پەزمەندەکردنى یاداشتەکان … ئەحمەد حاجى سامى

“لە خۆشەویستیدا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. خەڵک دەیهەوێ واڕەفتار بکەی، کە هیچ کێشەیەکت نییە. بەڵام، خۆشەویستی کێشەیە”. دێسەمبەرى ٢٠١٩

لەناو دەمارەکانمدا، شیعرێک پیاسە دەکات. شیعرێک، تژى لە نەمرى، لە گرێ، لە ئاڵتوون. بە ئاوریشم، شیعرە جوانەمەرگەکانى سەر لاشەت، پاقژ دەکەمەوە. عەتتر لە شیعرەکانت بێزارە. لە بەهەشتە بچووک و بەجێماوەکەى منداڵیت، سەرینى فاحیشە خانەدانەکانت پێدام. بە چەرچەف، شیعرەکانمت شاردەوە. سەودات بە جەستە سڕبووەکەم و جلە دڕاوەکانم کرد. ئاو و قەوزەى پیسى زۆنگاوەکانت دەردخواردام. فرێتدامە بەردەم دوژمەکانى خودا. بەدواى خێوە خنکاوەکانى دوینێم کەوتم. خووەکانم لە خۆمدا، داماڵى. وەکوو بۆقێکى وەڕز، لە قەرەباڵخی کتێبخانەکان هەڵاتم و پاشماوەى زێرابەکانم لە گیرفانم کۆکردەوە. دەزانم هەموو شتێک لەوە خراپتر دەبێت… ئەوەندە بێدەنگ بووم، بەرگەت نەگرت. هاتى و گۆڕەکەمت ئاوەژوو کرد. سەمات بە ڕیخۆڵەکانم کرد. لافیتەکانت لێسەندمەوە. شیعر پارچەبووەکانمت وەک تاوانبارێک، لە باخەڵت ئەسیر کرد. لە بەندینخانەى ناو پێلاوەکەت، لێوەکانمت زنجیر کرد. هەرگیز گللەییت لێناکەم. بەڵام، لە شەوێکى تەمى سارددا؛ نۆتە لەرزۆکەکانى نێو باوەشت دەکوژم. دەبمە ژەنڕالێکى دڕندە و ئایندەت گوللەباران دەکەم. گەردەلوولێک، پڕ لە شیعرى مردوو، پڕ لە خوێنى سپى، پڕ لە بارووت، بە خەونەکانم دەتەقێتەوە: شپرزەم… سەیرکە، چۆن بوومەتە فاڵچییەکى پیر و گەمە بە سێبەرى گۆچانەکەم دەکەم. كە دەگەڕیمەوە بۆ رابردووم و پارچە ونبووەکانم دەهێنمەوە. منیش کە قەرزى پینەچییەکانم پێنەدراوە، چەقۆ لە تەقەڵى برینەکانم دەدەم. لە مەڕاسیمى ناشتنى دەستەکانتدا، کڕنووش بۆ خوداکەت دەبەم. کڵگۆى حەزرەتەکانت دەشکێنم و فوو لە فانۆسە خیانەتکارەکەت دەکەم: توورەبە، تا دەتوانى تووڕەبە…

بکوژ
گومڕا بووین؟ بە شیعر کەلەپچەت کردم. منت کوشت. وەک پەپولەیەکى شەکەت، مۆمیات کردم. ئەو تەرمانەت ناشت، کە یارییان لەگەڵ دەکردم. ئەو پەنجانەشت قرتاند، کە بانگى مەرگیان دەکرد. گۆرانییەکات لێسەندمەوە. گوێچەکەکانمت وەک میوەیەکى بۆگەن، وشک کردەوە. زمانمت لە دڵم دەرهێنا. بۆئەوەى چیدى جنێو بە زەردەواڵە ئیزعاجەکانى کەلێنى کتیبەکان نەدەم. بە کەفى دەستى سۆزانییەکان، نینۆکەکانمت بسمیل کرد. واتدەزانى گومڕام و نابێ سوێند بە پیرۆزى قوببە و منارەکان بخۆم. بەڵام، مرۆڤبووم. مروڤێک، لە پرسیار و گومان.

دۆزەخ
بە ڕێدا دەرۆشتى و شیعرت لێدەکەوت. قیامەت و دیوار و قامچییت پێناساندم. کەوتم… لەنێوان داهاتوو و زەمەندا. لەنێوان خامەیەکى خەسێندراو و وەهمێکى نەزۆکدا. شیعریان پێفرشتم. ئێسقانەکانیان بەدیارى دامەوە. لە درزى شیعرێکى کورتدا؛ یادەوەرییەکانى دۆزەخم بۆ سەفتە کردى. کە هەڵمى سەر جەستە سووتاوەکانم دەبینى. کە قیژەى کیژ و دەروێشەکان لە گوێمدا دەزرینگايەوە. ئاگر، کڵپەکانى خۆى، بە شیعر ژیر دەکاتەوە.

پەیکەر
دەستت بە مەمکەکانتەوە نووساندبوو. بەسەر تاڵە وەریوەکانى سەرمدا خڵیسکاى. ترست لە شیعر هەبوو. شەرمت لە ڕاوچییەکان دەکرد. لەناو زبڵدانەکاندا گەورە بووى. بەڵێنتدا: ئەگەر دووبارە لە دایکبوویەوە، زەمیلەیەک بەختیارى و خورى ملپێچەکەتم بۆ بهێنییەوە. پازماندەدا… بارانم بۆ خاوین دەکردیەوە، ئاوازم بۆ شەوەکانت دادەنا، ئایەتەکانم بۆ دەژماردى. لێرەدا، خودامان لەگەڵ نەبوو. ویستت بفڕیت. بەڵام، درەنگ لە دووروویی هاوڕێ ئەستێرەکانت تێگەیشتى. درەنگ دەستت بە قژت داهێنا. درەنگ خۆڵەمێشییەکەى منت بە با بەخشى. درەنگ فێرى درۆ بووی… هێندە خەمگین مەبە، هیچ جوانییەک نامێنێتەوە. ئەوەى بۆ ئەبەد دەمینێتەوە، خوێن و برینە.

دەفتەر
سەدان حەرفت شەهید کرد. بوویە جادووگەر، وڕێنەت بۆ پەنجەرە و یەخت و ملوانکەکان دەکرد: شیعر روانینە لە داهاتوو. هەموو شتێک، لە تۆ پاکتر و جوانترە… جگە لە تەنهایی، هیچ شتێکى تر نییە، ئەرشیفى بکەیت. جگە لە تاریکى، هیچى دیکەت نییە، شانازیی پێوەبکەیت. سەرزەنشتى دەستە خوێناوییەکانم مەکە. قەڵغان و خەنجەرەکەتم پێبدە. وەک ئەفسانەیەکى لائیک، هەرگیز لە گوناهەکانم خۆش مەبە. خودایەک، لەو نزیکانە هەیە.

ئاسمان
بە قەترەیەک ژەهرى دامێنى کراسە پەڕۆیینەکەت، مردنت پیرۆز کردم. لە درەختەکان زوویر بووم. بە دزی منەوە؛ تورەگەکەى شانمت دڕاند. نهێنییەکانمت لە جزمەکەت حەشاردا. لەگەڵ خوداکانى سەرزەمین، فەرامۆشت کردم. دەنگێک، خۆى لە گەردەنت دەئاڵێنێت: چاوەنواڕى پێغەمبەرێکى ترى زیندووببێتەوە؟ بەڵام، هیچیان ناتوانن فرمیسکەکانت بسڕن. لێرە، بەشەرێک هەیە، چیدى ئازارەکانى بۆ زەخیرە ناکرێت. کە پشت لە زەردەخەنەکەم دەکەی. کە هەموو دەرگەکانم بەڕوودا دادەخەى. کە زامەکانم دەبنە مۆرى ڕەش ڕەش. کە هەمووتان پێمدەڵێن: تۆ لە رەچەلەکى ئێمە نیت، من دەگەڕێمەوە ئاسمان.

شار
لەناو دووکەڵ و جەنجاڵى ماشێنەکاندا، جێتهێشتم. بە شیعرت سپاردم. کە شیعر، شەڕکردنە لەپێناو مانەوەدا. کە لە بەرماوەى گۆمەکانم دەخوارد و بۆنى جۆگەى مزگەوتەکانم لێدەهات. بینیم، باڵندەکان لە سەفەر گەڕانەوە. فریشتەکانیش بە دەستە تەزیوەکانیانەوە؛ بۆ ئەزموونکردنى ژیان، هاتنەوە. بەڵام، تۆ ڕاتکرد… ئاوڕتداوە و بۆ دواجار بە شکستەکانم پێکەنى. وەک شاگردێکى تەمبەڵ، سزاتدام. کە تەنها ستایشى پاڵەوانى نێو چیڕۆکەکانم دەکرد. کە من بڕوام بە ژیانێکى دیکە هەبوو. ژیانێک، بێحەشیش. بێشمشێر. بێ تەنهایی. بێترس و تۆقین. ئیدى کاتیەتى ئەو بایکۆتى فرمێسک و دوورییە بشکێنین. کە دووبارە بە شیعر، شۆڕشمان هەڵگیرساندەوە، تفەنگ و فیشەکدانەکانت بۆ هەڵدەگرم. بەدەم پەیڤینێکى ساردەوە، بۆت پەزمەندە دەکەم: ناتوانى بۆ هەمیشە شار چۆل بکەیت، چونکە، مرۆڤ بەرهەمى شوێنە.




چاكسازیتان باش: 6 ملیۆن بە 40 ساڵ تەمەنەوە …عەلی مەحمود محەمەد

جاران بەعس بە نەیارەكانی خۆی دەوت تابووری پێنج, دەترسم ئێستا ئەوەی دژایەتی موچەو خانەنشینی ئەم پەرلەمانتارە سوێند خواردووانەش بكات, یان رەخنە لە پڕۆژەكەیان بگرێت بیكەنەجاشی خانەنشین بە لیوا, یان ببێتە تابووری پێنج و لایەنگری كۆماری خوازەكانی ئیسپانیاو لە گەڵ ئانارشیستەكنی كەتەلۆنیا گۆڕ ون كرێت.
كەس دژ بەوە نییە چاكسازییەكی دادپەروەرانە بكرێت وەك شەو رۆژ بانگەشەی بۆ دەكەن, دڵشاد 100 مەتر زەوی نەبێت خۆی بسوتێنێت, ئێوەش 8,5 ملیۆن دینار وەربگرن, سەرۆكەكەشمان تەنها یەكێك لە ماڵەكانی ملیۆنێك مەتر دوجار بێت, ئێمە لە گەڵ رێكخستن و چەند موچەیی ئێرەو بەغداو چی و چی نین, وەك لە گەڵ بن دیوار نین, ئاوهاش لە گەڵ بان دیوارو حەوت تەبەقەی ئاسمانیش نین, پێمان باشەو پێشتر بۆ یەكەمجار هەر ئێمە داوامان كردووە تەمەنی خانەنشینی بكرێتە 60 ساڵ لە كوردستان, بەهۆی بێكاری بەرفراوان و نەبوونی ژێرخانێكی پێشكەوتوو تا گەنجان تیایدا كار بكەن, ئەوەی هەمانە هەندێك نەوتە دەردەهێنرێت بە سەدەقەو ناوی حیزبەوە كەمێكیمان دەدرێتێ, ئەوی دیكەش بۆ خۆیان تەخشان و پەخشانی دەكەن.
ئێستاش ئێوە قچۆكەكەمان لۆ چاكسازی دەكەن بە عەمبەو بهاراتەوە, لێ لە لایەكی دیكەوە بە پێی هەمان پڕۆژەی چاكسازی ئێستا لەبەر خاتری خاترانی پەرلەمانتاران و موچە باڵاكان لانی كەمی ساڵی خانەنشینی لە كوردستان لە 50 ساڵەوە كراوە بە 45 ساڵ و 15 ساڵی خزمەت, كە هێنانەوەی سانایە بەناوی رۆژنامەنوسی, پارێزەری, پێشمەرگایەتی, چوزانم هەزارو یەك ئاین و ئۆین و فرت و فێڵیان هەیە, سجل و دەفتەر و كونیە لای خۆیانە چۆنیان دەوێت وای رێكە خەن, بەو حاڵەشەوە هێشتا زیاتر لە 56,75%ی پەرلەمانتارانی زۆر خۆشەویستی عەدالەتخوازی خولی ئێستا نایانگرێتەوە, لە نیعمەتی خانەنشینی پلە باڵا كە خەونیان بوو بێبەش دەكرێن, هەشە لە خولەكانی پێشوتر چەندین ساڵە 6 ملیۆنی خۆی موفت وەردەگریت و لە قسەی زلیش نەكەوتووە, بەوەشەوە هەنوكە هێشتا نایانگرێتەوە, ئێستا نوێنەرانی گەل بە 45 ساڵەكەش رازی نین هەوڵ هەیە كەمتری بكەنەوە بۆ 40 ساڵ, بۆ ئەوەی بەسزمانانە ئەمانیش لەو چەوراییە بێبەش نەكرێن, هەنگوین بۆ ئەوان و عەسەلیاتیش بۆ ئێمە.

لێ ئەم برادەرە عەبقەریانەی پەرلەمان لە خۆیان ناپرسن ئایا شتی وا لەم جیهانە پان و بەرینە 149 ملیۆن كیلۆمەتر دوجارییە هەیە؟؟, یان درێژە بە داهێنانە عاجباتیەكان خۆیان دەدەن لە شتە سەیرو سەمەرەكانی دەسەڵاتداریتی كوردی, پەرتووكی گینزیش ئاگای لەمانە نییە, دەنا نوێنەرایەتی دائیمی بۆ تەسجیلكردنی عاجباتییەكانتان دەكردەوە لە پاڵ پەرلەمان و حكومەتەكەتان, چونكە هەر رۆژەی داهێنانێكتان هەیە, ئەگەر داهێنانەكانتان زانستی بوایە جوڕی گۆگڵ و ئەمازۆن و تێنست و عەلی باباتان دەدا, ئازیزانم لە ئاستی جیهانیدا ناوەندی تەمەنی خانەنشینی 64,3ساڵە, وە بەهۆی ترس لە هەڵكشانی تەمەن و كەمبونەوەی هێزی كار, كە رێژەی خانەنشینان ساڵ لە دوای ساڵ زۆرترە بێت لە ئاستی جیهانیدا, بۆیە شەڕ لەسەر بەرزكردنەوەی تەمەن لە شەقامەكانی جیهان گەرمە, راست بەرزی دەكاتەوە, چەپیش داكۆكی لەوەی هەیە دەكات, نموونە ئوسترالیا ئێستا 65,5 ساڵە تەمەنی خانەنشینی لە ساڵی 2023 ەوە دەبێتە 67 ساڵ, وەلێ عاجباتیەكەی كوردستان هەموو پێكەوە داوای كەمردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەكەن, چەپ و راست و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات نییە, بیر لە هاتنی رۆبۆت, بەرز بونەوەی ناوەندی تەمەن, كەبونەوەی گەنجان, شۆڕشی پیشەسازی چوار و زیرەكی دەستكردو شتی وا ناكەنەوە, گرنگ خانەنشینیەكەی خۆی بگاتە 6 ملیۆن بە ئەندازەی 80 جاری كەمئەندامێكی بەسزمان, ئیتر دنیا دەڕما بەسەر خەڵكدا لای ئەم نوێنەرە عەدالەتخوازو دڵسۆزانەی گەل مشكل نیست.

لە توركیای دراوسێمان تەمەنی خانەنشینی لە كەرتی گشتی بۆ پیاو 60 ساڵ و بۆ ژنیش 58 ساڵە, لێ ئەوانەی 25 ساڵ خزمەتی سەربازی دەكەن , كە توركیا هەموو كات پێیەكی لەناو ئاژاوەو شەڕدایە بۆیان هەیە لە 45 ساڵی خانەنشین بن, ئەویش دوای 25 ساڵ مانەوە لە سوپا, لەوە دەرچێت كەمترین تەمەنی خانەنشینی لە ئەندەنوسیایە كە 58 ساڵە, كوەیتیش دەیەوێت ئەوەی 30 ساڵ زیاتر خزمەتی كردووە خانەنشینی بكات پێش تەمەنی 55 ساڵی, رەنگ بێت پەرلەمانەكەی ئێمەش بەرەی شەڕ بێت, یان وا حیساب كرابێت, بۆیە بەسزمانانە لەبەر ختورەو ماندو بوون و تیشكی لیزەرو دوكەڵی فسفۆر بیكەنە 40 ساڵ, لەوەتەی هەیە كە تەنها بوتڵە ئاوێك و تاكە پێڵاوێكی لێ وەشێنراوە, نەك سكود و ئاڕ پی جی و كیمیاوی و بایەلۆجی, رۆبۆتی جەنگاوەریش پێشیانی نەگرتووە, فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گیزەی نایات بەبان سەریانا, ئەوا مێگەلە كۆپتەریش باوی نەماوە.

با ئەزموونەكانمان لە سۆماڵەوە نەبێت, كە سەرۆكەكەی لەو وڵاتە قات و قڕەدا مانگانە دەفتەرێك دۆلار دەخاتە تەنگەی باخەڵی, وەك دكتۆراكانمان زۆرینەی لە دارفۆرەوەیە, نموونە لە وڵاتێكی وەك كەنەدا وەرگرن, ئەو پەرلەمانتارەی خۆی كاندید ناكاتەوەو بڕە هاوكارییەك دەكرێت تا كارێك دەدۆزێتەوە, نموونەی لە خولی رابردوو 18 كەسیان خۆیان كاندید نەكردەوە بۆ پەرلەمان, بە هەموویانەوە 1618850 دۆلاریان وەرگرت بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بژێنن تا كارێك دەدۆزنەوە, ئەوەشی كاندیدەو دەرناچێتەوە هەمان بڕ وەردە گرێت, ئەوەی تەمەنی لە 55 ساڵ كەمتر بێت و 6 ساڵ كەمتر خزمەتی كردبێت لە پەرلەمان خانەنشین ناكرێت, خانەنشینیەكەشی لەسەر سندوقی خانەنشینییە, كە خۆی لە تەواوی تەمەنیدا بەخشیویەتی, نەوەك پارەی نەوت كە سامانی گشتی هاووڵاتیانە نەك حیزب و سەرۆكۆكە و باجی خەڵك, كە ساڵانە لەماوەی پەرلەمانتاریدا 78900 دۆلاری خستۆتە ناو سندوقەكەوە, موچەكەشی 7800 دۆلارە مانگانە لەماوەی دەستبەكار بوونی لە پەرلەماندا, لە كوردستانیش موچەی پەرلەمانتار 7500 دۆلارە, داهاتی تاك لە كەنەدا 17ەمین وڵاتە لە جیهان و 46212 دۆلارە لە ساڵێكدا, عێراقیش 93 یەمینەو داهاتی تاك لە ساڵێك تیایدا 5738 دۆلارە, واتا یەك بە 8 بۆ 9 یە, بۆیە هێزی كڕینی موچەی پەرلەمانتاری كوردستان چەندین جاری كەنەدایە ئەگەر 8 بۆ 9 جارەكە نەبێت, بۆیە ئێوە لە گەڵ وان ژیانتان ئەرزو ئاسمانە های لایڤ, بۆ ئاگاداریشتان هەموو هاووڵاتیەك پێش ئەوەی بگات بە پەرلەمان لە كەنەدا پێشتر بە درێژایی تەمەنی دوای خوێندن یان هاوكات لە گەڵیدا كاری كردووەو باجی داوەو پارەی رشاندۆتە ناوو سندوقی خانەنشینیەوە, وەك منداڵی سەركردەكانی ئێمە لە دایك بوونەوە لە ناوچەوانی پۆستیشی وەك تەمەن و قەزاو قەدەرەكانی بۆی نەنووسراوە, یان زۆری ئێوە لە جادەی قیریش لاتان نەدابوو, یان ئەوكات مەمە شوشە بە دەمتانەوە بوو, خانەنشینی ژەنەراڵانەی پێشمەرگە بوون, هەرچی لە وڵاتی سویسرایە پەرلەمانتار لە كاری پێشوتری دانابڕێت, ئەمەش لایەنی نێگەتیف و پۆزەتیفی خۆی هەیە, لە بابەتی تردا دێینە سەری لە داهاتوودا, لەبەر عەیبەش باسی ئیفادو پرادۆو حیمایەی زاواو خەزوەكانتان دەشارمەوە.

هەرچی جیاوازی موچەی ئاسایی و پەرلەمانتاریشە, وەك بینیمان لە كوردستان 80 جارە, لەگەڵ كەمەندامێك, بنەماڵەی شەهید و زیندانی سیاسی و قوربانی جینۆساید و پێشمەرگەی دێرین, كە دەتانەوێت زۆرینەی بڕن, لەبەردەم ناپاڵم و چەكی كیمیاوی بوونە, یان لە ناو زیندانەكانی بەعس بوونە, لە فیلیمیشدا نەتان بینیووە 17 جارەو وێڕای ئەوەی قوربانیشیان بەخشیووە, كە ئێٍستا لەبەردەم بەرهەمەكەی ئەوان خۆتان با دەدەن, كەچی لە بەرازیل كە نادادپەروەرترینە لە جیهان, جیاوازی موچەی پەرلەمانتار لە گەڵ ناوەندی موچە جیاوازییەكە 10,6 جارە, روسیا 5,8جار, ئیتاڵیا 5,5 جار, تونس 4,5 جار, ژاپۆن 3,9 جار, ئامەریكای قەڵای سەرمایەداری و نایەكسانی 3,1 جار, نەمسا 3 جار, ئەڵمانیا 2,8 جار, بەریتانیا 2,6 جار, فەرەنسا 2,2 جار, پورتوگال 2,1 جار, سویسرا 1,2 جار, ئیسپانیا 1,1 جار, چاكسازی ئەگەر كلكی ئەم نا دادپەروەرییە نەكات , لە فێڵبازی زیاتر نییە.

ئایا دەزانن ئەوەی ئێوە داوای دەكەن 3 جاری موچەی سەرۆكی چینە كە ساڵانە 22 هەزار دۆلار موچەیەتی, بە ئەندازەی 5 مانگی جێگیرەكەیەتی كە موچەكەی 13269 دۆلارە لە ساڵێكدا, بە ئەندازەی موچەی ساڵێكی سەرۆكی ئیریتریا و غینیا بیساوە, دوجار زیاترە لە موچەی سەرۆكی ئەندەنوسیا كە 230 ملیۆن دانیشتوانێتی كە 27400 دۆلار موچەی ساڵانەیەتی, دوجاری سەرۆكی مەكسیكە كە هەموو دەسەڵاتێكی هەیە, تەنها پایتەختەكەی 4 جار زیاتری هەموو هەرێمەكەی ئێوەیە, 6 جاری سەرۆكی مۆڵدۆڤیایە كە ساڵانە 9264 دۆلار وەردە گرێت, 6 جاری سەرۆكی مەنگۆلیایە كە ساڵانە 11620 دۆلار موچەیەتی, دوجاری سەرۆكی مۆنتنیگرۆیە كە ساڵانە 33440دۆلار موچەیەتی, چوار جاری سەرۆكی نیپاڵە كە خاوەندی ئیڤەرێستە تەنها 17548 دۆلار ساڵانەیەتی و تونس 16700 و ئۆزبەكستان 15600, بەهەمان شێوە باكوری مەكەدۆنیا كە موچەی 17250 دۆلار و سینیگال 15210 دۆلارو و سربیا 14950و سیرالیۆن كە موچەی 12220دۆلارە لە ساڵێكدا 9 جاری سەرۆكی سریلانكا 7380 دۆلار و ڤێتنام 8320 دۆلارە و 5 جاری موچەی سەرۆكی تاجیكستان 13200 و 6 جاری توركمانستان 10800و ئۆكرانیا 11600, دوجاری سودان 29320 دۆلارە, ناوی وڵاتی دی زۆرە, جارێ بۆ قەناعەت هێنانی ئێوە هێندەم لە بەردەست و لە بیرە, دەشزانم وەك ئەوە وایە گوێزی هەورامانتان بۆ بژمێرم, ئەوەی خەونی پێوە دەبینن هەر دەتانەوێت, فێڵ و تەڵەكەكان چەندە حەیابەریش بن .
لە كۆتادا وا مەزانن لە دورگەیەكین تەنها چاوپێكەوتنەكانی شەوانی ئَوە دەبینین و دەبیستین, با ئەو دروشمە راست دەرنەچێت كە دەڵێت باوەڕ بە دوو كەس مەكەن, زاوا لە كاتی داخوازی , حیزبیش لە كاتی هەڵبژاردن.




له‌ودیو دیواره‌که‌وه … سۆران محه‌مه‌د


خامه‌ی سه‌ر مێزه‌که‌
زه‌مه‌نێکه‌ نووستوه‌
هه‌ر بۆ ژه‌مه‌کان هه‌ڵده‌ستێ،
بۆ نا!
په‌رداخه‌که‌ی ته‌نیشتی
له‌ بێ متمانه‌ییدا
تینووی قومێ ئاوه،
سوراحییه‌کانی هاوڕێی
بنیان کونه‌.
.
له‌به‌رده‌میدا
کورسییه‌که
تۆزی لینیشتووه،‌
قودسییه‌تی:
له‌ نه‌بزواندنیدایه..‌
ته‌پڵه‌کی سیغاره‌که‌ش:
ده‌مامکی به‌ستووه‌
به‌ جوانترین ئینجانه‌
خۆی رازاندووه‌ته‌وه‌
ده‌بێ هه‌میشه‌ هاوڕای
تابلۆکه‌ی به‌رانبه‌ری بێ!.

ده‌یان ساڵه‌ زه‌مه‌ن
له‌م ژووره‌دا وه‌ستاوه‌
ته‌نیا جارجار
چرکه‌ی کردنه‌وه‌ی جانتا دیپلۆماته‌که
بێ ده‌نگییه‌کان ده‌جوڵێنێ-
شیعرێکی مردووی لێ ده‌ردێ
وه‌کو لێوی وشکی په‌رداخه‌که‌
*
له‌ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌که‌
پرچی سپی شۆڕه‌بییه‌کان
ده‌یداته‌وه‌ له‌ زه‌وی..
نیوه‌ی شه‌و تێپه‌ڕیوه‌و
هه‌ر بێدارن،
ئاونگه‌کان ده‌بینن که‌ توڕه‌ ده‌بن
سه‌رده‌مانێ-
پرچی نێرگزه‌ چاوکاڵه‌کانیان
ته‌ڕ ده‌کرد،
که‌چی ئێستا
نه‌ك کانی!
نه‌ك هێلانه‌ی له‌قله‌قه‌کان!
رووباره‌کانیش
تێکه‌ڵ به‌ ئۆقیانووس ده‌‌که‌ن..
.
ئه‌وجا
هاوین ده‌بێ
خۆی له‌به‌ر خۆرا هه‌ڵخا
تا پۆشاکه‌که‌ی وشك بێته‌وه‌
زوو پێڕاگا
به‌ چله‌ی به‌هارێکی1
دره‌نگوه‌خت….2
‌***
‌‌
په‌راوێزو سه‌رچاوه‌:
…..
1- به‌هاری کوردی..
………
2-
ناسنامه‌ی شیعر:

  • ساڵی نووسین: 2012
  • ڕێباز سیمبوڵتزم
  • ته‌کنیک: به‌راوردکاریی دوو دیمه‌نی ناو ئۆفیسێکی داخراو و ده‌ره‌وه‌.
  • تییما: گه‌نده‌ڵیی، واقیع، هۆ، به‌ره‌نجام..
    3 – سه‌رچاوه‌ی ده‌ق/ به‌ ئینگلیزی:
    poemhunter.com/poem/behind-the-wall-5/
  • به‌ عه‌ره‌بی:
    almothaqaf.com/ac/nessos-16/922918
  • ئه‌م شیعره‌ له‌ یوتیوب:
    youtube.com/watch?v=dUpjSEonqw4



ساڵێكی نوێ و ڕووداوه‌كانی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

به‌ پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ گه‌ردوونیه‌ی كه‌ بۆ مڕۆڤ دانراوه‌ بۆ به‌ڕێكردنی ته‌مه‌نه‌كانی ژیانی بریتیه‌ له‌ دوازده‌ مانگ , واته‌ هه‌ر ساڵێكی مڕۆڤ له‌ دوازده‌ مانگدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌…
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ درێژایی ئه‌و ساڵه‌دا ده‌گوزه‌رێت بۆ مڕۆڤه‌كان بریتیه‌ له‌ خۆشی و ناخۆشی و مردن وه‌ هه‌روه‌ها له‌ دایكبوونی چه‌ندین مڕۆڤی دیكه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا,كه‌چی ده‌بینین زۆرجار ساڵێكمان به‌لاوه‌ ناخۆش و شووم بووه‌ بۆمان كه‌چی ئاواتی ئه‌وه‌ ده‌خوازین ساڵێكی تر بۆمان خۆشتر بێت , به‌ڵام خۆی هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌گه‌ر سه‌یربكه‌ین ته‌نها له‌ ژماره‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ ڕووبدات له‌ ژیانماندا بۆیه‌ ده‌توانم ئه‌م ژماره‌ گۆڕینه‌ش به‌ به‌شێكی دیكه‌ی له‌ كه‌لتووره‌كانی مڕۆڤی ئه‌مڕۆدا هه‌ژماری بكه‌م,ئه‌گه‌ر به‌ هاتنی ژماره‌یه‌كی تر بۆ مه‌به‌ستی خۆشی ئارامی بێت, كه‌چی ده‌مان توانی له‌ ساڵی پێشتر به‌ده‌ستی بێنین,ئیتر بۆچی ئاوات ده‌خوازین كه‌ له‌ ساڵ و ژماره‌یه‌كی نوێتر به‌ده‌ستی بهێنین .
ئه‌گه‌ر بێت و ڕێگریه‌ك یاخود به‌ربه‌ستێكی درووست كراو له‌ به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خۆشی و ئاسووده‌یه‌دا هه‌بێت بۆ مڕۆڤه‌كان نه‌ك به‌ هاتنی ئه‌و ژماره‌ نوێیه‌ به‌ڵكو به‌ هاتنی چه‌ندین ژماره‌ی دیكه‌ ئه‌و خۆشیه‌ ناتوانرێت به‌ده‌ست بهێنرێت.
بۆ نموونه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵی 2014 به‌ولاوه‌ كه‌وته‌ نێو گێژاوێكی پڕ له‌جه‌نگ و ململانێ له‌ گه‌ڵ گرووپێكی تیرۆرستی فكری كه‌ ئه‌ویش (داعش)بوو وه‌ هاوكاتیش له‌گه‌ڵ درووست بوونی قه‌یرانی دارایی كه‌ ئه‌م هه‌موو ڕووداوانه‌ به‌رۆكی خه‌ڵكی هه‌ژاری هه‌رێمی كوردستانی گرتبوو كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا به‌ چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایاتی به‌دوای خۆیدا هێنا , كه‌چی ده‌گه‌یشتنه‌ كۆتا ساڵ خه‌ڵكی ئومێدی ئه‌وه‌یان خواست كه‌ ساڵێكی تر به‌ره‌و باشی و ئاسووده‌یی بڕۆین,كه‌چی ئومێده‌كه‌یان به‌جێ نه‌هات به‌ڵكو ساڵێكی تر هاتوو بارودۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و خراپی په‌شێوی ڕۆیشت,ئیتر به‌هه‌مان شێوه‌ ساڵه‌كه‌ تێپه‌ڕی به‌ ناخۆشی و دووباره‌ به‌ره‌و ساڵێكی دیكه‌ خه‌ڵكی هه‌نگاوی ده‌نا ,هه‌ربۆیه‌ دووباره‌ ئومێدیان خواست كه‌ ساڵێكی باشتر بێت بۆیان,به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر خراپتر بوو كه‌ بووه‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خه‌ڵكی واته‌ لێره‌وه‌ ئیتر له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئومێد بۆ ساڵێكی تر بخوازن دڵیان به‌ ساڵانی ڕابردوو خۆش بوو, كه‌چی ئه‌مه‌ش له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ كرد كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ربه‌ست و ڕێگری له‌ به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا درووست بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئومێده‌كه‌یان بۆیه‌ هه‌ركاتێك ئه‌و ڕێگریانه‌ كۆتایی هات ,ژماره‌ له‌پاش ژماره‌كان بۆ مڕۆڤه‌كان خۆشتر ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده‌ ساڵ به‌ ساڵ كه‌ تێپه‌ڕی به‌شێك له‌و به‌ربه‌ستانه‌ له‌ به‌رده‌م خه‌ڵك كۆتایی هات به‌ڵام كه‌چی ئه‌و دڵخۆشیه‌ زۆره‌ به‌سه‌ر ڕووخساری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌ نابینرێت , ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ماندووبونی ساڵانی ڕابردوو به‌ ڕووخساریانه‌وه‌ ده‌بینرێت یاخود به‌شیوه‌یه‌كی كۆتایی ته‌وای ئه‌و به‌ربه‌ست و كێشانه‌ له‌ به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا كۆتایی نه‌هاتووه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ ئومێده‌كان لاوزتر بن بۆ داهاتوو,هه‌رچه‌نده‌ جیاواز له‌مانه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هه‌فته‌یه‌ك له‌ ساڵی نوێمان تێپه‌ڕ كردوه‌, كه‌چی ناخۆشی و به‌ربه‌سته‌كان له‌ به‌رده‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا كۆتایی نه‌هاتووه‌ كه‌چی له‌سه‌رو هه‌موانه‌ ئێستا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ ئێستادا له‌ بارودۆخێكی ده‌روونی سه‌خت دان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ ئاڵۆزی و ململانێی سه‌خت كه‌وته‌ نێوان دوو وڵاتی زلهێزه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌مریكا و ئێرانه‌ هاوكات ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ سێ ڕۆژ له‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵی نوێوه‌ ئه‌مریكا كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی ئێرانی كرده‌ ئامانج و تیرۆری كرد كه‌ ئه‌ویش قاسمی سوله‌یمانی بوو ,ئه‌مه‌ش وای كرد هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراو جۆر بێته‌ ئاراوه‌ , هه‌ربۆیه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ جیاوازانه‌وه‌ ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌كی ده‌روونی بۆ تاكه‌كان درووست بووه‌ چوونكه‌ ده‌رئه‌نجامی ڕوودانی جه‌نگه‌گه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا ته‌نیا زیان به‌و دوو وڵاته‌ ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئاگره‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌سووتێنرێت به‌ تایبه‌تیش بۆ گه‌لی كورد كه‌ تاكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ر جه‌نگ و ململانێیه‌كدا به‌ درێژایی مێژوو كه‌ ده‌بینین بۆته‌ قوربانی له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ جه‌نگه‌كه‌یان هه‌ڵگیرساندوه‌ , یان به‌ پێچه‌وانه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ من له‌و باوه‌ڕه‌ دام هیچ جه‌نگێك له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران درووست نابێت , به‌ڵام وای لێ هاتووه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌ له‌ پاش هه‌ر ڕووداوێكی ناخۆش خۆی ئاماده‌ بكات بۆ ڕوداوێكی تری نه‌خوازراو كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات تاكه‌كان له‌ ڕووی ده‌روونیه‌ تووشی ڕووخانێكی گه‌وره‌ ببنه‌وه‌…




ئێمە … تێکست : د. چیا زەنگەنە وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

     

ئێمە
گەلێکین تووشی
لەخۆبایی بوون
و
خۆ بەزلزان
و
خەفەت بار بووین
حەزمان لە تەخشان و پەخشان
رابواردن
خۆشگوزەرانی
بەڵام ئێمە
“برسی”ترین گەلین
بە ریکلامەکانیش : شتێکی ترین
ئێمە لە گوللە نازانین
نە کوشتن..نە تیرۆر
بەڵام چونکە
” عورفی”شەڕکردن نازانین
شەڕ ئەکەین
لەیەک جیاوازین
و
بۆ ئەوەی ” سیاسەت” بخەینەکار
هەر هاوار ئەکەین

ووڵاتێک
هاووڵاتییەکەی لەسەر
سندوقی دەنگ دان
بوە بە كاڵا
ئەکڕێین و ئەفرۆشرێین
وەک:
دیاری و بووکە شوشە
وەک یاری مناڵان
لە دواوەوەی
هەر جوزەلەژەن
و
عەمامە بەسەر
و
سەرکردەیەک (!!!)
سەما ئەکەین
باس لە پێشکەوتن! لە شارستانیی
لە جیهان بینی
بەردەوام ئەکەین
كەچی تا ئێستاش
مناڵەکانمان فێرئەکەین
چۆن وێنەی ” تفەنگ” بکەن
چۆن تانک و دەمانچە وێنا بکەن
و
چۆن چەپڵە لێ بەن
و
سەما بکەن
بۆ سەرکردەکانمان
بۆ سەرکرداتییەکانمان
بۆ ژێرکەوتن و سەرکەوتنەکانمان
بۆ ڕاکردن و نەبەرد بەجێ هێشتنەکانمان
بۆ ئەوانەی
هەر دەنگێکی ئازدیان
لە سێدارە یا
و
هەموو خەوێک
و
هەر کەسێک ویستی
فێری نووسین بێ
لەبار برد
لەناو برد




ئەدەبی مناڵان/ دیـــاری جوان … محەمەد بەرزی

بۆ جەژنی هاوڕێکەمان
هەموو لای بووین بە میوان

شەش مۆمیان بۆ داگیرسان
کەوتینە چەپڵە ڕێزان

بە دەوری کێک و مۆما
یەک یەک کەوتینە سەما

مۆمەکان بە فووی خۆشی
کوژانەوە هەر شەشی

خێرا چووینە سەر دیاری
پڕ بوون لە بووک و یاری

دیارییەکەی من زۆر جوان بوو
پەرتووکی منداڵان بوو

١ / ١٢ / ٢٠١٩




ئەدەبی منداڵان / پروشەی بەفر … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

پروشەی کرد بەفری جوان
دێتەخوارێ لەئاسمان
سپی بەوێنەی لۆکە
دنیا بوو بە بەفرۆکە
ئەم دیمەنە چەندجوانە؟!
وێنەی ناخی ئاسمانە
پێدەکەنێ بەجوانی
بۆمناڵانی سلێمانی
دەبەخشێ خۆشی ژیان
بە مناڵانی کوردستان
ئای چەند شادوئاسودەین؟!
لە بەفرا یاری دەکەین
شێوەکاری بچکۆلەین
لەبەفر پەیکەر دەکەین
لاوەند لامان وەستاوە
لەم دیمەنە ڕاماوە !
بەئایپادەکەی دەستی
تێکەڵ بەدنیای هەستی
زو زو وێنەمان دەگرێ
بۆیادگار هەڵیدەگرێ

۲۹ ـ ۱۱ ـ ۲۰۱۹
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




چیتر ماوە بۆ چاوەڕوانیی ؟!!…نەوازد بەندی

بۆچی نایەی
گەڵا ھەڵوەریوەکان و
گەڵا نیوە سووتاوەکان
کۆکەینەوە و
درەختێکی لێ دروستکەین
بمابناتەوە بۆ بەھار ؟
بۆچی .. بۆ چی ڕازی نابی
ھەنگاوە بێ ئامانجەکان
ھەنگاوە بێ ئاڕاستەکان
کە لە جادەی تینوێتی و
برسێتی نامان ،
کۆ کەینەوە و
ڕێگایەکی لێ دروستکەین
بمانگەیەنێتە ڕووبار
بمانگەیەنێتەوە ماڵی نان ؟

ئێ لەبەرچی ڕازی نابی ،
ئەم پارچە پڕ لە ئازارەی
ناویان لێ ناوە نیشتمان ،
ئەم کەلە سەر و
چوار پەلە
ستەمدیدەیەی
کە ناویان ناوە ئینسان ،
تەڵاق بەین و
بڕۆینەوە
ماڵی خۆمان ؟

بڕوانە
ھەرچی ھۆنراوە و
چۆلەکە و
خاڵخاڵۆکە و
حاجی لەقلەق ھەبوو ،
تەڵاقیان دا و
وازیان ھێنا
لە شەڕ و
ئاشتی و
دانوستان
وازیان ھێنا
لە ئەگەری چاکسازی و
کابینەی تازە و
شەڕە کورسی ناو پەرلەمان
وازیان ھێنا لە درامای
بێ سەرەتا و
بێ کۆتایی
قات و قڕی و
ھەواڵی بە پەلە و
قەیران ؟

تا کەی تێر نابی
لە ھێزی فڵان چەتە و
لە چاکسازیی فڵان مافیا و
لە شەڕی فیسار نامەرد و
لە پاکسازی فڵان شەیتان ؟

تەمەن ئەوەندەی نەماوە
مابیشێتی
فرۆشراوە
بە کۆمپانیای شەڕ و
باج و
سندوقی دراوی
نێودەوڵەتی و
نەوت و
کۆبوونەوەی
حیزبی و
مەزھەبی و
میزاجی گەوجی
کۆمەڵێ گەمژەی
بێ ویژدان