران ٤،٨ هەتا ٥ میلیۆن کەسە، کە دەبێتە شەش لە سەدی نفووسی ئێران. گەر پێوانە ئەوە بێ کوردستان یازدە بۆ حەفدە لە سەدی سەرجەم خوێندکارانی ئێرانی وەبەر دەکەوێ، رێژەی خوێندکارانی کوردستان دەبوو لە نێوان پێنجسەد و پەنجا هەزار(٥٥٠٠٠٠) بۆ هەشتسەت و پەنجا هەزار( ٨٥٠٠٠٠) کەس بێ. ئامار و ڕاستی دابەشکردنی سامان و ئیمکانەکان لە لایەن حکوومەتی ئیسلامی، ئەوە دەردەخەن کە بە هیچ شێوەیەک دابەشکردنی عەداڵەتپەروەرانە لە ئارادا نییە و بوودجە و سامان و ئیمکان بە پێی خواستی سیاسی، بە پێی ئەمنیەتی بوون و نەبوونی ناوچەکان، بە پێی جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی و بە پێی دووری و نزیکی لە حکوومەتی ئیسلامی سەر دەگرێ. کوردستان کە دەنگی بە حکوومەتی ئیسلامی نەداوە و بەردەوام ناوچەیەکی پڕلەکێشە و نیزامی و ئەمنیەتی کراو، بووە و هەیە، کەمترین بوودجە و ئێمکانی بۆ دیاری کراوە.

پارێزگای ئیسفەهان کەپێنج میلیۆن و سەت وبیست ویەک هەزار (٥١٢١٠٠٠) کەس نفووسی هەیە، دووسەت و نەودوهەشت هەزار و هەشسەت و پەنجاو شەش (٢٩٨٨٥٦) خوێندکاری زانستگای هەیە، واتە شەش لە سەدەی دانیشتوانی پارێزگای ئیسفەهان. ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کە ژمارەی خەڵکەکەی سێ میلیۆن و حەوت سەت و بیست و پێنج هەزار(٣٧٢٥٠٠٠) کەسە، دووسەت وحەوت هەزار و نۆسەت و نەوەد ویەک(٢٠٧٩٩١) خوێندکاری هەیە، واتە شەش لە سەدی دانیشتووانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات. ئەم ڕێژەیە لە هەر چوار پارێزگای کوردستان دوو بۆ سێ لە سەدە!

پارێزگای تاران بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی دانیشتووانی پازدە میلیۆن و دوسەت وحەفتا هەزار(١٥٢٧٠٠٠٠) کەسە و هەشتسەت و حەفتاو دوو هەزار و نۆسەت وشەست وچوار(٨٧٢٩٦٤ ) خوێندکاری زانستگای هەیە، واتە شەش لە سەدەی دانیشتووانی پارێزگاری تاران و حەفدە لە سەتی سەرجەم خوێندکارانی ئێران. ڕێژەی خوێندکارانی ئیسفەهان لە حاند خوێندکارانی سەرجەم ئێران شەش لەسەدە، ئازاربایجانی ڕۆژهەڵات چوار لەسەدە، چوار پارێزگاکەی کوردستان شەش لەسەدە. هەروەک لێرە دەردەکەوێ شەش لە سەدی خەڵکی ئێران لە پارێزگای ئیسفەهان دەژیین و شەش لە سەتی خوێنکارانی ئێرانیان هەیە. لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات چوار و قسوور لەسەتی خەڵکی ئێران دەژیین و بەو ئەندازە خوێندکاریان هەیە. پارێزگای تاران ١٩ لە سەدی دانیشتووانی ئێران لە خۆ دەگرێ و حەفدە لەسەت خوێندکارانی زانستگای هەیە. کوردستان بە چوار پارێزگا یازدە بۆ حەفدە لە سەدی دانیشتوانی ئێران لە خۆ دەگرێ، بەڵام شەش لە سەتی خوێندکارانی زانستگاکانی ئێرانی هەیە، کە دەبێتە دوو بۆ سێ لە سەتی دانیشتووانی هەر چوار پارێزگا!

ئازەربایجانی ڕۆژهەلات (٨ ) هەشت، ئیسفەهان( ٧) حەوت و تاران ( ٢٩ ) بیست ونۆ زانستگای دەوڵەتیان هەیە. کوردستان بە هەر چوار پارێزگاکەیەوە تەنیا حەوت زانستگای دەوڵەتیان هەیە ( ورمێ ٣، کرماشان ٢ ، ئیلام و کوردستان هەرکام یەک). ژمارەی زانستگاکانی ئازادی ئیسلامی و پەیام نوور(زانستگای خسووسی) لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان دەگاتە سەت(١٠٠). ژمارەی زانستگاکانی هەر دوو پارێزگای ئیسفەهان و ئازەربایجانی ڕۆژهەلات، کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە هەشت میلیۆن و هەشت سەت و چل و شەش هەزار(٨٨٤٦٠٠٠) کەس و ژمارەیان کەمتر لە خەڵکی کوردستانە، دەگاتە (١٤٨) زانستگای خسووسی. واتە سەرەڕای کەمتربوونی ژمارەی نفووسیان لە کوردستان، هەم ژمارەی زانستگای دەوڵەتی و هەم خسووسی-یان زیاتر لە کوردستانە، کە ئەوە لایەنەکانی شاراوەی پلەی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئەو شوێنانە دەردەخات.

بە پێی وتەی وەزیری “آموزش و پرورش”، ئێران ٤،٨ بۆ ٥ ملیۆن خوێندکاری زانستگای هەیە و دەبوو ڕێژەی خوێندکارانی زانستگا لە کوردستان یازدە هەتا حەفدە لە سەدی خوێندکارانی زانستگاکانی ئێران بایە، واتە ( ٥٢٨٠٠٠) بۆ (٨١٦٠٠٠ ) خوێندکار، کەچی سەرجەم خوێندکارانی زانستگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٣٢٣٩٣٠) خوێندکارە. واتە ٢٠٠ هەتا هەتا ٥٠٠ هەزار خوێندکار کەمتر.


ژمارەی خوێندنگە و خوێندکار بە پێی ئامار

ژمارەی سەرجەم (مەدرەسە) خوێندگەکانی هەر چوار پارێزگا، بە پێی ئاماری هەر کام لە ئیداراتی”آموزش و پرورش استان” پازدە هەزار و پێنجسەد و دە (١٥٥١٠) خوێندنگەیە، کە شەست ودوو هەزار و حەوسسەد و سێ (٦٢٧٠٣) کەلاسی دەرس و وانەگووتنەوە لە خۆ دەگرن. ژمارەی سەرجەم خوێندکارانی کوردستان واتە هەر چوار پارێزگا دەگاتە یەک میلیۆن و چوارسەت و هەشت هەزار و چوارسەد و سی سێ کەس ( ١٤٠٨٤٣٣).
بە پێی وتەی رەییسی بەرنامە ڕێژی”نیروی انسانی و فناوری اطلاعات وزارت آموزش و پرورش ، خسرو نظری” لە هەموو ئێران سەت و حەوت هەزار و سەت و حەفتاو یەک (١٠٧١٧١) خوێندنگە و پێنجسەت و پەنجا و نۆ هەزار و دووسەت و چل و سێ (٥٥٩٢٤٣) کەلاسی دەرس و زیاتر لە چاردە ملیۆن (١٤٠٠٠٠٠٠) خوێندکار هەیە.

هەر بە مەزندەی دابەشکردنی ئیمکان و پێداویستییەکان، دەبوو کوردستان یەک میلیۆن و پێنجسەد و چل هەزار (١٥٤٠٠٠٠) بۆ دوو میلیۆن و سێسەد و هەشتا هەزار (٢٣٨٠٠٠٠) خوێندکار، یازدە هەزار و حەوتسەت و هەشتا هەشت (١١٧٨٨) بۆ هەژدە هەزار و دووسەت و نۆزدە (١٨٢١٩)خوێندنگە و شەست ویەک هەزار و پێنجسەت و شازدە (٦١٥١٦) بۆ نەودوپێنج هەزار و حەفتاویەک (٩٥٠٧١) کەلاسی دەرسی هەبوویایە، کەچی لە هەر سێ بوارەکەدا ڕێژەکە کەمترە.


خوێندنگە و زانستگا لە کوردستان درێژکردنەوەی باسکی ئەمنیەتی- ئیدئۆلۆژیی- سیاسی حکوومەتی ئیسلامی و دەزگاکانی کۆنترۆلی ئەو وڵاتە و شوێنگەلێکن بۆ سڕینەوەی سەرمایەی ناو مێشکی منداڵ و لاوی کورد. منداڵانی کورد هەر لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکانەوە دەخرێنە ژێر تەوژمی فەرهەنگ، ئایین، زمان و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ڕەوانی، نەتەوەی فارس.
حکوومەتی ئیسلامی ئێران بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد پشتی بە زمان، مێژوو، ئەدەبیات، هونەر و داب ونەریتی کۆن و فەرهەنگی ئەمڕۆیی خۆی بەستووە و هەنگاو بە هەنگاو پێکهاتەکانی ناسنامەیی(زمان، فەرهەنگ، داب و نەریت ، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ئەدەبیات، موسیقا و…) لە منداڵانی کورد وەردەگرن و سیستیماتیک و بەرنامەداڕێژراو، کەسێکی دیکە لەوان سازدەکەن. ئەوەش گرێدراوی بنەماڵەی منداڵ و دەوری کۆمەڵگای کوردستانە، کە تا چ ڕادەیەک منداڵ و لاوان لە ژێر یەخسیری سیستەمێکی داپلۆسێنەر دەربکێشن، کە بەناوی مەدرەسە و زانستگا، کەسایەتی، ناسنامە، زمان و لێهاتووی منداڵی کورد دەشێوێنن و دەیانکەنە پاژگەڵی میللەت و کیانی خۆیان.


ئایا ئەوە بۆ بنەماڵە، کۆمەڵگا و فێرکار، دەرسوێژ و ئوستادی کورد لە خوێندگە و زانستگا، پرۆسەیەکی ئاساییە، کە بە پرۆژە و پلان سیما و بەیس و بنەوانی ئینسانی کورد تێکبدرێ؟ ئەوە دەبێ ڕوون بێ، کە خوێندنگە و زانستگا دەکرێ داڕێزێنەر و تێکدەر بێ و وەک ئامراز بۆ ئایین و ئیدئۆلۆژی بەکار بهێندرێ. خوێندنگە و زانستگاکانی ئێران لە کوردستان بۆ پێشکەوتن و سەرفەرازی و ئازادبوونی خەڵکی کورد بەکار ناهێندرین، زمان و فەرهەنگ و مێژوو، جوغرافیا، ئەدەبیات و هونەری کورد، فێری منداڵ ناکری.

لە ئێران سیستەمی “آموزش و پرورش” سێنتراڵ، ناوەندییە و دەستەڵاتی ئەمنیەتی و ئیدئۆلۆژیک بەسەریدا زاڵە. ئەم وزارەتخانەیە گرێدراوی وەزارەتخانەکان و سازمانەکانی ئەمنیەتی- نیزامی و ئیدئۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامییە و ئەرکی سیستەمی پەروەردە و وەزارەتخانەکانی فێرکردن و بارهێنان و خوێندنی باڵا، ئەوەیە هێزیی ئیداریی، فەرهەنگی، نیزامی، ئەمنیەتی، پۆلیسی، ئایینی، سیاسی- ئیدئۆلۆژیک لە پێناو پاراستن، بەڕێوەبردن و مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی، ڕاهێنن و پەروەردە بکەن.
لەم سیستەمەدا پارێزگا و ناوچەکانی سەر بە نەتەوەکانی نە فارس، هیچ ماف و دەستەڵاتێکیان نییە بۆ داڕشتن و پیادەکردنی بەرنامە و پرۆگرامی جیاواز لە بەرنامەی داڕێشتراو لە ناوەندی حکوومەتی ئیسلامی ئێران. پارێزگاکان و دام ودەزگاکانی حکوومەت لەوانە “آموزش و پرورش” تەنیا ماف و ئەرکێ کە هەیانە، جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزارەتخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانە.

بەم پێیە ڕوونە کە خوێندنگەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان کە بە هێز و وزەی مرۆڤی کورد لە جامەی فێرکار و دەرسوێژ و رەییس و کارمەند بەڕێوە دەبردرێن، مرۆڤی کورد ڕاناهێنن و پەروەردە ناکەن، بەڵکوو مرۆڤێکی “ئێرانی” ڕادەهێنن کە ئاگا و نائاگا هەنگاو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خۆی و نەتەوەکەی، ڕووتاندنەوەی زێدەکەی، لە ناوبردنی دژبەرانی کیانی ئێرانی، هەڵدەهێنێتەوە. لە خوێندنگە و زانستگاکان کورد دەتوێندرێنەوە.


خوێندنگە و زانستگا باشترین شوێن بۆ جێبەجێکردنی مەبەستی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستانن، بەو پێیە دەبوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان ژمارەی خوێندنگە و زانستگا زیاد بکەن، بەڵام ئەوان لایەنەکانی تری خوێندنگە و زانستگا لە بەرچاو دەگرن و بیر لەوە دەکەنەوە، کە زۆربوونی ژمارەی خوێندکار، خوێندنگە و زانستگا، دەتوانێ ببێتە هۆی زۆرتربوونی گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەشەنەی دژایەتی بەرانبەر بە هێژمۆنی سیاسی- عەقیدەتی- فەرهەنگی- زمانی- ئەمنیەتی و ئیداری حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان.

هەر بۆیە ڕێژەی خوێندنگە، زانستگا، خوێندکار، فێرکارلە کوردستان لەو ئاستەدا ڕاگیراوە کە لە ئاستی پێداویستی کیان و حکوومەت بێ و لە هەمان کات دام و دەزگاکانی نیزامی و ئەمنیەتی کۆنترۆڵیان بە سەریانەوە بمێنێ، ئەوەش ڕوون بۆتەوە بۆ خەڵک و خوێندکاران کە بوونی زانستگا بێ کەڵکەکانی ئازاد ئیسلامی و پەیامی نوور، نە تەنیا داهاتووی زێڕین بۆ لاوانی کورد بە دیاریی ناهێنن، بەڵکو بێکاری لاوانی لێدەکەوێتەوە. ئەوەش ڕوونە کە لەم ڕێگایەدا هەم پارەی بنەماڵەکان بە فیڕۆ دەچێ ، هەم کاتی زێڕینی خوێندکار! ئەوەش بۆ خوێندکار ڕوون بۆتەوە کە باوەڕنامەکانی ئەو چەشنە بەناو زانستگایانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بایخی زانستیان پێنابەخشرێ.


بە پێی ئاماری دەوڵەتی و دام و دەزگاکان، کوردستان خاوەنی ١٠٧ زانستگا(١٠٠ خسووسی و ٧ دەوڵەتی) و (٣٢٣٩٣٠) خوێندکارە، واتە نەودوچوار لە سەتی (٩٤%) زانستگاکانی کوردستان بەرهەمی بازرگانەکانی حکوومەتی ئیسلامی و حەوت زانستگای دەوڵەتی میراتی ڕژیمی پەهلەویین. ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە شارە ورد و درشتەکانی کوردستان، یەک سەت “دووکانی” بە ناوی زانست-گا کردۆتەوە بۆ بازرگانی کردن بە زانست، خولیای لاوان و بنەمالەکانی کورد. خاوەنی ئەم دووکانانە “زانستگای ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور” بازرگانەکانی بازنەی سەرەکی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانن. هەر خوێندکارێکی “زانستگای ئازاد ئیسلامی و پەیامی نوور” ساڵانە چەند میلیۆن تمەن(پارەی ئێران) خەرجی مانەوە لەو شوێنانە دەکا، کە بە پیی زانستگا، بابەتی خوێندن و پلەی خوێندن نڕخەکان جیاوازن.
گەر خەرجی هەر خوێندکارێک بە بەراوەرد، چوار میلیۆن تمەن بێ، داهاتی یەک ساڵی ئەو دووکانانە زیاتر لە یەک بلیۆن و سەت و چڵ و دوو میلیارد و چوارسەت و پەنجا وشەش میلیۆن (١١٤٢٤٥٦٠٠٠٠٠٠) تمەنە، واتە زیاتر لە ٥٧ میلیۆن ئۆیڕۆ. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاری بە گشتی و بێکاریی دەرچووانی ئەو “زانستگا”یانە لە کوردستان لە شوێنەکانی تری ئێران بەرزترە.

کۆی خوێندکارانی حەوت زانستگای دەوڵەتی هەر چوار پارێزگا سی وهەشت هەزار و سێسەد و شازدە(٣٨٣١٦) کەسە.(کرماشان ١٢٥١٦، سنە ٩٠٠٠، ئیلام ٦٨٠٠، ورمێ نزیک ١٠٠٠٠). بەم پێیە دوو سەت و هەشتاو پێنج هەزار و شەشسەت و چاردە (٢٨٥٦١٤) لاوی کوردستان، لە ڕاستیدا خوێندکارانی “زانست-گا” نیین و مشتەری سەت دووکانی “ئازادی ئیسلامی و پەیامی نوور”ی ئێرانن!
کەوایە ئاماری ڕاستەقینەی بوونی خوێندکاری زانستگا لە هەر چوار پارێزگا، ئەوە نییە کە لە سەرەوە باس کرا، ئاماری ڕاستەقینە ئەوەیە کە کوردستان بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی، تەنیا سێ کەس لە هەزار، بۆ چوار کەس لە هەزار، خوێندکاری زانستگای هەیە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە کوردستان بە عەمد و بە پێی پلان، خراوەتە ئەو دۆخەوە.


خوێندنگە و زانستگا سوودی بۆ میللەتێک دەبێ، کە لە حاند سیاسەتی توواندنەوە و گۆڕینی کەسایەتی و ناسنامەی منداڵ بێخیاڵ نەبێ، لە حاند کەسایەتی منداڵ بێ هەڵوێست نەبێ، لە حاند داهاتووی منداڵ و ژیانی ڕۆژانەی لە خوێندنگە و زانستگا بێمەیل نەبێ. دەبێ بنەماڵە هاوڕێیەتی منداڵ لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن و ژیان لە خوێندنگە بکا، بۆ ئەوەی بزاندرێ چی لەو منداڵانە دەکرێ، بۆ ئەوەی منداڵ بزانێ کە ئەو لە بەرانبەر سیستەمی تۆقێنەری حکوومەتی ئیسلامی بە تەنیا نییە.
ئەو بنەماڵانەی کە پێیانوایە باخچەی منداڵان و فێرگە و خوێندنگە و زانستگاکان منداڵەکانیان بۆ پەروەردە دەکەن، دەبێ ئەوە بزانن فێرگەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کوردستان، مرۆڤ بۆ دەزگاکانی خۆیان و بۆ کیانی خۆیان پەروەردە دەکەن، نەک بۆ وڵات و سەرزەمینی میللەتێک بە ناوی کورد، کە لای ئەوان بوونی نییە.

هێژمۆنی هەمەلایەنەی کیانی پارس کە خۆی لە ناو هەموو لایەنەکانی ژیان و کەسایەتی و ناسنامەی مرۆڤی کورد جێکردۆتەوە، ڕێگری بنەڕەتی ئازادبوونی مرۆڤی کوردە. کەسایەتی هەر مرۆڤێک لە تەمەنی منداڵی، پێک دێ، کە ئەو کەسایەتیە تێکشێندرا، هەڵبەستنەوەی پرۆسەیەکی بێبڕانەوەی ئاگایانەیە، کە هاسان سەر ناگرێ. ژیان و داهاتووی هەر مرۆڤێک لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، ئازادی میللەتی کوردیش لە منداڵەکانەوە دەست پێدەکات، گەر ئەوان ئازاد نەبوون، وڵاتی ئەوانیش ئازاد نابێ!

ئاڵمان- خەرمانانی 2719
برایم فەڕشی

  • ئەم نووسراوەیە، کە بە کوردی بڵاودەکرێتەوە، کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژ بە زمانی ئاڵمانی لە سەر هەموو کوردستان بە ناوی “Bildung in Kurdistan “! لێرە تەنیا باس لە یەک بڕگەی تایبەت بە خوێندنگە و زانستگاکانی ڕۆژهەڵات کراوە.
    ** ئەو ئامار و زانیارییانە کە لێرە بەکارهێندراون، ڕاستەوخۆ ئاماری دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، وتووێژی بەرپرسانی حکوومەت، ڕاپۆرت و هەواڵی ڕۆژنامەکان و مێدیای ئێرانە، یاخود بەرهەمی وتووێژ وگفتوگۆی نووسەرە لە گەڵ کەسانی شارەزا و بەرپرس لە شار و پارێزگاکانی کوردستان. ئەوی تر لە مێدیا و دام ودەزگا و ناوەندەکانی ئاڵمانی وەرگیراوە.
    *** سپاس بۆ هەر کەس کە زانیاری زۆرتر و تەنانەت بیرەوەری لە خوێندنگەکان لە هەر دوو ڕژیم بۆ نووسەر بنێرێ.




زمانی په‌شیمانی له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری زمانی باڵنده‌م ده‌زانی … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

 
                                      

هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی،زاده‌ی زه‌مه‌ن و شوێنێكی دیاریكراوه‌.ئه‌گه‌ر ده‌ق به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ و دنیابینی نووسه‌ربێت له‌ هه‌ڵومه‌رجێكی دیاریكراودا، ئه‌وا نووسه‌ریش وه‌ك مرۆڤێك له‌ زه‌مه‌ن و شوێنێك ده‌ژیت و له‌ به‌ریه‌ككه‌وتندایه‌ له‌گه‌ڵ واقیع و ده‌وروبه‌ر.له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌بنه‌ جێگه‌ی تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ كه‌ دواجار ئه‌مه‌ش له‌ دنیابینی نووسه‌ردا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌. له‌ به‌شێكی زۆری ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سروشتی ژینگه‌یی و په‌روه‌رده‌یی كۆمه‌لگای كوردی، به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕابردوودا ده‌بینرێت. كه‌ تیایدا نووسه‌رانی ئێمه‌ وه‌ك په‌یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ده‌قی ئه‌ده‌بییان بینیوه‌ و له‌وێوه‌ش ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئه‌ودیاردانه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌و كات بوونیان هه‌بووه‌.

ناتوانین ده‌قێكی ئه‌ده‌بی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و زه‌مه‌ن و شوێنه‌ داببڕێنین كه‌ تیایدا نووسراوه‌.چونكه‌ ئه‌و ده‌قه‌ به‌رهه‌می ئه‌و زه‌مه‌ن و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یه‌یه‌. كه‌ نووسه‌ر تیایدا ده‌ژیت.
بۆ نموونه‌:_ كه‌ نالی نامه‌یه‌ك بۆ سالم ده‌نێرێت و باسی غوربه‌تی خۆی و تاسه‌ی نیشتمان ده‌كات، ئه‌مه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و دابڕانه‌ ڕوحی و جوگرافیه‌یه‌ كه‌ تیایدا نالی ناچار كردووه‌ له‌ شوێنێكی دیكه‌ بژیت.
لێره‌وه‌ش ئه‌و ده‌قه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤێكه‌، كه‌ دوور له‌ نیشتمانه‌كه‌ی ده‌ژیت. ئه‌وی پاڵنه‌ری دروستبوونی ئه‌و هه‌سته‌ و گوزارشتكردنه‌ بووه‌، بێگومان به‌ریه‌ككه‌وتنی شاعیره‌ له‌ گه‌ڵ ژینگه‌یه‌كی ترو دووری له‌ نیشتمان، كه‌واته‌ شیعر لێره‌دا، زاده‌ی زه‌مه‌نه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌ و ده‌لاله‌ت له‌ كاریگه‌ریه‌تی واقیع به‌ سه‌ر ناخ و بیر كردنه‌وه‌ی شاعیر ده‌كات.

بۆیه‌ دواجار، ڕایه‌له‌كانی هه‌ر ده‌قێك هه‌رته‌نها په‌یوه‌ست نین به‌ دنیای ناوه‌وه‌ی ناخی شاعیر، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌شن كه‌ له‌ نێوان خود و بابه‌ت، واقیع و خه‌یاڵ دێته‌ ئاراوه‌.
كۆمه‌ڵه‌ شیعری(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) نوێترین و دواترین كۆمه‌ڵه‌ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌ده‌.ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌و شیعرانه‌ بده‌ین،ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جۆرێك له‌ ساده‌بوونه‌وه‌ و پاشه‌كشه‌ی شیعریی، به‌ ئه‌زموونی ئه‌و خاتوونه‌وه‌ ده‌بینین، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌ ماوه‌ی ده‌ساڵی به‌ جێهێشتنی نیشتمان له‌ نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2018 نووسیونی.
وێرای ئه‌مه‌ش له‌ به‌شێكی ده‌قه‌كانیدا، په‌شیمانییه‌كی گه‌وره‌ وه‌ك تیمه‌ی شیعره‌كان ده‌بینرێت. ئێمه‌ لێره‌دا هۆكاری ئه‌و په‌شیمانییه‌ی شاعیر و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی باس ناكه‌ین كه‌لای هه‌مووان دیاره‌ له‌ به‌رچییه‌.به‌ڵام هه‌ستكردن به‌ په‌شیمانی، له‌ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك، مانای وایه‌ بژارده‌كه‌مان دروست نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌.
به‌ڵام په‌شیمانی له‌ دوای هه‌ڵه‌، به‌ بڕوای من هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نییه‌،ئه‌وه‌ گرنگه‌ مرۆڤ هه‌ڵه‌ نه‌كات.ده‌نا(هه‌ردی)شاعیر وته‌نی كه‌ هه‌ڵه‌مان كرد ده‌بێ به‌ ده‌ستی خۆمان، جامه‌ ژه‌هره‌كه‌ بخه‌ینه‌ سه‌رلێومان. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ سه‌ر به‌شێك له‌و شیعرانه‌ ده‌وه‌ستین كه‌ وه‌ك باسمان كرد جۆرێك له‌ چه‌مكی په‌شیمانییان تێدایه‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌نها ئه‌و شیعرانه‌ وه‌رده‌گرین، كه‌ شاعیر دوور له‌ نیشتمان و له‌ وڵاتی ئوردن نووسیونی. چونكه‌ به‌ بێ دیاریكردنی ئه‌و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌مه‌نه‌ مێژوویی و جوگرافییه‌،ناتوانین له‌و ڕه‌هه‌نده‌ ده‌روونی و ڕوحیه‌ی شاعیر بگه‌ین له‌ زه‌مه‌نی ئه‌وێدا.
گوتاری ئه‌و شیعرانه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك ڕوون و دیارن، كه‌ هه‌ر خوێنه‌رێك بیخوێنێته‌وه‌، به‌ ئاسانی درك به‌و په‌شیمانییه‌ قووڵه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ش له‌ شیعره‌كاندا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ ده‌قی شیعریی، زاده‌ی زه‌مه‌ن و ڕوانینی شاعیره‌، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تیایدا ده‌ژیت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گوتارێك.

كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
تامه‌زرۆم..یه‌كێ به‌ كوردی پێمبڵێت چۆنی گیان!
یان من به‌ منداڵێك بڵێم به‌ قوربان..
له‌ سه‌ر زه‌وی هه‌م كه‌ چی نابینرێم
من له‌ كوێم نازانم له‌ كوێ؟
هه‌ر باخه‌كانی خه‌یاڵم له‌وێن..
به‌ داخه‌وه‌ هه‌نگم له‌ ناو هه‌نگوینی خۆیدا ده‌خنكێت!
شاعیر ئه‌م شیعره‌ی له‌ غه‌ریبی و له‌وڵاتی ئوردن نووسیوه‌، تیمه‌ی شیعره‌كه‌، گوزارشت له‌ دابڕان له‌ نیشتمان و نامۆبوونی خود به‌ ژینگه‌ و جوگرافیایه‌كی دیكه‌ ده‌كات. شاعیر ناسنامه‌ی خۆی، كه‌ كوردبوونه‌، به‌ جیاوازتر له‌ ناسنامه‌ی ئه‌وانی تر ده‌بینێت و بڕوای وایه‌بوونی ئه‌و له‌وێ بوونێكی ناتێكه‌ڵه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و بوونه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك شاعیری نیگه‌رانكردووه‌ و ئازارداوه‌، كه‌ ژیان له‌ شوێنێكی دیكه‌، به‌وه‌هم بزانێت و گومان له‌ بوونی خۆی بكات.
بێگومان مرۆڤ كاتێ له‌ نیشتمان دائه‌بڕێت، هه‌ست به‌ غه‌ریبیه‌كی قووڵ ده‌كات. كه‌ژاڵیش له‌وێ هه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بدرێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ غه‌ریبی ئه‌و شاعیره‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێوانه‌ و به‌راورد ناكرێت به‌ غه‌ریبی شاعیرانی دیكه‌ی وه‌ك شاعیرانی تاراوگه‌.
چونكه‌ غه‌ریبی كه‌ژاڵ، غه‌ریبییه‌ك نییه‌ به‌ سه‌ریدا سه‌پا بێت، غه‌ریبیه‌ك نییه‌ وه‌ك نالی به‌رمه‌بنای دووركه‌وتنه‌وه‌ی ناچاریانه‌ی نیشتمان بێت، به‌ڵكو ئه‌و خۆی ئه‌و غه‌ریبیه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ و واقیعێك به‌ سه‌ریدا نه‌سه‌پاندوه‌.بۆیه‌شه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ بده‌ین، ده‌بینین شاعیر كه‌متر باس له‌ نیشتمان ده‌كات و زۆرتر باس له‌ خۆی ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی نالی كه‌ غه‌ریبی شاره‌زوور ده‌كات. مه‌حوی له‌ دێڕه‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:( به‌ ئاوی تێگه‌یشتین ئێمه‌ دنیا هه‌ر سه‌رابێ بوو).واته‌ زۆرجار مرۆڤ ژیان به‌ به‌هه‌شتێك ده‌بینێت، كه‌چی كاتێ له‌ واقیعدا پراكتیزه‌ی ده‌كات، ده‌بینێت ته‌نها سه‌رابێك بووه‌. پێده‌چێت شاعیریش به‌و شێوه‌یه‌ ڕوانیبێتیه‌ ژیانی خۆی كه‌ ئیدی به‌ به‌خته‌وه‌ریه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌گات،هه‌روه‌ك خۆشی ده‌ڵێت:(هه‌نگم له‌ نێو هه‌نگوینی خۆیدا ده‌خنكێت). واته‌ شاعیر خۆی وه‌ك هه‌نگ و ژیانیشی له‌ غه‌ریبیدا وه‌ك هه‌نگوین نیشانداوه‌. له‌ كاتێكدا هه‌نگ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌ نێو هه‌نگویندا ده‌باته‌ سه‌ر به‌ بێ ئه‌وه‌ی بخنكێت.
ئێمه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌و شیعره‌وه‌، ئاگاداری باری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی شاعیر ده‌بین و ڕوانینه‌كانی ئه‌ومان بۆ ژیان به‌ ڕوونی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.ئه‌و وه‌ك غه‌ریبێك له‌وێ كه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتندایه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ هاوشوناسێكی به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆی سڵاوی لێ بكات، دێته‌ به‌رچاو.له‌ شیعرێكی دیكه‌دا،كه‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌ عوممانی پایته‌ختی ئوردن نووسراوه‌، كه‌ژاڵ ده‌ڵێت:_

پیاو كه‌ په‌ست بوو هاوارده‌كات..
ده‌رو دراوسێش ده‌زانن..چی ده‌ڵێت و چی ناڵێت..
به‌ڵام ژن كه‌ په‌ستبوو. به‌ بێ ده‌نگی هه‌موو دونیا
به‌سه‌ر پیاودا وێران ده‌كات..
باشه‌ پیاو بۆ واده‌كات؟
ئاستی شیعری لای ئه‌و خاتوونه‌ هێنده‌ ساده‌ بۆته‌وه‌، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی شه‌ڕه‌كانی نێوان دووره‌گه‌زه‌كه‌ش وه‌ك شیعر ده‌بینێت،ئه‌م چه‌ند وێنانه‌، وێرای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی وێنه‌ی هونه‌ریی وفۆڕمی شیعرییه‌وه‌ ساده‌ و ده‌لاله‌تن له‌ پاشه‌كشه‌ی شیعری ئه‌و شاعیره‌، هاوكات له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكیشه‌وه‌ هه‌ڵگری گوتارێكی میللییانه‌یه‌ كه‌ تیایدا هێما بۆ پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌لگای كوردی و ئاماده‌یی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ له‌ ژیانی خێزانی و په‌روه‌رده‌ییدا ده‌كات.شاعیر پیاو وه‌ك هێمای ده‌سه‌ڵات و تووڕه‌یی و هێز پیشان ده‌دات و ژنیش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی لاواز.

بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ژنه‌ شاعیرێك، كه‌ سه‌رده‌مانێك شیعری وه‌ك هێمای یاخیبوون و هاتنه‌وه‌ به‌ گژ ئه‌قڵی پیاو سالاریی ده‌بینی و خه‌باتی فێمینیزمی ده‌كردوو دژه‌ باو بوو!! كه‌چی هێنده‌ لاوازو ده‌سته‌مۆ له‌ ئاست پیاودا خۆی ده‌ربخات. له‌وه‌ كاره‌ساتریش ئه‌وه‌یه‌، هێشتا نه‌زانی پیاو بۆ واده‌كات و تووڕه‌ ده‌بێت.چیخۆف ده‌ڵێت:( ئه‌گه‌ر له‌ ماڵێكدا تفنگێك هه‌ڵواسرابوو، بیرت نه‌چێت ده‌بێ ڕۆژێك گولله‌یه‌كی ته‌قاندبێت).ده‌نا تفه‌نگه‌كه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك ناگه‌یه‌نێت، ده‌بێ شیعریش هه‌ڵگری گوتاری نوێبوونه‌وه‌ و یاخیبوون و هاتنه‌وه‌ به‌ گژئه‌و سته‌مه‌ بێت، كه‌ له‌ په‌راوێزی نێرسالارییه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی نێر له‌ مێی ده‌كات، به‌ڵام ئاخۆ به‌ شیعرێك كه‌ هه‌ڵگری كرووزانه‌وه‌ و ده‌سته‌مۆی ژن بێت له‌ ئاست پیاودا ده‌توانی چی بگۆڕێت؟شاعیری هوشیارو داهێنه‌ر، ناپرسێت كه‌ پیاو بۆ واده‌كات، به‌ڵكو به‌ پێش پرسیارو ڕووداوه‌كان ده‌كه‌وێت و ده‌گاته‌ یه‌قین. ئه‌گه‌ر پرسیاری ژنه‌ شاعیرێك له‌ تووڕه‌یی پیاودا، هه‌مان پرسیاری ژنێكی ئاسایی و نه‌خوێنه‌دواربوو، كه‌واته‌ پرسیاری شیعری و داهێنانی شیعری له‌ كوێدایه‌؟ئه‌وه‌ی شیعر له‌ زمانی ئاسایی ده‌كاته‌وه‌، وێنه‌ی هونه‌رییه‌، ئاخۆ له‌و شیعره‌دا، هیچ وێنه‌یه‌ك هه‌یه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشێت و چێژی لێ وه‌ربگرێت؟ هه‌موومان ده‌زانین شه‌ڕه‌كانی نێوان ژن و پیاو له‌ خێزانی كوردی و له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا هێنده‌ زۆرن، چ پێویست به‌وه‌ ناكات له‌ شیعردا باسی بكه‌ین، چونكه‌ خۆمان ڕۆژانه‌ ده‌یبینین و به‌ریده‌كه‌وین و ڕه‌نگه‌ شاعیریش به‌ریكه‌وتبێت، بۆیه‌ به‌ تێڕامانه‌وه‌ ده‌پرسێت كه‌ پیاو بۆ واده‌كات.بێگومان ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا باسمان له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وشیعرانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و له‌ عوممان نووسیونی،به‌بڕوای من ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی ژیانی شاعیرن، بۆیه‌ چه‌ند به‌ قووڵایی شیعره‌كاندا ڕۆبچین، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستكردن به‌ په‌شیمانی له‌ شیعره‌كاندا هه‌ست پێ ده‌كه‌ین.بۆیه‌ له‌ شیعرێكی دیكه‌دا، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت:
له‌م وڵاته‌ بێ خوڵقه‌دا..
هه‌ر هێلانه‌ چێده‌كه‌م بۆ نیگه‌رانی..
من كه‌ هاتم. ده‌متوانی قسه‌ی خۆش بكه‌م..
ئێستا كوانێ. كوا ماڵی هه‌یه‌ ژیانم
وه‌ك چۆڵه‌كه‌. به‌ ته‌نها فڕین ده‌زانم
هه‌موو فڕینێك، گوزارشته‌ له‌ گه‌ڕان به‌ دوای سه‌ربه‌ستیدا، كه‌ فڕین هه‌بوو،مرۆڤ كوێی ئاره‌زوو بێت ده‌توانێت بۆی بچێت، شاعیر له‌ نێوئه‌و ژیانه‌ی ئه‌وێدا، هه‌ست به‌ نیگه‌رانی و بێ ماڵی ده‌كات،به‌رله‌وه‌ی بێت بۆ ئێره‌ كه‌ مه‌به‌ست(عوممان)ه‌ كه‌ شاعیر ژیانێكی تازه‌ی به‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌ست پێ ده‌كرد، ده‌یتوانی قسه‌ی خۆش بكات،به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خۆی نیشتمان جێدێڵێت و دێته‌ ئێره‌،هه‌ست ده‌كات نه‌ ماڵی هه‌یه‌ نه‌ ژیان، به‌ڵكو وه‌ك چۆڵه‌كه‌ ئاره‌زووی فڕین ده‌كات و فڕینیش وه‌ك وتمان گوزارشته‌ له‌ هه‌ڵاتن وگه‌ڕان به‌ دوای سه‌ربه‌ستیدا.
فڕینێك كه‌ ئاره‌زوو ده‌كات، هێلانه‌ی نیگه‌رانی جێبێڵێت. هێلانه‌ لێره‌دا سیمبولێكه‌ بۆ ماڵ، نیگه‌رانیش ئاماژه‌یه‌ بۆ ژیانێك دوورله‌ به‌خته‌وه‌ری،بۆیه‌ فریادره‌سێك كه‌ شاعیر له‌وێدا بیبینێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ باڵ بگرێت و هاوشێوه‌ی مه‌لێك به‌ ئازادی چۆنی بوێت بۆ ئه‌وێ بفڕێت.له‌و كۆپڵه‌ شیعرییه‌دا، به‌ ڕوونی باری سایكۆلۆژی و دوودڵی شاعیرمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.گوزارشت له‌ ژیانێك ده‌كات كه‌ هیچ خوڵقێكی ژیانكردنی تێدانییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نها هێلانه‌ بۆ نیگه‌رانی چێ ده‌كات. له‌په‌راوێزی ئه‌و شیعرانه‌وه‌،ئێمه‌ درك به‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیه‌ی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ده‌كه‌ین كه‌ له‌ غه‌ریبیدا تیادا ژیاوه‌.

بۆیه‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كان هه‌ڵگری زمان و دیدگای په‌شیمانین له‌ ژیانی شاعیردا و ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی دیاره‌. دواجار ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ ئینگلیزه‌كان ده‌ڵێن:_(مانه‌وه‌ له‌ لووتكه‌ سه‌ختتره‌ له‌گه‌یشتن به‌ لووتكه‌). زۆرجار له‌ هه‌موو ڕووه‌كانی ژیانه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن ده‌گه‌نه‌ لووتكه‌، وه‌لێ چونكه‌ ناتوانن له‌ ترۆپك بمێننه‌وه‌،غلۆرده‌بنه‌وه‌ بۆ بنار،ئه‌وان هه‌ر هه‌وڵێكی دیكه‌ بده‌ن، سیزیف ئاسایه‌ و مه‌حاڵه‌ جارێكی تربگه‌نه‌وه‌ به‌ لووتكه‌، وه‌ك چۆن كه‌ تیرله‌كه‌وان ده‌رچوو،جارێكی تر ناگه‌ڕێته‌وه‌.

ڕامبۆ كه‌ زانی شیعرو بازرگانی دوو دنیای له‌ یه‌ك جیاوازن،تا هه‌تایه‌ وازی له‌ شیعر نووسین هێنا. ئه‌وه‌ی له‌ به‌شێكی ئه‌و شیعرانه‌دا وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر تێبینیم كرد ئه‌وه‌بوو، كه‌ گوتاری شیعره‌كان له‌ڕووی زمانی ده‌ربڕین و فۆڕم و ناوه‌ڕۆكیشه‌وه‌، گوتاری ساده‌ و ساكارن. زمان تیایاندا له‌ به‌ شێكی زۆریان له‌ ئاستێكدایه‌، كه‌ هه‌ڵگری هیچ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانی شیعر نییه‌، له‌كاتێكدا وێنه‌ی هونه‌ری بونیادێكی سه‌ره‌كی ده‌قی شیعرییه‌. به‌شێكی زۆری شیعره‌كانی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌، ده‌رده‌ دڵ و كرووزانه‌وه‌ و قسه‌ی ساده‌ و ساكارن، كه‌ خوێنه‌وه‌یان هیچ چێژوجوانییه‌ك به‌ خوێنه‌ر نابه‌خشن.
هه‌ڵه‌یه‌ پێمان وابێت ده‌توانین شوێنی هه‌موو ده‌ربڕینێك له‌ شیعردا بكه‌ینه‌وه‌، شیعر هه‌ڵگری وێنه‌ و جوانی و چێژو شیعرییه‌ته‌. ئه‌گه‌ر شیعرێك هێنده‌ ساده‌ بووه‌وه‌ كه‌ باسی ده‌نگ و هه‌رای پیاو و شه‌ڕی نێوان ژن و مێرد بكات، ئیدی چ جیاوازییه‌كی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قسه‌ی ژنانی نێو كۆڵان، كه‌ زۆر جارده‌رده‌ دڵه‌كانیان بۆ یه‌كتری هه‌ڵده‌ڕێژن!!!…

*په‌راوێز:_ شیعره‌كان له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) وه‌رگیراون كه‌ دوایین كۆمه‌ڵه‌ شیعری بڵاوكراوه‌ی ئه‌و خاتوونه‌یه‌ وماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ مه‌وبه‌ر بڵاویكردۆته‌وه‌..

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڵاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژنامه‌ی(خه‌بات) ژماره‌(5812)ی ڕۆژی 22-8-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




شاعیر له‌ ناوه‌ڕاست یان ترۆپکی دنیادا؟ … ساسان

کاک زانا سامان له‌ دوا شیعریدا جارێکی تر ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆیمان نیشان ده‌دات، جیاواز له‌ شاعیرانی تر به‌ڵام زۆر نزیك له‌ شێوه‌ی شیعره‌کانی پێشووی خۆی، ئه‌و دنیا نوێیه‌یه‌ی غوربه‌ت ده‌روازه‌یه‌کی بۆ کردووه‌ته‌وه‌ تا لێوه‌ی به‌راورد له‌ نێوان دوو جیهاندا بکات، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا؛ بێگومن به‌ هه‌موو جیاوازه‌کانییه‌وه‌ هه‌ر له‌ که‌لتووره‌وه‌ بیگره‌ تا شێوازی ژیانکردن و بیرکردنه‌وه‌و رووکه‌شی شته‌کان، ئه‌و زۆر جوان له‌م شیعره‌دا ده‌ستی پێکردووه‌ به‌ڵام هه‌ر هێنده‌ ده‌گه‌اته‌ ناوه‌راستی ده‌قه‌که‌ ئیتر له‌ شێوازی شیعریی نووسین دوور ده‌که‌وێته‌وه‌و باسی رووی ده‌ره‌وه‌ی شته‌کان ده‌کات به‌ زمانێکی نا شیعریی وه‌ك موجه‌فیفه‌و سورواو سپیاو و شۆرت و شتن و… که‌چی وه‌ك چۆن به‌ وێنه‌یه‌کی شیعریی ده‌ست پێده‌کات ئاوهاش ئه‌و تێکه‌ڵکردنه‌ی جیهانی مادی رۆژئاوا جێده‌هێڵێت و با ده‌داته‌وه‌و به‌ لای زاراوه‌ی فه‌لسه‌فی (وجود) و ئه‌و لاموبالات و تێکه‌ڵکردنه‌ نامۆیی و به‌ هێندوه‌رنه‌گرتنی شاعیر ده‌رده‌خات و جۆرێکیشه‌ له‌ نامه‌ئلوف، وه‌ك چۆن له‌ سه‌ره‌تادا شاعیرانه‌ ده‌ست پێده‌کات و ده‌ڵێت:
لێرە باران…..
هەر بە تەنها خۆی نییە
نمەی شیعریشە
که‌چی هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ئه‌مه‌ دیمه‌نێکی زۆر جیاواز دێت که‌ ژێر جه‌رداخی گێڕانه‌وه‌یه‌، له‌وێ باران ده‌بارێت و له‌ ژێر ئه‌و چه‌رداخه‌دا هه‌تاو هه‌یه، بێ له‌ بیرکردنی دنای مناڵیی ده‌قه‌کانی ترو هێنانه‌وه‌ی له‌م شیعره‌شدا به‌ جۆرێکی تر:‌‌
لەژێر چەرداغی گێڕانەوەدا،
هەتاوێک هەیە
خۆر ئەیپرژێنێت
یارییەکی بزێوی مناڵی هەیە
خودا .. دەیلاوێنێ
ئه‌مه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ ده‌ربڕینه‌ عه‌به‌سییه‌که‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی شاعیر له‌ هه‌ستی شیعر، ئیتر ده‌چێته‌ سه‌ر بابه‌تێکی تر که‌ عاشقه‌کانی ئه‌وێیه‌، نموونه‌یه‌کی یۆتۆپیی پێ ده‌به‌خشێ له‌ سه‌ر هه‌مان نه‌زمی پێشکه‌وتنه‌ مادییه‌که‌ی ئه‌و جیهانه‌ به‌س ده‌بێت له‌ راستیدا وا بێت ، ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌و لای شاعیر وه‌ڵامه‌که‌ به‌ جۆرێکی تر ده‌شکێته‌وه‌:
لێرە عاشقەکان زیزنابن
لەیەکدیی
میکیاج و سووراو و سپیاو
بوونی نییە،
موجەفیفە …
شتێکی هێند قێزەونە
ژنەکان بێزی لێدەکەنەوە
له‌مه‌ش زیاتر ئه‌وه‌یه‌ دنیایه‌کی ئه‌فسوناوی و داستانیی وا ده‌خولقێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ پیس نه‌بێت، پێویستی به‌ خۆ خاوێنکردنه‌وه‌ نه‌بێت، لێرە شتێک نییە ناوی شۆردن بێت، به‌ڵام ده‌بێت هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی شۆرت و زه‌رده‌خه‌نه‌و وجوود چ په‌یوه‌ندییه‌کیان هه‌بێت به‌ خۆشۆردنه‌وه‌؟
جلشۆرین
قاپشۆرین
خۆشۆرین
مناڵشۆرین
تەنها شۆرتێک و هیچی تر
تەنها ڕامووسانێک و هیچیتر نا
تەنها زەردەخەنەیەکی
عاشقانەی ناو
کۆڵانە تەنگەبەرەکانی وجوود
بوونی هەیە،
دواتر سه‌رنجمان به‌لای وێنه‌یه‌کی عه‌به‌سی و تێکه‌ڵی تردا راده‌کێشێت که‌ تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌ واقیع و رابردوو و ئه‌و ژیانه‌ پڕ حه‌په‌سانه‌ی ته‌واو جیاوازه‌ له‌ ئێستا دا به‌ به‌راورد به‌ رابردوو، ئه‌م شیعره‌ جۆرێك له‌ شێوازی ئۆتۆماتیکی دادایی و سوریالییه‌کان له‌ خۆ ده‌گرێت، دواتر ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌کی لۆژیکیی جوان و وه‌سفکردنی مۆرالی که‌سه‌کانه‌ به‌ یه‌كڕوویی و داماڵراو له‌ ده‌مامك به‌ به‌کارهێنانی بکه‌ره‌کانی (ماسی و ئاو) به‌ ڵام ناوی شێرکۆ تالیب ئه‌وا کۆدێکه‌و هه‌ر شاعیر مه‌گه‌ر خۆی ته‌لیسمه‌که‌ی و بوونی جێگاکه‌ی له‌و شوێنه‌ی ده‌قدا بزانێت
خرۆشان بەدیار
بڵێی تاکەی لەو دەرگایە
ڕابمێنم و
دەردەرکەوەی
شێرکۆ تاڵیب
پوولێکی قەڵب ناهێنێت،
ئاخر هەموو شتێک خۆیەتی
بۆ نموونە:
ئاو … خوودی ئاو خۆیەتی
ماسیی … خوودی ماسیی
خۆیەتی و
دواجار …
جوانه‌ زۆر جوانه‌ ده‌رکردنی که‌سێك له‌و واقیعه‌ رازاوه‌داو جیاوازیی به‌ بوونی به‌ تێزاب ، به‌ڵام پرسیارێکی تر که‌ له‌به‌رده‌مماندا خۆی قیت ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ وێنه‌ی (لمی په‌رتبوو به‌ خۆتدا) ئایا لێکدانه‌وه‌و مانایه‌کی ماقوڵ‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ هه‌ڵده‌گرێت؟ له‌ کاتێکدا و له‌ رسته‌ی پێش ئه‌وه‌ دیتمان که‌ تێزابی ڕژاوه‌ به‌سه‌ر جه‌رگی شاعیردا، که‌واته‌ ئه‌و هه‌موو شته‌ ته‌باو ناته‌بایانه‌ که‌ له‌م قه‌سیده‌ جوان و سه‌یره‌دا کۆبوونه‌ته‌وه‌ هه‌ر دنیایه‌کی واقیعی شاعیرو ده‌وروبه‌رییه‌تی یان خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی شیعره‌و هێندی نامۆبوونی شاعیر ده‌بنه‌ میوانی هه‌سته‌کانی بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایی دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ی له‌ ژیانی منداڵی و هه‌موو ئه‌و یادگاریانه‌ی له‌ نیشتیمانی یه‌که‌مدا هه‌یبوون، به‌ هه‌موو مه‌رگه‌ساته‌کانی و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و هه‌رزه‌ییه‌کانی ناوی؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ (کرۆپك) نییه‌ به‌ڵکو (ترۆپ)کی گۆرانکارییه‌ له‌ ناخی شاعیر و جارانێکیش بڕوانه‌کردن و لێکدانه‌وه‌ی به‌ وه‌همێك له‌ وجودا:
هەموو شتەکان خۆیانن
تەنها تۆ نەبێت
تێزابی ڕژاو
بەسەر جەرگمدا
لمی پەرتبوو بە خۆتدا،
لێرە تێکەڵەیەک هەیە
لە خوودناسیی
لە بێمەکریی ژنانە
لەناز هەڵگرتنی وجوود،
لێرەم …
لە کرۆپکی دنیادا.
له‌ کۆتاییدا وه‌ك سه‌ره‌تاو ده‌ستپێکێکی جوان ئومێده‌وارم شاعیر زیاتر پێداچوونه‌وه‌ بکات بۆ کاره‌کانی له‌ دوای ته‌واوبوون له‌ نووسینیان، چونکه‌ ئیلهامیش ته‌نانه‌ت پێویستی به‌ ڕێکخستنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، تاکو له‌ هه‌موو روویه‌کی شیعره‌‌وه‌ ، شیعره‌که‌ شایسته‌و تۆکمه‌ بێت، به‌ مانای هاوتاییکردنی زمان و هزرو هه‌ست له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌ جۆراوجۆره‌کانی شیعردا بێنه‌وه‌ و پارچه‌یه‌کی جوانی داهینان ببه‌خشن…هیوادارین هه‌نگاوی جوانتر و جیاوازتری به‌دوادا بێت و ببێته‌ ده‌نگێکی جیا له‌ دنیای شلۆق و بێ موبالاتی شیعری ئه‌مڕۆی کوردیدا.‌




عەشقی موتوربەکراو … عارف کوردە

دڵم شەیدای تۆیە
تۆش لە بای هەوەسدا
سووڕ دەخۆیت،
منیش گۆرانی عاشقانە دەچڕم و
لەگەڵ نەغمەی باراندا
سەرمەستانە سەمادەکەم..

چ خەیاڵێکی پووچە؟
ناگەم بەتۆو
بەدوای ڕمڵدا غار ئەدەم
لەخۆڕا بوومەتە،
مۆمی شەوانت
بوومەتە گۆچانی دەست و
ناهێڵم بەکوێرەرێدا بڕۆی
هەرچەندەکەم
لەسەر هەوای خۆت
نایەیتە خوارەوەو
لەزامەکانما جووقەرە دەکەیت
گەوجێتیە..!
خۆم دەکەم بەقەقنەس و
بۆ تۆ ئەسووتێم..
بەعەشقێکەوە گلاوم
نامورادی لێ ئەڕوێ
چونکە بە ئەشک موتوربەکراوە
بۆیە تامی سوێراو ئەداو
لەناخمدا فرمێسک سەوز ئەبێ و
چاوم گۆلاوی خوێیە
سوورەتاوی دووریت
هەڵمدەپڕوکێنێ
لە زەماوەندی خۆتدا
هەودای کەزیەکانت
ئەخەیتە ملم و
بەدووای ئۆتۆمبێلە
رازاوەکەدا رامدەکێشی
بەئاستەم هەناسە ئەدەم
لەسەر عەرشی
لەزەت دانیشتوویت و
لەخەمی ئەوەدای
جێ لەق نەبی
نەبادە بگەرێیتەوە
بۆ ڕۆژانی زووخاو
بۆ ڕۆژانی کۆڵەپشت و
تەقەتەقی دەرگای ماڵان
ئەی عاشقی دۆڕاو
شۆراوی بەئاوی بێشەرمی
ماکیاژەکەت لاچووەوەو
چەند دەعبایەکی ڕەزاقورسی؟




دوو كتێبی نوێی شاخه‌وان سدیق بڵاوده‌بێته‌وه‌ ….

به‌م زووانه‌ ده‌زگای نووسیار
دوو كتێبی نوێی شاخه‌وان سدیق بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ درێژه‌ی كاروچالاكیه‌كانیدا نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس (شاخه‌وان سدیق) دوو كتێبی نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌. كه‌ پێكهاتوون له‌ دیداری ڕۆژنامه‌وانی به‌ دوو شێوازی جیاواز. كتێبی یه‌كه‌میان به‌ناونیشانی (چێژی نووسین)ه‌و كتێبی دووه‌میان به‌ناونیشانی (چێژی گێڕانه‌وه‌)یه‌. كه‌ ئێستا هه‌ر دوو كتێبه‌كه‌ له‌ چاپخانه‌ن و به‌مزوانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
تایبه‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كانی شاخه‌وان سدیق ووتی: ئه‌م كتێبه‌ نوێیانه‌ درێژكراوه‌ی كتێبی یه‌كه‌من، كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ناونیشانی (چێژی خوێندنه‌وه‌) واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو كتێبه‌ی دیكه‌دا پڕۆژه‌ی كتێبی سیانه‌ن, كتێبه‌كان هه‌ر سێكیان كاری ڕۆژنامه‌وانی ئه‌ده‌بین، و به‌شێوه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بدا سازدراون، كتێبی یه‌كه‌میان (چێژی خوێندنه‌وه‌) بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی (13) دیداری ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ (13) نوسه‌ردا, كه‌ تیایدا ده‌رباره‌ی پرسی (خوێندنه‌وه‌و چێژی خوێندنه‌وه‌ی كتێب) هه‌ریه‌كێك له‌و به‌شداربووانه‌ سه‌رنجه‌كانی خۆیان خستبووه‌ ڕوو, ئه‌م شێوازه‌ له‌ كتێبی دووه‌میشدا په‌یڕه‌وكراوه‌ به‌ناوی (چێژی نووسین) كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ (20) نووسه‌ردا ده‌رباره‌ی پرسی (نووسین و تایبه‌تمه‌ندی و شێوازه‌كانی و چێژی نووسین) دووباره‌ قسه‌كراوه‌, هه‌رچی كتێبی سێیه‌مه‌ جیاواز له‌ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی كه‌، پێك هاتووه‌ له‌ (28) دیداری ئه‌ده‌بی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (28) نووسه‌روو شاعیرو چیرۆكنووس و ڕه‌خنه‌گری بوری ئه‌ده‌ب دا, كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ ناوی ئاشكراو ناسراو دیارن له‌ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردیدا, وه‌ ئه‌م دیدارانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی واكراون كه‌ له‌ داهاتوودا ببنه‌ سه‌رچاوه‌ بۆ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌ر ژیان و دونیابینی هه‌ریه‌كه‌ له‌و ئه‌دیبانه‌ی كه‌ دیداریان له‌گه‌ڵ كراوه‌. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ئه‌م كتێبانه‌ له‌لایان ئه‌م شوێنانه‌وه‌ چاپده‌كراون.
كتێبی یه‌كه‌میان (چێژی خوێندنه‌وه‌) كه‌ 128 لاپه‌ڕیه‌, به‌ سپۆنسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی چاپكراوه‌.
هه‌ردوو كتێبی (چێژی نووسین) كه‌ 310 لاپه‌ڕه‌و (چێژی گێڕانه‌وه‌) كه‌ 312 لاپه‌ڕه‌یه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای نووسیارن. به‌ڵام كتێبی (چێژی نووسین) به‌سپۆنسه‌ری سندوقی هاوكاری كتێبی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و كۆمپانیای یوكه‌ی بۆ بازرگانی گشتی چاپكراوه‌.و هه‌ر سێ كتێبه‌كه‌ له‌ چاپخانه‌ی (كارۆ)ی شاری سلێمانی چاپكراون.
ئێستا هه‌ردوو كتێبی (چێژی نووسین) و (چێژی گێڕانه‌وه‌) له‌ قۆناغی چاپكردندان و به‌مزوانه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.




ئیتر …نەوزاد بەندی

ئەگەر گوڵەکانت
دواکەوتن
لەگەڵ گەڵا وەریوەکانی
پاییزا ئەڕۆم ..

لەوە زیاتر ناتوانم
دەرمانی
چاوەڕوانیی ناخۆم

ئەگەر سەنگەرەکانت
دوا کەوتن
لەگەڵ دەست بەسەریدا
ئەڕۆم

لەوە زیاتر سرود نامجوڵێنێ
دروشم نامخەڵەتێنێ
ڕشانەوەم دێ کە ئەڕوانم
بۆ ڕابوردووی خۆم

ئەگەر نیشتمان
ھەر بە لەشفرۆشیی مایەوە ،
لەگەڵ پاکیزەیی
تاراوگە ئەڕۆم..

لەوە زیاتر
بە درۆ شاخدارەکانتان
تەفرە ناخۆم ..