فیلمی جۆکەرو کوشتنی دەوڵەمەندەکان … ن/جەلال قادر

ئارتەر (جۆکەر) لە پزیشکە دەروونیەکەی دەپرسێ : ئایە دونیا شێتانەیە یاخود من تێکچوومە؟

تات فیلیپ دەرهێنەروسیناریستی فیلمی (جۆکەر) لەجیاتی پەنابردن بۆ شەڕوپێکدادان، زێتر بایەخ بە بەسەرهات و ژیانی دەروونی تاڵی کاراکتەرەکە دەدات، هەرچەندە فیلمەکە پڕە لە تووندوتیژی، لی تەماشاکردنی کاراکتەرێکی خەمۆکاوی، بینەر تووشی گۆشەگیری دەکات.

ئەگەر کەسێک ولاتی ئەمریکای نەدیبێت و تەماشای ئەم فیلمە بکات( لەوانەیە) وابزانێت زۆربەی گرتە و دیمەنەکان دروستکراون و خەیاڵین، کەچی لە حەقیقەتدا ئەمریکا ولاتێکی سەرمایەدار و بازرگانی جیهانە و چینێکی هەژار تێیدا دەژێت. بۆ نموونە : ئەو کۆلانانەی جۆکەر پێیدا ڕادەکات و دەوری تیا دەبینێت، پڕە لە زبڵ و خاشاک، ڕاستین و شوێنی هەژار نشینین. لەگەل هەر گرتەیەک دیمەنی بینا بەرزەکان و کۆلانە وێرانەکان دەبینین، کە ئەمەش دەرهێنەر جیاوازییە چینایەتیەکەمان پیشان دەدات. هەروەها زانیاریمان دەداتێ کە ڕووداوەکان لە کوێ ڕوودەدەن.
ڕووداوی فیلمەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سالانی هەشتاکان، دەبینین (جۆکەر) لافیتەیەکی بەدەستەوەیە و ریکلام بۆ بازاڕێک دەکات، کەچی لەناکاو چەند چەتوونێک دێن و لافیتەکەی لێدەفڕێنن. لە ئەمریکا نەک پیاو بگرە ژنش لەسەر شەقامەکان دەبینیدرێن لافیتەیان بەدەستەوەیەو ریکلام بۆ دوکاندارو بازرگانەکان دەکەن. بەلام ئەوەی جێگەی داخە ئەو کەسەی جۆکەر کاری بۆ دەکرت، سزای جۆکەر دەدات لەسەر ونبوونی لافیتەکە، بە بڕینی بڕێک پارە لە مووچەکەی. هەر لەسەر کارش کاراکەتەرێکی شەڕانگیز دەمانچەیەک دەدات بە جۆکەر، بۆ ئەوەی لەدوا ڕۆژ تووشی کێشە ببێت. لەدواجار جۆکەر لەماڵەکەی خۆی بە (مەقەست)ئەو کاراکتەرە دەکوژێت.

لەگرتەی (یەکەم و کۆتایی) جۆکەر لەبەردەم پزیشکێکی دەروونی دەبینین، ئەوەش بەو مانایەی کە سیستەمی ئەمریکا مرۆی هەژاری تووشی نەخۆشی دەروونی کردووە و نە ئامادەیە چارەسەریان بکات و نە دەرمانشیان پێ ڕەوا دەبینێت بیانداتێت.

دیمەنەکانی ناو واگۆنی قیتارەکان : کاتێ جۆکەر دەیەوێت بزەخەندەیەک بکاتە سەر لێوی منداڵێک کەچی دایکی منداڵەکە تووڕە دەبێت. لێرەدا تێدەگەین کە پەیوەندییەکان لەناو تاکی کۆمەلگە بەرەو کزبوون و لەناو چوون دەچێت. هەروەها هەر لەناو قیتارەکە سێ ئەکتەری دەوڵەمەندی (گاتام) شەڕ بە ئافرەتێک دەفرۆشن و پاشان تێر وپڕ لە (جۆکەر) دەدەن. جۆکەر تووڕە دەبێت هەرسێکیان بە( دەمانچە )دەکوژێت و هەڵدێ.
لەبەرئەوەی ئەو سێ کاراکتەرە لە چینی دەولەمەندەکان دەبن، خەلکی هەژارنشین ئەم کردەوەیەی (جۆکەریان) پێخۆشدەبێت، لەپاش ئەم ڕووداوە خۆشەویستی جۆکەر وەک قارەمانێک دەچێتە دڵی جەماوەرەوە. هەر بۆیە ماسکی جۆکەر پۆشین دەبێتە سیمبوڵ.
لە سیناریۆکە جۆکەر پاڵەوانی فیلمەکەیە، بەلام ئایە کێن ئەوانەی ڕکابەر و ناحەزی جۆکەرن؟ پێدەچیت جگە لە چینی سەرمایەدار، کۆمەلگەش بەشێکبن لەو تاوانانەی ئەنجامدەدرێن. بەلام(باتمان ) وەک منداڵێکی ناسک و نازداری خیزانێکی بورژوازی دەبینرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندا لە فلمێکیتر ڕووبەرووی جۆکەر ببێتەوە.
بەهەربار لەسەر ئەم کوشتن و تاوانانە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، (رۆبەرتە نیرۆ) لە جۆکەر دەپرسێ: ئایە تۆ کەسێکی سیاسیت؟
جۆکەر : نەخێر…من کەسێکم ژیان بە کۆمیدیا دەزانم…

لە گرتەی چاوپێکەوتنەکانی لە گەل (رۆبەرتە نیرۆ) : سەرەتا ئارەزووی تەماشاکردنی بەرنامەکانی دەکات (talk Show)، بەلام کاتێک دەچێتە ستدیۆ و لە شاشەی تەلەفزیۆن دەردەکەوێت، هەستدەکات (رۆبەرتە نیرۆش) گەمە بە هەست و سۆزی دەکات و دەیڕووخێنێت. دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن و سەرسووڕمانین پێیان، زۆرجار شایەنی ئەوە نین ڕێزیان لێبگیرێت. فیشەکێک بەناوچاوەوانی (ڕۆبەرتەوە) دەنێت.
هەروەها لە باکگراوندی گرتەی فیلمەکە، گوێبیستی شووتی ئۆتۆمبیلەکانی پۆلیس دەبین، ئەم جۆرە دەنگ و هاژانە لەناو شاری (نیویۆرک) ئاساییەو لەهەر خووڵەکێک چەندینجار ئەم دەنگانە هەن.

لەگرتەیەکدا جۆکەر لە ژوورەکەی بەسەر سیسەمەکەی پاڵکەوتووە، ڕۆژنامەیەکش لەسەر زەوییەکە دانراوە، لە مانشێتەکەی بە گەورەیی نووسراوە:(بزووتنەوەی نوێ، دەوڵەمەندەکان بکوژن)…… هەڵبەتە دیکۆری ژووروو هەڵبژاردنی وێنە و پێداویستی ناو ماڵ و دانانی ئەو ڕۆژنامەیە، بی ئەنقەست نین.
کاتێ ئەم فیلمە پەخشکرا ، چەند شارێک خۆپیشاندانیان کرد کە نمایشەکە ڕاگرن، چونکە فیلمێکی تووندتیژەو کاریگەری دەروونی لەسەر تەماشاچی درووستدەکات.

لی من کاتێ چووم بۆ سینەما و فیڵمەکەم بینی، لەکاتی نمایش چەند بینەرێکی هەرزەکارو خێزانێک دەرچوونە دەرەوە. ئەو زانیارییانەی من بەرگوێم کەوت ئەوە بوو، کە گەنجەکان تاقەتی گوێ ڕاگرتنی چیرۆک و بەسەرهاتی جۆکەریان نەبووە، بەلکو چاوەڕووان بوونە ئەم فیڵمە پڕ لە ئەکشن و شەڕوشۆڵ بێت لەگەل (باتمان). هەڵبەت هەندێک بۆ چوونیتر هەیە کە تەماشاچی بەرگەی هەڵس و کەوت و کردەوەکانی جۆکەر ناگرێت.
لەکۆتاییدا دەتوانین بلێین ئەم فیلمە کە بەسەرهاتی کۆمەلگەی ئەمریکی و کێبڕکێی شەڕو خێر پیشان دەدات، فیلمێکە کە دەوێت پێمان بڵێت لە دونیای سەرمایەداری چیمان بەسەردا هاتووە؟!.
فیلمێکی سەرکەوتووە و شایانی ئۆسکاریشی هەیە.

————————————————————————————–

-تێبینی: لەسالانی پەنجاکان وەک کاریکاتۆرێکی پۆلیسی نووسراوەتەوە.
-سەرچاوە: فیلمی جۆکەر، لە دەرهێنان و نووسینی ( Todd Philipتات فیلپ)
(Joaquin phoenix رۆلی جۆکەر ( خاکوین فۆنێکس




جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا (به‌شی 7)… هه‌ندرێن خۆشناو

وێنه‌ی كاریكاتێریی ده‌توانێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری خولاودا به‌ چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازه‌وه بوونی هه‌بێت‌، به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی یان ئاماژه‌ زۆره‌كانی تره‌وه‌، له‌ نێو ئه‌و شێوانه‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین: 1- گۆشه‌ی سه‌ربه‌خۆ. 2- كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی تردا. 3- كاریكاتێری وه‌رگیراو له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه. 4- كاریكاتێری به‌رگ له‌ گۆڤاره‌كاندا. 5- ئه‌و كاریكاتێره‌ی ده‌بێته‌ سیمبولێك (لۆگۆ) بۆ بڵاوكراوه‌كه.‌ 6- ئه‌و كاریكاتێره‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی گۆشه‌یه‌كی دیاریكراودا.

7- چیرۆكه‌ كاریكاتێر (كۆمیكس):

زۆر له‌ ڕۆژنامه‌كان، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌كانی منداڵان و ڕۆژنامه‌ی چیرۆكه‌ پۆلیسیه‌كان، پشت به‌ ستایلی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ كاریكاتێریه‌كان ده‌به‌ستن هاوشان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بی و چیرۆكه‌كاندا، به‌ڵكو له‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان گۆشه‌ی تایبه‌ت به‌ منداڵان ده‌بینین كه‌ پشت به‌هه‌مان ستایل ده‌به‌ستێت، وێنه‌ كاریكاتێریه‌كانیش ده‌ربڕی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ن كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كاریكاتێره‌ بڵاوكراوه‌كانیش له‌م چیرۆكانه‌دا له‌وانه‌یه‌ زۆرجار واز له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ش بێنن، و ‌ببنه‌ چیرۆكی وێناكراو به‌بێ ده‌قی ئه‌ده‌بی، واته‌ ئه‌م كاریكاتێرانه‌ هۆنینه‌وه‌ و چنینی چیرۆكیانه‌یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتی درامایی، بۆ نمونه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاره‌كانی هونه‌رمه‌ندی دانیماركی (هێرلۆف بیدسترپ) ده‌بینین، زۆرێك له‌ كاره‌كانی پشت به‌ ستایلی هۆنینه‌وه‌ی چیرۆكیانه‌ ده‌به‌ستن، ئه‌م كاریكاتێرانه‌ش بۆ منداڵان نه‌كرابوون، ده‌توانرێت به‌ كاریكاتێری ئاسایی بژمێردرێن كه‌ به‌ ستایلی كۆمیكس كێشراون، هه‌روه‌ها كاری هونه‌رمه‌ند (هه‌ندرێن خۆشناو) له‌ كاره‌كه‌یدا باس له‌ قۆناغه‌كانی رووخانی حوكمی دیكتاتۆری میسری حوسنی موباره‌ك ده‌كات، قۆناغی به‌رزڕوانینی موباره‌ك و گوێ نه‌دانه‌ داواكانی گه‌ل، قۆناغی دووه‌م به‌ره‌ به‌ره‌ رووخانی دیكتاتۆر و پشت تێكردنی له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی زه‌بر و هێز له‌ میسردا، قۆناغی سێیه‌میش هونه‌رمه‌ند پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ یه‌كێكی تری جۆشكراو به‌ عه‌قڵیه‌تی عه‌سكه‌رتاریه‌ت، و هاوشێوه‌یه‌كی موباره‌كی دیكتاتۆر و گه‌نده‌ڵ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ده‌ست له‌میسردا، ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌كی تری كاریكاتێری كۆمیكسه‌.
به‌ڵام ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ چیرۆكی منداڵان و چیرۆكه‌ پۆلیسیه‌كاندا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، ناتوانرێت به‌ كاریكاتێر بژمێردرێن، چونكه‌ هه‌روه‌كو باسمان كرد وێنای ناوه‌ڕۆكێكی ماده‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ده‌كات، به‌بێ ئه‌و ماده‌یه‌ش هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت، له‌ كاتێكدا كه‌ بزانین ئه‌م ماده‌یه‌ هیچ كۆمیدیایه‌كی تێدانیه‌.
ئه‌و وێنانه‌ش ته‌نیا به‌كاردێت بۆ سه‌رنج ڕاكێشانی منداڵان و خوێنه‌رانی تر و هیچی تر نا، چونكه‌ ستایلی وێنه‌ی كاریكاتێری به‌ زێده‌ڕۆییه‌كان و گه‌وره‌كردنه‌كانیه‌وه‌، منداڵان زیاتر ڕاده‌كێشن له‌ وێنه‌ ئاساییه‌كانی تره‌وه‌، هه‌روه‌ها وێنه‌ی كاریكاتێری هاوكاره‌ بۆ كاره‌ فێركاری و په‌روه‌رده‌ییه‌كان، له‌ به‌شێكی تایبه‌ت باس له‌مه‌ش ده‌كه‌ین.

هه‌ندرێن خۆشناو




گوڵه‌كانی ماڵی چۆڵم … ئه‌ژین فه‌همی

له‌و بازاڕه‌ گه‌وره‌یه‌دا دالیا تاكه‌ ژن بوو، جیا له‌هه‌موو ژنێكی تر،‌ خاوه‌ن دووكانێكی عه‌تر بێت. غه‌ریب و ناوازه‌بوو، زۆرترین كڕیاری هه‌بوو و بۆنوبه‌رامه‌ی پێده‌فرۆشت… هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕوویان ده‌كرده‌ دووكانه‌كه‌ی، بۆ كڕینی شووشه‌ عه‌ترێكی بۆن خۆش، ده‌هاتن و نۆبه‌تیان ده‌گرت.
زۆربه‌ی ڕۆژه‌كان ئه‌وها تێده‌په‌ڕی و له‌م جوانییه‌ شاراوه‌یه‌ تێده‌فكرین و هه‌ندێكیشیان بۆنی عه‌تره‌كه‌یان له‌لا تایبه‌ت بوو. به‌ڵام له‌هه‌موویان زیاتر، دارای لاو بوو، كه‌ هاموشۆی دالیای ده‌كرد و هه‌موو ڕۆژێك ده‌چوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین عه‌تر بكڕێت و باشتر له‌ جوانییی ڕووخساری وردببێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش جێی سه‌رنجی هه‌مووان بوو. بۆنی عه‌تر به‌ناو هه‌موو بازاڕدا بڵاو ببوه‌وه‌، دارا هه‌موو شووشه‌كانی هه‌ڵگرتبوو و هه‌سته‌كانی ده‌یانبرده‌ لای خه‌یاڵێكی هه‌ستبزوێن بۆ دالیا، به‌ڵام ڕاینه‌گه‌یاندبوو، ته‌نیا نیگاكانی ئاماژه‌ بوون بۆ پێوه‌ندییه‌كی نوێ‌، ئه‌گه‌رچی دالیا چاوێكیشی نابینا بوو.
جارجاره‌، كه‌ دووكانی جێده‌هێشت و ده‌هاته‌ نێو بازاڕه‌وه‌، هه‌مووان سه‌یریان ده‌كرد و به‌یه‌كیان ده‌وت: ئه‌ها سه‌یربكه‌ كچه‌ عه‌ترفرۆشه‌كه‌ به‌ده‌ركه‌وته‌وه‌… ده‌بینرا قژه‌خاوه‌ ئاڵۆسكاوه‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌با بووه‌، به‌سه‌ر شانوملیدا شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ و‌ با‌ ده‌یشنێنێته‌وه‌‌، جوانتر و جوانتری كردبوو، له‌و ده‌مانه‌دا دارا له‌دووره‌وه‌ نیگاكانی بۆ داچۆڕاندبووه‌ سه‌ما و غه‌ریبیی، ده‌یویست له‌نزیكه‌وه‌ بۆنی بكات, ئه‌مه‌ و چه‌ندان خه‌یاڵی تر. ئه‌وجاره‌یان هاتنی دارا جیاوازتر بوو، له‌ هه‌ستی خۆی دڵنیا بووه‌وه‌ و بۆی دركاند، كه‌ چیتر به‌رگه‌ی دیلكردنی ئه‌و هه‌سته‌ی نییه‌، كه‌ به‌ دڵ و گیان دالیای ده‌وێت. ئه‌ویش به‌چاوێك ته‌نیا نیگای ده‌كرد و هیچی نه‌ده‌وت.


سه‌رده‌مێك پێش ئێستا، من و دالیا هاوپۆل و نزیكترین هاوڕێ‌ بووین, ئه‌و له‌خۆشه‌ویستیی دابوو له‌گه‌ڵ هاوپۆلێكمان، چه‌ند نامه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا هه‌بوو، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی به‌كۆتاش هات، كاته‌كان ئه‌سته‌م تێپه‌ڕین و نامه‌كانیش به‌كۆتا هاتن، به‌ڵام له‌ دوایین نامه‌ی گه‌یه‌ندراودا، كه‌ بۆی خوێندوومه‌ته‌وه‌، خه‌مه‌كانی له‌و دوانامه‌یه‌دا جێكردبووه‌وه‌: من له‌و پێوه‌ندییه‌ بێكه‌ڵكه‌ هیچ سوودێكم نه‌دیت، ته‌نیا دواكه‌وتن له‌ وانه‌كانم وگریانی زۆر نه‌بێت، ئه‌وا چاوێكم خه‌ریكه‌ لێڵایی دێنێت و سه‌خته‌‌ دنیای پێ نه‌بینم, به‌ڵام ئیتر به‌ڵێن به‌خۆم ده‌ده‌م نه‌گریم. داوای هاتنه‌وه‌شت ناكه‌م، ئه‌گه‌رچی بیریشت بكه‌م، ده‌زانم، كه‌ ناته‌وێت بمێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستچووه‌ ناتوانی بیگه‌ڕێنییته‌وه‌، نامه‌ هاتووه‌ كۆنه‌كانیشم فڕێ‌ داون، كه‌ تێیدا خۆشتده‌ویستم، كه‌ تێیدا هه‌موو شتێكت به‌بێ پشوو بۆ ده‌نووسیم.. منیش هه‌موو هه‌ستێكم له‌لات بوو، كه‌ بۆ تۆم ده‌نووسی: كه‌ هه‌موو شتێكی تۆم خۆشده‌وێت, ئازاره‌كانیشتم گه‌ره‌كه‌. به‌ڵام ئێستا، ئاوڕ له‌ هیچی تۆ ناده‌مه‌وه‌ و گوێ‌ له‌ گۆرانییه‌كانیش ناگرم، تازه‌ ئیتر نامه‌ی تر ناگه‌ن.
كاتێك كه‌سێكت لێ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌شبینیت سه‌رباری ئه‌و هه‌موو یاده‌ی له‌گه‌ڵت هه‌یه‌، كه‌چی نامۆیه‌ و وه‌ك جاران هه‌ستی پێناكه‌یت.


هه‌مدیسان دارا سه‌ردانی دالیا ده‌كات و هه‌ستی خۆی پێڕاده‌گه‌یه‌نێت: “به‌ڵێنت پێده‌ده‌م له‌خۆمت ڕازیی بكه‌م و خولیا ناسكه‌كانت بۆ بێنمه‌ دی، كه‌ له‌وه‌ ده‌چێت هاوتابن له‌گه‌ڵ حه‌زه‌كانم بۆ ژیان له‌گه‌ڵت. باوه‌ڕ بكه‌ خۆشمده‌وێیت، من ده‌مه‌وێ‌ هه‌موو ڕۆژ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆمان تۆ ببینم تا هه‌موو به‌دیینه‌هێنراوه‌كانت بۆ به‌دی بهێنم، له‌ به‌رانبه‌رمدا دابنیشیت و چیرۆكه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانت بۆ بخوێنمه‌وه‌، به‌سه‌یركردنه‌كانت ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌مان جوان بكه‌ی، شه‌وانه‌ش تا دره‌نگانێك له‌باوه‌شی به‌خته‌وه‌رییدا بین و باسی وه‌رزه‌كان بكه‌ین. ده‌ی تۆ چی ده‌ڵێیت: ڕازییت به‌ هه‌ڵبژاردنم له‌و ماڵه‌؟ ئاشكرایه‌ ئه‌و هه‌موو سۆزه‌ به‌چاوانته‌وه‌ دیاره‌ و ناتوانیت بیشاریته‌وه‌، من ده‌مه‌وێت بگه‌م به‌ خولیاكانم، ئاماده‌م له‌گه‌ڵت بم، خه‌مه‌كانیشت له‌كۆڵ بگرم و به‌رده‌وامبم له‌گه‌ڵت.


ئیدی زۆری نه‌برد و پێوه‌ندییان گه‌یشت به‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ماڵێكدا بژین، به‌ به‌خته‌وه‌ریی؛ ته‌واونه‌كراوه‌كانیان ته‌واو كرد و هه‌موو ڕۆژه‌كان شادمانیی، خه‌نین و خه‌ندان ده‌ڕۆیشت. دارا هه‌میشه‌ ده‌یگوت: هاوسه‌ره‌ جوانه‌ عه‌ترفرۆشه‌كه‌م، بۆهه‌میشه‌ لێم نزیك به‌ و دوور مه‌كه‌وه‌، هه‌میشه‌ وه‌ك خۆت به‌، ئێستا هه‌موو شتێك ڕاستییه‌. ژیان له‌گه‌ڵ بۆنی عه‌تر جوانترینه‌.
ئه‌وه‌تا تۆ هه‌موو ڕۆژێك ده‌رگه‌ ده‌خه‌یته‌ سه‌رپشت و عه‌تر ده‌پڕژێنیت، منیش شه‌وانه‌ گۆرانییت بۆ ده‌ڵێم تا خه‌و ده‌تباته‌وه‌, دانه‌ به‌دانه‌ی چیرۆكه‌كانت بۆ ده‌خوێنمه‌وه‌ تا ده‌چیته‌ باوه‌شی خه‌وه‌وه‌.
به‌ڵام ئازیزم، من ئێستا سه‌رگه‌ردان ماومه‌ته‌وه‌, ده‌مه‌وێت ماوه‌یه‌ك دوور له‌ هه‌موو شتێك بم, ئه‌ی نه‌تبینی به‌به‌رچاومانه‌وه‌ كتێبخانه‌كه‌مان سووتا و ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و كتێبانه‌ ماونه‌ته‌‌وه‌, ئیتر ده‌مه‌وێت گڕوتینێك، وزه‌یه‌ك به‌خۆم بده‌مه‌وه‌، ئاخر هێشتا هاواری وشه‌كانیان و سووتانیان، له‌ناو سه‌رمدا ده‌زرنگێنه‌وه‌ و پێمدا هه‌ڵده‌شاخێن، كه‌چی هه‌تا ئێستا هۆكاره‌كه‌یم نه‌زانیوه‌. به‌ڵام ئازیزی دڵم، چاوه‌ڕێم به‌، زۆرم پێناچێت. ده‌ڕۆم گه‌شتێكی ته‌نیاییی ده‌كه‌م تا ده‌روونم ئارام ده‌بێته‌وه‌, تۆش ڕێگه‌م بده‌ بڕۆم، هه‌رچه‌نده‌ زۆری تێنه‌په‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر هاوسه‌رگرییمان, به‌ڵێن بێت دێمه‌وه‌.
به‌یانیه‌كی زوو، دالیا به‌ته‌نیا له‌ جێگه‌كه‌ی دامابووه‌وه‌ و توانای هاتته‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌بوو، حه‌زكردنی به‌ لادانی په‌رده‌ی ژووره‌كه‌ش نه‌یجووڵاند، به‌ڵام ئه‌و به‌یانییه‌ جیاواز بوو له‌ هه‌موو به‌یانیه‌كانی تر، نه‌ تاقه‌تی نانی به‌یانیی هه‌بوو، نه‌ گوێگرتن له‌ ئاوازه‌ جیاوازه‌كان، چوو بۆ ژووره‌ سووتاوه‌كه‌، بۆنی سووتماكێكی ناخۆشی لێده‌هات، ئه‌وجاره‌ چووه‌ ژووره‌كانی تر و سه‌رێكی له‌ باخه‌كه‌ی حه‌وشه‌دا و گوڵه‌كان وشك بووبوون. تا دوای نیوه‌ڕۆ له‌ماڵ مایه‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌وه‌ی خواردی چه‌ند پارچه‌یه‌ك له‌ كولێره‌ی دوێنێ‌ ئێواره‌ و كه‌مێك شیری سه‌رته‌باغ بوو، كه‌ دارا به‌ر له‌ ڕۆیشتنی له‌گه‌ڵ چه‌ند له‌تێك میوه‌، ئاماده‌ی كردبوو. دواتر به‌بێ‌ تاقه‌تیی و شڕوشێواویی به‌ره‌و بازاڕ، به‌ره‌و دووكانه‌كه‌ی كه‌وته‌ ڕێ، سه‌ری عه‌تره‌كانی لادا و به‌ دڵتووندیی عه‌تری ده‌پڕژاند، هه‌ندێك له‌ كڕیاره‌كانیشی به‌ره‌و دووكان وه‌جووڵه‌ خست.
دالیا ئێواره‌ دره‌نگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌, تۆی خوێنه‌ر له‌وێ نیت ئه‌گه‌ر نا به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كر‌ێت، كه‌ نه‌ك دالیا، ماڵیش كه‌وتووه‌ته‌ غه‌ریبیی دارا.


ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی، من وه‌ك هاوڕێیه‌كی كۆن چوومه‌ سه‌ردانی دالیا و میوانداریی كردم، باسی یاده‌كان، كاتی خوێندنمان و بێتاقه‌تیی خۆی بۆ كردم: ئێستاكه‌ بێتاقه‌تیی دارام, لای منی چۆڵ كردووه‌, ژه‌مه‌كان دره‌نگ تێده‌په‌ڕن, بیری ئه‌و په‌تاته‌ كوڵاوه‌ ده‌كه‌م، كه‌ هه‌ڵمان ده‌كۆڵی و گۆشتی وردكراومان ده‌خسته‌ ناوی، به‌ به‌هاراته‌وه‌ چێژێكی زۆری هه‌بوو. نازانم تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌شم نییه‌ به‌ تاقه‌ چاوێك. به‌ڵام ئه‌وانه‌ تێده‌په‌ڕن، داراش پێی وتووم، كه‌ زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و زۆر له‌مه‌راقا جێم ناهێڵێت.
هاوڕێ‌ گیان سپاس بۆ هاتنت، بێتاقه‌تیمت ڕه‌وانده‌وه‌. هه‌ركاتێك قسه‌ له‌گه‌ڵ دارا بكه‌م، غه‌مگینیی خۆمی پێشان ناده‌م، نه‌وه‌ك داراش له‌وێ‌ خه‌فه‌ت بۆ دڵته‌نگیییه‌كانم بخوات, به‌ڵام هه‌ستیشم پێده‌كات.
…….
من باسی خه‌می له‌ده‌ستدانی ئه‌و چاوه‌م بۆدارا كردووه‌، ماڵه‌ باوانیشی به‌وه‌ قایل نه‌بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا دێن بۆ دیده‌نیم، په‌رۆشن و خێزانێكین..
هه‌ر له‌ قسه‌كانی به‌رده‌وام بوو، منیش گوێم بۆ گرتبوو: ده‌زانی خۆشویستنی كه‌سێك له‌ ته‌مه‌نێكی زوودا، كه‌ ده‌رك ته‌نیا به‌ حه‌زه‌كانت ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ بێباكانه‌ جێی هێشتبیت، وا هه‌ست ده‌كه‌ی ئیتر پارچه‌پارچه بوویت و چاك نابیته‌وه‌, بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت دیسانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌یته‌وه‌، ده‌بێت‌ ته‌واو خۆت ڕابماڵیت له‌ كه‌سی پێشتر و هه‌موو شتێكی ‌بیرخۆت به‌ریته‌وه‌.
ئێستا دارا لێره‌ نییه‌، له‌بری ئه‌و زوو زوو گوڵه‌كانی حه‌وشه‌كه‌مان ئاو ده‌ده‌م تاوه‌كو چیتر وشك نه‌هێنن و واهه‌ست بكه‌م ئه‌ویش لێره‌یه‌، كه‌چی ته‌نیای ته‌نیا پیاسه‌ به‌نێو باخدا ده‌كه‌م. هه‌تا ئه‌و دێته‌وه‌ له‌و ماڵه‌ چۆڵه‌مدا، گوڵی نوێ‌ ده‌ڕوێنم, خۆم جوان ده‌كه‌م و به‌دیار چاوه‌ڕوانیییه‌وه‌ بێباك ماته‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌گرم: با ڕووناكاییی چاوه‌كه‌ی دیكه‌شم به‌دوایه‌وه‌ بچێت!

2014-2019




ئیخوانی کوردیی یان لقی ئه‌که‌په‌‌ی کوردستان؟ … هیوا ناسیح

بیرمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کورد مامۆستا جه‌مال نه‌‌به‌ز له کتێبی (لمستضعفون الکرد واخوانهم المسلمون) دا به پشتبه‌ستن به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ و نمونه‌ی ماددی مێژوویی زۆر به‌ جوانی هه‌ڵوێستی که‌سایه‌تی و بزوتنه‌‌‌وه‌ ئیسلامییه‌کانمان، له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ره‌وای کورد له‌ هه‌‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا، بۆ روونده‌کاته‌وه.‌ ناوبراو له‌ لاپه‌ڕه‌ ١٦ی ئه‌و کتێبه‌دا باس له‌ هه‌ڵوێستی ئیخوان موسلیمین ده‌‌کات و ده‌ڵێت: خۆ هه‌ڵوێستی ئیخوان موسلیمینیش، که‌ حزبێکی ئیسلامی ئسوڵیی کۆن و ناسراوه‌، هیچ له‌ هه‌ڵوێستی سه‌رکرده‌ شیعه‌ ئسوڵییه‌کان و حزبی ده‌عوه‌ جیاواز نه‌بوو. بۆ نموه‌ش باسی هه‌ڵوێستی رابه‌ره‌که‌یان ده‌کات له ‌میسر، و ده‌ڵێت: محه‌مه‌‌د حامد ئه‌بو نه‌سری مورشیدی ئیخوان له‌ میسر، که‌ به‌ لانکه‌ی ئه‌‌و بزوتنه‌وه‌ سیاسییه‌ داده‌نرێت، له‌ رێکه‌وتی ٢٧ی نیسانی ١٩٩١دا، واته‌ رێک پاش سێ ساڵ له‌ شالاوه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارانی کورد، و سه‌روه‌ختی ڕاپه‌ڕینه‌که‌، ئینجا به‌یاننامه‌‌یه‌کی ده‌رکردوه‌، تێیدا باس له‌ هاندانی کورده‌کان ده‌کات له لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ دژ به‌ یه‌کێتی خاکی عێراق، گوایا بۆ پاراستنیان و دووباره‌ جینۆسایدنه‌کردنه‌وه‌یان، که‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفاله‌کانه‌، و „ به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌مریکا ده‌ستی خستۆته‌ ناو عێراقه‌وه‌ و …هتد.“ به‌ کورتی ده‌‌ڵێت هه‌ڵوێستی ئه‌م سه‌کرده‌ ئیسلامییه‌ رێک وه‌ هی که‌سێکی عه‌ره‌بی شۆفێنی به‌عسی بووه‌.

پاشتر ناوبراو دێته‌ سه‌ر کۆمه‌ک و هاوکاریی رێکخراوه‌ خێرخوازییه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان و ده‌ڵێت: جیهانی ئیسلامی که‌وا ژماره‌ی دانیشتوانییان نزیکه‌ی ملیارێک مرۆڤه‌، ئه‌‌و کۆمه‌ک و هاوکارییانه‌ی له‌ کاتی ته‌نگانه‌ و رۆژه‌ ره‌شه‌کاندا پێشکه‌شی گه‌لی کوردیان کردوه‌ ناگاته‌ سه‌د یه‌کی ئه‌و بڕه‌ هاوکارییانه‌ی که‌نیسه‌‌ی مه‌سیحییه‌کانی جیهان پێشکه‌شیان کردوین.
مامۆستای نه‌مر ئه‌و کتێبه‌ی له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا نوسیوه‌، واته‌ زیاتر له‌ بیست ساڵێک له‌‌مه‌و‌به‌ر، به‌ڵام خۆ گه‌ر ئه‌مرۆش سه‌یری هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوکه‌وتی جیهانی ئیسلامی به‌ گشتی و ئیسلامی سیاسی به‌ تایبه‌تی بکه‌ین، ده‌بیین هیچی وا له‌ ره‌وشه‌که‌ نه‌گۆراوه‌ و هه‌مان هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر کێشه‌ی ره‌وای کورد له‌ چوارپارچه‌ی کوردستاندا هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ هه‌ڵوێستی ئیخوان موسلیمینی سوریا، که‌ پشتگیری ته‌واوی هێرشه‌کانی سوپای به‌ناو (محه‌مه‌دی)ی بۆ سه‌ر رۆژئاوا کردو ره‌وایه‌تیشیان پێدا، هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی له‌سه‌ر هێرشه‌کان، که‌ ئه‌وانیش لقێکی تری ئیخوانن. یان نامه‌ی پشتگیری ١٠٠ که‌‌سایه‌تییه‌ ئیسلامییه‌‌که‌ی جیهان، که‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان نوسرا بوو وه‌ داوای پشتگیری و هاوکاریی ئه‌ردۆگان و سوپای تورکیایان ده‌کرد، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها کورده‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی تره‌وه‌، که‌ باس له‌ یه‌کێتی گه‌لانی موسوڵمان و ئوممه‌تی ئیسلام ده‌کات، ئه‌گینا ئیسلامییه‌کانی سه‌رجه‌م گه‌لان، یان لای که‌می ئه‌‌وانه‌ی تورک و فارس و عه‌ره‌ب، هه‌میشه‌ ئاین و بیروباوه‌ری ئیسلامیی سیاسیشیان بۆ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیی و سیاسییه‌که‌ی خۆیان ته‌وزیف کردوه‌!
ئێمه‌ با وردتر بدویین و چاوێک به‌ هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی زۆری سه‌رکرده‌ و کادر و ئه‌ندامانی یه‌کگرتوی ئیسلامیش، که‌ لقی ئه‌و رێکخراوه ئیسلامییه‌یه‌ له باشوری کوردستان، بگێرین، به‌ رامبه‌ر هێرش و داگیرکاریی ئه‌م دواییه‌‌ی سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامیی- شۆفێنییه‌کان، ده‌بینین سه‌ڕه‌ڕای کوردبوونیان، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ به‌دی ناکه‌ین له‌ نێوان هه‌ڵوێستی ئێستای ئه‌مان و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌که‌یان له‌ رابردوودا.

هه‌ڵبه‌ت کاتێک له‌گه‌ڵیان ده‌دوێی، دێن هه‌‌مان تۆمه‌ت و پاساوه‌ حازربه‌ده‌سته‌کانی ئه‌ردۆگان و سوپاکه‌‌ی وه‌ک توتی به‌ ده‌سته‌ڵاتی رێڤه‌به‌ریی رۆژئاوا ده‌ڵێنه‌وه‌، که ئه‌مه‌ له‌ ناوه‌ڕۆکدا پشتگیریی ئه‌ردۆگان و حکومه‌تی تورکیایه‌، به‌ڵام نایانه‌وێت یان شه‌رم ده‌که‌ن، که‌ به‌ ئاشکرا داکۆکیی لێ بکه‌‌ن! جگه‌ له هه‌ندێک مه‌لا و که‌سایه‌تی ئیسلامی دۆستیان وه‌ک (موحسن جوامێر) که‌ هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌یان هه‌بووه‌، یان سه‌رکرده‌یه‌کی ده‌گمه‌نیان وه‌ک (ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنی) که‌ جێگه‌ی رێزن، ئه‌گینا زۆربه‌یان بێهه‌ڵوێست بوونه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هێرشی داگیرکاری سوپای تورکیا و میلیشیا دڕنده‌ ئیسلامییه‌کانی هاوپه‌یمانی.
وه‌ك هه‌ڵوێستی فه‌رمی و گشتیشیان ده‌بینین زۆر لاواز و بگره‌ زۆر جار له‌ ریزی نه‌بوواندا بووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی محه‌مه‌د قه‌ره‌داخی ئه‌مینداری گشتی رێکخراوی جیهانیی ئیسلامیش، ئه‌وه‌نده‌ لاواز و شه‌رمنانه‌ بوو، که‌ مرۆڤ ناتوانێت پێی بڵێت هه‌ڵوێست! چونکه‌ ته‌نها شتێک بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ بێده‌نگییه‌که ده‌ربکات و له‌و ره‌خنانه‌ی لێی ده‌گیرێن قوتار بکات، ئه‌گینا ئه‌و شته‌ کورته‌ی نوسیبووی زیاتر له‌ وه‌عز و ئامۆژگاری ئاینیی ده‌چوو تا هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌ و دادپه‌روه‌ر و مرۆڤپه‌روه‌رانه‌، گه‌ر باسی ئاینیش نه‌که‌ین.

تۆ ببینه‌ ئه‌مانه‌ چۆن هه‌ر باس له داگیر و دابه‌شکاریی کوردستان ده‌کرێت، یه‌کسه‌ر باز ده‌ده‌نه‌ سه‌ر رێککه‌وتنی سایسکس بیکۆ ١٩١٧ و خۆیان له‌ باسکردنی شه‌ڕی چالدیران ١٥١٤ ی نێوان ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی (ئیسلامی) ده‌دزنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی پێشوویان به‌ هی (مه‌سیحییه‌کان) ده‌زانن و هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، که‌ ڕمێن بۆ بیروباوه‌ڕی خۆیان په‌‌یدا بکه‌ن، که‌ به‌ڵێ ئه‌وه‌ (غه‌یره‌ دین) و به‌ تایبه‌تیش مه‌سیحی و جووه‌کانن که‌ ناهێلن کورد به‌ ما‌فه‌کانی بگات نه‌ک برا موسوڵمان و هاودینه‌کانمان! هه‌ر له‌م باره‌وه‌ ئێستاش کاتێک دێنه‌ سه‌ر باسی هێرشی داگیرکاری سه‌ر رۆژئاوا، هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن که تیشکۆ (فۆکه‌س) بخه‌نه‌ سه‌ر ناپاکی تره‌مپ و وڵاتانی رۆژئاوا، که پشتیان له کورد کردوه‌، که مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌‌یه‌، که‌ ئه‌‌وان دیان (مه‌سیحی)ن، به‌‌ڵام خۆیان له‌وه‌ ده‌دزنه‌وه‌، که‌ ئه‌و سوپایه‌‌‌ی که‌ هێڕشی هێناوه‌، به‌ فه‌رمانی ئه‌ردۆگانی خۆ به‌ سوڵتانی موسوڵمانان دانراو و ناونراوی (سوپای موحه‌مه‌د) هێرشی هێناوه‌، که‌ رێزێکی تایبه‌تی لای ئیخوانه‌کانی سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی هه‌یه‌ و زۆریان به‌ مه‌رجه‌عی خۆشیانی ده‌بینن. ئه‌وانه‌‌شی که‌ دره‌نگ وه‌خت و پاش له‌قاودانیان وه‌ک بانگوازه‌کانیان هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، کاره‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ی بانگخوازی و کاری خێرخوازیی و کۆکردنه‌وه‌ی هاوکاریی لێقه‌وماوان و ئاواره‌کانی هێرشه‌کانی سه‌ر رۆژئاوا خۆی ده‌بینییه‌وه‌، نه‌ک هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤدۆستانه‌.
رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی سیریل شتیگه‌ر له‌ وتارێکیدا به‌ ناوی (ئه‌ردۆگان و فرمێسکی دایکه‌کان) که‌ له‌ رۆژنامه‌ی ناسراوی سویسری (نۆیه‌ تسویرخه‌ تسایتونگ) ی رۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٠ بڵاوکراوه‌ته‌وه، ئه‌‌وه‌بوو کاتی خۆی وه‌رمگێرایه‌ سه‌ر کوردی، باس له‌وه‌ ده‌کات، چۆن ئه‌ردۆگان بازرگانی به‌ فرمێسکی دایکانی قوربانییه‌کانه‌وه‌ ده‌کات و بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی و ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ی خۆی به‌کاری دێنێت. چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان رۆژنامه‌ راپۆرتێکی له‌سه‌ر دزی و گه‌نده‌ڵی و دۆسیه‌ی دادگاییکردنی بیلالی کوڕی ئه‌ردۆگان له ئیتالیا بڵاوکرده‌وه، که سه‌رجه‌م خێزانه‌که‌‌یان به‌ ئه‌ردۆگانیشه‌وه‌ تێوه‌گلابوون (تۆماره‌ ده‌نگییه‌کانی ته‌له‌فون). ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌‌رانی حزبه‌که‌‌ی ئه‌ردۆگان (ئه‌که‌په‌) که‌ ناوی په‌شار یه‌کیسه‌ و ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٣ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بووه، ده‌‌ڵێت ( ئه‌‌ردۆگان سیاسییه‌‌کی زۆرزانه‌، ده‌زانێت چۆن شکسته‌کان بۆ خۆی به‌سه‌رکه‌وتن بگۆڕێت، ده‌کرێت ئه‌نجامی ئه‌م هێرشانه‌ شکست بێت، به‌ڵام ئه‌و بۆ خۆی بیکا به‌ سه‌رکه‌وتن و پاشان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ رابگه‌یه‌نێت، تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌نجامی بدات.). که‌چی ئه‌مان زۆربه‌یان له دڵه‌وه‌ سه‌رسامن به‌ که‌سایه‌تی و سیاسه‌تی ئه‌ردۆگان.
من وه‌ک خۆم چاودێری هه‌ندێک له‌ لایه‌نگر و کادره‌کانی یه‌کگرتوو بووم، بینیم زۆربه‌یان، گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئاماده‌ نه‌بوون، پۆستێکی فه‌‌یسبوک بۆ له‌قاودانی هێرشه‌که‌ی تورکیا، یان وێنه‌ی خه‌ڵکی ئاواره‌بوو بڵاوبکه‌نه‌وه‌، یان لای که‌می پشتگیری بایکۆتی کاڵای تورکیش بکه‌ن. له‌ باشترین ره‌وشدا ده‌هاتن کوردگوته‌‌نی له‌ ژێر لێوه‌‌وه‌ منگه‌منگیان ده‌کرد، بۆ نمونه‌ له‌ کۆمێنت و وڵامی ره‌خنه‌لێگرتنیاندا، یان له‌ ناواخن و په‌راوێزی وتارێکیاندا، که‌ بۆ مه‌به‌ستێکی تر ده‌یاننوسی، سوکه‌ ره‌خنه‌یه‌کیان له تورکیای هاوپه‌یمانیان ده‌گرت! ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ عه‌ره‌ب گوته‌نی (غسل ماء الوجه‌)ی خۆیان.
ئه‌وه‌ی سه‌یره هی وایان هه‌یه‌، که‌ خۆی به‌ رۆشه‌نبیر و ئیسلامییه‌کی میانڕه‌‌و و لیبراڵ ده‌زانێت و له‌ ئه‌وروپا خوێندویه‌‌تی، که‌چی ده‌هات به‌رده‌وام ڤیدیۆ و وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی میسر، دژ به‌ سیسی و ئه‌وانه‌ی به‌غدای بڵاوده‌کرده‌وه‌‌، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی چوارپارچه‌ی کوردستان یان ئه‌وانه‌ی هه‌نده‌ران بڵاوبکاته‌وه‌، که‌ دژ به‌ هێرشی سوپای تورکیا و ئه‌ردۆگان ئه‌نجام درابوون، دیاره‌ باسی به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندانه‌کان هه‌ر ناکه‌م، که‌ ره‌نگه‌ وه‌ک (حه‌رام) وا بێت لایان، چونکه‌ دژی سوڵتان ئه‌ردۆگانه‌! هه‌رگیز نه‌مبینی، مه‌گه‌ر زۆر به‌ ده‌گمه‌ن، که‌ کادرێکی یه‌کگرتوی ئیسلامی، وێنه‌یه‌کی پێست په‌ممه‌یی به‌ فسفۆر سوتاوی محه‌مه‌د، یان سارای مناڵی قاچبڕاوی سێ چوار ساڵ له‌ ئه‌کاونتی خۆیان بڵاوبکه‌نه‌وه‌! چونکه‌ دڵیان له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆگان لێده‌دات و سۆزێکی زۆریان بۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ناشوێرن به‌ ئاشکرا ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ قێزه‌ونه‌ی ناودڵیان ده‌رببڕن. نازانم ئه‌م (نیفاقی سیاسییه‌) بڕیاری حزبیانه‌، یان که‌لتوری کاروخه‌باتیان؟
ئاخر هه‌ر دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بوو که‌ رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی مافه‌کانی مرۆڤ (هیومه‌ن رایتس ۆچ) له ‌نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکرده‌وه‌، که‌ گروپه‌کانی سه‌ر به‌ تورکیا له ناوچه‌کانی رۆژئاوا، که‌ داگیریان کردوه‌، کوشتوبڕ و تاڵانکارییان ئه‌نجامداوه‌، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ماڵوموڵکی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ و ته‌نانه‌ت به‌ پێی راپۆرته‌که‌، رێگریان له خێزانه‌ کورده‌ ئاواره‌کان کردوه‌، بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌کانی خۆیان!

ئه‌م پێشێلکاریانه‌ گه‌ر حکومه‌تی بۆرما یان ده‌سته‌ڵاتی کشمیر به‌رامبه‌ر موسوڵمانه‌کانی ئه‌وێ ئه‌نجامیان بدایه‌، ئه‌مان ده‌یانکرده‌ مانشێتی رۆژنامه‌کانیان و سه‌ردێری هه‌واڵه‌کانیان، که‌چی ئه‌مان بێ ده‌نگییان هه‌‌ڵبژارد! بگره‌ ئه‌م هه‌‌واڵ و راپۆرتانه‌ به‌ ده‌سیسه‌ی جیهانی مه‌سیحی و دژه‌ موسوڵمانان داده‌نێن!
دێن هه‌میشه‌ باسی که‌مکردنه‌وه‌ی په‌راوێزی ئازادییه‌کان و گرتنی رۆژنامه‌نوسانی بۆ نمونه‌ میسر ده‌که‌ن، چونکه‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی به‌ دوژمنی خۆیان ده‌زانن، به‌ڵام له‌ ئاست وڵاتی تورکیادا، نقه‌یان له‌ خۆیان بڕیوه‌، شایانی باسە بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی پەیامنێرانی بێ سنوور تەنها لەساڵی 2017، واته‌ سه‌رده‌‌می ئه‌ردۆگاندا لە وڵاتی تورکیا 65 ڕۆژنامەنووس کوژراون، 326 دەستبەسەر کراون، 54 خراونەتە زیندانەوە، 2 دوانیشیان بێسەروشوێنن… ئەمە تەنها ئاماری ساڵی 2017 بوو هی ڕۆژنامەنووسان، باسی زیندانیانی سیاسی هەرناکرێ ، مەگەر هەر خوا بزانی چەندن، که‌چی ئه‌مان لێی بێده‌نگن!

ئه‌مان به‌رده‌وام تۆمه‌تی بێ بنه‌ما بۆ ده‌سته‌ڵاتی خۆبه‌رێوه‌به‌ری رۆژئاوا داده‌تاشن و هه‌‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌ک ده‌سته‌ڵاتێکی خۆسه‌پین و دیکتاتۆر و نادیموکرات وێنای بکه‌ن، ئه‌مه‌ له کاتێکدا نوسه‌ران و بیرمه‌ندانی جیهانی وه‌ک نعوم چومسکی و سلاڤۆی ژیژه‌ک و چه‌ندان سیاسته‌تمه‌دار و که‌سایه‌تی تر ستایشی به‌رێوه‌بردنی ئه‌وێیان کردوه‌ له‌ ڕووی تۆلێره‌نس و گیانی پێکه‌وه‌ژیانی و ئازادی. ته‌نانه‌ت نوسه‌رانی گه‌وره‌ی وه‌ک مایکڵ رۆبن، رۆژئاوا به‌ ته‌نها تروسکایی دیموکراتی و پێکه‌وه‌ژیان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌نددا ناوزه‌د ده‌که‌ن. دیاره‌ باس له ئازادیخوازان و که‌سایه‌تییه‌ سیاسی و چه‌په‌کانی جیهان ناکه‌م، که‌ بینیمان چ هه‌ڵوێستێکی دۆستانه‌‌ و راستیان هه‌بوو.

ئه‌مان لێدوان و قسه‌ و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆگان و ئه‌کپارتی ده‌ڵێنه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیانسه‌لمێنن و ڕمێنیان بۆ په‌یدا بکه‌‌ن، که‌ گوایا ئه‌ردۆگان ته‌نها دژی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌‌ده‌یه‌، یان ئه‌ردۆگان بۆیه‌ هێرش دێنێت چوکه‌ هه‌ده‌په‌ ده‌نگیان به‌ کاندیدی جه‌هه‌په‌ دا له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و ….هتد. به‌ڵام پێمان ناڵێن، بۆ تورکیا دژی ریفراندۆمه‌که‌ی باشور بوو، خۆ پارتی دیموکرات و بارزانی، که‌ به‌ڵێننامه‌ی په‌نجا ساڵه‌ی فرۆشتنی نه‌وتیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌؟ بۆ ئه‌ردۆگان به‌ ده‌می خۆی دژایه‌تی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌کات؟ بۆ ئه‌ردۆگان که‌رکوک به‌ هی تورکمان ده‌زانێ و کورد وادار ده‌کاته‌وه‌ توخنی نه‌که‌ون؟ بۆ ئه‌ردۆگان له کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت: تورکیا شوێنێکی نییه‌ ناوی کوردستان بێت، کێ ده‌‌یه‌وێت با بچێت بۆ باکوری عێراق بژی؟؟!! چه‌ندان بۆ و بۆ و بۆی تریش، به‌ڵام دیاره‌ لای ئه‌مان، ئه‌ردۆگان هه‌رچییه‌ک بێت (ئیسلامی و ئیخوانییه‌) و ده‌بێت پشتگیری بکه‌ن، خۆ گه‌ر ئه‌مه‌شیان بۆ نه‌لوا، (بێده‌نگی) باشترین رێگایه‌ بۆیان، دیاره‌ بێده‌نگیش له‌م کاتانه‌دا جۆرێکه‌ له‌ پشتگیری و هاندان ئه‌مه‌ش به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ناپاکییه‌کی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌.




دیمانە لەگەڵ مەنسوری حیکمەت سەبارەت بە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی چینی کرێکار … بەشی پێنجەم و کۆتایی

وەرگێرانی: کاوە عومەر

کۆمۆنیست: ئێمە هەتا ئیستا سەبارەت بەشورا وەک جۆرێک ڕێکخراو قسەوباسمان دەکرد بەڵام لەم بریار نامەیەدا بەڕۆشنی باس لە”بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی” دەکرێت. مەبەست لە بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتییەکان چییە؟ ئەم بزوتنەوەیە بەچ تایبەتمەندییەک دەناسرێتەوە جگە لە شێوازێکی دیاریکراوی ڕیکخراوبوون، بەشوێن چ ئامانجێکی ترەوەیەو بڕیارە بەکوێ بگات؟
مەنسور حیکمەت: بانگەشەی ئێمە لەبارەی کۆبونەوەی گشتی هەتا ئێستا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی کارایی کۆبونەوەی گشتییەکان، وەکو ئامرازێکی خەباتکارانە، بۆ کرێکاران. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە ئەبێت لەبارەی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتییەکان قسە بکەین. سەردەمانێک لە مێژووی خەباتی کرێکاریدا هەیە کە بەسەر پێکەوتنی بزوتنەوە دیاریکراوەکانەوە دەناسرێتەوە. بۆنمونە بزوتنەوەی کۆمیتەی کارگەکان لە ڕوسیە، بزوتنەوەی سەندیکایی لە سەرەتای ئەم چەرخەدا (سەدەی٢٠و:) لە ئێران، وەیان بزوتنەوەی شورایی لەماوەی شۆڕشی ١٩٧٨ دا، بزوتنەوەی کونترۆڵی کرێکاریی… تاد. جیاوازی بانگەشەکردن بۆ کۆبونەوەی گشتی وەک ئۆرگانێکی بەسود لەگەڵ هەوڵدان لە پێکهێنانی کۆبونەیەوەکی گشتی لەوەدایە کە لەم بابەتەی دواییەوە ئێمە ئەمانەوێت خەبات لە پێناو بەرپاکردنی ئەم کۆبونەوەی گشتیانەدا ببێت بەجەمسەری حەرەکەت و هۆی دەرکەوتنی تایبەتمەندییەکانی یەک سەردەمی خەباتی کرێکاریی و دەبێ خەباتی کرێکاریی بەبزوتنەوەی کۆبوونەوە گشتیەکانەوە جۆش بدرێت. وە هەرچی زیاتر ئەم ئۆرگانانە پێکبهێنرێت، هێز بگرن و لە ناڕەزایەتییە کرێکاریەکاندا دەوری سەرەکی بگێڕن. بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی وەڵام دەم و دەست و عەمەلی ئێمەیە بەڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەری کرێکاران لەم سەردەمەدا. شوراکان وبزووتنەوەی بەتەواوی مانا شورایی تەنها دەتوانێ ئەنجامی پلەیەک لە پیشڕەوی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی بێت.

ئێمە بیرۆکەی کۆبونەوەی گشتیمان زۆر دەمێکە خستوەتەڕوو. لەوکاتەدا هەموو چەپ و ڕۆشنبیرانی کڵێشەیی خەڵکیەکان ئەم بیرۆکەیان بەخەیاڵی و نامۆ لەقەڵەم ئەدا. خەباتی چەند ساڵەی کرێکارانی ئێران ئاشکرای کرد ئەوەی کە زەینی ونامۆیە شێوەی بیرکردنەوەی سۆشیالیزمی خەڵکی ئێرانە سەبارەت بەبزوتنەوەی جەماوەری کرێکاری. کرێکاران نەک تەنها بەکردەوەو بەشێوەی سەرکەوتوانە ڕۆژانە ئەم کۆبونەوانەیان پێکهێناوەو لەخەباتی خۆیاندا پشتیان پێبەستوە، بەڵکو دروشمی کۆبونەوەی گشتی جێگەی خۆی لە زەینی کرێکارانی وشیاری پیشڕەوی ئیراندا کردۆتەوە. خۆش بەختانە ئەمڕۆ باسی کۆبونەوەی گشتیان قبوڵکردوە یان ملیان پێی داوە. ئێمە دەڵێین کرێکارانی کۆمۆنیست ئەبێت هەڵسوڕاوانی کۆبونەوە گشتییەکان بن، چونکە ئەمە تەنها ڕێگای واقعی ڕیکخراوکردنی کرێکارانە لەمەودایەکی فراواندا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کاری ڕێکخراوی جەماوەری – ئاشکرای کرێکاری.
چەپی خەڵکی و ڕۆشنبیر دەتوانن چاوپۆشی لە مەسەلەیە بکەن، دەتوانن ئەم سەرقاڵیەی ئیمە بە ئیکۆنۆمیست ناوببەن. هەموو شتێک بسپێرن بە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی ئیسلامی. هاوشێوەکانی ئەکسەریەت وحیزبی تودە ئەتوانن پەیوەست ببن بە شورا ئیسلامیەکانەوە وە پاشان کەسانی سەربەخۆیان وەک نوێنەری نەبینراو و نەناسراوی کرێکارانی ئێران! ڕەوانە بکەنە کۆنگرەی هەژدەهەمی نەقابەکانی کار لە سۆڤیەت!. نەقابە سونەتیەکان دەتوانن چاوەڕوانی کاتێک بکەن کە دەوڵەتی ئیسلامی مۆڵەتی پێکهێنانی نەقابەکانیان پێبدات و نەقابە دروست بکەن. وە نەقابیە “نهێنیەکان” ئەتوانن جارێ چاو پۆشی بکەن لە ڕێکخستنی کاری جەماوەری کرێکاری. بۆ ئێمە کێشەکە بەشێوەیەکی تر لەئارادایە.
ئێمە لەو باوەڕەداین کۆمۆنیزم و بیرۆکە بنەڕەتیەکانی بزووتنەوەی شورایی، هەم ئەزمونی بەردەوامی کرێکارانی ئێران لە خەباتی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، شێوە خەباتی جەماوەری کرێکاریی لەدڵی هەمان هەلومەرجی سەرکوتدا بەدەستەوە داوە. مرۆڤ تەنها دەبێ چاوبکاتەوەو ئەوە ببینێ. ئەمە شێوەی بەرپاکردنی بزوتنەوە گشتیەکانی کرێکارانە. خەباتی جەماوەری سەدان هەزار کەسی کرێکاران لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ناتوانێت نهێنی بێت. ڕابەری سەرتاسەری کرێکاران دەتوانێت نهێنی بێت، بەڵام دەرکەوتنی جەماوەری کرێکاران کە پێوستی بەبەشداری بەردەوامی ڕابەرانی عەمەلی و ئاشکراو پێکهێنانی کۆبونەوەی جۆراوجۆری کرێکارانە، ناتوانێت لە مەودای ئاشکرادا نەیەتە دی. حیزبی کرێکاران ئەبێت ڕێگای واقیعی و بەکردەوە نیشانی کرێکاران بدات بۆ ڕێکخراوکردنی کاری جەماوەری کرێکاران. کۆبونەوە گشتی ئەو ڕێگە واقعیەیە.

کۆمۆنیست: لە بڕیارنامەکەدا تەنها چەند ئەرکێک بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی دەستنیشانکراوە ئایا دەتوانیت وێنەیەکی بەرچاوترو هەلایەنەترمان لە ڕوخساری ناسراوی ئەم بزوتنەوە بدەیتە دەستەوە؟ بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕابەرانی باش و ماندونەناس بۆ ئەم بزوتنەوەیە پەروەردە بکرێ، دەبێ فێربوون و تەبلیغی چ مەقۆلات و بابەتێک بخەینە دەستورەوە، جیا لە ئامانجە ڕاستەوخۆکانی خودی ئەم بزوتنەوەیە؟
مەنسور حیکمەت: لەم بارەوە دەبێت بەوردی و بەردەوام قسە بکرێت. من سود لەم کاتە وەردەگرم بۆ ڕونکردنەوەی چەند خاڵێک.
هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتی کەسێکە لە ئایدیایەکی مجەرەد “دابڕاو” وە دەربارەی کۆبونەوەی گشتی حەرەکەت ناکا، بەڵکو لە خەباتی بەردەوامی هەر ئێستای کرێکارانەوە دەجوڵێتەوە. باسی شوراو سەندیکا لەناو دەرونی چەپدا هەرچییەک بێت، ناڕەزایەتی کرێکاری هەر ئیستا لەئارادایەو ریکخراوی گونجاو، ڕابەری گونجاو ئاسۆی بەرەوپێشچونی خۆی داوا دەکات. ئەگەر خۆمان بخەینە شوێنی ئەوانەی (باوەڕیان بە شورا) هەیە، خۆمان بەکرێکاری پێشرەو بزانین، کەدەبێ وەڵام بداتەوە بەمەسەلەی ڕێکخراوکردنی نارەزایەتیەکی دیاریکراو لەچەند دەزگایەکی دیاریکراودا، ئەوکاتە باشتر دەرکی نرخی خەبات دەکەین بۆ پێکهێنانی کۆبونەوە گشتیەکان و بەجێهێنانی رۆڵی ئەوان. هەڵسوڕاوی کۆبونەوەی گشتی کەسێکە کە لە ناڕەزایەتییە هەر ئێستای کرێکاراندا بەکەڵک وەرگرتن لە کۆبونەوەی گشتی وەک ئۆرگانێکی خەباتی کاریگەر بانگەواز دەکا. هەوڵ ئەدا تا ئەو کارە لە زۆرترین یەکەدا دوبارە ببێتەوە، هەوڵ ئەدات ئەم کۆبونەوانە تایبەتمەندی کاری بەردەوام لە خۆبگرێت، بەیەکەوە ببەسترێتەوەو ڕابەری بەڕێوەبردن پێکبهێنن. جووتبوونی کۆبونەوەکان لەگەڵ یەک ئەلگۆی پێشوتر زانراو بووە بەلای هەڵسوراوێکی کۆبونەوەی گشتیەوە، ئەو بایەخەی نییە بەئەندازەی پێکهێنان و فراوانبوونی ڕۆڵی کۆبونەوەکان. هەڵسوراوی کۆبونەوەی گشتی کەسێکە کە هەمیشە لە پێگەی خۆی وەکو کرێکارێکی پێشرەو کەڵک وەردەگرێ بۆ ناچارکردنی کرێکاران و ڕابەرانی عەمەلیتا پشت ببەستن بەم دەزگایەوە، خاڵە بەهێزەکانی بە کرێکاران دەناسێنێ. وە هەوڵ ئەدات هەتا زۆرترین کەس وگروپ لە کرێکارانی پێشڕەو بۆ جوڵانەوەیەکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی ئەم کۆبونەوانە ڕاکێشێت، بۆ پەروەردەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتییەکان، حیزب ئەبێت بەر لەهەر شتێک تەئکید لەسەر پەیوەندی ئەم بزوتنەوەیە بە خەباتی هەرئێستای کرێکارییەوە بکات، بەبۆچونی من ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتیەکان زیاتر لە دەرونی ڕابەرانی عەمەلی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئیستادا پەیدا دەبن.
یەکێک لەو بابەتانەی کە ئەبێت بەشێکی دانەبڕاو بێت لە بانگەشەی ئێمە، ئەو واقعیەتەیە کە تەنانەت لەناو دڵی سەرکوتیشدا دەتوانرێت کاری ئاشکراو جەماوەری کرێکاری ڕێکبخرێ. پەیوەندی شاراوەی کرێکارانی پێشڕەو، پەیوەندی حیزبی ونهێنی کرێکارانی کۆمۆنیست بە تەنها بۆ ڕێکخستنی خەباتی ئیستا بەس نییە. راستە حەیاتییە، بەڵام بەس نییە. ئەگەر بواری ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ لە کرێکاران بسەنیتەوە، بزوتنەوەی کرێکاری هیچی نامێنێتەوە. کاسبکاران دەتوانن بە فتوای نادیاری فڵانە سەرچاوە رۆژی چوارشەممەیەک دوکانەکانیان داخەن. کرێکاران لە خەباتدا پێوستیان بە کۆبونەوەی فیزیکی و بەکارهێنانی هێزو توانای بەکۆمەڵە. تەنها بەو شێوەیە کرێکاران هەست بەهێزو توانایی دەکەن. تەنها بەو شێوەیە کرێکارانی پێشڕەو دەتوانن دەوری خۆیان لە ڕابەری ڕیزی کرێکاراندا بگێڕن.
بەم پێیە دەبێ ئەو بیرۆکانە وەلابنێن کە پشت دەبەستن بە ناوەندی ون و نادیارو کرێکاران تاک تاکە پەیڕەوی لێ دەکەن. ئەبێت بواری خەباتی بەکۆمەڵ و شان بەشانی کرێکاران بهێنرێتە کایەوە. ئەوەی دەڵێت سەرکوت ڕێگەنادات، با بچێتە ماڵەوەو پشو بدات. ئێمە دەڵێین کۆبونەوەی گشتی مەودای تاقیکردنەوەیەکی دراوی ئەو خەباتەیە. بانگەشەی ئێمە ئەبێ پشتبەستن بە کۆبونەوە گشتی هێز و توانای ئەوان زیاد بکات.
کۆمۆنیست: لە کۆتایدا دەتوانی کەمێک سەبارەت بە پەیوەندی حیزب یان هەڵسوڕاوانی حیزبی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە جەماوەریانەو ئەو کێشانەی کە ئەگەری هەیە لەکاتی کارکردنیاندا ڕووبەڕوویان بێتەوە قسەوباس بکەیت؟
مەنسور حیکمەت: وەڵامی پڕاوپڕ بەو پرسیارەش تەنها دەتوانرێت بسپێردرێت بە داهاتو وە بەڕێڕەوی هەڵسوڕانی بەکردەوەی ئێمەوە. گەلێک پرسیاری پراکتیکی هێشتا بەشێوەی جدی نەخراونەتە ڕوو. بەوهۆیەوە لێرەدا تەنها ئاماژە بەهەندێک لایەنی گشتی مەسەلەکە دەکەم. کە بەشێوەیەکی واقیعی لەگەڵیاندا بەرەو ڕووین: جێخستن وفێرکردنی بیرۆکەی شوراکان، وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی واقیعی کۆبونەوە گشتیەکان و دامەزراندنی پەیوەندی سالم وداهێنەرانە لەگەڵ ئەوانەی بەرگری دەکەن، لە هەموو شێوەکانی ڕێکخراوبوونی جەماوەریەکان. لەبارەی ئەوەی یەکەمیانەوە هیچ شتێکی تێدا نییە ئاڵۆز بێت. ئەبێت ئێمە ڕەوایەتی شوراکان بنەماکانی بزوتنەوەی شورایی بە بەردەوامی و بەشێوەی زیندو ڕوون بکەینەوە، بە گەڕانەوە بۆ تایبەتمەندییە پایەییەکانی شورا (ڕێکخراوکردنی زۆرترین هێزی جەماوەری کرێکاران، ڕێگەدادان بە ڕابەرانی عەمەلی ئاشناو شارەزای کرێکاریی، دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئامادەیی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و…تاد) ڕوون بکەینەوە.

سەبارەت بە خاڵی دووهەم، بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتییەکان، پێشتر قسەم کردووە. ئەبێت لەقاوغی بانگەشە رووت بێینە دەرەوە و دەست بەکاری سازدان، پەرەپێدان و پێکەوە پەیوەستکردنیان بێت. ئەنها ئەو خاڵەی بۆ زیاد دەکەم و جەختی لێدەکەمەوە. هەر وەکو وتم بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی بزوتنەوەیەکە بۆئەوەی کاری جەماوەری و فراوانی کرێکاران، ممکین بکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم بزوتنەوەیە بەتەواوی پشت بەستوە بەکارو کاردانەوەیەکی ئاشکراو جەماوەری. پێویستە لەسەر کرێکارانی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە پەیوەندی نزیکترو لەباری جێبەجێکردنەوە پەیوەندی نهێنی خۆیان رێکبخەن بۆ ڕێنیشاندانی ئەم بزوتنەوەیە. لەپشت سەری بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی، تۆڕە پێکەوە بەستراوە، کانونەکان و ئەڵقە کرێکارییەکان و ڕێکخراوە حیزبیەکانی کرێکارانی پێشڕەو وەستاوە.
دەربارەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی جۆرکردنی کاری نهێنی بەهەڵسوڕانی ئاشکراو جەماوەرییەوە پێشتر قسەمان کردووە (بگەڕێنەوە بۆ وتارە جیاوازەکان سەبارەت بە ئاژیتاتۆرکان، سیاسەتی ڕێکخستنی حیزب وه… هتد). تەنها جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم خەباتە نهێنیە بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتیەکان و کۆمەکردنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لەڕیگەی کۆبونەوە گشتیەکانەوە چارەنوس سازە.
سەبارەت بە خاڵی کۆتایی، واتە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ بەرگریکارانی هەموو شێوازەکانی ڕێکخراوەبوونی جەماوەری، وەکو سەندیکاکان و ئەوانی تر، پێویستە هاوڕێیانمان بگەڕێنینەوە سەر باسەکانی پیشوتری حزب دەربارەی ڕەخنە لە سیکتاریزم.
ئێمە سەر بە تەیفی کرێکارانی کۆمۆنیست و رادیکاڵین و ئەندامی رێکخراو و هەڵسوڕاوی ئەو تەیفەین. پەیوەندی ناوخۆیی ئەو تەیفە لەگەڵ خۆی و پەیوەندی ئەو لەگەڵ هەموو مەیلەکانی ناو چینی کرێکار پەیوەندییەکە کە پشت دەبەستێ بە دەرکی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی هەموو چینەکەی خۆیان کە میحوەرە سەرەکییەکەی یەکگرتن و بەهێزکردنی ڕیزی کرێکارانە لەخەبات دژی بۆرژوازی. ئێمە بۆچوونەکانی خۆمان، سیاسەتەکانی خۆمان و ئەڵتەرناتیڤی خۆمان زۆر بەگەرمی تەبلیغ دەکەین، و هەوڵ دەدەین ببنە بۆچوون و سیاسەتی بەشی هەرچی فراوانتری کرێکاران و کۆڕ و کۆمەڵە پێشرەوەکانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەهەر جێگایەک جوڵانەوەیەک بێتەکایەوە کە ئامڕازێک بۆ خەباتی کرێکاران پێک بێنێ، ئەگەر تەنها لەبەشێکیشدا یەکگرتنی ئەوان زیاد بکاو مافێک لەمافە پێشێلکراوەکانی کرێکاران وەربگرێ، خودی ئێمە یەکەمین کەسانێک دەبین کە بەرەو پیری دەچین و لەو جوڵانەوەیەدا بەشداری دەکەین.
هیچ هەوڵ و کۆششێکی کرێکاریی نییە کە ئێمە گوێ نەدەینە چارەنووسی. ئێمە ئەڵتەرناتیڤی خۆمان بە بەشداری بەشی هەرچی زیاتر لە کرێکارانی پیشڕەو وە خەباتکار دادەمەزرێنین، ئێمە باشترین سیاسەتی عەمەلی خۆمان بەردەوام و لەهەموو هەلومەرجێکدا ڕوون دەکەینەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبینە ئەندامی هەڵسوڕاوی هەر سەنگەربەندییەکی واقعی کرێکاران. ئەوەی گرنگە ناسین و جیاکردنەوەی جوڵانەوە کرێکارییە ڕەسەنەکان بۆ یەکگرتن و خەبات (لەهەر شێوەیەکدا بێت) لەجوڵانەوە ناواقعیەکان، خەیاڵی و زیان بەخشەکان بەخەباتی کرێکاری. ناسین و جیاکردنەوەی ئەم مەسەلەیە لەهەر بوارێکدا بێت بۆ ئەو کۆمۆنیست و کرێکارە پێشرەوی کە لەنزیکەوە پەیوەندی هەبێ لەگەڵ جوڵانەوە کرێکارییەکان و بەرژەوەندی هەموو چینەکەی ڕەچاوکردبێ کارێکی دژوار نییە. بەو مەرجەی هەڵسوڕاوانی ئێمە لەهەر باسێکی دیاریکراودا بە هەستیاری و دڵسۆزی پیویست ئەم جوڵانەوەیە بخوێنەوەو شی بکەنەوە.
سیاسەتی ئێمە بریتییە لە پەرەپێدانی بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی و گەشەدان بە بزوتنەوەی شورایی. سیاسەتی ئێمە لاوازکردنی هەوڵەکانی مەیلەکانی تر نییە بۆ پێکهێنانی سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرەکان. ئومێدمان ئەوەیە کە بەهەوڵی ئێمە بزوتنەوەی کۆبونەوە گشتی و بزوتنەوەی شورایی بەشێکی هەرچی زۆرتر لە هێزەکانی چینی کرێکار بۆ ڕێکخراوبون ویەکگرتن بەخۆیەوە کەنالیزە بکات.

بڵاوکراوەی کۆمۆنیستی ژمارە ٣٧ ،مارسی ١٩٨٨
کۆکراوەکان، جەڵدی ٦ ، لاپەڕەی ١٦٧ تا ١٨٨
٣٠/٨/٢٠١٩
وەرگێرانی: کاوە عومەر
چاوپێداخشاندنەوەوهەڵەبرێ: بۆپێشەوە




چاره‌نووسی داعشه‌ زیندانی كراوه‌كان به‌ره‌و كوێ… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

داعش ئه‌و گرووپه‌ تیرۆرستیه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌ی نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ عێراق و سوریا درووست بووه‌ كه‌ وای كرد گرووپێكی توندڕه‌و به‌ناوی داعشه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵبدات كه‌ خۆیان له‌ ژێر ئاڵای ئیسلامه‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌, كه‌ چه‌ندان كاری قێزه‌ونیان ئه‌نجام دا به‌ درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵانه‌ی ڕابردوودا,به‌ڵام خۆی له‌ ڕاستیدا ئه‌و گرووپه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی كۆتایی نه‌هاتووه‌ ئه‌گه‌ر كۆتایش پێهاتبێت به‌ڵام هێشتا فكرو ئایدیاكه‌ی به‌دوای خۆی به‌جێ هێشتوه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ هه‌مووی مه‌ترسیدار تره‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئێستا به‌شێكی زۆری ئه‌و داعشانه‌ له‌ نێو كوچی زیندانه‌كاندان به‌ تایبه‌تیش به‌شێكیان له‌ زیندانه‌كانی حه‌سه‌كه‌ن, ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵیت: كه‌ جارێ داعش به‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌ چوونكه‌ بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ نێو زیندان به‌ مه‌ترسی داده‌نرێت, هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كوشتنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ڕاگه‌ینرا كه‌ سه‌رۆكی ڕێكخراوی داعشه‌كان بوو , به‌ڵام به‌ كوشتنی یه‌ك كه‌س ئه‌م جۆره‌ ڕێكخراوانه‌ به‌ كۆتایی نایه‌ت چوونكه‌ له‌ پاڵی دا به‌ چه‌ندان كه‌سی تر په‌یدا ده‌بن كه‌ خۆیان به‌ سه‌رۆكی گرووپی هاوشێوه‌ی له‌م جۆرانه‌ داده‌نێن, یاخود هه‌تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م فكرو ئایدیایه‌ی له‌ نێو هزری خه‌ڵكه‌كان دا ماوه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌م گرووپه‌دا بوون بۆیه‌ ده‌بێت كار له‌سه‌ر كۆتایی پێ هاتنی فكری توندڕه‌وی بكرێت كه‌ بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر گرووپ و ڕێكخراوی هاوشێوه‌ی داعش درووست نه‌بێته‌وه‌, به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئێستا كه‌ له‌نێو كووچی زیندانه‌كان دان پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده‌ بكرێن كه‌ جارێكی بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و ته‌ندروستانه‌ بێنه‌وه‌ نێو باوه‌شی كۆمه‌ڵگاكانیان وه‌ خۆیان له‌و جۆره‌ فكرو ئایدیانه‌ بپارێزن. ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست نه‌كرێن ئه‌و زیندنی كراوانه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری مه‌ترسی بۆ نێو سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگاكان , خۆی له‌ ڕاستیدا هه‌ندێكیان كه‌سانی نه‌فام و كه‌م عه‌قلن چوونكه‌ ئاستی ڕۆشنبیریان زۆر لاوازبووه‌ كه‌ خۆیان ڕاده‌ستی ئه‌م جۆره‌ ڕێكخراو و گرووپانه‌ كردوه‌ .
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م گرووپ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ری هه‌ڵدابێت له‌ ساڵانی ڕابردوو هاوشێوه‌ی گرووپی له‌م جۆرانه‌ له‌ ژێر ناوی جۆراو جۆری دیكه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجام دا كاولكاری وێرانكاریان ئه‌نجام داوه‌ ئه‌وی لێره‌دا جێگای سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ نازانم بۆچی ئه‌م گرووپانه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و له‌ پاشانیش كۆتایی پێیان دێت به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سكه‌وتێكیان به‌ده‌ست هێنابێت به‌ڵام تاكه‌ ده‌سكه‌وتیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌دبه‌خت و داماویان سه‌رگه‌ردان و ماڵوێران كردوه‌ هیچی دیكه‌.




گۆچان … سەلام عومەر

گۆچانەكەی بابم
كە ئی باپیرم بوو
كەوتۆتە ناو دەستی من و
رەمدەژێنێ‌
هێند دەجوڵێ‌
جەستەو دەست و
روحی نامۆم دەلەرزێنێ‌
دەیهاوێمە نێو نوێنەكان
دیوەكان و…..
تەواوی پەنجەرەكان و
بنمیچی خانوەكەشم دەبزوێنێ‌


ئەو گۆچانە
ئی باپیری باپیرم بوو
لە شانەدەر دۆزیانەوە
كە دەشیبەمەوە ناو چیا
تاشەو تاوێر
بەسەر یەكدا دادەخزێنێ‌
هێڵە كۆنكرێتیەكانی تخوب
ستوونە سەرابیەكان
دادەڕزێنێ‌.


گۆچانەكەی بابم
هاتۆتە نێو دەستی من و….
كەوی نابێ‌
ئارام ناگرێ‌
راناوەستێ‌
گۆچانەكەم
نەقەت دەبێتە ئی من و
نە دەبێتە قۆچان و
ناشچێتە نێو هیچ گرێبەستێ‌.




هۆنراوە بۆ منداڵان.. چۆن دەیخوێننەوە؟.. رەزا شـوان

مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
ک ، و ، ر ، د ، س ، ت ، ا ، ن
قوتابییەکـان:
کوردستان.. کوردسـتان
پـیـرۆزتـرین نیشـــتمان
بەهـەشــــتی زەمـیــــنە
لە دڵـمـــان شــــیـریـنـە
مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
ئا ، زا ، دی
قوتابییەکـان:
ئــــــازادی.. ئــــــازادی
مایەی خۆشی و شـادی
هــیوایـە و مـەبـەســتە
بـۆ ژیــــان پـێـویـســتە
مامۆسـتا: چۆن دەیخوێننەوە؟
رز ، گـا ، ری
قوتابییەکـان:
رزگـــاری.. رزگـــــاری
لـە زوڵـــــم و زۆرداری
رزگــاری کوردســــتـان
لـە رەگـەزپـەرســــتـان
مامۆستا: چۆن دەیخوێننەوە؟
یـەک ، گـر ، تـن
قوتابییەکـان:
یەکگــرتن.. یەکگــرتـن
یەکدەنگی و رێکـەوتـن
خەبــات و نەســرەوتـن
مایـەن بـۆ سەرکـەوتـن

رەزا شـوان
نەرویــج : ٢٠١٩