مەرگی زمان … کامۆ ئاراز

زمان، هاوشێوەی مرۆڤ، سوڕی ژیانی هەیە. بە بەردەوامی زمانەکان لە دایک دەبن و گەشە دەکەن و سەریش دەنێنەوە. لە ئێستادا هەسارەی زەوی خاوەنی ٧٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠ زمانە، ئەم ڕێژەیە دەکرێت زۆر زیاتر بێت ئەگەر شێوەزارەکانیش هەژمار بکەین، دەتوانین ئەم زارانە پۆڵێن بکەین لە ١٣٠-١٤٠ خێزانە زمان. بەپێی کۆمەڵێک داتا، تا ساڵی ٢١٠٠ی زایینی لە نێوان ٪٥٠ تا ٪٩٠ی ئەم زمانانە قڕ دەبن و مەرگ دەبێتە میوانیان.

لە زانستی زمانەوانیدا ‘زمانە مردووەکان’ بریتیین لەو زمانانەی کە چی دیکە قسەکەری ڕەسەنیان نەماوە، وەلێ بۆی هەیە بەشێوەی جیا جیا بەکار بهێنرێن. بۆ نموونە زمانی لاتینی زمانێکی مردووە، وەلێ زمانی فەرمی وڵاتی ڤاتیکانە لە پاڵ ئیتاڵیدا، بۆ مەبەستی ئاینی بەکاردەهێنرێت نەوەک وەکو زمانێکی ڕۆژانە، هەتا ئێستاکەش لە زۆربەی قوتابخانەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەخوێندرێت. بەهەرحاڵ، گرنگی دانێکی بەم شێوەیە بە زمانی لاتینی نایکات بە زمانێکی ڕۆح لەبەر.

لە پاڵ زمانە مردووەکانیشدا ‘زمانە قڕبووەکان’یش هەن، ئەم زمانانەش زمانی مردوون وەلێ هیچ کەسێک نەماوە وەکو زمانی دایک یاخود زمانی دووەم بەکاریبهێنن، هەندێک کەس لەوانەیە کەم تاز زۆر شارەزای زمانەکە بن. بۆ وێنە زمانی سۆمەری دایکە زاری هیچ کەسێکی مرۆڤی ئەم سەردەمە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سۆمەرناسەکان بۆ مەبەستی توێژینەوە دەتوانن بە زمانی سۆمەری بئاخڤێن، تەنانەت پیتەر پرینگڵ* کە میوزیسیانێکی هۆگری ئامێرە میوزیکییە لەمێژینەکانە گۆرانییەکی بە زمانی سۆمەری چڕیوە کە تێکستەکەی لە دەقی گلگامشەوە وەرگرتووە. نموونەیەکی دیکە بۆ زمانە قڕبووەکان دەکرێت زمانە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا بن وەکو زمانەکانی: ئۆساگێ، سێرانۆ، ئونامی، هتد.

زۆر هۆکار هەن کە دەبنە فریشتەی مەرگ بۆ زمان. یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە پیشاڤتنی کولتووری cultural assimilation، ئەمەش ڕوودەدات کاتێک گەلێک هەڵدەستێت بە هەڵوشان وقووتدانی گەلێی دیکە کە زۆرجار گەلە قووتدراوەکە کەمینەن، زۆر نموونە هەن بۆ ئەم جۆرە کوشتنەی زمان، یەکێک لەوانە بریتییە لە زمانی برێتۆنەکان؛ بریتانی هەرێمێکی فەڕەنسایە کە نیشتەجێی باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەن، زمانەکەیان زمانێکی بریتۆنیکە و دوور تا نزیک پەیوەندی بە زمانە کێلتەکییەکانی هاوشێوەی وێلش و کۆرنشەوە هەیە، وەلێ ئەم زمانە زۆر قەڵاچۆی پێکراوە و ئێستاکە لە هەرێمی برێتۆن فەڕەنسی زمانی سەرەکییە، هەرچەندە زۆرێک لە برێتۆنەکان هەستی ئیتنیکی جیاوازیان هەیە و زۆرجاران خۆیان لە فەڕەنسی نەتەوە جیادەکەنەوە، بەڵام ئاخاڤتنیان بە زمانی فەڕەنسی وایان لێدەکات لە چەند دەیەیەکی داهاتوو بۆیهەیە هەستی جوداخوازی بەتەواوەتی کاڵ ببێتەوە.

سەبارەت بە زمانە گچکەکانیش، مەترسیەکی زۆریان لەسەرە بەهۆی ئیکۆنۆمی و لینگوا فرانکاوە*. فلیپین وەربگرە وەک نموونە، بە گوێرەی ئاماری جودا جودا ١٢٥ تا ١٧٥ زمانێک بوونیان هەیە، بەڵام دوو زمان هەژمار کراون وەک زمانی فەرمی: تەگالۆگ و ئینگلیزی. تەگالۆگ زمانی خەڵکی تەگالۆکەکان بوو لە وڵاتی فلیپین، وەلێ لە درووستبوونی دەوڵەتەکەوە زمانی فەرمیەو و بۆتە زمانی لینگوا فرانکای فلیپین، زۆرینەی زۆری دانیشتوان و نەتەوەکانی ئەو دەوڵەتە دەتوانن بەم زمانە قسە بکەن، حاڵی حازر زمانەکانی تر کە قسەکەریان کەمە لە زمانەکانیان لە ژێر مەترسی لە ناوچوندان، دۆخی ئابووری وا دەخوازێت خەڵک بە لینگوا فڕانکا و زمانی ئینگلیزی بدوێن، بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی ئابووریان بێ ئارێشە بێت، وەلێ ئەمە دەبێتە هەنگاونانی زمانی دایکیان بەرەو پیری مردن.

لە کۆتاییدا، هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ هەراسانکاردنی زمانەکان تا کاتی مردن وو تەنانەت جینۆساید کردنیشیان. وەلێ بە شیوەن و ڕۆڕۆی ئێمە نییە زمانەکان توانستی ئەوەیان هەبێت لە بووندا بمێنن، مەرگی زمانەکان شتێکە دەسەڵاتی ئێمەی بەسەردا ناشکێت، هەرچەندە دەتوانین بە هەوڵدانێکی زۆر ڕۆح بە بەری هەندێک زماندا بکەینەوە، بەڵام هێشتاکە گۆڕانکارییەکان ڕوو لە زمان دەکەن و زمانێکی نوێتر دەخوڵقێنن بە گوێرەی کات. لەگەڵ ئەوەی ناتوانین ڕێگری بکەین لە مەرگ و کۆچی هەتایی زمانەکان، با تا دەکرێت هەوڵی پاراستن یاخود تۆمار کردنیان بدەین، بەهۆی کەمتەرخەمیمان لە تۆمارکردن، بیربکەوە لەوەی چەندنین دەنگی ناوازەمان بە درێژایی مێژوو لەدەستداوە.

——————————————–

پاشکۆ:
*گۆرانیە سۆمەرییەکەی پیتەر پرینگڵ:
https://www.youtube.com/watch?v=QUcTsFe1PVs

  • لینگوا فرانکا lingua franca ئەو زمانەیە کە لە هەڵبژێردراوە تاوەکو زمانێکی هاوبەش بەکاربهێنرێت لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤێک کە خاوەنی زمانی جیاوازن.



خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بۆ ڕۆمانی خورمای سه‌ر په‌نجه‌كان … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

كۆمه‌ڵناس وزانای ناوداری عێڕاقی(عه‌لی وه‌ردی) له‌ كتێبی وانه‌كانی ژیانمدا، كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیه‌تی و تیایدا باسی كۆمه‌لگه‌ی عێڕاقی له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ گه‌لێك له‌ كتێبه‌كانی دیكه‌شی، باسی كه‌سییه‌تی تاكی عێراقی ده‌كات و ڕه‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌رده‌خات.

به‌ بڕوای ئه‌و كۆمه‌ڵناسه‌، تاكی عێڕاقی تاكێكی دووفاقییه‌ وله‌ زۆربه‌ی كاتدا، پره‌نسیپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆڕاڵی جێگیری نییه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ گه‌ڵ هه‌مووبارودۆخێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك خۆی بگونجێنێت. له‌م ڕووه‌وه‌ش له‌ كتێبی وانه‌كانی ژیانمدا، نموونه‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌غدا ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا چۆن ژیاوه‌ و چه‌ند خزمه‌تی ئه‌وانی كردووه‌، كه‌چی كاتێ ئینگلیزه‌كان عێڕاق داگیرده‌كه‌ن و عوسمانییه‌كان له‌ به‌غدا وه‌ده‌رده‌نێن، هه‌مان ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ چی بۆ ئه‌وان كردبوو،بۆ ئینگلیزه‌كانیش ده‌یكات.

له‌ كاتێكدا خه‌لافه‌تی عوسمانی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌ناو ئیسلامی هه‌بوو. ئه‌و دووفاقییه‌، بۆته‌ به‌شێك له‌ خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی تاكی عێڕاقی و وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی لێهاتووه‌.ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌،كه‌ چۆن پارێزگاری له‌ بوون و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بكات، هه‌ربۆیه‌شه‌ چۆنی مه‌به‌ست بێت به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ژیت، یان له‌گه‌ل هه‌موو بارودۆخێك خۆی ده‌گونجێنێت. كاتێ سه‌رنج له‌ كاره‌كته‌ری(نوح)ی پاڵه‌وانی ڕۆمانی خورمای سه‌رپه‌نجه‌كانیش ده‌ده‌ین، ده‌بینین هه‌مان ئه‌و جۆره‌كه‌سیه‌تییه‌ دووفاقیه‌ی هه‌یه‌. كه‌له‌ عێڕاق ده‌ژیت مرۆڤێكه‌ و كه‌ ئاواره‌ی ئیسپانیاش ده‌بێت، كه‌سێكی دیكه‌ی سه‌دو هه‌شتا پله‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ی له‌گونده‌كه‌ی خۆی، له‌نێو عه‌ره‌به‌كان هه‌یبووه‌.

تا ئه‌و ئاسته‌ی گومان بكه‌ین ئه‌و كه‌سه‌ نوح بێت. ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌،له‌ گوندی (سوبح) ده‌ست پێ ده‌كات.كه‌ به‌ ناسنامه‌ عه‌ره‌بن. ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌،له‌ نه‌وه‌ی موتڵه‌قی باپیره‌گه‌وره‌یانن. نوح، كه‌ ده‌كاته‌ كوڕی موتڵه‌ق و باوكی سه‌لیم، له‌و گونده‌ ده‌ژیت. كچێكی هه‌یه‌ به‌ناوی(ئسته‌ بره‌ق)ئه‌م كچه‌، نه‌خۆشییه‌ك ده‌گرێت و ڕۆژ به‌ ڕۆژ لاواز ده‌بێت و ڕه‌نگی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت.بۆیه‌ ڕۆژێكییان ده‌یباته‌ لای پزیشك له‌ شاری تكریت و به‌رله‌وه‌ی بگه‌نه‌ نۆڕینگه‌، له‌ سه‌ر شۆسته‌، شۆفێرێك ده‌ستێك به‌ سمتی كچه‌كه‌ی نوح ده‌كێشێت .
ئه‌م ڕووداوه‌، ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی شه‌ڕو ئاشووبێك، كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌ڤده‌ كه‌سی تیادا ده‌كوژرێن. له‌ ڕوانگه‌ی نوح، ئه‌مه‌ ده‌ستدرێژیی و شكاندنی شكۆی خێڵه‌كی و كه‌سی ئه‌وه‌. چۆن ده‌بێت كوڕێك ده‌ست له‌ سمتی كچه‌كه‌ی بدات، ئه‌ویش بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێست بێت. بۆیه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كوڕه‌كه‌ و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆری ده‌دات و خه‌ڵتانی خوێنی ده‌كات. دوای ئه‌مه‌، هێزه‌كانی پۆلیس نوح ده‌گرن و كه‌س و كاره‌كه‌شی كاتێ له‌ ڕێی ئسته‌ برقه‌وه‌ به‌و هه‌واڵه‌ ده‌زانن، ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌ست به‌ شكاندنی خۆیان ده‌كه‌ن. بۆیه‌ بڕیار ده‌ده‌ن هێڕش بكه‌نه‌ سه‌ر پارێزگاری تكریت و نوح ڕزگار بكه‌ن.

له‌م شه‌ڕو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا، هه‌ڤده‌ كه‌س له‌ كه‌س و كارو ناسیاوه‌كانی نوح ده‌كوژرێن و دواجاریش گونده‌كه‌یان چۆڵ ده‌كه‌ن. تائێره‌، ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م نوحێكی عێڕاقی داین، مرۆڤێك كه‌ كه‌سیه‌تییه‌كی خێڵه‌كی، میللی وپه‌تریاكی هه‌یه‌.مرۆڤێك كه‌ شانازی به‌ شه‌ڕه‌فی خێَڵ و بنه‌ماڵه‌وه‌ ده‌كات و جه‌سته‌ی ژن، وه‌ك هێمای شكۆمه‌ندیی و شه‌ڕه‌ف ده‌بینێت. بۆیه‌ چه‌ند پارێزگاری له‌و جه‌سته‌یه‌ بكات، ئه‌وه‌نده‌ شكۆ و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ سه‌ربه‌رزی ڕاده‌گرێت. نوح ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ گونده‌كه‌یدا ده‌ژیت، كه‌سێكه‌ وابه‌سته‌ی داب و نه‌ریتی میللی و خێڵه‌كی، هه‌موو ئه‌و ڕێسایانه‌ پیاده‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی پێ ده‌ناسرێنه‌وه‌.

به‌ڵام كاتێ هه‌مان ئه‌و مرۆڤه‌، واته‌ نوح، ئاواره‌ی هه‌نده‌ران ده‌بێت و له‌ ئیسپانیا ده‌گیرسێته‌وه‌، ده‌بێته‌ كه‌سیه‌تییه‌كی دیكه‌ی سه‌دو هه‌شتا پله‌ جیاواز له‌ وه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یبوو.نوح كاتێ ئاواره‌ی ڕۆژئاوا ده‌بێت،دیسكۆیه‌ك داده‌نێت و گارسۆنه‌كانیشی هه‌موویان له‌ ڕه‌گه‌زی مێن. نوح ده‌بێته‌ مرۆڤێكی دیكه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سه‌لیمی كوڕی شۆك ده‌یگرێت كه‌ چۆن باوكی و كوڕی موتڵه‌قی به‌ ناو و ده‌نگ، به‌م شێوه‌یه‌ گۆڕاوه‌. نوح كه‌ ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كێشایان به‌ سمتی كچه‌كه‌ی، هه‌ڤده‌ كه‌سی له‌ عێڕاقدا به‌كوشتدا، كه‌چی خۆی له‌ دیسكۆكه‌یدا، ڕۆژانه‌ ده‌ست له‌ سمتی ڕۆساو فاتیمه‌ ده‌دات و چێژ له‌و كرده‌وه‌یه‌ وه‌رده‌گرێت.
ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌ی ده‌خواته‌وه‌ و له‌یانه‌كه‌یدا، كوڕان و كچان سه‌ما ده‌كه‌ن و ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ گوندی سوبح داده‌نیشت و چه‌ند وابه‌سته‌ی خێل و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بوو. ئه‌مجاره‌یان نوح ده‌بێته‌ كه‌سێكی دیكه‌ی جیاواز كه‌ پشت ده‌كاته‌ داب و نه‌ریتی میللی و خێڵه‌كی بنه‌ماڵه‌كه‌ی . وه‌ك كه‌سێك ڕه‌فتار ده‌كات كه‌ نه‌ ڕۆژێك عه‌ره‌ب بووه‌، نه‌ موسڵمانیش. به‌ڵكو مرۆڤێكه‌ خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو بارودۆخێك ده‌گونجێنێت.ئه‌زموونی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ ژیاندا پێمان ده‌ڵێت كه‌ زۆرجار مرۆڤه‌كان، ئایین و ناسنامه‌، خێل و بنه‌ماڵه‌،شكۆو كه‌سیه‌تی، بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فریودان به‌كاردێنن. نوح ماسكێك ده‌پۆشێت كه‌ له‌ عێڕاقدا، پێویسته‌ و پێی ده‌ناسرێته‌وه‌، كه‌چی كاتێ ده‌چێته‌ ئیسپانیا، ئه‌و ماسكه‌ فڕێده‌دات و یه‌كێكی ترده‌پۆشێت.

لێره‌وه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی عه‌لی وه‌ردی له‌ باره‌ی كه‌سیه‌تی تاكی عێڕاقی، جوانتر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. خورمای سه‌رپه‌نجه‌كان، ڕۆمانێكی ساده‌یه‌، وه‌لێ ڕه‌هه‌ندێكی قووڵی كۆمه‌لاِیه‌تی هه‌یه‌. ڕۆماننووس هونه‌رییانه‌ ڕووداوه‌كانی له‌ نێوان عێراق و ئیسپانیا، مۆنتاژكردوون و به‌یه‌كه‌وه‌ی گرێداوان.

به‌ ڕاده‌یه‌ك خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، چێژی لێ وه‌رده‌گرێت.ئه‌و ڕۆمانه‌، نموونه‌یه‌كی دیارو به‌رجه‌سته‌ی، لایه‌نه‌ ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی تاكی عێڕاق ده‌رده‌خات. نموونه‌ی مرۆڤێكمان پیشان ده‌دات، كه‌حه‌ربا ئاسا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو بارودۆخ و سه‌رده‌مێك ده‌گونجێنێت. مرۆڤێك كه‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئاكاریی و مرۆیی، نیشتمانی و ئایینی، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌ژێر پێ ده‌نێت. مرۆڤێك( وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاش باوه‌) ئایینی ئیسلام و موسڵمانیبوون، ده‌كاته‌ ئامرازێك بۆ فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌كاریی، هه‌موو شتێك له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و كه‌سی خۆی ده‌كات.

ده‌نا نوح كه‌ به‌ ڕه‌وای نه‌ده‌بینی كه‌سێك ده‌ست له‌ سمتی كچه‌كه‌ی بدات و هه‌ڤده‌ كه‌سی له‌و پێناوه‌ به‌كوشت دا،بۆچی بۆ خۆی به‌ڕه‌وا ده‌بینێت ڕۆژانه‌ ده‌یان جارده‌ست له‌ سمتی ژنان بدات؟مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ دووفاقی نییه‌؟ دواجار سوپاسی وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌م كه‌ جوان ڕۆمانه‌كه‌ی كردووه‌ به‌كوردی. وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ند وه‌رگێڕانێكی ئه‌و وه‌رگێڕه‌م خوێندوونه‌ته‌وه‌ و چێژم لێ وه‌رگرتوون.ئومێدم هه‌یه‌ له‌ داهاتوو ببێته‌ یه‌كێك له‌ وه‌رگێڕه‌ دیاره‌كان.

*په‌راوێز: ناوی ڕۆمان(خورمای سه‌رپه‌نجه‌كان) نووسینی(محسن ئه‌لره‌ملی) وه‌رگێڕانی(ره‌نجده‌رجه‌بار) بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ڕه‌هه‌ند_سلێمانی 2019.




حیزبی بچوك و شۆڕشی گەورە … عەلی مەحمود محەمەد

چەند راستكردنەوەیەك بۆ بەڕێز شاسوار عەبدالواحێد

بەڕێز شاسوار عەبدوالواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ 22ی ئەم مانگە وتارێكی لە ماڵپەڕەكان بڵاو كردۆتەوە بە ناوی ” هەرچی گۆڕانکاری و شۆرشە،سەرەتا بچوک و کەمینە بوون “, تیایدا كۆمەڵێك نموونەی هەمە چەشن وەلێ تەواویان باسی ئەو پارتە بچوكانە دەكات كە بە بچوكی دامەزراون و دواتر گەیشتوون بە دەسەڵات, تەواوی نموونەكانیشی ئەوانەن كە لە دەرەوەی كایەی هەڵبژاردنەوە پارسەنگی سیاسیان گۆڕیوە لەو چركە ساتانەی ئەو نموونەكانیان لەسەر دەهێنێتەوە , مافی خۆیەتی ئەم نموونانە بۆ ورە بەرز كردنەوەی حیزبەكەی بهێنێتەوە تا بە ئەندامان و لایەنگرانی بڵێت منیش وەك هیتلەر و لینین و بارزانی باوك و تاڵەبانی باوك نەوەی نوێ دەكەمە پارتی دەسەڵاتدار و دەچمە سەر تەختی حوكمڕانی هەموو فنیشە كەم, ئەم خەونە مافی هەر هاووڵاتییەكە لە كوردستان و جیهان بۆ گەیشتن بە كورسی دەسەڵات بیبینێت نەخوازەلا حیزبی سیاسیش وەلێ لە چوارچێوەی كایەی سیاسیدا, خەون خەیاڵ خۆشییە, خەیاڵدانیش پڕە لە جوانی , وەلێ مافی خۆمانە بپرسین رێدار شاسوار بە كام رێگا بۆ سەر تەختی شاهانە ؟؟, رێگای قڕێژ یان رێگای پشتیوانی خەڵك؟, چونكە ئەو نموونانەی هێناتەوە هیچیان بە شەرعیەتی باوی ئەمڕۆ نەچونەتە سەر تەخت, بەوەی لینیشەوە كە باوەڕدارم پێی, هاوكات پێویستە سەرۆكی گەورەترین كوتلەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان زانیاریەكانی ورد بێت لەسەر ئەو نموونانەی دیهێنێتەوە, بە تایبەتیش ئەو قسە بۆ نەوەی نوێ نەوەی گوگڵ دەكات, بە كرتەیەك هەموو زانیارییەكان دێتە بەردەستیان, زەمەنی زانیاری وتنی نا راِست لە گەڵ ئەوان نەماوە.

لە باسی هیتلەردا دەنووسێت ” حیزبی نازییەكان لە ساڵی 1924 تەنها 3% و لە ساڵی 1928 دەنگەكانی دابەزی بۆ 2,6% و لە ساڵی 1930 بەرز بوەوە بۆ 18% و 1932 بۆ 37% و لە كۆتایی هەمان ساڵدا هەڵبژاردن دەكرێتەوە دەنگەكانی بۆ 33% دادەبەزێت, دواتر بێ دیاریكردنی ساڵەكە دەڵێت لە هەڵبژاردنی ساڵی ؟؟؟؟ رێژەی 44%ی دەنگەكانی هێنایەوە ” كە هەڵبژاردنی 5ی ئازاری 1933 بوو, هەڵبژاردنەكە دوای كودەتاكەی 30-1-1933 ی نازییەكان ئەنجامدرا,تیایدا نازییەكان رێژەی 43,91%ی دەنگەكان و 288 كورسی لە كۆی 647 كورسیان هێنایەوە” , كە پێش هەڵبژاردنەكە نازییەكان پەلاماری بەربڵاوی شیوعیەكان و ساندیكاكانی كرێكاری و تا ڕادەیەكیش سۆسیال دیموكراتەكانیان دا, توێژەران ئەم هەڵبژاردنە بە شەرعی نازانن چونكە لە ژینگەیەكی دكتاتۆری ئەنجامدرا, پیاوانی هیتلەر چاودێری دەنگدانەكانی هەموو سندوقەكانی هەڵبژاردنیان دەكرد” , كاك شاسوار گرنگترین كار كە بوبێتە هۆی سەرخستنی دەنگەكانی نازییەكان بەوە دەزانێت رۆژانە 3 سمیناریان ئەنجام داوە, نەك ترس , قەیرانی ئابووری دوای ساڵی 1929 , كە ئەوێ رۆژێ جیهان بە توندترین قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕی .

با چاوێك بە دەنگە راستییەكانی پارتەكەی هیتلەردا لە هەڵبژاردنەكانی ئەڵمانیا بخشێنین بۆ ئەوەی هەندێك لە زانیارییەكان كاك شاسوار لە گەڵیدا راست بكەینەوە ” لە هەڵبژاردنی 4ی ئایاری 1924 پارتەكەی هیتلەر NSFP بۆ یەكەمجار بەشداری هەڵبژاردنی كرد و لە كۆی 472 كورسی 32 كورسی هێنایەوە لە گەڵ 6,5%ی دەنگەكان , لە هەڵبژاردنی 7ی دیسەمبەری هەمان ساڵ دەنگەكانی دابەزی بۆ 14 كورسی 3%ی دەنگەكان, لە هەڵبژاردنی 20ی ئایاری 1928 دەنگەكانی دابەزی بۆ 12 كورسی و 2,6%ی دەنگەكان , لە هەڵبژاردنی 14ی سەپتەمبەری 1930 كورسییەكانی بەرز بوەوە بۆ 107 كورسی و 18,25%ی دەنگەكان ” ئەمجارە هیتلەر خۆی سەرۆكایەتی لیستەكەی كرد “, لە هەڵبژاردنی 31-7-1932 پارتەكەی هیتلەر 230 كورسی و 37,27%ی دەنگەكانی هێنایەوە , لە هەڵبژاردنی 6ی نۆڤەمبەری 1932 دا ژمارەی كورس و رێژەی دەنگەكانی دابەزی بۆ 196 كورسی و 33,09%ی دەنگەكان, ئەمە بارودۆخێكی خراپی بۆ نازییەكان دروست كرد, بە دوا هەڵبژاردنی ئازاد لە ئەڵمانیا دێتە ژماردن تا ساڵی 1949 , لە 30-1-1933 نازییەكان كودەتایان كرد و دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت, هەڵبژاردنی دواتر لە ژێر بارودۆخی دكتاتۆریەتدا كرا و یەكەم هەنگاو پەلاماری شیوعی و سۆسیال دیموكراتەكان دراو جولەكەش بێبەشكرا لە دەنگدان “, دەبینین بارودۆخی سیاسی وڵات ناجێگیرەو ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكن كورتن, لەوێ رۆژگاردا جەمسەرە چینایەتیەكان زۆر توند بوون, ئەركی نازییەكان ئەوە بوو, سستەمی سەرمایەداری ئەڵمانی لە مەترسی بە دەسەڵات گەیشتنی شیوعیەكان و قەیرانی سەرمایەداری رزگار بكات, وە پێگەی لە دابەشكردنەوەی بازاڕی جیهانی بپارێزێت, بۆیە كە سەردەكەوێت كەرەستەی حیزبە راستگەراكان و نەتەوەییەكان بە كۆمەڵ دەچنە ریزەكانییەوە, كە دەشڕوخێت كەرەستەی حیزبەكەی پارتی راستگەرای نوێی پێ دادەمەزرێنن و درێژە بە دەسەڵاتدارێتی دەدەن.

سەبارەت بە پارتەكەی لینینیش , كاك شاسوار دەڵێت ” لینین کە گەرایەوە بۆ روسیا و لەگەڵ پارتەکانیتر گفتوگۆیان دەکرد و خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکرد، هەمیشە دەیگوت ئێمە لوتکەی دەسەڵات دەگرینە دەست، بەڵام کاتێ لە ساڵی 1912 هەڵبژاردنکرا حیزبەکەی لینین یەکەم بوو لە دوای دواوە (واتە بچووکتریین و خراپتریین حیزب بوو)، بەشێوەیەک تەنها ڕێژەی 2% ی بە دەستهێنا و هەموان گاڵتەیان پێدەکرد.

بەڵام دوای پێنج ساڵ شۆرشی بەلشەفیەکانی لە 1917ی بەرپاکرد و ئیمپراتۆریەتی قەیسەری روسیایان روخاند. “, لینین لە ساڵی 1900ەوە بەهۆی راوەدونانی دەسەڵاتی دكتاتۆری قەیسەری لە دەرەوەی روسیا بوو, دوجار گەڕایەوە وڵات, لە هەردوو بارودۆخی شۆڕشی 1905 و 1917 دا, حیزبەكەی ئەگەر بچوكترینیش بوبێت لەوێ رۆژدا لێ خراپترین نەبووە, بگرە شۆڕشگێڕترین و بە دسپلینترین پارتی سیاسی بوو, شۆڕشگێڕی مەزن و نووسەر و ئەدیبی گەورە و ئاژیتاتۆرو ئاژیتاسیۆنی لێهاتوو, وتار بێژی سەرنج راكێش و جەنگاوەری بوێر, سیاسی قاڵبوی مەزنی جەنگە سەختەكانی لە گەڵدا بوو, نموونە لەسەر ئەو ناوە گەورانە زۆرە, ئەندامانی حیزبەكەی قاڵبوی بەرەنگاربوونەوە, دورخستنەوە بۆ سیبریا و ئاوارەیی و كونجی زیندانەكان بوون , هاوكات رۆژنامەیەكی بەهێزیش ئۆرگان و قسەكەری بوو بە ناو ئێكسترا, لە هەموو رویەكەوە پارتێكی بە ئیمتیاز بوو, لە روی دەنگ هێنانەوەشەوە بە بەلشەفیك و مەنشەفیك لە هەڵبژاردنی سەپتەمبەری 1912 تەنها 14 كورسی لە كۆی 442 كورسی دۆمایان هێنایەوە , دووەم پارت بوو نەك یەكەم لە دوای دواوە, پارتەكەی كیرنسكی یەكەمی دواوە بوو, كە پێش لینین لە شۆڕشی شوباتی 1917 دەسەڵاتی گرتە دەست ” ترۆدۆفیك 10 كورسی هێنابوەوە “, وەلێ لە هەڵبژاردنی دۆمای ئۆكتۆبەری 1907 دا 19 كورسی و لە جەنیوەری 1907 دا65 كورسیان هێنابەوە وسێیەم پارت بوو لە ئاستی وڵات ” , لە هەڵبژاردنی 25ی نۆڤەمبەری 1917ەشدا كە 39 رۆژ پاش شۆڕشی ئۆكتۆبەر ئەنجامدرا و 100 لیست بێ زیادو كەم لە كێبەڕكێكە پشكدار بوون, لە شیوعی و مەنشەفیك و سۆسیالستە پۆپۆلیستەكان تا كادیت و قۆزاقەكان و ئاین پەروەر و ناسیۆنالستی كازاخی , ئەرمەنی, ئازەربایجانی , …. , سۆسیالستە شۆرشگێڕەكان ” لە 30-8-1918 پارتەكەیان یاساغ كرا, بووە هۆی ئەوەی فانی كابلان ئەندامی هەمان پارت تەقە لە لینین بكات ” دەنگی یەكەمیان هێنایەوە 37,61%ی دەنگەكان و 324 كورسی لە كۆی 767 كورسی دۆما, بەلشەفیكەكان 23,26%ی دەنگەكان و 183 كورسی” واتە دووەم بوون دوای هاوپەیمانەكانیان تا ئەوكات لە سۆسیالستە شۆڕشگێڕەكان”, سۆسیالستە شۆڕشگێڕەكانی ئۆكرانیا 12,68%ی دەنگەكان و 110 كورسی, مەنشەفیكەكان 3,2%ی دەنگەكان و 18 كورسییان هێنایەوە, بە كادیت و قۆزاقەكان 33 كورسی …. , واتا زۆرینە دەنگیان بە سۆسیالستە جۆراو جۆرەكان دا.كە دێتە سەر كوردستان, بزانین چی دەڵێت ” پارتیەکان کە سەرەتا لە کوردستان دەستیان بە سیاسەت کرد، کەمینەیەکی زۆر بچووک بوون لەچاو شیوعیەکاندا، بەڵام دواتر شیوعیەکان بوونە کەمینە و پارتییش بوو بە زۆرینە.

” , ئەوەی راستی بێت پارتی و شیوعیەكان پێكەوە لە كوردستان دەستیان بە سیاسەت كرد, لە ناوەراستی دەیەی چل بە دواوە, لێ لەبەر ئەوەی شیوعیەكان بەچكەی هەژارو بوێرو دەست پێشخەر بوون, تا كودەتای 1963 زۆرینە بوون لە كوردستان, تەنانەت بارزانی باوك لە ساڵی 1958 كە گەڕایەوە بۆ كوردستان, هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن حیزبی نەبوبێت, پارتیەكان لەبەر لاوازی خۆیان كە لەوكاتە جەمسەربەندی چینایەتی لە كوردستان لە نێوان هەژاران و شیوعیەكان لە لایەك و پاشماوەی دەرەبەگەكان و دەسەڵاتی پێشوو و گروپی ئیخوانەكان و نەتەوەییەكان لە لایەكی دی, ئەوان لە پەراوێزدا بوون , بۆیە هانایان بۆی برد, لە دوای یاخی بوونەوەی دەربەندەكانی ساڵی 1961ی ئاغاكانیش و چونە شاخی پارتی, لە لادێكان زەبروزەنگیان سەپاند, خەڵكیان ناچار بە گۆڕینی ئینتما كرد, بە كودەتای 1963 كە پێشتر هەردوو باڵەكەی پارتی تەنسیقیان لە گەڵ بەعسیە دڕندەكان هەبوو, وەك یەكێك لەسەرانی پارتی وتبووی ئێمەش لە كوردستان بڕیاری ژمارە 13 جێ بەجێ دەكەین بۆ ریشەكێشكردنی شیوعییەت, هاوشانی بەعس كە كردیشیان, ئەمانە پارتیان كردە هێزی یەكەم بە هاوكاری ساڤاك و موساد و سیای ئەمەریكی و چی كۆنەپەرستی ناوچەكە بوو, هەموو لە هێزو هەنگاوەكانی قاسم و شیوعیەكان زارە تروك ببون, واتا گۆڕانكاری هێزەكان نە بەهۆی باشتر بوونەوە بوو, نە بە دەست و مەقامی پارتی بوو, بگرە بە كودەتاو دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەكەو جیهانەوە بوو, یەكێك بوون لە دانیشتوانی ناو فارگۆنەكانی شەمەندەفەرەكەی ئەمەریكا.

پاشان كاك شاسوار دەنووسێت ” یەکێتیەکان کە لە پارتیی جیابوونەوە، لە سلێمانیی خەڵک بەردبارانی دەکردن و جێگایان نەدەبۆوە. تا دواتر لە بەکرەجۆ و لە پاڵ حکومەتی عێراقیی جێگیر بوون. بەڵام سەردەمانێک لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان یەکێتیی هەموو کوردستانی لەژێر رکێفدا بوو، شەری لەگەڵ ئێران، عێراق، بەرەی جود (پارتیی و شیوعیی و سۆسیالیست)، پاسۆک و هەمواندا دەکرد و بەو هەموو وڵات و حیزبەوە دەرەقەتی یەکێتیی نەدەهاتن، تا حکومەتی عێراق ناچاربوو لە ساڵی 1984 مفاوەزاتی لەگەڵ بکات.

“, لەمەشدا كاك شاسوار زانیاریەكەی رێك نییە, لێ لەبەر ئەوەی ئەندامانی پارتەكەی هەموو نەوەی نوێن و كوڕی ئەو رۆژانە نین تێدەپەڕێت بە سەریاندا, بە تایبەتیش مێژووی كورد وەك خۆی بە جوانی و دڕندەییەوە نەخراوەتە گوگڵەوە, جەلالیەكان كە جیابونەوە یەكسەر لە بەكرە جۆ جێگیر بوون, نەك بە بەرد بارانكردن لە سلێمانییەوە راونرابێتن بۆ بەكرەجۆ, ینك لە ساڵی 1983 مفاوەزاتی كرد نەك ساڵی 1984, كە گەشەشی كرد چونكە خاوەندی مامە ریشەو ئارام و پشت ئاشان و مفاوەزاتی 1983 بوو, خاوەند هێزی پشتیوان لە رۆژهەڵات و هێنانی پاسدارو لێدانی نەوتەكەی كەركووك و گرتنی هەڵەبجە و شەڕی سەرسوڕهێنەری تەقتەق و سەری رەش بوو, تۆش ئەگەر توانیت وەك تاڵەبانی هەموو جیاوازییەكان كۆبكەیتەوە, خەونەكە دەبێتە راستی .

هەموو ئەم نمونانەی كاك شاسوار بۆ ئەوەیە وەك دەڵێت ” لەبری ئەوەی بە قۆشمە و پێکەنینەوە لەوە بڕوانین کە جوڵانەوەیەکی سیاسیین و گوایە بجوکین و چەند پەرلەمانتارێکمان هەیە، لەبری ئەوە پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەوەبێ لەگەڵ ئەم چەند گەنجەدا چۆن ئەو هەموو حیزبەمان ئیحراج کردووە و نمونەیەکی جوان و جیاوازمان پێشکەشکردوە لە خۆنەویستی و رەتکردنەوەی ئیمتیازات و بەرژەوەندی و هەروەها دروستکردنی کێبڕکێ،لەکاتێکدا ئێمە دوو ساڵە کاری سیاسی دەکەین و ئەوان زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە کایەکەدا بونیان هەیە و گوایە سیاسەت دەکەن.

“, هەموو كارێكی باش باشە, رەتكردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاش بە ئیمتیاز باشە ئەگەر موچە زەبلاحەكەی ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت باشتریش دەبێت , وەلێ لەوانە باشتریش دەبوو ئەم هەنگاوە لە موچەی خانەنشینیەكەی سروە خانەوە دەستی پێبكردایە نەك ئەو گەنجانەی لە رودا داماون, ئەگەر واز هێنان لە ئابوونەوەی پەرلەمانتارانی بەغا حەیاتەكەی لیستەكەشتی لە گەڵدا بوایە ئەوا لە خۆشیدا دەكەوتینە سەما, ئەمە بۆخۆی خەونێكی جوان خەیاڵدانێكی ئەفسوناوی دەبوو.

http://www.awene.com/article?no=8475&auther=1351




موقتەدا صەدر نە خیانەتکارە و نە ساویلکە و نە شۆڕشگێڕ … زاهیر باهیر

بەداخەوە کە خۆپیشاندەران و زۆرێك لە خەلکانی دیکە هەر لە سەرەتاوە موقتەدا صەدریان بە پشت و پەنای خۆپیشاندەرانی عێراق زانیوە و کاتێکیش کە هەڵوێستی ئەو و کۆمەڵەکەی ئاشکراتر دەبێت بە خیانەتی دەزانن و توشی بێ چارەیی دەبن .

لە ڕاستیدا صەدر و حیزبەکەی ئەوەندە دۆستی خۆپیشاندەران بوون کە بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و ئەو کاتەش موزایەدەی سیاسییان بەسەرەوە بکەن یا وەکو دەڵێین سەرمایەی سیاسییان لێدروستبکەن .

شیعەبوون و شیعایەتی مەرجەعییەت و پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە و شتێك نییە لای ئەوان کە لەسەرەوەی ‘ شیعایەتی’ بوونیان و مەرجەعێتەکەیانەوە بێت. کاتێك لای ئەوان ، نەتەوایەتیی و نیشتمانچێتی و حیزبایەتی و شۆڕشگێڕێتی دەگاتە دووڕیانێك کە لەگەڵ مەزەهەبگەریی و مەرجەعییەتی ئەواندا ناڕوات ، ئیدی ئەو خەسڵەتانە دەبێت ببنە ئامرازی خزمەتکاری دین و مەزهەبەکەیان چی تر شتێك لەوانەی سەرەوە نامێنێت تاکو ببێتە بنەما و پرنسپڵ و گڕیدانەوەیان بە لایەنێكی نامەزهەبی ئامانججیاوازەوە. بێ گومان قسەی من لەسەر ‘تاك’ ی شیعە ، نییە کە وەکو هەموو تاكێکی دیکە لە هەر مەزهەب و دین و نەتەوەیەك ، دەکرێت هەڵوێستی یاخیبوون و بەگژاچونەوەیان هەبێت .

شیعەکان و شیعایەتی ئا لەم خەسڵەتەدا هاوبەشن لەتەك یەهودییەت و جولەکەبوونی ئەرسەدۆکسیدا، کە ئەوانیش لەوێدا کە دێتە سەر ئەو پرسە کە لە لایان سەرەکییە، ئیدی دەستبەرداری شت و لایەنەکانی دیکە دەبنەوە . دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە قسەکەم لەسە گشتە، نەك ‘تاك’ و هەڵوێستی تاك.
ئەمڕۆ لە عێراق-دا چەندەها جۆر لە ڕەوت و فەسائیلی شیعە و سەرکردە و ڕابەر هەیە و بە دڵنیاییەوە ململانێ و ناکۆکی زۆر هەیە لە نێوانیانا کە هەموو ئەمەش وەکو لە هەموو دین و مەزهەب و نەتەوەیەکدا، هەیە، زیاتر ناکۆکی و ململانێکەیان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، بۆیە کە کاتێك دێتە سەر پرسە هەرە گەورەکە کە شیعایەتی و مەرجەعێتیانە و ڕووبەڕووی مەترسی دەرەکی دەبنەوە هەموو ئەو ناکۆکیی و ئامرازانەی کە بۆ دژایەتیکردنی یەکدی بەکاریان هێناوە ، دەخەنە لاوە و دەبنەوە بەیەك و هاوپەیمانە کۆن و دێرینەکانیان بەرەڵادەکەن و دەیانفرۆشن.

هەر ئەم هۆکارەشە چی دی موقتەدا صەدر ئامادە نییە کە پشتگیریی ڕاپەڕیوان بکات لە عێراق-دا نەك لەبەر ئەوەی کە کە لە لایەکەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی ڕاپەڕیوان، بەڵکو پشتگیریکردنیان تا ئێستا وەکو ئامرازێك ، تاکتیکێك وابووە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و دەسەڵاتی زیاتر. لە کاتێکدا کە صەدر ماوەیەکی زۆرە لە نێوانی عێراق و ئێران-دا دێت و دەچێت ڕەنگە ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتەی مسۆگەر کردبێت هاوکاتیش بارودۆخی حوکمی شیعە لە ئێران و عێراق و لوبنان -یش زۆر شلوق و لەرزۆکە. ئەم شلۆقی و بارە دژوارەش لەو سێ وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و کارایی کاریگەری لەسەر لایەن و فەسائیلە جیاوازەکانی نێو شیعەکان لە هەر سێ وڵاتەکەد،ا هەیە. بە واتایەکی دیکە کە پایە و کۆڵەکەکانی ژێر سەقفەکە هەرەسی هێنا ئیتر هەر دار و پەردووە لە نێو تەپووتۆزی خۆیدا نوقمی سەر زەوی دەبێت.

لەناوبردنی قاسمی سولێمانی و موهەندیس-یش کە دوو پایەی گەورەی هەردوو ڕژێم بوون، لەناوبردنیان تا ئەو ڕادەیە کارایی خۆیان لەسەر لاوازی هەردوو ڕژێم دانا کە بە دەگمەن تیاماندا هەبووە، دەرکمان بەو ڕاستیە کردبێت. تەنانەت زۆرێك لە سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد و توێژەرەوە سیاسیەکانی ناوچەکەش وایاندەزانی کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستدەردەچێت کە سەرەنجام چۆك بەئێران دادەدات بۆسەر مێزی وتووێژ و سازش.
هەڵوێستی ئێستای صەدر و لایەنەکەی تەنها وەلابوونی تەواو و ڕاستگۆیی و بە ئەمەکێتی ئەوان دەردەخات بۆ شیعەگەریی و مەرجەعییەتەکەی.

Zaherbaher.com

26/01/2020




كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا … به‌شی (3) هه‌ندرێن خۆشناو

به‌شی (3)

بێجگه‌ له‌ كاریكاتێر ڕۆژنامه‌گه‌ری پشت به‌ جۆره‌كانی تری شێوه‌كاریش ده‌به‌ستێت، وه‌كو وێنه‌ و پۆسته‌ر و وێنه‌ی هاوپێچ یان باكگراوند، ئه‌م جۆرانه‌ش زۆرجار له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانیاندا، كه‌ زۆرجار ته‌كنیكه‌كانی كاریكاتێر به‌كاردێنن له‌ جێبه‌جێكردنیاندا، یان ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ وایان لێده‌كات تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ كاریكاتێر بچن. نزیكترینیان له‌ كاریكاتێر پۆسته‌ره‌ كاتێك كه‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدیای تێدابێت. 1- كاریكاتێر و پۆسته‌ر

2- كاریكاتێر و وێنه‌ی فۆتۆگرافی:

وێنه‌ی فۆتۆگرافی به‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری داده‌نرێت، و به‌ ماده‌یه‌كی زیندوو ده‌ژمێردرێت، بێجگه‌ له‌ مه‌به‌سته‌ جوانییه‌كان وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی مادی به‌كاردێت بۆ نووسینه‌كان، له‌ كاتی ئێستاماندا هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ك به‌بێ وێنه‌ نیه‌، لێره‌دا مه‌به‌ستمان توێژینه‌وه‌ نیه‌ له‌سه‌ر وێنه‌ی فۆتۆگرافی، به‌ڵكو بۆ باسكردنی جیاوازیه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا، كه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ كاریكاتێر له‌ ته‌كنیكی جێبه‌جێكردن و ئامانجه‌كان، وێنه‌ی فۆتۆگرافی ئه‌نجامی كردارێكی فیزیاوی و كیمیاویه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعێكی زیندووه‌ به‌بێ هیچ ده‌ستكارییه‌كی ده‌ره‌كی، ناكرێت وێنه‌ چه‌ند شتێكی تێدابێت كه‌ له‌ واقیعدا بوونیان نه‌بێت، كه‌چی كاریكاتێر ئه‌نجامی كارێكی ده‌ستیه‌، زۆر جار چه‌ندین بابه‌ت له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ جیهانی واقیعدا بوونیان نیه‌، چه‌ندین جیاوازی زۆری تریش له‌ نێوان كاریكاتێر و وێنه‌ی فۆتۆگرافیدا هه‌ن، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا خاڵه‌كانی به‌یه‌كگه‌یشتنی وێنه‌ی فۆتۆگرافی و كاریكاتێره‌، ئه‌م خاڵانه‌ش ژماره‌یان كه‌م نیه‌، یه‌كه‌میان ناوه‌ڕۆكی گاڵته‌جاڕی یان كۆمیدییه‌، وێنه‌ی فۆتۆگرافی زۆرجار ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌ له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌شه‌ رێگای ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌، خۆڕسكانه‌ بێت یان پێشتر رێكخرابێت، وێنه‌ی خۆڕه‌س ئه‌و گرته‌یه‌یه‌ كه‌ وێنه‌گر ده‌ستكاری له‌ رێكخستنی ڕه‌گه‌زه‌كانی نه‌كردووه‌، و به‌ ڕێكه‌وت ده‌ستی كه‌وتووه‌، وه‌كو وێنه‌ی یاریزانی تۆپی پێیه‌كه‌، كه‌ دۆخی یاریزانه‌كه‌ له‌ هه‌وادا سروشتی نیه‌، به‌و سه‌ربازه‌ ده‌چێت كه‌ له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدایه‌، ئه‌و گرته‌یه‌ش ئه‌سته‌مه‌ به‌ چاوی ئاسایی ببینرێت، ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ ده‌یان یان سه‌دان حاڵه‌تی تردا بێت كه‌ جوڵه‌ی سه‌ركه‌وتن و دابه‌زینی ئه‌و یاریزانه‌یان پێكهێناوه‌، هاوێنه‌ی كامێرا گرتوویه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی وێنه‌گره‌كه‌ خواستی ئه‌و گرته‌یه‌ی بووبێت، ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ته‌نیا وێنه‌گرتنی ڕووداوێكی وه‌رزشی بووه‌، ئه‌و گرته‌یه‌ش ته‌نیا ڕێكه‌وت بووه‌.

له‌وانه‌یه‌ گرته‌ خۆڕه‌سه‌كان به‌ هاوكاری وێنه‌گره‌وه‌ بێنه‌كایه‌وه‌، كاتێك وێنه‌گر بابه‌تێكی ئاماده‌ له‌به‌رده‌می پێكهاتووه‌ بۆ وێنه‌یه‌ك، وێنه‌گره‌كه‌ش ئه‌و تاوه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و وێنه‌كه‌ ده‌گرێت، وه‌كو وێنه‌ی ئه‌و پشیله‌یه‌ی كه‌ له‌ تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری ڕاماوه.
جیاوازیش له‌ نێوان وێنه‌ی یاریزانه‌كه‌ و پشیله‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ خۆڕه‌سی له‌ یه‌كه‌مدا كامڵ و ته‌واوه و وێنه‌گر هیچ ڕۆڵێكی تێدانه‌بووه‌‌، و له‌ دووه‌مدا خۆڕه‌سیه‌كه‌ ته‌نیا له‌ پێكهاتنی بابه‌تی وێنه‌كه‌یه‌، هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ وێنه‌گره‌كه‌ی ئه‌نجامیداوه‌.
وێنه‌ی سازكردنی پێشوه‌خته‌ش، ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ كه‌ وێنه‌گر پێشوه‌خته‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی وێنه‌كه‌ رێكده‌خات، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌تێكی گاڵته‌جاڕی ده‌ست بكه‌وێت، لێره‌دا وێنه‌گر به‌خۆی پارچه‌ ئێسكێكی له‌ناو قاپێك داناوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌قۆ و چه‌نگاڵێك‌، واته‌ وێنه‌گره‌كه‌ به‌خۆی ئه‌و وێنه‌یه‌ی به‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانیه‌وه‌ هێناوه‌ته‌كایه‌وه‌، بابه‌ته‌كه‌ سه‌ر به‌ واقیع یان ڕێكه‌وت نیه‌، به‌ڵكو پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن وێنه‌گره‌وه‌ سازكراوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وێنه‌ی خۆڕه‌س یان پێشوه‌خته‌ رێكخراو و وێنه‌ی سازكراو كه‌ باسمان كردن، له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌توانین به‌ وێنه‌ی گاڵته‌جاڕ یان وێنه‌ی كۆمیدیایی ناوی لێ بنێین، یان هه‌ر ناونانێكی گونجاوی دیكه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك خاڵدا كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری وێنه‌ به‌ریه‌كده‌كه‌ون، كاتێك كاریكاتێر په‌نا ده‌باته‌ به‌ر به‌كارهێنانی وێنه‌ له‌ چه‌ند به‌شێك له‌ به‌شه‌كانی پێكهاته‌كه‌یدا، و وێنه‌ و كاریكاتێر یان وێنه‌ و نیگار ئاوێته‌ی یه‌كترده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێن كۆلاج (كۆلاژ)، كه‌ تێیدا جێبه‌جێكردنی نیگاره‌كه‌ به‌ هۆی به‌كارهێنانی چه‌ندین ته‌كنیكی جیاوازی گرافیكی به‌ خستنه‌سه‌ری چه‌ند وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ئه‌نجامده‌درێت، هه‌ندێك جاریش ته‌نیا به‌ به‌كارهێنانی چه‌ندین وێنه‌ی فۆتۆگرافی و رێكخستنیان ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌مجۆره‌ نیگارانه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری ناوه‌ڕۆكێكی گاڵته‌جاڕانه‌ بن، ده‌توانین به‌ كاریكاتێر ناویان بنێین، كه‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی به‌كاردێنن بۆ خزمه‌تكردنی مه‌به‌سته‌كانیان.




دوورکەوتنەوە لە جنێودان و گەڕانەوە بۆ لۆژیک … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

جنێودان دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تی و گرێیەکی ده‌روونییه‌، زۆرێک له‌ مرۆڤه‌كان له‌ ژیانى رۆژانه‌یان پەنای بۆ دەبەن، به‌ پێى شوێن و داب و نەریتی تاکەکان جیاوازی كولتووره‌كانیان جنێو ده‌ده‌ن. به‌ پێى زۆر له‌ سه‌رچاوه‌ ده‌روونناسییه‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ى په‌نا بۆ جنێو ده‌به‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ناتوانن كۆنتڕۆڵى تووڕه‌یى خۆیان بكه‌ن، یان ئه‌و كه‌سانه‌ن بیركردنه‌وه‌یان هاوكاریان نابێت تا به‌ شێوه‌یه‌كى بابه‌تییانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، یان رووبه‌ڕووى كه‌سه‌كان ببنه‌وه‌، بۆیه‌ په‌نا ده‌بنه‌ به‌ر جنێودان بۆ دامركردنه‌وه‌ى تووڕه‌یییان، زۆرجاریش بۆ نیشاندانى بێده‌سه‌ڵاتى خۆیانه‌. بەشێک لەوانە تووشی حاڵەتێکی دەروونی شڵەژاو هاتوون، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن و چارسەر وەربگرن.
پسپۆڕانی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەمە بۆ هۆکاری سایکۆپاسی دەگەڕێننەوە، یان دۆگمایی بە هۆکار دەزانن، لە هەردووک حاڵەتەکەدا، ئەوکەسە دەبێت بخرێتە ژێر پرۆسەیەکی چارەسەری ورد و زانستی،
چونکە دەروونی ساغ وبێکێشە جنێو نادات،دەم ودەست بۆحەرام کراوەکاننابات.!

لە گەڵ ئەوەی لە ڕووی یاسایی یەوە ،یاسادانەران،سزایان بۆ ئەو جۆرە کەسانە داناوە،بەڵام خۆ یاسا هەر لە خۆڕا سزای کەس نادات، ئەگەر کەسێک سکاڵاکار نەبێت،یاخود دەبێت بزانیین کێن ئەو کەسانەی دەتوانن سکاڵاتۆمار بکەن.؟ بۆ نمونونە ئەم جنێودانەی ئەم دواییەی مامۆستا هەڵۆ وشەیەکی نەشیاوی وەک (گەواد) بەکار هێنا کە بووە هۆی تورەیی خەڵک و قسەو قسەڵۆکێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. هەرچەندە خۆی نکوڵی لێکرد، بەڵام بە تەواوەتیش رەتی نەکردەوە، چونکە لە پەیجەکەی ئەو بڵاوکراوەتەوە،تومەتەکەی خستە ئەستۆی ئادمینەکەی و سەرزەنشتیشی نەکرد. لەبەر ئەوەی لە جنێودانەکەدا ناوی کەس نەهاتووە جنێوەکە گشتگیرە کەس یاخود تاک ناتوانێ سكاڵای لەدژ تۆمارکات،دەبێت لە ڕێی داواکاری گشتیەوە سكاڵای لە دژ تۆمار بکرێت. وە ئەگەر تۆمەتەکی بەسەردا ساغ بۆوە ئەوا دادگا بەپێی یاسا کار پێکراوەکان واتە بە یاسای سزادانی عێراقی لە مادەکانی (٤٣٣) و(٤٣٤) دائاماژەی بە تاوانی جوێندان کردوە دەڵێت:-
جوێندان بریتیه‌ له‌وه‌ی که‌سێک قسه‌ی وه‌ها به‌ یه‌کێک بڵێت که‌ ئابڕووی یان پێگه‌ی له‌که‌دار بکات یان هه‌ستی بریندار بکات هه‌رچه‌نده‌ ڕووداوێکی دیاریکراوی نه‌دابێته‌ پاڵ.

هه‌رکه‌سێک جوێن به‌ یه‌کێک بدات به‌ به‌ندکردن سزا ده‌درێت که‌ له‌ ماوه‌ی (1) ساڵێک زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌ کرن که‌ له‌ سه‌د دینار زیاتر نه‌بێت یان به‌ یه‌کێ له‌و دوو سزای…ه‌…..
ئه‌گه‌ر جوێندان به‌ ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌کان یا چاپکراوه‌کان یا له‌ ڕێگه‌ی یه‌کێک له‌ ڕێگه‌کانی تری ڕاگه‌یاندن ئه‌نجام بدرێت به‌ بارودۆخی توندکردنی سزا داده‌نرێت .

تێبینی/سزای غه‌رامه‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌مواری کردوه‌ له‌ تاوانی جۆری که‌تن کراوه‌ به‌ له‌ (45000)دینار که‌متر نه‌ بێت و له‌ (225000)دینار زیاتر نه‌بێت. لە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007)دا سەرلەنوێ‌ جەخت لەسەر سزادانی جنێو كراوەتەوە، لە بڕگەی (5)ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە: “جنێودان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن قەدەغەیە”.
لە هەمان کاتدا زۆرێک لە دەرووناسان و پسپۆرانی دەرووناسی بەشێوازێکی زانستی توێژینەوەیان لە بارەی جنێودانەوەکردووە و راو سەرنجی خۆیان خستۆتە ڕوو،بۆ نمونە:-
دەروونناسی ئینگلیزی (ریچارد ستیڤن) دەڵێت: “کاتێک چەکوشێک دەکێشی بە پەنجەیەکتدا، بەرتەقای ئازارەکە بە هاوار و جنێودان کەم دەکەیتەوە. هەروەها زاناو بیرمەندی دەروونناسی (ئەلفرێدئادلەر ) پێ ی وایە جنێودان بەزین و کەم و کورتی کەسێتی یە و لەڕێگەی جنێوەوە کەسەکە هاوسەنگی دەروونی خۆی دەچەسپێنێت،کەئەمەش تەعویزێکی دەروونی نەخۆشی نائاساییە ، هەروەها (فرۆید ) دەڵێت جنێودان دووژمنکاری خەفەکراوە لە ناوچەی عەقڵی نەستی دژ بەو شتانەی کۆمەڵ لەتاکی قەدەغەکردووە .بۆ ئەوەی زاڵبین بەسەر ووشە قێزەوون و نە شیاوەکاندا و تووشی کێشەی یاسایی نەبینەوە دەبێت دوورکەوینەوە لەجنێودان و بگەڕێینەوە بۆ لۆژیک.




…کە دۆڕاین …تێکست : د،چیا زەنگەنە وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئێمە نەتەوەیەکی دۆڕاوین
خەو بە سوار بوونی
قیتارەوە ئەبینین
بەڵام حەڵاڵ حەرام ئەکەین
حەرامیش حەڵاڵ ئەکەین
بە فتوایەک کە نازانین
لە کوێوە هاتوە ئەسڵ و فەسڵی
ئێمە نەتەوەیەکی”سواو” ین
چەپڵە بۆ هەر
گەجەر و گوجەرێک لێئەیەن
بۆ فەرمان رەواکانمان
ئەجەنگین
و
هەر ” زۆڵ” و کوڕە زۆڵێک ئەپەرستین
ئێستاش ،مشمشێر
تفەنگ
ئاڵا وێنا ئەکەین
خەویش بە قاوەیەکی بەیانیان
و
پیاسەیەکی ئێوارانی
كەناری دەریا ئەبینین
و
بیر ئەکەینەوە چۆن سواری تەیارە بین…
ئێمە قورسایمان نیە
ئێمە ” نەبوو”ین
بار گرانییەکین
بۆ ئینسانیەت
بۆگەن بوویەکی کۆمەڵایەتین
چاڵایی جوگرافیاین
چونکە تا ئێستاش
ئاواتەخوازین وێنەیەک
لەگەڵ :
ڕابەر
سەرۆک
خانەوادەکانیان
وەچەزاکانیان
دراوسێکانیان بگرین
چونکە ترسمان هەیە لە:
زەردەخەنە علوجەکانیان
بزە پڕ لە تەڵەکانیان
تا ئێستاش :
ویژدان
ڕەوشت
بیر و باوەڕ
قەڵەمەکانمان ئەفرۆشین
بە کرێیان ئەیەین
ئەدزین و ئەیانکەین بە دیاری
لەو کاتەوەی باسی شۆڕش
هاتە پێش و ئێستاش
ئەفیش بە دیوارەکانا هەڵئەواسین
و
هاواری پاڵەوانیەتێکان ئەکەین
و ئەیانکەین
بە موعجیزەکانی سەردەم
ئێمە ،
بەڵێ ئێمە
بوونمان هەر نیە ، تا
ڕیش و مێزەر
دوعا و دەمانچە
مەزار و جادوگەری
ڕاوچی حوکمان بکا
ئەوانە :
زەهریان لە جەستەی
نیشتمانەکەمان چانوە
لە ئەقڵمان
لە دڵمان
لە خوێنمان چانوە