ناڕەزایەتییەکانی عیراق بەرەو کوێ و ئەگەرە مەترسیدارەکان … هەژێن

هەژێن
13ی نۆڤەمبەری 2019

ئەوەی داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازی ڕەوان و ئەوەی کە پێویستە ناڕەزایەتی خەڵک دژی کۆمپانییەکان و فەرمانداریی و پارتییەکان پشتیوانیبکرێن، بۆ من وەک ئەلف و بێی خەبات و ئەرکی شۆڕشگەرانەیە. بۆ ئەوەی لێکدانەوەی دیکە بۆ گومان و بۆچوونەکانی من نەکرێت و کەسانی هەستەکی و سۆزەکی ناهوشیار نەکرێنە دەریچە بۆ هەڵڕشتنی تووڕەیی خۆیان، بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم لە خۆنیشاندانەکانی (الساحة التحریر) ساڵی 2012 تاکو ئێستا و بە دیاریکراوی لە 3ی ئۆکتۆبەری 2019 تاکو ئەم ساتە هەموو ڕۆژ زیاتر لە 16 سات لە کاتی خۆم بۆ پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی عیراق و هاوکات دژی هێرشی لەشکری دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا تەرخانکردووە و تەنانەت لەنێو ڕێپێوانەکانی پشتیوانی ڕۆژاوا، پلاکارتەکەم دوو بەشە، بەشێکی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی عیراق و بەشێکی هاوپشتی بۆ خەڵکی جەنگزەدەی ڕۆژاوا.

بێجگە لەوەش بەردەوام لە بواری تەکنیک خەریکی کۆمەککردنم بە گرووپ و پەیجە عەرەبییەکانی تایبەت بە خۆنیشاندانەکان و ڕابوونی خەڵکی خوارووی عیراق، بەتایبەت ئامادەسازیی و کۆکردنەوەی کۆمەك بۆ کاتی بڕانی یەکجارەکی ئینتەرنێت و بەستنی پردی پەیوەندی ئینتەرنێتیی لە ڕێگەی تێلەفۆن لە ئۆروپا، تاکو دەگاتە ڕێنێوینی چۆنیەتی خۆپاراستنی چالاکانی ڕابوونەکە و ناردنی ئەو توول-ئامرازانەی کە بۆ شکاندنی فیلتەری سەر سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بەکارببرێن. خوێنەری هێژا تکادەکەم، ئەم پێشەکییە بە خودنمایی مەبینن، بەڵکو وەڵامە بەو کەسانەی ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی خەڵکی ڕۆژاوا لێکدەدەنەوە و نا-ناسیونالیست-بوون بە پشتیوانی سۆزەکیی خۆنیشاندانەکانی عیراق لێکدەدەنەوە و لەژێر ئاڵای ” اللە أکبر” کەوتەکە هەلەکە سەما!

ڕاستی من لە ساڵی 2012 تاکو ئێستا بەردەوام ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و خۆ-جیاکردنەوە لە پارتییەکان و گەنجبوونی [گەنج-بوون بە واتای زۆرینەبوونی لاوان] بزووتنەوەکان دەبینم. ئەوانە هەموو شایانی دڵخۆشی و دەستخۆشیکردن و پشتیوانیکردنن. بەڵام هاوکات پێویستە ئەو ڕەوتە ناسیونالیستییە عیراقییەش ببینین، لە لە باشترین باردا (نیشتمان و گەل)چییەتییەکەی حشع بەسەری زاڵە، بەڵام بەداخەوە زۆر جار درووشمەکان بەرەو ڕەیسیزم و سووکایەتیکردن و دەمارگریییەکی ترسناک ملدەنێن. سەرباری ئەوەش ناتوانم، بەس لەبەرئەو هۆیانە دەستبەرداری پشتیوانی و کۆمەکیی ئەنارشیستانەی خۆم بۆ بزووتنەوە خۆخۆیی و ناڕامیاریی و ناحزبییەکانی عیراق ببم.

بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندەی ناسیونالیستە کوردەکان و سەلەفییە پڕۆ-ئێران و پڕۆ سعودیەکان، سەرەتای ئۆکتۆبەری 2019 ناڕەزایەتییەکان لە بەغداد خۆبەخۆیی تەقینەوە و دنەدەرانیان “دەستی دەرەکی” و “ڕەوتە شیعە و سوننە”کان نەبوون، بەڵکو سووکایەتیکردنی پۆلیسەکانی دەوڵەت بوو بە دەرچوانی بێکاری دانشگەکان و ئەوە بوو بە چەخماخەی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە پەنخواردووەکانی خەڵک، کە پێشتر (هێنانی داعش بە پلان و سیناریۆی هێزە داگیکەرەکانی عیراق لە بەهاری 2014 ) بوو بە هۆی دامرکاندنەوەی ئەو بزووتنەوە بەهێزەی، کە سەرەتای ساڵی 2013 فەرمانداریی مالیکی و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی دەوڵەتی بەچۆکهێنابوو و تەنانەت ناڕازییان ئامادەی دەستنیشانکردن و ناردنی نوێنەر بۆ لای فەرمانداریی نەبوون و دەیانگوت “خەڵکی لەسەر شەقام و لەنێو مەیدانی شارەکانە، ئێمە نوێنەرمان نییە و خەڵک خۆی نوێنەری خۆیەتی و ئەگەر مالیکی و فەرماندارییەکەی بەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیو نیازیان پاکە، دەتوانن بێنە ئەو شوێنانە و لەتەک خەڵک گفتوگبکەن/ڕێکەوتنبکەن“.

وەک گوتم بزووتنەوەکە خۆخۆییە و وەک هەر بزووتنەدوەیەکی دیکەی خۆخۆیی جەماوەر لە سەراپای تەمەنی دەوڵەت. بەڵام هاوکاتیش نەبوونی خۆڕێکخستنی جەماوەریی لەنێو گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆیی و نانێوەندییەکان و هاوکات نێوەندییبوونی خۆنیشاندانەکان و نەگۆرانیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵ، وەک پاژنەی ئاشیل زەمینە و کەلێنی بۆ هەژموونکردنی خشکەیی هێزە ڕامیارییە ناسیونالیستیی و دەسەڵاتخوازە نێوخۆییەکان و هەوڵی تێکدەرانەی هێزە دەرەکییەکانی وەک سەلەفییە لایەنگرەکانی ئێران و تورکیە و سعودیە و هەر ئاوا بەکرێگیراوانی هێزە هاوپەیمانە داگیرکەرەکان درووستکردووە.

یەکێکی دیکە لە پاژنە ئاشیلییەکانی خۆنیشاندانەکان خۆشباوەڕیییە بە پەیوەستبوونی هێزە سەرەکوتکەرەکانی دەوڵەت [پۆلیس و سوپا]. هەرچەندە دەکرێت و درووستە بە پەیوەستبوونی ئەوان دڵخۆش بین و پێویستە بە بەردەوامی ئەو هێزانە بۆ پەیوەستبوون و تەقەنەکردن بانگەوازبکەین و بگێڕدێنەوە بۆ نێو بەرەی خەڵک. بەڵام پەیوەستبوونی ئەوان وەک ‌هێزی چەکدار و مانەوەیان وەک هێزی چەکدار و بڕیاردەر، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر داهاتووی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە، ئەوەش لەبەر چەند هۆ:

  • لە ئەنجامی ئەزموونگیریی دەوڵەت و فەرماندارییەکان لە ڕابوونەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرهەڵاتی ناوین 2010 – 2013 دەوڵەتانی ناوچەکە بە پشتیوانی و پلانی زلهێزەکان بەتایبەت سوپای میسر کە بێجگە لە دەزگەیەکی سەرکوتگەر و ئامرازی کودەتا، هاوکات پڕۆژەیەکی ئابووریی کۆمپانییەکانە و ڕاستەوخۆ لە دەوڵەتی ئەمەریکا ملیۆنان کۆمەك وەردەگرێت.
  • هەر ئاوا، دەستەکانی پشتپەردە لەنێو ڕابوونی خەڵکی تونس توانیان بۆ یەکەم جار ئاڵای دەوڵەت بکەنە ئاڵای خەڵکی ناڕازی و وەک تاعوونێکی ڕامیاریی لە تونس تاکو ئەمەریکای باکووری گرتەوە و خەڵکی ناڕازی ئەو ئاڵایە بەرزدەکاتەوە، کە لەژێر ئەو و بەناوی پاراستنی ئەو دەکوژرێت، ئەوەش تایبەتمەندیی سەردەمی ئاژاوەیە و چەوساوان دەبنە شەکێنەری ئاڵای سەروەریی چەوسێنەرانی خۆیان، بەتایبەت لە عیراق کە ئاڵاکەی زیاتر لە ئاڵای دەوڵەت، سیمبۆڵی ملهوڕیی ئایینی و یەزدانی لەسەرە و بەس لەلایەن کەسانی ناهوشیار ناشەکێتەوە و لە خۆ ناپێچرێت، بەڵکو تەنانەت ئەو چەپانەش کە لە سەرەتای دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بە ئەنتی-ئایین و ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن، کەچی ئێستا چوونەتە ژێر هەژموونی ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە. هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، سەرنجەکەی من لەسەر هەڵگرتنی ئاڵای “اللە اکبر” لەلایەن چەپ بەس لەو لایەنەوەیە، کە ئەوان وەک ئەنتی-ئیسلام دەرکەوتن و شانازی گەورەیان دژە-ئیسلام-بوون و دژە-ئایین-بوون بوو، کەچی ئێستا وەک هەر ئیسلامییەکی دیکە چوونەتە ژێر ئەو ئاڵایە و دەیشەکێننەوە و لە خۆیانی دەئاڵینن و بەشانی خۆیان دەدەن.
  • بە ئاشکرا زۆرێک لە درووشمەکان و تاکو ڕادەیەک ئاراستەی ڕابوونەکە بەرەو بانگەوازکردن بۆ سیستەمی دیکتاتۆریی سەرۆککۆمار وەک تورکیە و جێگرتنەوەی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی سەربازیی و جێگرتنەوەی پارتییەکان بە تاکپارتیی و دیکتاتۆریی سەرۆک ملدەنێت.بە بۆچوونی من، ئەوەش دوو هۆکاری هەن: یەکەم خەڵکی عیراق بەهۆی نائومێدبوون لە گۆڕانی پۆزەتیڤ، سیستەمە تاکپارتیی و سەرۆککۆمارییەکەی بەعس و سەدام بە باشتر دەزانن و خۆزگە دەخوازننەوە بەتایبەت عەرەبە سوننەکان. دووەم بە ئاشکرا دەوڵەتی تورکیە لە ڕێگەی سەلەفییە سوننەکان و تورکمان-زمانە ناسیونالیستەکان خەریکی سەرنجڕاکێشانی خەڵکە، لەوانەیە هەوڵدان بۆ نۆژەندکردنەوەی ێیستورانتی تورکی بە پارە و کۆمەكی دەرەکیی لە ڕێگەی ژنێکی دانیشتووی هۆڵەندە، ئەوەش پێچەوانەی درووشمەکانی سەرەتا “برە برە ایران برە، برە برە ترکیە برە برە، برە برە سعودیە برە، …“ خەریکە بە خشکەیی تێکەڵەیەک لە سیستەمی سەدامی-ئەردۆغانی دەکرێتە خواست و خەونی خەڵک.

لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، دەستە دەستە پەیوەستبوونی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت و مانەوەیان وەک هێزی چەکدار لەنێو بەرەی خەڵک، سێ ئەگەری مەترسیداری هەن:

یەکەم: ئەوەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی ناردنی پۆل پۆلی هێزەکانی پۆلیس و سوپا، ناڕازییان بەناو و پاگەندەی پاراستنی “سەروەریی یاسا و دەوڵەت” بکاتەوە بە پارێزەری فەرمانداریی، وێرای ئەوەش حزب‌اللە لە ئێران وەک ئاکپارتیی لە تورکیە و بنەماڵەی آل السعود لە سعودیە ئارەزوومەندی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پارلەمانییە. بەو جۆرە بە زاڵکردنی سوپا و کودەتایەک بەسەر فەرمانداریی ئێستا بۆ ڕزگارکردنی هەژموونی شیعەگەرایی خۆی لەسەر فەرمانداریی و سازدانەوەی دەست و پەیوەندەکانی خۆی لەنێو فەرماندارییەکی سەربازیی بە خواست و پشتیوانی خەڵکی ناڕازی، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ خەڵک نائومێدبکات و مەترسی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی ئاوا خۆبەخۆی دووربخاتەوە.

دووەم: هەوڵدانی سێکوچکەی تورکمانە ناسیونالیستەکان – سەلەفەییە پڕۆ-ئاکپارتیی و پڕۆ-سعودییەکان – لایەنگرانی دەوڵەتی سوننەی ئیسلامی عیراق وەک ئامانجی پاشرەوانی عیزەت-دووری بۆ سیستەمێکی تاکپارتیی، سەرۆکایەتیی و سەربازیی لە چەشنی سەردەمی بەعس .

سێیەم : هێزە داگیرکەرەکانی هاوپەیمانان وەک گێڕانەوەی عیراق بۆ ژێر دەستی خۆیان و لێدان لە پێگە ئایینی و سەربازیی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت پاش ئەوەی کە ئامادەیی سەربازیی ئەوان بەتایبەت ئەمەریکا لە عیراق تێکشکا و هەر ئاوا ئەوەی کە تێکشانی سیستەمە پارلەمانییە پووپەییەکەی* نەیتوانی سنووردارکەری هەژموونی میلیشیا شیعەکانی پڕۆ-کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. ئاوا وەرگۆرانێک لە عیراق بەس بۆ ئەوان قازانجی نییە، بەڵکو بۆ ئیسرائیل و پڕۆژە ئابووریی و سەربازییەکانی.

بەکورتی لەم ساتەدا عیراق وەک نێچیرێکی بریندارە لەنێوەندی کۆمەڵێک ئاژەڵی گۆشتخۆر و هەر یەکە هەوڵی یەکەم و تەواو قەپاڵگرتنی خۆیەتی. ڕامیارە عیراقییەکان بەتایبەت لۆبییەکانی نێو پارلەمان، کە لەپشت پەردەوە خەریکی ئاراستەکردنن و پڕۆپاگەندەکانی دەستگیرکردنی مالیکی لە سەفارەتی ئەمەریکا و ڤێدیۆ مژدەبەخشەکانی نێو ناوچەکەی سەوز و بەڵێن و هەر ئاوا ناتوانامانەوەی ناڕازییان لە گۆرینی ڕابوونەکە لە ڕابوونی ڕامیارییەوە بۆ ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و پێکهێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان وەک تان و پۆی ڕێکخستنی سەربەخۆ و خۆخۆیی خەڵکی ناڕاز و خۆسەریی کۆمەڵایەتیی، کە بەڕادەی کەم ئەگەر نەتوانێت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ بخاتە شوێنی سیستەمی ئایینی و خێڵەکیی و پارتیی و پارلەمانیی و سەربازیی، خۆ دەتوانێت ئەوانە لاوازبکات و بیانخاتە ژێر فشاری داخوازییەکانی خەڵک.

ئەو شتانەی لە سەرەوە ئاماژەدران، هەموو ئەگەرن و بەداخەوە بەڕادەیەک نیشانەکانیان دەرکەوتوون و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیی هەم بە هۆی دەرگیربوونی هەر ساتە و هەر ڕۆژەی خۆنیشاندان و مەرگ، هەم بەهۆی نەبوونی ئەزموونی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ئابووریی لە عیراق، توانای دیتن و دەرککردنی ئەو مەترسییانەی نییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهۆی بەردەوامیی ناکامی خۆنیشاندانەکان و زەمینەسازبوون بۆ دەستە شاردراوە ڕامیاریی و ئابووریی و سەربازییەکان و هەر ئاوا ماندووبوون و نائومێدبوون، بە ئاسانی ئەگەری ڕوودانی ئەو مەترسیی و هەوڵە نیوخۆیی و دەرەکییانە زیاتر دەبێت.

بۆ نموونە پاش زیاتر لە مانگێک خۆنیشاندانی بەردەوام و خۆێنڕژان و قوربانیدان و برسیەتی و ماندووبوون، تاکو ئێستا نەتوانراوە مانگرتنێکی گشتیی و سەرتاسەریی وەک گوشاریی ئابووریی بۆ سەر فەرمانداریی عیراق و کۆمپانییەکانی هاوپەیمانان بەکارببرێت؛ نەتوانراوە گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان وەک ئەڵتەرناتیڤی پارتییەکان پێبکبهێندرێن و نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی پارلەمانیی و تاکپارتیی و سەربازیی بیربکرێتەوە؛ نەتوانراوە لە ئەڵتەرناتیڤی بیرۆکراتیی دەزگەکانی دەوڵەت بیربکرێتەوە و زۆر شتی دیکە …

هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێت، تاکو ڕادەیەک هێشتا درەنگ نەبووە و بوار و ئەگەری ڕادیکاڵبوونەوەی خۆنیشاندان و ڕابوونەکە بەرەو ئەڵتەرناتیڤ ماوە. ئەوەش ڵلێم هۆکاری سەرەکیی نەبوونی ڕەوت و ئاراستەی دژە-باو و ڕادیکاڵنەبوونەوە بەرەو سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ زاڵیی و ئامادەیی ئاوەزیی و هۆشیی هێزە ڕامیارییەکان دەگەرێتەوە، کە لە سوننەی ناسیونالیست و شیعەی عیراق-گەرا تاکو دەکاتە حشع بوونیان هەیە و کەسی هوشیار بە ئاسانی دەتوانێت درووشم و داخوازییەکانی ئەوان بناسێتەوە و ئەوە ببینیت، کە چۆن ئەو زاڵییە ئاوەزییەی ناسیونالیستەکان لە پان-عەرەبی تاکو پان-عیراقی بووە بە بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ڕادیکاڵبوونەوەی ڕابوونی خۆخۆیی خەڵک و سێبەری نەگریسی ئەوان بووە بە تەلسیمی مردووان بەسەر زیندووانەوە.

بە کورتی و پوختی، بزووتنەوەی خۆخۆیی خەڵکی ناڕازی 2012 – 2019 عیراق لەسەر دووڕییانی: (ملکەچکردنەوە بۆ چەوسێنەران لە ڕێگەی کودەتای سەربازیی و سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆککۆماریی) یان (رادیکاڵبوونەوە و شکاندنی دوا قاوخەکانی سیستەمی ڕامیاریی و گۆڕینی خۆنیشاندانەکان بە مانگرتنی گشتیی و سەرتاسەریی و گۆڕینی ڕابوونی ڕامیاریی بە ڕابوونی کۆمەڵایەتیی و هەنگاونان بۆ پێکهێنانی گرووپ و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکان وەک تان و پۆی خۆسەریی کۆمەڵایەتیی و یەکێتی کۆنفێدرالیستییانەی خۆسەرییە ناوچەیی و هەرێمییەکانی گشت ناوچەکانی عیراق و کۆتاییهێنان بە زاڵیی شیعە لەسەر سوونە، سوونە لەسەر کورد و کورد لەسەر تورکمان و ئاسووریی و ..تد ). ئەگەرنا، سەرەنجام لە گۆڕینی فەرماندارییەک بە فەرماندارییەکی دیکە، یان گۆڕینی سیستەمی پارلەمانی بە سیستەمی تاکپارتیی و سەرۆکایەتی زیاتر نابێت، ئەوانەش شایانی ئەو هەمووە قوربانیدان و وێرانکردنە نیین.




سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ شيعرى سه‌بـاح ڕه‌نجده‌ردا … ئارى عوسمان خه‌يات

         

پێشه‌كى
ناونيشانى توێژينه‌وه‌كه: ناونيشانى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ بريتييه‌ له‌ (سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ شيعرى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا) تێيدا هه‌وڵدراوه‌ به‌شێوه‌ى تيۆريكى و پراكتيكى شوێنپێكانى ڕێبازى ده‌ربڕينگه‌رايى (Expressionism) له‌ ئه‌زموونى شيعرى شاعيرى ناوبراودا هه‌ڵبگيردرێت‌.
هۆى هه‌ڵبژاردنى ناونيشانه‌كه‌‌: هۆى سه‌ره‌كيى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م ناونيشانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تا ئێستا له‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كورديدا وه‌ك پێويست لا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ (ده‌ربڕينگه‌رايى) وه‌ك يه‌كێك له‌ ڕێبازه‌ ئه‌ده‌بى و هونه‌رييه‌كان و هاوكات شيعرى شاعيرى ناوبراويش كێڵگه‌يه‌كى به‌ پيته‌ سه‌باره‌ت به‌ پراكتيزه‌ى سيما و بنه‌ماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى‌.
گرنگى و ئامانجى ناونيشانه‌كه‌: گرنگيى توێژينه‌وه‌كه‌ خۆى له‌و ئامانجه‌دا ده‌بينێته‌وه‌، كه‌ له‌پێناويدا ده‌ستى دراوه‌تێ, ئه‌ويش بريتييه‌ له‌ ده‌ستنيشانى ئه‌و سيما و ڕه‌هه‌ندانه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى كه‌ له‌ ئه‌زموونى شيعريى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا به‌ركه‌ڵك خراون، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ يه‌كه‌مين هه‌وڵى زانستييانه‌ى له‌م شێوه‌ى خۆى, كه‌ له‌باره‌ى ڕێبازه‌كه‌ و شيعرى شاعيرى ناوبراو به‌ ئه‌نجام گه‌يه‌ندرابێت.
سنوورى توێژينه‌وه‌كه‌‌: له‌پێناو ده‌سته‌به‌رى چوارچێوه‌يه‌كى زانستييانه‌ بۆ توێژينه‌وه‌كه، ئه‌وا سنوورى كارى ناونيشانه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پراكتيزه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى له‌ميانى كۆبه‌رهه‌مى شاعير (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)دا.
كێشه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌: كێشه‌ى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ خۆى ده‌بينێته‌وه‌ له‌ خستنه‌ڕووى پرسيارێكى جه‌وهه‌ريدا، ئه‌ويش:‌ تا چ ڕاده‌يه‌ك سيما و ڕه‌هه‌نده‌ شيعرييه‌كانى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ ئه‌زموونى شيعريى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا ڕه‌نگيان داوه‌ته‌وه‌؟ هه‌وڵى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره‌ش بۆخۆى ده‌بێت به‌ ئامانجى سه‌ره‌كيى توێژينه‌وه‌كه‌ و هاوكات چاره‌سه‌رى كێشه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ش له‌خۆده‌گرێت.
ڕێبازى توێژينه‌وه‌كه‌: له‌پێناو ئه‌وه‌ى به ‌شێوه‌يه‌كى سيستماتيك توێژينه‌وه‌كه‌ بگه‌يه‌نين به‌ ئه‌نجامى خۆى، پێڕه‌ويمان له‌ ڕێبازى (ڕه‌خنه‌يى شيكارى) و وه‌رگرتنى نموونه‌ى ده‌ق كردووه‌.
پێكهاته‌ى توێژينه‌وه‌كه‌: به‌شێوه‌يه‌كى گشتى توێژينه‌وه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پێشه‌كى‌ و دوو به‌شى سه‌ره‌كى، كه‌ هه‌ر به‌شێك له‌ چه‌ند ته‌وه‌ر و لاته‌وه‌رێك پێكهاتووه‌، ئه‌ويش به‌م شێوه‌ى لاى خواره‌وه‌:
به‌شى يه‌كه‌م تايبه‌ته‌ به لايه‌نى تيۆريكيى توێژينه‌وه‌كه‌، كه‌ دوو ته‌وه‌ر له‌خۆده‌گرێت. له‌ ته‌وه‌رى يه‌كه‌مدا كورته‌يه‌ك له‌ مێژووى ڕێبازى ده‌ربڕينگه‌رايى خراوه‌ته‌ڕوو و له‌ ته‌وه‌رى دووه‌ميشدا باس له‌ چه‌مك و پێناسه‌ى ڕێبازه‌كه‌ كراوه‌. به‌شى دووه‌م تايبه‌ته‌ به‌ لايه‌نى پراكتيكيى توێژينه‌وه‌كه‌ و تێيدا له‌ڕێگه‌ى دوو ته‌وه‌ره‌وه‌ گرنگترين بنه‌ماكانى ده‌ربڕينگه‌راييمان له‌ چوارچێوه‌ى شيعرييه‌تى ده‌قدا له‌ نموونه‌ى شيعره‌كانى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. له‌ كۆتايى توێژينه‌وه‌كه‌يشدا وێڕاى خستنه‌ڕووى گرنگترين ئه‌نجامه‌كان، هاوكات ليستى سه‌رچاوه‌ به‌كارهاتووه‌كان له‌گه‌ڵ پوخته‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ به‌ هه‌ردوو زمانى عه‌ره‌بى و ئينگليزى خراونه‌ته‌ڕوو.

به‌شى يه‌كه‌م
تيۆريزه‌ى چه‌مكه‌كانى باسه‌كه‌

ته‌وه‌رى يه‌كه‌م/ كورته‌ى مێژووى ده‌ربڕينگه‌رايى:

كاتێك له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌يه‌كى وه‌ك ده‌ربڕينگه‌رايى (Expressionism) ڕاده‌مێنين، يه‌كسه‌ر بيرمان به‌‌ لاى وشه‌گه‌لى وه‌ك (ده‌ربڕين) و (گوزارشت) و هاوشێوه‌كانيدا ده‌چێت، به‌م پێيه‌ش بێت سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌ربڕينگه‌رايى بۆ مێژوويه‌كى زۆر دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ى مرۆڤ خۆى ناسيوه‌، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووه‌ هه‌سته‌كانى خۆى ده‌رببڕێت و گوزارشت له‌ بارودۆخ و ده‌وروبه‌ر‌ى خۆى بكات, به‌م جۆره‌ تێڕوانينه‌ ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك‌ ((بزاوتێكى هونه‌رى ڕه‌گى له‌نێو قووڵايى مێژوودايه‌‌‌، هه‌ر له‌ وێنه‌ى سه‌ر ديوارى ئه‌شكه‌وته‌كانى چاخى به‌ردينه‌وه‌ بگره‌ تا به‌ فۆرمه‌ جياوازه‌كانى ده‌ربڕينى هاوچه‌رخ ده‌گات‌.))(بيزيو, 2010، لينك) له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێت بزانين، ((جياو‌ازيى سه‌ره‌كى له‌نێوان ده‌ربڕين له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ و ده‌ربڕينێكى هونه‌رى له‌وه‌دايه، كه‌ له‌ يه‌كه‌مياندا ده‌ربڕين، ئه‌رك و پرۆسه‌يه‌كى كاتيى جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تى دووه‌مدا پشت به‌ ئه‌زموونێكى هونه‌رى و ئيستاتيكيى به‌رده‌وام ده‌به‌ستێت.)) (راغب، 1977، 137)‌
لێره‌وه‌ وشه‌كه (ئێكسپريسۆنيزم – ده‌ربڕينگه‌رايى)‌ وه‌ك زاراوه‌يه‌كى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى ((له‌گه‌ڵ مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ڕێبازه‌كه‌ وه‌ك پێويست و به‌و چه‌شنه‌ى ئێمه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا ده‌مانه‌وێت، يه‌ك ناگرێته‌وه.)) (ويليك، 1987، 218) بۆيه‌ په‌يدابوون و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌كو ڕێبازێكى ئه‌ده‌بيى دانپێدانراو, بۆ سه‌رده‌مێكى نزيكتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وه‌ى كه‌ باسى لێ‌ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌وپێيه‌ى په‌يدابوون و سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ به‌ ڕێبازه‌كانى پێش خۆى و پاش خۆى, ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ش له‌نێوان‌ ((ڕێبازه‌كانى پێشين و پاشين يه‌كجار ورد و زانستييه‌ و به‌ شێوه‌ى كار و كاردانه‌وه‌ يان زێده‌ڕۆيى و يه‌كسانى كار له‌ يه‌كتر ده‌كه‌ن.))(شميسا، 2018، 29)
كه‌واته ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك هه‌ر ڕێبازێكى ترى ئه‌ده‌بى، له‌پڕ و له‌ناكاو دانه‌هاتووه‌ و يه‌كسه‌ر ڕێبازه‌كه‌ى‌ پێش خۆى نه‌سڕيوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو پێبه‌پێ پێكهاتووه‌ و خۆى له‌گه‌ڵ شوێنپێى ڕێبازه‌كانى پێشيندا گونجاندووه‌ تا ئه‌وه‌ى به‌ يه‌كجارى خه‌مڵيوه‌ و بوونى خۆى سه‌لماندووه‌، دواجاريش به‌ته‌واوه‌تى جێى گرتووه‌.(الاصفر، 1999، 7) له‌م ڕوانگه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانى مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌‌ربڕينگه‌رايى، ده‌بينين دابڕاو نييه‌ له‌و دۆخه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ى ((سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌م و به‌تايبه‌تيش ساڵانى بيست تا په‌نجاكانى ئه‌و سه‌ده‌يه له‌ ئه‌وروپا به‌شێوه‌يه‌كى ‌گشتى…))(عابدين، 2019، لينك) كه‌ ئه‌م ڕێبازه‌ تێيدا چه‌كه‌ره‌ى كردووه‌، ئه‌مه‌ش په‌يوه‌سته‌ به‌وه‌ى يه‌كێك له‌ تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى مێژووى هه‌ر ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى بريتييه‌ له‌وه‌ى ((به‌شێكى گرنگى ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ن، كه‌ ده‌بنه‌ ده‌ربڕى ئيستاتيكاى ئه‌و واقيعه‌، قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر هه‌موو داهێنانێكى هونه‌رى و ئه‌ده‌بى، يان هه‌موو ته‌رزێكى كه‌لتوورى و شارستانييه‌تى ميلله‌ت، پره‌نسيپێكى گشتيى گه‌شه‌سه‌ندنى جۆره‌كانى ئه‌ده‌به‌ له‌ ڕووى مێژوو و گۆڕين و دروستبوونه‌وه‌، هه‌موو قۆناغێكى كۆمه‌ڵيش به‌رجه‌سته‌ى دنياى جۆره‌كانى ئه‌ده‌ب ده‌كات.))(حه‌مه‌ئه‌مين، 2011، 5) به‌ومانايه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ڕووى حه‌قيقه‌تى مێژوويیيه‌وه‌ له‌دايكبووى كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تى ده‌روونيى گشتييه‌ و‌ ڕووداوه‌كانى ناو مێژوويان له‌ پشته‌وه‌ په‌نهانه‌، كه‌ له‌ دواتردا بنه‌ما و ياساگه‌لى تايبه‌تيیان بۆ داڕێژراوه‌ و وه‌ك چوارچێوه‌ى گشتى بۆ ڕێبازه‌كه‌ ده‌ستنيشان كراوه‌. (عياد، 1993، 135)
له‌ زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كاندا سه‌رهه‌ڵدانى ده‌ربڕينگه‌رايى ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆتايیيه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌ و سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌م و به‌تايبه‌تيتريش بۆ ساڵانى نێوان (1910- 1925) (راغب، 1977، 128- 138. هه‌روه‌ها: أحمد، 2013، لينك)، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م ڕێبازه‌ بۆچوونى جياواز له‌ ئارادايه‌‌، به‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران ده‌يگه‌ڕێننه‌وه بۆ وڵاتى سوێد و‌ له‌ژێر كاريگه‌ريى شانۆنامه‌نووسى سويدى ئۆگه‌ست ستريندبێرگ (1849- 1912) له‌ چاره‌گى يه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بيسته‌م ‌و له‌ ماوه‌ى ساڵانى (1915- 1925)، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌يه‌كى گشتى به‌ شێوازى باوى سه‌رده‌مى جه‌نگى جيهانيى يه‌كه‌م داده‌نرێت.(شميسا، 2019، 229) هه‌ندێكى تريش ده‌يبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانيا وه‌ك بزووتنه‌وه‌يه‌ك ((له‌نێوان ساڵه‌كانى 1910 و 1925، كه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و پتر هونه‌ره‌كان و به‌تايبه‌ت له‌ هونه‌ره‌ ديدارييه‌كاندا سه‌ري هه‌ڵداوه‌.))(سه‌جادى و مه‌حمودى، 2004، 31) ديسانه‌وه‌ هه‌ندێكى تر له‌ سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ فه‌ره‌نسا لانكه‌ى له‌دايكبوونى ئه‌م ڕێبازه‌يه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌ده‌نه‌ پاڵ فۆتۆگرافه‌رى فه‌ره‌نسى (هارڤى) له‌ ساڵى 1910.(رشدي، 2000، 140)
جياوازيى شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌ربڕينگه‌رايى په‌يوه‌ندى به‌و بواره‌ ئه‌ده‌بى يان هونه‌رييه‌وه‌ هه‌يه‌، كه‌ هونه‌رمه‌ندان و ئه‌ديبان بۆ يه‌كه‌م جار له‌ به‌رهه‌مه‌كانى خۆياندا ده‌ستيان داوه‌تێ، واته‌ ده‌ربڕينگه‌رايى ((له‌ فه‌ره‌نسا له‌ هونه‌رى شێوه‌كاريدا ده‌ركه‌وت، دواتر كه‌ هاته‌ نێو دنياى ئه‌ده‌بياته‌وه‌، له‌ هونه‌رى شانۆنامه‌نووسيى ئه‌ڵمانيدا ده‌ركه‌وتووه‌.)) (ر‌زايى، 2019، لينك) و‌ بۆ بواره‌ هونه‌رى و ئه‌ده‌بييه‌كانى تريش به‌هه‌مان شێوه‌ بووه‌. ئه‌م دۆخه‌ ده‌مانگه‌يه‌نێت به‌وه‌ى بڵێين ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك ڕێبازێكى ناسراو، ((له‌نێو كه‌لتوور و عه‌قڵى كۆن و نوێباوى ئه‌وروپيدا ڕه‌گى داكوتاوه‌.)) (مكاوي، 1971، 9) به‌م شێوه‌يه‌يش ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ڕێبازه‌كه‌ له‌ يه‌ك شوێن و له‌ يه‌ك بوارى دياريكراودا سه‌رى هه‌ڵنه‌داوه‌، به‌ڵكو به‌ شێوه‌ى جياجيا و له‌ شوێنى جياجيادا ده‌ركه‌وتووه‌ و شوێنكه‌وتووانى پێڕه‌وييان له‌ بنه‌ماكانى كردووه‌. ئه‌مه‌ش نابێته‌ گرفتێكى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م جياوك و تايبه‌تمه‌ندييه‌كانيدا، چونكه‌ دواجار ئه‌ميش وه‌ك هه‌ر ڕێبازێكى ترى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى هاوشانى حاڵه‌ته‌ ده‌روونى و فيكرييه‌كانى ميلله‌تانى ئه‌وروپى به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چووه‌. (ده‌ڕوانرێته‌: حوسێن، 2014، 2). هه‌ر له‌م ڕوانگه‌‌وه‌ هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران پێيانوايه‌ ((ده‌ربڕينگه‌رايى زياتر له‌ فۆرمى ڕه‌وت يان ئاراسته‌يه‌كى ئه‌ده‌بيدا خۆى ده‌ناسێنێت تا ئه‌وه‌ى وه‌ك قوتابخانه‌يه‌كى ئه‌ده‌بیى خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت و سيماى ده‌ستنيشانكراو ده‌ربكه‌وێت، واته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ ناتوانين به‌راوردى بكه‌ين به‌ قوتابخانه‌يه‌كى ئه‌ده‌بیى وه‌ك سروشتگه‌رايى يان نيشانه‌گه‌رايى.))(مكاوي، 1971، 6) به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م بۆچوونه‌ له گه‌يشتن به‌ ئامانج‌ زۆر وردنه‌بێت، به‌وپێيه‌ى له‌ مێژووى ئه‌م ڕێبازه‌دا چه‌ند ڕه‌وت و ئاراسته‌يه‌كى لێ په‌يدابووه‌، كه سه‌رجه‌ميان‌ وا ده‌كه‌ن له‌وه‌ى بۆچوونه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ ڕه‌ت بكرێته‌وه‌.(راغب، 1977، 128- 138) لێره‌وه‌ له‌ درێژه‌ى مێژووى سه‌رهه‌ڵدانيدا، ده‌ربڕينگه‌رايى ناو يان زاراوه‌يه‌كه‌ ته‌نها له‌ به‌ستێنى ئه‌ده‌بدا به‌كارناهێندرێت، به‌ڵكو شێوه‌ به‌كارهێنانێكى به‌رينترى هه‌يه‌ و مه‌به‌ست لێى بزووتنه‌وه‌يه‌كى هونه‌ريى فراوانتره‌، كه‌ هه‌ريه‌ك له‌ مۆسيقا، وێنه‌كێشان، سه‌ما و شانۆيش له‌خۆده‌گرێت، به‌ واتاى ئه‌وه‌ى بنه‌ماكانى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ ئاراسته‌ و ڕه‌وتێكى جۆراوجۆرى ئه‌ده‌بى و هونه‌ريدا ده‌چه‌سپێت، كه‌ خاوه‌نى سنوورێكى ديارى نه‌كراوه‌. (مكاوى، 1971، 12).
لايه‌نگره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌م ڕێبازه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندى ناودار و ناسراو پێكهاتووه‌، كه‌ به‌ شێوه‌گه‌لى جياجيا له‌ وێناكردنى ڕياليستيكيى جيهان و ژيان، خۆيان دوورخستووه‌ته‌وه‌‌ و له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌ياندا هه‌وڵيانداوه‌ هه‌لومه‌رجى هه‌ستيارانه‌ى به‌هێز و ديته‌نى مێشك و زه‌ينى خۆيان ده‌رببڕن.(سه‌جادى و مه‌حمودى، 2004، 31) هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هونه‌رى نيگاركێشاندا ناوى (ئێدوارد مونش، ڤان كوخ، پۆل گۆگن و ئۆسكار كۆكۆسكا و…هتد)(Gombrich, 1995, 563- 568) و له‌ بوارى شانۆنامه‌نووسيشدا هه‌ريه‌ك له‌ (ساموئێل بێكت، بێرترۆڵد برێخت، ئارتۆر ميلله‌ر، جۆرج كاسێره‌ر و ئێرنست تۆيله‌ر و…هتد)((Oppenheimer, 2000, 74 ناوبانگیيان هه‌يه‌، هه‌رچى له‌ به‌ستێنى شيعريشدايه ناوه‌ دره‌وشاوه‌كانى ده‌ربڕينگه‌رايى بريتين له‌: (ڕێنيێ ماريا ڕێلكه‌، ئێرنست ستادله‌ر، ياكۆب ڤان هۆدێس، جۆرج تراكڵ و گۆتفرێد بێن و…هتد.)(Furness, 1973, 81 ، هه‌روه‌ها: Styan, 1983, 4-10 ).
هه‌ريه‌ك له‌م شاعيرانه‌يش به ‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان كاريگه‌ر بوونه‌ به شيعره‌كانى (ڕامبۆ) و (بۆدلێر) به‌وپێيه‌ى‌ سيماكانى‌ ده‌ربڕينگه‌رايى لاى هه‌ريه‌ك له‌و دوو شاعيره‌، به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو سه‌رنج ده‌درێن.(أحمد، 2013، لينك)‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ى‌ ده‌ربڕينگه‌رايى په‌يوه‌ندييه‌كى به‌تينى له‌گه‌ڵ فيكرى فه‌لسه‌فيدا هه‌يه‌، به‌تايبه‌ت له‌گه‌ڵ تێڕوانينه‌ فه‌لسه‌فييه‌كانى (نيچـه‌)(مكاوى، 1971، 22) و هه‌روه‌ها ديدى فه‌لسه‌فى (كانت) و (هيگڵ)يش، كه‌ ئه‌م دووانه‌ى دواييیان ‌پێشتر كارگه‌رييان له‌سه‌ر په‌يدابوونى (تيۆرى گوزارشتكردن) له‌بوارى تيۆرى ئه‌ده‌بدا هه‌بووه‌.(الماضي، 2010، 50) ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێين: به‌ خوێندنه‌وه‌ى ژياننامه‌ى شاعيران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانى ده‌ربڕينگه‌را، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زۆربه‌يان له‌ زيندانه‌كانى هيتله‌ر و ستاليندا گيانيان له‌ده‌ست داوه‌، يان له‌ڕێگه‌ى خۆكوژييه‌وه‌ دواييیان به‌ ژيانى خۆيان هێناوه‌ ‌يانيش له‌ ڕووداوى جۆراوجۆرى تردا گيانيان سپاردووه‌‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌يه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ له‌ نهيليزمى فيكرى و فه‌لسه‌فى، كه‌ ئه‌م ناودارانه‌ به ‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ ژيانياندا باوه‌ڕيان پێى هه‌بووه‌ و پێى كاريگه‌ر بوون.(سيد حسينى، 1394، 709)

ته‌وه‌رى دووه‌م/ ماهييه‌تى ده‌ربڕينگه‌رايى:

يه‌كه‌م/ زاراوه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى (Expressionism):
پێش ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى چه‌مك و چييه‌تى ده‌ربڕينگه‌رایييه‌وه‌ بدوێين، پێويسته‌ ئه‌وه‌ ڕوون بكه‌ينه‌وه‌، كه‌ زاراوه‌ى (ده‌ربڕينگه‌رايى) له‌ زمانى كورديدا به‌رانبه‌ر به‌ زاراوه‌كانى (Expressionism)ى ئينگليزى و (التعبيرية)ى عه‌ره‌بى و هه‌ريه‌ك له‌ (اکسپرسیونیسم) و (تعبيرگرائى) فارسى به‌كارده‌هێندرێت.(علوش، 1985، 402. انوشه‌، 1374، 1245. E.Krispyn, 1964, 32) ئه‌گه‌رچى ئه‌م زاراوه‌يه‌ له‌ ساڵى (1850)وه‌ به‌ واتاى نوێى خۆى به‌كار‌هێندراوه‌، كه‌چى دانانى وه‌ك ناوى ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى دواكه‌وت تا ساڵى (1910)، كاتێك ژماره‌يه‌ك تابلۆى شێوه‌كارى له‌ژێر ناوى (ئێكسپريسۆنيزم) و له‌لايه‌ن هونه‌رمه‌ندى فه‌ره‌نسى (جوليان ئۆگه‌ست) له‌ پاريس نمايش كران. (Gordon, 1987, 175) هه‌روه‌ها به‌كارهێنانى ئه‌م وشه‌يه‌ له‌ ئه‌ڵمانيا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى (1911) كاتێك بۆ يه‌كه‌م جار له‌لايه‌ن (هێرڤارد ڤالدن)ه‌وه‌ له‌ گۆڤارى (گه‌رده‌لوول)دا وه‌ك ئاماژه‌يه‌ك بۆ ڕێبازه‌ نوێيه‌كه‌ به‌كاريهێناوه‌.(مكاوى، 1971، 21)
سه‌باره‌ت به‌ بنه‌چه‌ى زاراوه‌ى ئێكسپريسيۆنيزم (Expressionism)يش، كه‌ به‌‌گشتى له‌ زمانه‌ ئه‌وروپييه‌كاندا به‌كاردێت، ئه‌وا له‌ سێ به‌شى سه‌ره‌كى پێكهاتووه‌: به‌شى يه‌كه‌م (ex) پێشگرێكه‌ ئاماژه‌ بۆ (ده‌ره‌وه‌) ده‌گه‌يه‌نێت و‌ به‌شى دووه‌ميش ((Pression به‌ واتاى (گوشار و په‌ستان) دێت، ئه‌مه‌ش دۆخێكه‌ تێيدا شتێك له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ پاڵ ده‌نرێت و به‌ سه‌ختى دێته‌ ده‌ره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجامى‌ گوشينى ترێ، ئاوه‌كه‌ى ده‌گيرێته‌وه‌. (سيد حسينى، 1394، 706 . هه‌روه‌ها: شميسا، 2019، 229) هه‌رچى پاشگرى (ism)يشه‌ دياره‌ كه‌ ئاماژه‌ بۆ (ڕێباز) و (ڕه‌وت)ێك ده‌كات.
به‌م شێوه‌يه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زاراوه‌ى (ئێكسپريسۆنيزم) بگۆڕينه‌ سه‌ر زمانى كوردى، ئه‌وا ده‌توانين (ده‌ربڕينگه‌رايى) بۆ به‌كاربهێنين، يان وه‌ك هه‌ندێك كه‌ (ده‌ربڕينخوازى)يان بۆ داناوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌دا زاراوه‌ى يه‌كه‌ميان په‌سه‌ند ده‌كه‌ين، به‌وپێيه‌ى پاشگرى (خوازى)، كه‌ ڕه‌گى له‌ چاوگى (خواستن)ه‌وه وه‌رگيراوه‌، ئاماژه‌ به‌ (خۆزیاخواستن) ده‌كات, وه‌ك چۆن ده‌گوترێت (ئازادیخواز)، كه‌ بۆ كه‌سێكه‌ هه‌ڵوه‌دای ئازادییه‌ و ده‌خوازێت ئازاد بێت و له‌و پێناوه‌دا خه‌بات ده‌كات, له‌كاتێكدا (ئێكسپريسيۆنيزم) زاراوه‌یه‌ك نییه‌ ئاماژه‌ى به‌‌ خۆزیاخواستن تێدا بێت, واته‌ دۆخێك نییه‌ بخوازرێت, به‌ڵكو دۆخێكه‌ له‌ بوونى كه‌سى ئه‌ديب و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ ده‌رده‌چێت و خۆى به‌يان ده‌كات. (به‌ده‌ستكارييه‌وه‌، له‌: ماكوارى، 2002، 12)
دووه‌م/ چه‌مك و پێناسه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى:

له‌ ڕوانگه‌ى ناسينى زاراوه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايیيه‌وه‌‌، ده‌توانين ده‌روازه‌ى ناسين به‌سه‌ر ماهييه‌ت و خودى چه‌مكه‌كه‌يدا واڵا بكه‌ين، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ پێويسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ين، كه‌ له‌وه‌ته‌ى ئه‌ده‌ب و ((هونه‌ر په‌يدا بووه‌ دوو جووڵانه‌وه‌ى هونه‌رى په‌يدا بووه‌، جووڵانه‌وه‌ى يه‌كه‌م ديمه‌نى ده‌ره‌وه‌ى مرۆڤ و سروشتى تۆمار كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ جووڵانه‌وه‌ى دووه‌م له‌ ناخى ده‌روونى ئه‌ديب و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌.))(سه‌ڕاج، 2008، 79) ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى نوێنه‌رايه‌تيى جووڵانه‌وه‌ى دووه‌م ده‌كات له‌ ده‌ربڕيندا، هاوكات له‌ شێوه‌ گشتييه‌كه‌يشيدا ((گوزارشتكردنه‌ له‌ وێنه‌يه‌كى تايبه‌تیى جيهان، ئه‌وه‌ش ئه‌و وێنه‌يه‌، كه‌ خود خه‌ڵقى كردووه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ شعور و به‌ ئاگايى و سۆز.))(ا‌لماضي، 2010، 50)‌
له‌لايه‌كى تريشه‌وه هه‌ر ئه‌م تێڕوانينه‌يه‌ واى كردووه‌، سه‌ربار‌ى ئه‌وه‌ى ڕێبازه‌كه‌ ((له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شانۆنامه‌نووسى، به‌ڵام له‌ مۆسيقا و نيگاركێشى و ئه‌ده‌بيشدا خراوه‌ته‌ڕوو.))(شميسا، 2019، 229) ديسانه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌يش له‌ ڕوانگه‌ى چه‌مكى ديالێكتيكه‌وه ڕێبازه‌كه‌ى گه‌ياندووه‌ به‌وه‌ى كه‌ ((هيچ كات ڕواڵه‌تى بزووتنه‌وه‌يه‌كى يه‌كگرتوو و يه‌كده‌ستى نه‌بێت‌، به‌ڵام ده‌كرێ بگوترێ‌ تايبه‌تمه‌ندى ناوه‌نديى ئه‌م قوتابخانه‌يه‌ سه‌ركێشييه‌ له ‌ده‌ست نه‌ريتى ئه‌ده‌بى و هونه‌ريى ڕياليزم. هه‌م له‌ بابه‌ت و هه‌م له‌ شێوازدا.))(سه‌جادى و مه‌حمودى، 2004، 31) به‌م چه‌شنه ده‌ربڕينگه‌رايى خۆى له‌خۆيدا ((ياخيبوونێكه‌ به‌رانبه‌ر ڕياليزم، نووسه‌ر له‌جياتى نيشاندانى جيهانى ڕووكه‌ش و حه‌قيقه‌تى هه‌ستپێكراو، ئه‌زموونى ناخه‌كيى خۆى له‌ جيهاندا به‌ شێوه‌يه‌ك، كه‌ له‌ زه‌ينى ئه‌ودايه ئاشكرا ده‌كات و ده‌يهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م كاره‌ هاوتايه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌نج و فشارێكى زۆر، له‌ڕاستيدا هونه‌رمه‌ند ده‌يه‌وێت ڕۆحى خۆى وێنه‌ بكێشێت و زه‌ينييه‌تى خۆى بخاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش كارێكى ئاسان و ساده‌ نييه‌.))(شميسا، 2019، 229-230) به‌ومانايه‌ى له‌ ئێكسپريسيۆنيزمدا ئه‌ديب و هونه‌رمه‌ند ((هێمايه‌ك له‌ واقعييه‌ت نيشان ده‌دات، كه‌ هيچ وێكچوونێكى به‌ ڕواڵه‌تى ڕاستييه‌كه‌وه‌ نييه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و هێمايه‌ درێژه‌ى پێبدرێت، به‌ ڕاسته‌قينه‌ و واقعييه‌ت ده‌گات.))(حاجى زاده‌، 2018، 54) كه‌واته‌ هونه‌رمه‌ندى ده‌ربڕينگه‌را (ئێكسپيرسيۆنيست) به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان ((ڕوانينى تاكه‌كه‌سييانه‌ى خۆى ده‌رباره‌ى ژيانى مرۆيى و كۆمه‌ڵگاى مرۆيى ده‌رده‌بڕێت، كه‌ ئه‌م ڕوانينه‌ زۆربه‌ى كات كاردانه‌وه‌يه‌كى هه‌ستيارانه‌ يان پڕ گيروگرفتى هونه‌رمه‌نده‌كه‌يه‌ و وه‌ها ده‌ربڕينێك له‌ڕێگه‌ى گه‌وره‌كردنه‌وه‌ يان گۆڕينى شێوه‌ى ئه‌و فۆرمانه‌ى ڕياليزمى هونه‌رييه‌وه‌ سه‌رده‌گرێ، كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ بابه‌تيبوونى جيهانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كات.)) (سه‌جادى و مه‌حمودى، 2004، 31 )
لێره‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ى مرۆڤ و ته‌نها حه‌قيقه‌تێك، كه‌ بوونێكى فيعلى و خاوه‌ن كاريگه‌رى بێت، حه‌قيقه‌تى ناوه‌كيى عه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌ و هه‌سته‌كانه‌، كه‌ حه‌قيقه‌ته‌ په‌ى پێبراوه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت و له‌ كردارێكى ڕۆحييانه‌ى سه‌ربه‌خۆ و حه‌قيقه‌تێكى خودييه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت. (ڕه‌سووڵ، 2013، 269) هه‌ربۆيه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ى زه‌ين و ده‌ربڕينى ناخ له‌لايه‌ن ئه‌ديبه‌وه ((هه‌ست و هه‌ڵچوون و گرفته‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى نه‌ناسراو و ناباون، بانگه‌شه‌ى تيۆرى ده‌ربڕينگه‌رايى ئه‌مه‌يه‌، كه‌ هونه‌ر له‌ خودى خۆيدا په‌يوه‌نديى به‌ ده‌رخستنى هه‌سته‌كانى ناخ، يان هه‌ڵڕشتنى ناخه‌وه‌ هه‌يه‌.)) (شميسا، 2019، 229- 230) كه‌واته‌ ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ ئه‌ده‌بدا هه‌روه‌ك ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ هونه‌ردا بريتييه‌ له‌ ((گوزارشت له‌باره‌ى هه‌سته‌ ناوه‌كييه‌كانى مرۆڤه‌وه‌، به‌شێوه‌يه‌ك ئه‌و هه‌ستگه‌له‌ پێكهێنه‌رى ئه‌و جيهانه‌يه‌، كه‌ مرۆڤه‌كه‌ى تێدا ده‌ژى.)) (الحكيم، 2013، لينك)
به‌م شێوه‌يه‌ ده‌ربڕينگه‌رايى -له ‌پێناسه‌ گشتييه‌كه‌يدا- بريتى ده‌بێت‌ له‌ خودگه‌رايى تا ئه‌وپه‌ڕى توانا و ڕه‌تدانه‌وه‌ى جيهانى واقيعى، لێره‌شه‌وه‌ شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دا ده‌بێت، فيگۆره‌ جياوازه‌كان به‌شێوه‌يه‌كى ئه‌وتۆ وێنا بكات، كه‌ له‌ حه‌قيقه‌تى خۆياندا ده‌ربكه‌ونه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى باڵ بۆ سه‌ر لايه‌نى خه‌ياڵى ڕۆمانسيزم بكێشێت. به‌م پێودانگه‌يش ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و شوێنه‌ى كه‌ تێيدا بتوانين بڵێين: ((ده‌ربڕينگه‌رايى ڕێبازێكى ئه‌ده‌بى و فه‌لسه‌فييه‌، گرنگيى به‌ ئه‌زموونى مرۆيى ده‌دات و ڕه‌هه‌ندێكى خودى و ده‌روونى پێده‌دات، مه‌به‌ست تێيدا گه‌وهه‌رى شته‌كانه‌ نه‌ك ڕووكارى ده‌ره‌وه‌يان.)) (بيرقدار، 2011، لينك)
سێيه‌م/ ئاراسته‌ و سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى:
ده‌ربڕينگه‌رايى چه‌ندين ڕه‌وت و ئاراسته‌ى جياجياى لێ بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌گشتى هه‌موو ئه‌و ڕه‌وت و ئاراستانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى دوو ئاراسته‌ى گشتگيردا كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌وانيش بريتين له‌:

  1. ده‌ربڕينگه‌رايى عه‌قڵانى.
  2. ده‌ربڕينگه‌رايى ناعه‌قڵانى.

    لايه‌نگرانى ئاراسته‌ى يه‌كه‌م پێيانوايه‌، ئه‌ركى ئه‌ده‌ب بريتييه‌ له‌ چالاككردنى عه‌قڵ و دنه‌دانى ويژدانى مرۆڤ به‌ چه‌شنێكى ئه‌وتۆ، كه‌ ئه‌ده‌ب ڕێگرى له‌ عه‌قڵ و ويژدان بكات له‌وه‌ى دووچارى بێمانايى و چه‌قبه‌ستوويى ببنه‌وه‌. ناودارترينى ده‌ربڕينگه‌راكانى ئه‌م ئاراسته‌يه‌ بريتين له‌: تۆله‌ر، هاسين كليفه‌ر، پيتشه‌ر، كاپه‌ر و… هتد. (بيرقدار، 2011، لينك) هه‌رچى ئاراسته‌ى دووه‌مه‌ (ده‌ربڕينگه‌رايى ناعه‌قڵانى)، لايه‌نگره‌كانى پێيانوايه‌ عه‌قڵانييه‌ت بريتييه‌ له‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵك‌ له‌سه‌رى ڕێك كه‌وتوون، به‌م هۆيه‌ش ئه‌م ئاراسته‌يه‌ به‌ كوڕى شه‌رعيى سورياليزم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، هه‌ربۆيه‌ به‌ شۆڕشێك داده‌نرێت به‌سه‌ر لۆژيكى ژيان و خودى عه‌قڵيشدا، به‌مه‌ش مل كه‌چ ناكه‌ن بۆ ياساكانى هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و بڕوايان به‌وه‌يه‌، كه‌ ژيان له‌ جه‌وهه‌ر و حه‌قيقه‌تى ڕووتى خۆيدا، شتێكى نامه‌عقووڵ و تێنه‌گه‌يشتراوه‌، واته‌ بوون و ژيان ئه‌گه‌رى تێگه‌يشتن و لێكدانه‌وه‌يان نييه‌. (عويد، 2018، لينك. هه‌روه‌ها: بيرقدار، 2011، لينك) پێويسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌ين، كه‌ ئاراسته‌ى ناعه‌قڵانى به‌ (سۆفيزمى ئاڵۆز)يش ناوده‌برێت.(راغب، 1977، 131)
    لێره‌وه‌ هه‌ندێك له‌ گرنگترين سيما و بنه‌ما ئه‌ده‌بى و هونه‌رييه‌كانى ده‌ربڕينگه‌رايى ده‌خه‌ينه‌ڕوو، كه‌ پێكڕا وێنه‌يه‌كى گشتيى ڕێبازه‌كه‌ ده‌نه‌خشێنن، به‌ ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ى لێره‌دا ده‌خرێنه‌ڕوو زياتر تايبه‌تن به‌ بوارى شيعرى ده‌ربڕينگه‌رايى، بۆيه‌ به‌پێى گۆڕانى به‌ستێنه‌ ئه‌ده‌بى و هونه‌رييه‌كان و به‌پێى مه‌به‌ست و ئامراز و شێوازى ده‌ربڕينه‌كه، گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌م سيما و بنه‌مايانه‌شدا دێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ زياتر شه‌نگستين (Principals) وه‌ك له‌وه‌ى په‌يوه‌ست بن به‌ ڕووكه‌شى ديارده‌كانه‌وه‌، كه‌ گوزارشتيان لێ ده‌كرێت.

  3. ده‌ربڕينگه‌رايى ئه‌زموونى ده‌روونيى ڕووتى شاعير به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ ڕێگه‌ى فراوانكردنى ڕه‌هه‌نده‌كانى ئه‌و ئه‌زموونه‌ و تيشكى نوێ خستنه‌سه‌ريان، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و شتانه‌ بدۆزێته‌وه‌، كه‌ مرۆڤ په‌نهانى كردوون يان به ‌هۆى كورتبينييه‌وه‌ نايانبينن، هه‌روه‌ها گه‌وهه‌رى ديارده‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، بۆيه‌ دان به‌ لێكچوونى نێوان ديوى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌دا نانێت. (بيرقدار، 2011، لينك) واته‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر خودگه‌رايى پتر له‌ بابه‌تگه‌رايى، به‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ى دوایييان ته‌نێ وه‌ك مه‌به‌ستێك لێى ده‌ڕوانێت نه‌ك زياتر.
  4. شيعر له‌ ڕوانگه‌ى ديارده‌گه‌راييیه‌وه‌ ڕزگاركه‌رى ڕۆحى مرۆڤه‌ له‌ ده‌ست ئه‌و هه‌ژموونه‌ باڵاده‌سته‌ى داكه‌وتى ته‌قليدى به‌سه‌ر كيانى سه‌ربه‌خۆى مرۆڤه‌وه‌، داكه‌وتێكى ئه‌وتۆ كه‌ -وه‌ك ده‌گوترێ- سنوورداركراوه‌ تا ئاستى ده‌به‌نگى! (راغب، 1977، 132)
  5. ده‌ربڕينگه‌رايى پرۆسه‌يه‌كى ناوه‌كييه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بۆچوونگه‌رايى‌ (الانطباعية- Impressionism)ـه‌، به‌وه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى گرنگى ده‌دات به‌و هه‌سته‌ ورووژاوانه‌ى له‌ ناخى ده‌روونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، به‌ڵام بۆچوونگه‌رايى گرنگى ده‌دات به‌و هه‌سته‌ ورووژاوانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ كاريگه‌رى ده‌خه‌نه ‌سه‌ر مرۆڤى‌ شاعير و دواتريش ئه‌و كاريگه‌رييه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌يدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت‌. (طارق، ؟، 33- 36) كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربڕينگه‌رايى خوديى بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ بۆچوونگه‌رايى بابه‌تييه‌. (بيزيو، 2010، لينك)
  6. وێناكردنى ژيان نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆى ده‌رده‌خات، به‌ڵكو به‌پێى ئه‌و تێگه‌يشتنه‌ى كه‌ شاعير له‌و خۆده‌رخستنه‌ى ژياندا به‌رهه‌مى هێناوه‌، واته‌ بينينى تايبه‌تیى شاعيرى هونه‌رمه‌ند زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر داكه‌وت (واقيع)ى تايبه‌تيدا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى تێگه‌يشتنى بۆچوونگه‌راييیه‌، كه‌ پێيوايه‌ ڕوانگه‌ى هونه‌رمه‌ند په‌يوه‌سته‌ به‌ هه‌ستى بينينه‌وه‌. (ترحينى، دون، 76) ده‌بێ ئه‌وه‌ش ڕوون بكه‌ينه‌وه‌:‌ جياوازيى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌ك له‌ (بۆچوونگه‌رايى و سروشتگه‌رايى)دا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هه‌ر له ‌بنه‌ماوه‌ ده‌ربڕينگه‌رايى وه‌ك په‌رچه‌كردارێك به‌رانبه‌ر هه‌ريه‌ك له‌و دوو ڕێبازه‌ى ديكه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌. (راغب، 1977، 130)
  7. شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را باوه‌ڕى وايه‌، شيعر ده‌كه‌وێته‌ پانتايى نێوان سووسه‌ و ده‌ربڕين (الحدس و التعبير)ه‌وه‌، له‌م ڕێگه‌يه‌شه‌وه‌ گوزارشت له‌ هه‌ست و سۆزێكى دياريكراو ده‌كات و ده‌يه‌وێت هاوارى مرۆڤ له‌نێو ژينگه‌كه‌ى خۆيدا بگه‌يه‌نێته‌ ئه‌وانيتر.(كحيل، 2017، لينك) بۆيه‌ ده‌ربڕينگه‌رايى ده‌بێت به‌و ڕێبازه‌ى كه‌ له‌ كرۆكدا هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونى بوون و گۆڕانه هه‌نووكه‌ييیه‌‌كانى ژيان.
  8. به‌لاى ده‌ربڕينگه‌راكانه‌وه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ته‌نها بريتى نين‌ له‌ گوزارشت له‌ بيرۆكه‌يه‌كى دياريكراو، به‌ڵكو پێش هه‌ر شتێك، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌رجه‌سته‌كردنى بيرۆكه‌يه‌كه‌ له‌باره‌ى ديارده‌يه‌كه‌وه‌، كه‌ ده‌ورى مرۆڤى سه‌رده‌مى داوه‌ يان ديارده‌يه‌ك، كه‌ مرۆڤ تێيدا ده‌ژى. (راغب، 1977، 137) له‌م ڕوانگه‌وه‌ شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دايه‌، جيهانێكى تر دابهێنێت‌ به‌ده‌ر بێت له‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ى پێشتر مرۆڤايه‌تى به‌ده‌ستييه‌وه‌ ناڵاندوويه‌تى. (مكاوي، 1971، 16)
  9. ده‌ربڕينگه‌رايى و شيعرى ده‌ربڕينگه‌را دژ به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌يه‌ك ده‌وه‌ستێته‌وه‌‌، كه‌ مرۆڤى مۆدێرن به‌ هۆى داكه‌وتى داسه‌پاوى شارستانييه‌ته‌وه‌ ده‌يچێژێت. لێره‌شه‌وه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رى ده‌ربڕينگه‌رايى ده‌چێته‌ چوارچێوه‌يه‌كى ئيستاتيكيى باڵاتره‌وه‌، كه‌ تێيدا گوزارشت له‌ هه‌موو ئه‌و ئازار و مه‌ينه‌تييانه‌ى مرۆڤى سه‌رده‌م ده‌كرێت و به‌دواى چاره‌نووسێكى باشتر له‌وه‌ى هه‌يه‌ كۆشش ده‌كات. (سيد حسينى، 1394، 704)
  10. ده‌ربڕينگه‌رايى سوودى ته‌واوى له‌ دۆزينه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ى فرۆيد له‌ بوارى ده‌روونناسيدا وه‌رگرتووه‌، به‌وه‌ى كه‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكى ديناميكييه‌ و له‌ په‌يوه‌ستيدايه‌ له‌گه‌ڵ خودى خۆى و ئه‌و داكه‌وته‌ى تێيدا ده‌ژى. (راغب، 1911، ل132) له‌م ڕوانگه‌وه‌ جياوازيى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌گه‌ڵ سورياليزم له‌مه‌دايه‌، كه‌ ده‌ربڕينگه‌راكان كاريان به‌سه‌ر‌ خه‌ونه‌ ڕاسته‌قينه‌ و واقعييه‌كانه‌وه‌ نييه‌، به‌ڵكو بابه‌تى ئه‌وان كابووس و خه‌ونه‌ ناباوه‌كانه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆيه‌ش‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ مايه‌ى چاوتێبڕينى ده‌روونناسه‌كان. (شميسا، 2019، 232)

به‌شى دووه‌م

به‌رجه‌سته‌بوونى سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ نموونه‌ى شيعره‌كاندا
ته‌وه‌رى يه‌كه‌م/ شيعرييه‌تى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ نموونه‌ى شيعره‌كاندا

چه‌مكى شيعرييه‌ت لێره‌دا له‌سه‌ر ئاستى مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆكى شيعرى به‌ركه‌ڵك خراوه‌، به‌ واتاى ئه‌وه‌ى له‌ ڕوانگه‌ى دنيابينیى ده‌ربڕينگه‌رايیيه‌وه‌ له‌م چه‌مكه‌ ورد ده‌بينه‌وه‌، نه‌ك له‌ ئاستى ڕوخسار و زمانى شيعرى و وه‌ك به‌شێك له‌ كه‌ره‌سته‌ ته‌قليدييه‌كانى شێوازگه‌رى‌، هه‌ربۆيه‌ لێره‌دا سه‌رله‌نوێ سيما ده‌ربڕينگه‌رایييه‌كان داده‌ڕێژينه‌وه ‌و به‌پێى ڕوانگه‌ى تايبه‌تى شاعير و له‌ڕێگه‌ى نموونه‌ى شيعره‌كانييه‌وه‌‌ خوێندنه‌وه‌يان بۆ ده‌كه‌ين، ئه‌مه‌ش له‌ چه‌ند سيما و ده‌ركه‌وته‌يه‌كدا گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ين، به‌م شێوه‌ى لاى خواره‌وه‌:
يه‌كه‌م/ خستنه‌ڕووى داكه‌وت (واقيع)ى زه‌ينى: مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه‌يه‌، كه‌ شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را زياتر له‌ واقيعييه‌ت گرينگى به‌ ده‌رخستنى هه‌ڵچوونه‌كان ده‌دات، له‌ ئه‌نجامدا له‌ ده‌قه‌كانيدا كۆمه‌ڵێك ديارده‌ى وه‌ك: ترس، تووڕه‌يى، سه‌رگه‌ردانى، تاڵى و هاوتاى ئه‌و جۆره‌ مه‌سه‌لانه‌ ده‌خاته‌ڕوو، هه‌ندێك جاريش بارودۆخى دژوارى مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگايه‌كى پيشه‌سازى ده‌خوێنينه‌وه‌. (شميسا، 2019، ل230) كه‌واته‌ شاعير له‌پێناو به‌ده‌سته‌وه‌دانى مه‌به‌ست و پێكهێنانى شيعرييه‌تدا، واقيعييه‌تێكى نوێ دروست ده‌كات، كه‌ له‌ڕێگه‌ى زه‌ينى خۆيه‌وه‌ وێناى ده‌كات‌‌، هه‌روه‌ك له‌م باره‌يه‌وه‌ خودى (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) خۆى، له‌ مانيفێستێكى شيعريدا ده‌ڵێت: ((له‌ شيعردا خۆم ده‌كه‌م به‌ واقيع و سه‌رله‌نوێ پێكى ده‌هێنمه‌وه‌، واته‌ واقيعى ناو نووسين، يان ئه‌و واقيعه‌ى نووسين پێشنيازى ده‌كات، په‌يڕه‌وه‌كردنى چۆنێتى واقيع له‌م باره‌دا ده‌ناسرێت، يان پێناسه‌ ده‌كرێت بۆ ناسين.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2014، 40) لێره‌شه‌وه‌ شاعير ئه‌م دنيابينييه‌ ده‌گۆڕێته‌ سه‌ر شيعرييه‌تێكى ده‌ربڕينگه‌رايى و له‌ ده‌قى (زێوان)دا به‌م شێوه‌يه‌ ته‌وزيفى ده‌كات:

سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومى
لرفه‌ى ئاگرت
بڵندايى چيات
گه‌فى ڕووبارت
ده‌شتايى ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانييه‌كى دوانه‌هاتوو يان گيان پێنه‌ماو
به‌ناو يه‌كدا ده‌شكێنمه‌وه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 5-6)
شاعير توانيويه‌تى گوزارشت له‌و ترسه‌ سه‌ره‌تايیيه‌ى خۆى بكات -وه‌ك مرۆڤێك- كه‌ له‌هه‌مبه‌ر سروشت و ديارده‌كانى هه‌يه‌تى، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش ده‌ربڕينه‌ له‌وپه‌ڕى ئاستى مرۆبوونى خۆيدا، هه‌روه‌ك به‌ديوێكى تردا له‌پێناو وێناكردنى ئه‌و واقيعييه‌ته‌ نوێيه‌، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر كۆمه‌ڵێك ميكانيزمى شيعرى، كه‌ ديارترينيان ميكانيزمى خه‌ونييه‌، ((ئه‌وه‌ى له‌نێوان من و شيعردا درێژ ده‌بێته‌وه‌، خه‌ونه‌ نه‌ك واقيع، له‌ كرده‌وه‌ و كرده‌ى نووسيندا خه‌ون ده‌كه‌م به‌ واقيعى نووسين.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 86) ئه‌م واقيعييه‌ته‌ زه‌ينييه‌ به‌لاى شاعيره‌وه‌ هه‌روا به‌ئاسانى ده‌سته‌به‌ر نايه‌ت، به‌ڵكو ئه‌و ((وه‌ك ئه‌كرۆپاتێك گه‌مه‌ به‌ وشه‌كانى ده‌كات، له‌پێناو سڕينه‌وه‌ى ئه‌و ناوه‌نده‌، شاعير گه‌مه‌يان پێده‌كات، كه‌ واقيع له‌ زمان جودا ده‌كه‌نه‌وه‌.)) (مه‌لا، 2019، 138) ئه‌وه‌تا له‌ ده‌قى (دوا شوێن)دا ده‌ڵێت:
هه‌موومان به‌ ڕێگاكاندا ده‌ڕۆين
بگه‌ين يان نه‌گه‌ين چ ڕووده‌دات و شير له‌سه‌ر چ جامێك ده‌ڕژێت
جامى پڕ هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌يه‌
حه‌وت په‌رده‌ له‌ چاوى پيس ده‌يپارێزن
شاعيره‌ نامراده‌كه‌ به‌ ديار گه‌رمايى دڵى ده‌مێنێته‌وه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 469)
(نامرادبوونى شاعير) لێره‌دا به‌رانبه‌ر به‌ (ڕژانى شير له‌ جام)ه‌وه‌، ده‌ربڕينێكه‌ له‌ ئاستێكى زمانيدا تا له‌ڕێگايه‌وه‌ گوزارشت له‌و سه‌رگه‌ردانى و تووڕه‌يييه‌ى خۆى بكات، له‌ كۆى پێدراوه‌كانى ژيان و بوون هه‌يه‌تى، به‌وپێيه‌ى (بگه‌ين يان نه‌گه‌ين) دواجار مرۆڤ و پێشمه‌رجه‌كانى بوونى مرۆڤ (هه‌ر ئه‌وه‌يه‌، كه‌ هه‌يه‌)، لێره‌دا ئه‌و ڕێگه‌يه‌ى شاعير له‌ زه‌ينى خۆيدا وێناى كردووه ((هه‌نگاوه‌كانى شاعيره‌، كه‌ هێواش هێواش له‌ ماڵى ناو شيعر نزيك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونه‌ واقيعييه‌كان يارمه‌تى ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ شيعردا پێى ده‌گات، حه‌قيقه‌ته يان واى زانيوه‌ كه‌ هه‌قه‌.)) (عه‌بدوڵڵا، 2014، 110) ديسانه‌وه‌ هه‌ر له‌ (زێوان)دا هاتووه‌:
منداڵيم له‌ناو پيريمدا گۆشه‌گيره‌
گه‌نجييه‌تييه‌كى باوان دوور و خۆڵه‌مێشيش
ئاگادارم باران ده‌تكێته‌ ناو گۆڕان
كفنى مردووان ته‌ڕ ده‌كات
تۆڕى دڕاو له‌ ئاوى بله‌رێته‌وه‌
ماسى غارغارانێى گيانبازى به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 54)
ئه‌م دۆخه‌ تاڵه‌ى لێره‌دا گوزارشتى لێ كراوه‌‌، ده‌ربڕى كۆى ڕه‌وشى‌ پڕ له‌ ئاريشه‌ى شاعيره‌، به‌ڵام ئه‌و توانيويه‌تى له‌ڕێگه‌ى شيعرييه‌تى ده‌ربڕينگه‌رايیيه‌وه‌، وێناى واقيعييه‌تێكى زه‌ينى ئه‌وتۆمان بۆ بكات، كه‌ تێيدا داله‌ زمانه‌وانييه‌كان ده‌بن به‌ نماينده‌ى كۆمه‌ڵێك مه‌دلوولى جياواز، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و مه‌دلوولانه‌ له‌ سياقى گشتيدا بيرۆكه‌يه‌كى تر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ڵگرى مه‌غزاى شيعره‌كه‌يه‌، واته‌ هه‌ر ئه‌م ((په‌سندانه‌ زه‌ينييه‌ وا له‌ شاعير ده‌كات، ته‌واوى هێز و وزه‌ى شيعريى بارگه‌كراوى خۆى بخاته‌گه‌ڕ…)) (الفواز، 2010، 123) ئه‌مه‌ش له‌پێناو به‌رهه‌مهێنانى شيعرييه‌تێكى ئاست به‌رزى ده‌ربڕينگه‌رادا.
دووه‌م/ گرنگيدان به‌ ديوى په‌نهانى مرۆڤ: واته‌ جه‌مسه‌رى هه‌ره‌ گه‌رمى ده‌ربڕينگه‌رايى بريتييه‌ له‌ ناخگه‌رايى، به‌مه‌ش خه‌ون ده‌گۆڕێت بۆ شيعر و ئه‌ده‌بيات، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م خه‌ونانه‌ هه‌ندێ جاريش كابووسن. (‌شميسا، 2019، 230- 231) به‌ومانايه‌ى له‌ به‌رهه‌مى ده‌ربڕينگه‌راييدا زياتر ((جه‌خت ده‌كرێته‌‌ ‌سه‌ر ده‌ربڕينى ئه‌زموونى ده‌روونيى مرۆيى، هاوكات ياخيبوونێك دژ به‌و ڕه‌وته‌ مادييه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ سه‌رنج ده‌درێت.)) (الحكيم، 2013، لينك) كه‌ هه‌مووانى گيرۆده‌ى خۆى كردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌ سه‌رچاوه‌يه‌ك بۆئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌يه‌وه‌ شاعير هه‌سته‌كانى خۆى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌قێكدا تۆمار بكات، هه‌روه‌ك شاعير له‌ (سزاى هه‌ميشه‌يى)دا ده‌ڵێت:
چاوه‌ڕوانى گردێكه‌ له‌ خۆڵ
كانى خۆڵى لێ ده‌خوات
له‌ به‌ربوونه‌وه‌ى بارانى خه‌وسووك و باى خه‌وگران
ماڵه‌كانى ناو دۆڵ ئاگريان كوژايه‌وه‌
بالووكه‌ى خاك باڵنده‌ بانگ ناكات
حه‌وا نه‌يتوانى سنوورى جێ پێيانى ببه‌زێنێت
شوێن پێى ئاوێنه‌يه‌ دوژمن ده‌باته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و ده‌رگاى
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 79)
به ‌وردبوونه‌وه‌ له‌م كۆپله‌ شيعره‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شاعير له‌باره‌ى كرۆك و ناوه‌ڕۆكى مرۆڤه‌وه‌ ده‌نووسێت، نه‌ك ئه‌وه‌ى بيه‌وێت گوزارشت له‌ ديوى ده‌ره‌وه‌ى بكات، واته‌ ((شاعيرى ئه‌زمووندار كار له‌ناو ماناى ئاماده‌كراو ناكات، ئاماژه‌كان ده‌جووڵێنێت تا ئاستى په‌رجوو دروستكردنيش ساده‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌ ساده‌بوونه‌وه‌يدا ده‌گات به ‌خۆده‌ربڕين و چێژى بوون.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 38) ئه‌مه‌ش ئه‌و ساته‌ شيعرييه‌يه‌، كه‌ تێيدا شاعير له‌ژێر كاريگه‌ريى زمان و هاتنه‌گۆى بوونى خۆيدا ده‌بێت، هه‌روه‌ك له‌ ده‌قى (جه‌نگى پرسيار)دا ئه‌م دۆخه‌ زياتر زه‌ق ده‌بێته‌وه به‌وه‌ى كاتێك ده‌ڵێت‌:
ماسى به‌دبه‌ختترين گيانداره‌
چێژ له‌ ئاو وه‌رناگرێت
منيش نه‌گبه‌تترين ئاده‌ميزادم
چێژم له‌ منداڵيى خۆم وه‌رنه‌گرت
وا به‌رزاييیه‌ك له‌ منداڵييم ده‌كوژێنمه‌وه‌
ڕه‌نگه‌ سبه‌ى ببێته‌ وڵاتم
وڵاتى منداڵێتييم نيشان ده‌
ڕووناكى ونبوو به‌رزاييیه‌ك داده‌گيرسێنێت
هه‌نگاوێك ده‌تگه‌يه‌نێته‌وه‌ منداڵيى
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 106)
ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ به‌ره‌و سه‌رده‌مى منداڵيى، دۆخێكى نۆستالجى ڕووت نييه‌، ئه‌وه‌نده‌ى ده‌ربڕينگه‌رايیيه‌كى شيعرييه‌ و له‌ڕێگه‌يه‌وه‌ شاعير ده‌يه‌وێت ئه‌وه‌مان پێ ڕابگه‌يه‌نێت، كه‌ ((ئه‌گه‌ر شيعر له‌ قۆناغى يه‌كه‌مدا ئه‌فراندنى وێنه‌ى نوێ و به‌خشينى وه‌زيفه‌ى نوێ بێت به‌ به‌كاربراوه‌كان، ئه‌وا بوونى زمانێكى تۆكمه‌ش بۆ ده‌ربڕين خاڵێكى گرنگه‌، وه‌ك ڕه‌نجده‌ر ناوى بردووه‌ به‌ “نووسينه‌وه‌ى نۆته‌ى زمان”)) (سديق، 2010, 52) له‌م ڕوانگه‌وه‌ له‌ ده‌قى (خه‌ونى سروشت)دا شاعير ده‌ڵێت:
گيان له‌ناو قه‌فه‌س
به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ستايشى مانه‌وه‌ ده‌كات
ستايش له‌ناو قه‌فه‌س چى ده‌گه‌يه‌نێ
ئه‌گه‌ر مانايه‌كى نه‌گه‌ياند
زه‌مينييه‌كان گيانيان بچووك ده‌بێته‌وه‌
له‌ بچووكبوونه‌وه‌ياندا تووشى هيچ گرفتێك ده‌بن
ئه‌ى ئه‌گه‌ر گه‌ياندى
پڵينگه‌كان دارستان بۆ خێزانه‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان جێده‌هێڵن
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 203)

شاعير له‌ڕێگه‌ى ته‌قاندنه‌وه‌ى وزه‌ ناوه‌كييه‌كانى زمانه‌وه‌، گيان وه‌ك به‌رجه‌سته‌بوويه‌كى نێو ژيان و بوون ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش كاتێك له‌نێو (قه‌فه‌س)دا نيشانى ئێمه‌ى ده‌دات و هه‌ر خۆيشى له‌باره‌ى مانادارى و بێمانايى (گيان له‌ناو قه‌فه‌س) پرسيارمان لێده‌كات و ئه‌م پرسياركردنه‌يشى بۆ ئه‌وه‌يه‌ تا په‌يامى ده‌ربڕينگه‌رايانه‌ى خۆى به‌ خوێنه‌ر بگه‌يه‌نێت، له‌وه‌ى ((ساتى ده‌رچوون له‌ كات و شوێن، گه‌ڕانه‌وه‌يه‌ بۆ ساتى نووسينى شيعر له‌ ده‌ره‌وه‌ى پێناسه زه‌مه‌نى و كاتييه‌كان.)) (ئه‌حمه‌د، 2010، 13) هاوكات خستنه‌ڕووى ئه‌و په‌نهانييه‌ ناوه‌كييه‌ى بوونى مرۆيیيه‌، كه‌ هه‌ميشه‌ له‌ دۆخى خۆحه‌شارداندا ده‌مێنێته‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌و كاتانه‌ نه‌بێت، كه‌ ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ى ده‌ربڕينێكى شيعرييه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى لێره‌دا شاعير توانيويه‌تى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات، ((ئه‌مه‌ش مه‌له‌وانيكردنه‌ له‌ناو ئاركيۆلۆژييه‌تى بيرى به‌ڕۆحبوونى شته‌كان، واته‌ يه‌ك به ‌يه‌كى په‌رده‌كانى لێكدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌.)) (پاڵه‌وان، 2010، 118)
سێيه‌م/ خه‌ون و بيرۆكه‌ى زه‌ينى: شاعير و نووسه‌رى ده‌ربڕينگه‌را خه‌ونه‌ وڕێنه‌يیيه‌ كۆنه‌كانى ڕۆمانسيزم به‌شێوه‌يه‌كى تازه‌ نيشان ده‌دات، واته‌ له‌ ده‌ربڕينگه‌راييدا ((خه‌ونه‌ ڕۆژانه‌ييیه‌كان جێگه‌ى شته‌ لاساييكه‌ره‌وه‌كانيان گرتۆته‌وه ‌و واتا و ڕوخسارى به‌رهه‌مه‌كه‌ ڕوونكه‌ره‌وه‌ و ئاشكراكه‌رى په‌شێوى و په‌رێشانييه‌كانه‌، ئه‌م خه‌ون و گرفتارييه‌ زه‌ينييانه‌، ئه‌م بيرۆكه‌ ئه‌بستراكتييانه‌ و ئه‌م شوێنه‌ ترسناكه‌ زه‌ينى و ڕۆحييانه‌ به‌ هۆى چه‌ند ئامرازێكى خستنه‌ڕوو و جوانكارى وه‌ك ڕه‌مز و خواستن به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێن.)) (شميسا، 2019، ل231 و 232)

له‌م باره‌يه‌وه‌ ڕه‌نجده‌ر خۆى ده‌ڵێت: ((جيهانى خه‌ونيش به‌لاى منه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێشترين جيهانى شيعرييه… خه‌ونى ناياب ده‌بێته‌ زمان و شێواز و بابه‌تى ناياب، ده‌قه‌كانم ده‌قى خه‌ونين، خه‌ونيش وه‌ك گيان و هانده‌ر، هه‌ميشه‌ تێكه‌ڵ به‌ شيعرييه‌تى ده‌قم ده‌بێت و هه‌ستى شكۆمه‌ندى له‌ مندا ڕسكاندووه‌ و ده‌ڕسكێنێت.))(ڕه‌نجده‌ر، 2014، 18-19) شاعير توانيويه‌تى ئه‌م تێگه‌يشتنه‌ى خۆى له‌‌مه‌ڕ ده‌ربڕينگه‌رايى‌ خه‌ون له‌ بۆته‌ى شيعردا پێشكه‌ش بكات، هه‌روه‌ك له‌ ده‌قى (ئاوێنه‌ى دووه‌مى سرووش)دا ده‌ڵێت:
كتێبى چى ئێمه‌ى هێنا
خه‌ونم له‌ تۆدا كه‌سه‌ دووره‌كانى بينى
قسه‌م له‌ تۆدا بووه‌ گۆرانى
هه‌نگاوم له‌ تۆدا جۆگه‌له‌ى ده‌ره‌وه‌ى په‌رژينى هێنا ناو ڕه‌ز
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 246)
لێره‌دا خه‌ون وه‌ك ميكانيزمێك به‌گه‌ڕخراوه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌يه‌وه‌ شيعرييه‌تى ده‌ربڕينگه‌رايى بگات به‌ ترۆپكى خۆى، ئه‌مه‌ش له‌و ڕوانگه‌وه‌ ((كه‌ ده‌ربڕين وه‌ك گوتنه‌كانى زمان كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك گوزاره‌يه‌، پێكه‌وه‌ ده‌قێكى گه‌وره‌تر ده‌سازێنن.)) (خۆشناو، 2009، 204) به‌ڵام كاتێك خه‌ون ده‌بێت به‌ ميكانيزمى ئه‌و ده‌ربڕينه‌، ئه‌وكات بيره‌ زه‌ينييه‌كانى شاعير ده‌رده‌كه‌ون و به‌مه‌ش گوزاره‌كان به‌ واتاى ((كۆد و هێما و سيمبولى خه‌ون، چونكه‌ ئه‌وان واتايان لێ بارده‌كرێت و ده‌لاله‌تى خه‌ونه‌كه‌ و واتاى خه‌ونه‌كه‌ ده‌ده‌ن و ڕۆڵى وشه‌ وه‌ده‌ست دێنن و جێگه‌ى وشه‌يش ده‌گرنه‌وه‌.)) (موسا، 2019، 241) ئه‌م به‌ ترۆپك گه‌يشتنه‌ى ده‌ربڕين و به‌ ميكانيزمبوونه‌ى خه‌ون له‌م كۆپله‌يه‌دا ته‌واوتر خۆى به‌يان ده‌كات، كاتێك شاعير ده‌ڵێت:

خه‌ونبينين هاوتاى جانتاى گه‌شت و خۆشبه‌ختييه‌
خه‌ون ئه‌ى كراسى بۆنخۆشى
يه‌كه‌مين ڕۆژى چوونه‌ قوتابخانه‌
به‌ ده‌نگێكى خودايى شتێك بدركێنه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 53)

لێره‌دا وێڕاى ئه‌وه‌ى شاعير خه‌ونى وه‌ك سه‌فه‌ر بينيوه‌، هاوكات ده‌يه‌وێت بڵێت خه‌ون و سه‌فه‌ر به‌بێ يه‌كتر هه‌ڵناكه‌ن و هه‌ميشه‌ پێكه‌وه‌ دێن و ده‌لاله‌ت و كۆده‌كانى خه‌ون دروست ده‌كه‌ن. (موسا، 2019، 243)، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌يش ڕاده‌گه‌يه‌نێت، كه‌ ((ژيانمان خه‌ونئاسايه‌، يان جه‌وهه‌رێكى خه‌ونئاساى تێدايه‌، به‌م ده‌ربڕينه‌ تاڕاده‌يه‌ك گشتگيره‌ ئێمه‌ ئه‌و شته‌ بێمانايانه‌ين كه‌ خه‌ونيان لێ دروست بووه‌.)) (بۆرخێس، 2016، 43) ئه‌گه‌رچى ئاماژه‌يه‌ك به‌ ڕابردوو كراوه‌، به‌ڵام له‌ڕاستيدا شاعير ده‌يه‌وێت له‌ڕێگه‌ى (سه‌فه‌رى خه‌ون-ئاسا) و (خه‌ونى سه‌فه‌ر-ئاسا)ى خۆيه‌وه‌، به‌ره‌و ئاينده‌ هه‌نگاو بنێت، چونكه‌ له‌ڕاستيدا خه‌ون له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ى خۆيدا، كه‌ ئه‌ويش بيرۆكه‌ى زه‌ينييه‌، ده‌بن به‌و هه‌لومه‌رجه‌ى‌ تێيدا مه‌به‌ست و گوزارشته‌ شيعرييه‌كان زياتر خۆيان ده‌ربخه‌ن و شيعرييه‌ت به‌رهه‌م بهێنن، هه‌روه‌ك شاعير له‌ ده‌قێكدا به‌ناونيشانى (جه‌نگى پرسيار) ده‌ڵێت:
كۆچ به‌ره‌و خه‌ون
گه‌ڕانه‌وه‌ ڕووه‌و خه‌ون
نيشته‌جێبوون له‌ ماڵى خه‌ون
خه‌ون شادمانى سه‌ر زه‌مين
سه‌ر زه‌مين گێژه‌نى ژيان
ژيان خه‌ونێكه‌ له‌ شه‌وێك كۆناكرێته‌وه‌
مردن ده‌تگه‌يه‌نێته‌ خه‌ون
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 106)
به‌م شێوه‌يه‌ شاعير له‌ڕێگه‌ى خه‌ون و بيرۆكه‌ى زه‌ينييه‌وه‌ ده‌ستبه‌ردارى پێكهێنانى ئاسایييانه‌ى وێنه‌ى شيعريى بووه‌، له‌برى ئه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌به‌ندييه‌كى خه‌ونيى به‌رهه‌م هێناوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زمانى خستووه‌ته‌ ((بارى ده‌ربڕين‌ له‌ كرۆكى جوانى و وێنه‌ى بێگه‌رد…)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 22) له‌ڕێگه‌ى خه‌ونه‌وه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانين له‌پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا‌ ((نه‌ست سه‌رچاوه‌ى خه‌ونه‌ لاى ڕه‌نجده‌ر، به‌وه‌ى كه‌ واقيعى ده‌روونى و ڕاسته‌قينه‌يه‌ و ناوچه‌ى هه‌ره‌ فراوانى ئاوه‌ز و پێكهاته‌كانييه‌تى، به‌ ئه‌زموونه‌كانى منداڵى و ده‌رهاويشته‌ ده‌روونييه‌كانيشيه‌وه‌‌.)) (محه‌مه‌د، 2010، 62)
چواره‌م/ گرفتارى و خرۆشانى ڕۆحى: شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را له‌و ڕوانگه‌وه‌ى كه‌ ده‌يه‌وێت په‌شێوى ڕۆحيى خۆى وێنه‌ بكێشێت، هه‌م خۆى گرفتارى خرۆشانێكى توندى ڕۆحييه‌ و هه‌ميش خوێنه‌ر ده‌خاته‌ په‌رێشانييه‌وه‌، ئه‌و ياساكانى نووسين ڕه‌چاو ناكات و ئه‌وه‌نده‌ به ‌دواى شته‌ عه‌قڵانييه‌كانه‌وه‌ نييه‌. هه‌ڵبه‌ت‌ ئه‌م گرفتارى و خرۆشانه‌ ڕۆحييه‌ى شاعير و نووسه‌رى ده‌ربڕينگه‌را، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ((كاردانه‌وه‌ قووڵه‌ هه‌ستى، وێنايى،‌ مه‌عنه‌وى و ڕه‌وشتييه‌ى كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت به‌ره‌و ده‌ره‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ كاتى خوێندنه‌وه‌دا كار ده‌كاته‌ سه‌ر وه‌رگر.)) (أحمد، 2015، لينك) له‌م ڕوانگه‌وه‌ شاعير له‌ شيعرى (ع- داوا)دا ده‌ڵێت:
باران به‌ ئاره‌زوويه‌كى به‌تينه‌وه‌ ده‌بارێت
زه‌وييش داواى هيچى نه‌كردووه‌
ئه‌م چاكه‌ له‌ خۆڕايييه‌ چييه‌
گۆرانيم بۆ ليمۆى به‌ لكه‌وه‌ شووراو ته‌رخانه‌
بيريش له‌ پێش كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌
زه‌وى دڵخۆشه‌ به‌سه‌ريدا تێبپه‌ڕى
به‌روبوومى خۆڕسكى خۆيت به‌تاسه‌وه‌ پێشكێش كات
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 342)
به‌م پێودانگه‌‌ شاعير سه‌رچاوه‌كانى شيعرييه‌ت له‌ ده‌روونى خۆيه‌وه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ و ڕاستييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ش ئاوێته‌ى ئه‌و خه‌ون و خه‌ياڵانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌پێناوياندا ده‌نووسێت، هه‌رئه‌وه‌ش دووچارى جۆرێك له‌ نامۆيى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌ر له‌ڕاستيشدا وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: ((بۆئه‌وه‌ى شاعير به‌ شيعرييه‌ت بگات، پێويسته‌ به‌ نامۆييدا گوزه‌ر بكات، يان له‌ نامۆييدا بژێت، چونكه‌ به‌شێك له‌ بوونى شيعر له‌ جه‌سته‌ى نامۆييدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ ئه‌فسوون و ڕاز.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 147) به‌م شێوه‌يه‌ له ‌ڕوانگه‌ى چه‌مكه‌كانى ڕه‌خنه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايييه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ى ده‌ق له‌ جه‌وهه‌رى خۆيدا ئاوێته‌بوون و ژيانه‌ له‌نێو ده‌قدا، ئه‌گه‌ر ده‌ق په‌سه‌ندكراو نه‌بوو، ئه‌وا ئه‌م ئامانجه‌ به‌دى نايه‌ت.)) (موسوي، 2015، لينك) هه‌روه‌ك له‌ ده‌قى (م- به‌رده‌وامى)دا هاتووه‌:
سيزيف له‌ خۆشبه‌ختى له‌دايك بوو
بنار به‌ نرخترين شوێنى پێشكێش به‌ به‌رده‌ دڵخۆشه‌كه‌ى كرد
قۆرتايى چاو
چاوه‌ڕوانى په‌يمانى چاخى دڵنيايى تاقى كرده‌وه‌
سه‌ركه‌وت
لووتكه‌ قوربانييه‌
لاولاو تێى ده‌ئاڵێ…
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 351)
ئه‌م خرۆشان و په‌شێوييه‌ ڕۆحييه‌ى شاعير له‌ڕێگه‌ى شيعره‌وه‌ ماڵێكى بۆ چێ ده‌كات و به‌مه‌ش شيعر ده‌بێته‌ ئه‌و جێگه‌يه‌ى كه‌ ڕۆحى ماندووى خۆى تێدا مانيفێست ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دۆخه‌ى شاعيرى ده‌ربڕينگه‌را له‌ ئه‌نجامى نه‌خۆشييه‌وه‌ نييه‌، ((شيعر لاى شاعير له‌سه‌ر لۆژيك به‌ند نييه‌، به‌ڵكو دژه‌لۆژيكيش ئيش ده‌كات، لێره‌وه‌ وڕێنه‌كردن پانتايييه‌كى مه‌زن له‌ ده‌قى ئه‌م شاعيره‌ داگير ده‌كات. وڕێنه‌ى نه‌خۆشێك نا، به‌ڵكو چه‌ماندنه‌وه‌ى زمان بۆ ئاستێكى دى.)) (مه‌لا، 2019، 139) ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئاستى ده‌ربڕينگه‌رايى ناعه‌قڵانى، كه‌ زياتر له‌و وێنه‌ شيعرييانه‌دا چڕده‌بێته‌وه‌، كه‌ شاعير به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ هه‌ستێكيشى به‌رانبه‌ر جووڵه‌ و بزاوته‌كانى خۆى هه‌بێت، كه‌چى ده‌خوازێت بيانكات به‌ ڕووداو و ئه‌زموونيان بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ى بوونى خۆى، واته‌ بيانگۆڕێت به‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌كت و به ‌شێوه‌ ‌ڕووداوكردنێك كه‌ له‌ڕێگه‌ى گوزارشتى شيعرى و هێزى ده‌ربڕينه‌وه‌‌ به‌رهه‌م هاتبێت، وه‌ك له‌ ده‌قى (عه‌سر/ تێبينى)دا ده‌ڵێت:
هيچ هه‌ستێكم له‌ مێشكدا كۆ نه‌كردبووه‌وه‌
ئاره‌زووم بۆ پياسه‌ى دواى عه‌سرانى
شه‌قامى شه‌ستى و گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانى هه‌ولێر جووڵا
ده‌ستم خسته‌ ده‌ستى وچانى هه‌ست
ده‌سكى ده‌رگاى حه‌وشه‌م بادا…
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 419)
ئه‌م ده‌ربڕينه‌ى كه‌ له‌ميانييه‌وه‌ شيعرييه‌ت له‌ ئاستى ناعه‌قڵانييه‌تى ناوه‌ڕۆك و ديوى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قدا به‌رهه‌م هاتووه‌، ده‌مانباته‌ به‌رده‌م ئه‌و گريمانه‌ى كه‌ شاعير ((هه‌رچه‌نده به‌ره‌و ڕۆح بڕوات ده‌روونى لێى نابێته‌وه‌ به‌ ئازاره‌كانى خۆى ژوانى شاعير ئاڵۆز ده‌كات و جارێكى ديكه‌ به‌ واقيعه‌وه‌ ده‌يبه‌ستێت، كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌بوو مرۆڤ زۆر به‌كه‌مى وه‌چنگ ده‌كه‌وێت له ‌پێبڕينه‌كانى ڕۆح، چونكه‌ ئاگايى به‌ ته‌واوه‌تى به‌ئاگا نييه‌.)) (عه‌بدوڵڵا، 2014، 111)‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كات شاعير وه‌ك كه‌سێكى په‌ژمورده‌ و ڕۆح خرۆشاو بێته‌ به‌رچاو.

ته‌وه‌رى دووه‌م/ شێوازى ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ نموونه‌ى ده‌قه‌كاندا:

له ‌ڕوانگه‌ى ره‌خنه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايييه‌وه‌ شێواز مامه‌ڵه‌يه‌كى ديناميكى نييه‌ له‌گه‌ڵ زماندا، به‌ڵكو پتر وه‌ك ((تاقيكردنه‌وه‌ى نووسه‌ره‌ له‌ چۆنێتيى هه‌ڵبژاردنى زمانه‌كه‌يدا، واته‌ هه‌موو ڕواڵه‌ته‌كانى ده‌ربڕينى زمانه‌كه‌ى و چۆنێتى به‌گه‌ڕخستن و به‌كارهێنانيانه‌.))(هاڵبێرگ و دانه‌رانى تر، 2018، 169) هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م شێوازه‌يه‌ش دابڕاو نييه‌ له‌ ئه‌زموونى خودى شاعيرى ئێكسپريسۆنيست، به‌وپێيه‌ى كه‌ له‌ هه‌موو كات و شوێنێكدا ئه‌زموون له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ به‌ شێوازى ئه‌ده‌بييه‌وه، واته‌‌ ((شێواز بريتييه‌ له‌ ده‌ربڕينى شاعير و نووسه‌ر له‌باره‌ى خودى خۆيه‌وه‌.)) (مولينية، 1999، 54) ئێمه‌ش لێره‌ به‌دوا ئه‌م مامه‌ڵه‌يه‌ له ‌ڕوانگه‌ى سێ له‌ سيماكانى شێوازى ده‌ربڕينگه‌رايييه‌وه‌ له‌ شيعرى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا پراكتيزه‌ ده‌كه‌ين. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پراكتيزه‌كردنه‌يش له‌ هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ى ده‌ربڕينگه‌راييدا (عه‌قڵانى و ناعه‌قڵانى) له‌ ده‌قه‌ شيعرييه‌كاندا له‌لايه‌ن شاعيره‌وه‌ ئه‌زموون كراوه‌.
يه‌كه‌م/ زمانى ته‌له‌گرافييانه: زمان به‌لاى شاعيرى ده‌ربڕينگه‌راوه‌، زمانێكى تايبه‌ته‌، كه‌ زۆرجار خوێنه‌ر ده‌ترسێنێت و ئاراميى خوێنه‌ر تێكده‌دات، به‌شێوه‌يه‌ك هه‌ندێك جار ڕسته‌كان له‌ وشه‌يه‌ك يان دوو وشه‌ زياتر نين، ده‌ق پڕه‌ له‌ نيشانه‌ى سه‌رسوڕمان و هه‌رچۆنێك بێت خاڵبه‌نديى ڕوونكه‌ره‌وه‌ و ده‌رخه‌رى په‌شێويى نووسه‌ر و شێواويى ده‌قه‌. (شميسا، 2019، 232. هه‌روه‌ها: راغب، 1977، 135) خودى شاعير له‌ مانيفێستێكدا، كه‌ له‌گه‌ڵ ديوانى (خه‌ون وا خۆى گێڕايه‌وه) له‌ ساڵى (2004) بڵاوى كردووته‌وه‌، ئاماژه‌ى به‌م جۆره‌ له‌ شێوازى به‌كارهێنانى زمان كردووه‌، به‌ڵام له‌وێدا به (ڕه‌گه‌زى كتوپڕى) ناوزه‌دى كردووه‌، ئه‌مه‌ش بۆخۆى جۆرێك په‌رتى و بايه‌خنه‌دانه‌ به‌ يه‌كێتيى بابه‌ت. (مه‌نتك، 2009، 116- 121)‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ به‌كارهێنانى زمان له‌ ئه‌زموونى شيعريى شاعيردا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌ به‌شى هه‌شته‌مى ده‌قى (زێوان)دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كاتێك به‌ ته‌نها دێڕێك گوزارشتى له‌ بابه‌تێكى گه‌وره‌ى وه‌ك پرسى (جه‌للادبوون) كردووه‌ و ده‌ڵێت:
گيانله‌به‌رى دڕنده‌ و جه‌للاد ئاوى تۆفانيان خواردووه‌ته‌وه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب1، 69)
شاعير له‌ڕێگه‌ى فه‌نتازياى زمانه‌وه‌، توانيويه‌تى خه‌ياڵێكى فره‌ڕه‌هه‌ند له‌ بۆته‌ى يه‌ك دێڕه‌ شيعردا كۆبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ى دێڕه‌ شيعرييه‌كانى تريش له‌ ته‌واوى پێكهاته‌ى ده‌قه‌ درێژه‌كانى شاعيردا هه‌ڵگرى هه‌مان خه‌سڵه‌تى زمانى ته‌له‌گرافيين، بۆيه‌‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ به‌ركه‌ڵكخستنى زمان له‌ چوارچێوه‌ى ته‌كنيك و شێوازى شيعريدا و ((به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌و جيهانه‌ به‌بێ خاڵ، به‌بێ وێرگوڵ، به‌بێ مه‌سافه‌ى نێوان وێنه‌كان، به‌بێ سپێتى، به‌بێ په‌نجه‌ره ‌و ده‌رگا، جيهانێكى سيخناخه‌ به‌ خودى خۆى.)) (مه‌لا، 2019، 136) واته‌ به‌ خودى شاعير خۆى، هه‌روه‌ك له‌ (ساڵى سفر)دا به‌ر زۆرێك له‌م شێوازه‌ ده‌كه‌وين:
له‌ هه‌موو شوێنێك كوشتن و خۆكوشتن و هه‌ناو سووتاندن هه‌يه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 206)
هه‌ڵبه‌ته‌ شێوازه‌ ده‌ربڕينگه‌رايييه‌كه‌ى ئه‌م دێڕه‌ شيعره‌، جگه‌ له‌وه‌ى له‌ ئاستى زماندا ده‌رده‌كه‌وێت، هاوكات ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و كه‌شه‌ شيعرييه‌ ڕاسته‌وخۆيه‌ش نه‌بووه‌، كه‌ ده‌يه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر بگه‌يه‌نێت، ئه‌م سه‌رزه‌مينه‌ى بووه‌ته‌ لانكه‌ى مرۆڤ، هه‌موو شوێن و كونجێكى هاوشێوه‌ى يه‌كه‌ و هه‌مان دۆخى (كوشتن، خۆكوشتن و هه‌ناوسووتاندن)ى تێدايه‌، سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش ئاماژه‌ن بۆ ئه‌و نيگه‌رانى و پووچێتييه‌ى له‌ ژياندا مرۆڤ ئێخه‌گيرى بووه‌.
حه‌وت جۆگه‌له‌ له‌يه‌كتر نزيك بوونه‌وه‌ بۆ مه‌له‌وانيى بێچووه‌ مراوى
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 206)
ئه‌مه ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستييه‌يه‌، كه‌ زمان له‌ڕوانگه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايييه‌وه‌‌ ئامرازێكه‌ بۆ گوزارشت له‌و په‌ستان و گوشاره‌ ناوه‌كييه‌ى كه‌ هوروژمى بۆ سه‌ر ده‌روونى شاعير هێناوه‌، هێزى ئه‌مه‌ش له‌و ڕوانگه‌وه‌ هه‌ڵده‌هينجێنن، كه‌ ((مرۆڤ يه‌كه‌م جار به‌هره‌ى ده‌ربڕينى تێدا ئاشكرا بوو، له‌ خانه‌ى شيعردا جێى كردووه‌ته‌وه‌، بۆ مانه‌وه‌شى له‌م خانه‌ پيرۆزكراوه‌يدا هه‌ميشه‌ قوربانى له‌ ئه‌ژمار نه‌هاتووى داوه‌ و هێڵه‌ ئه‌فسوونييه‌كان و چالاكيى درێژ كردووه‌ته‌وه‌.))(ڕه‌نجده‌ر، 2013، 77) ئه‌وه‌تا شاعير ده‌ڵێت:
به‌هه‌شت دڵبه‌رێكه‌ جوانييه‌كى ساده‌ و گه‌رم و پڕ جووڵه‌ى ڕژاندووه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 408)
ئه‌و ته‌له‌گرافيبوونه‌ى زمانى شيعريى به‌لاى ڕه‌نجده‌ره‌وه‌، له‌و ڕوانگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ پێىوايه‌ ((شيعر له‌ منداڵدانى زماندا گيانى دێته‌به‌ر و هێزى‌ ڕاسته‌قينه‌ى شاعير له‌و زمانه‌دايه‌، كه‌ شيعرييه‌تى تێدا ئاشكرا ده‌كات، نه‌ك له‌و زمانه‌ى ژيانى ڕۆژانه‌ى پێ به‌ڕێوه‌ ده‌بات.)) (سديق، 2017، 136) ديسانه‌وه‌ شاعير له‌م ده‌لاقه‌‌وه‌ به‌شێوه‌يه‌كى هه‌ميشه‌يى له‌ خه‌مى ئه‌وه‌دايه‌ زمان بباته‌ ئاستێكى ئه‌وتۆوه‌، كه‌ تێيدا شێوازى ئه‌زموونكراوى خۆى به‌يان بكات، ئه‌مه‌ش چونكه‌ ((زمان ڕۆڵێكى كاريگه‌رى له‌سه‌ر بونيادى عه‌قڵى و فيكرى به‌جێده‌هێڵێت، له‌ناو خودى زماندا خه‌ياڵ و ته‌كنيك و ئيستاتيكا به‌رده‌وام ئاماده‌گى هه‌يه‌.)) (عه‌سكه‌ر، 2017، 194)
دووه‌م/ ڕاشكاوى له‌ مه‌به‌ست و ئازادى له‌ ده‌ربڕيندا: ده‌ربڕينگه‌راكان به‌دواى وشه‌گه‌لى جوان و ده‌گمه‌نه‌وه‌ نين، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن ڕاسته‌وخۆ له‌ دڵى حه‌قيقه‌ت بده‌ن و قسه‌ له‌باره‌ى په‌شێوى و كاره‌ساته‌كان بكه‌ن. (شميسا، 2019، ل232) لێره‌وه‌ له‌ ئه‌زموونى ڕه‌نجده‌رى شاعير‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندين ده‌ق و كۆپله‌ و دێڕه‌ شيعردا به‌رخورد ده‌كه‌ين، كه‌ له‌ ده‌ربڕيندا ڕاشكاوييان وه‌ك تايبه‌تمه‌ندى هه‌ڵگرتووه‌، هه‌ڵبه‌ت كه‌ ده‌ڵێين (ڕاشكاوى) مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نييه‌، كه‌ ئيدى زمانى شيعرى هاتبێته‌ ئاستێكى ئاسايييه‌وه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌يه‌‌ شاعير ڕاشكاوانه‌ كار له‌سه‌ر بنه‌ما ئيستاتيكييه‌كان ده‌كات، به‌ مانايه‌كى تر شيعر ده‌بێت به‌ ((ئاشكراكه‌رى سيحر و نهێنييه‌كانى فيكرى ئينسان)) (عه‌سكه‌ر، 2017، 195) پێوه‌ دياره‌، هه‌روه‌ك له‌ ده‌قى (حيكمه‌تى ڕۆشنايى)دا ده‌ڵێت:
سه‌ره‌تا كه‌ هاته‌ لام
من به‌ نيازى خه‌ونبينين چووبوومه‌ سه‌ر ته‌ختى نوستن و گڵۆپى خه‌وم داگيرساندبوو
هه‌وا به‌ جۆرێك خۆش ببوو سه‌رپۆشى نه‌ده‌ويست
بۆن و به‌رامه‌ى كه‌شى ژووره‌كه‌ى گۆڕى
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 413)
به‌م شێوه‌يه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م بنه‌مايه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ شيعرى شاعيردا، به‌ڵكو له‌ گوزارشتيش له‌ شێوازى به‌رهه‌مهێنانى شيعر به‌لايه‌وه‌ به‌ڕوونى هه‌ستى پێده‌كرێت، هه‌روه‌ك خودى شاعير خۆى له‌م باره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێت: ((من باوه‌ڕم به‌ ئازادى و ئازاديى وشه‌ هه‌يه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژارده‌ى منه‌ بۆ ژيان و ناسينى مرۆڤ و ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ى له‌ناو شيعره‌كانمدا زيندوون. شيعر له‌باره‌ى هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌پرسێت و كات و شوێنيشى بۆ نييه‌.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2018، 3) پرسيارى شيعر له‌باره‌ى هه‌موو شتێكه‌وه‌ و به‌بێ بوونى هيچ كات و شوێنێكيش، واتاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت، كه‌ ده‌ربڕينى ڕاسته‌وخۆ و ڕاشكاو به‌لاى شاعيره‌وه‌ پێگه‌يه‌كى تايبه‌تى دراوه‌تێ‌، به‌ومانايه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌بێت به‌ جێى مه‌به‌ستى شاعير و ئه‌وه‌ى شيعر كارى له‌سه‌ر ده‌كات بريتييه‌ له‌ ((گه‌ڕان‌ به‌دواى دونيا نه‌بينراوه‌كان و شتگه‌له‌ نه‌بينراوه‌كان، ئه‌و دێت كار له‌سه‌ر نهێنييه‌ زيهنييه‌كان ده‌كات، نه‌ك ئه‌وه‌ى ڕۆژانه‌ موماره‌سه‌ى بكه‌يت و دو‌اجار بينووسيته‌وه‌.)) (عه‌سكه‌ر، 2017، 194) ئه‌وه‌تا له‌ شيعرى (باوك و دايكم)دا هاتووه‌:
13/6/1963 حه‌ره‌س قه‌ومى
قۆنداغه‌ى تفه‌نگيان
له‌ سينگى سابير حه‌سه‌ن سلێمان شكاند
خوێن له‌ فاته‌ڕه‌شه‌ى به‌ربوو
تلايه‌وه‌ و به‌سه‌ر سه‌ردا گينگڵى دا
ته‌مه‌ن و ژيانى بووه‌ پرته‌قاڵێكى خۆركه‌لێدراو
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 415)
ئه‌وه‌ى كه‌ به‌م زمانه‌ ڕاشكاوه‌ له‌باره‌ى ڕووداوێكى مێژووى ژيانى باوكى خۆيه‌وه‌ ده‌دوێت، ده‌ركردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى شيعره‌ له‌ شوێن و كات، كه‌ ده‌يبه‌ستنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى نه‌توانێت له‌باره‌ى هيچ شتێكه‌وه‌ بپرسێت، ((واته‌ كات و شوێن نابنه‌ ده‌ربڕينێكى ماناخوڵقێنى زانراو له‌ ياده‌وه‌ريماندا، به‌ڵكو كات و شوێن ته‌نها ده‌بنه‌ حاڵه‌تى ساتى نووسين.)) (ئه‌حمه‌د، 2010، 12) ئه‌م ئازادييه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى وشه‌ و به‌كارهێنانى له‌ بۆته‌ى شيعردا به‌و شێوه‌ ڕاشكاوه‌، ده‌مانگه‌يه‌نێت به‌و بڕوايه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ زمان و مه‌عريفه‌ى ئێمه‌يه‌ ده‌توانێت ئه‌و سيحره‌ له‌ ساده‌بوونه‌وه‌ى زماندا بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو قسه‌كردنێك شيعرييه‌تى تێدايه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ شاعيرى به‌توانايه‌، ده‌توانێت ئه‌و قسه‌يه‌ بكات به‌ شيعر، هه‌روه‌ك ڕه‌نجده‌ر ئه‌م تايبه‌تمه‌ندييه‌ى له‌ شيعرى خۆيدا ڕسكاندووه‌، ئه‌وه‌تا له‌ ده‌قى (دوا شوێن)دا ده‌ڵێت:
به‌ درێژايى ژيانم ئاوى بن كووپه‌يه‌كم خوارده‌وه‌
مه‌يلى زۆرم دايه‌ ڕوونيى ئاوه‌كه‌
به‌رگه‌م نه‌گرت و هه‌ردوو چاوم له ‌ده‌ست دا
ڕووناكى داواى لێبووردنى نه‌كرد
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 468)
ئه‌م ساده‌ييیه‌ له‌ ده‌ربڕيندا هاوكاته‌ به‌ قووڵى له‌ ڕسكانى واتا، بۆيه‌ زه‌ين و بيرى شاعير ڕووبه‌ڕووى له‌ده‌ستدانى هۆگربوون به‌ شوێن ده‌بێته‌وه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌وه‌ى تێكسته‌كه‌ ئازاد بێت له‌ هه‌موو كۆتێكى ناڕه‌وا، كه‌ ڕێگه‌ له‌ ده‌ربڕينى ڕاسته‌وخۆيى و ڕاشكاوێتيى شاعير بگرێت، كه‌واته وردبوونه‌وه‌ى زياتر له‌و كۆپله‌يه‌ى سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌‌ ((ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ن هه‌وڵده‌ده‌ن شتێك له‌ شيعرمان بۆ شى بكه‌نه‌وه‌، واته‌ بمانخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌و گريمانه‌يه‌ى كه‌ شيعر شتێكه‌ ناتوانين بيپێوين، ئێمه‌ به‌دواى مۆتيڤێكدا ده‌گه‌ڕێين، كه‌ هێڵه‌كانى له‌ناو ئه‌ندێشه‌دا چووبێته‌ خوارێ.)) (محه‌مه‌د، 2011، 83) ئه‌و ئه‌ندێشه‌يه‌ هيى ئێمه‌ى خوێنه‌ره و مۆتيڤه‌كه‌ش هه‌مان ئه‌وه‌يه‌، كه‌ شاعير به‌رهه‌مى هێناوه‌ و له‌ چێوه‌ى زماندا گيانى وه‌به‌رخستووه‌.

سێيه‌م/ ئه‌زموونى مرۆڤى تاك و ته‌نيا: به‌وپێيه‌ى يه‌كێك له‌ ڕايه‌ڵه‌كانى هه‌ر شێوازێكى ئه‌ده‌بى و شيعرى په‌يوه‌سته‌ به‌ ئه‌زموونى خودى شاعير و نووسه‌ر خۆيه‌وه‌، بۆيه‌ لێره‌دا (ئه‌زموونى مرۆڤى تاك و ته‌نيا) وه‌ك به‌شێك له‌ شێوازى ده‌ربڕينگه‌رايى لاى سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ئاماژه‌ پێده‌ده‌ين. به‌گشتى شيعرى ده‌ربڕينگه‌رايى به‌شێوه‌يه‌ك بابه‌ته‌كان ده‌نوێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌زموونى (مرۆڤێكى تاك) يان (تاكێكى ته‌نيا)ى پێوه‌ دياره‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى شارستانى و ته‌كنه‌لۆژيك و پيشه‌سازانه‌ى هاوچه‌رخدا به‌ته‌واوه‌تى ته‌نيايه‌ و تووشى مه‌ترسى هاتووه‌. له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌م نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگايه‌ ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ پتر له‌ ئاژاوه‌ و پشێوى نزيك ده‌بێته‌وه. (سه‌جادى و مه‌حمودى، 2004، ل31) به‌م شێوه‌يه‌ بوون به‌گشتى له‌ ده‌ربڕينگه‌راييدا ده‌بێته‌ درێژكراوه‌ى گيان و ده‌روونى هونه‌رمه‌ند و هه‌ر خۆيشى ده‌بێت به‌ سه‌نته‌رى گه‌ردوون. (بيزيو، 2010، لينك) هه‌ر به‌م پێودانگه‌ شاعير له‌ تێكستى (بێپه‌روايى گوڵه‌ستێره‌)دا ده‌ڵێت:
بێپه‌روا بۆنى ئه‌و ڕووناكييه‌ هه‌ڵده‌مژين كه‌ به‌خشنده‌يه‌
به‌خشنده‌ په‌روايى ده‌به‌خشێت و بێپه‌روا ده‌چينه‌ ناو ڕێگا
ده‌نگى باڵنده‌ى تاك و جووت
به‌ شێوه‌ى مۆسيقايه‌كى ئاسمانى به‌سه‌ر ژاوه‌ژاودا زاڵ ده‌بێ
به‌ هێمنى دێته‌ ژووره‌وه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 343)
لێره‌دا سه‌رنجى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ين، ته‌نيايى و تاكايه‌تى نه‌ك هه‌ر له‌ شيعردا، به‌ڵكو له‌ ته‌واوى ئه‌زموونى ژيانى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك خۆيشى له‌م باره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێت: ((من به‌ سروشتى ژيانى خۆم حه‌زم له‌ ته‌نيايى و كه‌مدوويى و كه‌مێك دووركه‌وتنه‌وه‌يه‌ له‌ خه‌ڵك، به‌ڵام له‌ چۆڵايى به‌رزه‌ين و هه‌سته‌كانم پڕ كردووه‌ له‌ خه‌ڵك و ئاژه‌ڵ و گياندار و په‌له‌وه‌ر… تاد.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 22) هه‌ڵبه‌ت شاعير ئه‌م هه‌ڵوێسته‌يشى له‌ ژياندا له‌خۆڕاو بێ ئامانج نييه‌، ئه‌و به‌وريایييه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانى خۆى ديارى ده‌كات، بۆيه‌ ده‌زانێت ((له‌ تاكيدا نووسه‌ر له‌ هه‌قيقه‌تى ژيان ده‌پرسێت و سه‌ربه‌خۆيه‌، سه‌ربه‌ستيى ته‌واوى له‌ جۆرى بيركردنه‌وه ‌و خۆده‌ربڕيندا ده‌ست كه‌وتووه‌، ويژدانى له‌ بڕيارى گوتن و هێزى شێوازدا ئاسووده‌يه‌، سه‌رچاوه‌كانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئازادى و ئازايیيه‌ى خۆى به‌ خۆى داوه‌.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2014، 28) ئه‌وه‌تا له‌ ده‌قێكدا به‌ ناونيشانى (به‌رزبوونه‌وه‌ى گه‌سكێك تا ئه‌وپه‌ڕى مان) شاعير ده‌ڵێت:
به‌ ئه‌سپايى ده‌ژيم و گوێ له‌ ده‌نگى ژيانگرتن
له‌نێوان ڕه‌گى ناديارى ڕووه‌ك كه‌ گرێى هه‌زار و يه‌ك لك ده‌كاته‌وه‌
مه‌ستبوون له‌ گۆزه‌ ڕۆيشتن نييه‌ گه‌ڕانه‌وه‌يه‌
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 451)
هه‌ڵبژاردنى ته‌نيايى به‌لاى شاعيره‌وه‌ تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ ده‌بێت به‌ پرۆژه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى شيعردا‌، كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، خۆى بداته‌ پاڵ هيچ ده‌سته‌ و گرووپ و تاقمێك و ده‌ڵيت: ((نابم به‌ داماوى هيچ شێواز و گرووپێك، سه‌رده‌مى گرووپ و قوتابخانه‌ شيعرييه‌كانيش به‌سه‌رچوون، ئێستا سه‌رده‌مى شاعيرى تاكه‌.)) (ڕه‌نجده‌ر، 2013، 38) ئه‌م تێڕوانينه‌ له‌و ڕوانگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ پێى وايه‌ شيعر له‌نێو هه‌ناوى بوونه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌بێته‌ ساباتێك و چالاكييه‌ خودييه‌كانى تێدا ياداشت ده‌كرێت. (سديق، 2017، 138) هه‌روه‌ك له‌ شيعرى (به‌رزبوونه‌وه‌ى باج)دا ده‌ڵێت:
منى نه‌رگسى به‌ دواى خۆمدا غارم دا و دووركه‌وته‌وه‌
نزيكه‌ ده‌بێته‌ خاڵێك و له‌ ئاسۆ پشته‌وشكێن ده‌بێت
خاڵى ڕوومه‌تى سێو ڕه‌نگ له‌ ئاوێنه‌ى ڕوونى به‌رهه‌تاودا به‌رپا ده‌كات
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 357)
له‌م ده‌ركه‌وتنه‌ شيعرييه‌دا، شاعير ته‌نيايى خۆى ده‌كات به‌ كانييه‌ك بۆ لێوه‌هه‌ڵقوڵینى جوانييه‌كان، واته‌ خۆى ڕاده‌ستى واقيعه‌كه‌ ناكات و ده‌يه‌وێت له‌ڕێگه‌ى ئه‌زموونى ناوه‌كيى خۆيه‌وه‌ بگات به‌و حه‌قيقه‌ته‌ى كه‌ به‌دوايدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌ويش حه‌قيقه‌تى نه‌سره‌وتنه‌ له‌سه‌ر يه‌ك وه‌ڵامى كۆتايى، چونكه‌ له‌ڕاستيدا ((شاعيران نازانن كۆتايى چييه‌، له‌ناو هه‌ر كۆتاييیه‌كدا سه‌ره‌تايه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ناو هه‌ر دابڕانێكدا سۆسه‌ى پێكگه‌يشتن ده‌كه‌ن.)) (عه‌بدوڵڵا، 2014، 114) هه‌ربۆيه‌ كاتێك ئه‌م كۆپله‌يه‌ له‌ ده‌قى (دووباره‌كردنه‌وه‌ى ويست) ده‌خوێنينه‌وه‌:

ژيان له‌گه‌ڵ مردن دوژمن نييه‌
ياقووتى ئه‌نگوستيله‌ى
په‌يام له‌سه‌ر نووسراوم له‌ ژيان دۆزييه‌وه‌
پاشان له‌ مردنيش دۆزيمه‌وه‌
زانيم چيم كرد و سووڕى دۆزينه‌وه‌
شكۆ ده‌نه‌خشێنێ و ده‌به‌خشێ
(ڕه‌نجده‌ر، 2018، ب2، 47)
ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ شاعير ژيان و مردن به‌ دوژمنى يه‌كتر دانانێت، به‌ڵكو ئه‌و وه‌كو (سووڕى دۆزينه‌وه‌) لێيان ده‌ڕوانێت، به‌ڵام دياره‌ ئه‌م سووڕه‌ى نێوان ژيان و مردن پێويستى به‌ مرۆڤى تاك و تاكى ته‌نيا هه‌يه‌‌، بۆئه‌وه‌ى بتوانێت له‌و نێوه‌نده‌وه‌ بگات به‌ ماناى ته‌ليسماويى شيعر، چونكه‌ ((ئه‌وكاته‌ مانا ده‌توانێ ببێته‌ شيعر ئه‌گه‌ر مانايه‌كى سيحرئامێز بێت.)) (پاڵه‌وان،2010، 81) له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئێمه‌ وه‌كو وه‌رگر/ خوێنه‌رى ده‌ق ((پێويستمان به‌و كه‌ره‌ستانه‌ هه‌يه‌، كه‌ ده‌مانه‌وێت گوزارشتى لێوه‌بكه‌ين، كه‌ زمان ده‌توانێت ئه‌و نێوه‌نده‌ى تێڕامانه‌ بێت، بۆئه‌وه‌ى بتوانين ئه‌ندێشه‌ كامڵ بكه‌ين، پێويستمان به‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى ژيانه‌.)) (محه‌مه‌د، 2011، 83)

ئـه‌نجـام
له ‌كۆتايى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌دا ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ى لاى خواره‌وه‌، وه‌ك گرنگترين ئه‌نجامه‌كانى توێژينه‌وه‌كه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ين، كه‌ بريتین له‌:

  1. له‌ سه‌ره‌تاكانى سه‌رهه‌ڵدانيدا، ده‌ربڕينگه‌رايى له‌ ئه‌وروپا و دواتر له‌ ته‌واوى جيهانيشدا، به‌شێوه‌يه‌كى به‌رفراوان پێشوازى لێكرا، دواتر به‌ره‌و كزى و لاوازى چوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌ڕێگه‌ى توێژينه‌وه‌ى زانستييه‌وه‌ ده‌توانين شوێنپێى ئه‌م ڕێبازه‌ له‌نێو زۆر ده‌قى ئه‌ده‌بى جيهانى و ئه‌ده‌بى كوردى بدۆزينه‌وه‌، چونكه‌ يه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كييه‌كانى ده‌ربڕينگه‌رايى، بريتييه‌ له‌ كاريگه‌ريى ئه‌و هێز و وزه‌ شاراوانه‌ى كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هه‌ست و سۆزى شاعير و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى خۆى مانيفێستيان ده‌كات، ئه‌مه‌ش بنه‌مايه‌كه‌ هه‌موو ده‌قێكى زيندوو پێويستى پێى هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ته‌واوه‌تى بخه‌مڵێت.
  2. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر يه‌كێكه‌ له‌ شاعيرانى ئه‌ده‌بى هاوچه‌رخى كوردى، كه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌زموونێكى شيعريى‌ خاوه‌ن جياوكى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌يه‌، هاوكات بنه‌ما و سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو له‌ ده‌قه‌كانيدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، له‌مه‌شدا شاعير توانيويه‌تى له‌ هه‌ردوو ئاستى ده‌ربڕينگه‌رايى عه‌قڵانى و ده‌ربڕينگه‌رايى ناعه‌قڵانيدا ده‌قه‌كانى خۆى به‌رجه‌سته‌ بكات.
  3. له‌ڕوانگه‌ى هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ى ده‌ربڕينگه‌راييیه‌وه‌، هه‌ريه‌ك له‌ چه‌مكه‌كانى شێواز و شيعرييه‌ت ڕه‌هه‌ندى جياوازيان له‌ پانتايى ده‌قه‌كانى شاعيردا وه‌رگرتووه و ڕه‌نگيان داوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌يه‌ زياتر له‌ شێوه‌ى كۆمه‌ڵێك سيماى تايبه‌تيدا ده‌ركه‌وتوون، كه‌ سه‌رجه‌ميان له‌ بنه‌ما شه‌نگسته‌یييه‌كانى ده‌ربڕينگه‌راييیه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر كراون.
  4. سيماكانى ده‌ربڕينگه‌رايى لاى (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) له‌ هه‌ردوو ئاستى ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكدا سه‌رنج ده‌درێن، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ى شاعير به‌ جۆرێكى ئه‌وتۆيه‌، كه‌ توانيويه‌تى ته‌واوى ده‌ركه‌وته‌كانى ڕێبازه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌ ناسراوه‌كه‌ى ده‌ربڕينگه‌رايى، ئاوێته‌ى ئه‌زموونه‌ شيعرييه‌كه‌ى خۆى بكات و به‌مه‌ش خوێنه‌رى زيره‌ك به‌ توێژينه‌وه‌ى زانستى نه‌بێت، به‌ئاسانى ناتوانێت هه‌ست به‌و تايبه‌تمه‌ندييانه‌ بكات، كه‌ شاعير له‌ڕێگه‌ى لێهاتوويیى خۆيه‌وه‌ له‌ شيعره‌كانيدا ده‌سته‌به‌رى كردوون.

    —————————————————————

ليستى سه‌رچاوه‌كان

يه‌كه‌م/ به‌ زمانى كوردى:

  • كتێب:
  1. ئه‌لماضى، شكرى عه‌زيز (2010)، تيۆرى ئه‌ده‌ب، وه‌رگێڕانى: سه‌ردار ئه‌حمه‌د گه‌ردى، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ى ماردين.
  2. بۆرخێس، خۆرخێ لويس (2016)، ئه‌م هونه‌رى شيعره‌، وه‌رگێڕانى: سه‌يوان محه‌مه‌د، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، ناوه‌ندى غه‌زه‌لنووس.
  3. پاڵه‌وان، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن (2010)، شيعرى كراوه‌ له‌ ئه‌زموونى شيعرى نوێى كورديدا، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ده‌زگاى ئاراس.
  4. حاجى زاده‌، محه‌مه‌د (2018)، فه‌رهه‌نگى ڕاڤه‌يى ئيزمه‌كان، وه‌رگێڕانى: سيروان موسا پوور، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ڵه‌بجه‌، كتێبخانه‌ى هه‌ژار موكريانى بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.
  5. حه‌مه‌ئه‌مين، عه‌بدولقادر (2011)، ئه‌ده‌ب و ڕێبازه‌كانى ئه‌وروپى- كوردى، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، چاپخانه‌ى په‌يوه‌ند.
  6. خۆشناو، هێمن عومه‌ر (2009)، شيعرييه‌تى ده‌قى چيرۆكى كوردى- لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى شێوازگه‌رى، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، وه‌زاره‌تى ڕۆشنبيرى.
  7. ڕه‌سوڵ، وه‌هبى (2013)، ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنيزم له‌ نيگاركێشانى هاوچه‌رخى كوردستانى باشووردا، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، خانه‌ى وه‌رگێڕان.
  8. ڕه‌نجده‌ر، سه‌باح (2013)، سێ كتێب له‌باره‌ى شيعره‌وه‌، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، چاپخانه‌ى بينايى.
  9. ڕه‌نجده‌ر، سه‌باح (2014)، ئه‌زموون وه‌ك ئاخاوتنێك له‌ناو ژيان، چايى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ئه‌كاديمياى كوردى.
  10. ڕه‌نجده‌ر، سه‌باح (2018)، ديوانى سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگى دووه‌م، چاپى يه‌كه‌م، تاران، چاپخانه‌ى تاران.
  11. ڕه‌نجده‌ر، سه‌باح (2018)، ديوانى سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگى يه‌كه‌م، چاپى يه‌كه‌م، تاران، چاپخانه‌ى تاران.
  12. سديق، ئارام (2017)، زمان و شيعرييه‌ت (كاركردن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شيعريى يازده‌ شاعيرى دواى ڕاپه‌ڕين)، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، ناوه‌ندى ئه‌ندێشه‌.
  13. سه‌جادى- به‌ختيار، مه‌حمودى- محه‌مه‌د (2004)، فه‌رهه‌نگى شيكارانه‌ى زاراوه‌ى ئه‌ده‌بى، به‌رگى يه‌كه‌م، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ده‌زگاى ئاراس.
  14. سه‌ڕاج، عه‌بدوڵڵا (2008)، با له‌ هونه‌ر بگه‌ين، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رێتيى ڕۆشنبيريى ڕامان.
  15. شميسا، سيروس (2019)، ڕێبازه‌ ئه‌ده‌بييه‌كان، وه‌رگێڕانى: هيمداد حوسێن و سه‌نگه‌ر نازم، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ناوه‌ندى ئاوێر.
  16. عه‌بدوڵڵا، پێشڕه‌و (2014)، ئه‌ده‌ب- شێوه‌كارى- تيۆر، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ئه‌كاديمياى كوردى.
  17. عه‌سكه‌ر، دانا (2017)، ئه‌رگيومێنتى دژه‌كان، چاپى يه‌كه‌م، كه‌ركووك، ناوه‌ندى ڕۆشنبيرى و هونه‌ريى ديالۆگ.
  18. ماكوارى، جۆن (2002)، فه‌لسه‌فه‌ى بوونگه‌رايى، وه‌رگێڕانى: ئازاد به‌رزنجى، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، ده‌زگاى نه‌وا.
  19. محه‌مه‌د، ئاوات (2011)، لێكدانه‌وه‌ى شيعر و ئاماژه‌كانى پشته‌وه‌ى تێكست، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ى ڕۆشنبيرى، به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر.
  20. موسا، هاوكار (2019)، خه‌ون له‌ شيعردا- لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى ده‌روونشيكارييه‌، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، ناوه‌ندى سارا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌.
  21. هاڵبێرگ، پيته‌ر و دانه‌رانى تر (2018)، تيۆرى ئه‌ده‌بى و شێوازناسى، وه‌رگێڕانى: ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د، چاپى سێيه‌م، سلێمانى، ناوه‌ندى ئه‌ندێشه‌.
  • گۆڤار:
  1. ئه‌حمه‌د، نه‌جات حه‌ميد (2010)، بنياته‌ زمانه‌وانييه‌ جوانكارييه‌كان له‌ شيعره‌كانى هاشم سه‌ڕاجدا، گۆڤارى هه‌نار، ژماره‌ (51).
  2. ڕه‌نجده‌ر، سه‌باح (2013)، شيعر به‌رانبه‌ر ئه‌به‌دييه‌ت- مانيفێستى شيعرى، گۆڤارى هه‌نار، ژماره‌ (92).
  3. سديق، ئارام (2010)، شيعر و تواناى په‌نهانكردن لاى سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، گۆڤارى هه‌نــار، ژماره‌ (56).
  4. مه‌لا، ئه‌حمه‌د (2019)، باجى جيانووسين ئه‌زموونى سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، گۆڤارى سه‌رده‌مى نوێ، ژماره‌ (1).
  5. مه‌نتك، حه‌مه‌ (2009)، شێوازى خه‌ونيى له‌ مانيفێستى شيعرى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، گۆڤارى ئاينده‌، ژماره‌ (85).

دووه‌م/ به‌ زمانى عه‌ره‌بى:

  • كتێب:
  1. الاصفر، عبدالرزاق (1999)، المذاهب الادبية لدى الغرب مع ترجمات ونصوص لأبرز أعلامها، الطبعة الاولى، منشورات اتحاد الكتاب العرب.
  2. ترحيني، فايز (دون)، الدراما و مذاهب الادب، الطبعة الاولى.
  3. راغب، نبيل (1977)، المذاهب الادبية من الكلاسيكية الى العبثية، الطبعة الاولى، القاهرة، الهيئة المصرية العامة للكتاب.
  4. رشدي، رشاد (2000)، نظرية الدراما من أرسطو الى الآن، الطبعة الاولى، الجيزة، هلا للنشر والتوزيع.
  5. طارق، قصي (دون)، الانطباعية أهم مدارس الحداثة، الطبعة الاولى، بيروت- لبنان.
  6. علوش، سعيد (1985)، معجم المصطلحات الادبية المعاصرة، الطبعة الاولى، بيروت، دار الكتاب اللبناني.
  7. عياد، شكري محمد (1993)، المذاهب الادبية والنقدية عند العرب والغربيين، الطبعة الاولى، الكويت، سلسلة عالم المعرفة.
  8. الفواز، علي حسن، الشعرية‌ العراقية‌ اسئلة‌ ومقترحات للقراءة، الطبعة الاولى، سورية‌- دمشق، دار الينابيع للطباعة والنشر.
  9. مكاوي، عبدالغفار (1971)، التعبيرية في الشعر والقصة‌ والمسرح، الطبعة‌ الاولى، القاهرة، الهيئة المصرية‌ للتأليف والنشر.
  10. مولينية، جورج، الاسلوبية، ترجمة: بسام بركة، الطبعة الاولى، بيروت- لبنان، المؤسسة الجامعية للدراسة والنشر.
  11. ويليك، رينية (1987)‌، مفاهيم نقدية، ترجمة: د.محمد عصفور، الطبعة الاولى، الكويت، سلسلة عالم المعرفة.
  • توێژينه‌وه‌ى زانستى:
  1. محمد، سرور حسن (2010)، ملامح سريالية‌ في شعر أدونيس و صباح رنجدر – دراسة مقارنة- ، رسالة ماجستير، باشراف: د.لطيف محمد حسن، جامعة السليمانية، كلية اللغات، قسم اللغة العربية.
  • ئينته‌رنێت:
  1. أحمد، رشا السيد (2015)، السردية التعبيرية الشعرية (نقد في ولادة المدرسة السردية التعبيرية الشعرية العربية)، 4/9/2015، http://www.shomosnews.com
  2. أحمد، عدنان حسين (2013)، النزعة التعبيرية في الادب والفن (الذاتية المفرطة)، 9/12/2013، موقع العرب، https://alarab.co.uk
  3. بيرقدار، قحطان (2011)، التعبيرية، 6/1/2011،
    https://www.alukah.net/literature_language/0/28800/
  4. بيزيو، خالد (2010)، التعبيريه‌ نشأتها- تاريخها- خصائصها- الحركات الفنية التي أثرت بها- روادها وفنانوها، 24/10/2010، http://ugelmascara29.yoo7.com/t108-topic
  5. الحكيم، زياد (2013)، ماهية التعبيرية، 3/12/2013،
    http://www.mnaabr.com/vb/showthread.php?t=10815
  6. عابدين، سارة (2019)، جاكسون بولوك كيف نقرأ لوحات التعبيرية التجريدية، 30/2/2019، www.aljazeera.net
  7. عويد، عدنان (2018)، المدرسة التعبيرية، 7/7/2018، http://www.arabjo.net/?p=35991
  8. كحيل، أسماء (2017)، المدرسة التعبيرية، أشراف: د.لينا القطان، 16/4/2017، https://artinarabic.com
  9. موسوي، أنور غني، وقعنة الخيال والتموج التعبيري في السردية التعبيرية، https://anwergani.wordpress.com

سێيه‌م/ به‌ زمانى فارسى:

  • كتێب:
  1. انوشه، حسن (1374)؛ فرهنگ نامهء ادبی فارسی (دانش نامه ادب فارسی)، چاپ یکم، تهران، سازمان چاپ و انتشارات.
  2. سيد حسينى، رضا (1394)، مكتب هاى ادبى، جلد دوم، چاپ هجدهم، تهران، مؤسسه‌ انتشارات نگاه.
  • ئينته‌رنێت:
  1. رزايى، احسان (2019)، مختصر تمام مکاتب ادبی جهان، http://www.cafe-dastan.ir

چواره‌م/ به‌ زمانى ئينگليزى:

  1. E. Gordon (1987), Expressionism: Art and Ideas. New Haven: Yale University Press.
  2. E. Krispyn (1964), Style and Society in German Literary Expressionism.
  3. Furness , R. S. (1973), Expressionism. London: Methuen, 1973.
  4. Gombrich, E.H. (1995). The Story of Art (16. ed. (rev., expanded and redesigned). ed.). London: Phaidon.
  5. J. L. Styan (1983). Modern Drama in Theory and Practice: Volume 3, Expressionism and Epic Theatre. Cambridge University Press.
  6. Oppenheimer, Lois (2000), The Painted Word: Samuel Beckett’s Dialogue with Art. Ann Arbor: University of Michigan Press, 2000.



هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر مایه‌ی ڕه‌خنه‌كردنه‌ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

       

یه‌كێك له‌ گرفته‌ دیاره‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ له‌ نێو ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه‌،كه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن به‌ دواداچوون بۆ ئه‌و سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ و پێشنیارانه‌ ده‌كرێت، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می خوێندن، ڕووبه‌ڕووی په‌روه‌رده‌ وناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كرێنه‌وه‌.گه‌لێك جار، ڕه‌خنه‌ له‌ زمان، لایه‌نی بابه‌تی، ڕێنووس و زانیارییه‌كانی نێو كتێبێكی خوێندن ده‌گیرێت كه‌ پێشترچاپكراوه‌،كه‌چی چه‌ند ساڵێك دواتر،بێ بژاردن و پێداچوونه‌وه‌، بێ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان،كتێبه‌كان جارێكی دیكه‌ چاپ ده‌كرێنه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بینین به‌ ده‌گمه‌ن ساڵێكی خوێندن هه‌یه‌ گرفتێك ڕووبه‌ڕووی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ نه‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی گه‌لێك جار ڕێنمایی و چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ده‌رده‌كرێن، كه‌ جێبه‌جێكردنیان نه‌ك هه‌رئه‌سته‌مه‌،به‌ڵكو به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ش ده‌شێوێنن.له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌،ئه‌م ساڵ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ده‌كرێن، شوناسی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی، گۆڕدرا بۆ(هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر). هه‌ر هاوڕێیه‌كیش، به‌ بێ ڕه‌چاوكردنی پسپۆڕایه‌تی كارگێڕییان، بۆ ماوه‌ی دووساڵ له‌ گه‌ڵ قوتابخانه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا،پێدانی هه‌موو ئه‌ركێكی كارگێڕیی،په‌روه‌رده‌یی، هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچوون به‌ تاكه‌ یه‌ك سه‌رپه‌رشتیار،كارێكه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ جێی خۆی نییه‌، بگره‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌شه‌.

چونكه‌ نابێت سه‌رپه‌رشتیارێك كه‌ پسپۆڕییه‌كه‌ی به‌ نموونه‌ (كوردی)یه‌، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ و هه‌موو وانه‌ و پسپۆڕییه‌كانی دیكه‌ش بكات.كه‌ دڵنیام تیایدا سه‌ركه‌وتوو نابێت. په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیسته‌مه‌، به‌ بۆچوونی خۆم وه‌ك مامۆستایه‌ك، له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ لێگرتنه‌. چونكه‌ چه‌ند بڕیارو ڕاسپارده‌یه‌ك ده‌درێته‌ قوتابخانه‌كان،كه‌ گونجاو نین وجێبه‌جێكردنیان ئه‌سته‌مه‌.سه‌رپه‌رشتیار، ئه‌ركێكی تایبه‌تی و دیاریكراوی هه‌یه‌( گه‌رچی وه‌ك مامۆستایه‌ك بڕوام وایه‌ یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی ئۆرگانێكی زیاده‌وپێویست نییه‌)كه‌ئه‌ویش به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانستی قوتابخانه‌ و چاودێریكردنی جێبه‌ جێكردنی ڕێنماییه‌كانه‌.
وه‌لێ به‌ پێی ئه‌و ئه‌ركه‌ نوێیه‌ بێت كه‌ هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر له‌ ئه‌ستۆیدایه‌، ئه‌وا ئه‌رك و ڕۆڵی زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی قوتابخانه‌ و مامۆستاكان و به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆشی هیچ ڕۆڵێكی هه‌بێت له‌ زه‌مینه‌كه‌دا.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رقاڵكردنی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كان به‌و هه‌موو ڕۆتینه‌ كارگێڕییانه‌ی قوتابخانه‌، واده‌كات به‌ڕێوه‌به‌ر زۆرتر ڕۆڵێكی كارگێڕیی ونووسینه‌كی هه‌بێت له‌ وه‌ی پێشه‌نگی قوتابخانه‌ و نێوه‌ندی یه‌كه‌می ئاراسته‌ كردنی بڕیارو ڕاسپارده‌كان بێت. له‌ كاتێكدا به‌رپرسیاریه‌تی قوتابخانه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ سه‌رشانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ و ئه‌و ده‌بێت ئاگاداری هه‌مووگرفت و كێماسییه‌كانی قوتابخانه‌ و قوتابییان و مامۆستایانیش بێت. لێره‌دا به‌ كورتی چه‌ند خه‌وشێكی ئه‌و شوناسه‌ تازه‌یه‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو:_

یه‌كه‌م:_ هاوڕێ و ڕه‌خنه‌گر:_

بێگومان، كۆكردنه‌وه‌ و لێكدانی هه‌ردوو وشه‌ی هاوڕێ و ڕه‌خنه‌ له‌ دوو توێی ڕسته‌ و ده‌ربڕینێكدا، پارادۆكسێكی واتایی و زمانه‌وانی زه‌قه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك سه‌روكاری له‌گه‌ڵ دنیای ڕه‌خنه‌گرتن هه‌بێت و له‌ ماهیه‌تی ئه‌و چه‌مكه‌ بگات، تێ ده‌گات كه‌ ده‌بێ كه‌سی ڕه‌خنه‌گر، چه‌ند كه‌سێكی بێ لایه‌ن، پیشه‌یی، سه‌ربه‌خۆ بێت و نه‌كه‌وێته‌ ژێر هیچ فشارو كاریگه‌ریه‌تییه‌ك. ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت، ده‌بێ دوور بێت له‌ هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوڕێیه‌تی، شاریی و ئایدۆلۆژی. نازانم چۆن كه‌سێك له‌ یه‌ك كاتدا ده‌توانێت هاوڕێت بێت و ڕه‌خنه‌گریشت بێت؟ ئاخۆ هاوڕێیه‌تییه‌كه‌ نابێته‌ هۆی جۆرێك له‌ چاوپۆشین و سڵكردنه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك لادانی یاسایی و كارگێڕی و هه‌ڵه‌ی دیار؟ من ده‌زانم لێره‌دا مه‌به‌ست ڕه‌خنه‌ی بونیادنه‌رانه‌یه‌، وه‌لێ ڕه‌خنه‌ چه‌مكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ و نابێ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك. گریمان ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی توندووتۆڵ له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك و ئه‌و هاوڕێ ڕه‌خنه‌گره‌ هه‌بێت، ده‌توانێت به‌ سه‌ربه‌ستی ڕه‌خنه‌ بگرێت و نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌؟. بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌م ناوی هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر بكرێته‌ هاوڕێی قوتابخانه‌..

دووه‌م:_ هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستایان:_

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هه‌ڵه‌ زه‌قه‌كانی هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داوا ده‌كات مامۆستایان خۆیان خۆیان هه‌ڵبسه‌نگێنن و ئاستی زانستی خۆیان پێوانه‌ بكه‌ن!. له‌ ڕاستیدا، یه‌كه‌مجاره‌ گوێبیستی شتێكی نامۆی له‌وشێوه‌یه‌ ده‌بم.نازانم چۆن كه‌سێك به‌ خۆی كاره‌كانی خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؟. كه‌ كورد وته‌نی كه‌س به‌ دۆی خۆی ناڵێت ترشه‌. ئاخۆ ئه‌مه‌ نابێته‌ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دوور له‌ هه‌موو پێوه‌رێك مامۆستایان نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خۆیان دابنێن؟.ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك شیعر بنووسێت و هه‌ر به‌خۆشی شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبسه‌نگێنێت و خه‌ڵاتی یه‌كه‌میشی پێ بدات. له‌وه‌ هه‌ڵه‌تریش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داوا ده‌كرێت ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ئێستا(مانگی ده‌) بكرێت. كه‌ تازه‌ له‌ سه‌ره‌تای خوێندنین و ده‌یان به‌شی خوێندن ماوه‌ ته‌واو بكرێن.نازانم شتێك نه‌خوێنرێت چۆن هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت؟!پێشنیار ده‌كه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستایان بخرێته‌ كۆتایی ساڵ و له‌لایه‌ن خۆشییانه‌وه‌ ئه‌وهه‌ڵسه‌نگاندنه‌ نه‌كرێت.

سێیه‌م:_ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی قوتابخانه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌:_

هه‌ڵبه‌ته‌، قوتابخانه‌ نێوه‌ندێكی پیرۆزه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو ئۆرگانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌لگاوه‌ هه‌یه‌.بۆیه‌ چه‌ند پاڵپشتی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ بین و كه‌موكورتییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، ئه‌وه‌نده‌ی تر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ پێش ده‌كه‌وێت. بۆیه‌ بڕوا ناكه‌م كه‌سێك هه‌بێت لاری له‌وه‌ بێت هاوكاری و ده‌ستی یارمه‌تی بۆ قوتابخانه‌یه‌ك درێژ بكات. وه‌لێ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ تائێستا نه‌بۆته‌ كولتوور له‌نێو ئێمه‌ و زۆر به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سانێكی زه‌نگین هه‌ن، كه‌ پاڵپشتی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و پێداویستییه‌كانی دابین بكه‌ن.له‌ كاتێكدا بۆ نموونه‌: ئه‌گه‌ر مزگه‌وتێك بینا بكرێت، هه‌زاران كه‌س ئاماده‌ن به‌شداری له‌و كاره‌دا بكه‌ن،به‌ڵام بۆقوتابخانه‌یه‌ك ونه‌خۆشخانه‌یه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
كه‌واته‌ ئه‌مه‌ كاركردنێكی گه‌وره‌ی هزری و په‌روه‌رده‌یی ده‌وێت، تاكو هه‌مووان ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ بیناكردنی قوتابخانه‌یه‌ك، هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ بیناكردنی مزگه‌وتێك. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ داواكارییه‌كانی هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر له‌ قوتابخانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داوای هاوكاری له‌ خه‌ڵكی گوند و سه‌رمایه‌داران و كه‌سانی خێرخوازبكه‌ن، تاكو كه‌مو كورتییه‌كانی قوتابخانه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌. بێگومان داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌، جێگه‌ی خۆی ناگرێت.چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ وه‌ك باسمان كرد ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ به‌ كولتوور له‌ نێو ئێمه‌دا، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هاووڵاتییان بۆچوونیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێویستییه‌كانی قوتابخانه‌كان دابین بكه‌ن، ئه‌ی چی له‌و بودجه‌یه‌ دێت كه‌ ساڵانه‌ حكومه‌ت بۆ كایه‌ی په‌روه‌رده‌ ته‌رخانی ده‌كات؟.بۆچی په‌روه‌رده‌كان خۆیان كێشه‌ی قوتابخانه‌كان چاره‌سه‌رناكه‌ن؟ چونكه‌ زۆربه‌ی خێزانی كورد، ئاستی بژێوییان نزمه‌ و ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بێ به‌رامبه‌رخوێندنیان بۆدابین نه‌كات، دڵنیام زۆرینه‌یان ناتوانن خوێندن به‌ منداڵه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن.گریمان ئه‌م كاره‌ وه‌ك كارێكی مرۆیی، خێرخوازیی و په‌روه‌رده‌یی، ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ ده‌توانرێت هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام بێت؟.بۆیه‌ پێشنیار بۆ به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌مه‌ نه‌كرێته‌ ڕێسایه‌ك و به‌سه‌ر قوتابخانه‌كاندا بسه‌پێنرێت، كه‌ دڵنیام له‌ خه‌می ڕیفۆرمكردنی په‌روه‌رده‌ دایه‌، وه‌ك چۆن له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونیشیدا چه‌ند بڕیارێكی گرنگی ده‌ركرد.

چواره‌م:_ دیدو په‌یام و لۆگۆی قوتابخانه‌كان:_

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ داواكارییه‌كانی هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر له‌ كارگێڕی قوتابخانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێ هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ك دید و په‌یام و لۆگۆی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت.له‌ ڕاستیدا، بوونی ئه‌و هه‌موو دید و په‌یامه‌ جیاوازانه‌ له‌ ئاستی دروشم و پره‌نسیپدا، شێواندنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌ بڕوای من وه‌ك مامۆستایه‌ك. چونكه‌ په‌روه‌رده‌ خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ترین و پیرۆزترین دید و په‌یامه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات په‌یامی ترمان هه‌بێت. هه‌موو پێشكه‌وتن و بیناكردنێك، هه‌موو هوشیاریی و درك كردنێك له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر توانیمان په‌یامی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی خۆمان بگه‌یه‌نین و پڕۆفیشناڵانه‌ پراكتیزه‌ی بكه‌ین،ئه‌وا پێویستمان به‌ هیچ شتێكی ترنابێت. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ قوتابخانه‌كاندا و له‌ سه‌ره‌تای هاتنی منداڵ بۆ قوتابخانه‌،ئه‌وانمان فێری گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، خۆشه‌ویستی خاك و نه‌ته‌وه‌ و ئاڵا، هزری ژینگه‌ دۆستی، كولتووری خوێندنه‌وه‌ی كتێب، لێبورده‌یی و گیانی پێكه‌وه‌ ژیان كرد، پێویست به‌وه‌ ناكات په‌یامیان بۆ دابنێین و فێریان بكه‌ین.هه‌ندێك بنه‌ما هه‌ن، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌شێكن له‌ په‌روه‌رده‌ و ده‌بێ مامۆستا خۆی هه‌ستی پێ بكات و قوتابییان فێر بكات. ئیدی نازانم ئه‌و هه‌موو دیدو په‌یام و دروشمانه‌مان بۆ چییه‌؟. كه‌ منداڵمان له‌ قوتابخانه‌ فێری هه‌موو شتێكی ڕاست و دروست و یاسایی كرد، پێویست به‌وه‌ ناكات دید و په‌یام دابڕێژین كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆرینه‌یان هه‌ر كاریشی پێ نه‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ ئه‌ركی قوتابخانه‌ و توێژی مامۆستایانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر دید و په‌یام له‌ قوتابخانه‌ش نه‌بوو، بزانن په‌یامی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ چییه‌ و ئه‌ركی مامۆستا به‌رامبه‌ر به‌ قوتابییان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر هاوڕێی ڕه‌خنه‌ گرتازه‌ ڕێنمایی به‌ مامۆستایان بدات كه‌ قوتابییان فێری ئه‌وه‌ بكه‌ن نیشتمانه‌كه‌یان خۆشبوێت،ئاڵاو خاكه‌كه‌یان بناسن،له‌ گرنگی په‌روه‌رده‌ و فێركردن تێ بگه‌ن، مانای وایه‌ ئێمه‌ بیست و هه‌شت ساڵه‌ هیچمان نه‌كردووه‌ و ده‌بێ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌.هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ لۆگۆی قوتابخانه‌كانیشه‌، ئه‌وا بوونی هه‌ر لۆگۆیه‌ك بۆ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك، جۆرێك له‌ بێ یاسایی و بێ به‌رنامه‌یی ده‌رده‌خات.

له‌ هه‌موو دنیادا، لۆگۆ و ئاڕم تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت، حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان، كه‌چی لای ئێمه‌ قوتابخانه‌ هه‌یه‌ هه‌شت قوتابی هه‌یه‌ لۆگۆی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها لای ئێمه‌ بوونی هه‌یه‌ له‌ هیچ وڵاتێك بوونی نییه‌. بۆیه‌ ده‌بێت په‌روه‌رده‌كان و گشت قوتابخانه‌كان، ته‌نها لۆگۆی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بكه‌نه‌ ئاڕم و نیشانه‌ی خۆیان و له‌ نووسراوه‌كانیاندا هه‌بێت. ڕه‌نگه‌ زۆر سه‌رنج و تێبینی دیكه‌شمان له‌ باره‌ی ئه‌ركی هاوڕێی ڕه‌خنه‌گره‌وه‌ مابن،وه‌لێ بۆ ئێستا به‌ پێویستییان نه‌زانین و له‌ كاتێكی تردێینه‌وه‌ سه‌ریان.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ژماره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی10/11/2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم … ئازاد ئەسوەد

لەناکاو تەنێکی ئاسمانیی بەبن گوێما گڤە ئەکا و بەر نووکی لووتم ئەکەوێ
تالیبەرێك لە لاقەبڕغەم ئەچەقێ و لەگەڵ ڕێکردنما ئەلەرێتەوە
وەك مردوویەك لەناکاو چاو بکاتەوە
وەك پەیکەرێك لە نیوەی شەودا بە ڕووما بقیژێنێ
لە ژوورێکی بێ دیوارو زەمینەو بنمیچدا وێنەی خۆم بە پیریی ئەبینم دائەچڵەکێم؛
هەردوو پێم چەپە، رووم لەپشتەوە،
پرچم، دڕكوداڵی خوار تەلبەندی تێکشکاوی ئۆردووگایەکی تەپیوە
دەستم، قولاپی ژەنگاویی دوورە کەناری رووبارێ
ئەژنۆم ئەژنۆی مێشەنگ و چاوم دەنکە تەسبیح
زمانم مۆز، بیرم بارانی ئەسید
قەفەزی سینگم؛ کەڵبەی قەرش
دڵم کۆندۆمی سپێرماوی
سەرم میتاڵی کرۆم و، مێشکم زەڕنیخ و چیمەنتۆ
من هەڵاتووی ناو بورکانی تابلۆیەکم؛ شلەبەردی ئاگراویی لێ ئەڕژایە سەر کاشیی پیشانگا
لە کونە رێوییەکی تەنگ سەرم دەرهێنا و لەناکاو شڵپە لە ناوچەوانمەوە هات نازانم فیشەك بوو نەیزەك بوو
لەگەڵ سووڕانەوەی زەویدا بەربوومەوە
چاڵە ڕەشەکان هەڵیانلووشیم
لە هەسارەیەکی تاریکدام ناو بەناو لە ئاسمان ئەخشێ و
پڕیشکی؛ شوێنپێی زلی ناو قوڕاو ڕۆشن ئەکاتەوە
زریکەی دار خۆڵەمێش و، فۆسیلی ملیۆنان ساڵەی مامووت و، مەکینەیەکی لەکارکەوتووی زەمەن.
خوا پەنجە بە دوگمەیەکدا ئەنێ؛ هەسارەیەك ئەتەقێ
بە تووڕەیی ئاوڕ لە زەوی ئەداتەوە؛ زەوی ئەلەرزێ
زنجیرێك لە ئاسمانەوە شۆڕ ئەبێتەوە؛ ئەژدیهایەك بە نەڕەنەڕ سەرئەخات
خۆڵەمێشی تیشکی گەرم ئەوەرێتە سەر مووی بازووم
نیوە شەوێك بە قیژەی پیرێژن بەئاگا دێم. قیژە ئەبێ بە سەدای قاقا
ئێسکەپەیکەری دەستێکی زل، بە ڕیتمێکی ڕێک، بە نووکی پەنجە لە پەنجەرەکەم ئەدات
بروسکێك بەتەوقی سەرما دێ. گوڵاڵە ڕەشەکانی دەوری گورچیلەم لە دەممەوە سەردەردێنن
بە دەرپێی کورتەوە خۆم ئەگەیەنمە داڵان؛ جیڕە جیڕی دەرگای واڵا. زڕەی کەوچکی هەڵدراو لە متبەق. نەڕەی دووکەڵ و، زیڕەی جنۆکە
لەناکاو گڵۆپی توالێت دائەگیرسێ
شوێنپێی تەڕی سەر پێپلیکانەکان. پارچە شووشە و دەمامکی نیمچە سووتاو.
کلکی مارێك ئاوی توالێت ئەشڵەقێنێ و خۆی ون ئەکات
دەست بۆ دەسکی دەرگا ئەبەم؛ قیژەی لێوە هەڵئەستێ
لەناو لیك و ئارەقەدا لەخەو ڕائەچڵەکێم؛
بە قاچی نەعامە و شاخی گامێش و کلکی بەرزی سمۆرەوە خۆم ئەبینم
جنۆکەیەكم لە ژێرزەمینی نووتەکی خانوویەکی جێهێڵراودا، بە فیکەی بنیادەم هاروهاج ئەبم و ئەقیژێنم
ژەنگی بنی پێم لە سمارتە ئەدەم و بە شەقامە پشکۆڕێژەکاندا پیاسە ئەکەم
لەناو سەرمدا؛ هارمۆنیکای (ئینیۆ مۆریکۆنی) و وێنەی پێنج کاوبۆی پاڵتۆ درێژ بەرامبەر مێردمناڵێکی دەبە ئاو لەباوەشگرتوو
جووەکان لە موسا یاخی ئەبن و بەدەوری گۆلکێکی زێڕیندا ئەخولێنەوە
لە شەقامێکی قەڵەباڵغدا لەشکری ئاشوورییەکان بە تیر و کەوانەوە مارش ئەکەن
قەشە و فەلەکناس، پشت لەیەك، دە هەنگاو ئەنێن و لەگەڵ ئاوڕ دانەوەدا رووی دەمانچە لەیەك ئەنێن…
هەزاران باڵندە لەژوور سەری پیرەمێردێکدا ئەفڕن؛ لە جەنگی رزگاریدا پاڵەوانی نەتەوەیی بوو، ئێستاش نیمچە شێت
لە جامی ئاودییەکی شاهانەوە سەگێك پێم ئەوەڕێ، ڕائەچڵەکێم
سەر بە چێشتخانەیەکدا ئەکەم؛ لەژێر مێزەکاندا بە سکەخشکێ خۆم ئەگەیەنمە ڕانی ژنێك. هەموو هەڵدێن و قاپ و چەنگاڵ و کورسیم تێ ئەگرن
سەر بەرز ئەکەمەوە، لە جامی چێشتخانەکەدا خۆم ئەبینم؛ من ماری ئەناکۆندام!
لە ئاهەنگێکدا، لەسەر شانی ڕووتی ژنێکی قژ زەرددا خۆم ئەبینم؛ بە قاچ گوێم ئەخورێنم. ئاهەنگگێڕەکان بە قاقاوە دەستم ڕائەوەشێنن. دەستێك تەپەتەپ لە پشتم ئەدا. وەرئەسووڕێم؛ مۆزێک بە دەستیەوە، لە چاویلکەکەیدا خۆم ئەبینم؛ من مەیموونم!
ئەگەڕێمەوە ناو جەنگەڵ؛ مەیموونەکان بە قیژەقیژ سەر دارودرەخت ئەکەون و ئەم چڵ و ئەو چڵ ئەکەن. لە قیژەیان هەڵدێم تا ئەگەمە سەر گۆلاوێك، دائەنەوێم؛ من مرۆڤم!
مرۆڤێکی درێژکۆلەی بێدەست و قاچ، لە پێستی مار، لە قوژبنی بنمیچی دارینی نزمی کۆختێکدا، شەڕی پارتیزانی لەگەڵ جوتیارێکدا ئەکەم بە خاکەنازەوە بۆم دێ.
بە شەش قاچ و چوار باڵ و دوو شاخیلەوە، لە پەنا گوێی ژیشکێکی تۆقیودا خۆم ئەبینم
بەرەو گۆلاوێکی پڕ لە تیمساح هەنگاو ئەنێم، لە پشتمەوە؛ پێکەنینی ترسناکی کەمتیار و، ژوور سەریشم؛ قیژەی واشە
پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم. خۆم بە ورچێکدا ئەکێشم. پێم لە مارێکی سڕ هەڵئەکەوێ و ئەکەومە سەر پشتی تیمساحێك
لەناو لیك و ئارەقەدا لە خەو ڕائەچڵەکێم؛
لەشم نوقمی لمە. سیسارکە کەچەڵێك چڕنووکی لە برۆم گیر کردووە. بیست مەترێك لەولامەوە خێڵێك کەمتیار بە ئەسپایی بۆم دێن، پاشان بە غاردان




کەڵاشینکۆڤ، کوانتن کۆمپیۆتێر و کورد!… برایم فەرشی

پێشکەش بە منداڵێکی فەیلەسووفی کورد!

کەڵاشینکۆڤ لە زاوزێی شەڕی دووهەمی جیهانی ساڵی ١٩٤٣ داکەوتە ناو بازاڕی چەک. کوانتن کۆمپیوتێر لە سەردەمی کێبەرکێی سایبەرتێکنۆلۆژیی، هاتوچۆی بەپڕتاوی مێگازانیاریی، پاش تێپەڕبوونی ١٥٣ ساڵ بە سەر یەکەم پێوەندی ئینسانی ناو قاڕەکان لە ڕێگای کابلی تێلگراف و تەلەفون، ، لە لایەن شیرکەتی گوگل ساڵی ٢٠١٩ سازکرا. کەڵاشینکۆڤی حەفتاوشەش ساڵەی پارتیزانەکان، هێما نەماوە بۆ شۆڕشگێڕیی و گەیشتن بە ئازادی. پارتیزانەکان لە چنگ فاشیسم، کۆیلەتی و کۆلۆنیالیسم ڕزگاریان هاتوە، هێندێکیان ناویان چۆتە ناو ڕیزی دیکتاتۆڕەکان. کڵاشینکۆڤ بەرهەمی سیستەمێکی فکریی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک بوو، کە لە بەریەک هەڵوەشاوتەوە، میکایل کڵاشینکۆڤ نەماوە، بەڵام چەکەکەی لە شانی کوردەکان نەبۆتەوە!
کڵاشینکۆڤ وەک چەکیش بەزیوە. ” M136″ -ی ئوسترالیایی بەرهەمی مودێرنترین تیکنۆلۆژیی سەردەم، لە یەک چرکە(سانیە)، شازدەهەزار و لە یەک خولەک(دەقیقە)، یەک میلیۆن فیشەک دەهاوێژێ و نیشانەکان دەپێکێ. ئەو چەکە لە لایەن هێزی نیزامی ئەمریکاوە بەکار دەهێندرێ.
M136 خێراترین چەکی جیهانە، بەڵام خێراتر لە کوانتن کۆمپیۆتێر نییە. کوانتن کۆمپیوتێر هەزار میلیۆن ( یەک میلیارد) جار خێراتر زانیارییەکان بەکار دەهێنێ بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارەکان . کوانتن کۆمپیوتێر لە ماوەی سێ خوڵەک، وڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە ئێمەی مرۆڤ بۆ وڵامدانەوەیان پێویستمان بە دەهەزار ساڵ کات هەبوو. واتە گەر مرۆڤ بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارێکی ئاڵۆز و فرەلایەنی ماتماتیک پێویستی بە دەهەزار ساڵ کات بۆ حیسابکردنی هەبێ، کوانتن کۆمپیوتێڕ کە حیساباتی بێکۆتایی نێوان ((0-1 ئەنجام دەدات، سێ خولەک و بیست چرکە کاتی پێویستە.
کورتکردنەوەی دە هەزار ساڵ کات بۆ سێ خولەک، یانی گۆڕان لە چەشنی یەکەم تەقینەوە، کە بووە هۆی دەرکەوتنی کائینات. ئەوەی کوانتن کۆمپیوتێر و کورتکردنەوەی کات لەو چەشنە، چ گۆڕانێکی لە دوایە، کەس نایزانێ، بەڵام ئەوە دەردەخات، کە نڕخی کات بەرز دەبێتەوە و ماشینەکان(جیلی نوێ) دەوری سەرەکی لە ژیانی مرۆڤدا پەیدا دەکەن و بە سەر مرۆڤیشدا زاڵ دەبن.(ئەم بابەتە لە کۆمەڵێک وتاری تردا ڕوون دەکەمەوە). کورتکردنەوەی کات بۆ وەرگرتنی زۆرترین زانیاریی و وەرگرتنی وڵامی پرسیارە بێ وڵامەکان لە کورتترین کات، مانای ئەوەیە کە کات و زانیاریی بەرزترین سەرمایە و بەنڕخترین سەرمایەی مرۆڤ بوون و هەن و دەمێنن، مرۆڤ بە بێ کات و زانیاریی، بوونی لە نەبووندا کۆتایی پێدێ. بۆ وێنە شۆڕشی سەنعەتی ئووروپا بە بێ بەستنەوەی مرۆڤ بە کات، گۆڕانی کۆمەڵگا و ئینسانی لێنەدەکەوتەوە. فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە تێگەیشتن لە کات و گرنگیدان بە کات، دەوری سەردەمیانەی خۆی گێرا و تێگەیشتنی ئینسانی ڕۆژئاوای لە کات قووڵتر کردەوە و ئینسان و کات و کار لە فۆڕمێکی نوێی کۆمەڵگا، لە یەک گرێدران. لە سەردەمی کوانتن کۆمپیۆتێر ئینسان و کات دەبنە دووانەیەکی نوێ.
خێرایی لە وەرگرتن و بەکارهێنانی زانیاریی، گرنگی چارەنووسسازیی پەیدا کردووە. خێرایی لە بیرکردنەوە، لە مامەڵەکردن، لە هەڵوێستگرتن، لە سیاسەتکردن و دیپلۆماسی و تێگەیشتن لە سەردەم، پێویستی ژیانی سەردەمە. مانای ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکانی جیهان لە هەموو بوارێکدا، خێراتر و بە پەڕتاوتر ڕوودەدەن. گۆڕانکارییەکان سەتان جار خێراتر لە سەردەمی کڵاشینکۆڤ ڕوودەدەن و زۆرینەی خەڵکی جیهان، لە ڕەوتەکە و خێرایی گۆڕانکارییەکان بەجێ دەمێنن. بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک ئاڵمانی پێشکەوتوو، شازدە میلیۆن کەس لە ڕەوتی ڕۆژانەی بەکارهێنانی کامپیۆتێر و تەلەفوونی دەستی وەدواکەوتوون. داهاتوو ڕوون نییە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە زانیاریی دەوری چارەنووسساز لە ژیانی مرۆڤدا دەگێڕێ. ئەوە ڕوونە کە ڕێژەی وەدواکەوتووان لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان، زۆرتر و زۆرتر دەبێ، گەر هەر ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان بیست لە سەد بێ، لە وڵاتانی تر زۆرترە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نمازە کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەجێماون.
سەنعەت و بازاڕی چەک، گرێدراوی زانیاریی و زانست و تەکنیکی نوێیە، بازاڕ بە بێ شەڕیی نوێ گەرم ناکرێ. شەڕ و بازاڕ لەو شوێنە گەرم دەکرێ، کە سەری شەڕ، مایە بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک، خەڵکێک بۆ گەرمکردنی کورەی شەڕ هەبن. ئەو شوێنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هەموو مۆرە و کارێکتەرەکان و مایەی شەڕیی هەیە. ئەو شوێنە لانکەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە و ئەمڕۆ شڵەژاوترین شوێنی سەر گۆی زەوییە. ئەو شوێنە، شوێنی نیشتەجێبوونی یەک لە کۆنترین خەڵکانی جیهانە، شوێنی کوردەکان!
کورد لە سەردەمی خێرایی خێراییەکان، گرفتەکانی سیاسی، نەتەوەیی خۆی بە کام کەرەسە و تێگەیشتن چارەسەر دەکات، تێگەیشتنی سەردەمی کڵاشینکۆڤ یان تێگەیشتنی سەردەم؟ تێگەیشتنی سەردەم، نەتەوەکان هاندەدا بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی- ناوچەیی. هیچ گرووپ و تاقم و دەستە و نەتەوەێکی بێ وڵات، لە سەردەمی نوێدا، داهاتووی بەختەوەرانەی نابێ. ئەو نەتەوانە داهاتوویان مسۆگەر دەبێ کە خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان دەدەن. کورد خۆی بڕیاردەر نییە و چارەنووسی کەوتۆتە دەستی حکوومەتەکانی دەوروبەر و حکوومەتەکانی جیهان. بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەرکام لەو وڵاتانە، ئەوە نییە، بەرژەوەندی کورد وەپێش بەرژەوەندی خۆیان بخەن، یان ڕازی بە ماف و بە رژەوەندی یەکسان بن. کورد بە درێژایی مێژووەکەی، بەرژەوەندی خۆی وەدوای بەرژەوەندی نەتەوەکانی تر و زمان و ئایین و کیانی ئەوان خستووە. گرفتی کورد لەو تێگەیشتنەوە دەست پێدەکات و هەتا ئەو فۆرمۆلە نەگۆڕدرێ و بەرژەوەندی خۆی و نەتەوەی خۆی وەپێش نەتەوە و ئایین و زمان و کیانی ئەوانیتر نەخات، کێشەی کورد چارە ناکرێ! لە شەڕدا کورد لە بەرنبەر “دوژمنەکەی” دەوستێ، لە سیاسەتدا بە بەرانبەرەکەی دەدۆڕێنێ. گرفت لە چەکدا نییە، گرفت لە تێگەیشتنی مرۆڤی کوردی خاوەن چەکە!
بە ناوی “رێئاڵ پۆلیتیک” و ستراتێژی “گام بە گام” ناکرێ مێشکی حکوومەتی ئیسلامی و مرۆڤی نوقمبوو لە نەزانی هەزاروچوارسەت ساڵە، بگۆڕدرێ و ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەدەیەکی نەبوودا، کورد بە ماف بگەییندرێ؟ سیاسەتی بەغدا و دمێشق و ئانکارا بە زەبری فەرهەنگ و تێگەیشتنی سەردەمی کەڵاشینکۆڤ، دێموکراتیزە ناکرێ و مەدینەی فازلە بۆ گشت نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکنایات. بە ناوی فێدڕاڵی مووچە و مووچەی زۆرتر بۆ مووچەخۆر، لە بەغداوە نانێردرێ!
بە کەڵاشینکۆڤ مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تانک و چەکی M136 لە کار ناخرێن! بە چەسپاندنی چوار لاپەڕە بە دیوارەکانەوە، مێدیای زاتلیت و دژیتاڵی و مێدیای ئەلکترۆنیکی حکوومەتەکان ئیفلیج ناکرێن! بە چۆرت گرەو لە کوانتن کۆمپیۆتێر نابردرێتەوە! بە مێشکی سەردەمی کڵاشینکۆڤ حزب و دامودەزگای سەردەمی کوانتن کۆمپیۆتێڕ ئیدارە ناکرێ. بە خولخواردن لە بازنەی زمانی فارسی، ترکی و عاڕەبی، ڕۆشنبیریی و زانیاریی دەست ناکەوێ. بە گوێدانە ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکانی بی بی سی، ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، مۆسکۆ و چوار وڵاتەکەی دەوروپشت ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەکان نانووسرێ، بە ڕوونووسی بابەتەکانی ئینترنێت، سیاسەت ناکرێ. بە ڕێگرتن لە تەشەنەی بیر وهزریی ئەندامان، ڕێگا لە بیروهزر و گەشەی ئەندامان ناگیرێ. بە زانست و زانیاریی سەدەکانی پێشوو و لاساییکردنەوەی بیرمەندانی سەدەکانی لە بازنەدەرچوو، زانستی ئەمڕۆ پێناسە ناکرێ. بە رۆمانسیسمی کڵاشینکۆڤ چارەی سیاسی کورد ناکرێ!
دیپلۆماسی و مێدیای جیهان لە ناو خێرایی سەردەمدا دەسووڕێنەوە، سوپر سیاسەتمەدارەکان، فریای هەموو شت ناکەون. لە میانەی سەفەری دیپلۆماتەکان بۆ کۆبوونەوەکانی گرنگی جیهان، شتەکان بە خێرایی گۆڕانیان بەسەردادێ و خاڵەکانی جێگای باسی کۆبوونەوەکان دەسڕدرێنەوە و کۆبوونەوەکان ئامانجی خۆیان ناپێکن و بڕیارکان سەر ناگرن. گۆڕانکاریی، هاتوچۆی هەواڵ و خەبەر هێندە بە خێرایی ڕوودەدەن، کە بڕیارەکان قیمەتیان نامێنێ! گەر زانیارییەکان هەزار میلیۆن جار(یەک میلیارد) لە ئێستا خێراتر هاتوچۆ بکەن، کڵاشینکۆڤ لە شان، بیرکڵاشینکۆڤ، سیاسەت کەڵاشینکۆڤ، چۆناوچۆن لە بازنەی سیاسەتی سەردەمدا دەمێننەوە؟! چۆن سەر لە سیاسەت و سیاسەتی جیهانی دەردەهێنن؟
هەنگاوەکانی ئێستای کورد، ستراتێژیی نەبوویی حزبەکان، ناڕوونبوونی ویستی سیاسی، نەبوونی هێزی نیزامی سەردەم، نەبوونی دەزگای بیر وهزری ئەمڕۆیی، لاساریی بەرانبەر بە پڕێنسیپەکانی سیاسی سەردەم، نەبوونی مێدیای سەردەم، گیرفانی بەتاڵی حزب و ڕێکخراوەکان و فەرهەنگی سواڵ و سەدەقە وەرگرتن، بوونی نوخبەی بێکەڵکی هەزار ڕەنگ، بوونی تاک تاکی دڕدۆنگ لەیەک، نەتەوەیەکی داپچڕاو و لەبەریەک ترازاو، ژێربینا و ڕووبینای داڕووخاو، کۆتەردیپلۆماتی کەسایەتی چەماو،لە حاندا دیپلۆماتی مرۆڤخۆریی سێ نەتەوەکەی دەوروبەر، هەمووی کورد فرسەخ فرسەخ لەو سەردەمە و چارەسەری نەتەوەیی و ئینسانی دوور دەخاتەوە.
تێڕوانینن و ئاکار و کاروجموجۆڵی حزب و دەزگاکانی ناحزبی کورد، لە چارەسەریی گرفتی کورد دوورن و لە ئاستی ناوخۆ، ناوچە و جیهان، کورد لە سەرکەوتن نزیک ناکەنەوە. لە چل ساڵی ڕابووردو لە کێبەرکێ سیاسی لە گەڵ هیچکام لە چوار ڕژیمی ئێران و عێراق و سوریە و تورکیا سەرکەوتنی نیزامی بە بێ پاڵپشتی هێزێکی دەرەکی بەدەست نەهاتووە و بە پێچەوانە لە بەستێنی نیزامی تێکشکان لە دوای تێکشکان تۆمار کراوە. داهاتوو ناڕوونە، بە تایبەت بۆ ئەو لایەنانەی چاوەڕێی ئەوە دەکەن، سەرۆکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، سناریۆی عێراقیان بۆ دووبارە کەنەوە.
نوستالژی ڕابووردو، خەیاڵاتی ڕۆمانسی، وەهمی بە دێمۆکرات کردنی فاشیست و شوونیست، سیاسەتی چاوەڕوانییکردن، خولخواردنەوە لە ناو تێگەیشتن و سیاسەتی سەردەمی کەڵاشینکۆڤ، بەردەوامبوون لە ستراتێژیی سۆڤیەتی حزبەکانی کورد، بە ئیسلامیکردنی سیاسەت، ڕزگاریی بەدوادا نایات. ڕزگاریی لە تێگەیشتنی سەردەم و خۆ لە ئاستی سەردەمدا بینینن، خەڵک بەرەو ئاستی سەردەم بردن، هێزیی سیاسی، نیزامی، ئابووریی پەیداکردن، خۆ تێکەڵ دیپلۆماسی سەردەمکردن، دێتە دی!
هەر هێزێک ستراتێژی بەرەو سەردەم بردنی نەتەوەیەکی ٥٠ میلیۆنی هەبێ و ئەو نەتەوەیە لە پاژگەڵبوونی نەتەوەکانی تر و سیاسەت و فەرهەنگ و تێگەیشتنی ئەوان کە بە سەر میللەتی کورددا سەپێندراوە، ڕزگار بکات، هێزی سەردەمی خۆیەتی. خێرایی کۆمەڵگای جیهانی، ئێمەی بەجێ هێشتووە و لە سەرمان ڕانەوەستاوە. کورد لە سەردەمی کڵاشینکۆڤ، سەردەمی “بیتBit ” و “بایت Byte” بەجێما، با لە سەردەمی “کوبیتQubit” بەجێ نەمێنێ! هەرچەند ئەم قەڵەمبازە لە کەڵاشینکۆڤەوە بۆ”کوبیتQubit” ناکرێ، بەڵام تێگەیشتن لە سەردەم، ڕێگا نیشان دەدا.

برایم فەڕشی
ئۆکتۆبری ٢٠١٩




ئالێره‌دا … شیعری شه‌هید زانا مه‌حموود

ئالێره‌دا بوو
باڵی مه‌له‌كان پچڕابوونه‌وه‌
نه‌با به‌فره‌كه‌ ئاسمان شه‌ق بكا
ئێسكی هه‌زاران … ئه‌خرایه‌ نێو چاڵ
نه‌با به‌یانێك … چووزه‌ره‌ بدا


ئه‌لێردا بوو
ئه‌ستێره‌كان و ئاسمانی ته‌ڕپۆش
چڵۆكی ته‌م و وێرانیی شه‌ڕ بوون
لاوژه‌ی برسێتی و گریانی خامۆش ..
به‌ زڕه‌ی پێوه‌ند … پتر هه‌ڵئه‌چوون.


هه‌ر به‌ خۆم بینیم
ئه‌وه‌ی ده‌نگێكی .. ڕاستی هه‌ڵئه‌بڕی
نه‌ك یه‌ك.. هه‌زاران، شیر سه‌ری ئه‌بڕی
ئه‌وه‌ی نگینی به‌ سوڵتان ئه‌برد
بۆ دۆزه‌خێكیان ڕه‌وانه‌ ئه‌كرد
به‌ڵام هه‌ر ڕاستی
له‌ نێو هه‌زاران قرمژن و ده‌سڕێژ
ئه‌یچرپانده‌ گوێی شاری گێژ و وێژ
ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆی ناوه‌ به‌ سه‌ریا
نه‌ك كڵاو .. خۆیشی ده‌با با بیبا .
…………………………………………………




کتێبی شیعری/ وزەی سپی … دڵشاد عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




فیکە …. پشکۆ ناکام

….دەمی هەر کەسێک ئەکەیتەوە بۆڵە بۆڵێتی ، توڕەیە ، جوێن ئەیا …سەر بە هەچ حیزبێکا ئەکەیت نارازییە ، وەزعەکەی بەدڵ نیە ، رەشبینە …هەر کادرێکی حیزبی ئەگری زیاتر لە هەر کەسێکی مەعمولی باس لە خراپی وەزع و گوزەران ئەکا..پێی باش نیە خەڵک تووشی چ بارێکی قورس و ناهەموار بوون ، خەفەت ئەخوات!! ئەی عەرەب ووتەنی(این المفر ؟)..ئیتر کێ پەنای ئەو خەڵکە بێ؟ کێ ئەتوانێ چی بکا بۆ کۆتایی هێنان بەو هەموو میحنەتەی کۆمەڵانی خەڵک لە سایەی سەری دەسەڵاتی کوردییەوە تووشی بوە ..! ووتمان ئەوە پارلەمان کارتۆنیە و تەنها وەک سنوقێکی پۆست بۆ ناردن و تێپەراننی بڕیار و پرۆژەکانی دەسەڵات بە تایبەتی ” سێ چوکڵەکە” ی بنەماڵە بەکار ئەهێنرێت ، ئەی ئەو هەموو وەزیرە مل قەوی مل قەوییانە بۆ جارێک نوتقێک ناکەن و لە کۆبونەوەیەکیانا لەگەڵ سەدری ئەعزەم جەنابی بەختەوەری سەرەک وەزیران دەرد و گلەیی و نەهامەتی ئەو خەڵکە باس کەن و پێی بڵێن چۆن ئەبێ حکومەتی بەناو هەرێم بۆی نەبێ پشتیوانی لە تێکۆشان و بەرگری و ژیانی رۆژئاوا نەکا ؟ پێی بڵێن ئاخر کە جەناب عالیتان باس لە چاکسازی ئەکەن دزینی دەغیلەی نەخۆشەکانی”شێر پەنجە” بە چی ناو ئەبەیت؟! وەزیرێک نیە قیرسیای لێ بکا و بێتە قسە و بڵێ سوئالێکم بۆ سوعبەت هەیە : داهاتی نەوهەموو داهاتە لەکام سەیتەرەیا گیری خواردوە. بەس ئەوەی دێگەڵە نەبێت ..تکایە هەر بۆ سوعبەت وەڵامم بەرەوە و شەرت بێ نەگاتە ماس میدیا ،، کێ دیویەتی جارێک ، تەنها بۆ یەک جار وەزیرێک لەسەر داواکاری خەڵک و گرفتەکانیان وەک ئیحتیجاج کۆبونەوەی جێ هێشتبێ و بەرگری لە خەڵکی پێ گرنگتر بوو بێ لە معاش و ئیمتیازەکانی ؟ کێ دیویەتی وەزیرێک بۆ یەک جار چوبێتە پاڵ کۆمەڵانی خەڵک و بەرەی میللەتی هەڵبژاردبێ و بەرگری لە مافەکانیان کردبێ ؟ جگە لە وەزیرەکان حیزبەکانیش هەڵوێستیان زۆر باشتر نیە ، (ی.ن.ک) کە (ایام زمان) جێی ئومێدی خەڵک بوو ، ئێستا تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە خۆیشی گرتۆتەوە جگە لە” نیگەرانی” هیچ دەربڕینێکی تری نیە! كاتێ کە دەسەڵاتئ فەرمانڕەوای پارتی کاندیدتێکیان بە هەر پۆستێ بێ قبوڵ ناکا ، دوا دوو سێ مانگ نیگەرانی خۆیان رائەگەیەنن کە ئەویش دوو سێ ڕۆژ ناخایانێ و بە “تەلەفۆن”ێک ئەو مەلەفەش وەک دەیان مەلەفی تر دائەخرێت ( من تا ئێستا نەمبیستوە بۆ کاندیدی کەسێک ئەبێ حیزبێکی تر رازی بێ، ئایا پارتی ئەو هەموو پاراستن و کۆنە بەعسی و …. و….. داناوە پرسی بەکەس کردوە؟) ..دەردی خۆ بە بچوک زان وا ئەکات هەرگیز نە گەورە بی و نە خۆت بەگەرە ببینی..
حیزب و گروپە دەرچوەکانی حوجرەی قورەیش ، قاچە ناساغەکەیان لە ناو خەڵکە و قاچە ساغەکەشیان لای دەسەڵات لە هەولێرە ، کەس نیە بەقەد ئەوان لەبەردەمی مایکەکانا گلەیی بکا و نارازی بێ و خۆی راوەشێنێ
بەڵام رۆژێک زوو تر لە وانی تر ئەچن بۆ معاش ، ئەوانەش کە تا دوێنێ باسیان لە هەڵتەکاننی سیستەمی حوکمڕانی ئەکرد ئەمڕۆ بوون بن بە پاسەوانی بێ بەرگی پاسەوانێتی دەسەڵات و دوێنێ هەرچیەکیان ووت دوکەڵی جگەرەی ساتێکی لاتی و بێ تاقەتی بوو و بوو بە رابردوو………..
لە وەزعێکی ئاوایا بۆ قیبلە ئەبێ خەڵک ڕوو لە کوێ بکا؟ کاتێک کە حیزب و وەزیرەکانیان لە پێش خەڵکە داخ لە دڵەکەوە ئەبۆڵێنن و بەرامبەر دەسەڵاتیش ” نەمبینی ، نەمبیست ، گوێم لێ نەبوو ” ئەکەن بە پرنسیپ و لای دەسەڵات خۆیانی پێ شیریرن ئەکەن ، لە کاتێکی ئاوا دوبل موراڵی ئەو خەڵکە بەد بەختە چی بکا و هانا بۆ کێ ؟ بۆ کوێ بەرێ؟ ئەو مەموو گرفت و ئاڵۆزییەی تووشی خەڵک بوە و دەسەڵاتیش بە کەماڵی ئیسراحەت خەریکی بەرنامە تایبەتیەکانی خۆیەتی لە ڕووتانەوەی خەڵک و نەک مێش ، مێشولەش میوان نیە ، مەگەر مێشولەی تورکی..
یەقینم لەوەی ئەم یاریکردنەی دەسەڵات بە خەڵک ئەیکا هەر ئەبێ کۆتایی بێ ،ئاخۆ ” فیکە”ی کۆتایی یارییەکە لای کێ بێ..؟!!




نەمزانی چۆن ڕەشەبا دەلاوێندرێتەوە … شوان حەسەن

ئێوارەیەک
خۆی بەدرەختی بەردەم ماڵەکەم هەڵواسی
خێرا، چاوی پەنجەرەکانم لێداخست
گوتم: نەبادە ڕوناکی ماڵەکەم ئەو دیمەنەیان بۆ بگوازێتەوە.
بە دەم خواردنەوەی چایەکی سەوز
خۆم دەخافڵاندو
دەمزانی تاریکی بە دوای درزێکدا دەگەڕێ
ناڵەی، دیوار و پەنجەرەکان پێیان دەگوتم
ترسنۆک بووم، بیرم لە خۆمدەکردەوە
فیلمێکم داگیرساند
وەرس بوونی ئەوم کرد بە ئامانجی ئەو شەوەم
نەمدەزانی، ڕەشەبا چۆن ژیر دەبێتەوە
٭٭٭
بە دیار ئاگاییەوە، دادەنیشم و
پرسیارێکانی ژوورە تاریکەکەم دەخوێنمەوە
دەرۆزەکەرەکەی بەردەرگای(Lidl) لە کێ دەخەوێ و چۆنیش دەخەوێ؟
دەبێ باڵدارو ئاژەڵەکان چۆن بخەون، بەدەم ئەو ڕەشەبایەوە؟
ئەرێ بەڕاست سێو و پرتەقاڵ چۆن دەخەون؟
بە مۆبایلەکەم سێرچمکرد
ئایە میوەکان، گژو گیایەکان، دەخەون؟
ئەوە بۆ ناخەویت؟
پرسیارەکان لە ئامێزی ئەو گرمۆلەبوون و
بەدزی منەوە چاویان لێک نا
٭٭٭
بۆ ساتێک بێ دەنگی، خۆی دەخواردەوە و
هەناسەش بۆنی خەوی لێدەهات
وێنەی شاعیرە ماسیگرەکە، کەوتە نێوانمان و
قولابە شیعرێکی لە چوارچیوەی خەیاڵم گیربوو
ئەرێ چۆن بزانم
کامەیان میهرەبان و هەست ناسکترن
ماسیەکە یاخود ماسیگرەکە!؟


ئەو درەختەی ڕووتکردەووە، ئاشقێ
تا لێی بنوسێ
هەموو شتێک بۆ من دووبارەبوونەوەی هەیە
تەنیا تۆ یەکجاریت
خەندەت وێنەی بەختەووەرترین ژنی دنیا دەچرکێنێ و
ناوە ناوە هاوڕێیەکانت، لە وشکایی ئەو درەختە دەڕوێنیت
تا ئەو کاتەی
لق و پۆپی سکالاکان بەری ترسیان لێدەڕوێ
شارەوانی ڕەوایی دەداتە مشار و
بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان دەیبڕنەوە!
لەوانەیە ئەو شەو چیرۆکێکیتری هەبوایە
٭٭٭
مەیشکێنە ئەی ئیبراهیم
تۆ لە کام بیابان هاتووی؟
تۆ لە مرۆڤی ناوئەفسانەکانیش ناچیت
دەزانی کە بەر لەوەی تۆ دەرگای مێژووم لێ بگریت؟
پرسیار و وەڵامەکان لە کۆلانەکانی ئەندێشەدا چاوشارکێیان دەکرد
لەبەرچاوم پرسیارەکانت لێ خنکاندم، قسەم نەکرد
هەر ئەوڕۆژە لەبەر زامی پەیکەرسازێكی ئەوساتە هاتمە لات و
لێم پرسیت بۆ ئەو پەیکەرانە دەشکێنیت؟
کێ بە تۆی گوتووە کە ئەوانە خودان؟
ئاخر خولقێنەر عاشقە، ئاشقە ئەی ئیبراهیم
هێندە مۆمیاکراویت، لەوانە سەرەتاییەکانی ئەشقیش ناگەیت
لەگەڵ دەنگی چەکوشەکەت دە خزێمە ناو زەمەنەت و
پارچەکانم کۆدەکەمەوە
جارێکیتر ئەو ڕەشەبایە بێ شەرمه!
کراسی خەوم دەدزێ و
لە ڕۆخ تارمایی ئەو ئێوارەیە بە جێمدەهێڵێت


زەردەپەڕ کەی دێیت؟
دەمژمێرەکەم بەرگەی ئەم شەوە ناگرێت
لە هەورازی نیگەرانی من، تووشی هەناسەبرکێ بووە
تاپێت دەکرێت زوو وەرە
کەمێک (با) ی بەردەرگای ماڵەکەی منیش بلاوێنەوە
ماندووبووم بەدەست، ململانێ خۆم و تلانەوەی ئەو
نامەوێت بمکات بە شەوێ و
درەختێ خۆیم پێ هەڵواسێ!




نوسینەوەی خود …نووسینی: ئومەیمه‌ مەلاک

ژیانی کونکونت بیستووە؟
ئەوە خود و پێناسەی هەڵوەرینمە.
ئەوەی وایکرد بەتەمەنێکی تێکشکاوەوە
لەپێشوازی خەونەکانماندا بین
هەرچی ئەوەی ئێستا لەدەستم دێت
تەنها چنینی ئەو رێگایانەن کە
دەمانگەیەنن بەهیچ
بۆ ئەو شوێنەی
کە هەموو شتەکانی تێدا بونەتە
خڵتە!




قاوه‌ڵتی … سه‌ردار جاف

سپێده‌یه‌كی ته‌زیوه‌
ڕحم به‌ به‌ر ده‌رگای قه‌ڵای گه‌ڵای زه‌ردا
هه‌ڵواسیوه‌
ژه‌مێ ماچی ته‌حریمكراو
هه‌ناسه‌ی سینه‌ی ته‌نیوه‌
تۆ له‌ سه‌مای گه‌ڵا و چرپه‌ی له‌نجه‌ته‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێی
ڕێگای دوور دوورت بڕیوه‌
سپێده‌یه‌كی كزه‌ سارد
كچێ … ژنێ له‌ ته‌پ و تۆزی شه‌یدایی
ماندوو ماندوو
ده‌نك ده‌نك ته‌سبیحه‌ كۆنه‌كه‌ی باوكمی ژمارد
نم نم باری ، بوو به‌ كه‌پكه‌به‌فرو وه‌ری
له‌ دوو فروشتوكی به‌یان
هاته‌ كنم و ڕۆحی به‌ دامێنی له‌ته‌ نانێ سپارد
له‌ ته‌ك چۆله‌كه‌ی قه‌د دیوار بوونه‌ هاوده‌می یه‌كتر و
نیگایان بۆ یه‌ك ده‌نارد
سپێده‌یه‌ك سه‌رد و ته‌ژی له‌ شنه‌با
خه‌رمانی ته‌مه‌نم هه‌روا
له‌ كتیبی دڵما نه‌نوێ و
جۆلانه‌یی به‌ سه‌ر نه‌با …!!!!
ژوانی ڕۆح له‌ خه‌ڵوه‌تێكی سۆماما پڕ دییه‌با
ئه‌و ده‌مانه‌ گریان به‌ خوڕ
ده‌بوونه‌ گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ك
به‌ حه‌سره‌تی ئیشقێ دوه‌بووین كه‌ هه‌ر نه‌با
سپێده‌یه‌كی ته‌ڕته‌ڕه‌
له‌ ئاونگ و شه‌ونم ده‌چێ
مژده‌گوڵی ڕه‌وینه‌وه‌ی غوربه‌تێكه‌
جوانتر له‌ خۆی ، خۆی ده‌نوێنێ
بۆنی هه‌ولێری هێناوه‌ و
ژوان به‌ بای ئه‌م سپێده‌ ده‌شوبهێنێ
بۆنی رلاِێحانی گرتووه‌
مێخه‌كم بۆ له‌ ئاو ده‌نێ

فرانكفۆرت
12 / 11 / 2019




لە عـەلی کیمیاوی یەوە بۆ ئەردۆگـان فـسفـۆر … رەزا شـوان

گۆمانی تێـدا نییە، کە داگیرکەرانی کوردسـتان، رەگەزەپەرسترین و تونـدڕەوترین و دڕندەتـرین و دڵڕەقـترین و بێویـژدانترین و خوێنڕێـژترن و نامەردترین داگـیرکەرن.
لە هەموو جیهانیشدا لە وێنەی ستەمکاری و نامەردنیان نییە.
داگیرکەرانی کوردستان، بێ دەسپاراستن، بۆ رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و قـڕکردن و ژینۆسایدکردنی گەلی بێتاوانی کوردمان، بۆ سڕینەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیمان، بۆ وێرانکردنی گونـد و شارەکانی کوردستانی نیشتمانی جوان و شیرینمان.. مۆدێرترین و قورسترین و کوشندەترین و کاولکەرترین چەکی تـازەی قەدەغـەکراوی نێو دەوڵەتییان بۆ یەکەمین جار، لەدژی گەلی کوردمان تاقـیکردوونەتەوە و بەکاریان هـێناون. ژمارەیەکی یەکجار زۆری سڤیلی کوردمان بوونە قـوربانی ئەم تاوانانەی داگیرکەران.

عێراقی داگیرکەری باشووری کوردستان، تازەترین چەکی روسی: ئینگلیزی، ئەمریکی، فەرەنسی، نەمساوی، ئەڵمانی، هەر لە تـۆپ و تانک و راجیمە و زرێپـۆش و فـرۆکەی جەنگی مێگ و سیخۆی و هێلکۆپتەر و رۆکێتی ناپاڵمی سوتێنەر و کیمیای ژەهـراوی و فـسفۆر و مینی دژەمـرۆڤ، تا دەگاتە چەکی میکـرۆبی و تیـزابی سـووتێنەر.. هەموویان لە دژی کورد تاقـیکردنەوە و بەکاریان هـێنان، بە هـەزاران کوردیـان شەهـید کرد.
کیمیای ژەهراویان لە هەڵەبجە و سەردەشت و کۆکتەپە و سیوسینان و دۆڵی جافـایەتی و لە سەرگەڵوو و لە دەڤەری بادینان و چەندین شوێنی تری کوردستان بەکارهێنان و بە هەزاران کوردیان بە کیمیاوی ژەهـراوی تاسێنەر و سووتێینەر شەهیدکرد.. فسفـۆریان بەکارهـێنا و بە ناپـاڵمی سوتێنەر و کاولکەر باشووری کوردستانیان وێـران کرد.

بە ئەوەشەوە نەوەستان، زیاتـر لە دوو سەد هـەزار ژن و منـداڵ و لاوی کوردیـان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق لە ژێر ئاڵای (اللە اکبر) دا بە زیندووی زیندەبەچاڵ کردن. چەکی میکـرۆبی و ڤـایرۆسیشیان، لە کومـەڵـێک لە گەنجە بەنـدکراوەکـانی بـرا کوردە فەیلییەکانم تاقیکردنەوە، کۆمەڵـێکی زۆر لە گەنجـە فـەیلییەەکانمانیان لە ناو حـەوزی تیـزابدا توانـدیانەوە.. ئەمەیە دڕنـدەیی و نامەردی شۆڤـێنی عـەرەبی، ئەمەیە راستیی کولتووری بۆگەنی هەڵگرانی (ذات رسالة خالدة) ئەم راستی رەوشت و پەیامەکەیان، کە لە باپیران و لە خەلـیفەکـانیانەوە بە مـیرات بۆیـان ماونـەتەوە.
سەدام ئەنفال و عەلی کیمیاوی ئەو چەکە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییانە و چەندین چەکی تریان لە دژی گەلی کوردمـان، لە باشوور و لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان بەکـارهـێنان.

ئیرانی کۆماری سێدارەش، لە سەردەمی رەزای شای گۆڕبەگۆڕەوە تا دەگاتە خومێنی و ئاخودەکانی ئەمڕۆ، رەگەزپەرستانە و شیعەپەرستان مامەڵەیان لەگەڵ کورددا کردوون و دەکەن.. بە گەورەترین هـێزی سەربازی و بە تازەتریـن تۆپ و تانک و زرێپۆش و فرۆکەی ئەمریکی و روسی، بە داڕشتنی پیلانی گڵاو و نامەردی، سەرکوتی شۆڕشی لـورستان و سمکۆی شوکـاک و کۆماری کوردستان لە مەهـاباد کرد.. رژێـمی ئێستای ئێران، دڕاندانەتر هەموو چەکێکی کوشندە لە دژی گەلی کوردمان بەکاردەهـێنن.. بۆ شەهیدکردنی زۆرترین ژمارەی کورد.. وەکوو بینیمان، تازەتـرین موشکەکانی خۆیان
لە کورد تاقـێکردنەوە، نەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە ناو شاری (کـۆیە) لە باشووری کوردستاندا، موشک بارانی کەمپی ئاوارەکان و باررەگای پارتی دیموکراتی کوردستان ـ رۆژهەڵاتیان کرد، ژمارەیەکی زۆری سـڤـیلی کوردیـان شەهـید کرد.
خومێنی گـۆڕبەگۆڕیش فەتـوایی دا و کوشتنی کوردی رەواکـرد و (جیهاد) ی لە دژی کورد راگەیانـد.. ئێـران تازەتـری شێوازی لە سـێدارەدانیشی لە دژی کورد بەکارهـێنا، بە بەرزکەرەوە (رافعە) کورد لە شەقامەەکانی شارەکان هەڵواسی و لە سـێدارەی دان. زۆر بە نامەردیش، دکتۆر عەبدولڕەحـمان قـاسملو و دکتۆر سـادق شەرەفکەنـدی و چەندین کەسایەتی و تێکۆشەری تری کوردیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکرد.

سوریای دیکتاور بەشار ئەسەدی خۆسەپێنیش، لە سەردەمی حافز ئەسەدی باوکییەوە، تا ئەمڕۆش، منداڵان و لاوان و کەسایەتییەکانی کورد، بە شێوەیەکی دڕنـدانە لە لایەن ئەمـن و دایـرەکانی هەواڵگری سوریاوە، تیڕۆرکـران و دەکـرین.. بە ئەشکەنجـدان و هەڵواسین و بە تەزووی کارەبایی و بە داخکـردنی جەستە، چەندین لاوی کوردییان لە زیندانەکانیانی سوریادا شەهـید کـردن.
تا ئەمڕۆش وەکو هاوڵاتییەک دان بە ناسنامەی کورد دا نانێن و لە رەگەزنـامە و لە سادەتـرین ماف بێبەشیان کـردوون و خاک و زەوی و زاری کوردیان داگیکـردوون.

جیهان ئەو راستییە دەزانێت، کە لە تورک رەگەزپەرستر نییە، ئەوان هەر منداڵـییەوە بەوە ئایدۆلۆژییە بۆگەنە رەگەزپەرستییەیان گۆش و پەروەردە دەکرێن کە دژی کوردبن و رقیان لە کـورد بێت.. لە سوڵتانە خوێنڕێژەکـانی باپیـرانیانەوە تا دەگـاتە ئەتاتـورکی گۆڕبـەگـۆڕ و ئەردۆگـانی فـسفۆر واهـاتوون و واش دەڕۆن، کە دوژمـنی سەرسەختی ئەوان کوردبن.. تا ئەمڕۆش دان بە بـوونی بیست و پێـنج ملیۆن کـورد دا لە باکووری کوردستان نانین، ناوی “کوردستان” یش بۆتە گـرێی شـێرپەنجەی سەر دڵـیان.
(نیلسۆن مانـدێلا) راستی گوت:”گەر دەتەوێ تورک بناسیت.. رۆژێ ببە بە کورد”
جیهان ئەوە دەزانێت، کە عوسمانییە رەگەزپەرستاکان، بە زۆرداری و خوێنڕشتن و بە رەشەکوژی کومەڵکوژی کورد و یۆنانی و ئەرمەنی، پانتاییەکی زۆری خاکی کوردستان و یۆنانستانیان داگیرکرد و ناویان لێنا دەوڵـەتی عوسمانی و دواتـریش تورکیا.. ئەوان بەم خاکە نامۆن و لە مەنگـۆلیا و ئاسیای بچـووکەوە هاتوون و وەکوو داگیرکەر لێرەدا ماونەتەوە.. ئەوەی قووڵایی مێژوو بخوێنێتەوە، ئەم راستییەی بۆ دەردەکەوێت.

سۆپای دڕنـدە و خوێنڕێژی تورکیا تاوانبارترین و نامەردترین سوپایە لە جیهانـدا، بە کۆمەڵکوشتنی کورد و کاولکردنی کوردستان و دزین و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی کورد، ئامانجی گڵاو و گەورەیانە.. بەڵکو بە هەموو شێوەیەک، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان داوە و دەدەن.. ئەمەش بۆتە بەشێکی سەرەکی لە بیر و لە کولتوور و لە رەەوشتی بێڕەوشتیان.. هەر لە باخچەی منداڵانەوە تا زانکۆکانیان بە ئایدۆلۆژی و ئایدیای رەگەزپەرستی و کەسنەویستی، گۆش و پەروەردەیان دەکەن و رایان دەهێینن.
تورکیا بۆ کۆمەڵکوژی کورد لە عوسمانییەکانە تا ئەمڕۆ تازەترین چەکی کوشندەیان لە دژی کورد تاقیکردوونەتەوە. بێ دەنگی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش تا ئەمرۆش، بووە بە هاندەری رژێمە فاشییەکانی یەک لە دوای یەکی تورکیا بۆ ئەنجامدانی تـاوانی زیاتـر و گەورەتر لە دژی گەلی کوردمان.. دەوڵەتە بەرهەمهێنەرەکانی چەکی کوشندە، گرنگ بە لایانەوە فرۆشتنی چەکەکانیان و قازانجکردنە.. گوێش بەوە نـادەن، کە بەم چەکـانەی ئەوان ئەو وڵاتە کڕیارانە، وەکوو وڵاتی تورکیا، خەڵکی سڤیل و بێتاوانیان پێدەگوژن.

سوپای دڕنـدە و خوێنڕرێژی تورکیای زیندانستان، بە تازەترین و بە قورسترین چەکی کوشندە و وێرانکەر و سووتێنەر، بە مۆدێرترین چەکی ئەمریکی و بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی، بە فڕۆکەی جەنگی ئێیف شانزە و هێلیکۆپتەری هێڕشبەر، بە تازەتـرین دەبابەی تۆپی دوورهاوێژ و راجیمە ئەڵمانی و بەریتانی و ئەمریکی و روسی، کەوتنەتە کۆمەڵکوژی گەلی کوردی بێتاوانمان.
کۆمەڵـێک چەکی کوشندەی لەنێوبەر و کۆمەڵکوژی مرۆڤ هەن، گوایە بە پێی بەڵگە و رێکەوتنە نێو دەوڵەتییەکانی وەکوو: راگەیاندنی (سان پترسبۆرگ) لە ساڵی (١٨٦٨) و رێکەوتنی (لاهای)ی ساڵی (١٨٩٩) و (١٩٠٧) و رێکەوتنی (جـنێڤ) ساڵی (١٩٤٩) و (١٩٨٠) و رێکەوتنی نێو دەوڵەتی لە ساڵی (١٩٧٢) دا، گەورەترین رێکەوتتنیش، رێکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی (١٩٨٠) دا، کە هەرە زۆری دەوڵەتـان واژۆیان لەسەر ئەم رێکەوتنە کردووون. دوا رێکەوتنیش، رێکەوتنی (دبلن) لە ساڵی (٢٠٠٨) تە، هەموو ئەم رێکەوتنانە جەخت لەسەر بەکارنەهێنانی چەکی قەدەغەکراوی وەکوو: چەکی کیمیاوی ژەهراوی، فسفۆری سپی، ناپاڵمی سوتێنەر، بۆڵەبۆمب، هەڵمی ئاگریی سووتێنەر، بۆمبی نـاوکی (نەوەوی)، چەکی میکـرۆبی و ڤـایرۆسی، راجــیمە، مـینی چێنراویی دژی مرۆڤ، چەکی کیمیاوی بیۆلۆژی، بۆمبی لەرێنەوە.. بەرهەمهێنان و عەمبارکردن و فـرۆشتن و کـڕينی ئەم چەکـانە قـەدەغـەکـراوی نێـو دەوڵـەتـین. بەکارهێنانیان قەدغەیە و پێشێلکردنی رێکەوتنە نێو دەوڵەتییان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤـن.. بە تـاوانی جـەنگ و بە تـاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتی دادەنـرێن. دەبێت چـاو لە تاوانبارانی بەکارهـێنەرانی ئەم چەکانە نەپۆشرێت و بدرێنە دادگـای نێو دەوڵـەتی بۆ تاوانەکانی جەنگ.. دادگایی بکرێن و سزای خۆیان و وڵاتەکانیان بدرێت.

داگیرکەرانی کوردستان، بە بەرچاوی جیهانەوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە هەموو ئەو چەکە قەدەغەکراوە نیۆ دەوڵەتییانەیان، لە دژی گەلی کوردمان بەکارهێناون و بەکاریان دەهـێنن.
ئەوەتا تورکیای فاشست شەو و رۆژ لە دژی گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازمان، بە بەر چاوی نەتەوە یەکگـرتووەکان و کۆمەڵـگەی نێو دەوڵەتییەوە، بە مۆدێـرترین و کوشندەترین چەکی زەمینی و ئاسمانی و کیمیاوی و فسفۆری سپی و ناپاڵمی سووتێنەر و بۆمبی لەرێنەر، لە دژی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا بەکاریان دەهـێنێت. تورکیا شاری (گرێ سـپی) یان لە رۆژئاوای کوردستاندا، بە فـسفۆری سپی و بە ناپاڵی سووتێنەر بۆردوومانیان کـرد.. جەستەی سووتـاوی (محـەمـەد حـەمـید) کە منـداڵێکی کوردی سیانـزە ساڵانە، لەگەڵ چەنـدین کوردی تـردا، بە فـسفـۆری سپی.. بەڵگەیەکی هـاشا هەڵنەگـرن بۆ بەکـارهێنانی ئەم چـەکە قـەدەغـەکـراوە نێـو دەوڵـەتییە لە لایـەن تورکیاوە، پێویستە تاوانبار (ئەردۆگـان فـسفـۆر) لەسەر ئەم تاوانەی و بە دەیان تاوانی تری دژ بە گەلی کوردمان، کە تاوانی جەنگن و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، بیگرن و لە دادگای نێودەوڵەتیدا، لەسەر ئەم تاوانانەی دادگایی بکـرێت و سزای شایستەی بـدرێت.

بە داخەوە چاوپۆشین و بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، لە ئاستی ئەم تاوانـانەی لە کورد کراون و دەکـرێن.. بوونە بە پشتگـیری و بە هـاندان بۆ رژێـمی رەگـەزپەرستی تورکیا، بۆ درێـژەدانیـان بەم تاوانـانە و ئەنجـامـدانی تـاوانی قـێزەوەنتر و گەورەتـر لە دژی گەلی کوردی مافـزەوتکراو و کوردسـتان داگـیرکراو.
بێگومان گەر ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا، ببن بە خاوەنی بۆمب و چەکی ناوکی (نەوەوی) و تیشکی، یەکەمین جار لە دژی کورد تاقییان دەکەنەوە و بەکاریان دەهێنن.

من گەشبینم بە خۆڕاگری و بەرگری و بە کۆڵنەدان و بەرخودانی گەلە قارەمانەکەمان. دڵنیابن کە هەرگیز لەبن نایەین و سەردەکەوین.. زووبێت یا درەنگ بە هـیوا و بە مافە رەواکانمان دەگەین.. هیواداریشم ئەو رۆژەش بێت کە چۆن فسفس پاڵەوانی گۆڕبەگۆڕ (سەدام ئەنفـال) و بێڕەوشت (عـەلی کیمیاوی) سووک و رسواکران و بوون بە پەندی زەمانە.. هەمان رۆژی رەش و چارەنووسی قێزەوەن، بێتە رێی دیکتاتۆری خوێنڕێژ و رەگەزپەرست (ئەردۆگـان فـسفۆر). ئەمەش چارەنووسی هەموو دیکتاور و ستەمکار و لەخۆباییەکە، کە وادەزانن بە سەرکوتکردن و گـرتن و کوشتن و خوێنڕشتنی بێتاوانان، بە قورخکردنی دەسەڵات و بە زۆر خۆسەپانـدن، تا هەتـایە لە دەسەڵاتـدا دەمێـننەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٤ی/ نۆڤەمبەر/ ٢٠١٩




نا بۆ گه‌نده‌ڵیی و ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ ناو گه‌رمه‌ی خۆپیشاندان و راپه‌رینی سه‌رتاسه‌ری گه‌لی عێراق دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و له‌ ژێر دروشمی : نابۆ گه‌نده‌ڵیی و ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ چه‌ندین پرسیار دێته‌ پێشه‌وه‌و چه‌ندین باسكردن هه‌ڵده‌گرێت و كاردانه‌وه‌ی زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ پاش شه‌هید بوونی زیاتر له‌ { 333} كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ { 6000} كه‌س.
روون و ئاشكرایه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بێهێزو بێتوانایه‌و ناتوانێت له‌و هاوكێشه‌ دووفاقه‌یه تێكه‌وتووه‌ رزگاری بێت له‌ لایه‌ك ئاخافتنه‌ بریقه‌داره‌كانی بۆ چاكسازی و چوون به‌ده‌م داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ داپڵۆسین وسه‌ركوتكردن و كوشتن و خوێنرشتن، جارێك باسی خۆپێشاندانه‌كان به‌باشی ده‌كه‌ن و جارێكی تر هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگیری و به‌ هاوكاری راسته‌وخۆێ ئیران به‌كاردێنن و، به‌ ته‌قه‌كردن و به‌كارهێنانی قه‌ناس غازی فرمێسك رێژه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری راپه‌ریوی گه‌ل ده‌كوژن و، حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتن له‌ عێراقداو هه‌رچی داموده‌زگای ئێداری و دادگایی و ئه‌من و ئاسایش و سوپایه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه‌و تا ئێستا ناتوانن تاوانباران بدۆزنه‌و ده‌ستگیریان بكه‌ن و، ئه‌گه‌ر توانایان نییه‌ بۆچی بوونه‌ به‌ مۆته‌كه‌ و چۆن له‌ روویان دێت له‌ پۆسته‌كانیان بمێننه‌وه‌؟
دروشمی خۆپیشانده‌ران ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌و، له‌و رۆژه‌وه‌ عه‌ڵی خامنه‌یی بووه‌ته‌ “ره‌هبه‌ری شۆرش” دروشمی دژایه‌تی ئه‌مریكای هه‌ڵگرتووه‌ به‌ڵام له‌وماوه‌ دوورو درێژه هیچ كارێكی نه‌كردووه‌ جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی زمانی زبرو وتاری پر له‌ ئاگرو قین كه‌ وه‌ك قه‌وانێكی سواوی لێهاتووه‌و، كارێكی ئاسایه‌ خامنه‌یی تومه‌تی جۆراوجۆر بداته‌ پاڵ راپه‌رینی گه‌لی عێراق و، به‌ پێی قسه‌كانی گوایه‌ ئه‌م راپه‌رینه‌ سه‌ر به‌ ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌ و ئه‌وان دروستیان كردووه‌و، له‌ بیری چووه‌ته‌وه‌ رۆژانه‌ شه‌لالی خوین شه‌قامه‌كانی به‌غداو شاره‌كه‌كانی خوارووی عێراق سوور ده‌كات و، باش ده‌زانیت ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ له‌ كوشتن و رشتنی خوێنی خه‌ڵكی سڤیل كه‌ دژ به‌ گه‌نده‌لی و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و داوای چاكسازی ده‌كه‌ن و، دژ به‌ ده‌ستی چه‌په‌ڵی ده‌ره‌كی و پیلان دژ به‌ خواست و داواكانی گه‌ل تێده‌كۆشن و ئه‌م خۆپیشاندان و راپه‌رینه‌ گوزارشت له‌ مافه‌كانی گه‌ل له‌ ئازادی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی دوور له‌ پشكپشكێنه‌ی قیزه‌وه‌ن و دژ به‌ گه‌نده‌ڵی یاسایی و ئیداری ده‌كات و، سه‌ركه‌وتنی ئه‌م راپه‌رینه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ توانای خۆپیشانده‌ران و، به‌م كاره‌ش وانه‌یه‌كی گرنگ و پاش به‌ هه‌موو دوژمنان ده‌ده‌ن.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا رژێمی ئێران ده‌توانێت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌‌ دابمركێنێته‌وه‌و جه‌ڵه‌وی بارودۆخه‌كه‌و ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست و، لێره‌دا پێویسته‌ بڵێن : عیراقییه‌كان رژێمی ئێران به‌ سه‌ركوتكه‌رو بكوژی راسته‌قینه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌ناسن و، هه‌روا شایانی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاراسات و گاڵته‌جارییه‌ی له‌ پاش روخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌ عسی عه‌ره‌بی خوێنرێژ له‌ عێراقدا روویانداو ئه‌مرۆش عێراق تیادا تێده‌په‌رێت ، رژێمی ئێران رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ ناو حزبه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان ، ئه‌وانه‌ی پشتگیری له‌ بوونی ئێران له‌ عێراقدا ده‌كه‌ن و، كاریگه‌ری راسته‌خویان بووه‌ له‌ سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عێراق له‌ دوای ساڵی 2003 وه‌و، هه‌ر له‌ رۆژانی پاول برێمه‌ر تا ده‌گاته‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و، رژێمی ئێران به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و تا ئێستا ده‌ستی چه‌په‌ڵی به‌ شێوه‌یه‌كی ناپه‌سه‌ندو به‌ هه‌موو قورسایی تواناكانی ده‌خاته‌ ناو كاروباری حكومه‌ت و، عێراقییه‌كان په‌نجه‌كانی تاوان بۆ ئه‌و رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌ راده‌كێشن و، قاره‌مانانه‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و دزێنی سامانی وڵات ده‌وه‌ستن.
بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌ێت خۆپیشاندانه‌كان وبارودۆخی ئه‌مرۆی عێراق كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئاسایش و بارودۆخی رژێمی ئێران و، ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ بته‌قێته‌وه ئاغاكانی ده‌سه‌ڵات ناتوانن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی بكه‌ن و، له‌ كۆتاییدا په‌ره‌ده‌سێنێت و ئاگره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌سوتێنێت.
من له‌و بروایه‌دا نیم راپه‌رینی خه‌ڵكی عێراق كاریگه‌ری زۆری هه‌بێت له‌ سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه‌و، ئاسان نییه‌ بڵێن راپه‌رینه‌كه‌ سه‌رده‌كه‌وێت چونكه‌ دوژمنه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن و له‌لایه‌ن ده‌ستی ده‌ركییه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌درێن و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت راپه‌رینه‌كه‌ی خه‌ڵكی عێراق گمارۆ بده‌ن و بیخنكێنن و حكومه‌ته‌ لاوازه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ هاوكاری هه‌واڵگیری رژێمی ئێران به‌ دوای پینه‌كردن ده‌گه‌رێت و ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌ل بۆ وه‌دیهێنانی داخوازییه‌كانیان پێدادگرن و، ده‌یانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدوالمه‌هدی ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌و په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و راستر هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و، حكومه‌تێكی نیشتمانی ده‌ستبه‌كار بێت و، بتوانێت داخوازییه‌كانی گه‌ل و خۆپیشانده‌ران بهێنێته‌دی و‌‌ هه‌روا بتوانێت سامانی وڵات و ئه‌و پاره‌ دزراوانانه‌ بگێرێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ رابگه‌ێنێت و گه‌نده‌ڵ و دزه‌كان بداته‌ دادگاو، ئاسان نییه‌ راپه‌رێنه‌كه‌ بتوانیت بارودۆخی ناوچه‌كه‌ رێكبخاته‌وه‌و، هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت باری ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزه‌و ئه‌مریكا هێزێكی گه‌وره‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كی نوێ و مۆدیرن و فرۆكه‌ی ( ب. 52) هێناوه‌ به‌ بیانووی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆم و” ئه‌مریكا ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی بۆ ئێران نه‌هێناوه‌ به‌ڵكو بۆ نواندنی هێزو توانایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ روسیاو ده‌ست به‌ سه‌ر نه‌وتی ناوچه‌كه‌ بگرێت و، توركیاش به‌ ناوی ناوچه‌ی ئارام خاكی وڵاتێكی تر داگیر ده‌كات و، به‌ هوێ ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ سه‌دان و هه‌زاران خێزانی كورد ئاواره‌ بوون و ماڵ و سامانیان به‌جێهێشت.
تێبینی : ئه‌م بابه‌ته‌م به‌ عه‌ره‌بی له‌ رۆژنامه‌ی ( السياسة الكويتية) له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش لینكه‌كه‌یه‌تی :
http://al-seyassah.com/%d8%a7%d9%84%d8%a7%d9%86%d8%aa%d9%81%d8%a7%d8%b6%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a7%d9%82%d9%8a%d8%a9-%d8%a3%d8%b1%d8%b9%d8%a8%d8%aa-%d9%86%d8%b8%d8%a7%d9%85-%d8%a7%d9%84%d9%85%d9%84%d8%a7%d9%8
13/11/2019




…سلێمانی … شیعر بـــــــــۆ منداڵان ڕۆستەم خامۆش

شــــــارەکــــــەم سـلـێــمــانــی
ئــای، کـــە دڵـگـیــرو جــوانــی
نـیـشـــتــمـــانـــی ئــەویـــنـــم
زێـــد و لانـــەی شـــیــریـــنـــم

خـۆشـــمـدەوێــی شـــارەکــەم
جـێــی ئــارامـیـی گـیـانـەکــەم
بــــۆتـــۆ ئــــەی ســلـێــمــانــی
مـــن هـــەر دەچــڕم گــۆرانــی

لـــە ســـایــەی چـرای ژیــریــی
پــایـتــەخـتـی ڕۆشـنـبــیـریــی
یــاخــوا هــــەر ئــــاوەدان بــی
هـەردەم ڕەنگین و جــوان بــی

نـــاوێــکــی بـــەرز و گــەشـــی
تـــۆ شــارێـکـی سـەر کــەشــی
خـۆشــەویـسـتـی هـەمـووانــی
شـــــارەکــــەم ســــلــێـمـــانــی

   شیعر بـــــــــۆ منداڵان 
      ڕۆستەم خامۆش 
         2012  هەولێر



چیرۆکە شیعر بۆ منداڵان – مەڕ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئێوە بمناسن مەڕم
ھەر خەریکی لەوەڕم
کە بۆ دەشت و دەر دەڕۆم
لەوێ گژ و گیا دەخۆم
شوانێکم لەگەڵدایە
ھەروەکو ھاوڕێم وایە
کوێ گیای سەوزی تێدایە
دەمبات بۆ ئەو جێگایە
لە لادێکاندا دەژیم
بوون بە مایەی دڵخۆشیم
ھەر کە تێر بووم دەستبەجێ
دەگەڕێننەوە ناو دێ
کابانی ماڵ دێت بۆ لام
دەزانێ ماندووی ڕێگام
ئاوم بۆ دادەنێ زوو
منیش دەکەومە پشوو
پاشان دێن و دەمدۆشن
بە شیرەکەم دڵخۆشن
دەبکەن بە ماست و بە دۆ
یاخود دەیخۆن ڕاستەوخۆ
قەیماغ و کەرە و پەنیر
زۆر بەسوودن بۆ ئێوەی ژیر
کێ لە ئێوە حەز دەکات
تەندروست بێت ھەموو کات
خۆشی بێت بە میوانی
پتەوتر بێت ئێسقانی
شیر و بەرھەمەکانی
بەکار بێنێت بەجوانی
….

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی




چیرۆکێکی بێ کۆتایی … نەوزاد بەندی

کورتە چیرۆکی
من و تۆ
ھەڵەیەکی ھەر زۆر جوان بوو

ڕەنگە بڕوا نەکەی بڵێم
نووسەرەکەیشی
باران بوو ..؟

مناڵییەکی ناکاو بوو ،
لە مناڵیی زۆر بەریئتر ..
لە دەشتێ کانییەک ئاو بوو
لە ئۆقیانوس زۆر بەرینتر ..

ئەم چیرۆکە کۆتاییەکەی
ھەر خۆی نادا بە دەستەوە ..
لە ڕۆژی باراناوییەوە
ئەڕواتە ناو ھەڵبەستەوە ..

خۆت سەرقاڵکردووە
ھەتا
لەو پەتایە چاک بیتەوە..
خۆت تاریک کردووە
ھەتا
بە حیساب ڕوناک بیتەوە..

نازانی
ئەگەر وونیش بیت ،
ھەر لە زۆنی من دەرناچی ..
تۆ وەک خۆر
بە تێپەڕ بوونی
ساڵ و سەدە
بەسەر ناچی ..

منیش
کە لە پاڵ چەند وشە و
چەند دێڕێ
خۆم حەشار داوە ..
لە مناڵێکی نەفام ئەچم
نازانم
بۆ مانگ گیراوە !!؟