قەسەدە لە چاوەڕووانیی گۆدۆی سیاسییدا …کامیار سابیر

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێزەکانی پەیەدە، بە تایبەتییش لە فۆرمی قەسەدە( هەسەدە)دا، شەڕی موستەحیلیان لەگەڵ تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی( داعش) و سپۆنسەرە جۆراوجۆرەکانیدا دەکرد و خۆشبەختانەیش، لە مەیدانی عەسکەرییدا، براوە بوون. بەشێکی زۆری کوردستانی سوریا و هەندێ لە ناوچە عەرەبییەکانی سوریاشیان، لە کاولکاریی رزگار کرد و توانییان ئیدارەیەکی باش و پێکەوەژیان بۆ خەڵکەکەی بەسەر پێ بخەن. چۆن ئەو ئیدارە خۆجێیەی کە پێکهاتە جیاوازەکان بەدەر لە ئینتیمای نەژادیی، دیینیی و طائیفیی تێیدا دەژیەن، زۆر گرنگترە لە مەلحەمە عەسکەرییەکان کە بە خوێنی هەزاران لاوی سوریی، کوردی پارچەکانی تری کوردستان و خەڵکی بیانیی، تۆماریان کردووە، بەهەمان شێوەیش، ئیدارەدانی ئەم سەرکەوتنە عەسکەرییانە لەناو حەلەبەی سیاسەتی ئیقلیمیی، سوریی و جیهانییدا زۆر زۆر چارەنووسسازە؟

ئێستا، پاش ئەو هەموو دانیشتنە جۆراوجۆرانەی قیادەی قەسەدە لەگەڵ سوریا، ئەمێریکا و روسیادا کردوویانی، بە هیچ شوێنێک نەگەیشتوون. هۆکارەکان چیین؟ ئایا وەکو بە زمانی شەعبیی دەڵێن “سیاچارە”یە، یان بە عەقڵانیی و واقیعیی، بە وردیی و بەرچاوڕۆشنییەوە، هاوکێشە جیۆسیاسیی، عەسکەریی و هەژموونە ئابوورییەکانی زلهێزە جیهانییەکان، ناخوێننەوە و کاری پێ ناکەن؟ کوردەکانی سوریا بە رابەرایەتیی پەیەدە و لە ناو هێزەکانی قەسەدەدا، توانییان بە هاوکاریی ئەمێریکا و تەحالوفی نێودەوڵەتیی، شەڕێک لەگەڵ داعشدا بکەن کە موخریجەکانی هۆلیودیش، بە خەیاڵیاندا نەدەهات، هێزێکی مەیدانیی هەبێت بەو جۆرە نەک هەر تەحەدای داعش بکات، بەڵکو تێکی بشکێنێت. لە شەڕ گرنگتر ئەوەیە لە دوای سەرکەوتنی عەسکەریی، سەرکەوتنی سیاسیی، بە دەست بهێنیت.

بۆچی کوردەکانی سوریا، لە نێوان روسیا و سوریا لە لایەک و لە نێوان بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمێریکا، ئیسرائیل، سعودییە و ئیماراتدا، لە لایەکی ترەوە ناتوانن بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بدەن؟ بەدەر لەوەی تورکیا و ئەردۆغان، تا رادەی فاشیزمی سیاسیی، دژایەتیی دەسکەوتەکانی پەیەدە دەکەن، بەڵام ئەم شێر و رێوییە لە نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی وەکو روسیا، ئەمێریکا و تورکیادا، ناتوانێت درێژخایەن بێت. بە تایبەتیی ئێستا کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەتیی ئارامکۆ و کۆمپانیا رۆژئاواییەکان، بە سپۆنسەریی ئەمێریکا، ئیسرائیل، سعودییە و ئیمارات، بە ئاشكرا دزیی لە سوریا دەکەن، چونکە حکومەتەکەی ئەسەد، سەروەریی سیاسیی و عەسکەریی لەو ناوچانە لە دەست داوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەکرێن، نەوتی سوریا بە شێوازێکی چەتەگەرییانەی مۆدێرن، دەدزرێت و هێزەکانی قەسەدەیش، رۆڵی پاسەوانیی دەگێڕن، بە کەمێک لە شەراکەتی شییریینیی نەوت و پارەی رەیع، دەیانەوێ ئەم بیزنسی رەیعە، درێژە بکێشێت.

دوای ئەوەی شەیتانی شەڕ و ئاژاوە، شەیتانی تاڵانیی و وێرانکاریی ( بێرنارد لێڤی ) سەردانی قیادییە عەسکەرییەکانی قەسەدەی کرد، ناڕۆشنییەکان، روون دەبنەوە و ئەنەکەسەی هێزە پرۆکسییەکانی (تورکیا و پارتیی)، بڕیارە بەشدارییان لە پرۆژەی نەوتفرۆشییدا پێ بکرێت، ئیتر رۆڵی سیاسیی قەسەدە، بەرەو پاسەوانیی لە چاڵە نەوتەکان دەچێت و دەبێت خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیی هەموو هێزە داگییرکارەکانی سوریادا( ئەمێریکا، تورکیا) بگونجێنێت. ئەمەیش راستەوخۆ بەریەککەوتنی لەگەڵ روسیا و سوریادا لێ دەکەوێتەوە.

لە درۆ گەورەکانی تەمەڕودە عەسکەرییەکانی کورددا، لە کوردستانی عێراقدا، هەمیشە ئەوە گوتراوە کە رژێمەکانی عێراق، هەموو رێگەکانی تریان لە کورد بەستبوو، بۆیە ئەم مافیایانەی کوردایەتیی دەستیان دایە چەک و تەقوتۆقیان دەست پێکرد.
لە کاتێکدا هەموو یاخییبوونە چەکدارییەکان، لە ئەیلولەوە بۆ شۆڕشی نوێ و گوڵان، هەمووی بە تەحریکی موخابەراتیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی بووە و لە دوور و نزیکەوە پێوەندیی بە مافە سیاسییەکانی گەلی کوردەوە، نەبووە. ئێستا کوردەکانی سوریە هەمان بیانوو دەهێننەوە و دەڵێن سوریا و روسیا، ساغ نیین و دەستیی دەستییمان پێ دەکەن و بە هیچ ناگەین لەگەڵیاندا! لە واقیعدا، ئەوە قەسەدەیە، بەهۆی بەڵێنە زارەکییەکانی هەندێ ژەنراڵی ئەمێریکییەوە، چاوەڕووانیی گۆدۆیەکی سیاسیی دەکەن و نایانەوێت، لەگەڵ رژێمەکەی ئەسەددا، رێک بکەون.

دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگییرێت کە پێش راپەڕیینی خەڵکی سوریا دژ بە رژێمەکەی ئەسەد، بەشێکی زۆری کورد، تەنانەت بۆیان نەبوو ناسنامەی سورییشیان هەبێت، بەڵام پاش وەرچەرخانێکی سیاسیی و عەسکەریی زۆر، هەموو هاوکێشەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. ناکرێت تا دوێنێ، هیچت نەبووبێ، ئێستایش بە ناڕاستەوخۆ، داوای دەوڵەتۆکەیەکی رەیعیی بکەیت لەناو دەوڵەتدا و پاسەوانیی لە سامانە سروشتییەکانی سوریا بکەیت بۆ هێزە بیانییەکان و ئەم بیانووانەش بۆ ئەوە بن کە لە تەڕ بخۆن و لە وشک بخەون. لە پاڵیشەوە، پشکیان لەو نەوت دزیینەی سوریادا هەبێت، رێک وەکو شۆڕشگێرە فاسیدەکانی کوردایەتیی لە کوردستانی عێراقدا، پاساو بۆ فرۆشتنی نەوتی قاچاغ بهێننەوە.

هەندێک مێنتاڵیتی سیاسیی هەن کە پەروەردەی حیزبییان لە ستالینیزمەوە نزیکە، هەمیشە دەڵێن کوردەکانی سوریا نابێ رەخنەیان لێ بگیرێت وئەوان کاری خۆیان باش دەزانن. ئەمە جگە لە عونجوهییەتی ستالینیی، شتێکی تر نییە. پرۆسێسی جێکەوتبوونی نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییان، لە باری سیاسیی، مێژوویی، زمانیی و کولتوورییەوە، کاتێکی زۆری دەوێت، لای کەم صەدان ساڵی دەوێت، ئێستا کوردەکانی سوریا کە بە کرمانجیی سەروو، دەدوێن و بە لاتینییش دەنووسن، لەگەڵ ئەم کرمانجیی ناوەڕاستەی ئێمە پێی دەنووسیین( ئارامیی-عەرەبیی)، جگە لەوەی نەژادمان یەکە، بە تەواویی بەرەو دوو زمانی جودا( نەک وەکو هەندێ کەس دەڵێن دوو ستاندەرد) هەنگاو دەنێین و لە ئاییندەی نزیک و دووریشدا، ئەم جیابوونەوە زمانییە، شەقڵی سیاسیی، کولتووریی و زمانیی زیاتری تێدەکەوت.

رێک وەکو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان زمانی تورکیی، ئاذەریی، تورکمانیی، ئۆزبەکیی…تاد، یان لە نێوان فارسیی، دەریی و طاجیکییدا هەیە. ئەم کورتەیەم بۆ ئەوە بوو کە کوردەکانی سوریا و ئێمەی کرمانجیی ناوەڕاست، شتی یەکتر زۆر بە کەمیی دەخوێنینەوە، بەڵکو لە رێگەی زمانی عەرەبییەوە، وەکو زمانی هاوبەش، لەیەک دەگەین. ئەوەی هەمانە بەشێکی وەکو رەگێکی نەژادیی تێماندا هەیە و هەردوولامان خۆمان بە کورد ئەژمار دەکەین. بە واتایەکی تر، لە جوغزی نەژادییەوە، کوردین.
ئەصڵی مەطڵەبیش ئەوەیە هەر رەخنە و سەنایەکیش بکرێن، دەبێ یان لە رێگەی زمانێکی ترەوە بێت، یاخود کەسێک بە تایبەت پێیان بگەیەنێت. هیوادارم ئەو هەموو خەڵکەی خۆیان بە ئاپۆچیی دەناسێنن، رەخنەکانیشیان وەکو سەناکردنەکان، پێ بگەیەنن.

وێڕای هەموو ئەو هاودەنگیی و پەرۆشییەی میلیۆنان کوردی کوردستانی عێراق و ئێران بۆ کوردەکانی سوریا هەیانبوو و هەیانە، بەڵام نابێ “سوء الاستفادة” لەو هاودەنگییە وەربگیرێ، بەڵکو دەبێ گوێ لە رەخنەکانیش بگرن و بەرەو هەمان تەجروبەی فاشیلی کوردستانی عێراق، لە ژێر وەهمی دەستکارییکردنی نەخشەی ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی سایکس پیکۆ …تاد، جڵەوی عاطیفەی سیاسیی و حەنینیان بۆ پارەی رەیع و نەوتفرۆشیی قاچاغ نەجوڵێت و تەواوی تەجروبەکەیان نەخەنە مەنگەنەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانییەوە. دونیای سیاسیی ئێستا، دونیای سەردەمی باڵادەستیی تەنیا دوو زلهێزی جیهانیی ساڵانی سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم نییە کە تەنیا فڕانس و بریتانیا، بڕیاردەربوون. ئێستا روسیا، چین( صین) و ئەمێریکایش هەن و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیان، زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە بە فەنتازیای نەژادیی و وەهمی کوردایەتیی، چاوەڕووانیی ئەو گۆدۆیە بکەیت کە دەستکاریی نەخشەی ناوچەکەت بۆ دەکەن.
لە ماوەی نییو صەدەی رابردوودا، ئەو پێنج وڵاتە، تەنیا لە پرۆژە عەسکەریی و ئەتۆمییەکاندا، چەندیین تریلیۆن دۆلاریان، خەرج کردووە، هیچیان ئامادە نیین بۆ ویستی ئەویتریان تەنازول بکەن، تا وڵاتێکیان یان دووانیان، غەزەل لەگەڵ حەز و خولیای رەیعیی هەندێ قیادەی عەسکەریی کورددا بکەن و خەلانۆچکەیەکی شێخنشیینیی یان ئیمارەتێک بۆ قیادییە عەسکەرییە”پرۆ”کانی خۆیان لە ناو سوریادا، رۆ بنێن.

کوردەکانی سوریا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیان لە عەفرین کرد، چونکە دەیانوسیت پۆز بەسەر روسیا و سوریادا لێ بدەن، سەرەنجام لەسەر صینییەکی زێڕیین، روسیا بۆ ئەجێنداکانی خۆی، پێشکەشی تورکیای کرد. باشترە بۆ کوردەکانی سوریا، بە کەمتریین دەسکەوتیش بێت لەگەڵ سوریا و روسیادا مامەڵە بکەن و چییتر خۆیان خۆشخەیاڵ نەکەن بە ئەمێریکا، سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیل..تاد. مافی سیاسیی نەتەوەیەک، بە کۆنترۆڵکردنی چەند کێڵگە نەوتێک بە دەست نایەت.
شەرعییەتی نێودەوڵەتیی بۆ دەوڵەتی ناوەندە کە دەست بەسەر سامانە سروشتییەکانیدا بگرێت، نەک بۆ هێزێکی وەکو قەسەدە کە بە صەدەقە چەک و تەقەمەنیی دەدرێتی. پێش ئەوەی گەلانی سوریا و ناوچەکە زیاتر رق و قیینیان بەرامبەر قەسەدە هەڵسێت، باشترە بە قەرارێکی سیاسیی جەرییئانە، دوور لە هەژموونی ژەنراڵە عەسکەرییەکان کە بوونە بە پرۆ-ئەمێریکایی، بڕیارێکی سیاسیی عەقڵانیی لەم بێسەروبەرییە بدەن و بۆ حەبلی لۆژیکی سیاسیی بگەڕێنەوە.

بە کورتییەکەی چارەنووسیان لە دیمەشق و حەڵەب یەکلا دەکرێتەوە نەک لە شوێنانی تر. لە باری باڵانسی عەسکەرییشەوە کە روسیا وەکو تەنیا وڵات لە دونیادا، خاوەنی چەکی هاپیەرسۆنیکە(hypersonic )، نەک هەر دەستبەرداری سوریا نابێت، بەڵکو دوای ئیدلیب، لە هەوڵی گەڕاندنەوەی کوردستانی سوریادا دەبێت، بە شەڕ بێت یان بە ئاشتیی، ئەمە دەکات. باشترییشە، قەسەدە، ئەم دەستپێشخەرییە بکات و بیانووی تورکیا، بە یەکجاریی ببڕێت و خۆیشیان لە چاوەڕووانیی گۆدۆ، رزگار بکەن.




ئایا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، گەرووی هورمزێکی تر دروست دەبێت؟ …ڕۆندک فارس

ئەو دروشمە بەناوبانگەی دەڵێت:واقیعی بە، داوای مەحاڵ بکە، بەڵام بۆ سیاسەتی بەرێوەبردنی ووڵات، پێویستە ئەم ووتەیە وا بنوسرێت: واقیعی بە ، چاوەڕێ ی مەحاڵ بکە.
جیۆپۆڵەتیک تەنها بە مانای پەیوەندی یە نێو دەوڵەتیکان نایەت، بەڵک و ئامرازێکە، بۆ دیاریکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە ئایندەدا دەیانبینین، شێوازێکی تایبەتی جیهانی یە کە هەریەکە لە نەتەوەکان و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەکاریدەهێنن بۆ دەسنیشانکردنی شێوە و پێکهاتەی داهاتووی سیستەمی جیهان.
لە کۆتایەکانی 1946 دا، ململانێ و ڕوبەروبونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ویەکێتی سۆفیەت، هەرچوار لای یەکێتی سۆفیەتی گرتەوە، لە دوای جەنگی سارد سنوورە سێ لایەنەکەی یەکێتی سۆفیەت پێک هاتبوو لە بەشە ئەوروپیەکەی، واتە سنوورەکەی نەرویج بۆ کۆماری چیک، بەشە ئاسیایەکەی کە لە دوورگەکانی لە سنورەکانی ژاپۆنەوە دەستی پێدەکرد تا دەگەیشتە چین، بەشێ سێەمیش لە باکووری ئەفغانستانەوە دەستی پێ دەکرد تاوەک و یوگوسلاڤیا، مەبەست لێ ی(باکووری ئەفریقاو باشووری خۆڕهەڵاتی ئاسیا، نیمچە دوورگەی عەرەب).
دوای کۆتایهاتنی هەژموونی یەکێتی سۆفیەت، ناوچەکانی یوگسلاڤیاو تا ئەفغنستان، بە تەواوی شڵەژا، پێکهاتەی ئەم ناوچەیە لە ڕووی دیمۆگرافیاو ئایدۆلۆژیاوە، ناوچەیەکی زۆرینە موسڵمان نشینە و پڕە لە ڕەگەزوو نەتەوەیی جیاجیا.
کۆتایی هاتنی جەنگی سارد بۆ ئەمریکا، بە سەرکەوتن بەسەر دوژمنی ئایدۆلۆژیاو جیۆپۆلەتیکی بوو، بەجۆرێک دەکرێت ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا بە پەلهاوێشتنی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵات و ناوچەی قەفقاز وئاسیای ناوەراست، بە مەبەستی پەرەپێدان بە ئابووری ئەمریکاو کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی لەم ناوچانەدا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە مەیدانی داڕێشتنەوەی هاوکێشە سیاسی ئابووریەکانی ئەم جیهانە دەناسرێت، هۆکاری گرنگی پێدانی زلهێزانی ئابووری بۆ ناوچەکە، دەگەرێتەوە بۆ دەوڵەمەندی ناوچەکە لە ڕووی جیۆپۆلیتیک و سەرچاوەی ووزە، بۆیە هەمیشە پێشبینیەکانی ئابووری و داهاتووی هەروولاتێک پابەندە بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و رێژەی باڵا دەستی وولاتانی ڕۆژئاوا و روسیا وچین بۆ ئەم مەیدانە گەرمەی دەستەڵات، بۆ کۆنترۆلکردنی هێزە دەریایەکان.
گۆڤاری فورین پولیسی لە گوتارێکی لە حوزەیرانی 2012 ، لە ئێران گەروی هورمزی بە ئیمبراتۆرێتی عوسمانی و ( دەردەنیل) بەراورد كردبوو تیایدا، ئەم ناوچەی بە خاڵی خنكانی دەستەڵاتی ڕووسیا لە ڕابردوودا پێناسکردووە، هەر بۆیە بەهۆی بەردەوامی ئەو پشێوییانەی ڕوو لە گەروی هورمز دەكەن، ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەدوای جێگرەوەی ترەوەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ئەوروپا وڕۆژئاوا.

بەنمونە شانشینی سعودییە بیر لە هێڵی بۆری نەوتی نوێ دەكاتەوە بەرەو سەڵتەنی عومان و یەمەن ، عێراقیش دەگەڕێتەوە بۆ زیندووكرنەوەی هێڵی بۆرییەكانی لەگەڵ سوریا كە ڕێگایەكی نوێیە بۆ گواستنەوەی نەوت بەرەو دەریای ناوەراست، لە درێژەیە بابەتەکەدا، ئاماژە بەوە دەكات كە دابەزینی جوڵەكان لە گەروی هورمز ڕێگا خۆشدەكات بۆ ڕۆژئاوا بۆ بوژانەوە و دۆزینەوەی تر ئەمەش بە لە چوارچێوەدانی ئێران ڕێگەیەکی ئەستەم ودوور نابێت.
گرنگی ستراتیژی ئەم گەروە لەوەدایە کەتەواوی وڵاتانی نەوتفرۆشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبەستێتەوە بەبازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکور، بۆیە بەدرێژایی مێژوو وەک هەرشەو کارتێک بۆ یەکلاکردنەوەو دروستبوونی هاوپەیمانی نویێ بەکار هاتووە.
بۆیە ئامانج لەم بابەتە، خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خستنەرووی ئەگەرەکان وگەڕانە بەدوای پارچە پەرتبووەکانی نەخشەی گەرووی هورمزێکی ترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانە لە بازاڕەکانی جیهان دا.

  1. کاریگەریەکانی داخستنی گەرووی هورمز، بەسەر بازاڕی نەوت لە جیهان دا
    ناوچەی کەنداوی فارس خاوەن بایەخێکی جیۆپۆلیتیکیە، ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی یە، وە دەوڵەمەدنی ناوچەکە لەرووی پاشکەوتی نەوت و خاوەنداریەتی سێ بەشی یەدەگی نەوت، وا لە ئێران دەکات ڕۆڵی دەوڵەتی ڕیبەر ببینێت لە ناوچەکەو جیهاندا، سیاسەت وهەڕەشەکانی ئێران بەدەستگرتن بەسەر کەنداوی فارس و فشارخستنە سەر کەنداوی عەرەب ودەریایی ناوەڕاستە.

    بەرژەوەندیەکانی ئێران لە کەنداوی فارس و عێراق دا پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە، بەهۆی گرنگی سنوریەکەوە، ئێران دەرفەتێکی باشی لەبەردەم بووە، بۆ پێشخستنی ئابووری یەکەی، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئایدۆلۆژیای جیهانی ئیسلامی، ناچار بووە هەندێک لەو سەرچاوانە تەرخان بکات بۆ پشتیوانی گروپە چەکدارەکانی شیعە لەدەرەوەی سنوورەکانی، بۆ ململانێ یە بەردەوامەکانی لەگەڵ واشنتۆن.
    دوای پەرەپێدانی ئێران بە بەرنامەی ئەتوومی و دەستێوەردان لە لە کاروباری ناوخۆی وولاتانی دەوروبەری، بە تایبەت لبنان، سوریا،عێراق، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڕیار کشانەوەی لە رێکەوتنامەی ئەتۆمی ئێران دا. ئەم بڕیاڕەی سەرۆکی ئەمریکا، کاردانەوەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایان ئێران، چەندین سیناریۆی بۆ بازاڕەکانی ئابووری وولاتانی ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە.
    ئایا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە؟ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە کاریگەری دەبێت بەسەر بازاری نەوت؟
    بەدرێژایی سەدەی بیست ویەکەم ،داخستنی گەروووی هورمز بەیەکێک لە ترسناکترین ریسکەکانی جیۆسیاسی بۆ سەر بازاڕی نەوت دادەنرێت.

    ئەگەری داخستنی گەروی هورمز وبەندەری مەندەب، تەنها کاریگەری نابێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، بەڵک ودەبێتە هۆی پەرچەکرداری جیهانی بە تایبەت بەریتانیا وفەرەنساو ئەڵمانیا، وەستانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا ئەوروپا، ئەمریکای باکوورو زەریایی هیندی.
    مێژووی داخستنی کەنداوی فارس لەهەمبەر راگرتنی هەناردەی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەریەک جەنگەکانی وولاتانی عەرەبی وئیسرائیل لە ساڵی 1973، جەنگی نێوان عێراق وئێران، ئەوە دەسەلمێنن کە تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گرنگترین یاریزانە نەوتیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وباکووری گۆی زەویدا بوون، بەڵام لەسەردەمی نوێدا، بەرهەمهێنانی نەوت لەنیوەی باشووری گۆی زەوی دەبێت.
    لە بارەی نرخی نەوت لەزانستی ئابووری دا، ئاڵوگۆری بازرگانی نەوت بۆ ئەوەی بەهای خۆی بپارێزێت لە بازاڕەکاندا، پێویستی یاریکردنە بەنرخ هەیە لەهەر کاتێک دا.
    گەمارۆیەکانی وولاتانی عەرەب بۆ سەر وولاتانی خۆرئاوا، زەنگێکی مەترسیدار وهۆکارێکی لۆژیکی بوو، بۆ ئەمریکا بۆ دامەزراندنی یەدەگی ستراتیجی نەوت، ئامانج لەم دامەزراوەیە، کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، هەربۆیە توانەیەکی لە زێدە بەدەری ئەمریکا بۆ کەمکردن یان زیادکردنی بەرهەمهێانی نەوت و خستنە بازاری نەوتی یەدەگی ئەمریکی لەڕێگای کۆمپانیکانی عەمبارکردنی نەوەتەوە، بنەمای سەرەکی هێشتنەوەی هاوسەنگی بازاری نەوتە لەگەر کاتێکی نەخوازراو، بە واتایەکی تر ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێتەوە، ئەمریکا دەتوانێت، کۆنتڕۆلی بازار بکات، نرخی نەوت دابەزێنێت.
    بە پێ ڕاپۆرتی بلومێرگی ئەمریکی ئەگەر کەنداوی فارس وبەندەری مەندەب دابخڕێت، دەبێتە هۆی کەم بووەنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت وبەرزبوونەوەی نرخی نەوت 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک، بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی بۆ دوو هێندەی نرخی ئیستای، لەهەمان کاتدا پێشبینی زیادبوونی هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر تۆڕەکانی سعودیە ئیماڕات.

    لەنۆڤێمبەری مانگی ڕابردوودا، ئاژانسی ووزەی نێوەدەوڵەتی لە ڕاپۆرتێک دا، ئاماژە بەوە دەدات، خواست لەسەر بەکاربردنی نەوت زیا دەکات لە ماوەی نێوان 2017-2040 بەڵام بەشێوەیەکی هەڵبەزوو دابەزینی بەردەوام، ڕاپۆرتەکە دوو هۆکار بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەستنیشان دەکات:
    یەکەم، گۆڕانکاریە جیۆگرافیەکان کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە رێژەی ٪3 تا ساڵی2027، لەدوای دا بۆ نزمترین ئاست بەشێوازێکی چاوەروانەکراو.
    دووەم، ئاڵوزی وململانێ نێوان دووجەمسەرەی هێزی سەدەی بیست ویەک و ناسەقامگیری وئاسایشی ژێرخانی ڕۆهەڵاتی ناوەراست بەهۆکاری سەرەکی کەمی گەشە ئابووری دادەنێت لە چەن ساڵی داهاتوودا.
    لە هەمان کاتدا، ناوەندی جیۆپۆلیتیکی نێودەوڵەتی ، پێشبینی زیادبوونی خواستی نەوت تا ساڵی2025 دەکات، دوای ئەو ماوەیە خواست کەم دەبێت، واتە بارودۆخی ناوچەکە کاریگەری لەسەر بازارەکانی جیهان دروست دەکەن.

    لەسەردەمی جیهانی مۆدێرن وپێشڤەچوونەکانی ئابووری جیهانی بە تایبەت لە بواری نەوت و ووزە دا، رێژەی گەشەی ئابووری زۆر کەمترە، بە بەروارد بە هێزی گەشەی ئابووری وبەکاربردنی نەوت لە سەردەمی رووخانی یەکێتی سۆفیەت ، بەتایبەت دوای ئەندامبوونی چین لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە 2001 دا.
    تێکڕای ڕێژەی گەشەی ئابووری جیهانی ساڵانە بە ڕێژەی٪3 دەخەمڵێنرێت لە نێوان ساڵەکانی 1947-1991، بە واتایەکی تر، گەشەی ئابووری جیهانی دوای رووخانی یەکێتی سۆفیەت تا پێش سەرهەڵدانی جەنگی دژی تیرۆر تەنها0.4 بووە.
    شیکردنەوەی ناوەندی جیۆپۆلیتیکی جیهانی بۆ ئەو جیاوازەیی گەشەی ئابووری لە ماوەی ڕابردوو و ئێستا، بریتییە لە نزمبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی نەوتی جیهان، هەروەها پێشبینیەکانی جیۆپۆلیتیکی بۆ گەشەی ئابووری جیهان لە ساڵانی 2017 بۆ 2040 کەمبوونەوەی زیاترە.

  2. رێکەوتنی نێوان تورکیاو لیبیا، کاریەگەریەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رێکەوتنی نێوان تورکیاو حکومەتی تەوافقی لیبیا لە 27 ی دیسێمبەری 2019 دا، کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیەوە هێناوە، بەتایبەت لە لایان هەریەکە لە ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا. ڕێکەوتنێک لە کاتەدا بۆمبێکە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆکاری دەرخستنی چەندین ڕێکەوتنامەی شاراوەی نێوان وولاتانی کەنداو ئەمریکا لە ئۆراسیاو باکووری ئەفریقا.
    تورکیا وولاتێکی گرنگە لە رووی جیۆپۆلتیک و بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپا، بۆیە نێچیڕیکی گەرمی ململانێ ی ڕوسیاو ئەمریکایەو بۆ دارشتنی هڵی گواستنەوەی ووزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وولاتانی ئەوروپا.

    دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی ، هیچ حزبێکی دەستەڵاداری ئەو وولاتە نەیتوانیەوە شکۆمەندی بۆ وولات بگەڕێنێەوە، بەڵام ئەوەی ئیستا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیکات کارتێکی بەهێزە بەرامبەر بە ووڵاتان، هەرچەندە ئابووریەکەی هەرەشەیەکی زۆری لەسەرە،بەڵام تورکیا لە رێگەی بەدەستهێانی سۆزی هاولاتی تورکیا بۆ شکۆمەندی دەوڵەتی تورکیا ، بەرامبەر بە ئەندامبوونی لە پرسی ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپاو باڵا دەستی لە ڕۆژهەلاتی ناوراست و شەڕی پەیرەوی ئیخوانی لە ناوچەکەدا ، توانیویەتی تا ڕادەیەک ببێت بە کارت فشاری بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانی.
    فراوانبوونی هاوپەیامنێتی نوێی نێوان یۆنان وئیسرائیل میسڕ لە کۆڕبەندی گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ولەم دوایانەدا، دورخستنەوەی تورکیا لەوهاوپەیمانێتیە، مەترسیەکی گەورەیان بۆ ئابووری تورکیا دروست دەکرد، هەربۆیە بۆ ڕیگە گرتن لەو هاوپەیمانێتیە دووبارە سەپاندی هیزی جوگرافی تورکیا، سەرک کۆماری تورکیا ڕیکەوتنێکی دەریایی لە گەڵ لیبیا واژوو کرد هەر رۆژێک دواتر پەرلەمانی تورکیا ڕێکەوتنەکەی پەسەند کرد.
    لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست تورکیا تاکە وولاتە کە هەرچەندە ووڵاتێکی بەرهەمهێانی ووزە نیە، لە کاتێک دا ٪95 سەرچاوەی ووزەی هاوردە دەکات، ساڵانە بڕی 5 ملیارد دۆلار خەرجی ئەو ووڵاتەیە بۆ هاوردەکردنی ووزە، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە بەکارهێنانی هێزی جیۆسیاسی وولاطەکەبۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بەگواستنەوەی سەرچاوەی ووزەی ووڵاتان بۆ بازاڕەکانی جیهان.
    دوو سیناریۆ هەن بۆ شرۆڤەکردنی ئامانجی تورکیا لەو رێکەوتنە:
    یەکەمیان ، دەگەرێتەوە بۆ گرژی وپەیوەندیەکانی تورکیا لە ئاست وولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە دەکرێت لە خاڵانە ئاماژەیان پی بدەین:

    • لیبیا دوای رووخانی حکومەتەکەی قەزافی ناسەقامگیری بارودۆخی لیبیا، ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و، لەسەر ئاستی کیشوەری ئەفریقا خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتەو، ٪2.9 نەوتی یەدەگی جیهان پێک دەهێنێت، هەروەها چوارەمین وولاتە لەسەر ئاستی ئەفریقیا لە رووی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕێژەی 0.8٪ گازی سروشتی یەدەگ پێک دەهێنێت لە جهیاندا.
    • بەپێ رێکەوتنی نیودەوڵەتی دەریایی ساڵی 1982، تورکیا تەنها خاوەنی 12 میلە لە ڕووی دەریاییەوە، ئەو مەوداییەی دەریا هیچ سەرچاوەیەکی ووزە بوونی نیە، بۆیە دەیەوێت پەرە بە بەدەروازە دەریاییەکانی بدات، بەتایبەت ئەو ناوچەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە لەگەڵ لیبیا بە مەرکەزی سێگۆشەی نێوان هەریەکە لە قوبرس و ئیسرائیل ویۆنان دادەنرێت لە رووی وزەوە، واتە ڕۆژهەڵات وباشوری قوبرس نەک قوبرسی باکور کە نزیکە لە تورکیاوە، دەستەڵاتدارنی تورکیا بە مەملەکەتی ماڤی ( گەرووی هورمزی نوێ) ناوی دەهێنن، کە لە دەریایی ئیجەو دەریای ناوەڕاست سەرچاوەی گرتووە.
    • ئەم رێکەوتنە دەبێتە هۆی هاتنە دی ئامانجی لە مێژینەی تورکیا بۆ وەبەرهێنان لە بواری پەرەپێدان وبوژانەوەی لیبیا لە بواری کۆنستراکشن، کە ئەمە دەبێتە هاوکارێکی گرنگی بوژانەوەی ئابووری تورکیا بۆ دەستبەکاربوونی کۆمپانیا جیاجیاکنی تورکیا جگە لە سێکتەری نەوتی لە خاکی لیبیا.
    • بوونی تورکیا لە لیبیا دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگی پڕۆژەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خزمەتکردنی هزری ئیخوان وگروپەکانی سەر بەم رێبازە، زیندووکردنەوەی عوسمانیەتی نوێ بۆ پاڵپشتی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا، ئەم نزیک بونەوەیە دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سنورەکانی قاهیرەو حکومەتەکەی سیسی لە ڕووی فکریەوە.
    • ڕێکەوتنەکە لەکاتێک دایە کە حکومەتی تەوافی نێودەڵەتی لیبیا، بەردەوام سکاڵای ئاراستەی ئەو ووڵاتانە کردووە کە هاوکاری و چەک پێشکەش بە گروپی بەناو سوپای لیبیا بەسەرکردایەتی کەلەلایان خەلیفە حفترەوە دەکەن، بۆیە لە رووی پاڵپشتی سیاسی ووڵاتی هاوکاری تورکیا بۆ حکومەتی تەوافقی بەروارد بەهاوکاری سەربازی هەریەکە لە ئیماڕات ومیسر زۆر کەمترە بۆ گروپی سوپای لیبیا، بۆیە تورکیاو لیبیا پێ یان وایە، لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنە فەرمی یە دەتوانرێت تورکیا وەک هاوپەیمانی فەرمی بناسرێت لە رووی دابینکردنی هاوکاری سەربازی، بۆ ڕوبەرووبەنەوەی گروپە چەکدارەکان، بۆ ئابووری تورکیاش پێدانی چەک بەرامبەر بەگازو نەوتی لیبیا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت.
    دووەمیان: لەسەر ئاستی پەیوەندیەکانی تورکیاو بەیەکێتی ئەوروپاو ئەندامیەتی تورکیا لە ناتۆ:
    • کاتی رێکەوتنی دەریایی نێوان تورکیا لیبیا، گۆڕانکاری لە زۆربەی هاوکێشە سیاسەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات، چونکە بارودۆخی ئێستای یەکێتی ئەوروپا و ململانێ ی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بە گشتی و سوریا بەتایبەتی، هەوەها ناڕوونی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا وئامانجەکانی فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دوای ڕوداوەکانی ئۆکتۆبەر لە سوریادا، فاکتەری گرنگن بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر گۆڕانکاریەکی وولاتانی ئەوروپاو ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا.
    • ئەو ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی بڕینی هێلی گواستنەوەی گازی دۆزراوەی قوبرس بە هاوپەیمانیەتی هەریەکە لە ئیسرایل ویۆنان وقوبرس ومیسر، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکی فەرمی دا ئاماژەی بەوەدا هیچ گازێک لە ناوچەیدا ناتوانێرێت هەناردەی هێچ وولاتێک بکرێت بە بێ تورکیا، ئامانجی وتارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا قوبرس ویۆنانکە ئەندامن لە یەکێتی ئەروپا، کەواتە ئەردوغان کارتێکی تری فشار جگە لە پەنابەران دژی ئەوروپا بەکار دەهێنێت ئەمەش کاریگەری لەسەر داوکاریەکانی تورکیا بۆ ئەوروپا دروست دەکات، بەتایبەت دوای هەولێستەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە تورکیا لە رووداوەکانی سوریادا.
    • دوای باڵا دەستی ڕوسیا لە سوریادا، لیبیا بۆ ڕوسیا دەرچەیەکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ڕکابەرایەتی ئەمریکا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەر بۆیە دوای ڕووخانی حکومەتی قەزافی، ڕوسیا پاڵپشتی گروپەکانی سوپای لیبیای کردووە، هاوکاری سەربازی پێشکەشکردوون، ئەمەش بۆتە جێ ی نیگەرانی ڕاستەوخۆی ئەمریکیا لە ناوچەکەدا، چونکە بەهێزبوونی باڵ دەستی روسیا لە ناوچەکەدا بەربەستی سەرەکین بۆ ئەمریکا، بەلام ئەمریکیا نەیویستوە ڕاستەوخۆناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر ڕوسیا ڕابگەینێت، هەربۆیە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە کە ئەندامی ناتۆیە، ئەم ڕیکەوتنە ئەنجام بدات.
    • مەترسیەکانی باڵادەستی ڕوسیا لەلیبیا بۆ ئەمریکا، کەم نین، چونکە ئەو هێزەی کە روسیا پاڵپشتی دەکات لە لیبیادا، لەلایان هەریەکە لە ئیماڕات ومیسڕ بە ڕاستەوخۆیی فەرەنسا بە ناڕاستەوخۆیی دەکرێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر نزیکبوونەوەی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕوسیا، وەهەروەها هێرشی بەردەوامی گڕوپەکانی سوپای لیبیا بۆ سەر حکومەتە دانپێنراوەکەی لیبیا لەلایان نەتەوەیەکگرتوەکان ، پێشبینی جەنگێکی خوێناویتر لە سوریا دەکرێت.
    • بەهۆی جەنگی سوریا لە ڕووی سەربازیەوە زیانی بەر ئابووریەکەی کەوتووە بۆیە بە بوونی لەو ناوچانەی لیبیا، دەسکەوتی باشی ئابووری دەبیت، بەهەمان شێوە بۆ فەڕەنسا.
    • ئەگەر تورکیا کەشتیەکانی لە رێگەی ئەم هێلەوە ئارستەی لیبیا بکات، ئەوا ئیسرائیل ویۆنان وقوبرس دەست وەستان نابن، هێرش بۆ سەر کەشتەکانی دەریای دروست بکەن ، دووبارە شڵەژان لە بازاری ئابووری دروست دەبێت.
    • گەشەسەندنە بەردەوامەکانی چین لە جیهان بە گشتی وکیشوەری ئەفریقیا بە تایبەتی ، دووبارە گڕژی لە نیوان چین و ئەمریکادا دروست دەکات، چونکە دوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی ئاستی وەبەرهێانی چین لە لیبای قەبارەکەی ڕۆژ دوای ڕۆ لە زیادبووندایە.
    • ئەمریکا بە بێ دەنگی و هاوسەنگی ڕاگرتنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی نێودەولەتی لیبیا وگڕوپەکانی سوپای لیبیا، تورکیا و قەتەر، وەک بەردبازێک بەکار دێنیت، بۆ سستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیاداو، بەتایبەت لە بابەتی سیستەمی موشەکی.

ئەنجام:

  1. بەهۆی گرنگی ستراتیجی تورکیا، دەکرێت ئەم ڕێکەوتنە فشارێکی تری ئەنقەرە بێت، بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ، دژ بە ڕێکەوتنەکەی ئیسرائیل ووولاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام کارتی فشاری ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی گاز بۆ بازارەکانی ئەوروپا.
  2. ئایدۆلۆژیاو جوگرافیاو دیمۆگرافیاو کەلتور ، سەرچاوەی هێزو ئایندەی هەر وولاتێک دیار دەکات، بۆیە قوڵبوونەوەی ململانێ یەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، کاریگەری بەسەر نرخی نەوت وگاز دروست دەکەن، بە تایبەت ئەگەر ڕیکەوتنی تورکا ولیبیا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نرخی گاز بەرزدەبێتەوە بەمەش کار دەکاتە سەر بازاڕەکانی گاز لە ئەوروپادا، لە هەمان کاتدا بۆ ئەمریکا لیبیا رێگەیەکی ستراتیجی دەبێت بۆ هەناردەکردنی گازی هورمزی نوێ بۆ بەندەرەکانی سینا ولەوێشەوە بۆ ئەفریقا، ئەم سیاسەتەی ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەی فشاری ئێران لەداخستنی گەرووی هورمز
  3. خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەم دوایەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئۆراسیا، ئەوە دەر دەخات، کە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی ئەمریکا دوای جەنگی جیهانی دووەم بریتی یە لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە ئاوەیەکانی گواستنەوەی سەرچاوەکانی ووزەیە بۆ بازارەکانی ئەوروپاو ئەمریکای باکوور، لە رێگەی کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەوروپاوئەفریقای باکوور.
  4. ئەمریکا دوای جەنگی ڤێتنام لە رێگەی جەنگی بەوەکالەت، هەوڵدەدات، ئیحتوای دەوڵەتانی ناوچەکە بکات، بۆ کۆنترۆڵکردنی هێلەکانی گواستنەوەی ووزە، بۆ ئەوروپا، بۆیە لەرێگەی پۆڵەنداوە، هاوکاری هەر لایەنێک دەکات بۆ دروستکردنی هەرەشە بۆ سەر ئەوروپا.
  5. کۆنترۆڵکردنی ئۆراسیا، واتە کۆنتڕۆلكردنی هەموو دونیا، چونکە تەنها ناوچەیە کە دەتوانێت حوکمی ناوچەی ناوەراستی پێ بکەی.
  6. دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆنتڕۆلکردنی هێزە سنوورە دەریاییەکانی زەریای هیندی بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ باکووری ئەمریکا.
  7. سیاسەتی پەیوەندی دبلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیاک، کاریگەر دەبن لەسەر دورخستنەوەی وولات لەهەر کات وساتێک دا.



له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆداوه‌ بۆ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی داكشانی شیعریی لای كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ئه‌زموونی شیعریی،ئه‌زموونێكه‌ له‌ گۆڕاندایه‌. كاتێ شاعیرێكیش هیچی نوێی پێ نامێنێ بۆ وتن، یاخود ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی له‌ جێی خۆی وه‌ستا، ئه‌وا جاری مه‌رگی خۆی ده‌دات. خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی شیعرو زمانێكی دیاریكراودا، ناتوانێت گوتارێكی دیكه‌ی شیعری جیاواز بێنێته‌ ئاراوه‌. یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زه‌ شیعرییانه‌ی وایكرد نیو سه‌ده‌ زیاتر شێركۆ بێكه‌س له‌ نێو ئه‌زموونی نووسینی شیعردا بژیت زمانه‌كه‌یه‌تی. شێركۆ به‌ بڕوای من هه‌ر ته‌نها شاعیرنه‌بوو، به‌ڵكو فه‌رهه‌نگێكیش بوو له‌ زمانی تازه‌ و وشه‌ی تازه‌. ئه‌گینا هاوشێوه‌ی گه‌لێك شاعیری تر، ده‌مێك بوو ده‌كه‌وته‌ په‌راوێزی مێژووه‌وه‌.
كه‌ زمانی شیعر جیاواز كه‌وته‌وه‌، ئه‌وا وێنه‌ و ماناش جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه‌. چونكه‌ شیعر زمانه‌. كاتێ سه‌یری شیعره‌كانی(ئێستا كچێك نیشتمانه‌)ده‌كه‌ین، ئاخۆ به‌ر هه‌مان ئه‌و چه‌مكی نیشتمانه‌ ده‌كه‌وین، كه‌ بۆ ساڵانێكی دوورو درێژبوو لای شێركۆ بێكه‌س ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بوو؟ یان به‌رگوتارێكی دیكه‌ی جیاواز ده‌كه‌وین؟ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌رمه‌بنای دنیابینییه‌كی نوێ و زمانێكی نوێی شیعرییه‌.زمانێك كه‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ به‌ره‌ و ئاراسته‌یه‌كی جیاوازتر له‌ پێشووده‌بات. كاتێ شاعیرهه‌ست ده‌كات ناتوانێت ئه‌و زمانه‌ تێپه‌ڕێنێت، بێگومان ئه‌و كات به‌ر ئه‌زموونێكی جیاوازترو نوێترناكه‌وین.

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، كاتێ سه‌رنج له‌ زمانی شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) ده‌ده‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین نه‌ك هه‌ر به‌رزمانێكی تازه‌ی شیعری ناكه‌وین، به‌ڵكو درك به‌ داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعریش ده‌كه‌ین لای ئه‌و خاتوونه‌ شاعیره‌.شیعره‌كانی ئه‌و دیوانه‌، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین به‌(به‌نده‌ری به‌رمۆدا) باشتر ئه‌و جیاوازییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.كۆمه‌ڵه‌ شیعری(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) نوێترین و دواترین كۆمه‌ڵه‌ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌ده‌.ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌و شیعرانه‌ بده‌ین،ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جۆرێك له‌ ساده‌بوونه‌وه‌ و پاشه‌كشه‌ی شیعریی، به‌ ئه‌زموونی ئه‌و خاتوونه‌وه‌ دیاره‌. به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی جێهێشتنی نیشتمان له‌ نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2018 نووسیونی.له‌ نێوان به‌نده‌ری به‌رمۆدا، كه‌ یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری ئه‌وه‌ و بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر چاپكراوه‌، له‌گه‌ڵ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی كه‌ نوێترین شیعره‌كانی ئه‌ون، جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ڕووی زمان و دنیابینی و گوتاری شیعره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆدا هه‌ن، له‌ ئاستی وێنه‌ی شیعری، چێژو شیعرییه‌ت، زۆر له‌ شیعره‌كانی ئێستای جوانترو سه‌رنج ڕاكێشترن، ئه‌گه‌ر چی دوو ده‌یه‌ش به‌ سه‌ر نووسینیاندا تێپه‌ڕیوه‌.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعری لای ئه‌و شاعیره‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ئه‌سته‌مه‌ به‌و شیعره‌ سادانه‌،جارێكی تر بتوانێت سنووری به‌رمۆدا ببه‌زێنێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، بیست ساڵ زه‌مه‌نێكی كه‌م نییه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرێكدا.ته‌نانه‌ت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌بێ به‌ جۆرێك بێت، خوێنه‌ر هه‌ست به‌ دیدگای نوێترو شیعری جوانترو هونه‌ریتر بكات، نه‌ك به‌ ئه‌زموونێكی شیعری ساده‌وه‌، جارێكی تر هه‌وڵبده‌ی خۆت بناسێنیته‌وه‌.له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆدا دا، ئێمه‌ ده‌نگی ژنه‌ شاعیرێكی یاخی، تووڕه‌، هاتییه‌وه‌ به‌ گژهه‌موو جۆره‌ بیر كردنه‌وه‌ و ترادیسیۆنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتوو ده‌بینین. له‌و شیعرانه‌دا، به‌رده‌نگی ژنێك ده‌كه‌وین كه‌ نه‌ك هه‌ر ژنبوونی به‌لاوه‌ شووڕه‌یی نییه‌، به‌ڵكو شانازییه‌كی گه‌وره‌ش به‌ ناسنامه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات.ده‌نگێك كه‌ زایه‌ڵه‌كه‌ی هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه‌. ده‌نگێك تا ئه‌و په‌ڕی سنوور، شه‌ڕی ناسنامه‌،ژنبوون،بوون و ژیان ده‌كات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی سڵ له‌ هیچ شتێك بكاته‌وه‌. له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆدا، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
ئاواتی من گه‌وره‌تره‌ له‌ وه‌ی به‌ ته‌نیا ئافره‌ت بم.
خه‌ونه‌كانم باڵاترن.
له‌ وسنوورو نه‌ریتانه‌ی.
له‌م دنیادا بۆم دانراون..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا12)

ئێمه‌ لێره‌دا، له‌ به‌رده‌م ناسنامه‌ی ژنێكین، كه‌ یاخی و تووڕه‌، به‌ گژ هه‌موو ترادیسیۆنێكی دواكه‌وتوو دادێته‌وه‌. ئه‌و شاعیره‌ سنووره‌ باوه‌كان ده‌بڕێت خه‌ونی مه‌زن و گه‌وره‌ی هه‌یه‌. خه‌ونێك كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌م دنیایه‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ دوای دنیایێكی دیكه‌شدا ده‌گه‌ڕێت.له‌و كۆپڵه‌ شیعرییه‌دا، ناسنامه‌ی ژنێك ده‌بینین، كه‌ مرۆڤبوونی له‌ پێشه‌وه‌ی ژنبوونیه‌تی.ئه‌م شاعیره‌ داكۆكی له‌ ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌یه‌وێت ئه‌و بڕوایه‌ لای هه‌مووان دروست بكات كه‌ ئه‌و به‌ر له‌ ژنبوونی مرۆڤه‌.ئاواته‌كانی ئه‌و، خه‌ون و خۆزگه‌كانی گه‌وره‌ترن له‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ونه‌ ڕۆمانسییانه‌ی كه‌ ژنان هه‌یانه‌. به‌ تووندی به‌گژ ئه‌و نه‌ریتانه‌ دێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگڕێژی ژیانی ژن ده‌كه‌ن و بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ كولتووری میللییانه‌ی كۆمه‌لگا. ده‌نگی ئه‌و شاعیره‌ له‌و شیعره‌یدا، ده‌نگی مرۆڤێكی یاخی وڕامنه‌كراوه‌، ده‌نگێكه‌ كه‌ ئاراسته‌ی هه‌مووان ده‌كرێت به‌وه‌ی كه‌ ژن ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك له‌ خزمه‌تی پیاو نه‌بینن،كه‌ژاڵ ده‌یه‌وێت ئه‌و دیدگایه‌ تێكبشكێنێت، كه‌ ژن له‌ شه‌ڕه‌فدا ده‌بینێت و شه‌ڕه‌فیش له‌ دڵۆپه‌ خوێنێكی ژن، بۆیه‌ ئه‌و نه‌ك هه‌ر دژی ئه‌و ڕوانینه‌یه‌، بگره‌ ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه‌، گه‌مه‌ به‌ ئه‌قڵی ئه‌وانه‌ش ده‌كات كه‌ ژن وه‌ك هێمای شه‌ڕه‌ف ده‌بینن.بۆیه‌ بیست ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر ده‌ڵێت:_

ئه‌وه‌تانێ كابرایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی..
له‌سه‌ر كورسی حه‌یاو ئابڕوم دانیشتووه‌..
قاچی خستۆته‌ سه‌رقاچی..له‌ پێ یه‌كدا..
سه‌د جار ده‌ڵێ به‌شه‌ڕه‌فم..
ئای له‌ شه‌ڕه‌فی ڕزیوی كابرایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی..
بێگومان ڕۆژهه‌ڵات لێره‌دا، هه‌رته‌نها ده‌لاله‌تێكی جوگرافی نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیشی هه‌یه‌. چونكه‌ پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتی، وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد شه‌ڕه‌ف له‌ جه‌سته‌ی ژن ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام شه‌ڕی شاعیر لێره‌دا، شه‌ڕی ئه‌و دنیابینیه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ناسنامه‌یه‌ك له‌ شه‌ڕه‌ف و ئابڕوو بۆ ژن بتاشێت. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، شاعیر دژی ئه‌و تێڕوانینه‌ میللییه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ ژن وه‌ك هێمای شه‌ڕه‌فی پیاو ده‌بینێت. چونكه‌ خاوه‌نداریه‌تییه‌كه‌ لێره‌ بۆ پیاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ئه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی. شاعیر دژی ئه‌و پاشكۆبوونه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و ناسنامه‌ی خۆی گه‌وره‌ترله‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ به‌ ته‌نها ژنێك بێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر، خاوه‌ن شوناسی خۆیه‌تی.به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌و, وه‌ك چۆن شه‌ڕه‌فی پیاو هی ژن نییه‌، بۆچی شه‌ڕه‌فی ژنیش هی پیاو بێت؟ كه‌لای ئه‌و ڕزیو و بۆگه‌نه‌ و دیاریشه‌ ڕزیو مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌كه‌ڵكی هیچی نییه‌.دوای بیست ساڵ له‌و ده‌نگه‌ یاخییه‌، له‌و شیعره‌ تووڕه‌ و جوانانه‌، بابزانین له‌ زمانی باڵنده‌دا ئه‌و شاعیره‌چی ده‌ڵێت؟.شاعیر دوای دوو ده‌یه‌، نه‌ك هه‌ر شه‌ڕه‌فی ڕزیوی پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕه‌تنه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو لاوازانه‌ش له‌ به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستێت.شاعیر پیاو وه‌ك هێمای ده‌سه‌ڵات و تووڕه‌یی و هێز پیشان ده‌دات و ژنیش وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی لاواز.ئه‌و له‌ زمانی باڵنده‌دا ده‌ڵێت:_
ئه‌گه‌ر ده‌ستی تۆم به‌ركه‌وێت. ڕوح ده‌كه‌یت به‌ به‌رما..
ده‌مكه‌یته‌وه‌ به‌ كچێك گه‌زۆی نازی لێ بڕژێت..
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا26)
بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ژنه‌ شاعیرێك، كه‌ سه‌رده‌مانێك شیعری وه‌ك هێمای یاخیبوون و هاتنه‌وه‌ به‌ گژ ئه‌قڵی پیاو سالاریی ده‌بینی، كه‌چی دوای بیست ساڵ هێنده‌ لاوازو ده‌سته‌مۆ له‌ ژیاندا خۆی ده‌ربخات. ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌، ئه‌و ده‌سته‌ی ڕوح ده‌كاته‌وه‌ به‌ری شاعیر، ده‌ستی هاوڕێ، یار، یاخود نیشتمانه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بێت یه‌كێكی تر بیكاته‌وه‌ به‌كچه‌كه‌ی جاران و خۆی ئه‌و وزه‌ و یاخیبوونه‌ی تێدا نه‌مابێت، ده‌توانێت شیعر بكاته‌ په‌یامی ڕزگاربوون بۆ ژنانی تر؟ مه‌گه‌ر ئه‌و شاعیره‌ دوو ده‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر ناسنامه‌ی خۆی، خه‌ونه‌كانی، له‌ ژنبوونی گه‌وره‌ترنه‌ده‌بینی؟جیاوازتر له‌وانیتر بیری نه‌ده‌كرده‌وه‌؟ كوا ئه‌و خه‌ونانه‌؟ بۆچی ئێستا هێنده‌لاواز، غه‌ریب و ده‌سته‌مۆ خۆی ده‌رده‌خات. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی دیاری گوتارو دنیابینی ئه‌و شاعیره‌ نییه‌. تا ئه‌وا ڕاده‌یه‌ی بڵێت:_
نه‌خێر ناتوانم ڕێگایه‌ك بدۆزمه‌وه‌.
له‌م شه‌وه‌ ڕووناكه‌ كوێره‌دا..
مه‌حاڵه‌ پێكه‌نین.
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا16)
شاعیر، ڕه‌هایانه‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌مووان به‌یان ده‌كات، كه‌ ئیدی ناتوانێت ڕێگایه‌ك بدۆزێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، به‌ نه‌خێر ده‌دوێت. واته‌ هه‌موو هه‌وڵدان و گه‌ڕانێك له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌كی تر،ئه‌نجامی نابێت و ده‌بێ ڕازی بێت به‌و قه‌ده‌ره‌ی بۆی داندراوه‌. بێگومان نه‌دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای تازه‌ش،واتا به‌ ڕێگادا ڕۆیشتنی ڕێگای هه‌موو ئه‌وانیتر، به‌مه‌ش هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌وێته‌وه‌ له‌ نێوان خۆی و ئه‌وانیتردا، له‌ كاتێكدا بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر،خه‌ونه‌كانی گه‌وره‌تر بوون له‌وه‌ی به‌ ته‌نها ژنێك بێت.كه‌چی دوای بیست ساڵ، ئه‌وشاعیره‌ به‌ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ده‌كات،كه‌ مه‌حاڵه‌ توانای پێكه‌نینیشی هه‌بێت.
دۆشدامانی شاعیر له‌دوای بیست ساڵ به‌ دیار ژیانه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕه‌تیده‌كرده‌وه‌،ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ پاشه‌كشه‌ی شیعری ئه‌و، هاوكات نه‌دۆزینه‌وه‌ی دنیایێكی دیكه‌شه‌. بێگومان تا له‌ سه‌ر شیعره‌كانیش بوه‌ستین،باشترئه‌ودنیابینیه‌مان بۆده‌رده‌كه‌وێت.له‌ په‌راوێزی ڕوانینمان بۆ به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری زمانی باڵنده‌م ده‌زانی هاتوون، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ كه‌ژاڵ، بیست ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر زۆر داهێنه‌رترو به‌تواناتربووه‌ له‌نووسینی شیعر.
له‌كاتێكدا هه‌رشاعیرێك له‌ ئه‌زموونی شیعری خۆیدا، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی گوتارو دنیابینی نوێ دابهێنێت وڕابردوو تێپه‌ربكات،باشتروایه‌ نه‌نووسێت.چونكه‌ خولانه‌وه‌ به‌ده‌وری شیعردا،هیچ داهێنانێكی لێ ناكه‌وێته‌وه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك شیعره‌كانی به‌نده‌ری به‌رمۆدام خوێندنه‌وه‌ و به‌راورد به‌ شیعره‌كانی ئێستای ئه‌و شاعیره‌م كردن،هه‌ستم كرد ئه‌وشاعیره‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی جێهێشتنی نیشتماندا، جگه‌ له‌ چه‌ند شیعرێك كه‌ زمانێكی ساده‌ و ئاسایی، بێ په‌یام و ناوه‌ڕۆك، بێ یاخیبوون و شه‌ڕی ژنبوون، هیچی تری نه‌نووسیوه‌. ده‌كرێ خوێنه‌رانیش بۆ دروستی ئه‌و بۆچوونه‌ی من، به‌راوردی هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كه‌ بكه‌ن.ئه‌و جیاوازییانه‌ به‌ ئاراسته‌ی پاشه‌كشێی شیعری به‌جۆرێكن،كه‌ هیچ خوێنه‌رێك ناتوانێت هه‌ستی پێ نه‌كات.وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م دووشاعیری جیای دووقۆناغ ودووسه‌رده‌می جیاوازبین.كه‌ژاڵ بیست ساڵ له‌ مه‌وبه‌رو له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆدا دا ده‌ڵێت:_

من ماڵێكم هه‌یه‌ له‌ سه‌ر مانگ…
گۆڕێكم هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ڕێی كاكێشان..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا114)

ماڵێكم هه‌یه‌ له‌ سه‌رمانگ،ده‌لاله‌تێكه‌ بۆ جیاوازكه‌وتنه‌وه‌ و خۆدابڕین له‌ هه‌موو ماڵه‌ كلاسیكییه‌كانی سه‌ر زه‌وی. بێگومان ماڵ، گوزارشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی و خێزانی، په‌تریاكی و میللی ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌میشه‌ له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌دا، ماڵ لای زۆربه‌ی ژنان وه‌ك زیندانێكه‌. شوناسی ژن له‌و چوارچێوه‌یه‌ دایه‌. ماڵ و ژن، زۆرجار ده‌بنه‌ دووانه‌یه‌ك كه‌ له‌یه‌كتری جیانابنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت تێڕوانینێكی خێڵه‌كی له‌ نێو ئێمه‌دا باوه‌ كه‌ ده‌ڵێن:( ژنێك بینه‌ باببیه‌ ماڵ). وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ژن، ته‌نها له‌و ئۆڕگانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دایه‌ كه‌ ناوی ماڵه‌. ماڵێك كه‌ تیایدا سنوور بۆ هه‌موو خه‌ون و سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌كی ژن ده‌كێشێت. شوێنی ئه‌و ته‌نها ماڵه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئیدی شوناسی ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م سڕینه‌وه‌ و ڕوشاندایه‌.بۆیه‌ كاتی ئه‌و شاعیره‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ماڵێكی له‌ سه‌رمانگ هه‌یه‌،ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وپه‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ماڵی من له‌ ماڵی هه‌مووتان جیاوازه‌.

من وه‌ك ئێوه‌ نیم و وه‌ك ئێوه‌ش ڕازی نابم به‌ ماڵێك له‌ سه‌ر زه‌وی كه‌ بۆم دروست ده‌كرێت.به‌ڵكو ماڵی من له‌ سه‌ر مانگه‌، كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك دووره‌، ده‌ستی هیچ كه‌سێكی نه‌گاتێ.ئه‌و ماڵه‌، هاوشێوه‌ی هه‌موو ئه‌و ماڵانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی هه‌ن.ماڵێكه‌ له‌سه‌ر مانگ كه‌ سه‌دان هه‌زار میل له‌ زه‌وییه‌وه‌ دووره‌.ئه‌م جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه‌،به‌رهه‌می ئه‌ودیدگا شیعرییه‌ پڕجۆش و خڕۆش وداهێنانه‌ بوو،كه‌ بۆ ساڵانێكی درێژشیعری كه‌ژاڵی پێ ده‌ناسرایه‌وه‌.شیعرێك كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك ڕیفۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ گژ داب و نه‌ریته‌كان، ئه‌و قه‌ده‌غه‌كراوانه‌ ده‌چووه‌وه‌، كه‌ ژنیان وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی لاواز، پاشكۆی پیاو، بێ ناسنامه‌ ده‌دیت. وه‌لێ دوای بیست ساڵ، با بزانین ئه‌و ماڵه‌ی شاعیر بانگه‌شه‌ی بۆده‌كرد كه‌ له‌ سه‌ر مانگه‌ چی لێهات؟ توانی بینای بكات؟ له‌ دوای بیست ساڵ و له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری زمانی باڵنده‌م ده‌زانی، ئه‌و ماڵه‌ نه‌ك هه‌ر بوونی نامێنێت و ده‌سڕێته‌وه‌، بگره‌ شاعیرهێنده‌ ده‌سته‌وه‌ستان و لاواز ده‌بێت،كه‌ توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ نه‌ك له‌ سه‌رمانگ،بگره‌ زه‌ویش ماڵێك بونیاد بنێت!!.واتا له‌و ژنانه‌ش لاوازترو بێ ئیڕاده‌تره‌،كه‌ هه‌موو ژیانیان له‌ نێوماڵدا ده‌بینن و به‌ سه‌ربه‌خۆبوونی ماڵیان،واهه‌ست ده‌كه‌ن كۆتایی خه‌ونه‌كانیانه‌.له‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ شاعیر ده‌ڵێت:
ئێستا كوانێ..كوا ماڵی هه‌یه‌ ژیانم؟
وه‌ك چۆڵه‌كه‌ به‌ ته‌نها فڕین ده‌زانم..
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا21)
واتا شاعیرله‌سه‌ر زه‌ویش هه‌ست ناكات ماڵی هه‌یه‌،ئه‌گه‌رچی بیست ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر مانگ ماڵی هه‌بوو، بگره‌ گۆڕه‌كه‌شی له‌ كاكێشان بوو نه‌ك گۆڕستانی هه‌مووان. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات، كه‌ دوای بیست ساڵ ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره‌،داكشانێكی گه‌وره‌ی شیعری به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌ ڕووی فۆڕم و زمان و په‌یامی شیعرییه‌وه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردوودا. چونكه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ ڕووی گوتاری شیعره‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زمانی ده‌ربڕین و وێنه‌ی هونه‌ریش له‌ شیعره‌كانی شاعیر بڕوانین،درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ زمانی شیعری كه‌ژاڵ،بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ زمانی شیعری ئێستای جوانترو سه‌رنجڕاكێشتر بووه‌.بۆنموونه‌: له‌ به‌نده‌ری به‌رمۆدادا، له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_
له‌م كۆڵانه‌ عه‌تری یاده‌وه‌ری هه‌یه‌..
به‌ڵام بۆن كۆناكرێته‌وه‌..
ده‌نا شووشه‌ به‌تاڵه‌كانی عاتیفه‌م لێوان ده‌كرد..
(به‌نده‌ری به‌رمۆدا ڵا78)
ئه‌وشاعیره‌،به‌زمانێكی ساده‌،چ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری شیعری به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.عه‌تری یاده‌وه‌ری و شووشه‌ به‌تاڵه‌كانی عاتیفه‌،چه‌ند وێنه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی شیعری جوانن كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشن.كه‌چی له‌ دوای ئه‌و هه‌مووجوانییه‌ له‌ زماندا، تازه‌ ئه‌و شاعیره‌ له‌ زمانی باڵنده‌دا ده‌ڵێت:_
پیاو كه‌ په‌ست بوو هاوار ده‌كات..
ده‌رو دراوسێش ده‌زانن..چی ده‌ڵێت و چی ده‌كات
(زمانی باڵنده‌م ده‌زانی ڵا 63)
ده‌كرێ خوێنه‌ران، به‌راوردی هه‌ردووكۆپڵه‌ شیعرییه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌و كات ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ وێنه‌ی شیعری و زمانی ئه‌و شاعیره‌، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چۆن بووه‌وه‌ ئێستاچۆنه‌؟دواجارئه‌گه‌ر بمه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر له‌ باره‌ی دوا دیوانی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ڕایه‌ك بڵێم، ئه‌وا بێ دوو دڵی و به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوییه‌وه‌، بڕوام وایه‌ خۆری شیعری ئه‌و شاعیره‌ ئاوابووه‌.بۆیه‌ ده‌بێ هه‌رشیعره‌ كۆنه‌كانی بخوێنینه‌وه‌، تاكو شوناسی شیعری و ئه‌زموونی شیعری، له‌ بیری خوێنه‌راندا به‌ نه‌مری بمێنێته‌وه‌!!!…

—————————

په‌راوێز:_
1_به‌نده‌ری به‌رمۆدا/ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 1999…
2_ زمانی باڵنده‌م ده‌زانی/ شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د/ ساڵی چاپ 2019.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌(ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ)ژماره‌(1114) ڕۆژی پێنچشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 5/12/2019بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




گفتووگۆ لەگەڵ شاعیر و چیرۆکنووسی ناسراوی ئەدەبی منداڵانی کورد محەمەد بەرزی … رەزا شـوان

ئەنـدازیار “محـەمـەد بـەرزی” شاعـیر و چیرۆکنووسێکی بە توانـا و ناسراوی بـواری جیهانی ئەدەبی منداڵانی کوردمانە، بە تایەتیش لە نووسینی هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراودا بۆ منداڵان دەستێکی باڵای هەیە. هـۆنـراوەکانی محەمەد بەرزی، هەموو بنەما و مەرج و تایبەتمەندییەکانی هـۆنراوەی سەرکەوتووی منداڵانی لەخۆگرتوون.. کورتن بە زۆری لە شـەش دێـڕی کـورتی ئـاوازداری سەروا و تـرپە سـووک و شـیرین، ئاسـان و رەوان پێکهاتـوون.. وشە و رستەکانی لە فەرهەنگی زمانی منـداڵانی کوردمانەوە وەرگرتوون. بە زمانی کوردی پەتی و ڕەوان و بە شـێوازێکی شـیرین و ئاسان دایڕشـتوون.. کـێشی هـۆنراوەکـانی خۆماڵـین “بـڕگەیین” هـۆنراوەکانی چوونەتە دڵی منداڵانی کوردمان و بە ئاسانی بەشێکی زۆریان لەبەرکـردوون. چەنـد هـۆنراوەیەکـیشی ئـاوازیان بۆ دانـاون و منداڵانی کوردمان بە ئـاواز و گۆرانیـیەوە دەیـان چـڕن.. لە کەنـاڵە تەلەفـزیـۆنییەکـانـدا پێـشکەش دەکرێن. محەمەد بەرزی، دوو پەرتووکئ زانستی بە ناوەکانی “وزەی خـۆر” و ” کوڵینەر” ەوە چاپکردوون.. پێنج پەرتووکیشی بۆ منداڵانی کورد چاپکـردوون، کە بەشێک لە چیرۆکە وەرگێڕاوەکانی لە ئینگلـیزییەوە بۆ سەر زمانی کـوردی بـۆ منداڵان، لەگەڵ بەشێکیش لە هـۆنـراوەکانی بۆ منـداڵان لەخـۆگرتـوون، نـاوەکـانیان: “نـاسک و ورچەکە، بازن، مریـەم، خۆزگە، بەرخەکەی لانە” لە دوای ئەم پێنج پەرتووکانەشەوە، کۆمەڵێک چیرۆکی وەرگێڕاوی تری و کۆمەڵکـیش هـۆنراوەی جوانی تری بۆ منداڵانی کوردمان نووسـیون کە هـێـشتا چـاپ نەکـراون.
من پێنج ساڵە هۆنراوکانی بـەرزی بۆ منداڵان دەخوێنمەوە. ئەو راستییەم بۆ دەرکەوت کە محەمـەد بـەرزی، حـەز بـە نـووسیـنی زۆربـێ و بـۆربـێ ناکـات، بەڵکـو حـەزی بە نووسینی کەم و پوخـتە.. محەمەد بەرزی نووسەرێکی بـوێـر و راستگـۆیە. بـێجگە لە هـۆنراوەکانی بۆ منداڵان، لە بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رەخنەشدا، بە توانایە، چەنـدین نووسینی جوانی هەمەچەشنەی لە گـۆڤـار و رۆژنامە کوردییـەکان و لە سـایتە ئەلکـترۆنییە کوردییەکـانـدا بڵاوکـردوونـەتـەوە.
لەم دیدارەداماندا لەگەڵ کاک محەمـەد بەرزی دا، چەند پرسیارێکمان دەربـارەی ئەدەبی منـداڵانی کـورد بە گـشتی و هـۆنراوەی منـداڵانی کورد بە تایبـەتی لێکرد.. بەڕێـزیان بە پێخۆشحـاڵییەوە وەڵامی پـرسـیارەکـانـمانی دایـەوە.. ئەمـەش دەقـی پـرسیارەکانی ئێمە و دەقـی وەڵامـەکـانی شـاعـیر و چـیرۆکـنووسی منـداڵان کـاک محـەمـەد بـەرزی یـە:

پرسیار: محـەمـەد بـەرزی چـۆن خـۆی بە خـوێنـەرانی خۆشـەویسـت دەنـاسـێـنێـت؟

وەڵام: ناوی تەواوم (محـەمەد قـادر محێدین)ە، لە رۆژی(٢٠/٧/١٩٤٦)دا، لە گەڕەکی “گۆیژە”ی شاری “سلێمانی” دا هاتوومەتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەنـدیـم هەر لەو شارە سەربەرزەدا تەواوکـردووە. لە ساڵی (١٩٧١) دا، (بەشـی کـارەبـا)م لە کـۆلـیجی ئەنـدازیـاری زانکـۆی تەکـنەلـۆژیـای بەغـداد تەواوکـردووە.
هەر لە منداڵییەوە حەزم لە وانەی کوردی بووە. توانای لەبەرکردنی هۆنراوەم هەبووە. هەر بۆیـە زۆر جار لە قـۆناغی سەرەتاییدا، کاتـێک بەیانیان ریزدەکـراین، مامۆستاکـان هـێناومیانـەتە دەرەوە و گـۆرانی (مـن جوتیـارێکی وڵاتـم و گۆڵـە مێخـەک) م چـڕیـوە.
لە نێوەڕاسـتی ساڵەکـانی شەستەکـانەوە تـا ساڵی (١٩٧٥) لە ریـزەکـانی (کـاژیـک) دا کارمکـردووە.
لە سـاڵی (١٩٧٠) دا، بـۆ یەکـەمجـار لـە ژمـارە (٤١) ی رۆژنـامـەی (هـاوکـاری) دا، هۆنراوەی(هەڵـۆی کورد) م بڵاوکردەوە. لە ساڵی (١٩٧٢) دا لە گۆڤاری( زانیاری) دا، بابـەتێکی زانستـیـشم بە نـاوی (دەرچـە) ەوە بڵاوکـردەوە.
تا ئێـستا زیاتـر لە (٢٠٠) بابـەتی هەمەجـۆرەم لە گۆڤـار و رۆژنـامە و لە سایتەکـانـدا بڵاوکردۆتەوە.. ئەمە سەرباری دوو کتێبي زانستی بە ناوەکانی (وزەی خۆر ، کوڵینەر)
پێـنج کـتـێبی منـداڵانیـشم بـە ناوەکـانی (ناسـک و ورچـەکـە، بـازن، مـریـەم، خـۆزگـە، بەرخـەکـەی لانـە) چاپکـردوون.
لە ساڵی (١٩٧٤) دا، پەیوەندیم بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە. لە دوای راپەڕینیش بۆ شکانـدنی تەوقی ئابلۆقەکـانی حکـومەتی بەعـس لەسەر هـەرێـمی کوردسـتان، یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی پاڵێوگە خۆماڵییەکەی نەوت لە ناو کارگەی شەکر لە سلێمانیدا.
پاش (٣١ی ئـاب)ی ساڵی (١٩٦٦)، لە تـرسی گەڕانـدنەوەی سوپـا دڕنـدەکەی سـەدام بۆ شاری سلـێمانی، خۆم و خـێزانەکەم کۆچـمان کـردووە بۆ (ئەمـریکـا) چونکە بەپـێی
یاساکانی ئەو کاتەی رژێمی بەعس:(ئەوەی بێ رەزامەندی حکومەت دەستکاری بواری نـەوتی کـردبێت، سـزاکـەی سـێـدارە بـووە) .

پرسیار: چـۆن و لە کەیەوە محـەمـەد بـەرزی هـۆگـری جیهانی ئـەدەبی منـداڵان بـوو؟

وەڵام: بە ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنمان بە ئەمریکا، بۆ سۆراخی کتێبی کوردی، بە پەرۆشەوە سەردانی کتێبخـانەی گـشتی شارەکەم کـردووە، کە تێـیدا جێگیربـووین. لە سوچێکی زۆر زۆر بچکـۆلەدا، نـزیکەی چـل کتێبی کـوردی دانـرابـوون، بەو کتێـبانە دەتووت گەوهـەرێکی گـرانبەهـام دۆزیـوەتەوە. شـنەی شـادی بە جـۆرێک لە ناخـمدا هەڵیکرد، خەریکبوو لە خۆشیاندا وەک بـا بفـڕم. ئەو کاتەی سەرقـاڵی تەماشاکـردنی
ئەو کتێبانە بـووم، بە دەیان دایـک و باوکـم دەبینی لەگەڵ منداڵەکانیانـدا بەرەو هۆڵێک دەچوون. زۆری ژمارەی ئەو کەسانە سەرنجیان راکێشام، بۆیە منیش بەرەو ئەو هۆڵە چووم. دەرکەوت هـۆڵێکی گەورەی منداڵان بوو، لێوان لێو بوو لە جوانی. دارودیواری بە کاغـەزی بریسکەدار و وێـنە و قـردێلە و میزڵـدانی رەنگـاوڕەنگ رازابۆوە. دەیـان کۆمپیتەری بچکـۆلە و هـەزاران کـتێب و گۆڤـار و سـیدی و کاسـێتی ڤـیـدۆی لە خـۆی گرتبوو. لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا سەکۆیەکی نزم بە درێژی سێ مەترێک دروستکرابوو، چەندین قەفەزی پـڕ باڵـندەی رەنگاوڕەنگیان لەسەر دانرابـوون. دایـک و باوکـەکان بە تەنیشت منداڵەکانیانەوە دانیشتبوون. یا گۆڤار و کتێبیان بۆ منداڵەکانیان دەخوێندەوە، یا منـداڵەکـان بۆ ئەوانیان دەخوێنـدەوە. خـۆ ئەو منـداڵە ساوایـانەی کە لەگەڵ خوشـک و براکانیاندا هاتبوون و هێشتا توانای گوێگرتن و خوێندنەوەیان نەبوو، بە خۆشییەوە بە دەوری ئەو قەفەزانەدا وەک پەپـولە دەخولانـەوە.. کاتێک دەنـگی تـریقـەی پێکـەنینیان تێکەڵ جریـوە و جووکەی ئەو باڵنـدانە دەبـوون، دیمەنێکی وایان دروستدەکرد، مرۆڤ هەر حەزیدەکرد تەماشایان بکات. ئەو دیمەنـانە زۆر سەرنجیان راکێشام.

کە چـۆن لەو وڵاتە مەزندا بەو رادە زۆر بەرزە گرنگی بە منداڵان دەدرێت، هەر بۆیە وەک تەورێکی تیـژ بەر رۆحم کەوتبێت، خامۆشییەک ناخی گرتم، چونکە لەو ساتەدا ئەو هۆڵە بوو بە ئاوێنەیەکی پاک، بە ئاشکرا کەمتەرخەمی و بێ ئاگاییمی بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆم و نەتەوەکەمی بۆ دەرخـسـتم. لە هەمان کاتـدا یەکێک لە هۆکارەکانی گەورەیی و مـەزنی ئەمریکاشی زۆر بە چاکی بە ئاگای هـێنامەوە. هـەر بۆیە ئەو شەوە خەمێکی گەورە و گـران سەرتـاپـا سـەر دڵـیان گـرتـم. رۆژی دوایـی گـەڕامـەوە بـۆ هـەمـان کتـێـبخـانە و پێناسەیـەکم دەرهـێنا و نزیکەی دە کتێب و گۆڤـارم وەرگرت و کەوتمە خوێندنـەوەیان، هەر زوو بە خێرایی (٢٧) چیرۆکم کرد بە کوردی. پاش ماوەیەک هەموویانم ناردەوە بۆ سلـێمانی و بـوو بە کتێبی (ناسـک و ورچـەکە) ئەگەرچـیش پەلە پەلی پێوە دیـارە، بەڵام ئـەوە یەکەم هـەنگـاوی ئـەو کـارانە بـوو، کە وردە وردە گەیشـتۆتـە ئەمـڕۆ.

پرسیار: ئەمە تا چەنـد بە لای ئـێوەوە راسـتە، کە نووسـەری بواری منـداڵان، منـداڵیی خۆی دەبێتە ئیلهامی نووسینەکانی؟ یا بڵێین لە ناخی هەر نووسەرێکی بـواری ئـەدەبی منـداڵانـدا، منـداڵـێک هـەیـە؟

وەڵام: بەڵی ئـەوە زۆر راستە، کاتێکیش نووسەرانی بـواری منـداڵان دەبـن بە دایک و باوک و بە نەنـک و باپیـر و بە چـاوی خۆیـان نەوەکـانیان دەبیـنن، ئـەوا ئەو ئیلهـامە شاڕراوەیە زۆر خێراتر گەشدەکات و باشتر خزمەتی بوارە جوانەکەی منـداڵان دەکات.

پرسیار: بابـەتی هـۆنـراوەکـانت بۆ منـداڵانی کوردمـان چـۆن هەڵـدەبـژێـریـت؟

وەڵام: هـۆنراوەکـانم لەبەر رۆشنایی بوارەکـانی: پـەروەردە و فـێرکـاری، نیشـتمانی و کۆمەڵایـەتی، بیرکـردنەوە و فـراوانکـردنی ئاسـۆی خەیاڵـدا هەڵدەبـژێـرم. تا لە رێگای
وێنەی هـۆنراوەی جـوانی چـیرۆک ئامـێزی مۆسیـقـادارەوە، پەیـامێک بگـەیەنێت بە منـداڵان و دڵـیان خۆشـبکات و پـرسیاریـان لا دروسـتبـکات.

پرسیار: ئـەو پەیـامـانە چـین، کـە لـە رێـی هـۆنـراوەکـانتـەوە، دەتـەوێت بـە منـداڵانی کوردمـانی بگـەیـەنیـت؟

وەڵام: منـداڵان سامـان و سەرمـایەی بەنـرخی نەتـەوەن، یەکـەم چـینی کۆمەڵگـان، کە دواڕۆژیان لەسەر بنیاتدەنرێ، جا بۆ ئەوەی چینێکی پتە و نەوەیەکی چاوکراوەی دانا و زیـت و زیـرەک بـن، ئەوا بە کورتی پەیـامەکـانم بریتین لـەم خـاڵانـەی لای خـوارەوە:

١ـ لە رێگای لەبەرکردنی هۆنراوەکانەوە، منداڵان بتوانن فـێری زمانی شیرینی کوردی ببن بە جـوانی قسەی رەوانی پێبکەن، فـێری نـووسین و هـۆگـری خوێندنـەوەی ببن.
٢ـ بـرەو بە بـەهـرە و تـوانـا و گـەشـە بە زەیـن و هـۆش و فـراوانکـردنی خـەیـاڵ و بیـرکـردنەوەیـان بـدەن.
٣ـ راهـێنانیان لەسـەر خۆشـەویسـتی خـێزان و نیـشـتمان و دەوروبـەر، بـە ژینـگە و ئاژەڵ و باڵندەشەوە. بە دڵێکی فراوانیشەوە و رێـز لە را و بۆچوونی جیاواز بگرن و رەخـنەش قـبووڵ بکەن.
٤ـ هەسـتی منـداڵان بجووڵێنن، پرسیاریان لا دروست بکەن، دەربارەی مانـای وشە و بیـرۆکەی هـۆنـراوەکـان، چـاوکـراوەبـن، بـێ دوودڵـی پرسـیار لە گەورەکـان بکـەن و
بێ شـەرم و تـرسیش را و بۆچوونەکـانی خۆیـان دەربـبڕن.

پرسیار: من پێم وایە هەر هۆنراوەیەک بۆ منداڵان، گەر منداڵان لە گەزۆ و هەنگوین زیاتـر چـێژی شیرینی نەکەن.. زۆر تێی نا ئاڵـێن و زووش لایان کـاڵ دەبێـتەوە.. را و بۆچـوونی بەڕێـزتـان لـەم بـارەیـەوە چـیـیە؟

وەڵام: بەڵی ئەمەش راسـتە، جا بۆ ئەوەی هـۆنـراوە لای منـداڵان شـیرین بێت و دڵـیان خـۆش و گـەش بکات، ئەوا پێویستە سوک و ئاسان بێت، زۆر درێـژ نەبێت، دوور بێت لە وشەی قـەبە و زبـر، کە منداڵان تێی ناگەن. وشە و دێڕەکـانی ئاوازداربن، بەیتەکانی پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، بە ئاسانی بخوێنرێتەوە، زوو لەبەربکرێت، گوزارشت لە خواست و ئارەزوویـان بکات، لە ئاسـتی بیرکـردنەوەیـانـدا بێت. پاشان وەک تابلۆیـەکی جـوان یـا چـیرۆکـێکی خـۆش بێـتە بەرچـاویـان. خـۆ ئەگـەر وانـەبێت دیـارە زوو لەبـیر دەچـێتەوە و بە دڵـیانـەوە نانـووسـێت.

پرسیار: پەروەردەکـردنی منـداڵانی کوردمـان بە کوردستان پـەروەری و شـیرین کـردنی هەستی هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانی پـیرۆز و شیرینمان، بوارێکی گرنگە و پانتاییەکی باشی لە هـۆنراوەکانی زۆربەی شاعـیرانی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان گـرتۆتەوە.. ئێوەش چەنـد هـۆنراوەیـەکی جوانتان لەم بوارەدا نووسیون.. پێویستە ئـەم ئامانجـە نیشـتمانییە پشکی گەورەی هـۆنـراوەکـانی هەموو شاعـیران و چـیرۆکەکـانی هەموو چیرۆکنووسانی منداڵانی کوردمان پێکبهـێنیت. رای ئێوە لەم بارەیـەوە چـییە؟

وەڵام: بەڵی ئەمەش راستە.. کاتی خۆی ئێمە منداڵ بووین، نە باخچەی منداڵان هەبوو، نە گۆڤار و کتێب، پاشان زۆربەی دایک و باوکان نەخوێندەوار بوون، لەبەر پەیداکردنی بژێـوی رۆژانەیان، نە دەپـەرژان وەک ئێستا بیربکەنەوە و گـرنگی بە ئـەدەبی منـداڵان بدەن. کاتێک کە لە قـۆناغی سەرەتاییدا بووین، بەیانیـان ریـزیان دەکردین و هەموو بە یەک دەنگی ناسک و خۆشەوە سرودە نیشتمانییەکانی وەک: (خوایـە وەتـەن ئـاواکەی، چەنـد شیرینە لام، وەتەنی مـن کوردستانە، شاخی رەنگاوڕەنگی گۆیـژە) مان دەچـڕی. سەرجەم وشەکانی ئەو سـرودانە، تک تک سـۆزی گەرم و خۆشـەویستی نیشـتمانیـان تێکـەڵ بە نـاخمـان دەکـرد، کە هـەتا ئێستاش کـاریگەرییان کـاڵ نەبـوونـەتـەوە.
هەربۆیە ئەرکی نووسەرانی منـداڵانە، زۆر بە جـوانی خۆشەویستی نیشـتمان، ئاوێتەی هـونـراوە و چـیرۆکەکـانیان بکـەن و هەرگـیز ئەو لایـەنە گـرنگە فـەرامـۆش نەکەن.

پرسیار: ئایا پێـتان وایـە، کە ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە ئاستی خواستەکان و تەماح و حەزەکانی منداڵانی کوردمان دایـە؟ ئەو هـۆ و کۆسپانە چـین کە وای کـردوون، ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان، کیسەڵ ئاسـایی هـەنگـاو دەنێـت؟

وەڵام: بەراورد بە سەردەمی پێش راپەڕین، هەنگاوی زۆر باش نراوە، ئەو بەڕێزانەی لا لە ئەدەبی منداڵان دەکەنەوە، ژمارەیان هەڵکشاوە و کاری زۆر کراوە، کە بە راستی ئەمەش دیاردەیەکی هـیوا بەخشە. هاوکات لەناو ئەو کارانەشدا چاک و خراپیش هەیە. جا بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد لە ئاستی خـواست و حەزەکانی منـداڵانی کوردمـان بێـت و باشـتر گەشە بکات، ئەوا پێویسـتە رەخـنە رۆڵـی کاریـگەری خـۆی هـەبێت، بە وردی دەستـبخاتە سەر خـەوش و لایـەنە لاوازەکـانی ئـەو بەرهـەمـانەی ئەمـڕۆ.
رەخنەگـرتـن لە پاشەکشـێدایە و وەک پێویست نییە.. پاشان گـرنگی نەدانی دەوڵـەت بە منداڵان و هەستنەکردنی خێزان بە لایەنە چاکەکانی خوێندنەوە و دابین نەکردنی گۆڤار و کتـێب بۆ منـداڵان، هەموو نیشانەی خـراپـن.. نووسەری وا هەیە پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە پارێزگایەکی گەورەی وەک سلێمانیدا (٥٠٠) دانە کتێب چاپدەکات، کە ژمارەی دانیشتوانـەکەی نزیکەی (دوو ملـیۆن و نیو ) کەسە، هەر پێنج هـەزار کەس کتـێبێکی بەردەکەوێت، کەچی ئەو ژمارە کەمە بۆ چـوار پێـنج ساڵ، لە کتێبخانەکانی ئەو شارەدا دەمێنێتەوە، کە بەلای خۆیەوە بە شاری رۆشنبیری ناسراوە. بەمەش نووسەرەکە ورە و تاقەت و حەوسەڵەی نووسینی نامێـنێت. لە ئەنجـامیشـدا ئەو ئـەدەبە کیسەڵ ئاسـایی هەنگاو دەنێت و بە گشتی نائومێدیش لای هەموو نووسەرە دڵسۆزەکان دروستدەکات.

پرسیار: بە لای شاعـیر محەمـەد بـەرزی یـەوە.. ئەو پێـویسـتی ومـەرج و پێـوەرانە چـین، کـە پێـویسـتە لـە هـۆنـراوەی نەمـری منـداڵانی کوردمـاندا هـەبـن؟

وەڵام: بە گشتی بۆ ئەوەی هۆنراوەیەک نەمر بێت، ئەوا پێویستە: بە چاکی دابڕێژرێت، دێڕەکـانی کەمترین وشـە بگـرنە خۆیـان، واتە بە کەمترین وشـە بیـرۆکەیەک بـدات بە دەستەوە، چونکە هۆنراوەی درێژ منـداڵ بـێزار دەکات. وشەکـانی سەر بە فـەرهـەنگی منداڵان بن، پێکەوە وێنەی شیعری جوان دروست بکەن، مۆسیقادار و راست و رەوان بن، دەنگیان لە بەرزییەوە دابەزێت بۆ نـزمی. کـێش و ترپـەیان تەواو بێت، سەروایان لە هەموو روویەکەوە هاودەنگ و نزیک بن لە یەک. بیـرۆکەی هـۆنـراوەکە چـیرۆکی پەیام ئامێزبێت. بـرەو بە بەهـرە و توانـا و بیرتیـژیـان بـدات، لە ئاستی بیـرکـردنەوەی منداڵانـدا بێت، گوزارشت لە خواستەکـانیان بکات. دڵـیان خـۆش و گـەش بکات. دوور بێت لە زمانی زبر و توند، تووشی سەرەگێژەیان نەکات. زوو لەبەربکرێت. خۆ ئەگەر وێنەی لەگەڵدا بێت، ئەوا باشتر تێکەڵ بە ناخیان دەبێت و تا درەنگ لە یادەوەرییانـدا دەمـێنێـتەوە.

پرسیار: ئایا نەبوونی رەخـنە لە بـواری ئـەدەبی منداڵانی کورد.. بە هـۆیەکی سەرەکی دواکەوتنی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـان نـازانـن؟

وەڵام: بواری ئەدەبی منداڵان زیاتر لە بوارەکانی تر، پێویستی بە وردبینی و تەتـەڵە و بـژاردن و لالێکـردنەوەیە. چونکە منـداڵان لەو تەمەنـەدا، ناتـوانـن بە ئاسانی بـاش و خـراپ لەیـەک جیـابکەنەوە. هـەر بۆیـە بـوونی رەخـنە بەسـود و قـازانج بـۆ هـەمـوو منـداڵانی کورد دەگەڕێتـەوە. ئـەدەبـەكـەش بـەرەو پێشـکەوتن و بـوژانـەوە دەبـات.
بە پێچەوانەشەوە، نەبوونی رەخـنە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە و هۆکارێکـيشە بـۆ شـێوانـدن و دواکـەوتنی ئـەو بـوارە زۆر گـرنگ و هـەسـتیارە.

پرسیار: پێشنیارتان چـییە.. بۆ گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کوردمـان؟

وەڵام: بە کورتی هەندێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی کورد، لەم چـەند خاڵـەدا دەستـنیشان دەکـەم:
١ـ بوونی دەزگـایەکی تایبەت، لەژێـر سەرپەرشتی شارەزای هەمـوو بوارەکـانی ئەدەبی منـداڵانـدا، بـۆ رەخـنە و چاپکـردن و بـڵاوکـردنـەوە و کـۆمـەکی نـووسـەران. بتـوانێـت تەکنەلـۆژیـای دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ بەکـاربهـێنـێت، خاوەنی سایتێکی ئەلکـترۆنی تایبـەت بە خـۆی بێت. تا دەنـگ و بەرهـەم و جـموجـۆڵەکـانی بگـاتە هەموو شوێنـێکی دنیا و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیش بتوانـن بەشداری و کۆمـەک و هـاوکـاری بکـەن.
٢ـ بڵاوکراوکـان رەنگـاوڕەنگ و وێنەدار بن، چـونکە وێنە یەکـێکە لە هـۆکـارە هـەرە کاریگەرییەکانی سەرنج راکێشانی منداڵان و زیاتریش هانی خوێندنەوە و تێگەیشتنیان دەدات.
٣ـ باشترین بابەت چاپ بکرێت، هەڵگری پەیام بێت، چـێژ و خۆشی بدات بە منـداڵان، نابێ درێژ و وەرسکەربێت، بەڵکو نەخت و پوخت، تا منداڵان تاقەتیان لە خوێندنەوەی نەچـێت.
٤ـ هەوڵـدان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە یارییە ئەلکـترۆنییەکان و سەرقاڵکـردنیان بە کـتێب و گـۆڤـارەوە.
٥ـ خـێزان بگـاتە ئەو بـاوەڕەی کە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەی زیرەکی و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی منداڵانە. ئەمڕۆ توێژێنەرەکان لە ئەمریکادا ئەوەیان سەلماندووە، ئەو کۆرپـەلەیەی لە سکی دایکـیدا کتێبی بۆ دەخوێنرێتەوە، لەو منداڵە وریا و زیرەکتر دەردەچـێت، کە کـتێبی بـۆ نەخـوێـندراوەتـەوە.
٦ـ گرنگـیدان بە شانـۆی منـداڵان، زیادکـردنی بەرنامەی منـداڵان لە تەلەفـزیۆنەکـاندا، وەرگـێڕانی بابـەتە نـاوازە جیهـانییەکـان، لە لایـەن دەزگـای ناوبـراوەوە.
٧ـ چەنـد پەیوەنـدی نێوان باخچـەی منـداڵان و نووسەرانی ئـەدەبی منداڵان پتەو بێت،
ئەوا چاکـتر ئەو ئەدەبـە رۆڵـی گـرنگی خـۆی دەبێـت و باشـتر و زیاتـر بڵاودەبێـتەوە.
٨ـ پێویسـتە وەزارەتی رۆشـنبیری گـرنگی تەواو بـدات بە ئەدەبی منداڵانی کوردمـان. هەروەهـا زۆر پێویسـتە بنکـەی رووناکـبیری گەلاوێـژیش ساڵانـە بە چـاوی ئـەدەبی گەورەکان سەیـری ئـەدەبی منـداڵان بکات و هەڵسەنگانـدن و دەستـنیشانی باشـترین بەرهـەم و نووسەرەکەی بکات. ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتر دەدات بە خـاوەنەکەی.
پاشـان بۆ نووسـینی بەرهـەمی نـاوازەش، جـۆرێک کـێبڕکێ لە نێـوان نووسـەرانـدا دروستدەکات.

پرسیار: بەڕێزتان چەند چیرۆکێتان بۆ منداڵانی کورد لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕوان بۆ سەر زمانی کوردیمان.. ئایـا نیازتان نییە کە چەند چـیرۆک و هـۆنراوەیـەکی جـوانی کوردیش وەربگێڕن بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی و بە منـداڵانی ئینگـلیزی زمـان ئاشنایان بکەیـت؟

وەڵام: هـەتـا ئێسـتا (١١٢) چـیرۆکـم کـردووە بە کـوردی، هـەیـانـە چـەنـد دێـڕێـکە و هەنـدێکیشیان چەنـد لاپەڕەیـەکە،(٧٧) چـیرۆکیان لە کـتێبەکـانـمدا، بلاوکـراونەتـەوە، ئەوانەی تریان، هەنـدێکیان لە سایتەکـاندا و هەندێکیشیان هێشتا بڵاونەکـراونەتـەوە. دەربـارەی گـۆڕینی هـۆنـراوە و چـیرۆکی منـداڵانی کورد، بۆ سەر زمـانی ئینگـلیزی، هـیوادارم کە لە داهـاتـوودا، بتـوانم لەم بوارەشدا خـزمـەتێکی وا بکـەم.

پرسیار: ئەم پێشنیارەم خستە بەردەمی چەند نووسەرێکی تری بواری ئەدەبی منـداڵانی کوردمان.. ئایا لەگەڵ ئەوەدایت کە “یەکـێتی نـووسـەرانی منـداڵانی کـورد” یا “یەکـێتی نووسەرانی منداڵانی کوردستان” دابمەزرێنین تا ببێت بە چەترێکی ئەدەبی بۆ یەکگرتن و کۆکردنەوەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد.. چونکە یەکـێتی نووسـەرانی کورد ئاوڕێکی ئەوتۆیان لە ئەدەبی منداڵان کوردمان نەداونەتەوە تا شایەنی باس بـێت؟ ئەی ئەوەتان پێ باشە، کە بۆ ئەم مەبەستە، کەمپینێک رابگەیەنین.. تا بزانین چەند لە نـووسـەرانی ئـەم بـوارە لەگـەڵ ئـەم پـێـشـنـیارە دان؟

وەڵام: بیرۆکەی دامەزراندنی (یەکێتی نووسەرانی منداڵانی کورد) یا کوردستان، کارێکی پیرۆزە، بە مەرجێک دەسەڵات دەستنەخاتە کاروبارەکانییەوە و کەسانی نەفام و نۆکەری سەربەخـۆی بە زۆر نەخـزێنێنە ناوییەوە و تـووشی ئیفـلـیجی نەکـات.
پاشان راگەیانـدنی کەمپـینـێک کارێکی زۆر چـاکە، بە هـیوای ئـەوەی ئەنجـامێکی باشی هـەبێـت. بەڵکـو ئەمە خـوایە ئـەو یەکگـرتنە سەرەتـاییـەی هـەتـا ئێستا بە سیاسییەکـان نەکـراوە، ئـەدەبـی منـداڵانی کـورد، بتـوانێت ئـەو ئامـانجـە پیـرۆزە بهـێنـێـتە دی.

پرسیار: چی نیـاز و رازێـکی تر لە دڵی محـەمەد بـەرزی دایە.. کە دەیـەوێت دەربـارەی ئـەدەبـی منـداڵانـی کـوردمان دەری بـبـڕێـت؟

وەڵام: هەموو خـەون و خولـیا و راز و نیـازێکـم ئەوەیـە، ئاستی بیرکـردنەوە و ژیـانی منـداڵانی نەتـەوەکەم، بگـاتە ئاستی منـداڵانی وڵاتـە پێشکەوتووەکـانی دنیـا، لە سـایەی نیشـتمـانێکی سـەربەخـۆی ئـازاد و گـەلـێکی یەکـگـرتـووی تـێروپـڕی بەخـتـیاردا، بـە ئاسـودەیی بـژیـن.
زۆر سوپاسیش بۆ دڵسۆزی و مانـدووبـوونی بەڕێـزتان، کە بەردەوام هەموو ژیـانتـان تەرخانکردووە بۆ گرنگـیدان بە بـوارە جـوان و هەستیارەکەی ئەدەبی منـداڵان و ئـەو هەمـوو کـتێب و تـوێـژینـەوە و نـووسـینە نایـابـانەی بـەردەوام پێشـکەشی منـداڵان و کۆمەڵگـای کوردی دەکـەن، کە بـوونـەتـە چـرایـەکی گـەشـیش بـۆ مـن.
سـەرلەنـوێ سـوپـاسیش بۆ ئـەم بەسەرکـردنـەوەیـە.. هـەر بـژیـن.
لە کۆتاییشدا حەزدەکەم لە پەراوێزی ئەم چاوپێکەوتنەدا، تازەترین هۆنراوەم (تەرزە) پێـشـکـەش بـە منـداڵـە ئـازیـزەکـان بکـەم، کـە رەنگـدانـەوەی بـۆچـوونـەکـانیشـمە.
تــەرزە
ئـەمـــڕۆ هـــەوارە بـــەرزە
کەوتــە بـەر تـــاوە تـــەرزە

  • * *
    وەکـو دەنــــــکی مـــرواری
    خــێـرا خــێـرا دەبـــــــــاری
  • * *
    بەربـــوونـە ریــــــزە دارێ
    گـــەڵا دەڕژایـە خــــــوارێ
  • * *
    بە دەنـــكی تــۆزێ گــەورە
    شەقــەی دەهــات پەنجـەرە
  • * *
    تـەرزەیـــە تــیـژ دابــــەزی
    زۆر بـە قـــایـم هـەڵــبـەزی
  • * *
    گـەر چـەتـرەکـەم نەبـــوایە
    رەنــگـە ســـەرم بـشــکـایە

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، زۆر سوپاسی برای خۆشەویستمان، شاعـیر و چیرۆکنووس و وەرگێڕي بـواری ئەدەبی منـداڵان کاک محەمەد بەرزی دەکەین. کە بە کورتی و پوختی وەڵامی ئەو پرسیارانەی داینەوە کە دەربارەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان لە بەڕێـزیمان پرسی.. هـیوادارم خوێنەرانی خۆشەویستیش، سوود لە ڕا و بۆچوونەکـانی وەربگرن.

رەزا شـوان
٢٦ی/ دێسامبەر/ ٢٠١٩




ئەدەبی مناڵان/ خەونێکی تری باران … نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

(باران) ڕۆژانە جانتا قورسە کەی دەکردە شانی و بە دڵخۆشییەوە دەچوو بۆ قوتابخانە،ھەرچەندە قوتابخانەکەشی لە ماڵەوەیانەوە نزیک بوو، بەڵام قورسی جانتاکەی زۆر ماندووی دەکرد و ئازاری پشتی دەدا.شەوێک لە ماڵەوە هەموو پەرتوکەکانی دەرهێنا.و لەگەڵ خۆیدا کەوتە وتووێژ.(باشە من ڕۆژانە ئەم ھەموو پەرتوکە دەبەم ،کەچی ھەریەکەیان یەک لاپەڕەی لێدەخوێنیین، ھەندێک جاریش دایکم یان باوکم لەگەڵمدا دێن و جانتاکەم بۆ ھەڵدەگرن ،ئەوە براکەی دارای ھاوڕێم کە خاوەن پێداویستی تایبەتە ھەموو ڕۆژێک دەبێت کەسێک جانتاکەی بۆ ھەڵبگرێت) باران بیری لە چارەسەرێک دەکردەوە،بەڵام لەبەر ئەوەی کە زۆر ماندوو بوو خەوی لێکەوت،هۆشی هەر لای چارەسەر بوو،بۆیە خەونێکی زۆر خۆشی بینی ،کەلە خەو هەستا خەونەکەی بۆ ئارۆ و دایک و باوکی گێڕایەوە.لەخەونمدا ئەم بەیانییە کە چووم بۆ قوتابخانە جانتاکەم یەک پەڕتوک و چەند تیانوسێکی تێدا بوو،ئەوەندە سوک بوو نەبێتەوە !ئارۆ وتی شتی وا چۆن دەبێت؟! باران بە پێکەنینەوە وتی چۆن نابێت بەشی یەک مانگ خوێندنی ھەر وانەیەک لە یەک پەرتوکدا کۆکرابووەوە و مانگانە پەرتوکی نوێمان وەردەگرت ،ئارۆ وتی ئای کە خۆشە ئەو خەونە خۆشەت بێتە دی.

٢٠١٩/٩/٢٦
بیرۆکەی ئەم چیرۆکە لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراوە…




کۆمەڵگای خەوتوو … هۆشیارجەمال

زیاتر لە هەشت ساڵ پێش ئێستا، لەوڵاتی تونس، گەنجێک بەناوی (محمەد ئەلبوو عەزیزی) لەبەرامبەر دەست بەسەراگرتنی عەرەبانەکەی، کە سەرچاوەی بژێوی بوو ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا،پاش ماوەیەک مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بەڵام بۆیە سەرەتای هەڵگیرساندی شۆرش لە چەندین وڵاتی وەک (تونس ، میسر ، لیبیا ، بەحرەین ، یەمەن ،سوریا )،کە ئەمەی دوایان تائێستاش دۆخی وڵاتەکەی ناجێگرە.
خۆسوتاندنی محەمەد ئەلبوو عەزیزی ،کۆتایی هێنا بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری زین عابدین بن عەلی، و لەماوەیەکی کەمدا شۆرشگیران بە خۆپێشاندانی مەدەنی لە وڵات وەدریان نا.
گەر خۆ سوتاندنی ئەلبووعەزیزی، سەرەتای شۆرش بێت،ئەوا بەئاگای و هۆشیاری خەڵکی تونس بوو، لەئاست مافەکانی وای کرد درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن هەتا گەیشت بەدەرئەنجامێک.
دەرئەنجامەکانی شۆرشی عەرەبی یاخود بە هاری عەرەبی، بەباش یاخود بە خراپ هەرچیەک بووبێت بۆمن گرنگ نیە لە ئێستادا،بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە، کە هەمان شێوازی خۆسوتاندن وەک ناڕەزایەک لەلایەن گەنجێکی شاری ڕانیەوە لە چەند ڕۆژی رابردوودا،لەبەردەم شارەوانی شارەکەیدا هێما وپەیامی گرنگە،کە وا کەسانێک هەن ناڕەزایەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ،کە ئامادەن خۆیان بسوتێن بە هۆی ئەو دۆخە سەختەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان.
چیرۆکی خۆسوتاندنی ئەم گەنجەی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە داوای کردوە زەویەکەی بکات بەخانوو ، بەڵام شارەوانی شارەکە ڕێگرە چونکە بەرشەقام دەکەوێت ، لەگەڵ چەسپاندنی یاسادام ،بەڵام دەزگاکانی حکومەت پێش ئەوەی قورگی هاوڵاتیانی بێ دەسەڵات بگرن و یاسایان وەک خۆی لەسەر جێبەجێ بکەن، بچن لە و هەزاران زەویە بکۆڵنەوە ،کە کرا بە فێلا و باخی بەرپرسی حیزبەکەکانی هەرێم بە دەسەڵات و زۆرینەی حیزبە بەناو چاکسازی خوازەکان، و پاش دزەکانی چواردەوری بەرپرسەکانی ئەم هەرێمە و شەوان ژیانی شاهانەی، وەک میرەکانی وڵاتە عەرەبیەکانی تێدا دەبەنە سەر و ژیانی خەڵكە کەشیان وەک هاوڵاتیانی ئەفریقایە.
ناکرێت یاسا بکرێت بە تۆڕی ماسی ، هەرچی ماسی بچووکە بیگرێ و گەورەکانیش بۆی دەرچن ،ڕۆژانەش لەشاشەکانی تیڤیەوە نیشتمان پەروەری و شۆرشگێریمان پێ بفرۆشنەوە.

سیاسیەکانی ئەم وڵاتە، هەتا لەشاخ بەرپرس بوون لەژێر ناوی شۆرش گێری دا،نەوەی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ کانی سەدەی ڕابردوویان خەڵەتاند ، دوای راپەڕین کە گەیشتنە دەسەڵات هەموو هەوڵێکیان لە پێناو خۆیان و خانەوانەدەکانیان خستە گەڕ ،سامانی سەرتاسەری کوردستانیان دابەش کرد بۆخۆیان.

پاشان هەر ئەم کۆمەڵە سیاسیە، کاتێک بۆنی نەوت مەستی کردن، ژمارە بێ کۆتایەکانی داهاتی نەوتیان دی، لەژێر ناوی چاکسازی و پاکسازی و حیزبی نوێ دا چەندین حیزبیان دروست کرد،و نەوەی دوای ڕاپەڕین دەخەڵەتێن، کە ئەم نەوەیە کوڕ و کچی ئەو دایک و باوکەن، کە لە شاخ خەڵەتێنران لەژێر پەردەی شۆرشەوە زۆرترین قوربانیان دا،بەڵام کەمترین مافیان دەست کەوت!
ئەم حیزبانە، کە بەناو شەڕی دادەپەروەری دەکەن، سەرە گەورەکانی سەرەوەیان هاوبەش و هاوکاری هاوڕێ کۆنەکانیان لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ئامانجیان تەنها پەردە پۆشکردنی شکستەکانی دەسەڵات، و کپکردنی دەنگی نارەزای خەڵکە.
ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە، کۆمەڵگای کوردیە کە ساڵانە سەرباری ئەوەی لەسەرجەم پسۆریە جیاوازەکانی بازاڕی کار و سەرچاوە مرۆیەکان و زانستە جیاوازەکان و زمانە جیاوازەکانە دەرچوو پێدەگەیەنێت، هاوشانی ئەوەی لەچەندین زانکۆی دەرەوە و ناوە دەرچووی ماستەر ودکتۆرای هەیە، کەچی کۆمەڵگایەکی خەوتووە ،بێ دەربەستە بەرامبەر خوێن و کەرامەتی مرۆڤێکی هاو دین و زمان و نەتەوەکەی، هیچ ڕووداوێک ڕای ناچەڵەکێنێت و تەنانەت ئەگەر خۆسوتاندنی مرۆڤێک بێت لە پێناو مافێکی رەوای خۆیدا.
هەر ئەم کەسانە، کەزۆربەیان گەنجن و وزەی چالاکی کۆمەڵگان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وتەو قسەکانیان دەبینی، هەریەکەیان بۆخۆی فەیلەسوفێکە ،بەڵام لە کرداریدا ناتوانن پێشڕەوی بچووکترن پەیامی ناڕەزایی بکەن، بۆسادەترین مافی خۆیان، کە پاش چارەکە سەدەیەک لە حکوم ڕانی کوردی بەدەستیان نەهێناوە ،وەک ئاو کارەبا و هەلی کار.
هەرچەند بیردەکەمەوە ناکرێت، وەک مرۆڤ بژیت و ئەو هەموو ناداد پەروەریەی هەیە، بیبینت لەم هەرێمە ،کە هەر حیزبێک بارستەی قەبارەی خۆی بەردەکەوێت، و هەمووسامانی سەرزەوی و ژێر زەویان بۆخۆیان برد،و ئاسمانیش کە زانیان بۆیان نابرێ ناچار ژینگەکەیان پیس کرد، و بۆتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نەخۆشی لە ئێستادا، لەبەرامبەردا ڕووداوێکی وەک خۆسوتاندنی گەنجێک، ڕات نەچەڵەکێنێت، بۆ داواکردنی سادەترین مافەکانی خۆت و لەخەوی قوڵ بەخەبەر نەیەتەوە.




كوشتنی عه‌بدلكه‌ریم قاسم، ده‌رخه‌ری ڕاستیه‌كی تاڵ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

عه‌بدلكه‌ریم قاسم سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ تیرۆكراوه‌كه‌ی عێراق كه‌ له‌ ساڵی 1963 له‌لایه‌ن به‌عسیچیه‌كان و كۆنه‌په‌رسته‌كانه‌وه‌ تیرۆركرا.
ده‌رباره‌ی عه‌بدلكه‌ریم قاسم كۆمه‌ڵێك بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ كه‌ ده‌گوترێت سه‌رۆك وه‌زیرانێكی دیكتاتۆر بووه‌ به‌ڵام هه‌ندێ كی تر به‌ سه‌رۆكێكی دادپه‌روه‌رو دیموكراسی خواز ناوی ده‌به‌ن , ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ردوام عه‌بدلكه‌ریم قاسم بانگه‌شه‌ی عێراقێكی كۆماری و دیموكراسی ده‌كرد كه‌ دووربێت له‌هه‌موو پره‌نسیبێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و شۆڤینیزمی,به‌ڵام به‌عسی چیه‌كان و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی عێراق ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی عه‌بدلكه‌ریم قاسمیان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو بۆیه‌ له‌ كۆتایی دا توانیان له‌ پۆسه‌یه‌كدا كۆتایی به‌ ژیانی بهێنن و عێراق به‌ره‌و لێواری ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دواكه‌وتوویی و مه‌زهه‌بی هه‌نگاو بنێت كه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستاش عێراق باجی هه‌موو جۆره‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌ك و مه‌زهه‌بچیه‌تیه‌ك ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ش وای له‌ عێراق كردووه‌ بیخاته‌ لێواری ڕووبارێكی نادیاره‌وه‌.
هه‌روه‌كو ده‌روونزانی به‌ناوبانگ عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ له‌مێژووی عێراق بریتی بوو له‌ كووشتنی عه‌بدلكه‌ریم قاسم…
بێگومان ئه‌م قسه‌یه‌ی عه‌لی وه‌ردی بۆ خودی عه‌دبدلكه‌ریم قاسم و مێژووی عێراق چه‌ندین مانای گه‌وره‌ به‌دوای خۆیه‌وه‌ جێ هێشتووه‌ به‌ڵام خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌رباره‌ی مێژوو عێراق به‌ درێژایی سه‌ده‌كاندا عێراق خاوه‌نی مێژوویه‌كی پڕ له‌ ئاڵۆزی و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ململانێكان بووه‌ هه‌رچه‌نده‌ش كه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م جۆره‌ ململانێیانه‌ به‌ چه‌ندین جۆری دیكه‌وه‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تاوه‌كو ئێستا تونێلی داهاتووی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی تاریكی ماوه‌ته‌وه‌ .

له‌ پرسه‌كانی كوردا سه‌رده‌می عه‌بدلكه‌ریم قاسم ده‌توانرێت به‌ سه‌رده‌مێكی زێڕین دابنرێت بۆ گه‌لی كورد كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران بوو له‌ عێراق دانی به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد دانا له‌گه‌ڵ چه‌ندین پاڵپشتی دیكه‌ی تری خۆی بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی گه‌لی كورد, چوونكه‌ عه‌بدلكه‌ریم قاسم خاوه‌نی فكرێكی دیموكراسی بوو بۆ به‌ڕێوبردنی وڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆی له‌هه‌موو جۆره‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستیه‌ك پاراستبوو له‌ هه‌مان كاتیشدا باوه‌ڕی به‌ عێراقی دیموكراتی و یه‌كگرتوو هه‌بوو كه‌ هه‌موو گه‌له‌كه‌ی له‌ ژێر ئاڵاكه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام بحه‌سێته‌وه‌ , نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت له‌ عێراق كه‌ دووژمنانی عێراق نایانه‌وێت گه‌لی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام ژیانی خۆیان به‌ڕێ بكه‌ن كه‌چی به‌رده‌وام له‌ نێو كێشه‌ی قولدان گه‌له‌كه‌ی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر بهاتووبایه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كان و فكره‌به‌عسیچیه‌كان تیرۆر نه‌كرابایه‌ ئه‌گه‌رێك هه‌بوو كه‌ هه‌رله‌و سه‌رده‌مه‌دا كورد سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یه‌نتبایه‌ به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ له‌پاش چه‌ندین ساڵ له‌ كوشتنی عه‌بدلكه‌ریم قاسم دا وه‌ له‌ ساڵی 1991 كورد توانی نیمچه‌ سه‌ربۆخۆییه‌ك له‌ پاش چه‌ندین قوربانی و كیمبارانه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌ فاشیسته‌كه‌ی به‌عسه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردی ئه‌نجام دا كه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستاش له‌گه‌ڵی دابێت ئاسه‌واری ئه‌و ئازاره‌ به‌ جه‌سته‌ی كورده‌وه‌ ماوه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ركه‌وته‌ی چه‌كه‌ كیمیاویه‌كه‌ی ڕژێمی به‌عس بوون,
بێگومان به‌عسیچیه‌كان و شۆڤینیزمه‌كانی عێراق هه‌رئه‌وه‌یان ده‌زانی كه‌ چاویان به‌وه‌ هه‌ڵنه‌ده‌هات له‌لایه‌ن عه‌بدلكه‌ریم قاسمه‌وه‌ كورد مافه‌كه‌كانی خۆی وه‌ربگرێت كه‌چی بۆ دواجار كۆتایی به‌ ژیانیان هێنا, ئه‌گه‌ر ئێستا گوزه‌رێك به‌نێو مێژووی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌سه‌ڵات دارانه‌دا بكه‌ین كه‌ به‌ درێژایی مێژوو له‌ جیهان حوكمڕانیان كردوو به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ ئامانجیان خۆشگوزه‌رانی و یه‌كسانی بووه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان و ته‌واوی جیهان به‌ڵام له‌ پاڵیاندا كه‌سانی ده‌روون نه‌خۆش و شه‌ڕانگێز ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵات دارانه‌یانه‌ پێیان قبول نه‌بووه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌موو جۆره‌ هه‌وڵێكی خۆیان خستۆته‌گه‌ر بۆ له‌ناو بردنیان كه‌ به‌هه‌ر جۆره‌ شێوه‌یه‌ك بێت به‌ڵام له‌ ده‌رئه‌نجامدا توانیویانه‌ شوێن په‌نجه‌ی خۆیان له‌نێو گه‌له‌كانی خۆیان و جیهان بكه‌نه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌سه‌ڵات داره‌ دادپه‌روه‌رانه‌.

ئه‌گه‌ر بێت و به‌راوردێكی مێژوویی بكه‌ین كه‌ له‌نێوان دوو سه‌رۆك وه‌زیراندا كه‌ له‌ دوو سه‌رده‌می جیاوازدا كه‌ ئه‌ویش عه‌بدلكه‌ریم قاسم و عادل عه‌بدلمه‌هدی كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ عێراق كه‌سێكی دیموكراسی خواز و دۆستێكی گه‌لی تری كوردیان تیرۆر كرد به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی تر نه‌ك به‌ كووشتن چوونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ وه‌كو بارودۆخی سه‌رده‌می عه‌بدلكه‌ریم قاسم نه‌خوازراو بووكه‌ جارێكی تر سه‌رۆك وه‌زیرانێكی تری عێراق تیرۆر بكه‌ن به‌ڵام توانیان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ دووری بخه‌نه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و كه‌چی تاوه‌كو ئێستا داهاتووی عێراق ناڕوونه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نازانرێت كه‌ كه‌شتیه‌ گه‌وره‌كه‌ی عێراق كه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌ بێ سه‌رو به‌ره‌یه‌ هه‌ربۆیه‌ نازانرێت داهاتووی ئه‌م كه‌شتیه‌ی گه‌لی عێراق به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك هه‌نگاو ده‌نێت.
به‌داخه‌وه‌ هه‌ركاتێك كه‌سێكی دادپه‌روه‌ر له‌ عێراق بیه‌وێت له‌دایك بێت بۆ میله‌ته‌ هه‌ژاره‌كه‌ی كه‌چی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌و گرفتی جۆراوجۆری ده‌كه‌ن كه‌ هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ حاله‌تی كوشتنیشی ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ عێراق كه‌ سانی شۆڤێنیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رست و مه‌زهه‌بچی و كۆنه‌ به‌عس و گه‌نده‌ڵ و به‌رژه‌وه‌ندخوازبوونیان هه‌یه‌ هه‌ربۆیه‌ عێراق هیچ كاتێك ئیسراحه‌ت به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت كه‌ هه‌تاوه‌كو ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ دانه‌ماڵڕێن له‌نێو عێراقدا.هه‌ربۆیه‌ نه‌ك عه‌بدلكه‌ریم قاسم و عادل عه‌بدلمه‌هدی هه‌ركه‌سێك تر بێت ده‌ست بۆ كاری چاكه‌ ببات و ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری دا بوونی هه‌بێت زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت به‌ ئاره‌زووی خۆی و میله‌ته‌كه‌ی كار بۆ وڵاته‌كه‌ی بكات…




نیشتمان … سەلام عومەر

لە مەملەکەتەکەی مندا
بەرزی و نزمی زۆری تیایە
هەم چیای هەزار بەهەزار دەبینی و
هەم بیابانی وشکوبرنگیش
هەم دەفەری ئارام و
هەم تخوبی پڕ لە جەنگیش
٭٭٭
لە مەملەکەتەکەی مندا
زەویەکانی…..
هەندێ بەراو
زۆرینەشیان دێمەکارن
مرۆی زۆر هەن
خۆ هەندێکیان سوروسپی
ئەوانی تریان بێکارن،
کارەکەری مۆدێرن هەن
ئاغاو کوێخای نوێش دەبینی
کۆیلەش هەیەو
سیمای بێتاموخوێش دەبینی.
٭٭٭
لە مەملەکەتەکەی مندا
بەرزی و نزمی زۆری تیایە
وەکو مەڕۆکەو بزنۆکە
هەم گوانی پڕ لە شیرەو
هەم دیوەخانیش پڕ گیایە.




بە دیار منەوە دا مەنیشه … سەدا جەودەت

وەک پەپولەیەک به دیار وەرزی
پڕ لە حەسرەتم، دا مەنیشه
حەزت نەچێته سەرینەکەی شەوانم
من ژنێکی بێ چاو و رووم

من ژنێکم….
له نیوەی شەوا حەزم دەچێته بینینی مانگ
له نیوەی شەوا ئاوی گوڵەکان دەدەم
بۆنی ئالۆڤێرام له خۆم تەرک کردوو
بەیانیەک له خەو هەلدەستم
ناوی خۆمم لەبیر چووە
بیرم چووە له کوێوە هاتووم و
لە کوێ لەنگەر دەگرم.

من ژنێکم وەک بۆقێکی پیس
شەوان له ناو قەوزەکان رادەکشێم و
خەون به بەچکه ماسی و بەچکه مراوویەوە نابینم
تاریکی له باوەش دەگرم بێ ئەوەی بیلاوێنمەوە
شەمشەمەکوێرەم و تەرکی روناکی دەکەم
پشت دەکەمه دوا تیشکی خۆری ئێواران

به دیار منەوە دامەنیشه….
چش بکه ئینجانە شینەکانم
چش لەوە بکە که دەستم لێی داوە
بۆنی ئالۆڤێره به ماڵەکەم پەرت و بڵاو کەوە
ببه به هەورێکی رەش و پەنجەرەی ژوورەکەم بگره
تۆ چیت داوە له ژنێکی دەم رووت
دەر و دراوسێ نما به شووم ناوم نەبا
له ئێوارەیەک دا هەناسەم لێ دەبرێ و
ئەم هەموو دەم رووتیەم فریام ناکەوێ
مانگ بەم هەموو گرینگی پێدانه روم لێ وەردەگێرێ
وەک گەلایەکی ڕەنگ زەردی پایزانە
دەکەومه خوارەوە و هەستانەوەم نییە
ژنێکی دەم رووت چ له زەردی پایزان تێدەگا
ژنێک به هەموو تەمەنیەوە چاوەرێی
هەورە پەشمەک ئاساکانی بەهاری نەکردبی
من ژنێکی تر نەبووم هەورەکان بێنمه بەر پەنجەرەکان و
به دیاریەوە شت بنووسم و بیدەم بە ئاوا
له هەر شوێنێ ئارامی هەبێ تێکی دەدەم و
دەنوکی کۆتڕەکانی ئاسمان دەبڕم و
هەڵیان دەواسم بە تەنافی حەوەشەوە
هێڵانەی کوکوختیەکان دەسووتێنم و
بۆنەکەی دەدەم به “با”
من وا ئافرێنراوم حەزم به دەنگه دەنگی نەورەسەکان بێ

به دیار منەوە دامەنیشه ….
گۆچان به دیار منەوە به دەست مەگڕە
وەک من حەزت نەچێته دار هەنجیره پیرەکان
لەگەل من دا له ناو باخه دار مردووەکان مەگەڕێ
تەبیعەتی قێزەوەنی من مەگڕه
که منالەکان به دار زەیتونەکەی بەر مالتان
جۆڵانەیان هەلخست دەریان مەکه
دامەنیشه…..

با دەم رووتی من تێکەڵ به شەونمی گوڵەکانت نەبێ
من لەو کوکوختیه تەنهاترم که به دەست منەوە
دەنوکی براوە و وەک فاحیشەیەک لێم دەروانێ
ئەو شەوانەی مانگ لێم ناڕوانێ
تێدەگەم مانگ باکی بەسەر بەچکه فیڵێکی رەزا قورسەوە نیه
تێدەگەم نەیزەکەکانیش قسە بۆ دەم روتی شارێکی سارد و سڕ ناکا
ئەو دەمەی دەستی خۆم له ناو خوێنم بۆ نادۆزرێتەوە
وەک قەلەرەشێک قاره قارم لێ هەلدەچنێ و
وەک ئەوەی دەنوکی کوکوختیەکان دوعایان لێ کردبم
تۆ مەلێ دا دەنیشم به دیارتەوە
با بۆنی هەلوژەی گەنیو له دەمتەوە نەیە
به دیار تەبیعەتی نەورەسیەوە دامەنیشە
با شەوان له پشت پەردەکانی پەنجەرەوە
گوێ نەگری لە چیرۆکی خوێنی دار تووێک
ئەوەتا گوڵی باخچەکەشم له دەستم وەرەز و بێزار بووە و
گازندەی ئەوە دەکا ئاوی نادەم
کەچی ئەو، رۆژ به رۆژ جوانتر ئەبێ
بیری بۆ ئەوە ناچێ له نیوەی شەوا
ژنێک به دەستە ئەسمەرەکانیەوە ئاوی ئەدا
و ئەو لە شیرینی خەو بینینە
جار جار پەڕەکانی ئەوەند پڕ و گەورەن
له باڵی تاله ئاوریشمەکانی تاوسێک ئەچن و
وەک مۆمێکی پیر تنۆک تنۆک ئەکەونە خوارەوە
ئەوەتا ئەویش نایەوێ له تەبیعەتی من تێبگا
نایەوێت بیری بۆ ئەوە بچێ که ژنێکی ئەوەنده بۆگەن و
مووخەنەتیش توانای خۆشویستنی گوڵی هەیه
ئەی نەورەسی جێماوم
تۆش تێمەگە و چش بکه به دیار دانیشتنمەوە.

ــــــــــــــــــــــــ
سەدا جەودەت




چەند کورتە شیعرێکی فەزای زانکۆیی …. مەولود ئیبراهیم حەسەن

بە بۆنەی ساڵی تازەوە ، ئەم چەند کورتە شیعرەی کە فەزایەکی زانکۆییان هه یە ، پێشکەش بە کچ و کوڕە زانکۆییەکانی ئەمڕۆو دوێنی دەکەم ./براتان مەولود

تەختە ڕەشە بوو
بە باخچەیەک لە گوڵ
مامۆستا
ناوی تۆی خستە ڕستەوە.


کە تۆ لە کلاس بیت
کچەکان هه موویان
دەبن بە پەری
کوڕەکان.. ئیماندار
زانکۆ.. بەهه شت .


مامۆستا بەدەنگی بەرز
وانە دەڵێتەوە
من بە هێمنی
گوێم لە دوانی
بێ دەنگی دڵتە.


کە قاویەکت لە کافتریا خواردەوە
کوڕان
سێلڤیان
لەگەڵ کورسی و مێزەکەدەگرت.


کە دەڕؤی
گوڵ لە باڵات دەوەرێ
کە دەدوێی
ئاواز
کە دێیتە زانکۆ
زستان دەکەی بە بەهار.


دوێنێ نە هاتبووی
ئەمڕۆ وانەکانت
کۆپی دەکرد
پێویستە منیش
خۆم کۆپی بکەم
دەترسم
لەم ژیانە بەیەک نەگەین.


بەیانی تاقیکردنەوەمان هه یە
من
وەڵامەکەی خۆم
دەدەم بە تۆ
دڵم دەلەرزێ
دەڵێن
دەستت زۆر قوڕسە.


تازە بیستوومە
نابیناکەی پۆلمان
هه ر ڕۆژێک
تۆ
بەیانی باشی لەگەڵ بکەی
ئەوڕۆژە
پیویستی بە گۆجانی زیرەک نیە.


جوار ساڵە لە زانکۆم
شازدە ساڵە دەخوێنم
کۆشاوم زانستێک فێربم
دواجار کەتوم بینی
جگە لە خۆسەویستی
هه موو شتێکت لە بیربردمەوە.


ناوی قوتابیەکانی خوێندەوە
مامۆستا
هه موویان ئامادەبوون
تەنیا کورسیەکەی تۆ
چۆل بوو
مامۆستا هاواریکرد
ئەوە بۆچی کەس نەهاتووە؟


لە ئاوێنەی ژووری کچانا
سەیری خۆت کرد
لەو ڕۆژەوە
هه ر کچێک لەو ئاوێنە
سەیری خۆی بکات
بە تەنیا تۆ دەبیبێ.


مۆبایلەکەت بزرکرد
هه ر کوڕەو مۆبایلیکی
وەک ئەوەی تۆی
بەدەستەوەیەو
دەڵێ
ئەوەتە لای منە.


زەنگی مۆبایلەکەت
لێیدا
هه ر کوڕەو
مۆبایلەکەی خۆی
خستە بەرگوێی.


لە هه ر تاقیکردنەوەیەکدا
قوتابیەکان
لە کلاس تۆیان لە گەڵ بێت
هه موویان لەم وانەیە
نمرەی بەرز دەهێنن.


دوێنێ تۆ
بەبێ چەتر
لە ژێر باران
لە حەوشی کۆلیژ
پیاسەت دەکرد
هه رچی چەتر بەدەست بوون
چەترەکانیا فڕێدا.


لە ژێر درەختەکەی
حەوشی کۆلیژ
لەگەڵ دەستە خوشکەکەتا
یەکترتان ماچ کرد
لەو ڕؤژەوە
هه رچی چۆلەکە
دێنە سەر ئەو درەختە
دەنوک دەنێنە دەنوکی یەکتر
دڵداران
ناویان لەم درەختە ناوە
درەختی ماچ .


منداڵە خوازۆکەکەی
بەردەرگای کۆلیژ
کە تۆی لە بەردەمی خۆیا بینی
لە بیری کرد
چ کەسێکەو داوای چی دەکات.

* هه وڵیر -٢٥/١٢/٢٠١٩




سوپاس، نەھاتی ! … نەوزاد بەندی

سوپاس ..

بەلایەنی کەمەوە
وات کرد
ئوتومبیلەکەم بکەم بە گوڵ
دوای ئەوەی مانگ زیاترە
بووە بە تەپۆڵکەیەک قوڕ و
زبڵ

سوپاس
بەلایەنی کەمەوە
وات کرد
لە ئەرشیفی کانتۆرەکەم
بۆ بۆینباخی گوڵ گوڵ بگەڕێم ..
سوپای زاڵی برنجی قژم
تێک بشکێنم و
سروود بۆ ھێزی
پاشەکشەکردووی
ماشەکەی بڵێم ..

سوپاس
بە لایەنی کەمەوە
وات کرد
چەند سەعاتێ
بیر لە ڕۆژێکی جیاواز کەمەوە ..
دوو کوپ قاوەی گەرم،
تۆزێ ھەناسەی سوار و
کە خەڵکێک بە لاما بڕۆن،
ئاوڕ بەمەوە ..

سوپاس
کە وات کرد ،
بیرێ
تۆزێ بیر
لە یەک دوو سەعات
تایبەت
بە ژیانی خۆم بکەمەوە ..

سوپاس ،
نەھاتی !