لیبیا و دەستتێوەردانی وڵاتان … زاهیر باهیر

تەماشا بکە دەبینیت ئەم سیستەمە خەڵکی چۆن بێ بەها و سووك کردووە. بوون بە پیاوی خەڵک، حیزب ، سیخووڕی دەولەتی، بەکرێگیراوانی وڵاتان کە ئینگلیز پێی دەڵێت mercenaries کە کورد پێیدەڵێت “جاش”. ڕەنگە تا ڕادەیەکی کەم لە هەندێکیانا جۆرێك لە دڵسۆزی تیادابێت، یا هۆکارێکی دیکەی هەبێت بەڵام بەشی زۆری بژێوی و بارخواری ژیان و بێدەربەستیی و نەبوونی هۆشیاریی ، دڕندەیی بێت. ئاخر کابرایەك هەڵکوتێتە سەر ماڵ و خاك و گەلێکی دیکە و ئەوەی کە پێیبکرێت بیکات، بێ ئەوەی بیناسێت و غەدرێك تاوانێکی بەرانبەر کردبێت …نازانم چ ناوێكی لێدەنێیت؟!!

من لێرەدا زیاتر دەمەوێت قسە لەسەر بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ناویان ‘سوپای ئازادیی سوریا’یە، بکەم.
ئەمڕۆ لیبیا وەکو سوریا ئەمیش بوەوەتە مەیدانی لابەلاکردنەوەی کێشەی نێوانی دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی. حکومەتی ویفاقی لیبی کە لە لایەن ئیتالیا و قەتەر و تورکیا و ڕێکخراوی یو ئێن و هەندێك لە وڵاتانی دیکەوە پشتگیری لێدەکرێت و خەلیفە حەفتار-یش لە لایەن میسر و ئەردەن و ئەمارات و روسیا و فەرەنساوە لایەنگریی و کۆمەکی پێدەکرێت، کێشەیەكی یەکجار گەورەیان بۆ ئەو خەڵکە هەژارەی لیبیا دروستکردووە، کوشتارگەلێکی بێشووماری تیادا دەکرێت.
تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئەزمەکانی نێو خۆی بریاری دا کە کۆمەك بە حکومەتەکەی لیبیا، ویفاق، بکات بۆ ئەمەش لە 24/12 دا 300 چەکداری لەو بەکریگیراوانەی ‘سوپای ئازادیی سوریا’ نارد ، لە 29/12 دا 350 بەکرێگیراوی تری نارد و لە 05/01/20 دا 1350ی دیکەی ناردووە .

بۆچی ئەمانە بەکرێگیراون؟

ئەمانە هیچ مەبدەئێك و مرۆبونێکیان لا نییە لە هەر شوێنێك بکرێت بەکرێبگێرێن ئەوان بێ دوودڵی دەچن و شەڕ دەکەن . بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی نوێی رۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ 15/01/20 ئەم بەکرێگیراونە عەقدێکیان لەتەك یو ئێن-دا بەستووە بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی لیبیا، کە هەر بەکرێگیراوێك 2000 دۆلاری ئەمەریکی موچەی بێت کە لە کاتێکدا کە تورکیا شەڕی دژ بە کوردی پێدەکردن مانگی 450 بۆ 550 لیرەی تورکییان وەردەگرت کە بە پاوەندی بریتانی دەکاتە 52 بۆ 72 پاوەند.

هاوکاتیش تورکیا واژۆی ئەوەی کردووە بۆ یو ئێن کە پارەی تێچونی چارەسەری بریندارانیان سەرفبکات و پارەی گێڕانەوەی تەرمی کوژراوانیشیان بۆ سوریا، دەدات.
کاتێك ئەم بەکرێگیراوانە دانیشتوانی شوێنی دیکەن ئەوەندەی ئامادەبن کە خەڵکانی نەیاری حیزبەکەیی و دەوڵەتەکەی بۆ بکوژن، ، لە لایەن ئەردۆگانەوە گرەنتی ئەوەیان پێدراوە کە بکرێنە هاووڵاتی تورکیا.

لە سۆدانیش ئەو بەکرێگیراوانەی کە شەڕیان لە دارفۆرد دەکرد و سکی ژنان و منداڵانیان هەڵدەدڕی ، ئێستا کە لە سۆدان شەر نییە ئەوانیش بە 3000 کەسیانەوە ئەوە چەند مانگێکە گەیشتونەتە شاری بنغازی بۆ شەڕکردن دژ بە جەنڕاڵ خەلیفە حەفتار. بەرپرسێکی لیبی بە گاردیانی وتوە ” ئەوەندە گەنج لە سۆدانەوە هاتووە کە توانای دابینکردنی ژیان و پێداویستی ترمان نییە بۆیان” .

کۆماندەکانی ئەمانە بە تەمان دوای ئەوەی کە عەقدەکەیان لەگەڵ لیبیا و یو ئێن دا تەواو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سۆدان و شەڕ دژ بە حکومەتی تازە بکەن . لە دیمانەیەکیانا لەتەک ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانییدا، یەکێك لەم کۆماندانە دەڵێت ” من دەزانم ئێمە مێسینەرین [ بەکرێگیراو] ین شەڕکردنمان نە ڕێز و نە شەرەفی تیادایە … بەڵام ئەمە کاتییە و دوای تەواوبوونی موهیمەکەمان دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە ” یەکێكی دیکەیان وتی ” چەکداربوون و شەڕکردن وەکو بەکرێگیراو، تاکە ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی سامانێك کە دواتر بتوانین شەڕ دژ بە دەوڵەتی سۆدان بکەین ” … ” باوەڕمان وانییە کە عومەر بەشیر تەواو بووبێت.. ئێمە ئێستا لە لیبیاین بەڵام مەعرەکەی دیکە لە سۆدان چاوەڕوانمان دەکات..” یەکێکی دیکەیان لە تەڕابلوس، وتی ” وەختی دیاریکراومان لێرە نییە … تەنها چەك و تەقەمەنی و لۆجستکی میللتەریی بەدەستدەهێنین بۆ گەڕانەوەمان بۆ سۆدان” کۆماندەیەکی تر وتی ” تۆ خۆت دەیزانی کە ئێمە کارێکی وامان نییە بۆیە جاری واهەیە کە دەبێت خەڵك بڕفێنین و بە قاچاخ بیانگەیەنیینە شوێنی پێویست” .
ئەمە ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین دونیای حیزبایەتی ، دونیای بەکرێگیرا و سوپا و پۆلیس و سیخووڕ و دونیای حکومەت و دەولەت ، دونیای چینایەتی و کۆمەڵی قووچکەیی. ئەمە ئەو سیستەمەیە کە ئێمە لە سایدا دەژین بارودۆخێکی ئاوا دەخولقێنێ تاکو کەسانێك بەکرێبگیرێن مانگی بە 100 دۆلار، کەمتر یا خود زیاتر و بێنە سەر خاك و ماڵ ومنداڵت و بتکوژن بێ ئەوەی بتناسن ، بێ ئەوەی هیچ ناکۆکییەکی لەتەکتا هەبووبێت ، یا خراپەیەکت بەرانبەری کردبێت.

15/01/2020




چیرۆكی دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سوتاندنی بێوەژنە هندییەكان … عەلی مەحمود محەمەد

تا ساڵی 1828 لە وڵاتی هیندستان ئەگەر پیاو بمردبایا ئەوە ژنەكەشیان بە زیندویی بە زۆر بە دەم شیوەن و گریانەوە لە گەڵ پیاوەكەدا دەسوتاند. لە میسری كۆنیشدا ئەگەر فیرعەون كە پۆستی سەرۆك بوو نەك ناوی، هەر كەسێک بمردبایە ئەوا لە گەڵ خۆیدا زێڕو زیو و شتە بە نرخەكانیان لە گۆڕەكەی دادەنا, تا لە جیهانی داهاتوودا بەكاریان بهێنێت.
ئەم جۆرە نەرێتانە باو بوونە تا ماوەیەكی زۆر، ئێستا پەرلەمان و وەزیرەكانی ئێمەش هەروا دەكەن, لە گەڵ خۆیاندا نەسریەكان و حیمایەكانیشیان كە كورو زاواو خەزور و براو برازای خۆیانن لە گەڵ خۆیاندا دوای خانەنشینیەكەیان دەیبەن, من باسی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و جێگرەكانیان ناكەم ئەوانە ماڵی قارونیان هەیەو منەتیان بەو موچەو نەسریەو شتانە نییە.

لە هەموو دنیا بەم وڵاتەشەوە دادپەروەری و ئەزموون وایە خانەنشین لەسەر بنچینەی موچەی بنەڕەتی خۆی خانەنشین دەبێت, كە ئەوەی هەیە لە كوردستان زیاترە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان, هەرچی دەرماڵەی میوان و لیژنەو هاتوچۆیە ” سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4,5 ملیۆن دینارە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرماڵەی میوانداری 4 ملیۆن دینارە، سکرتێری پەرلەمان 3,350 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی میوانداری پەر\لەمانتاران یەک 1,5 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی هاتووچۆیان 1 ملیۆن دینارە، دەرماڵەی لیژنە 500هەزار دیناره” , ئەم دەرماڵانە پەیوەندیان بە كاتی كاركردنیانەوە هەیە لەو شوێنە, كە كار نەما ئەو نەسریەو مەترسی و موخەسەساتانە پێویستە ببڕدرێت, لەبەر ئەوەی لەبەرامبەر كارەكە بۆیان دابینكراوە, بەڵام بۆ پەرلەمانتارو وەزیر و ئەنجومەنی دادوەری لە كوردستان دوای خانەنشینین بۆنیان بەردەوام دەبێت و نابڕدرێت , میوانانەو لیژنانەو هاتوچۆیانەی خۆیان هەر وەردەگرن.
هەق وایە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانن لەوێش سۆسیال وەردەگرن، خارجیانەشیان بدەنێ بۆ ئەوەی هاوكێشەكە تەواو بێت.

خاڵێكی دیكە ئەوەیە ئەم بەڕێزانەی پەرلەمان خۆیان لە باسكردنی لادەدەن موچە زەبلاحەكانی ئێستایانە , كە لە موچەی زیاتر لە نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە نەك ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتانە, ئامادەم بە فاكت بیسەلمێنم, پێویستە ئەو موچەیەش بكەوێتە چوارچێوەی چاكسازییەوەو كەمبكرێتەوە بۆ نیوە , ئەگەر موچە بەرزەكان لە شوێن خۆیان بمێنن كەواتە هیچمان نەكردووە, چونكە جیاوازی بەرزترین و كەمترین لە شوێن خۆیان ماون, با هەر قەد ببڕین, گرنگ پۆپەی سەرەوەو رەگی خوارەوەیە, دوریان لە یەكتر كەمبكرێتەوە, كە قیاسی نا دادپەروەرریەكەیە, گرنگ كەمكردنەوەی جیاوازی زۆرترین و كەمترینە, ناوەند قورسایی لەسەر بودجەو نەهێشتنی دیاردەیەكی شاز هەیە, وەلێ بۆ عەدالەت گرنگترین شت كەمكردنەوەی جیاوازی كەمترین و زۆرترینە كە موچەی سەرۆكایەتی و پلە باڵاكانە لە گەڵ كەمترین موچە لە هەرێمی كوردستان كە چاودێری خێزانییە, دەبێت ئەو جیاوازییە كەمبكررێتەوە , بۆ ئەوەی نەڵێن لە كوردستان جیاوازی موچەی پەرلەمانتارێك و كەم ئەندامێك 116 جارە.لە كۆتادا دەڵێم لە دوای سوێندی 12 پەرلەمانتارەكەی خولی پێشوەوە كە سیانیان ئێستا سەرۆكی لیستن, باوەڕم بە هیچ كەس نەماوە, بۆیە بۆ هیچ لێدوان و گفتێك ناكەومە سەما.




بەها و هەڵەی پێشبینییەکان … ئارام سدیق

شاعیرەکان لەو نەسلە هەستیار و پێشبینیکەرەکەی کۆمەڵگەن، ئەوان بەر لە هەرکەسێک ئایندە دەبینن و درک بە جوانی، یان دزێوی ژیان دەکەن. ئەوان بۆ ئەوە دەنووسن تا پانتایی جوانی فراوانتر بێت و ڕووبەری بیرکردنەوە تەنها بیرکردنەوەیەک نەبێت لە سنوورێکی دیارکراوی سیستماتیک کراودا، بەڵکو ئەوان باڵی خەیاڵ بە وشە دەبەخشن بۆ ئەوەی سەرزەمینی نوێ و مەملەکەتی تازە بپشکنێت. شاعیرەکان، ئەگەرچی ڕاوکەری جوانین، بەڵام چاوێکی تیژ و هەستێکی بەهێزیان هەیە بۆ بینینی ناشرینی و دزێوی. وشە تەنها موڵکی شاعیرەکان نییە، بەڵام توانای دورستکردن و ئەفراندن و بەگەڕخستنی وشەی نوێیان هەیە. توانای ئەوەیان هەیە کە لە سیاقی دیاریکراودا مانای نوێ بە وشە ببەخشن.

ساڵانێکی زۆرە خوێنەری شیعرم، ئەمەش ئەو هەستی پێ بەخشیوم شاعیرە ڕاستەقینەکان لە شاعیرە ساختەکان جیا بکەمەوە. مەرج نییە ئەوەی خاوەنی زۆرترین فرۆشی دیوانە شیعرەکەی بوو ئەوە شاعیرێکی ڕاستەقینە بێت. وەک چۆن مەرجیش نییە ئەوەی خاوەنی خوێنەرێکی کەم بوو شاعیرێکی راستەقینە نەبێت. سیازدە ساڵ لەمەوبەر شیعرنووسێکی لاو دیوانە شیعرێکی بڵاوکردەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زیاتر لە 30 هەزار دانەی لێ فرۆشرا، بەڵام من ئەوکاتیش دەمزانی ئەو شیعرنووسە، شاعیر نییە، بەڵکو تەنها لە شێوەی شیعردا گوزارشتی لە هەستەکانی کردووە و نابێتە شاعیر وەک چۆن نەبووەتە شاعیر و ئێستا میدیاکارە. بەڵام زۆر شاعیریش هەن وزەی شیعریی لە خوێنیاندایە و من ساڵانێکی زۆرە خوێنەری ئەزموونەکەیانم و دیوان دوای دیوان چاوەڕوانی بەرهەمی نوێیانم، یەکێک لەو شاعیرانە سەباح ڕەنجدەرە.

زیاد لە دە ساڵە بە شیعریی ئەم شاعیرە ئاشنام، بەردەوامیش دەیخوێنمەوە و لەو شاعیرانەیە کە نامەوێت هیچ شیعرێکی نوێی هەبێت و نەیخوێنمەوە، یەک دووجاریش سەرنجی خۆم سەبارەت بە شیعرەکانی نووسیوە، بەڵام ئەوەی لەم شاعیرەدا سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە کە بۆ شیعر و وشە دەسوتێت، دەیەوێت نوێگەریی بکات و هەوڵەکانی هەر لە یەکەم کتێبی شیعرییەوە “زێوان” بەردەوامە و زۆرجاریش ڕەنگە نەیتوانیبێت ئەوەی دەیەوێت پێی بگات، یان ئەوەی دەیەوێت بیگەیەنێت. بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی، یان دروستترە بڵێم هەمووی بێجگە لەم کتێبە نوێیەی، خاوەنی مانیفێستی شیعرییە. شیعر لای ڕەنجدەر پڕۆژە و بەرنامە و کردەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوە، کە ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە لە پشت ئیلهامی شیعرییەوە بەرنامە و پرۆژەی شیعریی ئامادەیە. ڕەنجدەر دەیەوێت شتێک بگۆڕێت لە شیعردا، ڕەنگە بۆ من گۆڕینی چێژی شیعریی بێت، بۆ کەسێکی دیکە دەستکاریی کردنی زمان بێت، بۆ خوێنەرێکی دیکە داهێنانی ڕووئیایەکی نوێگەرانەی شیعری بێت. بەڵام ڕەنجدەر دەیەوێت کار بۆ هەموویان بکات.

هیچ شاعیرێک نییە بتوانێت ئەزموونێکی شیعریی نوێ دابمەزرێنێت بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەزموونە شیعرییەکانی پێش خۆی، ڕامبۆی شاعیر ئاگاداری تەواوی ئەزموونە شیعرییەکانی پێش خۆی بوو، بۆیە لەو تەمەنە کەمەدا توانی ئەزموونێکی نوێگەرانە بە شیعریی فەرەنسی ببەخشێت. ڕەنجدەریش ئاگاداری تەواوی شیعریی هاوسەردەمەکانی خۆیەتی، ئەمە بێجگە لەوەی ئاگاداری شاعیرانی کلاسیک و نەوەی دوای خۆشیەتی، هەر ئەمەشە دەتوانێت جێگەی خۆی لەنێو ئەو ئەزموونە شیعریانەدا دیاری بکات و شوێنێک بۆ خۆیی و ئەزموونە شیعرییەکەی بکاتەوە. بێگومان کەم ئەو شاعیرانەی لە چەشنی ڕەنجدەر خاوەنی ئەم ئاگادارییەن.

خاڵێکی دیکەی دیاری ئەزموونی ئەم شاعیرە مانیفیستە شیعرییەکانیەتی، کە نیشانەی سەرنجدان و دەستنیشانکردنی ئەو خاڵانەیە کە دەیەوێت ڕووبەرێکیان لێ داگیر بکات. کاتێک دیوانی “خەون وا خۆی گێڕایەوە” دەنووسێت ڕووبەری کارکردنی خۆی لە خەوندا دیاری دەکات. کاتێکیش “سرودی زەوی” دەنووسێت، ڕووبەرێکی دیکە بۆ کارکردن و ئەفراندنی شیعریی دیاری دەکات، کە جیاوازە لە ڕووبەرەکەی پێشوو. بۆ شیعر لای ئەم شاعیرە وەستان نییە لە خاڵێکدا و ئیدی هەر لەوێدا بەدوای هەوای تازە و هەور و خەونی تازە بگەڕێت. بەڵکو شیعر گەشتکردنە، بەڵام بە هەموو ڕێگەیەکیشدا نا، بەڵکو تەنها بەو ڕێگایانەدا کە شاعیر بە مەبەستەوە هەڵیان دەبژێرێت، یان ڕەنگە هەندێک لە ڕێگەکان بە بەبێ پلانی پێشوەختە لەبەردەمیدا بکرێنەوە.

بەها و هەڵەی پێشبینییەکان، نوێترین کتێبی شیعریی ئەم شاعیرەیە، بەو پێیەی مانیفێستی نییە و شاعیر مانیفێستی بۆ ئەم کتێبەی نەنووسیوە، دەشێ کەمێک تایبەتمەندتر دەربکەوێت، بەڵام بەهەمان شێوەی کتێبە شیعرییەکانی پیشووتری کارکردنە لەسەر هێڵێکی شیعریی، هێڵێک کە شاعیر سێ دۆخی جیاواز دابەشی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە ئەم شاعیرە دەیەوێت لە سێ دیدگاوە دونیای نوێی شیعریی خۆی بە ڕەنگ و بەرگێکی نوێوە بنووسێتەوە. دۆخی یەکەم دۆخێکە جیاوازە لە دۆخی دووەم، ئەمەش هەر لە ناونیشانی شیعرەکانەوە تا وشە بە وشەی شیعرەکان ئەو جیاوازیی کارکردنە هەست پێ دەکەین. لە دۆخی دووەمدا خوێنەر بەر دوالیزمە دژەکانی وەکو “هاتن و نەهاتن” دەکەوێت و ئەمەش لە ناونیشانەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵام دۆخی سێیەم لە دۆخی دووەم و یەکەمیش جیاواز ترە و کارکردنە لە ڕووبەرێکی شیعرییدا کە گەیاندن، یان باسکردنە لە حاڵەت و پنت و جێگەی نێو بوونی ئینسان.

ئێستا دەشێ بپرسین نووسینی مانیفێست بۆ ئەزموونی ڕەنجدەر ئێستا گرنگی هەیە، یان نییەتی؟ ئەگەر هەیەتی چییە؟ بەپێچەوانەشەوە. بەلای منەوە ڕەنگە هۆکاری نەنووسینی مانیفێست بۆ ئەم دیوانە شیعرییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە شاعیر چیدی بڕوای بە نووسینی مانیفێستی شیعریی نەمابێت، چونکە لە سی ساڵی ڕابردوودا مانیفێستی شیعریی خۆی ڕوونکردووەتەوە و چیدی پێویستی بە نووسینی مانیفێستی تر نەماوە. بەڵام ئایا وەهایە؟ بێگومان من وایدەبینم کە ئەو خوێنەرەی لایوابێت دوای سی ساڵ نووسین و ژیان لەنێو شیعردا شاعیرێک نەیتوانیبێت پەیامی خۆی ڕوون بکاتەوە کەواتە هیچی نەکردووە.
بۆیە هەنووکە مانیفیستی ڕەنجدەر ڕوونە و پێویست بە مانیفێست ناکات، بەڵام ئەی ئەگەر لە کتێبی دواتردا مانیفێستی نووسی، ئایا هیچی نوێ دەخاتەڕوو، لاموایە ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە و کە پێموایە چیتر ئەزموونی ئەم شاعیرە پێویستی بە نووسینی مانیفێست نەماوە. چونکە ” بەها و هەڵەی پێشبینییەکان”، ئەوەی تێپەڕاند کە ئەزموونی ئەم شاعیرە پێویستی بە مانیفێست هەبێت، خودی دەقەکان مانیفێستن. بێگومان من لە گرنگی مانیفێستەکانی دیکەی کەم ناکەمەوە. بەڵام مەرج نییە شاعیر ئەو نەریتە نەشکێنێت کە خۆی دایهێناوە، چونکە هەموو شاعیرێکی داهێنەر، شاعیرێکی نەریتشکێنە، ئەگەر نەیتەکە خۆیشی دروستی کردبێت، چونکە خودی شیعر ئەو نەریتشکێنییە دەخوازێت و وەکو مار بەردەوام کاژ فڕێدەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە.




ئەم دۆخە تازەیەی ناوچەکە بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی و تێپەڕکردنی ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە! … نوری بەشیر

پێم وابێت هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕابین کە کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرەتایەکە بۆ هاتنەکایەوەی گۆڕانکاریەکی گەورە لەدۆخی ناوچەکە بەگشتی و کێشمەکێشی پێشوتری نێوان ئەمریکاو ئێران، بەڵام ڕەنگە لێکدانەوەی هەمووان بۆ ئەم دۆخە تازەیە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کەبەڕێوەیە وەک یەک نەبێ هەرکەس و لایەنە پێشبینی جیاواز بکاو لێرەشەوە سیاسەتی تایبەت بە خۆی بخاتە ڕوو. من لێرەدا کورتەی لێکدانەوە و بۆچونی خۆم دەخەمەڕوو:
هەمومان ئاگاداری ئەوەین کەساڵانیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە مەیدانی جەنگ و کێشمەکێشی نێوان هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان و چالاکبوونەوەی چەندین ڕەوتی لۆکاڵی بۆرژوازی و لەم نێوەشدا چەندین قوتبی سیاسی و ئابوری و سەربازی سەریان دەرهێناوە و بەدوای خۆشیاندا دەوڵەتانی ناوچەکەو بزوتنەوە بۆرژوازیەکانیان ڕاپێچی جەمسەرگیری و هاوکێشەیەکی ئاڵۆز کردووە. ئەم دۆخە کە لەسەر زەمینەی قەیرانێکی ئابوری جیهانی سەرمایەداری شکڵی گرتووە، هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی بەتوندترین و خوێناویترین شێوە لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و بەدەستهێنانی ناوچەکانی نفوز و بازاری زیاتری کار و سەرمایە، خستۆتە بەرامبەر بەیەکەوە. بێ ئاسۆیی بۆرژوازی جیهانی لەسازدانەوەی دونیای چەند قوتبیدا، لە بێ ئەلتەرناتیڤیدا بۆ مەسەلە سەرەکیەکانی وەک قەیرانی حکومەتی لەڕۆژهەڵات، ئاسۆی پەرەسنەدنی سەرمایە، چۆنیەتی سەرکوتی ئیعترازی نوێی کۆمەڵایەتی کە لە بەهاری عەرەبیەوە سەری لەشۆڕش و راپەڕینەکان دەرهێناوە، ڕەنج دەبات.
لەم نێوەدا سیاسەت و ستراتیژی ئەمریکا وەک ‌هێزێکی سەرەکی لەناوچەکەدا، بەردەوام روو لەخوار و شکستە. خودی سەرهەڵدانی روسیا و چین وەک قوتبی سەربازی و ئابوری لەبەرامبەر ئەمریکادا، هەروەها دوورکەوتنەوەی ئەوروپا لەئەمریکا، تەنانەت دەرکەوتنی تورکیا و ئێران وەک دوو هیزی ناوچەیی.. هەموو ئەمانە خۆی بەمانای شکستهێنانی ڕۆڵی باڵادەستی جیهانی ئەمریکا و ستراتیژیەکە کەلەم پێناوەدا گرتبوویەبەر.
ئەمریکا لەعێراقدا بۆ دەورەیەک کەوتە زەواجێکی سیاسیەوە لەگەڵ ئێراندا، تا پێکەوە لەهاوسەنگیەکی سیاسی و سەربازیدا وڵات بەڕێوە ببەن و قەیرانی حکومەتی لەعیراقدا رابگرن، بەڵام ئەم زەواجە زۆری نەخایاند و گۆڕدرا بە کێشمەکێشێکی سەرەکی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەتایبەتی بەدوای دەرچونی ئەمریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران و تەواوبوونی شەڕی داعش و کشانەوەی لەسوریا و دەستبردن بۆ سیاسەتی میلیتاریزەکردن و لەشکرکێشی بۆ ناوچەی خەلیج.. لێرەوە جارێکیتر عێراق وەک پێگەیەکی سیاسی و عەسکەری قورسایەکی زیاتری لەسیاسەتەکانی ئەمریکادا داگیرکرد و بووە مەیدانێک بۆ هەستانەوەی باڵادەستی و قودرەت نمایی ناوچەیی و جیهانی ئەمریکا لەبەرامبەر حەریفەکانیدا.
سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لەڕۆژهەلاتی ناوەراست (لوبنان، عێراق، ئێران) و سەرهەڵدانی دەورەیەکی شۆڕشگێرانە، لەدژی سەراپای دەسەڵات و سیستەمی ئابوری لەم وڵاتانە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەی لەیەک خەباتی چینایەتیدا خستە بەرامبەر بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیەوە. ئەمە تەنها دەرکەوتنێکی چینایەتی کرێکار و زەحمەتکێش نەبوو، بەڵکو فاکتۆرێکی سەرەکی بوو لە ئاڵوگۆڕپێدانی هاوکێشەی سیاسی نێوان هێزە بۆرژوازییەکان لەئاست ناوچەکەدا. واتە ئیتر ئەوە تەنها کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتان و هێزە ئیمپریالیستەکان نییە کە لەمیژووی ئێستادا کایە دەکەن، بەڵکو ئەوە هاتنەمەیدانی شۆڕشگێرانەی جەماوەر و دەرکەوتنی چینی کرێکار و زەحمەتکێشە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی خستۆتە بەردەم مەترسیەوە و خەریکە بۆن بە شۆڕشی کرێکاریەوە دەکات، ئەمەش هەموو چینی بۆرژوازی (جیهانی و لۆکەڵی) سەرەڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، خستۆتە بەرامبەر بەخۆیەوە. بەڕادەیەک کەبەبێ سەرکوت و کۆتاییهێنان بەم ڕاپەڕینە جەماوەریە، بۆرژوازی ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بەئاراستەی پڕۆژە و سیاسەتەکانی بۆ سازدانەوەی سیستەمی سیاسی و ئابوری لە ڕۆژهەڵاتدا بنێ. لەم ڕوانگەیەوە من پێم وایە هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی دۆخەکە و گرتنەبەری هەر سیاسەتێک لەبەرامبەریدا، بەبێ ئەوەی کە ئەم راپەڕینە جەماوەریە و خواستەکانی، وەک محیوەرێکی سەرەکی جێگا نەگرێ، ئەوا ئەو لێکدانەوە و سیاسەتە لە لێکدانەوەیەکی ژورنالیستی و نا دەخالەتگەری تێپەڕ نابێ.
ئەوە ڕاستە کە کوشتنی قاسم سلێمانی و رووداوەکانی دوای ئەمەش، فەزای میلتاریزم و تیرۆریزم و لەشکرکێسی لەئاست ناوچەکەدا پەرە پێدەدا و توندی دەکاتەوەو دەورەیەکی تر لەکێشمەکێش و خوێنڕێژی و بۆمب گوزاری و ئینسانکوژی و وێرانی و تەنانەت جەنگی نیابەتی و دەستبردن بۆ گەمارۆی ئابوری… خۆش دەکات، هەروەها ڕێگا خۆش دەکات کە دەستەوتاقمی میلیشیایی و گروپە سێکتە ئاینی و قەومییەکان لەسایەی ئەم دۆخەدا جارێکی تر بەرببنەوە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، تەنانەت ئەوەش راستە کەلەم دەورە تازەیەدا هەم ئەمریکاو هەم ئێران وەک دوو جەمسەری تیرۆریزمی دەوڵەتی، بەشوێن ئامانجە ناوچەیی و ستراتیژیەکانی خۆیانەوەن، بەڵام تەواوی ئەم دۆخە تازەیە لەئێستادا بۆ سەرکوتی راپەڕینی جەماوەری و تێپەڕکردنی ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە لەیەک فەزای جەنگی تیرۆریزم و میلیتاریزمدا، ڕاپەرێنێکی جەماوەری و دەورەیەکی شۆڕشگێرانە کە دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و حوکمەتەکانی عێراق، ئێران، لوبنان و خستۆتە ترس و لەرز و داڕمانەوەو هەتا ترسی خستۆتە هەناوی حکومەتانێکی تری ناوچەکەش.
ئەوەی کە حەسەن نەسروڵا تا دوێنی زەلیل و ریسوای بەردەم خەڵکی ڕاپەڕیوی لوبنان بوو، ئێستا زمانی دژی ئەمریکایی و ئیسرائیلی درێژکردووە و فەزای خۆپیشاندانەکانی لەترس و دڵەراوکێی تۆڵەسەندنەوەدا راگرتووە. لەعێراق ڕیزی لەبەریەک ترازاوی ئەحزابی شیعەی یەکخستووە و لەژێر پەرچەمی دژی ئەمریکایدا کۆی کردوونەتەوە و بەم پەرچەمەوە کەوتونەتە هەڵپێچانی خەیمەی خۆپێشاندەران لەبەسرەو ناسریە. لەئێران سیناریۆی بەخاک سپاردنی سولەیمانی و موهەندیس سەدان هەزار کەسی بەپەرچەمی دژی ئەمریکایی و تۆڵەکردنەوەوە هێناوەتە سەر شەقامی شارەکانی ئێران کەدوێنی جێگای خەڵکی ڕاپەڕیو بو… هەموو ئەمانە دەرکەوتە سەرەتاییەکانی سیاسەتی سەرکوتکردنی راپەرینی جەماوەری ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە کە لەناوچەکەدا هەیە کەدیارە لەگەڵ تەقاندنی هەر موشەک و کردەوەیەکی تیرۆریستانەدا، لەلایەن ئەم دوو لایەنەوە واتە ئەمریکاو ئێرانەوە، فەزا زیاتر لەدژی جەماوەری راپەڕیو و خواستەکانی توند دەبێتەوە، تا سەرەنجام خەڵکی ناڕازی ناچار بکەن دەست هەڵبگرن و بڕۆنەوە ماڵەوە. ئەمە خاڵی جەوهەری و ئامانجی سەرەکی ئێستای توندبوونەوەی ئەو کێشمەکێشەی نێوان ئەمریکاو ئێرانە کە بەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هاتۆتەکایەوە.
بەبڕوای من دیفاع لەراپەڕینی جەماوەری و خواستەکانی لەئاست ناوچەکەدا میحوەری هەر سیاسەتێکی کۆمۆنیستی و کرێکارییە، تەنانەت لەئێستادا خەبات لەدژی ئەم فەزا جەنگی و تیرۆریستیە، دەبێ بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم پێشڕەویەکان و فروان بوونەوە و رادیکاڵ بوونەوەی ئەم جوڵانەوەیە بێت.
دیفاع لەراپەڕین و خواستەکانی، یانی بەدەستەوەگرتنی هەمان خواستی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکاو ئێران و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە، یانی خواستی ڕوخانی ڕژێم و سەراپای دامودەزگاکانی بۆرژوازی، یانی هەڵوەشانەوەی میلیشایی حزبەکان و سپاردنی چارەنوسی عێراقە بەدەستی خەڵکەکەی. لەیەک وتەدا دیفاع لەراپەرینی جەماوەری و خواستەکانی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی ئەمنیەت و پاراستنی پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگرتن لەداڕمانی زیاتری.. بەبڕوای من کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان چ لەئاستی جیهان و چ لەناوخۆی هەر وڵاتەدا (دیارە هەر وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی خۆی) لەجیهەتی ڕێبازێکی سیاسی وادا دەتوانن ئەرکە محەلی و ئەنتەرناسیونالیستەکانیان بەرنەپێشەوە. ئەمە بانگەوازی شۆڕشی بەردەوامی مارکسە، کەوایە نابێ ڕێگا بەسەرکوتی ئەم بزوتنەوەیەی بەڕێکەوتووە بدەین. لەیەک وتەدا ڕاپەرێن و خەباتی جەماوەری لە ڕۆژهەڵات چینی کڕێکار و کۆمۆنیزمی جیهانی بانگەواز دەکات کە لەدڵی قەیرانی ئێستای بۆرژوازی جیهانیدا، بەرەو گرتنەبەری ستراتیژی شۆڕشی کرێکاری بڕۆن.
لەکۆتاییدا خاڵیک کەدەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کەئایا ئەگەری “جەنگی سێهەمی کەنداو” لەئارادایە؟ ئایا ئەم دۆخە بەرەو جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەدژی ئێران دەڕوات؟
پێدەچێت ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشتووە کەسیاسەتی گەمارۆدانەکان لەدژی ئێران کافی نییەو دەبێ فشارەکانی بباتە ئاستێکی ترەوە، ئەویش لەڕیگای توندکردنەوەی فەزای جەنگی و تیرۆریزمەوە، تا هەم ڕۆڵی ئەوروپا لەبەرامبەر ئێراندا بەرێتە دواوە و بیانخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی، وەهەم ڕۆڵی ناوچەیی ئێران کەم بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە ئەم دۆخە لەئێستادا بەشەڕێکی سەربازی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بگۆڕدرێ ئەگەرێکی نامحتەمەلە، چونکە نە ئێران دەیەوێت جەنگ بچێتە خاکەکەیەوە و نە ئەمریکاش سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ئێستای جەنگە لەدژی هیچ یەک لەوڵاتانی ناوچەکە.
لەسەریکی ترەوە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد توندبوونەوەی کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئەمریکا لەئێستادا بۆ سەرکوتی راپەڕینە و بەدژی فەزای شۆڕشگێڕانەی ناوچەکەیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی حاکمیەتی کۆنەپەرستی زەربەخواردووی بۆرژوازی ناوچەکەیە کەلەژیر کارگەریەکانی جوڵانەوەی سەرنگونی خوازی جەماوەرەوە لەئاست ناوچەکەدا لەق بووە..

تێبینی: قسەوباسی نوری بەشیر لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە پانێڵێکدا لەلەندەن کە بۆ ژمارەیەک لە کۆمۆنیستەکانی ئێران، کوردستان، عێراق و بەریتانیا سازدرا رۆژی ١١/١/٢٠٢٠ لەسەر کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران و کاریگەریەکانی بۆسەر ناڕەزایەتیەکان




له سوچێکی پەنجەرەکەتەوه … سەدا جەودەت

به درێژایی شەو
دانیشتن به دیار پەنجەرەیەکەوه
روح له تەنگەژەی دنیا گیر دەکا
له سوچێکی پەنجەرەکەتەوه
سەیری ئەو پیاوانه بکەی
که به دەست ویسکیەوه
گیریان خواردوه
یان ئەو ژنانەی
به دیار لێدانی مێردەکانیان هاوار دەکەن
تۆ بیرکەوه
ئەوەی تۆ ناوت لێ ناوه گرفت
ئەبێ چ وەهمێک بێ..؟ ئافراندوته
له سوچێکی پەنجەرەکەتەوه
چیرۆکی سەیر و حاجباتی هەیه
بۆنی کولێرایەکی سوتاو ئەو ناوەی شێواندووه
ئاوازێکی درەنده دەستی بەسەر کێشاوه
له سوچێکی پەنجەرەوه
دونیا شتێکی تر هوتاف دەدا….

سەدا جەودەت




کچەی خوێنەر… تازەترین کتێبی نیهاد جامی

، نۆڤلئتێکە وێنەیەکیتری رۆشنبیر دەخاتە روو، وێنەی مرۆڤێکە لەپشت هەولی گۆرانکاری بۆ کۆمەلگا، ئەو رۆشنبیرە مرۆڤێکە هەول دەدات گوتارەکەی بخاتە ژێر ئارەزووە خودیەکانی، لەداهاتوودا ئەو کتێبە لە سایتی .دەنگەکان دەخوێننەوە




کۆڵانێکی ناو دڵ … تەحسین ئیسماعیل

لەو دەمەی ئازار لە لوتکە دەبێ
بێ هودە
دڵ بەدوای چارە دەگەڕێ
کاتێک بیرم لەوە کردەوە
بۆ جارێکیش بێ
دەردە دڵ بنوسمەوە
بریار وابوو
لە نیوەی کۆتای
دەریا خەم
دەست بە مەلە بکەم
نەمدەزانی لە کامە دەرگا
ڕێبکەم و بچمە ژوورەوە
لە کۆتا هەنگاو
بەبێ هۆشی
لە گێژەنی
دۆزەخی
ئا و نا
خۆم لێ وونبوەوە
زۆر بەووردی
هەوڵی گەڕانم بۆ دەدا
دستم بۆ هەر کونجێک دەبرد
نەمدەتوانی
بەرگەم نەدەما
کاتێ یادگار ێکی تۆم
تیادا ئەدۆزیەوە

تەحسین ئیسماعیل




مانیفێستی تەنیایی ڕاگوزەر بە غەریبیدا … زانا سامان

دوور و نزیک شەقامەکانی مەستیم تەیکرد، ئەمشەو
گۆرانی دیلانم دەچڕی و
گەنجە سەرمەستە ئەڵمانەکانیش
وتنەوەی
مانیفێستی تەنیایی من،
من هەر خۆم بووم و هەر خۆیشم نەبووم
هەتا زیاتر ئەستێرەکانم بژماردبا
زێدەتر لەگەڵ ژیان ئەدۆڕام
ئێستایش ژیان
دوو هەزار و بیست ساڵی خۆیشی هەیە و
منیش وەک هەمیشە هیچ،
هیچ لکاوە بە تەمەنمەوە
لە خۆم ئاڵاوە
لەناو ژیندا هێند بەرجەستەیەکی ساردەوە بووم
دەڵێی لەکەنار دەریایەکی بەستوودا
خەوێکی تائەبەد گرتوومی،
چ نییە ئازیزانم
چ نییە …
بێتاقەتی هۆرەی مەراقیش
ئەقۆزێتەوە بۆ خۆی،
چاتر نییە …شیعرم هەر ساویلکەیەکەو
پێنووس خوێنم هەڵدەمژێت
بۆ مانەوەی
پەردە پۆشی ژیانی من.

زانا سامان




ڕووت … تێکست : د. چیا زەنگنە وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

بۆ چەک
بووین بە بازاڕێک
بوین بە کۆیلە
بە فرۆشراوێک
مەحکوومین بە ترس
بۆیان بووین بە پاسەوان
حەو…حەو
ئیشمان هەر وەڕینە
لە کاتێکا ڕووت و قووتین
بووین بەبازاڕی نەوت

لەژێر بارانا
لەژێر بەفرا
بەرامبەر ڕەشەبا
شەو و ڕۆژ
پارچەی لەشمان
بە هەموو شوێنێکا
كەووتوە…لێرە و لەوێ

نیشتمان
بووە بە “قەحبە”یەک
ڕووت و قووت
هەر کەسێ هاتە لامان
ئەتکی کرد
ئەتکیان کرد :
بەناوی خواوە
بەناوی سەربەخۆییەوە
بەناوی دیموکراسییەوە
لەژێر باری چەکا
بووین بە زۆرانخانەیەک
بۆ کۆشتن…بە ئاگاییەوە
لە هەنوو شوێنێکەوە بەکرێ گیراو
وەک گەشتیار ڕوومان تێئەکا
بەترسەوە ئەنووین
بە ” زەڕین” ی بەیانیانەوە
بەخەبەر یەین
جواردەورمان
مووشەک
…. سوپا
….سەرکردە
و
تینوانی خوێنە
خۆمان
نیشتمانمان
ئینسانی بوونمان
جەستەمان دائەپۆشێ
گەلێک بێ پانتۆڵ
بێ کراس
بێ شەبقە…..بێ ملپێچ’
هیچ دامان ناپۆشێ
ڕووت.

تێکست : د. چیا زەنگنە
وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام




چاكسازی وا ناكرێت … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

چاكسازی :ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ گه‌وره‌و پیرۆزه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامده‌درێت له‌ پێناوی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی وڵاتدا, واته‌ به‌ ئه‌نجام دانی چاكسازی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ژیانێكی خۆشگوزه‌رانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت به‌بێ هیچ جۆره‌ جیاوازیه‌كی چینایه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و چاكسازیه‌دا دادپه‌روه‌ری به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌رقه‌رار ده‌بێت له‌ نێوان سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌بێ ئه‌وه‌ی تاكێك له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ باشتر بێت له‌ تاكێكی دیكه‌دا به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو تاكه‌كان خۆیان له‌یه‌ك ئاستدا ده‌بیننه‌وه‌ وه‌ هه‌روه‌ها به‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌بێته‌ ڕێگایه‌كی گه‌وره‌ بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی له‌ نێوان چینی هه‌ژاران و دۆڵه‌مه‌ندان.
له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌واژه‌ی چاكسازی وه‌كو قه‌لغانێكی گه‌وره‌ هاته‌ نێو گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ,به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ له‌ كابینه‌كانی دیكه‌ش ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ قسه‌ی بریق و باقی له‌سه‌ر ده‌كرا به‌ڵام له‌ كۆتایی دا بێ ده‌رئه‌نجام بوو,به‌ڵام پڕۆژه‌ چاكسازیه‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ته‌نیا قسه‌ی بریق و باق نه‌بوو به‌ڵكو به‌ كردار ئه‌نجام درا و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌هێشتنی جیاوازی چینایه‌تی چوونكه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سته‌واژه‌ی چاكسازی بریتیه‌ له‌ نه‌هێشتنی جیاوازی له‌ نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه‌ هه‌روه‌كو له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م به‌ ده‌سته‌واژه‌ی چاكسازی)دا, به‌ڵام ئه‌و چاكسازیه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕووی من پێم وایه‌ به‌ ده‌ستكاری كردنی ده‌سته‌واژه‌ی چاكسازی داده‌نرێت, چوونكه‌ نه‌بووه‌ هۆی چاكسازیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ڵكو له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م چاكسازیه‌ بووه‌ قازانجێك بۆ به‌شێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه‌ خۆیان به‌ پله‌ باڵا هه‌ژمار ده‌كه‌ن, واته‌ لێره‌دا دووباره‌ ده‌سته‌واژه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی چاكسازی و و له‌گه‌ڵ به‌رقراركردنی دادپه‌روه‌ری هه‌ردووكیان به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپڕدا تیرۆر كران .
ئه‌وه‌ هه‌ر مڕۆڤه‌كانن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت یه‌كسانی به‌رپابكه‌ن به‌رپای ده‌كه‌ن یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت نایه‌كسانی به‌رپابكه‌ن ئه‌وه‌ زۆربه‌ شێوه‌یه‌كی ئاسانتر به‌رپای ده‌كه‌ن له‌ به‌رپاكردنی یه‌كسانیه‌كه‌دا, به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ من بینیم و گوێبیستی بوو له‌م پڕۆژه‌ به‌ ناو چاكسازیه‌دا زۆر نیگه‌رانی كردم ,چوونكه‌ ده‌سته‌ ماندووه‌كانی كارگوزارێكم بیر هاته‌وه‌ كه‌ به‌یانیان زوو له‌ سه‌رماو گه‌رمادا له‌نێو شه‌قام وشۆسته‌كانی شاردایه‌ كه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ خاوێنیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌چی ته‌نیا 300هه‌زار بۆ400هه‌زاری پێ ده‌درێت, به‌ڵام له‌پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نێكی زۆر له‌ خزمه‌تكردنی شه‌قام وشۆسته‌كانی شاردا به‌ڕێده‌كات كه‌چی له‌كاتی خانه‌نیشینه‌كه‌ی ته‌نیا 200 هه‌زارێكی به‌زۆر پێی ڕه‌وا ده‌بینن واته‌ نه‌ له‌كاتی كاركردنه‌كه‌ی دا خۆشی له‌خۆی بینی كه‌چی له‌كاتی خانه‌نیشیكردنه‌كه‌یشیدا به‌ ته‌واوه‌تی ژیانی لێ بوو به‌ دۆزه‌خ, هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ش فه‌رمانبه‌رێكیش ساڵانێكی دوورودرێژ له‌نێو فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆیدا خزمه‌تێكی به‌رچاو پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م فه‌رمانبه‌ره‌ به‌ بڕبڕه‌ی پشتی حكوومه‌ت داده‌نرێت به‌ڵام حكوومه‌ت ئه‌م بڕبڕه‌یه‌ پشت گوێ ده‌خات وكه‌مترین مووچه‌ بۆیان دابین ده‌كات كه‌ له‌شایسته‌ی ئه‌و ماندووبونه‌یان دانیه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌دا پێشكه‌شیان كردوه‌ , كه‌چی له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌بینین په‌رله‌مانتارێك یاخو وه‌زیرێك یان بریكارێك یان ئیتر چووزانم هه‌ر به‌رپرسێكی تر بێت كه‌چه‌ند ساڵێكی كه‌م له‌ سه‌ر ئه‌ركێكی زۆر ساده‌ و ساكاردایه‌ كه‌ زۆرجاریش ئه‌و ئه‌ركه‌ ساده‌و ساكاره‌ی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جێ به‌جێ ناكات یاخود گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كات كه‌چی له‌ پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ی ده‌بێته‌وه‌ به‌ پاره‌یه‌كی زۆر زه‌به‌لاحه‌وه‌ بۆ خۆی له‌ ماڵه‌وه‌ ئیسراحه‌ت ده‌كات , وه‌ جیاواز له‌و پاره‌ زۆره‌ی كه‌ له‌كاتی خانه‌نیشین بوونه‌كه‌ی وه‌ری ده‌گرێت كه‌چی له‌پاڵ ئه‌وه‌دا له‌ كاتی خۆی كه‌ له‌پۆسته‌كه‌ی دابووه‌ به‌ چه‌ندین ئیمتیازاتی جۆراو جۆری دیكه‌ی بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی دابین كردوه‌ واته‌ ته‌نیا ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی كه‌له‌ كاتی خانه‌نیشین بوونه‌كه‌یدا وه‌ری ده‌گرێت ته‌نیا وه‌كو شیرینیه‌ك وایه‌ كه‌ بۆخۆی ده‌یخاته‌ گیرفانیه‌وه‌.

چه‌نده‌ جوانه‌ كه‌ مڕۆڤه‌كان مافی یه‌كتر نه‌خۆن و بۆ خۆیان زۆر به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ نێوان خۆیاندا بۆ خۆیان دابه‌شی بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك مافی كه‌سێكی تر بخوات و خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر كه‌سانی دیكه‌دا ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ چاكسازیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ درووست ده‌بێت.