سه‌ره‌تا وشه‌بوو … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

پێناسه‌ی جیاوازی

ده‌توانم بێده‌نگبم و بچمه‌ ناو
خامۆشییه‌كی په‌لكه‌زێڕینه‌یی
بێده‌نگیی به‌ ناوچه‌كانی ناخ تێده‌په‌ڕێ
ده‌گاته‌ براده‌ران گه‌مارۆدراون
گه‌مارۆ وه‌ك ڕێی ئاڵۆزبووی ناو فنجان ده‌شكێ
پێویسته‌ ئاوێنه‌كان گه‌وره‌تربن
هێلكه‌ و نارنجۆك هه‌مان شێوه‌یان هه‌یه‌
له‌م ده‌خۆیت و ئه‌م لێتده‌خوا
باڵنده‌یه‌ك له‌سه‌ر چاوه‌ په‌رێشانه‌كانی بێده‌نگیی
باڵی گه‌رمكرد
خودا خۆی پیشاندا و ڕووی ئومێدی دایێ
هێلكه‌ و هێلانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی بۆ ڕاگرتووه‌
سه‌د ده‌شتوده‌ر ڕۆشنبووه‌وه‌
شاگه‌شكه‌ی كردن دڵخۆشیی
له‌بیری نه‌كردم و ڕۆژ گه‌ڕایه‌وه‌
ده‌مه‌وێ چی بزانم
ئه‌رێ زه‌وی خه‌ون پێوه‌بیندراو
كه‌ مردم
هاتمه‌وه‌ هه‌ناوته‌وه‌ و بوومه‌وه‌ سووڕی خوێنت
چ نهێنییه‌كم و چ نهێنییه‌كم پێده‌ڵێیت
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كی ڕوونت
ڕاده‌گرم و دوو باڵت له‌سه‌ر شان داده‌نێم
ته‌می به‌فر میهره‌بانه‌
باڵت خۆشكه‌ بێنیازت ناكا

كانوونی دوومی 2020 هه‌ولێر
————————–

چاوی گولله‌ له‌ ئه‌رشیفی ئێمه‌ پارێزرا

باڵنده‌ ده‌سته‌مۆكه‌م ده‌نووكی له‌ چه‌وی كه‌نار
گیركرد و چیا له‌ ترۆپكیه‌وه‌ بانگی كردم
فه‌رموو قه‌رتاڵه‌ی نه‌رم چندراوم پڕ ترێی ڕه‌شمیرییه‌
كه‌ به‌ڕێكه‌وتم به‌فر توابووه‌وه‌
شۆڕابه‌ی گه‌یشتبووه‌ چه‌وی كه‌نار
داوای ئه‌ستێره‌یه‌كم كرد ڕێنوێنیم بكات
یه‌كترمان ناسی
ده‌ستی به ‌چاویه‌وه‌ گرت و گریا
ڕایگه‌یاند كوێرم
زه‌وی تێكڕووخاوه‌
بووه‌ته‌ گفتوگۆی بێهووده‌كان
ئاڵوگۆڕی خۆویستانه‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌
گولله‌ هه‌زار چاوی هه‌یه‌
ئه‌ستێره‌ی سه‌ربڵندگۆ سێره‌ی داوه‌تێ
ڕێویش هه‌زار پێ
به‌ هه‌موو ده‌نگییه‌وه‌ هاوارده‌كات ڕاستگۆم
ده‌مه‌وێ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بم
پووشی هێلانه‌ گرانه‌
دره‌ختی لاواز ڕایناگرێت
باڵنده‌ تێده‌گا هێشتان
ماڵ ماوه‌ به ‌هی خۆی بزانێت
قه‌پێلكی خۆری به‌ دووكه‌ڵ په‌ككه‌وتوو
به نه‌رمه‌ ده‌نووكێك ده‌شكێ

                كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر 
------------------------------------

كاتێك ده‌چمه‌ دیده‌نی دوا شوێن

ڕوومكرده‌ دڵۆپه‌ خوناوێك
له‌سه‌ر گیای نه‌مری مابووه‌وه‌
دڵی خورپه‌یه‌كی كرد و مۆسیقایه‌كی نه‌رم په‌یدابوو
خورپه‌ زۆرترین ڕووناكییه‌
پرسی بۆ له‌سه‌ر ئه‌م ئاوێنه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ ماویتیه‌وه‌
گوتم براده‌ر تا سه‌ر ڕێگا
به‌ڕێتده‌كات و په‌پووله‌ی سووری
له‌سه‌ر شانت ده‌مێنێته‌وه‌
پاچنه‌یه‌كی شووشه‌یی پیشاندام
سه‌ربكه‌وم و دڵبده‌مه‌وه‌ خۆم ئه‌ی خاك و خانه‌واده‌
هه‌ورێكی چاوخڕی جووكه‌ جووككه‌ر به‌سه‌رتدا
له‌نگه‌ر ده‌گرێ و سه‌یری هه‌موو شت ده‌كا
هانیدام له‌ گۆزه‌ی نزیك گیای نه‌مری بخۆمه‌وه‌
پێش به‌ ڕه‌شه‌بای شه‌ڕانگێزیش بگرم
ده‌چمه‌ ئه‌و شاره‌ی جه‌نگاوه‌ران مه‌شقی تێدا ده‌كه‌ن
لۆكه‌ خۆی به‌راورد نه‌كرد
به‌ به‌روبوومی كێڵگه‌كانی ڕاست و چه‌پی
هاوڕێكه‌م له‌و جێگایه‌ی فرمێسكه‌كانی ڕژابوون
بۆ ماڵئاوایی هاتبوو
دره‌وشایه‌وه‌ و مووچڕكی پێداهات
باوه‌شێنه‌ حه‌سیره‌كه‌ی له‌ سه‌رده‌می گۆزه‌ دانا
به‌نیانی چووه‌ یاریی به‌خت و چاره‌نووس
گیای نه‌مری داته‌كاند
بۆنی براده‌رایه‌تی
دوور ده‌ڕوا و تا سه‌ر ڕێگا به‌ڕێتده‌كات
مرۆڤه‌كانی به‌هه‌شتیش تووڕه‌ و بێزار ناكات
له‌خۆڕا نه‌بوو نه‌متوانی
تۆزی ڕێگای به‌ره‌و خاك و خانه‌واده‌
له‌ برژانگم بته‌كێنم
له ‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا
به‌له‌م له‌ژێر شه‌خته‌ سه‌رنشینه‌كانی نه‌گه‌یاندووه‌
مردوو مووچڕكی پێدادێ
ئا ئه‌مه‌ گیان سڕ ناكات
گۆزه‌ی نزیك گیای نه‌مری خوناوی تكاوه‌تێ
خوناو پێشبینی شیعره‌
سروشتی به‌هه‌شتیش‌
داوام لێكرد ڕزگارمكه‌ ببه‌ به‌ هه‌ڵم
ڕۆژ و ڕۆژگار زرینگایه‌وه‌‌
گوتی له‌وه‌ بچووكترم بتوانم
میوانداریی ئاگرتێبه‌ربوویه‌ك بكه‌م
ڕێبواری بێڕێگا فێری ڕۆیشتنبوو
ڕۆیشت و دره‌وشایه‌وه‌
ڕێگابینی
ناوی براده‌رانی له‌بیرماوه‌ و ده‌نگیان بڕده‌كات

  كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر
-----------------------------------

وتاری سه‌رگڵكۆ

كازێوان دره‌خت له‌ جریوه‌ به‌تاڵده‌بن
ڕووناكی ده‌خه‌نه‌ په‌نجه‌ره‌ و ده‌شتوده‌ر
به‌ هه‌قیقه‌ت جیهانێك بوونی هه‌یه‌
ڕوخساری شادی به‌سه‌ر نادیاره‌وه‌ ‌دۆنایدۆنییه‌تی
گیا په‌ڕی له‌ یاده‌وه‌ری هه‌ڵده‌كێشێ
به‌ نه‌رمی هه‌ناسه‌ی تێكه‌ڵی سروشت ده‌كات
باڵنده‌ ڕووله‌باشی
باڵ هه‌ڵده‌هێنێته‌وه‌ و دێته‌خوارێ
ئاوایه‌ ژیان
زۆر بیر له‌ وتار خوێندنه‌وه‌ی سه‌رگڵكۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
تكایه‌ كه‌سێك تووڕه‌یه‌
كتێبی گه‌ڕۆكه‌كانی خوێندووه‌ته‌وه‌
به‌رد له‌ ده‌م هه‌ڵده‌ڕێژن
ئه‌ندازیاری گۆڕستان تا چله‌م ته‌واو ده‌بێ
داره‌بازه‌ ده‌مه‌ونخوون له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌م دانێن
كات به‌ گرانی هه‌ناسه‌ده‌دا
له‌كاتی خۆمدا ده‌خه‌وم و چوار هێما كۆده‌كه‌مه‌وه‌
÷ × + –
شڵه‌ژانی گیان ئه‌ی شڵه‌ژانی گیان
شڵه‌ژان حیكمه‌تی تایبه‌تی
هه‌یه‌ و خه‌می ساردنابێته‌وه‌
ڕوخساری شادی دۆنایدۆنمه‌ به‌سه‌ر نادیاره‌وه‌

          كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر
----------------------------------

شیعر

شه‌وی زستانه‌ و چلووره‌ به‌ لێوی په‌نجه‌ره‌وه‌
ده‌ڵێی گوانی شووشه‌یی چێڵه‌
به‌هار به‌هۆشیهێناوه‌ته‌وه‌
ڕوو له‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی شیردۆش ده‌كات
گوڵی قووڵایی ڕاسته‌قینه‌م
به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌ شیعر ده‌ڵێم
با ماچێكی نه‌رمی ناوچه‌وانت بكه‌م
له‌ بری من
له‌ بری دڵێكی خوداوه‌ندخوو ژیای
له‌به‌ر مێزێكی ڕووناك
دانیشتووم و به‌روانكه‌م به‌ستا
هه‌ڵمی چایه‌كی كاڵ
نزیك له‌ خوێنی كه‌روێشك
سینگم گه‌رمده‌كاته‌وه‌ و شه‌مێ و ڕۆنم
له‌سه‌ر ناوچه‌وان داده‌نێ
دیوان به‌ خه‌نده‌ی سروشتییان
پشتیان به‌ پشتمه‌وه‌ داوه‌
ناهێڵن ژاوه‌ژاو بگاته‌ سه‌كۆی نوێژم
هه‌وای ناو گووپی ده‌روێشانیش به‌تاڵده‌كات
زه‌وی ئه‌و مێزه‌ ڕووناكه‌ی له‌به‌ری دانیشتووم
ئاشی به‌ دیوان ده‌گه‌ڕێ
دره‌ختی كۆچه‌ر ماچی نه‌رمی
پێی باڵنده‌ی غه‌ریب ده‌كات
په‌لكه‌ زێڕینه‌ له‌
پۆپیته‌ی كه‌ڵه‌باب و
زه‌نگوڵه‌ و
گومه‌ز و
خولیا جووڵایه‌وه‌
ئه‌مڕۆ له‌ نوێژه‌كه‌م دواكه‌وتم
ماریش گوڵ و بۆنه‌كانی
ناشتین و خوناوی نه‌مریی هه‌ڵلووشی

كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر
——————————————————–

مۆتیفێكی به‌رزایی بوون

به‌رزایی بوون
ئه‌و دره‌خته‌ی سه‌رم پێی سپاردبوو
سێبه‌ری هه‌ڕه‌شه‌یه‌
ئومێد و دڵنیایی بیری به‌خۆگه‌یشتن
به‌ ساردییه‌وه‌ تێمناڕوانێ و ڕێگای بۆ تاودام
په‌نجه‌ی په‌ڵه‌ی ساڵ له‌ شووشه‌ی فانۆسمی دا
هه‌ستاوه‌مه‌ته‌ پێ و سه‌رگه‌رمی دووركه‌وتنه‌وه‌م
كۆچ به‌خشنده‌یه‌ و له ‌دووڕیان نامهێڵێته‌وه‌
بۆسه‌ دوا ده‌نگ نییه‌ بیبیستم
دوایین ڕێبوارم له‌ چیاكاندا هاوارێكم كرد
به‌رزایی بوون گوڵی په‌یوه‌ندی
ده‌ستی هانا و هۆگرییم بۆ درێژكه‌
مانگ سه‌ره‌ولێژ له‌ ئاودا ماوه‌ته‌وه‌
دڵی مه‌له‌وان
له‌م ئاوه‌ جه‌للاده‌ ناتاسێت
هاوارم كرد به‌رزایی بوون ئه‌مه‌كداری تاهه‌تاییم
له‌ بیری مه‌ترسیدا مه‌به‌
سه‌رم كردووه‌ته‌ سه‌ر شانت

كانوونی دووه‌می 2020 هه‌ولێر




سووتووگر* … نووسینی : اسحاق باشێڤیز سینگەر

لە کتێبی: حەکایەتەکانی دنیای کۆن و نوێ.
چاپخانەی: BRA BÖCKER
وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد

جیاوازی هەیە لە نێوان زەربەیەک و زەربەیەکی تردا. زەربەیەک کە بەرسەردەکەوێ هەروا ئاسان نییە. مێشک شتێکی ناسکە، ئەگینا بۆچی رۆح دەبێ لەوێدا نیشتەجی بێ؟
بۆچی لە جگەردا، یان بمبوورن، یان لە گەدەدا دانانیشێ؟
ئینسان دەتوانێ لە چاودا ڕۆح ببینێ. چاو وەک پەنجەرەیەکە کە رۆح دەتوانێ لێیەوە لە دەرەوەی بڕوانێ.
لە شاردا (سووتووگر)ێکمان هەبوو خەڵک بە “یاشە ڕەش” بانگیان دەکرد. هەموو سووتووگرەکانیش هەر رەشن، ئاخر مەگەر ئەوان دەیانتوانی چی تر بوونایە؟ بەلام یاش لەوە دەچوو کە هەر بە ڕەشی لە دایک بووبێ. قژێکی زبری ڕەش و چاوەکانیشی قەترانی و پیستیشی بە شتنیش لە سووتوو پاکنەدەکرایەوە. تەنها ددانەکانی سپی دەچوونەوە. باوکیشی سووتووگری شار بوو ئەو ئەم کارەی لە وەوە بۆ جێمابوو. یاش پیاوێکی زەلام بوو، هیشتاش ڕەبەن و لەگەڵ “ماچیچۆڤا” ی دایکە پیرەکەیدا دەژیا.

مانگی جارێک دەهاتە ماڵی ئێمە، بە پێی پەتی و هەر شوێنپێیەکی پەلەیەکی رەشی لە ئەردەکەدا جێدەهێشت. دایکم، ئەمشەوی لە هەموو شەوێک خۆشتر بێ، هەمیشە بەرەو پیری ڕایدەکرد و نەیدەهێشت زیاتر وەژوورکەوێ.
یاش کرێی کارەکەی لە دەوڵەت وەردەگرت و ژنانیش “گرۆشێن”ێک یان لەتێ نانیان پێدەدا کاتێ لە کارەکەی تەواو دەبوو. ئەمە عورفێکی کۆن بوو. منداڵان زەندەقیان لە یاش چوو بوو ئەگەر چی ئەو ئازاری کەسیشیانی نەدابوو. تا یاش سووتووگری شار بوو، ئاگر لە لوولەکێشی هیچ کوورەیەک بەرنەبوو بوو. وەک هەموو کریستیانەکانی دیکە لە یەکشەمماندا خۆی دەشوشت و لە گەڵ دایکیدا دەچوونە کلێسا. بەڵام ئەو بەشۆراویش هێندەی دی ڕەش دەهاتە پێش چاو ، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێ نەیتوانی بێ کەسێک بدۆزێتەوە تا بیکاتە هاوسەری خۆی.
مانگێکیان، من وام لەبیرە کە دوێنی بوو بێ، “فێتیل”ی ئاو هەڵگر هاتە لامان و گێرایەوە کە یاش لە سەربانەکەی ماڵی “تێڤیی بۆرشێز” بەربۆتەوە. تێڤیی ماڵێکی دوو تەبەقەی هەبوو لای مەیدانەکە. هەموو بەزەییان بە یاشدا دەهاتەوە. ئەو هەمیشە نەرم وەک پشیلە بە سەربانەکاندا هەڵدەزنا، بەڵام ئەگەر لەناوچەوانێ کەسێک نووسرابێ کە تووشی شتێک دەبێ، هەر دەبێ ڕووبدا.

فیتیل وتی کە یاش بە سەردا کەوتووە و هیچ شوێنێکی نەشکاوە. کەسێک گەیاندبوویەوە ماڵ . ئەو لە کۆخێکی ئامادە بۆ ڕووخاندا لە قەراغی شار و لە نزیک دارستانەکەدا دەژیا.
ماوەیەک کەس هیچ شتێکی دەربارەی یاش نەبیست. ئاخر سووتووگرێک چ جیگایەک داگیردەکات.؟
ئەگەر ئەو نەتوانێ چیدی ئیش بکات، شار پیویستی بوو کەسێکی دی دامەزرێنێ. رۆژێک فییتیل بە دوو سەتڵ ئاوەوە خۆیکرد بە مالدا و بە دایکمی وت: ” ئاخر خەبەرت بیستووە، یاش بووە بە میشکخوێنەرەوە.”
دایکم بە پێکەنیەوە وتی: بە گاڵتەتە؟
نە بە گاڵتەمە و نە نووکتەیشە. ئەو لەسەر تەختەخەوەکەی بە سەری بەستراوەوە ڕاکشاوە و خەریکی هەلهێنانی نهێنییەکانی خەڵکیە.
دایکم بە تووڕەییەوە پێیوت: مەگەر تۆ شێت بووی؟
زۆری نەبرد هەموو شار باسی ئەوەیان دەکرد.
ئەو زەربەیەی بەرسەری کەوتبوو برغوویەکی ناو مێشکی یاشی شلکردبوویەوە و ببوە کەسیكی ئایندە بین. مامۆستایەکمان لە شاردا هەبوو، نۆشین میخێلس، ئەو یاشی بە فاڵچی بانگدەکرد.
ئاخر کێ رۆژێک شتێکی لەو چەشنەی بیستبوو؟ گەر هەر زەربەیەک کە بەر سەردەکەوێ ئینسانی بکردایەتە ئایندەبین، ئەوا لە هەر شارێکدا سەدەها کەسی وەک یاش پەیدا دەبوون . بەڵام خەلکی دەچوونە لایی و بە چاوی خۆیان ئەوەیان دی بوو.
ئینسان دەیتوانی مشتێک پارەی وردە لە گیرفانی دەربێنێت و بپرسێ: چیم لە دەستایە؟
ئەویش دەیوت: ئەوەندە سێ، چوار و پێنج گرۆشی و ئەوەندەش کۆپێک. پارەکان دەژمێردرا و تا دوا گرۆشێش هەڵەی تیدا نەبوو.
یەکێ دی دەیوت: هەفتەی ڕابردوو ئەم کاتە من لە (لوبلین) چیمدەکرد؟
ئەویش دەیووت کە ئەو بە هاوەڵی دوانی دیکە لە باڕێکدا دانیشتووە. ئەو بە جۆرێک دەیگێراوە وەک ئەوەی بەرانبەریان دانیشتبێ.
کاتێک دوکتۆر و دەستگاکانی دەوڵەت خەبەری یاشییان بیست، بەهەلەداوان گەیشتنە لای.
کۆخەکەی ماچیچۆڤا هێندە بچووک و نزم بوو کە کلاوی ئەوانەی بۆ سەردان دەهاتن، لە بنمیچەکە گیردەبوو.
ئەوان پرسیارەکانی خۆیان دەکرد و ئەمیش وەلامی هەموانی دەدایەوە.
قەشە تۆقی بوو. جوتیارەکان دەیانوت یاش بووە بە کەسێکی پیرۆز. ئەوان هیچ شتێکی زیاتریان پێویست نەبوو تا وەک ئایکۆنێک لە سەفەری حەجدا بەدەوریدا بسوڕێنەوە. بەڵام دوکتۆر خێرا وتی کە کەس بۆی نییە لە شوێنی خۆی بیجوڵێنێ. ئاخر جگە لە رۆژانی یەکشەمووان ، کەسی دی یاشی لە کڵێسادا نەبینی بوو.

بەڵێ، ئەو لە ناو دۆشەکە پووشەکەی خۆیدا راکشابوو و وەک هەر کەسێکی سادە دەپەیڤی، دەیخوارد و دەیخواردەوە و لەگەڵ سەگەکەی دایکیدا یاریدەکرد. بەلام ئەو هەموو شتێکی دەزانی، دەیزانی چی لە گیرفانەکانی سەر سنگدایە، چی لە گیرفانی پانتۆلەکانیادایە، ئەوی دی پارەکانی لە کوێ شاردبوویەوە و ئەمی دیکە دوو ڕۆژ پێش ئێستا چەندی پارە لە کرینی عارەقدا سەرفکردووە. وەختێک دایکی بینی چ قەڵەباڵغییەک دروست بووە، بۆ هەر کەسێک بڕی کۆپێکێکی وەردەگرت.
خەلکیش پارەکەیان دەدا.
دوکتۆری شار نامەیەکی بۆ لوبلین نارد.
قایمقامی شار هینێکی نارد، ئەو شتە چی پێدەڵێن، راپۆرتێکی نارد و لە زامۆچچێ و لۆبلینەوە کەسانی مەقامدار هاتن.
دەڵێن شارەدار جێگرێکی خۆی ناردبوو، قایمقام تۆقی بوو و فەرمانی دابوو دەبێ هەموو جادەکان پاکبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێک پاککرابووەوە کە پووش یان چیلکەیەکی لینەدەبینرا.
بە خێرایی هەموو ئەندامانی قایمقامییەت بانگکران. ئەم هەموو لە پای چی؟ هەر هەمووی بە هۆی یاشی سووتووگرەوە.
(گیتێلس)ی خاوەن میوانخانەی شار گەشکە بوو بوو، کێ بە خەونیش دی بووی میوانی وا هێندە بەناوبانگ بێنە ئەوێ؟ هەموو سەرەگەورەکانی پاریزگا هاتبوون و سەردانی ماڵی یاشییان کرد لە کونجەکەی خۆیدا. ئەوان پرسیاری خۆیان دەکرد و وەلامەکانی ئەویش ترسی لە دڵی هەموو فەرمانبەراندا چاندبوو. کێ دەیزانی ئەم کەسانە خۆیان لە چ تاوانێکەوە گلاندووە؟ هەرهەموویان بەرتیلخۆر بوون. یاشیش ئەمەی پێڕادەگەیاندبوون.
ئاخر کابرایەکی سووتووگر چی دەزانێ؟ئەوەی کە لە هەمووان دەسەلاتی زیاتر بوو، نازنم ناوەکەی چی بوو، وتبووی یاش تێکچووە و دەبوایە بنێردرایە بۆ شێتخانە. بەلام دوکتۆر زۆر بڕیاردەرانە وتی کە یاش نابێ لە شوێنی خۆی بگوێزرێتەوە.
دەنگۆێەک بلاوبۆوە کە دوکتۆر و نوێنەری پارێزگا بووەتە دەمەقاڵەیان و لەیەکترییان داوە. بەڵام دوکتۆرەکەمان خۆی پیاوی دەوڵەت بوو و لە بەشی خزمەتی سەربازی کاریدەکرد. ئەو پیاوێکی رەق بوو، بەرتیلنەخۆر، هەر بۆیەش سامی لە هەڵهێنانەکانی یاش نەبوو. ئاخر هەر ئەویش بوو کە بردیەوە. بەڵام نوێنەری پاریزگار لە راپۆرتەکەیدا وتبووی یاش تێکچووە و گازندەیشی لە دژی دوکتۆر تۆمارکردبوو، بۆیەش زۆری نەبرد دوکتۆر گوێزرایەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

لەو ماوەیەدا یاش سەری چاک بووەوە و گەرایەوە سەر کاروباری خۆی، پاککردنەوەی لوولەکێشی کوورەی ماڵان. بەڵام توانا سەرسوڕهێنەرەکەی هەر مابوو. کاتێک دەچووە ماڵانەوە بۆ ئەو ئەوەی پارەکەی وەربگرێت، ژنان وەک عادەت لێیاندەپرسی: یاش، چی لە چەکمەجەکەی لای دەستی چەپەوەیە، یان چی لە دەستمدایە کاتێک دەستم دەخەمە پشتمەوە. یان دوێنێ ئێوارە چیم خواردووە؟
ئەویش دەیتوانی هەموو شتێکیان بۆ بگێرێتەوە. ئەوانیش پرسیاریان لێدەکرد: یاش، ئەم هەموو شتە چۆن دەزانی؟ ئەویش شانی هەڵدەتەکاند و دەیووت: لە خۆمەوە دەزانم. پەیوەندی بە زەبرەکەی سەرمەوەیە و دەستی بۆ تەوێڵی ڕادەکێشا.
یاش دەیتوانی بچێت بۆ شارە گەورەکان و خەلکیش بلیتیان بۆ دەبڕی بۆ ئەوەی بیبینن بەلام ئەو کەی تاقەتی لە خۆ مەشغوڵکردن بە شتێکی واوە هەبوو.

لە شاردا ژمارەیەکی زۆر دز هەبوون. جلکی شۆراوی کە لە هەورەبانەکاندا هەڵخرابوون دەدزی و دەستیان بە چی دیکە بگەیشتایە دەیانبرد. بەلام ئێستا دزییان بۆ نەدەکرا.
ئەوانەی دزیەکەیان لێکرابوو دەهاتنە لای یاش و دەیانووت دزەکە ناوی چییە و شمەکەکانیش لە کوێ شاراونەتەوە. جوتیاری گوندەکانی دی کاتێک دەربارەی یاشیان بیست، هەر کاتێک ئێسترێکیان بدزرایە، ئەوا خاوەنەکەی دەهاتە لای یاش و دەیپرسی ئێسترەکە لە کوییە؟ ژمارەیەکی زۆر لە دزان خرابوونە زیندانەوە. دزەکان چاویان لەسەری بوو و بە ئاشکرا دەیانووت کە ئاگایان لێیەتی، بەلام یاش هەموو نەخشە لە پێشەوە دارێژراوەکانیانی ئەوانی دەزانی. شەوێکیان هاتبوون تا بەراستی کەوڵی بکەن بەڵام ئەو لە کادانی ماڵە دراوسێیەکدا خۆی شاردبووەوە.

کاتێک بەردیان تێدەگرت، خۆی لادەدا و سەری خۆی نەویدەکرد. ئەمە بەرلەوەی بەردەکە بەرەو رویی بێت. خەلکی پارە و ئالتوونیان دەشاردەوە، یاشیش هەمیشە پییدەوتن لە کوێدایە. ئەو هەر بیریشی لێنەدەکردەوە، یەکسەر دەیزانی لە کوێدایە. گەر منداڵێک ونببوایە، دایکەکە بە هەلەداون رایدەکرد بۆ لای یاش و ئەویش دەستی دایکەی دەگرت و دەیبردە لای منداڵە ونبووەکە. دزەکان دەیانووت کە یاش خۆی مندالەکەی دزیوە بۆیە دەزانێ لە کوێیە، بەلام کەس بروای پێنەدەکردن.
ئاخر ئەو بۆ بەرامبەر ئامۆژگارییە بەنرخەکانیشی بۆ خەلک ماقڕێکی وەرنەدەگرت.
دایکی داوای پارەی دەکرد، بەلام یاش خۆی کەرێ بوو لەو گۆڕەی.
ئەو نەیدەزانی فلسێک چەندە. لە شارەکەماندا رابینێک هەبوو ناوی (رێب ئارێل) بوو کە لە شارێکی گەورەترەوە هاتبوو.
ئەو لە شاباتی پێش جەژنی پاکدا لە سیناگۆگدا وتاری خوێندبویەوە، بلێ چی باشە؟ دەربارەی یاشی سووتووگر قسەی کردبوو.
“گووماندارەکان”، ئەو وای دەووت. ئەوان نەهییان لەوە دەکرد کە مووسا پێغەمبەر بێت. ئەوان دەیانووت هەموو شتێک دەبێ روونکردنەوەیەکی عەقلانی لە پشتییەوە بێت. ئەگینا سووتووگرێکی وەکو یاش چووزانێ (ئیتێ چایێ)ی نانکەر ئەلقەکەی لێکەوتۆتە ناو بیرەوە؟ ئەگەر یاش بزانێ شتی شاراوە لە کوێدایە، چۆن دەکرێ کەسێک هەبێ گوومان لە دەسەلاتی پیاوە پیرۆزەکان بکات؟
لەم شارەدا کۆمەڵێک خەڵکی کافر بوونیان هەبوو بەڵام ئەوانیش هیچ وەلامێکیان پێنەبوو. هاوکاتیش ناووناوبانگی یاش گەیشتووە وارشۆ و هەندێ جێگەی تریش. لە رۆژنامەکاندا لەسەریان دەنووسی. لە وارشۆوە کۆمیتەیەکیان ناردبوو، قایمقامی شار دووبارە جارچی ناردبووەوە ناو شار و فەرمانی دابوو هەموو باخچەو خانووەکان دەبێ خاوێنبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێ گسکدرابوو بریسکەی دەهات.

دوای جەژنی “سوککوت” باران دایکرد. لە شاردا تەنها یەک شەقامی سەنگفەرشکراو هەبوو کە ناوی شەقامی کڵێسا بوو. تەختەی دارەرا و قەدی بڕاوەی درەخت لە هەموو شوێنێکی شاردا دانران تا جەنابعالییەکانی کە لە وارشۆوە هاتبون نەکەونە ناو قوڕولیتەکەی شارەوە. گیتێلی خاوەن تاکە هوتێلی شار، چی هەبوو هێنابوویەدەر. هەر هەموو شار لە جووڵەدا بوو. تاکە کەسێک کە ئارامی خۆی لەدەستنەدابوو، یاش بوو. ئەو گەرانە ئاساییەکەی خۆی دەکرد و خەریکی پاککردنەوەی لوولەکیشەکان بوو. تەنانەت عیلمی نەبوو بە هۆی سەردانی جەنابەکانی وارشۆوە کەمیک بترسێ.
بەڵام باش گوێ لەمە بگرە!
رۆژێ پێش گەیشتنی کۆمیتەکە لە وارشۆوە، بووە بەفر و سەرمایەکی سەخت. شەوی پێشوو تر، بریسکە و تەنانەت ئاگریشیان لە لوولەکیشی کورەی (چایم)ی نانەواوە بینی بوو. چایم لەوە تۆقی بوو ئاگرەکە تەشەنە بکات و ناردبووی بە دوای یاشدا. ئەویش بە خۆی وگسکەکەی دەستییەوە هاتبوو و خەریکی لوولەکیشەکە بوو. لە دابەزینیدا، هەلخلیسکا بوو و دووبارە بەربوو بۆوە.
جارێکی دی کەللەی زەربەیەکی دیکەی خواردبوو، بەڵام وەک ئەوی یەکەم بەهێز نا. تەناتەت خوێنیشی پێوە نەبوو، بە کۆمەکی هەرچوارپەلی، توانی بووی هەستیتەوە و چوو بووە ماڵ.

هاوڕی خۆشەویستەکانم! بۆ ڕۆژی دوایی کاتێک کۆمیتەکە گەیشتبوو و دەستیان کردبوو بە سین و جیمی خۆیان لە یاش، ئەو هیچ شتێکی لەبیر نەمابوو. زەربەی یەکەم شتێکی لەسەریدا کردبوویەوە و زەربەی دووەم دایخستبوو. ئەو پیاوە بەرێزانەی هاتبوون دەیانپرسی پارەیان چەند پێیە و دوینێ چییان کردووە و هەفتەی پێشوو لە کاتێکی وەک ئێستا چییان خواردووە، بەڵام یاش وەک گەمژەیەک دەتریقایەوە و دەیووت: جا من چووزانم.
پیاوانی دەولەت هەتا بڵیی توورەبوون. حەیای بەڕیوەبەری پۆلیس و دوکتۆریشیان برد. داوایان دەکرد بزانن بۆچی لە وارشۆوە ئەمانیان هێناوە بۆ ئێرە تا ئەم گەمژەیە یان ئەم دێوانەیە ببینن کە هیچ شتێک نەبووە جگە لە سووتووگرێکی ئاسایی کە لوولەکیشەکان پاکدەکاتەوە. بەڕیوەبەری پۆلیس و حەشاماتەکەی ئەوێ سوێنیان دەخوارد کە یاش هەموو شتێکی زانیوە و ئەوانەیشی بۆ سەردان هاتبوون نەیاندەویست گوێبگرن.
کەسێک وتی کە دوێنێ ئێوارە یاش لە سەربان بەربووەتەوە و سەری بە ئەرزەکەیدا کێشاوە، بەڵام ئێوە ئەو خەلکە دەناسن، ئەوان بروایان تەنها بەو شتەیە کە لەبەر چاویاندایە و دەیبینن.

بەڕیوەبەری پۆلیس لە یاش چووە پێشەوە و بە کەشک چەند دانەیەکی لەسەری دا، ئەو پییوابوو بەشکم برغووەکە بگەرێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام کاتێک ئەو دەرگایەی ناومیشک داخرا، هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کۆمیتەکە گەرایەوە بۆ وارشۆ و سەرلەبەری حەکایەتەکەی لە ئەوەلەوە تا ئەخیر بە روونەدراو لەقەلەمدا. بەلام یاش فریای ئەوە کەوت چەند ساڵێکی دی خەریکی کارەکەی خۆی بێ. تا پەتایەک لە شاردا بلاوبوویەوە وئەویش بەهۆیەوە مرد.
میشکی ئینسان پڕە لە ژوور و دەرگای جۆراوجۆر. یەک زرمە کافییە بۆ ئەوەی هەموو شتێک تێک بدات. بەڵام هەموو شتێک پەیوەندی بە رۆحەوەیە. بە بێ ڕۆح، مێشک بۆی ناکرێ لە پێیەکان زیرەکتر بێ.

—————————————————————–

*سووتووگر بە کەسێک دەوترێ کە خەریکی پاککردنەوی لوولەکیشی کوورەی ناو ماڵانە کە بەدار کاردەکات. هەموو ساڵێ جارێک دەبێ پاک بکرێتەوە ئەگینا مەترسی لەسەر ماڵ دروستدەکات کاتێک دووکەڵکێشەکە توانای راکێشانی دووکەڵی نییە. ئەگەر داری تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ داگیرساندنی کورەکە، ئەوا قەتران بە لێواری لوولەکیشەکەوە پەیدادەبێ و ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر زۆر دەبێ.




مارتا … هەردی شەفیق

یەکەم ڕۆژ کەدەستم بەئیش کردن کرد لەکارخانەکه، ئەو پێێ وتم :نائومید مەبە،ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت، کە خۆشەویستى ئەمرێت، هێشتا خۆشەویستى مرؤڤ بۆزەوى ، بۆ سروشت ، بۆگیانەوەر و بۆ گوڵ کۆتایی نەهاتووە ،لەهەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستى مرۆڤ بۆمرۆڤ ماوە . خۆشەویستى وائەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت …
ڕۆژێک خەریکى ڕێکخستنى سندوقى پارەکان بوو، وتى: بابچینە دەروە من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش سەیرم بکە و هەوایەک هەڵمژە .بەفر بەشێوەیەکی شێتانە ئەبارى، لەپشت پەنجەرەى کارخانەکەوە من دنیایەکی سپیم ئەبینى لەنێو دوکەڵی ڕەشی کارخانەکەدا خەریکبوو نوقم ئەبوو ، بێدەنگ دەستى گرتم و وتى.: وەرە سەیرى ئەو جوانییە بکە ژنێک لەدورى کەسێکدا خەم و جگەرە ئەکیشت ، ئەڵێن زۆرجار شاعیرەکان ئیلهام لەشتى پرو پوچ وەرئەگرن ، من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش ئیلهامێک وەربگرە ، ڕاستییەکەى من لەوە تێناگەم ڕۆژهەلاتییەکان بۆچى ئەوەندە جگەرە کێشانى ژنیان پێ جوانە ؟! بۆچی ئەوەندە شەیدای شێتی و شیعرن!

وتم مارتا :هەموو شتێک پەیوەندى بەنەبوونییەوە هەیە ، کەئازادیت نەبوو؛ هەتا هەمووبابەتە ناشیرینەکانى ئازادیشت پێ جوانە ، هەربۆیە کاتیک ژنە ڕۆژهەڵاتییەکان جگەرە ئەکێشن، بەعیشقەوە ئەو ژەهرەپیسە قوت ئەدەن کەئێوە داتان هێناوە ، من بەگشتى قوتدانى ئەو ژەهرەم پێ جوان نییە کە مرۆڤ پارەى پێئەدات ، لەئەدەبیاتیشدا تەنها هەڵەیەک کردومە ئەوەبوو سیاسیەکان مرۆڤیان بەگوللـە ئەکوشت و ئێمە بەنائومێدى، منیش بەشێکى ئەو نائومیدیەم جوانکردووە مرۆڤ خۆیی پێئەکوژێت .بەڵام ئاواش نەبێت لەدنیایەکدا کەخۆی یەکپارچە ئاگرو خوێن و پیلانه، پەپولەیەک فڕێ بدەیتەناو ئەو ئاگری شەڕو پیلان و پاشقولە چی پێ ئەکرێت ؟ شیعر پەپولەیە مارتا . تۆسەیریکە لەمشارەدا گوڵەکان لەبیریان چوەتەوە ڕۆژگارێک گوڵ بوون ، سەگەکان بیریان چووەتەوە سەگن، تەماتەیەک بخە زمان هەزار سوێندت بۆ ئەخوات کەنازانێت ڕۆژگارێک ئەو پشتاو پشتی تەماتەبووە..ئیشی شیعر ئەوەیە بیرمان بخاتەوە شتێک لەناو ئێمەدا خەریکە ئەژاکێت و نەهێڵین بژاکێت . شوشەیەکی ناسک لەنێو ئێمەدا هەیە نەهێڵین ورد بێت.
بەفرەکە خەریکبوو تەواو دنیاى سپى ئەکرد ، پلەى گەرما هەشتى ژێر سفر بوو ، ئەوەى گەرمى بەدڵی من ئەبەخشی دوکەڵی جگەرەیەک بوو لەدنیایەکى ساردو بێرۆحی سپی وەکو دڵی مندا .
قژی زەردی لەژێر کڵاوەخوریەکەوە هاتبووە دەرێ، لەنێو چاوە هەنگوینیەکانیا وێنەی خۆمم ئەبینی،کە لەبەردەم جوانی دوو چاوی هەنگوینیا وەک برسییەکی ئەفریقایی دانیشتبوو بیر لەجوانی نان بکاتەوە.

ناگەهان پێم وت: تۆزۆر جوانى؛ مرۆڤ لەبەردەم ئەو جوانییەى تۆدا دەست و پێی ئەشکێت مارتا . بروابکە لەدیلێکی جەنگ ئەچم لەبەر ترسی گوللـەبارانکردنا.بڕوابکە نەک هەردڵم من ئەقڵیشم شەڵەقاوە ، ڕێک وەک گۆمەئاوێکی لیهاتوە هەزار بەردت فڕێ دابێتە ناوى . وتی ئەم وەسفەیان جوان نییە بۆکچێکی قژ زەردی چاوشین ، ئەتزانى من سروشتم خۆشئەوێت ،ئەتوانى بڵێت گوڵت فڕێ داوەتە ناوى ، یان بڵێت لەدەریایەک ئەچێت بێچوە مراوى مەلەى تێدا بکەن . بەپێکەنینەوە دووبارەی کردەوە بالەم باسەیان بگەڕێین، پێم بڵی ئەمرۆ چەند دەستپەڕتان بەخەیاڵى منەوە کردووە ؟ وتم مارتا ئەلێکس درۆ ئەکات، هەموو ئەوانەى ئەچن بۆ سەرئاو ، جگەرەکێشان ، ئاو خواردنەوە ، کافێ هینان و قاوە خواردنەوە، بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆیان لەئیشەکە ئەدزنەوە، هیچیان بۆ دەستپەڕو ئەوشتە ناچن کەناوى ئەنێن ، ئەلێکس کەئەمە بۆ گاڵتەو گەپ ئەڵیت ئەیەوێت ئەو بیتاقەتییە ڕو پۆشبکات ، ڕێک وەکو ئەوەى ئاسنێکى ژەنگاوى بەئاڵتون ڕوپۆشبکەیت ، بەڵام من سەیرى ئەو جوانییەى تۆئەکەم ، یانى کاتێ بەڕێوەبەر شوێنى ئیشەکەى من لەپاڵی ئیشەکەى تۆدا دائەنێت ، ڕیک دڵم ئەدات لەشەقەى باڵ، لەمەلێک ئەچیت تازە لەقەفەز دەرچوبێت و ئاسمانێکی تازەی دۆزیبێتەوە .

باوەشى پێداکردم و سەرى خستە سەردڵم ، بەئەسپایی وتى: تۆچەند جوانى هاوڕی باشەکەم ، درۆ نازانیت لەدنیایەکدا کەلەسەر درۆ ئەڕوات بەڕیوە، هەموو کچێک حەزی لەم وەسفانەیە بۆ دڵخۆشکردنی ، ئەزانم حەز ئەکەیت دڵخۆشبم ، تۆ لەپیاویک ئەچیت بەمۆسقا برینى ساڕێژ ئەکرد ، پیاویک من لەپۆڵۆنیا خۆشم ئەویست و ئەو هەموو دنیاى لەسەگە بچکۆلانەکەیدا ئەبینى ، ڕۆژێک سەگەکە چکۆلانەکەى مردو ئەم دنیا گەورە بۆئەو جوانى تێدا نەما ،هیچی تێدا نەما، هەرچى مەرهەمى دەستکردى کۆمپانیاکانى دەرمان فرۆشتن هەیە بۆڕۆحى ئەو کەڵکى نەبوو ، ویستم گۆرانى بۆ زامەکانى بڵێم ، کەمانەکەى بدەمەوە دەستى ، بەڵام ئەو بەرگەى ئەو زامەى نەگرت و مرد .ئەو وای ئەزانی لەداوای سەگەکەی ڕۆحلەبەرێکی تر لەدنیادا نییە…

توند سەرى بەسینگمەوە نوساند و وتى تۆپارچەیەک لەڕۆحت بردووم و نامدەیتەوە ، بۆهەرکوێ بچیت هەست ئەکەم بەشێک لەڕۆحم لە جەستەى تۆدایە .پێکەنیم و وتم: مارتا تۆ دڵی هەموومانت بردووە . دەستى گرتم و خستیە سەرمەمکی چەپی وتى :. ئالێرەدا ئەتوانیت هەست بەلێدانى دڵم بکەیت , ئەتوانیت بزانیت ئەو کچە جوانەى ناوتان ناوە گوڵى کارخانە، هەمووتان دەستپەڕی بەسەرا لێئەدەن ، ئەتوانیت گوێ لەدەنگی بگریت و تێبگەیت یەک دنیا برین لێرەدا خەوتووە ، گۆڕستانیک خەون و خۆزگەى نێژراو لەسینگى داهەیەو نزائەکات ، کەسێک شتیکى بیرنەخاتەوە ، شتێک شتێکى بیر نەخاتەوە مەملەکەتێک برین و ئازارى لەخەو هەڵسن و بکولێنەوە …نزا ئەکات مۆسیقایەک گۆڕی خەونیکى هەڵنەداتەوە ، بۆنى عەترى مەمکەکانى و بۆنى جەنازەیەک لەسنگیدا تێکەڵ بن ..ئێمەی ڕۆژئاواییەکان سروشتێکی سەیرمان هەیە، ئەتوانین هەمووجارێ وەک یەکەمجار عاشق بین ، تۆ لێی گەڕێ من ئەوکوڕە ڕۆژهەڵاتیەم چۆن چۆنی لەهاوینەگەشتێکدا بۆ ئیستامبوڵ ناسی، بەڵام بزانە من خۆشەویستەکەم نەخۆشە و خەریکە گیان ئەسپێریت ، وەک سەگ لەم کارخانەدا ڕائەکەم ، هەوڵئەدەم ئێوە هەمووتان دڵخۆشبن ، پێبکەنن و بێتاقەتی سەرتان نەکرۆژێ، ئەوکچەى هەمووتان ئەخاتە پێکەنین ، ئازارو خەمیى هەمووتان ئەکات بەبزە ، وائەکات هیلاکی و بێتاقەتیتان بیربچێت، خۆى یەک دنیا خەمو ئازارى هەیەو حەزئەکات ئێوە نەتان بێت .بڕوام پێبکە من ئاواهیم .من ئەزانم تۆش برینت هەیەو کەس نازانێت، سەیرکە بانمونەیەک بهێنمەوە باشتر تێبگەیت، ئایا کەس لەمە تێئەگات تۆ هەربەو دەستانەت سندوقى پارە دروستئەکەیت ، ئامێری پارەژماردن ئەبەستیت، هەربەو دەستانەت شیعر بۆخۆشەویستەکەیشت ئەنوسیت ؟؟ دەستی خستە سەردڵم وتی خێرا لێئەدات ، خۆشت ئەوێم وانییە؟
وتم ، زۆر زۆر مارتا.
وتی ئێوە ڕۆژهەڵاتییەکان سروشتێکی سەیرتان هەیە، مرۆڤی خەمگینتان خۆشئەوێت، کاتێ کەسێکی خەمگین ئەدۆزنەوە، ئەڵێی ئازیزێکی دۆرەوڵاتی خۆتان بینیوەتەوە.
بەسروشتى خۆم ڕقم لەتاتۆ بوو، بەڵام پەپولەکەى سەر سینگى و پلیسرکەکەى لاملى و گوڵەکەى دەستى مارتام خۆشئەویست ، ئەمزانى ئەو سروشتى زیاتر خۆشئەویت . حەزم ئەکرد هەمیشە لەکاتى جوڵەدا سەیرى تاتۆى ئەو پەپولە بکەم لەسەر مەمکەکانى ئەتوت ئەفڕیت . وتم مارتا ئەو پەپولەى بەمەمکەکانتەوە نیشتوەتەوە چەنێک دڵڕفینە !
ئەمڕۆ مەمکەکانت سروشتێکى جوانتریان هەیە ، لێم مەگرە حەزێێکی شێتانە وام لێبکات ئەگەر بەهەڵە لێم تێک بچیت و دەست بۆمەمکەکانى تۆببەم لەبرى سندوقى پارەکە . وتى: دنیا سەرمایەدارى وایە ، ئەوسیستەمە بۆگەنە ئەمریکییە تەنانەت حەزناکات بیرلەمەمکەکانى منیش بکەیتەوە، ڕێت پێ نادات. سەیرکە گوڵەکانی ئەمشارە بۆئەوەی بۆن خۆشبن ئەبێت عەتر لەبازاڕدا بکڕن، گوڵ کوا بۆنی ماوە؟؟ .پێم خۆشە سەر بخەیتە سەرسینگم و ماچت کەم ، گوێ لەباڵی پەپولەیک بگریت بەسەر دڵیکى زامدارا هەڵئەفڕیت و تۆ ناتەوێت ترپەى ببیستیت ، من ئامێریکى موسیقى کۆنی فڕیدراوم، حەزئەکەم تۆ مۆسیقایەکى ڕۆحى ڕۆژهەڵاتیم پێبژەنیت ، من پێم ناخۆشە زۆرجار تۆ تێکەڵی ئەو پیاوانە ئەبیت بەتوانجەوە ئەڵێن :زستانەکەی سەختە، یەک برسێتیەکە مار مار ئەخوات . تۆ خۆت بۆت خویندمەوە کەشیعرێکى هەڵواسراویت بەدیوارى کارخانەیەکى چەکسازیدا .من لەم کارخانەى ئامێرى پارەژماردنەدا تۆ وەک ئەوشیعرە ئەبینم ..چەند پێم خۆشە سەرئەخەمە سەرسینگى شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی کە بەئەڵمانیەکی تێک شکاو گوێم لیئەبێت :
(دووپشکە لەگیڤارا شۆڕشگێڕترە سکی ئەکات بەسفرەى بێچوەکانى
کیسەڵ چەنێک دڵى خۆشە لەقاوخەکەیدا کرێی خانوو نادات )
من لەسەرسینگى تۆ سروشتى ئەو کیسەڵەم هەیە دنیا ماڵەکەى خۆیەتى ، لەو دوپشکەش شۆڕشگێرترم کە تۆ پێتوایە لەجیڤارا شۆڕشگێڕترە، بەڵام ئەمە حیکایەتیکە نامەویت تۆى پێ ئازار بدەم و بۆتی بگێڕمەوە ،تۆش لەچیرۆکێکابۆخەڵکی بگێڕیتەوە .
مارتا پیکەنینى خستبووە کارخانەیەکەوە، لەنیوەى کارکردناو لەوپەڕی بیتا قەتى و جاڕسبوونا دەستیکى ئەخستە سەرشانت و پێی ئەوتى: کەرۆیشتیتەوە( لێوى ئەکرد بەخونچە) ئەیوت ئائاواهى ماچیکى ژنەکەت بکە بافێری ماچ بیت ،دەستى ئەخستە کەمەرت و ئەیوت ئاواهى کەمەرى خۆشەویستەکەت بگرە و لەچاوەکانیا خۆت ببینە ئاوێنەمەکڕە کوڕم ، یاچاویکی لێدائەگرتیت و ئەیوت قەت ئاواهى چاوت داگرتووە بەحەڤدەساڵی وەکو ئەوەی کارەبا بدەن لەدڵت تەزو بەگیانتا بێت؟ یا مۆسیقایەکى خێراى ئەخستە سەر مۆبایلەکەى سەماى بەبرۆکانی ئەکرد..
ئەموت نا مارتا، من حەڤدە ساڵ بووم جەنازەی شەڕی براکوژیم ئەژمارد ،ئاربیجیمان هەڵئەوەشاند و فافۆنەکەیمان ئەفرۆشت….هەرگیز بیرم ناچێت هاوڕێکەم بۆبژێوی ژیانی وەکو پەپولەیەک پێت پیانابێت ئاربیجیکی پیاتەقی و خوێن و قوڕ تێکەڵاو بوون، ڕێک وەک بۆقێک سەیارە بەسەریدا بڕوات بەزەویەکەوە بوو بەخوێن .
یەکەم ڕۆژ کەدەستم بەکاکردن کرد من هیچم لەڕێو رەسمی کارەکەم نەئەزانى ، بۆمنیکى رۆژهەلاتى زیدەسەخت بوو بەئاسانى فێر ببم . جیاواز لەهەموویان کەپێم پێئەکەنین مارتا ئەهات و فێری ئەکردم کەسروشتى ئەم ئیشە وایە ئەبێت رێگا ئاسانەکەى بدۆزیتەوە ، کارکردن لێرە زیاتر پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە تاکو بەکار هێنانى هێز. جارێک وتى تۆمەچەکت گەورەیە ئەبێت بیخەیتە گیرفانت و سەرت بجوڵێنیت، وتم: ئەى ئەگەر سەرم ئیش نەکات چی ؟؟ وتى ناچارى وات لێئەکات خۆت بیخەیتە ئیش..
ڕۆژێک مارتا ڕۆیشت و ئیتر نەهاتەوە ، هەموومان حەزمان لێی وو ،هەموومان خۆشمان ئەویست ، هەموومان سەرسامى جوانى و سروشتى ئەو گاڵتەو گەپەو نیانییە جوانەی بووین . هەموومان حەزمان ئەکرد مارتا خۆشەویستمان بێت و بیبەینە ژێر پێخەفەوە . هەموویشیان ئیرەییان ئەبرد کەمنى خۆشئەوێ و منیش داخم ئەخوارد کەکەسمان یەک ڕستەمان لەژیانى ئەو وەکو خۆی نەخوێندەوە ….بەدزیەوە کەوتینە پرسیار کردن لەبەڕێوەبەر، لامسەلایی ئەمانپرسی تاکو مارتا لێرە بوو کارەکان باش ئەڕۆیشت ، ئەوە مارتا چەند ڕۆژ پشوی وەرگرتووە ؟ بەڕێوەبەر بێزار بوو بوو لەپرسیار کردن ، ڕۆژیک لەکۆبوونەوەى کریکارەکاندا وتى: مارتا ئیتر ناگەڕیتەوە سەرکار. یاسای ئەم وڵاتە وایە هەرکەس لەبیست ڕۆژدانەهاتەوە، مافی نییە بێتەوە سەرکار . ئەو بیست ڕۆژە چووە و وەڵامى تەلەفونیش ناداتەوە…!!
نازانم ئەوانی تریش وەک من وابوون یان نا، بەڵام کەلێیان ئەپرسیم چۆن تەلەفونت بۆناکات و پۆستت بۆ نانێرێت؟ گومانم نەمابوو هەموو بیری مارتا ئەکەن . هەموو چاوەڕێی هەواڵێک بووین لەمارتاوە ، لەڕێستۆرانت و قاوەخانەکاندا ، لەمۆڵ و پارک و بانهۆڤەکاندا، لەدوکانى جل و بەرگ و بۆنفرۆشتندا، لەدوکانى گوڵدا کەئەو زۆرى ئارەزووی بو بۆ خۆشەویستانى بنێرێت، من چاوم بۆ مارتا ئەگێڕا ،من سۆراخى مارتام ئەکرد .سەرەنجام ئەوم لەفارگۆنى ژمارە چوارى شەمەنەفەرێکا بینیەوە لە پادەربۆرنەوه بۆ پاریس ئەچوو ، مارتا ئیتر مارتای جاران نەبوو، ئێسکە پەیکەرێکی ڕزاو بوو بەڕێگادا ئەڕۆیی ، ئەوکچە دلخۆشەى جاران گۆڕابوو بۆئازارێکی پیری پێ خاوس، ئازارێک بوو لەکیشوەریکەوە سەفەری ئەکرد بۆکیشوەرێکی تر ، کیشوەرێکى داڕخاوبوو لەکوردستان ئەچوو، لەئازارێکەوە سوارى شەمەنەفەرێک ئەبوو بەرەو ئازارێکی تر ….
بیرمە جارێک پێی وتم: خۆشەویستەکەى لەتورکیا نەخۆشەو ناتوانێت بێت بۆلاى ئەو بۆ ئەڵمانیا، بۆیە پێویستی بەپارەی حەبو دەرمان و نەشتەرگەریە، وتم: لەکاتیکا خۆشەویستى گیان ئەدات ئیشى نەتەوە یەکگرتووەکان چییە ؟ بەڵام خەیاڵم ، بیرم لە وەها ڕۆژگارو وەها ژیانێک نەکردبووەوە بۆمارتا . وتم باش سەیرمکە مارتا ئەوە منم ئەو کوڕەى لەکارخانەدا فێری ئیشکردنت کردم ، ئاها پیکەوە ئەچوین بۆکافێ ، بۆ چا هێنان و من هەرگیز نەم ئەخواردەوەو ئەم ڕشتە مەخسەلەکەوە ، تەنیا لەبەر دڵی تۆئەهاتم ، حەزم ئەکرد بمخەیتە پێکەنین ، سەربخەیتە سەرسینگم و بگریت ، سەیرى درزى مەمکەکانت بکەم و بتبینمەوە ، لەبەر بەفربارینکەدا جگەرە بکێشیت و سەیرت بکەم ، بەبیانویەکەوە دەست بدەم لەپلیسرکەکەى سەرمەچەکت ، سەیری پەپولەی سەر مەمکت بکەم لەکاتی جوڵەدا هەڵئەفڕی، منم هەردی م ئاها پێکەوە گۆرانیەکەمان ئەوت
دی ئیما لاخت ئیما لاخت ئیما لاخت /
ئەو هەمیشە پێئەکەنێت پێئەکەنێت، پێئەکەنێت
بیرت نییە مارتا ؟
وتى لەئێستا دا خۆم ناناسمەوە بەڵام ئەزانم تۆ کێی . هەردى خۆشەویستەکەم چەند ساڵ چاوەڕوانى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو شتێکی بۆبکەن، سەرەنجامیش نەگەیشت بەمن . ئەو هەموو دنیاى من بوو. باوەشی توند پێدا کردم و و بەگریانەوە وتی هەردی ئەو مرد!
لەوێدا پێموانەبوو وتنەوەی ئەم قسانە بۆدۆخێکی ئاوەها زۆر گەمژانەیە ،پێم وت :نائومید مەبە ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت کە خۆشەویستى ئەمرێت ، هێشتا خۆشەویستى مرؤڤ بۆزەوى ، بۆ گوڵ، بۆ سروشت ، بۆ گیانەوەر ، بۆ دنیا کۆتایی نەهاتووە ، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستى مرۆڤ بۆمرۆڤ هەر ماوە . خۆشەویستى وائەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت …وتى بەڵام هەموو دنیای من مرد..لەگەڵ ئەودا مارتا دڵخۆشەکەی جارانیش ڕۆیشت…
چاوى بڕیە نەفەرەکان لەوێستگەکە دائەبەزین، وتى
ئەو چووە مەملەکەتى خۆى . چوەو ناوبرینەکانى ، برینەکانى قوتیاندا ،ناوبرینەکانى نیشتیمانى ڕاستەقینەى ئەو بوو ، ئەوێ نیشتیمانى ئەو بوو ئێستا پێویستى بەوە نییە سنورەکان بەقاچاخ ببڕێت و بچێتە ناوى . پێویستى بەوە نییە ئیتر لەئیجەدا بەلەمەکەى کونبێت و بەلەمى یۆنانیەکان ڕزگاری بکەن ، لەهەنگاریادا سەگەوەحشییەکان بەربدەنەگیانى ، لەبولگاریادا ئاگر بنێن بەڕۆحیەوە ، لەکەمپەکانی فیللەندا دا بەلوتى هەناسەبدا نەوەک سیەکانی بیبەستێت تاکو مافى مانەوە وەربگرێت …وەک گوللـەیەک لەگەرویدا بێت بەدەنگیکى بریندار و لەسەر خۆ ئەدوا ….وتم بۆم بگێڕەوە مارتا، هەمووشتێکم بۆ بگێڕەوە.
شەمەنەفەرەکە بەنێو تاریکیا ئەڕۆیشت، بەسەر ڕوباری ڕاین دا تێئەپەڕێ جوانی شاری کۆڵن هەمووکەسێکی مات و حەیران ئەکرد، بەڵام لەدۆخێکی ئاوادا بینینی دیمەنێکی ئاوا لەبری ئەوەی شادی هێن بێت، قێزەوەن بوو . شەمەنەفەرەکە وەکومارێک لەسەرسک ئەڕۆیی و من هەستمئەکرد ئەبوو من لەجێگایەکی تری دنیادا بووبام و چیرۆکێکی تر بگێڕمەوە. من لێم پرسی: مارتا پێت خۆشە من ئەم چیرۆکە بنوسمەوە،پێت خۆشە باسی کچێک بکەم لەسەدەی بیستو یەکدا، لەناو دنیایەکی ڕوکەشی و بازاڕی نمایشا، بڕیاری دا قەرەجێک بێت لەدنیادا؟
وتى ناتوانم هەردی ناتوانم هیچ بگێڕمەوە ، مادام خۆر ئاوا ئەبێت ڕۆژێک من و تۆش ئاوا ئەبین ، ئەوەى لەمن و تۆ جێئەمێنێت ئەو نوسینەیە بەکەڵکى ژیانى کەسمان نایەت ،کەژیانى من وتۆ فەنابوو بەچی ئەچێت خەڵک من و تۆ بخوێننەوە یانەمان خوێننەوە ؟.ئەمزانى حەزى لەوەیە ، وتم مارتا بابچینە فارگۆنیکى تایبەتەوە ، لەوێ کەدەوڵەمەندەکان تیایدا پێئەکەنن ،لەوێ لێم گەڕێ دەستەکانت ماچ بکەم و بۆنی قژت بکەم ، پەپولەکەی سەرسینگت ببینمەوەلەکاتی جوڵەدا هەڵئەفڕێ، لەسەر سینگم بگرى. وتی زۆر تێئەچیت هەردی ، لەوێدا ئەبێت پارەی زیاتر بدەین،وتم: لیگەڕێ باپارە لەئازارەکانماندا خەرجبکەین جارێک ، خۆپارە هەربۆ خۆشبەختى نەکراوە لەوێ بۆمی بگێڕەوە چى ڕویدا.
گریا، مارتا زۆر گریا ، ئەو زۆر حەزی لەوە بوو بەدڵی خۆی لەسەر دڵم بگری ، بۆئەو منداڵأنە گریا بەپارەى کرێکارى بەخێوى ئەکردن و ئیتر نەیئەتوانى پارەیان بۆ بنێرێت، گریا بۆ ئەو ڕۆژانەی لەڕێکخراوێکی خێرخوازیا لەسەر جادەکان پارەی لەڕێبوارەکان وەرئەگرت بۆ مناڵە روت و ڕەجاڵەکانی دنیا، بۆخۆی گریا کەئیتر توانای نەمابوو دوای کارکردن لەڕیکخراوێکی خێر خوازیدا بەخۆبەخش کاربکات ،پارەی کرێکاریەکەی بدات بەدەرمان و بۆ خۆشەویستەکەى بنێرێت.ئەو وێنانەی نیشاندام بەجلی ڕێکخراوێکی خێرخوازیەوە سواڵی بۆمناڵانی سودان کردووە، جلی کۆنەی بۆ مناڵی وڵاتە هەژارەکان کۆکردووەتەوە،وێنەی ئەو ڕۆژگارە سەختانەیی نیشاندام کوڕێکی تیادا ناسیوە. دواتر باسی کرد ئەو پارەکەمەى بۆى کۆکردەوە نەیتوانى ڕزگاریبکا ، بۆڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ گریا کەناتوانن خۆشەویستى ڕزگاربکەن و مشکێک لەتاقیگەى پزیشکى بهێننەدەرەوە . کەناتوانن گوڵێک فڕێ بدەنە سەر گۆڕی خۆشەویستی. کەئەتوانن مرۆڤ لەبەر مرۆڤ دروستبکەن وناتوانن دەرمانێک دروستبکەن خۆشەویستی بگێڕێتەوە بۆدنیا. کەناتوانن مرۆڤ لەهەژاری و ئازار ڕزگاربکەن، ئەو وەک نێچیرێکی بریندار ئەدوا:
بڕوابکە زەوی مرۆڤێک بووایە بەرشەقی ئەداین، توڕەئەبوو ئیتر نەسێوی ئەداو نەئەیشی هێشت گەنم گوڵ بگرێت …. مارتا وای ئەوت.
وتى هەردى سەفەرەکەت درێژبکە تۆش لەگەڵم وەرە پێکەوە سەرێک لەمۆزەخانەی لۆڤەر بدەین و سەیر بکەین مرۆڤ ئەوسا چۆن ژیاوە ، بچینە سەر بورجی ئیڤل و تف لەدنیا بکەین . وەرە ئەچین لەپاریسداو لەپیاسەیەکى شانزە لیزەدا هەمووشتێکت بۆئەگێڕمەوە ، هەرچی زامی دنیاهەیە لەسەر دڵم نیشانت ئەدەم …..وتم ئەى دواتر چى مارتا؟
دواتر من ئەچم بۆ وڵأتێکى ترو تۆش ئازادبە بۆ هەرکوێ ئەچیت . مرۆڤ تەنیا ئەو کاتە خۆشبەختە کەنازانێت بۆ چ شارێکی دنیا ئەچێت.
بەڵام مارتا لەم وڵاتە هەموو شتێک بووە بەژمارە . پاس ئەبێت لەکاتى خۆیدابێت تۆ لەکاتى خۆیدا لەسەر کار بیت، لەکاتى خۆیدا بژیت و لەکاتى خۆیدا بمریت ، هەمووشتیک ژمارەیەکە لەچاوى کارگە کانەوە، من و تۆش ژمارەیەکین، تۆ ئەو ژمارەت بەجێهێڵاو لەکارگەکە ڕۆیشتى . بەڵام من سبەى تێرمین_ژوانێکم هەیە و ئەبێت لەوێ ئامادەبم .
ئەو ئەگریا ، سینگی پیاوێک تاکە نیشتیمانێک بۆ ئەو بەڕاستى تیادا بگری . لەکاتێکدا کوڕە خۆشەویستەکەى لەچاوەروانى یوئێندا مرد لەتورکیا، نیشتیمانى ئەو ئیتر ئەو شەمەنەفەرانەبوو لەوڵاتیکەوە بۆوڵاتێکى ترى ئەوروپا ئەچوو بەبێ ڤیزاو پاسپۆرت و سنوریان نەبوو ، حەزى نەئەکرد لەولاتیکدا بمێنیتەوەو ولاتێکى هەبێت ، سنوریک لەدنیادا بناسێت و بڵێن خەڵکی ئەوێیت، حەزی ئەکردقەرەجێک بێت و نیشتمانەکەی قیتارێک بێت بەردەوام لەسەفەردا …ئەو پێی وابوو مرۆڤ لەشوێنێکدا مایەوە ئەکەوێتە دوای چاوچنۆکی و وەکو گۆمە ئاوێک بۆگەن ئەکات.
لەسەرسینگم بەئارامى خەوی لیکەوت. قژی بەسەر ڕوخسارە نیوە مردوەکەیدا هاتبووە خوارێ ، پەپولەکەی سەرسینگی ئەتوت لەبەر ڕوناکی یادەوەریەکانیدا سوتاوە، ئەویش وەک مەمکە مردووەکانی لەوشەوەدا مات و مەلول ئەهاتەبەرچاوم . هەتا شاری ئاخن لەخەو هەلنەستا، حەزمئەکرد بچمە ناوسەریەوەوبزانم خەو بەچیەوە ئەبینێت…
لەئاخن پێم وت مارتا من ئیتر ئەبیت بگەڕێمەوە ، دڵم نەهات خەوى تۆ تێک بدەم . ئێستا شاریکى تر لەوشوینەى ئەبوو بۆى بچم دورکەوتوومەتەوە . حەزمئەکرد منیش قەرەجێک بم لەگەڵ مارتاداسەفەر بکەم ، ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت تواناو تاقەتی ئەودەست و پەنجەو چاوە هەنگوینیانەشم نەبووبێت لەپشت شوشەی پەنجەرەی شەمەنەفەرێکەوە بڵێت: بۆهەتاهەتایە ماڵئاوا…..
باوەشى پێداکردم و وتى:بیرمبکەی ، وەک چۆن بیرت ئەکەم هاوڕێ باشەکەم . سبەى کەگەیشتمەپاریس لەتەنیشتی پەپولەکەی سەر سینگم ، ئەو ڕستەی تۆ تاتۆى ئەکەم :
لەکاتێکدا خۆشەویستى گیان ئەدات، ئیشى نەتەوە یەکگرتووەکان چییە ؟ !
پێم وت منیش دواهەمین وێنەت تاتۆئەکەم لەسەر دڵم، تۆئەڕۆیت و وێنەت وەک ئازارێک لەناو دڵما ئەمێنێتەوە .
سبەى کەسەرەتای ڕۆژێکی نەفرەتییە ئەچمە سەرکارو داواکارى وازهێنان ئەنوسم ، ئازارێکی زۆرم ئەدات لەوێ نەتبینم ، بەڵام ناچارم بۆ ئەوژیانە سەخیفە ژمارەیەک بم لەکارخانەیەکی پارە پەیدا کردندا . بەڵأم چۆن نامەت بۆ بنوسم مارتا چۆن، بەچی ناونیشانێک قسەی دڵمت بۆ پۆست بکەم ؟
وتى من و تۆ دووبرینین ، لێگەڕێ ئاوا بمێنینەوەو ئاشقى یەک نەبین ، گەورەترین کارەسات ئەوەیە دووبرینى ئاشقى یەکترى بن . ولاتى من ناونیشانى نییە .ڕەنگە ڕۆژێک لەشاریکى ترو ، شەمەنەفەریکى تردا ، سەفەرکردن بەوڵأتیکى ترو فارگۆنیکى تر ی تەنهاییدا یەکترى ببینینەوە ، بەڵام من ئیتر تاهەتایە هیچ ئەدرەسێکم نییە لەدنیادا ، هیچ کەسێکیش نامە بۆ کەسێکى بێناو نیشان نانێرێت.




كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا به‌شی (4) …هه‌ندرێن خۆشناو

بێجگه‌ له‌ كاریكاتێر ڕۆژنامه‌گه‌ری پشت به‌ جۆره‌كانی تری شێوه‌كاریش ده‌به‌ستێت، وه‌كو وێنه‌ و پۆسته‌ر و وێنه‌ی هاوپێچ یان باكگراوند، ئه‌م جۆرانه‌ش زۆرجار له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانیاندا، كه‌ زۆرجار ته‌كنیكه‌كانی كاریكاتێر به‌كاردێنن له‌ جێبه‌جێكردنیاندا، یان ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ وایان لێده‌كات تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ كاریكاتێر بچن. نزیكترینیان له‌ كاریكاتێر پۆسته‌ره‌ كاتێك كه‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدیای تێدابێت. 1- كاریكاتێر و پۆسته‌ر

2- كاریكاتێر و وێنه‌ی فۆتۆگرافی:
ستایلێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ ستایله‌كانی وێنه‌گرتن له‌ شێوه‌كه‌یدا به‌ كاریكاتێر ده‌چێت، به‌تایبه‌تی كاریكاتێری پۆرترێت، ئه‌مجۆره‌ش له‌ جۆره‌كانی وێنه‌دا به‌ ده‌ستكاری ڕاسته‌وخۆی وێنه‌گره‌وه‌ دێته‌كایه‌وه‌، كه‌ وێنه‌كه‌ له‌سه‌ر نێگه‌تیڤه‌كه‌ (فیلم) ئاساییه‌، و له‌ كاتی چاپكردنی له‌سه‌ر كاغه‌زدا زێده‌ڕۆیی تێداده‌كرێت، بۆ نمونه‌ رۆناكی ئامێری چاپكردنی وێنه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاست ده‌خرێته‌سه‌ر، له‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌ بۆ سه‌ر كاغه‌زی چاپ، یان كاغه‌زه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی لار یان قوپاو یان چه‌ماوه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر رۆناكیه‌كه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك كاغه‌زه‌كه‌ به‌ چه‌ماوه‌یی ده‌خرێته‌به‌ر رۆناكی، وا ده‌كات رۆناكیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فراوانتر به‌ لێواری كاغه‌زه‌كه بكه‌وێت، كه‌ وا له‌ وێنه‌كه‌ ده‌كات له‌ ناوه‌ڕاستدا ئاسایی ده‌ربكه‌وێت و له‌ لێواره‌كانیش كۆتاییه‌كان وون بكات، ده‌توانین به‌م جۆره‌‌ چه‌ندین وێنه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌مان ده‌ست بكه‌وێت.
له‌ جۆره‌كانی تری وێنه‌ش ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ فۆتۆمۆنتاج بده‌ین، كه‌ جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی وێنه‌ و به‌ ده‌ستكاری وێنه‌گر یان هونه‌رمه‌ند به‌ چه‌ندین ستایلی جیاوازه‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌م جۆره‌ش له‌ نێوان پۆسته‌ر و كاریكاتێردایه‌، ئه‌گه‌ر گاڵته‌جاڕ بوو ئه‌وا له ‌كاریكاتێره‌وه‌ نزیكتره‌، ده‌توانین به‌ كاریكاتێریشی دابنێین، ئه‌گه‌ر خواستی پۆسته‌ریانه‌ی نه‌بێت، فۆتۆمۆنتاج زۆر له‌ كۆلاجیشه‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌وه‌ش جیایده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین پارچه‌ كاغه‌زی وێنه‌ی جۆراوجۆر پێكنایه‌ت، پشت به‌ گه‌وره‌ و قه‌به‌كردن ده‌به‌ستێت به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنیه‌كه‌ جیاوازه‌كانی وێنه‌گرتنه‌وه‌، وێنه‌گر به‌ به‌كارهێنانی روتوش و زیادكردنی چه‌ندین هێڵی پێویست و چه‌ندین وێنه‌ی جیاوازه‌وه‌، و تێكهه‌ڵكێش كردنیان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆ بینه‌ر روون و ئاشكرا نه‌بێت، هه‌روه‌ك له‌و فۆتۆمۆنتاجه‌ی كه‌ گوبڵزی وه‌زیری راگه‌یاندنی ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌رده‌می هیتله‌ر ده‌رده‌خات.

به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین وێنه‌ی گاڵته‌جاڕ به‌سه‌ر دوو جۆردا دابه‌ش بكه‌ین:
1- وێنه‌ی خۆڕه‌س (خۆڕسك): ئه‌م جۆره‌ وێنه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌بێ هیچ ده‌ستكارییه‌كی وێنه‌گر و ده‌ره‌كی وه‌ده‌ست دێت.
2- وێنه‌ی هونه‌ریی : ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌ستكاری وێنه‌گر یان هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاریی له‌ بونیاتنان و ده‌رهێنانیدا وه‌ده‌ست دێت. له‌ ژێر ئه‌م ناونانه‌شدا ده‌توانین ناوی وێنه‌ی پێشوه‌خته‌ سازكراو و كۆلاج و وێنه‌ی كاریكاتێریی و فۆتۆمۆنتاج بێنین.
له‌ نێوان جۆره‌كانی به‌شی دووه‌م، ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌گونجێت بۆ كاریكاتێر، كۆلاج و كاریكاتێری پۆرترێتی فۆتۆگرافیه‌، ئه‌مه‌ش بوونی جۆری تر ناگه‌یه‌نێت كه‌ بگونجێن بۆ گاڵته‌جاڕی و كاریكاتێر، كاتێك كه‌ ته‌كنیكه‌كانی وێنه‌گرتن به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ توانای دۆزینه‌وه‌ و نوێبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌ بواری وێنه‌ی فۆتۆگرافیدا دێته‌پێشێ.

3- كاریكاتێر و باكگراوندی گرافیكی یان وێنه‌یی:
بێجگه‌ له‌ وێنه‌ و پۆسته‌ر، له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا وێنه‌ی گرافیكی هاوشان له‌گه‌ڵ بابه‌تی رۆژنامه‌وانی تری بڵاوكراوه‌كه‌‌ له‌ به‌شێك له‌ لاپه‌ڕه‌كه‌دا به‌ ره‌نگێكی كاڵ له‌ دواوه‌ی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌دا‌ ده‌بینین.
ئه‌م جۆره‌ وێنانه‌ش واباوه‌ كه‌ له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ هه‌ڵێنجراون یان شیاو و گونجاون بۆی، ده‌كرێت وێنه‌كه‌ گاڵته‌جاڕ بێت ئه‌گه‌ر ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ گاڵته‌جاڕ بوو، ده‌كرێت نیگارێكی كاریكاتێری وه‌كو وێنه‌یه‌كی هاوپێچ یان باكگراوندێك بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی به‌كاربێت، ئه‌گه‌ر گونجاو بێت بۆ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌یه‌كچوونێكی زۆر له‌ نێوان ئه‌م جۆره‌ وێنه‌ به‌كارهاتووانه‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا و كاریكاتێردا نیه‌، كه‌ واباوه‌ ئه‌م جۆره‌ وێنانه ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی جوانكاری بڵاوده‌كرێنه‌وه، ده‌گمه‌نه‌ كه‌ مه‌به‌ستی تری هه‌بێت، وه‌كو ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی كه‌ كاریكاتێر هه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وێنه‌ بڵاوكراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌، نیگارێكی كاریكاتێری بوو، مانای وایه‌ كه‌ ده‌سته‌ی نووسه‌ران له‌ جیاتی وێنه‌ی هاوپێچ كاریكاتێری به‌كارهێناوه‌، پێویست ناكات به‌وێنه‌ی هاوپێچ یان باكگراوند بژمێردرێت.




خۆم، تا کۆتایی، خۆم … زانا سامان

بەو هەموو برینەوە چۆن بڕژێم
قەڵەم لەم ئاستەدا
گۆجبووە و
توانای دەربڕینم شۆڕدەبێتەوە هەتا
توانەوە لە وجوددا
تا خۆخواردنەوە لە تەنیایدا
هەتا نامۆبوون لە غەریبیدا،
بەو هەموو ئازارەوە …
چۆن بتوانم حیکایەتی دڵشکانی خۆم
لە توێی شیعرێکدا بنووسمەوە
ئاخر من … دەمێکە دابڕاوم
لە مێژە تەنیایم تێدا ڕوواوە و
جار نییە ڕوانینم کز نەبێت،
لەوەتەی باران هەیە
من عەزاب دەچێژم
لەوەتەی گەردوون هەیە
بەر تیشکەکانی دەکەوم
ئیتر ئاوایە …
لەوەتەی زەوی هەیە شەڵەقاوم
لەوەتەی خۆم هەم
دیاردەیەکی ساختەم بە ژیان،
ئیتر ئاوایە …
من لە گریانەوە فێربووم
نۆتەکانی قەسیدە جیابکەمەوە
لە وەرینەوە
لەمسی بارینم کرد و هێشتا
هەر لە سەرەتای وتنەوەیەکی نەوتراوم،
خەیاڵ تا دێت قۆقز دەبێتەوە
عەجەب چلۆن تێدەپەڕێت بە بوونما
تێڕامانە وردوخاشەکان،
ئیتر ئاوایە …
دەبێت خۆمبم … خۆم
خۆمبم هەتا کۆتایی ئەم شیعرە
خۆمبم تا ڕاچەنینێکی نوێ
خۆمبم هەتا ئامادەکردنی مردن
تا ونبوونێکی بەپەلە
هەتا توانەوە لەم گشتگیرییەدا
تا باڵقبوونی هەتاو
تا خەجاڵەتبوونی غەریبی
هەتا تەریقبوونەوەی تەنیایی
ئەبێت تەنیا بە تەنها خۆم بم.

زانا سامان




باخی گوڵ … محەمەد بەرزی

بـاخـەکـەی مـاڵـی خـۆمـان
ڕازاوە بــە گـوڵـی جــوان

مینا ، مێخەک ، وەنەوشـە
بـۆن و بـەرامـیـان خـۆشـە

گــوڵـەبــاخـی ڕەنـگاوڕەنـگ
گـەشـاوە بـۆ مـاچـی هـەنـگ

چـنـور و شـەوبــۆ و لالــە
شەیدان بـۆ ڕووی پەپولـە

نـازنـاز و گـوڵـە بەیـبـوون
شنەی شادین بـۆ دەروون

بۆ باخی گەش و جوانم
هـەمـیـشە بـــاخـەوانــم

٢٠ / ٧ / ٢٠١٧




ڕۆژی کۆمەڵە لە شاری تۆرۆنتۆ

دۆستان و ھۆگران و ھاوڕێیانی کۆمەلە لە شاری تۆرنتۆ و دەورو بە ر
ئە مساڵیش وەکوو ھە موو ساڵانی تر و، رێورەسمێک بۆ بەرز راگرتنی نیوسە دە خە باتی کۆمەڵە بە رێوە دە چێت.ھە ر لێرەو ە لە ھە موو ئە و ئازیزانە ی کە خەباتی پێشکە وتنخوازانە ی کۆمەڵە بە خە باتی خۆیان دەزانن دە عوەت دەکە ین کە بەشدار بن و ئەمساڵیش لە گەڵمان بن لە رێورەسمی بەرز راگرتنی ئەم خە باتە پر لەشانازی و پێشکە وتوانە دا.
شوێن:

Bayview Avenue 7755
Thornhill Toronto
کات: شەممە پانزدەی فیبریوری
کاتژمێر: حە وتی سەرلە ئێوارە تا ھە تا کاتژمێر یەکی سەرلەبەیانی

کۆمیتەی دەرەوەی ولاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە شاری تۆرنتۆی کانادا.




ئاگەهداری …. بۆ رۆژنامەنڤیسێن دهۆکێ

رێكخراوا گەشەپێدانا مەدەنییەت CDO و سەنتەرێ میترۆ METRO ب پشتەڤانیا وەزارەتا دەرڤەیا ئەمریکا دچارچوڤێ پروژێ بهێزکرنا شیانێن روژنامەنڤیسێن پێکهاتێن جودایێن ئایینی و نەتەوەیی وەکی ( کاکەیی، یەزیدی، زەردەشتی، کلدوئاشور سریانی ،بەهایی ،تورکوماني ،شەرکەسی،ئەرمەنی،شبک،یەهودی،صابئی و هتد)، كو ل پێنج پارێزگەهێن عیراقێ دێ هێتە جێبەجێکرن ، و ژوان خولەک ژی ژ بۆ رۆژنامەنڤیسێن ( پارێزگەها دهۆکێ ) دێ هێتەڤەکرن .
ئارمانجا خولێ :
ئاڤاکرنا شیانێن بەشداربوانە دبوراێ نڤیسینا راپورتێ و چاڤدێریکرنا پێشێلکاریێن مافێ مروڤی و روژنامەنڤیسان ،و ڤەکولین دکەیسێن وان دا، و دیارکرنا مافێن پێکهاتان ب یاسایێن عیراقێ و رێککەفتنێن نیڤدەولەتی .
ئەڤ خولە دوو قۆناغە، قۆناغا تیۆری و بۆ دەمێ سێ (3) رۆژان ، پاشی دقۆناغا پراكتیکیدا بۆ دەمێ هەیڤەکێ دێ ل دامەزراوەیەکا میدیایی کارکەن .
خول دێ ب زمانێ (عەرەبی) هێنە پێشکێشکرن ، ئەگەر پێتڤی بوو وەرگێڕ، دێ ئامادەبیت.
مەرجێن بەشداریێ:
• رۆژنامەنڤیس بیت(هەردوو رەگەز)، ژپێکهاتێن ئایینی
• تەمەن دناڤبەرا (18 بۆ 40 ساڵ) بیت
• خوجهێ پارێزگەها دهوکێ بیت
• ئەزمونا كارێ رۆژنامەنڤیسێ كێمتر نەبیت ژ شەش هەیڤان
• بکێمی دوو راپۆرت یان نوچەیێن بەلاڤکری هەبن ل راگەیاندنان (بینین، بیستن ، نڤیسین ، ئەلكترۆنی)
• پێگیربیت ب بەرنامێ دەمیو رۆژانی خولێ
دڤی لینکێ ل خارێ دیارکری ناڤێ خوتومارکە :
ئاگاداری ( كوردى- عربي)
بۆ رۆژنامەنوسانی دهۆک
رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO و سەنتەری میترۆ METRO بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی پرۆژەی بەهێزكردنی توانای رۆژنامەنوسانی پێكهاتە جیاوازە ئاینی و نەتەوەییەکان وەک( کاکەیی، یەزیدی، زەردەشتی، کلدوئاشور سریانی ،بەهایی ،تورکوماني ،شەرکەسی،ئەرمەنی،شبک،یەهودی،صابئی و هتد)، كە لە پێنج پارێزگای عێراق جێبەجێدەكرێت، خولێك بۆ رۆژنامەنوسانی ( پارێزگای دهۆک) جێبەجێدەكات.
ئامانجی خولەكە:
بنیاتنانی توانستی بەشداربوانە لە بواری راپۆرت نوسین و چاودێرێكردنی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانیان، دیاریكردنی مافی پێكهاتەكان بە یاساكانی عێراق و رێكەوتنە نێودەوڵتییەكان.
ئەم خولە دوو قۆناغە، قۆناغی تیۆری و بۆ ماوەی سێ (3) رۆژ ، پاشان لە قۆناغی پراكتیكدا بۆ ماوەی یەك مانگ لە دامەزراوەیەكی میدیا كار دەكەن.
خولەكان بە زمانی (عەرەبی) پێشكەش دەكرێن، ئەگەر پێویست هەبوو بە وەرگێڕ، ئامادە دەكرێت.
مەرجەكانی بەشداری:
• رۆژنامەنوس بێت (هەردوو رەگەز)، لە پێكهاتە ئاینییەكان
• تەمەنی لە نێوان (18 بۆ 40 ساڵ) بێت
• دانیشتوی پارێزگای دهۆک بێت
• ئەزمونی لە كاری رۆژنامەنوسی كەمتر نەبێت لە شەش مانگ
• لانەی كەم دوو راپۆرت یان هەواڵی بڵاوكراوەی هەبێت لە راگەیاندنەكان (بینراو، بیستراو، نوسراو، ئەلكترۆنی)
• پابەند بێت بەرنامەی كات و رۆژانی خولەكە.

لەم لینكەدا ناوی خۆت تۆمار بكە:
https://ee.kobotoolbox.org/x/#cnaH2KVz