مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیزم چیە؟ … ئاسۆ کەمال

ناکۆکی نێوان دیکتاتۆریەتی حزب و هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان

لە کاتی دەسەڵاتدا مۆدیلی حزب لەبواری پراتیکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیدا بەتەواوی دەردەکەوێ. تیۆری جێنشینی حزب لە جێگای چینی کرێکار ،کە لەلایەن لینین هێنرایە ئارا ، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کاتێ بەلشەفیەکان دەسەڵاتیان گرت بەتەواوەتی جێبەجێ کرا. بە پێی ئەم تیوریە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بوە دیکتاتۆریەتی حزب، چونکە بەلای لینینەوە، حزب و چینەکە دوو شتی جیاواز نین، هەربۆیە جێنشینی حزب لە جێگای حزب و دیکتاتۆری بەلشەفیەکان لەجێگای پرۆلیتاریا لای ئەو ڕەوایەتی هەیە.
لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و ڕۆزا لوکسبورگدا ،کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ” ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.”1 بەڕای لینین ئەم پرسیارە جگە لە تێکەڵوپێکەڵی فکری شتێکی تر نیە ، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بنەمای مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتە لای بەلشەفیزم. بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بوە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا.

هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە. بەم پێیە مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم بریتیە لە دیکتاتۆری حزبێک کە بەناوی پرۆلیتاریاوە حوکم دەکا. واتە نەک حوکمی ڕاستەوخۆی چینێک بەڵکو حوکمی ڕاستەوخۆی حزبێک. بەڵام ئەگەر وایە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” ی شۆڕشی ئۆکتۆبەر چی لێهات؟ بەپێی تیوری جێنشینی ،حزب نوێنەری چینی کرێکارە کەواتە بۆچی شوراکان پێویستە و دیکتاتۆریەتی حزب چی لێ دێت ئەگەر شوراکان هەموو دەسەڵاتێک بن؟ ئایا ئەم دوو قوتبیەی دەسەڵاتدارێتی حزب و شورا چۆن چارەسەر کرا لە سۆڤیەتدا؟ لە سیستەمی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیدا شوراکان لەڕێگەی سیستەمێکی هەڵبژاردنەوە نوێنەرانێک هەڵدەبژێرن کە ئەوان دەبن بە نوێنەری چینەکە لە دەسەڵاتدا.بەڵام لەهەمان کاتدا لەم سیستەمەدا حزب ،کە تەنیا حزبی نوێنەری چینی کرێکارە و بەو پێیەش کە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ چینی کرێکاردا نیە، خۆی دەبێتە نوێنەری ئەم چینە ئیتر دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ شورادا ئەگەر شوراش ببێتە نوێنەری چینەکە.

ئەم دوو نوێنەرایەتیە نابێ و دەبێ لایەک نوێنەر و دەسەڵاتداربێ. یاخود دەبێ لە شورادا جگە لە حزبی بەلشەفی هیچ نوێنەرێکی تر نەبێ. یاخود دەبێ لە کۆتاییدا نوێنەری شورا لەژێر دەسەڵاتی حزبدا بێ و نوێنەرە ناحزبیەکان دەسەڵاتیان نەبێ تاکو بتوانرێ نوێنەرایەتی حزب و دیکتاتۆریەتی حزب هەمان شت بن ،وە دیکتاتۆریەتی حزب ناکۆک نەبێ بەو نوێنەرانەی شورا کە دژبەحزبی بەلشەفین یان ناکۆکن لەگەڵیدا. چونکە ئەگەر لە شوراکاندا نوێنەرانی حزب قبوڵ نەکران ئەوکاتە چی لە دیکتاتۆریەتی حزب و تیۆری نوێنەرایەتی وجێنشینی حزب لە جێگای چینی کرێکار دێت؟ ئەمە ئەو کێشەیە بوو کە سیستەمی سیاسی بەلشەفیکی لەگەڵ سیستەمی شورایی و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران و سەربازاندا هەیبوو. بڕیاربوو سیستەمی بەلشەفی سیستەمی سیاسی سەرمایەداری هەڵوەشێنێتەوە و لە جێگای دەزگای نوێنەرایەتی کەمینە دەزگای ئیداری کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە هەموو بەشداربن تیایدا و کاروباری دەوڵەت ببێتە کارێکی ئیداری ناسیاسی کە هەموو هاوڵاتیەک بتوانێ بەشداری تێدابکا نەک ببێتە ئیمتیازی حزبێکی سیاسی دیاریکراو کە دەسەڵاتی کەمایەتی خۆی بەناوی نوێنەرایەتی چینەکەوە بسەپێنێ. حزبی کرێکاری ئەو قوتابخانەیەیە کە کرێکاران تیایدا فێردەبن کە چۆن خۆیان ئیدارەی کۆمەڵگە بگرنە دەست کە چیتر هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەدەست کەمایەتیەکەوە نەبێ کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی زۆربەی کۆمەڵگە بکاتە کۆیلەی کرێ. ئەم حزبە لەکاتی گرتنە دەست دەسەڵاتی سیاسیدا جیاوازی بنەڕەتی خۆی لە بورژوازی وەک کەمینەیەک بەوە نیشان دەدا کە دەسەڵات دەکاتە موڵکی گشتی و ڕیگە بە پاوانکردنی دەسەڵات نادات لەلایەن کەمینەیەکی حزبیەوە.
لەم پێناوەشدا پێویستی بەفراوانکردنەوەی ڕیزەکانی حزب و ڕیکخراوە کرێکاریە جەماوەریەکان و ئەو دامودەزگایانەیە کە جەماوەر لەڕێگەیەوە ئیدارەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە دەگرنە دەست و پیویستیان بە بونی کەمایەتی و نوخبەیەکی سیاسی نامێنێ بۆ ئەوەی لە جێگای ئەوان و بەناوی نوێنەرایەتی ئەوانەوە حوکم بکا. ئەمە پێی دەوترێت دیکتاتۆری چینێک واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. ئەمە ناوەرۆکی شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەلایەتیە کە چینی کرێکار تیایدا دامودەزگاکانی نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و ئیدارەی ڕاستەخۆ و خۆبەڕێوەبەری ڕاستەوخۆ دادەمەزرێنێ .
لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کۆنگرەی شوراکان کە زۆرایەتی بەلشەفیەکان بوون گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆ شورای کرێکاران و سەربازان و جوتیاران پەسەندکرد. سەرەتا حزبی بەلشەفیک و باڵی چەپی سۆشیال شۆڕشگێڕەکان حکومەتیان پێک هێنا و دواتر کۆنگرەی شوراکان ئەم نوێنەرانەی بەڕەسمی ناسی . بەڵام دوای ئەمە کاری شوراکان وەک دەسەڵاتی باڵا تەواو بوو و حکومەتی بەلشەفیەکان بوە دەسەڵاتی باڵا و شوراکان بونە جۆرێک لە پەرلەمان کە تەنیا جیاوازیان لەوێدا بوو کە لە خوارەوەش وەک ئۆرگانی لۆکاڵی هەبون. ئیتر سیستەمی شورایی بوو بە هەمان سیستەمی هەڵبژاردنی نوێنەران و ئەم نوێنەرانەش لە سیستەمی دەسەڵاتداری حزبدا جێگەوڕێگەیان دیاری دەکرا و لەژێر فەرمانی حزبدا بوون و نەک لە ژێر فەرمانی ئەو کەسانەی هەڵیان بژاردبون. بەم پێیە نوێنەرانی شورا و شوراکان دەبونە دەزگایەکی شەرعیەتپێدانی دەسەڵاتدارێتی حزب و حزبیش بەپێی ئەوەی خۆی نوێنەری چینەکەیە دەیتوانی ئەم جێگای ئەم نوێنەرانە لە دەسەڵاتدا دیاری بکا نەک نوێنەرانی شورا جێگەی حزب لە دەسەڵاتدا دیاری بکەن. حزب وەک جێگرەوەی شورا و چینەکە خۆی بڕیاری لەسەر هەموو شتێک دەدا بەپێی ئەو شەرعیەتەی کە تیۆری “دیکتاتۆری حزب هەمان دیکتاتۆری پرۆلیتاریایە” پێی دابوو.

بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە شۆڕشی چینێکەوە بەرەو دەسەڵاتی تاک ڕەوانەی حزبێک، لە پرۆسەیەکدا جێبەجێکرا و کارێکی یەکسەر و کتوپڕ نەبوو. گۆڕان لەوەی شورای چەکداری کرێکاری و سەربازی و جوتیاری هەبوو و وە کۆمیتەکانی کارگە و مانگرتنی کرێکاران و فراکسیۆنی ناو حزب و ناڕەزایەتی سەندیکا کرێکاریەکان بەدژی ئەم تیۆریەی کورتکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی نوخبەیەکی حزبیدا بە پرۆسەیەکی ململانێی سیاسی و فکری و سەرکوتی ئازادیەکاندا تێپەڕی. لێرەدا چەند نمونە لەم ململانێ و کێشمەکێشە لە سۆڤیەت و ناو حزبی بەلشەفیدا دێنینەوە. سەرەتا ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩١٨یشدا وەڵامی ئەم تێۆری جێنشینیەی حزب و دیکتاتۆری حزب لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا و پەیوەندی سۆشیالیزم بە ئازادیە سیاسەکانەوە بەم شێوەیە دەداتەوە لە وتاری شۆڕشی ڕوسیادا دەڵێ: (پەرەگرافی ١،٢و٣ ئاخر)2
شتێک هەیە (سۆشیالیزم) سیاسیە لە کاراکتەردا، هەمان شت ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە. هەموو جەماوەر دەبێ بەشداری بکا.ئەگینا سۆشیالیزم دەبێتە بڕیاردەرکردن لە پشتی چەند مێزێکی ڕەسمیەوە لەلایەن دەرزەنێک ڕوناکبیرەوە. لینین . بەتەواوەتی بەهەڵە مانای شتەکان جێبەجێ دەکا. بڕیار، هێزی دیکتاتۆری چاودێری کارگە، سزای وەحشیانە، حوکمڕانی لەڕێگای تیرۆرەوە- هەمو ئەم شتانە تەنیا ئازارشکێنە. تەنیا ڕیگایەک بۆ لەدایکبونێکی سەرلەنوێ قوتابخانەی ژیانی گشتی خۆیەتی، بێ سنورترینە، فراوانترین دیموکراسی و ڕای گشتی. حوکمڕانی بە تیرۆر تێکدانی ڕەوشتە.

بەبێ هەڵبژاردنی گشتی، بەبێ ئازادی ڕۆژنامەگەری و کۆبونەوەی ڕیگە لێ نەگیراو، بەبێ ئازادی ڕادەربڕین، ژیان دەمرێ لە هەموو دامەزراوەیەکی گشتیدا، ئەبێتە ڕوکەشێکی ڕوت، لەوێدا تەنیا بیرۆکراسی وەک توخمێکی چالاک دەمێنێتەوە. ژیانی گشتی بەشێوەیەکی پلەبەپلە خەوی لێدەکەوێ، چەند دەرزەنێک سەرکردەی حزب کە توانایەکی نەگۆڕ و تەجروبەی بەرتەسکیان هەیە بەڕیوەدەبەن و فەرمانڕەوایەتی دەکەن. لە نێویاندا ، لەڕاستیدا تەنیا یەک دەستە سەروکەلەیان دیارە کە لیدەری دەکەن و نوخبەیەکیش لە چینی کرێکار بانگێشت دەکرێن جاربەجارێک بۆ کۆبونەوەکان کە لەوێن بۆ چەپڵەلێدان بۆ وتاردانەکانی لیدەرەکان، بۆ سەلماندنی ئەو بڕیارە پێشنیارکراوانە بە شیوەیەکی نادیار- لە خوارەوە، ئیتر، کۆمەڵە مەسەلەیەک- دیکتاتۆریەتێک، ئەبێ دڵنیا بکرێتەوە، نەک دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەڵکو تەنیا دیکتاتۆریەتی دەستەیەکی سیاسی،ئەمە دیکتاتۆریەتە بەمانایەکی بورژوازی.”
بێگومان لەگەڵ ئەم قسانەی ڕۆزادا لە ناو حزبی کرێکاری بەلشەفی ڕوسیادا فراکسیۆنی جۆراوجۆر هەمان ڕەخنەیان لە مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی هەبوو و دەیانویست کە وەڵام بەم لادانانەی حزب بگرن لەوەی لە حزبێکی کرێکاریەوە بەرەو حزبێکی بورژوازی هەنگاوبنێ.
ئەلیکساندرا کۆلۆنتای لەساڵی ١٩٢١ دا لە گروپی” ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی لە وتاری ” دەربارەی بیرۆکراسی و خود-چالاکی (Self-activity) جەماوەری”دا دەڵێ؛” ئێمە ئازادی نادەین بە چالاکی چینایەتی، ئێمە لە ڕەخنە دەترسین، ئێمە وازمان هێناوە لەپشت بەستن بەجەماوەر: هەربۆیە ئێمە بیرۆکراسیمان لەگەڵدایە.” تەنانەت دەوری شوراکان و هەڵبژاردنی شوراییش نامێنێ و لە جێگایدا دەست نیشانکردنی پۆست لەلایەن حزبەوە جێگای دەگرێتەوە و لێرەدا کۆلۆنتای هاوار دەکا” دەستنیشانکردن تەنیا وەک کارێکی دەگمەن ڕیگە پێدراوە. بەم دواییانە ئەمە ئاشکرابوە وەک یاسایەک. دەستنیشانکردن کارەکتەری بیرۆکراسیە، وە ئێستا گشتی کراوە، یاسایی کراوە و باش – ڕیکخراوە کە ڕۆژانە دەردەکەوێ.” *3
ترۆتسکیش لە کتێبی” شۆڕشی خیانەتلێکراو” ئەم واقعیەتەی کە لەنێو شوراکان و لەنیو حزبیشدا چینی کرێکار و حزب و فراکسیۆنە کرێکاری و جوتیاریەکان سەرکوت کران و قەدەغەکران باس دەکا و دەڵێ؛” حزب لەسەرەتادا دەیویست کە ئازادی ململانێی سیاسی لە چوارچیوەی شوراکاندا بپارێزێ. بەڵام شەڕی ناوخۆ لێدانێکی کوشندەی دا لەم ویستە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، یەک بەدوای ئەوی تردا قەدەغەکران، وە سەرکردەکانی بەلشەفی ئەم ڕێکارانەی دژی ئایدیای دیموکراسی شورایی بوو وەک پێویستیەکی کاتی بۆ بەرگری دەبینیەوە، نەک بڕیارێکی مەبدەئی.دواتر کاتێ ڕاپەڕینی کروتشتادت بوو کە ژمارەیەکی تاڕادەیەک باشی بەلشەفیەکانیشی لەگەڵ بوو، کۆنگرەی دەیەمی حزب بڕیاری هەڵوەشانەوەی فراکسیۆنی دا..تیوریەکی تریش لەپاڵ “تیۆری سۆشیالیزم لە تەنیا وڵاتێکدا” داڕیژرا، تیۆریەکی تر بە قازانجی بیرۆکراسی، ئەوەی کۆمیتەی ناوەندی هەموو شتێکە بۆ بەلشەفیەکان ، بەڵام حزب هیچ نیە.” *4
ئەم سێ نمونانەی ڕۆزا و کۆلۆنتای و ترۆتسکی لە شاهیدەکانی مۆدیلی سیاسی دەوڵەتی بەلشەفی نیشانمان دەدا کە چۆن دیکتاتۆریەتی حزبی ناکۆکە بەو تێڕوانینانەی مارکس و ئەنگلس ،کە لینین خۆی لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لەسەر دەوڵەتی کرێکاری هێناویەتی. لەوێدا ئینگلس دەڵێ” یەکەم هەنگاو کە دەوڵەت بەڕاستی وەک نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگە دەستی بۆدەبات ، واتە دەستبەسەرداگرتنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بەناوی کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا دوایین هەنگاوی ڕاستەوخۆی ئەوە وەک دەوڵەت.”5 دەوڵەتی بەلشەفی دوای گۆڕینی موڵکایەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویە گەورەکان بە موڵکی دەوڵەت بەپێچەوانەوە لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی ، ئابوری و فەرهەنگیدا ڕۆڵی تایبەتی دەوڵەتی حزبی زیادکرد. لە کاتی دەسەڵاتدا ئێمە لەبەردەم حزبداین لە گەشەکردوترین ئاستی خۆیدا ،ئەویش گۆڕینی حزبە بە دەزگای دەوڵەت. بەڵام چ دەوڵەتێک؟ ئایا دەوڵەتێک کە تەنیا بەشێکی چینی کرێکار بەناوی هەموو چینەکەوە حوکم دەکا؟ بێگومان نەخێر. چونکە فەلسەفەی کۆمۆنیستەکان لە دەسەڵاتی سیاسی وەک مانیفیستی کۆمۆنیست دەریدەبڕێ بریتیە لە ” گرتنی دەسەڵاتی سیاسیە لەلایەن چینی کرێکارەوە”. 6
لێرەدایە کە حزب دەبێ ڕیگا بکاتەوە کە لەم خەباتە سیاسیەدا دژی بورژوازی هەموو چینی کرێکار و بە هەموو حزبەکانیەوە بەشداری بکەن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەلشەفیەکان لە پێش ئۆکتۆبەر ئەم دروشمەیان بەرزکردەوە کە ” هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان”، بەڵام تیۆری دیکتاتۆری حزبی لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریا خودی ئەم دروشمەی پێشێلکرد. لە کۆنگرەی یەکەمی شورکاندا دەبینین کە لە ژمارەی دەنگەکاندا ؛ سۆشیال شۆڕشگێڕەکان زۆرینەن ، مەنشەفیەکان دوای ئەوان دێن و بەلشەفیەکان کەمینەن. بە کاریگەری شەپۆلی شۆڕش و چونە سەری وشیاری و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران دژی حکومەتی بورژوازی کرنسکی، لە کۆنگرەی دوەمی شوراکاندا دەنگی بەلشەفیەکان دەبێتە زۆرینە (٣٩٩ لە کۆی ٦٤٩)* 7
بەڵام ساڵێک دوای دیکتاتۆریەتی حزبی لە کۆنگرەی شوراکاندا لە کۆتایی ١٩١٨ ڕیژەی دەنگی نوێنەرانی بەلشەفی دەبێتە زۆربەی ڕەها لەبەرئەوەی پرۆسەی یەکلابونەوەی دەسەڵاتی ڕەها بەپێی دیکتاتۆریەتی حزبی هەرچی حزب و ڕیکخراوەی ترە کە لەشوراکاندا بوون لە گۆڕەپانی سیاسی کردە دەرەوە. بەم پێیە شوراکانیش بونە پاشکۆی حزب لە جیاتی ئەوەی حزب لەگەڵ شوراکان و کۆمیتە کرێکاریەکان و سەندیکا و حزبە کرێکاریەکانی تردا نمونە و مۆدێلێکی سیاسی نوێ لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی دروست بکا، حزب بوە قاڵبێک کە هەموو چالاکیەکی سیاسی چینەکەی تێدا بەرتەسک کرایەوە. ئەمەش نیشانەی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاران دروستکرد.
لینین و بەلشەفیەکان نەک بەهێزی حزبی بەڵکو بە هۆی لە ئارادابونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار کە سێ شۆڕشی دژی قەیسەریەت و بورژوازی ڕوسیا کرد توانیان دەسەڵات بگرن. کۆمیتە کرێکاریەکانی کارگە و شورای جوتیاران و سەربازان دەوڵەتی بورژوازیان ئیفلیج کرد ، ئەمانە ئەو بەڵگانە بوون کە لای لینین جێگای جەختکردنەوەبون بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە بەلشەفیەکان دەتوانن سەرکەوتوبن و لە دەسەڵاتدا بـمێننەوە.8 بەڵام لە پاش شۆڕش حزب لە جیاتی بەهێزکردنی ئەم ئۆرگانانە کەوتە جێگرتنەوەی ئەم ئۆرگانانە بە کەسانی حزب کە لەسەرەوە دیاری دەکران و مەکتەبی سیاسی حزب بوە هەمەکارەی دەوڵەتی سۆڤیەت.

لینین خۆی شاهیدی ئەم دۆخەیە کە باسی سەرهەڵدانی بیرۆکراتیزم وەک دیاردەیەک لە ١٩١٩ەوە دەکا و دواتر ١٩٢١ دەڵێ بیرۆکراتیزم “بەشێوەیەکی ڕۆشنتر و ترسناکتر دەردەکەوێ”.”دەزگای مەرکەزی دەوڵەتی ئێمە لە ماوەی ٣ساڵ و نیوی ڕابردودا چوەتە قۆناغێکی واوەکە ئیتر شێوەی چەقینێکی زیانبەخشی’بیرۆکراتی’ بەخۆوە گرتوە”.”بۆ خەباتی سەرکەوتوانە دژی بیرۆکراتیزم و وەبۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو چەقینە زیانبەخشەدادەبێ هێزی نوێ لە خوارەوە بهێنین.” 9 بەڵام “ئێمە بەهیچ شیوەیەک و بەهیچ شیوەیەک لە هێنانە پێشی سیستماتیک و پەیگیری هێزەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە کارناکەین.”*10.
ئەو دەڵێ بنەمایەکی تری ئابوری ئەم دیاردەیە دەڵێ”لە وڵاتی ئێمەدا بریتیە لە ‘پەرژوبڵاوی بەرهەمهێنەرانی بچوک، هەژاری، بێ فەرهەنگی، نەخوێندەواری، نەبونی ئاڵوگۆڕ لە نێوان کشتوکاڵ و پیشەسازی و نەبونی پەیوەندی لەنێوان ئەم دوانە و کاریگەریان لەسەریەکتر.”بەڵام ئینکاری لەوە دەکا کە بیرۆکراتی لەناو دەزگای سەربازی و دادوەری و ئەوانی تردا هەبێ، هەرچەند لەو دەزگایانەدا هەن کە ئیدارەی سوپا دەکەن! *11
لە ئاستی حزبیشدا باسی ئەم بیرۆکراتیزمە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناکرێ لەلای لینینەوە، بەڵکو تەنیا ئاماژە بەو دیاردانە دەدا کە خۆی نیشانەی ئەم بیرۆکراتیزمەیە و دەڵێ “لەنیوان حزب و دەزگاکانی سۆڤیەتدا شیوازێکی ناتەندروست هاتۆتەئارا..هەموو شتێکی وەزارەتەکان دەبرێتە مەکتەبی سیاسی.پیویستە وەزارەتەکان بەرپرسی کاری خۆیان بن و وانەبێ کەیەکەم بچێت بۆ وەزارەتەکان و دواتر بۆ مەکتەبی سیاسی.دەبێ ئۆتۆریتەی شورای وەزارەتەکانی وڵات ببرێتەسەر.”*12
کەواتە بیرۆکراتیەت بەهۆی تەنیا شیوەی بەرهەمهێنانی بچوکەوە نیە بەڵکو بەپێی ئەم قسانەی سەرەوەی لینین ،لەوکاتەدا کە سەرمایەداری دەوڵەتی ، واتە بەرهەمهێنانی پیشەسازی گەورە،دەبێتە سیاسەتی حزب ئەم دیاردەی بیرۆکراتیەتە لەڕەوتی گەشەکردنیدایە چ لەناو حزب و چ لەدەوڵەتدا.
ئەم مۆدیلەی دیکتاتۆری حزبی کە خۆی سەرچاوەی بیرۆکراتیزمە زۆرزوو ناکۆکی لەگەڵ ئەو قسانەی لینیندا پەیدا دەکا کە لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لە٦ خاڵدا دەیوت ” شوراکان نمونەیەکی نوێن لە دەوڵەت کە دەزگای کۆنی دەوڵەت تێک دەشکێنن و دەزگایەکی نوێی دوور لە بیرۆکراتی دروست دەکەن.” * 13
ترۆتسکی دوای دەرکردنی لە دەسەڵات لەلایەن ستالینەوە لەباسی ئەم پرۆسەیەدا بە ڕاشکاوانە دەڵێ” قەدەغەکردنی حزبە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆن گەیشت بە قەدەغەکردنی چالاکی فراکسیۆنی. قەدەغەی فراکسیۆنی گەیشت بە قەدەغەکردنی بۆچونی ناڕازی بە ڕابەریەک کە هەڵە ناکا. دەسەڵاتی پۆلیسی و بێ ڕەقیبی حزب بوە هۆی پاراستنی دەزگای ئیداری و ئەمەی تا سەرکوت و گەندەڵیەکی تەواوبرد.” *14
ئەم مۆدێلەی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی لە ژیانی سیاسی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ڕوسیادا پرۆسەیەکی لە پێشێلکردنی ئازادیە سیاسیەکان دروستکرد کە نەک بورژوازی بەڵکو ناو چینی کرێکار و حزبی بەلشەفی کرێکارانیشی گرتەوە. شوراکانیش کە بنەمای بەدەسەڵات گەیشتنی بەلشەفیەکان بوو لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا وەک ترۆتسکی دەڵێ؛” شوراکان جێگای خۆیان چۆڵکرد بۆ دامودەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لە جەماوەر.” *15
حزب کە دەبوایە لەڕیگەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیەوە جگە لە تێکشکاندنی بەرگری سەربازی بورژوازی ئەرکی تری سیاسی نەبوایە. بەوپێیەی ئەنگلس دەیوت ” کاتێک بەشی سەرەکی ئەرکەکانی دەوڵەت دەبێ بەحسابکردن و چاودێری لەلایەن کریکاران خۆیانەوە، لەکاتەدا دەوڵەت ئیتر “دەوڵەتی سیاسی” نامێنێ، لەوکاتەوە ” ئەرکە گشتیەکان لە ئەرکی سیاسیەوە دەگۆڕێن بە تەنها ئەرکی بەڕیوەبردنی ڕوت.” * 16
ئەمە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕزگاربون لە دەست دەوڵەتی بیرۆکراتی .واتە ڕیکخستنی چینی کرێکار و کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی بنەماکانی بەڕێوەبردن لە دەوڵەتی سەرمایەداری بە فۆرمی بیرۆکراتی و سەربازیەکەیەوە بۆ فۆرمی خۆبەڕیوەبردنی ئیداری بەبەشداری هەموو هاوڵاتیان. واتە هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگای بیرۆکراتی کەمینە و هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و دەزگایەکی سەرکوت کە ئەم موڵکایەتیە دەپارێزێ و گشتی کردنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە. ئەمە واتە هەڵوەشانەوەی حزبیش لەنێو ئەو دەزگا ئیداریانەدا کە ئیتر مۆرکی سیاسیان پێوەنیە و هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی تیایدا بەشدارن وەک تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی پێداویستیە لۆکاڵی و سەراسەریەکان.
بەلآم بەپێچەوانەوە وەک دەبینین لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا “دەوڵەتی سیاسی” تۆخ دەبێتەوە وەک بەشێک لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و “دەوڵەتی ناسیاسی” لەهیچ شوێنێکی سۆڤیەتدا دەرناکەوێ چونکە حزب جێگای هەموو ئۆرگانە ئیداریەکانی چینەکەی گرتەوە و کردنی بە ئۆرگانی حزبی و کرانە پاشکۆی حزب.
ئەم چڕکردنەوەی دەسەڵاتە لەدەست یەک حزب و یەک ڕابەری و دواتر یەک کەسدا مۆدێلێکی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دروستکرد کە گونجاو بوو لەگەڵ مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتیدا. دواتر ئێمە دێینە سەر ئەم مۆدێلە ئابوریە بەڵام گرنگە سەرەتا باسێک لە دەوری ئەم مۆدیلە سیاسیەی حزب لە دەسەڵاتدا بکەین کە چۆن بوە هۆی چۆنیەتی گۆڕانی حزبی بەلشەفی لە حزبی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستیەوە بەرەو حزبێکی بیرۆکراتی و بەڕیوەبەری سەرمایەداری دەوڵەتی.

——————————————————–
سەرچاوەکان:
*1 لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا
https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm
*2 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ، شۆڕشی ڕوسیا، بەشی شەش، کێشەکانی دیکتاتۆرشیپی،١٩١٨
https://www.marxists.org/archive/luxemburg/1918/russian-revolution/ch06.htm
*٣ ئەلەکساندرا کۆلۆنتای، سەبارەت بە بیرۆکراسی و خودچالاکی جەماوەر،١٩٢١
The Workers Opposition, Alexandra Kollontai 1921،On Bureaucracy & Self-activity of The Masses
https://marxists.catbull.com/archive/kollonta/1921/workers-opposition/ch03.htm
*4 ترۆتسکی،کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو
“https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm
*5 دولت و انقلاب ، فارسی ل ٥٢٢، هەڵبژاردەی نوینەکانی لینین.
*6 https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm
*7 ل ٦، ئی هێچ کار، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین بە ئینگلیزی
*8 لینین،٢٧٨ ، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.
*9 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.
*10 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.
*11 لینین،ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی ١١ی حزب، ل٨٥٠ ،فارسی، منتخب اثار.
*12 لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٨، فارسی، منتخب اثار.
*13 ٢٧٧، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ ،بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.
*14 ئارنست ماندل، دەربارەی خۆڕیکخستنی چینی کرێکار لەگەڵ حزبی پێشەنگ https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm
*15 هەمان سەرچاوە.
*16 ل١٢٦، لینین، دەوڵەت و شۆڕش، بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ. بەزمانی عەرەبی.




ئه‌نیمێـشـــــن سه‌راپای سینه‌مای جیهان داگیر ده‌كات … حه‌یده‌رعه‌بدولڕه‌حمان

له‌و ماوه‌یه‌داو له‌سینه‌مای كوردیش دا خه‌ریكه‌ ناوه‌ ناوه‌ فیلمی ئه‌نیمێشن ده‌رده‌كه‌وێت و چه‌ند ده‌رهێنه‌رێكی ئێمه‌ به‌رێژه‌یه‌كی كه‌م به‌فیلمی ئه‌نیمێشن به‌شداری له‌فیستیڤاڵه‌ سینه‌ماییه‌كاندا ده‌كه‌ن، بۆ یه‌كه‌م جاریش له‌كوردستاندا له‌و رۆژانه‌ فیستیڤاڵێكی تایبه‌ت به‌فیلمی ئه‌نیمێشن ساز كرا ..
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت له‌ جیهاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌و تازه‌ ده‌گاته‌ كوردستان، ره‌نگه‌ زۆر له‌ بینه‌رانی ئێمه‌ ئاشنای نه‌بووبن، بۆیه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند براده‌رێك ده‌رباره‌ی ئه‌و جۆره‌ فیلمه‌ پرسیاریان لێ‌ كردم، یه‌كێ‌ له‌پرسیاره‌كانیش ئه‌وه‌بوو ئایا فیلمی ئه‌نیمێشن چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ فیلمی كارتۆن هه‌یه‌؟ جیاوازییه‌كان چین ؟ منیش كورته‌ی وه‌ڵامه‌كانم خسته‌ توێ‌ ی ئه‌و وتاره‌ ده‌رباره‌ی فیلمی ئه‌نیمێشن .
( ئه‌نمی ـ وشه‌یه‌كی ژاپۆنیه‌ و كورت كراوه‌ی وشه‌ی ئه‌نیمێشنی ئینگلیزیه‌، نازناوێكه‌ تایبه‌ت به‌وێنه‌ی جولاوی ژاپۆنی، ناوێكی تریشی هه‌یه‌ ( Japanimation به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵكی بایه‌خ به‌وه‌یان نادا، به‌ڵكو نازناوی ئه‌نیمێشن باوترین نازناوه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ .

یه‌كه‌م فیلمی بازرگانی (ئه‌نمی) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1917، له‌ ده‌رهێنانی ئۆسامۆی ده‌رهێنه‌ری ژاپۆنی، دواتر هه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ په‌ره‌ی به‌ فۆرمی (دیزنی) دا و چه‌ند فیلمێكی به‌خه‌رجیه‌كی كه‌متر له‌ جاران به‌به‌رهه‌م هێنا.
له‌ساڵانی شه‌سته‌كاندا به‌هۆی كاره‌كانی ده‌رهێنه‌ر(ئۆسامۆ تیزیكا) ئه‌و جۆره‌ فیلمانه‌ زیاتر گه‌شه‌یان سه‌ند، تا له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م دا فیلمی ئه‌نیمێشن بوو به‌هونه‌رێكی جیهانیی، له‌ رێگه‌ی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ له‌ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ما، یاخود له‌شێوه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی دی ڤی دی و بلو رای،یاخود نمایش كردنیان له‌ ئینته‌رنێت.
ئێستا زێتر له‌ 430ستۆدیۆ ی به‌رهه‌م هێنانی فیلمی ئه‌نیمێشن هه‌یه‌، دیارترینیان ستۆدیۆی (گیبلی و توی ئه‌نیمێشنن) به‌ڵام ژاپۆن خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی داهاتی فیلمی ئه‌نیمێشنه‌ له‌جیهاندا، به‌ تایبه‌ت دوای ده‌ركه‌وتنی زنجیره‌ ئه‌نیمێشنی ته‌له‌فزیۆنی و ده‌بله‌جه‌ كردنیان بۆ چه‌ندین زمانی جیهانیی، ئه‌وه‌تا ساڵی 2001 فیلمی (فڕێندراو) له‌ ده‌رهێنانی( هایاو میازاكی) گه‌وره‌ترین داهاتی به‌ ده‌ست هێنا له‌مێژووی سینه‌مای ژاپۆنی كه‌ داهاته‌كه‌ی له‌داهاتی فیلمی تایتانیكی تێپه‌ڕاند، ئێستا وای لێهاتووه‌ له‌ كۆی گشتی فیلمه‌ ژاپۆنیه‌كاندا سه‌دا چلی فیلمی ئه‌نیمێشنه‌.
یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌رهێنانی فیلمی ئه‌نیمێشن، ئه‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ی نێوان ئه‌مریكاو ژاپۆن بوو، بۆ ده‌رخستنی باشترێن شێوازی به‌رهه‌م هێنانی فیلم، جاران كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كۆمپانیای به‌رهه‌م هێنان نه‌بوون و ژماره‌و ئاستی ئه‌و فیلمانه‌ وه‌ك ئێستا نه‌بوون، باشترین و ناودارترین كۆمپانیا كۆمپانیای (دیزنی ) بوو، كه‌ تایبه‌ت بوو ته‌نها بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی كارتۆنی منداڵان، وه‌ك فیلمی ئه‌نیمێشن نه‌بوو كه‌ ئێستاكه‌ هیچ سنوورێكی نیه‌ بۆ ته‌مه‌ن و هه‌موو كه‌سێك له‌هه‌موو ته‌مه‌نێكا ده‌گرێته‌وه‌و چۆته‌ نێو چوارچیوه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی ، وه‌ك فیلمه‌كانی (بول و ناروتو، ون بیس، بلیتش، یاداشتی مردن و زۆرانی تر..
باوكی راسته‌قینه‌و داهێنه‌ری ئه‌م جۆره‌ فیلمه‌ نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ناسراو(ئوسامو بیتزیكا) یه‌، كه‌ ساڵی 1998 ماڵئاوایی له‌ دنیادا كردووه‌، دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی فیلمی(شێری سپی) یه‌، كه‌ فۆرمی كاركردنی جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌ جیاوازه‌ له‌ گه‌ڵ فۆرمی ده‌رهێنه‌ره‌كانی تر.

پیشه‌سازی فیلمی ئه‌نیمێشن :

پیشه‌سازی دروست كردنی فیلمی ئه‌نیمێشن له‌هه‌موو بواره‌ هونه‌رییه‌كانیدا جیاوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ره‌چه‌ڵه‌كدا و له‌ بیرۆكه‌ی دروست كردنی دا سوودێكی زۆری له‌ فیلمی كارتۆنی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌پێی پێشووه‌چوونی ته‌كنه‌لۆژیاو گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و خواسته‌كانی پێشكه‌وتنی نوێ‌ ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی وه‌رگرتووه‌، بۆ نموونه‌ سیناریۆ نووسی ئه‌نیمێشن پێویستی به‌كه‌سانی پسپۆر هه‌یه‌ بۆ داڕشتنی سیناریۆ، دوای ئاماده‌ كردنی سیناریۆ ده‌ست ده‌كرێت به‌ ئاماده‌كردنی وێنه‌كان، كه‌ ره‌گه‌زێكی گرنگی فیلمه‌كه‌یه‌و له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ تایبه‌تن به‌دروست كردنی فیلمی ئه‌نیمێشن، وه‌ك كۆمپانیای بایۆنیر و ته‌له‌فزیۆنی تۆكیۆ له‌ ژاپۆن.ئێنجا وێنه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ستۆدیۆ تایبه‌تیانه‌ی وێنه‌كان ده‌كه‌ن به‌ فیلمی ئه‌نیمێشن به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌كته‌ره‌كان.
كۆمپانیا بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمه‌كان په‌نا بۆ چه‌ندین دیزاینه‌ری پسپۆر ده‌با كه‌ توانای دیزایین كردنی دیمه‌نه‌كانیان هه‌بێت و ته‌كنیككاری كارا بن له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیای دروست كردنی وێنه‌، ئینجا هونه‌ركاره‌كانی تری وه‌ك ده‌نگ و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌نگی ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌هۆی كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌كته‌ری به‌ توانا كه‌ پسپۆرن له‌بواری ده‌نگ بۆ فیلمی ئه‌نیمێشن .

جۆره‌كانی ئه‌نیمێشن :

فیلمی ئه‌نیمێشن چه‌ندین جۆری هه‌یه‌ وه‌ك :
فیلمی ئه‌كشن، فیلمی منداڵان، فیلمی كۆمیدی و تراژیدی، فیلمی سه‌ركێشی ترس و توندو تیژی، فانتزیا، رۆمانسی،چه‌ندین شێوازی تر.

ده‌بله‌جه‌ كردنی فیلمه‌كان:

زۆرینه‌ی فیلمه‌كانی ئه‌نیمێشن ده‌بله‌جه‌ ده‌كرێن بۆ چه‌ندین زمانی جیهانی بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گه‌لانی دنیا سوود له‌و فیلمانه‌ وه‌ربگرن، كه‌ ئێستا بۆته‌ مۆده‌ی سینه‌مای جیهانی، درك به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ جاران زۆر له‌ گه‌نجه‌كان پێیان وابوو ئه‌و فیلمانه‌ فیلمی كارتۆنن و تایبه‌ت به‌ منداڵانن بۆ ئه‌وه‌ ناشێن له‌ سینه‌مادا نمایش بكرێن، به‌ڵام دوا تر كه‌ فیلمه‌كانیان بینی، بوون به‌هه‌واداری ئه‌و فیلمانه‌و رۆژ له‌ دوای رۆژیش ژماره‌ی ئه‌و بینه‌رانه‌ له‌ زێده‌ بوون دایه‌.
زۆر له‌و فیلمه‌ جیهانیانه‌ دوای ئه‌وه‌ی مافی ده‌بله‌جه‌ كردن وه‌رده‌گرن، له‌لایه‌ن چه‌ندین كۆمپانیای تایبه‌ت به‌ ده‌بله‌جه‌ی جیهانی كاری ده‌بله‌جه‌ كردنیان بۆ زمانه‌ جیهانییه‌كان بۆ ده‌كرێت، له‌وانه‌ش كۆمپانیای مانجای ئه‌مریكی، كۆمپانیای ئایدی فیلم، بایۆنیری ئه‌مریكی، مانجای به‌ریتانی،
فیلمی ئه‌نیمێشن چ جیاوازییه‌كی له‌ گه‌ڵ فیلمی كارتۆنی هه‌یه‌؟

ره‌نگه‌ زۆر كه‌س زانیاری ئه‌وه‌ی لا نه‌بێت كه‌ جیاوازی نێوان فیلمی ئه‌نیمیشن و فیلمی كارتۆن چیه‌؟ راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نیمێشن وشه‌یه‌كی ژاپۆنیه‌و بۆ ناساندنی وێنه‌ جولاوه‌كان به‌كاردێ‌، له‌ سه‌رده‌می نوێ‌ دا فیلمی ئه‌نبمێشن بۆته‌ خاوه‌نی ناوداریه‌تێكی به‌رفره‌وان له‌ سینه‌مای جیهانیدا، زۆر له‌ فیلمه‌ ئه‌نیمێشنه‌ ناوداره‌ دۆبلاژكراوه‌كانی وه‌ك(عه‌دنان و لینه‌، سالی ) و زۆرانی تر ده‌كرێ‌ نازناوی ئه‌نیمێشنیان بۆ دابندرێ‌،
به‌ڵام نازناوی (فیلمی كارتۆن) له‌ ئه‌مریكاو رۆژئاوادا بڵاوه‌و له‌ رابووردوودا ره‌واجێكی زۆری هه‌بووه‌، كۆنترین و دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی فیلمی كارتۆن فیلمی( میكی مشك ـ توم جیری ـ كه‌ له‌ كۆمپانیای والت دیزنی) به‌ناوبانگ به‌رهه‌م هاتوون و زۆرینه‌ی منداڵانی جیهان هۆگری ئه‌و فیلمانه‌ بوونه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ‌ له‌و فیلمانه‌ به‌هه‌موو زمانێك ده‌بله‌جه‌ نه‌كراون، به‌ڵام وێنه‌كان به‌س بوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان ببنه‌ ئاشقی ئه‌و فیلمه‌ كارتۆنیانه‌.
به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ لای زۆر له‌ خه‌ڵكیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ جیاوازییه‌كانی نێوان فیلمی ئه‌نیمیشن و فیلمی كارتۆن له‌ كوێ‌ دایه‌؟
بێگومان ئه‌و دوو هونه‌ره‌ له‌ ره‌سه‌ندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك ره‌چه‌ڵه‌ك و له‌ فۆرمدا نزیكیه‌كی زۆریان هه‌یه‌، به‌ڵام دواتر له‌ هه‌ندێ‌ رووه‌وه‌ لێك جودا ده‌بنه‌وه‌، ئامانجیش له‌و لێك جودا بوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ له‌ گه‌یاندنی ئامانجدا به‌رفره‌وانتر بكرێت و مه‌ودایه‌كی دوور ترو قوڵتر به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵگرێ‌ و له‌ سنوورێكی دیاری كراودا گۆشه‌گیر نه‌كرێت .
بۆیه‌ ئه‌مڕۆكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌وان فۆرمێكی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ وێنه‌ كێشان، ئه‌وه‌تا ژاپۆنیه‌كان هه‌میشه‌ وێنه‌ی چاو به‌گه‌وره‌یی ده‌كێشن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن وێنه‌كان له‌ شێوه‌ی واقیعی نزیك بكه‌نه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی فیلمی كارتۆنی ئه‌مریكی كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت وێنه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌زه‌لی بكێشرێن.
دووه‌م: كارتۆنی ئه‌مریكی به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام ئه‌نمیشنی ژاپۆنی چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆری دراما ده‌گرێته‌ خۆی، كه‌ هه‌ندێكیان تایبه‌ته‌ به‌ گه‌وره‌كان و هه‌ندێكی دیكه‌یان تایبه‌ته‌ به‌ منداڵان، به‌ڵام به‌ گشتی وه‌ك فیلمی كارتۆن هونه‌رێكی ته‌نها تایبه‌ت نیه‌بۆ منداڵان .
زۆرینه‌ی فیلمه‌ ئه‌نمیشنه‌كان ـ باس له‌ واقیع ده‌كه‌ن، وه‌ك زنجیره‌یه‌كی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك كاراكته‌ره‌كان وچاره‌نووسییان به‌سه‌ر ده‌كه‌یته‌وه‌، وه‌ك ئه‌و رووداوانه‌ی به‌ سه‌ر مرۆڤ دادێن، بۆ نموونه‌ له‌ كاتی رووداوه‌كانی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌ ، ئه‌نیمێشن به‌ هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامانه‌ كۆتایی دێ‌ كه‌ به‌ سه‌ر مرۆڤ دا دێت .
له‌ فیلمی كارتۆندا رووداوه‌كان شتێكی ترن و بینه‌ر ده‌خه‌نه‌وه‌ ناو خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌و له‌كاتی ئه‌و رووداوانه‌دا كاراكته‌ره‌كانی پێده‌كه‌نن، یا چاره‌نووسێكی خه‌یاڵیان پێ‌ ده‌به‌خشێت كه‌ واقعی نه‌بن.
هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ رووداوه‌كانی (تۆم جیری) و ( میكی ماوس) زۆر جاران له‌ناو ئاگر ده‌یانبینی پێده‌كه‌نن و له‌ واقیع دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، یان وێنه‌یه‌كی نالۆژیكی نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن، كه‌ بڕوات پێیان نه‌بێ‌ و ده‌چێته‌ پاڵ كۆمێدیایه‌كی كارتۆنی.
ئه‌مریكیه‌كان كاری زۆریان له‌ به‌رهه‌م هێنانی هه‌ندێ‌ فیلمی ئه‌نیمێشن كردووه‌، وه‌ك ساندریلاو سنوایت و ته‌ڕه‌زان و چه‌ندینی تر، به‌ڵام زۆرینه‌یان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر فیلمی كارتۆن، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌ ژاپۆنیه‌كان كه‌ فیلمی ئه‌نیمێشنن.
ئه‌مریكیه‌كان پێیان وابووه‌ كه‌ ئه‌و فیلمه‌ كارتۆنیانه‌ ته‌نها بۆ كات به‌ سه‌ر بردنن، بۆیه‌ ئه‌و زنجیره‌ كارتۆنیانه‌یان پڕ كردووه‌ له‌ دیمه‌نی كۆمێدی به‌ تایبه‌ت ئه‌و دیمه‌نه‌ كۆمێدیانه‌ی سه‌رنجی منداڵان راده‌كێشن،، به‌ڵام ژاپۆنیه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا رۆیشتوون له‌ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی ئه‌نیمێشن و له‌ چوارچیوه‌ی ته‌نها كۆمێدیا ده‌رچووه‌ و كۆمه‌ڵێ‌ ئامانجی دیكه‌ی مرۆیی به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌.
، خۆ ژاپۆنیه‌كان تا دێر زه‌مانێك توانای به‌رهه‌م هێنانی زنجیره‌یان نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیادا به‌ ده‌ستیان هێناوه‌، توانیان به‌هۆی فیلمی ئه‌نیمێشن سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنن و سه‌رمایه‌كی زۆری ئابووریش به‌هۆی ئه‌و فیلمانه‌ به‌ده‌ست بێنن.
ژاپۆن سینه‌مایه‌كی داهێنا كه‌ له‌رووی ئابوور یییه‌وه‌، وه‌ك سینه‌ما پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆی تێ‌ نه‌چێ‌، به‌ڵام هونه‌رێكی گه‌وره‌ بیت و بازاڕێكی باشی بۆ په‌یدا بكات ، له‌رووی خه‌رجی به‌رهه‌م هێنانیش پێویستی به‌و هه‌موو ئه‌كته‌رو ئێكسسوارات و كاره‌ هونه‌رییانه‌ نه‌بێت كه‌ سینه‌ما ده‌یخوازێ‌ ، ئه‌م سیحره‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی ژاپۆن به‌شێوه‌یه‌ك كاری بۆ كراوه‌، كه‌ به‌ئاسانی بتوانێت ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیف بۆ سینه‌مای داستانی و خۆ رزگار كردن له‌خه‌رجیه‌ زه‌به‌للاحه‌كانی…بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین فیلمی ئه‌نیمێشن له‌ دایك بووی ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی مۆدێرنه‌، هاوكوف له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی عه‌وله‌مه‌و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌می نوێ‌.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ فیلمی ئه‌نیمێشن جێگه‌ی بایه‌خی گه‌لانه‌و بازاڕێكی باشیشی هه‌یه‌ ئێستا له‌ سنووری ژاپۆن ده‌رچووه‌و زۆر له‌ وڵاتانی جیهان توانیوویانه‌ سوود له‌و داهێنانه‌ نوێیه‌ی سینه‌ما وه‌رگرن و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌رهێنه‌رو به‌رهه‌م هێنه‌رانی سینه‌ماو كۆمپانیا زه‌به‌للاحه‌كانی سینه‌ما به‌ ته‌نگ په‌ره‌پێدانی فیلمی ئه‌نیمێشنن، بۆیه‌ ئێستاكه‌ زۆربه‌ی فیستیڤاڵه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانی سینه‌ما گۆشه‌ی تایبه‌تیان له‌و فیستیڤاڵانه‌ بۆ فیلمی ئه‌نیمێشن ته‌رخان كردووه‌و خه‌ڵاتی گران به‌های بۆ وه‌رده‌گیرێ‌ ، له‌وانه‌ش فیستیڤاڵی ئۆسكار، كان، كه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵات به‌فیلمه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ ده‌به‌خشن كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست دێنن.
هه‌روا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی په‌ره‌ پێدانی ئه‌نیمیشن ـ ئاوێته‌ بوونێ ئامێر له‌گه‌ڵ نواندنی مرۆڤ دا هونه‌ری ئه‌نیمێشن زۆر له‌وه‌نده‌ زێتر به‌ره‌و پێش ببات، وه‌ك ئێستا هه‌ستی پێ‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌تا دیارترین گه‌وره‌ ئه‌كته‌ره‌كانی هۆلیۆد سه‌رقاڵی كار كردنن به‌ ده‌نگه‌كانیان له‌ فیلمی ئه‌نیمێشن، له‌وانه‌ش كان جونی،براد بیت، ئه‌نتۆنیۆ باندریاس،ئه‌نجلینا جولی، سه‌لما حایك و زۆرانی تر.
وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی ناودار ی سینه‌ما ئێستا روویان له‌ ده‌رهێنانی فیلمی ئه‌نیمێشن كردووه‌، له‌وانه‌:ستیڤن سبیلبریگ،كه‌ له‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی دا221 ملیۆن دۆلاری به‌ ده‌ست هێنا.

ئه‌نیمێشن له‌كوردستاندا:

له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵی دواییدا به‌رهه‌مهێنانی فیلمی ئه‌نیمێشن بۆته‌ جێگه‌ی بایه‌خی سینه‌ماكارانی ئێمه‌ش له‌ كوردستاندا، به‌ڵام چونكه‌ هونه‌ره‌كه‌ لای ئێمه‌ تازه‌ ده‌ ناسرێت، هونه‌ره‌كه‌ هه‌ڵده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ كاری ئه‌نیمێشن ته‌نها له‌ سه‌ر بوون و نه‌بوونی ده‌رهێنه‌رێك نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ بنه‌ماو ره‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی دیكه‌ی دروست كردنی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ دابین كرابێت له‌وانه‌ش سیناریۆو دیزایین كارو ده‌نگ و هه‌موو پێداویستیه‌كانی تر .. ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك سه‌خت بێت كه‌ له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیادا ده‌سه‌ڵاتێكی دیاری كراوی هه‌بێت، به‌ڵام سازدانی فیستیڤاڵ ئه‌گه‌ر رووكه‌شیش بێت، بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ كه‌ بینه‌ری كوردو ته‌نانه‌ت سینه‌ماكارانی كوردیش ئاشنا به‌و هونه‌ره‌ بن كه‌ خه‌ریكه‌ پانتاییه‌كی به‌رفره‌وان له‌ هونه‌ری سینه‌مادا داگیر ده‌كات له‌ جیهاندا.




جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا (به‌شی 9) … هه‌ندرێن خۆشناو

وێنه‌ی كاریكاتێریی ده‌توانێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری خولاودا به‌ چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازه‌وه بوونی هه‌بێت‌، به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی یان ئاماژه‌ زۆره‌كانی تره‌وه‌، له‌ نێو ئه‌و شێوانه‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین: 1- گۆشه‌ی سه‌ربه‌خۆ. 2- كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی تردا. 3- كاریكاتێری وه‌رگیراو له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه. 4- كاریكاتێری به‌رگ له‌ گۆڤاره‌كاندا. 5- ئه‌و كاریكاتێره‌ی ده‌بێته‌ سیمبولێك (لۆگۆ) بۆ بڵاوكراوه‌كه.‌ 6- ئه‌و كاریكاتێره‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی گۆشه‌یه‌كی دیاریكراودا. 7- چیرۆكه‌ كاریكاتێر (كۆمیكس). 8- كاریكاتێری ئاوێته‌ (زنجیره‌).

9- كاریكاتێر له‌ رێكلامه‌ بازرگانیه‌كاندا:

زۆرجار له‌ ڕۆژنامه‌كاندا رێكلامی بازرگانی بۆ كه‌لوپه‌لی جیاواز بڵاوده‌كرێته‌وه‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر، زۆربه‌ی ئه‌و رێكلامانه‌ش وێنه‌ی كاریكاتێری به‌كاردێنن، كه‌ كاریگه‌ری خۆیان له‌م بواره‌دا سه‌لماندووه‌.
زۆربه‌ی ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی له‌ رێكلامه‌ بازرگانیه‌كاندا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ناچنه‌ قاڵبی هونه‌ری شێوه‌كاری گاڵته‌جاڕ، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ به‌كارهاتوون له‌به‌ر توانایان له‌ ڕاكێشان و سه‌رنج ڕاكێشانی خه‌ڵكی، و زینده‌گی به‌خشین به‌ رێكلامه‌كه‌ و وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات خۆی لێ لانه‌دات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له‌ ئاژانسه‌كانی رێكلامكردن له‌ بابه‌ته‌كانیاندا ناوه‌ڕۆكی گاڵته‌جاڕی به‌كاردێنن، و پاڵه‌وان بۆ رێكلامه‌ بازرگانیه‌كان دروست ده‌كه‌ن، وه‌كو كاره‌كته‌ری كاریكاتێری (فایدۆ دایدۆ) كه‌ له‌ رێكلامه‌ بازرگانیه‌كانی خواردنه‌وه‌ی سێڤن ئه‌پ به‌كاردێت، تا وایلێهاتووه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ ته‌نیا له‌ رێكلامه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كاندا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له‌ رێكلامه‌ ته‌له‌ڤزیۆنیه‌كانیشدا ده‌رده‌كه‌وێت، وێنه‌ی كاریكاتێری بۆ مه‌به‌سته‌كانی پروپاگه‌نده‌ی بازرگانی ته‌نیا به‌ رێكلام وازی نه‌هێنا، به‌ڵكو ئه‌وه‌شی به‌زاند تا ببێته‌ سیمبولێك بۆ كاڵایه‌كی دیاریكراوی بازرگانی، وه‌كو په‌نیری (لاڤاژ كیری – مانگا ده‌م به‌ پێكه‌نینه‌كه‌) بۆ نمونه‌، هه‌ر ناوه‌كه‌ی هه‌ڵگری ناوه‌ڕۆكێكی پێكه‌نیناویه‌، و زۆرێكیش له‌ كه‌لوپه‌لی تری بازرگانی، به‌تایبه‌تی خۆراكه‌كان.

10- كاریكاتێری ته‌له‌ڤزیۆنی:

كاریكاتێری ته‌له‌ڤزیۆنی جیاوازه‌ له‌ فیلمه‌ كارتۆنیه‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ستیشمانه‌ له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه‌وه‌، ئه‌و به‌رنامه‌ تایبه‌تانه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ دیارده‌یه‌ك له‌ جیهانی ته‌له‌ڤزیۆندا له‌ ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌، كه‌ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك په‌یدابوون وه‌كو ( رووداوه‌كان به‌ كاریكاتێر) و (كه‌سایه‌تی ئه‌مڕۆ) و چه‌ند‌ هاوشێوه‌ی تریشیان، كه‌ كاریكاتێریستێك هه‌ڵده‌ستێت به‌ كێشانی كاریكاتێرێك سه‌باره‌ت به‌ رووداوێكه‌وه‌ یان وێناكردنی كه‌سایه‌تیه‌كه‌وه له‌به‌رده‌م هاوێنه‌ی كامێراوه‌، ئه‌م شێوه‌شمان خسته‌ لیستی شێوه‌كانی كاریكاتێره‌وه‌، له‌به‌رنه‌بوونی هیچ جیاوازییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، و ده‌شێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌كانیشدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م شێوه‌یه‌ ناتوانێت شان له‌ شانی كاریكاتێری‌ بڵاوكراوه له‌ ڕۆژنامه‌كاندا بدات، چونكه‌ كاتی پێویست دابین ناكات بۆ بینه‌ران بۆ شیكردنه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كه‌ و هه‌ڵهێنانی مه‌ته‌ڵه‌ شاردراوه‌كانی نێو كاریكاتێره‌كه‌ ئه‌گه‌ر بوونیان هه‌بوو، خه‌سڵه‌ته‌ ئه‌رێنیه‌كانیشی له‌وه‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، كه سوودی فێركاری و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، و توانای بینینی هه‌نگاوه‌كانی دروستكردنی كاریكاتێره‌كه‌ بۆ بینه‌ر دابین ده‌كات، چێژتنی ئیستاتیكی گه‌شه‌پێده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ ئه‌رێنیه‌كانی تری كاریكاتێر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

هه‌ندرێن خۆشناو




کورتە ڕانانێک بۆ کتێبی( مەی لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە)ی کارزان کۆیی … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

                      

کتێبی (مەی لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە) لە نووسینی توێژەر کارزان مستەفا سابیر عەتار (کارزان کۆیی)یە و چاپی یەکەمی لە ٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە، کتێبێکە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر نووسراوە. نووسەر زۆر بە وردی گەڕانێکی دوور و درێژی بەنێو سەرچاوە و نووسراوەکانی بیرمەند و شارازایانی ئیسلامدا کردووە و ئارگیومێنتەکانی خۆی بۆ چەسپاندنی بەڵگەکانی، هەر لەو نووسین و سەرچاوانەوە وەرگرتووە. بەواتایەکی تر کارزان کۆیی نەهاتووە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بکاتە سەنگی مەحەک و سەکۆی ڕەتکردنەوەی ئەوتێزانەی ئیسلام، لەسەر مەی و خواردنەوە، بەڵکو هاتووە ئیسلام خۆی چی وتووە ، ئەویش ئاوای باس کردووە. لەگەڵ چاپبوون و بڵاوبوونەوەی ئەم توێژینەوە زانستییە، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئەم کتێبە و نووسەرەکەی دەستی پێکرد چ لەلایەن دەزگا و یەکێتییە فەرمییە ئیسلامییەکان یان لەلایەن ئیندیڤیجواڵ لەچەشنی مەلا و بانگخوازە ئیسلامییە دابەستییەکانی کوردستان کە جگە لە تاریکیی هیچ شتێک بە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بەڕەوا نابینن. ئیفلاسی ئەم هێزە ڕەشانە لەوەدایە هیچ ئارگیومێنتێکی زانستییان نییە تا بیخەنە ڕوو جگە لە ڕق و تووڕەیی، جگە لە سووکایەتی و بەدناوکردن، جگە لە هەوڵدان بۆ ناشیرینکردنی نووسەر تان توێژەر.

هەر لەم سۆنگەیەوە ئەو هێزانەی کوردستان وەک ئەوەی زەمین لەرزەیەکی فیکریی گەورە ڕووی دابێ، کەوتنە ڕەتکردنەوەی ئەو هەوڵە جوانە و تێکۆشان و هەوڵیاندا کاک کارزان کۆیی بەدناو و کارەکەشی بێ ئەرزش بکەن. ئەمە نە یەکەمجارە لە مێژووی ئەو هێزە تاریکانە و نە دواجاریش دەبێ کە سەرکوتی هەر دەنگێک بکەن کە دژ بە ڕەوتی کۆنەپەرستانەی خۆیان هەنگاوی هەڵهێنابێ. مێژووی ئایینی ئیسلام مێژوویەکە پڕ لە خوێن و کوشتن و بڕین و غەدر و سەرکوت و کۆیلەیی و بەکورتی مێژووی ئایینی ئیسلام مێژوویەکی تاریکە کە هیچ ئینسانێک ناتوانێ شانازی بەو تاریکستانە بکات مەگەر تاریکبیرەکان نەبێت. ئیتر بەمجۆرە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەی کاک کارزان کۆیی بۆ ئیسلامی سیاسیی کوردستان وەک تەقینەوەی بورکانێک وایە و بە ئەرکی خۆیان دەزانن بۆ ئەوەی ماهییەتی بێبەهایییان کەشف نەبێت، بەر بەم جۆرە هەوڵانە بگرن. لێرەوە بۆ ئێمەی خوێنەر و ڕەخنەگر دەتوانین بایەخی ئەم کتێبە بەمجۆرە ببینین :
یەک : ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی ناوازەیە و بۆ یەکەمجارە لە مێژووی نووسینی کوردیدا بەم ڕوونیی و ئاشکراییەوە دەخرێتە بەر دیدەی خوێنەری کوردزمان.
دوو : کتێبێکە بێ هیچ زۆر لەخۆکردنێک لە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی چڕ و هەمەلایەنە نووسراوە و لێزانانە پەنجەی خستۆتە سەر خاڵە لاوازەکانی ئایینی ئیسلام لەهەمبەر خواردنەوە و ئاماژەکردن بە پەیوەندی پەیامبەر و نزیکترین ئەسحابەکانی ئیسلام و خلافەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسلام و ڕەتکردنەوەی ئەو درۆ گەورەیەی کە دەڵێ مەی حەرامە لە ئایینی ئیسلام.
سێ : تێزەکانی ئەم کتێبە لەنێوان پشتگیریی و دژایەتی کردنیدا لەلایەکەوە وەکچۆن دار بە شارە زەردەواڵەدا بکەی ئاوا مەلا و بانگخوازی ئیسلامی هێنایە قسە و دژایەتیان کرد و فەتوای نابەجێ و بێمانایان لەدژی کارزان کۆیی دەکرد و لەلایەتی تریشەوە هەر خوێنەرێکی عەلمانی و پێشکەوتووخواز کتێبەکەی خوێندبێتەوە، پێشوازییەکی شایستەی لێکراوە.
چوار : ئەرگیومێنەکانی لە سەرچاوە و کتێبە بڕواپێکراوەکانی ناو خودی جیهانی ئیسلامەوە هەڵهێنجاوە و خستۆتە ڕوو.
پێنج : بە ڕوونی و بە جوانی ئەیسەلمینێ کە مەی لە ئایینی ئیسلامدا حەرام نەکراوە و لە هیچ دەقێکی قورئان و لە هیچ فەرموودەیەکی پەیامبەر یاساغ نەکراوە.
شەش : هێند بە متمانەوە توێژینەوەکەی ئەنجامداوە کە ئامادەیە بەرگری لە ئیجتیهادەکەی خۆی بکات
حەوت : وریایانە کتێبەکەی بەجۆرێک داڕشتووە کە لەگەڵ هێنانەوەی هەر ئایەت و فەرموودەیەک وێنەی فەرموودەکەی گرتووە و بە جوانترین شێوە تەرجەمەی کردووە و مۆری خۆشی لێداوە، تا ئیسلامی سیاسی نەتوانن هێرشی بکەنە سەر و دەستکاری نووسینەکەی بکەن و لە بەهای هەوڵەکەی بهێننە خوار.

هەشت : خوێنەر دەتوانێ ئەوە ببینێت کە کتێبەکە لە لاپەڕە ٢٧٠ کۆتایی هاتووە. بۆیە دانانی بەشەکانی نێوان لاپەڕەکانی ٢٧٠ بۆ ٣٢٦ وەک زانیاری گشتی بە سوودن، بەڵام هیچ ئیزافەیەکیان نەخستۆتە سەر توێژینەوەکە. نووسەر دەیتوانی ئەو باسانە کە پڕ زانیارین و بەهای مەحریفیی خۆیان هەیە،وەکو پاشکۆیەک لە کۆتایی کتێبەکەوە دای بنایە، نەک وەک بەشێک لە توێژینەوەکە.
نۆ : دواجار کتێبی مەی لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە پەنجەرەیەکی تازەی خستە نێو تاریکستانی جیهانی ئیسلامەوە تا لەو دەربیجەیەوە خوێنەر بتوانێت کۆمەڵێ ڕاستی و لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵێ زانیاری ئاوەژوو ببینێت و بەرچاو ڕوونییەکی قەشەنگی پێببەخشێت تا بتوانێ مۆرکی ئیسلامی سیاسی و کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی کۆمەلایەتی کورد کاڵتر و کاڵتر بکاتەوە.
کتیبی (مەی لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە)، هەوڵێکی جوانی کارزان کۆییەو نووسەر توانیویەتی لەو توێژینەوەیەیدا ئامانج بپێکێ و لێدانێکی بەزەبر لە ئیسلامی سیاسی و ئەو درۆ و بانگەشە فریوودەرانەیەی ئیسلامی سیاسی سەبارەت بە حەرامی مەی، بدات و ئەو بەستەڵەکی تابۆ و حەرام و یاساغە بشکێنێت. من بانگەوازی سەرجەم خوێنەری کورد زمان دەکەم کە ئەم کتێبە وەکچۆن بە سەلیقەیەکی جوانەوە نووسراوە، بەپشووەیەکی درێژەوە بیخوێننەوە و هەڵی بسەنگێنن و پر بە مانای وشەی چێژ، چێژی لێ ببینن.

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
تشرینی یەکەمی ٢٠١٩




یادێک له‌ خۆپیشاندانی خوێندکارانی هه‌ولێر دژ به‌ شه‌ڕی ناوخۆ ١٩٩٤ … هیوا ناسیح

بیستو پێنج ساڵی ڕێک له‌مه‌وبه‌ر، واته‌ ساڵی ١٩٩٤ شه‌‌ڕی خۆکوژی نێوان یه‌کێتی و پارتی له‌ ده‌ڤه‌ریی رانیه‌ و قه‌ڵادزه‌وه‌ هه‌ڵگیرسا و مانگێکی نه‌خایاند سه‌رجه‌م باشوری گرته‌وه‌، کۆتایی ساڵ شه‌ر گه‌یشته‌ ناو هه‌ولێری پایته‌خت و یه‌کێتی ده‌ستی به‌سه‌ر شاردا گرت… ته‌نها شوێنێکی دواجار مایه‌وه‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان بوو که‌ جگه‌ له‌و پارله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوولا، که‌ له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕدا بوون، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی خولی یه‌که‌م خۆیان له‌وێدا په‌نادابوو، وه‌ک مانگرتن و ناره‌زایه‌تییه‌کیش به‌و شه‌ری براکوژییه‌ له‌وێدا مابوونه‌وه‌.
خه‌ڵکی چالاک و بێلایه‌ن هه‌ندێک له‌ حزبه‌ بچوکه‌کان له‌ ٧/٤ی هه‌مان ساڵدا، واته چه‌ند رۆژێک دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌که‌، خۆپیشاندانێکیان له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و ناوبازاڕ دژی شه‌ڕ رێکخست، ئه‌وه‌ بوو کاتێک گه‌یشتنه‌ مه‌یدانی (کۆتری سه‌لام) هێزه‌ چه‌کداره‌کانی سه‌ر باڵه‌خانه‌کانی ده‌وروبه‌ر ته‌قه‌یان لێکردن و دوو شه‌هید و زیاتر له‌ ده‌ بریندار هه‌بوون… ئیتر خه‌ڵک چاوترسێنکرا و که‌س نه‌یده‌وێرا خۆپیشاندانیش بکات. ناوشار پڕ ببوو له‌ چه‌کدار و هێزی سه‌ربازی سه‌رباڵه‌خانه‌ و هه‌موو لایه‌کی ته‌نیبوو، پایته‌خت بۆنی خوێن و ماڵوێرانی لێ ده‌هات. له‌ سه‌ربازگه‌یه‌کی گه‌وره‌ ده‌چوو، نه‌‌ک شارێکی ئاوه‌دان.

من ئه‌وکات خوێندکاری قۆناغی چواره‌می کۆلیژی زانست، به‌شی بایۆلۆجی بووم، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندام کۆمیته‌ی خوێندکارانی یه‌کێتی و لێپرسراوی (که‌رتی رێکخستنی کۆلیجی زانست)یش بووم، به‌ڵام په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ زۆر له‌ چه‌په‌کان و کۆمۆنیست و بێلایه‌نه‌کان به‌ هێز بوو، له‌ زۆربه‌ی چالاکییه‌کانی ساز ده‌کرا به‌شدار ده‌بووم.

ناوه‌راستی مانگی ده‌ کاتێک زانکۆ کرایه‌وه‌، یه‌کێتی هه‌وڵی ده‌دا زانکۆ ده‌ست به‌ ده‌وام بکاته‌وه‌ و ره‌وشه‌که‌ ئاسایی بێته‌وه‌ ،چونکه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بوو، هه‌ولێری کۆنترۆڵ کردبوو، به‌ڵام پارتی که‌ شکۆ و ناوبانگی شکا بوو، له‌ هه‌ولێر وه‌ده‌رنرا بوو ، هه‌وڵی ده‌دا ده‌وام رابگیرێت و زانکۆ نه‌کرێته‌وه…. بۆیه‌ ده‌وامی زانکۆ به‌ نیوه‌ناچڵ ده‌ستی پێکرده‌وه‌، هه‌ندێک له‌ خوێندکار و مامۆستاکان نه‌گه‌رابوونه‌وه‌.

چه‌ند که‌سێک له خوێندکارانی کۆلیژه‌ جیاجیاکان له‌ ناوه‌راستی مانگی دوانزه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کمان سازکرد، وابزانم له کافتریای کۆلیژی زانست بوو، بڕیاری خۆپیشاندانێکمان دژ به‌ شه‌ره‌که‌ دا‌. رۆژی ٢٤/١٢ مان دیاریکرد. ده‌ستمان کرد به‌ سه‌ردان و په‌یوه‌ندی به‌ حزبه‌‌کانی شیوعی کوردستان، پارتی کاری سه‌ربه‌خۆیی کوردوستان، دیموکراسیخوازان…هتد، تا هاوکاریمان بکه‌ن له ئاماده‌کردنی لافیته‌ و نوسینی دروشمه‌کاندا. دروشمه‌‌کانمان پێشتر له‌سه‌ر کاغه‌ز ئاماده‌کردبوو، ئه‌وه‌ی بیرم مابێت ئه‌مانه‌بوون: (ئێمه‌ین خه‌ڵکی کوردستان دژی شه‌ری براکان) (نه‌فره‌ت له‌ براکوژی، بژی ئاشتی و برایه‌تی) (به‌ڵێ بۆ دادگاییکردنی لێپرسراوه‌کانی شه‌ری ناوخۆ)، (نا بۆ ماڵوێرانی و کاولکاری کوردستان)…هتد. بڕیارمان وابوو، لافیته‌کان ته‌نها ره‌نگی ڕه‌‌ش و سپی بن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر پاراستنی بێلایه‌نی سیمای چالاکییه‌که‌مان. له‌‌و که‌سانه‌ی که‌ ئێستا بیرم مابێت و له‌ رێکخستنی خۆپیشاندانه‌که‌دا له‌گه‌ڵمان بوون هاورێیانم سیروان عه‌ولی نوسه‌ر و رۆشه‌نبیر که‌ ئێستا له‌ وڵاتی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها کاوه‌ عارف که‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و شاری کۆڵن ده‌ژی.

دیاره‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڕیاری ئه‌وه‌مان دابوو، که‌ هیچ لایه‌نێکی حزبی نابێت له‌گه‌ڵمان به‌شدار بێت ، وه‌ هه‌وڵ بده‌ین خۆپیشاندانه‌که‌ مۆرکی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی خۆی له‌ ده‌ست نه‌دات، ده‌شمانزانی به‌هۆی چاوترساوی و ڕه‌وشی ئاسایش و نائومێدی له‌و چالاکییانه‌، خه‌ڵکێکی زۆر به‌‌شداری ناکات.

رۆژی ١٢/٢٥ وه‌ک دیاریکرابوو خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ کۆلیجی زانسته‌کان به‌ لافیته‌ی ئاماده‌کراوه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، هه‌ندێک خوێندکاری کۆلیژه‌کانی ئه‌ندازیاری و یاساش هاتن به‌ره‌و لای ئێمه‌، ئیتر بووینه‌ ده‌ پانزه‌ که‌سێک و به‌ راسته‌شه‌قامی سه‌ره‌کی هه‌ولێر – که‌رکوک به‌ره‌و ناوشار به‌رێکه‌وتین. به‌یاننامه‌یه‌کمان ئاماده‌کردبوو به‌ نێو رێبواراندا بڵاومان ده‌کرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێت، گرنگترین خاڵه‌کانی نێو به‌یاننامه‌که‌، داوامان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان کردبوو، که‌:

١. به‌ زووترین کات بڕیاری وه‌ستاندنی شه‌ر له‌ سه‌رجه‌م به‌ره‌کان بدات, هه‌روه‌ها شه‌ڕی راگه‌یاندنیش بوه‌ستێنرێت.
٢. هێزه‌کانی هه‌ردوولا ئاگر به‌ست رابگه‌یه‌نن و چه‌کداره‌کانیان بکێشنه‌وه‌ دواوه‌.
٣. هه‌موو چه‌کداره‌کانی هاتونه‌ته‌ ناو شار و سه‌ر سه‌ربانی باڵه‌خانه‌ و زانکۆ و وه‌زاره‌ته‌کان لاببرێن و سیمای شه‌ڕ له‌ نێو شاردا کۆتایی بێت.
٤. سه‌رجه‌م ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌، که چوونه‌ته‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ و به‌شدارن، یاساپارێزیی (حه‌سانه‌)ی په‌رله‌مانتارییان لێبسه‌نرێته‌وه‌.
٥. سه‌رجه‌م ئه‌و لێپرسراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییانه‌ی ده‌ستیان بووه‌ له‌ ده‌ستپێکردنی شه‌ره‌که‌ و په‌ره‌سه‌ندنی و تاوانییان ئه‌نجام داوه‌ دادگایی بکرێن.
٧. به‌ زووترین کات دیله‌کانی هه‌ردولا ئازاد بکرێن و ده‌رکراوه‌کان بگه‌رێنه‌وه‌ شاره‌کانی خۆیان.
٨. هه‌ردوو هێزی چه‌کداریی میلیشیایی هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌ و له‌ جێگه‌یان سوپای کوردستان دابمه‌زرێنرێت.

ئیتر به‌‌ درێژایی شه‌قامه‌که که‌وتینه‌ رێ به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر و له‌وێوه‌ به‌ لای قه‌ڵادا به‌ره‌وخوار شۆڕبووینه‌وه‌ به‌ره‌و په‌رله‌مان، له‌ بارودۆخێکی پڕ له ترس و دڵه‌راوکێدا، چونکه ده‌ترساین له‌ هه‌ر ساتێکدا ده‌سڕێژمان لێبکه‌ن. پێ به‌ پێی رۆیشتمان به‌ به‌رده‌م کۆلیژ و به‌شه‌کانی تری زانکۆی سه‌لاحه‌دین، خوێندکاری تر ده‌هاتنه‌ ناو خۆپیشاندانه‌که‌وه‌، بووینه‌ نزیکه‌ی ٥٠ تا ٧٠ که‌سێک. دیاره‌ نه‌ یه‌کێتی و نه‌ پارتی دژی خۆپیشاندانه‌که نه‌وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمی به‌شداریشیان نه‌کرد.
ئاسایشمان ئاگادار کردبۆوه‌، به‌ڵام ئه‌وان گوتیان لێپرسراوێتی پاراستنی به‌شداربووان له ئه‌ستۆ ناگرین، چونکه‌ بارودۆخ شه‌ره‌ و له‌بار نیه‌ بۆ خۆپیشاندان.
تا گه‌یشتینه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بووبووینه‌ سه‌د که‌سێک و له‌وێش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر راگه‌یاندنه‌که‌مان دابوو به‌ ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ ناوخۆکان، که‌ له دژی شه‌‌ڕ ئه‌مرۆ خۆپیشاندان هه‌یه‌، ده‌یان که‌سی تر چاوه‌رێیان ده‌کردین. پاش بگره‌ و به‌رده‌یه‌کی زۆر پاسه‌وانه‌‌کانی ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی په‌رله‌مان رێگایان داین، که‌ بچینه‌ ژووره‌وه‌ بۆ حه‌وشه‌ی په‌رله‌مان، له‌وێش هه‌ندێک خه‌ڵکی تر کۆبووبوونه‌وه‌. نوێنه‌ری که‌س و لایه‌نه‌کان ده‌چوونه‌ سه‌ره‌وه‌ و له‌ باڵکۆنی په‌رله‌مانه‌وه‌، که‌ په‌یامنێرانی زۆرله‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کان و رۆژنامه‌کان له‌وێ ئاماده‌بوون، وتاری خۆیان ده‌خوێنده‌وه‌.
له‌ ناوه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌که‌ی په‌رله‌مان په‌رله‌مانتارانی یه‌کێتی و پارتیش مانیان گرتبوو، ئه‌وسا له‌ نێو حزبه‌ کوردییه‌کان ته‌نها ئه‌و دوو لایه‌نه‌ کورسی په‌رله‌مانیان هه‌بوو، په‌نجا به‌ په‌نجا وه‌‌ک برا به‌شیانکردبوو! په‌یامنێرانی که‌ناڵی هه‌ردوولاشیان ئاماده‌بوون، واته‌ ئه‌وێ وه‌ک دوورگه‌ یان ناوچه‌یه‌کی بێلایه‌ن وابوو. خه‌لیل عوسمان له‌ ته‌نیشتم وه‌ستابوو (خولی پێشوو له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی په‌رله‌مان بوو، ناوبراو هاوسه‌ری ئێستای رێواز فایه‌قی سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌)، ئه‌وکات ئه‌ویش خوێندکار بوو له‌گه‌ڵمان له به‌شی بایولوژی، ، هاوارمان ده‌کرد و هوتاف و دروشمه‌کانمان ده‌گوته‌وه‌، من به‌ کاک خه‌لیلم گوت، وه‌ره‌ با بچین منیش وتاری ده‌سته‌ی رێکخه‌ری خۆپیشاندانه‌که‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، هه‌روه‌ها یادداشته‌که‌ ده‌ده‌ینه‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان، چونکه که‌سمان دیارینه‌کردبوو، ئه‌ویش رازی بوو له‌گه‌ڵمدا هات. به‌ دوو پرسگه‌دا تێپه‌رین و چووینه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ باڵکۆنی په‌رله‌مان. ژنێک له‌ پێش مندا وتاری ده‌دا، ژنێکی به‌ته‌مه‌نی ر‌ه‌شپۆش بوو، به‌رگی کوردی له‌به‌ردابوو، نازانم گه‌رمیانی بوو یان له‌ که‌‌سوکاری بارزانییه‌کانی ٨٢ بوو، به‌ڵام به‌وه‌ی زۆر داخ له‌دڵ و به‌په‌رۆش بوو دیار بوو، که‌ که‌سوکاری قوربانی و شه‌هیده‌. ناوبراو به‌ زمانێکی خه‌ڵکانی ساده‌ زۆر توند قسه‌ی کرد، بیرمه‌ گوتی (کوڕی خه‌ڵک زیاتر به‌ کوشت مه‌ده‌ن، شه‌ره‌فی کورد شه‌ره‌‌فی خێزانه‌کانتانه‌، قژی ژنه‌کانتان بگرن بۆ سۆزانیخانه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی کوری خه‌ڵک بکوژن…هتد) له‌ خواره‌وه که‌ چه‌ند سه‌د که‌‌سێک وه‌ستا بوون زۆر خۆشحاڵ بوون به‌ قسه‌کانی ناوبراو، رێژنه‌ی چه‌پڵه‌یان به‌رزبووه‌وه‌.

له‌وێ، واته‌ له‌ به‌ڵکۆنی په‌رله‌مان، که‌ له‌سه‌ر ده‌روازه‌‌که‌ی ناوه‌وه‌یه‌‌تی و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر حه‌وش و به‌رده‌رکی پارله‌ماندا، له‌ پشت مایکرۆفۆنه‌کان وتاری رێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌م خوێنده‌وه‌، خه‌لیل عوسمان له‌ ته‌نیشتم وه‌ستا بوو، که‌ تێیدا ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ به‌یاننامه‌که‌ماندا هاتبوون، له‌ خۆگرتبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نده‌ خوێندکاری ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر بووم، له‌ به‌شی ناوخۆیی ده‌ژیام و ته‌له‌فزیۆنما‌ن نه‌بوو، نه‌مبینی، به‌ڵام بۆ رۆژی دوایی له‌ زانکۆ، هاورێیانی هه‌ولێریم، پاش ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان و وتاره‌که‌ی منیان بینی بوو، که‌ سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ئه‌وکات په‌خشیان کردبوو، ده‌ستخۆشییه‌کی زۆریان لێکردم.

وه‌ک به‌ڵگه‌‌نامه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له ئه‌رشیفی تایبه‌تیمدا، لێدوانێکی رۆژنامه‌وانی، که‌ بۆ (برایه‌تی) زمانحاڵی پارتیم دا، له‌ نێو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان، ئێستا لای خۆم پاراستومه‌، هه‌روه‌ها کاسێتی ڤیدۆیی وتاره‌که‌ی خوێندمه‌وه‌ (ئه‌و کات سی دی دانه‌هاتبوو، یان نه‌گه‌یشتبووه‌ کوردستان)، که‌ پاشتر له‌ ڕێگه‌ی کاک ماکۆک شێخ حه‌مه‌د، له ته‌‌له‌فزیۆنی گه‌لی کوردستان- که‌ناڵی هه‌ولێر، باره‌گاکه‌ی له‌ سه‌ر قه‌ڵابوو، ده‌ستم که‌وت. ناوبراو دواتر بووه‌ سکرتێری رۆژنامه‌وانی سه‌رۆککۆماری پێشوو جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ به‌غدا. کاسێته‌که‌م ئێستاش لایه و لام پارێزراوه‌، به‌داخه‌وه‌ کوالیتێتی پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ خراپ بووه‌، به‌ڵام لای که‌می ده‌نگه‌که‌ی باشه‌ و هه‌ر که‌س ویستی ئه‌و مێژووه‌ بنوسێته‌وه، ئاماده‌م کۆپییه‌کی بۆ بنێرم. دیاره‌ دیمه‌نه‌کانی خه‌ڵکی ناو حه‌وشی په‌رله‌‌مان و وتاره‌که‌ی ئه‌و ژنه‌ ره‌شپۆشه‌ی باسم کرد و وتاره‌که‌ی منیشی تێدایه‌.
دواتر من و خه‌لیل عوسمان و نوێنه‌رانی تری رێکخراو و حزبه‌کان چووینه‌ ژووره‌وه‌ بۆ هۆڵێکی گه‌وره‌، که‌ په‌رله‌مانتاره‌کان مانیان گرتبوو، له‌وێدا پێشوازیان له‌ خه‌ڵک ده‌کرد، له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئه‌و کات له‌گه‌ڵمان دانیشتن، ئه‌مانه‌ بوون: نه‌ژاد عه‌زیز ئاغا، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان، د. عیزه‌ددین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، سه‌ید حه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د سالاری هونه‌رمه‌ند و هه‌ندێکی تر. به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێکردین، چایان بۆ هێناین و ده‌قی یادداشته‌که‌مان دانێ، وه‌ک دیاربوون نائومێد ببوون له‌ وه‌ستانی شه‌ڕ، به‌ڵام ده‌ستخۆشییان لێکردین.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌م هه‌موو زانکۆیه‌ له‌ کوردستان هه‌یه‌، که‌چی تا ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی و مێژوویی په‌سه‌ند و بابه‌تییانه‌ له‌سه‌ر هۆکار و ده‌رئه‌نجامه‌کانی شه‌ری ناوخۆ به‌ گشتی و شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و پارتی ٩٤ تا ٩٨ که‌ به‌ رێککه‌وتنی واشه‌نگتۆنی نێوان هه‌ردوولا کۆتایی هات نه‌کراوه‌، بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی ورد و متمانه‌پێکراو له‌به‌رده‌ست نییه‌، که‌ چه‌ند کوژراو (ده‌کرێت به‌شه‌هیدیش ناویان به‌رین) و بریندار بوونه‌‌. به‌ڵام دڵنیام قوربانییه‌کان ده‌ تا پانزه‌ هه‌زار که‌س که‌متر نین، جگه‌ له‌ هه‌زاران بریندار و سه‌دان بێسه‌روشوێن، که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش چاره‌نوسیان دیارنییه و به‌ یاساش یه‌کلایی نه‌کراوه‌ته‌وه.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌ هه‌ده‌ردانی ده‌یان میلیۆن سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان، له‌ پاره‌ی گومرگ و بانکه‌کان، هه‌روه‌ها کاولکردن و وێرانکردنی ده‌یان نه‌خۆشخانه‌، خوێندنگه و فه‌رمانگه‌‌ و سه‌دان ماڵ و خانوی هاووڵاتیان! ئه‌و خوله‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ماڵوێرانه‌ترین و زیانبه‌خشترین بوو، چونکه‌ له‌نێو شاره‌کاندا شه‌‌ڕکران، کوردستانی ئازاد بوو به‌ دوو زۆنی زه‌رد و سه‌وز، تا ئێستاش کاریگه‌ریی ده‌رونی و کۆمه‌ڵا‌یه‌تی له‌سه‌ر خه‌ڵک ماوه‌ و له‌ رووی ئیداریشه‌وه‌‌ کاریگه‌ریی نه‌رێیی ته‌واو نه‌بووه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌، دوای ئه‌و هه‌موو کاولکاری و ماڵوێرانییه‌، تا ئێستا تراژیدیا و تاوانه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌، وه‌ک ئه‌وه‌‌ی روداوێکی سروشتکردی وه‌ک تسۆنامی ئه‌و چوارساڵه‌ له‌ کوردستانی دابێت، ته‌نها لێپرسراوێکیش دادگایی نه‌کرا و لێیان نه‌پرسرایه‌وه‌، بگره‌ ئه‌و لێپرسراو و سه‌رکردانه‌ی به‌شداری چالاکی ئه‌‌و شه‌ڕه‌ نه‌‌گریسه‌یان کردبوو، پله‌ و پۆستی زیاتر و به‌رزتریان درایه‌!!
ئه‌و شه‌ڕه‌ خۆکوژییه‌‌ دواجار به‌ میانگیری مادلین ئۆلبرایتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاتی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا کۆتایی هات، ئه‌وه‌بوو رێککه‌وتنامه‌ی ئاشتی به‌ ئاماده‌یی ناوبراو له‌ نێوان مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی له‌ ١٨/٩/١٩٩٨ له‌ واشه‌نتۆن مۆرکرا.

هیوا ناسیح

تێبینی:
١. ئه‌و وێنه‌یه‌‌ی لێره‌دایه‌ له‌ کاسێتی راپۆرته‌ هه‌واڵی خۆپیشاندانه‌‌که‌وه وه‌رگیراوه‌، ئه‌و کاته‌ی به‌نده‌ وتاره‌که‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ و ئه‌و که‌سه‌ی له‌ ده‌سته‌ چه‌پم ده‌رکه‌‌وتوه‌ خه‌لیل عوسمانه‌.
٢. بۆ ئه‌م وتاره‌ ته‌نها پشتم به‌ زه‌ینی خۆم، به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌رشیفی تایبه‌تیم، زانیاریی که‌می یه‌ک دوو هاورێی نزیکم به‌ستوه‌، داوای لێبوردن‌ ده‌که‌م که‌ ناوی هه‌ندێک هاورێم یادداشت نه‌کردبێت، یان هه‌ڵه‌یه‌ک له‌ زانیارییه‌کان هه‌بێت، هیوادارم راستی بکه‌نه‌وه‌.




قرخ یه‌ڵان … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

كورد چه‌ند جوانی گوتووه‌: په‌تی درۆ كورته‌، واته‌ درۆ زوو ئاشكرا ده‌بێ و ئه‌و په‌ته‌ به‌ شتێكت ناگه‌یه‌نێ. زۆر له‌ درۆزنان به‌ ئامانجێكی دیاریكراو ده‌ست به‌ درۆیان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێش هه‌یانه‌ عاره‌ب گوته‌نی فی سبیل الله‌ درۆیان ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن دووپشك ده‌گاته‌ هه‌ر ته‌نێك، دار بێ یان به‌رد، ڕه‌ق یان نه‌رم، چزووه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێتێ و پێوه‌ی ده‌دات، ئه‌مانیش ئاوا، هه‌رچۆن بیاندوێنی، ده‌تده‌نه‌ به‌ر درۆیان، ئه‌مه‌ش ڕه‌فتارێكی ده‌روونیی تایبه‌ته‌ و پێوه‌ندیی به‌ ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌شه‌وه‌ هه‌یه‌. زۆر سه‌یره‌، زۆر له‌ درۆزنان كاتێ ده‌ست به‌ درۆیان ده‌كه‌ن، له‌ دوڕ چاویاندا نیشانه‌یێ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ وه‌سفه‌كه‌ی زه‌حمه‌ته‌ و كه‌سانی ژیر و شاره‌زا په‌یی پێ ده‌به‌ن، درۆزن هه‌ن له‌كاتی ئیشدا چاویان لێڵ ده‌بێ، ڕه‌نگه‌كان به‌ هه‌ڵبزڕكاوی ده‌بینن و قسان دووباره‌ و سێباره‌ ده‌كه‌نه‌وه، هه‌مان درۆ جارێكی دیكه‌ و له‌ كاتێكی دیكه‌ بۆ هه‌مان كه‌س به‌ جۆر و چیڕۆكێكی تر ده‌گێڕنه‌وه. یه‌ك له‌ نووسه‌ره‌ گه‌وره‌كان وابزانم مارك توین ه‌ ده‌ڵێ: كه‌ درۆزن ده‌ست به‌ درۆیان ده‌كات، قه‌ت هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ پرسیاران درۆكه‌ی لێ سپی بكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌ درۆیه‌كی تر وه‌رامت ده‌داته‌وه‌، جا وا چاتره‌ خۆت نه‌ده‌یه‌ به‌ر درۆیان.

ئه‌وێ ساڵێ دوو براده‌ری درۆزن له‌ یه‌كی نیسانێ گه‌یشتنه‌ یه‌ك، ئاگام لێبوو یه‌كیان به‌وی دیكه‌ی ده‌گوت: فڵانێ، ئه‌مڕۆ یه‌كی چواره‌، هه‌موو عاله‌مێ خوای درۆیان ده‌كه‌ن، وه‌ره‌ با من و تۆ ته‌نیا ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌رداری درۆیان بین، ده‌با به‌س ئه‌مڕۆ ڕاستگۆ بین توخوا، ئه‌وی تریان پێده‌كه‌نی و ده‌یگوتێ: توخوا تۆی درۆزنیش منت به‌لاوه‌ درۆزنه‌؟ ئه‌ویتر وه‌رامی ده‌دایه‌وه‌: هه‌ی ڕووت ڕه‌ش بێ، درۆ له‌ ئاستت شه‌رمه‌زاره‌. له‌ گه‌وره‌ درۆزنێكم بیستووه‌، زۆرجاران درۆ سوودی گه‌وره‌ی هه‌س، به‌ تایبه‌ت له‌ڕاست ژنان، كاتێ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ت ده‌كه‌ویه‌ گفتوگۆ و باسوخواس. هه‌ر ئه‌و برایه‌ هه‌مووجارێ پێم ده‌ڵێ: بڕوا ناكه‌م به‌ درێژاییی مێژوو له‌ دونیادا كه‌سێ هه‌ڵكه‌وتبێ درۆی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی نه‌كردبێ، ڕاستیی قسه‌كه‌ی ڕێی تێده‌چێ، منیش وه‌رامیم دایه‌وه‌: ئه‌ی ژنان؟ خۆ باوه‌ڕ ناكه‌م ژنانیش له‌ مێژوودا لێیان هه‌ڵكه‌وتبێ هه‌رگیز له‌ ژیانیاندا درۆیان له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان نه‌كردبێ. وه‌لحاسڵ له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌ناسه‌ ده‌دات درۆش به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و هه‌ر ده‌شمێنێ.

هه‌ر ئه‌و براده‌ره‌م چیڕۆكی خۆی و سه‌گه‌كه‌ی بۆ گێڕامه‌وه‌، وابزانم چیڕۆكه‌كه‌ی لووتكه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ له‌ درۆیان، كه‌ ئه‌مه‌ كورته‌كه‌یه‌تی: (نیوه‌شه‌وێ له‌ یه‌كێ له‌ یانه‌كان به‌ سه‌رخۆشی هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، وابزانم قاپێ ته‌كه‌رداغم هه‌ڵقوڕاندبوو، به‌ پێ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ هه‌نگاوم نا، نیو سه‌عاتێكی پێچوو گه‌یشتمه‌ ده‌وروبه‌ری شوقه‌كه‌مان، كه‌ له‌ قه‌راغی شار بوو، ئه‌وكات وه‌ك ئێستای لێ نه‌هاتبوو، ئه‌و ناوه‌ چۆلوهۆل بوو، قه‌ره‌ج و دۆمه‌كانی شار ڕه‌شماڵی خۆیان له‌و چۆله‌وانییه‌ هه‌ڵدابوو، زۆر سه‌رخۆش بووم و له‌ هه‌نگاوناندا لاكه‌م لێوه‌ ده‌هات و به‌ملاو به‌ولادا ده‌هاتم، له‌ ڕه‌شماڵه‌كان نزیك بوومه‌وه‌، هه‌ستم كرد یه‌ك له‌ سه‌گه‌ دڕه‌ پاسه‌وانه‌كانیان به‌و تاریكه‌ شه‌وه‌ ڕووه‌و من دێ، تا ده‌هات نزیك ده‌كه‌وته‌وه‌ و هه‌ر زه‌نده‌قم چووبوو، خۆ ئه‌وه‌ پڕم ده‌داتێ!
هه‌ر هات هه‌ر هات، له‌پڕ هێرشی بۆ سه‌روسه‌كوتم هێنا، منیش ناچار مام تا هێزم تێدابوو مشته‌كۆڵه‌م ڕاوه‌شاند، سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دا بوو، تومه‌ز مستم كه‌وتۆته‌ ناو ده‌می سه‌گه‌، ده‌ستم زێتر بۆ قووڵایی ڕه‌وانه‌ كرد، ده‌ست بڕۆ بڕۆ، هه‌ستم كرد ده‌ستم له‌ناوه‌وه‌ی گه‌یشتۆته‌ لای كلكی، ئیتر مستم گرته‌وه‌ و چنگێكم لێ گیر كرد و تا هێزم تێدا بوو به‌ ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌م سه‌گه‌م له‌ ده‌ستم داماڵی، ئاره‌قی ڕه‌ش و شینم ده‌ردابوو، ئیتر سه‌گه‌م به‌ره‌واژ كرده‌وه‌، سه‌گه‌ نامابوو و له‌ جیاتی بحه‌پی حه‌و حه‌و حه‌و، ده‌حه‌پی وه‌ح وه‌ح وه‌ح.).. ویستم درۆكه‌ی لێ سپییه‌وه‌كه‌م، چونكه‌ باوه‌ڕم به‌و درۆوده‌ڵه‌سه‌ و كه‌شوفشه‌ نه‌هات، سه‌گ به‌ره‌واژ كردنه‌وه‌ و وه‌ح وه‌ح؟ زۆر سه‌یره‌! هه‌ر خۆم وته‌كه‌ی مارك توینم هاته‌وه‌ یاد، نه‌كه‌ی به‌ درۆی بخه‌یته‌وه‌، با بۆخۆی هه‌ر به‌م فشه‌چیڕۆك و ئه‌فسانانه‌ بژی. با ڕێی نه‌ده‌م به‌ درۆی تر وه‌رامی پرسیارانم بداته‌وه‌. بیرمه‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان، هاوكارمان ئیسماعیل به‌رزنجی دیدارێكی ڕیكۆردكراوی له‌گه‌ڵ حه‌یرانبێژی ناودار ڕه‌سوول گه‌ردی كردبوو، خه‌ریكی پاكنووس كردنه‌وه‌ی بوو، شه‌وه‌كه‌ی له‌ یانه‌ی ڕاگه‌یاندن ڕیكۆرده‌كه‌ی بۆ لێداینه‌وه‌، دوا پرسیاری به‌رزنجی له‌ مام ڕه‌سوول ئه‌مه‌ بوو:
مام ڕه‌سوول گیان، ڕات چییه‌ ده‌رباره‌ی درۆ؟
مام ڕه‌سوول ته‌ڕده‌ستانه‌ هاته‌ وه‌رام: درۆ؟.. قوڕبه‌سه‌رییه‌.. ماڵوێرانییه‌.. شێلمانوه‌شێنییه‌
له‌و ڕۆژه‌وه‌ مێژووی درۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ شێلمان وه‌شاندن. جاران له‌ هه‌ولێر به‌ درۆ ده‌گوترا فۆڕته‌، به‌ درۆزنانیش فۆڕته‌چی. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر درۆزن ژماره‌ی درۆیه‌كانی بگه‌یاندبایه‌ چل درۆ، ئه‌وا لای توركمانان ناسناوی (قرخ یه‌ڵان) واته‌ (چل درۆ)ی ‌ده‌درایێ. ئیتر له‌م دیداره‌ی مام ڕه‌سووله‌وه‌ درۆ بوو به‌ شێلمان و درۆزنیش به‌ شێلمانچی یان شێلمانوه‌شێن. ئیتر با ئاگامان له‌ خۆمان بێ كار له‌ خه‌ڵك نه‌ماوه‌ و حكوومه‌تن فێر بووه‌ ڕمبه‌ی شێلمانانی دێ. خوایه‌ له‌ شێلمان و شێلمانوه‌شێنان به‌دوورمان بگرێ.




بۆ سۆسن … شیعری شه‌هید: زانا حه‌مزه‌ مه‌حموود

ئه‌ی سۆسنه‌ كه‌ڵه‌گه‌ته‌ به‌نازه‌كه‌م
ئه‌مشه‌و … بێ تۆ خه‌وم نایێ
وه‌ره‌ گیانه‌ … كاكۆڵم بكه‌ به‌ڕه‌فته‌
به‌ سه‌رته‌وه‌ی بئاڵێنه‌
په‌نجه‌م بكه‌ به‌ به‌ركۆژه‌
له‌ سینه‌تی توند گرێده‌
به‌ ئازاری بناڵێنه‌
وه‌ك ڕه‌گی دار
بێخ له‌ نێو سینگم داكوته‌
با باڵنده‌ی حه‌ز و خه‌تا
هێلانه‌یان له‌ سه‌ر چێ كه‌ن
چ نابێ گه‌ر …
بۆ تاكه‌ ساتێكی هه‌تیوو
كوڵمت بكه‌م به‌ سێوێكی … نه‌رم و گه‌ییوو
چه‌نده‌ خۆشه‌ .. گه‌ر پێكه‌وه‌
گڕی نه‌فره‌تمان تێ به‌ر ده‌ن
***
وه‌ره‌ سۆسن
با له‌ به‌ر تیشكی ئه‌م خۆره‌ ئۆقره‌ گیره‌
گه‌نده‌مووی لا مل و گوێت
بسووتێنم
هۆ سۆسنێ
تۆ چیت داوه‌ له‌ ترس و بیم ؟
كه‌ی مناڵی ته‌ڕی وه‌ك تۆ
به‌ ئاگری ڕق ده‌زانێ؟
سوێندیش ده‌خۆم
تۆ له‌ هه‌مووان … دڵكێشتری
له‌ هه‌مووشیان به‌ ئێش تری ..
**
خه‌مت قورسه‌
ئه‌میش به‌نده‌ی سڵ و ترسه‌
ده‌پێم بلێ … ئه‌ی سۆسنه‌ بێ ناوه‌كه‌م
كه‌ی بێ و
منیش به‌ ئاشكرا … ماچت بكه‌م ؟
**
شێته‌ ئه‌وه‌ی …. دڵی خۆشه‌
تۆیش بسوتێی
شێته‌ ئه‌وه‌ی وا ئه‌زانێ
تۆ په‌یامی .. ئه‌شق و خه‌تای
با هه‌ر بڵێن
هه‌ر تۆ له‌وان پاكژتری
تۆ له‌ هه‌مووان دڵگه‌شتری ..

……………………………………………………………………..




سپێده‌ی ئاواره‌یی … شه‌ونم زه‌ندی

له‌ شه‌وه‌ … یه‌ڵداییه‌كانی قه‌ده‌ره‌وه‌
ڕۆحه‌ په‌رته‌وازه‌كان
به‌ دوای سێبه‌ری ئه‌و چرایانه‌ی
كه‌ زه‌مه‌نێكه‌
بێ تروسكه‌ كراون … وێڵن ..
هه‌نگاوه‌كانی ته‌مه‌ن ..
له‌ بازنه‌ی ” به‌ زه‌مه‌ن بوون ”
هه‌ره‌س هێنن
مه‌راسیمی حوزنه‌ و
له‌ میانی ” بڕوا و بێ قه‌ناعه‌تیدا ” … گومانه‌كان
هه‌ره‌سمان پێ دێنن
گومان له‌ : بوونێك بێ ویستی خۆمان ،
له‌ : ناو و سێبه‌ری خۆمان ،
گومان له‌ : به‌ یه‌ك نه‌گه‌یشتنی هێڵه‌ ته‌ریبه‌كان،
له‌ : قه‌د بوونه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یاده‌كان .
بێ ده‌نگییه‌ك .. خۆی ده‌نوێنێ ،
دوورگه‌ی خه‌ون
كه‌ كۆنترۆڵی ئه‌م عه‌شقستانه‌ی پێ ناكرێ ؟
عه‌شق بۆ خاك ،
گول ..،
باران ..
تروسكه‌كان … ده‌تارێنێ
ته‌متومانی ڕۆح
له‌ سپێده‌ی ئاواره‌یی ،
حه‌زه‌ سه‌وزه‌كانیش… له‌ بازنه‌ی بێ ڕه‌نگیا ..
بۆ په‌یژه‌كانی زه‌مه‌نێك له‌ مه‌نفا ،،..

                                                                      1 / 7 / 1999



هاوپشتی ئەنتەرناسیونالی لە دژی هەڕەشەی جەنگ

کرێکارانی تورکیا، یۆنان و قوبرس هیچ سوود و بەرژەوەندییەکیان نییە لە دوایین ململانێ و کێشمەکێشەکانی کەناری دەریای سپی ناوەراست لە زۆنی ئابووری دیاریکراودا. بە پێچەوانەوە ئەگەر هاتوو ڕوو بە رووبوونەوەی سەربازی رووبدات. ئەوە ئێمەین هەموو شتێك لەدەست دەدەین و زەرەرمەند دەبین.
بەڵێنەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەواکانی ئێمە بۆ گەران و دۆزینەوەی تازەی نەوت و گازی سروشتی لە دەریای سپی ناوەراستدا، گوایە خۆشگوزەرانی و گەشەکردنی دارایی لەگەڵ خۆیدا دێنێت ئەمە قسەیەکی ڕاست نییە. بەڵكو تەنها قازانجی گەورە بۆ كۆمپانیا فەرەنەتەوەكانی وزەی، وەك ئیكسۆن، تۆتال و ئینی (كۆمپانیای وزە) دەهێنێت. ئەم گەڕانە بەدوای وزەكانی سووتەمەنییدا گۆڕانی كەش و هەوا خراپتر دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا و نەیاریی و پێكدانانەكانی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستیی و ناوچەییەكان خێراتر و توندوتیژ تر دەكات.
ئەم بەربەرەکانێیە لە هەموو لایەکەوە کۆنەپەرستانەیە. ئەو هەوڵانەی لەلایەن حوكمڕانەكانمانەوە دەدرێن کە دەیانەوێت نیشانی بدەن گوایە ئەم کارەیان “بەرگرییە لە نیشتیمان” درۆیەکە و ڕاستی تێدانییە. زۆر بە ڕوونیی و بە بەڵگەوە دیارە حکومەتەکەی ئەردۆغان و میتۆتاکس لە لیبیا پشتگیری لە دوو هێزی جیاواز لە شەڕ دەكەن. بنغازی بەشێک نییە لە “نیشتیمان”ی یۆنان، ترابلوسیش بەشێک نییە لە “نیشتیمان”ی تورکیا.
چارەسەری دروست، هەرگیز لەڕێگای ناوبژیکردنی ناتۆ (NATO)، یەکیتیی ئەوروپا (European Union)یاخود نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (United Nations) بەدینایەت. ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە “دەڵاڵی سەربەخۆیی” ئاشتیی و دادپەروەریی نین. ئەمانە بەكرێگیراوەكانی دەستتێوەردانی ئیمپریالیستین كە دەیانەوێت لەڕێگای ئابووریی و سەربازیی و دبلۆماسییەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن. ئەم کردوەیەیان بۆ چەندەها جار لە وڵاتانی ناوچەکە لە سوریاوە بۆ یەمەن دووبارە بۆتەوە، هەروەها لە ئەفغانستانەوە تاوەکو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی کە قوبرسیش دەگرێتەوە.
ئەڵتەرناتیڤ بۆ “ناوبژیكردن”ێكی وەها ئامادەکاری نییە بۆ جەنگ. ئێمە دژایەتیی هەموو ئەم هەوڵانەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەین کە فشار دەخەنە سەر حکومەتەکانیان بۆ ووتاربێژیی ناسیۆنالیستیی و پێشبرکێی خۆپرچەککردن. ئەمجۆرە سیاستە دەرگا دەکاتەوە بۆ بەهێز بوون و گەشەکردنی هێزە ڕاسترەو و فاشیستەکان. ئەمەش مایەى قبوڵكردن نییە بەشێک لە چەپ لەگەڵ داواکاری سەپاندنی ئابلوقەی یەکێتیی ئەوروپان. ئەم سیاسەتە هەڕەشەی زیاترە لە گەشتی بچووک لە ئیجە و دەوروبەری قوبرس و لە گەل ئەوەشدا پاڵپشتی کردنە لە چەوساندنەوەی گەلی کورد.
تەنها گەرەنتی بۆ ئاشتی و دادپەروەری پەرەسەندنی خەباتی کرێکارانە. ئێمە ئیلهام وەردەگرین لە بیرۆکەی شەپۆلی شۆرشی جیهانی لە چیلی یەوە بۆ لوبنان هەروەها لە سودانەوە بۆ فەرەنسا. ئێمە داواکاری دەستبەجێ بەرز دەکەینەوە بۆ:
کۆتایی هێنان بە هەموو دەستتێوەردانێکی ئیمپریالیستی لە ناوچەکەدا، هاتنە دەرەوەی یۆنان و تورکیا لە ناتۆ. داخستنی هەموو بنکە سەربازییەکانی (Incirlik, Souda, Akrotiri) لە قوبرس و یۆنان تورکیا.

 کۆتاییهێنان بە گەڕان و هەڵکەندنی نەوت و گاز لە دەریای سپی ناوەراست. پێویستە سووتەمەنییەکانی کانە بەردەکان لە ژێر دەریا بمێننەوە.
 کۆتاییهێنان بە پێشبڕکێی سەربازی. ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی پارە بۆ فڕۆکەی جەنگی، کەشتی بچووک و مووشەک، جا چ رۆژئاوایی بێت یاخود ڕووسی.
 کردنەوەی سنوورەکان بە رووی پەنابەران. پێشوازی کردن و لەخۆگرتنی هەموو ئەو خەڵکانەی کە بەهۆى ترسی جەنگ و برسێتیییەوە ئاوارە بوون. پەنابەری و پەناگە بۆ گشتیان. کۆتاییهێنان بە سیاسەتی "سەنگەریی ئەوروپیی". کۆتاییهێنان بە ڕێکەوتننامەی دژەكۆچبەریی یەکێتیی ئەوروپا لە لیبیا و تورکیا کە کۆچبەران شەرمەزار دەکەن و بە چاوێکی وا تەماشایان دەکەن کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەوان.
 کرێکارانی تورکیی و یۆنانیی لە قوبرس مافی خۆیانە لە سەر داهاتووی دوورگەکەیان بڕیار بدەن، دوور لە هەر دەستتێوەردانی دەرەکی.

کرێکارانی یۆنان، تورکیا و قوبرس نەرێتێکی دەوڵەمەندی خەباتکارانەیان هەیە لە دژی قوربانیدانەکان کە قەیرانی ماوە درێژیی سەرمایەداری بەسەریدا سەپاندوون. بونیادنانی بزووتنەوەیەک بۆ داواکارییەکانی وەک دژی سیاسەتی (سگهەڵگوشین) دەستپێوەگرتن و چەوساندنەوە، شانبەشانی لە گەل ئەوەشدا داواکارییە ئەنتەرناسیونالەکانمان کە لە توانایدایە لەشکرێکی بەهێز بونیادبنێن بۆ ئایندەیەکی باشتر. ڕێکخراوەکانی ئێمە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بە نەریتی شۆڕشگێرانە بۆ دژایەتیکردنی جەنگی ئیمپریالیستی و لە هەمانکاتدا خەبات دەکەین بۆ سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیونالی. ئێمە داوا لە هەموو ئەو خەڵکانە دەكەین کە ئاشتیخوازن پەیوەستبن بە ڕیزەكانی ئەم تێكۆشانە هاوبەشەوە.

پارتی کرێکارانی سۆسیالیست – یۆنان
پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی شۆڕشگێریی – تورکیا
ڕێکخراوی هاوپشتی کرێکاریی – قوبرس
١٦/١٢/٢٠١٩
و. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئارمان

Socialist Workers Party – Greece (SEK – Sosialistiko Ergatiko Komma) Revolutionary Socialist Workers Party – Turkey (DSİP – Devrimci Sosyalist İşçi Partisi) Workers Solidarity – Cyprus (Ergatiki Dimokratia)

December 16, 2019




کتێبی کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانییەکانی هونەرمەند داریوش

               بۆنی گەنم 
کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانییەکانی هونەرمەندی ئێرانی بەناوبانگ " داریوش" 
ئەکەوێتە بەر دیدی خوێنەر و کتێبخانە کووردییەکان.... 
  وەڕگێرانی لە فارسییەوە : پشکۆ ناکام

لەسەر ئەرکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم




به‌ پینه‌و په‌رۆ دۆخه‌كه‌ هێور نابێته‌وه‌ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

راپه‌رێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی عێراق پێێ خسته‌ سێیه‌مین مانگ و هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین رۆژی ئوكتۆبه‌ر{ تشرینی یه‌كه‌م} ی 2019 وه‌ تا ئه‌مرۆ له‌ پێناو بنبركردنی گه‌نده‌ڵی و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی درۆشمی چاكسازی و گۆرانكاری سیاسی و ئابوری خۆپیشاندانه‌كان درێژه‌یان هه‌یه‌ و پێش دوو هه‌فته‌ سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی ناچاركراو ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌و وابریاره‌ سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح‌ كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان بكات.
به‌ڵێ ، خۆپیشاندان دژ به‌ پشكپشكێنه‌ و شێوازی حوكمی تایفه‌گه‌ری و گه‌نده‌ڵی و دزیی و به‌ هه‌دردانی سامانی گشتی و زۆرانبازی نابه‌جێ له‌ پێناو ده‌سه‌ڵات له‌ناو ركابه‌ره‌كان هه‌ڵگیرساوه له‌ كاتێكداجه‌ماوه‌ر پراوێز خراوه‌و خزمه‌تگوزاری نییه‌و بارودۆخی ژیان قورسه‌و بێكاری و هه‌ژاری زۆره‌و، جیاوازی له‌ هاوڵاتیبوون و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ته‌ دیارده‌و، به‌ هۆی جه‌نجاڵی ژیان و شێوازی ژیانی ناته‌ندروسته‌وه ‌خه‌ڵگ له‌ ره‌فتاره‌كانی تاقمی حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی شیعه‌ بێزاره‌و، به‌ دوای یه‌كێك ئه‌گه‌رێن پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێبدرێت وده‌ستیان ناكه‌وێت و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و، به‌ هه‌موو پینه‌و په‌رۆو .هه‌موو فرت و فێڵێكه‌وه‌ تاقمی سه‌رلێشێواو هه‌وڵئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵات بمێننه‌وه‌.
به‌ هوێ بێ ئومێدی و بار گرانی ژیان و، هه‌ڵسوكه‌وتی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران و، ته‌قه‌كردنی راسته‌خوێ و كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆرو ترسناك و برینداركردنی زیاتر له‌ بیست هه‌زار خۆپیشانده‌رو گرتنی ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ گه‌نجان و پیرو په‌ككه‌وته‌و به‌بێ جیاوازی له‌ نێوان نێرومێ . پیاوان و ژنان و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بڵێسه‌ی ئاگری راپه‌رینه‌كه‌ی‌ زیاتر گه‌ش كردو، گه‌ل متمانه‌ی به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان نه‌ماوه‌و داوا ئه‌كه‌ن هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییكه‌ ده‌ست له‌كاربكشێننه‌وه‌و ئه‌ڵێن كات كوشتن و دواخستنی چارەسەركردنی كێشەكانیش، نیەتی خراپی به‌رپرسه‌ باڵاكان ئه‌سەلمێنێت و، ناتوانن پرسە هەڵپەسێراوەكان چارەسەر بكه‌ن و، داخوازی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكه‌ن و ئاواته‌كانیان بێننه‌دی.
سه‌رانی حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كان شڵه‌ژاون و پیش ماوه‌یه‌ك توانیان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دوانزه‌ حزبی ئه‌نجام بده‌ن و، ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو پارتی و یه‌كێتی به‌ فیتی ده‌ستی ده‌ره‌كی بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ په‌لكێش كران و، كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرچو كاڵ و بێ سوود بوو، له‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ نهێنی هادی عامری له‌ بلۆكی (فه‌تح) و فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێرو سلێمانی ( پارتی و یه‌كێتی) یان كردو، هه‌ولئه‌ده‌ن پشتگیری بۆ گه‌نده‌ڵكاران كۆبكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا شكستیان خواردووه‌و هیچیان پێ ناكرێ و، دیسانه‌وه‌ نیازیان وایه‌ یه‌كێك وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی بدۆزنه‌وه‌ و، تا ئێستا به‌ فیڵ و چه‌واشه‌كردن و خوخڵافاندن و به‌ یارمه‌تی قاسم سلێمانی و باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌رزۆكه قاودراوه‌‌كه‌یان ئه‌ده‌ن.
له‌ پاش گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و ته‌قه‌كردن و كوشتن و برینداركردن و رفاندنی رۆژنامه‌نووس و چالاكه‌وانان و په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندانه‌كان له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق و، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی راپه‌رینه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ جیهاندا، وڵاتانی زلهێز وه‌ك ئه‌مریكاو فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا و بریتانیا و، مه‌رجه‌عییه‌تی ( بۆگه‌راوه‌) ی باڵاو پایه‌به‌رزی شیعه‌كان پشتگیری له‌ مافه‌ ره‌واكانی خۆپیشانده‌ران ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ پاش قه‌سابخانه‌كه‌ی شاری ناسرییه‌و ئه‌لخه‌ڵانی و وه‌سبه‌ له‌ به‌غداو، كوشتنی خه‌ڵك له‌ كه‌ربه‌لا به‌ ده‌مانچه‌ی پێده‌نگ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی شه‌هیدان.
سه‌یره‌ گه‌نده‌ڵكاران وه‌ك نوری المالكی كه‌ مووچه‌ی كوردستانی بری و لوتبه‌رزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هادی العامری و هاوشێوه‌كانیان باسی چاكسازی ئه‌كه‌ن و به‌ فه‌رمانی ئێران كه‌سانی نه‌شیاو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان ئه‌كه‌ن و، یه‌كێك له‌و ناوانه‌ گه‌نده‌ڵكار محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسودانییه‌ و، خۆپیشانده‌ران له‌ گه‌ڵ بیستنی ناوه‌كه‌ی وێنه‌یه‌كیان له‌ گۆره‌پانی ئازادی { التحریر} هه‌ڵواسی و له‌ سه‌ریان نووسیبوو ( محه‌مه‌د شیاع السودانی) گه‌نده‌ڵه‌ و هه‌ر زوو ماڵه‌كه‌یان له‌ شاری عماره‌ ( میسان) سووتاند.
گه‌نده‌ڵكاران و ئێران به‌ ئاشكه‌را به‌ پینه‌و په‌رۆ خه‌ریكن هه‌مان سیناریۆكه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و، خۆپیشاده‌ران به‌ راست و ره‌وان له‌ دیداریاندا له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك كومار به‌رهه‌م ساڵح له‌ گه‌ڵ كه‌سێكن خۆیان ده‌ستنیشانی بكه‌ن و نایانه‌وێت ئێران و په‌رله‌مان خه‌ڵك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دابنێن و، هه‌موو لایه‌ك ئه‌زانێت به‌رهه‌م ساڵح له‌ ژێر فشاردایه‌ و، پێویسته‌ بوێرانه‌ ناو كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌رو ده‌ستپاك وگونجاو بێت له‌ گه‌ڵ خواستی خۆپیشانده‌ران ده‌ستنیشان بكات.
ئه‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پشتگیری له‌ گه‌نده‌ڵكاران نه‌كه‌ن و، ئه‌وه‌ش بزانن له‌ كوردستان حزب و بزوتنه‌وه‌و رێكخراوی تر هه‌یه‌و، نابێ به‌بێ ریكه‌وتن له‌ گه‌ڵ ئه‌و حزب و توێژانه‌ به‌ فشاری ده‌ستی ده‌ره‌كی بچنه‌ پاڵ مالكی وعامری و عه‌بادی و، هاوشێوه‌كانیان و، جێی راسته‌قینه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌رگرییه‌ له‌ مافی ره‌وای خه‌ڵك و نه‌فره‌تكردنه‌ له‌ خوێنرشتن.

به‌رهه‌م ساڵح لیستێك ناوی لایه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێی ره‌زامه‌ندی خۆپیشانده‌ران نییه‌و ، هه‌موو هه‌وڵێك له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵه‌كان و ئێران ئه‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و ناوانه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت و، لیسته‌كه‌ بریتییه‌ له‌ : محه‌مه‌د شیاع السودانی، ئه‌سعه‌د العیدانی و مسته‌فا الكازمی و،هه‌روا دوكتۆر به‌رهه‌م ناوی دادوه‌ر { رائید جوحی} له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ و، دیاره‌ به‌منزیكانه‌ ناوی پاڵێوراو له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه‌ دیاری ئه‌كرێت.

16/12/2019




چیرۆک بۆ منداڵان.. خۆڵی کوردسـتان … رەزا شـوان

مـریـەم کچۆڵەیەکی کوردی جوانکـیلە و زیرەک و رووخـۆشە، لە نەرویج لەدایکـبووە. دایک و باوکی لە ماڵەوە هەر بە زمانی شیرینی کوردی لەگەڵیدا دەدوێن. بۆیە بە باشی کوردی دەزانێت، لە باخچـەی منداڵانیشدا فـێری زمانی نەرویـجی بووە.
پـار مریەم شەش ساڵان بوو، لە بەهاردا لەگەڵ دایک و باوکیدا، بە سەردانی بۆ ماوەی سێ هەفـتە هاتنەوە بۆ شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، کە کەسوکـاری دایک و باوکی لەم شارەدان. کەسوکاری دایـکی و باوکـی ناسی. بۆ گەڕان و سەیرانیش بردیـان بۆ گەلێ شوێنی کوردستان. مریـەم بە جـوانی دیمەنە جوان و قەشەنگەکـانی کوردستان و بە گـوڵ و گـوڵـزاری جـوان و بۆنخـۆشی بەهـاری کوردسـتان زۆر سەرسام بـوو.
مـریـەم ئێستا تەمـەنی حەوت سـاڵە، لە پـۆلی یەکـەمی قوتابخـانەی بنەڕەتی دایـە.
دایکی لە ماڵەوەدا، لە نێو خانە شووشەییەکانی رەفتەکانی چـێشتخانەکەیاندا، کۆمەڵێک شووشەی بچـووکی ریزکـردوون، کە پـڕن، لە کـاری و لە بەهـاراتی بـریانی و کـفـتە و شفتە و یاپـراغ و جاتـرە بۆ ناو نۆکاو و بیـبەری تیژ و زەردەچـێوە و چەنـدین ئاڵەت و بەهـاراتی تر.. کە بەتاڵ بوونایە دووبارە پڕی دەکـردنەوە.. لەسەر پارچە کاغەزیش بە کوردی نـاوی یەک بە یەکی بەهـاراتەکـانی نووسـیوون.. ئەوەی کە سەرنجی مـریـەمی راكێشا ئەو شووشەیە بوو، کە دایکی بە جـیا لە نێـو خانـەیەکی رەفـتەکاندا دایـان بوو، لەسەریشی نووسیبوو. مریەم وایدەزانی کە ئەوەش جۆرێکە لە بەهاراتی چـێش، بەڵام نەیبینی کە بۆ یەک جارێیش دایکی ئەوەی لەو شووشەیە دایە بەکـاربهـێنێت.
مریـەم: دایکە ئەو شووشە بە تەنیایە، چ بەهـاراتێکی تێـدایە؟ بۆ بەکـاری ناهـێنیت؟
دایـکی (بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): مریـەم گیان ئەو شووشەیە خـۆڵی تێـدایە.
مریـەم (بە پێکەنین و سەرسامیـیەوە): خـۆڵی تێـدایە؟!
دایکی: بەڵی.. خـۆڵی کوردسـتانی تێـدایە.
مریـەم (هـێندەی تر سەری سوڕما): خـۆڵی کوردستان؟! ئـەی لە نەرویـج خـۆڵ نییە؟
دایـکی: بەڵی کچـە شـیرینەکەم، لـێرە و لە هەمـوو وڵاتێکـدا خـۆڵ هـەیە.
مریـەم: کەواتە خـۆڵی کـوردسـتانت بۆچـییە؟
دایکی: ئەم پرسیارەتم پێخۆشە. مریەم گیان، من و باوکت لە کوردستان لەدایک بووین. لە کوردستان گۆش و پەروەردە بووین و گەورە بووین، هەوای کوردستانمان هەڵمژی، ئاوی کوردستانمان خـواردەوە، لە بەروبـوومی خـاكی کوردستانمان خـوارد.
بۆیە کوردستان و هەموو شتێکی کوردستانمان لا پیرۆزە. کوردستان نیشتمانی یەکەمی ئێمەیە، زۆر خۆشـمان دەوێ و لامان شیرینە، هەمیشە لە بیرمانە و لە ناو دڵمان دایە.
مریـەم: ئەمانە تێگـەیـشـتم، ئـەی ئـەو خـۆڵـەی کوردسـتانتان بـۆ لـەوێ دانـاوە؟
دایـکی: تا رۆژانـە بیبینین و هـەمیشە کوردستان لە بـیر و خەیـاڵ و بەرچـاومان بێـت.
مریـەم: لە ئەمڕۆوە کوردستان نیشتمانی یەکەمی منیشە، خۆشـم دەوێت، ئەو خۆڵەشم خۆشـدەوێـت.
دایکی (لە باوەشی کرد و سی و چـوار ماچی کـرد): دەمخـۆش کچـە ژیـر و زیـرەکـم.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠١٩




کورتەنامەی شیعریی .. ڕستی دەهەم … فەتاح حەسەن

دووری، نابێتە مایەی دابڕان
وەلێ بێدەنگی .. با.


رەشەبا زیندووە
ئەی ئەوە نییە لورەی دێت.
دەریا زیندووە
گوێ بۆ شەپۆلەکانی رادێرە
منیش زیندوم
گوێ لە ناڵەی دڵم بگرە


دڵم وا ڕاھێناوە بەبینینی تۆ،
زیكر بكا و حاڵي لێبێ ..
كە، تۆ نەبینم،
زیكری چی و حاڵی چی؟!


ترپەی دڵی من و
تەپڵی دەروێش
ھێزی ڕاكێشانی زەوی و مانگە.



ئەلزھایمەر ناخۆش نییە
بەومەرجەی
خۆشەویستەكەت لەبیرنەكەی.


من، ناتوانم کە، پێتبڵێم
خوات لەگەڵبێ بەیەکجاریی.. نا
وەلێ کە، خۆت دەیڵێی
ئای، کە لەپشتەوە جوانی.


هەرکات زانیت
کەسێك هەیە و
لەمن زیاتر خۆشیدەوێیت،
بێ منەت بە، لەبیرمکە.

فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی

2018
.




بێوازی … عارف کوردە

وەڕسم.. وەڕس
ناتوانم مانشێتی ڕۆژنامەکانیش
بخوێنمەوەو
گوێ لە هەواڵەکانیش ناگرم
جیهان خێوەتگەیەکە
بای ڕێکخراوەکان
ونجڕ ونجڕی کردووەو
شەقە شەقیەتی..
لەو فریشتەیەش بێزارم
دوو چرا لەسەر شانیەتی و
دێ بۆ لام و منیش،
دەچمەوە ژێر نوێنەکەم و
نامەوێ بە ئاگابێمەوە
غەریبی،
لەتەونی جانجڵۆکەیەکدا
لولی داوم و
خەمەکان دەمکرۆژن و
دەمکەن بە بنێشتی دارەبەن و
دەمجاون..، خۆ کاڕێژەیان
هیلاک نابێ
ئەوان سیرمەی بێ ڕوویین
نە پێناسەیان هەیە
نە بنەچەو ناسنامە
لە منداڵدانی سیاسەتەوە
لەدایک بوون
ناوکیان بەچەقۆی
گەمەی سەر مێزوو
پێکی شەوانەوە بڕاوە
سلسار بەلا جانگیانا
دێتەخوارێ و
وێنەی شەقامێکی نووستوو
بە تەوێڵیانەوەیەو
مەمە کۆتەیەک لێوەکانی قڵیشاوەو
لەنێو سەرەنویلکدا فڕێدراوەو
کسۆکێک پاسەوانی دەکات
لەترسی دایک و باوکەکان..
بێوازم.. بێواز
دەمەوێ لەم جیهانە پڕوپوچەدا،
لەشەقەی باڵ بدەم.