هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە … نووسینی: عومەر سەید

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە
رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە
نووسینی: عومەر سەید
چاپخانەی یاد
سالێ بلاوکردنەوە: ٢٠١٨

نووسینی: بەکر ئەحمەد

هۆڵۆکۆستی جووەکان تەنها وەک پرسیارێکی سیاسی و مێژووی نامێنێتەوە و لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەردا ئامادەیی خۆی رادەگەێنێت. ئەوەی کە ئینسان دەرەقەتی خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی نەبێت، دەکرێ لە ئەدەبدا و لە رۆمانێکدا گۆشەیەکی ئەم چیرۆکە دیژ و گەوەرەیە بخوێنێتەوە. ئەم ئامادەییە هونەریی و ئەدەبییەی هۆلۆکۆست، وشیارییەکی کۆمەلایەتی گەورە لە دەرەوەی بازنەکانی جووبووندا دروستدەکات و پرسی هۆلۆکۆست لە پرسی جووەکانەوە دەگۆرێت بە پرسێکی ئینسانی و ئاسان ئینسانەکانی ژینگە کۆمەلایەتی و جوگرافیا جیاوازەکانی دیکە لەگەڵیدا هاوسۆزی پەیدادەکەن.

” نۆرمان فینکڵیشتاین” لە (پیشەسازی هۆلۆکۆست) دا دەست بۆ هەستیارترین جومگەکانی تراژیدیای جووەکان دەبات و پێیوایە کە ئازارو فرمیسکی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا لە دەستی ناسیونالیزمی جوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی سەروەت و سامان پێکەوەنان بۆ ئیلیتێکی کەمی جوو.
بە کورتییەکەی: تەرمی قوربانیەکانی نازیزم هەمیشە بە شانی سیاسەتمەدارانی جوەوەوەیە تا قازانجی تایبەتی لێبکەن. یان بە هەق و ناهەق، پرسیاری جووی قوربانی بەرزڕادەگیرێت.
ئەگەر پیشەسازیدروستکردن لە قوربانییەکانی جوو، فینکڵیشتاین دەخاتە سەرکەلکەلەی ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم ماکینە گەورەیەی دروستکرن و دووبارەدروستکردنەوەی جووی قوربانی دابنرێت، ئەوا لە بوارەکانی ئەدەبدا، کەمتر دروستکرن و دووبارەگێڕانەوەی قەتڵ وعامی جووەکان دەخرێتە بەر هەمان نیگای ڕەخنەگرانە.
بە بڕوای من، (لیستی شیندلەر) و(خاڵکوتەکەی ئاوشویتش) و دەیەها چیرۆک و فیلمی جۆراوجۆرلە ئاگادارکردنەوەی ئینسانەکانی ئەمڕۆدا، لە سەدان دۆکۆمێنت و وانەی مێژووی سەبارەت بە دڕندەییەکانی نازیزم کاریگەرتر بوون.
بەلام ئایا لەبەرانبەر هۆلۆکۆستی کوردەکاندا لە ئەنفالدا، بە جیا لە شیوەن و فوغان و مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال و شیعرە پڕلە فرمێسکەکانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفال لە ڕۆماندا چۆن دەگێڕدرێتەوە؟
لێرەوە دەمەوێ سەیرێک لە رۆمانی ” زیکزیکە” ی(عومەر سەید) ە بکەم کە کۆششێکی هەتا بڵێی جوانی بە ئەدەبیکردنی ئەم مێژووە پڕلە نەهامەتییەی خەلکی کوردستانە لە بواری رۆماندا.
بۆ ئەم مەبەستە ، ناچارم باسەکەم هەر لە هۆلۆکۆستی جووەکانەوە دەستپێبکەم.
لە هەر لایەکەوە سەرنج لە هۆلۆکۆستی جووەکان بدەیت، ناکرێ چاوت نەچێتەسەر رەیلی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتس. قوولەیەکی بەرز، هێڵی شەمەندەفەرێک کە بە ژێر قوولەکەدا تێدەپەڕێت و دەتگەێنێتە ئەو دیوی شوراکانی دوای قولەکە. لێرەدا سنووری ژیانی کۆتایی دێت. بەخێربێن بۆ ئاوشویتش!

ئەم وێنەیەی سەرەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبولەکانی قەتڵ و عامی جووەکان دەناسرێتەوە. تراژیدیای جوو، لەبەردەم ئەم دەمە داچەقیوەی ناو قوولە سەربازییەکەی ئاوشویتسدا، بە لووتکەی خۆی دەگات. بەڵام هەمووشمان دەزانین کە بەرلەوەی ژیانی پینەچییەکی کراکۆڤ، یان وێنەگرەکەی پراگ، یان پیانۆژەنەکەی بەرلین، لە کوورەکانی ئاوشویتسدا کۆتایی پێ بێت، ئەوا لە رێگای هونەری ڕۆمانەوە، بێگوومان هونەرەکانی دیکەشەوە، دووبارە ژیان بەبەریاندا کراوەتەوە و تەماشاکەری ئەم وێنەیە، دەکرێ ئەو ژیانەش ببینێت کە لە سەنتەری شارەکانی کراکۆڤ و پراگ و بەرلینەوە دەستپیدەکات و بەرلەوەی ئەو کەسانەی سەرەوە بخرێنە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی ئاوشویتسەوە، ژیانێکی دیکەیان بووە و ئامادەیی هەبووە.
بەڵام لە دۆخی هۆلۆکۆستی کوردەکاندا، لە ئەنفالدا، ئێمە خاوەنی وێنەیەکی وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە نین کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانەکانی سەرزەویدا ، ئەنفالی پێبناسرێتەوە.
هونەر و ئەدەبی کوردیش لەم ئاستەی ئێستایدا لە خوڵقاندنی وێنەیەکی دیار و ناسراوی هولۆکۆستی کوردەکاندا بە تەواوەتی دەستەپاچەیە.
ئەنفال لە شیعری کوردیدا ، بەشی شێری بەردەکەوێت. رێک بە پێچەوانەی (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)وە کە لە ساڵی ١٩٥١ دەنووسێ: (لە دوای ئاوشویتسەوە شیعرنووسین کارێکی بەربەریانەیە). بەڵام ڕێک لەو شوینەدا کە کورتهێنانی شیعر دەکرێتە هۆکارێک لەلای ئەدورنۆوە بۆ ئەوەی دەرەقەتی تراژیدیای هۆلۆکۆست نەیەت ، ڕێک لەو شوێنەوە، شاعیری کورد لە پاڵ ئەو هەموو شێوازەی دەربڕیندا، زیاتر دەست بەداوێنێ شیعرەوە دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنفال بگرێت و رامیبکات.
دەربڕینەکەی ئەدۆرنۆ جێگای مشت ومڕێکی زۆرەو بە شێوازی جۆراوجۆر راڤەکراوە. لای رەخنەگری ئەدەبی (سارا عەبدوللاهی)، ئاواهی تەفسیری ئەم دەربڕینەی ئەدۆرنۆ کراوە: لە دوای سامی هۆلۆکۆستەوە، ئینسان لەبەرانبەر ئەو نەکردە مۆراڵییەدایە کە بتوانێت جوانیەکی شاعیرانە فۆرمۆلە بکات. ئاخر زمان وەک کەوتوویەک سەرنجدەدرێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە ، پێویست بوو ئەو درزە دبدۆزرێتەوە کە کەوتۆتە ناو زمانەوە، پاشان درزەکە تۆماربکرێت. لای ئەدۆرنۆ، شیعر فۆرمی دەربڕینی کەسی ئازادە، ئاوشویتسیش نەفیکەرەوەی هەموو ئازادییەکی ئینسان بووە. ) (1)

گەر زیادەڕەویم نەکردبێ ، دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم: عەرعەر، بیابانی خۆرئاوا، زیل، جاش ئەو وشە هەمیشە ئامادانەن کە چیرۆکی ئەنفالییان لە شیعردا تۆمارکردووە و ئەنفالییان لە ناودا دیلکردووە. هەموویشی لە وێنەیەکی کۆلیکتیڤیستی گەورەدا کە قوربانی دەمووچاوی دیار نییە.
بە تەفسیری سارا عەبدوللاهی، لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، زمان زەربەیەکی گەورەی بەردەکەوێت و درزێکی گەورە دەکەوێتە جەستەی زمان خۆیەوە. کاتێک ئینسان دەستی خستە سەر ئەو برین و درزەی کە زمان تێیکەوتووە، ئەوسا دەتوانێت فۆرمێک بدۆزێتەوە کە دەربڕی ئەو جوانکارییە بێت کە شیعری پێدەناسرێتەوە.
لەوە دەچێت کە دەربرێنی ئیستاتیکییانەی شیعری کوردی لە سی ساڵ دوای ئەنفالیشەوە، هێشتا نەیتوانییەوە دەستبخاتە سەر ئەو برینەی کە ئەنفال لە جەستەی ئینسانی کورددا هەڵیکەندووە. بۆیەش دەربڕینەکانی سەبارەت بە ئەنفال لە پێنچ وشە تێناپەڕێت کە نەک دەروازەیەکی ئەدەبی لەبەرانبەر ئەنفالدا ناکاتەوە، بەڵکو لە بێدەمووچاوییەکی نەبینراودا بە نادیاری دەیهێڵێتەوە.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وێنەکەی سەرەوە، شەمەندەفەرەکەی کە دەگاتە ئاوشویتس، پەیوەندی ئەم وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکدا کە دەکرێ ئەنفالی کوردستانی لە ئاستی لۆکاڵیدا پێبناسرێتەوە، ئەوا ئێمە جگە لە بیابانێك رووت، هیچ شتێکی دیکە شک نابەین. واتا لەبەرانبەر دوا ویستگەی ئەنفالدا کە چارەنووسی 182 هەزار ئینسانی کوردی تیا دەگاتە کۆتایی، تەنها بیابانێکی ڕووت شک دەبەین.
بەڵام لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، لە دوای گەیشتنی جووەکانەوە بۆ ئاوشویتش، لە ڕێگەی چیرۆک و رۆمانەوە ، ئێمە دەمووچاوی ئەوانە دەبینین کە دەسووتێنرێن. واتا لە رێگای دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبی هۆلۆکۆستەوە، بە سەر هێڵی هەمان ئەو شەمەندەفەرەدا کە سەرێکی لە ئاوشویستدایە دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ناو کوچە وکۆلانەکانی شارەکانی ئەوروپا و ژیان و دەمووچاوی قوربانییەکان بدۆزینەوە. بەڵام شیعری کوردی کە گێرەرەوەی بەشێکی زۆری ئەدەبی ئەنفالە، ئەم دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ. واتا هێڵێک دروست ناکات بۆ گەرانەوە بۆ ناو ژیان.

هەر بۆیەش رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە)ی عومەر سەیدە لەم شوێنەوە جیگای سەرنجدانە کە بەرلەوەی قوربانییەکانی ئەنفال بگەێنرێنە عەرعەر و لە ژێرلمدا بشاردرێنەوە، ژیانێکی دیکەیان بۆ دروستدەکات و سەرزەمینی زیکزیکە دەبێتە ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی کە لە وێنەکەی ئاوشویتسدا هەیە ، بەلام لە شێوەی رێگای قەتارئاسای ئەو لۆری و زیلانەی لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێدەخرێن تا بە دوا مەنزلگای خۆیان بگەن کە بیابانە.
ئەگەر لە دیمەنی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتسدا سەرێکی ئەم هێڵی ئاسنە لە ناو ئاوشویتسدایە و سەرێکی تری بە پایتەختی شارەکانی ئەوروپاوەیە، سەرێک لە ناو مەرگ و سەرێکیش بە ژیانەوە، ئەوا رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە) کێشانی ئەو رێگا درێژەیە کە سەرێکی لە مەرگدایە، لە بیاباندا و سەریکی دیکەی ڕیگاکە لە ناو شارو گوندێکی کوردستانەوە دەستپێدەکات. لێرەوەیە کە ئەنفال و حەکایەتە گەورەکەی تراژیدیای کورد دەکرێ بگیرێت و قوربانییەکان ببنەخاوەنی دەمووچاوی خۆیان. سەرزەمینی زیکزیکەی عومەر سەید، لێرەوە لە بەشەوە دەچێت بۆ کۆ، نەک وەک ئەو گوتارە باوە ئاساییەی کە ئەنفال هەمیشە لە کۆدا تەفسیردەکات و توانای پەڕینەوەی نەبووە بۆ بەش.

” لەم ماڵەدا من و میمکم و باپیرەم دەژین. لە باوک و دایک و سێ براو دوو خوشک ، هەر بە تەنها خۆم ماوم و ئەوان هەر هەموویان ئەنفالن. میمکیشم حەوت براو چوارخوشکی بێسەروشوێنی ئەنفالە.”
عومەر سەیدە لە کێشانی وێنەی یەکێک لە پاڵەوانەکانیدا، بەو شێوەیەی سەرەوە، لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە، کاراکتەرێکی رۆمانەکە دەخوڵقێنێ. ئەم پاڵەوانە لە ئۆردۆگایەکی کەس و کاری بێسەروشوینکراوی ئەنفالکراوەکاندا ژیان بەسەر دەبات. دیمەنی ئەم ئۆردوگایە کە بەسەرزیندووکانی دوای ئەنفالی تێدا دەژی، هێندە خاکستەری و بێرەنگ باسدەکرێت، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ناو ئاوشویتسدا نییە. دیمەنی کارو لە خەوهەستانی پالەوان و ئاخاوتنی بێ ئاخاوتنی ئەم لەگەل میمکدا، لە شانۆگەرێەکی بێدەنگ دەچێت. باسکردنی ژیانی ئەم ئۆردوگایە، خوێنەر دەخاتە ناو کەشوهەوایەکی هەتا بلیی ئۆردوگا ئاساوە.
بەڵام ئەوەی کە جێگایەکی گەورە لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا داگیردەکات، لە راستیدا میمکی پالەوانە و لە بێزمانی ئەو و کەم قسەکردنیشیدا ، بەشێکی گەورە لە حەکایەتی ئەنفال دێتە گێرانەوە، بێگوومان لە چارەنووسی بنەماڵەیەکدا.
یەکێک لە دیمەنە جوان و بەهێزەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە پرۆسەی ئەنفالکردنی گوندێک لە گوندەکانی ئەنفال، لە رێگای پالەوانەکانی کتێبی (ئەلف و بیی) باڵدارەوە دێتە گێرانەوە ئەویش لە ریگای ئاخاوتنی نێوان دارا لەگەڵ کوڕە فیگورئاساکەی (ناجی ئەلعەلی)دا کە بە حەنزەڵە ناودەبرێت. بێنە بەرچاوی خۆت کە دارا بۆردومان دەبینێت و مام زۆراب هەڵدێت و زارا پەلاماری منداڵ دەدات.
هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ناو ئەلف و بیی باڵدار کە زرنگانەوەیەکی گەورە و شەخسی لە یادەوەری ئینسانی کورددا هەیە، قورساییەکی گەورە لە سەر زەینی خوێنەر دروستدەکات و نووسەر زیرەکانە خوێنەر کیشدەکاتە ناو بازنەیەکی خۆناسینەوەی کۆمەلایەتییەوە کە پالەوانی چیرۆکی ئەنفال پێویستی پێیەتی.
شایەنی باسەکە کە دەنگی گێرانەوەی ناو ڕۆمان بەسەر چەند کاراکتەرێکدا دابەشدەبێت . دەنگێکی بێڕەنگ کە رووداوەکان وەک ئەوە دەبینێ لە پەیوەند بە ژیان لە دوای قەومانی ئەنفالەوە. دەنگێکی دیکە کە هێندەی لە دەنگی ڕەنگدار دەچێت کە جێگایەکی تایبەت لە دووبارە نیشاندانی ژیانی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا داگیردەکات بەرلەوەی لە دوا ویستگەی ئەنفالدا ، لە بیاباندا جێبگرێت.
ئەم دەنگە وەک دەنگی زیکزیکەکانی گەرمیان وایە و ڕەنگاورەنگە. ئەم ڕەنگە دەکرێ ئازارێکی پرتەقاڵی بێ کە سەرگوزشتەی دڕکەپیاوێکە کە شادی هێنەری ناو مەملەکەتی درکە، یان دەکرێ دەنگێکی خەنەیی بێت کە لە سیمای تارماییەکەی دەشتی حەمریندا خۆی بەرجەستەدەکاتەوە.
زمانی گێرانەوە لە دەربڕینی هەردوو دەنگی بێڕەنگ و ڕەنگداری سەزەمینی زیکزیکەدا سادەیە و وەک زمانی سادەی گەرمیانیەکانی قوربانی ئەنفال ئاسان دەچێتە دڵەوە. ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە بۆ نەخشاندنی زمانێک کە تراژیدیای تیا دەخوڵقێ، یاخود زمانی ناوەوەی قوربانیانێکە کە کەوتنی زمان لە دوای ئەنفالەوە تەنیویەتی، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەدۆرنۆ، هیشتا دەستی نەخستۆتە سەر درزو بریندارییەکانی ناو زمانەوە تا لە ئاست ئەم تراژیدیایەدا بێت. بە هەر حاڵ، سادەیی ئەم زمانە لە گێرانەوەدا لە هەرکامێکی ئەو هۆکارانەی سەرەوە سەرچاوەی گرتبێ، وەک خاڵێکی سەرکەوتووبۆ نووسەر تۆماردەکرێت.
بەڵام جێی داخە لە نێوان لاپەرەکانی ٧٥ تا ٧٩ دا ئەم دووبارە گێرانەوەی تراژیدیای ئەنفال لە گێرانەوە ئەدەبییەکەی خۆی دەکەویت و بە زمانی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، مێژوویەکی سادە وەک ئەوەی کە چۆن بووە دەگێڕدرێتەوە.
بە بروای من ئەگەر ئەم بەشەش وەک دەنگی زیکزیکەیەکی رەنگدار بهێنرایەتە گێرانەوە، دەکرا ڕەهەندی تر و گۆشەی دیکەی رووداوی تێبکەوتایە کە زمانی ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی نەدەکردە دەربرین بۆ خۆی.

لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی دێرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ، خوێنەر هەستدەکات کە هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرزەمینی زیکزیکە چەند هەڵبژاردنێکی بەئاگاهانەی نووسەرە و خوێنەر لە بەشی ٧ رۆماندا: کیڵگەی دڕک، زریکەی ئەبەدی میمکمدا دەکرێ زریکەی ئەنفال ببیستێت وهاوکاتیش بە تاسەیەکی زۆرەوە بەشوێن گەیشتن بە کۆتاییەکانی ڕۆمانەوە بێت. لە جیگایەکی ئەم رۆمانەدا گوێبیستی ئاخاوتنێکی نێوان حەزرەتی ئیبراهیم و خودا دەبین:
حەزرەتی ئیبراهیم بەدەم چەقۆ تیژکردنەوە ڕووی کردە ئاسمان و وتی:
خودایە قوربانییەکە ئامادەیە لە کوێ سەری ببڕم؟
دەنگێک لە ئاسمانەوە وەلامی دایەوە: بچۆرە گەرمیان، مەگەر نازانی من ئەو جێگایەم بۆ قوربانیدان خوڵقاندووە.
لە زریکەی ئەبەدی میمکمدا، زۆر بە سادەیی نەک هەر پرۆسەی سەربڕینی قوربانییەکان، بەلکو ژیانی ئەوانەیشی لە دوای ئەنفالەوە لە چاوەروانیدا رۆژەکان تێدەپەڕێنن، بە تەواوەتی دیلتدەکات و قورگت پڕدەکات لە گریان. لانی کەم بۆ من کە چاوەروانی ئەم جۆرە لە چارەنووس نەبووم بۆ میمکی پالەوان.
عومەر سەید، بەوەی حەنزەڵەی (ناجی ئەلعەلی) دەکاتە گوێگری دارای ئیبراهیم ئەمین باڵدار بۆ بیستنی چیرۆکی ئەنفال، ئەوا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بەم فیگورە کاریکارێستییەی ناجی ئەلعەلی بدەین . ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بەم فیگورە دەڵێ: حەنزەلە خۆیەتی لە منداڵیدا کە لە گووندەکەی خۆی هەلدەکەنرێت. وەک منداڵێکی تۆراو، دەست لەپشتا و پشت لە بینەر، تەمەن دە ساڵ، بڕیارە گەورە نەبێ تا نەگەرێتەوە بۆ شوینێ خۆی.

لە سەر زەمینی زیکزیکەدا، حەنزەلەکانی کوردستان، بە گەورە و بچووکەکانیانەوە، دەست لە پشت و پشت لە بینەر نین. وەک ئەوەی کە فیگۆرەکەی ناجی ئەلعەلیدا دەبینرێت، بەلکو روخسارییان هەیە و ناوییان دڕکە پیاو و میمک و کاکەولایە.
ئەگەر حەکایەتی گومناوکردنی ١٨٢هەزار گوندنشینی کورد تاکە زانیاری ئێمەیە لەسەر یەکیك لە برینە قوڵەکانی سەرجەستەی ئینسانی کورد، ئەوا (سەرزەمینی زیکزیکە) پێدانی دەمووچاوە بە چەند کەسێکی ئەم قوربانییانە.
وەزیفەی ئەدەبیش هیچ شتێکی دیکە نییە جگە بەخشینەوەی دەمووچاو بەوکەسانەی لە دەموچاو بێبەشکراون.
عومەر سەیدە لە کیشانەوە و دووبارەدروستکردنەوەی هەندێک لە دەمووچاوەکانی ئەنفالدا، بە سۆزو میهرەبانانە و وەستایانەوە ئەم پرۆسەی بەکەسیکردنەوەی قوربانییەکان ئەنجام دەدات و لە چەند سەد لاپەرەیەکدا کارێکی هەتا بڵێی جوان دەخوڵقێنێ.

سەرچاوەکە بە سویدی لە ژێر ناونیشانی: شیعر لە دوای ئاوشویتسەوە لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پەیدادەبێت.
1) https://sverigesradio.se/sida/avsnitt/1297766?programid=503




كه‌ ڕۆماننووس بێ ئاگا ده‌بێت له‌ مێژوو!…سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ڕۆمانی(من تامه‌زرۆی خۆشه‌ویستیم به‌ نموونه‌)

له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ به‌گشتی و له‌م ساڵانه‌ی دواییش به‌ تایبه‌تی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕۆمان كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران. به‌شێكی یه‌كجاركه‌میان لێ ده‌رچێت، ده‌نا زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆمانانه‌ نه‌خوێنراونه‌ته‌وه‌ و پشت گوێ خراون. ئه‌م پشتگوێ خستنه‌، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیمان نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرجارده‌گوترێت، كه‌ بۆ چوونێكی لاوازو و بێ ئه‌رگۆمێنته‌، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ خوێنه‌ری جدی ڕۆمانمان نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌، به‌ ناو ڕۆمان بوونه‌.

ده‌نا هیچ ڕه‌گه‌زێكی هونه‌ری نووسینی ڕۆمانیان تێدانییه‌. چونكه‌ ڕۆمان، ژانڕێكی قوڕس و ئاڵۆزه‌ و نووسینی پێویستی به‌ پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ هه‌یه‌. تاكو ڕۆماننووس نه‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی جۆراو جۆره‌وه‌.كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونی ڕۆمان تاقیده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕۆماننووس نین و له‌ باره‌ی نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ شاره‌زایه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، له‌ ڕۆمانه‌كانیاندا هه‌ڵه‌ی زه‌ق ده‌كه‌ن و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن به‌ سه‌ریاندا تێپه‌ڕده‌بێت.به‌شێك له‌و هه‌ڵانه‌، په‌یوه‌ندییان به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئاگاداری ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان، زه‌مه‌ن و قۆناغه‌كان نین. بۆیه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ڕووداوێك،ئه‌وا به‌ دیدگای ئێستا ڕووداوه‌كانی ئه‌و كات ده‌بینن و ده‌خوێننه‌وه‌. له‌ كاتێكدا هه‌موو ڕووداوێك، په‌یوه‌سته‌ به‌ قۆناغ و زه‌مه‌نێكی دیاریكراو.

ڕۆمانێكم خوێنده‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ی باسی ساڵی كۆچڕه‌وی كوردان له‌ ساڵی 1991 ده‌كات، كه‌چی نووسیویه‌تی:(باران له‌ پێنچ ملیۆن مرۆڤی كوردی ده‌دا).واته‌ هێنده‌ بێ ئاگابووه‌ له‌ نووسینی ڕۆمانه‌كه‌ی، دركی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ساڵی كۆچڕه‌وه‌كه‌، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم، پێنچ ملیۆن كه‌س نه‌بووه‌. وه‌لێ چونكه‌ ئه‌و به‌ دیدگای ئێستا مێژووی ئه‌وكات ده‌بینێت، ئیدی هه‌ر واده‌زانێت كۆچڕه‌وه‌كه‌ ئێستا ڕوویداوه‌. بۆیه‌ یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زه‌ گرنگانه‌ی كه‌ ده‌بێت ڕۆماننووس به‌ ئاگاییه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ی بكات مێژووه‌.چونكه‌ هه‌موو ڕووداوێكی مێژوویی، په‌یوه‌ندی به‌ قۆناغێكه‌وه‌ هه‌یه‌.ناكرێ ڕۆماننووس قۆناغه‌كان له‌ یه‌كتری جیانه‌كاته‌وه‌، كه‌چی ڕووداوه‌كان بگێڕێته‌وه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕۆمانی(من تامه‌زرۆی خۆشه‌ویستیم) یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانانه‌ی چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌قی مێژوویی تێدایه‌، كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ئاگاداری هیچ شتێك نییه‌ و ته‌نها به‌ مه‌به‌ستی درێژكردنه‌وه‌ ئه‌و ڕووداونه‌ باس ده‌كات. به‌رله‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ به‌ ده‌ق دیاری بكه‌ین، كورته‌یه‌ك له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌بۆ خوێنه‌ران ده‌خه‌ینه‌ ڕوو. ئه‌م ڕۆمانه‌، باس له‌ كچێك ده‌كات كه‌ ناوی(هه‌ژێن).
ئه‌م كچه‌، باوكی پێشمه‌رگه‌بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی تردوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ چاڵاكییه‌ك شه‌هید ده‌كرێن. دوای شه‌هید كردنی باوكی،دایكیشی شووده‌كاته‌وه‌. سه‌ره‌نجام داپیره‌ و باپیره‌ی هه‌ژێن، واتا دایك و باوكی( شێرزاد بازگر)ی پێشمه‌گه‌ر، هه‌ژێن گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و له‌ قۆناغی ناوه‌ندیدا داپیره‌ و باپیره‌شی یه‌ك به‌ دوای یه‌ك ده‌مرن. هه‌ژێن بۆ ئه‌وه‌ی بێ لانه‌ و سه‌رپه‌رشت نه‌مێنێته‌وه‌، مامۆستا به‌نازی مامۆستای قوتابخانه‌كه‌ی له‌گوند، ده‌یگرێته‌ خۆی و ده‌ره‌نجام قۆ ناغه‌كانی خوێندن ته‌واو ده‌كات.كوڕێكیشی خۆشده‌وێت به‌ ناوی لاوێن و ئه‌ویش جێی دێڵێت و به‌مه‌ش جارێكی تر هه‌ژێن بێ به‌ش ده‌بێت له‌ خۆشه‌ویستی. دواجاریش ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ كۆتاییان دێت. ئه‌مه‌ پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌یه‌، وه‌لێ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ له‌ چه‌ندین لایه‌نی مێژوویی، بابه‌تی و هونه‌ری كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌یانخه‌ینه‌ ڕوو:
یه‌كه‌م:هه‌ڵه‌ی ڕوداوو مێژوو:

بێگومان، مه‌رج نییه‌ زه‌مه‌نی نێو ده‌ق، هه‌مان زه‌مه‌نی مێژوویی واقیع بێت و كرنۆلۆژیای ڕووداوه‌كان به‌ دوای یه‌كتری دابێن، وه‌لێ كاتێ باسی ڕووداوێكی مێژوویی ده‌كه‌ین، یان دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌م، ئه‌وا ده‌بێت مێژوو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێ بدرێت. بۆنموونه‌:_ كه‌ باسی ئه‌نفاله‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وا ناتوانین بڵێین ئه‌نفاله‌كان له‌ هه‌فتاكان ڕوویداوه‌، چونكه‌ مێژووی ئه‌و كاره‌ساته‌ ساڵی(1988)ه‌. ئه‌گه‌ر باسی ئه‌نفالیش بكه‌ین ، ئه‌وا هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ساڵ 1988و پێویست به‌ هیچ ئاماژه‌كردنێك ناكات. نووسه‌ری ئه‌و ڕۆمانه‌، چه‌ندین ڕووداوی داونه‌ته‌ پاڵ یه‌ك به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی زه‌مه‌نی و مێژووییه‌وه‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ هه‌بێت،به‌مه‌ش كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌ی وا كه‌خۆشی هه‌ستی پێ نه‌كردووه‌ وه‌ك:_
*كه‌ شێرزاد بازگری پێشمه‌رگه‌ و باوكی هه‌ژێن، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چاڵاكییه‌كدا له‌شار، له‌ بناری چیای باواجی به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ شه‌هید ده‌بێت، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش هه‌ژێن له‌ دایك ده‌بێت.(ڵا58ی ڕۆمانه‌كه‌). واته‌ ئێمه‌ لێره‌دا له‌ به‌رده‌م زه‌مه‌نی به‌رله‌ ڕاپه‌ڕینین كه‌ پێش ساڵی 1991ده‌كات. دووساڵ پێشتریش دوای ئه‌نفاله‌كانه‌، كه‌ قۆناغی خامۆشی و نه‌بوونی هیچ جموجۆڵێكه‌، كه‌واته‌ گریمان ڕووداوی شه‌هیدكردنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ساڵی(1987) یان پێشووتربووبێت.كه‌چی نووسه‌رده‌نووسێت:( هێشتا هه‌ژێن ته‌مه‌نی پێنچ ساڵان بوو كه‌ باپیره‌ی بردی بۆ قوتابخانه‌، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی گونجاو نه‌بوو، وه‌لێ چونكه‌ زیره‌ك بوو وه‌ریانگرت.ڵا24ی ڕۆمانه‌كه‌).كه‌واته‌ چوونی هه‌ژێن بۆ قوتابخانه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای ڕاپه‌ڕین و ساڵی 1992.شه‌ش ساڵی قۆناغی سه‌ره‌تایی و سێ ساڵی قۆناغی ناوه‌ندیش كه‌ داپیره‌ و باپیره‌ی ده‌مرن، نزیكه‌ی ده‌كاته‌ ساڵی 2001. كه‌چی ڕۆماننووس له‌و قۆناغه‌دا، باسی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی و مۆبایل و زۆرشتی دیكه‌ش ده‌كات!. كه‌ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵی دواترن.

كه‌ هه‌ژێن داپیره‌ و باپیره‌ی به‌چه‌ند مانگێكی كه‌م و به‌دوای یه‌كتری ده‌مرن، ئه‌و پۆلی (سێی ناوه‌ندییه‌) نه‌ك(نۆی بنه‌ڕه‌تی) وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس نه‌یزانیوه‌،چونكه‌ شوناسی قۆناغی نۆی بنه‌ڕه‌تی له‌ دوای ساڵی 2007 داهات، كه‌ تائێستا چه‌ندین ڕۆماننووس و نووسه‌رم بینیون له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان، كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ و ڕه‌خنه‌شم لێگرتوون.كه‌واته‌ كاتێ داپیره‌ و باپیره‌ی شه‌هێن ده‌مرن، ساڵی 2001ه‌. دوای مردنی ئه‌وانیش مامۆستا به‌ناز بۆ دڵنه‌وایی هه‌ژێن ده‌باته‌وه‌ ماڵی خۆیان له‌ شار. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌ 62دا ده‌نووسێت:(هه‌ژێنم برده‌ بازاری گه‌وره‌ و ماركێت و مۆڵه‌كان،له‌و هه‌موو داهێنان و ته‌كنه‌لۆژیانوێیه‌ سه‌ری سوڕما.بردمه‌ ئه‌و پاركه‌ گه‌وره‌یه‌ش كه‌ كتێبخانه‌ی له‌ نێو دروستكرابوو(مه‌به‌ست پاركی شه‌هید سامی عه‌بدولره‌حمان و كتێبخانه‌ی زه‌یتوونه‌ له‌ نێو پاركه‌كه‌).چه‌ندین پاركی دیكه‌ و سه‌نته‌ری كولتووریم نیشاندان). واته‌ له‌ ساڵی 2001. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ بیری چۆته‌وه‌ ئه‌و باسی كچێك و ڕووداوێك ده‌كات له‌ سه‌ره‌تای دووهه‌زاره‌كان،كه‌چی باسی پێشكه‌وتن و مۆڵ و پاركه‌كانی ئێستا ده‌كات، كه‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌مه‌ بینا كراون. ئه‌مه‌ بێ ئاگایه‌كی زه‌ق و دیاره‌ له‌ مێژوو.

  • له‌ڵاپه‌ڕه‌ 142دا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ژێن قۆناغه‌كانی خوێندن ته‌واو ده‌كات، ده‌چێته‌ زانكۆو له‌ قۆناغی دووه‌می زانكۆدا، خاڵێكی بۆ سۆڕاغ و هه‌واڵپرسینی دێته‌وه‌ لای دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو دایكی جێی هێشتبوو. ئه‌و زه‌مه‌نه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێی ته‌مه‌ن و ژیانی هه‌ژێن بێت، ساڵی 2007 ده‌كات.چونكه‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌ 142دا ده‌نووسێت:(دایكی بیست ساڵه‌ جێی هێشتووه‌. واتا 1987-2007)، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ نووسه‌رله‌ ڵاپه‌ڕه‌ 143ڕۆمانه‌كه‌ی باسی(داعش و تونێڵه‌كانی داعش!)ده‌كات. له‌ كاتێكدا هه‌فت ساڵ دواتر داعش سه‌ریهه‌ڵدا و په‌لاماری كوردستانیدا. *له‌ڵاپه‌ڕه‌ 87دا نووسیویه‌تی:(هه‌ر چوار چڕای ماڵه‌كه‌م كوژانه‌وه‌). واتا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ دایك و باوك و داپیره‌ و باپیره‌ی هه‌ژێن مردن، له‌ كاتێكدا ئه‌و دایكی نه‌مردووه‌ و ماوه‌ و ته‌نها شووی كردۆته‌وه‌!.
    *له‌ڵاپه‌ڕه‌ 134ی ڕۆمانه‌كه‌دا نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( هه‌ژێن له‌ كۆڵیژی پزیشكییه‌، كه‌چی دواتر له‌ ڵاپه‌ڕه‌ 153دا ده‌نووسێت:(ئه‌وه‌ی هه‌ژێن له‌ ته‌مه‌نی چوار ساڵی زانكۆیدا بژاری كردبوو). واته‌ نووسه‌ر لێره‌دا،ته‌مه‌نی زانكۆی هه‌ژێنی به‌چوار ساڵ داناوه‌. بێ ئاگابووه‌ له‌وه‌ی كۆلیژی پزیشكی خوێندن تیایدا شه‌ش ساڵه‌ نه‌ك چوار ساڵ، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی زه‌قه‌.

    دووه‌م:_ زمانی ڕۆماننووس یان زمانی كاره‌كته‌ره‌كان:_

    یه‌كێك له‌و هه‌ڵانه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ڕۆمان ده‌نووسن و شاره‌زایه‌كی ئه‌و تۆیان نییه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خۆیان له‌ بری كاره‌كته‌رو كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌دوێن و ڕووداوه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌. واتا بیریان ده‌چێت كه‌ ده‌بێ كه‌سایه‌تییه‌كان خۆیان بدوێن، سه‌ره‌نجامیش ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌. بۆنموونه‌: كاره‌كته‌ر نه‌خوێنده‌واره‌، كه‌چی وه‌ك ڕووناكبیرێك ده‌دوێت!.به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆمانه‌ش، هه‌ستم به‌وه‌ نه‌كرد كه‌ كاره‌كته‌ره‌كان خۆیان ده‌دوێن، به‌ڵكو زۆر به‌ زه‌قی و تۆخی ئه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌یه‌ له‌ بری ئه‌وان ده‌دوێت. بۆنموونه‌:( باپیره‌ی هه‌ژێن كه‌ كه‌سێكی به‌ ساڵاچوو، میللی و گوندشینه‌، كه‌چی ده‌ڵێت:(سه‌ربه‌رزم كوڕه‌كه‌م، ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ به‌ره‌ و ئاسمان هه‌ڵكشایت، بازگرێكی تر له‌ دایك بوو، زنجیره‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌مان ناپچڕێ ڵا58). ئه‌م قسانه‌، له‌ قسه‌ی كه‌سانێك ده‌چن، كه‌ خوێنده‌واریی و ڕه‌وانبێژییه‌كی باشیان هه‌بێت، نه‌ك قسه‌ی پیره‌مێردێك.هه‌روه‌ها هه‌ژێن كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نها چوارده‌ ساڵه‌ ده‌ڵێت:( ده‌بێ من به‌رهه‌می گوناهێك بووبم وبه‌ نهێنی له‌ دایك ببم، كرابمه‌ مه‌لۆتكه‌یه‌ك و به‌یانییه‌ك به‌رله‌ مه‌لا بانگدان له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتێك فڕێدرابم. ڵا65). ئه‌مه‌ له‌ قسه‌ی كچێكی هه‌رزه‌كاره‌ی چوارده‌ ساڵی ناچێت كه‌ هێشتا له‌وانه‌یه‌ مانای وشه‌ی زۆڵ نه‌زانێت. له‌ده‌یان شوێنی دیكه‌ش، نووسه‌ر خۆی له‌ بری كاره‌كته‌ره‌كان ده‌دوێت و قسه‌ ده‌كات. كه‌ خوێنه‌ران ده‌توانن بۆ دڵنیایی ڕۆمانه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌.هاوكات له‌ گه‌لێك شوێنی ڕۆمانه‌كه‌شی زمانێكی وه‌سفییانه‌ی وا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، كه‌ زمانی نووسینی ڕۆمان نییه‌. وه‌ك ڵاپه‌ڕه‌(112). سێیه‌م: هه‌ڵه‌ی ده‌ربڕین وگوزارشتكردن:_
    له‌و ڕۆمانه‌،چه‌ندین ده‌ربڕین و گوزارشتكردنی نابابه‌تییانه‌م كه‌وتنه‌ به‌رچاو، كه‌ بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك جێگه‌ی ڕه‌خنه‌كردن و سه‌رنج بوون،كه‌ چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌،كه‌ خۆشی چیڕۆكنووسه‌ و چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ دید و تێڕوانینیه‌تی.له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌شێكییان ده‌ده‌م:_

    *ڵا4نووسیویه‌تی:(ئه‌ندامه‌كانی بیستی من). ئه‌مه‌ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ مه‌گه‌ر بیستن خۆی هه‌ست و گوێچكه‌ش ئه‌ندامێكی له‌ش نییه‌!؟. *ڵا14 نووسیویه‌تی:(سواری ئه‌سپێكی سپی وه‌ك هێلكه‌ ببوو). هێڵكه‌ له‌و ڕسته‌یه‌دا، هیچ جوانییه‌كی به‌و ده‌ربڕینه‌ به‌خشیوه‌؟.
    *ڵا14نووسیویه‌تی:(ڕه‌وه‌ ئوتومبێله‌كان). ڕه‌وه‌ ئوتومبێل چییه‌؟!. *ڵا17نووسیویه‌تی:(چریكه‌ی هه‌ڵۆ). به‌ڵام ده‌نگی هه‌ڵۆ(سیڕه‌)یه‌ نه‌ك چریكه‌.
    *ڵا24نووسیویه‌تی:(گه‌رباپیره‌ی نادروست بووایه‌).له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا مه‌به‌ست نه‌خۆشكه‌وتنی باپیره‌یه‌، به‌ڵام نادروست نابێت چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ مانای نه‌گونجاو دێت. *ڵا55نووسیویه‌تی:(له‌هه‌موومزگه‌وته‌كان بانگ ده‌درا).له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، مه‌به‌ست ئه‌و بانگه‌وازه‌یه‌ كه‌له‌ سه‌رده‌می شاخدا پێشمه‌رگه‌ كه‌ ده‌هاتنه‌ شاره‌كان له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌یانكرد.بۆیه‌ بانگه‌وازه‌ نه‌ك بانگ، كه‌ دوو وشه‌ی ته‌واو جیاوازن له‌ یه‌كتری. چونكه‌ هه‌موو ده‌مێك بانگ نادرێت و كاته‌كانی دیاریكراون.
    *ڵا56نووسیویه‌تی:(كاغه‌زی ناسك!). *ڵا101نووسیویه‌تی:( ئه‌دی خوا بۆ نێرو مێی دروستكردووه‌،بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ جووت بن و وه‌چه‌ بنێنه‌وه‌؟).به‌ ڕاستی كاره‌ساته‌ ئه‌مه‌ بیر كردنه‌وه‌ی نووسه‌ری ڕۆمان بێت!.ئه‌م تێڕوانینه‌،چ جیاوازییه‌كی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تێڕوانینی ڕه‌شۆكی و میللی؟ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی نێرو مێ هه‌ر بۆ وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ بێت، ئاخۆ هیچ جیاوازییه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ؟!.سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ له‌ڵاپه‌ڕه‌ 111ی ڕۆمانه‌كه‌، نووسه‌ر دژی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌.
    *ڵا104نووسیویه‌تی:(قه‌ره‌بۆی هه‌موو ئه‌و ته‌مه‌نه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نه‌مگوت باوكه‌).چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌ژێن له‌ دایك ده‌بێت،هه‌مان ڕۆژیش شێرزاد بازگری باوكی شه‌هید ده‌بێت. *ڵا108نووسیویه‌تی:(هه‌ژێن ده‌یگوت ئه‌گه‌ر یه‌كێكم خۆشبووێت ده‌بێ له‌باوكم بچێت). ئه‌م ده‌ربڕینه‌، گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ژێن باوكی خۆی بینیبێت. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، كه‌ وتۆته‌ پارادۆكسی واتاوه‌.
    *ڵا122نووسیویه‌تی:(تۆپه‌ڵه‌ تیشكێكی سپی هێلكه‌یی).ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ چۆن كه‌سانێك به‌ زمانێكی هه‌ژار له‌ ڕووی ده‌ربڕینه‌وه‌ ڕۆمان ده‌نووسن.ده‌نا تۆپه‌ڵه‌ تیشك چ مانایه‌كی تێدایه‌؟. *ڵا124 نووسیویه‌تی:(نه‌ده‌بوو هه‌ژێن ڕه‌به‌ن بمێنێته‌وه‌).نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، لێره‌داجیاوازی له‌ نێوان دۆخی نێرو مێ نه‌كردووه‌.چونكه‌ ڕه‌به‌ن بۆ نێر به‌كار دێت، بۆ ڕه‌گه‌زی مێ قه‌یڕه‌ دروسته‌.
    *ڵا133نووسیویه‌تی:(باشترین شوێن بۆهه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر زانكۆیه‌.). ئه‌وه‌ بۆیه‌ زانكۆكانمان بێ داهێنان و مه‌عریفه‌ن، چونكه‌ به‌ شوێنی خۆشه‌ویستی و كه‌پڵ و كه‌پڵداری ده‌زانین. *ڵا 155نووسیویه‌تی:( له‌ ناخه‌وه‌ وه‌ك مه‌نجه‌ڵی ساوار ده‌كوڵا).بۆچی ساواربێت؟.

    *ڵا156نووسیویه‌تی:_(له‌ نێو ده‌ریایه‌كی سپی خوێنین).جاكه‌ خوێنینه‌، چۆن سپییه‌؟!.
    وێرای ئه‌و سه‌رنجانه‌مان وه‌ك خوێنه‌رێكی ڕۆمان، هاوكات تێبینیمان له‌باره‌ی زمانی ڕۆمانه‌كه‌شه‌وه‌هه‌یه‌. چونكه‌ زمانی ڕۆمانه‌كه‌، زمانێكی وه‌سفی ڕووت، واقیعی و ساده‌یه‌،كه‌ هیچ جوانكاری و هونه‌رێكی تێدانییه‌. گه‌رچی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ هه‌وڵیداوه‌ وه‌ك زمانی نووسینی ڕۆمان به‌رجه‌سته‌ی بكات،وه‌لێ به‌ بڕوای من تیایدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.دواجارده‌ڵێم،مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نووسینی چیڕۆكداسه‌ركه‌وتووبوو،له‌ نووسینی ڕۆمانیشدا سه‌ركه‌وتوو بێت.چونكه‌ ڕۆمان و چیڕۆك، ڕاسته‌ له‌ چه‌ندین توخم وه‌ك یه‌ك و هاوبه‌شن، وه‌لێ دوو ژانری ئه‌ده‌بی ته‌واو له‌ یه‌كتری جیاوازن.به‌شێك له‌ چیڕۆكنووسه‌كانی ئێمه‌، ڕۆمان وه‌ك چیرۆك ده‌بینن بۆیه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌. چونكه‌ نووسینی ڕۆمان باگراوه‌ندێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی ده‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ باسی ڕووداوێكمان كرد نه‌كه‌وینه‌ هه‌ڵه‌وه‌!!..

    سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

*په‌راوێز:_من تامه‌زرۆی خۆشه‌ویستیم/ ڕۆمان/ نووسینی ئاسۆحه‌سه‌ن/ساڵی چاپ 2019..

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌(1111)له‌ 7/11/2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




دنیایه‌کی سه‌یری شیعره‌ گوڵم! … له‌تیف بێوار

باسم له‌و شاعیرانه‌ نییه‌ که‌ هێنده‌ی نمایشکارن و وێنه‌ی خۆیان به‌ جۆره‌ها شێوه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌و له‌ په‌یجه‌کاندا داده‌به‌زێنن و هیچی تازه‌یه‌ن پێ نییه‌، یان ئه‌و مشه‌خۆرانه‌ی مۆنۆپۆڵی ده‌زگاو چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌و که‌ناڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیان کردووه‌، به‌ڵکو باسی ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌که‌م که‌ ده‌قێکی جوان ده‌نووسن و دوایی هه‌وڵی ئاوهامان پێشچاو ناکه‌وێت، وه‌ك چۆن بۆ نموونه‌ یه‌که‌م شیعری بڵاوکراوه‌ی ناو ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان له‌ لایه‌ن که‌نعان مه‌دحه‌ت یان زانا سامان سه‌رنجی راکێشاین و دواتر هه‌موو شیعره‌کانیان گلۆربوونه‌وه‌ بوو بۆ ئاسته‌ نزمه‌کانی ده‌ربڕین و وێنه‌ی شیعری لاوازو نه‌بوونی دیدگای شیعریی قووڵ و تازه‌بوونه‌وه‌، هه‌ر به‌م جۆره‌ش یه‌که‌م شیعری ئازاد ئه‌سوه‌د سه‌ررنجی خوێنه‌ری راکێشاو ستایلێکی که‌م به‌کارهاتووی خسته‌ ناو شیعره‌که‌یه‌وه‌، به‌ڵام شیعره‌که‌ی دواتری زۆر بێزارکار و دووباره‌و درێژه‌دادڕی بێ سه‌لیقه‌و چه‌شه‌ بوو، خۆ به‌کارهێنانی دوو وشه‌ی بیانی له‌ناو شیعردا ئاستی به‌رز ناکاته‌وه‌، یان خستنه‌ ناوه‌وه‌ی ناوی شوێنی جیاوازی دنیا له‌ شیعردا ئاستی به‌رز ناکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ر بووایه‌ ئه‌وا زۆر پێش ئه‌و فه‌رهاد پیرباڵ و به‌ختیار عه‌لی ئه‌و هه‌وڵه‌یان داوه‌، که‌واته‌ بابپرسین هۆی چییه‌ جوانی نووسینی شیعر لای شاعیره‌کان ده‌گمه‌نه‌و زۆر دووباره نابێته‌وه‌؟

پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بڵێین که‌ نزیکه‌ی %90ی شاعیران به‌س له‌ قۆناغێکی دیاریکراوی ژیاندا ده‌توانن شیعری سه‌رنجڕاکێش بنووسن، هه‌ر هێنده‌ی هۆکارو زه‌مینه‌کانی شاعیرێتی نه‌ماو گۆڕدرا ئیتر سیحری ده‌قه‌کان پوچ ده‌بنه‌وه‌و زمانی شیعرییان ده‌بێته‌ بارو خوێنه‌ر بێزار ده‌کات، ته‌نیا رێژه‌یه‌کی که‌م له‌ شاعیر به‌ شاعیرێتی ده‌مێننه‌وه‌ تا مردن.
پاشان یه‌کێکی تر له‌ هۆ سه‌ره‌کییه‌کانی لاوازی ئاستی شیعر: ره‌کیکی زمان و لاوازیی هه‌موو پێکهاته‌ ئیستاتیکییه‌کانی شیعره، که‌ زۆربه‌ی زۆری شاعیران یان یه‌کتر ده‌جوونه‌وه‌، یان خۆیان دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌، یان ته‌نیا به‌ وته‌ خۆیان به‌ شاعیری جواننووس له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و واقیع و هاوڕێیانی زۆری بێ سه‌لیقه‌ی شیعریی له‌ ده‌وریان کۆ ده‌بێته‌وه‌و چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دات، به‌ڵام له‌ راستیدا هیچ تازه‌گه‌رێتی و جیاوازیی له‌ هه‌وڵه‌کانیاندا نابینرێته‌وه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی ده‌رده‌بڕین چونکه‌ ئه‌مڕۆ هۆکاره‌کانی بڵاوکراوکردنه‌وه‌ی شیعر زۆر بوون و ته‌نیا له‌ چاپه‌مه‌نییه‌ کاغه‌زییه‌کاندا سنووردار نه‌کراون، که‌واته‌ هێنه‌ی ئمه‌ی خوێنه‌ر ئاگاداری ئه‌و شیعره‌ بڵاوکراوه‌ کوردیانه‌ بین ئه‌م قسانه‌ راستن سه‌باره‌ت زۆرینه‌ی هه‌وڵه‌ شیعره‌ییه‌کان.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت که‌ له‌ هه‌وڵی تاکه‌که‌سی شاعیره‌که‌دا ده‌گیرسێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ گه‌ر ته‌ماشای بارودۆخی سیاسی کوردستانی باشوور بکه‌ین ده‌بینین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر گه‌نده‌ڵ و عه‌شایه‌ره‌و هیچ به‌ره‌نده‌ییه‌کی به‌ وێژه‌و شیعر نه‌داوه‌، به‌ڵکو نه‌ك شیعر، ته‌نانه‌ت شاعیره‌کانیش به‌ هێند وه‌رناگرێت و سوکایه‌تییان پێ ده‌کات و بێ مافیان ده‌کات و له‌ هه‌ندێك باریشدا ده‌یانکوژێت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌ ژیاریی و زاستییه‌کاندا کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی بایه‌خی پێ ده‌درێت هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ بایه‌خدار ده‌یبینن و میلله‌تیش له‌م حاڵه‌ته‌دا مێشکی له‌ چاویدا ده‌بینێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی چاوی به‌ جوان و مۆدیل تازه‌و سه‌رنجڕاکێشی دانا ئه‌وا هه‌وڵی ته‌واویان بۆ ده‌دات بۆ ده‌ستخستنیان، ئه‌مڕۆش به‌ داخه‌وه‌ جڵه‌وی پاره‌ ته‌نانه‌ت هه‌سته‌ مرۆڤایه‌تیه‌کانیشیان تێدا کوشتووین، ئیتر چاوروانی چ تازه‌گه‌رییه‌ك له‌ شاعیر بکه‌ین که‌ ده‌یان ئامانج و به‌رنامه‌ی تری له‌ هزردایه‌و دواهه‌مین خاڵ که‌ بیری لێ بکاته‌وه‌ وشه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ داخه‌وه‌ زۆر جار بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌وپایه‌و راکێشانی ره‌گه‌زی به‌رانبه‌رو به‌ده‌ستهێنای خه‌ڵاته‌و کارکردنه‌ بۆ بژێوی ژیان، که‌هه‌رئه‌مه‌شه‌ هه‌ندێك شاعیری وا لێکردووه‌ ببنه‌ قه‌ڵه‌می ئۆرگانه‌کانی مه‌سئولێکی حیزبیی، ئیتر لات سه‌یر نه‌بێت گوڵم گه‌ر که‌س له‌ خه‌می راسته‌قینه‌ی وێرانبوونی شیعری کوردی ئه‌مڕۆدا نه‌بێت و ئه‌وه‌ی ناشرین و بێ سه‌لیقه‌ییه‌ به‌ ناوی شیعره‌وه‌ ده‌رخواردی خوێنه‌ری ئاست نزم و ناشاره‌زا ده‌درێت و خاوه‌نه‌که‌شی به‌ سه‌رقافڵه‌ی شیعری جواننووس و تازه‌گه‌رو ده‌سته‌بژێر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت… ئایا ئه‌مه‌یه‌ ده‌رهاویشته‌ی پێشکه‌وتنی ماددی مرۆڤ؟ یان ئه‌م زۆرانبازییه‌ له‌ مێژه‌ ره‌نگی داڕتووه‌و پێشتر گه‌ر له‌ شێوه‌یه‌کی نادیارو په‌نهاندا بووبێت ئه‌وا ئه‌مڕۆ شێوه‌یه‌کی ئاشکراو راسته‌وخۆ له‌ خۆ ده‌گرێت..




دژایەتی جۆنسن بەدژی چەپ! … نوری بەشیر

درێژەی قەیرانی برێگزیت لە هەڵبژاردنی بەریتانیا

قەیرانێک کە سێ ساڵ زیاترە یەخەی دەوڵەتی بەریتانیا گرتووە و حکومەتەکەی لەبەریەک هەڵوەشانۆتەوە کە سێ سەرۆک وەزیرانی بەخێرایی بەدوای یەکدا هێنا و دەیان وەزیر و ئەندام پەرلەمان وازیان هێناو دەرکران، وە ئاخرین سەرۆک وەزیرانێک کە بۆریس جۆنسنە هیچ تەرح و پێشنیارێکی لەپەرلەماندا نەڕۆشتە پێشەوەو دەنگی لەسەر نەدرا جگە لە داخستنی دەرگای پەرلەمان بە پاڵپشتی شاژنی بەریتانیا ئەویش رەدکرایەوە، ئاخرین ویستگەی ئەو ئەزمەیە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت گەیشت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەش بە شێوەی برێگزیت بە ئەزمەیەکی قوڵ و توندو قوتبیکردنی کۆمەڵگاوە تێدەپەڕێت.
هیستریا و هێرشێک کە باڵی راستی حزبی پارێزگاران بەرامبەر چەپ و کۆمۆنیزم دەستی پێکرد هەر لە رۆژەکانی هاتنە سەرکای جۆنسنەوە نەوەستاوە، ئەوەتا لەم هەڵبژاردنەدا کە قەررە لە ١٢ی دیسەمبەردا ئەنجامبدرێت لەبەرامبەر مخالفەکانیدا کە حزبی کرێکارانەو بەتایبەت سەرۆکی ئەو حزبە جێرمی کۆربن کە نوێنەرایەتی باڵی چەپی ناو ئەو حزبە دەکات، رۆژانە لەهەر مناسەبەو کەمپینی هەڵبژرادنیکدا هێرش دەکاتە سەر چەپ، ئەمەش لەلایەک بە ئامانجی شکاندنی کەسایەتی حزبی لیبەرە و دەنگ نەهێنانێتی لەهەڵبژاردا بەڵام لە ئەساسدا هێرشە بۆ ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لەبەرامبەر سیاسەتی لێگرتنەوە و برسیکردنی کۆمەڵگادا.
ئێستا لەدنیادا هەر حزب و لایەنێک، هەر کەس و کۆمەڵێکی ناڕازی کە تۆزێک دیفاع خواستەکانی خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگا بکات، باسی چاکسازی و گۆڕانکاری هەلومەرجی مەوجود بکەن کە بۆرژوازی و سەرمایەداران و نیولیبرازمەکەیان خەریکە هەناسە هەڵمژینیش بۆ ئینسانە مەحرومەکان قەدەغە دەکەن، لەلایەن بۆروژوازی و حکومەتەکانیانەوە ناتوانن بە چەپ و ئاژاوەگێڕ و دەستێک لەپشتیانەوە هەیە تاوانبار نەکەن، هەتا گێلترین کەسانی قەومی و میلیشیایی و ئیسلامیش، لەچەشنی حەسەن نەسروڵا، روحانی، عەمار حەکیم و تا دەگاتە علی باپیری بن دەستی یەکێتی و پارتی، هێرشیان بۆسەر مارکس و لینین و سۆشیالێزم و کۆمۆنیزم و چەپ لە گوێیان نزیکترە کە ناوی بهێنن و توانجی تێبگرن و بڵیین ئەوانە بەسەر چوون.
راستە لە مێژووی کۆمەڵگای بەشەریدا، سیاسەت و ئایدۆلۆژی زاڵ لە کۆمەڵگادا، ئەوەیە کە بۆرژوازی و سەرمایەداری سەپاندوییانە، لەبەرئەوەی رۆژانە لە هەموو میدیاکانەوە تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە، سۆشیال میدیاکان، و پارە ڕشتن و تاڵانکاری کۆمەڵگا، ترس و گرتن و زیندان و تیرۆر و سەپاندن و گێلکردنی خەڵک لەرێگای پیرۆزی سەرۆک، خاک، ئاڵا، دین، هەموو فەرهەنگێکی دواکەوتوانە دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن و دەیسەپێین، هەر بۆیە لە هەرجێگایەکی کۆمەڵگا دەنگێکی ناڕازی بەدژی ئەوانە بەرز ببێتەوە ئەوە بە چەپ و کۆمۆنیزم ناوزەدی دەکەن و واشیان لەخەڵک گەیاندووە کە ئەو کۆمۆنیزم و چەپە، ترسناکە و نابێت رێگای پێبدرێت سەر دەربهێنێت و قسە بکات و بێتە سەر دەسەڵات، چونکە ترسناکە بۆ کۆمەڵگا، بەڵام لە راستیدا و بەعەمەلی زۆربەی کۆمەڵگا بەگۆشت وخوێنیان تەجروبەی کارنامەی سەرمایەداری و دەسەڵات و سیستەکەمەیان دەکەن.
ئەوان سەرمایەداران و دەوڵەت و حزبە سیاسیەکانیان نا هەقیان نیە کەبترسن لە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکارن، لەبەر ئەوەی بەبێ بوونی رابەریەکی کۆمۆنیست و کرێکاری کە لەپێشەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی ئێستادا بێت لەدنیا، بەڵام بە کردەوە ناڕەزایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە بۆخۆی بەسەر سەری هەموویانەوە دەسوڕێتەوە و مەرگی ئەوان جاڕ دەدا، بەبێ ئەوەی ناوی مارکس و کۆمۆنیزم و چەپ بهێنن، خواستەکانیان بۆ نەمانی دەسەڵاتی سەرکوت و کوشتار و تاڵانکاری و دژی زیندان و کوستن و تیرۆری حکومەتەکانیان لەمەیداندان و داوای چاکردنی هەلومەرجی ملیۆنان ئینسان دەکەن لە وڵاتەکانیان، هەر ئێستا لە فەرەنسا، چیلی، سودان، جەزایر، هۆنگ کۆنگ، لوبنان و عێراق و ئێران ترسی خستۆتە دڵی هەموو بۆرخوازیەوە. لە هەموو ئەم ئەم وڵاتانەدا رۆشنە کە کێ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدایە و کێ لە دەسەڵات و سەرکوت و کوشتاردایە، کێ داوای ژیانی باشی ئینسانی بۆ هەموو خەڵک دەکات، کێ داوای ئاو و کارەبا و موچە بۆ هەمووان دەکات و کێ دەیەوێت قوتابخانەو شوینە رەفاهیەکان و نەخۆشخانەکان دابخات بیانکاتە پارەو گرانیان بکات، کێ دەیەوێت موچە و کار بە هاوڵاتیان نەدات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بۆ کەمایەتیەک ببات؟!.
بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران لەحزبی پارێزگاران لەمە تۆقیوە، دەیەوێت بەشی تەندروستی بکاتە سیستەمی ئەمریکی و لەسەر خەڵکی بکاتە بارگرانیەک کەنەتوانن چارەسەر بکەن، قوتانخانەو زانکۆکانی سەخت کردووە بۆ مناڵان و لاوان، خزمەگوزاریەکانی گرتۆتەوە، گرانی یەخەی خەڵکی گرتووە، رێژەی بێخانەو لانەکان و نوستن لە شەقامەکان و رەقبونەوەیان زیادی کردووە، باندی چەقۆکێش، گروپی توندەڕەوی ئیسلامی زیادی کردووە، راسیزم زیادی کردوە و هێرش بۆسەر پەنابەران و خاریجیان زیادی بووە، ئەمانەو دەیان شتی تر کە لەمیدیاکانی بەریتانیا باس دەکرێت و رۆژانە لە شەقام و نەخۆشخانە و شوێنە گشتیەکاندا یەخەی دەگیرێت و رەخنە لەم نوێنەرەی باڵی راستی بۆرژوازی دەگیرێت و بە کەسە درۆزنەکە ناوی دەبەن.
لە کاتێکدا باڵی چەپی ناو حزبی کرێکاران کە زۆر ئیدعای چەپ و کۆمۆنیزمی نیە، هەروەک کە بیرنی ساندرز لەئەمەریکا نیەتی، تەنها لەبەرامبەر وەزعی مەوجودا داوای چاکسازی دەکەن، ئەمەش بەهەر دەرەجەیەک بتوانن بەدەستی بهێین لەبەرژەوەندی خەڵک و دەرگا کردنەوەیەکە بەڕووی رادیکالیزمی کۆمەڵگادا، بەڵام چ ترەمپ و چ جۆنسن بەردەوام بۆ لێدان لەخواست و دواکاریەکانی خەڵک هێرشیان بۆسەر چەپ و کۆمۆنیزم هێرشە بۆسەر خواستەکانی خەڵك و بۆتە قسەی رۆژانەیان. چەپ و کۆمۆنیستێک کە بەهەردەرەجەیەک بچوکیش بن و لە هەر شوێنێک هەبن بەڵام قسە لەسەر قورسایی هەلومەرجی ئێستا لەسەر ژیانی خەڵک بکەن و داوای چاکسازی و ئاڵوگۆڕ بەرەو ژیانێکی باشتر بکەن، روخساری دزیۆی دەسەڵاتی بۆروازی دەردەخات. ترسی بۆرژوازی و بەتایبەت هیستریای جۆنسن و هێرشی دژی ئینسانی خۆی دەبارێنێت بەسەر ئەو خواست و داوایانەی کەخەڵک هەیەتی بۆ باشترکردنی ژیانێکی ئینسانی و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر سیستەم و دەسەڵاتەکەی جۆنسن و ترەمپ، کە خەڵکی ناڕازی نایانەوێ سەروەتی کۆمەڵگا بۆ کەسانێک بێت کە لەپەنجەکانی دەستان و لەسەدا نەوەدو نۆی خەڵکش لەهەژاریدا بژین، بەڵام ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێت و ژەهری دژی خواستەکانی خەڵک لەژێر ناوی دژی چەپ و کۆمۆنیزمدا هەڵدەڕێژن، ئەمەش روونی دەکاتەوە کە ئەگەر بۆریس جۆنسن، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بهێنێت و دەسەڵاتی بکەوێتە دەست، ئەو خواستانەی خەڵک بە خواستی چەپ و کۆمۆنیستی دەزانێت و هەر وەک دەورەی پێشوو هێرشەکانی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك چەند بارە زیاد دەکات.

نوری بەشیر
٩/١٢/٢٠١٩




بەشی نۆزدەیەم لە قەسیدەی ( دەقی تەمەن ) … ناڵە حەسەن

١ کاتێک بە پێخاوسی
بە ڕێگایەکدا دەڕۆیت و بەردەمیشت
بە وردە شووشە داپۆشراوە
لە چاوەڕوانی ئەوەدا مەبە
کەسێک بێت و شووشەکانت بۆ ڕاماڵێ
چونکە ئەویش پێشوەختە
ڕێگاکەی بەردەمی بزمارڕێژ کراوە
چاوەکانت دامەخە
دوور بڕوانە دوور
هێشتا کات ماوە بۆ خەون بینین

٢
شیعر فێری کردم و
هێزی ئەوەی پێبەخشیم
لەنێو نووسینەکانم خۆم بم و
ڕێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی نەدەم
بوونم داگیر بکات
بۆیە منیش دواجار گوتم
( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )
بەڵام داخەکەم
دوای سی ساڵ لە شیعر نووسین و بیرکردنەوە
هێشتا / نەمتوانیوە وەک پێویست
خۆم بناسم و
بە وردی خۆم بخوێنمەوە

٣
لەنێو خەمەکانی دایک و باوکم
کتێبەکانی مرۆڤبوونم خوێندەوە
لەنێو خەونەکانی خۆشم
سروودە خوێناوییەکانی نیشتیمان

٤
منداڵی من
کۆلارەیەکی پەڕ ڕەنگین بوو
لە دارتەلی
گەڕەکێکی هەژارنشین گیربووە و
لێنابێتەوە
لە وەرزەکانی قاتوقڕی و گرانیدا
دەبێ بە کولێرەویەک و
منداڵە برسییەکان ژیر دەکاتەوە
لە شەوە درێژەکانی پایزانیش
وەک حیکایەتخوانێکی بە ئەزموون
بۆ کوڕ و کچانی گەڕەک
چیڕۆکی عەشق و ئازادی / دەگێڕێتەوە …!

٥
من زۆرجاران حەزم لە تەنیاییە
نامەوێت /
لە چاوەڕوانی کەسێکی تر بم
من بەوە ئارام و دڵفراز دەبم
کە هەموو چرکە و ساتەکانی تەمەنم
تەنها و تەنها / بە خۆم ببەخشم …!

٦
تۆ لەنێو
گەڕەکی چڵەنێرگزەکان دەژیت و
منیش لەنێو نیشتیمانی غوربەت
چی تۆی گەیاندە
نێو کیشوەرەکانی دڵی من
ئەی ئاگر و پەنگر / ئەی موسیبەت …!

٧
من / مەرکانەکانی تەنیایی خۆم
پڕ دەکەم لە گوڵ و
دڵە ماندووەکەی تۆش
پڕ لە خۆشەویستی
من / باخچەی شیعرەکانی خۆم
بە پەیکەری عەشق دەڕازێنمەوە
نیگا و چاوەکانی تۆش
بە تیشکە پرشنگییەکانی ڕووناکی
لەگەڵ ئەوەش لێمببوورە
گەر / بۆ تا ئەبەد نەتبینمەوە …!
٨
بیرت دەکەم
زێتر لەوەی
کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە
بەرینتر لە ڕووبەرەکانی بیرکردنەوە
بیر بیر بیر بیر بیر
هێندەم بیر لێکردییەوە
تا هەموو
بیرکردنەوەکانی خۆم بیرچوویەوە
ئێستا من لەنێو تۆدام
هاتووم تا لەمەودوا
لەنێو یادەوەری و
لەنێو /
بێستانی بیرکردنەوەکانی تۆ
بۆ هەمیشە بمێنمەوە

٩
هەموو دەرگاکانی ژیانتان
بەڕوو داخستم
منیش ئێستا لە دووری دوورەوە
دوور دوور دوور
دوور لە ئێوە
لەسەر / ئەستێرە ئاورینگییە ئیرۆسییەکەی شیعر
لەژێر / ڕەشماڵێکی ڕەنگینی پڕ لە ڕاز
بەتاقی تەنێ و هەموو شەوێ
مێژووی مردنە ماسۆشییەکانی ئێوە و
چرۆی چیرۆکە چراخانییەکانی
لەدایکبوونی خۆم / دەنووسمەوە …!

١٠
تۆ پەیکەرێکی لە نوور
چاوەکان و نیگاکانیشت
پڕن لە ڕووناکی
گەر غەریبی
نیشتیمانی لەدایکبوونی خۆت دەکەی
وەرە بە تاو
بە پەیژەی پەراسووەکانم هەڵگەڕێ
تا بتگەینمەوە
نێو کۆڵانەکانی خۆرەتاو

١١
من وام
لەگەڵ ژیان شیعر
لەگەڵ شیعر بەفر
لەگەڵ بەفر ڕووناکی
لەگەڵ ڕووناکی با
لەگەڵ با ئاگر
لەگەڵ ئاگر خەون
لەگەڵ خەون تۆ
لەگەڵ تۆش / عەشق کۆمان دەکاتەوە

١٢
ئەی پەپوولە وردیلەکەی
نێو نیگا زەردباوەکانی مانگ و
نێو / خەون و خەیاڵە خەمڵیوەکانی خودا
تۆ لەنێو چاوەکانی من / وەک هەمیشە
لە هەموو ئۆقیانووسەکانی دونیا بەرینتری
لە هەموو چیا سەرکەشەکانی عەشق بەرزتری
تۆ / بە تەنیا تۆ
لە قەسیدە و شیعرەکانم ناسکتری
لە ترپەکانی دڵم زێتر / لە من نزیکتری

١٣
من ماڵم لەنێو مەمکۆڵەکانی گەردوونە
ئەستێرەکان هاورێمن
لەسەر پشتی شەپۆلەکانیش
سروودەکانی ڕووناکی دەنووسمەوە
خودایەک / لەنێو کتێبە شیعرییەکانم پێی گوتم
مژدەبێ لێت
تۆ بڵێسەی خۆرەتاوێکی ئەبەدیت
مردن ناتوانێ لێت نزیک بیتەوە

١٤
لەوەتەی بەبیرم دێت
لەنێو ئۆقیانووسەکانی ئاگر
ئایەتە ئیرۆسییە ئەوینییەکان / دەنووسمەوە
لەنیو نیگا نەرمەکانی نیشتیمانیش
کتێبێک / لە بارانە بڵێسەییە بریناوییەکان

١٥
تۆ تەمێکی سپیت
لەنێو خەیاڵە تەوراتییەکانی تەمەنی من
تۆ / شیعرێکی شەونماویت
لەنێو شەوە شلێرییەکانی شەونامەی من
بەڵام موخابن ئێستا
من و تۆ / ملوانکەیەکین بە گەردنی مردنەوە
وەکو کەمانجە ئاوییەکانی دەریا
میلۆدییەکی غەمگین بۆ ژیان دەژەنین …!

                                                         نۆڤەمبەری ٢٠١٩



له‌ ڕۆژی جیهانی مافه‌كانی مڕۆڤ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

حه‌فتاو یه‌ك ساڵ پێش ئێستا له‌ ڕۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا واته‌ له‌ 10|12 كه‌ جارنامه‌ی مافه‌كانی مڕۆڤ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ ئیمزاكرا , كه‌ هاوكاتیش هه‌موو ساڵێك یادی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كرێته‌وه‌ , كه‌ له‌و یاده‌دا ئه‌وه‌مان پێی ده‌ڵێت كه‌ ئیتر له‌ پاش ئیمزاكردنی ئه‌و جارنامه‌یه‌وه‌, بووه‌ ده‌ستپێكێك بۆ پێشێلكردنی ته‌واوی مافه‌كانی مڕۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ جارنامه‌كه‌دا چه‌ندین ماده‌ی تێدایه‌ كه‌ هیچ كامیان بایه‌خی ئه‌وتۆی پێ نه‌دراوه‌ بۆ مڕۆڤ , وه‌یه‌كێك له‌ ماده‌كان كه‌ زۆر به‌لامه‌وه‌ جێگای تێبینه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌لێت:هه‌موو مڕۆڤه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ به‌رده‌م یاسا یه‌كسانن وه‌ نابێت هیچ جیاوازیه‌ك بكرێت له‌ نێوانیاندا به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵیان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌, به‌ڵام خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ماده‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ نووسراوه‌ چوونكه‌ له‌ بیریان كردوه‌ شتێكی بۆ زیاد بكه‌ن كه‌ئه‌ویش ته‌نیا مڕۆڤه‌ هه‌ژاره‌كانه‌ كه‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م یاسا چۆك دابده‌ن و به‌ هه‌موو سزایه‌كی دادگاو یاسادا ڕازی ببن و نابێت ده‌نگ هه‌ڵببڕن ئه‌گه‌رنا ده‌نگیان به‌ته‌واوه‌تی كپ ده‌كرێت ,به‌ڵام بۆ مرۆڤه‌ ده‌ست ڕۆیشتووه‌كان كه‌ به‌ مڕۆڤه‌ گه‌وره‌كان داده‌نرێن له‌ نێو كۆمه‌ڵگا ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك بكه‌ن یاخود هه‌ر خراپه‌یه‌ك بكه‌ن نابێت یاسا سزایان بدات كه‌چی خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر خۆیانن یاسا به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و یاسا داده‌نێن بۆ كه‌سانی هه‌ژار و لێقه‌وماو , ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ دادپه‌روه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌نێوان مڕۆڤه‌كان دا نیه‌ خۆی له‌ بنه‌مایه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا كه‌ ده‌بێت بگوترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌لاوه‌ ڕوونه‌وه‌ وه‌ ڕۆژانه‌ش له‌پێش چاوی خۆمه‌وه‌ به‌هه‌زاران خراپی و گه‌نده‌ڵی و پێشلكردنی مافی هه‌ژاران ده‌كرێت كه‌چی یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رنیه‌ مافی لێقه‌وماوان وه‌ربگرێته‌ ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ وشه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌لایه‌ن مڕۆڤه‌ گه‌وره‌كان تیرۆر كراوه‌ زینده‌به‌چاڵیان كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ژاره‌كان بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی خۆیان وكه‌ ئیتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوای مافه‌كانی خۆیان نه‌كه‌ن له‌ یاساو هه‌ربۆیه‌ ئه‌م ڕێكخراوانه‌ی به‌ناو مافی مڕۆڤ و یاخود نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌ ئه‌مانه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی مڕۆڤ داده‌نێن به‌ڵام هیچ كاتێك ڕاست نیه‌ و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ پێشه‌نگی كاره‌كانی خۆیان داناوه‌ هیچ تر… چوونكه‌ هه‌رده‌م و هه‌رده‌م هه‌ژاران و به‌ تایبه‌تی چینی كرێكار كه‌ چینێكی گه‌وره‌ سته‌ملێكراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشلكردنی مافه‌كانیان هه‌تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌نگێكی ڕاسته‌قینه‌ی دادپه‌روه‌ر درووست نه‌بێت كه‌ بتوانێت ڕووبه‌ڕووی هه‌موو پێشلكاریه‌كان ببێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر مڕۆڤه‌ هه‌ژاره‌كان ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر ئێستا نموونه‌یه‌كی بچووك بهێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می ئێستادا ده‌بینین به‌ ده‌یان مڕۆڤی هه‌ژار بێ حاله‌ له‌ ماڵ و حالی خۆیان ده‌ركراون كه‌چی ئه‌گه‌ر ئێستا یاسایه‌كی دادپه‌روه‌ر بوونی هه‌بوایه‌ ئه‌وا مافی ئه‌و مڕۆڤه‌ هه‌ژارانه‌ی له‌ كه‌سه‌ خراپه‌كان وه‌رده‌گرت كه‌ خۆیان به‌ مڕۆڤی گه‌وره‌ داناوه‌ وه‌رگرتبایه‌وه‌ ئێستا ئه‌و جۆره‌ مڕۆڤانه‌ ژیانیان وانه‌بوو به‌ڵام نیه‌ نیه‌ نیه‌ بۆچی؟ نازانم!
جیاواز له‌م ماده‌یه‌ كۆمه‌ڵێك ماده‌ی تری تێدایه‌ كه‌ یه‌كێكی تریان له‌و ماده‌یه‌ باسی ئازادی ڕاده‌ڕبڕین ده‌كات بێگومان ئه‌م ماده‌یه‌ش دووباره‌ هیچ خزمه‌تێكی به‌ ئازادی ڕاده‌ڕبڕین نه‌كراوه‌ به‌ڵكو به‌رده‌وام پێشێلی ته‌وای ئازادی ڕاده‌ڕبرینه‌كان ده‌گرێت له‌ نێوان مڕۆڤه‌كان له‌سه‌ر ئاین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و ڕه‌خنه‌گرتن…هتد كه‌ زۆرجاران ئه‌و مڕۆڤه‌ به‌ره‌و ڕیگای مردن ده‌برێت به‌ڵام ئازادی ڕاده‌ڕبڕین خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت له‌ ناخی تاكه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵ بقولێته‌وه‌ كه‌ به‌خۆیان بڵین من مڕۆڤم بوونم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا هه‌ربۆیه‌ من ئازادم و به‌ ئازادانه‌ بیرده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ ئازادانه‌ ده‌ژیم و له‌ هیچ كه‌سێك قه‌بول ناكه‌م سنور بۆ ئازادی بیڕوڕاكانم دابنێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ خۆمم كه‌ چۆن سنور داده‌نێم بۆ بیڕوڕاكانم نه‌ك كه‌سێكی تری به‌رامبه‌رم, كه‌سی به‌رامبه‌ر ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ته‌نیا ڕێز له‌ بیروڕاكانم بگرێت وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش منیش بیڕوڕاكانی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ند وه‌ربگرم و سووكایه‌تی پێ نه‌كه‌م , كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات یه‌كسانیه‌ك له‌ نێوان مڕۆڤه‌كان درووست بێت.

خۆی له‌ بنچینه‌ی مڕۆڤایه‌تی دا كاتێك مڕۆڤ دێته‌ سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا هه‌موو مڕۆڤه‌كان وه‌كو یه‌كن و هیچ جیاوازیه‌كی له‌ نێوانیان دا به‌دی ناكریت به‌ڵام به‌ تێپه‌ر بوونی كاته‌كان و سه‌رده‌مه‌كان مڕۆڤه‌كان ئاڵوگۆڕی مه‌ترسیداریان به‌سه‌ردا دێت, كه‌ هیچ كاتێك هه‌ست به‌ بوونی خۆیان ناكه‌ن یاخو ڕۆژێك له‌ خۆیان ناپرسن ئه‌و جۆره‌ مڕۆڤانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یك ده‌گۆڕین كه‌ له‌ پێستی مڕۆڤایه‌تی بوون ده‌رده‌چن و ده‌چنه‌ قالبێكی پڕ له‌ نا مڕۆڤ بوونه‌وه‌ , بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ بڵین ئێمه‌ بۆچی وا گۆڕاوین چوونكه‌ ئێمه‌ مڕۆڤین وشه‌ی مڕۆڤ واته‌ درووسكردنی هێلانه‌ی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان یه‌كدی نه‌ك درووستبوونی ڕق و كینه‌وه‌ یه‌كتر له‌ ناوبردن كه‌ ئه‌مه‌ هیچ كاتێك سوود به‌ مڕۆڤایه‌تی بوون ناگه‌یه‌نێت, هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت مڕۆڤ له‌گه‌ڵ خۆی دابنیشێت و دادگایی خۆی و ده‌روونی بكات نه‌ك هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ بیر له‌ ژیان بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی به‌ زیان ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ر خودی مڕۆڤایه‌تی بوون.

مڕۆڤ وشه‌یه‌كی ئاڵۆز و بێ سه‌رو به‌ره‌




بۆچی گرنگە دەنگ بە حزبی کرێکاران بدەین لە ١٢ی دیسەمبەردا … ئاسۆ کمال

حزبی کرێکارانی بەریتانیا (لەیبەر پارتی) لەم هەڵبژاردنەدا دژی بەرنامەی نیولیبرالیزمی حزبی پارێزگارانی سەرمایەدارانە . گرنگی ئەم سەرکەوتنەی لەیبەر تەنیا لە رفرۆرمەکانیدا نیە کە ئەمانەش گرنگە بەڵکو لە شکستدانیش بە حزبی پارێزگارانی دوژمنی کرێکاراندایە کە دەیەوێ سەرمایەدارەکان دەوڵەمەندتر و کرێکاران هەژارتر بکا.
لەیبەر دەیەوێ لانی کەمی کرێ ٧.٥بکا بە ١٠ پاوەند و هەژاری ١٤ ملێۆن کرێکار کەم بکاتەوە.
دەیەوێ نەبونی گرێبەستی کار قەدەغەبکا کە ٩٠٠ هەزار کرێکار دەگرێتەوە و هەموو کرێکارێک دەبیت گرێبەستی یاسایی هەبێ تاکو مافەکانی کرێ ، پشو و نەمانی کار و هتد لەلایەن خاوەن کارەوە بەپێی یاسا پێ بدرێ.
لەیبەر سەعاتی کار لە ماوەی ١٠ ساڵدا دەکات بە ٣٢ سەعات کار لە هەفتەیەکدا .
لەیبەر بەرنامەی پاراستنی سروشت و نەمانی زیندانی کردنی داواکارانی پەنابەری و ئازادی هاتوچۆی کرێکارانە ئەگەر لە یەکێتی ئەوروپاش نەمێنێتەوە. یاسا دەردەکا کە قەرزی خوێندن لە زانکۆ نەمێنێ.
لەیبەر جارێکی تر خزمەتگوزاریەکانی گواستنەوە و تەندروستی و خوێندن دەکاتەوە بە کەرتی دەوڵەتی و لە کەرتی تایبەتی دەسەنێتەوە.
لەیبەر کێشەی دەرچون لە ئەوروپا لە رفراندۆمێکدا دەخاتە دەنگدانەوە لەسەر ڕیکەوتنێکی گونجاو و یان مانەوە .
لەئاستی جیهانیدا لەیبەر کۆتایی بەسیاسەتی شەڕخوازانەی “بۆمباران بکە و دواتر گفتوگۆبکە” دەهێنێ و ئەم باڵە چەپەی لەیبەر هەمیشە دژ بە سیاسەتی دەستدرێژیە سەربازیەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و خەڵکی ستەملێکراو بوە.
ئەمانە چەند مافێکی تر کە حزبی کرێکاران لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەیکاتە یاسا و ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێ لەم هەڵبژاردەندا لەڕێگای حکومەتی کرێکارانەوە دەیەوێ ریفورم بکا لە بەرنامەی ئابوری ئێستای سەرمایەداریدا بە قازانجی کرێکاران.
گرنگی سەرکەوتنی لەیبەر پارتی لە ئەمڕۆی دنیاشدا بەهێزکردنی بزوتنەوەی دژی نیولیبرالیزمی سەرمایەدارانە و شکستی یەکێک لەقەڵا بەهێزەکانی جیهانی نیولیبرالیزم و پاشەکشەکردنێکی مێژوویی بەم ڕەوتە سەرمایەداریەیە کە تاتچەری سەرۆک وەزیارنی پارێازگاران لە ساڵەکانی ٨٠کانی سەدەی بیستدا سەرکردایەتی کرد و دنیایان بەم چەشنەی ئێستا غەرقی نایەکسانی و شەڕو بێکاری و برسیەتی کرد.
بێگومان سەرکەوتنی باڵی چەپی لەیبەر بەمانای دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازادی نیە بۆ ئینسانەکان بەڵکو هەنگاوێکە لەڕاستای لەبارتربونی زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ کرێکار و چینە کەم دەرامەتەکان و یەکێتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی دژی سەرمایداری لە بەریتانیا بۆ خەباتی سەرکەوتوانەتوتر دژ بەسەرمایەداران ، وە هاوکات بەهێزکردنی ئەو بزاتنەوە دژی نیولیبرالیزمە سەرمایەداریەیە کە هەر ڕۆژەو لە گۆشەیەکی دنیا ، وەک فەرەنسا و چیلی و لوبنان و عێراق و ئێران و شوێنەکانی تر دێتە مەیدان.
هەربۆیە گرنگە لە ١٢/١٢دا دەنگ بدەین بە لەیبەر پارتی لە بەریتانیا.

ئاسۆ کمال




كێ به‌رپرسه‌ له‌ خوێنرشتن؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ ( تشرینی یه‌كه‌م) ی رابردوو رۆژانه‌ خوێنی خۆپیشانده‌ران له‌ به‌غداو شاره‌كانی باشووری عێراق ئه‌رژێت و خۆپیشاده‌ران داوای ئه‌نجامدانی چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمه‌تگوزاریی ئه‌كه‌ن و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رفه‌تی كارو ژیانێكی شایسته‌ بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان و دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌شبه‌شێنه‌ی حزبایه‌تی به‌تایبه‌تی حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات.
گه‌رمه‌ی خۆپیشاندان له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوراست و باشووری عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌، واته‌ { به‌غدا، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، بابل، دیوانییه‌، ناسرییه‌، موسه‌ننا كوت ، عیماره‌ و به‌سره‌} و، خۆپیشانده‌ران داوای چاكسازیی و نه‌هێشتنی بێكاری و دابینكردنی هه‌لی كار ئه‌كه‌ن و، دروشمی سه‌ره‌كییان دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ودزیی و پاره‌ خواردنه‌ وله‌ كاتێكدا ــ 30 تا 40 % ی ــ خه‌ڵكی عێراق له‌ ژێر باری هه‌ژاری و نه‌داری ئه‌ژین، به‌رپرسان به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكی حزبه‌كان و دستوپه‌یوه‌نده‌كانیان( خزم و خوێش، وه‌زیر، ئه‌ندام په‌رله‌مان) تا دوێنی نان نه‌بوو بیخۆن وله‌مرۆدا بوون به‌ ملیادێرو خاوه‌ن موڵ و ماڵ وته‌لارو سامانی بێ هاوتا.
ته‌مه‌نی زوربه‌ی خۆپیشاده‌ران له‌ 25 ساڵ به‌ره‌وخواره‌و، كه‌میان ئاگادری ناخۆشی مه‌ینه‌تی رۆژانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بین و، ئه‌م گه‌نجانه‌ په‌یوه‌ست نین به‌ هیچ حزبێكه‌وه‌و، دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و تایفه‌گه‌ری خوپیشاندان ئه‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقێش ( هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیس و سوپاو حه‌شدی شه‌عبی) بۆ سه‌ركوتكردنیان زیاد له‌ پێویست و به‌ شێوه‌یه‌كی درندانه‌ هێزیان به‌كارهێناوه‌و، له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێئه‌كرێت و شه‌هێدو برینداریش له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و، به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقیش په‌نا ئه‌به‌نه‌‌ به‌ر درۆو ده‌له‌سه‌و فرت و فێڵ گوایه‌ نازانن كێن ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌ له‌ خۆپیشنده‌ران ئه‌كه‌ن و، بۆ ئه‌وه‌ی درۆكه‌یان سه‌ربگرێت و راستییه‌كان بشارنه‌وه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیان داخستووه‌و خه‌تی ئێنته‌رنێتیان بریوه‌.
زوربه‌ی خۆپیشانده‌ران شیعه‌ن و هاوار له‌ دژی حزبه‌ شیعه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ئه‌كه‌ن و به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌ڵێن ئه‌و حزبانه‌ گه‌نده‌ڵن و له‌ گه‌نده‌ڵیدا نقووم بوون و، له‌ ئێستادا بۆ به‌ربه‌ره‌كانی راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی عێراق میلیشیاو چه‌كداره‌كانیان خستووه‌ته‌كارو، به‌ فیتی رابه‌رانی حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی شیعه‌ كونسلخانه‌كانی ئێرانیان له‌ كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف سووتاندو ئه‌و كاره‌یان‌ خسته‌پاڵ و ئه‌ستۆی خۆپیشاندران و، به‌و بیانووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان واڵاتر بوو بۆ ته‌قه‌كردن و به‌و هۆێه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی سنه‌ك‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت.
تا ئێستا زیاتر له‌ {400} شه‌هیدو 15 هه‌زار بریندار هه‌یه‌و، ئه‌و كرده‌وانه‌ش تاوانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی وتاوانی چینۆسایده‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی بێده‌سه‌ڵاتی راپه‌ریوو، له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ په‌رده‌ پۆش ئه‌كرێن و، له‌ راگه‌یاندندا به‌ ته‌موومژی باسیان لێوه‌ ئه‌كرێت بۆ شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان،.

خۆپیشانده‌ران داوا ئه‌كه‌ن : به‌بێ منجه‌منج سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌ستله‌كار بكێشنه‌وه‌و برۆن و، حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنرێت، حكومه‌تێكی خاوه‌ن توانای نێشتمانی وپرده‌سه‌ڵات بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێش هه‌موو شتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زێرانی قاودراو فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه ‌چه‌كداره‌كانی سوپای عێراق بداته‌ دادگا چونكه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌و چی كوژراوو بریندار هه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وه‌.
حكومه‌تی نوێ بتوانێت داخوازییه‌ ره‌واكانی گه‌ڵ و خه‌ڵكی راپه‌ریوو خۆپیشانده‌ران له‌ پێش هه‌موو كارێك یاسای هه‌ڵپژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنی نوێ بێنێته‌دی و، به‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌ ( زوربه‌یان به‌ فێڵ و ته‌زویر بوونه‌ به‌ ئه‌ندام) و، هه‌روا ئه‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌ بتوانێت هه‌رچی به‌رپرس و تاوانبارو ته‌قه‌كه‌رو بكوژ هه‌یه‌ راپێچی دادگا بكات و، ئه‌بێ په‌رله‌مانی عێراقیش گوێ رایه‌ڵ بێت به‌ داخوازییه‌كانی گه‌ل به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی دیموكراسی بتوانێت دادپه‌روه‌ری كومه‌ڵایه‌تی زامن و په‌یره‌و بكات و، كۆتایی به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ركی بێنێت و عێراق نه‌بێته‌ گۆره‌پانی جه‌نگ له‌ نێوان ئه‌مریكاو ئێران و، لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ رۆڵی ئه‌ندامه‌ ده‌ستپاكه‌كانی په‌رله‌مان بده‌ێن و هه‌ڵوێستیان له‌ باره‌ی خۆپێشاندانه‌كان به‌رز برخێنین.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌تی نوێ و داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران رۆڵ و ده‌ستیوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر نه‌هێڵێت به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا ده‌ستی ئێران ببرێت و، رێگا به‌ قاسم سلێمانی و پاسداران نه‌دات ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هاتوچوو نه‌كه‌ن و، ئه‌بێ زۆر به‌ وریایی ره‌فتار له‌ گه‌ڵ ئێران بكرێت و، به‌رپرسانی ئێران به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری عێراق و حزبه‌ وابه‌سته‌كانیان نابن و، نابێ ریگا به‌ ئه‌مریكا بدرێت باره‌گاو بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ سه‌ر خاكی عێراق دابمه‌زرێنێت و، بوونی توركیا له‌ سه‌ر خاكی وڵات نه‌مێنێت
حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و حزبه‌ شیعه‌كان كه‌ زوربه‌یان سه‌ر به‌ ئێرانن به‌ ئاسانی ده‌ست له‌ نازو نیعمه‌ت و ئیمتیازات و دزی وسامانی كۆكراوه‌یان هه‌ڵناگرن و خۆپیشانده‌ران داوا ئه‌كه‌ن لێپێچینه‌وه‌ی ورد له‌ گه‌ڵیان بكرێت و زوز به‌زوو بدرێن به‌ دادگا.
هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌ران له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتوون: یه‌كێتیه‌كانی كرێكاران ، مامۆستایان، قوتابیان و، كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تان و جوتیاران و رێكخراوه‌كانی كومه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئیسلامییه‌ میانره‌وه‌كان و، له‌م هه‌فتانه‌ی دووایه‌داو له‌ وتاری هةینی عه‌ڵی سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه‌كان داوای كردووه‌ حكومه‌ت بچێت به‌ پێر داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و، هه‌ر هه‌موویان له‌ گه‌ڵ راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ن و، ره‌وتی سه‌دریش له‌ پێشدا زۆر به‌ گه‌رمی له‌ گه‌ڵ خۆپیشاده‌ران بوو، له‌م دووایه‌دا رابه‌ره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در تووشی رارا بووه‌و، كه‌س سه‌ری لێده‌ر ناكات و پێیه‌كی له عێراقه‌و ئه‌وی تریان له‌ ئێرانه‌و، هه‌ست ئه‌كات كه‌مه‌ كه‌مه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی لێی دوور ئه‌بنه‌وه‌و له‌ ژێر فشاری ئێراندایه‌و، له‌ خوارووی عێراق سه‌رۆك خێڵ و عه‌شایه‌ره‌كان بوونه‌ته‌ كۆڵه‌كه‌ی خۆپێشانده‌ران.
بارودۆخی عێراق مه‌ترسیداره‌و، ئه‌گه‌ر وڵاتان به‌ تایبه‌ت زلهێزه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان فشار نه‌خه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی قاودراوی عادل عه‌بدولمه‌هدی و په‌رله‌مانی عێراق” بارودۆخه‌كه‌ گرژو ئاڵۆزتر ئه‌بێت و، له‌مرۆدا پیلانی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاوات و تیكۆشان و خوێنی خۆپیشاندران نه‌یه‌ته‌دی و، به‌لایه‌كی تردا ببرێت و، ئێران به‌ ئاشكرا خوێ كردووه‌ به‌ خاوه‌نی عێراق و ، توركیا له‌ رێێ چڵكاوخۆره‌كانی و به‌ره‌ی توركمانی وبوونی بنكه‌كانی له‌ ناو خا:ی هه‌رێم و عێراقداو، عه‌ره‌بستانی سعودی وهه‌ندێ له‌ وڵاتانی كه‌نداو له‌ رێێ داموده‌زگای هه‌واڵگیری و به‌ یارمه‌تی و هاتوو چۆی به‌عسێیه‌كان خه‌ریكی پیلان داره‌شتنن، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی نوسه‌ران و رۆشنبێران و رۆژنامه‌نووسان و كه‌سانی پاك و خاوه‌ن شه‌ره‌ف و خه‌ڵگی تێكۆشه‌ره‌ كرده‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ شه‌رمه‌زارو رێسوا بكات.
سوپای عێراق له‌ ساڵی له‌ 23/5/2003 به‌ فه‌رمانی( حاكمی عه‌سكه‌ری ئه‌مریكا) پۆل بریمه‌ر هه‌ڵوه‌شاو، له‌ 8/8/2003 هه‌ر به‌ فه‌رمانی پۆل بریمه‌ر سوپایه‌كی دامه‌زراند ( سوپای عێراق له‌ درۆستبوونه‌و تا ئێستا) دژ به‌ خواستی گه‌له‌و، سوپا نوییه‌كه‌ی عێراق له‌ ساڵی 2014 له‌ سه‌رهه‌ڵدانی داعش تێكچووو، ئێستا لاوازه‌ و، له‌ باتی سوپا خه‌شدی شه‌عبی رۆڵی زیاتره‌و سه‌ركرده‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانن بۆیه‌ خۆپیشانده‌ران داوا ئه‌كه‌ن ئه‌م حه‌شده‌ نه‌مێنێت.
به‌پێ دستوۆی عێراق سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆك وه‌زیران دا ئه‌نێت و، به‌رهه‌م ساڵح له‌ گه‌ڵ حزبه‌كان و فراكسۆنه‌كانی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران كوبووه‌وه‌و، تا ئێستا كه‌سی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌و له‌ ژێر فشاری ئێران و حزبه‌ شیعه‌كانه‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك وله‌ لایه‌كی تره‌وه‌ خۆپیشاندەران بەردەوام ئه‌بن لەخۆپیشاندانەكانیان‌و ئامانجیشیان دەست لەكاركێشانەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەیە، كە لەدروشمەكانیان بەڕوونی داوای ئه‌كەن.
هه‌رێمی كوردستان له‌ دووره‌وه‌ چاودێری بارودۆخی عێراق ئه‌كات و، بیده‌نگه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خوێرشتن و كوژران و برینداركردنی هه‌زاران گه‌نجی عێراق و، ئه‌و گه‌نجانه‌ خاوه‌نی هه‌ر ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن مرۆڤن و، پێویسته‌ بیده‌نگی به‌ فه‌رمی پشكێنێت و،په‌له‌ بكات له‌ چاكسازی و گه‌نده‌لكاران وبه‌عسییه‌كان و موسته‌شار جاشه‌كان و تاوانباران وبكوژانی خه‌ڵكی سته‌م دیده‌ی كوردستان له‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه‌ ناویان ئاشكراكراوه‌ بدرێن به‌ دادگاو چیتر داڵده‌ی ئه‌وانه‌و خیانه‌تكاران نه‌درێت و، به فه‌رمی داوا له‌ توركیا بكرێت هێزو بنكه‌كانی بباته‌وه‌و، هه‌وڵ بدرێت قوتابخانه‌ و زانكوكان سه‌ر به‌ توركیاو كۆمپانیاكانی دابخرێن و، بایكۆتی كالای توركی بكه‌ن و، چاره‌سه‌ر بۆ بژێوی هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت هه‌ژاران وكه‌م ئه‌ندامان و زیندانیانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ و ، كێشه‌ی زه‌ویی و خانوبه‌ره‌و تاپۆ بدۆزنه‌وه‌و یارمه‌تی حزبه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا زیاد بكه‌ن و ، واز له‌ چاوسووركردنه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌و حزبانه‌و رۆژنامه‌نووسان بێنن و، جێی خۆیه‌تی بڵێن ریگا به‌و حزبانه‌ بدرێت چالاكی له‌ دژی دوژمنان بكه‌ن. .
سه‌ركرده‌ی حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ شیعه‌ پشت ئه‌ستورن وترسیان نییه‌ و ئێران له‌ ئێستادا به‌رگری له‌و سه‌ركردانه و پاره‌و سامانیان‌ ئه‌كات و” ئه‌گه‌ر وه‌رچه‌رخانێك له‌ بارودۆخی عێراق رووبدات ئه‌وا نوری مالكی و عه‌مار حكیم و هادی عامری و ئه‌وانی تر به‌ره‌و ئێران ئه‌كه‌ونه‌رێ و، كۆماری ئێسلامی داڵده‌یان ئه‌دات.
وه‌زیری به‌رگری عێراق نه‌جاح ئه‌لشه‌مه‌ری ئه‌ڵێت لایه‌نی سییه‌م ته‌قه‌ له‌ خۆپیشاده‌ران ئه‌كات و خه‌ڵك ئه‌كوژێت و، ناوی كه‌س ناهێنێت و، مه‌به‌ست له‌ له‌لانی سێیه‌م ئێرانه‌ به‌ڵام وه‌زسری به‌رگری ده‌ستنیشانی كردووه‌ به‌ڵام له‌ ترسی حزبه‌كانی شیعه وپله‌و پایه‌كه‌ی‌ ترس دایگرتووه‌و لاڵه‌ و، خه‌ڵك ئه‌پرسێت ئه‌گه‌ر وه‌زیری به‌رگری نه‌زانێت لایه‌نی سێیه‌م كێیه‌و، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ روو له‌ كێ بكه‌ن و، راگه‌یاندنه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگری چه‌خت له‌ گه‌نده‌ڵی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌كات و، جێی شه‌رمه‌زاری و رووره‌ش و رێسوان.

د




نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕێن و راپه‌ڕینی نوێ … عیماد عه‌لی

جارێك له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تی و خودیی تایبه‌ت به‌ كورد و كوردستان، هیوادارم ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ كوردستانی باشوور له‌م كات و ئانوسات و قۆناغه‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ تێیدا تێده‌په‌رێت روونه‌دات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ كه‌ ژیان به‌ هیواو ئاواته‌وه‌ ناوه‌ستێت و به‌تایبه‌تی سونه‌تی گۆڕانكاری له‌ هه‌ر ئانو سات و كاتێكدا بێت خۆی فه‌رز ده‌كات . لیره‌دا كوردستان له‌ریزبه‌ده‌ر نیه‌و ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌رووی سیاسیه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت كه‌ تا ئێتسا ده‌سڵاتدارانی كورد بێباكانه‌ گوێشیان پێنه‌داوه‌ و پاسه‌وانه‌ كۆنه‌كان هیچ خه‌مێكیان نه‌بووه‌ و به‌رده‌وامن له‌ بێر و ره‌فتاری ماوه‌ به‌سه‌رچووی خۆیاندا، بێ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك گوێ له‌ پێویستی و ڕوانین و تایبه‌تمه‌ندیه‌كیانی نه‌وه‌ی نوێ بگرن. بێگومان له‌م باره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دیاره‌ كه‌ نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌رین له‌ پێشه‌نگی رابه‌رایه‌تی هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی چاوه‌ڕوانكراودا ده‌بن، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هۆكارگه‌لێكی تایبه‌تی كوردستان و بارودۆخه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی به‌ نه‌رێنی و خراپیش به‌سه‌ر د‌ پرسی گه‌له‌كه‌مان و دۆزه‌ ره‌واكه‌یدا نه‌شكیته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ گۆڕانی به‌رده‌وام و خه‌ڵكی نوێ و فكر و عه‌قڵیه‌ت و بۆچون و بنه‌مای نوێ جێی خۆی ده‌كاته‌وه‌ خه‌ڵكی نه‌گونجا راده‌ماڵێت، هه‌رچه‌ند رێگری و كۆسپیشی له‌به‌رده‌مدا بێت.
هه‌وڵی نه‌وه‌ی كۆن تا سه‌ر بڕناكات و ئه‌و هه‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كراوه‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌هێشتۆته‌وه‌ و به‌خۆداچونه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ بكه‌ن و هاوكێشه‌كان رێگه‌ی ئه‌وه‌ناده‌ن زه‌مینه‌ی چاكسازی ‌ و پاكسازیی راسته‌قینه‌ مه‌یسه‌ر بێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی راپه‌رێنێك یان شۆڕشێكی سه‌رتاپاگیر له‌ كوردستاندا بهر‌پابێت.
فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی ده‌بنه‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی هه‌ر ڕاپه‌رینێك په‌یوسه‌ته‌ به‌ توانای ئه‌و سه‌ركرادیه‌تیه‌ی له‌ راپه‌رینه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت و ده‌بێته‌ پێشه‌نیگی رێراستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریی له‌ كوردستانی باشوور، سه‌ركه‌وتنیش مه‌رجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش بریتیه‌ له‌:

  • ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێی دوای ڕاپه‌رین له‌ ئاماده‌باشیه‌كی توندوتۆڵ و هه‌وڵی زه‌مینه‌خۆشكردندا بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی سیاسی گونجاودا كاری ناوازه‌ی پێویستی مێژوویی ئه‌نجام بده‌ن و گۆڕانی راستو دروست و راسته‌قینه‌ ئه‌نجام بده‌ن.
  • ئه‌م نه‌وه‌ كۆنه‌ی ئێمه‌ی پێش نه‌وه‌ته‌كان، كه‌ گیرۆده‌ی ده‌ستی كۆمه‌ڵێك ده‌سترۆیشتووین له‌ كوردستاندا، به‌هه‌موو جۆر و پێكهاته‌مانه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سڵاتمانه‌وه‌، به‌ ده‌سترۆیشوو و ده‌ستكورتمانه‌وه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌مان تێدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ متمانه‌مان پێبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئیمه‌ فشارێكی ئه‌وتۆمان هه‌بێت كه‌ بتوانین ڕاره‌وی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان و هه‌ڵه‌كان راست بكه‌ینه‌وه‌ و وه‌زعی گشتیی كوردستان له‌ نغرو بوون قوتاركه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت نه‌وه‌ی نوێ به‌خۆی بیر له‌ رێگه‌ی راست و كرداری گونجاو و هه‌نگاوی سه‌رده‌مانه‌ بكاته‌وه‌ و رێگه‌ له‌م نه‌وه‌ی ئیمه‌ی پێش راپه‌رێن بگرن و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت بخرێنه‌ لاوه‌، هه‌رچه‌ند خه‌ڵكی هه‌مه‌جۆری جیوازی باش و خراپیشمان تێدایه‌.
  • رێگه‌نه‌دان به‌ سه‌رجه‌م نه‌وه‌ی ئێمه‌ومانانی پێش راپه‌رینی 1991 به‌ پاك و به‌دفه‌ڕمانه‌وه‌، به‌ شۆرشگێر و ناپاكمانه‌وه‌، به‌ پێشمه‌رگه‌ و جاشمانه‌وه‌، به‌ نه‌خوێنده‌وار و فه‌یله‌سوفمانه‌، به‌ رۆشنبیر و نه‌زانمانه‌وه‌، جڵه‌وی هیچ جموجوڵێكی نوێ له‌ شێوه‌ی راپه‌ڕین یان شۆڕش بگرنه‌ده‌ست و ببنه‌ ده‌مراستی شۆرش یان ڕأپه‌رێنی نوێ له‌ كاتی تایبه‌تی خۆیدا.
  • خودی شۆڕش یان ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێی راپه‌ڕیو له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا به‌رهه‌مبێنێت و رێگه‌نه‌ده‌ن هیچ كه‌سی ئاماده‌ی له‌قوتوكراوی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌رینی 1991 سواری راپه‌ڕین بێت، نه‌وه‌كو دیزه‌به‌ده‌رخونه‌ی بكه‌ن.
  • سه‌ركردایه‌تی نوێی راپه‌ڕین و شۆرشی نوێ به‌ ره‌هایی له‌ نه‌وه‌ی دوای راپه‌رینی 1991 بن و نه‌وه‌ كۆنه‌كه‌ به‌ ناچار خانه‌نیشین بكرێن و ته‌نانه‌ت رێگه‌ نه‌درێت یه‌ك كه‌سیش خۆی تێدا هه‌ڵقورتێنێت و هه‌وڵی رابه‌رایه‌تی بكاتت .
  • یاسا رۆڵی خۆی بگێڕێت و ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك زیانی له‌ گه‌لی كوردستان داوه‌؛ له‌ رووی ئابووری ( گه‌نده‌ڵكاران) سه‌ر‌بازی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ سزای خۆی بگات.
    بۆیه‌ ده‌كرێت هه‌روه‌رچه‌رخانێكی سیاسی چاوه‌ڕوانكراو زه‌مینه‌ی له‌بار بێنێته‌ئاراوه‌ و سه‌ره‌تای داگیرساندنی شۆرش یان راپه‌رێنێك بێت كه‌ كه‌س نه‌تواێت به‌ری لێبگرێت و، بارودۆخێك بێته‌ئاراوه‌ هێزی خۆسه‌پێنه‌ری ئێستا كونه‌مشكیان لێ بێت به‌ قه‌یسه‌ری.



خۆر … پشکۆ ناکام

لە جەنگەڵی شاخا
دۆشیتانین
ئاو لە لەشمانا نەما
قەترە…قەترە
تینوێتی خۆتان پێ شكان
خوێنی جەستە
دڵۆپ..دڵۆپ
کرا بە ڕەنگی ژووری نووستن
و
هۆڵی کۆبونەوەکان
كرا بە سوێند
بۆ بێ دەنگ کردنی
ئەو کەسەی کە مەستە
دەمارەکانمان
یەک بە یەک
بوون بە بۆری
بوون بە وێنەی
درۆی ” مەشخەڵانێک”ی رەش هەڵگەڕاو
ڕەش وەک دوێنێ
ڕەش وەک ئەمڕۆ
ڕەش وەک سبەی

شەو و ڕۆژمان ژمارد
بۆ سپێدەی ئازادی ئینسان
سپێدە نەهات
و
هەر ئەمان ژمارد
ئێوەش فێر بوون
كەوتنە ژماردنی قاسەکان
تا خوێنی ئێمە و قاسەکان
بوون بە رۆژ ژمێری
…..پشتی سەرتان

كە بەهار درۆی کرد
هەوری باران
رووی تێ ناکا
گوڵیش نا پشکوێ..
كە عاشق وورەی بەردا
كتێبە موقەدەسەکانی عەشق
چاوی پڕ لە فرمێسک ناکا
كە رووبار ئاوی تیا نەما
مەلە زانین
بە فریای ماسی ناگا
ئێمەش ، بمانبورن
وەسفی جەنگەڵەکەی
ناوی ” خەبات” لێ نرا
پیت بە پیت
دێڕ بە دێڕ
بوو بە زووخاو
چوو بە قوڕگمانا
…بمانبورن
ئێمە و ئێوە دوو خۆری
دوو چیرۆکی جیاواز
چیرۆکی ئێمە :
گەرمایی خۆری سبەی هەژاران
چیرۆکی ئێوە :
گەرمایی پایزە بچکۆلەی خواپیاوان
ئێوە رووەو ئاوا بوون
خۆری ئومێدی ئێمەش
سبەی… نا…
دوو سبەی
هەر هەڵ ئەکا

پشکۆ ناکام

Dece/2019




كتێبێك له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌ی ڕواندز چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌..

په‌روه‌رده‌ی ڕواندز له‌ ده‌ ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا، ناونیشانی كتێبێكی دیكه‌ی(سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی)یه‌و له‌ وڕۆژانه‌دا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ ناساندن و خستنه‌ڕووی به‌شێك له‌ چاڵاكی و داتاو ئاماره‌كانی ده‌ ساڵی ڕابردووی په‌روه‌رده‌ی ڕواندزه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2009/2019.




چــاویــلــکـــە … محەمەد بەرزی

دوێـنـێ نـەنـکـم زویـر بـوو
چـاویـلـکـەکـەی بـزر بـوو

ئـەوەنـدە چـاوی کـزبـوو
هـەتـا مـنـی لـێ تـێـکـچوو

خـێـرا چـووم و نـەوەسـتـام
هـەمـوو ژوورەکـەی گـەڕام

لـە ژێـر سـوچـی سـەریـنـا
چـاویـلـکـەم بـۆ دەرهـێـنـا

وەکـو گـوڵ گـەشـایـەوە
خـۆشـی بـۆ گـەڕایـەوە

مـاچـمـکـرد و پـێـکـەنـی
وتـی : تـۆ چـاوی مـنـی

١١ / ٧ / ٢٠١٩