كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا -1- … هه‌ندرێن خۆشناو

به‌شی (1)

بێجگه‌ له‌
كاریكاتێر ڕۆژنامه‌گه‌ری پشت به‌ جۆره‌كانی تری شێوه‌كاریش ده‌به‌ستێت، وه‌كو وێنه‌
و پۆسته‌ر و وێنه‌ی هاوپێچ یان باكگراوند، ئه‌م جۆرانه‌ش زۆرجار له‌گه‌ڵ
كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانیاندا، كه‌ زۆرجار ته‌كنیكه‌كانی
كاریكاتێر به‌كاردێنن له‌ جێبه‌جێكردنیاندا، یان ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌ چاره‌سه‌ر
ده‌كه‌ن كه‌ وایان لێده‌كات تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ كاریكاتێر بچن. نزیكترینیان له‌
كاریكاتێر پۆسته‌ره‌ كاتێك كه‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدیای تێدابێت، بۆیه‌ له‌ پۆسته‌ره‌وه‌
ده‌ست پێده‌كه‌ین.

1- كاریكاتێر و پۆسته‌ر:

جیاوازی له‌
نێوان كاریكاتێر و پۆسته‌ردا پرسیار لای كه‌س ناوروژێنێت، هه‌ریه‌كه‌یان
ڕه‌گه‌ز و خه‌سڵه‌تی جیاكاری خۆی هه‌یه‌، كه‌ بوار بۆ پرسیاركردن ناهێڵێته‌وه‌،
پۆسته‌ر جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی گرافیك له‌سه‌ر كاغه‌زێكی گه‌وره‌، زۆرجاریش ناوه‌ڕۆكێكی
روون و دیار و ده‌قێكی كورتی شیكاریی هه‌یه‌، مه‌به‌ستیشی پروپاگه‌نده‌ و هاندان و
رێكلامكردنه‌، له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و بازرگانی و شانۆ و پزیشكی و فێركردن و چه‌ندین
بواری تریش.

كه‌چی
كاریكاتێر نیگارێكه‌ پشت به‌ زێده‌ڕۆییكردن و گه‌وره‌كردن ده‌به‌ستێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی
كاردانه‌وه‌یه‌كی كۆمیدیانه‌.

ئێمه‌ لێره‌دا
مه‌به‌ستمان توێژینه‌وه‌ نیه‌ له‌ هونه‌ری پۆسته‌ردا، مه‌به‌ستمان له‌ چوارچێوه‌ی
پۆسته‌ری گاڵته‌جاڕی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، په‌یوه‌ندی نێوان پۆسته‌ری گاڵته‌جاڕی و
كاریكاتێر چیه‌؟ ئایا ده‌توانین به‌ كامه‌یان بژمێرین كاریكاتێر یان پۆسته‌ر؟ به‌ڕای
ئێمه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ ڕه‌وان، له‌به‌ر هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌ویش زۆرێك له‌ پۆسته‌ره‌كان
ته‌كنیكی كاریكاتێر به‌كاردێنن، و زۆرێك له‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌
ته‌ڵه‌ی پۆسته‌ره‌وه‌ (بۆیه‌ ناومان لێنا ته‌ڵه‌، پاش كه‌مێكی تر ده‌یزانین). پێش
ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، پێمان باشه‌ نه‌ختێك له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی
پۆسته‌ر به‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌وه‌ بوه‌ستین، ئایا پۆسته‌ر هونه‌رێكی ڕۆژنامه‌وانیه‌؟
بۆچی به‌ یه‌كێك له‌م هونه‌رانه‌مان دانا كه‌ هاوبه‌شی كاریكاتێر ده‌كه‌ن له‌
ڕۆژنامه‌گه‌ریدا؟ بێگومان پۆسته‌ر له‌ هونه‌ره‌كانی ڕۆژنامه‌وانیدا نیه‌، له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ یه‌كێك له‌و هونه‌رانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بوونیان هه‌یه‌،
له‌ ناوه‌كه‌یڕا دیاره (ملصق: پێوه‌نووساو، پێوه‌لكاو) كه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ پێوه‌نووسان
و پێوه‌لكان به‌ دیوار و ڕوو‌كار و شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه، به‌ڵام هۆی بوونی له‌
ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بۆ ئاسانكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كه‌‌، و گه‌یشتنی به‌
فراوانترین چین و توێژه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌، به‌مه‌ش كاریگه‌ری زیاتر ده‌ستده‌كه‌وێت،
هه‌ندێك جار پۆسته‌ر وه‌كو ماده‌یه‌كی هاوكار به‌كاردێت، به‌ڵام ئه‌م به‌كارهێنانه‌
لاوه‌كی ده‌بێت، زۆجاریش پۆسته‌ر بۆ ئه‌م به‌كارهێنانه‌ ئاماده‌نه‌كراوه‌، له‌وانه‌شه‌
به‌كاربێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ی كه‌ بۆی ئاماده‌كراوه‌، پۆسته‌ریش له‌م
حاڵه‌ته‌دا جێی بایه‌خی ئێمه‌ نیه‌ له‌م توێژینه‌وه‌دا.

له‌به‌ر ئه‌م
هۆیانه‌ی كه‌ باسمان كرد، واباوه‌ كه‌ پۆسته‌ر به‌ قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌
بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كاندا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنه‌ر بتوانێت له‌ ڕۆژنامه‌
یان گۆڤارێكدا بیبڕێت، بۆ هه‌ڵگرتن یان هه‌ڵواسینی، زۆرجار له‌ گۆڤاره‌كاندا له‌سه‌ر
یه‌كێك له‌ به‌رگه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌ر ڕه‌نگاوڕه‌نگی به‌رگه‌كان، به‌مجۆره‌ش
شێوه‌ی پۆسته‌ره‌كه‌ هه‌روه‌ك جێبه‌جێكراوه‌ ده‌رده‌چێت، زۆربه‌ی گۆڤاره‌كانیش له‌
دیوی پشته‌وه‌ی به‌رگ ماده‌یه‌كی كه‌م بایه‌خ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، به‌مجۆره‌ خوێنه‌ر
ده‌توانێت پۆسته‌ره‌كه‌ ببڕێت، به‌بێ ترسی فه‌وتان و له‌ ده‌ستدانی ماده‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی
پشتی پۆسته‌ره‌كه‌.

به‌م شێوه‌یه
پۆسته‌ر جیاوازه‌ له‌ كاریكاتێر هه‌تا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا بوونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی، بۆیه‌ ئێمه‌ش
باسی ده‌كه‌ین.

به‌كارهێنانی ته‌كنیكی كاریكاتێر له‌ پۆسته‌ردا دیارده‌یه‌كه‌ بره‌وی هه‌یه‌ و بازاڕی گه‌رمه‌، له‌به‌ر هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی ئه‌ویش ستایلی كۆمیدیا سه‌رنجی بینه‌ر ڕاده‌كێشێت، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ش به‌ نه‌رم و ڕه‌وانی ده‌گه‌یه‌نێت، پۆسته‌ریش به‌ هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌ ئامانجی پروپاگه‌نده‌یی هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت بینه‌ر قبوڵی بكات و پشتی تێنه‌كات، بۆیه‌ ستایلی كاریكاتێریی سه‌ركه‌وتووترین ستایله‌ بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ستایلی دیكه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پۆسته‌ر كاریكاتێر به‌كاردێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و مافه‌مان ناداتێ كه‌ ناوی بنێین كاریكاتێر، بۆیه‌ نمونه‌ترین ناو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی بنێین (پۆسته‌ری كاریكاتێریی)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی سه‌ر به‌ هونه‌ری پۆسته‌ره‌، بۆیه‌‌ وێنه‌كه‌ به‌ پله‌ی یه‌ك پۆسته‌ره‌ و به‌ پله‌ی دوو كاریكاتێره‌، چونكه‌ كاریكاتێر ڕۆڵێكی هاوكار ده‌بینێت و ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵقه‌كانی تری هۆكاره‌ هاوكاره‌كان پێكدێنێت، وه‌كو به‌كارهێنانی ڕه‌نگ و هێڵه‌كان و جاری واش هه‌یه‌ شێوه‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری جگه‌ له‌ كاریكاتێر به‌كاردێنێت وه‌كو وێنه‌ بۆ نمونه‌، نمونه‌ش بۆ پۆسته‌ری كاریكاتێریی، ئه‌و كاره‌ی هونه‌رمه‌ندی رۆسیایی كۆچكردوو (بۆریس یڤیمۆف)ـه‌، كه‌ دژ به‌ هیتله‌ر و له‌شكره‌كه‌ی كێشراوه‌، و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا به‌سه‌ر سه‌ربازه‌كاندا دابه‌شكراوه‌.

هه‌ندرێن خۆشناو




تێڕوانینی قۆناغی دوای سولەیمانی .. ئێران بەرەو کوێ؟ … ئارام ئازاد

دوای کوژرانی قاسم سلێمانی ھەموو دەنگۆ و ھەواڵە گەرمەکان بە ئاراستەی ھەڵگیرسانی شەڕە لە نێوان ئێران و ئەمریکا ، ئەگەر بەو پێیەبگەڕێینەوە سەر چەند پرسێکی ڕابردوو و لەم ڕوانگەیەوە بۆچونێکی دروستمان لەلا گەڵالە دەبێ و لەسەر ئەو ئەساسە دەتوانرێ بڕیاریدروست و ھەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر.
سەرەتا با بگەڕێینەوە ساڵی 2003 و لەگەڵ کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی بەعس لە ئێراق ، حاکمی فەعلی ئەوکاتی ئەمریکا ، ئێراقی وەککێکێکی ڕازاوەی حازر پێشکەش بە شیعە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی کرد ھەرچەند ئەوکات سوننەی ئێراقی لەلاوازترین ساتەکانیدەسەڵاتیان بوون بەبۆنەی ئەوەی سەدام حوسێن تازە کۆتایی ھاتبوو و لە جیھان وا بڵاوببوەوە کە سەدام لە خێزانێکی سوننە مەزھەب لەدایک بوە کەواتە لەسەر سوننەی ئێراق ھەژمار دەکرا ھەر بۆیە پێگەی لاوازی سوننە وای کرد ئەستێرەی بزری شیعە دووبارە سەرھەڵداتەوە ،ھەرچەندە ئەمریکا دەیتوانی سوود لە ھەژمونی ڕابردوی ساڵانی 1980 تا 2003 وەربگرێ کە شیعەی ئێران دەسەڵاتیان چەند فراوان بوە وحەزی پاوانخوازیان نەشاردۆتەوە و لە لوبنان چالاکی جۆراوجۆریان بەرامبەر ئەمریکیەکان ئەنجام داوە تا کار گەیشتبوە ئەوەی مەودایچالاکیەکانیان تا نایرۆبی کینیا و کامپالای ئۆگەندا و ھەراری زێمبابۆی ڕۆیشت بوو ، دیارترین ئەو چالاکیانەش بریتی بوون لە سەرپەرشتیکردنی بەشێکی زۆری خانەی بێ سەرپەرشتان و کردنەوەی قوتابخانەی ئایینی و دروستکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ بەخشینو سەرپەرشتی کردنی ماددی حکومەتانی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەردا بە دەستھێنانی عەتفی خەڵکی ئەو وڵاتانە و وەلائی حکومەتەکان مەبەستیسەرەکی بوو و پێگەی ئەو وڵاتەی بەھێزتر کردبوو ، کەسی یەکەمی سەرپەرشتیکاری ئەو چالاکیانەش قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپایقودسی ئێرانی بوە، دەست ڕۆیشتویی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە وای کردبو کە ناو بنرێ بە ئەمریکای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سولەیمانیشوەک ھەڵسورێنەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، دەوڵەتە ئیسلامیە شیعە مەزھەبەکان لەپاڵ ناوی سلێمانی دەلێن ‘أمانة المذهب بأيده’ واتەمەزھەبی شیعی بە سولەیمانی سپێردراوە ، ئەم ھەموو پیاھەڵدان و گۆتنە سولەیمانی وەک خۆشەویستترین کەسی ئیسلامی لە دەرەوەیسنورەکانی ئێران ناساندبوو نەک ھەر تەنھا لەناو شیعە بەڵکو لەناو خەڵکی سوننە مەزھەبیش خۆشەویست بووە ، بەڵام ئەم حاڵەتە لەناوئێران تەواو ئاوەژو بووە چونکە سولەیمانی بە سەرکوتکاری چەندین خۆپیشاندان و بە گرتن و کوشتنی چەندین لاوی ئێرانی و کوردی لەقەلەمی دەدەن بە تایبەت لەگەڵ خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئێرانی ساڵی 1999 ناوی دێ دوای ئەوەی ھەڕەشەی لە سەرۆک کۆماریئەوکاتی ئێران محمد خاتەمی کرد کە ئەگەر ھاتوو فەرمانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان نەدا ئەوا خۆی بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت ئەو کارەدەکا و دوای دامرکاندنی خۆپیشاندانەکانیش کەوتە گیانی خوێندکارانی بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانانە ، ھەر بۆیە سەرۆک کۆمارە یەک بەدوای یەکەکانی ئێران لە دوای ساڵانی 1995 ەوە ئەوەندەی بەھۆی ترس لە پێگەکەی خۆشەویست بووە ، ئەوەندە وەک کەسایەتیەکی دۆستیسەرۆکەکان خۆشەویست نەبوە لەلایان.
لەم دوا بە دوایانەدا سیاسەتەکانی سولەیمانی ئەوەندەی کێشەی بۆ ئێران خەلق کردبوو ئەوەندە سوودی نەبوو بەتایبەت لە دروستکردنیمیلیشیا شیعیەکان کە بھۆیانەوە ئێران زەبری ئابوری توندی بەرکەوت و نەدەتوانرا بە ئاشکرا وابوترێ چونکە ئێران بە بێھێز لە قەڵەم دەدرابەرامبەر بە سزا ئابوریەکانی ئەمریکا بەڵام لەناو وڵات بە تەواوی لە سیاسەتەکانی بێزار بوون ، دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی ئێران وبێزاری خەڵک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و خەرجکردنی داھاتی ناوەخۆی ئێران لە چەک و پێداویستی بۆ میلیشیا شیعیەکانناڕەزایەتیەکان گەیشتبوونە قۆناغێکی مەترسیدار کە ئەگەری کەوتنی سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەی لێوە بەرجەستە دەکرا و دەسەڵاتدارانیئێران ژێربەژێر پێیان خۆش بووە کە ملکەچی سزاکانی ئەمریکا بن تا سیستەمی سیاسی شیعی لەو وڵاتە لە ڕوخان ڕزگار بکەن و چەندجارێک لە ڕێگەی عەلی خامنەییەوە نیگەرانیەکانیان گەیاندبوە سولەیمانی بەڵام گشت ھەوڵەکانیان بێ سوود بووە و سولەیمانی پێداگریلەسەر پڕ چەک کردنی ھێزە شیعیەکانی دەوروبەر کردۆتەوە ، لە دوای کوژرانی سولەیمانی دوو ئەگەر لەبەردەم ئێرانی نیوە ھێز دادەمێنێتەوە یا چەک ھەڵدەگرن و تۆڵەی سولەیمانی دەکەنەوە و بەم شێوەیەش ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم شەڕێکی خوێناوی مەترسیدار وکەمەرشکێن دا دەبێ یا کوشتنی سولەیمانی ڕێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆی نێوان ڕۆحانی و ترەمپ بووە ، چونکە نەمانی سولەیمانی میلیشیاشیعیەکان پەرتەوازە دەکا کە ئەوەش ویستی ئەمریکایە و وەک ئەوەیە بە ئێران بلێ ‘چیتر دەست وەرمەدە کاروباری وڵاتانی دەروبەر لەبەرامبەردا گەمارۆ ئابووریەکان کەم دەکرێنەوە یا نەمێنن ئەم خاڵە سوودی ھەردوو لەیەنی تێدا دەبێ بۆ ئێران ئەوە دەبێ چیتر خەڵک داوایگۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی وڵات ناکەن واتە شیعە دەسەڵاتداری وڵات دەبێ و وا لە خەڵک دەگەیەنرێ کە سولەیمانی ھۆکاری ئەو عەقەبانەبوون کە ھاتنە ڕێگەی ئێران و بۆ ئەمریکاش زۆر ئاسان دەبێ کە میلیشیا شیعیە ئێراقیەکان و یەمەنیەکان لەناو ببا بۆ ئەوەی حکومەتەکارتۆنیەکانی ئەم دوو وڵاتە ببن بە حکومەتی فعلی ، من پێم وایە خاڵی دووەم ڕوودانی نزیکترە وەک لە خاڵی یەکەم چونکە ئێران باش دەزانێگەر شەڕ ڕابگەیەنرێ بەرامبەر بە ئەمریکا چی ماڵوێرانیەک چاوەڕێی دەکا.

ئارام ئازاد – جیۆپۆلەتیک




مەحموودەکان و ئێمە؟! … برایم فەڕشی

دوابەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، جارێکی تر کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەندی ناوبەدەرەوەی فارس و خۆبەئێرانی زان، کەوتونە تازیەگێڕان و بەسەرداهەڵکوتنی ناوبراو. ئەو کەسانە هەستی ئێرانی و ناسیۆنالیستی خۆیان لە کەسانی وەک سولەیمانی و زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و حەسەن ڕوحانی دەبینن، یەک لەوانە مەحموود دەوڵەتئابادی ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسە.

دەولەتئابادی یەکەم کەس نییە، کە بە یەک ڕواڵەت ناسراوە و ناسێندراوە. گەلێک لەو کەسانەی بە ناوی نووسەر، هونەرمەند، فەیلەسووف، سیاسەتمەدار و نوخبە بە خەڵک ناسێندراون و دەناسێندرێن، کەسایەتیان دوور لە کەسایەتی دەوڵەتئابادی نییە. دەوڵەتئابادییەکان توانای ئەوەیان هەیە بە چەند ڕوو و ڕواڵەت لە سەر سەکۆکان دەرکەون و بەردەوام کۆمەڵێک خەڵک وەدوای خۆیان بخەن. دەولەتئابادی بە تایبەت لە سەردەمی پەهلەوی و سالانی سەرەتای حکوومەتی ئیسلامی، ناسێنەری بازنەی “رۆشنبیران و هونەرمەندان” بوو. مرۆڤێک کە خۆی لە بازنەی چەپ و سێکۆلاردا دەدیتەوە.

ناوی دەولەتئابادی لە گەڵ ئەکبەر ڕادی، سەعید سولتانپور، ناسر رحمانی نژاد و ئەو کەسانە دەهات کە بە پێشڕەوی شانۆی ئێران دەناسران. شانۆنامەکانی ئەوان لە سەر سەکۆ لە لایەن ساواک و پۆلیس، ڕادەگیرا و هەر لە سەر سەکۆی شانۆوە ڕەوانەی زیندان دەکران. ئەوان ببوون بە “پێشڕەو” لە بواری هونەر-شانۆ- سیاسەت.
گۆڕینی ڕژیمی پەهلەوی و کۆمەڵگا، گۆڕینی فکریی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیی، تێگەیشتن و جێگای کۆمەڵایەتی توێژی هونەرمەند، نووسەر،”نوخبە”، سیاسی بەدوادا هات. جگە لەوە سەرکوتکردنی جیابیران لە لایەک و دوژمنایەتی لە گەڵ هونەر بە تایبەت موسیقا، شانۆ، سینەما، ئەم توێژەی لەبەر یەک بڵاوکرد.

کۆمەڵێک چوونە ناو سیستەم، کۆمەڵێک کوژران، کۆمەڵێک خۆیان لە گەڵ سیستەم ڕاهێنا و درێژەیان بەکار دا و کۆمەڵێک ڕەوانەی زیندان کران و کۆمەڵێک بەرەو هەندەران چوون. بەم شێوەیە بازنەی فکریی، هونەریی، سیاسی ڕووە و ڕۆژئاوا لە بەر یەک ترازا و چەپی سۆڤیەتی و چریکی و گریلیایی لەبەر یەک بڵاوبووە و توێژێکی نوێی ئیدئۆلۆژیکی- ئایینی- ئیسلامی پەرەیان ساند و پاشماوەی توێژی پێشوو خۆیان لە گەڵ سیستەم، دامودەزگاکان و توێژی نوێ و قالبەکان و تێگەیشتنەکانی سیاسی- کۆمەڵایەتی- هونەریی حکوومەت و بەرپرسانی ڕاهێنا.

دەولەتئابادی و کۆمەڵێکی تر کەوتنە ئەو بازنەیە کە هەم جاروبار سووکە ڕەخنەیان دەگرت، هەم لە گەڵ حکوومەت لە زۆر لایەنەوە کۆک بوون، ئەم توێژە چەپیان بە ناسیۆنالیسمی ئێرانی – ئیسلامی گۆڕییەوە و چاویان بە سەر زۆر لە جیانەیەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی نووقاند، لەوانە کوشتن و ڕاونان و تیرۆری دۆست و هاوکارەکانی خۆیان. ئەم وەرچەرخانە فکریی- سیاسی- کۆمەڵایەتی و چینایەتییە، تایبەت بە ئێران و فارس نیە و بە گشتی ئەم توێژە لە پرۆسەیەکدا دەتوانن لە شۆڕشگێڕێکی خۆبەختکەرەوە ببن بە دیکتاتۆر و جەنایەتکار و دژبە هەموو باوەڕەکانی پێشووی خۆیان.
بۆ وێنە ” RAF فراکسیۆنی سپای سوور”ی ئاڵمان، هێزێکی چەپی چریکی بوون کە سەرمایەدار و بانکدار و کەسانی پلە بەرزی سەرمایەداریان تیرۆر دەکرد، ئێستا دوو کەس لە بەرپرسی پێشووی ئەم ڕێکخراوەیە، لیدرێی “نئۆنازییەکان”ی ئاڵمانن.

بێ گوومان مەبەست ئەوە نییە دەوڵەتئابادییەکان، فەروخ نیگەهدارەکان بخرێنە ناو ئەم خانەیەوە، مەبەست ئەوەیە “نوخبە”، “پێشڕەو”، “خەڵکیبوون”، پێناسە و کەسایەتی ئەبەدی هەر کەس و کەسانێک نییە و ژمارەی نوخبە و پێشڕەو، کە وەفادار بە ئاڕمان و ئامانج دەمێنن، زۆر نیین. لە ناو ئێمەی کوردیش هەمان پرۆسە بووە و دەبێ و هەیە. ئەم پرۆسەیە لە ناو حزبەکانیشدا بووە و هەیە.
نووسەری ئەم دێڕانە بەشێک لە ژیانی لە گەڵ کەسانی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی و زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندانی ئێران ڕابوواردوە. بەشێک لەوانە مرۆڤی بە هەڵوێست ماونەتەوە، بەشێکیان کوژراون و تیرۆر کراون، بەشێکیان بوونەتە هاوکاری نزیکی حکوومەتی ئیسلامی، بەشێکیان لە دەرەوەی ئێران بوونەتە دژی ناسیۆنالیسمی کورد و ئەوانی تر، جگە لە ناسیۆنالیسمی خۆیان.
بە باوەڕی من، ئێران و نوخبە و نوخبەکانی ئێرانی، بۆ ئێمەی کورد، مەسەلەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو مەسەلەیەکی دەرەوەی سنووری ئێمەی کورد و کوردستانە.

ئەوەی کە ئێمە دەبێ لامان گرنگ بێ، کۆمەڵگای خۆمان، هونەرمەند و نوخبە و پسپۆڕی کوردە و پێوانەش دەبێ ئەوە بێ، کە کێ خۆی و هونەر و بەرهەم و هێزیی فکریی، هونەریی، مادیی و مانەویی خۆی لە ناو و دەرەوەی کۆمەڵگای کوردستان، دەخاتە گەڕ بۆ نەتەوە و تاک تاکەکانی، کە بە درێژایی مێژوو، نە تەنیا کۆلۆنی حکوومەتەکان و دەستەڵاتدارەکان بوون، بەڵکوو گوێڕایەڵ، گرێدراوی هونەر و فەرهەنگ و تێگەیشتن و ئیدئۆلۆژی و مانەویاتی نوخبە و هونەرمەندان و بیرمندانی نەتەوەی داگیرکەر ماونەتەوە.
داپچڕان لەم کۆڵۆنییە ئەرکی ئێمەیە، نە ئەوەی بەداخ بیین لەوەی بۆ دەوڵەتئابادییەکان، بە پێی خەیاڵی ئێمە ناجولێنەوە!
ئەوە بەو مانایە نییە، کورد لە سەرمایەی ئینسانی، فەرهەنگی، هونەریی، فکریی فارس و ترک و عەڕەب و سەرجەم نەتەوەکانی جیهان و بەرهەمی ئینسانی و هونەریی، کەڵک وەرنەگرێ. کەڵکوەرگرتن بەڵێ، تووانەوە نەخێر!

برایم فەڕشی
بەفرەنبار ٢٧١٩




عێراق له‌ پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

له‌ ساڵی 2003 دا وێستیه‌گی ڕه‌شی سیاسه‌تی عێراق كۆتایی هات كه‌ ئه‌ویش به‌ كۆتایی هاتنی ڕژێمه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌عس بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیتر گه‌لی عێراق وا ئومێدیان خواست كه‌ عێراق به‌ره‌و وێستیه‌گه‌یه‌كی سیاسی سپی و ڕووناك هه‌نگاو ده‌نێت كه‌چی ئومێده‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق كه‌وته‌ لێواری وێستگه‌یه‌كی ڕه‌شتری حوكمداریه‌تی شیعه‌كانه‌وه‌ ، كه‌ سه‌رده‌مانێك له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ چه‌وسێنرابوونه‌وه‌ به‌ڵام سه‌رده‌م پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌.
ئێستا ئه‌وان ته‌واوی خه‌ڵكی عێراق ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و ململانێ و گه‌نده‌ڵیانه‌ی كه‌ له‌نێو گۆڕپانی عێراق درووستیان كردوه‌ ،چوونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه‌ پێی ده‌گوترێت حكومه‌تی شیعه‌ ده‌وڵه‌تیان له‌ یه‌ك ڕیزیه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ میلیشیا و گرووپ، كه‌ هه‌رجارێك گوێبیستی میلیشیاو گرووپێكی جیاواز ده‌بینه‌وه‌ كه‌ئه‌م گرووپانه‌ وای له‌ عێراق كردوه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌رمه‌ی ململانێدا بێت، وه‌ هه‌روه‌ها له‌هه‌مان كاتیشدا بووه‌ هه‌لێكی گه‌وره‌ بۆ ئێران كه‌ ته‌واوی هه‌ژموونه‌كانی خۆی له‌ عێراق بسه‌پێنێت و ته‌واوی پرسه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ڕێگای ئه‌و میلیشیا وگرووپانه‌ی كه‌ له‌نێو عێراق هه‌ن چاره‌سه‌ر بكات .
له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كانی خۆی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌واوی جیهان بگه‌یه‌نێت كه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شێكی ئه‌و گرووپانه‌ به‌رپرسه‌كانیان له‌ ئێرانه‌وه‌ فه‌رمان وه‌رده‌گرن، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوونتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران ده‌یه‌وێت هه‌موو هێزی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ لاوزكردنی ئه‌مریكایه‌ له‌ نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌مریكا هه‌مان سیاسه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ستی ئێران له‌ نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سنوردار بكات ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م نێوه‌نده‌ عێراق بۆته‌ یاریگایه‌ك بۆ یاریزانه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا ، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019 وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌نگێكی ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ له‌ عێراق به‌رزكرایه‌وه‌ دژی ئه‌م حكومه‌ته‌ شیعه‌یه‌ به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا خۆپیشاندانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌ قه‌له‌م ده‌دران كه‌ ده‌گوترا ڕه‌نگه‌ هه‌فته‌یه‌ك یان دووهه‌فته‌ بخایه‌نێت و له‌ پاشان خۆپیشاندانه‌كه‌ كۆتاییان پێ ده‌هێنرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوو چه‌ندین خۆپیشاندان له‌ عێراق ڕوویان دابوو به‌ڵام هه‌رزوو كۆتایی پێ هات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ به‌هۆی تووڕه‌یی چه‌ندین ساڵه‌ی گه‌لی عێراقه‌وه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌م حكومه‌ته‌ میلیشیایه‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی له‌ زیاتر له‌ سێ مانگ بدات، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌چه‌ندین كووشتن و برینداری لێكه‌وته‌وه‌ به‌ڵام نه‌بووه‌ هۆی كۆتایی پێ هاتنی خۆپیشاندانه‌كه‌یان.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانیان كه‌چی له‌ كۆتا ڕۆژی ساڵی 2019 كه‌ گرووپێك له‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی نێو حه‌شده‌كه‌ش له‌گه‌ڵیان دابوون كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كونسڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد و زیانێكی مادی به‌ر كونسڵخانه‌كه‌یان گه‌یاند ، هه‌روه‌ها ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر كونسڵخانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ هات كه‌ ئه‌مریكا و ئێران و دووباره‌ ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ بۆردومانكردنی باره‌گاو بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی یه‌كتره‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی درووست نه‌كرد و خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وام بوون له‌ خۆپیشاندانه‌كانی خۆیان.
به‌ڵام له‌ بێده‌نگی چه‌ند ڕۆژه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر كونسڵخانه‌كه‌ی له‌ عێراق كه‌ به‌گه‌وره‌ترین كونسلخانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ جیهان دا به‌ڵام بۆ دواجار له‌ دره‌نگانی شه‌وی هه‌ینی به‌رواری 3|1| 2020 ئه‌مریكا بێده‌نگیه‌كه‌ی شكاند و له‌ ڕێگای فرۆكه‌یه‌كی بێ فرۆكه‌وانه‌وه‌ له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی عێراقدا موشه‌كێكی فڕێدا خواره‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سووپای پاسدارانی ئێران وه‌ هاوكاتیش ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس كه‌ به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری نێو حه‌شدی شه‌عبی داده‌نرێت له‌ عێراق له‌گه‌ڵ چه‌ندین فه‌رمانده‌ی دیكه‌دا كووژران،به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای تێبینی بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵدا له‌ فلۆریدیا ڕای گه‌یاند كه‌ ئه‌م ساڵ پێشبینی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران ناكه‌ن كه‌چی له‌ پاش دوو ڕۆژ كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی ئێرانی كه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ ئه‌ندازیاری ڕابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران داده‌نرا له‌ نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی له‌ عێراق كه‌ ته‌واوی به‌رپرسه‌ باڵا شیعه‌كانی عێراق ملكه‌چی خۆیان بۆ بڕیاره‌كانی قاسم سوله‌یمانی نیشان ده‌دا، هه‌ربۆیه‌ به‌ كووشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌توانم بڵێم له‌ ئێستاوه‌ زه‌نگی جه‌نگه‌ خوێناویه‌كه‌ لێدرا له‌ نێوان (ئه‌مریكا و ئێران) به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ نادیاره‌ بریتیه‌ له‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه‌و كۆتایی پێهاتنی جه‌نگه‌كه‌، به‌ڵام ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌خوازم كه‌ نه‌ده‌ستپێكی هه‌بێت و نه‌ كۆتاییشی هه‌بێت چوونكه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ قازانجی هیچ لایه‌ك دانیه‌ به‌ڵكو خه‌ڵك له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌بێته‌ قوربانی ، بۆیه‌ باشترین ڕێگا بریتیه‌ له‌ گفتگۆ و دیالۆگی دیبلۆماسیانه‌ له‌نێوان هه‌ردولا نه‌ك به‌ جه‌نگ و كووشتاری…