کریس هارمان: خەباتگێڕ، مامۆستا، نووسەر و هاوڕێ … و: ئازاد ئارمان

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە .. هەر جارەو بابەتێک ……. ٢٠٠٩

بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …….




نامەیەكی سەرئاوەڵا بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی … مەسعود هاشمی بەرزنجی

زۆر بەڕێز جەنابی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی،
سڵاو و ڕێز،

مانگی ڕابووردو گەلی كورد بە گشتی تووشی دڵەڕاوكێ و نائومێدییەكی زۆر بوو، ئەویش كاتێ خەڵكی رۆژئاوا بەگشتی بە كورد و غەیر كوردەوە لە ئەنجامی بڕیارێكی تاكڕۆیانەی سەرۆك ترامپ لە پشتەوە خنجەری لێدراو و سەرئەنجام تووشی هەڕەشەو هێرشی سوپا و چەتەكانی بندەستی توركیا بوونەوە، و سەدان خەڵكی سڤیل شەهید و بریندار و سەدان هەزار خەڵك ئاوارە بوون. بەڵام بە هۆی پشتیوانی سیاسەتمەدارانی ئەمەریكا و ئەوروپا و دونیای عەرەبی سەدان هەزار كەسایەتی و خەڵكانی بەویژدان، سەری سەرۆك ترامپ و ئەردغانێش لە بەردی دا. ئەوە یەكەم جارە كە بەم شێوەیە زیاتر لە نیوەی دونیا هاتە دەنگ و هەموو كوردستانیش بوو بە ڕۆژئاوا، ئەویش نەك بۆ حیزبێكی دیاریكراو ، بەڵكوو بۆ پارێزگاری لە كەرامەتی نەتەوەیەكی ژێر دەست، هەر بۆیە دروشمی ”بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا” لە كوردستان و هەموو دونیادا بە دەنگی بەرز دەگووترا، لەوانەیە تەنیا بەر گوێ جەنابت نەكەوتووبێت.

بەڕێز، منداڵی ناو بێشكەش ئەمڕۆ لە كوردستان دەزانێت كە دژایەتی دەسەڵاتدارانی توركیا و ئەردۆغان لە گەڵ ناخی كورد بووندایە، لە گەڵ ئەو ئاڵایەدایە كە لە كاتی سەردانی جەنابت بۆ توركیا لە پشتی سەرت نایبینت. ئایا جێگای سەرسوڕمان نییە، كە بەڕێزتان بڵێن كە ”توركیا موشكلی لە گەل كورد دا نییە”؟ نۆرەم بدە ئەم گووتەی جەنابت وەك سەرچاوە و بنەما بە كار بێنم. ڕژێمی بەعسیش موشكیلەی لە گەل گەلی كورد نەبوو ، بەڵكو لە گەل ئێوە چەكدارانی شاخ دا بوو. چونكە هەر ئەو كات پێشمەرگەكانی پارتی و یەكێتی بە پێنج هەزار نەدەگەیشتن، و ژمارەی جاشەكانی بەعس كە ئێستا هەندێكیان مەعاشیان لای بەڕێزتان لە پێشمەرگەش زۆرترە، زیاتر لە پەنجاە هەزار كەس دەبوون. وەڵامت چی دەبێت ؟ لە بەرانبەر بە ٥٠هەزار جاشدا ئایا چۆن بەڕێزتان بە ٥هەزار كەسەوە مەشروعیەت بە خۆت دەدەێت؟ ئێستاش ئەو بێڕێزیانەی كاتی ڕێفراندۆم كە ئەردوغان بە جەنابی كاك مەسعودی مامتی كرد، لە مێشكمدا قورسایی دەكات ، نازانم هەستی جەنابت بۆ ئەو ئیهانەتانە چۆن دەبێت. ئایا عەفرین و داگێركاری و دەستدرێژی سوپای توركیا لەو شارە دژ بە شەرەفی كورد بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ ئایا بەڵگەی پارتێ ج ه پ لە مەر هاوكاری ئاكەپە بۆ داعش بۆ جەنابتان بەس نابێت؟ ئایا بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان و گەشتیارانی چاو بە گریانی باشوورت بۆ بەس نابێت؟ ئایا داگیركاری سەدان كیلۆمەتری باشووری كوردستان بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ ئایا هەناردەكردنی هەزران تەن خۆراكی نەخۆشیندار بۆ گەلی باشوور و بە شێرپەنجەبردنیان بۆ جەنابت بەس نابێت؟ئایا هەڕەشەكانو هۆشدارییەكانی سەر كەركووكی توركیا بۆ بەڕێزتان بەس نابێت؟ئایا،….

بە دڵنیاییەوە كە ئەو” گووتەی” جەنابت پێناسەی باڵوێزی توركیا بە جەنابت دەدات ، نەك سەرۆكی هەرێم، و دەنگی جەنابت تەنانەت نوێنەرایەتی بنەماڵەی بەڕێزی بارزانیش ناكات، هەر بۆیە جەنابت بە دەنگی خۆت دەست لە كار كێشانەوەی خۆتت وەك سەرۆكی هەرێم واژۆ كردوە.

خۆزگا ئەم هەواڵە تەنیا دەنگۆ بوایە و بەندە شەرمەزاری خۆم بۆ بە هەڵە گەیشتنم بە جەنابت پیشكەش بكردایە.

خزمەتكارێكی نیشتمان
مەسعود هاشمی بەرزنجی




میز … جەلال قادر

ئەمڕۆ خێزانێکی جوان داوایان لێکردم بیانگەیەنمە شاری هەولێر. ئافرەتەکە کۆرپەیەکی بەچەشنی پەپوولە لەباوەش کردبوو، کیژۆڵەیەکی بچکۆلانەش کە تەمەنی چوار پێنچ سالێک دەبوو، تووند دەستی باوکی گرتبوو. باوکەکە بە تەنیشتمەوە دانیشت، دایکەکەش لەگەل مندالەکان لەکورسیەکەی پشتەوە.
پێشئەوەی بگەیینە بازگە و مەفرەقەی (دارامان)، بینیم دایکەکە لەچکەکەی سەری داکەند و چاوی کیژووڵە وردیلەکەی داپۆشی. وتی : بۆ خۆت بخەوە تا دەگەینە ناو شاری هەولێر.
لەبازگەی سەربازە عێراقییەکان بێ لێپرسینەوە و لەسەرخۆ بەسەر تاسە و نێوان دوو (هامەر) کە ئالای ڕەشیان پێوە هەڵواسرابوو تێپەڕین.
دونیا فێنک و خۆش بوو، چەند ڕۆژێک بوو باران بە خووڕ باریبوو. بە موسافرەکەم وت : هەرچەندە پاییزە، لی لەپاش ئەم باران باریینە ئەو دەشت و دەرە دیمەنێکی جوانی هەیە.
موسافرەکەم بزەخەنەیەکی کرد و وتی : هێشتا زووە، پەلەی نەداوە.
پێشئەوەی بگەینە شارۆچکەی پردێ، یەک دوو بازگەی ترمان بڕی.
دایکەکە لەپشتەوە وتی : ئاخۆ کەی ڕۆژێک دێت لەدەستی ئەم بازگە و چەکدارانە ڕزگارمان دەبێت؟.
باوکەکە بە پێکەنینەوە وەلامی دایەوە: هێشتا زووە پەلەی نەداوە.
منیش خەندەیەکم بۆکرد و وتم : ئەها ئێستا تێگەیشتم، کەواتە هێشتا سێو پێنەگەیووە.
نزیک پردەکەی پردێ بووینەوە وتم: زۆرمان نەماوە. دەگەینە دوا بازگە ، بەلام تووخوودا بۆچی چاوی ئەو کچە بچکۆلانە ناکەنەوە تا شارۆچکەی پردێ و دیمەنی دەرەوە ببینێت؟
باوکەکە : لێیگەڕێ ئەوهای پێخۆشترە
لە ئاوێنەکەوە سەیرێکی کیژؤلەکەم کرد. پێی لەسەر چۆکی دایکی دانابوو، دایکشی یاری بە پەنجە وردیلەکانی دەکرد. كیژۆلەکەش لەشوێن خۆی دەبزوا، یان وەک ئەوەی ترسێک لە لەشیابێت دەڵەرزی
نزیک بە دەروازەی شاری هەولێر بووینەوە، پێشمەرگە، یەک یەک ناسنامەی لە موسافرەکان دەسەند و خێرا خەلکیان بەڕێ دەخست. کە نۆبەی ئێمە هات، پێشمەرگەیەک دەمانچەیەکی بەلا قنگەوە بەستبوو، لەپاش سلاوکردن پرسی لە کوێوە بۆ کوێ؟
لە کەرکووک بۆ هەولێر.
سەیرێکی ژن و مندالەکەی پشتەوەی کرد و پرسی : بۆچی چاوی ئەو منداڵەتان بەستووە.
دایکەکە خێرا وەلامیدایەوە: چاوی ژان دەکات.
دەتوانم، چاوی بیبینم. منیش کەمێک تووڕە بووم وتم : برا خۆ تۆ پزیشک نیت پێشمەرگەکە گەنجێکی باریکەلانە و گەنم ڕەنگبوو، لەپڕ رووخساری سوور هەڵگەڕاو و بە پێکەنینەوە وتی : کاکی شوفێر، زەحمەت نەبێت دابەزەو ئەو سنووقەی پشتەوەمان بۆ بکەوە. دابەزیم و سنوقەکەم کردەوە، کەچی پێشمەرگەکە هەر لەشوێن خۆی وەستابوو، نەهات سەیری ناو سنووقەکە بکات! پێمگووت : فەرموو… پێویست ناکات، ئێستا دەتوانیت بڕۆیت.
ئەی سنوقەت بۆ پێمکردەوە؟.
خەندەیەکی کرد و وتی : یەک بە یەک..
منیش پێکەنیم و وتم : هەی لەدینت بەم.
لەبازگەکە دەرچووین، باوکەکە وتی : پێشمەرگەکە تۆڵەی خۆی کردەوە.
دایکەکە لەچکەکەی لەچاوی کیژۆڵەکە کردەوە وتی : هەستە کچم بازگە تەواو بوو، چیتر چەکدار نابینیت
دایکەکە بە لەچکەکە سەری خۆی داپۆشی و پرچی کچەکەی بەشانەیەک داهێنا
لە باوکەکەم پرسی : ئەو کیژۆلەیە لە چەکدار دەترسێت؟
-بەلێ…هەر شوێنێک چەکداری لێبێت، دەترسێت و نایەوێت بیان بینێت.
گەیشتینە ناوباژێری هەولێر و نزیک بە قەیسەری، باوکەکە کرێکەی پێدام و خێرا دەرگەکەی پشتەوەی کردەوە ویەک یەک زارۆکەکانی لە هاوسەرەکەی وەردەگرت. پێشئەوەی دایکەکە دابەزێت، سرتەیەکی کردە بن گوێم : ببورە کچەکەم لەترسا (میزیی) بەسەر کوشنەکەتدا کردوە




ئۆپەرێتی: وەرزەکان …. نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی


زستان:

من زســــتانم
ھــــاوڕێتانم
لە باخچە وماڵ
لەگەڵتـــانم
وەرزێکم جـوان
بەفر و بـاران
تەرزە وسەرما
لەگـەڵ مندان
….
تا خۆش بژین
با گوێ بگرین
دەم بەقاقا و
بە پێکــەنین
..,.,
منداڵان:
دەبێ ھەمووان
وەرزی زستان
جل و بەرگی
ئەستور و جوان
……….
بکەینەبەر
ھاتینە دەر
کڵاوێکیش
بکەینە سەر
……..

بەھار:

من بەھـــارم
ڕەنگین دیــارم
ھاوڕێی ئێوەی
زۆر نــازدارم
……
کە دێم یەکسەر
گشت دەشت و دەر
بەرگی سـەوزیی
دەکــــاتە بەر
……..
خەڵکی ھەموو
بە ئـــارەزوو
بۆ ســەیران و
گەشت و پشوو

زۆر بە جوانی
بە خــێزانی
بە دڵخۆشی و
شادمــــانی

ھاوین:

منیش وەرزی ھـــــــاوینم
خاوەن گەرمـــــای بەتینم
ھـــــاوڕێی ئێوەی شیرینم

ھەر من ھـــــاتم بۆ وڵات
یەکســەر میوە پێدەگـــات
ھەر کەس بەشی خۆی دەخوات

میوەی ترش و شــــــیرینن
پڕ ســـــــود و ڤـیتامینن
جـــۆراوجــــۆر و ڕەنگینن

منداڵان:
وەرزی ھـــــاوین بۆ ھەموو
بۆ حـــــــەوانەوە و پشوو
بە پێی حــــــەز و ئارەزوو

پایز:

منیش پــایزە نـــــاوم
لەلای خەڵکی ناســراوم
کە من دێم بـــۆ لای ئێوە
خەندەتان لەســەر لێوە
چونکە بەھــــاتنی من
گشت دەچنەوە بۆ خوێندن
دەرگای قوتابخانەکان
لەگەڵ باخچەی منداڵان
دەکرێنەوە بـــۆ منداڵ
دەبێتە ســەرەتای ساڵ
منداڵان:
کــە پایز دێت گـەڵای دار
زەرد دەبن دەکـــەونە خوار
وەرزی گـــــەڵاڕێــزانــە
ئای کە دیمــەنی جـــوانە
بەڵام ھەندێک داریش ھـەن
کە تەواو پێچـــــەوانەن
کە گەڵایان چــــوار وەرزە
بە ھــەمیشەیی ســـەوزە

وەرزەکان:

ئێمە چـــوار وەرزی ساڵین
بۆ گـــەورە و بۆ منداڵین
ھەر وەرزێکیشمان بۆ خۆی
سێ مانگ دانــــراوە بۆی
دوانزدە مانگی تـەواوین
لەلای ھەمووان ناسـراوین




دۆزینەوە … شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن


چاوی خۆم بۆیە خۆشدەوێ
هه مێشە
بە هیوای دیداری تۆیە.


دەستەکانی خۆم
بۆیە خۆشدەوێ
بەردەوام
چەپکە گوڵی
دیاری بەدەستەوەیە
پێشکەشت کات .


ئەو پێیانەی خۆم
بۆیە خۆشدەوێ
شەوو ڕۆژ لەسەر پێیە
بۆ پێشوازی تۆ.


خەیاڵی خۆم
بۆیە لا جوانە
بەردەوام
پڕە لە جوانییەکانی تۆ.


دەمی خۆم
بۆیە خۆشدەوێ
هه ردەم
ناوی تۆی لەسەرزارە.


دڵی خۆم بۆیە لا گرنگە
چۆن هه میشە
لەسەر ئاوازی تۆ
لێدەدات .


سییەکانی خۆم
بۆیە پێویستە
بەردەوام
بە- با – ی تۆوە(*)
هه ناسەدەدات.


خۆم ..
بۆیە خۆشدەوێ
دواجار توانیم
تۆم خۆشبوێت


تۆم ..
بۆیە خۆشدەوێ
بە خۆشەویستی تۆوە
سەرەتا
خۆم دۆزیەوە.

**** هه ولێر -٥/١٠/٢٠١٩
(*) بەو -با – دەژیم دێت لەلای تۆوە . فۆلکلۆر