دۆزی کورد لە پەیڤێکدا … نووسەر: ئەحمەد ئاڵتان

پەیڤی وەرگێڕ:
ئەحمەد ئاڵتان،نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک،ساڵی 1950(1328ی هەتاوی)لە باژاڕی”ئەنقەرە”ی وڵاتی تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا”چەتین ئاڵتان”و برای نووسەر و مامۆستای ناوداری زانستگەی ئەستەنبووڵ”محەممەد ئاڵتان”ە. ئەحمەد ئاڵتان،سەرنووسەری ڕۆژنامەی”تەرەف”ە. هەروەها بە ڕۆماننووسێکی ناوئاشنای تورکیش دادەنرێت کە بەرهەمەکانی بەردەوام بەرەو ڕووی پێشوازییەکی بەرفرەوان دەبنەوە. چەندان جار دەخرێتەوە زیندانەوە و نهایش هەر لە بەندیخانەدایە. خاوەنی چەندان ڕۆمان و بەرهەمی ڕەخنەییە. ئەحمەد ئاڵتان لە گەلێک ڕۆژنامەی وەک حوڕییەت،میللییەت و ڕادیکاڵ دا کاری کردووە.


خوێندنەوەیەکی جیاوازی ڕووناکبیرێکی تورک بۆ “دۆزی کورد”دۆزی کورد لە پەیڤێکدا…
نووسەر: ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: ئازاد کەریمی
لە فارسییەوە: هۆمەر نۆریاوی

ئێمە هەموومان هاووڵاتی یەک وڵاتین و لە نێو سەرزەوییەکی هاوبەشدا دەژین. بەڵام گەلۆ هەموومان پێکەوە یەکسانین؟ بڵا پرسیارەکە ڕوونتر بخەمە بەردەم:ئایا تورک و کورد پێکەوە یەکسانن؟ بێ سێ و دوو و بە بێ هیچ چەشنە دڕدۆنگییەک پێمان دەڵێن:”دیارە کە هەموومان پێکەوە یەکسانین”.
ئێمە(تورک)تا چەندە لەگەڵ کورددا یەکسانین؟ تورک،بە تورکی دەئاخفێت و کورد،بە کوردی.بەڵام زمانی فەرمیی حوکوومەت چییە؟

  • تورکی.
    بۆیە بەو دەرەنجامە دەگەین لە باری زمانەوە،هیچ یەکسان نین. زمانی لایەنێک لەم وڵاتەدا”زمانی فەرمیی”حوکوومەتە و زمانی لایەنێکی هەرە گەورەی دی لەم وڵاتەدا “فەرمی”نییە.
    لەم وڵاتەدا،زمانی فێرکاری و بار‌هێنان کامە زمانە؟
  • تورکی.
    باشە هیچ خوێندنگەکەت بۆ فێرکردنی زمانی کوردی پێ شک دێت؟ نا. باشە زانستگەیەکت پێ شک دێت کە زمانی کوردی تێدا بخوێندرێت؟ هەرگیز!
    لەم وڵاتەدا،ئێمە تەنانەت بۆمان هەیە فێری زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسایی ببین؛بەڵام کوردی یاساخ دەکەین. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە (فێرکاری و بارهێنان)دەکرێت بڵێین هیچ یەکسان نین.
    یاسای بنچینەیی و دەستوور هاووڵاتییان بە چی ناو دێنێت؟
  • تورک.
    باشە ئەی دەستوور،کورد بە چی ناو دێنێت؟ بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،ئەوانیش تورکن. ئایا کورد،”تورک”ە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر! دەی ئەگەر “تورک نییە،بۆچی ئێمە ناوی بە “تورک”دەهێنین؟ چونکە دەستوور بەو چەشنە بڕیار دەدات. ئایا بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،هاووڵاتی”کورد”لەم وڵاتەدا،بۆی هەیە “کورد”بێت؟وەرام نەخێرە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین بە پێی “دەستوور”یش یەکسان نین.
    لە باری “زمان”،لە ڕوانگەی”فێرکاری و بارهێنان”و بە گوێرەی “دەستوور[ئێمەی تورک و کورد]یەکسان نین. ئیتر”ئێمە”لە کوێ لەگەڵ کورددا یەکسانین؟
    کاتێک دەچین بۆ ئیجباری،بە بێ هیچ چەشنە جیاوازییەک،ئێمەی تورک و کورد دەبەن بۆ ئیجباری. لە کاتی وەرگرتنی باج و کۆدەدا یەکسانین. بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک،هەم لە تورک و هەمیش کورد باج و کۆدە وەردەگیردرێت. بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە لە باری “بەرپرسیاریەتی”یەوە لە هەمبەر حوکوومەتدا،یەکسانین. بەڵام بۆ ئەو شتانەی کە لە حوکوومەتیان وەردەگرین،هیچ یەکسان نین. ئایا بە لای ئێوەوە ئەمە دادپەروەرانەیە؟
    ئەوان دەنێرن بۆ ئیجباری. باج و کۆدەیان لێ وەردەگرن،بەڵام ناچنە ژێرباری یەکسانی بۆ زمان،فێرکاری و بارهێنان و دەستوور. پاشانیش سینگ دەدەپەڕێنن و پێیان دەڵێن: “کێشەتان چییە؟”. تووڕە دەبن و دەڵێن: “باشە ئێوە بۆچ ئارێشە چێ دەکەن؟”. پەلاماریان دەدەن و دەیانخەنە نێو ڕەشەچاڵێکەوە؛ لە شەقامدا وەبەر لێدان و کوتانیان دەدەن و لە بەندیخانەکاندا وەبەر ئازار و ئەشکەنجەیان دەخەن.
    ئێستا بە ڕوانینێکی وردتر،ئایا بە لای ئێوەوە سەرچاوەی”کێشەی کورد”چییە؟
    لە ڕوانگەی منەوە،ئەم ئارێشەیە تەنیا تاقە هۆکارێکی هەیە و بەس کە ئەویش”نادادپەروەری”یە. نەتەوەیەک دێت و لە هەمبەر نەتەوەیەکی دیکەدا وەک “کۆیلە”هەڵسوکەوت دەکات و پێی دەڵێت:” دەبێت پێملی ڕەگەزی من،زمانی من و باڵادەستبوونی من بیت”.
    بۆچی ئێمە و کورد یەکسان نین؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەوان بکرێت،وەرام دەدەنەوە:”ئەگەر ئێمە یەکسان بین و مافی یەکسانیش بەوان[کورد] ببەخشین،وڵاتەکەمان پارچە پارچە دەبێت”.
    پرسیار ئەوەیە: “وڵاتی کێ پارچە پارچە دەبێت؟”. وڵاتی “ئێمە”. ئێمە کێین؟
  • تورک.
    دەی باشە ئەی “کورد”کێن؟ ئایا ئێرە وڵاتی ئەوانیش نییە؟ دەستبەجێ وەرام دەدەنەوە:”دیارە کە ئێرە وڵاتی کوردانیشە”. ئەگەر ئێرە وڵاتی”هەموومان”ە،ئیدی بۆچی پەرۆش و ترسەکانمان لە هەمبەر ئەم وڵاتەدا”یەکسان”نییە؟
    بۆچی ئێمە لەوەی”پارچە پارچە”بین،دەترسین بەڵام کورد لەوەی وڵات “پارچە پارچە” بێت،ترسی نییە؟گەلۆ “خاوەنانی هاوبەش”ی وڵاتێک،نابێت ترسەکانیان لە هەمبەر وڵاتەکەیاندا هاوبەش بێت؟ ئێمە دەترسین ،چونکە “دادپەروەرانە”لەگەڵ کورددا هەڵسوکەوت ناکەین. لە تەکیاندا هەروەک “کۆیلە”هەڵسوکەوتمان کردووە و پێمان وایە ئەوان ڕەنگە کۆتایی بەم دۆخە بێنن. ئەگەر نەتەوەیەکی گەورەی نێو وڵاتێک،دەسەڵاتی خۆی بە زۆر بەسەر نەتەوەیەکی تردا بسەپێنێت،هەمیشە ترسی “پارچە پارچە”بوونی لە دڵدایە و بێ سێ و دوویش،ئەو وڵاتە بەو دەردە دەچێت.
    ئەگەر زمانی کوردانیش ببێتە زمانێکی فەرمی ،ئەگەر ئەوانیش خاوەنی مافی یەکسان بۆ فێربوونی زمانەکەیان بن و “دەستوور”یش بە زۆر “بە “تورک”یان ناو نەهێنێت،ئایا “کێشەی کورد”درێژەی دەبێت؟ هەرگیز. لە ئاکامدا،چارەسەر،ڕوونە و زۆریش سادە و ساکار. ئەگەر یەکسان بین،کێشەکە چارەی دێت. بەڵام بۆچی چارەسەری کێشەکە ناکەن؟
  • چونکە نامانەوێت”یەکسان”بین.
    ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، باشە بۆچی ئێمە نامانەوێت لەگەڵ کورددا یەکسان بین؟ ئەوە کامە هۆکارە کە ئێمەی تورک دەبێت بانتر لە کورد بین؟ باشە نفووس و حەشیمەت و سوپا،ئەم باڵادەستییە بە تورک دەبەخشێت؟ ڕەنگە بە زۆری چەک ئەمە جێبەجێ بووبێت؟
    ئێوە هەر لە هەمان سەرەتاوە پەناتان بۆ چەک بردووە. ئەی بۆچی کاتێک لە چیاکانەوە دەنگی چەکتان بەرگوێ دەکەوێت،لاتان سەیر دەبێت؟
    ئێوە بۆ خۆتان چەکەکانتان دانێن،واز لە باڵادەستبوونی ملهوڕانە بێنن،بێگومان،چیاکان چەکیان تێدا نامێنێتەوە. کێشەکەیش چارەسەر دەبێت. بەڵام پێش هەموو شتێک،لە هەمبەر خودا و عەبدەکانیدا پێملی “یەکسانبوون”ببن.



لێت دەگەڕێم بڕۆیت … نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

I Let You Go

 رۆژانی 22 تا 24 نۆڤەمبەری  ئەمساڵ لە شاری یۆتۆبۆری لە هەفتەی فیلمی کوردیدا یەکێک لەو کورتە فیلمانەی کە پێشکەش کرا، بەناوی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، لە ریژی سۆران سۆرانی، ئەم کورتە فیلمە باس لە خانمێکی هونەرمەند دەکات، کە لە ئەتەلێکەی شوێنی کارکردنی وێنەکێشانی، کە خەریکی بەرجەستەکرن و دروستکردنی پۆترێتێکە بۆ هاوژینەکەی، کە پاش ئەوەی هاوژینەکەی دەمرێت، بەڵام هەمیشە لەگەڵ یادگاریکانیدا دەژی، تا زەمەنێکی زۆر ناتوانێت باوەڕ بەوە بهێنێت کە هاوژینەکەی مردووە، هەموو ئەو کاسانەی دەورو بەی لێدەبێتە هاوژینەکەی،  لە دوا جاردا بە ئاگا دێتەوە کە ژیان بەردەوامە، خەم و یادگاریش نرخی ئەو زەمەنی خۆشەویستییە کە لەگەڵ هاوسەرەکیدا بەسەری بردووە و لەگەڵیدا ژیاوە. تا لە دواجاردا بە ناشتنی ئەو وەهمەو دانانی پۆترێتی هاوژینەکەی بە ئاگادێتەوە. 

پارادۆکساڵ لە فیلمدا، هەندێک جار ئێمە لەبەردەم لێڕوانینی فلیمێکداین یان بینینی نمایشێکی شانۆیین، بەڵام لەگەڵ بەردەوام رۆیشتنی رووداوەکاندا، هێندە سیمپاتیمان بۆ پاڵەوانی فیلمەکە یان شانۆییە دەبێت، روداوەکانی کاریگەرێتی بەسەرمانەوە دەبێت و کاتێک دەزانیت، هۆشمان تەسلیمی روداوەکانی فلیمەکە کردووە، لەگەڵ ئازاری کارەکتەرەکەو غەم و هەڵچونی ڕووداوەکان، ئێمەش هەڵسوو کەووت دەکەین لەگەڵ ئازاری دا غەم دەخۆین لەگەڵ مەرگیدا دەگرین، هەندێک جار دوای چەند کاتژمێرێک لە دوای لێروانینی فیلمەکە ، هۆشمان بە ئاگادێتەوەوە و پێمان دەڵێت: بەسە، ئەوەی تۆ بینیت فیلم بوو ئەوەتا ئەکتەرەکە بە زیندوێتی لەبەردەمتایە.

لە فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت. لە هەفتەی فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری نمایش کرا، لە دەرهێنانی سۆران سۆرانی، پاڵەوانی فیلمەکەی کە خاتوو ژیان مۆبێرگ رۆڵەکەی وازی دەکرد، لەهەمان حاڵەتەتدیە کە ئەرستۆ ناوی دەنێت کاتاریس و، ئاوگۆستۆ بواڵ پیی دەڵێت سیمپاتی بۆ روودا و یان پاڵەوان. بەڵام لەلای ئەوگۆستۆ بواڵ دەڵێت بەئاگابە ئەوەی روویدا شانۆیە، ئەگەر تۆ بیت چی دەکەیت بۆ نەهێشتنی ئەو ئاریشەیە یان چەوساندنەوەیە.
لە کورتەفیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، هەرچەندە باس لە ژیانی ژنێکی هومەرمەند دەکات بەڵام هیچ ناوێکی نیە، ئەوەش وە ئاماژەیە بۆ هەموو کەسێک کە لەو دۆخەدا بژی. ئەو ژنە کە هاوژینەکەی مردووە هێندە رۆ چۆتە روودای و مەرگی هەرگی هاوژینەکەی وئیسمپاتی بۆ مەرگەی خۆشەویستەکەی هێندە زۆرە، زەمەنی نائاگای هێندە درێژە، دوای زەمەنێکی درێژیش هێشتا ئەو لەو باوەڕەدا نیە کە هاوسەرەکەی لە ژیانی ئەودا نەماوە، هەرچەندە لەڕاستیدا بەجەستە هاوسەرەکەی نێژراوە، بەڵام تائێستا لای ئەم ئەم کچە هونەرمەندە لە هۆشی و بیریدا نەنێژراوە،
هەروەک لە فیلمەکەدا دەیبینین، شوفێری لێدەبێتە هاوسەرەکەی کە دەرگای بۆ داکاتەوە، خەیاڵی لای ئەو کاتانەیە کە هاوسەرەکەی دەرگای ئۆتۆمۆبیلەکەی بۆ دەکردەوە، لەفەرمانگە لێپرسراوی لێدەبێت بە هاوسەرەکەی ئەو کاتانەی کە لێکتێنەگەیشتنێک روویدا بێت، لە پێشەنگاکەیدا هەموو بینیەران لە شوێوەی هاوسەرەکیدا دەبینێت. مەرگی خۆشەویستەکەی بەشێوەیەکی هەست پێکراو دەسەڵاتی بەسەر هۆشی پاڵەوانی فیلمەکەدا هەیەو، هۆشی پاڵەوانیش جوڵەو هەڵسەکەوتی دیاری کردووە.

مێشکی لەبەردەم هەڕەشەی مەترسیەکی گۆڕانکاریەکی گەورەدایە. بەڵام لە چیرۆکی فیلمەکەدا دیمەنی ئەو هەڕەشەیە پیشان نادات، بەڵکو تۆ وەک لێڕوانێک کە سەیری فیلمەکە دەکەیت، تەنها و تەنها ئەندێشە و خەیاڵی ژنەکە دەبینیت نەک ئێستای، ئەو لە ئێستادا ناژی، بوونی ئێستای لە بەردەم هەرەشەدایە.
پاڵەوان لە چرکەساتێکدا دەژی کە لە مێشکی خۆیدا، بەردەوام لە دروستکردنی چیرۆکدایەوە ئەو چیرۆکانەش هێندە زاڵە ئاستەمە خۆی جیابکەیتەوە لە کەسایەتی ژیانی ڕۆژانەی بەجۆرێک ئاڕاستەی ژیانی گۆڕیوە.
لەدوا ساتدا هۆشی توانای بڕیاردانی هەڵپەساردنی ئەو خەیاڵ و وەهم دروستکردنی ئەو چیرۆکانەی هەیە کە مێشکی خۆیدا تەنیوێتی. بەخۆی بڵێت توانای هەڵبژاردنی ئازادانەی هەیە لەبەردەم بوون ئەندێشەدا. بۆ ئەو هەڵبژردنەش دەبێت بە تونێلی بیرکردنەوەدا تێپەڕێت، تێپەڕینیش دژواری خۆی هەیە و مێشک، هۆش بیر دەخاتە بەردەم ریسکێکی گەورەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات. پرسیار ئەوەیە چ کاتێک مرۆڤ مێشکی دەخاتە بەردەم ریسكێکی گەورەوە؟
مرۆڤ هەدێک جار دەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا نابێت بیر بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لەبەردەم ئەگەرێکی ترسناکدایە. بۆنموونە ئەوەک ئەوەی تۆ بە رێدا دەڕۆیت خەریکە ئوتۆمۆبیلێک ڵیت دەدات، یان سەربانی بینایەک خەریکە دەڕمێت بەسەرتا، مرۆڤ لەو کاتەدا بیر لەوە ناکاتەوە کە بۆچی و چۆن ئەم سەقفی خانووە دەروخێت؟ یان ئاڕاستەی ئەم ئۆتۆمۆبیلە لەکوێوە هاتووە؟ نا، بەڵکو ڕاستەخۆ خۆی لادەدات و بەلایکدا رێ دەکات کە خۆی بارێزێت.
ئەو کاتەی بیرکردنەوەمان دەکەوێتە بەردەم ریسک و مەترسیەکی گەورە لەو کاتەدا هۆشی مرۆڤ لە ئەوپەڕی هۆشمەندی زیرەکیدایە. بۆیە پاڵەوانی فیلمەکەش کەوتۆتە بەردەم ئەو ڕیسکەوە، بەڵام زەمەنی بیرکدنەوەی ئەو درێژترە.
ئەم ژنە بونەوەرێکی هەواییە و پێی لەزەوی بڕاوە لە شێوەیەکی تایبەت چاوەروانیدایە، لەبەردەم ئەگەری بنیادنانەوەی ژیان و گەرانەوە بۆ دۆزەخدایە، بە ناشتنی پەیکەرەکەی ئیختیاری گەڕانەوە بۆ ژیان دەکات.
لە شانۆ و فیلم و درامادا گێرانەوە توخمێکی سەرەکیە، بەڵام کاتێک زمان هەبێت هەندێک لەو دژوایانەت کەم دەبێتەوە، فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، فیلمێکی بێدەنگە، لەم .فیلمە بێدەنگەدا رووبەروی پرسیارێک دەبینەوە ئایا چۆن دەتوانرێت ئەو بیرۆکەی گێرانەوەیە لای بینەر دروست بکات؟ چۆن دەتوانین گرێچنی رووداوەکان بکەین بەبێ ئەوەی ووشە بەکار بهێنین؟ چۆن دەتوانین چرۆکێک بگێرینەوە؟ چونکە خاڵی جەوهەری لەشانۆ و فیلم و درامادا دروستکردنی چیرۆکە؟ بە چ ئامرازێک چیرۆک دروست بکەین؟ راستە زمان و ووشە هاوکارمان دەبێت لە دروستکردنی چیرۆکدا، بەڵام ئەی ئەگەر نمایشەکە پشتی بە توخمی ووشە نەبەستبوو؟ لێرەدا روودا چ کاریگەیەکی دەبێت؟ ئایا گێرانەوەو بینینی رووداوەکانی ئەم فیلمە لە گۆشەنیگای کارەکتەرەکەوە بوو یان هەڵهێنجراوی زادەی سیناریست یان نووسەر؟ زۆر جار پلەبەندی و گرێچنی روودا و مووسیک دەورێکی باڵا دەینن، پاشان باسی موسیک دەکەین.
سۆران سۆرانی رێژیسۆری فیلمەکە دەیەوێت لە رێگای فیلمەکەوە ئەزموونی هۆشی کارەکتەرەکە بکات، کارەکتەریش بەدوای رێگایەکدا دەگەرێێت پێمان بڵێیت ئەوەی روودەدات ڕاستیە، ئەوەی لەمێشکی مندا روودەدات ئەزموونی تاکەکەسی منە بیرەوەیەکانی منە، لە Hippocampus هەڵمگرتوون.

بە گوێرەی زانستی دەمار ، بیرەوەریەکان کاریگەرێتی و رەنگدنەوەی لەسەر کەسایەتیمان دەبێت، هاوکارمانە لەبارەی کەسایەتی و خەونەکانمان و تێگەیشتنی کات و پەیوەندیەکان، هەست و سۆزەکانمان بەگەڕ دەخات ، هەروەک شارەزایان دەڵێن هیپۆکامپوس کە گەنجینەی بیرەوەریەکانی مرۆڤە، کەوتۆتە بەشی چەپی مێشکەوە،(لەکۆتای ساڵی 1940 دا پزیشکی دەماری کەنەدی بەڕەسەن ژاپۆنی بەناوای جان وادا پەرەی بەداقی کردنەوەیەک دا سەبارەت بەوەی کام لای مێشک جڵەوی مێشک قسەکردن دەکات، ئەمڕۆ ئەو تاقی کردنەوەیە لەلایەن نەشتەرگەری مێشکەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کام بەشی لای مێشکی نەخۆش بەرپرسیارە لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەست پێکردن، ئەنجامی پڕ بایەخ ئەوەبوو بۆیان روونبووە کە نییوەی لای چەپی مێشک بەرپرسیار لە هێڵی بیرکدنەوە و زمان ) ١
هەر لەو دیدگایەوە رەنگە بەئاگاهی بێت یان نا، لەسەدا نەوەدی دیمەناکان وێنەگرتن لای چەپی کارەکتەرەکەوەبوو هەروەک ئەوەی سۆران پێمان بڵێیت ژیان ئەو جوڵەیەیە کە مێشک پێی هەڵدەسێت. ئەوەش پێویستی بەخوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ فیمەکە هەیە.

باشترین چیرۆک ئەوەیە کە بەروونی نووسرابێت و ئاسان بێت بۆ بینین ئەویش بە هۆی دروستکرنی ڕوداو، چنینی گرێ، هەڵس و کەوتی کارەکتەر. لە شانۆ و دراما و فیلمدا، زەمەن، کارەکتەر، کامێرا هەڵس و کەوت و ڕەفتاری کارەکتەر هەندێک ڕاستیمان بۆ ئاشکرا دەکەن و لە هەمووشی گرنگتر پەیوەندی کارەکتەرەکانە بەیەکتریەوە و شوناسیانە.

لە فیلمدا، کامێرا هاوکارێکی تەواومان دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو پیوەندیەو شوناسی کارەکتەرەکە و تیشک خستنە سە ڕابوردو، ئێستا و داهاتوو. یەکێک دیمەنە سایکۆلۆجیە جوانەکان لە فیلمەکەدا ئەوەبوو کە پاڵەوانی فیلمەکە هەموو کەساکانی لێدەبێتوە هاوسەرەکەی، بەڵام بەهۆی ئیشکالیەتی تەکنیکی و ئاریشە لە داڕشتنی چیرۆکەکەدا نەتوانرا ئەو پەیامە بەڕوونی بگاتە لای بینەر، ئەوەش بووە هۆی ئیشکالیەتی ناڕوونی، ئەو ناڕونیە ڕەنگە بوبێتەو هۆی ئەوەی زۆر بەی بینەران لێی حاڵی نەبن ، هەرچەندە ئەگەر چارەسەرێکی ئیستاتیکی و هونەریانەی بکرایە، دەبووە بە دیمەنێکی زۆر جوان و ناوازەو بەرجەستەکردنی دیوە سایکۆلۆژی و دژواریەکەی پاڵەوانی فیلمەکە،. ، بەڵام ئەویش بە تەکنیکی Cross dissolves کرۆس دیزۆلف دەتوانرا چارەسەر بکڕێت، وەک ئەوەی لە دوورەوە شوفێرەکە بێت بەڵام کە نزیک دەبێتەوە شوفێرکارەکتەر بگۆڕدرایە بە هاوەسەرەکەی، هتد.

موسیک: موسیک نەک تەنها بۆ گوێگرتن بەڵکو دەتوانرێت ببینرێ، تا ئەو حاڵەتی بە بیستنی کاریگەریە دەنگیەکان و موسیک لە فیلمدا وێنەی حاڵەتەکە لای بینەر دەخوڵقێنێت، وەکو هەموو وێنەیەکی ناخ هەژێن ڕامان دەچڵەکێنێت. وەک ئاماژەمان پێدا فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت فیلمێکی بێدەنگە، بەڵام موسیک کاریگەریەکی باشی لە کۆی توخمەی بەرهەمێنانی فیلمەکەدا گێڕابوو، تا ئەندازەیەک لەبری ووشە بەکار دەهێنرا. موسیک لە فیلمدا پەیوەندیەکان گرم و گوڕ وتوندو تؤلتر دەکات، کە هەرگیز ئەو پەویوەندی کۆتایی پێناهێنێت و نایپچڕێنێت. ئاوازدانەرانی فیلمەکەش بەشێوەیەکی زانستی سایکۆلۆجیانە توانیبوویان بەرجەستەی رووداوەکان بکەن، کە هەندێک جار وەک بارگراووندی کارەکە یان تەواوکردن و بەرزڕاگرتنی پەیامی فیلمەکە یان دەڕبڕینی ناخی هەست و سۆزی کارەکتەرەکە.

لەبەر ئەوە هەندێک جار موسیک لە فیلمدا دەبێت بە دەڕبڕی هەست و سۆزی کارەکتەر یان دەبێتە ناسینەوەی فیگوری فیلم، هەندێک موسیکی فیلم لە زهنی ئێمەدا ماوەتەوە، هەرکاتێکیش گوێمان لەو پارچە موسیکە یان کاریگەریە دەنگیە بووبێت، راستەو خۆ لە زهنماندا وێنەی شوێن، کات، رووداو و کارەکتەر دروست بووە، چونکە بەکارهێنانی کاریگەریەدەنگیەکان و موسیک لە فیلم دا بۆ تێگەیشتنێکی زیاتر بوو بۆ دروستکردنی بنچینەی وێنەیەک بۆ دروستکردنی ناسنامە لە فلیمدا.کە پەویستە بە بابەتەوە.

———————————————————————————————————

سەرچاوە:
١ ـلێکۆڵینەوەی شانۆیی نووسینی گۆرن مایک وەڕگێڕانی فاروق هۆمەر
فیلمی: لێت دەگەڕێم بڕۆیت
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی
نواندنی: ژیان مۆبێرگ و بۆکان سەروەر
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
بەڕێوەبەری بەرھەم: شایوان شا
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
ڕوناکی و یاریدەدەری کامێرا: شاکۆ حەسەن و ئاکام سەدیق
ئارت دیزاینەر و پەیکەر و تابلۆکان: بەفرین ڕەشید
مەیک ئاپ و کۆستوم دیزاینەر: ژیان مۆبێرگ
بەرھەمھێنەر و ئەدیتەر: سۆران سۆرانی
موزیک:
سیکادا
لێڤی مارک
مارتن سێرنی
دژیڤان گاسپاریان
دڵزار شەنگە
ڕەنگ: سۆران سۆرانی
تایتڵ: ڕێبوار فەتاح
درۆن: نەوزاد فەرھاد




جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا (به‌شی 6) … هه‌ندرێن خۆشناو

وێنه‌ی كاریكاتێریی ده‌توانێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری خولاودا به‌ چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازه‌وه بوونی هه‌بێت‌، به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی یان ئاماژه‌ زۆره‌كانی تره‌وه‌، له‌ نێو ئه‌و شێوانه‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین: 1- گۆشه‌ی سه‌ربه‌خۆ. 2- كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی تردا. 3- كاریكاتێری وه‌رگیراو له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه.

4- كاریكاتێری به‌رگ له‌ گۆڤاره‌كاندا:
زۆرێك له‌ گۆڤاره‌كان تابلۆیه‌كی كاریكاتێری له‌ به‌رگی یه‌كه‌میان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی ئێمه‌یه‌ له‌ باسكردنی ئه‌م شێوه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ی كه‌ له‌ هه‌ردوو به‌رگی ناوه‌وه‌ یان له‌ به‌رگی دواوه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ده‌چێته‌ خانه‌ی شێوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ (گۆشه‌ی كاریكاتێری سه‌ربه‌خۆ) كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ باسمان كردووه‌، به‌ڵام كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ به‌رگی یه‌كه‌م به‌مه‌به‌ستی په‌رۆشبه‌خشین، یان زۆرجار بۆ ئاماژه‌كردن به‌ وتاری سه‌ره‌كی له‌ناو گۆڤاره‌كه‌دا‌، زۆرجار ئه‌م كاریكاتێره‌ش له‌ جۆری پۆرترێت ده‌بێت و وێنای پاڵه‌وانی وتاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌ به‌ تێڕوانینی ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌، جاری واش وایه‌ ئه‌م وێنه‌ كاریكاتێرییه‌ هاوپێچه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی وتاره‌كه‌ و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌شی. به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌م شێوازه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ له‌به‌ر دوو هۆ، یه‌كه‌میان وا له‌ به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ ده‌كات ببێته‌ تابلۆیه‌كی هونه‌ری، و بۆیه‌كی جوانی پێده‌به‌خشێت له‌ جیاتی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ وشه‌ و ژماره‌كان، دووه‌میش رێنوێنی خوێنه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ گۆڤاره‌كه‌دا‌، خوێنه‌ریش له‌و بابه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، به‌بێ ماندووبوون له‌ گه‌ڕان به‌ دوایدا.

5- ئه‌و كاریكاتێره‌ی ده‌بێته‌ سیمبولێك (لۆگۆ) بۆ بڵاوكراوه‌كه‌:

زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان پشت به‌ تابلۆی به‌رده‌وام ده‌به‌ستن له‌ به‌رگه‌كانیاندا، جاری واش هه‌یه‌ له‌ هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانیاندا، زۆرێك له‌و ڕۆژنامانه‌ پشت به‌ تابلۆی به‌ده‌ستكێشراو به‌ ستایلی كاریكاتێری ده‌به‌ستن، لێره‌دا مه‌به‌ستمان ڕۆژنامه‌ ساتێر و ڕه‌خنه‌گره‌كان نیه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی پشت به‌ كاریكاتێر ده‌به‌ستن وه‌كو شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ شێوه‌كانی چالاكییه‌كانیاندا، به‌ڵكو زۆرێك له‌ ده‌زگا جدییه‌كانی ڕاگه‌یاندن ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ له‌خۆده‌گرن، بۆ نمونه‌ گۆڤاری (ژوژك) كه‌ له‌ بیلاڕوسیا ده‌رده‌چێت، له‌ته‌ك ناوی گۆڤاره‌كه و له‌ ژێره‌وه‌ی هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانیدا‌، كاریكاتێری ژوژكێك كه‌ قه‌ڵه‌مێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی (یانه‌ی رۆژنامه‌) كه‌ كاریكاتێری منداڵێكی رۆژنامه‌فرۆش له‌ ناوه‌ڕاستی ناوی رۆژنامه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مجۆره‌ كاریكاتێرانه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك له‌خۆبگرن، و له‌وانه‌شه‌ ته‌نیا دروشمێك و لۆگۆیه‌كی گۆڤاره‌كه‌ بن و ئاماژه‌ به‌ شتێك نه‌ده‌ن، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م كاریكاتێرانه‌ ده‌بنه‌ واژووی ئه‌مجۆره‌ گۆڤارانه‌ (بڕوانه‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌‌ به‌شێك له‌ دروشم و لۆگۆی ڕۆژنامه‌كان).

6- ئه‌و كاریكاتێره‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی گۆشه‌یه‌كی دیاریكراو:

له‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان ستایلی هاوشانیكردنی ناونیشانه‌ جێگیره‌كان به‌ كاریكاتێر به‌كارده‌هێنن، كاریكاتێری خاڵی له‌هه‌ر بابه‌تێك، ئه‌و كاریكاتێره‌ یان نه‌گۆڕ یان گۆڕاو ده‌بێت، به‌پێی ئاره‌زووی ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌، زۆرجار ئه‌و ناونیشانانه‌ تایبه‌تن به‌ گۆشه‌ی خاوه‌ن ناوه‌ڕۆكێكی قۆشمه‌ و گاڵته‌جاڕی، یان هه‌تا ڕه‌خنه‌گری بێ گاڵته‌جاڕیش، ئه‌و كاریكاتێره‌ش ده‌بێته‌ دروشمێك و لۆگه‌یه‌كی ئه‌و گۆشه‌یه‌ ‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌هه‌موو ژماره‌كاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ و هه‌رجاره‌ی كاریكاتێرێكی جیاواز بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ به‌هۆی بابه‌تی گۆشه‌كه‌یه‌، یان به‌هۆی ڕه‌چاوكردنی شتی دیكه‌یه‌، وه‌كو پێویستی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ و شتی تری له‌و بابه‌ته‌.

هه‌ندرێن خۆشناو




گلگامش هاورێی منداڵیم … کنێر حەسەن

بەدڵێکی تەعزییە بارەوە بەرەو ماڵە رووناکەکانی لاپەرەی کتێبەکان رادەکەم،
ئەسر بینایی داگیرکردووم،
لە دڵی زامدارو، تاریکی چاوو دەروونی نارۆشن، رادەکەم.
ئاسمانێک دەبینم، لەوێوە شەو دەبارێ و دەنگی نووساوی بەیانییەک دەگاتە روحم.
رۆژ لەوانەیە نەگەرێتەوە.
بەهارلەوانەیە لە گرتووخانەی ئەهریمەنەوە بمرێت.
دەنگێک دەبیستم لە دوورەوە ، لە چیرۆکێکی کۆنەوە بەرەو ئێرە دێت،
ئەم چیرۆکەی باوکم بۆی دەگێرامەوە، ……

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……….




دەنگی پێی ئاو … سوهراب سپهری

خەلکی کاشانم،
ژیانم خەراپ نییە،
لەتەنانێکم هەیە، تۆزێك ئاوەز، نووکەدەرزییەک شێواز،
دایکێکم هەیە باشتر لە گەڵای دار،
هاوڕێیانێك باشتر لە ئاوی ڕەوان و 
خودایەکم لەم نزیکانەدایە،
لە نێو ئەو شەوبۆیانە ، لەدامێنی ئەو سنەوبەرە بەرزەوە،
لەسەر تەڤلی ئاو، لەسەر یاسای گیا،
موسڵمانم،
ڕووگەم گوڵێکی سوور،
شەملکم کانییە، بەردەمۆرم ڕووناکی،
پێدەشت، بەرماڵی من،
دەستنوێژ بە دڵەتەپێی پەنجەرەکان دەگرم،
لە نوێژمدا ڕێژگەی مانگ و ڕێژگەی شەبەنگ دیارن،
لەوبەری نوێژەکەم، بەرد دەبینرێ،
هەموو گەردیلەکانی نوێژم بوونەتە کریستاڵ،
ئەو دەمانە نوێژ دەخوێنم،
با بانگەکەی دابێت،
بای سەر گومبەتی دارسەوڵ،
من نوێژ دەخوێنم بەدوای “تەکبیرەالاحرام”ی گیادا،
بەدوای قامەتبەستنی شەپۆلەوە،
ماڵی خودام تەنشتی ئاوە،
ماڵی خودام لەژێر ئەرخەوانەکاندایە،
ماڵی خودام وەکوو سروە، دەشنێ باخ بەباخ،
دەشنێ شار بەشار،
“حجرالاسودی”من رۆشنایی باخچەیە،
خەڵکی کاشانم
نیگارکێشم،
بڕێک جار، قەفەسێک ساز دەکەم بە ڕەنگ،
دەیفرۆشم بە ئێوە،
تا بە گۆرانیی مێلاقە کە تێیدا بەند کراوە،
دڵی تەنیاییتان ببووژێتەوە،
چ خەیاڵێك، چ خەیاڵێك….دەزانم،
پەردەی وێنەکەم بێگیانە،
باش دەزانم، ئەستێرکی وێنەکەم بێ ماسییە،
خەڵکی کاشانم،
ڕەنگە ڕەچەڵەکم بگاتەوە،
بەگیایەك لەهیندستان، بەگڵێنەیەك لەخۆڵی “سیلك”،
ڕەنگە ڕەچەڵەکم بگاتەوە بە ژنێکی سۆزانی،
لەشاری بوخارا،
باوکم بەدوای دوو جار هاتنی 
پەرەسیلکەکان، بەدوای دوو بەفر،
باوکم بەدوای دوو نووستن لەژێر تریفەدا،
باوکم لەوبەری زەمەنەکانەوە مردووە،
ئاسمان شین بوو کاتی مردنی باوکم،
دایکم لەخەو ڕاچڵەکا ناکاو،
خوشکم جوان بوو،
کاتی مردنی باوکم، پاسەوانەکان بوونە شاعیر،
پیاوە بەقاڵەکە لێی پرسیم: چەند مەن کاڵەکت دەوێ؟
لێم پرسی: دڵت خۆش، سیرێك بەچەند؟
باوکم نیگارکێش بوو،
تاری چێ دەکرد، تاریشی ئەژەند،
خەتێکی جوانیشی هەبوو،
باخی ئێمە بەلای سێبەری زانستدا،
باخی ئێمە گرێدراوی هەست و سەوزایی،
باخی ئێمە نوختەی یەککەوتنی نیگا و قەفەس و ئاوێنەیە،
باخی ئێمە کەوانەی جەغزی شینی بەختەوەری بوو،
ئەو سەردەمە لووچکاندنمان لەخەو،
میوەی نەگەیشتووی خودا، بوو،
بەبێ فەلسەفە ئاوم دەخواردەوە،
تووتڕکم بە بێ زانست دەڕنییەوە،
بە قڵیشی هەنارێکەوە،
دەستم فوارەی تکا بوو،
بە جریوەی چۆلەکەیەك،
گیانم لەزەوقی بیستن دەسووتا،
بڕێکجار تەنیایی،
چاوی دەنا بەپەنجەرەکەمەوە،
شەوق دەهات و دەستی لە ئەستوی هەست دەکرد،
هزر گەمەی دەکرد،
ژیان لە بارانی جێژن، لە چناری پڕ لە چۆلەکە دەچوو،
ژیان لەوکاتەدا،
ڕیزی ڕووناکی و بووکەشوشە بوو،
باوەشێك ئازادی بوو،
لەو کاتەدا ژیان،
حەوزی مۆسیقا بوو،
لە کۆڵانی چۆکڵەقنگەدا منداڵی بەئەسپایی دوور دەکەوتەوە،
باری خۆمم لێ نا و
لەشاری خەیاڵاتی خاو ڕۆیشتم،
دڵیشم پڕ لە غوربەتی چۆکڵەقنگەکان،
بەمێوانیی دونیاوە دەڕۆیشتم،
بە سارای کەسەر،
بەرەو باخی عیرفان،
من بەرەو هەیوانی چراخانی زانست دەڕۆیشتم،
بە پلیکانی مەزهەبدا سەرکەوتم،
هەتا کۆتایی کۆڵانی گومان،
هەتا هەوای فێنکی بێنیازی،
تا شەوی تەڕی خۆشەویستی ڕۆیشتم.
لەناو ڕازی ئەڤیندا بۆ بینینی کەسێك دەڕۆیشتم،
ڕۆیشتم و ڕۆیشتم تا ژن،
تا چرای چێژ،
تا بێدەنگیی پاڕانەوە،
هەتا دەنگی پڕی تەنیایی،
زۆر شتم بینی لەڕووی زەوین،
منداڵێکم بینی مانگی بۆن دەکرد،
قەفەسێکی بێ دەرگام بینی، ڕووناکی لەوێ هەڵدەفڕا،
ئەڤین بە پەیژەیەك، سەردەکەوتە
سەربانی مەلەکووت،
ژنێکم بینی، ڕووناکی لە دەسکەواندا دەکوتا،
سفرەی نیوەڕۆیان نانی تێدا بوو،
سەوزە و قاپێکی ئاونگ و کاسەیەکی داخی خۆشویستی تێدا بوو، 
من هەژارێکم بینی دەرگا بەدەرگا،
سواڵی نەغمەی بولبولی دەکرد،
پاکەوانێکم بینی نوێژی لە توێکڵی کاڵەك دەبەست،
بەرخێکم بینی کۆلارەی دەخوارد،
گوێدرێژێکم بینی لە وێنجە تێدەگەیشت، 
لە مێرگی “ئامۆژگاری” ڕەشەوڵاخێکی تێرم بینی،
شاعیرێك لەکاتی خۆێندنەوەدا،
بە گوڵی سوێسەن دەیگوت: “ئێوە”
من کتێبێکم بینی وشەکانی لە ڕەگەزی بلوور،
کاغەزێکم بینی لەڕەگەزی بەهار،
مۆزەیەکم بینی بێ سەوزایی،
مزگەوتێکم بینی بێ ئاو،
لەسەرینی فەقیێەکی بێهیوا،
گۆزەیەکم بینی، لە پرسیار لێوڕێژ،
قاترێکم بینی بارەکەی “وتار”،
وشترێکم بینی سەوەتەی بارەکەی بەتاڵ لە”ئامۆژگاری”
شێخێکم بینی توێشەی “های و هۆ”،
شەمەندەفەرێکم بینی هەڵگری ڕووناکی،
من شەمەندەفەرێکم بینی،
فیقهی دەبرد و قورس دەڕۆیشت،
شەمەندەفەرێکم بینی هەڵگری سیاسەت، چەندە خاڵی بوو،
شەمەندەفەرێکم بینی تۆوی
نیلووفەر و نەغمەی کەناری دەبرد،
فڕۆکەیەکیش لەبەرزاییی هەزاران پێ،
لەجامەکانیەوە زەوین دیار بوو،
پۆپنەی پەپۆسڵێمانە،

خاڵەکانی
باڵی پەپوولە،
وێنەی بۆقێك لە حەوزدا،
تێپەڕبوونی مێش بە کۆڵانی تەنیاییدا، 
تکای ڕوونی چۆلەکە، کاتێك لەچڵی چنار،
دێتە زەوین و
ئیحتیلامی هەتاو،
دەستلەملانی بووکەشووشە و بەیانی،
پەێژەیەک
بەرەو گوڵخانەی شەهوەت،
پەێژەیەک بەرەو سەردابی ئەلکهول،
پێژەیەک بەرەو لەناوچوونی گوڵی سوور و
ئاوەزی فێرکاری ژیان، دەڕۆیشتن،
پێژەگەلێک بەسەربانی ئیشراق و
ئەوانەی بەرەو سەکۆی خۆنوێنی دەڕۆیشتن،
دایکیشم لەخوارەوە،
لە بیرەوەری ڕووباردا، پەرداخەکانی دەشووشتن،
شار دیار بوو،
ڕواوە هەندەسەی سمنت و ئاسن و بەرد،
ساپیتەی بێ کۆتری سەدان ئوتووبۆس،
گوڵفرۆشێك داشکاندنی بۆ گوڵەکانی دەکرد،
نێوان دوو یاسەمین،
شاعیرێك جۆڵانەی هەڵدەواسی، 
بە دیواری قوتابخانە،
کوڕێك بەردی دەهاویشت،
منداڵێك دەنکە شڵانەی تف دەکردوە بە سەر بەرماڵی ڕەنگبزڕکاوی
باوکیدا، 
لەخەریتەی جوگرافیای “خەزەر”، بزنێك ئاوی دەخواردەوە،
سوتیەنێکی بێ ئوقرە بەتەنافی جلەکانەوە دیار بوو،
چەرخی گارییەك لە داخی بەجێمانی ئەسب،
ئەسب لە داخی نووستنی گاریچی،
پیاوەگاریچیەکە لەداخی مەرگ،
ئەڤین دیار بوو، شەپۆل دیار بوو،
بەفر دیار بوو، هاوڕێیەتی دیار بوو،
وشە دیار بوو،
ئاو دیار بوو، وێنەی شتەکان لە ئاودا دیار بوون،
سێبەری فێنکی سیللولەکان لە کەفی خۆێندا،
لایەنی شێداری ژیان،
رۆژهەڵاتی کانگای مەراقی مرۆڤ،
وەرزی گەڕاڵی بە کۆڵانی ژندا،
بۆنی تەنیایی لە کۆڵانی وەرز،
بارۆشەیەك لە دەستی هاویندا دیار بوو،
سەفەری تۆو بە گوڵدا،
سەفەری ماڵەوماڵی لاولاو،
سەفەری مانگ بەرەو ئەستێرك،
هەڵقوڵانی گوڵی داخ لە خاك،
شۆڕبوونەوەی تەرزی مێو بەدیواردا، 
بارینی ئاونگ بە سەر پردی خەودا، 
هەڵبەزینی شادی لەخەرەندی مەرگەوە 
تێپەڕبوونی ڕووداو، بەدوای قسەدا،
شەڕی ڕووچنە و تکای ڕووناکی،
شەڕی پەێژەیەک لەگەڵ هەنگاوی بەرزی هەتاو،
شەڕی تەنیایی و نەغمەیەك،
شەڕی جوانی هەرمێیەکان لەگەڵ سەبەتەیەکی خاڵی،
شەڕی خوێناوی هەنار و ددان،
شەری “نازییەکان” و لاسکی ناز،
شەڕی تووتی و تەپاڕاوی،
شەڕی هەنیيە و ساردیی بەردەمۆر،
هێرشی کاشیی مزگەوت بە سوژدە،
هێرشی با، بە هەڵاتنی بڵقی سابوون،
هێرشی سوپای پەپوولە بەسەر پلانی “ئافەت کووژە”
هێرشی پۆلێك چوکلەقنگە، بەسەر ڕیزی بۆریچییەکان،
هێرشی هێزی سیاقەڵەم بەسەر پیتە زیوینەکان،
هێرشی وشە بۆ چەناگەی شاعیر،
گرتنی یەك سەدە بە یەك شیعر،
گرتنی باخچەیەك بە دەستی ڕیشۆڵەیەك،
گرتنی کۆڵانێك بە دەستی دوو سڵاو،
گرتنی شارێك بە دەستی سێ چوار ئەسپسواری دارینە،
سەرکەوتنی جێژنێك بە دەستی دوو بووکەشووشە و تۆپێك،
کوژرانی زڕزڕەیەك لەسەر دۆشەکی نیوەڕۆ،
کوژرانی چیرۆکێك لەسەرەتای کۆڵانی خەو،
کوژرانی خەمێك بە فەرمانی سروود،
کوژرانی تریفە بە فەرمانی نیون،
کوژرانی شاعیرێکی گرژ بە دەستی گوڵی سەهۆڵین،
هەموو دیمەنی زەوین دیار بوو،
شەقام بەکۆڵانی یووناندا دەڕۆی،
بایەقوش لە باخی شندل دەخۆێنێ،
با لە ملەی خەیبەر ڕایدەپێچا مەڵۆیەک پەڵاشی مێژوو بەرەو رۆژهەڵات،
بەسەر گۆلی ئارامی ” نگین” بەلەمێك گوڵی دەبرد،
لە”بنارس” سەرەتای هەر کۆڵانێك،
چرایەکی ئەبەدی داگیرسا بوو،
خەڵکم بینی،
شاکارەکانم بینین،
سارا و چیاکانم بینین،
ئاو و خاکم بینی،
ڕووناکی و تاریکیم بینی،
لەڕووناکیدا و لەتاریکیدا سەوزاییم بینی،
ئاژەڵم لەڕووناکی و تاریکیدا بینی،
مرۆڤم لەڕووناکی و تاریکیدا بینی،
خەڵکی کاشانم،
بەڵام،
شاری من کاشان نییە،
شارەکەی من ون بووە،
من بەتاقەت و سەبر،
ماڵێکم لەوبەری شەودا ساز کردوە،
من لەم ماڵەدا،
بە گومناوی شێداری لەوەڕ نزیکم،
من دەنگی هەناسەی باخچە دەبیستم،
دەنگی تاریکییش،
کاتێك لە گەڵایەکەوە دەڕژێ،
دەنگی کۆخەی ڕووناکی لەوبەری دارەوە،
دەنگی پژمەی ئاو لەدرزی بەردەوە،
جریوەی پەڕەسیلکە لەساپیتەی بەهارەوە،
دەنکی زوڵاڵی کرانەوە و بەستراوەی پەنجەرەی تەنیایی،
دەنگی بێ خەوشی،
داماڵینی کاژی ناڕوونی ئەڤین،
چڕبوونی زەوقی فڕین لەباڵدا،
زەنگ بردنی خۆڕاگری ڕووح،
من دەنگی پێي تکا دەبیستم،
دەنگی یاسایی خوێن لە دەمارەکان،
لێدانی کازیوەی کۆترە شینەدا،
لێدانی دڵی شەوی هەینی،
بزوتنی گوڵی مێخەك لە هزردا،
حیلاندنی پاکی راستی لە دوورەوە،
من دەنگی شنەی ماك دەبیستم،
دەنگی پێڵاوی ئیمان لە کۆڵانی تامەزرۆیی،
دەنگی دڵۆپی باران لەسەر برژۆڵی عيشق،
لەسەر مۆسیقای خەمباری ئیحتیلام،
لەسەر نەغمەی باخی هەنار،
دەنگی هەڵوەشانی شووشەی شادی لە شەودا،
شیتاڵبوونی کاغەزی جوانی،
پڕ و خاڵیبوونەوەی کاسەی غوربەت لە”با”
من لەسەرەتای زەوین نزیکم،
لێدانی دڵی گوڵەکان دەبینم،
شارەزام بە چارەنووسی تەڕی ئاو و خووی سەوزی درەخت،
ڕووحی من بەرەو تازەبوونەوەی شتەکان دەڕوا،
ڕووحی

من
ساوایە،
ڕووحی من جار بەجار لە خۆشیاندا کۆخەی دێ،
ڕووحی من بێکارە،
دڵۆپەکانی باران و درزی خشتەکان دەژمێرێ،
ڕووحی من جار بەجار،
وەکوو بەردێك سەرەڕێى حەقیقەتە،
من دوو سنەوبەرم نەبینیوە لەگەڵ یەکدا دوژمن،
نەمبینیوە بی، سێبەرەکەی بفرۆشێ بە زەوین،
وزم بەخۆڕایی، سێبەری خۆی دەداتە قاڵاو،
بەبینینی هەر گەڵایەك زەوقی من گەشەی دێ،،
بنچکی خەشخاشێك،
شوشتوومی بەلافاوی هەبوون،
وەکوو باڵی مێروو ئاگام لە کێشی کازیوە هەیە
وەکوو ئینجانەیەك گوێم لە مۆسیقای ڕواندنە،
وەکوو زەمبیلێیکی پڕمیوە شەوقی گەیشتنم هەیە،
وەکوو مەیخانەیەک لە سنووری بارگرانیم،
وەکوو ماڵی قەراخی دەریا،
نیگەرانی چڕبوونەوەی درێژی ئەبەدیەتم،
هەتا بتهەوێ هەتاو و هەتا بتەوێ پەیوەندی و هەتا بتەوێ زۆری،
من ڕازییم بە سێوێك،
بە بۆنی بنچکێکی بەیبوون،
من بە ئاوێنەیەك و
پەیوەندێکی پاك ڕازییم،
من بە تەقینی میزڵدان پێناکەنم،
پێناکەنم ئەگەر فەلسەفەیەك مانگ دوولەت بکات،
من دەنگی باڵی کەڕەواڵە دەناسمەوە،
ڕەنگەکانی ژێر سکی “هودەرە” و شوێن پێ کەڵەکێفییەکان،
باش دەزانم ، ڕێواس لەکوێدا دەڕوێ،
ڕیشوڵە کەی دێ، کەو کەی دەخۆێنێ و هەڵۆ کەی دەمرێ، و
مانگ لە خەونی سارادا مانای چییە؟
مەرگ لە لاسکی پاڕانەوەدا و
تووتڕکی چێژ لەژێر ددانی دەست لەملاندا،
ژیان نەریتێکی خۆشە،
ژیان باڵ و پەڕێکی هەیە، فراوانتر لە مەرگ،
فڕینێکی هەیە بەقەد ئەڤین،
ژیان ئەو شتە نیيە،
کە لە لێواری باڵاڕفەی خوو لەبیری من و تۆ بچێتەوە،
ژیان جەزەبەی دەستێکی بەرچنەیە،
ژیان نۆبەرەی هەنجیرە ڕەشەیە، لەدەمی ترشی هاویندا،
ژیان بەرزی درەختە لەچاوی مێروو،
ژیان ئەزموونی شەمشەمەکوێرەیە لەتاریکییدا،
ژیان هەستێکی سەیرە، کەباڵندەیەکی کۆچەری هەیەتی،
ژیان بۆقی شەمەندەفەرێکە، بەخەونی پردێکدا ئاڵاوە،
ژیان بینینی باخچەیەکە لەپەنجەرەی بەسراوی فڕۆکەیەك،
هەواڵی ڕۆیشتنی مووشەکێکە بۆ ئاسمان،
هەستکردنەوەی تەنیایی مانگە،
بیرۆکەی بۆنی گوڵ لە ئەستێرەیەکی دی،
ژیان شووشتنی قاپێکە،
ژیان دۆزینەوەی قەرەپووڵێکە لە جۆگەی شەقامدا،
ژیان “بن ڕیشە”ی ئاوێنەیە،
ژیان گوڵ بەتەوانی ئەبەدیەت،
ژیان لێکدانی زەوینە لە لێدانی دڵی ئێمە،
ژیان هەندەسەی ساکار و یەكبوونی هەناسەیە،
لە هەر شوێنێکدا بم،
با هەبم،
ئاسمان بۆ منە،
پەنجەرە، هزر، هەوا، ئەڤین، زەوین، هەموو هی منە،
گرینگ نییە ئەوەی،
جاربەجار،
کارگەکانی غووربەت دەڕوێ،
من نازانم،
بۆچی دەڵێن: ئەسپ ئاژەڵێکی ڕەسەنە، کۆتر جوانە،
بۆچی لە قەفەسی کەس، سیسارك نییە،
سێپەڕە چی کەمترە لەگوڵاڵەسوورە،
دەبێ چاوەکانمان بشۆین، بەجۆرێکی دی بڕوانین،
دەبێ وشەکان بشۆین،
دەبێ وشە خۆی با و باران بێت،
چەترەکان دەبێ دابخەین،
بەژێر باراندا ڕێکەوین،
دەبێ هزر و بیرەوەری بگۆازینەوە ژێر باران،
لەگەڵ خەڵکی شار بەژێر باراندا ڕێ بکەین،
لەژێر باران هاوڕێیەکمان ببینین،
دەبێ ئەڤین ببەینە ژێر باران،
لەژێر باراندا لەگەڵ ژن بنویین،
لەژێر باراندا گەمە بکەیین،
لەژێر باراندا بنووسین و قسان بکەیین،
چاندی نیلووفەر بکەین،
ژیان بەردەوام تەڕ بوونەوەیە،
ژیان مەلەکردن لە ئەستێرکی ئیستایە،
جلەکانمان داکەنین،
تا ئاو هەنگاوێکە،
ڕووناکی تام بکەیین،
شەوی گوندێك و خەونی ئاسکێك هەڵسەنگینین،
لەگەرمی هێلانەی لەقلەق تێبگەیین،
یاسای چیمەن لەژێر پێ نەنیین،
لەباخی ڕەزدا گرێ چێژ بکەینەوە
کەمانگ هەڵهات زار بەقسە بێنین،
نەڵێین شەو خراپە،
نەشڵێین، گوڵ, ئەستێرە تێ ناگات لەڕوانگەی باخ،
دەسەچنەیەك بهێنین،
ئەم هەموو سوور و سەوزاییە ببەین،
بەیانیان نان و پەنیرێك بخۆیین و
لە قەمچی هەر وتەیەکدا نەمامێك بچێنین، 
تۆوی بێدەنگی لەنێوی دوو دەنگدا بپرژێنین و
نەخوێنین پەرتووکێك کەشنەی بای تێدا نییە، و
پەرتووکێك کەبە پێستی ئاونگ تەڕ نییە ،
کتێبێن کەسللولەکان چوارچێوەیان نییە،
نەمانهەوێت، مێش بفڕێ لەسەر قامکی سروشت،
خوازیاری مەرگی پەڵەنگ نەبیین،
بزانین ئەگەر کرم نەدەبوو، ژیان شتێکی کەم بوو،
نەبوونی “وەن” خەسار بە یاسای درەخت بوو،
ئەگەر مەرگ نەدەبوو دەستی ئێمە بەدوای شتێکدا دەگەڕا،
ئەگەر ڕووناکی نەدەبوو، یاسای فڕین دەگۆڕا،
بەر لە”مەرجان” بەتاڵییەك لەهزری دەریادا بوو،
پرسیار نەکەین لەکوێداین،
بۆنی گوولبۆری جوانی نەخۆشخانە بکەین،
نەپرسین بەختەوەری لەکوێدا هەڵدەقووڵێ،
نەپرسین بۆچی دڵی ڕاستی شینە،
نەپرسین، با و باپیران چ سروە و چ شەوێکیان بەڕێ کردووە،
ڕابردوو دونیایەکی زیندوو نییە،
ڕابردوو باڵندە ناچریکێنێ،
لەڕابردوو با هەڵناکات،
لەڕابردوو پەنجەرەی سەوزی سنەوبەر بەسراوە،
لەڕابردوو لەسەر خولخولەکەکان تۆز نیشتوە،
ڕابردوو ماندووییی مێژوویە،
ڕابردوو، بیرەوەری شەپۆلە بە قەراخی گوێچکە ماسیی سارد و بێ دەنگ
ڕژاوە،
بڕۆێنە قەراخی دەریا،
تۆڕ هەڵدەینە ئاو،
گەشە لەدەریا بەدەست بێنین،
ڕێخێك لە زەوین هەڵگرین،
هەست بە قورسایی هەبوون بکەین،
جوێن بە تریفە نەدەین ئەگەر تامان لێ هات،
(بڕێکجار لەیاودا بینیمە
مانگ دێتە خوارەوە،
دەست دەگاتە ئاسمان،
بینیمە بوولبوول جوانتر دەخۆێنێ،
جار بەجار ئەو برینانەی کەبەپێمدا هاتووە،
بەبەرز و نزمی ژیان پەروەردەی کردووم،
زۆر جار لەکاتی ناخۆشیدا،
بارستایی گوڵ چەندین جار گەورەتر دەبوو، و
زیادەی کردووە ڕیسەی نارنج و تیشکی لەنتەر)
لەمەرگ نەترسین،
(مەرگ کۆتایی کۆتر نییە،
مەرگ پێچەوانەی بەرزە چڕ نییە،
مەرگ لە زەینی ئەرخەوانەکاندایە،
مەرگ لە کەش و هەوای خۆشی بیردا …
دانیشتووە،
مەرگ لە سروشتی شەوگاری لادێدا لە کازیوە ئەدوێ،
مەرگ لەهوشەی ترێ خۆی دەدا بەدەمماندا،
مەرگ لەگەرووی قوڕگی سووردا دەخۆێنێ،
مەرگ بەرپرسیارە لەجوانی باڵی شاپەڕەك،
مەرگ بڕێکجار ڕەێحان دەچنێتەوە،
بڕێکجار مەرگ ڤودکا دەنۆشێ،
زۆربەی کات لەسێبەر دانیشتووە و چاوی لەئێمەدایە،
هەموومان دەزانین،
سییەکانی چێژ پڕە لەئوکسیجنی مەرگ،
لەسەر قسەی زیندووی چارەنووس دەرگا دانەخەیین،
کەلەپشت پەرژینەکاندا دەنگی دەبیستین،
پەردە لادەین،
با هەست هەوایەك هەڵمژێت،
با ئیحتیلام بەژێر بنچکێکدا بحەسێتەوە،
با توانایی دەست بەگەمە بکات،
پێڵاوەکانی دەربهێنێت و
بەدوای وەرزەکاندا بازهەڵدات بەسەر گوڵەکاندا،
با تەنیایی گۆرانییەك بچڕێ،
شتێك بنووسێ،
بەشەقامدا پیاسە بکا،
ساکار بین،
چ لەبانکێکدا و چ لەژێر درەختێکدا ساکار بین،
پێناسەی نهێنی گوڵی سوور کاری ئێمە نییە،
کاری ئێمە ڕەنگە ئەمە بێت،
کەلە”ئەفسوونی” گوڵی سووردا مەلە بکەین،
هۆبەمان لەوبەری دیواری زانستدا بێت،
دەستمان لەجەزەبەی گەڵایەك بشۆین و بچینە سەر خوان،
هەموو بەیانییەك لەکاتی خۆرهەڵاتن لەدایک بین،
ورووژاندن بفڕێنین،
بەسەر فیکری هەوادا، ڕەنگ، پەنجەرە، گوڵی شێدار بپرژێنین،
ئاسمان بخەینە مەودای دوو هەبوون،
سییەکان لەئەبەدیەت پڕ و خاڵی بکەین،
باری دانایی لەپشتی پەڕەسیلکەدا بهێنینە زەویین،
ناو لەچنار، مێش، هاوین، وەربگەرینەوە،
سەرکەوین بەپێ باران، بەدرێژایی خۆشویستن ڕێ بکەین،
دەرگا بەڕووی مرۆڤ و ڕووناکی و سەوزایی و مێروو، ئاوەڵا بکەیین،
کاری ئێمە ڕەنگە ئەمە بێت،
لەبەیین گوڵی نیلووفەڕ و سەدەدا،
بەدوای نەغمەی ڕاستیدا بڕۆیین.

کاشان،گوندی
چنار،هاوێنی 1343

سوهرابی
سپهری

وه‌رگێڕ:
سوهه‌یلا مێهه‌می

لە کتێبی: هەشت کتێب




سوتان … سەلام عومەر

وەكو تریسكەی ئەستێرەو
جوانی ئاسمانێكی ساوی
بەڵام لە ناخی تینومدا
لرفەی گڕی و داگیرساوی


بەڕێی دڵتا سەرناكەوم
چونكە ئێجگار پێچاوپێچن
بەنێو نیگاشتدا نایەم
ئاخر هەستم رادەپێچن


رێگەی دڵی من قەدبڕە
دەتوانی تۆ بەوێدا بێی
هەرگیز لە سوتان نەترسی
دڵنیام ئێجگار زوو رادێی




عێراق له‌ چاوه‌ڕوانی حكومه‌تێكی نوێدا… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

… ماوه‌ی دوو مانگه‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی عێراق ده‌نگێكی گه‌وره‌ی ناڕازه‌یه‌تی هه‌ڵگیسراوه‌ , كه‌ له‌چه‌ندین چین توێژ پێك هاتبوو كه‌ ئه‌م ده‌نگه‌ ناڕازایه‌تیه‌ چه‌ندین ناوی به‌دوای خۆی دا هێنا كه‌ دیارترینیان ناسرابوو به‌ شۆڕشی دژی گه‌نده‌ڵكاران, له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م ده‌نگه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌دا به‌ چه‌ندان هاوڵاتی عێراقی بوونه‌ته‌ قوربانی دیارترینیان ئه‌وه‌ی له‌ ناسریه‌ ڕوویدا كه‌ خوێن ڕشتنێكی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆی دا هێنا چوونكه‌ ئیتر تووڕه‌یی گه‌ل له‌ ئاستێكی باڵادایه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌, هاوكاتیش له‌ به‌رده‌وامی ئه‌م خۆپیشاندانه‌دا كه‌ ماوه‌ی دوومانگی تێپه‌ڕاندوه‌ كه‌چی له‌ ده‌رئه‌نجامدا وای كرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدلمه‌هدی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی خۆی پێش كه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكات وه‌ په‌رله‌مانیش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی قبول كرد, هاوكاتیش ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌ یه‌كه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ دانانرێت له‌ ماوه‌ی كاری سیاسی دا كه‌ له‌ ڕابردوودا له‌ چه‌ندین پۆستی تردا ده‌ستی خۆی له‌ پۆستكه‌ی كێشاوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌یان جیاوازه‌ چوونكه‌ پۆستی ئه‌م جاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌ ساڵێكیش تێنه‌په‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا كه‌چی وایان لێ كرد ده‌ست به‌رداری ده‌سه‌ڵات ببێته‌وه‌ كه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ گوایه‌ ئه‌م پیاوه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌كانی نێو عێراق بووبێت به‌ڵام له‌ ڕاستی دا گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ هی سه‌رچاوه‌ی ساڵانی ڕابردووی عێراقه‌ كه‌ زۆر به‌ئاسانی بۆ ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی تر به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ ده‌ستی خۆیان له‌ پۆسته‌كانیان نه‌كێشایه‌وه‌,
به‌ڵام له‌ ئێستادا عێراق وه‌كو حكومه‌تێكی كار به‌ڕێكه‌ڕی لێ هاتووه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ , به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای تێبینیه‌ هیوادارام له‌ یه‌ك مانگ زیاتر تێپه‌ر نه‌كات چوونكه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕووداوانه‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێن و به‌هۆی بوونی ئه‌و ململانێ و ئاڵۆزیانه‌ی نێوان لایه‌نه‌كاندا, خۆی له‌ ڕاستیدا بوونی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا به‌ سیمایه‌كی دیموكراسیانه‌ داده‌نرێت چوونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری ڕووداوه‌كان كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا به‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌رگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسیه‌كانی نێو ئه‌و وڵاته‌دا, به‌ڵام بۆ عێراق تۆزێك پێچه‌وانه‌یه‌ چوونكه‌ له‌ عێراق هه‌ركه‌سێك بێت و بڕوات هیچ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ تێدا ڕوونادات , به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێكی خاوه‌ن ئیراده‌ی به‌هێز نایه‌ته‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق كه‌ بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م هه‌موو گه‌ندڵكارانه‌ی نێو عێراق ببێته‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ بۆ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی خۆی بدات ,ئه‌گه‌رنا عێراق هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ بوونی گه‌نده‌ڵی و خراپی ژیانی هاوڵاتیه‌كانی دا, وه‌ هه‌رچه‌نده‌ پاش عادل عه‌بدلمه‌هدی پێنج كه‌س كاندید كراوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و كه‌سانه‌ چ جیاوازیه‌كیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدلمه‌هدی واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ كاندید كراون كه‌سانی خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی به‌هێزن و ده‌توانن ته‌واوی كێشه‌كانی نێو عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان كۆتایی پێ بهێنن و ژیانی هاوڵاتیانی عێراق خۆشگوزه‌ران بكه‌ن, بێگومان هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ی ده‌وێت كه‌ عێراق به‌ره‌و ئارامی بڕوات چیتر له‌م فه‌زای گه‌نده‌ڵیه‌دا ڕزگاری بێت كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ به‌رۆكی گرتوه‌ كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا هاوڵاتی باجه‌ قورسه‌كه‌ی ده‌دات و به‌تایبه‌تیش چینی گه‌نجانی خێر له‌ خۆ نه‌دیوی عێراق بوونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستی گه‌ندڵكاره‌ قێزه‌ونه‌كانی عێراق ,
به‌ڵام ئاخۆ چاره‌نووسی ئه‌م هه‌موو حزب و میلشیاو گرووپانه‌ش چی لێ دێت كه‌ ده‌ستیان ناوه‌ته‌ نێو ئه‌م حكومه‌ته‌ بێ سه‌رو به‌ره‌ی عێراق هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت له‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌دا ئه‌مانه‌ هه‌مووی كۆتاییان پێ بێت و عێراق له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی یه‌ك ده‌نگیدا دابمه‌زرێنرێت به‌ بێ هیچ جیاوازیه‌كی ئاینی و مه‌زهه‌بیدا , ئه‌گه‌رنا هیچ جیاوازیه‌كی نابێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی تردا وه‌ دووباره‌ تووڕه‌یی شه‌قام به‌ دوای خۆی ده‌هێنێته‌وه‌.

1|12|2019




چیرۆکەشیعـر لە ئەدەبی منداڵانی کورد .. رەزا شـوان

لە ئێستادا، چیرۆکەشیعـر وەکو جۆرێکی جـیاوازی ئەدەبی دەنووسرێت و دەناسرێت.
چـیرۆکە شیعـر، بەشـێکە لە ئـەدەب بە گـشتی و لە ئـەدەبی منـداڵان بە تایبـەتی. چیرۆکەشیعـر دوو هونەرن لە هونەرێکدان. لە هەمان کاتدا شیعـرە و چـیرۆکـیشە. لە رووخساردا شیعـرە و لە ناوەڕۆکـيشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە. وەکو چـیرۆک بـریتییە لە: پێشەکی، رووداو، فـۆرم، نـاوەڕۆک، گـرێ، کۆتایی. وەکو شیعـریش بریتییە لە: جـوانی زمان، شێوازی هونەری هۆنینەوە، کـێش و سەروا، لە تـرپـە و مـوزیـک. هەمووشیان پێکەوە چـیرۆکێک دەگـێڕنەوە، بە زۆریش چیرۆکێکی ئەنـدێشەیی زیاتر لەوەی کە چـیرۆکێکی ریالیزمی بێت. ئەمەش بە نەگی نازانـرێت، سروشتییە کە شاعـیران پشت بە خەیـاڵ ببەستن، دەشێ شاعـیرێک لە تاقـیکردنەوەیەکی خەیاڵـیدا هونەرێکی تەواو بنیاتبنێ و بـڕازێنێتەوە.
کە وابێ ئێمە لە چیرۆکەشیعردا چی دەخوێنینەوە، شیعـر یا چـیرۆک؟ بێ ئەوەی نوقمی بیرکردنەوە ببین، دەبینین کە ناوەکەی وەڵامەکەی لەخۆ گـرتووە، شیعـرە و چیرۆکیشە. چیرۆکەشیعـر، بەشێکی رەسەنە لە ئەدەبی کوردیمان، چ ئەدەبی گەورەکان یا منـداڵان.

چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان، بە شێوازێکی ئاسان و سووک و بە زمانێکی پەتی و رەوان و شیرین دەهـۆنرێتەوە، کە لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان بگونجێت.. چیرۆکەشیعری درێـژ هەیە و چـیرۆکەشیعـری کورتیش هەیە.. بە زۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێماییە و لە سەر زمانی باڵندەکـان و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە.
چیرۆکەشیعـر، زاخاوی بیر و هۆش و هەستی منداڵان دەدات و چـێژ و خۆشییەکی زۆر دەخاتە دڵ و دەروونیانەوە. بە ئاسانيش دەتوانن لەبەریان بکەن، بۆیە زۆربەی منداڵان حەز بە خوێنـدنەوە و بە بیستنی چـیرۆکەشیعـر دەکەن و سوود و چـێژیان لێوەردەگرن.
بۆیە پێـویستە کە بەشی منـداڵان، لە پەرتووکخـانە گـشتییەکـانی شار و شارۆچکەکـانی کوردستاندا، لەگەڵ پەرتووکخانەکانی قوتابخانەکان و کتێبخانە تایبەتییەکانی ماڵەکانیش، بەو پەرتووکـانە دەوڵەمەنـد بکـرێن، کە چـیرۆکەشیعـریان بۆ منـداڵان لەخـۆگـرتوون.
لە فـۆلکلۆری دەوڵەمەنـد و رەنگینی کوردیمانـدا، بە دەیان چـیرۆک و چـیرۆکەشیعـری خەیاڵئامێز و بە دەیان داستان و ئەفسانەمان هەن، كە بە چیرۆکە شیعر هۆنراونەتەوە، مـۆرک و رەسەنـایەتی کوردییان پێوە دیـارن و بەشێکـن لە ئـەدەبی گـەلی کوردمـان.
گەلێ لە شاعـیرانی کـۆن و نوێی ناسراوشـیمان، چـیرۆکەشیعـری جوانیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون.. یا بە تام و چێژێکی کوردییەوە کۆمەڵێک چیرۆکەشیعری بیانیان وەرگـێڕاون بۆ سەر زمـانی کوردیمـان.. لەوانەش:
(پیرەمێرد) ی نەمر کە چیرۆکەشیعری (قەلەباچکە و باخەوان، رێوی و کەڵەشێری)ی لە عەرەبییەوە وەرگـێراوە بۆ سەر زمانی کوردیمان. (فایـق بێکـەس) چیرۆکەشیعـری (دوو کۆتر و بۆقێک، یا دوو مراوی و کیسەڵێک، دوو پشیلە و مەیموونێک)، (هـەژار موکریانی) چیرۆکەشیعری (کۆبوونەوەی مشکان)، (کاکەی فەللاح) یش چیرۆکەشیعری (شـێری ساخـتە) بەڵام بە تـام و چـێژێکی کوردیی گونجاو بۆ منداڵانی کوردمان وەریان گـێڕاون بۆ سەر زمـانی کوردی.
هەروەهاش (گـۆران) و (محەمەد ئەمین بوز ئەرسەلان) و (عومەر عەبـدولـڕەحـیم) و (عەلی عەبدوڵڵا شەونم) و (لەتیف هەڵمەت) و (سەبریە نوری قادر ـ دایکی سۆلاڤ) و (عەلـیڕەزا محەمەدیان) و (کونی رەش) و (محەمەد حەمە بـاقی) و (سـمین چـایچی) و (رێکاری مزیـوری) و (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) و (محەمەد بەرزی) و (عوسمان شکور) و چەنـدین شاعیری تری بواری منداڵان، چیرۆکە شیعـری کورت یا درێژیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون. بەشێکیان سوودیان لە چیرۆکە فۆلكلۆرییە کوردییەکانمان بۆ منـداڵان وەرگـرتـوون، بە چـیرۆکەشیعـرەوە هـۆنیویـانەتـەوە.
کەڵە ئەفـسانەنووسی چیرۆکەشیعـر بۆ منداڵان، شاعیری فەرەنسی (جـان دی لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بە داهـێنەر و بە پێشەوای چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێـت. زیاتـر لە (٢٤٣) چـیرۆک و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسـیون و لە دوانگـزە پەرتـووکـدا چـاپکـراوان.. زۆربەیان وەریان گـێڕاون بـۆ سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بە زمانی کوردیشـمانەوە.
میری شاعیرانی عەرەبیش شاعیر (ئەحمەد شەوقی: ١٨٦٨ـ ١٩٣٢) کە بە رەچەڵەک کـوردە، باوکی خەڵکی شاری سلـێمانی نیە. شـەوقی خـۆی لە دێـڕە شیعـرێکـیدا دەڵێت: “بە گـوێی خـۆم گوێـم لە باوکـم بوو، کە ئـەو وتی بە رەسـەن کـوردم و هـاتووم لە گەڵ عەرەبدا ژیاوم” ئەحمەد شەوقی ماوی چوار ساڵ لە فەرەنسا بوو، بڕوانـامەی لیسانسی لە زمـانی فەرەنسیدا وەرگـرت، بە خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی لاڤـۆنتین بـۆ منـداڵان زۆر سەرسام بووە، لە پێشەکی دیوانـەکەیـدا (شەوقـیات) نای شـارێتەوە و دان بەم راستییەدا دەنێت، کە چـیرۆکەکانی لاڤـۆنتین کاری تێکردوون و ئیلهـام و سوودێکی زۆری لێوەرگرتوون. بێرۆکەی بەشێک لە چیروکەشیعرییەکانی لە ئەوەوە وەرگرتوون. بەڵکـو بەشێکی زۆریـان لە فـەرەنسییەوە، بە تـام و چـێژێکی عـەرەبییەوە وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی عەرەبی، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە لە فەرەنسییەوە وەگـێڕاون.
لە ساڵانی چلەکـان و لە پەنجـاکـانیشدا، زۆربەی قـوتابیانی قوتـابخـانە سەرەتاییەکـانی کوردسـتان، چـیـرۆکەشیعـری (رێـوی و کەڵەشـێـر) یان لەبـەربـوو، کە لـە بنـەڕەتـدا چیرۆکێکی (لاڤـۆنتین)ه (ئەحـمەد شەوقی) بە چـیرۆکەشیعـرەوە بـۆ منـداڵانی عـەرەب وەری گـێڕاوەتە سەر زمانی عـەرەبی. شاعیر و رۆژنامەنووس و بیرمەنـدی گەورەی گەلەکەشمان پـیرەمـێرد، وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کـوردی، بەڵام بە تـام و چـێژێکی کوردی زۆر ناسک و شیریـن و بە کوردییەکی سـووک و پـاراو و رەوان، بۆ منـداڵانی کوردمانی هـۆنیوەتەوە، کە زۆر لە دەقەکەی لاڤۆنتین و لە دەقەکەی ئەحمەد شەوقیش ناسکتر و ئاسانترە بۆ منداڵان. دەقی چیرۆکەشیعری (ریـۆی و کەڵەشێر) ی پیرەمێرد:
رۆژێ مـــام رێـــوی دەهــــات
دەم بـە ویــــرد و ســـەڵـەوات

  • * *
    دوایـــی دەیــــوت بـە ئـــــاواز
    لەعـنـەتی خــوا لـە فـێـڵـبــــاز
  • * *
    دنـیـــا هـێـنـــدەی پـێ نـــــاوێ
    هـــــەژارێ بـخــــــەیـتـە داوێ
  • * *
    عـومــــرێــکـە دێــــت و دەڕوا
    وا چـــاکـە روو بکـەیـنـە خــوا
  • * *
    ئــــاخ رۆژێ بـەیــــــانـی زوو
    گوێـم لـە دەنـگی بانگ دەبـوو
  • * *
    خـۆزگـــــە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
    بـەیـانـیـــان بـانــــگ بــدێــرێ
  • * *
    نـــاردی بـۆ لای کـەڵـەشــــێـر
    دانــی بـۆ دەڕژێـنـــــم تــــــێـر
  • * *
    ئـــەو بــێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
    مــن دەبـمـــە پـیـــــاوی خــودا
  • * *
    کـەڵـەشــــێـر بـە راســــپـێـری
    وتـــی بــەم فـێـــــڵە فــــــێـری
  • * *
    بـەڵام بــــاب و بـاپـــــــیـرمـان
    ئـەوەی خـستـۆتـە بـــــیـرمـان
  • * *
    رێـــوی بـە فـێــــڵ نـاوەســتـێ
    مـەگـەر تـەڵــە پـێـی بـەســتـێ
    لەم چـیرۆکەشیعـرەدا، رێـوی هـێمایە بۆ مـرۆڤی فـێـڵباز و خەڵـەتێنەر، کە دەیەوێـت لە ژێر پەردەی ئاین و بە رواڵەت پیاوچـک و بە زمان لووسی، کەسانی دڵپاک و خۆشبڕوا بخـەڵـەتێـنێ و تەفـرەیان بـدات.. بـەڵام ئـەو کەسـانە نـاسـراون و نـاوزڕاون، خـەڵـکی شـارەزای فـێـڵ و پیـلان و نیـاز خـراپیـیان بـوونە، چـیتر بـڕوا بە قسەکـانیان ناکـەن و ناکەونە داویـانەوە.. پەیامی ئەم چیرۆکەشیعـرەش ئەوەیە: منـداڵان لە داهاتوودا، ئەوە دەزانـن کە دنیـا پـڕە لـە رێـوی فـێڵـباز.. واتە لە کەسانی فێڵباز و درۆزن و بەدکار.
    سێ نموونەی کورتی تر، کە دوانیان لە چیرۆکەشیعـرییەکانی شاعـیر و چـیرۆکنووسی گەورەی گەلەکەمان، لە بواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان، کـاک (لەتـیـف هـەڵمـەت) ە، هەڵمەت کۆمەڵێک چیرۆکەشیعری بە شێوازێکی ساکار و ئاسان و بە زمانێکی شیرین و رەوان و پـەتی بـۆ مـنـداڵانی کوردمان نووسـیوە، وەکو خۆشی ئامـاژەی پێکـردوون سـوودی لە چـیرۆکی فـۆلکـلۆری کوردی و لە چیرۆکی بیانی وەرگرتـوون، یان زادەی خەیاڵ و هـزری خۆین.. نموونەی یەکەم چیرۆکەشیعری (کوردسـتان: دیوانی منداڵان)
    پـیـرەمــێـردێ
    چـووە قـوتـابخـانەی گـونـدێ
    لـە حـەوشــــدا راوەســتـا
    دەوریـان لـێـدا مامـۆسـتـا
    هــا خـاڵـــــە گـیـان
    چـیـت گەرەگـە هـا خـاڵـــە گـیـان
    پـیـرەمـێـردی بەســتـەزمــان
    کە لاواز بـوو وەک گـۆچــان
    وتـی تـوخـــوا مـامـۆســـــــتـا گـيــــــان
    فـێرم ناکەی چـۆن بنووسم کوردســتان
    لەتیف هەڵمەت، ئەم پیرەمێردەی کـردووە بە هـێمای دڵسۆزی و کوردستان پەروەری، دەیەوێـت لە رێی ئەم پیـرەمـێردەوە، پـەرۆش و خۆشـەویستی و هـاوبەستەبـوون بۆ کوردسـتانی نیشـتمـانی شـیریـنمان، لە دڵـی منـداڵانی کـوردمـان شـیـریـنـتـر بکـات.
    نموونەی دووەم لە چیرۆکەشیعـرەکانی لەتیف هەڵمەت ( راوە کـەڵ: دیـوانی منداڵان)
    کە لە چـیرۆکێکی روسیـیەوە وەری گـرتـووە، بە چـێژێکی کوردییەوە هـۆنیوێتـەوە:
    هەبـوو نەبـوو رۆژانی زوو
    راوچـی یـەک بـوو
    لـەم هـەرد لـەو گـرد
    رۆژێ کەڵـێکی راو کـرد
    خەیـاڵی پـووچ کـەوتە سـەری
    کـەوڵی کـەڵی کـردە بـەری
    راوچـی چـەپـەڵ
    بـە روواڵـەت خـۆی کـرد بـە کـەڵ
    وتـی ئـیـتـر کــەڵ و بـزن
    لـەو کـێوە سـڵ ناکـەن لـە مـن
    لـە مــلـی کـــرد رەزن و تـفـەنـگ
    لـە دۆڵـێکـدا مـات بـوو بێ دەنـگ
    چـــاوەڕێ بـوو وەکــو رێـوی
    بـە فـێڵ قـڕ کـات کـەڵە کـێوی
    راوچـی یـەکی تـر لـەولاوە
    بێ ئـاگـا لـەم بەنـد و بـاوە
    روانـی کــەڵێ راوەســتاوە
    خـۆی بـۆ خـسـتـە پەنــاوە
    تـەق دوو گـوللـەی لـە دڵـی دا
    زریکــانی و گـێـنـگـڵی دا
    راوچـی بـڕی چەنـد شـیو و کـەل
    چــووە ســەری بـە پــەلــە پــەل
    روانــی کــــەڵ نـیـیـە پـیــــاوە
    لەو کەوڵـەدا خـۆی مـات داوە
  • * *
    ئەوەی پێستی خـۆی بگـۆڕێ
    ئـەوەی لـە خـــۆی بـتــــۆرێ
    بـــەد و نـابـــــووت و زۆڵــە
    ئاخری هەر گـولـلـەی تـۆڵــە
    دڵ و مێـشـــکی دەپـــــژێــنێ
    لەنـاو خـوێنـا دەیگـەوزێــنێ
    بـژی مــــرۆی پـــاک نـیـــاز
    بـمـرێ مـــــرۆڤـی فـێـڵـبـــاز
    کاک لەتیف لە کۆپلەی دواییدا،مەبەستی چیرۆکەشیعرەکەی بۆ منداڵانی کوردمان روون کـردۆتەوە. (راو کـەڵ) وەکـو دەبیـنن، شیعـریشە و چـیرۆکیشە.. ئـەم چیرۆکەشیعـرە لە فـۆلکلۆری کوردی و لە فـۆلکـلۆری هـەنـدێ لە نەتەوەکـانی تـریشـدا هـەیە.
    دەمەوێـت ئـەوەش بڵـێم، کە بـۆ منـداڵان ئەو چـیرۆک و چـیرۆکەشـیعـرانە پەسەنـدن کە کوتـاییەکـانیان، بە گەشبـینی و هـیوابەخـشـیـن و سەرکـەوتن و خـۆشی کۆتاییان بێـت.. نـەک بە رەشـبـینی و خوێـن رشـتـن و کوشـتـن و کارەسـات و تراژیـدیـا کۆتـاییان بێـت.
    مەرجـیش نییە کە هەموو چـیرۆکەشیعـرێک کۆتاییەکی مەبەستداری هـەبێت.. لەوانـەیە بۆ خۆشی و شـادی و بۆ خەنـدە خستنە سەر لێوەکانی منـداڵان هـۆنرابێتەوە.. نموونەی ئەم جـۆرەش، چـیرۆکەشیعـرێکی شاعـیری ناسراوی رۆژهــەڵاتی کوردسـتان لە بـواری ئەدەبی منداڵانی کوردمان کاک (عەلـیڕەزا محەمەدیان) بە نموونە دەهێنینەوە کە لەژێـر ناوی (مـاسی خـانـم) دایە، کە بە دیالـێکـتی لـوڕی (بە شـێوەزاری ئـەردەلانی) دایناوە:
    مـاسـی خــــانـم نـــاو دەریــــا
    چـارشـــێـوی دا بـە سـەریــــا
  • * *
    کەفـتـە رێــگـا خــرتـە خــرت
    شـیـریـن شــیـریـن وردە ورد
  • * *
    مـاسی خـانـم کـەوشـی نــەوو
    مـاڵەکــەیـان حـەوشـی نــەوو
  • * *
    وەختی چوو بۆ سەر کووجـی
    چـاوی کەفـتــەو بـە جـی جـی
  • * *
    جـی جـی زەردەواڵـــــــە بـوو
    منـاڵ ئـەو بـەر ماڵـــــــە بـوو
  • * *
    وتـی قــــەزات لـە گـیـــــــانـم
    رێـگــەی هــەس و ئـــــەزانـم
  • * *
    مـاسـی کـەوشی لـە پـا کـەنـــد
    وتـی ئیمــڕۆ بـۆ تــۆم سـەنــد
    باسکـردن و لێکۆڵینەوە و شیکـردنەوە لە چیرۆکەشیعـر زۆر لەمە زیاتر هەڵـدەگرێـت.
    کـە بـە چـوار پێـنج لاپـەڕە کـۆتـایی پـێ بهـێـنین.. نـازانـم بـۆ هـەنـدێ لـە نـووسـەرانی کوردمان، کە پۆلـێنی ژانـرەکـانی چـیرۆکیان کـردوون، چـیرۆکەشیعـریان بە لاوە ناوە و لە ریـزبـەنـدی پـۆلـێن کـردنی چـیـرۆک یـا شـیعـردا دایـان نـەنـاوە..؟ وەکو ئـەوەی کە بایەخـێکی ئەدەبـی نەبێـت بـە لایـانـەوە.. بەڵام هـەر لێکـۆڵیـنەوە و باسـێک دەربارەی جۆرەکانی چـیرۆک، گەر چـیرۆکەشیعـر بەلاوە بنـێن، لێکۆڵینەوە و باسێکی ناتەواون.

    رەزا شوان
    نەرویـج: ١ی/دێسەمبەر/ ٢٠١٩




مەمەد ئەکتاش: یەڵماز گۆنای کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە

مەنسوور جیهانی ـ “مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کورد و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” گوتی: “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە.

“مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” The Legend of the Ugly King سەبارەت بە ژیانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yilmaz Güney لە دەرهێنانی “حوسێن تەباک” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا کە لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی “سینەما حەقیقەت” Cinema Verite نمایشکرا گوتی: ئەم فیلمە لەسەر ژیانی “یەڵماز گۆنای” باوکی سینەمای کوردییە کە ماوەی حەوت ساڵ کاتی خایاند تاکوو ئامادەبێت و زۆر خۆشحاڵم کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەما حەقیقەت” پێشکەش کرا، سینەمای ئێران لە ئاستی دنیادا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و دەرفەتێکی باشە کە سینەماکارانی ئێرانی “یەڵماز گۆنای” بە باشی بناسن.

گوتیشی: سینەمای ئێران بۆتە سینەمایەکی نێودەوڵەتی و ئێستاکە دۆستێکی باشی سینەمای کوردییە و پێشوازیی یەگجا زۆری سینەماکارانی ئێران بۆ بینینی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” ئەمنی زۆر خۆشحاڵ کرد. سێ ساڵ پێش ئێستاش فیلمی سینەمایی “ڕەشەبا” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایشکرا و هەمووی ئەم هەنگاو و پەیوەندییانە زۆر دڵخۆشکەر و کاریگەن.

ئەم بەرهەمهێنەر کوردە سەبارەت بە کاریگەریی “یەڵماز گۆنای” لەسەر سینەماکارانی ئێران و جیهان گوتی: لەگەڵ خوالێخۆشبوو “عەباس کیارۆستەمی” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا بە تێرووتەسەلی قسەمان کرد و ئەو بە منی گوت کە فیلمی سینەمایی “ئومید” Umut لە دەرهێنانی “یەڵماز گۆنای” زۆر کاریگەریی لەسەر کردووە و هەروەها سینەماکارانی بەناوبانگی ئێرانی وەکوو “ئەمیر نادری” و “موحسین مەخمەلباف” کاریگەریی ئەم سینەماکارە کوردەیان بەسەرەوە دیارە و کەڵکیان لێوەرگرتووە.

گوتیشی: “یەڵماز گۆنای” یەکەمین دەرهێنەر بوو کە سینەمای کوردی بە دنیا ناساند، کاتێک کە ئێمە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە”مان ساز دەکرد، “ئێلخاندرۆ گۆنسالێس ئیناریتۆ” Alejandro González Iñárritu دەرهێنەری مەکزیکی فیلمی سینەمایی “بابێل” پێی گوتین کە یەکەمین جار کە فیلمی “یۆڵ”ی لە سینەماکانی مەکزیک بینیوە، بڕیاریداوە کە ببێتە دەرهێنەر. “ماڕتین ئیسکۆرسیزی” Martin Scorsese گوتی ئەگەر من پێش ئەوەی کە فیلمی “شۆفیری تاکسی”م Taxi Driver ساز کرد، “یەڵماز گۆنای”م بناسیبایە، بە ڕوانینێکی دیکەوە ئەم فیلمەم ساز دەکرد. دەتوانم بڵێم “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە و تا ئێستاش لە قوتابخانە سینەماییەکاندا بەرهەمە هەرمانەکانی ئەو وەکوو وانەی خوێندن دەگوترێتەوە.

ئەم بەرهەمهێنەرە بەئەزموونە سەبارەت بە قۆناعی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” گوتی: من پلانی سەرەتایی سیناریۆی فیلمەکەم نووسی و پاشان بە “حوسێن تەباک”دا کە ئەوکات قوتابی “میشێل هانیکە” Michael Haneke بوو و لە ئاکادیمیای ئەم سینەماکارە مەزنە سینەمای دەخوێند. من ئەو کاتەی کە دەستم بە کاری سینەما کرد زۆرم حەز لێبوو کە کارێک بۆ “یەڵماز گۆنای” بکەم. چونکە “یەڵماز گۆنای” لە سینەمای تورکیادا شۆڕشێکی ساز کرد و هەروەها دەستپێکی سینەمای کوردی بوو. و وەکوو دەرهێنەرێک لە دنیای ئیسلامدا بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی گەورەی زێڕینی “چڵە خورمای” بەدەستهێنا.

گوتیشی: تایبەتمەندیی هەرە گەورەی “یەڵماز گۆنای” ئەوە بوو کە ئەوکاتەی کە زینداندا بوو، لە بەندیخانەوە دیکۆپاژەکانی بۆ یاریدەدەرەکانی دەنارد و ئەوانیش فیلمی سینەمایی “یۆڵ”یان وێنەگرت و بەم شێوەیە دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەنجامدا.

ئەکتاش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “یەڵماز گۆنای” فیلمەکانی بە شێوەیەک سازکردووە کە هەر نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیریی بکات خۆی و شوناسی خۆی تیایدا دەبینێتەوە. ئەم سینەماکارە کوردە بە هۆی ئەندێشەی مرۆڤایەتییەوە ژیانی خۆی لەدەستدا.

بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم”ی ئه‌ڵمانی سەبارەت بە وتەکانی “میشائیل هانیکە” Michael Haneke و “کۆستا گاوراس” Costa-Gavras سەبارەت بە کەسایەتی و پێگەی “یەڵماز گۆنای” گوتی: “یەڵماز گۆنای” ئەو کاتەی کە لە فەڕەنسا دەژیا لەگەڵ کۆمەڵێک دەرهێنەر لە سینەمای جیهان پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی هەبوو، کە یەکێک لەوانە “کۆستا گاوراس” بوو، “یەڵماز گۆنای” بەتەمابوو کە لە وڵاتی یۆنان فیلمێکی گەورە بەرهەمبێنێت و ئەم دەرهێنەرە ناودارە یۆنانییەش بڕیاروابوو کە هاوکاریی بکات. “کۆستا گاوراس” کاتێک کە باسی گۆنایی دەکرد تەنیا دەگریا، یەگجار زۆر هەڤاڵی یەکتریی بوون.




یادی ٦ هەمین ساڵڕۆژی تیرۆری کاوە گەرمیانی لە لەندەن بەرز ڕادەگیرێت!

بانگەواز بۆ وەستانێکی ناڕەزایەتی لەبەردەم نۆێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی: پێنج شەممە: ٥-١٢-٢٠١٩
کاتژمیر: ٤ بۆ ٥ ئێوارە
شۆێن: بەردەم نۆێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2 Hobart Pl, Belgravia, London SW1W 0HU
نزیکترین ئیستگای قیتار فیکتۆریا ستەیشن لەسەر خەتی شینی کاڵ
Victoria Station
یادی ٦ ساڵ بەسەر تیرۆری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانیدا تێپەردەبێت، نەک هێشتا نەخشەداڕێژەرانی بکوژی راستەقینەی دەستگیر نەکراوە بەڵکو لەسەر کورسی دەسەڵات و لە جێگاو ڕێگای شیاودا ڕاگیروان و دەسەڵاتدارن تەواوی ئەو کەیسانەی تیرۆری رۆژنامەنوسان وهەڵسوڕاوانی سیاسی بەداخراوەیی هێشتۆتە و داخوازی و ناڕەزایەتیە کانی خەڵکی کوردستانی بۆ ئەو دۆسیانە بێ وەڵام هێشتۆتەوە.
هەربۆیە ئێمە کۆمەڵێک لە خەڵکی ئازادیخوازو هەڵسوڕاوی سیاسی بانگەوازتان دەکەین لە یادی ٦ هەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنوس کاوەگەرمیانی دا با پێکەوە بە بیری دەسەڵاتدارانی بهێنینەوە کە کەیسی کاوەگەرمیانی و سەرجەم دۆسیەکانی تیرۆی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازن و هەڵسوڕاوانی سیاسی تا ئاشکراکردنی بکوژانی راستەقینەوەو بەدادگایی گەیاندنی تاوانباران ئەو دۆسیانە بەزیندوی و کراوەیی لە فکر و زهنی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

بۆزانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفونەکانی :
٠٧٤٠٣٣٤٣٥٥٨ -٠٧٤٧٦٢٠٤١٢١
کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی داکۆکیکار لە ئازادی
٣٠/١٢/٢٠١٩




دیدی فێری ڕاهێنان ده‌بێت … نوسینی/ انور اللامی

وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/ فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی

دایكه‌ چۆله‌كه‌ به‌ (دیدی ) وت: باڵه‌كانت لاوازن پێویستیان به‌ ڕاهێنانه‌،وه‌ره‌ باپێكه‌وه‌ كه‌مێك بفڕین. (دیدی) به‌ بێزارییه‌وه‌ وتی: دیسانه‌وه‌ ڕاهێنان؟ من ئاره‌زووم له‌ فڕین نییه‌،خۆت به‌ته‌نیا بفڕه‌.دایكی وتی:گیانه‌كه‌م نابێت كه‌مته‌رخه‌م بیت.
دیدی له‌سه‌ر چڵی دارێكی نزیك هێلانه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌وتبێت چاوه‌كانی داخست و له‌ناكاو گوێی له‌ده‌نگێك بووده‌یوت:{زۆر باشه‌ خه‌وتووه‌.}،دیدی چاوه‌كانی كرده‌وه‌ بینی كونده‌په‌پویه‌ك به‌خێرایی به‌ره‌وڕووی ده‌هات و ده‌یویست بیگرێت.
چۆله‌كه‌كه‌ی هاوڕێی چاوی لێبوو خێرا هه‌ڵفڕی وخۆی گه‌یانده‌ دیدی ،پێی وت:دیدی خێرا بفڕه‌و لێم دوور مه‌كه‌وه‌. دیدی خێرا هه‌ڵفڕی و خۆی ڕزگاركرد.هاوڕێكه‌ی به‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕێنمایی ده‌دا به‌ دیدی تا دڵنیا بوون له‌وه‌ی كه‌مه‌ترسیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌.دواتر دیدی زۆر سوپاسی هاوڕێكه‌ی كردو گه‌ڕایه‌وه‌ هێلانه‌كه‌ی. (دیدی ) به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ دایكی گێڕایه‌وه‌و وتی:[دایكه‌ له‌م به‌سه‌رهاته‌وه‌ وانه‌یه‌كی گرنگ فێربووم]،دایكی به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی:((كه‌واته‌ ئێستا له‌گرنگی ڕاهێنان گه‌یشتووی؟)).

ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ژماره‌ (265) ی گۆڤاری په‌پوله‌ به‌ لاتینی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




لە چاوەڕوانی گۆ (تۆ )دا … نەوزاد بەندی

وات ئەزانی
زۆر ئاسانە چاوەڕوانیی ؟
یان کاتی من
بە کەرەستە و
کەل و پەلی خۆت ئەزانی ؟

بە داخەوە
زۆر بێ خەم بووی
نەتئەزانی ،
شەو نەخەوتم
تا بەیانی ..
ئەموت کامیان لە بەر بکەم ؟
کام ڕەنگەیان لە سەر بدەم ؟
کام عەتر لە خۆم بپژێنم ..؟
کام پێڵاویان ..
بۆ ھەنگاونان لەگەڵ ئەودا
بە کاربێنم ؟

وا ئەزانی
بۆ دار و تەختە ئەڕوانی ..؟!

نەتئەزانی
چەندەھا کار و پرۆژەم
بۆ بێگارییەکەی جەنابت
کردۆتە قۆچی قوربانیی

نەتئەزانی
لە نێوان تۆ و
خەرمانێک زیکر و تەقوادا ،
کەوتبوومە
دەریای قوڵی پەشیمانیی

نەتئەزانی
لە بارەی وردی و ماندوێتی و
ھەڵس و کەوتم
ھیچ نازانی ..

پەیکەرێکی وشک و بێ گیان
وەک ( کانییەکی
ڕوونی
بەر
تریفەی
مانگە شەو)
من بۆم ئەڕوانی ..!

— ئەوەی ناو کەوانەکە نیوەدێڕێکی گوران ە—