ڕوانگەیەکی فیلۆ – سۆسیۆلۆژیانەی ڕۆمانی( شەوانى ئادەم ) … د. شەونم یەحیا

ئەمە ناونیشانى رۆمانى (بەیان سەلمان) ە ، لە چاپکراوەکانى ساڵى 2015ى دەزگاى ” ئەندێشە” یە، ( 572) لاپەڕە لەخۆ دەگرێت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا تەواوى دیاردە کۆمەڵایەتى و سیاسىیەکانی کۆمەڵگەی کوردى لە ڕێگاى نوسینەوەوەى (شەوانى ئادەم) دەخاتە بەر دەستى خوێنەران. جگە لە دیاردەکان باس لە رووداوەکانى کۆمەڵگەى کوردى دەکات. بۆیە ئەو لێکدانەوە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، گێرانەوەى رووداوە مێژوویەکانیش بە پشتبەستن بە لۆژیک، بەڵام لێرەدا چەمکى کرۆنۆلۆژیا بە شێوەیەک ئیشیپێکراوە کە لە پێشودا واقیع تێکشکێندراوە و دووبارە لەسەر خەیاڵ بونیادنراوەتەوە.
لێرەدا کرۆنۆلۆژیا پابەندە بە خەیاڵ نەک بە واقیع.
ڕۆمان ئەو ئەدەبەیە مرۆڤ لەو ڕێگایەوە دەتوانێ تێکەڵى ئەو کۆمەڵگایانە بێت کە نامۆیە بۆى، رۆمان ئەو نامۆبوونەى مرۆڤ بە ئەوانى تر دەرەوێنێتەوە؛ وا دەکات تاک ببێت بە بەشێک لە گەروودن، هەروەها لەو کۆمەڵگایەنە تێبگات، بێ ئەوەى لە واقیعدا سەفەرى بۆیان کردبێت.

بۆیە خوێنەر کە “شەوانى ئادەم” دەخوێنێتەوە لە دەردەسەرى و ناخۆشى و خۆشى و کولتوور و فیکر و سایکۆلۆژیا و سروشتى کورد تێدەگات. کاتێک باس لە پیاو دەکات، بۆ نموونە پرسیار لەسەر وێنەی پیاوبوون لە کۆمەڵگەى کوردیدا دادەنێت، بەوەى ئەو زاتە نیە کە کۆمەڵگە بیرى لێ کردۆتەوە وەکو کائینیکى بەهێز و چاو نەترس، کە لە پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیکردنی هەموو ئەو بەهاو داب و نەریت و وەسفانەیان بۆ داناوە؛ بە پێچەوانەوە (بەیان سلمان) لە رۆمانى “شەوانى ئادەم” ئەو جەربەزە و چاونەترسى و بەهێزییەی پیاو لەڕووى (سۆسیۆ – سایکۆلۆژییەوە) هێمایەکى ترى پێ دەبەخشێت و ڕوانینى کۆمەڵایەتى بۆ پیاو دەخاتە چاپێکى تر. هەر لەهەمان کاتدا دۆخى ترس و دڵەڕاوکێی تەنیایى تێکەڵ بە شیعریەت دەکات، ئەمەش لەپێناو شکاندنى دۆخى رووت و قوتى بێ دەنگى.
“پیتەکانى لەسەر لێوى دەکەوێتە خوارێ و عەردەکە قوتى دەدات.”. فانتازیاى ئەم ڕستەیە تێکەڵى فەلسەفە دەبێت، واقیع دەخاتە فەلسەفەى خەیاڵ پەیکەرێکى بۆ دەنەخشێنێ و سەما بە وشەکان دەکات. لێرەدا مرۆڤ لەتەنیایی دەردەخات و سروشت دەکاتە هاوەڵى.
من رۆماننووس نیم، بەڵام کاتێک بەرهەمێکى ئەدەبى دەخوێنمەوە بە تایبەتى رۆمان بە ڕوانگەیەکى سۆسیۆ- فیلوسوفیەوە سەیرى دەکەم، لە کوێ رەستەیەک، یاخود پەرگرافێکى ئەو بوارە هەبێت سەرنجم ڕادەکێشێت. بۆیە لەڕووى زانستیەوە ئەم رۆمانە دەچێتە ناو چوارچێوەى ( فیلۆ – سایکۆ – سۆسیۆلۆژى مێژوویەوە)، بەستەوەى ئەم بوارانە بەیەکدەوە لەڕووى زانستیەوە کارێکى ئەوەندە سانا نیە، بەڵکو ووردەکاریی و تەکنیکێکى هونەرى باڵاى پێویستە.
هەر لە لاپەڕەى یەکەمى ئەم رۆمانە وێناو وسفکردنى دیمەنى ناو باسەکە بە تەکنیکێکى هونەرەى جوان نووسراوە. هەروەها ئەوەى (بەیان سەلمان) لە رۆماننووسەکانى تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە وەسفکردنى دیمەنەکان وەکو کامیرا چۆن وێنەکان وەکو خۆى دەگرێت و بۆ ئێمەی دەگوازێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک باسى دیمەنەکان دەکات وێنایەک لە خەیاڵى خوێنەر دروست دەبێ. هەربۆیە کاتێک باس لە دیمەنێک دەکات هەق بە رووداوەکان دەدات و ناهێلێت بچوکترین شت لە دەستى دەربچێ. ئەم نموونەیە لە لاپەڕەی 3 و 4 دا تێبینی دەکەین “جووتێ کڵاشى لە پێدابوو لەبەر خۆڵ بۆر ببون و رۆیشتنى زۆریش بڕێ شڕى کردبوو.

پیاوە قەدو باڵایەکى بەرزى هەبوو، کورتەکو شەڕواڵێکى ڕەش و کراسێکى شینى تۆخى لەبەردابوو…”. نووسەر بە ئەنقەست ئەو وەسفکردنە درێژە پێ دەدات، بۆ ئەوەى لە لایەک بەتەواوەتى خوێنەر، جا کورد یان هەر نەتەوەیەکى تر بێت، لە ئازارو ناوخۆشى و دەردەسەری و نۆرمى کورد تێ بگات. لەلایەکى تر، بەلاى بەیان سەلمان “رۆمان بۆ رۆژێک و دووان نییە، بۆ مانەوەیە نەک مردن. رۆمان دەبێ هێزى بەرگرى هەبێت.”.
لایەنێکى ترى ئەم درێژەدانەش بە وەسفکردنى کەسایەتی و دیمەنەکان، هەندێ جار خەیاڵى خوێنەر لە زنجیرەى رووداوەکان دادەبرێنێ، هەروەها زۆر جار خوێنەر پێویستى بەوەیە رووداوەکان وەکو “فاس فووت” بە خێراى بگاتە دەستى، لە کاتێکدا شەوانى ئادەم لە مۆدێلى فاس فووت زۆر دوورە. بۆیە خوێنەر هەندێ جار بەزەحمەت دەتوانێ سەرەداوى رووداوەى ناو رۆمانەکە بگرێ و لێی نەپچڕێ.

لایەنێکى ترى رۆمانى “شەوانى ئادەم” نیشاندانى دنیایەکى ترە لەرێگاى فانتازییاوە، بەو مرۆڤانەى کە تەنیا لایەنێکى ژیان دەبینن. بۆیە لێرەدا ئیش لەسەر خەیاڵى تاک کراوە بۆ بینینى هەردوو لایەنى ژیان. نیشاندانى ئەو لایەنانەش لەرێگا بەکارهێنانى وشە و زمانى هاودژ بەیەکەکانە؛ بۆنموونە لە نێوان (ئارامى و ژاوە ژاو، گەشبینى و ڕەشبینى، ماندووبوون و پشوودان… هتد).
ئەم فانتازییایە هەر لەسەرەتاى رۆمانەکەوە خوێنەر هەستى پێ دەکات، وێنایەکى فەلسەفیانە دەدات بە رووداوەکان، لە لاپەڕە (378) لە پەراگرافێکدا (وەستا) بە (سەکینە) دەلێ “من گورگێکى تەنیا نیم لە نەبوونى مێگەلێک هەر بلورێنم، و نە تۆپەڵە بەفرێکى جێماوم بەسەر لووتکەى شاخێکەوە لە سەرمادا هەر خۆمى پێوە بگرم، نە کەسێکیشم پەناى بۆ نوێژ بردبێت، تاوەکو یاساکانى ئەو دونیام پێ پڕ بکاتەوە…” لێردا لەڕووى فەلسەفەى کۆمەڵناسیەوە باس لە گەشبینى و ڕاستگۆى و شکۆى مرۆڤ لە کۆمەڵگە دەکات. بۆ ئەوەى بوون و بەهاکانى خود بە رێگایەکى ئەخلاقى مامڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتى ئەو کاتەى تاک لە حاڵەتێکى دژواردایە و پێویستى بە ئەوانى ترە، یاخود وەک کەسایەتی وەستا خۆی تەنیایی هەڵبژاردووە.

هەروەها ئامادەبوونى (ژن) لە ناو رۆمان “شەوانى ئادەم” بەشێوەیەکى شیکارى شوناسی راستەقینەى ژنى کورد نیشاندەدا، کە ژن ئەو زاتەیە هەمیشە قوربانى دەستى کۆمەڵگە و نەریتەکانیەتى، پێش ئەوەى بیر لە بەختەوەرییە تایبەتیەکانى خۆى بکات، بیر لە دەوروبەر دەکاتەوە. بەهۆى نەریتسالارى و کۆنترۆڵ و ئابلوقەى کۆمەڵایەتى لەسەر ژنى کورد، وایکردووە بەئاسانى نەتوانێ بیر لە خودى خۆى بکاتەوە، بەڵکو کارەسات و وێرانە سیاسیەکانیش دووئەوەندىتر بارى ژنى کوردیان قورسترکردووە. لێرەوە کارەکتەرى (سەکینە) لەنێو رۆمانەکەدا وێنەی راستەقینەى ژنى کورد نیشاندەدات کە چۆن قوربانى بە خۆشیەکانى ژیانى خۆى دەدات و لەنێو کێژاوى سیاسى و کۆمەڵایەتى خۆى وون دەکات. بەوەى کە دەڵێت “منیش ژنێکى تەنیام، تەنیایى من لەوەى تۆ ترسناکترە، بە کەسێکى زل و درێژ ئەچم، کە جێى لە هیچ شوێنێکا نابێتەوە، یان بە کەسێکى زۆر زۆر کورتە باڵا ئەچم، کە لەبەر بچووکى هەموو کەس ئەیشێلێ…”. بەیان سەلمان لەو رێگایەوە دەیەوێت پێمان بلێت جەنگ و سیاسەت و نەریتسالاریی شێوازى ژیانى ژنى کورد دەستنیشان دەکات و چوارچێوەیەک بۆ دونیابینیى ژن دادەنێت؛ دونیایەک وابەستەیە بە هەموو ئەو وێرانکارییانەى کە ڕوو بەڕووى کۆمەڵگەى کوردى بۆتەوە.

نوسەر لەرێگاى رۆمانى (شەوانى ئادەم) پرسى شوناسى مرۆڤ دەورژێنێت، لە دیالۆگێک لەنێوان (ژینۆ و مەردۆخ) تاک لە زەمەنێکى ساختە دەبینێتەوە، ئەم ساختەیە تەنیا لە کەلوپەلەکان نیە، بەڵکو لە مێژووى مرۆڤەکانیشە کە ناتوانن راستگۆیانە مامڵە لەگەڵ خودى خۆیان بکەن.
ئەوەى تێبینیم کرد لەڕووى زمانەوانیەوە (بەیان سەلمان) هەوڵىداوە زاراوەی ناوچەى گەرمیان بەکاربهێنێ، وەک نیشانەیەکە بۆ تایبەتمەندی ناوچەی گەرمیان کە ئەنفال بە ڕێژەیەکی گەورە تێیدا ڕوویدا. بۆ نموونە وشەى (زل) واتا گەورە ل9، (وسکت) بە (غەڵبەغەڵب) ، (عانێ) بە واتاى کاتێ ل12 ،( عاسێیانە) واتا سەخت یان دژوار ل18.
سەرئەنجام، ئەگەر چى ئەم رۆمانە بەشێوازێکى رەخنەگرانە تیشک دەخاتە سەر تەواوى کولتوورى ئەکتەرى کۆمەڵایەتى لەو دۆخە ناتەندروستەى لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە تێدا دەژیت؛ لە کۆتاییدا پێمان دەڵێ جەنگ وێرانکارى و نەریت سالارى ناتوانى خەونى تاکەکان بکوژێ، بەڵکو هێزێکى پۆزەتیڤ هێشتا لەناخى تاکدا ماوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکى و تەنیاى و ناخۆشی، دووبارە بونیادنانى ژیانێکى نوێ.




هەور …… ئاواز سامان

ئەوە منم…..شاعیرانە
وەک دڵۆپەباران نمە نمە دەبارێمە ڕووحتەوە
ئەوە منم
وەک ئەو پەرەی گوڵەم
لە نێو چاوەکانتا
ڕەنگەکان دەبرسکێنەوە..
بۆ تۆ هەور دەکەم بەساماڵ
زستان دەکەمە بەهار
دەستەکانم بگرە بۆ ئەو بەری پەرستگاکە بمبە
پەنجەکانم تووند زۆر توند بگرە .
نە بادا ساردی ئەو دیوو پەرستگاکە وشکم بکاتەوە
لە چۆلەوانی نیشتیمان
پرم بکە لەو عەترەی
لەنێو شوشەیەکی بەتالدایە
تۆ چ سیحرێکی جاویدانیت
بە من بەخشی……..
منیش ڕەنگە ئەو حیکایەتە بم گوێت لێ نەبووبێت
بۆ ئەبەد بیڵێیتەوە..

ئاواز سامان

            



کاردانەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر هێرشە موشەکیەکانی ئێران

لـوقـمـان ئــابــڵاخی

ئەمڕۆ، چوارشەمە، ٨ی کانونی دوهەمی ٢٠٢٠ ،کاتژمێر ١٥:١١ ی بەیانی بە کاتی ڕۆژهەاڵتی ئەمریکا، لە کاردانەوەی هێرشە موشەکیەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی )عین األسد( و بنکەیەکی تری ئەمریکا لە هەولێر ی پایتەخ تی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمریکا،دۆناڵد ترەمپ ، وتەیەکی ئاڕاستەی خەڵکی ئەمریکا و ئێران و هەمو دنیا کرد.
کورتەی وتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دەربارەی ه ێرشە موش ەکیە کان ی ئ ێران لە مانەی خوارەوەدا بەرجەستەبون:

١ -ئێمە پێشوەخت زانیاریمان هەبو کە ئێرانیەکان هێرشی موشەکی دەکەن و خۆمان بۆ ئامادەکردبو.

٢ -هێرشە موشەکیەکا نی ئێران بنکەی )عین األسد( و بنکەیەکی تری ئێمەی لە هەولێر کردبوە ئامانج.

٣ -هێرشە موشەکیەکانی ئێران هیچ زیانێکی گیانی نەگەیاندوە بە ئەمریکیەکان و هاوپەیمانەکانی کە لەو
بنکانەدا بون یان بە ئێراقیەکان.

٤ -زیانە مادیەکانی هێرشە موشەکیەکانی ئێران کەمن و شایانی باسکردن نین.

٥ -بڕی ارمدا کە گەمارۆی ئابوری ت وندتر لەسەر ئێران دابنرێت.

٦ -ئەمریکا زۆر لە جاران بەهێزترە و لە ئامادە باشیدایە بۆ هەر جۆرە هێرشێک و وەاڵمەکەیشی
وێرانکەر و توند دەبێت.

٧ -هەتا ئێران بەرد ەوام بێت لەسەر کاری توندوتیژی ، دروستکردنی رق و کینە، پشێوی نانەوە و شەڕ،
ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەاڵتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت . بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
مەدەنی و شارستانی یەکگرتوانە پەیامێک ئاڕاستەی ڕژێمی ئێران بکەن و پێی بڵێن کە چیتر کامپەینی
کوشتن و بڕین و ترساندن و پشێوی نانەوە قبوڵناکرێت و دەبێت کۆتاییان پێ بێت.

٨ -پێویستە ئێران واز لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی بهێنێت چونکە ئێمە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە ئێران نادەین
کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

٩ -پێویستە ڕژێمی ئێران واز لە کارە تیرۆریستیەکانی بهێنێت.

١٠ -پێویستە ڕژێمی ئێران واز لە پرۆکسیەکانی ومیلیشیا تیرۆریستەکانی بهێنێت.

١١ -کاتی ئەوە هاتوە ناتۆ بێتە سەر خەت و لە ڕۆژهەاڵتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری
هەبێت.

١٢ -کاتی ئەوە هاتوە کە بەریتانیا، فەڕەنسا،ئەڵمانیا، ڕوسیا و چینیش ئەو ڕێکەوتنامە کۆنە وازلێبهێنن و
بۆ ڕێکەوتننامەیەکی دیکە کۆببنەوە کە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بهێنێت .

١٣ -داعش گروپێکی تیرۆریستە و دوژمنی ئەمریکا و دوژمنی ئێرانیشە، ئێمە داعشمان تەفروتونا کردوە
و سەرکردەکەی داعشیشمان لەناوبردوە، وەرن، بە ئێرانیەکان ئەڵێت، با پێکەوە کاربکەین کە ئەو هەرێمە
لەدەست تیرۆریستەکان پاک بکەینەوە و ئاشتی تێدا بەرقەرار بکەین.

١٤ -لە کاتێکدا کە ئێمە بۆ هەمو هەڵبژاردەکان تەواو ساز و ئامادەین، بەاڵم ئێمە شەڕمان ناوێت
وئەشزانین کە شەڕ بۆ ئێرانیەکانیش باش نیە و ئەوانیش شەڕیان ناوێت . لەبەرئەوە ئێمە پێشوازی لە
گفتوگۆدەکەین و دەمانەوێت ڕۆژهەاڵتی ناوی لە ئاشتی و سەقامگیریدا دروست بێت.

١٥ -ئەگەر ئێران واز لە کارە تیرۆریستی و میلیشیا و پرۆکسیە تیرۆریستەکانی و بەرنامەی ئەتۆمیەکەی
بهێنێت، هەمو گەمارۆ ئابوریەکان لەسەر ئێران الدەبەین ویارمەتی ئێران ئەدەین کە ببێتە واڵتێکی
پێشکەوتو.

١٦ -هەتا من سەرۆکی ئەمریکا بم، بەهیچ جۆرێک ناهێڵم ڕژێمی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

١٧ -ئەمریکا ئێستا لە هەمو واڵتانی دنیا زیاتر نەوت و گازی سروشتی هەیە و نەک هەر پێویستی بە
نەوت و گازی سروشتی ڕۆژهەاڵتی ناوەڕاست نیە بەڵکو ئێستا یەکێکە لەو واڵتانەی کە زۆرترین نەوت
و گاز بە واڵتانی دیکە دەفرۆشێت.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ڕەخنەی توندی لە سەرۆکەکانی پێش خۆی گرت کە لەگەڵ ڕژێمی
ئێراندا نەرمبون و بەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوە کە سنور بۆ
ئەو ڕژێمە دابنێت و ڕەخنەی توندتری ئاڕاستەی باراک ئۆباما کرد ، هەرچەندە بەناو ناوی نەهێنا، کە
ڕێکەوتننامەیەکی زۆر خراپی لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکرد و بەو پارە کاشە، )٨.١ ملیار( ملیارێک و هەشت
سەد ملیۆن دۆالرەی کە پێشکەشی ڕژێمی ئێرانی کرد، ئەو ڕژێمە بەو پارەیە توانی ئەو هەمو گروپ و
میلیشیا تیرۆریستە دروستبکات و پڕ چەکیان بکات. نەک هەر ئەمەندە، هەر هەمان ڕۆژ کە ئەو
ڕێکەوتننامەیە ئیمزاکرا و ئەو پارەیە درا بە ئێران، ئەوان هوتافی “مەرگ بۆ ئەمریکا”یان دەکێشا.

ترەمپ باسی لەوەشکرد کە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوی حوکمڕانیەکەیدا، سوپای ئەمریکای زۆربەهێزتر
و پڕچەکتر کردوە و ئێستا خاوەنی چەندین جۆر چەک و موشەکی پێشکەوتون کە بۆ خۆپاراستن
دروستیانکردوە نەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک، بەاڵم ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان ئەو
چەکانەش بەکاردەهێنن.

٢٠٢٠ /١ /٨ – بۆستن
لـوقـمـان ئــابــڵاخی




ئایا حزبه‌كانی شیعه‌ یه‌كده‌نگن ؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

زیاتر له‌ سێ مانگه ‌خه‌ڵك له‌ به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی ناوه‌راست وخوارووی عێراق گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له‌ مێژوو ئه‌م وڵاته‌ ده‌ستپێكردووه‌و زیاتر له‌ هه‌زارو بینج سه‌د شه‌هیدو بیست و پێنج هه‌زار برینداریانداوه‌و داوای چاكسازی و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی ئه‌كه‌ن و یه‌كێك له‌ درۆشمه‌ زه‌قه‌كانیان : ئێران بؤ ده‌ره‌وه‌ ، بۆ ده‌ره‌وه‌.
له‌ دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی حزبه‌ شیعه‌كان توانیان جێپێی خۆیان قایم بكه‌ن و، به‌ هۆی سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق نوری مالكی توانرا هه‌زاران له‌ فارس و شیعه‌كانی ئێران بهێنن و بكرێن به‌ هاوڵاتی عێراقی و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقییان بۆ دروستكرد.
خاوه‌ن مێلیشیاكان له‌وانه‌ موقته‌دا سه‌ده‌ر ده‌ستیگرت به‌ سه‌ر ته‌ختایه‌كانی چه‌رێ سه‌عده‌ له‌ شاری كوفه‌و، نه‌وه‌كه‌ی حه‌كیم عه‌ممار ده‌ستیگرت به‌ سه‌ر ناوچه‌ی گه‌ره‌كی كونده‌ له‌ شاری نه‌جه‌ف و، نوری مالكی ناوچه‌یه‌كی فراوانی له‌ شاری ئه‌لهندییه‌ ( توێریج) داگیركردو ، هادی عامری و سه‌رانی حزبه‌ شیعه‌كانی تر له‌و نازو نیعمه‌ته‌ بێبه‌ش نه‌بوون و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان و له‌ناوخۆیاندا چه‌ندین ملیار دولاریان له‌ بژێوو قووتی خه‌ڵك دابه‌شكردو دزییان.
قاسم سڵیمانی فه‌رمانده‌ی فه‌له‌قی قودس و یه‌كێك له‌ دیاریترین فه‌رمانده‌و سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كۆماری ئیسلامی و ئەبوو مەهدی موهەندیسی جێگری هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەند کەسی تر لە ده‌ستوپه‌یوه‌ندییه‌كانیان سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 3 ی ئه‌م مانگه‌ لەئاکامی پەلاماری فرۆكه‌یه‌كی بێفرۆكه‌وان له‌ نزیك فڕۆکەخانەی بەغدا كوژران.
له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستان پرسه‌یان بۆ دانراو، شیعه‌كان به‌ به‌ژن وباڵای زۆریان وت و، به‌رپرسانی كوردستان ئاماده‌ی پرسه‌كه‌ی هه‌ولێرو سلێمانی بوون و به‌ ناوی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌وه‌ نامه‌یان ئاراسته‌ی عه‌لی خامنه‌یی كردو وتیان قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌و دۆستی كورد بووه‌و ، هه‌روا وتیان “” پیاوانی گه‌وره‌ “” له‌ ژیانی خۆیاندا خزمه‌تی ( خه‌ڵك و ئاشتییان) كردووه‌و له‌ ده‌ستدانی بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی كوردستان جێگای نیگه‌رانی ودڵته‌نگیمانه‌ و، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌ندامێكی كۆنی په‌رله‌مان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ جیڤارا ناوی برد.
زوربه‌ی خه‌ڵكی راپه‌ریوو خۆپیشانده‌ران شیعه‌ن و، دژی حزبه‌ شیعه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات درۆشم ئه‌ڵێنه‌وه‌و، داوا ئه‌كه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌ خوێنی شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كان خوێناوییه‌ وه‌ك قاسم سلێمانی و ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس و هادی عامری و قه‌یس خزعه‌لی و هاوشێوه‌كانیان بدرێنه‌ دادگا.
پاش كوشتی قاسم سلێمانی و ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس شیعه‌كان یه‌كیان گرته‌وه‌و، ئه‌مجاره‌ش موقته‌دا سه‌دری یاخیبوو سه‌ركرده‌ی تاقمی سائرون كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ خوێ كردووه‌و به‌ خاوه‌نی خۆپیشاندانه‌كان چووه‌پاڵ مالكی و عه‌بادی و عامری و خه‌زعه‌لی و عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم و، هه‌موویان به‌ یه‌كده‌نگ ( گه‌له‌كۆمه‌كی شیعه‌) له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق داوایانكردو بریاریاندا ئه‌مریكاو هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق ده‌ركه‌ن.
زوربه‌ی په‌رله‌مانتارانی عێراق له‌ رێی فێڵ و ده‌نگ دزین ( ته‌زویر) به‌ تایبه‌ت تاقمی ” به‌دری” عامری و ” عه‌سایب ئه‌هل ئه‌لحه‌قی” خه‌زعه‌لی گه‌یشتوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و، زۆر سروشتییه‌ بۆ سلێمانی و مه‌هدی موهه‌ندیس بگرین و فرمێسك برێژن و ، له‌ به‌ر خاتری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ده‌ركردنی ئه‌مریكا یه‌كبگرنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌ هؤی لێدان و برینداركردن و كوشتنی خۆپیشانده‌ران هه‌ر هه‌موویان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی قاودراون و، نازانم ئه‌م دۆست و ئاشتیخوازانه‌ چییان بۆ گه‌لی كوردستان كردووه‌؟ و، زوربه‌ی خه‌ڵك به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان ئه‌زانن ئه‌م دۆستانه‌ بۆمبارانی باره‌گای حزبه‌ كوردستانییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیان كردو، دژی ریفراندۆم وه‌ستان و كه‌ركوك له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و پیاوه‌كانی عه‌بادییه‌وه‌ داگیركراو 16 ی ئوكتۆبه‌ریان دروستكردو، بوونه‌ هانده‌ری عه‌بادی بۆ داخستنی سنورو فروكه‌خانه‌كان و به‌گژاچوونی‌ كوردستان وله‌ كرده‌وه‌یه‌كی قیزه‌ون و درندانه‌دا به‌ تانكی ئیبرامز پێشمه‌رگه‌یان‌ شێلاو، له‌م دوایه‌دا به‌ فرمانی قاسم سلێمانی خۆپیشانده‌ران كرانه‌ ئامانجی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و، ئه‌ڵێن ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ نه‌خشه‌كێشان بۆ خه‌ڵكه‌ راپه‌ریوی ئێران و، رژیمه‌كه‌شیان دریغی له‌ هه‌ڵواسین كوردان نه‌كردووه‌و هتد…
ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌م كاته‌دا عێراقی بێ سه‌رۆك وه‌زیران و حزبه‌ شیعه‌كان به‌ یارمه‌تی ئێران هه‌و‌ڵئه‌ده‌ن و ئه‌یانه‌وێت له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌ وكه‌سێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ده‌ستنیشان بكه‌ن بتوانێت خواست و ئاره‌زووكانیان جێبه‌جێ بكات و به‌رده‌وام بن له‌ دزی وله‌ سه‌ر نه‌خشه‌كانی ئێران برۆن و سامانی وڵات ببنه‌‌ ده‌ره‌وه‌و تا ئێستا چه‌ند ناوێكیان دیاری كردووه‌و ، خۆپیشانده‌ران دژیان وه‌ستاون و، ئه‌ڵێن یه‌كێكمان ئه‌وێت ده‌ستپاك و دزو گه‌نده‌ڵ نه‌بێت‌ بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانتارانی كوردو سوننه‌ یه‌كبگرن وداوا بكه‌ن ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ دژی “” ده‌وڵه‌تی ئیسلامی “” داعش بمێننه‌وه‌و به‌ هاوكاری هه‌موو لایه‌ك كه‌سێكی شیاو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بدۆزنه‌وه‌‌.
كاربه‌ده‌ستانی ئێران چه‌ند موشه‌كێكیان ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ینوئه‌لئه‌سه‌دو هه‌ریری ئه‌مریكا كردووه‌و، ئێران ئه‌ڵێت 80 سه‌ربازمان كوشتووه‌و ئه‌مریكا وعادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ درۆێ ئه‌خه‌نه‌وه‌و كه‌س نه‌كوژراوه‌و، عه‌لی خامنه‌یی سووره‌ له‌ سه‌رئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ گه‌رم بكات به‌ڵام محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دۆخه‌كه‌ خاوه‌ ئه‌كاته‌وه‌و ئه‌ڵێت ئه‌وه‌ی كردمان به‌سه‌و هه‌وڵئه‌ده‌ێن بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزتر نه‌بێت و، وا ده‌رئه‌كه‌وێت گرژی له‌ نێو سوپاو سۆپای پاسداران و به‌رپرسانی ئێران په‌یدا بووه‌.
پیویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ تاكه‌كه‌سه‌وه‌و حزبه‌ پێشكه‌وتووخوازانی عێراق و حزبه‌كانی كوردستان وحكومه‌ت هه‌وڵبده‌ن عێراق له‌ چنگی حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌كان ده‌ربێنن و، له‌ودۆخه‌ ئه‌مرۆ تووشی بووه‌ رزگار بكرێت و، وڵات له‌ چنگی جه‌نگی چه‌په‌ڵی نه‌خوازراو دوور بخرێته‌وه‌و چیتر عێراق و كوردستان نه‌بنه‌ گۆره‌پانی ململانی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان.
8/1/2020




چاوەڕێ … پشکۆ ناکام

…..ئەو عالەمە بۆ هەر لە خۆیەوە کەوتۆتە دڵەڕاوکێ گوایە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەکەوێتە هەرێم!! نەک ئەو دووانە خوای ئەکرد سوپا لە مەریخ و زوهرەشەوە بێتە هەرێم بزانە چۆن هەر بیرە نەوتێک ، ببورن بستێکی هەرێمیان لێ ئەکرێ بە فڕنی( دجاج بالتنور) ، ئەوە نیە جەنابی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتەوە ووتویەتی : خەمتان نەبێ، نەک خەڵک مافی مێروولەکانیش لە هەرێم پارێزراوە ، جا ئیتر بێ خەم بن کە ڕابردووش باشترین شایەتە کە چۆن ئەم حکومەتەی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی هەرگیز گەراننەوە بۆ دواوە نازانن ، یاخوا نەکەونە راونان ئەوەنە ڕا ئەکەن دوایی ڕێی گەرانەوەیان لێ تێکئەچێ ! لەڕووی ئابوریشەوە حکومەتەکەمان ئەوەنە بەتەنگ خەڵکەوەیە نەوتەکەی بۆ بیست ساڵی داهاتوو ڤرۆشتوە و پارەکەی هەڵگرتوە ” تانکەری سپی بۆ رۆژی رەش” و کەسیش نازانێ پارەکەی لە کوێیە نەبادا ناحەزان زەفەری پێ بەرن و ئەو خەڵکە داماوەی لێ بێ بەش بکەن…، جا دە ساڵیش شەڕ بکەوێتە هەرێمەوە خەڵک بە کەماڵی ئیسراحەت لە پارەی نەوتە فرۆشراوەکە ئەخۆن ، لە ڕووی سیادەی هەرێم و سەربەخۆیی کوردستانیشەوە حکونەت سەربەخۆیی کوردستانی وا پاراستوە کە نە “میت”ێک ، نە اطلاعاتێک ، نە هیچ موخابەراتێکی تر بە خەویش قاچ بخەنە هەرێمەوە و لە ڕووی بوونی هێز و بنکەی دراوسێ لەسەر خاکی کوردستان لە ئاو پاکترە و بە تێلسکۆپی فەزائیش یەک بنکەی سوپای دراوسێیەک نابینرێ ، دیعایەش لێرە و لەوێ هەر ئەکرێت و نابێ بکەوینە داوی ئەوەی کە ئەووترێت ،،،
بۆ هێزی لە شکان نەهاتووی حکومەتی هەرێمەوە هەر کەس و لایەک لە خەیاڵیا بێ دەست درێژی بکاتە سەر هەرێم بەدەردێک ئەبرێ تا ئێستا لە گوگڵ باسی لێ نەکرا بێ ، هەر بۆ نمونەلە بیرمانە و دوێنێ بوو ، کاتێ داعش ویستی هێرش بکاتە سەر شەنگال چۆن هێزەکانی حیزبەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەت هەڵیان تەکانن و داعشیان وا ڕاونا کە تا ئێستاش هەر ڕائەکەن بۆیە ئامۆزای بەختەوەر کە بە فەرماندە مێژوییەکە ناسراوە
كە ووتی: ئەمە شەڕە راکردنیشی تیایە..!! ئەووترێت هێزەکانی هاوپیمانانیش دایمە لەپشتەوەی هێزەکانی حکومەتی هەرێم بوون و نەیان ئەوێرا رووبەرووی داعش بنەوە، ئەوبوو ئەو هێزانە کەوتنە فرۆشتنی ئەو چەکانەی لە حکومەتی هەرێمەوە وەریان گرتبوو ، جا بۆ هەر شەنگال ئەی کاتێ حەشدی شعبی ویستی بچێتە کەرکوکەوە ، هێزەکانی ڕیفراندۆم چۆن بەرنگاریان بونەوە و وایان لێ کردن ناوی خۆیان لەبیر بچێتەوە و تا پردێ راویان نان و هێزەکەی حیزبی ریفراندۆمی هەرێم سێ چوار قەزا و ناحییەی زیایەیان خستە سەر هەرێمی کوردستان ….
ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەقڵ و زهنیەتی دیبلۆماسییانەی حکومەتەکەی بەختەوەر ئەونە ژیر و وورد بینیانەیە چەنووڵاتێک ناویان ناوە ” دیبلۆحوتی حکومەتی هەرێم وەک ئیشارەتێک بۆ گەورەیی “ماسی” یەکە وەک حوت وایە ، بۆیە ئەبێ برواما هەبێ کە ئەقڵی دیبلۆحوتانەی حکومەتە بەختەوەرەکەی هەرێم بە جۆر و لە ئاستێکایە کە نەهێڵێ شەر بکەوێتە کوردستانەوە ، لە خفاپترین حاڵەتیشا لەوانەیە خودی بەختەوەری سەرۆکی حکومەت و حاشییەکەی کوردستان بۆ سەلامەتی خۆیان هەرێم بە جێ بێڵن چونکە میللەت هەر دروست ئەبێتەوە ،بەڵام لەو جۆرە حکومەتە ئاستەمە دروست نابێتەوە……
چارەسەرێک تریش وا لەبەردەم بەناو حکومەتەکەی هەرێم ئەویش راگرتنی بەڵانسە لەسەر نەزەرییەی” دوا ڕۆژی ئاب” !! بەڵام مەعلوم نیە ئەم جارە کام سوپای هاوڕێ یەتە مواعادەلەکەوە ..با چاوەڕێ بین…

                                            



هۆنراوە بۆ منداڵان.. پەرتووک و پەرتووکخانە.. رەزا شـوان

مـنـــــداڵــیـن و بـچـــــــووکـیـن
هـۆگـر و هــاوڕێی پەرتووکـیـن

  • * *
    پەرتـووک وەک مـامـۆســـتـایـە
    سـوودبـەخـش و بـێ هــاوتـایـە
  • * *
    پەرتــووک دەخـــــوێـنـیــــنـەوە
    زانـیـــــاری دەچــنــیـــــــــنـەوە
  • * *
    دەچـــیـن بـۆ پـەرتــووکـخــانـە
    شــوێـنـی رۆشـــــــــــنـبـیـرانـە
  • * *
    پـەرتـووکـخـــانـە گـوڵـــــــزارە
    پـڕ پـەرتــــووک و گـۆڤــــــارە
  • * *
    پـەرتـووک و پـەرتـووکـخــانـە
    هـێـمـای پـێـشـــکـەوتـنـمـــانـە

نەرویـج: ٢٠٢٠