با لایەک لە لایەنە باشەکانی دیکتاتۆریەت بکەینە وە … شەماڵ باخچە یی

هەوڵەکانی پڕۆسەی بەرە و گەشەی دیمۆکراسی و ڕۆشنگەری سەدساڵەی ڕابردو لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان دا، قوربانی و زەرەروزیانی زۆری بە کۆی بەرەوپێشەوە بردنی کۆمەڵگەی کوردی گەیاندوە. وەرگێڕانی پێناسەیی دیمۆکراسی لە ئەزموونگەرایی داهێنەرانی یۆنانیەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە کوردیشەوە، زەوق و شەوقێکی ناژیرمەندانە بوە, کە بە بێ رەچاوکردنی کۆمەڵناسیەکی بنەڕەتیەوە، کە تێگەیشتن و پێگەیشتنی تاک و خێزان بە خێڵ و خاوەنداریەتی وەکو شێخ و مورید و بچوک بۆ گەورە و ژن بۆ پیاو , تیایدا ڕەچاونەکراوە ئەمەش لە قۆنا‌غی جۆراوجۆردا ڕ ە نگدانەوەی جیاواز و ناگونجاوی لێکەوتۆتەوە.
هەرچەندە زۆرجار بە شێوەیەکی کاتی چارەسەرسازبوە، بە ڵام لە بەر چەندین فاکتەری سەرەکی نەیتوانیو ە دیمۆکراسی پێگەی خۆی وەکو ڕیشەی بنەڕەتی دابکوتێ و بنەمایەک بۆ بە کرداریکردنی بەگەڕبخات
سەرەکی ترین خاڵی ناکۆکی کۆمەڵگەی کوردی لە بەرامبەر شێوازی دیمۆکراسی، دینگەڕایی مرۆڤی کوردە، کە لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی داخراوی دینی دا، ناکۆک و دژبەیەک بوە لەوانەیە بڵێن کۆمەڵگەی ئەوروپاش پابەندی دینگەڕایی بوون ، ئەی چۆن ئەوان توانیان سیستێمی پەروەردەو گەشەی کۆمەڵایەتی دیمۆکراسی پەرە پێبدەن و گەشەبکەن وەڵام ئەوەیە کە سەردەمی وریابوونەوەی ڕێنسانس و دەستەمۆکردنی دینگەڕایی و پیرۆزی، بە دەستی بیرمەندانەی مرۆڤی خاوەن هزر و داهێنەری ڕەوتی ڕووبەگەشەی سەردەمیانە، ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ بەگەڕخستن و دامەزراندنی دەستەڵاتی ئەقڵانی و دروستکردنی مرۆڤی چالاک و بەشدار لە بڕیاری خۆناسین و خۆبەڕێوە بردن کەواتە یەکێک لە سەرەکی ترین بەربەستەکانی دیمۆکراسی کە پیرۆزگەرایی بو، چوارچیوەی بۆ دانرا و بو بە کەرەستەی دەستەمۆی مرۆڤایەتی و میتۆدە هزرمەندیەکان بوون بە ژێرخانی تاقیکردنەوە داهێنەرەکانی ڕۆشنگەری کۆمەڵگای مرۆڤە کانی ئەو دەڤەرانە بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە کە مۆرڤەکانی ئەم دەڤەرە هیچ هەنگاوێکیان بۆ گەشەی کۆمەڵگاکەیان هەڵنەهێناوە، بە پێچەوانەوە، جێگا دەستیشیان دیارە، بەڵام هەروەکو لە سەرەوەدا ئاماژەم پێداوە، بە بێ ڕەچاوکردنی پێکهاتە بە ڕیشە خێڵەکی، ناوچەگەرایی ، گیرۆدەی پیرۆزگەرایی و دینداری بێ بەش لە پیاداچونەوە، سەردەم خواز و گۆڕان پەسەند نەبوونی ئاڕاستەیەکی نەتەوەیی هاوئاست لە ناوچەکەو لە جیهاندابۆ بەشداری کردن و بەشداری پێکردن لە جیهان بینی سەردەمیانە ی سەدەی ڕابردوو.

وەخۆهەڵواسین بە قافڵەی ئایدۆلۆژیا نامۆ و تاقی نەکراوەکانی جیهانبینی سۆسیالیستی و شاگەشکە بوون بە دیکتاۆری پڕۆلیتاریایی و بوون بە سەرباز لە بەرەکانی دوو دونیای دژ بە یەک، کە هیچ کامیان خێروبێری بۆ کۆمەڵگای کوردستانی لێ نەکەتەوەو بەڵکو بو بوون بە دێوەزمەی شەوقی تێگەیشتنێکی چەواشەکارانە لە گەشەی سەردەمیانەی خۆی
هەرچەندە ئەم سەردەمەی کە ئێمە تیایدا ئەژین، ئاقار و ئاڕاستەی دژبەیەک لە وێستگانی جیهان بینیە جیاوازەکان واڵاتر و بەرچاوترن، بەڵام توانامەندی مرۆڤایەتی بۆ بەشداری کردن لە شانسی لە ئەستۆگرتنی ئەرکی بەرپرسیاریەتی، بە بەرچاوڕۆنیەوە، لەبارو گونجاوە، بەشەرتێک خوازیاری بێت نەوەک تەنیا خەون بێت.

خواستی دیمۆکراسی تە نیا ئارەزوو نیە، خەونی بۆ بڕەخسێنی، بەڵکو پڕۆسەیەکە کە دەبێت کەرەستەکانی بۆ، دووگیان بوون و بەخێوکردن و بە ئامانج گەیاندن و پەروەردەکردن و بەردەوامی و پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.
ئەم ئارەزووە، ڕۆشنبیرانی کورد تە نیا خەونیان پێوە بینیوە و بە بێ ناسین و حەزی مرۆڤی کۆمەڵگەی کوردی، ئەم قوماشەیان بۆ بڕیوەو بە بێ ئەوەی بزانن پڕبەبەریتی لە بەریان کردوە.
ئەمەش بەبێ شیکردنەوە بۆ خوێنەری بەجێ ئەهێڵم، کە تاچەندگێژاوی ئەم وێنە ڕەنگاوڕەنگە، یان
بە ووتەی یەکێک لە سەرکردەکانی کورد کە باسی لە چە پکە گوڵ ئەکرد، وەڵامدەروەی ئەم پرسیارەیە

منیش قوربانی ئەو گێژاوە بووم و زیاتر لە سێ دەهە سەربازێکی وونی ئەو قافڵە یە بووم ، کە پێم
وابوو سەرئەنجام لە دونیایەکی پڕ لە یەکسانی و گوڵ و بولبول دا ، من و مرۆڤایەتی تیایدا ئەحەسێینەوە، بە ڵام وەڵام دور لە ئاڕاستەی خەونەکان و ئارەزووەکان بوون و ئێستای مرۆڤایەتی ئەرکێکی هزرمەندیانەی ووریایانەتری خستۆتە ئەستۆمان، کە ئەبێت زیاتر بەرچاوڕوون بین و چالاکانە تر ئەقڵ و مەعریفەی خۆمان بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەری خۆمان و دەوروبەرمان و ژینگەکەمان بە کاربهێنین خاڵێکی گرنگی دیکە ئەتوانێت بڕوا بە خۆبوون بێت، کە بیرمەندی و داهێنان تەنیا بۆ نەتەوەو گەل و دەڤەرێکی تایبەت نیەو هەموان ئەتوانن ڕولەگەشە بکەن و ئارەزوو بە ئامانجی لوتکە بگەیەنن ویستی ڕێنسانس ئاسا، دیاردە یە کە ، مرۆڤەکان باری دە هێنن و بە گە ڕی دە خەن. بە داخەوە ئەو
ویستە هێشتا لە کۆمەڵگای کوردستانی دا دوگیان نەبوە، کە ببێت بە ئارەزوو، بۆ ڕاماڵینی پیرۆزگەرایی مرۆڤەکانی ئەم دە ڤەرە، بە زۆرینەی ڕۆشنبیرەکانیشیەوە کەواتە پشت بەستنی زانستیانە بە هۆشیاری کۆمەڵگای کوردیەوە، ئەتوانێت ڕێنوێنیەکی بیرمەندانەمان پێ ببە خشێت، کە سیستێمێکی سێنترالیزمی کاریگەر و یەک جەمسەری لە بار، وەڵامدەرەوەی ویست و ئارەزوو و خەونەکانی کۆمەڵگای کوردیە میرنشینیەکی دەستەڵاتداری کوردستانی بۆ سەقامگیری و گەشەی گونجاو و لەبار بۆ مرۆڤی کورد باشترین چەمکی بەڕیوەبردنە بۆ ئەم سەردەمە یەک حیزب، یەک سەرکردە واتە میر، یەک سوپا و یەک ڕێبازی ئابووری و ئیداری. وە هەموان بۆ بەهێزکردنی ئەو ڕێبازە تێبکۆشن و ئازاد بن لە هەموو بیروڕایەک ، بە ڵام دوربن لە لاوازکردنی میر و دام و دەزگاکان ڕۆشنبیران لە پێناوی گەشەی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگاو میر و میرنشینە کوردیەکەدا تێبکۆشن و شانسی بەشدری کردن، لە کێ بەر کێ ی نەتەوەیی و ناوچەیی و جیهانی دابین بکەن

قۆناغی یەکەمی ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و ڕامیاریە، ئەتونێت توێژینەوەی ئاکادیمی و گەڕان بە دوای سەرچاوەی زانستی باوەڕپێکراوبێت، تا ئەم بۆچونەی منیش وەکو زۆر لە بیردۆزە خەیاڵیەکان ، نەکەوێتە خانەی ئیدەئالیزمە چەواشەکاریەکانەوە و هەڵدێرێکی دیکەی تاک ڕەویانە، بە کۆمەڵگای کوردستانی پێشکەش نەکات

قۆناغی دووەم ئەکرێ پڕۆسەی بوێرمەندی ژیرمەندانە بێت، بە وەی کە باوەڕ بە پاشە کشە و شکەستی سیستێمی دیموکراسی لە هەمو سەکتەرەکانیدا ، لە کۆمەڵگای کوردستانیدا بهێنین هەرچەندە هەوڵەکانی دیموکراسی لە جیهانیشدا، نەی توانیوە وەکو پێویست مافی بەشداریکردن و شانسی لە ئەستۆگرتنی ئەرکی بڕیاردان بە شێوەیەکی یەکسان و دادگەرانە دابین بکات. بەڵکو زیاتر بەگەڕخستنی کۆکردنەوەی زۆرینەیەک، لە بەرامبەر کەمینەیەکدا، کە دواجار بە گەلەکۆمەکێ ی ئۆردوی براوە، بەرامبەر کەمینەی دۆڕاودا بوە گەر بێتو ڕاستگۆیانە لە و ئازادیە بڕوانین، کە پارت یان دەستەڵاتێکی ئابووری بۆ سازدانی پڕۆسەی بە ناو دیمۆکراسی ، بۆ بەدەست هێنانی دەنگی پێویست، واتە زۆرینە، تا نوێنەرایەتیان بکات و دەرگای بەختیان بکاتەوە، ئەوا مۆدێلە باوەکانی بەڕێوەبردنی ئەمڕۆی ووڵاتانی جیهان ، بۆخۆی وەڵامدەرەوەی، ئەو بەختەیە.
ئازادی مرۆڤی برسی تێرناکات و مرۆڤی دەوڵەمەندیش ئازارنادات ، بەڵکو ڕەخساندنی شانسی مافی بەشداریکردنی ڕاستەقینە، بە ئەقڵیەتی چاوپۆشی لە زۆرخوازی، یان گەڵاڵەی سەرمایەی بێ سنوری، دەوڵەمەندەکان، دەست هەڵگرتن لە قروغ کردنی سەرچاوەکانی سەرمایەی گشتی سونەتگەرایی باوەڕپێکراو و بەکردار، جێ بە جێ کراوی باو، میکانیزە بکەین و گەشەی پێ بدەین و چوارچێوەی ڕەنگینی بۆ دابڕێژین و کوردایەتی لێ ناوبنێین و ناسنامەی نەتەوەیی یەکسانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگای پێ ئاشتبکەینەوە لەگەڵ خۆماندا پێش هەوموان تەبابین و دوایش لەگەڵ دراوسێکانماندا، دۆست بین، و لە گەڵ جیهانیش داهاوئاهەنگ بین، بۆ بەشداری کردن و بەشداری پێکردن لە پڕۆسەی بەردەوامی و گەشەی مرڤایەتی و ژینگەیدا هیوادارم خوێنەری ئەم بیردۆزە بە وریاییەکی ئەقڵانیەوە، تێی بڕوانێت و لەسەری دەربڕینی هەبێت.

شەماڵ باخچە یی

24.10.2019

shamall1@gmx.de




سەلیم سۆتکە … عەبدولرەحمان فەرهادی

سەلیم سۆتکە تازەکانە لە ھەندەران گەڕابۆوە، لەوێ گونلەمست ھیچی بەھیچ نەکردبوو و ھاتبۆوە لێرە فشەفشی لەسەر برادەرانی دەکرد، گوایە مسەققەف بووە و لە ڕەفتار و کردەوەی ئەوان دڕدۆنگە، زۆر دەگەڕا ئیشێکی دەسکەوێ بەڵام لەبەر تڕوتۆپەستووری نەدەکارا ئیشان، ئەو خۆی بە گووێکی گەورە دەزانی و لە قسە و گفتولفتیدا ھەر ناوی ئەم وەزیر و ئەو بەرپرسی دەھێنا گوایە برادەری گیانیی ھەمووانە، خۆی بەلاوە کەسایەتییەکی گەورە بوو، کەچی کەس حسێبی دوو فلسی سۆتیی بۆ نەدەکرد. ھەموو جار کە دەھاتە چایەخانەی مەچکۆ دەبایە پارەی چایەکەی بدەین، خۆ ئەو دایما موفلیس بوو، گەر ھەشیبا فلێس بوو، دەستی لە بەڕکی ڕانەدەکرد، سەلیم سۆتکە وەختی خۆی لە ڕۆژنامەی ھاوکاری بەھۆی شێخێکی خزمی کە جاشێکی گەورە بوو، ئیشی بەردەستی بۆ دەزگاکە بە پاداشت دەکرد، بیری کردەوە ھەر ئەمڕۆ سەرێکی شێخەی خزمی بداتەوە بەڵکم ئەمە خوایە ئیشێکی میدیاکاریی بۆ وەدۆزێ.
سبەینێ چێشتانان سەری شێخەی لە ڕۆژنامەی زمانحاڵی حیزب دا، لەوێ شێخە پێشنیازی نووسینەوەی بیرەوەریی بۆ سەلیم سۆتکە کرد، سەلیم ئەو پێشنیازەی زۆر بە عەقڵدا چوو، شێخە بە سەلیمی گۆت: کەسایەتییەکی گەورەی وەک تۆ کە ھەم ڕۆشنبیر، ھەم سیاسی، ھەم کۆمەڵایەتی، ھەم بیرمەند و ڕۆژنامەنووس، وەرە لێبکشێوە بیرەوەریت بنووسەوە، بەشەرەفم بە یەکەم چاپی کتێبەکەت، پارووت دەکەوێتە ڕۆنی ھیزە.

سەلیم سێ مانگان لە کونی ژوورەوە نەھاتە دەرەوە، خەریکی نووسینەوەی بیرەوەری بوو، کە لێبۆوە، سەری شێخەی دایەوە و بیرەوەرییەکانی نیشاندا، بیرەوەری چ بیرەوەری! مەگەر ئەحمەد ڕۆڕۆ سەری لێ دەرچێت!
شێخە، سەلیمی ناردە چاپخانەیەک و کەمێ پارەی بە قەرز دایێ و پێیگوت: ئەویتریش خۆت بیخە سەر و کە کتێبت فرۆشرا پارەکەم بۆ بێنەوە. سەلیم ئەم دەرگا و ئەو دەرگای کوتی و بە قەرز و قۆڵە ئیشەکەی پێکھێنا.

بیرەوەری بە چاپی بەرگ ئاوزێڕی ڕەقی جزووبەند لەچاپخانە ھاتە دەرێ، سەلیم ئاھەنگێکی خنجیلانەی بۆ دابەشکردنی بیرەوەرییەکانی لە بنکەی ڕۆشنبیریی شار بۆ سازدا و لە ئاھەنگەکە داوا کرا ئامادەبووان سەر و کتێب وەرگرن و پارەی کتێبەکەش دانێن، نەک وەک دیاری بەڵکوو دەبێ بیکڕن، ئاھەنگ تەواو بوو لە شێخەی جاش زیاتر زەلامی خوا دانەیەکی گل نەدایەوە، ھۆڵە بچکۆلەکە ھەندەی دەمێ چۆل بوو.سەلیم تەنگەتاو بوو، شێخە بەپێشنیازیترەوە دڵی سەلیمی خۆش کرد و گوتیێ: سەلیم تۆ واچاکە ژمارەیەکی باشی ئەم کتێبەت لە ئاھەنگێکی دیکە بە فراوانی، بە دیاری دابەش بکەیت و ئەوکات ناوبانگت زۆر زێتر دەڕوا و واش باشترە ھەر کتێبێک لەو ڕێوڕەسمەدا کە دەیدەیتە یەکێک، با وێنەیەکت بۆ بگیرێ تا لە ئەکاونتی خۆت لە فەیسبوک دایبەزێنی، بەمجۆرە کتێبت ھەڕمێنی زیاتر دەبێ و خەڵک بەدوایەوە دەبێ و ناچارن لە بازاڕ بیكڕن، سەلیم وای کرد و فەیسبوکی پڕ کرد لە ڕەسمی خۆی لەگەڵ خەڵک، کتێب ھەڕمێنی پەیدا کرد و لە بازاڕ نەما، بەڕکی سەلیم ماوەیەک باش گەرم بۆوە، ئەمجارە شێخە سەری لەبن گوێی سەلیم نا و دایە بەر پێشنیازان: سەلیمۆکی سۆتکەی سەیانی، بەخوای من نەبم کەس گوو بە کڵاوە بۆرەکەت ناپێوی، وەرە ئێستا لێ بکشێوە ڕەسمەکانی فەیسبوکت بکە کتێب، ئەوانەی لە ڕێوڕەسمەکەدا بیرەوەرییەکانت لێ دابەش کرد.
سەلیم پێشنیازی جوانی شێخەی کەوتە دڵ و ئەلبوومێکی چاپ کرد و چەندین وێنەی سەردەمی گەنجی و ھەندەرانیشی ھاویشتێ، کتێب لە چاپخانە ھاتەوە و ئەویشی لە ڕێوڕەسمی شاھانەدا بە شرقوھۆڕی وێنە گرتنەوە دابەش کرد و قەولە وێنەکانی ئەویش بکاتە کتێب، ئیتر ئەم بەزمەی سەلیم سۆتکە وەک ھەقایەتی مێش بنی نایە و کۆتایی نییە، ھەر کتێب چاپ دەکات و ڕەسمەکانی دابەشکردنی دەکاتەوە کتێب. ئێستا سەلیم بەو حاڵ و وەزعەوە خاوەنی ھەشتا تا نۆھەت کتێبە، لەسەر پێشنیازی تازەی شێخە، قەولە سەلیم قژ بەرداتەوە بۆ ئەوەی ھێشتا زیاتر بەناوبانگ بێ، شێخە دەڵێتە سەلیم: سەگبابم ئەگەر وا نەکەم سەت ئەوەندەی ئاینشتاین بەناوبانگ بیت، ھەی لە قەبری بابی ئاینشتاینیش بەم گەر نیو ئەوەندەی تۆ ئەقڵی لە کەللەدا بێ!




«منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»‌ـی پێشەوا کاکەیی، چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە.

    ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠، نووسراون، ساڵی ٢٠١١، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی دیلان لە سلێمانی چاپ کراوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، لەگەڵ تەوەرەیەک لە بەشی دووەمی توێژینەوەیەکی زانستگە، لە لایەن: «هیوا ئەکرەم عومەر و ڕابەر محەمەد محەمەدەمین»ـەوە، بەنێوی: «چەمکی گوڵ، لە دیوانی: (منم، دیدەوانی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.» بۆ ساڵی ٢٠١٨- ٢٠١٩، لە زانستگەی ڕاپەڕین. هەروەها، دیار لەتیف: ڕانانێکی بۆ کردووە، بەنێوی: «چەمکی ڕوانین، لە (منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.»  ئەم پەرتووکە: ١٣٤ لاپەڕەیە؛ کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ: ئیبراهیم ساڵح، ئەنجامیان داوە. هەروەها، بۆ جاری دووەم، لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی، ساڵی ٢٠١٩، لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کراوەتەوە. 

   ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای ڕۆحانیی و هەبووێتی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لەپێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لەپێناو خواستەکانیدا، هەبووێتی دیکە وەک پێویستیی بۆ هەبووێتی خۆی تەماشا دەکات. لەمبارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا، دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی ڕازاوەیە و دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە، دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ـى دەستى مرۆڤەکان.»

    «هیوا ئەکرەم و ڕابەر محەمەد» لەبارەی چەمکی گوڵ لە توێژینەوەکەیاندا، لە ئەنجامەکەیدا دەڵێن:

دوای نووسینی ئەم توێژینەوەیە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە:

  1. گوڵ و مرۆڤ هەردووکیان خاوەنی هەمان ڕۆحن، کە خودا پێی بەخشیون، پێکهاتەی دروستبوونی هەردووکیان لە خاک و ئاوە؛
  2. پێشەوا کاکەیی، بە شێوازێکی جیاواز لە هەموو شاعیرانی قۆناغەکانی دی لە گوڵ دەڕوانێت و نایەوێت گوڵ بکاتە قوربانی لە پێناو یارەکەیدا، بەڵکوو ئەو دەیەوێت سروشتی گوڵ وەک خۆی بمێنێتەوە؛
  3. چەمکی گوڵ لای شاعیرانی کورد لە هەرسێ قۆناغی کلاسیکی، نوێگەری و ‌هاوچەرخدا بە یار چوێنراوە؛
  4. پێشەوا کاکەیی لە دیوانی «منم، دیدەوانيی گوڵ دەکەم»ـدا لە گۆشەنیگای تایبەتيی خۆیەوە و بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەوە لە گوڵ دەڕوانێت.
    «دیار لەتیف» لە چەمکی ڕوانین لە منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەمی پێشەوا کاکەییدا دەڵێت:
    لەم خاڵەوە، پشکنینە وێژەییەکە دەست پێ دەکات، واژەی گوڵ وەک گوزارەیەک، ڕەهەندی جوایەز دێنێتە گۆڕێ، لەوێوە کێبڕکێ و تێپەڕاندن و دەستکارییەکان و دونیابینین دێتە ئارا و بۆچوونێکی نوێ سەربار دەخرێت. واتە ئەمە ڕوانگەیەکی ترە بۆ چەمکی گوڵ؛ (گوڵ) جارێک تەسەووفانە و جارێکیش ژینگەدۆستانە و ئەوجاریش مرۆدۆستانە مژار دەکرێت.
    پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:

۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.

    شاعیر، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»
    پارچە شیعرێک لە کتێبەکەی منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم:

ئەى گوڵ! تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لەش جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى بۆ یارەکەم!
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى ئه‌و؛
دەستێکم بە قەدتەوە،
تا دڕکەکانت بە پەنجەمدا بچن و خوێناوى بن،
دەستێکیشم به‌ ڕەگوڕیشەى نێو خاکته‌وه بێت‌.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
دیدەوانیيت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەو ساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، بەرەو مەرگت ڕادەکێشێت.




رەزا شـوان: هـۆنراوە بۆ منداڵان.. مـن کـۆبـانـیم

مـن کـۆبــــــانـیــم ، کـۆبــــــانـيــم
شـارێــــکی کـوردســـــــــــتـانـیــم

  • * * * *
    زۆر دڵــــــــگـیـر و دێـــــــــریـنــم
    شـارێــــكی کــــورد نـشـــــــــيـنــم
  • * * * *
    جـــــوانـم بـــووکـی شـــــــــارانــم
    پـاڵــــــــــەوانـی جـیـهـــــــــــــانــم
  • * * * *
    مـــنـم داعــــش بــــــــــــــــەزێـنـم
    داگـــیرکەریـش تــــــــــــــــەزێـنـم
  • * * * *
    ئەگـەر گــــــورگـە بــۆرەکـــــــــان
    جــێـنـەهــــێـڵـن کـوردســــــــــتـان
  • * * * *
    شـەرڤــــــــانـانـم بـۆیـــان هـــــات
    ســووک و رســـــوایــان دەکــــات
  • * * * *
    لــەم دەشـــت و لــەم کـێـــــــوانـە
    دەبـنـــە پـەنـــــــدی زەمــــــــــانـە
  • * * * *
    داگـــــیـرکـەری بـێـــــــــــــــگـانـە
    ئـــــێـرە شـــوێـنـی کــــــــوردانــە

نەرویـج : ٢٠١٩




شیعر بـــۆ منداڵان … باڵندەیەکی بەندکراو … ڕۆستەم خامۆش

ئــەو بـاڵـنــدەی بـەنـدکـراوە
مــافـــی ژیـنـی لـێ خـوراوە

هــەمـــوو سـاتـێ دەنـاڵێنـێ
بـۆ سەربەستی دەجریوێنـێ

ئـەڵـێ: ئێـســتـا نـیـگـەرانــم
دوور لـە ئـاشنا و گوڵستانــم

بــە ئـــاواتــم ، کـــە بێـمـەوە
لــە ســـەر چـڵـدا بنیشـمـەوە

بــە ســۆزەوە لــە نـاخـی دڵ
تێر بخوێنـم بـۆ جوانـی گوڵ

خـۆشـــە فـڕیــن بــە ئــازادی
هــەردەم بــژی بـــە دڵـشـادی

   

ســاڵــی ( ۲٠٠٠ ) نـووسـراوە
ڕۆستەم خامۆش




شیعری مناڵان – چەژنی لە دایکبوون…محەمەد بەرزی

بـوونـی تـۆیـە بـە قـوربـان
دنـیـا بـۆتـە چـراخـان

هـەمـوو سـاڵـێ بـە خـۆشـی
دوور لـە خـەم و نـەخـۆشـی

جـەژنـت پـڕبـێ لـە شـادی
هـەزار سـاڵ بـکـەیـن یـادی

هـەمـیـشـە ئـاوا کـۆ بـیـن
هـەمـوو لـە دەوری تـۆ بـیـن

داواکـاریـن لـە یـەزدان
سـەرکـەوتـوو بـی لـە ژیـان

یـاخـوا بـبـی بـە سـایـە
بـۆ ئـێـمـە و هـەمـوو لایـە